GEN 1:1 لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا.
GEN 1:2 زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە.
GEN 1:3 خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو.
GEN 1:4 خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە.
GEN 1:5 خودا ڕووناکییەکەی ناو نا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناو نا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.
GEN 1:6 خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.»
GEN 1:7 جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە.
GEN 1:8 خودا بۆشاییەکەی ناو نا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.
GEN 1:9 خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو.
GEN 1:10 خودا وشکانییەکەی ناو نا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناو نا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
GEN 1:11 ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بەرهەم بهێنێت: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
GEN 1:12 زەوی سەوزایی بەرهەم هێنا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
GEN 1:13 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.
GEN 1:14 ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ.
GEN 1:15 با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو.
GEN 1:16 هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش.
GEN 1:17 خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان،
GEN 1:18 بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
GEN 1:19 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.
GEN 1:20 ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.»
GEN 1:21 ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
GEN 1:22 خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.»
GEN 1:23 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو.
GEN 1:24 خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
GEN 1:25 خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
GEN 1:26 ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.»
GEN 1:27 خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان.
GEN 1:28 خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.»
GEN 1:29 ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک.
GEN 1:30 بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو.
GEN 1:31 خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.
GEN 2:1 بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.
GEN 2:2 ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.
GEN 2:3 خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.
GEN 2:4 ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
GEN 2:5 هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات.
GEN 2:6 بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا.
GEN 2:7 جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
GEN 2:8 ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو.
GEN 2:9 یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
GEN 2:10 ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە:
GEN 2:11 ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە.
GEN 2:12 زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە.
GEN 2:13 ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا دەڕوات.
GEN 2:14 ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە، ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
GEN 2:15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی.
GEN 2:16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت،
GEN 2:17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
GEN 2:18 یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
GEN 2:19 یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو.
GEN 2:20 پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا. بەڵام بۆ پیاوەکە هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.
GEN 2:21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە.
GEN 2:22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە.
GEN 2:23 پیاوەکە گوتی: «ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“ چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
GEN 2:24 لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.
GEN 2:25 پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.
GEN 3:1 مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»
GEN 3:2 ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین،
GEN 3:3 بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو درەختە بخۆن، کە لە ناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»
GEN 3:4 مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن،
GEN 3:5 چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت و چاکە و خراپە دەزانن.»
GEN 3:6 کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری درەختەکە بۆ خواردن باشە، چاو ئارەزووی دەکات و وای لێ دەکات دانا بێت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی.
GEN 3:7 پاشان هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.
GEN 3:8 ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژدا لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە.
GEN 3:9 بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگ کرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟»
GEN 3:10 ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕووت بووم، ترسام؛ ئیتر خۆمم شاردەوە.»
GEN 3:11 ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟»
GEN 3:12 پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم.»
GEN 3:13 ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟» ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.»
GEN 3:14 یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، «تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی نەفرەتلێکراوتر دەبیت. هەموو تەمەنیشت لەسەر سکت دەخشێیت و خۆڵ دەخۆیت.
GEN 3:15 دوژمنایەتیش دەخەمە نێوان تۆ و ئافرەتەکە، نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە. نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە و تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.»
GEN 3:16 بە ئافرەتەکەشی فەرموو: «ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم، بە ژانەوە منداڵت دەبێت. ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.»
GEN 3:17 ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“ «ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە. بە ڕەنجکێشانیش هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت.
GEN 3:18 دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت.
GEN 3:19 بە ئارەقەی ناوچەوانت نان دەخۆیت، هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، کە لێیەوە وەرگیراویت، لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»
GEN 3:20 ئادەم ناوی ژنەکەی نا حەوا، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان.
GEN 3:21 یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن.
GEN 3:22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە درەختی ژیانیش بکاتەوە و بیخوات و بۆ هەتاهەتایە بژیێت.»
GEN 3:23 ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لێوەی وەرگیراوە.
GEN 3:24 دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە.
GEN 4:1 ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.»
GEN 4:2 پاشان هابیلی برای بوو. ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو.
GEN 4:3 دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد.
GEN 4:4 هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون،
GEN 4:5 بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون، بۆیە قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.
GEN 4:6 یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟
GEN 4:7 ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»
GEN 4:8 جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.
GEN 4:9 یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟» ئەویش گوتی: «نازانم، ئایا من پاسەوانی براکەمم؟»
GEN 4:10 جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات.
GEN 4:11 ئێستاش تۆ نەفرەتلێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ.
GEN 4:12 کاتێک ئیش لە زەوییەکەدا دەکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»
GEN 4:13 قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم.
GEN 4:14 ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»
GEN 4:15 بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد تاکو هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت.
GEN 4:16 ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.
GEN 4:17 قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناو نا حەنۆخ.
GEN 4:18 حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.
GEN 4:19 لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو.
GEN 4:20 لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و خاوەن مەڕوماڵاتەکان بوون.
GEN 4:21 براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا.
GEN 4:22 چیلاش کوڕێکی بوو بە ناوی توبەل قەین، کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن دروست دەکران. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.
GEN 4:23 لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت: «عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت، ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن. پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم، لاوێکیش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.
GEN 4:24 ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە، بەڵام بۆ لامەخ، حەفتا و حەوت جار.»
GEN 4:25 جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «لە جیاتی هابیل کە قایین کوشتی، خودا کوڕێکی دیکەی پێ بەخشیم.»
GEN 4:26 هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش. لەو کاتەدا بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە.
GEN 5:1 ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە. ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد.
GEN 5:2 بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».
GEN 5:3 کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت.
GEN 5:4 دوای لەدایکبوونی شیت، ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:5 هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:6 کاتێک شیت تەمەنی سەد و پێنج ساڵ بوو، ئەنۆش لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 5:7 دوای لەدایکبوونی ئەنۆش، شیت هەشت سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:8 هەموو تەمەنی شیت نۆ سەد و دوازدە ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:9 کاتێک ئەنۆش تەمەنی نەوەد ساڵ بوو، قێنان لەدایکبوو.
GEN 5:10 دوای لەدایکبوونی قێنان، ئەنۆش هەشت سەد و پازدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:11 هەموو تەمەنی ئەنۆش نۆ سەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:12 کاتێک قێنان تەمەنی حەفتا ساڵ بوو، مەهلەلئێل لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 5:13 دوای لەدایکبوونی مەهلەلئێل، قێنان هەشت سەد و چل ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:14 هەموو تەمەنی قێنان نۆ سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:15 کاتێک مەهلەلئێل تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، یارەد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 5:16 دوای لەدایکبوونی یارەد، مەهلەلئێل هەشت سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:17 هەموو تەمەنی مەهلەلئێل هەشت سەد و نەوەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:18 کاتێک یارەد تەمەنی سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، حەنۆخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 5:19 دوای لەدایکبوونی حەنۆخ، یارەد هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:20 هەموو تەمەنی یارەد نۆ سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:21 کاتێک حەنۆخ تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، مەتوشالح لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 5:22 دوای ئەوەی حەنۆخ مەتوشالحی بوو، سێ سەد ساڵ دۆستایەتی خودای کرد، هەروەها کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:23 ئیتر هەموو ماوەی ژیانی حەنۆخ سێ سەد و شەست و پێنج ساڵ بوو.
GEN 5:24 حەنۆخ دۆستی خودا بوو، ئیتر کەس نەیبینییەوە، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی.
GEN 5:25 کاتێک مەتوشالح تەمەنی سەد و هەشتا و حەوت ساڵ بوو، لامەخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 5:26 دوای لەدایکبوونی لامەخ، مەتوشالح حەوت سەد و هەشتا و دوو ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:27 هەموو تەمەنی مەتوشالح نۆ سەد و شەست و نۆ ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:28 کاتێک لامەخ تەمەنی سەد و هەشتا و دوو ساڵ بوو، کوڕێکی بوو.
GEN 5:29 ناوی لێنا نوح و گوتی: «ئەمە لە کار و ماندووبوونی دەستمان دڵنەواییمان دەکات، کە لەو زەوییە دەیچێژین یەزدان نەفرەتی لێ کردووە.»
GEN 5:30 دوای لەدایکبوونی نوح، لامەخ پێنج سەد و نەوەد و پێنج ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 5:31 هەموو تەمەنی لامەخ حەوت سەد و حەفتا و حەوت ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 5:32 دوای ئەوەی نوح تەمەنی پێنج سەد ساڵ بوو، سام و حام و یافەتی بوو.
GEN 6:1 کاتێک مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەستیان بە زۆربوون کرد و کچیان بوو،
GEN 6:2 کوڕانی خودا بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا.
GEN 6:3 ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
GEN 6:4 لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.
GEN 6:5 یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە.
GEN 6:6 یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو.
GEN 6:7 ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.»
GEN 6:8 بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
GEN 6:9 ئەمانەش نەوەکانی نوحن. نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو.
GEN 6:10 نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
GEN 6:11 زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی.
GEN 6:12 خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو.
GEN 6:13 ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم.
GEN 6:14 کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە و بیکە بە لانە و بە قیر دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە.
GEN 6:15 بەم شێوەیەش دروستی بکە: درێژییەکەی سێ سەد باڵ و پانییەکەی پەنجا باڵ و بەرزییەکەی سی باڵ بێت.
GEN 6:16 لە بەشی سەرەوەی کەشتییەکە بە ئەندازەی باڵێک بۆشایی بەجێ بهێڵە، ئینجا سەربانێکی بۆ دروست بکە. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دابنێ. با سێ نهۆم بێت، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە.
GEN 6:17 من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت.
GEN 6:18 بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت.
GEN 6:19 لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی.
GEN 6:20 جووتێک لە هەموو جۆرەکانی باڵندە و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە.
GEN 6:21 تۆش بۆ خۆت لە هەموو جۆرە خواردنێکی گونجاو ببە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو ببێتە خواردنی خۆت و ئەوان.»
GEN 6:22 جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.
GEN 7:1 ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «خۆت و خاووخێزانەکەت بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تەنها تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم.
GEN 7:2 لە هەموو جۆرێکی ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێر و مێ، جووتێک دەبەیت.
GEN 7:3 لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی.
GEN 7:4 دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.»
GEN 7:5 نوح هەموو شتێکی بەپێی فەرمانی یەزدان ئەنجام دا.
GEN 7:6 نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە لافاو لەسەر زەوی هەستا.
GEN 7:7 نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە.
GEN 7:8 لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن،
GEN 7:9 جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو.
GEN 7:10 دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی.
GEN 7:11 کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە.
GEN 7:12 چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری.
GEN 7:13 هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکەوە.
GEN 7:14 لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان، هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان، هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان بەپێی جۆریان، هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک.
GEN 7:15 جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو، چوونە ناو کەشتییەکە بۆ لای نوح.
GEN 7:16 ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست.
GEN 7:17 لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە.
GEN 7:18 ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت.
GEN 7:19 ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران.
GEN 7:20 بە بەرزی پازدە باڵ ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران.
GEN 7:21 ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش.
GEN 7:22 هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد.
GEN 7:23 هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون.
GEN 7:24 ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.
GEN 8:1 ئینجا خودا نوحی بەسەرکردەوە، لەگەڵ هەموو ئاژەڵە کێوییەکان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان کە لە کەشتییەکەدا لەگەڵی بوون. ئیتر خودا بایەکی بەسەر زەویدا هەڵکرد و ئاو کەم بووەوە.
GEN 8:2 سەرچاوەکانی قووڵایی و دەروازەکانی ئاسمان داخران. بارانیش لە ئاسمانەوە وەستا.
GEN 8:3 ئاو بەرەبەرە لە زەوی بەرەو دواوە گەڕایەوە. دوای سەد و پەنجا ڕۆژ ئاو کەم بووەوە.
GEN 8:4 لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی حەوتەم کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات گیرسایەوە.
GEN 8:5 هەتا مانگی دەیەم هەتا دەهات ئاو کەمی دەکرد. لە یەکەم ڕۆژی مانگی دەیەم لووتکەی شاخەکان دەرکەوتن.
GEN 8:6 دوای چل ڕۆژ، نوح ئەو پەنجەرە بچووکەی کردەوە کە لە کەشتییەکەدا دروستی کردبوو.
GEN 8:7 ئینجا قەلەڕەشێکی نارد. ئەویش دەهات و دەچوو هەتا ئاو لەسەر ڕووی زەوی وشک بووەوە.
GEN 8:8 پاشان کۆترێکی نارد بۆ ئەوەی ببینێت ئایا ئاوەکە لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە.
GEN 8:9 بەڵام کۆترەکە شوێن پێیەکی بۆ خۆی نەدۆزییەوە، چونکە ئاو لەسەر هەموو ڕووی زەوی بوو، ئیتر گەڕایەوە لای نوح بۆ ناو کەشتییەکە. ئەویش دەستی بۆ ڕاگرت و گرتی، بردییەوە لای خۆی، بۆ ناو کەشتییەکە.
GEN 8:10 حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و دیسان کۆترەکەی لە کەشتییەکەوە ڕەوانە کرد.
GEN 8:11 کۆترەکە ئێوارە گەڕایەوە بۆ لای، ئەم جارە گەڵایەکی تەڕ و تازەی زەیتوونی بە دەنووکەوە بوو. نوح زانی کە ئاو لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە.
GEN 8:12 حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و جارێکی دیکە کۆترەکەی ناردەوە، بەڵام ئەم جارەیان کۆترەکە نەگەڕایەوە لای.
GEN 8:13 نوح لە یەکی مانگی یەکەمی شەش سەد و یەکەمین ساڵیدا بوو، کە ئاو لە زەوی وشک بووەوە. نوح پۆشەری سەر کەشتییەکەی لابرد و بینی وا ڕووی زەوی وشک بووەتەوە.
GEN 8:14 لە بیست و حەوتی مانگی دووەم، زەوی بە تەواوی وشک بووەوە.
GEN 8:15 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو:
GEN 8:16 «خۆت و ژنەکەت و کوڕ و بووکەکانت، لە کەشتییەکە وەرنە دەرەوە.
GEN 8:17 هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتن، لە باڵندە و ئاژەڵ و هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی لەسەر زەوی دەخشێن، لەگەڵ خۆت بهێنە دەرەوە، تاکو زەوی پڕ بکەنەوە و بەردار ببن و لەسەر زەوی زۆر ببن.»
GEN 8:18 جا نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی لەگەڵی هاتنە دەرەوە.
GEN 8:19 هەموو گیاندارەکانیش بە هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی دەبزوێن، بەپێی جۆرەکانیان لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە.
GEN 8:20 نوح قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد، لە هەموو ئاژەڵە پاکەکان و لە هەموو باڵندە پاکەکانی هێنا و لەسەر قوربانگاکە کردنی بە قوربانی سووتاندن.
GEN 8:21 جا یەزدان کە بۆنەکەی بەلاوە خۆش بوو، لە دڵی خۆیدا فەرمووی: «جارێکی دیکە بەهۆی مرۆڤەوە نەفرەت لە زەوی ناکەم، چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە دڵی مەیلی خراپەکاری هەیە. جارێکی دیکە نایەم هەرچی بوونەوەری زیندوو هەیە لەناوی ببەم، وەک چۆن کردم.
GEN 8:22 «هەتا زەوی بمێنێت، چاندن و دروێنە، ساردی و گەرمی، هاوین و زستان، شەو و ڕۆژ، هەرگیز ناوەستێت.»
GEN 9:1 ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن.
GEN 9:2 با ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش؛ ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە.
GEN 9:3 هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان. هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.
GEN 9:4 «بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا خوێنەکەی گەرمە.
GEN 9:5 بێگومان داوای خوێنی ئەو کەسە دەکەم کە خوێنی کەسێکی دیکەی ڕشتووە. ئەگەر گیاندارێک کەسێک بکوژێت، دەبێت بکوژرێتەوە. هەروەها ئەگەر کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا ئەویش دەکوژرێتەوە.
GEN 9:6 «هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت، بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە، چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی مرۆڤی دروستکردووە.
GEN 9:7 ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»
GEN 9:8 خودا بە نوح و کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون:
GEN 9:9 «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم،
GEN 9:10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە.
GEN 9:11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم: هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»
GEN 9:12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو.
GEN 9:13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی.
GEN 9:14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت،
GEN 9:15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات.
GEN 9:16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا بێت، دەیبینم و پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکەوە، کە لەنێوان خودا و هەموو جۆرە گیانێکی زیندووی سەر زەوییە.»
GEN 9:17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێکی لەسەر زەویدا بەستوومە.»
GEN 9:18 جا کوڕانی نوح کە سام و حام و یافەت بوون، لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە. حام باوکی کەنعان بوو.
GEN 9:19 ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون کە لەمانەوە خەڵکی لە سەرتاسەری زەویدا بڵاو بوونەوە.
GEN 9:20 نوح دەستی بە ئیشی جوتیاری کرد و ڕەزە مێوێکی چاند.
GEN 9:21 ئینجا کە لە شەرابی مێوەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا.
GEN 9:22 حامی باوکی کەنعان، باوکی بە ڕووتی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند.
GEN 9:23 بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی.
GEN 9:24 کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە.
GEN 9:25 ئینجا گوتی: «نەفرەت لێکراو بێت کەنعان! دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان، بۆ براکانی.»
GEN 9:26 هەروەها گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام! با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام.
GEN 9:27 با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و لە چادرەکانی سام جێنشین بێت. با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.»
GEN 9:28 دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا.
GEN 9:29 هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد.
GEN 10:1 ئەمانەش نەوەکانی نوحن، سام و حام و یافەت کە دوای لافاوەکە ئەوانیش کوڕیان بوو.
GEN 10:2 کوڕەکانی یافەت: گۆمەر، ماگۆگ، مادەی، یاڤان، توبال، مەشەک و تیراس.
GEN 10:3 کوڕەکانی گۆمەر: ئەشکەنەز، ڕیفەت و تۆگەرما.
GEN 10:4 کوڕەکانی یاڤان: ئەلیشا، تەرشیش، کیتیم و ڕۆدانیم.
GEN 10:5 لەمانەوە نەتەوەکانی کەنار ئاوەکان بەنێو خاکەکانیاندا بڵاو بوونەوە، هەریەکەیان بەپێی زمان و هۆز و نەتەوەی خۆی.
GEN 10:6 کوڕەکانی حام: کوش، میسر، پووت و کەنعان.
GEN 10:7 کوڕەکانی کوش: سەبا، حەڤیلا، سەڤتا، ڕەعما و سەبتەکا. کوڕەکانی ڕەعما: شەبا و دیدان.
GEN 10:8 نەمرود لە نەوەی کوش لەدایکبوو، کە بووە جەنگاوەرێکی مەزن لەسەر زەوی.
GEN 10:9 ئەو لەبەردەم یەزدان بووە ڕاوچییەکی بەتوانا. لەبەر ئەمەیە دەگوترێت: «وەک نەمرودیت، ڕاوچییەکی بەتوانا لەبەردەم یەزدان.»
GEN 10:10 سەرەتای شانشینەکەی بابل، ئەرەک، ئەکەد و کەلنێ بوو لە خاکی شینعار.
GEN 10:11 لەو خاکەوە چوو بۆ ئاشور، لەوێ نەینەوا، ڕەحۆبۆت عیر و کەلەحی بنیاد نا،
GEN 10:12 هەروەها ڕەسەن کە شارە گەورەکەیە دەکەوێتە نێوان نەینەوا و کەلەح.
GEN 10:13 میسر باوکی لوودی، عەنامی، لەهابی، نەفتوحی،
GEN 10:14 پاتروسی و کەفتۆری بوو، هەروەها باوکی کەسلوحییەکانیش بوو کە فەلەستییەکانیان لێ کەوتنەوە.
GEN 10:15 کەنعان باوکی سەیدا بوو، کە نۆبەرەکەی بوو، لەگەڵ حیتییەکان،
GEN 10:16 هەروەها یەبوسی، ئەمۆری، گرگاشی،
GEN 10:17 حیڤی، عەرقی، سینی،
GEN 10:18 ئەرڤادی، چیماری و حەماتییەکانیشی بوو. لەدوای ئەوە هۆزەکانی کەنعانییەکان بڵاو بوونەوە.
GEN 10:19 سنووری کەنعانییەکان لە سەیداوە بە گراردا دەڕۆیشت هەتا دەگەیشتە غەزە، پاشان بە سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما و چەبۆئیمدا دەڕۆیشت هەتا لەشەع.
GEN 10:20 ئەمانە نەوەی حامن، بەپێی هۆز و زمانیان، لە خاک و نەتەوەکانیان.
GEN 10:21 سامیش کوڕی بوو کە یافەت برای گەورەی بوو. سام باپیرە گەورەی هەموو کوڕانی عێبەر بوو.
GEN 10:22 کوڕەکانی سام: ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام.
GEN 10:23 کوڕەکانی ئارام: عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک.
GEN 10:24 ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو، شالەحیش باوکی عێبەر بوو.
GEN 10:25 عێبەریش دوو کوڕی بوو، یەکێکیان ناوی پەلەگ بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو.
GEN 10:26 یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو: ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت، یارەح،
GEN 10:27 هەدۆرام، ئوزال، دیقلە،
GEN 10:28 عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا،
GEN 10:29 ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. هەموو ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون.
GEN 10:30 نشینگەکانیان لە مێشاوە دەستی پێدەکرد هەتا دەگەیشتە سفاری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات.
GEN 10:31 ئەمانەن نەوەی سام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و بەپێی نەتەوەکانیان.
GEN 10:32 ئەمانەن هۆزەکانی نەوەی نوح بەپێی نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکانیان. لە ئەوانیشەوە لەدوای لافاوەکە نەتەوەکان بەسەر زەویدا بڵاو بوونەوە.
GEN 11:1 هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو.
GEN 11:2 ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.
GEN 11:3 ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ.
GEN 11:4 هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»
GEN 11:5 بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە.
GEN 11:6 یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن.
GEN 11:7 وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»
GEN 11:8 ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا.
GEN 11:9 لەبەر ئەمە ناونرا بابل، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.
GEN 11:10 ئەمانەش نەوەکانی سامن. دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە، کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو، ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
GEN 11:11 دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:12 ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح.
GEN 11:13 دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:14 شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر.
GEN 11:15 دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:16 عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ.
GEN 11:17 لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:18 پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو.
GEN 11:19 دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:20 ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ.
GEN 11:21 دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:22 سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر.
GEN 11:23 دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:24 ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح.
GEN 11:25 دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
GEN 11:26 تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.
GEN 11:27 ئەمانەش نەوەکانی تارەحن. تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش لوتی بوو.
GEN 11:28 هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو.
GEN 11:29 ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو.
GEN 11:30 سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو.
GEN 11:31 تارەح ئەبرامی کوڕی و لوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارایی بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، برد و پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان، لەوێ نیشتەجێ بوون.
GEN 11:32 ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.
GEN 12:1 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.
GEN 12:2 «جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن، بەرەکەتدارت دەکەم، ناوت مەزن دەکەم، دەبیتە بەرەکەت.
GEN 12:3 ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم، نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم. هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»
GEN 12:4 ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، لوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت.
GEN 12:5 ئەبرام سارایی ژنی و لوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی و بەرەو خاکی کەنعان چوون و گەیشتنە ئەوێ.
GEN 12:6 ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتەدا کەنعانییەکان لە خاکەکەدا بوون.
GEN 12:7 یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.
GEN 12:8 لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە و عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
GEN 12:9 پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب بەردەوام بوو لە کۆچکردن.
GEN 12:10 لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو بۆ ماوەیەک لەوێ بژیێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر بوو.
GEN 12:11 کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارایی ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت.
GEN 12:12 کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە.
GEN 12:13 بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»
GEN 12:14 کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە.
GEN 12:15 کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون.
GEN 12:16 ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و کۆیلە و کەنیزە و وشتر.
GEN 12:17 بەڵام یەزدان بەهۆی سارایی ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد.
GEN 12:18 ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟
GEN 12:19 بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ تاکو بیبەم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!»
GEN 12:20 ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.
GEN 13:1 ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب.
GEN 13:2 ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.
GEN 13:3 قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای،
GEN 13:4 بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
GEN 13:5 هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو.
GEN 13:6 بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە.
GEN 13:7 ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا. لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.
GEN 13:8 ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە، چونکە ئێمە مام و برازاین.
GEN 13:9 ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»
GEN 13:10 لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات.
GEN 13:11 لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە.
GEN 13:12 ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا.
GEN 13:13 خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد.
GEN 13:14 دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە،
GEN 13:15 چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.
GEN 13:16 نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت.
GEN 13:17 بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»
GEN 13:18 ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.
GEN 14:1 لەو سەردەمەی کە ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم بوو،
GEN 14:2 ئەم پاشایانە لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە جەنگێکیان بەرپا کرد.
GEN 14:3 هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو.
GEN 14:4 بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.
GEN 14:5 لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و پاشا هاوپەیمانەکانی هاتن و لە عەشترۆت قەرنەیم ڕفائییەکان و لە هام زوزییەکان و لە شاڤێ قیریاتەیم ئێمییەکانیان بەزاند.
GEN 14:6 هەروەها حۆرییەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر بەزاند و هەتا ئێل پاران لە نزیک بیابان ڕۆیشتن.
GEN 14:7 ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمۆرییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.
GEN 14:8 ئینجا پاشاکانی سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما، چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست،
GEN 14:9 لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج.
GEN 14:10 دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر، بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە، بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن.
GEN 14:11 ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن.
GEN 14:12 هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.
GEN 14:13 یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون.
GEN 14:14 کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت.
GEN 14:15 کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە.
GEN 14:16 جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.
GEN 14:17 دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.
GEN 14:18 مەلکیسادقی پاشای شالیمیش کە کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، نان و شەرابی بۆ ئەبرام هێنا.
GEN 14:19 ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
GEN 14:20 ستایش بۆ خودای هەرەبەرز کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.» ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.
GEN 14:21 ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»
GEN 14:22 بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
GEN 14:23 کە لە ماڵ و سامانی تۆ هیچ شتێک نەبەم، تەنانەت تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگێکی پێڵاو، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“
GEN 14:24 تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ. با ئەوانیش بەشی خۆیان وەربگرن.»
GEN 15:1 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات و فەرمووی: «مەترسە ئەی ئەبرام، من قەڵغانم بۆت، پاداشتت زۆر گەورەیە.»
GEN 15:2 بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟»
GEN 15:3 هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»
GEN 15:4 لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات و فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت، ئەو دەبێتە میراتگرت.»
GEN 15:5 ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»
GEN 15:6 جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا و ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.
GEN 15:7 هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، تاکو ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»
GEN 15:8 بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری ئەم زەوییە؟»
GEN 15:9 یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»
GEN 15:10 ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد.
GEN 15:11 ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.
GEN 15:12 کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە و لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەردا هات.
GEN 15:13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
GEN 15:14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە.
GEN 15:15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت.
GEN 15:16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمۆرییەکان نەگەیشتووەتە ڕادەی خۆی.»
GEN 15:17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و بە نێوان ئاژەڵە دوولەتکراوەکاندا تێپەڕی.
GEN 15:18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات،
GEN 15:19 خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی،
GEN 15:20 حیتی، پریزی، ڕفائی،
GEN 15:21 ئەمۆری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»
GEN 16:1 سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو.
GEN 16:2 سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.» ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد.
GEN 16:3 ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی.
GEN 16:4 ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو. کاتێک کە زانی سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو.
GEN 16:5 ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.»
GEN 16:6 ئەبرامیش بە سارایی گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد، هەتا لە دەستی هەڵات.
GEN 16:7 ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛ ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە.
GEN 16:8 فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟» ئەویش گوتی: «لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.»
GEN 16:9 فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.»
GEN 16:10 هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
GEN 16:11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «ئێستا سکت پڕە، کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسماعیل، چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو.
GEN 16:12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی لێ دێت. دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو. دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.»
GEN 16:13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.»
GEN 16:14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش و بەرەدە.
GEN 16:15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل.
GEN 16:16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.
GEN 17:1 کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە.
GEN 17:2 پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»
GEN 17:3 ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو:
GEN 17:4 «لەلایەن منەوە، ئەمە پەیمانی منە لەگەڵ تۆ: تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە.
GEN 17:5 ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.
GEN 17:6 زۆر زۆریش بەردارت دەکەم و چەندین نەتەوەت لێ دروست دەکەم و پاشایانت لێ دەکەوێتەوە.
GEN 17:7 پەیمانەکەم کە پەیمانێکی هەتاهەتاییە لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی تۆدا دەچەسپێنم، کە ببمە خودای تۆ و نەوەکانی تۆ.
GEN 17:8 هەموو خاکی کەنعان، کە ئێستا وەک بێگانەیەک تێیدا نیشتەجێی، بۆ هەتاهەتایە بە موڵکی دەیدەمە تۆ و نەوەکانی تۆ؛ منیش دەبمە خودایان.»
GEN 17:9 ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش لەلای خۆتەوە دەبێت پەیمانەکەم بەجێبهێنیت، خۆت و نەوە لە دوای نەوەشت.
GEN 17:10 ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت: هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن.
GEN 17:11 خۆتان خەتەنە دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە.
GEN 17:12 هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە.
GEN 17:13 دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت.
GEN 17:14 هەر نێرینەیەکی خەتەنەنەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕدرێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»
GEN 17:15 هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارایی ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا.
GEN 17:16 بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»
GEN 17:17 ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟»
GEN 17:18 ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەژێر سایەی بەرەکەتی تۆدا ژیانی بەسەر دەبرد.»
GEN 17:19 خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی.
GEN 17:20 بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.
GEN 17:21 بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.»
GEN 17:22 کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.
GEN 17:23 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو.
GEN 17:24 ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا،
GEN 17:25 ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا.
GEN 17:26 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران.
GEN 17:27 هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.
GEN 18:1 ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، کە لە گەرمای ڕۆژدا لەبەر دەرگای چادرەکەیدا دانیشتبوو.
GEN 18:2 ئیبراهیم سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
GEN 18:3 ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە.
GEN 18:4 با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، ئینجا لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە.
GEN 18:5 پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم تاکو بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.» ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
GEN 18:6 ئیتر ئیبراهیم بە پەلە چوو بۆ ناو چادرەکە بۆ لای سارا و پێی گوت: «خێرا سێ پێوانە لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
GEN 18:7 هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی.
GEN 18:8 ئینجا دەڵەمە و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
GEN 18:9 پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
GEN 18:10 ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.» ساراش لە پشتەوە و لەبەر دەرگای چادرەکەدا گوێی لەوان گرتبوو.
GEN 18:11 ئیبراهیم و سارا دوو کەسی پیر و بەساڵداچوو بوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو.
GEN 18:12 بۆیە سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا ئێستا کە تەواو پیر بووم و مێردەکەشم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
GEN 18:13 ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”ئایا بەڕاستی بەم پیرییەوە منداڵم دەبێت“؟
GEN 18:14 هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
GEN 18:15 سارا لە ترسا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
GEN 18:16 ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات.
GEN 18:17 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟
GEN 18:18 بێگومان ئیبراهیم دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن.
GEN 18:19 لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە کە منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرنەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»
GEN 18:20 ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاوار لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و تووشی گوناهی زۆر گەورە هاتوون.
GEN 18:21 ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی بزانم ئاخۆ ئەو کارەی کە کردوویانە بەو ڕادەیە خراپە کە بیستوومە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»
GEN 18:22 ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو.
GEN 18:23 ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟
GEN 18:24 ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی کە تێیدایە نایبەخشیت؟
GEN 18:25 حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە کە ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت و وەکو یەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت! دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەر نابێت؟»
GEN 18:26 یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە شاری سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
GEN 18:27 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم، بوێری ئەوەم هەبووە لەگەڵ پەروەردگاردا قسە بکەم،
GEN 18:28 ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟» فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
GEN 18:29 دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
GEN 18:30 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟» فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
GEN 18:31 ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
GEN 18:32 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
GEN 18:33 ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.
GEN 19:1 هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، لوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک لوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
GEN 19:2 ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.» فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»
GEN 19:3 بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان.
GEN 19:4 پێش ئەوەی بخەون، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەوری ماڵەکەیان دا.
GEN 19:5 ئینجا لوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان تاکو لاقەیان بکەین.»
GEN 19:6 لوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست.
GEN 19:7 گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن.
GEN 19:8 من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
GEN 19:9 ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەم پیاوە خۆی وەک بێگانەیەک هاتووەتە نێومانەوە، کەچی دەیەوێت ببێتە دادوەر بەسەرمانەوە. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر فشاریان بۆ لوت هێنا و هاتنە پێشەوە تاکو دەرگاکە بشکێنن.
GEN 19:10 بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و لوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست.
GEN 19:11 ئەو پیاوانەشیان کوێر کرد کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکیان کەوت و نەیانتوانی دەرگاکە بدۆزنەوە.
GEN 19:12 ئینجا دوو پیاوەکە بە لوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە؟ زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسێکی دیکەت لەم شارەدا هەیە، بیانبە دەرەوە،
GEN 19:13 چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاوار لە دژی خەڵکەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بۆیە ئێمەی ناردووە تاکو وێرانی بکەین.»
GEN 19:14 ئیتر لوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەستگیرانی کچەکانی کرد و گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی دەستگیرانی کچەکانی.
GEN 19:15 لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە لوت کرد و پێیان فەرموو: «خێرا بکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
GEN 19:16 بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان.
GEN 19:17 هەرکە هێنایاننە دەرەوەی شارەکە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
GEN 19:18 بەڵام لوت پێی گوتن: «نا، گەورەم!
GEN 19:19 خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم.
GEN 19:20 تەماشای ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
GEN 19:21 ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم.
GEN 19:22 بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر.
GEN 19:23 کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، لوت گەیشتە ناو زۆعەر.
GEN 19:24 ئینجا یەزدان لە ئاسمانەوە گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند.
GEN 19:25 هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد.
GEN 19:26 بەڵام ژنی لوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
GEN 19:27 بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا لەبەردەم یەزدان وەستابوو.
GEN 19:28 تەماشای سەدۆم و عەمۆرا و هەموو دەشتەکەی دەوروبەری کرد و بینی وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
GEN 19:29 کاتێک خودا شارۆچکەکانی دەشتەکەی وێران کرد، ئیبراهیمی هاتەوە یاد و لوتی لەو کارەساتە هێنایە دەرەوە کە بەسەر ئەو شارانەدا هێنای کە ئەوی تێدا دەژیا.
GEN 19:30 ئینجا لوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون.
GEN 19:31 کچە گەورەکەی لوت بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە و هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکەین و منداڵمان ببێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە،
GEN 19:32 بۆیە وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و سەرجێیی لەگەڵ بکەین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
GEN 19:33 ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
GEN 19:34 بۆ ڕۆژی دواتر کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ من شەو لەگەڵ باوکم سەرجێییم کرد. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.»
GEN 19:35 ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و سەرجێیی لەگەڵ کرد. ئەویش نە بە سەرجێییەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
GEN 19:36 ئیتر هەردوو کچەکەی لوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو.
GEN 19:37 گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ.
GEN 19:38 هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەن‌عەمی. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.
GEN 20:1 ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو. بۆ ماوەیەک لە گرار مایەوە.
GEN 20:2 ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.
GEN 20:3 ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»
GEN 20:4 ئەبیمەلەخ کە هێشتا لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟
GEN 20:5 ئەی ئیبراهیم پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»
GEN 20:6 خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت.
GEN 20:7 ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەیگەڕێنیتەوە، ئەوا بزانە کە بێگومان خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن دەمرن.»
GEN 20:8 ئەبیمەلەخ بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەو شتانەی پێ گوتن کە ڕوویاندابوو، ئەوانیش زۆر ترسان.
GEN 20:9 ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە نابێت بکرێت، بە منت کرد.»
GEN 20:10 ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «بۆچی ئەم کارەت کرد؟»
GEN 20:11 ئیبراهیمیش گوتی: «لەبەر ئەوەی بە خۆمم گوت: ”هیچ لەخواترسێک لەم شوێنەدا بوونی نییە و لەبەر ژنەکەم من دەکوژن.“
GEN 20:12 لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم.
GEN 20:13 کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”بەم شێوەیە دەتوانیت خۆشەویستی خۆتم نیشان بدەیت: چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»
GEN 20:14 ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە.
GEN 20:15 ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «وا زەوییەکەم لەبەردەم تۆیە، کوێت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»
GEN 20:16 بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو دەدەمە براکەت. ئەمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئابڕووبردنەیە کە بەرامبەر تۆ لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن ئەنجامم دا؛ ئیتر تۆ تەواو ڕووسپیت.»
GEN 20:17 ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو،
GEN 20:18 چونکە یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە، هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، بە تەواوی بەستبووی.
GEN 21:1 یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە و یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد.
GEN 21:2 ئینجا سارا سکی پڕ بوو؛ لە تەمەنی پیریی ئیبراهیمدا و لە هەمان ئەو کاتەی کە خودا پێی فەرمووبوو، منداڵێکی بوو.
GEN 21:3 ئیبراهیم ئەو کوڕەی ناو نا ئیسحاق، کە سارا بۆی ببوو.
GEN 21:4 کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو.
GEN 21:5 تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.
GEN 21:6 سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.»
GEN 21:7 هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ لەگەڵ ئەوەشدا لە پیریی ئەودا کوڕێکم بوو.»
GEN 21:8 کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد.
GEN 21:9 بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد.
GEN 21:10 جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»
GEN 21:11 ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، چونکە پەیوەندی بە کوڕەکەی ئەوەوە هەبوو.
GEN 21:12 بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «ناڕەحەتی کوڕەکە و کەنیزەکەت مەبە. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە نەوەی تۆ لە ڕێگەی ئیسحاقەوە ناودەبردرێت.
GEN 21:13 هەروەها لە کوڕی کەنیزەکەشەوە نەتەوەیەک دروست دەکەم، چونکە وەچەی تۆیە.»
GEN 21:14 ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و خستییە سەر شانی هاجەر و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع سەرگەردان بوو.
GEN 21:15 کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا.
GEN 21:16 ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «ناتوانم بە چاوی خۆم مەرگی کوڕەکەم ببینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە گریان.
GEN 21:17 خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە.
GEN 21:18 هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستی بگرە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»
GEN 21:19 ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.
GEN 21:20 خودا لە کاتی گەورەبوونی کوڕەکەدا، لەگەڵی بوو. لە چۆڵەوانیدا ژیا و بووە تیرهاوێژ.
GEN 21:21 کاتێک کە ئیسماعیل لە چۆڵەوانی پاران دەژیا، دایکی ژنێکی میسریی بۆ هێنا.
GEN 21:22 لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە.
GEN 21:23 ئێستاش لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی لە خۆم و منداڵ و نەوەکانم ناکەیت. من چ چاکەیەکم لەگەڵ تۆدا کرد، تۆش هەمان چاکە لەگەڵ من و لەگەڵ ئەو خاکەدا دەکەیت کە تێیدا ئاوارە بوویت.»
GEN 21:24 ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»
GEN 21:25 ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو.
GEN 21:26 بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»
GEN 21:27 ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست.
GEN 21:28 ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت.
GEN 21:29 ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕاتگرتوون؟»
GEN 21:30 ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.»
GEN 21:31 لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناو نا بە بیری شابەع، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.
GEN 21:32 لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان.
GEN 21:33 ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد.
GEN 21:34 ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.
GEN 22:1 لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
GEN 22:2 ئینجا خودا فەرمووی: «ئیسحاقی کوڕە تاقانەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ببە و بڕۆ بۆ خاکی مۆریا. لەوێ لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم، بیکە بە قوربانی سووتاندن.»
GEN 22:3 بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد. دوای بڕینەوەی دار بۆ قوربانی سووتاندن، هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو.
GEN 22:4 لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد.
GEN 22:5 ئیتر بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»
GEN 22:6 ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت. کاتێک هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن،
GEN 22:7 ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟» ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»
GEN 22:8 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا خۆی بەرخی قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.
GEN 22:9 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست. ئینجا ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر دارەکانی سەر قوربانگاکە.
GEN 22:10 ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت تاکو کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت.
GEN 22:11 بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
GEN 22:12 پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا دەزانم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»
GEN 22:13 ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و لە جیاتی کوڕەکەی کردییە قوربانی سووتاندن.
GEN 22:14 ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناو نا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»
GEN 22:15 فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و
GEN 22:16 گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت،
GEN 22:17 بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی.
GEN 22:18 لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.»
GEN 22:19 ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لە بیری شابەع نیشتەجێ بوو.
GEN 22:20 دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە،
GEN 22:21 عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای، هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە.
GEN 22:22 هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.»
GEN 22:23 بتوئێلیش ڕڤقەی بوو. میلکە ئەم هەشت کوڕەی بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم بوو.
GEN 22:24 کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو.
GEN 23:1 هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو.
GEN 23:2 ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع مرد، کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێتەوە و بەسەریدا بگریێت.
GEN 23:3 ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد و گوتی:
GEN 23:4 «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، تاکو بتوانم مردووەکەم بنێژم.»
GEN 23:5 حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت:
GEN 23:6 «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە دەست بەو گۆڕەوە ناگرێت کە تۆ مردووەکەتی تێدا دەنێژیت.»
GEN 23:7 ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ حیتییەکان برد کە خەڵکی خاکەکە بوون.
GEN 23:8 ئینجا قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم بنێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و داوا لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر بکەن کە
GEN 23:9 ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»
GEN 23:10 عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:
GEN 23:11 «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەبەخشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»
GEN 23:12 ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و
GEN 23:13 لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»
GEN 23:14 عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:
GEN 23:15 «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»
GEN 23:16 ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.
GEN 23:17 ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە
GEN 23:18 موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە.
GEN 23:19 دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان.
GEN 23:20 ئیتر حیتییەکان کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناویان بە موڵک دا بە ئیبراهیم، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستان.
GEN 24:1 ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد.
GEN 24:2 ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەموو شتێکی ئەوی لەژێر دەستدا بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم.
GEN 24:3 سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم.
GEN 24:4 بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ ئیسحاقی کوڕم دەهێنیت.»
GEN 24:5 خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»
GEN 24:6 ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ.
GEN 24:7 یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی هێنایە دەرەوە، ئەوەی قسەی لەگەڵ کردم و سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت.
GEN 24:8 خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.»
GEN 24:9 ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.
GEN 24:10 ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی و هەموو شتە باشەکانی ئەوی لەگەڵ خۆی برد و چوو بۆ میسۆپۆتامیا بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر.
GEN 24:11 دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان، لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک وشترەکانی خست.
GEN 24:12 ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە و چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە.
GEN 24:13 من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
GEN 24:14 با ئەو کچەی کە پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت بۆ ئیسحاقی خزمەتکارت هەڵبژاردبێت. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»
GEN 24:15 پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، کە ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو.
GEN 24:16 کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.
GEN 24:17 خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»
GEN 24:18 ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
GEN 24:19 دوای ئەوەی ئاوی دایێ و گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.»
GEN 24:20 ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە تاکو ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان.
GEN 24:21 پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.
GEN 24:22 کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو.
GEN 24:23 ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان کە شەو تێیدا بمێنینەوە؟»
GEN 24:24 ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.»
GEN 24:25 پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»
GEN 24:26 ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد،
GEN 24:27 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییەکەی لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم نەهێنا. یەزدان لە گەشتەکەمدا بەرەو ماڵی براکانی گەورەکەم ڕێنمایی کردم.»
GEN 24:28 کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند.
GEN 24:29 ڕڤقە برایەکی هەبوو بە ناوی لابان، ئیتر لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، کە لە لای کانییەکە بوو.
GEN 24:30 هەرکە خەزێم و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە.
GEN 24:31 ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ من ماڵم بۆ تۆ و شوێنیشم بۆ وشترەکان ئامادە کردووە.»
GEN 24:32 ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون.
GEN 24:33 ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.» لابانیش گوتی: «قسە بکە.»
GEN 24:34 ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم.
GEN 24:35 یەزدان گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە و دەوڵەمەند بووە. ئەو مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی پێ بەخشیوە.
GEN 24:36 سارای ژنی گەورەکەم لە کاتی پیریدا کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، کە هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو.
GEN 24:37 گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم.
GEN 24:38 بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
GEN 24:39 «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
GEN 24:40 «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، بۆ ئەوەی لە کەسوکارەکەم و ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم بخوازیت.
GEN 24:41 ئەگەر بێتو بچیتە لای کەسوکارەکەم و ئەوان ژنت نەدەنێ، ئەوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێتەوە. ئینجا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
GEN 24:42 «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم،
GEN 24:43 ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، با ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘
GEN 24:44 ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها بۆ وشترەکانیشت ئاو دەکێشم.‘ ئەوە ئەو کچە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“
GEN 24:45 «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“
GEN 24:46 «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.
GEN 24:47 «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“ «ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“ «خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد.
GEN 24:48 منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم.
GEN 24:49 ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم بڵێن، ئەگەر ناشیکەن، هەر پێم بڵێن، بۆ ئەوەی بزانم ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»
GEN 24:50 لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین.
GEN 24:51 ئەوە ڕڤقە لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
GEN 24:52 ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
GEN 24:53 ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای پێشکەشی دایک و براکەی کرد.
GEN 24:54 ئیتر خۆی و ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و شەو لەوێ مانەوە. کە بەیانی لە خەو هەستان، خزمەتکارەکە گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.»
GEN 24:55 بەڵام دایک و برای ڕڤقە گوتیان: «با کچەکە بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ لەلامان بمێنێتەوە، پاشان بەڕێ بکەوێت.»
GEN 24:56 ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.»
GEN 24:57 ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.»
GEN 24:58 ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟» ئەویش گوتی: «دەڕۆم.»
GEN 24:59 ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد.
GEN 24:60 داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت: «خوشکمان، پتر بن هەزار لەسەر هەزار، با نەوەکانیشت ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.»
GEN 24:61 ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت.
GEN 24:62 ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە.
GEN 24:63 ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن.
GEN 24:64 ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی.
GEN 24:65 بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟» خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی.
GEN 24:66 ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە.
GEN 24:67 ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد. ئیتر بوو بە ژنی و خۆشیویست و بووە مایەی دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی.
GEN 25:1 ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو.
GEN 25:2 لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو.
GEN 25:3 یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون.
GEN 25:4 کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.
GEN 25:5 ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق،
GEN 25:6 بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.
GEN 25:7 ئیبراهیم سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا.
GEN 25:8 ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
GEN 25:9 هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، باوکیان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە بەرامبەر مەمرێیە و لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتیدایە، بە خاک سپارد.
GEN 25:10 ئیبراهیم ئەو کێڵگەیەی لە حیتییەکان کڕیبوو. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا.
GEN 25:11 دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.
GEN 25:12 ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو.
GEN 25:13 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار، ئەدبەئێل، میبسام،
GEN 25:14 میشماع، دوما، مەسسا،
GEN 25:15 حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما.
GEN 25:16 ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان.
GEN 25:17 ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دواهەناسەی دا و مرد و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
GEN 25:18 نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئەشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون.
GEN 25:19 ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن. ئیبراهیم ئیسحاقی بوو.
GEN 25:20 ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای تاکو ببێتە ژنی.
GEN 25:21 ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو.
GEN 25:22 هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.
GEN 25:23 یەزدانیش پێی فەرموو: «دوو نەتەوە لە منداڵدانتن، دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە، گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت، گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»
GEN 25:24 کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک لە منداڵدانی بوو.
GEN 25:25 ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، بۆیە ناویان لێنا عیسۆ.
GEN 25:26 دوای ئەم براکەی لەدایک بوو، کە بە دەستی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، بۆیە ناویان لێنا یاقوب. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.
GEN 25:27 هەردوو کوڕەکە گەورە بوون. عیسۆ بووە ڕاوکەرێکی شارەزا و پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو.
GEN 25:28 ئیسحاق عیسۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی زیاتر خۆشدەویست.
GEN 25:29 ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو.
GEN 25:30 عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم.
GEN 25:31 یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»
GEN 25:32 عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»
GEN 25:33 بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.
GEN 25:34 ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، پاشان هەستا و ڕۆیشت. بەو شێوەیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.
GEN 26:1 ئینجا جیا لەو قاتوقڕییەی کە یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیمدا ڕوویدا، قاتوقڕییەکی دیکە لە خاکەکە سەریهەڵدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار.
GEN 26:2 یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم.
GEN 26:3 بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە.
GEN 26:4 نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.
GEN 26:5 لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.»
GEN 26:6 ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو.
GEN 26:7 پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.»
GEN 26:8 کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە.
GEN 26:9 ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟» ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە پێم وابوو کە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.»
GEN 26:10 ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت سەرجێیی بکردبا، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.»
GEN 26:11 ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»
GEN 26:12 ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد و هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، چونکە یەزدان بەرەکەتداری کرد.
GEN 26:13 ئیتر ئیسحاق دەوڵەمەند بوو، بەردەوام سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو.
GEN 26:14 ئینجا بەهۆی ئەوەی کە بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد.
GEN 26:15 هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو.
GEN 26:16 ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.»
GEN 26:17 ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا و لەوێ نیشتەجێ بوو.
GEN 26:18 ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون.
GEN 26:19 خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە.
GEN 26:20 بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناو نا عێسەق، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی.
GEN 26:21 ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا.
GEN 26:22 ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، کە ناکۆک نەبوون لەسەری. بۆیە ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت و گوتی: «ئێستا یەزدان شوێنێکی فراوانی پێ بەخشیوین و لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.»
GEN 26:23 ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو.
GEN 26:24 جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. لەبەر ئیبراهیمی بەندەم، بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم.»
GEN 26:25 ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.
GEN 26:26 هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای.
GEN 26:27 ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوون بۆ لام، لە کاتێکدا ڕقتان لێم بوو و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟»
GEN 26:28 ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین،
GEN 26:29 کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد و لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت و بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.»
GEN 26:30 ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە.
GEN 26:31 بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن.
GEN 26:32 ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئاومان دۆزییەوە.»
GEN 26:33 ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.
GEN 26:34 کاتێک عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ، یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی هێنا.
GEN 26:35 ئەوان ببوونە مایەی خەم و خەفەتی ئیسحاق و ڕڤقە.
GEN 27:1 کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی نەیدەبینی، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
GEN 27:2 ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم.
GEN 27:3 ئێستاش چەکەکەت و تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ لە دەشتودەر نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە.
GEN 27:4 ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
GEN 27:5 ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە.
GEN 27:6 ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی:
GEN 27:7 ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“
GEN 27:8 ئێستاش، کوڕی خۆم، باش گوێم لێ بگرە و ئەوە بکە کە پێت دەڵێم:
GEN 27:9 بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، تاکو بەو جۆرە بۆ باوکتی ئامادە بکەم کە حەزی لێیەتی.
GEN 27:10 ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»
GEN 27:11 یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم.
GEN 27:12 ئەی ئەگەر باوکم دەستم لێ بدات؟ ئەو کاتە لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر لە جێگەی بەرەکەت، نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم.»
GEN 27:13 دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»
GEN 27:14 ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، بەو جۆرەی کە باوکی حەزی لێ دەکرد.
GEN 27:15 ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد.
GEN 27:16 دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی.
GEN 27:17 ئینجا ئەو نان و خواردنەی کە دروستی کردبوون، دایە دەست یاقوبی کوڕی.
GEN 27:18 یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»
GEN 27:19 یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
GEN 27:20 ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟» ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»
GEN 27:21 ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»
GEN 27:22 یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.»
GEN 27:23 ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، کاتێک کە ویستی داوای بەرەکەتی بۆ بکات،
GEN 27:24 پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟» ئەویش گوتی: «منم.»
GEN 27:25 ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.» ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، ئینجا شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە.
GEN 27:26 ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»
GEN 27:27 ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم وەک بۆنی دەشتودەرە کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
GEN 27:28 با خودا لە شەونمی ئاسمان و لە چەوری زەویت بداتێ، هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
GEN 27:29 با گەلان ببنە خزمەتکارت، نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن. ببە بە سەروەری براکانت، کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن. با ئەوانەی نەفرەتت لێ دەکەن نەفرەت لێکراو بن و ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»
GEN 27:30 پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە.
GEN 27:31 ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بردیە ژوورەوە بۆ باوکی و پێی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
GEN 27:32 ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟» ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.»
GEN 27:33 ئیتر ئیسحاق زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»
GEN 27:34 عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست، بە دەنگێکی زۆر بەرز و بە خەمبارییەوە هاواری کرد و بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»
GEN 27:35 بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»
GEN 27:36 عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»
GEN 27:37 ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»
GEN 27:38 عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ باوکە، داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.
GEN 27:39 ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە: «نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت، دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.
GEN 27:40 لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و دەبیتە خزمەتکاری براکەت. بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت، نیرەکەی دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.»
GEN 27:41 ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.»
GEN 27:42 ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت.
GEN 27:43 ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان.
GEN 27:44 بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە.
GEN 27:45 کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتان لەدەست بدەم؟»
GEN 27:46 ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»
GEN 28:1 ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد. ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە.
GEN 28:2 هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە.
GEN 28:3 با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل.
GEN 28:4 با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات، تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.»
GEN 28:5 ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
GEN 28:6 عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت، ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە، فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،»
GEN 28:7 ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام.
GEN 28:8 کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن،
GEN 28:9 چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست.
GEN 28:10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت.
GEN 28:11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە. ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا.
GEN 28:12 یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.
GEN 28:13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.
GEN 28:14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.
GEN 28:15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
GEN 28:16 کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!»
GEN 28:17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»
GEN 28:18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد.
GEN 28:19 ئەو شوێنەشی ناو نا بێت‌ئێل، هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
GEN 28:20 یاقوب نەزرێکی کرد و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم،
GEN 28:21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من.
GEN 28:22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
GEN 29:1 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت.
GEN 29:2 بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو.
GEN 29:3 کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
GEN 29:4 یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»
GEN 29:5 پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟» گوتیان: «دەیناسین.»
GEN 29:6 ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟» گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچیەتی کە مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»
GEN 29:7 گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
GEN 29:8 ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
GEN 29:9 هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو.
GEN 29:10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، چووە پێشەوە و بەردی سەر بیرەکەی تل دا و مەڕەکانی ئاو دا.
GEN 29:11 یاقوب ڕاحێلی ماچ کرد و دەنگی بەرز کردەوە و گریا.
GEN 29:12 ئیتر یاقوب بە ڕاحێلی گوت کە ئەو خزمی باوکیەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
GEN 29:13 هەرکە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. ئینجا یاقوب باسی هەموو ئەو شتانەی بۆ لابان کرد کە ڕوویان دابوو.
GEN 29:14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.» لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە،
GEN 29:15 لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر دەبێت بەخۆڕایی کارم بۆ بکەیت؟ پێم بڵێ دەبێت کرێیەکەت چی بێت؟»
GEN 29:16 لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو.
GEN 29:17 چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو.
GEN 29:18 یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.»
GEN 29:19 لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.»
GEN 29:20 ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو.
GEN 29:21 ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەکەم تەواو کرد، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»
GEN 29:22 لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد.
GEN 29:23 بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش سەرجێیی لەگەڵی کرد.
GEN 29:24 هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.
GEN 29:25 کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»
GEN 29:26 لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە کە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین.
GEN 29:27 هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کارکردن دەدەینێ.»
GEN 29:28 یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی.
GEN 29:29 هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی.
GEN 29:30 یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش سەرجێیی کرد، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.
GEN 29:31 کاتێک یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، توانای منداڵبوونی پێ بەخشی، بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو.
GEN 29:32 لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»
GEN 29:33 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو و گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم، بۆیە ئەمەشی پێدام.» ناوی لێنا شیمۆن.
GEN 29:34 جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی.
GEN 29:35 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا. ئیتر لە سککردن وەستا.
GEN 30:1 کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»
GEN 30:2 یاقوب لە ڕاحێل تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»
GEN 30:3 ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. سەرجێیی لەگەڵ بکە هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»
GEN 30:4 جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ تاکو ببێتە ژنی. یاقوبیش سەرجێیی لەگەڵی کرد.
GEN 30:5 بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.
GEN 30:6 ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری کردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو و کوڕێکی پێدام.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان.
GEN 30:7 دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.
GEN 30:8 ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.
GEN 30:9 کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی.
GEN 30:10 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.
GEN 30:11 لێئە گوتی: «بەختێکی باش!» ئیتر ناوی لێنا گاد.
GEN 30:12 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.
GEN 30:13 لێئەش گوتی: «خۆزگە بە من دەخوازرێت! لەبەر ئەوەی کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر.
GEN 30:14 لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»
GEN 30:15 بەڵام لێئە گوتی: «ئایا بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ ئایا گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟» ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەلای تۆ بێت.»
GEN 30:16 کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دەبێت ئەمشەو بێیتە لای من، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە سەرجێیی لەگەڵی کرد.
GEN 30:17 خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو.
GEN 30:18 ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار.
GEN 30:19 دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو.
GEN 30:20 ئینجا لێئە گوتی: «خودا خەڵاتێکی باشی کردم. ئێستا مێردەکەم ڕێزم لێ دەگرێت، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.
GEN 30:21 دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.
GEN 30:22 خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد؛ گوێی لێ گرت و منداڵدانی کردەوە.
GEN 30:23 ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.»
GEN 30:24 ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»
GEN 30:25 لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم.
GEN 30:26 ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت چەندە خزمەتم کردوویت.»
GEN 30:27 بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.»
GEN 30:28 ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»
GEN 30:29 یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چۆن خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە،
GEN 30:30 چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، بەڵام دوای هاتنم زۆر زیادی کرد و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»
GEN 30:31 ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟» یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم.
GEN 30:32 ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن.
GEN 30:33 سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»
GEN 30:34 لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.»
GEN 30:35 هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی.
GEN 30:36 ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، لە کاتێکدا یاقوب چاودێری مەڕەکانی دیکەی لابانی دەکرد.
GEN 30:37 یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چنار هێنا و لە شوێنی هێڵەکان توێکڵەکانیانی پاک کرد و سپیێتییەکەی ژێریانی دەرخست و خەتی سپی لەسەر کێشان.
GEN 30:38 ئینجا چڵە دارە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە دانا، بە جۆرێک کە کاتێک مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە دەهاتن، ڕێک لەبەردەمیدا بوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بە بەران بێن،
GEN 30:39 مەڕەکان لەلای چڵەکان بەرانیان گرت و بەرخی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو.
GEN 30:40 ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی خۆی لە مەڕە خەتدار و ڕەشەکانی لابان کرد. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان.
GEN 30:41 هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان دەهاتنە ئەوەی بەران بگرن، یاقوب لەپێش چاویان چڵە دارەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵە دارەکاندا بەران بگرن.
GEN 30:42 بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون چڵە دارەکانی دانەدەنا. بەو شێوەیە لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب.
GEN 30:43 ئینجا پیاوەکە تەواو دەوڵەمەند بوو. بووە خاوەنی مەڕێکی زۆر، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.
GEN 31:1 یاقوب گوێی لە کوڕەکانی لابان بوو کە دەیانگوت: «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو یاقوب بردی و لە ڕێگەی ماڵ و سامانی باوکمانەوە ئەم هەموو سامانەی پێکەوە نا.»
GEN 31:2 هەروەها یاقوب بینی کە هەڵسوکەوتی لابان بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.
GEN 31:3 یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»
GEN 31:4 یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی کە بێن بۆ لای بۆ ئەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە.
GEN 31:5 پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە.
GEN 31:6 خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە،
GEN 31:7 کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات.
GEN 31:8 کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو.
GEN 31:9 خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.
GEN 31:10 «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵەکاندا خەونێکم دیت کە تێیدا چاوم هەڵبڕی و بینیم کە ئەو تەگانەی کە لە بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن.
GEN 31:11 فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
GEN 31:12 ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە.
GEN 31:13 من خودای بێت‌ئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»
GEN 31:14 ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟
GEN 31:15 مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ نە تەنها ئێمەی فرۆشت، بەڵکو ئەو پارەیەشی خوارد کە پێمان درابوو.
GEN 31:16 هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»
GEN 31:17 ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد.
GEN 31:18 هەموو مەڕوماڵات و ئەو شتانەی لە پەدان ئارام دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی و بەرەو خاکی کەنعان بۆ لای ئیسحاقی باوکی کەوتە ڕێ.
GEN 31:19 کاتێک لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێل بتەکانی باوکی دزی.
GEN 31:20 هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات.
GEN 31:21 ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.
GEN 31:22 ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە.
GEN 31:23 ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە.
GEN 31:24 خودا لە شەودا هاتە خەونی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریا بە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»
GEN 31:25 کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا.
GEN 31:26 لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت.
GEN 31:27 بۆچی بەدزییەوە ڕاتکرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟
GEN 31:28 تەنانەت ڕێگات پێنەدام کە نەوە و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد.
GEN 31:29 لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“
GEN 31:30 ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی ماڵی باوکتی، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»
GEN 31:31 یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە.
GEN 31:32 بەڵام ئەوەی کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل بتەکانی دزیوە.
GEN 31:33 ئیتر لابان چووە ناو هەر یەک لە چادرەکانی یاقوب و لێئە و هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل.
GEN 31:34 ڕاحێل بتەکانی بردبوو و خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابان بە تەواوی ناو چادرەکەی پشکنی، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.
GEN 31:35 ڕاحێل بە باوکی گوت: «گەورەم، تووڕە مەبە کە ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.
GEN 31:36 یاقوب تووڕە بوو، بۆیە بەگژ لاباندا چوو و پێی گوت: «تاوانم چییە؟ چ گوناهێکم کردووە کە ئاوا گڕت گرت و بەدوامدا هاتیت؟
GEN 31:37 ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.
GEN 31:38 «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد.
GEN 31:39 ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو.
GEN 31:40 بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو.
GEN 31:41 ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی.
GEN 31:42 ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»
GEN 31:43 لابانیش وەڵامی یاقوبی دایەوە و گوتی: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمن، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟
GEN 31:44 ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین تاکو ببێتە شایەتییەک لەنێوانماندا.»
GEN 31:45 یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا.
GEN 31:46 ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کرد و لە تەنیشت کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد.
GEN 31:47 لابان ئەوێی ناو نا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید.
GEN 31:48 لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید.
GEN 31:49 هەروەها ناویش نرا میچپا، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین.
GEN 31:50 ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە کەسمان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.»
GEN 31:51 هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشای ئەم کۆمەڵە بەرد و ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا.
GEN 31:52 ئەم کەڵەکە بەرد و ستوونە شایەتن کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کەڵەکە بەرد و ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت.
GEN 31:53 با خودای ئیبراهیم و ناحۆر و باوکیان دادوەری لەنێوانمان بکات.» ئیتر یاقوب بە ناوی ئەو خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێی دەترسا.
GEN 31:54 ئینجا یاقوب لەو ناوچە شاخاوییەدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشتی نانخواردن کرد. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد.
GEN 31:55 لابان بەرەبەیان لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە.
GEN 32:1 یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەوپیری هاتن.
GEN 32:2 کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناو نا مەحەنەیم.
GEN 32:3 یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم.
GEN 32:4 فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن: ”یاقوبی خزمەتکارت دەڵێت ئاوارەی لای لابان بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەو نیشتەجێ بووم.
GEN 32:5 بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“»
GEN 32:6 نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات. وا بە چوار سەد پیاوەوە دێت بۆ لات.»
GEN 32:7 بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر.
GEN 32:8 گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.»
GEN 32:9 ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیم و ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“
GEN 32:10 من شایستەی ئەو هەمووە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییە نیم کە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خۆتدا کردووتە. بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستا بوومەتە دوو لەشکر.
GEN 32:11 لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە دەترسم بێت و هێرش بکاتە سەر من و دایک و منداڵەکان.
GEN 32:12 بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“»
GEN 32:13 ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، ئەم دیارییانەی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد:
GEN 32:14 دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران،
GEN 32:15 سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر.
GEN 32:16 هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.»
GEN 32:17 فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“
GEN 32:18 دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمەوە دێت.“»
GEN 32:19 هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش کاتێک عیسۆتان بینی، هەمان شتی پێ بڵێن.
GEN 32:20 هەروەها بیرتان نەچێت بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» یاقوب بیری کردەوە و گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو قبوڵم بکات.»
GEN 32:21 ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد.
GEN 32:22 یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە.
GEN 32:23 دوای ئەوەی کە ئەوانی لە جۆگەکە پەڕاندەوە، هەموو ئەوەشی کە هەیبوو ناردە ئەوبەرەوە.
GEN 32:24 ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵ کرد.
GEN 32:25 کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو.
GEN 32:26 ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.» بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.»
GEN 32:27 پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟» یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.»
GEN 32:28 ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل، چونکە لەگەڵ خودا و مرۆڤدا تێکۆشایت و سەرکەوتیت.»
GEN 32:29 یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد.
GEN 32:30 ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل، چونکە گوتی: «ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»
GEN 32:31 کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی.
GEN 32:32 هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیە ناخۆن کە لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە و گرژ دەبێتەوە، چونکە سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب، نزیک لەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە ئازاری پێ گەیشت.
GEN 33:1 یاقوب چاوی هەڵبڕی و بینی وا عیسۆ و چوار سەد پیاو دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد.
GEN 33:2 هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە.
GEN 33:3 خۆیشی پێشیان کەوت و هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.
GEN 33:4 بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان.
GEN 33:5 ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟» یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»
GEN 33:6 ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد،
GEN 33:7 دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.
GEN 33:8 عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەموو مەڕوماڵاتەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟» ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»
GEN 33:9 بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆتی هەڵبگرە.»
GEN 33:10 یاقوب گوتی: «نەخێر، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لێ وەربگرە. ئێستا کە لێم ڕازیت، بینینی ڕووی تۆ وەک بینینی ڕووی خودا وایە.
GEN 33:11 دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» لەبەر ئەوەی یاقوب پێداگریی کرد، عیسۆ دیارییەکانی قبوڵ کرد.
GEN 33:12 ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»
GEN 33:13 بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ئاژەڵەکان ماندوو بکەم، ئەوا هەموویان دەمرن.
GEN 33:14 بۆیە با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش بەپێی مەڕوماڵاتەکە و منداڵەکان لەسەرخۆ دەکەومە ڕێ، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»
GEN 33:15 عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.» یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»
GEN 33:16 ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر.
GEN 33:17 یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت. لەوێ خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا و سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.
GEN 33:18 دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا.
GEN 33:19 ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی.
GEN 33:20 هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل».
GEN 34:1 دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت.
GEN 34:2 کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوچەیە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد.
GEN 34:3 دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد.
GEN 34:4 شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.»
GEN 34:5 یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.
GEN 34:6 حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات.
GEN 34:7 کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە، یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە. زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب، کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو؛ کارێکی نەشیاو بوو.
GEN 34:8 بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە. تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی.
GEN 34:9 ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن.
GEN 34:10 دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛ خاکەکەمان لەبەردەمتانە. تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.»
GEN 34:11 ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم.
GEN 34:12 مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت، ئەوەی داوای بکەن دەیدەم. تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.»
GEN 34:13 کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو.
GEN 34:14 پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنەنەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە.
GEN 34:15 تەنها بەم مەرجە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین: دەبێت وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان.
GEN 34:16 ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل.
GEN 34:17 بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوا کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»
GEN 34:18 قسەکانیان جێگەی پەسەندی حەمۆر و شەخەمی کوڕی بوو.
GEN 34:19 کوڕە لاوەکە کە لە ماڵی باوکی لە هەمووان ڕێزدارتر بوو، لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە کچەکەی یاقوبی خۆشدەویست.
GEN 34:20 ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد و گوتیان:
GEN 34:21 «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکەکەمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ.
GEN 34:22 بەڵام ئەم پیاوانە تەنها بەو مەرجە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەناومان نیشتەجێ بن و وەکو یەک گەل پێکەوە بژین، ئەگەر بێتو هەموو نێرینەکانمان خەتەنە بکرێن، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنە کراون.
GEN 34:23 ئایا ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن، ماڵ و سامان و هەموو ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان نابن بە هی ئێمە؟»
GEN 34:24 هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.
GEN 34:25 لە ڕۆژی سێیەمدا، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بە نهێنی هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو، کوشتیان.
GEN 34:26 بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن.
GEN 34:27 ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو.
GEN 34:28 هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد.
GEN 34:29 هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.
GEN 34:30 ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە تووشی گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان لەلای کەنعانییەکان و پریزییەکان ناحەز کرد کە خەڵکی ئەم خاکەن. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»
GEN 34:31 بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»
GEN 35:1 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە و بڕۆ بۆ بێت‌ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە. هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
GEN 35:2 ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە، ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن.
GEN 35:3 با هەستین و بەرەو بێت‌ئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.»
GEN 35:4 ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە.
GEN 35:5 ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
GEN 35:6 یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێت‌ئێلە لە خاکی کەنعان.
GEN 35:7 لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێت‌ئێل، چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی، خودای بۆ دەرکەوت.
GEN 35:8 دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێت‌ئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.
GEN 35:9 کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد.
GEN 35:10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
GEN 35:11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن.
GEN 35:12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.»
GEN 35:13 ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد.
GEN 35:14 یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد.
GEN 35:15 یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێت‌ئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
GEN 35:16 ئینجا هەموویان لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار.
GEN 35:17 لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.»
GEN 35:18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناو نا بەن‌ئۆنی. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین.
GEN 35:19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە.
GEN 35:20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
GEN 35:21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا.
GEN 35:22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە. یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
GEN 35:23 کوڕەکانی لێئە: ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب. شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
GEN 35:24 کوڕەکانی ڕاحێل: یوسف و بنیامین
GEN 35:25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل: دان و نەفتالی.
GEN 35:26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە: گاد و ئاشێر. ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
GEN 35:27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون.
GEN 35:28 ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا.
GEN 35:29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان.
GEN 36:1 ئەمانەش نەوەکانی عیسۆن کە ئەدۆمە.
GEN 36:2 ئەمانە ژنەکانی عیسۆن کە لە کەنعانییەکانی خواست: عادای کچی ئێلۆنی حیتی و ئۆهۆلیبامەی کە کچی عەنای و کچەزای چیبعۆنی حیڤی بوو،
GEN 36:3 هەروەها باسمەت کە کچی ئیسماعیل و خوشکی نەبایۆت بوو.
GEN 36:4 عادا ئەلیفازی بۆ عیسۆ بوو. باسمەتیش ڕەعوئێلی بوو.
GEN 36:5 ئۆهۆلیبامەش یەعوش و یەعلام و قۆرەحی بوو. ئەمانەن کوڕانی عیسۆ کە لە خاکی کەنعان لەدایک بوون.
GEN 36:6 ئینجا عیسۆ ژن و کوڕ و کچەکانی هەڵگرت لەگەڵ هەموو کەسانی ماڵەکەی و ئاژەڵی ماڵی و هەموو ئاژەڵەکانی دیکە و هەرچییەکی هەبوو، ئەوەی لە خاکی کەنعان دەستی کەوتبوو، چووە زەوییەکی دیکە، دوور لە یاقوبی برای.
GEN 36:7 سامانەکەیان ئەوەندە زۆر بوو کە نەتوانن پێکەوە نیشتەجێ بن؛ لەبەر زۆری مەڕوماڵاتیان، ئەو خاکەی تێیدا ئاوارە بوون نەیدەتوانی بیانگرێتە خۆی.
GEN 36:8 ئیتر عیسۆ کە ئەدۆمە، لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر نیشتەجێ بوو.
GEN 36:9 ئەمانە نەوەکانی عیسۆن لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر کە باوکی ئەدۆمییەکانە:
GEN 36:10 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی عیسۆن: ئەلیفازی کوڕی عادای ژنی عیسۆ و ڕەعوئێلی کوڕی باسمەتی ژنی عیسۆ.
GEN 36:11 کوڕەکانی ئەلیفاز: تێمان، ئۆمار، چەفۆ، گەعتام و قەنەز.
GEN 36:12 تیمنەع کەنیزەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ بوو، لە ئەلیفازەوە عەمالێقی بوو. ئەوانە کوڕەزای عادای ژنی عیسۆ بوون.
GEN 36:13 کوڕەکانی ڕەعوئێل: نەحەت، زەرەح، شەمما و میزا. ئەمانە کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون.
GEN 36:14 ئەمانەش کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆن کە کچی عەنای کوڕی چیبعۆنە و بۆ عیسۆی ببوون: یەعوش، یەعلام و قۆرەح.
GEN 36:15 ئەمانەش میرانی نەوەی عیسۆن: کوڕانی ئەلیفازی نۆبەرەی عیسۆ: میر تێمان، میر ئۆمار، میر چەفۆ، میر قەنەز،
GEN 36:16 میر قۆرەح، میر گەعتام و میر عەمالێق. ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون.
GEN 36:17 کوڕەکانی ڕەعوئێلی کوڕی عیسۆ: میر نەحەت، میر زەرەح، میر شەمما و میر میزا. ئەوانە میرانی نەوەی ڕەعوئێل لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون.
GEN 36:18 کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆ: میر یەعوش، میر یەعلام و میر قۆرەح. ئەوانە میرانی نەوەی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆی کچی عەنا بوون.
GEN 36:19 ئەوانە بوون کوڕانی عیسۆ کە خۆی ئەدۆمە، ئەوانەش میرەکانیان بوون.
GEN 36:20 ئەمانەش کوڕەکانی سێعیری حۆرین کە خەڵکی ناوچەکە بوون: لۆتان، شۆڤاڵ، چیبعۆن، عەنا،
GEN 36:21 دیشۆن، ئێچەر و دیشان. ئەمانەش میرانی حۆرییەکانن، کوڕانی سێعیر لە خاکی ئەدۆم.
GEN 36:22 کوڕەکانی لۆتان: حۆری و هۆمام. تیمنەعیش خوشکی لۆتان بوو.
GEN 36:23 کوڕەکانی شۆڤاڵ: عەلڤان، مانەحەت، عێبال، شەفۆ و ئۆنام.
GEN 36:24 کوڕەکانی چیبعۆن: ئەییا و عەنا. ئەمە ئەو عەنایەیە کە لە چۆڵەوانیدا کانیاوی گەرمی دۆزییەوە، کاتێک خەریکی لەوەڕاندنی گوێدرێژەکانی چیبعۆنی باوکی بوو.
GEN 36:25 نەوەکانی عەنا: دیشۆن لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنا.
GEN 36:26 کوڕەکانی دیشۆن: حەمدان، ئەشبان، یەتران و کران.
GEN 36:27 کوڕەکانی ئێچەر: بلهان، زەعەڤان و عەقان.
GEN 36:28 کوڕەکانی دیشان: عوچ و ئەران.
GEN 36:29 ئەمانەش میرەکانی حۆرییەکانن: میر لۆتان، میر شۆڤاڵ، میر چیبعۆن، میر عەنا،
GEN 36:30 میر دیشۆن، میر ئێچەر و میر دیشان. ئەوانە بوون میرانی حۆرییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە خاکی سێعیر.
GEN 36:31 ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە لە خاکی ئەدۆم پاشایەتییان دەکرد، پێش ئەوەی هیچ پاشایەکی ئیسرائیلی پاشایەتی بکات.
GEN 36:32 بەلەعی کوڕی بەعۆر بوو بە پاشای ئەدۆم. ناوی شارەکەشی دینهابە بوو.
GEN 36:33 کە بەلەع مرد، یۆڤاڤی کوڕی زەرەحی خەڵکی بۆزرا وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
GEN 36:34 کە یۆڤاڤ مرد، حوشامی خەڵکی خاکی تێمانییەکان وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
GEN 36:35 کە حوشام مرد، هەدەدی کوڕی بەدەد کە لە وڵاتی مۆئاب شکستی بە میدیان هێنا، وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی عەڤیت بوو.
GEN 36:36 کە هەدەد مرد، سەمڵەی خەڵکی مەسرێقە وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
GEN 36:37 کە سەمڵە مرد، شائوولی خەڵکی ڕەحۆبۆت، ئەو شارەی لە کەناری ڕووبار بوو، وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
GEN 36:38 کە شائوول مرد، بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
GEN 36:39 کە بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر مرد، هەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی پاعوو بوو، ژنەکەشی ناوی میهێتەبێل بوو، کچی مەترێدی کچی مێزاهاب بوو.
GEN 36:40 ئەمانەش ناوی میرەکانی نەوەی عیسۆن، بەپێی خێڵ و ناوچە و ناوەکانیان: تیمنەع، عەلڤا، یەتێت،
GEN 36:41 ئۆهۆلیبامە، ئێلە، پینۆن،
GEN 36:42 قەنەز، تێمان، میبسار،
GEN 36:43 مەگدئێل و عیرام. ئەمانە میرەکانی ئەدۆم بوون، بەپێی نشینگەکانیان لە خاکی موڵکی خۆیان. ئەوە عیسۆی باوکی ئەدۆمییەکان بوو.
GEN 37:1 یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.
GEN 37:2 ئەمە چیرۆکی نەوەکانی یاقوبە. یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی کە دەکاتە کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی، شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد. یوسف هەڵسوکەوتە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.
GEN 37:3 ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد.
GEN 37:4 کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموویان خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی دەبووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.
GEN 37:5 یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە.
GEN 37:6 پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە:
GEN 37:7 لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەڵۆ کۆکردنەوە بووین، لەناکاو مەڵۆیەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەڵۆیەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»
GEN 37:8 براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر لەبەر قسە و خەونەکانی، زیاتر ڕقیان لێ بووەوە.
GEN 37:9 ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە و گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»
GEN 37:10 کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟»
GEN 37:11 براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.
GEN 37:12 براکانی یوسف بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان، چوون بۆ دەوروبەری شەخەم.
GEN 37:13 ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.» ئەویش گوتی: «باشە.»
GEN 37:14 ئینجا پێی گوت: «بڕۆ و بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، ئینجا وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد. کە یوسف چوو بۆ شەخەم،
GEN 37:15 پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»
GEN 37:16 ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانن؟»
GEN 37:17 پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان.“» یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە.
GEN 37:18 بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا بۆ ئەوەی بیکوژن.
GEN 37:19 ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت!
GEN 37:20 دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە و دەڵێین گیاندارێکی دڕندە خواردی. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»
GEN 37:21 کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات. بۆیە گوتی: «با نەیکوژین!»
GEN 37:22 ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی لێ مەدەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.
GEN 37:23 ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەوا درێژە ڕەنگینەکەیان لەبەری دادڕاند،
GEN 37:24 ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، کە بەتاڵ بوو و ئاوی تێدا نەبوو.
GEN 37:25 دوای ئەوەی کە دانیشتن بۆ نانخواردن، چاویان هەڵبڕی و بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، کە وشترەکانیان باری بەهارات و هەتووان و موڕیان پێیە و بەرەو میسر دەڕۆن.
GEN 37:26 ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟
GEN 37:27 وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی لێ نەدەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.
GEN 37:28 کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە هێنایە دەرەوە و بە بیست شاقل زیو بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت. ئەوانیش یوسفیان بۆ میسر برد.
GEN 37:29 ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی.
GEN 37:30 گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»
GEN 37:31 ئەوانیش گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەی یوسفیان هێنا و لە خوێنیان هەڵکێشا.
GEN 37:32 ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە و گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»
GEN 37:33 ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»
GEN 37:34 ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و ماوەیەکی زۆر شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا.
GEN 37:35 ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە و گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان.» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.
GEN 37:36 هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتی‌فەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.
GEN 38:1 یەهودا لەو سەردەمەدا براکانی بەجێهێشت و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو.
GEN 38:2 لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت بە ناوی شوەع. ئیتر ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست.
GEN 38:3 ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر.
GEN 38:4 جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان.
GEN 38:5 دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب بوو، ئەم کوڕەی بوو.
GEN 38:6 یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو.
GEN 38:7 بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.
GEN 38:8 ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.»
GEN 38:9 بەڵام ئۆنان دەیزانی کە منداڵەکە نابێتە هی خۆی، بۆیە هەر کاتێک سەرجێیی لەگەڵ ژنی براکەی دەکرد، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە.
GEN 38:10 ئەم کردارەی ئەو بەلای یەزدانەوە کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند.
GEN 38:11 یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» لەبەر ئەوەی بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت.
GEN 38:12 دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. پاش ئەوەی خەم و پەژارەیی لە دڵی یەهودا ڕەوییەوە، لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە.
GEN 38:13 کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،»
GEN 38:14 ئەویش جلوبەرگی بێوەژنیی داکەند و ڕووی خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە. پاشان لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە بینی وا شالەح گەورە بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.
GEN 38:15 کە یەهودا تاماری بینی، وایزانی لەشفرۆشە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشیبوو.
GEN 38:16 ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با سەرجێییت لەگەڵ بکەم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی. ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی سەرجێییم لەگەڵ بکەیت؟»
GEN 38:17 ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.» ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟»
GEN 38:18 ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟» ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و سەرجێیی لەگەڵی کرد، ئیتر سکی لێی پڕبوو.
GEN 38:19 ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە.
GEN 38:20 هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە.
GEN 38:21 ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟» ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.»
GEN 38:22 ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“»
GEN 38:23 یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.»
GEN 38:24 نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.» یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!»
GEN 38:25 ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە و بزانە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟»
GEN 38:26 یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر سەرجێیی لەگەڵی نەکردەوە.
GEN 38:27 کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک لە سکی بوو.
GEN 38:28 لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.»
GEN 38:29 بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز.
GEN 38:30 لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح.
GEN 39:1 یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتی‌فەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە هێنابوویان بۆ میسر.
GEN 39:2 یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، بۆیە بووە پیاوێکی سەرکەوتوو. ئەو لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا دەژیا.
GEN 39:3 کاتێک گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات،
GEN 39:4 یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتی‌فەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم.
GEN 39:5 ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتی‌فەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر.
GEN 39:6 ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد. یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو.
GEN 39:7 دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە سەرجێییم لەگەڵ بکە.»
GEN 39:8 بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم ئاگای لە هیچ شتێکی ماڵەکەی نییە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە.
GEN 39:9 کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟»
GEN 39:10 هەرچەندە ڕۆژانە ئەم داوایەی لە یوسف دەکرد، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە لەگەڵی سەرجێیی بکات یان لەگەڵی بێت.
GEN 39:11 ڕۆژێکیان یوسف بۆ ئەنجامدانی کارەکانی هاتە ناو ماڵەکە، لەکاتێکدا هیچ کام لە خزمەتکاران لە ماڵ نەبوون.
GEN 39:12 ژنەکە کەواکەی یوسفی گرت و گوتی: «سەرجێییم لەگەڵ بکە!» بەڵام یوسف کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.
GEN 39:13 کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە،
GEN 39:14 بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم.
GEN 39:15 ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.»
GEN 39:16 کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە.
GEN 39:17 ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەویش گێڕایەوە و پێی گوت: «ئەو خزمەتکارە عیبرانییەی کە تۆ بۆت هێناین، بۆم هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی دەستبازیم لەگەڵ بکات.
GEN 39:18 بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»
GEN 39:19 کاتێک گەورەکەی ئەو قسەیەی لە ژنەکەی خۆی بیست کە پێی گوت: «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا.
GEN 39:20 ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە.
GEN 39:21 بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد.
GEN 39:22 ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەموو کارەکانی ئەوێ.
GEN 39:23 کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و هەموو کارەکانیشی سەردەخست.
GEN 40:1 دوای ماوەیەک ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە پاشای میسری گەورەیان کرد.
GEN 40:2 جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی، واتا لە سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان تووڕە بوو.
GEN 40:3 ئیتر هەردووکیانی خستە ئەو زیندانەی کە لەناو ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان بوو، هەمان ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو.
GEN 40:4 سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن. ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە.
GEN 40:5 ئینجا ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون، هەردووکیان لە یەک شەودا خەونیان بینی. خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.
GEN 40:6 کاتێک بەیانی یوسف هاتە لایان، هەردووکیانی بە ماتومەلوولی بینی.
GEN 40:7 ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»
GEN 40:8 وەڵامیان دایەوە: «هەردووکمان خەونمان بینیوە، بەڵام کەس نییە بۆمان لێکبداتەوە.» یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»
GEN 40:9 سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو.
GEN 40:10 سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەرکە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ.
GEN 40:11 جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون و جامەکەم دایە دەستی.»
GEN 40:12 یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن.
GEN 40:13 لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت.
GEN 40:14 بەڵام کاتێک هەموو شتێکت بە باشی بەرەو پێش چوو، منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکە و لەلای فیرعەون ناوم بهێنە و لەم زیندانە دەرمبهێنە.
GEN 40:15 من لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم و لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»
GEN 40:16 کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو.
GEN 40:17 سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»
GEN 40:18 یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن.
GEN 40:19 لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت لێدەکاتەوە و تەرمەکەت لە داردا دەدات و باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»
GEN 40:20 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد.
GEN 40:21 سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون.
GEN 40:22 بەڵام سەرۆکی نانەواکانی لە دار دا، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.
GEN 40:23 سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.
GEN 41:1 ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە،
GEN 41:2 لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان.
GEN 41:3 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکەی لەڕولاواز و ناشیرین لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە و لەلای ئەو مانگایانە لە کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان.
GEN 41:4 ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان حەوت مانگا جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. فیرعەون بە ئاگا هاتەوە.
GEN 41:5 لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە. لە خەونیدا حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوانی بینی کە لە لاسکێکەوە دەرهاتوون.
GEN 41:6 لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون.
GEN 41:7 ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هاتەوە و زانی کە خەونە.
GEN 41:8 بۆ بەیانییەکەی فیرعەون دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەران و دانایانی میسردا و خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بۆی لێکبدەنەوە.
GEN 41:9 ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد.
GEN 41:10 جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان.
GEN 41:11 من و ئەو لە یەک شەودا خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان.
GEN 41:12 لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. خەونەکانمان بۆ ئەو گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە.
GEN 41:13 ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.»
GEN 41:14 بۆیە فیرعەون ناردی بەدوای یوسفدا و خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.
GEN 41:15 فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. هەروەها دەربارەی تۆ بیستوومە کە کاتێک خەونێکت بۆ دەگێڕنەوە، دەتوانیت لێکی بدەیتەوە.»
GEN 41:16 یوسف لە وەڵامی فیرعەوندا گوتی: «ئەوە من نیم، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»
GEN 41:17 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم،
GEN 41:18 بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و جوان هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان.
GEN 41:19 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە کە زۆر لەڕولاواز و ناشیرین بوون. لە هەموو خاکی میسر مانگای ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو.
GEN 41:20 ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد.
GEN 41:21 بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی ئەوانیان خوارد، پێیانەوە دیار نەبوو کە شتی وایان خواردووە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بە ئاگا هاتم.
GEN 41:22 «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون.
GEN 41:23 لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون.
GEN 41:24 گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەسیان نەیانتوانی بۆم لێکبدەنەوە.»
GEN 41:25 یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا بە تەمایە بیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند.
GEN 41:26 حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە.
GEN 41:27 حەوت مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان کە دووەم جار هاتنە دەرەوە، ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.
GEN 41:28 «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت: خودا بە فیرعەونی نیشان داوە کە بە تەمایە چی بکات.
GEN 41:29 حەوت ساڵ تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت.
GEN 41:30 بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت.
GEN 41:31 ئیتر تێروتەسەلی خاکەکە لەبیر دەچێتەوە، چونکە ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت زۆر سەخت دەبێت.
GEN 41:32 هۆکاری ئەوەش کە خەونەکە بە دوو شێوە بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە، ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیاری لەسەر دراوە و بە زوویی ئەنجامی دەدات.
GEN 41:33 «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا بدۆزێتەوە و بەسەر خاکی میسرەوە دایبنێت.
GEN 41:34 با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە.
GEN 41:35 پێویستە هەموو خواردنی ئەو ساڵە باشانەی کە دێن کۆبکەنەوە و لەژێر دەسەڵاتی فیرعەوندا گەنم لە ئەمبار بکەن و بۆ مەبەستی خواردن لە شارۆچکەکان هەڵیانبگرن.
GEN 41:36 ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت. بەو شێوەیە خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»
GEN 41:37 فیرعەون و هەموو دەستوپێوەندەکەی ئەم قسانەیان پێ باش بوو.
GEN 41:38 فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»
GEN 41:39 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەبەر ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆ تۆ ئاشکرا کردووە، لە تۆ وردبینتر و داناتر بوونی نییە.
GEN 41:40 تۆ دەبیتە لێپرسراوی کۆشکەکەی من، هەروەها هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن. من تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»
GEN 41:41 ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.»
GEN 41:42 ئینجا فیرعەون ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد.
GEN 41:43 پاشان سواری گالیسکەی جێگرەکەی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.
GEN 41:44 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.»
GEN 41:45 فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.
GEN 41:46 یوسف تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک دەستی کرد بە خزمەتکردنی فیرعەونی پاشای میسر. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی.
GEN 41:47 زەوی لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا، بەروبوومێکی زۆری دا.
GEN 41:48 یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی خاکی میسری کۆکردەوە. لە هەموو شارێکدا ئەو خۆراکانەی دانا کە لە کێڵگەکانی دەوروبەری کۆ دەکردەوە.
GEN 41:49 یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر وازی لە هەژماردکردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.
GEN 41:50 پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو.
GEN 41:51 یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناو نا مەنەشە و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.»
GEN 41:52 دووەمیشیانی ناو نا ئەفرایم و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»
GEN 41:53 حەوت ساڵە تێروتەسەلییەکەی خاکی میسر، کۆتایی پێهات.
GEN 41:54 ئینجا هەروەک یوسف گوتبووی، حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد. قاتوقڕی هەموو زەوی گرتبووەوە، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو.
GEN 41:55 کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»
GEN 41:56 قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو.
GEN 41:57 خەڵکی لە هەموو لایەکی جیهانەوە هاتن بۆ میسر تاکو گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو شوێنێکدا توند بوو.
GEN 42:1 کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟»
GEN 42:2 گوتی: «بیستوومە لە میسر گەنم هەیە. بڕۆن و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.»
GEN 42:3 ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر.
GEN 42:4 بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت.
GEN 42:5 ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە دەهاتن، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو.
GEN 42:6 یوسف خۆی دەسەڵاتداری خاکی میسر بوو، هەر خۆشی گەنمی بە هەموو گەل دەفرۆشت. بۆیە کاتێک براکانی یوسف گەیشتنە میسر، کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی.
GEN 42:7 هەرکە یوسف تەماشای براکانی کرد، یەکسەر ئەوانی ناسییەوە، بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.»
GEN 42:8 هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە.
GEN 42:9 ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.»
GEN 42:10 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن.
GEN 42:11 ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.»
GEN 42:12 ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.»
GEN 42:13 بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.»
GEN 42:14 یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن.
GEN 42:15 بەمە تاقی دەکرێنەوە: بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە هەتا برا بچووکەکەتان نەیەت بۆ ئێرە.
GEN 42:16 یەکێک لە خۆتان بنێرن تاکو براکەتان بهێنێت. ئێوەش لێرە بەند دەکرێن بۆ ئەوەی قسەکەتان تاقی بکرێتەوە و بزانرێت ئاخۆ ڕاستتان گوتووە. ئەگەر نا، ئەوا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.»
GEN 42:17 ئیتر هەموویانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانی کرد.
GEN 42:18 لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من کەسێکی لەخواترسم.
GEN 42:19 ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لێرە زیندانی بکرێت و ئەوانی دیکەشتان بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان.
GEN 42:20 بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئینجا ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد.
GEN 42:21 بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی ئێمە بەهۆی براکەمانەوەیە وا ئێستا سزا دەدرێین. کاتێک لێمان پاڕایەوە بینیمان چەند پەرێشان بوو، بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهاتووە.»
GEN 42:22 ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا داوای خوێنەکەی دەکرێت.»
GEN 42:23 ئەوان نەیاندەزانی کە یوسف لە قسەکانیان تێدەگات، چونکە لە ڕێگەی وەرگێڕەوە قسەی لەگەڵ دەکردن.
GEN 42:24 ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە.
GEN 42:25 دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم و زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی و ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا.
GEN 42:26 گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن.
GEN 42:27 لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی.
GEN 42:28 بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.» ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟»
GEN 42:29 ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان:
GEN 42:30 «ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای دەزانی ئێمە سیخوڕیی بەسەر خاکەکەوە دەکەین.
GEN 42:31 بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین.
GEN 42:32 ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“
GEN 42:33 «ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمەدا دەزانم ئێوە سەرڕاستن: با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن.
GEN 42:34 ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر بەوەدا دەزانم کە ئێوە سیخوڕ نین و کەسانێکی سەرڕاستن. ئەو کات براکەتان پێدەدەمەوە و دەشتوانن لە خاکەکەدا بازرگانی بکەن.“»
GEN 42:35 کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکرد، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر خۆیان و باوکیان کە کیسەی زیوەکانیان بینی، ترسیان لێ نیشت.
GEN 42:36 یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان لە منداڵەکانم بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.»
GEN 42:37 ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.»
GEN 42:38 بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.»
GEN 43:1 قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو.
GEN 43:2 کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.»
GEN 43:3 بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“
GEN 43:4 ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین.
GEN 43:5 بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت.“»
GEN 43:6 ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟»
GEN 43:7 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین و گوتی: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟»
GEN 43:8 یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین.
GEN 43:9 خۆم دەستەبەری سەلامەتی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم،
GEN 43:10 چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.»
GEN 43:11 ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن: لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، وەک هەندێک هەتووان، هەنگوین، بەهارات، موڕ، بستە و بادەم.
GEN 43:12 دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە هەڵەیان کردبێت.
GEN 43:13 براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە.
GEN 43:14 خودای هەرە بەتوانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.»
GEN 43:15 پیاوەکانیش ئەو دیارییانە و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستی خۆیان هەڵگرت و بنیامینیان برد و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان.
GEN 43:16 کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.»
GEN 43:17 ئیتر سەرکارەکە بەو جۆرەی کە یوسف فەرمانی پێ کردبوو، پیاوەکانی بردەوە بۆ ماڵی یوسف.
GEN 43:18 پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف و گوتیان: «ئێمەیان بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم خرابووەوە ناو هەگبەکانمان هێناوەتە ژوورەوە. دەیەوێت پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.»
GEN 43:19 ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد.
GEN 43:20 پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار بۆ کڕینی خۆراک هاتینە ئێرە.
GEN 43:21 بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە.
GEN 43:22 هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.»
GEN 43:23 ئەویش پێی گوتن: «نیگەران مەبن، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە.
GEN 43:24 پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان.
GEN 43:25 ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن.
GEN 43:26 کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، کڕنۆشیان بۆ برد و ئەو دیارییانەیان پێشکەش کرد کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە.
GEN 43:27 ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟»
GEN 43:28 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد.
GEN 43:29 ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.»
GEN 43:30 ئیتر یوسف بە پەلە ئەوێی بەجێهێشت، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد کە تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا.
GEN 43:31 پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.»
GEN 43:32 ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ براکانیشی بە جیا، هەروەها بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد. میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو.
GEN 43:33 پیاوەکان بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان، بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری.
GEN 43:34 کاتێک لە سەر خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشی هەر یەکێکی دیکەیان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و کەیف خۆش بوون.
GEN 44:1 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی.
GEN 44:2 جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا.
GEN 44:3 کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن.
GEN 44:4 هێشتا زۆر لە شار دوور نەکەوتبوونەوە، کە یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟
GEN 44:5 ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ کارێکی خراپتان کردووە.“»
GEN 44:6 ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن.
GEN 44:7 بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن.
GEN 44:8 ئێمە تەنانەت ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟
GEN 44:9 لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.»
GEN 44:10 ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.»
GEN 44:11 ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە.
GEN 44:12 ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە!
GEN 44:13 ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە.
GEN 44:14 کاتێک یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، هێشتا یوسف لەوێ بوو، ئیتر کڕنۆشیان بۆ برد.
GEN 44:15 یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟»
GEN 44:16 یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین؟ خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.»
GEN 44:17 بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.»
GEN 44:18 ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. لە خزمەتکاری خۆت تووڕە مەبە، هەرچەندە تۆ وەک خودی فیرعەونیت.
GEN 44:19 گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“
GEN 44:20 ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی کە لە تەمەنی پیریدا بۆی بووە. برای ئەو کوڕە مردووە و ئێستا خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە. باوکیشی خۆشی دەوێت.“
GEN 44:21 «تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن تاکو بە چاوی خۆم بیبینم.“
GEN 44:22 ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“
GEN 44:23 بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەیەت، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“
GEN 44:24 ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند.
GEN 44:25 «پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“
GEN 44:26 بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین. تەنها مەگەر ئەو کاتەی برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت، ئینجا بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە پیاوەکە بکەوێت ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ نەبێت.“
GEN 44:27 «خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە،
GEN 44:28 یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە.
GEN 44:29 خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“
GEN 44:30 «ئێستاش ئەگەر بەبێ کوڕەکە بچمەوە بۆ لای باوکم کە خزمەتکاری ئێوەیە و گیانی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە،
GEN 44:31 ببینێت کوڕەکە دیار نییە، بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەری سپی باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووانەوە،
GEN 44:32 چونکە خزمەتکارەکەی ئێوە دەستەبەری سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“
GEN 44:33 «ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە.
GEN 44:34 چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم ئەگەر کوڕەکەم لەگەڵ نەبێت؟ تکایە مەهێڵە ئەم مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.»
GEN 45:1 ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند.
GEN 45:2 بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.
GEN 45:3 یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟» بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لە یوسف تۆقیبوون.
GEN 45:4 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت.
GEN 45:5 ئێستاش نە نیگەران بن و نە لۆمەی خۆتان بکەن کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد.
GEN 45:6 ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە.
GEN 45:7 بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.
GEN 45:8 «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر.
GEN 45:9 پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت دەڵێت خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە.
GEN 45:10 لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە.
GEN 45:11 لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“
GEN 45:12 «وا بە چاوی خۆتان دەبینن و بنیامینی براشم دەمبینێت کە بەڕاستی ئەوە منم قسەتان لەگەڵ دەکەم.
GEN 45:13 بە باوکم ڕابگەیەنن کە من لە میسر خاوەنی چ شکۆ و دەسەڵاتێکم، هەروەها باسی هەموو ئەو شتانەشی بۆ بکەن کە بینیوتانە. بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»
GEN 45:14 ئینجا باوەشی بە بنیامیندا کرد و گریا. بنیامینیش ئەوی لە ئامێز گرت و گریا.
GEN 45:15 ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.
GEN 45:16 کاتێک ماڵی فیرعەون هەواڵی هاتنی براکانی یوسفیان بیست، فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی دڵخۆش بوون.
GEN 45:17 فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان.
GEN 45:18 باوکتان و خانەوادەکانتان هەڵبگرن و وەرن بۆ لای من. منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ و دەتوانن لە پیت و فەڕی زەوییەکە بخۆن.“
GEN 45:19 «هەروەها فەرمانت پێکراوە کە پێیان بڵێی، ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن.
GEN 45:20 با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»
GEN 45:21 کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر فەرمانی فیرعەون، عەرەبانەی پێ دان، هەروەها ئازووقەشی بۆ ڕێگا پێ دان.
GEN 45:22 قاتێک جلی بە هەریەکەیان دا، بەڵام سێ سەد شاقل زیو و پێنج قات جلی بە بنیامین دا.
GEN 45:23 ئەمانەشی بۆ باوکی نارد: دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، لەگەڵ دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ گەشتەکەی باوکی.
GEN 45:24 ئینجا براکانی بەڕێ کرد و پێش ڕۆیشتنیان پێی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»
GEN 45:25 ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان.
GEN 45:26 پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن.
GEN 45:27 بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، هەروەها چاویشی بەو عەرەبانانە کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە.
GEN 45:28 ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»
GEN 46:1 ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی.
GEN 46:2 خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
GEN 46:3 فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن.
GEN 46:4 من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»
GEN 46:5 ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی.
GEN 46:6 هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی، لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو، هەڵگرت و هاتنە میسر.
GEN 46:7 کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.
GEN 46:8 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، واتا یاقوب و نەوەکانی: ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.
GEN 46:9 کوڕەکانی ڕەئوبێن: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.
GEN 46:10 کوڕەکانی شیمۆن: یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.
GEN 46:11 کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری.
GEN 46:12 کوڕەکانی یەهودا: ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن. کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون: حەسرۆن و حامول.
GEN 46:13 کوڕەکانی یەساخار: تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.
GEN 46:14 کوڕەکانی زەبولون: سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل.
GEN 46:15 ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.
GEN 46:16 کوڕەکانی گاد: چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی.
GEN 46:17 کوڕەکانی ئاشێر: یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە لەگەڵ سەرەحی خوشکیان. کوڕەکانی بەریعە: حەڤەر و مەلکیێل.
GEN 46:18 ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.
GEN 46:19 دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب: یوسف و بنیامین.
GEN 46:20 لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن.
GEN 46:21 کوڕەکانی بنیامین: بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد.
GEN 46:22 ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون.
GEN 46:23 کوڕەکەی دان: حوشیم.
GEN 46:24 کوڕەکانی نەفتالی: یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم.
GEN 46:25 ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون.
GEN 46:26 هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون.
GEN 46:27 بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا کەس بوون.
GEN 46:28 یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن.
GEN 46:29 یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.
GEN 46:30 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»
GEN 46:31 ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام.
GEN 46:32 پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“
GEN 46:33 ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“
GEN 46:34 دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»
GEN 47:1 یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.»
GEN 47:2 لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕایگرتن.
GEN 47:3 فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟» ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.»
GEN 47:4 هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «هاتووین بۆ ئەوەی ماوەیەک لەم خاکە نیشتەجێ بین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»
GEN 47:5 فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ.
GEN 47:6 خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»
GEN 47:7 ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد.
GEN 47:8 فیرعەون بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»
GEN 47:9 یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.»
GEN 47:10 ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
GEN 47:11 ئینجا یوسف بەپێی فەرمانی فیرعەون باوکی و براکانی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد و لە باشترین زەوی لە خاکی میسر، کە دەکاتە خاکی ڕەعمسێس، موڵکی پێدان.
GEN 47:12 هەروەها یوسف خۆراکی بۆ باوک و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان دابین کرد.
GEN 47:13 لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو. خاکی میسر و کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون.
GEN 47:14 یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە خەڵکی میسر و کەنعان گەنمیان پێ دەکڕی. ئینجا زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون.
GEN 47:15 کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ پێبدە! بۆچی لەبەردەمت بمرین؟ زیوەکان تەواو بوو.»
GEN 47:16 یوسفیش پێی گوتن: «ئەگەر زیو تەواو بووە، ماڵاتەکانتان بهێنن. لە جیاتی ماڵاتەکانتان، نانتان دەدەمێ.»
GEN 47:17 ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا. ئەویش لە بەرامبەر ئەسپ، مەڕ، بزن، چێڵ و گوێدرێژەکانیان نانی پێدان. ئیتر بە درێژایی ئەو ساڵە لە بەرامبەر هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان.
GEN 47:18 کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت.
GEN 47:19 بۆچی خۆمان و زەوییەکەشمان لەپێش چاوت بمرین؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.»
GEN 47:20 یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی. خەڵکی میسر تەواوی کێڵگەکانیان فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون.
GEN 47:21 یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری کردە کۆیلە.
GEN 47:22 تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت.
GEN 47:23 ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «ئێستا کە خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕیوە، ئەوە تۆو، بڕۆن و لە زەوی بیچێنن.
GEN 47:24 بەڵام لە کاتی خەرماندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون. چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.»
GEN 47:25 ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە. ئەگەر گەورەمان لێمان ڕازی بێت، ئێمە کۆیلەی فیرعەونین.»
GEN 47:26 ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، کە هەتا ئەمڕۆش پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە. ئەم یاسایە تەنها زەوی کاهینەکانی نەگرتەوە، چونکە نەبووە هی فیرعەون.
GEN 47:27 نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوون. لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد.
GEN 47:28 یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ.
GEN 47:29 کە کاتی مردنی ئیسرائیل نزیک بووەوە، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە،
GEN 47:30 بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.» ئەمیش گوتی: «داواکارییەکەت جێبەجێ دەکەم.»
GEN 47:31 ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.
GEN 48:1 ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش مەنەشە و ئەفرایمی کوڕی لەگەڵ خۆی برد.
GEN 48:2 بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت هاتووە بۆ لات.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت.
GEN 48:3 ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بەتوانام لە لوزی خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم.
GEN 48:4 پێی فەرمووم: ”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم و دەتکەمە چەندین نەتەوە. ئەم خاکەش بە موڵکی هەتاهەتایی لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت.“
GEN 48:5 «ئێستاش دوو کوڕەکەت کە پێش هاتنی من بۆ لات بۆ خاکی میسر بۆت لەدایک بوون، بۆ من دەبن. واتا ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم.
GEN 48:6 بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمانەوە لەدایک دەبن، دەبنە هی تۆ و لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت.
GEN 48:7 کاتێک لە پەدان دەگەڕامەوە، لە ڕێگا لە خاکی کەنعان کە هێندەم نەمابوو بگەمە ئەفرات، ڕاحێل مرد، هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» واتا لە بێت‌لەحم.
GEN 48:8 ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟»
GEN 48:9 یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.» ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.»
GEN 48:10 هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن.
GEN 48:11 ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.»
GEN 48:12 یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
GEN 48:13 ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل و لێ نزیک کردنەوە.
GEN 48:14 بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو.
GEN 48:15 ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی: «ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی کرد، ئیبراهیم و ئیسحاق، ئەو خودایەی کە شوانایەتی کردووم لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ،
GEN 48:16 ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە، ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات. با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن، با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.»
GEN 48:17 کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت تاکو لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە.
GEN 48:18 یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.»
GEN 48:19 بەڵام باوکی ڕازی نەبوو و گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.»
GEN 48:20 ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی: «بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات: ”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“» بەو شێوەیە ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە.
GEN 48:21 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان.
GEN 48:22 منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمۆرییەکان وەرمگرت.»
GEN 49:1 ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
GEN 49:2 «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن، گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.
GEN 49:3 «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت، هێزی منیت و یەکەم توانامیت، سەری شانازی و سەری هێزی.
GEN 49:4 هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت، چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت، گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.
GEN 49:5 «شیمۆن و لێڤی بران، بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.
GEN 49:6 من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان، سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان، چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست.
GEN 49:7 نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە، لە هەڵچوونیان کەوا سەختە. لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.
GEN 49:8 «یەهودا، براکانت ستایشی تۆ دەکەن، دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت، کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.
GEN 49:9 بەچکە شێرە یەهودا، لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم. خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟
GEN 49:10 داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی، هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی، گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.
GEN 49:11 نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە. جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.
GEN 49:12 چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و ددانەکانی لە شیر سپیترن.
GEN 49:13 «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت، دەبێتە بەندەری کەشتییەکان، سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.
GEN 49:14 «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.
GEN 49:15 بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و زەوییەکەی دڵگیرە، شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.
GEN 49:16 «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات، وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.
GEN 49:17 دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا، مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو، بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.
GEN 49:18 «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
GEN 49:19 «چەتە پەلاماری گاد دەدەن، بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.
GEN 49:20 «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت، ئەو خواردنی چەور و بەتام دەداتە پاشایان.
GEN 49:21 «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و بەچکەی جوانی دەبێت.
GEN 49:22 «یوسف مێوێکی بەردارە، مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو، چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.
GEN 49:23 تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.
GEN 49:24 بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە، بازووەکانی دەستی لێزان بوون، بە دەستی توانادارەکەی یاقوب، بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل،
GEN 49:25 بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات، بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات، بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە، بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.
GEN 49:26 بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی، لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان. با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی.
GEN 49:27 «بنیامین گورگێکی دڕندەیە، بەیانییان نێچیر دەخوات و ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»
GEN 49:28 هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
GEN 49:29 ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە،
GEN 49:30 کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان.
GEN 49:31 ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت.
GEN 49:32 کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.»
GEN 49:33 کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
GEN 50:1 یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد.
GEN 50:2 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد.
GEN 50:3 مۆمیاکردنەکە چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کارەکە تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.
GEN 50:4 کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن،
GEN 50:5 کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش ڕێگام بدە کە بچم باوکم بنێژم و بگەڕێمەوە.»
GEN 50:6 فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و بەو جۆرەی سوێندی داویت، باوکت بنێژە.»
GEN 50:7 ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون،
GEN 50:8 لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت.
GEN 50:9 کۆمەڵێکی زۆر گالیسکە و ئەسپ سواریش لەگەڵی چوون.
GEN 50:10 ئینجا گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ئاتاد، کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا. یوسف حەوت ڕۆژ ماتەمی بۆ باوکی دانا.
GEN 50:11 کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.
GEN 50:12 کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد.
GEN 50:13 جا کوڕەکانی هەڵیانگرت و بردیان بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، ئەوەی کە ڕووەو مەمرێیە و ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان.
GEN 50:14 ئیتر یوسف و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون، دوای ناشتنی باوکی گەڕانەوە بۆ میسر.
GEN 50:15 کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.»
GEN 50:16 ئیتر پەیامیان بۆ یوسف نارد و گوتیان: «باوکت پێش مردنی ڕایسپاردووین و گوتوویەتی:
GEN 50:17 ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببوریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.
GEN 50:18 دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»
GEN 50:19 بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟
GEN 50:20 مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا کردی بە چاکە تاکو وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر.
GEN 50:21 ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.
GEN 50:22 یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا
GEN 50:23 و منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، کە دەکاتە نەوەی سێیەم. هەروەها ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەویان وەرگرتووە.
GEN 50:24 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.»
GEN 50:25 ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»
GEN 50:26 دوای ئەوە یوسف لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.
EXO 1:1 ئەمانە ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە لەگەڵ یاقوب چوونە میسر، هەریەک لەگەڵ خێزانەکەی:
EXO 1:2 ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی و یەهودا،
EXO 1:3 یەساخار، زەبولون و بنیامین،
EXO 1:4 دان و نەفتالی، گاد و ئاشێر.
EXO 1:5 هەموو وەچەکانی یاقوب حەفتا کەس بوون، بێجگە لە یوسف کە لە میسر بوو.
EXO 1:6 یوسف و هەموو براکانی و هەموو ئەو نەوەیە مردن،
EXO 1:7 بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردار بوون، زۆر زیاد بوون و زۆر و توانادارتر بوون، خاکەکە پڕ بوو لەوان.
EXO 1:8 ئینجا لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.
EXO 1:9 بە گەلەکەی گوت: «تەماشا بکەن، نەوەی ئیسرائیل گەلێکن لە ئێمە زۆرتر و بەتواناترن.
EXO 1:10 وەرن با دانا بین، نەوەک زۆرتریش ببن، کاتێک بکەوینە جەنگەوە، ئەوان بچنە پاڵ دوژمنەکانمان و لە دژمان بجەنگن و ئەم خاکە بەجێبهێڵن.»
EXO 1:11 بۆیە سەرکاری بێگارییان لەسەر دانان، بۆ ئەوەی بە بارگرانییەکەیان زەلیلیان بکەن، ئیتر شارەکانی پیتۆم و ڕەعمسێسیان بۆ ئەمبارکردن بۆ فیرعەون بنیاد نا.
EXO 1:12 بەڵام هەرچەندە زەلیلیان دەکردن ئەوەندە گەشەیان دەکرد و بەربڵاو دەبوون، ئیتر لەبەر ئەوە میسرییەکان بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.
EXO 1:13 میسرییەکان بە زەبرەوە کۆیلایەتییان بە نەوەی ئیسرائیل دەکرد.
EXO 1:14 ژیانیان تاڵ کردن بە کۆیلایەتییەکی سەخت، بە قوڕکاری و خشت دروستکردن و هەموو جۆرە کارێکی کێڵگە، هەموو کارێک کە پێیان دەکردن بە زەبرەوە بوو.
EXO 1:15 پاشای میسر بە دوو مامانی ژنە عیبرانییەکانی گوت، کە ناوی یەکێکیان شیفرە و ئەوی دیکەیان پوعە بوو،
EXO 1:16 گوتی: «کاتێک مامانی بۆ ژنە عیبرانییەکان دەکەن لە شوێنی منداڵبوون، تەماشایان بکەن، ئەگەر کوڕ بێت بیکوژن، بەڵام ئەگەر کچ بێت با بژیێت.»
EXO 1:17 بەڵام مامانەکان لە خودا ترسان و ئەوەیان نەکرد کە پاشای میسر پێی گوتبوون، هێشتیان کوڕەکان بژین.
EXO 1:18 دواتر پاشای میسر مامانەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی ئەمەتان کردووە؟ بۆ هێشتتان کوڕەکان بژین؟»
EXO 1:19 مامانەکانیش وەڵامی فیرعەونیان دایەوە: «لەبەر ئەوەی ژنە عیبرانییەکان وەک ژنە میسرییەکان نین، ئەوان گورجوگۆڵن و پێش گەیشتنی مامان منداڵیان دەبێت.»
EXO 1:20 ئیتر خودا لەگەڵ مامانەکان باش بوو، گەلیش زۆر و بە توانا بوون.
EXO 1:21 ئەوە بوو کە مامانەکان لە خودا ترسان، خوداش خێزانی پێ بەخشین.
EXO 1:22 ئینجا فیرعەون فەرمانی بە هەموو گەلەکەی دا و گوتی: «هەر کوڕێکی عیبرانی کە لە دایک دەبێت، فڕێیبدەنە ناو ڕووباری نیل، بەڵام با هەموو کچەکان بژین.»
EXO 2:1 پیاوێک لە بنەماڵەی لێڤی کچێکی لێڤی هێنا.
EXO 2:2 ژنەکە سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، کە بینی منداڵەکە جوانە، سێ مانگ شاردییەوە.
EXO 2:3 بەڵام کاتێک نەیتوانی لەوە زیاتر بیشارێتەوە، سەبەتەیەکی لە زەل دروستکراوی هێنا و بە قیر و زفت سواخی دا و کوڕەکەی لەناو دانا، ئینجا لە کەناری نیل لەناو قامیشەڵان داینا.
EXO 2:4 خوشکی منداڵەکەش لە دوورەوە وەستا بۆ ئەوەی بزانێت چی لێدێت.
EXO 2:5 کچی فیرعەونیش کە بۆ خۆشوشتن هاتە خوارەوە بۆ سەر ڕووباری نیل و کەنیزەکانیشی لەسەر کەناری نیل هاتوچۆیان دەکرد، سەبەتەکەی لەناو قامیشەڵانەکە بینی و کچە خزمەتکارەکەی نارد تاکو بیهێنێت.
EXO 2:6 ئەویش کردییەوە و تەماشای منداڵەکەی کرد، بینی کوڕێکە و دەگریێ، بەزەیی پێدا هاتەوە و گوتی: «ئەمە یەکێکە لە منداڵی عیبرانییەکان.»
EXO 2:7 خوشکی منداڵەکەش لە کچی فیرعەونی پرسی: «ئایا بچم ژنێکی شیردەری عیبرانیت بۆ بانگ بکەم بۆ ئەوەی شیر بە منداڵەکە بدات؟»
EXO 2:8 کچی فیرعەونیش وەڵامی دایەوە: «بڕۆ.» کچە عازەبەکەش چوو دایکی منداڵەکەی بانگکرد.
EXO 2:9 کچی فیرعەونیش پێی گوت: «ئەم منداڵە ببە و شیری بدە بۆم، منیش کرێیەکەت دەدەمێ.» ژنەش منداڵەکەی برد و شیری دایێ.
EXO 2:10 کاتێک منداڵەکە گەورە بوو، بۆ کچی فیرعەونی هێنایەوە، ئیتر بوو بە کوڕی ئەو و ناوی لێنا «موسا» و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە.»
EXO 2:11 کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێکیان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد و بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانیی برای دەدات.
EXO 2:12 ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە.
EXO 2:13 بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟»
EXO 2:14 ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!»
EXO 2:15 کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت.
EXO 2:16 کاهینی میدیانیش حەوت کچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵکێشا، ئاخوڕەکانیان پڕکرد بۆ ئاودانی مەڕەکانی باوکیان.
EXO 2:17 لەو کاتەدا شوان هاتن و دەریانکردن، بەڵام موسا هەستا و فریایان کەوت و مەڕەکانی ئاودان.
EXO 2:18 کچەکانیش هاتنە لای ڕەعوئێلی باوکیان، ئەویش لێی پرسین: «بۆچی ئەمڕۆ زوو هاتنەوە؟»
EXO 2:19 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی میسری فریامان کەوت لە دەست شوانەکان، هەروەها ئاوی بۆ کێشاین و مەڕەکانیشی ئاو دا.»
EXO 2:20 ئەویش بە کچەکانی گوت: «ئەی لەکوێیە؟ بۆ پیاوەکەتان بەجێهێشت؟ بانگهێشتی بکەن با نان بخوات.»
EXO 2:21 موسا ڕازی بوو لەگەڵ ئەو پیاوە بمێنێتەوە. ئەویش چیپۆرەی کچی دایە موسا.
EXO 2:22 چیپۆرەش کوڕێکی بوو، موساش ناوی لێنا گێرشۆم، چونکە گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»
EXO 2:23 ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە.
EXO 2:24 خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو و پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.
EXO 2:25 ئیتر خودا ڕوانییە نەوەی ئیسرائیل و بایەخی پێدان.
EXO 3:1 موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، حۆرێڤ.
EXO 3:2 لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی ناسووتێت.
EXO 3:3 موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»
EXO 3:4 کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
EXO 3:5 فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.»
EXO 3:6 ئینجا فەرمووی: «من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم.» موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.
EXO 3:7 یەزدان فەرمووی: «بەڕاستی من زەلیلی گەلەکەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەرکارەکانیان، چونکە بە ئازارەکانیانم زانی.
EXO 3:8 ئەوا هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بکەوم لە دەست میسرییەکان و لەو خاکەوە بیانبەم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان.
EXO 3:9 ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی کە بە دەست میسرییەکان دەیچێژن.
EXO 3:10 ئێستاش بڕۆ و دەتنێرم بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی خۆم، نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنە دەرەوە.»
EXO 3:11 بەڵام موسا بە خودای گوت: «من کێم هەتا بچمە لای فیرعەون و نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنمە دەرەوە؟»
EXO 3:12 ئەویش فەرمووی: «من لەگەڵت دەبم، ئەمەش دەبێتە نیشانە بۆت کە من تۆم ناردووە، کاتێک گەل لە میسرەوە دەردەهێنیت، ئێوە لەسەر ئەم کێوە خودا دەپەرستن.»
EXO 3:13 موساش بە خودای گوت: «من وا دەچمە لای نەوەی ئیسرائیل و پێیان دەڵێم ”خودای باپیرانتان منی بۆ ئێوە ناردووە.“ ئەگەر پێم بڵێن: ”ناوی چییە،“ بڵێم چی؟»
EXO 3:14 خوداش بە موسای فەرموو: «من هەم ئەوەی کە هەم.» هەروەها فەرمووی: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ” ’هەم‘ منی بۆ ئێوە ناردووە.“»
EXO 3:15 هەروەها خودا بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب منی بۆ ئێوە ناردووە.“ «هەتاهەتایە ئەمە ناومە و ئەمەش دێتەوە یادتان، نەوە دوای نەوە.
EXO 3:16 «بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل کۆبکەرەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب بۆم دەرکەوت، فەرمووی، بەڕاستی ئێوە و ئەوەی لە میسردا بەسەرتان هاتووە بەسەرم کردووەتەوە.
EXO 3:17 هەروەها بەڵێنم داوە، لە زەلیلی میسر سەرتان بخەم و بتانبەم بۆ خاکی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.“
EXO 3:18 «پیرانی ئیسرائیل گوێ لە قسەکانت دەگرن. ئەو کاتە تۆ و پیرانی ئیسرائیل دەچنە لای پاشای میسر و پێی دەڵێن: ”یەزدان، پەروەردگاری عیبرانییەکان بەسەریکردینەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین لە دەشتودەر قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین.“
EXO 3:19 بەڵام دەزانم پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن، تاوەکو بە دەستێکی بەهێز ناچار نەکرێت.
EXO 3:20 ئیتر من دەستم درێژ دەکەم و بە هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانم کە لەناویاندا دەیکەم، لە میسر دەدەم، دوای ئەوە دەهێڵێت بڕۆن.
EXO 3:21 «ئەم گەلەش لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار دەکەم، هەتا کاتی ڕۆیشتن بە دەستبەتاڵی نەڕۆن.
EXO 3:22 بەڵکو هەر ژنێک لە دراوسێکەی یاخود لەوەی لە ماڵەکەیدا دەژیێت، داوای کەلوپەلی زێڕ و زیو و جلوبەرگ دەکات و لەبەر کوڕ و کچەکانتانی دەکەن و میسرییەکان تاڵان دەکەن.»
EXO 4:1 موسا وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی ئەگەر بڕوایان پێ نەکردم و گوێیان لە قسەکانم نەگرت و گوتیان ”یەزدان بۆت دەرنەکەوتووە“؟»
EXO 4:2 یەزدانیش پێی فەرموو: «ئەوە چییە لە دەستت؟» ئەویش گوتی: «گۆچان.»
EXO 4:3 فەرمووی: «فڕێیبدە سەر زەوی.» ئەویش فڕێیدایە سەر زەوی و بوو بە مار. ئیتر موسا لەبەری هەڵات.
EXO 4:4 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەست درێژبکە و کلکی بگرە.» جا دەستی درێژکرد و گرتی و بووەوە بە گۆچان لە دەستیدا.
EXO 4:5 «بۆ ئەوەی بڕوا بکەن کە یەزدان بۆت دەرکەوتووە، خودای باوکانیان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.»
EXO 4:6 هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «دەستت بخەرە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستە ناو باخەڵی و دەریهێنایەوە، بینی دەستی گول بووە و وەک بەفری لێهاتووە.
EXO 4:7 ئینجا فەرمووی: «دەستت بخەرەوە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستەوە ناو باخەڵی، ئینجا لەناو باخەڵی دەریهێنایەوە، بینی وەک هەموو بەشەکانی لەشی لێهاتووەتەوە.
EXO 4:8 «بەم شێوەیە ئەگەر بڕوایان پێ نەکردیت و گرنگی بە نیشانەی یەکەم نەدا، ئەوا گرنگی بە نیشانەی دووەم دەدەن.
EXO 4:9 بەڵام ئەگەر بڕوایان بەو دوو نیشانەیە نەکرد و گوێیان لە قسەکانت نەگرت، ئەوا تۆ هەندێک لە ئاوی نیل دەبەیت و لەسەر وشکانی دەیڕێژیت، ئیتر ئەو ئاوەی لە نیلەوە دەیبەیت، لەسەر وشکانی دەبێتە خوێن.»
EXO 4:10 موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.»
EXO 4:11 یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟
EXO 4:12 ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.»
EXO 4:13 بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.»
EXO 4:14 تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت.
EXO 4:15 لەگەڵی دەدوێیت و وتەکان دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن.
EXO 4:16 ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا.
EXO 4:17 ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.»
EXO 4:18 ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.» یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»
EXO 4:19 یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.»
EXO 4:20 ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.
EXO 4:21 یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنجی هەموو ئەو پەرجووانە بدە کە لەسەر دەستی تۆ لەبەردەم فیرعەوندا دەکرێن، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن.
EXO 4:22 بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە،
EXO 4:23 پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»
EXO 4:24 ئەوە بوو لە ڕێگا، لەو شوێنەی بۆ شەومانەوە لێی وەستان، یەزدان تووشی هات و ویستی بیکوژێت.
EXO 4:25 بەڵام چیپۆرە بەردەئەستێیەکی هەڵگرت و کوڕەکەی خەتەنە کرد و پارچە گۆشتەکەی لە پێیەکانی دا و گوتی: «بێگومان تۆ زاوای خوێنی بۆ من.»
EXO 4:26 ئیتر یەزدان وازی لێ هێنا، لەو کاتەش چیپۆرە گوتی، «زاوای خوێن،» لەبەر خەتەنەکردنەکە.
EXO 4:27 یەزدان بە هارونی فەرموو: «بڕۆ چۆڵەوانی بۆ پێشوازی موسا.» ئەویش چوو و لە کێوی خودا تووشی بوو و ماچی کرد.
EXO 4:28 ئیتر موسا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی بە هارون ڕاگەیاند کە موسای ناردبوو بۆی، هەروەها هەموو ئەو نیشانانەی فەرمانی ئەنجامدانی پێدابوو.
EXO 4:29 موسا و هارون چوون و هەموو پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان کۆکردەوە.
EXO 4:30 هارون هەموو فەرمایشتەکانی یەزدان کە بە موسای فەرمووبوو پێی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی گەل نیشانەکانی کرد.
EXO 4:31 ئیتر گەل باوەڕیان هێنا، کاتێک گوێیان لێبوو یەزدان نەوەی ئیسرائیلی بەسەرکردووەتەوە و تەماشای زەلیلییەکەیانی کردووە، دانەوینەوە و کڕنۆشیان برد.
EXO 5:1 دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»
EXO 5:2 فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»
EXO 5:3 ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»
EXO 5:4 بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.»
EXO 5:5 هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»
EXO 5:6 هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن و گوتی:
EXO 5:7 «ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە.
EXO 5:8 بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“
EXO 5:9 با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»
EXO 5:10 ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ،
EXO 5:11 بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“»
EXO 5:12 ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا.
EXO 5:13 سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.»
EXO 5:14 ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»
EXO 5:15 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟
EXO 5:16 کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»
EXO 5:17 ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“
EXO 5:18 ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ژمارەی خشتە قوڕەکان وەک جاران بێت.»
EXO 5:19 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.»
EXO 5:20 کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن.
EXO 5:21 پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»
EXO 5:22 موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟
EXO 5:23 لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»
EXO 6:1 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»
EXO 6:2 هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم،
EXO 6:3 بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بەتوانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ە لەلای ئەوان خۆمم نەناساند.
EXO 6:4 هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون.
EXO 6:5 هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.
EXO 6:6 «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە.
EXO 6:7 هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت.
EXO 6:8 دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»
EXO 6:9 موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.
EXO 6:10 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 6:11 «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»
EXO 6:12 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»
EXO 6:13 یەزدان سەبارەت بە نەوەی ئیسرائیل و فیرعەونی پاشای میسر لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر ببەنە دەرەوە.
EXO 6:14 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن: نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی، لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.
EXO 6:15 نەوەی شیمۆنیش یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو، لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.
EXO 6:16 ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان: گێرشۆن و قەهات و مەراری. تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
EXO 6:17 کوڕانی گێرشۆن، لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.
EXO 6:18 نەوەی قەهاتیش، عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل. تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.
EXO 6:19 کوڕانی مەراریش، مەحلی و موشی. ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.
EXO 6:20 عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو. تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
EXO 6:21 نەوەی یەسهاریش: قۆرەح و نەفەگ و زکری.
EXO 6:22 نەوەی عوزیێلیش: میشائیل و ئەلسافان و سیتری.
EXO 6:23 هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.
EXO 6:24 نەوەی قۆرەحیش: ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف. ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.
EXO 6:25 ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو. ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
EXO 6:26 ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان لە خاکی میسر دەربهێنن.»
EXO 6:27 ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.
EXO 6:28 ئەوە بوو ئەو ڕۆژەی یەزدان لە خاکی میسر لەگەڵ موسا دوا،
EXO 6:29 یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»
EXO 6:30 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»
EXO 7:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت.
EXO 7:2 تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم، هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.
EXO 7:3 بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر.
EXO 7:4 فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، منیش دەستم دەخەمە سەر میسر، لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم.
EXO 7:5 ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.»
EXO 7:6 موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، ئاوایان کرد.
EXO 7:7 موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو، کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد.
EXO 7:8 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
EXO 7:9 «کاتێک فیرعەون لەگەڵتان دەدوێت و دەڵێت: ”پەرجوو بکەن،“ تۆ بە هارون دەڵێیت: ”گۆچانەکەت بگرە بە دەستەوە و فڕێیبدە پێش فیرعەون،“ ئیتر دەبێتە مارێکی شاخدار.»
EXO 7:10 ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار.
EXO 7:11 فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد.
EXO 7:12 هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی.
EXO 7:13 ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.
EXO 7:14 دواتر یەزدان بە موسای فەرموو: «دڵی فیرعەون ڕەقە، ڕازی نییە ڕێ بە گەلەکە بدات.
EXO 7:15 بەیانی بڕۆ لای فیرعەون، ئەو دەچێتە لای ئاوەکە، لە کەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش کە بووە ماری شاخدار لە دەستت بگرە.
EXO 7:16 پێی دەڵێیت: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان منی بۆ لای تۆ نارد و فەرمووی، ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن، بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت.
EXO 7:17 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: بەمە دەزانیت کە من یەزدانم، ئەوەتا من بەو گۆچانەی بە دەستمەوەیە لە ئاوی نیل دەدەم و دەیگۆڕێت بۆ خوێن.
EXO 7:18 ئەو ماسیانەش کە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت، میسرییەکان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە.“»
EXO 7:19 یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە، بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“ بۆ ئەوەی ببنە خوێن. ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت، تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.»
EXO 7:20 موسا و هارونیش ئاوایان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن. گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی، لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی. هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن.
EXO 7:21 ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو، میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە، خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە.
EXO 7:22 جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.
EXO 7:23 ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت.
EXO 7:24 هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە.
EXO 7:25 حەوت ڕۆژ تەواو بوو دوای ئەوەی یەزدان ئاوی نیلی گۆڕی.
EXO 8:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بڕۆن بۆ ئەوەی بمپەرستن.
EXO 8:2 ئەگەر ڕازی نەبیت و ڕێیان نەدەیت، هەموو خاکەکەت پڕدەبێت لە بۆق.
EXO 8:3 ڕووباری نیل پڕدەبێت لە بۆق، سەردەکەون و دێنە ناو ماڵەکەت و ژووری نوستنەکەت و سەر قەرەوێڵەکەت، هەروەها دەچنە ماڵی خزمەتکارەکانت و سەر گەلەکەت و ناو تەنوورەکانت و تەشتە هەویرەکانت.
EXO 8:4 بۆق دێتە سەر خۆت و گەلەکەت و خزمەتکارەکانت.“»
EXO 8:5 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”بە گۆچانەکەت دەست درێژبکە بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماوەکان، بۆق سەربخە بۆ سەر خاکی میسر.“»
EXO 8:6 هارونیش دەستی درێژکردە سەر ئاوی میسر، بۆق سەرکەوتن و خاکی میسریان داپۆشی.
EXO 8:7 جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، بۆقیان هێنایە سەر خاکی میسر.
EXO 8:8 فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «لە یەزدان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بۆق لە خۆم و گەلەکەم دووربخاتەوە، منیش ڕێ بە گەلەکە دەدەم بڕۆن قوربانی بۆ یەزدان سەرببڕن.»
EXO 8:9 موساش بە فیرعەونی گوت: «کاتێکم پێ بفەرموو کە بپاڕێمەوە لە پێناوی خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، بۆ بڕانەوەی بۆق لە تۆ و لە ماڵەکانت، بەڵام بۆق لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»
EXO 8:10 ئەویش گوتی: «بەیانی.» موساش گوتی: «وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، بۆ ئەوەی بزانیت کە هیچ خودایەک نییە وەک یەزدانی پەروەردگارمان.
EXO 8:11 بۆقەکانیش لە خۆت و ماڵەکانت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت دوور دەکەونەوە، بەڵام لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»
EXO 8:12 لەدوای ئەوەی موسا و هارون لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە، موسا هاواری بۆ یەزدان کرد لەبەر ئەو بۆقانەی کە وەک بەڵا بەسەر فیرعەونی هێنابوو.
EXO 8:13 یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، بۆقەکان لە ماڵ و حەوشە و کێڵگەکان مردن.
EXO 8:14 کۆمەڵ کۆمەڵ کۆیان کردنەوە و خاکەکە گەندەڵ بوو.
EXO 8:15 بەڵام کاتێک فیرعەون بینی خامۆشی هاتە کایەوە، دڵی ڕەق کردەوە و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.
EXO 8:16 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت درێژ بکە و لە خۆڵی زەوی بدە،“ جا خۆلی زەوی لە هەموو خاکی میسر دەبێتە مێشوولە.»
EXO 8:17 ئیتر ئاوایان کرد، هارون بە گۆچانەکەی دەستی درێژکرد و لە خۆڵی زەوییەکەی دا، مێشوولە هاتە سەر خەڵک و سەر ئاژەڵەکان، لە هەموو خاکی میسر هەموو خۆڵی زەوییەکە بوو بە مێشوولە.
EXO 8:18 جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد بۆ پەیدابوونی مێشوولە، بەڵام نەیانتوانی. لەبەر ئەوەی مێشوولە لەسەر خەڵک و لەسەر ئاژەڵ مایەوە،
EXO 8:19 جادووگەرەکان بە فیرعەونیان گوت: «ئەمە پەنجەی خودایە.» بەڵام فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.
EXO 8:20 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و کە فیرعەون بەرەو ئاوەکە دەچێت لەبەردەمی ڕابوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.
EXO 8:21 ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت بڕۆن، ئەوا منیش مێشومەگەزێکی زۆر دەنێرمە سەر خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت و ماڵەکانت، ئیتر ماڵی میسرییەکان پڕ دەبێت لە مێش، تەنانەت زەوییەکەش بە مێش دادەپۆشرێت.
EXO 8:22 «”بەڵام لەو ڕۆژەدا خاکی گۆشەن جیا دەکەمەوە کە گەلەکەمی لەسەر دەژین، بۆ ئەوەی مێش لەوێدا نەبێت، هەتا بزانیت من یەزدانم لە ناوەڕاستی خاکەکەدا.
EXO 8:23 جیاوازییەک لەنێوان گەلەکەم و گەلەکەت دادەنێم، بەیانی ئەم نیشانەیە دەبێت.“»
EXO 8:24 یەزدانیش ئاوای کرد و مێشومەگەزێکی زۆر هاتنە ناو ماڵی فیرعەون و ماڵی خزمەتکارانی، لە هەموو خاکی میسریش زەوییەکە لەبەر مێش وێران بوو.
EXO 8:25 ئینجا فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «بڕۆن لەم خاکە قوربانی بۆ خوداتان سەرببڕن.»
EXO 8:26 بەڵام موسا گوتی: «ڕاست نییە ئێمە وا بکەین، چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە ئێمە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەری دەبڕین لەلای میسرییەکان قێزەونە، ئەگەر ئەوەی لەلای میسرییەکان قێزەونە لەبەرچاویان سەری ببڕین، ئایا بەردبارانمان ناکەن؟
EXO 8:27 سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، وەک پێمان دەڵێت.»
EXO 8:28 فیرعەونیش گوتی: «من ڕێتان دەدەم بڕۆن و لە چۆڵەوانی قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەرببڕن، بەڵام دوور مەڕۆن و بۆم بپاڕێنەوە.»
EXO 8:29 موساش وەڵامی دایەوە: «من لەلای تۆ دەچمە دەرەوە و لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئیتر بۆ بەیانی مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور دەکەونەوە، بەڵام ئیتر نابێت فیرعەون فێڵ بکات، هەتا ڕێ بە گەلەکە نەدات بڕۆن بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان.»
EXO 8:30 جا موسا لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە.
EXO 8:31 یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، ئیتر مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور کەوتنەوە و هیچیان نەما.
EXO 8:32 بەڵام فیرعەون ئەم جارەش دڵی ڕەقکرد و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
EXO 9:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“
EXO 9:2 ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن،
EXO 9:3 ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن.
EXO 9:4 بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»
EXO 9:5 یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.»
EXO 9:6 بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد.
EXO 9:7 فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
EXO 9:8 ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «بە پڕی دەستەکانتان خوڵەمێشی تەنوور بۆ خۆتان ببەن و با موسا لەبەرچاوی فیرعەون بەرەو ئاسمان بەبای بکات.
EXO 9:9 دەبێتە تۆزوبا لە هەموو خاکی میسر، دەبێتە دومەڵی کێم دەرپەڕیو لە هەموو خاکی میسر بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.»
EXO 9:10 ئیتر خوڵەمێشی تەنووریان برد و لە بەرامبەر فیرعەون وەستان، موسا بەرەو ئاسمان بەبای کرد و بووە دومەڵی کێمی دەرپەڕیو لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ.
EXO 9:11 جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکانی دا.
EXO 9:12 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.
EXO 9:13 یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و لە بەرامبەر فیرعەون بوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بچن بمپەرستن.
EXO 9:14 ئەگینا ئەم جارە هەموو گورزەکانم بۆ دڵت و بۆ سەر خزمەتکارەکانت و بۆ سەر گەلەکەت دەنێرم، بۆ ئەوەی بزانیت لە هەموو زەوی هیچ کەسێک وەک من نییە.
EXO 9:15 دەمتوانی دەستم درێژ بکەم و خۆت و گەلەکەت تووشی دەرد بکەم و لەسەر ڕووی زەوی بتانسڕمەوە.
EXO 9:16 بەڵام لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆمت پیشان بدەم تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.
EXO 9:17 تۆ هێشتا خۆت بە زل دەزانیت لەسەر گەلەکەم و ڕێیان نادەیت بڕۆن.
EXO 9:18 لەبەر ئەوە بەیانی ئەم کاتە تەرزەیەکی زۆر مەزن دەبارێنم کە لە میسر هاوتای نەبووبێت، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا.
EXO 9:19 ئێستاش بنێرە و مەڕوماڵاتەکەت و هەموو ئەو شتانەی کە هەتە و لە کێڵگەیە بیانپارێزە، هەموو خەڵک و ئاژەڵێک کە لە کێڵگە دەمێننەوە ئەگەر لە ماڵەوە کۆنەکرێنەوە ئەوا تەرزەکە بە سەریان دەکەوێت و دەمرن.“»
EXO 9:20 ئیتر دەستوپێوەندەکانی فیرعەون، ئەوانەی کە لە فەرمایشتی یەزدان ترسان، بە کۆیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە بەرەو ماڵەکان هەڵاتن.
EXO 9:21 بەڵام ئەوەی فەرمایشتی یەزدانی پشتگوێ خست، ئەوا خزمەتکاران و ئاژەڵە ماڵییەکەی لە کێڵگە بەجێهێشت.
EXO 9:22 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بەرەو ئاسمان درێژ بکە و لە هەموو خاکی میسر تەرزە بەسەر خەڵک و ئاژەڵ و هەموو شتێکدا دەبارێت کە لە کێڵگەکانی خاکی میسر گەشە دەکات.»
EXO 9:23 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەرەو ئاسمان درێژکرد، یەزدانیش هەورەتریشقەی لێدا و ئاگر بەرەو زەوی هات، یەزدان تەرزەی باراندە سەر خاکی میسر.
EXO 9:24 بووە تەرزە و ئاگریش لەناو تەرزەکە بریسکەی دەدایەوە. تەرزەکە ئەوەندە مەزن بوو کە لە هەموو خاکی میسر وەک ئەوە نەبووە، لەو کاتەوەی بوونەتە نەتەوە.
EXO 9:25 تەرزە لە هەموو خاکی میسری دا، لە هەموو ئەوەی لە کێڵگەدا بوو لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، تەرزە هەموو سەوزایی و ڕووەکی کێڵگەی کوتایەوە و هەموو داری کێڵگەشی شکاند.
EXO 9:26 تەنها لە خاکی گۆشەن کە نەوەی ئیسرائیلی لێبوو، تەرزە نەبوو.
EXO 9:27 فیرعەون ناردی و بانگی موسا و هارونی کرد، پێی گوتن: «ئەم جارە گوناهم کرد، یەزدان ڕاستودروستە و من و گەلەکەم تاوانبارین.
EXO 9:28 لە یەزدان بپاڕێنەوە، چونکە لە هەورەتریشقە و تەرزە تێر بووین، منیش ڕێتان دەدەم بڕۆن، ئیتر ڕاناگیرێن.»
EXO 9:29 موساش وەڵامی دایەوە: «بە چوونەدەرەوەم لە شارەکە دەستم بەرەو یەزدان بەرز دەکەمەوە و نزا دەکەم، ئیتر هەورەتریشقە دەوەستێت و تەرزە نابێت، بۆ ئەوەی بزانیت زەوی هی یەزدانە.
EXO 9:30 بەڵام سەبارەت بە خۆت و خزمەتکارەکانت، من دەزانم هێشتا لە یەزدانی پەروەردگار نەترساون.»
EXO 9:31 کەتان و جۆ تووشی ئافات هاتن، چونکە جۆ لە گوڵکردن و کەتانیش لە تۆوکردن بوو.
EXO 9:32 بەڵام گەنم و ماش تووشی ئافات نەبوون، چونکە درەنگ پێدەگەن.
EXO 9:33 موسا فیرعەونی بەجێهێشت و لە شارەکەش ڕۆیشت، دەستی بەرەو یەزدان بەرز کردەوە و نزای کرد، ئیتر هەورەتریشقە و تەرزە وەستان و باران نەبارییە سەر زەوی.
EXO 9:34 کاتێک فیرعەون بینی باران و تەرزە و هەورەتریشقە وەستاوە، گەڕایەوە سەر گوناه و خۆی و خزمەتکارانی دڵیان ڕەقکرد.
EXO 9:35 ئیتر دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا بڕۆن، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمووی.
EXO 10:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون، چونکە من دڵی ئەو و دڵی خزمەتکارانی ئەوم ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی ئەم نیشانانەم لەنێویان ئەنجام بدەم.
EXO 10:2 هەروەها بۆ ئەوەی بۆ منداڵ و نەوەکانت باسی ئەوە بکەیت چۆن میسرم کردە گاڵتەجار بەو نیشانانەی لەنێویاندا ئەنجامم داوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.»
EXO 10:3 جا موسا و هارون چوونە لای فیرعەون و پێیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”هەتا کەی مل نادەیت و لەبەردەمم ملکەچ نابیت؟ ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و بمپەرستن،
EXO 10:4 چونکە ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت، ئەوا من بەیانی کوللە دەهێنمە سەر خاکەکەت.
EXO 10:5 ڕووی زەوی دادەپۆشرێت و ناتوانرێت تەماشای زەوی بکرێت، ئەوەی لە تەرزەکە بۆتان ماوەتەوە و دەرباز بووە دەیخوات، هەروەها هەموو دارێکیش کە لە کێڵگەکانتان گەشە بکات دەیخوات.
EXO 10:6 ماڵەکانت و ماڵی هەموو خزمەتکارەکانت و هەموو میسرییەکان پڕ دەکات، ئەو شتەی کە نە باوک و نە باپیرانت بینیویانە، لەو ڕۆژەی لەسەر ئەم خاکە نیشتەجێ بوون هەتا ئەمڕۆ.“» ئینجا ڕووی وەرگێڕا و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
EXO 10:7 خزمەتکارانی فیرعەونیش پێیان گوت: «هەتا کەی ئەمە ببێتە تەڵە بۆمان؟ ڕێ بەو پیاوانە بدە با بڕۆن و یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن، ئایا هێشتا نازانیت کە میسر وێران بووە؟»
EXO 10:8 ئینجا موسا و هارونیان بردەوە لای فیرعەون، ئەویش پێی گوتن: «بڕۆن یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بەڵام کێ و کێ دەچن؟»
EXO 10:9 موساش وەڵامی دایەوە: «بە گەنج و پیرمانەوە دەچین، بە کوڕ و کچ و مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخمانەوە دەچین، چونکە پێویستە جەژن بۆ یەزدان بگێڕین.»
EXO 10:10 فیرعەونیش پێی گوتن: «یەزدان لەگەڵتان بێت! ئەگەر بهێڵم لەگەڵ ژن و منداڵەکانتان بڕۆن! دیارە ئێوە نیازتان خراپە.
EXO 10:11 نەخێر! تەنها پیاوان بڕۆن یەزدان بپەرستن، هەروەک خۆتان داواتان کردووە.» ئیتر موسا و هارون لەبەردەم فیرعەون دەرکران.
EXO 10:12 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر خاکی میسر درێژ بکە بۆ کوللە، بۆ ئەوەی بێتە سەر خاکی میسر و هەموو سەوزایی زەوییەکە بخوات، ئەوەی لە تەرزەکە ماوەتەوە.»
EXO 10:13 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەسەر خاکی میسردا درێژکرد، بە درێژایی ئەو ڕۆژ و شەوە یەزدان بایەکی ڕۆژهەڵاتی هێنا، کاتێک بووە بەیانی بایەکەی ڕۆژهەڵات کوللەی هەڵگرت.
EXO 10:14 کوللە هاتە سەر هەموو خاکی میسر و لەسەر هەموو سنوورەکانی میسر نیشتەوە، ئەوەندە گران بوو کە لەوەوپێش کوللەی وا نەبووە و ناشبێت.
EXO 10:15 ڕووی هەموو خاکەکەی داپۆشی و خاکەکە تاریک بوو، هەموو سەوزاییەکی زەوی و هەموو بەروبوومی دارەکان کە تەرزە لێی نەدابوو خواردی، هیچ سەوزایی لە خاکی میسر نەهێشتەوە، بە دار و ڕووەکی کێڵگەوە.
EXO 10:16 فیرعەون بە خێرایی بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «گوناهم سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان و سەبارەت بە ئێوەش کرد.
EXO 10:17 ئێستاش تەنها ئەم جارە لەم گوناهەم خۆشبن، لە یەزدانی پەروەردگارتان بپاڕێنەوە با تەنها ئەم کارەساتە کوشندەیەم لەسەر لابدات.»
EXO 10:18 موساش لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە.
EXO 10:19 یەزدانیش بایە ڕۆژهەڵاتییەکەی گۆڕی بە بایەکی ڕۆژئاوایی زۆر بەهێز و کوللەکەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریای سوور و یەک کوللە نەما لە هەموو خاکی میسردا.
EXO 10:20 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بە نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.
EXO 10:21 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ ئاسمان درێژ بکە با تاریکی باڵ بەسەر خاکی میسردا بکێشێت، کە چاو چاو نەبینێت.»
EXO 10:22 ئیتر موسا دەستی بۆ ئاسمان درێژکرد و تاریکاییەکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باڵی بەسەر خاکی میسردا کێشا.
EXO 10:23 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس کەسی نەبینی و کەس لە شوێنی خۆی هەڵنەستا، بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل لە نشینگەکانیان ڕووناکییان هەبوو.
EXO 10:24 ئینجا فیرعەون بانگی موسای کرد و گوتی: «بڕۆن یەزدان بپەرستن، تەنها مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخەکانتان بمێنێت، هەروەها ژن و منداڵەکانیشتان با لەگەڵتان بڕۆن.»
EXO 10:25 بەڵام موساش گوتی: «پێویستە ڕێگامان پێبدەیت بۆ ئەوەی قوربانی و قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەین بۆ یەزدانی پەروەردگارمان.
EXO 10:26 بەڵکو مەڕوماڵاتیشمان لەگەڵمان دەڕۆن تەنها سمێکیش بەجێنامێنێت، چونکە لەوان هەڵدەگرین بۆ پەرستنی یەزدانی پەروەردگارمان، ئێمە نازانین بە چی یەزدان بپەرستین، هەتا نەگەینە ئەوێ.»
EXO 10:27 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بڕۆن.
EXO 10:28 فیرعەونیش پێی گوت: «لەلام بڕۆ، ئاگاداری خۆت بە نەیەیتەوە بەرچاوم، چونکە ئەو ڕۆژەی ڕووم ببینیت دەمریت.»
EXO 10:29 موساش وەڵامی دایەوە: «هەروەک گوتت! جارێکی دیکە ناتبینمەوە.»
EXO 11:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «کارەساتێکی دیکە بەسەر فیرعەون و میسردا دەهێنم، دوای ئەمە ڕێتان دەدات بڕۆن، کاتێک ڕێتان دەدات بڕۆن هەمووان لێرە بە تەواوی دەردەکات.
EXO 11:2 بە گەل بڵێ با هەر پیاوێک یان ژنێک داوای خشڵی زێڕ و زیو لە دراوسێ میسرییەکەی بکات.»
EXO 11:3 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، هەروەها کاربەدەستانی فیرعەون و گەلی میسر بە چاوی ڕێزەوە سەیری موسایان دەکرد.
EXO 11:4 موسا گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر.
EXO 11:5 هەموو کوڕە نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەمرێت، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەختەکەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو کەنیزەیەی لە پشت دەستاڕە، نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێکی ماڵیش.
EXO 11:6 هاوارێکی مەزنیش لە هەموو خاکی میسردا دەبێت کە وەک ئەوە نەبووە و جارێکی دیکەش نابێت.
EXO 11:7 بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت، نە بە خەڵک و نە بە ئاژەڵ،“ بۆ ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسری و ئیسرائیلی دەکات.
EXO 11:8 ئیتر هەموو خزمەتکارانت دێنە لام و کڕنۆشم بۆ دەبەن و دەڵێن ”بڕۆن، خۆت و هەموو ئەو گەلەی لەدوای تۆن،“ ئیتر لەپاش ئەوە ئێرە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.» ئینجا موسا بە تووڕەییەوە لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
EXO 11:9 یەزدان بە موسای فەرموو: «فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، بۆ ئەوەی پەرجووەکانم لە خاکی میسردا زیاد بێت.»
EXO 11:10 موسا و هارون هەموو ئەم پەرجووانەیان لەبەردەم فیرعەون کرد، بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا لە خاکەکەی بڕۆن.
EXO 12:1 یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو:
EXO 12:2 «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە.
EXO 12:3 لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک.
EXO 12:4 ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا با لەگەڵ نزیکترین دراوسێیدا بەشی بکات بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان؛ بەگوێرەی ئەو بڕەی کە هەرکەسێک دەتوانێت لە بەرخەکە بخوات.
EXO 12:5 دەبێت ئاژەڵێکی نێرینەی ساغی یەک ساڵە بۆ خۆتان دانێن و لە بەرخ یان گیسک هەڵیاندەبژێرن.
EXO 12:6 هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لەلای خۆتان چاودێرییان دەکەن، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەریان دەبڕن.
EXO 12:7 لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن.
EXO 12:8 گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن.
EXO 12:9 نەکەن بە خاوی یان کوڵاوی بیخۆن، بەڵکو دەبێت برژاو بێت، لەگەڵ سەر و پێ و هەناوی.
EXO 12:10 لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن.
EXO 12:11 ئاواش دەیخۆن: ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان بە دەستەوە بێت. بە پەلە دەیخۆن؛ ئەوە پەسخەیە بۆ یەزدان.
EXO 12:12 «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم.
EXO 12:13 خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک لە خاکی میسر دەدەم.
EXO 12:14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
EXO 12:15 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
EXO 12:16 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت کە هەموو کەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
EXO 12:17 «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و با وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت.
EXO 12:18 لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ.
EXO 12:19 حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت. هەرکەسێک بە نامۆ و هاوڵاتیشەوە شتێک بخوات کە هەویرترشی تێدابێت، لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
EXO 12:20 شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
EXO 12:21 ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن.
EXO 12:22 دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە.
EXO 12:23 یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
EXO 12:24 «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن.
EXO 12:25 ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم ئەرکە دەپارێزن.
EXO 12:26 ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم ئەرکە چییە بۆ ئێوە؟“
EXO 12:27 ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد.
EXO 12:28 نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
EXO 12:29 ئەوە بوو یەزدان لە نیوەشەودا لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش.
EXO 12:30 فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
EXO 12:31 بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد.
EXO 12:32 مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
EXO 12:33 میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد تاکو پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.»
EXO 12:34 گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا.
EXO 12:35 هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەو جۆرەیان کرد کە موسا پێی گوتن و داوای خشڵی زیو و زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد.
EXO 12:36 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
EXO 12:37 نەوەی ئیسرائیل کە نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو دەبوون بێجگە لە ئافرەت و منداڵ، لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت.
EXO 12:38 هەروەها کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوتن، هەروەها ئاژەڵێکی زۆریش کە لە مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ پێکهاتبوون.
EXO 12:39 ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە. هەویرەکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەدەکرا دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
EXO 12:40 نەوەی ئیسرائیلیش چوار سەد و سی ساڵ لە میسردا نیشتەجێ بوون.
EXO 12:41 ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە.
EXO 12:42 لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوەدا هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
EXO 12:43 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە: «هیچ بیانییەک لێی ناخوات.
EXO 12:44 هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات.
EXO 12:45 بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.
EXO 12:46 «لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت.
EXO 12:47 هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.
EXO 12:48 «ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنەنەکراو لێی ناخوات.
EXO 12:49 یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»
EXO 12:50 ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
EXO 12:51 ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لە شێوەی لەشکر لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.
EXO 13:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 13:2 «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.»
EXO 13:3 موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن.
EXO 13:4 ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن.
EXO 13:5 کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن.
EXO 13:6 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان.
EXO 13:7 لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت.
EXO 13:8 لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”من ئەمە دەکەم لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“
EXO 13:9 بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت.
EXO 13:10 ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.
EXO 13:11 «کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانییەکان و دەیداتە ئێوە، هەروەک سوێندی خوارد بۆ ئێوە و بۆ باوکانتان،
EXO 13:12 ئەوا ئێوە هەموو بەری یەکەمی سک و هەموو نۆبەرەیەکی نێرینە لە بەری ماڵاتەکەتان کە بۆتان دەبێت، دەبێت پێشکەشی یەزدانی بکەن، ئەوانە بۆ یەزدانن.
EXO 13:13 هەموو نۆبەرەیەکی گوێدرێژیش بە بەرخێک دەکڕنەوە، ئەگەر نەیکڕنەوە، ملی دەشکێنن. هەموو نۆبەرەیەکیش لە کوڕانتان دەکڕنەوە.
EXO 13:14 «لە ڕۆژانی داهاتوو کە کوڕەکەت لێت دەپرسێت و دەڵێت: ”ئەمە چییە؟“ پێی دەڵێیت: ”بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین، لە خاکی کۆیلایەتی.
EXO 13:15 ئەوە بوو کاتێک فیرعەون کەللەڕەق بوو لە ڕێپێدانمان بۆ ئەوەی بڕۆین، یەزدان هەموو نۆبەرەیەکی لە خاکی میسر کوشت، لە نۆبەرەی مرۆڤەوە هەتا نۆبەرەی ئاژەڵ. لەبەر ئەمەیە من هەموو نێرێکی نۆبەرەی سک بۆ یەزدان سەردەبڕم و هەر نۆبەرەیەک لە منداڵەکانم دەکڕمەوە.“
EXO 13:16 ئەمەش دەبێتە نیشانە لەسەر دەستت و هێما لەسەر نێوچەوانت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین.»
EXO 13:17 ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.»
EXO 13:18 ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.
EXO 13:19 موساش ئێسقانەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»
EXO 13:20 دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد، لە ئێتام لە قەراغی چۆڵەوانی چادریان هەڵدا.
EXO 13:21 یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن.
EXO 13:22 ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.
EXO 14:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 14:2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”با بگەڕێنەوە و بەرامبەر پی‌هەحیرۆت چادر هەڵبدەن، لەنێوان مگدۆل و دەریا. لەلای دەریاوە چادر هەڵبدەن، بەرامبەر بە بەعل‌چیفۆن.
EXO 14:3 فیرعەون دەربارەی نەوەی ئیسرائیل دەڵێت: ’سەرلێشێواون لە خاکەکە، لەنێوان دەریا و چۆڵەوانی گیریان خواردووە.‘
EXO 14:4 دڵی فیرعەونیش ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی بەدوایان بکەوێت. بەڵام بەهۆی فیرعەون و هەموو سوپاکەیەوە شکۆمەند دەبم، میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم.“» ئیتر بەم جۆرەیان کرد.
EXO 14:5 کاتێک بە پاشای میسر ڕاگەیەنرا کە گەلەکە لە دەستی هەڵاتن، دڵی فیرعەون و خزمەتکارانی سەبارەت بە گەلی ئیسرائیل گۆڕا و گوتیان، «ئەمە چی بوو کردمان، کە وا ڕێمان دا بە نەوەی ئیسرائیل لە خزمەتکردنمان بڕۆن؟»
EXO 14:6 ئیتر گالیسکەکەی پێ ئامادەکردن و سوپایەکەشی لەگەڵ خۆی برد،
EXO 14:7 شەش سەد گالیسکەی هەڵبژێردراو و هەموو گالیسکەکانی میسر و هەموو ئەفسەرە سواربووەکانیانی برد.
EXO 14:8 یەزدان دڵی فیرعەونی پاشای میسری ڕەقکرد، ئیتر بەدوای نەوەی ئیسرائیل کەوت، نەوەی ئیسرائیلیش ئازایانە بەرەو پێش دەچوون.
EXO 14:9 میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پی‌هەحیرۆت بەرامبەر بەعل‌چیفۆن.
EXO 14:10 کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، ئیتر زۆر ترسان و هاواریان بۆ یەزدان کرد.
EXO 14:11 بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی بۆ ئەوەی بمرین؟ ئەمە چی بوو پێت کردین کە ئێمەت لە میسر هێنایە دەرەوە؟
EXO 14:12 ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟»
EXO 14:13 موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە ئەو میسریانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینن، ئیتر بۆ هەتاهەتایە نایانبیننەوە.
EXO 14:14 یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»
EXO 14:15 یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن.
EXO 14:16 تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە ناوەڕاستی دەریاکەدا و بەسەر زەوییەکی وشکدا بپەڕنەوە.
EXO 14:17 ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی.
EXO 14:18 میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.»
EXO 14:19 ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا.
EXO 14:20 هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.
EXO 14:21 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد، یەزدان بە درێژایی شەو بە بایەکی ڕۆژهەڵاتی توند دەریاکەی ڕاماڵی، دەریاکەی کردە زەوی وشک و ئاوەکە شەق بوو.
EXO 14:22 ئیتر نەوەی ئیسرائیل چوونە ناو دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی، ئاو بووە دیوار بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە.
EXO 14:23 میسرییەکانیش دوایان کەوتن، هەموو ئەسپەکانی فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی لە دوایان هاتنە ناوەندی دەریاکە.
EXO 14:24 ئەوە بوو لە چاوەڕوانی بەرەبەیان، یەزدان لە ستوونی ئاگر و هەورەوە بەرەو خوار تەماشای لەشکری میسرییەکانی کرد و سەری لە لەشکری میسرییەکان شێواند.
EXO 14:25 چەرخەی گالیسکەکانیانی لێک ترازاند لەبەر ئەوە بە قورسی لێیاندەخوڕی. میسرییەکان گوتیان: «با لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل هەڵبێین، چونکە یەزدان بۆیان دەجەنگێت لە دژی میسرییەکان.»
EXO 14:26 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر دەریا درێژ بکە و ئاوەکە بۆ سەر میسرییەکان و گالیسکە و سوارەکان دەگەڕێتەوە.»
EXO 14:27 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد و دەمەو بەیان دەریاکە گەڕایەوە باری جاران، میسرییەکانیش لێی هەڵدەهاتن، یەزدان میسرییەکانی داتەکاندە ناو دەریاکە.
EXO 14:28 ئیتر ئاوەکە گەڕایەوە سەر گالیسکە و سوارەکانی و هەموو سوپاکەی فیرعەون و دایپۆشین. ئەوانەی بەدوایاندا هاتبوونە ناو دەریاکە، کەسیان لێ نەما.
EXO 14:29 بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر زەوییەکی وشکدا بە ناوەڕاستی دەریاکەدا ڕۆیشتن و ئاویش لە ڕاست و چەپیانەوە بوو بە دیوار بۆیان.
EXO 14:30 یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی لە دەستی میسرییەکان ڕزگار کرد، ئیسرائیلیش میسرییەکانیان بینی لە کەناری دەریاکە مردوون.
EXO 14:31 ئیسرائیل ئەو کارە مەزنەی بینی کە یەزدان لە دژی میسرییەکان بەکاریهێنا، ئیتر گەل لە یەزدان ترسان و باوەڕیان بە یەزدان و بە موسای بەندەی هێنا.
EXO 15:1 ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت: «سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکەی فڕێدایە ناو دەریا.
EXO 15:2 «هێز و سروودم یەزدانە، بووە بە ڕزگاری بۆم. ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم، خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
EXO 15:3 یەزدان پاڵەوانە، ناوی یەزدانە.
EXO 15:4 گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی فڕێدایە ناو دەریا، هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی لە دەریای سوور نوقوم بوون،
EXO 15:5 قووڵایی دایپۆشین، کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
EXO 15:6 دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت. دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، دوژمن تێکدەشکێنێت.
EXO 15:7 «بە مەزنی و پایەبەرزیت بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت، جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت وەک پووش دەیانخوات.
EXO 15:8 بە بای لووتت ئاوەکان گرد بوونەوە، ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان، قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
EXO 15:9 دوژمن گوتی: ”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم، تاڵان دابەش دەکەم، گیانم لێیان تێر دەبێت، شمشێرەکەم ڕادەکێشم، دەستم لەناویان دەبات.“
EXO 15:10 بەڵام بە بای خۆت فووت کرد، دەریا دایپۆشین، ڕۆچوون وەک قورقوشم، لە ئاوێکی مەزن.
EXO 15:11 ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟ کێ وەک تۆ پایەبەرزە لە پیرۆزی، سامناک لە شکۆمەندی، دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟
EXO 15:12 «دەستی ڕاستت درێژکرد، زەوی قووتی دان.
EXO 15:13 ئەو گەلەی کڕیتەوە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت، بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت، بۆ نشینگەی پیرۆزت.
EXO 15:14 گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن، دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
EXO 15:15 سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن، ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت، هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
EXO 15:16 سامناکی و تۆقین دێتە سەریان. ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن، هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە، هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
EXO 15:17 ئەی یەزدان، دەیانهێنیت و دەیانچێنیت لە کێوی میراتت، ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد، ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.
EXO 15:18 «یەزدان پاشایەتی دەکات بۆ هەتاهەتایە.»
EXO 15:19 کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن.
EXO 15:20 ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن.
EXO 15:21 مریەمیش سروودی بۆ گوتن: «سروود بۆ یەزدان بڵێ، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکانی فڕێدایە ناو دەریا.»
EXO 15:22 ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە.
EXO 15:23 کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.
EXO 15:24 جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»
EXO 15:25 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو. لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە.
EXO 15:26 فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»
EXO 15:27 ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.
EXO 16:1 لەدوای ئەوە لە ئێلیم کۆچیان کرد و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل هاتنە چۆڵەوانی سین کە لەنێوان ئێلیم و سینایە، لە ڕۆژی پازدەی مانگی دووەم لەدوای کۆچکردنیان لە خاکی میسر.
EXO 16:2 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا و هارون کرد.
EXO 16:3 نەوەی ئیسرائیل پێیان گوتن: «خۆزگە بە دەستی یەزدان لە خاکی میسردا بمردبووینایە، بۆ خۆمان لای مەنجەڵی گۆشت دانیشتبووین و بە تێری نانمان دەخوارد، بەڵام ئێمەتان دەرهێنا بۆ ئەم چۆڵەوانییە هەتا هەموو ئەم کۆمەڵە بە برسیێتی بکوژن.»
EXO 16:4 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا.
EXO 16:5 ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.»
EXO 16:6 جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.
EXO 16:7 بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟»
EXO 16:8 موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.»
EXO 16:9 موسا بە هارونی گوت: «بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”نزیک ببنەوە بۆ بەردەم یەزدان، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو.“»
EXO 16:10 ئەوە بوو لەو کاتەی هارون لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل دەدوا، ئاوڕیان دایەوە بەرەو چۆڵەوانی و بینییان شکۆمەندی یەزدان لەناو هەور دەبینرێت.
EXO 16:11 یەزدانیش بە موسای فەرموو:
EXO 16:12 «گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو، لەگەڵیان بدوێ و بڵێ: ”ئێواران گۆشت دەخۆن و بەیانی تێر نان دەبن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
EXO 16:13 ئەوە بوو لە ئێوارە سوێسکە بەرز بوونەوە و ئۆردوگاکەیان داپۆشی، بەیانیش شەونم لە دەوروبەری ئۆردوگا کەوتبوو.
EXO 16:14 کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە.
EXO 16:15 کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە. موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن.
EXO 16:16 ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، ئۆمرێک بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان هەریەکە بۆ ئەوانەی لە چادرەکەی ئەون دەیباتەوە.“»
EXO 16:17 نەوەی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد و زۆر و کەم هەڵیانگرتەوە.
EXO 16:18 بەڵام کاتێک بە ئۆمر پێوایان، نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی هەڵیگرتەوە.
EXO 16:19 موسا پێی گوتن: «هیچ کەس لێی نەمێنێتەوە بۆ بەیانی.»
EXO 16:20 بەڵام گوێیان لە موسا نەگرت، بەڵکو هەندێک خەڵک لێیان هێشتەوە بۆ بەیانی، جا کرم لێیدا و کەڕووی کرد، موساش لێیان تووڕە بوو.
EXO 16:21 ئیتر هەموو بەیانییەک هەڵیاندەگرتەوە، هەرکەسە بەگوێرەی خواردنی، کە خۆریش گەرم دادەهات دەتوایەوە.
EXO 16:22 ئەوە بوو لە ڕۆژی شەشەمدا دوو ئەوەندە نانیان هەڵگرتەوە، دوو ئۆمر بۆ هەر یەکێک، ئیتر هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ هاتن و بە موسایان ڕاگەیاند.
EXO 16:23 ئەویش پێی گوتن: «ئەمە ئەوەیە کە یەزدان فەرموویەتی: ”بەیانی پشوودانە، شەممەی پیرۆزە بۆ یەزدان، ئەوەی دەیکەن بە نان بیکەن و ئەوەی لێی دەنێن لێی بنێن، هەرچی دەمێنێتەوەش لەلای خۆتانی دابنێن هەتا بۆ بەیانی هەڵبگیردرێت.“»
EXO 16:24 جا دایاننا بۆ بەیانی هەروەک موسا فەرمانی دا، ئیتر نە کەڕووی کرد و نە کرم لێی دا.
EXO 16:25 موسا گوتی: «ئەمڕۆ بیخۆن، چونکە ئەمڕۆ شەممەیە بۆ یەزدان، لە دەشتودەر نایدۆزنەوە.
EXO 16:26 شەش ڕۆژ هەڵیدەگرنەوە، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە و تێیدا نییە.»
EXO 16:27 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم هەندێک لە خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە.
EXO 16:28 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئێوە ڕەتی دەکەنەوە فەرمان و فێرکردنەکەم بپارێزن؟
EXO 16:29 بڕوانن، یەزدان شەممەی پێداون، بۆیە لە ڕۆژی شەشەمدا نانی دوو ڕۆژتان پێدەدات، با هەریەکە لە شوێنی خۆی دابنیشێت، با کەس لە ڕۆژی حەوتەم شوێنی خۆی بەجێنەهێڵێت.»
EXO 16:30 ئیتر گەل لە ڕۆژی حەوتەم پشوویان دا.
EXO 16:31 بنەماڵەی ئیسرائیلیش ناویان لە نانەکە نا مەن. وەک تۆوی گژنیژ سپییە و تامیشی وەک ناسکە نانی بە هەنگوینە.
EXO 16:32 موسا گوتی: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”ئۆمرێکی لێ پڕ بکەن و با بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی ئەو نانە ببینن کە لە چۆڵەوانی دەرخواردم دان کاتێک لە خاکی میسر دەرمهێنان.“»
EXO 16:33 ئینجا موسا بە هارونی گوت: «گۆزە ببە و پڕ بە ئۆمرێک مەنی تێبکە. ئینجا لەبەردەم یەزدانی دابنێ تاکو بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت.»
EXO 16:34 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا دا، لە دواییدا هارون مەنەکەی لەناو سندوقەکەی پەیمان دانا بۆ پاراستنی.
EXO 16:35 نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ مەنیان خوارد هەتا هاتنە خاکی ئاوەدانی، مەنیان خوارد هەتا هاتنە سنووری خاکی کەنعان.
EXO 16:36 ئۆمریش دەیەکی ئێفەیە.
EXO 17:1 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل.
EXO 17:2 جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.» موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»
EXO 17:3 بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»
EXO 17:4 ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»
EXO 17:5 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ.
EXO 17:6 من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل.
EXO 17:7 ئەو شوێنەیان ناو نا مەسا و مەریبا، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»
EXO 17:8 عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم.
EXO 17:9 موساش بە یەشوعی گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»
EXO 17:10 یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە.
EXO 17:11 ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە، نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە، عەمالێقییەکان سەردەکەوتن.
EXO 17:12 کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون، بەردێکیان هێنا و خستیانە ژێری و ئەویش لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی بە بەرزکراوەیی مایەوە.
EXO 17:13 یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.
EXO 17:14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»
EXO 17:15 موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و
EXO 17:16 گوتی: «لەبەر ئەوەی عەمالێق دەستی بەرزکردووەتەوە لە دژی تەختی یەزدان، یەزدان نەوە لەدوای نەوە لە دژی عەمالێق لە جەنگدا دەبێت.»
EXO 18:1 یەترۆی خەزووری موسا کە کاهینی میدیان بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە خودا لەگەڵ موسا و ئیسرائیلی گەلەکەی کردبووی، کە یەزدان ئیسرائیلی لە میسرەوە دەرهێناوە.
EXO 18:2 لەدوای ئەوەی موسا چیپۆرەی ژنی ناردبووەوە یەترۆی خەزووری هێنایەوە،
EXO 18:3 لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی. ناوی یەکێکیان گێرشۆمە، چونکە موسا گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»
EXO 18:4 ناوی ئەوەی دیکەشیان ئەلیعەزەر بوو، چونکە گوتی: «خودای باوکم یارمەتیدەرم بوو و فریام کەوت لە شمشێری فیرعەون.»
EXO 18:5 یەترۆی خەزووری موسا و کوڕەکانی و ژنەکەی هاتنە لای موسا بۆ ئەو چۆڵەوانییەی ئەو لەوێ لەلای کێوی خودا لایدابوو.
EXO 18:6 یەترۆ هەواڵی بۆ موسا نارد: «من یەترۆم، لەگەڵ ژنەکەت و دوو کوڕەکەی بۆ لای تۆ هاتووم.»
EXO 18:7 موساش هاتە دەرەوە بۆ پێشوازی خەزووری، کڕنۆشی برد و ماچی کرد، لە هەواڵی یەکتریان پرسی و چوونە ناو چادرەکە.
EXO 18:8 موساش هەموو ئەو شتانەی بۆ خەزووری گێڕایەوە کە یەزدان بە فیرعەون و میسرییەکانی کرد لە پێناوی گەلی ئیسرائیل و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لە ڕێگا تووشیان هات و یەزدان فریایان کەوت.
EXO 18:9 یەترۆش دڵخۆش بوو بەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کردی، کە فریایان کەوتبوو لە دەستی میسرییەکان.
EXO 18:10 یەترۆ گوتی: «ستایش بۆ یەزدان ئەوەی لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی فیرعەون فریاتان کەوت، ئەوەی فریای گەل کەوت لەژێر دەستی میسرییەکان.
EXO 18:11 کاتێک بەو شتانە لووتبەرز بوون لەسەر ئیسرائیلییەکان، ئێستا زانیم کە یەزدان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.»
EXO 18:12 جا یەترۆی خەزووری موسا قوربانی سووتاندن و چەند قوربانییەکی دیکەی بۆ خودا هێنا، هارون و هەموو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەزووری موسا بە ئامادەبوونی خودا نان بخۆن.
EXO 18:13 ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان.
EXO 18:14 کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟»
EXO 18:15 موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «لەبەر ئەوەی گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن.
EXO 18:16 هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.»
EXO 18:17 خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە.
EXO 18:18 خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت.
EXO 18:19 ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە.
EXO 18:20 فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن.
EXO 18:21 بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان.
EXO 18:22 هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەوە بارت سووک دەکات، چونکە ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن.
EXO 18:23 ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.»
EXO 18:24 موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی.
EXO 18:25 موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان.
EXO 18:26 ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد.
EXO 18:27 ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆش گەڕایەوە خاکی خۆی.
EXO 19:1 دوای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل میسریان بەجێهێشت، ڕێک لە سەرەتای مانگی سێیەمدا گەیشتنە چۆڵەوانی سینا.
EXO 19:2 لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە چۆڵەوانی سینا و لەوێ لەبەردەم کێوەکە لایاندا.
EXO 19:3 موساش سەرکەوت بۆ لای خودا، یەزدان لە کێوەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «ئاوا بە بنەماڵەی یاقوب دەڵێیت و ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل ڕادەگەیەنیت:
EXO 19:4 ”خۆتان ئەوەتان بینی کە بە میسرییەکانم کرد، ئێوەشم لەسەر باڵی هەڵۆکان هەڵگرت و ئێوەم بۆ لای خۆم هێنا.
EXO 19:5 ئێستاش ئەگەر ئێوە بە تەواوی گوێم لێ بگرن و پەیمانەکەم بپارێزن، ئەوا گەنجینەیەکی تایبەت دەبن بۆ من لەنێو هەموو گەلان. هەرچەندە هەموو زەوی هی منە،
EXO 19:6 بەڵام ئێوە بۆم دەبنە پاشایەتی کاهینان و نەتەوەیەکی پیرۆز.“ ئەمانە ئەو وشانەن کە بە نەوەی ئیسرائیلی دەڵێیت.»
EXO 19:7 موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو.
EXO 19:8 هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە.
EXO 19:9 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.
EXO 19:10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و
EXO 19:11 ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا.
EXO 19:12 بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، نە نزیک کێوەکە بکەونەوە، نە دەست لە بنارەکەی بدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت.
EXO 19:13 ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»
EXO 19:14 موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت.
EXO 19:15 بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»
EXO 19:16 ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین.
EXO 19:17 ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە بناری کێوەکە ڕاوەستان.
EXO 19:18 هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی.
EXO 19:19 دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.
EXO 19:20 یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەر کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت.
EXO 19:21 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن.
EXO 19:22 هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»
EXO 19:23 موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»
EXO 19:24 یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام با کاهینەکان و گەل هەوڵی سەرکەوتن نەدەن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»
EXO 19:25 ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.
EXO 20:1 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
EXO 20:2 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
EXO 20:3 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
EXO 20:4 پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە.
EXO 20:5 کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،
EXO 20:6 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
EXO 20:7 ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆپاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
EXO 20:8 ڕۆژی شەممەتان لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن.
EXO 20:9 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن،
EXO 20:10 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن،
EXO 20:11 چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەمدا پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
EXO 20:12 ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
EXO 20:13 مەکوژن.
EXO 20:14 داوێنپیسی مەکەن.
EXO 20:15 دزی مەکەن.
EXO 20:16 بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
EXO 20:17 چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
EXO 20:18 کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان.
EXO 20:19 بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»
EXO 20:20 موساش بە گەلی گوت: «مەترسن. خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»
EXO 20:21 گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، کە خودای لێ بوو.
EXO 20:22 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام.
EXO 20:23 هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.
EXO 20:24 «”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت، لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد، دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم.
EXO 20:25 ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم، با بەردەکان تاشراو نەبن، چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت.
EXO 20:26 بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“
EXO 21:1 «ئەمانەش ئەو یاسایانەیە کە لەبەردەمیان دایدەنێیت:
EXO 21:2 «ئەگەر کۆیلەیەکی عیبرانیتان کڕی ئەوا شەش ساڵ خزمەت دەکات و ساڵی حەوتەم بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
EXO 21:3 ئەگەر بە تەنها هاتبوو ئەوا بە تەنها ئازاد دەبێت، بەڵام ئەگەر مێردی ژنێک بوو ئەوا ژنەکەشی لەگەڵی ئازاد دەبێت.
EXO 21:4 ئەگەر گەورەکەی ژنێکی پێدابێت و ژنەکە کوڕ یان کچی بۆی بووبێت، ئەوا ژن و منداڵەکان بۆ گەورەکەی دەبن و ئەو بە تەنها ئازاد دەبێت.
EXO 21:5 «بەڵام ئەگەر کۆیلەکە بە ڕاستی بڵێت: ”گەورەکەم و ژنەکەم و منداڵەکانم خۆشدەوێت و ئازاد نابم،“
EXO 21:6 ئەوا گەورەکەی پێویستە بیباتە پێش خودا. ئینجا نزیکی دەکاتەوە لە دەرگاکە یان لەلایەکی چوارچێوەی دەرگاکە، گەورەکەی بە درێشە گوێی کون دەکات، ئەویش هەتاهەتایە خزمەتی دەکات.
EXO 21:7 «ئەگەر پیاوێک کچەکەی خۆی فرۆشت وەک کۆیلە، ئەوا وەک پیاوێکی کۆیلە ئازاد نابێت.
EXO 21:8 ئەگەر کچەکە نەبێتە جێی ڕەزامەندی گەورەکەی، کە نیشانی کردووە بۆ خۆی، ئەوا دەبێت ڕێ بە کچەکە بدات بکڕدرێتەوە. ئیتر مافی فرۆشتنی نییە بە خەڵکێکی بێگانە، چونکە لەگەڵ کچەکە بێوەفا بووە.
EXO 21:9 ئەگەر کچەکەی نیشان کرد بۆ کوڕەکەی ئەوا پێویستە وەک کچی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات.
EXO 21:10 ئەگەر ژنێکی دیکەی هێنا، ئەوا پێویستە خواردن و بەرگ و جووتبوونی لەگەڵ ئەو کەم نەکاتەوە.
EXO 21:11 ئەگەر یەکێک لەو سێیانەی بۆ نەکرد، ئەوا کەنیزەکە بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
EXO 21:12 «ئەوەی لە کەسێک بدات و بمرێت، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
EXO 21:13 بەڵام ئەوەی مەبەستی نەبوو، بەڵکو خودا هێشتی ڕوو بدات، ئەوا من شوێنێکت بۆ دیاری دەکەم هەتا هەڵبێت بۆ ئەوێ.
EXO 21:14 بەڵام ئەگەر یەکێک فێڵ لە برادەرەکەی بکات و بە ئەنقەست بیکوژێت، ئەوا لەلای قوربانگاکەمەوە دەیبەیت بۆ کوشتن.
EXO 21:15 «ئەوەی لە دایک و باوکی بدات، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
EXO 21:16 «ئەوەی کەسێک بڕفێنێت و بیفرۆشێت یان لەلای بیبیننەوە، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
EXO 21:17 «ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.
EXO 21:18 «کاتێک دوو پیاو ناکۆکییان دەبێت و یەکێکیان بە بەرد یان بە مست لە برادەرەکەی بدات و نەمرد بەڵکو لە جێگا کەوت،
EXO 21:19 ئەگەر هەستایەوە و لە دەرەوە بە گۆچانەکەی ڕۆیشت، ئەوا ئەوەی لێیداوە بێتاوان دەبێت، تەنها قەرەبووی ئەو کاتەی بۆ بکاتەوە و خەرجی چارەسەرییەکەی بدات، هەتا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
EXO 21:20 «ئەگەر کەسێک بە دار لە کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی بدات و لەژێر دەستیدا بمرێت، ئەوا سزا دەدرێت،
EXO 21:21 بەڵام ئەگەر لەدوای ڕۆژێک یان دووان چاک بووەوە، ئەوا سزا نادرێت، چونکە موڵکی خۆیەتی.
EXO 21:22 «ئەگەر چەند پیاوێک شەڕیان کرد و بە ڕێککەوت لە ژنێکی سکپڕیان دا و بەهۆیەوە منداڵەکەی پێش کاتی خۆی لەدایک بوو، بەڵام زیانی کوشندەی نەبوو، ئەوا بێگومان بەگوێرەی دادگا سزای ماددی دەدرێن، بەپێی ئەوەی مێردی ژنەکە لەسەریان دادەنێت.
EXO 21:23 بەڵام ئەگەر زیانی کوشندەی هەبێت، ئەوا گیان لە جێی گیان دەبێت،
EXO 21:24 چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ،
EXO 21:25 سووتان لە جێی سووتان، برین لە جێی برین و لێدان لە جێی لێدان.
EXO 21:26 «کاتێک یەکێک لە چاوی کۆیلەکەی یان چاوی کارەکەرەکەی دا و کوێری کرد، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی چاوی.
EXO 21:27 ئەگەر ددانی کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی کەوت، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی ددانی.
EXO 21:28 «ئەگەر گایەک قۆچی لە پیاوێک یان لە ژنێک دا و مرد، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و گۆشتەکەشی ناخورێت، بەڵام خاوەنی گایەکە بێتاوان دەبێت.
EXO 21:29 بەڵام ئەگەر گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بێت، خاوەنەکەی ئاگادار کرابێتەوە بەڵام لە پشتیرەکە بەندی نەکردبێت، پیاوێک یان ژنێکی کوشت، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و خاوەنەکەشی دەکوژرێت.
EXO 21:30 ئەگەر نرخ بخرێتە سەری، ئەوا بۆ کڕینەوەی ژیانی خۆی هەرچی بکەوێتە سەر دەبێت بیدات.
EXO 21:31 ئەگەر قۆچ لە کوڕێک یان لە کچێک بدات، ئەوا هەمان ئەو حوکمەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
EXO 21:32 ئەگەر گایەکە قۆچ لە کۆیلەیەک یان کارەکەرێک بدات، ئەوا گەورەکەی سی شاقل زیو دەدات و گایەکەش بەردباران دەکرێت.
EXO 21:33 «کاتێک کەسێک سەری بیرێک دەکاتەوە یان بیرێک لێدەدات و سەرەکەی دانەپۆشێت، گایەک یان گوێدرێژێک بکەوێتە ناوی،
EXO 21:34 ئەوا خاوەن بیرەکە قەرەبوو دەداتەوە و زیو دەداتە خاوەنەکەی، ئاژەڵە مردارەوەبووەکەش یان تۆپیوەکە بۆ ئەو دەبێت.
EXO 21:35 «ئەگەر گای کەسێک لە گای برادەرەکەی دا و کوشتی، ئەوا گایە زیندووەکە دەفرۆشن و نرخەکەی بەش دەکەن، هەروەها گایە مردارەوەبووەکەش دابەش دەکەن.
EXO 21:36 ئەگەر زانراش کە گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بووە و خاوەنەکەی لە پشتیرەکە بەندی نەکردووە، ئەوا خاوەن گا قۆچوەشێنەکە دەبێت گایەک لە جێی گایەک بدات و تەنها گایە مردارەوەبووەکەش وەربگرێت.
EXO 22:1 «کاتێک کەسێک گایەک یان بەرخێک دەدزێت، سەری بڕی یان فرۆشتی، ئەوا پێنج مانگا لە جێی گایەکە و چوار مەڕیش لە جێی بەرخەکە دەداتەوە.
EXO 22:2 «ئەگەر دزەکە بە شەو بینرا خەریکی بڕین بوو و لێی درا و مرد، ئەوا مافی خوێنی نییە،
EXO 22:3 بەڵام ئەگەر دوای خۆر هەڵاتن بوو ئەوا مافی خوێنی هەیە. «دزێک دەبێت قەرەبوو بداتەوە، ئەگەر نەبوونیش بوو ئەوا دەفرۆشرێت.
EXO 22:4 ئەگەر ئاژەڵە دزراوەکەی بە زیندوویی لە دەستی گیرا، لە گایەکەوە هەتا گوێدرێژێک و بەرخێک، ئەوا دووان لە جێیان دەداتەوە.
EXO 22:5 «ئەگەر کەسێک ماڵاتی خۆی لەناو کێڵگە یان ڕەزەمێوێکدا بلەوەڕێنێت و ڕێگا بدات بچنە ناو کێڵگەی کەسێکی دیکە بلەوەڕێن، ئەوا لە باشترینی بەری کێڵگەکەی یان ڕەزەمێوەکەی قەرەبوو دەداتەوە.
EXO 22:6 «ئەگەر ئاگر دەربپەڕێت و دەوەن بگرێتەوە و خەرمانکراو یان دەغڵ یان کێڵگە بسووتێنێت، ئەوا ئەوەی ئاگرەکەی کردووەتەوە دەبێت قەرەبوو بدات.
EXO 22:7 «ئەگەر یەکێک زیو یان شتومەک لەلای کەسێک دابنێت بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت و لە ماڵی ئەو کەسە دزرا کە ئاماناتەکەی لەلایە، ئەگەر دزەکە گیرا ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو دەداتەوە.
EXO 22:8 بەڵام ئەگەر دزەکە نەگیرا ئەوا خاوەن ماڵ دەهێنرێتە بەردەم دادوەرەکان، هەتا بزانرێت ئاخۆ دەستی بۆ موڵکی برادەرەکەی درێژ نەکردووە.
EXO 22:9 لە هەموو داوایەکی تاوان لەسەر گا، گوێدرێژ، بەرخ، جلوبەرگ یان هەر شتێکی ونبوو کە بگوترێت: ”ئەمە هی منە،“ ئەوا داوای هەردووکیان دەهێنرێتە لای دادوەرەکان، ئەوەی دادوەر تاوانباری بکات، ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو بۆ نزیکەکەی دەداتەوە.
EXO 22:10 «ئەگەر یەکێک گوێدرێژێک یان گایەک یان بەرخێک یان هەر ئاژەڵێکی بداتە دراوسێکەی بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت، مردار بووەوە یان بریندار بوو یان تاڵان کرا و کەس نەیبینی،
EXO 22:11 ئەوا سوێندخواردن بە یەزدان لەنێوانیان دەبێت، ئاخۆ دراوسێکە دەستی بۆ ماڵی کەسەکەی دیکە درێژ نەکردووە، خاوەنەکەشی دەبێت ڕازی بێت، ئیتر قەرەبوو نادات.
EXO 22:12 بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە لەلای دراوسێکەی دزرا، ئەوا قەرەبووی خاوەنەکەی دەداتەوە.
EXO 22:13 ئەگەر بووە نێچیری ئاژەڵ وەک شایەتی دەیهێنێتەوە، ئیتر قەرەبووی نێچیر ناداتەوە.
EXO 22:14 «ئەگەر کەسێک داوای ئاژەڵێک لە دراوسێکەی بکات و لەلای بریندار بێت یان بمرێت و خاوەنەکەی لەگەڵی نەبێت، ئەوا دەبێت قەرەبوو بداتەوە،
EXO 22:15 بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بوو، ئەوا قەرەبوو ناداتەوە، ئەگەر بە کرێ بووبێت ئەوا کرێیەکەی دەدات.
EXO 22:16 «ئەگەر پیاوێک کچێکی نیشان نەکراو هەڵبخەڵەتێنێت و لەگەڵی جووت بێت، ئەوا بۆ خۆی مارەی دەکات و مارەییش دەدات.
EXO 22:17 ئەگەر باوکیشی ڕازی نەبوو بیداتێ، ئەوا زیوی بۆ دەکێشێت وەک مارەیی کچ.
EXO 22:18 «ناهێڵیت جادووگەری ئافرەت بژیێت.
EXO 22:19 «ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت بێت دەبێت بکوژرێت.
EXO 22:20 «ئەوەی قوربانی بۆ هەر خودایەکی جیا لە یەزدان سەرببڕێت، ئەوا پێویستە قڕ بکرێت.
EXO 22:21 «ستەم لە نامۆ مەکە و مەیچەوسێنەوە، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.
EXO 22:22 «هیچ بێوەژن و هەتیوێک زەلیل مەکە.
EXO 22:23 ئەگەر بە هەر شێوەیەک زەلیلت کردن و ئەگەر تەنها هاوارێکم بۆ بکەن، ئەوا بێگومان گوێ لە هاواریان دەگرم.
EXO 22:24 تووڕەییم هەڵدەستێت و بە شمشێر دەتانکوژم و ژنەکانتان دەبنە بێوەژن و منداڵەکانتان دەبنە هەتیو.
EXO 22:25 «ئەگەر پارەت بە قەرز دا بە هەر هەژارێک لە گەلەکەم ئەوانەی لەلاتن، بۆی مەبە بە سووخۆر، سوودی مەخەرە سەر.
EXO 22:26 ئەگەر کەوای دراوسێکەت بە بارمتە گرت، هەتا ئاوابوونی خۆر، بۆی دەگەڕێنیتەوە،
EXO 22:27 چونکە ئەوە تاکە پۆشاکە کە دراوسێکەت هەیەتی. چی دیکەی هەیە بۆ نوستن؟ ئیتر کاتێک هاوارم بۆ دەکات، گوێدەگرم، چونکە من میهرەبانم.
EXO 22:28 «سووکایەتی بە خودا مەکە و نەفرەت لە هیچ سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.
EXO 22:29 «پێشکەشکردنی پڕی خەرمانەکەت و دڵۆپی گوشەرەکەت دوا مەخە. «نۆبەرەی کوڕەکانت دەدەیتە من.
EXO 22:30 هەمان شت دەکەیت بە گا و بەرخەکانت، حەوت ڕۆژ لەگەڵ دایکی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی هەشتەم دەیدەیتە من.
EXO 22:31 «ئێوە دەبنە گەلێکی پیرۆز بۆ من، بۆیە گۆشتێک لە دەشتودەر بووبێت بە نێچیر مەیخۆن، بۆ سەگی فڕێبدەن.
EXO 23:1 «هەواڵی درۆ بڵاو مەکەرەوە، دەست لەگەڵ بەدکار تێکەڵ مەکە بۆ ئەوەی ببیتە شایەتی زۆرداری.
EXO 23:2 «دوای کۆمەڵ مەکەوە بۆ کاری خراپ و لە سکاڵاکردندا بە خواری شایەتی مەدە.
EXO 23:3 لایەنگری بۆ هەژار دەرمەخە لە سکاڵاکەی.
EXO 23:4 «ئەگەر تووشی گا یان گوێدرێژی دوژمنەکەت بووی کە بەڕەڵا بووبێت، بۆی بگەڕێنەرەوە.
EXO 23:5 ئەگەر گوێدرێژی ناحەزەکەتت بینی لەژێر بارەکەیدا کەوتووە، بەجێی مەهێڵە، بەڵکو پەلە بکە بۆ یارمەتیدانی.
EXO 23:6 «مافی هەژار ڕەت مەکەرەوە لە سکاڵاکەی.
EXO 23:7 لە قسەی درۆ دوور بکەوە. بێتاوان و ڕاستودروست مەکوژە، چونکە تاوانبار بێتاوان ناکەم.
EXO 23:8 «بەرتیل وەرمەگرە، چونکە بەرتیل چاوساغان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات.
EXO 23:9 «نامۆ مەچەوسێنەوە، ئێوە خۆتان دەزانن نامۆ چۆن هەست دەکات، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.
EXO 23:10 «شەش ساڵ زەوییەکەت دەچێنیت و بەرەکەی هەڵدەگریتەوە،
EXO 23:11 بەڵام لە حەوتەمیندا دەیحەسێنیتەوە و لێی دەگەڕێیت، هەژارانی گەلەکەت لێی دەخۆن و بەرماوەکەشیان ئاژەڵی کێوی دەیخوات. هەمان شت دەکەیت لە ڕەزە مێوەکەت و لە زەیتوونەکەت.
EXO 23:12 «شەش ڕۆژ کارەکەت دەکەیت، بەڵام ڕۆژی حەوتەم پشوو دەدەیت بۆ ئەوەی گا و گوێدرێژەکەشت بحەسێنەوە و کوڕی کارەکەرەکەت و ئەوەی لەلاشت نامۆیە هەناسەیەک بدەن.
EXO 23:13 «ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە پێم فەرموون و ناوی خودایەکی دیکە مەهێنن، لە دەمتانەوە نەبیسترێت.
EXO 23:14 «سێ جار لە ساڵێکدا جەژنم بۆ دەگێڕیت.
EXO 23:15 «هەروەک فەرمانم پێکردن جەژنی فەتیرە بگێڕن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن. ئەم جەژنە لە کاتی خۆیدا بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ، چونکە ئێوە لەو مانگەدا لە میسر هاتنە دەرەوە. «نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەمم ئامادە بن.
EXO 23:16 «هەروەها جەژنی دروێنە، یەکەمین بەرهەمی ڕەنجتان، ئەوەی لە کێڵگە دەیچێنن. «هەروەها جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵدا کاتێک ڕەنجەکەتان لە کێڵگە کۆدەکەنەوە.
EXO 23:17 «سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەست ئامادە دەبن.
EXO 23:18 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن. «پیوی قوربانی جەژنم هەتا بەیانی نەمێنێتەوە.
EXO 23:19 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن. «هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.
EXO 23:20 «ببینن، من فریشتەیەک لەپێشتانەوە دەنێرم بۆ ئەوەی لە ڕێگا بتانپارێزێت و بتانهێنێتە ئەو شوێنەی ئامادەم کردووە.
EXO 23:21 لێی ئاگاداربن و گوێ لە فەرمایشتی بگرن و تووڕەی مەکەن، چونکە لە یاخیبوونتان نابوورێت، لەبەر ئەوەی ناوی منی تێدایە.
EXO 23:22 بەڵام ئەگەر گوێتان لە فەرمایشتی گرت و هەموو ئەوانەی دەیڵێم جێبەجێی بکەن، ئەوا دژایەتی دوژمنەکانتان دەکەم و تەنگ هەڵدەچنم بە تەنگ پێهەڵچنانتان.
EXO 23:23 فریشتەکەم لەپێشتانەوە دەڕوات و دەتانباتە خاکی ئەمۆری و حیتی و پریزی و کەنعانی و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەوان لەناودەبەم.
EXO 23:24 کڕنۆش بۆ خوداوەندەکانیان مەبەن و مەیانپەرستن و وەک نەریتەکانی ئەوان مەکەن، بەڵکو بە تەواوی وردوخاشیان بکەن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بە تەواوی بشکێنن.
EXO 23:25 یەزدانی پەروەردگارتان دەپەرستن، ئەویش نان و ئاوتان بەرەکەتدار دەکات. دەرد لەنێوتان ناهێڵم.
EXO 23:26 لەبارچوو و نەزۆک لە خاکەکەتان نابێت، هەروەها تەمەنتان درێژ دەکەم.
EXO 23:27 «سامناکی خۆم لەپێشتانەوە دەنێرم و هەموو ئەو نەتەوانەی دەچنە سەریان، سەریان لێ دەشێوێنم و وا دەکەم هەموو دوژمنەکانتان هەڵبێن.
EXO 23:28 زەردەواڵەش لەپێشتانەوە دەنێرم و حیڤی و کەنعانی و حیتییەکان لەپێشتان ڕابماڵن.
EXO 23:29 بەڵام لە ماوەی یەک ساڵ لەپێشتان ڕایانناماڵم، نەوەک خاکەکە وێران بێت و ئاژەڵی کێوی لەسەرتان زیاد بکات.
EXO 23:30 هێواش هێواش لەپێشتان ڕایاندەماڵم، هەتا ئەوەی بەردار دەبن و دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن.
EXO 23:31 «سنوورەکەشتان دادەنێم، لە دەریای سوورەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری فورات، چونکە دانیشتووانی خاکەکە دەدەمە دەستتان و ئێوەش لەپێش خۆتان ڕایاندەماڵن.
EXO 23:32 نە لەگەڵ ئەوان نە لەگەڵ خوداوەندەکانیان پەیمان مەبەستن.
EXO 23:33 با لە خاکەکەتاندا نیشتەجێ نەبن، نەوەک واتان لێ بکەن گوناه سەبارەت بە من بکەن، چونکە ئەگەر خوداوەندی ئەوان بپەرستن ئەوا دەبێتە تەڵە بۆتان.»
EXO 24:1 ئینجا بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لای یەزدان، خۆت و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل، لە دوورەوە کڕنۆشی بۆ ببەن.
EXO 24:2 بەڵام تەنها موسا لە یەزدان نزیک دەبێتەوە و ئەوانی دیکە نزیک ناکەونەوە، خەڵکەکەش لەگەڵی سەر ناکەون.»
EXO 24:3 موساش هات و هەموو وشەکانی یەزدان و هەموو یاساکانی بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە، هەموو گەلیش بە یەک دەنگ وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو وشانەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.»
EXO 24:4 موساش هەموو وشەکانی یەزدانی نووسی. بەیانی زوو هەستا و قوربانگایەکی لەبن کێوەکە بنیاد نا لەگەڵ دوازدە ستوون بۆ دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل.
EXO 24:5 لاوانی نەوەی ئیسرائیلیشی نارد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لە جوانەگاکان بۆ یەزدان پێشکەش کرد.
EXO 24:6 موسا نیوەی خوێنەکەی لەناو جامێک کرد و نیوەکەی دیکەشی بەسەر قوربانگاکەدا پرژاند.
EXO 24:7 ئینجا پەڕتووکی پەیمانەکەی هەڵگرت و بۆ گەلی خوێندەوە، ئەوانیش گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین و گوێی لێ دەگرین.»
EXO 24:8 ئینجا موسا خوێنەکەی هەڵگرت و بەسەر گەلدا پرژاندی و گوتی: «ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە یەزدان لەگەڵتانی بەستووە بەگوێرەی ئەم وشانە.»
EXO 24:9 دواتر موسا و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل سەرکەوتن و
EXO 24:10 خودای ئیسرائیلیان بینی، لەژێر پێیەکانی شتێکی وەک بەردڕێژکراویان بینی بە بەردی یاقووتی شین و وەک ئاسمانی ساماڵ لە بێگەردی.
EXO 24:11 بەڵام دەستی بۆ پیاوماقوڵانی نەوەی ئیسرائیل درێژ نەکرد. خودایان بینی، ئینجا خواردیان و خواردیانەوە.
EXO 24:12 یەزدان بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لام بۆ کێوەکە و لەوێ بە، دوو تەختە بەردت دەدەمێ، ڕاسپاردەکانی تەورات و فەرمانەکانی تێدایە کە بۆ فێرکردنیان نووسیومە.»
EXO 24:13 ئینجا موسا و یەشوعی یاریدەدەری هەستان، موسا بۆ کێوی خودا سەرکەوت.
EXO 24:14 بە پیرانیشی گوت: «لێرە چاوەڕێمان بکەن هەتا دەگەڕێینەوە لاتان، ئەوەتا هارون و حووریش لەگەڵتانن، ئەگەر یەکێک داواکاری یاخود ناکۆکی هەبوو با بچێتە لایان.»
EXO 24:15 ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی.
EXO 24:16 شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد.
EXO 24:17 دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل.
EXO 24:18 ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.
EXO 25:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 25:2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با بەخشینم پێشکەش بکەن، هەر یەکێک کە لەسەر دڵی بێت ببەخشێت.
EXO 25:3 «ئەمانەش ئەو پێشکەشکراوانەن کە لێیان وەردەگرن: «زێڕ و زیو و بڕۆنز؛
EXO 25:4 ڕیسی جوان و باریک بە ڕەنگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛
EXO 25:5 پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛
EXO 25:6 زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛
EXO 25:7 بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
EXO 25:8 «پیرۆزگایەکیشم بۆ دروستدەکەن بۆ ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێ بم،
EXO 25:9 وەک هەموو ئەوەی پیشانت دەدەم لە نموونەی چادری پەرستن و نموونەی هەموو کەلوپەلەکانی، بەم شێوە دروستی بکەن.
EXO 25:10 «سندوقێکیش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بێت،
EXO 25:11 ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش بکرێت و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستبکرێت.
EXO 25:12 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دابڕێژرێت و لەسەر چوار پایەکەی دابنرێت، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی.
EXO 25:13 دوو داریش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت و بە زێڕ ڕووکەش بکرێن.
EXO 25:14 دارەکانیش بخرێتە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە پێیان.
EXO 25:15 دارەکان لەناو بازنەکانی سندوقەکە دەبن، لێیان دەرناهێنرێن.
EXO 25:16 لەناو سندوقەکەش ئەو دوو تەختەی پەیمان دادەنێیت کە پێت دەدەم.
EXO 25:17 «قەپاغی کەفارەتیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بێت.
EXO 25:18 دوو کەڕوب لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەکەوە بکرێت.
EXO 25:19 کەڕوبێک لەلایەک دروستبکرێت و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، هەردوو کەڕوبەکان لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بن.
EXO 25:20 دەبێت کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبێتەوە و بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکە کردبێت. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بن و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بێت.
EXO 25:21 قەپاغی کەفارەتەکە لەسەر سندوقەکە و لەلای سەرەوە دابنرێت، لەناو سندوقەکەش ئەو دوو تەختەی پەیمان دادەنێیت کە من پێت دەدەم.
EXO 25:22 لەوێ لەگەڵت کۆدەبمەوە و لەگەڵت دەدوێم، لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە لەنێوان دوو کەڕوبەکەی سەر سندوقی پەیمان، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێدەدەم بۆ نەوەی ئیسرائیل.
EXO 25:23 «هەروەها مێزێک لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، کە درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بێت.
EXO 25:24 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەش بکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری بۆ دروستبکرێت.
EXO 25:25 لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستبکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیش بۆ لێوارەکە لە دەوری دابنرێت.
EXO 25:26 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دروستبکرێت، بازنەکان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دابنرێت.
EXO 25:27 بازنەکان لەلای لێوارەکەوە دەبن بە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
EXO 25:28 دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێن، بە زێڕ ڕووکەش بکرێن، بەوان مێزەکە هەڵدەگرێت.
EXO 25:29 لەگەن و قاپەکانی لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، هەروەها دۆلکە و تاسەکانیش کە پێشکەشکراوەکانی پێ دەڕژێنرێت.
EXO 25:30 لەسەر مێزەکەش نانی تەرخانکراو بەردەوام لەپێشم دادەنرێت.
EXO 25:31 «هەروەها چرادانێک لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی دەبێت.
EXO 25:32 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەردەچێت، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە.
EXO 25:33 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەردەچن.
EXO 25:34 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەیە.
EXO 25:35 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەردەچن.
EXO 25:36 گرێ و لقەکان لە خۆی دەبن، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو دەبێت.
EXO 25:37 «حەوت چراشی بۆ دروستبکرێت و چراکانی بەرز دەکەیتەوە هەتا پێشی ڕووناک بکاتەوە.
EXO 25:38 مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد دەبن.
EXO 25:39 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک زێڕی بێگەرد دروستبکرێت.
EXO 25:40 بڕوانە ئەو شتانە لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.
EXO 26:1 «چادری پەرستنیش لە پڵاسی کەتانی ڕستراو دروستبکە، هەروەها بە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر بکە.
EXO 26:2 درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان.
EXO 26:3 پێنج پڵاس پێکەوە ببەستە و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە.
EXO 26:4 ئەڵقە لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستبکە، هەمان شت بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم بکە.
EXO 26:5 پەنجا ئەڵقە بۆ پڵاسی یەکەم دروستدەکەیت و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بن.
EXO 26:6 پەنجا فاقی زێڕیش دروستبکە. بە فاقەکان پڵاسەکان هەریەکە و لەوەی تەنیشتی ببەستەوە. ئیتر چادری پەرستن دەبێتە یەک پارچە.
EXO 26:7 «ڕەشماڵێک لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستبکە و سەری چادری پەرستنی پێ بگرە،
EXO 26:8 درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ و پانی چوار باڵ بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە.
EXO 26:9 پێنج لە پڵاسەکان پێکەوە ببەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە، پڵاسی شەشەمیش بەڕووی چادرەکەدا بنووشتێنەوە.
EXO 26:10 پەنجا ئەڵقە لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستبکە، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم.
EXO 26:11 پەنجا فاقی بڕۆنزیش دروستبکە و فاقەکان بخە ناو ئەڵقەکان، چادرەکە پێکەوە ببەستەوە و دەبێتە یەک پارچە.
EXO 26:12 ئەوەش کە شۆڕدەبێتەوە و لە پڵاسەکانی چادرەکە دەمێنێتەوە، نیوەی ئەو پڵاسەی دەمێنێتەوە بەسەر کۆتایی چادرەکەی پەرستندا شۆڕی بکەوە.
EXO 26:13 باڵێک لەم لا، باڵێک لەو لا لەوەی دەمێنێتەوە لە درێژایی پڵاسی چادرەکە شۆڕ بکرێنەوە بەسەر دوو لای چادرەکەی پەرستندا، لەم لاو لەو لاوە بۆ داپۆشینی.
EXO 26:14 پۆشەرێکیش لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستبکە، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
EXO 26:15 «چوارچێوەش لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
EXO 26:16 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بێت.
EXO 26:17 دوو زمانەش بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستبکە بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوا بکە.
EXO 26:18 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستبکە،
EXO 26:19 چل بنکەی زیویش لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستبکە، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی.
EXO 26:20 بیست چوارچێوە بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
EXO 26:21 چل بنکەی زیویشی هەبێت، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
EXO 26:22 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە،
EXO 26:23 دوو چوارچێوەش بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
EXO 26:24 دەبێت لە خوارەوە جووت بن و هەتا سەرەوە یەک بن، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوا بن.
EXO 26:25 ئینجا دەبێتە هەشت چوارچێوە و بنکە زیوەکانیشیان شازدە دەبێت، هەردوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکەی دیکەش لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
EXO 26:26 «هەروەها پێنج کاریتە لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستبکە،
EXO 26:27 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا.
EXO 26:28 کاریتەکەی ناوەڕاستیش بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
EXO 26:29 چوارچێوەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستبکە، کاریتەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە.
EXO 26:30 «چادرەکەی پەرستنیش لەسەر ئەو نەخشەیە هەڵبدە کە لە کێوەکە پیشانت دراوە.
EXO 26:31 «پەردەیەکیش لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستبکە.
EXO 26:32 بیخە سەر چوار کۆڵەکەی لە داری ئەکاسیا دروستکراو و بە زێڕ ڕووکەشکراو، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بێت، لەسەر چوار بنکەی زیو بن.
EXO 26:33 چەند فاقێکیش بەلای سەرەوەی پەردەکەوە بکە و سندوقی پەیمانیش بهێنە ئەوێ بۆ دیوی ژوورەوەی پەردەکە. پەردەکە شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆز لە یەکتری جیا دەکاتەوە بۆتان.
EXO 26:34 قەپاغی کەفارەتیش لەسەر سندوقی پەیمان لە شوێنی هەرەپیرۆز دابنێ.
EXO 26:35 مێزەکەش لە دەرەوەی پەردەکە دابنێ و چرادانەکەش بەرامبەر مێزەکە لەلایەکی چادرەکەی پەرستن لەلای باشوور دابنێ و مێزەکەش لەلای باکوور.
EXO 26:36 «پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک.
EXO 26:37 بۆ پەردەی دەروازەکەش پێنج ستوونی لە داری ئەکاسیا و بە زێڕ ڕووکەشکراو دروستبکە، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بن و پێنج بنکەی بڕۆنزیشیان بۆ دابڕێژە.
EXO 27:1 «قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەی پێنج باڵ بێت، قوربانگاکە چوارگۆشە بێت، بەرزاییەکەشی سێ باڵ بێت.
EXO 27:2 قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت، قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە.
EXO 27:3 تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز، تاس، چەنگاڵ، مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە.
EXO 27:4 کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز، لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە.
EXO 27:5 بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت.
EXO 27:6 دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە.
EXO 27:7 دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە، ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی.
EXO 27:8 قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت. هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.
EXO 27:9 «حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە، بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ بۆ یەک لا،
EXO 27:10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.
EXO 27:11 ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.
EXO 27:12 «لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە.
EXO 27:13 لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ.
EXO 27:14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.
EXO 27:15 بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.
EXO 27:16 «بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن.
EXO 27:17 هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن.
EXO 27:18 درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن.
EXO 27:19 هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن، بە هەر شێوەیەک بەکاردێت، لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە، دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.
EXO 27:20 «تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت.
EXO 27:21 لەناو چادری چاوپێکەوتن لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە، هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.
EXO 28:1 «تۆش لەنێو نەوەی ئیسرائیل هارونی برات لە خۆت نزیک بکەوە، لەگەڵ ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار، کوڕانی هارون، بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
EXO 28:2 جلوبەرگی پیرۆزیش بۆ هارونی برات دروستبکە بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن.
EXO 28:3 تۆش لەگەڵ بەهرەمەندەکان قسە بکە، ئەوانەی پڕمکردوون لە ڕۆحی دانایی، بۆ ئەوەی جلوبەرگەکەی هارون دروستبکەن بۆ تەرخانکردنی هەتا کاهینیێتیم بۆ بکات.
EXO 28:4 ئەمانەش ئەو جلوبەرگەن کە دروستی دەکەن، بەرسینە و ئێفۆد و کەوا و کراسی دامێن درێژی چنراو و مێزەر و کەمەربەند. ئینجا جلوبەرگی پیرۆز بۆ هارونی برات و کوڕەکانی دروستبکەن، هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن.
EXO 28:5 ئەوانیش زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک وەردەگرن.
EXO 28:6 «ئێفۆدەکەش لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە جۆڵایەکی شارەزا دروستبکەن.
EXO 28:7 دوو شانیشی هەبێت بە هەردوو لایەوە پێوەی بەسترابن.
EXO 28:8 پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، دەبێت لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بێت، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بێت.
EXO 28:9 «دوو بەردی عاشقبەندیش بهێنە و ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلیان لەسەر هەڵبکەنە.
EXO 28:10 ناوی شەشیان لەسەر بەردێک و ناوی شەشەکەی ماوەتەوە لەسەر بەردی دووەم هەڵبکەنە بەگوێرەی لەدایکبوونیان.
EXO 28:11 ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەر هەردوو بەردەکە هەڵبکەنە، وەک چۆن نەقاڕێک مۆر هەڵدەکەنێت. ئینجا بە چوارچێوەی زێڕینی دەوردراو بیانچەسپێنە.
EXO 28:12 دوو بەردەکەش بخەرە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل. هارون لەبەردەم یەزدان وەک یادەوەری ناوەکانیان لەسەر هەردوو شانی هەڵدەگرێت.
EXO 28:13 چوارچێوەی زێڕینیش دروستبکە و
EXO 28:14 دوو زنجیری هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد، وەک گوریس، لەسەر چوارچێوەکان دابنێ.
EXO 28:15 «هەروەها بەرسینەی دادوەری دروستبکە، وەک ئێفۆدەکە بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو.
EXO 28:16 بەرسینەکەش چوارگۆشە و دووبەر بێت، درێژییەکەی بستێک و پانییەکەی بستێک.
EXO 28:17 بە چوار ڕیز بەرد بیڕازێنەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛
EXO 28:18 ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛
EXO 28:19 ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛
EXO 28:20 ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. لە ڕازانەوەیاندا بە زێڕ دەور بدرێن.
EXO 28:21 بەردەکانیش دوازدە بن وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بۆی دەبێت بۆ دوازدە هۆز.
EXO 28:22 «بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد دروستبکە، وەک گوریس.
EXO 28:23 لەسەر بەرسینەکەش دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە، دوو ئەڵقەکە لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دابنێ.
EXO 28:24 دوو زنجیرە زێڕینەکەش بخە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە.
EXO 28:25 هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەش بخە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەی دابنێ بۆ پێشەوەی.
EXO 28:26 دوو ئەڵقەی زێڕینیش دروستبکە و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دایانبنێ، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە.
EXO 28:27 هەروەها دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایانبنێ، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە.
EXO 28:28 بەرسینەکەش بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بە داوێک دەبەسترێت لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت، تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە.
EXO 28:29 «ئیتر هارون ناوی نەوەکانی ئیسرائیل لە بەرسینەکەی دادوەری لەسەر دڵی خۆی هەڵدەگرێت کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە وەک یادکردنەوە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان.
EXO 28:30 هەروەها لەسەر بەرسینەکەی دادوەری ئوریم و تومیم دابنێ و لەسەر دڵی هارون دەبن کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، هارونی دادوەری نەوەی ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان لەسەر دڵی هەڵیدەگرێت.
EXO 28:31 «کەوای ئێفۆدەکەش هەمووی لە ڕیسی مۆر دروستبکە.
EXO 28:32 کونی سەریشی لە ناوەڕاستی دەبێت و لێواریش دەبێت بۆ کونەکەی بەدەوریدا بە دەستکردی جۆڵا، وەک کونی زرێ یەخەی هەبێت بۆ ئەوەی نەدڕێت.
EXO 28:33 لەسەر دامێنی کەواکە گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستبکە، لەگەڵ زەنگوڵەی زێڕین لەنێوانیان.
EXO 28:34 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەکی زێڕ لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بێت.
EXO 28:35 دەبێت هارون بۆ خزمەتکردن لەبەری بکات بۆ ئەوەی کاتێک دەچێتە ژوورەوەی شوێنە پیرۆزەکە بۆ لای یەزدان و کاتێک دێتە دەرەوە دەنگی زەنگوڵەکان ببیسترێت، نەوەک بمرێت.
EXO 28:36 «پلێتێکیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکە و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵبکەنە، ”پیرۆزی بۆ یەزدان“.
EXO 28:37 بیخە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە بێت، لەلای پێشەوەی مێزەرەکە بێت.
EXO 28:38 لەسەر ناوچەوانی هارون بێت، بەم شێوەیە هارون ئۆباڵی هەر گوناهێکی نەوەی ئیسرائیل هەڵدەگرێت کە پەیوەندی هەبێت بەو قوربانییانەی بۆ یەزدانیان تەرخان کردووە، بەردەوامیش لەسەر ناوچەوانی دەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکان لەبەردەم یەزدان پەسەند بن.
EXO 28:39 «کراسە دامێن درێژە چنراوەکەش لە کەتانی ناسک بێت و مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک دروستبکە. کەمەربەندەکەش بە دەستکردی جۆڵایەک بچنە.
EXO 28:40 بۆ کوڕانی هارونیش کراسی دامێن درێژ دروستبکە، هەروەها کەمەربەند و سەرپێچیان بۆ دروستبکە، بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن.
EXO 28:41 دوای ئەوەی ئەو جلوبەرگانەت لەبەر هارونی برات و کوڕەکانی کرد، دەستنیشانیان بکە و ئەرکیان پێ بسپێرە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی خزمەتی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
EXO 28:42 «هەروەها دەرپێی کەتانیان بۆ دروستبکە بۆ پۆشینی ڕووتییان، لە ناوقەدەوە هەتا هەردوو ڕان بێت.
EXO 28:43 هارون و کوڕەکانی لەبەری بکەن لە هاتنە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن، یان لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگا بۆ خزمەتکردن لە شوێنی پیرۆز، نەوەک تاوان هەڵبگرن و بمرن. «ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ هارون و بۆ نەوەکەی دوای خۆی.
EXO 29:1 «بۆ تەرخانکردنیان هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن ئەمەیان بۆ بکە: یەک جوانەگا و دوو بەرانی ساغ ببە.
EXO 29:2 هەروەها لە ئاردی گەنمی باش نانی بێ هەویرترش و کولێرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو دروستبکە.
EXO 29:3 بیانخە ناو سەبەتەیەک و بە سەبەتەکەوە لەگەڵ جوانەگاکە و دوو بەرانەکە پێشکەشیان بکە.
EXO 29:4 هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێش دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ.
EXO 29:5 ئینجا جلەکان ببە و لەبەر هارونی بکە، کراسە دامێن درێژەکە، کەوای ئێفۆدەکە، ئێفۆد و بەرسینەکە، ئینجا بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بۆی ببەستەوە.
EXO 29:6 پاشان مێزەرەکە بخە سەری و تاجەگوڵینەی پیرۆزیش بخە سەر مێزەرەکە.
EXO 29:7 زەیتی دەستنیشانکردن بهێنە و بەسەریدا بکە، بەوە دەستنیشانی بکە.
EXO 29:8 کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسی دامێن درێژیان لەبەر بکە و
EXO 29:9 کەمەربەندیان لە ناوقەد ببەستە. سەرپێچەکان بۆ هارون و کوڕەکانی توند بکە. «کاهینیێتی دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان و ئەرک بە هارون و کوڕەکانی دەسپێریت.
EXO 29:10 «جوانەگاکە بهێنە پێش چادری چاوپێکەوتن و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دابنێن.
EXO 29:11 تۆش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەرببڕە.
EXO 29:12 لە خوێنی جوانەگاکە هەڵبگرە و بە پەنجەت لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی بدە، هەموو خوێنەکەی دیکەش بڕژێنە بنکەی قوربانگاکە.
EXO 29:13 هەموو ئەو پیوەش کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکە بهێنە و لەسەر قوربانگاکە بیانسووتێنە،
EXO 29:14 بەڵام گۆشتی جوانەگاکە و پێستەکەی و ڕیخۆڵەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر بسووتێنە، ئەوە قوربانی گوناهە.
EXO 29:15 «یەکێکیش لە بەرانەکان بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن.
EXO 29:16 بەرانەکە سەرببڕە و خوێنەکەی هەڵبگرە و بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بیپرژێنە.
EXO 29:17 بەرانەکەش پارچەپارچە بکە و هەناو و قاچەکانی بشۆ و بیخە سەر پارچەکانی و سەرەکەی.
EXO 29:18 هەموو بەرانەکە لەسەر قوربانگاکە بسووتێنە، ئەمە قوربانی سووتاندنە بۆ یەزدان، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
EXO 29:19 «بەرانەکەی دیکە بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن.
EXO 29:20 بەرانەکە سەرببڕە و لە خوێنەکەی ببە و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارون و کوڕەکانی بدە، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیان بدە، پاشان خوێن بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بپرژێنە.
EXO 29:21 ئینجا لە خوێنی سەر قوربانگاکە و لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە هەڵبگرە و بیپرژێنە بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی. ئینجا خۆی و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پیرۆز دەبن.
EXO 29:22 «لە بەرانەکە ئەمانە ببە، پیو و دوگ و پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی، چونکە ئەمە بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەیە.
EXO 29:23 هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێک ببە.
EXO 29:24 هەمووی بخە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزی بکەنەوە.
EXO 29:25 دواتر لە دەستیان وەریبگرەوە و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە بیسووتێنە، بۆنی خۆشییە لەبەردەم یەزدان، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
EXO 29:26 لەدوای ئەوەی سنگی بەرانەکەی دیکە بۆ ئەرک پێ سپاردنی کاهینیێتی هارون ببە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی بکەوە، ئەمەش دەبێتە بەش بۆ تۆ.
EXO 29:27 «بەشەکانی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکە کە هی هارون و کوڕەکانییەتی، سنگە بەرزکراوەکە و ڕانە پێشکەشکراوەکە، تەرخان بکە.
EXO 29:28 ئەمەش دەبێتە بەشێکی چەسپاو بۆ هارون و کوڕەکانی لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە، چونکە پێویستە نەوەی ئیسرائیل ئەم بەشە پیتاکە لە قوربانی هاوبەشییانەوە بدەنە یەزدان.
EXO 29:29 «جلوبەرگە پیرۆزەکانی هارونیش لەدوای مردنی خۆی بۆ نەوەکانی دەبێت، تاکو بەو جلانەوە دەستنیشان بکرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.
EXO 29:30 کوڕەکەی، ئەوەی وەک کاهین جێی دەگرێتەوە حەوت ڕۆژ لەبەری دەکات، کاتێک دێتە ناو چادری چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی لە شوێنی پیرۆز خزمەت بکات.
EXO 29:31 «بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش ببە و گۆشتەکەی لە شوێنێکی پیرۆز لێبنێ.
EXO 29:32 هارون و کوڕەکانی گۆشتی بەرانەکە و نانی ناو سەبەتەکە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن بخۆن.
EXO 29:33 ئەوانە ئەم قوربانییانە دەخۆن کە بۆ کەفارەتیان کراون بۆ ئەرک پێ سپاردنیان و بۆ تەرخانکردنیان، بەڵام هیچ کەسێکی دیکە لێیان ناخوات، چونکە پیرۆزن.
EXO 29:34 ئەگەر لە گۆشتی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش یان لە نانەکە هەتا بەیانی مایەوە، ئەوا ئەوەی ماوەتەوە بە ئاگر بیسووتێنە و ناخورێت، چونکە پیرۆزە.
EXO 29:35 «ئاوا بۆ هارون و کوڕەکانی بکە، وەکو هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، حەوت ڕۆژ ئەرکیان پێ بسپێرە.
EXO 29:36 هەموو ڕۆژێک جوانەگایەک پێشکەش بکە وەک قوربانی گوناه بۆ کەفارەت، هەروەها قوربانگاکەش پاک بکەرەوە بەوەی کەفارەتی بۆ دەکەیت، هەروەها بە زەیت تەرخانی بکە.
EXO 29:37 حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ بکە و تەرخانی بکە، جا قوربانگاکە دەبێتە هەرەپیرۆز، هەموو ئەوەی بەر قوربانگاکە بکەوێت پیرۆز دەبێت.
EXO 29:38 «ئەمەش ئەوەیە کە لەسەر قوربانگاکە پێشکەشی دەکەیت، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی دوو بەرخی نێری یەک ساڵە.
EXO 29:39 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون.
EXO 29:40 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت و لە شەرابی پێشکەشکراویش چارەکە هەینێک شەراب، ئەمە بۆ بەرخی یەکەم.
EXO 29:41 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابووندا پێشکەش بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانیدا کردووتە، بۆنێکی خۆشە و قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
EXO 29:42 «قوربانی سووتاندنی بەردەوامە بۆ نەوەکانتان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان، کە لەوێ لەگەڵتان ژوان دەبەستم بۆ ئەوەی لەگەڵت بدوێم.
EXO 29:43 هەروەها ژوان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش دەبەستم، جا بە شکۆی من شوێنەکە پیرۆز دەبێت.
EXO 29:44 «هەروەها چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەرخان دەکەم، هارون و کوڕەکانیشی تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
EXO 29:45 لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و بۆیان دەبمە خودا.
EXO 29:46 جا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم، کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا لەنێویان نیشتەجێ بم. من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم.
EXO 30:1 «قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە.
EXO 30:2 درێژییەکەی باڵێک و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ، قۆچەکانیش لە خۆی بێت.
EXO 30:3 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە.
EXO 30:4 دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت.
EXO 30:5 دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە.
EXO 30:6 قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمانە، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.
EXO 30:7 «هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت.
EXO 30:8 هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان.
EXO 30:9 هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن.
EXO 30:10 هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»
EXO 30:11 یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 30:12 «کاتێک سەرژمێری نەوەی ئیسرائیل دەکەیت، لە کاتی تۆمارکردنیان هەریەکە و نرخی ژیانی خۆی دەداتە یەزدان، ئیتر کارەساتیان تێناکەوێت کاتێک دەیانژمێریت.
EXO 30:13 هەرکەسێک لە سەرژمێریکراوەکان پێویستە نیو شاقلە بە شاقلی پیرۆزگا بدات، کە هەر شاقلێکیش بیست گێرایە. ئەم نیو شاقلە بە پێشکەشکراو بۆ یەزدان دادەنرێت.
EXO 30:14 هەموو ئەوانەی دەژمێردرێن لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، پێشکەشکراو دەدەنە یەزدان.
EXO 30:15 دەوڵەمەند زیاتر نادات و هەژاریش لە نیو شاقل کەمتر نادات، کاتێک پێشکەشکراوەکەی یەزدان بۆ کەفارەتی خۆتان دەدەن.
EXO 30:16 زیوی کەفارەتەکەش لە نەوەی ئیسرائیل وەردەگریت و بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دایدەنێیت. بۆ نەوەی ئیسرائیل دەبێتە یادەوەری لەبەردەم یەزدان بۆ کەفارەتی گیانتان.»
EXO 30:17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 30:18 «حەوزێک لە بڕۆنز دروستبکە و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەی دابنێ و ئاوی تێبکە.
EXO 30:19 هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن،
EXO 30:20 لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن بە ئاو بیشۆن نەوەک بمرن. هەروەها کاتێک لە قوربانگاکە نزیک دەبنەوە بۆ خزمەت بۆ سووتاندنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان،
EXO 30:21 دەست و پێیان بشۆن نەوەک بمرن. ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ هارون و بۆ وەچەکەی لە نەوەکانیان.»
EXO 30:22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 30:23 «تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببە، پێنج سەد شاقل ئاوی موڕ و نیوەی ئەوە دوو سەد و پەنجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سەد و پەنجا شاقل قامیشی بۆنخۆش،
EXO 30:24 کاسیاش پێنج سەد شاقل، هەمووی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا بێت، هەروەها لە زەیتی زەیتوونیش هەینێک.
EXO 30:25 بەمانە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن دروستبکە، تێکەڵ وەک دەستکردی عەتار، دەبێتە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن.
EXO 30:26 ئینجا چادری چاوپێکەوتن و سندوقی پەیمان،
EXO 30:27 لەگەڵ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و چرادانەکە و قاپوقاچاغەکانی و قوربانگاکەی بخوور و
EXO 30:28 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و ژێرەکەی پێ چەور دەکەیت.
EXO 30:29 تەرخانیان بکە و دەبنە هەرەپیرۆز، هەر شتێک پێیان بکەوێت پیرۆز دەبێت.
EXO 30:30 «هارون و کوڕەکانیشی دەستنیشان بکە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
EXO 30:31 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش قسە بکە و بڵێ: ”ئەمە بۆ من دەبێتە زەیتێکی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردنی کەسانێک لە نەوەکانتان.
EXO 30:32 نابێت بەسەر لەشی کەسدا بکرێت و نابێت بە پێوانەکانی وەک ئەو دروستبکرێت. ئەم زەیتە پیرۆزە، دەبێت لەلاتان پیرۆز بێت.
EXO 30:33 هەرکەسێک وەک ئەوە عەتاری بکات و ئەو زەیتە لە کەسانی دیکە بدات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.“»
EXO 30:34 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بۆنوبەرام بۆ خۆت ببە، مەستەکی و بۆنی گوێچکە ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری سادە، بەشی یەکسان بن،
EXO 30:35 بیانکە بە بخووری بۆنخۆش، دەستکردی عەتار، سوێرکراوی بێگەرد و پیرۆز.
EXO 30:36 هەندێکی لێ ورد بکە وەک تۆز و لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ لەناو چادری چاوپێکەوتن، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم، دەبێتە هەرەپیرۆز بۆتان.
EXO 30:37 ئەو بخوورەی بە پێوانەی ئەو دروستی دەکەن نابێت بۆ خۆتانی دروستبکەن، لەلاتان پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان،
EXO 30:38 هەرکەسێک وەک ئەوە دروستبکات هەتا بۆنی بکات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.»
EXO 31:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 31:2 «بڕوانە، ئەوا من بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوورم لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە،
EXO 31:3 لە ڕۆحی خوداشەوە پڕم کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک.
EXO 31:4 بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز،
EXO 31:5 بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو پیشەیەک.
EXO 31:6 من ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە، لەگەڵ ئەوم داناوە. «توانام داوە بە هەموو پیاوێکی پیشەوەر تاکو هەموو ئەو کارانە بکەن کە فەرمانم پێکردیت:
EXO 31:7 «چادری چاوپێکەوتن، سندوقی پەیمان، قەپاغەکەی کەفارەت کە لەسەریەتی، هەموو کەلوپەلەکانی چادرەکە کە پێکهاتووە لە
EXO 31:8 مێزەکە، قاپوقاچاغەکانی، چرادانەکە کە لە زێڕی بێگەردە و هەموو قاپوقاچاغەکانی، قوربانگاکەی بخوور،
EXO 31:9 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی، حەوزەکە و ژێرەکەی،
EXO 31:10 هەروەها جلوبەرگە چنراوەکان، جلوبەرگە پیرۆزەکان بۆ هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ ئەنجامدانی کاهینیێتی،
EXO 31:11 زەیتەکەی دەستنیشانکردن، بخووری بۆنخۆش بۆ شوێنی پیرۆز. «هەروەک هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، دەیکەن.»
EXO 31:12 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 31:13 «تۆ لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”دەبێت شەممەکانی من بپارێزن، چونکە نیشانەیە لەنێوان من و ئێوە بۆ نەوەکانتان هەتا بزانن کە من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکەم.
EXO 31:14 «”شەممە بپارێزن، چونکە پیرۆزە بۆتان، ئەوەی گڵاوی بکات دەبێت بکوژرێت، چونکە هەرکەسێک لەو پشووەدا کارێک بکات ئەوا لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.
EXO 31:15 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشوودانی شەممەیە، پیرۆزە بۆ یەزدان، هەرکەسێک لە ڕۆژی شەممە کار بکات دەبێت بکوژرێت.
EXO 31:16 نەوەی ئیسرائیل شەممە بپارێزن، بۆ ئەوەی نەوەکانیان وەک پەیمانێکی هەتاهەتایی پەیوەست بن بە شەممەوە.
EXO 31:17 لەنێوان من و نەوەی ئیسرائیل نیشانەیەکە بۆ هەتاهەتایە، چونکە لە شەش ڕۆژدا یەزدان ئاسمان و زەویی دروستکرد و لە ڕۆژی حەوتەم لە کارکردن وەستا و پشووی دا.“»
EXO 31:18 کاتێک کە لە شاخی سینا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ موسا، دوو تەختەکەی پەیمانی دایە موسا، تەختەی بەرد بوون و بە پەنجەی خودا نووسرا بوون.
EXO 32:1 کاتێک گەل بینی موسا دواکەوت لە هاتنە خوارەوە لە کێوەکە، لەسەر هارون کۆبوونەوە و پێیان گوت: «وەرە! چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.»
EXO 32:2 هارونیش وەڵامی دانەوە: «ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژن و کوڕ و کچەکانتانە لێی بکەنەوە و بۆ منی بهێنن.»
EXO 32:3 جا هەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیان کردنەوە و بۆ هارونیان هێنا.
EXO 32:4 ئەویش لە دەستیانی وەرگرت و بە قاڵب شێوەی گوێرەکەیەکی داڕشت و بە قەڵەم و چەکوش ڕێکیخست، ئینجا گوتیان: «ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.»
EXO 32:5 کاتێک هارون ئەمەی بینی، قوربانگایەکی لەپێش گوێرەکەکە دروستکرد، بانگەوازی دا و گوتی: «بەیانی جەژنە بۆ یەزدان.»
EXO 32:6 ئینجا بەیانی زوو هەستان و قوربانی سووتاندنیان سەرخست و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد، ئینجا گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.
EXO 32:7 جا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بوو، ئەوەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە.
EXO 32:8 زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن و دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.“»
EXO 32:9 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن.
EXO 32:10 ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»
EXO 32:11 بەڵام موسا لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە و گوتی: «یەزدان، بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە دەرتهێنا؟
EXO 32:12 بۆچی میسرییەکان بڵێن: ”بە نیازخراپی دەریهێنان هەتا لە کێوەکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕەییت دابمرکێنەوە و ئەو سزایە ڕەت بکەرەوە کە فەرمووت بەسەر گەلەکەتدا دەیسەپێنیت.
EXO 32:13 ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بە گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فەرموون، ”نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و هەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەمە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ هەتاهەتایە.“»
EXO 32:14 ئینجا یەزدان پاشگەز بووەوە لەو کارەساتەی فەرمووی، کە ویستی بە گەلەکەی بکات.
EXO 32:15 موسا ڕووی وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتە خوارەوە، دوو تەختەکەی پەیمانیشی لە دەست بوو، ئەو تەختانەی لە هەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لاو لەو لاوە نووسرابوون.
EXO 32:16 تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخشێنراوە.
EXO 32:17 کاتێک یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە هاواریان دەکرد، بە موسای گوت: «دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە!»
EXO 32:18 ئەویش گوتی: «نە دەنگی هاواری سەرکەوتنە، نە دەنگی هاواری دۆڕاندنە، بەڵکو دەنگی گۆرانییە، ئەوەی گوێم لێیە.»
EXO 32:19 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی.
EXO 32:20 هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.
EXO 32:21 موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»
EXO 32:22 هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە.
EXO 32:23 پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“
EXO 32:24 منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»
EXO 32:25 موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان.
EXO 32:26 ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.
EXO 32:27 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”با هەریەکە شمشێرەکەی لە لاڕانییەوە ببەستێت، دەروازە بە دەروازە بە ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و بگەڕێنەوە، با هەریەکە بکوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“»
EXO 32:28 نەوەی لێڤیش بەم جۆرەیان کرد، هەروەک موسا گوتی، ئەو ڕۆژە نزیکەی سێ هەزار پیاو لە گەل کەوتن.
EXO 32:29 موسا گوتی: «ئەمڕۆ ئێوە تەرخان کراون بۆ یەزدان، لەبەر ئەوەی ئێوە لە دژی کوڕ و براکانتان بوون، ئیتر ئەمڕۆ بەرەکەتداری کردن.»
EXO 32:30 ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی گوت: «ئێوە گوناهێکی گەورەتان کردووە، بەڵام ئێستا سەردەکەوم بۆ لای یەزدان، بەڵکو کەفارەتی گوناهەکەتان بکەم.»
EXO 32:31 ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد،
EXO 32:32 بەڵام ئێستا لە گوناهیان خۆشبە، ئەگەر نا، لە پەڕتووکەکەی خۆت بمسڕەوە کە نووسیوتە.»
EXO 32:33 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە.
EXO 32:34 ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»
EXO 32:35 ئیتر یەزدان گەلی تووشی دەرد کرد لەسەر ئەوەی لەگەڵ گوێرەکەکە کردیان کە هارون دروستی کردبوو.
EXO 33:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“
EXO 33:2 فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم.
EXO 33:3 بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»
EXO 33:4 کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە.
EXO 33:5 یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و دەزانم چیت پێ دەکەم.“»
EXO 33:6 ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.
EXO 33:7 موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن». هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو.
EXO 33:8 هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە.
EXO 33:9 کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا.
EXO 33:10 گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی.
EXO 33:11 یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.
EXO 33:12 موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“
EXO 33:13 ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم. هەروەها لە بیرت بێت کە ئەم نەتەوەیە گەلی خۆتە.»
EXO 33:14 یەزدان فەرمووی: «من خۆم لەگەڵت دەبم و دەتحەسێنمەوە.»
EXO 33:15 موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە.
EXO 33:16 بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەڕۆیشتبیت؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»
EXO 33:17 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»
EXO 33:18 ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»
EXO 33:19 ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
EXO 33:20 هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە هیچ مرۆڤێک نییە بمبینێت و بژیێت.»
EXO 33:21 هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە.
EXO 33:22 کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم،
EXO 33:23 دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»
EXO 34:1 یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت.
EXO 34:2 بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە.
EXO 34:3 کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»
EXO 34:4 ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت.
EXO 34:5 یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە.
EXO 34:6 ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە.
EXO 34:7 خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»
EXO 34:8 موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد،
EXO 34:9 گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»
EXO 34:10 ئەویش فەرمووی: «گوێ بگرن، پەیمانێکتان لەگەڵ دەبەستم. لە بەرامبەر هەموو گەلەکەتان کاری سەرسوڕهێنەری وا دەکەم کە لە هەموو زەویدا و لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەکرابێت، هەموو ئەو گەلەش کە ئێوە لەنێویاندان کرداری یەزدان دەبینن، چونکە ئەوەی من لەگەڵ ئێوە دەیکەم سامناکە.
EXO 34:11 ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم بەجێی بهێنن. من ئەمۆری و کەنعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان لەپێشتان دەردەکەم.
EXO 34:12 ئاگاداربن هیچ پەیمانێک لەگەڵ دانیشتووانی ئەو خاکە مەبەستن کە دێنە سەری، نەوەک ببنە تەڵە لەناوەندتان.
EXO 34:13 بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان ببڕنەوە.
EXO 34:14 کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە.
EXO 34:15 «ئاگادار بن لەوەی پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن.
EXO 34:16 کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون.
EXO 34:17 «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.
EXO 34:18 «وەک فەرمانم پێکردوون، جەژنی فەتیرە بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن، چونکە ئێوە لە مانگی ئاڤیڤ لە میسر هاتنە دەرەوە.
EXO 34:19 «هەموو نۆبەرەی سکێک بۆ منە، هەروەها هەر نۆبەرەیەکی نێر لە ئاژەڵە ماڵییەکەشت لە گا و بەران،
EXO 34:20 نۆبەرەی گوێدرێژ بە بەرخێک بکڕنەوە، بەڵام ئەگەر نەیکڕنەوە، دەبێت ملی بشکێنن، هەموو نۆبەرەیەک لە کوڕەکانتان بکڕنەوە. «بە بەتاڵی لەبەردەمم ئامادە نابن.
EXO 34:21 «شەش ڕۆژ کار بکەن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، لە کاتی وەرزی کێڵان و لە کاتی دروێنەش پشوو بدەن.
EXO 34:22 «جەژنی هەفتەکان بۆ خۆتان بگێڕن، یەکەم بەرهەمی دروێنەی گەنم و جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵ.
EXO 34:23 سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەستی خودای ئیسرائیل ئامادە دەبن.
EXO 34:24 گەلان لەبەردەمتان دەردەکەم و سنوورەکانتان فراوان دەکەم، کەسیش چاونابڕێتە خاکەکەتان، کاتێک لە ساڵێکدا سێ جار دێن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە بن.
EXO 34:25 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن، قوربانی جەژنی پەسخە بۆ بەیانی نەمێنێتەوە.
EXO 34:26 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن. «هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.»
EXO 34:27 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم وتانە بنووسەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو وتانە پەیمانم لەگەڵ تۆ و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بەستووە.»
EXO 34:28 موسا چل شەو و چل ڕۆژ لەوێ بوو لەلای یەزدان، نانی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، لەسەر دوو تەختەکەش وتەکانی پەیمانی نووسی، دە ڕاسپاردەکە.
EXO 34:29 کاتێک موسا لە شاخی سینا دەهاتە خوارەوە، هەردوو تەختەکەی پەیمانی لەدەست بوو، لە هاتنە خوارەوەی لە کێوەکە موسا نەیزانی کە پێستی دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، لەبەر قسەکردنی لەگەڵ یەزدان.
EXO 34:30 کاتێک هارون و هەموو نەوەی ئیسرائیل بینییان موسا وا دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، ئیتر ترسان لێی نزیک ببنەوە.
EXO 34:31 بەڵام موسا بانگی کردن، ئیتر هارون و هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ گەڕانەوە لای، موساش لەگەڵیان دوا.
EXO 34:32 دواتر هەموو نەوەی ئیسرائیل نزیک کەوتنەوە، ئەویش فەرمانی پێدان بە هەموو ئەوەی کە یەزدان لە شاخی سینا لەگەڵی دوابوو.
EXO 34:33 کاتێک موسا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵیان، ڕووپۆشێکی لەسەر دەموچاوی دانا.
EXO 34:34 بەڵام موسا لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆ بەردەم یەزدان بۆ قسەکردن لەگەڵی، هەتا دەهاتە دەرەوە ڕووپۆشەکەی لا دەدا، کاتێکیش دەهاتە دەرەوە، سەبارەت بەوەی فەرمانی پێکرابوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەدوا.
EXO 34:35 هەر کاتێک نەوەی ئیسرائیل دەموچاوی موسایان دەبینی کە دەدرەوشایەوە، موسا ڕووپۆشەکەی دەخستەوە سەر دەموچاوی هەتا دەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەزدان بدوێت.
EXO 35:1 موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن،
EXO 35:2 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت.
EXO 35:3 لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»
EXO 35:4 هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:
EXO 35:5 لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت: «لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛
EXO 35:6 ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛
EXO 35:7 پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛
EXO 35:8 زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛
EXO 35:9 بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
EXO 35:10 «با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:
EXO 35:11 «چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛
EXO 35:12 سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛
EXO 35:13 مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛
EXO 35:14 چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛
EXO 35:15 قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛ پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛
EXO 35:16 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛
EXO 35:17 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛
EXO 35:18 سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛
EXO 35:19 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»
EXO 35:20 ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە.
EXO 35:21 دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان.
EXO 35:22 هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە.
EXO 35:23 هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای.
EXO 35:24 کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا.
EXO 35:25 هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش ڕیسی بەدەست ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک.
EXO 35:26 هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست.
EXO 35:27 سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا.
EXO 35:28 هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش.
EXO 35:29 هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.
EXO 35:30 موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە،
EXO 35:31 لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک،
EXO 35:32 بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز،
EXO 35:33 بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک.
EXO 35:34 فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە.
EXO 35:35 پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان.
EXO 36:1 ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»
EXO 36:2 ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن.
EXO 36:3 هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا.
EXO 36:4 ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا
EXO 36:5 و پێیان گوت: «گەل زیاد لە پێویست دەهێنن بۆ ئەو کارەی کە یەزدان فەرمانی بە کردنی کردووە.»
EXO 36:6 ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا و گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت بۆ پیتاکی پیرۆزگا دروست نەکات.» جا گەل لە هێنان وەستان،
EXO 36:7 چونکە ئەو کەرەستانەی کە پێشتر هێنرابوون بەشی هەموو کارەکانی دەکرد و زیاتریش بوو.
EXO 36:8 هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن.
EXO 36:9 درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان.
EXO 36:10 پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە.
EXO 36:11 ئەڵقەشیان لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتیان بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد.
EXO 36:12 پەنجا ئەڵقەیان بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون.
EXO 36:13 پەنجا فاقی زێڕیشیان دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.
EXO 36:14 هەروەها ڕەشماڵێکیان لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنیان پێ گرت.
EXO 36:15 درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ و پانی چوار باڵ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە.
EXO 36:16 پێنجیان لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە.
EXO 36:17 پەنجا ئەڵقەیان لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم.
EXO 36:18 پەنجا فاقی بڕۆنزیشیان دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە.
EXO 36:19 پۆشەرێکیشیان لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
EXO 36:20 چوارچێوەشیان لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد.
EXO 36:21 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.
EXO 36:22 دوو زمانەشیان بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوایان کرد.
EXO 36:23 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستکرد،
EXO 36:24 چل بنکەی زیویشیان لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی.
EXO 36:25 بیست چوارچێوەیان بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد.
EXO 36:26 چل بنکەی زیویشیان هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
EXO 36:27 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە،
EXO 36:28 دوو چوارچێوەشیان بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد.
EXO 36:29 لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوایان کرد.
EXO 36:30 ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.
EXO 36:31 پێنج کاریتەشیان لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد،
EXO 36:32 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا.
EXO 36:33 کاریتەکەی ناوەڕاستیشیان وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
EXO 36:34 چوارچێوەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشیان لە زێڕ دروست کرد کە کاریتەکانی دەچنە ناو، کاریتەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد.
EXO 36:35 پەردەیەکیشیان لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانیان لەسەر دروستکرد.
EXO 36:36 چوار کۆڵەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشیان بۆ داڕشتن.
EXO 36:37 پەردەی دەروازەشیان بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک،
EXO 36:38 پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.
EXO 37:1 بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.
EXO 37:2 ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد.
EXO 37:3 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی.
EXO 37:4 دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
EXO 37:5 دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.
EXO 37:6 قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بوو.
EXO 37:7 دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد و کردی بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەوە.
EXO 37:8 کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بوون.
EXO 37:9 کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.
EXO 37:10 مێزەکەیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.
EXO 37:11 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان لە چواردەوری دروستکرد.
EXO 37:12 لێوارێکیشیان بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا.
EXO 37:13 چوار بازنەی زێڕینیشیان بۆ داڕشت، بازنەکانیان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا.
EXO 37:14 بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
EXO 37:15 دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
EXO 37:16 قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە شەرابی پێشکەشکراویان پێ دەڕژێنرێت لە زێڕی بێگەرد دروستیان کردن.
EXO 37:17 چرادانەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەیان لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون.
EXO 37:18 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە.
EXO 37:19 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون.
EXO 37:20 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو.
EXO 37:21 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو.
EXO 37:22 گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.
EXO 37:23 حەوت چراشیان بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشیان لە زێڕی بێگەرد بوون.
EXO 37:24 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانیان لە تالنتێک زێڕی بێگەرد دروستکرد.
EXO 37:25 قوربانگاکەی بخووریشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون.
EXO 37:26 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بە چواردەوردا بۆ دروستکرد.
EXO 37:27 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت.
EXO 37:28 دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن.
EXO 37:29 زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.
EXO 38:1 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ بوو.
EXO 38:2 قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشیان کرد.
EXO 38:3 هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشیان دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەیان لە بڕۆنز دروستکرد.
EXO 38:4 کەتیبەیەکیشیان بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکە دایاننا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست.
EXO 38:5 چوار ئەڵقەشیان لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار.
EXO 38:6 دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشیان کردن.
EXO 38:7 دوو دارەکەیان خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشیان لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو.
EXO 38:8 حەوزەکەشیان لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد.
EXO 38:9 حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشیان لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ.
EXO 38:10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
EXO 38:11 بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
EXO 38:12 بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون.
EXO 38:13 لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ.
EXO 38:14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون.
EXO 38:15 بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون.
EXO 38:16 هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون.
EXO 38:17 هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون.
EXO 38:18 پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ هەروەک پەردەکانی حەوشەکە.
EXO 38:19 کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون.
EXO 38:20 هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون.
EXO 38:21 ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین.
EXO 38:22 بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد،
EXO 38:23 ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک.
EXO 38:24 هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل بە شاقلی پیرۆزگا.
EXO 38:25 زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل بە شاقلی پیرۆزگا.
EXO 38:26 نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس.
EXO 38:27 سەد تالنتیش لە زیوەکە بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک.
EXO 38:28 هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقەی پێکەوە بەستنی لێ دروستکرا.
EXO 38:29 بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل بوو،
EXO 38:30 بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران،
EXO 38:31 هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا.
EXO 39:1 لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ جلوبەرگی چنراویان دروستکرد بۆ خزمەت لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەشیان بۆ هارون دروستکرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:2 ئێفۆدەکەیان لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد.
EXO 39:3 پارچە زێڕیشیان کوتی هەتا باریکیان کردەوە و وەک داو بڕییان بۆ ئەوەی لەناو ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک بە دەستکردی داهێنەر بەکاریبهێنن.
EXO 39:4 دوو شانی لە یەک بەستراویشیان بۆ دروستکرد، بە هەردوو لایەوە بەسترابوون.
EXO 39:5 پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بوو، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:6 دوو بەردی عاشقبەندیشیان چەسپ کرد، دەوردراو بە چوارچێوەی زێڕین، نەخشێنراو وەک نەخشی ئەنگوستیلە بەپێی ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل.
EXO 39:7 دوو بەردەکەشیان خستە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:8 بەرسینەکەشیان وەک دەستکردی ئێفۆدەکە بە دەستی وەستای کارامە دروستکرد، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو.
EXO 39:9 بەرسینەکەیان چوارگۆشە و دووبەر دروستکرد، درێژییەکەی بستێک و پانییەکەی بستێک.
EXO 39:10 بە چوار ڕیز بەرد ڕازاندیانەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛
EXO 39:11 ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛
EXO 39:12 ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛
EXO 39:13 ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. بە چوارچێوەی زێڕینیش ڕازاندبوویانەوە.
EXO 39:14 بەردەکانیش دوازدە بوون وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بوو بۆ دوازدە هۆز.
EXO 39:15 بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوەیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، وەک گوریس.
EXO 39:16 دوو چوارچێوەی زێڕین و دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد، ئەڵقەکانیان لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دانا.
EXO 39:17 دوو زنجیرە زێڕینەکەشیان خستە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە.
EXO 39:18 هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەشیان خستە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەیان دانا بۆ پێشەوەی.
EXO 39:19 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکەیان دانا، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە.
EXO 39:20 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایاننان، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە.
EXO 39:21 بەرسینەکەشیان بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بەست، بە داوێک لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:22 کەوای ئێفۆدەکەش دەستکردی چنراو بوو، هەموویان لە ڕیسی مۆر دروستکرد.
EXO 39:23 کونی سەریشی لە ناوەڕاستی کەواکەدا بوو وەک کونی یەخەی کراس، بەنێکیش بە دەوروپشتی کونەکەدا بۆ ئەوەی نەدڕێت.
EXO 39:24 لەسەر دامێنی کەواکەش گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراویان دروستکرد،
EXO 39:25 زەنگوڵەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد. زەنگوڵەکانیان خستە نێوان گوڵینگەکانی سەر دامێنی کەواکە.
EXO 39:26 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەک لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بوو کە بۆ خزمەتکردن لەبەر دەکرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:27 هەروەها کراسیان لە کەتانی ناسک بۆ هارون و کوڕەکانی دروستکرد، بە دەستکردی چنراو.
EXO 39:28 مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک بوو، گوڵینگەکانی سەرپێچەکانیش لە کەتان ناسک، دەرپێکانیشیان لە کەتانی ناسکی ڕستراو بوون.
EXO 39:29 کەمەربەندەکەش لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ بە دەستکردی جۆڵا چنرابوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:30 پلێتی تاجەگوڵینە پیرۆزەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵیانکەند: «پیرۆزی بۆ یەزدان.»
EXO 39:31 هەروەها خستیانە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە دابنرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 39:32 ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
EXO 39:33 ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا کە پێکهاتبوو لە: چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛
EXO 39:34 پۆشەرێک لە پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پۆشەرێکی دیکە لە پێستی مانگای دەریا، لەگەڵ پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛
EXO 39:35 سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛
EXO 39:36 مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛
EXO 39:37 چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛
EXO 39:38 قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛
EXO 39:39 قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛
EXO 39:40 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛
EXO 39:41 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.
EXO 39:42 وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد.
EXO 39:43 موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
EXO 40:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
EXO 40:2 «لە یەکی مانگی یەکەم، چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە هەڵبدە.
EXO 40:3 سندوقی پەیمانی تێدا دابنێ، سندوقەکە بە پەردەکە داپۆشە.
EXO 40:4 مێزەکەش ببە ژوورەوە و بە جوانی ڕێکی بخە، هەروەها چرادانەکەش ببە ژوورەوە و چراکانی بەرز بکەوە.
EXO 40:5 قوربانگا زێڕینەکەش کە بۆ بخوورە لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، پەردەی دەروازە بۆ چادرەکەی پەرستن دابنێ.
EXO 40:6 «قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیش لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دابنێ لەناو چادری پەرستن.
EXO 40:7 حەوزەکەش لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە دابنێ و ئاوی تێبکە.
EXO 40:8 حەوشەکە لە چواردەوری دابنێ و پەردەی دەروازەی حەوشەکەش دابنێ.
EXO 40:9 «زەیتی دەستنیشانکردنەکە ببە و چادرەکەی پەرستن و هەموو ئەوەی تێیدایە پێی دەستنیشان بکە، خۆی و هەموو کەلوپەلەکانی تەرخان بکە و پیرۆز دەبێت.
EXO 40:10 پاشان قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکەی دەستنیشان بکە، قوربانگاکە تەرخان بکە و دەبێتە هەرەپیرۆز.
EXO 40:11 حەوزەکەش لەگەڵ ژێرەکەی دەستنیشان بکە و تەرخانی بکە.
EXO 40:12 «هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ.
EXO 40:13 ئینجا جلوبەرگە پیرۆزەکە لەبەر هارون بکە، دەستنیشانی بکە و تەرخانی بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکات.
EXO 40:14 کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسەکانیان لەبەر بکە،
EXO 40:15 دەستنیشانیان بکە هەروەک چۆن باوکیانت دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەبێت هەتا دەستنیشانکردنەکەیان بۆیان ببێتە کاهینیێتی هەتاهەتایی لە نەوەکانیان.»
EXO 40:16 موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد.
EXO 40:17 لە یەکی مانگی یەکەمینی ساڵی دووەم چادرەکەی پەرستن هەڵدرا.
EXO 40:18 موسا چادرەکەی پەرستنی هەڵدا، بنکەکانی دانا و چوارچێوەکانی دانا، کاریتەکانی دانا و کۆڵەکەکانی ڕاگرت.
EXO 40:19 ڕەشماڵەکەی بەسەر چادری پەرستندا هەڵدا و لە سەرەوە پۆشەری چادرەکەی بەسەریدا دا، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.
EXO 40:20 تەختەکانی پەیمانی برد و خستییە ناو سندوقەکە، دارەکانی خستە سەر سندوقەکە و قەپاغی کەفارەتی لەسەر سندوقەکە دانا.
EXO 40:21 ئینجا سندوقەکەی هێنایە ناو چادرەکەی پەرستن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆزی دانا و سندوقی پەیمانی داپۆشی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 40:22 مێزەکەی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن لە دەرەوەی پەردەکە.
EXO 40:23 نانی بەردەم یەزدانیشی بە ڕێکی لەسەری ڕێکخست، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 40:24 چرادانەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا لە بەرامبەر مێزەکە لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن.
EXO 40:25 چراکانی بەرزکردەوە بۆ بەردەم یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 40:26 قوربانگا زێڕینەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم پەردەکە دانا و
EXO 40:27 بخووری بۆنخۆشی لەسەر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 40:28 پەردەی دەروازەشی بۆ چادرەکەی پەرستن دانا.
EXO 40:29 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لەلای دەرگای چادری چاوپێکەوتن دانا، کە دەکاتە چادری پەرستن، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی سەرخستە سەری، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 40:30 حەوزەکەشی لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەدا دانا و ئاوی تێکرد بۆ شوشتن،
EXO 40:31 بۆ ئەوەی موسا و هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن.
EXO 40:32 لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن و لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگاکە دەیشۆن، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
EXO 40:33 حەوشەکەشی لە دەوری چادرەکەی پەرستن و قوربانگاکە دامەزراند و پەردەی دەروازەی حەوشەکەی دانا. ئیتر موسا کارەکەی تەواو کرد.
EXO 40:34 ئینجا هەورێک چادری چاوپێکەوتنی داپۆشی و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.
EXO 40:35 لەبەر ئەوە موسا نەیتوانی بچێتە ژوورەوە بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، چونکە هەور هاتە سەری و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.
EXO 40:36 بە درێژایی ماوەی کۆچەکەیان، هەر کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن.
EXO 40:37 بەڵام ئەگەر هەورەکە بەرزنەبووایەوە، کۆچیان نەدەکرد هەتا ڕۆژی بەرزبوونەوەی،
EXO 40:38 چونکە هەوری یەزدان بە ڕۆژ لەسەر چادرەکەی پەرستن بوو، بە شەویش ئاگری تێدابوو، لەبەرچاوی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە هەموو کۆچەکانیان.
LEV 1:1 یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی:
LEV 1:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن.
LEV 1:3 «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت،
LEV 1:4 دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی لێی وەردەگیرێت.
LEV 1:5 جوانەگاکەش لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە.
LEV 1:6 قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات،
LEV 1:7 نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن.
LEV 1:8 نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن.
LEV 1:9 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 1:10 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە ماڵات بوو، بەران یان گیسک، قوربانی سووتاندن بوو، ئەوا نێر و ساغ پێشکەش دەکات.
LEV 1:11 لەلای قوربانگاکە ئەوەی بەلای باکوورە لەبەردەم یەزدان سەری دەبڕێت. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
LEV 1:12 پارچەپارچەی دەکات و لەگەڵ سەرەکەی و پیوەکەی، کاهینەکەش لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکە ڕێکی دەخات.
LEV 1:13 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشوات و کاهینەکە هەموویان پێشکەش دەکات و لەسەر قوربانگاکە ئاگریان تێبەردەدات. ئەوەش قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 1:14 «”ئەگەر قوربانییەکەشی بۆ یەزدان لە باڵندە بێت و قوربانی سووتاندن بێت، ئەوا قوربانییەکەی لە کوکوختی یان لە بێچووە کۆتر پێشکەش دەکات.
LEV 1:15 کاهینەکەش بۆ قوربانگاکەی دەهێنێت و سەری دەقرتێنێت، لەسەر قوربانگاکە ئاگر دەکاتەوە، خوێنەکەی لەسەر لێواری قوربانگاکە دەگوشێت.
LEV 1:16 چیکڵدانەکەی بەوەش کە لەناویەتی لێیدەکاتەوە و فڕێیدەداتە لای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکە بۆ شوێنی خۆڵەمێشەکە.
LEV 1:17 لەنێوان باڵەکانیەوە کەرتی دەکات، تەواو لێکی ناکاتەوە، ئینجا کاهینەکە لەسەر قوربانگا لەسەر ئەو دارانەی لەسەر ئاگرەکەیە دەیسووتێنێت، قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 2:1 «”ئەگەر یەکێک پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ یەزدان هێنا، دەبێت پێشکەشکراوەکەی لە باشترین ئارد بێت و زەیتی بەسەردا دەکات و بخووری سادەشی دەخاتە سەر و
LEV 2:2 بۆ نەوەی هارون دەیهێنێت کە کاهینەکانن. کاهینەکەش پڕ بە مستی خۆی مستێک لە ئاردەکە و زەیتەکەی لەگەڵ هەموو بخوورەکەی دەبات. کاهینەکە وەک یادەوەری لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە،
LEV 2:3 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
LEV 2:4 «”ئەگەر پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە تەنوور برژاوت هێنا، دەبێت کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی فەتیرەی بە زەیت چەورکراو بێت.
LEV 2:5 ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی سەر ساج بێت، دەبێت لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوی فەتیرە بێت،
LEV 2:6 پارچەپارچەی دەکەیت و زەیتی بەسەردا دەکەیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە.
LEV 2:7 ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی ناو تاوە بێت، لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو دەیکەیت.
LEV 2:8 پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەت لەمانە دروستدەکرێت و بۆ یەزدان دەیهێنیت، دەیدەیتە کاهینەکە و ئەویش بۆ لای قوربانگاکەی دەهێنێت.
LEV 2:9 کاهینەکەش لە پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە بەشی یادەوەرییەکەی دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 2:10 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
LEV 2:11 «”هەموو ئەو دانەوێڵە پێشکەشکراوانەی بۆ یەزدانی دەبەن، نابێت بە هەویرترش بێت، چونکە هیچ شتێکی بە هەویرترش و هیچ هەنگوینێک وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان نابێت بسووتێنن.
LEV 2:12 دەتوانن وەک یەکەمین بەرهەمتان پێشکەش بە یەزدانی بکەن، بەڵام لەسەر قوربانگاکە پێشکەش ناکرێت وەک بۆنی خۆشی.
LEV 2:13 هەموو پێشکەشکراوەکانت لە دانەوێڵە بە خوێ سوێری دەکەیت و با هیچ دانەوێڵەیەکت بەبێ خوێی پەیمانی خودات نەبێت. بۆ هەموو قوربانییەکانت خوێی پێوە دەکەیت.
LEV 2:14 «”ئەگەر دانەوێڵەت بۆ یەزدان پێشکەش کرد، دانەوێڵەی یەکەمین بەرهەمەکانت پێشکەش دەکەیت، دەبێت گوڵەکەی بێت و برژا بێت، کوتراوە و پاککراوە بێت.
LEV 2:15 زەیتی بەسەردا دەکەیت و بخووری سادەی لەسەر دادەنێیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە.
LEV 2:16 کاهینیش بەشی یادەوەرییەکەی لە کوتراوەکەی و زەیتەکەی و هەموو بخوورەکەی دەسووتێنێت وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
LEV 3:1 «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان.
LEV 3:2 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
LEV 3:3 لە قوربانی هاوبەشیش، بەم جۆرە قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت: هەموو هەناوی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە،
LEV 3:4 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە.
LEV 3:5 نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 3:6 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات.
LEV 3:7 ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات.
LEV 3:8 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
LEV 3:9 لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە،
LEV 3:10 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە.
LEV 3:11 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
LEV 3:12 «”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات،
LEV 3:13 دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن،
LEV 3:14 لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە،
LEV 3:15 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە،
LEV 3:16 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.
LEV 3:17 «”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»
LEV 4:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 4:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر یەکێک بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد لە یەکێک لەو فەرمانانەی یەزدان کە نابێت بکرێت و یەکێکی لەوانە کرد، ئەمە دەبێت:
LEV 4:3 «”ئەگەر کاهینی دەستنیشانکراو گوناهی کرد و گەلی تووشی تاوان کرد، دەبێت جوانەگایەکی ساغ بۆ یەزدان پێشکەش بکات لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناهە.
LEV 4:4 جوانەگاکە دەباتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان و دەستی لەسەر جوانەگاکە دادەنێت و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت.
LEV 4:5 ئینجا کاهینە دەستنیشانکراوەکە لە خوێنی جوانەگاکە دەبات و دەیباتە ناو چادری چاوپێکەوتن.
LEV 4:6 کاهینەکە پەنجەی دەکاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەبەردەم یەزدان لێی دەپرژێنێت لەلای پەردەی پیرۆزگا.
LEV 4:7 کاهینەکە هەندێکیش لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگای بخوورە بۆنخۆشەکە دەدات، ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتنە لەبەردەم یەزدان، پاشماوەی خوێنی جوانەگاکەش دەڕژێنێتە بنکەی قوربانگای قوربانی سووتاندن کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە.
LEV 4:8 هەموو پیوی جوانەگای قوربانی بۆ گوناهەکە دەردەهێنێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە،
LEV 4:9 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە.
LEV 4:10 هەروەک ئەو پیوەی لە گای قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەیانسووتێنێت.
LEV 4:11 بەڵام پێستی جوانەگاکە و هەموو گۆشتەکەی و سەر و قاچەکەی و هەناوی و ڕیخۆڵەکەی،
LEV 4:12 هەموو پاشماوەی جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم، کە بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش بێت و لەسەر دار دەیانسووتێنێت، لەسەر شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش دەسووتێنرێ.
LEV 4:13 «”ئەگەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بەبێ ئەنقەست گوناهێکیان کرد و یەکێک لەو شتانەیان کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت، تەنانەت ئەگەر گوناهەکە لەبەرچاوی ئەنجومەن شاردراوە بوو، ئەوا کاتێک درکیان کرد بەو تاوان و
LEV 4:14 دواتر گوناهەکە زانرا کە کردوویانە، دەبێت ئەنجومەن جوانەگایەک وەک قوربانی گوناه پێشکەش بکات و دەیهێننە بەردەم چادری چاوپێکەوتن.
LEV 4:15 پیرانی کۆمەڵەکە لەبەردەم یەزدان دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دادەنێن و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕدرێت.
LEV 4:16 ئینجا کاهینی دەستنیشانکراو لە خوێنی جوانەگاکە دەباتە ناو چادری چاوپێکەوتن،
LEV 4:17 پەنجەی دەخاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەلای پەردەکە لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت.
LEV 4:18 هەندێک لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگاکە دەدات کە لەبەردەم یەزدانە لە چادری چاوپێکەوتن و پاشماوەی خوێنەکەش لە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەڕێژێت کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە.
LEV 4:19 هەموو پیوەکەی لێ دەکاتەوە و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت.
LEV 4:20 چی لە جوانەگای قوربانی گوناه کرد ئاواش لەو جوانەگایە دەکات. کاهینەکە کەفارەتیان بۆ دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت.
LEV 4:21 پاشان جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و دەیسووتێنێت هەروەک جوانەگای یەکەمی سووتاند، ئەوە قوربانی گوناهی کۆمەڵە.
LEV 4:22 «”ئەگەر دەسەڵاتدارێک گوناهی کرد و بەبێ ئەنقەست یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدانی پەروەردگاری فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو،
LEV 4:23 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە گیسکێکی نێری ساغ بێت.
LEV 4:24 دەستی لەسەر سەری گیسکەکە دابنێت و سەری ببڕێت لەو شوێنەی کە قوربانی سووتاندنی لێ سەردەبڕدرێت لەبەردەم یەزدان. ئەوە قوربانی گوناهە،
LEV 4:25 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لە قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن.
LEV 4:26 هەموو پیوەکەشی لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت وەک پیوی قوربانی هاوبەشی. کاهینەکە لە گوناهەکەی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 4:27 «”ئەگەر یەکێک لە کۆمەڵگا بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، بەوەی یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو،
LEV 4:28 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە بزنێکی ساغ بێت، لەبەر گوناهەکەی کە کردوویەتی.
LEV 4:29 لە شوێنی قوربانی سووتاندن دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و سەری دەبڕێت.
LEV 4:30 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەشی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە.
LEV 4:31 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە، وەک چۆن ئەو پیوەی لە قوربانی هاوبەشی کردەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 4:32 «”ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو بۆ قوربانی گوناه، دەبێت مێینە و ساغ بێت.
LEV 4:33 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و وەک قوربانی گوناه سەری دەبڕێت، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت.
LEV 4:34 کاهینەکە بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات و هەموو خوێنەکەش دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە.
LEV 4:35 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە هەروەک ئەو پیوەی لە بەرخی قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە، کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت. بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 5:1 «”کاتێک کەسێک گوێی لە بانگەوازی ئاشکرا دەبێت بۆ شایەتیدان کە شایەتی بدات، بێدەنگ بوو لەوەی بینیبووی یان زانیبووی، ئەوا ئەو کەسە گوناهی کردووە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
LEV 5:2 «”یان ئەگەر یەکێک بەر شتێکی گڵاو کەوت، وەک کەلاکی ئاژەڵێکی کێوی گڵاو یان کەلاکی ئاژەڵێکی ماڵی گڵاو یان کەلاکی خشۆکێکی گڵاو، ئەگەر ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.
LEV 5:3 یان ئەگەر دەستی لە شتە گڵاوەکانی کەسێک دا لە هەموو گڵاوییەکانی کە پێی گڵاو دەبێت، ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.
LEV 5:4 یان یەکێک هەڵەشە بوو لە سوێندخواردن، بۆ خراپە یان چاکە، لە هەموو ئەوەی مرۆڤ لە کاتی سوێندخواردن پەلەی لێ دەکات، بێ ئەوەی بزانێت و پاشان زانی، ئەوا ئەو کەسە لەو شتە تاوانبارە.
LEV 5:5 ئەگەر یەکێک تاوانبار بوو بە شکاندنی بڕگەیەکی ئەو یاسایانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەوا دان بە گوناهەکەی دەنێت و
LEV 5:6 بە قوربانییەکەیەوە کە مێ بێت، بەرخ یان گیسک، بۆ تاوانەکەی دێتە لای یەزدان لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناه، کاهینەکەش کەفارەت بۆ گوناهەکەی دەکات.
LEV 5:7 «”ئەگەر دەستکورت بوو بۆ بەرخێک، با دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر وەک قوربانی بۆ یەزدان بهێنێت لەبەر تاوانەکەی کە گوناهی پێکردووە، یەکێکیان قوربانی گوناهە و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.
LEV 5:8 دەیانهێنێت بۆ کاهینەکە و ئەویش یەکەم جار ئەوەی بۆ گوناهە پێشکەشی دەکات، سەری لەلای پشتەوە دەقرتێنێت بەڵام بە تەواوی لێی ناکاتەوە.
LEV 5:9 لە خوێنی قوربانی گوناهەکە بە لاتەنیشتی قوربانگاکەدا دەکات، ئەوەشی لە خوێنەکە دەمێنێتەوە، دەگوشرێتە بنکەی قوربانگاکە، ئەوە قوربانی گوناهە.
LEV 5:10 ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 5:11 «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە.
LEV 5:12 دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە.
LEV 5:13 بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“»
LEV 5:14 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 5:15 «ئەگەر یەکێک سەرپێچییەکی کرد و سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکانی یەزدان بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، دەبێت لەبەر تاوانەکەی قوربانییەک بۆ یەزدان بهێنێت، بەرانێکی ساغی مێگەل بێت و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت بە شاقلی زیو بەپێی شاقلی پیرۆزگا، ئەوە قوربانی تاوانە.
LEV 5:16 هەروەها قەرەبووی ئەو گوناهەش دەکاتەوە کە سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکان کردوویەتی و پێنج یەکیشی لەسەر دادەنێت و دەیداتە کاهینەکە. کاهینەکە بە بەرانەکەی قوربانی تاوان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 5:17 «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێن و نەیزانی، ئەوا تاوانبارە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
LEV 5:18 بە بەرانێکی ساغی مێگەل و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، بە قوربانی تاوانەوە بۆ لای کاهینەکە دێت، کاهینەکەش لەو هەڵەیەی کە بەبێ ئەنقەست کردوویەتی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 5:19 ئەوە قوربانی تاوانە، چونکە تاوانێکی سەبارەت بە یەزدان کردووە.»
LEV 6:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 6:2 «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و ناپاکی لە یەزدان کرد، بەوەی فێڵی لە کەسێک کرد، لە شتێک کە لەلای دانرابێت یان ئەمانەتێک یان دزینێک یان دەست بەسەرداگرتنی شتێکی نزیکەکەی،
LEV 6:3 یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات،
LEV 6:4 ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە،
LEV 6:5 یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی.
LEV 6:6 لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت،
LEV 6:7 کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.»
LEV 6:8 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 6:9 «ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە.
LEV 6:10 کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت.
LEV 6:11 ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت.
LEV 6:12 پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت.
LEV 6:13 ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە.
LEV 6:14 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە.
LEV 6:15 بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان.
LEV 6:16 ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن.
LEV 6:17 بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان.
LEV 6:18 هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“»
LEV 6:19 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 6:20 «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران.
LEV 6:21 لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 6:22 ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ.
LEV 6:23 هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»
LEV 6:24 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 6:25 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی گوناه، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت لەوێش قوربانی گوناه لەبەردەم یەزدان سەردەبڕیت، ئەوە هەرەپیرۆزە.
LEV 6:26 ئەو کاهینەی قوربانییەکە بۆ کەفارەتی گوناه دەکات لێی دەخوات، لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن.
LEV 6:27 هەر شتێک بەر کەلاکەکە بکەوێت ئەوا پیرۆز دەبێت، ئەگەر پرژەیەک لە خوێنەکە بەر جلێک کەوت، ئەوا پێویستە جلەکە لە شوێنێکی پیرۆز بشۆیت.
LEV 6:28 بەڵام ئەو مەنجەڵە گڵینەی تێیدا لێنراوە، ئەوا دەشکێنرێت، ئەگەر لە مەنجەڵێکی بڕۆنز لێنرا، ئەوا سپی دەکرێتەوە و ئاوی پێدا دەکرێت.
LEV 6:29 هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، ئەوە هەرەپیرۆزە.
LEV 6:30 بەڵام هەموو قوربانییەکی گوناه لە خوێنەکەی دەبردرێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی پیرۆز، ناخورێت بەڵکو بە ئاگر دەسووتێنرێ.
LEV 7:1 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی تاوان. ئەمە هەرەپیرۆزە.
LEV 7:2 لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت هەر لەوێ قوربانی تاوانیش سەردەبڕدرێت. خوێنەکەشی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەڕژێنرێت.
LEV 7:3 هەموو پیوەکەشی پێشکەش دەکرێت، دوگەکەی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە،
LEV 7:4 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە.
LEV 7:5 کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، ئەمە قوربانی تاوانە.
LEV 7:6 هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، بەڵام لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، ئەمە هەرەپیرۆزە.
LEV 7:7 «”قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناهە، یەک فێرکردن هەیە دەربارەیان، ئەو کاهینەی کەفارەتیان پێ دەکات بۆ ئەو دەبێت،
LEV 7:8 ئەو کاهینەش کە قوربانییەکی سووتاندن بۆ کەسێک دەکات، ئەوا پێستی ئەو قوربانییەی سووتاندن کە دەیکات بۆ ئەو دەبێت.
LEV 7:9 هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەش بە تەنوور کرابێتە نان و هەموو ئەوەی لەناو تاوە دروستکرابێت یان لەسەر ساج بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە پێشکەشی دەکات،
LEV 7:10 هەروەها هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو یان وشک، بۆ هەموو کوڕانی هارون دەبێت، هەریەکە وەک براکەی.
LEV 7:11 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی هاوبەشی، ئەوەی کەسێک دەتوانێت بۆ یەزدانی بهێنێت.
LEV 7:12 «”ئەگەر بۆ سوپاسکردن هێنای، ئەوا بۆ قوربانی سوپاسگوزاری کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی فەتیرەی بە زەیت چەورکراو و باشترین ئاردی شێلراو، کرابێتە کولێرەی بە زەیت شێلراو.
LEV 7:13 لەگەڵ کولێرەی بە هەویرترش، قوربانییەکەی لەسەر قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانە هاوبەشییەکەی پێشکەش دەکات.
LEV 7:14 لە هەر جۆرێکیان یەکێک وەک پێشکەشکراوێک دەهێنێت، وەک بەخشینێک بۆ یەزدان، بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە خوێنی قوربانی هاوبەشی دەپرژێنێت.
LEV 7:15 گۆشتی قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانی هاوبەشییەکەی لە ڕۆژی قوربانییەکەی دەخورێت، هیچی لێ ناهێڵێتەوە بۆ بەیانی.
LEV 7:16 «”ئەگەر قوربانییەکەی نەزر بوو یان بە خواستی خۆی بوو، ئەوا ڕۆژی پێشکەشکردنی قوربانییەکە دەخورێت و بۆ سبەینێش ئەوەی لێی ماوەتەوە دەخورێت.
LEV 7:17 بەڵام بەرماوەی گۆشتی قوربانییەکە لە ڕۆژی سێیەم دەسووتێنرێ.
LEV 7:18 ئەگەر لە ڕۆژی سێیەم لە گۆشتی قوربانی هاوبەشییەکە خواردرا، ئەوا قوربانییەکە قبوڵ نییە، ئەوەی پێشکەشی کرد بە چاک بۆی دانانرێت، چونکە قوربانییەکە گڵاو بووە. ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
LEV 7:19 «”ئەو گۆشتەش کە بەر شتێکی گڵاو بکەوێت ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم ناخورێت، بە ئاگر دەسووتێنرێت. بەڵام ئەو گۆشتەی کە گڵاو نییە، هەموو کەسێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دەتوانێت لێی بخوات.
LEV 7:20 هەروەها ئەگەر کەسێک بە شتێک گڵاو بووبێت و لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت.
LEV 7:21 ئەگەر هەرکەسێک دەست لە شتێکی گڵاو بدات یان بەر شتێکی گڵاو بکەوێت، گڵاویی مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی گڵاو یان هەر شتێکی قێزەونی گڵاو، ئینجا لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»
LEV 7:22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 7:23 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”پیوی ئاژەڵی مێگەل و گاوگۆتاڵ مەخۆن.
LEV 7:24 پیوی ئاژەڵی مردارەوەبوو و پیوی ئەو ئاژەڵەی بووە بە نێچیر ئەوا بۆ هەموو کارێک بەکاردێت، بەڵام ناخورێت.
LEV 7:25 هەر یەکێک لە پیوی ئەو ئاژەڵانەی خوارد کە بۆ یەزدان وەک قوربانی بە ئاگر لێیان پێشکەش دەکرێت، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
LEV 7:26 هیچ خوێنێکیش مەخۆن لە هەموو نشینگەکانتان، ئەگەر هی باڵندە بێت یان ئاژەڵ.
LEV 7:27 هەرکەسێک خوێن بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»
LEV 7:28 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 7:29 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، لە قوربانی هاوبەشییە پێشکەشکراوەکەی بۆ یەزدان دەهێنێت.
LEV 7:30 کەسەکە بە دەستی خۆی قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەهێنێت. پیوەکە لەگەڵ سنگەکە دەهێنێت. لەبەردەم یەزدان سنگەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز دەکاتەوە.
LEV 7:31 کاهینەکە پیوەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، بەڵام سنگەکە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت.
LEV 7:32 ڕانی ڕاستەش لە قوربانییەکانی هاوبەشیتان وەک پیتاک دەدەنە کاهینەکە.
LEV 7:33 ئەوەی خوێنی قوربانی هاوبەشی و پیوەکە پێشکەش دەکات لە کوڕانی هارون، ڕانە ڕاستەکە دەبێتە بەشی ئەو،
LEV 7:34 چونکە من لە قوربانییەکانی هاوبەشییان سنگی بەرزکراوە و ڕانە پێشکەشکراوەکەم لە نەوەی ئیسرائیل وەرگرتووە، بە هارونی کاهین و بە کوڕەکانیم داوە. بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەی ئیسرائیل.“»
LEV 7:35 ئەوە پشکی هارون و کوڕەکانییەتی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، ڕۆژی پێشکەشکردنیان هەتا کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن،
LEV 7:36 لەو ڕۆژەی دەستنیشان کران یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل دا بیاندەنێ، وەک بەشێکی چەسپاو بۆ نەوەکانیان.
LEV 7:37 ئەوە ڕێنماییە بۆ قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و قوربانی ئەرک پێ سپاردن و قوربانی هاوبەشی،
LEV 7:38 کە یەزدان لە شاخی سینا دایە موسا، بۆ ئەوەی فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکات هەتا لە چۆڵەوانی سینا قوربانییەکانیان بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.
LEV 8:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 8:2 «هارون و کوڕەکانی ببە، لەگەڵ جلەکان و زەیتی دەستنیشانکردنەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناه و دوو بەرانەکە و سەبەتە نانە فەتیرەکە.
LEV 8:3 هەموو کۆمەڵیش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبکەرەوە.»
LEV 8:4 موساش وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد، ئیتر کۆمەڵەکە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبوونەوە.
LEV 8:5 موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «یەزدان فەرمانی داوە ئەمە بکرێت.»
LEV 8:6 ئینجا موسا هارون و کوڕەکانی هێنایە پێشەوە و بە ئاو شوشتنی.
LEV 8:7 کراسەکەی لەبەر هارون کرد و کەمەربەندەکەی بۆ بەست، کەواکەی لەبەری کرد، ئێفۆدەکەی خستە سەر و بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بەستی و توندی کرد.
LEV 8:8 بەرسینەکەی لەبەری کرد و ئوریم و تومیمەکەی خستە ناو بەرسینەکە.
LEV 8:9 مێزەرەکەشی خستە سەر سەری هارون. لەسەر مێزەرەکە بەلای پێشەوە پلێتە زێڕەکەی دانا کە تاجەگوڵینەی پیرۆزە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 8:10 ئینجا موسا زەیتی دەستنیشانکردنەکەی هێنا و چادرەکەی پەرستن و هەرچی تێیدا بوو دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد.
LEV 8:11 حەوت جاریش بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندی و قوربانگاکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و بنکەکەی دەستنیشان کرد بۆ تەرخانکردنیان.
LEV 8:12 هەندێک لە زەیتی دەستنیشانکردنەکەشی لە سەری هارون دا و دەستنیشانی کرد بۆ تەرخانکردنی.
LEV 8:13 موسا کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و کراسی لەبەرکردن و کەمەربەندی بۆ بەستن و سەرپێچەکانی بۆ توند کردنەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 8:14 ئینجا جوانەگاکەی قوربانی گوناهی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکەی گوناه دانا.
LEV 8:15 موسا سەری بڕی و هەندێک لە خوێنەکەی برد و بە پەنجەی دەستی خوێنەکەی لە هەموو قۆچەکانی قوربانگاکە دا بۆ ئەوەی قوربانگاکە پاک بکاتەوە. ئینجا پاشماوەی خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە. ئیتر تەرخانی کرد بۆ کەفارەتکردن بۆی.
LEV 8:16 موسا هەموو ئەو پیوەی کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکەی برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی.
LEV 8:17 بەڵام جوانەگاکەی بە پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیەوە لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 8:18 ئینجا بەرانەکەی قوربانی سووتاندنی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا.
LEV 8:19 دوای ئەوە موسا سەری بڕی و خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند.
LEV 8:20 بەرانەکەی پارچەپارچە کرد و موسا سەرەکە و پارچەکان و پیوەکەی سووتاند.
LEV 8:21 بەڵام هەناو و قاچەکانی بە ئاو شوشت، موسا هەموو بەرانەکەی لەسەر قوربانگاکەدا سووتاند، وەک قوربانی بە ئاگر، بۆنی خۆشی، قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 8:22 ئینجا بەرانی دووەم، بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەی هێنایە پێشەوە، هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا.
LEV 8:23 موسا سەری بڕی و لە خوێنەکەی برد و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارونی دا، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی.
LEV 8:24 هەروەها کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و لە خوێنەکەی هەڵگرت و لە شلکەی گوێی ڕاستیان و پەنجە گەورەی دەستی ڕاستیان و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیانی دا، پاشان خوێنی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند.
LEV 8:25 لەدوای ئەوە پیو و دوگ و هەموو پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی برد.
LEV 8:26 هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێکی برد و لەسەر پیوەکە و لەسەر ڕانە ڕاستەکەی دانا.
LEV 8:27 هەمووی خستنە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان کردەوە.
LEV 8:28 ئینجا موسا لە دەستیانی وەرگرت و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، ئەوە قوربانی ئەرک پێ سپاردنە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
LEV 8:29 هەروەها موسا سنگی بەرانی ئەرکسپاردنەکەی برد کە بەشی خۆی بوو، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی کردەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 8:30 پاشان موسا لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە و لە خوێنەکەی سەر قوربانگاکەی برد و بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پرژاند. هارون و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پێ تەرخان کردن.
LEV 8:31 ئینجا موسا بە هارون و کوڕەکانی گوت: «گۆشتەکە لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لێبنێن و هەر لەوێش بیخۆن، لەگەڵ ئەو نانەی ناو سەبەتەکەش، قوربانی ئەرکسپاردن، وەک فەرمانم کرد و گوتم: ”هارون و کوڕەکانی بیخۆن.“
LEV 8:32 ئەوەی لە گۆشت و نانەکەش دەمێنێتەوە بە ئاگر بیسووتێنن،
LEV 8:33 لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دوور نەکەونەوە، حەوت ڕۆژ هەتا تەواوی ڕۆژەکانی ئەرکسپاردنتان، چونکە حەوت ڕۆژ ئەرکتان پێ دەسپێردرێت.
LEV 8:34 هەروەک لەم ڕۆژەدا کرا، یەزدان فەرمانی داوە کە بکرێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان.
LEV 8:35 حەوت شەو و حەوت ڕۆژ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەمێننەوە و وریابن بۆ پارێزگاری لە ئەرکەکانی یەزدان، ئیتر نامرن، چونکە ئاوا فەرمانم پێکراوە.»
LEV 8:36 جا هارون و کوڕەکانی هەموو ئەو شتانەی یەزدان لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێ کردبوو، کردیان.
LEV 9:1 لە ڕۆژی هەشتەم، موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و
LEV 9:2 بە هارونی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆت، بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە، هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە.
LEV 9:3 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و
LEV 9:4 گایەک و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو، چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“»
LEV 9:5 ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان.
LEV 9:6 موسا گوتی: «یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە، دەیکەن، ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.»
LEV 9:7 پاشان موسا بە هارونی گوت: «بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
LEV 9:8 ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو.
LEV 9:9 کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە.
LEV 9:10 پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناه بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،
LEV 9:11 بەڵام کەلاک و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند.
LEV 9:12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
LEV 9:13 پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە، ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
LEV 9:14 هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
LEV 9:15 ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد، گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل، سەری بڕی و بۆ گوناه کردی وەک ئەوەی یەکەم.
LEV 9:16 هارون بەپێی ڕێوڕەسم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد.
LEV 9:17 هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی.
LEV 9:18 گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی، قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
LEV 9:19 هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە، ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە،
LEV 9:20 ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە. ئینجا هارون پیوەکەی لەسەر قوربانگاکە سووتاند،
LEV 9:21 بەڵام هەروەک موسا فەرمانی دا، بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان، دوو سنگەکە و ڕانی ڕاستی بەرز کردەوە.
LEV 9:22 ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، هاتە خوارەوە.
LEV 9:23 ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد. ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت.
LEV 9:24 ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند. هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
LEV 10:1 دوو کوڕی هارون، ناداب و ئەبیهو، هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد. لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد، کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو.
LEV 10:2 ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن.
LEV 10:3 موساش بە هارونی گوت: «ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی: «”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم و لەبەردەم هەموو گەل شکۆدار دەبم.“» هارون بێدەنگ بوو.
LEV 10:4 موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد، دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وەرنە پێش، ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.»
LEV 10:5 ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەروەک موسا گوتی.
LEV 10:6 هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت: «سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن، نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ. بەڵام کەسوکارتان، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون.
LEV 10:7 لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن، نەوەک بمرن، چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.» ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.
LEV 10:8 هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو:
LEV 10:9 «شەراب و مەی مەخۆرەوە، خۆت و کوڕەکانیشت، لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، نەوەک بمرن. ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە،
LEV 10:10 بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن،
LEV 10:11 هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»
LEV 10:12 موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون، ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی: «ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە، بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە.
LEV 10:13 لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن، چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە.
LEV 10:14 بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن، خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت، چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل.
LEV 10:15 ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن، هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە. ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان، بەشێکی چەسپاوە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
LEV 10:16 کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بۆی دەرکەوت کە سووتێنراوە، لە ئەلعازار و ئیتامار کە دوو کوڕەکەی هارون بوون و مابوونەوە، تووڕە بوو و گوتی:
LEV 10:17 «بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟ بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان،
LEV 10:18 لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا، بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن، هەروەک فەرمانم داوە.»
LEV 10:19 هارون وەڵامی موسای دایەوە: «ئەوان ئەمڕۆ قوربانی گوناهە و قوربانی سووتاندنیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد و شتێکی وام تووش بوو. ئەگەر ئەمڕۆ من لە قوربانی گوناهم بخواردایە، ئایا لەبەرچاوی یەزدان ئەمە پەسەند دەبوو؟»
LEV 10:20 کە موسا گوێی لەمە بوو، لەبەرچاوی پەسەند بوو.
LEV 11:1 هەروەها یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و پێی فەرموون:
LEV 11:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئەوانە ئەو گیانلەبەرانەن کە دەیانخۆن، لە هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی:
LEV 11:3 هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن.
LEV 11:4 «”لەوانەی تەنها کاوێژ دەکەن یان تەنها سمیان دوو کەرتە، ئەمانە ناخۆن: وشتر، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
LEV 11:5 هەروەها گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکات، بەڵام سمی کەرت نییە، گڵاوە بۆتان؛
LEV 11:6 کەروێشک، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
LEV 11:7 بەراز، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، بۆیە گڵاوە بۆتان.
LEV 11:8 نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن، چونکە گڵاوە بۆتان.
LEV 11:9 «”لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت لەناو ئاوەکان، لەناو دەریاکان و لەناو ڕووبارەکان، ئەوانە دەخۆن.
LEV 11:10 بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو دەریاکان و ڕووبارەکان، لە هەموو خشۆکەکانی ناو ئاوەکان و هەموو زیندەوەرێکی ناو ئاوەکان، قێزەونە بۆتان.
LEV 11:11 بۆتان قێزەون دەبێت، لە گۆشتەکەی ناخۆن و قێزتان لە کەلاکەکەی دەبێتەوە.
LEV 11:12 هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو ئاوەکان، بۆتان قێزەونە.
LEV 11:13 «”لە باڵندەکانیش، قێزتان لەمانە دەبێتەوە، ناخورێن، قێزەونن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،
LEV 11:14 واشەی سوور و هەموو جۆرەکانی واشەی ڕەش،
LEV 11:15 هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،
LEV 11:16 کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،
LEV 11:17 کوندەپەپووی بچووک، مەلی ماسیگرە، کوندەپەپووی گەورە،
LEV 11:18 کوندەپەپووی سپی و کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر،
LEV 11:19 لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
LEV 11:20 «”هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوە قێزەونە.
LEV 11:21 لەنێو هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ دەڕوات تەنها ئەمانە دەخۆن، ئەوەی دوو لاقی نوشتاوەی هەیە لەسەر قاچەکانی و پێیان هەڵدەبەزێتەوە لەسەر زەوی،
LEV 11:22 ئەمە بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخۆن: کوللە و سۆلام و بێوکە و پێکوڕە.
LEV 11:23 بەڵام ئەوانی دیکە هەر مێرووێکی باڵدار کە چوارپێی هەبێت قێزەونە بۆتان.
LEV 11:24 «”بەمانە گڵاو دەبن، هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
LEV 11:25 هەر یەکێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 11:26 «”هەموو ئەو ئاژەڵانەش کە سمیان بە تەواوی شەق نەبێت، یان کاوێژ نەکات، ئەوا گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت ئەوا گڵاو دەبێت.
LEV 11:27 هەر ئاژەڵێکیش لە چوار پێیەکان کە لەسەر ناولەپی بڕوات، گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
LEV 11:28 هەرکەسێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوە گڵاوە بۆتان.
LEV 11:29 «”ئەمەش گڵاوە بۆتان لەوانەی لەسەر زەوی دەخشێن، ڕاسۆ، جرج، مارمێلکە بە هەموو جۆرەکانییەوە،
LEV 11:30 قومقمۆکە، بزنمژ، شەوگەرد، مارمێلکەی خشۆک و کامیلۆن.
LEV 11:31 ئەمانە گڵاوەکانن بۆتان لە هەموو خشۆکەکان، هەرکەسێک دەستیان لێ بدات یان بەریان بکەوێت دوای مرداربوونیان، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 11:32 هەر شتێکیش یەکێک لەوانەی کەوتە سەری کە مردبوو، ئەو شتە گڵاو دەبێت، لە هەر شتێک، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش، هەر شتێک کە کاری پێ بکرێت، دەخرێتە ناو ئاوەوە و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و پاشان پاک دەبێتەوە.
LEV 11:33 هەر دەفرێکی گڵینیش ئەمانەی بکەوێتە ناوی، هەرچی تێیدایە گڵاو دەبێت و دەفرەکەش دەشکێنن.
LEV 11:34 هەر خواردنێکیش کە بخورێت، لەو دەفرەیە ئاوی بەسەردا بکرێت، گڵاو دەبێت. هەر خواردنەوەیەکیش کە لەو دەفرەیە بخورێتەوە، گڵاو دەبێت.
LEV 11:35 هەر شتێک کەلاکی یەکێک لەوانەی تێبکەوێت، گڵاو دەبێت، ئەگەر تەنوور بێت یان ئاگردان، دەبێت تێکبدرێت، ئەوە گڵاوە و بۆ ئێوە گڵاو دەبێت.
LEV 11:36 تەنها کانی و ئەمباراو کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەوان پاک دەبن، بەڵام هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت، ئەوا گڵاو دەبێت.
LEV 11:37 ئەگەر کەلاکی یەکێکیان کەوتە سەر هەر تۆوێک کە بچێنرێت، ئەوا تۆوەکە پاکە،
LEV 11:38 بەڵام ئەگەر ئاو لەسەر تۆوەکە هەبوو و کەلاکی یەکێکیانی کەوتە سەر، گڵاوە بۆتان.
LEV 11:39 «”ئەگەر یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە خواردنە بۆتان مرد، هەرکەسێک دەست لە کەلاکی بدات یان بەر کەلاکی بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 11:40 هەر یەکێکیش لە کەلاکەکەی بخوات، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەر یەکێکیش کەلاکەکەی هەڵبگرێت، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 11:41 «”هەموو خشۆکێکیش کە لەسەر زەوی دەخشێت، ئەوە قێزەونە و ناخورێت.
LEV 11:42 هەرچی لەسەر سکی بڕوات و هەرچی لەسەر چوارپێ بڕوات لەگەڵ هەموو ئەوەی پێی زیاترە، لە هەموو خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن مەیخۆن، چونکە قێزەونە بۆتان.
LEV 11:43 خۆتان پیس مەکەن بە خشۆکێک کە دەخشێت، خۆتانی پێ گڵاو مەکەن و پێی گڵاو مەبن.
LEV 11:44 من یەزدانی پەروەردگارتانم، خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم. خۆتان بە خشۆکێک کە لەسەر زەوی دەخشێت گڵاو مەکەن.
LEV 11:45 من یەزدانم ئەوەی کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان بۆ ئەوەی ببێتە خوداتان، کەواتە پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.
LEV 11:46 «”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەموو گیانلەبەرێک کە لەناو ئاو دەجوڵێت و هەموو گیانێک کە لەسەر زەوی دەخشێت.
LEV 11:47 پێویستە گڵاو و پاک و ئەو زیندەوەرانەی دەخورێن و ئەو زیندەوەرانەی ناخورێن لێک جیا بکەنەوە.“»
LEV 12:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 12:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت.
LEV 12:3 لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت،
LEV 12:4 ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت.
LEV 12:5 ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی پاک ببێتەوە.
LEV 12:6 «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە.
LEV 12:7 ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە. «”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت.
LEV 12:8 بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»
LEV 13:1 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
LEV 13:2 «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی.
LEV 13:3 ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە.
LEV 13:4 بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیا دەکاتەوە.
LEV 13:5 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە.
LEV 13:6 ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتا ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت.
LEV 13:7 بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە.
LEV 13:8 ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.
LEV 13:9 «ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین.
LEV 13:10 ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە،
LEV 13:11 ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە.
LEV 13:12 «بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت،
LEV 13:13 کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە.
LEV 13:14 بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت.
LEV 13:15 کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە.
LEV 13:16 ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە.
LEV 13:17 ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە.
LEV 13:18 «ئەگەر کەسێک لە پێستەکەی دومەڵێک بووبێت و چاک بووبێتەوە،
LEV 13:19 لە شوێنی دومەڵەکەش ئاوسانێکی سپی یان لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو هەبێت، ئەوا پیشانی کاهینەکە دەدرێت.
LEV 13:20 ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە پێست قووڵترە و مووەکانی سپی بووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە کە لە دومەڵەکە بڵاوبووەتەوە.
LEV 13:21 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی مووی سپی تێدا نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە،
LEV 13:22 بەڵام ئەگەر لە پێست تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە گواستراوەیە.
LEV 13:23 بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و تەشەنەی نەکردووە، ئەوە شوێنەواری دومەڵەکەیە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
LEV 13:24 «ئەگەر کەسێک لە پێستیدا شوێنێکی سووتاوی بە ئاگر هەبێت، گۆشتە ڕووتەکەی شوێنە سووتاوەکە لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو یان سپی هەبێت،
LEV 13:25 کاهینەکە پشکنی وا مووی لەکە بریقەدارەکە سپی بووە و لە پێست قووڵترە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە شوێنە سووتاوەکە بڵاوبووەتەوە. کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە.
LEV 13:26 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە لەکە بریقەدارەکە مووی سپی نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە.
LEV 13:27 کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم دەیبینێت، ئەگەر بە پێستدا تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە.
LEV 13:28 بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و لە پێست تەشەنەی نەکردبێت و ڕەنگی ئاسایی بوو، ئەوا ئاوسانی سووتانەکەیە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، چونکە شوێنەواری سووتانەکەیە.
LEV 13:29 «هەروەها ئەگەر ئافرەتێک یان پیاوێک زامێک لە سەری یان لە چەناگەی هەبێت،
LEV 13:30 کاهینەکە زامەکەی پشکنی وا لە پێست قووڵترە و مووی زەردی وردی تێدایە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە کەچەڵییە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی سەر یان چەناگەیە.
LEV 13:31 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی تووشبوون بە کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، بەڵام مووی ڕەشی تێدا نییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە.
LEV 13:32 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا تەشەنەی نەکردووە و مووی زەردی تێدا نییە و کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە،
LEV 13:33 با بتاشرێت، بەڵام کەچەڵییەکە نا، کاهینەکەش حەوت ڕۆژی دیکە کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە.
LEV 13:34 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی نەکردووە و لە پێست قووڵتر نییە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە کەسی تووشبوو پاکە، جا جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت.
LEV 13:35 بەڵام ئەگەر کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی کردبێت لەدوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە پاکە،
LEV 13:36 کاهینەکەش پشکنی وا کەچەڵییەکە لە پێست تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە لەدوای مووی زەرد ناگەڕێت، ئەوە گڵاوە.
LEV 13:37 بەڵام ئەگەر وەک خۆی مایەوە و مووی ڕەشی تێدا ڕوا، ئەوا کەچەڵییەکە چاک بووەتەوە، ئەوە پاکە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
LEV 13:38 «ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک لە پێستیدا لەکەی سپی هەبوو،
LEV 13:39 کاهینەکەش پشکنی ئەوا لە پێستی لەشی لەکەی ڕەنگ ئاسایی سپی هەیە، ئەوە لیری بێ زیانە، لە پێستدا تەشەنەی کردووە، ئەوا کەسەکە پاکە.
LEV 13:40 «ئەگەر کەسێک مووی سەری ڕووتایەوە، ئەوە کەچەڵە، ئەو پاکە.
LEV 13:41 ئەگەر مووی سەری لەلای پێشەوە ڕووتایەوە، ئەوە سەر ڕووتاوە، ئەو پاکە.
LEV 13:42 بەڵام ئەگەر لە کەچەڵییەکە یان ڕووتاوییەکە لەکەی سپی سوورباو هەبوو، ئەوا نەخۆشی گواستراوەیە و لە کەچەڵییەکەی یان ڕووتاوییەکەی تەشەنەی کردووە.
LEV 13:43 ئەگەر کاهینەکە ئەوەی پشکنی و بینی وا ئاوساوی تووشبوونەکە سپی سوورباوە لە کەچەڵییەکەی یان لە ڕووتاوییەکەی وەک نەخۆشی گواستراوەی پێست،
LEV 13:44 ئەوە کەسێکی نەخۆش و گڵاوە. کاهینەکەش ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، سەری تووش بووە.
LEV 13:45 «ئەو کەسە تووش بووە، جلی دڕاو لەبەر دەکات و سەری دانەپۆشراو دەبێت و سمێڵی دادەپۆشێت و هاوار دەکات: ”گڵاو! گڵاو!“
LEV 13:46 هەموو ئەو ڕۆژانەی نەخۆشییەکەی پێوەیە گڵاو دەبێت، گڵاوە و بە تەنها دەژیێت، دەرەوەی ئۆردوگا دەبێتە جێی مانەوەی.
LEV 13:47 «بەڵام ئەگەر جلوبەرگێک کەڕوو لێی دابوو، جلوبەرگی خوری یان کەتان،
LEV 13:48 ئەوەی ڕستراو بێت یان چنراو، لە کەتان و لە خوری، یان لە چەرم، یان لە هەر دروستکراوێک لە چەرم،
LEV 13:49 لێدانەکەش سەوزباو یان سوورباو بوو، لە جلەکە یان لە چەرمەکە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە هەر شتێک لە چەرم بێت، ئەوە لێدانی کەڕووە، جا پیشانی کاهین دەدرێت.
LEV 13:50 کاهینەکەش کەڕووەکە دەپشکنێت و لێدراوە تووشبووەکە حەوت ڕۆژ جیا دەکاتەوە.
LEV 13:51 جا کە لە ڕۆژی حەوتەم لێدانەکەی پشکنی وا لە جلەکە بڵاوبووەتەوە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە چەرم، لە هەموو ئەوانەی لە چەرم دروستدەکرێت بۆ بەکارهێنان، ئەوا لێدانەکە کەڕووە و زیان بەخشە، گڵاوە.
LEV 13:52 جا جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە لە خوری بێت یان کەتان یان لە هەر شتێکی چەرم دەیسووتێنێت، ئەوەی لێدانەکەی تێدایە، چونکە کەڕووی زیان بەخشە بە ئاگر دەسووتێنرێ.
LEV 13:53 «بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی وا کەڕووەکە لە جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان شتە چەرمەکە بڵاونەبووەتەوە،
LEV 13:54 ئەوا کاهینەکە فەرمان دەدات ئەوەی لێدانەکەی تێدایە بشۆن و حەوت ڕۆژی دیکە جیای دەکاتەوە.
LEV 13:55 ئەگەر کاهینەکە دوای شوشتنی لێدانەکە پشکنی کەڕووەکە دیمەنی نەگۆڕاوە و بڵاونەبووەتەوە، ئەوا گڵاوە. دەبێت بە ئاگر بیسووتێنیت، جا لەناوەوەی بێت یان لە دەرەوەی.
LEV 13:56 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی شوێنی کەڕووەکە ڕەنگی ئاساییە پاش شوشتنی، ئەوا لە جلەکە یان چەرمەکە، ڕستراوەکە یان چنراوەکە دەیدڕێنێت.
LEV 13:57 بەڵام ئەگەر لە جلەکە، لە ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان لە شتە چەرمەکە دەرکەوتەوە، ئەوا بڵاوبووەتەوە، ئەوەی کەڕووەکەی تێدایە بە ئاگر دەیسووتێنێت.
LEV 13:58 بەڵام هەر جلێک، ڕستراو یان چنراو، یان شتێکی چەرم، ئەوەی دەیشۆیت و کەڕووەکەی تێدا نامێنێت، ئەوا دووبارە دەشۆردرێتەوە و پاک دەبێتەوە.»
LEV 13:59 ئەوانە ڕێنماییەکان بوون دەربارەی کەڕوولێدان، لە جلی خوری یان لە کەتان، لە ڕستراو یان لە چنراو یان هەر شتێکی چەرم، بۆ ڕاگەیاندن کە پاکە یان گڵاوە.
LEV 14:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 14:2 «ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ڕێوڕەسمی پاکبوونەوە. کاتێک نەخۆشەکە دەهێنرێتە لای کاهین،
LEV 14:3 کاهینەکەش دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە، جا ئەگەر کاهینەکە پشکنی کەسەکە چاک بووەتەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست،
LEV 14:4 کاهینەکە فەرمان دەدات کە دوو چۆلەکەی زیندووی پاک بۆ ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە ببەن لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا.
LEV 14:5 ئینجا کاهینەکە فەرمان دەدات کە یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین لەسەر ئاوێکی سازگار سەرببڕدرێت.
LEV 14:6 بەڵام چۆلەکە زیندووەکە لەگەڵ پارچە دارە ئورزەکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و زوفاکە دەبات و دەیانخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکەی سەر ئاوە سازگارەکە.
LEV 14:7 حەوت جار بەسەر ئەو کەسەدا دەیپرژێنێت کە لە نەخۆشییە گواستراوەکە پاک دەبێتەوە و پاکی دەکاتەوە، ئینجا چۆلەکە زیندووەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵا دەکات.
LEV 14:8 «جا ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە پێویستە جلەکانی بشوات و هەموو مووی لەشی بتاشێت و بە ئاو خۆی بشوات. ئەو کاتە بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، ئینجا دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، بەڵام حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت.
LEV 14:9 لە ڕۆژی حەوتەم سەری و ڕیشی و برۆکانی و هەموو مووەکانی دەتاشێت، پێویستە جلەکانیشی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، جا پاک دەبێتەوە.
LEV 14:10 «ئینجا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو بەرخی نێری ساغ و بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ دەهێنێت، لەگەڵ سێ لە دەی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵە کە بە زەیت شێلرابێت و هەروەها لۆگێک زەیت.
LEV 14:11 جا ئەو کاهینەی بە پاککردنەوەکە هەڵدەستێت، کەسە پاکبووەوەکە لەگەڵ قوربانی و پێشکەشکراوەکانی لەبەردەم یەزدان، لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕادەگرێت.
LEV 14:12 «ئینجا کاهینەکە یەکێک لە بەرخە نێرەکان دەبات و وەک قوربانی تاوان پێشکەشی دەکات لەگەڵ لۆگە زەیتەکە، لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە.
LEV 14:13 بەرخەکەش لەو شوێنە سەردەبڕێت کە قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت، لە پیرۆزگا، چونکە قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناه بۆ کاهینە و هەرەپیرۆزە.
LEV 14:14 ئینجا کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان دەبات و لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستەی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە.
LEV 14:15 پاشان کاهینەکە لە لۆگە زەیتەکە هەندێک دەبات و دەیکاتە ناو لەپی دەستی چەپی خۆی،
LEV 14:16 ئینجا کاهینەکە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی دەکاتە ناو ئەو زەیتەی ناو لەپی دەستی چەپییەتی و حەوت جار بە پەنجەی زەیتەکە لەبەردەم یەزدان دەپرژێنێت.
LEV 14:17 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، کاهینەکە لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لەسەر خوێنەکەی قوربانی تاوان.
LEV 14:18 ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، دەیکات بەسەر سەری ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە و کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات.
LEV 14:19 «ئینجا کاهینەکە قوربانی گوناه دەکات و بۆ ئەو کەسەی کە لە گڵاوییەکەی پاک دەبێتەوە کەفارەت دەکات و پاشان قوربانی سووتاندنەکە سەردەبڕێت.
LEV 14:20 دواتر کاهینەکە قوربانی سووتاندنەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بۆ سەر قوربانگاکە سەردەخات و کەفارەتی بۆ دەکات، جا پاک دەبێتەوە.
LEV 14:21 «بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت،
LEV 14:22 هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.
LEV 14:23 «لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان.
LEV 14:24 جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە.
LEV 14:25 ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە.
LEV 14:26 ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات،
LEV 14:27 کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت.
LEV 14:28 هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان.
LEV 14:29 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان.
LEV 14:30 ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی،
LEV 14:31 یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.»
LEV 14:32 ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی.
LEV 14:33 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
LEV 14:34 «لەو کاتەی کە دەچنە خاکی کەنعان، کە من دەتاندەمێ وەک موڵکی خۆتان، وام کرد ماڵێک لەو خاکە تووشی کەڕوو بێت،
LEV 14:35 ئەوەی خاوەنی ماڵەکەیە دەچێت و بە کاهینەکە دەڵێت: ”وابزانم کەڕوو لە ماڵەکەی داوم.“
LEV 14:36 کاهینەکەش فەرمان دەدات ماڵەکە چۆڵ بکرێت، پێش چوونە ژوورەوەی کاهینەکە بۆ پشکنینی لێدانەکە، نەوەک هەموو شتەکانی ماڵەکە گڵاو بێت، پاش ئەوە کاهینەکە بۆ پشکنینی ماڵەکە دەچێتە ژوورەوە.
LEV 14:37 جا ئەگەر پشکنی لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکەیە و هەڵکراوێکی سەوزباو یان سوورباوە، لە دیوارەکەش قووڵترە،
LEV 14:38 ئەوا کاهینەکە لە ماڵەکە دێتە دەرەوە و بۆ حەوت ڕۆژ ماڵەکە دادەخات.
LEV 14:39 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم گەڕایەوە و پشکنی وا لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکە بڵاوبووەتەوە،
LEV 14:40 کاهینەکە فەرمان دەدات، ئەو بەردانە دەربهێنن کە لێدانەکەی تێدایە و فڕێیانبدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو.
LEV 14:41 ماڵەکەش لە هەر چواردەوری دیوی ژوورەوە دەڕنن، ئەو خۆڵەش کە دەیڕننەوە، فڕێیدەدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو.
LEV 14:42 بەردی دیکە دەهێنن و لە شوێنی بەردەکان دایاندەنێن و خۆڵی دیکە دێنن و ماڵەکەی پێ سواخ دەدەنەوە.
LEV 14:43 «جا ئەگەر لێدانەکە گەڕایەوە و لە ماڵەکە بڵاو بووەوە، لەدوای دەرهێنانی بەردەکان و ڕنینی ماڵەکە و سواخدانەوەی،
LEV 14:44 کاهینەکە هات و پشکنی وا لێدانەکە لە ماڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، ئەوا کەڕووێکی گەندەڵە لە ماڵەکە، ئەوە گڵاوە.
LEV 14:45 جا ماڵەکە تێکدەدات، بەرد و دارەکانی و هەموو خۆڵی ماڵەکە دەباتە دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ شوێنێکی گڵاو.
LEV 14:46 «ئەوەی لە هەموو ڕۆژانی داخستنی ماڵەکە بچێتە ناوی، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
LEV 14:47 ئەوەی لە ماڵەکە خەوتبێت، ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات و ئەوەی لە ماڵەکە نانی خواردبێت ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات.
LEV 14:48 «بەڵام ئەگەر کاهینەکە هات و پشکنی لێدانەکە لە ماڵەکە بڵاو نەبووەتەوە دوای سواخدانەوەکەی، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت ماڵەکە پاکە، چونکە لێدانەکە نەماوە.
LEV 14:49 بۆ پاکبوونەوەی ماڵەکە دوو چۆلەکە لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات.
LEV 14:50 یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین سەر دەبڕێت، لەسەر ئاوێکی سازگار.
LEV 14:51 ئینجا پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و چۆلەکە زیندووەکە دەبات و دەیخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکە و ئاوە سازگارەکە، حەوت جار بەسەر ماڵەکەدا دەیپرژێنێت.
LEV 14:52 بەم شێوەیە بە خوێنی چۆلەکەکە، ئاوە سازگارەکە، چۆلەکە زیندووەکە، پارچە دارە ئورزەکە، زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە ماڵەکە پاک دەکاتەوە.
LEV 14:53 ئینجا چۆلەکە زیندووەکە بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵای دەکات و کەفارەت بۆ ماڵەکە دەکات، ئیتر پاک دەبێتەوە.»
LEV 14:54 ئەوە ڕێنماییە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەکی گواستراوەی پێست و کەچەڵی،
LEV 14:55 کەڕووی جلوبەرگ و ماڵ،
LEV 14:56 ئاوسان و لیر و لەکەی بریقەدار،
LEV 14:57 بۆ یەکلاییکردنەوەی شتێک کە پاک بێت یان گڵاو. ئەوە ڕێنماییە بۆ نەخۆشی گواستراوەی پێست و کەڕوو.
LEV 15:1 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
LEV 15:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و پێیان بڵێن: ”هەر پیاوێک لێچوونی هەبێت لە ئەندامی نێرینەی، ئەوا لێچوونەکەی گڵاوە،
LEV 15:3 ئەم لێچوونەشی دەبێتە هۆی گڵاوبوونی. ئەگەر ئەندامی نێرینەی لێچوونەکەی بەردەوام بێت یان ڕایگرتبوو، ئەوا گڵاوە.
LEV 15:4 «”ئەوەی لێچوونەکەی هەیە لەسەر هەر نوێنێک ڕابکشێت، گڵاو دەبێت، لەسەر هەر شتێکیش دانیشێت، گڵاو دەبێت.
LEV 15:5 ئەوەی دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
LEV 15:6 هەرکەسێک لەسەر شتێک دابنیشێت کە کابرای لێچوو لەسەری دانیشتبوو، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات، هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
LEV 15:7 «”هەرکەسێک دەستی بەر لەشی کابرای لێچوو بکەوێت، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 15:8 «”ئەگەر کابرای لێچوو تفی لە یەکێکی پاک کرد، دەبێت ئەو کەسەی کە پێشتر پاک بووە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
LEV 15:9 «”لە کاتی سواریدا زینەکەی ژێری گڵاو دەبێت،
LEV 15:10 هەرکەسێکیش دەستی لێ بدات، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوەی هەڵیانبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
LEV 15:11 «”هەرکەسێکیش کابرای لێچوو دەستی لێ بدات، بێ ئەوەی دەستی بە ئاو بشوات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
LEV 15:12 «”هەر دەفرێکی گڵین کابرای لێچوو دەستی لێ بدات دەشکێنرێت، هەروەها هەر ئامرازێکی داریش بە ئاو دەشۆردرێت.
LEV 15:13 «”ئەگەر کابرای لێچوو لە لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژی بۆ دادەنرێت بۆ پاکبوونەوەی و جلەکانی دەشوات و بە ئاوی سازگار خۆی دەشوات، جا پاک دەبێتەوە.
LEV 15:14 جا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێت بۆ بەردەم یەزدان بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و دەیاندات بە کاهینەکە.
LEV 15:15 کاهینەکە یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە لێچوونەکەی.
LEV 15:16 «”ئەگەر پیاوێک تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا هەموو لەشی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
LEV 15:17 هەر جلێک یان چەرمێک تۆوی بکەوێتە سەر، دەبێت بە ئاو بشۆردرێت و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 15:18 هەروەها ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەی ڕابکشێت و پیاوەکە تۆوی لێچوو، ئەوا دەبێت هەردووکیان خۆیان بە ئاو بشۆن و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبن.
LEV 15:19 «”ئەگەر ژنێک خوێنلێچوونی هەبوو، ئەوا حەوت ڕۆژ لە خوێنلێچوونی مانگانەی دەمێنێتەوە و هەرکەسێک دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 15:20 «”هەموو ئەو شتەی لەسەری ڕادەکشێت یان دادەنیشێت لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت.
LEV 15:21 هەرکەسێکیش دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 15:22 هەرکەسێکیش دەست لە شتێک بدات کە ئەو لەسەری دانیشتبێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت؛
LEV 15:23 ئەگەر نوێن بێت یان هەر شتێک کە لەسەری دانیشتووە، هەر کاتێک کەسێکیش دەستی لێ بدات، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 15:24 «”ئەگەر پیاوێکیش لەگەڵی ڕابکشێت، جا لە خوێن لێچوونەکە بەر پیاوەکە بکەوێت، ئەوا پیاوەکە حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت و لەسەر هەر نوێنێکیش ڕابکشێت، گڵاو دەبێت.
LEV 15:25 «”ئەگەر ئافرەتێک ماوەیەکی درێژ خوێنی لێچوو، بێجگە لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، یان ئەگەر دوای کاتی خوێن لێچوونەکەی هەر بەردەوام بوو، ئەوا هەموو ڕۆژانی خوێن لێچوونەکەی وەک کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت.
LEV 15:26 هەموو نوێنەکەش کە لەسەری ڕادەکشێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی وەک نوێنی ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەیەتی، هەموو ئەو شتانەش کە لەسەری دادەنیشێت، ئەوا گڵاوە وەک گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی.
LEV 15:27 هەرکەسێکیش دەستیان لێ بدات، گڵاو دەبێت و پێویستە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
LEV 15:28 «”ئەگەر لە خوێن لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژ دەژمێرێت، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە،
LEV 15:29 لە ڕۆژی هەشتەم دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەبات و دەیانهێنێتە لای کاهینەکە، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
LEV 15:30 ئینجا کاهینەکەش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن. کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گڵاوی خوێن لێچوونەکەی.
LEV 15:31 «”جا نەوەی ئیسرائیل جیا بکەنەوە لەو شتانەی گڵاویان دەکات، با لە گڵاویدا نەمرن و نشینگەکەم کە لەنێویاندایە گڵاوی نەکەن.“»
LEV 15:32 ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەمانە: ئەو پیاوەی کە لێچوونی هەبێت، ئەوەی تۆوی لێ دێتە دەرەوە و پێی گڵاو دەبێت،
LEV 15:33 ئەو ئافرەتەی خوێنلێچوونی مانگانەی هەیە، ئەو پیاوەی یان ئەو ئافرەتەی لێچوونێکی هەیە، ئەو پیاوەش کە لەگەڵ ژنێک کە گڵاو بووبێت ڕابکشێت.
LEV 16:1 لەدوای مردنی دوو کوڕەکەی هارون، کاتێک لەبەردەم یەزدان نزیک ببوونەوە و مردبوون، یەزدان لەگەڵ موسا دوا و
LEV 16:2 پێی فەرموو: «بە هارونی برات بڵێ با هەموو کاتێک نەیەتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکەی پێش قەپاغی کەفارەتەکە کە لەسەر سندوقەکەیە، نەوەک بمرێت، چونکە من لە هەوردا لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە دەبینرێم.
LEV 16:3 «هارون بەم شێوەیە بچێتە ناو پیرۆزگاکە: جوانەگایەک بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن بهێنێت.
LEV 16:4 کراسێکی کەتان و پیرۆز لەبەر بکات و دەرپێی کەتانی لەبەربێت و بە کەمەربەندی کەتان پشتی ببەستێت و مێزەری کەتانی لەسەر بێت، ئەوە جلوبەرگێکی پیرۆزە، خۆی بە ئاو بشوات و جلەکان لەبەر بکات.
LEV 16:5 لە کۆمەڵی ئیسرائیلیش دوو گیسکی نێرینە ببات بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن.
LEV 16:6 «هارون جوانەگاکە پێشکەش بکات بۆ قوربانی گوناهی خۆی و کەفارەت بۆ خۆی و بۆ ماڵەکەی بکات،
LEV 16:7 ئینجا دوو گیسکە نێرینەکەش ببات و لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕایانبگرێت.
LEV 16:8 هارون تیروپشک بۆ دوو گیسکەکە بکات، یەکێکیان بۆ یەزدان و ئەوی دیکە بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا.
LEV 16:9 ئەو گیسکەی لە تیروپشک بۆ یەزدان دەرچوو، ئەوا هارون پێشکەشی بکات و بیکاتە قوربانی گوناه.
LEV 16:10 بەڵام ئەو گیسکەی بە تیروپشک بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا دەرچوو، ئەوا بە زیندوویی لەبەردەم یەزدان ڕایبگرێت بۆ کەفارەتکردن لەسەری، بۆ ئەوەی بۆ عەزازێلی بنێرێتە چۆڵەوانی.
LEV 16:11 «پێویستە هارون جوانەگاکەی قوربانی گوناه بهێنێت و سەری ببڕێت، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی بکات.
LEV 16:12 هارون بە پڕی بخووردانەکە پشکۆی ئاگر لەسەر قوربانگاکە لەبەردەم یەزدان ببات، بە پڕی دەستەکانیشی بخووری بۆنخۆشی باش کوتراوە ببات و بیانباتە پشت پەردەکە.
LEV 16:13 ئەو لەبەردەم یەزدان بخوورەکە بەسەر ئاگرەکەدا بکات، هەروەها دووکەڵی بخوورەکە قەپاغەکەی کەفارەت داپۆشێت کە لەسەر سندوقی پەیمانە، ئیتر نامرێت.
LEV 16:14 ئینجا لە خوێنی جوانەگاکە ببات و بە پەنجەی بەسەر ڕووی قەپاغەکەی کەفارەت، بەلای ڕۆژهەڵات بیپرژێنێت، لەلای پێشەوەی قەپاغەکەی کەفارەتیش، حەوت جار بە پەنجەی خوێنەکە بپرژێنێت.
LEV 16:15 «ئینجا گیسکەکەی قوربانی گوناه کە بۆ گەل سەری ببڕێت و بە خوێنەکەیەوە بچێتە پشت پەردەکە، چی بە خوێنی جوانەگاکە کرد، ئاواش بە خوێنەکەی ئەم بکات و بەسەر قەپاغەکەی کەفارەت و لای پێشەوەی بیپرژێنێت.
LEV 16:16 بەم شێوەیە کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز بکات لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل و لە یاخیبوون و هەموو گوناهەکانیان. بۆ چادری چاوپێکەوتنیش کە لەنێویانە ئاوا بکات، لەناوەندی گڵاوییەکانیان.
LEV 16:17 نابێت هیچ کەسێکیش لە چادری چاوپێکەوتن بێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هارون بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز هەتا کاتی هاتنە دەرەوەی، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بکات.
LEV 16:18 «ئینجا بچێتە دەرەوە بۆ لای قوربانگاکەی بەردەم یەزدان و کەفارەتی بۆ بکات، لە خوێنی جوانەگاکە و خوێنی گیسکەکە ببات و بەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەیدا بکات.
LEV 16:19 بە پەنجەی حەوت جار لە خوێنەکە بەسەریدا بپرژێنێت و لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل پاکی بکاتەوە و تەرخانی بکات.
LEV 16:20 «کاتێک هارون لە کەفارەتکردن بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەواو بوو، گیسکە زیندووەکە پێشکەش بکات.
LEV 16:21 هارون هەردوو دەستی لەسەر سەری گیسکە زیندووەکە دابنێت و لەسەری دان بە هەموو تاوان و هەموو یاخیبوونەکان و هەموو گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا بنێت، بەمە گوناهەکان دەخاتە سەر گیسکەکە. هارون لەژێر چاودێری ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بۆ ئەم ئیشە گیسکەکە بنێرێتە چۆڵەوانی.
LEV 16:22 گیسکەکە هەموو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت بۆ خاکێکی چۆڵ، ئینجا کەسەکە گیسکەکە لە چۆڵەوانی بەڕەڵا بکات.
LEV 16:23 «ئینجا هارون بچێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و جلە کەتانەکانی دابکەنێت کە لە چوونە ژوورەوەی بۆ شوێنی هەرەپیرۆز لەبەری کردبوو، لەوێ دایبنێت.
LEV 16:24 لە شوێنێکی پیرۆز بە ئاو خۆی بشوات. ئینجا جلەکانی لەبەر بکات و بچێتە دەرەوە و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گەل بکات، کەفارەت بۆ خۆی و بۆ گەل بکات.
LEV 16:25 پیوی قوربانییەکەی گوناهیش لەسەر قوربانگاکە بسووتێنێت.
LEV 16:26 «ئەو کەسەی گیسکەکەشی بەرەو عەزازێل بەڕەڵا کرد، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.
LEV 16:27 جوانەگاکەی قوربانی گوناه و گیسکەکەی قوربانی گوناهیش، ئەوانەی خوێنەکەیان بردرا بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز، ئەوا بیانباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیان بە ئاگر بسووتێنن.
LEV 16:28 ئەوەی دەشیانسووتێنێت، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.
LEV 16:29 «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان، کە ئێوە لە دەی مانگی حەوت گیانی خۆتان زەلیل دەکەن و هیچ کارێک ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتانە،
LEV 16:30 چونکە لەم ڕۆژەدا کەفارەتتان بۆ دەکرێت بۆ پاکبوونەوەتان، لە هەموو گوناهەکانتان لەبەردەم یەزدان پاک دەبنەوە.
LEV 16:31 ئەمە شەممەیە، پشوودانە بۆتان، فەرزێکی هەتاهەتاییشە کە گیانی خۆتان زەلیل بکەن.
LEV 16:32 ئەو کاهینەش کە بە زەیت دەستنیشان دەکرێت و ئەرکی پێ دەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە جیاتی باوکی ببێتە سەرۆک کاهین کەفارەت بکات، جلە کەتانەکان لەبەر بکات، جلە پیرۆزەکان،
LEV 16:33 کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە بکات. هەروەها کەفارەت بۆ کاهینەکان و هەموو کۆمەڵی گەل بکات.
LEV 16:34 «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل لە هەموو گوناهەکانیان، ساڵی جارێک.» ئیتر ئاوا کرا، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 17:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 17:2 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت،
LEV 17:3 هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و
LEV 17:4 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت.
LEV 17:5 ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن.
LEV 17:6 کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت.
LEV 17:7 پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە دروستکراون و لەشفرۆشیی ڕۆحییان بۆ دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“
LEV 17:8 «هەروەها پێیان دەڵێیت: ”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و
LEV 17:9 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
LEV 17:10 «”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم،
LEV 17:11 چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات،
LEV 17:12 بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم: ’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘
LEV 17:13 «”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت،
LEV 17:14 چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت: ’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات لە گەل دادەبڕدرێت.‘
LEV 17:15 «”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە.
LEV 17:16 بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»
LEV 18:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 18:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 18:3 وەک نەریتی خاکی میسر مەکەن کە تێیدا نیشتەجێ بوون و وەک نەریتی خاکی کەنعان مەکەن کە ئێوە دەهێنم بۆی و نەریتەکانیان بەجێمەهێنن.
LEV 18:4 پێویستە ملکەچی یاساکانی من بن و فەرزەکانم بەجێبهێنن بۆ ئەوەی پەیڕەویان بکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 18:5 فەرز و یاساکانم پەیڕەو بکەن، چونکە ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت، من یەزدانم.
LEV 18:6 «”هیچ کەسێک لە کەسوکاری خۆی نزیک نەبێتەوە، بۆ جووت بوون لەگەڵی، من یەزدانم.
LEV 18:7 «”ناموسی باوکت مەبە و ناموسی دایکت مەبە، لەگەڵ دایکت جووت مەبە، چونکە دایکتە.
LEV 18:8 «”لەگەڵ باوەژنت جووت مەبە، ئەوە ناموسی باوکتە.
LEV 18:9 «”لەگەڵ خوشکت، کچی باوکت یان کچی دایکت جووت مەبە، ئەگەر لە ماڵتان لەدایک بووبێت یان لە دەرەوە.
LEV 18:10 «”لەگەڵ کچی کوڕەکەت یان کچی کچەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی تۆیە.
LEV 18:11 «”لەگەڵ کچی ژنی باوکت کە لە باوکتەوە بووە، جووت مەبە، چونکە خوشکتە.
LEV 18:12 «”لەگەڵ خوشکی باوکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.
LEV 18:13 «”لەگەڵ خوشکی دایکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.
LEV 18:14 «”ناموسی مامت مەبە، لە ژنەکەی نزیک مەکەوە و لەگەڵی جووت مەبە، چونکە مامۆژنتە.
LEV 18:15 «”لەگەڵ بووکەکەت جووت مەبە، ژنی کوڕتە، لەگەڵی جووت مەبە.
LEV 18:16 «”لەگەڵ براژنەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی براتە.
LEV 18:17 «”لەگەڵ ژنێک و کچەکەی جووت مەبە، لەگەڵ کچی کوڕەکەی یان کچی کچەکەی جووت مەبە، ئەوان نزیکی ژنەکەن و ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
LEV 18:18 «”هیچ ژنێکیش بەسەر خوشکەکەی مەخوازە هەتا ببێت بە هەوێی، هەتا لەگەڵی جووت بیت، کاتێک ژنەکەت لە ژیاندایە.
LEV 18:19 «”لە هیچ ژنێکیش نزیک مەکەوە لە ماوەی گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بیت.
LEV 18:20 «”لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکە جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت.
LEV 18:21 «”منداڵەکانت وەک قوربانی مەسووتێنە بۆ ’مۆلەخ‘، نەوەک ناوی خودای خۆت بزڕێنیت، من یەزدانم.
LEV 18:22 «”لەگەڵ نێرێک جووت مەبە وەک جووتبوونت لەگەڵ ژن، ئەوە قێزەونە.
LEV 18:23 «”لەگەڵ هیچ ئاژەڵێکیش جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت، هیچ ئافرەتێک لەبەردەم ئاژەڵ ئامادە نەبێت بۆ جووتبوون، ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
LEV 18:24 «”بە هیچ یەکێک لەو ڕەفتارانە خۆتان گڵاو مەکەن، چونکە ئەو نەتەوانەی وا من ڕاویان دەنێم لەبەردەمتان بە هەموو ئەمانە گڵاو بوون.
LEV 18:25 تەنانەت خاکەکە گڵاو بوو، منیش سزای تاوانەکەی دەدەم و خاکەکەش دانیشتووانەکەی دەڕشێنێتەوە.
LEV 18:26 بەڵام ئێوە فەرزەکان بەجێدەهێنن و یاساکانم پەیڕەو دەکەن. هیچ کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتاندایە.
LEV 18:27 پێش ئێوە خەڵکی خاکەکە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانەیان کردووە، هەر بۆیە خاکەکە گڵاو بوو.
LEV 18:28 ئەگەر خاکەکە گڵاو بکەن، ئەوا ئێوەش دەڕشێنێتەوە، وەک چۆن ئەو نەتەوانەی پێش ئێوەی ڕشاندەوە.
LEV 18:29 «”بەڵکو هەرکەسێک کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ئەنجام بدات، ئەو کەسەی ئەوە دەکات لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
LEV 18:30 جا فەرزەکانم بەجێبهێنن هەتا هیچ لەو نەریتە قێزەونانە نەکەن و پێی گڵاو نەبن کە پێش ئێوە کراون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
LEV 19:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 19:2 «لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”دەبێت پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:3 «”هەر یەکێک لە ئێوە، دەبێت ڕێزی دایک و باوکی خۆی بگرێت و شەممەکانم بپارێزن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:4 «”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:5 «”کاتێک قوربانییەکی هاوبەشی بۆ یەزدان سەردەبڕن، با بە شێوەیەک بێت لەبەردەم یەزدان قبوڵ بێت،
LEV 19:6 ئەو ڕۆژەی سەری دەبڕن دەیخۆن لەگەڵ ڕۆژی پاشتر. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی سێیەم، دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێت.
LEV 19:7 ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا بخورێت، ئەوە گڵاوە و قبوڵ نییە.
LEV 19:8 ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە شتێکی پیرۆزی یەزدانی گڵاو کردووە، جا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
LEV 19:9 «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە،
LEV 19:10 پاشماوەی هێشووە ترێیەکان لە مێوەکەت مەکەرەوە و ئەوەی دەکەوێت هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆی بەجێبهێڵە. من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:11 «”مەدزن. «”درۆ مەکەن. «”فێڵ لە یەکتری مەکەن.
LEV 19:12 «”بە درۆ سوێند بە ناوی من مەخۆن، چونکە ناوی خوداکەت دەزڕێنیت، من یەزدانم.
LEV 19:13 «”نزیکەکەت فریومەدە و تاڵانی مەکە. «”کرێی کرێگرتەش لەلای خۆت بۆ بەیانی مەهێڵەوە.
LEV 19:14 «”نەفرەت لە کەڕ مەکە و کۆسپ مەخەرە بەردەم نابینا، بەڵکو لە خودات بترسە، من یەزدانم.
LEV 19:15 «”لە دادوەریدا ستەم مەکەن، نە لایەنگری هەژار بکەن و نە پشتی کەسی مەزن بگرن، بەڵکو بە دادپەروەری حوکمی بەرامبەرەکەت بدە.
LEV 19:16 «”لەنێوان خەڵکی قسە مەهێنە و مەبە. «”مەبە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەکەت، من یەزدانم.
LEV 19:17 «”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت.
LEV 19:18 «”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.
LEV 19:19 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن. «”دوو جۆری جیا لە ئاژەڵەکانت پێکەوە جووت مەکە. «”دوو جۆر تۆو لە کێڵگەکەت مەڕوێنە. «”با جلێکت لەبەر نەبێت کە دوو جۆر بێت.
LEV 19:20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێک جووت بوو، ئەویش کەنیزەیەکی مارەبڕ بوو بۆ پیاوێکی دیکە، بەڵام نەکڕابووەوە و ئازاد نەکرابوو، پێویستە سزایەکی گونجاو بدرێت. کەسیان ناکوژرێت، چونکە ئافرەتەکە ئازاد نەکراوە.
LEV 19:21 دەبێت پیاوەکە قوربانییەک بۆ تاوانەکەی بۆ لای یەزدان بهێنێتە دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بەرانێک وەک قوربانی تاوان.
LEV 19:22 جا کاهینەکە بە بەرانی قوربانی تاوانەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی، جا لەو گوناهەی کردوویەتی لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
LEV 19:23 «”کاتێک چوونە ناو خاکەکە و هەر دارێکتان بۆ خواردن ڕواند، ئەوا بەرەکەی بە قەدەغەکراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قەدەغەکراوە و لێی ناخورێت،
LEV 19:24 لە ساڵی چوارەمیش هەموو بەروبوومەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ شکۆدارکردنی یەزدان،
LEV 19:25 بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا بەرەکەی بخۆن، هەتا داهاتی بۆتان زیاد بکات، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:26 «”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن. «”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن.
LEV 19:27 «”لاتەنیشتەکانی سەرتان مەتاشن و دەستکاری دوو لای ڕیشتان مەکەن.
LEV 19:28 «”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.
LEV 19:29 «”کچەکەت سووک مەکە، بەوەی بیکەیت بە لەشفرۆش، نەوەک خاکەکە پڕ بێت لە لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی.
LEV 19:30 «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
LEV 19:31 «”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:32 «”لەبەر ڕیش سپی هەستە و ڕێزی پیر بگرە و لە خودات بترسە، من یەزدانم.
LEV 19:33 «”ئەگەر نامۆیەک هاتە خاکەکەتان، ستەمی لێ مەکەن،
LEV 19:34 وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 19:35 «”ساختەکاری مەکەن، نە لە ئەندازەی پێوانە و نە لە کێش و نە لە بڕ،
LEV 19:36 دەبێت تەرازووی ڕاست و کێشانەی ڕاست و ئێفەی ڕاست و هەینی ڕاستتان هەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
LEV 19:37 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.“»
LEV 20:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 20:2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن، ئەگەر لە منداڵەکانی بە مۆلەخی بەخشی، دەبێت بکوژرێت. دەبێت خەڵکی ناوچەکە بەردبارانی بکەن.
LEV 20:3 منیش ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخی بەخشی، بۆ ئەوەی پیرۆزگاکەم گڵاو بکات و ناوی پیرۆزم بزڕێنێت.
LEV 20:4 ئەگەر خەڵکی ناوچەکە چاوپۆشییان لەو کەسە کرد، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخ بەخشی، ئینجا نەیانکوشت،
LEV 20:5 ئەوا من ڕووی خۆم لەو کەسە و لە ماڵەکەی وەردەگێڕم و لەنێو گەلەکەیان دەیانبڕمەوە. هەمان شت بەوانەش دەکەم کە لە ڕێگەی پەرستنی مۆلەخەوە، لەشفرۆشیی ڕۆحی دەکەن.
LEV 20:6 «”من ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار تاکو بە شوێنکەوتنیان لەشفرۆشیی ڕۆحی بکات، ئەوا من ئەو کەسە لە گەلەکەی ڕیشەکێش دەکەم.
LEV 20:7 «”خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
LEV 20:8 فەرزەکانم بەجێبهێنن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم کە پیرۆزتان دەکات.
LEV 20:9 «”هەرکەسێک نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت، نەفرەتی لە باوکی یان دایکی کردووە، خوێنی لە ئەستۆی خۆیەتی.
LEV 20:10 «”ئەگەر پیاوێک داوێنپیسی لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکەدا کرد، کە ژنی نزیکەکەیەتی، ئەوا پیاوەکە و ژنەکەش دەبێت بکوژرێن.
LEV 20:11 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی باوکی بردووە، هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
LEV 20:12 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنی کوڕەکەی جووت بوو، ئەوا هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان کردووە، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
LEV 20:13 «”ئەگەر پیاوێک وەک ژن لەگەڵ نێرێک ڕاکشا بوو، ئەوا هەردووکیان شتێکی قێزەونیان کردووە و دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
LEV 20:14 «”ئەگەر پیاوێک ئافرەتێک لەگەڵ دایکەکەی بخوازێت، ئەوە بەدکارییە، پیاوەکە و هەردوو ژنەکە دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێن، هەتا بەدکاری لەنێوتاندا نەبێت.
LEV 20:15 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئاژەڵێکدا جووت بوو، دەبێت پیاوەکە بکوژرێت و ئاژەڵەکەش بکوژرێت.
LEV 20:16 «”ئەگەر ئافرەتێک لە ئاژەڵێک نزیک بووەوە بۆ جووتبوون، ئەوا ئافرەتەکە و ئاژەڵەکەش بکوژن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
LEV 20:17 «”ئەگەر پیاوێک خوشکی خۆی هێنا، کچی باوکی یان کچی دایکی و لەگەڵ یەک جووت بوون، ئەوا ڕیسواییە، دەبێت لەبەرچاوی گەلەکەیان ببڕدرێتەوە، ناموسی خوشکی خۆی بردووە، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
LEV 20:18 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنێک جووت بوو لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی، ئەوا دەبێت هەردووکیان لە گەلەکەیان داببڕدرێن، چونکە پیاوەکە خوێنلێچوونی ئافرەتەکەی ئاشکرا کردووە و ئافرەتەکەش خوێنلێچوونی خۆی ئاشکرا کردووە.
LEV 20:19 «”لەگەڵ خوشکی باوکت یان خوشکی دایکت جووت مەبە، ئەوەی وا بکات، ئەوا هەردووکیان تاوانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ناموسی کەسوکاری خۆی بردووە.
LEV 20:20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ مامۆژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی مامی خۆی بردووە، هەردووکیان تاوانیان لە ئەستۆ دەبێت، دەبێت بە وەجاخکوێری بمرن.
LEV 20:21 «”ئەگەر پیاوێک براژنی خۆی هێنا ئەوا گڵاوییە، ناموسی براکەی بردووە، دەبێت هەردووکیان وەجاخکوێر بن.
LEV 20:22 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاکە نەتانڕشێنێتەوە کە بۆ نیشتەجێبوون دەتانهێنمە ناوی.
LEV 20:23 بە ڕێی نەریتی ئەو نەتەوانەدا مەڕۆن کە من لەپێشتانەوە دەریاندەکەم، چونکە هەموو ئەم شتانەیان کرد، جا ڕقم لێیان بووەوە.
LEV 20:24 بەڵام بە ئێوەم فەرموو کە دەبنە خاوەنی خاکەکەیان، من دەیدەمە ئێوە هەتا ببنە میراتگری، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لەنێو گەلان جیای کردنەوە.
LEV 20:25 «”لەبەر ئەوە ئێوەش ئاژەڵی پاک و گڵاو لە یەکتر جیا بکەنەوە، هەروەها باڵندەی گڵاو و پاکیش، جا خۆتان گڵاو مەکەن بە ئاژەڵ و باڵندە و هەموو ئەوەی لەسەر زەوی دەخشێت، لەوانەی بۆم جیا کردنەوە، گوتم، گڵاون.
LEV 20:26 دەبێت بۆ من پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، من یەزدانم، ئێوەم لەنێو گەلان جیا کردەوە هەتا بۆ من بن.
LEV 20:27 «”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»
LEV 21:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کاهینەکان بدوێ کە نەوەی هارونن و پێیان بڵێ: ”نابێت بەپێی ڕێوڕەسم کەستان بە مردووێکی هۆزەکەی خۆی گڵاو بکات،
LEV 21:2 تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە زۆر نزیکن لێی، دایکی و باوکی و کوڕی و کچی و برای و
LEV 21:3 خوشکە پاکیزەکەی کە لێی نزیکە، ئەوەی شووی نەکردووە، دەشێت لە پێناویدا گڵاو بێت.
LEV 21:4 نابێت خۆی گڵاو بکات بەوانەی لە ڕێگەی ژنهێنانەوە بوونەتە خزمی ئەو.
LEV 21:5 «”کاهینەکان نابێت سەریان سفر بکەن و هەردوو لای ڕیشیان بتاشن و خۆیان بریندار بکەن.
LEV 21:6 دەبێت بۆ خوداکەیان پیرۆز بن و ناوی خودایان نەزڕێنن، چونکە قوربانییە بە ئاگرەکان وەک نانی خودایان بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، جا دەبێت پیرۆز بن.
LEV 21:7 «”نابێت کاهینەکان ئافرەتی لەشفرۆشی بێ ئابڕوو و تەڵاقدراو بخوازن، چونکە کاهین پیرۆزکراوە بۆ خوداکەی،
LEV 21:8 جا بە پیرۆزی دابنێن، چونکە نانی خوداتان پێشکەش دەکات، پیرۆزکراو دەبێت لەلاتان، چونکە من پیرۆزم. من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکات.
LEV 21:9 «”ئەگەر کچی کاهین بە لەشفرۆشی گڵاو بوو، ئەوا باوکی گڵاو کردووە، دەبێت کچەکە بە ئاگر بسووتێنرێت.
LEV 21:10 «”سەرۆکی کاهینان، ئەوەی لەنێو براکانی زەیتی دەستنیشانکردنی بە سەریدا کراوە و ئەرک پێ سپێردراوە بۆ لەبەرکردنی جلەکانی کاهینیێتی، پێویستە سەری ڕووت نەکات و جلەکانی لەبەر خۆی دانەدڕێت.
LEV 21:11 پێویستە نەیەتە ئەو شوێنەی لاشەی مردووی لێیە، نابێت خۆی بۆ دایک و باوکیشی گڵاو بکات.
LEV 21:12 نابێت لە پیرۆزگا دەربچێت، نەوەک پیرۆزگای خوداکەی گڵاو بکات، چونکە بە زەیتی دەستنیشانکردنی خودا نەزرکراوە، من یەزدانم.
LEV 21:13 «”ئەم دەبێت کچێکی پاکیزە بخوازێت.
LEV 21:14 نابێت بێوەژن و تەڵاقدراو و بێ ئابڕووی لەشفرۆش بخوازێت، بەڵکو دەبێت کچێکی پاکیزە لە خزمەکانی بخوازێت،
LEV 21:15 بۆ ئەوەی وەچەکەی لەنێو گەلەکەی گڵاو نەکات. من یەزدانم، ئەوم پیرۆز کردووە.“»
LEV 21:16 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 21:17 «لەگەڵ هارون بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک لە وەچەی تۆ لە نەوەکانیان کەموکوڕییەکی تێدابوو، با نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی.
LEV 21:18 هەر پیاوێک کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە، نە پیاوی نابینا و نە شەل و نە دەموچاو خوار و نە شێوە تێکچوو،
LEV 21:19 نە پیاوی دەست یان پێ گۆج،
LEV 21:20 نە قەمبوور، نە کورتەباڵا، نە ئەوەی کە کەموکوڕی لە چاویدا هەیە یان زام و برینێکی بەردەوامی هەیە و نە قۆڕ.
LEV 21:21 هەر پیاوێک لە نەوەی هارونی کاهین کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان؛ لەبەر ئەوەی کەموکوڕی تێدایە، پێویستە نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی.
LEV 21:22 دەتوانێت لە نانی خوداکەی بخوات، لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکە و لە خواردنە هەرەپیرۆزەکانیش؛
LEV 21:23 بەڵام نابێت بێتە لای پەردەکە و لە قوربانگاکەش نزیک بکەوێتەوە، چونکە کەموکوڕی تێدایە، نەوەک پیرۆزگام گڵاو بکات، چونکە من یەزدانم، کە پیرۆزیان دەکەم.“»
LEV 21:24 ئینجا موسا لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
LEV 22:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 22:2 «بە هارون و کوڕەکانی بڵێ: ”با ئاگاداری خۆیان بن لە قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و ناوی پیرۆزی من نەزڕێنن، ئەوانەی بۆ منی تەرخان دەکەن، من یەزدانم.“
LEV 22:3 «پێیان بڵێ: ”نەوە لەدوای نەوە، ئەگەر هەرکەسێک لە نەوەکانتان بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو بێت و لە قوربانییە پیرۆزەکان نزیک بووەوە کە نەوەی ئیسرائیل بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، ئەوا ئەو کەسە لەبەردەمم دوور دەخرێتەوە. من یەزدانم.
LEV 22:4 «”هەرکەسێک لە نەوەی هارون کە نەخۆشی گواستراوەی پێست یان لێچوونی هەبێت، هەتا پاک دەبێتەوە لە قوربانییە پیرۆزەکان نەخوات. هەر یەکێکیش دەست لە شتێکی گڵاوی مردووێک بدات، یان کەسێک تۆوی لێچووبوو،
LEV 22:5 یان دەستی لە خشۆکێک دابێت کە پێی گڵاو بێت، یان لە مرۆڤێک کە پێی گڵاو بێت لەبەر هەر گڵاوییەک کە هەیەتی،
LEV 22:6 ئەوەی دەست لە هەریەک لەو شتانە بدات ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و نابێت لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات هەتا خۆی بە ئاو نەشوات.
LEV 22:7 کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، پاک دەبێتەوە و پاشان لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات، چونکە خۆراکی ئەوە.
LEV 22:8 نابێت ئاژەڵی مردارەوەبوو و نێچیر بخوات، چونکە پێی گڵاو دەبێت. من یەزدانم.
LEV 22:9 «”کاهینەکان دەبێت خواستەکانم بپارێزن، نەوەک گوناهێک هەڵبگرن کە پێی بمرن، ئەگەر بە سووکی ڕەفتاری لەگەڵ بکەن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.
LEV 22:10 «”نابێت کەس لە قوربانی پیرۆزکراو بخوات جگە لە کەسوکاری کاهینەکە. میوان و کرێگرتەی کاهینیش نابێت لە قوربانی پیرۆزکراو بخۆن،
LEV 22:11 بەڵام ئەگەر کاهین کۆیلەیەکی بە زیو کڕی، یان کۆیلەیەک لە ماڵەکەی لە دایک بێت، ئەوا ئەو کۆیلەیە دەتوانێت لێی بخوات، ئەوان لە خۆراکەکەی دەخۆن.
LEV 22:12 ئەگەر کچی کاهین شووی بە پیاوێکی جگە لە کاهین کرد، ئەوا نابێت لە بەخشینە پیرۆزەکان بخوات.
LEV 22:13 بەڵام ئەگەر کچی کاهین بوو بە بێوەژن یان تەڵاق درا و هیچ وەچەی نەبوو و هاتەوە ماڵی باوکی، وەک کاتی کچێنی، ئەوا دەتوانێت لە خۆراکی باوکی بخوات. بەڵام نابێت کەسێکی دیکە لێی بخوات، جگە لە کەسوکاری کاهینەکە.
LEV 22:14 «”ئەگەر کەسێک بە هەڵە قوربانییەکی پێشکەشکراوی خوارد، ئەوا دەبێت پێنجیەکی زیاد بخاتە سەر و قوربانییە پیرۆزەکە بداتە کاهینەکە.
LEV 22:15 کاهینەکان نابێت قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو بکەن کە لەبەردەم یەزدان دایدەنێن،
LEV 22:16 ئەگەر ڕێیان پێبدەن قوربانییە پیرۆزەکانیان بخۆن ئەوا گوناهیان دەخەنە ئەستۆ، چونکە من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.“»
LEV 22:17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 22:18 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر هەر یەکێکتان، ئیسرائیلی بێت یان بیانییەک کە لە ئیسرائیل نیشتەجێیە، بەخشینێک پێشکەش بە یەزدان بکات وەک قوربانی سووتاندن بۆ ئەنجامدانی نەزر یان بەخشینێک کە بە خواستی خۆی بێت،
LEV 22:19 بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، دەبێت نێرێکی ساغ بێت، لە گاگەل یان ماڵات.
LEV 22:20 هەرچییەک کەموکوڕی تێدابێت پێشکەشی مەکەن، چونکە لێتان وەرناگیرێت.
LEV 22:21 ئەگەر کەسێک قوربانی هاوبەشی پێشکەشی یەزدان کرد، بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینێکی بە خواستی خۆی، لە گاگەل یان لە مێگەل، دەبێت ساغ بێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت. نابێت هیچ کەموکوڕییەکی تێدابێت.
LEV 22:22 کوێر و بریندار و پەلشکاو و بالوکەدار و گەڕ و زامداری بەردەوام، ئەمانە پێشکەش بە یەزدان مەکەن و لێیان مەکەن بە قوربانی بە ئاگر لەسەر قوربانگاکەی یەزدان.
LEV 22:23 بەڵام گا و بەرانی شێوە تێکچوو و کورتەباڵا دەتوانیت بکەیت بە بەخشینێک بە خواستی خۆت، بەڵام بۆ تەواوبوونی نەزر قبوڵ نابێت.
LEV 22:24 پێویستە ئاژەڵێک نەکەنە قوربانی بۆ یەزدان کە گونی قۆڕ بێت یان خەسابێت یان گونی لێکرابێتەوە یانیش بڕا بێت، لە خاکەکەشتان مەیکەن.
LEV 22:25 لە هەموو ئەمانەش پێویست ناکات بە هەر ئاژەڵێکی دەستی بیانی ڕازی ببن و پێشکەشیان بکەن وەک خواردنی خوداتان. لێتان وەرناگیرێت، چونکە ئەو ئاژەڵانە ناتەواون و کەموکوڕییان تێدایە.“»
LEV 22:26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 22:27 «کاتێک گوێرەکەیەک یان بەرخێک یان گیسکێک لەدایک دەبێت، ئەوا حەوت ڕۆژ لەژێر دایکی دەبێت و لە ڕۆژی هەشتەم بەدواوە، وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان قبوڵ دەبێت.
LEV 22:28 مانگا و مەڕیش لە یەک ڕۆژدا لەگەڵ بەچکەکەی سەرمەبڕن.
LEV 22:29 «کاتێک قوربانی سوپاسگوزاریتان بۆ یەزدان سەربڕی، بە شێوەیەک سەری ببڕن کە لێتان وەربگیرێت،
LEV 22:30 دەبێت لەو ڕۆژەدا بخورێت، بۆ بەیانی لێی مەهێڵنەوە، من یەزدانم.
LEV 22:31 «”فەرمانەکانم بپارێزن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.
LEV 22:32 ناوی پیرۆزیشم مەزڕێنن، دەبێت نەوەی ئیسرائیل دان بە پیرۆزی مندا بنێن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم،
LEV 22:33 ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنان، تاکو ببێتە خوداتان، من یەزدانم.“»
LEV 23:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 23:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمانە جەژنەکانی منن، جەژنەکانی یەزدان کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن.
LEV 23:3 «”شەش ڕۆژ کار بکەن بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، پشوودانە و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێک مەکەن، لە هەموو نشینگەکانتان شەممەیە بۆ یەزدان.
LEV 23:4 «”ئەمانە جەژنەکانی یەزدانن، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونەکان کە دەبێت لە کاتی خۆیدا بانگەوازی بۆ بکەن.
LEV 23:5 لە ئێوارەوە لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخە بۆ یەزدان دەستپێدەکات.
LEV 23:6 لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنی فەتیرە بۆ یەزدان دەستپێدەکات، دەبێت حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن.
LEV 23:7 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
LEV 23:8 حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژی حەوتەمیشدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.“»
LEV 23:9 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 23:10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتانی دەدەم و دەغڵتان دورییەوە، ئەوا یەکەم مەڵۆی دروێنەتان بۆ کاهین بهێنن.
LEV 23:11 ئەویش دەبێت مەڵۆیەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، ڕۆژی پاش شەممە کاهین دەبێت بەرزی بکاتەوە.
LEV 23:12 لە ڕۆژی بەرزکردنەوەی مەڵۆیەکە، بەرخێکی ساغی یەک ساڵە بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان،
LEV 23:13 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشی دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بکە بە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک شەرابە.
LEV 23:14 نان و قەرەخەرمان و گەنمی تازە مەخۆن، هەتا ئەو ڕۆژەی قوربانییەکەی خوداتان دەهێنن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانی ئێوە لە هەموو نشینگەکانتان.
LEV 23:15 «”ئینجا لە ڕۆژی دوای شەممەوە، لەو ڕۆژەوەی کە مەڵۆیەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە دەهێنن، حەوت هەفتەی تەواو بژمێرن،
LEV 23:16 هەتا ڕۆژی دوای شەممەی حەوتەم بژمێرن کە پەنجا ڕۆژە، ئینجا پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.
LEV 23:17 لە نشینگەکانتانەوە دوو نانی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بهێنن، لە دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بێت و بە هەویرترشەوە کرابنە نان، یەکەمین بەرهەمە بۆ یەزدان.
LEV 23:18 لەگەڵ نانەکان حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ و جوانەگایەک و دوو بەران بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. لەگەڵ پێشکەشکراوە دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
LEV 23:19 گیسکێکی نێرینەش بکەنە قوربانی گوناه و دوو بەرخی یەک ساڵەش بکەنە قوربانی هاوبەشی.
LEV 23:20 جا کاهینەکە دەبێت دوو بەرخەکە لەگەڵ نانی یەکەمین بەرهەمەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە. ئەمانە پێشکەشکراوێکی پیرۆزن بۆ یەزدان، جا دەبێت بۆ کاهینەکە بن.
LEV 23:21 لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بانگەواز بکەن و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە بۆتان، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە هەموو نشینگەکانتان لە نەوەکانتان.
LEV 23:22 «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆ بەجێی بهێڵە، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
LEV 23:23 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 23:24 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”یەکەم ڕۆژی مانگی حەوت دەبێت پشوو بێت بۆتان، یادی دەنگی کەڕەنایە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە.
LEV 23:25 هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، بەڵام قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.“»
LEV 23:26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 23:27 «بەڵام ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتە، ڕۆژی کەفارەتە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، گیانی خۆتان زەلیل بکەن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.
LEV 23:28 لەو ڕۆژەدا هیچ کارێک مەکەن، چونکە ڕۆژی کەفارەتە بۆ کەفارەتکردن بۆتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان.
LEV 23:29 هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا خۆی زەلیل نەکات لە گەلەکەی دادەبڕدرێت،
LEV 23:30 هەرکەسێکیش لەم ڕۆژەدا هەر کارێک بکات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی لەناودەبەم.
LEV 23:31 هیچ کارێک مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان.
LEV 23:32 شەممەیە، پشووە بۆتان، دەبێت گیانی خۆتان زەلیل بکەن. دەبێت لە کاتی ئێوارەی نۆی مانگدا هەتا ئێوارەی دواتر پشوودانی شەممەتان بێت.»
LEV 23:33 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 23:34 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان.
LEV 23:35 لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن،
LEV 23:36 حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
LEV 23:37 «”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی.
LEV 23:38 جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن.
LEV 23:39 «”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە.
LEV 23:40 لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن.
LEV 23:41 حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن.
LEV 23:42 حەوت ڕۆژ لە کەپردا نیشتەجێ بن، هەموو هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل دەبێت لە کەپردا نیشتەجێ بن،
LEV 23:43 بۆ ئەوەی نەوەکانتان بزانن کە من نەوەی ئیسرائیلم لە کەپردا نیشتەجێ کرد، کاتێک لە خاکی میسرم دەرهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
LEV 23:44 جا موسا سەبارەت بە جەژنەکانی یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند.
LEV 24:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 24:2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت.
LEV 24:3 لەناو چادری چاوپێکەوتن، لە دەرەوەی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز، هارون لە ئێوارەوە هەتا بەیانی بە بەردەوامی چرادانەکە لەبەردەم یەزدان ڕێک دەخات. فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان.
LEV 24:4 چراکە لەسەر چرادانەکەی کە لە زێڕی بێگەردە پێویستە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان ڕێکبخرێت.
LEV 24:5 «باشترین ئاردیش دەبەیت و دەیکەیتە دوازدە کولێرە، بۆ هەر کولێرەیەک دوو دەیەکی ئێفەیەک بەکاردەهێنیت،
LEV 24:6 دەیانکەیت بە دوو ڕیز، هەر ڕیزە و شەش کولێرە، لەسەر مێزە زێڕینە بێگەردەکە لەبەردەم یەزدان.
LEV 24:7 لەسەر هەر ڕیزێکیش بخووری سادەی بێگەرد دادەنێیت، جا لەگەڵ کولێرەکە دەبێتە یادەوەری قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
LEV 24:8 ئەم کولێرەیەش بە بەردەوامی هەموو ڕۆژێکی شەممە لەبەردەم یەزدان ڕێکدەخرێت، پەیمانێکی هەتاهەتاییە لە پێناو نەوەی ئیسرائیل.
LEV 24:9 ئەمە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت و لە شوێنێکی پیرۆز دەیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، بەشێکی چەسپاوە.»
LEV 24:10 کوڕێک کە دایکی ئیسرائیلی و باوکی میسری بوو چووە نێو نەوەی ئیسرائیل و لە ئۆردوگاکە لەگەڵ پیاوێکی ئیسرائیلی بووە شەڕیان.
LEV 24:11 کوڕی ژنە ئیسرائیلییەکە کفر و نەفرەتی سەبارەت بە ناوی یەزدان کرد، هێنایانە لای موسا، دایکیشی ناوی شەلۆمیتی کچی دبری بوو، لە هۆزی دان.
LEV 24:12 لە شوێنێکیان دانا لەژێر چاودێری پاسەوان، هەتا بڕیاری یەزدانیان پێ ڕابگەیەنرێت.
LEV 24:13 جا یەزدان بە موسای فەرموو:
LEV 24:14 «ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبە دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەموو ئەوانەی گوێیان لێی بوو دەستیان لەسەر سەری دادەنێن و هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن.
LEV 24:15 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی نەفرەت لە خودای خۆی بکات، ئەوا تاوانی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.
LEV 24:16 ئەوەی کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، ئەوا دەکوژرێت، هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن، بیانی و هاوڵاتی وەک یەک، کاتێک کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، دەکوژرێت.
LEV 24:17 «”ئەگەر کەسێک کەسێکی کوشت ئەوا دەکوژرێت.
LEV 24:18 ئەوەی ئاژەڵی کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا قەرەبووی دەکاتەوە، گیان بە گیان.
LEV 24:19 ئەگەر یەکێک شتێکی لە کەسێک کرد، چی کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە،
LEV 24:20 شکان بە شکان و چاو بە چاو و ددان بە ددان، چی لەو کەسە کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە.
LEV 24:21 ئەوەی ئاژەڵێک بکوژێت، قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی کەسێک بکوژێت دەکوژرێتەوە.
LEV 24:22 یەک یاساتان دەبێت، بیانی وەک هاوڵاتی دەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
LEV 24:23 جا موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبەنە دەرەوەی ئۆردوگاکە و بەردبارانی بکەن. نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
LEV 25:1 هەروەها یەزدان لە شاخی سینا بە موسای فەرموو:
LEV 25:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتان دەدەم، با خاکەکە شەممە بۆ یەزدان بپارێزێت.
LEV 25:3 شەش ساڵ کێڵگەکەت دەڕوێنیت و شەش ساڵ ڕەزەکەت پەرچ دەکەیت و بەروبوومی کۆدەکەیتەوە.
LEV 25:4 بەڵام لە ساڵی حەوتەم دەبێتە پشووی خاک، شەممەیە بۆ یەزدان، کێڵگەکەت مەڕوێنە و ڕەزەکەت پەرچ مەکە.
LEV 25:5 ئەوەی لە دروێنە لێت کەوتووە و ئێستا ڕواوەتەوە، دروێنەی مەکە، ترێی ڕەزەکەشت، هی ئەو لقانەی پەرچ نەکراون، لێ مەکەرەوە. ساڵی پشوودان دەبێت بۆ خاکەکە.
LEV 25:6 هەر شتێک خاکەکە لە ساڵی پشوودا بە خۆڕستی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوا دەبێتە خۆراکتان، بۆ تۆ و کۆیلەکەت و کەنیزەکەت یان کرێگرتەکەت و نیشتەجێی کاتی کە لەلای تۆ دەژیێت،
LEV 25:7 هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانت و بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییە دەبێت کە لە خاکەکەتە. هەموو بەروبوومی خاکەکە دەبێتە خۆراک.
LEV 25:8 «”حەوت پشووی ساڵانە بۆ خۆت دەژمێریت، حەوت جار حەوت ساڵ، جا ڕۆژانی حەوت پشووە ساڵانەکە بۆ تۆ دەبێتە چل و نۆ ساڵ،
LEV 25:9 ئینجا لە ڕۆژی دەی مانگی حەوت، کەڕەنا لێ دەدەیت لە ڕۆژی کەفارەت، کەڕەنا بە هەموو خاکەکەتان دەگێڕن.
LEV 25:10 ساڵی پەنجایەمین تەرخان دەکەن و بانگەوازی ئازادکردن لە زەوییەکەدا ڕادەگەیەنن بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، بۆتان دەبێتە یۆبیل و هەریەکە و بۆ موڵکی خۆی دەگەڕێتەوە و هەریەکە و بۆ خێڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
LEV 25:11 ساڵی پەنجایەمین یۆبیل، ناڕوێنن و ئەوەی خۆڕسکە نایدروونەوە و ڕەزی پەرچ نەکراو ناڕنن.
LEV 25:12 ئەوە یۆبیلە و پیرۆز دەبێت بۆتان، ئەو ساڵە تەنها ئەوە بخۆن کە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەوە دەستتان دەکەوێت.
LEV 25:13 «”لەم ساڵی یۆبیلە هەرکەسە دەگەڕێتەوە سەر موڵکی خۆی.
LEV 25:14 «”جا کاتێک زەوی و زارت بە هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت کڕی، با کەستان ستەم لەوی دیکەتان نەکات.
LEV 25:15 بەگوێرەی ژمارەی ساڵەکانی دوای یۆبیل لە هاونیشتیمانییەکەت دەکڕیت و بەگوێرەی ساڵەکانی کە ماوەتەوە بۆ خەرمانان پێت دەفرۆشێت.
LEV 25:16 بەگوێرەی زۆری ساڵەکان نرخی زیاد دەکەیت و بەگوێرەی کەمی ساڵەکان نرخی کەم دەکەیتەوە، چونکە ژمارەی بەروبوومەکەت پێ دەفرۆشێت.
LEV 25:17 جا ستەم لە یەکتری مەکەن، بەڵکو لە خوداتان بترسن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 25:18 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن و ئاگاداری ئەوە بن کە گوێڕایەڵی یاساکانم بن و کاریان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لە خاکەکە نیشتەجێ بن.
LEV 25:19 زەوییەکەش بەروبوومەکەی دەدات، جا هەتا تێر دەبن لێی دەخۆن و بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن.
LEV 25:20 ئەگەر بڵێن: ’لە ساڵی حەوتەم چی بخۆین، ئەگەر نەچێنین و بەروبووممان کۆنەکەینەوە؟‘
LEV 25:21 ئەوا من فەرمانی بەرەکەتی خۆم دەدەم بۆتان لە ساڵی شەشەمدا، جا بەروبوومی سێ ساڵ دەدات.
LEV 25:22 ساڵی هەشتەم دەچێنن و لە بەروبوومە کۆنەکە دەخۆن، هەتا ساڵی نۆیەم بەروبوومەکەی دەدات لە کۆنەکە دەخۆن.
LEV 25:23 «”زەوییەکەش هەمیشە هەتاسەر نافرۆشرێت، چونکە زەوییەکە هی منە و ئێوە نامۆ و کرێگرتەی منن،
LEV 25:24 بەڵکو لە هەموو ئەو خاکەی ئەو زەوییەی موڵکتان بووە، پێویستە کڕینەوە بۆ زەوییەکە دابنێن.
LEV 25:25 «”ئەگەر هاونیشتیمانیێکت هەژار بوو و لە موڵکەکەی خۆی فرۆشت، ئەوا نزیکترین خزمی دێت و فرۆشراوی هاوڵاتییەکەی دەکڕێتەوە.
LEV 25:26 ئەگەر کەسێکیش خزمی نەبێت زەوییەکەی بۆ بکڕێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی توانی و ئەوەندەی دەستکەوتەوە کە بەشی کڕینەوەکە بکات،
LEV 25:27 ئەوا نرخی ئەو ساڵانە دەژمێرێت لە کاتی فرۆشتنەکەوە و ئەوەندەی دەمێنێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی نرخەکە دەداتەوە ئەو کەسە کە پێی فرۆشتووە، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.
LEV 25:28 بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لە دەست نەبێت کە بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوا لە دەستی کڕیار دەبێت هەتا ساڵی یۆبیل. ئینجا لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە خاوەنەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.
LEV 25:29 «”ئەگەر لە شارێکی شوورابەند یەکێک خانووی نیشتەجێبوونی فرۆشت، ئەوا مافی کڕینەوەکەی هەتا تەواوی ساڵێک دەبێت لە کاتی فرۆشتنەوە، لە ماوەی ئەو کاتەدا دەتوانێت بیکڕێتەوە.
LEV 25:30 ئەگەر هەتا تەواوبوونی ئەو ساڵە نەیکڕێتەوە، ئەوا ئەو خانووەی لە شارە شوورابەندەکەیە بە هەمیشەیی هەتاسەر بۆ کڕیارەکە دەبێت، بۆ نەوەکانی و لە یۆبیلدا ناگەڕێتەوە.
LEV 25:31 بەڵام خانوو لە لادێی شوورابەند نەبێت، ئەوا وەک کێڵگە هەژمارد دەکرێت، کڕینەوەی هەیە و لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە.
LEV 25:32 «”لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان، لێڤییەکان هەمیشە مافی کڕینەوەی ماڵەکانیان هەیە، کە موڵکی خۆیانە.
LEV 25:33 ماڵەکانی لێڤییەکان مافی کڕینەوە و گەڕانەوەی هەیە، لە ساڵی یۆبیل، چونکە خانووی شارۆچکەکانی لێڤییەکان موڵکی ئەوانە لەنێو نەوەی ئیسرائیل.
LEV 25:34 بەڵام لەوەڕگای دەوروبەری شارۆچکەکانیان نافرۆشرێت، چونکە موڵکێکی هەتاهەتاییە بۆیان.
LEV 25:35 «”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت.
LEV 25:36 نە سووی لێ وەربگرە و نە قازانج، بەڵکو لە خوداکەت بترسە و با هاونیشتیمانیت لەنێوتان بژیێت،
LEV 25:37 نە پارەکەتی بە سوو پێبدە و نە خۆراکەکەتی بە قازانج پێبدە.
LEV 25:38 من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا خاکی کەنعانتان بداتێ و ببێت بە خوداتان.
LEV 25:39 «”ئەگەر هاوڵاتییەکت لەنێوتان هەژار بوو و خۆی فرۆشتە تۆ، وەک کۆیلە کۆیلایەتی پێ مەکە،
LEV 25:40 بەڵکو وەک کرێگرتە و نیشتەجێی کاتی لەنێوتان دەبێت، هەتا ساڵی یۆبیل لەلات کار دەکات.
LEV 25:41 ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەلات ئازاد دەبن و بۆ خێڵەکەی خۆی و بۆ موڵکی باوباپیرانی دەگەڕێتەوە.
LEV 25:42 لەبەر ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، بۆیە نابێت وەک کۆیلە بفرۆشرێن.
LEV 25:43 بە توندوتیژی بەسەریاندا زاڵ مەبە، بەڵکو لە خودات بترسە.
LEV 25:44 «”بەڵام کۆیلەکانت و کەنیزەکانت ئەوانەی دەبنە هی تۆ، ئەوا لەو گەلانەی دەوروبەرتان دەبن، لەوان کۆیلە و کەنیزە بۆ خۆتان پەیدا دەکەن.
LEV 25:45 هەروەها لە نەوەی ئەوانەی لای ئێوە نیشتەجێی کاتین و لە خێڵەکانیان کە لەنێوتانن پەیدای دەکەن، ئەوانەی لە خاکی ئێوە لەدایک دەبن، ئەوان دەبنە موڵکی ئێوە.
LEV 25:46 دەیانکەنە موڵکی کوڕانتان لەدوای خۆتان وەک میرات بۆیان، هەتاسەر دەیانکەنە کۆیلە، بەڵام براکانتان لە نەوەی ئیسرائیل، ئەوا هیچ کەسێک بە توندوتیژی بەسەر براکەیدا زاڵ نابێت.
LEV 25:47 «”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە،
LEV 25:48 ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە.
LEV 25:49 مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە.
LEV 25:50 لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا.
LEV 25:51 ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە.
LEV 25:52 ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە،
LEV 25:53 وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت.
LEV 25:54 «”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن،
LEV 25:55 چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 26:1 «”بت بۆ خۆتان دروستمەکەن و پەیکەری تاشراو و بەردی تەرخانکراو دامەمەزرێنن، لە خاکەکەتان بەردی وێنە لەسەر کێشراو دامەنێن، هەتا کڕنۆشی بۆ ببەن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم.
LEV 26:2 «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
LEV 26:3 «”ئەگەر فەرزەکانم بەجێبهێنن و فەرمانەکانم بەجێبگەیەنن و کاری پێ بکەن،
LEV 26:4 ئەوا لە کاتی خۆی بارانتان دەدەمێ و زەویش بەری خۆی دەدات و درەختەکانی کێڵگەش بەروبووم دەدات.
LEV 26:5 گێرەکردنتان بەردەوام دەبێت هەتا چنینەوەی ترێ و چنینەوەی ترێ بەردەوام دەبێت هەتا چاندن، جا هەر خواردنێکتان حەز لێبوو، دەیخۆن و بە ئاسوودەیی لە خاکەکەتان نیشتەجێ دەبن.
LEV 26:6 «”ئاشتیش لە خاکەکەدا دەنێمەوە، جا دەخەون و کەس ناتانترسێنێت، گیانلەبەرە دڕندەکانیش لە خاکەکەدا لادەبەم و شمشێر بە خاکەکەتاندا تێناپەرێت.
LEV 26:7 دوژمنەکانتان ڕاودەنێن و لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.
LEV 26:8 پێنج لە ئێوە سەد ڕاودەنێن و سەد لە ئێوە ڕاوی دە هەزار دەنێن و دوژمنەکانتان لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.
LEV 26:9 «”ئاوڕتان لێ دەدەمەوە و بە بەروبوومتان دەکەم و زیادتان دەکەم و پەیمانم لەگەڵتان دەبەمەسەر،
LEV 26:10 جا لە بەروبوومی دروێنەی ساڵی پێشوو دەخۆن و بۆ ئەمبارکردنی بەروبوومی نوێ، کۆنەکە دەردەهێنن.
LEV 26:11 نشینگەکەم لەنێوتان دادەنێم و قێزتان لێ ناکەمەوە،
LEV 26:12 لەنێوتان هاتوچۆ دەکەم و دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من.
LEV 26:13 من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان، لەوەی کە کۆیلەی ئەوان بوون و کۆتی نیری ئێوەی شکاند و بە سەربەرزییەوە بەڕێی کردن.
LEV 26:14 «”بەڵام ئەگەر گوێم لێ نەگرن و هەموو ئەم فەرمانانە جێبەجێ نەکەن،
LEV 26:15 ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن،
LEV 26:16 ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن.
LEV 26:17 من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن.
LEV 26:18 «”ئەگەر لەگەڵ ئەوەش هەر گوێم لێ نەگرن، ئەوا حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم.
LEV 26:19 جا لەخۆبایی کەللەڕەقیتان دەشکێنم و ئاسمانتان وەک ئاسن لێ دەکەم و زەویتان وەک بڕۆنز،
LEV 26:20 بێهوودە ماندوو دەبن و زەویتان بەری خۆی نادات و درەختی زەوی بەروبوومی نادات.
LEV 26:21 «”ئەگەر بە پێچەوانە لەگەڵم جوڵانەوە و نەتانویست گوێم لێ بگرن، ئەوا جارێکی دیکە حەوت قات کارەساتەکەتان لەسەر زیاد دەکەم، بەگوێرەی گوناهەکانتان.
LEV 26:22 دڕندەی کێویتان بۆ بەڕەڵا دەکەم و بێ منداڵتان دەکات و مەڕوماڵاتتان قڕ دەکات و کەمتان دەکاتەوە، جا ڕێگاتان چۆڵ دەبێت.
LEV 26:23 «”ئەگەر بەوەش تەمبێ نەبوون و بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
LEV 26:24 ئینجا منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان ئازارتان دەدەم.
LEV 26:25 شمشێرێکتان دەهێنمە سەر، تۆڵەی تووڕەیی پەیمانەکەتان لێ دەکاتەوە، جا لە شارۆچکەکانتان کۆدەبنەوە و دەرد دەنێرمە نێوانتان و دەدرێنە دەست دوژمن.
LEV 26:26 کە نان بڕاوتان دەکەم، هەموو نانەکەتان بە دە ژن و لە یەک تەنوور دەکرێت، بە پێوانەش بەشی دەکەن و دەیخۆن، بەڵام تێر نابن.
LEV 26:27 «”ئەگەر بەوەش گوێم لێ نەگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
LEV 26:28 ئەوا بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە بە تووڕەییم و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم.
LEV 26:29 جا گۆشتی کوڕ و کچەکانتان دەخۆن.
LEV 26:30 نزرگەکانی سەر بەرزاییتان وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە.
LEV 26:31 شارۆچکەکانتان وێران دەکەم و شوێنە پیرۆزەکانتان دەکەمە چۆڵەوانی، بۆنەکانی خۆشی قوربانی ئێوە دڵخۆشم ناکات.
LEV 26:32 خاکەکە دەکەمە چۆڵەوانی و دوژمنەکانتان کە تێیدا نیشتەجێ دەبن، سەرسام دەبن.
LEV 26:33 بەناو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاوتان دەکەمەوە و شمشێرەکەم هەڵدەکێشم و ڕاوتان دەنێم. جا خاکەکەتان دەبێتە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانتان وێران دەبێت.
LEV 26:34 پاشان هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، زەوییەکە پشووی ساڵەکانی خۆی وەردەگرێت، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن؛ ئەوسا زەوییەکە پشوو دەدات و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت.
LEV 26:35 هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون.
LEV 26:36 «”ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە، ئەوا ترسنۆکی دەخەمە دڵیان لە خاکی دوژمنانیان و دەنگی گەڵایەکی هەڵوەریو دەیانبەزێنێت، جا وەک لە شمشێر هەڵبێن ئاوا هەڵدێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت دەکەون.
LEV 26:37 بەسەر یەکتردا دەکەون هەروەک لە شمشێر هەڵبێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت، لەبەردەم دوژمنەکانتان هەستانەوەتان نابێت،
LEV 26:38 جا لەنێو گەلان لەناودەچن و خاکی دوژمنانتان دەتانخوات.
LEV 26:39 ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە ئەوا لە خاکی دوژمنانتان بە گوناهەکانیانەوە لەناودەچن، هەروەها بە گوناهی باوکانیشیانەوە لەناودەچن.
LEV 26:40 «”بەڵام ئەگەر دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و باوک و باپیرانیاندا نا، لەو ناپاکییەی لەگەڵ من کردیان کە بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
LEV 26:41 لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵیاندا جوڵامەوە و ئەوانم بردە خاکی دوژمنانیان هەتا دڵە خەتەنەنەکراوەکانیان بێفیز بێت و باجی گوناهەکانیان بدەنەوە،
LEV 26:42 ئەوا پەیمانەکەم لەگەڵ یاقوب بەبیر دێتەوە. هەروەها پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاق و پەیمانەکەم لەگەڵ ئیبراهیم و خاکەکەشم بەبیر دێتەوە.
LEV 26:43 خاکەکەش لەلایەن ئەوانەوە چۆڵ دەکرێت و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت کاتێک بەبێ ئەوان چۆڵەوانییە. ئەوانیش باجی گوناهەکانیان دەدەنەوە، چونکە یاساکانی منیان ڕەتکردەوە و لە ناخەوە قێزیان لە فەرزەکانم بووەوە.
LEV 26:44 بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە خاکی دوژمنانیان بوون، ڕەتم نەکردنەوە و قێزم لێیان نەکردەوە، هەتا بە تەواوی لەناویان ببەم و پەیمانم لەگەڵیان بشکێنم، چونکە من یەزدانی پەروەردگاریانم.
LEV 26:45 بەڵکو لە پێناویان یادی ئەو پەیمانەیان بۆ دەکەمەوە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، ئەوانەی لەبەرچاوی نەتەوەکان لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا ببمە خودای خۆیان. من یەزدانم.“»
LEV 26:46 ئەوانە فەرز و یاسا و ڕێنماییەکانن کە یەزدان لەنێوان خۆی و نەوەی ئیسرائیلدا داینا، لە شاخی سینا لەسەر دەستی موسا.
LEV 27:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو
LEV 27:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ یەزدان نەزر کرد، ئەوا ئاوای دەخەمڵێنێت،
LEV 27:3 ئەگەر خەمڵاندنەکەت بۆ نێرێکی تەمەن بیست هەتا شەست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پەنجا شاقل زیو بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا دەبێت.
LEV 27:4 ئەگەر مێینەش بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت سی شاقل دەبێت.
LEV 27:5 ئەگەر تەمەنی پێنج هەتا بیست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت بیست شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت.
LEV 27:6 ئەگەر تەمەنی مانگێک هەتا پێنج ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پێنج شاقل زیو بۆ نێر و سێ شاقل زیو بۆ مێ دەبێت.
LEV 27:7 ئەگەر تەمەنی شەست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پازدە شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت.
LEV 27:8 ئەگەر کەسێک نەزری کرد و ئەو کەسە هەژار بوو و ئەو خەمڵاندنەی لە توانادا نەبوو، ئەوا نەزرەکە دەهێنێتە بەردەم کاهین و کاهینەکەش بۆی دەخەمڵێنێت. بەگوێرەی توانای ئەو کەسەی نەزرەکەی کردووە کاهینەکە بۆی دەخەمڵێنێت.
LEV 27:9 «”ئەگەر نەزرەکە ئاژەڵ بێت، لەوانەی پەسەندە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا هەموو ئەوەی لێی دەدرێت بە یەزدان، پیرۆز دەبێت.
LEV 27:10 پێویستە نەیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێ نەکات، باش بە خراپ یان خراپ بە باش، ئەگەر ئاژەڵێکی بە ئاژەڵێکی دیکە ئاڵوگۆڕ کرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە پیرۆز دەبن.
LEV 27:11 ئەگەر نەزرەکە بەپێی ڕێوڕەسم ئاژەڵێکی گڵاو بوو، لەوانەی کە قبوڵ نییە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا پێویستە ئاژەڵەکە بهێنرێتە بەردەم کاهین.
LEV 27:12 جا نرخەکەی دەخەمڵێنێت، هەر چۆنێک بێت باش یان خراپ، ئەو نرخەی کاهین دەیخەمڵێنێت، هەر ئەوە دەبێت.
LEV 27:13 جا ئەگەر خاوەنەکەی ویستی ئاژەڵەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێویستە پێنج یەک بخاتە سەر خەمڵاندنەکە.
LEV 27:14 «”ئەگەر یەکێک ماڵەکەی تەرخان کرد هەتا بۆ یەزدان پیرۆزکراو بێت، ئەوا کاهینەکە دەیخەمڵێنێت باش بێت یان خراپ، کاهینەکە چۆنی بخەمڵێنێت ئاوا دەبێت.
LEV 27:15 ئەگەر ئەو کەسە ویستی ماڵە تەرخانکراوەکەی بکڕێتەوە ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و دەبێتەوە هی خۆی.
LEV 27:16 «”ئەگەر کەسێک بەشێکی لە کێڵگەکەی موڵکی خێزانی خۆی بۆ یەزدان تەرخان کرد، ئەوا خەمڵاندنەکە بەگوێرەی تۆوکردن تێیدا دەبێت، جێی حۆمەرێک تۆوی جۆ بە پەنجا شاقل زیو دەبێت.
LEV 27:17 ئەگەر لە ساڵی یۆبیلدا کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە دانراوە دەمێنێتەوە.
LEV 27:18 بەڵام ئەگەر لەدوای ساڵی یۆبیل کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا کاهینەکە بەگوێرەی ئەو ساڵانەی ماوەتەوە بۆ ساڵی ئاییندەی یۆبیل، نرخەکەی بۆ دەژمێرێت. لە خەمڵاندنەکە کەم دەکاتەوە.
LEV 27:19 ئەگەر ئەو کەسەی کێڵگەکەی تەرخان کردووە ویستی کێڵگەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و کێڵگەکە بۆ ئەو دەبێت.
LEV 27:20 بەڵام ئەگەر کێڵگەکەی نەکڕییەوە یان کێڵگەکەی بە کەسێکی دیکە فرۆشت، ئەوا ئیتر ناکڕدرێتەوە،
LEV 27:21 بەڵکو کێڵگەکە لە ساڵی یۆبیل ئازاد دەکرێت، پیرۆز دەبێت، وەک کێڵگەی ڕاگیراو بۆ یەزدان. ئەو کاتە دەبێتە موڵکی کاهینەکان.
LEV 27:22 «”ئەگەر کێڵگەیەکی کڕاوی بۆ یەزدان تەرخان کرد، کە لە کێڵگەکانی موڵکی خێزانی نەبوو،
LEV 27:23 ئەوا کاهینەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بۆ دەژمێرێت هەتا ساڵی یۆبیل، جا کەسەکە لەو ڕۆژە نرخی خەمڵاندنەکە دەدات، وەک تەرخانکراوی پیرۆز بۆ یەزدان.
LEV 27:24 لە ساڵی یۆبیلیش کێڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لێی کڕیوە، بۆ خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکە.
LEV 27:25 هەموو خەمڵاندنەکەش بەپێی شاقلی پیرۆزگا دەبێت، هەر شاقلێک بیست گیرە دەبێت.
LEV 27:26 «”بەڵام هەر نۆبەرەیەکی ئاژەڵ کە وەک نۆبەرە بۆ یەزدان جیا دەکرێتەوە، با کەس تەرخانی نەکات، گا بێت یان بەران ئەوا بۆ یەزدانە؛
LEV 27:27 ئەگەر لە ئاژەڵە گڵاوەکان بوو، ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەیکڕێتەوە و پێنج یەکیشی دەخاتە سەر. ئەگەر نەیکڕییەوە ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەفرۆشرێت.
LEV 27:28 «”بەڵام هەموو ڕاگیراوێک کە مرۆڤ بۆ یەزدانی تەرخان دەکات لە هەموو ئەوانەی هەیەتی، لە خەڵک و ئاژەڵ و کێڵگەکانی موڵکی خۆی، ئەوا نافرۆشرێت و ناکڕدرێتەوە، هەموو ڕاگیراوێک هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.
LEV 27:29 «”هەرکەسێک تەرخانکراو بێت بۆ قڕکردن بە بارمتە ناکڕدرێتەوە، دەبێت بکوژرێت.
LEV 27:30 «”هەموو دەیەکی زەوی لە دانەوێڵەی زەوی و بەروبوومی درەختەکان بۆ یەزدانە، پیرۆزە بۆ یەزدان.
LEV 27:31 ئەگەر کەسێک هەندێک لە دەیەکەکەی خۆی کڕییەوە، ئەوا پێنجیەکی دەخاتە سەر،
LEV 27:32 بەڵام گاگەل و مێگەل دەیەمی هەر ئاژەڵێک بەژێر گۆچانی شواندا تێبپەڕێت، ئەوا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان.
LEV 27:33 نابێت تەماشا بکرێت ئاخۆ باشە یان خراپ و ئاڵوگۆڕی پێ ناکات، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێکرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە و ئالۆگۆڕکراوەکە پیرۆز دەبن بۆ یەزدان، ناکڕدرێنەوە.“»
LEV 27:34 ئەمانە ئەو فەرمانانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد بۆ نەوەی ئیسرائیل لە شاخی سینا.
NUM 1:1 لە یەکی مانگی دووی ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لە چادری چاوپێکەوتندا لە چۆڵەوانی سینا، یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 1:2 «سەرژمێری هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بکەن، بە خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیانەوە، بە لیستی ناوی نێرینەکان یەک بە یەک.
NUM 1:3 لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن لە ئیسرائیل خزمەت بکەن لە سوپا، تۆ و هارون بەگوێرەی لەشکرەکانیان تۆماریان بکەن.
NUM 1:4 بۆ هەر هۆزێک پیاوێکتان لەگەڵدا بێت، پیاوێک گەورەی بنەماڵەکەی بێت.
NUM 1:5 «ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە یارمەتیتان دەدەن: «لە هۆزی ڕەئوبێن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور؛
NUM 1:6 لە هۆزی شیمۆن، شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای؛
NUM 1:7 لە هۆزی یەهودا، نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب؛
NUM 1:8 لە هۆزی یەساخار، نەتەنێلی کوڕی چوعەر؛
NUM 1:9 لە هۆزی زەبولون، ئەلیابی کوڕی حێلۆن؛
NUM 1:10 لە کوڕەکانی یوسف: لە هۆزی ئەفرایم، ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود؛ لە هۆزی مەنەشە، گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور؛
NUM 1:11 لە هۆزی بنیامین، ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی،
NUM 1:12 لە هۆزی دان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای؛
NUM 1:13 لە هۆزی ئاشێر، پەگعیێلی کوڕی عۆخران؛
NUM 1:14 لە هۆزی گاد، ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل؛
NUM 1:15 لە هۆزی نەفتالی، ئەحیڕەعی کوڕی عێینان.»
NUM 1:16 ئەوانە هەڵبژێردراوانی کۆمەڵەکەن، سەرکردەی هۆزی باوکانیانن، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن.
NUM 1:17 جا موسا و هارون هەموو ئەو پیاوانەیان برد کە باس کران،
NUM 1:18 هەموو کۆمەڵیان لە یەکی مانگی دوو کۆکردەوە. لە گەنجانی بیست ساڵە بەرەو سەرەوە بەگوێرەی ڕەچەڵەکیان خرانەوە سەر خێڵ و بنەماڵەکانیان، یەک بە یەک ناوەکانیان تۆمار کرا،
NUM 1:19 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. ئینجا لە چۆڵەوانی سینادا تۆماری کردن.
NUM 1:20 لە نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:21 تۆمارکراوان لە هۆزی ڕەئوبێن چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 1:22 لە نەوەی شیمۆن، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە ژمێردران و بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:23 تۆمارکراوان لە هۆزی شیمۆن پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەس بوون.
NUM 1:24 لە نەوەی گاد، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:25 تۆمارکراوان لە هۆزی گاد چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بوون.
NUM 1:26 لە نەوەی یەهودا، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:27 تۆمارکراوان لە هۆزی یەهودا حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.
NUM 1:28 لە نەوەی یەساخار، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:29 تۆمارکراوان لە هۆزی یەساخار پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 1:30 لە نەوەی زەبولون، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:31 تۆمارکراوان لە هۆزی زەبولون پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 1:32 لە نەوەی یوسف، لە نەوەی ئەفرایم، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:33 تۆمارکراوان لە هۆزی ئەفرایم چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 1:34 لە نەوەی مەنەشە، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:35 تۆمارکراوان لە هۆزی مەنەشە سی و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
NUM 1:36 لە نەوەی بنیامین، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:37 تۆمارکراوان لە هۆزی بنیامین سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 1:38 لە نەوەی دان، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:39 تۆمارکراوان لە هۆزی دان شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
NUM 1:40 لە نەوەی ئاشێر، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:41 تۆمارکراوان لە هۆزی ئاشێر چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 1:42 لە نەوەی نەفتالی، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
NUM 1:43 تۆمارکراوان لە هۆزی نەفتالی پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 1:44 ئەوانە تۆمارکراوەکانن، ئەوانەی موسا و هارون و دوازدە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن، هەر پیاوێک لە تۆمارکراوەکان نوێنەر بوو بۆ بنەماڵەکەی.
NUM 1:45 جا هەموو نەوەی ئیسرائیل، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپای ئیسرائیلدا تۆمار کران،
NUM 1:46 هەموو تۆمارکراوەکان شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس بوون.
NUM 1:47 بەڵام هۆزی لێڤی بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەوان تۆمار نەکران،
NUM 1:48 چونکە یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 1:49 «هۆزی لێڤی تۆمار مەکە و لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا سەرژمێریان مەکە.
NUM 1:50 بەڵکو لێڤییەکان لەسەر چادری پەیمان و هەموو قاپوقاچاغەکەی و هەموو ئەوەی هەیەتی دابنێ، ئەوان چادرەکەی پەرستن بە هەموو قاپوقاچاغەکانییەوە هەڵدەگرن و ئەوان خزمەتی دەکەن، لە چواردەوری چادرەکەی پەرستنیش چادر هەڵدەدەن.
NUM 1:51 لە کاتی گواستنەوەی چادرەکەی پەرستن لێڤییەکان هەڵیدەگرنەوە و لە کاتی هەڵدانی چادرەکەی پەرستنیش لێڤییەکان دایدەمەزرێننەوە. هەرکەسێکی دیکە جگە لە لێڤییەکان لێی نزیک بێتەوە دەکوژرێت.
NUM 1:52 نەوەی ئیسرائیل هەریەکە لە ئۆردوگای خۆی لەژێر بەیداخەکەی خۆی بەپێی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن.
NUM 1:53 بەڵام لێڤییەکان لە چواردەوری چادرەکەی پەیمان چادر هەڵدەدەن، هەتا تووڕەیی نەیەتە سەر کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل، جا لێڤییەکان بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری چادری پەیمان.»
NUM 1:54 نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
NUM 2:1 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 2:2 «با نەوەی ئیسرائیل، هەریەکە لەژێر بەیداخەکەی خۆی، بە لافیتەکانی بنەماڵەکانیانەوە چادر هەڵبدەن، ڕووەو چادری چاوپێکەوتن و دەوروبەری.»
NUM 2:3 لەلای ڕۆژهەڵات، هۆزی یەهودا ڕووەو خۆر هەڵاتن لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەهوداش نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە.
NUM 2:4 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەسە.
NUM 2:5 پاشان هۆزی یەساخار لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر.
NUM 2:6 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەسە.
NUM 2:7 پاشان هۆزی زەبولون دێت، سەرۆکی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆنە.
NUM 2:8 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەسە.
NUM 2:9 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای یەهودا، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشتا و شەش هەزار و چوار سەد کەسن، یەکەمن لە بەڕێکەوتندا.
NUM 2:10 لەلای باشوور، هۆزی ڕەئوبێن لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێنیش ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە.
NUM 2:11 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەسە.
NUM 2:12 پاشان هۆزی شیمۆن لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە.
NUM 2:13 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەسە.
NUM 2:14 پاشان هۆزی گاد دێت، سەرۆکی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە.
NUM 2:15 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەسە.
NUM 2:16 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ڕەئوبێن، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و پەنجا و یەک هەزار و چوار سەد و پەنجا کەسن، دووەمن لە بەڕێکەوتندا.
NUM 2:17 ئینجا چادری چاوپێکەوتن، ئۆردوگای لێڤییەکان لەناوەندی ئۆردوگاکان بەڕێ دەکەوێت، چۆن چادر هەڵدەدەن بە هەمان شێوە بەڕێ دەکەون، هەریەکە و لە شوێنی خۆی لەژێر بەیداخەکەی.
NUM 2:18 لەلای ڕۆژئاوا، هۆزی ئەفرایم لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئەفرایمیش ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهودە.
NUM 2:19 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی چل هەزار و پێنج سەد کەسە.
NUM 2:20 پاشان هۆزی مەنەشە لەتەنیشتیانەوە دێت، سەرۆکی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە.
NUM 2:21 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی سی و دوو هەزار و دوو سەد کەسە.
NUM 2:22 پاشان هۆزی بنیامین دێت، سەرۆک بۆ نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە.
NUM 2:23 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەسە.
NUM 2:24 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ئەفرایم، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشت هەزار و سەد کەسن، سێیەمن لە بەڕێکەوتندا.
NUM 2:25 لەلای باکوور، هۆزی دان لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی دانیش ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدایە.
NUM 2:26 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەسە.
NUM 2:27 پاشان هۆزی ئاشێر دێت، لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە.
NUM 2:28 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەسە.
NUM 2:29 پاشان هۆزی نەفتالیش دێت، سەرۆکی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە.
NUM 2:30 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەسە.
NUM 2:31 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای دان سەد و پەنجا و حەوت هەزار و شەش سەد کەسن، لەژێر بەیداخەکانیان لە کۆتاییدا بەڕێ دەکەون.
NUM 2:32 ئەوانە تۆمارکراوەکانی نەوەی ئیسرائیلن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. هەموو تۆمارکراوان لە ئۆردوگاکان بە لەشکرەکانیانەوە شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەسن.
NUM 2:33 بەڵام لێڤییەکان لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
NUM 2:34 جا نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد، ئاوا لەژێر بەیداخەکانیان چادریان هەڵدا و ئاوا بەڕێکەوتن، هەریەکە بەگوێرەی خێڵەکەی خۆی لە بنەماڵەکەی.
NUM 3:1 ئەمەش نەوەی هارون و موسایە، ئەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسادا لە شاخی سینا دوا.
NUM 3:2 ئەمەش ناوی کوڕەکانی هارونە، نادابی نۆبەرە و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار.
NUM 3:3 ئەمەش ناوی نەوەکانی هارونە، کاهینە دەستنیشانکراوەکان ئەوانەی ئەرکی کاهینیێتییان پێ سپێردراوە.
NUM 3:4 ناداب و ئەبیهو لەبەردەم یەزدان مردن، کاتێک لە چۆڵەوانی سینا ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد. لەبەر ئەوەی هیچ کوڕیان نەبوو، ئەلعازار و ئیتامار لەبەردەم هارونی باوکیان خزمەتی کاهینیێتییان کرد.
NUM 3:5 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 3:6 «هۆزی لێڤی بهێنە پێش و لەبەردەم هارونی کاهین ڕایانبگرە و با یاریدەدەری بن،
NUM 3:7 جا هەڵدەستن بە پارێزگاری بۆ ئەو و لە جیاتی هەموو کۆمەڵ لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن، بەهۆی کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن.
NUM 3:8 پارێزگاری لە هەموو قاپوقاچاغەکانی چادری چاوپێکەوتن دەکەن و بە کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن کار بۆ نەوەی ئیسرائیل دەکەن.
NUM 3:9 لێڤییەکان دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ئەوان بە تەواوەتی پێشکەشکراون بەو.
NUM 3:10 هارون و کوڕەکانی دادەمەزرێنیت و کاهینیێتییەکەیان دەپارێزن و هەرکەسێکی دیکە لە پیرۆزگا نزیک ببێتەوە دەکوژرێت.»
NUM 3:11 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 3:12 «ئێستا من لێڤییەکان دەبەم، لەنێو نەوەی ئیسرائیل لە جیاتی هەر نۆبەرەیەکی نێر لە سکی ئافرەت کە لە نەوەی ئیسرائیل بێت. ئیتر لێڤییەکان دەبنە هی من،
NUM 3:13 چونکە هەموو نۆبەرەیەک بۆ منە، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسردا لە هەموو نۆبەرەیەکم دا، ئەوا هەموو نۆبەرەیەک لە ئیسرائیلدا لە خەڵک و لە ئاژەڵ بۆ خۆمم تەرخان کرد، بۆ من دەبن، من یەزدانم.»
NUM 3:14 هەروەها یەزدان لە چۆڵەوانی سینادا بە موسای فەرموو:
NUM 3:15 «نەوەی لێڤی بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و خێڵەکانیان تۆمار بکە، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار دەکەیت.»
NUM 3:16 موساش بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان هەروەک فەرمانی کردبوو، تۆماری کردن.
NUM 3:17 ئەمانە ناوی نەوەکانی لێڤی بوو: گێرشۆن و قەهات و مەراری.
NUM 3:18 ئەوەش ناوی دوو کوڕەکەی گێرشۆنە بەگوێرەی خێڵەکانیان: لیبنی و شیمعی.
NUM 3:19 نەوەی قەهاتیش بەگوێرەی خێڵەکانیان: عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.
NUM 3:20 دوو کوڕەکەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان: مەحلی و موشی. ئەمە خێڵی لێڤییەکانە بەگوێرەی بنەماڵەکانیان.
NUM 3:21 بۆ گێرشۆن خێڵی لیبنییەکان و خێڵی شیمعییەکان. ئەمە خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە،
NUM 3:22 ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە، تۆمارکراوان لێیان حەوت هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 3:23 خێڵەکانی گێرشۆنییەکان لە پشت چادری پەرستنەوە بەلای ڕۆژئاوا چادر هەڵدەدەن،
NUM 3:24 گەورەی بنەماڵەی گێرشۆنییەکانیش ئەلیاسافی کوڕی لائێل بوو.
NUM 3:25 نەوەی گێرشۆن لە چادری چاوپێکەوتن بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری چادرەکەی پەرستن و چادرەکە و پۆشەرەکەی، پەردەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن،
NUM 3:26 پەردەکانی حەوشەکە و پەردەی دەروازەی حەوشەکە کە لە دەوری چادرەکەی پەرستنە و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوری و گوریسەکانی، لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی پەیوەست بوو پێیانەوە.
NUM 3:27 بۆ قەهاتیش خێڵی عەمرامییەکان، خێڵی یەسهارییەکان، خێڵی حەبرۆنییەکان و خێڵی عوزیێلییەکان بوون. ئەمە خێڵەکانی قەهاتییەکانە
NUM 3:28 ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە هەشت هەزار و شەش سەد کەس بوون. قەهاتییەکان بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا.
NUM 3:29 خێڵەکانی نەوەی قەهات لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن.
NUM 3:30 گەورەی بنەماڵەکانی خێڵەکانی قەهاتییەکانیش ئەلیچافانی کوڕی عوزیێل بوو.
NUM 3:31 بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری سندوقەکە، مێزەکە، چرادانەکە، قوربانگاکان، قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە کە خزمەتی پێ دەکەن، پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز و هەموو ئەوەی لەگەڵی بەکاردەهێنرێت.
NUM 3:32 بۆ سەرۆکی سەرکردەکانی لێڤییەکانیش ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، سەرپەرشتیار بوو بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا.
NUM 3:33 بۆ مەراری، خێڵی مەحلییەکان و خێڵی موشییەکان، ئەمە خێڵەکانی مەرارییە.
NUM 3:34 تۆمارکراوان لێیان بەپێی ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە شەش هەزار و دوو سەد کەس بوون.
NUM 3:35 گەورەی بنەماڵەی خێڵەکانی مەراریش چووریێلی کوڕی ئەبیحەیلە، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن.
NUM 3:36 نەوەی مەراریش سەرپەرشتیاری پارێزگاریکردن بوون لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن، هەروەها کاریتە، کۆڵەکە، بناغە، هەموو کەلوپەلەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت،
NUM 3:37 هەروەها کۆڵەکەکانی حەوشەکە لە چواردەوری و بنکە و سنگ و گوریسەکانی.
NUM 3:38 موسا و هارون و کوڕەکانی لەلای ڕۆژهەڵاتی چادرەکەی پەرستن، ڕووەو ڕۆژهەڵات لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن چادر هەڵدەدەن. بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل، هەرکەسێکی دیکەش کە لە پیرۆزگا نزیک بکەوتبایەوە دەکوژرا.
NUM 3:39 هەموو تۆمارکراوانی لێڤییەکان ئەوانەی موسا و هارون بەپێی فەرمایشتی یەزدان بەگوێرەی خێڵەکانیان تۆماریان کردن، هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە بیست و دوو هەزار کەس بوون.
NUM 3:40 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە لە نەوەی ئیسرائیل لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار بکە و لیستی ناوەکانیان وەربگرە.
NUM 3:41 من یەزدانم، لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل بۆ من دادەنێیت.»
NUM 3:42 جا موسا وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد هەموو نۆبەرەیەکی لە نەوەی ئیسرائیل تۆمار کرد،
NUM 3:43 هەموو کۆرپەیەکی نۆبەرەی نێرینە لە تەمەنی یەک مانگ بەرەو سەرەوە لە لیستی ناوەکان تۆمارکران، بیست و دوو هەزار و دوو سەد و حەفتا و سێ کەس بوون.
NUM 3:44 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 3:45 «لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل دابنێ و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی مەڕوماڵاتەکانیان، جا لێڤییەکان بۆ من دەبن. من یەزدانم.
NUM 3:46 بۆ کڕینەوەی ئەو دوو سەد و حەفتا و سێیەش لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل کە لە لێڤییەکان زیاترن،
NUM 3:47 پێنج شاقل بۆ هەر سەرێک وەردەگریت، بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەریدەگریت. هەر شاقلێک بیست گێرایە.
NUM 3:48 زیوەکەش دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، کڕینەوەی ئەوانەیە کە لێیان زیادن.»
NUM 3:49 جا موسا زیوی کڕینەوەیانی وەرگرت، لەوانەی لە کڕینەوەی لێڤییەکان زیاد بوون،
NUM 3:50 لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل هەزار و سێ سەد و شەست و پێنج زیوی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەرگرت.
NUM 3:51 موساش زیوی کڕینەوەکەی بە هارون و کوڕەکانی دا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
NUM 4:1 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 4:2 «سەرژمێری نەوەی قەهات لەنێو نەوەی لێڤییەکان بکەن، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
NUM 4:3 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەتوانن بچن بۆ خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتن کار بکەن.
NUM 4:4 «نەوەی قەهات خزمەتی شتە هەرەپیرۆزەکانی ناو چادری چاوپێکەوتن دەکەن.
NUM 4:5 هارون و کوڕەکانی لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگا دێن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز هەڵدەگرنەوە و سندوقی شایەتی پێ دادەپۆشن.
NUM 4:6 ئینجا پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا بەسەردا دەدەن و لەسەر ئەوەشەوە قوماشێک هەمووی ڕیسی مۆر بێت ڕایدەخەن و دارەکانیشی دەخەنە شوێنی خۆی.
NUM 4:7 «لەسەر مێزی نانی تەرخانکراو بۆ خودا قوماشێکی لە ڕیسی مۆر ڕادەخەن و لەگەن و قاپ و تاس و دۆلکەکانی شەرابی پێشکەشکراوی لەسەری دادەنێن و بەردەوام نانەکەی لەسەر دەبێت.
NUM 4:8 قوماشێکی سووری ئاڵیشی لەسەر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
NUM 4:9 «قوماشێک لە ڕیسی مۆر دەبەن و چرادانەکەی ڕووناکی و چراکانی و مەقاش و مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکانی زەیتەکەی کە خزمەتی پێ دەکەن دادەپۆشن.
NUM 4:10 لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکەی دەیخەنە ناو پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.
NUM 4:11 «لەسەر قوربانگا زێڕینەکەش قوماشێکی ڕیسی مۆر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دایدەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
NUM 4:12 «هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن کە خزمەتی پێ دەکەن لە پیرۆزگا دەیبەن و لەناو قوماشێکی ڕیسی مۆر دایدەنێن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.
NUM 4:13 «خۆڵەمێشی قوربانگا بڕۆنزییەکەش هەڵدەگرن و قوماشێکی ئەرخەوانی لەسەر ڕادەخەن.
NUM 4:14 هەموو قاپوقاچاغەکانی کە لە قوربانگاکە بۆ خزمەت بەکاریدەهێنن دەیخەنە سەری، مەقەڵییەکان، چەنگاڵەکان، خاکەنازەکان و تاسەکان، هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکە، پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریاشی بەسەردا ڕادەخەن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
NUM 4:15 «کاتێک هارون و کوڕەکانی لە پۆشینی پیرۆزگاکە و هەموو قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە دەبنەوە، لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگاکە، ئینجا نەوەی قەهات بۆ هەڵگرتن دێن، بەڵام دەست لە شتە پیرۆزکراوەکان نادەن نەوەک بمرن، ئەوە بارهەڵگرتنی نەوەی قەهاتە لە چادری چاوپێکەوتن.
NUM 4:16 «ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینیش سەرپەرشتی زەیتی ڕووناکی، بخوورە بۆنخۆشەکە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و زەیتی دەستنیشانکردن دەکات. هەروەها سەرپەرشتی هەموو چادرەکەی پەرستن دەکات، هەموو ئەوەی تێیدایە، بە شتومەکە پیرۆزەکانی و قاپوقاچاغەکانییەوە.»
NUM 4:17 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 4:18 «خێڵەکانی قەهاتییەکان لەنێو لێڤییەکان دامەبڕن،
NUM 4:19 بەڵکو ئەمەیان بۆ بکەن، جا دەژین و لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە شتە هەرەپیرۆزەکان نامرن، هارون و کوڕەکانی دەچنە ژوورەوەی پیرۆزگاکە و هەرکەسێک لەسەر خزمەتەکەی و بارەکەی دادەنێن.
NUM 4:20 بەڵام بۆ ساتێک قەهاتییەکان ناچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی شتە پیرۆزکراوەکان ببینن نەوەک بمرن.»
NUM 4:21 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 4:22 «سەرژمێری نەوەی گێرشۆنیش بکە بەگوێرەی بنەماڵە و خێڵەکانیان.
NUM 4:23 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی کە دێن بۆ ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت بکەن.
NUM 4:24 «ئەمەش خزمەتی خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە لە خزمەت و لە بارهەڵگرتن،
NUM 4:25 پڵاسەکانی چادرەکەی پەرستن و چادری چاوپێکەوتن و پۆشەرەکەی و پۆشەرە پێست مانگای دەریاکە کە لە سەرەوە لەسەریەتی و پەردەکەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەڵدەگرن.
NUM 4:26 هەروەها پەردەکانی حەوشەکە، ئەوانەی لە دەوری چادری پەرستن و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوریدا، پەردەی دەروازەی حەوشەکە، لەگەڵ گوریسەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بۆ خزمەت بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەوەی بۆیان دیاری دەکرێت، گێرشۆنییەکان دەیکەن.
NUM 4:27 هەموو خزمەتی نەوەی گێرشۆنییەکان چ لە بارهەڵگرتن یان هەر کارێکی دیکە بە سەرپەرشتی هارون و کوڕەکانی دەبێت، تۆش دیاریکردنی بەرپرسیاریێتی هەموو بارەکانی خۆیان پێ دەسپێریت،
NUM 4:28 ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی گێرشۆنییەکانە لە چادری چاوپێکەوتن و ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین سەرپەرشتییان دەکات.
NUM 4:29 «نەوەی مەراری بەگوێرەی خێڵ و بنەماڵەکانیان تۆمار بکە.
NUM 4:30 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەت هەتا خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بکەن.
NUM 4:31 بەرپرسیاریێتی خزمەتەکەشیان لە چادری چاوپێکەوتن، بریتییە لە هەڵگرتنی چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی، کۆڵەکەکانی، بناغەکانی،
NUM 4:32 کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا، بناغەکانی، سنگەکانی و گوریسەکانی لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغ و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت. بە ناویش هەر پیاوێک دیاری بکە بۆ ئەو شتەی پێویستە هەڵیبگرێت.
NUM 4:33 ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی مەرارییە، هەموو خزمەتەکەیان لە چادری چاوپێکەوتن بە سەرپەرشتی ئیتامار کوڕی هارونی کاهینە.»
NUM 4:34 جا موسا و هارون و ڕابەرەکانی کۆمەڵ نەوەی قەهاتییەکانیان تۆمار کرد، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
NUM 4:35 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن.
NUM 4:36 جا تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان دوو هەزار و حەوت سەد و پەنجا کەس بوون.
NUM 4:37 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی قەهاتییەکان، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.
NUM 4:38 تۆمارکراوەکانی نەوەی گێرشۆنیش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
NUM 4:39 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن،
NUM 4:40 تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان دوو هەزار و شەش سەد و سی کەس بوون.
NUM 4:41 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی گێرشۆن، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان تۆماریان کردن.
NUM 4:42 تۆمارکراوان لە خێڵەکانی نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان
NUM 4:43 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتندا،
NUM 4:44 تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان سێ هەزار و دوو سەد کەس بوون.
NUM 4:45 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی مەراری کە موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.
NUM 4:46 هەموو تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان کە موسا و هارون و سەرکردەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
NUM 4:47 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ کاری خزمەت و کاری بارهەڵگرتن لە چادری چاوپێکەوتندا،
NUM 4:48 تۆمارکراوان لێیان هەشت هەزار و پێنج سەد و هەشتا کەس بوون.
NUM 4:49 بەپێی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا، هەرکەسێک بەگوێرەی خزمەتەکەی و بارهەڵگرتنەکەی تۆمارکرا. بەم شێوەیە موسا تۆماری کردن وەک چۆن یەزدان فەرمانی پێ کرد.
NUM 5:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 5:2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە کە هەرکەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێست یان ئەوەی لێچوونی گڵاوی هەبێت، یان ئەوەی بە مردوو گڵاو بووبێت، لە ئۆردوگاکە دووریان بخەنەوە.
NUM 5:3 نێر و مێ دوور دەخەنەوە، بۆ دەرەوەی ئۆردوگا دووریان دەخەنەوە هەتا ئۆردوگاکانیان گڵاو نەکەن کە من لەنێویاندا نیشتەجێم.»
NUM 5:4 جا نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە دووریان خستنەوە، هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ موسادا دوا، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.
NUM 5:5 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 5:6 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک گوناهێک لە گوناهەکانی مرۆڤ بکات، واتا ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد، ئەوا ئەو کەسە تاوانی کردووە،
NUM 5:7 با دان بە گوناهەکەیدا بنێت کە کردوویەتی و ئەوەی پێی تاوانبار بووە بە تەواوی بیگەڕێنێتەوە، پێنج یەکیشی بۆ زیاد بکات و بیداتە ئەوەی تاوانەکەی لە دژی کردووە.
NUM 5:8 بەڵام ئەگەر ئەو کەسە مردوو بوو و خزمی نزیکی نەبوو هەتا وەریبگرێتەوە، ئەوا ئەوەی پێی تاوانبار بووە دەگەڕێتەوە بۆ یەزدان و بۆ کاهین دەبێت، لەگەڵ بەرانێک کە کەفارەتی پێ دەکات بۆی.
NUM 5:9 هەموو پیتاکێک و دیارییەکی پیرۆزی نەوەی ئیسرائیل کە پێشکەشی کاهینی دەکەن بۆ ئەو دەبێت.
NUM 5:10 هەموو دیارییە پیرۆزکراوەکانی مرۆڤیش بۆ خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک شتێکی دا بە کاهین ئەوا بۆ کاهین دەبێت.“»
NUM 5:11 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 5:12 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر ژنی پیاوێک لەڕێ لایدا و ناپاکی لەگەڵ کرد،
NUM 5:13 لەگەڵ پیاوێک جووت بوو، ئەوەش لە چاوانی پیاوەکەی شاردراوە بوو و داوێنپیسییەکەی ئاشکرا نەبوو، هیچ شایەتێکیشی بەسەرەوە نەبوو، چونکە لەسەر کردارەکە نەگیرا بوو،
NUM 5:14 کابراش ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیسە، یان ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیس نییە،
NUM 5:15 ئەوا پیاوەکە ژنەکەی دەهێنێتە لای کاهین و پێشکەشکراوەکەشی لەگەڵدا دەهێنێت، دەیەکی ئێفەیەک ئاردی جۆ نە زەیتی بەسەردا دەکات و نە بخوور، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە و قوربانی یادگارییە، یادی تاوان دەکاتەوە.
NUM 5:16 «”کاهینەکە ژنەکە دەهێنێتە پێش و لەبەردەم یەزدان ڕایدەگرێت.
NUM 5:17 کاهینەکە لە گۆزەیەکی گڵین ئاوێکی پیرۆز دەبات و لە تۆزی سەر زەوی چادرەکەی پەرستن هەڵدەگرێت و لەناو ئاوەکەی دەکات.
NUM 5:18 کاهینەکە ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگرێت و سەری ڕووت دەکاتەوە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی یادەوەرییەکە کە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە دەکاتە ناو دەستی ژنەکە و ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش لە دەستی کاهینەکە دەبێت.
NUM 5:19 ئینجا کاهینەکە ژنەکە سوێند دەدات و پێی دەڵێت: ’ئەگەر هیچ پیاوێک لەگەڵت جووت نەبووە و بە دزی پیاوەکەت بەرەو داوێنپیسی لەڕێ لات نەداوە، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەتی ئەوا بێتاوان بە لەم ئاوەی نەفرەت کە تاڵە.
NUM 5:20 بەڵام ئەگەر بە دزی پیاوەکەت لەڕێ لاتداوە و گڵاو بوویت و پیاوێکی دیکە جیا لە مێردەکەت لەگەڵت جووت بووە،‘
NUM 5:21 لێرە کاهینەکە ژنەکە بە سوێندی نەفرەت سوێند دەدات، کاهینەکە بە ژنەکە دەڵێت، ’یەزدان دەتخاتە بەر نەفرەت و سوێند لەنێو گەلەکەت بەوەی کە یەزدان ڕانت لاواز دەکات و سکت دەئاوسێنێت.
NUM 5:22 ئەم ئاوەی نەفرەت دەچێتە ناو هەناوت بۆ ئاوسانی سک و لاوازی ڕان.‘ «”ژنەش دەڵێت، ’ئامین، ئامین.‘
NUM 5:23 «”کاهینیش ئەم نەفرەتانە لە پەڕەیەک دەنووسێت، ئینجا لەناو ئاوە تاڵەکە دەیشواتەوە.
NUM 5:24 ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش دەرخواردی ژنەکە دەدات، ئاوەکەی نەفرەتیش دەچێتە ناوی و دەبێتە ئازاری تاڵی.
NUM 5:25 کاهینەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییەکە لە دەستی ژنەکە وەردەگرێت و پێشکەشکراوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز دەکاتەوە، ئینجا دەیباتە لای قوربانگاکە.
NUM 5:26 کاهینەکە چنگێک بۆ یادەوەری لە دانەوێڵە پێشکەشکراوەکە دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، لەدوای ئەوە ئاوەکە دەرخواردی ژنەکە دەدات.
NUM 5:27 ئەگەر ژنەکە گڵاو بووبێت و ناپاکی لە پیاوەکەی کردبێت، کاتێک ئاوەکەی دەرخوارد دا، ئەوا ئاوە نەفرەتەکە دەبێتە ئازاری تاڵی، دەچێتە ناوی، سکی دەئاوسێت و ڕانی دەکەوێت، ژنەکە لەنێو گەلەکەی دەبێتە نەفرەت.
NUM 5:28 ئەگەر ژنەکەش گڵاو نەببوو بەڵکو پاک بوو، ئەوا بێتاوان دەبێت و سکی پڕ دەبێت.
NUM 5:29 «”ئەمە فێرکردنەکەیە سەبارەت بە دڵپیسی، ئەگەر ژنێک بە دزی پیاوەکەی لەڕێ لایدا و گڵاو بوو، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەیەتی،
NUM 5:30 یان ئەگەر پیاوێک ڕۆحی دڵپیسی دایگرت، جا دڵی لە ژنەکەی پیس کرد، ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگیرێت و کاهینەکە هەموو ئەم فێرکردنەی بۆ دەکات.
NUM 5:31 جا پیاوەکە لە هەر هەڵەیەک بێتاوان دەبێت، بەڵام ئەو ژنە تاوانی گوناهی لە ئەستۆی خۆی هەڵدەگرێت.“»
NUM 6:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 6:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ژنێک سوێندێکی تایبەتی خوارد بەوەی نەزر بکات، خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات.
NUM 6:3 لە شەراب و مەی خۆی دوور دەخاتەوە و سرکەی شەراب و سرکەی مەی ناخواتەوە و خۆشاوی ترێ ناخواتەوە و ترێ و کشمیش ناخوات.
NUM 6:4 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لە بەری مێو دروستدەکرێت ناخوات، تەنانەت تۆو و توێکڵیش.
NUM 6:5 «”هەموو ڕۆژانی نەزر و خۆتەرخانکردنەکەی گوێزان بە سەریدا ناهێنرێت، پێویستە هەتا تەواوی ئەو ڕۆژانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ یەزدان، پیرۆز بێت و قژی بهێڵێتەوە.
NUM 6:6 «”هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان لە لاشەی مردوو نزیک ناکەوێتەوە،
NUM 6:7 بۆ دایک و باوک و برا و خوشکیشی، خۆی گڵاو ناکات لە کاتی مردنیان، چونکە خۆتەرخانکردنی بۆ خودای خۆی بەسەر سەرەوەیە.
NUM 6:8 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان پیرۆز دەبێت.
NUM 6:9 «”ئەگەر یەکێکیش کتوپڕ لەلای مرد و قژە تەرخانکراوەکەی گڵاوکرد، ئەوا لە ڕۆژی پاکبوونەوەکەی سەری دەتاشێت، لە ڕۆژی حەوتەم دەیتاشێت.
NUM 6:10 لە ڕۆژی هەشتەمیش دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێتە لای کاهین بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
NUM 6:11 کاهینیش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن و کەفارەتی بۆ دەکات لەو گوناهەی بەهۆی ئەو مردووەوە کردوویەتی و لەو ڕۆژەدا سەری تەرخان دەکاتەوە.
NUM 6:12 کاتێک ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان تەرخان کردەوە، ئەوا بەرخێکی نێری یەک ساڵە وەک قوربانی تاوان دەهێنێت، بەڵام ڕۆژەکانی پێشتری هەژمارد ناکرێت، چونکە خۆتەرخانکردنەکەی گڵاو کردووە.
NUM 6:13 «”ئەمەش فێرکردنەکەیە دەربارەی ئەوەی خۆی تەرخان دەکات، ئەو ڕۆژەی ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی تەواو دەبێت دەهێنرێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
NUM 6:14 جا قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، بەرخێکی نێری یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن، بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی گوناه، بەرانێکی بێ کەموکوڕی بۆ قوربانی هاوبەشی،
NUM 6:15 سەبەتەیەک نان بەبێ هەویرترش، کولێرە بە باشترین ئارد، زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان.
NUM 6:16 «”جا کاهین لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، قوربانی گوناهەکە و قوربانی سووتاندنەکەی دەکات،
NUM 6:17 کاهینەکە سەبەتە نانە فەتیرەکە و بەرانەکەش دەکاتە قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو.
NUM 6:18 «”لەدوای ئەوە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن خۆتەرخانکەرەکە سەرە تەرخانکراوەکەی دەتاشێت و مووی سەرە تەرخانکراوەکەی دەبات و دەیکاتە سەر ئەو ئاگرەی لەژێر قوربانییەکەی هاوبەشییە.
NUM 6:19 «”پاش ئەوەی خۆتەرخانکەرەکە قژی خۆتەرخانکردنەکەی دەتاشێت، کاهینەکە شانی بەرانەکە بە کوڵاوی و کولێرەیەکی فەتیرە لە سەبەتەکە لەگەڵ ناسکە نانێکی فەتیرە دەبات و دەیانخاتە ناو دەستی خۆتەرخانکەرەکە.
NUM 6:20 کاهینیش لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان دەکاتەوە، ئەو بەشە بۆ کاهین پیرۆزکراوە لەگەڵ سنگی بەرزکراوە و ڕانەکەی کە پێشکەشکراوە، ئینجا ئەوەی خۆی تەرخان کردووە شەراب دەخواتەوە.
NUM 6:21 «”ئەمە فێرکردنەکەیە دەربارەی خۆتەرخانکەر کە نەزر دەکات، قوربانییەکەی بۆ یەزدانە سەرباری خۆتەرخانکردنەکەی، بەگوێرەی ئەو نەزرەی کە کردی، ئاوا دەکات بەگوێرەی فێرکردنی خۆتەرخانکردنەکەی.“»
NUM 6:22 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 6:23 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”بەم شێوەیە داوای بەرەکەت دەکەن بۆ نەوەی ئیسرائیل. پێیان دەڵێن:
NUM 6:24 «” ’با یەزدان بەرەکەتدارت بکات و بتپارێزێت.
NUM 6:25 با ڕووی یەزدان بەسەرتدا بدرەوشێتەوە و لەگەڵت میهرەبان بێت.
NUM 6:26 با یەزدان ئاوڕت لێ بداتەوە و ئاشتیت پێ ببەخشێت.‘ “
NUM 6:27 «جا ناوم لەسەر نەوەی ئیسرائیل دادەنێن و منیش بەرەکەتداریان دەکەم.»
NUM 7:1 ئەو ڕۆژەی کە موسا لە دانانی چادرەکەی پەرستن تەواو بوو، دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد لەگەڵ هەموو کەلوپەلەکانی، هەروەها قوربانگاکەش و هەموو قاپوقاچاغەکانی دەستنیشان کرد و تەرخانی کرد.
NUM 7:2 ئینجا سەرۆکەکانی ئیسرائیل، گەورەی بنەماڵەکانیان کە سەرۆکی هۆزەکان بوون، بەرپرسیار بوون لەسەر تۆمارکراوەکان، پێشکەشکراوەکانیان بەخشی.
NUM 7:3 دیارییەکانیان هێنایە بەردەم یەزدان، شەش عەرەبانەی داپۆشراو و دوازدە گای خەساو، هەر عەرەبانەیەک بۆ دوو سەرۆک و بۆ هەر یەکێکیان گایەکی خەساو، کە هێنایان بۆ بەردەم چادرەکەی پەرستن.
NUM 7:4 جا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 7:5 «لێیان وەربگرە بۆ کاری خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەبن و بیدە بە لێڤییەکان، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی خزمەتەکەی.»
NUM 7:6 موساش عەرەبانەکان و گایە خەساوەکانی وەرگرت و بە لێڤییەکانی دا.
NUM 7:7 دووان لە عەرەبانەکان و چوار گای خەساوی بە نەوەی گێرشۆن دا بەگوێرەی خزمەتیان،
NUM 7:8 چوار لە عەرەبانەکان و هەشت گای خەساوی بە نەوەی مەراری دا بەگوێرەی خزمەتیان لەژێر سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین.
NUM 7:9 بەڵام موسا هیچی نەدا بە نەوەی قەهات، چونکە خزمەتی شتە پیرۆزکراوەکان لە ئەستۆی ئەوان بوو، لەسەر شانەکانیان هەڵیاندەگرت.
NUM 7:10 سەرۆکەکانیش بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە لە ڕۆژانی دەستنیشانکردنی دیارییان دەهێنا و لەبەردەم قوربانگاکە پێشکەشیان دەکرد.
NUM 7:11 یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «هەموو ڕۆژێک یەکێک لە سەرۆکەکان پێشکەشکراوەکەی دەهێنێت بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە.»
NUM 7:12 ئەوەی ڕۆژی یەکەم پێشکەشکراوەکەی هێنا نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب بوو لە هۆزی یەهودا.
NUM 7:13 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:14 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:15 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:16 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:17 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە.
NUM 7:18 لە ڕۆژی دووەمدا نەتەنێلی کوڕی چوعەر سەرۆکی یەساخار پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:19 پێشکەشکراوەکەی کە هێنابووی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:20 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:21 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:22 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:23 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی نەتەنێلی کوڕی چوعەرە.
NUM 7:24 لە ڕۆژی سێیەمدا سەرۆکی نەوەی زەبولون، ئەلیابی کوڕی حێلۆن، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:25 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:26 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:27 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:28 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:29 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیابی کوڕی حێلۆنە.
NUM 7:30 لە ڕۆژی چوارەمدا سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:31 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:32 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:33 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:34 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:35 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە.
NUM 7:36 لە ڕۆژی پێنجەمدا سەرۆکی نەوەی شیمۆن، شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:37 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:38 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:39 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:40 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:41 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە.
NUM 7:42 لە ڕۆژی شەشەمدا سەرۆکی نەوەی گاد، ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:43 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:44 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:45 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:46 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:47 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە.
NUM 7:48 لە ڕۆژی حەوتەم سەرۆکی نەوەی ئەفرایم، ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:49 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:50 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:51 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:52 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:53 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیشاماع کوڕی عەمیهودە.
NUM 7:54 لە ڕۆژی هەشتەمدا سەرۆکی نەوەی مەنەشە، گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:55 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:56 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:57 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:58 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:59 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە.
NUM 7:60 لە ڕۆژی نۆیەم سەرۆکی نەوەی بنیامین، ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:61 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:62 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:63 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:64 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:65 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە.
NUM 7:66 لە ڕۆژی دەیەمدا سەرۆکی نەوەی دان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:67 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:68 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:69 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:70 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:71 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدایە.
NUM 7:72 لە ڕۆژی یازدەیەم سەرۆکی نەوەی ئاشێر، پەگعیێلی کوڕی عۆخران، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:73 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:74 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:75 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:76 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:77 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە.
NUM 7:78 لە ڕۆژی دوازدەیەمدا سەرۆکی نەوەی نەفتالی، ئەحیڕەعی کوڕی عێینان، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
NUM 7:79 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛
NUM 7:80 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛
NUM 7:81 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛
NUM 7:82 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛
NUM 7:83 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە.
NUM 7:84 ئەمە پێشکەشکراوی سەرۆکەکانی ئیسرائیل بوو، بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە لە کاتی دەستنیشانکردنی: دوازدە لەگەنی زیو و دوازدە تاسی زیو و دوازدە قاپی زێڕ.
NUM 7:85 هەر لەگەنێک سەد و سی شاقل زیو و هەر تاسێک حەفتا شاقل بوو، هەموو زیوی قاپوقاچاغەکان دوو هەزار و چوار سەد بوون بە شاقلی پیرۆزگا.
NUM 7:86 قاپە زێڕەکانیش دوازدەی پڕ لە بخوور، هەر قاپێک دە شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەموو زێڕی قاپەکان سەد و بیست شاقل بوو.
NUM 7:87 هەموو گایەکانی قوربانی سووتاندن دوازدە جوانەگا بوو، بەرانەکانیش دوازدە و بەرخە نێرە یەک ساڵەکانیش دوازدە لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان، گیسکە نێرەکانیش دوازدە بوون بۆ قوربانی گوناه،
NUM 7:88 هەموو گایەکانی قوربانی هاوبەشیش بیست و چوار گا بوون، بەرانەکانیش شەست و تەگەکانیش شەست و بەرخە نێرە یەک ساڵەکانیش شەست. ئەمە پێشکەشکراوەکان بوو بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە لەدوای دەستنیشانکردنی.
NUM 7:89 جا کاتێک موسا چووە ناو چادری چاوپێکەوتنەوە تاکو قسە لەگەڵ یەزدان بکات، گوێی لە دەنگەکە دەبوو کە لەگەڵی دەدوا لە قەپاغی کەفارەتەوە کە لەسەر سندوقی شایەتی بوو، لەنێوان دوو کەڕوبەکەوە، بەم شێوەیە خودا قسەی لەگەڵ کرد.
NUM 8:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 8:2 «لەگەڵ هارون بدوێ و پێی بڵێ: ”کاتێک چراکانت بەرزکردەوە، با ڕووناکی حەوت چراکە بۆ پێش چرادانەکە بێت.“»
NUM 8:3 هارون چراکانی وا بەرزکردەوە هەتا ڕووناکی بە پێشی چرادانەکە بدات وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
NUM 8:4 ئەمەش دروستکردنی چرادانەکەیە، لە زێڕی کوتراو، لە قەدەکەیەوە هەتا خونچەکانی کوتران، چرادانەکەی بەگوێرەی ئەو شێوەیە دروستکرد کە یەزدان پیشانی موسای دا.
NUM 8:5 یەزدان قسەی بۆ موسا کرد و فەرمووی:
NUM 8:6 «لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ببە و بەپێی ڕێوڕەسم پاکیان بکەرەوە.
NUM 8:7 ئاواش دەکەیت بۆ پاککردنەوەیان: ئاوی پاککردنەوەیان بەسەردا بپرژێنە، با هەموو لەشیان بتاشن و جلەکانیان بشۆن. بەم شێوەیە خۆیان پاک بکەنەوە.
NUM 8:8 ئینجا جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی کە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوە ببەن و جوانەگایەکی دیکەش بۆ قوربانی گوناه ببە.
NUM 8:9 جا لێڤییەکان دەبەیتە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کۆدەکەیتەوە،
NUM 8:10 لێڤییەکان دەبەیتە بەردەم یەزدان و نەوەی ئیسرائیل دەستیان دەخەنە سەر.
NUM 8:11 جا هارون لێڤییەکان لەبەردەم یەزدان پێشکەش دەکات وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پەرستنی یەزدان.
NUM 8:12 «ئینجا لێڤییەکان دەستیان دەخەنە سەر دوو جوانەگاکە، یەکێکیان وەک قوربانی گوناه پێشکەش دەکرێت و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، بۆ کەفارەتکردن بۆ لێڤییەکان.
NUM 8:13 جا لێڤییەکان لەبەردەم هارون و کوڕەکانی ڕادەگریت و وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان پێشکەشیان دەکەیت.
NUM 8:14 بەم شێوەیە لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیل جیا دەکەیتەوە، لێڤییەکان بۆ من دەبن.
NUM 8:15 «لەدوای ئەوەی لێڤییەکانت پاک کردەوە و وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشت کردن، دێن بۆ ئەوەی خزمەتی چادری چاوپێکەوتن بکەن،
NUM 8:16 چونکە ئەوان لەنێو نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی بە من دراون، لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نێری سک لە نەوەی ئیسرائیلدا من بۆ خۆمم داناون.
NUM 8:17 هەموو نۆبەرەیەکی نێر، خەڵک یان ئاژەڵ لە نەوەی ئیسرائیلدا بۆ منە. ئەو ڕۆژەی لە هەموو نۆبەرەیەکم دا لە خاکی میسر، بۆ خۆمم تەرخان کردن.
NUM 8:18 ئینجا لێڤییەکانم بۆ خۆم دانا لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل.
NUM 8:19 لێڤییەکانم بە تەواوی بە هارون و کوڕەکانی بەخشیوە لەنێو نەوەی ئیسرائیل، هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل خزمەت بکەن، هەروەها بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل تاکو نەوەی ئیسرائیل تووشی هیچ دەردێک نەبێت لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە پیرۆزگا.»
NUM 8:20 موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل ئاوایان بۆ لێڤییەکان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان.
NUM 8:21 جا لێڤییەکان خۆیان پاککردەوە و جلەکانیان شوشت، هارون لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشی کردن، هارون کەفارەتی بۆ کردن بۆ پاکبوونەوەیان.
NUM 8:22 لەدوای ئەوە لێڤییەکان هاتن هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لەبەردەم هارون و لەبەردەم کوڕەکانی خزمەتەکەیان بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان، ئاوایان لەگەڵدا کردن.
NUM 8:23 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 8:24 «ئەمە بۆ لێڤییەکانە، لە گەنجی بیست و پێنج ساڵ بەرەو سەرەوە دێنە ناو خزمەتەوە بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن.
NUM 8:25 لە تەمەنی پەنجا ساڵەشەوە دەست لە خزمەت هەڵدەگرن و ئیتر خزمەت ناکەن.
NUM 8:26 یارمەتی براکانیان دەدەن لە چادری چاوپێکەوتن لە پارێزگاری، بەڵام هیچ خزمەتێک ناکەن. ئاوا بۆ لێڤییەکان دەکەیت لە پارێزگارییەکانیان.»
NUM 9:1 لە ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەیان لە خاکی میسر لە مانگی یەک لە چۆڵەوانی سینا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 9:2 «با نەوەی ئیسرائیل جەژنی پەسخە لە کاتی خۆیدا بکەن،
NUM 9:3 لە ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لە زەردەپەڕدا، لە کاتی خۆیدا دەیکەن، بەگوێرەی هەموو فەرز و ڕاسپاردەکان.»
NUM 9:4 موساش لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دوا بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بکەن،
NUM 9:5 جا لە چواردەی مانگی یەک لە زەردەپەڕدا لە چۆڵەوانی سینا جەژنی پەسخەیان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.
NUM 9:6 بەڵام هەندێک کەس بەهۆی مردووێکەوە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ببوون و دروست نەبوو بۆیان لەو ڕۆژەدا جەژنی پەسخە بکەن، جا لەو ڕۆژەدا هاتنە بەردەم موسا و هارون.
NUM 9:7 ئەو خەڵکە پێیان گوت: «ئێمە بەهۆی کەسێکی مردووەوە گڵاوین، بۆچی لە کاتی خۆیدا لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا وەلابنرێین و قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش نەکەین؟»
NUM 9:8 موساش وەڵامی دانەوە: «بوەستن با گوێم لێ بێت یەزدان سەبارەت بە ئێوە چی فەرمان دەکات.»
NUM 9:9 جا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 9:10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”هەرکەسێک لە ئێوە یان لە نەوەکانتان، ئەگەر بە مردووێک گڵاو ببوو یان لە گەشتێکی دوور بوو، با جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بکات.
NUM 9:11 لە ڕۆژی چواردەی مانگی دوو لە زەردەپەڕدا دەیکەن، بەرخەکە بە نانی فەتیرە و بە گیای تاڵەوە دەخۆن.
NUM 9:12 هیچی بۆ بەیانی ناهێڵنەوە و هیچ ئێسقانێکی لێ ناشکێنرێت. بەگوێرەی هەموو فەرزەکانی جەژنی پەسخە دەیکەن.
NUM 9:13 بەڵام ئەگەر یەکێک پاک بوو و لە گەشت نەبوو، جەژنی پەسخەی نەکرد، ئەو گیانە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت، چونکە لە کاتی خۆیدا قوربانی یەزدانی پێشکەش نەکردووە، ئەو کەسە ئۆباڵی گوناهەکەی خۆی هەڵدەگرێت.
NUM 9:14 «”ئەگەر نامۆیەک لەنێو ئێوەدا بژیێت و ویستی جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بگێڕێت، بەگوێرەی فەرزی پەسخە و یاساکانی ئاوا دەکات، یەک فەرز دەبێت بۆتان، بۆ نامۆ و بۆ هاوڵاتی خاکەکە.“»
NUM 9:15 لە ڕۆژی دامەزراندنی چادرەکەی پەرستن کە بە چادری پەیمان ناسراوە، هەورێک چادرەکەی پەرستنی داپۆشی. هەر لە ئێوارەوە هەتا بەیانی هەورەکە لەسەر چادرەکەی پەرستن وەک دیمەنی ئاگر بوو.
NUM 9:16 بە بەردەوامی ئاوا بوو، هەور دایدەپۆشی و بە شەویش هەورەکە دیمەنی ئاگری هەبوو.
NUM 9:17 هەر کاتێکیش هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەدوای ئەوە بەڕێ دەکەوتن. لەو شوێنەی هەورەکە بنیشتبایەوە ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەوێ چادریان هەڵدەدا.
NUM 9:18 بە فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن و بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا، هەموو ڕۆژانی نیشتنی هەورەکە بەسەر چادرەکەی پەرستندا ئەوان لە چادرەکانی خۆیان دەمانەوە.
NUM 9:19 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی زۆر لەسەر چادرەکەی پەرستن دەمایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی یەزدان دەبوون و بەڕێ نەدەکەوتن.
NUM 9:20 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی کەم لەسەر چادری پەرستن دەمایەوە، ئەوا بەگوێرەی فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن.
NUM 9:21 هەندێک جار هەورەکە لە ئێوارەوە هەتا بەیانی دەمایەوە و لە بەیانیدا بەرز دەبووەوە، ئەو کاتە بەڕێ دەکەوتن. یان شەو و ڕۆژێک بمابایەوە و بەرز بووایەوە، ئەوا بەڕێ دەکەوتن.
NUM 9:22 بەم جۆرە هەورەکە دوو ڕۆژ یان مانگێک یان ساڵێک، هەرچەندێک لەسەر چادرەکەی پەرستن بمابایەوە و بنیشتبایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لە چادرەکانیان دەمانەوە و بەڕێ نەدەکەوتن، هەر کاتێکیش بەرز بووایەوە ئەوا بەڕێ دەکەوتن.
NUM 9:23 بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بە فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن و ئەرکی یەزدانیان دەپاراست، بەگوێرەی فەرمانی یەزدان لەسەر دەستی موسا.
NUM 10:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 10:2 «دوو کەڕەنا لە زیوی کوتراو بۆ خۆت دروستبکە، بۆ بانگکردنی کۆمەڵ و بۆ بەڕێکەوتنی ئۆردوگاکان.
NUM 10:3 ئەگەر هەردووکیان لێدران ئەوا هەموو کۆمەڵ بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەلات کۆدەبنەوە،
NUM 10:4 ئەگەر تەنها یەکێکیان لێدرا ئەوا سەرکردەکان لەلات کۆدەبنەوە، کە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن.
NUM 10:5 ئەگەر وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون،
NUM 10:6 ئەگەر دووبارە وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای باشوور چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، بۆ بەڕێکەوتنەکانیان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن.
NUM 10:7 کاتێک کۆمەڵ کۆدەکەنەوە ئەوا کەڕەنا لێدەدەن، بەڵام وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە ناکەن.
NUM 10:8 «کوڕانی هارونی کاهین کەڕەناکان لێدەدەن، جا بۆتان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکانتان.
NUM 10:9 ئەگەر لە خاکی خۆتان بۆ جەنگ چوونە سەر دوژمنێک کە ستەمتان لێدەکات، ئەوا کەڕەناکان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان یاد دەکرێنەوە و لە دوژمنەکانتان ڕزگارتان دەبێت.
NUM 10:10 هەروەها لە ڕۆژی خۆشیتان و لە جەژن و لە دەستپێکی مانگی نوێتان کەڕەناکان لێدەدەن، لەسەر قوربانی سووتاندنەکانتان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان، جا دەبێتە یادەوەریتان لەبەردەم خوداکەتان. من یەزدانی پەروەردگارتانم.»
NUM 10:11 لە بیستی مانگی دووی ساڵی دووەمدا هەورەکە لەسەر چادری پەیمان بەرزبووەوە.
NUM 10:12 جا نەوەی ئیسرائیل لە قۆناغەکەیان لە چۆڵەوانی سیناوە بەڕێکەوتن و هەورەکە لە چۆڵەوانی پاران نیشتەوە.
NUM 10:13 بەپێی فەرمانی یەزدان و لە ڕێگەی موساوە بۆ یەکەمین جار دەستیان بە کۆچەکەیان کرد.
NUM 10:14 لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی یەهودا بەگوێرەی لەشکرەکانیان یەکەم جار بەڕێکەوتن و نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب سوپاسالاریان بوو.
NUM 10:15 سەرلەشکری هۆزی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر بوو،
NUM 10:16 سەرلەشکری هۆزی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆن بوو.
NUM 10:17 ئینجا چادرەکەی پەرستن هەڵگیرایەوە و نەوەی گێرشۆن و نەوەی مەراری چادرەکەی پەرستنیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن.
NUM 10:18 لەدوای ئەوان لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای ڕەئوبێن بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور سوپاسالاریان بوو.
NUM 10:19 سەرلەشکری هۆزی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای بوو،
NUM 10:20 سەرلەشکری هۆزی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل بوو.
NUM 10:21 ئینجا قەهاتییەکان شتە پیرۆزکراوەکانیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن، هەتا گەیشتن چادرەکەی پەرستن هەڵدرابوو.
NUM 10:22 ئینجا لەژێر بەیداخەکەیان نەوەی ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن و ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود سوپاسالاریان بوو،
NUM 10:23 سەرلەشکری هۆزی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور بوو،
NUM 10:24 سەرلەشکری هۆزی نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی بوو.
NUM 10:25 لە کۆتاییدا لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی دان بەڕێکەوت و پاشڕەو و پاسەوانی هەموو ئۆردوگاکان بوو، بەگوێرەی لەشکرەکانیان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سوپاسالاریان بوو.
NUM 10:26 سەرلەشکری هۆزی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخران بوو.
NUM 10:27 سەرلەشکری هۆزی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینان بوو.
NUM 10:28 ئەمە ڕێکخستنی نەوەی ئیسرائیلە بە لەشکرەکانیانەوە کاتێک بەڕێکەوتن.
NUM 10:29 موسا بە حۆڤاڤی کوڕی ڕەعوئێلی میدیانی گوت، کە ڕەعوئێل خەزووری موسا بوو: «ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنەی یەزدان فەرمووی: ”پێتانی دەدەم.“ لەگەڵمان وەرە و بۆت باش دەبین، چونکە یەزدان بەڵێنی داوە بۆ ئیسرائیل چاک دەبێت.»
NUM 10:30 ئەویش پێی گوت: «ناڕۆم، بەڵکو بۆ لای خاکی خۆم و گەلی خۆم دەچم.»
NUM 10:31 جا موسا گوتی: «تکایە بەجێمان مەهێڵە، لەبەر ئەوەی شارەزایت لە چۆڵەوانی لەکوێ چادر هەڵبدەین، ببە بە چاو بۆمان.
NUM 10:32 ئەگەر لەگەڵمان بێیت، ئەوا بەو چاکەیەی یەزدان لەگەڵ ئێمەی دەکات، ئێمەش چاکەت لەگەڵدا دەکەین.»
NUM 10:33 جا لە کێوی یەزدانەوە بۆ سێ ڕۆژە ڕێ بەڕێکەوتن و سندوقی پەیمانی یەزدانیش سێ ڕۆژە ڕێ پێشیان کەوتبوو، هەتا بۆ پشوودان نشینگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.
NUM 10:34 هەوری یەزدانیش بە ڕۆژ بەسەریانەوە بوو، کاتێک لە ئۆردوگاوە بەڕێکەوتن.
NUM 10:35 لە کاتی بەڕێکەوتنی سندوقەکەش موسا دەیگوت: «هەستە یەزدان! با دوژمنانت پەرتەوازە بن و ناحەزانت لەبەردەمت هەڵبێن.»
NUM 10:36 لە کاتی چادرهەڵدانیش دەیگوت: «ئەی یەزدان، بگەڕێوە بۆ لای هەزاران هەزارانی ئیسرائیل.»
NUM 11:1 گەل دەربارەی ناخۆشییان بۆڵەبۆڵیان کرد، گەیشتە لای یەزدان. یەزدان کە ئەمەی بیست پێی خراپ بوو، تووڕەیی جۆشا، ئیتر ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت و قەراغی ئۆردوگاکەی سووتاند.
NUM 11:2 لەبەر ئەوە گەل هاواریان بۆ موسا کرد، موساش لە یەزدان پاڕایەوە و ئاگرەکە کوژایەوە.
NUM 11:3 ئەو شوێنەش ناونرا تەبعیرە، چونکە ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت.
NUM 11:4 ئەو ئاژاوەگێڕانەی لەنێویان دەژیان ئارەزووی گۆشتیان دەکرد، جا نەوەی ئیسرائیلیش گەڕانەوە و گریان و گوتیان: «کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات.
NUM 11:5 ئەو ماسیەی لە میسر بەخۆڕایی دەمانخوارد بەبیرمان هاتەوە، لەگەڵ خەیار و شووتی و کەوەر و پیاز و سیر.
NUM 11:6 ئێستاش وا گیانمان وشک بوو، هیچ شتێک نییە و هەر چاومان لەسەر ئەو مەنەیە!»
NUM 11:7 مەنیش وەک تۆوی گژنیژ وابوو، دیمەنی وەک دیمەنی سرێشی دار درەوشاوە بوو.
NUM 11:8 گەلیش دەسووڕانەوە هەتا هەڵیبگرنەوە، ئینجا بە دەستاڕ دەیانهاڕی یان لە هاون دەیانکوتایەوە و لە مەنجەڵ لێیان دەنا و دەیانکردە کولێرە، تامەکەشی وەک تامی کولێرە برژاوی بە زەیت بوو.
NUM 11:9 هەر کاتێک بە شەو شەونم بەسەر ئۆردوگاکەدا دەهاتە خوارەوە، ئەوا مەنیش لەگەڵیدا دەهاتە خوارەوە.
NUM 11:10 کاتێک موسا گوێی لێبوو هەموو گەل دەگریێن، هەریەکە بەخۆی و بنەماڵەکەیەوە لەبەر دەروازەی چادرەکەی ڕاوەستاوە، تووڕەیی یەزدان زۆر زیادی کرد، موسا بەمە دڵگران بوو.
NUM 11:11 جا موسا بە یەزدانی گوت: «بۆچی لەگەڵ خزمەتکارەکەت خراپ بوویت؟ بۆچی لەلات پەسەند نەبووم، تەنانەت باری هەموو ئەم گەلەت خستە سەر من؟
NUM 11:12 ئایا سکم بەم هەموو خەڵکە پڕ بووە یان لە منەوە لەدایک بوونە؟ بۆچی پێم دەڵێی بە باوەش هەڵیانبگرە، هەروەک چۆن دایەن منداڵی ساوا هەڵدەگرێت، بیانبە ئەو خاکەی سوێندت بۆ باوانیان خوارد؟
NUM 11:13 گۆشتم لەکوێ بوو تاکو بە هەموو ئەم گەلەی بدەم؟ بەسەرمەوە دەگرین و دەڵێن: ”گۆشتمان بدەرێ بیخۆین!“
NUM 11:14 من بە تەنها ناتوانم هەموو ئەم گەلە هەڵبگرم، چونکە بۆ من گرانە.
NUM 11:15 جا ئەگەر وام پێدەکەیت، بمکوژە ئەگەر لەلات پەسەندم، با تووشی بەڵای خۆم نەبم.»
NUM 11:16 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لە پیرانی ئیسرائیل حەفتا پیاوم بۆ کۆبکەرەوە، ئەوانەی دەزانیت کە ڕیش سپی و کوێخای گەلن و بیانهێنە لای چادری چاوپێکەوتن و با لەوێ لەگەڵتدا ڕاوەستن.
NUM 11:17 جا من دێمە خوارەوە و لەوێ لەگەڵتدا دەدوێم و لەو ڕۆحەی بەسەرتەوەیە دەبەم و دەیخەمە سەریان، جا لەگەڵتدا بارگرانی گەلەکە هەڵدەگرن، ئیتر تۆ بە تەنها هەڵیناگریت.
NUM 11:18 «بە گەلیش دەڵێیت: ”بۆ بەیانی خۆتان تەرخان بکەن ئینجا گۆشت دەخۆن، چونکە یەزدان گوێی لێبوو کە گریان و گوتتان، ’کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات؟ لە میسر حاڵمان خۆشتر بوو!‘ ئێستا یەزدان گۆشتتان دەداتێ و دەیخۆن.
NUM 11:19 نە ڕۆژێک، نە دوو ڕۆژ، نە پێنج ڕۆژ، نە دە ڕۆژ و نە بیست ڕۆژ،
NUM 11:20 بەڵکو ماوەی مانگێکی تەواو دەیخۆن، هەتا لە کونی لووتتان دێتە دەرەوە و ڕقتان لێی دەبێتەوە، چونکە یەزدانتان ڕەتکردەوە کە لەنێوتاندایە و لەبەردەمیدا گریان و گوتتان: ’بۆچی ئەمەمان کرد و لە میسر هاتینە دەرەوە؟‘ “»
NUM 11:21 بەڵام موسا گوتی: «ئەو گەلەی من لەنێویانم شەش سەد هەزار پیادەیە، تۆش فەرمووت: ”گۆشتیان دەدەمێ لێی بخۆن بۆ ماوەی مانگێک!“
NUM 11:22 ئایا مەڕ و مانگایان بۆ سەردەبڕدرێت هەتا بەشیان بکات، یان هەموو ماسی دەریایان بۆ کۆدەکرێتەوە هەتا بەشیان بکات؟»
NUM 11:23 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئایا یەزدان بێ دەسەڵاتە؟ ئێستا دەبینیت ئاخۆ قسەکانم دێتە دی یان نا.»
NUM 11:24 موساش چووە دەرەوە و بە فەرموودەی یەزدان لەگەڵ گەلدا دوا. حەفتا پیاوی لە پیرانی گەل کۆکردەوە، لە دەوروبەری چادرەکە ڕایگرتن.
NUM 11:25 یەزدانیش لە هەوردا هاتە خوارەوە و لەگەڵیدا دوا و لەو ڕۆحە پیرۆزەی کە لەسەری بوو بردی و خستییە سەر حەفتا ڕیش سپییەکە. کاتێک ڕۆحەکە هاتە سەریان ئیتر پەیامی خودایان ڕاگەیاند، بەڵام یەک جار و زیاتر نا.
NUM 11:26 دوو پیاویش لە ئۆردوگاکە مانەوە، ناوی یەکێکیان ئەلداد و ناوی ئەوەی دیکە میداد بوو، ڕۆحی خودا لەسەریان نیشتەوە، ئەوانیش لە ڕیش سپییەکان بوون، بەڵام نەچووبوونە لای چادرەکە، جا لە ئۆردوگاکە پەیامی خودایان ڕاگەیاند،
NUM 11:27 لاوێکیش ڕایکرد و هەواڵی دایە موسا و گوتی: «ئەلداد و میداد لە ئۆردوگاکە پەیامی خودا ڕادەگەیەنن!»
NUM 11:28 یەشوعی کوڕی نونیش کە لە گەنجیێتیەوە خزمەتکاری موسا بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «موسای گەورەم ڕێیان لێ بگرە!»
NUM 11:29 موساش پێی گوت: «ئایا لە جیاتی من ئیرەیی دەبەیت؟ خۆزگە هەموو گەلی یەزدان پێغەمبەر بوونایە، کە یەزدان ڕۆحی خۆی دەخستە سەریان!»
NUM 11:30 ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە.
NUM 11:31 بایەکیش لەلایەن یەزدانەوە هەڵیکرد و سوێسکەی لە دەریاوە هێنا بۆ ئۆردوگاکە. بۆ ماوەی ڕۆژە ڕێیەک لەم لا و ڕۆژە ڕێیەک لەو لا لە چواردەوری ئۆردوگاکە و بە بەرزی دوو باڵ لەسەر ڕووی زەوییەوە بڵاوی کردنەوە.
NUM 11:32 گەلیش هەستان و بە درێژایی ئەو ڕۆژە و بە درێژایی شەو و ڕۆژی دواتریش سوێسکەیان کۆکردەوە، کەمترینیان دە حۆمەری کۆکردەوە و بۆ خۆیان بە چواردەوری ئۆردوگاکە ڕایانخست.
NUM 11:33 لەو کاتەشدا کە هێشتا گۆشت لەژێر ددانەکانیان بوو پێش ئەوەی بیجوون، تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلدا جۆشا و یەزدان گەلی تووشی دەردێکی گران کرد،
NUM 11:34 جا ئەو شوێنە ناونرا قیبرۆت هەتەڤا، چونکە لەوێ ئەو خەڵکانەیان ناشت کە نەوسیان هەستا.
NUM 11:35 لە قیبرۆت هەتەڤاشەوە گەل بۆ حەچێرۆت بەڕێکەوتن، جا لەوێ چادریان هەڵدا.
NUM 12:1 مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی خواستبوو.
NUM 12:2 جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.
NUM 12:3 (موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.)
NUM 12:4 جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە.
NUM 12:5 یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون.
NUM 12:6 جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن: «کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە، ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم، لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
NUM 12:7 بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە، بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
NUM 12:8 ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم، بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ، شێوەی یەزدان دەبینێت. ئیتر بۆچی نەترسان کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»
NUM 12:9 جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.
NUM 12:10 کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە.
NUM 12:11 هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد،
NUM 12:12 تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»
NUM 12:13 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»
NUM 12:14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.»
NUM 12:15 جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.
NUM 12:16 پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.
NUM 13:1 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 13:2 «چەند پیاوێک بنێرە بۆ سیخوڕیکردن لە خاکی کەنعان کە من بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، لە هەر هۆزێک لە باوکانیان پیاوێک دەنێرن، هەر یەکێکیان سەرکردە بێت لەناویاندا.»
NUM 13:3 بەپێی فەرمانی یەزدان موسا لە چۆڵەوانی پارانەوە ئەوانی نارد. هەموویان لە نەوەی ئیسرائیل ڕابەر بوون.
NUM 13:4 ئەمەش ناوەکانیانە: لە هۆزی ڕەئوبێن شەموعی کوڕی زەکور،
NUM 13:5 لە هۆزی شیمۆن شافاتی کوڕی حۆری،
NUM 13:6 لە هۆزی یەهودا کالێبی کوڕی یەفونە،
NUM 13:7 لە هۆزی یەساخار یەگالی کوڕی یوسف،
NUM 13:8 لە هۆزی ئەفرایم هۆشێیەعی کوڕی نون،
NUM 13:9 لە هۆزی بنیامین پەلتیی کوڕی ڕافو،
NUM 13:10 لە هۆزی زەبولون گەدیێلی کوڕی سۆدی،
NUM 13:11 لە هۆزی یوسف، لە هۆزی مەنەشە گەدیی کوڕی سوسی،
NUM 13:12 لە هۆزی دان عەمیێلی کوڕی گەمەلی،
NUM 13:13 لە هۆزی ئاشێر سەتوری کوڕی میکائیل،
NUM 13:14 لە هۆزی نەفتالی نەحبیی کوڕی ڤۆفسی،
NUM 13:15 لە هۆزی گاد گوئێلی کوڕی ماکی.
NUM 13:16 ئەوە ناوی ئەو پیاوانە بوو کە موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە. موساش هۆشێیەعی کوڕی نونی ناو نا یەشوع.
NUM 13:17 جا موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکی کەنعان و پێی گوتن: «لێرەوە بەناو نەقەبدا بڕۆن و بۆ ناوچە شاخاوییەکە سەربکەون و
NUM 13:18 بڕوانن خاکەکە چۆنە، ئەو گەلەش تێیدا دەژیێت بە هێزە یان لاوازە؟ کەمن یان زۆرن؟
NUM 13:19 ئەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن چۆنە، باشە یان خراپە؟ ئەو شارۆچکانە چین کە تێیدا نیشتەجێن، خێوەتگان یان قەڵابەندن؟
NUM 13:20 هەروەها ئەو خاکە چۆنە، بەپیتە یان بێپیتە؟ داری لێیە یان نا؟ چاونەترس بن و هەندێک لە بەروبوومی خاکەکە بهێنن.» ئەو ڕۆژانەش ڕۆژانی یەکەم بەری ترێ بوو.
NUM 13:21 ئەوانیش سەرکەوتن و سیخوڕی خاکەکەیان کرد، لە چۆڵەوانی چنەوە هەتا ڕەحۆڤ لە نزیک دەروازەی حەمات.
NUM 13:22 بەناو نەقەبدا سەرکەوتن و هاتنە حەبرۆن. لەوێش ئەحیمەن و شێشەی و تەلمەی نەوەی عەناقی لێبوو، حەبرۆنیش پێش چۆعەنی میسر بە حەوت ساڵ بنیاد نرابوو.
NUM 13:23 ئیتر هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و لەوێ لقێکیان بە هێشووە ترێیەکەوە لێکردەوە و بە دارێک هەڵیانگرت لەنێوان دووانیان و لەگەڵ هەندێک هەنار و هەنجیر.
NUM 13:24 جا ئەو شوێنە ناونرا دۆڵی ئەشکۆل بەهۆی ئەو هێشووەی نەوەی ئیسرائیل لەوێ لێیان کردەوە.
NUM 13:25 ئینجا لەدوای چل ڕۆژ لە سیخوڕیەتی خاکەکە هاتنەوە.
NUM 13:26 سیخوڕەکان هاتنە لای موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی پاران، لە قادێش، هەواڵیان بۆ ئەوان و بۆ هەموو کۆمەڵ هێنایەوە و بەروبوومی خاکەکەیان پیشاندان.
NUM 13:27 هەواڵیان پێیدا و گوتیان: «بۆ ئەو خاکە چووین کە تۆ ئێمەت بۆی نارد و بە ڕاستی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت! ئەمەش بەرەکەیەتی.
NUM 13:28 بەڵام ئەو گەلەی لە خاکەکەدا نیشتەجێن بە هێزن و شارەکان قەڵابەند و زۆر مەزنن، هەروەها نەوەی عەناقیشمان لەوێ بینی.
NUM 13:29 عەمالێقییەکان لە خاکی نەقەبدا نیشتەجێن، حیتی و یەبوسی و ئەمۆرییەکان لە ناوچە شاخاوییەکەدا نیشتەجێن، کەنعانییەکانیش لەلای دەریا و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون نیشتەجێن.»
NUM 13:30 بەڵام کالێب گەلی بۆ موسا بێدەنگ کرد و گوتی: «با سەربکەوین و دەستی بەسەردا بگرین، چونکە توانامان بەسەریدا هەیە.»
NUM 13:31 بەڵام ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا چووبوون، گوتیان: «ناتوانین سەربکەوین و دژایەتی ئەو گەلە بکەین، چونکە لە ئێمە بەهێزترن.»
NUM 13:32 جا هەواڵێکی خراپیان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە سەبارەت بەو خاکەی سیخوڕیان تێدا کردبوو و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین، خاکێکە کە دانیشتووانەکەی قووت دەدات. هەموو ئەو گەلەی تێیدا بینیمان باڵا بەرز بوون.
NUM 13:33 هەروەها لەوێ نەفیلیممان بینی، نەوەی عەناق کە لە ڕەگەزی نەفیلیمن، لە چاوی خۆماندا وەک پێکوڕە وابووین، بە هەمان شێوەش لەچاو ئەوان.»
NUM 14:1 کۆمەڵ هەموو دەنگیان بەرزکردەوە و هاواریان کرد و ئەو شەوە گەل گریان.
NUM 14:2 هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد بەسەر موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ، پێیان گوتن: «خۆزگە لە میسر دەمردین! خۆزگە لە چۆڵەوانیدا دەمردین!
NUM 14:3 بۆچی یەزدان ئێمە دەهێنێتە ئەم خاکە بۆ ئەوەی بە شمشێر بکوژرێین و ژن و منداڵمان بە تاڵان ببردرێن؟ ئایا باشتر نییە بگەڕێینەوە میسر؟»
NUM 14:4 جا بە یەکتریان گوت، «سەرۆکێک بۆ خۆمان دادەنێین و دەگەڕێینەوە میسر.»
NUM 14:5 ئینجا موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن لەبەردەم هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەوێ کۆببوونەوە.
NUM 14:6 یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونەش لەوانە بوون کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو، جلەکانی خۆیان دڕاند و
NUM 14:7 لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین خاکێکی زۆر زۆر باشە،
NUM 14:8 ئەگەر یەزدان پێمان دڵشاد بێت ئەوا دەمانباتە ناو ئەو خاکەی پێمان دەدات، خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
NUM 14:9 بەڵام لە یەزدان یاخی مەبن و لە گەلی ئەو خاکە مەترسن، چونکە نێچیری ئێمەن، ئەوەتا سێبەریان نەماوە و یەزدان لەگەڵمانە، لێیان مەترسن.»
NUM 14:10 بەڵام هەموو کۆمەڵ گوتیان، «با ئەو دووانە بەردباران بکرێن.» ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە چادری چاوپێکەوتندا بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل دەرکەوت.
NUM 14:11 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئەم گەلە سووکایەتیم پێ دەکەن و هەتا کەی باوەڕم پێ ناکەن، سەرباری ئەو هەموو نیشانانەی لەنێویاندا کردم؟
NUM 14:12 من تووشی دەردیان دەکەم و لەناویان دەبەم، بەڵام تۆ دەکەمە گەلێکی گەورەتر و مەزنتر لەوان.»
NUM 14:13 موساش بە یەزدانی گوت: «ئینجا میسرییەکان کە تۆ بە دەسەڵاتی خۆت ئەم گەلەت لەنێویان دەرهێنا گوێیان لێ دەبێت و
NUM 14:14 بە دانیشتووانی ئەم خاکەی دەڵێن. ئەی یەزدان، ئەوانەی گوێیان لێبووە تۆ لەنێو ئەم گەلە دایت. ئەی یەزدان، تۆ ڕوو بە ڕوو بۆیان دەرکەوتیت و هەورەکەت لەسەریان وەستاوە و تۆش بە ستوونی هەور بە ڕۆژ و بە ستوونی ئاگر بە شەو پێشیان دەکەویت.
NUM 14:15 ئەگەر ئەم گەلە لە هەمان کاتدا بکوژیت، ئەوا نەتەوەکان کە گوێیان لە هەواڵت بووە، دەڵێن،
NUM 14:16 ”چونکە یەزدان نەیتوانی بیانباتە ئەو خاکەی کە سوێندی بۆیان خواردبوو، ئیتر لە چۆڵەوانی کوشتنی.“
NUM 14:17 «ئێستاش با توانای پەروەردگار مەزن بێت هەروەک فەرمووت:
NUM 14:18 ”یەزدان پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە، لە گوناه و یاخیبوون خۆشدەبێت، بەڵام تاوانبار ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.“
NUM 14:19 تکایە لە گوناهی ئەم گەلە خۆشبە، ئەوەندەی مەزنی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، وەک چۆن لەم گەلە خۆشبوویت لە میسرەوە هەتا ئێرە.»
NUM 14:20 یەزدانیش فەرمووی: «لەسەر داواکەت لێیان خۆشبووم.
NUM 14:21 بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە،
NUM 14:22 تەنها یەکێکیش لەو پیاوانەی شکۆمەندی من و ئەو نیشانانەی بینیبێت کە لە میسر و لە چۆڵەوانی کردم و هەتا ئێستا دە جار تاقییان کردمەوە و گوێیان لە قسەکانم نەگرت،
NUM 14:23 تەنها یەکێکیش لەوانە ئەو خاکە نابینێت کە سوێندم بۆ باوکانیان خوارد. هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ کردووم نایبینن.
NUM 14:24 بەڵام کالێبی بەندەم لەبەر ئەوەی ڕۆحێکی دیکەی لەگەڵدا بوو و بە تەواوی دوام کەوت، ئەوا دەیبەمە ناو ئەو خاکەی بۆی چوو و دەبێتە میرات بۆ نەوەکەی.
NUM 14:25 لەبەر ئەوەی عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لە دۆڵ نیشتەجێن، ئێوە بەیانی لە ڕێگای دەریای سوورەوە بڕۆن و بەرەو چۆڵەوانی بەڕێ بکەون.»
NUM 14:26 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 14:27 «هەتا کەی ئەم کۆمەڵە بەدکارە بۆڵەبۆڵەکەرە لە دژم دەوەستن؟ من گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو کە لەسەر من دەیکەن.
NUM 14:28 پێیان بڵێ: ”یەزدان دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، وەک ئەوەی کە لە ئێوەوە گوێم لێ بوو، ئاواتان لێدەکەم.
NUM 14:29 لەم چۆڵەوانییە لاشەکانتان دەکەوێت، هەموو تۆمارکراوەکانتان بەگوێرەی سەرژمێریتان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە لەوانەی بۆڵەبۆڵیان لە دژم کرد،
NUM 14:30 ناچنە ناو ئەو خاکەی کە سوێندم خوارد تێیدا نیشتەجێتان بکەم، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت.
NUM 14:31 بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە نێچیر، ئەوا من دەیانبەمە ناوی و شارەزای ئەو خاکە دەبن کە ئێوە ڕەتتان کردەوە.
NUM 14:32 جا لاشەکانی ئێوە لەم چۆڵەوانییە دەکەوێت.
NUM 14:33 منداڵەکانیشتان بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی دەبنە شوان و ئازار دەچێژن بۆ بێوەفاییتان هەتا دواهەمین لاشەکانتان لە چۆڵەوانیدا کۆتایی پێدێت.
NUM 14:34 وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی سیخوڕی خاکەکەتان کرد کە چل ڕۆژ بوو، بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک، چل ساڵ گوناهەکانتان هەڵدەگرن و تێدەگەن دژایەتیکردنی من چۆنە.“
NUM 14:35 من یەزدانم و فەرمانم کرد، دەبێت ئاوا لە هەموو ئەم کۆمەڵە بەدکارە ڕێککەوتووەی لە دژی خۆم بکەم، لەم چۆڵەوانییە لەناودەچن و دەمرن.»
NUM 14:36 بەڵام ئەو پیاوانەی موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە، هاتنەوە و هەموو کۆمەڵیان لێ هاندا بەوەی هەواڵی خراپیان لەسەر خاکەکە بڵاوکردەوە،
NUM 14:37 ئەو پیاوانە لەبەردەم یەزدان بە دەرد مردن، لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی خراپ لەسەر خاکەکە.
NUM 14:38 بەڵام یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونە لەو پیاوانە بوون کە بۆ سیخوڕی خاکەکە چووبوون و ژیان.
NUM 14:39 کاتێک موسا باسی ئەم قسانەی بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل کرد، گەل دەستیان بە شیوەن کرد.
NUM 14:40 ئینجا بەیانی زوو هەستان و چوونە سەرەوە بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە دەچینە ئەو شوێنەی یەزدان بەڵێنی داوە، چونکە ئێمە گوناهمان کرد.»
NUM 14:41 موساش گوتی: «بۆچی لە فەرمانی یەزدان دەردەچن، ئەمە سەر ناگرێت!
NUM 14:42 مەڕۆن، چونکە یەزدان لەنێوتاندا نییە، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن،
NUM 14:43 چونکە عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لەوێن، لەپێشتانن و بە شمشێر دەکوژرێن، ئێوە لە یەزدان هەڵگەڕانەوە و یەزدان لەگەڵتاندا نابێت.»
NUM 14:44 بەڵام ئەوان خۆیان هەڵکێشا و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە سەرکەوتن، نە سندوقی پەیمانی یەزدان و نە موساش لە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە دەرنەچوون.
NUM 14:45 جا عەمالێقییەکان و کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە هاتنە خوارەوە و هەتا حۆرما لێیاندان و تێکیان شکاندن.
NUM 15:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 15:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ناو خاکی نیشتەجێبوونتان کە من پێتانی دەدەم و
NUM 15:3 قوربانی بە ئاگرتان بۆ یەزدان کرد لە گا یان بەران، جا قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینی ئازاد یان لە جەژنەکانتان بۆ ئەو بۆنەی کە یەزدان پێی خۆشە،
NUM 15:4 ئەوەی قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش کرد، پێشکەشکراوی دانەوێڵەش لە باشترین ئارد دەیەکی ئێفەیەک شێلراو بە چارەکە هەینێک لە زەیت پێشکەش دەکات.
NUM 15:5 شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو چارەکە هەینێک ئامادە بکە، لەسەر قوربانی سووتاندنەکە یان قوربانییە سەربڕدراوەکە بۆ یەک بەرخ.
NUM 15:6 «”بەڵام لەگەڵ بەران، پێشکەشکراوی دانەوێڵە لە باشترین ئارد دوو دەیەکی ئێفەیەک شێلراو بە سێیەکی هەینێک لە زەیت دەکەیت و
NUM 15:7 شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو سێیەکی هەینێک، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە پێشکەش دەکرێت.
NUM 15:8 «”ئەگەر جوانەگایەکت کردە قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزر یان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان،
NUM 15:9 ئەوا لەگەڵ جوانەگاکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە سێ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی شێلراو بە نیو هەین زەیت پێشکەش دەکەیت و
NUM 15:10 نیو هەین شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
NUM 15:11 ئاوا بۆ گایەک یان بەرانێک یان بەرخ یان کارەبزن دەکرێت،
NUM 15:12 ئاوا دەکەن بەگوێرەی ژمارەیان، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەیان.
NUM 15:13 «”هەر هاوڵاتییەک بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە ئاوا دەکات.
NUM 15:14 ئەگەر نامۆیەک لەنێوتان نیشتەجێ بوو، یان هەرکەسێکی دیکە لەنێوتان نیشتەجێیە، نەوە دوای نەوە ویستی قوربانی بە ئاگر بکات، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دەبێت وەک ئێوە بیکات.
NUM 15:15 کۆمەڵ بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا بژیێت، یەک فەرزی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە. نامۆکەش وەک ئێوە دەبێت لەبەردەم یەزدان،
NUM 15:16 یەک فێرکردن و یەک یاسا دەبێت بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا دەژیێت.“»
NUM 15:17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 15:18 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە من ئێوەی بۆ دەبەم،
NUM 15:19 جا کاتێک لە نانی خاکەکە دەخۆن ئەوا پێشکەشکراو بۆ یەزدان دەبەخشن.
NUM 15:20 لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان کولێرەیەک دەکەنە پیتاک وەک پێشکەشکراوی جۆخین دەیبەخشن.
NUM 15:21 نەوە لەدوای نەوە لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان بەخشین بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن.
NUM 15:22 «”ئەگەر بەبێ ئەنقەست هەموو ئەم فەرمانانەتان بەجێنەهێنا کە یەزدان بە موسای سپارد،
NUM 15:23 هەموو ئەوەی یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردوون، لەو ڕۆژەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردووە و بەردەوام نەوە دوای نەوە،
NUM 15:24 ئەگەر بەبێ ئەنقەست و بێ بوونی زانیاری کۆمەڵ ئەمە ئەنجام درا، ئەوا بەپێی فەرزەکان هەموو کۆمەڵ جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو دەکەنە قوربانی سووتاندن، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، لەگەڵ گیسکێکی نێرینە وەک قوربانی گوناه.
NUM 15:25 جا کاهین کەفارەت بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت، چونکە بەبێ ئەنقەست بووە. جا ئەگەر قوربانییەکەیان وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان هێنا و قوربانییەکەی گوناهیان بۆ بەردەم یەزدان هێنا لەبەر بێئاگاییەکەیان،
NUM 15:26 ئەوا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، چونکە هەموو گەل بەبێ ئەنقەست تێوەگلاون.
NUM 15:27 «”ئەگەر یەک کەس بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، ئەوا بزنێکی یەک ساڵە پێشکەش دەکات وەک قوربانی گوناه.
NUM 15:28 کاهین لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە بێئاگا بوو کاتێک گوناهی بەبێ ئەنقەست کرد، کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
NUM 15:29 بۆ هاوڵاتی لە نەوەی ئیسرائیل و بۆ ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت، یەک یاسا دەبێت بۆ ئەوەی بەبێ ئەنقەست گوناهی کردبێت.
NUM 15:30 «”بەڵام ئەو کەسەی هاوڵاتی بێت یان نامۆ بە دەستی ئەنقەست گوناه بکات، ئەو کەسە کفری بەرامبەر بە یەزدان کردووە، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی دادەبڕدرێت،
NUM 15:31 چونکە سووکایەتی بە فەرمایشتی یەزدان کردووە و فەرمانی ئەوی شکاندووە، بێگومان ئەو کەسە دادەبڕدرێت و ئۆباڵی خۆی لە ملی خۆی.“»
NUM 15:32 کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی بوون پیاوێکیان بینی لە ڕۆژی شەممەدا داری کۆدەکردەوە،
NUM 15:33 جا ئەوانەی بینییان دار کۆدەکاتەوە بردیانە بەردەم موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ.
NUM 15:34 ئینجا لە بەندیخانەیان دانا، چونکە ئاشکرا نەبوو بوو چی لێ دەکرێت.
NUM 15:35 جا یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەو پیاوە دەبێت بکوژرێت، لە دەرەوەی ئۆردوگا هەموو کۆمەڵ بەردبارانی دەکەن.»
NUM 15:36 جا هەموو کۆمەڵ بردیانە دەرەوەی ئۆردوگا و بەردبارانیان کرد و مرد، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
NUM 15:37 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 15:38 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”با گوڵنگ لە لچکی جلەکانتان دروستبکەن، نەوە دوای نەوە و لەسەر لچکەکانی خوارەوە گوڵنگی مۆر دابنێن.
NUM 15:39 کاتێک ئەم گوڵنگانە دەبینن هەموو فەرمانەکانی یەزدانتان بەبیر دێتەوە و جێبەجێی دەکەن و بەدوای ئارەزووی دڵ و چاوتان ناکەون هەتا بەدوایاندا بەدڕەوشتی بکەن،
NUM 15:40 هەتا بەبیرتان بێتەوە و هەموو فەرمانەکانی یەزدان جێبەجێ بکەن و بۆ خوداتان پیرۆز بن.
NUM 15:41 من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا ببێت بە خوداتان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
NUM 16:1 قۆرەحی کوڕی یەسهار کوڕی قەهات کوڕی لێڤی و داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب و ئۆنی کوڕی پەلەت لە نەوەی ڕەئوبێن
NUM 16:2 لە دژی موسا هەستانەوە. چەند کەسێکیش لە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵیان بوون، دوو سەد و پەنجا کەس لە ڕابەرەکانی کۆمەڵ لە ئەنجومەن هەڵبژێردرابوون، کە زۆر ناسراو بوون،
NUM 16:3 جا لەسەر موسا و هارون کۆبوونەوە و پێیان گوتن: «ئێوە زیادەڕۆییتان کردووە! هەموو کۆمەڵ پیرۆزن و یەزدانیش لەنێوانیاندایە، ئیتر بۆچی خۆتان لەسەر کۆمەڵی یەزدان بەرز دەکەنەوە؟»
NUM 16:4 جا موسا گوێی لێبوو و بەسەر ڕوودا کەوت.
NUM 16:5 ئینجا بە قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «بەیانی یەزدان پیشانی دەدات کێ بۆ ئەوە و کێ پیرۆزە تاکو لە خۆی نزیکی بکاتەوە، جا هەرکەسێک هەڵبژێرێت ئەو لە خۆی نزیک دەکاتەوە.
NUM 16:6 ئەمە بکەن، بخووردان بۆ خۆتان ببەن، قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی،
NUM 16:7 بەیانی ئاگری لەناو دابنێن و لەبەردەم یەزدان بخووری بەسەردا بکەن، جا ئەو پیاوەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت ئەو پیرۆزە، ئیتر ئەی نەوەی لێڤی ئەمەتان بەس بێت!»
NUM 16:8 هەروەها موسا بە قۆرەحی گوت: «ئەی نەوەی لێڤی گوێ بگرن،
NUM 16:9 ئایا بە کەمی دەزانن کە خودای ئیسرائیل لەنێو کۆمەڵی ئیسرائیل جیای کردنەوە بۆ ئەوەی لە خۆی نزیکتان بکاتەوە، تاکو خزمەتی چادری پەرستنی یەزدان بکەن و لەبەردەم کۆمەڵ بوەستن بۆ خزمەتکردنی؟
NUM 16:10 جا تۆ و هەموو براکانت لە نەوەی لێڤی لە خۆی نزیک کردەوە و داوای کاهینیێتیش دەکەن؟
NUM 16:11 کەواتە تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەسەر دژایەتیکردنی یەزدان ڕێک کەوتوون، بەڵام هارون کێیە هەتا بۆڵەبۆڵی لەسەر بکەن؟»
NUM 16:12 جا موسا ناردی هەتا بانگی داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب بکەن، بەڵام ئەوان گوتیان: «نایەین!
NUM 16:13 ئایا ئەمە بەس نییە کە تۆ لە خاکێک دەرتهێناین کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت هەتا لە چۆڵەوانی بمانمرێنیت و ئێستاش خۆت بکەیت بە میر بەسەرمانەوە،
NUM 16:14 هەروەها ئێمەت نەهێناوەتە خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت و کێڵگە و ڕەزت بە میرات پێنەداین. ئایا چاوی ئەو کەسانە دەردەهێنیت؟ ئێمە نایەین!»
NUM 16:15 جا موسا زۆر تووڕە بوو و بە یەزدانی گوت: «ئاوڕ لە قوربانییەکەیان مەدەوە. نە گوێدرێژێکم لێ بردوون و نە خراپەم لەگەڵ کەسیان کردووە.»
NUM 16:16 ئینجا موسا بە قۆرەحی گوت: «بەیانی تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەبەردەم یەزدان بن، تۆ و ئەوان و هارونیش.
NUM 16:17 هەریەکە بخووردانەکەی ببات و بخووری تێبکات و لەبەردەم یەزدان بخووردانەکەی پێشکەش بکات، دوو سەد و پەنجا بخووردان، تۆ و هارونیش هەریەکە و بخووردانی خۆتان.»
NUM 16:18 جا هەریەکە بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێکرد و بخووریان بەسەردا کرد و لەگەڵ موسا و هارون لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.
NUM 16:19 قۆرەحیش هەموو کۆمەڵی لە دژی ئەوان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆکردەوە، جا شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو کۆمەڵ دەرکەوت.
NUM 16:20 ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 16:21 «خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.»
NUM 16:22 بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟»
NUM 16:23 جا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 16:24 «لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“»
NUM 16:25 موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن،
NUM 16:26 ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.»
NUM 16:27 ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوورکەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان.
NUM 16:28 ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی بۆ ئەوەی ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە.
NUM 16:29 ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە.
NUM 16:30 بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.»
NUM 16:31 کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و
NUM 16:32 زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان.
NUM 16:33 جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون.
NUM 16:34 هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن و گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!»
NUM 16:35 ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد.
NUM 16:36 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 16:37 «بە ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین بڵێ، با بخووردانەکان لەناو ئاگرەکە هەڵبگرێت و پاشماوەی ئاگرەکە لە دوور و بە فراوانی بڵاو بکاتەوە،
NUM 16:38 چونکە بخووردانەکانی ئەوانەی لە دژی نرخی ژیانی خۆیان گوناهبارن پیرۆزکراون. با بخووردانەکان بکوتن و بیکەنە چەند پلێتێک و قوربانگاکەی پێ دابپۆشرێت، چونکە لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان کرد و پیرۆز بوو. با نەوەی ئیسرائیل پەند لەمە وەربگرن.»
NUM 16:39 ئینجا ئەلعازاری کاهین بخووردانە بڕۆنزییەکانی برد کە ئەوانەی سووتێنرابوون پێشکەشیان کردبوو و کوتایان و کردیانە پۆشەر بۆ قوربانگاکە،
NUM 16:40 وەک یەزدان پێی فەرموو لەسەر دەستی موسا. ئەمە وەک بەبیرهێنانەوەیەک بوو بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەگەر پیاوێکی بێگانە کە لە نەوەی هارون نەبێت لەبەردەم یەزدان بۆ بخوور سووتاندن نزیک بکەوێتەوە، ئەوا وەک قۆرەح و کۆمەڵەکەی لێدێت.
NUM 16:41 جا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بۆ بەیانی دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد لەسەر موسا و هارون و گوتیان: «ئێوە گەلی یەزدانتان کوشت.»
NUM 16:42 کاتێک کۆمەڵ لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە ئەوان چوونە لای چادری چاوپێکەوتن، لەپڕ هەورێک دایپۆشی و شکۆمەندی یەزدان دەرکەوت.
NUM 16:43 جا موسا و هارون هاتنە بەردەم چادری چاوپێکەوتن.
NUM 16:44 یەزدانیش بە موسای فەرموو:
NUM 16:45 «لەنێو ئەم کۆمەڵە بچنە دەرەوە، من بە ساتێک لەناویان دەبەم.» جا بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
NUM 16:46 ئینجا موسا بە هارونی گوت: «بخووردانەکە ببە و لەسەر قوربانگاکەوە ئاگری تێبکە، بخووری لەسەر دابنێ، بە خێرایی بیبە لای کۆمەڵ و کەفارەتیان بۆ بکە. لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدان جۆشاوە، وا دەردەکە دەستی پێکرد.»
NUM 16:47 ئیتر هارون لەسەر قسەی موسا ڕایکرد بۆ ناو کۆمەڵ، بەڵام دەردەکە لەنێو گەلدا دەستی پێکردبوو، ئەویش بخوورەکەی پێشکەش کرد و کەفارەتی بۆ گەل کرد.
NUM 16:48 هارون لەناوەندی مردووان و زیندوواندا ڕاوەستا، دەردەکەش وەستا،
NUM 16:49 جا ئەوانەی بە دەردەکە مردن چواردە هەزار و حەوت سەد بوون، بێجگە لەوانەی بەهۆی قۆرەحەوە مردن.
NUM 16:50 ئینجا هارون گەڕایەوە لای موسا بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، لەبەر ئەوەی دەردەکە وەستابوو.
NUM 17:1 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 17:2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و
NUM 17:3 ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە.
NUM 17:4 لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە.
NUM 17:5 جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»
NUM 17:6 ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو.
NUM 17:7 جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.
NUM 17:8 بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە.
NUM 17:9 جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.
NUM 17:10 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بۆ ئەوەی بپارێزرێت و یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. بەو شێوەیە چیتر بۆڵەبۆڵم بەسەردا ناکەن، تاکو نەمرن.»
NUM 17:11 موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.
NUM 17:12 ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت: «ئێمە لەناوچووین و ون بووین، هەموومان ون بووین!
NUM 17:13 هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن، ئایا هەموومان لەناودەچین؟»
NUM 18:1 یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت.
NUM 18:2 هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان.
NUM 18:3 ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن.
NUM 18:4 پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.
NUM 18:5 «بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل.
NUM 18:6 من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن.
NUM 18:7 تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»
NUM 18:8 یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە.
NUM 18:9 ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە.
NUM 18:10 وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.
NUM 18:11 «ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
NUM 18:12 «باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ،
NUM 18:13 یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
NUM 18:14 «هەموو تەرخانکراوێک بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت،
NUM 18:15 هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە.
NUM 18:16 پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە.
NUM 18:17 «بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
NUM 18:18 گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە.
NUM 18:19 هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»
NUM 18:20 هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.
NUM 18:21 «بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون.
NUM 18:22 لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت،
NUM 18:23 بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.
NUM 18:24 دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»
NUM 18:25 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 18:26 «لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک.
NUM 18:27 جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە.
NUM 18:28 بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن.
NUM 18:29 لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“
NUM 18:30 «پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت.
NUM 18:31 ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن.
NUM 18:32 بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»
NUM 19:1 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 19:2 «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە و دەفەرموێت، بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با نوێنگینێکی سووری ساغت بۆ بهێنن کە کەموکوڕی تێدا نەبێت و نیری نەخرابێتە سەر.
NUM 19:3 بدرێتە ئەلعازاری کاهین و دەبردرێتە دەرەوەی ئۆردوگا و لەبەردەمی سەردەبڕدرێت.
NUM 19:4 ئەلعازاری کاهینیش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و بەرەو ڕووی چادری چاوپێکەوتن حەوت جار دەیپرژێنێت.
NUM 19:5 نوێنگینەکەش لەبەرچاوی دەسووتێنرێت، پێستی و گۆشتی و خوێنی و ڕیخۆڵەکەی دەسووتێنرێت.
NUM 19:6 کاهینیش پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات و هەڵیاندەداتە ناو ئاگری نوێنگینەکە.
NUM 19:7 ئینجا کاهین جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و لەدوای ئەوە دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
NUM 19:8 ئەوەش کە سووتاندی جلەکانی بە ئاو دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
NUM 19:9 «پیاوێکی پاکیش خۆڵەمێشی نوێنگینەکە کۆدەکاتەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە لە شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دایدەنێت. پێویستە کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بیپارێزن و بۆ ئاوی پاککردنەوە بەکاریبهێنن؛ بۆ پاکبوونەوە لە گوناه.
NUM 19:10 ئەوەی خۆڵەمێشی نوێنگینەکەشی کۆکردەوە جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، جا بۆ نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویانە، دەبێت بە فەرزێکی هەتاهەتایی.
NUM 19:11 «ئەوەی دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت.
NUM 19:12 پێویستە لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پێ پاک بکاتەوە و لە ڕۆژی حەوتەم پاک دەبێت، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا لە ڕۆژی حەوتەم پاک نابێت.
NUM 19:13 هەرکەسێک دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات و خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا چادری پەرستنی یەزدان گڵاو دەکات، ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت، چونکە ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە و گڵاوە، گڵاوییەکەی هێشتا تێدا ماوە.
NUM 19:14 «ئەمە فێرکردنەکەیە، ئەگەر کەسێک لەناو چادرێکدا مرد ئەوا هەر یەکێک بێتە ناو چادرەکە و هەموو ئەوانەی لەناو چادرەکە بوون حەوت ڕۆژ گڵاو دەبن،
NUM 19:15 هەموو دەفرێکی کراوەش کە بە باشی سەری دانەخرابێت ئەوا گڵاوە.
NUM 19:16 «هەرکەسێک لە دەشتودەر دەست لە کوژراوێکی بە شمشێر یان مردووێک یان ئێسکی مرۆڤێک یان گۆڕێک بدات، ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت.
NUM 19:17 «جا بۆ گڵاو لە خۆڵەمێشی ئاگری قوربانی پاکبوونەوە دەبەن و لە گۆزەیەکدا ئاوێکی سازگاری بەسەردا دەکەن.
NUM 19:18 پیاوێکی پاکیش بەپێی ڕێوڕەسم زوفایەک دەبات و نوقومی ناو ئاوەکەی دەکات و بەسەر چادر و هەموو شتومەکەکانیدا دەپرژێنێت، بەسەر ئەو کەسانەشدا دەپرژێنێت کە لەوێ بوون، هەروەها ئەوەش کە دەستی لە ئێسک یان کوژراو یان مردوو یان گۆڕ داوە.
NUM 19:19 کەسە پاکەکەش لە ڕۆژی سێیەم و ڕۆژی حەوتەم ئاوەکە بەسەر کەسە گڵاوەکەدا دەپرژێنێت، لە ڕۆژی حەوتەم پاکی دەکاتەوە. ئەویش جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و بۆ ئێوارە پاک دەبێت.
NUM 19:20 بەڵام ئەو کەسەی گڵاو دەبێت و خۆی پاک ناکاتەوە، ئەوا ئەو گیانە لەنێو کۆمەڵدا دادەبڕدرێت، چونکە پیرۆزگای یەزدانی گڵاو کردووە، ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە، گڵاوە.
NUM 19:21 جا بۆیان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی. «ئەوەی ئاوی پاککردنەوەی پرژاندووە جلەکانی دەشوات، ئەوەی دەستی لە ئاوی پاککردنەوە داوە، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
NUM 19:22 هەرچییەک ئەو گڵاوە دەستی لێ بدات گڵاو دەبێت و ئەو کەسەش کە دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.»
NUM 20:1 ئینجا نەوەی ئیسرائیل، هەموو کۆمەڵەکە هاتنە چۆڵەوانی چن لە مانگی یەکدا و گەل لە قادێش چادریان هەڵدا و لەوێدا مریەم مرد و لەوێش نێژرا.
NUM 20:2 ئاو نەبوو بۆ کۆمەڵ، جا لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە و
NUM 20:3 گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «خۆزگە وەک براکانمان لەبەردەم یەزدان لەناوبچووینایە!
NUM 20:4 بۆچی کۆمەڵی یەزدانتان هێنایە ئەم چۆڵەوانییە هەتا تێیدا خۆمان و مەڕوماڵاتمان بمرین؟
NUM 20:5 بۆچی ئێمەتان لە میسرەوە هێنایە دەرەوە تاکو بمانهێنن بۆ ئەم شوێنە خراپە؟ ئەم شوێنە دانەوێڵە و هەنجیر و مێو و هەناری لێ نییە، ئاوی خواردنەوەشی لێ نییە!»
NUM 20:6 جا موسا و هارون لەبەردەم کۆمەڵەوە هاتنە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بەسەر ڕوویاندا کەوتن و شکۆمەندی یەزدانیان بۆ دەرکەوت.
NUM 20:7 یەزدانیش بە موسای فەرموو:
NUM 20:8 «گۆچانەکە ببە و کۆمەڵ کۆبکەرەوە، تۆ و هارونی برات لەبەرچاویاندا بەو تاشەبەردە بڵێن هەتا ئاوەکەی بدات، جا لە تاشەبەردەکەوە ئاویان بۆ هەڵدەقوڵێت و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیان ئاو دەدەیت.»
NUM 20:9 موساش گۆچانەکەی لەبەردەم یەزدانەوە برد وەک فەرمانی پێ کرد.
NUM 20:10 موسا و هارون جەماوەریان لەپێش تاشەبەردەکە کۆکردەوە، موسا پێی گوتن: «ئەی یاخیبووان گوێ بگرن، ئایا لەم بەردەوە ئاوتان بۆ دەربهێنین؟»
NUM 20:11 موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە.
NUM 20:12 بەڵام یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەبەر ئەوەی متمانەتان پێ نەکردم، تاکو لەبەرچاوی گەلی ئیسرائیل من بە پیرۆز نیشان بدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەم کۆمەڵە نابەنە ناو ئەو خاکەی پێم داون.»
NUM 20:13 ئەمە مێرگی مەریبایە کە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزداندا دەمەقاڵێیان کرد و ئەویش لەنێویاندا پیرۆزی خۆی نیشان دان.
NUM 20:14 ئینجا موسا لە قادێشەوە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای ئەدۆم نارد: «ئیسرائیلی برات ئاوا دەڵێت: تۆ بە هەموو ناخۆشییەکانت زانی کە تووشمان هات.
NUM 20:15 باوکانمان چوونە میسر و ڕۆژانێکی زۆر لە میسر ماینەوە. میسرییەکان ئێمە و باوکانی ئێمەیان زەلیل کرد،
NUM 20:16 بەڵام هاوارمان بۆ یەزدان کرد و گوێی لە دەنگمان بوو، فریشتەیەکی نارد و لە میسر دەریهێناین. «ئێستا ئێمە لە قادێشین کە شارۆچکەیەکە لە نزیکی سنووری خاکەکەت.
NUM 20:17 تکایە ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێبپەڕین، نە بە کێڵگەیەکدا دەڕۆین و نە بە ڕەزێکدا و نە ئاوی بیرێک دەخۆینەوە، لە شاڕێگای پاشاوە دەڕۆین، نە بەلای ڕاست لادەدەین و نە بەلای چەپ هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە.»
NUM 20:18 بەڵام ئەدۆم وەڵامی دانەوە: «بە خاکەکەماندا ناڕۆن، ئەگینا بە شمشێرەوە پەلامارتان دەدەم.»
NUM 20:19 نەوەی ئیسرائیلیش گوتیان: «بە ڕاستەڕێدا دەڕۆین، ئەگەر خۆمان و مەڕوماڵاتەکانمان لە ئاوی تۆمان خواردەوە ئەوا نرخەکەی دەدەین، هیچی دیکە ناکەین تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین.»
NUM 20:20 دیسان ئەدۆم وەڵامی دانەوە: «تێناپەڕن.» ئینجا ئەدۆم بە سوپایەکی گەورە و دەستێکی توندەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرچوو.
NUM 20:21 ئەدۆم ڕازی نەبوو ئیسرائیل بە خاکی ئەودا تێبپەڕێت، ئیسرائیلیش لێی لادا.
NUM 20:22 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە قادێشەوە کۆچیان کرد و هاتنە کێوی هۆر،
NUM 20:23 یەزدانیش لە کێوی هۆر لەسەر سنووری خاکی ئەدۆم بە موسا و هارونی فەرموو:
NUM 20:24 «هارون دەچێتە پاڵ گەلەکەی، چونکە ناچێتە ناو ئەو خاکەی بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، چونکە ئێوە لەلای مێرگی مەریبا لە فەرمانم یاخی بوون.
NUM 20:25 هارون و ئەلعازاری کوڕی ببە سەر کێوی هۆر و
NUM 20:26 جلەکان لەبەر هارون دابکەنە و لەبەر ئەلعازاری کوڕی بکە، جا هارونیش دەچێتە پاڵ گەلەکەی و لەوێ دەمرێت.»
NUM 20:27 موساش ئاوای کرد وەک یەزدان فەرمانی دا و لەبەرچاوی هەموو کۆمەڵ بەسەر کێوی هۆر کەوتن.
NUM 20:28 ئینجا موسا جلەکانی لەبەر هارون داکەند و لەبەر ئەلعازاری کوڕی کرد، هارونیش لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە مرد. ئینجا موسا و ئەلعازار لە کێوەکە هاتنە خوارەوە.
NUM 20:29 کاتێک هەموو کۆمەڵ بینییان هارون مرد، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل سی ڕۆژ بۆ هارون گریان.
NUM 21:1 کاتێک کەنعانییەکەی پاشای عەراد کە لە نەقەب نیشتەجێ بوو بیستی نەوەی ئیسرائیل لە ڕێگای ئەتاریمەوە هاتووە، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا کرد و هەندێکی لێیان بە دیل گرت.
NUM 21:2 نەوەی ئیسرائیلیش نەزرێکیان بۆ یەزدان کرد و گوتیان، «ئەگەر ئەو نەتەوەیە بخەیتە ژێر دەستمان، ئەوا شارەکانی بە تەواوی وێران دەکەین.»
NUM 21:3 یەزدانیش گوێی لە هاواری ئیسرائیل گرت و کەنعانییەکانی دایە دەست و خۆیان و شارۆچکەکانیان بە تەواوی وێران کردن، ئیتر ئەو شوێنە ناونرا حۆرما.
NUM 21:4 ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا.
NUM 21:5 گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»
NUM 21:6 یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن.
NUM 21:7 ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.
NUM 21:8 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.»
NUM 21:9 موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک کەسێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد، دەژیا.
NUM 21:10 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا،
NUM 21:11 لە ئۆڤۆتەوەش کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم لە چۆڵەوانی بەرامبەر مۆئاب ڕووەو خۆر هەڵاتن چادریان هەڵدا.
NUM 21:12 لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە دۆڵی زەرەد چادریان هەڵدا،
NUM 21:13 لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە قەراغی باکووری ڕووباری ئەرنۆن چادریان هەڵدا کە لە چۆڵەوانییە لە دەرەوەی سنووری ئەمۆرییەکانە، چونکە ئەرنۆن سنووری مۆئابە لەنێوان مۆئاب و ئەمۆرییەکان،
NUM 21:14 لەبەر ئەوە پەڕتووکی جەنگەکانی یەزدان دەڵێت: «شاری واهێڤ لە سوفە و شیوەکانی، ئەرنۆن و
NUM 21:15 نشێوی شیوەکان، ئەوەی هەتا نشینگەی عار شۆڕ بووەتەوە، پشتی بە سنووری مۆئابەوە داوە.»
NUM 21:16 لەوێشەوە بۆ بئێر بەردەوام بوون، ئەوەش ئەو بیرەیە کە لەوێ یەزدان بە موسای فەرموو، «گەل کۆبکەرەوە ئاویان دەدەمێ.»
NUM 21:17 ئەوسا ئیسرائیل ئەم گۆرانییەیان چڕی: «ئەی بیر هەڵبقوڵێ، گۆرانی لە بارەوە بڵێن،
NUM 21:18 بیرێک میرەکان لێیان داوە، پیاوماقوڵانی گەل هەڵیانکەندووە، ئەو پیاوماقوڵانە بە داردەست و گۆچانەکانیان.» لە چۆڵەوانییەوە هەتا مەتانە چوون،
NUM 21:19 لە مەتانەوە هەتا نەحەلیێل و لە نەحەلیێلەوە هەتا بامۆت،
NUM 21:20 لە بامۆتەوە هەتا دۆڵێک کە لە مۆئابە و لە لووتکەی چیای پسگە کە دەڕوانێتە سەر ڕووی چۆڵەوانی.
NUM 21:21 ئینجا ئیسرائیل نێردراوی بۆ سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان نارد و گوتی:
NUM 21:22 «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بەلای کێڵگەیەک و نە بەلای ڕەزە مێوێک لانادەین و ئاو لە بیر ناخۆینەوە، هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە بە شاڕێگادا دەڕۆین.»
NUM 21:23 بەڵام سیحۆن نەیهێشت ئیسرائیل بە خاکەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵەوانی دەرچوو، هاتە یەهەچ و شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.
NUM 21:24 ئیسرائیلیش بە شمشێر لێیدا و دەستی بەسەر خاکەکەیدا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا نەوەی عەمۆن، چونکە سنووری عەمۆنییەکان بەهێز بوو.
NUM 21:25 ئیسرائیل هەموو ئەم شارانەی گرت، ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی ئەمۆرییەکان نیشتەجێ بوو، لە حەشبۆن و لە هەموو گوندەکانی.
NUM 21:26 لەبەر ئەوەی حەشبۆن شاری سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان بوو، شەڕی لەگەڵ پاشای پێشووی مۆئاب کردبوو و هەموو خاکەکەی لە دەستی سەندبوو هەتا ئەرنۆن.
NUM 21:27 لەبەر ئەوە شیعرەکان دەڵێن: «وەرنە حەشبۆن بنیاد دەنرێتەوە، شاری سیحۆن نۆژەن دەکرێتەوە.
NUM 21:28 «ئاگرێک لە حەشبۆنەوە کڵپەی کرد، گڕێک لە شاری سیحۆنەوە، عاری مۆئابی هەڵلووشی، پیاوانی بەرزاییەکانی ئەرنۆن.
NUM 21:29 قوڕبەسەرت مۆئاب! ئەی گەلی کەمۆش لەناوچوویت! کوڕەکانی ئاوارە کرد و کچەکانی ڕاپێچ کرد بۆ سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان.
NUM 21:30 «بەڵام وا ئەوانمان ڕووخاند، حەشبۆن لەناوچوو هەتا دیڤۆن، تێکمان دا هەتا نۆفە کە هەتا مادەبا درێژ دەبێتەوە.»
NUM 21:31 جا ئیسرائیل لە خاکی ئەمۆرییەکاندا مایەوە.
NUM 21:32 ئینجا موسا هەندێک کەسی نارد بۆ سیخوڕیکردن لە یەعزێر، ئیتر گوندەکانیان گرت و ئەو ئەمۆرییانەیان دەرکرد کە لەوێ بوون.
NUM 21:33 ئینجا ڕوویان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتن، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گەیشتە ئەدرەعی.
NUM 21:34 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»
NUM 21:35 جا لە خۆی و کوڕەکانی و هەموو سوپایەکەیان دا و کەس دەرباز نەبوو، بوونە خاوەنی خاکەکەی.
NUM 22:1 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە دەشتاییەکانی مۆئاب لەلای کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا.
NUM 22:2 کاتێک بالاقی کوڕی چیپور هەموو ئەو شتانەی بینی کە ئیسرائیل بە ئەمۆرییەکانی کرد،
NUM 22:3 مۆئاب لە گەلەکە تۆقی، چونکە زۆر بوون، مۆئاب بەهۆی نەوەی ئیسرائیل ترسی لێ نیشت.
NUM 22:4 مۆئابییەکان بە پیرەکانی میدیانیان گوت: «ئێستا ئەم ئاپۆرەی خەڵکە هەموو چواردەورمان دەلێسنەوە وەک چۆن گا سەوزایی کێڵگە دەلێسێتەوە.» لەو سەردەمە بالاقی کوڕی چیپور پاشای مۆئاب بوو.
NUM 22:5 چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت: «وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە.
NUM 22:6 ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.»
NUM 22:7 پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان.
NUM 22:8 ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە.
NUM 22:9 ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟»
NUM 22:10 بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت،
NUM 22:11 ”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، تاکو بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“»
NUM 22:12 بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.»
NUM 22:13 بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.»
NUM 22:14 پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.»
NUM 22:15 ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد.
NUM 22:16 ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت: «بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام،
NUM 22:17 چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.»
NUM 22:18 بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم.
NUM 22:19 ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.»
NUM 22:20 خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.»
NUM 22:21 بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت.
NUM 22:22 بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون.
NUM 22:23 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە.
NUM 22:24 ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو،
NUM 22:25 کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە.
NUM 22:26 دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سووڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا.
NUM 22:27 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا،
NUM 22:28 ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت کە سێ جار لێت دام؟»
NUM 22:29 بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «لەبەر ئەوەی سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.»
NUM 22:30 ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟» ئەویش گوتی: «نا.»
NUM 22:31 ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد.
NUM 22:32 فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە.
NUM 22:33 ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.»
NUM 22:34 بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.»
NUM 22:35 فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت.
NUM 22:36 کاتێک بالاق بیستی کە بەلعام هاتووە، چوو بۆ پێشوازیکردنی بۆ ئەو شارۆچکەیەی مۆئاب کە لەسەر سنووری ئەرنۆنە، لەوپەڕی خاکەکەی.
NUM 22:37 بالاق بە بەلعامی گوت: «ئایا بەدوای تۆمدا نەنارد، هەتا بانگت بکەم، ئیتر بۆ نەهاتی؟ ئایا بەڕاستی من ناتوانم پاداشتت بکەم؟»
NUM 22:38 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەوەتا ئێستا هاتم بۆ لات، ئایا ئێستا هیچ توانایەکم هەیە کە خۆم شتێک بڵێم؟ ئەو وشەیەی خودا دەیخاتە دەمم ئەوە دەڵێم.»
NUM 22:39 بەلعام و بالاق بەڕێکەوتن و هاتنە قیریەت حوچۆت،
NUM 22:40 ئینجا بالاق مەڕ و مانگای سەربڕی و بەدوای بەلعام و ئەو پیاوە گەورانەی نارد کە لەگەڵی بوون.
NUM 22:41 بۆ بەیانی بالاق بەلعامی بردە سەرەوە بۆ بامۆت‌بەعل و لەوێوە ئەوپەڕی گەلی بینی.
NUM 23:1 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
NUM 23:2 بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.
NUM 23:3 ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.
NUM 23:4 خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»
NUM 23:5 یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»
NUM 23:6 ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە.
NUM 23:7 ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا، لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە، گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم، وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“
NUM 23:8 چۆن نەفرەت بکەم کە خودا نەفرەتی لێیان نەکردبێت، چۆن جنێو بدەم کە یەزدان جنێوی پێیان نەدابێت؟
NUM 23:9 لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم، لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم، گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە، خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.
NUM 23:10 کێ خۆڵی یاقوبی هەژمار کردووە، کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟ با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»
NUM 23:11 بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»
NUM 23:12 ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»
NUM 23:13 ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.»
NUM 23:14 جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.
NUM 23:15 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»
NUM 23:16 یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»
NUM 23:17 ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»
NUM 23:18 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەی بالاق، هەستە و گوێ بگرە، ئەی کوڕی چیپور، گوێم بۆ شل بکە،
NUM 23:19 خودا مرۆڤ نییە کە درۆ بکات، کوڕی مرۆڤیش نییە کە بڕیاری بگۆڕێت. ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟ یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟
NUM 23:20 فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم، ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.
NUM 23:21 «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە، لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە، یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە، هوتافی پاشا لەنێویاندایە.
NUM 23:22 خودا لە میسر دەریهێنان، ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.
NUM 23:23 جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت، فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە. ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت، ”سەیر بکە خودا چی کردووە!“
NUM 23:24 گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت، وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە، ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»
NUM 23:25 ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»
NUM 23:26 بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»
NUM 23:27 بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.»
NUM 23:28 ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.
NUM 23:29 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
NUM 23:30 بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.
NUM 24:1 کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد.
NUM 24:2 کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری،
NUM 24:3 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر، پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
NUM 24:4 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە، ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:
NUM 24:5 «ئەی یاقوب، چادرەکانت چەند جوانن، ئەی ئیسرائیل، نشینگەکانت چەند خۆشن!
NUM 24:6 «وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە، وەک باخچەی کەناری ڕووبار، وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی کە یەزدان چاندبێتی، وەک ئورزی قەراغی ئاو،
NUM 24:7 گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت. «پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و شانشینەکەی پایەدار دەبێت.
NUM 24:8 «خودا لە میسر دەریهێنان، وەک شاخی گای کێوییە بۆیان، ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و ئێسکیان تێکدەشکێنن و بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
NUM 24:9 خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟ «بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن، نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»
NUM 24:10 ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن،
NUM 24:11 ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»
NUM 24:12 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون،
NUM 24:13 ”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“
NUM 24:14 ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»
NUM 24:15 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر، پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
NUM 24:16 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە، کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە، ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:
NUM 24:17 «دەیبینم، بەڵام ئێستا نا، چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا. ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت. ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت، کاسەسەری هەموو نەوەی شیت تێکدەشکێنێت.
NUM 24:18 ئەدۆم داگیر دەکرێت، سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار، بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.
NUM 24:19 ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت، بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»
NUM 24:20 ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو، بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»
NUM 24:21 ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی: «نشینگەکەتان پتەوە و هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،
NUM 24:22 بەڵام ئەی قێنییەکان، ئێوە وێران دەبن، کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»
NUM 24:23 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،
NUM 24:24 لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە کەشتییەکان دێن و ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات، بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»
NUM 24:25 ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
NUM 25:1 کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب،
NUM 25:2 ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد.
NUM 25:3 ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.
NUM 25:4 یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»
NUM 25:5 موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»
NUM 25:6 لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و کچێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان.
NUM 25:7 کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک،
NUM 25:8 بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و کچەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە.
NUM 25:9 بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.
NUM 25:10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 25:11 «فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل ڕەواندەوە. لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان بەو جۆرەی کە من بۆ شکۆمەندی خۆم دڵگەرمم، نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد.
NUM 25:12 لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم.
NUM 25:13 بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»
NUM 25:14 ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ کچە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان،
NUM 25:15 ناوی کچە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.
NUM 25:16 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 25:17 «تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن،
NUM 25:18 چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»
NUM 26:1 لەدوای دەردەکە، یەزدان بە موسا و ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینی فەرموو:
NUM 26:2 «ژمارەی هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل وەربگرە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان، هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیلدا دەتوانن بجەنگن.»
NUM 26:3 ئینجا موسا و ئەلعازاری کاهین لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا لەگەڵیاندا دوان و گوتیان:
NUM 26:4 «سەرژمێری لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.» نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە ئەمانەن:
NUM 26:5 نەوەی ڕەئوبێنی نۆبەرەی ئیسرائیل: بۆ حەنۆک خێڵی حەنۆکییەکان، بۆ پەڵو خێڵی پەڵووییەکان،
NUM 26:6 بۆ حەسرۆن خێڵی حەسرۆنییەکان، بۆ کەرمی خێڵی کەرمییەکان.
NUM 26:7 ئەمانە خێڵەکانی ڕەئوبێنییەکانن، تۆمارکراوەکانیان چل و سێ هەزار و حەوت سەد و سی کەس بوون.
NUM 26:8 ئەلیابیش کوڕی پەڵو بوو،
NUM 26:9 نەوەی ئەلیابیش نەموئێل و داتان و ئەبیرام، داتان و ئەبیرامیش ئەوانەن کە کۆمەڵەکەیان بانگکرد بۆ بەربەرەکانێی موسا و هارون، لە کۆمەڵی قۆرەح کاتێک بەربەرەکانێی یەزدانیان کرد.
NUM 26:10 زەوی دەمی کردەوە و لەگەڵ قۆرەح هەڵیلووشین، کاتێک ئەو کۆمەڵە مردن، دوو سەد و پەنجا پیاو سووتان، ئەوان بوون بە پەند.
NUM 26:11 بەڵام نەوەی قۆرەح نەفەوتان.
NUM 26:12 نەوەی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە نەموئێل خێڵی نەموئێلییەکان، لە یامین خێڵی یامینییەکان، لە یاکین خێڵی یاکینییەکان،
NUM 26:13 لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان، لە شائوول خێڵی شائوولییەکان.
NUM 26:14 ئەمانە خێڵەکانی شیمۆنییەکانن، بیست و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
NUM 26:15 نەوەی گاد بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە چیفۆن خێڵی چیفۆنییەکان، لە حەگی خێڵی حەگییەکان، لە شونی خێڵی شونییەکان،
NUM 26:16 لە ئۆزنی خێڵی ئۆزنییەکان، لە عێری خێڵی عێرییەکان،
NUM 26:17 لە ئەرۆدی خێڵی ئەرۆدییەکان، لە ئەرئێلی خێڵی ئەرئێلییەکان.
NUM 26:18 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی گادن، بەگوێرەی ژمارەیان چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 26:19 ئێر و ئۆنان کوڕانی یەهودا بوون، بەڵام لە خاکی کەنعان مردن.
NUM 26:20 نەوەی یەهودا بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە شالەح خێڵی شالەحییەکان، لە پێرێز خێڵی پێرێزییەکان، لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان،
NUM 26:21 نەوەکانی پێرێزیش: لە حەسرۆن خێڵی حەسرۆنییەکان، لە حامول خێڵی حامولییەکان.
NUM 26:22 ئەمانە خێڵەکانی یەهودان، بەگوێرەی ژمارەیان حەفتا و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 26:23 نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە تۆلاع خێڵی تۆلاعییەکان، لە پوڤە خێڵی پوڤەییەکان،
NUM 26:24 لە یاشوڤ خێڵی یاشوڤییەکان، لە شیمرۆن خێڵی شیمرۆنییەکان.
NUM 26:25 ئەمانە خێڵەکانی یەساخارن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و سێ سەد کەس بوون.
NUM 26:26 نەوەی زەبولون بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە سەرەد خێڵی سەرەدییەکان، لە ئێلۆن خێڵی ئێلۆنییەکان، لە یەحلئێل خێڵی یەحلئێلییەکان.
NUM 26:27 ئەمانە خێڵەکانی زەبولونییەکانن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
NUM 26:28 نەوەی یوسف بەگوێرەی خێڵەکانی مەنەشە و ئەفرایم:
NUM 26:29 نەوەی مەنەشە: لە ماکیر خێڵی ماکیرییەکان، ماکیر باوکی گلعاد بوو، لە گلعاد خێڵی گلعادییەکان.
NUM 26:30 ئەمانە نەوەی گلعادن: لە ئیعەزەر خێڵی ئیعەزەرییەکان؛ لە حێلەق خێڵی حێلەقییەکان؛
NUM 26:31 لە ئەسریێل خێڵی ئەسریێلییەکان؛ لە شەخەم خێڵی شەخەمییەکان؛
NUM 26:32 لە شەمیداع خێڵی شەمیداعییەکان؛ لە حێفەر خێڵی حێفەرییەکان.
NUM 26:33 بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی نەبوو، تەنها کچ و ناوی کچەکانی سەلۆفحاد مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە بوو.
NUM 26:34 ئەمانە خێڵەکانی مەنەشەن و تۆمارکراوەکانیان پەنجا و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
NUM 26:35 ئەمانەش نەوەی ئەفرایمن بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە شوتەلەح خێڵی شوتەلەحییەکان، لە بەکەر خێڵی بەکەرییەکان، لە تەحەن خێڵی تەحەنییەکان،
NUM 26:36 ئەمانەش نەوەی شوتەلەحن: لە عیران خێڵی عیرانییەکان.
NUM 26:37 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئەفرایمن، بەگوێرەی ژمارەیان سی و دوو هەزار و پێنج سەد کەس بوون. ئەمانە نەوەی یوسفن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
NUM 26:38 نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە بەلەع خێڵی بەلەعییەکان، لە ئەشبێل خێڵی ئەشبێلییەکان، لە ئەحیرام خێڵی ئەحیرامییەکان.
NUM 26:39 لە شوفام خێڵی شوفامییەکان، لە حوفام خێڵی حوفامییەکان.
NUM 26:40 نەوەی بەلەعیش ئەرد و نەعمان بوون: لە ئەرد خێڵی ئەردییەکان و لە نەعمان خێڵی نەعمانییەکان.
NUM 26:41 ئەمانە نەوەی بنیامینن بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و شەش سەد کەس بوون.
NUM 26:42 ئەمانە نەوەی دانن بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە شوحام خێڵی شوحامییەکان. ئەمە خێڵەکانی دانە بەگوێرەی خێڵەکانیان،
NUM 26:43 هەموو خێڵەکانی شوحامییەکان بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 26:44 نەوەی ئاشێر بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە یمنە خێڵی یمنییەکان، لە یەشڤی خێڵی یەشڤییەکان، لە بەریعە خێڵی بریعییەکان،
NUM 26:45 لە نەوەی بەریعە: لە حەڤەر خێڵی حەڤەرییەکان، لە مەلکیێل خێڵی مەلکیێلییەکان،
NUM 26:46 کچەکەی ئاشێریش ناوی سەرەح بوو.
NUM 26:47 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئاشێرن، بەگوێرەی ژمارەیان پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 26:48 نەوەی نەفتالی بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە یەحزئێل خێڵی یەحزئێلییەکان، لە گۆنی خێڵی گۆنییەکان،
NUM 26:49 لە یێچەر خێڵی یێچەرییەکان، لە شلێم خێڵی شلێمییەکان.
NUM 26:50 ئەمانە خێڵەکانی نەفتالین بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
NUM 26:51 ئەمانە تۆمارکراوەکانن لە نەوەی ئیسرائیل، شەش سەد و یەک هەزار و حەوت سەد و سی.
NUM 26:52 یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 26:53 «خاکەکە بۆ ئەمانە بەگوێرەی ژمارەی ناوەکان بە میرات دابەش دەکەیت.
NUM 26:54 بۆ هۆزە گەورەکان میراتیان زۆر دەکەیت و بۆ هۆزە بچووکەکان میراتیان کەم دەکەیت، هەریەکە بەگوێرەی تۆمارکراوەکانی میراتی دەدرێتێ،
NUM 26:55 بەڵام خاکەکە بە تیروپشک دابەش دەکەیت، بەگوێرەی ناوی هۆزەکانی باوکانیان بە میراتی دەگرن،
NUM 26:56 لەنێو کۆمەڵەی گەورە و بچووک بەگوێرەی تیروپشک میراتەکەیان بۆ دابەش دەکرێت.»
NUM 26:57 ئەمانەش تۆمارکراوەکانن لە لێڤییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان: بۆ گێرشۆن خێڵی گێرشۆنییەکان، بۆ قەهات خێڵی قەهاتییەکان، بۆ مەراری خێڵی مەرارییەکان.
NUM 26:58 ئەمە خێڵەکانی لێڤییە: خێڵی لیبنییەکان، خێڵی حەبرۆنییەکان، خێڵی مەحلییەکان، خێڵی موشییەکان، خێڵی قۆرەحییەکان. عەمرام لە ڕەچەڵەکی قەهات بوو.
NUM 26:59 ژنەکەی عەمرامیش ناوی یۆخەڤەد بوو، لە نەوەی لێڤی بوو، لە خێزانی لێڤییەکیش لە میسر لەدایک بوو. لە عەمرام هارون و موسا و مریەمی خوشکیانی بوو.
NUM 26:60 هارونیش باوکی ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوو.
NUM 26:61 بەڵام ناداب و ئەبیهو کاتێک ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد مردن.
NUM 26:62 تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان بیست و سێ هەزار کەس بوون، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگی بەرەو سەرەوە، چونکە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، لەبەر ئەوەی لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا میراتیان پێنەدرا.
NUM 26:63 ئەمانە بوون کە موسا و ئەلعازاری کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا تۆمار کرد.
NUM 26:64 ئەمانەش کەسیان تێدا نەبوو لەوانەی موسا و هارونی کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە چۆڵەوانی سینادا تۆمار کرد.
NUM 26:65 لەبەر ئەوەی یەزدان پێی فەرموون، «لە چۆڵەوانیدا دەمرن،» ئیتر کەسیان لێ نەمایەوە، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت.
NUM 27:1 کچانی سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی گلعاد کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە لە خێڵەکانی مەنەشەی کوڕی یوسف هاتنە پێش. ئەمەش ناوی کچەکانییەتی: مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە،
NUM 27:2 لەبەردەم موسا و ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان و هەموو کۆمەڵ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن وەستان و گوتیان:
NUM 27:3 «باوکمان لە بیابان مرد و لەو کۆمەڵەدا نەبوو کە لەگەڵ قۆرەح لە دژی یەزدان کۆبوونەوە، بەڵکو بە گوناهی خۆی مرد و هیچ کوڕی نەبوو.
NUM 27:4 بۆچی ناوی باوکمان لەنێو خێڵەکەی بسڕێتەوە لەبەر ئەوەی کوڕی نییە؟ لەنێو برایانی باوکمان موڵکمان بدەرێ.»
NUM 27:5 موساش داواکارییەکەی ئەوانی بردە بەردەم یەزدان.
NUM 27:6 جا یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 27:7 «کچانی سەلۆفحاد ڕاست دەڵێن. تۆش لەنێو برایانی باوکیان موڵکی میراتیان دەدەیتێ و میراتی باوکیان دەدرێتە ئەوان.
NUM 27:8 «بە نەوەی ئیسرائیلیش دەڵێیت: ”هەر پیاوێک مرد و کوڕی نەبوو میراتەکەی بۆ کچی دەبێت،
NUM 27:9 ئەگەر کچیشی نەبوو، میراتەکەی دەدەنە براکانی،
NUM 27:10 ئەگەر براشی نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە برایانی باوکی،
NUM 27:11 ئەگەر باوکیشی برای نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە نزیکترین کەسی لە خێڵەکەی و ئەو دەبێتە میراتگری. ئەمە بۆ نەوەی ئیسرائیل بووە فەرزێکی یاسایی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.“»
NUM 27:12 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ سەر ئەم چیایە لە زنجیرە چیای عەڤاریم و تەماشای ئەو خاکە بکە کە بە نەوەی ئیسرائیلم داوە.
NUM 27:13 کاتێک تەماشات کرد تۆش دەچیتە ڕیزی گەلەکەت، وەک هارونی برات چووە ڕیزەوە،
NUM 27:14 چونکە لە چۆڵەوانی چن کاتێک کۆمەڵەکە یاخی بوون، ئێوە هەردووکتان قسەتان شکاندم و منتان لەلای ئەوان پیرۆز نیشان نەدا.» (ئەو شوێنە ئاوی مەریبای قادێشە لە چۆڵەوانی چن بوو.)
NUM 27:15 موسا بە یەزدانی گوت:
NUM 27:16 «ئەی یەزدان، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، پیاوێک لەسەر کۆمەڵەکە دابنێ
NUM 27:17 بەڕێوەیان ببات و لە شەڕدا ڕابەرایەتییان بکات، هەتا کۆمەڵی یەزدان وەک مەڕی بێ شوانیان لێ نەیێت.»
NUM 27:18 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە ڕۆحی تێدایە و دەستی لەسەر دابنێ.
NUM 27:19 لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕای بگرە و لەبەرچاویان ئەرکی پێ بسپێرە.
NUM 27:20 هەندێک لە دەسەڵاتی خۆتی بدەرێ هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن.
NUM 27:21 ئەو لەبەردەم ئەلعازاری کاهین ڕادەوەستێت، لەبەردەم یەزدان بەپێی حوکمی ئوریم بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بە قسەی ئەو دێنە ژوورەوە، ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل لەگەڵی.»
NUM 27:22 موسا هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت،
NUM 27:23 دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
NUM 28:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 28:2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”قوربانی من، ئەو بۆنەی پێم خۆشە، ئاگاداربن کە لە کاتی خۆی خۆراکم بە قوربانی بە ئاگر پێشکەش بکەن.“
NUM 28:3 پێشیان بڵێ: ”ئەمە ئەو قوربانی بە ئاگرەیە کە ڕۆژانە بۆ یەزدان پێشکەشی دەکەن: دوو بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، قوربانی سووتاندنی بەردەوام.
NUM 28:4 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون.
NUM 28:5 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت،
NUM 28:6 قوربانی سووتاندنی بەردەوام، ئەوەی لە شاخی سینا کراوە، بۆنێکی خۆشە و قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان،
NUM 28:7 لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک مەی بۆ بەرخی یەکەم، لە پیرۆزگا بۆ یەزدان پێشکەشی بکە.
NUM 28:8 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابووندا پێشکەش بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانیدا کردووتە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
NUM 28:9 «”لە ڕۆژی شەممە دوو بەرخی یەک ساڵەی ساغ پێشکەش بکەن لەگەڵ دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵە لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، کە ئەمەش
NUM 28:10 قوربانی سووتاندنی هەموو ڕۆژێکی شەممەیە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 28:11 «”لە دەستپێکی هەموو مانگێکدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،
NUM 28:12 لەگەڵ سێ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر جوانەگایەک و دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرانێک.
NUM 28:13 یەک دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرخێک، قوربانی سووتاندنە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
NUM 28:14 شەرابە پێشکەشکراوەکەشیان نیو هەین بۆ جوانەگا و سێیەکی هەین بۆ بەران و چارەکە هەینێک بۆ بەرخ. ئەمە قوربانی سووتاندنە لە دەستپێکی هەموو مانگەکانی ساڵ.
NUM 28:15 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ یەزدان پێشکەش بکرێت.
NUM 28:16 «”لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخەیە بۆ یەزدان،
NUM 28:17 لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنە، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن.
NUM 28:18 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
NUM 28:19 قوربانی بە ئاگر، قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە بێت.
NUM 28:20 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەر جوانەگایەک، دوو دەیەک بۆ هەر بەرانێک،
NUM 28:21 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە بکە.
NUM 28:22 گیسکێکی نێریش قوربانی گوناه بێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان،
NUM 28:23 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەیانییان کە بۆ قوربانی سووتاندنی بەردەوام دەیکەن.
NUM 28:24 بە هەمان شێواز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ هەموو ڕۆژێک ئاوا بکەن، خۆراک پێشکەش بکەن، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 28:25 لە ڕۆژی حەوتەمیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
NUM 28:26 «”لە ڕۆژی یەکەمین بەرهەم، کاتێک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، لە جەژنی هەفتەکانتان کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
NUM 28:27 قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵە،
NUM 28:28 هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا، دوو دەیەک بۆ بەران،
NUM 28:29 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.
NUM 28:30 گیسکێکی نێریش بۆ کەفارەتکردن بۆتان.
NUM 28:31 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە بیکەن، دڵنیا بن لەوەی ئاژەڵەکان ساغن و لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان بیکەن.
NUM 29:1 «”لە یەکی مانگی حەوت، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن، بۆتان دەبێتە ڕۆژی دەنگی کەڕەنا.
NUM 29:2 قوربانی سووتاندنێک دەکەن بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،
NUM 29:3 هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ بەرانەکە و
NUM 29:4 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.
NUM 29:5 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن بۆتان،
NUM 29:6 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی سەرەمانگان و ڕۆژانە، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان وەک نەریتەکەیان، قوربانی بە ئاگرن بۆ یەزدان، ئەو بۆنەیە کە یەزدان پێی خۆشە.
NUM 29:7 «”لە ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتەدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن و گیانی خۆتان زەلیل دەکەن، هیچ کارێک ناکەن.
NUM 29:8 قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، ئەو بۆنەی پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ بن، لەلایەن ئێوەوە دەبێت.
NUM 29:9 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا و دوو دەیەک بۆ بەران و
NUM 29:10 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.
NUM 29:11 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن و قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
NUM 29:12 «”لە ڕۆژی پازدەی مانگی حەوتیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن و حەوت ڕۆژ بۆ یەزدان دەیکەن بە جەژن.
NUM 29:13 قوربانی سووتاندنیش پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سێزدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە دەبێت.
NUM 29:14 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەریەک لە سێزدە جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ هەریەک لە دوو بەرانەکە.
NUM 29:15 دەیەکێک بۆ هەریەک لە چواردە بەرخەکە.
NUM 29:16 هەروەها گیسکێکی نێر بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:17 «”لە ڕۆژی دووەم دوازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.
NUM 29:18 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.
NUM 29:19 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
NUM 29:20 «”لە ڕۆژی سێیەم یازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.
NUM 29:21 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.
NUM 29:22 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:23 «”لە ڕۆژی چوارەم دە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.
NUM 29:24 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.
NUM 29:25 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:26 «”لە ڕۆژی پێنجەم نۆ جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.
NUM 29:27 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان هەروەک نەریتەکەیان.
NUM 29:28 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:29 «”لە ڕۆژی شەشەم هەشت جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.
NUM 29:30 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.
NUM 29:31 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:32 «”لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.
NUM 29:33 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.
NUM 29:34 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:35 «”لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن.
NUM 29:36 قوربانی سووتاندن پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،
NUM 29:37 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ جوانەگا و بەران و بەرخەکان بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان،
NUM 29:38 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
NUM 29:39 «”لە جەژنەکانتان، سەرەڕای نەزر و بەخشینە ئازادەکانتان، ئەمانە بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن: قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو و قوربانی هاوبەشی.“»
NUM 29:40 موسا بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
NUM 30:1 هەروەها موسا بە سەرۆک هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێی کردووە،
NUM 30:2 ئەگەر پیاوێک نەزرێکی بۆ یەزدان کرد یان سوێندی خوارد بۆ پابەندبوون بە شتێک، با قسەی خۆی نەشکێنێت و بەگوێرەی هەموو ئەوەی گوتوویەتی ئاوا بکات.
NUM 30:3 «بەڵام ئافرەت ئەگەر نەزرێکی بۆ یەزدان کرد و بە شتێک خۆی پابەند کرد، لە ماڵی باوکی، لە کاتی کچێنی و
NUM 30:4 باوکی گوێی لە نەزرەکەی و ئەو شتە بوو کە خۆی پێ پابەند کردووە، ئەگەر خۆی لێ بێدەنگ کرد، ئەوا هەموو نەزرەکانی و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت.
NUM 30:5 بەڵام ئەگەر باوکی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا هەموو نەزر و ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە ناچەسپێت، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت، چونکە باوکی نەیهێشتووە.
NUM 30:6 «ئەگەر شووی کرد دوای ئەوەی نەزرێکی کرد یان شتێکی بە دەمدا هات کە خۆی پێ پابەند دەکات و
NUM 30:7 مێردەکەی بیستی و لە ڕۆژی بیستنەکەی بێدەنگ بوو، ئەوا نەزرەکانی دەچەسپێت و ئەو شتانەش کە خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت.
NUM 30:8 بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە کاتی بیستنی ئەوەدا ڕێگەی نەدا، ئەوا نەزرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەو شتەش بەتاڵ دەبێتەوە کە بە دەمیدا هاتووە و خۆی پێ پابەند کردبوو، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.
NUM 30:9 «بەڵام نەزری بێوەژن یان تەڵاقدراو، ئەوا هەموو ئەوەی خۆی پێ پابەند دەکات لەسەری دەچەسپێت.
NUM 30:10 «بەڵام ئەگەر ژنێک لە ماڵی مێردی نەزری کرد و خۆی بە سوێند بە شتێکەوە پابەند کرد،
NUM 30:11 مێردەکەی بیستی و بێدەنگ بوو، ڕێی لێ نەگرت، ئەوا هەموو نەزرەکانی دەچەسپێن و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت.
NUM 30:12 بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا هەرچی گوتوویەتی لە نەزر و پابەندبوونەکانی ناچەسپێن، چونکە مێردەکەی بەتاڵی کردووەتەوە، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.
NUM 30:13 هەموو نەزرێک و هەموو سوێندێکی پابەندبوون بۆ زەلیلکردنی گیان، مێردەکەی دەیچەسپێنێت و مێردەکەی بەتاڵی دەکاتەوە.
NUM 30:14 ئەگەر مێردەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی بێدەنگ بوو، ئەوا هەموو نەزرەکانی یان هەموو ئەو پابەندبوونانەی لەسەریەتی دەچەسپێن، چەسپاندوویەتی چونکە لەو ڕۆژەی بیستوویەتی لێی بێدەنگ بوو،
NUM 30:15 جا ئەگەر لەدوای بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.»
NUM 30:16 ئەمە ئەو فەرزانەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد لەنێوان مێرد و ژنەکەی و لەنێوان باوک و کچەکەی لە کاتی کچێنیدا لە ماڵی باوکی.
NUM 31:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 31:2 «بە تەواوی تۆڵە بۆ نەوەی ئیسرائیل لە میدیانییەکان بکەرەوە، ئینجا دەچیتە پاڵ گەلەکەت.»
NUM 31:3 موساش بە گەلی گوت: «لەنێو خۆتان هەندێک پیاو چەکدار بکەن بۆ جەنگ، هەتا بچنە سەر میدیان و تۆڵەی یەزدان لە میدیان بکەنەوە،
NUM 31:4 لە هەر هۆزێک هەزار کەس لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ جەنگ دەنێرن.»
NUM 31:5 ئینجا لە خێڵەکانی ئیسرائیلدا لە هەر هۆزێک هەزار کەس هەڵبژێردرا، دوازدە هەزار کەس بۆ جەنگ چەکدار کران.
NUM 31:6 ئینجا موسا ناردنی بۆ جەنگ، لە هەر هۆزێک هەزار، لەگەڵ فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین، قاپوقاچاغی پیرۆزگا و کەڕەناکانی هوتافیشی بەدەستەوە بوو.
NUM 31:7 ئەوان لە دژی میدیانییەکان جەنگان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، هەموو نێرینەیەکیان کوشت.
NUM 31:8 پاشاکانی میدیانیشیان لەگەڵ کوژراوەکانیاندا کوشت، ئاڤی و ڕاقەم و چوور و حوور و ڕێڤەع، پێنج پاشای میدیان، بەلعامی کوڕی بەعۆریشیان بە شمشێر کوشت.
NUM 31:9 هەروەها نەوەی ئیسرائیل ژن و منداڵی میدیانیان ڕاپێچ کرد و هەموو ئاژەڵ و مەڕ و مانگا و هەموو موڵکیانیان تاڵان کردن.
NUM 31:10 هەموو ئەو شارۆچکانەش کە میدیانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون و خێوەتگاکانیان سووتاند.
NUM 31:11 لە دەستکەوت و تاڵانییەکەش لە مرۆڤ و ئاژەڵ هەموویان برد.
NUM 31:12 ئینجا بە ڕاپێچکراوان و تاڵان و دەستکەوتەوە هاتنە لای موسا و ئەلعازاری کاهین، کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە ئۆردوگاکە لە دەشتی مۆئاب کە لەسەر ڕووباری ئوردون بوو بەرامبەر ئەریحا.
NUM 31:13 موسا و ئەلعازاری کاهین و هەموو ڕابەرانی کۆمەڵ بۆ پێشوازییان چوونە دەرەوەی ئۆردوگاکە.
NUM 31:14 بەڵام موسا لە سەرکردەکانی سوپا تووڕە بوو، کە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بوون و لە جەنگەوە هاتبوونەوە.
NUM 31:15 موسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئافرەتێکتان بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟
NUM 31:16 ئەوانە بوون بە قسەی بەلعامیان کرد و بوونە هۆی ناپاکی نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزدان لە کێشەکەی پەعۆر، جا دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان بڵاو بووەوە.
NUM 31:17 ئێستاش هەموو منداڵە نێرینەکان بکوژن لەگەڵ هەر ژنێک کە لەگەڵ نێر سەرجێیی کردووە،
NUM 31:18 بەڵام هەموو ئەو کچانەی لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردووە بۆ خۆتان بە زیندوویی بیانهێڵنەوە.
NUM 31:19 «ئێوەش حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە چادر هەڵبدەن و خۆتان پاک بکەنەوە، هەرکەسێک یەکێکی کوشتووە یان دەستی لە کوژراوێک داوە، با لە ڕۆژی سێیەم و حەوتەم خۆی پاک بکاتەوە، ئێوە و ڕاپێچکراوانتان.
NUM 31:20 هەروەها هەر بەرگێک یان شتێک لە پێست یان لە مووی بزن دروستکرابێت و هەر شتێک لە دار دروستکرابێت، پاکی دەکەنەوە.»
NUM 31:21 ئەلعازاری کاهینیش بە پیاوانی سوپاکەی گوت کە چووبوون بۆ جەنگ: «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،
NUM 31:22 زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و تەنەکە و قورقوشم،
NUM 31:23 هەموو ئەو شتانەی بەرگەی ئاگر دەگرێت، بەناو ئاگردا تێپەڕی دەکەن و پاشان بە ئاوی پاککردنەوە خاوێن دەبێتەوە. هەموو ئەو شتانەش کە بەرگەی ئاگر ناگرێت، ئەوا بەناو ئاودا تێپەڕی دەکەن.
NUM 31:24 لە ڕۆژی حەوتەمیش جلەکانتان دەشۆن و ئێوە پاک دەبنەوە، ئینجا دێنەوە ناو ئۆردوگاکە.»
NUM 31:25 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 31:26 «تۆ و ئەلعازاری کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی کۆمەڵ تاڵانە ڕاپێچکراوەکە لە خەڵک و لە ئاژەڵ بژمێرن.
NUM 31:27 تاڵانییەکە بە یەکسانی دابەش بکە لەنێوان ئەو سەربازانەی کە لە جەنگ بەشداریان کرد و هەروەها هەموو کۆمەڵ.
NUM 31:28 بەشی یەزدانیش دەربهێنە لە بەشی ئەوانەی بەشدارییان لە جەنگ کردووە، یەک لە پێنج سەدی خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ.
NUM 31:29 لە نیوەکەی ئەوان وەریدەگرن و دەیدەنە ئەلعازاری کاهین، بەخشینی بەرزکراوەیە بۆ یەزدان.
NUM 31:30 لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیلیش یەک لە پەنجا لە خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ و مەڕ یان لە هەر ئاژەڵێکی دیکە دەبەیت و دەیدەیتە لێڤییەکان کە بەرپرسیارن لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان.»
NUM 31:31 جا موسا و ئەلعازاری کاهین وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد.
NUM 31:32 کۆی تاڵانییەکەش کە دەستکەوتی پیاوانی سوپاکە بوو، شەش سەد و حەفتا و پێنج هەزار مەڕ و
NUM 31:33 حەفتا و دوو هەزار مانگا و
NUM 31:34 شەست و یەک هەزار گوێدرێژ بوون،
NUM 31:35 لە مرۆڤیش لەو ئافرەتانەی کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو سی و دوو هەزار کەس بوون.
NUM 31:36 جا نیوەکەی کە بەشی ئەوانە بوو بۆ جەنگ چووبوون: سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو،
NUM 31:37 بەشی یەزدانیش لە مەڕەکان شەش سەد و حەفتا و پێنج بوو،
NUM 31:38 مانگاکانیش سی و شەش هەزار بوو و بەشی یەزدانیش حەفتا و دوو بوو،
NUM 31:39 گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، بەشی یەزدانیش شەست و یەک بوو.
NUM 31:40 مرۆڤیش شازدە هەزار بوو، بەشی یەزدانیش سی و دوو بوو.
NUM 31:41 جا بەشەکە کە بەخشینی بەرزکراوە بوو بۆ یەزدان، موسا دایە ئەلعازاری کاهین، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
NUM 31:42 بەڵام نیوەکەی ئیسرائیل کە موسا لە پیاوانی سوپاکەی جیا کردبووەوە،
NUM 31:43 نیوەکەی کۆمەڵ سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو،
NUM 31:44 مانگاش سی و شەش هەزار بوو،
NUM 31:45 گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو،
NUM 31:46 لە مرۆڤیش شازدە هەزار بوو.
NUM 31:47 جا موسا لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیل یەک لە پەنجای خەڵک و ئاژەڵی برد و دایە لێڤییەکان کە بەرپرسیار بوون لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
NUM 31:48 ئینجا سەرکردەی یەکەکانی سوپاکە هاتنە پێش بۆ لای موسا، فەرماندەکانی هەزاران و سەدان،
NUM 31:49 بە موسایان گوت: «ئێمەی خزمەتکارانت ژمارەی ئەو پیاوانەی جەنگمان وەرگرت کە لەژێر فەرمانمان بوون و کەسمان لەدەست نەداوە.
NUM 31:50 ئەوەتا قوربانی یەزدانمان پێشکەش کرد، هەریەکە هەرچی کەلوپەلی زێڕی دەست کەوتووە لە خڕخاڵ و بازن و ئەنگوستیلە و گوارە و ملوانکە، بۆ کەفارەتکردن بۆمان لەبەردەم یەزدان.»
NUM 31:51 جا موسا و ئەلعازاری کاهین هەموو کەلوپەلێکی لە زێڕ دروستکراویان لێ وەرگرتن.
NUM 31:52 هەموو زێڕەکەی بەخشینی بەرزکراوە کە لەلایەن فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بۆ یەزدان بەرز کرایەوە، شازدە هەزار و حەوت سەد و پەنجا شاقل بوو.
NUM 31:53 بەڵام پیاوانی سوپاکە ئەوەی دەستیان کەوتبوو بۆ خۆیان بوو.
NUM 31:54 جا موسا و ئەلعازاری کاهین زێڕەکەیان لە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان وەرگرت و هێنایانە ناو چادری چاوپێکەوتنەوە، وەک یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان.
NUM 32:1 بەڵام نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هەبوو، کاتێک بینییان خاکی یەعزێر و خاکی گلعاد شوێنی مەڕوماڵاتە،
NUM 32:2 ئیتر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن هاتن و بە موسا و ئەلعازاری کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵیان گوت:
NUM 32:3 «عەتەرۆت و دیڤۆن و یەعزێر و نیمرا و حەشبۆن و ئەلعالێ و سەڤام و نیبۆ و بەعۆن،
NUM 32:4 ئەو خاکەی یەزدان لەبەردەم کۆمەڵی ئیسرائیل بەزاندی، ئەوە خاکی مەڕوماڵاتە و خزمەتکارەکانیشت مەڕوماڵاتیان هەیە.»
NUM 32:5 هەروەها گوتیان: «ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندین، با ئەو خاکە بدرێت بە خزمەتکارەکانت و ببێت بە موڵکمان و لە ڕووباری ئوردون مەمانپەڕێنەوە.»
NUM 32:6 موساش بە نەوەی گاد و ڕەئوبێنی گوت: «ئایا دەبێت براکانتان بۆ جەنگ بڕۆن و ئێوەش لێرە دانیشن؟
NUM 32:7 بۆچی دڵی نەوەی ئیسرائیل سارد دەکەنەوە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو خاکەی یەزدان پێیداون؟
NUM 32:8 باوکانتان ئاوایان کرد کاتێک لە قادێش بەرنێعەوە ئەوانم نارد بۆ ئەوەی تەماشای خاکەکە بکەن،
NUM 32:9 بە دۆڵی ئەشکۆلدا سەرکەوتن و تەماشای خاکەکەیان کرد و دڵی نەوەی ئیسرائیلیان سارد کردەوە لە چوونە ناو ئەو خاکەی یەزدان پێیداون.
NUM 32:10 لەو ڕۆژەدا تووڕەیی یەزدان جۆشا و سوێندی خوارد و فەرمووی:
NUM 32:11 ”ئەو خەڵکەی کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، ناچنە ناو ئەو خاکەی سوێندم لەسەری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوام نەکەوتن،
NUM 32:12 تەنها کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی و یەشوعی کوڕی نون نەبێت، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوای یەزدان کەوتن.“
NUM 32:13 تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ لە چۆڵەوانی وێڵی کردن، هەتا هەموو ئەو نەوەیە لەناوچوون کە لەبەرچاوی یەزدان خراپەیان کرد.
NUM 32:14 «ئەوەتا ئێوەش لە جیاتی باوکانتان هەستاون، کۆمەڵە خەڵکێکی گوناهبارن، تاکو کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن.
NUM 32:15 ئەگەر لێی هەڵگەڕێنەوە، ئەوا دیسان لەم چۆڵەوانییە وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر دەبنە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەم گەلە.»
NUM 32:16 ئەوانیش لێی هاتنە پێش و گوتیان: «لێرە پشتیر بۆ ماڵاتەکانمان و چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانمان بنیاد دەنێین،
NUM 32:17 بەڵام خۆمان چەک هەڵدەگرین و بە خێرایی پێش نەوەی ئیسرائیل دەکەوین هەتا دەیانبەینە شوێنەکەیان. هەروەها ژن و منداڵەکانیشمان لەبەر دانیشتووانی ئەم خاکە لە شاری قەڵابەند دەبن.
NUM 32:18 ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە میراتگری میراتەکەی خۆی نەبێت،
NUM 32:19 ئێمە لە پشتی ڕووباری ئوردون و بەو لاوە میراتمان لەگەڵیان نابێت، چونکە میراتی خۆمان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت.»
NUM 32:20 موساش پێی گوتن: «ئەگەر ئەمەتان کرد، ئەگەر لەبەردەم یەزدان چەکتان بۆ جەنگ هەڵگرت و
NUM 32:21 هەموو چەکدارەکانتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، هەتا هەموو دوژمنەکانی لەبەردەمی خۆی دەرکرد و
NUM 32:22 خاکەکە لەبەردەم یەزدان ژێردەستە کرا و لەدوای ئەمە گەڕانەوە، ئەوا سەبارەت بە یەزدان و بە ئیسرائیل ئازاد دەبن لە پابەندییەکەتان و لەبەردەم یەزدان ئەم خاکە دەبێتە موڵکتان.
NUM 32:23 «بەڵام ئەگەر وا نەکەن، ئەوا گوناه لە دژی یەزدان دەکەن و باش دەزانن کە گوناهەکەتان چیتان بەسەردەهێنێت.
NUM 32:24 بۆ خۆتان چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانتان و پشتیر بۆ ماڵاتەکانتان بنیاد بنێن، ئەوەی بەڵێنتان دا بیکەن.»
NUM 32:25 نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن بە موسایان گوت: «خزمەتکارەکانت ئاوا دەکەن، وەک گەورەم فەرمانی دا،
NUM 32:26 ژن و منداڵ و گاوگۆتاڵەکانمان لەوێ لە شارەکانی گلعاد دەبن.
NUM 32:27 بەڵام خزمەتکارەکانت، هەموو چەک هەڵگرەکان لەبەردەم یەزدان بۆ جەنگ دەپەڕنەوە، وەک گەورەمان گوتی.»
NUM 32:28 موساش لەبارەی ئەوانەوە فەرمانی بە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کرد و
NUM 32:29 پێی گوتن: «ئەگەر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن، هەموو چەک هەڵگرەکان بۆ جەنگ، لەبەردەم یەزدان لەگەڵتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک خاکەکە کەوتە ژێر دەستتان، ئەوا دەبێت خاکی گلعادیان وەک موڵک پێبدەن.
NUM 32:30 بەڵام ئەگەر بە چەکەوە لەگەڵتان نەپەڕینەوە، ئەوا لەنێوتان لە خاکی کەنعان موڵکیان دەبێت.»
NUM 32:31 نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «ئەوەی یەزدان سەبارەت بە خزمەتکارەکانت فەرمووی، ئاوا دەکەین.
NUM 32:32 ئێمە بە چەکەوە لەبەردەم یەزدان بۆ خاکی کەنعان دەپەڕینەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەشە میراتمان دەدرێتێ.»
NUM 32:33 ئینجا موسا پاشایەتییەکەی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشایەتییەکەی عۆگی پاشای باشان، تەواوی خاکەکە لەگەڵ شارەکانی و بە سنوورەکانی دەوروبەریەوە دایە نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەی کوڕی یوسف.
NUM 32:34 نەوەی گاد دیڤۆن و عەتەرۆت، عەرۆعێر،
NUM 32:35 عەترۆت شۆفان، یەعزێر، یۆگبەها،
NUM 32:36 بێت‌نیمرا و بێت‌هارانیان کردە شاری قەڵابەند، پشتیری مەڕیشیان بنیاد نا،
NUM 32:37 نەوەی ڕەئوبێنیش حەشبۆن و ئەلعالێ و قیریاتەیم و
NUM 32:38 نیبۆ و بەعل‌مەعۆن کە ناوەکەیان گۆڕیوە و هەروەها سیڤما، ناویشیان لەو شارانە نا کە بنیادیان ناوە.
NUM 32:39 نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشەش چوونە گلعاد و گرتیان، ئەو ئەمۆرییانەیان دەرکرد کە تێیدا بوون.
NUM 32:40 ئینجا موساش گلعادی دا بە ماکیرییەکان، کە نەوەی مەنەشەن، ئەوانیش تێیدا نیشتەجێ بوون.
NUM 32:41 یائیری نەوەی مەنەشەش چوو و دەستی بەسەر ئاوەدانییەکانیاندا گرت و ناوی لێنان حەڤۆت یائیر.
NUM 32:42 نۆڤەحیش چوو و دەستی بەسەر قەنات و ئاوەدانییەکانیدا گرت و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا نۆڤەح.
NUM 33:1 ئەمانە قۆناغەکانی کۆچی نەوەی ئیسرائیلن کە بە لەشکرەکانیانەوە لەسەر دەستی موسا و هارون لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.
NUM 33:2 موساش بەپێی فەرمانی یەزدان قۆناغی کۆچەکانیانی تۆمار کرد. ئەمەش کۆچەکانیانە، قۆناغ بە قۆناغ:
NUM 33:3 لە ڕۆژی پازدەی مانگی یەک، لە ڕۆژی دوای جەژنی پەسخە لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد. نەوەی ئیسرائیل بوێرانە لەبەرچاوی هەموو میسرییەکان چوونە دەرەوە.
NUM 33:4 لەو کاتەدا میسرییەکان هەموو نۆبەرەکانی خۆیانیان دەناشت کە یەزدان لێیدابوون، چونکە یەزدان حوکمی خوداوەندەکانی ئەوانی دابوو.
NUM 33:5 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد و لە سوکۆت چادریان هەڵدا.
NUM 33:6 ئینجا لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام چادریان هەڵدا کە لە قەراغی چۆڵەوانییە.
NUM 33:7 پاشان لە ئێتامەوە کۆچیان کرد و گەڕانەوە لای پی‌هەحیرۆت، کە لە ڕۆژهەڵاتی بەعل‌چیفۆنە و بەرامبەر مگدۆل چادریان هەڵدا.
NUM 33:8 پاشان لە پی‌هەحیرۆتەوە کۆچیان کرد و بەناو دەریادا پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی و سێ ڕۆژە ڕێ لە چۆڵەوانی ئێتامدا ڕۆیشتن، لە مارا چادریان هەڵدا.
NUM 33:9 پاشان لە ماراوە کۆچیان کرد و هاتنە ئێلیم، لە ئێلیمیش دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، لەوێ چادریان هەڵدا.
NUM 33:10 پاشان لە ئێلیمەوە کۆچیان کرد و لەلای دەریای سوور چادریان هەڵدا.
NUM 33:11 پاشان لەلای دەریای سوورەوە کۆچیان کرد و لە چۆڵەوانی سین چادریان هەڵدا.
NUM 33:12 پاشان لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد و لە دۆفقە چادریان هەڵدا.
NUM 33:13 پاشان لە دۆفقەوە کۆچیان کرد و لە ئالوش چادریان هەڵدا.
NUM 33:14 پاشان لە ئالوشەوە کۆچیان کرد و لە ڕەفیدیم چادریان هەڵدا، لەوێ هیچ ئاو نەبوو تاکو گەل بیخۆنەوە.
NUM 33:15 پاشان لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و لە چۆڵەوانی سینا چادریان هەڵدا.
NUM 33:16 پاشان لە چۆڵەوانی سیناوە کۆچیان کرد و لە قیبرۆت هەتەڤا چادریان هەڵدا.
NUM 33:17 پاشان لە قیبرۆت هەتەڤایەوە کۆچیان کرد و لە حەچێرۆت چادریان هەڵدا.
NUM 33:18 پاشان لە حەچێرۆتەوە کۆچیان کرد و لە ڕیتمە چادریان هەڵدا.
NUM 33:19 پاشان لە ڕیتمەوە کۆچیان کرد و لە ڕیمۆن پێرێز چادریان هەڵدا.
NUM 33:20 پاشان لە ڕیمۆن پێرێزەوە کۆچیان کرد و لە لیڤنا چادریان هەڵدا.
NUM 33:21 پاشان لە لیڤناوە کۆچیان کرد و لە ڕیسە چادریان هەڵدا.
NUM 33:22 پاشان لە ڕیسەوە کۆچیان کرد و لە قەهێلاتە چادریان هەڵدا.
NUM 33:23 پاشان لە قەهێلاتەیەوە کۆچیان کرد و لە کێوی شافەر چادریان هەڵدا.
NUM 33:24 پاشان لە کێوی شافەرەوە کۆچیان کرد و لە حەرادە چادریان هەڵدا.
NUM 33:25 پاشان لە حەرادەوە کۆچیان کرد و لە مەقهێلۆت چادریان هەڵدا.
NUM 33:26 پاشان لە مەقهێلۆتەوە کۆچیان کرد و لە تاحەت چادریان هەڵدا.
NUM 33:27 پاشان لە تاحەتەوە کۆچیان کرد و لە تارەح چادریان هەڵدا.
NUM 33:28 پاشان لە تارەحەوە کۆچیان کرد و لە میتقە چادریان هەڵدا.
NUM 33:29 پاشان لە میتقەوە کۆچیان کرد و لە حەشمۆنە چادریان هەڵدا.
NUM 33:30 پاشان لە حەشمۆنەوە کۆچیان کرد و لە مۆسێرۆت چادریان هەڵدا.
NUM 33:31 پاشان لە مۆسێرۆتەوە کۆچیان کرد و لە بەنێ یەعقان چادریان هەڵدا.
NUM 33:32 پاشان لە بەنێ یەعقانەوە کۆچیان کرد و لە حۆر هەگیدگاد چادریان هەڵدا.
NUM 33:33 پاشان لە حۆر هەگیدگادەوە کۆچیان کرد و لە یۆتباتە چادریان هەڵدا.
NUM 33:34 پاشان لە یۆتباتەیەوە کۆچیان کرد و لە عەڤرۆنە چادریان هەڵدا.
NUM 33:35 پاشان لە عەڤرۆنەیەوە کۆچیان کرد و لە عەچیۆن گەڤەر چادریان هەڵدا.
NUM 33:36 پاشان لە عەچیۆن گەڤەرەوە کۆچیان کرد و لە چۆڵەوانی چن کە قادێشە چادریان هەڵدا.
NUM 33:37 پاشان لە قادێشەوە کۆچیان کرد و لە کێوی هۆر چادریان هەڵدا کە لە نزیکی سنووری خاکی ئەدۆمە.
NUM 33:38 لە یەکی مانگی پێنجی چلەمین ساڵی هاتنەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، هارونی کاهین بەپێی فەرمانی یەزدان بۆ سەر کێوی هۆر سەرکەوت و لەوێ مرد.
NUM 33:39 هارون تەمەنی سەد و بیست و سێ ساڵ بوو کاتێک لە کێوی هۆر مرد.
NUM 33:40 پاشای عەرادیش کە کەنعانی بوو و لە نەقەب لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، هاتنی نەوەی ئیسرائیلی بیست.
NUM 33:41 ئینجا لە کێوی هۆرەوە کۆچیان کرد و لە چەلمۆنا چادریان هەڵدا.
NUM 33:42 پاشان لە چەلمۆنایەوە کۆچیان کرد و لە پونۆن چادریان هەڵدا.
NUM 33:43 پاشان لە پونۆنەوە کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا.
NUM 33:44 پاشان لە ئۆڤۆتەوە کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم چادریان هەڵدا، کە لە سنووری مۆئابە.
NUM 33:45 پاشان لە عییی عەڤاریم کۆچیان کرد و لە دیڤۆن گاد چادریان هەڵدا.
NUM 33:46 پاشان لە دیڤۆن گادەوە کۆچیان کرد و لە عەلمۆن دیڤلاتایم چادریان هەڵدا.
NUM 33:47 پاشان لە عەلمۆن دیڤلاتایمەوە کۆچیان کرد و لە زنجیرە چیای عەڤاریم ڕووبەڕووی نیبۆ چادریان هەڵدا.
NUM 33:48 پاشان لە زنجیرە چیای عەڤاریمەوە کۆچیان کرد و لە دەشتی مۆئاب لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا،
NUM 33:49 لە کەناری ڕووباری ئوردون لە بێت‌یەشیمۆتەوە هەتا ئابێل شیتیم لە دەشتی مۆئاب چادریان هەڵدا.
NUM 33:50 یەزدان لە دەشتی مۆئاب لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا بە موسای فەرموو:
NUM 33:51 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ خاکی کەنعان،
NUM 33:52 هەموو دانیشتووانی خاکەکە لەپێش خۆتان دەربکەن. هەموو پەیکەرە تاشراو و بتە داڕێژراوەکانیان لەناوببەن، هەموو نزرگەکانی سەر بەرزاییان تێکبدەن.
NUM 33:53 خاکەکە داگیر بکەن و تێیدا نیشتەجێ بن، چونکە من خاکەکەم پێداون بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی و
NUM 33:54 خاکەکەش بەگوێرەی خێڵەکانتان بە تیروپشک دابەش بکەن، میراتی زۆر بدەنە زۆرەکان و میراتی کەم بدەنە کەمەکان، لەکوێ تیروپشکی بۆ دەرچوو ئەوێ بۆ ئەو بێت، بەگوێرەی هۆزەکانی باوکانتان میراتگری بکەن.
NUM 33:55 «”ئەگەر دانیشتووانی خاکەکەش لەپێش خۆتان دەرنەکەن، ئەوا ئەوانەی دەیانهێڵنەوە دەبنە چقڵ لە چاوتان و دڕک لە کەلەکەتان و لەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن تەنگتان پێ هەڵدەچنن،
NUM 33:56 ئینجا بە ئێوەی دەکەم، ئەوەی بەتەمام بەوانی بکەم.“»
NUM 34:1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 34:2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە دەچنە ناو خاکی کەنعانەوە، ئەمە ئەو خاکەیە کە دەبێتە میراتتان، خاکی کەنعان بە سنوورەکانییەوە:
NUM 34:3 «”لەلای باشووری ئێوە لە چۆڵەوانی چنەوە لەلای ئەدۆم دەبێت، سنووری باشوورتان لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەریای مردووەوە دەستپێدەکات.
NUM 34:4 هەروەها سنوورەکە لە باشووری هەورازی دووپشکەوە بۆتان دەسووڕێتەوە و بەردەوام دەبێت هەتا چن و لە باشووری قادێش بەرنێعەوە هەتا حەچەر ئەدار دەچێت و تێدەپەڕێت بۆ عەچمۆن،
NUM 34:5 لە عەچمۆنیش دەسووڕێتەوە و دەگاتە دۆڵی میسر، کۆتاییەکەی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت.
NUM 34:6 بەڵام سنووری ڕۆژئاوا، ئەوا دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت. ئەمەیە سنووری ڕۆژئاواتان.
NUM 34:7 بۆ دیاریکردنی سنووری باکوورتان، هێڵێک بکێشن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەتا کێوی هۆر،
NUM 34:8 هەروەها لە کێوی هۆرەوە هەتا دەروازەی حەمات. پاشان سنوورەکە دەچێت بۆ چەداد،
NUM 34:9 بەردەوام دەبێت بۆ زیفرۆن و کۆتاییەکەی لە حەچەر عێینان دەبێت. ئەمە دەبێتە سنووری باکوورتان.
NUM 34:10 هەروەها سنوور بۆ خۆتان دەکێشن بۆ ڕۆژهەڵات، لە حەچەر عێینانەوە هەتا شەفام.
NUM 34:11 لە شەفامەوە بەرەو خوارەوە دەچێت هەتا ڕیڤلە لە ڕۆژهەڵاتی عەین. ئینجا سنوورەکە بەرەو خوارەوە دەچێت لە بناری کێوەکانی دەریاچەی جەلیل دەدات بەلای ڕۆژهەڵاتدا،
NUM 34:12 پاشان سنوورەکە بە درێژایی کەناری ڕووباری ئوردون بەرەو خوارەوە دەچێت و کۆتاییەکەی لەلای دەریای مردوو دەبێت. «”ئەم خاکە بە سنوورەکانی و چواردەوریشییەوە بۆ ئێوە دەبێت.“»
NUM 34:13 موساش فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە تیروپشک میراتگری دەکەن، کە یەزدان فەرمانی دا بە نۆ هۆز و نیوەکە بدرێت،
NUM 34:14 چونکە هۆزی نەوەی ڕەئوبێن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و هۆزی نەوەی گاد بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و نیوەی هۆزی مەنەشە میراتی خۆیان وەرگرت.
NUM 34:15 دوو هۆز و نیوەکە میراتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگرت.»
NUM 34:16 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 34:17 «ئەمە ناوی ئەو دوو پیاوەیە کە خاکەکەتان بۆ دابەش دەکەن، ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون،
NUM 34:18 لە هەر هۆزێکیش ڕابەرێک دەبەن بۆ بەمیراتکردنی خاکەکە.
NUM 34:19 «ئەمەش ناوی پیاوەکانە: «کالێبی کوڕی یەفونە لە هۆزی یەهودا؛
NUM 34:20 شەموئێلی کوڕی عەمیهود لە هۆزی نەوەی شیمۆن؛
NUM 34:21 ئەلیدادی کوڕی کیسلۆن لە هۆزی بنیامین؛
NUM 34:22 بوقی کوڕی یۆگلی، ڕابەر لە هۆزی نەوەی دان؛
NUM 34:23 حەنیێلی کوڕی ئێفۆد، ڕابەر لە هۆزی نەوەی مەنەشە، کوڕی یوسف؛
NUM 34:24 قەموئێلی کوڕی شیفتان، ڕابەر لە هۆزی نەوەی ئەفرایم، کوڕی یوسف؛
NUM 34:25 ئەلیچافانی کوڕی پەرناخ، ڕابەر لە هۆزی نەوەی زەبولون؛
NUM 34:26 پەلتیێلی کوڕی عەزان، ڕابەر لە هۆزی نەوەی یەساخار؛
NUM 34:27 ئەحیهودی کوڕی شەلۆمی، ڕابەر لە هۆزی نەوەی ئاشێر؛
NUM 34:28 پەدەهەئێلی کوڕی عەمیهود، ڕابەر لە هۆزی نەوەی نەفتالی.»
NUM 34:29 ئەمانە ئەو کەسانەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردن، هەتا میراتگیری خاکی کەنعان بۆ نەوەی ئیسرائیل دابەش بکەن.
NUM 35:1 ئینجا یەزدان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا بە موسای فەرموو:
NUM 35:2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە، با لە موڵکی میراتیان چەند شارۆچکەیەک بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگاش لە چواردەوری شارۆچکەکان بە لێڤییەکان بدەن.
NUM 35:3 ئینجا شارۆچکەکان بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێت و لەوەڕگاکانیش بۆ گاوگۆتاڵ و هەموو مەڕوماڵاتێکی دیکەیان دەبێت.
NUM 35:4 «ئەو لەوەڕگایانەش کە دەیدەنە لێڤییەکان، لە شوورای شارۆچکەکانەوە بەلای دەرەوە، هەزار باڵ بە چواردەوریدا دەبێت.
NUM 35:5 لە دەرەوەی شار بەلای ڕۆژهەڵاتدا دوو هەزار باڵ دەژمێرن، بەلای باشووردا دوو هەزار باڵ، بەلای ڕۆژئاوادا دوو هەزار باڵ، بەلای باکووردا دوو هەزار باڵ و شارۆچکەکەش لە ناوەڕاست دەبێت. ئەمە دەبێتە لەوەڕگای شارۆچکەکان بۆیان.
NUM 35:6 «شەش لەو شارۆچکانەش کە بە لێڤییەکانی دەدەن دەبنە شاری پەناگا، بۆ ئەوەی هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت. سەرباری ئەمانەش چل و دوو شارۆچکەی دیکە دەدەنە لێڤییەکان.
NUM 35:7 هەموو ئەو شارۆچکانەی دەیاندەنە لێڤییەکان، چل و هەشت شارۆچکەن بە لەوەڕگاکانیانەوە.
NUM 35:8 ئەو شارۆچکانەش کە لە موڵکی نەوەی ئیسرائیل دەیدەنە لێڤییەکان، هەریەکە بەگوێرەی میراتی هەر هۆزێک. لەو هۆزانەی کە شارۆچکەیان زۆرە، زۆر وەردەگرن و لەو هۆزانەش کە کەمە، کەم وەردەگرن.»
NUM 35:9 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
NUM 35:10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ خاکی کەنعان،
NUM 35:11 چەند شارۆچکەیەک بۆ خۆتان دەستنیشان دەکەن و دەبنە شاری پەناگا، تاکو ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.
NUM 35:12 ئەو شارانە بۆتان دەبنە پەناگا لە دەست خوێنگر، بۆ ئەوەی تۆمەتبارکراو بە کوشتن، نەکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت بۆ دادوەری.
NUM 35:13 ئەو شەش شارۆچکانەش کە ئێوە دەیدەن دەبنە شاری پەناگا بۆتان.
NUM 35:14 سێ لە شارۆچکەکان لەوبەری ڕووباری ئوردون دەدەن و سێ شارۆچکەش لە خاکی کەنعان دەدەن، دەبنە شاری پەناگا،
NUM 35:15 بۆ نەوەی ئیسرائیل و نامۆ و ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێیە. ئەم شەش شارە بۆ پەناگا دەبن، هەتا هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.
NUM 35:16 «”ئەگەر یەکێک بە ئامرازێکی ئاسن لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.
NUM 35:17 ئەگەر کەسێک بەردێکی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت و بەو بەردە لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.
NUM 35:18 یان ئەگەر کەسێک هەر شتێکی لە دار دروستکراوی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت، لە کەسێکی دیکەی دا، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.
NUM 35:19 خوێنگرەکە بکوژ دەکوژێت، هەر کاتێک تووشی بێت دەیکوژێتەوە.
NUM 35:20 یان ئەگەر کەسێک بە ڕقەوە پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا یان بە ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت و مرد،
NUM 35:21 یان ئەگەر بە دوژمنایەتییەوە بە مستەکۆڵە لێیدا و مرد، ئەوا دەستدرێژیکەر دەبێت بکوژرێتەوە، چونکە بکوژە، خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە هەر کاتێک تووشی بکوژ بێت دەیکوژێتەوە.
NUM 35:22 «”بەڵام ئەگەر کەسێک لەناکاو پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا بەبێ دوژمنایەتی یان بەبێ ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت،
NUM 35:23 یان بێ ئەوەی بیبینێت، بەردێکی گەورەی بەسەریدا بەردایەوە و مرد، ئەگەر چی دوژمنیشی نییە و خراپەی ئەوی ناوێت،
NUM 35:24 ئەوا ئەنجومەن بەگوێرەی ئەم یاسایانە دادوەری لەنێوان تۆمەتبارکراوەکە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە دەکات.
NUM 35:25 ئەنجومەن فریای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت لە دەست خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شارەی پەناگا کە بۆی هەڵاتبوو. لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سەرۆکی کاهین دەمرێت کە بە زەیتی پیرۆز دەستنیشان کراوە.
NUM 35:26 «”بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکراوەکە لە سنووری شاری پەناگای کە بۆی هەڵاتووە، چووە دەرەوە و
NUM 35:27 خوێنگری تۆڵەسێنەر ئەوی لە دەرەوەی سنووری شاری پەناگا بینییەوە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە تۆمەتبارکراوەکەی کوشت، ئەوا مافی تاوانبارکردنی خوێنی نییە،
NUM 35:28 چونکە دەبێت هەتا مردنی سەرۆکی کاهین ئەو کەسە لە شاری پەناگا بێت، بەڵام لەدوای مردنی سەرۆکی کاهین، دەگەڕێتەوە موڵکەکەی خۆی.
NUM 35:29 «”ئەمە بۆتان دەبێتە فەرزێکی یاسایی بۆ نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان.
NUM 35:30 «”هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا لەسەر دەمی چەند شایەتێک بە بکوژ دادەنرێت و دەبێت بکوژرێتەوە، یەک شایەت بەس نییە بۆ شایەتیدان لەسەر کەسێک بۆ مردن.
NUM 35:31 «”خوێنبایی وەرمەگرە بۆ بکوژێک کە شایانی سزای مردنە، بەڵکو دەبێت بکوژرێتەوە.
NUM 35:32 «”هەروەها خوێنبایی وەرمەگرن بۆ ئەو کەسەی بۆ شاری پەناگا هەڵبێت، تاوەکو پێش مردنی سەرۆکی کاهین بگەڕێتەوە و لە زەوی خۆی نیشتەجێ بێت.
NUM 35:33 «”ئەو خاکەی ئێوە تێیدان گڵاوی مەکەن، چونکە خوێن خاک گڵاو دەکات، هیچ شتێک کەفارەتی ئەو خوێنە ناکات کە لە خاکەکە ڕژاوە، تەنها خوێنی خوێنڕێژەکە نەبێت.
NUM 35:34 کەواتە ئەو خاکەی کە ئێوە تێیدا نیشتەجێن و من لە ناوەڕاستیدا نیشتەجێم گڵاوی مەکەن، چونکە من کە یەزدانم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێم.“»
NUM 36:1 گەورەی بنەماڵەکانی خێڵی نەوەی گلعادی کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە کە لە خێڵەکانی نەوەی یوسفن، هاتنە پێش و لەبەردەم موسا و بەردەم گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل دوان و
NUM 36:2 گوتیان: «کاتێک یەزدان فەرمانی بە گەورەم کرد، کە خاکەکە بە میرات بە تیروپشک بداتە نەوەی ئیسرائیل، هەروەها فەرمانی پێ کردیت کە میراتەکەی سەلۆفحادی برامان بدەیتە کچەکانی.
NUM 36:3 جا ئەگەر گریمان بوونە ژنی پیاوێک لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان لە میراتی باوکانمان دەبردرێت و دەخرێتە سەر میراتی ئەو هۆزە کە بۆ ئەوان بوون، جا بەشێک لە تیروپشکی میراتەکەمان دەبردرێت.
NUM 36:4 کاتێک بووە ساڵی یۆبیل بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان دەچێتە سەر میراتی ئەو هۆزەی کە بۆیان بوون و لە میراتی هۆزی باوکانمان میراتیان دەبردرێت.»
NUM 36:5 جا موسا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «هۆزی نەوەی یوسف ڕاستیان گوت.
NUM 36:6 یەزدان فەرمانی ئەمەی کرد سەبارەت بە کچانی سەلۆفحاد و فەرمووی، ئەوەی ئەوان پێیان خۆشە با شووی پێ بکەن، بە مەرجێک لە خێڵی هۆزی باوکانیان بێت.
NUM 36:7 میراتی نەوەی ئیسرائیل لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی هۆزی باوکانی دەبێت.
NUM 36:8 هەر کچێکیش لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل میراتی وەرگرت، ئەوا دەبێتە ژنی یەکێک لە خێڵی هۆزی باوکی، هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە ببێتە میراتگری میراتی باوکانی.
NUM 36:9 هیچ میراتێک لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی خۆی دەبێت.»
NUM 36:10 وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، کچانی سەلۆفحاد ئاوایان کرد.
NUM 36:11 مەحلە و تیرزە و حۆگلە و میلکە و نۆعا کە کچانی سەلۆفحادن بوونە ژنی ئامۆزاکانیان؛
NUM 36:12 بوونە ژن لە خێڵەکانی نەوەی مەنەشەی کوڕی یوسف، ئیتر میراتەکەیان لە خێڵ و هۆزی باوکانیان مایەوە.
NUM 36:13 ئەمە ئەو فەرمان و ڕێسایانەیە کە یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد، بە دەستی موسا لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا.
DEU 1:1 ئەمە ئەو وتانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەشتودەر لە عەراڤا، بەرامبەر بە سوف لەنێوان پاران و تۆفەل و لاڤان و حەچێرۆت و دی زاهاڤ.
DEU 1:2 (لە حۆرێڤەوە لەسەر ڕێگای کێوی سێعیر بۆ قادێش بەرنێعە گەشتێکی یازدە ڕۆژەیە.)
DEU 1:3 لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی چلەمین، موسا وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
DEU 1:4 ئەمە دوای ئەوە بوو کە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانی بەزاند کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، عۆگی پاشای باشانی شکاند کە لە عەشتارۆت فەرمانڕەوا بوو لە ئەدرەعی.
DEU 1:5 موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە خاکی مۆئابدا دەستی بە ڕوونکردنەوەی ئەم فێرکردنە کرد و گوتی:
DEU 1:6 یەزدانی پەروەردگارمان لە حۆرێڤ پێی فەرمووین: «ئیتر بەسە! ماوەیەکی زۆرە لەم کێوە دانیشتوون،
DEU 1:7 ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان و دەرودراوسێکانی لە عەراڤا و چیا و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و کەناری دەریای خاکی کەنعان و لوبنان هەتا ڕووباری گەورە، واتا ڕووباری فورات.
DEU 1:8 بڕوانن ئەوا خاکەکەم لەپێش داناون، بڕۆنە ناوی و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بەوان و نەوەکانی دواتریان بدات.»
DEU 1:9 لەو کاتەدا لەگەڵتاندا دوام و گوتم، «ناتوانم بە تەنها بارتان هەڵبگرم،
DEU 1:10 یەزدانی پەروەردگارتان زۆری کردوون و ئەوەتا ئەمڕۆ ئێوە وەک ئەستێرەی ئاسمانن لە زۆریدا.
DEU 1:11 با یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان هەزار قات زیاترتان بکات و بەرەکەتدارتان بکات، هەروەک بەڵێنی پێدان،
DEU 1:12 بەڵام چۆن بە تەنها قورسایی و بارگرانی و ناکۆکییەکانتان هەڵبگرم؟
DEU 1:13 لە هۆزەکانتان پیاوی دانا و تێگەیشتوو و ڕێزدار هەڵبژێرن و لەسەرتان دایاندەنێم.»
DEU 1:14 ئێوەش وەڵامتان دامەوە و گوتتان، «ئەوەی گوتت باشە، با بیکەین.»
DEU 1:15 جا پیاوە گەورەکانی هۆزەکانی ئێوەم برد، پیاوانی دانا و ڕێزدار، ئەوانم کرد بە سەرۆک بەسەرتانەوە، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان و کوێخاکان بۆ هۆزەکانتان.
DEU 1:16 لەو کاتەشدا فەرمانم بە دادوەرەکانتان کرد و گوتم: «گوێ لە داوا و سکاڵای گەلەکەتان بگرن و بە ڕاستودروستی دادوەرییان بکەن، جا چ داواکە لەنێوان دوو ئیسرائیلیدا بێت یان لەنێوان ئیسرائیلییەک و نامۆیەکدا بێت.
DEU 1:17 لە دادوەریدا لایەنگری مەکەن، وەک یەک گوێ لە گەورە و بچووک بگرن، لە کەس مەترسن، دادوەریکردن هی خودایە و ئەو داوایانەی بۆتان زەحمەت بێت، ئەوا بۆ منی دەهێنن هەتا گوێم لێی بێت.»
DEU 1:18 لەو کاتەشدا فەرمانم پێکردن سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکەن.
DEU 1:19 ئینجا لە حۆرێڤ کۆچمان کرد و ئەو چۆڵەوانییە مەزنە ترسناکەمان گرتەبەر کە لە ڕێگای ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان بینیتان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردین و هاتین هەتا قادێش بەرنێعە.
DEU 1:20 پێم گوتن: «ئەوا هاتنە ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان کە یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات.
DEU 1:21 بڕوانن! یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەی لەبەردەمتان داناوە، سەربکەون و دەستی بەسەردا بگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێی فەرموون. مەترسن و ورە بەرمەدەن.»
DEU 1:22 جا هەمووتان هاتنە لای من و گوتتان: «با چەند پیاوێک لەپێش خۆمان بنێرین بۆ ئەوەی سیخوڕیەتی خاکەکەمان بۆ بکەن و هەواڵی ئەو ڕێگایەمان بۆ بهێننەوە کە پێیدا دەڕۆین و ئەو شارۆچکانەی بۆی دەچین.»
DEU 1:23 ئەو قسەیەم بەلاوە باش بوو، دوازدە پیاوم لێ دەرهێنان، لە هەر هۆزێک پیاوێک.
DEU 1:24 جا چوون و سەرکەوتنە سەر ناوچە شاخاوییەکە و هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و سیخوڕییان کرد و
DEU 1:25 لەگەڵ دەستیان لە بەروبوومی خاکەکەیان بۆ هێناینەوە و هەواڵیان پێ ڕاگەیاندینەوە و گوتیان: «ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات، باشە.»
DEU 1:26 بەڵام ئێوە ڕازی نەبوون سەربکەون و لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و
DEU 1:27 لەناو چادرەکانتان کەوتنە بۆڵەبۆڵ و گوتتان: «یەزدان ڕقی لە ئێمەیە لەبەر ئەوە ئێمەی لە خاکی میسر دەرهێنا هەتا بمانداتە دەستی ئەمۆرییەکان و لەناومان ببەن.
DEU 1:28 بۆ کوێ سەردەکەوین؟ براکانمان ورەیان ڕووخاندین و گوتیان: ”گەلێکی لە ئێمە مەزنتر و باڵا بەرزترن، شارەکان مەزن و شوورادارن هەتا ئاسمان، هەروەها لەوێ نەوەی عەناقمان بینی.“»
DEU 1:29 منیش پێم گوتن: «مەتۆقن و لێیان مەترسن.
DEU 1:30 یەزدانی پەروەردگارتان کە لەپێشتانەوە دەڕوات، ئەو بۆتان دەجەنگێت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەپێش چاوتان لە میسر بۆی کردن،
DEU 1:31 هەروەها لە دەشتودەر کە بینیتان چۆن یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیگرتن هەروەک باوک کوڕەکەی هەڵدەگرێت، لە هەموو ئەو ڕێگایەی گرتتانەبەر هەتا هاتنە ئەم شوێنە.»
DEU 1:32 لەگەڵ ئەوەشدا بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان نەبوو،
DEU 1:33 ئەوەی لە ڕێگا لەپێشتانەوە چوو هەتا شوێنێکتان بۆ بدۆزێتەوە بۆ چادرهەڵدانتان، لە شەودا لەناو ئاگردا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایەتان پیشان بدات کە پێیدا دەڕۆن و لە ڕۆژیشدا لەناو هەور.
DEU 1:34 جا یەزدان گوێی لە دەنگی قسەکانتان بوو، تووڕە بوو و سوێندی خوارد و فەرمووی:
DEU 1:35 «هیچ کەسێک لەم خەڵکە لەم نەوە بەدکارە ئەو خاکە چاکە نابینێت کە سوێندم خوارد بیدەم بە باوباپیرانتان،
DEU 1:36 تەنها کالێبی کوڕی یەفونە نەبێت، ئەو دەیبینێت و ئەو خاکە دەدەمە ئەو کە پێی لێناوە و دەیدەمە کوڕەکانیشی، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدان کەوت.»
DEU 1:37 بەهۆی ئێوەوە یەزدان لە منیش تووڕە بوو و فەرمووی: «تۆش بۆ ئەوێ ناچیت.
DEU 1:38 یەشوعی کوڕی نون کە لەبەردەمت وەستاوە دەچێتە ئەوێ، هانی بدە، چونکە خاکەکە وەک میرات بۆ ئیسرائیل دابەش دەکات،
DEU 1:39 بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە دیل و کوڕەکانتان ئەوانەی هەتا ئەمڕۆ چاکە و خراپەیان نەزانیوە، ئەوان دەچنە ئەوێ و دەیدەمە ئەوان و ئەوان دەستی بەسەردا دەگرن،
DEU 1:40 بەڵام ئێوە ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن بۆ دەشتودەر، لەسەر ڕێگای دەریای سوور.»
DEU 1:41 جا وەڵامتان دایەوە و بە منتان گوت: «گوناهمان سەبارەت بە یەزدان کرد، ئێمە دەچین و دەجەنگین هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی بە ئێمە کردووە.» بۆیە هەریەکەتان خۆی بە چەک و تفاقی جەنگ بەست، واتانزانی سەرکەوتن بۆ ناوچەی شاخاوییەکە ئاسانە!
DEU 1:42 بەڵام یەزدان پێی فەرمووم، «پێیان بڵێ: ”مەڕۆن و مەجەنگن، چونکە من لەگەڵتان نابم، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن.“»
DEU 1:43 جا قسەم لەگەڵ کردن و گوێتان نەگرت، بەڵکو لە فەرمانی یەزدان یاخی بوون و لووت بەرز بوون و بۆ ناوچەی شاخاوییەکە سەرکەوتن.
DEU 1:44 جا ئەمۆرییەکانی دانیشتووی ئەو شاخانە پەلاماریان دان و دەریانپەڕاندن، هەروەک پوورە هەنگی کێوی دەیکات و لە سێعیرەوە تێکیان شکاندن هەتا حۆرما.
DEU 1:45 ئینجا گەڕانەوە و گریان لەبەردەم یەزدان، بەڵام یەزدان گوێی لە دەنگتان نەگرت و گوێی بۆ شل نەکردن.
DEU 1:46 ماوەیەکی درێژ لە قادێش دانیشتن بە قەد ئەو ڕۆژانەی تێیدا مانەوە.
DEU 2:1 ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و کۆچمان کرد بۆ دەشتودەر لەسەر ڕێگای دەریای سوور، هەروەک یەزدان پێی گوتم، ڕۆژانێکی زۆر بە دەوری ناوچە شاخاوییەکانی سێعیردا سووڕاینەوە.
DEU 2:2 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
DEU 2:3 «بەسە ئیتر بەدەوری ئەم ناوچە شاخاوییانە مەسووڕێنەوە، بەرەو باکوور ڕووتان وەربگێڕن و
DEU 2:4 فەرمان بە گەل بدە و بڵێ: ”ئێوە خەریکن بە سنووری نەوەی عیسۆی برایانتان تێدەپەڕن کە لە سێعیر نیشتەجێن و لێتان دەترسن، بەڵام زۆر ئاگاداربن،
DEU 2:5 هێرشیان مەکەنە سەر، چونکە شوێن پێیەکتان لە خاکی ئەوان نادەمێ، چونکە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم بە میرات بە عیسۆ داوە.
DEU 2:6 خۆراکیان بە زیو لێ دەکڕن هەتا بیخۆن و ئاویان بە زیو لێ وەردەگرن هەتا بیخۆنەوە.“»
DEU 2:7 یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون لە هەموو کارێکی دەستەکانتان، ڕێ و شوێنتان دەزانێت لەم چۆڵەوانییە مەزنە، ئەم چل ساڵە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتاندا بووە و لە هیچ شتێکتان کەم نەبووە.
DEU 2:8 ئینجا بەسەر نەوەی عیسۆی برایانمان تێپەڕین کە لە چیای سێعیر نیشتەجێن. ڕێگای عەراڤامان بەجێهێشت کە لە ئێلەت و عەچیۆن گەڤەرەوە دێت، ئینجا سووڕاینەوە و بە ڕێگای چۆڵەوانی مۆئابدا ڕۆیشتین.
DEU 2:9 یەزدان پێی فەرمووم: «مۆئاب هەراسان مەکە و جەنگ لە دژیان بەرپا مەکە، چونکە هیچ بەشێک لە خاکەکەیان بە میرات بە تۆ نادەم، چونکە عارم بە میرات بە نەوەی لوت داوە.»
DEU 2:10 (پێشتر ئێمییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، گەلێکی بەهێز و زۆر بوون، وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون.
DEU 2:11 وەک عەناقییەکان، ئەوانیش بە ڕفائییەکان ناسراو بوون، بەڵام مۆئابییەکان هەر بە ئێمییەکان بانگیان دەکردن.
DEU 2:12 پێشتر حۆرییەکان لە سێعیر نیشتەجێ بوون، بەڵام نەوەی عیسۆ لەبەردەم خۆیان دەریانپەڕاندن و لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون، وەک ئەوەی ئیسرائیل کردیان بە خاکی میراتیان کە یەزدان پێیدابوون.)
DEU 2:13 یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئێستا هەستن و لە دۆڵی زەرەد بپەڕنەوە،» ئێمەش لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە.
DEU 2:14 لەو کاتەوە کە قادێش بەرنێعمان بەجێهێشت هەتا لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە سی و هەشت ساڵ بوو، هەتا هیچ لەو نەوەیە لە پیاوانی جەنگ لەناو ئۆردوگاکە نەمان، هەروەک یەزدان سوێندی بۆ خواردن،
DEU 2:15 یەزدانیش لە دژیان بوو، بۆ لەناوبردنیان لەناو ئۆردوگاکە هەتا لەناوچوون.
DEU 2:16 جا کاتێک هەموو پیاوانی جەنگ لەنێو گەل بە مردن لەناوچوون،
DEU 2:17 یەزدان پێی فەرمووم:
DEU 2:18 «تۆ ئەمڕۆ تێدەپەڕیت لە عار کە لە سنووری مۆئابە،
DEU 2:19 کاتێک لەلای عەمۆنییەکان نزیک کەوتیتەوە هەراسانیان مەکە و هێرشیان مەکە سەر، چونکە هیچت لە خاکی عەمۆنییەکان بە میرات نادەمێ، چونکە بە میرات بە نەوەی لوتم داوە.»
DEU 2:20 (ئەویش بە خاکی ڕفائییەکان دادەنرێت، پێشتر ڕفائییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام عەمۆنییەکان بە زەمزومییەکان ناویان دەبردن،
DEU 2:21 گەلێکی بەهێز و زۆر بوون و وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون، بەڵام یەزدان لەبەردەم عەمۆنییەکاندا لەناوی بردن، جا دەریانکردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.
DEU 2:22 یەزدان وەک ئەوەی بۆ نەوەی عیسۆی کرد کە لە سێعیردا نیشتەجێن، کاتێک حۆرییەکانی لە بەرامبەریان تێکشکاند، جا دەریانکردن و هەتا ئەمڕۆ لە شوێنیان نیشتەجێن.
DEU 2:23 هەروەها عەڤییەکان کە لە گوندەکان نیشتەجێ بوون هەتا غەزە، کەفتۆرییەکان کە لە کەفتۆرەوە هاتبوون لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.)
DEU 2:24 «هەستن، کۆچ بکەن و لە دەربەندی ئەرنۆن بپەڕنەوە. بڕوانە، ئەوا سیحۆنی پاشای حەشبۆنی ئەمۆری و خاکەکەیم بە دەستتانەوە داوە، دەستی بەسەردا بگرن و لە دژی ئەو جەنگ بەرپا بکەن.
DEU 2:25 ئەمڕۆ دەستپێدەکەم، ترس و سامتان دەخەمە بەرچاوی ئەو گەلانەی لەژێر هەموو ئاسمانن، ئەوانە گوێیان لە هەواڵتان دەبێت لێتان دەترسن و لەبەر ئێوە دەلەرزن.»
DEU 2:26 جا نێردراوانم لە چۆڵەوانی قەدێمۆتەوە بۆ لای سیحۆنی پاشای حەشبۆن نارد بە وشەی ئاشتیەوە و گوتم:
DEU 2:27 «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین و تەنها بە ڕێگای سەرەکیدا دەڕۆین، لانادەین نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا،
DEU 2:28 بە زیو خۆراکمان پێ دەفرۆشیت هەتا بیخۆین و بە زیو ئاومان دەدەیتێ هەتا بیخۆینەوە، تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین،
DEU 2:29 هەروەک ئەوەی نەوەی عیسۆ کە لە سێعیردا نیشتەجێن و مۆئابییەکان کە لە عاردا نیشتەجێن بۆیان کردووین، هەتا لە ڕووباری ئوردون دەپەڕینەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێی بەخشیوین.»
DEU 2:30 بەڵام سیحۆنی پاشای حەشبۆن ڕازی نەبوو ڕێگامان بدات پێیدا بڕۆین، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان وای لێکرد کەللەڕەق بێت و دڵی توند کرد تاکو بیداتە دەستتان، هەروەک چۆن ئەمڕۆ بووە.
DEU 2:31 یەزدان پێی فەرمووم: «بڕوانە، ئەوا دەستم پێکرد سیحۆن و خاکەکەی بدەمە دەستت، ئێستا دەستپێبکە و دەست بەسەر خاکەکەیدا بگرە.»
DEU 2:32 کاتێک سیحۆن و هەموو سوپاکەی لە یەهەچ بۆ جەنگ لە دژمان هاتنە دەرەوە،
DEU 2:33 یەزدانی پەروەردگارمان ئەوانی دا بە دەستمان و ئێمەش لێمان دان لەگەڵ کوڕەکانی و هەموو سوپاکەی.
DEU 2:34 لەو کاتەدا هەموو شارۆچکەکانیمان گرت و لە هەموو شارۆچکەیەک پیاو و ژن و منداڵمان بە تەواوی قڕکرد، نەمانهێشت کەس دەرباز بێت،
DEU 2:35 بەڵام ئاژەڵە ماڵییەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کرد و دەستکەوتی شارۆچکەکانمان برد.
DEU 2:36 لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە و ئەو شارۆچکەیەی لە دۆڵەکەیە هەتا گلعاد، هیچ شارێک نەبوو لەپێشمان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارمان هەمووی دا بە دەستمان،
DEU 2:37 بەڵام لە خاکی عەمۆنییەکان نزیک نەکەوتینەوە، هەموو لایەکی دۆڵی یەبۆق و شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکە و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێدا.
DEU 3:1 ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتین، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەمان لە ئەدرەعی.
DEU 3:2 یەزدانیش پێی فەرمووم، «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»
DEU 3:3 جا یەزدانی پەروەردگارمان، عۆگی پاشای باشان و هەموو سوپاکەی دایە دەستمان و لێماندا و نەمانهێشت کەس دەرباز بێت.
DEU 3:4 لەو کاتەشدا دەستمان بەسەر هەموو شارەکانیدا گرت. هیچ شارێک لەو شەست شارە نەمایەوە کە لێیان نەستێنین، واتا هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ شانشینی عۆگ لە باشان.
DEU 3:5 هەموو ئەو شارانە شوورابەند بوون بە شوورای بەرز و دەروازە و شمشیرەیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گوندێکی زۆر شوورایان نەبوو.
DEU 3:6 جا بە تەواوی قڕمان کرد، وەک ئەوەی بە سیحۆنی پاشای حەشبۆنمان کرد، لە هەموو شارێکدا پیاو و ژن و منداڵەکانمان بە تەواوی قڕکرد.
DEU 3:7 بەڵام هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان و دەستکەوتی شارەکانیان بۆ خۆمان تاڵان کرد.
DEU 3:8 لەو کاتەدا ئەو خاکەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دەربەندی ئەرنۆنەوە هەتا چیای حەرمۆنمان لە دەستی ئەم دوو پاشایەی ئەمۆرییەکان دەرهێنا.
DEU 3:9 (سەیدائییەکان بە حەرمۆن دەڵێن سیریۆن و ئەمۆرییەکانیش پێی دەڵێن سنیر.)
DEU 3:10 هەموو شارۆچکەکانی دەشت و هەموو گلعاد و هەموو باشان هەتا سەلخە و ئەدرەعی، دوو شارەکەی شانشینی عۆگ لە باشاندا دەستمان بەسەردا گرت.
DEU 3:11 (عۆگی پاشای باشان بە تەنها مابووەوە لە پاشماوەی ڕفائییەکان، قەرەوێڵەکەی لە ئاسن دروستکرابوو، هەتا ئێستا لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکانە، درێژییەکەی نۆ باڵ و پانییەکەی چوار باڵە بە باڵی پیاو.)
DEU 3:12 لەو کاتەی دەستمان بەسەر ئەو خاکەدا گرت، هەرێمێکم دایە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان، لە سەرووی عەرۆعێرەوە کە لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و نیوەی ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد و شارۆچکەکانی لە هەرێمەکەدا بوو.
DEU 3:13 ئەوەشی لە گلعاد مایەوە و هەموو باشانی شانشینی عۆگ دامە نیوەی هۆزی مەنەشە. (هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ لەگەڵ هەموو باشان بوو، کە بە خاکی ڕفائییەکان ناودەبردرا.
DEU 3:14 یائیری نەوەی مەنەشە دەستی بەسەر هەموو هەرێمی ئەرگۆڤدا گرت هەتا سنووری گەشوورییەکان و مەعکاتییەکان و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا، هەتا ئەمڕۆش باشان بە حەڤۆت یائیر ناودەبردرێت.)
DEU 3:15 گلعادیشم دا بە ماکیر.
DEU 3:16 لە گلعادیشەوە هەتا دەربەندی ئەرنۆن، ناوەڕاستی دۆڵەکە سنوور بوو، هەتا ڕووباری یەبۆق سنووری عەمۆنییەکان دامە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان.
DEU 3:17 عەراڤا و ڕووباری ئوردونیش سنووری ڕۆژئاواییەکەی بوو، لە کینەرەتەوە هەتا دەریای عەراڤا، دەریای مردوو، لەژێر بنارەکانی پسگە.
DEU 3:18 ئەو کاتە فەرمانم پێکردن و گوتم، «یەزدانی پەروەردگارتان ئەم خاکەی پێداون بۆ ئەوەی دەستی بەسەردا بگرن. هەموو پاڵەوانەکان بە چەکەوە لەپێش نەوەی ئیسرائیلی برایانتان دەپەڕنەوە،
DEU 3:19 بەڵام ژن و منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکانتان، (زانیومە ئاژەڵی ماڵی زۆرتان هەیە،) ئەوا لە شارۆچکەکانتان دەمێننەوە کە پێم داون،
DEU 3:20 هەتا یەزدان براکانیشتان وەک ئێوە بحەسێنێتەوە، ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەی پشتی ڕووباری ئوردوندا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ. ئینجا هەرکەسە دەگەڕێتەوە لای موڵکی خۆی کە پێم داوە.»
DEU 3:21 لەو کاتەشدا فەرمانم بە یەشوع کرد و گوتم، «چاوەکانت هەموو ئەوەیان بینی کە یەزدانی پەروەردگارتان بەم دوو پاشایەی کرد، یەزدان هەمان شت دەکات بە هەموو ئەو پاشایەتییانەی تۆ بۆیان دەپەڕیتەوە.
DEU 3:22 لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بۆتان دەجەنگێت.»
DEU 3:23 لەو کاتەدا لە یەزدان پاڕامەوە و گوتم:
DEU 3:24 «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەستت پێ کرد مەزنی و دەستی بەهێزت بە خزمەتکارەکەت پیشان بدەیت، چونکە چ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی وەک کردەوەکان و تواناکانی تۆ دەکات؟
DEU 3:25 تکایە لێمگەڕێ با بپەڕمەوە و ئەو خاکە چاکەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونە، ئەو ناوچە شاخاوییە جوانە و لوبنان، ببینم.»
DEU 3:26 بەڵام یەزدان بەهۆی ئێوەوە لێم هەڵچوو و گوێی لێ نەگرتم، بەڵکو یەزدان پێی فەرمووم: «بەسە! ئیتر لەبارەی ئەم بابەتەوە لەگەڵم مەدوێ.
DEU 3:27 سەربکەوە بۆ لووتکەی پسگە و بەرەو ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات سەر بڵند بکە و بە چاوەکانت خاکەکە ببینە، بەڵام لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە.
DEU 3:28 ئەرکی ڕابەرایەتی بە یەشوع بسپێرە و بەهێزی بکە و هانی بدە، چونکە ئەو لەپێش ئەم گەلە دەپەڕێتەوە و ئەو خاکەکەیان بۆ دابەش دەکات کە تۆ دەیبینیت.»
DEU 3:29 جا لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ماینەوە.
DEU 4:1 ئێستاش ئەی ئیسرائیل، گوێ لەم فەرز و یاسایانە بگرە کە من فێرتان دەکەم هەتا بەجێی بهێنن و بژین و بچنە ناو ئەو خاکە و دەستی بەسەردا بگرن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دەتانداتێ.
DEU 4:2 ئەو قسانەی من فەرمانتان پێ دەکەم هیچی لێ زیاد و کەم مەکەن، هەتا فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم.
DEU 4:3 چاوەکانتان بینییان یەزدان چی لە بەعل‌پەعۆردا کرد، هەرچی دوای بەعلی پەعۆر کەوت یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتاندا بە تەواوی لەناوی برد،
DEU 4:4 بەڵام ئێوە کە خۆتان بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە گرتووە ئەوا هەمووتان ئەمڕۆ زیندوون.
DEU 4:5 بڕوانە، فەرز و یاساکانم فێرکردن هەروەک یەزدانی پەروەردگارم فەرمانی پێ کردم بۆ ئەوەی ئاوا بکەن لەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن،
DEU 4:6 ئیتر بیانپارێزن و جێبەجێیان بکەن، چونکە ئەوە دانایی و تێگەیشتوویی ئێوەیە لەبەرچاوی ئەو گەلانەی کە گوێیان لەو هەموو فەرزانە دەبێت و دەڵێن، «ئەم گەلە مەزنە گەلێکی دانا و تێگەیشتوون.»
DEU 4:7 چ گەلێکی مەزن هەیە، خوداوەندێکی نزیکی هەبێت وەک یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو داواکارییەکانمان؟
DEU 4:8 هەروەها چ گەلێک مەزنە و ئەو فەرز و یاسا ڕاستودروستانەی هەیە وەک ئەو هەموو فێرکردنەی من ئەمڕۆ لەبەردەمتان دایدەنێم؟
DEU 4:9 بەڵام ئاگاداربە و باش خۆت بپارێزە هەتا ئەو شتانە لەبیر نەکەیت کە بە چاوەکانت بینیت، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژانی ژیانت لە دڵت دەرنەچێت و منداڵەکانت و منداڵی منداڵەکانتی پێ فێر بکە.
DEU 4:10 ئەو ڕۆژەت لە یاد بێت کە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت ڕاوەستایت لە حۆرێڤ، کە یەزدان پێی فەرمووم: «گەلم بۆ کۆبکەرەوە و وشەکانی منیان بخەرە بەر گوێ، بۆ ئەوەی فێر بن هەموو ئەو ڕۆژانەی کە لەسەر زەوی زیندوون لێم بترسن و منداڵەکانیان فێر بکەن.»
DEU 4:11 ئێوەش هاتنە پێش و لە خوارەوەی کێوەکە ڕاوەستان و کێوەکە هەتا ناو جەرگەی ئاسمان بە ئاگر داگیرسا بوو، بە تاریکی و تەمی چڕ،
DEU 4:12 جا یەزدان لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا و ئێوە گوێتان لە دەنگی وشەکان دەگرت، بەڵام هیچ شێوەیەکی ئەوتان نەبینی، تەنها دەنگ نەبێت.
DEU 4:13 ئەویش پەیمانەکەی خۆی پێ ڕاگەیاندن کە فەرمانی پێ کردن کاری پێ بکەن، دە ڕاسپاردەکە کە لەسەر دوو تەختەی بەردی نووسی.
DEU 4:14 لەو کاتەدا یەزدان فەرمانی بە منیش کرد، بۆ ئەوەی فەرز و یاساکانتان فێر بکەم هەتا لەو خاکەدا کاری پێ بکەن کە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
DEU 4:15 ئەو ڕۆژەی یەزدان لە حۆرێڤ لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا، ئێوە هیچ وێنەیەکتان نەبینی، بۆیە باش خۆتان بپارێزن
DEU 4:16 نەوەک گەندەڵ بن و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن، وێنەی نموونەیەک لە شێوەی نێرینەیەک یان مێینەیەک،
DEU 4:17 یان لە شێوەی ئاژەڵێک لەوانەی لەسەر زەوین یان لە شێوەی باڵندەیەکی باڵدار لەوانەی لە ئاسمان دەفڕن،
DEU 4:18 یان لە شێوەی خشۆکێک لەوانەی لەسەر زەوییە، یان لە شێوەی ماسییەک لەوانەی لەناو ئاو لەژێر زەوی.
DEU 4:19 هەروەها نەوەک چاو بۆ ئاسمان بەرز بکەیتەوە و تەماشای خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە ئاسماندا ڕێکخراون بکەیت، کە یەزدانی پەروەردگارت بە هەموو گەلانی داوە کە لەژێر هەموو ئاسمانن و هەڵبخەڵەتێی و کڕنۆشی بۆ ببەیت و بیپەرستیت.
DEU 4:20 یەزدان ئێوەی برد و لە کوورەی ئاسنەوە لە میسرەوە دەریهێنان هەتا وەک ئەمڕۆ ببنە گەلی میراتی ئەو.
DEU 4:21 بەهۆی ئێوەشەوە یەزدان لێم تووڕە بوو و سوێندی خوارد کە من لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە و ناچمە ناو خاکە باشەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان وەک میرات پێتان دەدات،
DEU 4:22 جا من لەم خاکەدا دەمرم و لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە، بەڵام ئێوە دەپەڕنەوە و دەست بەسەر ئەو زەوییە باشەدا دەگرن.
DEU 4:23 ئاگاداربن، نەوەک پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن کە لەگەڵ ئێوەی بەست و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن لە وێنەی هەر شتێک لەوانەی یەزدانی پەروەردگارتان لێی قەدەغە کردن،
DEU 4:24 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاگرێکی بەتینە، خودایەکی ئیرەدارە.
DEU 4:25 ئەگەر منداڵ و منداڵی منداڵتان بوو و کاتتان درێژەی کێشا لە خاکەکەدا و گەندەڵ بوون و پەیکەری تاشراوتان دروستکرد، وێنەی هەر شتێک و خراپەتان کرد لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان و پەستتان کرد،
DEU 4:26 ئەمڕۆ ئاسمان و زەوی دەکەم بە شایەت بەسەرتانەوە کە ئێوە بە خێرایی لەناودەچن لەو خاکەی لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، درێژە بە ڕۆژانتان نادەن لەسەری و بێگومان لەناودەچن.
DEU 4:27 یەزدان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە لەنێو گەلاندا، جا ژمارەیەکی کەمتان لێ دەمێنێتەوە لەنێو ئەو نەتەوانەی یەزدان دەتانباتە ناویان،
DEU 4:28 لەوێ بت دەپەرستن دروستکراوی دەستی خەڵکە لە دار و لە بەرد کە نابینن و نابیستن و ناخۆن و بۆن ناکەن.
DEU 4:29 بەڵام ئەگەر لەوێوە ڕووتان لە یەزدان کرد، خودای خۆتان، ئەوا بۆتان دەردەکەوێت، ئەگەر بە هەموو دڵ و لە ناخەوە بەدوایدا گەڕان.
DEU 4:30 کاتێک تەنگانەتان هاتە سەر و لە ڕۆژانی دواتر کە هەموو ئەو شتانەتان بەسەرهات، ئەوا بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی ئەو دەبن،
DEU 4:31 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی بە بەزەییە، بەجێتان ناهێڵێت و لەناوتان نابات و پەیمانی باوباپیرانتان لەبیر ناکات کە سوێندی بۆیان خوارد.
DEU 4:32 جا سەبارەت بە ڕۆژانی پێشوو پرسیار بکە کە پێش تۆ بووە، لەو ڕۆژەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی بەدیهێنا و لەمپەڕی ئاسمان هەتا ئەوپەڕی، ئایا وەک ئەم شتە مەزنە یان هاوتای بیستراوە؟
DEU 4:33 ئایا هیچ گەلێک گوێیان لە دەنگی خودا بووە لەنێو ئاگرەوە قسە بکات، وەک تۆ گوێت لێ بوو و ژیابێت؟
DEU 4:34 ئایا هیچ خودایەک هەیە کە هەوڵی دابێت بە تاقیکردنەوە و بە نیشانە و پەرجوو، بە جەنگ و دەستێکی پۆڵایین، بە بازووێکی بەهێز و بە کاری مەزن و سامناک، نەتەوەیەک لەنێو نەتەوەیەکی دیکەدا بۆ خۆی تەرخان بکات، وەک هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەبەرچاوتان لە میسر بۆ ئێوەی کرد؟
DEU 4:35 ئەم شتانەت پیشان درا بۆ ئەوەی بزانیت کە یەزدان خۆی خودایە، بێجگە لەو یەکێکی دیکە نییە.
DEU 4:36 لە ئاسمانەوە بەم جۆرەی کرد گوێبیستی بن، تاکو تەمبێت بکات، لەسەر زەویش ئاگری مەزنی خۆی پیشان دایت و لەنێو ئاگرەوە گوێت لە وشەکانی بوو،
DEU 4:37 هەروەها لەبەر ئەوەی باوباپیرانی تۆی خۆشویست و نەوەی ئەوانی هەڵبژارد لە دوایان، بە ئامادەبوونی خۆی و بە هێزە مەزنەکەی خۆی تۆی لە میسرەوە دەرهێنا،
DEU 4:38 بۆ ئەوەی گەلی مەزنتر و بەهێزتر لە خۆت لەبەردەمت دەربکات و بتهێنێت و وەک ئەمڕۆ خاکەکەیانت وەک میرات بداتێ.
DEU 4:39 جا ئەمڕۆ بزانە و لە دڵەوە لێی وردببنەوە، یەزدان خۆی خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە و هیچ خودایەکی دیکە نییە.
DEU 4:40 فەرزەکان و فەرمانەکانی بەجێبهێنە کە من ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم، هەتا چاکە لەگەڵ خۆت و منداڵەکانت بکات لەدوای خۆت و تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بۆ هەتاهەتایە پێت دەدات.
DEU 4:41 ئیتر موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون سێ شاری جیا کردەوە،
DEU 4:42 بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست دراوسێکەی خۆی دەکوژێت بۆ ئەوێ ڕابکات، کە پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە، جا بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت.
DEU 4:43 ئەمە ئەو شارانە بوون: شاری بەچەر لە دەشتودەر لە زەوی دەشتایی بۆ ڕەئوبێنییەکان و ڕامۆت لە گلعاد بۆ گادییەکان و گۆلان لە باشان بۆ مەنەشەییەکان.
DEU 4:44 ئەمەش ئەو فێرکردنەیە کە موسا لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا داینا.
DEU 4:45 ئەمە ئەو یاسا و فەرز و حوکمانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە،
DEU 4:46 لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر لە خاکی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، ئەوەی موسا و نەوەی ئیسرائیل شکاندیان لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر.
DEU 4:47 دەستیان بەسەر خاکەکەیدا گرت لەگەڵ خاکی عۆگی پاشای باشان، هەردوو پاشاکەی ئەمۆرییەکان کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون.
DEU 4:48 لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە هەتا چیای سیریۆن کە حەرمۆنە،
DEU 4:49 هەروەها هەموو عەراڤا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای مردوو لەژێر بنارەکانی پسگە.
DEU 5:1 موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لەو فەرز و یاسایانە بگرن کە ئەمڕۆ دەیخوێنمەوە و گوێتان لێیە و فێری بن و ئاگاداربن هەتا کاری پێ بکەن.
DEU 5:2 یەزدانی پەروەردگارمان پەیمانێکی لە حۆرێڤ لەگەڵ بەستین،
DEU 5:3 ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانمان نەبەست، بەڵکو لەگەڵ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین و هەموومان زیندووین.
DEU 5:4 یەزدان ڕووبەڕوو لە کێوەکە لەنێو ئاگرەوە لەگەڵتاندا دوا،
DEU 5:5 لەو کاتەدا من لەنێوان یەزدان و ئێوەدا ڕاوەستا بووم هەتا فەرمایشتی یەزدانتان پێ ڕابگەیەنم، چونکە لەبەر ئاگرەکە ترسان و سەرنەکەوتن بۆ کێوەکە. فەرمووی:
DEU 5:6 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
DEU 5:7 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
DEU 5:8 پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە.
DEU 5:9 کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،
DEU 5:10 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
DEU 5:11 ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆپاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
DEU 5:12 ڕۆژی شەممە بپارێزن، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن.
DEU 5:13 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن،
DEU 5:14 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژ و هەر ئاژەڵێکتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتکار و کارەکەرەکەشتان وەک ئێوە بحەسێنەوە.
DEU 5:15 لە یادتان بێت کە ئێوەش کۆیلە بوون لە خاکی میسر و یەزدانی پەروەردگارتان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان، لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن ڕۆژی شەممە بپارێزن.
DEU 5:16 ڕێزی دایک و باوکتان بگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن و چاکە بێتە ڕێتان لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
DEU 5:17 مەکوژن.
DEU 5:18 داوێنپیسی مەکەن.
DEU 5:19 دزی مەکەن.
DEU 5:20 بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
DEU 5:21 چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و کێڵگە و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
DEU 5:22 یەزدان بەم ڕاسپاردانە لەگەڵ هەموو کۆمەڵەکەتاندا دوا، لە کێوەکە لەناو ئاگر و هەور و تاریکی چڕ و دەنگێکی بەزر، هیچی زیاد نەکرد و لەسەر دوو تەختەی بەرد نووسی و پێیدام.
DEU 5:23 کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و
DEU 5:24 گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت،
DEU 5:25 بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین،
DEU 5:26 چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟
DEU 5:27 تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.»
DEU 5:28 یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو،
DEU 5:29 خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، تاکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان.
DEU 5:30 «بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“
DEU 5:31 بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
DEU 5:32 ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن،
DEU 5:33 هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.
DEU 6:1 ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم، هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن،
DEU 6:2 هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان، هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت.
DEU 6:3 جا ئەی ئیسرائیل، گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
DEU 6:4 ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،
DEU 6:5 جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.
DEU 6:6 با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و
DEU 6:7 بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن،
DEU 6:8 وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و
DEU 6:9 لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن.
DEU 6:10 کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە،
DEU 6:11 ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون،
DEU 6:12 جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.
DEU 6:13 لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن.
DEU 6:14 بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن،
DEU 6:15 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان کە لەنێوتاندایە، خودایەکی ئیرەدارە، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات.
DEU 6:16 یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە.
DEU 6:17 بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون.
DEU 6:18 ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،
DEU 6:19 کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی.
DEU 6:20 لە داهاتوودا، کاتێک منداڵەکانتان لێیان پرسین و گوتیان: «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟»
DEU 6:21 بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و
DEU 6:22 یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و
DEU 6:23 لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو.
DEU 6:24 جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ،
DEU 6:25 ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.»
DEU 7:1 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنایە ئەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن و گەلانی زۆری لەبەردەمتان دەرکرد، حیتی و گرگاشی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، حەوت گەلی لە خۆتان مەزنتر و بەهێزتر،
DEU 7:2 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی دایە دەستتان و ئێوەش لێتان دان، دەبێت بە تەواوی قڕیان بکەن، پەیمانیان لەگەڵ مەبەستن و بەزەییتان پێیاندا نەیەتەوە.
DEU 7:3 ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن،
DEU 7:4 چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن، جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات.
DEU 7:5 بەڵام دەبێت ئاوایان پێ بکەن، قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان ببڕنەوە و بتەکانیان بە ئاگر بسووتێنن،
DEU 7:6 چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. لەنێو هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هەڵبژارد تاکو بۆی ببن بە گەلی ئەو، ببنە گەنجینەیەکی تایبەت.
DEU 7:7 یەزدان دڵی پێتانەوە بەند بوو و هەڵیبژاردن، نەک لەبەر ئەوەی لە هەموو گەلان زۆرترن، چونکە لە ڕاستیدا ئێوە لە هەموو گەلان کەمترن.
DEU 7:8 بەڵام لە خۆشەویستی یەزدان بوو بۆتان و پاراستنی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئێوەی خوارد، یەزدان بە دەستێکی بەهێز دەریهێنان و ئێوەی لە خاکی کۆیلایەتی کڕییەوە، لە دەستی فیرعەونی پاشای میسر.
DEU 7:9 جا بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودایە، خودای وەفادارییە، ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەی هەتا هەزار نەوە دەباتەسەر، بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت و فەرمانەکانی دەپارێزن.
DEU 7:10 بەڵام سزای ئەوانە دەدات کە ڕقیان لێی دەبێتەوە و دەستبەجێ لەناویان دەبات، ئەوەی ڕقی لێی بێتەوە لەسەری ناوەستێت و تۆڵەی لێ دەکاتەوە.
DEU 7:11 جا فەرمان و فەرز و یاساکان بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن.
DEU 7:12 ئەگەر ئێوە گوێ لەو یاسایانە بگرن و بیپارێزن و جێبەجێ بکەن، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان پەیمانی خۆشەویستییەکەی بۆ ئێوە دەباتەسەر، وەک چۆن سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد.
DEU 7:13 ئێوەی خۆشدەوێت، بەرەکەتدارتان دەکات و زۆرتان دەکات و بەروبوومی سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان، بەروبوومی گوێرەکەی گاگەلەکەتان و مەڕ و بزنەکانتان بەرەکەتدار دەکات لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد کە بە ئێوەی دەدات.
DEU 7:14 ئێوە بەرەکەتدار دەبن لە سەرووی هەموو گەلان، وەجاخکوێر و نەزۆک نە لە ئێوە و نە لەناو ئاژەڵە ماڵییەکانتاندا نابێت،
DEU 7:15 یەزدان هەموو نەخۆشییەکتان لێ دوور دەخاتەوە و هەموو دەردە خراپەکانی میسر کە ئێوە زانیتان نایخاتە سەرتان، بەڵکو دەیخاتە سەر هەموو ناحەزانتان،
DEU 7:16 هەموو ئەو گەلانەش لەناودەبەن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەستتان، بەزەییتان پێیان نایەتەوە و خوداوەندەکەیان ناپەرستن، چونکە ئەوە تەڵەیە بۆ ئێوە.
DEU 7:17 ئەگەر لە دڵی خۆتاندا گوتتان، «ئەو گەلانە لە ئێمە بەهێزترن، چۆن دەتوانین دەریانبکەین؟»
DEU 7:18 لێیان مەترسن، ئەوەتان بەبیر بێتەوە یەزدانی پەروەردگارتان چی بە فیرعەون و بە هەموو میسرییەکان کرد،
DEU 7:19 ئەو ئەزموونە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و ئەو نیشانە و پەرجووانە، هەروەها ئەو دەستە پۆڵایین و بازووە بەهێزەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی پێ دەرهێنا. یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا لە هەموو ئەو گەلانە دەکات کە ئێوە لێیان دەترسن.
DEU 7:20 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان زەردەواڵە دەنێرێتە سەر ئەو گەلانە تاوەکو تەنانەت ئەو بەجێماوانەش لەناو ببات کە خۆیان لە ئێوە شاردووەتەوە.
DEU 7:21 لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتانە و خودایەکی مەزن و سامناکە.
DEU 7:22 یەزدانی پەروەردگارتان کەمە کەمە ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات، ناتوانن دەستبەجێ لەناویان ببەن نەوەک دڕندەی کێویتان بەسەرەوە زۆر بێت.
DEU 7:23 بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەست و سەرلێشێوانێکی مەزنیان دەکەوێتە ناو، هەتا لەناودەچن.
DEU 7:24 پاشاکانیشیان دەخاتە ناو دەستتان، جا لەژێر ئاسمان ناویان دەسڕنەوە، کەس نابێت بتوانێت لە دژتان بوەستێت هەتا لەناویان دەبەن.
DEU 7:25 وێنەی خوداوەندەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، چاو مەبڕنە ئەو زێڕ و زیوەی کە لەسەریانە هەتا بۆ خۆتانی ببەن، نەوەک پێی بکەونە داوەوە، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە.
DEU 7:26 هیچ قێزەونێکیش مەهێننە ناو ماڵەکانتانەوە نەوەک ئێوەش وەک ئەو بۆ قڕکردن تەرخان بکرێن، بەڵکو وەکو شتێکی قێزەون تەماشای بکەن و ڕقتان لێ ببێتەوە، چونکە بۆ قڕکردن تەرخان کراوە.
DEU 8:1 ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بژین و زۆر بن و ئەو خاکەی یەزدان سوێندی خواردووە بۆ باوباپیرانتان بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.
DEU 8:2 هەموو ئەو ڕێگایانەشتان لە یاد بێت، کە یەزدانی پەروەردگارتان لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە چۆڵەوانیدا ئێوەی پێدا برد هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، ئاخۆ فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن یان نا.
DEU 8:3 جا بێفیزی کردن و برسی کردن و مەنی دەرخوارد دان، کە پێشتر نەتاندەزانی و باوباپیرانتیشتان نەیاندەزانی تاکو فێرتان بکات کە مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی یەزدانەوە دێتە دەرەوە.
DEU 8:4 جلەکانتان بەبەرتانەوە کۆن نەبوون و پێتان نەئاوسا لەم چل ساڵەدا،
DEU 8:5 جا لە دڵتانەوە بزانن وەک چۆن مرۆڤ کوڕەکەی تەمبێ دەکات، ئاوا یەزدانی پەروەردگارتان تەمبێی کردن.
DEU 8:6 فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریشتان پەیڕەو بکەن هەتا ڕێگاکانی بگرنەبەر و لێی بترسن،
DEU 8:7 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە خاکێکی باش، خاکێک کە جۆگەکان و گۆماوەکان و سەرچاوەی کانیاوەکان هەڵدەقوڵێنە نێو دۆڵ و چیاکان،
DEU 8:8 خاکی گەنم و جۆ و مێو و هەنجیر و هەنار، خاکی زەیتی زەیتوون و هەنگوین.
DEU 8:9 خاکێکە نانی کەمی تێدا ناخۆن و تێیدا پێویستیتان بە هیچ شتێک نابێت، خاکێک بەردەکانی ئاسنە و لە چیاکانی مس هەڵدەکۆڵن.
DEU 8:10 جا کاتێک خواردتان و تێر بوون، ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن لەبەر ئەو خاکە باشەی پێیدان.
DEU 8:11 ئاگاداربن نەوەک یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن و فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێنەهێنن، ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم،
DEU 8:12 نەوەک کاتێک خواردتان و تێر بوون و خانووی خۆشتان دروستکرد و نیشتەجێ بوون و
DEU 8:13 مانگا و مەڕتان زیادی کرد و زێڕ و زیوتان بۆ زیاد بوو، هەموو ئەوەی هەتانە زیاد بوو،
DEU 8:14 لووتتان بەرز بێت و یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بچێت کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.
DEU 8:15 ئەوەی بە چۆڵەوانی مەزن و ترسناکدا ئێوەی برد، شوێنی ماری ژەهراوی و دووپشک و خاکی تینووێتی و بێ ئاو، ئەوەی لە بەردەئەستێ ئاوی بۆ دەرهێنان.
DEU 8:16 ئەوەی لە چۆڵەوانی مەنی دەرخوارد دان کە باوباپیرانتان نەیاندەزانی، هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چاکەتان لەگەڵدا بکات.
DEU 8:17 هەروەها نەوەک لە دڵی خۆتاندا بڵێن، «هێزی خۆمان و توانای دەستمان ئەم سامانەی بۆ دروستکردین،»
DEU 8:18 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان لە یاد بێت، ئەو هێزتان دەداتێ بۆ سامان دروستکردن، هەتا ئەو پەیمانەی خۆی بەجێبگەیەنێت کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد وەک ئەمڕۆ.
DEU 8:19 ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر کرد و بەدوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و پەرستتان و کڕنۆشتان بۆ بردن، ئەوا ئەمڕۆ شایەتیتان لەسەر دەدەم کە بێگومان لەناودەچن،
DEU 8:20 وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەبەردەمتان لەناویان دەبات، ئێوەش لەناو دەبردرێن لەبەر ئەوەی ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.
DEU 9:1 ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئەمڕۆ ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و گەلەکانی ناوی دەربکەن، ئەوان لە ئێوە مەزنتر و بەهێزترن، شارەکانیان گەورە و شوورادارن هەتا ئاسمان.
DEU 9:2 نەتەوەیەکی مەزن و باڵا بەرز، نەوەی عەناق، کە بەوانتان زانیوە و بیستووتانە کە گوتراوە: «کێ لە ڕووی نەوەی عەناق دەوەستێت؟»
DEU 9:3 جا ئەمڕۆ بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک ئاگرێکی سووتێنەر، ئەو لەبەردەمتاندا لەناویان دەبات و زەلیلیان دەکات و ئێوەش دەریاندەکەن و بە خێرایی لەناویان دەبەن، هەروەک یەزدان بەڵێنی پێدان.
DEU 9:4 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا لایان دەبات، لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «لەبەر ڕاستودروستیمان یەزدان ئێمەی هێنایە ئێرە هەتا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرین،» بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە، یەزدان لەبەردەمتاندا دەریاندەکات.
DEU 9:5 لەبەر ڕاستودروستی و دڵپاکیتان نییە کە دەچنە ناوەوە تاکو دەست بەسەر زەوییەکەیاندا بگرن، بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتان دەریاندەکات و هەتا ئەو بەڵێنەش جێبەجێ بکات کە یەزدان سوێندی لەسەر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.
DEU 9:6 جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.
DEU 9:7 لە یادتان بێت و لەبیری مەکەن چۆن لە دەشتودەر یەزدانی پەروەردگارتان تووڕە کرد. لەو ڕۆژەوەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە و هەتا هاتنە ئەم شوێنە ئێوە لە یەزدان یاخین.
DEU 9:8 تەنانەت لە حۆرێڤیش یەزدانتان تووڕە کرد و جا یەزدان لێتان تووڕە بوو هەتا ڕادەیەک ئامادە بوو لەناوتان ببات.
DEU 9:9 کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە.
DEU 9:10 یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا.
DEU 9:11 لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ.
DEU 9:12 پاشان یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.»
DEU 9:13 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن،
DEU 9:14 لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.»
DEU 9:15 منیش ڕووم وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، دوو تەختەکەی پەیمانیشم بەدەستەوە بوو.
DEU 9:16 جا ڕوانیم ئێوە سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان گوناهتان کردبوو، بتێکی داڕێژراوتان لە شێوەی گوێرەکەیەک بۆ خۆتان دروستکردبوو، بە زوویی لەو ڕێگایە لاتان دابوو کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون.
DEU 9:17 منیش دوو تەختەکەم گرت و لە دەستم فڕێمدان و لەبەرچاوتان شکاندم.
DEU 9:18 پاشان وەک یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لەبەردەم یەزدان کەوتم و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە لەبەر هەموو ئەو گوناهانەی ئەنجامتان داوە، بەوەی لەبەردەم یەزدان خراپەتان کرد و پەستتان کرد.
DEU 9:19 لەو تووڕەیی و جۆشانە ترسام کە یەزدان لێتان پەست ببوو بە ڕادەیەک کە ئامادە بوو لەناوتان ببات، بەڵام یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم.
DEU 9:20 یەزدان لە هارونیش زۆر تووڕە بوو هەتا لەناوی ببات، جا لەو کاتەدا لە پێناوی هارونیش نزام کرد.
DEU 9:21 هەروەها گوناهەکەتان، واتا ئەو گوێرەکەیەی کە دروستتان کردبوو، من بردم و سووتاندم و کوتام و باش هاڕیم هەتا وەک تۆز نەرم بوو، ئینجا تۆزەکەیم هەڵدایە ناو ئەو جۆگەیەی لە کێوەکەوە دێتە خوارەوە.
DEU 9:22 هەروەها لە تەبعیرە و مەسا و قیبرۆت هەتەڤا یەزدانتان تووڕە کرد.
DEU 9:23 کاتێکیش یەزدان لە قادێش بەرنێعەوە ئێوەی نارد، فەرمووی: «سەربکەون و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە پێم داون.» بەڵام ئێوە لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و بڕواتان پێی نەکرد و گوێڕایەڵی ئەو نەبوون،
DEU 9:24 لەو ڕۆژەوەی ئێوەم ناسیوە، ئێوە لە دژی یەزدان یاخین.
DEU 9:25 ئەو چل شەو و چل ڕۆژە لەبەردەم یەزدان کەوتم، چونکە یەزدان فەرمووبووی لەناوتان دەبات.
DEU 9:26 نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم، «ئەی یەزدانی باڵادەست، گەلەکەت و میراتەکەت لەناو مەبە کە بە توانای خۆت کڕیتەوە، ئەوەی بە دەستێکی بەهێز لە میسر دەرتهێنا.
DEU 9:27 خزمەتکارەکانت بەبیر بێتەوە، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، ئاوڕ لە کەللەڕەقی ئەم گەلە مەدەوە یان لە بەدکارییەکەیان یان لە گوناهەکەیان،
DEU 9:28 نەوەک خەڵکی ئەو وڵاتەی لێت دەرهێناین بڵێت: ”لەبەر ئەوەی یەزدان نەیتوانی بیانباتە ناو ئەو خاکەی کە بەڵێنی پێدابوون و لەبەر ئەوەی ڕقی لێیان بوو، دەریهێنان هەتا لە چۆڵەوانیدا بیانمرێنێت.“
DEU 9:29 بەڵام ئەوان گەلی تۆن و میراتی تۆن کە بە توانا مەزنەکەت و دەستە بەهێزەکەت دەرتهێنان.»
DEU 10:1 لەو کاتەدا یەزدان پێی فەرمووم: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە و سەربکەوە سەر کێوەکە بۆ لای من، سندوقێکیش لە دار بۆ خۆت دروستبکە،
DEU 10:2 جا لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت و بیانخە ناو سندوقەکە.»
DEU 10:3 منیش سندوقێکم لە داری ئەکاسیا دروستکرد، دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جارم تاشی و بۆ شاخەکە سەرکەوتم و دوو تەختەکەشم لە دەست بوو.
DEU 10:4 ئەویش لەسەر دوو تەختەکە وەک نووسراوی یەکەم جاری نووسییەوە، دە ڕاسپاردەکە کە یەزدان لەگەڵتاندا پێی دوا لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە و ئینجا پێیدام.
DEU 10:5 ئیتر گەڕامەوە و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە و دوو تەختە بەردەکەم لەناو سندوقەکە دانا کە دروستم کردبوو، جا هێشتا لەوێن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردم.
DEU 10:6 (نەوەی ئیسرائیلیش لە بیرەکانی نەوەی یەعقانەوە کۆچیان کرد بۆ مۆسێرە. لەوێ هارون مرد و هەر لەوێش نێژرا. ئیتر ئەلعازاری کوڕی لە جێی ئەو بوو بە کاهین.
DEU 10:7 لەوێشەوە کۆچیان کرد بۆ گودگۆدە، لە گودگۆدەشەوە بۆ یۆتباتە کە خاکی جۆگە ئاوەکانە.
DEU 10:8 لەو کاتەدا یەزدان هۆزی نەوەی لێڤی جیا کردەوە بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان هەڵبگرن و لەبەردەم یەزدان بوەستن بۆ ئەوەی خزمەتی بکەن و بە ناوی ئەوەوە داوای بەرەکەت بکەن هەتا ئەمڕۆ،
DEU 10:9 لەبەر ئەوە لێڤییەکان لەگەڵ براکانیان بەش و میراتیان نەبوو، یەزدان میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵیاندا دوا.)
DEU 10:10 منیش وەک ڕۆژانی یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم و یەزدان نەیویست لەناوتان ببات.
DEU 10:11 دواتر یەزدان پێی فەرمووم، «هەستە بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە، جا دەچنە ناو ئەو خاکەی دەست بەسەریدا دەگرن کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد بیاندەمێ.»
DEU 10:12 ئێستاش ئەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگارتان چی لێتان دەوێت، تەنها ئەوەندە کە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن تاکو هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و خۆشتان بوێ، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن،
DEU 10:13 فەرمانەکانی یەزدان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ بۆ باشی خۆتان فەرمانتان پێ دەکەم.
DEU 10:14 ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە،
DEU 10:15 لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان دڵی بە باوباپیرانتانەوە بەند بوو و خۆشیویستن، جا لەپاش خۆیان نەوەکەی ئەوانی هەڵبژارد کە ئێوەن، لە سەرووی هەموو گەلانەوە وەک ئەمڕۆ.
DEU 10:16 کەواتە دڵتان خەتەنە بکەن و ئیتر کەللەڕەق مەبن،
DEU 10:17 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودای خودایانە و گەورەی گەورەیانە، ئەو خودا مەزنە بە توانا بە سامەی لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێت،
DEU 10:18 دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ.
DEU 10:19 جا نامۆتان خۆشبوێت، چونکە لە خاکی میسردا نامۆ بوون.
DEU 10:20 لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن، ئەو دەپەرستن و دەست بەوەوە دەگرن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن،
DEU 10:21 ئەو ستایشتانە و ئەو خوداتانە کە ئەو هەموو کارە مەزن و ترسناکەی بۆ کردن کە چاوەکانتان بینییان.
DEU 10:22 باوباپیرانتان حەفتا کەس بوون کە چوونە میسر و ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان لە زۆریدا وەک ئەستێرەی ئاسمانی لێکردوون.
DEU 11:1 یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و داواکاری و فەرز و یاسا و فەرمانەکانی هەمیشە بەجێبهێنن.
DEU 11:2 بزانن کە پەیامەکەم بۆ ئێوەیە، نەک بۆ منداڵەکانتان کە ئەزموونی تەمبێکردنی یەزدانی پەروەردگاریان نییە. ئێوە کە مەزنێتی و دەستی پۆڵایین و بازووە بەهێزەکەی ئەوتان بینیوە؛
DEU 11:3 نیشانە و کارەکانی کە لە میسر بە فیرعەونی پاشای میسر و بە هەموو خاکەکەی کرد،
DEU 11:4 ئەوەی بە ئەسپ و گالیسکەکانی سوپای میسری کرد کاتێک بەدواتان کەوتن، بە شەپۆلەکانی دەریای سووری پێچایەوە و بە تەواوی لەناوی بردن.
DEU 11:5 هەروەها منداڵەکانی ئێوە نەبوون، بەڵکو ئێوە بوون کە بە چاوی خۆتان ئەوەتان بینی کە لە دەشتودەر بۆی کردن هەتا هاتنە ئەم شوێنە و
DEU 11:6 ئەوەی بە داتان و ئەبیرامی کرد، دوو کوڕەکەی ئەلیابی ڕەئوبێنی، کاتێک لەناوەندی هەموو ئیسرائیلدا زەوی دەمی کردەوە و بە ماڵەکانیان و چادرەکانیان و هەموو ئەو شتە زیندووانەی هی ئەوان بوون هەڵیلووشی.
DEU 11:7 ئێوە بە چاوی خۆتان هەموو کردارە مەزنەکانی یەزدانتان بینی کە کردی.
DEU 11:8 هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بۆ ئەوەی بەهێز بن و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا ببنە خاوەنی،
DEU 11:9 هەروەها بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەسەر ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ، بۆ خۆیان و نەوەکانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
DEU 11:10 ئەو خاکەی کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، وەک خاکی میسر نییە کەوا بەجێتان هێشت، ئەو شوێنەی تۆوتان لێ دەچاند و بە پێیەکانتان ئاوتان دەدا وەک باخی سەوزەوات.
DEU 11:11 بەڵکو ئەو خاکەی ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکی چیا و دۆڵە، لە بارانی ئاسمان ئاو دەخواتەوە.
DEU 11:12 خاکێک یەزدانی پەروەردگارتان بایەخی پێدەدات؛ چاوەکانی یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرەتای ساڵ هەتا کۆتایی بە بەردەوامی لەسەریەتی.
DEU 11:13 جا ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانم بوون کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە بیپەرستن،
DEU 11:14 ئەوا بارانی زەوییەکەتان، پاییزە باران و بەهارە باران لە وەرزی خۆیدا دەدەم، ئێوەش دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان کۆدەکەنەوە.
DEU 11:15 لە کێڵگەکانتان گیا بۆ ئاژەڵەکانتان دابین دەکەم، ئێوەش هەمیشە خۆراکی پێویستتان دەبێت و تێر دەبن.
DEU 11:16 بۆیە ئاگاداربن نەوەک دڵتان بخەڵەتێت و لابدەن و خودای دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن.
DEU 11:17 جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و ئاسمان دادەخرێت و باران نابارێت و زەوی بەروبووم نادات، ئێوەش بە خێرایی لەو خاکە چاکەی یەزدان پێتانی دەدات لەناودەچن.
DEU 11:18 جا ئەم وشانەم لەسەر دڵ و گیانتان دابنێن و وەک نیشانە لەسەر دەستتانی ببەستن و با گوڵنگ بن بە ناوچەوانتانەوە.
DEU 11:19 منداڵەکانیشتان فێر بکەن و پێی بدوێن کاتێک لە ماڵەکانتان دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن،
DEU 11:20 لەسەر چوارچێوەی دەرگاکانی ماڵەکەت و لەسەر دەرگاکانی حەوشەکەت بینووسە،
DEU 11:21 بۆ ئەوەی ڕۆژانی خۆت و منداڵەکانت زیاد بکات لەسەر ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانت خوارد بیانداتێ هەروەک بەردەوامی ئاسمان بەسەر ڕووی زەویدا.
DEU 11:22 ئەگەر هۆشیار بوون و هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بیکەن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و دەستی پێوە بگرن،
DEU 11:23 ئەوا یەزدان هەموو ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات و ئێوە دەبنە میراتگری گەلانی لە خۆتان گەورەتر و بەهێزتر.
DEU 11:24 هەر شوێنێک لەپی پێتان لێ دانا دەبێتە هی ئێوە، سنوورتان لە دەشتودەر و لوبنانەوە، لە ڕووبارەکەوە، ڕووباری فورات هەتا دەریای ڕۆژئاوا دەبێت.
DEU 11:25 هیچ کەس ناتوانێت لە دژتان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارتان ترس و سامتان دەخاتە سەر هەموو ئەو زەوییەی پێی لێ دەنێن، هەروەک بەڵێنی پێدان.
DEU 11:26 بڕوانە، من ئەمڕۆ بەرەکەت و نەفرەت لەبەردەمتان دادەنێم:
DEU 11:27 بەرەکەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم؛
DEU 11:28 نەفرەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان نەبن و لەو ڕێگایەی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لاتان دا هەتا بەدوای خودای دیکە بکەون کە نەتانناسیوە.
DEU 11:29 جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارت تۆی هێنایە ئەو خاکەی کە تۆ دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت، ئەوا بەرەکەتەکان لەسەر کێوی گەریزیم ڕابگەیەنە و نەفرەتەکانیش لەسەر کێوی عێبال.
DEU 11:30 وەک دەزانن ئەم کێوانە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوەن، لە ڕۆژئاوای ڕێگاکە بەرەو خۆرئاوابوون، لە خاکی کەنعانییەکانی کە لە عەراڤادا نیشتەجێن، بەرامبەر گلگال لەتەنیشت دار بەڕووەکانی مۆرە،
DEU 11:31 چونکە ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات و دەستی بەسەردا بگرن. کاتێک دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون،
DEU 11:32 ملکەچی هەموو ئەو فەرز و یاسایانە بن کە من ئەمڕۆ لەبەردەمتانی دادەنێم هەتا بیکەن.
DEU 12:1 ئەمە ئەو فەرز و یاسایانەیە کە بەجێی دەهێنن هەتا لەو خاکەدا بیکەن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر زەوی.
DEU 12:2 هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی تێکدەدەن، کە تێیدا ئەو نەتەوانەی ئێوە دەریاندەکەن، خوداوەندەکانیان دەپەرست لەسەر چیا سەرکەشەکان و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوز،
DEU 12:3 قوربانگاکانیشیان تێکدەدەن، بەردە تەرخانکراوەکانیان دەشکێنن، ستوونە ئەشێراکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، پەیکەرەکانی خوداوەندەکانیان دەبڕنەوە و لەو شوێنانەدا ناویان دەسڕنەوە.
DEU 12:4 بەو شێوەیەی ئەوان یەزدانی پەروەردگارتان ناپەرستن،
DEU 12:5 بەڵکو ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت لەنێو هەموو هۆزەکانتان هەتا ناوی خۆی تێدا دابنێت بۆ نیشتەجێبوونی، ڕووتان لەو شوێنە دەکەن و بۆ ئەوێ دەچن.
DEU 12:6 بۆ ئەوێ قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و نەزر و بەخشینی ئازاد و نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانتان پێشکەش دەکەن.
DEU 12:7 لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئێوە و خێزانەکانتان دەخۆن و دڵخۆش دەبن بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات، وەک یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردن.
DEU 12:8 ئێوە ئاوا مەکەن، وەک ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە دەیکەین، کە هەرکەسە بەو شێوەیەی خۆی دەکات کە ڕاستە لەپێش چاوی،
DEU 12:9 چونکە هێشتا نەچوونەتە ناو شوێنی حەسانەوە و میرات کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ.
DEU 12:10 بەڵام لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە و لەو خاکە نیشتەجێ دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ بە میرات و ئێوە دەحەسێنێتەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە دەوروبەرتانن و ئینجا بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن،
DEU 12:11 ئەوا ئەو شوێنەی خوداتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، بۆ ئەوێ هەموو ئەو شتانە هەڵدەگرن کە من فەرمانتان پێ دەکەم، قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و هەموو هەڵبژێردراوی نەزرەکانتان کە بۆ یەزدانی دەکەن.
DEU 12:12 لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، ئێوە و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەش کە لە دەروازەی شارۆچکەکانتانن، چونکە نە بەش و نە میراتیان لەگەڵتاندا نییە.
DEU 12:13 ئاگاداربن قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش مەکەن لە هەر شوێنێک کە دەیبینن،
DEU 12:14 بەڵکو لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە هۆزەکانتان، لەوێ قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش دەکەن و لەوێ هەموو ئەوانە دەکەن کە من فەرمانتان پێدەدەم.
DEU 12:15 بەڵام لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی دەچێت سەردەبڕن و گۆشت دەخۆن لە هەموو شارۆچکەکانتان بەگوێرەی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارتان کە پێیداون، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخۆن وەک مامز و ئاسک.
DEU 12:16 بەڵام خوێن ناخۆن، وەک ئاو دەیڕێژنە سەر زەوی.
DEU 12:17 بۆتان نییە لە شارۆچکەکانتاندا دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان بخۆن، هەروەها لە نۆبەرەی مانگا و مەڕتان و نە هیچ شتێک لە نەزرەکانتان کە نەزریان دەکەن و لە بەخشینە ئازاد و بەرزکراوەکانتان،
DEU 12:18 بەڵکو لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەیخۆن لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها لێڤییەکانی شارۆچکەکانتان، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاریشتان بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات دڵخۆش دەبن.
DEU 12:19 ئاگاداربن لەوەی لێڤی پشت گوێ بخەن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر خاکەکەتان.
DEU 12:20 کاتێک یەزدانی پەروەردگاری خۆتان سنووری فراوان کردن وەک لەگەڵتاندا دوا و ئێوەش گوتتان «گۆشت دەخۆین،» چونکە حەزتان بۆ گۆشت خواردن چوو، ئەوا چەند حەزتان بۆی دەچێت لە گۆشت دەخۆن.
DEU 12:21 ئەگەر ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی خۆی لێ دابنێت لێتانەوە دوور بوو، ئەوە لەو مانگا و مەڕانەی یەزدان پێتانی داوە سەری ببڕن وەک فەرمانم پێکردن و لە شارۆچکەکانتاندا لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی چوو بخۆن.
DEU 12:22 وەک چۆن مامز و ئاسک دەخورێت ئاوا دەیخۆن، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک لێی دەخۆن،
DEU 12:23 بەڵام ئاگاداربن خوێن نەخۆن، چونکە خوێن ژیانەکەیە، جا ژیانەکە لەگەڵ گۆشتەکە مەخۆن،
DEU 12:24 نایخۆن، وەک ئاو لەسەر زەوی دەیڕێژن،
DEU 12:25 نایخۆن هەتا چاکە بێتە ڕێی خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە، ئەوە دەکەن.
DEU 12:26 بەڵام شتە تەرخانکراوەکانتان کە هی ئێوەن و نەزرەکانتان هەڵدەگرن و دەچنە ئەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت،
DEU 12:27 جا قوربانی سووتاندنەکانتان، گۆشتەکە و خوێنەکە لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن، بەڵام قوربانییە سەربڕدراوەکانتان، خوێنەکەی لەتەنیشتی قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕژێنرێن و گۆشتەکەش دەخۆن،
DEU 12:28 هۆشیار بن هەموو ئەو وشانەی من فەرمانتان پێدەدەم گوێڕایەڵی بن، هەتا بۆ خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان چاکە بێتە ڕێتان هەتاهەتایە، کاتێک ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان چاکە و ڕاستە دەیکەن.
DEU 12:29 یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا ئەو نەتەوانە لەناو دەبات کە ئێوە خەریکن بۆیان دەچن هەتا دەریانبکەن. بەڵام کاتێک ئێوە دەریاندەکەن و لە خاکەکەیان نیشتەجێ دەبن،
DEU 12:30 دوای ئەوەی لەبەردەمتان لەناودەبردرێن، ئاگاداربن لەوەی نەکەونە داوەوە و سەبارەت بە خوداوەندەکانیان پرسیار مەکەن: «ئەو نەتەوانە چۆن خوداوەندەکانیان دەپەرست؟ ئێمەش ئاوا دەکەین.»
DEU 12:31 بۆ یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا مەکەن، چونکە ئەوان هەموو ئەو شتانەی قێزەونە لەلای یەزدان لەوەی ڕقی لێیەتی بۆ خوداوەندەکانیان کردووە، چونکە تەنانەت کوڕان و کچانی خۆشیان بە ئاگر سووتاندووە بۆ خوداوەندەکانیان.
DEU 12:32 هەموو ئەو قسانەی کە فەرمانم پێکردن، ئاگاداربن بیکەن، نە بۆی زیاد بکەن و نە لێی کەم بکەنەوە.
DEU 13:1 ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان،
DEU 13:2 جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە،
DEU 13:3 ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا.
DEU 13:4 بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕۆن و لەو دەترسن و فەرمانەکانی دەپارێزن و گوێڕایەڵی دەبن و ئەو دەپەرستن و دەستی پێوە دەگرن.
DEU 13:5 ئەو پێغەمبەرەش یان ئەو خەونبینەی ئەو خەونەی بینیوە دەکوژرێت، چونکە بە چەواشەکاری قسەی کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و لە ماڵی کۆیلەیی کڕینیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایە لات بدات کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردوون لەسەری بڕۆن. جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
DEU 13:6 ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کە وەک خۆتە بە نهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆ و نە باوباپیرانت نەیانناسیوە،
DEU 13:7 لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن، لەمپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی،
DEU 13:8 لەگەڵی ڕەزامەند مەبە و گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزە و بۆی دامەپۆشە،
DEU 13:9 بەڵکو بە دڵنیاییەوە بیکوژە، یەکەم جار دەستی تۆ لەسەری بێت بۆ کوشتنی ئینجا لە کۆتاییدا دەستی هەموو گەل.
DEU 13:10 بەردبارانی دەکەیت هەتا دەمرێت، چونکە ویستی لە یەزدانی پەروەردگارت تۆ لابدات کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنایت.
DEU 13:11 ئەوسا هەموو ئیسرائیل دەیبیستن و دەترسن و جارێکی دیکە هیچ کەسێک لەنێوتان وەک ئەم بەدکارییە ئەنجام نادات.
DEU 13:12 ئەگەر سەبارەت بە یەکێک لەو شارۆچکانەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا تێیدا نیشتەجێ بن وتەیەکتان بیست،
DEU 13:13 کە خەڵکانێکی بەدکار لەنێوتاندا سەریان هەڵداوە و دانیشتووانی شارۆچکەیان گومڕا کردووە و دەڵێن، «دەچین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیون،
DEU 13:14 ئێوە لێی بکۆڵنەوە و بگەڕێن و باش پرسیار بکەن. ئەگەر زانیتان بابەتەکە ڕاستە و بێگومانە کە ئەو کارە قێزەونە لەنێوتاندا کراوە،
DEU 13:15 ئەوا بە شمشێر تەواوی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بکوژن و قڕیان بکەن، بە هەموو ئەو شتانەوەش کە تێیدایە و بە ئاژەڵە ماڵییەکانیشییەوە.
DEU 13:16 هەموو شتومەکەکانی لە گۆڕەپانی شارۆچکەکەدا کۆدەکەنەوە و هەموو شارۆچکەکە و شتومەکەکانی وەک قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەسووتێنن، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە گردێکی وێران و جارێکی دیکە بنیاد نانرێتەوە.
DEU 13:17 نابێت هیچ شتێکی تەرخانکراو بۆ قڕکردن لەلای ئێوە ببینرێتەوە، هەتا گڕی تووڕەییەکەی یەزدان دابمرکێتەوە، بەزەیی پێتان دێتەوە و لەگەڵتان میهرەبان دەبێت و زۆرتان دەکات هەروەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،
DEU 13:18 ئەگەر گوێڕایەڵی دەنگی یەزدانی پەروەردگارتان بوون بۆ پاراستنی هەموو فەرمانەکانی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان ڕاستە بیکەن.
DEU 14:1 ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو،
DEU 14:2 چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.
DEU 14:3 هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن.
DEU 14:4 ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن: گا و مەڕ و بزن،
DEU 14:5 ئاسک، مامز، ئاسکە سوورە، بزنەکێوی، کەڵەکێوی، ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی.
DEU 14:6 هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرتە و کاوێژ دەکات، ئەوە دەخۆن.
DEU 14:7 بەڵام لەوانەی کاوێژ دەکەن یان سمیان دوو کەرتە، ئەمانە مەخۆن: وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بۆتان گڵاوە.
DEU 14:8 هەروەها بەرازیش بۆتان گڵاوە، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن.
DEU 14:9 لە هەموو ئەوانەی لە ئاوەکاندا دەژین، ئەوانە بخۆن کە باڵ و پوولەکەیان هەیە،
DEU 14:10 بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.
DEU 14:11 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن،
DEU 14:12 بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،
DEU 14:13 واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ،
DEU 14:14 هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،
DEU 14:15 کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،
DEU 14:16 کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و
DEU 14:17 کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە،
DEU 14:18 لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
DEU 14:19 هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت.
DEU 14:20 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.
DEU 14:21 هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە شارۆچکەکانتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.
DEU 14:22 هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە.
DEU 14:23 لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.
DEU 14:24 بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو،
DEU 14:25 ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت.
DEU 14:26 جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن.
DEU 14:27 ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.
DEU 14:28 لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن،
DEU 14:29 لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.
DEU 15:1 هەر حەوت ساڵ جارێک، لە قەرزەکانتان خۆش بن.
DEU 15:2 ئەمەش چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەیە، هەموو خاوەن قەرزەکان پێویستە لەو قەرزەی بە نزیکەکەی داوە بەتاڵی بکاتەوە. لە نزیکەکەی یان براکەی داوا ناکاتەوە، چونکە کاتی یەزدان بۆ بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان بانگەواز کراوە.
DEU 15:3 لە بیانی داوا دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزەی لەلای براکەت هەتبوو، ئەوا پێویستە بەتاڵی بکەیتەوە.
DEU 15:4 هەرچەندە پێویستە لەنێوتان کەس هەژار نەبێت، چونکە بێگومان یەزدان بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا وەک میرات دەستی بەسەردا بگرن،
DEU 15:5 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بپارێزن و کاریان پێ بکەن.
DEU 15:6 یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات وەک بەڵێنی پێدان، جا قەرز بە زۆربەی نەتەوەکان دەدەن و ئێوە قەرز ناکەن، بەسەر زۆربەی نەتەوەکاندا دەسەڵاتتان دەبێت و ئەوان بەسەرتانەوە دەسەڵاتدار نابن.
DEU 15:7 ئەگەر هەژارێک لەنێوتان بوو، یەکێک لە برایانتان لە شارۆچکەیەکی خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، ئەوا دڵتان ڕەق مەکەن و لە ئاست برا هەژارەکانتان دەستتان دامەخەن،
DEU 15:8 بەڵکو دەستتانی بۆ بکەنەوە و ئەوەی پێویستی بە قەرزە بیدەنێ.
DEU 15:9 ئاگاداربن لەوەی بیرێکی خراپتان لە دڵدا بێت و بڵێن، «ئەوا ساڵی حەوتەم نزیک بووەتەوە، ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە،» ئیتر بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ هەژار بکەن و نەیدەنێ، جا ئەویش بۆ یەزدان هاوار دەکات سەبارەت بە ئێوە و دەبێتە گوناه بەسەرتانەوە.
DEU 15:10 بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن.
DEU 15:11 لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»
DEU 15:12 ئەگەر برایەک یان خوشکێکی عیبرانیت پێ فرۆشرا و شەش ساڵ خزمەتی کردیت، ئەوا لە ساڵی حەوتەم لەلای خۆت ئازادی دەکەیت.
DEU 15:13 کاتێک ئازادیشی دەکەیت، بە دەستبەتاڵی ئازادی ناکەیت.
DEU 15:14 بەڵکو بە دڵفراوانییەوە لە مێگەلەکەت و جۆخینەکەت و گوشەرەکەتی پێدەدەیت، بەو شێوەیەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتداری کردوویت، پێی دەدەیت.
DEU 15:15 لە یادت بێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، جا یەزدانی پەروەردگارت تۆی کڕییەوە، بۆیە من ئەمڕۆ فەرمانی ئەمەت پێ دەکەم.
DEU 15:16 بەڵام ئەگەر گوتی، «واز لە تۆ ناهێنم،» چونکە خۆت و ماڵەکەتی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی لەلای تۆ لە خۆشیدا بووە،
DEU 15:17 ئەوا درێشە ببە و لەلای دەرگاکە گوێی کون بکە، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە کۆیلەت، ئاواش بۆ کارەکەرەکەت دەکەیت.
DEU 15:18 بە لاتەوە گران نەبێت خزمەتکارەکەت ئازاد بکەیت، چونکە شەش ساڵ خزمەتی کردوویت، دوو هێندەی کرێگرتەیەک، جا یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت دەکات لە هەموو ئەوەی کە دەیکەیت.
DEU 15:19 هەموو نۆبەرەیەکی نێرینەی مانگا و مەڕەکانت بۆ یەزدانی پەروەردگارت تەرخان دەکەیت، کار بە نۆبەرەی مانگاکەت مەکە و خوری نۆبەرەی مەڕەکانت مەبڕەوە.
DEU 15:20 ساڵ بە ساڵ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەیخۆیت لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، خۆت و ماڵەکەت.
DEU 15:21 بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک کەموکوڕییەکی تێدابێت، وەک شەلی یان کوێری، هەر کەموکوڕییەکی خراپ، ئەوا بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری مەبڕە،
DEU 15:22 لە شارۆچکەی خۆتدا دەیخۆیت، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک، وەک چۆن مامز و ئاسک دەخۆن.
DEU 15:23 بەڵام خوێنەکەی نەخۆیت، وەک ئاو دەیڕێژیتە سەر زەوی.
DEU 16:1 مانگی ئاڤیڤ بپارێزن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، چونکە لە مانگی ئاڤیڤدا یەزدانی پەروەردگارتان بە شەو لە میسر دەریهێنان.
DEU 16:2 جا لە جەژنی پەسخە مانگا و مەڕ بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەردەبڕن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.
DEU 16:3 هیچ نانێکی بە هەویرترشی لەگەڵ نەخۆن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن، نانی تەنگانە، چونکە بە پەلە لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە، هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانتان، ڕۆژی هاتنەدەرەوەتان لە خاکی میسر لە یاد بێت.
DEU 16:4 لە هەموو سنوورەکانتان نابێت هەویرترش ببینرێت بۆ حەوت ڕۆژ و نابێت هیچ لەو گۆشتەی ئێوارە کە ڕۆژی یەکەم سەری دەبڕن بۆ بەیانی بمێنێتەوە.
DEU 16:5 بۆتان نییە قوربانی جەژنی پەسخە لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان سەرببڕن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ،
DEU 16:6 بەڵکو لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، لەوێ قوربانی پەسخە سەردەبڕن لە ئێوارە، دەمەو خۆر ئاوابوون، لە کاتی یادکردنەوەی ساڵانەی هاتنەدەرەوەتان لە میسر.
DEU 16:7 لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، لێی دەنێن و دەیخۆن و ئینجا بۆ بەیانی دەگەڕێنەوە چادرەکانتان.
DEU 16:8 شەش ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و ڕۆژی حەوتەمیش ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێکی تێدا ناکەن.
DEU 16:9 حەوت هەفتە دەژمێرن بۆ خۆتان، لە دەستپێکردنی دروێنەی دەغڵ دەستپێدەکەن.
DEU 16:10 جەژنی هەفتەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەگێڕن، بەگوێرەی ئەوەی لە دەستتان دێتەدەر بەخشینێکی ئازاد دەبەخشن، وەک ئەوەندەی یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون.
DEU 16:11 جا خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکانتانن و ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لەنێوتانن لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت.
DEU 16:12 لە یادتان بێت ئێوەش لە میسر کۆیلە بوون، بۆیە ئەو فەرزانە بەجێدەهێنن و پەیڕەویان دەکەن.
DEU 16:13 حەوت ڕۆژان جەژنی کەپرەشینە بۆ خۆتان دەکەن، کاتێک بەرهەم لە جۆخین و گوشەرەکەتان کۆدەکەنەوە.
DEU 16:14 جا بە جەژنەکەتان خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی لە شارۆچکەکانتاندان دڵخۆش دەبن.
DEU 16:15 حەوت ڕۆژان بۆ یەزدانی پەروەردگارتان جەژن دەگێڕن لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو بەروبوومێک و لە هەموو کردارێکی دەستتان، جا بێگومان دڵخۆش دەبن.
DEU 16:16 سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە دەبن، لەو شوێنەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت: لە جەژنی فەتیرە و جەژنی هەفتەکان و جەژنی کەپرەشینە. نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەم یەزدان ئامادە بن،
DEU 16:17 بەپێی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەبەخشێت، هەریەکە بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێتەدەر.
DEU 16:18 دادوەران و کوێخاکان بۆ خۆتان دادەنێن لە هەموو شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات بەگوێرەی هۆزەکانتان، جا ئەوانیش دادوەرییەکی ڕاستودروست بۆ گەل دەکەن.
DEU 16:19 دادوەری خوار مەکەنەوە و لایەنگری کەس مەکەن و بەرتیل وەرمەگرن، چونکە بەرتیل چاوی داناکان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات.
DEU 16:20 دادوەری پەیڕەو دەکەن و تەنها دادوەری، هەتا بژین و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات.
DEU 16:21 هیچ ستوونە ئەشێرایەک لە هیچ دارێک بۆ خۆتان ناچێنن لەتەنیشت قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە بۆ خۆتان دروستی دەکەن،
DEU 16:22 هیچ بەردێکی تەرخانکراو بۆ خۆتان ڕامەگرن، ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ڕقی لێیەتی.
DEU 17:1 بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گایەک یان بەرخێک سەرمەبڕن کە کەموکوڕییەک یان شتێکی خراپی تێدابێت، چونکە ئەوە قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان.
DEU 17:2 ئەگەر لەنێوتان، لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، پیاوێک یان ئافرەتێک بینرا کارێک دەکات کە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان خراپە و پەیمانەکەی دەشکێنێت و
DEU 17:3 بە پێچەوانەی فەرمانی منەوە، خوداوەندی دیکە، خۆر، مانگ یان هەر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمان دەپەرستێت و کڕنۆشی بۆ دەبات،
DEU 17:4 جا پێتان ڕاگەیەنرا و بیستتان، دەبێت ئێوە باش لێی بکۆڵنەوە. ئەگەر تاوانبارکردنەکە ڕاست بوو و بێگومان ئەو کارە قێزەونە لە ئیسرائیل کرابوو،
DEU 17:5 ئەوا ئەو پیاوە یان ئەو ئافرەتەی ئەو بەدکارییەی کردووە، دەریبکەن بۆ لای دەروازەی شارەکەتان و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت.
DEU 17:6 ئەوەی بکوژرێت لەسەر زاری دوو شایەت یان سێ شایەت دەکوژرێت، نابێت لەسەر زاری یەک شایەت بکوژرێت.
DEU 17:7 یەکەم جار دەستی شایەتەکانی بەسەرەوە دەبێت بۆ کوشتنی پاشان دەستی هەموو گەل، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
DEU 17:8 ئەگەر داوایەکتان بەلاوە سەخت بوو لە بڕیاردان، چ لە تاوانی ڕووداوی کوشتن یان داواکاری ماف یان پەلاماردان، لە کاروباری ناکۆکی لە دادگاکانتان، ئەوا هەستن و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت.
DEU 17:9 بڕۆنە لای کاهینە لێڤییەکان و لای ئەو دادوەرەی لەو ڕۆژانەدایە و بپرسن، جا حوکمی بڕیارەکەتان پێ ڕادەگەیەنن.
DEU 17:10 دەبێت ئەو بڕیارەی کە پێتانی ڕادەگەیەنن جێبەجێی بکەن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت. ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە فێرتان دەکەن.
DEU 17:11 بەپێی ئەو ڕێنماییە فێرتان دەکەن و ئەو حوکمەی پێتانی دەڵێن، وا دەکەن، لەو شتانە لامەدەن کە پێتانی ڕادەگەیەنن، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ.
DEU 17:12 هەرکەسێکیش کە بە لووتبەرزییەوە دەجوڵێتەوە و گوێ لەو کاهینە ناگرێت کە لەوێ ڕاوەستاوە بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستێت، یان گوێ لە دادوەرەکە ناگرێت، ئەوا دەبێت بکوژرێت و ئەو خراپەیە لە ئیسرائیلدا دابماڵرێت.
DEU 17:13 جا هەموو گەل دەبیستن و دەترسن و لەپاش ئەوە لووتبەرزانە ناجوڵێنەوە.
DEU 17:14 کاتێک هاتنە ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، جا ئەگەر بڵێن، «پاشایەک بۆ خۆمان دادەنێین وەک هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەرمان،»
DEU 17:15 ئەوا ئەو پاشایە بۆ خۆتان دادەنێن کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، یەکێک لە براکانتان بۆ خۆتان دەکەنە پاشا، بۆتان نییە یەکێکی بێگانە دابنێن کە ئیسرائیلییەکی براتان نییە.
DEU 17:16 بەڵام با ئەو پاشایە ئەسپ بۆ خۆی زۆر نەکات و گەل نەنێرێتەوە بۆ میسر، بۆ ئەوەی ئەسپی زۆرتر بەدەستبهێنێت، چونکە یەزدان پێی فەرموون: «نەکەن جارێکی دیکە بەو ڕێگایەدا بگەڕێنەوە.»
DEU 17:17 هەروەها با ژن بۆ خۆی زۆر نەکات، نەوەک دڵی لابدات. با زێڕ و زیویش بۆ خۆی گەلێک زۆر نەکات.
DEU 17:18 کاتێک لەسەر تەختی پاشایەتییەکەشی دادەنیشێت، با وێنەیەک لەم فێرکردنە لە پەڕتووکێک لەلای کاهینە لێڤییەکان بۆ خۆی بنووسێتەوە.
DEU 17:19 جا بە درێژایی ژیانی لەلای دەبێت و لێی دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی فێر بێت لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بترسێت و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە و ئەم فەرزانە بەجێبهێنێت هەتا پەیڕەویان بکات.
DEU 17:20 نەوەک بەسەر براکانیدا لووتبەرز بێت، نەوەک لە فەرمانەکان بەلای ڕاست یان بەلای چەپدا لابدات، بۆ ئەوەی درێژە بە ماوەی پاشایەتییەکەی بدات، خۆی و نەوەکانی لەنێو ئیسرائیل.
DEU 18:1 کاهینە لێڤییەکان و هەموو هۆزی لێڤی بەش و میراتیان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت، بەڵکو قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان بەشی ئەوانە، چونکە ئەمە میراتە بۆیان.
DEU 18:2 جا لەناو براکانیان میراتیان نابێت، یەزدان میراتی ئەوانە وەک بەڵێنی پێدان.
DEU 18:3 ئەمەش مافی کاهین دەبێت لەسەر گەل، لەوانەی قوربانی سەردەبڕن، جا گا بێت یان مەڕ، شان و شەویلاکی خوارەوە و گۆشتی لاملی و ناوسکەکەی بە کاهین دەدرێن.
DEU 18:4 هەروەها یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی تازە و زەیت و یەکەم بڕینەوەی خوری مەڕەکانتانی پێدەدەن،
DEU 18:5 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەناو هەموو هۆزەکانتان هەڵیبژاردن هەتا بوەستن بۆ خزمەتکردن بە ناوی یەزدانەوە، خۆیان و کوڕەکانیان هەتاهەتایە.
DEU 18:6 ئەگەر لێڤییەک لە هەر یەکێک لە شارۆچکەکانی ئیسرائیل، لەو شوێنەی دەژیێت و پڕ بە دڵی خۆی هات بۆ ئەو شوێنەی کە یەزدان هەڵیدەبژێرێت و
DEU 18:7 بە ناوی یەزدانی پەروەردگارییەوە خزمەتی کرد، وەک هەموو برا لێڤییەکانی کە لەوێ لەبەردەم یەزدان وەستاون،
DEU 18:8 ئەوا بەشیان یەکسان دەبێت لە خواردن، بێجگە لەوەی لە میراتی خێزانەکەی دەفرۆشرێت.
DEU 18:9 کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، فێر مەبن وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو نەتەوانە بکەن.
DEU 18:10 ئەوانەتان تێدا نەبێت کە کوڕەکەی یان کچەکەی وەک قوربانی بسووتێنێت، هەروەها نە ئەوانەی فاڵگرتنەوە دەکەن و نە بەخت خوێندنەوە و نە جادووگەری و نە سیحربازی،
DEU 18:11 نە ئەوانەی نوشتە دەکەن و نە ئەوانەی نێوانگرن و نە ئەوانەی ڕۆح ئامادەکارن و نە ئەوانەی ڕاوێژ بە مردووان دەکەن،
DEU 18:12 چونکە هەرکەسێک ئەم نەریتانە پەیڕەو بکات لەلای یەزدان قێزەونە، هەر بەهۆی ئەم نەریتە قێزەونانەیە یەزدانی پەروەردگارتان نەتەوەکان لەبەردەمتان ڕاو دەنێت.
DEU 18:13 لەلای یەزدانی پەروەردگارتان بێ کەموکوڕی دەبن.
DEU 18:14 ئەو نەتەوانەی ئێوە جێیان دەگرنەوە گوێ لە بەخت خوێنەر و فاڵگرەوان دەگرن، بەڵام بۆ ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان بەم شێوەیە ڕێی نەداوە.
DEU 18:15 یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتان لە براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دەستنیشان دەکات، دەبێت گوێی لێ بگرن.
DEU 18:16 بەگوێرەی هەموو ئەو شتانەی لە یەزدانی پەروەردگارتان داوا کرد لە حۆرێڤ لە ڕۆژی کۆبوونەوە و گوتتان: «با ئیتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان نەبێت و ئەم ئاگرە مەزنەش نەبینینەوە، نەوەک بمرین.»
DEU 18:17 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکیان کرد لەوەی گوتیان،
DEU 18:18 لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دادەنێم و وتەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێدەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت.
DEU 18:19 جا ئەو کەسەی گوێ لە وشەکانم نەگرێت کە ئەو پێغەمبەرە بە ناوی منەوە دەیڵێت، ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەم.
DEU 18:20 بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بە ناوی منەوە قسەیەک دەکات کە من فەرمانم پێی نەکردووە بیکات، یان ئەوەی بە ناوی خودای دیکەوە قسە بکات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.»
DEU 18:21 ئەگەر لە دڵتانەوە بڵێن، «چۆن ئەو قسەیە بزانین کە یەزدان نەیفەرمووە؟»
DEU 18:22 ئەوا ئەوەی پێغەمبەرێک بە ناوی یەزدانەوە قسەی پێکردووە و ڕووی نەدا و نەبوو، ئەوە ئەو قسەیەیە کە یەزدان نەیفەرمووە، بەڵکو ئەو پێغەمبەرە بە لووتبەرزییەوە گوتوویەتی، جا لێی مەترسن.
DEU 19:1 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانەی قڕکرد کە یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەیانتان دەداتێ و کاتێک دەرتانکردن و لە شار و ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون،
DEU 19:2 سێ شار لە ناوەڕاستی خاکەکەتان بۆ خۆتان جیا دەکەنەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
DEU 19:3 ڕێگا دروستدەکەن و ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، دەیکەن بە سێ بەشی سنووردار، تاکو ئەو کەسەی کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.
DEU 19:4 ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسێک بەبێ ئەنقەست لە هاوڕێکەی دا کە پێشتر ناحەزی ئەو نەبووە، بۆ ئەوێ هەڵدێت، ئیتر دەژیێت.
DEU 19:5 بۆ نموونە، یەکێک لەگەڵ هاوڕێکەی بچێتە ناو دارستان بۆ داربڕین و لە کاتی تەور وەشاندن ئاسنەکە لە داردەستەکە دەرپەڕێت و لە هاوڕێکەی بدات و بمرێت. ئەو کەسە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت.
DEU 19:6 ئەگینا خوێنگرەکە لە تووڕەییدا بەدوای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت و بەهۆی دووری ڕێگاکە بۆ شاری پەناگا، لە ڕێگا پێی دەگات و دەیکوژێت، لە کاتێکدا ئەو شایانی مردن نییە، چونکە پێشتر ئەو ناحەزی هاوڕێکەی نەبووە.
DEU 19:7 بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم کە سێ شار بۆ خۆتان جیا بکەنەوە.
DEU 19:8 ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان سنووری فراوان کردن وەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هەموو ئەو خاکەی پێدان کە بەڵێنی بە باوباپیرانتان دا بیانداتێ،
DEU 19:9 چونکە هەموو ئەم فەرمانانەتان پاراست هەتا جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕۆژان ڕێگاکانی بگرنەبەر، ئەوا سێ شاری دیکەش بۆ خۆتان زیاد بکەن لەسەر ئەم سێیە.
DEU 19:10 ئەوە بکەن بۆ ئەوەی خوێنی بێتاوانێک لەناو خاکەکەتان نەڕژێت کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان لەسەر دەبێت.
DEU 19:11 بەڵام ئەگەر کەسێک ڕقی لە دراوسێکەی بێت و بۆسەی بۆ نایەوە و لێی هەستا و لێدانێکی کوشندەی لێدا و مرد و ئینجا بکوژەکە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵات،
DEU 19:12 ئەوا پیرانی شارۆچکەکەی خۆی دەنێرن و لەوێ دەیهێننەوە و دەیدەنە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر و دەکوژرێت.
DEU 19:13 بەزەییتان پێیدا نەیەتەوە، جا تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵی و چاکەتان بۆ دەبێت.
DEU 19:14 سنووری بەردڕێژکراوی زەوی دراوسێکەت مەگوێزەوە کە ئەوانەی یەکەم جار دایانناوە، لەو میراتەی بەرت دەکەوێت لەو زەوییەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات هەتا ببیتە خاوەنی.
DEU 19:15 یەک شایەت بەس نییە بۆ تاوانبارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڵەیەک، لە هەر تاوانێک کە دەیکات. هەر تاوانێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.
DEU 19:16 ئەگەر شایەتێکی درۆ دەرکەوت بۆ ئەوەی بە چەوتی شایەتی لەسەر کەسێک بدات،
DEU 19:17 ئەوا هەردوو پیاوەکەی ناکۆکییان لەنێوانە، لەبەردەم یەزدان، لەبەردەم کاهینەکان و ئەو دادوەرانەی لەو ڕۆژانەدان ڕادەوەستن،
DEU 19:18 جا ئەگەر دادوەران باش لێیان کۆڵییەوە و زانییان شایەتەکە شایەتێکی درۆزنە و بە درۆ شایەتی لەسەر براکەی داوە،
DEU 19:19 ئەوا ئەوەی پێ بکەن کە دەیویست بە براکەی بکات، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و
DEU 19:20 ئەوانی دیکە دەبیستن و دەترسن و ئەو کارە خراپە لەنێوتاندا دووبارە ناکرێتەوە.
DEU 19:21 بەزەییتان نەبێت، گیان بە گیان، چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ.
DEU 20:1 کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
DEU 20:2 کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات،
DEU 20:3 پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت،
DEU 20:4 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.»
DEU 20:5 ئینجا سەرکردەکان قسە بۆ سوپا دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە.
DEU 20:6 کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات.
DEU 20:7 کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.»
DEU 20:8 ئینجا دووبارە سەرکردەکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.»
DEU 20:9 کاتێک سەرکردەکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.
DEU 20:10 کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن.
DEU 20:11 جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری و کارت بۆ دەکەن.
DEU 20:12 بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن.
DEU 20:13 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن،
DEU 20:14 بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانییەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا.
DEU 20:15 ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین.
DEU 20:16 بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە.
DEU 20:17 بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن،
DEU 20:18 نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن.
DEU 20:19 ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟
DEU 20:20 بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت.
DEU 21:1 ئەگەر کوژراوێک لەو خاکە دۆزرایەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، لە کێڵگەیەک کەوتبوو و نەزانرا کێ کوشتوویەتی،
DEU 21:2 ئەوا پیران و دادوەرانتان دەچن و دووری نێوان کوژراوەکە و ئەو شارۆچکانەی دەوروبەری دەپێون.
DEU 21:3 جا پیرانی نزیکترین شارۆچکە لە کوژراوەکە گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە دەبەن کە هێشتا جووتی پێ نەکرابێت، نیری لەسەر دانەنرابێت.
DEU 21:4 پاشان پیرانی ئەو شارۆچکەیە گوێرەکەکە بۆ دۆڵێک دەبەنە خوارەوە کە جۆگەیەکی ئاوی لەبەرڕۆیشتووی تێدابێت و نەکێڵرابێت و نەچێنرابێت و لە دۆڵەکە ملی دەشکێنن.
DEU 21:5 دواتر کاهینەکان، نەوەی لێڤی دێنە پێشەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی هەڵبژاردووە هەتا خزمەتی بکەن و بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەت بکەن، جا هەموو ناکۆکی و پەلاماردانێک بەگوێرەی قسەی ئەوان یەکلا دەکرێتەوە.
DEU 21:6 ئینجا هەموو پیرانی ئەو شارۆچکەیەی کە لە کوژراوەکە نزیکە لە دۆڵەکە دەستیان دەشۆن، لەو شوێنەی کە گوێرەکە ملشکاوەکەی لێیە و
DEU 21:7 ڕایدەگەیەنن: «دەستەکانمان ئەم خوێنەیان نەڕشتووە و چاوەکانمان نەیانبینیوە.
DEU 21:8 ئەی یەزدان، کەفارەتی ئیسرائیلی گەلی خۆت بکە کە کڕیتەوە و خوێنێکی بێتاوان مەخەرە ملی ئیسرائیلی گەلەکەت.» جا کەفارەتی ئەو خوێنەیان بۆ دەبێت.
DEU 21:9 تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکەش لەنێوتان دادەماڵن، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو، ئێوە کردتان.
DEU 21:10 ئەگەر لە دژی دوژمنەکانت بۆ جەنگ چوویت و یەزدانی پەروەردگارت ئەوانی دا بە دەستت و دیلت لێ گرتن،
DEU 21:11 لەنێو دیلەکان ئافرەتێکی ڕوخسار جوانت بینی و چووە دڵتەوە و کردتە ژنی خۆت،
DEU 21:12 کاتێک دەیهێنیتە ماڵەکەت، سەری دەتاشێت و نینۆکەکانی دەکات،
DEU 21:13 جلەکانی دیلیێتی لەبەر دادەکەنێت و بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵەکەت دەبێت و شیوەن بۆ دایک و باوکی دەگێرێت، پاش ئەوە دەیگوازیتەوە و بەزاوا دەبیت و دەبێتە ژنت.
DEU 21:14 ئەگەر پێی دڵخۆش نەبوویت، بەڕەڵای بکە، بە پارە مەیفرۆشە و هەڵسوکەوتی وەک کۆیلە لەگەڵدا مەکە، چونکە تۆ ئابڕووت بردووە.
DEU 21:15 ئەگەر پیاوێک دوو ژنی هەبێت، یەکێکیانی خۆشویست و ئەوی دیکەیانی خۆشنەویست، جا کە هەردووکیان کوڕیان بۆی بوو و نۆبەرەکە هی خۆشەویستەکە نەبوو،
DEU 21:16 ئەوا ئەو ڕۆژەی ئەوەی هەیەتی بۆ کوڕەکانی بەش دەکات، بۆی نییە کوڕی خۆشەویستەکە بکات بە نۆبەرە لە جیاتی کوڕە نۆبەرەکە،
DEU 21:17 بەڵکو کوڕەکەی لەو ژنەی کە خۆشی ناوێت وەک نۆبەرە دەیناسێت، هەتا دوو بەشی پێبدات لە هەموو ئەوەی هەیەتی، چونکە ئەو کوڕە یەکەم نیشانەی توانای باوکیەتی، مافی نۆبەرایەتی هەیە.
DEU 21:18 ئەگەر پیاوێک کوڕێکی کەللەڕەق و یاخی هەبوو، گوێڕایەڵی قسەی دایک و باوکی نەبێت و گوێیان لێ نەگرێت کاتێک تەمبێی دەکەن،
DEU 21:19 دایک و باوکی دەیگرن و دەیهێننە لای پیرانی شارۆچکەکەی، بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکەی و
DEU 21:20 بە پیرانی شارەکەی دەڵێن، «ئەم کوڕەمان کەللەڕەق و یاخییە، گوێڕایەڵمان نییە و دەست بڵاو و سەرخۆشە.»
DEU 21:21 ئینجا هەموو پیاوانی شارۆچکەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، ئیتر بەمە خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و هەموو ئیسرائیل دەبیستن و دەترسن.
DEU 21:22 ئەگەر کەسێک تاوانێکی لەسەر بوو کە سزاکەی مردنە، جا کە کوژرا و لەسەر دار هەڵتانواسی،
DEU 21:23 شەو تەرمەکەی لەسەر دارەکە مەهێڵنەوە، بەڵکو لە هەمان ڕۆژدا دەینێژن، چونکە هەڵواسراو لەسەر دار لەلایەن خوداوە نەفرەت لێکراوە، جا خاکەکەتان گڵاو مەکەن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ.
DEU 22:1 ئەگەر گا یان مەڕی هەر هاوڵاتییەکت بینی وێڵ بووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت بۆ براکەتی بگەڕێنیتەوە،
DEU 22:2 جا ئەگەر براکەت لێتەوە نزیک نەبوو یان نەتدەناسی، ئەوا بیخەرە ماڵەکەتەوە و لەلات دەبێت هەتا براکەت داوای دەکاتەوە، ئەوسا بۆی دەگەڕێنیتەوە.
DEU 22:3 هەمان شت دەکەیت بۆ گوێدرێژەکەی و بۆ کەواکەی و بۆ هەر شتێکی ون بوو لە براکەت کە لێی ون دەبێت و تۆ دەیدۆزیتەوە، بۆت نییە خۆتی لێ گێل بکەیت.
DEU 22:4 کە گوێدرێژ یان گای براکەت دەبینیت لە ڕێگادا کەوتووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت لەگەڵی هەڵیبستێنیتەوە.
DEU 22:5 شتومەکی پیاو نابێت بەبەر ژنەوە بێت و نابێت پیاو جلی ژن لەبەر بکات، چونکە هەرکەسێک ئەمە بکات، قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارت.
DEU 22:6 ئەگەر ڕێککەوت هێلانەی باڵندەیەک لە ڕێگا لەپێشت بوو، لەناو دارێک یان لەسەر زەوی و بێچوو یان هێلکەی تێدابوو و دایکەکەشی تێدابوو بە کڕی لەسەر بێچووەکان یان هێلکەکان هەڵنیشتبوو، ئەوا دایکەکە و بێچووەکان پێکەوە مەبە،
DEU 22:7 دایکەکە ئازاد بکە و بێچووەکان بۆ خۆت ببە، بۆ ئەوەی چاکەت بۆ ببێت و درێژە بە ڕۆژانت بدەیت.
DEU 22:8 ئەگەر خانووێکی نوێت بنیاد نا، ستارە بۆ سەربانەکەت بکە، نەوەک خوێنێک بهێنیتە سەر ماڵەکەت ئەگەر یەکێکی لێ کەوتە خوارەوە.
DEU 22:9 لە ڕەزەکەت دوو جۆر تۆو مەچێنە، ئەگەر ئەمە بکەیت، نەک تەنها ئەوەی دەیچێنیت، بەڵکو بەری ڕەزە مێوەکەشت بۆ پیرۆزگا تەرخان دەکرێت.
DEU 22:10 کێڵان بە گا و گوێدرێژ پێکەوە مەکە.
DEU 22:11 جلوبەرگی تێکەڵاو لەبەر مەکە، خوری و کەتان پێکەوە لەبەر مەکە.
DEU 22:12 لە لچکەکانی کەواکەت کە خۆتی پێ دەپۆشیت، گوڵینگ بۆ خۆت بکە.
DEU 22:13 ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و کاتێک چوو بۆ لای ڕقی لێی بووەوە و
DEU 22:14 قسەی بۆ هەڵبەست و ناوێکی خراپی بەدواوە نا و گوتی، «ئەم ژنەم هێنا و کە چوومە لای پەردەی کچێنی نەبوو.»
DEU 22:15 دایک و باوکی کچەکە بەڵگەی کچێنییەکەی دەبەن و لەلای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ پیرانی شارۆچکەکەی دەسەلمێنن.
DEU 22:16 باوکی کچەکە بە پیران دەڵێت، «کچەکەی خۆمم بەم پیاوە دا ببێتە ژنی و ڕقی لێی بووەوە.
DEU 22:17 وا قسەشی بۆ هەڵبەستووە و دەڵێت: ”کچەکەت پەردەی کچێنی نەبوو،“ ئەمەش بەڵگەی کچێنی کچەکەمە،» جلەکەش لەبەردەم پیرانی شارۆچکەکە دەخەنە ڕوو،
DEU 22:18 ئیتر پیرانی ئەو شارە پیاوەکە دەبەن و تەمبێی دەکەن.
DEU 22:19 سزای دەدەن بە سەد شاقلی زیو بۆ باوکی کچەکە، چونکە ناوێکی خراپی خستە دوای پاکیزەیەک لە ئیسرائیل، جا دەبێتە ژنی و بە درێژایی ژیانی ناتوانێت تەڵاقی بدات.
DEU 22:20 بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکردنەکە ڕاست بوو و کچەکە بەڵگەی پاکیزەیی نەبوو،
DEU 22:21 ئەوا کچەکە دەبەنە بەردەرگای ماڵی باوکی و پیاوانی شارەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، چونکە کارێکی ناشیرینی لە ئیسرائیلدا کردووە بە بەدڕەوشتییەکەی کە لە ماڵی باوکی کردوویەتی، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
DEU 22:22 ئەگەر بینرا پیاوێک لەگەڵ ژنێکی بەمێرد جووت بووە، ئەوا هەردووکیان دەکوژرێن، ئەو پیاوەی لەگەڵ ژنەکە جووت بووە و ژنەکەش، جا خراپەکاری لە ئیسرائیلدا دادەماڵن.
DEU 22:23 ئەگەر کچێک مارەبڕاو بێت بۆ پیاوێک و پیاوێکی دیکە لەناو شار بینی و لەگەڵی جووت بوو،
DEU 22:24 ئەوا هەردووکیان ببەنە دەرەوە بۆ لای دەروازەی ئەو شارۆچکەیە و بەردبارانیان بکەن هەتا دەمرن، لەبەر ئەوەی کچەکە لەناو شار هاواری نەکرد بۆ فریاکەوتن و هەروەها پیاوەکەش ئابڕووی دەستگیرانی پیاوێکی دیکەی برد، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
DEU 22:25 بەڵام ئەگەر پیاوێک کچێکی مارەبڕاوی لە کێڵگەدا بینی و لاقەی کرد، ئەوا تەنها پیاوەکە کە لاقەی کردووە دەمرێت،
DEU 22:26 بەڵام کچەکە هیچی لێ ناکرێت، کچەکە گوناهێکی لەسەر نییە شایانی سزای مردن بێت، بەڵکو چۆن پیاوێک پەلاماری دراوسێکەی بدات و بیکوژێت، ئەو ڕووداوەش ئاوایە،
DEU 22:27 کچەکەی لە کێڵگەدا بینیوە و کچە مارەبڕاوەکە هاواری کردووە و کەس نەبووە ڕزگاری بکات.
DEU 22:28 ئەگەر پیاوێک کچێکی نیشان نەکراوی بینی و لاقەی کرد و هەردووکیان ئاشکرا بوون،
DEU 22:29 ئەوا پیاوەکەی ئابڕووی بردووە، پەنجا شاقل زیو دەداتە باوکی کچە و ئەویش دەبێتە ژنی، لەبەر ئەوەی دەستدرێژی کردووەتە سەری، بە درێژایی ژیانیشی ناتوانێت تەڵاقی بدات.
DEU 22:30 نابێت پیاوێک ژنی باوکی خۆی بهێنێت و ناموسی باوکی ببات.
DEU 23:1 نابێت خەساو یان قۆڕ یان کەسێک ئەندامی نێرینەی بڕابێتەوە بێتە ناو کۆمەڵی یەزدان.
DEU 23:2 نابێت زۆڵ بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، هەتا نەوەی دەیەم کەسی نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدان.
DEU 23:3 هەرگیز نابێت عەمۆنی یان مۆئابی بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، تەنانەت لە نەوەی دەیەمیش کەس نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە،
DEU 23:4 چونکە کاتێک ئێوە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە ڕێگا بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لێ نەکردن، هەروەها لەبەر ئەوەی بەلعامی کوڕی بەعۆری خەڵکی پەتوری میسۆپۆتامیایان لە دژی ئێوە بەکرێ گرت هەتا نەفرەتتان لێ بکات.
DEU 23:5 بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان نەیویست گوێ لە بەلعام بگرێت، جا لە پێناوی ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشیویستوون.
DEU 23:6 بە درێژایی ژیانتان هەرگیز پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ مەبەستن.
DEU 23:7 ڕقت لە هیچ ئەدۆمییەک نەبێتەوە، چونکە براتە، ڕقت لە هیچ میسرییەک نەبێتەوە، چونکە لە خاکی ئەو نامۆ بوویت،
DEU 23:8 ئەو منداڵانەی لەوان لەدایک دەبن لە نەوەی سێیەمەوە دێنە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە.
DEU 23:9 کاتێک لە دژی دوژمنەکانتان ئۆردوگا دادەمەزرێنن، لە هەموو شتێکی گڵاو خۆتان بەدوور بگرن.
DEU 23:10 ئەگەر پیاوێکتان تێدابوو، گڵاو بوو لەبەر ئەوەی بە شەو تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و ناگەڕێتەوە ناو ئۆردوگاکە.
DEU 23:11 دەمەو ئێوارە بە ئاو خۆی دەشوات و لە ئاوابوونی خۆر دێتەوە ناو ئۆردوگاکە.
DEU 23:12 دەبێت شوێنێکیشتان هەبێت لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ پیساییکردن،
DEU 23:13 لەگەڵ شتومەکەکەشتان خاکەنازێکتان هەبێت، بۆ ئەوەی چاڵی پێ هەڵبکەنن بۆ پیساییکردن و پاشان پیساییەکەتان داپۆشن.
DEU 23:14 لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەناو ئۆردوگاکەتان هاتوچۆ دەکات بۆ ئەوەی فریاتان بکەوێت و دوژمنەکانتان بەدەستەوە بدات، جا با ئۆردوگاکەتان پیرۆز بێت نەوەک شتێکی پیستان تێدا ببینێت و ڕووتان لێ وەربگێڕێت.
DEU 23:15 ئەگەر کۆیلەیەک پەنای بۆتان هێنا، مەیدەنەوە دەست گەورەکەی،
DEU 23:16 لەلای ئێوە نیشتەجێ دەبێت لەنێوتاندا لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان، لە هەرکوێ پێی خۆشە و ستەمی لێ مەکەن.
DEU 23:17 کچانی ئیسرائیل بۆیان نییە ببنە لەشفرۆشی نزرگەکان و کوڕانی ئیسرائیلیش بۆیان نییە هەمان ئەم کارە بکەن.
DEU 23:18 کرێی لەشفرۆشیی ژنان و پیاوان مەخەنە ناو ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان لە نەزرکردن، چونکە ئەم کارە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە.
DEU 23:19 قەرز بە سوو بە براکەت مەدە، نە سووی زیو و نە سووی خۆراک و نە سووی هەر شتێک کە بە سوو بە قەرز دەدرێت.
DEU 23:20 دەتوانیت قەرز بە سوو بدەیتە بێگانە، بەڵام قەرز بە سوو مەدە براکەت، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت بکات لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەیت لەو خاکەی دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت.
DEU 23:21 ئەگەر نەزرێکت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد بەجێهێنانی دوا مەخە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لێت داوا دەکات، جا بەسەرتەوە دەبێتە گوناه.
DEU 23:22 بەڵام ئەگەر نەزرت نەکرد ئەوا گوناه نییە بەسەرتەوە.
DEU 23:23 ئەوەی لە دەمت هاتە دەرەوە بیپارێزە و بیکە، چونکە ئازادانە بە دەمی خۆت نەزرت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد.
DEU 23:24 ئەگەر چوویتە ناو ڕەزەمێوی دراوسێکەت پڕ بە حەزی دڵت ترێ بخۆ هەتا تێر دەبیت، بەڵام هیچ مەکە ناو توورەکەکەتەوە.
DEU 23:25 ئەگەر چوویتە ناو دەغڵی دراوسێکەت دەتوانیت بە دەستت گوڵەگەنم لێ بکەیتەوە، بەڵام داس لە دەغڵی دراوسێکەت بەرز مەکەرەوە.
DEU 24:1 ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و پەسەند نەبوو لەبەرچاوی، چونکە بێ ئابڕووییەکی تێدا بینی و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی، لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد،
DEU 24:2 ئەویش کە لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، بووە ژنی پیاوێکی دیکە،
DEU 24:3 جا ئەگەر پیاوەکەی دووەم ڕقی لێی بووەوە و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی و لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد، یان ئەگەر پیاوەکەی دووەم کە هێنابووی مرد،
DEU 24:4 ئەوا مێردەکەی یەکەمی کە تەڵاقی دابوو ناتوانێت بیهێنێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ژنی دوای ئەوەی گڵاو بووە. ئەوە شتێکی قێزەونە لەلای یەزدان، جا گوناه مەهێنە سەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بە میرات دەتداتێ.
DEU 24:5 ئەگەر پیاوێک ژنی هێنا ئەوا هەتا ساڵێک بۆ سەربازی ناچێت و هیچ لێپرسراویەتییەکی لەسەر شان نابێت، ئەو ساڵە لە ماڵەکەی ئازاد دەبێت و ژنەکەی دڵخۆش دەکات.
DEU 24:6 نابێت کەس دەستاڕ، تەنانەت بەرداشێکی بکاتە بارمتە، چونکە سەرچاوەی بژێوییە.
DEU 24:7 ئەگەر پیاوێک لە کاتی ڕفاندنی یەکێک لە براکانی لە نەوەی ئیسرائیل بگیردرێت و وەک کۆیلە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد یان فرۆشتی، ئەوا کابرای ڕفێنەر دەبێت بمرێت، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
DEU 24:8 لە کاتی نەخۆشی گولی زۆر ئاگاداربن و بەگوێرەی هەموو ئەوەی کاهینە لێڤییەکان فێرتان دەکەن ئاوا بکەن، ئەوەی من فەرمانم بەوان کردووە ئێوە بیکەن.
DEU 24:9 لە یادتان بێت یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕێگا چی بە مریەم کرد، پاش ئەوەی لە میسر هاتنە دەرەوە.
DEU 24:10 ئەگەر قەرزت بە دراوسێکەت دا، مەچۆ ماڵەکەی هەتا شتێکی ماڵەکەی بکەیتە بارمتە،
DEU 24:11 لە دەرەوە دەوەستیت و ئەو پیاوەی قەرزی پێدەدەیت بارمتەکەت بۆ دەهێنێتە دەرەوە.
DEU 24:12 ئەگەر کابرا هەژار بوو با بارمتەکە بۆ شەو لەلات نەمێنێتەوە،
DEU 24:13 لەگەڵ ئاوابوونی خۆر بارمتەکەی بۆ بگەڕێنەوە هەتا لەناو جلوبەرگەکەی بنووێت و داوای بەرەکەتت بۆ بکات و بۆت ببێتە کارێکی ڕاست لەلای یەزدانی پەروەردگارت.
DEU 24:14 ستەم لە کرێگرتەیەکی هەژار و نەدار مەکە، کە لە براکانت بێت یان لەو نامۆیانەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی خاکەکەتن.
DEU 24:15 لە ڕۆژی خۆی کرێیەکەی دەدەیتێ، پێش ئاوابوونی خۆر، چونکە هەژارە و بۆ ئەمە خۆی هەڵگرتووە، نەوەک لەسەر تۆ هاوار بۆ یەزدان بکات، جا دەبێت بە گوناه بەسەرتەوە.
DEU 24:16 باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.
DEU 24:17 نامۆ و هەتیو لە دادپەروەری بێبەش مەکە، جلوبەرگی بێوەژن مەکە بارمتە،
DEU 24:18 لە یادت نەچێت کە تۆش لە میسر کۆیلە بوویت و یەزدانی پەروەردگارت لەوێ تۆی کڕییەوە، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.
DEU 24:19 کاتێک لە کێڵگەکەت خەریکی دروێنەکردنیت و دەسکێکت لە کێڵگە لەبیر چوو، مەگەڕێوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت، تاکو یەزدانی پەروەردگارت لە هەموو کاری دەستت بەرەکەتدارت بکات.
DEU 24:20 لە کاتی ڕاتەکاندنی دار زەیتوونەکەت، بەدوای ئەوانەدا مەچووەوە کە لە لقەکاندا ماوەتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت.
DEU 24:21 کاتێک ترێی ڕەزە مێوەکەت دەڕنیت، پاشماوەکەی هەڵمەگرەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت.
DEU 24:22 لە یادت نەچێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.
DEU 25:1 ئەگەر ناکۆکییەک هەبوو لەنێوان خەڵکی، دەبێت بیبەنە دادگا بۆ ئەوەی دادوەری لەنێوانیان بکرێت و بێتاوانەکە بێتاوان بکرێت و حوکم بەسەر تاوانبارەکەدا بدرێت.
DEU 25:2 جا ئەگەر ڕەوا بوو لە تاوانبارەکە بدرێت، ئەوا دادوەر چۆکی پێ دادەدات و لەبەردەمی بە ژمارە بەگوێرەی تاوانەکەی قامچی لێدەدرێت.
DEU 25:3 نابێت لە چل قامچی زیاتر بێت، نەوەک براکەت لەبەرچاوت سووک بێت، ئەگەر لێدانەکە زیاد بێت.
DEU 25:4 لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.
DEU 25:5 ئەگەر چەند برایەک پێکەوە ژیان و یەکێکیان مرد و کوڕی نەبوو، ئەوا ژنەکەی نابێت بۆ پیاوێکی لە خێڵێکی دیکەی دەرەوە بێت، برای مێردەکەی دەیخوازێت و دەیکاتە ژنی خۆی و بە ئەرکی شووبرایەتی هەڵدەستێت بۆی،
DEU 25:6 ئەو کوڕە نۆبەرەیەشی کە بۆی لەدایک دەبێت، بە ناوی برا مردووەکەی ناودەبردرێت، نەوەک ناوی لە ئیسرائیلدا بسڕێتەوە.
DEU 25:7 ئەگەر پیاوەکە ڕازی نەبوو براژنەکەی بخوازێت، ئەوا براژنەکەی دەچێتە لای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ لای پیران و دەڵێت: «شووبرایەکەم ڕازی نەبوو ناوێک بۆ براکەی لە ئیسرائیلدا درێژە پێبدات، نەیویست بە ئەرکی شووبرایەتی هەستێت بۆم.»
DEU 25:8 جا پیرانی شارۆچکەکەی بانگی دەکەن و لەگەڵی دەدوێن، ئەگەر سوور بوو و گوتی، «ڕازی نیم بیخوازم،»
DEU 25:9 ئەوا براژنەکەی لەبەرچاوی پیران لێی دەچێتە پێش و یەکێک لە پێڵاوەکانی کابرا لە پێی دادەکەنێت و تف لە دەموچاوی دەکات و ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «ئاوا لە پیاوێک دەکرێت کە ماڵی براکەی بنیاد نەنێتەوە.»
DEU 25:10 جا لە ئیسرائیل ناوی لێ دەنرێت، خێڵی پێڵاو داکەنراو.
DEU 25:11 ئەگەر دوو پیاو لەگەڵ یەکتری کردیان بە شەڕ، ژنی یەکێکیان هات بۆ ئەوەی فریای پیاوەکەی بکەوێت لە دەست ئەوەی لێی دەدات، جا دەستی درێژکرد و گونی گرت،
DEU 25:12 دەستی ببڕنەوە و بەزەییتان پێی نەیەتەوە.
DEU 25:13 با لە توورەکەکەت کێشی جیاواز نەبێت، قورس و سووک.
DEU 25:14 با لە ماڵەکەت پێوانەی جیاواز نەبێت، گەورە و بچووک.
DEU 25:15 کێشی تەواو و ڕاستت دەبێت، پێوانەی تەواو و ڕاستت دەبێت، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات،
DEU 25:16 چونکە هەر یەکێک ئەوە بکات، هەر یەکێک ساختەکاری بکات، یەزدانی پەروەردگارت قێزی لێ دەبێتەوە.
DEU 25:17 لە یادتان بێت ئەوەی عەمالێقییەکان لە ڕێگا لە کاتی هاتنە دەرەوەتان لە میسر پێیان کردن،
DEU 25:18 کە چۆن لە ڕێگا بەرەو ڕووتان هاتن و لە پشتتانەوە هەموو لاوازەکانی دواوەی ئێوەیان بڕییەوە، ئێوەش پەککەوتە و ماندوو بوون و ئەوانیش لە خودا نەترسان.
DEU 25:19 جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی حەساندەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە چواردەورتانن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن وەک میرات، ئەوا ناوی عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕنەوە، لەبیری نەکەن!
DEU 26:1 کاتێک هاتنە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات پێتانی دەدات و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون،
DEU 26:2 ئەوا هەرکەسێک یەکەمین بەرهەمی هەموو بەروبوومی زەوییەکە کە دەستی دەکەوێت لە خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات دەیکاتە ناو سەبەتەیەک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.
DEU 26:3 ئینجا دێتە لای ئەو کاهینەی کە لەو کاتەدایە و پێی دەڵێت: «ئەمڕۆ بە یەزدانی پەروەردگارت ڕادەگەیەنم کە من چوومە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانمان خوارد کە پێمانی بدات.»
DEU 26:4 جا کاهینەکەش سەبەتەکە لە دەستی وەردەگرێت و لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت،
DEU 26:5 ئینجا کەسەکە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارتان ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «باوکم ئارامییەکی گەڕۆک بوو، چوو بۆ میسر و لەوێ ئاوارە بوو، چەند کەسێکی کەم بوون، جا لەوێ بوو بە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و زۆر.
DEU 26:6 ئینجا میسرییەکان خراپەیان دەرهەق کردین و ئازاریان داین و کۆیلایەتییەکی سەختیان بەسەرماندا سەپاند.
DEU 26:7 ئیتر کاتێک هاوارمان بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کرد، یەزدان گوێی لە دەنگمان بوو و ناخۆشی و ماندووبوونی و چەوساندنەوەی ئێمەی بینی.
DEU 26:8 جا یەزدان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و ترسی مەزن و نیشانە و پەرجووەوە لە میسر دەریهێناین،
DEU 26:9 ئێمەی هێنایە ناو ئەم شوێنە و ئەم خاکەی پێداین، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
DEU 26:10 ئێستاش ئەی یەزدان، ئەوەتا یەکەمین بەرهەمی ئەو زەوییەم هێناوە کە تۆ بە منت داوە.» ئینجا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان کڕنۆش دەبات و
DEU 26:11 بە هەموو ئەو خێروبێرە دڵخۆش دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە خۆتان و ماڵەکەتانی داوە، ئێوە و لێڤییەکان و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان.
DEU 26:12 کاتێک لە دەرهێنانی دەیەکی هەموو داهاتەکەتان تەواو بوون لە ساڵی سێیەم کە ساڵی دەیەکە، داتانە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنان، لە شارۆچکەکانتاندا خواردیان و تێر بوون،
DEU 26:13 لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەڵێن: «بەشی تەرخانکراوی خودام لە ماڵەکەم دەرهێنا و هەروەها بە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنم دا، بەگوێرەی هەموو فەرمانەکەت کە فەرمانت پێکردم، لە فەرمانەکانت دەرنەچووم و لە یادم نەکرد.
DEU 26:14 لە ماتەمداریمدا لە بەشە تەرخانکراوەکەم نەخوارد و لە گڵاویمدا لێم نەبرد و هیچم لێی نەداوە بۆ مردوو، بەڵکو گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارم بووم و بەگوێرەی هەموو ئەوەم کرد کە فەرمانت پێکردم.
DEU 26:15 لە نشینگەی پیرۆزی خۆتەوە، لە ئاسمانەوە بڕوانە و گەلی خۆت ئیسرائیل و ئەو خاکە بەرەکەتدار بکە کە بە ئێمەت داوە، وەک سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.»
DEU 26:16 ئەمڕۆ یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن کە کار بەم فەرز و یاسایانە بکەن، جا پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بەجێی بهێنن و پەیڕەوی بکەن،
DEU 26:17 ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند بۆ یەزدان کە ببێت بە خوداتان و ڕێگاکانی ئەو بگرنەبەر و فەرز و فەرمانەکان و یاساکانی بەجێبهێنن و گوێڕایەڵی دەنگی ببن،
DEU 26:18 یەزدانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کە ئێوە گەلی ئەون، گەنجینەیەکی تایبەتی ئەو، وەک بەڵێنی پێدان و هەموو فەرمانەکانی بپارێزن.
DEU 26:19 لە سەرووی هەموو ئەو نەتەوانەی دروستی کردوون داتان دەنێت، لە ستایش و ناوبانگ و ڕێزدا، ببنە گەلێکی پیرۆز بۆ یەزدانی پەروەردگارتان وەک بەڵێنی دا.
DEU 27:1 موسا و پیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە گەل دا و گوتیان: «هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.
DEU 27:2 کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، چینێک بەردی گەورە بۆ خۆتان ڕاگیر بکەن و بە گەچ سواغیان بدەن.
DEU 27:3 هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەی لەسەر بنووسن کاتێک دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، وەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان.
DEU 27:4 کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، ئەم بەردانە ڕاگیر بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لە کێوی عێبال و بە گەچ سواغیان بدەن.
DEU 27:5 لەوێ قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن، قوربانگایەک لە بەرد بێت و ئامێری ئاسنی لێ بەکارمەهێنن.
DEU 27:6 لە بەردی نەتاشراو قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن و قوربانی سووتاندن سەربخەنە سەری بۆ یەزدانی پەروەردگارتان،
DEU 27:7 هەروەها قوربانی هاوبەشی سەرببڕن و لەوێ بیخۆن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش بن.
DEU 27:8 هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەش زۆر بە ڕوونی لەسەر بەردەکان بنووسن.»
DEU 27:9 ئینجا موسا و کاهینە لێڤییەکان لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەی ئیسرائیل بێدەنگ بن و گوێتان لێ بێت، ئەمڕۆ بوونە گەل بۆ یەزدانی پەروەردگارتان،
DEU 27:10 جا گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، کار بەو فەرمان و فەرزانەی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.»
DEU 27:11 جا لەو ڕۆژەدا موسا فەرمانی بە گەل کرد و گوتی:
DEU 27:12 ئەم هۆزانە لەسەر کێوی گەریزیم دەوەستن هەتا داوای بەرەکەت بۆ گەل بکەن کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، شیمۆن و لێڤی و یەهودا و یەساخار و یوسف و بنیامین.
DEU 27:13 ئەم هۆزانەش لەسەر کێوی عێبال دەوەستن بۆ نەفرەت، ڕەئوبێن و گاد و ئاشێر و زەبولون و دان و نەفتالی.
DEU 27:14 جا لێڤییەکان ڕایدەگەیەنن و بە دەنگی بەرز بە هەموو گەلی ئیسرائیل دەڵێن:
DEU 27:15 «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پەیکەرێکی داتاشراو یان بتێکی لەقاڵبدراو بە دەستی پەیکەرتاش دروستدەکات و لە شوێنێکی شاردراوەی دادەنێت، ئەوە قێزەونە لەلای یەزدان.» هەموو گەلیش وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:16 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی ڕێز لە دایک و باوک ناگرێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:17 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی سنووری زەوی بەردینی دراوسێکەی دەگوێزێتەوە.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:18 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی نابینا لە ڕێگا وێڵ دەکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:19 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی دادپەروەری بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن ناکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:20 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت دەبێت، چونکە ناموسی باوکی بردووە.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:21 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت دەبێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین.»
DEU 27:22 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خوشکی خۆی جووت دەبێت، کچی باوکی یان کچی دایکی.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:23 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خەسووی خۆی جووت دەبێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:24 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە نهێنی دراوسێکەی خۆی دەکوژێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:25 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بەرتیل وەردەگرێت بۆ ئەوەی یەکێکی بێتاوان بکوژێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 27:26 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی پاڵپشتی وشەکانی ئەم فێرکردنە ناکات بۆ ئەوەی کاریان پێ بکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»
DEU 28:1 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن و بە وریاییەوە کار بە هەموو ئەو فەرمانانەی بکەن کە من ئەمڕۆ پێتان دەدەم، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانی سەر زەویتان دادەنێت.
DEU 28:2 هەموو ئەم بەرەکەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات، ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون:
DEU 28:3 لە شار بەرەکەتدار دەبن و لە دەشتودەریش بەرەکەتدار دەبن.
DEU 28:4 بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان بەرەکەتدار دەبن، بەری ئاژەڵە ماڵییەکانیشتان، گوێرەکەی گاگەلەکەتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان.
DEU 28:5 سەبەتە و تەشتی هەویرتان بەرەکەتدار دەبێت.
DEU 28:6 لە چوونە ژوورەوەتان بەرەکەتدار دەبن و لە هاتنەدەرەوەشتان بەرەکەتدار دەبن.
DEU 28:7 یەزدان وا دەکات ئەو دوژمنانەتان کە سەرهەڵدەدەن لەبەردەمتان ببەزن، لە یەک ڕێگا بۆتان دێنە دەرەوە و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمتان هەڵدێن.
DEU 28:8 یەزدان فەرمانی بەرەکەتتان بۆ دەدات لە هەموو شتە ئەمبارکراوەکانتان و لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەن و بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
DEU 28:9 ئەگەر فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان پاراست و ڕێگاکانی ئەوتان گرتەبەر، ئەوا یەزدان بە گەلێکی پیرۆزتان دادەنێت بۆ خۆی، وەک سوێندی بۆ خواردن.
DEU 28:10 جا هەموو گەلانی زەوی دەبینن کە ناوی یەزدان بە ئێوەوە نراوە، ئیتر لێتان دەترسن.
DEU 28:11 یەزدانیش سەروەت و سامانتان زیاتر دەکات لە بەری سکتان و بەری ئاژەڵە ماڵییەکانتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ.
DEU 28:12 یەزدان ئەمبارە باشەکەی ئاسمانتان بۆ دەکاتەوە، هەتا بارانی خاکەکەتان لە کاتی خۆیدا بداتێ و هەموو کاری دەستتان بەرەکەتدار بکات، ئینجا قەرز بە زۆر نەتەوە دەدەن و خۆتان قەرز ناکەن.
DEU 28:13 یەزدانیش دەتانکات بە سەر نەک بە کلک و تەنها لە بەرزبوونەوە دەبن نەک لە نزمبوونەوە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەتا بیپارێزن و کاری پێ بکەن.
DEU 28:14 لە هەموو ئەو وشانەش کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بەلای چەپ یان ڕاستدا لا نەدەن، بۆ ئەوەی بەدوای خودای دیکە بکەون هەتا بیپەرستن.
DEU 28:15 بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون، بۆ ئەوەی ئاگاداربن کە کار بە هەموو فەرمانەکانی و فەرزەکانی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات.
DEU 28:16 لە شار نەفرەت لێکراو دەبن و لە کێڵگەش نەفرەت لێکراو دەبن.
DEU 28:17 سەبەتە و تەشتی هەویرتان نەفرەت لێکراو دەبێت.
DEU 28:18 بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، گوێرەکەی گاگەلەکەشتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان، نەفرەت لێکراو دەبن.
DEU 28:19 کە دێنە ژوورەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت و کە دەچنە دەرەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت.
DEU 28:20 لەبەر ئەوەی پشتم تێ دەکەن و کاری خراپە ئەنجام دەدەن، هەر کارێک کە دەتانەوێت بیکەن، یەزدان نەفرەت و سەرلێشێوان و سەرزەنشتتان دەنێرێتە سەر هەتا ئەو کاتەی دەفەوتێن و بە خێرایی لەناودەچن.
DEU 28:21 یەزدان دەردتان پێوە دەنووسێنێت، هەتا لەو خاکە لەناوتان ببات کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
DEU 28:22 یەزدان تووشی سیل و گرانەتا و هەوکردن، گەرما و وشکەساڵی، بای گەرمەسێر و کەڕووتان دەکات، جا بەدواتانەوە دەبێت هەتا لەناوتان دەبات.
DEU 28:23 ئاسمانیش کە لەسەر سەرتانە دەبێتە بڕۆنز و ئەو خاکەی ژێریشتان دەبێتە ئاسن.
DEU 28:24 یەزدانیش بارانی خاکەکەتان دەکاتە تۆز و خۆڵ و لە ئاسمانەوە بۆتان دێتە خوارەوە هەتا لەناودەچن.
DEU 28:25 یەزدان لەبەردەم دوژمنەکانتان دەتانشکێنێت، لە یەک ڕێگا بۆیان دەچن و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمیان هەڵدێن و هەموو شانشینەکانی زەوی دەتۆقن کاتێک ئەو ڕووداوە دەبینن کە بەسەر ئێوە هاتووە.
DEU 28:26 تەرمیشتان دەبێتە خۆراکی هەموو باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی زەوی و کەسیش نابێت هەڵیانبفڕێنێ.
DEU 28:27 یەزدان تووشی دومەڵی میسر و ئاوسان و گەڕی و خورشتتان دەکات کە نەتوانن چاک ببنەوە.
DEU 28:28 یەزدان تووشی شێتی و کوێری و سەرلێشێواویتان دەکات.
DEU 28:29 لە نیوەڕۆدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک نابینایان لە تاریکیدا و لە ڕێگاکانتان سەرکەوتوو نابن، بەڵکو هەموو ڕۆژانتان زۆرلێکراو و تاڵانکراو دەبن و کەسیش نابێت ڕزگارتان بکات.
DEU 28:30 ژنێک مارە دەکەن بەڵام پیاوێکی دیکە دەیبات و لەگەڵی دەنوێت. خانووێک بنیاد دەنێن بەڵام تێیدا دانانیشن. ڕەزە مێوێک دەڕوێنن بەڵام لە بەرەکەی ناخۆن.
DEU 28:31 گایەکەتان لەبەرچاوتان سەردەبڕدرێت بەڵام لێی ناخۆن. لەبەرچاوتان دەست بەسەر گوێدرێژەکەتاندا دەگرن بەڵام بۆتان ناگەڕێتەوە. مەڕەکانتان دەدرێنە دەست دوژمنەکانتان و ڕزگارکەریشتان نییە.
DEU 28:32 کوڕان و کچانتان دەدرێنە دەست گەلێکی دیکە و بە درێژایی ڕۆژ چاوەکانتان تەماشایان دەکەن هەتا ماندوو دەبن و هیچیشتان لەدەست نایەت.
DEU 28:33 بەروبوومی خاکەکەتان و هەموو ماندووبوونتان، گەلێک دەیخوات کە نایناسن، جا هەموو ڕۆژانتان تەنها زۆرلێکراو و پێشێلکراو دەبن.
DEU 28:34 لەبەر سەرسامی ئەوەی کە دەیبینن شێت دەبن.
DEU 28:35 یەزدان تووشی دومەڵی پیستان دەکات، لەسەر ئەژنۆکانتان و قاچەکانتان، کە نەتوانن چاک ببنەوە، لە بنی پێتانەوە هەتا تەپڵی سەرتان.
DEU 28:36 یەزدان بە خۆتان و پاشاکەتانەوە کە بۆ خۆتانی دادەنێن، دەتانبات بۆ لای نەتەوەیەک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان ناسیویانە و لەوێ خودای دیکە دەپەرستن، واتا ئەو بتانەی کە لە دار و لە بەردن.
DEU 28:37 هەموو ئەو گەلانەی یەزدان ئێوە بۆ ناو ئەوان ڕادەپێچێت دەتۆقن لەوەی بەسەر ئێوە هاتووە و دەبنە پەند و گاڵتەجاڕی بۆیان.
DEU 28:38 تۆوێکی زۆر دەکەن بە کێڵگەوە، بەڵام کەم کۆدەکەنەوە، چونکە کوللە دەیخوات،
DEU 28:39 ڕەزەمێو دەچێنن و خزمەتی دەکەن، بەڵام شەراب ناخۆنەوە و ترێ لێ ناکەنەوە، چونکە کرم دەیخوات.
DEU 28:40 لەناو هەموو سنوورەکەتان زەیتوونتان دەبێت، بەڵام خۆتان بە زەیت چەور ناکەن، چونکە زەیتوونەکەتان دەوەرێت.
DEU 28:41 کوڕ و کچتان بۆ لەدایک دەبێت، بەڵام بۆ ئێوە نابن، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاپێچ دەکرێن.
DEU 28:42 پۆلە کوللەی باڵدار دەست دەگرن بەسەر هەموو دار و بەروبوومی زەوییەکەتانەوە.
DEU 28:43 ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان پلە بە پلە پایەبەرزتر دەبن، بەڵام ئێوە پلە بە پلە پایەنزم دەبن.
DEU 28:44 ئەوان قەرزتان پێدەدەن، بەڵام ئێوە قەرزیان پێ نادەن، ئەوان سەر دەبن، بەڵام ئێوە کلک.
DEU 28:45 هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و دواتان دەکەوێت و پێتان دەگات هەتا لەناودەچن، چونکە ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون هەتا فەرمانەکان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردن.
DEU 28:46 ئیتر بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئێوە و لەنێو نەوەکەتان دەبنە پەند و نیشانە.
DEU 28:47 لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بە دڵخۆشی و دڵسافییەوە نەپەرست، کاتێک هەموو شتێک زۆر بوو،
DEU 28:48 کەواتە لە برسیێتی و تینووێتی و ڕووتی و نەداری لە هەموو شتێک، دەبنە کۆیلەی دوژمنەکانتان، کە یەزدان بۆ سەر ئێوەی دەنێرێت. ئەویش نیری ئاسن دەخاتە سەر ملتان هەتا لەناودەچن.
DEU 28:49 یەزدان نەتەوەیەکتان دەهێنێتە سەر لە دوورەوە لەوپەڕی زەوییەوە وەک شاڵاوی هەڵۆ، نەتەوەیەک لە زمانی ناگەن،
DEU 28:50 نەتەوەیەکی ڕووگرژ، نە ڕێز بۆ پیر دادەنێت و نە سۆزی بۆ منداڵ دەجوڵێت.
DEU 28:51 بەری ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی زەویتان دەخوات هەتا لەناودەچن و هیچ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و گوێرەکەی گاگەل و کاریلە و بەرخی مێگەلتان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا لەناوتان دەبات.
DEU 28:52 لە هەموو شارەکان گەمارۆتان دەدات، هەتا شوورا بەرزە قاییمەکان کە ئێوە پشتی پێ دەبەستن دەڕمێت، لە هەموو خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات گەمارۆتان دەدات.
DEU 28:53 جا بەری سکتان، گۆشتی کوڕ و کچەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون دەخۆن، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن.
DEU 28:54 پیاوی دڵناسک و زۆر هەستیار لەنێوتان بەرچاوتەنگ دەبێت، سەبارەت بە براکەی خۆی و بە ژنە خۆشەویستەکەی و بە پاشماوەی منداڵەکانی کە ماونەتەوە،
DEU 28:55 هەتا لە گۆشتی منداڵەکەی کە دەیخوات بە کەسیان نادات، چونکە هیچی بۆ نەماوەتەوە لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن لە هەموو شارەکانتاندا.
DEU 28:56 ئەو ژنەی دڵناسک و هەستیارە لەنێوتان کە لەبەر دڵناسکی و هەستیارییەکەی دڵی نایەت بنی پێی بە زەویدا بنێت، بەرچاوتەنگ دەبێت سەبارەت بە پیاوە خۆشەویستەکەی و کوڕ و کچەکەی،
DEU 28:57 لەو یۆڵداشەی لەنێو هەردوو قاچی دێتەدەر و لە منداڵەکانی کە دەیبێت، چونکە بە نهێنی لە نەداری دەیانخوات، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان لە شارەکانتاندا تەنگتان پێ هەڵدەچنن.
DEU 28:58 ئەگەر ئاگادار نەبن بۆ ئەوەی کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن کە لەم پەڕتووکە نووسراون، بۆ ئەوەی لەم ناوە شکۆدارە سامناکە بترسن، لە یەزدانی پەروەردگارتان،
DEU 28:59 ئەوا یەزدان وا دەکات لێدانەکانتان و لێدانەکانی نەوەکەتان سەرسوڕهێنەر بێت، لێدانی سەخت و بەردەوام، نەخۆشی بە ئازار و هەمیشەیی.
DEU 28:60 هەموو دەردەکانی میسریش کە لێی تۆقین، بەسەرتاندا دێتەوە و پێتانەوە دەنووسێن.
DEU 28:61 هەروەها هەر نەخۆشییەک و هەر لێدانێک کە لەم پەڕتووکەی تەورات نەنووسراوە، یەزدان بەسەرتاندا دەدات هەتا لەناودەچن.
DEU 28:62 چەند کەسێکی کەم دەمێنن لە جێی ئەوەی وەک ئەستێرەی ئاسمان بوون لە زۆریدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.
DEU 28:63 هەروەک چۆن یەزدان پێتان دڵخۆش بوو کە چاکەتان لەگەڵ بکات و زۆرتان بکات، هەروەها پێشتان دڵخۆش دەبێت هەتا بتانفەوتێنێت و لەناوتان ببات. لەو خاکە ڕیشەکێش دەکرێن کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
DEU 28:64 ئینجا یەزدان لەنێو هەموو گەلان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە، لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەوێ خودای دیکە دەپەرستن لە دار و بەرد کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەیانناسیوە.
DEU 28:65 لەنێو ئەو نەتەوانەدا ناحەوێنەوە و پێیەکانتان جێگیر نابن، بەڵکو یەزدان لەوێ دڵێکی لەرزۆک و چاوێکی ماندوو و گیانێکی لاوازتان دەداتێ.
DEU 28:66 ژیانیشتان هەڵواسراو دەبێت لەبەردەمتان و شەو و ڕۆژ دەترسن و لە ژیانتان دڵنیا نابن.
DEU 28:67 لە ترسی دڵتان کە دەترسن و لە تێڕوانینی چاوەکانتان کە تێدەڕوانن، بە ڕۆژ دەڵێن، «خۆزگە شەو بێت،» بە شەویش دەڵێن، «خۆزگە ڕۆژ بێت.»
DEU 28:68 یەزدان بە کەشتی بەو ڕێگایەدا دەتانگەڕێنێتەوە بۆ میسر کە پێم گوتن، کە ئیتر نایبیننەوە، جا لەوێ وەک کۆیلە و کەنیزە بە دوژمنەکانتان دەفرۆشرێن و کەسیش ناتانکڕێت.
DEU 29:1 ئەمانە بەندەکانی ئەو پەیمانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا بیبەستێت، لە خاکی مۆئاب بێجگە لەو پەیمانەی لە حۆرێڤ لەگەڵی بەستن.
DEU 29:2 ئینجا موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «ئێوە بینیتان یەزدان لە خاکی میسر لەبەرچاوتان چی بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی کرد،
DEU 29:3 ئەو تاقیکردنەوە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و نیشانە و پەرجووە مەزنەکانی.
DEU 29:4 بەڵام یەزدان هەتا ئەمڕۆش دڵێکی پێنەداون بۆ ئەوەی تێبگەن و چاوێک بۆ ئەوەی ببینن و گوێیەک بۆ ئەوەی ببیستن.
DEU 29:5 بەڵام یەزدان دەفەرموێت: ”چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا ئێوەم بەڕێوە برد، جلەکانتان لەبەرتان کۆن نەبوون و پێڵاوەکانتان لە پێتان کۆن نەبوون،
DEU 29:6 نە نانتان خوارد و نە شەرابتان خواردەوە و نە مەی، هەتا ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“
DEU 29:7 «کاتێکیش هاتنە ئەم شوێنە سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان هاتن بۆ جەنگ لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوانمان شکاند و
DEU 29:8 دەستمان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و بە میرات دامانە ڕەئوبێن و گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە.
DEU 29:9 «بەندەکانی ئەم پەیمانە بپارێزن و کاری پێ بکەن، هەتا لە هەموو ئەوەی دەیکەن سەرکەوتوو بن.
DEU 29:10 ئێوە ئەمڕۆ هەمووتان بە سەرۆک هۆز و پیر و کوێخا و هەموو پیاوەکانی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان وەستاون،
DEU 29:11 هەروەها ژن و منداڵ و ئەو نامۆیانەی کە لەناو ئۆردگاکانتانە، لەوەی کە دارتان بۆ دەبڕێتەوە و ئاوتان بۆ لە بیر هەڵدەکێشێت،
DEU 29:12 بۆ ئەوەی بچنە ناو پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان و سوێندەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئەمڕۆ لەگەڵتانی دەبەستێت،
DEU 29:13 هەتا ئەمڕۆ بە گەلی خۆی داتانبنێت، ئەویش ببێتە خوداتان وەک پێی فەرموون و وەک سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد.
DEU 29:14 ئەم پەیمان و سوێندەش تەنها لەگەڵ ئێوەی نابەستم،
DEU 29:15 بەڵکو لەگەڵ ئەوەی کە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵماندا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان وەستاوە و ئەوەش کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵماندا نییە.
DEU 29:16 «ئێوە زانیتان چۆن لە خاکی میسر نیشتەجێ بووین و چۆن هەتا ئێرە بەناو ئەو گەلانەدا تێپەڕین.
DEU 29:17 وێنە قێزەون و بتەکانی ئەوانتان بینی کە لە دار و بەرد و زێڕ و زیون.
DEU 29:18 نەوەک لەنێوتاندا پیاوێک یان ئافرەتێک یان هۆزێک یان خێڵێک هەبێت کە ئەمڕۆ دڵی لەسەر یەزدانی پەروەردگارمان لاچووبێت، بۆ ئەوەی بچێت و خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە بپەرستێت، نەوەک لەنێوتان ڕەگێک هەبێت ژەهراوی و زەقنەبووت بگرێت.
DEU 29:19 «کاتێک ئەم جۆرە کەسە گوێی لە سوێندی ئەم پەیمانە دەبێت، لە دڵیدا داوای بەرەکەت بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: ”من سەلامەت دەبم، تەنانەت بە کەللەڕەقی خۆشم هەڵسوکەوت بکەم،“ ئەمە زەوی تەڕ و وشک لەناودەبات.
DEU 29:20 یەزدان هەرگیز ڕازی نابێت لێی خۆشبێت، بەڵکو ئەو کاتە تووڕەیی و دڵگەرمی یەزدان بەسەر ئەو پیاوە هەڵدەچێت، هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون دێنە سەری، یەزدان ناوی لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە.
DEU 29:21 یەزدان لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل ئەو بۆ لێقەومان جیا دەکاتەوە، بەپێی هەموو نەفرەتەکانی پەیمانەکە کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون.
DEU 29:22 «جا دوا نەوە لە منداڵەکانتان کە لەدوای ئێوە دێن و هەروەها ئەو بیانییانەی لە خاکێکی دوورەوە دێن، ئەو گورزوەشاندن و نەخۆشییانە دەبینن کە یەزدان تووشی کردوون.
DEU 29:23 هەموو زەوییەکە بە گۆگرد و خوێ دەسووتێنێت، نە دەچێنرێت و نە دەڕوێت و نە هیچ گیایەکی لێ دەردەکەوێت، وەک سەرەوژێرکردنی سەدۆم و عەمۆرا و ئەدما و چەبۆئیم کە یەزدان بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆی سەرەوژێری کردن.
DEU 29:24 جا هەموو نەتەوەکان دەڵێن: ”بۆچی یەزدان وای بەم خاکە کرد، جۆشانی ئەم تووڕەییە بەتینە بۆچی؟“
DEU 29:25 «وەڵامەکەیان ئەمەیە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، کە لەگەڵی بەستن کاتێک لە خاکی میسر دەریهێنان.
DEU 29:26 چوون خوداوەندی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ برد، کە نە ناسیبوویان و نە خوداش پێیدابوون.
DEU 29:27 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئەم خاکەدا جۆشا، هەتا هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکی فێرکردنەدا نووسراون بەسەریدا هێنای.
DEU 29:28 یەزدان لە خاکەکەیاندا بە تووڕەیی و زەبر و ڕقێکی زۆرەوە ڕیشەکێشی کردن و وەک ئەمڕۆ فڕێیدانە خاکێکی دیکە.“
DEU 29:29 «نهێنییەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارمانە و ئەو شتانەی کە خودا بۆی ئاشکرا کردین بۆ ئێمە و نەوەکانمانە هەتاهەتایە، هەتا کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەین.
DEU 30:1 «کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات، ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە،
DEU 30:2 وە کاتێک خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم،
DEU 30:3 ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە.
DEU 30:4 ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و
DEU 30:5 یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات.
DEU 30:6 یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین.
DEU 30:7 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە،
DEU 30:8 بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.
DEU 30:9 ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات، لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک، چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات، وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو،
DEU 30:10 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون، ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.
DEU 30:11 «ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە.
DEU 30:12 لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
DEU 30:13 هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
DEU 30:14 بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە، لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە، هەتا کاری پێ بکەن.
DEU 30:15 «بڕوانن، من ئەمڕۆ ژیان و چاکە، مردن و خراپەم خستووەتە بەردەمتان،
DEU 30:16 لەبەر ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانم پێکردن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن و یاساکانی پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی ئێوە بژین و گەشە بکەن و یەزدانی پەروەردگارتان لەو خاکەی ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، بەرەکەتدارتان بکات.
DEU 30:17 «بەڵام ئەگەر دڵتان لاچوو و گوێتان نەگرت، بەڵکو گومڕا بوون و بۆ خودای دیکە کڕنۆشتان برد و خزمەتتان کردن،
DEU 30:18 ئەوا من ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوە بێگومان لەناودەچن، تەمەن درێژ نابن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.
DEU 30:19 «من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت، کە من ژیان و مردن، بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە، جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین،
DEU 30:20 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و گوێ لە دەنگی بگرن و دەستی پێوە بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»
DEU 31:1 جا موسا چوو بەم وشانە لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد و
DEU 31:2 پێی گوتن: «ئێستا من تەمەنم سەد و بیست ساڵە، ئیتر ناتوانم ڕابەرایەتیتان بکەم و یەزدانیش پێی فەرمووم: ”لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە.“
DEU 31:3 یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە، خۆی ئەو نەتەوانە لەپێشتانەوە لەناودەبات و ئێوەش دەبنە میراتگریان. یەشوع لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک یەزدان فەرمووی.
DEU 31:4 هەروەها یەزدان چی بە سیحۆن و عۆگ و بە خاکەکەیان کرد، دوو پاشاکەی ئەمۆرییەکان، کە لەناوی بردن ئاواش بەوان دەکات.
DEU 31:5 جا کاتێک یەزدان ئەوانی خستە دەستتان بەگوێرەی هەموو ئەو فەرمانانەی فەرمانم پێتان کرد، ئاوایان لێ دەکەن.
DEU 31:6 بەهێزبن و ئازابن، لێیان مەترسن و مەتۆقن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەرگیز پشتگوێتان ناخات و وازتان لێ ناهێنێ.»
DEU 31:7 جا موسا یەشوعی بانگکرد و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل پێی گوت: «بەهێز و ئازابە، چونکە تۆ لەگەڵ ئەم گەلە دەچیتە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە بیانداتێ و تۆش بۆیانی دابەش دەکەیت وەک میراتیان،
DEU 31:8 یەزدانیش خۆی لەپێشتەوە دەڕوات، ئەو لەگەڵت دەبێت، هەرگیز پشتگوێت ناخات و وازت لێ ناهێنێ، مەترسە و ورە بەرمەدە.»
DEU 31:9 ئینجا موسا ئەم فێرکردنەی نووسی و دایە دەستی کاهینەکان، کە نەوەی لێڤین و هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدانن، لەگەڵ هەموو پیرانی ئیسرائیل.
DEU 31:10 موسا فەرمانیشی پێکردن و گوتی: «هەر حەوت ساڵ جارێک، لە ساڵی لێخۆشبوونی قەرزەکان، لە جەژنی کەپرەشینەدا،
DEU 31:11 کاتێک هەموو ئیسرائیل دێن هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەربکەون لەو شوێنەی کە هەڵیدەبژێرێت، لە بەرامبەر هەموو ئیسرائیلدا ئەم فێرکردنە بە دەنگێکی بەرز دەخوێنیتەوە کە گوێیان لێ بێت.
DEU 31:12 گەل کۆبکەنەوە، پیاو و ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لە شارۆچکەکانتانە بۆ ئەوەی گوێ بگرن و فێر بن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە پەیڕەو بکەن و کاری پێ بکەن.
DEU 31:13 هەروەها نەوەکانیشتان کە ئەم فێرکردنەیان نەزانیوە، دەبێت گوێی لێ بگرن و فێر ببن کەوا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن، بە درێژایی ئەو ڕۆژانەی لەسەر ئەو زەوییە دەژین کە ئێوە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
DEU 31:14 یەزدان بە موسای فەرموو: «وا تەمەنت لە مردن نزیک بووەتەوە، یەشوع بانگ بکە و لەناو چادری چاوپێکەوتن بوەستن بۆ ئەوەی ئەرکی پێ بسپێرم.» ئیتر موسا و یەشوع چوون و لەناو چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.
DEU 31:15 ئینجا یەزدان لە ستوونی هەورێک دەرکەوت و ستوونی هەورەکە لە دەروازەی چادرەکە وەستا.
DEU 31:16 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەوەتا تۆ لەگەڵ باوباپیرانت سەردەنێیتەوە، جا ئەم گەلە هەڵدەستن و لەشفرۆشی لەگەڵ خوداوەندە بێگانەکانی ئەو خاکە دەکەن کە دەچنە ناوی و وازم لێ دەهێنن و ئەو پەیمانەم دەشکێنن کە لەگەڵیان بەستوومە.
DEU 31:17 ئیتر لەو ڕۆژەدا تووڕەییم بەسەریاندا گڕ دەگرێت و وازیان لێ دەهێنم و ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە و دەبنە نێچیر و تووشی زۆر ناخۆشی و بەڵا دەبن، هەتا ئەوەی لەو ڕۆژەدا دەڵێن: ”ئایا لەبەر ئەوە تووشی ئەو بەڵایانە بووین چونکە خودا لەگەڵمان نییە؟“
DEU 31:18 منیش لەو ڕۆژەدا ڕووی خۆم دەشارمەوە لەبەر هەموو ئەو خراپەیەی کە کردیان و کە دوای خودای دیکە کەوتن.
DEU 31:19 «ئێستاش ئەم سروودە بۆ خۆتان بنووسن و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێر بکەن، بیخەنە دەمیانەوە هەتا بۆ من ببێتە شایەت بەسەر نەوەی ئیسرائیلەوە،
DEU 31:20 چونکە من دەیانبەمە ناو ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، جا دەخۆن و تێر دەبن و قەڵەو دەبن و ئینجا دوای خودای دیکە دەکەون و دەیپەرستن و پشتم لێ دەکەن و پەیمانەکەم دەشکێنن.
DEU 31:21 جا کاتێک تووشی بەڵا و ناخۆشی دەبن، ئەم سروودە وەک شایەت وەڵامیان دەداتەوە، چونکە لە دەمی نەوەکەیان لەبیر ناکرێت، من دەزانم ئەوان ئەمڕۆ بیر لە چی دەکەنەوە، بەر لەوەی بیانبەمە ناو ئەو خاکەوە وەک سوێندم بۆ خواردن.»
DEU 31:22 جا موسا لەو ڕۆژەدا ئەم سروودەی نووسی و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێرکرد.
DEU 31:23 ئینجا یەزدان فەرمانی بە یەشوعی کوڕی نون کرد و فەرمووی: «بەهێزبە و ئازابە، چونکە تۆ نەوەی ئیسرائیل دەبەیتە ناو ئەو خاکەی لەسەری سوێندم بۆیان خوارد و منیش لەگەڵت دەبم.»
DEU 31:24 لەدوای ئەوەی موسا بە تەواوی لە نووسینی وشەکانی ئەم فێرکردنە بووەوە لە پەڕتووکێک،
DEU 31:25 فەرمانی بە لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان کرد و گوتی:
DEU 31:26 «ئەم پەڕتووکەی تەورات ببەن و لەتەنیشت سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دایبنێن، هەتا وەک شایەتی بەسەرتانەوە لەوێ بێت،
DEU 31:27 چونکە من یاخیبوون و کەللەڕەقیتان دەزانم. من وا هێشتا زیندووم و ئەمڕۆ لەگەڵتانم، ئێوە بەو شێوەیە بەربەرەکانێی یەزدان دەکەن، ئەی باشە لەدوای مردنم چی دەکەن؟!
DEU 31:28 هەموو پیرانی هۆزەکان و کوێخاکانتانم بۆ کۆبکەنەوە، هەتا ئەم وشانەیان بەگوێدا بدەم، ئاسمان و زەوی بکەم بە شایەت بەسەریانەوە،
DEU 31:29 چونکە دەزانم ئێوە دوای مردنم بە تەواوی گەندەڵ دەبن و لەو ڕێگایە لادەدەن کە فەرمانم پێ کردوون. لە ڕۆژانی ئاییندە تووشی خراپە دەبن، چونکە لە بەرامبەر یەزدان خراپە دەکەن، بەو بتانە پەستی دەکەن کە بەدەستی خۆتان دروستی دەکەن.»
DEU 31:30 جا موسا تەواوی وشەکانی ئەم سروودەی خستە بەر گوێی هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل:
DEU 32:1 گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم، با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
DEU 32:2 فێرکردنم وەک باران دەبارێت، وشەم وەک شەونم دەتکێت، وەک نمە باران بەسەر سەوزایی وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.
DEU 32:3 ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم، مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
DEU 32:4 خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە، چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە، خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە، ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.
DEU 32:5 لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە، نەوەیەکی چەوت و خوارن.
DEU 32:6 ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە، ئەی گەلی گێل و نادانا؟ ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە، ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟
DEU 32:7 یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە، لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە، لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت، لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
DEU 32:8 کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد، کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد، سنووری بۆ گەلان دانا، بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
DEU 32:9 بەشی یەزدان گەلەکەیەتی، یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.
DEU 32:10 لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە، لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا، دەوری دا و بایەخی پێیدا، وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
DEU 32:11 وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت، لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات، باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات، لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
DEU 32:12 ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد، هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.
DEU 32:13 سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد، لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد، لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا، زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
DEU 32:14 دەڵەمە و شیری مەڕوماڵات، لەگەڵ دوگی بەرخ و بەرانی باشان و تەگە، لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم. تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.
DEU 32:15 یەشوروون قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند، قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو داپۆشران. ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون، تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
DEU 32:16 ئیرەییان وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
DEU 32:17 بۆ بتەکان کە خودا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خودایەک نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون، کە باوکانتان لێیان نەترساون.
DEU 32:18 ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا، ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.
DEU 32:19 جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە، لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
DEU 32:20 فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە، سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت، ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن، ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
DEU 32:21 ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم، بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم، منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
DEU 32:22 بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە، گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە، زەوی و خەرمانەکەی دەخوات، بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.
DEU 32:23 «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە، تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
DEU 32:24 کاتێک لە برسان کەوتوون، پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر، ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان، لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
DEU 32:25 لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و لەناو ماڵەوەشیان تۆقین، کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن، منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
DEU 32:26 فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم، یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
DEU 32:27 بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات، کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن، نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین، یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»
DEU 32:28 ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون، کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
DEU 32:29 خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
DEU 32:30 چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و دووان دە هەزار تێکدەشکێنن، ئەگەر تاشەبەردەکەیان ئەوانی نەفرۆشتبێت، یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
DEU 32:31 لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە نییە، تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.
DEU 32:32 مێویان لە مێوی سەدۆمە و ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە، ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.
DEU 32:33 شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.
DEU 32:34 «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە، لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟
DEU 32:35 تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم، لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت، چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»
DEU 32:36 یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت، کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.
DEU 32:37 خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان، ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،
DEU 32:38 ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن، شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟ با بێن و یارمەتیتان بدەن، با پارێزگاریتان لێ بکەن!
DEU 32:39 «ئێستا ببینن، من، من ئەوم، هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم. من دەمرێنم و دەژیێنم، بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە، کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.
DEU 32:40 من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم: بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،
DEU 32:41 کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم، تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و ناحەزانم سزا دەدەم.
DEU 32:42 تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و شمشێرەکەم گۆشت دەخوات، لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان، لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»
DEU 32:43 ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن، چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە، لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە، کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.
DEU 32:44 جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.
DEU 32:45 کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،
DEU 32:46 پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.
DEU 32:47 تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
DEU 32:48 یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:
DEU 32:49 «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.
DEU 32:50 لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،
DEU 32:51 لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.
DEU 32:52 لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»
DEU 33:1 ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل داوای کرد، بەر لە مردنی،
DEU 33:2 گوتی: «یەزدان لە سیناوە هات و لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات، لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو، لە بنارەکانی باشوورەوە.
DEU 33:3 بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت، هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان، ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن، ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
DEU 33:4 موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین، میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
DEU 33:5 لەنێو یەشوروون بوو بە پاشا، بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل، هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.
DEU 33:6 «با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت، با پیاوەکانی کەم نەبن.»
DEU 33:7 سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت: «ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و بۆ لای گەلەکەی بیهێنە، دەستەکانی بەسە بۆی، ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»
DEU 33:8 سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی: «تومیم و ئوریمی تۆ بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە، ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
DEU 33:9 ئەوەی سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی، ”ڕەچاوم نەکردوون،“ دانی بە براکانیشیدا نەنا و منداڵەکانیشی نەناسی، بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و پەیمانەکەی تۆی پاراست.
DEU 33:10 نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات، بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
DEU 33:11 ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و بە کرداری دەستی ڕازی بە، لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە، هەتا هەڵنەستنەوە.»
DEU 33:12 سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی: «ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت، بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»
DEU 33:13 سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی: «با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان، بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
DEU 33:14 بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
DEU 33:15 بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان، بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
DEU 33:16 بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی، لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە، با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.
DEU 33:17 نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی، قۆچەکانی قۆچی گای کێوین، بەوان قۆچ لە گەلان دەدات، پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی، ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و هەزارانی مەنەشەن.»
DEU 33:18 سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی: «ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
DEU 33:19 گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن، لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن، هەتا لە پڕی دەریا بمژن و لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»
DEU 33:20 سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی: «بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد! وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو، قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
DEU 33:21 باشترین خاکی بۆ خۆی دانا، بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت، کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە، دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»
DEU 33:22 سەبارەت بە نەوەی دان گوتی: «دان بەچکە شێرە، لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»
DEU 33:23 سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی: «ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان، دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»
DEU 33:24 سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی: «با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت، با لەلای براکانی پەسەند بێت، با پێی بکاتە ناو زەیت،
DEU 33:25 دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن، بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»
DEU 33:26 «خودای یەشوروون هاوتای نییە، سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت، هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
DEU 33:27 خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە. دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و فەرمووی: ”لەناو ببە!“
DEU 33:28 جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت، لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت، ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
DEU 33:29 ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، کێ وەک تۆیە، گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟ قەڵغانی یارمەتی و شمشێری شکۆمەندیتە، جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن، تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان پێشێل دەکەیت.»
DEU 34:1 ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نیبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و
DEU 34:2 هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و
DEU 34:3 نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر،
DEU 34:4 یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»
DEU 34:5 جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان.
DEU 34:6 یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت.
DEU 34:7 موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵ بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو.
DEU 34:8 جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.
DEU 34:9 یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
DEU 34:10 جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی،
DEU 34:11 لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات.
DEU 34:12 هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە مەزن و سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.
JOS 1:1 ئەوە بوو پاش مردنی موسای بەندەی یەزدان، یەزدان بە یەشوعی کوڕی نونی خزمەتکاری موسای فەرموو:
JOS 1:2 «موسای بەندەم مرد، ئێستا هەستە، خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم، واتا بە نەوەی ئیسرائیل.
JOS 1:3 هەر شوێنێک پێی لێ بنێن، بە ئێوەی دەدەم، هەروەک بە موسام فەرموو،
JOS 1:4 لە چۆڵەوانییەوە هەتا لوبنان و لە ڕووباری گەورە، ڕووباری فورات، واتا هەموو خاکی حیتییەکان هەتا دەریای سپی ناوەڕاست بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت بە سنوورتان.
JOS 1:5 لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت. هەروەک لەگەڵ موسادا بووم، لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم.
JOS 1:6 بەهێزبە و ئازابە، چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم.
JOS 1:7 «تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە، بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت. نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە، بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت.
JOS 1:8 پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە، بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە، بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە، ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت.
JOS 1:9 ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»
JOS 1:10 ئیتر یەشوع فەرمانی بە کوێخاکانی گەل کرد و پێی گوتن:
JOS 1:11 «بەناو ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و فەرمان بە گەل بکەن و بڵێن: ”ئازووقە بۆ خۆتان ئامادە بکەن، چونکە پاش سێ ڕۆژی دیکە لە ڕووباری ئوردونەوە دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا ببنە خاوەنی.“»
JOS 1:12 پاشان یەشوع بە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشەی گوت:
JOS 1:13 «ئەو وشەیەی موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، بەبیری خۆتانی بهێننەوە، کە پێی ڕاگەیاندن یەزدانی پەروەردگارتان، ئێوەی حەساندەوە و ئەم خاکەی پێدان.
JOS 1:14 ژن و منداڵ و ئاژەڵی ماڵیتان لەم خاکەدا دەمێننەوە کە موسا پێیدان، لەم بەری ڕووباری ئوردون بەرەو ڕۆژهەڵات، بەڵام هەموو جەنگاوەرە قارەمانەکان بە چەکەوە لەپێش براکانتانەوە دەپەڕنەوە. یارمەتی براکانتان دەدەن
JOS 1:15 هەتا یەزدان وەک ئێوە براکانتان دەحەسێنێتەوە و ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەدا دەگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ. دوای ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکەکەی میراتیتان و داگیری دەکەن، ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لەم بەری ڕووباری ئوردون بەرەو ڕۆژهەڵات پێیدان.»
JOS 1:16 ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێ کردین جێبەجێی دەکەین و بۆ هەر شوێنێکمان بنێریت دەچین،
JOS 1:17 بەپێی هەموو ئەوەی گوێڕایەڵی موسا بووین ئاوا گوێڕایەڵی تۆش دەبین. با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت وەک چۆن لەگەڵ موسا بوو.
JOS 1:18 هەرکەسێک یاخی بێت لە فەرمانەکانت و گوێڕایەڵی وشەکانت نەبێت لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ دەکەیت، دەکوژرێت، بەڵام تەنها بەهێز و ئازابە!»
JOS 2:1 ئینجا یەشوعی کوڕی نون لە شەتیمەوە دوو سیخوڕی بە نهێنی نارد و گوتی: «بڕۆن تەماشای خاکەکە بکەن، بە تایبەتی ئەریحا.» ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە ماڵی ژنێکی لەشفرۆش کە ناوی ڕاحاب بوو، لەوێ مانەوە.
JOS 2:2 بە پاشای ئەریحا گوترا: «بزانە، ئەمشەو دوو پیاوی نەوەی ئیسرائیل هاتوونەتە ئێرە هەتا سیخوڕی دەربارەی خاکەکە بکەن.»
JOS 2:3 لەبەر ئەوە پاشای ئەریحا بەدوای ڕاحابدا ناردی و پێی گوت: «ئەو دوو پیاوەی کە هاتن بۆ لات و هاتنە ناو ماڵەکەت بیانهێنە دەرەوە، چونکە ئەوانە هاتوون بۆ ئەوەی سیخوڕی لەبارەی هەموو خاکەکەوە بکەن.»
JOS 2:4 بەڵام ڕاحاب دوو پیاوەکەی بردبوو و شاردبوونییەوە و گوتی: «ڕاستە ئەو دوو پیاوە هاتنە لای من، بەڵام نەمزانی خەڵکی کوێن.
JOS 2:5 کاتێک تاریکی داهات، کاتی داخستنی دەروازەی شار، دوو پیاوەکە ڕۆیشتن. نازانم دوو پیاوەکە بۆ کوێ چوون. بە پەلە شوێنیان بکەون، بەڵکو پێیان بگەن.»
JOS 2:6 بەڵام ئەو هەردووکیانی بردبوو بۆ سەربان و لەناو کۆمەڵێک چیلکە داری کەتاندا شاردبوونییەوە کە لە سەربان هەڵیچنیبوون.
JOS 2:7 پیاوەکانی پاشاش بەو ڕێگایەی کە بەرەو تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەچوو بەدوای سیخوڕەکاندا چوون. کە ئەوانەی بە شوێنیاندا دەگەڕان چوونە دەرەوە، دەروازەکان داخران.
JOS 2:8 پێش ئەوەی سیخوڕەکان خەویان لێ بکەوێت، ڕاحاب بۆ لایان سەرکەوتە سەربان و
JOS 2:9 بە پیاوەکانی گوت: «زانیومە کە یەزدان ئەم خاکەی بە ئێوە داوە و ترسی ئێوە باڵی بەسەرماندا کێشاوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش لەبەر ئێوە ڕەنگیان پەڕیوە،
JOS 2:10 چونکە بیستمان یەزدان چۆن ئاوی دەریای سووری لەپێشتان وشک کرد، کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە، هەروەها لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژهەڵات چیتان بە هەردوو پاشای ئەمۆرییەکان سیحۆن و عۆگ کرد، ئەوانەی کە بە تەواوی قڕتان کردن.
JOS 2:11 کاتێک ئەوەمان بیست، دڵمان تۆقی و بەهۆی ئێوەوە کەس ورەی نەما، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە.
JOS 2:12 «ئێستاش بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆن کە چۆن من چاکەم لەگەڵ ئێوەدا کرد، ئێوەش لەگەڵ ماڵی باوکم چاکە بکەن. نیشانەیەکی دڵنیابوونم بدەنێ کە
JOS 2:13 دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو ئەوەی هەیانە بە زیندوویی بیانهێڵنەوە و فریای گیانمان بکەون لە مردن.»
JOS 2:14 پیاوەکانیش پێیان گوت: «خودا بمانکات بە قوربانتان! ئەگەر ئەم کارەمان نەدرکێنن، هەروەها ئەگەر یەزدان خاکەکەی پێداین، ئەوا چاکە و دڵسۆزیت لەگەڵدا دەکەین.»
JOS 2:15 ئینجا ڕاحاب هەردووکیانی لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە بە گوریس شۆڕکردەوە، چونکە ماڵەکەی کە تێیدا دەژیا لە شوورای شارەکە بوو.
JOS 2:16 هەروەها پێی گوتن: «بڕۆن بۆ چیا نەوەک ئەوانەی بە شوێنتاندا دەگەڕێن تووشتان بن، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنەوە، هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە، ئینجا بە ڕێگای خۆتاندا بڕۆن.»
JOS 2:17 پیاوەکانیش پێیان گوت: «ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد
JOS 2:18 ئەگەر هاتوو لە کاتی هاتنمان بۆ ناو خاکەکە، ئەم گوریسە سوورە بەو پەنجەرەیەوە گرێ نەدەیت کە ئێمەت لێوەی شۆڕکردەوە و ئەگەر دایک و باوک و خوشک و براکانت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی باوکت لە ماڵەکەی خۆتدا کۆنەکەیتەوە.
JOS 2:19 ئەگەر هەرکەسێک لە دەرگاکانی ماڵەکەی تۆوە بچێتە دەرەوە خوێنی خۆی لەسەر خۆی دەبێت و ئێمە بێتاوان دەبین، بەڵام هەر یەکێک لەگەڵ تۆ لە ماڵەکەتدا بێت، ئەگەر دەستدرێژییەکی کرایە سەر ئەوا خوێنی لەسەر ئێمە دەبێت.
JOS 2:20 هەروەها ئەگەر ئەم کارەی ئێمە بدرکێنیت، ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد.»
JOS 2:21 ڕاحابیش گوتی: «چۆنتان گوت، ئاوا دەبێت.» ئیتر بەڕێی کردن و ڕۆیشتن، ئەویش گوریسە سوورەکەی بە پەنجەرەکەوە گرێ دا.
JOS 2:22 پیاوەکان ڕۆیشتن و چوونە چیا و ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ مانەوە، هەتا ئەوانەی بە شوێنیاندا دەگەڕان گەڕانەوە، لە دوای ئەوەی کە لە هەموو ڕێگاکاندا بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە.
JOS 2:23 ئینجا دوو پیاوەکە گەڕانەوە، لە چیاکە هاتنە خوارەوە و لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، هاتنە لای یەشوعی کوڕی نون و هەموو بەسەرهاتەکەیان بۆ گێڕایەوە،
JOS 2:24 بە یەشوعیان گوت: «بەڕاستی یەزدان هەموو خاکەکەی داوەتە دەستمانەوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش بەهۆی ئێمەوە ڕەنگیان سپی بووە.»
JOS 3:1 بەیانی زوو یەشوع لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل لە شەتیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە لای ڕووباری ئوردون، بەر لەوەی بپەڕنەوە لەوێ مانەوە.
JOS 3:2 پاش سێ ڕۆژ کوێخاکان بەناو ئۆردوگاکەدا گەڕان و
JOS 3:3 فەرمانیان بە گەل کرد و گوتیان: «کاتێک کە سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دەبینن، کاهینە لێڤییەکان هەڵیانگرتووە، لە شوێنەکانی خۆتان کۆچ بکەن و لەدوایەوە بڕۆن.
JOS 3:4 بەڵام با ماوەی نێوان ئێوە و سندوقەکە بە پێوانە دوو هەزار باڵ بێت و لێی نزیک مەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە بزانن کە پێیدا دەڕۆن، چونکە ئێوە پێشتر بەم ڕێگایەدا نەڕۆیشتوون.»
JOS 3:5 یەشوع بە گەلی گوت: «خۆتان تەرخان بکەن، چونکە یەزدان بەیانی لەنێوتاندا کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.»
JOS 3:6 هەروەها یەشوع بە کاهینەکانی گوت: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و بە بەردەم گەلدا تێپەڕ بن.» ئەوانیش سندوقی پەیمانیان هەڵگرت و لەپێش گەل ڕۆیشتن.
JOS 3:7 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «لە ئەمڕۆوە دەست دەکەم بە پایەبەرزکردنەوەت لەلای هەموو نەوەی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لەگەڵ موسادا بووم ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم.
JOS 3:8 بەڵام تۆ فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک دەگەنە کەنار ئاوی ڕووباری ئوردون، لەناو ڕووباری ئوردوندا بوەستن.“»
JOS 3:9 هەروەها یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە و گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگارتان بگرن.»
JOS 3:10 ئینجا یەشوع گوتی: «بەمە دەزانن کە خودای زیندوو لەنێوتاندایە، کەنعانی، حیتی، حیڤی، پریزی، گرگاشی، ئەمۆری و یەبوسییەکان لەبەردەمتاندا بە تەواوی دەردەکات.
JOS 3:11 ئەوەتا سندوقی پەیمانی پەروەردگاری هەموو زەوی لەپێشتانەوە بۆ ناو ڕووباری ئوردون دەپەڕێتەوە.
JOS 3:12 ئێستاش دوازدە پیاو لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک.
JOS 3:13 ئینجا کاتێک پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی یەزدان، پەروەردگاری هەموو زەوی، لەناو ئاوی ڕووباری ئوردون جێگیر دەبێت، ئاوی ڕووباری ئوردون، ئەو ئاوەی کە لە سەرەوە دێت شەق دەبێت و لە یەک بەربەستدا پەنگدەخواتەوە.»
JOS 3:14 جا کاتێک گەل لە چادرەکانیانەوە کۆچیان کرد، تاکو لە ڕووباری ئوردون بپەڕنەوە، کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانیش لەپێشیانەوە بوون.
JOS 3:15 بە درێژایی ڕۆژانی دروێنە ڕووباری ئوردونیش دەبووە لافاو، بەڵام لە کاتی هاتنی هەڵگرانی سندوقەکە بۆ ناو ڕووباری ئوردون و نوقومبوونی پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقەکە لەناو ئاوی کەنارەکە،
JOS 3:16 ئەو ئاوەی لە سەرەوە دەهاتە خوارەوە لە ڕۆیشتن وەستا. لە دوورییەکی زۆرەوە لە شارۆچکەی ئادام لە بەربەستێک پەنگی خواردەوە، ئەو شارۆچکەیەی کە لەتەنیشت چەرەتانە، هەروەها ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو دەریای عەراڤا واتا دەریای مردوو بە تەواوی بڕا و گەل بەرەو ئەریحا پەڕینەوە.
JOS 3:17 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان لەسەر وشکانی لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون بە جێگیری وەستان و هەموو ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا پەڕینەوە، هەتا هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە.
JOS 4:1 کاتێک هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە، یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
JOS 4:2 «لەناو خەڵکەکەدا دوازدە پیاو هەڵبژێرە، لە هەر هۆزە و پیاوێک،
JOS 4:3 فەرمانیان پێ بکە و پێیان بڵێ: ”لێرە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، لە شوێن پێی کاهینەکان کە تێیدا جێگیر بوون، دوازدە بەرد هەڵبگرن و لەگەڵ خۆتان بیانپەڕێننەوە و لەو شوێنەدا دایانبنێن کە ئەمشەو تێیدا دەمێننەوە.“»
JOS 4:4 ئینجا یەشوع ئەو دوازدە پیاوەی بانگکرد کە لە نەوەی ئیسرائیل هەڵیبژاردبوون، لە هەر هۆزە و پیاوێک،
JOS 4:5 یەشوع پێی گوتن: «لەبەردەم سندوقی یەزدانی پەروەردگارتانەوە تێپەڕ بن بۆ ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون و بەگوێرەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەک لە ئێوە بەردێک بەرز بکاتەوە بۆ سەر شانی،
JOS 4:6 بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە نیشانەیەک لەنێوتان. ئەگەر سبەینێ منداڵەکانتان لێتان بپرسن: ”ئەم بەردانە چ واتایەکی هەیە؟“
JOS 4:7 ئێوەش پێیان دەڵێن: ”ئاوی ڕووباری ئوردون لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان وەستا. کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئاوی ئوردون ڕاوەستا، جا ئەم بەردانە دەبنە یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە.“»
JOS 4:8 نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەشوع فەرمانی پێ کردن، دوازدە بەردیان لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە هەڵگرت، هەروەک یەزدان بە یەشوعی فەرموو، بەپێی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و لەگەڵ خۆیاندا پەڕاندیانەوە بۆ ئەو شوێنەی چادریان تێیدا هەڵدا و لەوێ دایاننان.
JOS 4:9 یەشوعیش دوازدە بەردەکەی ڕاگیر کرد کە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا بوون لەو شوێنەی کە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان ڕاوەستابوون و هەتا ئەمڕۆش لەو شوێنەدان.
JOS 4:10 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقەکە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا وەستان هەتا هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە یەشوع کردبوو بە گەلی بڵێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی موسا فەرمانی بە یەشوع کردبوو تەواو بوو. گەل پەلەیان کرد و پەڕینەوە.
JOS 4:11 کاتێک هەموو گەل تەواو پەڕینەوە، سندوقی یەزدان و کاهینەکانیش بە بەردەم گەلدا پەڕینەوە.
JOS 4:12 نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشەش بە چەکەوە لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل پەڕینەوە، هەروەک موسا پێی گوتبوون.
JOS 4:13 نزیکەی چل هەزار چەکدار بۆ شەڕکردن لەبەردەم یەزدان پەڕینەوە بۆ جەنگ بەرەو دەشتەکانی ئەریحا.
JOS 4:14 لەو ڕۆژە یەزدان لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل یەشوعی بەرز ڕاگرت، ئەوانیش بە درێژایی ژیانی یەشوع ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، هەروەک چۆن ڕێزیان لە موسا گرتبوو.
JOS 4:15 هەروەها یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
JOS 4:16 «فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی بکە با لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»
JOS 4:17 یەشوعیش فەرمانی بە کاهینەکان کرد و گوتی: «لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»
JOS 4:18 ئەوە بوو لەگەڵ سەرکەوتنی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدان لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، بن پێی کاهینەکان کەوتە سەر وشکانی، ئاوی ڕووباری ئوردون گەڕایەوە شوێنی خۆی و وەک پێشتر بووەوە بە لافاو.
JOS 4:19 گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا.
JOS 4:20 ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و
JOS 4:21 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“
JOS 4:22 پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“
JOS 4:23 لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە.
JOS 4:24 ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»
JOS 5:1 کاتێک هەموو پاشاکانی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەبەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون بوون و هەموو پاشاکانی کەنعانییەکان، ئەوانەی لەسەر کەناری دەریا بوون، بیستیان کە یەزدان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وشک کردووە هەتا دوای پەڕیونەتەوە، ئیتر دڵیان تۆقی و ورەیان تێدا نەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەی ئیسرائیل.
JOS 5:2 لەو کاتەدا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «چەند چەقۆیەک لە بەردەئەستێ بۆ خۆت دروستبکە و جارێکی دیکە نەوەی ئیسرائیل خەتەنە بکەرەوە.»
JOS 5:3 جا یەشوع چەند چەقۆیەکی لە بەردەئەستێ دروستکرد و نەوەی ئیسرائیلی لە گردی هاعەرالۆت خەتەنە کرد.
JOS 5:4 ئەمەش هۆی خەتەنەکردنەکەیان بوو لەلایەن یەشوعەوە، هەموو ئەو گەلەی کە لە میسر هاتبوونە دەرەوە، ئەو نێرینانەی کە پیاوی جەنگ بوون، ماوەیەک لەدوای ڕۆیشتنیان لە میسر لە ڕێگا لە چۆڵەوانی مردن.
JOS 5:5 هەموو ئەو گەلەی کە لە میسرەوە کۆچیان کرد خەتەنە کرابوون، بەڵام هەموو ئەو گەلەی لە کاتی کۆچیان لە میسرەوە لە ڕێگا لە چۆڵەوانیدا لەدایک بوون خەتەنە نەکرابوون.
JOS 5:6 نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن، هەتا هەموو ئەو گەلە، هەموو پیاوانی جەنگ، ئەوانەی لە میسر هاتبوونە دەرەوە کۆتاییان پێهات، چونکە گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون. یەزدان سوێندی بۆ خواردن کە ئەو خاکەیان پیشان نەدات کە سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە دەیداتە ئێمە، ئەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
JOS 5:7 بۆیە کوڕەکانیانی لە جێی ئەوان پێگەیاند، هەروەها یەشوع ئەوانی خەتەنە کرد، چونکە خەتەنە نەکرابوون، لەبەر ئەوەی لە ڕێگادا خەتەنەیان نەکردبوون.
JOS 5:8 پاش ئەوەی هەموو گەل لە خەتەنەکردن بوونەوە، لە جێی خۆیان لە ئۆردوگاکە مانەوە هەتا برینەکەیان ساڕێژ بوو.
JOS 5:9 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕیسوایی میسرم لێتان گلۆرکردەوە.» بۆیە ئەو شوێنە هەتا ئەمڕۆش بە گلگال ناودەبردرێت.
JOS 5:10 نەوەی ئیسرائیل لە گلگال چادریان هەڵدا و لە ئێوارەی ڕۆژی چواردەی مانگ لە دەشتی ئەریحا جەژنی پەسخەیان گێڕا.
JOS 5:11 بۆ ڕۆژی پاش جەژنی پەسخە، هەر هەمان ڕۆژ، لە بەروبوومی خاک نانی فەتیرە و دانەوێڵەی برژاویان خوارد.
JOS 5:12 هەروەها لەو ڕۆژەدا مەن بڕایەوە کاتێک لە بەری خاکەکەیان خوارد، ئیتر لەدوای ئەوە مەن بۆ نەوەی ئیسرائیل نەبوو، بەڵام ئەو ساڵە لە بەری زەوی کەنعانیان خوارد.
JOS 5:13 ئەوە بوو کاتێک یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو، سەری هەڵبڕی و بینی وا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی هەڵکێشاوە. یەشوعیش چووە لای و پێی گوت: «ئایا تۆ لەگەڵ ئێمە دایت یان لەگەڵ دوژمنەکانمان؟»
JOS 5:14 ئەویش گوتی: «هیچیان، چونکە ئێستا من وەک فەرماندەی گشتی سوپای یەزدان هاتووم.» جا یەشوع بە ڕوودا بەسەر زەوی کەوت و کڕنۆشی برد و گوتی: «پەیامی گەورەکەم چییە بۆ خزمەتکاری خۆی؟»
JOS 5:15 فەرماندەی گشتی سوپای یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت پیرۆزە.» یەشوعیش بەم جۆرەی کرد.
JOS 6:1 ئەریحاش بەهۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو، نە کەس دەچووە دەرەوە و نە کەسیش دەهاتە ژوورەوە.
JOS 6:2 جا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بڕوانە من ئەریحا و پاشاکەی و پاڵەوانە شەڕکەرەکانی ئەوم داوەتە دەست تۆ.
JOS 6:3 ئێوەش هەموو جەنگاوەرەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، ڕۆژی جارێک بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە.
JOS 6:4 حەوت کاهین حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەبەردەم سندوقەکەدا هەڵدەگرن و لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە و کاهینەکان کەڕەناکان لێدەدەن.
JOS 6:5 کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەناکان دەبێت، لەگەڵ درێژبوونەوەی فووکردن بە قۆچە بەرانەکاندا، هەموو گەل بە یەک دەنگ هاوارێکی بەرز دەکەن؛ ئیتر شوورای شارەکە دەڕمێت و هەموو گەل هەریەکە و لەلای خۆیەوە بەسەریدا دەدەن.»
JOS 6:6 جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.»
JOS 6:7 ئینجا بە گەلی گوت: «پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە، با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.»
JOS 6:8 هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد، حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان، لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت.
JOS 6:9 هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن، لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن. بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات.
JOS 6:10 بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون: «هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن، جا هاوار دەکەن!»
JOS 6:11 لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە.
JOS 6:12 بەیانی زوو یەشوع لە خەو هەستا و کاهینەکانیش سندوقی یەزدانیان هەڵگرت و
JOS 6:13 حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەناکەش لەپێش سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن و کەڕەنایان لێدەدا و چەک بەدەستەکانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشتن و لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن، کاتێک کەڕەنا دەنگی دەهات.
JOS 6:14 ئینجا لە ڕۆژی دووەم یەک جار بەدەوری شارەکەدا سووڕانەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە. شەش ڕۆژ ئاوایان کرد.
JOS 6:15 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم بەرەبەیان زوو لە خەو هەستان و حەوت جار بەو شێوەیە بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە. تەنها لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە،
JOS 6:16 ئەوە بوو لە جاری حەوتەم کاتێک کاهینەکان کەڕەناکانیان لێدا، یەشوع بە گەلی گوت: «هاوار بکەن! چونکە یەزدان شارەکەی داوەتە دەست ئێوە!
JOS 6:17 دەبێت شارەکە و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدان تەرخان بکرێت تاکو قڕ بکرێت، تەنها ڕاحابی لەشفرۆش و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە لەگەڵین دەیانهێڵنەوە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە، کە ناردمانن.
JOS 6:18 بەڵام ئێوە خۆتان بە دوور بگرن لە شتە تەرخانکراوەکان نەوەک قڕ بکرێن و ئۆردوگای ئیسرائیل تووشی قڕبوون و تێکدان بکەن.
JOS 6:19 هەموو ئەو زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنانە بۆ یەزدان تەرخانکراون و دەچنە ناو گەنجینەی یەزدانەوە.»
JOS 6:20 کاتێک گەل هاواری کرد و کەڕەنایان لێدا، گەل گوێیان لە دەنگی کەڕەنا بوو، هاوارێکی بەرزیان کرد و شووراکە داڕما و گەل چوونە ناو شارەکەوە، هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەسەریاندا دا و شارەکەیان گرت.
JOS 6:21 شارەکەیان بۆ یەزدان تەرخان کرد و هەرچی تێیدابوو لە پیاو و ژن و منداڵ و پیر، هەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان بە زەبری شمشێر قڕ کرد.
JOS 6:22 یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو: «بچنە ناو ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە، هەروەک سوێندتان بۆی خوارد، خۆی و هەموو ئەوەی هی ئەوە بیانهێننە دەرەوە.»
JOS 6:23 جا دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و هەرچی هەیبوو و هەموو کەسوکارەکەیان هێنایە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگای ئیسرائیل دایاننان.
JOS 6:24 شارەکەشیان سووتاند و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی تێیدا بوو، بەڵام زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنەکانیان خستە ناو گەنجینەی ماڵی یەزدانەوە.
JOS 6:25 بەڵام یەشوع ڕاحابی لەشفرۆش و ماڵی باوکی و هەرچی هەیبوو بە زیندووێتی هێشتنییەوە، ئەویش هەتا ئەمڕۆش لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێیە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە کە یەشوع بۆ سیخوڕی ئەریحا ناردبوونی.
JOS 6:26 لەو کاتەدا یەشوع سوێندی خوارد و گوتی: «لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی هەڵدەستێت و ئەم شاری ئەریحایە بنیاد دەنێتەوە: «بە مەرگی کوڕە نۆبەرەکەی بناغەکانی دادەنێت و بە مەرگی بچووکەکەی دەرگاکانی دادەمەزرێنێت.»
JOS 6:27 یەزدانیش لەگەڵ یەشوع بوو و ناوبانگی بە هەموو خاکەکەدا بڵاو بووەوە.
JOS 7:1 بەڵام نەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە شتە تەرخانکراوەکان بۆ یەزدان ناپاکییان کرد، عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح لە هۆزی یەهودا لە شتە تەرخانکراوەکانی برد، ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا.
JOS 7:2 یەشوعیش چەند پیاوێکی لە ئەریحاوە بۆ عای نارد کە لەلای بێت‌ئاڤنە لە ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و پێی گوتن: «سەربکەون و سیخوڕی لەبارەی خاکەکەوە بکەن.» پیاوەکانیش سەرکەوتن و سیخوڕی عاییان کرد.
JOS 7:3 کاتێک گەڕانەوە لای یەشوع و پێیان گوت: «با هەموو گەل سەرنەکەون، بەڵکو تەنها نزیکەی دوو هەزار یان سێ هەزار پیاو بەسەر عایدا بدەن، هەموو گەل شەکەت مەکە، چونکە ئەوان کەمن.»
JOS 7:4 جا نزیکەی سێ هەزار کەس لە گەل بۆ ئەوێ سەرکەوتن، بەڵام لەبەردەم پیاوەکانی عای هەڵاتن،
JOS 7:5 خەڵکی عای لێیاندان و نزیکەی سی و شەش پیاویان کوشتن و دوایان کەوتن. لەبەردەم دەروازەکەوە هەتا کانە بەردەکان، لە لێژاییەکە لێیان دان، گەل ڕەنگیان پەڕی.
JOS 7:6 یەشوعیش جلەکانی دادڕی و لەبەردەم سندوقی یەزدان بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی و هەتا ئێوارە لەوێ مایەوە. هەروەها پیرانی نەوەی ئیسرائیل هەمان شتیان کرد و خۆڵیان بەسەر سەری خۆیاندا کرد.
JOS 7:7 هەروەها یەشوع گوتی: «ئای یەزدانی باڵادەست، بۆچی ئەم گەلەت بە تەواوی لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بماندەیتە دەست ئەمۆرییەکان و لەناومان ببەن؟ خۆزگە بەوەندە ڕازی دەبووین و لەوبەری ڕووباری ئوردون دەماینەوە.
JOS 7:8 ئەی پەروەردگار، من چی بڵێم پاش ئەوەی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم دوژمنەکانیاندا بەزین؟
JOS 7:9 جا کەنعانییەکان و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکە ئەمە دەبیستن و گەمارۆمان دەدەن و ناومان لەسەر ڕووی زەوی دەسڕنەوە، ئەی چی بۆ ناوی گەورەی خۆت دەکەیت؟»
JOS 7:10 یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «هەستە، بۆچی ئاوا بەسەر ڕووتدا کەوتوویت؟
JOS 7:11 نەوەی ئیسرائیل گوناهیان کرد و هەروەها پەیمانەکەی منیان شکاند کە فەرمانم پێکردبوون، هەندێک لە شتە تەرخانکراوەکانیان برد، دزییان کرد و درۆیان کرد و لەناو کەلوپەلەکانی خۆیاندا دایاننا.
JOS 7:12 بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم.
JOS 7:13 «هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل، لەنێوتان کەسانێک هەن کە شتی تەرخانکراویان بردووە. لەبەر ئەوە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو شتانە لەنێو خۆتان دانەماڵن.
JOS 7:14 «”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو خێڵەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو بنەماڵەیەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە.
JOS 7:15 ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“»
JOS 7:16 بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا هەڵبژێردرا.
JOS 7:17 خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان هەڵبژێردرا. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری هەڵبژێردرا.
JOS 7:18 بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح هەڵبژێردرا کە سەر بە هۆزی یەهودایە.
JOS 7:19 ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ. پێم بڵێ، چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.»
JOS 7:20 عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە،
JOS 7:21 لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.»
JOS 7:22 جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە.
JOS 7:23 ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا.
JOS 7:24 ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر.
JOS 7:25 ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.» ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن،
JOS 7:26 کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر ناودەبردرێت.
JOS 8:1 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «مەترسە و ورە بەرمەدە. هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵ خۆت ببە و هەستە سەربکەوە بۆ عای، ببینە من پاشاکەی و گەلەکەی و شارەکەی و خاکەکەیم داوەتە دەست تۆ.
JOS 8:2 ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەیتان کرد، بە عای و پاشاکەی بکەن، بەڵام دەستکەوتەکان و ئاژەڵە ماڵییەکانی بۆ خۆتان تاڵان بکەن. لە پشتییەوە بۆسەیەک بۆ شارەکە بنێوە.»
JOS 8:3 جا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکانی سوپا هەستان بۆ ئەوەی بەسەر عایدا بدەن، یەشوع سی هەزار جەنگاوەری قارەمانی هەڵبژارد و بە شەو ناردنی،
JOS 8:4 فەرمانی پێ کردن و گوتی: «وریابن، ئێوە لە پشتەوە بۆسە بۆ شارەکە دەنێنەوە و زۆر لە شارەکە دوور مەکەونەوە و هەمووتان لە ئامادەباشیدا بن.
JOS 8:5 منیش لەگەڵ هەموو ئەم گەلە لە شارەکە نزیک دەبینەوە و ئیتر کە ئەوان دێنە دەرەوە بۆمان، ئێمە وەک یەکەم جار لەبەردەمیاندا هەڵدێین و
JOS 8:6 ئەوان بەدوامان دەکەون هەتا لە شارەکە دووریان دەخەینەوە، چونکە دەڵێن: ”ئەوەتا وەک یەکەم جار لەبەردەممان هەڵدێن،“ جا کاتێک لەبەردەمیان هەڵدێین،
JOS 8:7 ئێوەش لە بۆسەکەوە دێنە دەرەوە و دەست بەسەر شارەکەدا دەگرن و یەزدانی پەروەردگارتان دەیدات بە دەستتانەوە.
JOS 8:8 کاتێک شارەکە دەگرن، ئاگری تێبەر دەدەن. ئەوە بکەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردوون. سەیر بکەن ئەوە فەرمانی منە بۆ ئێوە.»
JOS 8:9 ئینجا یەشوع ناردنی و ئەوانیش بۆ شوێنی بۆسەکە ڕۆیشتن و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای مانەوە. ئەو شەوە یەشوع لە ناوەڕاستی گەل مایەوە.
JOS 8:10 بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و گەلەکەی کۆکردەوە و خۆی و پیرانی ئیسرائیل لەپێش گەلەوە سەرکەوتن بۆ عای.
JOS 8:11 هەروەها هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵیدا بوون سەرکەوتن و چوونە پێشەوە و هاتنە بەرامبەر شارەکە، لە باکووری عای چادریان هەڵدا و دۆڵەکە لەنێوان ئەوان و عای بوو.
JOS 8:12 یەشوع نزیکەی پێنج هەزار پیاوی نارد و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای لە بۆسەدا داینان.
JOS 8:13 ئیتر گەل، واتا هەموو لەشکرەکە کە لە باکووری شارەکە بوو لەگەڵ ئەوانەی کە لە بۆسەکەی ڕۆژئاوای شارەکە بوون، جێگیر بوون، یەشوعیش ئەو شەوە چووە ناوەڕاستی دۆڵەکە.
JOS 8:14 کاتێک پاشای عای ئەمەی بینی، خۆی و پیاوانی شارەکە بەیانی زوو بە پەلە هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە عەراڤا، بەڵام پاشا نەیدەزانی کە لە پشت شارەکەوە بۆسەیەکی بۆ نراوەتەوە.
JOS 8:15 یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل وایان پیشان دا کە شکستیان خواردوو و بە ڕێگای چۆڵەوانیدا هەڵاتن.
JOS 8:16 لەنێو هەموو خەڵکی شاری عای بانگەواز بڵاو بووەوە کە دوایان بکەون، ئەوانیش دوای یەشوع کەوتن و لە شارەکە دوور کەوتنەوە.
JOS 8:17 یەک پیاو لە عای یان لە بێت‌ئێل نەما کە بەدوای ئیسرائیل نەکەوتبێت. شارەکەیان بە کراوەیی بەجێهێشت و بەدوای ئیسرائیل کەوتن.
JOS 8:18 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ڕمەکەی دەستت ڕووەو عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستتەوە.» یەشوعیش ئەو ڕمەی بە دەستیەوە بوو ڕووەو شارەکەی کرد.
JOS 8:19 کاتێک دەستی درێژکرد ئەوانەی لە بۆسەکە بوون بە پەلە لە جێی خۆیان هەستان و ڕایانکرد و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و بە پەلە سووتاندیان.
JOS 8:20 پیاوەکانی عای ئاوڕیان دایەوە و تەماشایان کرد وا دووکەڵی شارەکە بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و هیچ جێیەکیش نییە بۆی هەڵبێن، نە بەملا و نە بەولا، ئیسرائیلییەکانیش کە بۆ چۆڵەوانی ڕایاندەکرد بەسەر ڕاونەرەکاندا هەڵگەڕانەوە.
JOS 8:21 جا کە یەشوع و هەموو ئیسرائیل بینییان بۆسەکە شارەکەی گرتووە و دووکەڵی شارەکە بەرز بووەتەوە، گەڕانەوە و لە پیاوەکانی عاییان دا.
JOS 8:22 جەنگاوەران لەناو بۆسەکەش لە شارەکەوە بۆ پەلاماردانیان هاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عای کەوتنە نێوان ئیسرائیلییەکان. ئەمان لەم لاوە و ئەوان لەولاوە، ئینجا لێیان دان تاکو کەسیان لێ نەما هەڵبێت و دەرباز بێت.
JOS 8:23 بەڵام پاشای عاییان بە زیندوویی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەم یەشوع.
JOS 8:24 پاش ئەوەی ئیسرائیل لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان بکەن، هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانانەیان بە شمشێر کوشت کە لەوێ مابوونەوە.
JOS 8:25 سەرجەم دانیشتووانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن لە پیاو و لە ژن، دوازدە هەزار کەس بوون.
JOS 8:26 یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو نەیگەڕاندەوە دواوە هەتا سەرجەم دانیشتووانی عای قڕ بوون.
JOS 8:27 بەڵام نەوەی ئیسرائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵان کرد، بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو.
JOS 8:28 ئینجا یەشوع عایی سووتاند و کردییە گردێکی وێرانی هەتاهەتایی، هەتا ئەمڕۆش هەروا ماوەتەوە.
JOS 8:29 هەروەها لاشەی پاشای عایی هەتا ئێوارە لەسەر دار هەڵواسی، لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا و لاشەکەیان هێنا خوارەوە و لەبەردەم دەروازەی شارەکە فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆ ماوەتەوە.
JOS 8:30 ئینجا یەشوع قوربانگایەکی بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە کێوی عێبال بنیاد نا.
JOS 8:31 هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کردبوو، بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، قوربانگایەک لە بەردی نەتاشراو، کە ئامێری ئاسنی بەسەردا بەرز نەکرابووەوە، قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخستە سەری و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی.
JOS 8:32 لەوێ یەشوع لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل وێنەیەکی لەو فێرکردنە نووسییەوە کە موسا نووسیبووی.
JOS 8:33 هەموو ئیسرائیلیش نامۆ و هاوڵاتی وەک یەک، لەگەڵ پیر و کوێخا و دادوەریان لەتەنیشت سندوقەکەوە، لەم لا و ئەو لاوە بەرامبەر بە کاهینە لێڤییەکان هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان وەستان، نیوەیان بەلای کێوی گەریزیم و نیوەکەی دیکەیان بەلای کێوی عێبال، وەک چۆن لەوەو پێش موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو، کاتێک فەرمانی دا بۆ داواکردنی بەرەکەت بۆ گەلی ئیسرائیل.
JOS 8:34 پاشان هەموو وشەکانی ئەو فێرکردنەی خوێندەوە، بەرەکەت و نەفرەت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتدا نووسرابوو.
JOS 8:35 وشەیەک نەبوو لە هەموو ئەو شتانەی کە موسا فەرمانی پێ کردبوو، کە یەشوع نەیخوێنێتەوە، لەبەردەم هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا بە ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لەنێویاندا بوو.
JOS 9:1 ئینجا کاتێک هەموو ئەو پاشایانەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونن، لە ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی ڕۆژئاوای و لە هەموو کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست تاکو لوبنان، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ئەوەیان بیستەوە،
JOS 9:2 بە یەک دەنگ پێکەوە کۆبوونەوە بۆ جەنگ لە دژی یەشوع و ئیسرائیل.
JOS 9:3 بەڵام دانیشتووانی گبعۆن کە بیستیانەوە یەشوع چی بە ئەریحا و عای کردووە،
JOS 9:4 بە زۆرزانییەوە کاریان کرد و چوون وەک شاندێک خۆیان پیشان دا، گوێدرێژەکانیان لە جەواڵە کۆن و مەشکە شەرابی کۆن و دڕاو و بەستراو بارکرد،
JOS 9:5 پێڵاوی دڕاو و پینەکراویان لەپێکرد و جلی شڕیان لەبەرکرد، هەموو نانی ئازووقەکەیان وشک و کەڕووی هەڵهێنابوو.
JOS 9:6 ئینجا بەرەو لای یەشوع چوون بۆ ئۆردوگاکە کە لە گلگال بوو، بە یەشوع و پیاوانی ئیسرائیلیان گوت: «لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووین و ئێستا پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.»
JOS 9:7 پیاوانی ئیسرائیلیش بە حیڤییەکانیان گوت: «لەوانەیە ئێوە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بن، ئیتر چۆن پەیمانتان لەگەڵدا ببەستین؟»
JOS 9:8 ئەوانیش بە یەشوعیان گوت: «ئێمە خزمەتکاری تۆین.» یەشوعیش لێی پرسین: «ئێوە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»
JOS 9:9 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکارەکانت لە وڵاتێکی زۆر دوورەوە هاتوون، لەبەر ناوی یەزدانی پەروەردگارت، چونکە ئێمە گوێمان لە هەواڵی یەزدانی پەروەردگارت بوو و لەبارەی هەموو ئەو کارانەی کە بەسەر میسری هێنا،
JOS 9:10 هەموو ئەوەی بە دوو پاشای ئەمۆرییەکانی کرد، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەلای ڕۆژهەڵات بوون، سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان ئەوەی لە عەشتارۆت بوو.
JOS 9:11 جا پیرانمان و هەموو دانیشتووانی خاکەکەمان قسەیان لەگەڵ کردین و گوتیان: ”ئازووقەی ڕێگا لەگەڵ خۆتان ببەن و بڕۆن بۆ بینینیان، پێیان بڵێن: ئێمە خزمەتکاری ئێوەین و ئێستاش پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.“
JOS 9:12 ئەو ڕۆژەی کە بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی بێین بۆ لای ئێوە، لە ماڵەوە نانەکەمان بە گەرمی هێنا، بەڵام تەماشا بکە، ئێستا وشکە و کەڕووی هەڵهێناوە.
JOS 9:13 ئەمەش مەشکەی شەرابەکانمانە کە بە نوێتی پڕمان کردن و وا دڕاون، ئەمەش جلوبەرگ و پێڵاوەکانمانە کە لەبەر دووری ڕێگاکە کۆن بوون.»
JOS 9:14 جا پیاوانی ئیسرائیل لە ئازووقەکەیان وەرگرت، بەڵام پرسیان بە یەزدان نەکرد.
JOS 9:15 یەشوعیش پەیمانی ئاشتی لەگەڵیاندا بەست کە بە زیندوویی بیانهێڵێتەوە، ڕابەرەکانی گەلیش سوێندیان بۆ خواردن.
JOS 9:16 پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر پەیمانەکەدا، بیستیانەوە کە گبعۆنییەکان لێیان نزیکن و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن.
JOS 9:17 جا نەوەی ئیسرائیل بەڕێکەوتن و لە ڕۆژی سێیەمدا هاتنە شارەکانیان، ئەمانە شارەکانیان بوون: گبعۆن، کەفیرا، بئێرۆت و قیریەت یەعاریم.
JOS 9:18 نەوەی ئیسرائیلیش لێیان نەدان، چونکە ڕابەرەکانی گەل سوێندیان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ خواردبوون. لەبەر ئەوە هەموو گەل بۆڵەبۆڵیان لە دژی ڕابەرەکان کرد،
JOS 9:19 جا هەموو ڕابەرەکان بە هەموو گەلیان گوت: «ئێمە بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین دەستیان لێ بدەین،
JOS 9:20 ئەمەیان بۆ دەکەین و بە زیندوویی دەیانهێڵینەوە، بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا نەبارێت، بەهۆی ئەو سوێندەی کە بۆمان خواردوون.»
JOS 9:21 هەروەها ڕابەرەکان پێیان گوتن: «بە زیندوویی دەمێننەوە و بۆ هەموو گەل دەبن بە داربڕ و ئاوکێش.» بەم شێوەیە ڕابەرەکان بەڵێنیان پێدابوون.
JOS 9:22 ئینجا یەشوع گبعۆنییەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمە زۆر لە ئێوەوە دوورین،“ ئێوە وا دانیشتووانی ئەم ناوەن؟
JOS 9:23 ئێستا ئێوە نەفرەت لێکراون، کۆیلە و داربڕ و ئاوکێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.»
JOS 9:24 ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە گوتیان: «خزمەتکارەکانت هەموو ئەو هەواڵەیان بیستووەتەوە کە یەزدانی پەروەردگارت فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو کە هەموو خاکەکەتان بداتێ و هەموو دانیشتووانی خاکەکەش لەبەردەمتان لەناو ببات. ئێمەش لەبەر گیانی خۆمان زۆر لە ئێوە ترساین و ئەم کارەمان کرد،
JOS 9:25 ئێستاش ئەوەتا لەبەردەستی ئێوەداین و چی بە باش و ڕاست دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»
JOS 9:26 یەشوعیش ئاوای لێکردن و لە دەست نەوەی ئیسرائیل ڕزگاری کردن و نەیانکوشتن.
JOS 9:27 لەو ڕۆژەشدا یەشوع گبعۆنییەکانی کردە داربڕ و ئاوکێش بۆ کۆمەڵ و بۆ قوربانگای یەزدان، هەتا ئەمڕۆش ئەوە کاریانە لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت.
JOS 10:1 کاتێک ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بیستییەوە کە یەشوع شاری عایی گرتووە و بە تەواوی قڕی کردووە، ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەی کرد، هەمان شتی بە عای و پاشاکەی کردووە، هەروەها دانیشتووانی گبعۆن پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە و لە نزیکیان دەژین،
JOS 10:2 زۆر ترسا، چونکە گبعۆن شارێکی گەورە بوو، وەک یەکێک لە شارە پاشانشینەکان و لە عای گەورەتر بوو، هەموو پیاوەکانیشی پاڵەوان بوون.
JOS 10:3 ئینجا ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بەدوای هۆهامی پاشای حەبرۆن و پیرامی پاشای یەرموت و یافیعی پاشای لاخیش و دەڤیری پاشای عەگلۆنیدا نارد و گوتی:
JOS 10:4 «سەربکەون بۆ لام و یارمەتیم بدەن، لە گبعۆن دەدەین، چونکە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ یەشوع و نەوەی ئیسرائیلدا بەستووە.»
JOS 10:5 ئینجا هەر پێنج پاشای ئەمۆرییەکان کۆبوونەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن، خۆیان و هەموو سوپاکانیان سەرکەوتن و چادریان هەڵدا لە دژی گبعۆن و جەنگیان لە دژی بەرپا کرد.
JOS 10:6 جا دانیشتووانی گبعۆن بەدوای یەشوعدا ناردیان بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال، پێیان گوت: «دەست لە خزمەتکارەکانت بەرمەدە. بە پەلە سەربکەوە بۆ لامان، ڕزگارمان بکە و یارمەتیمان بدە، چونکە هەموو پاشاکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە ناوچەی شاخاویدا نیشتەجێن لە دژمان گەلەکۆمەیان لێکردووین.»
JOS 10:7 بۆیە یەشوع لە گلگالەوە لەگەڵ هەموو سوپاکە و جەنگاوەرە قارەمانەکان سەرکەوتن.
JOS 10:8 یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە ئەوانەم داوەتە دەست تۆ، کەسیان ناتوانێت لەبەردەمت ڕابوەستێت.»
JOS 10:9 یەشوع بە درێژایی ئەو شەوە لە گلگالەوە سەرکەوت و لەناکاو بۆیان هات.
JOS 10:10 یەزدانیش لەبەردەم ئیسرائیلدا سەری لێ شێواندن، لە گبعۆن بە تەواوی شکستی دان و بە ڕێگای هەورازی بێت‌حۆرۆندا ڕاوی نان، هەتا عەزێقا و مەقێدا لێیدان.
JOS 10:11 هەروەها کاتێک لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵدەهاتن و لە نشێوەکەی بێت‌حۆرۆن بوون، یەزدان لە ئاسمانەوە بە تەرزەی گەورە لێیدان هەتا گەیشتنە عەزێقا و مردن. ئەوانەی کە بە تەرزە مردن زیاتر بوون لەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل بە شمشێر کوشتیانن.
JOS 10:12 لەو ڕۆژەدا کە یەزدان ئەمۆرییەکانی دایە دەست نەوەی ئیسرائیل، یەشوع لەگەڵ یەزداندا دوا، لەبەرچاوی ئیسرائیلدا گوتی: «ئەی خۆر بەسەر گبعۆنەوە ڕابوەستە و ئەی مانگ بەسەر دۆڵی ئەیالۆنەوە.
JOS 10:13 جا خۆر ڕاوەستا و مانگیش وەستا هەتا گەل تۆڵەیان لە دوژمنەکانیان سەندەوە.» ئایا ئەمە لە پەڕتووکی یاشاردا نەنووسراوە؟ جا خۆر لەناو جەرگەی ئاسماندا ڕاوەستا و بۆ ماوەی یەک ڕۆژی تەواو لە ئاوابوون پەلەی نەکرد.
JOS 10:14 وەک ئەو ڕۆژە قەت نەبووە، نە لەپێشی و نە لەپاشی کە یەزدان ئاوا گوێ لە دەنگی کەسێک بگرێت، چونکە یەزدان بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل دەجەنگا!
JOS 10:15 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.
JOS 10:16 پێنج پاشاکەش هەڵاتن و لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردەوە.
JOS 10:17 جا بە یەشوع ڕاگەیەنرا و گوترا کە پێنج پاشاکە لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردووەتەوە،
JOS 10:18 یەشوعیش گوتی: «بەردی گەورە بۆ سەر دەمی ئەشکەوتەکە تل بکەنەوە و چەند پیاوێکی بەدیارەوە دابنێن بۆ چاودێرییان.
JOS 10:19 ئێوەش مەوەستن، بەڵکو دوای دوژمنەکانتان بکەون و لە پشتەوە لێیان بدەن، مەهێڵن بچنە ناو شارەکانیانەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی داوەتە دەستتان.»
JOS 10:20 ئینجا کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل تەواو بوون لە لێدانیان بە گورزێکی جەرگبڕ هەتا لەناوچوون و ئەوانەی لێیان هەڵاتن چوونە ناو شارە قەڵابەندەکانەوە،
JOS 10:21 هەموو سوپا بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە مەقێدا. کەس نەبوو لە دژی نەوەی ئیسرائیل زمان درێژ بکات.
JOS 10:22 ئینجا یەشوع گوتی: «دەمی ئەشکەوتەکە بکەنەوە و ئەو پێنج پاشایەم لە ئەشکەوتەکەوە بۆ بهێنە دەرەوە.»
JOS 10:23 ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد و ئەو پێنج پاشایەیان لە ئەشکەوتەکەوە بۆ هێنایە دەرەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن.
JOS 10:24 جا کە پاشاکانیان بۆ یەشوع هێنایە دەرەوە، یەشوع هەموو پیاوانی ئیسرائیلی بانگکرد و بە فەرماندەکانی سوپای گوت، ئەوانەی کە لەگەڵیدا ڕۆیشتبوون، «وەرنە پێشەوە و قاچتان لەسەر ملی ئەم پاشایانە دابنێن.» ئەوانیش چوونە پێش و قاچیان لەسەر ملیان دانا.
JOS 10:25 ئینجا یەشوع پێی گوتن: «مەترسن و ورە بەرمەدەن، بەهێز و ئازابن، چونکە یەزدان ئاوا لە هەموو دوژمنەکانتان دەکات، کە ئێوە لە دژیان دەجەنگن.»
JOS 10:26 ئینجا یەشوع لێیدان و کوشتنی، هەر پێنجیانی لەسەر پێنج دار هەڵواسی، هەتا ئێوارە بە هەڵواسراوی لەسەر دارەکان مانەوە.
JOS 10:27 پاشان لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا، ئینجا لە دارەکان دایانگرتن و فڕێیان دانە ئەو ئەشکەوتەی خۆیان تێیدا شاردبووەوە، چەند بەردێکی گەورەشیان خستە سەر دەمی ئەشکەوتەکە، هەتا ئەمڕۆش لەوێن.
JOS 10:28 هەر لەو ڕۆژەدا یەشوع مەقێدای گرت و دایە بەر زەبری شمشێر، پاشاکەی و هەموو گیانێکی تێدا بە تەواوی قڕکرد. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشای مەقێدا کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.
JOS 10:29 ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل لە مەقێداوە تێپەڕین بۆ لیڤنا، لە دژی لیڤنا جەنگان.
JOS 10:30 یەزدان شارەکەی لەگەڵ پاشاکەی دایە دەست ئیسرائیل و بە شمشێر لێیدا، لە خۆی و هەموو گیانێک کە تێیدا بوو. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشاکەی کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.
JOS 10:31 پاشان یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا لە لیڤنایەوە تێپەڕین بۆ لاخیش، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان.
JOS 10:32 یەزدان لاخیشی دایە دەست ئیسرائیل، لە ڕۆژی دووەمدا یەشوع گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ هەر گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، هەروەک چۆن یەشوع بە لیڤنای کردبوو.
JOS 10:33 لەو کاتەدا هۆرامی پاشای گەزەر بۆ پاڵپشتیکردنی لاخیش سەرکەوتبوو، بەڵام یەشوع لە خۆی و لەشکرەکەی دا و کەسی لێیان نەهێشت.
JOS 10:34 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە لاخیشەوە تێپەڕین بۆ عەگلۆن، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان.
JOS 10:35 هەر لەو ڕۆژەدا گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، هەر لەو ڕۆژەدا هەموو گیانێکی زیندوویان تێدا بە تەواوی قڕکرد، بە دەردی لاخیشیان برد.
JOS 10:36 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە عەگلۆنەوە سەرکەوتن بۆ حەبرۆن و لە دژی جەنگان،
JOS 10:37 گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و هەموو گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، کەسی لێیان نەهێشت، بە دەردی عەگلۆنیان برد، جا خۆی و هەموو گیانێکی زیندووی بە تەواوی قڕکرد کە تێیدا بوو.
JOS 10:38 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ دەڤیر و لە دژی جەنگان و
JOS 10:39 گرتیان، خۆی و پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و دایانە بەر زەبری شمشێر و هەرچی گیانی زیندووی تێدابوو بە تەواوی قڕیان کرد، کەسی لێیان نەهێشت، دەڤیر و پاشاکەی بە دەردی حەبرۆن و پاشاکەی برد، هەروەک چی بە لیڤنا و پاشاکەی کردبوو.
JOS 10:40 جا یەشوع هەموو خاکی ناوچە شاخاوییەکە و نەقەب و زوورگەکانی خۆرئاوا و قەدپاڵەکانی لەگەڵ هەموو پاشاکانیانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و کەسی لێیان نەهێشت، بەڵکو بە تەواوی هەموو هەناسەدانێکی لێ بڕی، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی دابوو.
JOS 10:41 یەشوع هەر لە قادێش بەرنێعەوە هەتا غەزە لێیدان، لە هەموو ناوچەی گۆشەن هەتا گبعۆن.
JOS 10:42 یەشوع هەموو ئەو پاشایانە و خاکەکەیانی بە یەک جار گرت، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل جەنگا.
JOS 10:43 ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا گەڕایەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.
JOS 11:1 ئینجا کاتێک یاڤینی پاشای حاچۆر ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆڤاڤی پاشای مادۆن و پاشای شیمرۆن و پاشای ئەکشاف و
JOS 11:2 ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیان و لە دەشتایی عەراڤا خوارووی کینەرەت و لە زوورگەکانی خۆرئاوا و لە بەرزاییەکانی دۆرە لە ڕۆژئاوا،
JOS 11:3 کەنعانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمۆری و حیتی و پریزی و یەبوسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و حیڤییەکانی بناری حەرمۆن لە خاکی میچپا.
JOS 11:4 جا خۆیان و هەموو لەشکرەکانیان لەگەڵیان هاتنە دەرەوە، سوپایەکی گەورە وەک لمی کەناری دەریا، بە ئەسپ و گالیسکەیەکی زۆر زۆرەوە.
JOS 11:5 ئینجا هەموو ئەو پاشایانە لە کاتی دیاریکراودا کۆبوونەوە و هاتن، لەلای جۆگەی مێرۆم چادریان هەڵدا بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.
JOS 11:6 یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا هەموویان بە کوژراوی فڕێدەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا دەماری پێی ئەسپەکانیان ببڕەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر بسووتێنە.»
JOS 11:7 ئینجا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵیدا لەناکاو لە نزیک جۆگەی مێرۆم هاتنە سەریان.
JOS 11:8 یەزدانیش ئەوانی دایە دەست ئیسرائیل، ئەوانیش لێیان دان و دەریانپەڕاندن هەتا سەیدائی مەزن و میسرەفۆت مەیم و دۆڵی میچپا لە ڕۆژهەڵات، جا لێیان دان هەتا کەسیان لێیان نەهێشت.
JOS 11:9 یەشوع ئەوەی پێکردن کە یەزدان پێی فەرموو، دەماری پێی ئەسپەکانی ئەوانی بڕی و گالیسکەکانی سووتاندن.
JOS 11:10 ئینجا لەو کاتەدا یەشوع گەڕایەوە و شاری حاچۆری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا. پێشتر حاچۆر پایتەختی هەموو ئەو پاشایەتییانە بوو.
JOS 11:11 هەموو گیانێک کە تێیدابوو دایانە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕیان کردن و هەناسەیەکی تێدا نەما، حاچۆریشیان سووتاند.
JOS 11:12 ئینجا یەشوع هەموو ئەو شارانەی کە پاشایان هەبوو بە پاشاکانیانەوە گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕی کردن، هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو.
JOS 11:13 بەڵام ئیسرائیل ئەو شارانەی نەسووتاند کە لەسەر گردەکان بوون، تەنها حاچۆر، یەشوع بە تەنها ئەوی سووتاند.
JOS 11:14 نەوەی ئیسرائیل هەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانە و ئاژەڵە ماڵییەکانیان بۆ خۆیان تاڵان کرد. بەڵام هەموو دانیشتووانەکانیان دایە بەر شمشێر هەتا بە تەواوی لەناویانبردن، هیچ زیندووێکیان تێدا نەهێشتەوە.
JOS 11:15 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو، موساش ئاوا فەرمانی بە یەشوع کرد و یەشوعیش ئاوای کرد، هیچ شتێکی پشتگوێ نەخست، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
JOS 11:16 جا یەشوع هەموو ئەو خاکانەی گرت: ناوچە شاخاوییەکە و هەموو نەقەب و هەموو خاکی گۆشەن و زوورگەکانی خۆرئاوا و دەشتایی عەراڤا و چیاکانی ئیسرائیل و زوورگەکانی،
JOS 11:17 لە کێوی حالاقەوە کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت هەتا بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنان لە بناری چیای حەرمۆن، هەموو پاشاکانیشی گرتن و لێیدان و کوشتنی.
JOS 11:18 یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا،
JOS 11:19 هیچ شارێک پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبەست، تەنها حیڤییەکانی دانیشتووی گبعۆن نەبێت، بەڵکو هەموویانی بە جەنگ گرت،
JOS 11:20 چونکە یەزدان خۆی دڵیانی ڕەقکردبوو، هەتا لە جەنگدا بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، جا قڕ بکرێن و بەزەییان بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببات، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
JOS 11:21 لەو کاتەدا یەشوع چوو و عەناقییەکانی لە کێوی حەبرۆن و دەڤیر و عەناڤ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئیسرائیل بنبڕ کرد. یەشوع لەگەڵ شارۆچکەکانیاندا بە تەواوی قڕی کردن.
JOS 11:22 جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام هەندێکیان لە غەزە و گەت و ئەشدۆد مانەوە.
JOS 11:23 ئینجا یەشوع هەموو خاکەکەی گرت، بەپێی هەموو ئەوەی یەزدان بە موسای فەرمووبوو، یەشوع بەگوێرەی بەش و هۆزەکانیان بە میرات بە ئیسرائیلی دا. ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.
JOS 12:1 ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە نەوەی ئیسرائیل لێیان دان و دەستیان بەسەر خاکەکەیاندا گرت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەربەندی ئەرنۆنەوە هەتا چیای حەرمۆن و هەموو دەشتایی عەراڤا بەرەو ڕۆژهەڵات:
JOS 12:2 سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان، کە لە حەشبۆن نیشتەجێ بوو، حوکمڕان بوو لەسەر عەرۆعێر کە کەناری دەربەندی ئەرنۆنە، ناوەڕاستی دۆڵەکە، نیوەی گلعاد هەتا دۆڵی یەبۆق کە سنووری عەمۆنییەکانە،
JOS 12:3 دەشتایی عەراڤا هەتا دەریاچەی جەلیل ڕووەو ڕۆژهەڵات، هەتا دەریای عەراڤا واتا دەریای مردوو بەرەو ڕۆژهەڵات، ڕێگای بێت‌یەشیمۆت، ئینجا بەرەو باشووری بناری پسگە.
JOS 12:4 سنوورەکانی عۆگی پاشای باشان، کە لە پاشماوەی ڕفائییەکانە و نیشتەجێی عەشتارۆت و ئەدرەعییە،
JOS 12:5 حوکمڕان بوو بەسەر چیای حەرمۆن و سەلخە و هەموو باشانەوە هەتا سنووری گەشووری و مەعکائییەکان و نیوەی گلعاد هەتا سنوورەکانی سیحۆنی پاشای حەشبۆن.
JOS 12:6 موسای بەندەی یەزدان و نەوەی ئیسرائیل ئەوانیان شکاند. موسای بەندەی یەزدان بە میرات دایە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە.
JOS 12:7 ئەمانەش ئەو پاشایانەی خاکەکەن کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل شکاندیانن، لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون لە بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنانەوە هەتا کێوی حالاق کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت، یەشوعیش بەگوێرەی بەشەکانیان بە میرات دایە هۆزەکانی ئیسرائیل.
JOS 12:8 ئەو خاکەی لە ناوچە شاخاوییەکان، زوورگەکانی خۆرئاوا، دەشتایی عەراڤا، بنارەکان، چۆڵەوانی و نەقەبدا بوو. ئەمەش خاکی حیتی، ئەمۆری، کەنعانی، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکانە. ئەمانە ئەو پاشایانەن:
JOS 12:9 پاشای ئەریحا پاشای عای کە لەلای بێت‌ئێلە
JOS 12:10 پاشای ئۆرشەلیم پاشای حەبرۆن
JOS 12:11 پاشای یەرموت پاشای لاخیش
JOS 12:12 پاشای عەگلۆن پاشای گەزەر
JOS 12:13 پاشای دەڤیر پاشای گەدەر
JOS 12:14 پاشای حۆرما پاشای عەراد
JOS 12:15 پاشای لیڤنا پاشای عەدولام
JOS 12:16 پاشای مەقێدا پاشای بێت‌ئێل
JOS 12:17 پاشای تەپووەح پاشای حێفەر
JOS 12:18 پاشای ئەفێق پاشای لەشارۆن
JOS 12:19 پاشای مادۆن پاشای حاچۆر
JOS 12:20 پاشای شیمرۆن‌مەرۆن پاشای ئەکشاف
JOS 12:21 پاشای تەعنەک پاشای مەگیدۆ
JOS 12:22 پاشای قەدەش پاشای یۆقنەعام لە کارمەل
JOS 12:23 پاشای دۆر لە بەرزاییەکانی دۆر پاشای گۆییم لە گلگال
JOS 12:24 پاشای تیرزە. هەموو پاشاکان سی و یەک پاشا بوون.
JOS 13:1 کاتێک یەشوع پیر بوو و چووە ساڵەوە، یەزدانیش پێی فەرموو: «تۆ پیر بوویت و چوویتە ساڵەوە، هێشتا چەند خاکێکی زۆریش ماوە دەستی بەسەردا بگیردرێت.
JOS 13:2 «ئەمە ئەو خاکەیە کە ماوەتەوە: «هەموو ناوچەکانی فەلەستی و گەشوورییەکان،
JOS 13:3 لە ڕووباری شیحۆرەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە هەتا سنووری عەقرۆن لە باکوور کە سەر بە کەنعانییەکانە، سنووری پێنج ڕابەرە فەلەستییەکان، لە غەزە، ئەشدۆد، ئەسقەلان، گەت و عەقرۆن، عەقرۆنی خاکی عەڤییەکان.
JOS 13:4 لە باشوورەوە: هەموو خاکی کەنعانییەکان و عارا کە هی سەیدائییەکانە هەتا ئەفێق و سنووری ئەمۆرییەکان،
JOS 13:5 خاکی جوبەیلییەکان و هەموو ناوچەکانی لوبنان بەرەو ڕۆژهەڵات، لە بەعل‌گاد بناری چیای حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.
JOS 13:6 «من خۆم هەموو دانیشتووانی چیا لە لوبنانەوە هەتا میسرەفۆت مەیم، هەموو سەیدائییەکان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەردەکەم. دەبێت تۆش ئەم خاکانە بە تیروپشک بە میرات بۆ ئیسرائیل دابەش بکەیت، بەو شێوەیەی فەرمانم پێ کردیت،
JOS 13:7 ئێستاش بەسەر نۆ هۆز و نیوەی هۆزی مەنەشەدا بە میرات دابەشی بکە.»
JOS 13:8 ڕەئوبێنی و گادییەکان بەشی خۆیان لەگەڵ نیوەکەی دیکەی مەنەشە وەرگرت کە موسای بەندەی یەزدان بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونی پێدابوون.
JOS 13:9 لە عەرۆعێرەوە کە لە کەناری دەربەندی ئەرنۆنە و لە شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکەی مادەبا هەتا دیڤۆن،
JOS 13:10 هەموو شارۆچکەکانی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆنەوە هەتا سنووری عەمۆنییەکان فەرمانڕەوایەتی دەکرد.
JOS 13:11 هەروەها گلعاد و سنوورەکانی گەشووری و مەعکائییەکان، هەموو چیای حەرمۆن، هەموو باشان هەتا سەلخە لەخۆ دەگرت،
JOS 13:12 واتا هەموو شانشینی عۆگ لە باشان کە لە عەشتارۆت و ئەدرەعی پاشایەتی دەکرد، ئەویش لە پاشماوەی ڕفائییەکان مابووەوە کە موسا کاتی خۆی لێیدان و دەریکردن.
JOS 13:13 نەوەی ئیسرائیل گەشوورییەکان و مەعکائییەکانیان دەرنەکرد، ئیتر هەتا ئەمڕۆش گەشووری و مەعکائی لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێن.
JOS 13:14 بەڵام موسا میراتی بە هۆزی لێڤی نەدا، لەبەر ئەوەی قوربانییە بە ئاگرەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.
JOS 13:15 ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی ڕەئوبێنی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:
JOS 13:16 سنووریان لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر کەناری دەربەندی ئەرنۆنە و لە شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکە لە مادەبایەوە
JOS 13:17 هەتا شاری حەشبۆن و هەموو شارۆچکەکانی کە لە دەشتە بەرزەکەیە، کە دیڤۆن، بامۆت‌بەعل، بێت‌بەعل‌مەعۆن،
JOS 13:18 یەهەچ، قەدێمۆت، مێفەعەت،
JOS 13:19 قیریاتەیم، سیڤما، چەرەت شەحەر لەسەر کێوەکەی نێو دۆڵەکە،
JOS 13:20 بێت‌پەعۆر، بنارەکانی پسگە، بێت‌یەشیمۆت لەخۆ دەگرێت،
JOS 13:21 هەموو شارۆچکەکانی دەشتە بەرزەکە و هەموو شانشینی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوایەتی دەکرد. موسا کاتی خۆی سیحۆنی لەگەڵ سەرۆکەکانی میدیاندا شکاندبوو، واتا ئاڤی، ڕاقەم، چوور، حوور و ڕێڤەع، میرە هاوپەیمانەکانی سیحۆن کە لەو خاکەدا دەژیان.
JOS 13:22 نەوەی ئیسرائیل بەلعامی کوڕی بەعۆری فاڵگرەوەشیان بە شمشێر لەگەڵ کوژراوەکانیان کوشت.
JOS 13:23 جا سنووری نەوەی ڕەئوبێن کەناری ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی ڕەئوبێنە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.
JOS 13:24 ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی گادی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:
JOS 13:25 سنوورەکانیان یەعزێر و هەموو شارۆچکەکانی گلعاد و نیوەی خاکی عەمۆنییەکان هەتا عەرۆعێر کە لە نزیک ڕەبەیە،
JOS 13:26 لە شاری حەشبۆنەوە هەتا ڕامای میچپا و بەتۆنیم، لە مەحەنەیمەوە هەتا سنووری دەڤیر،
JOS 13:27 لە دۆڵەکەش بێت‌هارام، بێت‌نیمرا، سوکۆت و چافۆن، پاشماوەکەی شانشینی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون کە سنوورەکانی هەتا قەراغی دەریاچەی جەلیلە.
JOS 13:28 ئەمە میراتی نەوەی گادە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.
JOS 13:29 ئەو خاکانەی موسا دابوویە نیوەی هۆزی مەنەشە، واتا بۆ نیوەی نەوەی مەنەشە، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:
JOS 13:30 سنوورەکەیان لە مەحەنەیمەوە هەموو باشان، هەموو شانشینی عۆگی پاشای باشان، هەموو ئاوەدانییەکانی یائیر کە لە باشانە، شەست شارۆچکە و
JOS 13:31 نیوەی گلعاد و عەشتارۆت و ئەدرەعی، شارەکانی شانشینی عۆگ لە باشان بۆ نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشە بوون، بۆ نیوەی نەوەی ماکیر بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 13:32 ئەمە ئەوە بوو کە موسا لە دەشتەکانی مۆئاب لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا کردی بە میرات.
JOS 13:33 بەڵام موسا میراتی نەدا بە هۆزی لێڤی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوان بوو، هەروەک بەڵێنی پێدابوون.
JOS 14:1 لە خاکی کەنعان، نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بۆ بوو بە میرات، ئەوەی ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل بەسەریاندا دابەشکردن وەک میرات.
JOS 14:2 میراتەکەیان بە تیروپشک بوو بۆ نۆ هۆزەکە و نیو هۆزەکە، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
JOS 14:3 موسا میراتی دوو هۆزەکە و نیو هۆزەکەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا دابوو، بەڵام لەناو ئەواندا هیچ میراتی بە لێڤییەکان نەدا،
JOS 14:4 چونکە نەوەی یوسف دوو هۆز بوون، مەنەشە و ئەفرایم. لە خاکەکەدا هیچ بەشێکیان بە لێڤییەکان نەدا، تەنها چەند شارۆچکەیەک نەبێت بۆ نیشتەجێبوون و دەوروبەری شارۆچکەکان، بۆ لەوەڕگای ڕەشەوڵاخ و مەڕوماڵاتیان.
JOS 14:5 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و خاکەکەیان دابەش کرد.
JOS 14:6 ئینجا نەوەی یەهودا لە گلگالدا چوونە پێش بۆ لای یەشوع، کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی بە یەشوعی گوت: «تۆ ئەو قسەیە دەزانیت کە یەزدان لە قادێش بەرنێعدا لەبارەی من و تۆوە بە موسای پیاوی خودای فەرموو.
JOS 14:7 لەو کاتەدا کە موسای بەندەی یەزدان منی لە قادێش بەرنێعەوە نارد بۆ ئەوەی سیخوڕیێتیی خاکەکە بکەم، تەمەنم چل ساڵ بوو، منیش گەڕامەوە و ئەو هەواڵەی لە دڵمدا بوو پێم ڕاگەیاند.
JOS 14:8 هەرچەندە براکانم ئەوانەی لەگەڵ من بوون گەلیان ترساند، بەڵام من بە هەموو دڵمەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتم.
JOS 14:9 جا موسا لەو ڕۆژە سوێندی خوارد: ”ئەو خاکەی تۆ پێت نایە سەری هەتاهەتایە دەبێتە میراتی خۆت و کوڕەکانت، چونکە بە هەموو دڵتەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتیت.“
JOS 14:10 «ئێستا تەماشا بکە، یەزدان هەروەک فەرمووی، ئەم چل و پێنج ساڵە منی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، لەو کاتەوە کە یەزدان بەم قسانە لەگەڵ موسادا دوا، کاتێک ئیسرائیل بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئەوەتا تەمەنم هەشتا و پێنج ساڵە!
JOS 14:11 هێشتا هەتا ئەمڕۆش هێزم لەبەردا ماوە، هەروەک ئەو ڕۆژەی کە موسا منی نارد، ئەو کاتە هێزم چۆن بوو، ئێستاش هەمان هێزی چوونە ناو جەنگم هەیە.
JOS 14:12 ئێستاش ئەم ناوچە شاخاوییانەم بدەرێ کە یەزدان لەو ڕۆژەدا بەڵێنی پێدام، چونکە تۆ لەو ڕۆژەدا بیستت کە عەناقییەکان لەوێن و شارەکانیان گەورە و قەڵابەند بوون. بەڵکو یەزدان یارمەتیم بدات، جا دەریاندەکەم، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
JOS 14:13 یەشوعیش داوای بەرەکەتی بۆ کالێبی کوڕی یەفونە کرد و حەبرۆنی بە میرات پێدا.
JOS 14:14 لەبەر ئەوە حەبرۆن بووە میراتی کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی هەتا ئەمڕۆش، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل کەوت.
JOS 14:15 حەبرۆنیش پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو، ئەربەعیش گەورەترین پیاو بوو لەناو عەناقییەکان. ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.
JOS 15:1 بەشی هۆزی نەوەی یەهودا بە تیروپشک بەگوێرەی خێڵەکانیان لە سنووری ئەدۆمەوە بۆ چۆڵەوانی چن بەرەو باشوور درێژ بووەوە، هەتا ئەوپەڕی باشوور.
JOS 15:2 سنووری باشووریان لە کەنداوەوە دەستپێدەکات، لە کۆتایی باشووری دەریای مردووە و
JOS 15:3 لەوێشەوە بۆ باشووری هەورازی دووپشک دەچوو و پەڕییەوە بۆ چن لە باشووری قادێش بەرنێعەوە سەرکەوت. ئینجا بەردەوام بوو بۆ حەسرۆن و سەرکەوت بۆ ئەدار لەوێشەوە بۆ قەرقەع و
JOS 15:4 بەردەوام بوو بۆ عەچمۆن و لەگەڵ دۆڵی میسر یەکیگرت و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە دەبێتە سنووری باشووریان.
JOS 15:5 سنووری ڕۆژهەڵاتیش لە دەریای مردووەوە هەتا کۆتایی ڕووباری ئوردون بوو. سنووری لای باکوور دەستپێدەکات لە کەنداوی دەریاکە لەلای کۆتایی ڕووباری ئوردون و
JOS 15:6 سنوورەکە سەرکەوت بۆ بێت‌حۆگلە و لە باکووری بێت‌عەراڤا پەڕییەوە و سنوورەکە سەرکەوت بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن و
JOS 15:7 سنوورەکە لە دۆڵی عاخۆرەوە سەرکەوت بۆ دەڤیر و بەرەو باکوور بووەوە بۆ گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە کە لە باشووری دەربەندەکەیە و ئینجا سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ ئاوەکانی کانی شەمەش و چوو بۆ کانی ڕۆگێل.
JOS 15:8 ئینجا سنوورەکە بە دۆڵی بەن‌هینۆمدا بەلای باشووری بناری شاری یەبوسیدا سەرکەوت کە ئۆرشەلیمە، سنوورەکە بۆ سەر لووتکەی کێوەکە سەرکەوت کە بەرامبەر دۆڵی بەن‌هینۆمە بەلای ڕۆژئاوادا کە لە کەنار دۆڵی ڕفایمە لە باکوور.
JOS 15:9 سنوورەکە لەسەر لووتکەی کێوەکەوە درێژ بووەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح و چوو بۆ شارۆچکەکانی کێوی عەفرۆن. لەوێشەوە سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ بەعلە کە قیریەت یەعاریمە.
JOS 15:10 ئینجا سنوورەکە لە بەعلەیەوە بەرەو ڕۆژئاوا درێژ بووەوە بۆ کێوی سێعیر و بەردەوام بوو بۆ لای بناری کێوی یەعاریم لە باکوور کە کەسالۆنە و دابەزییە بێت‌شەمەش و پەڕییەوە بۆ تیمنا.
JOS 15:11 ئینجا سنوورەکە چوو بۆ لای بناری باکووری عەقرۆن و سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ شیکارۆن و لە کێوی بەعلە پەڕییەوە و گەیشتە یەڤنئێل و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
JOS 15:12 سنووری ڕۆژئاواشیان دەریای سپی ناوەڕاست بوو بە کەنارەکانییەوە. ئەمە سنووری نەوەی یەهودا بوو بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 15:13 بەپێی فەرمانی یەزدان، یەشوع لە خاکی نەوەی یەهودا بەشێکی دا بە کالێبی کوڕی یەفونە، ئەویش قیریەت ئەربەع بوو کە حەبرۆنە و ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق بوو.
JOS 15:14 کالێبیش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لە حەبرۆن دەرکرد، شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەی کە کوڕەکانی عەناق بوون.
JOS 15:15 لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوی کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو.
JOS 15:16 ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.»
JOS 15:17 ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب قیریەت سێفەری گرت، کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
JOS 15:18 ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
JOS 15:19 ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
JOS 15:20 ئەمە میراتی هۆزی یەهودایە بەگوێرەی خێڵەکانیان:
JOS 15:21 شارۆچکەکانی هۆزی نەوەی یەهودا کە لە کۆتایی باشووردا بوون لە نەقەب لەلای سنووری ئەدۆم ئەمانە بوون: قەڤچەئێل، عێدەر، یاگور،
JOS 15:22 قینا، دیمۆنا، عەدعادە،
JOS 15:23 قەدەش، حاچۆر، یەتنان،
JOS 15:24 زیف، تەلەم، بەعالۆت،
JOS 15:25 حاچۆر حەدەتا، قەریۆت حەسرۆن کە حاچۆرە،
JOS 15:26 ئەمام، شەمەع، مۆلادا،
JOS 15:27 حەچەر گەدا، حەشمۆن و بێت‌پەلەت،
JOS 15:28 حەچەر شوعال، بیری شابەع، بزیۆتیە،
JOS 15:29 بەعلە، عییم، عەچەم،
JOS 15:30 ئەلتۆلەد، کەسیل، حۆرما،
JOS 15:31 چیقلەگ، مەدمەنا، سەنسەنا،
JOS 15:32 لەڤائۆت، شیلحیم، عەین و ڕیمۆن. هەموو شارۆچکەکان بیست و نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیشیانەوە.
JOS 15:33 لە زوورگەکانی خۆرئاوا: ئەشتائۆل، چۆرعا، ئەشنا،
JOS 15:34 زانۆوەح، کانی گەنیم، تەپووەح، عێینام،
JOS 15:35 یەرموت، عەدولام، سۆکۆ، عەزێقا،
JOS 15:36 شەعەرایم، عەدیتەیم، گەدێرا یان گەدێرۆتەیم بوون، واتا چواردە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:37 چەنان، حەداشا، میگدەل گاد،
JOS 15:38 دیلعان، میچپا، یۆقتئێل،
JOS 15:39 لاخیش، بۆچقەت، عەگلۆن،
JOS 15:40 کەبۆن، لەحماس، کیتلیش،
JOS 15:41 گەدێرۆت، بێت‌داگۆن، نەعما و مەقێدا، واتا شازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:42 لیڤنا، عەتەر، عاشان،
JOS 15:43 یەفتاح، ئەشنا، نەچیڤ،
JOS 15:44 قەعیلا، ئەکزیڤ و مارێشا، واتا نۆ شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:45 عەقرۆن لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی،
JOS 15:46 لە عەقرۆنەوە بەرەو ڕۆژئاوا، هەموو ئەوەی نزیک ئەشدۆد و گوندەکانیەتی،
JOS 15:47 ئەشدۆد لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی و غەزە و دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی هەتا دۆڵی میسر و دەریای سپی ناوەڕاست و کەنارەکانی.
JOS 15:48 لە ناوچە شاخاوییەکەش: شامیر، یەتیر، سۆکۆ،
JOS 15:49 دەنا، قیریەت سەنا کە دەڤیرە،
JOS 15:50 عەناڤ، ئەشتەمۆ، عانیم،
JOS 15:51 گۆشەن، حۆلۆن و گیلۆ، واتا یازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:52 ئەرەڤ، دوما، ئەشعان،
JOS 15:53 یانیم، بێت‌تەپووەح، ئەفێقا،
JOS 15:54 حومتا، قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە و چیعۆر، واتا نۆ شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:55 ماعۆن، کارمەل، زیف، یوتا،
JOS 15:56 یەزرەعیل، یۆقدەعام، زانۆوەح،
JOS 15:57 قەین، گیڤعا و تیمنا، واتا دە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:58 حەلحول، بێت‌چوور، گەدۆر،
JOS 15:59 مەعەرات، بێت‌عەنۆت و ئەلتەقۆن، واتا شەش شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:60 قیریەت بەعل ئەوەی قیریەت یەعاریمە و ڕەبە، واتا دوو شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:61 لە چۆڵەوانیش: بێت‌عەراڤا، میددین، سیکاکا،
JOS 15:62 نیڤشان، شاری خوێ و کانی گەدی، واتا شەش شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 15:63 بەڵام نەوەی یەهودا نەیتوانی یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیم دەربکەن، جا هەتا ئەمڕۆش یەبوسییەکان لە ئۆرشەلیمدا لەگەڵ نەوەی یەهودا نیشتەجێن.
JOS 16:1 تیروپشک بۆ بەشی نەوەی یوسف دەرچوو، لە ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا هەتا ئاوی ئەریحا بوو، بەرەو ڕۆژهەڵات هەتا ئەو چۆڵەوانییەی لە ئەریحاوە سەردەکەوێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی بێت‌ئێل،
JOS 16:2 لە بێت‌ئێلیشەوە کە پێی دەگوترێ لوز، بەردەوام بوو بۆ سنووری ئەرکییەکان لە عەتەرۆت و
JOS 16:3 لەوێشەوە ڕووەو ڕۆژئاوا دابەزی بۆ سنووری یەفلێتییەکان و بۆ سنووری بێت‌حۆرۆنی خواروو و بۆ گەزەر و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
JOS 16:4 جا نەوەکانی یوسف مەنەشە و ئەفرایم میراتی خۆیان وەرگرت.
JOS 16:5 ئەمانەش سنووری نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان: سنووری میراتەکەیان لە ڕۆژهەڵات، عەتەرۆت ئەدار بوو، هەتا بێت‌حۆرۆنی ژووروو،
JOS 16:6 ئینجا سنوورەکە بەرەو دەریا چوو، لە میخمەتات ڕووەو باکوور، بەلای ڕۆژهەڵاتدا سووڕایەوە بۆ تانەس شیلۆ و پەڕییەوە بۆ یانۆوەح لەلای ڕۆژهەڵات.
JOS 16:7 سنوورەکە لە یانۆوەحەوە دابەزی بۆ عەتەرۆت و نەعەرا و چوو بۆ ئەریحا و گەیشتە ڕووباری ئوردون.
JOS 16:8 ئینجا سنوورەکە لە تەپووەح درێژبووەوە بەرەو ڕۆژئاوا بۆ شیوی قانا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە میراتی هۆزی نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان،
JOS 16:9 لەگەڵ ئەو شارۆچکانەی لەناو میراتی نەوەی مەنەشەدا بۆ نەوەی ئەفرایم جیا کرابوونەوە، هەموو شارۆچکە و گوندەکانیان.
JOS 16:10 کەنعانییەکانی دانیشتووانی گەزەریان دەرنەکرد، ئیتر کەنعانییەکان هەتا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەفرایمدا نیشتەجێن و وەک کۆیلە بێگارییان پێدەکەن.
JOS 17:1 ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی مەنەشە بوو، چونکە ئەو نۆبەرەی یوسف بوو، بۆ ماکیری نۆبەرەی مەنەشە و باپیرە گەورەی گلعاد، چونکە ماکیرییەکان پیاوی جەنگ بوون، گلعاد و باشان بۆ ئەو بوون.
JOS 17:2 تیروپشک بۆ نەوەکانی دیکەی مەنەشەش بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو، بۆ نەوەی ئەبیعەزەر، حێلەق، ئەسریێل، شەخەم، حێفەر و شەمیداع بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو. ئەمانە نەوە نێرینەکانی کوڕانی مەنەشەی کوڕی یوسفن.
JOS 17:3 بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەری کوڕی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە هیچ کوڕی نەبوو، بەڵکو کچی هەبوو، ئەمەش ناوی کچەکانییەتی، مەحلە، نۆعا، حۆگلە، میلکە و تیرزە.
JOS 17:4 جا چوونە پێش بۆ لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکان و گوتیان: «یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەناو براکانمان میراتمان بدرێتێ.» ئیتر یەشوع بەپێی فەرمانی یەزدان لەنێو براکانی باوکیان میراتی پێدان.
JOS 17:5 مەنەشە دە بەشی بەرکەوت، بێجگە لە زەوی گلعاد و باشان کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو بەلای ڕۆژهەڵاتەوە،
JOS 17:6 چونکە کچانی هۆزی مەنەشە لەگەڵ کوڕەکانی میراتیان وەرگرت. زەوی گلعادیش بۆ ئەوانی دیکە بوو لە نەوەی مەنەشە.
JOS 17:7 سنووری مەنەشەش لە ئاشێرەوە بۆ میخمەتات بوو کە ڕۆژهەڵاتی شەخەمە. سنوورەکە بەلای باشووردا درێژ بووەوە بۆ لای دانیشتووانی کانی تەپووەح.
JOS 17:8 شاری تەپووەح لەسەر سنووری مەنەشە تایبەت بوو بە نەوەی ئەفرایم، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەری شاری تەپووەح تایبەت بوون بە مەنەشە.
JOS 17:9 ئینجا سنوورەکە بەرەو باشوور دابەزی بۆ شیوی قانا. ئەمانە شارۆچکەکانی ئەفرایم بوون لەنێو شارۆچکەکانی مەنەشە، سنووری مەنەشەش لە باکووری شیوەکە بوو، کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
JOS 17:10 لەلای باشوورەوە خاکەکە بۆ ئەفرایم بوو، لەلای باکووریشەوە بۆ مەنەشە بوو. دەریاش سنووری بوو، لەلای باکوورەوە گەیشتە ئاشێر و لەلای ڕۆژهەڵاتیشەوە گەیشتە یەساخار.
JOS 17:11 جا لەناو یەساخار و ئاشێر ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریان بۆ مەنەشە بوون: بێت‌شان، یەڤلەعام، دانیشتووانی دۆر، سێ بەرزاییەکانی کانی دۆر، تەعنەک و مەگیدۆ.
JOS 17:12 بەڵام نەوەی مەنەشە نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو شارۆچکانەدا بگرن، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکەدا.
JOS 17:13 کاتێک نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بوون بێگارییان بە کەنعانییەکان کرد، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
JOS 17:14 ئینجا نەوەی یوسف لەگەڵ یەشوعدا دوان و گوتیان: «بۆچی یەک تیروپشک و یەک بەشت وەک میرات پێداوین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە گەلێکی زۆرین، چونکە هەتا ئێستاش یەزدان هەر بەرەکەتداری کردووین؟»
JOS 17:15 یەشوعیش وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە گەلێکی زۆرن، سەربکەون بۆ دارستان لەوێ بۆ خۆتان زەوی پریزی و ڕفائییەکان پاک بکەنەوە، ئەگەر ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم تەنگە بۆتان.»
JOS 17:16 نەوەی یوسفیش گوتیان: «ناوچە شاخاوییەکە بەشمان ناکات و هەموو کەنعانییەکانی دانیشتووی دۆڵەکەش گالیسکەی ئاسنینیان هەیە، ئەوانەی لە بێت‌شان و دەوروبەری و ئەوانەی لە دۆڵی یەزرەعیلن.»
JOS 17:17 ئینجا یەشوع بە بنەماڵەی یوسف، بە نەوەی ئەفرایم و مەنەشەی گوت: «ئێوە گەلێکی زۆرن و توانایەکی مەزنتان هەیە، لەبەر ئەوە تەنها یەک تیروپشکتان نابێت،
JOS 17:18 بەڵکو ناوچە شاخاوییەکەش بۆ ئێوە دەبێت، چونکە دارستانیشی هەیە، جا بیبڕنەوە و هەتا کۆتایی سنوورەکەی دەستی بەسەردا بگرن، ئینجا کەنعانییەکان دەردەکەن، هەرچەندە گالیسکەی ئاسنینیان هەبێت و بەهێزیش بن.»
JOS 18:1 ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە.
JOS 18:2 بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو.
JOS 18:3 جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟
JOS 18:4 لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام.
JOS 18:5 بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە.
JOS 18:6 ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم.
JOS 18:7 بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.»
JOS 18:8 کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن و گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.»
JOS 18:9 ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ.
JOS 18:10 یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد.
JOS 18:11 ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو.
JOS 18:12 سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێت‌ئاڤن.
JOS 18:13 ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێت‌ئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێت‌حۆرۆنی خواروو.
JOS 18:14 ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێت‌حۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو.
JOS 18:15 لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح.
JOS 18:16 سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەن‌هینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای لێژاییەکەی باشووری شاری یەبوسییەکاندا، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل.
JOS 18:17 ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن.
JOS 18:18 بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێت‌عەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا.
JOS 18:19 سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێت‌حۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە.
JOS 18:20 سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 18:21 شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون: ئەریحا، بێت‌حۆگلە، عێمەق قەچیچ،
JOS 18:22 بێت‌عەراڤا، چەمارایم، بێت‌ئێل،
JOS 18:23 عەڤیم، پارا، عۆفرا،
JOS 18:24 کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، واتا دوازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
JOS 18:25 گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت،
JOS 18:26 میچپا، کەفیرا، مۆچە،
JOS 18:27 ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا،
JOS 18:28 چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، واتا چواردە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە. ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:1 تیروپشکی دووەمیش بۆ هۆزی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا، میراتەکەشیان کەوتە ناو میراتەکەی نەوەی یەهوداوە.
JOS 19:2 جا لە میراتەکەیان ئەمانە بۆ ئەوان بوو: بیری شابەع کە شابەعە، مۆلادا،
JOS 19:3 حەچەر شوعال، بالا، عەچەم،
JOS 19:4 ئەلتۆلەد، بەتول، حۆرما،
JOS 19:5 چیقلەگ، بێت‌مەرکاڤۆت، حەچەر سوسا،
JOS 19:6 بێت‌لەڤائۆت، شاروحەن، واتا سێزدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە؛
JOS 19:7 عەین و ڕیمۆن و عەتەر و عاشان، واتا چوار شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە؛
JOS 19:8 هەروەها هەموو ئەو گوندانەی بە چواردەوری ئەم شارۆچکانەدا بوون تاکو بەعەلەت بئێر کە ناسراوە بە ڕامەی نەقەب. ئەمە میراتی هۆزی نەوەی شیمۆن بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:9 میراتەکەی نەوەی شیمۆن لە بەشەکەی نەوەی یەهودا بوو، چونکە بەشەکەی نەوەی یەهودا زۆر بوو بۆیان، لەبەر ئەوە نەوەی شیمۆن لەناو میراتەکەی یەهودا میراتیان بەرکەوت.
JOS 19:10 تیروپشکی سێیەمیش بەگوێرەی خێڵەکانیان بۆ نەوەی زەبولون کرا: سنووری میراتەکەیان هەتا سارید بوو.
JOS 19:11 سنوورەکەیان بەرەو ڕۆژئاوا سەرکەوت بۆ مەرعەلا و گەیشتە دەباشەت و گەیشتە شیوەکەی نزیک بە یۆقنەعام.
JOS 19:12 ئینجا لە ساریدەوە بەلای ڕۆژهەڵات سووڕایەوە، ڕووەو خۆر هەڵاتن بەسەر سنووری کیسلۆت تاڤۆر و بەردەوام بوو بۆ داڤەرەت و سەرکەوت بۆ یافیع.
JOS 19:13 لەوێشەوە بەرەو ڕۆژهەڵات پەڕییەوە، ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ گەت حێفەر، عیتا قاچین و چوو بۆ ڕیمۆن و درێژ بووەوە بۆ نێعا.
JOS 19:14 لەوێشەوە سنوورەکە بەلای باکووردا سووڕایەوە بۆ حەناتۆن و کۆتاییەکەشی لەلای دۆڵی یەفتەح ئێل بوو.
JOS 19:15 دوازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە، لەوانە قەتات و نەهەلال و شیمرۆن و یەدەلا و بێت‌لەحم.
JOS 19:16 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی نەوەی زەبولون بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:17 تیروپشکی چوارەمیش بۆ یەساخار بوو، بۆ نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:18 سنوورەکەشیان ئەمانە بوو: یەزرەعیل، کەسولۆت، شونێم،
JOS 19:19 حەفارەیم، شیئۆن، ئەناحەرەت،
JOS 19:20 ڕەبیت، قیشیۆن، ئەڤەچ،
JOS 19:21 ڕەمەت، کانی گەنیم، کانی حەدا و بێت‌پەچێچ بوو،
JOS 19:22 هەروەها سنوورەکە گەیشتە تاڤۆر و شەحەچوما و بێت‌شەمەش و کۆتایی سنوورەکەیان لەلای ڕووباری ئوردون بوو، شازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
JOS 19:23 ئەمە میراتی هۆزی نەوەی یەساخارە بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان.
JOS 19:24 تیروپشکی پێنجەمیش بۆ هۆزی نەوەی ئاشێر بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان،
JOS 19:25 سنوورەکەشیان ئەمانە بوو: حەلقەت، حەلی، بەتەن، ئەکشاف،
JOS 19:26 ئەلەمەلەخ، عەمعاد و میشال، لەلای ڕۆژئاواشەوە گەیشتە کارمەل و شیحۆر لیڤنات.
JOS 19:27 ئینجا بەلای ڕۆژهەڵات گەڕایەوە بۆ بێت‌داگۆن و گەیشتە زەبولون و دۆڵی ییفتەح ئێل لە باکووری بێت‌عێمەق و نەعیێل و ئینجا بەلای چەپی کاڤولدا تێپەڕی
JOS 19:28 بۆ عەبدۆن، ڕەحۆڤ، حەمۆن، قانا و هەتا سەیدائی مەزن.
JOS 19:29 ئینجا سنوورەکە گەڕایەوە بەرەو ڕامە و بۆ شاری سوری قەڵابەند، لەوێشەوە سنوورەکە گەڕایەوە بۆ حۆسا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو لە ناوچەی ئەکزیڤ،
JOS 19:30 عوما و ئەفێق و ڕەحۆڤ، بیست و دوو شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
JOS 19:31 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی ئاشێر بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:32 تیروپشکی شەشەمیش بۆ نەوەی نەفتالی بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:33 سنوورەکەشیان لە حێلەفەوە لە دار بەڕووەکەوە بوو لەلای چەعەنەنیم و ئەدامی نەقەڤ و یەڤنئێل و تاکو لەقووم و کۆتاییەکەشی لەلای ڕووباری ئوردون بوو.
JOS 19:34 ئینجا سنوورەکە بەرەو خۆرئاوا گەڕایەوە بۆ ئەزنۆت تاڤۆر و لەوێشەوە چوو بۆ حوقۆق و گەیشتە زەبولون لەلای باشوورەوە و گەیشتە ئاشێر لەلای ڕۆژئاواوە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بۆ ڕووباری ئوردون.
JOS 19:35 شارە قەڵابەندەکانیش، چیدیم، چێر، حەممەت، ڕەقەت، کینارێت،
JOS 19:36 ئەدامە، ڕامە، حاچۆر،
JOS 19:37 قەدەش، ئەدرەعی، کانی حاچۆر،
JOS 19:38 یەرئۆن، میگدەل ئێل، حۆرێم، بێت‌عەنات و بێت‌شەمەش، نۆزدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
JOS 19:39 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی نەفتالی بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:40 تیروپشکی حەوتەمیش بۆ هۆزی نەوەی دان بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا،
JOS 19:41 جا هەرێمەکانی میراتیان ئەمە بوو: چۆرعا، ئەشتائۆل، عیر شەمەش،
JOS 19:42 شەعەلەبین، ئەیالۆن، یەتلا،
JOS 19:43 ئێلۆن، تیمنا، عەقرۆن،
JOS 19:44 ئەلتەقێ، گیبەتۆن، بەعەلات،
JOS 19:45 یەهودییە، بەنێ‌ڤەرەق، گەت ڕیمۆن،
JOS 19:46 ئاوەکانی یەرقۆن و ڕەقۆن لەگەڵ ئەو سنوورانەی بەرامبەر بە یافا بوو.
JOS 19:47 پاش ئەوەی نەوەی دان سنوورەکەیان لە دەست چوو، جا نەوەی دان سەرکەوتن و لە دژی لەشەم جەنگان و گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر و داگیریان کرد و تێیدا نیشتەجێ بوون، ئینجا لەشەمیان ناو نا دان، لەسەر ناوی دانی باوباپیرانیان.
JOS 19:48 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی دان بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
JOS 19:49 پاش ئەوەی لە دابەشکردنی خاکەکە بوونەوە بەپێی سنوورەکانی، نەوەی ئیسرائیل لەنێو خۆیاندا میراتێکیان بە یەشوعی کوڕی نون دا.
JOS 19:50 بەپێی فەرمایشتی یەزدان، ئەو شارۆچکەیەیان پێیدا کە داوای کرد، تیمنەت سەرەح لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، جا شارۆچکەکەی بنیاد نایەوە و تێیدا نیشتەجێ بوو.
JOS 19:51 ئەمە میراتەکانە کە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆدا لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتندا بە تیروپشک دابەشیان کرد و ئینجا لە دابەشکردنی خاکەکە بوونەوە.
JOS 20:1 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
JOS 20:2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن، هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون،
JOS 20:3 هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر.
JOS 20:4 با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ، جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت.
JOS 20:5 ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش دوای کەوت، ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە، چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە.
JOS 20:6 ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت، هەتا ئەو کاتەی بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن ڕادەوەستێت و هەتا مردنی سەرۆکی کاهینی ئەو سەردەمە، ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“»
JOS 20:7 جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا.
JOS 20:8 هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا، بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە.
JOS 20:9 ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت، هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی.
JOS 21:1 ئەوە بوو گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکان هاتنە لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی دیکەی نەوەی ئیسرائیل،
JOS 21:2 لە شیلۆ لە خاکی کەنعان لەگەڵیاندا دوان و گوتیان: «یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی داوە کە چەند شارۆچکەیەکمان پێبدرێت بۆ نیشتەجێبوون لەگەڵ لەوەڕگاکانیان بۆ ئاژەڵی ماڵیمان.»
JOS 21:3 بەپێی فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیلیش لە میراتەکەی خۆیان ئەم شارۆچکانە و لەوەڕگایانەیان دایە لێڤییەکان:
JOS 21:4 جا تیروپشک بۆ خێڵەکانی قەهاتییەکان کرا، لێڤییەکان کە لە نەوەی هارونی کاهین بوون بە تیروپشک سێزدە شارۆچکەیان بەرکەوت لە هۆزی یەهودا و هۆزی شیمۆن و هۆزی بنیامین.
JOS 21:5 بۆ پاشماوەی نەوەی قەهاتیش دە شارۆچکە بە تیروپشک لە خێڵەکانی هۆزی ئەفرایم و هۆزی دان و نیوەی هۆزی مەنەشەیان بەرکەوت.
JOS 21:6 بۆ نەوەی گێرشۆنیش سێزدە شارۆچکەیان بە تیروپشک بەرکەوت، لە خێڵەکانی هۆزی یەساخار و هۆزی ئاشێر و هۆزی نەفتالی و نیوەی هۆزی مەنەشە لە باشان.
JOS 21:7 بۆ نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان دوازدە شارۆچکەیان بەرکەوت، لە هۆزی ڕەئوبێن و گاد و زەبولون.
JOS 21:8 جا نەوەی ئیسرائیل بە تیروپشک ئەم شارۆچکە و لەوەڕگایانەیان بە لێڤییەکان دا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دابوو.
JOS 21:9 لە هۆزی نەوەی یەهودا و هۆزی نەوەی شیمۆن ئەم شارۆچکانەیان دا کە ئەمانە ناوەکانیان بوون،
JOS 21:10 جا ئەم شارۆچکانە بۆ نەوەی هارون دیاری کرا لە خێڵەکانی قەهاتییەکان لە نەوەی لێڤی، چونکە تیروپشکی یەکەم بۆ ئەوان بوو:
JOS 21:11 قیریەت ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا لەگەڵ لەوەڕگاکانی دەوروبەری،
JOS 21:12 بەڵام کێڵگەکان و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەیان بە کالێبی کوڕی یەفونە دا وەک موڵکی خۆی.
JOS 21:13 ئەم شارۆچکانە بە لەوەڕگاکانیانەوە درانە نەوەی هارونی کاهین: حەبرۆن، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ لیڤنا،
JOS 21:14 یەتیر، ئەشتەمۆع،
JOS 21:15 حۆلۆن، دەڤیر،
JOS 21:16 عەین، یوتا و بێت‌شەمەش، واتا نۆ شارۆچکە لەم دوو هۆزە.
JOS 21:17 لە هۆزی بنیامینیش گبعۆن، گەڤەع،
JOS 21:18 عەناتۆت و عەلمۆن بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:19 هەموو شارۆچکەکانی نەوەی هارون کە کاهینەکانن، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.
JOS 21:20 پاشماوەی خێڵەکانی قەهات لە لێڤییەکان، بە تیروپشک ئەم شارۆچکانەیان لە هۆزی ئەفرایم بەرکەوت:
JOS 21:21 لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم شارۆچکەی شەخەمیان پێدرا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ گەزەر،
JOS 21:22 قیڤچەیم و بێت‌حۆرۆن بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:23 لە هۆزی دانیش ئەمانەیان وەرگرت: ئەلتەقێ و گیبەتۆن و
JOS 21:24 ئەیالۆن و گەت ڕیمۆن بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:25 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش ئەمانەیان وەرگرت: تەعنەک و گەت ڕیمۆن بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا دوو شارۆچکە.
JOS 21:26 هەموو شارۆچکەکان دە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە بۆ پاشماوەی خێڵەکانی نەوەی قەهات بوو.
JOS 21:27 بۆ نەوەی گێرشۆنیش لە خێڵەکانی لێڤییەکان: لە نیوەی هۆزی مەنەشەوە: گۆلان و لەوەڕگاکانی پێدرا لە باشان، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ بەعەشتەرا و لەوەڕگاکانی، واتا دوو شارۆچکە.
JOS 21:28 لە هۆزی نەوەی یەساخاریش ئەمانەیان وەرگرت: قیشیۆن و داڤەرەت و
JOS 21:29 یەرموت و کانی گەنیم، بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:30 لە هۆزی نەوەی ئاشێریش ئەمانەیان وەرگرت: میشال و عەبدۆن و
JOS 21:31 حەلقەت و ڕەحۆڤ، بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:32 لە هۆزی نەفتالیش ئەمانەیان وەرگرت: قەدەش لە جەلیل، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ حەمۆت دۆر و قەرتان بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا سێ شارۆچکە.
JOS 21:33 هەموو شارۆچکەکانی گێرشۆنییەکان بەگوێرەی خێڵەکانیان، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.
JOS 21:34 بۆ خێڵەکانی نەوەی مەراریش کە پاشماوەی لێڤییەکانن: لە هۆزی زەبولون ئەمانەیان پێدان: یۆقنەعام و قەرتا و
JOS 21:35 دیمنا و نەهەلال، بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:36 لە هۆزی ڕەئوبێنیش ئەمانەیان پێدان: بەچەر و یەهەچ و
JOS 21:37 قەدێمۆت و مێفەعەت بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:38 لە هۆزی گادیش ئەمانەیان وەرگرت: ڕامۆت لە گلعاد، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ مەحەنەیم و
JOS 21:39 حەشبۆن و یەعزێر، بە لەوەڕگاکانیانەوە، واتا چوار شارۆچکە.
JOS 21:40 جا هەموو ئەو شارۆچکانەی بۆ نەوەی مەراری بوون بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەوانەی لە خێڵەکانی لێڤییەکان مابوونەوە، تیروپشکەکەشیان دوازدە شارۆچکە بوو.
JOS 21:41 هەموو شارۆچکەکانی لێڤییەکان لەناو ئەو موڵکەی نەوەی ئیسرائیل خاوەنی بوون، چل و هەشت شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.
JOS 21:42 ئەم شارۆچکانەش شار بە شار بوون و لەوەڕگاکانیشیان بە چواردەوریاندا بوو، هەموو ئەم شارۆچکانە وابوون.
JOS 21:43 جا یەزدان هەموو ئەو زەوییەی دایە نەوەی ئیسرائیل کە سوێندی خواردبوو بیداتە باوباپیرانیان، ئەوانیش دەستیان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون.
JOS 21:44 هەروەها یەزدان لە دەوروبەرەکەیان ئاسوودەی کردن بەپێی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئەوانی خوارد، تەنها پیاوێکیش لە هەموو دوژمنەکانیان بەرامبەریان نەوەستا، بەڵکو یەزدان هەموو دوژمنەکانی ئەوانی دایە دەستیان.
JOS 21:45 هیچ بەڵێنێک لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان بە بنەماڵەی ئیسرائیلی فەرمووبوو نەشکاوە، بەڵکو هەمووی هاتە دی.
JOS 22:1 ئینجا یەشوع ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوە هۆزەکەی مەنەشەی بانگکرد و
JOS 22:2 پێی گوتن: «ئێوە هەموو ئەو شتانەتان جێبەجێ کرد کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوون و لە هەموو ئەو شتانەش کە فەرمانم پێکردن گوێڕایەڵم بوون و
JOS 22:3 بە درێژایی ئەو ڕۆژانە و هەتا ئەمڕۆش براکانی خۆتان بەجێ نەهێشت و بە وریاییەوە فەرمانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بەجێهێنا.
JOS 22:4 ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگارتان براکانی ئێوەی ئاسوودە کرد، هەروەک بەڵێنی پێدابوون، ئێستا بگەڕێنەوە ماڵەکانتان لەو خاکەی موڵکتانە، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان لەوبەری ڕووباری ئوردون پێیدان.
JOS 22:5 بەڵام زۆر ئاگاداربن بۆ کارکردن بەو ڕاسپاردە و فێرکردنەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و دەستی پێوە بگرن، پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بیپەرستن.»
JOS 22:6 ئینجا یەشوع داوای بەرەکەتی بۆ کردن و ئەوانی ناردەوە، ئەوانیش بەرەو نشینگەکانی خۆیان چوون.
JOS 22:7 (پێشتر موسا لە باشان خاکی دابووە نیوە هۆزەکەی مەنەشە. یەشوعیش خاکی دابووە نیوەکەی دیکەی هۆزەکە لەگەڵ براکانیان لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون.) هەروەها کە یەشوع ئەوانی ناردەوە بۆ لای نشینگەکانیان، داوای بەرەکەتی بۆ کردن و
JOS 22:8 پێی گوتن: «بە سامانێکی زۆرەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان و بە گاوگۆتاڵێکی زۆر و بە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و جلوبەرگێکی زۆرەوە، دەستکەوتی دوژمنەکانتان لەگەڵ براکانتان بەش بکەن.»
JOS 22:9 ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە گەڕانەوە، نەوەی ئیسرائیلیان لە شیلۆ لە خاکی کەنعان بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بچنە خاکی گلعاد بۆ ئەو خاکەی موڵکی خۆیانە، ئەوەی دەستیان بەسەردا گرتبوو بەپێی فەرمانی یەزدان لە ڕێگەی موساوە.
JOS 22:10 کاتێک هاتنە گەلیلۆت کە نزیک ڕووباری ئوردونە لەناو خاکی کەنعان، نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لەوێ لەسەر ڕووباری ئوردون قوربانگایەکی گەورە و بەرچاویان بنیاد نا.
JOS 22:11 جا نەوەی ئیسرائیل بیستیان، ئەوەتا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوە هۆزەکەی مەنەشە قوربانگایەکیان بەرامبەر خاکی کەنعان لە گەلیلۆتدا نزیک ڕووباری ئوردون بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل بنیاد ناوە.
JOS 22:12 جا کە نەوەی ئیسرائیل ئەمەی بیستەوە، هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بۆ جەنگ لە دژی هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون بڕۆن.
JOS 22:13 ئینجا نەوەی ئیسرائیل فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهینیان نارد بۆ لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لە خاکی گلعاد.
JOS 22:14 دە سەرۆکی لەگەڵ نارد، لە هەر هۆزێکی ئیسرائیل یەکێک، هەموویان گەورەی بنەماڵەکان بوون لەنێو تیرەکانی ئیسرائیل.
JOS 22:15 ئینجا هاتنە لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە بۆ خاکی گلعاد و پێیان گوتن:
JOS 22:16 «هەموو کۆمەڵی یەزدان وا دەڵێن: ”ئەم ناپاکییە چییە کە دەرهەق بە خودای ئیسرائیل کردتان، بەوەی کە ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان هەتا لە دژی یەزدان یاخی بن؟
JOS 22:17 ئایا گوناهەکەی پەعۆر کەمە بۆمان؟ ئەوەی هەتا ئەمڕۆش لێی پاک نەبووینەتەوە و بووە هۆی دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان!
JOS 22:18 ئایا ئەمڕۆ ئێوەش لە یەزدان هەڵدەگەڕێنەوە؟ «”ئەگەر ئێوە ئەمڕۆ لە یەزدان یاخی بن، ئەویش سبەینێ لە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل تووڕە دەبێت.
JOS 22:19 بەڵام ئەگەر خاکەکەی موڵکتان گڵاوە، بۆ خاکەکەی موڵکی یەزدان بپەڕنەوە کە چادری پەرستنی یەزدانی تێدایە و لەناو ئێمەدا میرات وەربگرن و لە یەزدان یاخی مەبن و لە دژی ئێمەش مەبن بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان جیا لە قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارمان.
JOS 22:20 کاتێک عاخانی کوڕی زەرەح ناپاکی کرد لە شتە تەرخانکراوەکاندا، ئایا تووڕەیی یەزدان بەسەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا نەباری؟ بەهۆی گوناهەکەیەوە تەنها خۆی لەناو نەچوو!“»
JOS 22:21 ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە وەڵامیان دایەوە و بە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلیان گوت:
JOS 22:22 «خودای توانادار، یەزدانە! خودای توانادار، یەزدانە! ئەو دەزانێت و با ئیسرائیلیش بزانێت، ئەگەر ئەمە بە یاخیبوون و بە ناپاکی دەرهەق بە یەزدان کرابێت، ئەوا ئەمڕۆ ڕزگارمان مەکەن!
JOS 22:23 ئەگەر ئێمە ئەو قوربانگایەی خۆمانمان بە مەبەستی هەڵگەڕانەوە لە یەزدان و سەرخستنی قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بنیاد ناوە، یاخود بۆ ئەنجامدانی قوربانی هاوبەشی لەسەری، ئەوا با یەزدان خۆی سزامان بدات.
JOS 22:24 «نەخێر! بەڵکو ئەم کارەمان بەهۆی ئەم ترسەوە کردووە کە گوتمان، لەوانەیە سبەینێ نەوەکانتان بە نەوەکانمان بڵێن: ”ئێوە چ پەیوەندییەکتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە هەیە؟
JOS 22:25 ئەی نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد، یەزدان ڕووباری ئوردونی کردووەتە سنووری نێوان ئێمە و ئێوە! ئێوە هیچ بەشێکتان لە یەزداندا نییە.“ جا لەوانەیە نەوەکانتان ڕێگا نەدەن نەوەکانمان یەزدان بپەرستن.
JOS 22:26 «لەبەر ئەوە گوتمان: ”با ئێمە بۆ خۆمان قوربانگایەک بنیاد بنێین، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو نا.“
JOS 22:27 بەڵکو لەپاش خۆمان ئەوە ببێتە شایەت لەنێوان ئێمە و ئێوە و نەوەکانمان، بۆ ئەوەی یەزدان لە پیرۆزگاکەی خۆی بپەرستین بە قوربانی سووتاندنەکانمان و سەربڕدراوەکانمان و قوربانییەکانی هاوبەشیمان و لە داهاتوودا نەوەکانتان بە نەوەکانمان نەڵێن: ”ئێوە بەشتان لە یەزداندا نییە.“
JOS 22:28 «هەروەها گوتمان: ”کە لە داهاتوودا ئەمە بە خۆمان و نەوەکانمان دەڵێن، ئێمەش دەڵێین، بڕوانن هاوشێوەی قوربانگای یەزدان کە باوباپیرانمان کردوویانە، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان نییە، بەڵکو وەک شایەتە لەنێوان ئێمە و ئێوە.“
JOS 22:29 «ئەوە لە ئێمە بەدوور بێت، کە لە یەزدان یاخی بین و ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕێینەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ قوربانی سووتاندن یان پێشکەشکراوی دانەوێڵە یان سەربڕاو، بێجگە لە قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان ئەوەی لەبەردەم چادرەکەی پەرستنیەتی.»
JOS 22:30 جا کاتێک فینەحاسی کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵ، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، گوێیان لە قسەکانی نەوەی ڕەئوبێن و گاد و مەنەشە بوو، قسەکانیان قبوڵ کردن.
JOS 22:31 ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین بە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نەوەی مەنەشەی گوت: «ئەمڕۆ زانیمان کە یەزدان لەگەڵماندایە، چونکە ئەم ناپاکییەتان دەرهەق بە یەزدان نەکردووە، ئێستا ئێوە نەوەی ئیسرائیلتان لە دەست یەزدان دەرباز کردووە.»
JOS 22:32 ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان لەلای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گادەوە لە خاکی گلعادەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل لە خاکی کەنعاندا گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان.
JOS 22:33 جا نەوەی ئیسرائیلیش دڵخۆش بوون بەم هەواڵە و ستایشی خودایان کرد و بیریان لەوە نەکردەوە کە سەربکەون بۆیان بۆ جەنگ و بۆ وێرانکردنی ئەو خاکەی کە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد تێیدا نیشتەجێن.
JOS 22:34 ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد ناویان لە قوربانگاکە نا: «شایەتە لەنێوانمان کە یەزدان خودایە.»
JOS 23:1 پاش بەسەرچوونی ماوەیەکی زۆر، لەدوای ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لە دوژمنەکانی دەوروبەریان حەساندەوە، یەشوع پیر بوو و بەساڵدا چوو،
JOS 23:2 هەموو ئیسرائیلی بە پیر و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانیەوە بانگکرد و پێی گوتن: «ئەوا من پیر بووم، بەساڵدا چووم و
JOS 23:3 ئێوەش هەموو ئەوەتان بینیوە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەر ئێوە بە هەموو ئەو نەتەوانەی کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە جەنگا.
JOS 23:4 ببینن، من خاکی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە بە تیروپشک بۆم دابەش کردوون بە میرات بەپێی هۆزەکانتان، هەموو ئەو نەتەوانەم بەزاندووە، لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست بەرەو ڕۆژئاوا.
JOS 23:5 یەزدانی پەروەردگارتان خۆی لەبەردەمتان ڕایاندەماڵێت و لەپێشتان دەریاندەکات، ئێوەش دەست بەسەر خاکەکەیاندا دەگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان بەڵێنی پێدان.
JOS 23:6 «جا زۆر بەهێز بن بۆ پاراستن و کارکردن بە هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، بەبێ ئەوەی کە بەلای ڕاست یان چەپدا لێی لابدەن.
JOS 23:7 تێکەڵی ئەم نەتەوانە مەبن، ئەوانەی لەگەڵتان ماونەتەوە ناوی خوداوەندەکانیان مەهێنن، سوێندیان پێ مەخۆن، مەیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن.
JOS 23:8 بەڵکو دەست بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە بگرن هەروەک هەتا ئەمڕۆ کردووتانە.
JOS 23:9 «یەزدان نەتەوە مەزن و بەهێزەکانی لەبەردەمتان دەرکردووە و هەتا ئەمڕۆش کەس لەبەردەمتاندا خۆی ڕانەگرتووە.
JOS 23:10 یەک پیاو لە ئێوە هەزار دەردەپەڕێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە دەجەنگێت هەروەک بەڵێنی پێدان.
JOS 23:11 جا زۆر ئاگاداری خۆتان بن کە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت.
JOS 23:12 «بەڵام ئەگەر گەڕانەوە و هاوپەیمانیێتی بەجێماوەکانی ئەو نەتەوانەوەتان کرد، ئەوانەی کە لەگەڵتان ماونەتەوە، ژن و ژنخوازیتان لەگەڵدا کردن و هەڵسوکەوتتان لەگەڵیان کرد،
JOS 23:13 ئەوا باش بزانن کە ئیتر یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانە لەبەردەمتان دەرناکات، بەڵکو دەبنە داو و تەڵە، قامچی لەسەر پشتتان و دڕک لەناو چاوتان، هەتا لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون.
JOS 23:14 «ئەوەتا خەریکە منیش ئەمڕۆ وەک هەموو دانیشتووانی زەوی کۆچی دوایی دەکەم، ئێوەش بە هەموو دڵ و بە هەموو دەروونتانەوە دەزانن کە تەنها یەک بەڵێن نەشکاوە لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان دەربارەی ئێوە فەرمووبووی، هەمووی بۆتان هاتە دی، یەک بەڵێنی لێ نەشکاوە.
JOS 23:15 ئاواش دەبێت، هەروەک چۆن هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدانی پەروەردگارتان دەربارەی ئێوە بەڵێنی دابوو هاتە دی، بە هەمان شێوە یەزدان هەموو شتە خراپەکانتان بەسەردا دەهێنێت، هەتا لەسەر ئەم خاکە چاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون لەناوتان دەبات.
JOS 23:16 ئەگەر پەیمانەکەی یەزدانی پەروەردگارتان بشکێنن کە فەرمانی پێ کردن، بڕۆن و خوداوەندی دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن، تووڕەیی یەزدان بەسەرتاندا دەجۆشێت و بە زوویی لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە پێیداون.»
JOS 24:1 ئینجا یەشوع هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی لە شەخەم کۆکردەوە و پیرانی ئیسرائیل و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانی بانگکرد و ئەوانیش لەبەردەم خودا وەستان.
JOS 24:2 یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خوداوەندی دیکەیان دەپەرست.
JOS 24:3 بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ،
JOS 24:4 یاقوب و عیسۆشم دایە ئیسحاق، بەشە میراتی ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم دایە عیسۆ، بەڵام یاقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر.
JOS 24:5 «”لەدوای ئەوە موسا و هارونم نارد و خەڵکی میسرم تووشی بەڵا کرد بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەناویدا کردم، ئینجا ئێوەم دەرهێنا،
JOS 24:6 جا باوباپیرانتانم لە میسر دەرهێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە بۆ دەریای سوور دوای باوباپیرانتان کەوتن.
JOS 24:7 جا کە هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش تاریکاییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا هێنایەوە و دایپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان من لە میسر چیم کرد. پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە.
JOS 24:8 «”ئینجا ئێوەم هێنایە ناو خاکی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێ بوون و لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دا بەدەستتانەوە و دەستتان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و لەبەردەمتان لەناوم بردن.
JOS 24:9 ئینجا بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب هەستا و لە دژی ئیسرائیل جەنگا و بەلعامی کوڕی بەعۆری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتتان لێ بکات،
JOS 24:10 بەڵام من ئامادە نەبووم گوێ لە بەلعام بگرم، بۆیە ئەویش چەند جارێک داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن.
JOS 24:11 «”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمۆری و پریزی و کەنعانی و حیتی و گرگاشی و حیڤی و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و
JOS 24:12 زەردەواڵەشم لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمۆرییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت.
JOS 24:13 ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“
JOS 24:14 «ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن. ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست و یەزدان بپەرستن.
JOS 24:15 بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.»
JOS 24:16 جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خوداوەندانی دیکە بپەرستین،
JOS 24:17 چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە و ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد. لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و لە کاتی تێپەڕینمان بەناو ئەو هەموو گەلانەدا پارێزگاری لێکردین.
JOS 24:18 هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمۆرییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»
JOS 24:19 یەشوعیش بە گەلی گوت: «ئێوە ناتوانن یەزدان بپەرستن، چونکە ئەو خودایەکی پیرۆز و خودایەکی ئیرەدارە، لە یاخیبوون و گوناهەکانتان خۆش نابێت.
JOS 24:20 ئەگەر واز لە یەزدان بهێنن و خوداوەندی بێگانە بپەرستن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردەهێنێت و کۆتاییتان پێ دەهێنێت، پاش ئەوەی چاکەی لەگەڵتاندا کرد.»
JOS 24:21 گەلیش بە یەشوعیان گوت: «نەخێر! بەڵکو یەزدان دەپەرستین.»
JOS 24:22 یەشوعیش پێی گوتن: «ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە ئێوە یەزدانتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بیپەرستن.» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە شایەتین.»
JOS 24:23 «ئینجا ئێستا ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتاندان دابماڵن و دڵتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بسپێرن.»
JOS 24:24 گەلیش بە یەشوعیان گوت: «یەزدانی پەروەردگارمان دەپەرستین و گوێڕایەڵی ئەو دەبین.»
JOS 24:25 ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان.
JOS 24:26 یەشوع ئەم وشانەی لە پەڕتووکی تەوراتی خودا نووسی و بەردێکی گەورەی هێنا و لەژێر دار بەڕووەکەی لای پیرۆزگاکەی یەزدان چەقاندی.
JOS 24:27 یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «سەیر بکەن! ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە هەموو وشەکانی یەزدان بوو کە پێی فەرمووین، جا دەبێتە شایەت بەسەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن.»
JOS 24:28 ئینجا یەشوع گەلی ڕەوانە کردەوە، هەرکەسە و بەرەو میراتەکەی خۆی.
JOS 24:29 پاش ئەم شتانە یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدان لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد.
JOS 24:30 لە سنووری میراتەکەی خۆی لە تیمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
JOS 24:31 نەوەی ئیسرائیلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
JOS 24:32 ئێسکەکانی یوسفیش کە نەوەی ئیسرائیل لە میسرەوە هێنایانەوە، لە شەخەمدا ناشتیان لەناو ئەو پارچە کێڵگەیەی کە یاقوب لە نەوەی حەمۆری باوکی شەخەم بە سەد پارچە زیو کڕیبووی و بوو بە میرات بۆ نەوەی یوسف.
JOS 24:33 ئینجا ئەلعازاری کوڕی هارون مرد و لە گیڤعا ناشتیان، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو کە درابووە فینەحاسی کوڕی.
JDG 1:1 لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟»
JDG 1:2 یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.»
JDG 1:3 پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون.
JDG 1:4 پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن.
JDG 1:5 ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند.
JDG 1:6 ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان و پەنجە گەورەی دەست و پێیان بڕی.
JDG 1:7 ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد.
JDG 1:8 کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا.
JDG 1:9 لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی خۆرئاوا نیشتەجێ بوون.
JDG 1:10 ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو.
JDG 1:11 لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو.
JDG 1:12 ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.»
JDG 1:13 ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
JDG 1:14 ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
JDG 1:15 ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
JDG 1:16 نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو، لە شاری دار خورما لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە نیشتەجێ بوون.
JDG 1:17 پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما.
JDG 1:18 کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان.
JDG 1:19 یەزدانیش لەگەڵ کوڕانی یەهودا بوو، جا ناوچە شاخاوییەکە بووە موڵکیان، بەڵام نەیانتوانی دانیشتووانی دەشتاییەکان دەربکەن، چونکە گالیسکەی ئاسنینیان هەبوو.
JDG 1:20 هەروەک موسا بەڵێنی دابوو، حەبرۆنیان دایە کالێب، ئەویش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لەوێ دەرکرد.
JDG 1:21 بەڵام هۆزی بنیامینیش یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیمیان دەرنەکرد، ئیتر یەبوسییەکان لەگەڵ نەوەی بنیامین لە ئۆرشەلیم ژیان، هەتا ئەمڕۆش.
JDG 1:22 هەروەها بنەماڵەی یوسف هێرشیان بردە سەر بێت‌ئێل و یەزدانیش لەگەڵیان بوو.
JDG 1:23 کاتێک ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێت‌ئێل، کە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو،
JDG 1:24 سیخوڕەکان پیاوێکیان بینی لە شارەکە هاتبووە دەرەوە، پێیان گوت: «دەروازەی شارەکەمان پیشان بدە، ئێمەش لەگەڵت باش دەبین.»
JDG 1:25 ئەویش دەروازەی شارەکەی پیشاندان، ئەوانیش شارەکەیان دایە بەر زەبری شمشێر، بەڵام پیاوەکە و هەموو تیرەکەی ئەویان بەڕەڵا کرد.
JDG 1:26 پیاوەکەش چوو بۆ خاکی حیتییەکان و شارێکی دروستکرد و ناوی لێنا لوز، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
JDG 1:27 بەڵام مەنەشە ئەم خەڵکانەی لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەریان دەرنەکرد: خەڵکی بێت‌شان و تەعنەک و دۆر و یەڤلەعام و مەگیدۆ، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکە.
JDG 1:28 کاتێک ئیسرائیلییەکان بەهێز بوون، کەنعانییەکانیان خستە ژێر کاری بێگاری، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
JDG 1:29 ئەفرایمییەکانیش ئەو کەنعانیانەیان دەرنەکرد کە دانیشتووی گەزەر بوون، بەڵکو کەنعانییەکان لە گەزەر لەنێویان نیشتەجێ بوون.
JDG 1:30 زەبولونییەکانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نەهەلۆلیان دەرنەکرد، جا کەنعانییەکان لەنێویان نیشتەجێ بوون و لەژێر کاری بێگاریدا بوون.
JDG 1:31 ئاشێرییەکانیش دانیشتووانی عەکۆیان دەرنەکرد، هەروەها دانیشتووانی سەیدا و ئەحلاڤ و ئەکزیڤ و حەلبا و ئەفێق و ڕەحۆڤیش.
JDG 1:32 ئیتر ئاشێرییەکان لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، چونکە دەریاننەکردن.
JDG 1:33 نەفتالییەکانیش دانیشتووانی بێت‌شەمەش و دانیشتووانی بێت‌عەناتیان دەرنەکرد، بەڵکو لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێت‌شەمەش و بێت‌عەنات لەژێر کاری بێگاری بوون بۆیان.
JDG 1:34 ئەمۆرییەکانیش نەوەی دانیان لە ناوچەی شاخاوی گەمارۆ دا، چونکە نەیانهێشت دابەزن بۆ دۆڵەکە.
JDG 1:35 ئەمۆرییەکانیش سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لە کێوی حەرەس و لە ئەیالۆن و لە شەعەلڤیم، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەی یوسف بەهێز بوو، ئەوانیش بێگارییان پێ کردن.
JDG 1:36 سنووری ئەمۆرییەکانیش لە هەورازی دووپشک لە سەلەعەوە و بەرەو ژوور دەچوو.
JDG 2:1 ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی: «لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم: ”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم.
JDG 2:2 ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“ بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون، ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟
JDG 2:3 لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم: لەبەردەمتان دەریانناکەم، بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.»
JDG 2:4 کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو، گەل بە دەنگی بەرز گریان.
JDG 2:5 بۆیە ئەو شوێنەیان ناو نا بۆخیم و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی.
JDG 2:6 دوای ئەوەی کە یەشوع گەلەکەی ڕەوانە کردبوو، نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چوونە لای میراتەکەی خۆیان بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرن.
JDG 2:7 گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
JDG 2:8 یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد.
JDG 2:9 لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
JDG 2:10 هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو.
JDG 2:11 ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست.
JDG 2:12 وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خوداوەندە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دەوروبەریان کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن،
JDG 2:13 چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست.
JDG 2:14 تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن.
JDG 2:15 بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن. ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین.
JDG 2:16 ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن.
JDG 2:17 بەڵام نە تەنها گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان کرد بەوەی دوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون.
JDG 2:18 هەر جارێک یەزدان ڕابەری بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە.
JDG 2:19 بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.
JDG 2:20 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت،
JDG 2:21 ئیتر منیش هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن.
JDG 2:22 بەکاریاندەهێنم بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە و بزانم ئاخۆ وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن یان نا.»
JDG 2:23 ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنابوو و بە خێرایی دەرینەکردبوون و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.
JDG 3:1 ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان،
JDG 3:2 جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو،
JDG 3:3 پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعل‌حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.
JDG 3:4 ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو.
JDG 3:5 ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون.
JDG 3:6 کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست.
JDG 3:7 جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست.
JDG 3:8 تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای میسۆپۆتامیای کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون.
JDG 3:9 ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو.
JDG 3:10 ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو.
JDG 3:11 چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد.
JDG 3:12 دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد.
JDG 3:13 جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت.
JDG 3:14 ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون.
JDG 3:15 ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب.
JDG 3:16 ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست.
JDG 3:17 سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو.
JDG 3:18 کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد.
JDG 3:19 بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.» ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە.
JDG 3:20 ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا.
JDG 3:21 ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا.
JDG 3:22 دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە.
JDG 3:23 ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان.
JDG 3:24 لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، بۆیە گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.»
JDG 3:25 ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە.
JDG 3:26 بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا.
JDG 3:27 کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو.
JDG 3:28 پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت.
JDG 3:29 لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو.
JDG 3:30 مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
JDG 3:31 لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد.
JDG 4:1 لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری،
JDG 4:2 یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا.
JDG 4:3 لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان.
JDG 4:4 دەڤۆرا پێغەمبەرێکی ژن بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و ژنی لەپیدۆت بوو.
JDG 4:5 بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێت‌ئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای.
JDG 4:6 ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەبینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێت کردووە و دەفەرموێت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر. دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە.
JDG 4:7 ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“»
JDG 4:8 باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.»
JDG 4:9 دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایەی کە پێیدا دەڕۆیت، بۆت نابێتە شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش،
JDG 4:10 لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو.
JDG 4:11 حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو.
JDG 4:12 ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەبینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر.
JDG 4:13 سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتا نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە.
JDG 4:14 دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە! ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا یەزدان سیسرای خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە.
JDG 4:15 یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات.
JDG 4:16 باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما.
JDG 4:17 بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.
JDG 4:18 یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە، مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.
JDG 4:19 پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.
JDG 4:20 ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»
JDG 4:21 بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆ سیسرا چوو، لە کاتێکدا بەهۆی ماندووییەوە لە خەوێکی قووڵدا بوو. یاعێل مێخەکەی کرد بە لاجانیدا و بە زەوییەکەدا چەقاندی و ئەویش یەکسەر مرد.
JDG 4:22 لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.
JDG 4:23 خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد.
JDG 4:24 نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد.
JDG 5:1 ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەبینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:
JDG 5:2 «کاتێک پێشەواکان لە ئیسرائیل ڕابەرایەتی دەکەن، کاتێک گەل خۆیان بەخت دەکەن، ستایشی یەزدان بکەن!
JDG 5:3 «ئەی پاشایان، ببیستن! ئەی فەرمانڕەوایان، گوێ بگرن! من بۆ یەزدان سروود دەڵێم، مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.
JDG 5:4 «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر، بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم، زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد، هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.
JDG 5:5 چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا، لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
JDG 5:6 «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات، لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
JDG 5:7 گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون، چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام، هەتا وەک دایکێک لە ئیسرائیل هەستام.
JDG 5:8 کاتێک شەڕ گەیشتە دەروازەکان، خودا ڕابەرە نوێیەکانی هەڵبژارد، بەڵام هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل نەبینرا.
JDG 5:9 دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە، لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل، ستایشی یەزدان بکەن!
JDG 5:10 «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون، دانیشتوو لەسەر زینی لباد و ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر، گوێ بگرن
JDG 5:11 لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای بیرە ئاوەکان، لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا، کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل. «ئینجا گەلی یەزدان بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.
JDG 5:12 ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا! هەستە، هەستە، سروود بڵێ! هەستە، ئەی باراک! ئەی کوڕی ئەبینۆعەم دیلەکانت بگرە.“
JDG 5:13 «ئینجا پاشماوەی گەل هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان، گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە، لەگەڵ پاڵەوانەکان.
JDG 5:14 هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە، لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت. لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە.
JDG 5:15 سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک، بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن. لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
JDG 5:16 بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون، بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟ لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
JDG 5:17 گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە، بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟ ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و لە بەندەرەکانی مایەوە.
JDG 5:18 زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ.
JDG 5:19 «پاشایان هاتن و جەنگان، ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ، هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت.
JDG 5:20 ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان، لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان.
JDG 5:21 ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین، ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە. ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ!
JDG 5:22 ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا، لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی.
JDG 5:23 فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن، بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن، چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان، یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“
JDG 5:24 «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان، یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.
JDG 5:25 داوای ئاوی کرد شیری پێدا، لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی بۆ هێنا.
JDG 5:26 دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و دەستی ڕاستی بۆ چەکوشی کرێکار. لە سیسرای دا و سەری شکاند، کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.
JDG 5:27 لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، ڕاکشا، لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و مرد.
JDG 5:28 «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و لە کڵاوڕۆژنەوە دەستی بە شیوەن کرد. ”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟ بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“
JDG 5:29 ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە، بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:
JDG 5:30 ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن، کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک، تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا، جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو، جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم، هەمووی وەک تاڵانی؟“
JDG 5:31 «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان! بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.» ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
JDG 6:1 نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن.
JDG 6:2 جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد.
JDG 6:3 هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان.
JDG 6:4 لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ.
JDG 6:5 لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن.
JDG 6:6 ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد.
JDG 6:7 کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە،
JDG 6:8 یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و
JDG 6:9 لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان.
JDG 6:10 پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.»
JDG 6:11 ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەبیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە.
JDG 6:12 جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.»
JDG 6:13 گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.»
JDG 6:14 ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.»
JDG 6:15 گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.»
JDG 6:16 یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.»
JDG 6:17 گدعۆنیش پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندی تۆم، نیشانەیەکم بدەرێ کە تۆ خۆتی قسەم لەگەڵ دەکەیت.
JDG 6:18 تکایە ئێرە بەجێمەهێڵە هەتا دێمەوە بۆ لات و پێشکەشکراوەکەم دەردەهێنم و لەبەردەمتدا دای دەنێم.» یەزدانیش فەرمووی: «دەمێنمەوە هەتا دەگەڕێیتەوە.»
JDG 6:19 گدعۆنیش چووە ژوورەوە و کارەبزنێکی سەربڕی و ئامادەی کرد لەگەڵ ئێفەیەک ئارد کە نانی فەتیرەی لێ دروستکرد. گۆشتەکەی لەناو سەبەتەیەک دانا و گۆشتاوەکەشی کردە مەنجەڵێکەوە و بردیە دەرەوە بۆی بۆ ژێر دار بەڕووەکە و پێشکەشی کرد.
JDG 6:20 فریشتەی خوداش پێی فەرموو: «گۆشت و نانە فەتیرەکە ببە و لەسەر ئەو تاتەبەردە دایانبنێ و گۆشتاوەکە بڕێژە.» گدعۆنیش بەم جۆرەی کرد.
JDG 6:21 ئینجا فریشتەکەی یەزدان سەری گۆچانەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژی کرد و لە گۆشت و نانە فەتیرەکەی دا و ئاگرێک لە بەردەکەوە بەرزبووەوە و گۆشت و نانە فەتیرەکەی خوارد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی نەما.
JDG 6:22 ئیتر گدعۆن زانی کە فریشتەی یەزدان بوو، بۆیە گوتی: «ئای ئەی یەزدانی باڵادەست! من فریشتەی یەزدانم ڕووبەڕوو بینی.»
JDG 6:23 یەزدانیش پێی فەرموو: «ئاشتی بۆ تۆ، مەترسە، نامریت.»
JDG 6:24 ئیتر گدعۆن لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاشتییە.» هەتا ئەمڕۆ لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکانە.
JDG 6:25 ئینجا لەو شەوەدا یەزدان پێی فەرموو: «دووەمین گای باوکت کە حەوت ساڵانە، بیبە بۆ قوربانگاکەی بەعل کە هی باوکتە، قوربانگاکە تێکبدە و ئەو ستوونە ئەشێرایەی لەتەنیشتییەتی بیبڕەوە.
JDG 6:26 ئینجا قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارت لەسەر ئەو قەڵا بەرزە بە ڕێکوپێکی دروستبکە و دووەمین گا سەربخە و بیکە قوربانی سووتاندن لەسەر تەختە دارەکانی ئەو ستوونە ئەشێرایەی کە دەیبڕیتەوە.»
JDG 6:27 گدعۆنیش دە پیاوی لە خزمەتکارەکانی برد و ئەوەی کرد کە یەزدان پێی گوت. لەبەر ئەوەی لە ماڵی باوکی و خەڵکی شارۆچکەکە دەترسا ئەو کارە بە ڕۆژ ئەنجام بدات، بۆیە بە شەو کردی.
JDG 6:28 بۆ سبەینێ خەڵکی شارۆچکەکە هەستان و بینییان قوربانگاکەی بەعل ڕووخێنراوە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕاوەتەوە، دووەمین گا کراوە بە قوربانی لەسەر قوربانگاکەی کە تازە دروستکرابوو.
JDG 6:29 ئیتر بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەمەی کردووە؟» دوای پرسیارکردن و گەڕان، گوتیان «گدعۆنی کوڕی یۆئاش ئەمەی کردووە.»
JDG 6:30 جا خەڵکی شارۆچکەکە بە یۆئاشیان گوت: «کوڕەکەت بهێنە دەرەوە، دەبێت بکوژرێت، چونکە قوربانگاکەی بەعلی ڕووخاندووە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕیوەتەوە.»
JDG 6:31 بەڵام یۆئاش بە هەموو ئەوانەی گوت کە لێی هەستابوون: «ئایا ئێوە داکۆکی لە بەعل دەکەن، یان ڕزگاری دەکەن؟ ئەوەی داکۆکی لە بەعل بکات لەم بەیانییەدا دەکوژرێت! ئەگەر بەڕاستی خودایە با خۆی داکۆکی لە خۆی بکات، چونکە قوربانگاکەی ڕووخێنراوە.»
JDG 6:32 ئیتر لەو ڕۆژەدا گدعۆنیان ناو نا یەروبەعل و گوتیان: «با بەعل لە دژی شەڕ بکات،» چونکە قوربانگاکەی ڕووخاندووە.
JDG 6:33 ئینجا هەموو میدیانییەکان و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات پێکەوە کۆبوونەوە و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە دۆڵی یەزرەعیل چادریان هەڵدا.
JDG 6:34 ڕۆحی یەزدان هاتە سەر گدعۆن و کەڕەنای لێدا و ئەبیعەزەرییەکان شوێنی کەوتن.
JDG 6:35 ئینجا نێردراوی نارد بۆ هەموو مەنەشە و ئەوانیش بە دەنگییەوە هاتن، هەروەها نێردراوی نارد بۆ ئاشێر و زەبولون و نەفتالی، ئەوانیش سەرکەوتن بۆ ئەوەی پێیان بگەن.
JDG 6:36 ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «ئەگەر بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک فەرمووت،
JDG 6:37 ئەوەتا من کەوڵی مەڕ لەسەر جۆخینەکە دادەنێم، جا ئەگەر تەنها کەوڵەکە شەونمی لەسەر بوو و زەوی هەمووی وشک بوو، ئەوا دەزانم کە تۆ بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک گوتت.»
JDG 6:38 ئیتر ئاوا بوو. بەیانی گدعۆن زوو هەستا و کەوڵەکەی گوشی و پڕ تەشتێک شەونمی لە کەوڵەکە گوشی.
JDG 6:39 ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «لێم تووڕە مەبە هەر ئەم جارە داوا دەکەم. تەنها ئەم جارە بە کەوڵەکە تاقی دەکەمەوە. با بەس کەوڵەکە وشک بێت و لەسەر هەموو زەوی شەونمی لێ بێت.»
JDG 6:40 خوداش لەو شەوەدا بەم جۆرەی کرد. بە تەنها کەوڵەکە وشک بوو و لەسەر هەموو زەوییەکە شەونم هەبوو.
JDG 7:1 ئیتر یەروبەعل، واتا گدعۆن، هەروەها هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون بەیانی زوو هەستان و لەتەنیشت کانی حەرۆد چادریان هەڵدا. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە باکووریانەوە بوون لەلای گردی مۆرە لە دۆڵەکە.
JDG 7:2 ئینجا خودا بە گدعۆنی فەرموو: «ئەو پیاوانەی کە لەگەڵتدان بەلای منەوە زۆرن بۆ ئەوەی میدیانییەکان بدەمە دەستیان، نەوەک ئیسرائیل شانازی لەسەر من بکات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری کردم.“
JDG 7:3 ئێستاش بانگەواز بۆ پیاوەکان بکە: ”ئەوەی دەترسێت و تۆقیوە با بگەڕێتەوە و کێوی گلعاد بەجێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هەزار کەس لە پیاوەکان گەڕانەوە و دە هەزار کەس مانەوە.
JDG 7:4 ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هێشتا پیاوەکان زۆرن. بیانبەرە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لەوێ لە بێژنگیان بدەم بۆت. ئیتر ئەوەی کە پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت دێت“ ئەوە لەگەڵت دێت، بەڵام بۆ هەر یەکێکیش پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت نایەت،“ ئەوا نایەت.»
JDG 7:5 گدعۆنیش پیاوەکانی بردە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەرکەسێک لەسەر لەپی دەستی بە زمان لە ئاوەکەی خواردەوە وەک چۆن سەگ ئاو دەخواتەوە جیای بکەرەوە، هەروەها هەرکەسێک بۆ ئاو خواردنەوە بەسەر چۆکدا بکەوێت جیای بکەرەوە.»
JDG 7:6 ئیتر ژمارەی ئەوانەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە سێ سەد پیاو بوون، پیاوەکانی دیکەش هەموویان لەسەر چۆکیان کەوتن بۆ ئاو خواردنەوە.
JDG 7:7 ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «بەو سێ سەد پیاوەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە ڕزگارتان دەکەم و میدیانییەکان دەخەمە ژێر دەستتەوە، پیاوەکانی دیکە با هەرکەسە و بچێتەوە بۆ شوێنی خۆی.»
JDG 7:8 ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو.
JDG 7:9 ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە.
JDG 7:10 ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە،
JDG 7:11 گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە.
JDG 7:12 میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە.
JDG 7:13 ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.»
JDG 7:14 هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە. خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.»
JDG 7:15 ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو، کڕنۆشی بۆ خودا برد. پاشان گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.»
JDG 7:16 ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە.
JDG 7:17 پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن.
JDG 7:18 ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“»
JDG 7:19 ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن.
JDG 7:20 سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!»
JDG 7:21 ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن.
JDG 7:22 کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێت‌شیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات.
JDG 7:23 ئیتر پیاوانی ئیسرائیل لە هۆزەکانی نەفتالی و ئاشێر و هەموو مەنەشە بانگ کران و بەدوای میدیانییەکان کەوتن.
JDG 7:24 ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و گوتی: «دابەزن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میدیانییەکان و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێ بستێنن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.» ئیتر هەموو پیاوانی ئەفرایم کۆبوونەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێسەندن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.
JDG 7:25 دوو سەرکردەی میدیانییەکانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان لەسەر تاشەبەردی عۆرێڤ کوشت، بەڵام زئێڤیان لەناو گوشەری زئێڤدا کوشت. هەروەها دوای میدیانییەکان کەوتن و کەللەسەری عۆرێڤ و زئێڤیان لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە هێنا بۆ گدعۆن.
JDG 8:1 ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت.
JDG 8:2 ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەبیعەزەر باشتر نییە؟
JDG 8:3 خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە.
JDG 8:4 ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان.
JDG 8:5 گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و زەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.»
JDG 8:6 بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و زەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟»
JDG 8:7 گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و زەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.»
JDG 8:8 لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە.
JDG 8:9 هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.»
JDG 8:10 زەڤەح و زەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون.
JDG 8:11 ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون.
JDG 8:12 جا زەڤەح و زەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و زەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد.
JDG 8:13 ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە.
JDG 8:14 گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون.
JDG 8:15 ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و زەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و زەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“»
JDG 8:16 جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت.
JDG 8:17 هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت.
JDG 8:18 بە زەڤەح و زەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟» ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.»
JDG 8:19 گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!»
JDG 8:20 ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو.
JDG 8:21 زەڤەح و زەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و زەلموناعی کوشت و ئەو هیزارەی بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی.
JDG 8:22 ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.»
JDG 8:23 بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.»
JDG 8:24 ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوو.
JDG 8:25 ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری.
JDG 8:26 کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو.
JDG 8:27 جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی.
JDG 8:28 میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
JDG 8:29 جا یەروبەعلی کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت.
JDG 8:30 گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو.
JDG 8:31 هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ.
JDG 8:32 ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکاندا نێژرا.
JDG 8:33 هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعل‌بەریتیان بە خودای خۆیان دانا.
JDG 8:34 نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان.
JDG 8:35 هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل، واتا گدعۆن، دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی.
JDG 9:1 ئینجا ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەعل چوو بۆ شەخەم بۆ لای خاڵەکانی، بە هەموو هۆزی دایکی گوت:
JDG 9:2 «بە هەموو خەڵکی شەخەم بڵێن: ”کامیان باشترە بۆ ئێوە، ئایا حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل فەرمانڕەوایەتیتان بکەن، یان یەک پیاو فەرمانڕەوایەتیتان بکات؟“ ئەوەشتان لەبیر بێت کە من لە گۆشت و خوێنی خۆتانم.»
JDG 9:3 ئیتر خاڵەکانی هەموو ئەم قسانەیان بە هەموو خەڵکی شەخەم گوت. ئەوانیش ئەبیمەلەخیان بەدڵ بوو، چونکە گوتیان «ئەو برامانە.»
JDG 9:4 ئینجا حەفتا شاقل زیویان پێیدا لە پەرستگای بەعل‌بەریت، ئەبیمەلەخیش بەو پارەیە پیاوی یاخی و چاونەترسی بەکرێ گرت و ئەوانیش دوای کەوتن.
JDG 9:5 ئینجا هات بۆ ماڵی باوکی لە عۆفرا و هەموو براکانی خۆی کوشت کە کوڕەکانی یەروبەعل بوون، حەفتا برا لەسەر یەک بەرد. تەنها یۆتامی کوڕی یەروبەعل کە لە هەمووان بچووکتر بوو مایەوە، چونکە خۆی شاردەوە.
JDG 9:6 ئیتر شارنشینەکانی شەخەم و هەموو بێت‌میلۆ کۆبوونەوە، چوون و لەلای دار بەڕووەکەی لای ستوونەکەی شەخەم ئەبیمەلەخیان کردە پاشا.
JDG 9:7 ئینجا هەواڵی ئەمەیان دا بە یۆتام، ئەویش چوو لەسەر لووتکەی کێوی گەریزیم و وەستا، هاواری لێکردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئەی خەڵکی شەخەم، بۆ ئەوەی خودا گوێتان لێ بگرێت.
JDG 9:8 جارێکیان درەختەکان چوون پاشایەک دەستنیشان بکەن لەسەر خۆیان. جا بە دار زەیتوونیان گوت: ”پاشایەتیمان بکە.“
JDG 9:9 «دار زەیتوونیش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە زەیتەکەم بهێنم، ئەوەی پێی ڕێز لە خوداوەندەکان و خەڵک دەگرن، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
JDG 9:10 «ئینجا درەختەکان بە دار هەنجیریان گوت: ”وەرە تۆ پاشایەتیمان بکە.“
JDG 9:11 «دار هەنجیریش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شیرینییەکەم و بەرە خۆشەکەم بهێنم، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
JDG 9:12 «ئیتر درەختەکان بە دار مێویان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“
JDG 9:13 «دار مێویش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شەرابەکەم بهێنم، ئەوەی دڵی خوداوەندەکان و خەڵک خۆش دەکات، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
JDG 9:14 «ئینجا هەموو درەختەکان بە دڕکوداڵیان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“
JDG 9:15 «دڕکوداڵیش بە درەختەکانی گوت: ”ئەگەر ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت بە پاشای خۆتان دەستنیشانم بکەن، وەرن لەژێر سێبەرەکەمدا خۆتان پەنا بدەن. بەڵام ئەگەر وا نەبوو ئاگرێک لە دڕکەکەوە دێتە دەرەوە و دارەکانی ئورزی لوبنان دەخوات!“
JDG 9:16 «ئایا ئێوە بە دەستپاکی و بە ڕاستی کارتان کردووە کە ئەبیمەلەختان کردووە بە پاشا؟ ئایا چاکەتان لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی کردووە؟ ئایا بەگوێرەی شایستەیی خۆی پاداشتتان داوەتەوە؟
JDG 9:17 باوکم بۆ ئێوە جەنگا و خۆی خستە مەترسییەوە و لە چنگی میدیان دەربازی کردن.
JDG 9:18 ئێوەش ئەمڕۆ بەگژ ماڵی باوکمدا چوون و کوڕەکانی ئەوتان کوشت، حەفتا پیاو لەسەر یەک بەرد و ئەبیمەلەخی کوڕی ژنە خزمەتکارەکەی ئەوتان کردە پاشای خەڵکی شەخەم، چونکە براتانە!
JDG 9:19 جا ئەگەر بە دەستپاکی و بە ڕاستیتان کردبێت لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی لەم ڕۆژەدا، ئەوا دڵتان خۆش بکەن بە ئەبیمەلەخ و با ئەویش دڵی پێتان خۆش بێت.
JDG 9:20 بەڵام ئەگەر واتان نەکردبوو، ئەوا ئاگرێک لە ئەبیمەلەخەوە دێتە دەرەوە و شارنشینەکانی شەخەم و بێت‌میلۆ دەخوات، ئاگرێکیش لە شارنشینەکانی شەخەم و لە بێت‌میلۆ دێتە دەرەوە و ئەبیمەلەخ دەخوات!»
JDG 9:21 ئینجا یۆتام ڕایکرد و هەڵات، لە ترسی ئەبیمەلەخی برای چوو بۆ بئێر و لەوێ ژیا.
JDG 9:22 ئیتر ئەبیمەلەخ سێ ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی کرد.
JDG 9:23 ئینجا خودا ڕۆحێکی بەدکاری نارد بۆ نێوان ئەبیمەلەخ و شارنشینەکانی شەخەم، ئیتر شارنشینەکانی شەخەم ناپاکییان لە ئەبیمەلەخ کرد.
JDG 9:24 خودا ئەمەی کرد هەتا ئەو تاوانەی لە حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل کرا، خوێنڕشتنیان لە ئەستۆی ئەبیمەلەخی برایان بێت کە کوشتنی، هەروەها بەسەر شارنشینەکانی شەخەم، ئەوانەی هانیان دا بۆ کوشتنی براکانی.
JDG 9:25 جا شارنشینەکانی شەخەم بۆسەیان لەسەر لووتکەی چیاکان لە دژی دانا و هەر یەکێک لەسەر ڕێگاکە بەلایاندا تێدەپەڕی ڕووتیان دەکردەوە. ئیتر هەواڵ گەیشت بە ئەبیمەلەخ.
JDG 9:26 ئەوە بوو گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن و پەڕینەوە بۆ شەخەم، خەڵکی شەخەم متمانەیان پێکرد.
JDG 9:27 چوونە دەرەوە بۆ سەر کێڵگەکانیان و ترێیەکانیان کۆکردەوە و بە پێیەکانیان گوشییان. لەدوای ئەوە چوونە پەرستگای خوداوەندەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا. کاتێک خواردیان و خواردیانەوە، نەفرەتیان لە ئەبیمەلەخ کرد.
JDG 9:28 ئینجا گەعەلی کوڕی عەبەد گوتی: «ئەبیمەلەخ کێیە و شەخەم کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟ ئایا ئەو کوڕی یەروبەعل نییە و زەڤول بریکاری نییە؟ ئیتر بۆچی ئێمە خزمەتی بکەین؟ خزمەتی پیاوەکانی حەمۆری باوکی شەخەم بکەن.
JDG 9:29 خۆزگە ئەم گەلە لەژێر دەستی مندا دەبوون، ئەو کاتە ئەبیمەلەخم لا دەدا، پێم دەگوت: ”هەموو سوپاکەت ئامادە بکە و وەرە دەرەوە!“»
JDG 9:30 کاتێک زەڤولی فەرمانڕەوای شار قسەکەی گەعەلی کوڕی عەبەدی بیست، زۆر تووڕە بوو و
JDG 9:31 بە نهێنی پەیامنێری بۆ لای ئەبیمەلەخ نارد و گوتی: «وا گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن بۆ شەخەم و شارەکە لە دژی تۆ دەوروژێنن.
JDG 9:32 ئێستا بە شەو خۆت و ئەو دارودەستانەی لەگەڵتدایە هەستن و لە کێڵگە بۆسە دابنێن.
JDG 9:33 بەیانی کاتی خۆر هەڵاتن زوو هەستە و هێرش بەرە سەر شارەکە، ئینجا کاتێک گەعەل و ئەو دارودەستانەی کە لەگەڵیدان دێنە دەرەوە بۆت، تۆش ئەوەی لە دەستت دێ بیکە.»
JDG 9:34 ئیتر ئەبیمەلەخ و هەموو دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون بە شەو هەستان و بوون بە چوار بەش و بۆسەیان دانا بۆ شەخەم.
JDG 9:35 گەعەلی کوڕی عەبەدیش چووبووە دەرەوە و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستابوو. لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ و دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون لە بۆسەکە هاتنە دەرەوە.
JDG 9:36 کاتێک گەعەل خەڵکەکەی بینی، بە زەڤولی گوت: «ئا ئەوە خەڵکن لە لووتکەی چیاکانەوە دێنە خوارەوە!» زەڤولیش پێی گوت: «ئەوە تۆ سێبەری چیاکان دەبینیت وا دەزانیت خەڵکە.»
JDG 9:37 بەڵام گەعەل دیسان گوتی: «ئا ئەوە خەڵکن لە بەرزایی زەوییەکەوە دێنە خوارەوە و یەک تیپیش وا لە ڕێی دار بەڕووەکەی بەخت خوێنەرەکانەوە دێت.»
JDG 9:38 زەڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئەو دەمەت لەکوێیە کە پێی دوایت: ”ئەبیمەلەخ کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟“ ئایا ئەوە ئەو خەڵکە نین کە گاڵتەت پێیان کرد؟ دە ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەگەڵیاندا بجەنگێ!»
JDG 9:39 گەعەلیش لەبەردەم خەڵکی شەخەمدا چووە دەرەوە و لەگەڵ ئەبیمەلەخ جەنگا.
JDG 9:40 ئەبیمەلەخیش بەزاندی، ئیتر لە دەستی هەڵات و بریندارێکی زۆر بە درێژایی ڕێگاکە هەتا بەردەم دەروازەکە کەوتن.
JDG 9:41 ئینجا ئەبیمەلەخ لە شاری ئەروما دانیشت و زەڤولیش گەعەل و براکانی دەرکرد و نەیهێشت لە شەخەمدا بژین.
JDG 9:42 ئینجا بۆ بەیانییەکەی خەڵکی شەخەم چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و هەواڵ درا بە ئەبیمەلەخ.
JDG 9:43 ئەویش دارودەستەکانی برد و کردنی بە سێ بەشەوە و لە کێڵگەدا بۆسەی دانا، بینی وا خەڵکەکە لە شار دێنە دەرەوە، ئەویش بۆیان هەستا و لێیدان.
JDG 9:44 ئەبیمەلەخ و ئەو بەشەی لەگەڵیدا بوون هەڵمەتیان برد و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستان، بەڵام دوو بەشەکەی دیکە هێرشیان بردە سەر هەموو ئەوانەی کە لە کێڵگەدا بوون و لێیان دان.
JDG 9:45 ئەبیمەلەخیش بە درێژایی ڕۆژ چوو بەگژ شارەکەدا و شارەکەی گرت، ئەو خەڵکەی تێیدا بوو کوشتنی، شارەکەی وێران کرد و خاکەکەی بە خوێ داپۆشی.
JDG 9:46 ئینجا هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم ئەمەیان بیست، بۆیە چوونە ناو قەڵای پەرستگای ئێل بەریت.
JDG 9:47 ئیتر هەواڵیان دا بە ئەبیمەلەخ کە هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم کۆبوونەتەوە.
JDG 9:48 ئەبیمەلەخ خۆی و هەموو خەڵکەکەی کە لەگەڵی بوون سەرکەوتن بۆ کێوی چەلمۆن. ئینجا ئەبیمەلەخ دەستی دایە تەور و لقوپۆپی داری بڕییەوە و هەڵیگرت و خستییە سەر شانی، بەو خەڵکەی گوت کە لەگەڵیدا بوون: «چاوتان لێیە چیم کرد، ئێوەش خێرا وەکو من بکەن!»
JDG 9:49 خەڵکەکەش هەریەکە و چەند لقوپۆپێکی بڕییەوە و لەدوای ئەبیمەلەخەوە ڕۆیشتن، بە چواردەوری قەڵاکەدا دایاننا و قەڵاکەیان بەسەردا سووتاندن. بەم جۆرە هەموو خەڵکەکەی ناو قوللەی شەخەم مردن کە نزیکەی هەزار پیاو و ژن بوون.
JDG 9:50 ئینجا ئەبیمەلەخ چوو بۆ تێڤێچ و گەمارۆی تێڤێچی دا و گرتی.
JDG 9:51 لە ناوەڕاستی شارەکەش قوللەیەکی قاییم هەبوو، هەموو پیاوان و ژنان و تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ ئەوێ هەڵاتن، دەرگاکانیان لەدوای خۆیانەوە داخست و سەرکەوتن بۆ سەربانی قوللەکە.
JDG 9:52 ئەبیمەلەخیش هات بۆ قوللەکە و چوو بەگژیدا و نزیکی دەرگای قوللەکە بووەوە بۆ ئەوەی بە ئاگر بیسووتێنێت.
JDG 9:53 ئینجا ژنێک بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی کێشا بە سەری ئەبیمەلەخدا و کەللەی سەری شەقکرد.
JDG 9:54 ئەویش دەستبەجێ ئەو کوڕەی بانگکرد کە قەڵغان و ڕمەکانی بۆ هەڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، بۆ ئەوەی پێم نەڵێن: ”ژنێک کوشتی.“» ئیتر کوڕەکە شمشێرەکەی پێدا کرد و مرد.
JDG 9:55 کاتێک پیاوەکانی ئیسرائیل بینییان ئەبیمەلەخ مرد، هەریەکە و گەڕایەوە شوێنی خۆی.
JDG 9:56 ئیتر خودا خراپەکارییەکەی ئەبیمەلەخی بەسەر خۆیدا هێنایەوە، ئەوەی دەرهەق بە باوکی کردی، کە حەفتا براکەی کوشت.
JDG 9:57 هەروەها خودا هەموو خراپەکارییەکانی خەڵکی شەخەمی بەسەر هێنانەوە، نەفرەتەکەی یۆتامی کوڕی یەروبەعلیان بەسەرهات.
JDG 10:1 لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا.
JDG 10:2 بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.
JDG 10:3 ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
JDG 10:4 سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە.
JDG 10:5 یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.
JDG 10:6 نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست.
JDG 10:7 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن.
JDG 10:8 ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون.
JDG 10:9 عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون.
JDG 10:10 جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»
JDG 10:11 یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەمۆری، عەمۆنی، فەلەستی،
JDG 10:12 سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟
JDG 10:13 بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم.
JDG 10:14 بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»
JDG 10:15 نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.»
JDG 10:16 ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست. یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو.
JDG 10:17 ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا.
JDG 10:18 ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»
JDG 11:1 یەفتاحی گلعادی جەنگاوەرێکی بەهێز بوو، کوڕی لەشفرۆشێک بوو، گلعادیش باوکی بوو.
JDG 11:2 ژنەکەی گلعاد چەند کوڕێکی بوو، کاتێک کوڕەکان گەورە بوون یەفتاحیان دەرکرد و پێیان گوت: «نابیت بە میراتگر لە ماڵی باوکمان، چونکە تۆ کوڕی ژنێکی دیکەیت.»
JDG 11:3 بۆیە یەفتاح لە دەست براکانی هەڵات و لە خاکی تۆڤ نیشتەجێ بوو، چەند پیاوێکی یاخی و چاونەترس لە دەوری کۆبوونەوە و دوای کەوتن.
JDG 11:4 ئینجا پاش ماوەیەک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان.
JDG 11:5 کاتێک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان، پیرانی گلعاد چوون بۆ ئەوەی یەفتاح لە خاکی تۆڤەوە بهێنن.
JDG 11:6 بە یەفتاحیان گوت: «وەرە ببە بە سەرکردەمان هەتا لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین.»
JDG 11:7 یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئایا ئێوە نەبوون کە ڕقتان لێم بووەوە و لە ماڵی باوکم دەرتانکردم؟ بۆچی ئێستا هاتوون بۆ لام کە لە تەنگانە دان؟»
JDG 11:8 پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «بۆیە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ لات هەتا لەگەڵمان بێیت و لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین و ببیت بە سەرکردەمان بەسەر هەموو دانیشتووانی گلعاد.»
JDG 11:9 یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئەگەر منتان گەڕاندەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدان ئەوانی بەدەستمەوە دا، ئەوا بەڕاستی من دەبمە سەرکردەتان؟»
JDG 11:10 پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەت بێت، بە دڵنیاییەوە ئاوا دەکەین بەپێی ئەوەی گوتت.»
JDG 11:11 ئینجا یەفتاح لەگەڵ پیرانی گلعاددا ڕۆیشت و گەل کردیان بەسەرکردە و فەرماندەی خۆیان و یەفتاحیش هەموو قسەکانی خۆی لە میچپا لەبەردەم یەزدان دووبارە کردەوە.
JDG 11:12 ئینجا یەفتاح چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کرد و گوتی: «چیم لەگەڵ تۆ هەیە، تۆ هاتوویتە سەرم هەتا لە خاکەکەم لە دژم بجەنگیت؟»
JDG 11:13 پاشای عەمۆنییەکانیش بە نێردراوەکانی یەفتاحی گوت: «لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتتنیدا لە میسر خاکەکەی بردووم، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا ڕووباری ئوردون، ئێستاش بە ئاشتی بیگەڕێنەوە.»
JDG 11:14 ئینجا یەفتاح دووبارە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کردەوە و
JDG 11:15 پێی گوت: «یەفتاح ئاوا دەڵێت: ئیسرائیل خاکی مۆئاب و خاکی عەمۆنییەکانی نەبردووە،
JDG 11:16 چونکە لە کاتی هاتنی ئیسرائیل لە میسرەوە بەناو چۆڵەوانیدا هەتا دەریای سوور ڕۆیشت و هات بۆ قادێش.
JDG 11:17 ئیتر ئیسرائیل چەند نێردراوێکی نارد بۆ لای پاشای ئەدۆم و گوتی: ”لێمانگەڕێ با بەناو خاکەکەتدا تێپەڕ بین،“ بەڵام پاشای ئەدۆم گوێی نەگرت. هەروەها نێردراویان بۆ لای پاشای مۆئاب نارد، بەڵام ڕازی نەبوو. ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە قادێش مانەوە.
JDG 11:18 «ئینجا بەناو چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و بەدەوری خاکی ئەدۆم و خاکی مۆئابدا سووڕانەوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بۆ خاکی مۆئاب و لە کەناری ئەرنۆن چادریان هەڵدا، نەهاتنە ناو خاکی مۆئاب، چونکە ڕووباری ئەرنۆن سنووری مۆئاب بوو.
JDG 11:19 «پاشان ئیسرائیل چەند نێردراوێکی بۆ لای سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشای حەشبۆن نارد و پێی گوتن: ”لێمانگەڕێن با بەناو خاکەکەتاندا تێپەڕین بۆ شوێنەکەمان.“
JDG 11:20 بەڵام سیحۆن متمانەی بە ئیسرائیل نەبوو بەناو سنوورەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو سیحۆن هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و لە یەهەچ چادریان هەڵدا و لە دژی ئیسرائیل جەنگان.
JDG 11:21 «ئینجا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سیحۆن و هەموو سوپاکەی دا بەدەست نەوەی ئیسرائیلەوە و ئەوانیان بەزاند. ئیتر ئیسرائیل بوو بە خاوەنی هەموو زەوی ئەمۆرییەکان و دانیشتووانی ئەو خاکە،
JDG 11:22 دەستیان بەسەر هەموو سنووری ئەمۆرییەکاندا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری ئوردون.
JDG 11:23 «ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمۆرییەکانی لەبەردەم ئیسرائیلی گەلی خۆی دەرکردووە، ئایا بە چ مافێک تۆ خاوەنداریێتی دەکەیت؟
JDG 11:24 ئایا نابیتە خاوەنی ئەوەی کە کەمۆشی خوداوەندت پێت دەدات؟ ئێمەش خاوەنی هەموو ئەوانەین کە یەزدانی پەروەردگارمان لەبەردەمماندا وەدەرینان.
JDG 11:25 ئێستاش ئایا تۆ بەڕاستی لە بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب چاکتریت؟ ئایا ئەو بەربەرەکانێی ئیسرائیلی کرد، یاخود لە دژیان جەنگا؟
JDG 11:26 ئەو کاتەی ئیسرائیل لە حەشبۆن و گوندەکانی و عەرۆعێر و گوندەکانی و هەموو شارۆچکەکانی کەناری ئەرنۆن سێ سەد ساڵ نیشتەجێ بوو، بۆچی لەو کاتەدا بەدەستت نەهێنایەوە؟
JDG 11:27 من هیچ گوناهم دەرهەق بە تۆ نەکردووە، بەڵام تۆ خراپەم لەگەڵ دەکەیت بە شەڕکردن لەگەڵ من. با ئەمڕۆ یەزدانی دادوەر حوکم لەنێوان ئیسرائیل و عەمۆنییەکاندا بدات.»
JDG 11:28 بەڵام پاشای عەمۆنییەکان گوێی لە قسەکانی یەفتاح نەگرت کە بۆی نارد.
JDG 11:29 جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەفتاح. لە گلعاد و مەنەشە پەڕییەوە و میچپای گلعادیشی تێپەڕاند، لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر عەمۆنییەکان پێشڕەویی کرد.
JDG 11:30 ئینجا یەفتاح نەزری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەگەر عەمۆنییەکانت دا بەدەستمەوە،
JDG 11:31 ئەوا لە کاتی گەڕانەوەمدا بە سەرکەوتوویی لەلای عەمۆنییەکانەوە، ئەوەی بۆ پێشوازیلێکردنم لە دەرگای ماڵەکەمەوە بێتە دەرەوە، ئەوە بۆ یەزدان دەبێت و وەک قوربانی سووتاندن پێشکەشی دەکەم.»
JDG 11:32 ئینجا یەفتاح پەڕییەوە بۆ عەمۆنییەکان بۆ جەنگ لە دژیان و یەزدان ئەوانی دایە دەستی.
JDG 11:33 لەنێوان عەرۆعێرەوە و مینیت هەتا ئابێل کەرامیم بیست شارۆچکەی وێران کرد و بەم شێوەیە عەمۆنییەکان کەوتنە ژێردەستی نەوەی ئیسرائیل.
JDG 11:34 پاشان یەفتاح گەڕایەوە بۆ میچپا بۆ ماڵەکەی و تەماشای کرد وا کچەکەی بە دەفلێدان و سەماکردنەوە هاتووەتە دەرەوە بۆ پێشوازیلێکردنی. ئەو کچەش تاقانە بوو، جگە لەو کوڕ و کچی دیکەی نەبوو.
JDG 11:35 لەو کاتەدا کە چاوی پێکەوت جلەکانی دادڕی و گوتی: «ئای کچەکەم ئەژنۆت شکاندم و ژیانت لێ تاڵ کردم، چونکە سوێندم بۆ یەزدان خواردووە و ناتوانم لێی پاشگەز ببمەوە.»
JDG 11:36 ئەویش پێی گوت: «ئەی باوکە تۆ نەزرت بۆ یەزدان کردووە. بەوەم لەگەڵ بکە کە لە دەمت هاتووەتە دەرەوە، چونکە یەزدان تۆڵەی بۆ سەندییەوە لە دوژمنەکانت، لە عەمۆنییەکان.»
JDG 11:37 پاشان بە باوکی گوت: «با ئەو کارەم لەگەڵدا بکرێت، دوو مانگ لێم بگەڕێ هەتا بڕۆم و لەسەر چیاکان بگەڕێم و لەگەڵ هاوڕێیەکانم شیوەن بگێڕم، چونکە هەرگیز شوو ناکەم.»
JDG 11:38 ئەویش گوتی: «بڕۆ.» دوو مانگ ناردی، ڕۆیشت و لەگەڵ دەستە خوشکەکانی لەسەر چیاکان شیوەنی گێڕا، چونکە هەرگیز شوو ناکات.
JDG 11:39 لە کۆتایی دوو مانگەکەدا گەڕایەوە بۆ لای باوکی، ئیتر ئەو نەزرەی کردبووی ئەنجامی دا، کچەکەش پاکیزە بوو. ئیتر ئەمە لەناو ئیسرائیلدا بوو بە نەریت
JDG 11:40 کە کچەکانی ئیسرائیل ساڵانە چوار ڕۆژ دەچن بۆ ئەوەی شیوەن بۆ کچەکەی یەفتاحی گلعادی بگێڕن.
JDG 12:1 ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»
JDG 12:2 یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم.
JDG 12:3 کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»
JDG 12:4 ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.»
JDG 12:5 گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،»
JDG 12:6 پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.
JDG 12:7 لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.
JDG 12:8 پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێت‌لەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
JDG 12:9 سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و
JDG 12:10 پاشان مرد و لە بێت‌لەحم نێژرا.
JDG 12:11 پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و
JDG 12:12 پاشان مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.
JDG 12:13 پاش ئەویش عەبدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
JDG 12:14 چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
JDG 12:15 ئینجا عەبدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.
JDG 13:1 دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری و یەزدانیش چل ساڵ ژێر دەستەی فەلەستییەکانی کردن.
JDG 13:2 ئینجا پیاوێک لە چۆرعا هەبوو لە هۆزی دانییەکان ناوی مانۆوەح بوو، ژنەکەی نەزۆک بوو منداڵی نەدەبوو.
JDG 13:3 جا فریشتەی یەزدان بۆ ژنەکە دەرکەوت و پێی فەرموو: «تۆ نەزۆکیت و منداڵت نەبووە، بەڵام سکپڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت.
JDG 13:4 ئێستاش وریابە شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ.
JDG 13:5 ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، گوێزان بەسەر سەریدا نایەت، چونکە کوڕەکە هەر لە سکتەوە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا، ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستییەکان.»
JDG 13:6 ئینجا ژنەکە چوو بۆ لای مێردەکەی و پێی گوت: «پیاوێکی خودا هات بۆ لام و وەک فریشتەی خودا شێوەی زۆر سامناک بوو. لێم نەپرسی کە لەکوێوە هاتووە، ئەویش ناوی خۆی پێ نەگوتم.
JDG 13:7 پێی گوتم: ”ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، ئێستاش شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ، چونکە کوڕەکە لەو کاتەوەی لە سکتە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا هەتا ڕۆژی مردنی.“»
JDG 13:8 ئینجا مانۆوەح لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «ئەی پەروەردگار، داوات لێ دەکەم ئەو پیاوەی خودا کە ناردت با دووبارە بێتەوە بۆ لامان و فێرمان بکات چی بۆ ئەو کوڕە بکەین کە لەدایک دەبێت.»
JDG 13:9 خوداش گوێی لە دەنگی مانۆوەح گرت و فریشتەی خودا دووبارە هاتەوە بۆ لای ژنەکە کە لە کێڵگەدا دانیشتبوو و مانۆوەحی مێردی لەگەڵدا نەبوو.
JDG 13:10 ئیتر ژنەکە بە خێرایی ڕایکرد و بە مێردەکەی گوت: «ئەو پیاوەی کە ئەو ڕۆژە هات بۆ لام، لێرەیە!»
JDG 13:11 مانۆوەحیش هەستا و بەدوای ژنەکەیدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوەکە، پێی گوت: «تۆ ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەم قسەت کرد؟» ئەویش گوتی: «من ئەوم.»
JDG 13:12 مانۆوەحیش گوتی: «لە کاتی هاتنەدی وتەکەت، ڕێنمایی و کردارەکانی چۆن دەبێت؟»
JDG 13:13 ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە مانۆوەحی گوت: «با ژنەکە هۆشیار بێت لە هەموو ئەو شتانەی پێم گوت،
JDG 13:14 ئەوەی لە دار مێو بێت با نەیخوات، شەراب و مەی نەخواتەوە و هیچ شتێکی گڵاویش نەخوات. با خۆی لە هەموو ئەو شتانە بپارێزێت کە ڕامسپاردووە.»
JDG 13:15 ئینجا مانۆوەح بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «لێمانگەڕێ با بتحەوێنینەوە و کارەبزنێکت بۆ سەر ببڕین.»
JDG 13:16 فریشتەکەی یەزدانیش بە مانۆوەحی گوت: «ئەگەر بشمحەوێننەوە لە نانەکەت ناخۆم، ئەگەر قوربانی سووتاندنیشت کرد پێشکەشی یەزدانی بکە.» مانۆوەح نەیزانی ئەوە فریشتەی یەزدانە.
JDG 13:17 مانۆوەحیش بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «ناوت چییە، بۆ ئەوەی کاتێک وتەکەت هاتە دی ڕێزت لێ بنێین؟»
JDG 13:18 فریشتەکەی یەزدانیش پێی گوت: «بۆچی لە ناوم دەپرسیت؟ ئەو لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە؟»
JDG 13:19 ئینجا مانۆوەح کارەبزنەکە و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکەی برد و سەری خستنە سەر تاتەبەردێک و کردنی بە قوربانی بۆ یەزدان، یەزدانیش کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام دا و مانۆوەح و ژنەکەشی تەماشایان دەکرد.
JDG 13:20 ئەوە بوو: لە کاتی بەرزبوونەوەی گڕی ئاگر لە قوربانگاکەوە بۆ ئاسمان، فریشتەکەی یەزدان لەناو گڕی قوربانگاکەدا سەرکەوت. کە مانۆوەح و ژنەکەی ئەمەیان بینی هەردووکیان بە ڕوودا کەوتن بە زەویدا.
JDG 13:21 لەدوای ئەمە فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی مانۆوەح و ژنەکەی دیار نەما، ئەوسا مانۆوەح زانی ئەوە فریشتەی یەزدان بوو.
JDG 13:22 ئیتر مانۆوەح بە ژنەکەی گوت: «بێگومان دەمرین، چونکە خودامان بینی!»
JDG 13:23 ژنەکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان بیویستایە بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەیی لە دەستمان وەرنەدەگرت، هەموو ئەم شتانەی نیشان نەدەداین و لەم کاتەدا هەموو ئەم شتانەی پێ نەدەگوتین.»
JDG 13:24 ئینجا ژنەکە کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شەمشون. کوڕەکە گەورە بوو و یەزدان بەرەکەتداری کرد،
JDG 13:25 ڕۆحی یەزدانیش دەستی کرد بە جوڵاندنی شەمشون کاتێک لە مەحەنێی دان بوو کە دەکەوێتە نێوان چۆرعا و ئەشتائۆل.
JDG 14:1 ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی.
JDG 14:2 جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت: «ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.»
JDG 14:3 دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە: «ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە، هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنەنەکراوەکان بهێنیت؟» شەمشونیش بە باوکی گوت: «ئەوم بۆ بهێنە، چونکە ئەوم بەدڵە.»
JDG 14:4 دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە، کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان، چونکە لەو کاتەدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون.
JDG 14:5 ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند.
JDG 14:6 جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد، ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو. کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی.
JDG 14:7 ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو.
JDG 14:8 پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت، لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت، تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین.
JDG 14:9 جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد. ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی، بەشی دان و خواردیان، پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە.
JDG 14:10 ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد، چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو.
JDG 14:11 جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون.
JDG 14:12 ئینجا شەمشون پێی گوتن: «مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم،
JDG 14:13 بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.» ئەوانیش گوتیان: «مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»
JDG 14:14 ئەویش وەڵامی دانەوە: «لە بخۆر، خواردن هاتە دەرەوە، لە بەهێزیش، شیرینی.» ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن.
JDG 14:15 لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت: «مێردەکەت فریو بدە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت، ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین. داوەتتان کردووین بۆ ئەوەی ڕووتمان بکەنەوە؟»
JDG 14:16 ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت. مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.» ئەویش پێی گوت: «تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟»
JDG 14:17 بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت، چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد.
JDG 14:18 جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت: «چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە و لە شێر بەهێزترە؟» ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر بە گوێرەکەکەم نەتاندەکێڵا، مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.»
JDG 14:19 ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە. پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی.
JDG 14:20 ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو.
JDG 15:1 ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.
JDG 15:2 باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»
JDG 15:3 شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.»
JDG 15:4 ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لە ناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا.
JDG 15:5 ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.
JDG 15:6 فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.» ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند.
JDG 15:7 شەمشونیش پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی ئەم کارەتان کرد، وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵەتان لێ نەکەمەوە.»
JDG 15:8 ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو ئەشکەوتێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.
JDG 15:9 ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە.
JDG 15:10 جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟» ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»
JDG 15:11 ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ ئەشکەوتەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟» ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»
JDG 15:12 ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.» شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»
JDG 15:13 ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست.
JDG 15:14 کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو.
JDG 15:15 ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.
JDG 15:16 ئینجا شەمشون گوتی: «بە شەویلاکی کەرێک ئێوەم کردە کەرگەل، بە شەویلاکی کەرێک هەزار پیاوم کوشت.»
JDG 15:17 کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی ناو برد.
JDG 15:18 پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنەنەکراوەکان؟»
JDG 15:19 ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.
JDG 15:20 جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
JDG 16:1 پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای.
JDG 16:2 ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.»
JDG 16:3 شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن.
JDG 16:4 پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو.
JDG 16:5 ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «بزانە دەتوانیت فریوی بدەیت تاوەکو نهێنی هێزە مەزنەکەیت بۆ ئاشکرا بکات و چۆنیش دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین بۆ ئەوەی پەلبەست و ملکەچی بکەین. دواتر هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل زیوت پێدەدەین.»
JDG 16:6 جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟»
JDG 16:7 شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
JDG 16:8 ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستییەوە.
JDG 16:9 کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە.
JDG 16:10 جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»
JDG 16:11 ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
JDG 16:12 ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستییەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە.
JDG 16:13 دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و
JDG 16:14 لە تەختە دارێک گرێی دا. جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند.
JDG 16:15 ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت، ”تۆم خۆشدەوێ،“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.»
JDG 16:16 جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو.
JDG 16:17 بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم. جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»
JDG 16:18 جا دەلیلا کە بینی هەموو ئەوەی لە دڵیدایە پێی گوت، حوکمڕانە فەلەستییەکانی بانگکرد و گوتی: «ئەم جارە سەربکەون، چونکە هەموو ئەوەی کە لە دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتنە سەرەوە بۆ لای و زیوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
JDG 16:19 ئینجا لەسەر ڕانی خەواندی و پیاوێکی بانگکرد و هەر حەوت تیسکەکەی سەری تاشی و دەستی بە زەلیلی کرد و هێزەکەی لە دەست دا.
JDG 16:20 ئینجا گوتی: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا ئەویش لە خەو خەبەری بووەوە و گوتی: «وەک هەموو جارێک دەچمە دەرەوە و خۆم ڕادەتەکێنم و ئازاد دەبم.» بەڵام نەیزانی یەزدان بەجێی هێشتووە.
JDG 16:21 جا فەلەستییەکان گرتیان و چاویان هەڵکۆڵی و بردیانە خوارەوە بۆ غەزە و بە زنجیری بڕۆنز بەستیانەوە و لە زینداندا ئیشی دەستاڕی دەکرد.
JDG 16:22 بەڵام مووی سەری دەستی بە هاتنەوە کرد پاش ئەوەی تاشرابوو.
JDG 16:23 حوکمڕانە فەلەستییەکانیش کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانییەکی گەورە بۆ داگۆنی خوداوەندیان سەر ببڕن و ئاهەنگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوەندەکەمان شەمشونی دوژمنمانی داوەتە دەستمان.»
JDG 16:24 جا گەل کە شەمشونیان بینی ستایشی خوداوەندەکەیان کرد، چونکە گوتیان: «خوداوەندەکەمان ئەو دوژمنەمانی دایە دەستمان کە خاکەکەی ئێمەی وێران کرد و زۆری لێ کوشتین.»
JDG 16:25 پاش ئەوەی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شەمشون بانگ بکەن هەتا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شەمشونیان لە زیندانەوە بانگکرد و لەبەردەمیاندا نواندنی بۆ دەکردن. کاتێک لەنێوان کۆڵەکەکان ڕایانوەستاند،
JDG 16:26 شەمشون بەو مێردمنداڵەی گوت کە دەستی گرتبوو: «لێمگەڕێ با دەست بدەمە کۆڵەکەکان کە پەرستگاکەی لەسەر ڕاوەستاوە هەتا خۆمیان پێوە بگرم.»
JDG 16:27 پەرستگاکەش پڕ بوو لە پیاو و ئافرەت و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیش لەوێ بوون، لە سەربانەکەش سێ هەزار پیاو و ئافرەتی لێبوو، تەماشای شەمشونیان دەکرد نواندنی بۆ دەکردن.
JDG 16:28 جا شەمشون هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە بە بیری خۆتم بهێنەرەوە، تکایە بەهێزم بکە، تەنها ئەم جارە ئەی خودایە، بۆ ئەوەی بە یەک جار تۆڵەی چاوم لە فەلەستییەکان بکەمەوە.»
JDG 16:29 ئینجا شەمشون دوو کۆڵەکەکەی ناوەندی گرت کە پەرستگاکە لەسەریان ڕاوەستابوو و خۆی پێیانەوە گرت، یەکێکیان لەلای دەستە ڕاستی و ئەوی دیکەیان لەلای دەستە چەپی.
JDG 16:30 ئینجا شەمشون گوتی: «با لەگەڵ فەلەستییەکاندا بمرم!» جا بە هەموو هێزی چەمایەوە و پەرستگاکە بەسەر حوکمڕانەکان و هەموو ئەو خەڵکەی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئەوانەی لە کاتی مردنیدا کوشتنی زیاتر بوون لەوانەی لە ژیانیدا کوشتنی.
JDG 16:31 ئینجا براکانی و هەموو ماڵی باوکی دابەزین و هەڵیانگرت و بردیانە سەرەوە، لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل لەناو گۆڕی مانۆوەحی باوکی ناشتیان. ئەویش بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
JDG 17:1 پیاوێک هەبوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بە ناوی میخا،
JDG 17:2 بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.» دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»
JDG 17:3 کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»
JDG 17:4 جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.
JDG 17:5 جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد و بتی دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی.
JDG 17:6 لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
JDG 17:7 گەنجێک لە بێت‌لەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو.
JDG 17:8 لە شارۆچکەکەوە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.
JDG 17:9 میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»
JDG 17:10 میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و
JDG 17:11 ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی.
JDG 17:12 ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا.
JDG 17:13 جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»
JDG 18:1 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو. لەو ڕۆژانەشدا هۆزی دانییەکان بەدوای شوێنێکدا دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوون، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەش لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هیچ میراتێکیان بەرنەکەوتبوو.
JDG 18:2 جا نەوەی دان لە چۆرعا و لە ئەشتائۆلەوە پێنج جەنگاوەری لێهاتوویان لە تێکڕای خێڵەکەیانەوە نارد، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر خاکەکەوە بکەن و بیپشکنن، پێیان گوتن: «بڕۆن و خاکەکە بپشکنن.» جا ئەوانیش هاتن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا و لەوێ مانەوە.
JDG 18:3 لەو کاتەدا کە ئەوان لە نزیک ماڵی میخا بوون، دەنگی کوڕە لێڤییەکەیان ناسییەوە و چوون بۆ ئەوێ و لێیان پرسی: «کێ تۆی هێناوە بۆ ئێرە؟ لەم شوێنە چی دەکەیت؟ چیت لێرە هەیە؟»
JDG 18:4 ئەویش پێی گوتن: «میخا ئەمە و ئەوەی بۆ کردووم و بە کرێی گرتووم و بووم بە کاهینی.»
JDG 18:5 ئەوانیش پێیان گوت: «تکایە لە خودا بپرسە و بزانە لەو ڕێگایەدا سەرکەوتوو دەبین کە پێیدا دەڕۆین؟»
JDG 18:6 کاهینەکەش وەڵامی دانەوە: «بە سەلامەتی بڕۆن، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن چاوی یەزدانی لەسەرە.»
JDG 18:7 ئینجا پێنج پیاوەکە ڕۆیشتن و هاتنە لەیش، تەماشایان کرد ئەو گەلەی تێیدایە بە ئاسوودەیی دەژین، وەک نەریتی سەیدائییەکان، ئاسوودە و خاوەن متمانە بوون، چونکە زەوییەکە لە هیچ شتێکدا کەموکوڕی نەبوو و دەوڵەمەندیش بوون. جگە لەوەش لە سەیدائییەکانەوە دووربوون و پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.
JDG 18:8 جا هاتنەوە بۆ لای خزمەکانیان بۆ چۆرعا و ئەشتائۆل و خزمەکانیان لێیان پرسین: «ها هەواڵ چی بوو؟»
JDG 18:9 ئەوانیش گوتیان: «هەستن با بچینە سەریان، چونکە بینیمان خاکەکە زۆر چاکە، جا بێدەنگ مەبن و لە ڕۆیشتن تەمبەڵی مەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکەکەوە و ببن بە خاوەنی.
JDG 18:10 کاتێک دەگەنە ئەوێ، گەلێکی خاوەن متمانە و خاکێکی لە دوو لاوە بەر فراوان دەبینن. خودا خستوویەتییە ژێر دەستتانەوە و شوێنێکە لەسەر ڕووی زەوی کەموکوڕی لە هیچ شتێک نییە.»
JDG 18:11 ئیتر شەش سەد پیاوی چەکدار لە خێڵی دانییەکان لە چۆرعا و ئەشتائۆلەوە بۆ شەڕکردن بەڕێکەوتن.
JDG 18:12 پیاوەکان سەرکەوتن و لە قیریەت یەعاریم لە یەهودا چادریان هەڵدا، لەبەر ئەوە هەتا ئەمڕۆش بەو شوێنە دەگوترێت مەحەنێی دان، شوێنەکەش لە ڕۆژئاوای قیریەت یەعاریمەوەیە.
JDG 18:13 لەوێشەوە پەڕینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و هاتن بۆ ماڵی میخا.
JDG 18:14 ئینجا ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکی لەیشەوە چووبوون، بە خزمەکانیان گوت: «ئایا دەزانن لەم ماڵەدا ئێفۆد و بت و پەیکەری داتاشراو و بتی لەقاڵبدراو هەیە؟ کەواتە ئێستا بیربکەنەوە چی بکەن.»
JDG 18:15 ئینجا ڕوویان کردە ئەوێ و هاتن بۆ ماڵی میخا، سڵاویان لە کوڕە لێڤییەکە کرد.
JDG 18:16 شەش سەد پیاوە چەکدارەکەی نەوەی دان بە هەموو چەک و تفاقەوە لەبەردەم دەرگاکە ڕاوەستان.
JDG 18:17 ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە چووبوون، سەرکەوتن و چوونە ژوورەوە بۆ ئەوێ، پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکەش لەبەردەم دەرگاکە لەگەڵ شەش سەد پیاوە چەکدارەکە ڕاوەستابوو.
JDG 18:18 کاتێک پێنج پیاوەکە چوونە ناو ماڵی میخا و پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکە لێی پرسین: «ئەوە چی دەکەن؟»
JDG 18:19 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بێدەنگ بە! دەستت بخەرە سەر دەمت و لەگەڵمان وەرە، ببە بە باوک و کاهینمان. چاکترە کاهینی ماڵی یەک پیاو بیت، یاخود کاهینی هۆزێک و خێڵێک لە ئیسرائیلدا؟»
JDG 18:20 ئیتر کاهینەکەش دڵخۆش بوو، ئێفۆدەکە و بتەکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی برد و چووە ڕیزی گەلەکەوە.
JDG 18:21 ئینجا ڕۆیشتن، منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەرچی بەهادار بوو دایانە پێش خۆیان.
JDG 18:22 کاتێک لە ماڵی میخا دوور کەوتنەوە ئەو پیاوانەی کە لەناو ماڵەکانی نزیک ماڵی میخا بوون، دوای نەوەی دان کەوتن و پێیان گەیشتن.
JDG 18:23 هاواریان لە نەوەی دان کرد. ئەوانیش ئاوڕیان دایەوە و بە میخایان گوت: «ئەوە چیتە، پیاوەکانت بانگکردووە بۆ ئەوەی شەڕ بکەن؟»
JDG 18:24 ئەویش گوتی: «ئەو بتانەی دروستم کردن لەگەڵ کاهینەکە بردووتانە و ڕۆیشتوون، هیچم بۆ نەماوەتەوە، ئیتر چۆن پێم دەڵێن، ”ئەوە چیتە؟“»
JDG 18:25 نەوەی دانیش وەڵامیان دایەوە: «با لەنێوماندا گوێمان لە دەنگت نەبێت، نەوەک ئەم پیاوە سەرگەرمانە پەلامارت بدەن و گیانی خۆت و خێزانەکەت بکێشن.»
JDG 18:26 ئینجا نەوەی دان ڕێگای خۆیان گرتەبەر، کە میخاش بینی لەو بەهێزترن، گەڕایەوە و چووەوە بۆ ماڵەکەی.
JDG 18:27 بەڵام ئەوان ئەوەی میخا دروستی کردبوو لەگەڵ کاهینەکەیدا بردیان و چوونە لەیش، بۆ لای گەلێکی ئاسوودە و خاوەن متمانە، جا دایانە بەر شمشێر و شارەکەیان سووتاند.
JDG 18:28 کەسیش نەبوو بە هانای بگات، چونکە شارەکە لەناو دۆڵی بێت‌ڕەحۆڤ بوو کە لە سەیداوە دوور بوو، پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو. ئینجا دانییەکان شارەکەیان بنیاد ناوە و تێیدا نیشتەجێ بوون و
JDG 18:29 شارەکەیان ناو نا دان، بە ناوی دانی باپیر گەورەیانەوە کە یەکێک بوو لە کوڕەکانی ئیسرائیل، بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لەیش بوو.
JDG 18:30 ئینجا نەوەی دان پەیکەرە داتاشراوەکەیان بۆ خۆیان دانا و یۆناتانی کوڕی گێرشۆمی کوڕی موسا خۆی و کوڕەکانی بوون بە کاهینی هۆزی دانییەکان هەتا ڕۆژی ڕاپێچکردنی خەڵکی خاکەکە.
JDG 18:31 بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە ماڵی خودا لە شیلۆ بوو، ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە میخا دروستی کردبوو بۆ خۆیان دایاننا.
JDG 19:1 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو. پیاوێکی لێڤی لە شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا نیشتەجێ بوو، کەنیزەیەکی هێنا خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودا بوو.
JDG 19:2 ئیتر کەنیزەکە داوێنپیسی کرد و چووەوە بۆ ماڵی باوکی لە بێت‌لەحمی یەهودا، چوار مانگ لەوێ مایەوە.
JDG 19:3 ئینجا پیاوەکەی هەستا و بەدوایدا چوو بۆ ئەوەی ئاشتی بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە، ئیتر خزمەتکارەکەی و دوو گوێدرێژی لەگەڵ خۆی برد. ژنەکەش پیاوەکەی بردە ناو ماڵی باوکی. کاتێک باوکی کیژەکە بینی بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنی کرد.
JDG 19:4 خەزووری واتا باوکی کیژەکە گلی دایەوە و سێ ڕۆژ لەگەڵیدا مایەوە، خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مایەوە.
JDG 19:5 لە ڕۆژی چوارەمدا بەیانی زوو لە خەو هەستان و لێڤییەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن، باوکی کیژەکە بە زاواکەی گوت: «تۆ بە پارووە نانێک بەری دڵت بگرە و پاشان لەگەڵ ئەوان بڕۆ.»
JDG 19:6 ئینجا هەردووکیان دانیشتن و خواردیان و پێکەوە خواردیانەوە، باوکی کیژەکە بە پیاوەکەی گوت: «ڕازی بە و ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە.»
JDG 19:7 جا کە پیاوەکە هەستا بڕوات، خەزووری زۆری لێکرد، تاکو شەوێکی دیکە لەوێ بمێنێتەوە.
JDG 19:8 پاشان بۆ سبەینێ لە ڕۆژی پێنجەمدا هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، باوکی کیژەکە گوتی: «بەری دڵت بگرە ئینجا بڕۆ!» ئینجا هەتا دوای نیوەڕۆ مانەوە و هەردووکیان نانیان خوارد.
JDG 19:9 ئیتر پیاوەکە هەستا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنیزەکەی و خزمەتکارەکەیدا بڕوات، جا خەزووری، واتا باوکی کیژەکە، گوتی: «ئەوا ڕۆژ لە ئاوابوونە، لەبەر ئەوە بمێنەوە. وا کۆتایی ڕۆژە، ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە، سبەینێ زوو بکەوە ڕێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت.»
JDG 19:10 بەڵام پیاوەکە نەیویست بمێنێتەوە، بەڵکو هەستا و ڕۆیشت، گەیشتە بەرامبەر یەبوس، واتا ئۆرشەلیم، دوو گوێدرێژە کورتانکراوەکەی و کەنیزەکەی لەگەڵدا بوو.
JDG 19:11 لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.»
JDG 19:12 بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.»
JDG 19:13 ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.»
JDG 19:14 ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو.
JDG 19:15 بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوێ تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە.
JDG 19:16 لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون.
JDG 19:17 پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟»
JDG 19:18 ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێت‌لەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی.
JDG 19:19 هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.»
JDG 19:20 پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.»
JDG 19:21 ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە.
JDG 19:22 لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.»
JDG 19:23 خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن.
JDG 19:24 ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.»
JDG 19:25 بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد.
JDG 19:26 بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو.
JDG 19:27 کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو.
JDG 19:28 پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.
JDG 19:29 کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل.
JDG 19:30 جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!»
JDG 20:1 ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل هاتنە دەرەوە و کۆمەڵەکە وەک یەک پیاو لەبەردەم یەزدان کۆبوونەوە لە میچپا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع و هەروەها خاکی گلعاد.
JDG 20:2 سەرۆکەکانی هەموو گەل، هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گەلی خودا وەستان و ژمارەیان چوار سەد هەزار پیادەی شمشێر بەدەست بوو.
JDG 20:3 نەوەی بنیامینیش بیستیانەوە کە نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتوون بۆ میچپا. جا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «قسە بکەن ئەم کارە خراپە چۆن ڕوویدا؟»
JDG 20:4 پیاوە لێڤییەکە مێردی ژنە کوژراوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: «من و کەنیزەکەم هاتینە گیڤعای بنیامین بۆ ئەوەی شەو لەوێ بەسەربەرین.
JDG 20:5 جا خەڵکی گیڤعا شەو هاتنە سەرم و لە ماڵەکەدا گەمارۆیان دام و بەتەمابوون بمکوژن، کەنیزەکەی منیان لاقە کرد هەتا مرد.
JDG 20:6 منیش کەنیزەکەی خۆمم گرت و لەتلەتم کرد و ناردم بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل، چونکە ئەوانە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان لە ئیسرائیل ئەنجام داوە.
JDG 20:7 ئێستاش هەموو نەوەی ئیسرائیل لێرەیە، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.»
JDG 20:8 ئینجا هەموو گەل وەک یەک پیاو هەستان و گوتیان: «کەس لە ئێمە ناچێتەوە بۆ چادرەکەی و کەسیش لا نادات بۆ ماڵەکەی.
JDG 20:9 ئێستاش ئەمە ئەو کارەیە کە بە گیڤعای دەکەین: بەپێی تیروپشک، لە دژیان سەردەکەوین.
JDG 20:10 لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا دە پیاو لە هەر سەد پیاوێک و سەد لە هەزار و هەزار لە دە هەزار جیا دەکەینەوە بە مەبەستی هێنانی خۆراک بۆ سوپا لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ گیڤعای بنیامین. دەبێت بەپێی هەموو ئەو بێ ئابڕووییەی لە ئیسرائیل کردیان، سزا بدرێن.»
JDG 20:11 ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل وەک یەک پیاو کۆبوونەوە لە دژی شارەکە.
JDG 20:12 جا هۆزەکانی ئیسرائیل چەند پیاوێکیان بۆ هەموو هۆزەکانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئەو بەدکارییە چی بوو لەنێوتاندا ڕوویدا؟
JDG 20:13 جا ئێستا ئەو پیاوە بەدڕەوشتانەی کە لە گیڤعادان بیاندەنە دەستمان بۆ ئەوەی بیانکوژین و خراپە لە ئیسرائیلدا ڕیشەکێش بکەین.» بەڵام نەوەی بنیامین نەیانویست گوێ لە براکانیان و لە نەوەی ئیسرائیل بگرن.
JDG 20:14 ئینجا نەوەی بنیامین لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بۆ گیڤعا کۆبوونەوە هەتا بۆ جەنگان لە دژی ئیسرائیل بێنە دەرەوە.
JDG 20:15 نەوەی بنیامین لەو ڕۆژەدا لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بیست و شەش هەزار پیاوی شمشێر بە دەستیان کۆکردەوە جگە لە دانیشتووانی گیڤعا کە ژمارەیان حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردە بوو.
JDG 20:16 لە هەموو ئەم گەلە حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردەی هەبوون کە بە دەستی چەپ بە بەردەقانی نیشانیان لە موو دەگرت و دەیانپێکا.
JDG 20:17 جا نەوەی ئیسرائیلیش بێجگە لە بنیامین، چوار سەد هەزار پیاوی شمشێر بەدەستیان کۆکردەوە و هەموویان پیاوی جەنگ بوون.
JDG 20:18 جا نەوەی ئیسرائیل هەستان و سەرکەوتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان لە خودا کرد و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار سەردەکەوێت بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامین؟» یەزدانیش گوتی: «یەکەم جار یەهودا.»
JDG 20:19 ئینجا بۆ بەیانی نەوەی ئیسرائیل هەستان و چادریان هەڵدا لە دژی گیڤعا.
JDG 20:20 ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جەنگ لە دژی بنیامین هاتنە دەرەوە و پیاوانی ئیسرائیل لە نزیک گیڤعاوە بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.
JDG 20:21 نەوەی بنیامینیش لە گیڤعاوە هاتنە دەرەوە و لەو ڕۆژەدا بیست و دوو هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد.
JDG 20:22 بەڵام پیاوانی ئیسرائیل یەکتریان هاندا و دووبارە بۆ جەنگ لەو شوێنەدا ڕیزیان بەستەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا تێیدا ڕیزیان بەست.
JDG 20:23 پاشان نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتن و هەتا ئێوارە لەبەردەم یەزدان گریان و پرسیاریان لە یەزدان کرد و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی بنیامینی برامان؟» یەزدانیش گوتی: «سەربکەونە سەرەوە بۆیان.»
JDG 20:24 ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمدا لە دژی نەوەی بنیامین چوونە پێشەوە و
JDG 20:25 بنیامینیش لە ڕۆژی دووەمدا لە گیڤعاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان چوونە دەرەوە و دووبارە هەژدە هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد کە هەموو شمشێر بەدەست بوون.
JDG 20:26 ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل، هەموو گەل سەرکەوتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، لەوێدا لەبەردەم یەزداندا دانیشتن، لەو ڕۆژەدا هەتا ئێوارە بە ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد.
JDG 20:27 جا نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی. لەو سەردەمەدا سندوقی پەیمانی خودا لەوێ بوو،
JDG 20:28 هەروەها لەو سەردەمەدا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارون لەبەردەمیدا خزمەتی دەکرد. لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟» یەزدانیش گوتی: «سەربکەون، چونکە سبەینێ دەیاندەم بەدەستتانەوە.»
JDG 20:29 ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە چواردەوری گیڤعا بۆسەیان دانا و
JDG 20:30 لە ڕۆژی سێیەم هێرشیان کردە سەر نەوەی بنیامین و وەک جاری یەکەم و دووەم لە نزیک گیڤعاوە ڕیزیان بەست.
JDG 20:31 نەوەی بنیامینیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەل چوونە دەرەوە و لە شارەکە دوور کەوتنەوە. وەک دوو جارەکەی پێشتر دەستیان بە لێدانی گەل کرد و نزیکەی سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشت، لەو دوو ڕێگایەی کە یەکێکیان سەردەکەوت بۆ بێت‌ئێل و ئەوەی دیکەیان لە دەشتودەرەوە بۆ گیڤعا دەچوو.
JDG 20:32 نەوەی بنیامین گوتیان: «وەک یەکەم جار لەبەردەمماندا بەزیوون.» بەڵام نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «با هەڵبێین و لە شارەکە دووریان بخەینەوە بەرەو ڕێگاکان.»
JDG 20:33 ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە شوێنەکانیانەوە هەستان و لە بەعل‌تاماردا ڕیزیان بەست، ئیسرائیلییەکان لە بۆسەکەیانەوە لە ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپەڕین.
JDG 20:34 لە بەرامبەر گیڤعاوە دە هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە هەموو ئیسرائیلەوە هاتن و شەڕەکە گەرم بوو، بەڵام بنیامینییەکانیش نەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە.
JDG 20:35 جا یەزدان لەبەردەم ئیسرائیلدا لە نەوەی بنیامینی دا و نەوەی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار و سەد پیاویان لە بنیامین لەناوبرد و هەموو ئەوانەش شمشێر بە دەست بوون.
JDG 20:36 ئینجا نەوەی بنیامین بینییان کە تێکشکاون. پیاوانی ئیسرائیلیش لە بەرامبەر بنیامین کشانەوە، چونکە ئەوان پشتیان بەو بۆسەیە بەستبوو کە لە گیڤعادا نابوویانەوە.
JDG 20:37 ئینجا پیاوانی بۆسەکە هەستان و چوونە ناو گیڤعاوە و شاڵاویان برد و بە شمشێر لە هەموو شارەکەیان دا.
JDG 20:38 نیشانەی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسەکەش ئەوە بوو کە دووکەڵێکی زۆر لە شارەکەوە بەرز بکەنەوە،
JDG 20:39 جا پیاوانی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا ئاوڕ دەدەنەوە و دەگەڕێنەوە. پێشتر نەوەی بنیامین سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشتبوو و گوتیان: «بە دڵنیاییەوە وەک جەنگی یەکەم لەبەردەمماندا بەزیوون.»
JDG 20:40 ئینجا کاتێک ستوونی دووکەڵ لە شارەکە بەرزبووەوە، نەوەی بنیامین ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە و تەماشایان کرد دووکەڵی هەموو شارەکە بە ئاسماندا دەچێت.
JDG 20:41 ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونکە زانییان بەڵایان بەسەرهاتووە.
JDG 20:42 جا لەبەردەم پیاوانی ئیسرائیلدا بەرەو دەشتودەر هەڵاتن، بەڵام شەڕەکە پێیان گەیشت و ئەوانەش چووبوونە ناو شارۆچکەکانەوە لێیان ڕاپەڕین و لەناویانبردن.
JDG 20:43 ئینجا بنیامینەکانیان گەمارۆ دا و بە ئاسانی ڕاویان نان و بەرامبەر بە گیڤعا لەلای ڕۆژهەڵاتەوە پێیان گەیشتنەوە.
JDG 20:44 جا هەژدە هەزار جەنگاوەری بە توانا لە بنیامین کوژران.
JDG 20:45 ئینجا بەرەو دەشتودەر سووڕانەوە و بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن هەڵاتن، جا لە ڕێگادا پێنج هەزار پیاویان لێ کوشتن. هەتا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هەزار پیاوی دیکەیان لێ کوشتن.
JDG 20:46 لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار پیاوی شمشێر بەدەست لە بنیامین کوژران و هەموویان جەنگاوەری بە توانا بوون.
JDG 20:47 بەڵام شەش سەد پیاو سووڕانەوە و بەرەو دەشتودەر هەڵاتن بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن و چوار مانگ لەوێ مانەوە.
JDG 20:48 ئینجا پیاوانی نەوەی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ نەوەی بنیامین و لەناو هەموو شارەکەدا بە شمشێر لە خۆیان و ئاژەڵەکانیان و لە هەموو شتەکانی شارەکەیان دا و هەروەها هەموو ئەو شارۆچکانەی پێی گەیشتن سووتاندیانن.
JDG 21:1 پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.»
JDG 21:2 ئینجا گەل چوون بۆ بێت‌ئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ.
JDG 21:3 گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟»
JDG 21:4 بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد.
JDG 21:5 ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟» لەبەر ئەوەی سوێندیان خواردبوو کە هەرکەسێک نەیەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا، دەبێت بکوژرێت.
JDG 21:6 ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا.
JDG 21:7 بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟»
JDG 21:8 ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە،
JDG 21:9 چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە.
JDG 21:10 ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە.
JDG 21:11 دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.»
JDG 21:12 جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو.
JDG 21:13 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە.
JDG 21:14 جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە، بەڵام هێشتا بەشی هەموو پیاوەکانی نەوەی بنیامینی نەکرد.
JDG 21:15 گەلیش ئاخیان بۆ نەوەی بنیامین هەڵکێشا، چونکە یەزدان کەلێنی کردە ناو هۆزەکانی ئیسرائیلەوە.
JDG 21:16 ئینجا پیرانی کۆمەڵەکە گوتیان: «ژن لە نەوەی بنیامین نەماوە، چی بۆ ئەوانی دیکە بکەین لەبارەی ژنانەوە؟
JDG 21:17 پێویستە دەربازبووەکانی بنیامین میراتگریان هەبێت، تاکو هیچ هۆزێک لە ئیسرائیل نەسڕێتەوە.
JDG 21:18 ئێمەش ناتوانین لە کچەکانمان ژنیان بدەینێ، چونکە نەوەی ئیسرائیل سوێندیان خواردووە و گوتوویانە، ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ژن دەدات بە نەوەی بنیامین.“
JDG 21:19 ئەوەتا هەموو ساڵێک لە شیلۆدا جەژن دەگێڕن بۆ یەزدان، لە باکووری بێت‌ئێل لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێگایەی لە بێت‌ئێلەوە سەردەکەوێت بۆ شەخەم و لە باشووری لەڤۆنە.»
JDG 21:20 ئینجا فەرمانیان دا بە نەوەی بنیامین و گوتیان: «بڕۆن و لە ڕەزەمێوەکاندا بۆسە بنێنەوە و
JDG 21:21 چاوەڕێ بکەن هەتا کچانی شیلۆ دەچنە ناو سەماکردن، ئینجا ئێوە لە ڕەزەمێوەکانەوە وەرنە دەرەوە و هەریەکە و کچێک لە کچەکانی شیلۆ بۆ خۆتان بڕفێنن، بگەڕێنەوە بۆ خاکی بنیامین.
JDG 21:22 جا ئەگەر باوک و براکانیان هاتن بۆ ئەوەی سکاڵامان لەلا بکەن، پێیان دەڵێین: ”لەبەر ئێمە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە، چونکە لە جەنگدا بۆ هەریەکیان ژنێکمان دەست نەکەوت. ئێوەش تاوانبار نین لە شکاندنی سوێندتان، چونکە بە ڕەزامەندی خۆتان کچەکانتان نەدانێ.“»
JDG 21:23 ئینجا نەوەی بنیامین ئاوایان کرد و بەپێی ژمارەیان ژنیان بۆ خۆیان لەو سەماکەرانە ڕفاند، ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ میراتەکەیان و شارۆچکەکانیان بنیاد ناوە و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
JDG 21:24 ئینجا لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە گەڕایەوە بۆ هۆزەکەی و خێڵەکەی. هەریەکە لەوێوە چووە دەرەوە بۆ میراتەکەی.
JDG 21:25 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو و هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
RUT 1:1 لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان، قاتوقڕییەک لە خاکەکە سەریهەڵدا. لە بێت‌لەحمی یەهوداوە پیاوێک خۆی و ژنەکەی و دوو کوڕەکەی کۆچیان کرد و پەنایان بۆ وڵاتی مۆئاب برد.
RUT 1:2 ناوی پیاوەکە ئەلیمەلەخ بوو، ناوی ژنەکەشی ناعۆمی بوو، ناوی دوو کوڕەکەشی مەحلۆن و کیلیۆن بوو، لە ئەفراتییەکانی بێت‌لەحمی یەهودا بوون. ئیتر هاتن بۆ وڵاتی مۆئاب و لەوێ ژیان.
RUT 1:3 لەوێ ئەلیمەلەخی مێردی ناعۆمی مرد، ناعۆمی و دوو کوڕەکەی مانەوە و
RUT 1:4 دوو ژنی مۆئابیان هێنا، یەکێکیان ناوی عۆرپا بوو ئەوەی دیکەیان ڕائووس. لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ مانەوە.
RUT 1:5 ئینجا مەحلۆن و کیلیۆن مردن، ئیتر ناعۆمی بەبێ کوڕ و مێرد مایەوە.
RUT 1:6 دوای ئەوەی ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابدا بیستی کە خودا گەلەکەی خۆی بەسەرکردووەتەوە و نانی داوە پێیان، خۆی و بووکەکانی هەستان و وڵاتی مۆئابیان بەجێهێشت.
RUT 1:7 لەگەڵ دوو بووکەکەی ئەو شوێنەی بەجێهێشت کە لێی دەژیا و ئەو ڕێگایەیان گرتەبەر کە دەیگەڕاندنەوە بۆ خاکی یەهودا.
RUT 1:8 ناعۆمی بە بووکەکانی گوت: «با هەریەکەتان بگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی خۆی. خودا پاداشتی ئەو چاکەیەتان بداتەوە کە لەگەڵ من و کوڕەکانمدا کردتان.
RUT 1:9 خودا هەریەکەتان لە ماڵی مێردی خۆی بحەسێنێتەوە.» ئینجا ماچی کردن و ئەوانیش بە دەنگی بەرز گریان.
RUT 1:10 پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین بۆ لای گەلەکەت.»
RUT 1:11 ناعۆمی گوتی: «کچەکانم بگەڕێنەوە. بۆچی لەگەڵ من دێن؟ ئایا سکم کوڕی تێدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە مێردتان؟
RUT 1:12 بگەڕێنەوە و بڕۆن، چونکە پیر بووم و ناتوانم شوو بکەمەوە. وا گوتیشم ئومێدی ئەوە هەبوو کە ئەمشەو شوو بکەمەوە و چەند کوڕێکیشم بوو،
RUT 1:13 ئایا چاوەڕێیان دەکەن هەتا گەورە دەبن؟ ئایا لەبەر ئەوان خۆتان دەبەستنەوە و شوو ناکەنەوە؟ نا کچەکانم. من لە ئێوە زیاتر خەفەت دەخۆم، چونکە خودا خراپەی بەسەرم هێنا.»
RUT 1:14 ئینجا دیسان بە دەنگی بەرز گریان. عۆرپا خەسووی ماچکرد، بەڵام ڕائووس بە توندی لە باوەشی گرت.
RUT 1:15 ناعۆمی گوتی: «ئەوەتا عۆرپای هێوەرژنت گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی و خوداوەندەکانی. تۆش لەگەڵ ئەو بگەڕێوە.»
RUT 1:16 بەڵام ڕائووس گوتی: «زۆرم لێ مەکە بەجێت بهێڵم و وازت لێ بهێنم، چونکە بۆ کوێ بچیت دەچم و لە هەرکوێ بمێنیتەوە دەمێنمەوە. گەلی تۆ گەلی منە و خودای تۆ خودای منە.
RUT 1:17 لەکوێ بمریت لەوێ دەمرم و هەر لەوێش بە خاک دەسپێردرێم. با یەزدان توندترین سزام بدات، ئەگەر جگە لە مردن شتێک من لە تۆ جیا دەکاتەوە.»
RUT 1:18 کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.
RUT 1:19 ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن هەتا چوونە ناو بێت‌لەحم. کاتێک گەیشتنە بێت‌لەحم شارۆچکەکە هەمووی لەبەر ئەوان خرۆشا و گوتیان: «ئایا ئەمە ناعۆمییە؟»
RUT 1:20 ئەویش پێی گوتن: «پێم مەڵێن ”ناعۆمی“، بەڵکو پێم بڵێن ”مارا“ چونکە خودای هەرە بەتوانا ژیانی زۆر تاڵ کردم.
RUT 1:21 من بە پڕی ڕۆیشتم و خودا بە بەتاڵی منی هێنایەوە. بۆچی بە ناعۆمی بانگم دەکەن؟ ئەوەتا یەزدان کۆستی خستم، هەرە بەتوانا تووشی خراپەی کردم.»
RUT 1:22 ئیتر ناعۆمی و ڕائووسی مۆئابی بووکی، لە وڵاتی مۆئابەوە هاتنەوە و لە سەرەتای دروێنەی جۆ چوونە ناو بێت‌لەحمەوە.
RUT 2:1 ئەوە بوو مێردەکەی ناعۆمی خزمێکی هەبوو بە ناوی بۆعەز، کە پیاوماقوڵی هەمان تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
RUT 2:2 ڕائووسی مۆئابی بە ناعۆمی گوت: «بهێڵە با بچم بۆ کێڵگە و لەدوای هەرکەسێک کە لەگەڵم میهرەبان بێت، پاشماوەی گوڵەجۆ هەڵبگرمەوە.» ئەویش پێی گوت: «کچم بڕۆ.»
RUT 2:3 ڕائووسیش ڕۆیشت و بەدوای دروێنەکەرەکاندا لە کێڵگەیەک گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. وا ڕێککەوت کێڵگەکە هی بۆعەز بوو کە لە تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
RUT 2:4 لەو کاتەدا بۆعەز لە بێت‌لەحمەوە هات و بە دروێنەکەرەکانی گوت: «یەزدان یارمەتیتان بدات.» ئەوانیش گوتیان: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت.»
RUT 2:5 بۆعەز بە خزمەتکارەکەی گوت کە کرابوو بە سەرکار بەسەر دروێنەکەرەکاندا: «ئەم کچە هی کێیە؟»
RUT 2:6 ئەویش وەڵامی دایەوە: «کچێکی مۆئابییە لەگەڵ ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابەوە هاتووە،
RUT 2:7 کە پێی گوتین: ”لێمگەڕێن با گوڵەجۆ لەدوای دروێنەکەرەکان کۆبکەمەوە.“ ئیتر هات و لە بەیانییەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە، تەنها تۆزێک نەبێت لەژێر کەپرەکە پشووی دا.»
RUT 2:8 بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «گوێ بگرە کچم. مەڕۆ بۆ کێڵگەیەکی دیکە بۆ گوڵەجۆ هەڵگرتنەوە، بەڵکو لێرە بە، لەلای کچە خزمەتکارەکانم.
RUT 2:9 تەماشای کێڵگەکە بکە، پیاوەکان لەکوێ دروێنە دەکەن، تۆش لەگەڵ ژنەکاندا شوێنیان بکەوە. پیاوەکانم ئاگادار کردووەتەوە دەستت لێ نەدەن. ئەگەر تینوو بوویت بڕۆ لە کوپەکان ئاو بخۆوە کە پیاوەکان ئاوی تێدەکەن.»
RUT 2:10 ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «بۆچی سەرەڕای بێگانەییم ڕەزامەندی تۆم بەدەستهێنا و گرنگیت پێدام؟»
RUT 2:11 بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «بە تەواوی هەموو ئەو شتانەم پێ گوتراوە کە دوای مردنی پیاوەکەت بۆ خەسووت کردووە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون.
RUT 2:12 با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە. با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە، ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.»
RUT 2:13 ئەویش گوتی: «گەورەم با بەردەوام لەبەرچاوت ڕەزامەندی بەدەستبهێنم، چونکە دڵت دامەوە و دڵی کارەکەرەکەتت خۆش کرد، هەرچەندە وەکو یەکێکیش نیم لە کارەکەرەکانت.»
RUT 2:14 لە کاتی نانخواردندا بۆعەز پێی گوت: «وەرە بۆ ئێرە. هەندێک نان بێنە و بیکە بەنێو سرکەکەدا و بیخۆ.» ئەویش لەلای دروێنەکەرەکانەوە دانیشت و بۆعەزیش جۆی برژاوی پێدا، ئیتر خواردی و تێر بوو، لێشی مایەوە.
RUT 2:15 کاتێک هەستا بۆ ئەوەی جۆ هەڵبگرێتەوە، بۆعەز فەرمانی بە پیاوەکانی دا: «لێیگەڕێن با لەنێو کۆڵەجۆکانیش جۆ هەڵبگرێتەوە و ئەزیەتی مەدەن،
RUT 2:16 لە دەسکەکانیش بۆی دەربهێنن. لێیگەڕێن با هەڵیبگرێتەوە و قسەی پێ مەڵێن.»
RUT 2:17 ئەویش هەتا ئێوارە گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. پاشان ئەوەی هەڵیگرتبووەوە کوتای و نزیکەی ئێفەیەک جۆ بوو.
RUT 2:18 جا هەڵیگرت و گەڕایەوە ناو شار و خەسووی ئەوەی بینی کە هەڵیگرتبووەوە. دوای ئەوەی کە ڕائووس تێری خوارد، ئەو خواردنەی دا بە خەسووی کە مابووەوە.
RUT 2:19 خەسووشی پێی گوت: «ئەمڕۆ لەکوێ گۆڵەجۆت هەڵگرتەوە و لەکوێ ئیشت کرد؟ با بەرەکەتدار بێت ئەو کەسەی کە چاوی لێتە.» ئەویش باسی ئەو کەسەی بۆ خەسووی کرد کە لە کێڵگەکەیدا ئیشی کردووە و گوتی: «ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەکەیدا ئیشم کردووە ناوی بۆعەزە.»
RUT 2:20 ناعۆمیش بە بووکەکەی گوت: «ئەو بەرەکەتدارە لەلایەن یەزدانەوە، ئەوەی زیندووان و مردووانی بێبەش نەکردووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.» ئینجا ناعۆمی پێی گوت: «ئەو پیاوە یەکێکە لە خزمە خوێنگرەکانمان.»
RUT 2:21 ڕائووسی مۆئابیش گوتی: «هەروەها پێی گوتم: ”لەگەڵ خزمەتکارەکانمدا بمێنەوە هەتا هەموو دروێنەکەم تەواو دەکەن.“»
RUT 2:22 ناعۆمیش بە ڕائووسی بووکی گوت: «کچم وا چاکە لەگەڵ کارەکەرەکانی ئەو بچیت، نەوەک لە کێڵگەیەکی دیکە ئەزیەتت بدەن.»
RUT 2:23 بەو شێوەیە ڕائووس هەتا تەواوبوونی دروێنەی گەنم و جۆ لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بۆعەز لە هەڵگرتنەوە مایەوە و لەگەڵ خەسووی دەژیا.
RUT 3:1 ڕۆژێکیان ناعۆمی خەسووی بە ڕائووسی گوت: «کچم، ئایا هەوڵ نەدەم ماڵێکت بۆ پەیدا بکەم کە تێیدا بحەوێیتەوە؟
RUT 3:2 بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە شەنی جۆ دەکات.
RUT 3:3 خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە. پاشان بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە، بەڵام خۆت بۆ پیاوەکە ئاشکرا مەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە.
RUT 3:4 هەرکە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.»
RUT 3:5 ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.»
RUT 3:6 ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی.
RUT 3:7 بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت.
RUT 3:8 لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە و بینی ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە.
RUT 3:9 گوتی: «تۆ کێیت؟» ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە بەسەر خزمەتکارەکەتدا، چونکە تۆ خوێنگری منیت.»
RUT 3:10 ئەویش گوتی: «کچەکەم، با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت. تۆ هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند.
RUT 3:11 ئێستاش کچی خۆم، مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو خەڵکی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت.
RUT 3:12 ڕاستە من خوێنگرم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە.
RUT 3:13 ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»
RUT 3:14 ئەویش لەلای پێیەوە پاڵکەوت هەتا بەرەبەیان، ئینجا پێش ئەوەی کەسێک بتوانێت بیناسێتەوە، هەستا. بۆعەز گوتی: «با کەس نەزانێت کە ئافرەتێک هاتووە بۆ سەر جۆخینەکە.»
RUT 3:15 ئینجا بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «چارۆکەکەی بەرت بهێنە و بیگرەوە.» ئەویش گرتییەوە و بۆعەزیش شەش پێوانە جۆی کردە ناوی و دای بەسەر شانیدا. ئینجا بۆعەز چووە ناو شارۆچکەکەوە.
RUT 3:16 ڕائووسیش کە هات بۆ لای خەسووی، خەسووی لێی پرسی: «کچم چیت کرد؟» ئەویش پیاوەکە هەرچییەکی بۆ کردبوو بۆی گێڕایەوە.
RUT 3:17 گوتی: «ئەم شەش پێوانە جۆیە ئەو پێیدام، چونکە گوتی: ”بە دەستبەتاڵی مەچووەوە لای خەسووت.“»
RUT 3:18 ئینجا ناعۆمی گوتی: «کچم، دابنیشە هەتا دەزانیت کارەکە چی لێدێت، چونکە پیاوەکە هێور نابێتەوە هەتا ئەمڕۆ کارەکە تەواو نەکات.»
RUT 4:1 هەر لەو ماوەیەدا بۆعەز چوو بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکە و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو کاتێک ئەو خوێنگرەی کە بۆعەز باسی کرد لەوێوە تێدەپەڕی، بۆعەز گوتی: «خزمە، لابدە و لێرە دابنیشە.» ئەویش لایدا و دانیشت.
RUT 4:2 ئینجا بۆعەز دە پیاوی لە پیرانی شارۆچکەکە برد و پێی گوتن: «لێرە دابنیشن.» ئەوانیش دانیشتن.
RUT 4:3 ئینجا بە خوێنگرەکەی گوت: «ناعۆمی کە لە وڵاتی مۆئاب گەڕاوەتەوە، پارچە زەوییەکی هەیە کە هی ئەلیمەلەخی برامانە دەیفرۆشێت.
RUT 4:4 منیش پێم وایە ئەرکی منە کە پێت بڵێم لەبەردەمی دانیشتووان و لەبەردەمی پیرانی گەلەکەم بیکڕە. ئیتر ئەگەر دەیکڕیتەوە بیکڕەوە و ئەگەر نایکڕیتەوە ئەوا پێم بڵێ با بزانم، چونکە تۆ لەپێشتریت بۆ کڕینەوەی، دوای تۆ من.» ئەویش گوتی: «دەیکڕمەوە.»
RUT 4:5 بۆعەزیش گوتی: «ئەو ڕۆژەی زەوییەکە لە ناعۆمی دەکڕیت، پێویستە ڕائووسی مۆئابیش بخوازیت کە ژنی مردووەکەیە، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەیت.»
RUT 4:6 خوێنگرەکەش گوتی: «من خۆم ناتوانم بیکڕمەوە، نەوەک میراتەکەی خۆم تێکبدەم. جا تۆ خۆت بیکڕەوە، چونکە من ناتوانم بیکڕمەوە.»
RUT 4:7 وا باو بوو لە ئیسرائیلدا بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی هەموو کارێکی مافی کڕینەوە و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک، کابرا پێڵاوەکەی دابکەنێت و بیداتە لایەنی بەرامبەر. ئیتر ئەمە ئەو نەریتە بوو کە لە ئیسرائیل دەگیرایەبەر.
RUT 4:8 ئینجا خوێنگرەکە بە بۆعەزی گوت: «خۆت بیکڕە.» ئیتر پێڵاوەکەی داکەند.
RUT 4:9 بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە.
RUT 4:10 هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، تاکو ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!»
RUT 4:11 هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون، گوتیان: «ئێمە شایەتین. با یەزدان ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێت‌لەحم.
RUT 4:12 هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ژنە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.»
RUT 4:13 ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو.
RUT 4:14 ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە.
RUT 4:15 دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشدەوێت و بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»
RUT 4:16 ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی.
RUT 4:17 ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.
RUT 4:18 ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن: پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،
RUT 4:19 حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو، ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو،
RUT 4:20 عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو، نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو،
RUT 4:21 سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو، بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو،
RUT 4:22 عوبێدیش باوکی یەسا بوو و یەساش باوکی داود بوو.
1SA 1:1 پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو.
1SA 1:2 دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
1SA 1:3 ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو.
1SA 1:4 جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات،
1SA 1:5 بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو.
1SA 1:6 هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو.
1SA 1:7 ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا دەچووە ماڵی یەزدان، هەوێیەکەی وای دەکرد و ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد.
1SA 1:8 ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
1SA 1:9 لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو.
1SA 1:10 حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان.
1SA 1:11 حەنا نەزرێکی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
1SA 1:12 ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد،
1SA 1:13 حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە.
1SA 1:14 جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
1SA 1:15 حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم.
1SA 1:16 کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
1SA 1:17 عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
1SA 1:18 حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
1SA 1:19 بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە.
1SA 1:20 ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل و گوتی: «داوام لە یەزدان کرد.»
1SA 1:21 ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی.
1SA 1:22 بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت: «پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
1SA 1:23 ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت: «خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە، تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.» جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
1SA 1:24 پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە، لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ، کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو.
1SA 1:25 ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی،
1SA 1:26 حەنا گوتی: «گەورەم! منت لە یادە؟ دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان،
1SA 1:27 لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد.
1SA 1:28 لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان، بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.» ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.
1SA 2:1 حەنا نوێژی کرد و گوتی: «دڵم بە یەزدان شادە، سەرم بە یەزدان بەرزە. پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت، لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
1SA 2:2 «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان، بێجگە لە تۆ کەس نییە، هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
1SA 2:3 «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن، با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت، چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە، ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
1SA 2:4 «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
1SA 2:5 تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە. نەزۆک حەوت منداڵی بوو و ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
1SA 2:6 «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە، دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
1SA 2:7 یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات، نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
1SA 2:8 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە، کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە، هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان. «لەبەر ئەوەی کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن، جیهانی لەسەر داناوە.
1SA 2:9 پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن. «مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
1SA 2:10 نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن. هەرەبەرز بەسەریاندا دەگرمێنێت، یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات. «هێز بە پاشای خۆی دەدات، سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»
1SA 2:11 ئینجا ئەلقانە گەڕایەوە ڕامە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام منداڵەکە لەلای عێلیی کاهین خزمەتی یەزدانی دەکرد.
1SA 2:12 کوڕەکانی عێلیش بەدکار بوون و یەزدانیان نەدەناسی.
1SA 2:13 بەپێی ڕێوڕەسمی کاهینیێتی لەگەڵ گەل، کاتێک هەرکەسێک قوربانییەکی پێشکەش دەکرد، خزمەتکاری کاهینەکە لە کاتی لێنانی گۆشتەکە دەهات و چەنگاڵێکی سێ ددانی لەدەست بوو،
1SA 2:14 دەیکرد بەناو لەگەنەکە یان دەفرەکە یان تاوەکە یان مەنجەڵەکە. هەرچی بەسەر چەنگاڵەکەوە دەبوو، کاهین بۆ خۆی دەبرد. لە شیلۆ بەم شێوەیان دەکرد لەگەڵ هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی دەهاتنە ئەوێ.
1SA 2:15 هەروەها پێش ئەوەی پیوەکە بسووتێنن، خزمەتکارەکەی کاهین دەهات و بەو پیاوەی دەگوت کە قوربانییەکەی کردبوو: «گۆشت بدە بە کاهین بۆ برژاندن، چونکە گۆشتی کوڵاوت لێ وەرناگرێت، بەڵکو تەنها خاو.»
1SA 2:16 پیاوەکەش پێی دەگوت: «با یەکەم جار پیوەکە بسووتێنرێت، پاشان هەرچی ئەوەی ئارەزووی دەکەیت بیبە.» ئەویش دەیگوت: «نا، بەڵکو ئێستا دەیدەیت، ئەگەر نا، بە زۆر دەیبەم.»
1SA 2:17 جا گوناهی هەرزەکارەکان لەبەردەم یەزدان زۆر گەورە بوو، چونکە خەڵکی سووکایەتییان بە پێشکەشکراوی یەزدان دەکرد.
1SA 2:18 بەڵام ساموئێل هەر لە منداڵییەوە لەبەردەم یەزدان خزمەتی دەکرد و ئێفۆدێکی کەتانی لەبەر بوو.
1SA 2:19 دایکیشی ساڵ لەدوای ساڵ کەوایەکی بچووکی بۆ دروستدەکرد و کە لەگەڵ مێردەکەی دەڕۆیشت بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆی دەبرد.
1SA 2:20 عێلیش بۆ ئەلقانە و ژنەکەی داوای بەرەکەتی کرد و گوتی: «یەزدان لەم ژنەوە وەچەت بۆ بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی نوێژی بۆ کرد و بە یەزدانی دا.» ئینجا چوونەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان.
1SA 2:21 جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە، سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو.
1SA 2:22 عێلی زۆر پیر بوو و هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە کوڕەکانی دەرهەق بە ئیسرائیل دەیانکرد و هەروەها چۆن جووت دەبوون لەگەڵ ئەو ژنانەی لەبەردەم دەرگای چادری چاوپێکەوتندا خزمەتیان دەکرد.
1SA 2:23 جا لێی پرسین: «بۆچی ئەم شتانە دەکەن؟ لەلای هەموو ئەم گەلە من ڕەفتارە خراپەکانتانم بیستووە.
1SA 2:24 نەخێر کوڕەکانم، ئەو هەواڵەی کە دەیبیستم لەنێو گەلی یەزدان بڵاو دەکرێتەوە باش نییە.
1SA 2:25 ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناه بکات، خودا ناوبژیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناه بکات، کێ داکۆکیی لێ دەکات؟» بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت، چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت.
1SA 2:26 بەڵام ساموئێلی منداڵ بەردەوام بوو لە گەشەکردن، یەزدان و خەڵکیش زیاتر لێی ڕازی دەبوون.
1SA 2:27 ئینجا پیاوێکی خودا هات بۆ لای عێلی و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئایا من بە ئاشکرا خۆمم بۆ ماڵی باوکت دەرنەخست، کاتێک لە میسر لە ماڵی فیرعەون بوون؟
1SA 2:28 لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەڵمبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە کاهینم، سەربکەوێت بۆ سەر قوربانگاکەم، بخوورم بۆ بسووتێنێت و لەبەردەممدا ئێفۆد لەبەر بکات. من هەموو قوربانییە بە ئاگرەکانی نەوەی ئیسرائیلم بە ماڵی باوکت دا.
1SA 2:29 ئیتر بۆچی سووکایەتی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکەم دەکەن، ئەوەی لە نشینگەکەدا فەرمانم پێی کردووە؟ بۆچی لە من زیاتر ڕێز لە کوڕەکانت دەگریت، بە یەکەم بەری هەموو پێشکەشکراوەکانی ئیسرائیلی گەلەکەم خۆتان قەڵەو دەکەن؟“
1SA 2:30 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ”بێگومان من فەرمووم، ماڵی تۆ و ماڵی باوکت هەتاهەتایە لەبەردەمم هاتوچۆ دەکەن،“ بەڵام ئێستا یەزدان دەفەرموێت: ”لە من بەدوور بێت! ئەوەی ڕێزم بگرێت ڕێزداری دەکەم، ئەوانەی سووکایەتیم پێ بکەن سووک دەبن.
1SA 2:31 ڕۆژێک دێت هێزی بازووی خۆت و هێزی بازووی ماڵی باوکت لەناودەبەم، لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری.
1SA 2:32 تەنگانە لە نشینگەکەم دەبینیت، سەرەڕای ئەو چاکەیەی بۆ ئیسرائیلی دەبێت، هەتاهەتایە لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری.
1SA 2:33 هەر یەکێک لە ئێوە کە لە قوربانگاکەی خۆم نەیبڕمەوە ئەوە بۆ کوێرایی هاتن بۆ چاوەکانت و داخبوونی دڵتە، هەموو وەچەی ماڵەکەت لە گەنجیێتیدا دەمرن.
1SA 2:34 «”ئەمەش نیشانەیە بۆت، بەسەر دوو کوڕەکەتدا دێت، بەسەر حۆفنی و فینەحاس، لە یەک ڕۆژدا هەردووکیان دەمرن.
1SA 2:35 کاهینێکی دڵسۆز بۆ خۆم دادەنێم کە ئەوەی لە دڵ و دەروونمدایە بیکات و ماڵێکی ئاسوودەی بۆ بنیاد دەنێم و لەبەردەم دەستنیشانکراوەکەم بە درێژایی ڕۆژان هاتوچۆ دەکات.
1SA 2:36 هەرکەسێکیش کە لە بنەماڵەکەت دەمێنێتەوە دێت تاکو بۆ پارچە زیوێک و کولێرەیەک کڕنۆش بۆ ئەو کاهینە ببات، دەڵێت: ’ئەرکێکی کاهینیێتیم پێ بسپێرە بۆ ئەوەی بتوانم کولێرەیەک بخۆم.‘ “»
1SA 3:1 ساموئێلی منداڵیش لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا.
1SA 3:2 لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو،
1SA 3:3 ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە،
1SA 3:4 جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد. ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
1SA 3:5 ئینجا ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە.
1SA 3:6 یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.»
1SA 3:7 ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو.
1SA 3:8 بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات.
1SA 3:9 جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە.
1SA 3:10 ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!» ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.»
1SA 3:11 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە.
1SA 3:12 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم.
1SA 3:13 من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن.
1SA 3:14 لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی هەرگیز کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو.»
1SA 3:15 ئینجا ساموئێل هەتا بەیانی پاڵکەوت و دەرگاکانی ماڵی یەزدانی واڵا کرد. ساموئێل ترسا ئەو بینینە بۆ عێلی باس بکات،
1SA 3:16 بەڵام عێلی ساموئێلی بانگکرد و گوتی: «کوڕم، ساموئێل.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
1SA 3:17 عێلی گوتی: «ئەو قسەیە چی بوو کە پێی فەرموویت؟ تکایە لێمی مەشارەوە. خودا توندترین سزات بدات، ئەگەر وشەیەکم لێ بشاریتەوە لە هەموو ئەوەی پێی فەرموویت.»
1SA 3:18 ساموئێلیش تەواوی فەرموودەکەی پێ گوت و هیچی لێی نەشاردەوە، ئەویش گوتی: «خۆی یەزدانە، ئەوەی بە باشی بزانێت با بیکات.»
1SA 3:19 ساموئێل گەشەی دەکرد، یەزدانیش لەگەڵی بوو، نەیهێشت هیچ یەکێک لە قسەکانی ساموئێل بشکێت.
1SA 3:20 جا هەموو ئیسرائیل هەر لە دانەوە هەتا بیری شابەع زانییان کە ساموئێل متمانەپێکراوە ببێت بە پێغەمبەری یەزدان.
1SA 3:21 یەزدان بەردەوام لە شیلۆ خۆی بۆ دەردەخست، چونکە لەوێ بە ڕێگەی فەرمایشتەکەیەوە خۆی بۆ ساموئێل ئاشکرا کردبوو.
1SA 4:1 ئیتر پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت. ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق.
1SA 4:2 ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا، ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا، نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا.
1SA 4:3 ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان: «بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟ با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە، با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.»
1SA 4:4 جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت، کە هی یەزدانی سوپاسالارە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە. دوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون.
1SA 4:5 ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە، هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند.
1SA 4:6 فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان: «دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟» جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە،
1SA 4:7 فەلەستییەکان ترسان، چونکە گوتیان: «خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!» هەروەها گوتیان: «قوڕمان بەسەر! چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە.
1SA 4:8 قوڕمان بەسەر! کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟ ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد.
1SA 4:9 فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن! ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان، وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون. جا پیاوبن و بجەنگن!»
1SA 4:10 ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو، سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران.
1SA 4:11 سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.
1SA 4:12 پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو.
1SA 4:13 هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.
1SA 4:14 عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟» ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند.
1SA 4:15 عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو.
1SA 4:16 پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.» عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟»
1SA 4:17 هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»
1SA 4:18 جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
1SA 4:19 بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا،
1SA 4:20 لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.
1SA 4:21 منداڵەکەشی ناو نا ئیخاڤۆد و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا»، لەبەر بردنی سندوقی خودا و مردنی خەزوور و مێردەکەی.
1SA 4:22 هەروەها گوتیشی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.»
1SA 5:1 فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد.
1SA 5:2 ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن دایاننا.
1SA 5:3 جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە.
1SA 5:4 بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە.
1SA 5:5 لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ نانێن بەسەر سەکۆی بەر دەروازەکەدا.
1SA 5:6 یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی جەستەی کردن.
1SA 5:7 کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.»
1SA 5:8 جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە.
1SA 5:9 بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن.
1SA 5:10 ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد. جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.»
1SA 5:11 جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» لەبەر ئەوەی ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو.
1SA 5:12 ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.
1SA 6:1 جا سندوقی یەزدان حەوت مانگ لە خاکی فەلەستییەکان بوو.
1SA 6:2 فەلەستییەکانیش کاهین و فاڵگرەوەکانیان بانگکرد و گوتیان: «چی لە سندوقی یەزدان بکەین؟ پێمان بڵێن لەگەڵ چی بینێرینەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.»
1SA 6:3 ئەوانیش گوتیان: «ئەگەر سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلتان ناردەوە، ئەوا بە دەستی بەتاڵ مەینێرنەوە، بەڵکو بە تەواوی قوربانی تاوانی لەگەڵ بنێرن. ئینجا چاک دەبنەوە و دەزانن بۆچی دەستی لەسەر ئێوە هەڵنەگرتووە.»
1SA 6:4 پرسییان: «ئەو قوربانی تاوانە چییە کە بۆی بگەڕێنینەوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەپێی ژمارەی حوکمڕانە فەلەستییەکان، پێنج پارچە زێڕ لە شێوەی ئاوسان و پێنج جرجی زێڕین، چونکە خۆتان و حوکمڕانەکانتان تووشی هەمان دەرد بوون.
1SA 6:5 چەند پارچە زێڕێک لە شێوەی ئاوسان و جرجەکانتان دروستبکەن کە زەوی تێکدەدەن و خودای ئیسرائیل شکۆدار بکەن، بەڵکو دەستی لەسەر خۆتان و خوداوەندەکانتان و خاکەکەتان سووک بکاتەوە.
1SA 6:6 بۆچی دڵی خۆتان ڕەق دەکەن، وەک میسرییەکان و فیرعەون دڵی خۆیان ڕەقکرد؟ کاتێک خودا بە توندوتیژی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردن، ئایا ئیسرائیلییەکانیان ئازاد نەکرد و بە شوێنی خۆیاندا نەڕۆیشتن؟
1SA 6:7 «ئێستاش عەرەبانەیەکی نوێ ئامادە بکەن، لەگەڵ دوو مانگای شیردەر کە هەتا ئێستا نیریان لە مل نەکرابێت. مانگاکان بە عەرەبانەکەوە ببەستنەوە و گوێرەکەکانیان لێ دووربخەنەوە و بیانگەڕێننەوە ناو پشتیرەکە.
1SA 6:8 ئینجا سندوقی یەزدان ببەن و بیخەنە سەر عەرەبانەکە، ئەو شتومەکە زێڕەی کە وەک قوربانی تاوان بۆی دەگەڕێننەوە لە سندوقێکی دیکەدا لەلایەوە دایبنێن. عەرەبانەکە بەڕەڵا بکەن با بڕوات،
1SA 6:9 بەڵام سەیر بکەن ئەگەر هاتوو بە ڕێگای سنوورەکەی خۆی سەرکەوت بەرەو بێت‌شەمەش، ئەوا یەزدان ئەم بەڵا گەورەیەی بەسەرماندا هێناوە، ئەگەرنا ئەوا دەزانین کە دەستی ئەو لێی نەداوین و بە ڕێککەوت بەسەرمان هاتووە.»
1SA 6:10 پیاوەکانیش بەم جۆرەیان کرد، دوو مانگای شیردەریان برد و لە عەرەبانەکە بەستیانەوە، گوێرەکەکانیان لە پشتیرەکە بەند کرد،
1SA 6:11 سندوقی یەزدانیشیان لەگەڵ سندوقی پارچە زێڕەکان لە شێوەی ئاوسان و جرجە زێڕینەکان خستە سەر عەرەبانەکە.
1SA 6:12 جا مانگاکان ڕێک ڕووەو ڕێگای بێت‌شەمەش ڕێیان گرتەبەر و هەردووکیان بە یەک ڕێگادا دەڕۆیشتن و دەیانبۆڕاند، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لایان نەدا، حوکمڕانە فەلەستییەکانیش بەدوایانەوە هەتا سنووری بێت‌شەمەش ڕۆیشتن.
1SA 6:13 خەڵکی بێت‌شەمەش لەو کاتەدا لە دۆڵەکە دروێنەی گەنمیان دەکرد، چاویان هەڵبڕی و سندوقەکەیان بینی، بە بینینی شاد بوون.
1SA 6:14 عەرەبانەکە هات و لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ڕاوەستا، لەوێدا بەردێکی گەورە هەبوو. خەڵکەکە تەختەی عەرەبانەکەیان هەڵوەشاندەوە و مانگاکانیان کردە قوربانی سووتاندن و بۆ یەزدان پێشکەشیان کرد.
1SA 6:15 لێڤییەکانیش سندوقی یەزدان و ئەو سندوقەی لەگەڵی بوو کە شتومەکە زێڕەکەی تێدابوو دایانگرت و لەسەر بەردە گەورەکە دایاننان. ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەشیش لەو ڕۆژەدا قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاویان بۆ یەزدان پێشکەش کرد.
1SA 6:16 پێنج حوکمڕانە فەلەستییەکانیش ئەمەیان بینی و لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە بۆ عەقرۆن.
1SA 6:17 ئەمەش ئەو ئاوسانییە زێڕانە بوون کە فەلەستییەکان وەک قوربانی تاوان بۆ یەزدانیان گەڕاندەوە، بۆ ئەشدۆد و غەزە و ئەسقەلان و گەت و عەقرۆن، هەر یەکی دانەیەک.
1SA 6:18 ژمارەی جرجە زێڕینەکانیش بەپێی ژمارەی ئەو شارانەی فەلەستییەکان بوون کە سەر بە پێنج حوکمڕانەکە بوون، لە شاری قەڵابەندەوە هەتا گوندی دەشتودەر. ئەو بەردە گەورەیەی کە سندوقی یەزدانیان لەسەر دانا هەتا ئەمڕۆ شایەتییە، لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ماوە.
1SA 6:19 بەڵام یەزدان لە پیاوانی بێت‌شەمەشی دا، حەفتا کەسیان مردن چونکە تەماشای ناو سندوقی یەزدانیان کرد. ئیتر گەل شیوەنیان گێڕا، چونکە یەزدان لێدانێکی گەورەی لە گەل دا.
1SA 6:20 ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەش گوتیان: «کێ دەتوانێت لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری پیرۆز ڕابوەستێت؟ لەلای ئێمەوە بۆ لای کێ سەردەکەوێت؟»
1SA 6:21 ئیتر نێردراوانیان بۆ لای دانیشتووانی قیریەت یەعاریم نارد و گوتیان: «فەلەستییەکان سندوقی یەزدانیان گەڕاندەوە. دابەزن و بۆ لای خۆتان سەری بخەن.»
1SA 7:1 ئینجا پیاوانی قیریەت یەعاریم هاتن و سندوقی یەزدانیان سەرخست و بردیانە ژوورەوە بۆ ماڵی ئەبیناداب کە لەسەر گردەکە بوو، ئەلعازاری کوڕیان تەرخان کرد بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی یەزدان.
1SA 7:2 ئەوە بوو لە ڕۆژی داگرتنی سندوقەکەوە لە قیریەت یەعاریم، ماوەکە درێژەی کێشا و بیست ساڵی خایاند، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان بە لاوانەوەوە نزایان دەکرد.
1SA 7:3 ساموئێل بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان، ئەوا ئەو خوداوەندە بێگانانە و عەشتۆرەتەکان لەنێو خۆتان دووربخەنەوە و دڵتان بۆ یەزدان ئامادە بکەن و تەنها ئەو بپەرستن، ئەویش لە دەست فەلەستییەکان فریاتان دەکەوێت.»
1SA 7:4 نەوەی ئیسرائیلیش بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانیان دوورخستەوە و بە تەنها یەزدانیان پەرست.
1SA 7:5 ئینجا ساموئێل گوتی: «هەموو ئیسرائیل لە میچپا کۆبکەنەوە هەتا لە پێناوی ئێوە لە یەزدان بپاڕێمەوە.»
1SA 7:6 ئەوانیش لە میچپا کۆبوونەوە، ئاویان کێشا و لەبەردەم یەزداندا ڕشتیان، لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوون، لەوێ گوتیان: «ئێمە گوناهمان لە دژی یەزدان کردووە.» ساموئێل لە میچپادا ڕابەرایەتی نەوەی ئیسرائیلی کرد.
1SA 7:7 کاتێک فەلەستییەکان بیستیان نەوەی ئیسرائیل لە میچپا کۆبوونەتەوە، حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتن بۆ هێرشبردنە سەر ئیسرائیل، نەوەی ئیسرائیلیش کە ئەمەیان بیست لە فەلەستییەکان ترسان.
1SA 7:8 نەوەی ئیسرائیل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناوی ئێمە بەردەوام بە لە پاڕانەوە لە یەزدانی پەروەردگارمان، بەڵکو لە دەست فەلەستییەکان ڕزگارمان بکات.»
1SA 7:9 ساموئێلیش بەرخۆڵەیەکی شیرەخۆرەی برد و کردییە قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدان. ساموئێل لە پێناوی ئیسرائیل لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش وەڵامی دایەوە.
1SA 7:10 ئەوە بوو کاتێک کە ساموئێل قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش دەکرد، فەلەستییەکان هاتنە پێش بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل، بەڵام لەو ڕۆژەدا یەزدان بە دەنگێکی بەرز بەسەر فەلەستییەکاندا گرماندی و بە جۆرێک پەشۆکاندنی کە لەبەردەم ئیسرائیلدا بەزین.
1SA 7:11 پیاوانی ئیسرائیلیش لە میچپا هاتنە دەرەوە و بەدوای فەلەستییەکان کەوتن و هەتا خوار بێت‌کار لێیان دان.
1SA 7:12 ئینجا ساموئێل بەردێکی هەڵگرت و لەنێوان میچپا و شێن بە ستوونی ڕاگیری کرد و ناوی لێنا «بەردی یارمەتی» و گوتی: «یەزدان هەتا ئێرە یارمەتی داین.»
1SA 7:13 بەم جۆرە فەلەستییەکان چاویان شکا و جارێکی دیکە نەهاتنەوە سەر سنووری ئیسرائیل. یەزدانیش بە درێژایی ژیانی ساموئێل لە دژی فەلەستییەکان بوو.
1SA 7:14 ئەو شارۆچکانەش کە فەلەستییەکان لە ئیسرائیلیان بردبوو گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل، لە عەقرۆنەوە هەتا گەت، ئیسرائیل سنوورەکانی خۆی لە چنگ فەلەستییەکان دەرهێنا. لەو کاتەدا لەنێوان گەلی ئیسرائیل و ئەمۆرییەکانیشدا پەیمانی ئاشتی هەبوو.
1SA 7:15 ساموئێلیش بە درێژایی ژیانی ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
1SA 7:16 ساڵ لەدوای ساڵ دەڕۆیشت و دەگەڕا بەناو بێت‌ئێل و گلگال و میچپادا و لە هەموو ئەو شوێنانەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد.
1SA 7:17 بەڵام هەمیشە دەگەڕایەوە بۆ ڕامە، چونکە ماڵەکەی لەوێ بوو و لەوێ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و لەوێدا قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا.
1SA 8:1 ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل.
1SA 8:2 ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو، لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد.
1SA 8:3 بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن، بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا.
1SA 8:4 جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل.
1SA 8:5 پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»
1SA 8:6 بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد.
1SA 8:7 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان.
1SA 8:8 ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست.
1SA 8:9 ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و ماف و داواکارییەکانی ئەو پاشایەیان پێ ڕابگەیەنە کە حوکمڕانییان دەکات.»
1SA 8:10 ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد.
1SA 8:11 گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن.
1SA 8:12 هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن.
1SA 8:13 کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر.
1SA 8:14 باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باخی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی.
1SA 8:15 دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی.
1SA 8:16 کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت.
1SA 8:17 دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی ئەو.
1SA 8:18 جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»
1SA 8:19 بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات،
1SA 8:20 تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»
1SA 8:21 جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بۆ یەزدان گێڕایەوە.
1SA 8:22 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.» ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»
1SA 9:1 پیاوێکی بنیامینی هەبوو ناوی قیشی کوڕی ئەبیێلی کوڕی چەڕۆری کوڕی بەخۆرەتی کوڕی ئەفییەحی بنیامینی بوو، بە توانا و دەوڵەمەند بوو.
1SA 9:2 کوڕێکی گەنج و قۆزی هەبوو ناوی شاول بوو، هیچ پیاوێک لەنێو نەوەی ئیسرائیل نەبوو لەو قۆزتر بێت، لە هەموو گەل هیچ کەس باڵای نەدەگەیشتە سەر شانی.
1SA 9:3 چەند ماکەرێکی قیشی باوکی شاول بزر بوون و قیشیش بە شاولی کوڕی گوت: «تکایە یەکێک لە خزمەتکارەکان لەگەڵ خۆتدا ببە و هەستە و بڕۆ بەدوای ماکەرەکاندا بگەڕێ.»
1SA 9:4 ئەوانیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و بە دەوروبەری شالیشادا تێپەڕین، بەڵام نەیاندۆزینەوە. ئینجا لە زەوی شەعەلیم پەڕینەوە، بەڵام دیار نەبوون. ئینجا لە خاکی بنیامین پەڕینەوە، بەڵام نەیاندۆزینەوە.
1SA 9:5 کاتێک گەیشتنە ناو ناوچەی چوف، شاول بە خزمەتکارەکەی گوت ئەوەی کە لەگەڵیدا بوو: «وەرە با بگەڕێینەوە، نەوەک باوکم خەمی ماکەرەکان لەبیر بکات و لە خەمی ئێمەدا بێت.»
1SA 9:6 بەڵام خزمەتکارەکەش پێی گوت: «وا پیاوێکی خودا لەم شارۆچکەیەیە، پیاوێکی ڕێزدارە و هەموو ئەوەی دەیڵێت، دەبێت. با ئێستا بچین بۆ ئەوێ، بەڵکو پێمان بڵێت کام ڕێگا بگرینەبەر.»
1SA 9:7 شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «بەڵام ئەگەر بچین، چی بۆ پیاوەکە ببەین؟ نان لەناو هەگبەکانماندا نەماوە و هیچ دیارییەک نییە بیبەین بۆ پیاوەکەی خودا، چیمان پێیە؟»
1SA 9:8 خزمەتکارەکەش وەڵامی شاولی دایەوە گوتی: «ئەوەتا من چارەکە شاقلێکی زیوم پێیە، دەیدەم بە پیاوەکەی خودا و ڕێگاکەی خۆمان پێ دەڵێت.»
1SA 9:9 (پێشتر لە ئیسرائیل هەر کاتێک پیاوێک بۆ زانینی خواستی خودا دەچوو، وای دەگوت: «بڕۆ با بچین بۆ لای پێشبینیکەرەکە،» چونکە پێغەمبەری ئەمڕۆ پێشتر پێشبینیکەری پێ دەگوترا.)
1SA 9:10 شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «قسەکەت باشە، وەرە با بڕۆین.» جا ڕۆیشتن بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە پیاوەکەی خودای لێبوو.
1SA 9:11 کاتێک ئەوان لە هەورازەکە بۆ شارۆچکەکە سەردەکەوتن، چەند کچێکیان بینی کە بۆ ئاوکێشان هاتبوونە دەرەوە و لێیان پرسین: «ئایا پێشبینیکەرەکە لێرەیە؟»
1SA 9:12 ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و گوتیان: «بەڵێ، ئەوەتا لەپێشتانە، ئێستا خێرا بکەن، چونکە ئەمڕۆ بۆ شارۆچکەکە هاتووە، چونکە ئەمڕۆ گەل لە نزرگەکەی سەر بەرزایی قوربانی سەردەبڕن.
1SA 9:13 کە دەچنە ناو شارۆچکەکە دەستبەجێ دەیدۆزنەوە، بەر لەوەی سەربکەوێتە نزرگەی سەر بەرزاییەکە بۆ ئەوەی نان بخوات، چونکە گەل نان ناخۆن هەتا ئەو دێت، چونکە ئەو داوای بەرەکەت بۆ قوربانییەکە دەکات. پاش ئەوە بانگهێشتکراوەکان نان دەخۆن. ئێستاش سەربکەون چونکە لەم کاتەدا چاوتان پێی دەکەوێت.»
1SA 9:14 ئینجا سەرکەوتن بۆ شارۆچکەکە و کاتێک کە چوونە ناوی، ساموئێل بەرەو ڕوویان هات تاکو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە سەربکەوێت.
1SA 9:15 بە ڕۆژێک بەر لە هاتنی شاول، یەزدان بۆ ساموئێلی ئاشکرا کردبوو و فەرمووبووی:
1SA 9:16 «سبەینێ لەم کاتەدا لە خاکی بنیامینەوە پیاوێکت بۆ دەنێرم، تۆش بە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم دەستنیشانی دەکەیت، جا گەلەکەم لە دەست فەلەستییەکان ڕزگار دەکات، چونکە تەماشای گەلەکەمم کرد، لەبەر ئەوەی هاواریان گەیشتە لای من.»
1SA 9:17 جا کە ساموئێل شاولی بینی، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوەتا ئەو پیاوەی کە پێم فەرموویت، ئەمە حوکمڕانی گەلەکەم دەکات.»
1SA 9:18 ئینجا شاول لە ناوەڕاستی دەروازەکە بەرەو ساموئێل چووە پێش و پێی گوت: «تکایە، پێم بڵێ ماڵی پێشبینیکەرەکە لەکوێیە؟»
1SA 9:19 ساموئێلیش وەڵامی شاولی دایەوە و گوتی: «من پێشبینیکەرەکەم. لەپێشمەوە سەربکەون بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ نانم لەگەڵ بخۆن و بەیانی ڕێگات دەدەم بڕۆیت و هەموو ئەوەی لە دڵتدایە پێتی دەڵێم.
1SA 9:20 ئەو ماکەرانەش کە سێ ڕۆژە لێت بزر بوون، دڵت لەلایان نەبێت، چونکە دۆزراونەتەوە. ئەی هەموو خواستی ئیسرائیل بۆ کێیە؟ ئایا بۆ تۆ و بۆ هەموو ماڵی باوکت نییە؟»
1SA 9:21 شاولیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا من بنیامینی نیم، لە بچووکترین هۆزی ئیسرائیلدا و خێڵەکەشم لە هەموو خێڵەکانی دیکەی هۆزی بنیامین بچووکتر نییە؟ ئیتر بۆچی بەو شێوەیە قسەم لەگەڵدا دەکەیت؟»
1SA 9:22 ئینجا ساموئێل شاول و خزمەتکارەکەی برد و هەردووکیانی بۆ ناو دیوەخانەکە بردە ژوورەوە و لە سەرووی هەموو بانگهێشتکراوان داینان کە نزیکەی سی پیاو دەبوون.
1SA 9:23 ساموئێل بە چێشتلێنەرەکەی گوت: «ئەو بەشە بهێنە کە پێم دایت و پێم گوتی، لەلای خۆت هەڵیبگرە.»
1SA 9:24 چێشتلێنەرەکەش ڕانەکە و ئەوەی لەسەری بوو بەرزی کردەوە و لەبەردەم شاول داینا، ساموئێل گوتی: «ئەوەتا ئەوەی ماوەتەوە، بیخەرە بەردەمت و بخۆ، چونکە لە کاتی بانگهێشتی میواندارییەکەمەوە هەتا ئەم کاتە بۆ تۆ هەڵگیراوە.» جا شاول لەو ڕۆژەدا لەگەڵ ساموئێل نانی خوارد.
1SA 9:25 ئینجا لە نزرگەکەی سەر بەرزاییەوە بۆ شارۆچکەکە دابەزین و ساموئێل لە سەربان لەگەڵ شاول قسەی کرد.
1SA 9:26 زوو لە خەو هەستان و نزیکی بەرەبەیان ساموئێل لە سەربانەکە بانگی شاولی کرد و گوتی: «هەستە تاکو بەڕێت بکەم.» شاولیش هەستا، هەردووکیان، شاول و ساموئێل پێکەوە چوونە دەرەوە.
1SA 9:27 کاتێک هەردووکیان بەرەو کەناری شارۆچکەکە دادەبەزین، ساموئێل بە شاولی گوت: «بە خزمەتکارەکەت بڵێ با لەپێشمانەوە بڕوات.» ئەویش لەپێشیانەوە ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «بەڵام تۆ ئێستا ڕابوەستە بۆ ئەوەی پەیامی خودات پێ ڕابگەیەنم.»
1SA 10:1 ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی: «ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی؟
1SA 10:2 ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت، لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن: ”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن، ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە، دەڵێت، ’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘ “
1SA 10:3 «ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت، هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر، لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێت‌ئێل، یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە.
1SA 10:4 ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت.
1SA 10:5 «پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە. لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە، دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن.
1SA 10:6 ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە.
1SA 10:7 کاتێک ئەم نیشانانە هاتن، ئەوەی لە دەستت دێ بیکە، چونکە خودات لەگەڵدایە.
1SA 10:8 «لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی سەرببڕم، حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.»
1SA 10:9 کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات، خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی.
1SA 10:10 کاتێک گەیشتنە گیڤعا، دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن، جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لە ناوەڕاستیاندا حاڵی گرت.
1SA 10:11 کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە، خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت: «ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟ ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»
1SA 10:12 جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی باوکیان کێیە؟» بۆیە ئەمە بووە بە پەند: «ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»
1SA 10:13 پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە، شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە.
1SA 10:14 مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت: «بۆ کوێ چوون؟» ئەویش گوتی: «بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا، بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.»
1SA 10:15 مامی شاولیش گوتی: «پێم بڵێ ساموئێل چی پێ گوتن.»
1SA 10:16 شاولیش بە مامی گوت: «پێی گوتین کە ماکەرەکان دۆزراونەتەوە.» بەڵام لەبارەی پاشایەتییەکەوە بە مامی نەگوت کە ساموئێل چی گوتبوو.
1SA 10:17 ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و
1SA 10:18 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“
1SA 10:19 بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون، پێی دەڵێن: ”نەخێر، بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“ ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.»
1SA 10:20 ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا.
1SA 10:21 ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە، لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا، لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا. ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە.
1SA 10:22 جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی: «ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟» یەزدانیش فەرمووی: «ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.»
1SA 10:23 ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان، کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا، لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو.
1SA 10:24 ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت: «ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە، لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.» ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان: «بژی پاشا!»
1SA 10:25 ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا. پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد، هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی.
1SA 10:26 هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە.
1SA 10:27 بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان: «چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟» جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد. بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.
1SA 11:1 ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا، هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت: «پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.»
1SA 11:2 بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە: «بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم، بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.»
1SA 11:3 پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت: «حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات، ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»
1SA 11:4 جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان.
1SA 11:5 لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە، شاول گوتی: «چی لە گەل ڕوویداوە، بۆچی دەگرین؟» ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە.
1SA 11:6 کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو، ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو.
1SA 11:7 ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی: «ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل نەکەوێت، گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.» جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە.
1SA 11:8 کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی، نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون.
1SA 11:9 بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون: «ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد: ”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت، ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“» ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند، ئەوانیش دڵخۆش بوون.
1SA 11:10 پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت: «سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»
1SA 11:11 بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر، لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگای عەمۆنییەکان و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لێیان کوشتن، ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون، هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.
1SA 11:12 ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت: «کێن ئەوانەی دەڵێن: ”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“ ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.»
1SA 11:13 بەڵام شاول گوتی: «کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.»
1SA 11:14 پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.»
1SA 11:15 جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.
1SA 12:1 ئینجا ساموئێل بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئەوەتا من گوێم لە دەنگتان گرت، لە هەموو ئەو شتانەی کە پێتان گوتم، پاشایەکم بۆ دانان.
1SA 12:2 ئێستاش تەماشا بکەن، پاشا لەپێشتان دەڕوات. بەڵام من پیر بووم و سەرم سپی بووە، کوڕەکانیشم لەگەڵتاندان. من هەر لە لاویێتیمەوە هەتا ئەمڕۆ لەپێشتانەوە ڕۆیشتووم.
1SA 12:3 ئەوەتام و لەبەردەم یەزدان و دەستنیشانکراوەکەی شایەتیم لەسەر بدەن. ئایا گای کێم بردووە؟ یان گوێدرێژی کێم بردووە؟ ئایا کێم هەڵخەڵەتاندووە؟ یان کێم چەوساندووەتەوە؟ ئایا بەرتیلم لە دەستی کێ وەرگرتووە تاکو چاوەکانم لە ئاستیدا دابخەم؟ پێم بڵێن تاکو بیگەڕێنمەوە.»
1SA 12:4 ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت هەڵنەخەڵەتاندووە و نەتچەوساندووینەتەوە و هیچت لە دەستی کەس وەرنەگرتووە.»
1SA 12:5 ساموئێلیش پێی گوتن: «یەزدان شایەتە لەسەرتان و دەستنیشانکراوەکەی ئەمڕۆ شایەتە کە ئێوە هیچ شتێکتان لەسەرم نییە.» گوتیان: «شایەتە.»
1SA 12:6 ئینجا ساموئێل بە گەلی گوت: «ئەمە یەزدانە، ئەوەی موسا و هارونی دانا، ئەوەی باوباپیرانی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.
1SA 12:7 ئێستاش لێرە ڕابوەستن، بۆ ئەوەی لەبەردەمی یەزدان کارە ڕاستودروستەکانی ئەوتان بیربخەمەوە کە لەگەڵ ئێوە و باوباپیرانتان کردوویەتی.
1SA 12:8 «کە یاقوب چووە ناو میسر و باوباپیرانتان هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش موسا و هارونی نارد و باوباپیرانی ئێوەی لە میسر هێنایە دەرەوە و لەم شوێنەدا نیشتەجێی کردن.
1SA 12:9 «بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لە یاد کرد و ئەویش ڕادەستی سیسرای فەرماندەی گشتی سوپای حاچۆر و هەر یەک لە فەلەستییەکان و پاشای مۆئابی کردن کە لە دژیان جەنگان.
1SA 12:10 ئینجا هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: ”گوناهمان کرد، چونکە وازمان لە یەزدان هێنا و بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانمان پەرست بەڵام ئێستا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان بکەوە و دەتپەرستین.“
1SA 12:11 ئینجا یەزدان یەروبەعل و باراک و یەفتاح و ساموئێلی نارد و لە دەست دوژمنەکانی دەوروبەرتان فریاتان کەوت و بە ئاسوودەیی دانیشتن.
1SA 12:12 «بەڵام کاتێک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکانتان بینی دێتە سەرتان، پێتان گوتم: ”نەخێر پاشایەکمان دەوێت فەرمانڕەوایەتیمان بکات،“ هەرچەندە یەزدانی پەروەردگارتان پاشاتان بوو.
1SA 12:13 ئێستاش ئەو پاشایەی کە هەڵتانبژارد و داواتان کرد، ئەوەتا یەزدان بۆی دانان.
1SA 12:14 ئەگەر لە یەزدان بترسن و بیپەرستن، گوێڕایەڵی بن و لە فەرمانەکانی یاخی نەبن، ئەگەر خۆتان و پاشاکەشتان کە پاشایەتیتان دەکات بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان بکەون، ئەوا باشەتان بۆ دەبێت.
1SA 12:15 بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و لە فەرمانەکانی یەزدانتان یاخی بوون، ئەوا یەزدان لە دژتان دەبێت هەروەک چۆن لە دژی باوباپیرانتان بوو.
1SA 12:16 «هەروەها ئێستاش ڕابوەستن و ئەم کارە مەزنە ببینن کە یەزدان لەبەرچاوتاندا دەیکات.
1SA 12:17 ئایا ئەمڕۆ دروێنەی گەنم نییە؟ من لە یەزدان دەپاڕێمەوە بۆ ئەوەی هەورەتریشقە و باران بنێرێت، جا دەزانن کە چ خراپەیەکی گەورەتان لەبەرچاوی یەزداندا کردووە کە داوای پاشایەکتان بۆ خۆتان کرد.»
1SA 12:18 ئینجا ساموئێل لەبەردەم یەزدان نزای کرد و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا هەورەتریشقە و بارانی باراند و هەموو گەل زۆر لە یەزدان و لە ساموئێل ترسان.
1SA 12:19 ئینجا هەموو گەل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناو خزمەتکارەکانت نزا بۆ یەزدانی پەروەردگارت بکە، با نەمرین، چونکە خراپەمان خستە پاڵ هەموو گوناهەکانمان کە بۆ خۆمان داوای پاشامان کرد.»
1SA 12:20 ساموئێلیش بە گەلی گوت: «مەترسن! ئێوە هەموو ئەم خراپەیەتان کردووە، بەڵام لە ڕێگەی یەزدان لامەدەن و بە هەموو دڵتانەوە خزمەتی بکەن.
1SA 12:21 لامەدەن تاکو بەدوای شتی پووچەوە بکەون کە سوودیان نییە و فریاتان ناکەون، چونکە پڕوپووچن.
1SA 12:22 یەزدان لە پێناوی ناوە مەزنەکەی خۆی واز لە گەلی خۆی ناهێنێت، چونکە یەزدان خوازیاربوو بتانکاتە گەلی خۆی.
1SA 12:23 هەروەها منیش، حاشا گوناه لە دژی یەزدان بکەم و دەست لە پاڕانەوە هەڵبگرم لە پێناوی ئێوە، بەڵکو ڕێگای چاک و ڕاستتان پیشان دەدەم.
1SA 12:24 تەنها لە یەزدان بترسن، بە هەموو دڵتانەوە بە ڕاستی بیپەرستن، چونکە ببینن چ کارێکی مەزنی لەگەڵتاندا کردووە.
1SA 12:25 بەڵام ئەگەر خراپە بکەن، خۆتان و پاشاکەتان ڕادەماڵرێن.»
1SA 13:1 شاول تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل و دوو ساڵ وەک پاشا پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
1SA 13:2 شاول سێ هەزار پیاوی لە ئیسرائیل بۆ خۆی هەڵبژارد، دوو هەزار لەگەڵ شاول بوون لە میخماس و ناوچە شاخاوییەکانی بێت‌ئێل و هەزاریش لەگەڵ یۆناتان بوون لە گیڤعای بنیامین و پاشماوەی گەلەکەشی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی.
1SA 13:3 یۆناتان لە سەربازگەی فەلەستییەکانی دا ئەوەی لە گەڤەعە، فەلەستییەکان ئەمەیان بیستەوە و شاولیش لە هەموو زەوییەکەدا فووی بە کەڕەنادا کرد و گوتی: «با هەموو عیبرانییەکان گوێیان لێ بێت!»
1SA 13:4 جا هەموو ئیسرائیل بیستیان کە شاول لە سەربازگەی فەلەستییەکانی داوە و ئیسرائیلیش لای فەلەستییەکان قێزەون بووە، جا گەل بۆ لای شاول بانگ کران و لە گلگال کۆبوونەوە.
1SA 13:5 ئینجا فەلەستییەکان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆبوونەوە، سێ هەزار گالیسکە و شەش هەزار گالیسکەسوار و سەربازەکانیش لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، جا سەرکەوتن و لە میخماس لە ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئاڤن چادریان هەڵدا.
1SA 13:6 کاتێک پیاوانی ئیسرائیل بینییان لە مەترسیدان لەبەر ئەوەی سوپاکەیان تەنگەتاو بووە، ئیتر خۆیان لەناو ئەشکەوت و دڕکوداڵەکان و لەنێو تاشەبەردەکان و لەناو چاڵ و ئەمباراوەکاندا شاردەوە،
1SA 13:7 تەنانەت هەندێک لە عیبرانییەکان لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ خاکی گاد و گلعاد پەڕینەوە. شاولیش هێشتا لە گلگالدا بوو و هەموو سەربازەکان کە بەدوایەوە بوون ترسان.
1SA 13:8 ئینجا حەوت ڕۆژ مایەوە هەتا ئەو کاتەی ساموئێل دیاری کردبوو، بەڵام ساموئێل نەهات بۆ گلگال و سەربازەکان وازیان لە شاول دەهێنا و پەرتوبڵاو دەبوونەوە.
1SA 13:9 بۆیە شاول گوتی: «قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیم بۆ بهێننە پێش.» جا شاول قوربانی سووتاندنەکانی پێشکەش کرد و
1SA 13:10 ئەوە بوو کە لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان بووەوە، ساموئێل هات، شاولیش بەرەو ڕووی چوو تاوەکو پێشوازی لێ بکات.
1SA 13:11 ساموئێلیش لێی پرسی: «ئەوە چیت کرد؟» شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی بینیم کە گەل لێم پەرتوبڵاو بوونەوە و تۆش لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەهاتیت و فەلەستییەکانیش لە میخماسدا کۆببوونەوە،
1SA 13:12 گوتم: ”ئێستا فەلەستییەکان بۆم دێنە خوارەوە بۆ گلگال، بەر لەوەی داوای ڕەزامەندی یەزدان بکەم.“ ئیتر زۆرم بۆ خۆم هێنا و قوربانییەکەی سووتاندنم پێشکەش کرد.»
1SA 13:13 ساموئێلیش بە شاولی گوت: «گێلایەتیت کرد و فەرمانی یەزدانی پەروەردگارت نەپاراست، کە فەرمانی پێ کردبوویت. ئەگەر فەرمانەکانی خودات ئەنجام بدابایە، ئەوا یەزدان بۆ هەتاهەتایە پاشایەتییەکەی تۆی بەسەر ئیسرائیلدا دەچەسپاند.
1SA 13:14 بەڵام ئێستا پاشایەتییەکەت بەردەوام نابێت، یەزدان بەدوای پیاوێکی دیکەدا گەڕا بە دڵی خۆی بێت، تاوەکو فەرمانڕەوایەتی گەلەکەی بکات، چونکە گوێڕایەڵ نەبوویت بۆ ئەوەی کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوویت.»
1SA 13:15 ئینجا ساموئێل هەستا و لە گلگالەوە چووە گیڤعای بنیامین، شاولیش ئەو پیاوانەی ژمارد کە لەگەڵیدا بوون، نزیکەی شەش سەد پیاو بوون.
1SA 13:16 شاول و یۆناتانی کوڕی و ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا بوون لە گیڤعای بنیامیندا نیشتەجێ بوون، فەلەستییەکانیش لە میخماسدا چادریان هەڵدا.
1SA 13:17 ئینجا تێکدەرەکان لە ئۆردوگای فەلەستییەکانەوە بە سێ دەستە چوونە دەرەوە. دەستەیەکیان بەرەو ڕێگای عۆفرا لە خاکی شوعال،
1SA 13:18 دەستەیەکی دیکە بەرەو ڕێگای بێت‌حۆرۆن، دەستەکەی دیکەش بەرەو ڕێگای ئەو سنوورەی دەڕوانێتە سەر دۆڵی چەڤۆعیم ڕووەو چۆڵەوانی چوون.
1SA 13:19 لەناو هەموو خاکی ئیسرائیلیش ئاسنگەرێک بەدی نەدەکرا، چونکە فەلەستییەکان گوتبوویان: «نەوەک عیبرانییەکان شمشێر و ڕم دروستبکەن!»
1SA 13:20 لەبەر ئەوە هەموو ئیسرائیل دادەبەزین بۆ لای فەلەستییەکان تاکو هەریەکە گاسن و تەور و پاچ و داسەکەی خۆی تیژ بکاتەوە،
1SA 13:21 جا کرێی تیژکردنەوەی گاسن و پاچ دوو سێیەکی شاقل بوو، بۆ تیژکردنەوەی شەنە سێ چوکڵەکان و تەور یان بۆ دانانی نەقیزە سێیەکی شاقل بوو.
1SA 13:22 ئیتر لە ڕۆژی جەنگەکە هەموو ئەو گەلەی لەگەڵ شاول و یۆناتان بوون هیچ شمشێر و ڕمێکیان بەدەستەوە نەبوو، تەنها شاول و یۆناتانی کوڕی بەدەستیانەوە بوو.
1SA 13:23 ئەوە بوو هێزی فەلەستییەکان چووبوونە دەربەندی میخماس.
1SA 14:1 ڕۆژێک یۆناتانی کوڕی شاول بەو لاوەی گوت کە تفاقەکەی بۆ هەڵدەگرت: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی فەلەستییەکان، ئەوانەی لەوبەرن.» بەڵام بە باوکی نەگوت.
1SA 14:2 شاولیش لە قەراغی گیڤعادا لەژێر ئەو دار هەنارەی لە میگرۆنە دانیشتبوو، ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی مابوونەوە نزیکەی شەش سەد پیاو بوون،
1SA 14:3 لەنێوانیان ئاحییای کاهین بوو کە ئێفۆدی لەبەردا بوو. ئاحییا کوڕی ئەحیتوڤی برای ئیخاڤۆدی کوڕی فینەحاسی کوڕی عێلیی کاهینی یەزدان بوو لە شیلۆ. کەس نەیدەزانی کە یۆناتان ڕۆیشتووە.
1SA 14:4 لەنێوان ئەو دەربەندەی کە یۆناتان ویستی لێی بپەڕێتەوە بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان هەڵدێرێک لەم بەر و هەڵدێرێک لەو بەر هەبوو، ناوی یەکێکیان بۆچێچ و ناوی ئەوی دیکەیان سەنە بوو.
1SA 14:5 یەکێکیان ڕووی لە باکوور بوو بەرامبەر بە میخماس چەقی بوو و ئەوەی دیکەیان ڕووی لە باشوور بوو بەرامبەر بە گەڤەع.
1SA 14:6 ئینجا یۆناتان بە لاوەکەی گوت کە هەڵگری تفاقەکانی بوو: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی ئەو خەتەنەنەکراوانە، بەڵکو یەزدان کارێکی وامان بۆ بکات، چونکە هیچ شتێک ناتوانێت لەبەردەم یەزدان ببێتە بەربەست بۆ ڕزگارکردن، چ زۆر بین یان کەم.»
1SA 14:7 هەڵگری تفاقەکانیشی گوتی: «هەرچی لەسەر دڵتە ئەوە بکە و پێش بکەوە. ئەوەتا، منیش بە تەواوی لەگەڵتدام.»
1SA 14:8 یۆناتانیش گوتی: «ئەوەتا ئێمە دەپەڕینەوە بۆ لای ئەو پیاوانە و خۆمانیان نیشان دەدەین،
1SA 14:9 ئەگەر پێیان گوتین: ”ڕابوەستن هەتا دەگەینە لاتان،“ لە شوێنی خۆماندا ڕادەوەستین و سەرناکەوین بۆ لایان.
1SA 14:10 بەڵام ئەگەر گوتیان: ”سەربکەون بۆ لامان،“ ئەوا سەردەکەوین، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەستمانەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆمان.»
1SA 14:11 ئینجا هەردووکیان خۆیان بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان دەرخست و فەلەستییەکانیش گوتیان: «تەماشا بکەن، عیبرانییەکان لەو کونانە دێنە دەرەوە کە خۆیان تێیدا شاردبووەوە.»
1SA 14:12 ئینجا پیاوانی سەربازگەکە هاواریان لە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی کرد و گوتیان: «سەربکەون بۆ لامان، شتێکتان فێر دەکەین.» یۆناتانیش بە هەڵگری تفاقەکەی گوت: «بەدوامدا سەربکەوە، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەست گەلی ئیسرائیل.»
1SA 14:13 یۆناتان بە دەست و پێیەکانی سەرکەوت و هەڵگری تفاقەکانیشی بەدوایەوە بوو. فەلەستییەکانیش لەبەردەم یۆناتان کەوتن و هەڵگری تفاقەکانیشی لەدوایەوە دەیکوشتن،
1SA 14:14 یەکەم گورز کە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی وەشاندییان، لە ڕووبەری کەمتر لە یەک دۆنم زەویدا نزیکەی بیست پیاویان کوشت.
1SA 14:15 ترسێکی زۆر باڵی کێشا بەسەر تەواوی سوپادا، واتا هەر هەموو ئەوانەی لە ئۆردوگا و کێڵگە و سەربازگەکە بوون، هەروەها تێکدەرەکانیش، زەویش لەرزی. ترسێکی ئێجگار زۆر بوو لە خوداوە.
1SA 14:16 ئێشکگرەکانی شاول لە گیڤعای بنیامینەوە بینییان کە سوپاکە توایەوە و بە هەموو لایەکدا پەرتەوازە بوون.
1SA 14:17 ئینجا شاول بەو لەشکرەی گوت کە لەگەڵی بوون: «تکایە سەرژمێری بکەن و ببینن کێ لە ئێمە ڕۆیشتووە.» ئەوانیش سەرژمێرییان کرد و بینییان وا یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی لەوێ نەبوون.
1SA 14:18 شاول بە ئاحییای گوت: «سندوقی خودا بهێنە ئێرە.» لەو ڕۆژانەدا سندوقی خودا لەلای نەوەی ئیسرائیل بوو.
1SA 14:19 هێشتا شاول قسەی لەگەڵ کاهینەکە دەکرد، هەراوهۆریا لەناو ئۆردوگای فەلەستییەکان هەتا دەهات زیاتر دەبوو، بۆیە شاول بە کاهینەکەی گوت: «دەست بکێشەوە.»
1SA 14:20 ئینجا شاول و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون یەکیانگرت و چوون بۆ جەنگەکە. بینییان فەلەستییەکان لە پەشۆکاوییەکی زۆر گەورەدان و شمشێری هەریەکەیان لە دژی هاوڕێکەیەتی.
1SA 14:21 هەروەها عیبرانییەکانی ئەو دەوروبەرەش کە پێشتر لەگەڵ فەلەستییەکاندا بوون و لەگەڵیاندا بۆ ئۆردوگاکە سەرکەوتبوون، ئەوانیش چوونە پاڵ ئەو ئیسرائیلییانەی لەگەڵ شاول و یۆناتاندا بوون.
1SA 14:22 کاتێک پیاوانی ئیسرائیل، ئەوانەی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا خۆیان شاردبووەوە، بیستیانەوە کە فەلەستییەکان هەڵاتوونە، ئەوانیش لە نزیکەوە بەرەو جەنگەکە دوایان کەوتن.
1SA 14:23 جا یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی ڕزگار کرد و جەنگەکە گوازرایەوە بۆ بێت‌ئاڤن.
1SA 14:24 پیاوانی ئیسرائیل لەو ڕۆژە پەرێشان بوون، چونکە شاول گەلی سوێند دا و گوتی: «نەفرەت لەو پیاوە بێت، ئەوەی بەر لە ئێوارە نان بخوات و پێش ئەوەی تۆڵە لە دوژمنەکانم بکەمەوە.» بۆیە هەموو سوپاکە تامی نانیان نەکرد.
1SA 14:25 ئینجا هەموو سوپاکە هاتنە دارستانێک و هەنگوین بەسەر ڕووی زەوییەکەوە بوو.
1SA 14:26 کاتێک سوپاکە هاتنە ناو دارستانەکەوە بینییان ئەوەتا هەنگوین دەتکێت، بەڵام کەس دەستی بۆ دەمی نەبرد، چونکە گەل لە سوێندەکە ترسان.
1SA 14:27 بەڵام یۆناتان نەیبیستبوو کە باوکی سوپای سوێند دابوو، جا نووکی داردەستەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژ کرد و خستییە ناو شانە هەنگوینەکە و بۆ دەمی برد، ئیتر چاوەکانی گەشانەوە.
1SA 14:28 ئینجا یەکێک لە سەربازەکان پێی گوت: «باوکت بە توندی سوپای سوێند دا و گوتی: ”نەفرەت لەو پیاوە بێت کە ئەمڕۆ نان دەخوات!“ لەبەر ئەوە جەنگاوەران لە پەلوپۆ کەوتبوون.»
1SA 14:29 یۆناتانیش گوتی: «باوکم گیروگرفتی لە خاکەکەدا ناوەتەوە، تکایە تەماشا بکەن چاوەکانم چۆن گەشاونەتەوە، چونکە کەمێک لەم هەنگوینەم تام کرد.
1SA 14:30 ئەی ئەگەر ئەمڕۆ جەنگاوەرەکان لە دەستکەوتی دوژمنەکانیان بخواردایە کە دەستیان کەوتووە، ئایا ئەو گورزەی لە فەلەستییەکان وەشێنرا گەورەتر نەدەبوو؟»
1SA 14:31 لەو ڕۆژەدا لە میخماسەوە هەتا ئەیالۆن گورزیان لە فەلەستییەکان وەشاند، جەنگاوەرەکان لە پەلوپۆ کەوتبوون.
1SA 14:32 پاشان سوپاکە هەڵیانکوتایە سەر دەستکەوتەکە و مەڕ و مانگا و گوێرەکەیان برد و لەسەر زەوی سەریان بڕین و جەنگاوەرەکان بە خوێنەوە خواردیان.
1SA 14:33 بە شاولیان گوت: «وا سوپاکە گوناه لە دژی یەزدان دەکەن کە گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن.» ئەویش گوتی: «ناپاکیتان کرد، دەستبەجێ بەردێکی گەورە بۆ ئێرە گلۆر بکەنەوە.»
1SA 14:34 ئینجا گوتی: «بەناو سوپادا بڵاو ببنەوە و پێیان بڵێن: ”با هەریەکە گا و بەرانەکەی خۆی بۆم بهێنێتە پێش و لێرە سەری ببڕن، ئینجا بیخۆن و گوناه لە دژی یەزدان مەکەن کە گۆشتەکە بە خوێنەوە بخۆن.“» ئیتر هەموو سوپا لەو شەوەدا هەریەکە و گایەکەی هێنایە پێش و لەوێدا سەری بڕی.
1SA 14:35 ئینجا شاول قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا، ئەوە یەکەم قوربانگا بوو کە بۆ یەزدانی بنیاد نا.
1SA 14:36 پاشان شاول گوتی: «با بە شەو بەدوای فەلەستییەکاندا بچینە خوارەوە و هەتا بەرەبەیان تاڵانیان بکەین و قڕیان بکەین.» ئەوانیش گوتیان: «چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە.» بەڵام کاهینەکە گوتی: «با لێرە لە خودا بپرسین.»
1SA 14:37 ئینجا شاول پرسیاری لە خودا کرد: «ئایا بەدوای فەلەستییەکاندا دابەزم؟ ئایا دەیاندەیتە دەست گەلی ئیسرائیل؟» بەڵام لەو ڕۆژەدا وەڵامی نەدایەوە.
1SA 14:38 جا شاول گوتی: «ئەی هەموو ڕابەرانی سوپا، وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە، بزانن و ببینن ئەمڕۆ ئەو گوناهە چۆن ڕوویداوە،
1SA 14:39 چونکە بە یەزدانی زیندوو کە ڕزگارکەری ئیسرائیلە، تەنانەت ئەگەر لە یۆناتانی کوڕیشم بێ، دەبێت بمرێت.» بەڵام لە هەموو سوپاکە کەس وەڵامی نەدایەوە.
1SA 14:40 ئینجا بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئێوە لەلایەک بن و من و یۆناتانی کوڕیشم لەلایەک دەبین.» جەنگاوەرەکانیش بە شاولیان گوت: «چی بە باش دەزانیت بیکە.»
1SA 14:41 شاول گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمڕۆ وەڵامی خزمەتکارەکەت نادەیتەوە؟ ئەگەر هەڵەی من یان یۆناتانی کوڕمە، ئەوا ئوریممان پێبدە. بەڵام ئەگەر هەڵەی گەلی ئیسرائیلە ئەوا تومیممان پێبدە.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان و شاول، بەڵام سوپاکە بێتاوان دەرچوون.
1SA 14:42 ئینجا شاول گوتی: «لەنێوان من و یۆناتانی کوڕم تیروپشک هەڵبدەن.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان.
1SA 14:43 ئینجا شاول بە یۆناتانی گوت: «پێم بڵێ چیت کردووە.» یۆناتانیش پێی ڕاگەیاند: «بە نووکی داردەستەکەم کە بەدەستمەوە بوو کەمێک هەنگوینم تامکرد. ئایا ئێستا دەبێت بمرم؟»
1SA 14:44 شاولیش گوتی: «یۆناتان! ئەگەر تۆ نەمریت، با خودا توندترین سزام بدات.»
1SA 14:45 بەڵام جەنگاوەران بە شاولیان گوت: «ئایا یۆناتان، ئەوەی ئەم ڕزگارییە گەورەیەی لە ئیسرائیلدا هێنایە دی دەبێ بمرێت؟ حاشا! بە یەزدانی زیندوو، نابێت تاڵە مووێکی سەری بکەوێتە سەر زەوی، چونکە ئەمڕۆ ئەو لەگەڵ خودا ئەمەی کردووە.» جا گەل یۆناتانیان دەرباز کرد و نەمرد.
1SA 14:46 ئینجا شاول وازی لە ڕاونانی فەلەستییەکان هێنا و فەلەستییەکانیش بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە.
1SA 14:47 دوای ئەوەی شاول جڵەوی پاشایەتی ئیسرائیلی گرتە دەست، لە دژی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری جەنگا، مۆئاب و عەمۆن و ئەدۆم و پاشاکانی چۆڤا و فەلەستییەکان. ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، سەردەکەوت.
1SA 14:48 هەروەها دلێرانە جەنگا و گورزی لە عەمالێقییەکان وەشاند و ئیسرائیلی لە دەستی تاڵانکەرانی دەرباز کرد.
1SA 14:49 کوڕەکانی شاولیش، یۆناتان و یەشڤی و مەلکی‌شوەع بوون. ناوی دوو کچەکەشی، ناوی گەورەکەیان مێرەڤ و بچووکەکەشیان ناوی میخەل بوو.
1SA 14:50 ژنەکەشی ناوی ئەحینۆعەمی کچی ئەحیمەعەچ بوو. فەرماندەی گشتی سوپاکەشی ناوی ئەبنێری کوڕی نێری مامی شاول بوو،
1SA 14:51 قیشی باوکی شاول و نێری باوکی ئەبنێریش کوڕی ئەبیێل بوون.
1SA 14:52 بە درێژایی ماوەی حوکمڕانی شاول جەنگێکی سەخت لە دژی فەلەستییەکان هەبوو، جا شاول هەر پیاوێکی دلێر و ئازای دەبینی دەیهێنایە پاڵ خۆی.
1SA 15:1 ساموئێل بە شاولی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی. جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت،
1SA 15:2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”سزای عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد، کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە.
1SA 15:3 ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە، هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە، دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە، پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە، گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“»
1SA 15:4 جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە، دوو سەد هەزار پیادە و دە هەزار پیاوی یەهودا.
1SA 15:5 ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد،
1SA 15:6 بە قێنییەکانی گوت: «بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە، نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم، چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە، کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.» جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت.
1SA 15:7 ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا، لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە.
1SA 15:8 هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد.
1SA 15:9 بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست، هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد.
1SA 15:10 ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی:
1SA 15:11 «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.
1SA 15:12 بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کارمەل و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»
1SA 15:13 جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»
1SA 15:14 بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»
1SA 15:15 شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»
1SA 15:16 ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.» ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.»
1SA 15:17 ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟
1SA 15:18 یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“
1SA 15:19 ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»
1SA 15:20 شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد.
1SA 15:21 جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»
1SA 15:22 بەڵام ساموئێل گوتی: «ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟ گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە، سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
1SA 15:23 یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە، کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە. لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»
1SA 15:24 ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد.
1SA 15:25 ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»
1SA 15:26 بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»
1SA 15:27 کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا.
1SA 15:28 ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە.
1SA 15:29 هەروەها شکۆی ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»
1SA 15:30 شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.»
1SA 15:31 ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
1SA 15:32 پاشان ساموئێل گوتی: «ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.» ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی: «بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.»
1SA 15:33 بەڵام ساموئێل گوتی: «وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد، ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.» ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد.
1SA 15:34 پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا.
1SA 15:35 ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول، هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا. یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.
1SA 16:1 جا یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «هەتا کەی شیوەن بۆ شاول دەگێڕیت، چونکە من ڕەتم کردووەتەوە پاشای ئیسرائیل بێت؟ قۆچەکەت پڕ بکە لە زەیت و بڕۆ، دەتنێرم بۆ لای یەسای بێت‌لەحمی، لەنێو کوڕەکانیدا پاشایەکم بۆ خۆم هەڵبژاردووە.»
1SA 16:2 ساموئێلیش گوتی: «چۆن بڕۆم؟ ئەگەر شاول ئەمە ببیستێتەوە دەمکوژێت.» یەزدانیش فەرمووی: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە لەگەڵ دەستت دەبەیت و دەڵێیت: ”بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان هاتووم.“
1SA 16:3 جا یەسا بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکە بانگهێشت دەکەیت و من فێرت دەکەم چی بکەیت و ئەو کەسەم بۆ دەستنیشان دەکەیت کە پێت دەفەرمووم.»
1SA 16:4 ساموئێل ئەوەی کرد کە یەزدان پێی فەرموو، هات بۆ بێت‌لەحم و پیرانی شارۆچکەکە بە ترسەوە پێشوازییان کرد و گوتیان: «بە ئاشتی هاتوویت؟»
1SA 16:5 ساموئێلیش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشتییە، هاتووم بۆ سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدان، خۆتان تەرخان بکەن و لەگەڵمدا وەرن بۆ قوربانییەکە.» ئینجا یەسا و کوڕەکانی تەرخان کرد و بۆ قوربانییەکە بانگهێشتی کردن.
1SA 16:6 کاتێک هاتن، ساموئێل تەماشای ئەلیابی کرد و لەبەرخۆیەوە گوتی: «بە دڵنیاییەوە ئەوەیە یەزدان دەستنیشانی کردووە، لەبەردەمیەتی.»
1SA 16:7 بەڵام یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «تەماشای ڕوخسار و باڵای مەکە، چونکە ڕەتم کردووەتەوە. یەزدان وەک مرۆڤ تەماشا ناکات، چونکە مرۆڤ تەماشای ڕوخسار دەکات، بەڵام یەزدان تەماشای دڵ دەکات.»
1SA 16:8 دوای ئەوەی یەسا ئەبینادابی بانگکرد و بە بەردەم ساموئێلدا تێپەڕی کرد، ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.»
1SA 16:9 ئینجا یەسا شەممای تێپەڕاند و ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.»
1SA 16:10 یەسا هەر حەوت کوڕەکەی لەبەردەم ساموئێلدا تێپەڕاند. ساموئێلیش بە یەسای گوت: «یەزدان لەمانەی هەڵنەبژاردووە.»
1SA 16:11 لە یەسای پرسی: «ئایا هەموو کوڕەکانت لێرەن؟» ئەویش گوتی: «بچووکترینیان هێشتا ماوە و مەڕ دەلەوەڕێنێت.» ساموئێلیش گوتی: «بنێرە بەدوایدا و بیهێنە، چونکە دانانیشین هەتا ئەو دێتە ئێرە.»
1SA 16:12 ئەویش بەدوایدا ناردی و هێنای، سوورەیەکی چاوجوانی قۆز بوو. ئینجا یەزدان فەرمووی: «هەستە و دەستنیشانی بکە، چونکە ئەمە خۆیەتی.»
1SA 16:13 ساموئێل قۆچە زەیتەکەی برد و لەنێو براکانیدا دەستنیشانی کرد و لەو ڕۆژە بەدواوە ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەر داود. پاشان ساموئێل هەستا و چوو بۆ ڕامە.
1SA 16:14 ڕۆحی یەزدانیش لە شاول جیا بووەوە و بە فەرمانی یەزدان ڕۆحێکی بەد هەراسانی کرد.
1SA 16:15 جا خزمەتکارەکانی شاول پێیان گوت: «ئەوەتا ئێستا ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە هەراسانت دەکات.
1SA 16:16 با ئێستا گەورەمان فەرمان بە خزمەتکارەکانی بەردەمی بکات بەدوای پیاوێکدا بگەڕێن کە شارەزایی لە قیسارە ژەنین هەبێت، جا هەر کاتێک ئەو ڕۆحە بەدەی لەلایەن خوداوەیە بێتە سەرت، قیسارە بژەنێت تۆ باش دەبیت.»
1SA 16:17 شاولیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئێستا پیاوێکم بۆ ببیننەوە قیسارە بە چاکی بژەنێت و بۆ منی بهێنن.»
1SA 16:18 جا یەکێک لە خزمەتکارەکان وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕێکی یەسای بێت‌لەحمیم بینیوە، دەزانێت قیسارە بژەنێت. هەروەها قارەمانێکی بەهێزە و جەنگاوەرە، زمان ڕەوانە و پیاوێکی قۆزە، یەزدانیشی لەگەڵدایە.»
1SA 16:19 شاولیش نێردراوی بۆ لای یەسا نارد و گوتی: «داودی کوڕتم بۆ بنێرە، ئەوەی مەڕ دەلەوەڕێنێت.»
1SA 16:20 یەساش گوێدرێژێکی هێنا، نان و مەشکەیەک شەراب و کارەبزنێکی لێ بارکرد، بە دەستی داودی کوڕیدا بۆ شاولی نارد.
1SA 16:21 ئیتر داود هاتە لای شاول و دەستی بە خزمەتکردنی کرد. شاولیش داودی زۆر خۆشویست و کردییە یەکێک لە هەڵگری تفاقەکانی.
1SA 16:22 شاول بۆ یەسای نارد و گوتی: «تکایە با داود لە خزمەتی مندا بمێنێتەوە، چونکە لەلام پەسەندە.»
1SA 16:23 هەر کاتێک ڕۆحەکە لەلایەن خوداوە بۆ سەر شاول دەهات، داود قیسارەکەی بەدەستەوە دەگرت و دەیژەند، شاولیش دڵی دەکرایەوە و باش دەبوو، ڕۆحە بەدەکە وازی لێ دەهێنا.
1SA 17:1 ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا.
1SA 17:2 شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان.
1SA 17:3 جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو.
1SA 17:4 پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک بوو.
1SA 17:5 کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل بڕۆنز بوو.
1SA 17:6 هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو،
1SA 17:7 دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.
1SA 17:8 جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و با بۆم بێتە خوارەوە.
1SA 17:9 ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.»
1SA 17:10 ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.»
1SA 17:11 کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان.
1SA 17:12 داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێت‌لەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو.
1SA 17:13 هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو.
1SA 17:14 داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون.
1SA 17:15 جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێت‌لەحم.
1SA 17:16 بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا.
1SA 17:17 ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان،
1SA 17:18 ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە.
1SA 17:19 شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.»
1SA 17:20 بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا.
1SA 17:21 جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز.
1SA 17:22 داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی.
1SA 17:23 کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو.
1SA 17:24 هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن.
1SA 17:25 پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.»
1SA 17:26 داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنەنەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟»
1SA 17:27 ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.»
1SA 17:28 کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.»
1SA 17:29 داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟»
1SA 17:30 ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە.
1SA 17:31 ئەو قسانەی داود گوتی بیسترانەوە و بە شاول ڕاگەیەنرا و ئەویش ناردی بە شوێنیدا.
1SA 17:32 داود بە شاولی گوت: «کەس بەهۆی ئەوەوە دڵی خورپە نەکات. خزمەتکارەکەت دەچێت و لەگەڵ ئەو فەلەستییە دەجەنگێت.»
1SA 17:33 شاولیش بە داودی گوت: «ناتوانیت بچیت بۆ ئەو فەلەستییە و لەگەڵیدا بجەنگیت، چونکە تۆ منداڵیت و ئەویش لە منداڵییەوە جەنگاوەرە.»
1SA 17:34 داودیش بە شاولی گوت: «خزمەتکارەکەت شوانی مەڕەکانی باوکی بووە. هەر کاتێک شێرێک یان ورچێک دەهات و مەڕێکیان لە مێگەلەکە دەبرد،
1SA 17:35 من بەدوایدا دەچووم و دەمکوشت و لە دەمی دەربازم دەکرد، کاتێک بۆم هەڵدەستا ملیم دەگرت و لێم دەدا و دەمکوشت.
1SA 17:36 خزمەتکارەکەت شێر و ورچی دەکوشت و ئەو فەلەستییە خەتەنەنەکراوەش وەک یەکێک دەبێت لەوان، چونکە تەحەدای ڕیزەکانی سوپای خودای زیندووی کردووە.
1SA 17:37 یەزدان کە منی لە چنگی شێر و ورچ دەرباز کردووە، هەر ئەو لە چنگ ئەم فەلەستییە دەربازم دەکات.» شاولیش بە داودی گوت: «بڕۆ، با یەزدان لەگەڵتدا بێت.»
1SA 17:38 ئینجا شاول کراسەکەی خۆی لەبەر داود کرد و کڵاوێکی بڕۆنزی لەسەر سەری دانا و زرێیەکی لەبەرکرد.
1SA 17:39 داودیش شمشێرەکەی لەسەر کراسەکەی بەست و ویستی پێیانەوە بڕوات، چونکە تاقی نەکردبووەوە. ئینجا داود بە شاولی گوت: «ناتوانم پێیانەوە بڕۆم، چونکە تاقیم نەکردوونەتەوە.» جا داود لە خۆی کردنەوە و
1SA 17:40 گۆچانەکەی بەدەستەوە گرت، پێنج بەردی لووسی لە دۆڵەکەدا هەڵبژارد و خستییە ناو توورەکەی شوانییەکەی لەناو هەگبەکەی، قۆچەقانییەکەی بەدەستەوە گرت و لە فەلەستییەکە چووە پێش.
1SA 17:41 لەو کاتەدا فەلەستییەکە هات و لە داود نزیک بووەوە، هەڵگری قەڵغانەکەشی لەپێشیەوە دەڕۆیشت.
1SA 17:42 کاتێک فەلەستییەکە تەماشای کرد و داودی بینی، بە سووکی سەیری کرد، چونکە منداڵێکی سوورە و قۆز بوو.
1SA 17:43 فەلەستییەکە بە داودی گوت: «من سەگم هەتا تۆ بە گۆچانەوە بۆم بێیت؟» ئینجا بە خوداوەندەکانی خۆی نەفرەتی لە داود کرد و
1SA 17:44 پێی گوت: «بۆم وەرە هەتا گۆشتی تۆ بدەمە باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی دەشتودەر!»
1SA 17:45 داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد.
1SA 17:46 ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە.
1SA 17:47 هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.»
1SA 17:48 جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە.
1SA 17:49 داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی.
1SA 17:50 بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو.
1SA 17:51 ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە. کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن.
1SA 17:52 دوای ئەوە پیاوانی ئیسرائیل و یەهودا هەستان و هاواریان کرد و دوای فەلەستییەکان کەوتن هەتا گەت و دەروازەکانی عەقرۆن. جا کوژراوەکانی فەلەستییەکان لە ڕێگای شەعەرایم هەتا گەت و عەقرۆن کەوتن.
1SA 17:53 کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕانەوە، خێوەتگاکەیان تاڵان کردن.
1SA 17:54 داودیش سەری فەلەستییەکەی هەڵگرت و بردی بۆ ئۆرشەلیم، چەکەکانی فەلەستییەکەشی لەناو چادرەکەی خۆی دانا.
1SA 17:55 کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»
1SA 17:56 پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»
1SA 17:57 کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.
1SA 17:58 شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟» داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێت‌لەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»
1SA 18:1 ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست.
1SA 18:2 شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە.
1SA 18:3 یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشیویست.
1SA 18:4 ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.
1SA 18:5 داود لە هەر ئەرکێک سەرکەوتوو دەبوو کە شاول بۆی دەنارد، لەبەر ئەوە شاول داودی بەسەر جەنگاوەرەکان دانا، ئەمەش لەلای هەموو سەرباز و ئەفسەرەکانی شاول پەسەند بوو.
1SA 18:6 لە کاتی گەڕانەوەی جەنگاوەران بۆ ماڵەوە، پاش ئەوەی داود فەلەستییەکەی کوشت، ئافرەتان لە هەموو شارۆچکەکانی ئیسرائیلەوە بە گۆرانی و سەماوە بۆ پێشوازی شاولی پاشا هاتنە دەرەوە، بە گۆرانی شادی و دەف و عوودەوە.
1SA 18:7 ژنە سەماکەرەکان بەدەم گۆرانییەوە دەیانگوت: «شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار.»
1SA 18:8 ئەم قسەیە شاولی پەست کرد و زۆر تووڕە بوو و گوتی: «دەیان هەزارەکانیان دایە داود و بە منیش هەزارەکان، هەر ئەوە ماوە پاشایەتییەکە بۆ ئەو بێت.»
1SA 18:9 ئیتر لەو ڕۆژەوە شاول چاوی لەسەر داود بوو.
1SA 18:10 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە بە تواناوە هاتە سەر شاول، لە ناوەڕاستی ماڵەکەدا وڕێنەی دەکرد، داودیش وەک هەموو ڕۆژێک قیسارەکەی لێدەدا و شاولیش ڕمێکی بەدەستەوە بوو.
1SA 18:11 شاول ڕمەکەی تێگرت و گوتی: «لە داود دەدەم و بە دیوارەکەوە هەڵیدەواسم.» بەڵام داود دوو جار خۆی لە ڕمەکە لادا.
1SA 18:12 لەبەر ئەوەی یەزدان لەگەڵ داود بوو و وازی لە شاول هێنابوو، شاول لێی دەترسا.
1SA 18:13 ئیتر شاول داودی لە خۆی دوورخستەوە و کردی بە سەرکردەی هەزار، ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد.
1SA 18:14 داود لە هەموو ئەرکەکانی سەرکەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی یەزدانی لەگەڵدا بوو.
1SA 18:15 جا کە شاول بینی زۆر سەرکەوتووە، لێی ترسا.
1SA 18:16 بەڵام هەموو ئیسرائیل و یەهودا داودیان خۆشویست، چونکە لە شەڕ پێشڕەوی دەکردن.
1SA 18:17 ئەوە بوو شاول بە داودی گوت: «من وا مێرەڤی کچە گەورەکەی خۆمت دەدەمێ ببێتە ژنت، تەنها ئەوەندەی کە ئازا بیت بۆم و لە جەنگەکانی یەزدان شەڕ بکەیت.» جا شاول لەبەر خۆیەوە گوتی: «با دەستی منی بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە بێت.»
1SA 18:18 داودیش بە شاولی گوت: «من کێم و ژیانی من و خێڵەکەی باوکم لە ئیسرائیلدا چییە هەتا ببمە زاوای پاشا؟»
1SA 18:19 ئەوە بوو لەو کاتەی کە دەبووایە مێرەڤی کچی شاول بدرێتە داود، کەچی درایە عەدرئێلی مەحۆلاتی و بووە ژنی ئەو.
1SA 18:20 بەڵام میخەلی کچی شاول داودی خۆشویست، جا بە شاولیان ڕاگەیاند، ئەویش ئەم کارەی بەلاوە باش بوو.
1SA 18:21 شاول لە دڵی خۆیدا گوتی: «پێی دەدەم، جا بۆی دەبێت بە تەڵە، دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە دەبێت.» ئینجا شاول بە داودی گوت: «ئێستا بۆ دووەم جار دەرفەتی ئەوەت هەیە کە ببیتە زاوام.»
1SA 18:22 شاول فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد: «بەدزییەوە قسە لەگەڵ داود بکەن و پێی بڵێن: ”ئەوەتا پاشا پێت دڵخۆشە و هەموو خزمەتکارەکانیشی تۆیان خۆشدەوێ، جا ئێستا ببە بە زاوای پاشا.“»
1SA 18:23 خزمەتکارەکانی شاول ئەو قسانەیان بە داود گوت و داودیش پێی گوتن: «ئایا بوون بە زاوای پاشا بە کەم دەزانن، لە کاتێکدا من پیاوێکی هەژار و بێ بایەخم؟»
1SA 18:24 ئینجا خزمەتکارەکانی شاول قسەکانی داودیان گەیاند.
1SA 18:25 شاولیش گوتی: «ئاوا بە داود بڵێن: ”خۆشی پاشا لە شیربایی نییە، بەڵکو بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکانە، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانی پاشا.“» شاول بیری لەوە دەکردەوە کە داود بە دەستی فەلەستییەکان بکوژرێت.
1SA 18:26 خزمەتکارەکانی ئەو قسانەیان بە داود ڕاگەیاند، داودیش ئەمەی پێ باش بوو کە ببێت بە زاوای پاشا. بۆیە پێش ئەوەی ماوەکە تەواو بێت،
1SA 18:27 هەستا و لەگەڵ پیاوەکانی ڕۆیشتن، دوو سەد پیاویان لە فەلەستییەکان کوشت. داود پێستی سەری ئەندامە نێرینەکانی ئەوانی هێنا و ژمارەی تەواوی دایە پاشا، هەتا ببێتە زاوای. شاولیش میخەلی کچی دایێ هەتا ببێتە ژنی.
1SA 18:28 جا شاول بینی و زانی یەزدان لەگەڵ داودە و میخەلی کچیشی خۆشی دەوێت.
1SA 18:29 شاول زیاتر لە داود ترسا، ئیتر هەتا کۆتایی ژیانی دوژمنی داود بوو.
1SA 18:30 فەرماندە فەلەستییەکان بەردەوام بۆ جەنگ دەچوون، هەر کاتێک دەچوون داود لە هەموو ئەفسەرەکانی شاول سەرکەوتووتر دەبوو، جا ناوبانگی زۆر بڵاو بووەوە.
1SA 19:1 ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن. بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست.
1SA 19:2 جا یۆناتان داودی ئاگادار کردەوە و گوتی: «شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت. بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە، خۆت بشارەوە.
1SA 19:3 منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە، لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.»
1SA 19:4 ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی: «با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات، چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن.
1SA 19:5 ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت، یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە، تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت، ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت، بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟»
1SA 19:6 شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت، شاول سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، داود ناکوژرێت.»
1SA 19:7 ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند، یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو.
1SA 19:8 جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت، گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن.
1SA 19:9 بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو، دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری. کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند،
1SA 19:10 شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت، بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات، جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو.
1SA 19:11 پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن. بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت، بۆ سبەینێ کوژراویت.»
1SA 19:12 ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە، ئەویش ڕۆیشت، ڕایکرد و دەرباز بوو.
1SA 19:13 پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە، هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی.
1SA 19:14 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن، میخەلیش گوتی: «نەخۆشە.»
1SA 19:15 ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی: «بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.»
1SA 19:16 بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە، تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی.
1SA 19:17 جا شاول بە میخەلی گوت: «بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم، دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟» میخەلیش بە شاولی گوت: «ئەو پێی گوتم: ”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“»
1SA 19:18 کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو، چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە، هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند. ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە.
1SA 19:19 جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.»
1SA 19:20 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود، کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە، ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت.
1SA 19:21 ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند، ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد، هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت. ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت.
1SA 19:22 ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە، گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە، ئەوەی لە سەخویە، پرسیاری کرد: «ساموئێل و داود لەکوێن؟» پێی گوترا: «لە نایۆتن، لە شارۆچکەی ڕامە.»
1SA 19:23 جا شاول چوو بۆ ئەوێ، بۆ نایۆت لە ڕامە. تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت.
1SA 19:24 جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت، بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا. لەبەر ئەوەیە دەڵێن، «ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟»
1SA 20:1 پاشان داود لە نایۆتی ڕامەوە ڕایکرد، چووە بەردەم یۆناتان و لێی پرسی: «چیم کردووە و تاوانم چییە، چ گوناهێکم بەرامبەر بە باوکت کردووە، هەتا بمکوژێت؟»
1SA 20:2 یۆناتانیش وەڵامی دایەوە: «لە تۆ بەدوور بێت، نامریت! ئەوەتا باوکم هیچ شتێکی گەورە یان بچووک ناکات هەتا پێم نەڵێت، ئیتر بۆچی باوکم ئەمەم لێ بشارێتەوە؟ نەخێر وا نییە.»
1SA 20:3 داودیش سوێندی خوارد: «باوکت باش دەزانێت کە تۆ منت خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە وا بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ”با یۆناتان بەم کارە نەزانێت نەوەک خەفەت بخوات.“ بەڵام بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، نێوان من و مەرگ تەنها هەنگاوێکە.»
1SA 20:4 یۆناتانیش بە داودی گوت: «هەرچی دەڵێیت ئەوەت بۆ دەکەم.»
1SA 20:5 داود بە یۆناتانی گوت: «سەیر بکە، سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەبێت منیش بۆ نانخواردن لەگەڵ پاشا دانیشم، بەڵام تۆ ڕێگام پێبدە بڕۆم و منیش هەتا ئێوارەی ڕۆژی سێیەم لەناو کێڵگەکەدا خۆم دەشارمەوە.
1SA 20:6 ئەگەر باوکت بەسەری کردمەوە، پێی بڵێ: ”داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم هەتا بە پەلە بچێتە بێت‌لەحمی شارەکەی خۆی، چونکە لەوێ قوربانی ساڵانە بۆ هەموو خێڵەکەی سەردەبڕدرێت.“
1SA 20:7 ئەگەر گوتی: ”باشە،“ ئەوا خزمەتکارەکەت سەلامەت دەبێت. بەڵام ئەگەر زۆر تووڕە بوو ئەوا بزانە نیازی خراپە.
1SA 20:8 کەواتە بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ خزمەتکارەکەتدا بکە، چونکە تۆ لەبەردەم یەزدان منت خستووەتە ناو پەیمانێکەوە. ئەگەر تاوانێک لە مندا هەبێت، ئەوا خۆت بمکوژە، ئیتر بۆچی دەمدەیتە دەستی باوکت؟»
1SA 20:9 یۆناتانیش گوتی: «لە تۆ بەدوور بێت، چونکە ئەگەر بەڕاستی بمزانیایە باوکم بەرامبەر بە تۆ نیازی خراپە، ئایا پێم ڕانەدەگەیاندیت؟»
1SA 20:10 داودیش لە یۆناتانی پرسی: «ئەگەر باوکت بە ڕەقی وەڵامی دایتەوە، کێ پێم ڕادەگەیەنێت؟»
1SA 20:11 یۆناتانیش بە داودی گوت: «وەرە با بچینە دەرەوە بۆ کێڵگەکە.» جا هەردووکیان پێکەوە چوون.
1SA 20:12 ئینجا یۆناتان بە داودی گوت: «بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، سبەینێ یان دوو سبەی وەک ئەم کاتە دەمی باوکم تاقی دەکەمەوە، جا ئەگەر بۆ تۆ باش بوو، ئەوا هەواڵت بۆ دەنێرم و ئاگادارت دەکەمەوە.
1SA 20:13 بەڵام ئەگەر باوکم نیازی خراپەی لەگەڵ تۆ هەبوو، با یەزدان توندترین سزای یۆناتان بدات، ئەگەر بۆت ئاشکرا نەکەم و بە سەلامەتی بەڕێت نەکەم. با یەزدان لەگەڵتدا بێت وەک چۆن لەگەڵ باوکم بوو.
1SA 20:14 بە درێژایی ژیانم خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانم نیشان بدە بۆ ئەوەی نەمرم،
1SA 20:15 بەڵکو هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ بنەماڵەکەم مەبڕە، تەنانەت هەتا ئەو کاتەش کە یەزدان هەموو دوژمنەکانی داود لەسەر زەوی دەبڕێتەوە.»
1SA 20:16 جا یۆناتان پەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی داود بەست و گوتی: «با یەزدان لێپرسینەوە لەگەڵ دوژمنەکانی داود بکات.»
1SA 20:17 یۆناتان سوێندەکەی بە داود دووپات کردەوە کە ئەوی خۆشدەوێت، چونکە وەک خۆی خۆشی دەویست.
1SA 20:18 پاشان یۆناتان بە داودی گوت: «سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەربارەی تۆ پرسیار دەکەن، چونکە جێگات بەتاڵ دەبێت.
1SA 20:19 دوو سبەی بە خێرایی دابەزە و بڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لە ڕۆژی کارەکەدا خۆتت تێیدا شاردەوە، لەلای گابەردی ئەزەل دابنیشە.
1SA 20:20 منیش سێ تیر دەگرمە تەنیشتی بەردەکە وەک ئەوەی بیگرمە نیشانێک.
1SA 20:21 ئینجا کوڕێک دەنێرم و دەڵێم: ”بڕۆ ئەو تیرانە بدۆزەوە.“ ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەولاتەوەن، بیانهێنە،“ تۆ وەرە، بە یەزدانی زیندوو، سەلامەت دەبیت و هیچ مەترسییەک نییە.
1SA 20:22 بەڵام ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەو بەرتن،“ ئەوا بڕۆ، چونکە یەزدان بەڕێی کردوویت.
1SA 20:23 ئەو قسەیەش کە من و تۆ کردمان، ئەوەتا یەزدان هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆدا شایەتە.»
1SA 20:24 داود خۆی لە کێڵگەکەدا شاردەوە، کاتێک جەژنی سەرەمانگ هات، پاشا بۆ نانخواردن لەسەر خوان دانیشت.
1SA 20:25 پاشا وەک هەموو جارێک لە شوێنەکەی خۆی لەلای دیوارەکەوە لە بەرامبەر یۆناتان دانیشت، ئەبنێریش لەتەنیشت شاولەوە دانیشت، بەڵام جێگای داود بەتاڵ بوو.
1SA 20:26 لەو ڕۆژەدا شاول هیچی نەگوت، چونکە وا بیری کردەوە: «لەوانەیە شتێک بەسەر داود هاتبێت، لەشی پاک نەبێت، دیارە لەشی پاک نییە.»
1SA 20:27 ئەوە بوو بۆ سبەینێ لە دووی مانگیشدا جێگای داود هەر بەتاڵ بوو، شاولیش بە یۆناتانی کوڕی گوت: «بۆچی نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ، کوڕەکەی یەسا نەهاتووە بۆ نانخواردن؟»
1SA 20:28 یۆناتانیش وەڵامی شاولی دایەوە: «داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم بچێت بۆ بێت‌لەحم و
1SA 20:29 گوتی: ”تکایە ڕێم بدە، چونکە لە شارۆچکەکەدا قوربانی سەربڕاوی خێڵەکەمان هەیە و براکەم فەرمانی پێ کردووم، جا ئێستا ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، تکایە ڕێم بدە با براکانم ببینم،“ لەبەر ئەوە نەهاتووە بۆ خوانی پاشا.»
1SA 20:30 ئینجا شاول زۆر لە یۆناتان تووڕە بوو و پێی گوت: «هەی کوڕی ژنە خواروخێچ و یاخیبووەکە! ئایا من نازانم کە دۆستایەتیت لەگەڵ کوڕەکەی یەسا شەرمەزاری دێنێتە سەر خۆت و داوێنی دایکت؟
1SA 20:31 هەتا کوڕەکەی یەسا لەسەر زەوی زیندوو بێت، نە خۆت و نە پاشایەتییەکەت جێگیر نابن. ئێستاش بنێرە و با بۆ منی بهێنن، چونکە پێویستە بمرێت!»
1SA 20:32 یۆناتانیش وەڵامی شاولی باوکی دایەوە: «بۆچی دەبێت بکوژرێت؟ چی کردووە؟»
1SA 20:33 بەڵام شاول ڕمەکەی تێگرت بۆ ئەوەی بیکوژێت. بەم کارە یۆناتان زانی کە باوکی سوورە لەسەر کوشتنی داود.
1SA 20:34 جا یۆناتان زۆر بە تووڕەیی لەسەر خوانەکە هەستا و لە ڕۆژی دووەمی مانگدا هیچی نەخوارد، چونکە دڵتەنگ بوو بۆ داود، لەبەر ئەوەی باوکی شەرمەزاری کرد.
1SA 20:35 بۆ بەیانی یۆناتان بۆ دیدەنی داود بەرەو کێڵگە چوو، کوڕێکی بچووکیشی لەگەڵ بوو.
1SA 20:36 بە کوڕەکەی گوت: «ڕابکە ئەو تیرانە بدۆزەرەوە کە من دەیانهاوێژم.» لەو کاتەدا کە کوڕەکە ڕایدەکرد، تیرێکی هاویشت و لەوی تێپەڕاند.
1SA 20:37 کاتێک کوڕەکە گەیشتە شوێنی تیرەکە کە یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێکرد: «ئەوە تیرەکە نییە، لەوبەری تۆ، لە سەرەوە؟»
1SA 20:38 ئینجا یۆناتان هاواری لە کوڕەکە کرد: «خێرا بکە، پەلە بکە، مەوەستە!» کوڕەکەش تیرەکەی هەڵگرتەوە و بۆ لای گەورەکەی گەڕایەوە.
1SA 20:39 کوڕەکەش هیچی نەدەزانی، بەڵام یۆناتان و داود تێدەگەیشتن.
1SA 20:40 ئینجا یۆناتان چەکەکەی بە خزمەتکارەکەی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبەوە بۆ شار.»
1SA 20:41 کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا.
1SA 20:42 جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.
1SA 21:1 داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»
1SA 21:2 داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم: ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“ سەبارەت بە پیاوەکانیشم، شوێنێکم بۆ دیاری کردوون بۆ ئەوەی لەوێ چاویان پێم بکەوێت.
1SA 21:3 ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»
1SA 21:4 کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان.»
1SA 21:5 داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟»
1SA 21:6 لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.
1SA 21:7 لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو.
1SA 21:8 ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، چونکە ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»
1SA 21:9 کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.» داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.»
1SA 21:10 هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت.
1SA 21:11 خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت: «”شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار“؟»
1SA 21:12 داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا،
1SA 21:13 لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.
1SA 21:14 ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟
1SA 21:15 ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟»
1SA 22:1 پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو. کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست، چوونە ئەوێ بۆ لای.
1SA 22:2 جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە، ئەویش بوو بە سەرۆکیان، نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.
1SA 22:3 داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت: «تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن، هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.»
1SA 22:4 هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.
1SA 22:5 بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت: «لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە، بڕۆ ناو خاکی یەهودا.» داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.
1SA 22:6 ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون. جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو، سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون.
1SA 22:7 شاول پێی گوتن: «ئەی بنیامینییەکان، ئێستا گوێ بگرن! ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟ ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟
1SA 22:8 هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە، کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم. کەستان دڵی پێم ناسووتێت، کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»
1SA 22:9 بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات، بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ.
1SA 22:10 ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد، ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»
1SA 22:11 پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی، ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون، بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا.
1SA 22:12 شاول گوتی: «کوڕی ئەحیتوڤ، ئێستا گوێ بگرە.» ئەویش گوتی: «بەڵێ، گەورەم.»
1SA 22:13 شاول پێی گوت: «بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا، بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»
1SA 22:14 ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە: «جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە، زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت، لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟
1SA 22:15 ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟ نەخێر! با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم، چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر، هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»
1SA 22:16 بەڵام پاشا گوتی: «ئەحیمەلەخ، بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»
1SA 22:17 ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.» بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.
1SA 22:18 ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت،
1SA 22:19 نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت، منداڵ و شیرەخۆرە، گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.
1SA 22:20 بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود.
1SA 22:21 جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە.
1SA 22:22 داودیش بە ئەبیاتاری گوت: «لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت. من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت.
1SA 22:23 لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە، چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت، بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»
1SA 23:1 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «فەلەستییەکان لە دژی قەعیلا دەجەنگن و جۆخینەکان تاڵان دەکەن،»
1SA 23:2 ئەویش لە یەزدانی پرسی و گوتی: «بچم، لەو فەلەستییانە بدەم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ لە فەلەستییەکان بدە و قەعیلا ڕزگار بکە.»
1SA 23:3 بەڵام پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئێمە لێرە لە یەهوداین وا دەترسین، ئەی چەند زیاتر ئەگەر لە دژی لەشکری فەلەستییەکان بچینە قەعیلا؟»
1SA 23:4 دیسان داود گەڕایەوە لە یەزدانی پرسی، یەزدانیش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «هەستە و بڕۆ بۆ قەعیلا، چونکە من فەلەستییەکان دەدەمە دەست تۆ.»
1SA 23:5 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە قەعیلا، لە دژی فەلەستییەکان جەنگان و ئاژەڵە ماڵییەکانی ئەوانیان برد. ئیتر داود زیانێکی گەورەی بە فەلەستییەکان گەیاند و دانیشتووانی قەعیلاشی ڕزگار کرد.
1SA 23:6 (کاتێک ئەبیاتاری کوڕی ئەحیمەلەخ بۆ لای داود لە قەعیلا هەڵاتبوو، ئێفۆدێکی لەگەڵ خۆی بردبوو.)
1SA 23:7 بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود هاتووە بۆ قەعیلا، شاول گوتی: «خودا داویەتییە دەستم، چونکە بە هاتنە ژوورەوەی بۆ ناو شارێک کە دەرگا و شمشیرەی هەیە تێکەوت.»
1SA 23:8 ئینجا شاول هەموو هێزەکانی بۆ جەنگ بانگکرد، بۆ دابەزین بۆ قەعیلا و گەمارۆدانی داود و پیاوەکانی.
1SA 23:9 کاتێک داود بەو پیلانگێڕییە خراپەی شاولی زانی، بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «ئێفۆدەکە بهێنە.»
1SA 23:10 داود گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بەندەکەت بە دڵنیایی بیستوویەتی کە شاول دەیەوێت بێتە قەعیلا تاوەکو بەهۆی منەوە شارەکە کاول بکات.
1SA 23:11 ئایا خەڵکی قەعیلا دەمدەنە دەستیەوە؟ ئایا شاول دێت، هەروەک بەندەکەت بیستوویەتی؟ ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەم شتانە بۆ بەندەکەت ئاشکرا بکە.» یەزدانیش فەرمووی: «دێت.»
1SA 23:12 ئەم جارە داود گوتی: «ئایا خەڵکی قەعیلا من و پیاوەکانم دەدەنە دەست شاول؟» یەزدانیش فەرمووی: «بەدەستەوەتان دەدەن.»
1SA 23:13 ئیتر داود و پیاوەکانی کە نزیکەی شەش سەد کەس بوون خۆیان ئامادە کرد و قەعیلایان بەجێهێشت و لە شوێنێکەوە دەچوون بۆ شوێنێکی دیکە. کاتێک بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود لە قەعیلا دەربازی بووە، بەدوایاندا نەچوو.
1SA 23:14 داودیش لە قەڵاکانی چۆڵەوانی و لە چیاکانی چۆڵەوانیی زیف مایەوە، شاولیش بەردەوام بەدوایەوە بوو، بەڵام خودا نەیدایە دەست شاول.
1SA 23:15 کاتێک داود لە چۆڵەوانی زیف لە حۆرێش بوو زانی شاول بۆ کوشتنی هاتووەتە دەرەوە.
1SA 23:16 جا یۆناتانی کوڕی شاول هەستا و چوو بۆ لای داود بۆ حۆرێش و وای لێکرد بۆ هێزی پشت بە خودا ببەستێت،
1SA 23:17 پێی گوت: «مەترسە. شاولی باوکم دەستی ناتگاتێ. تۆ دەبیتە پاشای ئیسرائیل، منیش کەسی دووەم دەبم، تەنانەت شاولی باوکیشم ئەمە دەزانێت.»
1SA 23:18 هەردووکیان پەیمانێکیان لەبەردەم یەزداندا بەست و دوای ئەوە یۆناتانیش گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام داود لە حۆرێشدا مایەوە.
1SA 23:19 پاشان زیفییەکان سەرکەوتن بۆ گیڤعا، بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لەلای ئێمە خۆی نەشاردووەتەوە، لەناو قەڵاکانی حۆرێش لە گردی حەکیلا ئەوەی بەلای باشووری یەشیمۆنە؟
1SA 23:20 ئێستاش ئەی پاشا دابەزە، هەر کاتێک ویستت دابەزە، ئێمەش لەسەرمانە بیدەینە دەستی پاشا.»
1SA 23:21 شاولیش وەڵامی دانەوە: «یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، چونکە بەزەییتان پێمدا هاتەوە،
1SA 23:22 ئێستا بڕۆن و دڵنیابنەوە، بزانن و تەماشای ئەو جێگایە بکەن کە لێی دەبێت و کێ لەوێ بینیویەتی. پێم گوتراوە زۆر زۆرزانە.
1SA 23:23 تەماشا بکەن و هەموو ئەو حەشارگانەی کە خۆی تێیاندا حەشار دەدات بزانن و بە هەواڵی تەواوەوە بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش لەگەڵتاندا دێم، ئەگەر لەو ناوچەیە بێت، ئەوا لەنێو هەموو خێڵەکانی یەهودا بەدوایدا دەگەڕێم.»
1SA 23:24 ئینجا هەستان و لەپێش شاولەوە چوون بۆ زیف و لەو کاتەدا داود و پیاوەکانی لە چۆڵەوانی ماعۆن بوون، لە عەراڤا لەلای باشووری یەشیمۆن.
1SA 23:25 شاول و پیاوەکانی چوون بەدوایدا بگەڕێن، بە داود ڕاگەیەنرا و ئەویش دابەزی بۆ تاشەبەردەکە و لە چۆڵەوانی ماعۆندا مایەوە. کاتێک شاول ئەمەی بیست، چوو بۆ چۆڵەوانی ماعۆن و دوای داود کەوت.
1SA 23:26 شاول بەم لای چیاکەدا دەڕۆیشت و داود و پیاوەکانیشی بە لایەکەی دیکەدا دەڕۆیشتن، داود بە پەلە لەبەردەم شاولدا هەڵدەهات، شاول و پیاوەکانی خەریک بوون داود و پیاوەکانی گەمارۆ بدەن هەتا دەستبەسەریان بکەن.
1SA 23:27 لەم کاتەدا نێردراوێک هاتە لای شاول و گوتی: «خێرا بکە و وەرەوە، چونکە فەلەستییەکان بەسەر خاکەکەیاندا داوە.»
1SA 23:28 لێرەدا شاول لە ڕاونانی داود گەڕایەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان چوو. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە ناونرا تاشەبەردی جیابوونەوە.
1SA 23:29 ئینجا داود لەوێوە سەرکەوت و لە قەڵاکانی کانی گەدی مایەوە.
1SA 24:1 پاش ئەوەی شاول لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕایەوە پێی ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود لە چۆڵەوانی کانی گەدییە.»
1SA 24:2 ئینجا شاول لە هەموو ئیسرائیلدا سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی برد و چوو بۆ گەڕان بەدوای داود و پیاوەکانی، لەسەر هەڵدێرەکانی بزنە کێوییەکان.
1SA 24:3 شاول هاتە لای پەرژینە مەڕەکانی سەر ڕێگاکە، لەوێدا ئەشکەوتێکی لێبوو، چووە ژوورەوە هەتا دەست بەئاوبگەیەنێت. داود و پیاوەکانیشی لە قووڵایی ئەشکەوتەکەدا دانیشتبوون.
1SA 24:4 پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان پێی فەرمووی: ”من دوژمنەکانت دەدەمە دەستت، تۆش ئەوەی پێت باشە پێیانی دەکەیت.“» داودیش هەستا و بەدزییەوە لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.
1SA 24:5 پاش ئەمە، دڵی داود ئازاری دا، لەبەر ئەوەی لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.
1SA 24:6 جا بە پیاوەکانی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە بە دوور بێت کە کاری وا بە گەورەکەم بکەم، دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەگەر دەستی بۆ درێژ بکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.»
1SA 24:7 داود بەم قسانە پیاوەکانی سەرزەنشت کرد و ڕێگای پێنەدان بۆ هێرشکردنە سەر شاول، شاولیش لە ئەشکەوتەکە هەستا و ڕێگای خۆی گرتەبەر.
1SA 24:8 پاش ئەمە داود هەستا و لە ئەشکەوتەکە چووە دەرەوە، بەدوای شاولدا هاواری کرد و گوتی: «پاشای گەورەم!» کاتێک شاول بەرەو دواوە ئاوڕی دایەوە، داود سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.
1SA 24:9 ئینجا داود بە شاولی گوت: «بۆچی گوێ لە قسەی خەڵک دەگریت، ئەوانەی دەڵێن: ”ئەوەتا داود خراپەی تۆی دەوێت“؟
1SA 24:10 ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوەکانی خۆت بینیت کە چۆن یەزدان ئەمڕۆ تۆی لەو ئەشکەوتەدا دایە دەستم. پێم گوترا کە بتکوژم، بەڵام من بەزەییم پێتدا هاتەوە و گوتم: ”دەستم بۆ گەورەم درێژ ناکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.“
1SA 24:11 باوکە، تەماشا بکە، تەماشا دامێنی کەواکەت بەدەستمەوەیە! من دامێنی کەواکەی تۆم بڕی بەڵام نەمکوشتیت، بزانە و ببینە کە من هیچ خراپە و ناپاکییەکم نییە، دەرهەق بە تۆ تاوانبار نیم. کەچی تۆ ڕاوم دەنێی هەتا بمکوژیت.
1SA 24:12 با یەزدان دادوەری لەنێوان من و تۆدا بکات، یەزدان تۆڵەی منت لێ بکاتەوە، بەڵام من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە،
1SA 24:13 هەروەک پەندی پێشینان دەڵێت: ”خراپە لە خراپەکاران دەوەشێتەوە،“ لەبەر ئەوە من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە.
1SA 24:14 «پاشای ئیسرائیل بەدوای کێ کەوتووە؟ تۆ کێ ڕاو دەنێیت؟ بەدوای سەگێکی تۆپیو؟ بەدوای کێچێک؟
1SA 24:15 با یەزدان ببێت بە دادوەر و حوکم لەنێوان من و تۆدا بکات، تەماشا بکات و ئەستۆپاکیم بسەلمێنێت، لە دەستی تۆ دەربازم بکات.»
1SA 24:16 ئەوە بوو کە داود لەم قسانە بووەوە بۆ شاول، شاول گوتی: «داود، کوڕم، ئەمە دەنگی تۆیە؟» جا شاول دەنگی بەرزکردەوە و گریا،
1SA 24:17 بە داودی گوت: «تۆ لە من ڕاستودروستتریت، چونکە تۆ بە چاکە پاداشتت دامەوە، بەڵام من بە خراپە.
1SA 24:18 هەروەها ئەمڕۆ تۆ دەرتخست کە چاکەت لەگەڵدا کردووم، چونکە یەزدان منی دا بە دەستتەوە، بەڵام تۆ نەتکوشتم.
1SA 24:19 ئەگەر پیاو دوژمنەکەی دەست بکەوێت، ئایا بەرەو ڕێگای باش بەڕەڵای دەکات؟ با یەزدان پاداشتی چاکەت بداتەوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ مندا کردت.
1SA 24:20 ئێستاش بە دڵنیاییەوە من دەزانم تۆ دەبیت بە پاشا، بە دەستی تۆ پاشایەتی ئیسرائیل دەچەسپێت.
1SA 24:21 ئێستا بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆ کە دوای خۆم نەوەکەم نابڕیتەوە و ناویشم لە ماڵی باوکمدا ناسڕیتەوە.»
1SA 24:22 ئیتر داود سوێندی بۆ شاول خوارد. پاشان شاول گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، بەڵام داود و پیاوەکانی بەرەو قەڵاکە سەرکەوتن.
1SA 25:1 ئەوە بوو ساموئێل مرد، هەموو ئیسرائیل کۆبوونەوە و شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕامە ناشتیان. دوای ئەوە داود هەستا و بەرەو چۆڵەوانی ماعۆن دابەزی.
1SA 25:2 پیاوێک هەبوو لە ماعۆن موڵک و ماڵی لە کارمەل بوو. زۆر دەوڵەمەند بوو، سێ هەزار سەر مەڕ و هەزار سەر بزنی هەبوو، لە کارمەل دەیبڕینەوە.
1SA 25:3 پیاوەکە ناوی نابال بوو، ئەبیگایلی ژنی تێگەیشتوو و ڕوخسار جوان بوو، بەڵام پیاوەکە کە لە خێڵی کالێبی بوو، دڵڕەق و بەد ڕەفتار بوو.
1SA 25:4 داود لە چۆڵەوانییەوە بیستی کە نابال مەڕەکانی دەبڕێتەوە،
1SA 25:5 دە خزمەتکاری نارد و پێی گوتن: «سەربکەون بۆ کارمەل و بڕۆن بۆ لای نابال و بە ناوی منەوە سڵاوی لێ بکەن،
1SA 25:6 ئاوا بڵێن: ”تەمەن درێژ بیت، خۆت و خاووخێزانت سەلامەت بن و هەرچیت هەیە سەلامەت بێت!
1SA 25:7 «”ئێستا بیستوومە کە لەلای ئێوە کاتی بڕینەوەی مەڕەکانە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی شوانەکانت لەگەڵ ئێمە لە کارمەل بوون ئازارمان نەدان و هیچیان لێ بزر نەبوو.
1SA 25:8 لە خزمەتکارەکانی خۆت بپرسە و ئەوان پێت دەڵێن. لەبەر ئەوە با ئەو خزمەتکارانەم پەسەند بن لەلات. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکی چاکدا هاتووین، ئەوەی لە دەستت دێت بیدە خزمەتکارەکانت و داودی کوڕت.“»
1SA 25:9 کاتێک خزمەتکارەکان هاتن و بە ناوی داودەوە تەواوی ئەم پەیامەیان بە نابال ڕاگەیاند، چاوەڕێیان کرد.
1SA 25:10 نابالیش وەڵامی خزمەتکارەکانی داودی دایەوە و گوتی: «داود کێیە و کوڕی یەسا کێیە؟ لەم ڕۆژانەدا ئەو خزمەتکارانە زۆر بوون کە هەریەکە و لەبەردەم گەورەکەی هەڵدێت.
1SA 25:11 ئایا نان و ئاو و ئەو ئاژەڵانەی سەرم بڕییوە بۆ ئەوانەی خوری مەڕەکانم دەبڕنەوە، بیبەم و بیدەمە خەڵکێک کە نازانم خەڵکی کوێن؟»
1SA 25:12 جا خزمەتکارەکانی داود بە ڕێگاکەیاندا گەڕانەوە، هاتن و هەموو ئەو قسانەیان پێی ڕاگەیاند.
1SA 25:13 داودیش بە پیاوەکانی گوت: «با هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی ببەستێت!» جا هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی بەست، داودیش شمشێرەکەی لە خۆی بەست. نزیکەی چوار سەد پیاو بەدوای داودەوە سەرکەوتن، دوو سەد کەسیش لەلای کەلوپەلەکان مانەوە.
1SA 25:14 یەکێک لە خزمەتکارەکان بە ئەبیگایلی ژنی نابالی ڕاگەیاند و گوتی: «داود چەند نێردراوێکی لە چۆڵەوانییەوە نارد بۆ سڵاوکردن لە گەورەمان، بەڵام ئەو هاواری بەسەردا کردن.
1SA 25:15 ئەو پیاوانەش چاکەی زۆریان بۆمان بووە و ئەزیەتیان نەداوین و بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە کێڵگە لەگەڵیاندا بووین هیچمان لێ بزر نەبووە.
1SA 25:16 هەموو ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیان بووین و مەڕمان دەلەوەڕاند، شەو و ڕۆژ شوورای دەورمان بوون.
1SA 25:17 ئێستاش بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە بۆ گەورەمان و بۆ ماڵەکەی کارەسات بەڕێوەیە، گەورەمان کابرایەکی بەدفەڕە و قسەی لەگەڵدا ناکرێت.»
1SA 25:18 ئەبیگایلیش بە پەلە دوو سەد نان و دوو مەشکە شەراب و پێنج مەڕی کەوڵکراو و پێنج پێوانە دانەوێڵەی برژاو و سەد هێشووە کشمیش و دوو سەد نانە هەنجیری برد و لە گوێدرێژەکانی بارکرد،
1SA 25:19 بە خزمەتکارەکانی گوت: «لەپێشمەوە بڕۆن، منیش وا لە دواتانەوە دێم.» بەڵام بە نابالی مێردی نەگوت.
1SA 25:20 کاتێک بە سواری گوێدرێژەکەی بە شیوەکەدا دەڕۆیشت، چاوی بە داود و پیاوەکانی کەوت کە بەرەو ڕووی دەهاتنە خوارەوە.
1SA 25:21 داودیش قسەی دەکرد و دەیگوت: «بێ سوود هەموو شتەکانی ئەو پیاوەم لە چۆڵەوانیدا پاراست و لە هەموو ئەوەی هی ئەو بوو هیچ بزر نەبوو، کەچی لە جیاتی چاکە خراپەم دەداتەوە.
1SA 25:22 با خودا توندترین سزای داود بدات، ئەگەر هەتا بەرەبەیان نێرینەم هێشتەوە لە هەموو ئەوەی هی ئەوە!»
1SA 25:23 کاتێک ئەبیگایل داودی بینی، بە پەلە لە گوێدرێژەکە دابەزی و لەبەردەم داود لەسەر ڕوو کەوت، کڕنۆشی برد،
1SA 25:24 خۆی فڕێدا بەرپێی و گوتی: «گەورەم، ئەم تاوانە با لەسەر من بێت، با کارەکەرەکەت پێت بڵێت و گوێ لە قسەکانی بگرە.
1SA 25:25 تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن.
1SA 25:26 ئێستاش گەورەم، بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، یەزدان کە ڕێگای لێ گرتوویت لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆت، ئێستا با دوژمنەکانت وەک نابالیان لێ بێت لەگەڵ هەموو ئەوانەی داوای خراپەت بۆ دەکەن.
1SA 25:27 ئێستاش ئەم دیارییەی کارەکەرەکەت هێناویەتی بۆ گەورەم، با بدرێتە ئەو خزمەتکارانە کە لەدوای گەورەمەوە دەڕۆن.
1SA 25:28 «هەروەها لە تاوانی کارەکەرەکەت خۆشبە، لەبەر ئەوە بێگومان یەزدان بنەماڵەیەکی چەسپاو بۆ گەورەکەم دروستدەکات، چونکە گەورەکەم لە پێناوی یەزدان دەجەنگێت. با بە درێژایی ژیانت خراپەت تێدا بەدی نەکرێت.
1SA 25:29 ئەگەر پیاوێک ڕاست بێتەوە و ڕاوت بنێت و بیەوێ بتکوژێت، یەزدانی پەروەردگارت ژیانی گەورەم لەگەڵ چەپکی ژیان دەپێچێتەوە، ژیانی دوژمنانیشت لەناو لەپی بەردەقانییەوە تووڕ دەدرێن.
1SA 25:30 هەروەها کاتێک کە یەزدان هەموو ئەو چاکەیەی سەبارەت بە تۆ فەرموویەتی دەیکات، دەتکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
1SA 25:31 با ئەمە نەبێتە بارێکی گران و کۆسپ لەسەر دڵی گەورەم، کە بڵێن خوێنێکی بەخۆڕاییت ڕشتووە، هەروەها گەورەم بە دەستی خۆی تۆڵەی خۆی کردووەتەوە. جا کە یەزدان چاکەی لەگەڵ گەورەمدا کرد، کارەکەرەکەت لەبیر بێت.»
1SA 25:32 داودیش بە ئەبیگایلی گوت: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ تۆی ناردووە بۆ پێشوازیکردنم.
1SA 25:33 بەرەکەتدار بیت بۆ ئەو ژیرییەی کە هەتە، چونکە تۆ ئەمڕۆ منت گەڕاندەوە لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆم.
1SA 25:34 بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەوەی نەیهێشت خراپەت لەگەڵ بکەم، ئەگەر بە پەلە بەپیرمەوە نەدەهاتیت، هەتا ڕووناکی بەرەبەیان نێرێکم بۆ نابال نەدەهێشتەوە.»
1SA 25:35 ئینجا ئەوەی بۆی هێنابوو داود لە دەستی وەرگرت و پێی گوت: «بە سەلامەتی سەربکەوە بۆ ماڵەکەت و ببینە من گوێم لێ گرتیت و داواکارییەکەی تۆم بەجێهێنا.»
1SA 25:36 پاشان ئەبیگایل هاتەوە لای نابال، بینی ئەوەتا لە ماڵەکەیدا خوان ئامادەکراوە وەک خوانی پاشا، نابال دڵخۆشە و زۆر سەرخۆش بووە. ئینجا هەتا ڕووناکی بەرەبەیان، نە کەم و نە زۆر هیچ شتێکی بۆ نەگێڕایەوە.
1SA 25:37 ئەوە بوو بۆ بەیانی کاتێک سەرخۆشییەکە نابالی بەردا، ژنەکەی ئەو قسانەی بۆ گێڕایەوە، جا تووشی شۆک بوو، وەک بەردی لێ هات.
1SA 25:38 ئیتر نزیکەی دوای دە ڕۆژ یەزدان لە نابالی دا و مرد.
1SA 25:39 کاتێک داود بیستییەوە کە نابال مردووە، گوتی: «ستایش بۆ یەزدان کە لە کێشەکەم دادپەروەری بۆ کردم، لەو سووکایەتییەی لەلایەن نابالەوە پێم کرا، بەندەکەی لە خراپەکردن پاراست، یەزدان خراپەکەی نابالی بەسەر خۆیدا هێنایەوە.» ئینجا داود ناردی و لەگەڵ ئەبیگایل قسەی کرد هەتا ببێتە ژنی.
1SA 25:40 جا خزمەتکارەکانی داود هاتنە کارمەل بۆ لای ئەبیگایل و پێیان گوت: «داود ئێمەی بۆ لات ناردووە هەتا بتکاتە ژنی خۆی.»
1SA 25:41 ئەویش هەستا و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ئەوەتا کارەکەرەکەت کەنیزەیە بۆ شوشتنی پێی خزمەتکارەکانی گەورەم.»
1SA 25:42 بە پەلە هەستا و سواری گوێدرێژێک بوو، پێنج کچە کارەکەریش لەگەڵ پێیدا ڕۆیشتن و دوای نێردراوەکانی داود کەوت و بوو بە ژنی.
1SA 25:43 هەروەها داود پێشتر ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی هێنابوو، جا هەردووکیان ژنی بوون.
1SA 25:44 شاولیش میخەلی کچی کە ژنی داود بوو، دابوویە پەلتیێلی کوڕی لایش کە خەڵکی گەلیم بوو.
1SA 26:1 زیفییەکان هاتنە گیڤعا بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لە گردی حەکیلای بەرامبەر یەشیمۆن خۆی نەشاردووەتەوە؟»
1SA 26:2 شاولیش هەستا و دابەزی بۆ چۆڵەوانی زیف و سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی ئیسرائیلیشی لەگەڵدا بوو، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی زیف بەدوای داود بگەڕێت.
1SA 26:3 ئینجا شاول لە گردی حەکیلا کە بەرامبەر یەشیمۆنە لەسەر ڕێگاکە چادری هەڵدا، داودیش لە چۆڵەوانییەکەدا مایەوە. کاتێک بینی وا شاول بەدوایدا هاتووە بۆ چۆڵەوانی،
1SA 26:4 داود چەند سووسەکەرێکی نارد و بە دڵنیاییەوە زانی کە شاول هاتووە.
1SA 26:5 ئینجا داود هەستا و چوو بۆ ئەو شوێنەی شاول چادری لێ هەڵداوە، داود سەیری ئەو شوێنەی کرد کە شاول و ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی تێیدا پاڵکەوتبوون. شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتبوو، سوپاکەش لە چواردەوریدا دامەزرابوون.
1SA 26:6 ئینجا داود لە ئەحیمەلەخی حیتی و لە ئەبیشەیی کوڕی چەرویای برای یۆئابی پرسی: «کێ لەگەڵمدا دێتە خوارەوە، بۆ لای شاول بۆ ناو ئۆردوگاکە؟» ئەبیشەیش گوتی: «من لەگەڵتدا دێمە خوارەوە.»
1SA 26:7 ئیتر داود و ئەبیشەی بە شەو هاتن بۆ لای سوپاکە و بینییان شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتووە و نوستووە، ڕمەکەشی لەلای سەرییەوە لە زەوی چەقیبوو، ئەبنێر و سوپاکەش لە چواردەوریدا پاڵکەوتبوون.
1SA 26:8 ئەبیشەی بە داودی گوت: «ئەمڕۆ خودا دوژمنەکەتی داوە بەدەستەوە، ئێستاش لێمگەڕێ با بە یەک ڕم لێدان بە زەویدا بیچەقێنم و لێی دووبارە ناکەمەوە.»
1SA 26:9 بەڵام داود بە ئەبیشەی گوت: «لەناوی مەبە، چونکە کێ دەستی بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژکردووە و بێتاوان بووە؟»
1SA 26:10 هەروەها داود گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، یان یەزدان خۆی لێی دەدات یان ڕۆژی دێت و دەمرێت، یانیش دەچێت بۆ جەنگ و تێیدا لەناودەچێت.
1SA 26:11 لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. ئێستاش ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری بهێنە و با بڕۆین.»
1SA 26:12 ئیتر داود ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری شاولی برد و ڕۆیشتن، کەس نەیبینی و نەیزانی و بەخەبەر نەهات. هەموویان نوستبوون، چونکە یەزدان ئەوانی خستبووە خەوێکی قووڵەوە.
1SA 26:13 پاشان داود بۆ بەری ئەوبەر پەڕییەوە و لە دوورەوە لەسەر لووتکەی کێوێک وەستا، ماوەی نێوانیان زۆر بوو.
1SA 26:14 ئینجا داود بانگی سوپاکە و ئەبنێری کوڕی نێری کرد و گوتی: «ئەبنێر وەڵام نادەیتەوە؟» ئەبنێریش گوتی: «تۆ کێیت بانگی پاشا دەکەیت؟»
1SA 26:15 داود بە ئەبنێری گوت: «ئایا تۆ پیاو نیت، کێ لە ئیسرائیلدا وەک تۆ وایە؟ ئەی بۆچی پاشای گەورەی خۆتت نەپاراست، چونکە یەکێک لە گەل هات بۆ ئەوەی پاشای گەورەت لەناو ببات.
1SA 26:16 ئەوەی تۆ کردت باش نەبوو. بە یەزدانی زیندوو، ئێوە شایانی سزای مردنن، چونکە پارێزگاریتان لە گەورەکەتان نەکرد، لە دەستنیشانکراوی یەزدان. ئێستاش سەیر بکە، کوا ڕمەکەی پاشا و ئەو گۆزە ئاوەی کە لەلای سەرییەوە بوو؟»
1SA 26:17 لێرەدا شاول دەنگی داودی ناسییەوە و گوتی: «داود، کوڕم، ئەوە دەنگی تۆیە؟» داودیش گوتی: «گەورەم، پاشا، دەنگی منە.»
1SA 26:18 ئینجا گوتی: «ئایا بۆچی گەورەم خزمەتکارەکەی ڕاو دەنێت، من چیم کردووە و چ خراپەیەکم هەیە؟
1SA 26:19 ئێستاش با پاشای گەورەم گوێ لە قسەی خزمەتکارەکەی بگرێت: ئەگەر یەزدان لە دژی من هانی داویت، با پێشکەشکراوم لێ وەربگرێت؛ بەڵام ئەگەر ئادەمیزادیش هانی داویت، با لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراو بن. ئەمڕۆ منیان لە هاتنە ناو ڕیزی بەشە میراتی یەزدان دەرکردووە، پێم دەڵێن: ”بڕۆ خودای دیکە بپەرستە.“
1SA 26:20 با خوێنم دوور لە ئامادەبوونی یەزدان نەکەوێتە سەر زەوی، چونکە پاشای ئیسرائیل بەدوای کێچێکدا هاتووەتە دەرەوە، وەک یەکێک لە چیاکاندا کەوێک ڕاو بکات.»
1SA 26:21 شاولیش پێی گوت: «من گوناهم کرد، داود کوڕم، بگەڕێوە، ئیتر خراپەت لەگەڵ ناکەم، پاش ئەوەی ئەمڕۆ ژیانی من لەبەرچاوی تۆ بەهادار بوو، من گێلایەتیم کرد و زۆر گومڕا بووم.»
1SA 26:22 داودیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەوە ڕمەکەی پاشایە، با یەکێک لە خزمەتکارەکان بپەڕێتەوە و بیبات.
1SA 26:23 یەزدانیش پاداشتی هەر پیاوێک بەپێی ڕاستودروستی و دەستپاکییەکەی دەداتەوە، چونکە ئەمڕۆ یەزدان تۆی بەدەستمەوە دا، بەڵام نەمویست دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم.
1SA 26:24 وەک چۆن ئەمڕۆ ژیانت لەبەرچاوی من بەهادار بوو، با ژیانی منیش لەبەرچاوی یەزدان بەهادار بێت و لە هەموو تەنگانەیەک فریام بکەوێت.»
1SA 26:25 ئینجا شاول بە داودی گوت: «داود کوڕم، تۆ بەرەکەتداریت، چونکە تۆ کاری گەورە دەکەیت و سەردەکەویت.» دوای ئەوە داود ڕێگای خۆی گرتەبەر، شاولیش بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە.
1SA 27:1 داود لە دڵی خۆیدا گوتی: «بێگومان ڕۆژێک بە دەستی شاول دەفەوتێم، لەبەر ئەوە باشترین شت بۆ من ئەوەیە هەڵبێم و خۆم دەرباز بکەم بۆ خاکی فەلەستییەکان، ئیتر شاول نائومێد دەبێت لە گەڕان بەدوامدا لەنێو سنوورەکانی ئیسرائیل و منیش لە دەستی دەرباز دەبم.»
1SA 27:2 داود هەستا و خۆی و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون پەڕینەوە بۆ لای ئاخیشی کوڕی ماعۆخی پاشای گەت.
1SA 27:3 ئیتر داود لە گەت لەلای ئاخیش مایەوە، خۆی و پیاوەکانی، هەریەکە و خێزانەکەی خۆی لەگەڵی بوو، داودیش لەگەڵ هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی کارمەلی کە بێوەژنی نابال بوو.
1SA 27:4 بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود بۆ گەت هەڵاتووە، ئیتر ئەویش بەدوایدا نەگەڕا.
1SA 27:5 داود بە ئاخیشی گوت: «ئەگەر لەبەرچاوت جێی ڕەزامەندی تۆم، لە یەکێک لە شارۆچکە دوورەدەستەکان شوێنێکم بدەرێ و با لەوێ نیشتەجێ بم، بۆچی خزمەتکارەکەت لەناو پایتەخت لەگەڵت نیشتەجێ بێت؟»
1SA 27:6 لەبەر ئەوە لەو ڕۆژەدا ئاخیش چیقلەگی پێدا، بۆیە لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆش چیقلەگ بووە بە هی پاشاکانی یەهودا.
1SA 27:7 داود ساڵێک و چوار مانگ لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
1SA 27:8 لەو ماوەیەدا داود و پیاوەکانی سەردەکەوتن و پەلاماری گەشووری و گیرزی و عەمالێقییەکانیان دەدا، چونکە ئەمانە لە کۆنەوە دانیشتووانی خاکەکە بوون، لەلای شوورەوە هەتا خاکی میسر.
1SA 27:9 هەر کاتێک داود هێرشی دەکردە سەر هەرێمێک پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە، مەڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبەرگی دەبرد و دەگەڕایەوە، دەهاتەوە لای ئاخیش.
1SA 27:10 کاتێک ئاخیش پرسیاری لێ دەکرد: «ئەمڕۆ پەلاماری کوێتان داوە؟» داودیش دەیگوت: «نەقەبی یەهودا» یان «نەقەبی یەرەحمێلییەکان» یان «نەقەبی قێنییەکان.»
1SA 27:11 داود پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە هەتا بێنە گەت، چونکە دەیگوت: «نەوەک لە گەت ڕابگەیەنن: ”داود ئەمەی کردووە.“» ئەمە پیشەی ڕۆژانەی بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
1SA 27:12 ئاخیش بڕوای بە داود دەکرد و دەیگوت: «داود لەلای ئیسرائیلی گەلی خۆی بە تەواوی قێزەون بووە، جا هەتاهەتایە دەبێتە بەندەم.»
1SA 28:1 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە، جا ئاخیش بە داودی گوت: «دڵنیابە، خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.»
1SA 28:2 داودیش بە ئاخیشی گوت: «ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.» ئاخیش بە داودی گوت: «لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.»
1SA 28:3 کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە دوورخستبووەوە.
1SA 28:4 لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا، شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا.
1SA 28:5 جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا.
1SA 28:6 کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد، یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە.
1SA 28:7 لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.» خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: «ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.»
1SA 28:8 ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.»
1SA 28:9 بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە، ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»
1SA 28:10 شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.»
1SA 28:11 جا ژنەکە گوتی: «کێت بۆ دەربخەم؟» ئەویش گوتی: «ساموئێلم بۆ دەربخە.»
1SA 28:12 کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی و بە شاولی گوت: «بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟ تۆ شاولیت.»
1SA 28:13 پاشاش پێی گوت: «مەترسە، چیت بینی؟» ژنەکە بە شاولی گوت: «ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.»
1SA 28:14 ئەویش پێی گوت: «شێوەی چۆنە؟» ژنەکە گوتی: «پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.» جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە، سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.
1SA 28:15 ساموئێل بە شاولی گوت: «بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟» شاولیش گوتی: «زۆر لە تەنگانەدام. فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە، نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون، منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.»
1SA 28:16 ساموئێلیش گوتی: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟
1SA 28:17 یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد، کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی. یەزدان پاشایەتییەکەی لەژێر دەستت دەرهێنا و دای بە نزیکەکەت، کە داودە.
1SA 28:18 وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند، لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە.
1SA 28:19 هەروەها یەزدان، ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات، سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن، هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.»
1SA 28:20 شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا. هیچ هێزی تێدا نەما، چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو.
1SA 28:21 کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە، پێی گوت: «ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم.
1SA 28:22 ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە، پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ، بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.»
1SA 28:23 ئەویش ڕازی نەبوو و گوتی: «ناخۆم.» بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد، ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت.
1SA 28:24 ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو، بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد.
1SA 28:25 پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان. ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.
1SA 29:1 فەلەستییەکان هەموو لەشکرەکانیان لە ئەفێق کۆکردەوە، ئیسرائیلییەکانیش لەسەر ئەو کانییەی لە یەزرەعیل بوو خێوەتگایان دامەزران.
1SA 29:2 ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان بە یەکەکانی سەدان و هەزاران تێپەڕ بوون، داود و پیاوەکانیش لە دوایانەوە لەگەڵ ئاخیش تێپەڕین.
1SA 29:3 جا سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: «ئەو عیبرانیانە چین؟» ئاخیش بە سەرلەشکرە فەلەستییەکانی گوت: «ئەی ئەمە داودی پیاوی شاولی پاشای ئیسرائیل نەبوو؟ ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵمدایە، لەو کاتەوەی هاتووەتە پاڵمان هەتا ئەمڕۆ هیچم لێ نەبینیوە.»
1SA 29:4 بەڵام سەرلەشکرە فەلەستییەکان لێی تووڕە بوون و پێیان گوت: «ئەم پیاوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆت دیاری کردووە. نابێت لەگەڵمان بێت بۆ جەنگ، ئەگینا لە کاتی شەڕدا لە دژمان هەڵدەگەڕێتەوە. چ شتێک لە سەری ئەم پیاوانەی ئێمە باشتر دەتوانێت دووبارە متمانەی گەورەکەی بەدەست بهێنێتەوە؟
1SA 29:5 ئەی ئەمە ئەو داودە نییە کە ئافرەتان بەدەم سەماوە گۆرانییان بۆی دەگوت: «”شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار.“»
1SA 29:6 ئینجا ئاخیش داودی بانگکرد و پێی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، تۆ سەرڕاستیت، ئەگەر بێت و لەگەڵ من خزمەتی سەربازی بکەی، لەلام پەسەندە، چونکە لەو ڕۆژەوەی هاتوویت بۆ لام هەتا ئەمڕۆ هیچ خراپەیەکم لە تۆدا نەبینیوە، بەڵام بەلای فەرماندە فەلەستییەکانەوە پەسەند نیت.
1SA 29:7 ئێستا بگەڕێوە و بە سەلامەتی بڕۆ، هیچ خراپەیەک لەبەرچاوی فەرماندە فەلەستییەکاندا مەکە.»
1SA 29:8 ئینجا داود بە ئاخیشی گوت: «من چیم کردووە، لەو ڕۆژەوەی بۆ لات هاتووم هەتا ئەمڕۆ چیت لە خزمەتکارەکەت بینیوە، هەتا نەیەم و جەنگ لە دژی دوژمنەکانی پاشای گەورەم نەکەم؟»
1SA 29:9 ئاخیشیش وەڵامی دایەوە و بە داودی گوت: «من دەزانم تۆ لەلای من پەسەندیت، لەلای من وەک فریشتەی خودایت، بەڵام سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: ”نابێت لەگەڵماندا بۆ جەنگ دابەزێت.“
1SA 29:10 ئێستاش بەیانی زوو هەستە و لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەت ئەوانەی لەگەڵتدا هاتوون، لەگەڵ ڕۆشنایی بەرەبەیاندا بڕۆن.»
1SA 29:11 ئینجا بەیانی زوو داود و پیاوەکانی هەستان بۆ ئەوەی لە بەرەبەیان بەڕێ بکەون و بگەڕێنەوە خاکی فەلەستییەکان، فەلەستییەکانیش بۆ یەزرەعیل سەرکەوتن.
1SA 30:1 کاتێک داود و پیاوەکانی لە ڕۆژی سێیەم گەیشتنە چیقلەگ، عەمالێقییەکان پەلاماری نەقەب و چیقلەگیان دابوو. لە چیقلەگیان دابوو و ئاگریان تێبەردابوو،
1SA 30:2 بچووک و گەورە و ئافرەتەکانیشیان ڕاپێچ کرد، هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، کەسیان نەکوشتبوو، بەڵکو دابوویانە پێش خۆیان و بە ڕێگای خۆیاندا چووبوون.
1SA 30:3 داود و پیاوەکانی چوونە ناو چیقلەگ، بینییان سووتێنراوە و ژن و کوڕ و کچەکانیان ڕاپێچ کراون.
1SA 30:4 لەبەر ئەوە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەتا ئەوەی هێزی گریانیان نەما.
1SA 30:5 هەردوو ژنەکەی داود ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی بێوەژنەکەی نابالی کارمەلیش ڕاپێچ کرابوون.
1SA 30:6 داود زۆر پەرێشان بوو، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی گوتیان، «با بەردبارانی بکەین،» چونکە هەریەکیان بۆ کوڕ و کچەکانیان داخ لە دڵ بوون، بەڵام داود بەهۆی پشتبەستنی بە یەزدانی پەروەردگار، بەهێز بوو.
1SA 30:7 ئینجا داود بە ئەبیاتاری کاهینی کوڕی ئەحیمەلەخی گوت: «تکایە ئێفۆدەکەم بۆ بهێنە پێشەوە.» ئەبیاتاریش ئێفۆدەکەی بۆ داود هێنا.
1SA 30:8 داود پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بەدوای ئەو چەتانە بکەوم؟ ئەگەر بەدوایان بکەوم پێیان دەگەم؟» ئەویش فەرمووی: «بەدوایان بکەوە، پێیان دەگەیت و ڕاپێچکراوەکانیش دەرباز دەکەیت.»
1SA 30:9 جا داود و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون بەڕێکەوتن و چوونە شیوی بەسۆر. لەوێ چەند پیاوێک بەجێمان،
1SA 30:10 لەبەر ماندووبوونیان نەیانتوانی لە شیوی بەسۆر بپەڕنەوە، کە دوو سەد پیاو بوون. بەڵام داود لەگەڵ چوار سەد پیاو بەردەوام بوون لە ڕاونان.
1SA 30:11 لە دەشتەکە تووشی پیاوێکی میسری بوون، بردیان بۆ لای داود، نانیان پێدا و خواردی و ئاویان دەرخواردی دا.
1SA 30:12 ئینجا نانە هەنجیرێک و دوو هێشووە کشمیشیان پێدا، خواردی و ڕۆحی بەبەردا هاتەوە، چونکە سێ ڕۆژ و سێ شەو نانی نەخواردبوو و ئاوی نەخواردبووەوە.
1SA 30:13 داود لێی پرسی: «تۆ سەر بە کێیت و لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش گوتی: «من گەنجێکی میسریم و کۆیلەی پیاوێکی عەمالێقیم، گەورەکەم سێ ڕۆژ لەمەوپێش وازی لێ هێنام، چونکە نەخۆش کەوتم.
1SA 30:14 ئێمە پەلاماری نەقەبی کریتییەکان و خاکی یەهودا و نەقەبی کالێبمان دا، چیقلەگیشمان سووتاند.»
1SA 30:15 داودیش پێی گوت: «بۆ لای ئەو چەتانە دەمبەیتە خوارەوە؟» ئەویش گوتی: «بە خودا سوێندم بۆ بخۆ کە نامکوژیت و نامدەیتەوە دەست گەورەکەم، منیش دەتبەمە خوارەوە بۆ لای ئەو چەتانە.»
1SA 30:16 ئینجا داودی بردە خوارەوە و ئەویش بینی وا هەموویان بەسەر تەواوی ڕووی زەوییەکەدا بڵاو بوونەتەوە، دەخۆن و دەخۆنەوە و سەما دەکەن، لەبەر هەموو ئەو دەستکەوتە گەورەیەی لە خاکی فەلەستییەکان و یەهوداوە بردبوویان.
1SA 30:17 جا داود لە زەردەپەڕدا هەتا ئێوارەی ڕۆژی دواتر لێیدان و پیاوێکیان لێ دەرباز نەبوو، جگە لە چوار سەد گەنج کە سواری وشتر بوون و هەڵاتن.
1SA 30:18 داودیش هەموو ئەوەی عەمالێقییەکان بردبوویان بە دەستی هێنایەوە، داود دوو ژنەکەی خۆی دەرباز کرد،
1SA 30:19 هیچ شتێکیان لە دەست نەدا، نە بچووک و نە گەورە و نە کوڕ و نە کچ، نە دەستکەوت و نە هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لێیان بردرابوو، بەڵکو داود هەمووی گەڕاندەوە.
1SA 30:20 هەروەها داود هەموو گاوگۆتاڵەکانی برد و لەپێش ئاژەڵە ماڵییەکانی دیکەوە لێیانخوڕین و گوتیان: «ئەمە دەستکەوتی داودە.»
1SA 30:21 ئینجا داود هات بۆ لای ئەو دوو سەد پیاوەی کە لە ڕۆیشتن بەدوای داودەوە ماندوو ببوون و لە شیوی بەسۆردا بەجێهێڵران. ئەوانیش هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازی لە داود و ئەو خەڵکە بکەن کە لەگەڵیدا بوون. داود و پیاوەکانی لە خەڵکەکە چوونە پێشەوە و داود سڵاوی لێکردن،
1SA 30:22 بەڵام پیاوە خراپ و بەدکارەکان لەنێو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵ داود چووبوون وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی ئەوان لەگەڵمان نەهاتن، لەو دەستکەوتە بەشیان نادەین کە بەدەستمان هێناوە، با هەر پیاوە ژن و منداڵی خۆی ببات و بڕوات.»
1SA 30:23 داود گوتی: «براکانم ئەمە مەکەن، چونکە یەزدان پێیداین و ئێمەی پاراست، ئەو چەتانەی دایە دەستمان کە هاتنە سەرمان.
1SA 30:24 لەم شتەدا کێ گوێتان پێدەدات؟ بەشی ئەوەی لەلای کەلوپەلەکان ماوەتەوە دەبێت وەک بەشی ئەوە بێت کە دابەزیوە بۆ جەنگ، وەک یەک بەشیان بەردەکەوێت.»
1SA 30:25 ئەوە بوو لەو ڕۆژە بەدواوە و هەتا ئەمڕۆ داود ئەمەی کرد بە فەرز و حوکم بۆ ئیسرائیل.
1SA 30:26 کاتێک داود هاتە چیقلەگ، هەندێک لە دەستکەوتەکەی نارد بۆ پیرانی یەهودا بۆ هاوڕێیەکانی و گوتی: «ئەمە دیارییە بۆ ئێوە لە دەستکەوتی دوژمنەکانی یەزدان.»
1SA 30:27 ناردی بۆ ئەوانەی لە بێت‌ئێل و ڕامۆتی نەقەب و یەتیر،
1SA 30:28 بۆ ئەوانەی لە عەرۆعێر و سیفمۆت و ئەشتەمۆع،
1SA 30:29 بۆ ئەوانەی لە ڕاخال و شارۆچکەکانی یەرەحمێلییەکان و شارۆچکەکانی قێنییەکان، هەروەها
1SA 30:30 بۆ ئەوانەی لە حۆرما و بۆر عاشان و عەتاک،
1SA 30:31 بۆ ئەوانەی لە حەبرۆن و هەموو ئەو شوێنانەی لەوێدا داود خۆی و پیاوەکانی هاتوچۆیان کردووە.
1SA 31:1 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.
1SA 31:2 فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.
1SA 31:3 جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و بە سەختی پێکایان.
1SA 31:4 شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و بمکوژن و سووکایەتیم پێ بکەن.» بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.
1SA 31:5 کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و لەگەڵ ئەو مرد.
1SA 31:6 لەو ڕۆژەدا شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەڵگری تفاقەکانی و هەموو پیاوەکانی پێکەوە مردن.
1SA 31:7 کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوبەری دۆڵەکە و لەوبەری ڕووباری ئوردون بوون، بینییان کە سوپای ئیسرائیل هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
1SA 31:8 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و سێ کوڕەکەی ئەویان دۆزییەوە، لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.
1SA 31:9 ئینجا سەری شاولیان بڕی و زرێیەکەیان لێی داماڵی، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە پەرستگای بتەکانیان و گەلەکەیان.
1SA 31:10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای عەشتۆرەتەکاندا دانا و لاشەکەیان بە دیواری بێت‌شانەوە هەڵواسی.
1SA 31:11 کاتێک دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،
1SA 31:12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگادا ڕۆیشتن، لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانیان لە دیواری بێت‌شانەوە برد و هێنایانە یاڤێش، لەوێ سووتاندیان و
1SA 31:13 ئێسکەکانیان برد و لەژێر دار گەزەکەدا لە یاڤێش ناشتیان. حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.
2SA 1:1 ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە.
2SA 1:2 لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد.
2SA 1:3 داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.»
2SA 1:4 داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.» ئەویش گوتی: «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»
2SA 1:5 داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»
2SA 1:6 گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون.
2SA 1:7 ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
2SA 1:8 «لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“ «منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“
2SA 1:9 «ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“
2SA 1:10 «منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»
2SA 1:11 داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون.
2SA 1:12 لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.
2SA 1:13 ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟» ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»
2SA 1:14 داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»
2SA 1:15 ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد.
2SA 1:16 لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»
2SA 1:17 داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و
2SA 1:18 فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا نووسراوە:
2SA 1:19 «ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن! شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.
2SA 1:20 «لە گەت ڕایمەگەیەنن، لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن، نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن، نەوەک کچانی خەتەنەنەکراوان پێمان خۆش بن.
2SA 1:21 «ئەی چیاکانی گلبۆع، با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت، نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە، چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە، قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.
2SA 1:22 «لە خوێنی کوژراوان و لە جەستەی پاڵەوانان کەوانەکەی یۆناتان نەهاتەوە دواوە و شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.
2SA 1:23 شاول و یۆناتان، لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون، لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە. لە هەڵۆ تیژڕەوتر و لە شێر بەهێزتر بوون.
2SA 1:24 «ئەی کچانی ئیسرائیل، بۆ شاول بگریێن، ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن، ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.
2SA 1:25 «ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن! یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.
2SA 1:26 یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا، زۆر شیرین بوویت لەلام، خۆشەویستی تۆ بۆ من لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.
2SA 1:27 «ئای چۆن قارەمانان کەوتن! چەکەکانی جەنگ لەناوچوون!»
2SA 2:1 ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟» یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.» داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟» ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.»
2SA 2:2 ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کارمەلی بوو.
2SA 2:3 هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون.
2SA 2:4 پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد. کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە،
2SA 2:5 داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە.
2SA 2:6 ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد.
2SA 2:7 ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.»
2SA 2:8 لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و
2SA 2:9 کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل.
2SA 2:10 ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن.
2SA 2:11 ئەو ماوەیەش کە داود تێیدا لە حەبرۆن پاشایەتی کرد لەسەر بنەماڵەی یەهودا، حەوت ساڵ و شەش مانگ بوو.
2SA 2:12 ئەبنێری کوڕی نێر و پیاوانی ئیشبۆشەتی کوڕی شاول مەحەنەیمیان بەجێهێشت و چوون بۆ گبعۆن.
2SA 2:13 هەروەها یۆئابی کوڕی چەرویا و پیاوانی داودیش چوونە دەرەوە و لەلای گۆمەکەی گبعۆن بەیەکگەیشتن، جا ئەمان لەسەر گۆمەکە لەم لا و ئەوانیش لەسەر گۆمەکە لەو لا دانیشتن.
2SA 2:14 ئینجا ئەبنێر بە یۆئابی گوت: «با هەندێک لە گەنجەکان هەستن و لەبەردەمماندا دەستەویەخە بەرەنگاری یەکتری ببنەوە.» یۆئابیش گوتی: «با هەستن.»
2SA 2:15 جا هەستان بە هەڵبژاردنی دوازدە پیاو بۆ بنیامین و ئیشبۆشەتی کوڕی شاول و دوازدە پیاویش بۆ داود.
2SA 2:16 ئینجا هەریەکە و سەری بەرامبەرەکەی خۆی گرت و شمشێرەکەی کرد بە قەبرغەی دا و هەموویان کوژران. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە لە گبعۆن بە حەلقەت هەچوڕیم ناونرا.
2SA 2:17 جا لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر توند بوو، ئەبنێر و پیاوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر پیاوانی داود تێکشکان.
2SA 2:18 هەر سێ کوڕەکەی چەرویاش، یۆئاب و ئەبیشەی و عەساهێل لەوێ بوون. عەساهێلیش پێیەکانی سووک بوون وەک مامزی کێوی.
2SA 2:19 جا عەساهێل دوای ئەبنێر کەوت و لە ڕاونانی ئەبنێردا نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لاینەدا و
2SA 2:20 ئەبنێریش ئاوڕی لە دواوە دایەوە و گوتی: «ئەمە تۆی، عەساهێل؟» ئەویش گوتی: «منم.»
2SA 2:21 ئەبنێریش پێی گوت: «بەلای ڕاست یان چەپدا لابدە و یەکێک لە گەنجەکان بگرە و بۆ خۆت تاڵانی بکە.» بەڵام عەساهێل نەیویست وازی لێ بهێنێت.
2SA 2:22 دیسان ئەبنێر بە عەساهێلی گوت: «بەدوای منەوە مەبە، بۆچی لەگەڵ زەوی تەختت بکەم؟ پاشان چۆن ڕووم بێت لەلای یۆئابی برات سەر بەرز بکەمەوە؟»
2SA 2:23 بەڵام عەساهێل قایل نەبوو وازی لێ بهێنێت، لەبەر ئەوە ئەبنێر لێیدا و ڕمەکەی کرد بە سکیدا و ڕمەکە لە پشتییەوە دەرچوو. جا لەوێدا کەوت و لە شوێنی خۆیدا مرد، بۆیە هەرکەسێک دەهاتە ئەو شوێنەی کە عەساهێل تێیدا کەوت و مرد، ڕادەوەستا.
2SA 2:24 بەڵام یۆئاب و ئەبیشەی دوای ئەبنێر کەوتن و خۆرئاوا بوو کاتێک گەیشتنە گردی ئەمما ئەوەی نزیکی گییەحە لەسەر ڕێگای چۆڵەوانی گبعۆن.
2SA 2:25 جا نەوەی بنیامین لەدوای ئەبنێر کۆبوونەوە و بوون بە یەک کۆمەڵ و لەسەر گردێک ڕاوەستان.
2SA 2:26 ئەبنێر هاواری لە یۆئاب کرد و گوتی: «ئایا هەتاهەتایە شمشێر خوێن دەڕێژێت؟ ئایا نازانیت کۆتاییەکەی تاڵ دەبێت؟ هەتا کەی بە جەنگاوەران ناڵێیت: ”واز لە ڕاونانی براکانتان بهێنن“؟»
2SA 2:27 یۆئابیش گوتی: «بە خودای زیندوو، ئەگەر قسەت نەدەکرد، هەتا بەیانی هیچ پیاوێک وازی لە ڕاونانی براکەی نەدەهێنا.»
2SA 2:28 پاشان یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و هەموو جەنگاوەران ڕاوەستان، ئیتر دوای ئیسرائیل نەکەوتن و نەگەڕانەوە بۆ جەنگ.
2SA 2:29 ئینجا ئەبنێر و پیاوەکانی بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و بەناو بیترۆندا ڕۆیشتن و هاتن بۆ مەحەنەیم.
2SA 2:30 یۆئابیش لە ڕاونانی ئەبنێر گەڕایەوە و هەموو جەنگاوەرانی کۆکردەوە. بێجگە لە عەساهێل، نۆزدە پیاو لە خزمەتکارەکانی داود ون بوون،
2SA 2:31 بەڵام پیاوەکانی داود لەو بنیامینییانەی کە لەگەڵ ئەبنێر بوون سێ سەد و شەست کەسیان لێ کوشتبوون.
2SA 2:32 ئینجا عەساهێلیان هەڵگرت و لە گۆڕەکەی باوکی کە لە بێت‌لەحمە ناشتیان و یۆئاب و پیاوەکانیشی بە درێژایی ئەو شەوە ڕۆیشتن و لە بەرەبەیان گەیشتنە حەبرۆن.
2SA 3:1 جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا، هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو، بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.
2SA 3:2 داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو: کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛
2SA 3:3 دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کارمەلی بوو؛ سێیەمیان ئەبشالۆمی کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛
2SA 3:4 چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛ پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛
2SA 3:5 شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو. ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون.
2SA 3:6 ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو، ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد.
2SA 3:7 شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو، ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت: «بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»
2SA 3:8 ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من سەگێکم لە خزمەتی یەهودا؟ هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی، هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە. تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گوناهبارم دەکەیت؟
2SA 3:9 با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات، ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی،
2SA 3:10 بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە، هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع.»
2SA 3:11 ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە، چونکە لێی دەترسا.
2SA 3:12 ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»
2SA 3:13 داودیش گوتی: «باشە، من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم، بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم، ئەویش ئەوەیە: کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت، ئەگەر میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت، ئەوا ڕووی من نابینیت.»
2SA 3:14 ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی: «میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»
2SA 3:15 لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە، لە پەلتیێلی کوڕی لایش.
2SA 3:16 مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم. ئینجا ئەبنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگەڕێوە!» ئەویش گەڕایەوە.
2SA 3:17 پاشان ئەبنێر لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: «ئێوە لەمێژە داوای داودتان دەکرد ببێتە پاشاتان،
2SA 3:18 کەواتە ئێستا ئەوە بکەن! لەبەر ئەوەی یەزدان بە داودی فەرمووە: ”من بە دەستی داودی بەندەم ئیسرائیلی گەلم لە دەست فەلەستییەکان و سەرجەم دوژمنەکانیان ڕزگار دەکەم.“»
2SA 3:19 هەروەها ئەبنێر لەگەڵ بنیامینییەکان قسەی کرد. پاشان ئەبنێر چوو بۆ ئەوەی لە حەبرۆن لەگەڵ داود قسە بکات دەربارەی هەموو ئەوەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی بنیامین پەسەندیان کردووە.
2SA 3:20 کاتێک ئەبنێر لەگەڵ بیست پیاو هاتە حەبرۆن بۆ لای داود، داود خوانێکی ساز کرد بۆ ئەبنێر و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون.
2SA 3:21 ئەبنێر بە داودی گوت: «هەڵدەستم و دەڕۆم، تاکو هەموو ئیسرائیل بۆ پاشای گەورەم کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی پەیمانت لەگەڵدا ببەستن و تۆش بەپێی هەموو ئەوانەی کە دڵت ئارەزووی دەکات فەرمانڕەوایی بکەیت.» داودیش ئەبنێری بەڕێکرد و ئەویش بە سەلامەتی ڕۆیشت.
2SA 3:22 لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو، چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو.
2SA 3:23 کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن، بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.»
2SA 3:24 لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «چیت کرد؟ ئەبنێر هات بۆ لات، بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووە!
2SA 3:25 تۆ ئەبنێری کوڕی نێر دەناسیت؛ تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات و چاودێریی جوڵانەوەت بکات و بە هەموو کارەکانت بزانێت.»
2SA 3:26 کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت، چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە، بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو.
2SA 3:27 کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن، یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی.
2SA 3:28 پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی: «من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین.
2SA 3:29 با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت! با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.»
2SA 3:30 (یۆئاب و ئەبیشەی برای، ئەبنێریان کوشت، چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشتبوو.)
2SA 3:31 ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، پێی گوتن: «جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.» داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە دەڕۆیشت.
2SA 3:32 ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت و پاشاش بە دەنگی بەرز لەسەر گۆڕی ئەبنێر گریا. هەموو گەلیش گریان.
2SA 3:33 هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی: «ئایا دەبێت ئەبنێر وەک چۆن گێلێک دەمرێت ئاوا بمرێت؟
2SA 3:34 دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون. کەوتی، هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.» جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی.
2SA 3:35 ئیتر هەموو گەل هاتن بۆ ئەوەی نان بدەنە داود و بیخوات. هێشتا ڕۆژ بوو، بەڵام داود سوێندی خوارد: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر پێش خۆرئاوابوون نان یان هەر شتێکی دیکە بخۆم.»
2SA 3:36 هەموو گەل زانییان و لەلایان پەسەند بوو، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە پاشا کردی لەلایەن هەموو گەلەوە پەسەند بوو.
2SA 3:37 ئینجا لەو ڕۆژەدا هەموو گەل و هەموو ئیسرائیل زانییان کە کوشتنی ئەبنێری کوڕی نێر لەلایەن پاشاوە نەبوو.
2SA 3:38 پاشا بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئایا نازانن ئەمڕۆ لە ئیسرائیلدا میرێک و گەورە پیاوێک کەوتووە؟
2SA 3:39 ئەمڕۆش، هەرچەندە من پاشا دەستنیشانکراوەکەم، بەڵام لاوازم و ئەم کوڕانەی چەرویا لە من بەهێزترن. یەزدان خراپەکار بەپێی خراپەکەی سزا دەدات!»
2SA 4:1 کاتێک ئیشبۆشەتی کوڕی شاول بیستییەوە کە ئەبنێر لە حەبرۆن کوژراوە، دەستی شل بوو و هەموو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.
2SA 4:2 کوڕەکەی شاول دوو پیاوی هەبوو کە سەردەستەی چەتەکان بوون، یەکێکیان ناوی بەعەنا و ئەوی دیکەیان ناوی ڕێکاب بوو، هەردووکیان کوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون کە لە نەوەی بنیامین بوو. بئێرۆت لەسەر بنیامین دادەنرێت،
2SA 4:3 چونکە بئێرۆتییەکان بۆ گیتەیم هەڵاتبوون و ئاوارەی ئەوێ بوون، هەتا ئەمڕۆ لەوێن.
2SA 4:4 (یۆناتانی کوڕی شاولیش کوڕێکی هەبوو کە هەردوو قاچی شەل بوون. کاتێک هەواڵی شاول و یۆناتان لە یەزرەعیلەوە گەیشت تەمەنی پێنج ساڵان بوو، ئیتر دایەنەکەی هەڵیگرت و هەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە بوو بۆ هەڵاتن، منداڵەکە کەوت و شەل بوو، ناویشی مەفیبۆشەت بوو.)
2SA 4:5 کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێکاب و بەعەنا ڕۆیشتن و لە گەرمەی ڕۆژدا خۆیان بە ماڵی ئیشبۆشەتدا کرد کە سەرخەوی نیوەڕۆی دەشکاند.
2SA 4:6 چوونە ناو ماڵەکەوە بە بیانووی ئەوەی بارە گەنم ببەن، شمشێرێکیان لە سکی دا. پاشان ڕێکاب و بەعەنای برای دەرباز بوون.
2SA 4:7 لە کاتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو ماڵەکە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی لە ژووری نوستنەکەی پاڵکەوتبوو، جا لێیاندا و کوشتیان، سەریان بڕی و سەرەکەیان برد، بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن.
2SA 4:8 سەری ئیشبۆشەتیان هێنایە حەبرۆن، بۆ لای داودی پاشا، پێیان گوت: «ئەوەتا ئەوە سەری ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی دوژمنی تۆیە ئەوەی دەیویست بتکوژێت. یەزدانیش ئەمڕۆ تۆڵەی پاشای گەورەی منی لە شاول و نەوەکەی کردووەتەوە.»
2SA 4:9 داودیش وەڵامی ڕێکاب و بەعەنای برای دایەوە کە کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ژیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،
2SA 4:10 کاتێک یەکێک هەواڵی پێدام و گوتی: ”شاول مردووە“ و خۆی بە مزگێنیدەر دەزانی، گرتم و لە چیقلەگ کوشتم، بەوە موژدانەکەیم دایەوە.
2SA 4:11 ئەی دەبێت ئەمەیان چەند زۆرتر بێت ئەگەر دوو پیاوی بەدکار پیاوێکی ڕاستودروست لەناو ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر قەرەوێڵەکەی بکوژن. ئێستاش ئایا داوای خوێنەکەی ئەوتان لێ نەکەم و لەسەر زەوی نەتانسڕمەوە؟»
2SA 4:12 جا داود فەرمانی بە خزمەتکارەکان کرد و ئەوانیان کوشت، دەست و پێیان بڕین، لەلای گۆمەکەی حەبرۆن هەڵیانواسین. بەڵام سەری ئیشبۆشەتیان بردە حەبرۆن و لە گۆڕەکەی ئەبنێردا ناشتیان.
2SA 5:1 هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین.
2SA 5:2 لە ڕابردوودا کاتێک شاول پاشامان بوو، تۆ ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانیش پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»
2SA 5:3 هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودی پاشاش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.
2SA 5:4 داود تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل ساڵ پاشایەتی کرد.
2SA 5:5 حەوت ساڵ و شەش مانگ لە حەبرۆن پاشایەتی یەهودای کرد، سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیل و یەهودای کرد.
2SA 5:6 پاشا و پیاوەکانی چوونە ئۆرشەلیم بۆ شەڕکردن لە دژی یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکە. ئەوانیش بە داودیان گوت: «تۆ نایەیتە ژوورەوە بۆ ئێرە، تەنانەت نابینا و شەلەکان ڕێگات لێ دەگرن.» وا بیریان کردەوە: «داود ناتوانێت بێت بۆ ئێرە.»
2SA 5:7 بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت، کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.
2SA 5:8 جا لەو ڕۆژەدا داود گوتی: «هەرکەسێک سەربکەوێت بۆ بەزاندنی یەبوسییەکان، دەبێت بگاتە کارێزەکە و ئەو شەل و کوێرانە بکوژێت کە ناحەزی داودن.» هەر لەبەر ئەوە دەڵێن: «”نابینا و شەل“ نایەنە ناو کۆشکەکەوە.»
2SA 5:9 پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، ناوی لێنا شاری داود، چواردەورەکەی بنیاد نا، لە تەلانەکانەوە بەرەو ناوەوە.
2SA 5:10 هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.
2SA 5:11 پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد.
2SA 5:12 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە.
2SA 5:13 هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون.
2SA 5:14 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان،
2SA 5:15 ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع،
2SA 5:16 ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت.
2SA 5:17 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، هەموویان هاتن بۆ ئەوەی بەدوای داوددا بگەڕێن، بەڵام داود ئەمەی بیستەوە و دابەزی بۆ ناو قەڵاکە.
2SA 5:18 فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە.
2SA 5:19 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.»
2SA 5:20 داود چوو بۆ بەعل‌پراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند و گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعل‌پراچیم ناو برا.
2SA 5:21 هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن.
2SA 5:22 ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە.
2SA 5:23 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە.
2SA 5:24 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.»
2SA 5:25 داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا.
2SA 6:1 دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون.
2SA 6:2 ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە.
2SA 6:3 سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و
2SA 6:4 لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت،
2SA 6:5 داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج.
2SA 6:6 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا.
2SA 6:7 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
2SA 6:8 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا ناودەبردرێت.
2SA 6:9 ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟»
2SA 6:10 لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی.
2SA 6:11 سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
2SA 6:12 ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود.
2SA 6:13 لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی.
2SA 6:14 داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد.
2SA 6:15 هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست.
2SA 6:16 کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
2SA 6:17 ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لە ناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی لەبەردەم یەزداندا سەرخست.
2SA 6:18 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد.
2SA 6:19 هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتا تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە.
2SA 6:20 داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!»
2SA 6:21 داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم.
2SA 6:22 لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.»
2SA 6:23 میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو.
2SA 7:1 پاش ئەوەی پاشا لە کۆشکەکەیدا نیشتەجێ بوو، هەروەها یەزدانیش لە هەموو دوژمنەکانی چواردەوری حەواندییەوە،
2SA 7:2 پاشا بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی خوداش لەناو چادرێکدا نیشتەجێیە.»
2SA 7:3 ناتانیش بە پاشای گوت: «بڕۆ هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدانت لەگەڵە.»
2SA 7:4 بەڵام هەر لەو شەوەدا فەرمایشتی یەزدان بۆ ناتان هات:
2SA 7:5 «بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەو کەسەی کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت؟
2SA 7:6 لەو ڕۆژەوەی کە نەوەی ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو هاتوچۆم لەناو چادر و نشینگەدا بووە.
2SA 7:7 لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘ “
2SA 7:8 «ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم.
2SA 7:9 لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکی گەورەت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین.
2SA 7:10 شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،
2SA 7:11 وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە. «”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی ماڵەکەت جێگیر دەکات.
2SA 7:12 کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە پشتی تۆوە دێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
2SA 7:13 ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
2SA 7:14 من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. ئەگەر ستەم بکات، ئەوا بە گۆچانی خەڵک و لێدانی نەوەی ئادەم تەمبێی دەکەم.
2SA 7:15 بەڵام خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت وەک چۆن بۆ شاول داماڵرا، ئەوەی لەپێش تۆ ڕامماڵی.
2SA 7:16 بۆ هەتاهەتایەش ماڵەکەت و پاشایەتییەکەت لەبەردەممدا ئاسوودە دەبن، هەتاهەتایە تەختەکەت جێگیر دەبێت.“»
2SA 7:17 ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.
2SA 7:18 ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟
2SA 7:19 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئایا بە گشتی لەگەڵ مرۆڤ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەیت؟
2SA 7:20 «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت.
2SA 7:21 تۆ لە پێناوی بەڵێنەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەیەت کردووە بۆ ئەوەی لەلای بەندەکەت بزانرێت.
2SA 7:22 «ئەی یەزدانی باڵادەست، لەبەر ئەمە، چەند مەزنیت! کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە.
2SA 7:23 هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان و خوداوەندەکانیان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە.
2SA 7:24 ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت جێگیر کردووە کە بۆ هەتاهەتایە ببنە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
2SA 7:25 «ئەی یەزدانی پەروەردگار، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، بۆ هەتاهەتایە بیهێنە دی. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە.
2SA 7:26 با ناوت هەتاهەتایە مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالار خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
2SA 7:27 «ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد و فەرمووت: ”ماڵێکت بۆ بنیاد دەنێم.“ لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی ئەم نزایەت بۆ بکات.
2SA 7:28 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خودایت و بەڵێنەکانت متمانەپێکراون، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە.
2SA 7:29 ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدانی باڵادەست چونکە تۆ فەرمووت، ئینجا با لە بەرەکەتی تۆوە بۆ هەتاهەتایە بنەماڵەی بەندەکەت بەرەکەتدار بێت.»
2SA 8:1 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، مەسەگ ئەممای لە فەلەستییەکان سەند.
2SA 8:2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. ئەوانی لەسەر زەوی پاڵخست و بە گوریس پێوانەی کردن، بە پێوانەی دوو گوریس خەڵکەکەی کوشت و بە پێوانەی گوریسێکیش خەڵکی بە زیندوویی هێشتەوە. ئینجا مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
2SA 8:3 هەروەها داود هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤای بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردەکەی یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات نۆژەن بکاتەوە.
2SA 8:4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
2SA 8:5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.
2SA 8:6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
2SA 8:7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.
2SA 8:8 هەروەها داودی پاشا بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و بێرۆتەی برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون.
2SA 8:9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری بەزاندووە،
2SA 8:10 یۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. یۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا کەلوپەلی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
2SA 8:11 داودی پاشا ئەمانەشی بۆ یەزدان تەرخان کرد لەگەڵ ئەو زێڕ و زیوانەی کە دەستی کەوتبوو لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێردەستەی کردبوون:
2SA 8:12 لە ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێق. هەروەها ئەو دەستکەوتەشی تەرخان کرد کە لە هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤا دەستی کەوت.
2SA 8:13 داود پاش گەڕانەوەی لە کوشتنی هەژدە هەزار ئەدۆمی لە دۆڵی خوێ، ناوبانگی بڵاو بووەوە.
2SA 8:14 لە هەموو خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود. داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
2SA 8:15 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.
2SA 8:16 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
2SA 8:17 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ سەرایا خامەی نهێنی بوو؛
2SA 8:18 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان بوو؛ کوڕەکانی داودیش ڕاوێژکاری پاشا بوون.
2SA 9:1 داود پرسی: «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت، بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی لەگەڵدا بکەم؟»
2SA 9:2 بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو، بانگیان کرد بۆ لای داود، ئیتر پاشا پێی گوت: «تۆ چیڤایت؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ، منی خزمەتکارتم.»
2SA 9:3 پاشاش گوتی: «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت، بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟» چیڤاش بە پاشای گوت: «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»
2SA 9:4 پاشاش پێی گوت: «لەکوێیە؟» چیڤاش بە پاشای گوت: «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»
2SA 9:5 ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.
2SA 9:6 کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود، بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد. داودیش گوتی: «مەفیبۆشەت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، لە خزمەتدام.»
2SA 9:7 داودیش پێی گوت: «مەترسە، چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە، تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»
2SA 9:8 مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی: «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»
2SA 9:9 ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت: «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو، بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە.
2SA 9:10 خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن. مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.» چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.
2SA 9:11 چیڤاش بە پاشای گوت: «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات، خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.» ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.
2SA 9:12 مەفیبۆشەت کوڕێکی بچووکی هەبوو ناوی میکا بوو. هەروەها هەموو ئەوانەی لە ماڵی چیڤادا دەژیان خزمەتکاری مەفیبۆشەت بوون.
2SA 9:13 مەفیبۆشەت لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، چونکە هەمیشە لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد و هەردوو قاچیشی شەل بوون.
2SA 10:1 دوای ماوەیەک پاشای عەمۆنییەکان مرد و حانوونی کوڕی لەدوای ئەو بوو بە پاشا.
2SA 10:2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، هەروەک چۆن باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی. کاتێک خزمەتکارەکانی داود هاتنە خاکی عەمۆنییەکان،
2SA 10:3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونی گەورەیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت نێردراوی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا داود بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر شارەکەوە خزمەتکارەکانی خۆی نەناردووە بۆ لات؟»
2SA 10:4 ئیتر حانوون خزمەتکارەکانی داودی گرت و نیوەی ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
2SA 10:5 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
2SA 10:6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، ناردیان و لە ئارامییەکانی بێت‌ڕەحۆڤ و چۆڤا بیست هەزار پیادەیان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ هەزار پیاو و لە تۆڤ دوازدە هەزار پیاویان بەکرێ گرت.
2SA 10:7 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە، یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد.
2SA 10:8 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئارامییەکانی چۆڤا و ڕەحۆڤ، لەگەڵ پیاوەکانی تۆڤ و مەعکا بە جیا لە دەشتودەر بوون.
2SA 10:9 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن.
2SA 10:10 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن.
2SA 10:11 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم.
2SA 10:12 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
2SA 10:13 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن.
2SA 10:14 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.
2SA 10:15 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست.
2SA 10:16 ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
2SA 10:17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان.
2SA 10:18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد.
2SA 10:19 کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل. ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
2SA 11:1 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.
2SA 11:2 ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد، لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات، ژنێکی زۆر جوان بوو.
2SA 11:3 داودیش پیاوێکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە و ئەویش پێی گوت: «ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.»
2SA 11:4 ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی، ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود، ئەویش لەگەڵی جووت بوو، پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.
2SA 11:5 ژنەکە سکی پڕ بوو، ناردی و بە داودی ڕاگەیاند و گوتی: «سکم پڕە.»
2SA 11:6 داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد.
2SA 11:7 کاتێک ئوریا هاتە لای، داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی.
2SA 11:8 پاشان داود بە ئوریای گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.» جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە، دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی.
2SA 11:9 بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.
2SA 11:10 ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داودیش بە ئوریای گوت: «تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟ ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»
2SA 11:11 ئوریاش بە داودی گوت: «سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن، یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە. ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟ بە گیانی تۆ، دڵنیابە، من کاری وا ناکەم!»
2SA 11:12 ئینجا داود بە ئوریای گوت: «ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.» ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە.
2SA 11:13 داود بانگی کرد، ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد، بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.
2SA 11:14 بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی.
2SA 11:15 لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»
2SA 11:16 جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن.
2SA 11:17 لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.
2SA 11:18 یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند.
2SA 11:19 فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت،
2SA 11:20 ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟
2SA 11:21 کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»
2SA 11:22 نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕاسپاردبوو.
2SA 11:23 هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «پیاوانی شارەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن.
2SA 11:24 ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»
2SA 11:25 داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»
2SA 11:26 کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا.
2SA 11:27 پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود بەدوایدا نارد و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە، ئیتر بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام یەزدان ئەم کارەی داودی پێ ناخۆش بوو.
2SA 12:1 یەزدان ناتانی نارد بۆ لای داود، ئەویش هاتە لای و پێی گوت: «دوو پیاو لە شارێکدا هەبوون، یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان هەژار.
2SA 12:2 پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕ و مانگایەکی زۆری هەبوو.
2SA 12:3 بەڵام هەژارەکە هیچی نەبوو، جگە لە بەرخێکی مێی بچووک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو. لەگەڵ خۆی و هەموو منداڵەکانیدا گەورە ببوو. بەرخەکە لە پارووەکەی ئەو دەیخوارد و لە جامەکەی ئەو دەیخواردەوە، لە باوەشیدا دەنوست و وەک کچی ئەوی لێهاتبوو.
2SA 12:4 «ئەوە بوو ڕێبوارێک بووە میوانی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بەڵام دەوڵەمەندەکە ڕازی نەبوو مەڕێک یان مانگایەکی خۆی بکاتە ژەمێک بۆ میوانەکە کە ڕووی تێکردبوو. لە جیاتی ئەوە کاوڕەمێیەکەی هەژارەکەی برد و ئامادەی کرد بۆ ئەو پیاوەی کە ڕووی تێکردبوو.»
2SA 12:5 داود زۆر لەو پیاوە تووڕە بوو، بە ناتانی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، ئەو پیاوەی ئەمەی کردووە شایانی سزای مردنە!
2SA 12:6 لە جیاتی کاوڕەمێیەکەش چوار قات دەداتەوە، لە دەرئەنجامی ئەوەی ئەم کارەی کردووە، لەبەر ئەوەی بەزەیی نەبووە.»
2SA 12:7 ناتانیش بە داودی گوت: «ئەو پیاوە تۆیت! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من دەستنیشانم کردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل، من لە دەستی شاول دەربازم کردیت.
2SA 12:8 ماڵی گەورەکەتم پێدایت و ژنەکانی ئەوم خستە باوەشتەوە، بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودام پێدایت. ئەگەر هەموو ئەمەش کەم بووایە، ئەوا زیاترم پێدەدایت.
2SA 12:9 ئیتر بۆچی فەرمایشتی یەزدانت بە سووک زانی، هەتا ئەم خراپەیە لەبەرچاوی یەزدان بکەیت؟ ئوریای حیتیت بە شمشێر کوشت و ژنەکەی ئەوت کردە ژنی خۆت، بە شمشێری عەمۆنییەکان کوشتت.
2SA 12:10 ئێستاش، بۆ هەتاهەتایە شمشێر لەسەر بنەماڵەکەت نابڕێتەوە، چونکە سووکایەتیت بە من کرد، ژنەکەی ئوریای حیتیت برد و کردتە ژنی خۆت.“
2SA 12:11 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من لەناو ماڵەکەی خۆتدا خراپەت بەسەردا دەهێنم، لەبەرچاوت ژنەکانت دەبەم و دەیاندەمە ئەو کەسەی کە لێت نزیکە، لە ژێر ڕووناکی ئەم خۆرە لەگەڵ ژنەکانت جووت دەبێت.
2SA 12:12 تۆ بە نهێنی ئەو کارەت کرد، بەڵام من لەبەردەم هەموو ئیسرائیل و لەژێر ڕووناکی خۆر ئەم کارەت پێدەکەم.“»
2SA 12:13 داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.» ناتان وەڵامی دایەوە: «یەزدان لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت.
2SA 12:14 بەڵام لەبەر ئەوەی بەم کارەت بوویتە هۆی ئەوەی دوژمنانی یەزدان تەواو سووکایەتی بە یەزدان بکەن، ئەوا ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت دەمرێت.»
2SA 12:15 هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت.
2SA 12:16 داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە.
2SA 12:17 پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد.
2SA 12:18 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.»
2SA 12:19 کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»
2SA 12:20 ئینجا داود لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، خۆی شوشت و بۆنی لە خۆی دا، جلەکانی گۆڕی، چووە ناو ماڵی یەزدان و کڕنۆشی برد. پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای کرد نانی بۆ دابنێن و خواردی.
2SA 12:21 خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو، بەڕۆژوو دەبوویت و دەگریایت، بەڵام کاتێک کە مرد هەستایت و نانت خوارد!»
2SA 12:22 ئەویش گوتی: «کاتێک منداڵەکە زیندوو بوو بەڕۆژوو دەبووم و دەگریام و دەمگوت: ”کێ دەزانێت؟ بەڵکو یەزدان لەگەڵم میهرەبان بێت و منداڵەکە بژیێت.“
2SA 12:23 بەڵام ئێستا ئەو مرد، ئیتر بۆچی ڕۆژوو بگرم؟ ئایا دەتوانم بیگەڕێنمەوە؟ من دەچم بۆ لای ئەو، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆ لای من.»
2SA 12:24 ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە، چووە ژوورەوە بۆ لای و لەگەڵی جووت بوو، منداڵێکی بوو ناوی لێنا سلێمان. یەزدانیش خۆشیویست،
2SA 12:25 هەر لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ناتانی پێغەمبەرەوە پەیامی نارد و ناوی لێنا یەدیدەیا.
2SA 12:26 لەو ماوەیە یۆئاب لە دژی شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان دەجەنگا و قەڵای شاهانەی گرت.
2SA 12:27 ئینجا یۆئاب چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد و گوتی: «لە دژی ڕەبە جەنگام و سەرچاوەی ئاوی شارەکەم گرت.
2SA 12:28 ئێستا پاشماوەی سوپا کۆبکەرەوە و بەسەر شارەکەدا بدە و دەستی بەسەردا بگرە، نەوەک من دەستی بەسەردا بگرم و بە ناوی منەوە ناوی لێ بنرێت.»
2SA 12:29 ئیتر داود هەموو سوپای کۆکردەوە و چوو بۆ ڕەبە و لە دژی جەنگا و گرتی.
2SA 12:30 تاجی سەری پاشاکەی برد، کێشەکەی نزیکەی تالنتێک زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا،
2SA 12:31 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین، فەرمانی پێ کردن لە کوورەی خشتدا کار بکەن، ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
2SA 13:1 ئەوە بوو پاش ئەمانە ئەمنۆنی کوڕی داود کەوتە خۆشەویستی تاماری خوشکە جوانەکەی ئەبشالۆمی کوڕی داود.
2SA 13:2 ئەمنۆن لە تاو تاماری زڕخوشکی نەخۆش کەوت، لەبەر ئەوەی تامار پاکیزە بوو، ئەمنۆن پێی وابوو کە نەیدەتوانی بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ ببات.
2SA 13:3 ئەمنۆن هاوڕێیەتی ئامۆزایەکی دەکرد بە ناوی یۆنادابی کوڕی شیمەعا کە برای داود بوو، یۆناداب پیاوێکی تەڵەکەباز بوو.
2SA 13:4 لە ئەمنۆنی پرسی: «شازادە، بۆچی تۆ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لاوازتر دەبیت؟ ئایا پێم ناڵێیت؟» ئەمنۆنیش پێی گوت: «من تاماری خوشکی ئەبشالۆمی برام خۆشدەوێت.»
2SA 13:5 یۆنادابیش پێی گوت: «لەناو جێگا پاڵبکەوە و خۆت نەخۆش بخە، ئەگەر باوکت بۆ بینینت هات پێی بڵێ: ”با تاماری خوشکم بێتە لام و نانم پێبدات، با خواردنەکە لەبەرچاوم سازبکات، بۆ ئەوەی بیبینم و بە دەستی ئەو نان بخۆم.“»
2SA 13:6 ئینجا ئەمنۆن پاڵکەوت و خۆی نەخۆش خست، پاشا هات بۆ بینینی، ئەمنۆن بە پاشای گوت: «تکایە با تاماری خوشکم بێتە لام و لەبەرچاوم دوو ناسکەنان دروستبکات، بە دەستی ئەو دەیخۆم.»
2SA 13:7 داود بەدوای تاماردا ناردییە ماڵەوە و گوتی: «تکایە بڕۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنێکی بۆ دروستبکە.»
2SA 13:8 تاماریش چووە ماڵی ئەمنۆنی برای، ئەو پاڵکەوتبوو. ئینجا هەویری برد و شێلای و لەبەرچاوی ناسکەنانی کرد و برژاندی.
2SA 13:9 ئینجا تاوەکەی بۆ بەردەمی برد، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات. ئەمنۆن گوتی: «هەمووتان بڕۆنە دەرەوە.» ئەوانیش هەموویان چوونە دەرەوە.
2SA 13:10 ئینجا ئەمنۆن بە تاماری گوت: «خواردنەکە بهێنە شوێنی نوستنەکەم بۆ ئەوەی بە دەستی تۆ بیخۆم.» تاماریش ناسکەنانەکەی کە دروستی کردبوو هەڵیگرت و بۆ ئەمنۆنی برای بردییە ژوورەوە بۆ شوێنی نوستنەکەی.
2SA 13:11 بۆی بردە پێشەوە تاوەکو بیخوات، ئەویش تاماری گرت و پێی گوت: «خوشکەکەم، وەرە لەگەڵم پاڵبکەوە.»
2SA 13:12 ئەویش پێی گوت: «نا، برام نا! سەرم شۆڕ مەکە! لە ئیسرائیلدا شتی وا ناکرێت! ئەم بێ ئابڕووییە مەکە.
2SA 13:13 من بەم ئابڕووچوونەوە ڕوو لەکوێ بکەم؟ ئەی تۆ؟ تۆش لەناو ئیسرائیلدا وەک نەفامێکی بەدڕەوشتت لێدێت. ئێستاش تکایە لەگەڵ پاشا قسە بکە بۆ ئەوەی بمدا بە تۆ، چونکە ئەو پێی ناخۆش نییە.»
2SA 13:14 بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت و بەسەریدا زاڵ بوو، سەری شۆڕکرد و لاقەی کرد.
2SA 13:15 پاشان ئەمنۆن زۆر ڕقی لێی بووەوە، تەنانەت ڕقەکەی زۆر زیاتر بوو لەو خۆشەویستییەی کە بۆی هەبوو. ئینجا ئەمنۆن پێی گوت: «هەستە و بڕۆ!»
2SA 13:16 ئەویش پێی گوت: «نەخێر! ئەگەر دەرمبکەیت خراپەیەکی گەورەترە لەوەی کە پێت کردم.» بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت.
2SA 13:17 خزمەتکارە تایبەتەکەی بانگکرد و گوتی: «ئەمە دەربکە و دەرگاکە لەدوایەوە دابخە.»
2SA 13:18 خزمەتکارەکەش دەریکرد و دەرگاکەی لەدوایەوە داخست. تاماریش کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو، چونکە کچە پاکیزەکانی پاشا جلی ئاوایان لەبەر دەکرد.
2SA 13:19 تامار خۆڵەمێشی بەسەر سەری خۆیدا کرد، جلە ڕەنگاوڕەنگەکەی لەبەرخۆی دادڕی. دەستی بەسەرییەوە گرت و بە ڕێگادا دەڕۆیشت، بە دەنگی بەرز دەگریا.
2SA 13:20 ئەبشالۆمی برای پێی گوت: «ئەمنۆنی زڕبرات لەگەڵت بوو؟ خوشکم، ئێستاش بێدەنگ بە، ئەو زڕبراتە و ئەم کارە لە دڵ مەگرە.» ئیتر تامار بە پەرێشانی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای مایەوە و ژیا.
2SA 13:21 کاتێک داودی پاشا ئەم هەموو شتانەی بیستەوە، زۆر تووڕە بوو.
2SA 13:22 ئەبشالۆمیش نە بە چاک و نە بە خراپ قسەی لەگەڵ ئەمنۆنی زڕبرای نەکرد، لەبەر ئەوەی سەری تاماری خوشکی شۆڕکرد، زۆر ڕقی لە ئەمنۆن بووەوە.
2SA 13:23 دوو ساڵ دوای ئەوە، ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای بانگهێشت کرد، کاتێک خزمەتکارەکانی لە بەعل‌حاچۆر ئەوەی نزیک ئەفرایمە مەڕەکانی ئەویان دەبڕییەوە.
2SA 13:24 ئینجا ئەبشالۆم چوو بۆ لای پاشا و گوتی: «ئێستا بەندەکەت مەڕەکانی دەبڕێتەوە، تکایە پاشا و کاربەدەستەکانی با لەگەڵ بەندەکەت بێن.»
2SA 13:25 پاشاش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر کوڕم، با هەموومان نەبین و بارگرانی نەخەینە سەرت.» جا ئەبشالۆم زۆری لێکرد، بەڵام ئەو نەیویست بچێت، بەڵکو داوای بەرەکەتی بۆ کرد.
2SA 13:26 ئەبشالۆمیش گوتی: «ئەگەر نا، تکایە با ئەمنۆنی برام لەگەڵمان بێت.» پاشاش لێی پرسی: «بۆچی لەگەڵت بێت؟»
2SA 13:27 بەڵام ئەبشالۆم زۆری لێکرد و ئەویش ئەمنۆن و هەموو کوڕەکانی پاشای لەگەڵ نارد.
2SA 13:28 ئەبشالۆمیش فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد و گوتی: «ئاگاداربن! کاتێک کە ئەمنۆن بە شەراب مەست بوو، پێتان دەڵێم: ”لە ئەمنۆن بدەن،“ بیکوژن و مەترسن. ئەی من خۆم فەرمانم پێ نەکردوون؟ لەبەر ئەوە بەهێزبن و ئازابن.»
2SA 13:29 ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئەوەیان بە ئەمنۆن کرد کە ئەبشالۆم فەرمانی پێ کردبوون، هەموو کوڕەکانی پاشا هەستان، هەریەکە و سواری هێسترەکەی خۆی بوو و هەڵات.
2SA 13:30 لە کاتێکدا ئەوان بەڕێوە بوون، هەواڵ گەیشتە داود و گوترا: «ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای کوشتووە و کەسیانی نەهێشتووەتەوە.»
2SA 13:31 پاشا هەستا و جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و لەسەر زەوی پاڵکەوت، هەموو خزمەتکارەکانیشی بە جلی دڕاوەوە لەلای پاشا ڕاوەستا بوون.
2SA 13:32 بەڵام یۆنادابی کوڕی شیمەعای برای داود گوتی: «با گەورەم وانەزانێت کە هەموو شازادە لاوەکانیان کوشتووە، بەڵکو تەنها ئەمنۆن کوژراوە، چونکە لەو ڕۆژەوەی کە لاقەی تاماری خوشکی کرد، ئەبشالۆم ئەو بڕیارەی دا.
2SA 13:33 ئێستاش با پاشای گەورەم شتێکی وا نەخاتە دڵییەوە و بڵێت هەموو کوڕەکانی پاشا کوژراون. بەڵکو بە تەنها ئەمنۆن کوژراوە.»
2SA 13:34 ئەبشالۆم پێشتر هەڵاتبوو. خزمەتکارە ئێشکگرەکە چاوی هەڵبڕی و بینی خەڵکێکی زۆر لە لاشانی کێوەکە بە ڕێگاوە بوون. ئێشکگرەکە چوو بۆ لای پاشا و پێی گوت: «خەڵکێک دەبینم لە حۆرۆنەیمەوە بە لاشانی کێوەکەدا دێن.»
2SA 13:35 ئینجا یۆناداب بە پاشای گوت: «ئەوەتا شازادەکان هاتن و خزمەتکارەکەت چی گوت، بەو جۆرە بوو.»
2SA 13:36 هەر دوای ئەوەی لە قسەکردن بووەوە شازادەکان هاتن و بە گریانەوە دەنگیان هەڵبڕی، هەروەها پاشا و هەموو خزمەتکارەکانیش گریانێکی زۆر بەکوڵ گریان.
2SA 13:37 ئەبشالۆمیش هەڵات و چوو بۆ لای تەلمەی کوڕی عەمیهودی پاشای گەشوور، داودیش هەموو ئەو ڕۆژانە بۆ کوڕەکەی لاواندییەوە.
2SA 13:38 دوای ئەوەی ئەبشالۆم هەڵات و چوو بۆ گەشوور سێ ساڵ لەوێدا مایەوە.
2SA 13:39 داودی پاشا خەمی کوژرانی ئەمنۆنی لە دڵ دامرکایەوە، ئارەزووی کرد بچێتە لای ئەبشالۆم.
2SA 14:1 یۆئابی کوڕی چەرویا زانی کە دڵی پاشا ئارەزووی بینینی ئەبشالۆمی دەکرد.
2SA 14:2 لەبەر ئەوە یۆئاب کەسێکی ناردە تەقۆعە و لەوێوە ژنێکی دانای هێنا و پێی گوت: «تکایە خۆت وەک ماتەمدار نیشان بدە، جلی ماتەم لەبەر بکە و بۆن لە خۆت مەدە، بەڵکو وەک ژنێک دەربکەوە کە ماوەیەکی درێژە ماتەمدارە،
2SA 14:3 بڕۆ ژوورەوە بۆ لای پاشا و ئەم قسەیەی پێ بڵێ.» جا یۆئاب قسەکەی خستە سەر زاری.
2SA 14:4 کاتێک ژنە تەقۆعییەکە چوو بۆ لای پاشا، خۆی خستە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و گوتی: «ئەی پاشا، ڕزگارم بکە!»
2SA 14:5 پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟» ئەویش گوتی: «من بێوەژنم و پیاوەکەم مردووە،
2SA 14:6 کارەکەرەکەت دوو کوڕی هەبوو کە لە کێڵگەدا بە شەڕ هاتن و کەس نەبوو لێکیان بکاتەوە، یەکێکیان لەوی دیکەیانی دا و کوشتی.
2SA 14:7 ئەوەتا هەموو خێڵەکە لە کارەکەرەکەت هەستاون و دەڵێن: ”ئەوەمان ڕادەست بکە کە براکەی خۆی کوشتووە، بۆ ئەوەی لە جیاتی گیانی براکەی کە کوشتوویەتی بیکوژینەوە، هەروەها میراتگرەکە لەناو ببەین.“ ئەو پشکۆیەم دەکوژێننەوە کە ماوەتەوە، ناو و پاشماوەی پیاوەکەم لەسەر ڕووی زەوی ناهێڵنەوە.»
2SA 14:8 پاشاش بە ژنەکەی گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و من بڕیارێک لەبارەی تۆوە دەردەکەم.»
2SA 14:9 ژنە تەقۆعییەکەش بە پاشای گوت: «ئەی پاشای گەورەم، با تاوانەکە لە ئەستۆی خۆم و ماڵی باوکم بێت، پاشا و تەختەکەی پاک و بێتاوان بن.»
2SA 14:10 پاشاش گوتی: «ئەگەر کەسێک قسەی لەگەڵ کردیت، بیهێنە لام بۆ ئەوەی دیسان بێزارت نەکات.»
2SA 14:11 ژنەکەش گوتی: «ئەی پاشا، تکایە ناوی یەزدانی پەروەردگارت بهێنە، هەتا خوێنگری تۆڵەسێنەر زۆر نەبن بۆ کوشتنەوە و کوڕەکەم نەفەوتێت.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، تاڵە مووێکی کوڕەکەت ناکەوێتە سەر زەوی.»
2SA 14:12 ئینجا ژنەکەش گوتی: «تکایە با کارەکەرەکەت قسەیەکی دیکە بۆ پاشای گەورەی بکات.» ئەویش گوتی: «قسە بکە.»
2SA 14:13 ژنەکەش گوتی: «ئەی بۆچی بیرت لە کارێکی وا کردووەتەوە لە دژی گەلی خودا؟ کە پاشا ئەمە دەڵێت خۆی تاوانبار دەکات، لەبەر ئەوەی پاشا کوڕە دوورخراوەکەی خۆی نەگەڕاندووەتەوە!
2SA 14:14 وەک ئاوێکی ڕژاو لەسەر زەوی کە کۆناکرێنەوە، بێگومان دەمرین. بەڵام خودا گیان ناکێشێت، بەڵکو چەند ڕێگایەک دادەڕژێت هەتا ئەوەی لێی دوورخراوەتەوە بە دوورخراوەیی نەمێنێتەوە.
2SA 14:15 «ئێستاش من هاتم هەتا لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ پاشای گەورەم بکەم، چونکە گەل منیان ترساند. کارەکەرەکەت گوتی: ”قسە لەگەڵ پاشا دەکەم، بەڵکو پاشا بە گوێی کارەکەرەکەی بکات.
2SA 14:16 لەوانەیە پاشا گوێ بگرێت بۆ ئەوەی کارەکەرەکەی لە دەست ئەو پیاوە دەرباز بکات کە دەیەوێت خۆم و کوڕەکەم پێکەوە لە میراتی خودا بسڕێتەوە.“
2SA 14:17 «هەروەها کارەکەرەکەت دەڵێت: ”بەڵکو وتەی پاشای گەورەم دڵنەوایی بێت بۆم، چونکە پاشای گەورەم وەک فریشتەی خودایە لە تێگەیشتنی چاکە و خراپە، با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت.“»
2SA 14:18 پاشا وەڵامی دایەوە و بە ژنەکەی گوت: «شتێکت لێ دەپرسم، لێم مەشارەوە.» ژنەکەش گوتی: «تکایە، با پاشای گەورەم بفەرموێت.»
2SA 14:19 ئەوسا پاشا گوتی: «ئایا لە هەموو ئەمانەدا دەستی یۆئاب لەگەڵتدایە؟» ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پاشای گەورەم، بە گیانی تۆ هیچ کەس ناتوانێت نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لابدات لە هەموو ئەو شتانەی کە پاشای گەورەم فەرموویەتی، چونکە یۆئابی خزمەتکارت فەرمانی پێ کردم و هەر ئەو هەموو ئەم قسانەی خستە سەر زاری کارەکەرەکەتەوە.
2SA 14:20 یۆئابی خزمەتکارت ئەم کارەی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت. دانایی گەورەم وەک دانایی فریشتەی خودایە هەتا هەموو ئەو شتانەش بزانێت کە لە خاکەکە هەیە.»
2SA 14:21 ئیتر پاشا بە یۆئابی گوت: «ئێستا من بڕیارم دا و بڕۆ ئەو کوڕە گەنجە، ئەبشالۆم بهێنەرەوە.»
2SA 14:22 یۆئابیش کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و داوای بەرەکەتی بۆ پاشای کرد، یۆئاب گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت دەزانێت کە لەلای تۆ پەسەندە، چونکە پاشا بە قسەی خزمەتکاری خۆی کرد.»
2SA 14:23 ئینجا یۆئاب هەستا و چوو بۆ گەشوور و ئەبشالۆمی هێنایەوە ئۆرشەلیم.
2SA 14:24 بەڵام پاشاش گوتی: «با بچێتە ماڵەکەی خۆی و ڕووم نەبینێت.» لەبەر ئەوە ئەبشالۆم چووە ماڵەکەی خۆی و ڕووی پاشای نەبینی.
2SA 14:25 لە هەموو ئیسرائیلدا لە قۆزی کەس نەبوو وەک ئەبشالۆم بە شانوباڵیدا هەڵبدرێت، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری بێ کەموکوڕی بوو.
2SA 14:26 لە کۆتایی هەموو ساڵێک سەری دەتاشی، چونکە سەری قورس دەبوو، کێشی مووی سەری بەپێی کێشی پاشایەتی دوو سەد شاقل دەبوو.
2SA 14:27 هەروەها ئەبشالۆم سێ کوڕ و کچێکی بوو، ناوی کچەکەش تامار بوو، بووە ئافرەتێکی زۆر جوان.
2SA 14:28 ئەبشالۆم دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە، بەبێ ئەوەی ڕووی پاشا ببینێت.
2SA 14:29 لەبەر ئەوە ئەبشالۆم بەدوای یۆئابدا ناردی تاکو بینێرێتە لای پاشا، بەڵام ئەو نەیویست بێتە لای. دووبارە بەدوایدا ناردییەوە، بەڵام ئەو نەیویست بێت.
2SA 14:30 لەبەر ئەوە بە خزمەتکارەکانی گوت: «تەماشا بکەن، کێڵگەکەی یۆئاب لەتەنیشت ئەوەی منەوەیە و جۆ لەوێ هەیە. بڕۆن و ئاگری تێبەردەن.» ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئاگریان لە کێڵگەکە بەردا.
2SA 14:31 ئیتر یۆئاب هەستا و چوو بۆ لای ئەبشالۆم بۆ ماڵەوە و پێی گوت: «بۆچی خزمەتکارەکانت ئاگریان لە کێڵگەکەی من بەردا؟»
2SA 14:32 ئەبشالۆمیش بە یۆئابی گوت: «من بەدوای تۆدا ناردم و گوتم: ”وەرە ئێرە، هەتا بتنێرمە لای پاشا و بڵێیت، ’من بۆچی لە گەشوورەوە هاتمەوە؟ بۆ من چاکتر بوو لەوێ بمێنمەوە!‘ “ ئێستاش دەمەوێت چاوم بە پاشا بکەوێت، ئەگەر تاوانێکی تێمدا بەدیی کرد، با بمکوژێت.»
2SA 14:33 ئیتر یۆئاب چوو بۆ لای پاشا و پێی ڕاگەیاند. ئەویش ئەبشالۆمی بانگکرد و هاتە لای پاشا، لەبەردەم ئەودا کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، پاشاش ئەبشالۆمی ماچکرد.
2SA 15:1 لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد.
2SA 15:2 هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.»
2SA 15:3 ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.»
2SA 15:4 هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.»
2SA 15:5 هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد.
2SA 15:6 ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا.
2SA 15:7 پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو.
2SA 15:8 خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“»
2SA 15:9 پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن.
2SA 15:10 ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردەوە و گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“»
2SA 15:11 دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن.
2SA 15:12 کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن.
2SA 15:13 هەواڵدەرێک هاتە لای داود و گوتی: «هەموو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان لەگەڵ ئەبشالۆمە.»
2SA 15:14 داودیش بە هەموو ئەو کاربەدەستانەی گوت کە لە ئۆرشەلیم لەگەڵی بوون: «هەستن! با هەڵبێین، ئەگینا لە دەست ئەبشالۆم دەربازمان نابێت. پەلە بکەن لە ڕۆیشتن، نەوەک دەستپێشخەری بکات، پێمان بگات و خراپەمان بەسەردا بهێنێت، بە زەبری شمشێریش لە شارەکە بدات.»
2SA 15:15 کاربەدەستانی پاشاش بە پاشایان گوت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر بڕیارێکی پاشای گەورەمان.»
2SA 15:16 پاشا و هەموو ماڵەکەی بەدوایەوە هاتنە دەرەوە، پاشا دە ژنە کەنیزەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێهێشت.
2SA 15:17 ئیتر پاشا ڕۆیشت و هەموو گەلیش لەدوای ئەو چوون، لەلای دوایین ماڵی قەراغی شار خۆیان ڕێکخستەوە.
2SA 15:18 جا هەموو پیاوەکانی لەگەڵ کریتی و پەلەتییەکان و هەموو گەتییەکانیش کە شەش سەد پیاو بوون و لە گەتەوە بەدوایەوە هاتبوون لەپێشیەوە پەڕینەوە، لەپێش پاشا دەپەڕینەوە.
2SA 15:19 پاشا بە ئیتتای گەتی گوت: «بۆچی تۆش لەگەڵمان دەڕۆیت؟ بگەڕێوە و لەگەڵ ئەبشالۆمی پاشادا بمێنەرەوە، چونکە تۆ بیانیت و لە نیشتیمانەکەت دوور کەوتوویتەوە.
2SA 15:20 تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنت لەگەڵماندا ئاوارەت بکەم، چونکە من خۆم نازانم بەرەو کۆی دەچم؟ بگەڕێوە و هاونیشتیمانییەکانیشت بگەڕێنەوە. با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.»
2SA 15:21 بەڵام ئیتتای وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، بە گیانی پاشای گەورەم، پاشای گەورەم لە هەرکوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمەتکارەکەشت لەوێ دەبێت.»
2SA 15:22 داود بە ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپەڕەوە.» ئینجا ئیتتای گەتی و هەموو پیاوەکانی و هەموو ئەو منداڵانەی کە لەگەڵی بوون پەڕینەوە.
2SA 15:23 هەموو دانیشتووانی خاکەکە بە دەنگێکی بەرز دەگریان، هەموو گەل دەپەڕینەوە، پاشاش لە دۆڵی قدرۆن پەڕییەوە و هەموو گەلیش بەرەو ڕێگای چۆڵەوانی چوون.
2SA 15:24 سادۆق و هەموو لێڤییەکانیش لەگەڵی بوون و سندوقی پەیمانی خودایان هەڵگرتبوو، ئیتر سندوقەکەی خودایان دانا و ئەبیاتار قوربانی پێشکەش دەکرد، هەتا هەموو گەل لە شارەکە هاتنە دەرەوە.
2SA 15:25 ئینجا پاشا بە سادۆقی گوت: «سندوقی خودا بگەڕێنەوە شارەکە. ئەگەر لەبەرچاوی یەزدان پەسەند بم، ئەوا دەمگەڕێنێتەوە و ڕێگام دەدات سندوقەکە و نشینگەکەشی ببینم.
2SA 15:26 ئەگەر یەزدانیش فەرمووی: ”من پێت دڵشاد نەبووم،“ من ئەوەتام، با خۆی چی بەلاوە باشە ئەوە بکات.»
2SA 15:27 هەروەها پاشا بە سادۆقی کاهینی گوت: «ئایا تۆ پێشبینیکەر نیت؟ بە سەلامەتی بگەڕێوە شارەکە، خۆت و ئەحیمەعەچی کوڕت و یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاریش، هەردوو کوڕەکانتان لەگەڵتاندا.
2SA 15:28 تەماشا بکەن، من لە تەنکاوەکە بەرەو چۆڵەوانی ناپەڕمەوە و ئۆقرە دەگرم، هەتا پەیامێک لەلای ئێوەوە دێت و پێم ڕادەگەیەنن.»
2SA 15:29 ئیتر سادۆق و ئەبیاتار سندوقی خودایان گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و لەوێ مانەوە.
2SA 15:30 بەڵام داود بە هەورازەکەی کێوی زەیتووندا سەرکەوت، سەردەکەوت و دەگریا، سەری داپۆشی بوو و بەپێی پەتی دەڕۆیشت، هەموو گەلیش کە لەگەڵی بوون هەرکەسە و سەری خۆی داپۆشی بوو، بە گریانەوە سەردەکەوتن.
2SA 15:31 پێشتر بە داود ڕاگەیەنرابوو: «ئەحیتۆفەل لەگەڵ ئەبشالۆم لەنێو پیلانگێڕەکاندایە.» ئیتر داودیش لە یەزدان پاڕایەوە: «ئەی یەزدان، تکایە ڕاوێژی ئەحیتۆفەل بکە بە گێلایەتی.»
2SA 15:32 کاتێک داود گەیشتە سەر لووتکەکە، شوێنی خواپەرستی، بینی وا حوشەی ئەرکی چاوەڕێی دەکات. جلەکەی دڕاوە و سەری تۆزاوییە.
2SA 15:33 داودیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بپەڕیتەوە بەسەرمەوە دەبیتە بار.
2SA 15:34 بەڵام ئەگەر بگەڕێیتەوە شار و بە ئەبشالۆم بڵێیت: ”ئەی پاشا، من دەبمە خزمەتکاری تۆ، لەمێژە خزمەتکاری باوکت بوومە، ئێستاش دەبمە خزمەتکاری تۆ،“ بەوە یارمەتیم دەدەی لە پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژی ئەحیتۆفەل.
2SA 15:35 ئایا هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار لەوێ لەگەڵتدا نابن؟ ئەوەی لە کۆشکی پاشا دەیبیستیتەوە بە هەردوو کاهینەکە ڕابگەیەنە، سادۆق و ئەبیاتار.
2SA 15:36 هەردوو کوڕەکەیان لەوێ لەگەڵیاندان، ئەحیمەعەچی سادۆق و یۆناتانی ئەبیاتار، هەموو ئەو شتانەی گوێتان لێی دەبێت بەواندا بۆ منی بنێرن.»
2SA 15:37 ئینجا حوشەی هاوڕێی داود هاتە شارەکە، لەو کاتەی ئەبشالۆم دەهاتە ناو ئۆرشەلیم.
2SA 16:1 کاتێک کە داود تۆزێک لە لووتکەکە ڕەت بوو، بینی چیڤای بریکاری مەفیبۆشەت بە دوو گوێدرێژی کورتانکراوەوە چاوەڕێی دەکات، دوو سەد کولێرە و سەد هێشووە کشمیش و سەد نانە هەنجیر و مەشکەیەک شەرابی بارکردبوو.
2SA 16:2 پاشا بە چیڤای گوت: «ئەمانەت بۆ چییە؟» چیڤاش گوتی: «دوو گوێدرێژەکە بۆ ماڵی پاشا بۆ سواربوونە، کولێرە و هەنجیرەکەش بۆ پیاوەکانتە با بیخۆن، شەرابەکەش با ئەوانە بیخۆنەوە کە لە چۆڵەوانیدا شەکەت بوون.»
2SA 16:3 پاشاش لێی پرسی: «ئەی کوڕەزای گەورەکەت لەکوێیە؟» چیڤاش بە پاشای گوت: «ئەوەتا ئەو لە ئۆرشەلیم ماوەتەوە، چونکە گوتی: ”ئەمڕۆ بنەماڵەی ئیسرائیل پاشایەتییەکەی باپیرم بۆ دەگەڕێننەوە.“»
2SA 16:4 ئینجا پاشا بە چیڤای گوت: «وا هەموو ئەوانەی هی مەفیبۆشەتن بۆ تۆیە.» چیڤاش گوتی: «کڕنۆش دەبەم. هیوادارم پاشای گەورەم لێم ڕازی بێت.»
2SA 16:5 کاتێک داودی پاشا لە بەحوریم نزیک بووەوە، پیاوێک لەوێوە هات کە لە خێڵی شاول بوو، ناوی شیمعیی کوڕی گێرا بوو، دەهاتە دەرەوە و نەفرەتی دەکرد.
2SA 16:6 داودی پاشا و هەموو کاربەدەستانی بەردباران دەکرد، هەرچەندە هەموو سوپا و پاڵەوانەکانیش لەلای ڕاست و چەپی بوون.
2SA 16:7 شیمعی کە نەفرەتی دەکرد دەیگوت: «بڕۆ دەرەوە! بڕۆ دەرەوە، ئەی پیاوی خوێنڕێژ، ئەی پیاوی سووکوچروک!
2SA 16:8 یەزدان تۆڵەی هەموو خوێنی ماڵی شاولی لێکردیتەوە کە لە جێی ئەو بوویت بە پاشا. یەزدان پاشایەتییەکەی دایە دەست ئەبشالۆمی کوڕت، تۆ بە خراپەی خۆت لەناودەچیت، چونکە تۆ پیاوێکی خوێنڕێژیت!»
2SA 16:9 ئەبیشەی کوڕی چەرویاش بە پاشای گوت: «بۆچی ئەم سەگە تۆپیوە نەفرەت لە پاشای گەورەم دەکات؟ لێمگەڕێ با بۆی بچم و سەری لێ بکەمەوە.»
2SA 16:10 بەڵام پاشا گوتی: «ئەی کوڕانی چەرویا، چی لەنێوان من و ئێوە هەیە؟ لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، ئەگەر یەزدان پێی فەرمووبێت نەفرەت لە داود بکە، کێ هەیە بتوانێت بڵێت: ”بۆ ئەمە دەکەیت؟“»
2SA 16:11 ئینجا داود بە ئەبیشەی و بە هەموو کاربەدەستەکانی گوت: «ئەوەتا من کوڕەکەی خۆم، ئەوەی لە پشتی خۆمەوە هاتووە دەیەوێت بمکوژێت، چ جای بنیامینییەک! لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، چونکە یەزدان پێی فەرمووە.
2SA 16:12 بەڵکو یەزدان بڕوانێتە زەلیلییەکەم و لە جیاتی ئەو نەفرەتەی ئەمڕۆ، بە چاکە پاداشتم بداتەوە.»
2SA 16:13 ئیتر داود و پیاوەکانی بە ڕێگادا دەڕۆیشتن و شیمعییش بە قەراغ چیاکەدا لە بەرامبەری دەڕۆیشت، بە ڕێگاوە نەفرەتی دەکرد و لە بەرامبەری بەردی تێدەگرت و خۆڵی بە بادا دەکرد.
2SA 16:14 پاشا و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون گەیشتنە تەنکاوەکە، ماندوو بوون، لەوێ حەوانەوە.
2SA 16:15 هەر لەو کاتەدا، ئەبشالۆم و هەموو سوپای ئیسرائیل هاتنە ئۆرشەلیم و ئەحیتۆفەلیشیان لەگەڵ بوو.
2SA 16:16 ئینجا حوشەی ئەرکی هاوڕێی داود هاتە لای ئەبشالۆم، حوشەی بە ئەبشالۆمی گوت: «بژی پاشا، بژی پاشا!»
2SA 16:17 ئەبشالۆمیش بە حوشەی گوت: «ئەمە خۆشەویستییەکەتە بۆ هاوڕێکەت؟ بۆچی لەگەڵ برادەرەکەت نەڕۆیشتیت؟»
2SA 16:18 حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر، بەڵکو ئەوەی یەزدان و ئەم گەلە و هەموو پیاوانی ئیسرائیل هەڵیانبژاردووە، من لایەنگری ئەو دەبم و لەگەڵ ئەودا دەمێنمەوە.
2SA 16:19 پاشان، من خزمەتی کێ دەکەم؟ ئایا لەبەردەم کوڕەکەی نییە؟ هەروەک چۆن لەبەردەم باوکت خزمەتم کرد، ئاواش لەبەردەم تۆدا خزمەت دەکەم.»
2SA 16:20 ئەبشالۆم بە ئەحیتۆفەلی گوت: «تەگبیر بکەن، چی بکەین؟»
2SA 16:21 ئەحیتۆفەلیش بە ئەبشالۆمی گوت: «لەگەڵ کەنیزەکانی باوکت جووتبە، ئەوانەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتن. ئینجا هەموو ئیسرائیل دەیبیستێتەوە کە لەبەرچاوی باوکت کەوتوویت، بەو شێوەیە دەستی هەموو ئەوانە بەهێزتر دەبێت کە لەگەڵتدان.»
2SA 16:22 لە سەربان چادرێکیان بۆ ئەبشالۆم دامەزراند و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل لەگەڵ کەنیزەکانی باوکی جووتبوو.
2SA 16:23 لەو سەردەمەدا ڕاوێژی ئەحیتۆفەل کە ڕاوێژی پێ دەکرا، وەک ئەوەی لە خوداوە بێت. هەموو ڕاوێژەکانی ئەحیتۆفەل ئاوا بوون بۆ داود و بۆ ئەبشالۆمیش.
2SA 17:1 ئەحیتۆفەل بە ئەبشالۆمی گوت: «پێم باشە دوازدە هەزار پیاو هەڵبژێریت و هەستیت و هەر ئەمشەو بەدوای داود بکەویت.
2SA 17:2 کە هێشتا ماندووە و دەستی شلە بەسەریدا بدە، ئینجا بیتۆقێنە، ئیتر هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵدێن. بە تەنها لە پاشا بدە،
2SA 17:3 هەموو گەلت بۆ دەگەڕێتەوە. مەرگی ئەو پیاوەی داوای دەکەیت، واتای گەڕانەوەی هەمووانە، جا هەموو گەل لە ئاشتیدا دەبن.»
2SA 17:4 ئەم تەگبیرەی لەلایەن ئەبشالۆم و هەموو پیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کرا.
2SA 17:5 بەڵام ئەبشالۆم گوتی: «حوشەی ئەرکیش بانگ بکەن، با بزانین ئەویش چی دەڵێت.»
2SA 17:6 ئیتر حوشەی هاتە لای، ئەبشالۆم پێی گوت: «ئەحیتۆفەل ئەم قسەیەی کردووە، ئایا بە قسەی بکەین؟ ئەگەر نا، تۆ چی دەڵێت؟»
2SA 17:7 حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «ڕاوێژەکەی ئەم جارەی ئەحیتۆفەل باش نییە.
2SA 17:8 تۆ باوکت و پیاوەکانی دەناسیت، پاڵەوانن، وەک دەڵەورچێک کە لە دەشتودەرە بەچکەکانی ڕاوکرابێت تووڕەن. جگە لەوەش باوکت پیاوی جەنگە و لەگەڵ لەشکر شەو بەسەرنابات.
2SA 17:9 ئێستا ئەو لە ئەشکەوتێک یان لە شوێنێکدا خۆی شاردووەتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا هەندێکتان لێ بکوژرێت و خەڵکی بیبیستنەوە و بڵێن، ”ئەو لەشکرەی لەگەڵ ئەبشالۆم بوو، تێکشکاوە،“
2SA 17:10 ئەوا تەنانەت ئەو پاڵەوانەی دڵی وەک شێر وایە دڵی دەتوێتەوە، چونکە هەموو ئیسرائیل دەزانن کە باوکت پاڵەوانە و ئەوانەی لەگەڵیدان قارەمانن.
2SA 17:11 «لەبەر ئەوە من ئامۆژگاریت دەکەم کە هەموو ئیسرائیل لە دانەوە هەتا بیری شابەع، وەک لمی سەر دەریا لێت کۆببنەوە لە زۆریدا، بەڕێزیشت سەرکردایەتی جەنگەکە بکە.
2SA 17:12 ئینجا بۆی دەچینە یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەوی لێیە، وەک شەونمی سەر زەوی بەسەریدا دادەبارین. هیچ کەسیان لێ ناهێڵینەوە، نە خۆی و نە هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان.
2SA 17:13 ئەگەر بۆ شارێک پاشەکشەی کرد، با هەموو ئیسرائیل گوریس بۆ ئەو شارە ببەن و دیوارەکانی شارەکە بۆ ناو دۆڵەکە ڕادەکێشین بۆ ئەوەی تەنانەت بەردێکیشی لەوێ نەبینرێتەوە.»
2SA 17:14 ئینجا ئەبشالۆم و هەموو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییەکەی حوشەی ئەرکی لە ڕاوێژەکەی ئەحیتۆفەل باشترە.» ئیتر پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژە باشەکەی ئەحیتۆفەل بە فەرمانی یەزدان بوو، بۆ ئەوەی یەزدان بەڵا بەسەر ئەبشالۆمدا بهێنێت.
2SA 17:15 حوشەی بە سادۆق و بە ئەبیاتاری گوت، هەردوو کاهینەکە: «ئەحیتۆفەل بەو شێوەیە ئامۆژگاری بۆ ئەبشالۆم و پیرانی ئیسرائیل کردووە، منیش بەم شێوەیە ڕاوێژم کردووە.
2SA 17:16 ئێستاش بە پەلە بنێرن و بە داود ڕابگەیەنن و بڵێن: ”ئەمشەو لەسەر تەنکاوەکەی بەرەو چۆڵەوانی بەسەرمەبە، لە ڕووبارەکە بپەڕەوە، نەوەک پاشا و ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵبلووشرێن.“»
2SA 17:17 یۆناتان و ئەحیمەعەچ نەیاندەویست بچنە ناو شارەکە و ببینرێن، لەلای کانی ڕۆگێل چاوەڕێی کارەکەرێک بوون پەیامێکیان پێ ڕابگەیەنێت، ئەوانیش بچن و بە داودی پاشای ڕابگەیەنن.
2SA 17:18 بەڵام گەنجێک هەردووکیانی بینی و بە ئەبشالۆمی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە هەردووکیان بە پەلە ڕۆیشتن و چوونە ناو ماڵی پیاوێک لە بەحوریم، بیرێک لەناو حەوشەکەیدا هەبوو، هەردووکیان شۆڕ بوونەوە ناوی.
2SA 17:19 ژنەکەی دەمی بیرەکەی بە ڕووپۆشێک داپۆشی و دانەوێڵەی بەسەردا بڵاوکردەوە، کەس پێی نەزانی.
2SA 17:20 ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم هاتن بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەکە و گوتیان: «ئەحیمەعەچ و یۆناتان لەکوێن؟» ژنەکەش وەڵامی دانەوە: «لە جۆگەی ئاوەکە پەڕینەوە.» جا پاش ئەوەی بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
2SA 17:21 پاش ئەوەی خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ڕۆیشتن، ئەحیمەعەچ و یۆناتان لە بیرەکە هاتنە دەرەوە و ڕۆیشتن و بە داود پاشایان ڕاگەیاند و بە داودیان گوت: «هەستن و بە پەلە لە تەنکاوەکە بپەڕنەوە، چونکە ئەحیتۆفەل ئاوا ئامۆژگاری کردوون.»
2SA 17:22 لەبەر ئەوە داود و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون هەستان و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە بەرەبەیاندا کەس نەمابوو لە ڕووباری ئوردون نەپەڕیبێتەوە.
2SA 17:23 بەڵام کاتێک ئەحیتۆفەل بینی کار بە ڕاوێژەکەی نەکراوە، گوێدرێژەکەی کورتان کرد و هەستا، بەرەو ماڵەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەڕێکەوت و وەسیەتی بۆ ماڵەکەی کرد و خۆی خنکاند و مرد، جا لە گۆڕەکەی باوکی ناشتیان.
2SA 17:24 ئینجا داود هات بۆ مەحەنەیم و ئەبشالۆمیش خۆی و هەموو ئەو پیاوانەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا بوون لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕینەوە.
2SA 17:25 ئەبشالۆم لە جیاتی یۆئاب عەماسای کردبوو بە سوپاسالار و عەماساش کوڕی پیاوێک بوو ناوی یەتەری ئیسرائیلی بوو، کە ئەبیگایلی کچی ناحاش، خوشکی چەرویا، دایکی یۆئاب خێزانی بوو.
2SA 17:26 ئیسرائیل و ئەبشالۆم لە خاکی گلعاددا چادریان هەڵدا.
2SA 17:27 کاتێک داود گەیشتە مەحەنەیم، شۆڤیی کوڕی ناحاش لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان و ماکیری کوڕی عەمیێل لە لۆدەڤار و بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە
2SA 17:28 ڕاخەر و تەشت و قاپوقاچاغی گڵین، گەنم و جۆ و ئارد، دانەوێڵەی برژاو و پاقلە و نیسک و نۆکی برژاو،
2SA 17:29 هەنگوین و دەڵەمە و مەڕ و پەنیری مانگایان پێشکەشی داود و ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون کرد هەتا بیخۆن، چونکە گوتیان: «گەل لە چۆڵەوانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»
2SA 18:1 داود سەرژمێری ئەو پیاوانەی کرد کە لەگەڵیدا بوون، فەرماندەی هەزاران و سەدانی بەسەرەوە دانان.
2SA 18:2 ئینجا داود سێیەکی سەربازەکانی بە دەستی یۆئابدا نارد، سێیەکیش بە دەستی ئەبیشەی کوڕی چەرویای برای یۆئاب، سێیەکیش بە دەستی ئیتتایی گەتی. پاشا بە سوپاکەی گوت: «هەروەها بە دڵنیاییەوە منیش لەگەڵتان دێمە دەرەوە.»
2SA 18:3 بەڵام سەربازەکان گوتیان: «مەچۆ دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێمە هەڵبێین گوێمان پێ نادەن، ئەگەر نیوەشمان لێ بمرێت هەر گوێمان پێ نادەن، بەڵام تۆ هێندەی دە هەزار کەسی لە ئێمە، ئێستاش باشترە کە تۆ بۆ یارمەتیدانمان لە شارەکە بیت.»
2SA 18:4 پاشاش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی پێتان باشە دەیکەم.» ئیتر پاشا لەلای دەروازەکەوە وەستا و هەموو پیاوان بە یەکەی سەدان و بە هەزاران چوونە دەرەوە.
2SA 18:5 پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد.
2SA 18:6 سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا.
2SA 18:7 لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا.
2SA 18:8 شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون.
2SA 18:9 ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت.
2SA 18:10 پیاوێک بینی و بە یۆئابی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا ئەبشالۆمم بینی بە دار بەڕووەکەوە هەڵواسرابوو.»
2SA 18:11 یۆئابیش بەو پیاوەی گوت کە پێی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا بینیت؟ ئەی بۆچی لەوێ بە زەویتدا نەدا، هەتا دە شاقل زیو و پشتێنێکت بدەمێ؟»
2SA 18:12 بەڵام پیاوەکە بە یۆئابی گوت: «تەنانەت ئەگەر هەزار شاقل زیویش بکێشن و بە دەستم بگات، بە هیچ جۆرێک دەستم بۆ کوڕی پاشا درێژ ناکەم، چونکە پاشا لەبەردەمی ئێمە فەرمانی بە تۆ و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: ”لەبەر من ئەو گەنجە، ئەبشالۆم بپارێزن و دەستی لێ مەدەن.“
2SA 18:13 ئەگەر نا ستەمم لەگەڵ خۆم دەکرد، پاشاش هیچی لێ ناشاردرێتەوە، تۆش لە دژم دەوەستایت.»
2SA 18:14 یۆئابیش گوتی: «من بەم شێوەیە لەبەردەمتدا ئارام ناگرم.» جا سێ ڕمی گرت بە دەستیەوە و لە دڵی ئەبشالۆمی گرت کە هێشتا لەناو دار بەڕووەکەدا زیندوو بوو.
2SA 18:15 دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان.
2SA 18:16 ئەوسا یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و ڕێگای لەسەر سەربازەکان گرت، سەربازەکانیش لە ڕاونانی ئیسرائیل گەڕانەوە.
2SA 18:17 ئیتر ئەبشالۆمیان هەڵگرت و لە دارستانەکەدا فڕێیاندایە ناو چاڵێکی گەورە، بەردێکی زۆریان لەسەری کەڵەکە کرد. هەموو ئیسرائیلیش هەریەکە و بۆ شوێنی خۆی هەڵات.
2SA 18:18 پێشتر ئەبشالۆم کە هێشتا زیندوو بوو، ئەو کۆڵەکەیەی کە لە دۆڵی پاشادا بوو بردبووی و بۆ خۆی دایمەزراندبوو، چونکە گوتبووی: «کوڕێکم نییە بۆ یادکردنەوەی ناوەکەم.» کۆڵەکەکەشی بە ناوی خۆیەوە ناو نا، هەتا ئەمڕۆش پێ دەگوترێت «یادەوەری ئەبشالۆم».
2SA 18:19 ئەوە بوو ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق گوتی: «با ڕابکەم و مژدە بدەمە پاشا: ”یەزدان حەقی بۆ سەندیتەوە و لە دوژمنەکانت ڕزگاری کردیت.“»
2SA 18:20 یۆئابیش پێی گوت: «تۆ ئەمڕۆ خاوەن مژدە نیت، لە ڕۆژێکی دیکەدا مژدە بدە و ئەمڕۆ مژدە مەدە، چونکە کوڕی پاشا مردووە.»
2SA 18:21 یۆئاب بە کوشییەکی گوت: «بڕۆ و ئەوەی بینیت بە پاشای ڕابگەیەنە.» کوشییەکەش کڕنۆشی بۆ یۆئاب برد و ڕایکرد.
2SA 18:22 ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق دووبارە بە یۆئابی گوت: «هەرچییەک بووە لێمگەڕێ با منیش بەدوای کوشییەکەدا ڕابکەم.» یۆئابیش گوتی: «کوڕم، تۆ بۆ ڕادەکەیت، لە کاتێکدا مژدەیەکت نییە شایانی پاداشت بێت؟»
2SA 18:23 ئەویش گوتی: «هەرچی بێت، ڕادەکەم.» یۆئابیش پێی گوت: «ڕابکە!» ئەوسا ئەحیمەعەچ بە ڕێگای پێدەشتەکەدا ڕایکرد و بە پێش کوشییەکە کەوت.
2SA 18:24 کاتێک داود لەنێوان دەروازەکانی ژوورەوە و دەرەوە دانیشتبوو، ئێشکگرەکە سەرکەوتە سەربانی دەرگاکە بۆ سەر شووراکە، چاوی هەڵبڕی و بینی پیاوێک بە تەنها ڕادەکات.
2SA 18:25 ئێشکگرەکە هاواری کرد و بە پاشای ڕاگەیاند. پاشاش گوتی: «ئەگەر بە تەنها بێت مژدەی پێیە.» پیاوەکەش ڕایدەکرد و نزیک دەبووەوە.
2SA 18:26 ئینجا ئێشکگرەکە پیاوێکی دیکەی بینی ڕادەکات، بانگی دەرگاوانەکەی کرد و پێی گوت: «ئەوەتا پیاوێکی دیکەش بە تەنها ڕادەکات.» پاشاش گوتی: «ئەمەش هەر مژدەی پێیە.»
2SA 18:27 ئێشکگرەکە گوتی: «من دەبینم کە ڕاکردنی یەکەم وەک ڕاکردنی ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق وایە.» پاشاش گوتی: «ئەمە پیاوچاکە و مژدەیەکی چاکیش دەهێنێت.»
2SA 18:28 ئەحیمەعەچ هاواری کرد و بە پاشای گوت: «سڵاو، هەموو شتێک باشە!» کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی ئەو خەڵکەی ڕادەست کرد کە لە پاشای گەورەم هەستابوون!»
2SA 18:29 پاشاش گوتی: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟» ئەحیمەعەچیش گوتی: «گەورەم، کاتێک کە یۆئابی بەردەستی تایبەتی تۆ منی دەنارد، شڵەژانێکی گەورەم بینی، بەڵام نەمزانی چی بوو.»
2SA 18:30 پاشاش گوتی: «بسووڕێوە و لێرە ڕابوەستە.» ئەویش سووڕایەوە و ڕاوەستا.
2SA 18:31 لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»
2SA 18:32 پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟» کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»
2SA 18:33 جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»
2SA 19:1 پاشان بە یۆئاب ڕاگەیەنرا: «پاشا دەگریێت و شیوەن بۆ ئەبشالۆم دەگێڕێت.»
2SA 19:2 ئەو ڕۆژە سەرکەوتنەکە لەلای هەموو سوپا بووە شیوەن، چونکە سەربازەکان لەو ڕۆژەدا گوێیان لێبوو گوترا: «پاشا بۆ کوڕەکەی دڵتەنگ بووە.»
2SA 19:3 جا لەو ڕۆژەدا سەربازەکان وەک سوپایەکی شەرمەزاری هەڵاتوو لە جەنگدا بەدزییەوە گەڕانەوە ناو شارەکە.
2SA 19:4 پاشاش ڕووی خۆی داپۆشی و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! ئەبشالۆم کوڕەکەم، کوڕەکەم!»
2SA 19:5 ئینجا یۆئاب لە ماڵی پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «ئەمڕۆ ڕووی هەموو خزمەتکارەکانت شەرمەزار کرد، ئەوانەی لەم ڕۆژەدا دەربازکەری ژیانی خۆت و ژیانی کوڕ و کچ و ژن و کەنیزەکانت بوون.
2SA 19:6 ئەوانەی ڕقیان لێت دەبێتەوە خۆشت دەوێن، ئەوانەش کە تۆیان خۆشدەوێت ڕقت لێیان دەبێتەوە. ئەمڕۆ دەرتخست کە تۆ سەرکردە و خزمەتکارەکانت بەلاوە هیچ نییە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ زانیم ئەگەر ئەبشالۆم زیندوو بووایە و ئێمە هەموومان بمردبووینایە ئەوسا کارەکەت بە دڵ دەبوو.
2SA 19:7 ئێستاش هەستە و بڕۆ دەرەوە دڵی خزمەتکارەکانت بدەوە، چونکە بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر نەچیتە دەرەوە، ئەمشەو کەس لەگەڵت نامێنێتەوە، ئەوەش لە هەموو ئەو خراپانەی لە گەنجییەوە هەتا ئێستا تووشت بوون خراپتر دەبێت لەسەرت.»
2SA 19:8 ئیتر پاشا هەستا و لە دەروازەکەدا دانیشت، بە هەموو گەل ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا پاشا لە دەروازەکەدا دانیشتووە.» جا هەموو گەل هاتنە بەردەم پاشا. ئیسرائیلییەکانیش هەریەکە و بۆ چادرەکەی خۆی هەڵاتبوون.
2SA 19:9 لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا گەل مشتومڕیان بوو و دەیانگوت: «پاشا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان کەوت، ئەو بوو کە لە دەست فەلەستییەکان دەربازی کردین، ئێستاش ئەو بەهۆی ئەبشالۆمەوە لە خاکەکەوە هەڵاتووە.
2SA 19:10 ئەبشالۆمیش ئەوەی بەسەر خۆمانەوە دەستنیشانمان کرد لە جەنگدا مرد، بۆچی سەبارەت بە هێنانەوەی پاشا بێدەنگن؟»
2SA 19:11 داودی پاشا پەیامی بۆ هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار نارد و گوتی: «لەگەڵ پیرانی یەهودا بدوێن و بڵێن: ”بۆچی دواهەمین کەس دەبن لە گەڕاندنەوەی پاشا بۆ کۆشکەکەی، چونکە هەموو ئەوەی ئیسرائیل گوتیان گەیشتە پاشا کە لە ئۆردوگاکەی بوو؟
2SA 19:12 ئێوە برای منن و لە گۆشت و خوێنی منن، ئیتر بۆچی لە گەڕاندنەوەی پاشا دواهەمین کەس دەبن؟“
2SA 19:13 هەروەها بە عەماسا بڵێن: ”ئایا تۆ لە گۆشت و خوێنی من نیت؟ با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر لەمەودوا لەلای من لە جێی یۆئاب نەبیتە فەرماندەی گشتی سوپا.“»
2SA 19:14 جا دڵی هەموو پیاوانی یەهودای وەک یەک پیاو بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەوانیش بەدوای پاشادا ناردیان و گوتیان: «خۆت و هەموو خزمەتکارەکانت بگەڕێنەوە.»
2SA 19:15 لەبەر ئەوە پاشا گەڕایەوە و هاتە ڕووباری ئوردون. پیاوانی یەهوداش هاتنە گلگال و چوونە پێشوازی پاشا، بۆ ئەوەی لە ڕووباری ئوردون بپەڕێتەوە.
2SA 19:16 شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی کە خەڵکی بەحوریمە، دەستپێشخەری کرد و لەگەڵ پیاوانی یەهودا بۆ پێشوازی داودی پاشا دابەزین،
2SA 19:17 هەزار پیاویش لە بنیامین لەگەڵیدا بوون، لەگەڵ چیڤای خزمەتکاری ماڵی شاول، هەر پازدە کوڕەکەی و بیست خزمەتکارەکەی لەگەڵیدا بوون، هەموویان بە پەلە چوونە سەر ڕووباری ئوردون، بۆ لای پاشا.
2SA 19:18 ئینجا لە تەنکاییەکە پەڕینەوە بۆ ئەوەی ماڵی پاشا بپەڕێننەوە و هەرچییەک پاشا بەلایەوە پەسەند بوو ئەنجامی بدەن. شیمعی کوڕی گێراش کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕییەوە لەبەردەم پاشادا بە ڕوودا کەوت،
2SA 19:19 بە پاشای گوت: «با گەورەم تاوانم لەسەر نەژمێرێت. ئەو هەڵە گەورەیەی خزمەتکارەکەت بە یاد مەهێنەرەوە کە لە ڕۆژی چوونەدەرەوەی پاشای گەورەم لە ئۆرشەلیم کردی. با پاشا ئەوە لە دڵی خۆی نەگرێت.
2SA 19:20 لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت دەزانێت کە گوناهی کردووە، هەر بۆیە من ئەمڕۆ یەکەم کەسم لە هەموو بنەماڵەی یوسف کە بۆ پێشوازی پاشای گەورەم دابەزیوم.»
2SA 19:21 ئەبیشەی کوڕی چەرویاش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا لەبەر ئەمە نابێت شیمعی بکوژرێت کە نەفرەتی لە دەستنیشانکراوی یەزدان کردووە؟»
2SA 19:22 داودیش گوتی: «کوڕانی چەرویا، ئەمە چ پەیوەندییەکی بە ئێوەوە هەیە؟ بە چ مافێک دەست لە کاروبارم وەردەدەن؟ ئایا ئەمڕۆ کەسێک لە ئیسرائیل بکوژرێت؟ ئایا نازانن من ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیلم؟»
2SA 19:23 ئینجا پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ نامریت.» پاشا سوێندی بۆ خوارد.
2SA 19:24 هەروەها مەفیبۆشەتی کوڕەزای شاول بۆ پێشوازی پاشا دابەزی، لەو ڕۆژەی پاشا تێیدا ڕۆیشت هەتا ئەو ڕۆژەی بە سەلامەتی هاتەوە، بایەخی بە قاچەکانی و ڕیشی نەدابوو، جلەکانی نەشوشتبوو.
2SA 19:25 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆرشەلیم هاتە پێشوازی پاشا، پاشا پێی گوت: «مەفیبۆشەت، بۆچی لەگەڵمدا نەڕۆیشتیت؟»
2SA 19:26 ئەویش گوتی: «گەورەم، پاشا، چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت گوتی: ”گوێدرێژێکم بۆ کورتان بکرێت تاوەکو سواری بم و لەگەڵ پاشادا بچم.“ بەڵام چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم و
2SA 19:27 لەلای پاشای گەورەم بوختانی بەدەم خزمەتکارەکەتەوە کرد. پاشای گەورەشم وەک فریشتەی خودا وایە، جا چیت پێ باشە ئەوە بکە.
2SA 19:28 هەموو بنەماڵەی ئێمە خەڵکانێک بوون شایانی ئەوە بوون کە پاشای گەورەم بیانکوژێت، تۆش خزمەتکارەکەتت خستە نێو ئەو کەسانەی کە لەسەر خوانەکەت دەخۆن، ئیتر بە چ مافێکەوە داواکاریی زیاتر پێشکەش پاشا بکەم؟»
2SA 19:29 پاشاش پێی گوت: «بۆچی قسەی زیاد دەکەیت؟ من گوتم تۆ و چیڤا کێڵگەکە لەنێوانتاندا دابەش بکەن.»
2SA 19:30 مەفیبۆشەتیش بە پاشای گوت: «دوای ئەوەی پاشای گەورەم بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی با چیڤا هەمووی بۆ خۆی ببات.»
2SA 19:31 هەروەها بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە دابەزی و لە ڕووباری ئوردون لەگەڵ پاشادا پەڕییەوە، بۆ ئەوەی لەلای ڕووباری ئوردون بەڕێی بکات.
2SA 19:32 بەرزیلەی زۆر پیر ببوو، تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، لە ماوەی مانەوەی پاشا لە مەحەنەیم ئەو ئازووقەی بۆ دابین کردبوو، چونکە پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند بوو.
2SA 19:33 لەبەر ئەوە پاشا بە بەرزیلەیی گوت: «تۆش بپەڕەوە و لەگەڵم وەرە ئۆرشەلیم، ئازووقەت بۆ دابین دەکەم.»
2SA 19:34 بەرزیلەییش بە پاشای گوت: «چەند ساڵ لە تەمەنم ماوە تاوەکو لەگەڵ پاشادا سەربکەومە ئۆرشەلیم؟
2SA 19:35 من ئەمڕۆ تەمەنم هەشتا ساڵە، ئایا دەتوانم چاک و خراپ لە یەک جیا بکەمەوە، ئایا خزمەتکارەکەت چێژ وەردەگرێت لەوەی کە دەیخوات و دەیخواتەوە؟ ئایا گوێم لە دەنگی ژن و پیاوە گۆرانیبێژەکان دەبێت؟ ئیتر بۆچی خزمەتکارەکەت ببێت بە بارگرانی بەسەر پاشای گەورەمەوە؟
2SA 19:36 خزمەتکارەکەت تەنها کەمێک لە ڕووباری ئوردون بەڕێت دەکات، ئیتر بۆچی پاشا بەم خەڵاتە پاداشتم دەداتەوە؟
2SA 19:37 لێگەڕێ با خزمەتکارەکەت بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە شارۆچکەکەی خۆمدا لە نزیک گۆڕی دایک و باوکمەوە بمرم، وا کیمهامی خزمەتکارت لەگەڵ پاشای گەورەمدا دەپەڕێتەوە، تۆش چیت پێ باشە ئەوەی لەگەڵدا بکە.»
2SA 19:38 پاشاش گوتی: «کیمهام لەگەڵمدا دەپەڕێتەوە و ئەوەی تۆ پێت باش بێت لەگەڵیدا دەکەم، ئەوەشی لێم دەخوازیت بۆت دەکەم.»
2SA 19:39 هەموو گەل لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئینجا پاشاش پەڕییەوە، پاشا بەرزیلەیی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، ئەویش گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی.
2SA 19:40 کاتێک پاشا پەڕییەوە گلگال، کیمهامیش لەگەڵیدا پەڕییەوە، هەموو سوپای یەهودا و نیوەی سوپای ئیسرائیل پاشایان پەڕاندەوە.
2SA 19:41 ئیتر هەموو پیاوانی ئیسرائیل دەهاتنە لای پاشا، بە پاشایان دەگوت: «بۆچی براکانمان، پیاوانی یەهودا تۆیان دزی، پاشا و ماڵەکەیان لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، هەموو پیاوانی داودیش لەگەڵیدا بوون؟»
2SA 19:42 هەموو پیاوانی یەهوداش وەڵامی پیاوانی ئیسرائیلیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی پاشا لە خزمی نزیکی ئێمەیە، ئێوە بەم کارە بەغیلی دەبەن؟ ئایا هیچمان لە پاشا خواردووە، یان هیچی پێ بەخشیوین؟»
2SA 19:43 پیاوانی ئیسرائیلیش وەڵامی پیاوانی یەهودایان دایەوە و گوتیان: «ئێمە دە ئەوەندەی ئێوە بەشمان لەلای پاشا هەیە، ئێمە لە ئێوە زیاتر مافمان بەسەر داودەوە هەیە. ئیتر بۆچی بە سووکایەتییەوە هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا دەکەن؟ ئێمە نەبووین یەکەم جار سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پاشاکەمان قسەمان کرد؟» بەڵام قسەی پیاوانی یەهودا لە قسەی پیاوانی ئیسرائیل ڕەقتر بوو.
2SA 20:1 وا ڕێککەوت پیاوێکی گێرەشێوێن لەوێدا بوو، ناوی شەڤەعی کوڕی بیکری بوو، پیاوێکی بنیامینی بوو، فووی بە کەڕەنادا کرد و هاواری کرد: «ئەی ئیسرائیل، هیچ نزیکایەتییەکمان لەگەڵ داود نییە، هیچ میراتێکمان لە کوڕی یەسادا نییە! هەرکەسە و بۆ چادرەکەی خۆی!»
2SA 20:2 لەبەر ئەوە هەموو پیاوانی ئیسرائیل وازیان لە داود هێنا و بەدوای شەڤەعی کوڕی بیکریدا ڕۆیشتن. بەڵام پیاوانی یەهودا لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵ پاشایاندا مانەوە.
2SA 20:3 کاتێک داود هاتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی لە ئۆرشەلیم، ئەو دە کەنیزەیەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتبوون، بردنی و لە ماڵی دەستبەسەریدا داینان و بەخێوی دەکردن، بەڵام لەگەڵیاندا پاڵ نەکەوت، بەڵکو هەتا ڕۆژی مردنیان بە تەنهایی دەستبەسەر کرابوون.
2SA 20:4 ئینجا پاشا بە عەماسای گوت: «لە سێ ڕۆژدا پیاوانی یەهودام بۆ کۆبکەرەوە و تۆش وەرە ئێرە.»
2SA 20:5 عەماساش بۆ کۆکردنەوەی پیاوانی یەهودا چوو، بەڵام لەو کاتە دواکەوت کە بۆی دیاری کردبوو.
2SA 20:6 داود بە ئەبیشەی گوت: «ئێستا شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئەبشالۆم خراپتر دەبێت بۆمان. لەبەر ئەوە تۆ خزمەتکارەکانی گەورەت ببە و دوای بکەوە، نەوەک چەند شارێکی قەڵابەند بۆ خۆی پەیدا بکات و لەبەرچاومان ون بێت.»
2SA 20:7 ئیتر پیاوەکانی یۆئاب و کریتی و پەلەتی و هەموو پاڵەوانەکان بە فەرماندەیی ئەبیشەی بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە دەرەوە.
2SA 20:8 کاتێک لەلای بەردە گەورەکەی گبعۆن بوون، عەماسا بەرەو ڕوویان هات، یۆئابیش زرێیەکەی پۆشیبوو و پشتێنێکیشی لەسەری بەستبوو، خەنجەرەکەشی لەناو کێلانەکەی بوو، لە ناوقەدیەوە بەستبووی. ئینجا کە هاتە پێش، خەنجەرەکەی کەوتە خوارەوە.
2SA 20:9 یۆئاب بە عەماسای گوت: «برام، چۆنی؟» جا یۆئاب بە دەستی ڕاستی ڕیشی عەماسای گرت بۆ ئەوەی ماچی بکات.
2SA 20:10 عەماساش ئاگای لەو خەنجەرە نەبوو کە لە دەستەکەی دیکەی یۆئابدا بوو، یۆئاب خەنجەرەکەی کرد بە سکیدا و هەناوی ڕژایە سەر زەوی. پێویستی نەکرد کە جارێکی دیکە خەنجەر بکاتەوە بە سکیدا، چونکە دەستبەجێ مرد. ئینجا یۆئاب و ئەبیشەی براشی لەدوای شەڤەعی کوڕی بیکری ڕۆیشتن.
2SA 20:11 یەکێک لە خزمەتکارەکانی یۆئاب لەلای عەماسا ڕاوەستا و گوتی: «ئەوەی یۆئابی دەوێت و ئەوەی سەر بە داودە با لەدوای یۆئابدا بێت!»
2SA 20:12 عەماساش لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا لەناو خوێندا گەوزابوو، جا کاتێک خزمەتکارەکە بینی هەموو گەل ڕادەوەستن، عەماسای لەسەر ڕێگاکە گواستەوە بۆ ناو کێڵگەکە و پارچە جلێکی بەسەریدا دا، چونکە بینی هەرکەسێک بگاتە سەری ڕادەوەستێت.
2SA 20:13 کاتێک عەماسا لە ڕێگاکە گواسترایەوە، هەموو پیاوێک دوای یۆئاب کەوت بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری.
2SA 20:14 شەڤەعیش بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕی، هەتا ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو ناوچەی بیرییەکان، ئەوانیش هەمووان کۆبوونەوە و شوێنی کەوتن.
2SA 20:15 ئینجا ئەو لەشکرەی کە لەگەڵ یۆئاب بوو هاتن و لە ئابێلی بێت‌مەعکادا شەڤەعییان گەمارۆ دا، سەنگەریان لە دەوری شارەکە لێدا. شارەکە گەمارۆ درا، هەموو ئەو گەلەش کە لەگەڵ یۆئاب بوون سەرگەرمی ڕووخان بوون بۆ ڕووخاندنی شووراکە،
2SA 20:16 لەو کاتەدا ژنێکی دانا لە شارەکەوە هاواری کرد: «گوێ بگرن! گوێ بگرن! بە یۆئاب بڵێن، وەرە پێشەوە بۆ ئێرە، هەتا قسەی لەگەڵدا بکەم.»
2SA 20:17 ئەویش چووە پێشەوە بۆ لای، ژنەکەش پرسی: «تۆ یۆئابی؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم.» ژنەکە پێی گوت: «گوێ لە قسەی کارەکەرەکەت بگرە.» ئەویش گوتی: «گوێم گرتووە.»
2SA 20:18 ژنەکە گوتی: «پێشینان ئاوایان دەگوت: ”لە ئابێل دەپرسن،“ بەو شێوەیە کۆتاییان بە کێشەکە دەهێنا.
2SA 20:19 ئێمە لەنێو شارەکانی ئیسرائیلدا ئاشتیخواز و دڵسۆزین، تۆش هەوڵی لەناوبردنی شارێک دەدەیت کە لە ئیسرائیلدا دایکانەیە؟ بۆچی میراتی یەزدان هەڵدەلووشیت؟»
2SA 20:20 یۆئابیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «لە من بەدوور بێت! لە من بەدوور بێت هەڵیبلوشم و تێکی بدەم!
2SA 20:21 شتەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە کە ناوی شەڤەعی کوڕی بیکرییە دەستی لە داودی پاشا بەرز کردووەتەوە، بە تەنها ئەو بدەن بەدەستەوە و لە شارەکە دوور دەکەومەوە.» ژنەکەش بە یۆئابی گوت: «سەری ئەو لە شووراکەوە بۆت هەڵدەدرێت.»
2SA 20:22 ئینجا ئافرەتەکە بە داناییەکەی خۆی چوو بۆ لای هەموو گەل و ئەوانیش سەری شەڤەعی کوڕی بیکرییان لێکردەوە و بۆ یۆئابیان فڕێدا. ئەویش فووی بە کەڕەنادا کرد و لە شارەکە دوور کەوتنەوە، هەرکەسە و بۆ چادرەکەی. یۆئابیش گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای پاشا.
2SA 20:23 یۆئابیش سەرکردەی هەموو سوپای ئیسرائیل بوو؛ بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش فەرماندەی کریتییەکان و پەلەتییەکان بوو؛
2SA 20:24 ئەدۆنیرام سەرپەرشتیاری بێگاری بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
2SA 20:25 شێڤا خامەی نهێنی بوو؛ سادۆق و ئەبیاتاریش کاهین بوون،
2SA 20:26 هەروەها عیرای یائیریش کاهینی داود بوو.
2SA 21:1 لە سەردەمی پاشایەتی داود سێ ساڵ لەدوای یەک قاتوقڕی هەبوو، داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و یەزدانیش فەرمووی: «بەهۆی شاول و ماڵە خوێنڕێژەکەیەتی، لەبەر ئەوەی گبعۆنییەکانی کوشت.»
2SA 21:2 پاشا گبعۆنییەکانی بانگکرد و لەگەڵیاندا دوا. گبعۆنییەکان لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو لە پاشماوەی ئەمۆرییەکان بوون و نەوەی ئیسرائیل سوێندیان بۆ پەیمانی ئاشتی خواردبوو، بەڵام شاول بەهۆی دڵگەرمی بۆ ئیسرائیل و یەهودا هەوڵی لەناوبردنی دان.
2SA 21:3 جا داود بە گبعۆنییەکانی گوت: «چیتان بۆ بکەم و بە چی کەفارەت بکەم تاوەکو داوای بەرەکەت بۆ میراتی یەزدان بکەن؟»
2SA 21:4 گبعۆنییەکانیش وەڵامیان دایەوە: «بۆمان نییە داوای زێڕ و زیو لە شاول و ماڵەکەی بکەین، هەروەها بۆشمان نییە کەس لە ئیسرائیلدا بکوژین.» داودیش گوتی: «هەرچی بڵێن بۆتان دەکەم.»
2SA 21:5 ئەوانیش بە پاشایان گوت: «ئەو پیاوەی کە قڕی کردین و پیلانی لە دژمان گێڕا بۆ ئەوەی لەناومان ببات و لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا نەمێنینەوە،
2SA 21:6 با حەوت پیاومان لە کوڕەکانی پێبدرێت، تاوەکو بۆ یەزدان هەڵیانواسین، لە گیڤعای شاولی هەڵبژێردراوی یەزدان.» پاشاش گوتی: «من پێتان دەدەم.»
2SA 21:7 پاشا دەستی لە مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول پاراست، لەبەر ئەو سوێندەی یەزدان کە لەنێوان داود و یۆناتانی کوڕی شاول هەبوو.
2SA 21:8 بەڵام پاشا ئەمانەی برد: ئەرمۆنی و مەفیبۆشەت، هەردوو کوڕەکەی ڕیچپای کچی ئەییا کە لە شاول ببووی، لەگەڵ هەر پێنج کوڕەکەی مێرەڤی کچی شاول کە لە عەدرئێلی کوڕی بەرزیلەیی مەحۆلاتی ببووی.
2SA 21:9 کوڕەکانی دایە دەست گبعۆنییەکان، ئەوانیش لەسەر چیا لەبەردەم یەزداندا بە کوژراوی هەڵیانواسین، هەر حەوتیان پێکەوە کەوتن، لە ڕۆژانی دروێنە لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنەی جۆ کوژران.
2SA 21:10 ڕیچپای کچی ئەییا گوشێکی برد و لەسەر بەردێک بۆ خۆی ڕایخست. هەر لە سەرەتای دروێنەدا هەتا ئەو کاتەی باران لە ئاسمان باری نەیهێشت نە باڵندەی ئاسمان لە ڕۆژ و نە ئاژەڵی کێوی لە شەو دابەزنە سەر تەرمەکانیان.
2SA 21:11 ئیتر ئەوەی ڕیچپای کچی ئەییا کەنیزەکەی شاول کردی بە داود ڕاگەیەنرا،
2SA 21:12 داودیش چوو و ئێسکەکانی شاول و ئێسکەکانی یۆناتانی کوڕی لەلای دانیشتووانی یاڤێش گلعاد هێنا، ئەوانەی لە گۆڕەپانی بێت‌شانەوە دزیبوویان، لەو شوێنەدا کە فەلەستییەکان ئەو ڕۆژەی کە لە شاولیان دا لە گلبۆع هەڵیانواسیبوون.
2SA 21:13 داود لەوێوە ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕی هێنا و ئێسکی هەڵواسراوەکانیشی کۆکردەوە.
2SA 21:14 ئینجا ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕیان لە زەوی بنیامین لە چێلاع لەناو گۆڕەکەی قیشی باوکی ناشت و هەموو ئەو شتانەی پاشا فەرمانی پێدابوو کردیان. پاش ئەوە خودا وەڵامی ئەو پاڕانەوەی دایەوە کە لە پێناوی زەوییەکە کرا.
2SA 21:15 جارێکی دیکە جەنگ لەنێوان فەلەستییەکان و ئیسرائیلدا بەرپابوو، داود لەگەڵ خزمەتکارەکانی دابەزین و لە دژی فەلەستییەکان جەنگان، داود شەکەت بوو.
2SA 21:16 جا یەشبی بەنۆڤ کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا و کێشی ڕمەکەی سێ سەد شاقل بڕۆنز بوو، شمشێرێکی نوێی لە کەمەری بەستبوو، گوتی کە داود دەکوژێت.
2SA 21:17 بەڵام ئەبیشەی کوڕی چەرویا بە هانایەوە هات و لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی. ئینجا پیاوەکانی داود سوێندیان بۆ خوارد و گوتیان: «نابێت جارێکی دیکە بۆ جەنگ لەگەڵمان بێیتە دەرەوە، نەوەک چرای ئیسرائیل بکوژێنرێتەوە.»
2SA 21:18 پاش ئەمانە جەنگێکی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ هەڵگیرسا، لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سەفی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا.
2SA 21:19 جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ جەنگ هەڵگیرسایەوە، ئێلحانانی کوڕی یاعیری بێت‌لەحمی برای گۆلیاتی گەتی کوشت، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
2SA 21:20 دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو.
2SA 21:21 کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعای برای داود کوشتی.
2SA 21:22 ئەو چوارە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
2SA 22:1 داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد.
2SA 22:2 گوتی: «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
2SA 22:3 خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە، لە ستەم ڕزگارم دەکات.
2SA 22:4 «لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
2SA 22:5 چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
2SA 22:6 پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
2SA 22:7 «لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، گوێی لە هاوارم بوو.
2SA 22:8 ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
2SA 22:9 دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
2SA 22:10 ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
2SA 22:11 سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
2SA 22:12 تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
2SA 22:13 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
2SA 22:14 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
2SA 22:15 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
2SA 22:16 بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی یەزدان، لە گەرمی هەناسەی لووتی.
2SA 22:17 «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
2SA 22:18 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
2SA 22:19 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
2SA 22:20 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
2SA 22:21 «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
2SA 22:22 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
2SA 22:23 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە.
2SA 22:24 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.
2SA 22:25 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
2SA 22:26 «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
2SA 22:27 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
2SA 22:28 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
2SA 22:29 ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت، یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
2SA 22:30 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
2SA 22:31 «ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
2SA 22:32 لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
2SA 22:33 خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
2SA 22:34 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
2SA 22:35 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
2SA 22:36 تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، هاوکاریت گەورەم دەکات.
2SA 22:37 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت.
2SA 22:38 «دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
2SA 22:39 لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن.
2SA 22:40 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
2SA 22:41 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
2SA 22:42 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
2SA 22:43 وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.
2SA 22:44 «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم، تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە. گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
2SA 22:45 بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن، هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
2SA 22:46 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
2SA 22:47 «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
2SA 22:48 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان ملکەچی من دەکات،
2SA 22:49 لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
2SA 22:50 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
2SA 22:51 «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»
2SA 23:1 ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن: «ئەمە وەک سروش درا بە داودی کوڕی یەسا، ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە، دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:
2SA 23:2 «ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا، وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
2SA 23:3 خودای ئیسرائیل فەرمووی، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل لەگەڵ من دوا: ”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات، کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
2SA 23:4 ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن لە بەیانییەکی ساماڵ، وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“
2SA 23:5 «ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟ پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم، کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە. ئەی هەموو ڕزگاری و ئارەزووێکم ناهێنێتە دی؟
2SA 23:6 بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن، کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
2SA 23:7 هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات، ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛ ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
2SA 23:8 ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن: یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.
2SA 23:9 پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد.
2SA 23:10 ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.
2SA 23:11 پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات.
2SA 23:12 بەڵام شەمما لە ناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.
2SA 23:13 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.
2SA 23:14 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو.
2SA 23:15 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێت‌لەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»
2SA 23:16 ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.
2SA 23:17 گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە. ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
2SA 23:18 ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.
2SA 23:19 ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
2SA 23:20 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.
2SA 23:21 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.
2SA 23:22 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.
2SA 23:23 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
2SA 23:24 ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون: عەساهێلی برای یۆئاب، ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،
2SA 23:25 شەممای حەرۆدی، ئەلیقای حەرۆدی،
2SA 23:26 حەلەچی پەلتیی، عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
2SA 23:27 ئەبیعەزەری عەناتۆتی، مەڤونەیی حوشاتی،
2SA 23:28 چەلمۆنی ئەحۆحی، مەهەرەیی نەتۆفایی،
2SA 23:29 حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی، ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،
2SA 23:30 بەنایای پیرعاتۆنی، هیدەی لە شیوەکانی گاعەشەوە،
2SA 23:31 ئەبی‌عەلڤۆنی عەرڤاتی، عەزماڤێتی بەرحومی،
2SA 23:32 ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی، کوڕەکانی یاشێن، یۆناتانی کوڕی
2SA 23:33 شەممای هاراری، ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،
2SA 23:34 ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی، ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،
2SA 23:35 حەسرۆی کارمەلی، پەعەرەیی ئەربی،
2SA 23:36 یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی، کوڕی هەگری،
2SA 23:37 چەلەقی عەمۆنی، نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
2SA 23:38 عیرای یەتری، گارێڤی یەتری و
2SA 23:39 ئوریای حیتی. هەموویان سی و حەوت کەس بوون.
2SA 24:1 دووبارە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیل جۆشا و داودی لێ هاندان و فەرمووی: «بڕۆ سەرژمێری ئیسرائیل و یەهودا بکە.»
2SA 24:2 پاشا بە یۆئاب و بەو فەرماندانەی سوپای گوت کە لەلای بوون: «ئێستا بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بگەڕێن، لە دانەوە هەتا بیری شابەع، جەنگاوەران تۆمار بکەن بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
2SA 24:3 یۆئابیش بە پاشای گوت: «با یەزدانی پەروەردگارت جەنگاوەران سەد ئەوەندە زیاتر بکات و پاشای گەورەم بە چاوی خۆی ئەوە ببینێت، بەڵام بۆچی پاشای گەورەم ئەم کارەی پێ باشە؟»
2SA 24:4 لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئاب و سەرکردەکانی سوپادا سەپاند، ئیتر ئەوان لەبەردەم پاشا چوونە دەرەوە تاوەکو جەنگاوەرانی ئیسرائیل تۆمار بکەن.
2SA 24:5 دوای ئەوەی لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، لە نزیکی عەرۆعێر لەلای باشووری شارۆچکەکە کە لەناو دەربەندەکەیە چادریان هەڵدا. پاشان چوونە ناو خاکی گاد و دوای ئەوەش بەردەوام بوون هەتا شارۆچکەی یەعزێر.
2SA 24:6 پاشان چوونە گلعاد و ناوچەی تەحتیم حۆدشی و ئینجا چوونە دان یەعەن و سووڕانەوە بۆ سەیدا.
2SA 24:7 دوای ئەوە چوونە قەڵای سور و هەموو شارۆچکەکانی حیڤی و کەنعانییەکان. لە کۆتاییدا چوونە نەقەبی یەهودا بۆ بیری شابەع.
2SA 24:8 بەناو هەموو خاکەکەدا گەڕان و دوای نۆ مانگ و بیست ڕۆژ گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
2SA 24:9 یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە پاشا: لە ئیسرائیل هەشت سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش پێنج سەد هەزار هەبوون.
2SA 24:10 پاش سەرژمێریکردنی گەل، داود تووشی ئازاری ویژدان بوو، بە یەزدانی گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم. ئێستاش ئەی یەزدان، لە تاوانی خزمەتکارەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
2SA 24:11 پێش ئەوەی داود بەیانی لە خەو هەستێت، فەرمایشتی یەزدان بۆ گادی پێغەمبەر هاتبوو، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، پێی فەرمووبوو:
2SA 24:12 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
2SA 24:13 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «ئایا لە خاکەکەتدا سێ ساڵ قاتوقڕیت بەسەربێت؟ یان سێ مانگ لەبەردەم دوژمنەکانت هەڵبێیت و ئەوانیش ڕاوت بنێن؟ یان سێ ڕۆژ دەرد لە خاکەکەتدا بڵاو ببێتەوە؟ ئێستا بزانە و ببینە، چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
2SA 24:14 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەوینە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆرە، بەڵام با نەکەوینە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
2SA 24:15 لەبەر ئەوە یەزدان لە بەیانییەوە هەتا کاتی دیاریکراو دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر لە دانەوە هەتا بیری شابەع حەفتا هەزار پیاو مردن.
2SA 24:16 فریشتەکە دەستی بۆ ئۆرشەلیم درێژکرد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، بەڵام یەزدان کارەساتەکەی ڕاگرت، بەو فریشتەیەی فەرموو کە گەلی لەناودەبرد: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» لەو کاتەدا فریشتەکەی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو.
2SA 24:17 کاتێک داود فریشتە لەناوبەرەکەی گەلی بینی، بە یەزدانی گوت: «من گوناه و تاوانم کردووە، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت.»
2SA 24:18 لەو ڕۆژەدا گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «سەربکەوە و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنە.»
2SA 24:19 داودیش بەپێی قسەکەی گاد، هەروەک یەزدان فەرمانی دابوو سەرکەوت.
2SA 24:20 کاتێک ئەرەونا تەماشای کرد و بینی وا پاشا و خزمەتکارەکانی دێنە لای، ئەرەونا چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.
2SA 24:21 ئەرەونا گوتی: «پاشای گەورەم بۆچی هاتووە بۆ لای خزمەتکارەکەی؟» داودیش گوتی: «بۆ ئەوەی جۆخینەکەت لێ بکڕم تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە.»
2SA 24:22 ئەرەوناش بە داودی گوت: «با پاشای گەورەم ئەوەی بەلایەوە باشە بیبات و بیکاتە قوربانی. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ و نیری گایەکان بۆ دار.
2SA 24:23 ئەی پاشا، ئەرەونای خاوەنیان هەمووی دەداتە پاشا.» هەروەها ئەرەونا بە پاشای گوت: «یەزدانی پەروەردگارت لێت ڕازی بێت.»
2SA 24:24 بەڵام پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخ لە تۆی دەکڕم و قوربانی سووتاندنی بە خۆڕایی بۆ یەزدانی پەروەردگارم سەر ناخەم.» لەبەر ئەوە داود جۆخینەکە و گایەکانی بە پەنجا شاقل زیو کڕی.
2SA 24:25 داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. ئیتر یەزدانیش لەبەر خاکەکە وەڵامی دایەوە و دەردەکە لە ئیسرائیل دوور کەوتەوە.
1KI 1:1 داودی پاشا پیر بوو و تەمەنی گەورە بوو، هەرچەندە بە جلوبەرگ دایاندەپۆشی گەرم نەدەبووەوە.
1KI 1:2 ئینجا خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «با بەدوای کچێکی پاکیزەدا بگەڕێین و بیهێنین بۆ پاشای گەورەمان، تاکو خزمەتی پاشا بکات و بایەخی پێبدات، لە باوەشیدا پاڵ بکەوێت، هەتا پاشای گەورەمان گەرم بێتەوە.»
1KI 1:3 ئینجا لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل بەدوای کچێکی جواندا گەڕان، ئەبیشەگی شونێمییان دۆزییەوە و بۆ پاشایان هێنا.
1KI 1:4 کچەکە زۆر جوان بوو، چاودێری پاشای دەکرد و خزمەتی دەکرد، بەڵام پاشا لەگەڵی جووت نەبوو.
1KI 1:5 ئەدۆنیای کوڕی داود کە لە حەگیسی ژنی بوو، ڕاست بووەوە و گوتی: «من دەبمە پاشا.» گالیسکە و ئەسپ سواری بۆ خۆی ئامادە کرد، لەگەڵ پەنجا پیاو کە لەپێشیەوە ڕایاندەکرد.
1KI 1:6 باوکی هیچ کاتێک سەرزەنشتی نەکردبوو و پێی بڵێت: «بۆچی وات کردووە؟» هەروەها زۆر قۆز بوو. لەدوای ئەبشالۆم لەدایک ببوو.
1KI 1:7 ئەدۆنیا لەگەڵ یۆئابی کوڕی چەرویا و ئەبیاتاری کاهین قسەی کرد، ئەوانیش پشتگیرییان کرد.
1KI 1:8 بەڵام سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و ناتانی پێغەمبەر و شیمعی و ڕێعی و پاڵەوانەکانی داود، لەگەڵ ئەدۆنیا نەبوون.
1KI 1:9 ئیتر ئەدۆنیا لەلای بەردی زۆحەلەت ئەوەی لەتەنیشتی کانی ڕۆگێلە، مەڕ و مانگا و گوێرەکەی قەڵەوی سەربڕی. هەموو براکانی، واتا کوڕەکانی پاشا، لەگەڵ هەموو پیاوانی یەهودا کە خزمەتکاری پاشا بوون بانگهێشتی کردن.
1KI 1:10 بەڵام ناتانی پێغەمبەر و بەنایا و پاڵەوانەکان و سلێمانی برای بانگهێشت نەکرد.
1KI 1:11 پاشان ناتان بە بەتشەبەعی دایکی سلێمانی گوت: «نەتبیستووە کە ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بووەتە پاشا و داودی گەورەشمان بەمە نازانێت؟
1KI 1:12 ئێستاش وەرە ئامۆژگارییەکی باشت بکەم، تاکو گیانی خۆت و گیانی سلێمانی کوڕت بپارێزیت.
1KI 1:13 بڕۆ ژوورەوە بۆ لای داودی پاشا و پێی بڵێ: ”ئەی پاشای گەورەم، ئایا تۆ سوێندت بۆ کەنیزەکەت نەخوارد و گوتت، کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئیتر بۆچی ئەدۆنیا بووەتە پاشا؟“
1KI 1:14 لەو کاتەدا کە تۆ هێشتا لەوێ قسە لەگەڵ پاشا دەکەیت، من لەدوای تۆوە دێمە ژوورە و پشتگیری لە قسەکەت دەکەم.»
1KI 1:15 پاش ئەوە بەتشەبەع چوو بۆ لای پاشا لە ژووری نوستنەکەی، پاشا زۆر پیر ببوو، ئەبیشەگی شونێمیش خزمەتی پاشای دەکرد.
1KI 1:16 بەتشەبەع بەچۆکدا هات و کڕنۆشی بۆ پاشا برد. پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»
1KI 1:17 ئەویش پێی گوت: «گەورەم تۆ سوێندت بە یەزدانی پەروەردگارت خوارد بۆ کەنیزەکەت و گوتت کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت.
1KI 1:18 ئەی پاشای گەورەم، بەڵام وا ئەدۆنیا بووەتە پاشا، تۆش لەوە بێئاگای.
1KI 1:19 ئەو گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە، هەموو کوڕەکانی پاشا و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپای بانگهێشت کردووە، بەڵام سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە.
1KI 1:20 ئەی پاشای گەورەم، هەموو ئیسرائیل چاوەڕێی تۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنیت کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت.
1KI 1:21 ئەگینا کاتێک پاشای گەورەم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، من و سلێمانی کوڕم بە تاوانبار هەژمارد دەکرێین.»
1KI 1:22 هێشتا ئەو قسەی لەگەڵ پاشا دەکرد، ناتانی پێغەمبەر هات.
1KI 1:23 بە پاشایان ڕاگەیاند و گوتیان: «ناتانی پێغەمبەر لێرەیە.» ئینجا چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.
1KI 1:24 ناتان گوتی: «پاشای گەورەم، ئایا تۆ ڕاتگەیاندووە کە ئەدۆنیا لەپاش تۆ دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟
1KI 1:25 ئەو ئەمڕۆ چووە خوارەوە، گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە. هەموو کوڕانی پاشا و سەرکردەکانی سوپا و ئەبیاتاری کاهینی بانگهێشت کردووە. ئێستا لەبەردەمی ئەو دەخۆن و دەخۆنەوە و دەڵێن: ”بژی ئەدۆنیای پاشا!“
1KI 1:26 بەڵام منی خزمەتکارت و سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە.
1KI 1:27 ئایا ئەم کارە لەلای پاشای گەورەمەوەیە؟ ئەی بە خزمەتکارانی خۆتت نەفەرمووە کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت؟»
1KI 1:28 داودی پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «بەتشەبەعم بۆ بانگ بکەن.» ئەویش هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.
1KI 1:29 ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،
1KI 1:30 ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.»
1KI 1:31 بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد و گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!»
1KI 1:32 داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا.
1KI 1:33 پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن.
1KI 1:34 با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“
1KI 1:35 ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.»
1KI 1:36 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «ئامین! با یەزدان، خودای پاشای گەورەم ئەمە بکات.
1KI 1:37 هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ پاشای گەورەم بوو، بەو شێوەیەش لەگەڵ سلێمانیش بێت، تەختەکەشی لە تەختی داودی پاشای گەورەم مەزنتر بکات!»
1KI 1:38 ئیتر سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکان چوونە خوارەوە، سلێمانیان سواری هێسترەکەی داودی پاشا کرد و بردیانە گیحۆن.
1KI 1:39 سادۆقی کاهین قۆچە زەیتەکەی لە چادرەکەوە برد و سلێمانی پێ دەستنیشان کرد، ئینجا فوویان بە کەڕەنادا کرد، هەموو گەل گوتیان: «بژی سلێمانی پاشا!»
1KI 1:40 هەموو گەل لەدوای ئەو سەرکەوتن. گەل شمشاڵیان لێدەدا و زۆر دڵخۆش بوون، زەوی لەبەر دەنگیان دەلەرزی.
1KI 1:41 ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟»
1KI 1:42 کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.»
1KI 1:43 یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا.
1KI 1:44 پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە.
1KI 1:45 سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت.
1KI 1:46 هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە.
1KI 1:47 خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.
1KI 1:48 پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“»
1KI 1:49 لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
1KI 1:50 ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت.
1KI 1:51 ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“»
1KI 1:52 سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.»
1KI 1:53 ئینجا سلێمانی پاشا ناردی و ئەدۆنیایان لە قوربانگاکەوە هێنایە خوارەوە، ئەویش هات و کڕنۆشی بۆ سلێمانی پاشا برد، سلێمانیش پێی گوت: «بڕۆوە ماڵەکەی خۆت.»
1KI 2:1 کاتێک تەمەنی داود لە مردن نزیک بووەوە، داود ئەرکی بە سلێمانی کوڕی سپارد و گوتی:
1KI 2:2 «من بەو ڕێگایەدا دەڕۆم کە هەموو گیانێکی زیندووی سەر زەوی پێیدا دەڕوات، جا بەهێزبە و مەردبە.
1KI 2:3 ئەوە بەجێبهێنە کە پێویستە بۆ یەزدانی پەروەردگارت بەجێبهێنرێت: ڕێگاکانی ئەو بگرەبەر، فەرز و فەرمان و حوکم و یاساکانی بەجێبهێنە، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە هەر شتێک کە دەیکەیت و بۆ هەرکوێیەک کە دەڕۆیت.
1KI 2:4 ئەمە بکە تاوەکو یەزدان ئەو بەڵێنەی خۆی بهێنێتە دی کە بە منی دا: ”ئەگەر نەوەکانت ڕەوشتی خۆیان بپارێزن، بەوەی بە دڵسۆزی و بە هەموو دڵ و هەموو گیانیانەوە دۆستایەتیم بکەن، لەسەر تەختی ئیسرائیل پیاو لە تۆ نابڕێتەوە.“
1KI 2:5 «هەروەها تۆ خۆت ئەوە دەزانیت کە یۆئابی کوڕی چەرویا پێی کردم، چی بە دوو فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل کرد، ئەبنێری کوڕی نێر و عەماسای کوڕی یەتەر. لە کاتی ئاشتی ئەوانی کوشت، بەو خوێنە پشتێنەکەی کەمەری و پێڵاوەکانی پێی سوور کرد.
1KI 2:6 ئینجا بە دانایی خۆت بکە و مەهێڵە بە ئارامییەوە مووە سپییەکانی بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ ببێتەوە.
1KI 2:7 «بەڵام چاکە لەگەڵ کوڕانی بەرزیلەیی گلعادی بکە، با لەنێو ئەوانە بن کە لەسەر خوانەکەت نان دەخۆن، چونکە کاتێک لە دەست ئەبشالۆمی برات هەڵاتم پشتیوانییان لێکردم.
1KI 2:8 «لەبیرت بێت شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی خەڵکی بەحوریم لەگەڵ تۆدایە، ئەو ڕۆژەی کە بۆ مەحەنەیم چووم ئەو بە توندی نەفرەتی لێکردم. کاتێک بۆ پێشوازیکردنم هاتە خوارەوە بۆ ڕووباری ئوردون، بە یەزدان سوێندم بۆ خوارد و گوتم: ”بە شمشێر ناتکوژم.“
1KI 2:9 بەڵام ئێستا بێتاوانی مەکە. تۆ پیاوێکی دانایت و دەزانیت چی لێ دەکەیت، مووە سپییەکانی بە خوێنەوە بخەرە ناو جیهانی مردووان.»
1KI 2:10 ئینجا داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا.
1KI 2:11 ئەو ماوەیەش کە داود پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
1KI 2:12 ئیتر سلێمان لەسەر تەختەکەی داودی باوکی دانیشت و پاشایەتییەکەی بە باشی چەسپا و جێگیر بوو.
1KI 2:13 پاشان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس چوو بۆ لای بەتشەبەعی دایکی سلێمان و ئەویش لێی پرسی: «ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» وەڵامی دایەوە: «بۆ ئاشتی.»
1KI 2:14 پاشان پێی گوت: «قسەیەکم لەگەڵت هەیە.» ئەویش گوتی: «فەرموو.»
1KI 2:15 ئینجا گوتی: «تۆ دەزانیت پاشایەتییەکە هی من بوو، هەموو ئیسرائیل ڕوویان لە من کرد هەتا ببمە پاشا، بەڵام پاشایەتییەکە گواسترایەوە و بووە هی براکەم، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بووە هی ئەو.
1KI 2:16 ئێستاش یەک داواکاریم لێت هەیە، ڕەتی مەکەرەوە.» ئەویش پێی گوت: «فەرموو.»
1KI 2:17 گوتی: «بە سلێمانی پاشا بڵێ، چونکە ئەو قسەی تۆ ڕەت ناکاتەوە، با ئەبیشەگی شونێمیم پێبدات ببێتە ژنم.»
1KI 2:18 بەتشەبەعیش گوتی: «باشە، من دەربارەی تۆ قسە لەگەڵ پاشا دەکەم.»
1KI 2:19 ئینجا بەتشەبەع چووە ژوورەوە بۆ لای سلێمانی پاشا بۆ ئەوەی دەربارەی ئەدۆنیا قسەی لەگەڵ بکات. پاشا بۆ پێشوازیکردنی هەستا، کڕنۆشی بۆ برد و لەسەر تەختەکەی دانیشتەوە، تەختێکیشی بۆ شاژنی دایک دانا، ئەویش لەلای ڕاستیەوە دانیشت.
1KI 2:20 گوتی: «داواکارییەکی بچکۆلەم لێت هەیە و قسەکەم ڕەت مەکەرەوە.» پاشاش پێی گوت: «دایکە، داوا بکە، چونکە من قسەی تۆ ڕەت ناکەمەوە.»
1KI 2:21 ئەویش گوتی: «ئەبیشەگی شونێمی بدە ئەدۆنیای برات، هەتا ببێتە ژنی.»
1KI 2:22 سلێمان پاشاش وەڵامی دایکی دایەوە و گوتی: «بۆچی داوای ئەبیشەگی شونێمی بۆ ئەدۆنیا دەکەیت؟ واتا داوای پاشایەتییەکەی بۆ دەکەی، چونکە ئەو برامە و لە من گەورەترە، پاشایەتییەکە بۆ ئەو و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی کوڕی چەرویا بێت!»
1KI 2:23 ئینجا سلێمانی پاشا سوێندی بە یەزدان خوارد و گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەدۆنیا بە ژیانی باجی ئەم داواکارییە نەدات!
1KI 2:24 ئێستاش، بە یەزدانی زیندوو ئەوەی جێگیری کردم و لەسەر تەختی داودی باوکم داینام، ئەوەی هەروەک چۆن بەڵێنی دابوو ئاوا ماڵی بۆ دروستکردم، ئەمڕۆ ئەدۆنیا دەمرێت!»
1KI 2:25 سلێمانی پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش بەسەر ئەدۆنیایدا دا و مرد.
1KI 2:26 ئینجا پاشا بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «بڕۆ بۆ کێڵگەکانت لە عەناتۆت، چونکە تۆ شایانی سزای مردنیت، بەڵام من ئەمڕۆ ناتکوژم، چونکە تۆ سندوقی یەزدانی باڵادەستت لەپێش داودی باوکم هەڵدەگرت، تۆ لە هەموو ماندووبوونەکانی باوکم بەشدار بوویت.»
1KI 2:27 جا سلێمان ئەبیاتاری لە کاهینیێتی بۆ یەزدان دەرکرد، بۆ هێنانەدی فەرمایشتی یەزدان، ئەوەی لە شیلۆ دەربارەی بنەماڵەی عێلی گوتبووی.
1KI 2:28 کاتێک هەواڵەکە گەیشتە یۆئاب، هەڵات بۆ ناو چادری یەزدان و دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت، چونکە دەستی لەگەڵ ئەدۆنیا تێکەڵ کردبوو، نەک ئەبشالۆم.
1KI 2:29 بە سلێمانی پاشا ڕاگەیەنرا کە یۆئاب هەڵاتووە بۆ ناو چادری یەزدان و وا لەتەنیشت قوربانگاکەیە. ئینجا سلێمان بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی نارد و پێی گوت: «بڕۆ و بیکوژە!»
1KI 2:30 بەنایاش هاتە ناو چادری یەزدان و پێی گوت: «پاشا دەڵێت: ”وەرە دەرەوە!“» ئەویش گوتی: «نەخێر، بەڵکو لێرە دەمرم.» بەنایاش وەڵامی بۆ پاشا گەڕاندەوە و گوتی یۆئاب ئاوای گوت و ئاوا وەڵامی دامەوە.
1KI 2:31 پاشاش فەرمانی بە بەنایا کرد: «ئەوە بکە کە گوتی، بیکوژە و بینێژە، ئەو خوێنە بێتاوانە لەسەر خۆم و ماڵی باوکم لاببە کە یۆئاب ڕشتی.
1KI 2:32 یەزدان خوێنی خۆی خستە ئەستۆی خۆی، لەبەر ئەوەی هێرشی کردە سەر دوو پیاوی لە خۆی ڕاستودروستتر و چاکتر، بەبێ زانیاری داودی باوکم ئەوانی بە شمشێر کوشت. ئەوانیش ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل و عەماسای کوڕی یەتەری فەرماندەی گشتی سوپای یەهودا بوون.
1KI 2:33 با هەتاهەتایە خوێنەکەیان لە ئەستۆی یۆئاب و نەوەکانی بێت، بۆ داود و نەوەکانی و ماڵەکەی و تەختەکەشی هەتاهەتایە لەلایەن یەزدانەوە ئاشتییان بۆ دەبێت.»
1KI 2:34 لەبەر ئەوە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع چوو بەسەر یۆئابی دادا و کوشتی، لە ماڵەکەی خۆی لە دەشتودەر ناشتی.
1KI 2:35 پاشاش بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی لە جێی یۆئاب لەسەر سوپا دانا، هەروەها پاشا سادۆقی کاهینی لە جێی ئەبیاتار دانا.
1KI 2:36 ئینجا پاشا بەدوای شیمعیدا نارد، بانگی کرد و پێی گوت: «لە ئۆرشەلیم ماڵێک بۆ خۆت بنیاد بنێ و لەوێ نیشتەجێ بە، لەوێوە بۆ ئەم لا و ئەو لا دەرمەچو.
1KI 2:37 باش بزانە، ئەو ڕۆژەی بچیتە دەرەوە و لە دۆڵی قدرۆن بپەڕیتەوە ئەوا بێگومان دەمریت، خوێنی خۆشت لە ئەستۆی خۆت دەبێت.»
1KI 2:38 شیمعیش بە پاشای گوت: «ئەم قسەیە باشە، ئەوەی پاشای گەورەم گوتی، خزمەتکارەکەت وا دەکات.» ئیتر شیمعی ماوەیەکی درێژ لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو.
1KI 2:39 بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە، دوو کۆیلەی شیمعی بۆ لای ئاخیشی کوڕی مەعکای پاشای گەت هەڵاتن. جا بە شیمعییان ڕاگەیاند، «وا دوو کۆیلەکەت لە گەتن.»
1KI 2:40 شیمعیش هەستا و کورتانی لە گوێدرێژەکەی بەست و چوو بۆ گەت بۆ لای ئاخیش، بۆ گەڕان بەدوای کۆیلەکانی. شیمعی چوو هەردوو کۆیلەکەی لە گەتەوە هێنایەوە.
1KI 2:41 ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا کە شیمعی لە ئۆرشەلیمەوە چووە بۆ گەت و گەڕاوەتەوە.
1KI 2:42 پاشاش ناردی و شیمعی بانگکرد، پێی گوت: «ئەی من بە یەزدان سوێندم نەدایت، ئاگادارم نەکردیتەوە و گوتم: ”باش بزانە ئەو ڕۆژەی کە لێرە بچیتە دەرەوە و بە ئەم لا و ئەو لا بڕۆیت، دڵنیابە کە دەمریت“؟ تۆش پێت گوتم: ”ئەم قسەیە باشە و گوێڕایەڵی دەبم.“
1KI 2:43 ئەی بۆچی سوێندەکەی یەزدانت نەپاراست لەگەڵ ئەو فەرمانەی فەرمانم پێکردیت؟»
1KI 2:44 هەروەها پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ هەموو ئەو خراپەیە دەزانیت کە دڵت دەیزانێت، ئەوەی دەرهەق بە داودی باوکی منت کرد، یەزدانیش خراپەکەت بەسەر خۆتدا دەهێنێتەوە.
1KI 2:45 بەڵام سلێمانی پاشا بەرەکەتدار دەکرێت و تەختی داودیش هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان جێگیر دەبێت.»
1KI 2:46 ئینجا پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش چووە دەرەوە و بەسەر شیمعی دادا و مرد. پاشایەتییەکەش لە دەستی سلێمان جێگیر بوو.
1KI 3:1 سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە.
1KI 3:2 لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو.
1KI 3:3 سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند.
1KI 3:4 پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە.
1KI 3:5 لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟»
1KI 3:6 سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ.
1KI 3:7 «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە.
1KI 3:8 خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن.
1KI 3:9 ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»
1KI 3:10 ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد.
1KI 3:11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو دانایی لە جێبەجێکردنی دادپەروەریدا،
1KI 3:12 ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت.
1KI 3:13 هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت.
1KI 3:14 جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.»
1KI 3:15 کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد.
1KI 3:16 لەو کاتەدا دوو ژنی لەشفرۆش هاتنە لای پاشا و لەبەردەمی ڕاوەستان.
1KI 3:17 یەکێک لە ژنەکان گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، من و ئەم ژنە لە یەک ماڵ دەژین و من لەو ماڵە منداڵم بوو.
1KI 3:18 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەمی لەدایکبوونی منداڵەکەم ئەم ژنەش منداڵێکی بوو، هەردووکمان بە تەنها بووین و لە ماڵەکە هیچ کەسێکی دیکەمان لەگەڵ نەبوو، تەنها هەردووکمان لە ماڵەکە بووین.
1KI 3:19 «شەوێ کوڕەکەی ئەم ژنە مرد، لەبەر ئەوەی خۆی بەسەریدا دابوو.
1KI 3:20 ئیتر لە نیوەی شەو هەستا و کوڕەکەی منی لەتەنیشتمەوە برد، کەنیزەکەشت نوستبوو. کوڕەکەی منی لە باوەشی کرد و کوڕە مردووەکەشی لە باوەشی من دانا.
1KI 3:21 بۆ بەیانی کە لە خەو هەستام هەتا شیر بدەمە کوڕەکەم تەماشام کرد مردووە! بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە تەماشام کرد ئەوە ئەو کوڕە نییە کە من بوومە.»
1KI 3:22 ژنەکەی دیکەیان گوتی: «نەخێر! زیندووەکە کوڕی منە و مردووەکەش هی تۆیە!» ئەمەشیان دەیگوت: «نەخێر! مردووەکە هی تۆیە و زیندووەکە هی منە!» بەم شێوەیە لەبەردەم پاشا دەمەقاڵێیان کرد.
1KI 3:23 پاشاش گوتی: «ئەمیان دەڵێت ”ئەمە کوڕەکەی منە زیندووە و کوڕەکەی تۆ مردووە،“ ئەویشیان دەڵێت ”نەخێر! کوڕەکەی تۆ مردووە و کوڕەکەی من زیندووە!“»
1KI 3:24 پاشا گوتی: «شمشێرێکم بۆ بهێنن.» ئەوانیش شمشێرێکیان بۆ پاشا هێنا.
1KI 3:25 پاشا گوتی: «منداڵە زیندووەکە بکەنە دوو بەش، نیوەی بدەنە یەکێکیان و نیوەکەی دیکەش بدەن ئەوی دیکەیان.»
1KI 3:26 ئەو ژنەیان کە کوڕەکەی زیندوو بوو لەبەر ئەوەی هەناوی بۆ کوڕەکەی سووتا بە پاشای گوت: «تکایە، گەورەم، منداڵە زیندووەکەی بدەنێ و مەیکوژن!» بەڵام ئەوی دیکەیان گوتی: «نە بۆ من دەبێت و نە بۆ تۆ، بیکەنە دوو بەش!»
1KI 3:27 ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕە زیندووەکە بدەنە ژنی یەکەم و مەیکوژن، ئەو دایکییەتی.»
1KI 3:28 کاتێک هەموو ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان بیستەوە کە پاشا دابووی، ترسیان لێ نیشت، چونکە بینییان دانایی خودایی تێدابوو بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری.
1KI 4:1 ئیتر سلێمان پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
1KI 4:2 ئەمانەش باڵاترین کاربەدەستانی ئەو بوون: عەزەریای کوڕی سادۆقی کاهین،
1KI 4:3 ئەلیحۆرەف و ئاحییا، دوو کوڕەکەی شیشا، خامەی نهێنی بوون، یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلود، تۆمارکار.
1KI 4:4 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش سوپاسالار، سادۆق و ئەبیاتاریش هەردووکیان کاهین بوون.
1KI 4:5 عەزەریای کوڕی ناتان سەرۆکی بریکارەکان و زەڤودی کوڕی ناتان، کاهین و یاوەری پاشا بوون.
1KI 4:6 ئەحیشار سەرپەرشتیاری کۆشک، ئەدۆنیرامی کوڕی عەبدا سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.
1KI 4:7 هەروەها سلێمان دوازدە بریکاری لەسەر هەموو ئیسرائیل هەبوو، ئازووقەیان بۆ پاشا و ماڵەکەی دابین دەکرد و ساڵی مانگێک لەسەر هەریەکەیان بوو بۆ دابینکردنی ئازووقە.
1KI 4:8 ئەمانەش ناوەکانیانە: بەن‌حور لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم.
1KI 4:9 بەن‌دەقەر لە ماقەچ و شەعەلڤیم و بێت‌شەمەش و ئێلۆن بێت‌حانان.
1KI 4:10 بەن‌حەسەد لە ئەروبۆت، سۆکۆ و هەموو خاکی حێفەر سەر بە ئەو بوو.
1KI 4:11 بەن‌ئەبیناداب لە هەموو بەرزاییەکانی دۆردا، تافەتی کچی سلێمانیش بووە ژنی.
1KI 4:12 بەعەنای کوڕی ئەحیلود، تەعنەک و مەگیدۆ و هەموو بێت‌شان ئەوەی لەتەنیشت چەرەتانە لە خوار یەزرەعیل، لە بێت‌شانەوە هەتا ئابێل مەحۆلا، هەتا ئەو بەری یۆقمەعام.
1KI 4:13 بەن‌گەڤەر لە ڕامۆتی گلعاد، ئاواییەکانی یائیری کوڕی مەنەشە، ئەوەی لە گلعادە سەر بە ئەو بوون، لەگەڵ ناوچەی ئەرگۆڤ ئەوەی لە باشانە، شەست شاری گەورەی شوورابەند کە شمشیرەی دەرگاکانی لە بڕۆنز دروستکرا بوون.
1KI 4:14 ئەحینادابی کوڕی عیدۆ لە مەحەنەیم بوو.
1KI 4:15 ئەحیمەعەچ لە نەفتالی، ئەویش باسمەتی کچی سلێمانی هێنا ببێتە ژنی.
1KI 4:16 بەعەنای کوڕی حوشەی لە ئاشێر و لە عالۆت بوو.
1KI 4:17 یەهۆشافاتی کوڕی پاروەح لە یەساخار بوو.
1KI 4:18 شیمعی کوڕی ئێلا لە بنیامین بوو.
1KI 4:19 گەڤەری کوڕی ئوری لە خاکی گلعاد، خاکی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و عۆگی پاشای باشان، تاکە بریکار بوو لەسەر ناوچەکە.
1KI 4:20 یەهودا و ئیسرائیل لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و دڵخۆش بوون.
1KI 4:21 سلێمان دەسەڵاتدار بوو لەسەر هەموو پاشایەتییەکان، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر، سەرانەیان پێدەدا و بە درێژایی ژیانی خزمەتکاری سلێمان بوون.
1KI 4:22 ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان، سی کۆر لە باشترین ئارد و شەست کۆر بڕوێش،
1KI 4:23 دە گای قەڵەو و بیست گای لەوەڕگا و سەد مەڕ و بزن، جگە لە ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و پەلەوەری قەڵەو.
1KI 4:24 لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوا بوو لەسەر هەموو شانشینەکانی ئەم بەری ڕووباری فورات، لە تیفسەحەوە هەتا غەزە، لە هەموو لایەکەوە ئاشتی هەبوو.
1KI 4:25 هەموو سەردەمی سلێمان یەهودا و ئیسرائیلی هەریەکە لەژێر دار مێو و دار هەنجیرەکەی خۆی بە ئاسوودەیی نیشتەجێ بوون، لە دانەوە هەتا بیری شابەع.
1KI 4:26 سلێمان چوار هەزار ئاخوڕی هەبوو بۆ ئەسپی گالیسکەکانی، لەگەڵ دوازدە هەزار ئەسپ.
1KI 4:27 ئەم بریکارانە ئازووقەیان دابین دەکرد بۆ سلێمانی پاشا و هەموو ئەوانەی دەهاتنە سەر خوانەکەی، هەریەکە و لە مانگی خۆی، ئیتر پێویستیان بە هیچ نەبوو.
1KI 4:28 جۆ و کاش بۆ ئەسپی گالیسکەکان و ئەسپەکانی دیکە دەهێنران بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەبوون، هەرکەسە و بەگوێرەی ئەرکی خۆی.
1KI 4:29 خودا دانایی و تێگەیشتنێکی زۆر زۆری دایە سلێمان، هەروەها مێشکێکی فراوان وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریایە.
1KI 4:30 دانایی سلێمان زیاتر بوو لە دانایی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو دانایی میسرییەکان.
1KI 4:31 لە هەموو خەڵک داناتر بوو، تەنانەت داناتر بوو لە ئێیتانی ئەزراحی و لە هێیمان و لە کەلکۆل و لە دەردەعی کوڕانی ماحۆل، ناوبانگیشی لەنێو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری بڵاو بووەوە.
1KI 4:32 سێ هەزار پەند و هەزار و پێنج سروودیشی هەبوو.
1KI 4:33 دەربارەی دارودرەخت قسەی کردووە، لە دار ئورزەوە ئەوەی لە لوبنانە هەتا ئەو زوفایەی لەبن دیوار دەڕوێت، هەروەها دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆک و ماسیش قسەی کردووە.
1KI 4:34 لە هەموو گەلانەوە دەهاتن بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان، هەموو پاشایانی زەوی کە دەربارەی داناییەکەی بیستبوویان خەڵکیان دەناردە لای.
1KI 5:1 کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو.
1KI 5:2 سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:
1KI 5:3 «تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە.
1KI 5:4 بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ.
1KI 5:5 لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
1KI 5:6 «ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»
1KI 5:7 ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو و گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»
1KI 5:8 ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی: «ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان.
1KI 5:9 خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»
1KI 5:10 ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ.
1KI 5:11 سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆر گەنم و بیست هەزار بەت زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام.
1KI 5:12 یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.
1KI 5:13 سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد.
1KI 5:14 هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.
1KI 5:15 سلێمان حەفتا هەزار کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو.
1KI 5:16 بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد.
1KI 5:17 هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو.
1KI 5:18 وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.
1KI 6:1 لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد.
1KI 6:2 ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی بیست باڵ و بەرزاییەکەشی سی باڵ بوو.
1KI 6:3 هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتا بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو.
1KI 6:4 هەروەها کڵاوڕۆژنەی کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد.
1KI 6:5 ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتا لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو.
1KI 6:6 نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان.
1KI 6:7 لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا.
1KI 6:8 داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو؛ بە پەیژە سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ نهۆمی سێیەم.
1KI 6:9 پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت.
1KI 6:10 هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن.
1KI 6:11 فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی:
1KI 6:12 «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی.
1KI 6:13 هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.»
1KI 6:14 سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد.
1KI 6:15 دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر.
1KI 6:16 بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە.
1KI 6:17 هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ بوو.
1KI 6:18 دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.
1KI 6:19 لە ناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت.
1KI 6:20 شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد.
1KI 6:21 سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد.
1KI 6:22 تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
1KI 6:23 لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو.
1KI 6:24 هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو، لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو.
1KI 6:25 هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو.
1KI 6:26 بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە.
1KI 6:27 هەردوو کەڕوبەکەی لە ناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لە ناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ.
1KI 6:28 هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
1KI 6:29 لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند.
1KI 6:30 زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
1KI 6:31 بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا.
1KI 6:32 لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن.
1KI 6:33 بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد.
1KI 6:34 هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە بەسترا بوون و دەسووڕانەوە.
1KI 6:35 کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.
1KI 6:36 هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.
1KI 6:37 لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ.
1KI 6:38 لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.
1KI 7:1 سلێمان کۆشکەکەی خۆی بە سێزدە ساڵ بنیاد نا و هەمووی تەواو کرد.
1KI 7:2 کۆشکی دارستانەکەی لوبنانیشی بە درێژی سەد باڵ و پانی پەنجا باڵ و بەرزی سی باڵ بنیاد نا، لەسەر چوار ڕیز کۆڵەکەی ئورز و کاریتەی ئورزیشی لەسەر کۆڵەکەکان دانا.
1KI 7:3 سەری ئەو دارانەشی لە سەرەوە بە ئورز گرت، ئەوانەی لەسەر چل و پێنج کۆڵەکە بوون، هەر ڕیزە و پازدە.
1KI 7:4 پەنجەرەکانیشی بە سێ ڕیز دانرابوون، پەنجەرە بەرامبەر پەنجەرە.
1KI 7:5 هەموو دەروازەکان چوارگۆشە بوون، لە هەر ڕیزێک سێ دەرگا و بەرامبەر بە یەکتری.
1KI 7:6 ڕێڕەوێکی سەر داپۆشراوی دروستکرد کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەیوانێک لەبەردەم ڕێڕەوەکە هەبوو، لەبەردەم ئەویش چەند کۆڵەکەیەک و تارمەیەک هەبوو.
1KI 7:7 هۆڵی تەختی پاشایەتییەکەش ئەوەی تێیدا دادوەری دەکرد، واتا هۆڵی دادوەری ئەویشی دروستکرد و تەواوی دیوارەکەی بە ئورز ڕووپۆش کرد.
1KI 7:8 کۆشکی نیشتەجێبوونی خۆشی بە هەمان شێوەی ئەم هۆڵە لە پشتی ئەو بنیاد نا. هەروەها ماڵێکیشی وەک ئەم هۆڵە بۆ کچەکەی فیرعەون دروستکرد، ئەوەی کە هێنابووی.
1KI 7:9 هەموو تەلارەکانی کۆشکی پاشایەتی، لە دەرەوە بۆ ژوورەوە، لە بناغەوە هەتا سەرەوە، لە بەردی نایابی نەقاڕکراو بوون.
1KI 7:10 لە بناغەشەوە بەردی نایاب بوو، بەردی گەورە، هەندێکی دە باڵ و هەندێکی هەشت باڵ.
1KI 7:11 لە سەریشەوە بە بەردی نایابی بە ئەندازە داتاشراو و بە داری ئورز بوو.
1KI 7:12 دیواری سنووری کۆشکەکە وەک دیواری حەوشەی پیرۆزگای یەزدان بە سێ ڕیز بەردی داتاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز دروستکرابوو.
1KI 7:13 سلێمانی پاشا ناردی و حورامی لە شاری سورەوە هێنا.
1KI 7:14 ئەو کوڕی بێوەژنێک بوو لە هۆزی نەفتالی، باوکیشی پیاوێکی خەڵکی سور بوو، پیشەوەری بڕۆنز بوو. حورام پڕ بوو لە دانایی و تێگەیشتن، شارەزایی لە دروستکردنی هەموو کارێکی بڕۆنز هەبوو. هاتە لای سلێمانی پاشا و هەموو کارەکانی بۆ ئەنجام دا.
1KI 7:15 دوو کۆڵەکەی بڕۆنزی داڕشت کە بەرزی هەر یەکێکیان هەژدە باڵ و چێوەکەی دوازدە باڵ بوو.
1KI 7:16 هەروەها دوو تاجی بڕۆنزی لەقاڵبدراوی دروستکرد هەتا لەسەر سەری هەردوو کۆڵەکەکە دابنرێن، بەرزی هەر یەکێکیان پێنج باڵ بوو.
1KI 7:17 تۆڕێکی لە زنجیری چنراو بە تاجەکان هەڵواسیبوو، کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون، بۆ هەر تاجێک حەوت تۆڕ.
1KI 7:18 دوو ڕیز هەناری لە دەوری هەر تۆڕێک دروستکرد بۆ ڕازاندنەوەی ئەو تاجانەی کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون. بۆ هەر تاجێک هەمان شتی کرد.
1KI 7:19 ئەو تاجانەش کە لە هەیوانەکە لەسەر کۆڵەکەکان بوون لە شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەرزییان چوار باڵ بوو.
1KI 7:20 لەسەر تاجەکانی سەر هەردوو کۆڵەکەکە، لە سەرووی ئەو بەشەی تاجەکە کە لە شێوەی قاپ بوو، لەتەنیشتی تۆڕەکە، دوو سەد هەنار بە ڕیز لە دەوری هەبوو.
1KI 7:21 دوو کۆڵەکەشی لە هەیوانی پیرۆزگاکە ڕاگرت، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز.
1KI 7:22 سەری کۆڵەکەکانیش لەسەر شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەم شێوەیە کاری کۆڵەکەکان تەواو بوو.
1KI 7:23 حەوزە بڕۆنزییەکەشی بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو.
1KI 7:24 لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی سەوزەوات نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی سەوزەواتەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.
1KI 7:25 حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو.
1KI 7:26 ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن. جێی دوو هەزار بەتی تێدا دەبووەوە.
1KI 7:27 دە عەرەبانەی ئاو گواستنەوەشی لە بڕۆنز دروستکرد، درێژی هەر عەرەبانەیەک چوار باڵ و پانییەکەی چوار باڵ، بەرزییەکەشی سێ باڵ بوو.
1KI 7:28 ئەمەش شێوەی عەرەبانەکان بوو، لە چەند تەختەدارێکی چوارگۆشە دروستکرا بوون، تەختەکانیش لەنێوان دوو ستوون بوون.
1KI 7:29 هەروەها وێنەی شێر و گا و کەڕوب هەبوون لەسەر ستوونەکان و لەسەر ئەو تەختانەی کە لەنێوان دوو ستوونەکە بوون. لە سەرەوە و لە خوارەوەی شێر و گایەکان تاجەگوڵینە شۆڕببوونەوە.
1KI 7:30 چوار چەرخی بڕۆنزیش بۆ هەر عەرەبانەیەک، تەوەرەکانیش بڕۆنز بوون. گۆشەکانیش کە چوار بوون، شانیان هەبوو لەژێر دەستشۆرەکە، شانەکانیش لەقاڵبدرابوون لەتەنیشت هەر تاجەگوڵینەیەکەوە.
1KI 7:31 لێواری حەوزەکەی ناو عەرەبانەکە بازنەیی بوو کە یەک باڵ لە عەرەبانەکە بەرزتر بوو، لێوارەکەی بازنەیی بوو، لەگەڵ بەشی خوارەوە قووڵاییەکەی باڵ و نیوێک بوو، لێوارەکە نەخشێنرابوو، تەختەدارەکانی عەرەبانەکەش چوارگۆشەیی بوون، نەک بازنەیی.
1KI 7:32 چوار چەرخەکانیش لەژێر تەختەکانەوە بوون، بە تەوەر چەرخەکان بە عەرەبانەکەوە بەسترابوون، چێوەی هەر چەرخێک باڵ و نیوێک بوو.
1KI 7:33 چەرخەکانیشی لەسەر شێوەی چەرخی گالیسکە دروستکرابوو، تەوەر و چێوە و ڕاگر و ناوکی چەرخەکان هەموو لەقاڵبدرابوون.
1KI 7:34 هەر عەرەبانەیەک چوار دەسکی هەبوو، هەر دەسکێک لە گۆشەیەک، دەسکەکان بەشێک بوون لە عەرەبانەکە.
1KI 7:35 لە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بە بەرزی نیو باڵ قەیدێکی بازنەیی هەبوو، لاشان و تەختەکانی بە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بەسترا بوون.
1KI 7:36 لەسەر ڕووی لاشان و تەختەکانی عەرەبانەکە کەڕوب و شێر و دار خورمای نەخشاند، لە کەلێنی نەخشەکان چەند تاجەگوڵینەیەکی لە دەوروبەری دروستکرد.
1KI 7:37 بەم جۆرە دە عەرەبانەکەی دروستکرد، یەک قاڵب و یەک ئەندازە و یەک شێوە.
1KI 7:38 هەروەها دە دەستشۆری بڕۆنزی دروستکرد کە هەریەکەیان چل بەتی دەگرت و تیرەکەی چوار باڵ بوو، هەریەکەشیان لەسەر عەرەبانەیەک لە دە عەرەبانەکە بوون.
1KI 7:39 پێنج عەرەبانەی لەلای باشوور و پێنجەکەی دیکەشی لەلای باکووری پیرۆزگاکە دانا، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەلای باشووری پیرۆزگاکە دانا، لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵات.
1KI 7:40 هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی دروستکرد. حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای یەزدان کردی:
1KI 7:41 دوو کۆڵەکەکە؛ دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛ دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
1KI 7:42 هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
1KI 7:43 دە عەرەبانەکە و دە دەستشۆرەکەی سەر عەرەبانەکان؛
1KI 7:44 حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛
1KI 7:45 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکان. حورام هەموو ئەو کەلوپەلانەی بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان لە بڕۆنزی سافکراو دروستکرد.
1KI 7:46 پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن.
1KI 7:47 سلێمانیش هەموو ئەو شتومەکانەی بە نەکێشراوی بەجێهێشت، چونکە گەلێک زۆر بوون، کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا.
1KI 7:48 هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای یەزدان بوون: قوربانگا زێڕینەکە؛ مێزە زێڕینەکە کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛
1KI 7:49 پێنج چرادانیش لەلای ڕاست و پێنج لەلای چەپ لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز لە زێڕی بێگەرد؛ هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشە زێڕینەکان؛
1KI 7:50 تەشت، مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛ نەرمادەی دەرگاکانی ژووری ناوەوە، واتا شوێنی هەرەپیرۆز، هەروەها نەرمادەی دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش لە زێڕ بوون.
1KI 7:51 کاتێک سلێمان پاشا هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان.
1KI 8:1 لەو کاتەدا سلێمان پاشا لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.
1KI 8:2 هەروەها لە جەژنی مانگی ئێتانیم کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای سلێمانی پاشا کۆبوونەوە.
1KI 8:3 ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و کاهینەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت،
1KI 8:4 سندوقی یەزدان و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهین و لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە،
1KI 8:5 سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
1KI 8:6 ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.
1KI 8:7 کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سێبەریان بەسەر سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیدا کردبوو کە بۆ هەڵگرتنیەتی.
1KI 8:8 ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.
1KI 8:9 ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
1KI 8:10 ئەوە بوو بە هاتنە دەرەوەی کاهینەکان لە شوێنە پیرۆزەکە، هەورێک پیرۆزگای یەزدانی پڕکردەوە.
1KI 8:11 کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکرد.
1KI 8:12 ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت.
1KI 8:13 ئەوەتا پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»
1KI 8:14 کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد.
1KI 8:15 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی:
1KI 8:16 ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت، بەڵکو داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“
1KI 8:17 «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
1KI 8:18 بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت.
1KI 8:19 لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت، ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
1KI 8:20 «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا.
1KI 8:21 لەوێشدا شوێنێکم بۆ ئەو سندوقە دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ باوباپیرانماندا بەستی، کاتێک لە خاکی میسری هێنانە دەرەوە.»
1KI 8:22 ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە،
1KI 8:23 گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن.
1KI 8:24 تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.
1KI 8:25 «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەن، هەروەک چۆن تۆ بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیت کردم.“
1KI 8:26 ئێستاش ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی باوکم دا کە بەندەی تۆیە.
1KI 8:27 «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!
1KI 8:28 بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت ئەمڕۆ لەبەردەمت دەیکات.
1KI 8:29 با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات.
1KI 8:30 هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە، ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە بیستت لێمان خۆشبە.
1KI 8:31 «ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات،
1KI 8:32 تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە.
1KI 8:33 «کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و لێت پاڕانەوە،
1KI 8:34 تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت داوە.
1KI 8:35 «ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن،
1KI 8:36 تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت.
1KI 8:37 «هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدات؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛
1KI 8:38 ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەردی دڵی خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە،
1KI 8:39 ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە و دەستبەکار بە. لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی هەموو ئادەمیزادان دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت،
1KI 8:40 بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن.
1KI 8:41 «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی تۆ لە خاکێکی دوورەوە هاتووە،
1KI 8:42 چونکە دەربارەی ناوی مەزنی تۆ و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت دەبیستن، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد،
1KI 8:43 تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە.
1KI 8:44 «کاتێک گەلەکەت بۆ جەنگ لە دژی دوژمنەکەی دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان کرد بۆ یەزدان ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە،
1KI 8:45 تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
1KI 8:46 «کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکی خۆیان ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک،
1KI 8:47 لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد،“
1KI 8:48 ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کە ڕاپێچیان کردوون، هەروەها نوێژیان بۆ کردیت ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و بۆ ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە،
1KI 8:49 ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
1KI 8:50 هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە و لە هەموو یاخیبوونەکانیان کە لە دژی تۆ پێی یاخی بوون، بەزەییان پێ ببەخشە لەبەردەم ڕاپێچکەرانیان هەتا بەزەییان پێیاندا بێتەوە،
1KI 8:51 چونکە ئەوان گەل و میراتی تۆن، ئەوەی لە میسرەوە لەناو کوورەی ئاسنەوە دەرتهێنان.
1KI 8:52 «با چاوەکانت لەسەر داواکارییەکانی بەندەکەت و داواکارییەکانی ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت کراوە بن هەتا گوێیان لێ بگریت لە هەموو ئەوەی بانگت دەکەن بۆی،
1KI 8:53 چونکە تۆ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوانت لەنێو هەموو گەلانی زەویدا بە میرات بۆ خۆت جیا کردەوە، وەک چۆن لەسەر دەستی موسای بەندەت فەرمووت، کاتێک باوباپیرانی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە.»
1KI 8:54 کاتێک سلێمان لەم هەموو نوێژ و پاڕانەوەیە بووەوە بۆ یەزدان، لەبەردەم قوربانگای یەزدان هەستا کە لەسەر هەردوو ئەژنۆی بەچۆکدا کەوتبوو، دەستەکانی ڕووەو ئاسمان بەرز کردبووەوە.
1KI 8:55 ڕاوەستا و بە دەنگێکی بەرز داوای بەرەکەتی بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کرد و گوتی:
1KI 8:56 «ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی هەروەک بەڵێنی دابوو ئیسرائیلی گەلی خۆی حەساندەوە. تەنانەت یەک وشەش لە هەموو ئەو بەڵێنە باشانە نەشکا کە یەزدان لە ڕێگەی موسای بەندەیەوە دابووی.
1KI 8:57 با یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵمان بێت هەروەک چۆن لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، وازمان لێ نەهێنێت و فەرامۆشمان نەکات،
1KI 8:58 دڵمان بۆ لای خۆی گۆش بکات هەتا گوێڕایەڵی بین و چاومان لە فەرمان و فەرز و حوکمەکانی بێت، ئەو فەرمانانەی بە باوباپیرانی ئێمەی کرد.
1KI 8:59 با ئەو وشانەی کە پێی لە یەزدان پاڕامەوە، شەو و ڕۆژ لە یەزدانی پەروەردگارمان نزیک بێت، بۆ ئەوەی دادوەری بۆ بەندەکەی و ئیسرائیلی گەلەکەی خۆی پەیڕەو بکات، بەگوێرەی پێویستی ڕۆژانەی،
1KI 8:60 تاکو هەموو گەلانی زەوی بزانن کە یەزدان خودایە و هیچ خودایەکی دیکە نییە.
1KI 8:61 بەڵام با دڵتان تەواو لەلای یەزدانی پەروەردگارمان بێت، هەتا فەرزەکانی بەجێبهێنن و چاوتان لە فەرمانەکانی بێت، وەک ئەمڕۆ.»
1KI 8:62 ئینجا پاشا و هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی.
1KI 8:63 سلێمان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان کرد، بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی سەربڕی. ئیتر پاشا و هەموو نەوەی ئیسرائیل پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد.
1KI 8:64 لەو ڕۆژەدا پاشا ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی پێشکەش کرد، چونکە قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدان بچووکتر بوو لەوەی جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی تێیدا ببێتەوە.
1KI 8:65 لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی گەورە، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان جەژنەکەیان گێڕا، پاشان حەوت ڕۆژی دیکەش، واتا چواردە ڕۆژ.
1KI 8:66 ڕۆژی دواتر خەڵکەکەی بەڕێکرد، جا داوای بەرەکەتیان بۆ پاشاکە کرد و بە شادمانی و دڵخۆشییەوە چوونەوە ماڵەکانیان، بەهۆی ئەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داودی بەندەی و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی.
1KI 9:1 پاش ئەوەی سلێمان بنیادنانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی تەواو کرد کە پێی خۆشبوو،
1KI 9:2 دووبارە یەزدان بۆ سلێمان دەرکەوتەوە، هەروەک چۆن لە گبعۆن بۆی دەرکەوت.
1KI 9:3 جا یەزدان پێی فەرموو: «گوێم لە نوێژ و پاڕانەوەکەت بوو کە لەبەردەمم پاڕایتەوە، ئەم پەرستگایەم پیرۆز کرد کە بنیادت ناوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە ناوەکەم لەوێ دابنێم، چاوەکانم و دڵیشم هەمیشە لەوێ دەبن.
1KI 9:4 «تۆش ئەگەر بە دڵسۆزی و دڵپاکییەوە دۆستایەتیم بکەیت، وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت،
1KI 9:5 ئەوا هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەت لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن بەڵێنم بە داودی باوکت دا و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەسەر تەختی ئیسرائیل.“
1KI 9:6 «بەڵام ئەگەر ئێوە یاخود نەوەکانتان لێم هەڵگەڕێنەوە و چاوتان لە فەرز و فەرمانەکانم نەبوو کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن،
1KI 9:7 ئەوا ئیسرائیل لەسەر ڕووی ئەو خاکەی پێم داون دەبڕمەوە و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم. ئیسرائیل لەنێو هەموو گەلان دەبێتە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی،
1KI 9:8 ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و فیکە لێدەدات، دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“
1KI 9:9 ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاریان هێناوە، ئەوەی کە باوباپیرانیانی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە، کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»
1KI 9:10 لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا هەردوو تەلارەکەی بنیاد نا، پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا،
1KI 9:11 سلێمانی پاشا بیست شارۆچکەی لە خاکی جەلیل بە حیرامی پاشای سور بەخشی، چونکە حیرام بەپێی پێویست داری ئورز و سنەوبەر و زێڕی بۆ سلێمان دابین کردبوو.
1KI 9:12 بەڵام کاتێک حیرام لە سورەوە بۆ بینینی ئەو شارۆچکانە چوو کە سلێمان پێیدابوو، بە دڵی نەبوون.
1KI 9:13 گوتی: «براکەم، ئەم شارۆچکانە چین کە تۆ بە منت داون؟» ئینجا ناوی لێنان خاکی کاڤول، هەتا ئەمڕۆش بەو ناوە ناودەبردرێت.
1KI 9:14 حیرام سەد و بیست تالنت زێڕی بۆ پاشا ناردبوو.
1KI 9:15 ئەو بێگارییانەی کە سلێمان پاشا بە خەڵکی کرد، ئەمانە بوون: بنیادنانی پەرستگای یەزدان، کۆشکی خۆی، تەلانەکان، شوورای ئۆرشەلیم، حاچۆر، مەگیدۆ، هەروەها گەزەر.
1KI 9:16 (فیرعەونی پاشای میسر پێشتر هێرشی کردبووە سەر گەزەر و داگیری کردبوو و سووتاندبووی. کەنعانییەکانی دانیشتووی شارەکەی کوشت و شارەکەی بە دیاری دایە کچەکەی خۆی، واتا ژنەکەی سلێمان. ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە.)
1KI 9:17 ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە، هەروەها بێت‌حۆرۆنی خواروو و
1KI 9:18 بەعەلات و تەدمۆری لە چۆڵەوانی لەناو خاکەکەدا ئاوەدان کردەوە،
1KI 9:19 لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
1KI 9:20 هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
1KI 9:21 پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانیبوو بە تەواوی قڕیان بکەن سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
1KI 9:22 بەڵام سلێمان کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و کاربەدەست، سەرکردە، فەرماندە، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
1KI 9:23 ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانە بوون کە لەسەر کارەکانی سلێمان بوون، پێنج سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
1KI 9:24 پاش ئەوەی کچەکەی فیرعەون لە شاری داودەوە چووە کۆشکەکەی کە سلێمان بۆی بنیاد نابوو، دەستی بە دروستکردنی تەلان کرد.
1KI 9:25 سلێمان ساڵانە سێ جار قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەردەخستە سەر ئەو قوربانگایەی بۆ یەزدانی بنیاد نا، بخووریشی لەگەڵ ئەوەدا دەسووتاند کە لەبەردەم یەزدان بوو، پەرستگاکەی تەواو کرد.
1KI 9:26 هەروەها سلێمانی پاشا چەند کەشتییەکی لە عەچیۆن گەڤەر ئەوەی لە نزیک ئێلەتە لەسەر کەناری دەریای سوور لە خاکی ئەدۆم دروستکرد.
1KI 9:27 حیرامیش خزمەتکارەکانی خۆی کە کەشتیوان و شارەزای دەریا بوون ناردنییە ناو کەشتییەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا بن.
1KI 9:28 ئیتر چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و بیست تالنت زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.
1KI 10:1 کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەیی بە یەزدانەوە بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە.
1KI 10:2 بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.
1KI 10:3 سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.
1KI 10:4 کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،
1KI 10:5 هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.
1KI 10:6 بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.
1KI 10:7 بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.
1KI 10:8 خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.
1KI 10:9 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
1KI 10:10 ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
1KI 10:11 هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا.
1KI 10:12 پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە.
1KI 10:13 سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
1KI 10:14 کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت زێڕ بوو،
1KI 10:15 جگە لە باجی سەر بازرگان و فرۆشیارەکان و پاشایانی عەرەب و فەرمانڕەوایانی خاکەکە.
1KI 10:16 سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک.
1KI 10:17 سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ مەنا زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
1KI 10:18 هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.
1KI 10:19 تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو، بەشی سەرەوەی پاڵپشتەکەشی شێوەی نیمچە خڕ بوو، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.
1KI 10:20 دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.
1KI 10:21 هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.
1KI 10:22 کەشتیگەلی پاشا لەگەڵ کەشتییەکانی حیرام لە دەریا بوون، سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
1KI 10:23 سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.
1KI 10:24 هەموو خەڵکی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.
1KI 10:25 هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
1KI 10:26 سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.
1KI 10:27 هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
1KI 10:28 ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن.
1KI 10:29 گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.
1KI 11:1 سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان،
1KI 11:2 لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو.
1KI 11:3 حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە.
1KI 11:4 ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو.
1KI 11:5 ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت.
1KI 11:6 سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت.
1KI 11:7 لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا.
1KI 11:8 هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان.
1KI 11:9 یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت.
1KI 11:10 هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو.
1KI 11:11 یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت،
1KI 11:12 بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم،
1KI 11:13 لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.»
1KI 11:14 ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو.
1KI 11:15 کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت.
1KI 11:16 یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد.
1KI 11:17 بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن.
1KI 11:18 ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا.
1KI 11:19 هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی.
1KI 11:20 خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون.
1KI 11:21 هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.»
1KI 11:22 فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟» هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.»
1KI 11:23 خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو.
1KI 11:24 لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد.
1KI 11:25 جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە.
1KI 11:26 هەروەها یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە خەڵکی چەرێدا بوو لە ئەفرایم، یەکێک بوو لە کاربەدەستەکانی سلێمان، لە پاشا یاخی بوو. دایکیشی بێوەژنێک بوو بە ناوی چەروعا.
1KI 11:27 یاخیبوونەکەشی لە دژی پاشا بەم شێوەیە بوو: ئەوە بوو کە سلێمان تەلانەکەی دروستکرد و کەلێنەکانی شاری داودی باوکی چاککردەوە،
1KI 11:28 بینی کە ئەم پیاوە پاڵەوان و بەهێزە، گەنجێکی کارامە و چالاکە، ئیتر یارۆڤعامی کرد بە سەرپەرشتیاری هەموو کاری بێگاری هۆزەکانی یوسف.
1KI 11:29 ئەوە بوو کە یارۆڤعام لە ئۆرشەلیم دەهاتە دەرەوە، ئاحییای شیلۆنیی پێغەمبەر لە ڕێگادا تووشی بوو، کەوایەکی نوێی لەبەر بوو. بە تەنها هەردووکیان لە دەشتودەر بوون،
1KI 11:30 ئاحییاش کەوا نوێیەکەی کە لەبەریدا بوو دایکەند و کردی بە دوازدە پارچەوە.
1KI 11:31 بە یارۆڤعامی گوت: «دە پارچە بۆ خۆت ببە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان پارچەپارچە دەکەم و دە هۆز بە تۆ دەدەم.
1KI 11:32 یەک هۆزیش بۆ ئەو دەبێت لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم ئەو شارەی کە هەڵمبژاردووە.
1KI 11:33 ئەو کارە دەکەم، چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن.
1KI 11:34 «”بەڵام هەموو پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان ناستێنمەوە، بەڵکو بە درێژایی ژیانی دەیکەمە پاشا، لەبەر داودی بەندەم ئەوەی کە هەڵمبژارد، ئەوەی فەرمان و فەرزەکانی منی بەجێهێنا.
1KI 11:35 پاشایەتی لە دەست کوڕەکەی دەستێنمەوە و دە هۆزی دەدەم بە تۆ.
1KI 11:36 یەک هۆزیش دەدەمە کوڕەکەی، تاوەکو هەمیشە بۆ داودی بەندەم وەک چرایەک بێت لەبەردەممدا لە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بۆ خۆمم هەڵبژارد هەتا ناوم لەوێدا دابنێم.
1KI 11:37 تۆش دەبەم و فەرمانڕەوایەتی دەکەیت بەسەر هەموو ئەوەی دڵت ئارەزووی بکات و بەسەر ئیسرائیلدا دەبیت بە پاشا.
1KI 11:38 ئەگەر بێت و گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بیت کە فەرمانت پێدەدەم و بە ڕێگاکانمدا بڕۆیت و ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەیت و فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، وەک چۆن داودی بەندەم کردی، ئەوا لەگەڵتدا دەبم و بنەماڵەیەکی چەسپاوت بۆ بنیاد دەنێم وەک چۆن بۆ داودم بنیاد نا و ئیسرائیلت دەدەمێ.
1KI 11:39 نەوەی داودیش زەلیل دەکەم لەبەر ئەمە، بەڵام نەک بۆ هەتاهەتایە.“»
1KI 11:40 سلێمان هەوڵی کوشتنی یارۆڤعامی دا، بەڵام یارۆڤعام هەستا و هەڵات بۆ میسر بۆ لای شیشەقی پاشای میسر و هەتا کاتی مردنی سلێمان لە میسردا مایەوە.
1KI 11:41 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان و هەموو ئەوەی کردی و داناییەکەی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی سلێمان تۆمار کراون.
1KI 11:42 سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
1KI 11:43 پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 12:1 ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا.
1KI 12:2 یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، لە میسرەوە گەڕایەوە.
1KI 12:3 پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و تەواوی کۆمەڵەی ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت:
1KI 12:4 «باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.»
1KI 12:5 ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «بڕۆن و پاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن.
1KI 12:6 ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟»
1KI 12:7 ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لە ئەمڕۆوە ببیتە خزمەتکاری ئەم گەلە، خزمەتیان بکەیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.»
1KI 12:8 بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد.
1KI 12:9 لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە“؟»
1KI 12:10 ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە،“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە.
1KI 12:11 باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان. باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“»
1KI 12:12 لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.»
1KI 12:13 پاشا بە توندی وەڵامی گەلی دایەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە بۆیان کرد،
1KI 12:14 بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم؛ باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.»
1KI 12:15 پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی یەزدان بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو.
1KI 12:16 کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە: «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە، چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟ ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان! ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!» ئیتر ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان.
1KI 12:17 بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون.
1KI 12:18 ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام هەموو ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت.
1KI 12:19 بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون.
1KI 12:20 کاتێک هەموو ئیسرائیل بیستیان کە یارۆڤعام گەڕاوەتەوە، هێنایانە ئەنجومەن و کردیانە پاشای هەموو ئیسرائیل. کەسیش دوای ماڵی داود نەکەوت، تەنها هۆزی یەهودا نەبێت.
1KI 12:21 کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، هەموو بنەماڵەی یەهودا و هۆزی بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بگەڕێننەوە.
1KI 12:22 بەڵام پەیامی خودا بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
1KI 12:23 «بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و هەموو بنەماڵەی یەهودا و بنیامین و بە پاشماوەی گەل بڵێ،
1KI 12:24 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی نەوەی ئیسرائیلی براتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان گەڕانەوە.
1KI 12:25 ئینجا یارۆڤعام شارۆچکەی شەخەمی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمی کردە شارێکی قەڵابەند و تێیدا نیشتەجێ بوو، لەوێشەوە پەنیێلی نۆژەن کردەوە.
1KI 12:26 یارۆڤعام لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئێستا پاشایەتییەکە بۆ ماڵی داود دەگەڕێتەوە.
1KI 12:27 ئەگەر ئەم گەلە سەربکەون بۆ ئەوەی لە پەرستگای یەزدان، لە ئۆرشەلیم قوربانی پێشکەش بکەن، دڵی ئەم گەلە بۆ گەورەکەیان دەبێت، ڕەحەڤەعامی پاشای یەهودا، منیش دەکوژن و دەگەڕێنەوە لای ئەو.»
1KI 12:28 پاش ڕاوێژکردن پاشا دوو گوێرەکەی زێڕینی دروستکرد و بە گەلی گوت: «ئەی ئیسرائیل، بۆ ئێوە زەحمەتە سەربکەونە ئۆرشەلیم. ئەوەتا خوداوەندەکانتان، ئەوانەی ئێوەیان لە خاکی میسر دەرهێنا.»
1KI 12:29 ئینجا یەکێکیانی لە بێت‌ئێل دانا و ئەوی دیکەیان لە دان.
1KI 12:30 ئەم کارەش بووە گوناه. گەل بۆ پەرستنی یەکێکیان دەچوونە بێت‌ئێل و هەتا دانیش دەچوون بۆ پەرستنی ئەوەی دیکە.
1KI 12:31 یارۆڤعام نزرگەکانی سەر بەرزاییشی دروستکرد، لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهین، هەرچەندە لە نەوەی لێڤیش نەبوون.
1KI 12:32 ڕۆژی پازدەی مانگی هەشتی کردە جەژن، هەروەک ئەو جەژنەی لە یەهودا هەبوو، قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە. بەم جۆرەی کرد لە بێت‌ئێل، قوربانی بۆ ئەو دوو گوێرەکەیە سەربڕی کە دروستی کردن، هەروەها لە بێت‌ئێل کاهینانی ڕاگرت بۆ نزرگەکانی سەر بەرزایی کە دروستی کردبوون.
1KI 12:33 لە پازدەی مانگی هەشت، لەو مانگەی کە خۆی بۆ خۆی دایهێنابوو قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە کە لە بێت‌ئێل دروستی کردبوو. جەژنی بۆ نەوەی ئیسرائیل دانا و بۆ بخوور سووتاندن سەرکەوتە سەر قوربانگا.
1KI 13:1 ئەوە بوو پیاوێکی خودا بە فەرمایشتی یەزدان لە یەهوداوە هاتە بێت‌ئێل، یارۆڤعامیش لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو بۆ بخوور سووتاندن.
1KI 13:2 پیاوەکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکە هاواری کرد و گوتی: «ئەی قوربانگا! ئەی قوربانگا! یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”کوڕێک لە نەوەی داود دەبێت، ناوی یۆشیایە، کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزاییت لەسەر سەردەبڕێت، ئەوانەی بخوورت لەسەر دەسووتێنن، ئێسکی مرۆڤیشت لەسەر دەسووتێنرێ.“»
1KI 13:3 هەر لەو ڕۆژەشدا پیاوەکەی خودا نیشانەیەکی دا و گوتی: «ئەمەش ئەو نیشانەیە کە یەزدان فەرموویەتی، قوربانگاکە شەق دەبات و خۆڵەمێشەکەی سەریشی پەرشوبڵاو دەبێتەوە.»
1KI 13:4 کاتێک یارۆڤعامی پاشا گوێی لە قسەی پیاوەکەی خودا بوو، کە لە بێت‌ئێل ڕووەو قوربانگاکە کردی، یارۆڤعام لە قوربانگاکەوە دەستی درێژکرد و گوتی: «بیگرن!» بەڵام ئەو دەستەی کە ڕووەو ئەو درێژی کرد وشک بوو، نەیتوانی بیکێشێتەوە.
1KI 13:5 قوربانگاکەش شەقی برد و خۆڵەمێشەکەی سەری پەرشوبڵاو بووەوە، هەروەک ئەو نیشانەیەی پیاوەکەی خودا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ئاماژەی کرد.
1KI 13:6 ئینجا پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «تکایە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت بپاڕێوە و لە پێناوی من نزا بکە هەتا دەستم چاک بێتەوە.» پیاوەکەی خوداش لە بەرامبەر یەزدان پاڕایەوە، دەستی پاشا وەک جاری جاران چاک بووەوە.
1KI 13:7 پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە، پشوو بدە و پاداشتیشت دەدەمێ.»
1KI 13:8 پیاوەکەی خوداش بە پاشای گوت: «ئەگەر نیوەی ماڵەکەشتم بدەیتێ، لەگەڵت نایەم، لەم شوێنە نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە،
1KI 13:9 چونکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان بەم جۆرە فەرمانم پێکراوە: ”نە نان بخۆ و نە ئاو بخۆوە و نە بەو ڕێگایەشدا بگەڕێوە کە پێیدا چوویت.“»
1KI 13:10 ئینجا بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت و بەو ڕێگایەدا نەگەڕایەوە کە پێیدا هاتە بێت‌ئێل.
1KI 13:11 پێغەمبەرێکی پیر هەبوو لە بێت‌ئێل دەژیا، کوڕەکانی هاتن و هەموو ئەو کارەیان بۆ گێڕایەوە کە پیاوەکەی خودا لەو ڕۆژەدا لە بێت‌ئێل کردی، ئەو قسانەش کە بە پاشای گوتبوو، بۆ باوکیان گێڕایەوە.
1KI 13:12 باوکیشیان لێی پرسین: «بە کام ڕێگادا ڕۆیشت؟» کوڕەکانی ئەو ڕێگایەیان پیشان دا کە پیاوەکەی خودا ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو پێیدا ڕۆیشتبوو.
1KI 13:13 ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش گوێدرێژەکەیان بۆ کورتان کرد و سواری بوو.
1KI 13:14 لەدوای پیاوەکەی خودا ڕۆیشت و دۆزییەوە لەژێر دار بەڕووێکدا دانیشتبوو، پێی گوت: «ئایا تۆ پیاوەکەی خودایت، ئەوەی لە یەهوداوە هاتووە؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ ئەوم.»
1KI 13:15 پێی گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە و نان بخۆ.»
1KI 13:16 پیاوەکەی خوداش گوتی: «ناتوانم لەگەڵت بگەڕێمەوە و لەگەڵت نایەمە ژوورەوە، لەم شوێنە لەگەڵت نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە،
1KI 13:17 چونکە بە فەرمایشتی یەزدان پێم گوتراوە: ”لەوێدا نان مەخۆ و ئاو مەخۆوە و بەو ڕێگایەدا مەگەڕێوە کە پێیدا ڕۆیشتی.“»
1KI 13:18 ئەویش پێی گوت: «هەروەها منیش وەک تۆ پێغەمبەرم و فریشتەیەک بە فەرمایشتی یەزدان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: ”لەگەڵ خۆتدا بیبە ماڵەکەت هەتا نان بخوات و ئاو بخواتەوە.“» بەمە درۆی لەگەڵ کرد.
1KI 13:19 پیاوەکەی خوداش لەگەڵی گەڕایەوە و لە ماڵەکەی نانی خوارد و ئاوی خواردەوە.
1KI 13:20 لە کاتێکدا کە لەسەر خوانەکە دانیشتبوون، ئەوە بوو فەرمایشتی یەزدان هات بۆ پێغەمبەرەکەی کە گەڕاندییەوە.
1KI 13:21 بانگی پیاوەکەی خودای کرد، ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانت کرد و کارت بەو فەرمانە نەکرد کە یەزدانی پەروەردگارت پێی کردیت،
1KI 13:22 گەڕایتەوە و نانت خوارد و ئاوت خواردەوە لەو شوێنەی کە پێت گوترا نان و ئاوی لێ مەخۆ، لەبەر ئەوە لاشەکەت ناچێتە ناو گۆڕی باوباپیرانت.“»
1KI 13:23 پاش ئەوەی پیاوەکەی خودا خواردی و خواردیەوە، ئەو پێغەمبەرەی کە گەڕاندبوویەوە، گوێدرێژەکەی بۆ کورتان کرد.
1KI 13:24 جا ڕۆیشت و لە ڕێگا شێرێکی لێ پەیدا بوو، کوشتی. لاشەکەی لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژ و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون.
1KI 13:25 لەو کاتەدا چەند پیاوێک تێپەڕین و بینییان لاشەکە لەسەر ڕێگاکە کەوتووە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستاوە، ئینجا چوون و ئەو هەواڵەیان لەو شارەدا بڵاوکردەوە کە پێغەمبەرە پیرەکە تێیدا دەژیا.
1KI 13:26 کاتێک ئەو پێغەمبەرەی کە ئەوی گەڕاندەوە لەسەر ڕێگاکە بیستی، گوتی: «ئەوە پیاوەکەی خودایە کە سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانی کرد. یەزدانیش دایە دەستی شێر و پەلاماری دا و کوشتی، هەروەک یەزدان فەرمووی ئاوای بەسەرهات.»
1KI 13:27 ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش کورتانیان کرد.
1KI 13:28 چوو و لاشەکەی بینییەوە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژەکە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. شێرەکە لاشەکەی نەخواردبوو، پەلاماری گوێدرێژەکەشی نەدابوو.
1KI 13:29 پێغەمبەرەکە لاشەی پیاوەکەی خودای هەڵگرت و خستییە سەر گوێدرێژەکە و بردییەوە، پێغەمبەرە پیرەکە هاتە ناو شارەکەوە هەتا بینێژێت و پرسەی بۆ بگرێت.
1KI 13:30 ئینجا لاشەکەی خستە ناو گۆڕەکەی خۆی، شیوەنیان بۆ گێڕا و گوتیان: «ئای براکەم!»
1KI 13:31 پاش ئەوەی کە ناشتیان، قسەی لەگەڵ کوڕەکانی کرد و گوتی: «کە مردم لەو گۆڕەدا بمنێژن کە پیاوەکەی خودای تێدا نێژرا، ئێسکەکانم لەتەنیشت ئێسکەکانی ئەو دابنێن،
1KI 13:32 چونکە بە تەواوی ئەو پەیامە دێتە دی، کە بەپێی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکەی بێت‌ئێل و ڕووەو هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کردی، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سامیرەدان.»
1KI 13:33 تەنانەت لەدوای ئەم ڕووداوەش، یارۆڤعام لە ڕێگا خراپەکەی پاشگەز نەبووەوە، بەڵکو دووبارە لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی، هەرکەسێک دەیویست ببێتە کاهین، ئەرکی پێ دەسپارد و دەبووە یەکێک لە کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزایی.
1KI 13:34 ئەمە بووە گوناه بۆ بنەماڵەی یارۆڤعام، بووە هۆی وێرانبوون و لەناوچوونیان لەسەر ڕووی زەوی.
1KI 14:1 لەو کاتەدا ئەبیای کوڕی یارۆڤعام نەخۆش کەوت.
1KI 14:2 یارۆڤعام بە ژنەکەی گوت: «هەستە و شێوەی خۆت بگۆڕە هەتا نەزانن کە تۆ ژنی یارۆڤعامیت و بڕۆ بۆ شیلۆ، ئەوەتا لەوێ ئاحییا پێغەمبەری لێیە، ئەو دەربارەی من گوتی کە دەبمە پاشای ئەم گەلە.
1KI 14:3 لەگەڵ دەستت دە نان و هەندێک کێک و گۆزەیەک هەنگوین ببە و بڕۆ لای، ئەو پێت ڕادەگەیەنێت کوڕەکە چی لێدێت.»
1KI 14:4 ژنەکەی یارۆڤعامیش بەو جۆرەی کرد و هەستا و چوو بۆ شیلۆ، چوو بۆ ماڵی ئاحییا. ئاحییاش نەیدەتوانی ببینێت، چونکە بەهۆی پیرییەوە چاوەکانی کز ببوون.
1KI 14:5 یەزدانیش بە ئاحییای فەرموو: «ئەوەتا ژنەکەی یارۆڤعام دێتە لات تاکو شتێکت لەبارەی کوڕەکەیەوە لێ بپرسێت، چونکە نەخۆشە. تۆش لە وەڵامدا ئەمە و ئەوەی پێ بڵێ. کە دێتە ژوورەوە، خۆی بە کەسێکی دیکە نیشان دەدات.»
1KI 14:6 ئەوە بوو کە ئاحییا گوێی لە دەنگی پێی بوو لە دەرگاکەوە دەهاتە ژوورەوە، گوتی: «ژنەکەی یارۆڤعام، وەرە ژوورەوە. بۆچی وا شێوەی خۆتت گۆڕیوە؟ من نێردراوی هەواڵێکی ناخۆشم بۆ تۆ.
1KI 14:7 بڕۆ و بە یارۆڤعام بڵێ: یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”لەنێو گەل پایەبەرزم کردیت و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم.
1KI 14:8 پاشایەتییەکەم لە بنەماڵەی داود سەندەوە و دامە تۆ، تۆش وەک داودی بەندەم نەبوویت، ئەوەی کاری بە ڕاسپاردەکانم کرد و ئەوەی بە هەموو دڵییەوە دوام کەوت، بۆ ئەوەی تەنها ئەوەی لەبەرچاومدا ڕاستە بیکات.
1KI 14:9 بەڵام تۆ لە هەموو ئەوانەی پێش خۆت زیاتر خراپەت کرد و چوویت خودای دیکەت لەگەڵ بتە داڕێژراوەکان بۆ خۆت دروستکرد، تاکو پەستم بکەیت، هەروەها منیشت پشتگوێ خست.
1KI 14:10 «”لەبەر ئەوە، بنەماڵەی یارۆڤعام تووشی کارەسات دەکەم. هەموو نێرینەیەکی بنەماڵەی یارۆڤعام لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، جا کۆیلە بێت یان ئازاد. پاشماوەی بنەماڵەی یارۆڤعام دەسووتێنم، هەروەک چۆن تەپاڵە هەتا تەواو دەبێت دەسووتێنرێت.
1KI 14:11 هەرکەسێکی یارۆڤعام لەناو شار بمرێت سەگ دەیخوات و هەرکەسێکیش لە دەشتودەر بمرێت باڵندەی ئاسمان دەیخوات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە!“
1KI 14:12 «تۆش هەستە و بگەڕێوە ماڵەکەت، کە پێ دەخەیتە ناو شارەکە کوڕەکەت دەمرێت.
1KI 14:13 هەموو ئیسرائیلیش شیوەنی بۆ دەگێڕن و دەینێژن، چونکە تەنها ئەم لە نەوەی یارۆڤعام دەچێتە ناو گۆڕ، لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو بنەماڵەی یارۆڤعام تەنها لە ئەودا چاکەی بینی.
1KI 14:14 «یەزدان خۆی پاشایەک بۆ ئیسرائیل دادەنێت کە ماڵی یارۆڤعام بنبڕ دەکات. ئەمە ڕۆژەکەیە! بەڵێ، ئەمە ڕۆژەکەیە.
1KI 14:15 یەزدان لە ئیسرائیلیش دەدات، وەک قامیشێک کە چۆن لەناو ئاو دەلەرێتەوە. ئیسرائیل لەم زەوییە چاکە ڕیشەکێش دەکات کە داویەتییە باوباپیرانیان و بۆ ئەوبەری ڕووباری فورات پەرتەوازەیان دەکات، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێراکانیان دروستکرد و یەزدانیان پەست کرد.
1KI 14:16 خودا ئیسرائیل ڕادەست دەکات بەهۆی گوناهەکانی یارۆڤعام و گوناهەکانی ئیسرائیل کە ئەو هۆکاری ئەنجامدانیان بوو.»
1KI 14:17 ئینجا ژنەکەی یارۆڤعام هەستا و ڕۆیشت، چوو بۆ تیرزە. کاتێک گەیشتە بەردەرگای ماڵ کوڕەکە مرد.
1KI 14:18 ناشتیان و هەموو ئیسرائیل شیوەنی بۆ گێڕا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی بەندەی خۆی، ئاحییای پێغەمبەرەوە فەرمووی.
1KI 14:19 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعامیش کە چۆن جەنگاوە و چۆن پاشایەتی کردووە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 14:20 یارۆڤعام بیست و دوو ساڵ پاشایەتی کرد، ئینجا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. ئیتر نادابی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 14:21 ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، کە نەعمای عەمۆنی دایکی بوو، لە تەمەنی چل و یەک ساڵی لە یەهودا بوو بە پاشا. حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی یەزدان لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵیبژارد تاکو ناوی خۆی تێدا دابنێت.
1KI 14:22 گەلی یەهوداش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، ئینجا بەو گوناهانەی کە کردیان لە باوباپیرانیان زیاتر ئیرەیی یەزدانیان وروژاند.
1KI 14:23 هەروەها ئەوانیش نزرگەی سەر بەرزایی و بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان لەسەر هەر گردێکی بەرز و لەژێر هەر دارێکی سەوز بۆ خۆیان دامەزراند.
1KI 14:24 تەنانەت پیاوی لەشفرۆشیش لە نزرگەکانی خاکەکە هەبوو، هەموو نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەیان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وەدەرینان.
1KI 14:25 لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم.
1KI 14:26 گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، هەموو قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد، کە سلێمان دروستی کردبوون.
1KI 14:27 لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.
1KI 14:28 هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.
1KI 14:29 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ڕەحەڤەعام و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
1KI 14:30 بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
1KI 14:31 ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەلای ئەوان لە شاری داود بە خاک سپێردرا، نەعمای عەمۆنی دایکی بوو. ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 15:1 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.
1KI 15:2 سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەبیشالۆم بوو.
1KI 15:3 بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی.
1KI 15:4 بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت،
1KI 15:5 چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت.
1KI 15:6 بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
1KI 15:7 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو.
1KI 15:8 ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 15:9 لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا.
1KI 15:10 چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەبیشالۆم بوو.
1KI 15:11 ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
1KI 15:12 پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون.
1KI 15:13 ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
1KI 15:14 هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.
1KI 15:15 شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان.
1KI 15:16 بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
1KI 15:17 بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
1KI 15:18 ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەن‌هەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی:
1KI 15:19 «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
1KI 15:20 بەن‌هەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد.
1KI 15:21 کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە.
1KI 15:22 ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە.
1KI 15:23 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون.
1KI 15:24 پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 15:25 نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
1KI 15:26 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
1KI 15:27 ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی.
1KI 15:28 لە سێیەمین ساڵی فەرمانڕەوایی ئاسای پاشای یەهودا، بەعشا نادابی کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
1KI 15:29 کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی.
1KI 15:30 ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد.
1KI 15:31 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 15:32 بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
1KI 15:33 لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
1KI 15:34 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
1KI 16:1 فەرمایشتی یەزدان بۆ یێهوی کوڕی حەنانی هات سەبارەت بە بەعشا:
1KI 16:2 «لەبەر ئەوەی لە خۆڵەوە تۆم بەرزکردەوە و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم، بەڵام تۆ ڕێچکەی یارۆڤعامت گرتەبەر و وات لە ئیسرائیلی گەلەکەی من کرد گوناه بکەن و بە گوناهەکانیان پەستم بکەن،
1KI 16:3 لەبەر ئەوە بەعشا و بنەماڵەکەی ڕیشەکێش دەکەم، بنەماڵەکەی تۆ وەک بنەماڵەکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی لێ دەکەم.
1KI 16:4 هەرکەسێکی بەعشا لە شار بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگە بمرێت باڵندەی ئاسمان.»
1KI 16:5 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی بەعشا، ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 16:6 بەعشا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە تیرزە نێژرا. ئیتر ئێلەی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
1KI 16:7 هەروەها لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەری کوڕی حەنانیەوە فەرمایشتی یەزدان هات سەبارەت بە بەعشا و بنەماڵەکەی بەهۆی هەموو ئەو خراپانەی لەبەرچاوی یەزدان کردبووی، بەوەی کە بە کردەوەکانی پەستی کرد، وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی لێهات، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە بنەماڵەی یارۆڤعامی لەناو برد.
1KI 16:8 لە بیست و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، ئێلەی کوڕی بەعشا لە تیرزە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد.
1KI 16:9 زیمری کاربەدەستی کە فەرماندەی نیوەی گالیسکەکانی پاشا بوو، پیلانی لە دژی گێڕا. کاتێک ئێلە لە ماڵی ئەرچا بوو لە تیرزە، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو لە تیرزە، دەیخواردەوە و سەرخۆش بوو،
1KI 16:10 زیمری هاتە ژوورەوە و لێیدا و کوشتی. لە بیست و حەوتەمین ساڵی ئاسا پاشای یەهودا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
1KI 16:11 کاتێک بوو بە پاشا و لەسەر تەختەکەی ئەو دانیشت، هەموو بنەماڵەی بەعشای کوشت. بە جۆرێک کە هیچ نێرینەیەکی لە کەسوکار و نزیک و دۆستانی نەهێشتەوە.
1KI 16:12 زیمری هەموو بنەماڵەی بەعشای لەناوبرد، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەرەوە سەبارەت بە بەعشا فەرمووبووی.
1KI 16:13 لەبەر هەموو گوناهەکانی بەعشا و گوناهەکانی ئێلەی کوڕی کە کردیان و بەهۆیانەوە وایان لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن و بە بتە پووچەکانیان یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پەست بکەن.
1KI 16:14 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئێلە و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 16:15 لە بیست و حەوتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، زیمری حەوت ڕۆژ لە تیرزە بوو بە پاشا، سوپاش گەمارۆی گیبەتۆنی فەلەستییەکانیان دابوو.
1KI 16:16 کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوە و پاشاشی کوشتووە، هەموویان هەر لەو ڕۆژەدا لەناو ئۆردوگاکە جاڕیان دا و عۆمریی فەرماندەی گشتی سوپایان کردە پاشای ئیسرائیل.
1KI 16:17 ئینجا عۆمری و هەموو ئیسرائیل لەگەڵی لە گیبەتۆنەوە کشانەوە و تیرزەیان گەمارۆ دا.
1KI 16:18 ئەوە بوو کە زیمری بینی شارەکە گیرا، چووە ناو قەڵای کۆشکی پاشا، کۆشکی پاشای بە ئاگر بەسەر خۆیدا سووتاند و مرد،
1KI 16:19 ئەمەش بەهۆی ئەو گوناهانەوە بوو کە کردی، بەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
1KI 16:20 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زیمری و ئەو پیلانەی کە گێڕای لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 16:21 لەو کاتەدا گەلی ئیسرائیل بووە دوو بەش، نیوەی گەل بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون هەتا بیکەنە پاشا، نیوەکەی دیکەش بەدوای عۆمرییەوە بوون.
1KI 16:22 ئەو نیوەیەی گەل کە بەدوای عۆمرییەوە بوون زاڵبوون بەسەر ئەو نیوەیەی کە بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون، جا تیڤنی کوژرا و عۆمری بوو بە پاشا.
1KI 16:23 لە سی و یەکەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا عۆمری بوو بە پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد، شەش ساڵ لە تیرزە بوو.
1KI 16:24 ئینجا چیای سامیرەی لە شەمەر بە دوو تالنت زیو کڕی و دەستی بە بنیادنان کرد لە چیاکە، ئەو شارەی کە بنیادی نا، ناوی لێنا سامیرە بە ناوی شەمەری خاوەنی چیای سامیرەوە.
1KI 16:25 عۆمریش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر خراپەی کرد.
1KI 16:26 بەدوای ڕێگای یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بە پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە بتە پووچەکانیان.
1KI 16:27 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عۆمری و ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 16:28 عۆمری لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە نێژرا. ئیتر ئەحاڤی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 16:29 ئەحاڤی کوڕی عۆمری لە سی و هەشتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا بوو بە پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
1KI 16:30 ئەحاڤی کوڕی عۆمریش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
1KI 16:31 نەک هەر تەنها گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی بەلاوە کەم بوو، بەڵکو ئیزابێلی کچی ئەسبەعلی پاشای سەیدائییەکانیشی هێنا و چوو بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد.
1KI 16:32 لەناو پەرستگای بەعل قوربانگایەکیشی بۆ بەعل دروستکرد، کە لە سامیرە بنیادی نابوو.
1KI 16:33 هەروەها ئەحاڤ ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد و لە هەموو پاشاکانی ئیسرائیلیش کە لەپێش خۆیەوە بوون زیاتری کرد بۆ پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
1KI 16:34 لە سەردەمی ئەحاڤ، حیێلی بێت‌ئێلی ئەریحای بنیاد نایەوە. کاتێک دەستی بە دانانی بناغەکە کرد، ئەبیرامی کوڕە نۆبەرەکەی مرد، هەروەها کاتێک دەرگاکانی چەقاند سگوڤی کوڕە بچووکەکەی مرد، هەروەک چۆن فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەشوعی کوڕی نون فەرمووبووی.
1KI 17:1 ئەوە بوو ئەلیاسی تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!»
1KI 17:2 پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات:
1KI 17:3 «لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە.
1KI 17:4 لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.»
1KI 17:5 ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە.
1KI 17:6 قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە.
1KI 17:7 پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو.
1KI 17:8 ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
1KI 17:9 «هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.»
1KI 17:10 ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.»
1KI 17:11 کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»
1KI 17:12 ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»
1KI 17:13 ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە،
1KI 17:14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»
1KI 17:15 ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو.
1KI 17:16 کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.
1KI 17:17 دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا.
1KI 17:18 ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟»
1KI 17:19 ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست.
1KI 17:20 هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟»
1KI 17:21 ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!»
1KI 17:22 یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە.
1KI 17:23 ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!»
1KI 17:24 ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.»
1KI 18:1 دوای ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی سێیەمی وشکەساڵی فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «بڕۆ و خۆت بۆ ئەحاڤ دەربخە، منیش باران بۆ سەر خاکەکە دەبارێنم.»
1KI 18:2 جا ئەلیاس چوو خۆی بۆ ئەحاڤ دەربخات. قاتوقڕی لە سامیرە پەرەی سەندبوو،
1KI 18:3 ئیتر ئەحاڤ بانگی عۆبەدیای کرد، کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو. (عۆبەدیا کەسێکی لەخواترس بوو.
1KI 18:4 کاتێک کە ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی قڕ دەکرد، عۆبەدیا سەد پێغەمبەری بردبوو و لە دوو ئەشکەوتدا شاردبوونییەوە، هەر پەنجا لە ئەشکەوتێکدا و نان و ئاوی بۆ دابین کردبوون.)
1KI 18:5 ئەحاڤ بە عۆبەدیای گوت: «بەناو خاکەکەدا بڕۆ هەموو دۆڵ و کانیاوەکان، بەڵکو گیا پەیدا بکەین و ئەسپ و هێسترەکان بە زیندوویی بهێڵینەوە و بە ناچاری ئاژەڵەکانمان سەرنەبڕین.»
1KI 18:6 ئینجا خاکەکەیان لەنێوانیان دابەش کرد هەتا بەناویدا بڕۆن، ئەحاڤ بە تەنها بە ڕێگایەکدا ڕۆیشت و عۆبەدیاش بە تەنها بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت.
1KI 18:7 کاتێک عۆبەدیا لە ڕێگا بوو، تووشی ئەلیاس بوو، جا ناسییەوە و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «ئەوە تۆی گەورەم، ئەلیاس؟»
1KI 18:8 ئەویش گوتی: «منم، بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ: ”ئەلیاس لێرەیە.“»
1KI 18:9 عۆبەدیاش گوتی: «گوناهم چییە، هەتا خزمەتکارەکەت بدەیتە دەستی ئەحاڤ بۆ ئەوەی بمکوژێت؟
1KI 18:10 بە یەزدانی زیندوو، خودای خۆت، گەلێک و پاشایەتییەک نەماوە پاشای گەورەکەم کەسێکی بەدواتدا نەناردبێ. دەیانگوت کە تۆ لەلای ئەوان نیت، جا سوێندی دەدان بۆ ئەوەی لە قسەکەیان دڵنیابێتەوە.
1KI 18:11 تۆش ئێستا دەڵێیت: ”بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە.‘ “
1KI 18:12 کاتێک کە من لەلات دەڕۆم ڕۆحی یەزدان هەڵتدەگرێت بۆ شوێنێک کە من نایزانم، جا کە دەچم و بە ئەحاڤ ڕادەگەیەنم، ئەویش ناتدۆزێتەوە، من دەکوژێت. خۆشت دەزانیت خزمەتکارەکەت لە منداڵییەوە لەخواترسە.
1KI 18:13 ئایا ئەوەی کە کردم بە گەورەم ڕانەگەیەنراوە، کاتێک ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی کوشت، منیش سەد پێغەمبەری یەزدانم شاردەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک، نان و ئاوم بۆ دابین کردن.
1KI 18:14 ئێستاش تۆ پێم دەڵێیت: ”بڕۆ بە پاشای گەورەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە،‘ “ ئەویش دەمکوژێت!»
1KI 18:15 ئەلیاسیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، خودای سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، من ئەمڕۆ خۆم بۆ ئەحاڤ دەردەخەم.»
1KI 18:16 ئینجا عۆبەدیا چوو بۆ لای ئەحاڤ و پێی ڕاگەیاند، ئەحاڤیش چوو بۆ لای ئەلیاس.
1KI 18:17 کاتێک ئەحاڤ ئەلیاسی بینی، پێی گوت: «ئەوە تۆی، ئەی تێکدەری ئیسرائیل؟»
1KI 18:18 ئەلیاسیش گوتی: «من ئیسرائیلم تێکنەداوە، بەڵکو تۆ و ماڵی باوکت ئەمەتان کردووە، بە وازهێنانتان لە فەرمانەکانی یەزدان و ملکەچبوونتان بۆ بەعلەکان.
1KI 18:19 ئێستاش بنێرە و لە کێوی کارمەل هەموو ئیسرائیلم لێ کۆبکەوە، هەروەها چوار سەد و پەنجا پێغەمبەرەکەی بەعل و چوار سەد پێغەمبەرەکەی ئەشێراش، کە لەسەر خوانەکەی ئیزابێل نان دەخۆن.»
1KI 18:20 جا ئەحاڤ بەدوای هەموو نەوەی ئیسرائیلیدا نارد، هەموو پێغەمبەرەکانی لە کێوی کارمەل کۆکردەوە.
1KI 18:21 ئەلیاسیش لە هەموو گەل چووە پێشەوە و گوتی: «هەتا کەی لەنێوان ئەم دووانەدا دوو دڵ دەبن؟ ئەگەر یەزدان خودایە دوای بکەون، ئەگەر بەعلیش خودایە دوای ئەو بکەون.» بەڵام گەل بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە.
1KI 18:22 پاشان ئەلیاس بە گەلی گوت: «بە تەنها من بە پێغەمبەری یەزدان ماومەتەوە، پێغەمبەرەکانی بەعلیش چوار سەد و پەنجا پیاون.
1KI 18:23 دوو جوانەگامان بدەنێ، با ئەوان گایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لەتی بکەن و لەسەر تەختەدارەکان دایبنێن، بەڵام با ئاگری تێبەر نەدەن. منیش گایەکەی دیکە بەو جۆرە لێ دەکەم و لەسەر تەختەدارەکان دایدەنێم و ئاگری تێبەر نادەم.
1KI 18:24 ئینجا بە ناوی خوداوەندی خۆتانەوە بپاڕێنەوە و منیش بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. ئەو خودایەی کە بە ئاگر وەڵام دەداتەوە، ئەو خودایە.» هەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «قسەیەکی جوانە.»
1KI 18:25 ئینجا ئەلیاس بە پێغەمبەرەکانی بەعلی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و یەکەم جار ئێوە ئامادەی بکەن لەبەر ئەوەی ئێوە زۆرترن، بە ناوی خوداوەندەکەشتانەوە بپاڕێنەوە، بەڵام ئاگری تێبەر مەدەن.»
1KI 18:26 ئیتر ئەوان ئەو جوانەگایەیان برد کە پێیان درابوو، ئامادەیان کرد. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە ناوی بەعلەوە پاڕانەوە و گوتیان: «ئەی بەعل، وەڵاممان بدەوە!» بەڵام نە دەنگ هەبوو، نە کەسیش وەڵامی دایەوە. هەروەها بە دەوری ئەو قوربانگایەدا هەڵدەبەزینەوە کە دروستیان کردبوو.
1KI 18:27 لە نیوەڕۆدا ئەلیاس دەستی کرد بە گاڵتەپێکردنیان و گوتی: «قاییمتر هاوار بکەن! ئەو خوداوەندە! لەوانەیە داڵغەی لێدابێت، چووبێتە سەرئاو، لە گەشت بێت، یان لەوانەیە نوستبێت و دەبێت خەبەر بکرێتەوە.»
1KI 18:28 ئەوانیش بە دەنگی بەرز هاواریان کرد، وەک پیشەی خۆیان بە شمشێر و ڕم لە خۆیان دا، هەتا خوێنیان لێ چۆڕایەوە.
1KI 18:29 کاتێک عەسر داهات هەتا کاتی قوربانی ئێوارە حاڵیان کرد، بەڵام کوا دەنگ و کوا وەڵام و کوا گوێگر؟
1KI 18:30 ئەلیاس بە هەموو گەلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ لام.» ئەوانیش لێی چوونە پێشەوە. ئینجا قوربانگا وێرانکراوەکەی یەزدانی چاککردەوە.
1KI 18:31 پاشان ئەلیاس دوازدە بەردی برد، هێندەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی یاقوب کە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتبوو، پێی فەرمووبوو: «ناوت ئیسرائیل دەبێت.»
1KI 18:32 لەو بەردانە قوربانگایەکی بە ناوی یەزدان بنیاد نا و لە دەوری قوربانگاکە ئاوەڕۆیەکی دروستکرد کە جێگای دوو پێوانە تۆوی تێدا دەبووەوە.
1KI 18:33 ئینجا تەختەدارەکانی ڕێکخست و جوانەگاکەی لەتوپەت کرد و لەسەر تەختەدارەکان داینا. ئینجا گوتی: «چوار گۆزە ئاو پڕ بکەن و بەسەر قوربانییەکە و بەسەر دارەکانیدا بکەن.»
1KI 18:34 گوتی: «دووبارەی بکەنەوە.» دووبارەیان کردەوە. گوتی: «سێ بارەی بکەنەوە.» سێ بارەیان کردەوە.
1KI 18:35 جا ئاو لە دەوری قوربانگاکە ڕۆیشت و ئاوەڕۆکەش پڕ بوو لە ئاو.
1KI 18:36 لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانی، ئەلیاسی پێغەمبەر هاتە پێشەوە و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، ئەمڕۆ با بزانرێت کە تۆ لە ئیسرائیل خودایت، منیش بەندەی تۆم و بە فەرمایشتی تۆ هەموو ئەم کارانەم کردووە.
1KI 18:37 وەڵامم بدەوە ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە تاکو ئەم گەلە بزانن کە تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، تۆ دڵیان بەرەو لای خۆت ڕادەکێشیت.»
1KI 18:38 ئینجا ئاگری یەزدان کەوتە خوارەوە، قوربانی و تەختەدار و بەرد و خۆڵەکەی خوارد، ئاوی ناو ئاوەڕۆکەشی وشک کرد.
1KI 18:39 کاتێک هەموو گەل ئەوەیان بینی، بە ڕوودا کەوتن و گوتیان: «یەزدان خودایە، یەزدان خودایە!»
1KI 18:40 ئینجا ئەلیاس پێی گوتن: «پێغەمبەرەکانی بەعل بگرن و مەهێڵن پیاوێکیان لێ دەرباز بێت.» ئەوانیش گرتیانن، ئەلیاس بردنییە خوارەوە بۆ دۆڵی قیشۆن و لەوێ سەری بڕین.
1KI 18:41 پاشان ئەلیاس بە ئەحاڤی گوت: «بڕۆ بخۆ و بخۆوە، چونکە دەنگی بارانێکی زۆر دێت.»
1KI 18:42 جا ئەحاڤ چوو بخوات و بخواتەوە، بەڵام ئەلیاس سەرکەوتە سەر لووتکەی کارمەل، چەمایەوە سەر زەوی و دەموچاوی خستە نێو ئەژنۆکانییەوە.
1KI 18:43 بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەستە، ڕووەو دەریا بڕوانە.» ئەویش هەستا و ڕووەو دەریا ڕوانی و گوتی: «هیچ نییە.» ئەلیاسیش حەوت جار گوتی: «دیسان تەماشا بکەوە.»
1KI 18:44 لە جاری حەوتەم گوتی: «ئەوەتا پەڵە هەورێکی بچووک کە هێندەی لەپی دەستێک دەبێت لە دەریاوە بەرز دەبێتەوە.» ئینجا ئەلیاس گوتی: «بڕۆ بە ئەحاڤ بڵێ: ”گالیسکەکەت ئامادە بکە و بڕۆ خوارەوە با بارانەکە ڕێت لێ نەگرێت.“»
1KI 18:45 ئاسمان لەم لاوە بۆ ئەو لا بە هەور و با ڕەشداگەڕا و بارانێکی زۆر باری، ئەحاڤ سوار بوو و چوو بۆ یەزرەعیل.
1KI 18:46 هێزی یەزدان بۆ ئەلیاس هات، ناوقەدی بەست و هەتا یەزرەعیل لەپێش ئەحاڤەوە ڕایکرد.
1KI 19:1 ئەحاڤ هەموو ئەوەی بە ئیزابێل ڕاگەیاند کە ئەلیاس کردی، هەروەها کە چۆن هەموو پێغەمبەرەکانی بە شمشێر کوشتووە.
1KI 19:2 ئینجا ئیزابێل نێردراوێکی بۆ لای ئەلیاس نارد و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر سبەینێ لەم کاتەدا گیانت وەک گیانی یەکێک لەوانە لێ نەکەم.»
1KI 19:3 کاتێک ئەلیاس ئەوەی بینی، هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بکات. کاتێک گەیشتە بیری شابەع، ئەوەی کە سەر بە یەهودایە، خزمەتکارەکەی لەوێ بەجێهێشت.
1KI 19:4 خۆشی ڕۆژە ڕێیەک بە دەشتودەردا ڕۆیشت هەتا هات و لەژێر دار گەزێک دانیشت و داوای مەرگی بۆ گیانی خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، ئیتر بەسە، گیانم بکێشە، چونکە من لە باوباپیرانم باشتر نیم.»
1KI 19:5 ئینجا لەژێر دار گەزەکە پاڵکەوت و نوست. لەناکاو فریشتەیەک دەستی لێدا و فەرمووی: «هەستە، بخۆ.»
1KI 19:6 ئەویش تەماشای کرد ئەوەتا لەلای سەرییەوە کولێرەیەکی بە بەردی داغ برژاو و گۆزەیەک ئاوی لێیە، ئیتر خواردی و خواردیەوە، دیسان پاڵکەوتەوە.
1KI 19:7 دووبارە فریشتەکەی یەزدان گەڕایەوە و دەستی لێدایەوە و فەرمووی: «هەستە بخۆ، چونکە ڕێگاکە لە توانای تۆ زیاترە.»
1KI 19:8 ئەویش هەستا و خواردی و خواردیەوە، بە هێزی ئەو خواردنە چل شەو و چل ڕۆژ هەتا حۆرێڤی کێوی خودا ڕۆیشت.
1KI 19:9 لەوێ چووە ناو ئەشکەوتێک و شەوی تێدا بەسەربرد. لەناکاو فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»
1KI 19:10 ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»
1KI 19:11 یەزدانیش فەرمووی: «وەرە دەرەوە و لەسەر چیاکە لەبەردەم یەزدان ڕابوەستە، چونکە وا یەزدان تێدەپەڕێت.» ئینجا بایەکی مەزن و بەهێز چیاکانی شەقکرد و تاشەبەردەکانی لەبەردەم یەزدان شکاند، بەڵام یەزدان لەناو بایەکەدا نەبوو. لەدوای بایەکە بوومەلەرزەیەک هات، یەزدان لە بوومەلەرزەکەشدا نەبوو.
1KI 19:12 لەدوای بوومەلەرزەکە ئاگرێک هات، یەزدان لە ئاگرەکەشدا نەبوو. لەدوای ئاگرەکە چرپەی دەنگێک هات.
1KI 19:13 ئەوە بوو کە ئەلیاس گوێی لە چرپەکە بوو، دەموچاوی بە کەواکەی داپۆشی، چووە دەرەوە و لەبەردەمی ئەشکەوتەکەدا ڕاوەستا. پاشان دەنگێک هاتە بەرگوێی و پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»
1KI 19:14 ئەویش گوتی: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە و پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»
1KI 19:15 ئینجا یەزدان پێی فەرموو: «بڕۆ و بە ڕێگاکەتدا بگەڕێوە بۆ دەشتودەری دیمەشق، کاتێک گەیشتییە ئەوێ حەزائێل وەک پاشای ئارام دەستنیشان بکە.
1KI 19:16 هەروەها یێهوی کوڕی نیمشی وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشان بکە و ئەلیشەعی کوڕی شافاتیش کە خەڵکی ئابێلی مەحۆلایە لە جێی خۆت وەک پێغەمبەر دەستنیشانی بکە.
1KI 19:17 جا ئەوە ڕوودەدات، هەرکەس لە شمشێری حەزائێل دەرباز بێت، یێهو دەیکوژێت و هەرکەسیش لە شمشێری یێهو دەرباز بێت، ئەلیشەع دەیکوژێت.
1KI 19:18 لەگەڵ ئەوەشدا حەوت هەزار کەس لە ئیسرائیل دەهێڵمەوە، هەموو ئەوانەی کە چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە، بە دەم ماچیان نەکردووە.»
1KI 19:19 ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری.
1KI 19:20 ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.» ئەلیاسیش پێی گوت: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟»
1KI 19:21 ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری.
1KI 20:1 ئەوە بوو بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو هێزەکەی کۆکردەوە و سی و دوو پاشاش بە ئەسپ و گالیسکەوە لەگەڵی بوون، سوپای جوڵاند و سامیرەی گەمارۆ دا و لە دژی جەنگا.
1KI 20:2 چەند نێردراوێکی ناردە شارەکە بۆ لای ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل. پێی گوت: «بەن‌هەدەد ئاوا دەڵێت:
1KI 20:3 ”زێڕ و زیوەکەت هی منە، ژن و کوڕە چاکەکانت هی منن.“»
1KI 20:4 پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە: «پاشای گەورەم، ئەوەی گوتت وا دەبێت، خۆم و هەموو ئەوانەشی کە هەمە هی تۆن.»
1KI 20:5 نێردراوەکان هاتنەوە و گوتیان: «بەن‌هەدەد ئەمە دەڵێت: ”من چەند نێردراوێکم بۆ لات نارد و گوتم، زێڕ و زیو و ژن و کوڕە چاکەکانت دەدەیتە من،
1KI 20:6 بەڵام سبەینێ لەم کاتەدا کاربەدەستەکانم دەنێرمە لات، کۆشکەکەت و ماڵی کاربەدەستەکانت دەپشکنن. جا هەموو ئەوەی پەسەندە لەبەرچاوی تۆ دەستی بەسەردا دەگرن و دەیبەن.“»
1KI 20:7 پاشای ئیسرائیل هەموو پیرانی خاکەکەی بانگکرد و گوتی: «بزانن و ببینن، ئەمە داوای شەڕ دەکات، چونکە ناردی بۆ داواکردنی ژن و کوڕ و زێڕ و زیوەکەم، ڕەتم نەکردەوە.»
1KI 20:8 هەموو پیران و هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «گوێی لێ مەگرە و ڕازی مەبە.»
1KI 20:9 ئەویش بە نێردراوەکانی بەن‌هەدەدی گوت: «بە پاشای گەورەم بڵێن: ”منی خزمەتکارت هەموو ئەوە جێبەجێ دەکەم کە لە سەرەتادا داوات کردووە، بەڵام ناتوانم ئەم کارە بکەم.“» ئینجا نێردراوەکان گەڕانەوە و وەڵامەکەیان بۆ بەن‌هەدەد گێڕایەوە.
1KI 20:10 ئینجا بەن‌هەدەد ناردی بۆ لای ئەحاڤ و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر خۆڵی سامیرە بەشی مشتی هەموو ئەو گەلە بکات کە دوام کەوتوون.»
1KI 20:11 پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێی بڵێن: ”شەڕکردن شانازی نییە، بەڵکو سەرکەوتن.“»
1KI 20:12 کاتێک بەن‌هەدەد لەگەڵ پاشاکان لەنێو چادرەکان دەیخواردەوە گوێی لەم قسەیە بوو، بە خزمەتکارەکانی گوت: «ڕیز ببەستن.» ئەوانیش ڕیزیان بەست و بەریان لە شارەکە گرت.
1KI 20:13 ئەوە بوو پێغەمبەرێک لە ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو سوپا گەورەیەت بینی؟ ئەوەتا من ئەمڕۆ دەیدەمە دەستی تۆ، تاوەکو بزانیت کە من یەزدانم!“»
1KI 20:14 ئەحاڤیش گوتی: «بە کێ؟» پێغەمبەرەکەش گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەو ئەفسەرە گەنجانەی کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەکانی هەرێمەکانن.“» ئەویش گوتی: «کێ دەست بە جەنگەکە دەکات؟» پێغەمبەرەکەش گوتی: «تۆ.»
1KI 20:15 لەبەر ئەوە ئەحاڤ ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکانی بانگکرد، دوو سەد و سی و دوو پیاو بوون، پاش ئەوانیش پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیشی کۆکردەوە، کە حەوت هەزار پیاو بوون.
1KI 20:16 لە نیوەڕۆدا بەڕێکەوتن و بەن‌هەدەدیش لە چادرەکانەوە لەگەڵ سی و دوو پاشاکەی دیکەی هاوپەیمانی دەیانخواردەوە و سەرخۆش بوون.
1KI 20:17 یەکەم جار ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان بەڕێکەوتن. ئەوە بوو بەن‌هەدەد چەند سووسەکەرێکی ناردبوو، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاند: «چەند پیاوێک لە سامیرەوە بە ڕێگاوەن.»
1KI 20:18 ئەویش گوتی: «ئەگەر بۆ ئاشتی هاتوونەتە دەرەوە بە زیندووێتی بیانگرن، ئەگەر بۆ شەڕیش هاتوونەتە دەرەوە، هەر بە زیندووێتی بیانگرن.»
1KI 20:19 ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان و ئەو هێزەی لە دوایان بوون لە شارەکە هاتنە دەرەوە،
1KI 20:20 هەریەکەیان ئەو پیاوە ئارامییەیان دەکوشت کە دەهاتە بەرامبەریان، ئارامییەکانیش هەڵاتن و ئیسرائیلیش ڕاویان نان، بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش بە ئەسپ لەگەڵ سوارەکان دەرباز بوو.
1KI 20:21 پاشای ئیسرائیلیش هاتە دەرەوە و لە ئەسپ و گالیسکەکانی دا، زیانێکی گەورەی بە ئارامییەکان گەیاند.
1KI 20:22 پاشان پێغەمبەرەکە لە پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و پێی گوت: «بڕۆ خۆت بەهێز بکە و بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە لە بەهاری ساڵدا پاشای ئارام پەلامارت دەداتەوە.»
1KI 20:23 هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستەکانی پاشای ئارام بەم جۆرە ئامۆژگاری پاشایان کرد و گوتیان: «خوداوەندەکانیان خوداوەندی شاخن، لەبەر ئەوە لە ئێمە بەهێزتر بوون. بەڵام با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!
1KI 20:24 بۆ ئەم کارەش ئەمە بکە، هەریەک لە پاشاکان لە شوێنەکانیان لاببە و سەرکردەکان لە جێیاندا دابنێ.
1KI 20:25 ئیتر بۆ خۆت سوپایەک وەک ئەو سوپایەی کە لە دەستت دا، پێکدەهێنیتەوە، ئەسپ لە جێی ئەسپ و گالیسکە لە جێی گالیسکە. با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!» ئەویش گوێی لە قسەکەیان گرت و بەم جۆرەی کرد.
1KI 20:26 ئەوە بوو لە بەهاری ساڵدا، بەن‌هەدەد ئارامییەکانی کۆکردەوە و سەرکەوت بۆ ئەفێق بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل.
1KI 20:27 نەوەی ئیسرائیلیش کۆکرانەوە و پێداویستییان پێدرا و چوون بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، نەوەی ئیسرائیل وەک دوو مێگەلی بچووکی بزن وابوون بەرامبەریان، ئارامییەکانیش دەشتەکەیان پڕکردبوو.
1KI 20:28 ئینجا پیاوەکەی خودا هاتە پێشەوە و بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئارامییەکان گوتیان، یەزدان خوداوەندێکی شاخەکانە و خوداوەندی دۆڵەکان نییە، ئەم هەموو کۆمەڵە گەورەیە دەدەمە دەستی تۆ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
1KI 20:29 حەوت ڕۆژ بەرامبەر بە یەکتر دامەزران، لە ڕۆژی حەوتەم جەنگەکە هەڵگیرسا، نەوەی ئیسرائیل لە ئارامییەکانیان دا، سەد هەزار پیادەیان لە یەک ڕۆژدا لێ کوشتن.
1KI 20:30 پاشماوەکەیان بۆ شاری ئەفێق هەڵاتن، لەوێش شوورای شارەکە بەسەر بیست و حەوت هەزار پیاویان داڕما، بەن‌هەدەدیش هەڵات و چووە ناو شارەکە، لە ژووری دواوەی ماڵێک خۆی شاردەوە.
1KI 20:31 کاربەدەستەکانی پێیان گوت: «تەماشا بکە، بیستوومانە کە پاشاکانی بنەماڵەی ئیسرائیل پاشای بەخشندەن، با گوش بە کەمەرمانەوە ببەستین و گوریس لەسەر سەرمان دابنێین و بچینە دەرەوە بۆ لای پاشای ئیسرائیل، لەوانەیە دەستت لێ بپارێزێت.»
1KI 20:32 ئینجا جلوبەرگی گوشیان پۆشی و بەستیان بە کەمەریانەوە و گوریسیش بەسەریانەوە، هاتنە لای پاشای ئیسرائیل و گوتیان: «بەن‌هەدەدی خزمەتکارت دەڵێت: ”با گیانم بپارێزێت.“» ئەویش گوتی: «هێشتا زیندووە؟ ئەو برامە!»
1KI 20:33 پیاوەکانیش گەشبین بوون و بە پەلە دەستیان بەم وشەیەوە گرت و گوتیان: «بەڵێ، بەن‌هەدەد براتە!» پاشاکەش گوتی: «بڕۆنە ژوورەوە و بیهێنن.» کە بەن‌هەدەد هاتە دەرەوە بۆ لای، ئەحاڤ سەری خستە سەر گالیسکەکەی.
1KI 20:34 بەن‌هەدەدیش پێی گوت: «ئەو شارانەی باوکم لە باوکتی سەندبوو دەیگەڕێنمەوە، بۆ خۆت لە دیمەشق بازاڕیش دابنێ، وەک ئەوەی باوکم لە سامیرە داینا.» ئەحاڤیش گوتی: «منیش بەم پەیمانە ئازادت دەکەم.» ئەویش پەیمانی لەگەڵ بەست و ئازادی کرد.
1KI 20:35 ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات.
1KI 20:36 پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا.
1KI 20:37 پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد.
1KI 20:38 ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە.
1KI 20:39 کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک زیو دەدەیت.“
1KI 20:40 ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.» پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.»
1KI 20:41 پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە.
1KI 20:42 ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“»
1KI 20:43 ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە.
1KI 21:1 دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ڕووداوەکاندا، شتێک ڕوویدا کە پەیوەندی هەبوو بە ڕەزەمێوی ناڤۆتی یەزرەعیلی. ئەم ڕەزەمێوە لە یەزرەعیل بوو، لەتەنیشت کۆشکەکەی ئەحاڤی پاشای سامیرە.
1KI 21:2 ئەحاڤ بە ناڤۆتی گوت: «ڕەزەمێوەکەی خۆتم بدەرێ، بۆ ئەوەی بیکەمە باخی سەوزەوات، چونکە نزیکە و لەتەنیشتی کۆشکەکەمەوەیە، منیش لە جیاتی ئەوە ڕەزەمێوێکی باشترت دەدەمێ، یان ئەگەر بۆ تۆ باشترە بەپێی نرخەکەی زیوت دەدەمێ.»
1KI 21:3 ناڤۆتیش بە ئەحاڤی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە میراتی باوباپیرانی خۆمت بدەمێ!»
1KI 21:4 جا ئەحاڤ بە دڵتەنگی و پەستییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، لەبەر ئەو قسەیەی کە ناڤۆتی یەزرەعیلی پێی گوت، کە گوتی، «میراتی باوباپیرانمت نادەمێ،» ئیتر لەسەر جێگاکەی پاڵکەوت، ڕووی خۆی وەرگێڕا و نانی نەخوارد.
1KI 21:5 جا ئیزابێلی ژنی هاتە ژوورەوە بۆ لای و پێی گوت: «ئەوە چییە، بۆچی دڵتەنگیت و نان ناخۆیت؟»
1KI 21:6 ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ ناڤۆتی یەزرەعیلی کرد و پێم گوت: ”ڕەزەمێوەکەتم بدەرێ، بە زیو یان ئەگەر حەز دەکەیت ڕەزەمێوێکت لە جیاتی دەدەمێ،“ بەڵام گوتی: ”ڕەزەمێوەکەمت نادەمێ.“»
1KI 21:7 ئیزابێلی ژنیشی پێی گوت: «ئایا ئێستا تۆ پاشایەتی ئیسرائیل ناکەیت؟ هەستە نان بخۆ و دڵخۆش بە، من ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلیت دەدەمێ.»
1KI 21:8 چەند نامەیەکی بە ناوی ئەحاڤەوە نووسی و بە مۆرەکەی ئەو مۆری کردن، نامەکانیشی بۆ ئەو پیر و خانەدانانە نارد کە لە هەمان ئەو شارەی ناڤۆت لەگەڵ ئەو نیشتەجێ بوون.
1KI 21:9 لەو نامانەشدا نووسیبووی: «بانگەوازی ڕۆژووگرتن بکەن و کۆببنەوە، ناڤۆت لە سەرووی گەلەوە دابنیشێنن.
1KI 21:10 دوو پیاوی سووکوچروکیش لە بەرامبەری دابنێن، بۆ ئەوەی شایەتی بدەن کە نەفرەتی لە خودا و لە پاشا کردووە. پاشان بیهێننە دەرەوە و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت.»
1KI 21:11 ئیتر پیاوانی شارەکەی ناڤۆت، پیر و خانەدانەکانی دانیشتووانی شارەکەی ئەوەیان کرد، وەک ئەوەی ئیزابێل بۆی ناردن، وەک ئەوەی لە نامەکاندا نووسرابوو کە بۆیان نێردرابوون.
1KI 21:12 بانگەوازیان کرد بۆ ڕۆژووگرتن و کۆبوونەوە، ناڤۆتیان لە سەرووی گەلەوە دانیشاند.
1KI 21:13 دوو پیاوی سووکوچروکیش هاتن و لە بەرامبەری دانیشتن، پیاوە سووکوچروکەکانیش لەبەردەم گەلدا شایەتییان لەسەر ناڤۆت دا و گوتیان: «ناڤۆت نەفرەتی لە خودا و لە پاشا کردووە.» جا بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد و مرد.
1KI 21:14 ئینجا هەواڵیان بۆ ئیزابێل نارد و گوتیان: «ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە.»
1KI 21:15 هەرکە ئیزابێل بیستییەوە ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە، بە ئەحاڤی گوت: «هەستە و ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی کە ڕازی نەبوو بە زیو بتداتێ، دەستی بەسەردا بگرە، چونکە ناڤۆت مردووە و زیندوو نییە.»
1KI 21:16 کاتێک ئەحاڤ بیستییەوە ناڤۆت مردووە، هەستا و چوو بەرەو خوار بۆ ئەوەی دەست بەسەر ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلیدا بگرێت.
1KI 21:17 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات:
1KI 21:18 «هەستە بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ بینینی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەوەی لە سامیرەیە. ئەو ئێستا لە ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتدایە، کە چووە بۆ ئەوەی دەستی بەسەردا بگرێت.
1KI 21:19 قسەی لەگەڵ بکە و بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا پیاوت کوشت و هەروەها دەست بەسەر میراتەکەشیدا دەگریت؟“ پێشی دەڵێیت، بەم جۆرەی فەرمووە: ”لەو شوێنەدا کە سەگ خوێنەکەی ناڤۆتیان لێسایەوە، لە هەمان شوێندا خوێنەکەی تۆش دەلێسنەوە. بەڵێ، هی خۆت!“»
1KI 21:20 ئەحاڤ بە ئەلیاسی گوت: «دوژمنەکەم، منت دۆزییەوە!» ئەویش گوتی: «تۆم دۆزییەوە، لەبەر ئەوەی خۆتت فرۆشتووە تاکو ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە ئەنجامی بدەیت.
1KI 21:21 ”من وا بەڵات بەسەردا دەهێنم و ڕیشەکێشت دەکەم، هەموو نێرینەیەکی بنەماڵەی ئەحاڤ لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، جا کۆیلە بێت یان ئازاد.
1KI 21:22 ماڵەکەشت وەک ماڵی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بەعشای کوڕی ئاحییای لێ دەکەم، لەبەر ئەوەی پەستت کردم و ئیسرائیلت تووشی گوناه کرد.“
1KI 21:23 «هەروەها یەزدان لەبارەی ئیزابێلیشەوە فەرمووی: ”سەگ لە نزیک شووراکەی یەزرەعیلەوە ئیزابێل دەخۆن.“
1KI 21:24 «ئەوەی لە بنەماڵەی ئەحاڤ بێت و لە شاردا بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگەدا بمرێت باڵندەکانی ئاسمان دەیخۆن.»
1KI 21:25 (کەس نەبوو وەک ئەحاڤ خۆی بفرۆشێت تاکو لەبەرچاوی یەزدان کاری خراپ بکات، چونکە ئیزابێلی ژنی هانی دا.
1KI 21:26 ئەحاڤ کارێکی قێزەونی کرد کە وەکو ئەمۆرییەکان پەیڕەوی لە بتەکان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەریکردن.)
1KI 21:27 کاتێک ئەحاڤ گوێی لەم قسانە بوو، جلەکانی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و بەڕۆژوو بوو، بە بەرگی گوشەوە پاڵکەوت و بە بێدەنگی ڕۆیشت.
1KI 21:28 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات:
1KI 21:29 «بینیت ئەحاڤ چۆن لەبەردەممدا خۆی نزم کردەوە؟ لەبەر ئەوەی لەبەردەمم خۆی نزم کردووەتەوە، هەتا ئەو لە ژیاندا بێت ئەم بەڵایە ناهێنم، بەڵکو لەدوای ئەو لە سەردەمی کوڕەکەی بەڵاکە بەسەر ماڵەکەیدا دەهێنم.»
1KI 22:1 سێ ساڵ تێپەڕی و جەنگ لەنێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نەدا.
1KI 22:2 بەڵام لە ساڵی سێیەم، یەهۆشافاتی پاشای یەهودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل.
1KI 22:3 پاشای ئیسرائیل بە کاربەدەستەکانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمەیە و ئێمەش بێدەنگین لەوەی لە دەست پاشای ئارامی وەربگرینەوە؟»
1KI 22:4 لەبەر ئەوە پرسیاری لە یەهۆشافات کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ؟» یەهۆشافاتیش وەڵامی پاشای ئیسرائیلی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.»
1KI 22:5 بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.»
1KI 22:6 ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، پەروەردگار دەیداتە دەستی پاشا.»
1KI 22:7 بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟»
1KI 22:8 پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات، بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.» یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.»
1KI 22:9 لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!»
1KI 22:10 لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو، هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو، لەسەر جۆخینەکەی لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد.
1KI 22:11 سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“»
1KI 22:12 هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
1KI 22:13 ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.»
1KI 22:14 بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی یەزدان پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»
1KI 22:15 کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
1KI 22:16 پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟»
1KI 22:17 ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“»
1KI 22:18 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟»
1KI 22:19 میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لە دەوروبەری بوون و لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون.
1KI 22:20 یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤ فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“ «یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە.
1KI 22:21 ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“
1KI 22:22 «یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“ «ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“ «یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“
1KI 22:23 «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی خستووەتە ناو دەمی هەموو پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.»
1KI 22:24 ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟»
1KI 22:25 میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.»
1KI 22:26 ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببە و بیگەڕێنەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا،
1KI 22:27 بڵێ: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“»
1KI 22:28 میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!»
1KI 22:29 ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد.
1KI 22:30 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.
1KI 22:31 پاشای ئارام فەرمانی بە سی و دوو فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.»
1KI 22:32 کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «بە دڵنیاییەوە ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» لەبەر ئەوە گەڕانەوە تاکو شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام کاتێک یەهۆشافات هاواری کرد،
1KI 22:33 سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا.
1KI 22:34 پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پاشای ئیسرائیلی پێکا، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.»
1KI 22:35 لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، ئێوارە مرد و خوێنی برینەکەی بۆ ناو بنی گالیسکەکە چۆڕایەوە.
1KI 22:36 کاتێک خۆر لە ئاوابوون بوو، هاوارێک بەناو سوپاکەدا بڵاو بووەوە و گوتی: «هەر پیاوە و بۆ خاکەکەی و شارۆچکەکەی خۆی بگەڕێتەوە!»
1KI 22:37 بەم شێوەیە پاشا مرد، هێنایانەوە سامیرە و لەوێ ناشتیان.
1KI 22:38 گالیسکەکە لە گۆمەکەی سامیرە شوشترا، لەو شوێنەی لەشفرۆشان خۆیان لێ دەشوشت، سەگ خوێنەکەیان لێستەوە، هەروەک یەزدان فەرمووبووی.
1KI 22:39 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحاڤ و هەموو ئەوەی کردی و کۆشکە عاجەکەی کە بنیادی نا و هەموو ئەو شارانەی پتەوی کردن لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
1KI 22:40 ئەحاڤ لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 22:41 لە چوارەمین ساڵی پاشایەتی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، یەهۆشافاتی کوڕی ئاسا بوو بە پاشای یەهودا.
1KI 22:42 یەهۆشافات لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو.
1KI 22:43 لە هەموو شتێک ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی. بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل لە بەرزاییەکاندا قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
1KI 22:44 هەروەها یەهۆشافات لەگەڵ پاشای ئیسرائیل پەیمانی ئاشتی بەست.
1KI 22:45 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات و دەستکەوتەکانی کە هەبوو، کارە جەنگییەکانی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
1KI 22:46 پاشماوەی ئەو پیاوە لەشفرۆشانەش کە لە سەردەمی ئاسای باوکی مابوونەوە، لە خاکەکە ڕایماڵین.
1KI 22:47 لەو کاتەدا لە ئەدۆم پاشا نەبوو، بەڵکو بریکارێکی پاشای یەهودا هەبوو.
1KI 22:48 یەهۆشافات کەشتیی بازرگانی دروستکرد تاوەکو بچنە ئۆفیر بۆ هاوردەکردنی زێڕ، بەڵام کەشتییەکان نەچوون، چونکە لە عەچیۆن گەڤەر تێکشکان.
1KI 22:49 لەو کاتەدا ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ بە یەهۆشافاتی گوت: «با خزمەتکارەکانیشم لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە کەشتییەکانی تۆ بڕۆن.» بەڵام یەهۆشافات ڕازی نەبوو.
1KI 22:50 ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1KI 22:51 لە حەڤدەیەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ لە سامیرە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
1KI 22:52 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، ڕێچکەی دایک و باوکی گرتەبەر، هەروەها ڕێگاکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
1KI 22:53 بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی پەست کرد، هەروەک ئەوەی باوکی کردبووی.
2KI 1:1 پاش مردنی ئەحاڤ، مۆئاب لە ئیسرائیل یاخی بوو.
2KI 1:2 ئەحەزیاش لە پەنجەرەی ژووری سەرەوەی کۆشکەکەی لە سامیرە کەوتە خوارەوە و بریندار بوو، چەند نێردراوێکی نارد و پێی گوتن: «بڕۆن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن، ئایا لەم بریندارییەم چاک دەبمەوە؟»
2KI 1:3 فریشتەی یەزدانیش بە ئەلیاسی تیشبی فەرموو: «هەستە سەربکەوە بۆ بینینی نێردراوەکانی پاشای سامیرە و پێیان بڵێ: ”ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟“
2KI 1:4 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!“» ئینجا ئەلیاس ڕۆیشت.
2KI 1:5 کاتێک نێردراوەکان گەڕانەوە لای پاشا، پاشا لێی پرسین: «بۆچی گەڕانەوە؟»
2KI 1:6 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێک بەرەوپیرمان هات، پێی گوتین: ”بڕۆن و بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو پاشایەی کە ئێوەی ناردووە و پێی بڵێن، ’یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟ لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!‘ “»
2KI 1:7 پاشا لێی پرسین: «ئەو پیاوەی بەرەوپیرتان هات و ئەم قسانەی پێ گوتن، شێوەی چۆن بوو؟»
2KI 1:8 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی تووکن بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری بەستبوو.» ئەویش گوتی: «ئەوە ئەلیاسی تیشبییە.»
2KI 1:9 ئینجا فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی ناردە لای ئەلیاس، ئەویش چوو بۆ لای ئەلیاس و بینی وا لەسەر لووتکەی کێوێک دانیشتووە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت، ”وەرە خوارەوە!“»
2KI 1:10 ئەلیاسیش وەڵامی فەرماندەکەی دایەوە: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.
2KI 1:11 دیسان فەرماندەیەکی دیکەی بە پەنجا سەربازەکەیەوە ناردە لای ئەلیاس، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت: ”پەلە بکە و وەرە خوارەوە!“»
2KI 1:12 ئەلیاسیش وەڵامی دایەوە و پێی گوتن: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.
2KI 1:13 بۆ جاری سێیەم فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی نارد. فەرماندەکەی سێیەم سەرکەوت و چوو لەبەردەم ئەلیاس کەوتە سەر چۆک و لێی پاڕایەوە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، با ژیانی خۆم و ژیانی ئەم پەنجا خزمەتکارەت لەبەرچاو بەهادار بێت.
2KI 1:14 ببینە، ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و دوو فەرماندەکەی یەکەمی لەگەڵ سەربازەکانیان سووتاند. بەڵام ئێستا با ژیانی من لەبەرچاوت بەهادار بێت!»
2KI 1:15 ئینجا فریشتەی یەزدان بە ئەلیاسی فەرموو: «لەگەڵی بڕۆ خوارەوە، لێی مەترسە.» ئەویش هەستا و لەگەڵی چووە خوارەوە بۆ لای پاشا.
2KI 1:16 بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی لە ئیسرائیل هیچ خودایەک نییە کە ڕاوێژی لەگەڵ بکەیت، نێردراوت نارد بۆ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت. بە دڵنیاییەوە دەمریت!»
2KI 1:17 ئینجا پاشا مرد، بەپێی فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی ئەلیاسەوە. لەبەر ئەوەی ئەحەزیا کوڕی نەبوو، یۆرام لە جێی ئەو بوو بە پاشا، لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا.
2KI 1:18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحەزیا و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 2:1 کاتێک یەزدان ویستی ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، ئەلیاس و ئەلیشەع لە گلگالەوە بەڕێکەوتن.
2KI 2:2 ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە بێت‌ئێل.» ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا بەرەو بێت‌ئێل چوون.
2KI 2:3 ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی بێت‌ئێل هاتنە دەرەوە بۆ لای ئەلیشەع و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لە تۆ دەستێنێ؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»
2KI 2:4 ئینجا ئەلیاس پێی گوت: «ئەلیشەع، لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ئەریحا.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا چوونە ئەریحا.
2KI 2:5 ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحاش لە ئەلیشەع هاتنە پێشەوە و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لێ دەستێنێت؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»
2KI 2:6 پاشان ئەلیاس پێی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ڕووباری ئوردون.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن.
2KI 2:7 پەنجا ئەندامی کۆمەڵی پێغەمبەران ڕۆیشتن و لە دوورەوە لە بەرامبەر ئەلیاس و ئەلیشەع ڕاوەستان، ئەوانیش هەردووکیان لەسەر ڕووباری ئوردون ڕاوەستان.
2KI 2:8 ئەلیاس کەواکەی گرت و پێچایەوە و بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا. جا ئاوەکە شەق بوو، هەردووکیان بە وشکانیدا پەڕینەوە.
2KI 2:9 کاتێک پەڕینەوە، ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «داوای چی دەکەیت هەتا بۆت بکەم، بەر لەوەی لێت جیا ببمەوە؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «با دوو ئەوەندەی ڕۆحی تۆ بە میرات وەربگرم.»
2KI 2:10 ئەلیاس گوتی: «داوای شتێکی گرانت کرد. ئەگەر منت بینی کاتێک لێت جیا دەبمەوە، ئەوا بۆ تۆ دەبێت، ئەگەر نا بۆت نابێت.»
2KI 2:11 ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد، لەناکاو گالیسکەیەکی ئاگرین و چەند ئەسپێکی ئاگرین هەردووکیانی لێک جیا کردەوە، ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان سەرکەوت.
2KI 2:12 ئەلیشەع ئەمەی بینی و هاواری کرد: «باوکە! باوکە! گالیسکەکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئیتر ئەلیشەع ئەلیاسی نەبینییەوە. ئینجا جلەکەی بەر خۆی دادڕی و کردی بە دوو پارچەوە.
2KI 2:13 کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا.
2KI 2:14 ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەق بوو و ئەلیشەع پەڕییەوە.
2KI 2:15 کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد.
2KI 2:16 پێیان گوت: «ئەوەتا خزمەتکارەکانت پەنجا پیاوی تواناداریان هەیە. لێیانگەڕێ با بچن بەدوای گەورەکەتدا بگەڕێن. لەوانەیە ڕۆحی یەزدان هەڵیگرتبێت و لەسەر کێوێک یاخود لەناو یەکێک لە دۆڵەکان داینابێت.» ئەلیشەع گوتی: «مەیاننێرن.»
2KI 2:17 بەڵام زۆریان لێکرد هەتا شەرم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئەوانیش پەنجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە.
2KI 2:18 کاتێک گەڕانەوە لای ئەلیشەع کە هێشتا لە ئەریحا مابووەوە، پێی گوتن: «پێم نەگوتن مەچن؟»
2KI 2:19 پیاوانی شارەکە بە ئەلیشەعیان گوت: «ئەوەتا هەروەک گەورەم دەبینێت شوێنی شارەکە باشە، بەڵام ئاوەکە خراپە و خاکەکەشی بێ پیتە.»
2KI 2:20 ئەویش گوتی: «قاپێکی نوێم بۆ بهێنن و خوێی تێ بکەن.» ئەوانیش بۆیان هێنا.
2KI 2:21 ئینجا چووە دەرەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکە و خوێیەکەی فڕێدا ناوی و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم ئاوەم سازگار کرد و جارێکی دیکە نابێتە هۆکاری مردن و بێ بەروبوومی خاک.“»
2KI 2:22 بەگوێرەی ئەو قسەیەیە کە ئەلیشەع کردی هەتا ئەمڕۆش ئاوەکە سازگارە.
2KI 2:23 ئینجا ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ بێت‌ئێل، کاتێک بە ڕێگاکەدا سەردەکەوت، کۆمەڵێک مێردمنداڵ لە شارەکەوە هاتنە دەرەوە و گاڵتەیان پێکرد، پێیان گوت: «کەچەڵ لێرە بڕۆ! کەچەڵ لێرە بڕۆ!»
2KI 2:24 ئەویش ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و تەماشای کردن، بە ناوی یەزدانەوە نەفرەتی لێکردن. ئیتر دوو ورچ لە دارستانەکە هاتنە دەرەوە و چل و دوو کوڕیان پارچەپارچە کرد.
2KI 2:25 ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ کێوی کارمەل، ئینجا لەوێشەوە گەڕایەوە سامیرە.
2KI 3:1 یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە، دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد.
2KI 3:2 ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی، ئەو بەردە تەرخانکراوەی بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو.
2KI 3:3 لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، خۆی لێیان لانەدا.
2KI 3:4 مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل.
2KI 3:5 بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو.
2KI 3:6 دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە.
2KI 3:7 هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.»
2KI 3:8 لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟» یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.»
2KI 3:9 ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما.
2KI 3:10 پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟»
2KI 3:11 بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟» یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.»
2KI 3:12 یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو.
2KI 3:13 ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.» پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.»
2KI 3:14 ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت.
2KI 3:15 بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.» ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع،
2KI 3:16 گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو،
2KI 3:17 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە.
2KI 3:18 ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیشتان ڕادەست دەکات.
2KI 3:19 ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.»
2KI 3:20 بەیانیی ڕۆژی دواتر، لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو.
2KI 3:21 هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن، ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو، لە گەنجەوە هەتا پیر، بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە، لەسەر سنوورەکە وەستان.
2KI 3:22 کە بەیانی زوو لە خەو هەستان، خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە، مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە.
2KI 3:23 گوتیان: «ئەمە خوێنە! پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە. ئەی مۆئاب، ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!»
2KI 3:24 بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن، ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا، لەبەردەمیان هەڵاتن. ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت.
2KI 3:25 ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند، هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە، هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە، هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە، بە تەنها شاری قییر حەراسەت و تەلارەکانیان هێشتەوە، بەڵام قۆچەقانی وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا.
2KI 3:26 کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە، حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت، بەڵام شکستی هێنا.
2KI 3:27 ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی، ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا، لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن. تووڕەییەکی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەبوو، بۆیە پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان.
2KI 4:1 ژنی پیاوێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران هاواری بۆ ئەلیشەع کرد و گوتی: «گەورەم، تۆ دەزانیت کە مێردەکەم لە یەزدان دەترسا، بەڵام بە قەرزاری مرد. بەڵام ئێستا خاوەن قەرزەکەی هاتووە تاکو دوو کوڕەکەم بۆ خۆی بکاتە کۆیلە.»
2KI 4:2 ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چیت بۆ بکەم؟ پێم بڵێ لە ماڵەوە چیت هەیە؟» ئەویش گوتی: «کەنیزەکەت لە ماڵەوە جگە لە گۆزەیەک زەیت هیچی دیکەی نییە.»
2KI 4:3 ئەلیشەعیش گوتی: «بڕۆ لە دەرەوە لە هەموو دراوسێکانت داوای قاپوقاچاغ بکە. قاپوقاچاغێکی زۆر بهێنە نەک کەم.
2KI 4:4 پاشان بڕۆ ژوورەوە و دەرگا لەسەر خۆت و کوڕەکانت دابخە، زەیت لەناو هەموو قاپەکان بکە، ئەوەی پڕبوو لەلایەک دایبنێ.»
2KI 4:5 ئەویش لەلای ڕۆیشت و دەرگاکەی لەسەر خۆی و کوڕەکانی داخست، ئەوان قاپەکانیان بۆی دەهێنایە پێشەوە و ئەویش تێی دەکردن.
2KI 4:6 کاتێک قاپەکان پڕ بوون، بە کوڕەکەی گوت: «قاپێکی دیکەم بۆ بهێنە.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هیچ قاپێک نەماوە.» ئیتر زەیتەکە وەستا.
2KI 4:7 ژنەکە چوو و بە پیاوەکەی خودای ڕاگەیاند، ئەویش گوتی: «بڕۆ زەیتەکە بفرۆشە و قەرزەکەت بدەرەوە، ئەوەش کە دەمێنێتەوە خۆت و کوڕەکانت پێی بژین.»
2KI 4:8 ڕۆژێکیان ئەلیشەع چوو بۆ شونێم، لەوێ ژنێکی ناودار هەبوو، پێداگری کرد لەلای ئەو نان بخوات. ئیتر هەر کاتێک دەپەڕییەوە، دەچووە لای ئەو بۆ نانخواردن.
2KI 4:9 ژنەکە بە مێردەکەی خۆی گوت: «من زانیومە ئەو پیاوەی کە هەمیشە بەلاماندا تێدەپەڕێت، پیاوێکی پیرۆزی خودایە.
2KI 4:10 با ژوورێکی بچووک لە سەربان دروستبکەین، تێیدا جێیەکی نوستن و مێز و کورسی و چرایەکی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتە لامان لەوێ بمێنێتەوە.»
2KI 4:11 ڕۆژێک ئەلیشەع هاتە ئەوێ، چووە ژوورەکەی سەرەوە و لەوێ پاڵکەوت.
2KI 4:12 ئینجا بە گێحەزیی خزمەتکاری گوت: «ئەو ژنە شونێمییەم بۆ بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد و ژنەکە لەبەردەم گێحەزی ڕاوەستا.
2KI 4:13 ئەلیشەع بە گێحەزیی گوت: «پێی بڵێ: ”ئەوەتا تۆ ئەو هەموو زەحمەتییەت بۆ ئێمە کێشاوە. چۆن چاکەت بدەمەوە؟ هیچت هەیە هەتا لەبارەیەوە قسە لەگەڵ پاشا یاخود سەرکردەی سوپادا بکرێت؟“» ژنەکەش وەڵامی دایەوە: «من لەنێو کەسوکاری خۆمم و پێویستم بە هیچ نییە.»
2KI 4:14 ئەلیشەعیش پرسی: «ئەی چی بۆ بکرێت؟» گێحەزیش گوتی: «منداڵی نییە و مێردەکەشی پیرە.»
2KI 4:15 ئینجا ئەلیشەع گوتی: «بانگی بکە.» ئەویش بانگی کرد و لە بەردەرگاکە ڕاوەستا.
2KI 4:16 ئەلیشەع پێی گوت: «ساڵی داهاتوو لەم کاتە کوڕێک لە باوەش دەگریت.» ژنەکە گوتی: «نەخێر گەورەم، ئەی پیاوی خودا، درۆ لەگەڵ کەنیزەکەت مەکە!»
2KI 4:17 لەدوای ئەوە ژنەکە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، لە ساڵی داهاتوو لە هەمان ئەو کاتەی کە ئەلیشەع پێی گوتبوو.
2KI 4:18 کوڕەکە گەورە بوو، ڕۆژێک کوڕەکە چووە دەرەوە بۆ لای باوکی، کە لەلای دروێنەکەرەکان بوو.
2KI 4:19 بە باوکی گوت: «ئای سەرم! ئای سەرم!» باوکیشی بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەڵیبگرە و بیبە بۆ لای دایکی.»
2KI 4:20 خزمەتکارەکەش هەڵیگرت و بردییەوە لای دایکی. هەتا نیوەڕۆ لەسەر ئەژنۆی دایکی دانیشت، ئینجا مرد.
2KI 4:21 ئەویش چووە سەرەوە لەسەر جێی نوستنەکەی پیاوەکەی خودا داینا، دەرگاکەی لەسەر داخست و هاتە دەرەوە.
2KI 4:22 ئینجا ژنەکە مێردەکەی بانگکرد و گوتی: «خزمەتکارێک و ماکەرێکم بۆ بنێرە، هەتا بە پەلە بچم بۆ لای پیاوەکەی خودا و بگەڕێمەوە.»
2KI 4:23 ئەویش لێی پرسی: «بۆچی ئەمڕۆ دەچیتە لای؟ خۆ ئەمڕۆ نە جەژنی سەرەمانگە و نە شەممەیە.» ژنەکەش گوتی: «هیچ نییە.»
2KI 4:24 کورتانی لە ماکەرەکە بەست و بە خزمەتکارەکەی گوت: «لێخوڕە و خێرا بڕۆ، لەبەر من خاو مەکەرەوە هەتا خۆم پێت نەڵێم.»
2KI 4:25 ئینجا ڕۆیشت و لە کێوی کارمەل گەیشتە لای پیاوەکەی خودا. کاتێک پیاوەکەی خودا لە دوورەوە بینی بە گێحەزی خزمەتکاری گوت: «تەماشا، ئەوە شونێمییەکەیە.
2KI 4:26 ئێستا بەرەوپیری ڕابکە و پرسیاری سەلامەتی خۆی و مێردەکەی و کوڕەکەی لێ بکە.» ژنەکەش گوتی: «باشین.»
2KI 4:27 کاتێک ژنەکە لە چیاکە گەیشتە لای پیاوەکەی خودا، قاچەکانی گرت. گێحەزیش هاتە پێشەوە هەتا دووری بخاتەوە، بەڵام پیاوەکەی خودا گوتی: «لێیگەڕێ، چونکە زۆر دڵی تەنگە، یەزدان ئەو کارەی لێم شاردەوە و پێی ڕانەگەیاندم.»
2KI 4:28 ئینجا ژنەکە گوتی: «ئایا من داوای کوڕم لە گەورەم کرد؟ نەمگوت، ”هەڵممەخەڵەتێنە؟“»
2KI 4:29 ئەلیشەعیش بە گێحەزی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە، گۆچانەکەم لەدەست بگرە و بە پەلە بڕۆ، ئەگەر چاوت بە یەکێک کەوت سڵاوی لێ مەکە، ئەگەر یەکێکیش سڵاوی لێکردیت، وەڵامی مەدەرەوە. گۆچانەکەم لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دابنێ.»
2KI 4:30 بەڵام دایکی کوڕەکە گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئیتر ئەلیشەع هەستا و دوای کەوت.
2KI 4:31 گێحەزی لەپێشیانەوە ڕۆیشت و گۆچانەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دانا، بەڵام نە دەنگی هەبوو نە هەست. ئینجا گێحەزی گەڕایەوە بۆ لای ئەلیشەع و پێی ڕاگەیاند و گوتی: «کوڕەکە هەڵنەستایەوە.»
2KI 4:32 کاتێک ئەلیشەع چووە ناو ماڵەکە، بینی کوڕەکە لەسەر جێگاکەی مردووە.
2KI 4:33 جا چووە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر خۆی و منداڵەکە داخست، لە یەزدان پاڕایەوە.
2KI 4:34 پاشان چووە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە پاڵکەوت، دەمی خستە سەر دەمی و چاوەکانی لەسەر چاوەکانی و دەستەکانی لەسەر دەستەکانی. کە لەسەری درێژ بوو، جەستەی کوڕەکە گەرم داهات.
2KI 4:35 ئینجا ئەلیشەع هەستا و لەناو ژوورەکە دەهات و دەچوو، چووەوە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە درێژبووەوە. کوڕەکە حەوت جار پژمی و چاوەکانی کردەوە.
2KI 4:36 ئەلیشەع گێحەزیی بانگکرد و گوتی: «ئەو شونێمییە بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد، کاتێک هاتە ژوورەوە ئەلیشەع پێی گوت: «کوڕەکەت هەڵبگرە.»
2KI 4:37 هات و خۆی هاویشتە بەر پێی، کڕنۆشی برد. پاشان کوڕەکەی هەڵگرت و چووە دەرەوە.
2KI 4:38 ئەلیشەع گەڕایەوە گلگال، لەو ناوچەیە قاتوقڕی سەریهەڵدا. کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرەکان لەبەردەمی دانیشتبوون، بە خزمەتکارەکەی گوت: «مەنجەڵە گەورەکە بخە سەر ئاگر و خواردنێک بۆ کۆمەڵی پێغەمبەران ئامادە بکە.»
2KI 4:39 یەکێک چووە دەرەوە بۆ ئەوەی گژوگیا لە کێڵگە بهێنێت، لەوێ بڕکێکی گوژاڵکی بینی و پڕ بە دامێنی لێی ڕنی. کاتێک کە گەڕایەوە، پارچەپارچەی کرد و خستییە ناو مەنجەڵەکەوە، هیچ کەسێکیش بەوەی نەزانی.
2KI 4:40 ئینجا بۆ پیاوەکانیان تێکرد هەتا بیخۆن. ئەوە بوو کە خواردنەکەیان خوارد، هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی پیاوی خودا، مەنجەڵەکە مەرگی تێدایە!» ئیتر نەیانتوانی بیخۆن.
2KI 4:41 ئەلیشەعیش گوتی: «هەندێک ئارد بهێنن.» لەناو مەنجەڵەکەی کرد و گوتی: «بۆ خەڵکەکە تێ بکە، با بیخۆن.» ئیتر مەنجەڵەکە هیچ شتێکی خراپی تێدا نەما.
2KI 4:42 پیاوێک لە بەعل‌شالیشاوە هات، بیست نانی جۆی یەکەمین بەرهەم و هەندێک گوڵەگەنمی نوێی لەناو توورەکەیەکدا بۆ پیاوی خودا هێنا. ئەلیشەعیش گوتی: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن.»
2KI 4:43 خزمەتکارەکەی لێی پرسی: «چۆن ئەمە لەبەردەم سەد پیاو دابنێم؟» بەڵام ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”دەخۆن و لەبەریشیان دەمێنێتەوە.“»
2KI 4:44 ئینجا لەبەردەمیان داینا و خواردیان، لەبەریشیان مایەوە، هەروەک یەزدان فەرمووی.
2KI 5:1 نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو، لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی. ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو، بەڵام گەڕوگول بوو.
2KI 5:2 چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە، خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد.
2KI 5:3 کچە بە خانمەکەی گوت: «خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی! ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.»
2KI 5:4 نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند.
2KI 5:5 پاشای ئارامیش گوتی: «کەواتە بڕۆ، منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.» ئینجا نەعمان ڕۆیشت، لەگەڵ دەستی دە تالنت زیو و شەش هەزار شاقل زێڕ و دە قات جلی برد.
2KI 5:6 نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا، تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات، لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.»
2KI 5:7 هەرکە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟ بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم تاکو لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟ بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!»
2KI 5:8 کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە، ناردی بۆ لای پاشا و گوتی: «بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟ با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.»
2KI 5:9 ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا.
2KI 5:10 ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی: «بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ، گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.»
2KI 5:11 بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی پەروەردگاریەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە.
2KI 5:12 ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە ئاوڕی دایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت.
2KI 5:13 خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“»
2KI 5:14 ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە.
2KI 5:15 ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا. لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل. ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.»
2KI 5:16 پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی دەیپەرستم، وەریناگرم.» ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت، بەڵام ڕازی نەبوو.
2KI 5:17 نەعمان گوتی: «ئەگەر وەریناگریت، کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات.
2KI 5:18 بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت: کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات، پشت بە من دەبەستێت، دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم، با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.»
2KI 5:19 ئەلیشەعیش گوتی: «بەخێر بچیت.» دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوور کەوتەوە،
2KI 5:20 گێحەزیی خزمەتکاری ئەلیشەعی پیاوی خودا گوتی: «گەورەم ڕازی نەبوو ئەو شتە لە نەعمانی ئارامی وەربگرێت کە هێنا بووی، بەڵام بە یەزدانی زیندوو من بەدوایدا ڕادەکەم و شتێکی لێ وەردەگرم.»
2KI 5:21 ئیتر گێحەزی دوای نەعمان کەوت، کاتێک نەعمان بینی بەدوایدا ڕادەکات، لە گالیسکەکە دابەزی و بەرەوپیری چوو و گوتی: «ها خێرە؟»
2KI 5:22 گێحەزیش گوتی: «خێرە، گەورەم منی ناردووە بۆ ئەوەی پێت بڵێم: ”دوو گەنج لە کۆمەڵی پێغەمبەرانەوە هاتوونەتە لام، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە. تالنتێک زیو و دوو دەستە جلیان پێبدە.“»
2KI 5:23 نەعمانیش گوتی: «فەرموو دوو تالنت زیو ببە.» زۆری لە گێحەزی کرد و دوو تالنت زیو لە دوو توورەکە لەگەڵ دوو قات جلی دایە دەست دوو خزمەتکاری خۆی، هەڵیانگرت و لەپێش گێحەزییەوە ڕۆیشتن.
2KI 5:24 کە گەیشتنە گردەکە، گێحەزی شتەکانی لێ وەرگرتن و خستییە ماڵەوە، خزمەتکارەکانی بەڕێکرد و گەڕانەوە.
2KI 5:25 کاتێک گێحەزی هات و لەبەردەم گەورەکەی ڕاوەستا، ئەلیشەع لێی پرسی: «ئەی گێحەزی، لەکوێ بوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «خزمەتکارەکەت بۆ هیچ جێگایەک نەچووە.»
2KI 5:26 بەڵام ئەلیشەع پێی گوت: «ئایا ڕۆحم لەگەڵتدا نەبوو کاتێک پیاوەکە لە گالیسکەکە دابەزی بۆ ئەوەی بەرەوپیرت بێت؟ ئێستا کاتی وەرگرتنی زیو و جلوبەرگە؟ یان وەرگرتنی باخی زەیتوون و ڕەز و مەڕ و مانگا و کۆیلە و کەنیزەیە؟
2KI 5:27 گەڕوگولییەکەی نەعمان هەتاهەتایە بە خۆت و نەوەکانتەوە دەنووسێت و لە کۆڵتان نابێتەوە.» ئیتر گێحەزی بە گەڕوگولی لەبەردەم ئەلیشەع چووە دەرەوە، وەک بەفر سپی بوو.
2KI 6:1 ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەران بە ئەلیشەعیان گوت: «ببینە، ئەو شوێنەی تێیدا لەگەڵ تۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئێمە تەنگە.
2KI 6:2 ڕێبدە با بچینە ڕووباری ئوردون، با هەریەکە و کاریتەیەک بهێنین. هەروەها با شوێنێک دروستبکەین تێیدا کۆببینەوە.» ئەویش گوتی: «بڕۆن.»
2KI 6:3 یەکێکیان گوتی: «ڕازی بە و لەگەڵ خزمەتکارەکانت وەرە.» ئەلیشەعیش گوتی: «دێم.»
2KI 6:4 ئینجا لەگەڵیان ڕۆیشت. گەیشتنە ڕووباری ئوردون دەستیان بە داربڕینەوە کرد.
2KI 6:5 ئەوە بوو کاتێک یەکێکیان کاریتەی دەبڕییەوە، سەری تەورەکەی کەوتە ناو ئاوەکە، هاواری کرد: «ئای گەورەم، ئەوە ئەمانەتە!»
2KI 6:6 پیاوەکەی خوداش گوتی: «کەوتە کوێ؟» ئەویش شوێنەکەی پیشان دا، ئەلیشەع چڵە دارێکی لێکردەوە و فڕێیدایە ئەوێ، سەری تەورەکەی سەر ئاو خست.
2KI 6:7 ئینجا گوتی: «هەڵیبگرەوە.» ئەویش دەستی درێژکرد و هەڵیگرتەوە.
2KI 6:8 پاشای ئارام لە دژی ئیسرائیل دەجەنگا. دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەفسەرەکانی، شوێنی ئۆردوگاکەی دیاری کرد.
2KI 6:9 ئینجا پیاوەکەی خودا ناردی بۆ لای پاشای ئیسرائیل و گوتی: «ئاگات لە خۆت بێت و لەو شوێنەوە نەپەڕیتەوە، چونکە ئارامییەکان لەوێ دادەبەزن.»
2KI 6:10 پاشای ئیسرائیلیش ناردی بۆ پشکنینی ئەو شوێنەی کە پیاوەکەی خودا لێی ئاگاداری کردەوە. هۆشدارییەکانی ئەلیشەع بۆ پاشا بەردەوام بوون، ئیتر پاشا لەو شوێنانە بە وریاییەوە دەجوڵایەوە.
2KI 6:11 پاشای ئارام لەمە هەڵچوو، ئەفسەرەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «پێم بڵێن! کێ لە ئێمە لەگەڵ پاشای ئیسرائیلە؟»
2KI 6:12 یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەسمان پاشای گەورەم، بەڵکو ئەلیشەع، ئەو پێغەمبەرەی کە لە ئیسرائیلە، تەنانەت پاشای ئیسرائیل لەو قسانەش ئاگادار دەکاتەوە کە لە ژووری نووستنەکەتدا دەیکەیت.»
2KI 6:13 ئەویش گوتی: «بڕۆن و بزانن لەکوێیە، هەتا بنێرم و بیگرن.» ئینجا هەواڵیان نارد: «ئەو لە دوسانە.»
2KI 6:14 پاشا ئەسپ و گالیسکە و لەشکرێکی گەورەی بۆ ئەوێ نارد. بە شەو هاتن و شارەکەیان گەمارۆ دا.
2KI 6:15 بەیانی زوو کاتێک خزمەتکاری پیاوەکەی خودا لە خەو هەستا و چووە دەرەوە، بینی سوپایەک بە ئەسپ و گالیسکەوە شارەکەیان گەمارۆ داوە. خزمەتکارەکەی لە ئەلیشەعی پرسی: «ئای گەورەم، چی بکەین؟»
2KI 6:16 ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «مەترسە، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن زۆرترن لەوانەی لەگەڵ ئەوانن.»
2KI 6:17 ئینجا ئەلیشەع نزای کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی بکەرەوە با ببینێت.» یەزدانیش چاوی خزمەتکارەکەی کردەوە و بینی وا چیاکە پڕە لە ئەسپ و گالیسکەی ئاگرین لە چواردەوری ئەلیشەع.
2KI 6:18 کاتێک دوژمن بەرەو لای هاتنە پێش، ئەلیشەع لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «لەو گەلانە بدە و کوێریان بکە.» یەزدانیش بەگوێرەی پاڕانەوەکەی ئەلیشەع، لێیدان و کوێری کردن.
2KI 6:19 ئەلیشەع پێی گوتن: «نە ئەمە ڕێگاکەیە و نە ئەمەش شارەکەیە. بەدوام بکەون، دەتانبەمە لای ئەو پیاوەی بەدوایدا دەگەڕێن.» ئیتر هەموویانی بردە سامیرە.
2KI 6:20 لەدوای ئەوەی چوونە ناو سامیرە، ئەلیشەع گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی ئەمانە بکەرەوە با ببینن.» یەزدانیش چاوی کردنەوە و بینییان وا لەناو سامیرەن.
2KI 6:21 کاتێک پاشای ئیسرائیل ئەوانی بینی، بە ئەلیشەعی گوت: «ئایا بیانکوژم، باوکە؟ ئایا بیانکوژم؟»
2KI 6:22 ئەویش گوتی: «مەیانکوژە. ئەگەر تۆ ئەوانە ناکوژیت کە بە شمشێر و کەوانەکەت بە دیلت گرتوون، ئیتر چۆن ئەمانە دەکوژیت؟ نان و ئاویان لەپێش دابنێ، با بخۆن و بخۆنەوە، ئینجا بچنەوە لای گەورەکەیان.»
2KI 6:23 ئەویش خوانێکی گەورەی بۆ ئامادەکردن، خواردیان و خواردیانەوە، بەڕێی کردن و گەڕانەوە لای گەورەکەیان. ئیتر چەتەکانی ئارام وازیان لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل هێنا.
2KI 6:24 پاش ماوەیەک، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و جوڵاندی و سامیرەی گەمارۆ دا.
2KI 6:25 لە شارەکە بووە هۆی قاتوقڕییەکی گەورە، گەمارۆکە درێژەی کێشا هەتا وای لێهات سەری کەرێک بە هەشتا شاقل زیو و چارەکە قاپێکی ڕیقنەی کۆتریش بە پێنج شاقل زیو دەفرۆشرا.
2KI 6:26 کاتێک پاشای ئیسرائیل لەسەر شووراکە تێدەپەڕی، ژنێک هاواری لێکرد و گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، یارمەتیم بدە!»
2KI 6:27 ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان یارمەتیت نەدات، من بە چی یارمەتیت بدەم؟ بە جۆخینەکە یان بە مەی گوشەرەکە؟»
2KI 6:28 ئینجا پاشا لێی پرسی: «چیتە؟» ئەویش گوتی: «ئەم ژنە پێی گوتم: ”کوڕەکەت بهێنە با ئەمڕۆ بیخۆین و سبەینێش کوڕەکەی من دەخۆین.“
2KI 6:29 ئیتر کوڕەکەی خۆممان لێنا و خواردمان. بۆ ڕۆژی دواتر کە پێم گوت: ”کوڕەکەت بهێنە با بیخۆین،“ ئەو کوڕەکەی خۆی شاردەوە.»
2KI 6:30 کاتێک پاشا گوێی لە قسەکانی ئەم ژنە بوو، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی. کە بەسەر شووراکە تێدەپەڕی، خەڵک بینییان وا لە ژێرەوە بەرگی لە گوش دروستکراوی لەبەرە.
2KI 6:31 پاشا گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەمڕۆ سەری ئەلیشەعی کوڕی شافات نەپەڕێنم!»
2KI 6:32 لەو کاتەدا ئەلیشەع لە ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو، ڕیش سپییەکانیش لەلای دانیشتبوون. پاشا نێردراوێکی پێش خۆی ناردە لای، بەڵام بەر لەوەی نێردراوەکە بگاتە لای، ئەلیشەع بە پیرەکانی گوت: «بینیتان چۆن ئەو پیاوکوژە کەسێکی ناردووە هەتا سەرم بپەڕێنێت؟ ببینن، کاتێک پیاوەکە گەیشت، دەرگاکە دابخەن و نەهێڵن دەرگاکە بکاتەوە. من دڵنیام پاشا خۆی لەدوای ئەوەوە دێت.»
2KI 6:33 هێشتا قسەی لەگەڵ دەکردن نێردراوەکە گەیشتە لای، لەدوای ئەویش پاشا گەیشت. پێی گوتن: «ئەو بەڵایە لەلایەن یەزدانەوەیە. ئیتر بۆچی زیاتر چاوەڕێی یەزدان بکەم؟»
2KI 7:1 ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: سبەینێ لەم کاتەدا، لە دەروازەی سامیرە پێوانەیەک لە باشترین ئارد بە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک دەبێت.»
2KI 7:2 ئەفسەرێک کە گەورە یاوەری پاشا بوو، بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.»
2KI 7:3 چوار پیاوی گەڕوگول لە دەروازەی شارەکە بوون، بە یەکتریان گوت: «بۆ لێرە بمێنینەوە هەتا دەمرین؟
2KI 7:4 ئەگەر بڵێین: ”با بچینە ناو شارەکەوە،“ لە شارەکە قاتوقڕی هەیە و لەوێ دەمرین. ئەگەر لێرەش دانیشین، هەر دەمرین. ئێستا با بچینە ئۆردوگای ئارامییەکان و خۆمان ڕادەست بکەین، ئەگەر لێمان خۆشبوون ئەوا دەژین، ئەگەر بشمانکوژن ئەوا هەر دەمرین.»
2KI 7:5 لە زەردەپەڕی ئێوارە هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆردوگای ئارامییەکان. هاتن هەتا گەیشتنە قەراغی ئۆردوگای ئارامییەکان، کەسی لێ نەبوو،
2KI 7:6 چونکە پەروەردگار وای کرد کە ئۆردوگای ئارامییەکان دەنگی گالیسکە و ئەسپ و سوپایەکی گەورە ببیستن، ئیتر بە یەکتریان گوتبوو: «ئەوەتا پاشای ئیسرائیل پاشاکانی حیتی و میسرییەکانی لە دژی ئێمە بەکرێ گرتووە هەتا لەگەڵمان بجەنگن!»
2KI 7:7 لەبەر ئەوە هەستان و لە زەردەپەڕی ئێوارە هەڵاتن، وازیان لە چادر و ئەسپ و گوێدرێژەکانیان هێنا. ئۆردوگاکەیان وەک خۆی بەجێهێشت و بۆ دەربازکردنی ژیانی خۆیان هەڵاتن.
2KI 7:8 ئەو گەڕوگولانه هەتا قەراغی ئۆردوگاکە هاتن، چوونە ناو چادرێک و خواردیان و خواردیانەوە. زێڕ و زیو و جلوبەرگیان برد و چوون شاردییانەوە. پاشان گەڕانەوە و چوونە ناو چادرێکی دیکە، لەوێش بردیان و چوون و شاردییانەوە.
2KI 7:9 ئینجا بە یەکترییان گوت: «ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاست نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی مژدەیە و ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەگەر هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ بکەین تووشی سزا دەبین. وەرن با ئێستا بچین و بە کۆشکی پاشای ڕابگەیەنین.»
2KI 7:10 ئیتر هاتن و دەرگاوانی شارەکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ئێمە چووینە ناو ئۆردوگای ئارامییەکان، کەس لەوێ نەبوو، دەنگی کەسیش نەدەبیسترا، تەنها ئەسپ و گوێدرێژ بەستراونەتەوە، چادرەکانیش هەروەک خۆیان لەوێن.»
2KI 7:11 دەرگاوانەکان جاڕیان دا، هەواڵەکەشیان بە کۆشکی پاشا ڕاگەیاند.
2KI 7:12 پاشا شەو هەستا و بە ئەفسەرەکانی گوت: «من پێتان دەڵێم ئارامییەکان چییان لێکردووین. دەزانن ئێمە برسیمانە، لە ئۆردوگاکە چوونەتە دەرەوە و لە دەشتاییەکان خۆیان مەڵاس داوە، وا بیریان کردووەتەوە: ”بێگومان لە شارەکە دێنە دەرەوە، بە زیندوویی دەیانگرین و دەچینە ناو شارەکە.“»
2KI 7:13 یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەواتە، با هەندێک پیاو پێنج ئەسپ ببەن لەوانەی کە لە شارەکە ماوەتەوە. چارەنووسیان لە نەوەی ئیسرائیل خراپتر نابێت کە خەریکە لەناو شار دەمرن. با بیاننێرین تاکو بزانین چی ڕوویداوە.»
2KI 7:14 ئیتر دوو گالیسکەیان بە ئەسپەوە دەستنیشان کرد و پاشا ئەوانی نارد بۆ ئەوەی شوێنی سوپای ئارام بکەون. پاشا فەرمانی کرد و گوتی: «بڕۆن و بزانن چی ڕوویداوە.»
2KI 7:15 ئەوانیش بەدوایاندا بەرەو ڕووباری ئوردون چوون، بینییان هەموو ڕێگاکە پڕە لە جلوبەرگ و قاپوقاچاغ، ئەوەی ئارامییەکان لە پەلەپەلیان فڕێیان داوە. نێردراوەکان گەڕانەوە و بە پاشایان ڕاگەیاند.
2KI 7:16 پاشان گەل چوونە دەرەوە و ئۆردوگای ئارامییەکانیان تاڵان کرد، پێوانەیەک لە باشترین ئارد بووە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بووە شاقلێک، هەروەک یەزدان فەرمووی.
2KI 7:17 ئەو ئەفسەرەی کە گەورە یاوەری پاشا بوو، پاشا لەسەر دەروازەکەی دانا، گەلیش لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد، هەروەک پیاوەکەی خودا پێی گوت کاتێک پاشا چووە ماڵی.
2KI 7:18 ئەوە ڕوویدا کە پیاوەکەی خودا بە پاشای گوت: «سبەینێ ئەم کاتە لە دەروازەی سامیرە دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک و پێوانەیەک باشترین ئاردیش بە شاقلێک دەبێت.»
2KI 7:19 ئەفسەرەکەش بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» پیاوی خوداش گوتبووی: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.»
2KI 7:20 ئیتر ڕێک وای بەسەرهات، گەل لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد.
2KI 8:1 ئەلیشەع بەو ژنەی گوتبوو کە کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە: «لەگەڵ خێزانەکەتان بڕۆن و لە هەرکوێیەک دەتوانن ماوەیەک بمێننەوە، چونکە یەزدان بڕیاری داوە قاتوقڕی بێتە سەر ئەم خاکە، حەوت ساڵ درێژە دەکێشێت.»
2KI 8:2 ژنەکەش گوێڕایەڵی قسەی پیاوەکەی خودا بوو. خۆی و خێزانەکەی ڕۆیشتن و حەوت ساڵ لە خاکی فەلەستییەکان مانەوە.
2KI 8:3 لە کۆتایی حەوت ساڵەکە ژنەکە لە خاکی فەلەستییەکان گەڕایەوە، هانای بۆ پاشا برد بۆ بەدەستهێنانەوەی ماڵ و کێڵگەکەی.
2KI 8:4 پاشاش قسەی لەگەڵ گێحەزی خزمەتکاری پیاوەکەی خودا دەکرد، پێی دەگوت: «باسی هەموو ئەو کارە گەورانەم بۆ بکە کە ئەلیشەع ئەنجامی دا.»
2KI 8:5 لەو کاتەی گێحەزی باسی ئەوەی بۆ پاشا دەکرد کە چۆن ئەلیشەع مردووی زیندوو کردووەتەوە، ئەو ژنەی کە ئەلیشەع کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە لەبەر ماڵەکەی و کێڵگەکەی هاواری بۆ پاشا هێنا. گێحەزیش گوتی: «پاشای گەورەم، ئەوە ژنەکەیە، ئەوەش کوڕەکەیەتی کە ئەلیشەع زیندووی کردەوە.»
2KI 8:6 پاشاش دەربارەی ئەوە لە ژنەکەی پرسی، ئەویش ئەوەی بۆ گێڕایەوە. ئینجا پاشا کاربەدەستێکی لەگەڵ نارد و گوتی: «هەموو ئەوەی هی ئەوە بۆی بگەڕێنەوە، لەگەڵ داهاتی کێڵگەکەی لەو ڕۆژەوەی کە زەوییەکەی بەجێهێشتووە هەتا ئێستا.»
2KI 8:7 ئەلیشەع هاتە دیمەشق و بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش نەخۆش بوو. کاتێک پێی ڕاگەیەنرا «پیاوەکەی خودا هاتووەتە ئێرە،»
2KI 8:8 پاشا بە حەزائێلی گوت: «دیارییەک لەگەڵ دەستت ببە و بەرەوپیری پیاوەکەی خودا بڕۆ، لە ڕێگەی ئەوەوە پرسیار لە یەزدان بکە، بزانە ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟»
2KI 8:9 حەزائێلیش لەگەڵ خۆی باری چل وشتری لە هەموو بەروبوومە باشەکانی دیمەشق بە دیاری برد و چووە پێشوازی ئەلیشەع و لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «کوڕەکەت، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام، منی بۆ لای تۆ ناردووە و دەڵێت: ”ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟“»
2KI 8:10 ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بڕۆ و پێی بڵێ: ”بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.“ بەڵام یەزدان پیشانی داوم کە دەمرێت!»
2KI 8:11 چاوی تێبڕی هەتا حەزائێل شەرم دایگرت، ئینجا پیاوەکەی خودا دەستی بە گریان کرد.
2KI 8:12 حەزائێل پرسیاری کرد: «گەورەم بۆچی دەگریێت؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چونکە زانیم چ خراپەیەک بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا دەهێنیت. ئاگر لە قەڵاکانیان بەردەدەیت، گەنجەکانیان بە شمشێر دەکوژیت، منداڵەکانیان وردوخاش دەکەیت، ورگی سکپڕەکانشیان دەدڕێنیت.»
2KI 8:13 حەزائێلیش گوتی: «گەورەم، سەگێکی وەک من چۆن دەتوانێ کاری وا گەورە بکات؟» ئەلیشەعیش وەڵامی دایەوە: «یەزدان پیشانی دام کە تۆ دەبیتە پاشای ئارام.»
2KI 8:14 پاشان حەزائێل لەلای ئەلیشەع ڕۆیشت و گەڕایەوە لای گەورەکەی. کاتێک بەن‌هەدەد لێی پرسی: «ئەلیشەع چی پێ گوتی؟» حەزائێل وەڵامی دایەوە: «پێی گوتم، بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.»
2KI 8:15 بەڵام ڕۆژی پاشتر، جاجمەکەی برد و لە ئاوی هەڵکێشا و دای بەسەر دەموچاوی پاشادا و هەناسەی لێ بڕی، هەر بۆیە پاشا مرد. ئیتر حەزائێل لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2KI 8:16 لە ساڵی پێنجەمی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 8:17 تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
2KI 8:18 هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
2KI 8:19 لەگەڵ ئەوەشدا، یەزدان لەبەر داودی بەندەی خۆی، نەیدەویست یەهودا لەناوببات، چونکە بەڵێنی بە داود دابوو کە بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.
2KI 8:20 لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا.
2KI 8:21 ئیتر یەهۆرام بە هەموو گالیسکەکانییەوە پەڕییەوە چاعیر. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون، لەشکرەکەش هەڵاتن و گەڕانەوە چادرەکانیان.
2KI 8:22 هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو.
2KI 8:23 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆرام و هەموو کارەکانی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 8:24 یەهۆرام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 8:25 لە ساڵی دوازدەیەمینی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەحەزیای کوڕی یەهۆرام بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 8:26 ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری پاشای ئیسرائیل بوو.
2KI 8:27 هەمان ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە زاوای ماڵی ئەحاڤ بوو.
2KI 8:28 ئەحەزیا لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤ چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد، ئارامییەکان یۆرامیان پێکا.
2KI 8:29 ئیتر یۆرام پاشا گەڕایەوە هەتا لە یەزرەعیل لەو برینانەی چاک بێتەوە کە ئارامییەکان لە ڕامۆت لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکابوویان. لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.
2KI 9:1 ئەلیشەع پێغەمبەر ئەندامێکی لە کۆمەڵی پێغەمبەرەکان بانگکرد و پێی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە و گۆزەیەک زەیت لەگەڵ دەستت هەڵبگرە و بڕۆ ڕامۆتی گلعاد.
2KI 9:2 کە گەیشتییە ئەوێ بەدوای یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشیدا بگەڕێ، لەنێو براکانی هەڵیبستێنە و بە تەنها لە ژوورەکەوە بیبە بۆ ژوورێکی دیکە.
2KI 9:3 پاشان گۆزە زەیتەکە بگرە و بەسەر سەریدا بکە و بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانم کردیت.“ ئینجا دەرگاکە بکەرەوە و هەڵبێ و چاوەڕێ مەکە!»
2KI 9:4 ئیتر گەنجە خزمەتکارەکەی پێغەمبەرەکە چوو بۆ ڕامۆتی گلعاد.
2KI 9:5 کاتێک گەیشت، بینی وا ئەفسەرەکانی سوپا پێکەوە دانیشتوون. گوتی: «ئەی سەرکردە، قسەیەکم بۆ تۆ پێیە.» یێهو لێی پرسی: «بۆ کامەمان؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «بۆ تۆ، ئەی سەرکردە.»
2KI 9:6 یێهو هەستا و چووە ماڵەکە. پێغەمبەرەکە زەیتەکەی کرد بە سەری یێهودا و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”وەک پاشا دەستنیشانم کردوویت بۆ گەلی یەزدان، بۆ ئیسرائیل.
2KI 9:7 لە بنەماڵەی ئەحاڤی گەورەشت دەدەیت، تۆڵەی خوێنی بەندە پێغەمبەرەکانم و خوێنی هەموو بەندەکانی یەزدان لە ئیزابێل دەکەمەوە.
2KI 9:8 هەموو بنەماڵەی ئەحاڤ لەناودەبردرێت. هەموو نێرینەیەک لە ئەحاڤ، کۆیلە و ئازاد، لە ئیسرائیل ڕیشەکێش دەکەم.
2KI 9:9 بنەماڵەی ئەحاڤیش وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بنەماڵەی بەعشای کوڕی ئاحییا لێ دەکەم.
2KI 9:10 ئیزابێلیش لەو پارچە زەوییەی کە لە یەزرەعیلە سەگ دەیخوات و کەسیش نابێت بینێژێت.“» ئینجا دەرگاکەی کردەوە و هەڵات.
2KI 9:11 کاتێک یێهو چووە دەرەوە بۆ لای برا ئەفسەرەکانی، لێیان پرسی: «خێرە، ئەو شێتە بۆ چی هاتە لات؟» یێهو وەڵامی دایەوە: «ئێوە پیاوەکە دەناسن و دەشزانن چ قسەیەک دەکات.»
2KI 9:12 ئەوانیش گوتیان: «ئەوە ڕاست نییە! ئینجا پێمان بڵێ.» یێهو گوتی: «ئەوەی پێ گوتم: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دەستنیشانم کردوویت بە پاشای ئیسرائیل.“»
2KI 9:13 هەریەکە و بە پەلە کەواکەی داکەند و لەژێر پێی یێهو لەسەر پلەکانی پێپلیکانەکە ڕایانخست. فوویان بە کەڕەنادا کرد و هاواریان کرد، «یێهو پاشایە!»
2KI 9:14 ئیتر یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشی پیلانی لە دژی یۆرام گێڕا. یۆرام خۆی و هەموو ئیسرائیل بەرگرییان لە ڕامۆتی گلعاد دەکرد لە دژی حەزائێل پاشای ئارام.
2KI 9:15 بەڵام یۆرام پاشا گەڕابووەوە یەزرەعیل، هەتا لەو برینانە چاک بێتەوە کە لەلایەن ئارامییەکانەوە بریندار کرا، لە کاتی جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام. ئینجا یێهو گوتی: «ئەگەر حەز دەکەن بمکەنە پاشا، مەهێڵن کەس لە شارەکە دەربازبێت و بچێت لە یەزرەعیل ڕایبگەیەنێت.»
2KI 9:16 ئینجا یێهو سواری گالیسکە بوو و چوو بۆ یەزرەعیل، چونکە یۆرام لەوێ لەناو جێگا کەوتبوو، هەروەها ئەحەزیای پاشای یەهودا بۆ سەردانی یۆرام چووبوو.
2KI 9:17 ئێشکگرێک لەسەر قوللەکەی یەزرەعیل ڕاوەستابوو چاوی بە سەربازەکانی یێهو کەوت کاتێک بەرەو پێش دەهاتن، گوتی: «من کۆمەڵێک سەرباز دەبینم.» یۆرامیش گوتی: «سوارێک ببە و بینێرە بۆ بینینیان، با لێیان بپرسێ: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»
2KI 9:18 ئیتر ئەسپ سوارەکە چوو بۆ بینینی و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“» یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.» ئینجا ئێشکگرەکە بە پاشای ڕاگەیاند: «نێردراوەکە گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە.»
2KI 9:19 پاشان ئەسپ سوارێکی دیکەی نارد و هات بۆ لایان و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“» یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.»
2KI 9:20 دیسان ئێشکگرەکە ڕایگەیاند: «گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە. لێخوڕینەکە وەک لێخوڕینی یێهوی کوڕی نیمشی وایە، چونکە شێتانە لێدەخوڕێت.»
2KI 9:21 یۆرام فەرمانی دا: «گالیسکەکەم بۆ ببەستن.» گالیسکەکەی بەسترا. یۆرامی پاشای ئیسرائیل و ئەحەزیای پاشای یەهودا هەریەکە بە گالیسکەکەی خۆیان چوونە دەرەوە بەرەوپیری یێهو. لەناو ئەو زەوییەی کە هی ناڤۆتی یەزرەعیلی بوو تووشی بوون.
2KI 9:22 کاتێک یۆرام یێهوی بینی، لێی پرسی: «یێهو، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت، چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟»
2KI 9:23 یۆرام ڕووی وەرگێڕا و هەڵات، هاواری بۆ ئەحەزیا کرد: «ئەحەزیا، ناپاکییە!»
2KI 9:24 یێهوش کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لەنێو شانەکانی یۆرام دا. تیرەکە لە دڵییەوە هاتە دەرەوە، لەناو گالیسکەکەی کەوت.
2KI 9:25 یێهو بە بیدقەری ئەفسەری گالیسکەکانی گوت: «هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی. لەبیرت بێت کاتێک من و تۆ پێکەوە بەدوای ئەحاڤی باوکیدا سواری گالیسکە بووین، یەزدان ئەم سروشەی سەبارەت بەو ڕاگەیاند:
2KI 9:26 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دوێنێ خوێنی ناڤۆتی یەزرەعیلی و کوڕەکانیم بینی، لەم زەوییەدا تۆڵەت لێ دەکەمەوە، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“ ئێستاش بەپێی فەرمایشتی یەزدان هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکە.»
2KI 9:27 کاتێک ئەحەزیای پاشای یەهودا ئەمەی بینی، بە ڕێگای بێت‌هەگان هەڵات. یێهو ڕاوی نا و گوتی: «ئەویش بکوژن!» ئەوانیش لە هەورازەکەی گور ئەوەی لەلای یەڤلەعامە لەناو گالیسکەکەی لێیاندا. بەڵام بۆ مەگیدۆ هەڵات و لەوێ مرد.
2KI 9:28 خزمەتکارەکانیشی بەرەو ئۆرشەلیم تەرمەکەیان سواری گالیسکەیەک کرد و لەوێ لە گۆڕەکەیدا لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان.
2KI 9:29 لە ساڵی یازدەیەمینی پاشایەتی یۆرامی کوڕی ئەحاڤ، ئەحەزیا ببوو بە پاشای یەهودا.
2KI 9:30 ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل، ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد، پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد.
2KI 9:31 کە یێهو لە دەروازەکەوە هاتە ژوورەوە، لێی پرسی: «ئەی زیمری، بکوژی گەورەکەت، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»
2KI 9:32 ئەویش چاوی بۆ لای پەنجەرەکە هەڵبڕی و گوتی: «کێ لەگەڵ منە، کێ؟» دوو سێ کاربەدەستیش تەماشای ئەویان کرد لە خوارەوە.
2KI 9:33 یێهو گوتی: «فڕێیبدەنە خوارەوە!» ئەوانیش فڕێیان دایە خوارەوە، ئەویش بە ئەسپەکانی پێشێلی کرد و هەندێک لە خوێنەکەی بە دیوارەکە و ئەسپەکانی پرژا.
2KI 9:34 پاشان یێهو هاتە ژوورەوە و خواردی و خواردیەوە، ئینجا گوتی: «ئاگاداری ئەو ژنە نەفرەت لێکراوە بن و بینێژن، چونکە کچی پاشایە.»
2KI 9:35 بەڵام کاتێک چوون بینێژن، جگە لە کەللەسەری و پێیەکانی و لەپی دەستی هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە.
2KI 9:36 گەڕانەوە و بە یێهویان ڕاگەیاند. ئەویش گوتی: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە کە لە ڕێگەی ئەلیاسی تیشبی خزمەتکاریەوە فەرمووی، لە پارچە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن.
2KI 9:37 لاشەکەی ئیزابێلیش وەک زبڵ دەبێت لەسەر کێڵگەی زەوییەکەی یەزرەعیل، هەتا نەڵێن ”ئەمە ئیزابێلە.“»
2KI 10:1 ئەحاڤ حەفتا کوڕی لە سامیرە هەبوو. جا یێهو چەند نامەیەکی نووسی و ناردی بۆ کاربەدەستانی یەزرەعیل لە سامیرە، بۆ پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ و گوتی:
2KI 10:2 «ئێوە کوڕەکانی گەورەکەتان و گالیسکە و ئەسپتان لەلایە، شاری قەڵابەند و چەکتان هەیە. بە گەیشتنی ئەم نامەیە
2KI 10:3 لە کوڕانی گەورەکەتان چاکترین و شایستەترینیان هەڵبژێرن، لەسەر تەختی باوکی دایبنێن. ئینجا بۆ ماڵی گەورەکەتان بجەنگن.»
2KI 10:4 بەڵام ئەوان زۆر زۆر ترسان و گوتیان: «دوو پاشا لەبەردەمی نەوەستان، ئێمە چۆن لەبەردەمی بوەستین؟»
2KI 10:5 ئیتر سەرپەرشتیاری کۆشک و فەرمانڕەوای شارەکە و پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ پەیامێکیان بۆ یێهو نارد و گوتیان: «ئێمە خزمەتکاری تۆین و هەموو ئەوەی پێمانی بڵێی دەیکەین. ئێمە کەس ناکەینە پاشا، ئەوەی پێت باشە بیکە.»
2KI 10:6 ئینجا یێهو نامەی دووەمی بۆ ناردن و گوتی: «ئەگەر ئێوە لەگەڵ مندان و گوێڕایەڵی من دەبن، کەللەسەری کوڕەکانی گەورەکەتان بهێنن و سبەینێ لەم کاتەدا وەرنە لام لە یەزرەعیل.» لەو کاتەدا حەفتا شازادە لەگەڵ گەورە پیاوانی شارەکە بوون، ئەوانەی کە پەروەردەیان دەکردن.
2KI 10:7 کاتێک نامەکەیان پێگەیشت، کوڕەکانی پاشایان برد و هەر حەفتایان سەربڕین، کەللەسەرەکانیان لەناو چەند سەبەتەیەکدا دانا و ناردیان بۆ لای یێهو لە یەزرەعیل.
2KI 10:8 کاتێک نێردراوەکە هات بە یێهوی ڕاگەیاند: «کەللەسەری کوڕەکانی پاشایان هێناوە.» ئەویش گوتی: «بە دوو کۆمەڵ کەڵەکەیان بکەن و هەتا بەیانی لە دەروازەی شارەکە دایانبنێن.»
2KI 10:9 بەیانی یێهو چووە دەرەوە. لەبەردەم هەموو گەل ڕاوەستا و گوتی: «ئێوە بێتاوانن. ئەوە من لە گەورەکەم یاخی بووم و کوشتم، ئەی کێ هەموو ئەمانەی کوشت؟
2KI 10:10 لەبەر ئەوە بزانن کە هیچ وشەیەک لە فەرمایشتی یەزدان ناشکێت، کە لەسەر ماڵی ئەحاڤ فەرموویەتی. یەزدانیش ئەوەی کرد کە لە ڕێگەی ئەلیاسی بەندەیەوە فەرمووی.»
2KI 10:11 ئینجا یێهو لە یەزرەعیل هەموو پاشماوەی ماڵی ئەحاڤی کوشت، هەروەها هەموو گەورە پیاو و دۆستی نزیک و کاهینەکانی لەناوبرد و کەسی بە زیندوویی نەهێشتەوە.
2KI 10:12 پاشان یێهو هەستا و بەرەو سامیرە چوو. لە ڕێگادا، لە بێت‌عێقەدی شوانەکان،
2KI 10:13 تووشی چەند خزمێکی ئەحەزیای پاشای یەهودا بوو، جا گوتی: «ئێوە کێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خزمەکانی ئەحەزیاین و هاتووینەتە خوارەوە هەتا سڵاو لە بنەماڵەی پاشا و شاژنی دایک بکەین.»
2KI 10:14 ئەویش گوتی: «بە زیندوویی بیانگرن!» ئەوانیش بە زیندوویی گرتیانن و لەلای بیرەکەی بێت‌عێقەد سەریان بڕین کە چل و دوو کەس بوون. کەسیان بە زیندوویی نەهێشتەوە.
2KI 10:15 دوای ئەوەی لەوێ ڕۆیشت، تووشی یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب بوو کە هاتبوو پێشوازی لێبکات. یێهو سڵاوی لێکرد و پێی گوت: «ئایا تۆش دڵسۆزی منیت، هەروەک من دڵسۆزی تۆم؟» یەهۆنادابیش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ.» یێهو گوتی: «کەواتە، دەستتم بدەرێ.» ئینجا دەستی دایێ و یێهو سەری خستە ناو گالیسکەکە.
2KI 10:16 یێهو گوتی: «لەگەڵم وەرە و دڵگەرمیم بۆ یەزدان ببینە.» ئینجا لەگەڵ خۆی سواری گالیسکەکەی کرد.
2KI 10:17 کاتێک یێهو هاتە سامیرە، هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئەحاڤی لە سامیرە کوشت، لەناوی بردن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە بە ئەلیاسی فەرموو.
2KI 10:18 ئینجا یێهو هەموو گەلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەحاڤ کەمێک خزمەتی بەعلی کرد، بەڵام یێهو خزمەتی زیاتری دەکات.
2KI 10:19 ئێستاش هەموو پێغەمبەرەکانی بەعل و هەموو ئەوانەی دەیپەرستن و هەموو کاهینەکانیم بۆ بانگ بکەن. کەس بزر نەبێت، چونکە قوربانییەکی گەورە بۆ بەعل دەکەم. ئەوەی خۆی بدزێتەوە دەکوژرێت.» بەڵام یێهو ئەم فێڵەی بۆ بەعل‌پەرستەکان بەکارهێنا بۆ ئەوەی لەناویان ببات.
2KI 10:20 ئینجا یێهو گوتی: «بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بکەن بۆ بەعل.» ئەوانیش بانگەوازیان کرد.
2KI 10:21 یێهو بەناو هەموو ئیسرائیلدا بانگەوازی کرد، هەموو بەعل‌پەرستەکان هاتن، کەس نەما نەیەت. هاتنە پەرستگای بەعل و پەرستگای بەعلیان پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
2KI 10:22 ئینجا یێهو بە لێپرسراوی جلوبەرگەکانی گوت: «جلوبەرگ بۆ هەموو بەعل پەرستەکان بهێنە دەرەوە.» ئەویش جلوبەرگی بۆ هێنانە دەرەوە.
2KI 10:23 پاشان یێهو و یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب هاتنە ناو پەرستگای بەعل و بە بەعل‌پەرستەکانی گوت: «بگەڕێن و ببینن نەوەک یەکێک لە بەندەکانی یەزدان لێرە لەگەڵتان بێت، تەنها بەعل پەرستان لێرە بمێننەوە.»
2KI 10:24 ئیتر کە چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن بکەن، هەشتا پیاو لە دەرەوە دانرابوون کە یێهو ئاگاداری کردبوونەوە: «ئەگەر یەک پیاو لەو پیاوانەی کە بە دەستی ئێوەم داوە دەرباز بێت، ئەوا گیانی ئێوە لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت.»
2KI 10:25 کاتێک یێهو لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بووەوە، بە پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکانی گوت: «بڕۆنە ژوورەوە و بیانکوژن، مەهێڵن کەس دەرباز بێت.» ئەوانیش بە شمشێر هەموویان کوشت. ئینجا پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکان فڕێیان دانە دەرەوە و بەرەو نزرگەی ناوەوەی پەرستگای بەعل ڕۆیشتن.
2KI 10:26 کۆڵەکەکانی پەرستگای بەعلیان هێنایە دەرەوە. دوای ئەوەی سووتاندیانن،
2KI 10:27 تێکیان شکاندن و پەرستگای بەعلیان ڕووخاند و کردیانە زبڵدان، هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە.
2KI 10:28 ئیتر یێهو پەرستنی بەعلی لە ئیسرائیل نەهێشت،
2KI 10:29 هەرچەندە لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، پەرستنی دوو گوێرەکە زێڕینەکە لە بێت‌ئێل و لە دان.
2KI 10:30 پاشان یەزدان بە یێهوی فەرموو: «چونکە ئەوەی من پێم ڕاست بوو تۆ کردت، هەموو ئەوەی کە لە دڵم بوو دەرهەق بە ماڵی ئەحاڤ کردت، هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»
2KI 10:31 بەڵام یێهو ڕەچاوی ئەوەی نەکرد کە بە هەموو دڵییەوە بەپێی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بڕوات، لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
2KI 10:32 لەو سەردەمەدا یەزدان دەستی بە بچووک کردنەوەی خاکی ئیسرائیل کرد، جا حەزائێل لەو سنوورانەی ئیسرائیلەوە لێی دان
2KI 10:33 کە لە ڕۆژهەڵاتی بەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون بوو (هەرێمی گاد و ڕەئوبێن و مەنەشە،) لە عەرۆعێر ئەوەی لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و لە گلعاد و باشان.
2KI 10:34 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یێهو و هەموو کارەکانی و پاڵەوانیەتییەکەی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 10:35 یێهو لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاحازی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 10:36 ئەو ماوەیەی کە یێهو لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد، بیست و هەشت ساڵ بوو.
2KI 11:1 کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی لەناوبرد.
2KI 11:2 بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا و خوشکی ئەحەزیا، یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی پێش کوشتنی شازادەکان. ئەو و دایەنەکەی لە ژووری نوستن دانا بۆ ئەوەی لە عەتەلیا بیشارێتەوە، جا یۆئاش نەکوژرا.
2KI 11:3 ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ دایەنەکە بە نهێنی لە پەرستگای یەزدان بوو، لە کاتێکدا عەتەلیا فەرمانڕەوای خاکەکە بوو.
2KI 11:4 لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع ناردی بەدوای فەرماندەی یەکەی سەدان، پاسەوانەکان و پاسەوانە تایبەتەکان، هێنانی بۆ لای خۆی لە پەرستگای یەزدان، پەیمانێکی لەگەڵدا بەستن، لە پەرستگای یەزدان سوێندی دان و کوڕەکەی پاشای پیشان دان.
2KI 11:5 ئینجا فەرمانی پێ کردن و گوتی: «ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، ئێوە کە بە سێ تیپ لە ڕۆژی شەممە دەست بە پاسەوانی دەکەن، سێیەکتان لە کۆشکی شاهانە،
2KI 11:6 سێیەکیش لە دەروازەی سوڕ و سێیەکیش لە دەروازەکەی پشت پاسەوانە تایبەتەکان، کە بە نۆرە پاسەوانی پەرستگاکە دەکەن.
2KI 11:7 ئێوەش کە لەناو ئەو دوو تیپەی دیکە کە بە ئاسایی لە ڕۆژی شەممە ئەرکی پاسەوانیێتییان لە ئەستۆ نییە، پێویستە هەر هەمووتان لە پێناوی پاشا پاسەوانیێتی پەرستگای یەزدان بکەن.
2KI 11:8 چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە ناو ڕیزەکانتانەوە دەکوژرێت. لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»
2KI 11:9 فەرماندەکانی یەکەی سەدانیش ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەش کە لەسەر ئەرک نین.
2KI 11:10 کاهینەکەش ڕم و قەڵغانەکانی داودی پاشا کە لە پەرستگای یەزدان بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان.
2KI 11:11 پاسەوانە تایبەتەکان هەریەکە چەک بە دەست لە دەوری پاشا ڕاوەستان، لە نزیک قوربانگا و پەرستگا، لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور.
2KI 11:12 ئینجا یەهۆیاداع کوڕەکەی پاشای هێنایە دەرەوە و تاجەکەی لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەی دایێ و کردیانە پاشا. دەستنیشانیان کرد و چەپڵەیان بۆ لێدا و گوتیان: «بژی پاشا!»
2KI 11:13 کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی پاسەوانە تایبەتەکان و خەڵکەکە بوو، هاتە لای ئەو خەڵکەی لە پەرستگای یەزدان بوون.
2KI 11:14 تەماشای کرد وا پاشا هەروەک چۆن نەریتە، لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و هاواری کرد: «ناپاکییە! ناپاکییە!»
2KI 11:15 یەهۆیاداعی کاهینیش فەرمانی بە فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکر کرد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن.» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «نابێت لەناو پەرستگای یەزدان بکوژرێت.»
2KI 11:16 ئیتر گرتیان و لەسەر ڕێگای هاتنە ژوورەوەی ئەسپەکان بۆ کۆشکی پاشا کوژرا.
2KI 11:17 یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان یەزدان لە لایەک و پاشا و گەل لە لایەکی دیکەوە بەست تاکو ببنە گەلی یەزدان. هەروەها پەیمانیشی لەنێوان پاشا و گەل بەست.
2KI 11:18 ئینجا هەموو گەلی خاکەکە هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان بە تەواوەتی شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت. یەهۆیاداعی کاهینیش چەند ئەفسەرێکی لەسەر پەرستگای یەزدان دانا.
2KI 11:19 پاشان فەرماندەی سەدان و پاسەوان و پاسەوانە تایبەتەکان و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشایان لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە، بە ڕێگای دەروازەی پاسەوانە تایبەتەکاندا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا، پاشاش چووە شوێنی خۆی و لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت.
2KI 11:20 هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، لەبەر ئەوەی عەتەلیایان لە نزیک کۆشکی پاشا بە شمشێر کوشت.
2KI 11:21 یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو.
2KI 12:1 لە ساڵی حەوتەمی پاشایەتی یێهو، یۆئاش بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو.
2KI 12:2 یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە هەموو ئەو ماوەیەی کە یەهۆیاداعی کاهین فێری دەکرد.
2KI 12:3 بەڵام نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
2KI 12:4 یۆئاش بە کاهینەکانی گوت: «هەموو زیوە پیرۆزکراوەکانی هاتووەتە ناو پەرستگای یەزدان، زیوی داهاتەکان و زیوە نەزرکراوەکان و زیوە بەخشراوەکان کۆبکەنەوە.
2KI 12:5 با هەر کاهینێک لە یەکێک لە خەزنەدارەکان زیو وەربگرێت، هەر داڕووخاوییەکیان لە پەرستگا بینییەوە چاکی بکەنەوە.»
2KI 12:6 بەڵام لە ساڵی بیست و سێیەمی یۆئاشی پاشا هێشتا کاهینەکان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکەیان چاک نەکردبووەوە.
2KI 12:7 لەبەر ئەوە یۆئاشی پاشا یەهۆیاداعی کاهین و کاهینەکانی دیکەی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی داڕووخاوی پەرستگاکەتان چاک نەکردووەتەوە؟ ئێستاش بۆ پێداویستییەکانی خۆتان زیو لە خەزنەدارەکان وەرمەگرن، بەڵکو دایبنێن بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە.»
2KI 12:8 ئینجا کاهینەکان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی زیو لە گەل وەرنەگرن و خۆشیان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە چاکنەکەنەوە.
2KI 12:9 ئینجا یەهۆیاداعی کاهین سندوقێکی هێنا و کونێکی لە سەرەکەی کرد و لە نزیک قوربانگاکە داینا، لەلای ڕاستی شوێنی هاتنە ژوورەوەی خەڵکەکە بۆ ناو پەرستگای یەزدان. کاهینەکانیش ئەوانەی چاودێری دەروازەکەیان دەکرد، هەموو ئەو زیوەی هاتبووە پەرستگای یەزدانەوە تێیدا دایاننا.
2KI 12:10 ئەوە بوو کاتێک بینییان زیوەکە لە سندوقەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و سەرۆک کاهین سەرکەوتن و ئەو زیوەی لە پەرستگای یەزدان بوو ژماردیان و لە کیسەیان کرد.
2KI 12:11 ئینجا زیوە ژمێردراوەکەیان دایە دەست ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش خەرجیان کرد بۆ ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد: دارتاش، بیناساز،
2KI 12:12 بەنا، نەقاڕەکان. هەروەها بۆ کڕینی دار و بەردی بڕاو بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوی پەرستگای یەزدان و بۆ هەموو ئەوەی خەرج دەکرێت لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.
2KI 12:13 بەڵام بۆ پەرستگای یەزدان تەشتی زیو، مەقەست، تاس و کەڕەنا دروستنەکران، نە هیچ کەلوپەلێکی زێڕ و زیو، لەو زیوەی هاتبووە ناو پەرستگای یەزدانەوە.
2KI 12:14 بەڵکو درانە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان و پەرستگای یەزدانیان پێ چاک دەکردەوە.
2KI 12:15 لەو پیاوانەشیان نەدەکۆڵییەوە کە زیوەکەیان دەدانە دەست هەتا بیدەنە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان، چونکە بە دەستپاکییەوە کاریان دەکرد.
2KI 12:16 بەڵام زیوی قوربانی تاوان و زیوی قوربانی گوناه، نەخرایە ناو پەرستگای یەزدانەوە، بەڵکو بۆ کاهینەکان بوو.
2KI 12:17 لەو کاتە حەزائێلی پاشای ئارام چوو هێرشی کردە سەر گەت و گرتی. ئینجا ڕووی لە ئۆرشەلیم کرد هەتا هێرشی بکاتە سەر.
2KI 12:18 یۆئاشی پاشای یەهوداش هەموو شتە تەرخانکراوەکانی یەهۆشافات و یەهۆرام و ئەحەزیای باوباپیرانی، پاشایانی یەهودا، لەگەڵ شتە پیرۆزکراوەکانی خۆی و هەموو زێڕی ناو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای برد و ناردنی بۆ حەزائێلی پاشای ئارام، ئەویش لە ئۆرشەلیم کشایەوە.
2KI 12:19 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆئاش و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 12:20 پاشان کاربەدەستەکانی هەستان و پیلانێکیان گێڕا، لە بێت‌میلۆ کە لەسەر ڕێگای سیڵایە یۆئاشیان کوشت.
2KI 12:21 هەردوو خزمەتکارەکەی، یۆزاڤادی کوڕی شیمەعات و یەهۆزاڤادی کوڕی شۆمێر لێیاندا. یۆئاش کوژرا و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 13:1 لە ساڵی بیست و سێیەمی پاشایەتی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای پاشای یەهودا، یەهۆئاحازی کوڕی یێهو بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 13:2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لێی لا نەدا.
2KI 13:3 ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا، ماوەیەکی درێژ لەژێر دەسەڵاتی حەزائێلی پاشای ئارام و بەن‌هەدەدی کوڕی هێشتنییەوە.
2KI 13:4 ئینجا یەهۆئاحاز لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش گوێی لێ گرت، چونکە بینی چۆن پاشای ئارام ئیسرائیل دەچەوسێنێتەوە.
2KI 13:5 یەزدان ڕزگارکەرێکی دایە ئیسرائیل، لەژێر دەستی ئارامییەکان ڕزگار بوون و وەک جاران لەناو ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون.
2KI 13:6 بەڵام خۆیان لە گوناهەکانی بنەماڵەی یارۆڤعام لانەدا، هەمان گوناهی ئەویان کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لەسەری بەردەوام بوون، هەروەها ستوونە ئەشێراکەش لە سامیرە لە جێی خۆی ماوە.
2KI 13:7 یەهۆئاحاز سوپای بۆ نەمابووەوە، جگە لە پەنجا سوار و دە گالیسکە و دە هەزار پیادە، چونکە پاشای ئارام لەناویبردبوون و وەک خۆڵی ژێر پێی لێکردبوون.
2KI 13:8 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاحاز و هەموو ئەوەی کردی و هەموو دەستکەوتەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 13:9 یەهۆئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاشی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 13:10 لە ساڵی سی و حەوتەمی پاشایەتی یۆئاشی پاشای یەهودا، یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز بۆ ماوەی شازدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 13:11 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بەڵکو لەسەریان بەردەوام بوو.
2KI 13:12 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 13:13 یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و یارۆڤعام لەسەر تەختەکەی دانیشت، یەهۆئاشیش لە سامیرە نێژرا، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل.
2KI 13:14 ئەلیشەعیش نەخۆش کەوت بەو نەخۆشییەی کە پێی مرد، جا یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل چووە خوارەوە بۆ لای و لەسەری گریا و گوتی: «باوکە ڕۆ! باوکە ڕۆ! ئەی گالیسکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!»
2KI 13:15 ئەلیشەعیش پێی گوت: «کەوانێک و چەند تیرێک هەڵگرە.» ئەویش کەوانێک و چەند تیرێکی هەڵگرت.
2KI 13:16 بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «دەستت لەسەر کەوانەکە دابنێ.» ئەویش دەستی دانا، ئەلیشەعیش دەستی خستە سەر دەستی پاشا.
2KI 13:17 ئینجا گوتی: «پەنجەرەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بکەوە.» ئەویش کردییەوە. ئەلیشەع گوتی: «بیهاوێ!» ئەویش هاویشتی. ئەلیشەع گوتی: «ئەمە تیری سەرکەوتنە لە یەزدانەوە، تیری سەرکەوتنە بە سەر ئارام، لە ئەفێق بە تەواوی ئارامییەکان لەناودەبەیت.»
2KI 13:18 هەروەها گوتی: «تیرەکان ببە.» پاشاکەش بردنی، ئینجا ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «لە زەوییەکە بدە.» ئەویش سێ جار لێیدا و وەستا.
2KI 13:19 جا پیاوەکەی خودا لێی تووڕە بوو و گوتی: «دەبووایە پێنج یان شەش جار لە زەوییەکەت بدایە، ئینجا بە تەواوی لە ئارامت دەدا هەتا لەناودەچوون، ئێستاش تەنها سێ جار لە ئارام دەدەیت.»
2KI 13:20 پاشان ئەلیشەع مرد و ناشتیان. چەتەکانی مۆئاب هەموو بەهارێک دەهاتنە ناو خاکەکە.
2KI 13:21 جارێکیان کاتێک هەندێک ئیسرائیلی پیاوێکیان دەناشت، لەناکاو کۆمەڵێک چەتەیان بینی، ئیتر تەرمی پیاوەکەیان فڕێدایە ناو گۆڕەکەی ئەلیشەع. جا کە پیاوەکە بەر ئێسقانەکانی ئەلیشەع کەوت، زیندوو بووەوە و هەستایەوە سەر پێیەکانی.
2KI 13:22 حەزائێلی پاشای ئارامیش بە درێژایی سەردەمی یەهۆئاحاز ئیسرائیلی چەوساندەوە.
2KI 13:23 بەڵام یەزدان لەگەڵیان میهرەبان و بە بەزەیی بوو، لەبەر پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب ئاوڕی لێ دانەوە. هەتا ئەم کاتە نەیدەویست ڕیشەکێشیان بکات و دووریان بخاتەوە.
2KI 13:24 پاشان حەزائێلی پاشای ئارام مرد و بەن‌هەدەدی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 13:25 ئینجا یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز گەڕایەوە و بە جەنگ شارۆچکەکانی لە دەست بەن‌هەدەدی کوڕی حەزائێل وەرگرتەوە، ئەوەی لە دەستی یەهۆئاحازی باوکی بردبووی، یەهۆئاش سێ جار بەزاندی و شارۆچکەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە.
2KI 14:1 لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 14:2 کاتێک بوو بە پاشا تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
2KI 14:3 ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی.
2KI 14:4 لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
2KI 14:5 کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.
2KI 14:6 بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»
2KI 14:7 ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
2KI 14:8 پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
2KI 14:9 یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.
2KI 14:10 تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
2KI 14:11 بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
2KI 14:12 لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.
2KI 14:13 ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ بوو.
2KI 14:14 هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە.
2KI 14:15 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 14:16 یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 14:17 ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.
2KI 14:18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 14:19 لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.
2KI 14:20 بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.
2KI 14:21 پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا.
2KI 14:22 ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
2KI 14:23 لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد.
2KI 14:24 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
2KI 14:25 ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو.
2KI 14:26 یەزدان زەلیلیی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات.
2KI 14:27 یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن.
2KI 14:28 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، کە پێشتر سەر بە یەهودا بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 14:29 یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 15:1 لە ساڵی بیست و حەوتەمی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، عەزەریای کوڕی ئەمەسیا بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 15:2 گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
2KI 15:3 بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
2KI 15:4 تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
2KI 15:5 یەزدان پاشای تووشی گەڕوگولی کرد و هەتا ئەو ڕۆژەی مرد چاکنەبووەوە، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، یۆتامی کوڕی پاشاش سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.
2KI 15:6 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عەزەریا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 15:7 عەزەریا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 15:8 لە ساڵی سی و هەشتەمی پاشایەتی عەزەریای پاشای یەهودا، زەکەریای کوڕی یارۆڤعام شەش مانگ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 15:9 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد هەروەک چۆن باوباپیرانی کردیان و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
2KI 15:10 شەلومی کوڕی یاڤێش پیلانی لە دژی زەکەریا گێڕا، لەبەردەم گەل لێیدا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2KI 15:11 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زەکەریاش، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 15:12 ئیتر فەرمایشتەکەی یەزدان کە بە یێهوی فەرموو هاتە دی، کە فەرمووی: «هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»
2KI 15:13 شەلومی کوڕی یاڤێش لە ساڵی سی و نۆیەمی عوزیای پاشای یەهودا بوو بە پاشا و یەک مانگ لە سامیرە پاشایەتی کرد.
2KI 15:14 ئینجا مەنەحێمی کوڕی گادئی لە تیرزەیەوە سەرکەوت و هاتە سامیرە، لە سامیرە لە شەلومی کوڕی یاڤێشی دا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2KI 15:15 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی شەلوم و ئەو پیلانەی کە گێڕای، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 15:16 لەو کاتەدا مەنەحێم لە تیرزەیەوە هێرشی کردە سەر تیفسەح و دەوروبەری و هەموو ئەوەی تێیدا بوو، چونکە دەروازەی شارەکەیان بۆی نەکردەوە. تیفسەحی وێران کرد و سکی هەموو ژنە سکپڕەکانیشی هەڵدڕی.
2KI 15:17 لە ساڵی سی و نۆیەمی عەزەریای پاشای یەهودا، مەنەحێمی کوڕی گادئی دە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 15:18 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە درێژایی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
2KI 15:19 پاشان پولی پاشای ئاشور هاتە سەر خاکەکە و مەنەحێمیش هەزار تالنت زیوی دایە پول، هەتا پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی جڵەوی پاشایەتییەکەی بگرێتە دەست.
2KI 15:20 مەنەحێم ئەم بڕە زیوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، بەسەر هەموو بە توانا و دەوڵەمەندەکان، هەتا بدرێتە پاشای ئاشور، پەنجا شاقل زیو لەسەر هەر پیاوێک، جا پاشای ئاشور گەڕایەوە و لەوێ لە خاکەکە نەمایەوە.
2KI 15:21 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەحێم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 15:22 مەنەحێم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر پەقەحیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 15:23 لە ساڵی پەنجایەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحیای کوڕی مەنەحێم بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 15:24 پەقەحیا لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
2KI 15:25 یەکێک لە ئەفسەرەکانی، بە ناوی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، پیلانی لە دژی گێڕا. پەنجا پیاوی گلعادی لەگەڵ خۆی برد، لە سامیرە لەناو قەڵای کۆشکی پاشا پەقەحیای کوشت، هەروەها ئەرگۆڤ و ئەریەشی لەگەڵی کوشت. ئیتر پەقەح پەقەحیای کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2KI 15:26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەحیا و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 15:27 لە ساڵی پەنجا و دووەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو بوو بە پاشا، بیست ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 15:28 ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
2KI 15:29 لە سەردەمی پەقەحی پاشای ئیسرائیل، تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور هات، عییۆن، ئابێلی بێت‌مەعکا، یانۆوەح، قەدەش، حاچۆر، گلعاد، جەلیل و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد و خەڵکەکەی ڕاپێچی ئاشور کرد.
2KI 15:30 ئینجا هۆشێیەعی کوڕی ئێلە پیلانی لە دژی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو گێڕا. هێرشی کردە سەری و کوشتی، لە ساڵی بیستەمینی یۆتامی کوڕی عوزیا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2KI 15:31 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەح و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2KI 15:32 لە ساڵی دووەمی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل، یۆتامی کوڕی عوزیا بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 15:33 کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو.
2KI 15:34 بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
2KI 15:35 تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یۆتام بوو کە دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد ناوە.
2KI 15:36 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 15:37 لەو ڕۆژانەدا یەزدان دەستی بە ناردنی ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو کرد بۆ سەر یەهودا.
2KI 15:38 ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2KI 16:1 لە ساڵی حەڤدەیەمی پاشایەتی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، ئاحازی کوڕی یۆتام بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 16:2 ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری ڕاست بوو نەیکرد.
2KI 16:3 هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر، تەنانەت کوڕەکەشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن.
2KI 16:4 هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.
2KI 16:5 پاشان ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل بۆ جەنگ سەرکەوتنە ئۆرشەلیم و ئاحازیان گەمارۆ دا، بەڵام نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ بن.
2KI 16:6 لەو کاتەدا ڕەچینی پاشای ئارام ئێلەتی بۆ ئارامییەکان گەڕاندەوە و پیاوانی یەهودای لە ئێلەت دەرکرد. ئەدۆمییەکانیش هاتنە ئێلەت و لەوێ نیشتەجێ بوون هەتا ئەمڕۆ.
2KI 16:7 ئاحاز نێردراوی ناردە لای تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور و گوتی، «من خزمەتکار و لەژێر فەرمانی تۆم، سەربکەوە و لە دەستی پاشای ئارام و پاشای ئیسرائیل ڕزگارم بکە کەوا لێم ڕاست بوونەتەوە.»
2KI 16:8 هەروەها ئاحاز ئەو زێڕ و زیوەی لەناو پەرستگای یەزدان و لەناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشادا بوو بردی و بە دیاری بۆ پاشای ئاشوری نارد.
2KI 16:9 پاشای ئاشوریش بە قسەی کرد و هێرشی کردە سەر دیمەشق و داگیری کرد. خەڵکەکەی ڕاپێچی قییر کرد، ڕەچینیشی کوشت.
2KI 16:10 پاشان ئاحاز پاشا چوو بۆ دیمەشق بۆ ئەوەی چاوی بە تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور بکەوێت. ئەو لە دیمەشق قوربانگایەکی بینی، ئیتر نەخشەی قوربانگاکە و بیناسازییەکەی بە هەموو وردەکاری دروستکردنەوە، بۆ ئوریای کاهینی نارد.
2KI 16:11 ئوریای کاهینیش قوربانگایەکی بنیاد نا هەروەک ئەوەی ئاحازی پاشا لە دیمەشقەوە ناردی، ئوریای کاهین ئەوەی کرد هەتا ئاحازی پاشا لە دیمەشق هاتەوە.
2KI 16:12 کاتێک پاشا لە دیمەشق هاتەوە و قوربانگاکەی بینی، لێی نزیک بووەوە و پێشکەشکراوەکانی لەسەر پێشکەش کرد.
2KI 16:13 قوربانی سووتاندنەکەی و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەسەر سووتاند، شەرابە پێشکەشکراوەکەی ڕشت، خوێنی قوربانی هاوبەشییەکەی خۆی بەسەر قوربانگاکە پرژاند.
2KI 16:14 قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدانیش، ئەوەی لەبەردەم پەرستگاکە بوو لەنێوان قوربانگاکە و پەرستگای یەزدان، بردی لەلای باکووری قوربانگا نوێیەکە داینا.
2KI 16:15 ئینجا ئاحاز پاشا فەرمانی بە ئوریای کاهین کرد و پێی گوت: «لەسەر قوربانگا نوێیە گەورەکە، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی ئێواران، قوربانی سووتاندنی پاشا، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانی، قوربانی سووتاندنی هەموو خەڵکی خاکەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانیان لەسەری دەسووتێنیت. هەروەها شەرابە پێشکەشکراوەکەیان و خوێنی هەموو قوربانی سووتاندنێک و هەموو قوربانی سەربڕاوێکی لەسەر دەپرژێنیت. بەڵام من قوربانگا بڕۆنزییەکە بەکاردەهێنم بۆ داواکردنی ڕێنمایی لە خودا.»
2KI 16:16 ئوریای کاهینیش هەمان ئەوەی کرد کە ئاحازی پاشا فەرمانی پێ کرد.
2KI 16:17 پاشان ئاحاز پاشا تەختەداری عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەشی بڕییەوە و دەستشۆرەکەی لەسەری لابرد، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەسەر گایە بڕۆنزییەکان هێنایە خوارەوە کە لە ژێری بوون و لەسەر جێگایەکی بەردڕێژکراو دانا.
2KI 16:18 بەڵام ئاحاز لە پێناو ڕەزامەندی پاشای ئاشور کەپری شەممەی لادا کە لەناو پەرستگای یەزدان دروستکرابوو، ئەو دەروازەیەشی داخست کە پاشا لێیەوە دەهاتە ژوورەوە.
2KI 16:19 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاحاز و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 16:20 ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 17:1 لە ساڵی دوازدەیەمی ئاحازی پاشای یەهودا، هۆشێیەعی کوڕی ئێلە لە سامیرە بوو بە پاشا، ماوەی نۆ ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2KI 17:2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو پاشاکانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەپێش خۆی بوون.
2KI 17:3 شەلمەنەسەری پاشای ئاشور هێرشی کردە سەری. پێشتر هۆشێیەع ملکەچی بوو و سەرانەی دەدایێ،
2KI 17:4 بەڵام پاشای ئاشور ناپاکی لە هۆشێیەع بینی، لەبەر ئەوەی چەند نێردراوێکی بۆ سۆی پاشای میسر ناردبوو، هەروەها ئەو سەرانەی کە ساڵانە دەیدایە پاشای ئاشور ڕایگرتبوو. ئیتر شەلمەنەسەر گرتی و زیندانی کرد.
2KI 17:5 پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو خاکەکە و سەر سامیرە، سێ ساڵ گەمارۆی دا.
2KI 17:6 لە ساڵی نۆی پاشایەتی هۆشێیەع، پاشای ئاشور سامیرەی داگیر کرد و خەڵکی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد، لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی نیشتەجێی کردن.
2KI 17:7 هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان پەرست و
2KI 17:8 بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد.
2KI 17:9 نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا.
2KI 17:10 لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند.
2KI 17:11 لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد.
2KI 17:12 ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.»
2KI 17:13 یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.»
2KI 17:14 بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد.
2KI 17:15 فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.»
2KI 17:16 وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست.
2KI 17:17 کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد.
2KI 17:18 لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە،
2KI 17:19 تەنانەت یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو.
2KI 17:20 لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە.
2KI 17:21 کاتێک خودا ئیسرائیلی لە بنەماڵەی داود جیا کردەوە، یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتیان کردە پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی لە شوێنکەوتنی یەزدان دوورخستەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان گوناهێکی گەورە بکەن.
2KI 17:22 نەوەی ئیسرائیلیش هەموو ئەو گوناهانەی یارۆڤعامیان پەیڕەو کرد کە کردنی و خۆیان لێی لانەدا،
2KI 17:23 هەتا ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لەبەردەم خۆی دوورخستەوە، هەروەک چۆن لە ڕێگەی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووبووی. ئیتر ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیانەوە ڕاپێچی ئاشور کران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێن.
2KI 17:24 ئینجا پاشای ئاشور خەڵکی لە بابل و کووتا و عەڤا و حەمات و سفەرڤەیمەوە هێنا و لە شارۆچکەکانی سامیرە لە جێی نەوەی ئیسرائیل نیشتەجێی کردن. سامیرە بووە موڵکیان و لە شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون.
2KI 17:25 لە سەرەتای حەوانەوەیان لەوێ، لە یەزدان نەترسان، ئیتر یەزدان شێری ناردە سەریان و لێی دەکوشتن.
2KI 17:26 هەواڵیان گەیاندە پاشای ئاشور و گوتیان: «ئەو گەلانەی ڕاپێچت کردوون و لە شارۆچکەکانی سامیرە نیشتەجێت کردوون، داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە نازانن، ئەویش شێری ناردووەتە سەریان و لێیان دەکوژێت، چونکە نازانن داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە چییە.»
2KI 17:27 پاشای ئاشور فەرمانی دا و گوتی: «یەکێک لەو کاهینانەی کە لەوێوە ڕاپێچتان کردوون بینێرنە ئەوێ، با بچێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، یاساکانی خوداوەندی خاکەکەیان فێر بکات.»
2KI 17:28 ئیتر یەکێک لەو کاهینانەی کە لە سامیرەوە ڕاپێچیان کردبوون هات و لە بێت‌ئێل نیشتەجێ بوو، فێری کردن کە چۆن یەزدان بپەرستن.
2KI 17:29 لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان.
2KI 17:30 جا خەڵکی بابل سوکۆت بەنۆتیان دروستکرد، خەڵکی کووتا نێرگەلیان دروستکرد، خەڵکی حەمات ئەشیمایان دروستکرد؛
2KI 17:31 عەڤییەکان نیڤحەز و تەرتاقیان دروستکرد، سفەرڤییەکانیش کوڕەکانی خۆیان دەسووتاند وەک قوربانی بۆ ئەدرەمەلەخ و عەنەمەلەخ، دوو خوداوەندی شاری سفەرڤەیم بوون.
2KI 17:32 یەزدانیان دەپەرست و لەنێوان خۆشیاندا کاهینیان بۆ نزرگەی بەرزاییەکان دەستنیشان دەکرد، هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانییەکانیان بکەن.
2KI 17:33 یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون.
2KI 17:34 هەتا ئەمڕۆش لەسەر هەمان نەریتی پێشوویان دەڕۆن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل.
2KI 17:35 کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن.
2KI 17:36 بەڵکو دەبێت یەزدان بپەرستن، ئەوەی بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە لە خاکی میسر دەریهێنان، کڕنۆش بۆ ئەو ببەن و قوربانی بۆ ئەو سەرببڕن.
2KI 17:37 بەردەوام فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانەکان کە بۆی نووسین بەجێی بهێنن. خودای دیکە مەپەرستن.
2KI 17:38 ئەو پەیمانەش کە لەگەڵتان بەستم لە یادی مەکەن، خودای دیکە مەپەرستن،
2KI 17:39 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، ئەو لە دەست هەموو دوژمنەکانتان فریاتان دەکەوێت.»
2KI 17:40 بەڵام گوێیان نەگرت، بەڵکو وەک نەریتی پێشوویان کرد.
2KI 17:41 ئەو گەلانە یەزدانیان دەپەرست، لە هەمان کاتیشدا خزمەتی بتەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها کوڕەکانیان و کوڕی کوڕەکانیشیان وەک باوباپیرانیان دەکەن، هەتا ئەمڕۆش.
2KI 18:1 لە ساڵی سێیەمی پاشایەتیی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، حەزقیای کوڕی ئاحاز بوو بە پاشای یەهودا.
2KI 18:2 گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو.
2KI 18:3 بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
2KI 18:4 ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە. مارە بڕۆنزییەکەی وردوخاش کرد، ئەوەی موسا دروستی کرد، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانەش نەوەی ئیسرائیل بخووریان بۆ دەسووتاند و ناویان لێ نابوو نەحوشتان.
2KI 18:5 حەزقیا پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەست، لەنێو هەموو پاشاکانی یەهودا کەس وەک ئەو نەبوو، چ ئەوانەی پێش خۆی و چ ئەوانەی دوای خۆی.
2KI 18:6 ڕێگەی یەزدانی گرتە بەر و لێی لانەدا. فەرمانەکانی پاراست، کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
2KI 18:7 یەزدان لەگەڵی بوو، لە هەموو ئەو کارانەی دەیکرد سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا، هەروەها لە پاشای ئاشور یاخی بوو، ملکەچی نەبوو.
2KI 18:8 فەلەستییەکانیشی هەتا غەزە و سنوورەکانی بەزاند، لە قوللەی چاودێرەکانەوە هەتا شاری قەڵابەند.
2KI 18:9 لە ساڵی چوارەمی حەزقیا پاشا، کە دەکاتە ساڵی حەوتەمی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، شەلمەنەسەری پاشای ئاشور لە دژی سامیرە لەشکری جوڵاند و گەمارۆی دا.
2KI 18:10 ئاشورییەکان لەدوای سێ ساڵ سامیرەیان گرت. لە ساڵی شەشەمی حەزقیا کە دەکاتە ساڵی نۆیەمی هۆشێیەعی پاشای ئیسرائیل، سامیرە داگیر کرا.
2KI 18:11 ئینجا پاشای ئاشور ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد و لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی داینان.
2KI 18:12 ئەمە ڕوویدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاری خۆیان نەبوون، بەڵکو پەیمانەکەیان شکاند و هەموو ئەو شتانەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، نە گوێیان لێ گرت و نە کاریشیان پێ کرد.
2KI 18:13 لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن.
2KI 18:14 لەبەر ئەوە حەزقیا پاشای یەهودا پەیامی بۆ پاشای ئاشور نارد لە لاخیش و گوتی: «من هەڵەیەکی گەورەم کرد. لەلای من بکشێوە، ئەوەی لەسەرم دەیسەپێنی دەیدەم.» پاشای ئاشور سێ سەد تالنت زیو و سی تالنت زێڕی لەسەر حەزقیای پاشای یەهودا سەپاند.
2KI 18:15 حەزقیاش هەموو زیوەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای دایێ.
2KI 18:16 لەو کاتە حەزقیا پاشای یەهودا ئەو زێڕەی داڕنی کە پەرستگای یەزدان و چوارچێوەی دەرگاکانی پێ ڕووپۆش کردبوو، دایە پاشای ئاشور.
2KI 18:17 پاشای ئاشور فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دیوان و فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە لە لاخیشەوە ناردە سەر حەزقیای پاشا لە ئۆرشەلیم. کاتێک سەرکەوتن و هاتن لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستان، کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە،
2KI 18:18 بانگی پاشایان کرد، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لایان.
2KI 18:19 فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن: «”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟
2KI 18:20 تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟
2KI 18:21 پشتت بەو قامیشە شکاوە بەستووە، بە میسر، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن.
2KI 18:22 ئەگەر پێشم بڵێن: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’دەبێت لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش ببەن کە لە ئۆرشەلیمە‘؟
2KI 18:23 «”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت!
2KI 18:24 ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم ببەزێنیت، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟
2KI 18:25 لە کۆتاییدا ئایا من بەبێ فەرمانی یەزدان هاتووم بۆ سەر ئەم شوێنە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان خۆی پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»
2KI 18:26 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە.»
2KI 18:27 بەڵام فەرماندەکە وەڵامی دانەوە: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووم هەتا ئەم قسانە بکەم؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووم، هەتا لەگەڵ ئێوە پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە؟»
2KI 18:28 ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور!
2KI 18:29 پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات.
2KI 18:30 مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“
2KI 18:31 «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام. با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە،
2KI 18:32 هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو، خاکی دار زەیتوون و هەنگوین. ژیان هەڵبژێرن نەک مردن! «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە فریوتان دەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“
2KI 18:33 ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟
2KI 18:34 کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم و هێنەع و عیڤا؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟
2KI 18:35 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»
2KI 18:36 بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»
2KI 18:37 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.
2KI 19:1 کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان.
2KI 19:2 ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ،
2KI 19:3 پێیان گوت: «حەزقیا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت.
2KI 19:4 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە هەموو قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، تاکو سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات، با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»
2KI 19:5 کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا،
2KI 19:6 ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد.
2KI 19:7 گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»
2KI 19:8 کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.
2KI 19:9 سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. ئیتر دیسان نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد و گوتی:
2KI 19:10 «بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“
2KI 19:11 بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟
2KI 19:12 ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟
2KI 19:13 کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»
2KI 19:14 حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست.
2KI 19:15 حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد.
2KI 19:16 ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە، ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.
2KI 19:17 «ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور ئەم نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە.
2KI 19:18 خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون.
2KI 19:19 ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»
2KI 19:20 ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: گوێم لە نوێژەکەت بوو سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور.
2KI 19:21 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی: «”سییۆنی کچە پاکیزە بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات. ئۆرشەلیمی کچ، کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.
2KI 19:22 سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟ دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟ لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!
2KI 19:23 لەسەر دەستی نێردراوەکانت سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد. هەروەها دەڵێیت: ’بە زۆری گالیسکەکانمەوە من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان، هەتا ئەوپەڕی لوبنان. بەرزترین دار ئورز و باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە. چوومە ئەوپەڕی سنوورەکانی، ناو چڕی دارستانەکانی.
2KI 19:24 من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و ئاوم لێیان خواردەوە. بە بنی پێیەکانم هەموو لقەکانی نیلم کوێر کردەوە.‘
2KI 19:25 «”ئەی گوێت لێ نەبووە؟ من لەمێژە دیاریم کردووە، لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە، ئێستاش دەیهێنمە دی، کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت، هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.
2KI 19:26 دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن، ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون، بوونە گیای کێڵگە، ڕووەکی سەوز، گژوگیای سەربان، هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.
2KI 19:27 «”بەڵام من هەستان و دانیشتنت و کاتی هاتوچۆکەت دەزانم، هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.
2KI 19:28 لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم، قولاپەکەم دەخەمە لووتت و لغاوەکەم لە لێوەکانت و بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە کە لێوەی هاتوویت.“
2KI 19:29 «ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ: «ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن، ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت، بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
2KI 19:30 ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە، جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.
2KI 19:31 لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە، دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
2KI 19:32 «لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت: «نایەتە ناو ئەم شارەوە و تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت. بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و سەنگەریشی لێ ناگرێت.
2KI 19:33 نایەتە ناو ئەم شارەوە، بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2KI 19:34 بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»
2KI 19:35 ئیتر لەو شەوەدا فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون.
2KI 19:36 ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.
2KI 19:37 لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 20:1 لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»
2KI 20:2 حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی:
2KI 20:3 «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
2KI 20:4 بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
2KI 20:5 «بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان.
2KI 20:6 پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“»
2KI 20:7 ئینجا ئیشایا گوتی: «نیوەلمەکێک لە هەنجیر دروستبکەن.» ئەوانیش هێنایان و خستیانە سەر دومەڵەکە و چاک بووەوە.
2KI 20:8 حەزقیا لە ئیشایای پرسی بوو: «ئەو نیشانەیە چییە کە یەزدان چاکم دەکاتەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
2KI 20:9 ئیشایا وەڵامی دایەوە: «یەزدان ئەو شتە دەکات کە پێشتر بەڵێنی پێدابووی. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە نیشانەیە بۆت: ئایا دەتەوێ سێبەر دە پلە بچێتە پێش یان دە پلە بگەڕێتەوە دواوە؟»
2KI 20:10 حەزقیاش گوتی: «بۆ سێبەر ئاسانە دە پلە بچێتە پێش. کەواتە وا بکە دە پلە بگەڕێتەوە دواوە.»
2KI 20:11 ئینجا ئیشایای پێغەمبەر نزای بۆ یەزدان کرد و ئەویش دە پلە سێبەری گەڕاندەوە دواوە، بەپێی پلەبەندییەکەی ئاحاز پێی هاتە خوارەوە.
2KI 20:12 لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە حەزقیا نەخۆش کەوتووە.
2KI 20:13 حەزقیا پێشوازی لێکردن و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.
2KI 20:14 ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.»
2KI 20:15 ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»
2KI 20:16 ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدان بگرە،
2KI 20:17 یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت.
2KI 20:18 لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»
2KI 20:19 حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە،» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی: «ئایا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا نابێت؟»
2KI 20:20 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا، هەموو دەستکەوتەکانی و چۆن گۆمەکە و جۆگەکەی دروستکرد و ئاوی هێنایە ناو شارەکەوە لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 20:21 حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 21:1 مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی حەفچیڤا بوو.
2KI 21:2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون.
2KI 21:3 جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی وێرانی کردبوون، هەروەها چەند قوربانگایەکی بەعلی دانا و ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد، وەک ئەوەی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست.
2KI 21:4 چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان فەرمووی، «ناوی خۆم لە ئۆرشەلیم دادەنێم.»
2KI 21:5 لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا.
2KI 21:6 کوڕەکەشی وەک قوربانی سووتاند، بەختی خوێندەوە و فاڵی گرتەوە، نێوانگر و ڕۆح ئامادەکاری بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.
2KI 21:7 ئەو ستوونە ئەشێرایەش کە دروستی کرد و نەخشی لەسەر هەڵکەند، لەناو ئەو پەرستگایە داینا کە یەزدان لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم.
2KI 21:8 جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون، لەگەڵ هەموو ئەو تەوراتەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوون.»
2KI 21:9 بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت. مەنەشە گومڕای کردن، تاکو لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.
2KI 21:10 یەزدان لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووی:
2KI 21:11 «مەنەشەی پاشای یەهودا ئەم کردەوە قێزەونانەی کردووە، خراپتریشی کرد لە هەموو ئەوەی ئەمۆرییەکانی پێش خۆی کردیان، بەهۆی بتەکانییەوە یەهوداشی تووشی گوناه کرد.
2KI 21:12 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرموو: ”ئەوەتا من بەڵایەک بەسەر ئۆرشەلیم و یەهودا دەهێنم کە هەرکەس بیبیستێتەوە گوێی بزرنگێتەوە.
2KI 21:13 هەمان گوریس کە بۆ پێوانەی سامیرە و هەمان شاووڵ کە بۆ پێوانی ماڵی ئەحاڤ بەکارمهێنا بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایدەکێشمەوە. هەروەک چۆن یەکێک قاپێک دەسڕێتەوە و سەرەونخوونی دەکات ئاوا ئۆرشەلیم دەسڕمەوە.
2KI 21:14 پاشماوەی میراتەکەم ڕەت دەکەمەوە و دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان، دەبنە دەستکەوت و تاڵانی بۆ هەموو دوژمنانیان،
2KI 21:15 چونکە لەو ڕۆژەوەی کە باوباپیرانیان لە میسرەوە هاتوونەتە دەرەوە لەبەرچاوی من خراپەیان کرد، هەتا ئەمڕۆش پەستم دەکەن.“»
2KI 21:16 هەروەها مەنەشە خوێنێکی بێتاوانی زۆر زۆری ڕشت، تاکو ئۆرشەلیمی پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر، بێجگە لەو گوناهەی کە وای لە یەهودا کرد لەبەرچاوی یەزدان خراپە بکەن.
2KI 21:17 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و هەموو ئەوەی کردی و گوناهەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 21:18 مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە باخچەی کۆشکەکەی، لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 21:19 ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەشولەمەتی کچی حاروچی خەڵکی یۆتڤا بوو.
2KI 21:20 ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
2KI 21:21 هەموو ئەو ڕێگایانەی گرتەبەر کە باوکی پەیڕەوی کردبوون، ئەو بتانەی پەرست کە باوکی دەیپەرستن، کڕنۆشی بۆ بردن.
2KI 21:22 وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنا و ڕێبازی یەزدانی پەیڕەو نەکرد.
2KI 21:23 پاشان خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی گێڕا و پاشایان لە کۆشکەکەی خۆی کوشت.
2KI 21:24 ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.
2KI 21:25 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئامۆن و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 21:26 ئامۆن لە گۆڕەکەی خۆی لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر یۆشیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 22:1 یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی یەدیدای کچی عەدایای خەڵکی بۆچقەت بوو.
2KI 22:2 یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، بە تەواوی ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.
2KI 22:3 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتییەکەی، پاشا شافانی خامەی نهێنی کوڕی ئەچەلیاهوی کوڕی مەشولامی ناردە پەرستگای یەزدان و گوتی:
2KI 22:4 «بڕۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین، با ئەو زیوە بژمێرێت کە خراوەتە ناو پەرستگای یەزدانەوە، ئەوەی دەرگەوانەکان لەنێو گەل کۆیان کردووەتەوە.
2KI 22:5 با بدرێتە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش بیدەنە ئەو کرێکارانەی داڕووخاوییەکانی پەرستگای یەزدان چاک دەکەنەوە،
2KI 22:6 دارتاش و وەستا و نەقاڕەکان. با دار و بەردی تاشراو بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە بکڕن.
2KI 22:7 بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرێت سەبارەت بەو زیوەی خرایە دەستیان، چونکە بە دەستپاکییەوە کار دەکەن.»
2KI 22:8 ئینجا حیلقیای سەرۆک کاهین بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» حیلقیا پەڕتووکەکەی دایە شافان و ئەویش خوێندییەوە.
2KI 22:9 پاشان شافانی خامەی نهێنی پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «کاربەدەستەکانت زیوی ناو پەرستگاکەیان بەتاڵ کرد و دایانە دەست کرێکار و سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان.»
2KI 22:10 هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای ڕاگەیاند و گوتی: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی دامێ.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشا خوێندییەوە.
2KI 22:11 کاتێک پاشا گوێی لە وشەکانی پەڕتووکی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی.
2KI 22:12 ئینجا پاشا فەرمانی بە حیلقیای کاهین و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەکبۆری کوڕی میخایو و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری پاشا کرد و گوتی:
2KI 22:13 «بڕۆن و لە جیاتی من و ئەم گەلە و لە جیاتی هەموو یەهودا پرسیار لە یەزدان بکەن، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا گڕی گرتووە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان گوێیان لە وشەکانی ئەم پەڕتووکە نەگرت بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی لەسەرمان نووسراوە پەیڕەوی بکەن.»
2KI 22:14 ئینجا حیلقیای کاهین و ئەحیقام و عەکبۆر و شافان و عەسایا چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تیقڤای کوڕی حەرحەسی لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.
2KI 22:15 حولدایش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە،
2KI 22:16 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەوەی لەو پەڕتووکە نووسراوە کە پاشای یەهودا خوێندییەوە.
2KI 22:17 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند، هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.“
2KI 22:18 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت:
2KI 22:19 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەم بوو لە دژی ئێوە کە ئەم شوێنە وێران دەکەم و دانیشتووانەکەی دەبنە مایەی نەفرەت، لەبەردەم یەزدان دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەمم گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2KI 22:20 لەبەر ئەوە من وا دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە بە چاوی خۆت نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنەی دەهێنم.“» ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.
2KI 23:1 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە.
2KI 23:2 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە.
2KI 23:3 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت، هەموو گەلیش پابەندی پەیمانەکە بوون.
2KI 23:4 ئینجا پاشا فەرمانی دا بە حیلقیای سەرۆک کاهین و کاهینەکانی کۆمەڵی دووەم و دەرگاوانەکان کە هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی بۆ بەعل و ئەشێرا و هەموو هێزەکانی ئاسمان دروستکراون، لە پەرستگای یەزدان ببەنە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆرشەلیم لە کێڵگەکانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵەمێشەکەشی ببەنە بێت‌ئێل.
2KI 23:5 کاهینە بتپەرستەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون تاکو لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن، ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند.
2KI 23:6 ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی، کوتای هەتا بووە خۆڵ، خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد.
2KI 23:7 ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون، ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی.
2KI 23:8 یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند، لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع. نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند، ئەوەی لە بەردەم دەروازەی یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە بوو کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە.
2KI 23:9 هەرچەندە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆیان نەبوو بچنە قوربانگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بەڵام لەگەڵ براکانیان نانی فەتیرەیان خوارد.
2KI 23:10 ئینجا تۆفەتی دۆڵی بەن‌هینۆمی گڵاوکرد بۆ ئەوەی کەس کوڕەکەی یان کچەکەی بۆ مۆلەخ وەک قوربانی نەسووتێنێت.
2KI 23:11 ئەو پەیکەری ئەسپانەش کە پاشاکانی پێشووی یەهودا بۆ خۆر تەرخانیان کردبوو، لە دەروازەی پەرستگای یەزدان ڕایماڵین. لە حەوشەکەی نزیک ژوورەکەی ناتان‌مەلەخی کاربەدەست بوون. پاشان یۆشیا گالیسکە تەرخانکراوەکانیشی بە ئاگر سووتاند، کە بۆ پەرستنی خۆر بەکاردەهێنران.
2KI 23:12 ئەو قوربانگایانەشی تێکدا کە پاشاکانی یەهودا لە سەربانی ژووری سەرەوەی ئاحاز دروستیان کردبوو، هەروەها ئەو قوربانگایانەی کە مەنەشە لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان بنیادی نابوون. پاشا لەوێش دووری خستنەوە، وردوخاشی کردن و دار و بەردەکەیان لە دۆڵی قدرۆن بە با کرد.
2KI 23:13 ئەو نزرگانەی سەر بەرزاییش کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمن لەلای باشووری گردی گەندەڵین، ئەوانەی کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل بنیادی نان بۆ عەشتۆرەتی خواژنە قێزەونی سەیدائییەکان و کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان، پاشا هەموویانی گڵاوکرد.
2KI 23:14 یۆشیا بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە، شوێنەکانی بە ئێسکی خەڵک پڕکردەوە.
2KI 23:15 هەروەها ئەو قوربانگایەی لە بێت‌ئێلە، ئەو نزرگەیەی سەر بەرزایی کە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات دروستی کرد، ئەوەی بەهۆیەوە ئیسرائیلی تووشی گوناه کرد، یۆشیا ئەو قوربانگایە و ئەو نزرگەیەی سەر بەرزاییشی ڕووخاند، نزرگەکەی سووتاند و کوتای هەتا بووە خۆڵ، ستوونە ئەشێراکەشی سووتاند.
2KI 23:16 ئینجا یۆشیا ئاوڕی دایەوە و ئەو گۆڕانەی بینی کە لەوێ لە چیاکە بوون، ناردی و ئێسکەکانی لە گۆڕەکانەوە برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی و گڵاوی کرد، بەپێی ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە پیاوەکەی خودا بانگەوازی پێی کرد، ئەوەی بانگەوازی بەم فەرمایشتە کرد.
2KI 23:17 ئینجا پاشا پرسیاری کرد: «ئەو کێلی گۆڕە چییە لەوێ دەیبینم؟» پیاوانی شارەکەش گوتیان: «ئەوە گۆڕی ئەو پیاوەی خودایە کە لە یەهوداوە هات و هەموو ئەو شتانەی ڕاگەیاند کە تۆ لە دژی قوربانگاکەی بێت‌ئێل کردت.»
2KI 23:18 پاشا گوتی: «لێیگەڕێن، کەس ئێسکەکانی نەجوڵێنێت.» جا وازیان لە ئێسکەکانی ئەو هێنا لەگەڵ ئێسکەکانی ئەو پێغەمبەرەی کە لە سامیرەوە هاتبوو.
2KI 23:19 هەروەها یۆشیا هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کە شارۆچکەکانی سامیرە بوون، ئەوانەی پاشاکانی ئیسرائیل بۆ پەستکردنی یەزدان دروستیان کردبوو، تێکی دان و هەموو ئەوەی پێکردن کە لە بێت‌ئێل کردبووی.
2KI 23:20 هەموو کاهینەکانی نزرگەکانی سەر بەرزاییش کە لەوێ بوون لەسەر قوربانگاکان سەری بڕین، ئێسکی مرۆڤی لەسەر قوربانگاکان سووتاند و پاشان گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
2KI 23:21 پاشا فەرمانی بە هەموو گەل دا و گوتی: «جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، وەک ئەوەی لەم پەڕتووکی پەیمانەدا نووسراوە.»
2KI 23:22 جەژنی پەسخەی ئاوا نەکراوە، نە لە سەردەمی ڕابەران کە دادوەریێتی ئیسرائیلیان کردووە و نە لە هەموو سەردەمەکانی پاشاکانی ئیسرائیل و پاشاکانی یەهودا.
2KI 23:23 بەڵام لە ساڵی هەژدەیەمینی یۆشیای پاشا ئەم جەژنەی پەسخە لە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان گێڕدرا.
2KI 23:24 هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن، بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە.
2KI 23:25 هیچ پاشایەک لەپێش خۆی وەکو یۆشیا نەبوو، کە بە هەموو دڵ و گیان و هێزییەوە بگەڕێتەوە لای یەزدان، بەپێی هەموو تەوراتی موسا، لەپاش ئەویش کەسی وەک خۆی نەبوو.
2KI 23:26 بەڵام گڕی تووڕەییە مەزنەکەی یەزدان دانەمرکایەوە، چونکە تووڕەییەکەی بەسەر یەهوداوە گڕی گرتبوو بەهۆی هەموو ئەو کارانەی کە مەنەشە یەزدانی پێ پەست کردبوو.
2KI 23:27 ئیتر یەزدان فەرمووی: «هەروەها یەهوداش لەبەردەمم لادەبەم، هەروەک چۆن ئیسرائیلم لابرد، ئەم شارەش کە هەڵمبژارد، ئۆرشەلیم، لەگەڵ ئەو پەرستگایە ڕەت دەکەمەوە کە گوتم: ”ناوی من لەوێ دەبێت“.»
2KI 23:28 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 23:29 لە سەردەمی پاشایەتیی یۆشیا، نێخۆی فیرعەونی میسر چوو لەلای ڕووباری فورات یارمەتی پاشای ئاشور بدات. یۆشیا پاشا چوو بەرەنگاری بێتەوە، بەڵام نێخۆ لە مەگیدۆ ڕووبەڕووی بووەوە و کوشتی.
2KI 23:30 خزمەتکارەکانی بە مردوویی لە مەگیدۆوە خستیانە ناو گالیسکەوە و هێنایانە ئۆرشەلیم، لە گۆڕەکەی خۆیدا ناشتیان. ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و دەستنیشانیان کرد، لە جێی باوکی کردیانە پاشا.
2KI 23:31 یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی حەموتەلی کچی یەرمیا بوو، خەڵکی لیڤنا بوو.
2KI 23:32 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.
2KI 23:33 جا نێخۆی فیرعەون لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات بەندی کرد، تاکو لە ئۆرشەلیم پاشایەتی نەکات. هەروەها سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو و تالنتێک زێڕ.
2KI 23:34 هەروەها نێخۆی فیرعەون ئەلیاقیمی کوڕی یۆشیای لە جێی یۆشیای باوکی کردە پاشا و ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، یەهۆئاحازیشی بردە میسر و لەوێ مرد.
2KI 23:35 یەهۆیاقیم بۆ ئەوەی زێڕ و زیوەکە بداتە فیرعەون کە داوای لێی کردبوو باجی خستە سەر خاکەکە بۆ کۆکردنەوەی زێڕ و زیو لە خەڵکەکە بەگوێرەی توانایان، ئەو زێڕ و زیوە بدەنە نێخۆی فیرعەون.
2KI 23:36 یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی زەڤیدای کچی پەدایا بوو، خەڵکی ڕومە بوو.
2KI 23:37 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.
2KI 24:1 لە سەردەمی پاشایەتیی یەهۆیاقیم نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشی کردە سەری، یەهۆیاقیم سێ ساڵ ملکەچی بوو، بەڵام پاشان هەڵگەڕایەوە و لێی یاخی بوو.
2KI 24:2 جا یەزدان چەتەکانی بابلی و ئارامی و مۆئابی و عەمۆنییەکانی ناردە سەری، ئەوانی ناردە سەر یەهودا تاکو بەپێی ئەو وشەیەی یەزدان کە لەسەر دەستی بەندە پێغەمبەرەکانی فەرمووبووی لەناوی ببەن.
2KI 24:3 بێگومان ئەوەش بەپێی فەرمانی یەزدان بوو لەسەر یەهودا، بۆ ئەوەی بەهۆی گوناهەکانی مەنەشەوە لەبەردەمی خۆی لایانببات، بەهۆی هەموو ئەوەی کردی.
2KI 24:4 هەروەها بەهۆی ئەو خوێنە بێتاوانەی کە ڕشتی و ئۆرشەلیمیشی پڕکرد لە خوێنی بێتاوان، ئینجا یەزدان نەیویست بیبەخشێت.
2KI 24:5 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
2KI 24:6 یەهۆیاقیم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2KI 24:7 پاشای میسریش جارێکی دیکە لە خاکەکەی خۆی دەرنەچوو، چونکە پاشای بابل لە دۆڵی میسرەوە هەتا ڕووباری فوراتی داگیر کردبوو، هەموو ئەو خاکەی کە هی پاشای میسر بوو.
2KI 24:8 یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی نەحوشتای کچی ئەلناتان بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
2KI 24:9 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک هەموو ئەوەی باوکی کردبووی.
2KI 24:10 لەو کاتەدا ئەفسەرەکانی نەبوخودنەسری پاشای بابل چوونە سەر ئۆرشەلیم و شارەکەیان گەمارۆ دا.
2KI 24:11 ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل خۆی هاتە سەر شارەکە، لە کاتێکدا ئەفسەرەکانی گەمارۆیان دابوو.
2KI 24:12 یەهۆیاکینی پاشای یەهودا لەگەڵ دایکی و خزمەتکارەکانی و میرەکانی و کاربەدەستانی خۆیان ڕادەستی پاشای بابل کرد. لە ساڵی هەشتەمی پاشایەتی نەبوخودنەسر پاشای بابل، یەهۆیاکینی دەستگیر کرد.
2KI 24:13 پاشان نەبوخودنەسر هەموو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای بەتاڵ کرد، هەموو ئەو قاپوقاچاغە زێڕینانەشی برد کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل لە پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، هەروەک یەزدان فەرمووی.
2KI 24:14 هەموو ئۆرشەلیم، بگرە هەموو ئەفسەر و جەنگاوەر و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ڕاپێچ کرد، کە دە هەزار ڕاپێچکراو بوون. کەس نەمایەوە جگە لە ڕەشوڕووتەکانی گەلی خاکەکە.
2KI 24:15 نەبوخودنەسر یەهۆیاکینیشی ڕاپێچی بابل کرد، لەگەڵ دایکی پاشا و ژنەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی و ڕابەرانی خاکەکە، لە ئۆرشەلیم بە دیلی گرتن و بۆ بابل ڕاپێچی کردن.
2KI 24:16 هەروەها پاشای بابل هەموو جەنگاوەرە توانادارەکانی دەستگیر کرد کە ژمارەیان حەوت هەزار بوو، هەروەها پیشەوەر و زێڕنگەرە شارەزاکانیش هەزار کەس بوون، هەموو پاڵەوانەکانی جەنگی ڕاپێچی بابل کرد.
2KI 24:17 پاشای بابل مەتەنیای مامی یەهۆیاکینی لە جێیەکەی کردە پاشا و ناوەکەشی گۆڕی بۆ سدقیا.
2KI 24:18 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.
2KI 24:19 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.
2KI 24:20 لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن. ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.
2KI 25:1 ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا.
2KI 25:2 هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.
2KI 25:3 لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن.
2KI 25:4 ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. پاشا و ئەوانەی لەگەڵی بوون بە ڕێگای عەراڤادا هەڵاتن،
2KI 25:5 بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن. هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو،
2KI 25:6 جا پاشایان بە دیل گرت. بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لەوێ دادگاییان کرد.
2KI 25:7 کوڕەکانی سدقیایان لەبەرچاوی خۆی کوشت، پاشان هەردوو چاویشیان دەرهێنا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیانە بابل.
2KI 25:8 لە حەوتی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی ئیمپراتۆر کە کاربەدەستی پاشای بابل بوو، هاتە ئۆرشەلیم.
2KI 25:9 پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند.
2KI 25:10 شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون.
2KI 25:11 پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵ پاشای بابل لەگەڵ پاشماوەی خەڵکەکە، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن.
2KI 25:12 بەڵام فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.
2KI 25:13 کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد.
2KI 25:14 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات.
2KI 25:15 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەموو ئەو شتانەی برد کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، بخووردان و تاسیشی برد.
2KI 25:16 بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە کە سلێمان بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات.
2KI 25:17 هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ درێژییەکەی بوو. تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە سێ باڵ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ کەتیبەکەی.
2KI 25:18 فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت.
2KI 25:19 لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، پێنج ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی سوپاسالاری گرت، ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن.
2KI 25:20 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە، بۆ لای پاشای بابل.
2KI 25:21 پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی. ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.
2KI 25:22 بەڵام ئەو خەڵکەی لە خاکی یەهودا مانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل هێشتنییەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کرد بە لێپرسراویان.
2KI 25:23 کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کردووە بە فەرمانڕەوا، هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، ئەوانیش ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و سەرایای کوڕی تەنحومەتی نەتۆفایی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان.
2KI 25:24 گەدەلیاهوش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «لە کاربەدەستانی بابلییەکان مەترسن، لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت.»
2KI 25:25 بەڵام لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، لەگەڵ دە پیاو هات و گەدەلیاهویان کوشت، هەروەها ئەو پیاوانەی یەهودا و ئەو بابلییانەشیان کوشت کە لە میچپا لەگەڵی بوون.
2KI 25:26 ئینجا هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە و سەرکردەکانی سوپا هەستان و چوونە میسر، چونکە لە بابلییەکان ترسان.
2KI 25:27 لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و حەوتی مانگی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد.
2KI 25:28 بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون.
2KI 25:29 ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد.
2KI 25:30 بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشاوە پێدەدرا.
1CH 1:1 ئادەم، شیت، ئەنۆش،
1CH 1:2 قێنان، مەهلەلئێل، یارەد،
1CH 1:3 حەنۆخ، مەتوشالح، لامەخ و نوح.
1CH 1:4 کوڕەکانی نوح: سام، حام و یافەت.
1CH 1:5 کوڕەکانی یافەت: گۆمەر، ماگۆگ، مادەی، یاڤان، توبال، مەشەک و تیراس.
1CH 1:6 کوڕەکانی گۆمەر: ئەشکەنەز، ڕیفەت و تۆگەرما.
1CH 1:7 کوڕەکانی یاڤان: ئەلیشا، تەرشیش، کیتیم و ڕۆدانیم.
1CH 1:8 کوڕەکانی حام: کوش، میسر، پووت و کەنعان.
1CH 1:9 کوڕەکانی کوش: سەبا، حەڤیلا، سەڤتا، ڕەعما و سەبتەکا. کوڕەکانی ڕەعما: شەبا و دیدان.
1CH 1:10 نەمرود لە نەوەی کوش لەدایکبوو، کە بووە جەنگاوەرێکی مەزن لەسەر زەوی.
1CH 1:11 میسر باوکی لوودی، عەنامی، لەهابی، نەفتوحی،
1CH 1:12 پاتروسی و کەفتۆری بوو، هەروەها باوکی کەسلوحییەکانیش بوو کە فەلەستییەکانیان لێ کەوتنەوە.
1CH 1:13 کەنعان باوکی سەیدا بوو، کە نۆبەرەکەی بوو، لەگەڵ حیتییەکان،
1CH 1:14 هەروەها یەبوسی، ئەمۆری، گرگاشی،
1CH 1:15 حیڤی، عەرقی، سینی،
1CH 1:16 ئەرڤادی، چیماری و حەماتییەکانیشی بوو.
1CH 1:17 کوڕەکانی سام: ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام. کوڕەکانی ئارام: عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک.
1CH 1:18 ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو، شالەحیش باوکی عێبەر بوو،
1CH 1:19 عێبەریش دوو کوڕی بوو، یەکێکیان ناوی پەلەگ بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو.
1CH 1:20 یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو: ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت، یارەح،
1CH 1:21 هەدۆرام، ئوزال، دیقلە،
1CH 1:22 عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا،
1CH 1:23 ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. هەموو ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون.
1CH 1:24 سام، ئەرپەکشاد، شالەح،
1CH 1:25 عێبەر، پەلەگ، ڕەعو،
1CH 1:26 سەروگ، ناحۆر، تارەح و
1CH 1:27 ئەبرام، کە ئیبراهیمە.
1CH 1:28 کوڕەکانی ئیبراهیم: ئیسحاق و ئیسماعیل.
1CH 1:29 ئەمانەش نەوەکانیانن: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار، ئەدبەئێل، میبسام،
1CH 1:30 میشماع، دوما، مەسسا، حەدەد، تێما،
1CH 1:31 یەتور، نافیش و قێدما، ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون.
1CH 1:32 قەتورە کە کەنیزەی ئیبراهیم بوو ئەم کوڕانەی هەبوو: زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەح. کوڕەکانی یۆقشانیش: شەبا و دیدان.
1CH 1:33 کوڕەکانی میدیان: عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.
1CH 1:34 ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. کوڕەکانی ئیسحاق: عیسۆ و ئیسرائیل.
1CH 1:35 کوڕەکانی عیسۆ: ئەلیفاز، ڕەعوئێل، یەعوش، یەعلام و قۆرەح.
1CH 1:36 کوڕەکانی ئەلیفاز: تێمان، ئۆمار، چەفۆ، گەعتام و قەنەز؛ هەروەها لە ئەلیفاز تیمنەع عەمالێقی بوو.
1CH 1:37 کوڕەکانی ڕەعوئێل: نەحەت، زەرەح، شەمما و میزا.
1CH 1:38 کوڕەکانی سێعیر: لۆتان، شۆڤاڵ، چیبعۆن، عەنا، دیشۆن، ئێچەر و دیشان.
1CH 1:39 کوڕەکانی لۆتان: حۆری و هۆمام. تیمنەعیش خوشکی لوتان بوو.
1CH 1:40 کوڕەکانی شۆڤاڵ: عەلڤان، مانەحەت، عێبال، شەفۆ و ئۆنام. کوڕەکانی چیبعۆن: ئەییا و عەنا.
1CH 1:41 کوڕەکەی عەنا: دیشۆن. کوڕەکانی دیشۆن: حەمدان، ئەشبان، یەتران و کران.
1CH 1:42 کوڕەکانی ئێچەر: بلهان، زەعەڤان و عەقان. کوڕەکانی دیشان: عوچ و ئەران.
1CH 1:43 ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە لە خاکی ئەدۆم پاشایەتییان دەکرد پێش ئەوەی هیچ پاشایەکی ئیسرائیلی پاشایەتی بکات: بەلەعی کوڕی بەعۆر، ناوی شارەکەشی دینهابە بوو.
1CH 1:44 کە بەلەع مرد، یۆڤاڤی کوڕی زەرەحی خەڵکی بۆزرا وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
1CH 1:45 کە یۆڤاڤ مرد، حوشامی خەڵکی خاکی تێمانییەکان وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
1CH 1:46 کە حوشام مرد، هەدەدی کوڕی بەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە، لە وڵاتی مۆئاب شکستی بە میدیان هێنا. ناوی شارەکەشی عەڤیت بوو.
1CH 1:47 کە هەدەد مرد، سەمڵەی خەڵکی مەسرێقە وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
1CH 1:48 کە سەمڵە مرد، شائوولی خەڵکی ڕەحۆبۆت، ئەو شارەی لە کەناری ڕووبار بوو، وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
1CH 1:49 کە شائوول مرد، بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
1CH 1:50 کە بەعل‌حانان مرد، هەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی پاعوو بوو، ژنەکەشی ناوی میهێتەبێل بوو، کچی مەترێدی کچی مێزاهاب بوو.
1CH 1:51 ئینجا هەدەدیش مرد. میرەکانی ئەدۆم ئەمانە بوون: تیمنەع، عەلڤا، یەتێت،
1CH 1:52 ئۆهۆلیبامە، ئێلە، پینۆن،
1CH 1:53 قەنەز، تێمان، میبسار،
1CH 1:54 مەگدئێل و عیرام. ئەمانە میرەکانی ئەدۆم بوون.
1CH 2:1 ئەمانەش کوڕەکانی ئیسرائیلن: ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار، زەبولون،
1CH 2:2 دان، یوسف، بنیامین، نەفتالی، گاد و ئاشێر.
1CH 2:3 کوڕەکانی یەهودا: ئێر، ئۆنان و شالەح، کە هەرسێکیان لە کچەکەی شوەعی کەنعانی بوون. ئێر کوڕە نۆبەرەکەی یەهودا لەبەرچاوی یەزدان کەسێکی خراپەکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.
1CH 2:4 تاماری بووکیشی، پێرێز و زەرەحی بوو. ئەمانە هەر پێنج کوڕەکەی یەهودا بوون.
1CH 2:5 کوڕەکانی پێرێز: حەسرۆن و حامول.
1CH 2:6 کوڕەکانی زەرەح: زیمری، ئێیتان، هێیمان، کەلکۆل و دەردەع، هەموویان پێنج بوون.
1CH 2:7 کوڕەکەی کەرمی: عاخار کە تێکدەری ئیسرائیل بوو، ئەوەی کە ناپاکی کرد و شتە تەرخانکراوەکانی برد.
1CH 2:8 کوڕەکەی ئێیتان: عەزەریا بوو.
1CH 2:9 حەسرۆن ئەم کوڕانەی خستەوە: یەرەحمێل، ڕام و کالێب.
1CH 2:10 ڕام عەمینادابی بوو، عەمیناداب نەحشۆنی بوو سەرۆکی نەوەی یەهودا.
1CH 2:11 نەحشۆن سەلمۆنی بوو و سەلمۆن بۆعەزی بوو،
1CH 2:12 بۆعەز عوبێدی بوو و عوبێد یەسای بوو.
1CH 2:13 یەسا باوکی ئەمانە بوو: ئەلیاب کوڕە نۆبەرەکەی؛ دووەمین ئەبیناداب، سێیەمین شیمەعە،
1CH 2:14 چوارەمین نەتەنێل، پێنجەمین ڕەدەی،
1CH 2:15 شەشەمین ئۆچەم و حەوتەمین داود.
1CH 2:16 هەروەها خوشکەکانیان چەرویا و ئەبیگایل بوون، چەرویا سێ کوڕی هەبوو: ئەبیشەی، یۆئاب و عەساهێل.
1CH 2:17 ئەبیگایل عەماسای لێبوو، باوکی عەماسا یەتەری ئیسماعیلی بوو.
1CH 2:18 کالێبی کوڕی حەسرۆن لە عەزوڤای ژنی و لە یەریعۆت منداڵی بوو، کچێک بە ناوی یەریعۆت و سێ کوڕ بەم ناوانە: یێشەر، شۆڤاڤ و ئەردۆن.
1CH 2:19 کە عەزوڤا مرد، کالێب ئەفراتی هێنا و حووری بۆ خستەوە.
1CH 2:20 حووری ئوری بوو و ئوری بەسەلئێلی بوو.
1CH 2:21 پاشان حەسرۆن لە تەمەنی شەست ساڵیدا کچەکەی ماکیری باوکی گلعادی هێنا و لەگەڵی جووت بوو، ئەویش سگوڤی بۆ خستەوە.
1CH 2:22 سگوڤ یائیری بوو کە بیست و سێ شارۆچکەی لە خاکی گلعاددا لەژێر دەستدا بوو.
1CH 2:23 بەڵام گەشوور و ئارام، حەڤۆت یائیریان لێ داگیر کرد لەگەڵ قەنات و دەوروبەری کە شەست شارۆچکە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی ماکیری باوکی گلعاد بوون.
1CH 2:24 پاش مردنی حەسرۆن لە کالێب ئەفراتەدا، ئەبیای ژنی حەسرۆن ئەشحووری باوکی تەقۆعەی بۆ خستەوە.
1CH 2:25 کوڕەکانی یەرەحمێلی نۆبەرەی حەسرۆن: ڕام کە کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان بونا، ئۆرەن، ئۆچەم و ئاحییا.
1CH 2:26 یەرەحمێل ژنێکی دیکەی هەبوو ناوی عەتارا بوو و دایکی ئۆنام بوو.
1CH 2:27 کوڕەکانی ڕامی نۆبەرەی یەرەحمێل: مەعەچ، یامین و عێقەر.
1CH 2:28 کوڕەکانی ئۆنام: شەمەی و یاداع. کوڕەکانی شەمەی: ناداب و ئەبیشوور.
1CH 2:29 ناوی ژنەکەی ئەبیشووریش ئەبیهەیل بوو و ئەحبان و مۆلیدی بۆ خستەوە.
1CH 2:30 کوڕەکانی ناداب: سەلەد و ئەپەیم. سەلەد بە وەجاخکوێری مرد.
1CH 2:31 کوڕەکەی ئەپەیم یەشعی بوو، کوڕەکەی یەشعیش شێشان بوو، کوڕەکەی شێشانیش ئەحلای بوو.
1CH 2:32 کوڕەکانی یاداعی برای شەمەی: یەتەر و یۆناتان. یەتەر بە وەجاخکوێری مرد.
1CH 2:33 کوڕەکانی یۆناتان: پەلەت و زازا. ئەمانە نەوەی یەرەحمێل بوون.
1CH 2:34 شێشان هیچ کوڕی نەبوو و تەنها کچی هەبوو. شێشان خزمەتکارێکی میسری هەبوو ناوی یەرحاع بوو.
1CH 2:35 شێشان کچێکی خۆی دا بە یەرحاعی خزمەتکاری ببێت بە ژنی، جا عەتەیی بۆ خستەوە.
1CH 2:36 عەتەی ناتانی بوو، ناتان زاڤادی بوو،
1CH 2:37 زاڤاد ئەفلالی بوو، ئەفلال عوبێدی بوو،
1CH 2:38 عوبێد یێهوی بوو، یێهو عەزەریای بوو،
1CH 2:39 عەزەریا حەلەچی بوو، حەلەچ ئەلیعاسای بوو،
1CH 2:40 ئەلیعاسا سیسمەیی بوو، سیسمەی شەلومی بوو،
1CH 2:41 شەلوم یەقەمیای بوو و یەقەمیاش ئەلیشاماعی بوو.
1CH 2:42 کوڕەکانی کالێبی برای یەرەحمێل: مێشا کوڕە نۆبەرەکەی ئەوەی کە باوکی زیف بوو و ئەوی دیکەیان مارێشا کە باوکی حەبرۆن بوو.
1CH 2:43 کوڕەکانی حەبرۆن: قۆرەح، تەپووەح، ڕاقەم و شەمەع.
1CH 2:44 شەمەع ڕەحەمی بوو کە باوکی یۆرقاعام بوو و ڕاقەم شەمەی بوو.
1CH 2:45 کوڕەکەی شەمەی ماعۆن بوو و ماعۆنیش باوکی بێت‌چوور بوو.
1CH 2:46 هەروەها عێفای کەنیزەی کالێب حاران، مۆچا و گەزێزی بوو، هەروەها حارانیش گەزێزی بوو.
1CH 2:47 کوڕەکانی یاهدای ڕەگەم، یۆتام، گێشان، پالەت، عێفا و شەعەف بوون.
1CH 2:48 مەعکای کەنیزەی کالێبیش، شەڤەر و تیرحەنای بوو،
1CH 2:49 هەروەها ئەمانەشی بوو: شەعەفی باوکی مەدمەنا، شێڤای باوکی مەخبێنا، باوکی گیبعا و کچەکەی کالێبیش کە ناوی عەکسا بوو.
1CH 2:50 ئەمانە نەوەی کالێب بوون. کوڕەکانی حوور کە نۆبەرەی ئەفراتە بوو: شۆڤاڵی باوکی قیریەت یەعاریم،
1CH 2:51 سەلمای باوکی بێت‌لەحم و حارێفی باوکی بێت‌گادێر.
1CH 2:52 نەوەکانی شۆڤاڵی باوکی قیریەت یەعاریمیش ئەمانە بوون: هەرۆئە و نیوەی مانەحەتییەکان و
1CH 2:53 خێڵەکانی قیریەت یەعاریم کە یەسری، پوتی، شوماتی و مشراعی بوون. لەمانەوە چۆرعاتی و ئەشتائۆلییەکان کەوتنەوە.
1CH 2:54 نەوەی سەلما: بێت‌لەحم، نەتۆفاییەکان، عەترۆت بێت‌یۆئاڤ، چۆرعییەکان و نیوەی مانەحەتییەکان،
1CH 2:55 هەروەها خێڵە قەڵەمگرەکانی دانیشتووی ناوچەی یەعبێچ ئەمانە بوون: تیرعاتییەکان، شیمەعاتییەکان و سوکاتییەکان. ئەمانە ئەو قێنییانە بوون کە لە حەممەتی باوکی بنەماڵەی ڕێکابەوە هاتبوون.
1CH 3:1 ئەمانەش کوڕەکانی داودن کە لە حەبرۆن لەدایک بوون: ئەمنۆن کوڕی نۆبەرەی بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛ دووەمیان دانیال کە لە ئەبیگایلی کارمەلی بوو؛
1CH 3:2 سێیەمیان ئەبشالۆمی کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور، چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس،
1CH 3:3 پێنجەمیان شەفەتیا کە لە ئەبیتەل بوو، شەشەمیان یەترعام کە لە عەگلای ژنی بوو.
1CH 3:4 داود لە حەبرۆن ئەم شەش منداڵەی بوو، لەوێش حەوت ساڵ و شەش مانگ پاشایەتی کرد. داود سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
1CH 3:5 ئەم منداڵانەشی لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان و سلێمان هەر چواریان لە بەتشەبەعی کچی عەمیێلەوە بوون.
1CH 3:6 هەروەها ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلیفەلەت،
1CH 3:7 نۆگە، نەفەگ، یافیع،
1CH 3:8 ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت کە نۆ منداڵ بوون.
1CH 3:9 هەموو ئەمانە کوڕانی داود بوون، بێجگە لە کوڕانی کەنیزەکان و تاماری خوشکیان.
1CH 3:10 کوڕەکەی سلێمان ناوی ڕەحەڤەعام بوو، ئەبیا کوڕی ڕەحەڤەعام، ئاسا کوڕی ئەبیا، یەهۆشافات کوڕی ئاسا،
1CH 3:11 یەهۆرام کوڕی یەهۆشافات، ئەحەزیا کوڕی یەهۆرام، یۆئاش کوڕی ئەحەزیا،
1CH 3:12 ئەمەسیا کوڕی یۆئاش، عەزەریا کوڕی ئەمەسیا، یۆتام کوڕی عەزەریا،
1CH 3:13 ئاحاز کوڕی یۆتام، حەزقیا کوڕی ئاحاز، مەنەشە کوڕی حەزقیا،
1CH 3:14 ئامۆن کوڕی مەنەشە و یۆشیا کوڕی ئامۆن.
1CH 3:15 کوڕەکانی یۆشیا: یۆحانان کوڕە نۆبەرەکەی بوو، دووەمیان یەهۆیاقیم و سێیەمیان سدقیا و چوارەمیشیان شەلوم بوو.
1CH 3:16 ئەوانەی کە وەک پاشا جێگەی یەهۆیاقیمیان گرتەوە: یەهۆیاکین کە کوڕی یەهۆیاقیم بوو، دوای ئەویش سدقیا جێگەی یەهۆیاکینی گرتەوە.
1CH 3:17 نەوەکانی یەهۆیاکینی دیل: شەئەلتیێلی کوڕی،
1CH 3:18 هەروەها مەلکیرام، پەدایا، شەنئەچەر، یەقەمیا، هۆشاماع و نەدەڤیا.
1CH 3:19 کوڕەکانی پەدایا: زروبابل و شیمعی. کوڕەکانی زروبابل: مەشولام و حەنەنیا و شەلۆمیتی خوشکیان.
1CH 3:20 هەروەها زروبابل پێنج کوڕی دیکەی هەبوو: حەشوڤا، ئۆهەل، بەرەخیا، حەسەدیا و یوشەڤ‌حەسەد.
1CH 3:21 نەوەکانی حەنەنیا: پەلەتیا و یەشەعیا، هەروەها کوڕانی ڕەفایا، کوڕانی ئەرنان، کوڕانی عۆبەدیا و کوڕانی شەخەنەیا.
1CH 3:22 کوڕەکانی شەخەنەیا شەش بوون: شەمەعیای کوڕی و نەوەکانی: حەتوش، یەگال، بارییەح، نەعەریا و شافات.
1CH 3:23 کوڕەکانی نەعەریا: ئەلیۆعێنەی، حیزقیا و عەزریقام، سێ بوون.
1CH 3:24 کوڕەکانی ئەلیۆعێنەی: هۆدەڤیا، ئەلیاشیڤ، پەلایا، عەقوڤ، یۆحانان، دەلایا و عەنانی، حەوت بوون.
1CH 4:1 نەوەکانی یەهودا: پێرێز، حەسرۆن، کەرمی، حوور و شۆڤاڵ.
1CH 4:2 ڕەئایای کوڕی شۆڤاڵیش یەحەتی بوو، یەحەتیش ئەحومەی و لاهەدی بوو، لەمانیشەوە خێڵەکانی چۆرعاتی دروستبوون.
1CH 4:3 ئەمانەش کوڕەکانی عێتام بوون: یەزرەعیل، یەشما و یەدباش، ناوی خوشکەکەشیان هەچەلەلپۆنی بوو.
1CH 4:4 پەنوئێلیش باوکی گەدۆر و عێزەریش باوکی حوشا بوو. ئەمانە نەوەکانی حووری نۆبەرەی ئەفراتەی باوکی بێت‌لەحم بوون.
1CH 4:5 ئەشحووری باوکی تەقۆعە دوو ژنی هەبوو، حەلا و نەعەرا.
1CH 4:6 نەعەراش ئەحوزام، حێفەر، تێمەنی و هەئەهەشتاری بۆ خستەوە، ئەمانە نەوەکانی نەعەرا بوون.
1CH 4:7 کوڕەکانی حەلا: چەرەت، چۆحەر و ئەتنان.
1CH 4:8 قۆچیش باوکی عانوڤ و هەچۆڤێڤا بوو، هەروەها باپیرە گەورەی خێڵەکانی ئەحەرحێلی کوڕی هاروم بوو.
1CH 4:9 یەعبێچیش لە براکانی پایەدارتر بوو و دایکیشی ناوی لێنا یەعبێچ و گوتی: «لەبەر ئەوەی بە ئازارەوە بووم.»
1CH 4:10 یەعبێچ بۆ خودای ئیسرائیل هاواری کرد و گوتی: «خۆزگە بەڕاستی بەرەکەتدارت دەکردم و سنوورەکانت فراوان دەکردم! با دەستت لەگەڵمدا بێت و لە خراپە بمپارێزیت، تاکو ئازار نەچێژم.» خوداش ئەوەی پێدا کە داوای کرد.
1CH 4:11 کەلووڤی برای شوحاش مەحیری بوو، مەحیریش باوکی ئەشتۆن بوو،
1CH 4:12 ئەشتۆنیش بێت‌ڕافا و پاسێیەح و تەحینای باوکی عیر ناحاشی بوو. ئەمانەش پیاوانی ڕێخا بوون.
1CH 4:13 کوڕەکانی قەنەز: عۆسنیێل و سەرایا. کوڕەکانی عۆسنیێل: حەتەت و مەعۆنۆتەی.
1CH 4:14 مەعۆنۆتەیش عۆفرای بوو و سەرایاش یۆئابی بوو، کە باوکی گێی حەراشیم بوو، شوێنەکەش ناوی ئەوە بوو، چونکە دانیشتووانەکەی پیشەوەر بوون.
1CH 4:15 کوڕەکانی کالێبی کوڕی یەفونە: عیرو، ئێلە و نەعەم. کوڕەکەی ئێلە ناوی قەنەز بوو.
1CH 4:16 کوڕەکانی یەهەلەلئێل: زیف، زیفا، تیریا و ئەسەرئێل.
1CH 4:17 کوڕەکانی عەزرە: یەتەر، مەرەد، عێفەر و یالۆن. یەکێک لە ژنەکانی مەرەد بە مریەم و شەمەی و یەشباحی باوکی ئەشتەمۆعی سکی پڕ بوو،
1CH 4:18 ئەمانە کوڕەکانی بیتیای کچی فیرعەون بوون، کە مەرەد هێنای، ئەو ژنەشی کە لە هۆزی یەهودا بوو، یەرەدی باوکی گەدۆر و حەڤەری باوکی سۆخۆ و یەقوتیێلی باوکی زانۆوەحی خستەوە.
1CH 4:19 هۆدیا خوشکی نەحەمی هێنا و ئەم کوڕانەی بوو: باوکی قەعیلای گارمی و ئەشتەمۆعی مەعکاتی.
1CH 4:20 کوڕەکانی شیمۆن: ئەمنۆن، ڕینا، بەن‌حانان و تیلۆن. نەوەکانی یەشعی: زۆحێت و بەن‌زۆحێت.
1CH 4:21 کوڕەکانی شالەحی کوڕی یەهودا ئەمانە بوون: ئێری باوکی لێخا؛ لەعدای باوکی مارێشا، هەروەها باپیرە گەورەی ئەو بنەماڵانە بوو کە کاری کەتانیان دەکرد و لە بێت‌ئەشبێعە دەژیان؛
1CH 4:22 یۆقیم؛ خەڵکی کوزێڤا؛ لەگەڵ یۆئاش و ساراف، ئەوانەی کە لە مۆئاب و یاشوڤی لەحەم فەرمانڕەوایەتییان دەکرد. ئەم ڕەچەڵەکنامەیە لە کۆنەوە تۆمار کرابوو.
1CH 4:23 ئەوانە ئەو گۆزەکەرانە بوون کە دانیشتووانی نەتاعیم و گەدێرا بوون، لەوێدا نیشتەجێ بوون و کاریان بۆ پاشا دەکرد.
1CH 4:24 نەوەکانی شیمۆن: نەموئێل، یامین، یاریڤ، زەرەح و شائوول.
1CH 4:25 شەلوم کوڕی شائوول بوو، میبسام کوڕی شەلوم، میشماع کوڕی میبسام.
1CH 4:26 نەوەکانی میشماع: حەموئێل کوڕی میشماع، زەکور کوڕی حەموئێل، شیمعی کوڕی زەکور.
1CH 4:27 شیمعیش شازدە کوڕ و شەش کچی هەبوو، بەڵام براکانی کوڕی زۆریان نەبوو و هەموو خێڵەکانیشیان وەک نەوەی یەهودا زیادیان نەکرد.
1CH 4:28 لە بیری شابەع، لە مۆلادا، لە حەچەر شوعال،
1CH 4:29 لە بیلهە، لە عەچەم، لە تۆلاد،
1CH 4:30 لە بتوئێل، لە حۆرما، لە چیقلەگ،
1CH 4:31 لە بێت‌مەرکاڤۆت، لە حەچەر سوسیم، لە بێت‌برئی و لە شەعەرایم نیشتەجێ بوون. ئەمانە شارۆچکەکانیان بوون، هەتا کاتی بەپاشابوونی داود.
1CH 4:32 دەوروبەریشیان عێتام، عەین، ڕیمۆن، تۆخەن و عاشان، واتا پێنج شارۆچکە بوون،
1CH 4:33 لەگەڵ هەموو گوندەکانیان لە چواردەوری ئەو شارۆچکانە هەتا بەعەلات. ئەمانە شوێنی نیشتەجێبوونیان بوون. ڕەچەڵەکنامەی ئەمانیش تۆمار کرابوو.
1CH 4:34 مەشۆڤاڤ، یەملێک، یۆشای کوڕی ئەمەسیا،
1CH 4:35 یۆئێل، یێهوی کوڕی یۆشیڤیای کوڕی سەرایای کوڕی عەسیێل،
1CH 4:36 هەروەها ئەلیۆعێنەی، یەعقۆڤا، یەشۆحایا، عەسایا، عەدیێل، یەسیمیێل، بەنایا و
1CH 4:37 زیزای کوڕی شیفعیی کوڕی ئەلۆنی کوڕی یەدایای کوڕی شیمریی کوڕی شەمەعیا.
1CH 4:38 ئەوانەی کە ناویان لە سەرەوە تۆمار کراوە سەرۆک خێڵەکانیان بوون. بنەماڵەکانیان زۆر پەلیان هاویشتووە،
1CH 4:39 بۆ گەڕان بەدوای لەوەڕگا بۆ مەڕوماڵاتەکانیان هەتا ڕۆژهەڵاتی دۆڵەکە ڕۆیشتن هەتا گەیشتنە گەدۆر.
1CH 4:40 ئینجا لەوەڕگایەکی بەپیت و چاکیان دۆزییەوە و خاکەکەش بەرفراوان و ئاشتی و ئاسوودەیی تێیدا بەرقەرار بوو، هەروەها هەندێک لە حامییەکان پێشتر لەوێ نیشتەجێ بوون.
1CH 4:41 ئەوانەی کە ناویان تۆمار کراوە، لە ماوەی پاشایەتی حەزقیای پاشای یەهودا هاتن و پەلاماری چادرەکانی حامییەکان و ئەو مەعونییانەیان دا کە لەوێدا بوون و بە تەواوی قڕیان کردن. هەتا ئەمڕۆش هیچ مەعۆنییەکی لێ نییە، بەڵکو لە جێی ئەوان نیشتەجێ بوون، چونکە لەوێدا لەوەڕگای لێبوو بۆ مەڕوماڵاتەکانیان.
1CH 4:42 هەروەها لەوان لە نەوەی شیمۆن پێنج سەد پیاو چوون بۆ ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر، بە ڕابەری کوڕەکانی یەشعی کە ئەمانە بوون: پەلەتیا، نەعەریا، ڕەفایا و عوزیێل.
1CH 4:43 لە پاشماوەی عەمالێقییە هەڵاتووەکانیان دا و هەتا ئەمڕۆ لەوێدا نیشتەجێ بوون.
1CH 5:1 ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی ئیسرائیل بوو، بەڵام کاتێک کە پێخەفی باوکی گڵاوکرد، مافی نۆبەرایەتییەکەی درا بە نەوەی یوسفی کوڕی ئیسرائیل، ئیتر لە ڕەچەڵەکنامە بە نۆبەرە تۆمارنەکرا.
1CH 5:2 هەرچەندە یەهودا لە هەموو براکانی بەهێزتر بوو و پاشایەک لە پشتی ئەو دەرچوو، بەڵام نۆبەرایەتییەکە بۆ یوسف بوو.
1CH 5:3 کوڕەکانی ڕەئوبێنی کوڕە نۆبەرەی ئیسرائیل: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.
1CH 5:4 نەوەکانی یۆئێل: شەمەعیا کوڕی یۆئێل، گۆگ کوڕی شەمەعیا، شیمعی کوڕی گۆگ،
1CH 5:5 میخا کوڕی شیمعی، ڕەئایا کوڕی میخا، بەعل کوڕی ڕەئایا،
1CH 5:6 بئێرە کوڕی بەعل. بئێرەش ئەو کەسە بوو کە تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور ڕاپێچی کرد. بئێرە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو.
1CH 5:7 خزمەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بەپێی تۆمارکردنیان لە ڕەچەڵەکنامە: یەعیێلی سەرکردە، زەکەریا و
1CH 5:8 بەلەعی کوڕی عازازی کوڕی شەمەعی کوڕی یۆئێل. لە عەرۆعێرەوە هەتا نیبۆ و بەعل‌مەعۆن نیشتەجێ بوون.
1CH 5:9 بەرەو ڕۆژهەڵاتیش هەتا دەهاتە بیابانی دەم ڕووباری فورات پەلیان هاویشت، چونکە ئاژەڵەکانیان لە خاکی گلعاددا زۆر ببوون.
1CH 5:10 لە سەردەمی پاشایەتی شاولدا، جەنگیان لە دژی هاجەرییەکان بەرپا کرد و بەزاندنیان و لە خێوەتەکانی هاجەرییەکان نیشتەجێ بوون لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی گلعاددا.
1CH 5:11 نەوەی گادیش لەتەنیشت نەوەی ڕەئوبێنەوە نیشتەجێ بوون لە خاکی باشانەوە هەتا سەلخە:
1CH 5:12 لە باشان یۆئێل سەرکردە و شافام لە پلەی دووەم و یەعنەی و شافات لە پلەی سێیەم بوون.
1CH 5:13 خزمەکانیان بەپێی بنەماڵەکانیان حەوت بوون: میکائیل، مەشولام، شەڤەع، یۆرەی، یەعکان، زیەع و ئێبەر.
1CH 5:14 ئەمانەش کوڕەکانی ئەبیحەیلی کوڕی حوریی کوڕی یارۆحای کوڕی گلعادی کوڕی میکائیلی کوڕی یەشیشەیی کوڕی یەحدۆی کوڕی بووز بوون.
1CH 5:15 ئەحیی کوڕی عەبدیێلی کوڕی گۆنی گەورەی بنەماڵەکانیان بوو.
1CH 5:16 جا گادییەکان لە گلعاد، لە باشان، لە گوندەکانیدا و لە هەموو دەشتاییەکانی شارۆن لەسەر سنوورەکانی نیشتەجێ بوون.
1CH 5:17 ڕەچەڵەکی هەموو ئەمانە لە ماوەی پاشایەتی یۆتامی پاشای یەهودا و یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیلدا تۆمار کران.
1CH 5:18 نەوەی ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، لە پیاوە ئازاکان ئەوانەی قەڵغان و شمشێریان هەڵگرتبوو، تیرئەنداز بوون و مەشقی جەنگیان کردبوو، چل و چوار هەزار و حەوت سەد و شەست جەنگاوەر بوون.
1CH 5:19 جەنگیان لە دژی هاجەرییەکان و یەتور و نافیش و نۆداڤ بەرپا کرد و
1CH 5:20 یارمەتییان بۆ هات. هاجەرییەکان و هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا بوون درانە دەستیانەوە، چونکە لە جەنگەکەدا هاواریان بۆ خودا کرد، ئەویش وەڵامی دانەوە، لەبەر ئەوەی پشتیان پێی بەست.
1CH 5:21 هەروەها دەستیان بەسەر ئاژەڵە ماڵییەکانی هاجەرییەکاندا گرت، پەنجا هەزار وشتر و دوو سەد و پەنجا هەزار سەر مەڕ و دوو هەزار گوێدرێژ و لە مرۆڤیش سەد هەزار کەس و
1CH 5:22 ژمارەیەکی زۆر کوژران، لەبەر ئەوەی جەنگەکە لە خوداوە بوو. ئیتر هەتا ڕاپێچکردنەکە لە جێی ئەوان نیشتەجێ بوون.
1CH 5:23 نیوەی هۆزی مەنەشەش لە خاکەکە نیشتەجێ بوون، لە باشانەوە هەتا بەعل‌حەرمۆن پەلیان هاویشت، کە پێی دەگوترێ سنیر، یان چیای حەرمۆن.
1CH 5:24 ئەمانەش گەورەکانی بنەماڵەکانیان بوون: عێفەر، یەشعی، ئەلیێل، عەزریێل، یەرمیا، هۆدەڤیا و یەحدیێل، کە هەموو ئەمانە پیاوانی پاڵەوانی ئازا و پیاوانی ناودار و گەورەی بنەماڵەکانیان بوون.
1CH 5:25 بەڵام ناپاکییان لە خودای باوباپیرانیان کرد و بەدوای خوداوەندەکانی گەلانی خاکەکەوە لەشفرۆشییان کرد، ئەوانەی خودا لەبەردەمیاندا لەناوی بردن.
1CH 5:26 لەبەر ئەوە خودای ئیسرائیل ڕۆحی پولی پاشای ئاشوری هەژاند، کە بە تگلەت پلەسەر بەناوبانگە، ئەویش ڕەئوبێنی و گادییەکان لەگەڵ نیوەی هۆزی مەنەشەی ڕاپێچ کرد. ئەوانی هێنایە حەلەح و خابوور و هارا و ڕووباری گۆزان، هەتا ئەمڕۆش لەوێ ماونەتەوە.
1CH 6:1 کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری.
1CH 6:2 کوڕەکانی قەهات: عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل.
1CH 6:3 منداڵەکانی عەمرام: هارون، موسا و مریەم. کوڕەکانی هارون: ناداب، ئەبیهو، ئەلعازار و ئیتامار.
1CH 6:4 ئەلعازار فینەحاسی بوو، فینەحاس ئەبیشوەعی بوو،
1CH 6:5 ئەبیشوەع بوقی بوو، بوقی عوزیی بوو،
1CH 6:6 عوزی زەرەحیای بوو، زەرەحیا مەرایۆتی بوو،
1CH 6:7 مەرایۆت ئەمەریای بوو، ئەمەریا ئەحیتوڤی بوو،
1CH 6:8 ئەحیتوڤ سادۆقی بوو، سادۆق ئەحیمەعەچی بوو،
1CH 6:9 ئەحیمەعەچ عەزەریای بوو، عەزەریا یۆحانانی بوو،
1CH 6:10 یۆحانانیش عەزەریای بوو ئەوەی کاهینیێتی کرد لەو پەرستگایەدا کە سلێمان لە ئۆرشەلیم بنیادی نا.
1CH 6:11 هەروەها عەزەریا ئەمەریای بوو، ئەمەریا ئەحیتوڤی بوو،
1CH 6:12 ئەحیتوڤ سادۆقی بوو، سادۆق شەلومی بوو،
1CH 6:13 شەلوم حیلقیای بوو، حیلقیا عەزەریای بوو،
1CH 6:14 عەزەریا سەرایای بوو و سەرایا یەهۆچاداقی بوو.
1CH 6:15 یەهۆچاداقیش بەر ئەو ڕاپێچکردنە کەوت کە یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هێنای بەدەستی نەبوخودنەسر.
1CH 6:16 کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری.
1CH 6:17 ئەمەش ناوی دوو کوڕەکەی گێرشۆنە: لیبنی و شیمعی.
1CH 6:18 کوڕەکانی قەهاتیش: عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل.
1CH 6:19 کوڕەکانی مەراریش: مەحلی و موشی. ئەمانەش خێڵەکانی لێڤین بەپێی باوباپیرانیان:
1CH 6:20 لە گێرشۆن بەرەو خوارەوە: لیبنی کوڕی گێرشۆن، یەحەت کوڕی لیبنی، زیما کوڕی یەحەت،
1CH 6:21 یۆئاح کوڕی زیما، عیدۆ کوڕی یۆئاح، زەرەح کوڕی عیدۆ و یەئاتەرەی کوڕی زەرەح.
1CH 6:22 نەوەی قەهات: عەمیناداب کوڕی قەهات، قۆرەح کوڕی عەمیناداب، ئەسسیر کوڕی قۆرەح،
1CH 6:23 ئەلقانە کوڕی ئەسسیر، ئەبیاساف کوڕی ئەلقانە، ئەسسیر کوڕی ئەبیاساف،
1CH 6:24 تەحەس کوڕی ئەسسیر، ئوریێل کوڕی تەحەس، عوزیا کوڕی ئوریێل، شائوول کوڕی عوزیا.
1CH 6:25 نەوەی ئەلقانە: عەماسەی و ئەحیمۆت کوڕی ئەلقانە بوون،
1CH 6:26 ئەحیمۆتیش کوڕەکەی ناوی ئەلقانە بوو، چۆفەییش کوڕی ئەلقانە، نەحەت کوڕی چۆفەی،
1CH 6:27 ئەلیاب کوڕی نەحەت، یەرۆحام کوڕی ئەلیاب، ئەلقانە کوڕی یەرۆحام، ساموئێل کوڕی ئەلقانە.
1CH 6:28 کوڕەکانی ساموئێلیش: نۆبەرەکەی یۆئێل و دووەمیان ئەبیا.
1CH 6:29 نەوەی مەراری: مەحلی کوڕی مەراری، لیبنی کوڕی مەحلی، شیمعی کوڕی لیبنی، عوزا کوڕی شیمعی،
1CH 6:30 شیمەعە کوڕی عوزا، حەگییا کوڕی شیمەعە و عەسایا کوڕی حەگییا.
1CH 6:31 ئەم کەسانە ئەوانە بوون کە داود بۆ سەرپەرشتیکردنی ژەنینی مۆسیقا داینان لە ماڵی یەزدان، پاش ئەوەی سندوقەکەی پەیمان جێگیر بوو.
1CH 6:32 ئەوان لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن لەناو چادری پەرستندا بە ژەنینی مۆسیقا خزمەتیان دەکرد، هەتا ئەو کاتەی سلێمان پەرستگای یەزدانی لە ئۆرشەلیمدا بنیاد نا، هەروەها ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکرد بەپێی ئەو ڕێکخستنەی بۆیان دانرابوو.
1CH 6:33 ئەمانە ئەوانەن لەگەڵ کوڕەکانیاندا خزمەتیان دەکرد: لە نەوەی قەهاتییەکان: هێیمانی مۆسیقاژەن کوڕی یۆئێلی، کوڕی ساموئێلی،
1CH 6:34 کوڕی ئەلقانەی، کوڕی یەرۆحامی، کوڕی ئەلیێلی، کوڕی تۆوەحی،
1CH 6:35 کوڕی چوفی، کوڕی ئەلقانەی، کوڕی مەحەتی، کوڕی عەماسەیی،
1CH 6:36 کوڕی ئەلقانەی، کوڕی یۆئێلی، کوڕی عەزەریای، کوڕی سەفەنیای،
1CH 6:37 کوڕی تەحەسی، کوڕی ئەسسیری، کوڕی ئەبیاسافی، کوڕی قۆرەحی،
1CH 6:38 کوڕی یەسهاری، کوڕی قەهاتی، کوڕی لێڤی، کوڕی ئیسرائیل.
1CH 6:39 ئاسافی یاریدەدەری دەستەڕاستی هێیمانیش: ئاساف کوڕی بەرەخیای، کوڕی شیمەعەی،
1CH 6:40 کوڕی میکائیلی، کوڕی بەعەسێیای، کوڕی مەلکیای،
1CH 6:41 کوڕی ئەتنیی، کوڕی زەرەحی، کوڕی عەدایای،
1CH 6:42 کوڕی ئێیتانی، کوڕی زیمای، کوڕی شیمعیی،
1CH 6:43 کوڕی یەحەتی، کوڕی گێرشۆنی، کوڕی لێڤی؛
1CH 6:44 هەروەها لە یاریدەدەرەکانیان کە لە نەوەی مەراری بوون، یاریدەدەری دەستە چەپی هێیمان: ئێیتانی کوڕی قیشی، کوڕی عەبدی، کوڕی مەلوخی،
1CH 6:45 کوڕی حەشەڤیای، کوڕی ئەمەسیای، کوڕی حیلقیای،
1CH 6:46 کوڕی ئەمچی، کوڕی بانی، کوڕی شەمەری،
1CH 6:47 کوڕی مەحلی، کوڕی موشی، کوڕی مەراری، کوڕی لێڤی.
1CH 6:48 برا لێڤییەکانی دیکەیان هەموو خزمەتەکانی دیکەی چادری پەرستنی ماڵی خودایان پێ سپێردرا.
1CH 6:49 بەڵام هارون و نەوەکانی لەسەر قوربانگای قوربانی سووتاندن و قوربانگای بخوور، پێشکەشکراویان پێشکەش دەکرد، لەگەڵ هەموو کارەکانی پەیوەست بەو لە شوێنی هەرە پیرۆز و کەفارەتکردن بۆ ئیسرائیل، بەپێی هەموو ئەوەی موسای بەندەی خودا فەرمانی پێی کرد.
1CH 6:50 ئەمانەش نەوەی هارونن: ئەلعازار کوڕی هارون، فینەحاس کوڕی ئەلعازار، ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس،
1CH 6:51 بوقی کوڕی ئەبیشوەع، عوزی کوڕی بوقی، زەرەحیا کوڕی عوزی،
1CH 6:52 مەرایۆت کوڕی زەرەحیا، ئەمەریا کوڕی مەرایۆت، ئەحیتوڤ کوڕی ئەمەریا،
1CH 6:53 سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەعەچ کوڕی سادۆق.
1CH 6:54 ئەمانەش ئەو ناوچانەیە کە نەوەی هارون لە خێڵی قەهاتییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، چونکە یەکەم تیروپشک بۆ ئەوان دەرچوو:
1CH 6:55 حەبرۆنیان پێدان لە خاکی یەهودا لەگەڵ لەوەڕگاکانی دەوروبەریدا.
1CH 6:56 بەڵام کێڵگە و گوندەکانی دەوروبەری شارەکە بە کالێبی کوڕی یەفونە درا.
1CH 6:57 حەبرۆن کە شارێکی پەناگا بوو درایە نەوەی هارون، هەروەها لیڤنا، یەتیر، ئەشتەمۆع،
1CH 6:58 حیلێن، دەڤیر،
1CH 6:59 عاشان، یوتا و بێت‌شەمەش بە لەوەڕگاکانیانەوە.
1CH 6:60 لە خاکی هۆزی بنیامینیش، شارۆچکەکانی گبعۆن، گەڤەع، عالەمەت و عەناتۆت بە لەوەڕگاکانیانەوە بەوان درا. هەموو شارۆچکەکانیان سێزدە شارۆچکە بوون، بەگوێرەی خێڵەکانیان.
1CH 6:61 بە قەهاتییەکانی دیکەش لە خاکی خێڵەکانی نیوەی هۆزی مەنەشە دە شارۆچکە بە تیروپشک درا.
1CH 6:62 بە نەوەی گێرشۆنیش، بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە خاکی هۆزەکانی یەساخار، ئاشێر، نەفتالی و لەو بەشەی هۆزی مەنەشەش کە لە باشانن، سێزدە شارۆچکە درا.
1CH 6:63 بە نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە بەشی هۆزەکانی ڕەئوبێن، گاد و زەبولون بە تیروپشک، دوازدە شارۆچکە درا.
1CH 6:64 ئیتر نەوەی ئیسرائیل ئەم شارۆچکانەیان بە لەوەڕگاکانیانەوە بە لێڤییەکان بەخشی.
1CH 6:65 هەروەها بە تیروپشک لە هۆزی نەوەی یەهودا و لە هۆزی نەوەی شیمۆن و لە هۆزی نەوەی بنیامین ئەو شارۆچکانەیان دا کە پێشتر ناویان برا.
1CH 6:66 هەندێک لە خێڵەکانی قەهاتییەکانیش شارۆچکەکانی سنووریان لە خاکی هۆزی ئەفرایم بوو.
1CH 6:67 لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم شاری شەخەم وەک شاری پەناگا و گەزەر و
1CH 6:68 یۆقمەعام و بێت‌حۆرۆن و
1CH 6:69 ئەیالۆن و گەت ڕیمۆن بە لەوەڕگاکانیانەوە درا پێیان.
1CH 6:70 لە خاکی نیوەکەی دیکەی هۆزی مەنەشەش، شارۆچکەکانی عانێر و بیلەعام بە لەوەڕگاکانیانەوە، بە خێڵەکانی دیکەی قەهاتییەکان درا.
1CH 6:71 نەوەی گێرشۆن ئەم شارۆچکانەیان وەرگرت: لە خاکی نیوەی هۆزی مەنەشە، شارۆچکەی گۆلان لە باشان و شارۆچکەی عەشتارۆت بە لەوەڕگاکانیانەوە؛
1CH 6:72 لە خاکی هۆزی یەساخاریش، شارۆچکەکانی قەدەش، داڤەرەت،
1CH 6:73 ڕامۆت و عانێم بە لەوەڕگاکانیانەوە؛
1CH 6:74 لە خاکی هۆزی ئاشێریش، شارۆچکەکانی ماشال، عەبدۆن،
1CH 6:75 حوقۆق و ڕەحۆڤ بە لەوەڕگاکانیانەوە؛
1CH 6:76 لە خاکی هۆزی نەفتالیش، شارۆچکەی قەدەش لە جەلیل و شارۆچکەکانی حەمۆن و قیریاتەیم بە لەوەڕگاکانیانەوە.
1CH 6:77 لێڤییەکانی دیکە کە لە نەوەی مەراری بوون ئەم شارۆچکانەیان وەرگرت: لە خاکی هۆزی زەبولون، شارۆچکەکانی یۆقنەعام، قەرتا، ڕمۆنۆ و تاڤۆر بە لەوەڕگاکانیانەوە؛
1CH 6:78 لە خاکی هۆزی ڕەئوبێن لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا، شارۆچکەی بەچەر لە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی یەهچا،
1CH 6:79 قەدێمۆت و مێفەعەت بە لەوەڕگاکانیانەوە؛
1CH 6:80 هەروەها لە خاکی هۆزی گادیش، شارۆچکەی ڕامۆت لە گلعاد و شارۆچکەکانی مەحەنەیم،
1CH 6:81 حەشبۆن و یەعزێر بە لەوەڕگاکانیانەوە.
1CH 7:1 کوڕەکانی یەساخاریش چوار بوون: تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.
1CH 7:2 کوڕەکانی تۆلاع: عوزی، ڕەفایا، یەریێل، یەحمەی، یەڤسام و ساموئێل، کە گەورەکانی بنەماڵەکانیان بوون. نەوەی تۆلاع بوون و لە ماوەی پاشایەتی داود، ژمارەیان بیست و دوو هەزار و شەش سەد جەنگاوەر بوو، بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە.
1CH 7:3 کوڕەکەی عوزی: یزرەحیا بوو، کوڕەکانی یزرەحیاش: میکائیل، عۆبەدیا، یۆئێل و یەشیا، ئەمانە هەر پێنجیان سەرکردە بوون.
1CH 7:4 بەپێی ڕەچەڵەک و بنەماڵەکانیان، سی و شەش هەزار جەنگاوەری ئامادەباشیان هەبوو بۆ جەنگ، چونکە ژن و منداڵیان زۆر بوو.
1CH 7:5 خزمەکانیشیان لە هەموو خێڵەکانی یەساخار، جەنگاوەری ئازا بوون بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە بە هەموویانەوە هەشتا و حەوت هەزار جەنگاوەر بوون.
1CH 7:6 کوڕەکانی بنیامینیش سێ بوون: بەلەع، بەکەر و یەدیعێل.
1CH 7:7 کوڕەکانی بەلەع پێنج بوون: ئەچبۆن، عوزی، عوزیێل، یەریمۆت و عیری، ئەمانیش گەورەی بنەماڵەکانیان بوون، نەوەکانیان بەپێی ڕەچەڵەکیان بیست و دوو هەزار و سی و چوار جەنگاوەر بوون.
1CH 7:8 کوڕەکانی بەکەریش: زەمیرا، یۆعاش، ئەلیعەزەر، ئەلیۆعێنەی، عۆمری، یەرێمۆت، ئەبیا، عەناتۆت و عالەمەت، هەموو ئەمانە کوڕی بەکەر بوون.
1CH 7:9 لەناو ڕەچەڵەکنامەکەیان بیست هەزار و دوو سەد جەنگاوەر تۆمار کران، بەپێی گەورەی بنەماڵەکانیان.
1CH 7:10 کوڕەکەی یەدیعێلیش: بلهان بوو، کوڕەکانی بلهانیش: یەعوش، بنیامین، ئێهود، کەنعەنا، زێتان، تەرشیش و ئەحیشاحەر.
1CH 7:11 هەموو ئەوانە گەورەی بنەماڵەکانی یەدیعێل بوون، حەڤدە هەزار و دوو سەد جەنگاوەری ئامادەباش بۆ جەنگ.
1CH 7:12 شوپیم و حوپیم لە نەوەی عیر بوون، حوشیمیش لە نەوەی ئەحێر بوو.
1CH 7:13 کوڕەکانی نەفتالی: یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم کە نەوەی بیلهە بوون.
1CH 7:14 نەوەکانی مەنەشە: نەوەی مەنەشە لە کەنیزە ئارامییەکەی: ماکیری باوکی گلعاد. هەروەها ئەسریێل لە نەوەکانیان بوو.
1CH 7:15 ماکیر ژنێکی هێنا ناوی مەعکا بوو، کە خوشکی شوپیم و حوپیم بوو. هەروەها سەلۆفحاد لە نەوەکانی بوو، کە تەنها کچی هەبوو.
1CH 7:16 مەعکای ژنی ماکیر کوڕێکی بوو ناوی لێنا پەرەش و براکەشی ناوی شەرەش بوو، کوڕەکانیشی ناویان ئولام و ڕەقەم بوون.
1CH 7:17 کوڕەکەی ئولامیش: بدان بوو. ئەوانە نەوەی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە بوون.
1CH 7:18 هەمۆلەخەتی خوشکی گلعادیش ئیشهۆد و ئەبیعەزەر و مەحلەی بوو.
1CH 7:19 کوڕەکانی شەمیداعیش: ئەحیان، شەخەم، لیقحی و ئەنیعام.
1CH 7:20 نەوەی ئەفرایمیش بەرەو خوارەوە: شوتەلەح کوڕی ئەفرایم، بەرەد کوڕی شوتەلەح، تەحەس کوڕی بەرەد، ئەلیعادا کوڕی تەحەس، تەحەس کوڕی ئەلیعادا،
1CH 7:21 زاڤاد کوڕی تەحەس و شوتەلەح کوڕی زاڤاد. ئەفرایم دوو کوڕی دیکەشی بوو بە ناوی عێزەر و ئەلعاد، بەڵام کاتێک چوون بۆ ئەوەی ئاژەڵی گەتییەکان ببەن، لەلایەن پیاوانی گەتەوە کە خەڵکی خاکەکە بوون، کوژران.
1CH 7:22 جا ئەفرایمی باوکیان ماوەیەکی درێژ ماتەمینی بۆ گرتن و خزمەکانیشی هاتن بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن.
1CH 7:23 پاشان لەگەڵ ژنەکەیدا جووت بووەوە و ژنەکەی سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو و ناوی لێنا بەریعە، چونکە بەڵایەک بەسەر ماڵەکەیدا هاتبوو.
1CH 7:24 هەروەها کچەکەی ناوی شەئرا بوو کە بێت‌حۆرۆنی خواروو و ژووروو و ئوزێن شەئرای بنیاد نا.
1CH 7:25 ڕەفەحیش کوڕی ئەفرایم بوو، ڕەشەف کوڕی ڕەفەح، تەلەح کوڕی ڕەشەف، تەحەن کوڕی تەلەح،
1CH 7:26 لەعدان کوڕی تەحەن، عەمیهود کوڕی لەعدان، ئەلیشاماع کوڕی عەمیهود،
1CH 7:27 نون کوڕی ئەلیشاماع و یەشوع کوڕی نون.
1CH 7:28 زەوی و زار و نشینگەکانیشیان شارۆچکەی بێت‌ئێل و گوندەکانی دەوروبەری بوون، بەرەو ڕۆژهەڵاتیش نەعەران و بەرەو ڕۆژئاواش شارۆچکەی گەزەر و گوندەکانی، هەروەها شارۆچکەی شەخەم و گوندەکانی هەتا عەییا و گوندەکانی.
1CH 7:29 بەلای سنوورەکانی نەوەی مەنەشەشدا، بێت‌شان و تەعنەک و مەگیدۆ و دۆر بوون. لەناو ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریاندا نەوەی یوسفی کوڕی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون.
1CH 7:30 کوڕەکانی ئاشێر: یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە و سەرەح خوشکیان بوو.
1CH 7:31 کوڕەکانی بەریعە: حەڤەر و مەلکیێل، مەلکیێل باوکی بیرزایت بوو.
1CH 7:32 کوڕەکانی حەڤەر: یەفلێت، شۆمێر و حۆتام و شوەع خوشکیان بوو.
1CH 7:33 کوڕەکانی یەفلێت: پاسەک، بیمهال و عەشڤات. ئەمانە کوڕەکانی یەفلێت بوون.
1CH 7:34 کوڕەکانی شۆمێر: ئەحی، ڕوهگا، هوبا و ئارام.
1CH 7:35 کوڕەکانی هێلەمی براشی: چۆفەح، یەمناع، شێلەش و عامال.
1CH 7:36 کوڕەکانی چۆفەح: سووەح، حەرنەفەر، شوعال، بێری، یەمرا،
1CH 7:37 بەچەر، هۆد، شەما، شیلشا، یەتران و بئێرا.
1CH 7:38 کوڕەکانی یەتەر: یەفونە، پیسپا و ئەرا.
1CH 7:39 کوڕەکانی عولا: ئارەح، حەنیێل و ڕیچیا.
1CH 7:40 هەموو ئەوانە لە نەوەی ئاشێر بوون. گەورەی بنەماڵە و پیاوی هەڵبژاردە و جەنگاوەر و سەرکردەی دیار بوون. بەپێی ڕەچەڵەکیان لە تۆمارەکاندا ژمارەی ئەو پیاوانەی ئامادەباش بوون بۆ جەنگ بیست و شەش هەزار بوون.
1CH 8:1 بنیامین بەلەعی بوو کە کوڕە نۆبەرەکەی بوو، ئەشبێل دووەم، ئەحەرەح سێیەم،
1CH 8:2 نۆحا چوارەم و ڕافا پێنجەم بوو.
1CH 8:3 کوڕانی بەلەع: ئەدار، گێرا، ئەبیهود،
1CH 8:4 ئەبیشوەع، نەعمان، ئەحۆحا،
1CH 8:5 گێرا، شەفوفان و حورام.
1CH 8:6 ئەمانەش نەوەکانی ئیحودن، کە گەورەی بنەماڵەکانی دانیشتووانی گەڤەع بوون و بۆ مەناحەت ڕاگوێزران:
1CH 8:7 نەعمان، ئاحییا و گێرا. گێراش سەرپەرشتیاری کۆچکردنیان بوو، هەروەها باوکی عوزە و ئەحیحود بوو.
1CH 8:8 شەحەرەیم لە وڵاتی مۆئاب چەند کوڕێکی بوو، پاش ئەوەی حوشیم و بەعرای ژنی تەڵاق دا،
1CH 8:9 لە حۆدەشی ژنی، یۆڤاڤ، چیبیا، مێشا، مەلکام،
1CH 8:10 یەعوچ، ساخیا و میرمای بوو، ئەوانە کوڕەکانی بوون و گەورەی بنەماڵەکانیان بوون.
1CH 8:11 لە حوشیمی ژنیشی ئەبیتوڤ و ئەلپەعەلی بوو.
1CH 8:12 کوڕەکانی ئەلپەعەل: عێبەر، میشعام و شەمەد، شەمەد ئەوەی کە شارۆچکەی ئۆنۆ و شارۆچکەی لۆد و دەوروبەری بنیاد نا.
1CH 8:13 هەروەها بەریعە و شەمەع، ئەوان گەورەی بنەماڵەکانی دانیشتووانی ئەیالۆن بوون و ئەوان دانیشتووانی گەتیان وەدەرنا.
1CH 8:14 هەروەها ئەحیۆ، شاشاق، یەرێمۆت،
1CH 8:15 زەڤەدیا، عەراد، عەدەر،
1CH 8:16 میکائیل، یەشپا و یۆحا، کوڕی بەریعە بوون.
1CH 8:17 زەڤەدیا، مەشولام، حیزقی، حەڤەر،
1CH 8:18 یەشمەری، یزلیا و یۆڤاڤ کوڕی ئەلپەعەل بوون.
1CH 8:19 یاقیم، زکری، زەبدی،
1CH 8:20 ئەلیعێنەی، چیلەتەی، ئەلیێل،
1CH 8:21 عەدایا، بەرایا و شیمرات کوڕی شیمعی بوون.
1CH 8:22 یەشپەن، عێبەر، ئەلیێل،
1CH 8:23 عەبدۆن، زکری، حانان،
1CH 8:24 حەنەنیا، ئیلام، عەنتۆتیا،
1CH 8:25 یەفدەیا و پەنوئێل کوڕی شاشاق بوون.
1CH 8:26 شەمشەرەی، شەحەریا، عەتەلیا،
1CH 8:27 یەعەرەشیا، ئەلیاس و زکری کوڕی یەرۆحام بوون.
1CH 8:28 ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانیان و بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون.
1CH 8:29 یەعیێلی باوکی گبعۆنیش لە گبعۆندا نیشتەجێ بوو. ژنەکەی ناوی مەعکا بوو،
1CH 8:30 عەبدۆن کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان چوور، قیش، بەعل، نێر، ناداب،
1CH 8:31 گەدۆر، ئەحیۆ، زەکەریا و
1CH 8:32 میقلۆت بوو، میقلۆتیش شیمەعای بوو. ئەوانیش لەگەڵ خزمەکانیان، لە نزیکی یەکتر لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
1CH 8:33 نێر قیشی بوو، قیش شاولی بوو، شاولیش ئەم کوڕانەی بوو: یۆناتان، مەلکی‌شوەع، ئەبیناداب و ئەشبەعل.
1CH 8:34 یۆناتان مەریڤ‌بەعلی بوو، مەریڤ‌بەعلیش میخای بوو.
1CH 8:35 ئەمانە کوڕەکانی میخا بوون: پیتۆن، مەلەخ، تەرێیەع و ئاحاز.
1CH 8:36 ئاحاز یەهۆعەدای بوو، یەهۆعەداش ئەم کوڕانەی بوو: عالەمەت، عەزماڤێت و زیمری؛ زیمریش مۆچای بوو.
1CH 8:37 مۆچا بینەعای بوو، بینەعا ڕافەی بوو، ڕافە ئەلیعاسای بوو، ئەلیعاسا ئاچێلی بوو.
1CH 8:38 ئاچێل شەش کوڕی هەبوو، ئەمەش ناوەکانیانە: عەزریقام، بۆخەرو، ئیسماعیل، شەعەریا، عۆبەدیا و حانان. هەموو ئەمانە کوڕەکانی ئاچێل بوون.
1CH 8:39 کوڕەکانی عێشەقی برای: ئولام کوڕە نۆبەرەکەی بوو، یەعوش دووەم و ئەلیفەلەت سێیەم بوو.
1CH 8:40 کوڕەکانی ئولامیش پاڵەوانی ئازا و تیرئەنداز بوون و کوڕ و کوڕەزایەکی زۆریان هەبوو و هەموویان سەد و پەنجا کەس بوون. ئەمانە هەموویان لە نەوەی بنیامین بوون.
1CH 9:1 ڕەچەڵەکی هەموو ئیسرائیل تۆمارکرا و لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا نووسراون. بەهۆی ناپاکییانەوە بۆ بابل ڕاپێچ کران.
1CH 9:2 ئەوانەی کە یەکەم جار گەڕانەوە و لەناو زەوی و زار و شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، هەندێک ئیسرائیلی و کاهین و لێڤی و خزمەتکارانی پەرستگا بوون.
1CH 9:3 ئەوانەی لە نەوەی یەهودا، لە نەوەی بنیامین، لە نەوەی ئەفرایم و مەنەشە لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون، ئەمانە بوون:
1CH 9:4 عوتەیی کوڕی عەمیهودی کوڕی عۆمری کوڕی ئیمریی کوڕی بانی لە نەوەی پێرێزی کوڕی یەهودا بوو؛
1CH 9:5 لە شالەحییەکان: عەسایای نۆبەرە و کوڕەکانی؛
1CH 9:6 لە نەوەی زەرەح: یەعوئێل؛ سەرجەم ئەوانەی لە نەوەی یەهودا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون شەش سەد و نەوەد کەس بوون.
1CH 9:7 لە نەوەی بنیامین: سەلوی کوڕی مەشولامی کوڕی هۆدەڤیای کوڕی هەسەنوئا؛
1CH 9:8 یەڤنەیای کوڕی یەرۆحام؛ ئێلەی کوڕی عوزی کوڕی میخری و مەشولامی کوڕی شەفەتیای کوڕی ڕەعوئێلی کوڕی یەڤنییا.
1CH 9:9 سەرجەم نەوەی بنیامین کە بەپێی ڕەچەڵەکیان تۆمار کرابوون، نۆ سەد و پەنجا و شەش کەس بوون. هەموو ئەم پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکانیان بوون.
1CH 9:10 لە کاهینەکان: یەدایا، یەهۆیاریڤ، یاکین،
1CH 9:11 عەزەریای کوڕی حیلقیای کوڕی مەشولامی کوڕی سادۆقی کوڕی مەرایۆتی کوڕی ئەحیتوڤی لێپرسراوی ماڵی خودا بوو؛
1CH 9:12 عەدایای کوڕی یەرۆحامی کوڕی پەشحوری کوڕی مەلکیا و مەعسەیی کوڕی عەدیێلی کوڕی یەحزێرای کوڕی مەشولامی کوڕی مەشیلێمیتی کوڕی ئیمێر.
1CH 9:13 سەرجەم کاهینەکان، کە گەورەی بنەماڵەکانیان بوون، هەزار و حەوت سەد و شەست کەس بوون. بە توانا و بەرپرسیار بوون بۆ ئەنجامدانی خزمەتی ماڵی خودا.
1CH 9:14 لە لێڤییەکان: شەمەعیای کوڕی حەشوڤی کوڕی عەزریقامی کوڕی حەشەڤیا لە نەوەی مەراری؛
1CH 9:15 بەقبەقەر و حەرەش و گالال و مەتەنیای کوڕی میکای کوڕی زکری کوڕی ئاساف؛
1CH 9:16 عۆبەدیای کوڕی شەمەعیای کوڕی گالالی کوڕی یەدوتون؛ هەروەها بەرەخیای کوڕی ئاسای کوڕی ئەلقانە، کە لە گوندەکانی نەتۆفاییەکان نیشتەجێ بوو.
1CH 9:17 دەرگاوانەکان: شەلوم، عەقوڤ، تەلمۆن، ئەحیمەن و براکانیان، شەلوم سەرۆکیان بوو.
1CH 9:18 هەتا ئەو کاتەش لەلای ڕۆژهەڵاتی دەروازەی پاشا، ئەوان دەرگاوانی ئۆردوگای نەوەی لێڤی بوون.
1CH 9:19 شەلومی کوڕی قۆرێی کوڕی ئەبیاسافی کوڕی قۆرەح و براکانی، ئەوانەی لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان بوون، ئەرکی خزمەت و پاسەوانیێتی بەردەرگاکانی پەرستگاکەیان لە ئەستۆ بوو، هەروەک چۆن باوباپیرانیشیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەروازەی چادری پەرستنی یەزدانیان لە ئەستۆ گرتبوو.
1CH 9:20 پێشتر فینەحاسی کوڕی ئەلعازار سەرۆکی دەرگاوانەکان بوو و یەزدانیش لەگەڵیدا بوو.
1CH 9:21 زەکەریای کوڕی مەشەلەمیاش دەرگاوانی دەرگای چادری چاوپێکەوتن بوو.
1CH 9:22 هەموو ئەوانەی بە دەرگاوانی بەردەرگاکان هەڵبژێردران دوو سەد و دوازدە کەس بوون و بەپێی ڕەچەڵەکیان لە گوندەکانیاندا تۆمار کران. باوباپیرانیان لەلایەن داود و ساموئێلی پێشبینیکەرەوە لەسەر ئەو بەرپرسیاریێتییە دانرابوون.
1CH 9:23 خۆیان و نەوەکانیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەرگاکانی ماڵی یەزدانیان لە ئەستۆ بوو، ئەو ماڵەی کە پێ دەگوترا چادری چاوپێکەوتن.
1CH 9:24 دەرگاوانەکان لە هەر چوار لادا بوون، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور.
1CH 9:25 دەبووایە برا لێڤییەکانیشیان بە نۆرە لە گوندەکانیانەوە بێن و لە جێی ئەوان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ پاسەوان بن.
1CH 9:26 بەڵام هەر چوار سەرۆکی دەرگاوانەکان، کە لێڤی بوون، بەرپرسی ژوور و گەنجینەکانی ماڵی خودا بوون.
1CH 9:27 لە چواردەوری ماڵی خودا شەویان بەسەردەبرد، چونکە پاسەوانیێتییان لەسەر بوو، هەروەها هەموو بەیانییەک لێپرسراوی کردنەوەی بوون.
1CH 9:28 هەندێکیشیان لێپرسراوی قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن بوون، چونکە بە ژمارە دەیانهێنانە دەرەوە و بە ژمارەش دەیانبردنەوە ژوورەوە.
1CH 9:29 هەندێکی دیکەشیان ئەمینداری قاپوقاچاغەکان و هەموو کەلوپەلەکانی پیرۆزگا و باشترین ئارد و شەراب و زەیتی زەیتوون و بخوور و بۆنوبەرام بوون.
1CH 9:30 هەندێک لە نەوەی کاهینەکانیش بۆنوبەرامەکانیان دەگرتەوە.
1CH 9:31 مەتیسیا یەکێک بوو لە لێڤییەکان، ئەو نۆبەرەی شەلومی قۆرەحی بوو، بەرپرسیار بوو بۆ ئامادەکردنی نانی پێشکەشکراو.
1CH 9:32 هەندێکیش لە نەوەی قەهاتییەکان، لە برا لێڤییەکانیان، بەرپرسیار بوون لە ئامادەکردنی نانی تەرخانکراو هەموو ڕۆژانێکی شەممە.
1CH 9:33 مۆسیقاژەنەکان کە گەورەی بنەماڵەی لێڤییەکان بوون لە ژوورەکانی پەرستگا جێگیر بوون و لە کاری دیکە بەخشرابوون، چونکە ئەوان بەردەوام بە ڕۆژ و بە شەو سەرقاڵی کارەکەیان بوون.
1CH 9:34 ئەمانە گەورەی بنەماڵە لێڤییەکان بوون، بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
1CH 9:35 یەعیێلی باوکی گبعۆنیش لە گبعۆندا نیشتەجێ بوو. ژنەکەی ناوی مەعکا بوو،
1CH 9:36 عەبدۆن کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان چوور، قیش، بەعل، نێر، ناداب،
1CH 9:37 گەدۆر، ئەحیۆ، زەکەریا و میقلۆت،
1CH 9:38 میقلۆتیش شیمەئامی بوو. ئەوانیش لەگەڵ خزمەکانیان، لە نزیکی یەکتر لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
1CH 9:39 نێر قیشی بوو، قیش شاولی بوو، شاولیش ئەم کوڕانەی بوو: یۆناتان، مەلکی‌شوەع، ئەبیناداب و ئەشبەعل.
1CH 9:40 یۆناتان مەریڤ‌بەعلی بوو، مەریڤ‌بەعلیش میخای بوو.
1CH 9:41 ئەمانە کوڕەکانی میخا بوون: پیتۆن، مەلەخ، تەحرێیەع و ئاحاز.
1CH 9:42 ئاحاز یادای بوو، یاداش ئەم کوڕانەی بوو: عالەمەت، عەزماڤێت و زیمری، زیمریش مۆچای بوو.
1CH 9:43 مۆچا بینەعای بوو، بینەعا ڕەفایای بوو، ڕەفایا ئەلیعاسای بوو، ئەلیعاسا ئاچێلی بوو.
1CH 9:44 ئاچێل شەش کوڕی هەبوو، ئەمەش ناوەکانیانە: عەزریقام، بۆخەرو، ئیسماعیل، شەعەریا، عۆبەدیا و حانان. ئەمانە کوڕەکانی ئاچێل بوون.
1CH 10:1 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.
1CH 10:2 فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.
1CH 10:3 جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.
1CH 10:4 شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.» بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.
1CH 10:5 کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد.
1CH 10:6 شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.
1CH 10:7 کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
1CH 10:8 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.
1CH 10:9 ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان.
1CH 10:10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.
1CH 10:11 کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،
1CH 10:12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.
1CH 10:13 شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر کرد بۆ ڕێنمایی و
1CH 10:14 داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.
1CH 11:1 هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین.
1CH 11:2 لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی پەروەردگاریشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»
1CH 11:3 هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.
1CH 11:4 داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم (کە لەو کاتەدا پێی دەگوترا یەبوسە). یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش
1CH 11:5 بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانیت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.
1CH 11:6 داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.
1CH 11:7 پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود.
1CH 11:8 شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە.
1CH 11:9 هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.
1CH 11:10 ئەمانەش سەرکردە پاڵەوانەکانی داود بوون، ئەوانەی کە لەگەڵ هەموو ئیسرائیل پشتگیری بەهێزیان لە پاشایەتییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەموو خاکەکە بخەنە ژێر ڕکێفی داود، هەروەک چۆن یەزدان بەڵێنی پێدابوو.
1CH 11:11 ئەمەش لیستی پاڵەوانەکانی داودە: یاشۆڤەعامی کوڕی حەکمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا سێ سەد کەسی کوشت.
1CH 11:12 پاش ئەویش، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە.
1CH 11:13 ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک فەلەستییەکان لەوێ بۆ جەنگ کۆببوونەوە. لە کێڵگەیەکی پڕ لە جۆ لەشکرەکە لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات،
1CH 11:14 بەڵام ئەلعازار و داود لە ناوەڕاستی کێڵگەکەدا ڕاوەستان. بەرگرییان کرد و لە فەلەستییەکانیان دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشین.
1CH 11:15 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بۆ لای داود دابەزین، بۆ سەر گابەردەکە لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.
1CH 11:16 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو.
1CH 11:17 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێت‌لەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»
1CH 11:18 ئیتر ئەو سێیە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.
1CH 11:19 گوتی: «ئەی خودایە، لە من بەدوور بێت، ئەمە بکەم. ئایا خوێنی ئەم پیاوانە بخۆمەوە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە؟» لەبەر ئەوەی بە هێنانی ئەم ئاوە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، داود نەیویست بیخواتەوە. ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
1CH 11:20 ئەبیشەی برای یۆئاب ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.
1CH 11:21 ئەو دوو ئەوەندە زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ دەگیرا و بووە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
1CH 11:22 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.
1CH 11:23 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، باڵای پێنج باڵ بوو، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو وەک نۆردی جۆڵاکان بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.
1CH 11:24 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.
1CH 11:25 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
1CH 11:26 ئەمانەش جەنگاوەرە قارەمانەکان بوون: عەساهێلی برای یۆئاب، ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،
1CH 11:27 شەمۆتی هەراری، حەلەچی پەلۆنی،
1CH 11:28 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی، ئەبیعەزەری عەناتۆتی،
1CH 11:29 سیبەخەیی حوشاتی، عیلەیی ئەحۆحی،
1CH 11:30 مەهەرەیی نەتۆفایی، حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی،
1CH 11:31 ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین بوو، بەنایای پیرعاتۆنی،
1CH 11:32 حورەیی لە شیوەکانی گاعەشەوە، ئەبیێلی عەرڤاتی،
1CH 11:33 عەزماڤێتی بەحەرومی، ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
1CH 11:34 کوڕەکانی هاشێمی گیزۆنی، یۆناتانی کوڕی شاگێی هاراری،
1CH 11:35 ئەحیامی کوڕی ساکاری هاراری، ئەلیفەلی کوڕی ئوور،
1CH 11:36 حێفەری مەخێراتی، ئاحییای پەلۆنی،
1CH 11:37 حەسرۆی کارمەلی، نەعرەیی کوڕی ئەزبای،
1CH 11:38 یۆئێلی برای ناتان، میڤحاری کوڕی هەگری،
1CH 11:39 چەلەقی عەمۆنی، نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
1CH 11:40 عیرای یەتری، گارێڤی یەتری،
1CH 11:41 ئوریای حیتی، زاڤادی کوڕی ئەحلای،
1CH 11:42 عەدینای کوڕی شیزای ڕەئوبێنی کە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو و سی پیاوی لەگەڵدا بوو،
1CH 11:43 حانانی کوڕی مەعکا، یۆشافاتی میسنی،
1CH 11:44 عوزییای عەشتەراتی، کوڕەکانی حۆتامی عەرۆعێری کە شاماع و یەعیێل بوون،
1CH 11:45 یەدیعێلی کوڕی شیمری و براکەشی بە ناوی یۆحای تیچی،
1CH 11:46 ئەلیێلی مەحەڤی، هەردوو کوڕەکەی ئەلناعەم کە یەریڤەی و یۆشەڤیا بوون، هەروەها یەتمای مۆئابی،
1CH 11:47 ئەلیێل، عوبێد و یەعسیێلی مەچۆڤایای.
1CH 12:1 ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە هاتنە لای داود بۆ چیقلەگ، کاتێک کە هێشتا لە ئامادەبوونی لەبەردەم شاولی کوڕی قیش دوورخرابووەوە. ئەوانە لەو پاڵەوانانە بوون کە لە جەنگدا یارمەتیدەری بوون.
1CH 12:2 لە خزم و کەسوکارە نزیکەکانی شاول و لە هۆزی بنیامین بوون، ئەوان دەیانتوانی بە دەستی ڕاست و دەستی چەپیشیان تیر بە کەوان بهاوێژن و بەردیش بە قۆچەقانی:
1CH 12:3 ئەمانە بە سەرکردایەتی ئەحیعەزەری هاتن لەگەڵ یۆئاشی برای، هەردوو کوڕەکەی شەماعای گیڤعایی بوون. هەردوو کوڕەکەی عەزماڤێت، یەزیێل و پالەت، بەراخا و یێهوی عەناتۆتی،
1CH 12:4 یەشمەعیای گبعۆنی پاڵەوانێک بوو لەنێو سی پاڵەوانەکە و فەرماندەیان بوو. هەروەها یەرمیا و یەحەزیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گەدێراتی و
1CH 12:5 ئەلعوزەی و یەریمۆت و بەعەلیاهو و شەمەریاهو و شەفەتیای حەروفی؛
1CH 12:6 ئەلقانە و ییشیا و عەزەرئێل و یۆعەزەر و یاشۆڤەعام لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان؛
1CH 12:7 هەروەها یۆعێلە و زەڤەدیا کە هەردوو کوڕی یەرۆحامی خەڵکی گەدۆر بوون.
1CH 12:8 کاتێک داود لەو قەڵایە بوو کە لە چۆڵەوانی بوو، هەندێک لە گادییەکان هاتنە پاڵ داود کە پاڵەوانی ئازا و پیاوی مەشقپێکراو بۆ جەنگ و شارەزا لە بەکارهێنانی قەڵغان و ڕم، ڕوویان وەک ڕووی شێر و وەک ئاسک لەسەر چیادا خێرا بوون.
1CH 12:9 عێزەر فەرماندە بوو، عۆبەدیا دووەم و ئەلیاب سێیەم و
1CH 12:10 میشمەنا چوارەم و یەرمیا پێنجەم و
1CH 12:11 عەتەی شەشەم و ئەلیێل حەوتەم و
1CH 12:12 یۆحانان هەشتەم و ئەلزاڤاد نۆیەم و
1CH 12:13 یەرمیا دەیەم و مەخبەنەی یازدەیەم بوو.
1CH 12:14 ئەمانە لە نەوەی گاد بوون و هەموویان سەرکردەی سوپا بوون، بچووکەکەیان بەسەر سەد کەسدا زاڵ دەبوو، گەورەکەشیان بەسەر هەزار کەسدا زاڵ دەبوو.
1CH 12:15 ئەمان بوون لە مانگی یەک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک ئاو هەتا هەموو کەنارەکانی هەڵچوو بوو، هەموو خەڵکی دۆڵەکانیان بەزاند، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.
1CH 12:16 هەروەها هەندێک لە نەوەی بنیامین و یەهوداش بۆ لای داود هاتنە قەڵاکە.
1CH 12:17 داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئەگەر بۆ ئاشتی و یارمەتیدان هاتوونەتە لام، یەک دڵم دەبێت لەگەڵتان، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستەوەدانم بۆ دوژمنەکەم هاتوون لە کاتێکدا کە هیچ ستەمێکم نەکردووە، با خودای باوباپیرانمان تەماشا بکات و دادوەری بکات.»
1CH 12:18 ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایە سەر عەماسەیی سەرۆکی سییەکە و گوتی: «ئەی داود، ئێمە هی تۆین! ئەی کوڕەکەی یەسا، لەگەڵتداین! سەرکەوتن، سەرکەوتن بۆ تۆ بێت، با یارمەتیدەرانت سەرکەوتوو بن، چونکە خودات یارمەتیدەرتە.» ئینجا داود وەریگرتن و کردنییە سەرکردەی یەکەکانی سوپا.
1CH 12:19 کاتێک کە داود لەگەڵ فەلەستییەکاندا لە دژی شاول بۆ جەنگ چوو، هەندێک لە پیاوانی نەوەی مەنەشەش چوونە پاڵی. بەڵام داود و پیاوەکانی یارمەتی فەلەستییەکانیان نەدا، چونکە حوکمڕانە فەلەستییەکان پاش ڕاوێژکردن، گەڕاندیانەوە و گوتیان: «بە کەللەسەری ئێمەوە دەگەڕێتەوە پاڵ شاولی گەورەی.»
1CH 12:20 ئەمە ناوی هەندێک لەو پیاوانەی نەوەی مەنەشەیە کە کاتێک داود چوو بۆ چیقلەگ، چوونە پاڵی: عەدنەح و یۆزاڤاد و یەدیعێل و میکائیل و یۆزاڤاد و ئەلیهو و چیلەتەی، هەموو ئەمانەش فەرماندەی یەکەی هەزارانی مەنەشە بوون.
1CH 12:21 ئەوان یارمەتی داودیان دا لە دژی چەتەکان، چونکە هەموویان پاڵەوانی ئازا بوون و فەرماندەی سوپا بوون.
1CH 12:22 هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمەتیدانی داود دەهاتن، هەتا بوونە سوپایەکی گەورە، وەک سوپای خودا.
1CH 12:23 ئەمەش ژمارەی ئەو پیاوە چەکدارانەیە کە هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، بۆ ئەوەی بەپێی فەرموودەی یەزدان پاشایەتییەکەی شاولی ڕادەست بکەن:
1CH 12:24 لە نەوەی یەهودا، شەش هەزار و هەشت سەد پیاوی چەکدار بە ڕم و قەڵغان.
1CH 12:25 لە نەوەی شیمۆن، حەوت هەزار و سەد پاڵەوانی ئازای ئامادەباش بۆ جەنگ.
1CH 12:26 لە نەوەی لێڤی چوار هەزار و شەش سەد پیاو،
1CH 12:27 لەوانە سێ هەزار و حەوت سەد پیاو لەگەڵ یەهۆیاداعی سەرۆکی بنەماڵەی هارونییەکان بوون.
1CH 12:28 سادۆقیش لاوێکی پاڵەوانی ئازا بوو، لەگەڵ بیست و دوو ئەفسەر کە لە بنەماڵەی ئەو بوون.
1CH 12:29 لە نەوەی بنیامینیش، لە خزم و کەسوکاری شاول، سێ هەزار کە زۆربەیان هەتا ئەو کاتەش دڵسۆز بوون لەگەڵ ماڵی شاول.
1CH 12:30 لە نەوەی ئەفرایم، بیست هەزار و هەشت سەد پاڵەوانی ئازا و ناوداری بنەماڵەکانیان.
1CH 12:31 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش، هەژدە هەزار پیاو کە بە ناو دیاری کرابوون هەتا بێن و داود بکەنە پاشا.
1CH 12:32 لە نەوەی یەساخار، دوو سەد سەرکردە کە شارەزای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، دەیانزانی ئیسرائیل دەبێت چی بکات، هەروەها هەموو خزم و کەسەکانیشیان لەژێر فەرمانی ئەواندا بوون.
1CH 12:33 لە زەبولونیش، پەنجا هەزار پیاوی مەشقپێکراو هەبوون لەسەر شەڕ و هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ، کە بەبێ دوو دڵی ئامادە بوون بۆ یارمەتیدانی داود.
1CH 12:34 لە نەفتالی، هەزار سەرکردە و سی و حەوت هەزار پیاوی چەکدار بە قەڵغان و ڕمیان لەگەڵ بوو.
1CH 12:35 لە دانیش، بیست و هەشت هەزار و شەش سەد پیاوی ئامادەباش بۆ جەنگ.
1CH 12:36 لە ئاشێریش، چل هەزار ڕاهێنراو لەسەر شەڕ و ئامادەکراو بۆ جەنگ.
1CH 12:37 لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیشەوە، لە ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، سەد و بیست هەزار پیاوی پڕچەککراو بە هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ.
1CH 12:38 هەموو ئەمانە جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە ڕیزی لەشکرەکانی و بە هەموو دڵیانەوە هاتبوونە حەبرۆن هەتا داود بکەنە پاشای هەموو ئیسرائیل، هەروەها هەموو پاشماوەی ئیسرائیلیش یەک بڕیار بوون بۆ ئەوەی داود بکەنە پاشا.
1CH 12:39 لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ داود مانەوە، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە لە هەموو ئەوەی کەسوکارەکانیان بۆیان ئامادە کردبوون،
1CH 12:40 هەروەها نزیکەکانیشیان لە یەساخار و زەبولون و نەفتالییەوە، بە گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان دەهێنا. خواردنێکی زۆریان هەبوو لە ئارد و نانە هەنجیر و هێشووی کشمیش و شەراب و زەیت و مانگا و مەڕ، چونکە لەناو ئیسرائیل خۆشی هەبوو.
1CH 13:1 داود ڕاوێژی لەگەڵ هەموو ئەفسەرەکانی کرد، فەرماندەی هەزاران و سەدان،
1CH 13:2 ئینجا بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر پێتان باشە و بەپێی خواستی یەزدانی پەروەردگارمانە، با بەدوای هەموو هاونیشتیمانەکانماندا بنێرین لە هەموو لایەکی خاکی ئیسرائیل، هەروەها لەدوای ئەو کاهین و لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکان و دەشتەکان لەگەڵیان دەژین، هەتا لەگەڵمان کۆببنەوە.
1CH 13:3 با سندوقی خودامان بهێنینەوە لای خۆمان، چونکە بە درێژایی پاشایەتی شاول لێمان نەپرسیوەتەوە.»
1CH 13:4 هەموو کۆمەڵەکەش گوتیان ئاوا دەکەین، چونکە لەلای هەموو گەل پەسەند بوو.
1CH 13:5 ئیتر داود هەموو ئیسرائیلی لە ڕووباری شیحۆری میسرەوە هەتا دەروازەی حەمات کۆکردەوە، هەتا سندوقی خودا لە قیریەت یەعاریمەوە بهێنن.
1CH 13:6 ئینجا داود و هەموو ئیسرائیل چوونە بەعلەی یەهودا کە قیریەت یەعاریمە، بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودای پەروەردگار بهێننەوە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە».
1CH 13:7 لە ماڵی ئەبینادابەوە سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانەکەیان لێدەخوڕی.
1CH 13:8 داود و هەموو ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم خودا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و سەنج و کەڕەناوە.
1CH 13:9 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی کیدۆن، عوزا دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا.
1CH 13:10 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و لێیدا، لەبەر ئەوەی دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و هەر لەوێدا لەبەردەم خودا مرد.
1CH 13:11 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا ناودەبردرێت.
1CH 13:12 ئەو ڕۆژە داود لە خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟»
1CH 13:13 لەبەر ئەوە داود سندوقەکەی نەگواستەوە بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی.
1CH 13:14 سێ مانگ سندوقی خودا لە ماڵی عوبێد ئەدۆم مایەوە، یەزدانیش ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەموو ئەو شتانەی کە هی ئەو بوون بەرەکەتداری کردن.
1CH 14:1 پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن.
1CH 14:2 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.
1CH 14:3 هەروەها داود چەند ژنێکی دیکەی لە ئۆرشەلیم هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون.
1CH 14:4 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان،
1CH 14:5 ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلپەلەت،
1CH 14:6 نۆگە، نەفەگ، یافیع،
1CH 14:7 ئەلیشاماع، بەعەلیاداع و ئەلیفەلەت.
1CH 14:8 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، هەموویان هاتن بۆ ئەوەی بەدوای داوددا بگەڕێن، بەڵام داود ئەمەی بیستەوە و دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.
1CH 14:9 ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم.
1CH 14:10 داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.»
1CH 14:11 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعل‌پراچیم و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند و گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعل‌پراچیم ناو برا.
1CH 14:12 فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا کە لەنێو ئاگردا بیانسووتێنن.
1CH 14:13 دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە،
1CH 14:14 داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە.
1CH 14:15 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.»
1CH 14:16 داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا.
1CH 14:17 بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.
1CH 15:1 داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا.
1CH 15:2 ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»
1CH 15:3 داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو.
1CH 15:4 هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.
1CH 15:5 لە نەوەی قەهات، ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
1CH 15:6 لە نەوەی مەراری، عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
1CH 15:7 لە نەوەی گێرشۆن، یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.
1CH 15:8 لە نەوەی ئەلیچافان، شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.
1CH 15:9 لە نەوەی حەبرۆن، ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.
1CH 15:10 لە نەوەی عوزیێل، عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.
1CH 15:11 ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون.
1CH 15:12 پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە،
1CH 15:13 چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.»
1CH 15:14 ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
1CH 15:15 نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.
1CH 15:16 داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.
1CH 15:17 لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو،
1CH 15:18 لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.
1CH 15:19 مۆسیقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا.
1CH 15:20 زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت دەژەند.
1CH 15:21 مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت دەژەند.
1CH 15:22 کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.
1CH 15:23 بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
1CH 15:24 کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
1CH 15:25 داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە.
1CH 15:26 کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی.
1CH 15:27 داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو.
1CH 15:28 هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.
1CH 15:29 کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
1CH 16:1 ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم خودا سەرخست.
1CH 16:2 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد.
1CH 16:3 بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.
1CH 16:4 چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا:
1CH 16:5 ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا،
1CH 16:6 بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.
1CH 16:7 ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:
1CH 16:8 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
1CH 16:9 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
1CH 16:10 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
1CH 16:11 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
1CH 16:12 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی.
1CH 16:13 ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
1CH 16:14 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
1CH 16:15 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
1CH 16:16 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
1CH 16:17 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
1CH 16:18 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.»
1CH 16:19 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
1CH 16:20 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
1CH 16:21 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
1CH 16:22 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
1CH 16:23 ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
1CH 16:24 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
1CH 16:25 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،
1CH 16:26 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
1CH 16:27 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.
1CH 16:28 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
1CH 16:29 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
1CH 16:30 ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن، جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.
1CH 16:31 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
1CH 16:32 با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
1CH 16:33 ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.
1CH 16:34 ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
1CH 16:35 بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
1CH 16:36 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»
1CH 16:37 داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت تاکو بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا.
1CH 16:38 هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.
1CH 16:39 داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن،
1CH 16:40 بۆ ئەوەی بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد.
1CH 16:41 لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات تاکو سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
1CH 16:42 لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.
1CH 16:43 پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.
1CH 17:1 پاش ئەوەی داود لە کۆشکەکەی نیشتەجێ بوو، داود بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی پەیمانی یەزدانیش لەژێر چادردایە.»
1CH 17:2 ناتانیش بە داودی گوت: «هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدانت لەگەڵە.»
1CH 17:3 بەڵام هەر لەو شەوەدا فەرمایشتی خودا بۆ ناتان هات:
1CH 17:4 «بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەو کەسە تۆ نیت کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت.
1CH 17:5 لەو ڕۆژەوەی کە ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چووم، هەر لەنێو چادری پەرستندا بووم.
1CH 17:6 لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلەکەم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘ “
1CH 17:7 «ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم.
1CH 17:8 لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین.
1CH 17:9 شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،
1CH 17:10 وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە. «”پێت ڕادەگەیەنم کە یەزدان خۆی ماڵت بۆ دروستدەکات.
1CH 17:11 کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە کوڕەکانت دەبێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
1CH 17:12 ئەو ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەکەم.
1CH 17:13 من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت، هەروەک چۆن دامماڵی لەوەی لەپێش تۆ بوو.
1CH 17:14 بۆ هەتاهەتایەش لە ماڵەکەم و لەناو پاشایەتییەکەمدا دایدەنێم، هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەبێت.“»
1CH 17:15 ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.
1CH 17:16 ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی: «یەزدانی پەروەردگار، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟
1CH 17:17 ئەی خودایە، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت. ئەی یەزدانی پەروەردگار، بە کەسێکی پایەبەرز داتنام و تەماشات کردم.
1CH 17:18 «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت کە بەندەکەتت پایەدار کردووە؟ چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت.
1CH 17:19 ئەی یەزدان، تۆ لە پێناوی بەندەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە بزانرێن.
1CH 17:20 «ئەی یەزدان، کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە.
1CH 17:21 هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە.
1CH 17:22 ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت بۆ هەتاهەتایە کردە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
1CH 17:23 «ئەی یەزدان، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، با بۆ هەتاهەتایە بچەسپێت. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە،
1CH 17:24 بیچەسپێنە، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە ناوت مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
1CH 17:25 «ئەی خودای من، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد کە ماڵێکی بۆ بنیاد دەنێیت، لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی لەبەردەمتدا نزا بکات.
1CH 17:26 ئەی یەزدان، تۆ خودایت، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە.
1CH 17:27 ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدان، چونکە تۆ بەرەکەتدارت کردووە و بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتدار دەبێت.»
1CH 18:1 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
1CH 18:2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
1CH 18:3 هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت.
1CH 18:4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
1CH 18:5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.
1CH 18:6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
1CH 18:7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.
1CH 18:8 هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
1CH 18:9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە،
1CH 18:10 هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
1CH 18:11 داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.
1CH 18:12 ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
1CH 18:13 لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
1CH 18:14 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.
1CH 18:15 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
1CH 18:16 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ شەڤشا خامەی نهێنی بوو؛
1CH 18:17 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان بوو؛ کوڕەکانی داودیش دەستەڕاستی پاشا بوون.
1CH 19:1 دوای ماوەیەک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکان مرد و کوڕەکەی لەدوای ئەو بوو بە پاشا.
1CH 19:2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، چونکە باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی. کاتێک شاندەکەی داود هاتنە لای حانوون لە خاکی عەمۆنییەکان بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن،
1CH 19:3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت شاندی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا خزمەتکارەکانی بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە نەهاتوون بۆ لات؟»
1CH 19:4 ئیتر حانوون پیاوەکانی داودی گرت و ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
1CH 19:5 کاتێک هەندێک کەس چوون و سەبارەت بەو پیاوانە بە داودیان ڕاگەیاند، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
1CH 19:6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، حانوون و عەمۆنییەکان هەزار تالنت زیویان نارد بۆ ئەوەی لە ئارامییەکانی میسۆپۆتامیا و لە ئارامییەکانی مەعکا و لە چۆڤا گالیسکە و گالیسکەسوار بەکرێ بگرن.
1CH 19:7 جا سی و دوو هەزار گالیسکە و گالیسکەسواریان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ سوپاکەی هات و لە بەرامبەر مادەبا دامەزران، عەمۆنییەکانیش لە شارۆچکەکانیانەوە کۆبوونەوە و هاتن بۆ جەنگ.
1CH 19:8 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد.
1CH 19:9 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئەو پاشایانەی کە هاتبوون بە جیا لە دەشتودەر بوون.
1CH 19:10 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن.
1CH 19:11 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن.
1CH 19:12 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم.
1CH 19:13 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
1CH 19:14 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن.
1CH 19:15 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
1CH 19:16 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، چەند نێردراوێکیان نارد و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتیان هێنا و شوفەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
1CH 19:17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و بۆیان هات و ڕیزی لێیان بەست، داود بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی بەست بۆ جەنگ و ئەوانیش لە دژی جەنگان.
1CH 19:18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت هەزار گالیسکەسوار و چل هەزار پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها شوفەخی سەرکردەی سوپاکەشی کوشت.
1CH 19:19 کاتێک ژێردەستەکانی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ داود ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل. ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
1CH 20:1 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد.
1CH 20:2 داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا،
1CH 20:3 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
1CH 20:4 پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.
1CH 20:5 جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئێلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
1CH 20:6 دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو.
1CH 20:7 کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.
1CH 20:8 ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
1CH 21:1 شەیتان لە دژی ئیسرائیل ڕاوەستا و داودی لێ هاندان بۆ سەرژمێریکردنی ئیسرائیل.
1CH 21:2 داودیش بە یۆئاب و فەرماندەکانی سوپای گوت: «بڕۆن و سەرژمێری ئیسرائیل بکەن، لە بیری شابەعەوە هەتا دان. پاشان وەرنەوە لام بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
1CH 21:3 بەڵام یۆئاب وەڵامی دایەوە: «با یەزدان جەنگاوەرەکانی سەد ئەوەندە زیاتر بکات. ئەی پاشای گەورەم، ئایا هەموویان خزمەتکاری گەورەم نین؟ ئیتر بۆچی گەورەم داوای ئەمە دەکات؟ بۆچی ئیسرائیل تووشی تاوان بکات؟»
1CH 21:4 لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئابدا سەپاند، ئیتر یۆئاب چووە دەرەوە و بە هەموو ئیسرائیلدا گەڕا، ئینجا هاتەوە ئۆرشەلیم.
1CH 21:5 یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە داود: لە هەموو ئیسرائیل ملیۆنێک و سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش چوار سەد و حەفتا هەزار هەبوون.
1CH 21:6 بەڵام یۆئاب لێڤی و بنیامینییەکانی لەگەڵیان نەژمارد، چونکە ڕقی لە فەرمانەکەی پاشا دەبووەوە.
1CH 21:7 ئەم فەرمانە لەلای خوداش خراپ بوو، لەبەر ئەوە سزای ئیسرائیلی دا.
1CH 21:8 داودیش بە خودای گوت: «بەم کارەم گوناهێکی زۆر گەورەم کرد، ئێستاش تکایە لە تاوانی بەندەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
1CH 21:9 یەزدان بە گادی فەرموو، کە پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند:
1CH 21:10 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
1CH 21:11 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بۆ خۆت هەڵبژێرە،
1CH 21:12 سێ ساڵ قاتوقڕی، یان سێ مانگ هەڵاتن لەبەردەم دوژمنەکەت کە بە شمشێر ڕاوت دەنێت، یان سێ ڕۆژ شمشێری یەزدان بە دەرد لە خاکەکە دەدات و فریشتەی یەزدانیش لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا وێرانکاری دەکات.“ ئێستا ببینە چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
1CH 21:13 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەومە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆر زۆرە، بەڵام با نەکەومە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
1CH 21:14 لەبەر ئەوە یەزدان دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر حەفتا هەزار پیاو لە ئیسرائیل مردن.
1CH 21:15 هەروەها خودا فریشتەیەکی بۆ سەر ئۆرشەلیم نارد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، کاتێک وێرانی دەکرد، یەزدان تەماشای کرد و کارەساتەکەی ڕاگرت، بە فریشتە وێرانکەرەکەی فەرموو: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» فریشتەکەی یەزدان لەو کاتەدا لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی ڕاوەستابوو.
1CH 21:16 داود سەری هەڵبڕی و بینی فریشتەکەی یەزدان لەنێوان زەوی و ئاسماندا ڕاوەستاوە، شمشێرەکەی بەدەستەوەیە و بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایکێشاوە. داود و ئەو پیرانەی کە جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
1CH 21:17 داود بە خودای گوت: «ئایا من نەبووم کە فەرمانم دا سەرژمێری گەل بکەن؟ منم ئەوەی کە گوناهم کردووە، لە ڕاستیدا من خراپەم کرد، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ ئەی یەزدان، خودای من، تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت، نەک ئەم دەردە لەسەر گەلەکەت بەردەوام بێت.»
1CH 21:18 ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە گادی فەرموو، کە بە داود بڵێت، با داود سەربکەوێت و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنێت.
1CH 21:19 داودیش بەپێی قسەکەی گاد کە بە ناوی یەزدانەوە گوتی، سەرکەوت.
1CH 21:20 لە کاتێکدا ئەرەونا گەنمی دەکوتا، ئاوڕی دایەوە و فریشتەکەی بینی، چوار کوڕەکەی ئەرەونا کە لەگەڵیدا بوون خۆیان شاردەوە.
1CH 21:21 پاشان داود بەرەو لای ئەرەونا هات، ئەرەونا چاوی هەڵبڕی بینی کە داود بەرەو لای ئەو دێت، لە جۆخینەکە چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ داود برد و سەری خستە سەر زەوی.
1CH 21:22 داود بە ئەرەونای گوت: «شوێنی جۆخینەکەم بدەرێ تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە، بە نرخی تەواوی خۆی بمدەرێ.»
1CH 21:23 ئەرەوناش بە داودی گوت: «بۆ خۆتی ببە و با پاشای گەورەم چی بە چاک دەزانێت ئەوە بکات. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ بۆ دار و گەنمەکەش بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە. هەمووی دەدەم.»
1CH 21:24 بەڵام داودی پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخی تەواوی خۆی دەیکڕم، چونکە ئەوەی هی تۆیە نایبەم بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندنی بەخۆڕایی سەر ناخەم.»
1CH 21:25 لەبەر ئەوە داود بەرامبەر بە شوێنەکە شەش سەد شاقل زێڕی دایە ئەرەونا.
1CH 21:26 داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. لە یەزدان پاڕایەوە، ئەویش بە ئاگر لە ئاسمانەوە بۆ سەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن وەڵامی دایەوە.
1CH 21:27 پاشان یەزدان فەرمانی بە فریشتەکە کرد و ئەویش شمشێرەکەی گەڕاندەوە ناو کێلانەکەی.
1CH 21:28 لەو کاتەدا کە داود بینی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی وەڵامی دایەوە، لەوێدا قوربانی سەربڕی.
1CH 21:29 لەو کاتەدا چادرەکەی پەرستنی یەزدان کە موسا لە چۆڵەوانیدا دروستی کردبوو، لەگەڵ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن، لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوون.
1CH 21:30 بەڵام داود نەیتوانی بچێتە بەردەمی هەتا پرسیار لە خودا بکات، چونکە لە شمشێرەکەی فریشتەی یەزدان دەترسا.
1CH 22:1 ئینجا داود گوتی: «ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە، هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»
1CH 22:2 ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون، هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا.
1CH 22:3 داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد، بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد.
1CH 22:4 هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات، چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.
1CH 22:5 داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.
1CH 22:6 پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
1CH 22:7 داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم.
1CH 22:8 بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی.
1CH 22:9 بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم.
1CH 22:10 ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“
1CH 22:11 «کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی.
1CH 22:12 کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت.
1CH 22:13 ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە.
1CH 22:14 «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت زێڕ و ملیۆنێک تالنت زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت.
1CH 22:15 کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک
1CH 22:16 لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.»
1CH 22:17 پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن:
1CH 22:18 «ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟ ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟ دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە.
1CH 22:19 ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن. هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»
1CH 23:1 پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.
1CH 23:2 هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و
1CH 23:3 ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو.
1CH 23:4 داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و
1CH 23:5 چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»
1CH 23:6 ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری.
1CH 23:7 لە گێرشۆنییەکان: لەعدان و شیمعی.
1CH 23:8 کوڕەکانی لەعدان: یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون.
1CH 23:9 کوڕەکانی شیمعی: شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون. ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.
1CH 23:10 کوڕەکانی شیمعیش: یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە. ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.
1CH 23:11 یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.
1CH 23:12 کوڕەکانی قەهات: عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون.
1CH 23:13 کوڕەکانی عەمرام: هارون و موسا. هارون و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز هەڵبژێردران، بۆ قوربانی کردن لەبەردەم یەزدان و داواکردنی بەرەکەت بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە.
1CH 23:14 هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.
1CH 23:15 کوڕەکانی موسا گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.
1CH 23:16 نەوەکانی گێرشۆم: شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
1CH 23:17 نەوەی ئەلیعەزەریش: ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو، بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.
1CH 23:18 کوڕەکانی یەسهار: شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
1CH 23:19 کوڕەکانی حەبرۆن: یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو، ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.
1CH 23:20 کوڕەکانی عوزیێل: میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.
1CH 23:21 کوڕەکانی مەراری: مەحلی و موشی. کوڕەکانی مەحلی: ئەلعازار و قیش.
1CH 23:22 ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.
1CH 23:23 کوڕەکانی موشی: مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون.
1CH 23:24 ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد،
1CH 23:25 چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە،
1CH 23:26 ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.»
1CH 23:27 بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.
1CH 23:28 لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛
1CH 23:29 بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛
1CH 23:30 هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛
1CH 23:31 هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.
1CH 23:32 ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
1CH 24:1 ئەمانەش بەشەکانی نەوەی هارون بوون: کوڕەکانی هارون، ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوون.
1CH 24:2 ناداب و ئەبیهو پێش باوکیان مردن و کوڕیان نەبوو، لەبەر ئەوە ئەلعازار و ئیتامار بوون بە کاهین.
1CH 24:3 بە یارمەتی سادۆق لە نەوەی ئەلعازار و ئەحیمەلەخ لە نەوەی ئیتامار، داود نەوەی هارونی بەپێی خشتەی خزمەتکردنەکانیان دابەش کرد.
1CH 24:4 جا بینییان نەوەی ئەلعازار ژمارەی ڕابەرەکانیان زیاترە لە نەوەی ئیتامار، لەبەر ئەوە نەوەی ئەلعازاریان دابەش کرد بە شازدە گەورەی بنەماڵە و نەوەی ئیتاماریش بە هەشت گەورەی بنەماڵە.
1CH 24:5 لەبەر ئەوەی لە هەردوو نەوەی ئەلعازار و ئیتاماریش کاربەدەستانی پیرۆزگا و کاربەدەستانی خودا هەبوون، بێ لایەن تیروپشکیان بۆ کرا و دابەشیان کردن.
1CH 24:6 شەمەعیای کوڕی نەتەنێل لە نەوەی لێڤییەکان کە سەرقەڵەم بوو، بە ئامادەبوونی پاشا و کاربەدەستەکان، سادۆقی کاهین، ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار و گەورەی بنەماڵەکانی کاهین و لێڤییەکان، ناوەکانی ئەوانی بەم چەشنە نووسی: یەک بنەماڵە سەر بە ئیتامار لەدوای یەک سەر بە ئەلعازار.
1CH 24:7 یەکەم تیروپشک بۆ یەهۆیاریڤ دەرچوو و دووەم بۆ یەدایا و
1CH 24:8 سێیەم بۆ حاریم و چوارەم بۆ سەعۆریم و
1CH 24:9 پێنجەم بۆ مەلکیا و شەشەم بۆ میامین و
1CH 24:10 حەوتەم بۆ هەقۆچ و هەشتەم بۆ ئەبیا و
1CH 24:11 نۆیەم بۆ یێشوع و دەیەم بۆ شەخەنەیا و
1CH 24:12 یازدەیەم بۆ ئەلیاشیڤ و دوازدەیەم بۆ یاقیم و
1CH 24:13 سێزدەیەم بۆ حوپا و چواردەیەم بۆ یەشەڤەئاڤ و
1CH 24:14 پازدەیەم بۆ بیلگا و شازدەیەم بۆ ئیمێر و
1CH 24:15 حەڤدەیەم بۆ حێزیر و هەژدەیەم بۆ هەپیچێچ و
1CH 24:16 نۆزدەیەم بۆ پەتەحیا و بیستەم بۆ یەحەزقیێل و
1CH 24:17 بیست و یەکەم بۆ یاکین و بیست و دووەم بۆ گاموول و
1CH 24:18 بیست و سێیەم بۆ دەلایا و بیست و چوارەمیش بۆ مەعەزیاهو دەرچوو.
1CH 24:19 کە هاتنە ناو پەرستگای یەزدان بەپێی ئەم خشتەیە خزمەتیان دەکرد بەگوێرەی ئەو ڕێسایانەی کە هارونی باپیرە گەورەیان بۆی دیاری کردن، بەپێی ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێی کردبوو.
1CH 24:20 سەبارەت بەو نەوانەی لێڤی کە ماونەتەوە: لە نەوەی عەمرام: شوڤائێل؛ لە نەوەی شوڤائێل: یەحدەیاهو.
1CH 24:21 لە نەوەی ڕەحەڤیا: ییشیا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
1CH 24:22 لە یەسهارییەکان: شەلۆمۆت؛ لە نەوەی شەلۆمۆت: یەحەت.
1CH 24:23 لە نەوەی حەبرۆن: یەرییاهوی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەم.
1CH 24:24 لە نەوەی عوزیێل: میخا و لە نەوەی میخا: شامیر و
1CH 24:25 ییشیای برای میخا؛ و لە نەوەی ییشیا: زەکەریا.
1CH 24:26 کوڕەکانی مەراری: مەحلی و موشی. کوڕەکەی یەعزیا: بەنۆ.
1CH 24:27 لە نەوەی مەراری: لە یەعزیا: بەنۆ، شۆهەم، زەکور و عیڤری.
1CH 24:28 لە مەحلی: ئەلعازار و ئەلعازاریش کوڕی نەبوو.
1CH 24:29 لە قیش: یەرەحمێلی کوڕی قیش،
1CH 24:30 هەروەها نەوەی موشی: مەحلی، عێدەر و یەریمۆت. ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەپێی بنەماڵەکانیان.
1CH 24:31 هەروەها ئەمانیش وەک براکانیان لە نەوەی هارون تیروپشکیان کرد، لەبەردەم داودی پاشا و سادۆق و ئەحیمەلەخ و گەورەی بنەماڵەکانی کاهین و لێڤییەکان، جیاوازی نەکرا لەنێوان بنەماڵەکانی برا گەورە و بنەماڵەکانی برا بچووکەکاندا، هەردوو وەک یەک.
1CH 25:1 داود و سەرکردەکانی سوپا هەندێک لە کوڕەکانی ئاساف و هێیمان و یەدوتونیان بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا تەرخان کرد، ئەم خزمەتەشیان بە قیسارە و ساز و سەنج دەکرد. لیستی تۆماری پیاوە ژەنیارەکان بەگوێرەی خزمەتەکەیان بەم جۆرە بوو:
1CH 25:2 لە کوڕەکانی ئاساف: زەکور، یوسف، نەتەنیاهۆ و ئەسەرئێلا. کوڕەکانی ئاساف لەژێر سەرپەرشتی ئاسافدا بوون کە لەبەردەستی پاشادا پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.
1CH 25:3 لە یەدوتون، کوڕەکانی یەدوتون: گەدەلیاهو، چەری، یەشەعیا، شیمعی، حەشەڤیا و مەتیسیا، واتا شەش کەس لەژێر سەرپەرشتی یەدوتونی باوکیاندا بوون، کە بە قیسارەوە پەیامی خودای ڕادەگەیاند و سوپاس و ستایشی یەزدانی دەکرد.
1CH 25:4 لە هێیمان، کوڕەکانی هێیمان: بوقیاهو، مەتەنیا، عوزیێل، شوڤائێل، یەریمۆت، حەنەنیا، حەنانی، ئەلییاتا، گیدەلتی، ڕۆمەمتی عەزەر، یۆشبەقاشا، مەلۆتی، هۆتیر و مەحەزیۆت.
1CH 25:5 هەموو ئەمانە کوڕەکانی هێیمان بوون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. خودا بەڵێنی پێدابوو کە ناوی بەرز بکاتەوە و چواردە کوڕ و سێ کچی پێدا.
1CH 25:6 هەموو ئەمانە لەژێر دەستی باوکیاندا بوون بۆ گۆرانی گوتن بۆ پەرستگای خودا بە سەنج و ساز و قیسارەش، بۆ خزمەتکردنی ماڵی خودا. ئاساف، یەدوتون و هێیمان لەژێر دەستی پاشادا بوون.
1CH 25:7 ژمارەی ئەمان و خزمەکانیان، کە فێری مۆسیقاژەندن بوون و شارەزا بوون لە مۆسیقاژەندن بۆ یەزدان، دوو سەد و هەشتا و هەشت کەس بوون.
1CH 25:8 جا تیروپشکیان کرد بۆ کار و ئەرکەکانیان، بچووک و گەورە وەک یەک، هەروەها قوتابی و مامۆستا وەک یەک.
1CH 25:9 تیروپشکی یەکەم کە هی ئاساف بوو، بۆ یوسف دەرچوو، خۆی و کوڕەکانی و براکانی؛ دووەم بۆ گەدەلیاهو، خۆی و براکانی و کوڕەکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:10 سێیەم بۆ زەکور، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:11 چوارەم بۆ یەچری، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:12 پێنجەم بۆ نەتەنیاهۆ، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:13 شەشەم بۆ بوقیاهو، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:14 حەوتەم بۆ یەسەرێلا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:15 هەشتەم بۆ یەشەعیا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:16 نۆیەم بۆ مەتەنیا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:17 دەیەم بۆ شیمعی، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:18 یازدەیەم بۆ عەزەرئێل، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:19 دوازدەیەم بۆ حەشەڤیا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:20 سێزدەیەم بۆ شوڤائێل، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:21 چواردەیەم بۆ مەتیسیا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:22 پازدەیەم بۆ یەریمۆت، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:23 شازدەیەم بۆ حەنەنیا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:24 حەڤدەیەم بۆ یۆشبەقاشا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:25 هەژدەیەم بۆ حەنانی، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:26 نۆزدەیەم بۆ مەلۆتی، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:27 بیستەم بۆ ئەلییاتا، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:28 بیست و یەکەم بۆ هۆتیر، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:29 بیست و دووەم بۆ گیدەلتی، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:30 بیست و سێیەم بۆ مەحەزیۆت، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون؛
1CH 25:31 بیست و چوارەمیش بۆ ڕۆمەمتی عەزەر، کوڕەکانی و براکانی کە دوازدە بوون.
1CH 26:1 بەشی دەرگاوانەکان بریتی بوون لە بنەماڵەی قۆرەح: لە قۆرەحییەکان: مەشەلەمیای کوڕی قۆرێ لە نەوەی ئاساف.
1CH 26:2 مەشەلەمیا چەند کوڕێکی هەبوو: زەکەریا نۆبەرە و یەدیعێل دووەم و زەڤەدیا سێیەم و یەسنیێل چوارەم و
1CH 26:3 ئیلام پێنجەم و یەهۆحانان شەشەم و ئەلیهۆعێینەی حەوتەم.
1CH 26:4 عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕێکی هەبوو، شەمەعیا نۆبەرە و یەهۆزاڤاد دووەم و یۆئاح سێیەم و ساکار چوارەم و نەتەنێل پێنجەم و
1CH 26:5 عەمیێل شەشەم و یەساخار حەوتەم و پەعولەتەی هەشتەم، چونکە خودا عوبێد ئەدۆمی بەرەکەتدار کردبوو.
1CH 26:6 شەمەعیای کوڕی عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕێکی هەبوو، کە ڕابەری بنەماڵەکەیان بوون، چونکە ئەوان پیاوی زۆر بە توانا بوون.
1CH 26:7 کوڕەکانی شەمەعیا: عۆسنی، ڕفائێل، عوبێد و ئەلزاڤاد؛ هەروەها ئەلیهو و سەمەکیاهوی خزمانی شەمەعیا لە پیاوانی بەهێز بوون.
1CH 26:8 هەموو ئەمانە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون؛ خۆیان و کوڕەکانیان و کەسەکانیان پیاوانی بەهێز و بە توانا بوون لە خزمەتەکەیان، شەست و دوو کەس لە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون.
1CH 26:9 مەشەلەمیا و کوڕ و کەسەکانی کە لە پیاوە بەهێزەکان بوون، هەژدە کەس بوون.
1CH 26:10 حۆسا کە لە نەوەی مەراری بوو، چەند کوڕێکی هەبوو: شیمری لەگەڵ ئەوەی نۆبەرەش نەبوو، بەڵام باوکی کردی بە پێشەنگی کوڕەکانی؛
1CH 26:11 حیلقیا دووەم بوو و تەڤەلیاهو سێیەم و زەکەریا چوارەم. هەموو کوڕ و کەسەکانی حۆسا سێزدە کەس بوون.
1CH 26:12 ئەم بەشی دەرگاوانانەش لەژێر سەرپەرشتی ڕابەرەکانیان ئەرکی خزمەتکردنیان لە پەرستگای یەزدان پێ سپێردرا، هەروەک کەسەکانیان.
1CH 26:13 جا تیروپشک بۆ هەموو دەروازەکان کرا، بۆ پیران وەک گەنجان بەگوێرەی بنەماڵەکانیان بەبێ جیاوازی.
1CH 26:14 تیروپشکی دەروازەی ڕۆژهەڵات بۆ شەلەمیاهو دەرچوو، بۆ زەکەریای کوڕیشی کە ڕاوێژکارێکی وریا بوو، تیروپشک کرا و دەروازەی باکووری بۆ دەرچوو.
1CH 26:15 تیروپشکی دەروازەی باشوور بۆ عوبێد ئەدۆم دەرچوو، تیروپشکی کۆگاکەش بۆ کوڕەکانی.
1CH 26:16 بۆ تیروپشکی دەروازەی ڕۆژئاوا و دەروازەی شەلەخەت لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بەرەو ژوور دەبووەوە، بۆ شوپیم و حۆسا دەرچوو. پاسەوان بەرامبەر بە پاسەوان بوو:
1CH 26:17 ڕۆژانە شەش لە لێڤییەکان لەلای ڕۆژهەڵات و چوار لەلای باکوور و چوار لەلای باشوور بوون، لەلای کۆگاکەش دوو دوو پاسەوانیێتییان دەکرد.
1CH 26:18 بۆ ڕێڕەوە سەر داپۆشراوکەی لای ڕۆژئاوا کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، چوار لێڤی لەسەر ڕێگاکە و دووانیش لەناو ڕێڕەوەکە بوون.
1CH 26:19 ئەمانە بەشی دەرگاوانەکان بوون، لە نەوەی قۆرەحییەکان و لە نەوەی مەراری.
1CH 26:20 هەندێک لە لێڤییەکان لێپرسراوی گەنجینەکانی ماڵی خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون.
1CH 26:21 یەحیێلی و کوڕەکانی گەورەی بنەماڵەکانی لەعدانی گێرشۆنی بوون.
1CH 26:22 هەروەها یەحیێلی و کوڕەکانی، زێتام و یۆئێلی برای، لێپرسراوی گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان بوون.
1CH 26:23 لەگەڵ ئەمانیش هەریەک لە بنەماڵەی عەمرامی، یەسهاری، حەبرۆنی و عوزیێلییەکان ئەرک و بەرپرسیاریێتی پێ سپێردرا:
1CH 26:24 شوڤائێلی نەوەی گێرشۆمی کوڕی موسا لێپرسراوی گەنجینەکان بوو.
1CH 26:25 کەسەکانی لە نەوەی ئەلیعەزەر: ڕەحەڤیا کوڕی ئەلیعەزەر، یەشەعیا کوڕی ڕەحەڤیا، یۆرامی کوڕی یەشەعیا، زکری کوڕی یۆرام و شەلۆمیتی کوڕی زکری.
1CH 26:26 شەلۆمیت لەگەڵ کەسەکانی لێپرسراوی هەموو گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون کە داودی پاشا و گەورەی بنەماڵەکان، فەرماندەی هەزاران و سەدان و سەرکردەکانی سوپا تەرخانیان کردبوون.
1CH 26:27 ئەوان بەشێک لە دەستکەوتەکانی جەنگیان بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدان تەرخان کرد.
1CH 26:28 هەروەها هەموو ئەو شتانەی ساموئێلی پێشبینیکەر و شاولی کوڕی قیش و ئەبنێری کوڕی نێر و یۆئابی کوڕی چەرویا تەرخانیان کردبوون، لەگەڵ هەموو شتە تەرخانکراوەکانی دیکە، شەلۆمیت و کەسەکانی لێی بەرپرس بوون.
1CH 26:29 لە یەسهارییەکانیش: کەنەنیاهو و کوڕەکانی بۆ کارەکانی دەرەوەی پەرستگاکە، کوێخا و دادوەر بوون بەسەر ئیسرائیلەوە.
1CH 26:30 لە حەبرۆنییەکان: حەشەڤیا و کەسەکانی کە لە بەتواناکان بوون، هەزار و حەوت سەد کەس سەرپەرشتیاری ئیسرائیل بوون لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژئاوادا لە هەموو کارەکانی یەزدان و خزمەتەکانی پاشادا.
1CH 26:31 لە حەبرۆنییەکانیش، یەرییاهو گەورەی بنەماڵەی حەبرۆنییەکان بوو بەپێی ڕەچەڵەکنامەیان. لە چلەمین ساڵی پاشایەتی داود لێکۆڵینەوەیەک لە تۆمارەکانی کرا و بینییان پیاوانی بە توانا لەنێو حەبرۆنییەکانی دانیشتووانی یەعزێر لە ناوچەی گلعاد هەبوون.
1CH 26:32 داودی پاشا دوو هەزار و حەوت سەد کەس لە برا و کەسەکانی یەرییاهو کە لە پیاوە بەهێزەکان و گەورەی بنەماڵەکان بوون، کردنی بە لێپرسراوی ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە لە هەموو کاروبارەکانی خودا و پاشا.
1CH 27:1 ئەمە لیستی پلەدارەکانی نەوەی ئیسرائیلە، کە گەورەی بنەماڵەکان و فەرماندەی هەزاران و سەدان بوون، لەگەڵ ئەفسەرەکانیان کە لە هەموو کاروباری لەشکرەکانیان خزمەتی پاشایان دەکرد. ئەمانە بە نۆبە دەهاتنە سەربازی و دەڕۆیشتنەوە، بە درێژایی ساڵ، مانگ بە مانگ، هەر لەشکرێکیش بریتی بوو لە بیست و چوار هەزار پیاو.
1CH 27:2 یاشۆڤەعامی کوڕی زەبدیێل فەرماندەی لەشکری یەک بوو بۆ مانگی یەک، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو،
1CH 27:3 لە نەوەی پێرێز بوو، فەرماندەی هەموو ئەفسەرەکانی لەشکری مانگی یەک بوو.
1CH 27:4 دۆدایی ئەحۆحیش فەرماندەی لەشکری مانگی دوو بوو، لە لەشکرەکەی ئەودا میقلۆت سەرکردە بوو، لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:5 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین فەرماندەی لەشکری مانگی سێ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:6 ئەمە ئەو بەنایایە کە پاڵەوان بوو لەنێو سییەکە و سەرکردەیان بوو، عەمیزاڤادی کوڕیشی فەرماندەی ئەفسەرەکانی ناو لەشکرەکەی بوو.
1CH 27:7 عەساهێلی برای یۆئاب فەرماندەی لەشکری مانگی چوار بوو، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، پاشان زەڤەدیای کوڕی جێگەی گرتەوە.
1CH 27:8 شەمهوتی یزراحی فەرماندەی لەشکری مانگی پێنج بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پێکهاتبوو.
1CH 27:9 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی فەرماندەی لەشکری مانگی شەش بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:10 حەلەچی پەلۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی حەوت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:11 سیبەخەیی حوشاتی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی هەشت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:12 ئەبیعەزەری عەناتۆتی لە نەوەی بنیامین فەرماندەی لەشکری مانگی نۆ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:13 مەهەرەیی نەتۆفایی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی دە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:14 بەنایای پیرعاتۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی یازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:15 حەلدەیی نەتۆفایی لە نەوەی عۆسنیێل فەرماندەی لەشکری مانگی دوازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
1CH 27:16 ئەمانە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل بوون: بۆ هۆزی ڕەئوبێنییەکان: ئەلیعەزەری کوڕی زکری؛ بۆ شیمۆنییەکان: شەفەتیای کوڕی مەعکا؛
1CH 27:17 بۆ لێڤییەکان: حەشەڤیای کوڕی قەموئێل؛ بۆ هارون: سادۆق؛
1CH 27:18 بۆ یەهودا: ئەلیهو کە یەکێک لە براکانی داود بوو؛ بۆ یەساخار: عۆمری کوڕی میکائیل؛
1CH 27:19 بۆ زەبولون: یەشمەعیای کوڕی عۆبەدیا؛ بۆ نەفتالی: یەریمۆتی کوڕی عەزریێل؛
1CH 27:20 بۆ نەوەی ئەفرایم: هۆشێیەعی کوڕی عەزەزیاهو؛ بۆ نیوەی هۆزی مەنەشە: یۆئێلی کوڕی پەدایا؛
1CH 27:21 بۆ نیوەکەی دیکەی هۆزی مەنەشە لە گلعاد: ییدۆی کوڕی زەکەریا؛ بۆ بنیامین: یەعسیێلی کوڕی ئەبنێر؛
1CH 27:22 بۆ دان: عەزەرئێلی کوڕی یەرۆحام. ئەمانە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل بوون.
1CH 27:23 داودیش ژمارەی ئەوانەی وەرنەگرت کە گەنجی بیست ساڵ و کەمتر بوون، چونکە یەزدان بەڵێنی دابوو کە ئیسرائیل وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر دەکات.
1CH 27:24 یۆئابی کوڕی چەرویاش دەستی بە سەرژمێرییەکە کرد، بەڵام تەواوی نەکرد، چونکە ئەم سەرژمێرییە تووڕەیی خودای هێنایە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئاماری سەرژمێرییەکەش لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی داود پاشادا تۆمار نەکرا.
1CH 27:25 عەزماڤێتی کوڕی عەدیێل لێپرسراوی گەنجینەکانی پاشا بوو. یۆناتانی کوڕی عوزیا لێپرسراوی ئەو ئەمبارانە بوو کە لە کێڵگە و شارۆچکە و گوند و لەناو قوللەکانی چاودێری بوون.
1CH 27:26 عەزری کوڕی کەلووڤیش لێپرسراوی وەرزێرەکانی کێڵگە بوو، ئەوانەی زەوییان دەکێڵا.
1CH 27:27 شیمعی ڕاماتی لێپرسراوی ڕەزەمێوەکان بوو. زەبدی شیفەمی لێپرسراوی بەروبوومەکانی ڕەز بوو بۆ ئەمبارەکانی شەراب.
1CH 27:28 بەعل‌حانانی گەدەری لێپرسراوی دار زەیتوون و دار هەنجیرەکانی کە لە زوورگەکانی یەهودا بوو. یۆعاشی بەرپرسیاری ئەمبارەکانی زەیت بوو.
1CH 27:29 شیترەیی شارۆنی لێپرسراوی ئەو مانگایانە بوو کە لە دەشتاییەکانی شارۆندا دەلەوەڕان. شافاتی کوڕی عەدلای لێپرسراوی مانگاکانی ناو دۆڵەکان بوو.
1CH 27:30 ئۆبیلی ئیسماعیلی لێپرسراوی وشترەکان بوو. یەحدەیاهوی مێرۆنۆتی لێپرسراوی گوێدرێژەکان بوو.
1CH 27:31 یازیزی هاجەری لێپرسراوی مەڕەکان بوو. هەموو ئەمانە لێپرسراوی ماڵوموڵکەکانی داودی پاشا بوون.
1CH 27:32 یۆناتانی مامی داودیش ڕاوێژکار بوو، پیاوێکی تێگەیشتوو و سەرقەڵەم بوو، یەحیێلی کوڕی حەکمۆنیش چاودێری کوڕەکانی پاشا بوو.
1CH 27:33 ئەحیتۆفەل ڕاوێژکاری پاشا بوو. حوشەی ئەرکیش هاوڕێی پاشا بوو.
1CH 27:34 لەپاش ئەحیتۆفەلیش یەهۆیاداعی کوڕی بەنایا بوو بە ڕاوێژکار، دوای ئەمیش ئەبیاتار جێگەی گرتەوە. یۆئابیش سەرکردەی سوپاکەی پاشا بوو.
1CH 28:1 داود هەموو ڕابەرانی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە: سەرۆک هۆزەکان؛ فەرماندەی ئەو لەشکرانەی کە لە خزمەتی پاشا بوون، لەگەڵ فەرماندەی هەزاران و سەدان؛ ئەو کاربەدەستانەی کە لێپرسراوی ماڵوموڵک و ئاژەڵەکانی پاشا و کوڕەکانی بوون، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆشکی پاشا؛ پاڵەوانەکان و هەموو جەنگاوەرە دلێر و ئازاکان.
1CH 28:2 داودی پاشا هەستایە سەر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئەی گەلی برام، من لە دڵمدا بوو ماڵێکی حەوانەوە بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان و بۆ تەختەپێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئامادە کرد.
1CH 28:3 بەڵام خودا پێی فەرمووم: ”ماڵ بۆ ناوەکەم بنیاد مەنێ، چونکە تۆ پیاوی جەنگیت و خوێنت ڕشتووە.“
1CH 28:4 «لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو ماڵی باوکم منی هەڵبژارد تاکو بۆ هەتاهەتایە ببمە پاشای ئیسرائیل، چونکە یەهودای وەک ڕابەر هەڵبژارد، لە هۆزی یەهوداش ماڵی باوکم، لە کوڕەکانی باوکیشم بە من خۆشحاڵ بوو بۆ ئەوەی بمکاتە پاشای هەموو ئیسرائیل.
1CH 28:5 لەنێو هەموو ئەو کوڕانەم کە یەزدان پێی بەخشیوم، سلێمانی کوڕمی هەڵبژاردووە هەتا لەسەر تەختی پاشایەتی یەزدانی ئیسرائیل دابنیشێت.
1CH 28:6 پێی فەرمووم: ”سلێمانی کوڕت ماڵەکەم و حەوشەکەم بۆ بنیاد دەنێت، چونکە ئەوم بە کوڕی خۆم هەڵبژاردووە و منیش دەبمە باوکی ئەو،
1CH 28:7 ئەگەر بەردەوام بێت لە کارکردن بە فەرمان و حوکمەکانم، ئەوا پاشایەتییەکەی هەتاهەتایە جێگیر دەکەم.“
1CH 28:8 «ئێستاش لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل کە کۆمەڵی یەزدانە و لەبەردەم خوداشمان، ڕاتاندەسپێرم: ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەم خاکە چاکە و هەتاهەتایە وەک میراتیش بۆ نەوەکانتان بیهێڵنەوە.
1CH 28:9 «سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە.
1CH 28:10 ئێستاش ببینە، چونکە یەزدان هەڵیبژاردوویت بۆ ئەوەی ماڵێک بۆ پیرۆزگاکە بنیاد بنێیت، جا بەهێزبە و کار بکە.»
1CH 28:11 پاشان داود نەخشەی هەیوانەکەی پەرستگا و تەلار و گەنجینە و ژوورەکانی سەرەوەی و ناوەوەی و قەپاغی کەفارەتی دایە سلێمانی کوڕی.
1CH 28:12 نەخشەکانی هەموو ئەو شتانەش کە بەهۆی ڕۆحی خوداوە لە دڵیدا بوو، ئەوەی حەوشەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو ژوورەکانی دەوروبەری و گەنجینەکانی پەرستگای خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان.
1CH 28:13 هەروەها ڕێنمایی پێدا لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان و هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان و هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
1CH 28:14 کێشی زێڕ و زیوی ئەو قاپوقاچاغە زێڕین و زیوینەی دیاری کرد کە لە خزمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنران:
1CH 28:15 کێشی چرادانە زێڕینەکە و چراکانیشیان کە لە زێڕ بوو، کێشی زێڕ بۆ هەر چرادانێک و چراکانی؛ بۆ چرادانە زیوینەکانیش، کێشی زیو بۆ هەر چرادانێک و چراکانی، بەپێی جۆری خزمەتی هەر چرادانێک؛
1CH 28:16 کێشی زێڕ بۆ هەر مێزێکی نانی تەرخانکراو؛ کێشی زیویش بۆ مێزە زیوینەکان؛
1CH 28:17 کێشی زێڕی بێگەرد بۆ چەنگاڵ و تاس و دۆلکەکان؛ بۆ جامە زێڕینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک و بۆ جامە زیوینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک؛
1CH 28:18 کێشی زێڕی پوختەکراویش بۆ قوربانگای بخوورەکە. هەروەها نەخشەی گالیسکەی کەڕوبەکانی پێدا، کە باڵیان کردووەتەوە و سێبەریان بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان کردووە.
1CH 28:19 داود گوتی: «هەموو ئەمانەم نووسیوەتەوە سروشی یەزدانە بۆ من، ڕوونکردنەوەکانی ئەم نەخشەیەش یەزدان تێیگەیاندم.»
1CH 28:20 هەروەها داود بە سلێمانی کوڕی گوت: «بەهێزبە و ئازابە، کار بکە و مەترسە، ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگار، خودای من لەگەڵتدایە. ئەو وازت لێ ناهێنێت و بەجێت ناهێڵێت هەتا هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان تەواو دەکەیت.
1CH 28:21 بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان بۆ هەموو خزمەتێکی پەرستگای خودا ئامادەن، هەموو وەستایەکی شارەزا و خۆبەخشت لەگەڵدایە بۆ هەموو کارێک، سەرکردەکان و هەموو گەلیش پەیڕەوی هەموو فەرمانێکی تۆ دەکەن.»
1CH 29:1 پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە.
1CH 29:2 منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی.
1CH 29:3 لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم:
1CH 29:4 سێ هەزار تالنت زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و
1CH 29:5 هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»
1CH 29:6 ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی.
1CH 29:7 بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت زێڕ و دە هەزار درهەمی زێڕ، دە هەزار تالنت زیو، هەژدە هەزار تالنت بڕۆنز و سەد هەزار تالنت ئاسنیان بەخشی.
1CH 29:8 ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو.
1CH 29:9 گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.
1CH 29:10 داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی: «ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان، خودای ئیسرائیل، باوکمانی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
1CH 29:11 ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
1CH 29:12 دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن، تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدان تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.
1CH 29:13 ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.
1CH 29:14 «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە.
1CH 29:15 ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە.
1CH 29:16 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە.
1CH 29:17 خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت.
1CH 29:18 ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە.
1CH 29:19 هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»
1CH 29:20 پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.
1CH 29:21 پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل.
1CH 29:22 جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە. پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە.
1CH 29:23 ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون.
1CH 29:24 هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.
1CH 29:25 یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.
1CH 29:26 داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
1CH 29:27 ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
1CH 29:28 لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
1CH 29:29 ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر،
1CH 29:30 لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.
2CH 1:1 سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو، زۆر مەزنی کرد.
2CH 1:2 پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون.
2CH 1:3 ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە، چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا کە موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد، لەوێ بوو.
2CH 1:4 داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو، لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو.
2CH 1:5 بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو، لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو، ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد.
2CH 1:6 سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو.
2CH 1:7 لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو: «داوا بکە، چیت پێ بدەم؟»
2CH 1:8 سلێمانیش بە خودای گوت: «تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا.
2CH 1:9 ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار، با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت، چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە.
2CH 1:10 ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»
2CH 1:11 خوداش بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و سامان و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت نەکرد، هەروەها داوای تەمەن درێژیت نەکرد، بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد، بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت، ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای،
2CH 1:12 ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم. سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.»
2CH 1:13 پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
2CH 1:14 سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.
2CH 1:15 پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
2CH 1:16 ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن.
2CH 1:17 گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.
2CH 2:1 سلێمان فەرمانی دا بە بنیادنانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان و کۆشکێکیش بۆ پاشایەتییەکەی.
2CH 2:2 بێگاری بە حەفتا هەزار پیاوی کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕ کرد لە چیا، هەروەها بە سێ هەزار و شەش سەد کەس کە وەک سەرکاری ئەوان داینا.
2CH 2:3 سلێمان ناردی بۆ لای حیرامی پاشای سور و گوتی: «وەک ئەوەم لەگەڵ بکە کە لەگەڵ داودی باوکم کردت، بەوەی کە داری ئورزت بۆ نارد تاکو کۆشکێک بۆ خۆی بنیاد بنێت و تێیدا نیشتەجێ بێت.
2CH 2:4 ئێستا من پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد دەنێم، تاکو بۆی تەرخان بکەم بۆ سووتاندنی بخووری بۆنخۆش لەبەردەمی و بۆ نانی تەرخانکراوی بەردەوام و قوربانی سووتاندن لە بەیانییان و ئێواران، لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکانی یەزدانی پەروەردگارمان، ئەمە هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل دەبێت.
2CH 2:5 «ئەو پەرستگایەش کە من بنیادی دەنێم گەورەیە، چونکە خودامان لە هەموو خوداوەندەکان گەورەترە.
2CH 2:6 بەڵام کێ دەتوانێت پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێت، چونکە ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی ئەویان تێدا نابێتەوە! ئیتر من کێم هەتا پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێم، ئەگەر تەنها بۆ سووتاندنی قوربانی نەبێت لەبەردەمیدا؟
2CH 2:7 «ئێستاش پیاوێکم بۆ بنێرە دانا بێت لە کاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئەرخەوانی و سووری تۆخ و مۆر، کارامە بێت لە پیشەی هەڵکۆڵین، هەتا لەگەڵ پیاوە داناکانی لای خۆم بێت لە یەهودا و ئۆرشەلیم، ئەوانەی داودی باوکم ئامادەی کردن.
2CH 2:8 «لە لوبنانەوە داری ئورز و سنەوبەر و ئەلگومم بۆ بنێرە، چونکە دەزانم کە خزمەتکارەکانت لە بڕینی داری لوبناندا کارامەن. خزمەتکارەکانم ئامادەن لەگەڵ خزمەتکارەکانت کار بکەن
2CH 2:9 بۆ ئەوەی دارێکی زۆرم بۆ ئامادە بکەن، چونکە دەبێت ئەو پەرستگایەی بنیادی دەنێم گەورە و سەرسوڕهێنەر بێت.
2CH 2:10 ئەو خزمەتکارانەت کە دارەکان دەبڕنەوە، بیست هەزار کۆر گەنم و بیست هەزار کۆر جۆ و بیست هەزار بەت شەراب و بیست هەزار بەت زەیتیان دەدەمێ.»
2CH 2:11 حیرامی پاشای سوریش لە نووسراوێکدا کە بۆ سلێمان ناردی نووسیبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدان گەلەکەی خۆی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشایان.»
2CH 2:12 هەروەها حیرام گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئاسمان و زەویی دروستکردووە! ئەوەی کوڕێکی دانا و زانا و تێگەیشتووی داوەتە داودی پاشا، کە پەرستگایەک بۆ یەزدان و کۆشکێک بۆ پاشایەتییەکەی بنیاد دەنێت.
2CH 2:13 «ئێستا من پیاوێکی دانا و شارەزا و تێگەیشتووت بۆ دەنێرم بە ناوی حورام‌ئابی،
2CH 2:14 کوڕی ژنێکە لە نەوەی دان و باوکیشی خەڵکی شاری سورە. شارەزایە لە کاری زێڕ و زیو، بڕۆنز و ئاسن، بەرد و دار، ڕیسی ئەرخەوانی و مۆر و سووری تۆخ، لەگەڵ کەتانی ناسک، هەروەها هەڵکۆڵینی هەموو جۆرە نەخشێک و داهێنانی هەموو داهێنانێک کە پێی بسپێردرێت، با لەگەڵ پیاوە داناکانت و لەگەڵ پیاوە داناکانی گەورەم داودی باوکت بێت.
2CH 2:15 «ئێستاش ئەو گەنم و جۆ و زەیتی زەیتوون و شەرابەی کە گەورەم باسی کردوون با بۆ خزمەتکارەکانی بنێرێت و
2CH 2:16 ئێمەش لە لوبنانەوە بەپێی پێویستیت دارت بۆ دەبڕین و دەیکەینە کەڵەک و دەیدەین بە دەم دەریاوە بۆ یافا و تۆش بۆ ئۆرشەلیم سەری بخە.»
2CH 2:17 سلێمان پاش ئەو سەرژمێرییەی کە داودی باوکی ئەنجامی دا، هەموو پیاوە بیانییەکانی ناو خاکی ئیسرائیلی سەرژمێری کرد، ژمارەیان سەد و پەنجا و سێ هەزار و شەش سەد پیاو بوون.
2CH 2:18 حەفتا هەزاریانی کردە کۆڵکێش و هەشتا هەزاریشی لە چیادا کردە نەقاڕ و سێ هەزار و شەش سەدەکەی دیکەشی کردە سەرکار بۆ ئەوەی کار بە گەل بکەن.
2CH 3:1 ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو.
2CH 3:2 لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.
2CH 3:3 سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو.
2CH 3:4 هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو. لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد.
2CH 3:5 هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و
2CH 3:6 پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم بوو.
2CH 3:7 کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.
2CH 3:8 شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت بوو.
2CH 3:9 کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.
2CH 3:10 لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
2CH 3:11 درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛
2CH 3:12 بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت.
2CH 3:13 باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.
2CH 3:14 پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.
2CH 3:15 لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو.
2CH 3:16 زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین.
2CH 3:17 دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز.
2CH 4:1 سلێمان قوربانگایەکی بڕۆنزی دروستکرد کە درێژییەکەی بیست باڵ و پانییەکەشی بیست باڵ و بەرزییەکەی دە باڵ بوو.
2CH 4:2 حەوزە بڕۆنزییەکەشی بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو.
2CH 4:3 لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی گا نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی گایەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.
2CH 4:4 حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو، حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو.
2CH 4:5 ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن. جێی سێ هەزار بەتی تێدا دەبووەوە.
2CH 4:6 هەروەها دە دەستشۆری دروستکرد، پێنجی لەلای باشوور و پێنجیشی لەلای باکوور دانا، بۆ شوشتن لە کاتی ئەنجامدانی قوربانی سووتاندن، بەڵام کاهینەکان ئاوی حەوزە بڕۆنزییەکەیان بۆ شوشتن بەکاردەهێنا.
2CH 4:7 چرادانی زێڕیش دەی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دروستکرد و لەناو پەرستگاکە داینان، پێنج لەلای باشوور و پێنج لەلای باکوور.
2CH 4:8 دە مێزیشی دروستکرد و لە پەرستگاکە داینان، پێنج لەلای باشوور و پێنجیش لەلای باکوور. سەد تاسی زێڕیشی دروستکرد.
2CH 4:9 ئینجا حەوشەی کاهینەکان و ماڵە گەورەکەی دروستکرد لەگەڵ دەرگاکانی ماڵەکە و دەرگاکانیشی بە بڕۆنز ڕووکەش کرد.
2CH 4:10 حەوزە بڕۆنزییەکەشی لە سووچی باشووری ڕۆژهەڵاتی پەرستگاکەوە دانا.
2CH 4:11 هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی دروستکرد. حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای خودا کردی:
2CH 4:12 دوو کۆڵەکەکە؛ دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛ دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
2CH 4:13 هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛
2CH 4:14 عەرەبانەکان و دەستشۆرەکانی سەر عەرەبانەکان؛
2CH 4:15 حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛
2CH 4:16 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و چەنگاڵەکان، لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکانیان. حورام‌ئابی هەموو ئەو کەلوپەلانەی لە بڕۆنزی سافکراو بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد.
2CH 4:17 پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن.
2CH 4:18 سلێمانیش هێندە شتومەکی زۆری دروستکرد، کە کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا.
2CH 4:19 هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای خودا بوون: قوربانگا زێڕینەکە و ئەو مێزانەی کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛
2CH 4:20 چرادان و چراکانیان هەتا بەپێی ڕێسا لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز دابگیرسێن، لە زێڕی بێگەرد؛
2CH 4:21 هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشەکان تەواو زێڕ بوون؛
2CH 4:22 مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛ هەروەها ئەمانە دەرگا زێڕینەکانی پیرۆزگا بوون: دەرگای ناوەوەی شوێنی هەرەپیرۆز و دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە.
2CH 5:1 کاتێک سلێمان هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای خودا.
2CH 5:2 لەو کاتەدا سلێمان لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.
2CH 5:3 هەروەها لەو جەژنەی کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای پاشا کۆبوونەوە.
2CH 5:4 ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و لێڤییەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت،
2CH 5:5 سندوقەکە و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهینە لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە،
2CH 5:6 سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
2CH 5:7 ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.
2CH 5:8 کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیان دادەپۆشی کە بۆ هەڵگرتنیەتی.
2CH 5:9 ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە لە ئەمسەر و ئەوسەری سندوقەکەوە دەرچووبوون، هەروەها سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.
2CH 5:10 ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
2CH 5:11 ئینجا کاهینەکان لە شوێنی پیرۆز کشانەوە. هەموو کاهینە ئامادەبووەکان خۆیان پیرۆز کردبوو بێ ڕەچاوکردنی بەشەکانیان.
2CH 5:12 هەروەها لێڤییە گۆرانیبێژەکانیش کە بریتی بوون لە ئاساف و هێیمان و یەدوتون و کوڕەکانیان و براکانیان، هەموویان کەتانی ناسکیان لەبەرکردبوو بە سەنج و بە قیسارە و بە سازەوە ڕاوەستابوون و لەلای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکەوە، سەد و بیست کاهینیشیان لەگەڵدا بوو کە کەڕەنایان لێدەدا.
2CH 5:13 کەڕەنا لێدەر و گۆرانیبێژەکان بە یەک دەنگ ستایش و سوپاسی یەزدانیان کرد، دەنگیان بەرزکردەوە و بە کەڕەنا، سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە ستایشی یەزدانیان کرد و گوتیان: «بێگومان خودا چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» ئینجا پەرستگای یەزدان پڕبوو لە هەور و
2CH 5:14 کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگای خودای پڕکرد.
2CH 6:1 ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت.
2CH 6:2 من پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»
2CH 6:3 کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد.
2CH 6:4 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی:
2CH 6:5 ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و هیچ کەسێکیشم هەڵنەبژاردووە ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی من،
2CH 6:6 بەڵکو ئۆرشەلیمم هەڵبژاردووە هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“
2CH 6:7 «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
2CH 6:8 بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت.
2CH 6:9 لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
2CH 6:10 «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا.
2CH 6:11 لەوێشدا سندوقەکەم دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستی.»
2CH 6:12 ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بەرز کردەوە.
2CH 6:13 سلێمان سەکۆیەکی لە بڕۆنز دروستکردبوو و لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا داینابوو، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەشی پێنج باڵ بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ، جا لەسەری ڕاوەستا بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل چۆکی دادا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و
2CH 6:14 گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن.
2CH 6:15 تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.
2CH 6:16 «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بەگوێرەی فێرکردنەکەم لەبەردەمم ڕەفتار بکەن، هەروەک چۆن تۆ ڕەفتارت کرد.“
2CH 6:17 ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی بەندەت دا.
2CH 6:18 «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەگەڵ مرۆڤ لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!
2CH 6:19 بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت لەبەردەمت دەیکات.
2CH 6:20 با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات.
2CH 6:21 هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە لە ئاسمانەوە بیستت لێمان خۆشبە.
2CH 6:22 «ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات،
2CH 6:23 تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە.
2CH 6:24 «کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەبەردەمت لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و پاڕانەوە،
2CH 6:25 تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە خۆیان و باوباپیرانیانت داوە.
2CH 6:26 «ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن،
2CH 6:27 تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت.
2CH 6:28 «هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدەن؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛
2CH 6:29 ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەرد و ئازاری خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە،
2CH 6:30 ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە، لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی ئادەمیزاد دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت،
2CH 6:31 بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن و ڕێگاکانت بگرنەبەر.
2CH 6:32 «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی مەزنت و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد،
2CH 6:33 تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە.
2CH 6:34 «کاتێک گەلەکەت لە دژی دوژمنەکەی بۆ جەنگ دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان بۆت کرد ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە،
2CH 6:35 تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
2CH 6:36 «کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکێک ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک،
2CH 6:37 لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد“؛
2CH 6:38 ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات، لە خاکی دیلیێتییان کە بۆی ڕاپێچ کراون، هەروەها نوێژیان کرد ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە؛
2CH 6:39 ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە.
2CH 6:40 «ئێستاش ئەی خودایە، تکایە با چاوەکانت کراوە و گوێیەکانت شل بن بۆ نوێژەکانی ئەم شوێنە.
2CH 6:41 ئێستا ئەی یەزدانی پەروەردگار، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
2CH 6:42 ئەی یەزدانی پەروەردگار، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە،
2CH 7:1 کاتێک سلێمان لە نوێژکردن بووەوە، ئاگرێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییە سەربڕدراوەکانی دیکەشی هەڵلووشی و شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکرد.
2CH 7:2 کاهینەکان نەیانتوانی بچنە ناو پەرستگای یەزدانەوە، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکردبوو.
2CH 7:3 هەموو نەوەی ئیسرائیلیش تەماشایان دەکرد، کاتێک ئاگرەکە هاتە خوارەوە و شکۆی یەزدان بەسەر پەرستگاکەوە بوو، جا لەسەر شۆستەکە بە ڕوودا کەوتن و بەچۆکدا هاتن و کڕنۆشیان برد و سوپاسی یەزدانیان کرد، گوتیان: «بێگومان خودا چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
2CH 7:4 ئینجا پاشا و هەموو گەلیش قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی.
2CH 7:5 سلێمانی پاشا بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی کردە قوربانی. ئیتر پاشا و هەموو گەل پەرستگای خودایان تەرخان کرد.
2CH 7:6 کاهینان لە شوێنی خزمەتەکەی خۆیان ڕاوەستابوون، هەروەها لێڤییەکانیش بە ئامێرە مۆسیقییەکانەوە کە داودی پاشا بۆ سوپاسکردنی یەزدان دروستی کردبوون بە هەمان شێوەی داود ستایشی پێ دەکردن، دەیانگوت: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» کاهینەکان بەرامبەریان کەڕەنایان لێدەدا، هەموو ئیسرائیلیش ڕاوەستابوون.
2CH 7:7 هەروەها سلێمان ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی پێشکەش کرد، چونکە ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە سلێمان دروستی کردبوو جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکان نەدەبووەوە.
2CH 7:8 لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی زۆر گەورە.
2CH 7:9 لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگیان گێڕا، چونکە لە حەوت ڕۆژدا تەرخانکردنی قوربانگاکەیان ئەنجام دا و جەژنیش حەوت ڕۆژ بوو.
2CH 7:10 ئینجا سلێمان لە بیست و سێیەمین ڕۆژی مانگی حەوت گەلی بە شادمانی و دڵخۆشییەوە بۆ ماڵەوە بەڕێکرد، بەهۆی ئەو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داود و سلێمان و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی.
2CH 7:11 پاش ئەوەی سلێمان پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی کە بەبیریدا هات لە پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بیکات تێیدا سەرکەوتوو بوو،
2CH 7:12 یەزدان لە شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت و فەرمووی: «گوێم لە نوێژەکەت بوو، ئەم شوێنەم هەڵبژارد تاکو ببێتە پەرستگای قوربانی بۆ من.
2CH 7:13 «کاتێک ئاسمان دادەخەم و باران نابارێت و کاتێک فەرمان بە کوللە دەکەم بەروبوومی خاکەکە بخوات یان پەتا دەنێرمە ناو گەلەکەم،
2CH 7:14 ئینجا کە گەلەکەم ئەوەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێت، بێفیز بوون و نوێژیان کرد و ڕوویان لە من کرد و لە ڕێگا خراپەکانیان گەڕانەوە، من لە ئاسمانەوە گوێ دەگرم و لە گوناهەکانیان خۆشدەبم و خاکەکەیان چاک دەکەمەوە.
2CH 7:15 ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژکردن لەم شوێنەدا.
2CH 7:16 ئێستاش ئەم پەرستگایەم هەڵبژاردووە و پیرۆزم کردووە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ناوی منی تێدابێت و دڵ و چاوم هەمیشە لەوێ دەبن.
2CH 7:17 «تۆش ئەگەر بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەیت وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت،
2CH 7:18 ئەوا تەختی پاشایەتییەکەت جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن پەیمانم لەگەڵ داودی باوکت بەست و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی ئیسرائیل.“
2CH 7:19 «بەڵام ئەگەر لاتان دا و وازتان لە فەرز و فەرمانەکانم هێنا کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن،
2CH 7:20 ئەوا لە خاکەکەم ڕیشەکێشتان دەکەم کە پێم داون و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم و دەیکەمە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی لەنێو هەموو گەلان.
2CH 7:21 ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“
2CH 7:22 ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێناوە، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»
2CH 8:1 لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بنیاد دەنا،
2CH 8:2 سلێمان ئەو گوندانەی بنیاد نایەوە کە حیرامی پاشا پێیدا و نەوەی ئیسرائیلی تێیاندا نیشتەجێ کرد.
2CH 8:3 ئینجا سلێمان چوو بۆ حەمات چۆڤا و گرتی.
2CH 8:4 هەروەها تەدمۆری لە چۆڵەوانیدا ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو ئەو کۆگایانەی کە لە حەماتدا بنیادی نابوون.
2CH 8:5 ئینجا بێت‌حۆرۆنی سەروو و بێت‌حۆرۆنی خوارووی بنیاد نایەوە و کردنی بە شاری قەڵابەند بە شوورا و دەروازە و شمشیرە.
2CH 8:6 شارۆچکەی بەعەلاتیشی ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لە لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
2CH 8:7 هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
2CH 8:8 پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل لەناویان نەبردبوون سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
2CH 8:9 بەڵام سلێمان بۆ کارەکەی کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و ئەفسەری باڵا، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
2CH 8:10 ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانەی سلێمان پاشا بوون، دوو سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
2CH 8:11 سلێمان کچەکەی فیرعەونی لە شاری داودەوە بردە ئەو کۆشکەی کە بۆی بنیاد نا، چونکە گوتی: «ژنی من لە کۆشکی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سندوقی یەزدانی چووەتە ناو شوێنی پیرۆزن.»
2CH 8:12 ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یەزدان سەرخستە سەر ئەو قوربانگایەی یەزدان کە لەبەردەم هەیوانەکە بنیادی نا.
2CH 8:13 قوربانی سووتاندنەکان هەریەکە و لە ڕۆژی خۆی، بەپێی فەرمانەکەی موسا، لە شەممەکان و سەرەمانگەکان و جەژنە دیاریکراوەکان، ساڵانە سێ جار، لە جەژنی فەتیرە و لە جەژنی هەفتەکان و لە جەژنی کەپرەشینە.
2CH 8:14 ئینجا بەپێی بڕیاری داودی باوکی، سلێمان بەشی کاهینەکانی بەگوێرەی خزمەتەکانیان دیاری کرد، هەروەها لێڤییەکانی لەسەر ئەرکی خۆیان دانا بۆ ستایشکردن و یارمەتیدانی کاهینەکان، هەریەکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ڕۆژەکەی خۆی. دەرگاوانەکانیشی لە بەشەکانی خۆیان دانا لەسەر هەموو دەرگاکان، چونکە ئەمە فەرمانەکەی داودی پیاوی خودا بوو.
2CH 8:15 لە فەرمانەکانی پاشا لایان نەدا کە سەبارەت بە کاری کاهین و لێڤییەکان درابوو، هەروەها بە کاری گەنجینەکانیش.
2CH 8:16 بەم شێوەیە هەموو کارەکانی سلێمان ئامادە کرا، لە ڕۆژی بناغەدانانییەوە هەتا تەواوبوونی، ئیتر پەرستگای یەزدان تەواو بوو.
2CH 8:17 ئینجا سلێمان چوو بۆ عەچیۆن گەڤەر و ئێلەت لەسەر کەناری دەریا لە خاکی ئەدۆم.
2CH 8:18 حیرام بەدەستی ئەفسەرە کەشتیوانە شارەزاکانی لە دەریا چەند کەشتییەکی نارد، ئەوانیش لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و پەنجا تالنت زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.
2CH 9:1 کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمانی بیست، هاتە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.
2CH 9:2 سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ سلێمان قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.
2CH 9:3 کاتێک شاژنی شەبا دانایی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،
2CH 9:4 هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکان و جلوبەرگەکانیان و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە سەرسام بوو.
2CH 9:5 بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.
2CH 9:6 بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەی داناییە زۆرەکەی تۆم پێ ڕانەگەیەنراوە، زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.
2CH 9:7 خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.
2CH 9:8 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەخت دایناویت ببیتە پاشا بۆ یەزدانی پەروەردگارت. خوداکەت لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی خۆشویستووە و ویستی هەتاهەتایە جێگیری بکات، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
2CH 9:9 ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
2CH 9:10 هەروەها خزمەتکارەکانی حیرام و خزمەتکارەکانی سلێمان، ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هێنابوو، دار ئەلگوم و بەردی گرانبەهاشیان هێنابوو.
2CH 9:11 پاشا لەو دار ئەلگومانە پێپلیکانەی بۆ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان، وەک ئەو دارانە پێشتر لە خاکی یەهودا نەبینرابوون.
2CH 9:12 سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەوەی پاشا پێیدا لە بەرامبەر ئەوەی بۆی هێنابوو. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
2CH 9:13 کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت زێڕ بوو،
2CH 9:14 جگە لەو باجەی لە بازرگان و فرۆشیارەکانەوە وەردەگیرا. هەروەها هەموو پاشایانی عەرەبستان و فەرمانڕەوایانی خاکەکە زێڕ و زیویان بۆ سلێمان دەهێنا.
2CH 9:15 سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕی کوتراو بۆ هەر قەڵغانێک.
2CH 9:16 سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ سەد شاقل زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
2CH 9:17 هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.
2CH 9:18 تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو لەگەڵ تەختەپێیەک، هەموویان پێکەوە بەسترابوون، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.
2CH 9:19 دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.
2CH 9:20 هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.
2CH 9:21 کەشتیگەلی پاشا لەگەڵ خزمەتکارەکانی حیرام دەڕۆیشتن و هەر سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
2CH 9:22 سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.
2CH 9:23 هەموو پاشایانی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.
2CH 9:24 هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
2CH 9:25 سلێمان چوار هەزار تەویلەی ئەسپ و گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپی هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان داینان، هەروەها هەندێکیان لەلای خۆی لە ئۆرشەلیم جێگیر کردن.
2CH 9:26 بەسەر هەموو پاشاکاندا فەرمانڕەوایی دەکرد، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر.
2CH 9:27 هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
2CH 9:28 ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و هەموو وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکران.
2CH 9:29 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر و لە پەیامەکەی ئاحییای شیلۆنی نووسراون، هەروەها لەو بینینانەش کە عیدۆ سەبارەت بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ڕایدەگەیاند.
2CH 9:30 سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
2CH 9:31 پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 10:1 ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا.
2CH 10:2 یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست لە میسرەوە گەڕایەوە.
2CH 10:3 پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت:
2CH 10:4 «باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.»
2CH 10:5 ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن.
2CH 10:6 ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک کە لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟»
2CH 10:7 ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لەگەڵ ئەم گەلە چاک بیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.»
2CH 10:8 بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد.
2CH 10:9 لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە؟“»
2CH 10:10 ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە.
2CH 10:11 باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان، باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“»
2CH 10:12 لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.»
2CH 10:13 پاشا بە توندی وەڵامی دانەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست،
2CH 10:14 بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم. باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.»
2CH 10:15 پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی خودا بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو.
2CH 10:16 کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە: «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە، چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟ ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان! ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!» ئیتر هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان.
2CH 10:17 بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون.
2CH 10:18 ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت.
2CH 10:19 بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون.
2CH 11:1 کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، بنەماڵەی یەهودا و بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعام بگەڕێننەوە.
2CH 11:2 بەڵام پەیامی یەزدان بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
2CH 11:3 «بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و بە هەموو نەوەی ئیسرائیل لە یەهودا و بنیامین بڵێ،
2CH 11:4 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی براکانتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و هێرشیان نەکردە سەر یارۆڤعام و کشانەوە.
2CH 11:5 ڕەحەڤەعام لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو و لە یەهودا چەند شارێکی قەڵابەندی بنیاد نایەوە،
2CH 11:6 وەک بێت‌لەحم، عێتام، تەقۆعە،
2CH 11:7 بێت‌چوور، سۆخۆ، عەدولام،
2CH 11:8 گەت، مارێشا، زیف،
2CH 11:9 ئەدۆرەیم، لاخیش، عەزێقا،
2CH 11:10 چۆرعا، ئەیالۆن و حەبرۆن. ئەم شارە قەڵابەندانە لەناو خاکی یەهودا و بنیامین بوون.
2CH 11:11 جا قەڵاکانی بەهێز کرد و فەرماندەکان و ئەمبارەکانی خواردن و زەیت و شەرابی تێیاندا دانا.
2CH 11:12 لە هەموو شارێکیش قەڵغان و ڕمی دانا و زۆر بەهێزی کردن، یەهودا و بنیامینی لەژێر دەسەڵاتی خۆی هێشتەوە.
2CH 11:13 کاهین و لێڤییەکانیش لە هەموو سنوورەکانی خۆیانەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیلدا هاتن و لایەنگری ئەمیان کرد.
2CH 11:14 هەروەها لێڤییەکان لەوەڕگاکانیان و موڵکەکانیان بەجێهێشت و چوون بۆ یەهودا و بۆ ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی یارۆڤعام و کوڕەکانی ڕەتیان کردنەوە کە کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن.
2CH 11:15 جا یارۆڤعام بۆ خۆی چەند کاهینێکی دانا بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و بۆ ئەو بتانەی کە لە شێوەی تەگە و گوێرەکە دروستی کردن.
2CH 11:16 ئەوانەی لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کە بە هەموو دڵ ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەکرد، دوای لێڤییەکان کەوتن و چوونە ئۆرشەلیم هەتا قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بکەن.
2CH 11:17 جا پاشایەتییەکەی یەهودایان بەهێز کرد و سێ ساڵ پاڵپشتی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمانیان کرد، چونکە سێ ساڵ ڕێگای داود و سلێمانیان گرتەبەر.
2CH 11:18 ڕەحەڤەعام ماحەلەتی کچی یەریمۆتی کوڕی داودی هێنا، کە دایکی ئەبیهەیلی کچی ئەلیابی کوڕی یەسا بوو.
2CH 11:19 ماحەلەتیش ئەم کوڕانەی بۆ خستەوە: یەعوش، شەمەریاهو و زەهەم.
2CH 11:20 پاشان ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی هێنا، ئەویش ئەبیا و عەتەی و زیزا و شەلۆمیتی بۆ خستەوە.
2CH 11:21 ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی لە هەموو ژن و کەنیزەکانی دیکەی خۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە هەژدە ژن و شەست کەنیزەی هەبوو، بیست و هەشت کوڕ و شەست کچیشی بوو.
2CH 11:22 ڕەحەڤەعام ئەبیای کوڕی کە لە مەعکای بوو، لەنێو براکانی کرد بە میر هەتا لە جێی خۆی بیکات بە پاشا.
2CH 11:23 جا ڕەحەڤەعام بە داناییەوە کوڕەکانی بەناو هەموو ناوچەکانی یەهودا و بنیامیندا لە هەموو شارە قەڵابەندەکان بڵاو کردەوە و خواردنی زۆری پێدان و ژنی زۆریشی بۆ هێنان.
2CH 12:1 ئەوە بوو کە پاشایەتییەکەی ڕەحەڤەعام جێگیر و بەهێز بوو، ئەو و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەشی کە لەگەڵیدا بوون، وازیان لە فێرکردنەکانی یەزدان هێنا.
2CH 12:2 لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ یەزدان کرد.
2CH 12:3 شیشەق بە هەزار و دوو سەد گالیسکە، شەست هەزار سوار و سەربازێکی بێشوماری لیبی، سوخی و کوشی کە لە میسرەوە لەگەڵی هاتبوون،
2CH 12:4 شارە قەڵابەندەکانی یەهودای گرت و هاتە سەر ئۆرشەلیم.
2CH 12:5 پاشان شەمەعیای پێغەمبەر هات بۆ لای ڕەحەڤەعام و ئەو سەرکردانەی یەهودا کە لە ترسی شیشەق لە ئۆرشەلیم کۆببوونەوە و پێی گوتن: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە وازتان لە من هێنا، لەبەر ئەوە منیش لەناو دەستی شیشەقدا وازم لە ئێوە هێنا.“»
2CH 12:6 ئەو کاتە سەرکردەکانی ئیسرائیل و پاشاش خۆیان نزم کردەوە و گوتیان: «یەزدان دادپەروەرە!»
2CH 12:7 کە یەزدان بینی خۆیان نزم کردەوە، فەرمایشتی یەزدان بۆ شەمەعیا هات و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی خۆیان نزم کردەوە، لەناویان نابەم، بەڵکو خێرا دەربازیان دەکەم و لەسەر دەستی شیشەق تووڕەییم بەسەر ئۆرشەلیمدا نابارێنم.
2CH 12:8 لەگەڵ ئەوەشدا دەبن بە کۆیلەی ئەو هەتا جیاوازی نێوان خزمەتکردنی من و خزمەتکردنی پاشاکانی خاکەکانی دیکە بزانن.»
2CH 12:9 کاتێک شیشەقی پاشای میسر پەلاماری ئۆرشەلیمی دا، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد کە سلێمان دروستی کردبوون.
2CH 12:10 لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.
2CH 12:11 هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و لەگەڵیدا دەچوون، پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.
2CH 12:12 لەبەر ئەوەی ڕەحەڤەعام خۆی نزم کردەوە، تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە و بە تەواوی لەناوی نەبرد، هەروەها هەندێک کاری چاکیش لە یەهودا بەدی کراوە.
2CH 12:13 ڕەحەڤەعام پاشا دەسەڵاتی خۆی لە ئۆرشەلیم بەهێز کرد و بەردەوام بوو لە پاشایەتیکردنی، تەمەنی چل و یەک ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا و حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی کە یەزدان هەڵیبژارد لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەتا ناوی خۆی تێیدا دابنێت. دایکیشی ناوی نەعمای عەمۆنی بوو.
2CH 12:14 ئەو خراپەکاری کرد، چونکە بە هەموو دڵ ڕووی لە خودا نەکردبوو.
2CH 12:15 ڕووداوەکانی پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی شەمەعیا پێغەمبەر و لە بینینەکانی عیدۆ دەربارەی ڕەچەڵەکەکان نووسراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
2CH 12:16 ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود بە خاک سپێردرا، ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 13:1 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعام، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.
2CH 13:2 سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئوریێل بوو، خەڵکی گیڤعا بوو. ئەوە بوو جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعام هەڵگیرسا.
2CH 13:3 ئەبیا بە سوپایەکی چوار سەد هەزار جەنگاوەری توانادارەوە چووە ناو جەنگەکە، یارۆڤعامیش بەرەی بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بە هەشت سەد هەزار جەنگاوەری هەڵبژاردەوە لە پیاوانی پاڵەوان.
2CH 13:4 ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن!
2CH 13:5 ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟
2CH 13:6 کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو،
2CH 13:7 جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت.
2CH 13:8 «ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان.
2CH 13:9 بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین.
2CH 13:10 «بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن.
2CH 13:11 هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە.
2CH 13:12 خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»
2CH 13:13 پێشتر یارۆڤعام هێزێکی ناردبوو تاکو بسووڕێنەوە بۆ پشتی سوپای یەهودا. ئیتر کە یارۆڤعام بەرامبەر ڕیزی سوپای یەهودا بووەوە، بۆسەیەکیش لە پشتیانەوە بوو.
2CH 13:14 کاتێک نەوەی یەهودا ئاوڕیان دایەوە، بینییان لەپێشەوە و لەپاشەوە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەتەوە، ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد. پاشان کاهینەکان کەڕەنایان لێدا و
2CH 13:15 پیاوانی یەهودا نەعرەتەی جەنگیان کێشا. لە دەنگی نەعرەتە کێشانی جەنگیان، خودا لەبەردەم ئەبیا و پیاوانی یەهودا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیلی تێکشکاند.
2CH 13:16 ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەهودا هەڵاتن و خودا ئەوانی دا بەدەستیانەوە.
2CH 13:17 ئەبیا و سوپاکەی زیانێکی گەورەیان پێ گەیاند و پێنج سەد هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە ئیسرائیل کوژران.
2CH 13:18 لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل زەلیل بوون و نەوەی یەهودا ورەیان بەرز بوو، چونکە پشتیان بە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەستبوو.
2CH 13:19 پاش ئەوەی ئەبیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچکەکانی بێت‌ئێل و یەشانا و عەفرۆنی لێ سەند، لەگەڵ گوندەکانیان،
2CH 13:20 یارۆڤعام چیتر لە ماوەی پاشایەتی ئەبیا بەهێز نەبووەوە و یەزدانیش لێیدا و مرد.
2CH 13:21 بەڵام ئەبیا بەردەوام بەهێز بوو. چواردە ژنی هێنا و بیست و دوو کوڕ و شازدە کچی بوو.
2CH 13:22 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا، ئەوەی کردی و ئەوەی بەسەر لێویدا هات، لە پەڕتووکی لێکدانەوەی مێژووی عیدۆی پێغەمبەر تۆمار کراون.
2CH 14:1 ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. لە سەردەمی پاشایەتی ئەو خاکەکە ماوەی دە ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
2CH 14:2 ئاساش ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی باش و ڕاست بوو کردی.
2CH 14:3 قوربانگا نامۆکان و نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند، ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە.
2CH 14:4 بە خەڵکی یەهودای گوت کە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانیان، کار بە فێرکردن و فەرمانەکانی بکەن.
2CH 14:5 لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و قوربانگاکانی بخووری تێکدا، پاشایەتییەکە لە سایەیدا حەسایەوە.
2CH 14:6 ئەو شارە قەڵابەندەکانی یەهودای ئاوەدان کردەوە، چونکە ئاشتی لە خاکەکەدا بەرقەرار بوو. لەو ساڵانە جەنگ ڕووی نەدا، چونکە یەزدان پاشای حەساندەوە.
2CH 14:7 بە یەهودای گوت: «با ئەم شارۆچکانە بنیاد بنێینەوە، با دەوریان بە شوورا و قوللە و دەروازە و شمشیرە بگرین. خاکەکە هێشتا لەژێر دەستی ئێمەیە، چونکە ڕوومان لە یەزدانی پەروەردگارمان کردووە؛ ڕوومان لەو کرد و ئەویش لە هەموو لایەکەوە ئێمەی حەساندەوە.» ئیتر کاری بیناسازییان کرد و سەرکەوتوو بوون.
2CH 14:8 ئاسا سوپایەکی سێ سەد هەزار کەسی پڕ چەککراوی بە قەڵغانی گەورە و ڕم هەبوو لە یەهودا، سوپایەکی دوو سەد و هەشتا هەزار کەسیشی لە تیرهاوێژ و قەڵغان بە دەست هەبوو لە بنیامین، هەر هەموویان پاڵەوانی بەهێز بوون.
2CH 14:9 زەرەحی کوشی سوپایەکی بێشوماری بە سێ سەد گالیسکەوە لە دژیان جوڵاند و هەتا مارێشا هات.
2CH 14:10 ئاساش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و لە دۆڵی چەفیتا لەلای مارێشادا بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.
2CH 14:11 ئینجا ئاسا هاواری بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە یارمەتی لاوازەکان بدات لە دژی بە هێزەکان. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان یارمەتیمان بدە، چونکە ئێمە پشتمان بە تۆ بەستووە و بە ناوی تۆوە هاتووین بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم سوپا زەبەلاحە. ئەی یەزدان، تۆ خودامانیت، ڕێگا مەدە هیچ مرۆڤێک بەسەرتدا زاڵ بێت.»
2CH 14:12 یەزدان لەبەردەم ئاسا و یەهودا کوشییەکانی تێکشکاند، جا کوشییەکان هەڵاتن و
2CH 14:13 ئاسا و ئەو لەشکرەش کە لەگەڵی بوو هەتا گرار ڕاویان نان، کوشییەکان ئەوەندە کەسیان لێ کوژرا کە نەیانتوانی هەستنەوە، چونکە لەبەردەم یەزدان و سوپاکەی شکان. پیاوانی یەهودا تاڵانێکی زۆریان دەست کەوت.
2CH 14:14 پاشان هەموو گوندەکانی دەوروبەری گراریان وێران کرد، چونکە ترسی یەزدان باڵی بەسەریاندا کێشابوو. هەموو شارۆچکەکانیشیان تاڵان کرد، چونکە تاڵانێکی زۆریان تێدابوو.
2CH 14:15 هەروەها هێرشیان کردە سەر چادری شوان و وشترەوانەکان، مەڕ و بزن و وشتری زۆریان دایە پێش خۆیان و گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
2CH 15:1 ڕۆحی خودا هاتە سەر عەزەریای کوڕی عۆدێد و
2CH 15:2 ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت: «ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن، یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت، ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت.
2CH 15:3 ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون.
2CH 15:4 بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد، بۆیان دەرکەوت.
2CH 15:5 لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات، چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو.
2CH 15:6 ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە، چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون.
2CH 15:7 بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن، چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.»
2CH 15:8 کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.
2CH 15:9 ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.
2CH 15:10 لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و
2CH 15:11 لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و
2CH 15:12 پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان،
2CH 15:13 هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و ژن، دەکوژرێن.
2CH 15:14 ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان.
2CH 15:15 هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.
2CH 15:16 ئاسای پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
2CH 15:17 هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.
2CH 15:18 هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا.
2CH 15:19 هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا.
2CH 16:1 لە سی و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا، بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
2CH 16:2 ئاساش زێڕ و زیوی لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا دەرهێنا و ناردی بۆ بەن‌هەدەدی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت و گوتی:
2CH 16:3 «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
2CH 16:4 بەن‌هەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێل مایم و هەموو کۆگاکانی نەفتالی گرت.
2CH 16:5 کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە، دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کارەکەی بەجێهێشت.
2CH 16:6 ئاسای پاشاش هەموو پیاوانی یەهودای هێنا، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، گەڤەع و میچپای پێ ئاوەدان کردەوە.
2CH 16:7 لەو کاتەدا حەنانی پێشبینیکەر هات بۆ لای ئاسای پاشای یەهودا و پێی گوت: «سوپای پاشای ئارام لە دەستت دەرباز بوو، لەبەر ئەوەی پشتت بە پاشای ئارام بەست و پشتت بە یەزدان خودات نەبەست.
2CH 16:8 ئایا کوشییەکان و لیبییەکان سوپایەکی زۆر نەبوون بە گالیسکە و ئەسپ سواری یەک جار زۆرەوە؟ بەڵام کاتێک کە پشتت بە یەزدان بەست ئەوانی دا بە دەستتەوە،
2CH 16:9 چونکە چاوەکانی یەزدان چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا، بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵیدان. تۆ بە گێلی ڕەفتارت کرد، لە ئەمڕۆ بە دواوە هەمیشە لە جەنگدا دەبیت.»
2CH 16:10 ئاسا لەبەر ئەمە لە پێشبینیکەرەکە تووڕە بوو و بە جۆرێک لێی هەڵچوو کە خستییە زیندانەوە، هەروەها ئاسا لەو کاتەدا هەندێک کەسی لە گەلەکەی چەوساندەوە.
2CH 16:11 ڕووداوەکانی پاشایەتی ئاسا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
2CH 16:12 لە سی و نۆیەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا ئاسا پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون، هەتا نەخۆشییەکەی لێی پیس کرد، بەڵام لە نەخۆشییەکەشی داوای یەزدانی نەکرد، بەڵکو تەنها داوای یارمەتی لە پزیشکەکان کرد.
2CH 16:13 ئاسا لە چل و یەکەمین ساڵی پاشایەتییەکەی مرد و لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
2CH 16:14 لەسەر دارەمەیتێک دایاننا کە پڕ بوو لە بۆنوبەرام و پێکهاتووی جۆراوجۆری بۆنخۆش بەپێی تێکەڵکردنەکەی. لەو گۆڕەی کە لە شاری داود بۆ خۆی هەڵکەندبوو ناشتیان و ئاگرێکی گەورەیان وەک ڕێزلێنان بۆ کردەوە.
2CH 17:1 یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا و خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەهێز کرد.
2CH 17:2 لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا لەشکری دانا، لەناو خاکی یەهودا و لەو شارۆچکانەی خاکی ئەفرایمیش کە ئاسای باوکی گرتبووی سەربازگەی تێدا دامەزراندن.
2CH 17:3 یەزدانیش لەگەڵ یەهۆشافات بوو، چونکە ڕێچکەی داودی باپیرە گەورەی گرتەبەر و ڕووی لە بتی بەعل نەکرد،
2CH 17:4 بەڵکو ڕووی لە خودای باوکی کرد و فەرمانەکانی ئەوی پەیڕەو کرد، نەک نەریتەکانی ئیسرائیل.
2CH 17:5 لەبەر ئەوە یەزدان جڵەوی پاشایەتییەکەی لە دەستیدا سەقامگیر کرد و هەموو یەهودا دیارییان پێشکەش بە یەهۆشافات کرد و دەوڵەمەندی و ڕێزی زۆری هەبوو.
2CH 17:6 بە هەموو دڵەوە ڕێگای یەزدانی پەیڕەو کرد و هەروەها نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و ستوونە ئەشێراکانی لە یەهودا تێکدا.
2CH 17:7 یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەن‌حەیل، عۆبەدیا، زەکەریا، نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن.
2CH 17:8 ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون، شەمەعیا، نەتەنیاهۆ، زەڤەدیا، عەساهێل، شەمیرامۆت، یەهۆناتان، ئەدۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا، هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون.
2CH 17:9 بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان، پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد.
2CH 17:10 ترسی یەزدان باڵی بەسەر هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکانی دەوروبەری یەهودا کێشا، ئیتر لە دژی یەهۆشافات نەجەنگان.
2CH 17:11 هەندێک لە فەلەستییەکانیش دیاری و زیویان وەک سەرانە بۆ یەهۆشافات هێنا، هەروەها عەرەبەکانیش مەڕوماڵاتیان بۆ هێنا، حەوت هەزار و حەوت سەد بەران و حەوت هەزار و حەوت سەد تەگە.
2CH 17:12 یەهۆشافات هەتا دەهات مەزن و مەزنتر دەبوو. لە یەهودا قەڵا و کۆگاکانی بنیاد نا،
2CH 17:13 لە شارۆچکەکانی یەهوداش ئازووقەی زۆری هەبوو، لە ئۆرشەلیم جەنگاوەری پاڵەوان و بەهێز هەبوو.
2CH 17:14 ئەمەش سەرژمێرییانە بەپێی بنەماڵەکان: لە یەهودا، فەرماندەکانی یەکەی هەزاران: عەدنا فەرماندە بوو و سێ سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو؛
2CH 17:15 لەپاش ئەو یەهۆحانان فەرماندە بوو کە دوو سەد و هەشتا یەکەی لەگەڵ بوو؛
2CH 17:16 لەپاش ئەویش عەمەسیای کوڕی زکری بوو، کە خۆی بەخشیبوو بە یەزدان، دوو سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو.
2CH 17:17 لە بنیامین: پاڵەوانی بەهێز، ئەلیاداع، دوو سەد یەکەی چەکداری بە کەوان و قەڵغانەوە لەگەڵدا بوو؛
2CH 17:18 لەپاش ئەویش، یەهۆزاڤاد سەد و هەشتا یەکەی پیاوی پڕچەککراوی بۆ جەنگ لەگەڵ بوو.
2CH 17:19 ئەمانە خزمەتکارەکانی پاشا بوون، جگە لەوانەی پاشا لەناو شارە قەڵابەندەکان لە هەموو یەهودا داینان.
2CH 18:1 یەهۆشافات دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، لەگەڵ ئەحاڤ ژنوژنخوازی کرد.
2CH 18:2 دوای چەند ساڵێک چوو بۆ لای ئەحاڤ لە سامیرە. ئەحاڤیش مەڕ و مانگای زۆری بۆ ئەو و بۆ ئەو خەڵکەش کە لەگەڵیدا بوون سەربڕی و هانی دا پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدات.
2CH 18:3 ئەحاڤ پاشای ئیسرائیل پرسیاری لە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد؟» یەهۆشافاتیش وەڵامی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت، لەگەڵتداین بۆ جەنگ.»
2CH 18:4 بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.»
2CH 18:5 ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
2CH 18:6 بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟»
2CH 18:7 پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.» یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.»
2CH 18:8 لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!»
2CH 18:9 لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو و هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو لەسەر جۆخینەکەی لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد.
2CH 18:10 سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“»
2CH 18:11 هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
2CH 18:12 ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.»
2CH 18:13 بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی خودا پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»
2CH 18:14 کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، دەدرێتە دەستتان.»
2CH 18:15 پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟»
2CH 18:16 ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“»
2CH 18:17 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟»
2CH 18:18 میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون.
2CH 18:19 یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“ «یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە.
2CH 18:20 ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“ «یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“
2CH 18:21 «ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“ «یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“
2CH 18:22 «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی خستووەتە ناو دەمی پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.»
2CH 18:23 ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟»
2CH 18:24 میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.»
2CH 18:25 ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببەن و بیگەڕێننەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا،
2CH 18:26 پێیان بڵێن: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“»
2CH 18:27 میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!»
2CH 18:28 ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد.
2CH 18:29 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.
2CH 18:30 پاشای ئارام فەرمانی بە فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.»
2CH 18:31 کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» گەڕانەوە بۆ ئەوەی شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام یەهۆشافات هاواری کرد و یەزدانیش یارمەتی دا و ئەوانی لێ دوورخستەوە.
2CH 18:32 کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا.
2CH 18:33 پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و پاشای ئیسرائیلی لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پێکا، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.»
2CH 18:34 لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، هەتا ئێوارە پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، کاتی خۆر ئاوابوون مرد.
2CH 19:1 کاتێک یەهۆشافاتی پاشای یەهودا بە سەلامەتی گەڕایەوە کۆشکەکەی لە ئۆرشەلیم،
2CH 19:2 یێهوی کوڕی حەنانی، ئەوەی پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند، چووە لای و بە یەهۆشافات پاشای گوت: «ئایا دەبوو یارمەتی خراپەکار بدەیت و ئەوانەت خۆشبوێت کە ڕقیان لە یەزدانە؟ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانت لەسەرە.
2CH 19:3 بەڵام هەندێک کاری چاکت لێ بەدی کراوە، چونکە ستوونە ئەشێراکانت لە خاکەکەدا داماڵی و خۆتت تەرخان کردووە بۆ ڕوو لە خودا کردن.»
2CH 19:4 یەهۆشافات لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، دیسان لە ئۆرشەلیم هاتە دەرەوە و بەناو گەلدا گەڕا، لە بیری شابەعەوە هەتا ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و ئەوانی بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان گەڕاندەوە.
2CH 19:5 هەروەها دادوەری لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا دانا و
2CH 19:6 بە دادوەرەکانی گوت: «ئاگاداربن ئێوە چی دەکەن، چونکە ئێوە دادوەری بۆ مرۆڤ ناکەن، بەڵکو بۆ یەزدان، ئەویش لە بڕیارداندا لەگەڵتان دەبێت.
2CH 19:7 ئێستاش با ترسی یەزدانتان لە دڵدا بێت و ئاگاداربن و کار بکەن، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارمان ناڕەوایی و لایەنگری و بەرتیل خواردن نییە.»
2CH 19:8 هەروەها یەهۆشافات لە لێڤی و کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل چەند کەسێکی لە ئۆرشەلیم دانا بۆ دادوەریکردن بەگوێرەی فێرکردنی یەزدان و بۆ ناوبژیکردنی ناکۆکییەکان، ئەوانیش لە ئۆرشەلیم دانیشتن.
2CH 19:9 فەرمانی پێ کردن و گوتی: «بە لەخواترسی و دڵسۆزی و بە هەموو دڵەوە کار بکەن.
2CH 19:10 هەر داوایەک کە برایانی دانیشتووی شارەکانتان دەیهێننە لاتان، پەیوەست بێت بە خوێنڕشتن یان بە فێرکردنەکان سەبارەت بە فەرمان و حوکمەکان، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە لە دژی یەزدان تاوان نەکەن، نەوەک تووڕەیی یەزدان بێتە سەر خۆتان و گەلەکەتان. ئەگەر بەم شێوەیە بکەن، تاوان ناکەن.
2CH 19:11 «ئەمەریای سەرۆک کاهین لە هەموو کاروبارەکانی یەزدان سەرپەرشتیتان دەکات، زەڤەدیای کوڕی ئیسماعیلیش کە سەرۆکی هۆزی یەهودایە، لە هەموو کاروبارەکانی پاشا سەرپەرشتیتان دەکات و لێڤییەکانیش وەکو کاربەدەست یارمەتیدەرتان دەبن. ئازابن و دەستبەکار بن، با یەزدانیش لەگەڵ چاکەکاران بێت.»
2CH 20:1 پاش ئەوەی مۆئابی و عەمۆنییەکان کە هەندێک مەعونیشیان لەگەڵ بوو، هاتن بۆ ئەوەی لە دژی یەهۆشافات بجەنگن.
2CH 20:2 کەسانێک هاتن و بە یەهۆشافاتیان ڕاگەیاند و گوتیان: «سوپایەکی زۆر گەورە لەوبەری دەریای مردووەوە لە ئەدۆمەوە بەڕێکەوتوون بێنە سەرت، وا ئێستا لە حەچەچۆن تامارن» (کە کانی گەدی پێ دەگوترێت).
2CH 20:3 یەهۆشافاتیش ترسا و بڕیاری دا پرسیار لە یەزدان بکات، ئیتر لە هەموو یەهودا ڕۆژووی ڕاگەیاند.
2CH 20:4 خەڵکی یەهودا کۆبوونەوە بۆ نزا و داواکردنی یارمەتی لە یەزدان، هەروەها لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتن هەتا ڕوو لە یەزدان بکەن.
2CH 20:5 ئینجا یەهۆشافات لەنێو کۆمەڵی یەهودا و ئۆرشەلیم لە پەرستگای یەزدان بەرامبەر بە حەوشە نوێیەکە وەستا و
2CH 20:6 گوتی: «ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت.
2CH 20:7 ئەی خودامان، ئایا تۆ نەبوویت کە دانیشتووانی ئەم خاکەت لەبەردەم ئیسرائیلی گەلت وەدەرنا و هەتاهەتایە بە وەچەی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟
2CH 20:8 تێیدا نیشتەجێ بوون و لەناویدا پیرۆزگایەکیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان:
2CH 20:9 ”ئەگەر خراپە بێتە سەرمان، شمشێر و حوکم بەسەردادان و پەتا و قاتوقڕی، لەبەردەم ئەم پەرستگایە و لەبەردەمت ڕادەوەستین، چونکە ئەم پەرستگایە کە هەڵگری ناوی تۆیە و لە تەنگانەماندا هاوارت بۆ دەکەین و گوێت لێ دەبێت و ڕزگارمان دەکەیت.“
2CH 20:10 «ئێستاش تەماشا بکە، سوپاکانی عەمۆن و مۆئاب و کێوی سێعیر، ئەوانەی ڕێگات بە ئیسرائیل نەدا پەلاماریان بدەن کاتێک لە خاکی میسرەوە هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و لەناویان نەبردن.
2CH 20:11 ببینە، چۆن ئێستا ئەوان بە خراپە پاداشتمان دەدەنەوە، لەو موڵکە دەرماندەکەن کە تۆ بە میرات پێتداین.
2CH 20:12 ئەی خودای ئێمە، ئایا حوکمیان بەسەردا نادەیت؟ چونکە ئێمە توانامان نییە بەرامبەر ئەو سوپا زۆر گەورەیەی پەلامارمان دەدەن و ئێمە نازانین چی بکەین بەڵام چاومان لە تۆیە.»
2CH 20:13 هەموو پیاوانی یەهوداش لەبەردەم یەزدان ڕاوەستابوون، هەروەها ژن و منداڵ و کوڕەکانیشیان.
2CH 20:14 ئینجا لەنێو کۆمەڵەکە ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەحەزیێلی کوڕی زەکەریای کوڕی بەنایای کوڕی یەعیێلی کوڕی مەتەنیای لێڤی لە نەوەی ئاساف.
2CH 20:15 گوتی: «ئەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و یەهۆشافاتی پاشا، گوێ بگرن! یەزدان بەم جۆرە بە ئێوە دەفەرموێت: ”مەترسن و ورە بەرمەدەن لەبەردەم ئەو سوپا زۆرە، چونکە جەنگەکە هی ئێوە نییە بەڵکو هی خودایە.
2CH 20:16 سبەینێ دابەزنە سەریان، ئەوان وا لە هەورازەکەی زیز سەردەکەون، لەوپەڕی دەربەندەکە لە بەرامبەر چۆڵەوانی یەروئێل دەیاندۆزنەوە.
2CH 20:17 پێویست ناکات لەم شەڕە بجەنگن. ئەی یەهودا و ئۆرشەلیم، ڕاوەستن و مەجوڵێن و تەماشا بکەن چۆن یەزدان ڕزگارتان دەکات. مەترسن و ورە بەرمەدەن، سبەینێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بچن و یەزدان لەگەڵتان دەبێت.“»
2CH 20:18 یەهۆشافات کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش لەبەردەم یەزدان لەسەر ڕوو کەوتن و کڕنۆشیان برد.
2CH 20:19 ئینجا لێڤییەکان لە نەوەی قەهاتی و قۆرەحییەکان هەستانەوە بۆ ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە دەنگێکی زۆر بەرز.
2CH 20:20 بەیانی زوو لە خەو هەستان و چوون بۆ چۆڵەوانی تەقۆعە، لە کاتی بەڕێکەوتنیان یەهۆشافات ڕاوەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی یەهودا و ئۆرشەلیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان هەبێت، دڵنیابن و بڕواتان بە پێغەمبەرەکانی هەبێت سەرکەوتوو دەبن.»
2CH 20:21 لەدوای ئەوەی یەهۆشافات ڕاوێژی بە گەل کرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئەوەی ستایشی یەزدان بکەن بۆ شکۆی پیرۆزی، کاتێک لەپێش سوپاکە دەڕۆن بڵێن: «سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
2CH 20:22 کاتێک دەستیان بە گۆرانی و ستایش کرد، یەزدان چەند بۆسەیەکی بۆ عەمۆنی و مۆئابییەکان و خەڵکی کێوی سێعیر نایەوە کە هاتبوون بۆ پەلاماردانی یەهودا، ئیتر شکان.
2CH 20:23 عەمۆنی و مۆئابییەکان هەڵیانکوتایە سەر دانیشتووانی کێوی سێعیر تاکو قڕیان بکەن و لەناویان ببەن. دوای ئەوەی لە کوشتوبڕی دانیشتووانی سێعیر بوونەوە، بەربوونە یەکتری و یەکترییان لەناوبرد.
2CH 20:24 کاتێک پیاوانی یەهودا گەیشتنە شوێنی چاودێریکردن لە چۆڵەوانی، تەماشای ئاپۆرەی سوپاکەیان کرد هەموو لاشەن و لەسەر زەوییەکە کەوتوون و کەس دەرباز نەبووە.
2CH 20:25 ئیتر یەهۆشافات و گەلەکەی هاتن بۆ تاڵانکردنی دەستکەوتەکان، جا شتومەک و جلوبەرگ و کەلوپەلی گرانبەهای زۆریان دۆزییەوە، بەڵام هێندە زۆر بوو کە نەیانتوانی باریان بکەن. سێ ڕۆژ خەریکی تاڵان بردن بوون.
2CH 20:26 لە ڕۆژی چوارەم لە دۆڵی بەراخا کۆبوونەوە، لەوێش ستایشی یەزدانیان کرد، لەبەر ئەوە شوێنەکەیان ناو نا دۆڵی بەراخا کە هەتا ئەمڕۆش بەو ناوەوە ناودەبردرێت.
2CH 20:27 ئینجا هەموو پیاوانی یەهودا و ئۆرشەلیم بە ڕابەرایەتی یەهۆشافات بە خۆشییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم، چونکە یەزدان بە دوژمنەکانیان خۆشی کردن.
2CH 20:28 بە قیسارە و ساز و کەڕەناوە چوونە ناو ئۆرشەلیمەوە بۆ پەرستگای یەزدان.
2CH 20:29 بەو شێوەیە ترسی یەزدان لە هەموو پاشایەتی خاکەکانی دیکە نیشت، کاتێک کە بیستیانەوە یەزدان شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانی ئیسرائیلدا کردووە.
2CH 20:30 ئیتر ئاشتی لەنێو پاشایەتییەکەی یەهۆشافات بەرقەرار بوو، خودا لە هەموو لایەکەوە حەساندییەوە.
2CH 20:31 یەهۆشافات بەم شێوەیە پاشایەتی یەهودای کرد. لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشای یەهودا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو.
2CH 20:32 ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی.
2CH 20:33 بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا بە تەواوی دڵیان بە خودای باوباپیرانیان نەدابوو.
2CH 20:34 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی یێهوی کوڕی حەنانی تۆمار کراون، ئەوەی لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
2CH 20:35 پاش ئەمانە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا لەگەڵ ئەحەزیای پاشای ئیسرائیلدا کە خراپەکار بوو هاوپەیمانییەتی بەست.
2CH 20:36 یەکیانگرت لە دروستکردنی کەشتی بازرگانی و لە عەچیۆن گەڤەر چەند کەشتیگەلێکیان دروستکرد.
2CH 20:37 بەڵام ئەلیعەزەری کوڕی دۆداڤاهو کە خەڵکی مارێشا بوو لەسەر یەهۆشافات پێشبینی کرد و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحەزیا هاوپەیمانییەتیت بەست، ئەوەی ئێوە دروستتان کرد یەزدان تێکیدەشکێنێت.» ئیتر کەشتییەکان شکان و نەیانتوانی گەشتی بازرگانی بکەن.
2CH 21:1 ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 21:2 یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزەریاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل بوون.
2CH 21:3 باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو.
2CH 21:4 کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت.
2CH 21:5 یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و
2CH 21:6 هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
2CH 21:7 لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.
2CH 21:8 لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا.
2CH 21:9 ئیتر یەهۆرام لەگەڵ سەرکردەکانی و هەموو گالیسکەکانی پەڕییەوە. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون.
2CH 21:10 هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو، چونکە یەهۆرام وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنابوو.
2CH 21:11 هەروەها ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی لە چیاکانی یەهودا دروستکرد و وای لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد داوێنپیسی بکەن و یەهودای گومڕا کرد.
2CH 21:12 یەهۆرام نامەیەکی لەلایەن ئەلیاس پێغەمبەرەوە وەرگرت کە تێیدا نووسرابوو: «یەزدانی پەروەردگاری داودی باوکت ئەمە دەفەرموێت: ”تۆ ڕێچکەی یەهۆشافاتی باوکت و ئاسای پاشای یەهودات نەگرتەبەر،
2CH 21:13 بەڵکو ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلت گرتەبەر و وات لە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد وەک ماڵی ئەحاڤ داوێنپیسی بکەن، هەروەها براکانی خۆتت کوشت، ئەوانەی ماڵی باوکت کە لە تۆ باشتر بوون.
2CH 21:14 لەبەر ئەوە یەزدان گورزێکی جەرگبڕ لە گەلەکەت، کوڕەکانت، ژنەکانت و هەموو ئەوەی هەتە دەوەشێنێت،
2CH 21:15 خۆشت تووشی نەخۆشییەکی ڕیخۆڵە دەبیت کە سەخت و درێژخایەن دەبێت، هەتا ڕیخۆڵەکانت لە لەشت دێنە دەرەوە.“»
2CH 21:16 ئینجا یەزدان ڕۆحی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی لای کوشییەکانی لە یەهۆرام وروژاند و
2CH 21:17 پەلاماری یەهودایان دا و داگیریان کرد و هەرچی لە کۆشکی پاشادا هەبوو لەگەڵ کوڕەکانی و ژنەکانیدا بردیان و هیچی بۆ نەمایەوە جگە لە ئەحەزیای کوڕە بچکۆلەی.
2CH 21:18 پاش هەموو ئەمانەش یەزدان یەهۆرامی تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵە کرد و چارەسەریشی نەبوو.
2CH 21:19 نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو هەتا لەدوای دوو ساڵ ڕیخۆڵەکانی هاتنە دەرەوە و بە ئازاری زۆرەوە مرد، گەلەکەشی ئاگرێکی وەک ئاگری باوباپیرانیان بۆ نەکردەوە.
2CH 21:20 یەهۆرام لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بوو بە پاشا و هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و کە ڕۆیشت کەس بۆی بە داخ نەبوو و لە شاری داود ناشتیان، نەک لە گۆڕستانی پاشاکاندا.
2CH 22:1 دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئەحەزیای بچووکترین کوڕی یەهۆرامیان لە جێی ئەو کردە پاشا، چونکە هەموو ئەوانی پێش ئەم بە دەستی چەتەکان کوژران، ئەوانەی لەگەڵ عەرەبەکاندا هاتنە ناو ئۆردوگاکەوە. لەبەر ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهودا بوو بە پاشا.
2CH 22:2 ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری بوو.
2CH 22:3 ئەحەزیا ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە دایکی هانی دەدا کاری خراپە بکات.
2CH 22:4 ئەویش هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە لەدوای مردنی باوکی ئەوان ڕاوێژکاری بوون و بوونە هۆی لەناوبردنی.
2CH 22:5 هەروەها بە ڕاوێژی ئەوانی کرد و لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیلدا چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد. ئارامییەکان یۆرامیان پێکا،
2CH 22:6 لەبەر ئەوە گەڕایەوە یەزرەعیل تاکو لەوێ لەو برینانەی چاک بێتەوە کە لە ڕامۆت لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکرابوو. لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.
2CH 22:7 جا لەناوچوونی ئەحەزیا لەلای خوداوە بوو بە هاتنی بۆ لای یۆرام. کاتێک کە هات لەگەڵ یۆرامدا چوون بۆ لای یێهوی کوڕی نیمشی، ئەوەی یەزدان بۆ بنبڕکردنی ماڵی ئەحاڤ دەستنیشانی کرد.
2CH 22:8 ئەوە بوو کاتێک یێهو سزای دادوەرانەی بەسەر ماڵی ئەحاڤدا دەدا، تووشی بوو بە تووش سەرکردەکانی یەهودا و برازاکانی ئەحەزیاوە ئەوانەی خزمەتی ئەحەزیایان دەکرد و کوشتنی.
2CH 22:9 ئینجا بەدوای ئەحەزیادا گەڕا و لە سامیرە پیاوەکانی دەستگیریان کرد، کە خۆی شاردبووەوە، هێنایان بۆ لای یێهو و کوشتیان و ناشتیان، چونکە گوتیان: «ئەو لە نەوەی یەهۆشافاتە ئەوەی بە هەموو دڵییەوە ڕووی لە یەزدان کرد.» ئیتر کەس لە ماڵی ئەحەزیادا نەبوو توانای پاشایەتییەکەی هەبێت.
2CH 22:10 کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی بنەماڵەی یەهودای لەناوبرد.
2CH 22:11 بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا، پێش کوشتنی شازادەکان یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی و لەگەڵ دایەنەکەی لە ژووری نوستن داینا. یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرامی پاشا ژنی یەهۆیاداعی کاهین بوو، هەروەها خوشکی ئەحەزیا بوو، ئیتر برازاکەی لە عەتەلیا شاردەوە تاکو نەتوانێ بیکوژێت.
2CH 22:12 ماوەی شەش ساڵ لەگەڵیاندا بە نهێنی لە پەرستگای خودا مایەوە، عەتەلیاش فەرمانڕەوای خاکەکە بوو.
2CH 23:1 لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع خۆی بەهێز کرد و پەیمانی بەست لەگەڵ فەرماندەی یەکەی سەدان، عەزەریای کوڕی یەرۆحام و ئیسماعیلی کوڕی یەهۆحانان و عەزەریای کوڕی عوبێد و مەعسێیاهوی کوڕی عەدایا و ئەلیشافاتی کوڕی زکری.
2CH 23:2 ئەوانیش بەناو یەهودا گەڕان و لێڤییەکانیان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا کۆکردەوە، لەگەڵ گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل و هاتن بۆ ئۆرشەلیم.
2CH 23:3 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە لەناو پەرستگای خودا پەیمانێکیان لەگەڵ پاشادا بەست. یەهۆیاداع پێی گوتن: «کوڕەکەی پاشا دەبێت بە پاشا هەروەک چۆن یەزدان لەبارەی نەوەی داودەوە فەرمووی.
2CH 23:4 ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، سێیەکی ئێوە لە کاهین و لێڤییەکان کاتێک لە شەممەکاندا دەچنە ژوورەوە، با دەرگاوانی دەرگاکان بن،
2CH 23:5 سێیەکیش لە کۆشکی پاشا و سێیەکیش لە دەروازەی بناغەکە، هەموو گەلیش لە حەوشەکانی پەرستگای یەزدان دەبن.
2CH 23:6 جگە لەو کاهین و لێڤییانەی کە نۆرەی بەشەکانیانە بۆ خزمەت، با کەس نەچێتە ناو پەرستگای یەزدان، چونکە ئەوان تەرخانکراون و با هەموو گەلیش فەرمانەکانی یەزدان بەجێبگەیەنن.
2CH 23:7 لێڤییەکان با چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە پەرستگاکەوە دەکوژرێت، لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»
2CH 23:8 پاش ئەوە لێڤییەکان و هەموو یەهودا ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەی لەسەر ئەرک نین، چونکە یەهویاداعی کاهین کەسی بەڕێ نەکرد.
2CH 23:9 هەروەها یەهۆیاداع ڕمەکان و قەڵغانە گەورە و بچووکەکانی داودی پاشا، ئەوانەی کە لە پەرستگای خودا بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان و
2CH 23:10 هەموو پاسەوانەکانی، هەریەکە چەکەکەی بە دەستیەوە لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور بە چواردەوری قوربانگاکە و پەرستگاکەدا، لە دەوری پاشا ڕاوەستاند.
2CH 23:11 ئەو کاتە کوڕەکەی پاشایان هێنایە دەرەوە و تاجەکەیان لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەیان دایێ و کردیانە پاشا، یەهۆیاداع و کوڕەکانیشی دەستنیشانیان کرد و گوتیان: «بژی پاشا.»
2CH 23:12 کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی گەل بوو ڕادەکەن و ستایشی پاشا دەکەن، هاتە لای گەل کە لە پەرستگای یەزدان بوون،
2CH 23:13 تەماشای کرد وا پاشا لە دەروازەکەدا لەلای کۆڵەکەکەی ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. گۆرانیبێژەکان بە ئامێرەکانی مۆسیقا سەرپەرشتی ستایشکردنیان دەکرد. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ناپاکییە! ناپاکییە!»
2CH 23:14 یەهۆیاداعی کاهینیش فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکری نارد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن،» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «لەناو پەرستگای یەزدان مەیکوژن.»
2CH 23:15 ئیتر کە گەیشتە شوێنی هاتنە ژوورەوەی کۆشکی پاشا گرتیان و لەوێ لەلای دەروازەی ئەسپەکان کوشتیان.
2CH 23:16 یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان خۆی و هەموو گەل و پاشادا بەست، تاکو ببنە گەلی یەزدان.
2CH 23:17 هەموو گەل هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.
2CH 23:18 ئینجا یەهۆیاداع چاودێریکردنی پەرستگای یەزدانی دایە دەست کاهینە لێڤییەکان، ئەوانەی داود لە پەرستگای یەزداندا دابەشی کردن بۆ سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکانی یەزدان، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بە خۆشی و گۆرانییەوە لەسەر دەستی داود.
2CH 23:19 هەروەها دەرگاوانی بۆ دەرگاکانی پەرستگای یەزدان دانا بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن هیچ کەسێک کە بە هەر شتێک گڵاو بووبێت، بێتە ژوورەوە.
2CH 23:20 پاشان فەرماندەی سەدان و میرەکان و دەسەڵاتداران بەسەر گەل و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشای لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە و بەناو دەروازەی سەرەوەدا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا و پاشایان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانا.
2CH 23:21 هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، لەبەر ئەوەی عەتەلیایان بە شمشێر کوشت.
2CH 24:1 یۆئاش کوڕێکی حەوت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی چیڤیا بوو کە خەڵکی بیری شابەع بوو.
2CH 24:2 یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە ماوەی کاهینیێتی یەهۆیاداع.
2CH 24:3 یەهۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و کوڕ و کچی بوو.
2CH 24:4 دوای ماوەیەک یۆئاش بڕیاری دا کە پەرستگای یەزدان نۆژەن بکاتەوە.
2CH 24:5 کاهینە لێڤییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچکەکانی یەهودا و لە هەموو ئیسرائیل ئەو زیوە کۆبکەنەوە کە ساڵانە بۆ چاککردنەوەی پەرستگای خوداتان دەدرێت. ئێوە لەم کارە بە پەلە بن.» بەڵام لێڤییەکان پەلەیان نەکرد.
2CH 24:6 لەبەر ئەوە پاشا یەهۆیاداعی سەرۆکی کاهینی بانگکرد و پێی گوت: «بۆچی داوات لە لێڤییەکان نەکردووە هەتا لە یەهودا و ئۆرشەلیمەوە باجەکەی موسای بەندەی یەزدان و کۆمەڵی ئیسرائیل بۆ چادری پەیمان بهێنن؟»
2CH 24:7 ئەوە بوو کوڕەکانی عەتەلیای خراپەکار پەرستگای خودایان تاڵان کردبوو، هەروەها هەموو شتە پیرۆزکراوەکانی پەرستگای یەزدانیان کردبووە هی بەعلەکان.
2CH 24:8 پاشا فەرمانی دا و سندوقێکیان دروستکرد، لەلای دەروازەی پەرستگای یەزدان بۆ دەرەوە دایاننا.
2CH 24:9 بەناو یەهودا و ئۆرشەلیمدا بانگەوازیان کرد کە باجەکەی موسای بەندەی خودا ئەوەی لە چۆڵەوانی لەسەر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یەزدانی بهێنن.
2CH 24:10 هەموو سەرکردەکان و هەموو گەل بە خۆشی و شادمانییەوە باجەکانی خۆیان هێنا و خستیانە ناو سندوقەکە، هەتا پڕ بوو.
2CH 24:11 کاتێک لێڤییەکان سندوقەکەیان دەهێنا بۆ لای کاربەدەستانی پاشا و ئەوانیش دەیانبینی زیوەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و بریکاری سەرۆکی کاهینیش دەهاتن و سندوقەکەیان بەتاڵ دەکرد و دەیانبردەوە بۆ شوێنەکەی خۆی. بەردەوام بەو جۆرەیان دەکرد، تاکو زیوێکی زۆریان کۆکردەوە.
2CH 24:12 پاشا و یەهۆیاداع دایانە ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، خزمەتکارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش نەقاڕ و دارتاش و ئاسنگەر و بڕۆنزگەریان بەکرێ دەگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی پەرستگای یەزدان.
2CH 24:13 ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، کارەکەیان کرد و تێیدا سەرکەوتوو بوون. پەرستگای خودایان لەسەر شێوەی یەکەم جاری بنیاد نایەوە و تۆکمەیان کرد.
2CH 24:14 کاتێک تەواو بوون، ئەوەی لە زیوەکە مابووەوە هێنایانە بەردەم پاشا و یەهۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد، قاپوقاچاغی خزمەتکردن و پێشکەشکردن و کەوچک و جامی زێڕین و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە زێڕ و زیو. بە درێژایی ژیانی یەهۆیاداع بەردەوام قوربانی سووتاندنیان لە پەرستگای یەزدان پێشکەش دەکرد.
2CH 24:15 یەهۆیاداع پیر بوو و چووە ساڵەوە و لە تەمەنی سەد و سی ساڵیدا مرد.
2CH 24:16 لە شاری داود لەگەڵ پاشاکان ناشتیان، چونکە لە ئیسرائیل چاکەی لەگەڵ خودا و پەرستگاکەی کرد.
2CH 24:17 پاش مردنی یەهۆیاداع پیاوە گەورەکانی یەهودا هاتن و کڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن.
2CH 24:18 ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم.
2CH 24:19 هەرچەندە یەزدان پێغەمبەری بۆ ناردن بۆ ئەوەی بۆ لای ئەویان بگێڕنەوە و شایەتییان لەسەر بدەن، بەڵام گوێیان نەگرت.
2CH 24:20 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“»
2CH 24:21 بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد.
2CH 24:22 یۆئاشی پاشا ئەو دڵسۆزییەی لەبیر چوو کە یەهۆیاداعی باوکی زەکەریا لەگەڵی کردی و کوڕەکەی ئەوی کوشت، ئەویش لەسەرەمەرگیدا گوتی: «با یەزدان ئەمە ببینێت و سزاتان بدات.»
2CH 24:23 ئەوە بوو لە بەهاری ساڵ، سوپای ئارامییەکان هێرشیان کردە سەر یۆئاش، پەلاماری یەهودا و ئۆرشەلیمیان دا و هەموو ڕابەرەکانی گەلیان کوشت، ئیتر هەموو تاڵانی و دەستکەوتەکانیان بۆ پاشای دیمەشق نارد.
2CH 24:24 هەرچەندە سوپای ئارامییەکان بە کۆمەڵێکی کەمەوە هاتبوون، بەڵام یەزدان بەسەر سوپایەکی گەورەتردا زاڵی کردن. لەبەر ئەوەی گەلی یەهودا وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سەبارەت بە یۆئاشیش دادوەریان بەجێگەیاند.
2CH 24:25 کاتێک ئارامییەکان کشانەوە، ئەویان بە برینێکی سەختەوە بەجێهێشت. کاربەدەستەکانی پیلانیان لێی گێڕا لەبەر خوێنی کوڕەکانی یەهۆیاداعی کاهین، جا لەسەر قەرەوێڵەکەی لێیاندا و کوشتیان. لە شاری داود ناشتیان، بەڵام لە گۆڕستانی پاشاکان نەیانناشت.
2CH 24:26 ئەو دوو کەسە بوون کە پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد کە کوڕی ژنێکی عەمۆنی بوو بە ناوی شیمەعات، یەهۆزاڤاد کە کوڕی ژنێکی مۆئابی بوو بە ناوی شیمریت.
2CH 24:27 بەڵام سەرگوزەشتەی کوڕەکانی و زۆری پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەو و نۆژەنکرنەوەی پەرستگای خودا، وا لە لێکدانەوەی پەڕتووکی پاشایان نووسراونەتەوە. ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 25:1 کاتێک ئەمەسیا بوو بە پاشا، تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو. بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
2CH 25:2 ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک بە دڵێکی تەواوەوە.
2CH 25:3 کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.
2CH 25:4 بەڵام کوڕەکانی ئەوانی نەکوشت، بەڵکو بەو شێوەیەی کرد کە لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»
2CH 25:5 ئەمەسیا یەهودای کۆکردەوە و بەپێی بنەماڵەکان داینان بە فەرماندەی هەزاران و سەدان لە هەموو یەهودا و بنیامیندا. پاشان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەرژمێری کرد و بینی سێ سەد هەزار پیاو کە ئامادە بوون بۆ جەنگ، پڕچەککراو بە ڕم و قەڵغان بوون.
2CH 25:6 هەروەها سەد هەزار پاڵەوانی بەهێزی لە ئیسرائیل بە سەد تالنت زیو بەکرێ گرت.
2CH 25:7 بەڵام پیاوێکی خودا هات بۆ لای و گوتی: «ئەی پاشا، با سوپای ئیسرائیل لەگەڵتدا نەیێت، چونکە یەزدان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، واتا لەگەڵ هیچ کەسێکی نەوەی ئەفرایمدا نییە.
2CH 25:8 تەنانەت ئەگەر تۆش بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆیت و شەڕ بکەیت، ئەوا خودا لەبەردەم دوژمن دەتخات، چونکە لەلای خودا هێز هەیە بۆ یارمەتیدان و بۆ خستنیش.»
2CH 25:9 ئەمەسیا لە پیاوەکەی خودای پرسی: «ئەی چی بکرێت بۆ ئەو سەد تالنتەی کە داومەتە چەتەکانی ئیسرائیل؟» پیاوەکەی خوداش گوتی «یەزدان دەتوانێت لەوە زیاترت پێبدات.»
2CH 25:10 ئیتر ئەمەسیا ئەو بەکرێگیراوانەی جیا کردەوە کە لە ئەفرایمەوە هاتبوون هەتا بۆ شوێنەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوانیش لە یەهودا زۆر تووڕە بوون و بە گڕی تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی خۆیان.
2CH 25:11 بەڵام ئەمەسیا ورەی دایە بەرخۆی و ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد بۆ دۆڵی خوێ و دە هەزار کەسی لە نەوەی سێعیر کوشت،
2CH 25:12 نەوەی یەهوداش دە هەزاریان بە زیندوویی لێ بە دیل گرتن و هێنایانن بۆ سەر خەرەندێک و لەسەر هەڵدێرەکەوە فڕێیان دانە خوارەوە و هەموویان پارچەپارچە بوون.
2CH 25:13 بەڵام ئەو چەتانەی کە ئەمەسیا نەیهێشت لەگەڵیدا بچنە جەنگەکە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی یەهودا، لە سامیرەوە هەتا بێت‌حۆرۆن و سێ هەزاریان لێ کوشتن و تاڵانێکی زۆریشیان برد.
2CH 25:14 پاش ئەوەی ئەمەسیا لە لێدانی ئەدۆمییەکان گەڕایەوە، بتەکانی نەوەی سێعیری هێنا و کردنی بە خوداوەندی خۆی و کڕنۆشی بۆ بردن و بخووری بۆ سووتاندن.
2CH 25:15 جا تووڕەیی یەزدان لە ئەمەسیا جۆشا و پێغەمبەرێکی بۆ نارد و پێی گوت: «بۆچی داوای خوداوەندەکانی ئەو گەلەت کرد کە نەیانتوانی گەلەکەی خۆیان لە دەستت دەرباز بکەن؟»
2CH 25:16 کاتێک هێشتا قسەی لەگەڵ دەکرد، پێی گوت: «ئایا تۆیان کردووە بە ڕاوێژکاری پاشا؟ بێدەنگ بە با نەتکوژن!» ئەو کاتە پێغەمبەرەکە وەستا، بەڵام گوتی: «زانیم کە خودا بڕیاری داوە بە لەناوبردنت، چونکە ئەمەت کرد و گوێت لە ڕاوێژم نەگرت.»
2CH 25:17 پاش ئەوەی ئەمەسیای پاشای یەهودا ڕاوێژی کرد، ناردی بەدوای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیلدا و گوتی: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
2CH 25:18 یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی،“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.
2CH 25:19 تۆ گوتت ئەدۆمم شکاندووە، ئێستا لەخۆبایی بوویت، شانازیت کرد هەتا ڕێزداربیت، لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
2CH 25:20 بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، ئەمەش لەلایەن خوداوە بوو، چونکە خودا ویستی بیانداتە دەستی یەهۆئاش، لەبەر ئەوەی ڕوویان لە خوداوەندەکانی ئەدۆم کرد.
2CH 25:21 لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
2CH 25:22 لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.
2CH 25:23 ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش هێنای بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ بوو.
2CH 25:24 هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای خودا کە لەلای عوبێد ئەدۆم بوو، هەروەها گەنجینەکانی کۆشکی پاشا و بارمتەکانی برد و گەڕایەوە سامیرە.
2CH 25:25 ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.
2CH 25:26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
2CH 25:27 لەو کاتەوەی کە ئەمەسیا لە یەزدان هەڵگەڕایەوە، لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.
2CH 25:28 بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری یەهودا لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.
2CH 26:1 ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا.
2CH 26:2 ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
2CH 26:3 عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
2CH 26:4 بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
2CH 26:5 عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد.
2CH 26:6 لە دژی فەلەستییەکان جەنگی بەرپا کرد، شووراکانی گەت و یەڤنێ و ئەشدۆدی ڕووخاند. لە دەوروبەری ئەشدۆد و لە چەند شوێنێکی دیکە لەنێو فەلەستییەکان چەند شارۆچکەیەکی بنیاد ناوە.
2CH 26:7 خوداش لە شەڕی دژی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی گور بەعل و مەعونییەکان یارمەتی دا.
2CH 26:8 عەمۆنییەکانیش سەرانەیان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هەتا دەروازەی میسر بڵاو بووەوە، چونکە زۆر بەهێز بوو.
2CH 26:9 عوزیا چەند قوللەیەکی لە ئۆرشەلیم لەسەر دەروازەی گۆشەکە و دەروازەی دۆڵەکە و لەلای گۆشەکەوە بنیاد نا و قاییمی کردن.
2CH 26:10 هەروەها چەند قوللەیەکی لە چۆڵەوانیدا بنیاد نا و ئەمباراوی زۆریشی لێدا، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری لە زوورگ و لە دەشت هەبوو، هەروەها جوتیار و ڕەزەوانی زۆریشی لە چیا و لە باخدا هەبوو، چونکە زۆر حەزی لە کشتوکاڵ بوو.
2CH 26:11 عوزیا سوپایەکی مەشقپێکراوی هەبوو، بەگوێرەی ژمارەیان بە تیپی ڕێکخراو بەڕێ دەکەوتن. ئەمەش بەگوێرەی سەرژمێرییان لەلایەن یەعیێلی خامەی نهێنی و مەعسێیاهوی فەرماندە، لەژێر سەرپەرشتی حەنەنیا بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پاشا.
2CH 26:12 کۆی ژمارەی گەورەی بنەماڵەکان، لە پاڵەوانە ئازاکان، دوو هەزار و شەش سەد کەس بوو،
2CH 26:13 سوپایەکی سێ سەد و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی مەشقپێکراوی هەبوو کە زۆر بە قارەمانانە دەجەنگان بۆ یارمەتیدانی پاشا بەسەر دوژمنەکانیدا.
2CH 26:14 هەروەها عوزیا بۆ هەموو سەربازەکان قەڵغان، ڕم، کڵاوی ئاسنی، زرێ، کەوان و بەردی قۆچەقانی بۆ دابین کردن.
2CH 26:15 لە ئۆرشەلیم مەنجەنیقی دروستکرد کە داهێنانی پیشەوەرە شارەزاکان بوو، بۆ ئەوەی لەسەر قوللەکان و لەسەر گۆشەی شووراکان بن بۆ هاویشتنی تیر و بەردی گەورە. بەو شێوەیە ناوبانگی گەیشتە شوێنە دوورەکان، چونکە سەرسوڕهێنەرانە یارمەتی درا هەتا بەهێز بوو.
2CH 26:16 بەڵام عوزیا پاش ئەوەی بەهێز بوو، لەخۆبایی بوو هەتا بووە هۆی کەوتنی خۆی. ناپاکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگار کرد و هاتە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بخوور لەسەر قوربانگای بخوور بسووتێنێت.
2CH 26:17 عەزەریای کاهین لەگەڵ هەشتا کاهینی ئازای یەزدان لەدوای ئەو هاتنە ژوورەوە،
2CH 26:18 بەرەنگاری عوزیای پاشا بوونەوە و پێیان گوت: «ئەی عوزیا، بۆت نییە بخوور بۆ یەزدان بسووتێنیت، چونکە بخوور سووتاندن بۆ کاهینە تەرخانکراوەکانی نەوەی هارونە. لە پیرۆزگاکە بڕۆ دەرەوە، چونکە تۆ ناپاکیت کرد و هیچ ڕێزێکت لەلای یەزدانی پەروەردگار نییە.»
2CH 26:19 عوزیا پەست بوو و لە کاتی پەستبوونی لە کاهینەکان، بخووردانەکەی بەدەستەوە بوو بۆ بخوور سووتاندن. لەبەردەم کاهینەکان لەناو پەرستگای یەزدان لەلای قوربانگاکەی بخوور سووتاندن، نەخۆشی گولی لە ناوچەوانی دەرکەوت.
2CH 26:20 کە عەزەریای سەرۆکی کاهین و کاهینەکانی دیکە ئاوڕیان لێی دایەوە و بینییان ناوچەوانی تووشی گەڕوگولی بووە، لەوێ دەریانکرد، هەروەها خۆشی بە پەلە بوو لە هاتنە دەرەوە، چونکە یەزدان تووشی کردبوو.
2CH 26:21 عوزیا پاشا هەتا ئەو ڕۆژەی مرد گەڕوگول بوو، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، لەبەر گەڕوگولییەکەی لە پەرستگای یەزدانیش دەرکرا. یۆتامی کوڕیشی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.
2CH 26:22 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عوزیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، پێغەمبەر ئیشایای کوڕی ئامۆچ تۆماری کرد.
2CH 26:23 عوزیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیک ئەوان لە گۆڕستانێکی دیکەی پاشاکان نێژرا کە شاهانە نەبوو، چونکە گوتیان: «گەڕوگولە.» ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 27:1 یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو.
2CH 27:2 بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، سەرباری ئەوەش نەچووە ناو پیرۆزگای یەزدان، بەڵام گەل هێشتا گەندەڵییان دەکرد.
2CH 27:3 یۆتام دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد نایەوە و کاری زۆریشی لەسەر شووراکەی گردی عۆفێل کرد.
2CH 27:4 چەند شارۆچکەیەکیشی لە چیای یەهودا بنیاد نا و لە دارستانەکانیشدا قەڵا و قوللەی بنیاد نا.
2CH 27:5 یۆتام لە دژی پاشای عەمۆنییەکان جەنگا و زاڵ بوو بەسەریاندا، عەمۆنییەکانیش لەو ساڵەدا سەد تالنت زیو و دە هەزار کۆر گەنم و دە هەزاریشیان لە جۆ پێیدا. هەروەها عەمۆنییەکان لە ساڵی دووەم و سێیەمیشدا ئەمەیان پێیدا.
2CH 27:6 یۆتام بەهێز بووەوە، چونکە بەردەوام بوو لە گوێڕایەڵی بۆ یەزدان.
2CH 27:7 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام، لەگەڵ هەموو جەنگەکانی و کردەوەکانی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
2CH 27:8 یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
2CH 27:9 ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
2CH 28:1 ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو نەیکرد،
2CH 28:2 بەڵکو هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر و چەند بتێکی داڕێژراویشی بۆ بەعلەکان دروستکرد.
2CH 28:3 ئەو بوو کە لە دۆڵی بەن‌هینۆم بخووری سووتاند و کوڕەکانی خۆشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن.
2CH 28:4 هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.
2CH 28:5 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئەوی دایە دەست پاشای ئارام. ئارامییەکانیش تێکیان شکاند و دیلێکی زۆریان لێ ڕاپێچ کردن و ئەوانیان هێنایە دیمەشق. هەروەها ئاحاز درایە دەست پاشای ئیسرائیل و ئەویش گورزێکی گەورەی لێ وەشاند.
2CH 28:6 بە یەک ڕۆژ پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو سەد و بیست هەزار سەربازی لە یەهودا کوشت، کە هەموویان پیاوی بەهێز بوون، چونکە وازیان لە یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو.
2CH 28:7 زکری پاڵەوانی ئەفرایم مەعسێیاهوی کوڕی پاشای کوشت، هەروەها عەزریقامی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە و ئەلقانەی جێگری پاشاشی کوشت.
2CH 28:8 پیاوانی ئیسرائیل لە برایانی خۆیان لە یەهودا دوو سەد هەزار ژن و کوڕ و کچیان ڕاپێچ کرد و دەستکەوتێکی زۆریان لێ تاڵان کردن، دەستکەوتەکەیان هێنا بۆ سامیرە.
2CH 28:9 لەوێ پێغەمبەرێکی یەزدان هەبوو بە ناوی عۆدێد، چووە دەرەوە بۆ بەردەم ئەو سوپایەی کە دەهاتە سامیرە، پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان لەسەر یەهودا بوو، ئەوانی دایە دەستتان، بەڵام ئێوە هێندە بە تووڕەییەوە ئەوانتان کوشت هەتا هاواریان دەگەیشتە ئاسمان.
2CH 28:10 ئێستاش ئێوە بە نیازن نەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم بکەنە کۆیلە و کەنیزەی خۆتان، ئایا ئێوەش دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارتان تاوانبار نین؟
2CH 28:11 ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئەو دیلانەی کە لە براکانتان بە دیلتان گرتووە بیانگەڕێننەوە، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان لەسەرتانە.»
2CH 28:12 ئینجا چەند سەرکردەیەک لە نەوەی ئەفرایم کە عەزەریای کوڕی یەهۆحانان و بەرەخیای کوڕی مەشیلێمۆت و یەحیزقیاهوی کوڕی شەلوم و عەماسای کوڕی حەدلای بوون، هەستان و چوون بەرەنگاری سوپاکە بوونەوە،
2CH 28:13 پێیان گوتن: «دیلەکان ناهێنن بۆ ئێرە، ئەگینا ئێمەش دەرهەق بە یەزدان تاوانبار دەبین. ئایا ئێوە بە نیازن گوناه و تاوانەکانمان زۆرتر بکەن؟ چونکە خۆمان پێشوەخت ئەوەندە تاوانمان زۆرە کە گڕی تووڕەیی خودا لە ئیسرائیل هاتووەتە جۆش.»
2CH 28:14 ئیتر سەربازەکان لەبەردەم سەرکردەکان و هەموو کۆمەڵەکەدا دیلەکان و تاڵانییەکەیان بەجێهێشت.
2CH 28:15 پاشان ئەو پیاوانەی ناویان دەستنیشان کرا، هەستان و دیلەکانیان برد و لە تاڵانییەکە جلیان لەبەر هەموو ڕووتەکانیان کرد، پۆشتەیان کردن و پێڵاویان لەپێکردن. نان و ئاویان دەرخوارد دان، بریندارەکانیان بە هەتووان چارەسەر کرد و هەموو لاوازەکانیان سواری گوێدرێژ کرد و هێنایاننە ئەریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براکانیان، ئینجا گەڕانەوە سامیرە.
2CH 28:16 لەو کاتەدا ئاحاز پاشا نێردراوی ناردە لای پاشای ئاشور، هەتا یارمەتی بدات،
2CH 28:17 چونکە دیسان ئەدۆمییەکان هاتبوون و هێرشیان کردبووە سەر یەهودا و چەند دیلێکیان لێ ڕاپێچ کردن.
2CH 28:18 هەروەها فەلەستییەکانیش پەلاماری شارۆچکەکانی زوورگەکان و نەقەبی یەهودایان دابوو. بێت‌شەمەش و ئەیالۆن و گەدێرۆتیان گرت، لەگەڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و دەوروبەریان، لەوێ نیشتەجێ بوون.
2CH 28:19 یەزدان بەهۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیلەوە یەهودای زەلیل کردەوە، چونکە ئەو یەهودای وا لێکرد کە لە خودا یاخی بێت و بە تەواوی ناپاکی لە یەزدان کرد.
2CH 28:20 تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور هاتە سەری و تەنگی پێهەڵچنی، لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات.
2CH 28:21 لەگەڵ ئەوەی ئاحاز پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و ماڵی میرەکانی تاڵان کرد و دایە پاشای ئاشور، بەڵام سوودی نەبوو.
2CH 28:22 لە کاتی تەنگانەکەیدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد و
2CH 28:23 قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند و گوتی: «لەبەر ئەوەی خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون.
2CH 28:24 ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند.
2CH 28:25 لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندەکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی پەست کرد.
2CH 28:26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتییەکەی و هەموو کردارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، وا لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
2CH 28:27 ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری ئۆرشەلیم نێژرا، چونکە نەیانبردە گۆڕستانی پاشاکانی ئیسرائیل. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 29:1 حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو.
2CH 29:2 بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
2CH 29:3 لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە.
2CH 29:4 کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و
2CH 29:5 پێی گوتن: «ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن، ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن. گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن،
2CH 29:6 چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت. ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد،
2CH 29:7 هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد.
2CH 29:8 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە، ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر، هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن.
2CH 29:9 لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن.
2CH 29:10 ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم، بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە.
2CH 29:11 کوڕەکانم، ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن، چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.»
2CH 29:12 ئینجا ئەم لێڤییانە هەستان بە خزمەتەکەیان: لە نەوەی قەهاتییەکان، مەحەتی کوڕی عەماسەی و یۆئێلی کوڕی عەزەریا؛ لە نەوەی مەراری، قیشی کوڕی عەبدی و عەزەریای کوڕی یەهەلەلئێل؛ لە گێرشۆنییەکانیش، یۆئاحی کوڕی زیما و عەدەنی کوڕی یۆئاح؛
2CH 29:13 لە نەوەی ئەلیچافان، شیمری و یەعیێل؛ لە نەوەی ئاساف، زەکەریا و مەتەنیا؛
2CH 29:14 لە نەوەی هێیمان، یەحیێل و شیمعی؛ لە نەوەی یەدوتون، شەمەعیا و عوزیێل.
2CH 29:15 کاتێک برا لێڤییەکانیان کۆکردبووەوە و خۆیان تەرخان کردبوو، بە فەرمانی پاشا چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان پەرستگاکە پاک بکەنەوە.
2CH 29:16 کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە، بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن.
2CH 29:17 لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان. لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا.
2CH 29:18 ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان: «هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە،
2CH 29:19 لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی، ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.»
2CH 29:20 بەیانی زوو حەزقیای پاشا هەستا و کاربەدەستەکانی شاری کۆکردەوە و چوو بۆ پەرستگای یەزدان.
2CH 29:21 حەوت گا و حەوت بەران و حەوت بەرخی نێر و حەوت گیسکی نێریان هێنا بۆ قوربانی گوناه لە پێناوی پاشایەتییەکە و پیرۆزگا و یەهودا. فەرمانی بە کاهینەکان کە لە نەوەی هارون بوون کرد سەریان بخەنە سەر قوربانگاکەی یەزدان.
2CH 29:22 ئیتر گایەکانیان سەربڕی و کاهینەکان خوێنەکەیان وەرگرت و بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندیان؛ دواتر بەرانەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە؛ ئینجا بەرخەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە.
2CH 29:23 پاشان گیسکەکانی قوربانی گوناهیان بردە بەردەم پاشا و کۆمەڵ و ئەوانیش دەستیان لەسەر دانان.
2CH 29:24 ئینجا کاهینەکان سەریان بڕین و خوێنەکەیان پێشکەش کردە سەر قوربانگاکە وەک قوربانی گوناه و کەفارەتیان بۆ هەموو ئیسرائیل کرد، چونکە پاشا گوتی، قوربانی سووتاندن و قوربانییەکەی گوناه بۆ هەموو ئیسرائیلە.
2CH 29:25 ئینجا لێڤییەکانی لە پەرستگای یەزدان ڕاگرت، بە سەنج و قیسارە و سازەوە، بەگوێرەی فەرمانی داود و گاد کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند و ناتانی پێغەمبەریش، چونکە فەرمانەکە لەلایەن یەزدانەوە بوو لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانییەوە.
2CH 29:26 ئیتر لێڤییەکان بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودەوە و کاهینەکانیش بە کەڕەناوە ڕاوەستان.
2CH 29:27 حەزقیاش فەرمانی دا بە سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکە بۆ سەر قوربانگاکە و لە کاتی دەستپێکردنی قوربانی سووتاندنەکەدا، ستایشی یەزدان دەستی پێ کرد لەگەڵ لێدانی کەڕەنا و ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پاشای ئیسرائیل.
2CH 29:28 هەموو کۆمەڵەکەش کڕنۆشیان دەبرد و گۆرانیبێژەکان گۆرانییان دەگوت و کەڕەنا لێدەرەکانیش فوویان بە کەڕەناکانیاندا دەکرد، هەر هەموو بەردەوام بوون هەتا قوربانی سووتاندنەکە کۆتایی پێهات.
2CH 29:29 لە کاتی تەواوبوونی قوربانی سووتاندنەکە، پاشا و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.
2CH 29:30 حەزقیای پاشا و کاربەدەستەکان بە لێڤییەکانیان گوت کە بە وشەکانی داود و ئاسافی پێشبینیکەر ستایشی یەزدان بکەن، ئەوانیش بە خۆشییەوە ستایشیان کرد و چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.
2CH 29:31 ئینجا حەزقیا گوتی: «ئێستا خۆتان بۆ یەزدان تەرخان کردووە، وەرنە پێش و قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزاری بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.» پاشان کۆمەڵەکە قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزارییان هێنا و هەرکەسێکیش لە دڵەوە ئارەزووی کرد قوربانی سووتاندنی هێنا.
2CH 29:32 ژمارەی ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە کۆمەڵەکە هێنایان، حەفتا گا و سەد بەران و دوو سەد بەرخی نێر بوو، هەموو ئەمانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بوون.
2CH 29:33 ئاژەڵە تەرخانکراوەکانیش شەش سەد گا و سێ هەزار مەڕ و بزن بوون.
2CH 29:34 بەڵام کاهینەکان کەم بوون و نەیانتوانی هەموو قوربانی سووتاندنەکان کەوڵ بکەن، لەبەر ئەوە برا لێڤییەکانیان یارمەتییان دان، هەتا کارەکە تەواو بوو و هەتا کاهینی دیکەش خۆیان تەرخان کرد، چونکە لێڤییەکان بۆ خۆتەرخانکردن لە کاهینەکان دڵسۆزتر بوون.
2CH 29:35 هەروەها قوربانی سووتاندنەکان زۆر بوون بە پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی و بە شەرابی پێشکەشکراوی قوربانی سووتاندنەکان. بەم شێوەیە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان جارێکی دیکە بەردەوامی پێدرایەوە.
2CH 29:36 حەزقیا و هەموو گەلیش دڵشاد بوون لەبەر ئەوەی خودا گەلی ئامادە کرد، چونکە کارەکە کتوپڕ بوو.
2CH 30:1 حەزقیا ناردی بەدوای هەموو خەڵکی ئیسرائیل و یەهودا، هەروەها نامەشی بۆ ئەفرایم و مەنەشە نووسی هەتا بێنە پەرستگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بگێڕن.
2CH 30:2 پاشا و سەرکردەکانی و هەموو کۆمەڵەکە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان دا کە لە مانگی دوو جەژنی پەسخە بگێڕن،
2CH 30:3 چونکە نەیانتوانی لە کاتی خۆیدا بیکەن، لەبەر ئەوەی هێشتا کاهینەکان بە تەواوەتی خۆیان تەرخان نەکردبوو، گەلیش لە ئۆرشەلیم کۆنەببوونەوە.
2CH 30:4 ئینجا پلانەکە لەبەرچاوی پاشا و هەموو کۆمەڵەکە پەسەند بوو.
2CH 30:5 بڕیاریان دا لەناو هەموو ئیسرائیل لە بیری شابەعەوە هەتا دان بانگەواز بکەن، بۆ ئەوەی بێن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بگێڕن، چونکە زۆر دەمێک بوو وەک ئەوەی نووسراوە نەیانکردبوو.
2CH 30:6 بە فەرمانی پاشا پەیامبەرەکان بە نامەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی بەناو هەموو ئیسرائیل و یەهودا گەڕان و بەپێی فەرمانی پاشا دەیانگوت: «ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە لای یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئەویش بگەڕێتەوە لای ئەوانەی لێتان ماونەتەوە و لە چنگ پاشاکانی ئاشور دەربازبوون.
2CH 30:7 وەک باوباپیرانتان و براکانتان مەبن، ئەوانەی ناپاکییان لەگەڵ یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان کرد، هەروەک دەبینن ئەویش وای کرد خەڵک بتۆقێت لەوەی بەسەر ئەوان هاتووە.
2CH 30:8 ئێستا وەک باوباپیرانتان کەللەڕەقی مەکەن، بەڵکو ملکەچ بن بۆ یەزدان و بچنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوەی هەتاهەتایە تەرخانی کردووە. یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بۆ ئەوەی گڕی تووڕەییەکەی لە ئێوە دابمرکێتەوە.
2CH 30:9 ئەگەر ئێوە بۆ لای یەزدان بگەڕێنەوە، ئەوا برا ئیسرائیلی و منداڵەکانتان لەلایەن ڕاپێچکەرانیان بەزەییان پێیاندا دێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان میهرەبان و بە بەزەییە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان ئەویش ڕەتتان ناکاتەوە.»
2CH 30:10 پەیامبەرەکان شار بە شار دەگەڕان، لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە هەتا زەبولون، بەڵام خەڵکی پێیان پێدەکەنین و گاڵتەیان پێ دەکردن.
2CH 30:11 هەرچەندە هەندێک کەس لە ئاشێر و مەنەشە و زەبولون خۆیان نزم کردەوە و چوونە ئۆرشەلیم.
2CH 30:12 هەروەها خودا پشتگیری یەهودای کرد، یەک دڵی پێ بەخشین، هەتا بە فەرمانی پاشا و سەرکردەکان بکەن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان.
2CH 30:13 لە مانگی دوو خەڵکانێکی زۆر لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە هەتا جەژنی فەتیرە بگێڕن، کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوون.
2CH 30:14 هەستان و ئەو قوربانگایانەی لە ئۆرشەلیم بوون لایان بردن، هەروەها هەموو قوربانگاکانی بخوور سووتاندیان لابرد و فڕێیان دانە دۆڵی قدرۆن.
2CH 30:15 لە چواردەی مانگی دوو بەرخی پەسخەیان سەربڕی. کاهین و لێڤییەکان شەرمەزار بوون و خۆیان تەرخان کرد، قوربانی سووتاندنەکانیان بردە ناو پەرستگای یەزدان.
2CH 30:16 کاهینەکان لە شوێنەکانی خۆیان ڕاوەستان، بەو شێوەیەی کە بەپێی تەوراتی موسای پیاوی خودا بۆیان دانرابوو، خوێنەکەیان لە دەستی لێڤییەکان وەردەگرت و دەیانپرژاند.
2CH 30:17 ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەکە خۆیان تەرخان نەکردبوو، ئیتر لێڤییەکان بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی لە جیاتی هەموو ئەوانەی پاک نەبوون و نەیاندەتوانی بەرخەکەیان بۆ یەزدان تەرخان بکەن.
2CH 30:18 هەرچەندە زۆربەی ئەو خەڵکە زۆرەی کە لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە و یەساخار و زەبولونەوە هاتبوون خۆیان پاک نەکردبووەوە، بەڵام لە قوربانییەکەی پەسخەیان خوارد، بە پێچەوانەی ئەوەی نووسراوە. بەڵام حەزقیا نوێژی بۆ کردن و گوتی: «با یەزدانی چاک لە هەرکەسێک خۆشبێت
2CH 30:19 کە بە هەموو دڵەوە ڕووی لە خودا کردووە، لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی، هەرچەندە بەپێی ڕێوڕەسمی پیرۆزگا پاک نەبێت.»
2CH 30:20 ئیتر یەزدان گوێی لە حەزقیا گرت و گەلی چاککردەوە.
2CH 30:21 نەوەی ئیسرائیل ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بوون حەوت ڕۆژ بە خۆشییەکی زۆرەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، لێڤی و کاهینەکانیش هەر ڕۆژێک بە دەنگی بەرزی ئامێرە مۆسیقییەکانیان ستایشی یەزدانیان دەکرد کە بۆ ستایشکردنی یەزدان تەرخانکرابوون.
2CH 30:22 حەزقیاش دڵی هەموو ئەو لێڤییانەی خۆش کرد کە تێگەیشتنی چاکیان نواند لە خزمەتکردنی یەزدان. بە درێژایی ئەو حەوت ڕۆژە بەشی دیاریکراویان دەخوارد و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی و ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان دەکرد.
2CH 30:23 پاشان هەموو کۆمەڵ ڕازی بوون کە حەوت ڕۆژی دیکە درێژە بە جەژنەکە بدەن، ئیتر حەوت ڕۆژی دیکە بە خۆشییەوە ئاهەنگیان گێڕا.
2CH 30:24 حەزقیای پاشای یەهودا هەزار گا و حەوت هەزار مەڕ و بزنی بە کۆمەڵەکە بەخشی و سەرکردەکانیش هەزار گا و دە هەزار مەڕ و بزنیان بە کۆمەڵەکە بەخشی، زۆر لە کاهینەکانیش خۆیان تەرخان کرد.
2CH 30:25 هەموو کۆمەڵی یەهودا، کاهین و لێڤییەکان و هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ئیسرائیلەوە هاتبوون دڵخۆش بوون، لەگەڵ ئەو بیانییانەی لە خاکی ئیسرائیلەوە هاتبوون و ئەوانەش کە لە یەهودا نیشتەجێ بوون.
2CH 30:26 جا لە ئۆرشەلیم خۆشییەکی گەورە هەبوو، چونکە لە سەردەمی سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیلەوە، شتی بەو جۆرە لە ئۆرشەلیم نەکرابوو.
2CH 30:27 ئینجا کاهینە لێڤییەکان هەستان و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد، ئینجا لەلایەن خوداوە دەنگیان بیسترا و نوێژەکانیان چووە ژوورەوە بۆ ناو نشینگەی پیرۆز لە ئاسمان.
2CH 31:1 پاش تەواوبوونی هەموو ئەمانە، تەواوی ئیسرائیل ئەوانەی کە ئامادە بوون چوونە ناو شارۆچکەکانی یەهودا، بەردە تەرخانکراوەکانیان شکاند و ستوونە ئەشێراکانیان بڕییەوە. لە تەواوی خاکی یەهودا و بنیامین و ئەفرایم و مەنەشە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانیان ڕووخاند، هەتا تەواو بوون. پاشان هەموو ئیسرائیل هەریەکە و گەڕایەوە بۆ موڵکەکەی خۆی لە شارۆچکەکانیان.
2CH 31:2 حەزقیا ئەرکی بە کاهین و لێڤییەکان سپارد، هەرکەسێک بەگوێرەی بەش و خزمەتەکەی وەک کاهین یان لێڤی، بۆ ئەنجامدانی قوربانی سووتاندن، قوربانی هاوبەشی، خزمەتکردن، سوپاسکردن و گوتنەوەی سروودی ستایشکردن لە دەروازەکانی نشینگەی یەزدان.
2CH 31:3 پاشا بەشێکی لە سامانەکەی خۆشی دا بۆ قوربانی سووتاندنەکان، قوربانی سووتاندنەکانی بەیانییان و ئێواران و قوربانی سووتاندنەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان، بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان نووسراوە.
2CH 31:4 هەروەها فەرمانی بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دا، کە بەشی کاهین و لێڤییەکان بدرێت هەتا بتوانن خۆیان تەرخان بکەن بۆ تەوراتی یەزدان.
2CH 31:5 پاش ئەوەی ئەم فەرمانە بڵاو بووەوە، نەوەی ئیسرائیل بە دڵفراوانییەوە یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و هەنگوین و هەموو بەروبوومی کێڵگەیان بەخشی. زۆریان هێنا، دەیەک لە هەموو شتێک.
2CH 31:6 هەروەها نەوەی ئیسرائیل و یەهودا ئەوانەی کە لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، ئەوانیش دەیەکی مەڕوماڵاتەکەیان هێنا، دەیەکی شتە پیرۆزکراوەکان کە بۆ یەزدانی پەروەردگاریان تەرخانکراوە، هێنایان و کۆمەڵ کۆمەڵیان کرد.
2CH 31:7 لە مانگی سێ دەستیان بە کۆکردنەوەیان کرد و لە مانگی حەوت کۆتاییان پێهێنا.
2CH 31:8 کاتێک حەزقیا و سەرکردەکان هاتن و کۆمەڵەکانیان بینی، ستایشی یەزدانیان کرد، داوای بەرەکەتیان بۆ ئیسرائیلی گەلەکەی کرد.
2CH 31:9 کاتێک حەزقیا لەبارەی کۆمەڵکراوەکانەوە پرسیاری لە کاهین و لێڤییەکان کرد،
2CH 31:10 عەزەریای سەرۆکی کاهینیش کە سەر بە ماڵی سادۆق بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «لەو کاتەی دەستکراوە بە هێنانی پیتاک بۆ پەرستگای یەزدان، خواردوومانە و تێر بووین، زۆریشی لێ ماوەتەوە، چونکە یەزدان گەلەکەی خۆی بەرەکەتدار کردووە و ئەم بەشە زۆرەشی لێ ماوەتەوە.»
2CH 31:11 حەزقیاش فەرمانی دا بۆ ئامادەکردنی ژووری ئەمبار لە پەرستگای یەزدان، ئەوانیش ئامادەیان کردن.
2CH 31:12 ئینجا پیتاک و دەیەک و شتە تەرخانکراوەکانیان بە دەستپاکییەوە هێنا، کۆنەنیاهوی لێڤی لێپرسراویان بوو، شیمعی براشی جێگری بوو.
2CH 31:13 یەحیێل، عەزەزیاهو، نەحەت، عەساهێل، یەریمۆت، یۆزاڤاد، ئەلیێل، یەسمەخیاهو، مەحەت و بەنایا سەرپەرشتیار بوون لەژێر دەستی کۆنەنیاهو و شیمعی برای، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی کە حەزقیای پاشا و عەزەریای لێپرسراوی یەکەم لە پەرستگای خودا دایاننا.
2CH 31:14 قۆرێی کوڕی یمنەی لێڤیش دەرگاوانی ڕۆژهەڵات و بەرپرسی بەخشینە ئازادەکان بوو کە بە خودا دەبەخشران، هەروەها دابەشکردنی بەخشینە ئازادەکان و دیارییە تەرخانکراوەکان.
2CH 31:15 لەناو شارەکانی کاهینان، عەدەن و مینیامین و یێشوع و شەمەعیا و ئەمەریا و شەخەنەیا بە دڵسۆزییەوە یارمەتی قۆرێیان دەدا. هەریەکە لە بەشی خۆی پێشکەشکراوەکانی بەسەر برا کاهینەکان دابەش دەکرد، بەبێ جیاوازی لەنێوان گەورە و بچووک.
2CH 31:16 سەرباری ئەمانەش، دابەشیان کرد بەسەر نێرینەی تەمەن سێ ساڵ بەرەو سەرەوە، کە لە تۆماری ڕەچەڵەکدا نووسراون، واتا هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بەگوێرەی خزمەتی بەشەکانیان بە ئەرکی ڕۆژانەیان هەستن.
2CH 31:17 دابەشکردن بەسەر کاهینان بەگوێرەی تۆماری ڕەچەڵەکی کاهینەکان بوو بەپێی بنەماڵەکانیان و بۆ لێڤییەکانیش لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بەپێی خزمەتی بەشەکانیان.
2CH 31:18 بە هەمان شێوە بۆ تۆماری ڕەچەڵەکی هەموو ژن و منداڵ، کوڕ و کچەکانیان لەناو هەموو کۆمەڵەکە، چونکە بە دڵسۆزییەوە خۆیان تەرخان کرد.
2CH 31:19 بۆ ئەو کاهینانەش کە لە دەشتی دەوروبەری شارەکانی کاهینان و شارۆچکەکانی دیکەش دانیشتبوون، بۆ هەموو ئەوانەی کە لە نەوەی هارون بوون و لە ڕەچەڵەکی لێڤییەکان تۆمار کرابوون، ئەو پیاوانەی کە ناویان دیاری کرابوون بەشی هەموو نێرینەیەکی دابەش کرد.
2CH 31:20 حەزقیا ئەمەی لە هەموو یەهودا کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی ئەوەی کرد کە چاک و ڕێک و ڕاستە.
2CH 31:21 لە هەموو کارێک کە بەگوێرەی تەورات و فێرکردنەکانی لە خزمەتی پەرستگای یەزدان ئەنجامی دا، ڕووی لە خودا کرد و بە هەموو دڵییەوە کاری کرد، ئیتر سەرکەوتوو بوو.
2CH 32:1 پاش ئەوەی حەزقیا بە دەستپاکییەوە هەموو ئەم شتانەی جێبەجێ کرد، سەنحێریبی پاشای ئاشور هات و هێرشی کردە سەر یەهودا، شارە قەڵابەندەکانی گەمارۆ دا، بە نیازی ئەوەی بۆ خۆی دایانببڕێت.
2CH 32:2 کاتێک حەزقیا بینی کە سەنحێریب هاتووە بە نیازە شەڕ لەگەڵ ئۆرشەلیم بکات،
2CH 32:3 ڕاوێژی لەگەڵ کاربەدەستان و ئەفسەرە باڵاکانی کرد بۆ پڕکردنەوەی ئاوی ئەو کانییانەی کە لە دەرەوەی شارەکەن، ئەوانیش یارمەتییان دا.
2CH 32:4 خەڵکێکی زۆریان کۆکردەوە و هەموو کانیاوەکان و ئەو ڕووبارەی بە ناوەڕاستی زەوییەکەدا تێپەڕ دەبوو، پڕ کردەوە و گوتیان: «بۆچی پاشاکانی ئاشور بێن و ئاوێکی زۆر بدۆزنەوە؟»
2CH 32:5 پاشان ورەی دایە بەرخۆی و هەموو شوورا ڕووخاوەکەی بنیاد نایەوە و بەرزی کردەوە هەتا قوللەکان. شوورایەکی دیکەشی لە دەرەوە بنیاد نا و تەلانی شاری داودی تۆکمە کرد، هەروەها چەک و قەڵغانێکی زۆری دروستکرد.
2CH 32:6 سەرکردەکانی سوپای بەسەر گەلەوە دانا و بۆ گۆڕەپانی دەروازەی شارەکە کۆی کردنەوە و ورەی بەرز کردنەوە و گوتی:
2CH 32:7 «بەهێزبن و ئازابن و مەترسن و لەبەردەم پاشای ئاشور و هەموو ئەو کۆمەڵەی لەگەڵیدایە، ورە بەرمەدەن، چونکە ئەوەی لەگەڵ ئێمەیە بەهێزترە لەوەی لەگەڵ ئەوە.
2CH 32:8 ئەو تەنها هێز و بازووی مرۆڤی لەگەڵدایە، بەڵام ئێمە یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵدایە هەتا یارمەتیمان بدات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» بەم قسەیە حەزقیای پاشای یەهودا گەلەکەی هاندا.
2CH 32:9 پاشان سەنحێریبی پاشای ئاشور کە خۆی و هەموو هێزەکانی گەمارۆی لاخیشیان دابوو، ئەفسەرەکانی ناردە ئۆرشەلیم بۆ لای حەزقیای پاشای یەهودا و بۆ لای هەموو گەلی یەهودا کە لە ئۆرشەلیمدا بوون و گوتیان:
2CH 32:10 «سەنحێریبی پاشای ئاشور دەڵێت: پشتتان بە چی دەبەستن و لە ئۆرشەلیم لەژێر گەمارۆدا دەمێننەوە؟
2CH 32:11 کە حەزقیا دەڵێت: ”یەزدانی پەروەردگارمان لە دەست پاشای ئاشور دەربازمان دەکات،“ ئایا فریوتان نادات بۆ ئەوەی بە برسیێتی و بە تینووێتی بتانداتە دەست مردن؟
2CH 32:12 ئایا حەزقیا نەبوو کە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا کە هی ئەم خوداوەندە بوو، بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ”لەبەردەم یەک قوربانگادا کڕنۆش دەبەن و قوربانی لەسەر دەسووتێنن“؟
2CH 32:13 «ئایا نازانن من و باوباپیرانم چیمان بەسەر هەموو گەلانی خاکەکانی دیکەدا هێناوە؟ ئایا خوداوەندەکانی نەتەوەکانی ئەو خاکانە توانییان خاکەکانیان لە دەست من دەرباز بکەن؟
2CH 32:14 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی کە باوباپیرانم قڕیان کردن، توانی گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ چۆن خوداکەتان دەتوانێت لە دەستی من دەربازتان بکات؟
2CH 32:15 ئێستا با حەزقیا هەڵتاننەخەڵەتێنێت و بەم شێوەیە فریوتان نەدات. بڕوای پێ مەکەن، چونکە خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک و هیچ پاشایەتییەک نەیتوانیوە گەلەکەی لە دەستی من و لە دەستی باوباپیرانم دەرباز بکات. ئیتر چۆن خوداوەندەکەتان دەتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات؟»
2CH 32:16 ئەفسەرەکانی سەنحێریب قسەی زیاتریان لە دژی یەزدانی پەروەردگار و لە دژی حەزقیای خزمەتکاری کرد.
2CH 32:17 هەروەها چەند نامەیەکی نووسی بۆ سووکایەتیکردن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و لە دژی خودا گوتی: «هەروەک چۆن خوداوەندی نەتەوەکان لە خاکەکانی خۆیان گەلەکانیان لە دەستی من ڕزگار نەکرد، ئاواش خوداکەی حەزقیا گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار ناکات.»
2CH 32:18 ئینجا بە دەنگی بەرز بە زمانی عیبری هاواریان لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد کە لەسەر شووراکە بوون، بۆ ئەوەی بیانترسێنن و ورەیان بەر بدەن هەتا شارەکە بگرن.
2CH 32:19 قسەیان بە خودای ئۆرشەلیمیش گوت، هەروەک چۆن قسەیان بە خوداوەندەکانی خاکەکانی دیکە گوت، کە دروستکراوی دەستی مرۆڤ بوون.
2CH 32:20 حەزقیای پاشا و ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ بۆ ئەوە نوێژیان کرد و هاواریان بۆ ئاسمان کرد.
2CH 32:21 یەزدانیش فریشتەیەکی نارد و هەموو پاڵەوانێکی بەهێز و سەرکردە و فەرماندەیەکی لەناو ئۆردوگاکەی پاشای ئاشور لەناوبرد. ئەویش بە سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە بۆ خاکەکەی خۆی، کە چووە ناو پەرستگای خوداوەندەکەی، لەوێ وەچەکانی خۆی بە شمشێر کوشتیان.
2CH 32:22 بەو شێوەیە یەزدان حەزقیا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی لە سەنحێریبی پاشای ئاشور و لە دەست هەموو دوژمنەکانی دیکەیان ڕزگار کرد و لە هەموو لایەکەوە پاراستنی.
2CH 32:23 ئینجا خەڵکانێکی زۆر پێشکەشکراویان دەهێنایە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان، دیاری گرانبەهاش بۆ حەزقیای پاشای یەهودا. پاش ئەمە هەموو نەتەوەکان بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکرد.
2CH 32:24 لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، نوێژی بۆ یەزدان کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە و پەرجووێکی وەکو نیشانە پێدا.
2CH 32:25 بەڵام حەزقیا بەو شێوەیەی چاکەی لەگەڵ کرابوو کاردانەوەی نەبوو، چونکە لەخۆبایی ببوو، لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانی هێنایە سەر خۆی و یەهودا و ئۆرشەلیم.
2CH 32:26 ئینجا حەزقیا تۆبەی لە لەخۆباییبوونەکەی کرد، خۆی و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش، لەبەر ئەوە لە ماوەی پاشایەتی حەزقیا تووڕەییەکەی یەزدان بەسەریاندا نەهات.
2CH 32:27 حەزقیا دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، گەنجینەی بۆ زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و بۆنوبەرام و قەڵغان و هەموو شتێکی بەهاداری بۆ خۆی دروستکرد.
2CH 32:28 کۆگا بۆ بەروبوومەکانی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، پشتیریش بۆ هەموو جۆرە ئاژەڵێک و بۆ مێگەلەکانیش.
2CH 32:29 هەروەها چەند گوندێکی بنیاد نا و بووە خاوەنی مەڕوماڵات و مانگایەکی زۆر، چونکە خودا سامانێکی زۆری پێدابوو.
2CH 32:30 حەزقیا بوو کە ڕێڕەوی سەرووی ئاوی گیحۆنی گرتەوە، بە جۆگایەک لەژێر زەوی بۆ بەری ڕۆژئاوای شاری داود بردی، هەروەها لە هەموو کارەکانی سەرکەوتوو بوو.
2CH 32:31 بەڵام کاتێک سەرکردەکانی بابل باڵوێزیان نارد بۆ ئەوەی سەبارەت بەو نیشانەیە لێی بپرسن کە لە خاکەکەدا ڕوویدابوو، خودا وازی لێ هێنا بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە هەتا هەموو ئەوەی لە دڵیدایە بیزانێت.
2CH 32:32 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا و کارە چاکەکانی، لە بینینەکەی ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیلدا تۆمار کراون.
2CH 32:33 حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە بەشی سەرەوەی گۆڕستانی نەوەی داود ناشتیان، لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕێزیان لێ گرت. ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 33:1 مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و
2CH 33:2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون.
2CH 33:3 جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست.
2CH 33:4 چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان لەبارەیەوە فەرمووبووی: «بۆ هەتاهەتایە ناوم لە ئۆرشەلیمدا دەبێت.»
2CH 33:5 لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا.
2CH 33:6 ئەوە بوو لە دۆڵی بەن‌هینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر و ڕۆح ئامادەکاری بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.
2CH 33:7 هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم.
2CH 33:8 جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون لە ڕێگەی موساوە لە هەموو فێرکردن و فەرز و حوکمەکان.»
2CH 33:9 بەڵام مەنەشە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی گومڕا کرد، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.
2CH 33:10 یەزدان لەگەڵ مەنەشە و گەلەکەیدا دوا، بەڵام گوێیان نەگرت.
2CH 33:11 ئیتر یەزدان سەرکردەکانی هێزەکانی پاشای ئاشوری هێنایە سەریان، ئەوانیش مەنەشەیان بە دیل گرت و لووتەوانەیان کردە لووتی و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیان بۆ بابل.
2CH 33:12 لە تەنگانەدا لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە و لەبەردەم خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم کردەوە.
2CH 33:13 نوێژی کرد، خوداش وەڵامی دایەوە و گوێی لە پاڕانەوەکەی گرت، گەڕاندییەوە ئۆرشەلیم بۆ سەر تەختی پاشایەتییەکەی خۆی. ئەو کاتە مەنەشە زانی کە یەزدان خودایە.
2CH 33:14 پاشان ئەو شوورایەی بنیاد نایەوە کە لە دەرەوەی شاری داود بوو بەلای ڕۆژئاوای کانی گیحۆن لە دۆڵەکە هەتا دەگاتە دەروازەی ماسی، بەدەوری گردی عۆفێل؛ هەروەها زۆر بەرزتری کردەوە. سەرکردەکانی سوپای لە هەموو شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا دانا.
2CH 33:15 خوداوەندە نامۆکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی ناو پەرستگای یەزدانی لابرد، هەروەها هەموو ئەو قوربانگایانەشی کە لە کێوی پەرستگای یەزدان و ئۆرشەلیمدا بنیادی نابوو؛ هەموو ئەوانەی فڕێدایە دەرەوەی شارەکە.
2CH 33:16 ئینجا قوربانگاکەی یەزدانی نۆژەن کردەوە، قوربانی هاوبەشی و قوربانی سوپاسگوزاری لەسەر سەربڕی و فەرمانی بە خەڵکی یەهودا کرد کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بپەرستن.
2CH 33:17 لەگەڵ ئەمەش گەل هێشتا لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی، بەڵام تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆیان.
2CH 33:18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و نزاکەی لە خودا و قسەکانی ئەو کەسانەی کە بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاند، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کران.
2CH 33:19 نوێژەکەی و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی خودا، لەگەڵ هەموو گوناه و ناپاکییەکانی، هەروەها ئەو شوێنانەی کە پێش ئەوەی بێفیز بێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێدا بنیاد نا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانی دانا، هەمووی لە تۆمارەکانی ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودادا نووسراون.
2CH 33:20 مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 33:21 ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
2CH 33:22 ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. قوربانی بۆ هەموو ئەو بتانە سەربڕی کە مەنەشەی باوکی دروستی کردن، ئامۆن هەموو ئەوانی پەرست.
2CH 33:23 ئەو بە پێچەوانەی مەنەشەی باوکیەوە لەبەردەم یەزداندا خۆی نزم نەکردەوە، بەڵکو زیاتر خۆی تاوانبار کرد.
2CH 33:24 خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی ئامۆن گێڕا و لە کۆشکەکەی خۆی کوشتیان.
2CH 33:25 ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.
2CH 34:1 یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
2CH 34:2 یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.
2CH 34:3 لە هەشتەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا کە هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی لە خودای داودی باپیرە گەورەی کرد. لە دوازدەیەمین ساڵیدا دەستی بە پاککردنەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم کرد لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکان.
2CH 34:4 لەبەردەمیدا قوربانگاکانی بەعلیان ڕووخاند و قوربانگاکانی بخوور کە لە سەرەوە لەسەریان دانرا بوون پارچەپارچەی کردن، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکانی شکاند و کوتای و بە بای کردن بەسەر گۆڕی ئەوانەی قوربانییان بۆ سەردەبڕین.
2CH 34:5 ئێسکی کاهینەکانیشی لەسەر قوربانگاکانیان سووتاند و یەهودا و ئۆرشەلیمی پاککردەوە.
2CH 34:6 لە شارۆچکەکانی مەنەشە و ئەفرایم و شیمۆن و هەتا نەفتالی، هەروەها لە کەلاوەکانی دەوروبەریان
2CH 34:7 قوربانگاکان و ستوونە ئەشێراکانی ڕووخاند و پەیکەری بتەکانی ورد کوتی و هەموو قوربانگاکانی بخووریشی پارچەپارچە کرد. لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بەو شێوەیەی کرد، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم.
2CH 34:8 هەروەها لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیادا، پاش ئەوەی خاکەکە و پەرستگاکەی پاککردەوە، شافانی کوڕی ئەچەلیاهو و مەعسێیاهوی سەرۆکی شارەکە و یۆئاحی کوڕی یۆئاحازی تۆمارکاری نارد، بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
2CH 34:9 ئەوانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین و ئەو زیوەیان پێیدا کە هاتووەتە ناو پەرستگای خوداوە، ئەوەی لێڤییەکان چاودێرانی دەرگاکان لە خەڵکی مەنەشە و ئەفرایم و هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە کۆیان کردبوونەوە، هەروەها لە هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
2CH 34:10 ئینجا دایانە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش دایانە ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد، بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.
2CH 34:11 هەروەها دایانە دارتاش و بیناسازەکان هەتا بەردی داتاشراو و داری پێ بکڕن بۆ کاریتە و دارەڕای بنمێچی ئەو تەلارانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پاشاکانی یەهوداوە، وێران ببوون.
2CH 34:12 پیاوەکان بە دەستپاکییەوە کارەکەیان دەکرد، لەژێر سەرپەرشتی یەحەت و عۆبەدیا کە هەردووکیان لێڤی و سەر بە نەوەی مەراری بوون و زەکەریا و مەشولام سەر بە نەوەی قەهاتییەکان بۆ سەرپەرشتی. لە لێڤییەکانیش هەموو ئەوانەی لە ئامێرە مۆسیقییەکان شارەزا بوون
2CH 34:13 سەرپەرشتیار بوون بەسەر کۆڵکێشەکان و بەسەر هەموو ئەوانەی کارەکەیان دەکرد، لە خزمەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە لێڤییەکان خامەی نهێنی و سەرقەڵەم و دەرگاوانیان تێدابوو.
2CH 34:14 کاتێک خەریکی دەرهێنانی ئەو زیوە بوون کە هاتبووە ناو پەرستگای یەزدان، حیلقیای کاهین پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی دۆزییەوە کە لە ڕێگەی موساوە درابوو.
2CH 34:15 جا حیلقیا بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.»
2CH 34:16 ئینجا شافان پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «هەموو ئەوەی بە دەست خزمەتکارەکانت سپێردراوە دەیکەن.
2CH 34:17 ئەو زیوەی لەناو پەرستگای یەزداندا هەبوو بەتاڵیان کردووە و داویانەتە دەست سەرپەرشتیار و کرێکارەکان.»
2CH 34:18 هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای گوت: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی پێداوم.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشادا لە پەڕتووکەکەی خوێندەوە.
2CH 34:19 کە پاشا گوێی لە وشەکانی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی و
2CH 34:20 پاشا فەرمانی بە حیلقیا و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەبدۆنی کوڕی میخا و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری خۆی کرد و پێی گوتن:
2CH 34:21 «بڕۆن و پرسیار لە یەزدان بکەن لە پێناوی من و لە پێناوی ئەوانەی لە ئیسرائیل و یەهودا ماونەتەوە، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا ڕژاوە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان وشەکانی یەزدانیان نەپاراستووە هەتا بەپێی هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کار بکەن.»
2CH 34:22 ئینجا حیلقیا لەگەڵ ئەوانەی پاشا فەرمانی پێ کردن چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تۆقهەتی کوڕی حەسرای لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.
2CH 34:23 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە،
2CH 34:24 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەو نەفرەتانەی لەو پەڕتووکە نووسراوە، ئەوەی لەبەردەم پاشای یەهودا خوێندیانەوە.
2CH 34:25 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا دەڕژێت و ناکوژێتەوە.“
2CH 34:26 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت:
2CH 34:27 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەی بوو لە دژی ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی لەبەردەم خودا دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەممدا گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2CH 34:28 ئێستا من دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەیدا دەهێنم.“» ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.
2CH 34:29 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە.
2CH 34:30 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و لێڤییەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە.
2CH 34:31 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت.
2CH 34:32 پاشا داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ئۆرشەلیم و بنیامین کە سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش ئەوەیان کرد بەگوێرەی پەیمانی خودا، خودای باوباپیرانیان.
2CH 34:33 یۆشیا هەموو بتە قێزەونەکانی لە هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل داماڵی و کارێکی وای کرد کە هەموو ئەو کەسانەی لە خاکی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن. بە درێژایی ژیانی ئەو خەڵکی لایان نەدا لە پەرستنی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان.
2CH 35:1 یۆشیا لە چواردەی مانگی یەک لە ئۆرشەلیم جەژنی پەسخەی بۆ یەزدان گێڕا و بەرخی پەسخەی کردە قوربانی.
2CH 35:2 کاهینەکانی لەسەر ئەرکەکانی خۆیان دانا و هانی دان بۆ خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
2CH 35:3 بەو لێڤییانەی گوت کە هەموو ئیسرائیلیان فێر دەکرد، ئەوانەی بۆ یەزدان تەرخان کرابوون: «سندوقی پیرۆز لەناو ئەو پەرستگایەدا دابنێن کە سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیل بنیادی نا، چیتر بەشان هەڵیمەگرن، ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن و خزمەتی ئیسرائیلی گەلی بکەن و
2CH 35:4 بنەماڵەکانتان بەپێی تیرەکان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ئەو نووسراوەی داودی پاشای ئیسرائیل و هەروەها نووسراوەکەی سلێمانی کوڕی.
2CH 35:5 «لە پیرۆزگادا بەپێی کۆمەڵەی بنەماڵەی براکانتان لە کوڕانی گەل و کۆمەڵەی بنەماڵەکانی لێڤی ڕابوەستن.
2CH 35:6 ئەو کاتە بەرخی پەسخە سەرببڕن و خۆتان تەرخان بکەن و ئامادەکاری بۆ براکانتان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی فەرمایشتی خودا لە ڕێگەی موساوە، کار بکەن.»
2CH 35:7 یۆشیا لە مێگەل، سی هەزار سەر بەرخ و گیسکی بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، لە گاگەلیش سێ هەزار سەری بە گەل بەخشی. هەموو ئەوانە لە سامانی پاشا بوون و دران بەوانەی کە لەوێ ئامادە بوون.
2CH 35:8 هەروەها کاربەدەستەکانیشی بە خواستی خۆیان پیتاکیان بە گەل، بە کاهین و لێڤییەکان بەخشی. حیلقیا، زەکەریا و یەحیێلی لێپرسراوانی پەرستگای خودا دوو هەزار و شەش سەد سەر لە مێگەل بۆ قوربانی پەسخە، هەروەها سێ سەد سەر لە گاگەلیان بە کاهینەکان بەخشی.
2CH 35:9 کۆنەنیاهو و براکانیشی، شەمەعیا و نەتەنێل، لەگەڵ حەشەڤیا و یەعیێل و یۆزاڤاد سەرکردەکانی لێڤییەکان، پێنج هەزار سەر لە مێگەلیان بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، هەروەها پێنج سەد سەر لە گاگەلیان بە لێڤییەکان بەخشی.
2CH 35:10 بەو شێوەیە خزمەتەکە ڕێکخرا و کاهینەکان شوێنەکانی خۆیان گرت و لێڤییەکانیش لە بەشەکانی خۆیان بەپێی فەرمانی پاشا.
2CH 35:11 بەرخەکانی پەسخەیان سەربڕی و کاهینەکان بە دەستیان خوێنەکەیان دەپرژاند، بەڵام لێڤییەکان کەوڵیان دەکرد.
2CH 35:12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەیان جیا کردەوە هەتا بەپێی بەشەکانی بنەماڵەکان بە کوڕانی گەلی بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پێشکەش بکەن بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی موسادا نووسراوە، بۆ گایەکانیش بە هەمان شێوە.
2CH 35:13 بەپێی ڕێوڕەسم قوربانییەکانی پەسخەیان بە ئاگر برژاند، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی دیکەیان لەناو مەنجەڵ و مەنجەڵی گەورە و تاوەدا کوڵاند و دەستوبرد بەسەر گەلدا دابەشیان کرد.
2CH 35:14 پاشان هەمان خواردنیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان ئامادە کرد، چونکە کاهینەکان لە نەوەی هارون هەتا شەو خەریکی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و پیوەکە بوون. لەبەر ئەوە لێڤییەکان بەشیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان لە نەوەی هارون ئامادە کرد.
2CH 35:15 گۆرانیبێژەکانیش لە نەوەی ئاساف لە شوێنی خۆیان بوون، بەپێی فەرمانی داود، ئاساف، هێیمان و یەدوتون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. پێویست نەبوو دەرگاوانی دەروازەکانیش شوێنی چاودێریکردنەکەیان بەجێبهێڵن، چونکە برا لێڤییەکانیان بەشیان بۆ ئامادە کردن.
2CH 35:16 بەو شێوەیە هەموو خزمەتەکەی یەزدان لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بۆ کردنی جەژنی پەسخە و سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکان لەسەر قوربانگاکەی یەزدان بەپێی فەرمانی یۆشیای پاشا.
2CH 35:17 هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئامادەبووان لەو کاتەدا جەژنی پەسخەیان گێڕا و حەوت ڕۆژیش جەژنی فەتیرەیان گێڕا.
2CH 35:18 لە سەردەمی ساموئێلی پێغەمبەرەوە جەژنی پەسخەی بەو شێوەیە لە ئیسرائیل نەگێڕدرابوو، هەروەها هیچ پاشایەکی ئیسرائیلیش جەژنێکی پەسخەی نەگێڕابوو وەک ئەوەی یۆشیا گێڕای لەگەڵ کاهینەکان و لێڤییەکان و هەموو خەڵکی یەهودا و ئیسرائیل کە لەگەڵ دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئامادە بوون.
2CH 35:19 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیا ئەم جەژنەی پەسخە گێڕدرا.
2CH 35:20 پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نێخۆی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
2CH 35:21 بەڵام نێخۆ نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»
2CH 35:22 بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نێخۆ نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.
2CH 35:23 تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.»
2CH 35:24 ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.
2CH 35:25 یەرمیاش یۆشیای لاواندەوە، ئیتر لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش لە لاواندنەوەکانیاندا شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن. ئەمەش بوو بە نەریتێک لە ئیسرائیلدا و لە پەڕتووکی شینەکاندا نووسرایەوە.
2CH 35:26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و
2CH 35:27 کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
2CH 36:1 ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و لە جێی باوکی لە ئۆرشەلیمدا کردیانە پاشا.
2CH 36:2 یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
2CH 36:3 دوای ئەوە پاشای میسر یەهۆئاحازی لە ئۆرشەلیم لابرد و سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو و تالنتێک زێڕ.
2CH 36:4 پاشای میسر ئەلیاقیمی برای یەهۆئاحازی کرد بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم، ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، بەڵام نێخۆ یەهۆئاحازی برای ئەلیاقیمی برد و هێنای بۆ میسر.
2CH 36:5 یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد.
2CH 36:6 نەبوخودنەسری پاشای بابل پەلاماری دا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد هەتا بۆ بابلی ببات.
2CH 36:7 هەروەها نەبوخودنەسر هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی هێنا بۆ بابل و خستنییە ناو پەرستگاکەی خۆیەوە لە بابل.
2CH 36:8 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و کارە قێزەونەکانی کە کردی و ئەوەی لە ئەودا بینرا، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون. ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
2CH 36:9 یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ و دە ڕۆژ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
2CH 36:10 لە بەهاری ساڵ نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوایدا و لەگەڵ قاپوقاچاغە بەنرخەکانی پەرستگای یەزدان هێنای بۆ بابل و سدقیای مامی یەهۆیاکین بوو بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم.
2CH 36:11 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد،
2CH 36:12 لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد، لەبەردەم یەرمیا پێغەمبەر خۆی نزم نەکردەوە کە بە فەرمایشتی یەزدان ئاگاداری کردەوە.
2CH 36:13 هەروەها لە نەبوخودنەسری پاشا هەڵگەڕایەوە پاش ئەوەی بە خودا سوێندی دا، جا کەللەڕەقی کرد و دڵی کرد بە بەرد لە ئاست گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
2CH 36:14 تەنانەت هەموو کاهینە باڵاکان و گەل ناپاکی زۆریان کرد بەپێی هەموو نەریتە قێزەونەکانی نەتەوەکان، ئەو پەرستگایەی یەزدانیان گڵاوکرد کە یەزدان لە ئۆرشەلیمدا تەرخانی کردبوو.
2CH 36:15 یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە.
2CH 36:16 بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو.
2CH 36:17 ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە.
2CH 36:18 هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا.
2CH 36:19 پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد.
2CH 36:20 ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس.
2CH 36:21 زەوییەکە بە تەواوی پشووی دا؛ لە ماوەی کاولبوونیدا پشووی دا هەتا تەواوبوونی حەفتا ساڵ، بەمەش فەرمایشتەکەی یەزدان هاتە دی کە لەسەر زاری یەرمیا فەرمووبووی.
2CH 36:22 لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:
2CH 36:23 «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت: «”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. هەرکەسێک لە ئێوە کە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵ بێت و بڕوات.“»
EZR 1:1 لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:
EZR 1:2 «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت: «”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم.
EZR 1:3 هەرکەسێک لە ئێوە کە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با خودای خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئۆرشەلیمی یەهودا بڕوات، پەرستگاکەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێتەوە، ئەو یەزدانەی کە لە ئۆرشەلیمە.
EZR 1:4 هەرکەسێکیش لە هەر شوێنێک کە تێیدا ئاوارەیە و ماوەتەوە، با دانیشتووانی شوێنەکەی بە زێڕ و زیو و کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی یارمەتی بدەن، لەگەڵ ئەو بەخشینە ئازادانەی کە دەیبەخشن بۆ پەرستگای خودا لە ئۆرشەلیم.“»
EZR 1:5 ئینجا گەورەی بنەماڵەکانی یەهودا و بنیامین لەگەڵ کاهین و لێڤییەکان، هەموو ئەوانەی خودا ڕۆحی هەژاندن، هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆرشەلیم تاکو لەوێ ماڵەکەی یەزدان بنیاد بنێنەوە.
EZR 1:6 هەموو دراوسێکانیان بە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو، بە کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی و بە دیاری نایاب یارمەتییان دان، سەرباری هەموو بەخشینە ئازادەکان.
EZR 1:7 کۆرشی پاشاش قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی دەرهێنا، ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە دەریهێنابوون و لە پەرستگای خوداوەندەکەی خۆی داینابوو.
EZR 1:8 کۆرشی پاشای فارس لەسەر دەستی میترەداتی خەزنەدار دەریهێنا، ئەویش بۆ شێشبەچەری میری یەهودای ژماردن.
EZR 1:9 ئەمەش ژمارەکەیانە: سی لەگەنی زێڕین و هەزار لەگەنی زیوین؛ بیست و نۆ تاوەی زیوین؛
EZR 1:10 سی جامی زێڕین لەگەڵ چوار سەد و دە جامی زیوین؛ هەزار پارچە قاپوقاچاغی دیکە.
EZR 1:11 هەموو ئەو قاپوقاچاغەنەی لە زێڕ و زیو بوون، پێنج هەزار و چوار سەد پارچە بوون. لەگەڵ سەرکەوتنی ڕاپێچکراوەکان لە بابلەوە بۆ ئۆرشەلیم شێشبەچەر هەموو ئەمانەی لەگەڵ خۆی هێنا.
EZR 2:1 ئەمانەش خەڵکی هەرێمەکەن، ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون (ئەوان گەڕانەوە ئۆرشەلیم و یەهودا، هەریەکە بۆ شارۆچکەکەی خۆی،
EZR 2:2 لەگەڵ زروبابل، یەشوع، نەحەمیا، سەرایا، ڕەعێلایا، مۆردەخای، بیلشان، میسپار، بیگڤەی، ڕەحوم و بەعەنا): ژمارەی پیاوانی گەلی ئیسرائیل:
EZR 2:3 نەوەی پەرعۆش، دوو هەزار و سەد و حەفتا و دوو؛
EZR 2:4 نەوەی شەفەتیا، سێ سەد و حەفتا و دوو؛
EZR 2:5 نەوەی ئارەح، حەوت سەد و حەفتا و پێنج؛
EZR 2:6 نەوەی پەحەت‌مۆئاب لە نەوەی یێشوع و یۆئاب، دوو هەزار و هەشت سەد و دوازدە؛
EZR 2:7 نەوەی ئیلام، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
EZR 2:8 نەوەی زەتو، نۆ سەد و چل و پێنج؛
EZR 2:9 نەوەی زەکای، حەوت سەد و شەست؛
EZR 2:10 نەوەی بانی، شەش سەد و چل و دوو؛
EZR 2:11 نەوەی بێڤەی، شەش سەد و بیست و سێ؛
EZR 2:12 نەوەی عەزگاد، هەزار و دوو سەد و بیست و دوو؛
EZR 2:13 نەوەی ئەدۆنیقام، شەش سەد و شەست و شەش؛
EZR 2:14 نەوەی بیگڤەی، دوو هەزار و پەنجا و شەش؛
EZR 2:15 نەوەی عادین، چوار سەد و پەنجا و چوار؛
EZR 2:16 نەوەی ئاتێر لە حەزقیا، نەوەد و هەشت؛
EZR 2:17 نەوەی بێسای، سێ سەد و بیست و سێ؛
EZR 2:18 نەوەی یۆرا، سەد و دوازدە؛
EZR 2:19 نەوەی حاشوم، دوو سەد و بیست و سێ؛
EZR 2:20 نەوەی گیبار، نەوەد و پێنج.
EZR 2:21 پیاوانی بێت‌لەحم، سەد و بیست و سێ؛
EZR 2:22 پیاوانی نەتۆفا، پەنجا و شەش؛
EZR 2:23 پیاوانی عەناتۆت، سەد و بیست و هەشت؛
EZR 2:24 پیاوانی عەزماڤێت، چل و دوو؛
EZR 2:25 پیاوانی قیریەت یەعاریم، کەفیرا و بئێرۆت، حەوت سەد و چل و سێ؛
EZR 2:26 پیاوانی ڕامە و گەڤەع، شەش سەد و بیست و یەک؛
EZR 2:27 پیاوانی میخماس، سەد و بیست و دوو؛
EZR 2:28 پیاوانی بێت‌ئێل و عای، دوو سەد و بیست و سێ؛
EZR 2:29 پیاوانی نەبۆ، پەنجا و دوو؛
EZR 2:30 پیاوانی مەگبیش، سەد و پەنجا و شەش؛
EZR 2:31 پیاوانی ئیلامەکەی دیکە، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
EZR 2:32 پیاوانی حاریم، سێ سەد و بیست؛
EZR 2:33 پیاوانی لۆد، حادید و ئۆنۆ، حەوت سەد و بیست و پێنج؛
EZR 2:34 پیاوانی ئەریحا، سێ سەد و چل و پێنج؛
EZR 2:35 پیاوانی سەنائا، سێ هەزار و شەش سەد و سی.
EZR 2:36 کاهینەکان: نەوەی یەدایا لە بنەماڵەی یێشوع، نۆ سەد و حەفتا و سێ.
EZR 2:37 نەوەی ئیمێر، هەزار و پەنجا و دوو.
EZR 2:38 نەوەی پەشحور، هەزار و دوو سەد و چل و حەوت.
EZR 2:39 نەوەی حاریم، هەزار و حەڤدە.
EZR 2:40 لێڤییەکان: نەوەی یێشوع و قەدمیێل لە نەوەی هۆدەڤیا، حەفتا و چوار.
EZR 2:41 گۆرانیبێژەکان: نەوەی ئاساف، سەد و بیست و هەشت.
EZR 2:42 نەوەی دەرگاوانەکانی پەرستگا: نەوەکانی شەلوم، ئاتێر، تەلمۆن، عەقوڤ، حەتیتا و شۆڤای، هەموویان سەد و سی و نۆ.
EZR 2:43 خزمەتکارانی پەرستگا: نەوەکانی چیحا، حەسوفا، تەباعۆت،
EZR 2:44 قێرۆس، سیعەها، پادۆن،
EZR 2:45 لەڤانا، حەگاڤا، عەقوڤ،
EZR 2:46 حاگاڤ، شەلمای، حانان،
EZR 2:47 گیدێل، گەحەر، ڕەئایا،
EZR 2:48 ڕەچین، نەقۆدا، گەزام،
EZR 2:49 عوزە، پاسێیەح، بێسەی،
EZR 2:50 ئەسنا، مەعونیم، نەفوسیم،
EZR 2:51 بەقبوق، حەقوفا، حەرحور،
EZR 2:52 بەچلوت، مەحیدا، حەرشا،
EZR 2:53 بەرقۆس، سیسرا، تەمەح،
EZR 2:54 نەچیەح و حەتیفا.
EZR 2:55 نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان: نەوەکانی سۆتەی، هەسۆفەرەت، پەرودا،
EZR 2:56 یەعلا، دەرکۆن، گیدێل،
EZR 2:57 شەفەتیا، حەتیل، پۆخەرەت‌هەچەڤایم و ئامی.
EZR 2:58 سەرجەم خزمەتکارانی پەرستگا و نەوەکانی خزمەتکارانی سلێمان، سێ سەد و نەوەد و دوو بوون.
EZR 2:59 ئەمانەش ئەوانەن کە لە شارۆچکەکانی تێل‌مەلەح، تێل‌حەرشا، کەروڤ، ئەدۆن و ئیمێرەوە سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی پێناسەی بنەماڵە و ڕەچەڵەکیان دیاری بکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلن:
EZR 2:60 نەوەکانی دەلایا، تۆڤییا و نەقۆدا، شەش سەد و پەنجا و دوو.
EZR 2:61 لە نەوەی کاهینەکانیش: نەوەکانی حۆڤەیا، هەقۆچ و بەرزیلەی، کە کچێکی بەرزیلەیی گلعادی هێنا و ناوی ئەوی لێنرا.
EZR 2:62 ئەمانە بەدوای ڕەچەڵەکنامەکانیاندا گەڕان، بەڵام نەدۆزرانەوە، لەبەر ئەوە لە کاهینیێتی قەدەغە کران.
EZR 2:63 پارێزگارەکە پێی گوتن کە نابێت لە خواردنە هەرەپیرۆزەکان بخۆن هەتا ئەو کاتەی کاهینێک بۆ ئوریم و تومیم دادەنرێت.
EZR 2:64 هەموو کۆمەڵەکە پێکەوە چل و دوو هەزار و سێ سەد و شەست کەس بوون،
EZR 2:65 جگە لە خزمەتکار و کارەکەرەکانیان کە حەوت هەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەس بوون، هەروەها دوو سەد گۆرانیبێژی پیاو و ژنیان هەبوو.
EZR 2:66 حەوت سەد و سی و شەش ئەسپ، دوو سەد و چل و پێنج هێستر،
EZR 2:67 چوار سەد و سی و پێنج وشتر و شەش هەزار و حەوت سەد و بیست گوێدرێژیشیان لەگەڵدا بوو.
EZR 2:68 هەندێک لە گەورەی بنەماڵەکان لە کاتی گەیشتنیان بۆ ماڵی یەزدان لە ئۆرشەلیم، بە خواستی دڵی خۆیان بەخشینی ئازادیان پێشکەش کرد بۆ ماڵی یەزدان، بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان لە شوێنەکەی خۆی.
EZR 2:69 بەپێی توانای خۆیان بە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکەیان بەخشی، شەست و یەک هەزار درهەمی زێڕ و پێنج هەزار مەنای زیو، لەگەڵ سەد کراس بۆ کاهینەکان.
EZR 2:70 کاهین، لێڤی، گۆرانیبێژ، دەرگاوان و خزمەتکارانی پەرستگا، لەگەڵ هەندێک کەسانی دیکە، لە شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیش لە شارۆچکەکانی خۆیان نیشتەجێ بوون.
EZR 3:1 کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گەل وەک یەک کەس لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە.
EZR 3:2 یەشوعی کوڕی یۆچاداق و برا کاهینەکانی، لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و هاوکارەکانی، دەستیان بە بنیادنانەوەی قوربانگاکەی خودای ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندنی لەسەر پێشکەش بکەن، هەروەک لە تەوراتی موسای پیاوی خودا نووسراوە.
EZR 3:3 لەگەڵ ئەوەی ترسی گەلانی دەوروبەری لە دڵدا بوو، قوربانگاکەیان لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد نایەوە و قوربانی سووتاندنیان لەسەری بۆ یەزدان پێشکەش کرد، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و ئێواران.
EZR 3:4 بەپێی ئەوەی کە نووسرابوو جەژنی کەپرەشینەیان گێڕا، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی کە دیاری کرابوو قوربانی سووتاندنی ڕۆژانەیان پێشکەش دەکرد، کاری هەر ڕۆژێک لە ڕۆژی خۆیدا.
EZR 3:5 پاشان قوربانی سووتاندنی بەردەوام و قوربانی سەرەمانگ و قوربانی هەموو جەژنە پیرۆزەکانی یەزدانیشیان پێشکەش کرد، بێجگە لە بەخشینە ئازادەکان کە هەر یەکێک بە خواستی دڵی خۆی پێشکەشی یەزدانی دەکرد.
EZR 3:6 لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوتەوە دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بە یەزدان، هەرچەندە بناغەی پەرستگای یەزدانیش هێشتا دانەمەزرابوو.
EZR 3:7 زیویان دایە نەقاڕ و دارتاشەکان، هەروەها خواردن و خواردنەوە و زەیتیان دایە سەیدائی و سورییەکان بۆ ئەوەی داری ئورز بە ڕێی دەریادا لە لوبنانەوە بهێننە یافا، بەپێی ئەو موڵەتەی کۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.
EZR 3:8 لە ساڵی دووەمی هاتنیان بۆ ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم، لە مانگی دوو، زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل، لەگەڵ یەشوعی کوڕی یۆچاداق و پاشماوەی برا کاهین و لێڤییەکانیان و هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە ئۆرشەلیم، دەستیان بە کار کرد. ئەو لێڤییانەی کە بیست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوون، دایاننان بۆ چاودێریکردنی کارەکەی ماڵی یەزدان.
EZR 3:9 هەروەها یەشوع و کوڕ و براکانی، قەدمیێل و کوڕەکانی لە نەوەی هۆدەڤیا، هەروەها نەوەی حێناداد و کوڕ و براکانی کە هەموویان لێڤی بوون، پێکەوە ڕاوەستان بۆ چاودێریکردنی ئەو کرێکارانەی کارەکەی ماڵی خودایان دەکرد.
EZR 3:10 کە بیناسازەکان بناغەی پەرستگاکەی یەزدانیان دامەزراند، بەپێی ڕێکخستنەکەی داودی پاشای ئیسرائیل کاهینەکان بە جلوبەرگ و کەڕەناوە چوونە شوێنی خۆیان، هەروەها لێڤییەکانی نەوەی ئاسافیش بە سەنجەوە چوونە شوێنی خۆیان تاکو ستایشی یەزدان بکەن.
EZR 3:11 بە ستایش و سوپاسەوە گۆرانییان بۆ یەزدان گوت: «بێگومان خودا چاکە، بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.» هەموو گەلیش بە دەنگی بەرز بە ستایشەوە هاواریان بۆ یەزدان دەکرد، لەبەر دامەزراندنی بناغەی ماڵی یەزدان.
EZR 3:12 بەڵام زۆربەی کاهین و لێڤی و گەورەی بنەماڵەکان کە پیر بوون، ئەوانەی پەرستگاکەی یەکەمیان بینیبوو، لە کاتی دامەزراندنی بناغەی ئەم پەرستگایە لەپێش چاویاندا بە دەنگێکی بەرز گریان، زۆریش هەبوو بە دەنگی بەرز هاواری خۆشییان دەکرد.
EZR 3:13 کەس نەیدەتوانی هاواری خۆشی لە دەنگی گریان جیا بکاتەوە، چونکە گەل بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، تەنانەت لە دووریشەوە دەنگەکە دەبیسترا.
EZR 4:1 کاتێک دوژمنەکانی یەهودا و بنیامین بیستیانەوە ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە پەرستگایەکیان بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد دەنایەوە،
EZR 4:2 هاتن بۆ لای زروبابل و گەورەی بنەماڵەکان و پێیان گوتن: «با لەگەڵتان بنیاد بنێین، چونکە ئێمەش وەک ئێوەین و داوا لە خوداکەتان دەکەین، لە ماوەی پاشایەتی ئێسەرحەدۆنی پاشای ئاشورەوە ئێمەی بۆ ئێرە هێناوە، قوربانیمان سەربڕیوە.»
EZR 4:3 بەڵام زروبابل و یەشوع و پاشماوەی گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل وەڵامیان دانەوە: «بۆتان نییە لەگەڵ ئێمە پەرستگای خودامان بنیاد بنێنەوە، بەڵکو ئێمە بە تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی بنیادی دەنێین، بەو شێوەیەی کۆرشی پاشا، پاشای فارس فەرمانی پێ کردووین.»
EZR 4:4 جا گەلانی خاکەکە دەستی گەلی یەهودایان شل دەکردەوە و لە بیناکردنەکە دەیانترساندن،
EZR 4:5 چەند ڕاوێژکارێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەیان بە کرێ گرت، بە درێژایی سەردەمی کۆرشی پاشای فارس هەتا پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.
EZR 4:6 لە سەرەتای پاشایەتی ئەحەشوێرۆش، سکاڵانامەیەکیان لە دژی دانیشتووانی یەهودا و ئۆرشەلیم نووسی.
EZR 4:7 هەروەها لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، بیشلام و میترەدات و تاڤئێل و سەرجەم یاوەرەکانیان نامەیەکیان بۆ ئەرتەحشەستەی نووسی، نامەکەش بە پیت و زمانی ئارامی نووسرا.
EZR 4:8 ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی نامەیەکیان لە دژی ئۆرشەلیم بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا بەم شێوە نووسی:
EZR 4:9 ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان، کە لە دادوەر و کاربەدەست و بەرپرسانی گەلی فارس و ئەرەک و بابل و ئیلامییەکانی شوش
EZR 4:10 و سەرجەم ئەو نەتەوانە پێکهاتبوون کە ئەشوربەنیپەلی گەورە و بەڕێز ڕاپێچی کردن، لە شاری سامیرە و چەند شوێنێکی دیکە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێی کردن.
EZR 4:11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە بۆیان نارد. بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا، خزمەتکارانت، پیاوانی هەرێمی ئەوبەری فورات:
EZR 4:12 با پاشا بزانێت کە ئەو جولەکانەی لەلای تۆوە سەرکەوتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشەلیم و ئەو شارە یاخی و خراپە بنیاد دەنێنەوە، شووراکانیش تەواو دەکەن و بناغەکان چاک دەکەنەوە.
EZR 4:13 با ئێستا لەلای پاشا زانراو بێت کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێتەوە و شووراکانی تەواو بکرێن، چیتر سەرانە و گومرگ و باج نادرێت، لە کۆتاییشدا زیان لە پاشاکان دەکەوێت.
EZR 4:14 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێمە نمەکی کۆشکی پاشا دەکەین و شیاویش نییە زیانی پاشا ببینین، لەبەر ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشا ئەم نامەیە دەنێرین،
EZR 4:15 بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شاهانەی باوباپیرانتدا بکرێت. ئینجا لە ئەرشیفی شاهانە دەبینیتەوە و دەزانیت کە ئەم شارە شارێکی یاخییە و زیانبەخشە بە پاشاکان و هەرێمەکان، لە دێرزەمانەوە یاخیبوونیان لەناویدا بەرپا کردووە، لەبەر ئەوە ئەم شارە کاول کرا.
EZR 4:16 ئێمەش پاشا ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێت و شووراکانی تەواو بکرێن، ئیتر لە هەرێمی ئەوبەری فوراتەوە بەشت نابێت.
EZR 4:17 پاشا ئەم وەڵامەی نارد: بۆ ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان کە لە سامیرە و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێن: پاش سڵاو.
EZR 4:18 ئەو نامەیەی بۆتان ناردین بە ڕوونی لەبەردەممدا خوێنرایەوە و وەرگێڕدرا.
EZR 4:19 فەرمانێکم دەرکرد و لێکۆڵینەوەیەک کرا، دەرکەوت کە ئەم شارە لە دێرزەمانەوە لە دژی پاشایان وەستاوەتەوە و یاخیبوون و سەرپێچیکردنی تێدا بەرپا کراوە.
EZR 4:20 ئۆرشەلیم پاشای بە توانای هەبووە و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو هەرێمی ئەوبەری فوراتدا ڕۆیشتووە، سەرانە و گومرگ و باجیان پێدراوە.
EZR 4:21 ئێستاش فەرمانێک بۆ دەست لە کار هەڵگرتنی ئەم پیاوانە دەربکەن، ئیتر هەتا فەرمان لە منەوە دەرنەچێت ئەو شارە بنیاد نانرێتەوە.
EZR 4:22 وریابن لەم کارە کەمتەرخەمی نەکەن، نەوەک زیان بە بەرژەوەندی پاشاکان بگات.
EZR 4:23 کاتێک نامەکەی ئەرتەحشەستەی پاشا لەبەردەم ڕەحوم و شیمشەیی خامەی نهێنی و یاوەرەکانیاندا خوێنرایەوە، بە پەلە چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای جولەکەکان و بە زەبری هێز لە کارەکە ڕایانگرتن.
EZR 4:24 کارەکەی ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم ڕاگیرابوو، هەتا دووەم ساڵی پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.
EZR 5:1 حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای پێغەمبەر لە نەوەی عیدۆ، بە ناوی خودای ئیسرائیل کە دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەبوو پەیامی خودایان بۆ ئەو جولەکانە ڕاگەیاند کە لە یەهودا و ئۆرشەلیم بوون.
EZR 5:2 ئیتر زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یۆچاداق هەستان و دەستیان بە بنیادنانەوەی ماڵەکەی خودا کرد لە ئۆرشەلیم، پێغەمبەرەکانی خوداش لەگەڵیان بوون و یارمەتییان دەدان.
EZR 5:3 لەو کاتەدا تەتەنەیی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان چوونە لایان و لێیان پرسین: «کێ ڕێگای پێدان ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟»
EZR 5:4 هەروەها لێیان پرسین: «ئەو پیاوانە ناویان چییە کە ئەم تەلارە بنیاد دەنێنەوە؟»
EZR 5:5 بەڵام پیرانی جولەکەش خودای خۆیان چاودێری دەکردن، ئیتر لە کارەکە ڕایاننەگرتن هەتا هەواڵەکە بە داریوش گەیشتەوە، ئینجا بە نامەیەک دەربارەی ئەمە وەڵامیان دایەوە.
EZR 5:6 ئەمەش وێنەیەکی ئەو نامەیەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان، ئەوانەی کە کاربەدەستەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، بۆ داریوشیان نارد.
EZR 5:7 ئەو هەواڵەی کە بۆیان نارد بەم شێوەیە نووسرابوو: بۆ داریوشی پاشا: سڵاوێکی گەرم.
EZR 5:8 با لەلای پاشا زانراو بێت کە ئێمە چووینە ناوچەی یەهودا، بۆ پەرستگای خودای گەورە، بینیمان بە بەردی گەورە بنیاد دەنرێتەوە و کاریتە لەناو دیوارەکانی دادەنرێت، ئەم کارەش بە وردی دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتییان سەرکەوتووانەیە.
EZR 5:9 پرسیارمان لەو پیرانە کرد و لێمان پرسین: «کێ ڕێگای پێداون ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟»
EZR 5:10 هەروەها پرسیاری ناوەکانیانمان لێکردن تاوەکو بتوانین ناوی ڕابەرەکانیان بۆ زانیاریت بنووسین.
EZR 5:11 بەم شێوەیە وەڵامیان داینەوە و گوتیان: «ئێمە خزمەتکارانی خودای ئاسمان و زەوین، ئەم پەرستگایە بنیاد دەنێینەوە کە پێش ساڵانێکی زۆر بنیاد نرابوو، پاشایەکی گەورەی ئیسرائیل بنیادی نا و تەواوی کرد.
EZR 5:12 بەڵام دوای ئەوەی باوباپیرانمان خودای ئاسمانیان تووڕە کرد، ئەوانی دا بەدەست نەبوخودنەسری پاشای بابلی کلدانییەوە، ئەوەی کە ئەم پەرستگایەی وێران کرد و گەلەکەی بۆ بابل ڕاپێچ کرد.
EZR 5:13 «بەڵام لە یەکەم ساڵی کۆرشی پاشای بابل، کۆرشی پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا.
EZR 5:14 کۆرشی پاشا تەنانەت قاپوقاچاغەکانی ئەم پەرستگایەی خودای لە پەرستگای بابلەوە دەرهێنا، کە لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەم پەرستگایەی ئۆرشەلیمی دەرهێنابوو و بۆ ئەو پەرستگایەی بردبوو کە لە بابلە. ئینجا کۆرشی پاشا قاپوقاچاغەکانی دایە یەکێک کە ناوی شێشبەچەر بوو، ئەوەی کردییە پارێزگار.
EZR 5:15 پێی گوت: ”ئەم قاپوقاچاغە ببە، بڕۆ و لە پەرستگاکەی ئۆرشەلیمی دابنێ، با پەرستگای خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنرێتەوە.“
EZR 5:16 «لەبەر ئەوە ئەم شێشبەچەرە هات و بناغەکەی ماڵی خودای دانا ئەوەی لە ئۆرشەلیمە، لەو کاتەوە بنیاد دەنرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.»
EZR 5:17 ئێستاش ئەگەر پاشا پێی باشە، با لەنێو ئەرشیفی شاهانەدا بگەڕێن کە لە بابلە، بۆ ئەوەی بزانین بەڕاستی لە کۆرشی پاشاوە فەرمان دەرچووە بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە؟ با پاشا لەم کارەدا خواستی خۆیمان بۆ بنێرێت.
EZR 6:1 ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو،
EZR 6:2 ئەوە بوو لەناو کۆشکی هەمەدان لە هەرێمی میدیا، نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو: یاداشت:
EZR 6:3 کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد: با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی شەست باڵ بێت.
EZR 6:4 بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەدار، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت.
EZR 6:5 هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.
EZR 6:6 ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە.
EZR 6:7 دەست مەخەنە ناو کاری بنیادنانی پەرستگای خوداوە. با فەرمانڕەوا و پیرانی جولەکەکان ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.
EZR 6:8 من فەرمان دەردەکەم کە دەبێت لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکەدا چی بکەن: لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بەبێ دواکەوتن خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن.
EZR 6:9 هەرچیشیان پێویستە، لە جوانەگا، بەران، بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم، خوێ، شەراب و زەیت، با ڕۆژانە بەپێی داواکاری ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن بەبێ دواکەوتن پێیان بدرێت، تاکو خاو نەبنەوە
EZR 6:10 لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.
EZR 6:11 هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەر کەسێک ئەم فەرمانە بشکێنێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە ستوونێک و دوای کوشتنی، پێوەی دەکرێت. لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە.
EZR 6:12 خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە. من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.
EZR 6:13 ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی.
EZR 6:14 پیرانی جولەکەش بەهۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە لایەن حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆوە، بەردەوام بوون لە بنیادنان و سەرکەوتوو دەبوون. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد.
EZR 6:15 ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.
EZR 6:16 نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد.
EZR 6:17 قوربانیشیان پێشکەش کرد بۆ تەرخانکردنی ئەم ماڵەی خودا، سەد گا و دوو سەد بەران و چوار سەد بەرخ و دوازدە گیسکی نێر، بۆ قوربانی گوناه لە جیاتی هەموو ئیسرائیل، بەگوێرەی هۆزەکانی ئیسرائیل.
EZR 6:18 ئینجا کاهینەکانیان لە بەشەکانی خۆیان دانا و لێڤییەکانیش لە بەشەکانیان لەسەر خزمەتەکەی خودا لە ئۆرشەلیم، هەروەک ئەوەی لە پەڕتووکی موسا نووسراوە.
EZR 6:19 ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لە چواردەی مانگی یەکدا جەژنی پەسخەیان گێڕا،
EZR 6:20 چونکە کاهین و لێڤییەکان هەموو خۆیان پاک کردبووەوە، هەموویان بەپێی ڕێوڕەسم پاک بوون و بەرخی پەسخەیان بۆ هەموو نەوەی ڕاپێچکراوەکان و بۆ برا کاهینەکانیان و بۆ خۆیان سەربڕی.
EZR 6:21 نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوییەکە گەڕابوونەوە لێیان خوارد، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان لە نەریتە گڵاوەکانی نەتەوەکانی خاکەکە جیا کردبووەوە و هاتبوونە پاڵیان، بۆ ئەوەی ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بکەن.
EZR 6:22 هەروەها حەوت ڕۆژ بە خۆشییەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، چونکە یەزدان دڵی پڕکردن لە خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری بەلایاندا ڕاکێشا بۆ بەهێزکردنی دەستیان لە کارەکەی پەرستگای خودا، خودای ئیسرائیل.
EZR 7:1 پاش ئەم شتانە و لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، عەزرا کە کوڕی سەرایا کوڕی عەزەریا کوڕی حیلقیا
EZR 7:2 کوڕی شەلوم کوڕی سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ
EZR 7:3 کوڕی ئەمەریا کوڕی عەزەریا کوڕی مەرایۆت
EZR 7:4 کوڕی زەرەحیا کوڕی عوزی کوڕی بوقی
EZR 7:5 کوڕی ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی سەرۆک کاهین بوو،
EZR 7:6 ئەم عەزرایە لە بابلەوە سەرکەوت. مامۆستایەکی بە توانا بوو لە تەوراتی موسا، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هەموو ئەوەی داوای کردبوو پێیدابوو، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو.
EZR 7:7 هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل و لە کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و خزمەتکارانی پەرستگا لەگەڵی بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن، لە ساڵی حەوتەمی ئەرتەحشەستەی پاشا.
EZR 7:8 عەزرا لە مانگی پێنج لە ساڵی حەوتەمی پاشادا گەیشتە ئۆرشەلیم.
EZR 7:9 لە یەکی مانگی یەکەوە دەستی پێکردبوو لە بابلەوە سەربکەوێت و لە یەکی مانگی پێنجدا گەیشتە ئۆرشەلیم، بەپێی ئەوەی دەستی چاکەی خوداکەی لەسەری بوو،
EZR 7:10 چونکە عەزرا بۆ خوێندنی تەوراتی یەزدان و کارکردن پێی تەرخان کردبوو، هەروەها بۆ فێرکردنی فەرز و یاسای تەورات لەناو ئیسرائیلدا.
EZR 7:11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە ئەرتەحشەستەی پاشا دایە عەزرای کاهین و مامۆستای شەریعەت، کە شارەزای فەرمان و فەرزەکانی یەزدان بوو بۆ ئیسرائیل:
EZR 7:12 لە ئەرتەحشەستەی پاشای پاشایانەوە، بۆ عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان. پاش سڵاو.
EZR 7:13 لەلایەن منەوە فەرمانێک دەرچووە کە هەرکەسێک لەناو پاشایەتییەکەی من لە گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان بیەوێت لەگەڵ تۆ خۆبەخشانە بگەڕێتەوە ئۆرشەلیم، با بگەڕێتەوە.
EZR 7:14 تۆ لەلایەن پاشا و حەوت ڕاوێژکارەکەیەوە نێردراویت بۆ ئەوەی لە یەهودا و ئۆرشەلیم بکۆڵیتەوە، بەگوێرەی تەوراتی خوداکەت کە بە دەستتەوەیە.
EZR 7:15 هەروەها نێردراویت بۆ بردنی ئەو زێڕ و زیوەش کە پاشا و ڕاوێژکارەکانی بە ئازادی بەخشیویانە بە خودای ئیسرائیل، ئەوەی نشینگەکەی لە ئۆرشەلیمە،
EZR 7:16 لەگەڵ هەموو ئەو زێڕ و زیوەش کە لە هەرێمی بابل بە دەستت دەکەوێت، هەروەها بەخشینە ئازادەکانی گەل و کاهینەکان کە دەیبەخشن بە پەرستگای خودای خۆیان لە ئۆرشەلیم.
EZR 7:17 دڵنیابە لەوەی بەم زیوە گا و بەران و بەرخی نێر لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بکڕیت و لەسەر قوربانگاکەی پەرستگای خوداتان کە لە ئۆرشەلیمە پێشکەشیان بکەیت.
EZR 7:18 هەرچی خۆت و برا جولەکەکانت پێتان باش بوو بە پاشماوەی زێڕ و زیوەکە بیکەن، بەپێی خواستی خودای خۆتان بکەن.
EZR 7:19 ئەو قاپوقاچاغەش کە بۆ خزمەتی پەرستگای خوداکەت پێت دەدرێت، لەبەردەم خودای ئۆرشەلیم دایبنێ.
EZR 7:20 پاشماوەی پێویستییەکانی پەرستگای خوداکەت کە بۆت ڕێک دەکەوێت بیدەیت، ئەوا لە گەنجینەکانی پاشاوە بیدە.
EZR 7:21 لە من، لە ئەرتەحشەستەی پاشاوە، فەرمان دەرچووە بۆ هەموو گەنجینەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات کە هەرچی عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان داواتان لێ دەکات، با بە وردی جێبەجێ بکرێت،
EZR 7:22 هەتا سەد تالنت زیو و سەد کۆر گەنم و سەد بەت شەراب و سەد بەت زەیت و خوێش بەبێ سنوور.
EZR 7:23 هەرچی خودای ئاسمان فەرمانی پێداوە بە وردی بۆ پەرستگای خودای ئاسمان جێبەجێ بکرێت، چونکە بۆچی تووڕەیی لەسەر شانشینی پاشا و کوڕەکانی بێت؟
EZR 7:24 هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین کە هەموو کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و خزمەتکارانی پەرستگا و خزمەتکارانی ئەم ماڵەی خودا، ڕێ نادرێت سەرانە و باج و گومرگیان لەسەر بێت.
EZR 7:25 تۆش ئەی عەزرا، بەپێی دانایی خوداکەت کە هەتە، قازی و دادوەر دابنێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بکەن بۆ هەموو ئەو گەلەی هەرێمی ئەوبەری فورات، لە هەموو ئەوانەی فێرکردنەکانی خودات دەزانن، ئەوانەش کە نایزانن، فێریان بکەن.
EZR 7:26 هەرکەسێکیش کار بە فێرکردنەکانی خوداکەت و فێرکردنەکانی پاشا نەکات، با بە دڵنیاییەوە حوکمی بەسەردا بدرێت، بە سزای مردن یان دوورخستنەوە یان سزای دارایی یان زیندانی.
EZR 7:27 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کە ئەم شتەی خستە دڵی پاشاوە بۆ شکۆدارکردنی ماڵی یەزدان، ئەوەی لە ئۆرشەلیمە.
EZR 7:28 لەبەردەم پاشا و ڕاوێژکارەکانی و لەبەردەم هەموو کاربەدەستە توانادارەکانی پاشا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشیم، منیش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی یەزدانی پەروەردگارم بەهێز بووم، جا لە ئیسرائیل ڕابەرەکانم کۆکردەوە تاوەکو لەگەڵم سەربکەون.
EZR 8:1 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکان و ئەوانەن کە لەگەڵیاندا تۆمارکراون، ئەوانەی لە سەردەمی ئەرتەحشەستەی پاشادا لەگەڵ من لە بابلەوە گەڕانەوە:
EZR 8:2 لە نەوەی فینەحاس، گێرشۆم؛ لە نەوەی ئیتامار، دانیال؛ لە نەوەی داود، حەتوش
EZR 8:3 لە نەوەی شەخەنەیا؛ لە نەوەی پەرعۆش، زەکەریا و سەد و پەنجا نێرینەش لەگەڵیدا تۆمار کران؛
EZR 8:4 لە نەوەی پەحەت‌مۆئاب، ئەلیهۆعێینەی کوڕی زەرەحیا، دوو سەد نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:5 لە نەوەی زەتو، شەخەنەیا کوڕی یەحەزیێل و سێ سەد نێرێنەش لەگەڵی؛
EZR 8:6 لە نەوەی عادین، عەبەدی کوڕی یۆناتان، پەنجا نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:7 لە نەوەی ئیلام، یەشەعیای کوڕی عەتەلیا، حەفتا نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:8 لە نەوەی شەفەتیا، زەڤەدیای کوڕی میکائیل، هەشتا نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:9 لە نەوەی یۆئاب عۆبەدیای کوڕی یەحیێل، دوو سەد و هەژدە نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:10 لە نەوەی بانی، شەلۆمیت کوڕی یۆسیفیا، سەد و شەست نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:11 لە نەوەی بێڤەی، زەکەریای کوڕی بێڤەی، بیست و هەشت نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:12 لە نەوەی عەزگاد، یۆحانانی کوڕی هەقاتان سەد و دە نێرینەش لەگەڵی؛
EZR 8:13 لە نەوەی ئەدۆنیقام، کە لە کۆتاییدا هاتن، ئەمە ناوەکانیانە، ئەلیفەلەت و یەعوئێل و شەمەعیا، شەست نێرینەش لەگەڵیان؛
EZR 8:14 لە نەوەی بیگڤەی، عوتەی و زەکور، حەفتا نێرینەش لەگەڵیان.
EZR 8:15 جا بۆ لای ئەو نۆکەندەی بەرەو ئەهەڤا دەڕوات کۆمکردنەوە و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە، لە گەل و کاهینەکان ورد بوومەوە، بەڵام کەسم لە لێڤییەکان لەوێ بەدی نەکرد.
EZR 8:16 لەبەر ئەوە بانگی هەر یەک لە ئەلیعەزەر، ئەریێل، شەمەعیا، ئەلناتان، یاریڤ، ئەلناتان، ناتان، زەکەریا و مەشولام کرد، کە لە ڕابەرەکان بوون، هەروەها یۆیاریڤ و ئەلناتان کە تێگەیشتوو بوون.
EZR 8:17 هەموویانم نارد بۆ لای ئیدۆی ڕابەر لەو شوێنەی ناوی کاسیفیا بوو، پێم گوتن لە کاسیفیا چی بە ئیدۆ و برا خزمەتکارەکانی پەرستگا بڵێن، تاوەکو خزمەتکارانمان بۆ بهێنن بۆ ماڵی خودامان.
EZR 8:18 ئینجا بەپێی ئەوەی دەستی چاکی خودا لەسەرمان بوو، پیاوێکی وریایان بۆمان هێنا کە ناوی شێرێڤیا بوو، لە نەوەی مەحلی کوڕی لێڤی کوڕی ئیسرائیل، لەگەڵ کوڕەکانی شێرێڤیا و براکانی کە هەموویان هەژدە پیاو بوون؛
EZR 8:19 هەروەها حەشەڤیا لەگەڵ یەشەعیا لە نەوەی مەراری و براکانی و کوڕەکانیان بیست کەس بوون.
EZR 8:20 لە خزمەتکارانی پەرستگاش، لەو کۆمەڵەی کە داود و کاربەدەستەکان بۆ یارمەتیدانی لێڤییەکان دایانمەزراندبوون، دوو سەد و بیست پیاویان هێنا. هەموویان بە ناوی خۆیانەوە دیاری کران.
EZR 8:21 لەوێدا لەسەر نۆکەندی ئەهەڤا بانگەوازی ڕۆژووگرتنم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی لەبەردەم خوداکەماندا ملکەچ بین و داوای ڕێگایەکی ڕاستی لێ بکەین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و هەموو ئەوەی هەمانە.
EZR 8:22 پێم شەرم بوو داوای سەرباز و سوار لە پاشا بکەم، بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا لە دوژمن بمانپارێزن، چونکە ئێمە بە پاشامان گوتبوو کە خودای ئێمە چاکە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە پشتی پێ دەبەستن، زۆریش لەوە تووڕە دەبێت کە وازی لێ بهێنێت.
EZR 8:23 جا بە ڕۆژوو بووین و ئەوەمان لە خودامان داوا کرد، ئەویش وەڵامی داینەوە.
EZR 8:24 پاشان لە کاهینانی باڵا دوازدە کەسم جیا کردەوە: شێرێڤیا و حەشەڤیا، لەگەڵ ئەوانیش دە لە براکانیان،
EZR 8:25 زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەشم بۆیان پێوا، کە بەخشینەکەی ماڵی خودامان ئەوەی پاشا و ڕاوێژکارەکانی و کاربەدەستەکانی و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوێ بوون بەخشییان.
EZR 8:26 شەش سەد و پەنجا تالنت زیوم کێشا و خستمە ناو دەستیان، سەد تالنتیش لە قاپوقاچاغی زیو لەگەڵ سەد تالنت زێڕ و
EZR 8:27 بیست پەرداخی زێڕ بە هەزار درهەم، دوو قاپی بڕۆنزیش زۆر باش مشتوماڵکراو، کە وەک زێڕ بە نرخ بوون.
EZR 8:28 بەوانم گوت: «ئێوە تەرخانکراون بۆ یەزدان و قاپوقاچاغەکانیش تەرخانکراون و زێڕ و زیوەکەش بەخشینێکی ئازادن بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان.
EZR 8:29 ئیتر پاسەوانیی بکەن و بیپارێزن هەتا لەبەردەم کاهینانی باڵا و لێڤییەکان و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بیکێشن، لە ژوورەکانی ماڵی یەزدان.»
EZR 8:30 ئینجا کاهین و لێڤییەکان کێشی زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەیان وەرگرت تاوەکو بۆ ئۆرشەلیمی بهێنن، بۆ ماڵی خوداکەمان.
EZR 8:31 لە دوازدەی مانگی یەک لە نۆکەندی ئەهەڤاوە بەڕێکەوتین تاکو بچینە ئۆرشەلیم، خوداشمان پشتگیری دەکردین، جا لە دەستی دوژمن و چەتەکانی سەر ڕێگا فریامان کەوت.
EZR 8:32 ئینجا گەیشتینە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
EZR 8:33 لە ڕۆژی چوارەمدا زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەی ناو ماڵی خودامان لەسەر دەستی مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کاهین کێشرا. ئەلعازاری کوڕی فینەحاسیش لەگەڵی بوو، لەگەڵ یۆزاڤادی کوڕی یێشوع و نۆعەدیای کوڕی بەنوی کە هەردووکیان لێڤی بوون.
EZR 8:34 بە ژمارە و کێش بۆ هەموویان، هەموو کێشەکەش لەو کاتەدا نووسران.
EZR 8:35 نەوەی ڕاپێچکراوەکانیش ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، قوربانی سووتاندنیان پێشکەشی خودای ئیسرائیل کرد، دوازدە گا لەبری هەموو ئیسرائیل، لەگەڵ نەوەد و شەش بەران، حەفتا و حەوت بەرخی نێر، هەروەها دوازدە گیسکی نێری بۆ قوربانی گوناه، هەموو کرانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
EZR 8:36 هەروەها یاساکانی پاشایان دایە دەست میر و پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات، ئەوانیش یارمەتی گەل و ماڵی خودایان دا.
EZR 9:1 پاش تەواوبوونی ئەمە، ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان، لە کەنعانی، حیتی، پریزی، یەبوسی، عەمۆنی، مۆئابی، میسری و ئەمۆرییەکان،
EZR 9:2 چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە. دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.»
EZR 9:3 کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.
EZR 9:4 جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.
EZR 9:5 لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و
EZR 9:6 گوتم: «خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە.
EZR 9:7 لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتینە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ.
EZR 9:8 «بەڵام ئێستا بۆ ساتێک یەزدانی پەروەردگارمان میهرەبان بوو بەرامبەرمان کە دەربازمان دەکات و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی دەداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و لە کاتی کۆیلەییدا هەندێک بمانبووژێنێتەوە.
EZR 9:9 هەرچەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین: ژیانی نوێی پێمان داوە بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، هەروەها لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکی پێمان داوە.
EZR 9:10 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە چی بڵێین؟ وازمان لە فەرمانەکانت هێنا،
EZR 9:11 ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی تاکو دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بەهۆی گڵاوی خەڵکەکەیەوە، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی خاکەکەیان پڕ کردووە لە گڵاوی.
EZR 9:12 ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەرگیز پەیمانی ئاشتی و چاکەیان لەگەڵ مەبەستن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“
EZR 9:13 «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی.
EZR 9:14 ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟
EZR 9:15 ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»
EZR 10:1 کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان.
EZR 10:2 ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئیسرائیل هیوای بەمە هەیە:
EZR 10:3 با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت.
EZR 10:4 هەستە! ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!»
EZR 10:5 ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد.
EZR 10:6 پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا.
EZR 10:7 ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە،
EZR 10:8 بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە.
EZR 10:9 لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتا لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە.
EZR 10:10 ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل.
EZR 10:11 ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.»
EZR 10:12 هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین.
EZR 10:13 بەڵام گەلەکە زۆرن و کاتەکەش کاتی بارانە و توانای ئەوەمان نییە لە دەرەوە ڕابوەستین، کارەکەش کاری یەک دوو ڕۆژ نییە، چونکە لەم بارەیەوە یاخیبوونی زۆرمان کردووە.
EZR 10:14 تکایە با کاربەدەستەکانمان لە جێی هەموو کۆمەڵەکە ڕاوەستن و هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانمان ژنی بێگانەیان هێناوە، با لە کاتی دیاریکراودا لەگەڵ پیران و دادوەرانی شارەکەی خۆیان بێن، هەر شارە و بە تەنها، هەتا گڕی تووڕەیی خودامان کە بەهۆی ئەم کارەوەیە لێمان دامرکێتەوە.»
EZR 10:15 تەنها یۆناتانی کوڕی عەساهێل و یەحزەیای کوڕی تیقڤا لە دژی ئەمە ڕاوەستان، مەشولام و شەبەتەی کە هەردووکیان لێڤی بوون پشتگیرییان کردن.
EZR 10:16 ئینجا ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە ئاوایان کرد، عەزرای کاهین و ئەو پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکان بوون جیا بوونەوە، بەپێی بنەماڵەکانیان و هەموویان بە ناوی خۆیان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی دە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دانیشتن.
EZR 10:17 لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەک لە بابەتی هەموو ئەو پیاوانە بوونەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو.
EZR 10:18 لەنێو کاهینەکان چەند کەسێکیان بینییەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو: لە نەوەی یەشوعی کوڕی یۆچاداق و براکانی: مەعسێیاهو، ئەلیعەزەر، یاریڤ و گەدەلیاهو.
EZR 10:19 بەڵێنیان دا کە ژنە بێگانەکانیان دەربکەن و لەبەر تاوانەکەیان بەرانێکی مێگەلیان پێشکەش کرد.
EZR 10:20 لە نەوەی ئیمێر: حەنانی و زەڤەدیا.
EZR 10:21 لە نەوەی حاریم: مەعسێیاهو، ئەلیاس، شەمەعیا، یەحیێل و عوزیا.
EZR 10:22 لە نەوەی پەشحور: ئەلیۆعێنەی، مەعسێیاهو، ئیسماعیل، نەتەنێل، یۆزاڤاد و ئەلعاسا.
EZR 10:23 لە لێڤییەکان: یۆزاڤاد، شیمعی، قێلایا کە قەلیتایە، پەتەحیا، یەهودا و ئەلیعەزەر.
EZR 10:24 لە گۆرانیبێژەکان: ئەلیاشیڤ. لە دەرگاوانەکان: شەلوم، تەلەم و ئوری.
EZR 10:25 لەنێو ئیسرائیلییەکانی دیکەش: لە نەوەی پەرعۆش: ڕەمیا، یەزییا، مەلکیا، میامین، ئەلعازار، مەلکیا و بەنایا.
EZR 10:26 لە نەوەی ئیلام: مەتەنیا، زەکەریا، یەحیێل، عەبدی، یەرێمۆت و ئەلیاس.
EZR 10:27 لە نەوەی زەتو: ئەلیۆعێنەی، ئەلیاشیڤ، مەتەنیا، یەرێمۆت، زاڤاد و عەزیزا.
EZR 10:28 لە نەوەی بێڤەی: یەهۆحانان، حەنەنیا، زەبەی و عەتلای.
EZR 10:29 لە نەوەی بانی: مەشولام، مەلوخ، عەدایا، یاشوڤ، شەئال و یەرێمۆت.
EZR 10:30 لە نەوەی پەحەت‌مۆئاب: عەدنا، کەلال، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتەنیا، بەسەلئێل، بەنوی و مەنەشە.
EZR 10:31 لە نەوەی حاریم: ئەلیعەزەر، یەشییا، مەلکیا، شەمەعیا، شیمەعۆن،
EZR 10:32 بنیامین، مەلوخ و شەمەریاهو.
EZR 10:33 لە نەوەی حاشوم: مەتەنەی، مەتەتا، زاڤاد، ئەلیفەلەت، یەرێمەی، مەنەشە و شیمعی.
EZR 10:34 لە نەوەی بانی: مەعەدەی، عەمرام، ئوئێل،
EZR 10:35 بەنایا، بێدەیا، کەلووهی،
EZR 10:36 ڤەنیا، مەرێمۆت، ئەلیاشیڤ،
EZR 10:37 مەتەنیا، مەتەنەی و یەعەسۆ.
EZR 10:38 لە نەوەی بەنوی: شیمعی،
EZR 10:39 شەلەمیاهو، ناتان، عەدایا،
EZR 10:40 مەخنەدەڤەی، شاشەی، شارای،
EZR 10:41 عەزەرئێل، شەلەمیاهو، شەمەریاهو،
EZR 10:42 شەلوم، ئەمەریا و یوسف.
EZR 10:43 لە نەوەی نەبۆ: یەعیێل، مەتیسیا، زاڤاد، زەڤینا، یەدەی، یۆئێل و بەنایا.
EZR 10:44 هەموو ئەوانە ژنی بێگانەیان هێنابوو، هەروەها هەندێک لە ژنەکان منداڵیان ببوو.
NEH 1:1 یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا: ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ لە ساڵی بیستەم، کاتێک لە قەڵای شوش بووم،
NEH 1:2 حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.
NEH 1:3 پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.
NEH 1:4 کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم.
NEH 1:5 دوای ئەوە گوتم: «ئەی یەزدان، خودای ئاسمان، ئەی خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن،
NEH 1:6 تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد.
NEH 1:7 بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە بە موسای خزمەتکارت دا.
NEH 1:8 «تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو: ”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم،
NEH 1:9 بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەوا ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی زەویش بن، لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەو شوێنەی کە بۆ نیشتەجێبوونی ناوەکەم هەڵبژاردووە.“
NEH 1:10 «ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە.
NEH 1:11 ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.» منیش ساقی پاشا بووم.
NEH 2:1 ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم،
NEH 2:2 لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.» من زۆر ترسام،
NEH 2:3 بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟»
NEH 2:4 پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟» منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و
NEH 2:5 بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.»
NEH 2:6 شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد.
NEH 2:7 دوای ئەوە بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا،
NEH 2:8 هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات کە بیکەمە کاریتە بۆ دەروازەکانی قەڵا کە لە تەنیشت پەرستگاکەیە، هەروەها بۆ شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا داواکارییەکانی جێبەجێ کردم، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو.
NEH 2:9 ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو.
NEH 2:10 کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.
NEH 2:11 دوای ئەوەی کە چوومە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە،
NEH 2:12 بە شەو هەستام و لەگەڵ چەند پیاوێک بەڕێ کەوتم، بە کەسیشم ڕانەگەیاند کە خوداکەم چی خستووەتە دڵمەوە هەتا لە ئۆرشەلیم بیکەم، بێجگە لەو وڵاخەی سواری ببووم هیچ وڵاخێکی دیکەم لەگەڵ نەبوو.
NEH 2:13 بە شەو لە دەروازەی دۆڵەکە بە بەردەم بیری چەقەڵدا چوومە دەرەوە بۆ لای دەروازەی زبڵ و سەرنجم دایە شووراکانی ئۆرشەلیم کە ڕووخابوون و دەروازەکانی کە سووتابوون.
NEH 2:14 پاشان پەڕیمەوە بۆ دەروازەی کارێز و بۆ گۆمی پاشا، بەڵام جێگا نەبوو بۆ پەڕینەوەی ئەو وڵاخەی لە ژێرم بوو.
NEH 2:15 بە شەو بە دۆڵەکەدا ڕۆیشتم و سەرنجم دایە شووراکە. لە کۆتاییدا گەڕامەوە و بە دەروازەی دۆڵەکەدا هاتمە ژوورەوە.
NEH 2:16 کاربەدەستەکان نەیانزانی بۆ کوێ چووم و چیم کرد، هەتا ئەو کاتەش بە کەسم ڕانەگەیاندبوو، جولەکە و کاهین و خانەدان و کاربەدەستەکان و ئەو کەسانەی دیکەش کە دەبێت کارەکە بکەن.
NEH 2:17 ئینجا پێم گوتن: «ئێوە ئەو ناخۆشییە دەبینن کە ئێمە تێیداین، کە ئۆرشەلیم کاولە و دەروازەکانی سووتێنراون. وەرن با شوورای ئۆرشەلیم بنیاد بنێینەوە و چیتر نەبینە مایەی ڕیسوایی.»
NEH 2:18 لەبارەی دەستی چاکەی خوداش کە لەسەرم بوو پێم ڕاگەیاندن، هەروەها قسەکانی پاشا کە پێی گوتبووم. ئەوانیش گوتیان: «با هەستین و بنیادی بنێینەوە.» بازوویان لێ هەڵکرد بۆ چاکە.
NEH 2:19 بەڵام کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی و گەشەمی عەرەبی ئەمەیان بیستەوە گاڵتە و سووکایەتییان پێکردین و گوتیان: «ئەمە چییە ئێوە دەیکەن؟ ئایا لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوە؟»
NEH 2:20 منیش وەڵامم دانەوە و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سەرکەوتوومان دەکات و ئێمەش خزمەتکاری ئەوین، هەڵدەستین و بنیادی دەنێینەوە، بەڵام ئێوە هیچ بەش و ماف و ناوێکتان لە ئۆرشەلیم نییە.»
NEH 3:1 ئەلیاشیڤی سەرۆکی کاهینان و برا کاهینەکانی دەستیان بە کار کرد و دەروازەی مەڕیان بنیاد نایەوە و تەرخانیان کرد و دەرگاکانیشیان دانا. شووراکەشیان هەتا قوللەی سەد بنیاد نایەوە و تەرخانیان کرد، هەروەها هەتا قوللەی حەنەنێل بنیادیان نایەوە.
NEH 3:2 لەتەنیشت ئەوەوە پیاوانی ئەریحا بنیادیان دەنا، لەتەنیشت ئەوانیشەوە زەکوری کوڕی ئیمری بنیادی دەنا.
NEH 3:3 دەروازەی ماسیش لەلایەن کوڕەکانی هەسەنائاوه بنیاد نرایەوە. کاریتە و دەرگاکانیان بۆ دانایەوە لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.
NEH 3:4 لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەرێمۆتی کوڕی ئوریای هەقۆچ ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەشولامی کوڕی بەرەخیا کوڕی مەشێزەبێل ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە سادۆقی کوڕی بەعەنا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.
NEH 3:5 لەتەنیشت ئەوانیشەوە تەقۆعییەکان ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، بەڵام خانەدانەکانیان شانیان نەدایە پاڵ خزمەتەکەی سەرپەرشتیارەکانیان.
NEH 3:6 بۆ دەروازەی یەشاناش، یۆیاداعی کوڕی پاسێیەح و مەشولامی کوڕی بەسۆدەیا ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، ئەوان سەریان گرت و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.
NEH 3:7 لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەلەتیای گبعۆنی و یادۆنی مێرۆنۆتی کە خەڵکی گبعۆن و میچپا بوون، لەو شوێنانە کە لەژێر دەستی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە.
NEH 3:8 لەتەنیشت ئەوانیشەوە عوزیێلی کوڕی حەرهەیا کە لە زێڕنگەرەکان بوو، ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەنەنیا لە نەوەی عەتارەکان ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئینجا ئۆرشەلیمیان هەتا شوورا بەرینەکە تۆکمە کرد.
NEH 3:9 لەتەنیشت ئەوانیشەوە ڕەفایای کوڕی حوور، فەرمانڕەوای نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.
NEH 3:10 لەتەنیشت ئەوانیشەوە یەدایای کوڕی حەرومەف لەبەردەم ماڵەکەی خۆی ڕووخاوییەکەی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەتوشی کوڕی حەشەڤنەیا ڕووخاوییەکەی چاککردەوە.
NEH 3:11 بەشێکی دیکەش مەلکیای کوڕی حاریم و حەشوڤی کوڕی پەحەت‌مۆئاب چاکیان کردەوە، لەگەڵ قوللەی تەنوورەکانیش.
NEH 3:12 لەتەنیشت ئەویشەوە شەلومی کوڕی هەڵۆحێش، فەرمانڕەوای نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم، خۆی و کچەکانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە.
NEH 3:13 دەروازەی دۆڵەکەش حانوون و دانیشتووانی زانۆوەح چاکیان کردەوە، ئەوان بنیادیان ناوە و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی، هەزار باڵیش لە شووراکە هەتا دەروازەی زبڵ.
NEH 3:14 دەروازەی زبڵیش مەلکیای کوڕی ڕێکابی فەرمانڕەوای ناوچەی بێت‌هاکارەم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە و ئەو بنیادی ناوە، دەرگاکانی بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.
NEH 3:15 دەروازەی کارێزیش شەللونی کوڕی کۆل‌حوزێ فەرمانڕەوای ناوچەی میچپا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئەو بنیادی ناوە و سەری گرت و دەرگاکانی بە پێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی. هەروەها شووراکەی گۆمی سیلوامی چاککردەوە کە لە لای باخچەی پاشایە هەتا ئەو پێپلیکانەیەی لە شاری داودەوە بەرەو خوارەوە دەچێت.
NEH 3:16 پاش ئەویش نەحەمیای کوڕی عەزبوقی فەرمانڕەوای نیوەی ناوچەی بێت‌چوور ڕووخاوییەکەی هەتا ئەو شوێنە چاککردەوە کە کەوتبووە بەرامبەر گۆڕەکانی داود، هەتا گۆمە دەستکردەکە و ماڵی پاڵەوانەکان.
NEH 3:17 پاش ئەویش لێڤییەکان بە سەرپەرشتی ڕەحومی بانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە و لەتەنیشت ئەویشەوە حەشەڤیای فەرمانڕەوای نیوەی ناوچەی قەعیلا لە بەشەکەی خۆی ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.
NEH 3:18 پاش ئەویش براکانیان، بەنوی کوڕی حێناداد، فەرمانڕەوای نیوەی ناوچەی قەعیلا ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە.
NEH 3:19 لەتەنیشت ئەویشەوە عێزەری کوڕی یێشوعی سەرۆکی میچپا بەشێکی دیکەی چاککردەوە لەبەردەم هەورازەکەی جبەخانەکەوە لەلای گۆشەکە.
NEH 3:20 پاش ئەو باروخی کوڕی زەبەی بە گوڕەوە بەشێکی دیکەی لە گۆشەکەوە هەتا داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین ڕووخاوییەکانی چاککردەوە.
NEH 3:21 دوای ئەویش مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کوڕی هەقۆچ بەشێکی دیکەی لە داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤەوە هەتا کۆتایی ماڵەکە چاککردەوە.
NEH 3:22 پاش ئەویش کاهینەکانی ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە.
NEH 3:23 پاش ئەوانیش بنیامین و حەشوڤ بەرامبەری ماڵەکانی خۆیانیان چاککردەوە. پاش ئەمانیش عەزەریای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی عەنانیاش تەنیشت ماڵەکەی خۆی چاککردەوە.
NEH 3:24 پاش ئەویش بەنوی کوڕی حێناداد بەشێکی دیکەی چاککردەوە، لە ماڵی عەزەریاوە هەتا گۆشەکە و پەناکە.
NEH 3:25 پالالی کوڕی ئوزەییش لەبەردەم گۆشەکە و قوللەکە کە تەواوکەری کۆشکی باڵای پاشایە ئەوەی لەلای حەوشەی پاسەوانانە، لەپاش ئەویشەوە پەدایای کوڕی پەرعۆش.
NEH 3:26 ئینجا خزمەتکارانی پەرستگا کە دانیشتووی گردی عۆفێل بوون چاکیان کردەوە هەتا بەردەم دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات لەگەڵ قوللە دەرەکییەکە.
NEH 3:27 پاش ئەوانیش تەقۆعییەکان بەشێکی دیکەیان چاککردەوە، لە بەرامبەر قوللە دەرەکییە گەورەکە هەتا دیواری عۆفێل.
NEH 3:28 لەسەر دەروازەی ئەسپەکانیش، کاهینەکان چاکیان کردەوە، هەریەکە و بەرامبەر بە ماڵی خۆی.
NEH 3:29 پاش ئەوانیش سادۆقی کوڕی ئیمێر بەرامبەری ماڵەکەی خۆی چاککردەوە. پاش ئەویش شەمەعیای کوڕی شەخەنەیا کە چاودێری دەروازەی ڕۆژهەڵات بوو، شووراکەی چاککردەوە.
NEH 3:30 پاش ئەویش حەنەنیای کوڕی شەلەمیاهو و حانوونی کوڕی شەشەمی چالاف بەشێکی دیکەیان چاککردەوە. پاش ئەوانیش مەشولامی کوڕی بەرەخیا بەرامبەری ژوورەکەی خۆی چاککردەوە.
NEH 3:31 پاش ئەویش مەلکیا، کە یەکێک بوو لە زێڕنگەرەکان، هەتا ماڵی خزمەتکارانی پەرستگا و بازرگانەکانی چاککردەوە کە دەکەوتە بەرامبەر دەروازەی کۆکردنەوەی سەربازان، هەروەها هەتا ژووری چاودێریی سەر گۆشەکەی شوورا.
NEH 3:32 زێڕنگەر و بازرگانەکان شووراکەیان لەنێوان خاڵی سەر گۆشەکە هەتا دەروازەی مەڕ چاککردەوە.
NEH 4:1 کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد.
NEH 4:2 لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون، دەیانژیێننەوە؟»
NEH 4:3 تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»
NEH 4:4 «ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە سووکایەتیمان پێکرا. توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتیدا تاڵان بکرێن.
NEH 4:5 تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان سووکایەتییان بە بیناسازەکان کردووە.»
NEH 4:6 جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.
NEH 4:7 ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو بۆشاییەکان پڕ دەکرانەوە، زۆر ڕقیان هەستا.
NEH 4:8 جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە.
NEH 4:9 ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.
NEH 4:10 لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»
NEH 4:11 ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»
NEH 4:12 ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، دەیان جار هاتن و پێیان گوتین: «لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.»
NEH 4:13 ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.
NEH 4:14 دوای ئەوەی کە سەیری بارودۆخەکەم کرد، هەستام و بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»
NEH 4:15 دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.
NEH 4:16 لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و زرێیان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد.
NEH 4:17 بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت.
NEH 4:18 بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.
NEH 4:19 ئینجا بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین.
NEH 4:20 لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»
NEH 4:21 ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت.
NEH 4:22 هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.»
NEH 4:23 جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەرکەسێک بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچوو.
NEH 5:1 هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە.
NEH 5:2 هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.»
NEH 5:3 هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.»
NEH 5:4 هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا.
NEH 5:5 ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و منداڵەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان بوونەتە کۆیلە و ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نییە، چونکە کێڵگە و ڕەزەکانمان هی کەسانی دیکەن.»
NEH 5:6 زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو،
NEH 5:7 لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ خانەدان و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و
NEH 5:8 پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە ناجولەکەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.
NEH 5:9 گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە ناجولەکانەی کە دوژمنمانن گاڵتەمان پێ نەکەن؟
NEH 5:10 من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین!
NEH 5:11 هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.»
NEH 5:12 ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.» ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، خانەدان و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن.
NEH 5:13 پاشان پشتێنەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.
NEH 5:14 هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم ئەو نانەمان نەخوارد کە بەشی پارێزگارە.
NEH 5:15 بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو، ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، چل شاقل زیویان لێ دەسەندن، بێجگە لە نان و شەراب، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد،
NEH 5:16 هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.
NEH 5:17 هەروەها سەد و پەنجا جولەکە و کاربەدەست لەسەر خوانەکەم بوون، لەگەڵ ئەوانەی لە نەتەوەکانی دەوروبەرمانەوە دەهاتن بۆ لامان.
NEH 5:18 ڕۆژانە گایەک و شەش مەڕی تایبەت و ژمارەیەک پەلەوەرم بۆ ئامادە دەکرا، هەروەها هەموو دە ڕۆژ جارێکیش بڕێکی زۆر لە هەموو جۆرە شەرابێک. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا داوای بەشەنانی پارێزگارم نەکرد، چونکە کۆیلایەتییەکە لەسەر ئەم گەلە زۆر گران بوو.
NEH 5:19 خودایە هەرچیم بۆ ئەم گەلە کردووە بۆ من بە چاکە بەبیر خۆتی بهێنەرەوە.
NEH 6:1 ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو،
NEH 6:2 سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.» ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن.
NEH 6:3 منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟»
NEH 6:4 جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە.
NEH 6:5 پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو،
NEH 6:6 تێیدا نووسرابوو: «لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان،
NEH 6:7 چەند پێغەمبەرێکیشت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.»
NEH 6:8 منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کام لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.»
NEH 6:9 هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.» بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.»
NEH 6:10 ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لە ناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.»
NEH 6:11 منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!»
NEH 6:12 بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو.
NEH 6:13 بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و خۆم بشارمەوە و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.
NEH 6:14 ئەی خودای من، بەگوێرەی ئەم کردەوانەیان تۆڤییا و سەنڤەلەتت لەبیر بێت، هەروەها نۆعەدیای پێغەمبەرە ژن و پاشماوەی ئەو پێغەمبەرانەی کە دەمترسێنن!
NEH 6:15 شووراکە لە بیست و پێنجی ئەیلول تەواو بوو، بە ماوەی پەنجا و دوو ڕۆژ.
NEH 6:16 کاتێک هەموو دوژمنەکانمان بیستیان، هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان ترسان و متمانەیان بە خۆیان نەما، زانییان کە ئەم کارە لەلایەن خودامانەوە کراوە.
NEH 6:17 هەروەها لەو ڕۆژانەدا زۆربەی خانەدانەکانی یەهودا نامەیان بۆ تۆڤییا دەنارد و لە تۆڤییاشەوە بۆ ئەوان دەهاتەوە،
NEH 6:18 چونکە زۆر لە یەهودا هاوپەیمانی بوون، لەبەر ئەوەی ئەو زاوای شەخەنەیای کوڕی ئارەح بوو، یەهۆحانانی کوڕیشی کچی مەشولامی کوڕی بەرەخیای هێنابوو.
NEH 6:19 هەروەها لەبەردەممدا باسیان لە کارە چاکەکانی ئەو دەکرد و قسەکانی منیان بۆی دەگێڕایەوە. ئینجا تۆڤییا چەند نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی بمترسێنێت.
NEH 7:1 ئەوە بوو کە شووراکە بنیاد نراوە و دەرگاکانم دانا، دەرگاوان و گۆرانیبێژ و لێڤییەکان دانران.
NEH 7:2 فەرمانم کرد حەنانی برام و حەنەنیای سەرۆکی قەڵاکە سەرپەرشتی ئۆرشەلیم بکەن، چونکە حەنەنیا پیاوێکی دەستپاک بوو، لەوانی دیکە زیاتر لە خودا دەترسا.
NEH 7:3 پێم گوتن: «هەتا خۆر گەرم نەبێت، نابێت دەروازەکانی ئۆرشەلیم بکرێنەوە. دەبێ دەرگاوانەکان پێش ڕۆیشتنیان دەرگاکان دابخەن و شمشیرەیان لێبدەن. هەروەها هەندێک دانیشتووانی ئۆرشەلیم بکرێنە پاسەوان، هەندێکیان لە شوێنی پاسەوانی دیاریکراوی خۆیان و هەندێکیشیان بەرامبەری ماڵەکەی خۆیان.»
NEH 7:4 شارەکە بەرفراوان و گەورە بوو، گەلێکی کەمیش لەناویدا بوو، هێشتا ماڵەکان بنیاد نەنرابوون.
NEH 7:5 ئیتر خودا خستییە دڵمەوە کە خانەدان و کاربەدەست و گەل کۆبکەمەوە بۆ تۆمارکردنی ڕەچەڵەکیان، جا تۆماری ڕەچەڵەکنامەی ئەوانەم دۆزییەوە کە یەکەم جار لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، بینیم ئەمەی تێدا نووسراوە:
NEH 7:6 ئەمانەش خەڵکی هەرێمەکەن، ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل ڕاپێچی کردبوون (ئەوان گەڕانەوە ئۆرشەلیم و یەهودا، هەریەکە بۆ شارۆچکەکەی خۆی.
NEH 7:7 ئەوانەی لەگەڵ زروبابل هاتنەوە، یەشوع، نەحەمیا، عەزەریا، ڕەعەمیا، نەحەمانی، مۆردەخای، بیلشان، میسپەرەت، بیگڤەی، نەحوم و بەعەنا.) ژمارەی پیاوانی گەلی ئیسرائیل:
NEH 7:8 نەوەی پەرعۆش، دوو هەزار و سەد و حەفتا و دوو؛
NEH 7:9 نەوەی شەفەتیا، سێ سەد و حەفتا و دوو؛
NEH 7:10 نەوەی ئارەح، شەش سەد و پەنجا و دوو؛
NEH 7:11 نەوەی پەحەت‌مۆئاب لە نەوەی یێشوع و یۆئاب، دوو هەزار و هەشت سەد و هەژدە؛
NEH 7:12 نەوەی ئیلام، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
NEH 7:13 نەوەی زەتو، هەشت سەد و چل و پێنج؛
NEH 7:14 نەوەی زەکای، حەوت سەد و شەست؛
NEH 7:15 نەوەی بەنوی، شەش سەد و چل و هەشت؛
NEH 7:16 نەوەی بێڤەی، شەش سەد و بیست و هەشت؛
NEH 7:17 نەوەی عەزگاد، دوو هەزار و سێ سەد و بیست و دوو؛
NEH 7:18 نەوەی ئەدۆنیقام، شەش سەد و شەست و حەوت؛
NEH 7:19 نەوەی بیگڤەی، دوو هەزار و شەست و حەوت؛
NEH 7:20 نەوەی عادین، شەش سەد و پەنجا و پێنج؛
NEH 7:21 نەوەی ئاتێر لە حەزقیا، نەوەد و هەشت؛
NEH 7:22 نەوەی حاشوم، سێ سەد و بیست و هەشت؛
NEH 7:23 نەوەی بێسای، سێ سەد و بیست و چوار؛
NEH 7:24 نەوەی حاریف، سەد و دوازدە؛
NEH 7:25 نەوەی گبعۆن، نەوەد و پێنج.
NEH 7:26 پیاوانی بێت‌لەحم و نەتۆفا، سەد و هەشتا و هەشت؛
NEH 7:27 پیاوانی عەناتۆت، سەد و بیست و هەشت؛
NEH 7:28 پیاوانی بێت‌عەزماڤێت، چل و دوو؛
NEH 7:29 پیاوانی قیریەت یەعاریم، کەفیرا و بئێرۆت، حەوت سەد و چل و سێ؛
NEH 7:30 پیاوانی ڕامە و گەڤەع، شەش سەد و بیست و یەک؛
NEH 7:31 پیاوانی میخماس، سەد و بیست و دوو؛
NEH 7:32 پیاوانی بێت‌ئێل و عای، سەد و بیست و سێ؛
NEH 7:33 پیاوانی نەبۆکەی دیکە، پەنجا و دوو؛
NEH 7:34 پیاوانی ئیلامەکەی دیکە، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
NEH 7:35 پیاوانی حاریم، سێ سەد و بیست؛
NEH 7:36 پیاوانی ئەریحا، سێ سەد و چل و پێنج؛
NEH 7:37 پیاوانی لۆد، حادید و ئۆنۆ، حەوت سەد و بیست و یەک؛
NEH 7:38 پیاوانی سەنائا، سێ هەزار و نۆ سەد و سی.
NEH 7:39 کاهینەکان: نەوەی یەدایا لە بنەماڵەی یێشوع، نۆ سەد و حەفتا و سێ؛
NEH 7:40 نەوەی ئیمێر، هەزار و پەنجا و دوو؛
NEH 7:41 نەوەی پەشحور، هەزار و دوو سەد و چل و حەوت؛
NEH 7:42 نەوەی حاریم، هەزار و حەڤدە.
NEH 7:43 لێڤییەکان: نەوەی یێشوع لە نەوەی قەدمیێل، لە نەوەی هۆدەڤیا، حەفتا و چوار.
NEH 7:44 گۆرانیبێژەکان: نەوەی ئاساف، سەد و چل و هەشت.
NEH 7:45 دەرگاوانەکان: نەوەکانی شەلوم، ئاتێر، تەلمۆن، عەقوڤ، حەتیتا و شۆڤای، سەد و سی و هەشت.
NEH 7:46 خزمەتکارانی پەرستگا: نەوەکانی چیحا، حەسوفا، تەباعۆت،
NEH 7:47 قێرۆس، سیعا، پادۆن،
NEH 7:48 لەڤانا، حەگابا، شەلمای،
NEH 7:49 حانان، گیدێل، گەحەر،
NEH 7:50 ڕەئایا، ڕەچین، نەقۆدا،
NEH 7:51 گەزام، عوزە، پاسێیەح،
NEH 7:52 بێسەی، مەعونیم، نەفوسیم،
NEH 7:53 بەقبوق، حەقوفا، حەرحور،
NEH 7:54 بەچلوت، مەحیدا، حەرشا،
NEH 7:55 بەرقۆس، سیسرا، تەمەح،
NEH 7:56 نەچیەح و حەتیفا.
NEH 7:57 نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان: نەوەکانی سۆتەی، سۆفەرەت، پەریدا،
NEH 7:58 یەعلا، دەرکۆن، گیدێل،
NEH 7:59 شەفەتیا، حەتیل، پۆخەرەت‌هەچەڤایم و ئامۆن.
NEH 7:60 سەرجەم خزمەتکارانی پەرستگا و نەوەکانی خزمەتکارانی سلێمان، سێ سەد و نەوەد و دوو بوون.
NEH 7:61 ئەمانەش ئەوانەن کە لە شارۆچکەکانی تێل‌مەلەح، تێل‌حەرشا، کەروڤ، ئەدۆن و ئیمێرەوە سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی پێناسەی بنەماڵە و ڕەچەڵەکیان دیاری بکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلن:
NEH 7:62 نەوەکانی دەلایا و تۆڤییا و نەقۆدا، شەش سەد و چل و دوو.
NEH 7:63 لە کاهینەکانیش: نەوەکانی حۆڤەیا، هەقۆچ و بەرزیلەی، کە کچێکی بەرزیلەیی گلعادی هێنا و ناوی ئەوی لێنرا.
NEH 7:64 ئەمانە بەدوای ڕەچەڵەکنامەکانیاندا گەڕان، بەڵام نەدۆزرانەوە، لەبەر ئەوە لە کاهینیێتی قەدەغە کران.
NEH 7:65 پارێزگارەکە پێی گوتن کە نابێت لە خواردنە هەرەپیرۆزەکان بخۆن هەتا ئەو کاتەی کاهینێک بۆ ئوریم و تومیم دادەنرێت.
NEH 7:66 هەموو کۆمەڵەکە پێکەوە چل و دوو هەزار و سێ سەد و شەست کەس بوون،
NEH 7:67 جگە لە خزمەتکار و کارەکەرەکانیان کە حەوت هەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەس بوون، هەروەها دوو سەد و چل و پێنج گۆرانیبێژی پیاو و ژنیان هەبوو.
NEH 7:68 حەوت سەد و سی و شەش ئەسپ، دوو سەد و چل و پێنج هێستر،
NEH 7:69 چوار سەد و سی و پێنج وشتر، شەش هەزار و حەوت سەد و بیست گوێدرێژ هەبوون.
NEH 7:70 هەندێک لە گەورەی بنەماڵەکان بەخشینیان بۆ کارەکە پێشکەش کرد. پارێزگارەکە هەزار درهەم زێڕی بە گەنجینە و پەنجا تاس و پێنج سەد و سی کراسی بە کاهینەکان بەخشی.
NEH 7:71 هەندێکیش لە گەورەی بنەماڵەکان بەخشینیان دایە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکە، بیست هەزار درهەمی زێڕ و دوو هەزار و دوو سەد مەنای زیو.
NEH 7:72 ئەوەی پاشماوەی گەل بەخشییان، بیست هەزار درهەمی زێڕ، دوو هەزار مەنای زیو، لەگەڵ شەست و حەوت کراس بۆ کاهینەکان.
NEH 7:73 کاهین، لێڤی، دەرگاوان، گۆرانیبێژ و خزمەتکارانی پەرستگا، لەگەڵ هەندێک کەسی دیکە و پاشماوەی ئیسرائیلییەکان لە شارۆچکەکانیان نیشتەجێ بوون. کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان بوون.
NEH 8:1 ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.
NEH 8:2 ئیتر لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن.
NEH 8:3 لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.
NEH 8:4 عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.
NEH 8:5 عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ.
NEH 8:6 عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.
NEH 8:7 لێڤییەکان کە لە یێشوع، بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا پێکهاتبوون، تەوراتیان بۆ گەل ڕوون دەکردەوە و گەلیش لەوێ ڕاوەستابوون.
NEH 8:8 بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.
NEH 8:9 پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» لەبەر ئەوەی هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو، گریابوون.
NEH 8:10 ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن و خواردنی چەور بخۆن و خواردنەوەی شیرین بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی لە یەزدانەوە هێزتانە.»
NEH 8:11 لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»
NEH 8:12 پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.
NEH 8:13 لە دووەم ڕۆژی مانگەکە گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت.
NEH 8:14 جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت،
NEH 8:15 پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.
NEH 8:16 جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم.
NEH 8:17 هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن. لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورە و شکۆداری لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.
NEH 8:18 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەزرا لە پەڕتووکی تەوراتی خودای دەخوێندەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی. حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.
NEH 9:1 لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش و سەری تۆزاوییەوە.
NEH 9:2 ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا.
NEH 9:3 لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد.
NEH 9:4 لەسەر پێپلیکانەکەی لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگی بەرز هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد.
NEH 9:5 لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.» «با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە.
NEH 9:6 تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.
NEH 9:7 «تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم.
NEH 9:8 بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.
NEH 9:9 «تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور.
NEH 9:10 نیشانە و پەرجووت لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت میسرییەکان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە.
NEH 9:11 دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەقکرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان.
NEH 9:12 بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.
NEH 9:13 «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ.
NEH 9:14 ڕۆژی شەممەی پیرۆزت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ.
NEH 9:15 لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و فەرمانت پێدان کە بچنە ناو ئەم خاکە و بە میرات وەریبگرن، کە سوێندت خواردبوو بیاندەیتێ.
NEH 9:16 «بەڵام ئەوان، واتا باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت.
NEH 9:17 ڕەتیان کردەوە گوێ بگرن و پەرجووەکانی تۆیان وەبیر خۆیان نەهێنایەوە کە بۆت کردن، کەللەڕەقییان کرد و لە کاتی یاخیبوونەکەیاندا سەرۆکیان بەسەر خۆیانەوە دانا تاکو بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردە و میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان،
NEH 9:18 تەنانەت کاتێک کە پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە میسر دەرهێنا!“ یان کاتێک چەندین کفری گەورەیان کرد.
NEH 9:19 «بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، بە شەویش ستوونە ئاگرەکە تاکو ئەو ڕێگایە ڕووناک بکاتەوە کە پێیدا دەڕۆن.
NEH 9:20 ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان.
NEH 9:21 چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.
NEH 9:22 «پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد.
NEH 9:23 کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“
NEH 9:24 ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە.
NEH 9:25 چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت؛ ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیری هەڵکەنراو، ڕەزەمێو، ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.
NEH 9:26 «بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و پشتیان لە فێرکردنەکانی تۆ کرد. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، چەندین کفری گەورەیان کرد.
NEH 9:27 ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.
NEH 9:28 «کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.
NEH 9:29 «ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، کە لەبارەیانەوە فەرمووت: ”ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.“ ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت.
NEH 9:30 تۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵیان پشوودرێژ بوویت و بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ.
NEH 9:31 بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.
NEH 9:32 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای مەزنی بە توانا و بە سام، کە پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ.
NEH 9:33 لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە.
NEH 9:34 پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە ئەو فەرمان و یاسایانەی کە ئاگادارت کردنەوە تاکو جێبەجێی بکەن.
NEH 9:35 تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.
NEH 9:36 «ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری.
NEH 9:37 لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.
NEH 9:38 «لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»
NEH 10:1 ئەوانەی مۆریان کرد: نەحەمیای پارێزگار کوڕی حەخەلیا. سدقیا،
NEH 10:2 سەرایا، عەزەریا، یەرمیا،
NEH 10:3 پەشحور، ئەمەریا، مەلکیا،
NEH 10:4 حەتوش، شەڤەنیا، مەلوخ،
NEH 10:5 حاریم، مەرێمۆت، عۆبەدیا،
NEH 10:6 دانیال، گینەتۆن، باروخ،
NEH 10:7 مەشولام، ئەبیا، میامین،
NEH 10:8 مەعەزیاهو، بیلگەی و شەمەعیا. ئەمانە کاهینەکان بوون.
NEH 10:9 لێڤییەکانیش: یێشوعی کوڕی ئەزەنیا، بەنوی لە نەوەی حێناداد و قەدمیێل و
NEH 10:10 هاوکارەکانیان: شەڤەنیا، هۆدیا، قەلیتا، پەلایا، حانان،
NEH 10:11 میکا، ڕەحۆڤ، حەشەڤیا،
NEH 10:12 زەکور، شێرێڤیا، شەڤەنیا،
NEH 10:13 هۆدیا، بانی و بەنینو.
NEH 10:14 ڕابەرەکانی گەل: پەرعۆش، پەحەت‌مۆئاب، ئیلام، زەتوا، بانی،
NEH 10:15 بوننی، عەزگاد، بێڤەی،
NEH 10:16 ئەدۆنیا، بیگڤەی، عادین،
NEH 10:17 ئاتێر، حەزقیا، عەزور،
NEH 10:18 هۆدیا، حاشوم، بێسای،
NEH 10:19 حاریف، عەناتۆت، نێڤای،
NEH 10:20 مەگپیعاش، مەشولام، حێزیر،
NEH 10:21 مەشێزەبێل، سادۆق، یەدوەع،
NEH 10:22 پەلەتیا، حانان، عەنایا،
NEH 10:23 هۆشێیەع، حەنەنیا، حەشوڤ،
NEH 10:24 هەڵۆحێش، پیلحا، شۆڤێق،
NEH 10:25 ڕەحوم، حەشەڤنا، مەعسێیاهو،
NEH 10:26 ئەخیا، حانان، عانان،
NEH 10:27 مەلوخ، حاریم و بەعەنا.
NEH 10:28 «پاشماوەی گەلیش کە لە کاهین، لێڤی، دەرگاوان، گۆرانیبێژ و خزمەتکارانی پەرستگا پێکهاتوون، هەروەها هەموو ئەوانەی لە پێناو تەوراتی خودا خۆیان لە گڵاوییەکانی گەلانی دراوسێ جیا کردووەتەوە، لەگەڵ ژنەکانیان و هەموو کوڕ و کچەکانیان کە زانین و تێگەیشتنیان هەیە،
NEH 10:29 ئەمانە ئێستا دەچنە پاڵ براکانیان، خانەدانەکانیان، دێنە ناو نەفرەت و سوێندخواردنێک کە بەپێی تەوراتی خودایان بڕۆن، ئەوەی بە دەستی موسای بەندەی خودا پێیداون، هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارمان و حوکم و فەرزەکانی بەجێبهێنن و پەیڕەوی بکەن.
NEH 10:30 «بەڵێن دەدەین کە کچمان نەدەینە گەلانی خاکەکە و کچیشیان لێ نەهێنن بۆ کوڕمان.
NEH 10:31 «کاتێک گەلانی دراوسێ کەلوپەل و هەر خۆراکێک لە ڕۆژی شەممەدا بهێنن بۆ فرۆشتن، لێیان ناکڕین، نە لە ڕۆژی شەممەدا و نە لە ڕۆژی پیرۆز. هەروەها هەر حەوت ساڵ جارێک زەوییەکانمان بە بەیاری بەجێدەهێڵین و لە قەرزەکانیشمان خۆشدەبین.
NEH 10:32 «جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە بەسەر خۆماندا دەسەپێنین کە ساڵانە سێ یەکی شاقلێک بخەینە ئەستۆی خۆمان بۆ خزمەتی ماڵی خودامان:
NEH 10:33 بۆ نانی تەرخانکراو؛ بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و قوربانی سووتاندنی بەردەوام؛ بۆ پێشکەشکراوەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان؛ بۆ پێشکەشکراوە پیرۆزەکان؛ بۆ قوربانییەکانی گوناه بۆ کەفارەتی ئیسرائیل و بۆ هەموو خزمەتەکانی ماڵی خودامان.
NEH 10:34 «هەروەها ئێمەی کاهین لەگەڵ لێڤییەکان و گەل تیروپشکمان کرد کە ساڵانە لە کاتی دیاریکراودا هەر بنەماڵەیەک دار بۆ ماڵی خوداکەمان بهێنێت، بۆ ئەوەی هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان بسووتێنرێت.
NEH 10:35 «هەروەها بۆ هێنانی یەکەمین بەرهەمی خاکەکەمان و یەکەم بەری هەموو درەختێکی میوە ساڵ بە ساڵ بۆ ماڵی یەزدان.
NEH 10:36 «لەگەڵ کوڕی نۆبەرە و نۆبەرەی هەموو نێرینەیەکی ئاژەڵەکانمان، هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە، لەگەڵ نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانمان هەتا بیانهێنین بۆ ماڵی خوداکەمان بۆ ئەو کاهینانەی کە لە ماڵی خوداکەمان خزمەت دەکەن.
NEH 10:37 «هەروەها یەکەمین هەویر و پێشکەشکراوی دانەوێڵەمان و بەروبوومی هەموو دارێک و شەراب و زەیت بۆ کاهینەکان دەهێنن بۆ ناو ژوورەکانی ماڵی خودامان. هەروەها دەیەکی بەروبوومەکانمان بۆ لێڤییەکان دەبێت، چونکە ئەوە لێڤییەکانن کە دەیەک لە هەموو ئەو شارۆچکانە کۆدەکەنەوە کە ئێمە تێیاندا کار دەکەین.
NEH 10:38 کاهینێکی نەوەی هارون لەگەڵ لێڤییەکاندا دەبێت کاتێک لێڤییەکان دەیەک وەردەگرن، لێڤییەکانیش دەیەک لە دەیەکی وەرگیراو دەدەنە گەنجینەی ماڵی خودامان.
NEH 10:39 نەوەی ئیسرائیل بە نەوەی لێڤیشەوە، دیاری دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت دەهێننە ژوورەکان، قاپوقاچاغەکانی پیرۆزگا و کاهینە خزمەتکار و دەرگاوان و گۆرانیبێژەکانیش لەوێن. «واز لە ماڵی خودای خۆمان ناهێنین.»
NEH 11:1 ڕابەرەکانی گەل لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون و پاشماوەی گەلیش تیروپشکیان کرد تاکو یەک لە دەیان بێن بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، نۆ بەشەکەش لە شارۆچکەکانی خۆیان مانەوە.
NEH 11:2 گەل داوای بەرەکەتیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی کە خۆبەخش بوون بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم.
NEH 11:3 هەندێک ئیسرائیلی، کاهین، لێڤی، خزمەتکارانی پەرستگا و نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، هەرکەسێک لەسەر موڵکەکەی خۆی،
NEH 11:4 لە کاتێکدا خەڵکی یەهودیا و بنیامین لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون. ئەمانە ئەو ڕابەرانەی هەرێمەکەن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون: لە نەوەی یەهودا: عەتایا کوڕی عوزیا کوڕی زەکەریا کوڕی ئەمەریا کوڕی شەفەتیا کوڕی مەهلەلئێل لە نەوەی پێرێز،
NEH 11:5 لەگەڵ مەعسێیاهوی کوڕی باروخیش کوڕی کۆل‌حوزێ کوڕی حەزایا کوڕی عەدایا کوڕی یۆیاریڤ کوڕی زەکەریای خەڵکی شالەح.
NEH 11:6 هەموو نەوەی پێرێز کە لە ئۆرشەلیم دانیشتبوون، چوار سەد و شەست و هەشت پیاوی توانادار بوون.
NEH 11:7 ئەمانەش نەوەی بنیامینن: سەلو کوڕی مەشولام کوڕی یۆعێد کوڕی پەدایا کوڕی قۆلایای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی ئیتیێلی کوڕی یەشەعیا،
NEH 11:8 لەگەڵ گەبەی و سەلەی کە شوێنکەوتووەکانی بوون، نۆ سەد و بیست و هەشت کەس بوون.
NEH 11:9 یۆئێلی کوڕی زکری سەرپەرشتیاریان بوو، یەهودای کوڕی هەسەنوئاش سەرپەرشتیاری بەشی دووەمی شارەکە بوو.
NEH 11:10 لە کاهینەکان: یەدایای کوڕی یۆیاریڤ؛ یاکین؛
NEH 11:11 سەرایای کوڕی حیلقیا کوڕی مەشولام کوڕی سادۆق کوڕی مەرایۆت کوڕی ئەحیتوڤی لێپرسراوی ماڵی خودا و
NEH 11:12 هاوکارەکانیشیان ئەوانەی کاری پەرستگاکەیان دەکرد، هەشت سەد و بیست و دوو بوون؛ لەگەڵ عەدایای کوڕی یەرۆحام کوڕی پەلەلیا کوڕی ئەمچی کوڕی زەکەریا کوڕی پەشحور کوڕی مەلکیا و
NEH 11:13 هاوکارەکانیشی گەورەی بنەماڵەکان بوون، دوو سەد و چل و دوو بوون؛ لەگەڵ عەمشسەی کوڕی عەزەرئێل کوڕی ئەحزەی کوڕی مەشیلێمۆت کوڕی ئیمێر و
NEH 11:14 هاوکارەکانیشیان پاڵەوانە بەجەرگەکان بوون، سەد و بیست و هەشت بوون. زەبدیێلی کوڕی گیدۆلیم سەرپەرشتیاریان بوو.
NEH 11:15 لە لێڤییەکانیش: شەمەعیای کوڕی حەشوڤ کوڕی عەزریقام کوڕی حەشەڤیای کوڕی بوننی؛
NEH 11:16 شەبەتەی و یۆزاڤاد لە ڕابەرەکانی لێڤییەکان بوون، سەرپەرشتیاری کارەکەی دەرەوەی ماڵی خودا بوون؛
NEH 11:17 هەروەها مەتەنیای سەرپەرشتیار، کە کوڕی میکا کوڕی زەبدی کوڕی ئاساف بوو، لە کاتی نوێژدا سەرپەرشتی سوپاسگوزاری دەکرد؛ بەقبوقیا کە دووەم بوو لەنێو هاوکارەکانی؛ عەبدای کوڕی شەموەع کوڕی گالال کوڕی یەدوتون.
NEH 11:18 هەموو لێڤییەکان لەناو شاری پیرۆز دوو سەد و هەشتا و چوار کەس بوون.
NEH 11:19 دەرگاوانەکان: عەقوڤ و تەلمۆن و هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە دەروازەکان ئێشکیان دەگرت، سەد و حەفتا و دوو بوون.
NEH 11:20 پاشماوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا بوون، هەریەکە لە میراتەکەی خۆی.
NEH 11:21 بەڵام خزمەتکارانی پەرستگا لە گردی عۆفێل نیشتەجێ بوون، چیحا و گیشپا سەرپەرشتیاریان بوون.
NEH 11:22 سەرپەرشتیاری لێڤییەکانیش لە ئۆرشەلیم عوزی کوڕی بانی کوڕی حەشەڤیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میکا بوو. عوزی لە نەوەی ئاساف بوو، ئەو گۆرانیبێژانەی کە بەرپرسیار بوون لە خزمەتی ماڵی خودا.
NEH 11:23 گۆرانیبێژەکان لەژێر فەرمانی داودی پاشادا بوون، کە ئەرکی ڕۆژانەیانی ڕێکدەخست.
NEH 11:24 هەروەها پەتەحیای کوڕی مەشێزەبێل کە لە نەوەی زەرەحی کوڕی یەهودا بوو، بریکاری پاشا بوو بۆ هەموو کاروبارەکانی گەل.
NEH 11:25 سەبارەت بە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەریان، هەندێک لە نەوەی یەهودا لەم شوێنانە نیشتەجێ بوون: لە قیریەت ئەربەع و دەوروبەری؛ لە دیڤۆن و دەوروبەری؛ لە یەقەڤچئێل و دەوروبەری؛
NEH 11:26 لە یێشوع و مۆلادا و بێت‌پەلەت؛
NEH 11:27 لە حەچەر شوعال و بیری شابەع و دەوروبەری؛
NEH 11:28 لە چیقلەگ و لە مەکۆنا و دەوروبەری؛
NEH 11:29 لە کانی ڕیمۆن و چۆرعا و یەرموت؛
NEH 11:30 لە زانۆوەح و عەدولام و گوندەکانیان؛ لە لاخیش و کێڵگەکانی؛ و لە عەزێقا و دەوروبەری. ئیتر لە بیری شابەعەوە هەتا دۆڵی هینۆم نیشتەجێ بوون.
NEH 11:31 بنیامینییەکانی خەڵکی گەڤەع لەم گوندانە نیشتەجێ بوون: لە میخماس، عەییا، بێت‌ئێل و دەوروبەری؛
NEH 11:32 لە عەناتۆت، نۆڤ و عەنانیا؛
NEH 11:33 لە حاچۆر، ڕامە و گیتەیم؛
NEH 11:34 لە حادید، چەڤۆعیم و نەڤەڵات؛
NEH 11:35 لە لۆد و ئۆنۆ، هەروەها لە دۆڵی پیشەوەرەکان.
NEH 11:36 هەندێک بەشی لێڤییەکانی یەهودا لە خاکی بنیامین نیشتەجێ بوون.
NEH 12:1 ئەمانەش ئەو کاهین و لێڤییانەن کە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوع سەرکەوتن: سەرایا، یەرمیا، عەزرا،
NEH 12:2 ئەمەریا، مەلوخ، حەتوش،
NEH 12:3 شەخەنەیا، ڕەحوم، مەرێمۆت،
NEH 12:4 عیدۆ، گینەتۆن، ئەبیا،
NEH 12:5 میامین، مۆعەدیا، بیلگا،
NEH 12:6 شەمەعیا، یۆیاریڤ، یەدایا،
NEH 12:7 سەلو، عامۆق، حیلقیا، یەدایا. ئەمانە کاهینەکانی باڵا و هاوکارەکانیان بوون لە سەردەمی یەشوع.
NEH 12:8 ئەمانەش لێڤییەکان بوون: یێشوع، بەنوی، قەدمیێل، شێرێڤیا، یەهودا و مەتەنیا کە خۆی و یاریدەدەرەکانی سەرپەرشتی گۆرانیی سوپاسگوزارییان دەکرد.
NEH 12:9 هەروەها بەقبوقیا و عونی کە هاوکاریان بوون، لە کاتی خزمەتدا بەرامبەریان ڕادەوەستان.
NEH 12:10 یەشوع یۆیاقیمی بوو، یۆیاقیمیش ئەلیاشیڤی بوو، ئەلیاشیڤیش یۆیاداعی بوو،
NEH 12:11 یۆیاداعیش یۆناتانی بوو، یۆناتانیش یەدوەعی بوو.
NEH 12:12 لە سەردەمی یۆیاقیم گەورەی بنەماڵە کاهینەکان ئەمانە بوون: مەرایا گەورەی بنەماڵەی سەرایا بوو، حەنەنیا گەورەی بنەماڵەی یەرمیا بوو،
NEH 12:13 مەشولام گەورەی بنەماڵەی عەزرا بوو، یەهۆحانان گەورەی بنەماڵەی ئەمەریا بوو،
NEH 12:14 یۆناتان گەورەی بنەماڵەی مەلوخ بوو، یوسف گەورەی بنەماڵەی شەخەنەیا بوو،
NEH 12:15 عەدنا گەورەی بنەماڵەی حاریم بوو، حەلقای گەورەی بنەماڵەی مەرێمۆت بوو،
NEH 12:16 زەکەریا گەورەی بنەماڵەی عیدۆ بوو، مەشولام گەورەی بنەماڵەی گینەتۆن بوو،
NEH 12:17 زکری گەورەی بنەماڵەی ئەبیا بوو، پیلتای گەورەی بنەماڵەی مینیامین و مۆعەدیا بوو،
NEH 12:18 شەموع گەورەی بنەماڵەی بیلگا بوو، یەهۆناتان گەورەی بنەماڵەی شەمەعیا بوو،
NEH 12:19 مەتەنەی گەورەی بنەماڵەی یۆیاریڤ بوو، عوزی گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو،
NEH 12:20 قەلای گەورەی بنەماڵەی سەلوی بوو، عێبەر گەورەی بنەماڵەی عامۆق بوو،
NEH 12:21 حەشەڤیا گەورەی بنەماڵەی حیلقیا بوو، نەتەنێل گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو.
NEH 12:22 ئەوانەی کە لە سەردەمی ئەلیاشیڤ و یۆیاداع و یۆحانان و یەدوەع، گەورەی بنەماڵەکانی لێڤی و کاهینەکان بوون، لە پاشایەتییەکەی داریوشی پاشای فارس تۆمار کران.
NEH 12:23 ئەوانەش کە هەتا سەردەمی یۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤی گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی لێڤی بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کران.
NEH 12:24 هەروەها ڕابەری لێڤییەکان ئەمانە بوون: حەشەڤیا، شێرێڤیا و یێشوعی کوڕی قەدمیێل لەگەڵ هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە بەرامبەریان ڕادەوەستان بۆ ستایشکردن و سوپاسگوزاری، نۆبەت بە نۆبەت، بەپێی فەرمانی داودی پیاوی خودا.
NEH 12:25 مەتەنیا، بەقبوقیا، عۆبەدیا، مەشولام، تەلمۆن و عەقوڤ دەرگاوان بوون، پاسەوانی کۆگاکانی دەروازەکانیان دەکرد.
NEH 12:26 ئەمانە لە سەردەمی یۆیاقیمی کوڕی یەشوعی کوڕی یۆچاداق خزمەتیان دەکرد، هەروەها لە سەردەمی نەحەمیای پارێزگار و عەزرای کاهین، کە مامۆستای تەورات بوو.
NEH 12:27 لە کاتی تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم، داوای لێڤییەکانیان کرد لە هەموو شوێنەکانیانەوە بێنە ئۆرشەلیم بۆ گێڕانی ئاهەنگی تەرخانکردن بە خۆشی و گۆرانی سوپاسگوزاری، گۆرانی بە سەنج و قیسارە و سازەوە.
NEH 12:28 هەروەها گۆرانیبێژەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم کۆکرانەوە، لە گوندەکانی نەتۆفیەكان،
NEH 12:29 لە بێت‌گلگال و کێڵگەکانی گەڤەع و عەزماڤێتەوە، چونکە گۆرانیبێژەکان لە چواردەوری ئۆرشەلیم گوندیان بنیاد نابوو.
NEH 12:30 کاهین و لێڤییەکان بەپێی ڕێوڕەسم خۆیان پاککردەوە، ئینجا گەل و دەروازەکان و شووراکەشیان پاککردەوە.
NEH 12:31 ڕابەرەکانی یەهودام سەرخستە سەر شووراکە و دوو تیپی گەورەی سوپاسگوزارانم ڕاگرت، یەکێکیان لەسەر دیوارەکە بەرەو دەروازەی زبڵ بەلای ڕاستدا ڕۆیشت،
NEH 12:32 هۆشەعیا و نیوەی ڕابەرەکانی یەهودا بەدوایدا ڕۆیشتن،
NEH 12:33 لەگەڵ عەزەریا، عەزرا، مەشولام،
NEH 12:34 یەهودا، بنیامین، شەمەعیا و یەرمیا.
NEH 12:35 لە نەوەی کاهینەکانیش بە کەڕەناوە، زەکەریای کوڕی یۆناتان کوڕی شەمەعیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میخایو کوڕی زەکور کوڕی ئاساف.
NEH 12:36 یاریدەرەکانیشیان، ئەوانەی کە بۆ ستایشکردن بوون، شەمەعیا، عەزەرئێل، میلەلەی، گیلەلەی، ماعەی، نەتەنێل و یەهودا و حەنانی، بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پیاوی خوداوە، عەزرای مامۆستای تەوراتیش لەپێشیانەوە بوو.
NEH 12:37 لەلای دەروازەی کارێز ڕاستەوخۆ لە پێپلیکانەکانی شاری داود بە هەورازەکەی شووراکە سەرکەوتن، لەولاوەی کۆشکی داودیش تێپەڕین هەتا دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات.
NEH 12:38 تیپی دووەمی سوپاسگوزارانیش بۆ بەرامبەریان ڕۆیشتن، منیش لە دوایانەوە بووم، نیوەی گەلیش لەسەر شووراکە بوون، لەلای قوللەی تەنوورەکانەوە هەتا شوورا پانەکە،
NEH 12:39 لەسەر دەروازەی ئەفرایم، دەروازەی یەشانا، دەروازەی ماسی، قوللەی حەنەنێل و قوللەی سەد، هەتا دەروازەی مەڕ. لەلای دەروازەی زیندان ڕاوەستان.
NEH 12:40 پاشان هەردوو تیپە سوپاسگوزارەکە لەلای ماڵی خودا ڕاوەستان، نیوەی کاربەدەستەکانیشم لەگەڵ بوو،
NEH 12:41 هەروەها کاهینەکانیش، ئەلیاقیم، مەعسێیاهو، مینیامین، میخایو، ئەلیۆعێنەی، زەکەریا، حەنەنیا، بە کەڕەناوە،
NEH 12:42 هەروەها مەعسێیاهو و شەمەعیا و ئەلعازار و عوزی و یەهۆحانان و مەلکیا و ئیلام و عێزەر، گۆرانیبێژەکانیش بە سەرپەرشتی یەزرەحیا بە دەنگی بەرز گۆرانییان دەگوت.
NEH 12:43 لەو ڕۆژەدا قوربانی زۆریان سەربڕی و دڵیان خۆش بوو کە خودا بە دڵخۆشییەکی گەورە دڵی خۆش کردبوون، هەروەها ژن و منداڵەکانیش دڵخۆش بوون. دەنگی دڵخۆشیی ئۆرشەلیم لە دوورەوە دەبیسترا.
NEH 12:44 لەو ڕۆژەدا خەڵکانێک وەک سەرپەرشتیاری ژوورەکانی ئەمبارەکان دانران، بۆ دیاری و یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان، هەتا بەپێی تەورات لە کێڵگەی شارۆچکەکانەوە بۆ کاهین و لێڤییەکان بەشەکانیان تێدا کۆبکەنەوە، چونکە گەلی یەهودا دڵخۆش بوو بە کاهین و لێڤییەکان کە ڕاوەستابوون.
NEH 12:45 ئەرکی خزمەتی خودای خۆیان و ئەرکی پاککردنەوەیان ئەنجام دا، هەروەها گۆرانیبێژەکان و دەرگاوانەکانیش، بەگوێرەی فەرمانی داود و سلێمانی کوڕی،
NEH 12:46 چونکە لە دێرزەمانەوە، لە سەردەمی داود و ئاسافەوە، سەرپەرشتیاری گۆرانیبێژان و گۆرانی ستایش و سوپاسگوزاری خودا هەبوون.
NEH 12:47 بە هەمان شێوە، لە سەردەمی زروبابل و نەحەمیا، هەموو ئیسرائیل بەشی ڕۆژانەی گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکانیان دەدا، هەروەها بەشی لێڤییەکانی دیکەشیان دەخستە لاوە، لێڤییەکانیش بەشی نەوەی هارونیان دەخستە لاوە.
NEH 13:1 لەو ڕۆژەدا پەڕتووکی موسا بە دەنگی بەرز لەبەردەم گەلدا خوێنرایەوە و بینرا کە تێیدا نووسراوە، هیچ عەمۆنی و مۆئابییەک بۆ هەتاهەتایە نایەتە ناو کۆمەڵی خودا،
NEH 13:2 چونکە بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لە نەوەی ئیسرائیل نەکردبوو، بەڵکو بەلعامیان لە دژیان بەکرێ گرت هەتا نەفرەتیان لێ بکات، بەڵام خودامان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت.
NEH 13:3 کاتێک گوێیان لە فێرکردنەکە بوو، هەموو ئەو بێگانانەیان جیا کردەوە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا تێکەڵ ببوون.
NEH 13:4 پێش ئەمە، ئەلیاشیڤی کاهین بە سەرپەرشتیاری ژوورە ئەمبارەکانی ماڵی خودامان دانرابوو. لە تۆڤییاوە نزیک بوو،
NEH 13:5 ژوورێکی گەورەی بۆ دابین کردبوو، کە پێشتر ئەم شتانەیان تێیدا دادەنا: پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوور و قاپوقاچاغەکانی پەرستگا، هەروەها دەیەکەکانی گەنم و شەرابی نوێ و زەیت کە بۆ لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکان فەرمانی پێ کرابوون، لەگەڵ پیتاکە پیرۆزەکان بۆ کاهین.
NEH 13:6 بەڵام بە درێژایی هەموو ئەمانە من لە ئۆرشەلیم نەبووم، چونکە لە سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشای بابل گەڕابوومەوە بۆ لای پاشا، لەدوای ماوەیەک مۆڵەتم لە پاشا خواست و
NEH 13:7 هاتمەوە ئۆرشەلیم، زانیم ئەلیاشیڤ چ خراپەیەکی کردووە بەوەی کە لە حەوشەی ماڵی خودا ژوورێکی بۆ تۆڤییا دابین کردووە.
NEH 13:8 ئەمە منی زۆر پەست کرد، لەبەر ئەوە هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی تۆڤییام فڕێدایە دەرەوەی ژوورەکە.
NEH 13:9 فەرمانم دا و ژوورەکانیان پاککردەوە، پاشان قاپوقاچاغەکەی ماڵی خودا و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوورەکەم گەڕاندەوە ئەوێ.
NEH 13:10 هەروەها زانیم کە بەشی لێڤییەکان نەدراوە، لێڤی و ئەو گۆرانیبێژانەی کارەکەیان دەکرد، هەریەکە و بۆ کێڵگەکەی خۆی هەڵاتووە.
NEH 13:11 لەبەر ئەوە لەگەڵ کاربەدەستەکان دەمەقاڵێم کرد و گوتم: «بۆچی ماڵی خودا وازی لێ هێنراوە؟» ئینجا ئەوانم کۆکردەوە و هەریەکەیانم لە شوێنەکەی خۆی دانا.
NEH 13:12 هەموو یەهوداش دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتیان هێنا بۆ ژوورە ئەمبارەکان.
NEH 13:13 خەزنەدارم لەسەر ئەمبارەکان دانا، شەلەمیاهوی کاهین و سادۆقی سەرقەڵەم و پەدایای لێڤی، لەبەردەستی ئەوانیش حانانی کوڕی زەکوری مەتەنیا، چونکە بە دەستپاک دادەنران و کرانە لێپرسراوی دابەشکردنی ئازووقە بەسەر برا لێڤییەکانیان.
NEH 13:14 ئەی خودایە، لەبەر ئەمە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە و چاکەکانم مەسڕەوە کە بە دڵسۆزی بەرامبەر بە ماڵی خودای خۆم و داواکارییەکانی کردوومە.
NEH 13:15 لەو ڕۆژانەدا خەڵکێکم لە یەهودا بینی لە ڕۆژی شەممە گوشەرەکان دەپەستنەوە، کۆڵە دار دەهێنن و لە گوێدرێژەکانیان بار دەکەن، هەروەها بە شەراب و ترێ و هەنجیر و هەموو ئەوەی بار دەکرێت، لە ڕۆژی شەممە دێنە ناو ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوە ئاگادارم کردنەوە کە لەو ڕۆژەدا خۆراک نەفرۆشن.
NEH 13:16 هەروەها خەڵکی بەندەری سور کە لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون، لە ڕۆژی شەممەدا ماسی و هەموو جۆرە کەلوپەلێکیان دەهێنا و لە ئۆرشەلیم بە نەوەی یەهودایان دەفرۆشت.
NEH 13:17 جا دەمەقاڵێم لەگەڵ خانەدانەکانی یەهودا کرد و گوتم: «ئەم خراپەیە چییە کە ئێوە دەیکەن و ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن؟
NEH 13:18 ئایا باوباپیرانتان ئەمەیان نەکرد، ئینجا خودامان هەموو ئەم خراپەیەی بەسەر ئێمە و ئەم شارەشدا هێنا؟ ئێوە تووڕەیی لەسەر ئیسرائیل زیاتر دەکەن کە ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن.»
NEH 13:19 کاتێک تاریکی باڵی بەسەر دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا کێشا، پێش ڕۆژی شەممە، فەرمانم دا هەتا دوای ڕۆژی شەممە دەروازەکان دابخرێن و نەکرێنەوە. هەندێک لە خزمەتکارەکانی خۆمم لەسەر دەروازەکان دانا، هەتا لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەیەتە ژوورەوە.
NEH 13:20 جارێک و دووان بازرگان و فرۆشیاری هەموو جۆرە کەلوپەلێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم شەویان بەسەربرد.
NEH 13:21 منیش ئاگادارم کردنەوە و گوتم: «بۆچی لەلای شووراکە ماونەتەوە؟ ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دەستگیرتان دەکەم.» ئیتر لەو کاتەوە لە ڕۆژی شەممە نەهاتنەوە.
NEH 13:22 هەروەها بە لێڤییەکانم گوت، کە خۆیان پاک بکەنەوە و بێن و پاسەوانی دەروازەکان بکەن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە. ئەی خودایە، بەمەش بە یادی خۆتم بهێنەرەوە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەشت لەگەڵم میهرەبان بە.
NEH 13:23 هەروەها لەو ڕۆژانەدا ئەو یەهودییانەم بینی کە ژنی ئەشدۆدی و عەمۆنی و مۆئابییان هێنابوو،
NEH 13:24 نیوەی منداڵەکانیان بە زمانی ئەشدۆدی یان بە زمانی گەلی دیکە قسەیان دەکرد، تێیاندا نەبوو بتوانێت بە زمانی یەهودی قسە بکات.
NEH 13:25 جا لەگەڵیان دەمەقاڵێم کرد و نەفرەتم لێکردن، لە هەندێکیانم دا و پرچیانم ڕنییەوە، بە خودا سوێندم دان و گوتم: «کچتان نەدەنە کوڕیان و کچیان مەهێنن، نە بۆ کوڕتان و نە بۆ خۆتان.
NEH 13:26 ئایا لەبەر ئەمانە نەبوو سلێمانی پاشای ئیسرائیل گوناهی کرد، کاتێک لەناو زۆربەی نەتەوەکان پاشایەکی وەک ئەو نەبوو، لەلای خودای خۆی خۆشەویست بوو، خودا کردییە پاشای هەموو ئیسرائیل؟ تەنانەت ئەویش ژنە بێگانەکان گوناهیان پێکرد.
NEH 13:27 ئیتر ئایا گوێ لە ئێوە بگرین ئەم هەموو خراپە گەورەیە بکەن، بە ناپاکیتان لە دژی خودامان، بەوەی ژنی بێگانە بهێنن؟»
NEH 13:28 یەکێک لە کوڕەکانی یۆیاداعی کوڕی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین، زاوای سەنڤەلەتی حۆرۆنی بوو، منیش لەلای خۆم دەرمکرد.
NEH 13:29 ئەی خودایە، بە یادی خۆتیان بهێنەرەوە کە کاهینیێتی و پەیمانی کاهینیێتی و لێڤییەکانیان گڵاوکرد.
NEH 13:30 بەو شێوەیە لە هەموو بێگانەیەک پاکم کردنەوە، ئەرکەکانی کاهین و لێڤییەکانم دیاری کرد، هەریەکە و لەسەر کاری خۆی.
NEH 13:31 داریشم بۆ قوربانی لە کاتی دیاریکراو و یەکەمین بەرهەمەکان دابین کرد. ئەی خودایە، بە چاکە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە.
EST 1:1 ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی پاشایەتی ئەحەشوێرۆش بوو، ئەو ئەحەشوێرۆشەی کە لە هیندستانەوە هەتا کوش فەرمانڕەوایەتی سەد و بیست و حەوت هەرێمی دەکرد.
EST 1:2 لەو کاتەدا ئەحەشوێرۆشی پاشا لەسەر تەختی پاشایەتییەکەی دادەنیشت کە لە قەڵای شوش بوو.
EST 1:3 لە ساڵی سێیەمی پاشایەتییەکەی، خوانێکی سازکرد بۆ هەموو سەرکردە و کاربەدەستەکانی. سەرکردەکانی سوپای فارس و ماد و میر و فەرمانڕەوای هەرێمەکان تێیدا ئامادە بوون.
EST 1:4 ماوەی سەد و هەشتا ڕۆژ پاشا دەوڵەمەندیی و بێ هاوتایی پاشایەتییەکەی و شکۆ و مەزنیی خۆی نیشان دا.
EST 1:5 پاش تێپەڕینی ئەو ماوەیە، پاشا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ خوانێکی بۆ هەموو چین و توێژێکی خەڵک سازکرد، ئەوانەی لە قەڵای شوش دەژیان، لە باخچەی داخراوی کۆشکی پاشا.
EST 1:6 گۆڕەپانەکە بە پەردەی سپی و مۆری کەتان ڕازێنرابووەوە، بە گوریسی کەتانی سپی و گوریسی قوماشی ئەرخەوانی لەناو بازنەی زیو هەڵواسرابوو، لەسەر کۆڵەکەی مەڕمەڕ. سەکۆیەکان لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، زەوییەکە بە بەردی حەلان و مەڕمەڕ و دوڕ و بەردی گرانبەها شۆستەی بۆ دروستکرابوو.
EST 1:7 خواردنەوەش بە جامی زێڕینی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرا، شەرابی شاهانەش بەقەد بەخشندەیی پاشا زۆر بوو.
EST 1:8 پاشا فەرمانی بە لێپرسراوانی کۆشک کرد کەس گلەیی لە خواردنەوە نەبێت، هەرکەسە بەگوێرەی ویستی خۆی بێت.
EST 1:9 هەروەها ڤەشتیی شاژنیش لە کۆشکی شاهانەی ئەحەشوێرۆشی پاشا خوانێکی بۆ ئافرەتان سازکرد.
EST 1:10 لە ڕۆژی حەوتەم کاتێک ئەحەشوێرۆشی پاشا بە شەراب مەست بوو، فەرمانی کرد بەو حەوت کاربەدەستەی کە خزمەتیان دەکرد، واتا مێهومان و بیزتا و حەرڤۆنا و بیگتا و ئەڤەگتا و زێتەر و کەرکەس،
EST 1:11 کە ڤەشتیی شاژن بە تاجی شاهانەکەوە بهێنن بۆ بەردەم پاشا، بۆ ئەوەی جوانییەکەی پیشانی گەل و سەرکردەکان بدرێت، چونکە ڕوخساری جوان بوو.
EST 1:12 بەڵام کاتێک کاربەدەستەکان فەرمانەکەی پاشایان پێ ڕاگەیاند، ڤەشتیی شاژن ڕازی نەبوو بێت. لەبەر ئەوە پاشا زۆر ڕقی هەستا و لە تووڕەیی خۆیدا گڕی گرت.
EST 1:13 نەریتی پاشا وا بوو ڕاوێژ بە شارەزایانی یاسا و دادوەری بکات. ئیتر پاشا پرسی بەو دانایانە کرد کە شارەزای ڕۆژگارن،
EST 1:14 ئەوانەی لێی نزیک بوون ئەمانە بوون: کەرشەنا، شیتار، ئەدماتا، تەرشیش، مەرەس، مەرسەنا، مەموخان، کە حەوت سەرکردەی فارس و مادی بوون و هەمیشە چاویان بە پاشا دەکەوت، بەرزترین پلە و پایەیان هەبوو لە پاشایەتییەکەدا.
EST 1:15 پاشا پرسیاری کرد: «بەپێی یاسا چی لە شاژنە ڤەشتی بکرێت؟ لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی ئەو فەرمانەی ئەحەشوێرۆشی پاشای نەبوو کە کاربەدەستەکان پێیان ڕاگەیاند.»
EST 1:16 مەموخان لەبەردەم پاشا و سەرکردەکان گوتی: «شاژنە ڤەشتی بە تەنها هەڵەی دەرهەق بە پاشا نەکردووە، بەڵکو دەرهەق بە هەموو سەرکردەکان و هەموو ئەو گەلانەی کە لە هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆش پاشادان،
EST 1:17 چونکە هەواڵی شاژن بە هەموو ژنەکان دەگاتەوە و بەو شێوەیە بێزیان لە مێردەکانیان دەبێتەوە، دەگوترێت: ”ئەحەشوێرۆشی پاشا فەرمانی دا شاژنە ڤەشتی بهێننە بەردەمی، کەچی ئەو نەهاتووە.“
EST 1:18 هەروەها هەر ئەمڕۆ خانمەکانی فارس و مادی کە هەواڵی شاژنیان پێ گەیشتووەتەوە هەمان شت بە هەموو سەرکردەکانی پاشا دەڵێن، بەمەش بێزلێبوونەوە و تووڕەیی بڵاو دەبێتەوە.
EST 1:19 «لەبەر ئەوە ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با بڕیارێکی شاهانە لەلای خۆیەوە دەربکات و بڕیارەکە لە یاساکانی فارس و مادی بنووسرێت بۆ ئەوەی دەستکاری نەکرێت، بەوەی کە نابێت چیتر ڤەشتی بێتە بەردەم ئەحەشوێرۆش پاشا. پاشاش پلەی شاژنیێتی بە یەکێکی چاکتر لەو بدات.
EST 1:20 بەو شێوەیە فەرمانەکەی پاشا لەناو هەموو شانشینە مەزنەکە ڕادەگەیەنرێت، هەموو ژنانیش بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ مێردەکانیان دەکەن، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.»
EST 1:21 پاشا و سەرکردەکان ئەو قسەیەیان پێ باش بوو، پاشا بەپێی قسەکەی مەموخانی کرد.
EST 1:22 نامەی بۆ هەموو هەرێمەکان و هەموو گەلەکانی پاشایەتییەکەی نارد، هەریەکە و بە زمان و ڕێنووسی خۆیان و ڕایگەیاند کە دەبێت هەموو پیاوێک گەورەی ماڵەکەی خۆی بێت و بە زمانی نەتەوەکەی خۆی ئەم بڕیارە ڕابگەیەنێت.
EST 2:1 پاش ئەوەی تووڕەیی ئەحەشوێرۆشی پاشا دامرکایەوە، پاشا ڤەشتی و ڕەفتارەکەی و ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەریکرد بەبیری هاتەوە.
EST 2:2 ئینجا ئەوانەی خزمەتی پاشایان دەکرد پێشنیاریان کرد: «با بگەڕێن بۆ کچانی پاکیزە و ڕوخسار جوان بۆ پاشا،
EST 2:3 با پاشا بریکار دابنێت لەناو هەموو هەرێمەکانی شانشینەکەیدا تاکو هەموو کچە پاکیزە و جوانەکان لە حەرەمسەرای قەڵای شوش کۆبکەنەوە. با لەژێر سەرپەرشتی هێگەیدا بن، کە کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەرەمسەراکەیە، هەروەها با بۆنوبەرامیان پێ بدرێت.
EST 2:4 ئینجا ئەو کچەش کە پاشا پەسەندی دەکات، با ببێتە شاژن و شوێنی ڤەشتی بگرێتەوە.» پاشا ئەو قسەیەی پێ باش بوو، کاری پێکرد.
EST 2:5 لەو کاتە لەناو قەڵای شوش پیاوێکی جولەکە هەبوو لە هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆردەخای کوڕی یائیری کوڕی شیمعی کوڕی قیش بوو.
EST 2:6 یەکێک بوو لەو ڕاپێچکراوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچی کردبوون، لەنێو ئەو ڕاپێچکراوانەی یەهۆیاکینی پاشای یەهودایان لەگەڵ بوو.
EST 2:7 مۆردەخای ئامۆزایەکی هەبوو بە ناوی هەدەسا، خۆی پەروەردەی کردبوو، چونکە نە باوکی هەبوو نە دایک. ئەم کچە بە ئەستێر ناسراوبوو، کچێکی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایک و باوکی مۆردەخای کردییە کچی خۆی.
EST 2:8 بە بیستنی فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆر لە قەڵای شوش و سپاردنیان بە دەستی هێگەی، ئەستێریش بردرایە کۆشکی پاشا و بە هێگەیی بەرپرسی حەرەمسەرا سپێردرا.
EST 2:9 کچە لەبەرچاوی هێگەی پەسەند بوو و بە دڵی بوو. لەبەر ئەوە دەستبەجێ بۆن و کەلوپەلی جوانکاری و خواردنی تایبەتی پێدا. هەروەها حەوت خزمەتکاری هەڵبژێردراوی لە کۆشکی پاشا پێدا، ئینجا ئەو و خزمەتکارەکانی بۆ باشترین شوێنی حەرەمسەرا گواستەوە.
EST 2:10 ئەستێر هیچی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکرد، چونکە مۆردەخای ڕایسپاردبوو کە ئەوە نەکات.
EST 2:11 مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەرەمسەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت.
EST 2:12 بەگوێرەی یاسای پەیڕەوکراو بۆ ئافرەتان هەر کچێک ساڵێکی تەواوی لە ئاراییشت و ئامادەکاری بەسەردەبرد: شەش مانگ بە زەیتی موڕ، شەش مانگیش بە بۆن و کەرەستەی دیکەی جوانکاری. ئینجا لەدوای ئەوە نۆرەی دەهات بچێتە لای ئەحەشوێرۆشی پاشا.
EST 2:13 بەم شێوەیە بۆ لای پاشا دەچوو، هەرچی دەویست پێی دەدرا، بۆ ئەوەی لە حەرەمسەراوە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆشکی پاشا.
EST 2:14 ئێوارە دەچووە ژوورەوە و بەیانی بۆ بەشێکی دیکەی حەرەمسەرا دەگەڕایەوە، بۆ ژێر سەرپەرشتی شەعەشگەزی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی کەنیزەکان. جارێکی دیکە نەدەچووە ژوورەوە بۆ لای پاشا، تەنها ئەگەر پاشا پێی دڵخۆش بووایە و بە ناوی خۆیەوە بانگی بکردایە.
EST 2:15 کاتێک نۆرەی ئەستێر هات، کچی ئەبیحەیلی مامی مۆردەخای، ئەوەی مۆردەخای کردییە کچی خۆی، بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، هیچ شتێکی داوا نەکرد جگە لەوەی هێگەیی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەرەمسەرا پێشنیاری کردبوو. هەرکەسێکیش ئەستێری ببینیایە دەچووە دڵییەوە.
EST 2:16 ئەستێر لە مانگی دە بردرایە ژوورەوە بۆ لای ئەحەشوێرۆش پاشا لە کۆشکی شاهانە، لە مانگی تێڤێت، لە حەوتەمین ساڵی پاشایەتییەکەی.
EST 2:17 پاشا ئەستێری لە هەموو ژنەکان زیاتر خۆشویست، لە هەموو پاکیزەکانی دیکە زیاتر پەسەندی کرد و چووە دڵییەوە. تاجی شاهانەی لەسەر سەری دانا و لە شوێنی ڤەشتی کردییە شاژن.
EST 2:18 ئینجا پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەموو سەرکردە و خزمەتکارەکانی سازکرد وەک رێزگرتنێک لە ئەستێر، پشووی لە هەرێمەکاندا ڕاگەیاند و بەقەد بەخشندەیی پاشا دیاری بەخشرا.
EST 2:19 کاتێک پاکیزەکان بۆ جاری دووەم کۆکرانەوە، مۆردەخای لەلای دەروازەی پاشا دانیشتبوو.
EST 2:20 ئەستێریش هەروەک مۆردەخای ڕایسپاردبوو هیچ شتێکی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکردبوو، چونکە ئەستێر هەروەک ئەو ڕۆژانەی مۆردەخای بەخێوی دەکرد بە قسەی ئەو دەجوڵایەوە.
EST 2:21 لەو ڕۆژانەدا لە کاتێکدا مۆردەخای لە دەروازەی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و تەرەش کە دوو ئەفسەری پاشا بوون لەو ئەفسەرانەی پاسەوانیێتی دەروازەکەیان دەکرد، تووڕە بوون و پیلانیان گێڕا کە دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.
EST 2:22 بەڵام مۆردەخای بەو کارەی زانی و بە شاژنە ئەستێری گەیاند، ئەویش بە ناوی مۆردەخایەوە بە پاشای گوت.
EST 2:23 کاتێک بابەتەکە لێی کۆڵڕایەوە و زانییان کە ڕاستە، هەردووکیان لە دار دران. ئەو ڕووداوەش لەبەردەم پاشا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کرا.
EST 3:1 پاش ئەم ڕووداوانە، ئەحەشوێرۆشی پاشا هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی گەورە کرد و بەرزی کردەوە، پایەیەکی بەرزتری لە پایەی هەموو سەرکردەکانی دیکە پێ بەخشی کە لەگەڵین.
EST 3:2 هەموو کاربەدەستەکانی پاشا کە لەلای دەروازەی پاشاوەن بەپێی فەرمانی پاشا سەریان بۆ هامان دادەنەواند و کڕنۆشیان بۆ دەبرد، بەڵام مۆردەخای سەری بۆ دانەدەنەواند و کڕنۆشی بۆ نەدەبرد.
EST 3:3 لەبەر ئەوە خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لە دەروازەکەی پاشادا بوون بە مۆردەخایان گوت: «بۆچی سەرپێچی فەرمانی پاشا دەکەیت؟»
EST 3:4 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قسەیان لەگەڵ دەکرد، بەڵام ئەو هەر گوێی لێ نەدەگرتن. لەبەر ئەوە بە هامانیان گوت بۆ ئەوەی بزانن ئەو قسەیەی مۆردەخای خۆی ڕادەگرێت، چونکە پێی ڕاگەیاندبوون کە ئەو جولەکەیە.
EST 3:5 جا کە هامان بینی مۆردەخای سەری بۆ دانانەوێنێت و کڕنۆشی بۆ نابات، زۆر تووڕە بوو.
EST 3:6 بە تەنها کوشتنی مۆردەخای بەلاوە کەم بوو، چونکە زانی مۆردەخای لە چ نەتەوەیەکە. هامان بەدوای ئەوە دەگەڕا هەموو نەتەوەکەی مۆردەخای، بە واتا هەموو جولەکەکان، کە لە شانشینی ئەحەشوێرۆش بوون لەناویان ببات.
EST 3:7 لە مانگی یەک کە مانگی نیسانە، لە ساڵی دوازدەیەمینی ئەحەشوێرۆشی پاشا، لەبەردەم هامان تیروپشکیان دەکرد کە پێی دەگوترا پور‏، بۆ هەڵبژاردنی ڕۆژ و مانگێک. تیروپشک کەوتە سەر مانگی دوازدە، واتا مانگی ئادار.
EST 3:8 ئینجا هامان بە ئەحەشوێرۆش پاشای گوت: «نەتەوەیەک هەیە لەنێو هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشایەتییەکە پەرتەوازەن و بە جیاواز دەژین. نەریتەکانیان لەگەڵ نەریتی هەموو نەتەوەکان جیاوازترە و یاساکانی پاشا جێبەجێ ناکەن. بۆ پاشا باش نییە لێیان بگەڕێت بە ئاسوودەیی دانیشن.
EST 3:9 ئەگەر پاشا پێی باشە با فەرمانێک بۆ لەناوبردنیان دەربکرێت، منیش دە هەزار تالنت زیو دەدەمە دەست خەزنەدارانی پاشا بۆ گەنجینەی شاهانە.»
EST 3:10 ئینجا پاشا ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو، دایە هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی جولەکەکان.
EST 3:11 پاشا بە هامانی گوت: «زیوەکە بۆ خۆت بێت، چیشت پێ باشە ئاوا لە نەتەوەکە بکە.»
EST 3:12 لە سێزدەی مانگی یەک خامەی نهێنییەکانی پاشا بانگ کران، هەموو ئەوەی هامان فەرمانی پێیدان نووسرایەوە بۆ میرەکانی پاشا و پارێزگارەکانی هەرێمە جیاوازەکان و سەرکردەکانی نەتەوە جیاکان، هەر هەرێمە و بە ڕێنووسی خۆی و هەر نەتەوەیە و بە زمانی خۆی. نامەکانیش بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسراون و بە ئەنگوستیلەکەی ئەویش مۆر کران.
EST 3:13 بە دەستی پەیامبەرەکانیشدا نامەکان بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نێردران و تێیاندا فەرمانی دابوو کە لە یەک ڕۆژ، لە سێزدەی مانگی دوازدە، واتا لە مانگی ئادار هەموو جولەکەکان بە گەنج و پیر و ژن و منداڵەوە قڕ بکرێن و بکوژرێن و لەناو ببردرێن، کەلوپەلەکانیشیان بە تاڵان ببردرێن.
EST 3:14 وێنەی نووسراوەکەش وەک فەرمانێک درایە هەموو هەرێمەکان و لەناو هەموو نەتەوەکان بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ئەم ڕۆژە ئامادە بکەن.
EST 3:15 هەروەک پاشا فەرمانی کرد پەیامبەرەکان بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها ئەو فەرمانە لە قەڵای شوشیش درا. پاشا و هامان بۆ خواردنەوە دانیشتن، بەڵام شاری شوش شڵەژا.
EST 4:1 پاش ئەوەی مۆردەخای هەموو ئەو کردەوانەی زانی کە کران، جلەکەی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و خۆڵەمێشی بەسەر خۆیدا کرد، چووە دەرەوە بۆ ناوەڕاستی شار و هاوارێکی گەورە و تاڵی کرد.
EST 4:2 بەڵام تەنها چووە بەردەم دەروازەی پاشا، چونکە ڕێگا بە کەس نەدەدرا بە پۆشینی جلوبەرگی گوشەوە بچێتە ناو دەروازەی پاشا.
EST 4:3 هەروەها هەر هەرێمێک فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی پێ دەگەیشت، لەنێو جولەکەکان دەبووە شیوەنێکی گەورە و ڕۆژووگرتن، گریان و لاواندنەوە. زۆریان جلوبەرگی گوشیان دەپۆشی و لەناو خۆڵەمێش ڕادەکشان.
EST 4:4 کاتێک کەنیزەکانی ئەستێر و کاربەدەستەکانی چوونە ژوورەوە و باسی مۆردەخایان بۆی کرد، شاژن زۆر دڵتەنگ بوو. دەستە جلێکی نارد بۆ ئەوەی لە جیاتی جلوبەرگی گوش لەبەری بکرێت، بەڵام ئەو پەسەندی نەکرد.
EST 4:5 پاشان ئەستێر هەتاخی بانگکرد، کە یەکێک لە کاربەدەستەکانی پاشا بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرابوو و فەرمانی پێ کرد بچێتە لای مۆردەخای، بزانێت ئەمە چییە و لەسەر چییە.
EST 4:6 ئیتر هەتاخ چووە دەرەوە بۆ لای مۆردەخای لە مەیدانی شارەکە، ئەوەی لەبەردەم دەروازەی پاشایە.
EST 4:7 مۆردەخای هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە بەسەری هاتبوو، هەروەها ئەو بڕە زیوەی کە هامان گوتبووی بۆ لەناوبردنی جولەکەکان بیداتە گەنجینەی پاشا.
EST 4:8 وێنەیەکیشی لەو فەرمانە نووسراوە دایێ کە لە شوشەوە بۆ لەناوبردنیان دەرکرابوو، بۆ ئەوەی پیشانی ئەستێری بدات و بابەتەکەی بۆ ڕوون بکاتەوە، هەروەها پێی گوت کە ڕێنمایی ئەستێر بکات تاکو بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا و لە پێناوی نەتەوەکەی لێی بپاڕێتەوە و داوای بەزەیی لێ بکات.
EST 4:9 هەتاخ گەڕایەوە و قسەکانی مۆردەخای بە ئەستێر ڕاگەیاند.
EST 4:10 ئەستێریش هەتاخی ڕاسپاردەوە بە مۆردەخای بڵێت:
EST 4:11 «هەموو کاربەدەستەکانی پاشا و هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشا دەزانن، کە هەر پیاوێک یان هەر ژنێک بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا بەبێ ئەوەی بانگ بکرێتە دیوانەکەی ناوەوە، یەک یاسای بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەویش مردنە، تەنها ئەو کەسە نەبێت کە پاشا داردەستە زێڕینەکەی خۆی بۆ درێژ دەکات، ئەو کەسە دەژیێت. منیش سی ڕۆژە بانگ نەکراوم بۆ ئەوەی بچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا.»
EST 4:12 کاتێک قسەکەی ئەستێریان بە مۆردەخای ڕاگەیاند،
EST 4:13 ئەویش ئەم وەڵامەی بۆ ناردەوە: «وا مەزانە کە تۆ لە ماڵی پاشادا بەدەر لە هەموو جولەکەکان دەرباز دەبیت،
EST 4:14 چونکە ئەگەر تۆ لەم کاتەدا بێدەنگ بیت، یارمەتی و دەربازبوون لە شوێنێکی دیکە بۆ جولەکەکان سەرهەڵدەدات، بەڵام خۆت و ماڵی باوکت لەناو دەبردرێن. هەروەها کێ دەزانێت، لەوانەیە بۆ کاتێکی وەک ئەمە بە پلەی پاشایەتی گەیشتوویت؟»
EST 4:15 ئینجا ئەستێر ئەم وەڵامەی بۆ مۆردەخای ناردەوە:
EST 4:16 «بڕۆ هەموو جولەکەکانی ناو شوش کۆبکەرەوە، لە پێناوی من ڕۆژوو بگرن. سێ شەو و سێ ڕۆژ هیچ مەخۆن و هیچ مەخۆنەوە. خۆم و کەنیزەکانم بە هەمان شێوە ڕۆژوو دەگرین. دوای ئەوە بە پێچەوانەی یاسا دەچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا. ئەگەر لەناویش چووم، با لەناوبچم.»
EST 4:17 ئیتر مۆردەخای چوو هەموو ئەو شتانەی کرد کە ئەستێر ڕایسپاردبوو.
EST 5:1 لە سێیەمین ڕۆژ ئەستێر جلوبەرگی شاهانەی لەبەرکرد و لە دیوانەکەی ناوەوەی کۆشکی پاشا بەرامبەر دیوەخانی پاشا ڕاوەستا، پاشاش لە دیوەخانەکە لە بەرامبەر دەروازەکە لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو.
EST 5:2 کاتێک پاشا ئەستێری شاژنی بینی لە دیوانەکەدا ڕاوەستاوە، دڵی پێی خۆشبوو و داردەستە زێڕینەکەی دەستی بۆ ئەستێر درێژکرد. ئەستێریش چووە پێشەوە و دەستی لەسەری داردەستەکە دا.
EST 5:3 ئینجا پاشا پێی گوت: «شاژنە ئەستێر، چیتە و داواکاریت چییە؟ هەتا داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت پێت دەدرێت.»
EST 5:4 ئەستێر گوتی: «ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با ئەمڕۆ پاشا لەگەڵ هامان بێنە ئەو خوانەی کە بۆم ئامادە کردووی.»
EST 5:5 پاشاش گوتی: «بە پەلە هامان بهێنن بۆ ئەوەی داواکەی ئەستێر جێبەجێ بکات.» ئینجا پاشا و هامان چوون بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو.
EST 5:6 پاشا لە کاتی شەراب خواردنەوە بە ئەستێری گوت: «بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
EST 5:7 ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «بابەتەکەم و داواکارییەکەم ئەمەیە:
EST 5:8 ئەگەر پاشا لێم ڕازی بێت و پێی خۆش بێت بابەتەکەم و داواکارییەکەم بۆ جێبەجێ بکات، با سبەینێ پاشا لەگەڵ هامان بێتە ئەو خوانەی کە بۆیان ئامادە دەکەم، ئەو کاتە وەڵامی پرسیارەکەی پاشا دەدەمەوە.»
EST 5:9 ئەو ڕۆژە هامان بە شادی و دڵخۆشییەوە چووە دەرەوە. بەڵام کاتێک هامان لە دەروازەی پاشا مۆردەخای بینی لەبەری هەڵنەستا و خۆی تێکنەدا، زۆر ڕقی لە مۆردەخای هەستا.
EST 5:10 بەڵام هامان خۆی گرت و گەڕایەوە ماڵەوە. هامان دۆستەکانی و زەرەشی ژنی بانگکرد،
EST 5:11 شانازی بە زۆری دەوڵەمەندی و زۆری کوڕەکانی کرد، هەروەها چۆن پاشا ڕێزی لێی ناوە و پایەی بەرزکردووەتەوە لەسەر سەرکردە و کاربەدەستەکانی دیکەی.
EST 5:12 هەروەها هامان گوتی: «تەنانەت شاژنە ئەستێر جگە لە من کەسی دیکەی لەگەڵ پاشا بۆ ئەو خوانە داوەت نەکردووە کە ئامادەی کردووە، بۆ سبەینێ منیشی لەگەڵ پاشا داوەت کردووە.
EST 5:13 بەڵام ئەمانە هەموویان هیچ بەهایەکیان لەلای من نییە، هەر کاتێک مۆردەخای جولەکە دەبینم لە دەروازەی پاشادا دانیشتووە.»
EST 5:14 زەرەشی ژنی و هەموو دۆستەکانی پێیان گوت: «با دارێک بە بەرزی پەنجا باڵ ئامادە بکرێت، بەیانی بە پاشا بڵێ کە فەرمان بدات مۆردەخای لەو دارە بدرێت. پاشان بە خۆشییەوە لەگەڵ پاشا بڕۆ سەر خوانەکە.» هامان ئەو قسەیەی پێ باش بوو، فەرمانی دا دارەکە ئامادە بکرێت.
EST 6:1 ئەو شەوە پاشا خەوی زڕا. فەرمانی دا پەڕتووکی پوختەی مێژووی بۆ بهێنن و بۆی بخوێننەوە.
EST 6:2 بینرا ئەوەی تێدا نووسراوە کە مۆردەخای لەبارەی بیگتانا و تەرەشەوە ئاشکرای کردبوو، دوو لەو ئەفسەرانەی پاشا، کە پاسەوانی دەروازەکە بوون و ویستیان دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.
EST 6:3 پاشا پرسیاری کرد: «چ ڕێز و گەورەییەک بەرامبەر بەمە بۆ مۆردەخای کراوە؟» خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لەبەردەستی بوون گوتیان: «هیچی بۆ نەکراوە.»
EST 6:4 پاشا گوتی: «کێ لە دیوانەکەیە؟» لەو کاتەدا هامان هاتبووە ناو دیوانەکەی دەرەوەی کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی بە پاشا بڵێت مۆردەخای لەو دارە بدات کە بۆی ئامادە کردبوو.
EST 6:5 خزمەتکارەکانی پاشا وەڵامیان دایەوە: «وا هامان لە دیوانەکە ڕاوەستاوە.» پاشاش فەرمانی دا: «با بێتە ژوورەوە.»
EST 6:6 کە هامان هاتە ژوورەوە، پاشا لێی پرسی: «چی بۆ پیاوێک بکرێت پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟» هامان لە دڵی خۆیدا گوتی: «لە من زیاتر کێ هەیە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟»
EST 6:7 ئیتر هامان وەڵامی پاشای دایەوە: «بۆ ئەو پیاوەی کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت،
EST 6:8 با ئەو جلوبەرگە شاهانەیەی کە پاشا لەبەری دەکات و ئەو ئەسپەی کە پاشا سواری دەبێت، لەگەڵ ئەو تاجەی شاهانە کە لەسەر سەری ئەسپەکە دادەنرێت بهێنرێ.
EST 6:9 ئینجا با جلوبەرگەکە و ئەسپەکە بدرێنە پیاوێک لە میرانی سەرکردەی پاشا، بۆ ئەوەی لەبەری ئەو پیاوەی بکات کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکە بیگەڕێنن و لەبەردەمیەوە هاوار بکەن و بڵێن: ”ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!“»
EST 6:10 پاشا بە هامانی گوت: «بە پەلە بڕۆ هەروەک گوتت جلوبەرگ و ئەسپەکە ببە، هەموو ئەو شتانەی پێشنیارت کرد بۆ مۆردەخای جولەکە بیکە، ئەوەی لە دەروازەی پاشا دانیشتووە. هیچیان فەرامۆش مەکە لەوەی کە گوتت.»
EST 6:11 هامان جلوبەرگەکە و ئەسپەکەی برد. جلەکەی لەبەر مۆردەخای کرد و لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکەی گەڕاندی، لەبەردەمی هاواری دەکرد و دەیگوت: «ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!»
EST 6:12 پاشان مۆردەخای گەڕایەوە بۆ دەروازەی پاشا. بەڵام هامان خێرا بە لاواندنەوە و سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی.
EST 6:13 هامان هەموو ئەوەی بەسەری هات بۆ زەرەشی ژنی و بۆ دۆستەکانی گێڕایەوە. ڕاوێژکارەکانی و زەرەشی ژنی پێیان گوت: «کەوتنی تۆ لەبەردەم مۆردەخای دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕەچەڵەکی جولەکەیە، تۆ ناتوانیت لە دژی بووەستیتەوە، تۆ لەبەردەمی ئەو دەڕووخێیت!»
EST 6:14 لە کاتێکدا کە هێشتا قسەیان لەگەڵ دەکرد، کاربەدەستەکانی پاشا پەیدا بوون بۆ ئەوەی بە پەلە هامان ببەن بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو.
EST 7:1 ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن.
EST 7:2 لە ڕۆژی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، چیت دەوێت؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
EST 7:3 شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە،
EST 7:4 چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
EST 7:5 ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
EST 7:6 ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!» هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی.
EST 7:7 پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.
EST 7:8 لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت. پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟» هەرکە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی.
EST 7:9 ئینجا حەرڤۆنا، کە یەکێک بوو لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد، گوتی: «لە ماڵی هامان دارێک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە، هامان بۆ مۆردەخای ئامادە کردووە، کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.» پاشا گوتی: «هامان لەو دارە بدەن!»
EST 7:10 بەو شێوەیە هامانیان لەو دارە دا کە بۆ مۆردەخای ئامادە کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.
EST 8:1 لەو ڕۆژە ئەحەشوێرۆشی پاشا سامانی هامانی دوژمنی جولەکەکانی دایە ئەستێری شاژن. مۆردەخای هاتە بەردەم پاشا، چونکە ئەستێر پێی گوتبوو کە خزمی ئەوە.
EST 8:2 هەروەها پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە لە هامانی سەندبووەوە و دایە مۆردەخای. ئەستێریش مۆردەخای کردە بریکاری سامانەکەی هامان.
EST 8:3 ئەستێر جارێکی دیکە لەگەڵ پاشا قسەی کرد. خۆی خستە بەر پێیەکانی و گریا و لێی پاڕایەوە بۆ ئەوەی پیلانەکەی هامانی ئەگاگی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو.
EST 8:4 ئینجا پاشا داردەستە زێڕینەکەی بۆ ئەستێر درێژکرد، ئەستێر هەستا و لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.
EST 8:5 گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر تۆ ڕازی بیت، ئەگەر منت بە دڵە و دەبینیت کە داواکارییەکەم ڕەوایە، ئەگەر من لەلای تۆ پەسەندم، تکایە داوای نووسینی فەرمانێک بکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانەی هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دایڕشتبوو. ئەو نامەی نووسیبوو بۆ ئەوەی جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی پاشا لەناوببردرێن.
EST 8:6 ئەوسا چۆن دەتوانم تەماشای ئەو کارەساتە بکەم کە تووشی نەتەوەکەم دەبێت؟ چۆن دەتوانم تەماشای لەناوچوونی ڕەگەزەکەم بکەم؟»
EST 8:7 ئەحەشوێرۆش پاشا وەڵامی شاژنە ئەستێر و مۆردەخای جولەکەی دایەوە: «لەبەر ئەوەی هامان دەستدرێژی کردە سەر جولەکە، سامانەکەی ئەوم دایە ئەستێر، لە داریان دا.
EST 8:8 ئێوەش ئەوەی پێتان باشە بە ناوی پاشاوە بۆ جولەکەکانی بنووسن، بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری بکەن، چونکە ئەو نووسینەی بە ناوی پاشاوە دەنووسرێت و بە ئەنگوستیلەکەی مۆر بکرێت هەڵناوەشێنرێتەوە.»
EST 8:9 لەو کاتە، لە بیست و سێی سێ، واتا مانگی سیڤان، خامەی نهێنییەکانی پاشا بانگ کران. هەموو ئەو شتانەی کە مۆردەخای فەرمانی پێ کردن بۆ جولەکە و میر و پارێزگار و سەرکردەکانی هەرێمەکان نووسییان، سەد و بیست و حەوت هەرێم بوون، لە هیندستانەوە هەتا کوش، بۆ هەر هەرێمێک بە زمان و ڕێنووسی خۆی، بۆ جولەکەکانیش بە زمان و ڕێنووسی خۆیان.
EST 8:10 مۆردەخای ئەو نامانەی بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسی و بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری کردن، بە پەیامبەرەکاندا ناردی، کە سواری ئەسپە تیژڕەوە ڕەسەنەکانی پاشا ببوون.
EST 8:11 ئەو فەرمانەی پاشا مافی ئەوەی بە جولەکەکانی هەموو شارێک دابوو کۆببنەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و هەر هێزێکی چەکدار لە هەر نەتەوە و هەرێمێک بێت هێرشیان بکاتە سەر لەناوی ببەن، بیانکوژن و قڕیان بکەن، بە ژن و منداڵەکانیشیانەوە، ئەوەی هەشیانە تاڵانی بکەن.
EST 8:12 ئەو ڕۆژە لەناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا دیاریکراوە، لە سێزدەی دوازدە، واتا لە مانگی ئادار.
EST 8:13 وێنەیەک لەو فەرمانە کە وەک یاسا دەرکرابوو لەنێو هەموو هەرێم و گەلەکان بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی جولەکەکان ئامادە بن بۆ ئەو ڕۆژە تاکو تۆڵە لە دوژمنەکانیان بستێننەوە.
EST 8:14 پەیامبەرەکان هەروەک پاشا فەرمانی پێ کردبوون، بە سواری ئەسپی شاهانە بە پەلە و خێرا ڕۆیشتن. هەروەها فەرمانەکە لە قەڵای شوشیش دەرچوو.
EST 8:15 ئینجا مۆردەخای بە بەرگی شاهانەی مۆر و سپییەوە لەبەردەم پاشا هاتە دەرەوە، تاجێکی گەورەی زێڕین لەسەر ناوچەوانی بوو، کەوایەکی ئەرخەوانی لە کشمیر دروستکراویشی لەسەر شان بوو. شادی و خۆشی شاری شوشی گرتەوە.
EST 8:16 ڕووناکی بۆ جولەکەکان درەوشایەوە، پڕبوون لە خۆشی و شادی و هەستکردن بە ڕێز.
EST 8:17 جا لە هەر هەرێم و شارێک کە فەرمانەکەی پاشا و یاساکەیان پێ دەگەیشت، دەبووە شادی و خۆشی بۆ جولەکەکان، خوانیان دەڕازاندەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا. زۆریش لە نەتەوەکانی دیکە بوونە جولەکە، چونکە زۆر لە جولەکە دەترسان.
EST 9:1 لە سێزدەی دوازدە، واتا لە مانگی ئادار، کاتی جێبەجێکردنی قسە و فەرمانەکەی پاشا هات. لەو ڕۆژەدا کە دوژمنەکانی جولەکەکان چاوەڕوان بوون تێیدا بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام دۆخەکە لە دژیان هەڵگەڕایەوە بە شێوەیەک کە جولەکەکان بەسەر ناحەزەکانیاندا زاڵ بوون.
EST 9:2 جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا لەناو شارەکانیان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەوانەی دەیانویست خراپەیان بەرامبەر بکەن. بەڵام کەس لەبەردەمیان خۆی ڕانەگرت، چونکە خەڵک زۆر لێیان ترسان.
EST 9:3 هەموو سەرکردەکانی هەرێمەکان، میر و پارێزگار و لێپرسراوەکانی پاشاش یارمەتی جولەکەکانیان دەدا، چونکە ترسی مۆردەخای لەسەریان نیشتبوو.
EST 9:4 مۆردەخای لە کۆشکی پاشا پلەیەکی گەورەی هەبوو، ناوبانگی لەناو هەموو هەرێمەکان بڵاوببووەوە، بەردەوام بەهێز دەبوو.
EST 9:5 جولەکەکان بە شمشێر لە هەموو دوژمنەکانیان دا، کوشتیانن و لەناویانبردن، ئەوەی ویستیان بە ناحەزەکانیان کرد.
EST 9:6 جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان کوشت و لەناویانبردن.
EST 9:7 هەروەها ئەوانەشیان کوشت: پەرشەنداتا، دەلفۆن، ئەسپاتا،
EST 9:8 پۆراتا، ئەدەلیا، ئەریداتا،
EST 9:9 پەرمەشتا، ئەریسەی، ئەریدەی و ڤەیزاتا،
EST 9:10 کە دە کوڕەکەی هامانی کوڕی هەمەداسای دوژمنی جولەکەکان بوون، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
EST 9:11 لەو ڕۆژەدا ژمارەی کوژراوەکان لە قەڵای شوش هێنرایە بەردەستی پاشا.
EST 9:12 جا پاشا بە شاژنە ئەستێری گوت: «جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان لەگەڵ دە کوڕەکەی هامان کوشتووە و لەناویانبردوون. ئایا دەبێت لە هەرێمەکانی دیکەی پاشادا چییان کردبێت؟ ئێستاش بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. چ داواکارییەکی دیکەت هەیە؟ بۆت جێبەجێ دەکرێت.»
EST 9:13 ئەستێریش گوتی: «ئەگەر پاشا ڕازی بێت، با سبەینێش لە قەڵای شوش کارەکەی ئەمڕۆیان بکەنەوە، هەروەها با تەرمی هەر دە کوڕەکەی هامان لە دار بدرێن.»
EST 9:14 ئینجا پاشا فەرمانی دا ئەوە بکەن. لە شوش فەرمان دەرکرا و تەرمی هەر دە کوڕەکەی هامان لە دار دران.
EST 9:15 پاشان جولەکەکانی ناو شوش لە چواردەی ئادار دووبارە کۆبوونەوە، سێ سەد پیاویان لە شوش کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
EST 9:16 هەروەها جولەکەکانی دیکەش کە لە هەرێمەکانی پاشادا بوون، کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ڕزگاربوونیان لە دوژمنەکانیان. حەفتا و پێنج هەزار کەسیان لە ناحەزەکانیان کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
EST 9:17 ئەمە لە سێزدەی ئادار ڕوویدا، لە چواردەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ئاهەنگگێڕان و خۆشی.
EST 9:18 بەڵام جولەکەکانی ناو شوش لە سێزدە و چواردەی مانگ کۆبوونەوە و لە پازدەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشی.
EST 9:19 لەبەر ئەوە ئەو جولەکانەی لە دەشت و گوندە بچووکەکان دەژیان چواردەی مانگی ئاداریان کردە شادی و ئاهەنگگێڕان و خواردنیان بە دیاری بۆ یەکتر دەنارد.
EST 9:20 ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی تۆمار کرد و چەندین نامەی نارد بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، بە دوور و نزیکەوە،
EST 9:21 بۆ ئەوەی فەرزی بکات لەسەریان کە هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن،
EST 9:22 چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.
EST 9:23 ئیتر جولەکەکان داواکارییەکەی مۆردەخایان پەسەند کرد، بەردەوام بوون لەو ئاهەنگگێڕانەی دەستیان پێی کردبوو.
EST 9:24 هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی هەموو جولەکەکان پیلانی گێڕا بۆ ئەوەی جولەکەکان لەناو ببات، پوری‏ فڕێدا، واتا تیروپشکی کرد، بۆ ئەوەی قڕیان بکات و لەناویان ببات.
EST 9:25 بەڵام کاتێک ئەستێر چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، پاشا بە نووسراوێک فەرمانی دا، ئەو پیلانە خراپەی کە هامان لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو هەڵبگەڕێتەوە بۆ سەر خۆی، خۆی و کوڕەکانی لە دار دران.
EST 9:26 لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژانە ناونران پوریم لەسەر ناوی پور‏. لەبەر هەموو وشەکانی ئەم نامەیە و ئەوەی بینییان و بەسەریان هات،
EST 9:27 جولەکەکان پەسەندیان کرد و کردیانە نەریت، خۆیان و نەوەکانیان و ئەوانەشی دەچنە پاڵیان پەیڕەویان کرد، بۆ ئەوەی لە یاد نەکرێن، هەمیشە لەو دوو ڕۆژەدا بەپێی ئەوەی کە نووسراوە و لە کاتی خۆیاندا هەموو ساڵێک ئاهەنگ بگێڕن.
EST 9:28 هەروەها ئەم ڕۆژانە یادیان بکرێتەوە، لەنێو هەموو نەوە و هۆز و هەرێمێک و لە هەموو شارێک ئاهەنگیان بۆ ساز بکرێت. ڕۆژانی پوریم هەرگیز لەنێو جولەکەکان لەبیر نەکرێن و ناشبێت لەلایەن نەوەکانیانەوە لە یاد بکرێت.
EST 9:29 ئینجا شاژنە ئەستێری کچی ئەبیحەیل لەگەڵ مۆردەخای جولەکە بە هەموو دەسەڵاتێکەوە نامەیەکی دیکەیان نووسی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم نامەیەی دووەم کە سەبارەت بە پوریم بوو.
EST 9:30 مۆردەخای نامەکانی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو سەد و بیست و حەوت هەرێمەکەی شانشینی ئەحەشوێرۆش نارد، وێڕای هیوای شادی ئارامییان بۆ جولەکەکان،
EST 9:31 بۆ چەسپاندنی دوو ڕۆژەکەی پوریم لە کاتی دیاریکراوی خۆی. هەروەک مۆردەخای جولەکە و شاژنە ئەستێر داوایان لێیان کرد، ئەوانیش بۆ خۆیان و نەوەکانیان پەسەندیان کرد کە بەڕۆژوو بن و شین بگێڕن.
EST 9:32 فەرمانەکەی ئەستێر ڕێنماییەکانی پوریمی دووپات کردەوە و لە پەڕتووکێکدا تۆمار کرا.
EST 10:1 ئەحەشوێرۆشی پاشا سەرانەی بەسەر شانشینەکە و دوورگەکانی دەریاشدا سەپاند.
EST 10:2 هەموو کاری دەسەڵاتەکەی و تواناکەی، هەروەها هەموو کاروبارەکانی و گەورەیی مۆردەخای کە پاشا پایەی بەرز کردەوە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی مادی و فارس تۆمار کراون.
EST 10:3 مۆردەخای جولەکە لەدوای ئەحەشوێرۆشی پاشاوە بە پلەی دووەم دەهات، لەنێو جولەکەکانیش گەورە بوو، لەلای برا جولەکەکانی زۆر ڕێزدار بوو، چونکە داوای چاکەی بۆ نەتەوەکەی دەکرد و بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییەکانیان دەکرد.
JOB 1:1 پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا.
JOB 1:2 حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو.
JOB 1:3 مەڕوماڵاتەکەشی، حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو، خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون، ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو.
JOB 1:4 کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد، سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە.
JOB 1:5 کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە، ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن، بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەیوب دەیگوت: «ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.» ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد.
JOB 1:6 ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات.
JOB 1:7 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟» شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
JOB 1:8 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»
JOB 1:9 شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «ئایا ئەیوب بەخۆڕایی لەخواترسە؟
JOB 1:10 ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێ داوە؟ کارەکانی دەستی ئەوت بەرەکەتدار کردووە، جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بووەتەوە،
JOB 1:11 بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە هەموو ئەوە بدە کە هەیەتی، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
JOB 1:12 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا هەرچی هەیەتی لە دەستی تۆدایە، بەڵام دەست بۆ خۆی مەبە.» ئینجا شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە.
JOB 1:13 ئەوە بوو ڕۆژێکیان کوڕ و کچەکانی لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە.
JOB 1:14 نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی: «مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان،
JOB 1:15 سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
JOB 1:16 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
JOB 1:17 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
JOB 1:18 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە،
JOB 1:19 لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
JOB 1:20 جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد،
JOB 1:21 گوتی: «بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ. یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە، ستایش بۆ ناوی یەزدان.»
JOB 1:22 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد.
JOB 2:1 ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات.
JOB 2:2 یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟» شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
JOB 2:3 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات. هەتا ئێستاش پابەندە بەوەی کەسێکی دروست بێت، هەرچەندە هانت دام بۆ ئەوەی بەبێ هۆ لووشی بدەم.»
JOB 2:4 شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «پێست بە پێست! مرۆڤ هەرچی هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی دەیدات.
JOB 2:5 بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە ئێسک و گۆشتی خۆی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
JOB 2:6 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا لەبەردەستی خۆتدایە، بەڵام ژیانی بپارێزە.»
JOB 2:7 ئیتر شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە و ئەیوبی تووشی برینی پیس کرد، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری.
JOB 2:8 ئەویش پارچە گۆزەیەکی بۆ خۆخوراندن لەدەست گرت و لەناو خۆڵەمێش دانیشتبوو.
JOB 2:9 ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەت لە خودا بکە و بمرە!»
JOB 2:10 ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟» لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.
JOB 2:11 سێ هاوڕێکەی ئەیوب هەموو ئەو نەهامەتییانەیان بیست کە بەسەر ئەیوب هاتووە، جا هەریەکە لە جێی خۆیەوە هات، ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بێن و دڵنەوایی بکەن و دڵی بدەنەوە.
JOB 2:12 کاتێک لە دوورەوە چاویان هەڵبڕی، نەدەناسرایەوە. دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەریەکە کەواکەی خۆی دادڕی و بەرەو ئاسمان خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد.
JOB 2:13 لەسەر زەوی لەگەڵی دانیشتن، حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، کەسیش بە وشەیەک نەیدوواند، چونکە بینییان خەمۆکیەکەی لە ڕادەبەدەرە.
JOB 3:1 دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە.
JOB 3:2 ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:
JOB 3:3 «با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم، ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
JOB 3:4 با ئەو ڕۆژە تاریک بێت، نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
JOB 3:5 با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت، با هەور دایبگرێت، با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
JOB 3:6 ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت، لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
JOB 3:7 با ئەو شەوە نەزۆک بێت، هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
JOB 3:8 بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن، ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
JOB 3:9 با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن، چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت، با گزنگی بەیان نەبینێت،
JOB 3:10 چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.
JOB 3:11 «بۆ لە بار دایکم نەچووم، کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
JOB 3:12 بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم، بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم؟
JOB 3:13 چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم، ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
JOB 3:14 لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی، ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
JOB 3:15 یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە، ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
JOB 3:16 یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم، وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
JOB 3:17 لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
JOB 3:18 دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن، گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
JOB 3:19 لەوێ بچووک وەک گەورە وایە، کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.
JOB 3:20 «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
JOB 3:21 ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە، لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
JOB 3:22 هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن، دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
JOB 3:23 بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک کە ڕێگای شاردراوەتەوە، خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
JOB 3:24 لەبەر ئەوەی ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم، هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
JOB 3:25 ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام، ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
JOB 3:26 ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم، پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»
JOB 4:1 ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:
JOB 4:2 «ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟ بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟
JOB 4:3 لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و دەستە شلبووەکانت توند کردووە.
JOB 4:4 قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.
JOB 4:5 بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە، لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.
JOB 4:6 ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟ ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟
JOB 4:7 «بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت، یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟
JOB 4:8 وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.
JOB 4:9 بە هەناسەی خودا لەناودەچن و بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.
JOB 4:10 مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و کەڵبەی شێرەکان شکێنران.
JOB 4:11 شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.
JOB 4:12 «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد، گوێم چرپەیەکی بیست.
JOB 4:13 لە مۆتەکەی شەومدا کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،
JOB 4:14 ترس و تۆقینێک منی داگرت و هەموو ئێسکەکانم لەرزین.
JOB 4:15 ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.
JOB 4:16 ڕاوەستا، بەڵام نەمزانی چی بوو، شێوەیەک لەبەرچاوم بوو، چرپەیەک و دەنگێکم بیست:
JOB 4:17 ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە، یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟
JOB 4:18 ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،
JOB 4:19 ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات، ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
JOB 4:20 لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن، بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
JOB 4:21 ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە، تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“
JOB 5:1 «ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟ ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟
JOB 5:2 قین گێل دەکوژێت و بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت.
JOB 5:3 من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا، بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا:
JOB 5:4 با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن، لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت.
JOB 5:5 دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن، ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن، تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت،
JOB 5:6 چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت.
JOB 5:7 بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت، وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت.
JOB 5:8 «بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
JOB 5:9 ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
JOB 5:10 ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
JOB 5:11 ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە، هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
JOB 5:12 ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
JOB 5:13 ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت، ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
JOB 5:14 لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت، لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
JOB 5:15 ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
JOB 5:16 جا زەلیل بە هیوا دەبێت و ناڕەوا دەمی دادەخات.
JOB 5:17 «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە، لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بەتوانا ڕەت مەکەرەوە.
JOB 5:18 لەبەر ئەوەی ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات، وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
JOB 5:19 لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
JOB 5:20 لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
JOB 5:21 لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت، کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
JOB 5:22 بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت،
JOB 5:23 چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
JOB 5:24 جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
JOB 5:25 ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
JOB 5:26 لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.
JOB 5:27 «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە، جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»
JOB 6:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 6:2 «خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!
JOB 6:3 بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو، لەبەر ئەوە بە هەڵەشەیی قسەم کرد.
JOB 6:4 تیرەکانی خودای هەرە بەتوانا لە مندان و ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛ بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.
JOB 6:5 ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت، یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟
JOB 6:6 ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت، یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟
JOB 6:7 من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە، نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.
JOB 6:8 «خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،
JOB 6:9 کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!
JOB 6:10 هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن، بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە، کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.
JOB 6:11 «هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟
JOB 6:12 ئایا هێزم هێزی بەردە؟ یان گۆشتم بڕۆنزە؟
JOB 6:13 سەرکەوتن لە من دوور کەوتووەتەوە، ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟
JOB 6:14 «ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت، ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.
JOB 6:15 بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم، وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.
JOB 6:16 کاتێک لێڵن لەبەر شەختە بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،
JOB 6:17 بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت، کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.
JOB 6:18 کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن، دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.
JOB 6:19 کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن، بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،
JOB 6:20 کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون، بێزار بوون، چونکە متمانەیان پێی کردبوو.
JOB 6:21 ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە، بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.
JOB 6:22 ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”لە پێناوی من شتێک بدەن، بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،
JOB 6:23 لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن، لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“
JOB 6:24 «فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم، تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!
JOB 6:25 ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە! بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟
JOB 6:26 ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن، ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟
JOB 6:27 بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.
JOB 6:28 «ئێستا باش تێم بڕوانن، چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.
JOB 6:29 تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن، ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.
JOB 6:30 ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە، یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟
JOB 7:1 «ئایا ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی خزمەتکردن و ڕەنجکێشان نییە، ڕۆژانیشی وەک ڕۆژانی ڕەنجدەرێک نییە؟
JOB 7:2 وەک چۆن کۆیلە تامەزرۆی سێبەرە و کرێکاریش چاوەڕێی کرێیەکەیەتی،
JOB 7:3 ئاواش مانگەکانی بێ ئومێدی بۆم بوون بە میرات و شەوانی چەرمەسەری بوون بە بەشم.
JOB 7:4 کە دەچمە سەر جێگاکەم دەڵێم: ”کەی بێت هەستم،“ شەو درێژە دەکێشێت و هەتا بەرەبەیان ئەم دیو و ئەو دیو دەکەم.
JOB 7:5 گۆشتم کرم و قەتماغە پۆشیویەتی، پێستم شەقار بووە و کێمی کردووە.
JOB 7:6 «ڕۆژگارم لە تەون خێراترە و بێ هیوا کۆتایی دێت.
JOB 7:7 ئەی خودا، لە یادت نەچێت کە ژیانم هەناسەیەکە و ئیتر چاوەکانم خۆشی نابینن.
JOB 7:8 ئەو چاوەی کە ئێستا دەمبینێت لەمەودوا نامبینێت، چاوت بڕیوەتە من، بەڵام من بوونم نابێت.
JOB 7:9 هەور پەرت دەبێت و نامێنێت، بە هەمان شێوە ئەوەی دادەبەزێتە ناو جیهانی مردووان سەرناکەوێتەوە.
JOB 7:10 ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی و دەوروپشتی لە یادی دەکەن.
JOB 7:11 «لەبەر ئەوە منیش دەمم ناگرم، لە تەنگی ڕۆحمەوە قسە دەکەم، لە دڵشکاویمەوە سکاڵا دەکەم.
JOB 7:12 بۆچی پاسەوانت لەسەر داناوم؟ ئایا من دەریام یان ئەژدیهام؟
JOB 7:13 ئەگەر بڵێم نوێنەکەم دڵنەواییم دەداتەوە، جێگاکەم دڵتەنگییەکەم دەڕەوێنێتەوە،
JOB 7:14 بە خەون دەمترسێنیت و بە مۆتەکە دەمتۆقێنیت.
JOB 7:15 لەبەر ئەوە گیانم خنکان هەڵدەبژێرێت، مردنم پێ باشترە لەم پەیکەرە ئێسکە.
JOB 7:16 توامەوە، بۆ هەتاهەتایە ناژیم، وازم لێ بهێنە، چونکە ڕۆژگارم هیچ واتایەکی نییە.
JOB 7:17 «مرۆڤ چییە هەتا بایەخی پێبدەیت و هەتا بیری خۆتی پێوە خەریک بکەی،
JOB 7:18 هەموو بەیانییەک بەسەری بکەیتەوە و هەموو ساتێک تاقی بکەیتەوە؟
JOB 7:19 هەتا کەی ڕووت لێم وەرناگێڕیت و مۆڵەتم نادەیتێ هەتا تفەکەم قووت بدەم؟
JOB 7:20 ئەگەر گوناهیشم کردبێت، کە تۆ چاودێری مرۆڤیت، ئایا هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر تۆ هەبووە؟ بۆچی منت کردووە بە نیشانەی تیری خۆت؟ ئایا بووم بە بار بەسەر تۆوە؟
JOB 7:21 ئەی بۆ لە یاخیبوونم خۆش نابیت و تاوانم ناسڕیتەوە؟ چونکە بەم نزیکانە لەناو خاکدا ڕادەکشێم و بەدوامدا دەگەڕێیت، بەڵام من بوونم نابێت.»
JOB 8:1 ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:
JOB 8:2 «هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟ ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.
JOB 8:3 ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟ ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟
JOB 8:4 ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد، ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.
JOB 8:5 بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت، لە خودای هەرە بەتوانا بپاڕێیتەوە،
JOB 8:6 ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت، ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
JOB 8:7 پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت، کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.
JOB 8:8 «پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،
JOB 8:9 چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین، ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
JOB 8:10 ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟ یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟
JOB 8:11 ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات، یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟
JOB 8:12 بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون، کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،
JOB 8:13 بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.
JOB 8:14 ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە، پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.
JOB 8:15 خۆی بە تەونەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت، دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.
JOB 8:16 ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان، کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.
JOB 8:17 بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.
JOB 8:18 بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا، شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
JOB 8:19 ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە، کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.
JOB 8:20 «بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت، کە هانی خراپەکاران نادات.
JOB 8:21 کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و لێوەکانت پڕ لە هوتاف،
JOB 8:22 ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»
JOB 9:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 9:2 «ڕاستە، دەزانم کە وایە. جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
JOB 9:3 ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات، ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
JOB 9:4 خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە. کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
JOB 9:5 هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
JOB 9:6 زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات، جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
JOB 9:7 فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت، بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
JOB 9:8 خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە، بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
JOB 9:9 دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و حەوتەوانە و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
JOB 9:10 کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن، هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن.
JOB 9:11 کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم، کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
JOB 9:12 ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟ کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
JOB 9:13 خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە، یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ لە ژێریدا دەچەمێنەوە.
JOB 9:14 «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
JOB 9:15 ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە، بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
JOB 9:16 ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە، باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
JOB 9:17 بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
JOB 9:18 ناهێڵێت هەناسە بدەم، بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
JOB 9:19 ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە! ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
JOB 9:20 ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات، ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.
JOB 9:21 «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم، بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛ ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
JOB 9:22 ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“ لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
JOB 9:23 ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت، بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت.
JOB 9:24 کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە، ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات، ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟
JOB 9:25 «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات، گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
JOB 9:26 وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
JOB 9:27 ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
JOB 9:28 لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم، چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
JOB 9:29 من تاوانبار دەکرێم، ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
JOB 9:30 ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
JOB 9:31 لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت، تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.
JOB 9:32 «ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
JOB 9:33 خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو، دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
JOB 9:34 تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
JOB 9:35 ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام، چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»
JOB 10:1 «لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە، بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم، بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
JOB 10:2 بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە! تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.
JOB 10:3 ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت، ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟ بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
JOB 10:4 ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟ ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
JOB 10:5 ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە، یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
JOB 10:6 بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
JOB 10:7 هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.
JOB 10:8 «دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم، ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
JOB 10:9 لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا، ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
JOB 10:10 ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
JOB 10:11 بە پێست و گۆشت منت پۆشی و بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
JOB 10:12 ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم، چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
JOB 10:13 «بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە، من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
JOB 10:14 ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
JOB 10:15 ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم! ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم، چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و زەلیلی خۆم بینی.
JOB 10:16 ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
JOB 10:17 شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.
JOB 10:18 «ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟ خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
JOB 10:19 وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو، لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
JOB 10:20 ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟ بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
JOB 10:21 پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە، بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
JOB 10:22 خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ، سێبەری مەرگ و ناڕێکی، خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»
JOB 11:1 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
JOB 11:2 «ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین، یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟
JOB 11:3 ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات، یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
JOB 11:4 بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
JOB 11:5 بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
JOB 11:6 نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد، چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە، جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.
JOB 11:7 «ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟ ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟
JOB 11:8 ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت، لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
JOB 11:9 پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و لە دەریاش پانترە.
JOB 11:10 «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
JOB 11:11 بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
JOB 11:12 بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.
JOB 11:13 «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
JOB 11:14 ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
JOB 11:15 ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
JOB 11:16 چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.
JOB 11:17 ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
JOB 11:18 دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە، دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
JOB 11:19 خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
JOB 11:20 بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛ ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»
JOB 12:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 12:2 «ڕاستە ئێوە گەلێکن، بە مردنتان داناییش دەمرێت،
JOB 12:3 بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە، من لە ئێوە کەمتر نیم. ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟
JOB 12:4 «لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە، بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم، هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
JOB 12:5 کەسێکی دڵنیا گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
JOB 12:6 چادری تێکدەران ئارامە و ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن، بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.
JOB 12:7 «بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن، هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
JOB 12:8 یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات، ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
JOB 12:9 کام لەمانە نازانێت کە دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
JOB 12:10 ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
JOB 12:11 ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
JOB 12:12 لە ڕیش سپیێتی دانایی و لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.
JOB 12:13 «دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە، ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
JOB 12:14 ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە، ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
JOB 12:15 ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت، بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
JOB 12:16 هێز و دانایی لەلای ئەوە، چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
JOB 12:17 ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات، دادوەران تووشی شێتی دەکات.
JOB 12:18 کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
JOB 12:19 کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
JOB 12:20 ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات، ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
JOB 12:21 سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
JOB 12:22 قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
JOB 12:23 نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات، نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
JOB 12:24 مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
JOB 12:25 لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە، وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.
JOB 13:1 «چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە، گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
JOB 13:2 وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛ من لە ئێوە کەمتر نیم.
JOB 13:3 بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم، دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
JOB 13:4 بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن، هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
JOB 13:5 خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون! ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
JOB 13:6 ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
JOB 13:7 ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟ ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
JOB 13:8 ئایا لایەنگری دەکەن، یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
JOB 13:9 ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
JOB 13:10 بێگومان سەرزەنشتتان دەکات ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
JOB 13:11 ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
JOB 13:12 یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.
JOB 13:13 «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
JOB 13:14 بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم، ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
JOB 13:15 ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
JOB 13:16 هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە، کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
JOB 13:17 بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
JOB 13:18 ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو، دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
JOB 13:19 کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات، تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
JOB 13:20 «ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە، ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
JOB 13:21 دەستت لێم دووربخەوە و با سامی تۆ نەمترسێنێت.
JOB 13:22 ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە، یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
JOB 13:23 چەند تاوان و گوناهم هەیە؟ یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
JOB 13:24 بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
JOB 13:25 ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟ ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
JOB 13:26 تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
JOB 13:27 جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.
JOB 13:28 «وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم، وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.
JOB 14:1 «مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.
JOB 14:2 وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت، وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
JOB 14:3 ئایا چاوت لەسەر کەسێکی وەکو ئەم دەبێت؟ ئێستاش ئەوت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟
JOB 14:4 کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟ بێگومان کەس!
JOB 14:5 جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
JOB 14:6 ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات، هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.
JOB 14:7 «لانی کەم دار ئومێدی ئەوەی هەیە کە ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکاتەوە و دووبارە شین بێتەوە و لقوپۆپی تازە دەربکات.
JOB 14:8 ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،
JOB 14:9 هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.
JOB 14:10 بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛ مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.
JOB 14:11 هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،
JOB 14:12 هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە، لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت هەتا ئاسمان نامێنێت.
JOB 14:13 «خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە! خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و بەبیرت دەهاتمەوە!
JOB 14:14 ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟ هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە، ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.
JOB 14:15 بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە، تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد.
JOB 14:16 بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت، بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت.
JOB 14:17 یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک، تاوانەکەم دەشاریتەوە.
JOB 14:18 «هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت،
JOB 14:19 ئاو بەرد دەسووێنێت و لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت، بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت.
JOB 14:20 بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت، ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت.
JOB 14:21 ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت، ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە.
JOB 14:22 تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»
JOB 15:1 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
JOB 15:2 «ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
JOB 15:3 ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
JOB 15:4 بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
JOB 15:5 بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
JOB 15:6 زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من، لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
JOB 15:7 «ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟ یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
JOB 15:8 ئایا لە ئەنجومەنی خودا گوێت گرتبوو؟ ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟
JOB 15:9 چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین، چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
JOB 15:10 پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە، تەمەنی لە باوکت زیاترە.
JOB 15:11 ئایا دڵنەواییەکانی خودا و بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
JOB 15:12 بۆچی دڵت دەتبات و بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
JOB 15:13 بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
JOB 15:14 «مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
JOB 15:15 ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات، کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
JOB 15:16 ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
JOB 15:17 «من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە، باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
JOB 15:18 ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
JOB 15:19 ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
JOB 15:20 بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە، ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
JOB 15:21 دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
JOB 15:22 لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛ چاوەڕوانی شمشێرە.
JOB 15:23 ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ، دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
JOB 15:24 تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
JOB 15:25 چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت، لە دژی خودای هەرە بەتوانا پاڵەوانیێتی نواند،
JOB 15:26 بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.
JOB 15:27 «هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و ناوقەدی خۆی بە پیو ئەستوور کرد،
JOB 15:28 بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت، لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و خەریکن دەبنە کەلاوە.
JOB 15:29 لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت، دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
JOB 15:30 لە تاریکی دەرباز نابێت، کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و بە فووێکی دەمی نامێنێت.
JOB 15:31 جێی باوەڕ نابێت بە شتی پووچ وێڵ دەبێت، چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
JOB 15:32 پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت، دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
JOB 15:33 وەک ترێ پەسیرەکانی دەکەوێت و وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
JOB 15:34 کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت، ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
JOB 15:35 بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت، سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»
JOB 16:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 16:2 «زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە، هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
JOB 16:3 ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟ یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
JOB 16:4 منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد، ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛ قسەم بۆ دەگێڕانەوە و سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
JOB 16:5 بەڵام بە دەم هانم دەدان و جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.
JOB 16:6 «ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە، ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
JOB 16:7 ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم، هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.
JOB 16:8 سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت، لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
JOB 16:9 تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە، ددانەکانی لێم جیڕکردەوە، دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.
JOB 16:10 خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم، بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام، پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
JOB 16:11 خودا منی دایە دەست زۆردار و فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.
JOB 16:12 من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم، پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم. منی کرد بە نیشانی خۆی؛
JOB 16:13 تیرهاوێژەکانی دەوریان دام. جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا، زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
JOB 16:14 جار لەدوای جار شەقم دەکات، وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.
JOB 16:15 «جلوبەرگی گوشم بە پێستمەوە دووری و خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
JOB 16:16 دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
JOB 16:17 لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و نوێژەکەم بێگەردە.
JOB 16:18 «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە، با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
JOB 16:19 ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە، پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
JOB 16:20 ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات. کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،
JOB 16:21 ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە، وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.
JOB 16:22 «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت، لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.
JOB 17:1 ڕۆحم شکا، ڕۆژگارم کوژایەوە، گۆڕ چاوەڕێی منە.
JOB 17:2 بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و ناچار تەماشای کێشمەکێشیان بکەم.
JOB 17:3 «تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم، بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟
JOB 17:4 تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە، لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە.
JOB 17:5 ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت، نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە.
JOB 17:6 «منی کردە پەندی گەلان و بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت.
JOB 17:7 چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون، هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون.
JOB 17:8 ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت.
JOB 17:9 کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت.
JOB 17:10 «ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن، بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە.
JOB 17:11 ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران. لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم
JOB 17:12 شەو دەکەن بە ڕۆژ، لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن.
JOB 17:13 ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم،
JOB 17:14 ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“ بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“
JOB 17:15 ئیتر ئومێدم کوا؟ کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟
JOB 17:16 ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟ ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»
JOB 18:1 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
JOB 18:2 «هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟ تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.
JOB 18:3 بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و لەبەرچاوتان گێل بووین؟
JOB 18:4 ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە، ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟
JOB 18:5 «بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.
JOB 18:6 لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.
JOB 18:7 هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.
JOB 18:8 بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت، جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.
JOB 18:9 تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و فاقە توند دەیگرێت.
JOB 18:10 داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.
JOB 18:11 بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.
JOB 18:12 برسیێتی بڕستی لێ بڕی و کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.
JOB 18:13 نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات، یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.
JOB 18:14 لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت، بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.
JOB 18:15 ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت، گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.
JOB 18:16 لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.
JOB 18:17 یادەوەری لە زەوی نامێنێت و لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.
JOB 18:18 لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و لە جیهان دەردەکرێت.
JOB 18:19 نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت، نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.
JOB 18:20 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن، گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.
JOB 18:21 ئەوە نشینگەی بەدکارانە و ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»
JOB 19:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 19:2 «هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و بە قسە وردم دەکەن؟
JOB 19:3 ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن، بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم.
JOB 19:4 گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم، گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە.
JOB 19:5 ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن،
JOB 19:6 ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا.
JOB 19:7 «هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە، هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە.
JOB 19:8 ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە، تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم.
JOB 19:9 شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و تاجەکەی سەرمی لێکردەوە.
JOB 19:10 لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و هیوای منی وەک دار هەڵکەند.
JOB 19:11 تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و بە دوژمنی خۆی دانام.
JOB 19:12 پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و سەنگەریان لە دژی من لێدا و لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند.
JOB 19:13 «کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە.
JOB 19:14 خزمەکانم وازیان لێ هێنام و ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم.
JOB 19:15 میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام، وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن.
JOB 19:16 بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە.
JOB 19:17 بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم.
JOB 19:18 تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم، کە هەستم، باسی من دەکەن.
JOB 19:19 هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە.
JOB 19:20 ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.
JOB 19:21 «بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان، چونکە دەستی خودا لێی داوم.
JOB 19:22 بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟ لە گۆشتم تێر نابن؟
JOB 19:23 «خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە، خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا،
JOB 19:24 خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران.
JOB 19:25 بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە.
JOB 19:26 پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.
JOB 19:27 ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!
JOB 19:28 «ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین، چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“
JOB 19:29 لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر، چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت، ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»
JOB 20:1 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
JOB 20:2 «لەبەر جۆشانی ناخم، بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە.
JOB 20:3 گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە.
JOB 20:4 «ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە، لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟
JOB 20:5 هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە.
JOB 20:6 هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و سەریشی لە هەور بدات،
JOB 20:7 بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“
JOB 20:8 وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت، وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت.
JOB 20:9 چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە، جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت.
JOB 20:10 کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛ دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە.
JOB 20:11 ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین، بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت.
JOB 20:12 «کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و لەژێر زمانی بیشارێتەوە،
JOB 20:13 دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت، بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد،
JOB 20:14 بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت، دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی.
JOB 20:15 سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛ خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت.
JOB 20:16 ژەهری مار دەمژێت؛ زمانی مار دەیکوژێت.
JOB 20:17 جۆگەکان نابینێت، ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ.
JOB 20:18 بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات، لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت.
JOB 20:19 لەبەر ئەوەی هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛ دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو.
JOB 20:20 «بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛ ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات.
JOB 20:21 خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛ ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت.
JOB 20:22 لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت، دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر.
JOB 20:23 لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات، خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت.
JOB 20:24 لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و تیری بڕۆنز دەیبڕێت.
JOB 20:25 تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە، نووکی بریسکەدار زراوی بڕی. ترسی بەسەرەوەیە؛
JOB 20:26 هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە. ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە، ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات.
JOB 20:27 ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات، زەوی لێی ڕادەپەڕێت.
JOB 20:28 لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت، لافاوێک ماڵەکەی دەبات.
JOB 20:29 ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە، میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»
JOB 21:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 21:2 «بە گوێگرتن گوێ لە قسەکانم بگرن؛ با ئەمە ببێتە دڵنەواییتان.
JOB 21:3 بەرگەم بگرن کە قسە دەکەم و پاش قسەکانم گاڵتە بکەن.
JOB 21:4 «ئایا من سکاڵاکەم لە مرۆڤە؟ بۆچی ئارامیم لێ نەبڕێت؟
JOB 21:5 ڕووم لێ بکەن، واقتان وڕبمێنێت و دەست بخەنە سەر دەمتان.
JOB 21:6 کاتێک بەبیرم دێتەوە دەتۆقم؛ موچڕکە بە لەشمدا دێت.
JOB 21:7 بۆچی بەدکاران دەژین و پیر دەبن، هەروەها بە هێزەوە زاڵ دەبن؟
JOB 21:8 نەوەیان لەبەردەمیان لەگەڵیان ڕاوەستاوە، وەچەیان لەبەرچاویانە.
JOB 21:9 ماڵەکانیان لە ترس دڵنیایە؛ کوتەکی خودا بەسەریانەوە نییە.
JOB 21:10 گایەکەیان دەپەڕێت و هەڵە ناکات؛ مانگاکەیان ئاوس دەبێت و لە باری ناچێت.
JOB 21:11 منداڵەکانیان وەک مەڕ بەڕەڵا دەکرێن؛ شیرەخۆرەکانیان سەما دەکەن.
JOB 21:12 دەف و قیسارە بەدەستەوە دەگرن؛ بە دەنگی دووزەلە دڵخۆش دەبن.
JOB 21:13 ڕۆژگاریان بە خێروخۆشی بەسەردەبەن و بە ئارامییەوە بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ دەبنەوە.
JOB 21:14 لەگەڵ ئەوەشدا بە خودا دەڵێن: ”لێمان دوور بکەوە! دڵخۆش نابین بە ناسینی ڕێگاکانت.
JOB 21:15 توانادارەکە کێیە هەتا خزمەتی بکەین؟ سوودی چی دەبینین کە لێی بپاڕێینەوە؟“
JOB 21:16 بەڵام خێروخۆشییان لە دەستی خۆیان نییە، با ڕاوێژی بەدکاران لێم دوور بێت.
JOB 21:17 «چەند کەم چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و کارەساتیان بەسەردێت، یان خودا لە تووڕەیی خۆیدا ئازاری کردووە بە بەشیان؟
JOB 21:18 یان وەک کا بن لەبەردەم با و وەک ئەو سەرکۆزەرەی ڕەشەبا بردوویەتی؟
JOB 21:19 دەگوترێت: ”خودا تاوانی بەدکاران بۆ کوڕەکانیان هەڵدەگرێت.“ با سزای گیانی خۆیان بدات تاوەکو بزانن!
JOB 21:20 با چاوەکانیان لەناوچوونەکەیان ببینن، لە جامی تووڕەیی خودای هەرە بەتوانا بخۆنەوە،
JOB 21:21 چونکە لەدوای ئەوان، کە ژمارەی مانگەکانیان تەواو دەبێت، ئایا گوێ بە کەسوکاریان دەدەن؟
JOB 21:22 «ئایا خودا فێری زانین دەکرێت، ئەو کە دادوەری پایەدارەکان دەکات؟
JOB 21:23 کەسانێک هەن لەوپەڕی تەندروستیدا دەمرن، کاتێک بە تەواوی دڵنیا و ئارامن،
JOB 21:24 لەشیان ساغن و مۆخی ناو ئێسکەکانیان هێشتا تەڕە.
JOB 21:25 کەسانێکی دیکەش بە پەژارەوە دەمرن و تامی خێروخۆشییان نەکردووە.
JOB 21:26 هەردووکیان پێکەوە لەناو گڵ ڕادەکشێن و کرم دایاندەپۆشێت.
JOB 21:27 «بیرکردنەوەی ئێوە باش دەزانم و ئەو پیلانانەی بۆ ستەملێکردنم داتانناوە،
JOB 21:28 چونکە دەڵێن: ”کوا ماڵی گەورە پیاوەکە؟ کوا چادری نشینگەی خراپەکاران؟“
JOB 21:29 ئایا پرسیارتان لە ڕێبواران نەکردووە و سەرنجتان نەداوەتە هەواڵەکانیان؟
JOB 21:30 بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت، ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟
JOB 21:31 کێ بەرەو ڕوو لەسەر ڕەفتارەکەی سەرزەنشتی دەکات؟ کێ سزای دەدات لەسەر ئەوەی کردوویەتی؟
JOB 21:32 ئەو بەرەو گۆڕەکان دەبردرێت و لەسەر گۆڕستان شەوارە دەگرێت.
JOB 21:33 قوڕی دۆڵەکە شیرینە بۆ ئەو؛ هەموو مرۆڤ بەدوایەوە دەڕۆن و لەپێشیشیەوە بەبێ ژمارە.
JOB 21:34 «ئیتر چۆن بە قسەی پڕوپووچ دڵنەواییم دەدەنەوە؟ لە وەڵامەکانتان تەنها بێوەفایی دەبینم!»
JOB 22:1 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
JOB 22:2 «ئایا مرۆڤ سوودی بۆ خودا هەیە؟ تەنانەت کەسێکی دانا، ئایا سوودی بۆ خودا هەیە؟
JOB 22:3 ئایا خۆشی تێدایە بۆ توانادارەکە کە تۆ ڕاستودروست بیت؟ ئەگەر ڕەفتارەکەشت بێ کەموکوڕی بێت، ئایا قازانجی بۆ خودا تێدایە؟
JOB 22:4 «ئایا لەسەر لەخواترسییەکەت سەرزەنشتت دەکات و تۆ دەداتە دادگا؟
JOB 22:5 ئایا خراپەکانت زۆر نین و تاوانەکانیشت بێ کۆتایی نین؟
JOB 22:6 بەبێ هۆ بارمتەت لە برای خۆت وەرگرت و جلت لەبەر داکەند ڕووتت کردەوە.
JOB 22:7 ئاوت نەدا بە تینوو و ئامادە نەبووی نان بدەیتە برسی،
JOB 22:8 هەرچەندە تۆ خاوەن زەوی و پیاوێکی بە توانا بووی، کە وەک کەسێکی ناودار تێدا نیشتەجێ بوو.
JOB 22:9 بێوەژنانت بە دەستبەتاڵی بەڕێکرد و دەستی هەتیوانت شکاند.
JOB 22:10 لەبەر ئەوە چواردەورت تەڵەیە و ترسی لەناکاو دەتتۆقێنێت،
JOB 22:11 لەبەر ئەوەش ئەوەندە تاریک بووە کە نابینیت و لافاوێک داتدەپۆشێت.
JOB 22:12 «ئایا خودا لە بەرزی ئاسمان نییە؟ سەیری لووتکەی ئەستێرەکان بکە چەند خۆیان بڵند گرتووە!
JOB 22:13 بەڵام تۆ دەڵێیت: ”خودا چی دەزانێت؟ ئایا لە پشت هەوری ڕەشەوە دادوەری دەکات؟
JOB 22:14 هەورەکان پەردەن بۆ ئەو ئیتر نامانبینێت کە بەسەر بازنەی ئاسمان هاتوچۆ دەکات.“
JOB 22:15 ئایا تۆش بەو ڕێگا کۆنەدا دەڕۆیت کە خراپەکاران پێیدا ڕۆیشتوون؟
JOB 22:16 ئەوانەی پێشوەخت دەستیان بەسەردا گیرا، ڕووبار بەسەر بناغەکەیاندا ڕژا.
JOB 22:17 ئەوانەی بە خودایان گوت: ”لێمان دوور بکەوە! خودای هەرە بەتوانا چیمان لەگەڵ دەکات؟“
JOB 22:18 بەڵام ئەو بوو کە ماڵەکانی ئەوانی پڕکردووە لە خێروخۆشی، با ڕاوێژی خراپەکاران لێم دوور بێت.
JOB 22:19 ڕاستودروستان کە وێرانییان دەبینن، دڵخۆش دەبن، بێگەردیش گاڵتەیان پێ دەکات:
JOB 22:20 ”بێگومان بەرهەڵستکارانمان لەناودەچن و سامانەکەشیان ئاگر دەیخوات.“
JOB 22:21 «تکایە لەگەڵ خودا ڕێک بکەوە و لە ئاشتی بە، بەمە خێرۆخۆشیت بۆ دێت.
JOB 22:22 تکایە فێرکردنەکان لە دەمیەوە وەربگرە و قسەکانی بخە دڵتەوە.
JOB 22:23 ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لای خودای هەرە بەتوانا بنیاد دەنرێیتەوە، ئەگەر ستەم لە چادرەکەت دووربخەیتەوە،
JOB 22:24 ئەگەر زێڕ فڕێبدەیتە سەر خۆڵ و زێڕی ئۆفیر بۆ ناو بەردی شیوەکان،
JOB 22:25 ئەو کاتە توانادارەکە دەبێت بە زێڕەکەت و بە زیوی گرانبەها بۆ تۆ.
JOB 22:26 بێگومان ئیتر خۆشی لە توانادارەکە دەبینیت، ڕووت لە خودا دەکەیت.
JOB 22:27 نوێژی بۆ دەکەیت و گوێت لێ دەگرێت، نەزرەکانت بەجێدەهێنیت.
JOB 22:28 بڕیار دەدەیت و بۆت جێبەجێ دەبێت، بەسەر ڕێگاکانت ڕووناکی دەدرەوشێتەوە.
JOB 22:29 کاتێک خەڵک دەکەون تۆ دەڵێیت: ”هەڵیانبستێنەوە!“ ئەوا خودا ماتومەلوولەکان ڕزگار دەکات.
JOB 22:30 تەنانەت ئەو کەسەی کە بێگەرد نییە دەربازی دەکات، بەهۆی دەستپاکییەکەت دەرباز دەبێت.»
JOB 23:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 23:2 «هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛ لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.
JOB 23:3 خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛ دەهاتمە لای نشینگەکەی!
JOB 23:4 بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی، دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،
JOB 23:5 هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.
JOB 23:6 ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟ نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.
JOB 23:7 لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.
JOB 23:8 «بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە، بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.
JOB 23:9 کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛ کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.
JOB 23:10 بەڵام ڕێگام دەزانێت، دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم.
JOB 23:11 پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون، ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.
JOB 23:12 لە فەرمانەکانی زمانی ئەو لام نەداوە؛ لە نانی پێویستی خۆم زیاتر قسەکانی دەمی ئەوم لە گەنجینەی دڵم هەڵگرتووە.
JOB 23:13 «بەڵام ئەو تاک و تەنهایە و کێ ڕێی لێ دەگرێت؟ ئەوەی ئارەزووی لێ بێت، دەیکات.
JOB 23:14 فەرزی خۆی لە دژی من جێبەجێ دەکات، پلانی وەک ئەمانەش زۆرە لەلای.
JOB 23:15 لەبەر ئەوە لەبەردەمی دەتۆقم؛ سەرنج دەدەم و لێی دەترسم.
JOB 23:16 خودا دڵی بێهێز کردم؛ توانادارەکە منی تۆقاند.
JOB 23:17 لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.
JOB 24:1 «بۆچی خودای هەرە بەتوانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟ بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟
JOB 24:2 خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە، دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.
JOB 24:3 گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.
JOB 24:4 نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن، هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.
JOB 24:5 هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی، بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن، دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.
JOB 24:6 لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن، لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.
JOB 24:7 بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە، هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.
JOB 24:8 لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.
JOB 24:9 بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن، منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.
JOB 24:10 نەدار بە ڕووتی دەڕۆن، بەبێ جل، بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.
JOB 24:11 لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن، بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.
JOB 24:12 ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن، گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن، بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.
JOB 24:13 «ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین، نە ڕێگاکانی دەزانن و نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.
JOB 24:14 بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و هەژار و نەدار دەکوژێت؛ بە شەویش بۆ دزی دەچێت.
JOB 24:15 چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛ دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“ ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.
JOB 24:16 لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن، لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛ ڕووناکی ناناسن.
JOB 24:17 تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان، هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.
JOB 24:18 «لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛ بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە، لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.
JOB 24:19 وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات، جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.
JOB 24:20 سکی دایک لەبیریان دەکات و کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛ ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و وەک دار دەشکێت.
JOB 24:21 لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن، هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.
JOB 24:22 بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛ هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
JOB 24:23 دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین، بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.
JOB 24:24 کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛ نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە، وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.
JOB 24:25 «ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»
JOB 25:1 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
JOB 25:2 «دەسەڵات و شکۆ لەلای خودایە؛ ئەو بەرزاییەکانی ئاسمان بەرقەرار دەکات.
JOB 25:3 ئایا هێزەکانی دەتوانرێت بژمێردرێن؟ ڕووناکییەکەی بەسەر کێدا هەڵنایەت؟
JOB 25:4 ئیتر چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟ لەدایکبوو لە ژن چۆن بێتاوان دەبێت؟
JOB 25:5 ئەگەر لەبەرچاوی خودا تەنانەت مانگ ڕۆشن نییە و ئەستێرەکانیش بێگەرد نین،
JOB 25:6 ئیتر چۆن مرۆڤ بێگەرد دەبێت کە مۆرانەیەکە، ئادەمیزاد کە کرمێکە!»
JOB 26:1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
JOB 26:2 «چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە! چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!
JOB 26:3 چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە! چۆن زانینی زۆرت دەرخست!
JOB 26:4 بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟
JOB 26:5 «تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا لە سامناکی خودا دەلەرزن.
JOB 26:6 جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە، شوێنی لەناوچوون شاردراوە نییە.
JOB 26:7 ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.
JOB 26:8 ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و هەور لەژێری نادڕێت.
JOB 26:9 ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە، هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.
JOB 26:10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.
JOB 26:11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.
JOB 26:12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ دەوەشێنێت.
JOB 26:13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.
JOB 26:14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون. هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان! ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»
JOB 27:1 ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:
JOB 27:2 «بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە، سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،
JOB 27:3 هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت، هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،
JOB 27:4 لێوەکانم بە خراپە نادوێن و زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
JOB 27:5 لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە، هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.
JOB 27:6 دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم، بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.
JOB 27:7 «با دوژمنم وەک بەدکار بێت و بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.
JOB 27:8 خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە، کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟
JOB 27:9 ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟
JOB 27:10 یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟ ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟
JOB 27:11 «من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛ کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.
JOB 27:12 ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان، ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟
JOB 27:13 «ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە، میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.
JOB 27:14 ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و نەوەکەشی تێر نان نابن.
JOB 27:15 دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و بێوەژنەکانیان ناگرین.
JOB 27:16 ئەگەر زیو وەک خۆڵ و جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،
JOB 27:17 ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات، بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.
JOB 27:18 وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.
JOB 27:19 بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛ کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.
JOB 27:20 کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن، ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.
JOB 27:21 بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات، لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.
JOB 27:22 لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت، بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.
JOB 27:23 بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات، بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»
JOB 28:1 زیو کانی هەیە و بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
JOB 28:2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت، مسیش لە توانەوەی بەرد.
JOB 28:3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛ لەناو تاریکی سێبەری مەرگ بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
JOB 28:4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی، لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛ شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
JOB 28:5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت، لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
JOB 28:6 بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
JOB 28:7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و چاوی هەڵۆ نایبینێت.
JOB 28:8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون، شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
JOB 28:9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد، بنکەی چیاکان دەردەخات.
JOB 28:10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛ چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
JOB 28:11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
JOB 28:12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
JOB 28:13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
JOB 28:14 قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،» دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
JOB 28:15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
JOB 28:16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
JOB 28:17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی، نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
JOB 28:18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
JOB 28:19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
JOB 28:20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
JOB 28:21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
JOB 28:22 لەناوچوون و مردن دەڵێن: «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
JOB 28:23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
JOB 28:24 لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
JOB 28:25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
JOB 28:26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
JOB 28:27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد، ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.
JOB 28:28 بە مرۆڤی فەرموو: «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»
JOB 29:1 ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
JOB 29:2 «خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو، بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
JOB 29:3 کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
JOB 29:4 خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم، هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
JOB 29:5 خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو و منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
JOB 29:6 کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت، تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
JOB 29:7 «کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
JOB 29:8 گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە، پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
JOB 29:9 پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن، دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
JOB 29:10 پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
JOB 29:11 ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم، ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
JOB 29:12 چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
JOB 29:13 ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
JOB 29:14 ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛ دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو.
JOB 29:15 دەبووم بە چاو بۆ نابینایان و بە قاچ بۆ شەلان.
JOB 29:16 من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
JOB 29:17 کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
JOB 29:18 «جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
JOB 29:19 ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە، بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
JOB 29:20 شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت، کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
JOB 29:21 «گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
JOB 29:22 لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛ قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
JOB 29:23 چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
JOB 29:24 کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛ کاتێک ڕەزامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد.
JOB 29:25 ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛ وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم، وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.
JOB 30:1 «بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن گاڵتەم پێ دەکەن، ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
JOB 30:2 دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟ لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
JOB 30:3 لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛ بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان، کە وێران و کاول بوون.
JOB 30:4 ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا، ڕەگی دار گەز خۆراکیان بوو.
JOB 30:5 لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران، هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
JOB 30:6 لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون، لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
JOB 30:7 لەنێو دەوەنەکان زەڕین و لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
JOB 30:8 نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون، لە خاکەکە تێهەڵدراون.
JOB 30:9 «بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛ پەندم بەسەردا دەڵێن.
JOB 30:10 قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛ لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
JOB 30:11 خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە، جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
JOB 30:12 لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم، پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
JOB 30:13 ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن، بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن، کەس نییە پشتگیری من بکات.
JOB 30:14 ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن، لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
JOB 30:15 نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا، هەروەکو با ڕێزی منی برد، ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
JOB 30:16 «بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت، کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
JOB 30:17 شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات، ئازارەکانم پشوو نادەن.
JOB 30:18 خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم، وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە.
JOB 30:19 فڕێیدامە ناو قوڕەوە، ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
JOB 30:20 «ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛ ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
JOB 30:21 لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە، بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
JOB 30:22 دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛ فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
JOB 30:23 دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە، بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
JOB 30:24 «بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو، کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
JOB 30:25 ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟ ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
JOB 30:26 لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛ چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
JOB 30:27 هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت، ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
JOB 30:28 ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛ لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
JOB 30:29 بووم بە برای چەقەڵەکان و هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
JOB 30:30 پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم، لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
JOB 30:31 قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
JOB 31:1 «پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست، ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
JOB 31:2 بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە، چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
JOB 31:3 ئایا کارەسات بۆ بەدکار و بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
JOB 31:4 ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
JOB 31:5 «ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
JOB 31:6 با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و بزانێت کە کەموکوڕیم نییە.
JOB 31:7 ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە، ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە، یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
JOB 31:8 ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن، با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
JOB 31:9 «ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە، یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
JOB 31:10 با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
JOB 31:11 لەبەر ئەوەی ئەمە بێ ناموسییە، تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
JOB 31:12 ئاگرێکە هەتا لەناوچوون دەخوات و هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
JOB 31:13 «ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
JOB 31:14 ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟ ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
JOB 31:15 ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟ ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
JOB 31:16 «ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
JOB 31:17 یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت، کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
JOB 31:18 بەڵام لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
JOB 31:19 ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل یان نەدارێکی بێ بەرگ،
JOB 31:20 کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
JOB 31:21 ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
JOB 31:22 با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
JOB 31:23 لەبەر ئەوەی کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
JOB 31:24 «ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
JOB 31:25 ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
JOB 31:26 ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە، یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
JOB 31:27 تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و دەستم دەمی داپۆشی،
JOB 31:28 ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا، چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
JOB 31:29 «ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
JOB 31:30 بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
JOB 31:31 ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە، ”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
JOB 31:32 ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد، دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
JOB 31:33 ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە، بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
JOB 31:34 بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم، لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم، لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
JOB 31:35 «خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت! ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بەتوانا وەڵامم پێ بداتەوە؛ ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
JOB 31:36 بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت، دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
JOB 31:37 ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت، پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
JOB 31:38 «ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
JOB 31:39 ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
JOB 31:40 با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و لە جێی جۆ زیوان.» وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.
JOB 32:1 ئیتر ئەو سێ پیاوە وازیان لە وەڵامدانەوەی ئەیوب هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی.
JOB 32:2 بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد.
JOB 32:3 لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو، چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد.
JOB 32:4 ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون.
JOB 32:5 کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.
JOB 32:6 ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە: «من تەمەنم کەمە و ئێوەش پیرن؛ لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
JOB 32:7 گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“
JOB 32:8 بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بەتوانایە، ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.
JOB 32:9 تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و تەنها پیران نین کە لە دادوەری تێدەگەن.
JOB 32:10 «لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛ منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
JOB 32:11 ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان، گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛ هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە
JOB 32:12 لێتان وردبوومەوە. بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.
JOB 32:13 لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛ با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“
JOB 32:14 ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.
JOB 32:15 «واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛ قسەیان لێ داماڵرا.
JOB 32:16 ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم، کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟
JOB 32:17 ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛ منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم،
JOB 32:18 چونکە پڕم لە قسەکردن و ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛
JOB 32:19 ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە، وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.
JOB 32:20 قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛ لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.
JOB 32:21 لایەنگری کەس ناکەم و مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛
JOB 32:22 چونکە زمانلووسی نازانم جارێ دروستکەرەکەم نامبات.
JOB 33:1 «بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە! گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم.
JOB 33:2 ئەوەتا من دەمم کردەوە؛ قسەکانم لەسەر زمانی منن.
JOB 33:3 قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛ زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم.
JOB 33:4 ڕۆحی خودا دروستی کردم، هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.
JOB 33:5 ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم.
JOB 33:6 لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم، لە قوڕ دروستکراوم.
JOB 33:7 ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و زۆرکردنم لێت بارت گران بکات.
JOB 33:8 «تۆ لەبەردەمم گوتت، من بە وردی گوێم لێت بوو،
JOB 33:9 گوتت: ”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون، بێگەردم و تاوانم نییە.
JOB 33:10 لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و بە دوژمنی خۆی دامدەنێت.
JOB 33:11 پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛ چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“
JOB 33:12 «بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت، چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە.
JOB 33:13 بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت: ”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“
JOB 33:14 بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت، کەس ڕامانی ئەوە ناکات.
JOB 33:15 لە خەون، لە بینینی شەودا، کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا،
JOB 33:16 ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت،
JOB 33:17 تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت،
JOB 33:18 هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات، ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر.
JOB 33:19 «یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە،
JOB 33:20 ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و نەوسیشی لە خواردنی خۆش.
JOB 33:21 گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت، ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن.
JOB 33:22 گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە، ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ.
JOB 33:23 لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت، پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت،
JOB 33:24 لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت: ”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛ کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە.
JOB 33:25 با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛ با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“
JOB 33:26 ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت، بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن، ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە.
JOB 33:27 دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن: ”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد، بەڵام سزا نەدرام لەسەری.
JOB 33:28 خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان، ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“
JOB 33:29 «خودا هەموو ئەمانە دەکات، دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ،
JOB 33:30 بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە.
JOB 33:31 «جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب! بێدەنگ بە من قسە دەکەم.
JOB 33:32 ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە، قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆپاکت بکەم.
JOB 33:33 ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛ بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.»
JOB 34:1 ئیتر ئەلیهو گوتی:
JOB 34:2 «گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان، گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن،
JOB 34:3 چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.
JOB 34:4 با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.
JOB 34:5 «ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم، بەڵام خودا مافی منی داماڵی.
JOB 34:6 لە کاتی دادگاییم بە درۆ دەخرێمەوە و برینەکەم ساڕێژ نابێت لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“
JOB 34:7 چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟ سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و
JOB 34:8 پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟
JOB 34:9 لەبەر ئەوەی گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“
JOB 34:10 «لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان. خراپە لە یەزدان بە دوورە و ستەمیش لە خودای هەرە بەتوانا،
JOB 34:11 چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.
JOB 34:12 جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات، توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.
JOB 34:13 کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟
JOB 34:14 ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،
JOB 34:15 هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.
JOB 34:16 «ئەگەر تێگەیشتنت هەیە، ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.
JOB 34:17 ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟ یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟
JOB 34:18 ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“ یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“
JOB 34:19 ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت، چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟
JOB 34:20 لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛ گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛ بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.
JOB 34:21 «چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛ ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.
JOB 34:22 نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ، کە بەدکاران بتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.
JOB 34:23 پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات، هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.
JOB 34:24 دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.
JOB 34:25 لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات، بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.
JOB 34:26 لەبەر ئەوەی خراپەکارن لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،
JOB 34:27 چونکە لەدوای ئەو لایاندا و لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،
JOB 34:28 بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات، بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.
JOB 34:29 بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت، کێ هەیە تاوانباری بکات؟ ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات
JOB 34:30 بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.
JOB 34:31 «ئەگەر بە خودا بگوترێت: ”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،
JOB 34:32 ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە، ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“
JOB 34:33 ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت بداتەوە، لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟ تۆ هەڵدەبژێریت نەک من، ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.
JOB 34:34 «تێگەیشتووان پێم دەڵێن، ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:
JOB 34:35 ”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و قسەکانی بەبێ وریاین.“
JOB 34:36 خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!
JOB 34:37 یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛ بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»
JOB 35:1 ئەلیهوش بەردەوام بوو و گوتی:
JOB 35:2 «ئایا ئەمە بە ڕاست دادەنێیت؟ گوتت: ”ڕاستییەکەی لای منە، نەک لای خودا.“
JOB 35:3 لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەپرسیت: ”چ سوودێکی بۆم هەیە، قازانجی چیم کرد لە نەکردنی گوناه؟“
JOB 35:4 «من حەز دەکەم وەڵامی تۆ بدەمەوە، وەڵامی تۆ و هاوڕێیەکانیشت دەدەمەوە.
JOB 35:5 تەماشای ئاسمان بکە و ببینە، تێبینی هەورەکان بکە لە تۆ بەرزترن.
JOB 35:6 ئەگەر گوناهە بکەیت چیت لێکردووە و ئەگەر یاخیبوونەکانت زۆر بکەیت چیت پێکردووە؟
JOB 35:7 ئەگەر ڕاستودروست بیت چیت پێیداوە، یان چی لە دەستت وەردەگرێت؟
JOB 35:8 خراپەکەت بۆ مرۆڤێک دەبێت کە وەک خۆتە و ڕاستودروستیشت بۆ ئادەمیزادە.
JOB 35:9 «خەڵک لەتاوی زۆرداری هاوار دەکەن، لەبەر ستەمکاران هاواری فریاکەوتن دەکەن.
JOB 35:10 ناڵێن: ”کوا خودای بەدیهێنەرم، ئەوەی لە شەودا زەبوور دەدات،
JOB 35:11 ئەوەی فێرمان دەکات زیاتر لە ئاژەڵەکانی زەوی و لە باڵندەکانی ئاسمان داناترمان دەکات؟“
JOB 35:12 کاتێک خەڵک لە دەست لووتبەرزی خراپەکاران هاوار دەکەن، وەڵام ناداتەوە.
JOB 35:13 خودا گوێ لە داواکاری پووچیان ناگرێت، توانادارەکە تەماشای ناکات.
JOB 35:14 ئیتر چۆن گوێ لە تۆ بگرێت ئەگەر بڵێیت کە نایبینیت، داواکارییەکەت لەبەردەمیەتی و دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەیت،
JOB 35:15 هەروەها تووڕەییەکەی هەرگیز سزا نادات و گوێ نادات بە زۆری خراپەکاری.
JOB 35:16 بەم جۆرە ئەیوب لە هیچ دەمی کردووەتەوە و بەبێ زانین قسەی زل دەکات.»
JOB 36:1 دیسان ئەلیهو گوتی:
JOB 36:2 «تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
JOB 36:3 زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
JOB 36:4 بەڕاستی قسەکانم درۆ نین، ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.
JOB 36:5 «خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات، گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
JOB 36:6 خراپەکار ناژیێنێت و مافی زەلیلان دەدات.
JOB 36:7 چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات، بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و هەتاسەر پایەداریان دەکات.
JOB 36:8 ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە، ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
JOB 36:9 کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات، چونکە لووتبەرز بوون.
JOB 36:10 گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
JOB 36:11 ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن، ڕۆژگاریان بە باشە و ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
JOB 36:12 ئەگەر گوێش نەگرن، بە شمشێر لەناودەچن و بە نەزانی دەمرن.
JOB 36:13 «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە، تەنانەت کاتێک دەیانبەستێتەوە هاواری فریاکەوتن ناکەن.
JOB 36:14 لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان لە گەنجیێتیدا دەمرن.
JOB 36:15 بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.
JOB 36:16 «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
JOB 36:17 بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا، حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.
JOB 36:18 ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات، زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.
JOB 36:19 ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن لە تەنگانە دەتپارێزێت یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟
JOB 36:20 تامەزرۆی شەو مەبە، هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.
JOB 36:21 ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە، چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.
JOB 36:22 «خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە. کێ وەک ئەو مامۆستایە؟
JOB 36:23 کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟ یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“
JOB 36:24 لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت، کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن.
JOB 36:25 هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛ خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن.
JOB 36:26 خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن.
JOB 36:27 «دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت، دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛
JOB 36:28 لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت.
JOB 36:29 ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟
JOB 36:30 ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و قووڵایی دەریا دادەپۆشێت،
JOB 36:31 چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و بە پڕی خواردن دەدات.
JOB 36:32 بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات.
JOB 36:33 گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت، مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن.
JOB 37:1 «لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
JOB 37:2 بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی گوێ شل بکە!
JOB 37:3 لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی، بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
JOB 37:4 لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت، بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت. کاتێک دەنگ دەداتەوە بروسکەکەی ڕاناگرێت.
JOB 37:5 خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛ کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
JOB 37:6 بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“ هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
JOB 37:7 مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات، بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
JOB 37:8 گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
JOB 37:9 لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و لە باکووریشەوە سەرما.
JOB 37:10 لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
JOB 37:11 هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛ بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
JOB 37:12 بەگوێرەی خواستی ئەو لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
JOB 37:13 هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک، یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
JOB 37:14 «ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە! هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
JOB 37:15 ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات، یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
JOB 37:16 ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون، ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
JOB 37:17 ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
JOB 37:18 ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە، کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟
JOB 37:19 «پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛ لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
JOB 37:20 ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟ ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
JOB 37:21 ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
JOB 37:22 لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت، خودای شکۆدار و سامناک دێت.
JOB 37:23 ئێمە پەی بە خودای هەرە بەتوانای باڵادەست نابەین، کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
JOB 37:24 لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن، چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»
JOB 38:1 یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:
JOB 38:2 «ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و ڕاوێژی من تێک دەدات؟
JOB 38:3 ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە، پرسیارت لێ دەکەم و وەڵامم بدەوە.
JOB 38:4 «کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟ ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ.
JOB 38:5 کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت! یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟
JOB 38:6 بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند، یان کێ بەردی بناغەکەی دانا،
JOB 38:7 کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و هەموو فریشتەکان هوتافیان دەکێشا؟
JOB 38:8 «کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد، کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە،
JOB 38:9 کە هەورم کردە بەرگی و هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی،
JOB 38:10 کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و دەروازە و شمشیرەم بۆ دانا،
JOB 38:11 فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛ لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟
JOB 38:12 «ئایا لە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانتدا فەرمانت بە بەرەبەیان کردووە، هەتا زەردەی خۆر هەڵنەیێت،
JOB 38:13 هەتا ڕۆخەکانی زەوی بگرێت و بەدکارانی لێ بتەکێنێت؟
JOB 38:14 وەکو مۆرێک کە لە قوڕی دەدەیت، دەوەستێت هەروەکو بەرگی پۆشیبێت.
JOB 38:15 ڕووناکی لە بەدکاران قەدەغە دەکرێت و دەستی بەرزکراوەیان دەشکێنرێت.
JOB 38:16 «ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟
JOB 38:17 ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟
JOB 38:18 ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟ ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ.
JOB 38:19 «کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟ ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟
JOB 38:20 ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟
JOB 38:21 لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت! بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت!
JOB 38:22 «ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە،
JOB 38:23 ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە، بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟
JOB 38:24 لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟
JOB 38:25 کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و ڕێچکە بۆ باوبۆران؟
JOB 38:26 بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە، بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە،
JOB 38:27 بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات، وا بکات گیای لێ بڕووێت.
JOB 38:28 ئایا باران باوکی هەیە؟ ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟
JOB 38:29 بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟ شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت،
JOB 38:30 کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟
JOB 38:31 «ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە ببەستیت یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟
JOB 38:32 ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان لە کاتی خۆی دەربخەیت، یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟
JOB 38:33 ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت، یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟
JOB 38:34 «ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟
JOB 38:35 ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت، جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟
JOB 38:36 کێ دانایی دەبەخشێت یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟
JOB 38:37 کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،
JOB 38:38 کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟
JOB 38:39 «ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،
JOB 38:40 کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟
JOB 38:41 کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟
JOB 39:1 «ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟ یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟
JOB 39:2 ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟
JOB 39:3 چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و بەچکەکانیان دەبێت.
JOB 39:4 بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛ دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.
JOB 39:5 «کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟
JOB 39:6 ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و خوێڵێنم کردە ژینگەی.
JOB 39:7 بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت، گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.
JOB 39:8 لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت، بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.
JOB 39:9 «ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟
JOB 39:10 ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟ ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟
JOB 39:11 ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟
JOB 39:12 ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و بۆ سەر جۆخینەکەت کۆی بکاتەوە؟
JOB 39:13 «بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات، ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟
JOB 39:14 وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،
JOB 39:15 لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن.
JOB 39:16 لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛ گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،
JOB 39:17 چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە، لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.
JOB 39:18 کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن، بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.
JOB 39:19 «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت یان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟
JOB 39:20 ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟
JOB 39:21 بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت، بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.
JOB 39:22 بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛ لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.
JOB 39:23 تیردان شەقەشەقی بێت و خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.
JOB 39:24 بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات، هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
JOB 39:25 لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“ لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات، هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.
JOB 39:26 «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟
JOB 39:27 یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟
JOB 39:28 لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە، هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.
JOB 39:29 لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.
JOB 39:30 بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن، لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»
JOB 40:1 یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:
JOB 40:2 «ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟ ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»
JOB 40:3 ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
JOB 40:4 «من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟ من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.
JOB 40:5 جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم، دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»
JOB 40:6 یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:
JOB 40:7 «ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛ من پرسیارت لێ دەکەم و تۆش وەڵامم بدەوە.
JOB 40:8 «ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە، تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟
JOB 40:9 یان بازووێکت وەک خودا هەیە و بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟
JOB 40:10 ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە، ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.
JOB 40:11 لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،
JOB 40:12 سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە، لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.
JOB 40:13 تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە، لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.
JOB 40:14 منیش دان بەوەدا دەنێم، کە دەستی ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.
JOB 40:15 «سەیری بەهێمۆت بکە، کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد وەک مانگا گیا دەخوات.
JOB 40:16 ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.
JOB 40:17 کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛ ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.
JOB 40:18 ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن، چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.
JOB 40:19 ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە، بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.
JOB 40:20 چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.
JOB 40:21 لەژێر درەختەکانی لۆتس ڕادەکشێت، خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.
JOB 40:22 درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛ شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.
JOB 40:23 ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت، ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.
JOB 40:24 ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات، یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟
JOB 41:1 «ئایا دەتوانیت لیڤیاتان بە قولاپ ڕاو بکەیت، یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟
JOB 41:2 ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟
JOB 41:3 ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟
JOB 41:4 ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟
JOB 41:5 ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟
JOB 41:6 ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟
JOB 41:7 ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و سەریشی پڕ لە تیر؟
JOB 41:8 دەستت لەسەری دابنێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!
JOB 41:9 هیواخواستن بۆ گرتنی پووچە، هەر بە بینینی دەتۆقێت.
JOB 41:10 کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت، ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟
JOB 41:11 کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟ ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.
JOB 41:12 «بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.
JOB 41:13 کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟ کێ دەتوانێت هەردوو لای زرێیەکەی ببڕێت؟
JOB 41:14 کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟ ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.
JOB 41:15 پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە، بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛
JOB 41:16 بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.
JOB 41:17 هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛ پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.
JOB 41:18 کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛ چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.
JOB 41:19 لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە، پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.
JOB 41:20 لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت، هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.
JOB 41:21 هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت، گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.
JOB 41:22 هێزەکەی لە ملیدایە، لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.
JOB 41:23 گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە، بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.
JOB 41:24 سەرسەختە، بە جەرگ و چاونەوترسە.
JOB 41:25 کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن، لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.
JOB 41:26 شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت، نە ڕم و نە تیر.
JOB 41:27 ئاسن لەلای وەک کا وایە، بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.
JOB 41:28 تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛ بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.
JOB 41:29 گورز لەلای وەک کایە؛ بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.
JOB 41:30 ژێری پارچە گۆزەی تیژە، جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.
JOB 41:31 وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت، دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.
JOB 41:32 لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت، شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.
JOB 41:33 لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە، بۆ نەترسان دروستکراوە.
JOB 41:34 بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛ پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»
JOB 42:1 ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
JOB 42:2 «زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛ ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت.
JOB 42:3 پرسیارت کرد: ”ئەمە کێیە، بێ زانیاری ڕاوێژی من دەشارێتەوە؟“ بێگومان من ئەوەی تێی نەگەیشتم بە دەممدا هات، بە کارە سەرسوڕهێنەرەکان لەسەرمەوە کە نەمدەزانین.
JOB 42:4 «فەرمووت: ”ئێستا گوێ بگرە من قسە دەکەم؛ لێت دەپرسم و پێم دەڵێیت.“
JOB 42:5 بە گوێی خۆم هەواڵەکانی تۆم بیست، ئێستاش چاوەکانم تۆیان بینی.
JOB 42:6 لەبەر ئەوە خۆم ڕەت دەکەمەوە و لەناو خۆڵ و خۆڵەمێشدا تۆبە دەکەم.»
JOB 42:7 دوای ئەوەی یەزدان بەم وشانە قسەی لەگەڵ ئەیوبدا کرد، یەزدان بە ئەلیفازی تێمانی فەرموو: «تووڕەییم لە تۆ و لە هاوڕێیەکانت جۆشا، چونکە ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.
JOB 42:8 ئێستاش ئێوە حەوت گا و حەوت بەران ببەن و بڕۆن بۆ لای ئەیوبی بەندەم، لە پێناوی خۆتان قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن. ئەو کاتە ئەیوبی بەندەم لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکات، منیش قبوڵی دەکەم. من بەپێی گێلایەتییەکەی خۆتان هەڵسوکەوتتان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.»
JOB 42:9 ئیتر ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی ڕۆیشتن و ئەوەیان کرد کە یەزدان پێی فەرموون، یەزدانیش نوێژەکەی ئەیوبی قبوڵ کرد.
JOB 42:10 دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد.
JOB 42:11 ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.
JOB 42:12 یەزدان بەشی کۆتایی ژیانی ئەیوبی لە ژیانی ڕابردووی زیاتر بەرەکەتدار کرد، ئەیوبیش چواردە هەزار سەر مەڕ و شەش هەزار وشتر و هەزار جووت مانگا و هەزار ماکەری هەبوو.
JOB 42:13 هەروەها حەوت کوڕ و سێ کچیشی هەبوو.
JOB 42:14 کچی یەکەمی ناو نا یەمیما و دووەم قەچیعا و سێیەم قەرەن هەپوک.
JOB 42:15 لە هەموو خاکەکەشدا هیچ ئافرەتێک وەک کچەکانی ئەیوب جوان نەبوون، باوکیشیان لەنێو براکانیان میراتی پێدان.
JOB 42:16 ئەیوبیش پاش ئەوەی کە چاک بووە، سەد و چل ساڵ ژیا و چوار نەوەی خۆی بینی.
JOB 42:17 ئیتر ئەیوب تێری لە تەمەن خوارد و پیر بوو، پاشان مرد.
PSA 1:1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
PSA 1:2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی یەزدانە، شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
PSA 1:3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن، لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
PSA 1:4 بێگومان بەدکاران وانین، بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
PSA 1:5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن، نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
PSA 1:6 یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات، بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
PSA 2:1 بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
PSA 2:2 پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن:
PSA 2:3 «با کۆتەکانیان بشکێنین و زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»
PSA 2:4 ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
PSA 2:5 ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات، بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
PSA 2:6 «من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن داناوە، لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
PSA 2:7 من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم: پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
PSA 2:8 داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت، ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
PSA 2:9 بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»
PSA 2:10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن، سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
PSA 2:11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن، بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
PSA 2:12 کوڕەکە ماچ بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن، چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش. خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.
PSA 3:1 زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی کوڕی هەڵات. ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن! چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
PSA 3:2 زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن: «خودا ڕزگاری ناکات.»
PSA 3:3 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت، شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
PSA 3:4 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.
PSA 3:5 ڕادەکشێم و دەخەوم، بەئاگادێمەوە، چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
PSA 3:6 لە دەیان هەزار کەس ناترسم، ئەوانەی دەوریان گرتووم.
PSA 3:7 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودای من، ڕزگارم بکە! بێگومان لە بناگوێی دوژمنەکانم دەدەیت و کەڵبەی بەدکاران وردوخاش دەکەی.
PSA 3:8 ڕزگاری لە یەزدانەوەیە، با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.
PSA 4:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود. ئەی خودای ڕاستودروستم، کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە. لە تەنگانەدا بە هانامەوە وەرە، لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
PSA 4:2 ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟ هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟
PSA 4:3 بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە. یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.
PSA 4:4 کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن، بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
PSA 4:5 قوربانیی ڕاستودروست بکەن و پشت بە یەزدان ببەستن.
PSA 4:6 زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟» ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت.
PSA 4:7 تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.
PSA 4:8 ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم، چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.
PSA 5:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شمشاڵ. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە، لە ناڵەم وردبەرەوە.
PSA 5:2 گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام، چونکە لێت دەپاڕێمەوە.
PSA 5:3 ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت، بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم،
PSA 5:4 چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت، بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.
PSA 5:5 لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن، ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،
PSA 5:6 ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت، یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.
PSA 5:7 بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ، بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.
PSA 5:8 ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە، ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم،
PSA 5:9 چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە، ناوەڕۆکیان لەناوچوونە، قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.
PSA 5:10 ئەی خودایە، تاوانباریان بکە! با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە، لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە، چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.
PSA 5:11 بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن، با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن. دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە، هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.
PSA 5:12 بێگومان ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت، بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.
PSA 6:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە، لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
PSA 6:2 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم، ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
PSA 6:3 گیانم زۆر دەلەرزێت، هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟
PSA 6:4 ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە،
PSA 6:5 چونکە مردوو ناتوانێت یادی تۆ بکات. لە جیهانی مردووان کێ ستایشت دەکات؟
PSA 6:6 ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم! هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم، جێگاکەم تەڕ دەکەم.
PSA 6:7 چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون، بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.
PSA 6:8 ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە، چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە.
PSA 6:9 یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە، یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
PSA 6:10 هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن، لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.
PSA 7:1 لاواندنەوەی داود سەبارەت بە وتەکانی کوشی بنیامینی کە بە گۆرانی بۆ یەزدانی گوتووە. ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ، لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
PSA 7:2 ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن، پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.
PSA 7:3 ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە، ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
PSA 7:4 ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت، یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
PSA 7:5 با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت، با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و شکۆمەندیم بکەوێتە سەر خاک.
PSA 7:6 ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە، لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە. ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
PSA 7:7 کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
PSA 7:8 با یەزدان دادوەری گەلان بکات. ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە، بەگوێرەی دروستییەکەم.
PSA 7:9 ئەی خودای ڕاستودروست، کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی، خراپەی بەدکاران مەهێڵە، بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.
PSA 7:10 خودای هەرەبەرز قەڵغانی منە، ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
PSA 7:11 خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە، هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
PSA 7:12 ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە، خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات، کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
PSA 7:13 چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە، تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.
PSA 7:14 ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە، بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
PSA 7:15 چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات، بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو چاڵەی هەڵیکەندووە.
PSA 7:16 ئاژاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر خۆی و توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.
PSA 7:17 ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی، گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.
PSA 8:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە! تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
PSA 8:2 بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت، هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
PSA 8:3 کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم، کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە، مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
PSA 8:4 مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
PSA 8:5 کەمێک لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
PSA 8:6 دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا، تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
PSA 8:7 هەموو مەڕ و مانگاکان، هەروەها ئاژەڵی کێوی،
PSA 8:8 باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
PSA 8:9 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
PSA 9:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
PSA 9:2 بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.
PSA 9:3 کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن،
PSA 9:4 چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
PSA 9:5 تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
PSA 9:6 دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیانت وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت.
PSA 9:7 بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
PSA 9:8 بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
PSA 9:9 یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
PSA 9:10 ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.
PSA 9:11 گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە، لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن،
PSA 9:12 چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە، هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.
PSA 9:13 ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە،
PSA 9:14 تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم، هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.
PSA 9:15 نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو، پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
PSA 9:16 یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە، بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.
PSA 9:17 بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
PSA 9:18 بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن، ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.
PSA 9:19 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت، با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
PSA 9:20 ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە، با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.
PSA 10:1 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟ بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
PSA 10:2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن، گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
PSA 10:3 کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات، داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
PSA 10:4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە، هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
PSA 10:5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە، لە حوکمەکانی خودا ناگات، ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
PSA 10:6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت، هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
PSA 10:7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە، بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
PSA 10:8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت، خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
PSA 10:9 وەک شێر خۆی مات دەکات، خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان، بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
PSA 10:10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن، دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
PSA 10:11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە، چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
PSA 10:12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە، ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
PSA 10:13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟ بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
PSA 10:14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
PSA 10:15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە، تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
PSA 10:16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە، نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
PSA 10:17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت، دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
PSA 10:18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان، تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.
PSA 11:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. من پەنا دەبەمە بەر یەزدان، ئیتر چۆن ئێوە پێم دەڵێن: «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە،
PSA 11:2 چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و تیر دەخەنە بەر کەوان، بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
PSA 11:3 کاتێک بنچینەکان بڕووخێن، کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»
PSA 11:4 یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی، تەختی یەزدان لە ئاسمانە، تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
PSA 11:5 یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە، بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
PSA 11:6 پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت، گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.
PSA 11:7 لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و حەزی لە دادپەروەرییە، کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی دەکات.
PSA 12:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، ڕزگارمان بکە، چونکە کەسی خواناس نەماوە، چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە.
PSA 12:2 هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن، بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن.
PSA 12:3 یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت، هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن،
PSA 12:4 ئەوانەی دەڵێن: «بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین، بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین. کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟»
PSA 12:5 یەزدان دەڵێت: «لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و ناڵەی کڵۆڵان، ئێستا ڕادەپەڕم، ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ، لەوانەی پەستیان دەکەن.»
PSA 12:6 وتەکانی یەزدان وتەی پاکن، وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت، حەوت جار پاڵێوراوە.
PSA 12:7 ئەی یەزدان، دەمانپارێزیت و هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت.
PSA 12:8 بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن، کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن.
PSA 13:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟ هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
PSA 13:2 هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟ هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟
PSA 13:3 ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە، چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
PSA 13:4 نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،» نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.
PSA 13:5 بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە، دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
PSA 13:6 سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.
PSA 14:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات.
PSA 14:2 یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات.
PSA 14:3 هەموو ڕوویان وەرگێڕا، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.
PSA 14:4 ئایا ئەم هەموو گوناهبارانە هیچ نازانن؟ ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
PSA 14:5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت، چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
PSA 14:6 ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە پلانی هەژاران دەکەن، بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.
PSA 14:7 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت! کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە، با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!
PSA 15:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، کێ لە پیرۆزگای تۆ نیشتەجێ دەبێت؟ کێ لەسەر کێوی پیرۆزی تۆ دەژیێت؟
PSA 15:2 ئەو کەسەی ڕێگای تەواو دەگرێت و ڕاستودروستی پەیڕەو دەکات، لە دڵەوە بە ڕاستگۆیی قسە دەکات و
PSA 15:3 بە زمانی بوختان ناکات، کە خراپە لەگەڵ کەس ناکات و هاوڕێکەی شەرمەزار ناکات،
PSA 15:4 کە بە سووکایەتییەوە دەڕوانێتە خراپەکاران بەڵام ڕێزی ئەوانە دەگرێت کە ترسی یەزدانیان لە دڵدایە، کە سوێندی خۆی بەجێدەهێنێت، ئەگەر ببێتە مایەی زەرەریش بۆی،
PSA 15:5 کە پارە بە سوود نادات و بەرتیل وەرناگرێت لە دژی پیاوی بێتاوان. ئەوەی ئەم شتانە بکات، هەتاهەتایە جێی لەق نابێت.
PSA 16:1 پاڕانەوەیەکی داود. ئەی خودایە، بمپارێزە، چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.
PSA 16:2 بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی، بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
PSA 16:3 هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن، ئەوانە شکۆدارن.
PSA 16:4 ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون، دەردیان زۆر دەبێت. خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.
PSA 16:5 ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی، تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
PSA 16:6 گوریس کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من، بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
PSA 16:7 ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات، تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
PSA 16:8 هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە، لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
PSA 16:9 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە، تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
PSA 16:10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
PSA 16:11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە، خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.
PSA 17:1 نوێژێکی داود. ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە، بایەخ بە هاوارم بدە، گوێ لە نوێژەکەم بگرە، لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
PSA 17:2 ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت، چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.
PSA 17:3 ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت، ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت، پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
PSA 17:4 سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ، خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
PSA 17:5 هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو، پێم نەخلیسکاوە.
PSA 17:6 ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت، گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
PSA 17:7 جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە، ئەی ئەوەی بە دەستی ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
PSA 17:8 وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە، لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
PSA 17:9 لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر، لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.
PSA 17:10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە، بە دەمیش لاف لێدەدەن.
PSA 17:11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم، چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
PSA 17:12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە، وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.
PSA 17:13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە! بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
PSA 17:14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە، لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە، ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان، کوڕەکانیان تێر دەخۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.
PSA 17:15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم، کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.
PSA 18:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی: ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.
PSA 18:2 یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە.
PSA 18:3 لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
PSA 18:4 چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
PSA 18:5 پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
PSA 18:6 لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، هاوارم گەیشتە بەرگوێی.
PSA 18:7 ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
PSA 18:8 دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
PSA 18:9 ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
PSA 18:10 سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
PSA 18:11 بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی.
PSA 18:12 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون، تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە.
PSA 18:13 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
PSA 18:14 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
PSA 18:15 ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی تۆ، لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ.
PSA 18:16 لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
PSA 18:17 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
PSA 18:18 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
PSA 18:19 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
PSA 18:20 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
PSA 18:21 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
PSA 18:22 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە.
PSA 18:23 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.
PSA 18:24 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
PSA 18:25 لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
PSA 18:26 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
PSA 18:27 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.
PSA 18:28 ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت، خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
PSA 18:29 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
PSA 18:30 ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
PSA 18:31 لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
PSA 18:32 خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
PSA 18:33 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
PSA 18:34 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
PSA 18:35 قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت، هاوکاریت گەورەم دەکات.
PSA 18:36 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت.
PSA 18:37 دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
PSA 18:38 وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن.
PSA 18:39 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
PSA 18:40 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
PSA 18:41 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
PSA 18:42 وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن.
PSA 18:43 لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم، تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان، گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن.
PSA 18:44 هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن، بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن.
PSA 18:45 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
PSA 18:46 یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە!
PSA 18:47 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم،
PSA 18:48 لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
PSA 18:49 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
PSA 18:50 سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.
PSA 19:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
PSA 19:2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن، شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
PSA 19:3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە، دەنگیان نابیسترێت،
PSA 19:4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان. لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
PSA 19:5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە، وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
PSA 19:6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری، هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
PSA 19:7 فێرکردنی یەزدان تەواوە، دەروون دەبووژێنێتەوە. شەریعەتی یەزدان جێی متمانەیە، ساویلکە دەکەنە دانا.
PSA 19:8 ڕێنمایی یەزدان دروستە، دڵ خۆش دەکات. ڕاسپاردەی یەزدان پاکە، چاو ڕۆشن دەکات.
PSA 19:9 لەخواترسی بێگەردە، هەتاهەتایە سەقامگیرە. حوکمی یەزدان ڕاستە، بە تەواوی ڕاستودروستە.
PSA 19:10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن، لە زێڕی بێگەردی زۆر، لە هەنگوین شیرینترن، لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
PSA 19:11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە، پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
PSA 19:12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟ گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
PSA 19:13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە، وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت. ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم، لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
PSA 19:14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم جێی ڕەزامەندی تۆ بێت، ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم.
PSA 20:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت، با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
PSA 20:2 با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
PSA 20:3 با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.
PSA 20:4 با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
PSA 20:5 هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە. با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.
PSA 20:6 ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی ڕزگار دەکات، لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت، بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی.
PSA 20:7 هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ، بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
PSA 20:8 ئەوان چەمانەوە و کەوتن، بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
PSA 20:9 ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە! کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!
PSA 21:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت. چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!
PSA 21:2 ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووه.
PSA 21:3 بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
PSA 21:4 داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی، ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
PSA 21:5 بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە، تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
PSA 21:6 بێگومان بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ، بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
PSA 21:7 لەبەر ئەوەی پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.
PSA 21:8 دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات، دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
PSA 21:9 کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت، لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت، ئاگریش دەیانخوات.
PSA 21:10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت، نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
PSA 21:11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
PSA 21:12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن، کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.
PSA 21:13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە، گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.
PSA 22:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود. خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟ بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟
PSA 22:2 ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە، بە شەویش ئارامیم نییە.
PSA 22:3 لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت، لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
PSA 22:4 باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست، پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.
PSA 22:5 هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن، پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.
PSA 22:6 بەڵام من سەگم نەک مرۆڤ، مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.
PSA 22:7 هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن، توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:
PSA 22:8 «پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات. با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە.»
PSA 22:9 بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام، کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.
PSA 22:10 من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم، لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.
PSA 22:11 لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و کەس نییە یارمەتیم بدات.
PSA 22:12 گای زۆر دەوریان داوم، گایە بەهێزەکانی باشان ئابڵوقەیان داوم.
PSA 22:13 وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ، ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.
PSA 22:14 وەک ئاو ڕژام، هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە. دڵم بووە بە مۆم، لە ناخمدا تواوەتەوە.
PSA 22:15 هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە، زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە، منت خستە ناو خاکی مەرگ.
PSA 22:16 سەگ دەوریان داوم، تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم، دەست و پێیان کون کردووم.
PSA 22:17 هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم، ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە.
PSA 22:18 جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن، تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن.
PSA 22:19 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە، ئەی هێزی من، زوو بگە فریام.
PSA 22:20 ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە، ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ.
PSA 22:21 لە دەمی شێر ڕزگارم بکە، لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە.
PSA 22:22 ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم، لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.
PSA 22:23 ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن! ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن! ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
PSA 22:24 لەبەر ئەوەی بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات، ڕووی لێ وەرناگێڕێت، بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.
PSA 22:25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی، نەزرەکانم بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
PSA 22:26 هەژارەکان دەخۆن و تێر دەبن، ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن، دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.
PSA 22:27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو، هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
PSA 22:28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.
PSA 22:29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن، ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
PSA 22:30 نەوەکان دەیپەرستن، باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
PSA 22:31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە، چونکە ئەم کارەی کردووە.
PSA 23:1 زەبوورێکی داود. یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
PSA 23:2 لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
PSA 23:3 گیانم دەبووژێنێتەوە. بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات لە پێناوی ناوی خۆی.
PSA 23:4 ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم، لە هیچ خراپەیەک ناترسم، لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای، گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.
PSA 23:5 سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم، زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم، جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
PSA 23:6 بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون، بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.
PSA 24:1 زەبوورێکی داود. زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
PSA 24:2 چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.
PSA 24:3 کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟ کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
PSA 24:4 ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت، ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و بە درۆ سوێند نەخوات.
PSA 24:5 لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت، لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
PSA 24:6 ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت، ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.
PSA 24:7 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە، هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
PSA 24:8 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە، یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
PSA 24:9 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە! هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
PSA 24:10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.
PSA 25:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
PSA 25:2 ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە. ڕێ مەدە شەرمەزار بم، دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
PSA 25:3 هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە شەرمەزار نابن، بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.
PSA 25:4 ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە، ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
PSA 25:5 لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە، چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت، بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
PSA 25:6 ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت، چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
PSA 25:7 ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە، بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە، لە پێناوی چاکی خۆت.
PSA 25:8 یەزدان چاک و سەرڕاستە، بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
PSA 25:9 ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری، ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
PSA 25:10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.
PSA 25:11 ئەی یەزدان، لە پێناوی ناوی خۆت، لە گوناهم خۆشبە، هەرچەندە گەورەشە.
PSA 25:12 کێیە ئەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت؟ خودا فێری ئەو ڕێگایەی دەکات کە بۆی هەڵبژاردووە.
PSA 25:13 هەموو ڕۆژانی لە چاکەدا دەبێت و زەوی بە میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە.
PSA 25:14 خودا نهێنی خۆی بەوانە دەسپێرێت کە لێی دەترسن، وا دەکات پەیمانەکەی زانراو بێت لەلایان.
PSA 25:15 من هەمیشە چاوم ئاراستەی یەزدان کردووە، چونکە تەنها ئەو پێم لە تەڵە دەکاتەوە.
PSA 25:16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە تەنها و کڵۆڵم.
PSA 25:17 دڵتەنگیم زیاد بووە، لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە.
PSA 25:18 تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.
PSA 25:19 تەماشای دوژمنەکانم بکە چەند زۆر بوونە و چەند بە قینەوە ڕقیان لێمە.
PSA 25:20 ژیانم بپارێزە و ڕزگارم بکە، شەرمەزارم مەکە، چونکە پەنا وەبەر تۆ دەهێنم.
PSA 25:21 با دروستی و سەرڕاستی پارێزەرم بن، چونکە ئومێدم بە تۆیە.
PSA 25:22 ئەی خودایە، ئیسرائیل بکڕەوە لە هەموو تەنگانەکانی!
PSA 26:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم، پشتم بە یەزدان بەستووە، بەبێ دوودڵی.
PSA 26:2 ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە، مێشک و دڵم بپشکنە،
PSA 26:3 چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە، بە ڕاستیی تۆ ڕەفتار دەکەم.
PSA 26:4 لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم، تێکەڵی دووڕووان نابم.
PSA 26:5 ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
PSA 26:6 دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم، ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
PSA 26:7 بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
PSA 26:8 ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت، ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
PSA 26:9 گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆ مەکەوە، ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
PSA 26:10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە، ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
PSA 26:11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم، بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.
PSA 26:12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە، لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.
PSA 27:1 زەبوورێکی داود. یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ یەزدان قەڵای ژیانی منە، لە کێ بتۆقم؟
PSA 27:2 کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن، کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن، ساتمە دەکەن و دەکەون.
PSA 27:3 ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات، دڵم ناترسێت. ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم، ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.
PSA 27:4 داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم: کە هەموو ڕۆژانی ژیانم لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم، تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
PSA 27:5 لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا، لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە، بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت. بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.
PSA 27:6 ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم، لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم، سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
PSA 27:7 ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
PSA 27:8 سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!» ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
PSA 27:9 ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە، تۆ یارمەتیدەری من بوویت. ئەی خودای ڕزگارکەرم، ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
PSA 27:10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن، یەزدان دەمگرێتە خۆی.
PSA 27:11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە، لەبەر دوژمنەکانم.
PSA 27:12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە، چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە، هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.
PSA 27:13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە، کە لە خاکی زیندووان چاکەی یەزدان دەبینم.
PSA 27:14 چاوەڕێی یەزدان بە، خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە، چاوەڕێی یەزدان بە.
PSA 28:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم. ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە، چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت، وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
PSA 28:2 گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە، کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم، دەستەکانم بەرز دەکەمەوە بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.
PSA 28:3 لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە، ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن، بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن، بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
PSA 28:4 بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە، بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.
PSA 28:5 لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و بە کارەکانی دەستی، تێکیان دەشکێنێت و جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.
PSA 28:6 ستایش بۆ یەزدان، چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
PSA 28:7 یەزدان هێز و قەڵغانی منە، دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت، دڵم شاد دەبێت و بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.
PSA 28:8 یەزدان هێزی گەلەکەیەتی، قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی.
PSA 28:9 گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە، ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.
PSA 29:1 زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە». ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
PSA 29:2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
PSA 29:3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە، خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات، یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
PSA 29:4 دەنگی یەزدان بە هێزە، دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
PSA 29:5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت، یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
PSA 29:6 وا دەکات لوبنان وەک گوێرەکە ڕابکات و حەرمۆنیش وەک جوانەگای کێوی.
PSA 29:7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات بە بروسکە و تریسکەوە.
PSA 29:8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت یەزدان بیابانی قادێش دەلەرزێنێت.
PSA 29:9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە. لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
PSA 29:10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت، یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
PSA 29:11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت، یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
PSA 30:1 زەبوورێکی داود. گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا. ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم، چونکە هەڵتکێشام و نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
PSA 30:2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا، تۆش چاکت کردمەوە.
PSA 30:3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە، منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
PSA 30:4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن،
PSA 30:5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە، بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە. ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت، بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
PSA 30:6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم: «هەرگیز نالەقێم.»
PSA 30:7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت، منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند، بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە، پەرێشان بووم.
PSA 30:8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا، من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
PSA 30:9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە، ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟ ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟ ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
PSA 30:10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە! ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
PSA 30:11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی، جلوبەرگی گوشت لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
PSA 30:12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت. ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
PSA 31:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
PSA 31:2 گوێت بۆم شل بکە، بە زوویی فریام بکەوە، ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم، بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
PSA 31:3 لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی، لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
PSA 31:4 لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە، چونکە تۆ پەناگای منی.
PSA 31:5 ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم، ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.
PSA 31:6 من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن، من متمانەم بە یەزدان هەیە.
PSA 31:7 من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم، چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە.
PSA 31:8 نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان، بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم.
PSA 31:9 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام. چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان، ڕۆح و لەشم لە خەمان.
PSA 31:10 ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە، ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان، لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە، ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
PSA 31:11 بەهۆی دوژمنەکانمەوە، بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم، بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم، ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
PSA 31:12 لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم، وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
PSA 31:13 گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە، «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!» هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن، بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.
PSA 31:14 بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە، دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
PSA 31:15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە، لە دەستی دوژمنان و ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
PSA 31:16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
PSA 31:17 با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان، چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم، با بەدکاران شەرمەزار بن، لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن.
PSA 31:18 با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت، چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن.
PSA 31:19 چاکەت چەند مەزنە، کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن.
PSA 31:20 لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە، لە پیلانەکانی خەڵکی، لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت، لە زمانی سکاڵاکەران.
PSA 31:21 ستایش بۆ یەزدان، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام، کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم.
PSA 31:22 لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم: «لەبەرچاوت نەماوم!» بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت، کە هاوارم بۆت هێنا.
PSA 31:23 ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت! یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت، بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.
PSA 31:24 ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن، ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.
PSA 32:1 هۆنراوەیەکی داود. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە، گوناهەکانی داپۆشراوە.
PSA 32:2 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.
PSA 32:3 کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
PSA 32:4 لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.
PSA 32:5 ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و تاوانم ناشارمەوە. گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.
PSA 32:6 بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە، بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
PSA 32:7 تۆ پەناگای منیت، لە تەنگانە دەمپارێزی و بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.
PSA 32:8 خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
PSA 32:9 وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن، بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت، بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
PSA 32:10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت، خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»
PSA 32:11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
PSA 33:1 ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
PSA 33:2 بە ساز ستایشی یەزدان بکەن، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
PSA 33:3 سروودێکی نوێی بۆ بڵێن، بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.
PSA 33:4 لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدان ڕاستە، لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
PSA 33:5 یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت، زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
PSA 33:6 بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا، بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
PSA 33:7 ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
PSA 33:8 با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت، با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
PSA 33:9 لەبەر ئەوەی کە فەرمووی، پەیدا بوو، فەرمانی دا، بوو.
PSA 33:10 یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە، تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
PSA 33:11 بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت، تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.
PSA 33:12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدان خودایانە، بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
PSA 33:13 یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
PSA 33:14 لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
PSA 33:15 ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە، ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
PSA 33:16 هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت، هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
PSA 33:17 ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون، بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
PSA 33:18 بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە،
PSA 33:19 بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
PSA 33:20 ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین، یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
PSA 33:21 دڵمان بەو خۆشە، چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
PSA 33:22 ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت، بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.
PSA 34:1 زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت. هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم، هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
PSA 34:2 گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات، با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
PSA 34:3 با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین، با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.
PSA 34:4 ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات، لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
PSA 34:5 ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە، ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
PSA 34:6 ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو، لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
PSA 34:7 فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن، دەربازیان دەکات.
PSA 34:8 تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە! خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.
PSA 34:9 لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی، چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.
PSA 34:10 ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.
PSA 34:11 کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن، فێری لەخواترسیتان دەکەم.
PSA 34:12 چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟
PSA 34:13 زمانت لە خراپە بپارێزە و لێوەکانت لە فێڵبازی.
PSA 34:14 لە خراپە دوور بە و چاکە بکە، بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.
PSA 34:15 چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
PSA 34:16 ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە، تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.
PSA 34:17 سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت، لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.
PSA 34:18 یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.
PSA 34:19 پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت، بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
PSA 34:20 هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت، هیچیان ناشکێنرێت.
PSA 34:21 بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات، ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
PSA 34:22 یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.
PSA 35:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن، لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.
PSA 35:2 سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە، ڕاپەڕە و بگە فریام.
PSA 35:3 ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن. بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»
PSA 35:4 با ڕیسوا و شەرمەزار بن ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن، با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.
PSA 35:5 با وەک کای بەر بایان لێ بێت، فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.
PSA 35:6 با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.
PSA 35:7 لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە، بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،
PSA 35:8 با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات، با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە، با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.
PSA 35:9 ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت، بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.
PSA 35:10 هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن: «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟ تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن، هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»
PSA 35:11 شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە، پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.
PSA 35:12 بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە، گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.
PSA 35:13 بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی، بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە. کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،
PSA 35:14 وەک ئەوەی دۆست و برام بێت، پرسەدار بووم بۆی، وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە، لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
PSA 35:15 بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە، کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.
PSA 35:16 وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن، ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.
PSA 35:17 ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟ گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان، ژیانم لەو بەچکە شێرانە.
PSA 35:18 لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.
PSA 35:19 مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن، کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم. مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە، بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.
PSA 35:20 ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن، بەڵکو درۆ دادەڕێژن لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.
PSA 35:21 دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن: «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»
PSA 35:22 ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە. ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.
PSA 35:23 هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم، ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.
PSA 35:24 ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.
PSA 35:25 مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!» یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»
PSA 35:26 با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن، تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن. با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن، بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.
PSA 35:27 با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن، گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن. با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت، کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»
PSA 35:28 زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.
PSA 36:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدانە. جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە دەربارەی یاخیبوونی بەدکار: ترسی خودای لەبەرچاو نییە.
PSA 36:2 بە ڕادەیەک خۆی دەڕازێنێتەوە کە خۆی هەست بە گوناهی خۆی ناکات و ڕقی لێ نابێتەوە.
PSA 36:3 قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە، دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە.
PSA 36:4 تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە، خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە، هەڵە ڕەت ناکاتەوە.
PSA 36:5 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
PSA 36:6 ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە، دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە. ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
PSA 36:7 ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
PSA 36:8 بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن، تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
PSA 36:9 چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە، بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.
PSA 36:10 با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەردەوام بێت بۆ ئەوانەی دەتناسن، ڕاستودروستییەکەشت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.
PSA 36:11 با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز، دەستی بەدکاران وێڵم نەکات.
PSA 36:12 ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن، دەکەون و ناتوانن هەستنەوە!
PSA 37:1 زەبوورێکی داود. بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ، بەغیلی بە بەدکاران مەبە،
PSA 37:2 چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن، وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.
PSA 37:3 پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە، لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.
PSA 37:4 خۆشی لە یەزدان ببینە، داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.
PSA 37:5 ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:
PSA 37:6 ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات، بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.
PSA 37:7 لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە، کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون، کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.
PSA 37:8 لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە. مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.
PSA 37:9 بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.
PSA 37:10 پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت، دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.
PSA 37:11 بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.
PSA 37:12 خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،
PSA 37:13 بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.
PSA 37:14 بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.
PSA 37:15 بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت.
PSA 37:16 ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی، لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،
PSA 37:17 چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت، بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.
PSA 37:18 یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین، هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.
PSA 37:19 لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن، لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن.
PSA 37:20 بەڵام بەدکاران دەفەوتێن، دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن، وەک دووکەڵ لەناودەچن.
PSA 37:21 بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە، بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن.
PSA 37:22 ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە، بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.
PSA 37:23 یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ، بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ.
PSA 37:24 ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت، چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت.
PSA 37:25 من گەنج بووم و ئێستا پیرم، هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن.
PSA 37:26 هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات، منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن.
PSA 37:27 لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە، ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت،
PSA 37:28 چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات، واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ. هەتاهەتایە دەپارێزرێن، بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە.
PSA 37:29 ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن.
PSA 37:30 دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت، زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات.
PSA 37:31 فێرکردنی خودای خۆی لەناو دڵیەتی، بۆیە پێی ناخلیسکێت.
PSA 37:32 بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست، هەوڵدەدات بیکوژێت،
PSA 37:33 بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت، ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت.
PSA 37:34 چاوەڕێی یەزدان بکە و ڕێگای ئەو بگرە. ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە، کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت.
PSA 37:35 بەدکارم دی بێ ویژدان بوو، وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد،
PSA 37:36 بەڵام زوو تێپەڕی و نەما، هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو.
PSA 37:37 بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە.
PSA 37:38 بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن، دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە.
PSA 37:39 ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت، ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە.
PSA 37:40 یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات، لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات، چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.
PSA 38:1 زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە. ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە، بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
PSA 38:2 تیرەکانت منیان پێکا، دەستت منی خستە خوارەوە.
PSA 38:3 بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە، بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
PSA 38:4 تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون، وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
PSA 38:5 برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە، بەهۆی گێلایەتی خۆم.
PSA 38:6 پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە، بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
PSA 38:7 کەلەکەم پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر، تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
PSA 38:8 بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم، لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
PSA 38:9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە، ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
PSA 38:10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە، تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
PSA 38:11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن، خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
PSA 38:12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
PSA 38:13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت، وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
PSA 38:14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت، هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
PSA 38:15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە،
PSA 38:16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم دڵخۆش بن، یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
PSA 38:17 خەریکە دەکەوم، هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
PSA 38:18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم، بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
PSA 38:19 دوژمن چالاک و بەهێزن، ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
PSA 38:20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە، دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
PSA 38:21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە، ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
PSA 38:22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم، خێرا بگە فریام.
PSA 39:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون زەبوورێکی داود. گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم. ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە، دەمم بە لغاو دەبەستم.»
PSA 39:2 بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم، تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت، ئازارم زیاد بوو.
PSA 39:3 دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا، هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت، ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:
PSA 39:4 «ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە، هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە، بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
PSA 39:5 بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک، تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە. ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
PSA 39:6 «بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت، ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە، سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.
PSA 39:7 «ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟ هیوای من بە تۆیە.
PSA 39:8 لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە، مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
PSA 39:9 بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە، چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
PSA 39:10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە، بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
PSA 39:11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت، وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت، هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
PSA 39:12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، گوێ لە هاوارم بگرە، لە ئاست گریانم گوێت دامەخە، چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم، میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
PSA 39:13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە، پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»
PSA 40:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود. بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد، ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
PSA 40:2 لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە، لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام. پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
PSA 40:3 گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم، سروودێکی ستایش بۆ خودامان. زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و پشت بە یەزدان دەبەستن.
PSA 40:4 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت، ڕوو لە لووتبەرزان ناکات، لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
PSA 40:5 ئەی یەزدان، خودای من، زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە. ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت، ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە، ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
PSA 40:6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو گوێی منت کردەوە، داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
PSA 40:7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.
PSA 40:8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم، فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
PSA 40:9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم، ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت، دەمی خۆم ناگرم.
PSA 40:10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە، باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
PSA 40:11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە، با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت،
PSA 40:12 چونکە بەڵای بێشومار دەوری داوم، گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم. لە مووی سەرم زیاترن، ورەم بەرداوە.
PSA 40:13 یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم، یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.
PSA 40:14 با هەموو شەرمەزار و سووک بن، ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی. ببەزن و ڕیسوا بن ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
PSA 40:15 با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن، ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
PSA 40:16 بەڵام با هەموو ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن شاد و دڵخۆش بن. با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!» ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
PSA 40:17 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم، با پەروەردگار بایەخم پێبدات. یارمەتی و دەربازکەرم تۆی، ئەی خودای من، دوا مەکەوە.
PSA 41:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە، یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
PSA 41:2 یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە، لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
PSA 41:3 یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
PSA 41:4 گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
PSA 41:5 دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن: «کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
PSA 41:6 کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت، بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە، کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
PSA 41:7 هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن، پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
PSA 41:8 «دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە، لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
PSA 41:9 تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو، ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.
PSA 41:10 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
PSA 41:11 بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت، چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
PSA 41:12 بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
PSA 41:13 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.
PSA 42:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
PSA 42:2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم؟
PSA 42:3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
PSA 42:4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
PSA 42:5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
PSA 42:6 گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە.
PSA 42:7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
PSA 42:8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
PSA 42:9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: «بۆچی لە یادت کردووم؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
PSA 42:10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم ناحەزانم توانجم تێدەگرن، بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
PSA 42:11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
PSA 43:1 ئەی خودایە، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، پارێزگاریم لێ بکە لە نەتەوەیەکی خوانەناس، لە پیاوی فێڵباز و لە زۆردار دەربازم بکە.
PSA 43:2 تۆ خودا و قەڵای منی. بۆ وازت لێ هێنام؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟
PSA 43:3 ڕووناکی و ڕاستی خۆت بنێرە، با ئەوان ڕێنماییم بکەن، با ئەوان بمهێننە کێوی پیرۆزت، بۆ نشینگەکەت.
PSA 43:4 ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا، خودای خۆشی و دڵشادیم، خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم.
PSA 43:5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
PSA 44:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان، باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین، تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان، لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
PSA 44:2 بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و باوباپیرانی ئێمەت چاند، گەلانت وردوخاش کرد و گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
PSA 44:3 ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکەکەدا نەگرت، بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، بەڵکو دەستی ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو، هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.
PSA 44:4 تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
PSA 44:5 لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
PSA 44:6 من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
PSA 44:7 بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
PSA 44:8 بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین.
PSA 44:9 بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
PSA 44:10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
PSA 44:11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
PSA 44:12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.
PSA 44:13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
PSA 44:14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
PSA 44:15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
PSA 44:16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.
PSA 44:17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
PSA 44:18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
PSA 44:19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.
PSA 44:20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە، یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
PSA 44:21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو، چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
PSA 44:22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.
PSA 44:23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟ هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە!
PSA 44:24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟ بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟
PSA 44:25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە، سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
PSA 44:26 ڕاپەڕە! بگە فریامان! لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.
PSA 45:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند. دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت، کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە، زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
PSA 45:2 تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە، چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
PSA 45:3 ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە، شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.
PSA 45:4 بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە، لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری، با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.
PSA 45:5 با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن، با گەلان لەبەر پێت بکەون.
PSA 45:6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
PSA 45:7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە، بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.
PSA 45:8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا و کاسیا بۆندار بووە، لە کۆشکی بە عاج ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
PSA 45:9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن، شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە لەلای دەستی ڕاستتە.
PSA 45:10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە، گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
PSA 45:11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە، کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
PSA 45:12 دانیشتووانی شاری سور بە دیارییەوە دێن، خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
PSA 45:13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە، جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
PSA 45:14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن، یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ دێنن.
PSA 45:15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن، دێنە ناو کۆشکی پاشا.
PSA 45:16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە، دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
PSA 45:17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە، بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.
PSA 46:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت. خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت.
PSA 46:2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
PSA 46:3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات، چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن.
PSA 46:4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
PSA 46:5 خودا لە ناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت، لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
PSA 46:6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون، خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
PSA 46:7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە.
PSA 46:8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن، ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
PSA 46:9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان، کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات، گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
PSA 46:10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»
PSA 46:11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە.
PSA 47:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن، بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
PSA 47:2 یەزدانی هەرەبەرز بە سامە، پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
PSA 47:3 نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان، گەلانی خستە ژێر پێمان.
PSA 47:4 میراتی بۆ هەڵبژاردین، ئەو خاکە کە شانازی نەوەی یاقوبە، ئەوانەی کە ئەو خۆشیویستن.
PSA 47:5 لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە، یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
PSA 47:6 گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش، گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
PSA 47:7 خودا پاشای هەموو زەوییە، هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
PSA 47:8 خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات، خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
PSA 47:9 سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە، چونکە پاشاکانی زەوی هی خودان، ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.
PSA 48:1 گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە، لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.
PSA 48:2 کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا، خۆشی هەموو زەوییە، وەک لووتکەی شاخی چافۆن، شاری پاشای گەورەیە.
PSA 48:3 خودا لەناو قەڵاکانی وەک پەناگایەک ناسراوە.
PSA 48:4 ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە، ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
PSA 48:5 کە بینییان تاسان، بە ترسەوە هەڵاتن.
PSA 48:6 لەوێ لەرزیان لێهات، ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
PSA 48:7 وەک کەشتییەکانی تەرشیش تێکت شکاندن، بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.
PSA 48:8 هەروەک بیستمان، ئاواش بینیمان لە شاری یەزدانی سوپاسالار، لە شاری خودامان: «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»
PSA 48:9 ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
PSA 48:10 ئەی خودایە، وەک ناوت ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی، دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
PSA 48:11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت، کچانی یەهودا دڵخۆش دەبن بەهۆی دادوەرییەکانت.
PSA 48:12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە، قوللەکانی بژمێرن،
PSA 48:13 لە شووراکانی وردبنەوە، بڕواننە قەڵاکانی، هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.
PSA 48:14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە، هەتا مردنیش ئەو ڕابەرمانە.
PSA 49:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی هەموو گەلان، ئەمە ببیستن، ئەی هەموو دانیشتووانی زەوی، گوێ بگرن،
PSA 49:2 پایەبەرز و پایەنزم، هەژار و دەوڵەمەند پێکەوە.
PSA 49:3 دەمم باسی دانایی دەکات، لێکدانەوەی دڵم تێگەیشتنە.
PSA 49:4 گوێ بۆ پەند شل دەکەم، بە قیسارە مەتەڵەکەم ڕوون دەکەمەوە.
PSA 49:5 بۆ لە ڕۆژانی تەنگانە بترسم، کاتێک فێڵبازە خراپەکارەکان دەورم دەگرن؟
PSA 49:6 ئەوانەن کە پشت بە سامانیان دەبەستن، شانازی بە دەوڵەمەندییەکەیان دەکەن.
PSA 49:7 کەس ناتوانێت ژیانی براکەی بکڕێتەوە، یان کەفارەتی ئەو بداتە خودا.
PSA 49:8 کڕینەوەی ژیان زۆر گران دەکەوێت، هەرگیز ناتوانرێت نرخی تەواوی بدرێت،
PSA 49:9 تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و گۆڕ نەبینێت.
PSA 49:10 بێگومان هەموو دەبینن کە تەنانەت کەسە داناکانیش دەمرن، نەزانەکان و گێلەکان وەک یەک لەناودەچن و سامانیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن.
PSA 49:11 گۆڕیان ماڵی هەتاهەتاییانە، شوێنی نیشتەجێبوونیانە نەوە دوای نەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەویشیان بە ناوی خۆیانەوە ناودەنا.
PSA 49:12 مرۆڤ هەرچەندە دەوڵەمەند بێت نامێنێت، وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
PSA 49:13 ئەمە ڕێگای ئەوانەیە کە پشت بە خۆیان دەبەستن، ئەوانەش کە دوایان دەکەون بە قسەکانیان پەسەندی دەکەن.
PSA 49:14 ئەوانە وەک مەڕن و چارەنووسیان مەرگە، مەرگ دەبێتە شوانیان. لە بەیانیدا سەرڕاستەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکەن، شێوەیان دادەڕزێت، جیهانی مردووان دەبێتە ماڵیان.
PSA 49:15 بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە، چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.
PSA 49:16 ترست لێ نەنیشێت ئەگەر یەکێک دەوڵەمەند بوو، شکۆمەندی ماڵەکەی زیاد بوو،
PSA 49:17 چونکە کە مرد هیچ لەگەڵ خۆی نابات، شکۆیەکەی بەدوایەوە نابێت.
PSA 49:18 لەگەڵ ئەوەی کاتێک زیندووە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت، ستایش دەکرێیت کاتێک سەرکەوتوو بیت.
PSA 49:19 بەڵام ئەویش بۆ نەوەی باوباپیرانی دەڕوات، ئەوانەی هەتاهەتایە چاویان بە ڕووناکی ناکەوێتەوە.
PSA 49:20 مرۆڤ دەوڵەمەندیش بێت ئەگەر تێنەگات، وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
PSA 50:1 زەبوورێکی ئاساف. خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.
PSA 50:2 لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە، خودا پڕشنگ دەدات.
PSA 50:3 خودامان دێت و بێدەنگ نابێت، ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت، گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.
PSA 50:4 بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی، هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:
PSA 50:5 «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم، کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»
PSA 50:6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، چونکە خودا خۆی دادوەرە.
PSA 50:7 «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم، ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم: من خودام، خودای تۆم.
PSA 50:8 سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت، قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.
PSA 50:9 من پێویستیم بە گای ماڵەکەت نییە، پێویستیم بە گیسکی ناو پشتیرەکەت نییە،
PSA 50:10 چونکە هەموو گیانلەبەرانی دارستان هی منن، هەروەها مێگەلەکانی سەر هەزارەها گرد.
PSA 50:11 هەموو باڵندەی چیاکان دەزانم، هەموو زیندەوەرانی دەشتودەر هی منن.
PSA 50:12 ئەگەر برسی بم، بە تۆ ناڵێم، چونکە جیهان و هەرچی تێیدایە هی منە.
PSA 50:13 ئایا من گۆشتی گا دەخۆم، یان خوێنی گیسک دەخۆمەوە؟
PSA 50:14 «قوربانی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکە، نەزرەکانت بەرامبەر هەرەبەرز بهێنە دی،
PSA 50:15 لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە، دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.»
PSA 50:16 بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ: «تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت، یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟
PSA 50:17 تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە.
PSA 50:18 کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت، بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە.
PSA 50:19 دەمت بە خراپە دەکەیتەوە، زمانت فێڵبازی دادەهێنێت.
PSA 50:20 دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت، بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت.
PSA 50:21 ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم، وات زانی منیش وەک تۆم. بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم.
PSA 50:22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
PSA 50:23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات، ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
PSA 51:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع جووتبوو. ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە، بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
PSA 51:2 بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و لە گوناهم پاکم بکەرەوە،
PSA 51:3 چونکە من یاخیبوونم دەزانم، هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
PSA 51:4 لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد، لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد، تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت، دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
PSA 51:5 ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم، گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
PSA 51:6 ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت، لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
PSA 51:7 بە زوفا پاکم بکەرەوە پاک دەبم، بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
PSA 51:8 با گوێم لە شادی و خۆشی بێت، با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
PSA 51:9 چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
PSA 51:10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
PSA 51:11 لە بەرچاوی خۆت دەرم مەکە، ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
PSA 51:12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە، بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
PSA 51:13 ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم، گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.
PSA 51:14 ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە، هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
PSA 51:15 ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.
PSA 51:16 تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم، بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
PSA 51:17 قوربانی بۆ خودا ڕۆحێکی شکاوە، ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.
PSA 51:18 بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە، شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە.
PSA 51:19 ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت، ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.
PSA 52:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ. ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟ ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا، بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
PSA 52:2 زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت، وەک گوێزانێکی تیژ وایە، خەریکی فێڵبازییە.
PSA 52:3 زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە، لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.
PSA 52:4 حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە، ئەی زمانی فێڵباز!
PSA 52:5 بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات، دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت، ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
PSA 52:6 ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن، پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
PSA 52:7 «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی، بەڵکو پشتی بە زۆریی سامانەکەی بەستبوو، بە تێکشکاندنی کەسانی دیکە بەهێز بوو!»
PSA 52:8 بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم، هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
PSA 52:9 هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت، ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.
PSA 53:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود. گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.» ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات.
PSA 53:2 خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات.
PSA 53:3 هەموو هەڵگەڕانەوە، هەموو گەندەڵ بوون، کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.
PSA 53:4 ئایا ئەم هەموو گوناهبارانە هیچ نازانن؟ ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
PSA 53:5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت، کە هیچ ترسی لێ نەبوو. خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت، ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.
PSA 53:6 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت! کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە، با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!
PSA 54:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. هۆنراوەیەکی داودە کاتێک زیفییەکان هاتن و بە شاولیان گوت: «داود لەلای ئێمە خۆی شاردووەتەوە.» ئەی خودایە، بە ناوی خۆت ڕزگارم بکە، بە هێزی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە.
PSA 54:2 ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە، قسەکانی دەمم ببیستە.
PSA 54:3 بێگانە لێم هەستاون، دڵڕەقەکان دەیانەوێ بمکوژن، ئەوانەی ڕوویان لە خودا نەکردووە.
PSA 54:4 بە ڕاستی خودا یارمەتیدەری منە، پەروەردگار پشتگیری گیانم دەکات.
PSA 54:5 با خراپە بگەڕێتەوە سەر دوژمنەکانم، بە دڵسۆزی خۆت لە ناویان ببە.
PSA 54:6 ئەی یەزدان، بەخشینی ئازادت پێشکەش دەکەم، ستایشی ناوت دەکەم، چونکە چاکە.
PSA 54:7 لە هەموو تەنگانەکان دەربازی کردووم، سەرکەوتووانە چاوم بڕیوەتە دوژمنەکانم.
PSA 55:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود. ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە، پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
PSA 55:2 گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە. سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
PSA 55:3 لە بیستنی دەنگی دوژمن، لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران، چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.
PSA 55:4 دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە، ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
PSA 55:5 ترس و لەرز دایگرتووم، تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
PSA 55:6 گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو، دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
PSA 55:7 بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و لە چۆڵەوانی دەمامەوە.
PSA 55:8 پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم، دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»
PSA 55:9 ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە، چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
PSA 55:10 شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
PSA 55:11 وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە، دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.
PSA 55:12 ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە، بەرگەم دەگرت، ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە، دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
PSA 55:13 بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی، هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
PSA 55:14 کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو، بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.
PSA 55:15 با مەرگ چەواشەیان بکات، با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان، چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
PSA 55:16 بەڵام هاواری من بۆ خودایە، یەزدانیش ڕزگارم دەکات.
PSA 55:17 ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان گلەیی دەکەم و دەناڵێنم، ئەویش گوێم لێ دەگرێت.
PSA 55:18 گیانمی بە تەواوی کڕییەوە لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە، چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.
PSA 55:19 خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە، گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛ ئەوانەی ناگۆڕێن و ترسی خودایان لە دڵدا نییە.
PSA 55:20 هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی، پەیمانی خۆی دەشکێنێت.
PSA 55:21 زمانی وەک کەرە لووسە، بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە. قسەی لە ڕۆن نەرمترە، بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.
PSA 55:22 خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.
PSA 55:23 بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر، خوێنڕێژ و فێڵبازەکان، ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە. بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.
PSA 56:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان لەسەر ئاوازی گۆرانی «کۆتر لەسەر دار بەڕوو دوورن.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک فەلەستییەکان لە گەت گرتیان. ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە خەڵک ڕاوم دەنێن، بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من دەجەنگن.
PSA 56:2 دوژمنانم بە درێژایی ڕۆژ ڕاوم دەنێن، چونکە زۆرن ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە دەمچەوسێننەوە.
PSA 56:3 کاتێک ترسم لێ دەنیشێت، من پشت بە تۆ دەبەستم.
PSA 56:4 بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم، مرۆڤ چیم لێ دەکات؟
PSA 56:5 بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن، هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن.
PSA 56:6 گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن، چاویان لە هەنگاوەکانمە، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.
PSA 56:7 لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە، ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە.
PSA 56:8 خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی، فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە، ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟
PSA 56:9 لەو ڕۆژەی هاوار بۆ تۆ دەکەم، دوژمنەکانم بەرەو پاش دەکشێنەوە. بەمە دەزانم کە خودا لەگەڵمە.
PSA 56:10 بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم، بە یەزدان، کە ستایشی وشەکەی دەکەم،
PSA 56:11 بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم. مرۆڤ چیم لێ دەکات؟
PSA 56:12 ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم، قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم.
PSA 56:13 بێگومان تۆ لە مردن فریای گیانم دەکەویت، تۆ پێیەکانی من لە خلیسکان دەپارێزیت، تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.
PSA 57:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە. لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ، من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ، هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.
PSA 57:2 بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم، بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت.
PSA 57:3 لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات، ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن. خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت.
PSA 57:4 گیانم لەناو شێرانە، لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم، ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن، زمانیشیان شمشێری تیژە.
PSA 57:5 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
PSA 57:6 تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم، گیانم پەرێشانە. چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند، بەڵام خۆیان تێی کەوتن.
PSA 57:7 دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە، سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
PSA 57:8 ئەی گیانی من، هەستە! ئەی ساز و قیسارە، هەستن! من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
PSA 57:9 ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم، لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
PSA 57:10 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
PSA 57:11 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
PSA 58:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود. ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟ ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
PSA 58:2 بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن، هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.
PSA 58:3 بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان، لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
PSA 58:4 ژەهریان وەک ژەهری مارە، وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
PSA 58:5 کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت، هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.
PSA 58:6 ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە، ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
PSA 58:7 با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن، با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
PSA 58:8 وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات، وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.
PSA 58:9 پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن، چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
PSA 58:10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت، پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
PSA 58:11 ئینجا خەڵکی دەڵێن: «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە، بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»
PSA 59:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە، کاتێک شاول پیاوی نارد بۆ ئەوەی چاودێری ماڵی داود بکەن و بیکوژن. ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم، بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.
PSA 59:2 فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران، ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.
PSA 59:3 ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە! ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم، بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.
PSA 59:4 هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم. ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!
PSA 59:5 تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان، لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.
PSA 59:6 دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
PSA 59:7 ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و شمشێر لە لێویانە، دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»
PSA 59:8 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.
PSA 59:9 ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.
PSA 59:10 خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.
PSA 59:11 ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە، ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت. بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و بەریان بدەوە.
PSA 59:12 لەبەر گوناهەکانی دەمیان، لەبەر وتەکانی لێویان، با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن. لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،
PSA 59:13 لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە، بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن. ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات، هەتا ئەوپەڕی زەوی.
PSA 59:14 دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
PSA 59:15 بەدوای خواردندا وێڵ دەبن، دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.
PSA 59:16 بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.
PSA 59:17 ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.
PSA 60:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی میسۆپۆتامیا و ئارامییەکانی چۆڤا، هەروەها کاتێک یۆئاب گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند، تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە!
PSA 60:2 تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد، شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە.
PSA 60:3 کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا، بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی.
PSA 60:4 بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد، بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە.
PSA 60:5 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە، بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
PSA 60:6 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی: «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و دۆڵی سوکۆت دەپێوم.
PSA 60:7 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە، ئەفرایم کڵاوی منە، یەهودا داری دەسەڵاتی منە،
PSA 60:8 مۆئاب دەستشۆرمە، پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم، لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
PSA 60:9 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟ کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
PSA 60:10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
PSA 60:11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە، چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
PSA 60:12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
PSA 61:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە. ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت، گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
PSA 61:2 لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم، کە دڵم لاواز دەبێت، پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر،
PSA 61:3 چونکە تۆ پەناگای منی، قوللەیەکی بەهێزی لە ڕووی دوژمن.
PSA 61:4 با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.
PSA 61:5 ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت، منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.
PSA 61:6 درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا، بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.
PSA 61:7 با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دابنیشێت، دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.
PSA 61:8 ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم، ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.
PSA 62:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون، زەبوورێکی داود. گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت، ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.
PSA 62:2 تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.
PSA 62:3 هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟ ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن، وەک شوورایەکی داڕووخاو؟
PSA 62:4 تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن، خۆشییان لە درۆوە دێت. بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن، بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.
PSA 62:5 ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە، چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.
PSA 62:6 تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، نالەقێم.
PSA 62:7 ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە، تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.
PSA 62:8 هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن، دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن، چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.
PSA 62:9 ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە، مرۆڤ تەنها درۆیەکە، ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین، هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.
PSA 62:10 پشت بە زۆرداری مەبەستن، پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن. ئەگەر سامانتان زیادی کرد، دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.
PSA 62:11 جارێک خودا فەرموویەتی، دوو جار بیستوومە: کە هێز هەر هی خودایە،
PSA 62:12 هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار. بێگومان تۆش، هەرکەسێک بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.
PSA 63:1 زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو. ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت، گیانم تینووی تۆیە، جەستەم شەیدای تۆیە، لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
PSA 63:2 لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
PSA 63:3 لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە، لێوەکانم ستایشت دەکەن.
PSA 63:4 بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم، بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
PSA 63:5 گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری، بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
PSA 63:6 لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە،
PSA 63:7 چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
PSA 63:8 گیانم بە تۆوە بەندە، دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
PSA 63:9 بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن، بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
PSA 63:10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.
PSA 63:11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت، هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن، چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.
PSA 64:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە. ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە، ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.
PSA 64:2 لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە، لە کۆمەڵی خراپەکاران.
PSA 64:3 کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە، قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە.
PSA 64:4 لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن، لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن.
PSA 64:5 بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن، دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن، دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»
PSA 64:6 تەگبیر بۆ تاوان دەکەن، دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!» بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.
PSA 64:7 بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت، لەناکاو برینداریان دەکات.
PSA 64:8 زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان، هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.
PSA 64:9 هەموو ئادەمیزاد دەترسن، کاری خودا ڕادەگەیەنن و بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.
PSA 64:10 با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و پەنا ببەنە بەر ئەو، با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!
PSA 65:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک. ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە، نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
PSA 65:2 ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت، هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
PSA 65:3 کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو، تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
PSA 65:4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین! تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت، لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
PSA 65:5 بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە، ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
PSA 65:6 کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە، بە توانا خۆتت چەکدار کردووە،
PSA 65:7 کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە، هەڵچوونی شەپۆلەکانیان، هەروەها ئاژاوەی گەلان.
PSA 65:8 ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەترسن. لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران، گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
PSA 65:9 بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت، زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت، جۆگەکانی خودا پڕ ئاون، دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت، چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
PSA 65:10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و تەخت و ڕێکیان دەکەیت، بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
PSA 65:11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
PSA 65:12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن، ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
PSA 65:13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن، دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان، لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.
PSA 66:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک. ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
PSA 66:2 بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن، ستایشی شکۆدار بکەن!
PSA 66:3 بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن! هێزت ئەوەندە گەورەیە، دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
PSA 66:4 سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»
PSA 66:5 وەرن کردارەکانی خودا ببینن، کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
PSA 66:6 دەریای گۆڕی بۆ وشکانی، ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە. با بە ئەو شادمان بین.
PSA 66:7 بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات، چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن، با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.
PSA 66:8 ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن، با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
PSA 66:9 کە گیانی ئێمەی بە زیندوویی پاراستووە و نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
PSA 66:10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە، وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
PSA 66:11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
PSA 66:12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن، بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین، بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
PSA 66:13 بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت، نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
PSA 66:14 ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا، لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
PSA 66:15 ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی، لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی، تەگە و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
PSA 66:16 ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن، با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
PSA 66:17 بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد، ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
PSA 66:18 ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە، پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
PSA 66:19 بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم، گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
PSA 66:20 ستایش بۆ خودا، کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.
PSA 67:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک. با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات، ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە،
PSA 67:2 تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت، ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان.
PSA 67:3 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن، با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
PSA 67:4 با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن، چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت.
PSA 67:5 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن، با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
PSA 67:6 ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات، خودا، خودامان، بەرەکەتدارمان دەکات.
PSA 67:7 خودا بەرەکەتدارمان دەکات، سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن.
PSA 68:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک. با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە! با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!
PSA 68:2 وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت، وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر، با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.
PSA 68:3 بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن.
PSA 68:4 گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن.
PSA 68:5 باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.
PSA 68:6 خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.
PSA 68:7 ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد، کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت،
PSA 68:8 زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد لەبەردەم خودا، خودای سینا، لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.
PSA 68:9 ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند، میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.
PSA 68:10 کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن، خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.
PSA 68:11 پەروەردگار فەرمانی دا و کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:
PSA 68:12 «پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن! ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،
PSA 68:13 تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن، باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»
PSA 68:14 کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد، وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن.
PSA 68:15 چیای باشان چیای خودایە، چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.
PSA 68:16 ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟
PSA 68:17 گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.
PSA 68:18 ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد، دیاریت لە خەڵک وەرگرت، تەنانەت لە یاخییەکانیش، ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.
PSA 68:19 ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان، ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.
PSA 68:20 خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە، لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.
PSA 68:21 بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە، تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.
PSA 68:22 پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە، لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،
PSA 68:23 بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت، زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»
PSA 68:24 ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی، کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
PSA 68:25 گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و ساز لێدەرەکان لە دواوە، کچۆڵە دەف لێدەرەکان لە ناوەڕاستیان.
PSA 68:26 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن، ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
PSA 68:27 ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە، کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا، سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.
PSA 68:28 ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە، ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
PSA 68:29 لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم، پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
PSA 68:30 سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە، ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان، تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات. ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
PSA 68:31 باڵوێز لە میسرەوە دێن، کوش دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.
PSA 68:32 ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
PSA 68:33 بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین، ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
PSA 68:34 با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت، ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە، ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
PSA 68:35 خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت، خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی. ستایش بۆ خودا!
PSA 69:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود. ئەی خودایە، ڕزگارم بکە، چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
PSA 69:2 لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم، جێی پێی تێدا نییە. چوومەتە ناو قووڵایی ئاو، لافاو ڕایماڵیوم.
PSA 69:3 ماندوو بووم لە هاوارکردن، گەرووم ژان دەکات، چاوەکانم کز بوون هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
PSA 69:4 ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە لە مووی سەرم زۆرترن، زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن، ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن. ئەوەی نەمدزیوە ئێستا دەبێت بیدەمەوە.
PSA 69:5 ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت، تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.
PSA 69:6 ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە، بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن. ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن، بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن.
PSA 69:7 لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت، شەرمەزاری ڕووی داگرتم.
PSA 69:8 لەلای براکانم بووم بە بیانی، لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە.
PSA 69:9 دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت، جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.
PSA 69:10 کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە، بوو بە سووکایەتی بۆم.
PSA 69:11 جلوبەرگی گوشم پۆشی، بووم بە پەند لەلایان،
PSA 69:12 بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن، مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن.
PSA 69:13 ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە، لە کاتی ڕەزامەندیت، ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
PSA 69:14 دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم، لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
PSA 69:15 با لافاو ڕام نەماڵێت، قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت، زەوی قووتم نەدات.
PSA 69:16 ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،
PSA 69:17 ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە، چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە.
PSA 69:18 لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە، لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.
PSA 69:19 تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت، هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن.
PSA 69:20 ڕیسوایی دڵی شکاندووم، نەخۆش کەوتووم، چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو، چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت.
PSA 69:21 ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا، لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام.
PSA 69:22 با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان، ببێتە سزا و تەڵەیان.
PSA 69:23 با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.
PSA 69:24 هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە، با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.
PSA 69:25 با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت، کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!
PSA 69:26 ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.
PSA 69:27 تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان، بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.
PSA 69:28 لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە، لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.
PSA 69:29 ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام، با ڕزگاریت بمپارێزێت.
PSA 69:30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم، بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
PSA 69:31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە، لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
PSA 69:32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن، ئەی ئەوانەی ڕوو لە خودا دەکەن، با دڵتان ببووژێتەوە!
PSA 69:33 یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت، بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.
PSA 69:34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن، دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
PSA 69:35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە، لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
PSA 69:36 دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی، ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.
PSA 70:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، بۆ داود، بۆ یادکردنەوە. ئەی خودایە، خێرابە بۆ دەربازکردنم، ئەی یەزدان، پەلە بکە لە یارمەتیدانم.
PSA 70:2 با شەرمەزار و سووک بن ئەوانەی گیانی منیان دەوێت، با ببەزن و ڕیسوا بن ئەوانەی حەز بە خراپەی من دەکەن.
PSA 70:3 با هەڵبێن لە شەرمان ئەوانەی پێم دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
PSA 70:4 بەڵام با هەموو ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن، شاد و دڵخۆش بن. با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت خودا!» ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
PSA 70:5 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم، خودایە، خێرا وەرە بۆ لام. یارمەتیدەر و دەربازکەرم تۆی، ئەی یەزدان، دوامەکەوە.
PSA 71:1 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
PSA 71:2 بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە. گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
PSA 71:3 بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا، هەمیشە پەنای بۆ ببەم. فەرمانی ڕزگاریی من بدە، چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
PSA 71:4 ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران، لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
PSA 71:5 ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت، لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
PSA 71:6 لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە، تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام، ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
PSA 71:7 بووم بە پەند لەلای زۆر کەس، بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
PSA 71:8 دەمم پڕە لە ستایشی تۆ، لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.
PSA 71:9 لە کاتی پیری فڕێممەدە، کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە،
PSA 71:10 چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن، ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
PSA 71:11 دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە، ڕاوی بنێن و بیگرن، چونکە دەربازکەری نییە.»
PSA 71:12 خودایە، لێم دوور مەکەوە، ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
PSA 71:13 با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن، با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
PSA 71:14 بەڵام من هەمیشە هیوادارم، هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.
PSA 71:15 دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات، بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات، هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
PSA 71:16 دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم، تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
PSA 71:17 خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم، هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
PSA 71:18 خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم، وازم لێ مەهێنە، هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم، هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.
PSA 71:19 خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە، کردارەکانت زۆر مەزنن. ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
PSA 71:20 تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام، بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە، لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
PSA 71:21 مەزنێتیم زیاتر دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.
PSA 71:22 ئەی خودای من، لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم، ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل، بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
PSA 71:23 لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن، کە گۆرانیت بۆ دەڵێم، هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
PSA 71:24 زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات، چونکە شەرمەزار و سووک بوون، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
PSA 72:1 بۆ سلێمان. ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا، ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
PSA 72:2 با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات، بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
PSA 72:3 با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن، گردەکان ڕاستودروستی.
PSA 72:4 با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات، کوڕی نەداران ڕزگار بکات، زۆرداران وردوخاش بکات.
PSA 72:5 با وەک خۆر بمێنێت، وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
PSA 72:6 وەک باران بەسەر گیادا ببارێت، وەک هەور زەوی ئاو بدات،
PSA 72:7 ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن، ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
PSA 72:8 لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
PSA 72:9 بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
PSA 72:10 پاشاکانی تەرشیش و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن، پاشاکانی شەبا و سەبا دیاری بۆ دێنن.
PSA 72:11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
PSA 72:12 لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات، چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.
PSA 72:13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە، گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
PSA 72:14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە، خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
PSA 72:15 تەمەن درێژ بێت! با لە زێڕی شەبای پێبدرێت، با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن، با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
PSA 72:16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت، لەسەر لووتکەی گردەکان، بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە، با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
PSA 72:17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت، هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت. هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن، هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
PSA 72:18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل، بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
PSA 72:19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری، با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات. ئامین و ئامین.
PSA 72:20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
PSA 73:1 زەبوورێکی ئاساف. بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل، بۆ دڵپاکەکان.
PSA 73:2 بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
PSA 73:3 چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد، کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.
PSA 73:4 ترسیان لە مردن نییە، جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
PSA 73:5 لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن، وەک خەڵکی تێناکەون.
PSA 73:6 بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
PSA 73:7 خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت، لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
PSA 73:8 گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن، بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
PSA 73:9 ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە، زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
PSA 73:10 بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن.
PSA 73:11 دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟ ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»
PSA 73:12 ئەوەتا ئەمانە بەدکارن، هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.
PSA 73:13 بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە، دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
PSA 73:14 بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو، هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.
PSA 73:15 ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد، ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
PSA 73:16 کاتێک ویستم لەمە تێبگەم، بە ئەرکێکی سەختم بینی،
PSA 73:17 هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا، ئەوسا لە چارەنووسیان تێگەیشتم.
PSA 73:18 بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون، تووشی وێرانیت کردوون.
PSA 73:19 چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون، لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
PSA 73:20 ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە، لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.
PSA 73:21 کاتێک دڵم تەنگ بوو، وەک شمشێر هەناومی بڕی،
PSA 73:22 گێل و نەزان بووم، لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.
PSA 73:23 لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم، دەستی ڕاستی منت گرت.
PSA 73:24 بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت، پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
PSA 73:25 بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟ ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
PSA 73:26 جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت، بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.
PSA 73:27 ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن، ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
PSA 73:28 بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە، یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام، هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.
PSA 74:1 هۆنراوەیەکی ئاساف. ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟ بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
PSA 74:2 کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە، هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە، ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
PSA 74:3 هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی، هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.
PSA 74:4 ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان، ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
PSA 74:5 لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە، لەسەر داری دارستانەکان.
PSA 74:6 بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند، هەموو نەخشێنراوەکان.
PSA 74:7 ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا، ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
PSA 74:8 لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!» هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.
PSA 74:9 پەرجووەکانمان نابینین و هیچ پێغەمبەرێک نەماوە، کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
PSA 74:10 ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟ ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
PSA 74:11 بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟ دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!
PSA 74:12 بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی، دروستکەری ڕزگاریت لە ناوەڕاستی زەوی.
PSA 74:13 تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد، سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
PSA 74:14 تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت وردوخاش کرد، کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
PSA 74:15 تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە، تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
PSA 74:16 ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە، تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
PSA 74:17 هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون، تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.
PSA 74:18 ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد، گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
PSA 74:19 گیانی کۆترەکەت مەکە نێچیری دڕندەکان، هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
PSA 74:20 پەیمانی خۆت لەبیر بێت، چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
PSA 74:21 ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە. با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
PSA 74:22 ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە! لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
PSA 74:23 قسەی دژەکانت لەبیر مەکە، ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.
PSA 75:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. ئەی خودایە، ستایشت دەکەین، ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە، خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.
PSA 75:2 تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم، بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
PSA 75:3 کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن، منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.
PSA 75:4 بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“ بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
PSA 75:5 هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن، بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»
PSA 75:6 نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا، نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
PSA 75:7 بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات، ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
PSA 75:8 جام بەدەستی یەزدانەوەیە، پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان، لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی لێی بخۆنەوە و هەتا خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.
PSA 75:9 بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم، گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
PSA 75:10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم، هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»
PSA 76:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. لە یەهودا خودا ناسراوە، لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
PSA 76:2 کەپری لە شالیمە، هەواری لە سییۆنە.
PSA 76:3 لەوێ تیرە گڕدارەکان و قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند.
PSA 76:4 تۆ ڕەوشەنی، لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
PSA 76:5 قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو، دوایین خەوی خۆیان نوستن، هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
PSA 76:6 ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ، ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
PSA 76:7 تۆ خۆت بەسامیت! لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
PSA 76:8 لە ئاسمان حوکمت بیسترا، زەوی ترسا و کپ بوو،
PSA 76:9 بە هەستانی خودا بۆ دادوەری، بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
PSA 76:10 بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات، خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
PSA 76:11 نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن. ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان، دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
PSA 76:12 ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت، سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.
PSA 77:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف. دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم، دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە بۆ ئەوەی گوێی لێم بێت.
PSA 77:2 لە ڕۆژی تەنگانەم ڕوو لە پەروەردگار دەکەم، بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت. گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.
PSA 77:3 بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.
PSA 77:4 پێڵووی چاوەکانمت گرت، شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
PSA 77:5 بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە، ساڵانی ڕابردوو.
PSA 77:6 شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:
PSA 77:7 «ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەتمان دەکاتەوە؟ چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
PSA 77:8 ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟ ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
PSA 77:9 ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟ یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»
PSA 77:10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە: دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
PSA 77:11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم، بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
PSA 77:12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.
PSA 77:13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە. چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
PSA 77:14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
PSA 77:15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە، نەوەی یاقوب و یوسف.
PSA 77:16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی، کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان، بگرە قووڵاییەکان هەژان.
PSA 77:17 هەورەکان ئاویان ڕشت، هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە، هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
PSA 77:18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول، بروسکەکان دنیایان ڕووناک کردەوە، زەوی لەرزی و هەژا.
PSA 77:19 ڕێگات بە ناو دەریادایە، ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە، شوێن پێیەکانت نەزانران.
PSA 77:20 لەسەر دەستی موسا و هارون، وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.
PSA 78:1 هۆنراوەیەکی ئاساف. ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم، گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
PSA 78:2 بە نموونە دەمم دەکەمەوە، مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن ڕادەگەیەنم.
PSA 78:3 ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە، ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
PSA 78:4 ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە، بەڵکو بە نەوەی داهاتوو، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین، هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
PSA 78:5 لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی دامەزراند، لەناو ئیسرائیل تەورات، کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
PSA 78:6 بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت، ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن، ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
PSA 78:7 ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت، کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ، بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن،
PSA 78:8 بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن، نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق، نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا، ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.
PSA 78:9 ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو، لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
PSA 78:10 پەیمانی خودایان شکاند، بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
PSA 78:11 کردارەکانی خودایان لەبیر کرد، ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
PSA 78:12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد، لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن.
PSA 78:13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە، وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
PSA 78:14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن، بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
PSA 78:15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان، ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
PSA 78:16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند، وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.
PSA 78:17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی، لە یاخیبوون لە دژی خودای هەرەبەرز لە بیابان.
PSA 78:18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
PSA 78:19 لە دژی خودا دوان و گوتیان: «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
PSA 78:20 ڕاستە، لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا، جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا! بەڵام ئایا دەتوانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
PSA 78:21 کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو، ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب، هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
PSA 78:22 چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
PSA 78:23 جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی، دەرگای ئاسمانی کردەوە،
PSA 78:24 مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
PSA 78:25 مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد، ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
PSA 78:26 لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد، بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
PSA 78:27 وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند، وەک لمی دەریاکان پەلەوەری باڵدار.
PSA 78:28 باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان، لە دەوروبەری چادرەکانیان.
PSA 78:29 خواردیان و زۆر تێر بوون، ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
PSA 78:30 بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن، هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
PSA 78:31 تووڕەیی خودا لێیان هەستا، هەرە بەهێزەکانی کوشتن و باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.
PSA 78:32 لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە، بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
PSA 78:33 بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن، بە تۆقاندن ساڵانیان.
PSA 78:34 هەر کاتێک لێیان بکوژێت بەدوای دەکەون، بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
PSA 78:35 بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە، خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە.
PSA 78:36 بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن، بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
PSA 78:37 دڵیان لەلای ناچەسپێت، دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
PSA 78:38 ئەویش بەزەییداره و لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت. زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە، هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
PSA 78:39 بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.
PSA 78:40 چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون، لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
PSA 78:41 جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان تووڕە کرد.
PSA 78:42 دەستی ئەویان لەبیرچوو، ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
PSA 78:43 ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا، لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
PSA 78:44 ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
PSA 78:45 مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان، بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
PSA 78:46 بەروبوومی ئەوانی دا بە سن، بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
PSA 78:47 بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
PSA 78:48 گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
PSA 78:49 گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا، بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
PSA 78:50 ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد، مردنی لێ نەگێڕانەوە، ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
PSA 78:51 لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام.
PSA 78:52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا، وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
PSA 78:53 بە ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن، ئیتر بێ ترس بوون، بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
PSA 78:54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز، ئەو ناوچە شاخاوییەی بە دەستی ڕاستی بەدەستیهێنا.
PSA 78:55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن، میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن، هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.
PSA 78:56 بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون، یاساکانی ئەویان پەیڕەو نەکرد.
PSA 78:57 هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد، وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
PSA 78:58 بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد، بە بتەکانیان ئیرەیی ئەویان جۆشاند.
PSA 78:59 خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو، بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
PSA 78:60 چادری پەرستنی شیلۆی بەجێهێشت، ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
PSA 78:61 سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست، هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
PSA 78:62 گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر، لە میراتەکەی تووڕە بوو.
PSA 78:63 گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین، کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
PSA 78:64 کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن، بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.
PSA 78:65 ئەوسا پەروەردگار هەستا وەک ئەو کەسەی لە خەو بەئاگا دێتەوە، وەک ئەو پاڵەوانەی لە سەرخۆشی بەهۆش دێتەوە.
PSA 78:66 لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە، کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
PSA 78:67 خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە، هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
PSA 78:68 بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد، کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
PSA 78:69 وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا، وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
PSA 78:70 داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
PSA 78:71 لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای، بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی، ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
PSA 78:72 داودیش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن، بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.
PSA 79:1 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ، پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە، ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
PSA 79:2 تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
PSA 79:3 لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن، کەس نەبوو بیاننێژێت.
PSA 79:4 بووین بە پەندی دراوسێکانمان، بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
PSA 79:5 ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟ هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
PSA 79:6 تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن، بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە،
PSA 79:7 چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە، نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
PSA 79:8 گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە، با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت، چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
PSA 79:9 ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە، لەبەر شکۆی ناوی خۆت. دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە، لە پێناوی ناوی خۆت.
PSA 79:10 بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا خوداکەیان؟» با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
PSA 79:11 با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات، بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
PSA 79:12 ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی دراوسێکانمان پێیان کردی، لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
PSA 79:13 ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ، هەتاهەتایە ستایشت دەکەین، نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.
PSA 80:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک. ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە، ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل، ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت، بدرەوشێوە
PSA 80:2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە. پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە، بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.
PSA 80:3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
PSA 80:4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
PSA 80:5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون، فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
PSA 80:6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان، ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.
PSA 80:7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
PSA 80:8 دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە، نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
PSA 80:9 خاکت بۆ ئامادە کرد، ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
PSA 80:10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی، چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
PSA 80:11 لقی هەتا دەریا هاویشت، پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار.
PSA 80:12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
PSA 80:13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات، زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
PSA 80:14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە! لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە! ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
PSA 80:15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی، ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
PSA 80:16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە، بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
PSA 80:17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت، لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
PSA 80:18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە، بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.
PSA 80:19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە! ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
PSA 81:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت. بۆ ئاساف. هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە، بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
PSA 81:2 ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن، سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.
PSA 81:3 لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان،
PSA 81:4 چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل، حوکمی خودای یاقوبە.
PSA 81:5 لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا، کە لە خاکی میسر دەریهێنا. گوێمان لە دەنگێک بوو بە زمانێک کە لێی تێنەگەیشتین:
PSA 81:6 «بارم لەسەر شانەکانی لادا، دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
PSA 81:7 لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت، لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە، لە مێرگی مەریبا تاقیم کردیتەوە.
PSA 81:8 ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە. ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
PSA 81:9 لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت، کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
PSA 81:10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم، کە لە خاکی میسر دەرمهێنای، دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.
PSA 81:11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت، ئیسرائیل منی نەویست.
PSA 81:12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان، بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
PSA 81:13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد، ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
PSA 81:14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن، دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
PSA 81:15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن، هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
PSA 81:16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت، لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»
PSA 82:1 زەبوورێکی ئاساف. خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە، لەنێو خوداوەندەکان دادوەری دەکات.
PSA 82:2 «هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن، لایەنگری بەدکاران دەکەن؟
PSA 82:3 بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن، دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
PSA 82:4 فریای لاواز و نەداران بکەون، لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
PSA 82:5 «نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن، هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
PSA 82:6 «من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن، هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
PSA 82:7 بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن، وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
PSA 82:8 خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە، چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.
PSA 83:1 گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف. ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە، کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
PSA 83:2 ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە، ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
PSA 83:3 ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت، پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
PSA 83:4 دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە، لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
PSA 83:5 بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن، لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
PSA 83:6 خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان، مۆئاب و هاجەرییەکان،
PSA 83:7 جوبەیل و عەمۆن و عەمالێق، فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
PSA 83:8 هەروەها ئاشوریش چووەتە پاڵیان، بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت.
PSA 83:9 هەروەک چیت لە میدیان کرد ئاوایان لێ بکە، هەروەک چیت لە سیسرا و یاڤین کرد لە ڕووباری قیشۆن،
PSA 83:10 کە لە کانی دۆر فەوتان، بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
PSA 83:11 گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ لێ بکە، هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع،
PSA 83:12 ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا دەکەینە موڵکی خۆمان.»
PSA 83:13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز، وەک کای دەم بایان لێ بکە.
PSA 83:14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت، وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
PSA 83:15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ، بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
PSA 83:16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە شەرمەزاریی داپۆشە، تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
PSA 83:17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن، ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
PSA 83:18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە، لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!
PSA 84:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی یەزدانی سوپاسالار، ماڵەکەت چەند خۆشە!
PSA 84:2 گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە. لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
PSA 84:3 تەنانەت پاساریش ماڵی دەست دەکەوێت و پەڕەسێلکەش هێلانە، بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت، لە نزیک قوربانگای تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
PSA 84:4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن، هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.
PSA 84:5 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە، ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە،
PSA 84:6 کە بە دۆڵی فرمێسک تێدەپەڕن، دەیکەنە کانیاو، پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
PSA 84:7 لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە، هەتا هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.
PSA 84:8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت، خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
PSA 84:9 ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان، سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت بکە.
PSA 84:10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە. ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد، نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران،
PSA 84:11 لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە، یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت، ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.
PSA 84:12 ئەی یەزدانی سوپاسالار، خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.
PSA 85:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت، دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
PSA 85:2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت، هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.
PSA 85:3 هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە، لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
PSA 85:4 ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە، تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
PSA 85:5 ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟ نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
PSA 85:6 ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی گەلەکەت پێت شاد بێت؟
PSA 85:7 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە، ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
PSA 85:8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم، چونکە بەڵێنی ئاشتی دەدات بە گەلەکەی و بە خۆشەویستانی، بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
PSA 85:9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن، بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
PSA 85:10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون، ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن.
PSA 85:11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
PSA 85:12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
PSA 85:13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات، ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
PSA 86:1 نوێژێکی داود. ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە، من هەژار و نەدارم.
PSA 86:2 ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم، تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە، ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
PSA 86:3 ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
PSA 86:4 گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە، ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
PSA 86:5 ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
PSA 86:6 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
PSA 86:7 لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم، چونکە بە هاوارمەوە دێیت.
PSA 86:8 ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟ کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
PSA 86:9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون، دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و ناوت شکۆدار دەکەن،
PSA 86:10 چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە، هەر تەنها تۆ خودایت.
PSA 86:11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم، دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
PSA 86:12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
PSA 86:13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من، گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.
PSA 86:14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون، تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن، تۆ لەبەرچاو ناگرن.
PSA 86:15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت، پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیی.
PSA 86:16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
PSA 86:17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە، بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن، ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.
PSA 87:1 زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک. خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
PSA 87:2 یەزدان دەروازەکانی سییۆنی لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.
PSA 87:3 ئەی شاری خودا، بە شکۆمەندی باست کراوە:
PSA 87:4 «ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم، خەڵکی ڕاهەب و بابل لەنێویاندان، لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش، سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
PSA 87:5 دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
PSA 87:6 یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات: «ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»
PSA 87:7 سەماکەران گۆرانی دەڵێن: «هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»
PSA 88:1 گۆرانییەک. زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. بەگوێرەی «ماحەلەت لعەنۆت». هۆنراوەیەکی هێیمانی ئەزراحی. ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم، شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.
PSA 88:2 با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت، گوێ بۆ هاوارم شل بکە.
PSA 88:3 گیانم پڕ خراپە بووە و ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.
PSA 88:4 وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.
PSA 88:5 لەناو مردووان وازلێهێنراو، وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو، ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە، ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.
PSA 88:6 لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم، لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.
PSA 88:7 تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە، شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.
PSA 88:8 ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە، قێزم لێ دەکەنەوە. گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،
PSA 88:9 بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە. ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم، دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.
PSA 88:10 ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟ یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟
PSA 88:11 ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت، یان لە لەناوچوون باسی دڵسۆزییەکەت؟
PSA 88:12 ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت، یان لە خاکی لەبیرچوون ڕاستودروستیت؟
PSA 88:13 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم، بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.
PSA 88:14 ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە، ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟
PSA 88:15 من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم، بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.
PSA 88:16 تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی، ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.
PSA 88:17 وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم، لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.
PSA 88:18 دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە، تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.
PSA 89:1 هۆنراوەیەکی ئێیتانی ئەزراحی. هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم، نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.
PSA 89:2 هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت، لە ئاسمان دڵسۆزیت چەسپاوە.
PSA 89:3 فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە، سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،
PSA 89:4 ”هەتاهەتایە وەچەکەت دەچەسپێنم، نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»
PSA 89:5 ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات، هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش دڵسۆزیت.
PSA 89:6 لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟ لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
PSA 89:7 خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە، لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
PSA 89:8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟ تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.
PSA 89:9 دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە، کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
PSA 89:10 وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت پان کردەوە، بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
PSA 89:11 ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش، گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
PSA 89:12 باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون، تابۆر و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
PSA 89:13 بازووت هەیە لەگەڵ توانا، دەستت بەهێزە، دەستی ڕاستت بەرزە.
PSA 89:14 ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن، خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.
PSA 89:15 خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن چۆن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی بکەن، ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.
PSA 89:16 بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن، بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،
PSA 89:17 چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت، ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.
PSA 89:18 بێگومان قەڵغانمان هی یەزدانە، پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
PSA 89:19 جارێکیان لە بینینێکدا قسەت کرد، بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو: «هێزم بە پاڵەوانێک بەخشی، لەنێو گەل گەنجێکم بەرزکردەوە.
PSA 89:20 داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە، بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد.
PSA 89:21 ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت، هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
PSA 89:22 دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت، نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
PSA 89:23 لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم، ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
PSA 89:24 دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە، بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
PSA 89:25 وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت، دەستی ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
PSA 89:26 هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی، خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
PSA 89:27 منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم، بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
PSA 89:28 هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم، پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
PSA 89:29 هەتاهەتایە وەچەکەی دەچەسپێنم، تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.
PSA 89:30 «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن، ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
PSA 89:31 ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن، ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
PSA 89:32 لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم، بە لێدان گوناهەکانیان،
PSA 89:33 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە، درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
PSA 89:34 پەیمانی خۆم ناشکێنم و قسەی خۆم ناگۆڕم.
PSA 89:35 جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد، درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
PSA 89:36 هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
PSA 89:37 هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت، ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»
PSA 89:38 بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا، لە دەستنیشانکراوەکەت تووڕەبوویت.
PSA 89:39 پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد.
PSA 89:40 هەموو شووراکانیت ڕووخاند، قەڵاکانیت کردە کاولگە.
PSA 89:41 هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کرد، لەلای دراوسێکانی ڕیسوا بوو.
PSA 89:42 دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە، هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد.
PSA 89:43 دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و لە جەنگدا سەرتنەخست.
PSA 89:44 شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە، تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی.
PSA 89:45 ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری.
PSA 89:46 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟ هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟
PSA 89:47 لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟
PSA 89:48 ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟
PSA 89:49 ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت، کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟
PSA 89:50 پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت، چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە،
PSA 89:51 ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان، ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت کرا.
PSA 89:52 هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.
PSA 90:1 نوێژێکی موسای پیاوی خودا. ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە تۆ پەناگامان بوویت.
PSA 90:2 بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن، یان زەوی و جیهان دروستببن، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.
PSA 90:3 تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز، دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
PSA 90:4 لەلای تۆ، هەزار ساڵ وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە، وەک بەشێکی شەو وایە.
PSA 90:5 مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت، وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
PSA 90:6 سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە، بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.
PSA 90:7 بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین، بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
PSA 90:8 گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە، شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
PSA 90:9 هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو، ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
PSA 90:10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە، یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت، ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە، چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
PSA 90:11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟ لەبەر ئەوەی تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
PSA 90:12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین، بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.
PSA 90:13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەت دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟ لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
PSA 90:14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە، تاکو هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
PSA 90:15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین، ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
PSA 90:16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە، شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.
PSA 90:17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت، کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە، بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.
PSA 91:1 ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە،
PSA 91:2 بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی، خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»
PSA 91:3 بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات، لە دەرد و بەڵای کوشندە.
PSA 91:4 بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت، لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
PSA 91:5 نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
PSA 91:6 نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت، نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.
PSA 91:7 هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە، دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت، بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.
PSA 91:8 بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و سزای بەدکاران دەبینیت.
PSA 91:9 ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات، هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
PSA 91:10 هیچ خراپەت بەسەرنایەت و هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
PSA 91:11 لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
PSA 91:12 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
PSA 91:13 پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت، بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.
PSA 91:14 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم، دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت.
PSA 91:15 نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە، لە تەنگانە لەگەڵیدام، دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
PSA 91:16 بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم، ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»
PSA 92:1 زەبوورێک، گۆرانییەک بۆ ڕۆژی شەممە. چاکە ستایشی یەزدان بکرێت، گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئەی هەرەبەرز،
PSA 92:2 بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و دڵسۆزیت بە شەوان،
PSA 92:3 بە قیسارەی دە ژێیی، بە ئاوازی ساز.
PSA 92:4 ئەی یەزدان، بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم، هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت.
PSA 92:5 ئەی یەزدان، کردارەکانت چەندە مەزنە! بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە!
PSA 92:6 مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت، نەزانیش ئەمە تێناگات:
PSA 92:7 هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و هەموو بەدکاران چرۆ بکەن، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
PSA 92:8 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ هەمیشە بەرزیت.
PSA 92:9 ئەی یەزدان، دوژمنانت، بێگومان دوژمنانت دەفەوتێن و هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن.
PSA 92:10 بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم، بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام.
PSA 92:11 بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم، گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون.
PSA 92:12 ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن، وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن،
PSA 92:13 لە ماڵی یەزدان ڕواون، لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن.
PSA 92:14 بە پیریش هەر بەریان دەبێت، هەمیشە تەڕ و سەوزن،
PSA 92:15 بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە، تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە.
PSA 93:1 یەزدان پاشایەتی دەکات، پایەبەرزی لەبەر دەکات، یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە، هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
PSA 93:2 لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە، تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.
PSA 93:3 ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە، دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە، دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
PSA 93:4 لە خوڕەی ئاوی زۆر، لە توانای شەپۆلەکانی دەریا، یەزدانی ئاسمان توانادارترە.
PSA 93:5 یاساکانت زۆر چەسپاون، ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە، بە درێژایی ڕۆژگار.
PSA 94:1 ئەی یەزدان، خودای تۆڵە، ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.
PSA 94:2 ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە، سزای لووتبەرزەکان بدەوە.
PSA 94:3 ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران، هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟
PSA 94:4 بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت، شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.
PSA 94:5 ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن، میراتی تۆ دەچەوسێننەوە.
PSA 94:6 بێوەژن و نامۆ دەکوژن، هەتیو سەردەبڕن.
PSA 94:7 دەڵێن: «یەزدان نابینێت، خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»
PSA 94:8 ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن! ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟
PSA 94:9 ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟ ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟
PSA 94:10 ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟ ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟
PSA 94:11 یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت، کە پووچە.
PSA 94:12 ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت، لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت،
PSA 94:13 لە ڕۆژی سەختدا ئارامی بکەیتەوە، هەتا گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت،
PSA 94:14 چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ، میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.
PSA 94:15 دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە، هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.
PSA 94:16 کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟ کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟
PSA 94:17 یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.
PSA 94:18 کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،» ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.
PSA 94:19 کە خەم لە ناخم زۆر بوو، دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.
PSA 94:20 ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت، ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟
PSA 94:21 لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە، خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.
PSA 94:22 بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا، خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.
PSA 94:23 ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات، یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.
PSA 95:1 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین، هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
PSA 95:2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی، بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.
PSA 95:3 لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە، پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
PSA 95:4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
PSA 95:5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە، بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.
PSA 95:6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین، لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
PSA 95:7 چونکە ئەو خودامانە و ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین، مەڕی دەستی ئەوین. ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت:
PSA 95:8 «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا، وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا لە بیابان،
PSA 95:9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە، هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی، بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
PSA 95:10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: ”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و ڕێگای منیان نەناسی.“
PSA 95:11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: ”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“»
PSA 96:1 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.
PSA 96:2 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
PSA 96:3 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
PSA 96:4 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،
PSA 96:5 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
PSA 96:6 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.
PSA 96:7 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
PSA 96:8 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.
PSA 96:9 کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە، ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.
PSA 96:10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات! جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت، بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»
PSA 96:11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
PSA 96:12 با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،
PSA 96:13 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت، دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی، گەلانیش بە دڵسۆزی.
PSA 97:1 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت، دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
PSA 97:2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە، ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
PSA 97:3 ئاگر لەپێشیەوە، دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
PSA 97:4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە، زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
PSA 97:5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە، لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان.
PSA 97:6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
PSA 97:7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن، ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن. ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.
PSA 97:8 سییۆن بیستی و شادمان بوو، کچانی یەهودا دڵخۆش بوون، بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان،
PSA 97:9 چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی، تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری.
PSA 97:10 با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە، لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
PSA 97:11 ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و شادییش بۆ دڵڕاستەکان.
PSA 97:12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
PSA 98:1 زەبوورێک گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ، چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە. دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی، سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
PSA 98:2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند، ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
PSA 98:3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی، بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا، ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
PSA 98:4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان، بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
PSA 98:5 بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن، بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
PSA 98:6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا، هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
PSA 98:7 با دەریا و هەرچی تێیدایە، با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
PSA 98:8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،
PSA 98:9 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، گەلانیش بە دادپەروەری.
PSA 99:1 یەزدان پاشایەتی دەکات، با گەلان بلەرزن، لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە، با زەوی بهەژێت.
PSA 99:2 یەزدان مەزنە لە سییۆن، بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
PSA 99:3 با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن، ئەو پیرۆزە.
PSA 99:4 پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات. تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند، تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
PSA 99:5 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن، ئەو پیرۆزە.
PSA 99:6 موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون، ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە. لە یەزدان پاڕانەوە، ئەویش وەڵامی دانەوە،
PSA 99:7 بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن، یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.
PSA 99:8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە، خودایەکی لێبوردە بوویت، هەرچەندە تۆ لەسەر کردەوەکانیان تۆڵەت لێ سەندنەوە.
PSA 99:9 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە چیای پیرۆزی ئەو کڕنۆش ببەن، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.
PSA 100:1 زەبوورێکی ستایش. ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن،
PSA 100:2 بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن، بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی.
PSA 100:3 بزانن کە یەزدان خودایە، ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین، ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین.
PSA 100:4 بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی، بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی، سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن،
PSA 100:5 چونکە یەزدان چاکە و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە، دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
PSA 101:1 زەبوورێکی داود. گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم، ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم.
PSA 101:2 لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە. کەی دێیت بۆ لام؟ بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم، لەناو ماڵی خۆم.
PSA 101:3 شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم. ڕقم لە کاری یاخیبووانە، قەت بە منەوە نانووسێت.
PSA 101:4 دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت، پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت.
PSA 101:5 ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات، دەمکوتی دەکەم، لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز بەرگە ناگرم.
PSA 101:6 چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم، ئەوانەی ڕێگای تەواوەتییان گرتووە خزمەتم دەکەن.
PSA 101:7 ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت، ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت.
PSA 101:8 بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی دەمکوت دەکەم، لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم، هەموو ئەوانەی گوناهبارن.
PSA 102:1 نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان. ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، با هاوارم بگاتە لات.
PSA 102:2 لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە، زوو وەڵامم بدەوە.
PSA 102:3 ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە، ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
PSA 102:4 هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە، نانخواردنم لەبیر نەماوە.
PSA 102:5 لە دەنگی ناڵەم ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
PSA 102:6 وەک کوندەپەپووی بیابانم لێهاتووە لە چۆڵەوانیدا، وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
PSA 102:7 ڕادەکشێم و وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
PSA 102:8 بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن، ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
PSA 102:9 بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان، فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە،
PSA 102:10 لەبەر تووڕەیی زۆری تۆ، چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
PSA 102:11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە، خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
PSA 102:12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی، نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
PSA 102:13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە، چونکە ماوەی میهرەبانییە، کاتی هاتووە.
PSA 102:14 خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی، دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
PSA 102:15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن، هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت،
PSA 102:16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە، بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
PSA 102:17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە، نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
PSA 102:18 ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت، تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە:
PSA 102:19 «یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ، لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات،
PSA 102:20 بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت، ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.»
PSA 102:21 جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت، لە ئۆرشەلیم ستایشی،
PSA 102:22 کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.
PSA 102:23 لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم، ڕۆژگاری کورتکردم.
PSA 102:24 گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە، ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە.
PSA 102:25 لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
PSA 102:26 ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن، وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن.
PSA 102:27 بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.
PSA 102:28 کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»
PSA 103:1 گۆرانییەکی داود. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
PSA 103:2 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
PSA 103:3 ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت، لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
PSA 103:4 ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
PSA 103:5 ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە، تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.
PSA 103:6 یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات، دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.
PSA 103:7 ڕێگای خۆی بە موسا ناساند، کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
PSA 103:8 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
PSA 103:9 تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
PSA 103:10 بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
PSA 103:11 وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
PSA 103:12 وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.
PSA 103:13 وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە، یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن،
PSA 103:14 چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین.
PSA 103:15 مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات،
PSA 103:16 بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت.
PSA 103:17 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،
PSA 103:18 بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن، ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن.
PSA 103:19 یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.
PSA 103:20 ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن، ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن.
PSA 103:21 ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو کار دەکەن.
PSA 103:22 ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
PSA 104:1 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
PSA 104:2 وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
PSA 104:3 وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
PSA 104:4 بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
PSA 104:5 زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت.
PSA 104:6 تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی، لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن.
PSA 104:7 بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن، لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
PSA 104:8 بەسەر چیاکان کەوتن و شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان، بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
PSA 104:9 سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن، نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
PSA 104:10 کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
PSA 104:11 هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن، کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
PSA 104:12 باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات، لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
PSA 104:13 لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت، زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
PSA 104:14 گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت، سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
PSA 104:15 مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی، ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی، نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
PSA 104:16 درەختەکانی یەزدان تێر دەبن، ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
PSA 104:17 ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات، لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
PSA 104:18 چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی، تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.
PSA 104:19 مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان، خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
PSA 104:20 تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو، هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
PSA 104:21 بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن، بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
PSA 104:22 کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە، لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
PSA 104:23 مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری، بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.
PSA 104:24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
PSA 104:25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
PSA 104:26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
PSA 104:27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
PSA 104:28 پێیان دەدەیت و وەریدەگرن، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
PSA 104:29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
PSA 104:30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیدەهێنرێن، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
PSA 104:31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
PSA 104:32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت، دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
PSA 104:33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم، تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
PSA 104:34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای، منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
PSA 104:35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە، با بەدکاران ئیتر نەمێنن. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. هەلیلویا!
PSA 105:1 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
PSA 105:2 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
PSA 105:3 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
PSA 105:4 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
PSA 105:5 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
PSA 105:6 ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
PSA 105:7 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
PSA 105:8 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
PSA 105:9 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
PSA 105:10 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
PSA 105:11 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.»
PSA 105:12 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
PSA 105:13 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
PSA 105:14 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
PSA 105:15 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
PSA 105:16 قاتوقڕی ناردە سەر زەوی، هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
PSA 105:17 کەسێکی لەپێشیانەوە نارد، یوسف بە کۆیلایەتی فرۆشرا،
PSA 105:18 بە کۆت ئازاری پێیان دا، زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد،
PSA 105:19 هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی، پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
PSA 105:20 پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە، فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
PSA 105:21 کردی بە گەورەی ماڵی خۆی، کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
PSA 105:22 بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات، پیرەکانی فێری دانایی بکات.
PSA 105:23 جا ئیسرائیل هاتە میسر، یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
PSA 105:24 بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن، لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
PSA 105:25 ئەو دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە، هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
PSA 105:26 موسای بەندەی خۆی نارد و هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
PSA 105:27 لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو، لە خاکی حام هێنایانە دی.
PSA 105:28 تاریکی نارد و تاریک داهات، میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
PSA 105:29 ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن، ماسییەکانیانی کوشت.
PSA 105:30 زەوی پڕبوو لە بۆق، کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
PSA 105:31 بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات، مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
PSA 105:32 بارانی کردن بە تەرزە، ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
PSA 105:33 لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان، درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
PSA 105:34 بە فەرمانی ئەو کوللە هات، کوللەحاجی بێشومار،
PSA 105:35 هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد، بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
PSA 105:36 لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
PSA 105:37 بە زێڕ و زیوەوە دەریهێنان، لەنێو هۆزەکانیان کەس پەکی نەکەوت.
PSA 105:38 میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو، چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
PSA 105:39 هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین، ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
PSA 105:40 داوایان کرد، سوێسکەی هێنا، نانی ئاسمانی تێری کردن.
PSA 105:41 بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا، وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
PSA 105:42 لەبەر ئەوەی بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە، بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
PSA 105:43 گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە، هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
PSA 105:44 خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین، بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
PSA 105:45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن، فێرکردنی جێبەجێ بکەن. هەلیلویا.
PSA 106:1 هەلیلویا! ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
PSA 106:2 کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟ کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
PSA 106:3 خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن، ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.
PSA 106:4 ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە، لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
PSA 106:5 بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم، بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم، بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.
PSA 106:6 ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد، خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
PSA 106:7 کاتێک باوکانمان لە میسر بوون، لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن، یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە، بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور،
PSA 106:8 بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن، بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
PSA 106:9 لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو، بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
PSA 106:10 لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن، لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
PSA 106:11 ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی، کەسیان دەرباز نەبوون.
PSA 106:12 ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد، گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.
PSA 106:13 بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو، چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
PSA 106:14 بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا، لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
PSA 106:15 ئەوەی داوایان کرد، پێیدان، بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.
PSA 106:16 لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و بە هارونی تەرخانکراوی یەزدان.
PSA 106:17 زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا، بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا هاتەوەیەک.
PSA 106:18 ئاگر بەربووە تاقمەکەیان، گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
PSA 106:19 لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
PSA 106:20 شکۆیان گۆڕییەوە بە پەیکەری گای گیاخۆر.
PSA 106:21 خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد، کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
PSA 106:22 پەرجووەکان لە وڵاتی حام، کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
PSA 106:23 ئینجا فەرمووی لەناودەچن، ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی، لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە، بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.
PSA 106:24 خاکی خۆشییان بە سووک زانی، باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
PSA 106:25 لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ، گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
PSA 106:26 ئەویش سوێندی بۆ خواردن، کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
PSA 106:27 نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و لە خاکەکان پەرتیان بکات.
PSA 106:28 پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە، ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون.
PSA 106:29 بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد، دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
PSA 106:30 بەڵام فینەحاس هەستا و کەوتە نێوانەوە و دەرد ڕاگیرا.
PSA 106:31 بە ڕاستودروستی بۆی دانرا، نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
PSA 106:32 لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
PSA 106:33 چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون، قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.
PSA 106:34 گەلەکانیان لەناونەبرد، وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
PSA 106:35 بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون، فێری نەریتەکانیان بوون.
PSA 106:36 بتەکانی ئەوانیان پەرست و بوو بە داو بۆیان.
PSA 106:37 کوڕ و کچانی خۆیان بۆ بتەکان سەربڕی.
PSA 106:38 خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت، خوێنی کوڕ و کچەکانیان، ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین، زەوی پیس بوو بە خوێن.
PSA 106:39 گڵاو بوون بە کردەوەکانیان، داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.
PSA 106:40 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا، قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
PSA 106:41 ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن، ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
PSA 106:42 دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
PSA 106:43 زۆر جار دەربازی کردن، بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون، داڕووخان بە گوناهەکانیان.
PSA 106:44 بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە، کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
PSA 106:45 لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد، بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
PSA 106:46 وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن، سکیان پێیان بسووتێت.
PSA 106:47 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.
PSA 106:48 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!» هەلیلویا!
PSA 107:1 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
PSA 107:2 با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە، ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
PSA 107:3 لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە:
PSA 107:4 هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان، ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
PSA 107:5 برسی و تینوو بوون، گیانیان داهێزرا.
PSA 107:6 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
PSA 107:7 ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست، بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
PSA 107:8 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
PSA 107:9 چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد، گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.
PSA 107:10 هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ، لە دیلیێتی ئازار و ئاسن،
PSA 107:11 چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون، سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
PSA 107:12 لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە، کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
PSA 107:13 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
PSA 107:14 لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان، کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
PSA 107:15 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
PSA 107:16 چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند، شیشە ئاسنەکانی شکاند.
PSA 107:17 هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
PSA 107:18 قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە، لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
PSA 107:19 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
PSA 107:20 فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە، لە فەوتان دەربازی کردن.
PSA 107:21 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
PSA 107:22 با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن، بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.
PSA 107:23 هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا، ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.
PSA 107:24 ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی، کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.
PSA 107:25 بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا، شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.
PSA 107:26 بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان، گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.
PSA 107:27 وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون، نازانن چی دەکەن.
PSA 107:28 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
PSA 107:29 ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی، شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.
PSA 107:30 دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە، گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.
PSA 107:31 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
PSA 107:32 با لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە، لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.
PSA 107:33 ڕووباری کردە بیابان و سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
PSA 107:34 خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک، لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
PSA 107:35 بیابانی کردە گۆمە ئاو و زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
PSA 107:36 برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد، شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
PSA 107:37 کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند، دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
PSA 107:38 بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون، ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.
PSA 107:39 ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە، لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.
PSA 107:40 ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت، لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.
PSA 107:41 بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە، وەک ڕانە مەڕ بنەماڵەی ئەوانی زیاد کرد.
PSA 107:42 سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، بەڵام هەموو خراپەکاران دەمیان دەگیرێت.
PSA 107:43 کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.
PSA 108:1 گۆرانییەک. زەبوورێکی داود. ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە، بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
PSA 108:2 ئەی ساز و قیسارە، هەستن! من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
PSA 108:3 ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم، لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
PSA 108:4 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە، دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
PSA 108:5 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
PSA 108:6 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە، بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
PSA 108:7 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی: «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و دۆڵی سوکۆت دەپێوم.
PSA 108:8 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە، ئەفرایم کڵاوی منە، یەهودا داری دەسەڵاتی منە.
PSA 108:9 مۆئاب دەستشۆرمە، پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم، لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
PSA 108:10 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟ کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
PSA 108:11 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
PSA 108:12 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە، چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
PSA 108:13 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
PSA 109:1 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم، بێدەنگ مەبە،
PSA 109:2 چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە، بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن.
PSA 109:3 بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم، بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن.
PSA 109:4 لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن، بەڵام من نوێژم کردووە.
PSA 109:5 لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن، ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم.
PSA 109:6 بەدکارێکی لەسەر دابنێ، با سکاڵاکار لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستێت.
PSA 109:7 با لە دادگایی تاوانبار بکرێت، با نوێژی بۆی بە گوناه دابنرێت.
PSA 109:8 با ڕۆژگاری کورت بێت، یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت!
PSA 109:9 با کوڕەکانی هەتیو بن، ژنی بێوەژن بێت.
PSA 109:10 با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن، لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن.
PSA 109:11 با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات، بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن.
PSA 109:12 با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات، کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت!
PSA 109:13 با نەوەکانی ببڕێتەوە، ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە!
PSA 109:14 با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان، با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە!
PSA 109:15 با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە!
PSA 109:16 لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت، بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە.
PSA 109:17 حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو، با بۆی بێت! دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن، با لێی دووربکەوێتەوە!
PSA 109:18 نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو، وەک ئاو چووە ناو لەشی، وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی.
PSA 109:19 با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە، هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت!
PSA 109:20 با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم، ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن.
PSA 109:21 بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار، لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە، دەربازم بکە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە.
PSA 109:22 لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم، دڵم لە ناخمدا بریندارە.
PSA 109:23 وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم، وەک کوللە هەڵدەوەرێم.
PSA 109:24 ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن، لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری.
PSA 109:25 بووم بە سووکایەتی بۆیان، دەمبینن سەر بادەدەن.
PSA 109:26 ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە.
PSA 109:27 با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە، ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە.
PSA 109:28 ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت، هەستان و شەرمەزار بوون، بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو.
PSA 109:29 با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر، با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن.
PSA 109:30 بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم،
PSA 109:31 چونکە ئەو لە دەستەڕاستی نەدار ڕادەوەستێت، بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن.
PSA 110:1 زەبوورێکی داود. یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: «لە دەستەڕاستم دابنیشە، هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.»
PSA 110:2 یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات، لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
PSA 110:3 گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن، بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە، تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.
PSA 110:4 یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت: «هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق.»
PSA 110:5 خاوەن شکۆ لە دەستەڕاستی تۆیە، لە ڕۆژی تووڕەییەکەی پاشایان وردوخاش دەکات.
PSA 110:6 لەنێو نەتەوەکان حوکم دەدات، خاکیان پڕ دەکات لە تەرم، سەرۆکەکان لەسەر هەموو زەوی وردوخاش دەکات.
PSA 110:7 پاشا لە جۆگەی دەم ڕێگا دەخواتەوە، لەبەر هەموو ئەمانە سەری بەرز ڕادەگرێت.
PSA 111:1 هەلیلویا! بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم، لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.
PSA 111:2 کردارەکانی یەزدان مەزنن، هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
PSA 111:3 بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی، ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
PSA 111:4 وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە، یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
PSA 111:5 خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن، هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.
PSA 111:6 هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە، بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
PSA 111:7 کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە، ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
PSA 111:8 هەتاهەتایە چەسپاون، بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
PSA 111:9 کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد، فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە، پیرۆز و سامناکە ناوی.
PSA 111:10 لەخواترسی سەرەتای داناییە، تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن. ستایشکردن بۆ ئەوە هەتاهەتایە چەسپاوە.
PSA 112:1 هەلیلویا! خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت، بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.
PSA 112:2 وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن، نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
PSA 112:3 سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
PSA 112:4 لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە، بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
PSA 112:5 چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات، بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.
PSA 112:6 بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت، هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
PSA 112:7 لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت، دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
PSA 112:8 دڵی چەسپاوە و ناترسێت، لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت و شکستی دوژمنانی دەبینێت.
PSA 112:9 بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە، بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.
PSA 112:10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت، ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە، ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.
PSA 113:1 هەلیلویا! ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
PSA 113:2 با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
PSA 113:3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
PSA 113:4 یەزدان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانەوەیە، شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
PSA 113:5 کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە، ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
PSA 113:6 ئەوەی دەچەمێتەوە هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
PSA 113:7 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە، کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
PSA 113:8 بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت، لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
PSA 113:9 ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ، دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی. هەلیلویا!
PSA 114:1 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە، بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
PSA 114:2 یەهودا بووە پیرۆزگای خودا، ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.
PSA 114:3 دەریا بینی و هەڵات، ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
PSA 114:4 چیاکان وەک بەران بازیان دا، گردەکان وەک بەرخۆلە.
PSA 114:5 چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟ ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
PSA 114:6 ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن و ئێوەش ئەی گردەکان، وەک بەرخۆلە؟
PSA 114:7 ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە، لەبەردەم خودای یاقوب،
PSA 114:8 ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو، بەردەئەستێی کردە کانیاو.
PSA 115:1 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
PSA 115:2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
PSA 115:3 خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات.
PSA 115:4 بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن.
PSA 115:5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
PSA 115:6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
PSA 115:7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
PSA 115:8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
PSA 115:9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
PSA 115:10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
PSA 115:11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
PSA 115:12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات، بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت، بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
PSA 115:13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە، گەورە و بچووکیش.
PSA 115:14 با یەزدان هەر زیادتان بکات، ئێوە و منداڵەکانتان.
PSA 115:15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی.
PSA 115:16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
PSA 115:17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
PSA 115:18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. هەلیلویا!
PSA 116:1 یەزدانم خۆشدەوێت، چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
PSA 116:2 چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد، هەتا ماوم هەر لێی دەپاڕێمەوە.
PSA 116:3 تۆڕی مەرگ دەوری دام، ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم، دەرد و تەنگانەم چێژت.
PSA 116:4 بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە: «ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!»
PSA 116:5 یەزدان میهرەبان و ڕاستودروستە، خودامان بە بەزەییە.
PSA 116:6 یەزدان چاودێری خەڵکی ساکار دەکات، کاتێک زەلیل بووم، ئەو ڕزگاری کردم.
PSA 116:7 ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت، چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند.
PSA 116:8 تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد، چاوەکانم لە فرمێسک، پێیەکانم لە خزان،
PSA 116:9 تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم لە خاکی زیندووان.
PSA 116:10 باوەڕم هەبوو، بۆیە گوتم: «من زۆر دەردەدارم!»
PSA 116:11 من لە کاتی تۆقینەکەمدا گوتم: «مرۆڤ هەموو درۆزنن!»
PSA 116:12 چی بدەمەوە یەزدان، بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.
PSA 116:13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
PSA 116:14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.
PSA 116:15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی لەلا سەنگینە.
PSA 116:16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم، من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت، تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.
PSA 116:17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم، بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
PSA 116:18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
PSA 116:19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا، لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم. هەلیلویا!
PSA 117:1 ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن،
PSA 117:2 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بەسەرمانەوە گەورەیە، دڵسۆزی یەزدانیش هەتاهەتاییە! هەلیلویا!
PSA 118:1 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
PSA 118:2 با ئیسرائیل بڵێ: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
PSA 118:3 با بنەماڵەی هارون بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
PSA 118:4 با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
PSA 118:5 لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد، بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم.
PSA 118:6 یەزدان لەلای منە، ناترسم، مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟
PSA 118:7 یەزدان لەلای منە، ئەو یارمەتیدەری منە، سەرکەوتووانە تەماشای ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە.
PSA 118:8 پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە مرۆڤ.
PSA 118:9 پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە میران.
PSA 118:10 هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان دام، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.
PSA 118:11 ئابڵوقەیان دام و دەوریان گرتم، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.
PSA 118:12 وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵان، وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.
PSA 118:13 توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم، بەڵام یەزدان یارمەتی داوم.
PSA 118:14 یەزدان هێز و گۆرانی منە، یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
PSA 118:15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان: «دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
PSA 118:16 دەستی ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە، دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
PSA 118:17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
PSA 118:18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم، بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
PSA 118:19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە، پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
PSA 118:20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە، ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
PSA 118:21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی، بۆم بووی بە ڕزگاری.
PSA 118:22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە.
PSA 118:23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە.
PSA 118:24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە، با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
PSA 118:25 ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە، ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.
PSA 118:26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت، لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
PSA 118:27 یەزدان خودامانە و ئەو ڕووناکی خۆی بەسەرماندا درەوشاندەوە. قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە بە قۆچەکانی قوربانگا.
PSA 118:28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم، تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.
PSA 118:29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
PSA 119:1 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە، ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
PSA 119:2 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن، بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن.
PSA 119:3 هەروەها خراپە ناکەن و بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
PSA 119:4 تۆ ڕێنماییەکانت داوە، بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
PSA 119:5 خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
PSA 119:6 ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم، کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
PSA 119:7 بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم، کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
PSA 119:8 فەرزەکانت بەجێدەهێنم، هەرگیز وازم لێ مەهێنە.
PSA 119:9 گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟ بە پاراستنی وشەکانت.
PSA 119:10 بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم، مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
PSA 119:11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە، تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
PSA 119:12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ! فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
PSA 119:13 بە لێوەکانی خۆم، باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
PSA 119:14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم، وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
PSA 119:15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە، چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
PSA 119:16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم، وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
PSA 119:17 چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە، تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
PSA 119:18 چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم، کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
PSA 119:19 من نامۆم لە زەوی، ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
PSA 119:20 گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
PSA 119:21 سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد، کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
PSA 119:22 ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە، چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
PSA 119:23 هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن، بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
PSA 119:24 یاساکانت شادمانی منن، ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.
PSA 119:25 گیانم بە خۆڵەوە نووساوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
PSA 119:26 باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
PSA 119:27 ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
PSA 119:28 گیانم لە خەفەتان توایەوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
PSA 119:29 ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
PSA 119:30 ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە، حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
PSA 119:31 دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم، ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
PSA 119:32 بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم، چونکە دڵی منت ئازاد کرد.
PSA 119:33 ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە، هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.
PSA 119:34 تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم، بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.
PSA 119:35 بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت، چونکە دڵخۆشم دەکەن.
PSA 119:36 دڵم بخەرە سەر یاساکانت، نەک سەر قازانج.
PSA 119:37 چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ، لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.
PSA 119:38 بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی، ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.
PSA 119:39 ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم، چونکە حوکمەکانت چاکن.
PSA 119:40 ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم، بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.
PSA 119:41 ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت، ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
PSA 119:42 جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات، چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
PSA 119:43 وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە، چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
PSA 119:44 بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم، هەتاهەتایە و هەتاسەر.
PSA 119:45 بە ئازادی دەڕۆم، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
PSA 119:46 لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم، شەرمەزاریش نابم.
PSA 119:47 خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم، چونکە حەزم لێیانە.
PSA 119:48 دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت، سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.
PSA 119:49 پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە.
PSA 119:50 لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
PSA 119:51 لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
PSA 119:52 ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە.
PSA 119:53 لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
PSA 119:54 فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم.
PSA 119:55 ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
PSA 119:56 ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
PSA 119:57 ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.
PSA 119:58 بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.
PSA 119:59 لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.
PSA 119:60 خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.
PSA 119:61 گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
PSA 119:62 لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.
PSA 119:63 من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.
PSA 119:64 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
PSA 119:65 ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.
PSA 119:66 هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.
PSA 119:67 بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.
PSA 119:68 تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
PSA 119:69 لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
PSA 119:70 دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.
PSA 119:71 چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.
PSA 119:72 فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.
PSA 119:73 دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم.
PSA 119:74 ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.
PSA 119:75 ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم.
PSA 119:76 با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.
PSA 119:77 با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.
PSA 119:78 با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.
PSA 119:79 با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.
PSA 119:80 با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.
PSA 119:81 گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.
PSA 119:82 چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»
PSA 119:83 هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.
PSA 119:84 خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟
PSA 119:85 لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!
PSA 119:86 هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!
PSA 119:87 خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.
PSA 119:88 بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.
PSA 119:89 ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە.
PSA 119:90 دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
PSA 119:91 ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
PSA 119:92 ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
PSA 119:93 هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
PSA 119:94 من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
PSA 119:95 بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
PSA 119:96 بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.
PSA 119:97 چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
PSA 119:98 بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
PSA 119:99 لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
PSA 119:100 لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
PSA 119:101 پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
PSA 119:102 لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
PSA 119:103 بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
PSA 119:104 لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
PSA 119:105 وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
PSA 119:106 سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
PSA 119:107 ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
PSA 119:108 ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
PSA 119:109 هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
PSA 119:110 بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
PSA 119:111 یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن.
PSA 119:112 دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
PSA 119:113 ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
PSA 119:114 تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
PSA 119:115 ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
PSA 119:116 بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
PSA 119:117 پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
PSA 119:118 هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە.
PSA 119:119 هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
PSA 119:120 لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم.
PSA 119:121 دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە، ڕادەستی زۆردارم مەکە.
PSA 119:122 بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت، با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
PSA 119:123 چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت، بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت.
PSA 119:124 بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
PSA 119:125 من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە، بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
PSA 119:126 ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە، چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
PSA 119:127 لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،
PSA 119:128 هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم، ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
PSA 119:129 یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.
PSA 119:130 ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.
PSA 119:131 دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.
PSA 119:132 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.
PSA 119:133 هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.
PSA 119:134 لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.
PSA 119:135 ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
PSA 119:136 جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.
PSA 119:137 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت، حوکمەکانت ڕاستن.
PSA 119:138 ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و بە تەواوی جێی متمانەن.
PSA 119:139 دڵگەرمیم سووتاندمی، چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
PSA 119:140 بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە، خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
PSA 119:141 من بچووک و ڕیسوام، بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
PSA 119:142 ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و فێرکردنت ڕاستە.
PSA 119:143 تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
PSA 119:144 یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن، تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
PSA 119:145 پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم.
PSA 119:146 هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم.
PSA 119:147 پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.
PSA 119:148 بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.
PSA 119:149 بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
PSA 119:150 پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە.
PSA 119:151 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.
PSA 119:152 لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.
PSA 119:153 سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
PSA 119:154 پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.
PSA 119:155 ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.
PSA 119:156 ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
PSA 119:157 دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.
PSA 119:158 ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.
PSA 119:159 ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.
PSA 119:160 هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.
PSA 119:161 میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە، بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.
PSA 119:162 بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم، وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.
PSA 119:163 ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە، بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
PSA 119:164 ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم، بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.
PSA 119:165 ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن، هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.
PSA 119:166 ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە، ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم.
PSA 119:167 گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات، چونکە زۆر حەزم لێیەتی.
PSA 119:168 ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم، چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.
PSA 119:169 ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت، بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.
PSA 119:170 با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت، بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.
PSA 119:171 با لێوم ستایشی لێ بڕژێت، چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.
PSA 119:172 با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ، چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.
PSA 119:173 با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم، چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.
PSA 119:174 ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێرکردنت شادی منە.
PSA 119:175 با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم، حوکمەکانت یارمەتیم بدات.
PSA 119:176 وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم، بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ، چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.
PSA 120:1 گۆرانی گەشتیاران. لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە و بە دەنگمەوە هات.
PSA 120:2 ئەی یەزدان، گیانم دەرباز بکە لە لێوی درۆزن و لە زمانی فێڵباز.
PSA 120:3 چیت پێدەدرێت، چیت بۆ زیاد دەکرێت، ئەی زمانی فێڵباز؟
PSA 120:4 سزاتان دەدەم بە تیری تیژکراوی پاڵەوان، لەگەڵ پشکۆی خەڵووزی دار گەز!
PSA 120:5 قوڕبەسەرم، چونکە ئاوارەی مەشەکم، کە لە خێوەتەکانی قێدار نیشتەجێم.
PSA 120:6 نیشتەجێبوونم درێژەی کێشا لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لە ئاشتییە.
PSA 120:7 من ئاشتیخوازم، بەڵام کاتێک قسە دەکەم، ئەوان شەڕخوازن.
PSA 121:1 گۆرانی گەشتیاران. چاوم بەرەو چیاکان هەڵدەبڕم، یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
PSA 121:2 یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە، دروستکەری ئاسمان و زەوی.
PSA 121:3 لێ ناگەڕێت پێت بخزێت، ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
PSA 121:4 بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت خەواڵوو نابێت و نانوێت.
PSA 121:5 یەزدان پارێزگاری تۆیە، یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستی ڕاستت،
PSA 121:6 نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات، نە مانگ بە شەو.
PSA 121:7 یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت، گیانت دەپارێزێت.
PSA 121:8 یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات، لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
PSA 122:1 گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم، «با بچینە ماڵی یەزدان.»
PSA 122:2 ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.
PSA 122:3 ئۆرشەلیم بنیاد نراوە، وەک شارێکی یەکگرتوو.
PSA 122:4 لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون، هۆزەکانی یەزدان، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن بەگوێرەی ئەو یاسایەی کە بۆ ئیسرائیل دانراوە.
PSA 122:5 لەبەر ئەوەی تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت، تەختەکانی بنەماڵەی داود.
PSA 122:6 داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم: «با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
PSA 122:7 با ئاشتی لە شووراکانت بێت، ئاسایش لە قەڵاکانت.»
PSA 122:8 لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم داوای ئاشتیت بۆ دەکەم.
PSA 122:9 لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان، بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.
PSA 123:1 گۆرانی گەشتیاران. چاوم بۆ تۆ هەڵبڕی، تۆ ئەی دانیشتوو لە ئاسمان.
PSA 123:2 بێگومان وەک چۆن خزمەتکار چاوی لە دەستی گەورەکەیەتی، وەک چۆن کەنیزە چاوی لە دەستی خاتوونەکەیەتی، ئاواش ئێمە چاومان لە دەستی یەزدانی پەروەردگارمانە، بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت.
PSA 123:3 لەگەڵمان میهرەبان بە، ئەی یەزدان، لەگەڵمان میهرەبان بە! چونکە لە ڕادەبەدەر لە سووکایەتی تێربووین.
PSA 123:4 گیانمان زۆر تێر بووە لە گاڵتەی بێ خەمەکان، لە سووکایەتی لووتبەرزەکان.
PSA 124:1 گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،» با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
PSA 124:2 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو، کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
PSA 124:3 ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین، کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
PSA 124:4 ئەوا لافاو ڕایدەماڵین، لێشاو گیانمانی دەبرد،
PSA 124:5 ئەوا ئاوی هەڵچوو گیانمانی دەبرد.»
PSA 124:6 ستایش بۆ یەزدان، کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
PSA 124:7 گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو، داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
PSA 124:8 هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە، دروستکەری ئاسمان و زەوی.
PSA 125:1 گۆرانی گەشتیاران. ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان، کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
PSA 125:2 وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە، یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
PSA 125:3 داردەستی خراپەکاران لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت، نەوەک ڕاستودروستان دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.
PSA 125:4 ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان، لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
PSA 125:5 بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن، یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات. ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
PSA 126:1 گۆرانی گەشتیاران. کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە، وامان لێهات وەک خەون ببینین.
PSA 126:2 ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و زمانمان پڕ هەلهەلە بوو، ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان: «یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
PSA 126:3 یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد، شادمان بووین.
PSA 126:4 ئەی یەزدان، ڕاپێچکراوانمان بگەڕێنەوە، وەک جۆگەکانی نەقەب.
PSA 126:5 ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن، بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
PSA 126:6 ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و تۆو بۆ چاندن بار دەکات، بە هەلهەلەوە دێتەوە و بەرهەمەکەی بە مەڵۆ بار دەکات.
PSA 127:1 گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان. ئەگەر یەزدان خانووەکە دروست نەکات، وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن. ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات، پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
PSA 127:2 بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو، خواردنی نانی ڕەنجکێشی، چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.
PSA 127:3 بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە، پاداشتی بەری سکن.
PSA 127:4 وەک تیری دەستی پاڵەوان، ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
PSA 127:5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە، شەرمەزار نابێت کە لە دادگا لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.
PSA 128:1 گۆرانی گەشتیاران. خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان بترسێت، ڕێگای ئەو بگرێتەبەر.
PSA 128:2 بەری ڕەنجی دەستی خۆت دەخۆیت، خۆزگەت پێ دەخوازرێت و چاکیشە بۆت.
PSA 128:3 ژنەکەت وەک دار مێوێکی بەردار دەبێت لەناو ماڵەکەت، کوڕەکانت وەک شەتڵە زەیتوون دەبن لە دەوری خوانەکەت.
PSA 128:4 ئەو کەسەی لە یەزدان بترسێت ئاوا بەرەکەتدار دەبێت.
PSA 128:5 یەزدان لە سییۆن بەرەکەتدارت بکات، چاکەی ئۆرشەلیم ببینیت هەموو ڕۆژانی ژیانت و
PSA 128:6 منداڵی منداڵەکانت ببینیت! ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
PSA 129:1 گۆرانی گەشتیاران. «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!» با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:
PSA 129:2 «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم! بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.
PSA 129:3 جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»
PSA 129:4 بەڵام یەزدان ڕاستودروستە، پەتی بەدکارانی پچڕاند.
PSA 129:5 با هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە ڕیسوا بن و ببەزن.
PSA 129:6 با بە دەردی گیای سەربان بچن، پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،
PSA 129:7 ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و نە باوەشی گیشەکەر.
PSA 129:8 با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن: «بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت! بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»
PSA 130:1 گۆرانی گەشتیاران. ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
PSA 130:2 ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە! با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.
PSA 130:3 ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت، ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
PSA 130:4 بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە، بۆ ئەوەی لێت بترسین.
PSA 130:5 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات، هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
PSA 130:6 گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات، زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان، زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.
PSA 130:7 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت، چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە، توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
PSA 130:8 هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە لە هەموو گوناهەکانی.
PSA 131:1 گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. ئەی یەزدان، نە دڵم بەفیزە و نە چاوەکانم بە لووتبەرزییەوە دەڕوانن، خۆم بە شتی لە خۆم گەورەتر و گرنگترەوە خەریک ناکەم.
PSA 131:2 بەڵکو گیانی خۆمم ئارام و کپ کردووە، وەک منداڵێکی لەشیربڕاوەیە لە باوەشی دایکی، گیانم وەک منداڵێکی لەشیربڕاوە وایە.
PSA 131:3 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت، لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
PSA 132:1 گۆرانی گەشتیاران. ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی بەبیر خۆت بهێنەوە.
PSA 132:2 ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد، نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
PSA 132:3 «شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکەم، نەچمە ناو نوێنەکەم،
PSA 132:4 خەو نەدەم بە چاوەکانم، پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
PSA 132:5 هەتا شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم، نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»
PSA 132:6 ئەوەتا لە ئەفراتە هەواڵی ئەومان بیست، لەناو کێڵگەکانی یاعەر دۆزیمانەوە:
PSA 132:7 «با بچینە نشینگەکەی، با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
PSA 132:8 ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت، خۆت و سندوقی هێزت.
PSA 132:9 با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن، خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»
PSA 132:10 لە پێناوی داودی بەندەی خۆت، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە.
PSA 132:11 یەزدان سوێندی بۆ داود خوارد و هەرگیز لێی پاشگەز نابێتەوە: «لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
PSA 132:12 ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن، هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم، ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»
PSA 132:13 لەبەر ئەوەی یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
PSA 132:14 «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە، لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
PSA 132:15 بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم، هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
PSA 132:16 ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی، خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.
PSA 132:17 «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم، چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم ئامادە دەکەم.
PSA 132:18 شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی، بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»
PSA 133:1 گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە، کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!
PSA 133:2 وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە، کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون، کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
PSA 133:3 وەک شەونمی حەرمۆن کە دێتە خوارێ بەسەر کێوی سییۆن، چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.
PSA 134:1 ستایشی یەزدان بکەن، ئەی هەموو بەندەکانی یەزدان، ئەی ئەوانەی بە شەوان لە ماڵی یەزدان ڕادەوەستن.
PSA 134:2 لە پیرۆزگاکە دەست بەرزبکەنەوە و ستایشی یەزدان بکەن.
PSA 134:3 با یەزدان، دروستکەری ئاسمان و زەوی، لە سییۆنەوە بەرەکەتدارت بکات.
PSA 135:1 هەلیلویا! ستایشی ناوی یەزدان بکەن، ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
PSA 135:2 ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون، لە حەوشەی ماڵی خودامان.
PSA 135:3 ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
PSA 135:4 چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.
PSA 135:5 من دەزانم یەزدان مەزنە، پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
PSA 135:6 یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات، لە ئاسمان و لەسەر زەوی، لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
PSA 135:7 لەوپەڕی زەوییەوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات و لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.
PSA 135:8 ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
PSA 135:9 ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد، لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
PSA 135:10 ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و پاشا بە تواناکانی کوشت.
PSA 135:11 سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و عۆگی پاشای باشان و هەموو پاشاکانی کەنعان
PSA 135:12 خاکەکەیانی کردە میرات، میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.
PSA 135:13 ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە، ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
PSA 135:14 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت، میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.
PSA 135:15 بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن.
PSA 135:16 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
PSA 135:17 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، هەناسە لە دەمیان نییە.
PSA 135:18 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
PSA 135:19 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
PSA 135:20 ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
PSA 135:21 ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن، بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە. هەلیلویا!
PSA 136:1 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
PSA 136:2 ستایشی خودای خودایان بکەن،
PSA 136:3 ستایشی گەورەی گەورەیان بکەن،
PSA 136:4 بۆ ئەوەی بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەری مەزن دەکات،
PSA 136:5 ئەوەی بە تێگەیشتنەوە ئاسمانی دروستکردووە،
PSA 136:6 ئەوەی زەوی لەسەر ئاوەکان ڕاخستووە،
PSA 136:7 ئەوەی ڕووناکییە مەزنەکانی دروستکردووە،
PSA 136:8 خۆر بۆ حوکمگێڕی ڕۆژ،
PSA 136:9 مانگ و ئەستێرەکان بۆ حوکمگێڕی شەو،
PSA 136:10 بۆ ئەوەی لە میسر و نۆبەرەکانی دا
PSA 136:11 ئیسرائیلی لە ناوەڕاستیان دەرهێنا،
PSA 136:12 بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز،
PSA 136:13 بۆ ئەوەی دەریای سووری کرد بە دوو بەشەوە،
PSA 136:14 ئیسرائیلی بە نێوانیاندا پەڕاندەوە،
PSA 136:15 فیرعەون و لەشکرەکەی فڕێدایە ناو دەریای سوور،
PSA 136:16 بۆ ئەوەی لە بیابان ڕابەرایەتی گەلی خۆی کرد،
PSA 136:17 ئەوەی پاشا مەزنەکانی لەناوبرد،
PSA 136:18 ئەوەی پاشا ناودارەکانی کوشت،
PSA 136:19 سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان،
PSA 136:20 عۆگی پاشای باشان،
PSA 136:21 خاکەکەیانی کرد بە میرات،
PSA 136:22 بە میرات بۆ ئیسرائیلی بەندەی خۆی،
PSA 136:23 بۆ ئەوەی کاتێک زەلیل بووین ئێمەی بەبیر هاتەوە،
PSA 136:24 ئەوەی لەناو دوژمنمان دەریهێناین،
PSA 136:25 ئەوەی نان دەداتە هەموو بەدیهێنراوێک.
PSA 136:26 ستایشی خودای ئاسمان بکەن،
PSA 137:1 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین، هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
PSA 137:2 بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
PSA 137:3 چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین، چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین: «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
PSA 137:4 چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین لە خاکێکی بێگانە؟
PSA 137:5 ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم، با دەستی ڕاستم بەهرەکەی لەبیر بکات.
PSA 137:6 با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم، ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
PSA 137:7 ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت، کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
PSA 137:8 ئەی دانیشتووانی بابل کە چارەنووستان لەناوچوونە، دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە، وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
PSA 137:9 دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و بە تاشەبەردیاندا دەدات!
PSA 138:1 بۆ داود. بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
PSA 138:2 بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم، ستایشی ناوت دەکەم، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت، چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
PSA 138:3 ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت، ئازا و بوێرت کردم.
PSA 138:4 ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن، کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
PSA 138:5 گۆرانی بەسەر کارەکانی یەزداندا دەڵێن، چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
PSA 138:6 هەرچەندە یەزدان پایەبەرزە، دەڕوانێتە کەسی بێفیز و لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
PSA 138:7 ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت، دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم، بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
PSA 138:8 یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛ ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە، واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.
PSA 139:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و منت ناسی.
PSA 139:2 هەستان و دانیشتنی منت زانیوە، لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
PSA 139:3 ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە، شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
PSA 139:4 ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت، تۆ بە تەواوی دەیزانی.
PSA 139:5 لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم، دەستت دەخەیتە سەرم.
PSA 139:6 ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە، لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
PSA 139:7 بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟ بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
PSA 139:8 ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی، ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
PSA 139:9 ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم، ئەگەر لەوپەڕی دەریا نیشتەجێ بم،
PSA 139:10 لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات، دەستی ڕاستت بە خۆیەوە دەمگرێت.
PSA 139:11 ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت، ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
PSA 139:12 ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت، شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت، تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.
PSA 139:13 تۆ ناخی منت دروستکردووە، لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
PSA 139:14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی و سەرسوڕهێنەری دروستکراوم، کارەکانت سەرسوڕهێنەرن، لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
PSA 139:15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو، کاتێک لە پەنهانی دروستکرام، لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
PSA 139:16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی. هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا، لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون، پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
PSA 139:17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە! کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
PSA 139:18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن. کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
PSA 139:19 خودایە، خۆزگە بەدکارەکانت دەکوشت! ئەی خوێنڕێژەکان، لێم دووربکەونەوە!
PSA 139:20 ئەوانەی بە خراپە باست دەکەن، سکاڵاکاران بەبێ هۆ لێت هەستاون!
PSA 139:21 ئەی یەزدان، ئایا ڕقم لەوانە نەبێت کە ڕقیان لە تۆیە؟ ئایا قێزم لەوانە نەبێتەوە کە لە دژی تۆ دەوەستن؟
PSA 139:22 بە تەواوی ڕقم لێیانە، بوون بە دوژمنم.
PSA 139:23 خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە! تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
PSA 139:24 سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە، ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.
PSA 140:1 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
PSA 140:2 ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین.
PSA 140:3 زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە، ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.
PSA 140:4 ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە، لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە، ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن.
PSA 140:5 لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە، لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە.
PSA 140:6 بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!» ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە.
PSA 140:7 ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم، لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی.
PSA 140:8 ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی، لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت، بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن.
PSA 140:9 با سەری ئەوانەی دەوریان داوم بە خراپەی لێویان بپۆشرێن،
PSA 140:10 با پشکۆیان بەسەردا ببارێت، بکەونە ناو ئاگرەوە، بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە.
PSA 140:11 با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت، با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە.
PSA 140:12 دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران، ماف دەدات بە نەداران.
PSA 140:13 بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن، سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن.
PSA 141:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام! گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.
PSA 141:2 با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت، دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.
PSA 141:3 ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم، دەرگای لێوەکانم بپارێزە.
PSA 141:4 وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت، نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم، لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛ با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم.
PSA 141:5 با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە، با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە، سەرم لاری نییە، چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.
PSA 141:6 ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ، ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.
PSA 141:7 وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی، ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.
PSA 141:8 بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار، پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.
PSA 141:9 بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە، لە تەڵەی بەدکاران.
PSA 141:10 با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە، لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.
PSA 142:1 هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ. پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
PSA 142:2 سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم، لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
PSA 142:3 لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم، تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی. لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم، خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
PSA 142:4 ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە، کوا ناسیاوی من؟ پەناگا بۆ من قڕبووە، کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
PSA 142:5 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، گوتم: «تۆ پەناگای منی، لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
PSA 142:6 بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە، چونکە زۆر زەلیلم، لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە، چونکە لە من بەهێزترن.
PSA 142:7 گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم. ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن، چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.
PSA 143:1 زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت وەڵامم بدەوە.
PSA 143:2 لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی، چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.
PSA 143:3 دوژمن ڕاوم دەنێت، ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە، لەناو تاریکی داینیشاندووم وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.
PSA 143:4 ڕۆحم بێ ورە دەبێت، لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.
PSA 143:5 ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم، لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە، سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.
PSA 143:6 دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە، گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.
PSA 143:7 ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە، ڕۆحم لەناودەچێت، ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.
PSA 143:8 با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت، چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم. ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر، چونکە گیانی خۆم بە تۆ دەسپێرم.
PSA 143:9 ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە، هانا بۆ تۆ دەهێنم.
PSA 143:10 فێرم بکە بە ڕەزامەندیی تۆ کار بکەم، چونکە تۆ خودای منی. با ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم بکات لە زەوییەکی ڕاست.
PSA 143:11 ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە، بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.
PSA 143:12 بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە، هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن، چونکە من خزمەتکاری تۆم.
PSA 144:1 زەبوورێکی داود. ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من، ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ، پەنجەکانم بۆ جەنگ.
PSA 144:2 ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە، پەناگا و دەربازکەرە بۆم، قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە، ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم.
PSA 144:3 ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟ کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟
PSA 144:4 مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت، ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.
PSA 144:5 ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە، دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن.
PSA 144:6 چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە، تیرت تێگرە و بیانبەزێنە.
PSA 144:7 لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە، فریام بکەوە و دەربازم بکە، لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە،
PSA 144:8 ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن، سوێندخواردنیان ساختەیە.
PSA 144:9 ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
PSA 144:10 بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان، ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.
PSA 144:11 دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە، ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن، سوێندخواردنیشیان ساختەیە.
PSA 144:12 ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن، کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی گۆشەی کۆشک دەبن.
PSA 144:13 ئەمبارەکانمان پڕ دەبن لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک، مەڕەکانمان یەکە و هەزار و بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان،
PSA 144:14 گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن. بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن، شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت!
PSA 144:15 خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت، خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.
PSA 145:1 ستایشێکی داود. بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
PSA 145:2 هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
PSA 145:3 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە، مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
PSA 145:4 هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات، پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
PSA 145:5 دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن، منیش لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
PSA 145:6 دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن، منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.
PSA 145:7 یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن، گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.
PSA 145:8 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.
PSA 145:9 یەزدان بۆ هەمووان چاکە، بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
PSA 145:10 ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن، خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.
PSA 145:11 دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن، باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،
PSA 145:12 تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت، هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
PSA 145:13 شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە، فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە. یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
PSA 145:14 یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان، ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.
PSA 145:15 چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە، تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.
PSA 145:16 دەستت دەکەیتەوە و ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.
PSA 145:17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
PSA 145:18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
PSA 145:19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن، گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
PSA 145:20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
PSA 145:21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ، با هەموو گیاندارێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.
PSA 146:1 هەلیلویا! ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.
PSA 146:2 هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم، هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
PSA 146:3 نە پشت بە میرەکان ببەستن، نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
PSA 146:4 کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە.
PSA 146:5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
PSA 146:6 دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
PSA 146:7 دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، نان دەداتە برسییەکان. یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
PSA 146:8 یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە، یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە، یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
PSA 146:9 یەزدان نامۆکان دەپارێزێت، یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات، بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
PSA 146:10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات، ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت. هەلیلویا.
PSA 147:1 هەلیلویا! چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان! ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!
PSA 147:2 یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە، ڕاپێچکراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
PSA 147:3 دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و برینیان ساڕێژ دەکات.
PSA 147:4 ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
PSA 147:5 پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە، تێگەیشتنی بێ سنوورە.
PSA 147:6 یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.
PSA 147:7 بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.
PSA 147:8 ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت، باران بۆ زەوی ئامادە دەکات، گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
PSA 147:9 خۆراکی ئاژەڵ و بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.
PSA 147:10 یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت، بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
PSA 147:11 بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.
PSA 147:12 ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە، ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.
PSA 147:13 یەزدان شمشیرەی دەروازەکانت بەهێز دەکات، کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
PSA 147:14 لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات، لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
PSA 147:15 فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت، پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
PSA 147:16 بەفر وەک خوری دەبارێنێت، زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
PSA 147:17 تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا. کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
PSA 147:18 پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە. بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
PSA 147:19 پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت، فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
PSA 147:20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە، حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە. هەلیلویا!
PSA 148:1 هەلیلویا! لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن، لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
PSA 148:2 ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن، ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
PSA 148:3 ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن، ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
PSA 148:4 ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
PSA 148:5 با ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
PSA 148:6 هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن، فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
PSA 148:7 لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن، ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
PSA 148:8 بروسکە و تەرزە، بەفر و تەم، ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
PSA 148:9 چیاکان و هەموو گردەکان، داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
PSA 148:10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ، خشۆک و باڵدار،
PSA 148:11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان، میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
PSA 148:12 گەنجان و کچان، پیران و منداڵان.
PSA 148:13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە، شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
PSA 148:14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە، تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن، نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن. هەلیلویا.
PSA 149:1 هەلیلویا! گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.
PSA 149:2 با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت، با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
PSA 149:3 با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن، بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
PSA 149:4 چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی، بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
PSA 149:5 با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن، با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.
PSA 149:6 با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت، شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
PSA 149:7 بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە، گەلان سزا بدەن،
PSA 149:8 بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە، کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
PSA 149:9 بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن. ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی. هەلیلویا.
PSA 150:1 هەلیلویا! ستایشی خودا بکەن، لە پیرۆزگاکەی، ستایشی بکەن، لە گەردوونی هێزی،
PSA 150:2 ستایشی بکەن، بۆ پاڵەوانیێتی، ستایشی بکەن، بەپێی زۆری مەزنایەتی،
PSA 150:3 بە دەم دەنگی کەڕەناوە ستایشی بکەن، بە دەم ساز و قیسارەوە ستایشی بکەن،
PSA 150:4 بە دەف و هەڵپەڕکێ ستایشی بکەن، بە ئامێری ژێدار و شمشاڵ ستایشی بکەن،
PSA 150:5 بە سەنجی بیستراو ستایشی بکەن، بە سەنجی دەنگ بەرز ستایشی بکەن!
PSA 150:6 با هەموو ئەوەی هەناسە دەدات ستایشی یەزدان بکات! هەلیلویا.
PRO 1:1 پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،
PRO 1:2 بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن، بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
PRO 1:3 بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی، ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
PRO 1:4 بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە، بە لاویش زانیاری و سەلیقە،
PRO 1:5 (دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت، تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،)
PRO 1:6 بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە، قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.
PRO 1:7 لەخواترسی سەرەتای زانیارییە، بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.
PRO 1:8 ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە،
PRO 1:9 چونکە تاجەگوڵینەی نیعمەتن بۆ سەرت، گەردانەن بۆ ملت.
PRO 1:10 ڕۆڵە، ئەگەر گوناهباران فریویان دایت، ڕازی مەبە.
PRO 1:11 ئەگەر گوتیان: «لەگەڵمان وەرە، بۆسە بۆ خوێنڕشتن بنێینەوە، بەبێ هۆ بۆ بێتاوانێک خۆمان مات بکەین،
PRO 1:12 وەک جیهانی مردووان بە زیندووێتی هەڵیانلووشین و بە ساغی وەک ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن.
PRO 1:13 هەموو گەنجینەیەکی بەهادار دەدۆزینەوە و ماڵمان پڕ دەکەین لە دەستکەوت.
PRO 1:14 پشکی خۆت هەڵبدە ناومان، بە هەموومان یەک کیسەمان دەبێت.»
PRO 1:15 ڕۆڵە، لەگەڵیان بە ڕێگادا مەڕۆ، پێیەکانت قەدەغە بکە لە ڕێڕەوەکانیان،
PRO 1:16 چونکە پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، بۆ خوێنڕشتن پەلە دەکەن.
PRO 1:17 بێ سوودە دانانەوەی تۆڕ لەبەرچاوی هەموو باڵدارێک.
PRO 1:18 بۆ خوێنی خۆیان بۆسەیان ناوەتەوە، خۆیان تەنها بۆ گیانی خۆیان ماتداوە.
PRO 1:19 ئاوایە ڕێچکەی هەموو ئەوانەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوەن، سەری خاوەنی دەخوات.
PRO 1:20 دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات، لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە،
PRO 1:21 لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات، لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات:
PRO 1:22 «هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟ هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن، گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟
PRO 1:23 بگەڕێنەوە کاتێک سەرزەنشتتان دەکەم! ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم، وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم.
PRO 1:24 بەڵام بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە، دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا،
PRO 1:25 هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست، سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت،
PRO 1:26 جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم. گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت،
PRO 1:27 کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا.
PRO 1:28 «ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە.
PRO 1:29 لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە، لەخواترسییان هەڵنەبژارد،
PRO 1:30 لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت، بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد،
PRO 1:31 بۆیە لە بەرهەمی ڕێگای خۆیان دەخۆن، لە بەری پیلانەکانیان تێر دەبن،
PRO 1:32 چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت، بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات.
PRO 1:33 بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.»
PRO 2:1 ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت، فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
PRO 2:2 هەتا گوێ بدەیتە دانایی و دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
PRO 2:3 ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
PRO 2:4 ئەگەر وەک زیو داوات کرد و وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
PRO 2:5 ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و ناسینی خودا دەدۆزیتەوە،
PRO 2:6 چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت، زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
PRO 2:7 دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
PRO 2:8 بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.
PRO 2:9 ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت، هەموو ڕێڕەوێکی چاک،
PRO 2:10 لەبەر ئەوەی دانایی دێتە ناو دڵتەوە و زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت،
PRO 2:11 سەلیقە دەتپارێزێت و تێگەیشتن چاودێریت دەکات.
PRO 2:12 دانایی لە ڕێگای خراپەکاران ڕزگارت دەکات، لەو کەسانەی قسەی خوار دەکەن،
PRO 2:13 ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
PRO 2:14 ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن، دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
PRO 2:15 ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن، گەوجن لە ڕێڕەویان.
PRO 2:16 هەروەها دانایی لە ژنی بەدڕەوشت ڕزگارت دەکات، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
PRO 2:17 ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.
PRO 2:18 بێگومان ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.
PRO 2:19 هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و ناگەنە ڕێچکەی ژیان.
PRO 2:20 کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە،
PRO 2:21 چونکە سەرڕاستان لە خاکەکە نیشتەجێ دەبن و تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە،
PRO 2:22 بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە دەبڕێنەوە و ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.
PRO 3:1 ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە، فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە،
PRO 3:2 چونکە ڕۆژگاری درێژ و ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات.
PRO 3:3 با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە، بە ملتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
PRO 3:4 ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت لەلای خودا و خەڵک.
PRO 3:5 پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.
PRO 3:6 لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە، ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.
PRO 3:7 لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە، لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.
PRO 3:8 دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و خۆراک بۆ ئێسقانەکانت.
PRO 3:9 بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە، بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.
PRO 3:10 ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری، قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.
PRO 3:11 ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،
PRO 3:12 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.
PRO 3:13 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت،
PRO 3:14 چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ.
PRO 3:15 لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
PRO 3:16 تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی.
PRO 3:17 ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین.
PRO 3:18 درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن.
PRO 3:19 یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.
PRO 3:20 بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.
PRO 3:21 ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە، ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،
PRO 3:22 دەبنە ژیان بۆ تۆ، ملوانکە بۆ جوانی گەردنت.
PRO 3:23 ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و ساتمە ناکەیت و ناکەویت.
PRO 3:24 کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت، ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت.
PRO 3:25 نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت،
PRO 3:26 چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.
PRO 3:27 دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن، کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت.
PRO 3:28 بە کەس مەڵێ: «بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،» لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە.
PRO 3:29 پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە، لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە.
PRO 3:30 لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە، ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد.
PRO 3:31 بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە، هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە،
PRO 3:32 چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە، بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە.
PRO 3:33 نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات.
PRO 3:34 هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.
PRO 3:35 داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن، بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.
PRO 4:1 ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن، سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن.
PRO 4:2 من شتی چاکتان فێر دەکەم، بۆیە فێرکردنەکانی من پشتگوێ مەخەن.
PRO 4:3 کاتێک کوڕی باوکم بووم، ناسک و تاقانە لەلای دایکم،
PRO 4:4 فێری دەکردم و پێی دەگوتم: «با دڵت لەسەر قسەی من بێت، ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت.
PRO 4:5 دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە، قسەکانی دەمم لەبیر مەکە و لێیان لامەدە.
PRO 4:6 واز لە دانایی مەهێنە، دەتپارێزێت، خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات.
PRO 4:7 ئەمە دەستپێکی داناییە: دانایی بەدەستبهێنە، بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە.
PRO 4:8 ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە، لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات.
PRO 4:9 تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت، تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.»
PRO 4:10 ڕۆڵە، گوێ بگرە و قسەکانم وەربگرە، جا تەمەنت درێژ دەبێت.
PRO 4:11 ڕێگای داناییم پیشاندایت، بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکان ڕێنماییم کردیت.
PRO 4:12 لە ڕۆیشتندا هەنگاوت کورت نابێت، لە ڕاکردنیشدا پێت هەڵناکەوێت.
PRO 4:13 دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە و دەست شل مەکە، بیپارێزە، چونکە ژیانتە.
PRO 4:14 مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران، بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ.
PRO 4:15 خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ، لێی دووربکەوە و تێپەڕە،
PRO 4:16 چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن، خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن.
PRO 4:17 نانی خراپە دەخۆن و شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە.
PRO 4:18 ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە، ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو.
PRO 4:19 بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە، نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت.
PRO 4:20 ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم، گوێ بۆ قسەکانم شل بکە.
PRO 4:21 لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، لە ناخی دڵت بیانپارێزە،
PRO 4:22 چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە، دەرمانە بۆ هەموو لەشی.
PRO 4:23 لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە، چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە.
PRO 4:24 خواری لە دەمت داماڵە و چەوتی لە لێوانت دووربخەوە.
PRO 4:25 با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت.
PRO 4:26 ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە، هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن.
PRO 4:27 بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە، پێت لە خراپە دووربخەوە.
PRO 5:1 ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم، گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە،
PRO 5:2 تاکو سەلیقەت بپارێزیت و لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت،
PRO 5:3 چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت، قسەی لە ڕۆن لووسترە.
PRO 5:4 بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە، وەک شمشێری دوو دەم تیژە.
PRO 5:5 پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن، هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە.
PRO 5:6 سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان، هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت.
PRO 5:7 ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن.
PRO 5:8 ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە، لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە،
PRO 5:9 نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق،
PRO 5:10 نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات.
PRO 5:11 لە کۆتایی ژیانتدا دەناڵێنیت، کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت.
PRO 5:12 دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە، دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات.
PRO 5:13 گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد.
PRO 5:14 کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە، لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.»
PRO 5:15 لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە، لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت.
PRO 5:16 ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان، جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟
PRO 5:17 با تەنها بۆ تۆ بێت، بێگانەت لەگەڵدا نەبێت.
PRO 5:18 با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت، بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە.
PRO 5:19 ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ، با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن، بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت.
PRO 5:20 کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟ بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟
PRO 5:21 ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە، هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.
PRO 5:22 بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو، بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت.
PRO 5:23 لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت، لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت.
PRO 6:1 ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت، ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد،
PRO 6:2 ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت، بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت،
PRO 6:3 ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە، چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت، بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە.
PRO 6:4 خەو مەدە چاوەکانت و پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن.
PRO 6:5 وەک مامز خۆت لە دەست ڕاوچی دەرباز بکە، وەک چۆلەکە لە تەڵەی ڕاوچی.
PRO 6:6 ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە، بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا.
PRO 6:7 بێ ئەوەی پێشەوا و کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت،
PRO 6:8 بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە.
PRO 6:9 ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟ کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟
PRO 6:10 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
PRO 6:11 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.
PRO 6:12 کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار، بە زمان خواری ڕەفتار دەکات،
PRO 6:13 چاوی دەقوچێنێت و بەپێی ئاماژە دەکات و بە پەنجە دەریدەبڕێت،
PRO 6:14 فێڵ لە دڵیدایە، خراپە دادەهێنێت، هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت.
PRO 6:15 لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت، لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.
PRO 6:16 شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە، حەوتیش قێزەونە لەلای:
PRO 6:17 چاوی بەفیز، زمانی درۆزن، دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت،
PRO 6:18 دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت، پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات،
PRO 6:19 شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.
PRO 6:20 ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە.
PRO 6:21 هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە.
PRO 6:22 لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن، لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن،
PRO 6:23 چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە، سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە،
PRO 6:24 بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزێت، لە زمانلووسی داوێنپیس.
PRO 6:25 لە دڵەوە ئارەزووی جوانییەکەی مەکە، با بە برژانگەکانی نەتبات،
PRO 6:26 چونکە ژنی لەشفرۆش وا دەکات پێویستیت بە نانێک بێت، بەڵام ژنی بەمێرد گیانی گرانبەهات ڕاودەکات.
PRO 6:27 ئایا کەس دەتوانێت ئاگر لە باوەش بگرێت و جلەکانی نەسووتێت؟
PRO 6:28 یان بەسەر پشکۆدا بڕوات و پێیەکانی داغ نەبێت؟
PRO 6:29 ئاوایە ئەوەی بچێتە لای ژنی کەسێکی دیکە، هەرکەسێک دەستی لێ بدات بێ سزا نابێت.
PRO 6:30 سووکایەتی بە دز ناکرێت کە دزی دەکات بۆ خۆتێرکردن کاتێک کە برسییە.
PRO 6:31 هەرچەندە کە لێی ئاشکرا بوو دەبێت حەوت قات بداتەوە، ئەگەر هەموو ماڵی خۆشی لەسەر دانابێت.
PRO 6:32 بەڵام ئەوەی داوێنپیسی لەگەڵ ژنێک بکات تێنەگەیشتووە، هەرکەسێک وا بکات خۆی دەفەوتێنێت.
PRO 6:33 تووشی لێدان و سەرشۆڕی دەبێت و شەرمەزارییەکەی ناسڕێتەوە،
PRO 6:34 چونکە ئیرەیی پیاو دەوروژێنێت، لە ڕۆژی تۆڵەدا دەست ناگێڕێتەوە،
PRO 6:35 چاوی لە هیچ قەرەبووێک نییە، بە دیاری ڕازی نابێت، ئەگەر بۆشی زیاد بکەیت.
PRO 7:1 ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
PRO 7:2 ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت، فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت بپارێزە.
PRO 7:3 بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
PRO 7:4 بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی،» بە تێگەیشتنیش بڵێ: «تۆ خزمی منی.»
PRO 7:5 بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.
PRO 7:6 لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە ڕوانیم،
PRO 7:7 لەناو ساویلکەکاندا بینیم، لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
PRO 7:8 لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە، ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
PRO 7:9 لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر، لەژێر تاریکایی شەو.
PRO 7:10 ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو، لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
PRO 7:11 (ئەم ژنە بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە، پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
PRO 7:12 پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە، لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
PRO 7:13 گەنجەکەی گرت و ماچی کرد، بێ ئابڕووانە پێی گوت:
PRO 7:14 «قوربانی هاوبەشیم لەسەرە، ئەمڕۆ نەزرەکانی خۆمم بەجێهێنا،
PRO 7:15 بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە، بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
PRO 7:16 نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە، کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
PRO 7:17 نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە بە موڕ و ئەلوا و دارچین.
PRO 7:18 وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین، بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین،
PRO 7:19 چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە، چووەتە ڕێگایەکی دوور.
PRO 7:20 کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە، هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»
PRO 7:21 بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد، بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
PRO 7:22 لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت، وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت، وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
PRO 7:23 هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت، وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو، کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.
PRO 7:24 ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
PRO 7:25 با دڵت بەرەو ڕێگاکانی ئەو ژنە لانەدات، لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
PRO 7:26 چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە، هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
PRO 7:27 ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە، شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.
PRO 8:1 ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟ ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
PRO 8:2 لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان، لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
PRO 8:3 لەلای دەروازەی شارەکان، لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
PRO 8:4 «ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم، دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
PRO 8:5 ساویلکەکان، فێری ژیری بن، گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
PRO 8:6 گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم، کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
PRO 8:7 ڕاستگۆیی وێردی دەممە، خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
PRO 8:8 قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن، هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
PRO 8:9 هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو، ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
PRO 8:10 تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو، زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو،
PRO 8:11 چونکە دانایی لە یاقووت باشترە، هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
PRO 8:12 «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم، زانیاری و سەلیقەم هەیە.
PRO 8:13 ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت، من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە، لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
PRO 8:14 ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن، تێگەیشتن هی منە، هێز هی منە.
PRO 8:15 بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
PRO 8:16 بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن، بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
PRO 8:17 من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ، ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
PRO 8:18 دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە، ڕاستودروستی و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
PRO 8:19 بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش، دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
PRO 8:20 بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم، لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
PRO 8:21 تاکو سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.
PRO 8:22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد، هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
PRO 8:23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم، لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
PRO 8:24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم، هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
PRO 8:25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن، پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
PRO 8:26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو، نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
PRO 8:27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم، کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
PRO 8:28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
PRO 8:29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن، کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
PRO 8:30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم، ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم، هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
PRO 8:31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم، لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
PRO 8:32 «ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.
PRO 8:33 گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن، پشت گوێی مەخەن.
PRO 8:34 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت، ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە، لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت،
PRO 8:35 چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
PRO 8:36 بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»
PRO 9:1 دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە.
PRO 9:2 سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە، هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.
PRO 9:3 کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات، لەسەر بەرزاییەکانی شار:
PRO 9:4 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
PRO 9:5 «وەرن، لە نانی من بخۆن و لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.
PRO 9:6 واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین، بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»
PRO 9:7 ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت، ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.
PRO 9:8 سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە؛ سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.
PRO 9:9 ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت، کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.
PRO 9:10 لەخواترسی سەرەتای داناییە، ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە،
PRO 9:11 چونکە بە دانایی ڕۆژگارت زیاد دەکات، ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.
PRO 9:12 ئەگەر دانا بیت، داناییەکەت پاداشتت دەداتەوە؛ ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.
PRO 9:13 گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە، ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.
PRO 9:14 لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت، لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،
PRO 9:15 بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان، ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:
PRO 9:16 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
PRO 9:17 «ئاوی دزراو شیرینە، نانی بە دزی بەتامە.»
PRO 9:18 بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن، میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.
PRO 10:1 پەندەکانی سلێمان: کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.
PRO 10:2 بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
PRO 10:3 یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن، بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.
PRO 10:4 دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری، بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.
PRO 10:5 ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە، بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.
PRO 10:6 بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
PRO 10:7 یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە، بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.
PRO 10:8 ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت، بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.
PRO 10:9 ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.
PRO 10:10 چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار، گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.
PRO 10:11 دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
PRO 10:12 ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.
PRO 10:13 لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە، کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.
PRO 10:14 داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە، بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.
PRO 10:15 سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.
PRO 10:16 کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە، بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.
PRO 10:17 ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە، بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.
PRO 10:18 ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن، ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.
PRO 10:19 قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.
PRO 10:20 زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە، بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.
PRO 10:21 لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن، بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.
PRO 10:22 بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.
PRO 10:23 وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن، بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.
PRO 10:24 ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت، ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت.
PRO 10:25 وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.
PRO 10:26 وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو، کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.
PRO 10:27 لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات، بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.
PRO 10:28 هیوای ڕاستودروستان خۆشییە، بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.
PRO 10:29 ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن، بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.
PRO 10:30 کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت، بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن.
PRO 10:31 دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت، بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.
PRO 10:32 لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن، بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.
PRO 11:1 تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە، بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.
PRO 11:2 کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت، بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.
PRO 11:3 ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات، بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.
PRO 11:4 بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
PRO 11:5 ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات، بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.
PRO 11:6 ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت، بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.
PRO 11:7 بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت، هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.
PRO 11:8 کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و بەدکار دەگرێتەوە.
PRO 11:9 کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات، بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.
PRO 11:10 بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت، بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.
PRO 11:11 بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.
PRO 11:12 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە، بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.
PRO 11:13 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.
PRO 11:14 بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت، بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.
PRO 11:15 ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە دەست بداتە کارێکی لەو شێوەیە، ئاسوودەیە.
PRO 11:16 ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت، بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.
PRO 11:17 مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات، بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.
PRO 11:18 خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە، بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.
PRO 11:19 بێگومان ڕاستودروست ژیان بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئەوەی شوێن خراپە دەکەوێت، مردنی دەستدەکەوێت.
PRO 11:20 قێزی یەزدان لە دڵخراپانە، ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.
PRO 11:21 بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت، بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.
PRO 11:22 وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە، ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.
PRO 11:23 ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە، بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.
PRO 11:24 هەیە بڵاو دەکاتەوە، بۆی زیاد دەکرێت، هەیە لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام نەدار دەبێت.
PRO 11:25 چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت، ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.
PRO 11:26 ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات، بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.
PRO 11:27 ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت، بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.
PRO 11:28 ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت، ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.
PRO 11:29 ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت، گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.
PRO 11:30 بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە، ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.
PRO 11:31 ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت، ئەی چەند زیاتر خراپەکار و گوناهبار!
PRO 12:1 ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.
PRO 12:2 پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت، بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.
PRO 12:3 مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت، ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.
PRO 12:4 ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی، بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.
PRO 12:5 پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە، بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.
PRO 12:6 قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە، دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.
PRO 12:7 بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.
PRO 12:8 مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت، بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.
PRO 12:9 باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.
PRO 12:10 کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات، بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.
PRO 12:11 ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات، تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت، تێنەگەیشتووە.
PRO 12:12 بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات، ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.
PRO 12:13 خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.
PRO 12:14 مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت، پاداشتی ماندووبوونی دەستەکانی وەردەگرێتەوە.
PRO 12:15 ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.
PRO 12:16 گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت، بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.
PRO 12:17 ئەو شایەتەی کە بە ڕاستگۆیی دەدوێت، ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت، بەڵام شایەتی ناڕاست درۆ دەکات.
PRO 12:18 قسەی هەڵەشانە وەک زەبری شمشێرە، بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە.
PRO 12:19 لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت، بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.
PRO 12:20 ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە، بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.
PRO 12:21 کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت، بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.
PRO 12:22 قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە، بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.
PRO 12:23 مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت، دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.
PRO 12:24 دەستی تێکۆشەر فەرمانڕەوایەتی دەکات، بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاریدا دەبێت.
PRO 12:25 نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە، بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.
PRO 12:26 کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی، بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.
PRO 12:27 مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت، بەڵام مرۆڤی تێکۆشەر نرخی سامانەکەی دەدات.
PRO 12:28 لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە، ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.
PRO 13:1 کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت، بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.
PRO 13:2 مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات، ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.
PRO 13:3 ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.
PRO 13:4 گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت، بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت.
PRO 13:5 کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە، بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.
PRO 13:6 ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە، خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.
PRO 13:7 هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە، هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.
PRO 13:8 لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە، بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.
PRO 13:9 ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە، بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
PRO 13:10 لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت، بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.
PRO 13:11 ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات، بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات.
PRO 13:12 ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات، ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.
PRO 13:13 ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە بکات خۆی لەناودەبات، بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.
PRO 13:14 فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
PRO 13:15 تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.
PRO 13:16 هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات، بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.
PRO 13:17 نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە، پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.
PRO 13:18 هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن، بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.
PRO 13:19 ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان، بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.
PRO 13:20 ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا، هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات.
PRO 13:21 خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت، بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.
PRO 13:22 پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی بەجێدەهێڵێت، سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.
PRO 13:23 لەوانەیە زەویی بەیاری هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت، بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.
PRO 13:24 ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.
PRO 13:25 کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت، بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.
PRO 14:1 ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت، گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.
PRO 14:2 ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە، بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.
PRO 14:3 گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت، بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزن.
PRO 14:4 کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە، دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.
PRO 14:5 شایەتی دەستپاک درۆ ناکات، بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.
PRO 14:6 گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە، بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.
PRO 14:7 لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە، چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.
PRO 14:8 دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی، بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.
PRO 14:9 گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن، بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.
PRO 14:10 هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت، کەسیش لە خۆشییەکەیدا بەشداری ناکات.
PRO 14:11 ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت، بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.
PRO 14:12 ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.
PRO 14:13 بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت، لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.
PRO 14:14 کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت، پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.
PRO 14:15 ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات، بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.
PRO 14:16 کەسی دانا لە خودا دەترسێت و لە خراپە لادەدات، بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.
PRO 14:17 کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات، پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.
PRO 14:18 ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین، بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.
PRO 14:19 بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە، خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.
PRO 14:20 هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.
PRO 14:21 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات، بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.
PRO 14:22 ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟ بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.
PRO 14:23 لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە، بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.
PRO 14:24 دەوڵەمەندی تاجی دانایانە، بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.
PRO 14:25 شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە، بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.
PRO 14:26 ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە، بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.
PRO 14:27 لەخواترسی کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
PRO 14:28 زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا، بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.
PRO 14:29 ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات، بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.
PRO 14:30 دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.
PRO 14:31 ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.
PRO 14:32 خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.
PRO 14:33 دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە، هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.
PRO 14:34 ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە، بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە.
PRO 14:35 ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە، بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.
PRO 15:1 وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە، بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت.
PRO 15:2 زمانی دانایان زانیاری دەڕازێنێتەوە، بەڵام دەمی دەبەنگەکان گێلایەتی لێ هەڵدەقوڵێت.
PRO 15:3 چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە، چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات.
PRO 15:4 هێمنی زمان درەختی ژیانە، بەڵام خوارکردنەوەی تێکشکانی ڕۆحە.
PRO 15:5 گێل سووکایەتی بە تەمبێکردنی باوکی دەکات، بەڵام ئەوەی چاوی لە سەرزەنشت بێت ژیر دەبێت.
PRO 15:6 لە ماڵی کەسی ڕاستودروست گەنجینەی گەورە هەیە، بەڵام داهاتی بەدکار پشێوییە.
PRO 15:7 لێوی دانایان زانیاری بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دڵی گێلەکان ئاوا نییە.
PRO 15:8 قوربانی بەدکاران قێزەونە لەلای یەزدان، بەڵام نوێژی سەرڕاستان خۆشحاڵی دەکات.
PRO 15:9 قێزی یەزدان لە ڕێگای بەدکارە، بەڵام ئەوەی خۆشدەوێت کە دوای ڕاستودروستی کەوتووە.
PRO 15:10 تەمبێی سەخت بۆ لەڕێ لادەرە، ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشتە دەمرێت.
PRO 15:11 جیهانی مردووان و لەناوچوون لەبەردەم یەزدانن، لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد!
PRO 15:12 گاڵتەجاڕ ئەو کەسەی خۆشناوێت کە سەرزەنشتی دەکات، بۆ لای دانایان ناچێت.
PRO 15:13 دڵی شادمان ڕوو خۆشدەکات، بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت.
PRO 15:14 دڵی تێگەیشتوو بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت، بەڵام دەمی گێلەکان لەسەر گێلایەتی دەلەوەڕێت.
PRO 15:15 هەموو ڕۆژانی ستەملێکراو سەختە، بەڵام دڵخۆش هەمیشە لەسەر خوانی شادییە.
PRO 15:16 باشترە کەمت هەبێت لەگەڵ لەخواترسی لە گەنجینەی گەورە لەگەڵ سەرلێشێوان.
PRO 15:17 باشترە سەوزە خواردن لەو شوێنەی خۆشەویستی لێیە لە گایەکی قەڵەو و ڕقی لەگەڵ بێت.
PRO 15:18 کەسی سەرگەرم ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام کەسی هێمن دوژمنایەتی ئارام دەکاتەوە.
PRO 15:19 ڕێگای تەمبەڵ وەک پەرژینی دڕکە، بەڵام ڕێگای سەرڕاستان تەخت کراوە.
PRO 15:20 کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام گێل دایکی خۆی ڕیسوا دەکات.
PRO 15:21 گێلایەتی خۆشییە بۆ کەسی تێنەگەیشتوو، بەڵام کەسی تێگەیشتوو بە ڕێکی ڕەفتار دەکات.
PRO 15:22 پلان بەبێ ڕاوێژ پووچەڵ دەبێت، بەڵام بە زۆری ڕاوێژکاران سەردەکەوێت.
PRO 15:23 دڵخۆشییە بۆ مرۆڤ وەڵامی گونجاو، قسەش لە کاتی خۆیدا چەند باشە!
PRO 15:24 ڕێچکەی ژیان بۆ کەسی وریا بەرەو سەرەوەیە، بۆ ئەوەی لە دابەزین بەرەو جیهانی مردووان بیپارێزێت.
PRO 15:25 یەزدان ماڵی لووتبەرزان ڕیشەکێش دەکات، بەڵام سنووری ماڵی بێوەژن دەچەسپێنێ.
PRO 15:26 قێزی یەزدان لە پیلانی بەدە، بەڵام قسەی شیرین پاکە.
PRO 15:27 ئەوەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوە بێت ماڵی خۆی تێکدەدات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە بەرتیل ببێتەوە دەژیێت.
PRO 15:28 دڵی کەسی ڕاستودروست بیر لە وەڵام دەکاتەوە، بەڵام دەمی بەدکاران خراپەی لێ هەڵدەڕژێت.
PRO 15:29 یەزدان لە بەدکاران دوورە، بەڵام گوێی لە نوێژی ڕاستودروستان دەبێت.
PRO 15:30 ڕووناکی چاو دڵ خۆش دەکات، مژدەش ئێسک تەندروست دەکات.
PRO 15:31 ئەوەی گوێ لە سەرزەنشتی بەرەو ژیان بگرێت لەناو دانایان نیشتەجێ دەبێت.
PRO 15:32 پشتگوێخەری تەمبێکردن گیانی خۆی ڕیسوا دەکات، بەڵام ئەوەی گوێ لە سەرزەنشت دەگرێت تێگەیشتنی دەستدەکەوێت.
PRO 15:33 لەخواترسیی مرۆڤ بەرەو دانایی دەبات، پێش ڕێزلێنانیش بێفیزییە.
PRO 16:1 پلانەکانی دڵ هی مرۆڤە، بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە.
PRO 16:2 هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن، بەڵام یەزدان پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت.
PRO 16:3 کارەکانت بە یەزدان بسپێرە، پلانەکانت جێگیر دەبێت.
PRO 16:4 یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە، تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا.
PRO 16:5 یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە، بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت.
PRO 16:6 بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت بۆ تاوان دەکرێت، بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.
PRO 16:7 ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە.
PRO 16:8 باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا.
PRO 16:9 دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت، بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات.
PRO 16:10 قسەی پاشا وەک سروشە، دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات.
PRO 16:11 قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە، هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە.
PRO 16:12 قێزی پاشایان لە خراپەکردنە، چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت.
PRO 16:13 ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە، کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت.
PRO 16:14 تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە، بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە.
PRO 16:15 ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە، ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە.
PRO 16:16 دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە، دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە.
PRO 16:17 ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە، ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت.
PRO 16:18 لەپێش شکان لووتبەرزییە، لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە.
PRO 16:19 باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت، لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.
PRO 16:20 ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت، ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت.
PRO 16:21 ئەوەی لە دڵدا دانا بێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو، شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات.
PRO 16:22 وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی، بەڵام گێلەکان بە گێلایەتی خۆیان سزا دەدرێن.
PRO 16:23 دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات.
PRO 16:24 قسەی جوان شانەی هەنگوینە، بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.
PRO 16:25 ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.
PRO 16:26 نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات، برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت.
PRO 16:27 کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات و لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن.
PRO 16:28 کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
PRO 16:29 کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.
PRO 16:30 ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت، ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.
PRO 16:31 ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە، لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت.
PRO 16:32 ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە، ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت.
PRO 16:33 تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش، بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.
PRO 17:1 باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی.
PRO 17:2 بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات.
PRO 17:3 بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ، یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە.
PRO 17:4 بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت، درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز.
PRO 17:5 ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت.
PRO 17:6 منداڵی منداڵ تاجی پیرانە، شانازی کوڕانیش دایک و باوکانن.
PRO 17:7 قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر.
PRO 17:8 بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی، ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت.
PRO 17:9 ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات، بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
PRO 17:10 سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل.
PRO 17:11 کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە، لەبەر ئەوە نێردراوێکی دڵڕەقی بۆ دەنێردرێت.
PRO 17:12 باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت، نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی.
PRO 17:13 ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە، خراپە ماڵی بەرنادات.
PRO 17:14 دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە، جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە.
PRO 17:15 بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست، هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان.
PRO 17:16 بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟ کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی!
PRO 17:17 برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت، براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.
PRO 17:18 کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات و بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی.
PRO 17:19 ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات، ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات.
PRO 17:20 ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی، ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت.
PRO 17:21 ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت، باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت.
PRO 17:22 دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.
PRO 17:23 بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە.
PRO 17:24 کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە، بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی.
PRO 17:25 کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە.
PRO 17:26 پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە، هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی.
PRO 17:27 ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە، ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە.
PRO 17:28 تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت، ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.
PRO 18:1 کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە، بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە.
PRO 18:2 گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت، بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە.
PRO 18:3 بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت، لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی.
PRO 18:4 قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە، بەڵام سەرچاوەی دانایی کانیاوێکی هەڵقوڵاوە.
PRO 18:5 نە لایەنگری خراپەکار باشە، نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری.
PRO 18:6 لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە، دەمی بانگی لێدان دەکات.
PRO 18:7 دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی، لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی.
PRO 18:8 قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.
PRO 18:9 ئەوەی سست بێت لە کارەکەی برای وەستای وێرانکردنە.
PRO 18:10 ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە، کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت.
PRO 18:11 سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو.
PRO 18:12 پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە، بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە.
PRO 18:13 ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی.
PRO 18:14 ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟
PRO 18:15 دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت، گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات.
PRO 18:16 دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات.
PRO 18:17 ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت، هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە.
PRO 18:18 تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
PRO 18:19 خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە، ناکۆکیش وەک شمشیرەی دەروازەی قەڵایە.
PRO 18:20 لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت، لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات.
PRO 18:21 مردن و ژیان بە دەست زمانە، ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.
PRO 18:22 ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
PRO 18:23 هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە.
PRO 18:24 پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات، بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.
PRO 19:1 هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.
PRO 19:2 دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.
PRO 19:3 مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات، کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.
PRO 19:4 دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات، بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.
PRO 19:5 شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.
PRO 19:6 زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن، هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.
PRO 19:7 پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە، لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە! بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت، بەڵام بێ سوودە.
PRO 19:8 ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت، ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.
PRO 19:9 شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.
PRO 19:10 گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.
PRO 19:11 وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە، شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.
PRO 19:12 هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.
PRO 19:13 کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکیەتی، ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.
PRO 19:14 ماڵ و سامان میراتی باوکانە، بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.
PRO 19:15 تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت، کەسی سست برسی دەبێت.
PRO 19:16 ئەوەی ڕاسپاردە بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.
PRO 19:17 ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات، ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.
PRO 19:18 کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێدی تێدایە، مەبە هۆکاری مردنی.
PRO 19:19 ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت، چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.
PRO 19:20 گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە، بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.
PRO 19:21 مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە، بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.
PRO 19:22 ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە، هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.
PRO 19:23 لەخواترسی بۆ ژیانە، بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.
PRO 19:24 تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ، تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.
PRO 19:25 لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت، تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.
PRO 19:26 ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات، کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.
PRO 19:27 ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن لە ڕاوێژ هێنا، لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.
PRO 19:28 شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات، دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.
PRO 19:29 سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە، لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.
PRO 20:1 شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات، ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.
PRO 20:2 هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.
PRO 20:3 وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو، بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.
PRO 20:4 لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت، بۆیە لە کاتی دروێنەدا داوای بەرهەم دەکات و دەستی ناکەوێت.
PRO 20:5 پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە، بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.
PRO 20:6 زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن، بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟
PRO 20:7 کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات، دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.
PRO 20:8 پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری، بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.
PRO 20:9 کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت، پاک بوومەوە لە گوناهم»؟
PRO 20:10 دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ، هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.
PRO 20:11 تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت، ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.
PRO 20:12 گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت، یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.
PRO 20:13 حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت، چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.
PRO 20:14 کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!» بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.
PRO 20:15 زێڕ هەیە و یاقووت زۆرە، بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.
PRO 20:16 ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
PRO 20:17 بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ، بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.
PRO 20:18 پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی، بە ڕاوێژ بجەنگە.
PRO 20:19 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.
PRO 20:20 ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات، لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.
PRO 20:21 میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت لە کۆتاییدا بێ بەرەکەت دەبێت.
PRO 20:22 مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.» چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.
PRO 20:23 یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە، تەرازووی لاسەنگ باش نییە.
PRO 20:24 هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە، ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟
PRO 20:25 تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات، ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.
PRO 20:26 پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات، بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.
PRO 20:27 چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت، هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.
PRO 20:28 خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن، بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.
PRO 20:29 شانازی لاوان هێزیانە، ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.
PRO 20:30 برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە، لێدانی قامچیش ناخی دەروون.
PRO 21:1 دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە، بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.
PRO 21:2 هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.
PRO 21:3 کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.
PRO 21:4 چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی، ئەمانە چرای بەدکارانن و گوناهن.
PRO 21:5 بێگومان پلانی مرۆڤی تێکۆشەر بەرەو پڕییە، هەموو هەڵەشەییەکیش بەرەو نەبوونییە.
PRO 21:6 کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.
PRO 21:7 زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت، چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.
PRO 21:8 ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە، بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.
PRO 21:9 باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.
PRO 21:10 کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات، دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.
PRO 21:11 بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت، بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.
PRO 21:12 خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار، خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.
PRO 21:13 ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات، ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.
PRO 21:14 دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە، بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.
PRO 21:15 ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە، بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.
PRO 21:16 پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.
PRO 21:17 ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت، ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.
PRO 21:18 بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست، ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.
PRO 21:19 باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت، نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.
PRO 21:20 گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە، بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.
PRO 21:21 ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت، ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.
PRO 21:22 پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.
PRO 21:23 ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت، خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.
PRO 21:24 لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت، بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.
PRO 21:25 ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت، چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،
PRO 21:26 بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە، بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.
PRO 21:27 قوربانی بەدکاران قێزەونە، لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!
PRO 21:28 شایەتی درۆزن لەناودەچێت، بەڵام شایەتیی گوێگری وریا دەچەسپێت.
PRO 21:29 پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات، بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.
PRO 21:30 دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە لە دژی یەزدان سەربکەوێت.
PRO 21:31 ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ، بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.
PRO 22:1 ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە، ڕێزیش لە زێڕ و زیو باشترە.
PRO 22:2 دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە، دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.
PRO 22:3 ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
PRO 22:4 پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.
PRO 22:5 چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە، بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.
PRO 22:6 منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت، پیریش بێت لێی لا نادات.
PRO 22:7 دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات، قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.
PRO 22:8 ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات، کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.
PRO 22:9 ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت، چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.
PRO 22:10 گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات، دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.
PRO 22:11 ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت، پاشا دەبێتە دۆستی.
PRO 22:12 چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات، بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.
PRO 22:13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە! ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»
PRO 22:14 دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە، ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.
PRO 22:15 گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە، بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.
PRO 22:16 ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.
PRO 22:17 گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە، دڵت بدە زانیاری من،
PRO 22:18 چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.
PRO 22:19 بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت، ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.
PRO 22:20 ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،
PRO 22:21 بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم، هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟
PRO 22:22 هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،
PRO 22:23 چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.
PRO 22:24 مەبە برادەری کەسی تووڕە، هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،
PRO 22:25 نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت، خۆت تووشی تەڵە بکەیت.
PRO 22:26 لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن، دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.
PRO 22:27 ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە، بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.
PRO 22:28 سنووری کۆن مەگوازەوە، ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.
PRO 22:29 ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟ لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت، نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.
PRO 23:1 کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت، باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە،
PRO 23:2 چەقۆیەکیش لەناو گەرووت دابنێ، ئەگەر تۆ نەوسنی.
PRO 23:3 ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە، چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.
PRO 23:4 خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت، بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.
PRO 23:5 چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە، چونکە بێگومان باڵ دەگرێت، وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.
PRO 23:6 نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ، ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.
PRO 23:7 لەبەر ئەوەی جۆرە کەسێکە هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە، پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.» بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.
PRO 23:8 ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.
PRO 23:9 قسە بۆ گێل مەکە، چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.
PRO 23:10 سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە، هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،
PRO 23:11 چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە، ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.
PRO 23:12 دڵت ئاراستەی فێربوون بکە و گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.
PRO 23:13 ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە، ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.
PRO 23:14 تۆ بە گۆچان لێی بدەیت، گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.
PRO 23:15 ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە، منیش دڵم خۆش دەبێت.
PRO 23:16 ناخم شادمان دەبێت، کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.
PRO 23:17 دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات، بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.
PRO 23:18 بێگومان دواڕۆژت دەبێت، ئومێدی تۆ نابڕێت.
PRO 23:19 ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانا بە، دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.
PRO 23:20 لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە، یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،
PRO 23:21 چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن، ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.
PRO 23:22 گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە، دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.
PRO 23:23 ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە، هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.
PRO 23:24 باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت، ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.
PRO 23:25 با دایک و باوکت شادمان بن، ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.
PRO 23:26 ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ، با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،
PRO 23:27 چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.
PRO 23:28 تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت، ناپاک لەنێو خەڵک زۆر دەکات.
PRO 23:29 واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟ ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟ برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟
PRO 23:30 بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن، ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.
PRO 23:31 تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری، کە لەناو جام پڕشنگی داوە، بە سووکی دەچێتە خوارەوە!
PRO 23:32 لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و وەک توولەمار پێتەوەدەدات.
PRO 23:33 چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.
PRO 23:34 وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت، یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.
PRO 23:35 دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو! کوتامیان، نەمزانی! کەی بە هۆش خۆم دێمەوە، هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»
PRO 24:1 ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە، ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،
PRO 24:2 چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.
PRO 24:3 بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت، بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،
PRO 24:4 بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.
PRO 24:5 پیاوی دانا بەتوانایە، کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.
PRO 24:6 بێگومان بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت، سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.
PRO 24:7 دانایی بەرزە بۆ گێل، لە کۆڕی ناو دەروازەدا دەمی لێک ناکاتەوە.
PRO 24:8 ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە، بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.
PRO 24:9 پیلانی گێلایەتی گوناهە، خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.
PRO 24:10 ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە، بێ هێزیت!
PRO 24:11 ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.
PRO 24:12 ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،» ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟ ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟ ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟
PRO 24:13 ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ، چونکە باشە و شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،
PRO 24:14 هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە. ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و ئومێدبڕ نابیت.
PRO 24:15 وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست، هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،
PRO 24:16 چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە، بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.
PRO 24:17 بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە، بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،
PRO 24:18 نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت، جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.
PRO 24:19 مەراق لە خراپەکاران مەخۆ، ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،
PRO 24:20 چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
PRO 24:21 ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە، تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،
PRO 24:22 چونکە بەڵایان لەپڕ دێت، بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟
PRO 24:23 هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە: لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.
PRO 24:24 ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،» گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.
PRO 24:25 بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.
PRO 24:26 وەڵامی ڕاست وەک ماچی لێوە.
PRO 24:27 کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە، دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.
PRO 24:28 بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە، بە لێوەکانت فێڵ مەکە.
PRO 24:29 مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم، سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»
PRO 24:30 بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم، بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.
PRO 24:31 چقڵ هەمووی داگرتبوو، گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو، کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.
PRO 24:32 تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە، بینیم و وانەم لێ وەرگرت:
PRO 24:33 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
PRO 24:34 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.
PRO 25:1 ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:
PRO 25:2 شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە، شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە.
PRO 25:3 هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە، دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت.
PRO 25:4 خڵت لە زیو داماڵە، ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت.
PRO 25:5 بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە، بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت.
PRO 25:6 لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە، لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە.
PRO 25:7 وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،» نەک لەلای میر تەریق بیتەوە. ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت،
PRO 25:8 خێرا مەیبە بۆ دادگا، چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟
PRO 25:9 کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت، نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە،
PRO 25:10 نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات، جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.
PRO 25:11 سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە، ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت.
PRO 25:12 وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە، سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر.
PRO 25:13 وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا، نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن، دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە.
PRO 25:14 هەور و بای بێ بارانە، ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت.
PRO 25:15 بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت، زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت.
PRO 25:16 ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ، ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە.
PRO 25:17 بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ، ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە.
PRO 25:18 وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە، ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات.
PRO 25:19 وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە، پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا.
PRO 25:20 وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا، یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا، چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ.
PRO 25:21 ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.
PRO 25:22 بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت، یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.
PRO 25:23 بای باکوور باران دەهێنێت، زمانی پاشملەش ڕووی گرژ.
PRO 25:24 باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.
PRO 25:25 وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت، هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور.
PRO 25:26 وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە، ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات.
PRO 25:27 زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە، ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات.
PRO 25:28 وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە، ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.
PRO 26:1 وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا، ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.
PRO 26:2 وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو، ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.
PRO 26:3 قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە، کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.
PRO 26:4 وەڵامی گێل مەدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی، نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.
PRO 26:5 وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی، نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.
PRO 26:6 وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە، ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.
PRO 26:7 وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە، پەند لە دەمی گێلەکان.
PRO 26:8 وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە، ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.
PRO 26:9 وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش، پەند لە دەمی گێلەکان.
PRO 26:10 وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت، بەکرێگری گێل و ڕێبوار.
PRO 26:11 وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی، گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.
PRO 26:12 کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟ گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.
PRO 26:13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە، نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»
PRO 26:14 دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە، تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.
PRO 26:15 تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ، زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.
PRO 26:16 تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.
PRO 26:17 وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.
PRO 26:18 وەک شێتێک پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،
PRO 26:19 ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»
PRO 26:20 دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە، دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.
PRO 26:21 خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە، پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.
PRO 26:22 قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.
PRO 26:23 وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.
PRO 26:24 قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.
PRO 26:25 ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە، چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.
PRO 26:26 هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە، خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.
PRO 26:27 ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت، ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.
PRO 26:28 زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات، زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.
PRO 27:1 شانازی بە سبەینێ مەکە، چونکە نازانی ڕۆژ چی لێ دەکەوێتەوە.
PRO 27:2 با نامۆ ستایشت بکات نەک دەمی خۆت، بێگانە نەک لێوەکانت.
PRO 27:3 بەرد قورسە و لم بە سەنگە، بەڵام تووڕەیی گێل لە هەردووکیان قورسترە.
PRO 27:4 هەڵچوون توندوتیژە و تووڕەیی لێشاوە، بەڵام کێ لەبەردەم ئیرەیی خۆ ڕادەگرێت؟
PRO 27:5 سەرزەنشتی ئاشکرا لە خۆشەویستی شاردراوە باشترە.
PRO 27:6 برینی دۆست دڵسۆزییە، بەڵام ماچی دوژمن بە فێڵە.
PRO 27:7 کەسی تێر پێ لە هەنگوین دەنێت، بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێتییەک شیرینە.
PRO 27:8 وەک چۆلەکەی وێڵبوو لە هێلانەکەی، ئاوایە مرۆڤی وێڵ لە هەواری خۆی.
PRO 27:9 بۆن و بخورد دڵ خۆش دەکەن، شیرینی برادەریش لە پەرۆشی ڕاوێژە.
PRO 27:10 واز لە برادەرەکانی خۆت و باوکت مەهێنە، لە ڕۆژی لێقەومانت مەچووە ماڵی برات، دراوسێی نزیک لە برای دوور باشترە.
PRO 27:11 ڕۆڵە، دانا بە و دڵم خۆش بکە، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە لۆمەم دەکەن.
PRO 27:12 ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
PRO 27:13 ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
PRO 27:14 ئەوەی بە دەنگی بەرز داوای بەرەکەت بۆ دراوسێکەی بکات لە بەیانی زوودا، بە نەفرەت بۆی ئەژمارد دەکرێت.
PRO 27:15 دڵۆپەکردنی بەردەوام لە ڕۆژی باران، هەروەک ئافرەتی شەڕانییە.
PRO 27:16 ئەوەی دەستەمۆی بکات، با دەستەمۆ دەکات، بە دەستی ڕاستی زەیت دەگرێت.
PRO 27:17 ئاسن بە ئاسن تیژ دەکرێت و مرۆڤیش ڕووی برادەرەکەی تیژ دەکات.
PRO 27:18 ئەوەی چاودێری دار هەنجیرێک بکات بەرەکەی دەخوات، ئەوەی گەورەکەی خۆی بپارێزێت ڕێزی دەگیرێت.
PRO 27:19 وەک لە ئاودا وێنەدانەوەی ڕوو دەبینرێت، ئاواش دڵی مرۆڤ وێنەی مرۆڤەکە دەداتەوە.
PRO 27:20 جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن، هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
PRO 27:21 بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ، مرۆڤیش بە دەمی ستایشکەرەکەی تاقی دەکرێتەوە.
PRO 27:22 هەرچەندە گێل لەناو هاون بکوتی، لەگەڵ دانەوێڵە بە دەسکە هاون، گێلایەتییەکەی لێی جیا نابێتەوە.
PRO 27:23 باش حاڵی مێگەلەکانت بزانە، دڵت هەر لەلای ڕانە مەڕەکانت بێت،
PRO 27:24 چونکە دەوڵەمەندی هەتاسەر نییە، تاجیش نەوە بە نەوە بەردەوام نابێت.
PRO 27:25 کاتێک کا نامێنێت و گیا دەردەکەوێت، گیاوگۆڵی شاخان کۆدەکرێنەوە،
PRO 27:26 بەرخەکان بۆ جلوبەرگ و گیسکەکانیش بۆ نرخی کێڵگە.
PRO 27:27 بەپێی پێویست شیری بزنیشت دەبێت کە بەشی خواردنی خۆت و خێزانەکەت و بژێوی کەنیزەکانت دەکات.
PRO 28:1 بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت، بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە.
PRO 28:2 کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت، بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات.
PRO 28:3 ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە، وەک بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە.
PRO 28:4 ئەوانەی واز لە تەورات دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن، بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن.
PRO 28:5 پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن.
PRO 28:6 باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت، لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە.
PRO 28:7 ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە، بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات.
PRO 28:8 ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات، بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە.
PRO 28:9 ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم، تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە.
PRO 28:10 ئەوەی سەرڕاستان بەرەو ڕێگای خراپە ببات، دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە، بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت.
PRO 28:11 دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە، بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت.
PRO 28:12 لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە، بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە.
PRO 28:13 ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت، بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت.
PRO 28:14 خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت، بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە.
PRO 28:15 وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە، فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە.
PRO 28:16 فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت.
PRO 28:17 ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت. با کەس پشتیوانی نەکات.
PRO 28:18 ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت.
PRO 28:19 ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت.
PRO 28:20 کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە، بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت.
PRO 28:21 لایەنگری باش نییە، بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات.
PRO 28:22 کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی، بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت.
PRO 28:23 ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت لەوەی زمانلووسی دەکات.
PRO 28:24 ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!» ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە.
PRO 28:25 چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن.
PRO 28:26 ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە، بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت.
PRO 28:27 ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت، بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت.
PRO 28:28 بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان سەردەکەون.
PRO 29:1 ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت، لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت.
PRO 29:2 کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت، کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت.
PRO 29:3 ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات، هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات.
PRO 29:4 پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت، بەڵام ئەوانەی بەدوای پارە بکەون وێرانی دەکەن.
PRO 29:5 ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات داو لەبەرپێی دەنێتەوە.
PRO 29:6 لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە، بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت.
PRO 29:7 کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات، بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات.
PRO 29:8 گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە، بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە.
PRO 29:9 ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا، گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت ئاشتی نابێت.
PRO 29:10 خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە، بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن.
PRO 29:11 گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت، بەڵام دانا خۆی دەگرێت.
PRO 29:12 ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت، هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار.
PRO 29:13 هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن: یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات.
PRO 29:14 ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات، تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت.
PRO 29:15 داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت، بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات.
PRO 29:16 کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت، بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.
PRO 29:17 کوڕەکەت تەمبێ بکە دەتحەسێنێتەوە، چێژ دەداتە گیانت.
PRO 29:18 بەبێ سروش گەل بەڕەڵا دەبێت، بەڵام ئەوەی تەورات پەیڕەو بکات خۆزگەی پێ دەخوازرێت.
PRO 29:19 خزمەتکار تەنها بە قسە تەمبێ نابێت، هەرچەندە تێدەگات، بەڵام گوێی ناداتێ.
PRO 29:20 ئەو کەسەت بینیوە بە پەلەیە لە قسەکانی؟ گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.
PRO 29:21 ئەوەی خزمەتکارەکەی لە منداڵییەوە بە ناز ڕابگرێت، لە کۆتاییدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە.
PRO 29:22 کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت، کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.
PRO 29:23 لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە، بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.
PRO 29:24 هاوبەشی دز ڕقی لە خۆی دەبێتەوە، سوێند دەخوات و دانی پێدا نانێت.
PRO 29:25 ترسی مرۆڤ تەڵە دەنێتەوە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت پەناگیر دەبێت.
PRO 29:26 زۆر کەس داوای ڕەزامەندی فەرمانڕەوایان دەکەن، بەڵام مرۆڤ لەلایەن یەزدانەوە دادپەروەری بەدەستدەهێنێت.
PRO 29:27 قێزی ڕاستودروستان لە کەسی ناڕەوایە، قێزی بەدکاریش لەوەیە کە ڕێگای ڕاستە.
PRO 30:1 قسەکانی ئاگوری کوڕی یاقە ئەم سروشە لەخۆ دەگرێت. ئەم پیاوە بە ئیتیێلی ڕاگەیاند: ئەی خودایە، من شەکەتم، بەڵام دەتوانم بەسەریدا زاڵ بم.
PRO 30:2 «من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم، تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.
PRO 30:3 فێری دانایی نەبووم و ناسینی خودای پیرۆزم نییە.
PRO 30:4 کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟ کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟ کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟ کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟ ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟ ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!
PRO 30:5 «هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە، قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
PRO 30:6 هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە، نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.
PRO 30:7 «ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت، لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:
PRO 30:8 شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە، هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ، بەڵام نانی پێویستی خۆم پێ بدە،
PRO 30:9 نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“ یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.
PRO 30:10 «بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی، نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.
PRO 30:11 «نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و دایکی پیرۆز ناکات.
PRO 30:12 نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە، بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی.
PRO 30:13 نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و بەرز دەڕوانێت.
PRO 30:14 نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و کاکیلەکانی چەقۆن، بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و نەدارەکان لەنێو خەڵکی.
PRO 30:15 «زەروو دوو کچی هەیە، هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“ «سێ شت هەن تێر نابن، چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“:
PRO 30:16 جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و زەوییەک تێر ئاو نەبێت و ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“
PRO 30:17 «ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک، قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن.
PRO 30:18 «سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من، چوارەمیش تێناگەم:
PRO 30:19 ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان، ڕێگای مار لەسەر بەرد، ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.
PRO 30:20 «ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە: دەخوات و دەمی دەسڕێتەوە و دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“
PRO 30:21 «زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت،
PRO 30:22 خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا، گێلێک کە تێر نان بێت،
PRO 30:23 ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات، کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی.
PRO 30:24 «چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن بەڵام لە دانایان داناترن:
PRO 30:25 مێروولەکان بوونەوەرێکی بێهێزن، بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن.
PRO 30:26 گۆڕهەڵکەنەکان گیانلەبەرێکی بێ توانان، بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن.
PRO 30:27 کوللەکان پاشایان نییە، بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن.
PRO 30:28 مارمێلکە بەدەست دەگیردرێت، بەڵام لە کۆشکی پاشادا دەبینرێت.
PRO 30:29 «سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە:
PRO 30:30 شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە، لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە،
PRO 30:31 کەڵەشێری بە فیز، تەگە، پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی.
PRO 30:32 «ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت، یان پیلانی خراپت نایەوە، دەستت بخەرە سەر دەمت!
PRO 30:33 چونکە وەک چۆن شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت و لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت، تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.»
PRO 31:1 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:
PRO 31:2 گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم! گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم!
PRO 31:3 هێزت مەدە ژنان، ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.
PRO 31:4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە، بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن، بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،
PRO 31:5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن، مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.
PRO 31:6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.
PRO 31:7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.
PRO 31:8 بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران.
PRO 31:9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.
PRO 31:10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟ نرخی لە یاقووت گرانترە.
PRO 31:11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و لە هیچی کەم نابێت.
PRO 31:12 ژنەکە بە درێژایی ژیانی چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە.
PRO 31:13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت، بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
PRO 31:14 وەک کەشتی بازرگان وایە، خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
PRO 31:15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت، خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
PRO 31:16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت، بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
PRO 31:17 ناوقەدی توند دەبەستێت و بازووی لێ هەڵدەکات.
PRO 31:18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە، بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
PRO 31:19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و تەشی لەناو لەپیدایە.
PRO 31:20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
PRO 31:21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر، چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە.
PRO 31:22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات، کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
PRO 31:23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە، لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
PRO 31:24 ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت، پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات.
PRO 31:25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون، پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئاییندە.
PRO 31:26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
PRO 31:27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات، نانی تەمبەڵی ناخوات.
PRO 31:28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن، مێردەکەشی ستایشی دەکات:
PRO 31:29 «زۆر ژن خانەدان بوونە، بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
PRO 31:30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە، بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.
PRO 31:31 ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.
ECC 1:1 وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:
ECC 1:2 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایە! بێ واتا، هەر بێ واتایە! هەرچی هەیە بێ واتایە.»
ECC 1:3 مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە، کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبێت؟
ECC 1:4 نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات، بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.
ECC 1:5 خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت، بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.
ECC 1:6 با هەڵدەکات بەرەو باشوور و دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور، دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە، هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
ECC 1:7 هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن، بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت. ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە، بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.
ECC 1:8 هەموو شتەکان ماندووکەرن، مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت. چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و گوێ لە بیستن پڕ نابێت.
ECC 1:9 ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت، ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت، هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.
ECC 1:10 هیچ شتێک نییە کە بگوترێت: «سەیر بکە، ئەمە نوێیە!» لە دێرزەمانەوە هەر بووە، لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.
ECC 1:11 کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە، تەنانەت نەوەکانی داهاتووش نایەنەوە یادی ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.
ECC 1:12 من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم.
ECC 1:13 لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە!
ECC 1:14 ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.
ECC 1:15 خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.
ECC 1:16 لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.»
ECC 1:17 ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە،
ECC 1:18 چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.
ECC 2:1 من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا.
ECC 2:2 لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە! ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟»
ECC 2:3 هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.
ECC 2:4 کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند،
ECC 2:5 باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند.
ECC 2:6 حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم.
ECC 2:7 کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون.
ECC 2:8 زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا.
ECC 2:9 مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.
ECC 2:10 هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت، ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم. دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو، ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.
ECC 2:11 بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد، لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم، بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با. لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.
ECC 2:12 پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و شێتی و گێلایەتی ببینم، چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟
ECC 2:13 جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە، وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی.
ECC 2:14 دانا چاوی لە سەریدایە، بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات، پاشان بۆم دەرکەوت کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە.
ECC 2:15 ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات، ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟» لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەمەش هەر بێ واتایە.»
ECC 2:16 نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا هەردووکیان لەبیر دەچنەوە. هەروەک گێل، داناش دەمرێت.
ECC 2:17 ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.
ECC 2:18 ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت.
ECC 2:19 کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە.
ECC 2:20 ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم.
ECC 2:21 لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە.
ECC 2:22 چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟
ECC 2:23 بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.
ECC 2:24 لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە،
ECC 2:25 چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟
ECC 2:26 خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
ECC 3:1 هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە، هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە:
ECC 3:2 لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی، چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی،
ECC 3:3 کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی، ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی،
ECC 3:4 گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی، شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،
ECC 3:5 بەرد بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە و بەرد کۆکردنەوە کاتی خۆی، لەئامێزگرتن کاتی خۆی هەیە و لەئامێزنەگرتنیش کاتی خۆی،
ECC 3:6 کۆڵدان کاتی خۆی هەیە و کۆڵنەدان کاتی خۆی، پارێزگاریکردن کاتی خۆی هەیە و فڕێدان کاتی خۆی،
ECC 3:7 دڕاندن کاتی خۆی هەیە و دوورینەوە کاتی خۆی، بێدەنگی کاتی خۆی هەیە و قسەکردن کاتی خۆی،
ECC 3:8 خۆشویستن کاتی خۆی هەیە و ڕق کاتی خۆی، جەنگ کاتی خۆی هەیە و ئاشتی کاتی خۆی.
ECC 3:9 کرێکار چی بۆ دەمێنێتەوە لەوەی خۆی پێوە ماندوو دەکات؟
ECC 3:10 ئەو بارەم بینی کە خودا داویەتی بە ئادەمیزاد هەتا هەڵیبگرن.
ECC 3:11 خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت، هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا تێبگات، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی.
ECC 3:12 جا زانیم کە لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە پێی دڵخۆش بێت و چاکە بکات لە ژیانیدا.
ECC 3:13 هەروەها کە هەموو مرۆڤێک بخوات و بخواتەوە و چێژ لە هەموو ماندووبوونەکەی ببینێت، ئەوە دیاری خودایە.
ECC 3:14 زانیم کە هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی دەدات بۆ هەتاهەتایە، هیچی بۆ زیاد ناکرێت و هیچیشی کەم ناکرێتەوە. خودا کردوویەتی بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن.
ECC 3:15 ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە، ئەوەش کە دەبێت پێشتر بووە، خوداش لێپرسینەوە لەسەر ڕابردوو دەکات.
ECC 3:16 هەروەها لەسەر زەوی بینیم: خراپەکاری لە جێی دادپەروەری، بەدکاریش لە جێگای ڕاستودروستی.
ECC 3:17 جا لە دڵی خۆمدا گوتم: «کەسی ڕاستودروست و خراپەکاریش خودا دادگایی هەردووکیان دەکات، چونکە بۆ هەر چالاکییەک کاتی خۆی دەبێت، بۆ بڕیاردانیش لەسەر هەر کارێک کاتی خۆی.»
ECC 3:18 من لە دڵی خۆمدا گوتم: «سەبارەت بە ئادەمیزاد، خودا تاقییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تێیانبگەیەنێت کە ئاژەڵ چۆنە ئەوانیش بەو شێوەیەن.
ECC 3:19 بێگومان چارەنووسی مرۆڤ هەروەک چارەنووسی ئاژەڵە، چونکە مردنی ئەمیان وەک مردنی ئەویانە و یەک هەناسە بۆ هەردووکیانە، مرۆڤ هیچی لە ئاژەڵ زیاتر نییە. بێگومان هەرچی هەیە بێ واتایە.
ECC 3:20 هەموو بۆ یەک شوێن دەڕۆن: هەردووکیان لە خۆڵەوە هاتن و دەشگەڕێنەوە بۆ خۆڵ.
ECC 3:21 کێ دەزانێت: ئایا ڕۆحی ئادەمیزاد بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت یان ڕۆحی ئاژەڵ بەرەو خوارەوە بۆ زەوی دادەبەزێت؟»
ECC 3:22 ئیتر بینیم لەوە باشتر نییە کە مرۆڤ بە کارەکەی دڵخۆش بێت، لەبەر ئەوەی ئەمە بەشی ئەوە، چونکە کێ دەیبینێت بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە کە لەدوای ئەو چی دەبێت؟
ECC 4:1 پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا: فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات، ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.
ECC 4:2 خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت کە دەمێکە مردوون، ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی کە لە ژیاندا ماون.
ECC 4:3 بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە کە هێشتا لەدایک نەبووە، ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.
ECC 4:4 من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
ECC 4:5 کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و گۆشتی خۆی دەخوات.
ECC 4:6 مشتێک حەسانەوە باشترە لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.
ECC 4:7 دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:
ECC 4:8 یەکێکی تاک و تەنها، نە کوڕی هەبوو، نە برا، هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو، هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو. گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟» ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.
ECC 4:9 دوو کەس لە یەک کەس باشترە، چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.
ECC 4:10 ئەگەر یەکێکیان بکەوێت، هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە. بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە، دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.
ECC 4:11 هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە، بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟
ECC 4:12 ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت، دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن، گوریسی سێ تاڵیش زوو ناپسێت.
ECC 4:13 گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت.
ECC 4:14 دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت.
ECC 4:15 ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە.
ECC 4:16 ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
ECC 5:1 کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.
ECC 5:2 با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات، با دڵیشت خێرا نەکات، لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا، چونکە خودا لە ئاسمانە و تۆ لەسەر زەویت، لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
ECC 5:3 خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.
ECC 5:4 ئەگەر نەزرێکت بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە.
ECC 5:5 باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت.
ECC 5:6 ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟
ECC 5:7 زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.
ECC 5:8 ئەگەر بینیت لە هەرێمێکدا هەژار ستەمی لێ کرا و ڕاستودروستی و دادپەروەری پشتگوێ خرا، ئەوا سەرسام مەبە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرزتر دەپارێزێت و بەرزتریش لەوان هەردووکیان دەپارێزێت.
ECC 5:9 بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.
ECC 5:10 ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت، ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت، هەروەها ئەمەش بێ واتایە.
ECC 5:11 بە زیادبوونی خێروبێر زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن. ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە، جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟
ECC 5:12 خۆشە خەوی کارگەر، کەم بخوات یان زۆر، بەڵام تێریی دەوڵەمەند ڕێ بە خەو نادات.
ECC 5:13 خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم: سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکەی،
ECC 5:14 ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو، ئینجا کوڕێکی بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
ECC 5:15 وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە، بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات. هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.
ECC 5:16 ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە: هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت، ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت چ قازانجێک دەکات؟
ECC 5:17 هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات، لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.
ECC 5:18 ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت لە هەموو ئەوەی کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە.
ECC 5:19 هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە.
ECC 5:20 جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.
ECC 6:1 بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە،
ECC 6:2 کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە.
ECC 6:3 ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە،
ECC 6:4 چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت.
ECC 6:5 هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە.
ECC 6:6 ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟
ECC 6:7 هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی، بەڵام هەرگیز تێر ناخوات.
ECC 6:8 دانا چی لە گێل زیاترە؟ چی یارمەتی هەژار دەدات کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟
ECC 6:9 ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
ECC 6:10 ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و زانراوە. مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات کە لە خۆی بەهێزترە.
ECC 6:11 ئەوەندە قسە زیاد دەبێت، ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە، جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟
ECC 6:12 کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟
ECC 7:1 ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
ECC 7:2 چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار، چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە، زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.
ECC 7:3 وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە، چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.
ECC 7:4 دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.
ECC 7:5 گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان،
ECC 7:6 چونکە پێکەنینی پیاوی گێل، وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا. ئەمەش هەر بێ واتایە.
ECC 7:7 زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.
ECC 7:8 کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی، پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.
ECC 7:9 لە ناخەوە زوو پەست مەبە، چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.
ECC 7:10 مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟» چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.
ECC 7:11 دانایی باشە وەک میرات و بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.
ECC 7:12 دانایی پەناگایە وەک چۆن پارەش پەناگایەکە، بەڵام ئەمە سوودی زانینە: دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.
ECC 7:13 تەماشای کاری خودا بکە: کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟
ECC 7:14 لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە، بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە خودا هەردووکیانی دروستکردووە. ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.
ECC 7:15 لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی: کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت، خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.
ECC 7:16 زۆر ڕاستودروست مەبە و زیاد دانا مەبە. بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟
ECC 7:17 زۆر بەدکار مەبە و مەبە بە گێل. بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟
ECC 7:18 باشترە دەست بە یەکێکیانەوە بگریت و دەست لەوەی دیکەش شل نەکەیت، چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی ناکات.
ECC 7:19 دانایی دانا بەهێزتر دەکات لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.
ECC 7:20 بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە، کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.
ECC 7:21 هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ، نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،
ECC 7:22 چونکە دڵت دەزانێت کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.
ECC 7:23 هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردەوە و گوتم: «دانا دەبم،» کەچی لێم دوور بوو.
ECC 7:24 ئەو داناییە کە هەیە دوورە و زۆر قووڵە؛ کێ دەیدۆزێتەوە؟
ECC 7:25 هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم، لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و گێلایەتیش شێتییە.
ECC 7:26 من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە، دەستەکانیشی کۆتن. ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت، بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.
ECC 7:27 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە: «بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،
ECC 7:28 لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام، پەندێکم بیستووە کە دەڵێت: ”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە، بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“
ECC 7:29 تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە: خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە، بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»
ECC 8:1 کێ وەک مرۆڤی دانایە؟ کێ ڕوونکردنەوەی شت دەزانێت؟ دانایی مرۆڤ ڕووی ڕووناک دەکاتەوە و تاڵی ڕوخساری دەگۆڕێت.
ECC 8:2 من دەڵێم: فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە، لە پێناوی ئەو سوێندەی کە بۆ خودات خوارد.
ECC 8:3 پەلە مەکە لە ڕۆیشتن لەبەردەمی پاشا. داکۆکی لە خراپە مەکە، چونکە پاشا هەرچی پێی خۆش بێت دەیکات.
ECC 8:4 فەرمایشتی پاشا فەرموودەی دەسەڵاتدارە، کێ دەتوانێت پێی بڵێت: «تۆ چی دەکەیت؟»
ECC 8:5 ئەوەی فەرمانەکەی بەجێبگەیەنێت تووشی خراپە نابێت، دڵی داناش کات و ڕێوشوێنی گونجاو دەزانێت،
ECC 8:6 چونکە هەر شتێک کات و ڕێوشوێنی خۆی هەیە، هەرچەندە مرۆڤ دەردەسەری زۆر بێت.
ECC 8:7 کەس نازانێت لە داهاتوودا چی دەبێت، ئەوەی ڕوودەدات کێ پێی ڕادەگەیەنێت؟
ECC 8:8 وەک چۆن کەس دەسەڵاتی بەسەر بادا نییە، بۆ ئەوەی با بگرێت، مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژی مردندا نییە. وەک چۆن نەسرەوتن لە کاتی شەڕدا نییە، خراپەکار توانای نییە خۆی لە خراپە ئازاد بکات.
ECC 8:9 هەموو ئەمانەم بینی، کە سەرنجم دایە هەموو ئەو کارانەی لەسەر زەوی کراون. کاتێک هەیە کەسێک بەسەر کەسێکی دیکەدا دەسەڵاتدار دەبێت بۆ زیانی خۆی.
ECC 8:10 بەم جۆرە بینیم خراپەکاران لە گۆڕ نران، ئەوانەی کە لە شوێنی پیرۆزەوە هاتوچۆیان دەکرد و لەو شارەی ئەو کارانەیان کرد ستایش کرابوون. ئەمەش هەر بێ واتایە.
ECC 8:11 لەبەر ئەوەی سزای تاوان بە پەلە جێبەجێ ناکرێت، دڵی ئادەمیزاد پڕ بووە لە پیلانی خراپ.
ECC 8:12 هەرچەندە بەدکار کە سەد جار تاوانی کردبێت و تەمەنێکی درێژ بژیێت، بەڵام من دەزانم کە بۆ لەخواترس کە ڕێزی خودا دەگرێت باشتر دەبێت.
ECC 8:13 بەڵام بۆ بەدکاران چاک نابێت و وەک سێبەر ڕۆژانیان درێژە ناکێشێت، چونکە لە خودا ناترسن.
ECC 8:14 شتێکی دیکەی بێ واتا هەیە کە لەسەر زەویدا دەکرێت، ئەمەیە: ڕاستودروستان هەن بەگوێرەی کاری بەدکارانیان بەسەردا دێت و بەدکارانیش هەن بەگوێرەی کاری ڕاستودروستانیان بەسەردا دێت. گوتم، ئەمەش هەر بێ واتایە.
ECC 8:15 لەبەر ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بەشدار بن لە شادی، چونکە کوا چاکە بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی؟ بێجگە لەوەی کە بخوات و بخواتەوە و شادبێت و ئەمەی بۆ دەمێنێتەوە لە ماندووبوونەکەی بە درێژایی ژیانی، کە خودا پێیداوە لەسەر زەویدا.
ECC 8:16 کاتێک سەرنجم دایە دانایی و ڕەنجکێشانی خەڵکی زەوی، کە شەو و ڕۆژ خەو نەدەچووە چاویان،
ECC 8:17 هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی داوە بینیم. کەس ناتوانێت لە کارەکانی خودا لەسەر زەوی تێ بگات. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ ماندوو دەبێت بۆ دۆزینەوەی بنچینەکەی، بەڵام نایدۆزێتەوە. هەرچەندە کەسی داناش دەڵێت دەزانم، بەڵام ناتوانێت بیدۆزێتەوە.
ECC 9:1 ئیتر لە هەموو ئەوانە ڕامام و بۆم دەرکەوت کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت.
ECC 9:2 هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، ڕاستودروست و بەدکار، چاک و خراپ، پاک و گڵاو، قوربانی سەربڕ و ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت؛ چاکەکار و گوناهبار، سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.
ECC 9:3 ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە، شێتییش لە دڵیاندایە لە کاتێکدا زیندوون و پاشان کە دەچنە پاڵ مردووان.
ECC 9:4 هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. تەنانەت سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!
ECC 9:5 زیندووان دەزانن کە دەمرن، بەڵام مردووان هیچ نازانن و لەمەودواش پاداشتیان نییە، تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.
ECC 9:6 خۆشەویستی و ڕق و بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون، ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.
ECC 9:7 بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە.
ECC 9:8 با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە.
ECC 9:9 خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت.
ECC 9:10 ئەوەی لە دەستت دێت، بەوپەڕی هێز و تواناوە بیکە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.
ECC 9:11 دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی: ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و نان بۆ دانایان نییە و دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و پەسەندی بۆ زانایان نییە، چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.
ECC 9:12 هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت: وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن، یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن، ئادەمیزادیش بە هەمان شێوەی ئەوان لەناکاو و لە کاتێکی خراپدا دەکەونە تەڵەوە.
ECC 9:13 ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە:
ECC 9:14 شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا.
ECC 9:15 ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما.
ECC 9:16 منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.
ECC 9:17 قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.
ECC 9:18 دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە، بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.
ECC 10:1 وەک چۆن مێشی مردوو بۆنی خۆش بۆگەن دەکات، کەمێک کاری گێلانە دەتوانێت دانایی و ڕێزی کەسێک لەناوبەرێت.
ECC 10:2 دڵی دانا مەیلی ڕێی ڕاست دەکات، دڵی گێلیش مەیلی ڕێی چەوت دەکات.
ECC 10:3 کە گێل بە ڕێگادا دەڕوات گێلی لێ دەبارێت، ئیتر گێلایەتییەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە.
ECC 10:4 ئەگەر تووڕەیی فەرمانڕەوا بەسەرتدا جۆشا، شوێنی کاری خۆت بەجێمەهێڵە، چونکە هێمنی هەڵەی گەورە ئارام دەکاتەوە.
ECC 10:5 خراپەیەک هەیە لەسەر زەویدا بینیم، وەک هەڵەیەکی مەزنە لەلایەن فەرمانڕەوا:
ECC 10:6 گێل زۆر جار لە پلەوپایەی بەرز دادەنرێت و دەوڵەمەندەکانیش لە شوێنە نزمەکان دادەنیشن.
ECC 10:7 بینیم خزمەتکاران ئەسپ سوار بوون و میران پیادە بوون وەک خزمەتکار.
ECC 10:8 ئەوەی چاڵ هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت، ئەوەی دیوار بڕووخێنێت مار پێیەوە دەدات.
ECC 10:9 ئەوەی بەرد هەڵبکەنێت ئازاری پێوە دەبینێت، ئەوەی دار ببڕێت لە مەترسییەکەیدا دەبێت.
ECC 10:10 ئەگەر تەور کول بێت و دەمی تیژ نەکرێت، هێزی زیاتری دەوێت، بەڵام دانایی بەسوودە بۆ سەرکەوتن.
ECC 10:11 ئەگەر پێش نوشتەکردن مار پێتەوە بدات، ئیتر نوشتەکەر کرێیەکەی وەرناگرێت.
ECC 10:12 قسەی زاری دانا شیرینە، بەڵام گێل لێوەکانی خۆی هەڵیدەلووشن.
ECC 10:13 سەرەتای وشەکانی دەمی گێلییە، لە کۆتاییدا دەبنە شێتێکی خراپ.
ECC 10:14 گێل زۆر قسە دەکات. مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و کێ دەتوانێت بە کەسێکی دیکە ڕابگەیەنێت کە چی لەدوای خۆی ڕوودەدات؟
ECC 10:15 ماندووبوونی گێل خۆی شەکەت دەکات، بە جۆرێک نازانێت چۆن بۆ شار بچێت.
ECC 10:16 قوڕبەسەر ئەو خاکەی کە پاشاکەی پێشتر خزمەتکار بوو و میرەکانیشی بەیانییان لەسەر خوان دادەنیشن.
ECC 10:17 خۆزگە بەو خاکەی کە پاشاکەی لە نەوەی شازادە بێت و میرەکانیشی نان لە کاتی خۆیدا بخۆن، بۆ هێز نەک بۆ سەرخۆشی.
ECC 10:18 بە تەمبەڵی بنمێچ دێتە خوارێ و بە دەست شلکردنیش خانوو دڵۆپە دەکات.
ECC 10:19 بۆ ئەوەی پێبکەنن خوان ئامادە دەکەن و شەرابیش ژیان خۆش دەکات، بەڵام پارە هەموو شتێکی پێ دەکرێت.
ECC 10:20 تەنانەت لەبیری خۆشت نەفرەت لە پاشا مەکە، لە ژووری نوستنیشت نەفرەت لە دەوڵەمەند مەکە، چونکە چۆلەکەی ئاسمان دەنگەکەت دەگەیەنێت و باڵداریش قسەکەت ڕادەگەیەنێت.
ECC 11:1 نان بدە بە دەم ئاوەوە، چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.
ECC 11:2 بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش، چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.
ECC 11:3 ئەگەر هەور پڕبێت، باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت. ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور، ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.
ECC 11:4 ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت، ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.
ECC 11:5 هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە، یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت، بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا تێبگەیت، کە هەمووان دروستدەکات.
ECC 11:6 سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە، سەر لە ئێوارەش دەستت شل مەکە، چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت، ئەم یان ئەو، یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک باش دەبێت.
ECC 11:7 ڕووناکی شیرینە و باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.
ECC 11:8 ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا، با بە هەمووی دڵخۆش بێت. بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت، چونکە زۆر دەبێت. هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.
ECC 11:9 ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە، با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت. بە ڕێگای دڵی خۆت و بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ، بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.
ECC 11:10 پەستی لە دڵت داماڵە و خراپە لە لەشت دووربخەوە، چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.
ECC 12:1 بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت لە سەردەمی گەنجیێتیت، پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی: «خۆشییان تێدا نابینم،»
ECC 12:2 پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت، پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛
ECC 12:3 ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن، پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە، ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون، تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛
ECC 12:4 کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛ ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت، هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛
ECC 12:5 ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و لە ڕێگا تۆقیون، کە بادەم چرۆ دەکات و کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و هیچ ئارەزوو نامێنێت. ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
ECC 12:6 لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و قاپی زێڕین بشکێت؛ پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت، یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و
ECC 12:7 خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو، ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.
ECC 12:8 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایان! هەموو شتێک بێ واتایە!»
ECC 12:9 سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو.
ECC 12:10 وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.
ECC 12:11 وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە دراون.
ECC 12:12 ئەی ڕۆڵە، سەرەڕای ئەمانە، ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە. دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.
ECC 12:13 هەموو شت ئێستا بیستراوە و دەرئەنجامەکەی ئەوەیە: لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.
ECC 12:14 خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات، بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە، جا چاک بێت یان خراپ.
SOL 1:1 گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان.
SOL 1:2 با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات، چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.
SOL 1:3 بۆنی عەترەکەت خۆشە؛ ناوت عەتری پرژاوە، مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.
SOL 1:4 پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین! با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی. دەستەخوشکەکان شاد و دڵخۆش دەبین پێت، لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە. ئەویندار بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.
SOL 1:5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، من ئەسمەرێکی جوانم، وەک ڕەشماڵەکانی قێدار، وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.
SOL 1:6 تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم، ئەوە خۆر لێیداوم. کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون، منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو، لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.
SOL 1:7 ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ، لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت، کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟ بۆچی وەک پەچەکراوێک بم، لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟
SOL 1:8 ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە لەلای نشینگەی شوانەکان.
SOL 1:9 یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون لێکم چوواندی،
SOL 1:10 گۆنات بە خشڵەوە جوانە، گەردنت بە گەردانەوە.
SOL 1:11 خشڵی زێڕت بۆ دەکەین، لەگەڵ نقێمی زیو.
SOL 1:12 هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی، ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
SOL 1:13 دڵدارەکەم چەپکێک موڕە کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.
SOL 1:14 دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی.
SOL 1:15 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت کۆترن.
SOL 1:16 ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت، چەند شیرینیت! جێگاکەمان سەوزە.
SOL 1:17 کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە، تەختەدارەکانی سەروون.
SOL 2:1 من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و سەوسەنی دۆڵانم.
SOL 2:2 وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
SOL 2:3 وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان. حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
SOL 2:4 با بمباتە هۆڵی خوانەکە، خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
SOL 2:5 بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن، بە سێو بمگەشێننەوە، چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
SOL 2:6 دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
SOL 2:7 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.
SOL 2:8 گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە! تەماشا بکە! وا دێت، لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە، بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
SOL 2:9 دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە، وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە، لە دەلاقەوە سەیر دەکات، لە کڵاوڕۆژنەوە تەماشا دەکات.
SOL 2:10 دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم: «یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.
SOL 2:11 تەماشا بکە، زستان تێپەڕی، باران بەسەرچوو و نەما.
SOL 2:12 گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت، ئێستا کاتی گۆرانییە؛ خوێندنی کوکوختی لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
SOL 2:13 هەنجیر بەری گرتووە، بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە. یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.»
SOL 2:14 ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان، لە پەناگای بنارەکان، با ڕوخسارت ببینم، با دەنگت ببیستم، چونکە دەنگت ناسکە و ڕوخسارت شیرینە!
SOL 2:15 ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن، ئەو توولە ڕێوییانەی ڕەزەکانمان تێکدەدەن، چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
SOL 2:16 دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
SOL 2:17 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە، وەک ئاسک بە، یان کارمامز لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
SOL 3:1 بە درێژایی شەو لەسەر نوێنەکەم بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە گیانم خۆشی دەوێت؛ بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
SOL 3:2 ئێستا هەڵدەستم و بەناو شاردا دەسووڕێمەوە، بەناو شەقام و گۆڕەپانەکاندا بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێم کە گیانم خۆشی دەوێت. ئیتر بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
SOL 3:3 تووشی ئێشکگرەکان بووم، کاتێک بەناو شاردا دەگەڕان. «ئایا ئەوەی گیانم خۆشی دەوێت ئێوە نەتانبینیوە؟»
SOL 3:4 ئەوەندەی نەمابوو لێیان تێپەڕم کاتێک ئەوەم بینییەوە کە گیانم خۆشی دەوێت. گرتم و بەرمنەدا، هەتا بردمە ماڵی دایکم، بۆ ژووری ئەو کەسەی کە بە من سکپڕ ببوو.
SOL 3:5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.
SOL 3:6 ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت، وەک ستوونی دووکەڵ، بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە، بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
SOL 3:7 ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە، شەست پاڵەوان دەوریان داوە لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
SOL 3:8 هەموو شمشێر بەدەستن، شارەزای جەنگن، هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە، لەبەر مەترسییەکانی شەو.
SOL 3:9 سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد لە داری لوبنان.
SOL 3:10 ستوونەکانی لە زیو دروستکرد، کاریتەکانی لە زێڕ. بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە، ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە. ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
SOL 3:11 وەرنە دەرەوە، ئەی کچانی سییۆن، ببینن. سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی، کە دایکی لەسەری نا لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی، لە ڕۆژی شادی دڵی.
SOL 4:1 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە. قژت وەک مێگەلە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
SOL 4:2 ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن، کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین.
SOL 4:3 لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە، دەمت شیرینە، گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە.
SOL 4:4 گەردنت وەک قوللەی داودە بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە، هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە، هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.
SOL 4:5 جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن، کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.
SOL 4:6 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، دەچمە چیای موڕ و گردی بخوور.
SOL 4:7 ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە، هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.
SOL 4:8 بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە. لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە، لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە، لە لانەی شێرانەوە، لە چیای پڵنگانەوە.
SOL 4:9 ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە، بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم، بە موورووێکی ملوانکەکەت.
SOL 4:10 ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم، ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە، بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.
SOL 4:11 لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ، شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە! بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.
SOL 4:12 باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم، سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!
SOL 4:13 نەمامەکانت باخی هەنارن لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە، خەنە و ناردین،
SOL 4:14 ناردین و کارکۆم، قامیشی بۆنخۆش و دارچین، لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک، موڕ و ئەلوا لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.
SOL 4:15 تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت، بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی، لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ.
SOL 4:16 هەستە، ئەی بای باکوور، وەرە، ئەی بای باشوور! بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن، با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە، بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی، با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.
SOL 5:1 هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ، موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە، شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد، شەراب و شیری خۆمم خواردەوە. هاوڕێیەکان ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛ یاران، بە ئەوین مەست بن.
SOL 5:2 من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە! دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات: «دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم، ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم، سەرم پڕ ئاونگ بووە، ئەگریجەم پڕ شەونم.»
SOL 5:3 جلەکانم داکەندووە، ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟ پێیەکانم شوشتووە، ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟
SOL 5:4 دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد، هەناوم بۆی ڕاچەنی.
SOL 5:5 هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە، دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا، پەنجەکانم موڕی شل لەسەر دەسکی سورگییەکە.
SOL 5:6 دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە، بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو. گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو، بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە. بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە.
SOL 5:7 تووشی ئێشکگرەکان بووم کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە. لێیان دام و برینداریان کردم، چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم، ئێشکگری شووراکان
SOL 5:8 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون، ئەمەی پێ بڵێن، من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
SOL 5:9 دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟ دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، کە ئاوا سوێندت داین؟
SOL 5:10 دڵدارەکەم سوور و گەشاوەیە، لەناو دە هەزار کەسدا دیارە.
SOL 5:11 سەری زێڕی بێگەردە، زولفی بەرداوەتەوە، ڕەشە وەک قەلەڕەش.
SOL 5:12 چاوەکانی وەک کۆترن چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک، کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر، لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون.
SOL 5:13 گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن، بۆنیان خۆشە. لێوەکانی سەوسەنن، موڕی شلیان لێ دەتکێت.
SOL 5:14 دەستەکانی لوولەی زێڕن، بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە، لەشی عاجی تاشراوە بە بەردی یاقووتی شین پێچراوەتەوە.
SOL 5:15 قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن، لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون. ڕوخساری وەک لوبنانە، هەڵبژاردە وەک ئورز.
SOL 5:16 دەمی شیرینە، سەراپای خۆشەویستە. ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە، ئەی کچانی ئۆرشەلیم!
SOL 6:1 دڵدارەکەت چووە کوێ، ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟ دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد، هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟
SOL 6:2 دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی، بۆ ناو باخچەی بۆندار، هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و سەوسەن کۆبکاتەوە.
SOL 6:3 من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
SOL 6:4 یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی، وەک ئۆرشەلیم شیرینی، وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری.
SOL 6:5 چاوەکانت لەسەر من لابدە، چونکە بەرگەی ناگرم. قژت وەک ڕانە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
SOL 6:6 ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین.
SOL 6:7 گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە.
SOL 6:8 شەست شاژنن و هەشتا کەنیزەن، پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن،
SOL 6:9 بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە، کچە تاقانەی دایکییەتی، نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی. کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد.
SOL 6:10 ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان، جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ، وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟
SOL 6:11 بۆ ناو باخی دار گوێز دابەزیم بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ، بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، هەناریش پشکوتووە؟
SOL 6:12 پێش ئەوەی بزانم، گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام.
SOL 6:13 ئەی شولەمیتی، بگەڕێوە، بگەڕێوە! بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین! دڵدار بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن وەک سەمای مەحەنەیم؟
SOL 7:1 ئەی کچە میر، پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن! کەوانی ڕانت وەک خشڵە دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە.
SOL 7:2 ناوکت جامێکی خڕە شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات، ناوقەدت خەرمانی گەنمە بە سەوسەن پەرژین کراوە.
SOL 7:3 جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن.
SOL 7:4 گەردنت قوللەیەکی عاجە. چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم. لووتت وەک قوللەی لوبنانە ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت.
SOL 7:5 سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و پرچی سەرت ئەرخەوانییە، پاشا بەندی ئەگریجەکانە.
SOL 7:6 چەند جوان و چەند شیرینیت، ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم!
SOL 7:7 ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت، مەمکەکانت لە هێشوو.
SOL 7:8 گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم، خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.» با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن، بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت،
SOL 7:9 دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت. ئەویندار با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت، بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.
SOL 7:10 من بۆ دڵدارەکەمم و ئەو پەرۆشی منە.
SOL 7:11 دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە، لە گوندەکان شەو بەسەرببەین.
SOL 7:12 با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان، ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، پەسیرەکان کراونەتەوە، هەناریش پشکوتووە؟ لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم.
SOL 7:13 گیائادەمە بۆن بڵاو دەکاتەوە، لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە، کۆن و نوێ کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.
SOL 8:1 بریا برای من بووای، شیرەخۆری مەمکی دایکم! ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت، بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم.
SOL 8:2 دەمبردیت، دەمبردیتە ماڵی دایکم، ئەوەی منی پەروەردە کردووە. شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای، لە خۆشاوی هەنارەکەم.
SOL 8:3 دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
SOL 8:4 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.
SOL 8:5 ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟ ئەویندار لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای، لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو، لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.
SOL 8:6 بمکە مۆر لەسەر دڵت، مۆر لەسەر بازووت، چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە، ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە، خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە، وەک ئاگرێکی بەهێزە.
SOL 8:7 ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە، ڕووبارەکان نوقومی ناکەن. ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت، بە بێبەها دادەنرێت.
SOL 8:8 خوشکێکی بچووکمان هەیە، هێشتا مەمکی نەهاتووە. چی بکەین بۆ خوشکمان، ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟
SOL 8:9 ئەگەر شوورا بێت، قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین. ئەگەر دەرگا بێت، بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین.
SOL 8:10 من شوورام و مەمکەکانم وەک قوللەن، بەم جۆرە لە چاوەکانی پەسەندی بەدی دەکەم.
SOL 8:11 سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعل‌هامۆن، ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان، هەریەکە و لەبری بەرهەمەکەی هەزار شاقل زیوی دەدا.
SOL 8:12 بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛ ئەی سلێمان، هەزار شاقل بۆ تۆ بێت، دوو سەد شاقلیش بۆ ڕەزەوانەکان.
SOL 8:13 ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان! هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە، با گوێم لێت بێت.
SOL 8:14 ڕابکە، دڵدارەکەم، وەک ئاسک بە یان وەک کارمامز لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن.
ISA 1:1 خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
ISA 1:2 ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە، چونکە یەزدان دەفەرموێت: «چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن، بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
ISA 1:3 گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی، بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت، گەلی من تێناگات.»
ISA 1:4 قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار، بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە، توخمی بەدکاران، کوڕانی گەندەڵین! وازیان لە یەزدان هێنا، بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد، پشتیان لێی کرد.
ISA 1:5 بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟ بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟ تەواوی سەر نەخۆشە و هەموو دڵ بیمارە.
ISA 1:6 لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر کوا تەندروستی تێیدا؟ بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە، لێدانی تەڕ و تازە کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و بە ڕۆن نەرم نەکراوە.
ISA 1:7 خاکەکەتان وێرانە، شارەکانتان سووتاوە، لەبەرچاوتان زەوییەکەتان بێگانەکان دەیخۆن، وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت.
ISA 1:8 سییۆنی کچ ماوەتەوە، وەک کۆخ لەناو ڕەزەمێودا، وەک کەپر لەناو بێستانی خەیاردا، وەک شارێکی ئابڵوقەدراو.
ISA 1:9 ئەگەر یەزدانی سوپاسالار کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات، لە عەمۆرا دەچووین.
ISA 1:10 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم! گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان، ئەی گەلی عەمۆرا!
ISA 1:11 یەزدان دەفەرموێت: «بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟ تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و لە چەوری دابەستەکان، دڵخۆش نیم بە خوێنی جوانەگا و بەرخ و تەگەکان.
ISA 1:12 کە دێن بۆ بینینی ڕووم، کێ داوای ئەمەی لێکردوون، کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟
ISA 1:13 چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن! بخوور قێزەونە بۆ من. سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە، بەرگەی بۆنە ئایینییە خراپەکانتان ناگرم.
ISA 1:14 سەرەمانگ و جەژنەکانتان گیانم ڕقی لێیانە. بوون بە بارگرانی بۆم، لێیان بێزار بووم.
ISA 1:15 کە لە کاتی نزاکردندا دەستتان پان دەکەنەوە، چاوم لادەدەم لەسەرتان، تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن، من گوێ ناگرم. «دەستتان بە خوێن سوور بووە!
ISA 1:16 «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە. خراپەی کردەوەکانتان لەبەرچاوم لاببەن! وازبهێنن لە خراپەکاری،
ISA 1:17 فێری چاکە بن! بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن، ستەملێکراوان هانبدەن. دادوەری هەتیو بکەن، پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
ISA 1:18 یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت، وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛ ئەگەر وەک قرمز سوور بێت، وەک خوری لێدێت.
ISA 1:19 ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن، خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
ISA 1:20 بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن، بە شمشێر دەخورێن،» چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
ISA 1:21 «چۆن شارە دڵسۆزەکە بوو بە لەشفرۆش! پڕ دادوەری بوو، ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە، بەڵام ئێستا پیاوکوژان!
ISA 1:22 زیوت بوو بە خڵت و شەرابت ئاوی تێکراوە.
ISA 1:23 میرەکانت یاخین و دۆستی دزانن، هەموو حەزیان لە بەرتیلە و دوای پاداشت کەوتوون. دادوەری بۆ هەتیو ناکەن، سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.»
ISA 1:24 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت: «ئای، من تووڕەییم بەسەر ناحەزانمدا دەڕێژم و تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە.
ISA 1:25 دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم، بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە، هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە.
ISA 1:26 ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا. پاش ئەمە پێت دەگوترێت ”شاری ڕاستودروستی“، ”شاری دڵسۆز“.»
ISA 1:27 بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە، تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی.
ISA 1:28 بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت، وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن.
ISA 1:29 «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی ئارەزووتان کرد، تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی هەڵتانبژارد.
ISA 1:30 وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت.
ISA 1:31 مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر، جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»
ISA 2:1 ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
ISA 2:2 لە ڕۆژانی کۆتاییدا، کێوی پەرستگای یەزدان لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت، بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
ISA 2:3 زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن: «وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین، بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب. فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات، بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.» فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت، پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
ISA 2:4 لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات، ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات. شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن، ڕمەکانیشیان دەکەنە داس. هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت، چیتر فێری جەنگ نابن.
ISA 2:5 ئەی بنەماڵەی یاقوب، وەرن، با بە ڕووناکیی یەزداندا بڕۆین.
ISA 2:6 وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا، لە بنەماڵەی یاقوب، پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە، پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.
ISA 2:7 خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو، گەنجینەکانی سنووریان نییە. خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و گالیسکەکانی سنووریان نییە.
ISA 2:8 خاکیان پڕبوو لە بت، کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد، کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.
ISA 2:9 جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە، لێیان خۆش مەبە.
ISA 2:10 لە ڕووی سامی یەزدان و شکۆی مەزنییەکەی، بڕۆ ناو کەلەبەرد و لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!
ISA 2:11 چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەبێتەوە و لووتبەرزیی ئادەمیزاد دەچەمێتەوە، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.
ISA 2:12 یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک، لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە نزم دەبنەوە،
ISA 2:13 لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان، لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،
ISA 2:14 لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،
ISA 2:15 لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز، لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،
ISA 2:16 لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش، لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.
ISA 2:17 جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و
ISA 2:18 هەموو بتەکان لەناودەچن.
ISA 2:19 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و ناو چاڵەکانی خۆڵ.
ISA 2:20 لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئەو بتە زیو و زێڕانەی کە بۆ پەرستن دروستی کردوون، بۆ مشکەکوێرە و شەمشەمەکوێرەیان فڕێدەدات.
ISA 2:21 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.
ISA 2:22 پشت بە مرۆڤ مەبەستە، ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە. بۆچی حیسابی بۆ دەکرێت؟
ISA 3:1 ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار، یەزدانی سوپاسالار، بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت پاڵپشتی و پشتگیری، هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
ISA 3:2 پاڵەوان و جەنگاوەر، دادوەر و پێغەمبەر، فاڵگرەوە و پیر،
ISA 3:3 سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان، ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
ISA 3:4 مێردمنداڵان دەکەم بە میریان، منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
ISA 3:5 گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن، هەرکەسە و لە هاوڕێکەی. مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە، چروکیش لە سەنگین.
ISA 3:6 پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت لە ماڵی باوکی و دەڵێت: «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
ISA 3:7 بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە: «نابم بە چارەساز، نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە. مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
ISA 3:8 ئۆرشەلیم شکست دەخوات و یەهوداش دەکەوێت، چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە، بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
ISA 3:9 دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات، وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن، نایشارنەوە. قوڕبەسەریان، چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
ISA 3:10 بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
ISA 3:11 قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت، چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
ISA 3:12 منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن. گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن.
ISA 3:13 یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت، هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
ISA 3:14 یەزدان دەست بە دادوەری دەکات، لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان: «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا، تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە.
ISA 3:15 ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و ڕووی هەژاران دەهاڕن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
ISA 3:16 یەزدان دەفەرموێت: «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون، گەردنیان دەرخستووە و بە چاوبازییەوە دەڕۆن، بە لارولەنجەوە دەڕۆن بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
ISA 3:17 لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات، یەزدان ڕووتییان دەردەخات.»
ISA 3:18 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە،
ISA 3:19 گوارە و بازن و پەچە،
ISA 3:20 سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە،
ISA 3:21 ئەنگوستیلە و خەزێم،
ISA 3:22 جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و
ISA 3:23 ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
ISA 3:24 جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و لە جێی کەمەربەند، گوریس و لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن، نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
ISA 3:25 پیاوەکانتان بە شمشێر و پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
ISA 3:26 جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن، بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.
ISA 4:1 لەو ڕۆژەدا حەوت ژن یەک پیاو دەگرن و دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین، تەنها ڕێگا بدە با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین. ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»
ISA 4:2 لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل.
ISA 4:3 جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی کە خودا بۆ مانەوە لە ژیان لە ئۆرشەلیم هەڵیبژاردوون.
ISA 4:4 پەروەردگار پیسیی کچانی سییۆن دەشوات؛ بە ڕۆحی حوکمدان و سووتان خوێنەکانی نێو ئۆرشەلیم پاک دەکاتەوە.
ISA 4:5 ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت.
ISA 4:6 بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.
ISA 5:1 با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم، گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی: خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوو لەسەر گردێکی بەپیت.
ISA 5:2 بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد، شامێویشی لێ چاند. قوللەیەکی چاودێری لە ناوەڕاست بنیاد نا، هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی. بە هیوا بوو ترێی باش بگرێت، بەڵام ترێی خراپی گرت.
ISA 5:3 «ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا، تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.
ISA 5:4 چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کە من نەمکردبێت؟ کاتێک من هیوادار بووم ترێی باش بگرێت، بۆچی ترێی خراپی گرت؟
ISA 5:5 ئێستا پێتان دەڵێم چی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم: پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە و وێران دەبێت، دیوارەکەی دەڕووخێنم، دەبێتە پێپەست.
ISA 5:6 دەیکەمە کەلاوە، نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە، دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات. فەرمان بە هەورەکان دەکەم باران بەسەریدا نەبارێنن.»
ISA 5:7 ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالار بنەماڵەی ئیسرائیلە و پیاوانی یەهوداش نەمامی شادی ئەون. بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛ بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.
ISA 5:8 قوڕبەسەر ئەوانەی خانوو بە خانووەوە دەلکێنن و کێڵگە لە کێڵگە نزیک دەکەنەوە هەتا هیچ جێیەک نەما و بە تەنها خۆتان لە خاکەکە نیشتەجێ بوون.
ISA 5:9 بە ڕاستی گوێم لێ بوو کە یەزدانی سوپاسالار فەرمووی: «بێگومان کۆشکی مەزن دەبێتە کەلاوە، خانووی گەورە و خۆشیش چوڵەوانی.
ISA 5:10 جێی دە دۆنم ڕەزەمێو، یەک بەت شەراب بەرهەم دەهێنێت و حۆمەرێک تۆویش ئێفەیەک بەرهەم دەهێنێت.»
ISA 5:11 قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستن بەدوای شەراب دەکەون، لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەون مەی گڕی تێبەرداون.
ISA 5:12 قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ و شەراب بووە بە خەو و خۆراکیان، بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە، دەستکردەکانی نابینن.
ISA 5:13 لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن، سەنگینەکانی لە برسان دەمرن، سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.
ISA 5:14 لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد و بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە، تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان، لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.
ISA 5:15 مرۆڤ دەچەمێتەوە و پیاو نزم دەبێت، چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
ISA 5:16 بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت، خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
ISA 5:17 مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان، بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.
ISA 5:18 قوڕبەسەر ئەوانەی بە گوریسی فێڵ تاوان کێش دەکەن، گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،
ISA 5:19 ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات، با خێرا بێت لە کارەکەی بۆ ئەوەی ببینین. با نزیک بێتەوە و بێتە دی، هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»
ISA 5:20 قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک و بە چاکیش دەڵێن خراپ، ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی و ڕووناکیش دەکەن بە تاریکی، ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین و شیرین دەکەن بە تاڵ.
ISA 5:21 قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان، لەلای خۆیان تێگەیشتوون.
ISA 5:22 قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن، پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،
ISA 5:23 بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن، ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.
ISA 5:24 لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت، وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت، ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت، خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە، چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە، سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.
ISA 5:25 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا، دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا. چیاکان هەژان و جەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
ISA 5:26 ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە، فیکە بۆ ئەوانە لێدەدات کە لەوپەڕی زەوین. ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!
ISA 5:27 نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت، نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت، نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە و نە ئاوزەنگی پێڵاوەکانی دەپچڕێت.
ISA 5:28 ئەوانەی تیرەکانیان تیژ و کەوانەکانیان توند کراوە، سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن، چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.
ISA 5:29 نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە و وەک بەچکە شێر دەنەڕێنن، دەمڕێنن و نێچیر دەگرن، دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.
ISA 5:30 لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن، وەک هاژەی دەریا. دەڕواننە خاکەکە و دەبینن وا تاریکییەکی تەنگە، ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.
ISA 6:1 لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو.
ISA 6:2 سەرافیمەکان لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی.
ISA 6:3 ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
ISA 6:4 چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
ISA 6:5 گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
ISA 6:6 ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و
ISA 6:7 لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
ISA 6:8 ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟» منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
ISA 6:9 ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ: «”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن.“
ISA 6:10 دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە، گوێی گران بکە و چاوی بنوقێنە، نەوەک بە چاوی ببینێت و بە گوێی ببیستێت، بە دڵی تێبگات و بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
ISA 6:11 منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟» ئەویش فەرمووی: «هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی بێ ئاوەدانی و ماڵەکانیش بێ خەڵک و کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
ISA 6:12 هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
ISA 6:13 ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە، جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت. بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو، کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت، پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»
ISA 7:1 لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن.
ISA 7:2 هەروەها بە بنەماڵەی داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا.
ISA 7:3 یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و
ISA 7:4 پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن.
ISA 7:5 لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان،
ISA 7:6 ’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘
ISA 7:7 یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت: «”سەرناگرێت و نابێت،
ISA 7:8 چونکە سەری ئارام دیمەشقە و سەری دیمەشقیش ڕەچینە، لە ماوەی شەست و پێنج ساڵدا ئەفرایم دەشکێت و وەک گەل نامێنێت.
ISA 7:9 سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و سەری سامیرەش کوڕەکەی ڕەمەلیاهوە. ئەگەر لە باوەڕدا نەچەسپێن، لە دڵنیاییدا نابن.“»
ISA 7:10 جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو:
ISA 7:11 «بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.»
ISA 7:12 ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»
ISA 7:13 ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟
ISA 7:14 لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل.
ISA 7:15 دەڵەمە و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت،
ISA 7:16 چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی.
ISA 7:17 یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، کە لە کاتی جیابوونەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. ئەو پاشای ئاشور دەهێنێت.»
ISA 7:18 لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن.
ISA 7:19 جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە.
ISA 7:20 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت.
ISA 7:21 لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو بزن بەخێو دەکات،
ISA 7:22 جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن.
ISA 7:23 لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ.
ISA 7:24 بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ.
ISA 7:25 هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.
ISA 8:1 یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.“»
ISA 8:2 هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
ISA 8:3 لە پێغەمبەرە ژن نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز،
ISA 8:4 چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
ISA 8:5 ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
ISA 8:6 «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئاوی هێمنی شیلۆوەحی ڕەتکردەوە، دڵخۆش بوو بە ڕەچین و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
ISA 8:7 لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە ئاوی ڕووبارە بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت، مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی. جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
ISA 8:8 بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن، لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە، ئەی ئیمانوێل!»
ISA 8:9 ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە! ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن: خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
ISA 8:10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت، قسە بکەن، سەرناگرێت، چونکە خودا لەگەڵمانە.
ISA 8:11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
ISA 8:12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“ بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی، مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقە.
ISA 8:13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و دەبێ لەو بترسی، لەو بتۆقی.
ISA 8:14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا، بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە. بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەبێت بە تەڵە و داو.
ISA 8:15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون، دەکەون و تێکدەشکێن، بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
ISA 8:16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە، فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
ISA 8:17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە، من پشت بەو دەبەستم.
ISA 8:18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
ISA 8:19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“
ISA 8:20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت.
ISA 8:21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن.
ISA 8:22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»
ISA 9:1 بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی ناجولەکەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون.
ISA 9:2 ئەو گەلەی لە تاریکیدا دەڕۆیشت، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.
ISA 9:3 ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی، لەبەردەمت دڵخۆش بوو وەک خۆشی کاتی دروێنە، وەک ئەوانەی شاد دەبن بە دابەشکردنی دەستکەوت.
ISA 9:4 لەبەر ئەوەی نیری بارگرانی ئەو و داری پشتی ئەو و کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت وەک ڕۆژی میدیان شکاند.
ISA 9:5 هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و بەرگی لەناو خوێن گەوزاو بۆ سووتان دەبێت، سووتەمەنییە بۆ ئاگر،
ISA 9:6 چونکە کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی. ناوی لێ دەنرێت سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بەتوانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.
ISA 9:7 گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت. لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی دەکات بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی، بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
ISA 9:8 پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.
ISA 9:9 گەل هەموو دەزانن، ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە، بە لووتبەرزی و فیزی دڵەوە دەڵێن:
ISA 9:10 «خشت ڕووخا، بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە؛ هەنجیرە کێوی بڕایەوە، بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»
ISA 9:11 یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت، ناحەزانی جۆش دەدات.
ISA 9:12 ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
ISA 9:13 گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی، ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.
ISA 9:14 یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت، دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،
ISA 9:15 پیر و پیاوماقوڵ سەرەکەن، ئەو پێغەمبەرانەی کە فێرکردنی درۆیین فێر دەکەن کلکەکەن.
ISA 9:16 ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار، ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.
ISA 9:17 لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان، بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان، چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن، هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
ISA 9:18 بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت، دڕکوداڵ دەخوات، گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات، ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
ISA 9:19 بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار خاکەکە دەسووتێت، گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر، پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
ISA 9:20 لای ڕاست لێ دەکاتەوە و هەر برسییە، لای چەپ دەخوات و تێر نابێت. پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
ISA 9:21 مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە، هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
ISA 10:1 قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و ئەوانەی فەرمانی ستەمکارانە دەردەکەن،
ISA 10:2 بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن، بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و هەتیوانیش تاڵان بکەن.
ISA 10:3 لە ڕۆژی سزا چی دەکەن، کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟ بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
ISA 10:4 بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و کەوتن لەژێر کوژراوەکان. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە.
ISA 10:5 «قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم، هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
ISA 10:6 بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم، فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت، تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات، هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
ISA 10:7 بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە، ئەو ئەمەی لە دڵدا نییە، چونکە ئامانجی ئەو وێرانکردنە، لەناوبردنی گەلانێکی زۆرە.
ISA 10:8 دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
ISA 10:9 ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟ یان حەمات وەک ئەرپاد؟ یان سامیرە وەک دیمەشق؟
ISA 10:10 وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە،
ISA 10:11 ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد، وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»
ISA 10:12 دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم،
ISA 10:13 چونکە دەڵێت: «”بە توانای دەستی خۆم کردم و بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم، سنووری گەلانم گواستەوە و گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد، وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
ISA 10:14 دەستم گەیشتە سامانی گەلان، وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛ وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو، هەموو زەویم کۆکردەوە، کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»
ISA 10:15 تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە، یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟ وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
ISA 10:16 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان، لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت وەک داگیرسانی ئاگر.
ISA 10:17 ڕووناکی ئیسرائیل دەبێت بە ئاگر و پیرۆزەکەشی بە گڕ، دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی لە یەک ڕۆژدا.
ISA 10:18 چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات، گیان و لەش پێکەوە وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
ISA 10:19 پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.
ISA 10:20 لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب، چیتر پشت نابەستن بەوانەی لێیان دەدەن، بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
ISA 10:21 پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب بۆ لای خودای توانادار.
ISA 10:22 ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە. بڕیاری قڕبوون دراوە، لافاوی ڕاستودروستییە.
ISA 10:23 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.
ISA 10:24 بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی، لە ئاشور مەترسە کە بە داردەست لێت دەدات و گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
ISA 10:25 بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»
ISA 10:26 یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
ISA 10:27 جا لەو ڕۆژەدا، باری لەسەر شانت لادەچێت و نیری لەسەر ملت، لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.
ISA 10:28 گەیشتە عەییات، لە میگرۆن پەڕییەوە، لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
ISA 10:29 ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن: «گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.» ڕامە داچڵەکی، گیڤعای شاول هەڵات.
ISA 10:30 ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆتان بحیلێنن! ئەی لەیشا، گوێ بگرە! داماوە عەناتۆت.
ISA 10:31 مەدمێنا ڕایکردووە، خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
ISA 10:32 ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن، بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن لە کێوەکەی شاری سییۆن، لە گردەکەی ئۆرشەلیم.
ISA 10:33 ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە. باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە، لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
ISA 10:34 چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە، لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.
ISA 11:1 چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت، لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
ISA 11:2 ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە، ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی، ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
ISA 11:3 بە لەخواترسی شادمان دەبێت. بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات، بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
ISA 11:4 بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات. بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات، بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
ISA 11:5 ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
ISA 11:6 گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت، پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە، گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
ISA 11:7 مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن، بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە، شێر وەکو گا کا دەخوات.
ISA 11:8 کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات، لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
ISA 11:9 خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم، چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
ISA 11:10 لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت.
ISA 11:11 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
ISA 11:12 ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە لە هەر چوار لای زەوییەوە.
ISA 11:13 بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە، ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
ISA 11:14 پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن. ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن، عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
ISA 11:15 یەزدان کەنداوی دەریای میسر تێکوپێک دەدات، بە بایە سووتێنەرەکەی دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا، لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
ISA 11:16 دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.
ISA 12:1 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت: «ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم، هەرچەندە لێم تووڕە بوویت، بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
ISA 12:2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من، دڵنیا دەبم و ناترسم، چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
ISA 12:3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە لە کانییەکانی ڕزگاری.
ISA 12:4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن: «ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن، وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت، باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
ISA 12:5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە، با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
ISA 12:6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە! چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
ISA 13:1 سروشێک سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:
ISA 13:2 لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن، دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە، دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە بۆ ناو دەرگای میران.
ISA 13:3 من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد، هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم، ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.
ISA 13:4 گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت، وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر! گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت، وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە! یەزدانی سوپاسالار سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!
ISA 13:5 لە خاکێکی دوورەوە دێن، لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن، یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی، بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.
ISA 13:6 واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت.
ISA 13:7 لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن، هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.
ISA 13:8 ڕادەچڵەکێن، ئازار و ژان دەیانگرێت، وەک منداڵبوو دەتلێنەوە. پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی، ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.
ISA 13:9 ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت، سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە، بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.
ISA 13:10 ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی ڕووناکییان دەرناخەن، خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت، مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
ISA 13:11 سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی، بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان، کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
ISA 13:12 مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.
ISA 13:13 لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت، لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.
ISA 13:14 وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە، هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.
ISA 13:15 ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.
ISA 13:16 منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.
ISA 13:17 ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم، ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و کەیفیان بە زێڕ نایەت.
ISA 13:18 کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن، بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە، دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.
ISA 13:19 بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و جوانی شانازی بابلییەکان وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت، کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.
ISA 13:20 هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت، عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات، شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.
ISA 13:21 بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن، چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛ کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت، تەگە لەوێ سەما دەکەن.
ISA 13:22 کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت، چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی. کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن، ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.
ISA 14:1 یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە، لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە، نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.
ISA 14:2 گەلان دەیانگرن و دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان، دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.
ISA 14:3 ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە،
ISA 14:4 ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت: زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات! خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!
ISA 14:5 یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند، داردەستی فەرمانڕەواکان،
ISA 14:6 ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا، لێدانێکی بێ بڕانەوە، بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد، بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.
ISA 14:7 هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.
ISA 14:8 هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن: «لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»
ISA 14:9 جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت بۆ پێشوازی لە هاتنت، ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت، هەموو سەرکردەکانی جیهان، لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت، هەموو پاشایانی نەتەوەکان.
ISA 14:10 هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن: «هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت، وەک ئێمەت لێ هات.»
ISA 14:11 مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان بەدەم ئاوازی سازەکانت، لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و کرمیش دەبێتە لێفەت.
ISA 14:12 چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!
ISA 14:13 تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن.
ISA 14:14 سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»
ISA 14:15 بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.
ISA 14:16 ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن، لێت ورد دەبنەوە: «ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند، شانشینەکانی هەژاند،
ISA 14:17 ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی، شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد، ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»
ISA 14:18 هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان، هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.
ISA 14:19 بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە. دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان کە بە شمشێر لێیان دراوە، شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن. وەک لاشەی پێشێلکراو،
ISA 14:20 لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت، چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد، گەلەکەی خۆتت کوشت. با توخمی خراپەکاران هەتاهەتایە ناویان نەیەت.
ISA 14:21 سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن لەسەر تاوانی باوکانیان، با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.
ISA 14:22 «هەڵدەستمە سەریان،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت. «لە بابل ناو و پاشماوە و نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 14:23 «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و گۆمی ئاو، بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
ISA 14:24 یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی: «بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.
ISA 14:25 ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم، لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم، جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»
ISA 14:26 ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.
ISA 14:27 یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟ دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟
ISA 14:28 لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
ISA 14:29 ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن، کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا، چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.
ISA 14:30 هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە، ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و پاشماوەکەشت دەکوژرێت.
ISA 14:31 ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە! ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە! چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.
ISA 14:32 چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟ «یەزدان سییۆنی دامەزراند و لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»
ISA 15:1 سروشێک سەبارەت بە مۆئاب: عار لە مۆئاب وێران بوو، لە یەک شەودا کاول بوو! قییر لە مۆئاب وێران بوو، لە یەک شەودا کاول بوو!
ISA 15:2 دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی سەرکەوت، بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان، مۆئاب بەسەر نیبۆ و مادەبادا شیوەن دەکات. هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و هەموو ڕیشێک تاشراون.
ISA 15:3 لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش دەپۆشن، لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی هەموو شیوەن دەکەن بەخوڕ دەگریێن.
ISA 15:4 حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە، دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت. لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن گیانیان دەلەرزێت.
ISA 15:5 دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت، هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن، هەتا عەگلەت شەلیشیا. بە گریانەوە لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون، لە ڕێگای حۆرۆنایم هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
ISA 15:6 ئاوەکانی نیمریم وشک بوون، گیایەکەش سیس بوو، لەوەڕگا نەما و سەوزایی نەما.
ISA 15:7 لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
ISA 15:8 هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە، واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم، واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
ISA 15:9 ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن، بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم، شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.
ISA 16:1 بەرخ وەک سەرانە بنێرن بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە، لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
ISA 16:2 وەک باڵندەی هەڵاتوون وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت، کچانی مۆئاب لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.
ISA 16:3 «ڕاوێژ بکە، دادوەری ئەنجام بدە، لە قرچەی نیوەڕۆدا سێبەرت وەک شەوی لێ بکە. دەرکراوەکان بشارەوە، هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
ISA 16:4 با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە، لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.» کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت، کاولبوون نامێنێت، پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
ISA 16:5 بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت، یەکێک لە بنەماڵەی داود دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری، دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی، بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.
ISA 16:6 لووتبەرزی مۆئابمان بیست، لووتبەرزییەکی زۆر، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی، بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
ISA 16:7 لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن، سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن. ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان، بۆ نانی کشمیشی قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
ISA 16:8 کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون، هەروەها ڕەزەکەی سیڤما. گەورەکانی نەتەوەکان شا مێوەکانییان شکاند، کە گەیشتبووە یەعزێر و پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی. لقەکانی درێژ ببوونەوە و لە دەریا پەڕیبوونەوە.
ISA 16:9 لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم بۆ ڕەزەکەی سیڤما، بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ! لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت هەراوزەنای جەنگ هات.
ISA 16:10 خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە، لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت، شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت، هوتاف کپ بوو.
ISA 16:11 لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت، ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
ISA 16:12 جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت، ماندوو دەبێت. کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات، قبوڵ نابێت.
ISA 16:13 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو.
ISA 16:14 ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»
ISA 17:1 سروشێک سەبارەت بە دیمەشق: «بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو.
ISA 17:2 شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و بۆ مێگەلەکان دەبن، تێیدا ڕادەکشێن، کەس نییە بیانترسێنێت.
ISA 17:3 قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و پاشایەتیش لە دیمەشق. پاشماوەی ئارام وەک شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ISA 17:4 «لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە، قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت.
ISA 17:5 وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە، بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە. وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت لە دۆڵی ڕفایم.
ISA 17:6 وەک تەکاندنی دار زەیتوون کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە، دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان، چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل.
ISA 17:7 لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
ISA 17:8 ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە کە دروستکراوی دەستی خۆین، ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات، ستوونە ئەشێراکان و قوربانگاکانی بخوور.
ISA 17:9 لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.
ISA 17:10 خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو، تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە. لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات.
ISA 17:11 ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات، بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت.
ISA 17:12 ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر، وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت! خوڕەی نەتەوەکان وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت!
ISA 17:13 نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر، بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن، وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا.
ISA 17:14 دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە! بەرەبەیانێکی زوو نامێنن! ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە، بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.
ISA 18:1 قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان، ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە،
ISA 18:2 پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت، بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان. بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان، بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە، بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن، نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار، ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی.
ISA 18:3 ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و نیشتەجێبووانی زەوی، کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە، ببینن و کە کەڕەنا لێدرا، گوێ بگرن.
ISA 18:4 یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا، وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.»
ISA 18:5 پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو، چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات.
ISA 18:6 پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی، بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن.
ISA 18:7 لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت، لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە، گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک، نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار، ئەوەی ڕووبارەکان زەوییەکەیانی دابەش کردووە، بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن.
ISA 19:1 سروشێک سەبارەت بە میسر: ئەوەتا یەزدان بەسەر هەورێکی خێراوە بەرەو میسر دێت. بتەکانی میسر لە ڕووی ئەودا دەلەرزن، دڵی میسریش لە ناخیدا دەتوێتەوە.
ISA 19:2 «میسرییەکان لە دژی میسرییەکان هاندەدەم، هەرکەسە لە دژی برای خۆی شەڕ دەکات، هەرکەسە لە دژی هاوڕێی خۆی، شار لە دژی شار و شانشین لە دژی شانشین.
ISA 19:3 میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت، ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم، داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن، لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.
ISA 19:4 میسرییەکان ڕادەستی گەورەیەکی دڵڕەق دەکەم و پاشایەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایەتییان دەکات،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
ISA 19:5 ئاوی نیل وشک دەبێت، ڕووبارەکەش کاول دەبێت و وشک دەبێت.
ISA 19:6 نۆکەندەکان بۆن دەکەن، لقەکانی نیل کز دەبن و کاول دەبن. قامیش و زەل بۆگەن دەبن،
ISA 19:7 سەوزایی لەسەر نیل، لە ڕێژگەی ڕووبارەکە. هەموو ئەوەی لەسەر نیل چانراوە وشک دەبێت، هەڵدەوەرێت و نامێنێت.
ISA 19:8 ماسیگرەکان ئاخ هەڵدەکێشن و شین دەگێڕن، هەموو ئەوانەی قولاپ هەڵدەدەنە ناو نیلەوە، ئەوانەی تۆڕ لەسەر ڕووی ئاوەکان بڵاو دەکەنەوە ورەیان نامێنێت.
ISA 19:9 کرێکارەکان لە کەتانی ئامادەکراو بێ ئومێد دەبن، جۆڵاکانیش ڕوو زەرد دەبن.
ISA 19:10 جۆڵاکانی میسر وردوخاش دەبن و هەموو کرێکارەکانی خەمبار دەبن.
ISA 19:11 بێگومان میرەکانی چۆعەن گێلن: دانا ڕاوێژکارەکانی فیرعەون ڕاوێژەکانیان ئاژەڵانەیە. چۆن بە فیرعەون دەڵێن: «کوڕی دانایانم من، کوڕی پاشا دێرینەکان»؟
ISA 19:12 کەواتە کوا داناکانت؟ با پێت بڵێن و با بزانن، یەزدانی سوپاسالار پلانی چی داناوە لە دژی میسر.
ISA 19:13 میرانی چۆعەن گێل بوون، میرانی مەمفیس چەواشە کران، پیاوماقوڵانی هۆزەکانی میسریان گومڕا کرد.
ISA 19:14 یەزدان ڕۆحی گێژبوونی تێدا تێکەڵ کردووە، میسریان گومڕا کرد لە هەموو کردارەکانی وەک گومڕاکردنی سەرخۆش لەناو ڕشانەوەکەی.
ISA 19:15 هیچ کارێک نابێت لە میسر کە سەر یان کلک، دار خورما یان زەل، بیکات.
ISA 19:16 لەو ڕۆژەدا میسرییەکان وەک ژنیان لێدێت، لە ترسان دەلەرزن، کاتێک یەزدانی سوپاسالار دەستی لێیان بەرز دەکاتەوە.
ISA 19:17 میسرییەکان لە خاکی یەهودا دەتۆقن، هەموو ئەوەی بەبیری بێتەوە لە یەهودا دەترسێت، لەبەر ئەو پلانەی یەزدانی سوپاسالار لە دژی دایدەڕێژێت.
ISA 19:18 لەو ڕۆژەدا پێنج شار دەبێت لە خاکی میسردا کە بە زمانی کەنعانی بدوێن و بە یەزدانی سوپاسالار سوێند دەخۆن، یەکێکیان پێی دەگوترێت «شاری خۆر».
ISA 19:19 لەو ڕۆژەدا، لە ناوەڕاست خاکی میسردا قوربانگایەک بۆ یەزدان دەبێت و ستوونێکیش لەسەر سنوورەکەی بۆ یەزدان.
ISA 19:20 جا دەبێتە نیشانە و شایەتی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە خاکی میسردا، چونکە هاوار بۆ یەزدان دەکەن لە ڕووی زۆردار، ئەویش ڕزگارکەر و پارێزەریان بۆ دەنێرێت و دەربازیان دەکات.
ISA 19:21 ئینجا یەزدان لە میسر ناسراو دەبێت، لەو ڕۆژەدا میسرییەکان یەزدان دەناسن و بە قوربانی و پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەیپەرستن و نەزر بۆ یەزدان دەکەن و بەجێی دەهێنن.
ISA 19:22 یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.
ISA 19:23 لەو ڕۆژەدا شاڕێگایەک لە میسرەوە بەرەو ئاشور دەبێت، جا ئاشورییەکان دێنە میسر و میسرییەکانیش دێنە ئاشور، میسر لەگەڵ ئاشور پێکەوە خزمەت دەکەن.
ISA 19:24 لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە سێیەکە، لەگەڵ میسر و ئاشور، دەبنە بەرەکەت لە خاکەکە.
ISA 19:25 ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»
ISA 20:1 لە ساڵی هاتنی فەرماندە گشتییەکە بۆ ئەشدۆد، کاتێک سەرگۆنی پاشای ئاشور ناردی و لەگەڵ ئەشدۆد جەنگا و گرتی،
ISA 20:2 لەو کاتەدا یەزدان لە ڕێگەی ئیشایای کوڕی ئامۆچەوە قسەی کرد و فەرمووی: «بڕۆ جلوبەرگە گوشەکە لە کەمەرت بکەرەوە و پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە.» ئەویش بەم جۆرەی کرد و بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت.
ISA 20:3 ئینجا یەزدان فەرمووی: «وەک ئەوەی ئیشایای بەندەم بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت، ئەمە نیشانە و پەندە لەسەر میسر و لەسەر کوش،
ISA 20:4 پاشای ئاشوریش بۆ ڕیسوایی میسر بەم جۆرە ڕاپێچکراوانی میسر و دیلەکانی کوش، گەنج و پیر بە ڕووتی و پێ خاوسی و سمت ڕووتی دەداتە پێش خۆی.
ISA 20:5 دەتۆقن و شەرمەزار دەبن لەبەر کوش کە مایەی هیوایان بوو و لەبەر میسر کە مایەی شانازییان بوو.
ISA 20:6 جا دانیشتووی ئەم کەنارە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ”سەیر بکەن چی بەسەر ئەوانەدا هاتووە کە چاوەڕێمان دەکرد لە بەرامبەر پاشای ئاشور فریامان بکەون! ئیتر ئێمە چۆن ڕزگارمان دەبێت؟“»
ISA 21:1 سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا: وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات، لە چۆڵەوانییەوە دێت، لە خاکێکی ترسناک.
ISA 21:2 ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە: ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات. سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا! کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.
ISA 21:3 لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار، ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون، سەرسام بووم لە گوێگرتن، واقم وڕما لە بینین.
ISA 21:4 سەرم لێ شێوا، ترس منی لەرزاند، زەردەپەڕی خۆشیی منی کردە تۆقین.
ISA 21:5 خوان ئامادە دەکەن، ڕایەخ ڕادەخەن، دەخۆن و دەخۆنەوە! هەستن ئەی میران! قەڵغان چەور بکەن!
ISA 21:6 پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە، ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.
ISA 21:7 کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت، سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر، با بە تەواوی گوێی شل بکات، زۆر شلی بکات.»
ISA 21:8 ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد: «گەورەم، من ڕۆژانە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم، هەموو شەوانیش لە بنکەی پاسەوانێتییەکەم دەمێنمەوە.
ISA 21:9 ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت. وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ”کەوتووە، بابل کەوتووە! هەموو وێنەی خوداوەندەکانی بەرەو زەوی شکان!“»
ISA 21:10 ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون، ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.
ISA 21:11 سروشێک سەبارەت بە دوما: لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت، «ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟ ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»
ISA 21:12 ئێشکگرەکەش وەڵام دەداتەوە: «بەیانی دێت، هەروەها شەویش. ئەگەر داواکارن، داوا بکەن، بگەڕێنەوە، وەرن.»
ISA 21:13 سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان: ئەی کاروانی دیدانییەکان، ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،
ISA 21:14 بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن. ئەی دانیشتووانی خاکی تێما، بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،
ISA 21:15 چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون، لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو، لە ڕووی کەوانی توندکراو، لە ڕووی سەختی جەنگ.
ISA 21:16 پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و
ISA 21:17 پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»
ISA 22:1 سروشێک سەبارەت بە دۆڵی بینین: چیتانە وا سەرکەوتوون، هەموو بۆ سەربان،
ISA 22:2 ئەی شارە بە هاتوهاوارەکە، پڕ لە دەنگەدەنگ، شارۆچکە بە شانازییەکە؟ کوژراوەکانت کوژراوی شمشێر نین و مردووی جەنگ نین.
ISA 22:3 فەرمانڕەواکانت پێکەوە هەڵاتن، بێ بەرگری بە دیل گیران. هەموو ئەوانەی گیران، پێکەوە بران بۆ زیندان، ئەوانەش کە دوور بوون و هەڵاتبوون.
ISA 22:4 لەبەر ئەوە گوتم: «وازم لێ بهێنن، بە تاڵییەوە دەگریێم، زۆرم لێ مەکەن بۆ دڵدانەوەم لەسەر وێرانبوونی گەلەکەم.»
ISA 22:5 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دۆڵی بینین بۆ هاتوهەرا و سەرکوتکردن و سەرلێشێوان بۆ دیوار بڕین و هاوارکردن بۆ چیا.
ISA 22:6 ئیلام تیردانی هەڵگرتووە بە گالیسکە و پیادە و سوارەوە، قییریش قەڵغانی دەرخست.
ISA 22:7 جا هەڵبژاردەی دۆڵەکانت پڕ دەبێت لە گالیسکە و لە سوارەکان، ڕیزیان بەستووە ڕووەو دەروازەکە.
ISA 22:8 داپۆشینی یەهودا نامێنێت. جا لەو ڕۆژەدا دەڕوانیتە چەکەکانی کۆشکی دارستان،
ISA 22:9 کەلێنەکانی شاری داود دەبینن کە زۆر بوون و ئاوی گۆمی خوارێ کۆدەکەنەوە.
ISA 22:10 ماڵەکانی ئۆرشەلیم دەژمێرن و ماڵەکان دەڕووخێنن بۆ پتەوکردنی شووراکە.
ISA 22:11 ئەستێلێک دروستدەکەن لەنێوان دوو شووراکە، بۆ ئاوی گۆمە کۆنەکە. بەڵام نەتانڕوانییە یەزدانی دروستکەری، ئەوەی لەمێژەوە شێوەی کێشابوو نەتانبینی.
ISA 22:12 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، لەو ڕۆژەدا بانگەوازی کرد بۆ گریان و شیوەن و سەرتاشین و پۆشینی جلوبەرگی گوش.
ISA 22:13 بەڵام ئەوەتا خۆشی و شادی، مانگا کوشتنەوە و مەڕ سەربڕین، گۆشت خواردن و شەراب خواردنەوە! «با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.»
ISA 22:14 گوێم لێگرت یەزدانی سوپاسالار بۆی ئاشکرا کردم: «کەفارەت بۆ ئەم تاوانەتان ناکرێت تاکو دەمرن،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
ISA 22:15 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ بۆ لای ئەو کارگێڕە، شەڤنا ئەوەی سەرپەرشتیاری کۆشکەکەیە:
ISA 22:16 چیت هەیە لێرە و کێ ڕوخسەتی پێداویت، هەتا گۆڕێک بۆ خۆت هەڵبکەنیت، ئەی ئەوەی لە بەرزایی گۆڕی خۆتت هەڵکەندووە و بۆ خۆت لەناو تاشەبەرد ماڵت تاشیوە؟
ISA 22:17 «ئەی پاڵەوان، ئەوەتا یەزدان خەریکە بە توندی تووڕت دەدات و بە هێزەوە لوولت دەکات،
ISA 22:18 وەک تۆپ بە توندی دەتپێچێتەوە و بەرەو خاکێکی بەرفراوان تووڕت دەدات. لەوێ دەمریت و گالیسکەکانی شکۆمەندیت لەوێ دەبێت، ئەی مایەی سووکایەتی ماڵی گەورەکەت!
ISA 22:19 لە پلەکەت دەرتدەکەم و لە پایەکەت فڕێدەدرێیتە خوارەوە.
ISA 22:20 «لەو ڕۆژەدا بانگی بەندەکەی خۆم، بانگی ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا دەکەم و
ISA 22:21 جلەکەی تۆی لەبەر دەکەم و بە کەمەربەندەکەی تۆ کەمەری توند دەکەم و دەسەڵاتی تۆ دەدەمە دەست ئەو و دەبێت بە باوک بۆ ئۆرشەلیم و بۆ بنەماڵەی یەهودا.
ISA 22:22 کلیلی ماڵی داود دەدەمە دەستی و ئەوەی ئەو دەیکاتەوە کەس ناتوانێت دایبخات و ئەوەی دایدەخات کەس ناتوانێت بیکاتەوە.
ISA 22:23 وەک سنگ دەیچەقێنم لە شوێنێکی چەسپاو و دەبێت بە تەختی شکۆمەندی بۆ بنەماڵەکەی.
ISA 22:24 هەموو شکۆمەندی بنەماڵەکەی بەوەوە هەڵدەواسن، چڵەکان و لقەکان، هەموو دەفرە بچووکەکان، لە دەفرە پەلەکانەوە هەتا دەفرە قووڵەکان.»
ISA 22:25 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بەڵام سەردەمێک دێت سنگە چەقاوەکە لە شوێنە چەسپاوەکە نامێنێت و دەشکێت و دەکەوێت، ئەو بارگرانییەی لەسەری بوو دەبڕدرێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 23:1 سروشێک سەبارەت بە سور: واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش! چونکە سور کاول کراوە، نە خانوو نە بەندەری بە پێوە نەماوە، لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
ISA 23:2 بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و بازرگانانی سەیدا، ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
ISA 23:3 دانەوێڵەی شیحۆر لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات، داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە، جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
ISA 23:4 شەرمەزار بە ئەی سەیدا، ئەی قەڵای دەریا! چونکە دەریا گوتی: «نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو، نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
ISA 23:5 کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات، بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
ISA 23:6 بپەڕنەوە بۆ تەرشیش، واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
ISA 23:7 ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان، ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە، ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن بۆ ئاوارە بوون؟
ISA 23:8 کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت، ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون، فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
ISA 23:9 یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک، بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
ISA 23:10 ئەی دانیشتووانی تەرشیش، زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن، ئیتر بەندەر نەما.
ISA 23:11 یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و شانشینەکان تۆقین. لە دژی فینیکیا فەرمانی دا بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
ISA 23:12 فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت، ئەی سەیدای کچە پاکیزە، ئێستا پێشێل کراویت! «هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە، لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
ISA 23:13 ئەوەتا خاکی بابلییەکان، گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت! ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان. قوللەکانیان دروستکرد، قەڵاکانیان ڕووخاند، کردیان بە کاولگە.
ISA 23:14 ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن، چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
ISA 23:15 لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
ISA 23:16 «دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو! باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
ISA 23:17 جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات.
ISA 23:18 بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.
ISA 24:1 ئەوەتا یەزدان لە داهاتوودا زەوی چۆڵ دەکات، بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت، دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
ISA 24:2 کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت، گەورە وەک کۆیلەکەی، خانم وەک کەنیزەکەی، کڕیار وەک فرۆشیار، بەخشەر وەک وەرگر، قەرزدەر وەک قەرزار.
ISA 24:3 زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و بە تاڵان تاڵان دەکرێت، یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
ISA 24:4 زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، جیهان داهێزرا و سیس بوو، گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
ISA 24:5 زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو، چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد، فەرزەکانیان پێشێل کرد و پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
ISA 24:6 لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و دانیشتووانەکەی سزادران. لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و خەڵکێکی کەم مایەوە.
ISA 24:7 شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو، هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
ISA 24:8 دەفی دەنگ خۆش کپ بوو، هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە، قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
ISA 24:9 بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە، مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
ISA 24:10 شاری وێران تێکشکاوە، هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
ISA 24:11 لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک، دوورخرایەوە شادی زەوی.
ISA 24:12 ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و لێدانی دەروازەش کاولییە.
ISA 24:13 ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی لەنێو گەلان، وەک داتەکاندنی دار زەیتوون، وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
ISA 24:14 ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن، بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
ISA 24:15 لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن، لە دوورگەکانی دەریاشەوە ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل بەرز بکەنەوە.
ISA 24:16 لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو: «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!» جا گوتم: «فەوتام! فەوتام! قوڕبەسەرم! ناپاکان ناپاکییان کرد! ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
ISA 24:17 ترس و چاڵ و تەڵە بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
ISA 24:18 ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت دەکەوێتە چاڵەکەوە و ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت. بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و بناغەکانی زەوی هەژان.
ISA 24:19 زەوی بە شکان دەشکێت، زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت، زەوی بە لەقین دەلەقێت.
ISA 24:20 زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت، جۆلانە دەکات وەک کەپر لەبەردەم با. یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە، دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
ISA 24:21 لەو ڕۆژەدا یەزدان سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
ISA 24:22 بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە وەک دیل لە بەندیخانە و لە گرتووخانە توند دەکرێن و دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
ISA 24:23 مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت، چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم، شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.
ISA 25:1 ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت! بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم، چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە، پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن، بە دڵسۆزی چەسپاون.
ISA 25:2 شارت کاول کرد و شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد، قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە، بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.
ISA 25:3 لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن، شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.
ISA 25:4 بوویت بە پەناگای هەژار، پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە، چەتر لە لێزمەی باران و سێبەر لە گەرما، چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،
ISA 25:5 وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا. هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت وەک گەرما بە سێبەری هەور گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.
ISA 25:6 یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات، خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان مەی سادەی پاڵاوتە.
ISA 25:7 لەم کێوەدا لووشی دەدات پەچەی سەر مردوو، پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە، هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،
ISA 25:8 مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە. یەزدانی باڵادەست فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە، ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت لە هەموو زەویدا، چونکە یەزدان فەرمووی.
ISA 25:9 لەو ڕۆژەدا دەگوترێت: «ئەوەتا ئەمە خودامانە، چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین. ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان دەکرد، شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»
ISA 25:10 دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت، بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.
ISA 25:11 جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە. خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.
ISA 25:12 قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە، دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.
ISA 26:1 لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن: شاری بەهێزمان هەیە، خودا ڕزگاری دەکاتە شوورا و سەنگەری.
ISA 26:2 دەروازەکان بکەنەوە با نەتەوەی ڕاستودروست پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
ISA 26:3 تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت، چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
ISA 26:4 هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن، چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
ISA 26:5 ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە، شاری بەرزیش نەوی دەکات، دەیدات بە زەویدا، تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
ISA 26:6 پێی هەژار و هەنگاوی نەدار پێشێلی دەکات.
ISA 26:7 ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە، ئەی خودای ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.
ISA 26:8 ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت چاوەڕێی تۆ دەکەین؛ ناوەکەت و یادکردنەوەت ئارەزووی گیانمانە.
ISA 26:9 گیانم بە شەو ئارەزووت دەکات، هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت، چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین، دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.
ISA 26:10 بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت، فێری ڕاستودروستی نابێت، لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات، شکۆی یەزدان نابینێت.
ISA 26:11 ئەی یەزدان تۆ باڵا دەستیت، بەڵام ئەوان نایبینن. با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن، با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.
ISA 26:12 ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ، چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.
ISA 26:13 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، گەورەکانی دیکە جگە لە تۆ، بوون بە گەورەمان، بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.
ISA 26:14 ئەوان مردوون، زیندوو نابنەوە! تارمایین، هەڵناستنەوە، لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن، هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
ISA 26:15 ئەی یەزدان، نەتەوەت زیاد کرد، نەتەوەت زیاد کرد و شکۆمەند بوویت، هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.
ISA 26:16 ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت، کاتێک تەمبێت کردن، بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.
ISA 26:17 وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت، ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.
ISA 26:18 سکپڕ بووین تلاینەوە وەک ئەوەی بامان بووبێت. لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.
ISA 26:19 مردووەکانت زیندوو دەبنەوە، لاشەکان هەڵدەستنەوە. هەستن و گۆرانی بڵێن ئەی دانیشتووانی خۆڵ، چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە، زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.
ISA 26:20 گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە، بۆ ساتێک خۆت بشارەوە هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.
ISA 26:21 ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری. زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات، لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.
ISA 27:1 لەو ڕۆژەدا، یەزدان بە شمشێرە ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی، سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە، لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە، ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
ISA 27:2 لەو ڕۆژەدا «گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
ISA 27:3 من یەزدانم، چاودێری ئەوم، هەموو ساتێک ئاوی دەدەم. بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم نەوەک ئازار بدرێت.
ISA 27:4 هەڵچوونم نییە. وای ئەگەر لە جەنگدا دڕکوداڵیان دەخستە بەرپێم! من پێشێلم دەکردن و دەمسووتاندن، گڕم لە هەموویان بەردەدا.
ISA 27:5 بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت، ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
ISA 27:6 لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت، ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات، ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
ISA 27:7 ئایا یەزدان لێیدان بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟ یان ئەوەندەی لێ کوشتن وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
ISA 27:8 بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد، ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
ISA 27:9 لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت، ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات، نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر بە پێوە نەمێنێت.
ISA 27:10 شاری قەڵابەند تەنهایە، ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی، لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و لەوێ پاڵ دەداتەوە و لقەکانی تێکدەدات.
ISA 27:11 کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن، چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە، لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.
ISA 27:12 لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە، ئەی نەوەی ئیسرائیل.
ISA 27:13 لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.
ISA 28:1 قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن! قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت، کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە. قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!
ISA 28:2 ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە. وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر، وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ، بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.
ISA 28:3 پێشێل دەکرێت تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.
ISA 28:4 دەبێت بە گوڵی سیس بوو جوانی شکۆمەندییەکەی، ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە، وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین، ئەوەی دەیبینێت هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.
ISA 28:5 لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و تاجی شکۆمەندی بۆ پاشماوەی گەلەکەی.
ISA 28:6 دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و پاڵەوانیێتی بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.
ISA 28:7 ئەمانیش بە شەراب گێژن و بە مەی گومڕان: کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن، بە شەراب قووتدەدرێن، بە مەی گومڕان، کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن، کوێرانە حوکم دەدەن.
ISA 28:8 هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.
ISA 28:9 دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟ پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟ بۆ لەشیربڕاوەکان، یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟
ISA 28:10 وەک گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»
ISA 28:11 کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.
ISA 28:12 بۆ ئەوانەی پێی گوتن: «ئەمە حەسانەوەیە، با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.» بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.
ISA 28:13 جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە: گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ. بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.
ISA 28:14 ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمن!
ISA 28:15 گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە، کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە، چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»
ISA 28:16 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، کە دەبێتە سەنگی مەحەک، گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە بۆ بناغەیەکی پتەو، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.
ISA 28:17 دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم، جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.
ISA 28:18 پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت. کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت، ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.
ISA 28:19 هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات، چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت بە شەو و بە ڕۆژ.» بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە دەبێتە مایەی تۆقاندن.
ISA 28:20 دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.
ISA 28:21 یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا، هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە! بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!
ISA 28:22 ئێستا گالتەجاڕ مەبن، نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت، چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.
ISA 28:23 گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن، گوێ بگرن و قسەم ببیستن.
ISA 28:24 ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت، هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟
ISA 28:25 ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد، تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و جۆ لە شوێنی نیشانکراو، گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟
ISA 28:26 جا خودای خۆی فێری دەکات، بە دادوەری ڕێنمایی دەکات.
ISA 28:27 کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت، چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت، بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و زیرەش بە گۆچان.
ISA 28:28 دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت، هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت، چەرخەی عەرەبانەکەی و ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.
ISA 28:29 هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون، ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.
ISA 29:1 قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە! ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن، با جەژنەکان بسوڕێنەوە.
ISA 29:2 منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم، جا دەبێت بە گریان و شیوەن و بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای لێدێت،
ISA 29:3 وەک بازنە دەورت دەدەم، بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.
ISA 29:4 جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت، قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە، دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە، قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.
ISA 29:5 ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت. لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،
ISA 29:6 لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە، بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.
ISA 29:7 وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت، ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل، هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی،
ISA 29:8 وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات، بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە، وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە، بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات، ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.
ISA 29:9 بحەپەسێن و سەرسام بن! خۆتان کوێر بکەن و کوێربن! بەبێ شەراب ئێوە مەستن، بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.
ISA 29:10 یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە، بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن، هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.
ISA 29:11 جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.»
ISA 29:12 یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»
ISA 29:13 جا پەروەردگار دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە، پەرستنیان بۆ من تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.
ISA 29:14 لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم، دانایی داناکانی لەناودەبەم و تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»
ISA 29:15 قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە، کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»
ISA 29:16 ئای لە هاڵاوگێڕیتان، ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت: «تۆ دروستت نەکردم»؟ یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت: «تێناگەیت»؟
ISA 29:17 ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و باخیش بە دارستان دانانرێت؟
ISA 29:18 جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا چاوی نابیناکان دەبینن.
ISA 29:19 زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت، نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.
ISA 29:20 زۆردار لەناودەچێت و گاڵتەجاڕ نەمێنێت و هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری دەبڕێنەوە.
ISA 29:21 ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.
ISA 29:22 لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت: «ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و ئێستا ڕوو زەرد نابێت.
ISA 29:23 کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم لەنێویاندا دەبینن، وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن، دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا دەنێن، لە خودای ئیسرائیل دەترسن.
ISA 29:24 ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»
ISA 30:1 یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق، پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە، داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن.
ISA 30:2 دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە بێ ئەوەی پرس بە من بکەن، هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون، لە سایەی میسر پەناگیر بن.
ISA 30:3 بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری.
ISA 30:4 هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن، نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس،
ISA 30:5 بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان، بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە، چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.»
ISA 30:6 سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب: لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا، ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت، مار و ماری ژەهراوی باڵدار، سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن، لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن،
ISA 30:7 چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر. لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا: «ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات».
ISA 30:8 ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و لە تۆمارێک نەخشی بکە، هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە شایەتێک بۆ هەتاهەتایە.
ISA 30:9 ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن، ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن.
ISA 30:10 بە پێشبینیکەر دەڵێن: «پێشبینی مەکە!» بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن: «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە! قسەی لووسمان بۆ بکە، خەونی تەفرەدەر ببینە!
ISA 30:11 لە ڕێگا لابدەن، ڕێچکە بەر بدەن، چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!»
ISA 30:12 لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و پشتتان پێیان بەست،
ISA 30:13 لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت، ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت.
ISA 30:14 وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت، لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.»
ISA 30:15 یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت، پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت، بەڵام نەتانویست،
ISA 30:16 گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“ لەبەر ئەوە هەڵدێن! گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“ لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن!
ISA 30:17 لە ڕووی نەڕەی یەک کەس هەزار کەس هەڵدێت، لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس هەمووتان هەڵدێن، هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.»
ISA 30:18 بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!
ISA 30:19 ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت.
ISA 30:20 هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن.
ISA 30:21 کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.»
ISA 30:22 پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»
ISA 30:23 ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن.
ISA 30:24 گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت.
ISA 30:25 جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون.
ISA 30:26 جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.
ISA 30:27 ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات، تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە. لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە.
ISA 30:28 هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە دەگات بە گەردن، بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان بە بێژنگی لەناوچوون و لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە.
ISA 30:29 گۆرانییەکتان بۆ دەبێت وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن، خۆشی دڵیش وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان، بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل.
ISA 30:30 یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و دابەزینی بازووی ببینرێت بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر، بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە.
ISA 30:31 ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت، بە داردەست لێدەدات.
ISA 30:32 جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری، ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت، بە دەف و قیسارەوە دەبێت و بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت.
ISA 30:33 چاڵی تۆفەت لەمێژە ڕێکخراوە، بۆ پاشا ئامادە کراوە، قووڵە، بەرینە، کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە. هەناسەی یەزدان وەک ڕووباری گۆگردە گڕی تێبەردەدات.
ISA 31:1 قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی، پشت بە ئەسپ دەبەستن، متمانە بە زۆری گالیسکە و هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن، بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد.
ISA 31:2 ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت، لە وشەی خۆی با ناداتەوە. هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.
ISA 31:3 بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا، ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح. کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات، یارمەتیدەر ساتمە دەکات و یارمەتیدراو دەکەوێت، هەموو پێکەوە لەناودەچن.
ISA 31:4 ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت بەسەر نێچیرەکەیەوە، ئەوەی کۆمەڵە شوان هاواری لێ دەکەن، لە دەنگیان ناترسێت و لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت، ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.
ISA 31:5 وەک باڵندە فڕیوەکان، ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات، پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت، بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.»
ISA 31:6 ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە،
ISA 31:7 چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.
ISA 31:8 «ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا، شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات. جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.
ISA 31:9 قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت، میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،» یەزدان دەفەرموێت، ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.
ISA 32:1 ئەوەتا پاشایەک بە ڕاستودروستی پاشایەتی دەکات و میرانیش بە دادوەری سەرۆکایەتی دەکەن،
ISA 32:2 مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران، وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا.
ISA 32:3 چاوی بینەران کز نابێت و گوێی گوێگرەکان دەبیستێت.
ISA 32:4 دڵی هەڵەشەکان دەزانن و تێدەگەن و زمانی زمانگرانەکان بە ڕوونی و ڕەوانی دەدوێن.
ISA 32:5 ئیتر گێل بە «ڕێزدار» بانگ ناکرێت، بە فێڵبازیش ناگوترێت «خانەدان»،
ISA 32:6 چونکە گێل بە گێلی دەدوێت و دڵیشی خراپە دەکات، بۆ ئەوەی گڵاوی ئەنجام بدات، لە دژی یەزدان بوختان هەڵدەبەستێت، بۆ ئەوەی برسی تێر نەبێت و تینوو لە خواردنەوە بێبەش بێت.
ISA 32:7 ڕێبازی فێڵبازیش خراپە و پیلانی بەدکاری دەگێڕێت، هەتا بە قسەی درۆ کڵۆڵان تەفروتونا بکات ئەگەر قسەی نەدارانیش ڕاست بێت.
ISA 32:8 بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت.
ISA 32:9 ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن! ئەی کیژە دڵنیاکان، گوێ شل بکەن بۆ قسەی من!
ISA 32:10 ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ لەرز دەتانگرێت، چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و کۆکردنەوە نایەت.
ISA 32:11 ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن! ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت! جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە، گوش لە کەمەرتان ببەستن.
ISA 32:12 لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان، بۆ ڕەزی بەردار،
ISA 32:13 بۆ خاکی گەلەکەم دڕکوداڵ دەڕوێت، بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان، بۆ شارە گەشاوەکە.
ISA 32:14 بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت، شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت، قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە، دەبن بە سەیرانگای گوێدرێژەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان،
ISA 32:15 هەتا ئەو کاتەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا دەڕژێت، جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و باخیش بە دارستان دادەنرێت.
ISA 32:16 جا دادپەروەری یەزدان لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و ڕاستودروستییەکەشی لەناو باخ دادەنیشێت.
ISA 32:17 جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی.
ISA 32:18 ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و لە نشینگەی ئاسوودەیی و شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی.
ISA 32:19 تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت، شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت،
ISA 32:20 بەڵام خۆزگە بە خۆتان کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن.
ISA 33:1 قوڕبەسەرت ئەی تێکدەر، کە تێکیان نەدایت! قوڕبەسەرت ئەی ناپاک، کە ناپاکییان لێ نەکردوویت! کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت، خۆت تێکدەدرێیت؛ کاتێک لە ناپاکی بوویتەوە، خۆت ناپاکیت لێ دەکرێت.
ISA 33:2 ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە، هیوامان بە تۆیە. هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا.
ISA 33:3 لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد، کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون.
ISA 33:4 ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات، وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە.
ISA 33:5 یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە، سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات.
ISA 33:6 یەزدان دەبێتە مایەی دڵنیایی کاتەکانت. گەنجینەی ڕزگاری و دانایی و زانینە، لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە.
ISA 33:7 ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن، نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین.
ISA 33:8 ڕێگاکان چۆڵ بوون، بڕانەوە ڕێبواران. پەیمان شکا و شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و کەس بە هیچ دانانرێت.
ISA 33:9 زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو، لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا، شارۆن وەک بیابانی عەراڤای لێهات، باشان و کارمەل ڕووتانەوە.
ISA 33:10 یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم، ئێستا بە گەورە دەزانرێم، ئێستا بڵند دەکرێمەوە.
ISA 33:11 بە گیا دووگیان دەبن و کاتان دەبێت، هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات.
ISA 33:12 گەلان دەبن بە گەچ، وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
ISA 33:13 ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە، ئەی نزیکەکان هێزم بزانن!
ISA 33:14 گوناهباران لە سییۆن تۆقین، گڵاوەکان لەرز دایگرتن: «کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟ کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟»
ISA 33:15 ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و ڕاستی دەڵێت، ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە دەستەکانی بۆ وەرگرتنی بەرتیل، ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت،
ISA 33:16 ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت، قەڵای چیاکان پەناگایەتی، نانی دەدرێت و ئاوی مسۆگەرە.
ISA 33:17 چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت، سنوورێکی فراوان دەبینن.
ISA 33:18 دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت: «کوا خامەی نهێنی و کوا باجگر؟ کوا بەرپرسی قوللەکان؟»
ISA 33:19 ئیتر گەلی دڕندە نابینن، گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن، زمانیان گرانە تێیان ناگەیت.
ISA 33:20 بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان، چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن، ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە. سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن، هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن.
ISA 33:21 بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت. شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت. کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.
ISA 33:22 یەزدان دادوەرمانە، یەزدان فەرزدانەرمانە، یەزدان پاشامانە، ئەو ڕزگارمان دەکات.
ISA 33:23 گوریسەکانت شل بوون، بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن، چارۆکە بڵاو ناکەنەوە. ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا، شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد.
ISA 33:24 دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،» ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.
ISA 34:1 ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن، ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن! با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت، جیهان و هەموو بەرهەمەکانی،
ISA 34:2 چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە، هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە. بە تەواوی قڕی کردوون، بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین.
ISA 34:3 کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن، تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە.
ISA 34:4 خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە، ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە. هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن، وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو، وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی.
ISA 34:5 شمشێری من لە ئاسمان کاری تەواو بووە، وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان.
ISA 34:6 شمشێری یەزدان خوێنی لێ دەتکێت، قەڵەو بووە بە پیو، بە خوێنی بەرخ و تەگە، بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان، چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم.
ISA 34:7 گای کێوی لەگەڵیان دەکەون، گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان، زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت، خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت.
ISA 34:8 یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە، ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن.
ISA 34:9 جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیر و خۆڵەکەی بە گۆگرد، زەوییەکەی دەبێت بە قیری داگیرساو!
ISA 34:10 شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە، دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. نەوە دوای نەوە کاول دەبێت، بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.
ISA 34:11 کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن، کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن. بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات.
ISA 34:12 خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن، هەموو میرەکانی لەناودەچن.
ISA 34:13 دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت، چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی. دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و لانەی کوندەپەپوو.
ISA 34:14 دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن، تەگە بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن، دڕندەکان شەو لەوێدا ئارام دەگرن و جێی حەوانەوە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە.
ISA 34:15 لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات، کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت. لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە، هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی.
ISA 34:16 تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە: یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە، هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات، چونکە دەمی یەزدان فەرمانی داوە، ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە.
ISA 34:17 ئەو زەوییەکە لەنێوانیان دابەش دەکات، دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش دەکات. بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن، نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.
ISA 35:1 چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن، بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات، وەک گوڵاڵە سوورە،
ISA 35:2 بە تەواوی چرۆ دەکات و تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات! شکۆی لوبنانی پێدەدرێت، شەوکەتی کارمەل و شارۆن، ئەوان شکۆی یەزدان و شەوکەتی خودامان دەبینن.
ISA 35:3 دەستە شلەکان توند بکەن و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.
ISA 35:4 بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە: «خۆتان توند بکەن، مەترسن! ئەوەتا خوداتان، بە تۆڵەسەندنەوە دێت، سزای خوداتان. ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»
ISA 35:5 ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و گوێی کەڕ دەکرێتەوە.
ISA 35:6 ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات، چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و ڕووباریش لە بیابان.
ISA 35:7 سەراب دەبێتە گۆم و خاکی تینوو بە کانیاو. لە لانەی چەقەڵەکان، لە مۆڵگەکەیان، قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.
ISA 35:8 لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت، ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت. گڵاو پێیدا تێناپەڕێت، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن، گێلەکان پێدا ناڕۆن.
ISA 35:9 شێر لەوێ نابێت، جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت، لەوێ بەرچاو ناکەون. بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،
ISA 35:10 ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.
ISA 36:1 لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن.
ISA 36:2 ئیتر پاشای ئاشور لە لاخیشەوە فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە بۆ حەزقیای پاشا نارد لە ئۆرشەلیم. کاتێک لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستا کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە،
ISA 36:3 ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لای.
ISA 36:4 فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن: «”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟
ISA 36:5 تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟
ISA 36:6 وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن.
ISA 36:7 ئەگەر پێشم بڵێیت: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە،‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش دەبەن‘؟
ISA 36:8 «”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت!
ISA 36:9 ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم ببەزێنیت، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟
ISA 36:10 ئێستاش ئایا من بەبێ یەزدان هێرشم کردووەتە سەر ئەم خاکە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»
ISA 36:11 ئینجا ئەلیاقیم و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە.»
ISA 36:12 فەرماندەکەش گوتی: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووین هەتا ئەم قسانە بکەین؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووین، بۆ ئەوەی پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە لەگەڵتان؟»
ISA 36:13 ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور!
ISA 36:14 پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت ڕزگارتان بکات.
ISA 36:15 مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“
ISA 36:16 «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت: ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام، با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە،
ISA 36:17 هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو.
ISA 36:18 «با حەزقیا فریوتان نەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟
ISA 36:19 کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟
ISA 36:20 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»
ISA 36:21 بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»
ISA 36:22 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.
ISA 37:1 کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان
ISA 37:2 ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ،
ISA 37:3 پێیان گوت: «حەزقیا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت.
ISA 37:4 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، تاکو سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات. با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»
ISA 37:5 کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا،
ISA 37:6 ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد.
ISA 37:7 گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»
ISA 37:8 کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.
ISA 37:9 سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. کاتێک گوێ لەمە بوو، نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد و گوتی:
ISA 37:10 «بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“
ISA 37:11 بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟
ISA 37:12 ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟
ISA 37:13 کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»
ISA 37:14 حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست.
ISA 37:15 حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی:
ISA 37:16 «ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد.
ISA 37:17 ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە! ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە تەواوی پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.
ISA 37:18 «ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور هەموو ئەو نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە.
ISA 37:19 خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون.
ISA 37:20 ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»
ISA 37:21 ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی نوێژت بۆ کردم سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور،
ISA 37:22 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی: «سییۆنی کچە پاکیزە، بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات. ئۆرشەلیمی کچ، کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.
ISA 37:23 سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟ دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟ لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!
ISA 37:24 لەسەر دەستی خزمەتکارەکانت سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد. هەروەها دەڵێیت: ”بە زۆری گالیسکەکانمەوە من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان، هەتا ئەوپەڕی لوبنان. بەرزترین دار ئورز و باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە. چوومە ناو دوورترین بەرزاییەکانی، ناو چڕی دارستانەکانی.
ISA 37:25 من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و ئاوم لێیان خواردەوە. هەموو لقەکانی نیلم، بە بنی پێیەکانم کوێر کردەوە.“
ISA 37:26 «ئەی گوێت لێ نەبووە؟ من لەمێژە دیاریم کردووە، لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە، ئێستاش دەیهێنمە دی، کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت، هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.
ISA 37:27 دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن، ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون، بوونە گیای کێڵگە، ڕووەکی سەوز، گژوگیای سەربان، هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.
ISA 37:28 «بەڵام من هەستان و دانیشتنت و کاتی هاتوچۆکەت دەزانم، هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.
ISA 37:29 لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم، قولاپەکەم دەخەمە لووتت و لغاوەکەم لە لێوەکانت و بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە کە لێوەی هاتوویت.
ISA 37:30 «ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ: «ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن، ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت، بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
ISA 37:31 ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە، جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.
ISA 37:32 لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە، دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
ISA 37:33 «لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت: «نایەتە ناو ئەم شارەوە و تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت. بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و سەنگەریشی لێ ناگرێت.
ISA 37:34 نایەتە ناو ئەم شارەوە، بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 37:35 «بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»
ISA 37:36 ئیتر فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون.
ISA 37:37 ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.
ISA 37:38 لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
ISA 38:1 لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»
ISA 38:2 حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد،
ISA 38:3 گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
ISA 38:4 جا ئیشایا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
ISA 38:5 «بڕۆ و بە حەزقیا بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و
ISA 38:6 فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، بەرگری لەم شارە دەکەم لە دەستی پاشای ئاشور.
ISA 38:7 «”ئەمەش نیشانە بێت بۆت لەلایەن یەزدانەوە، کە یەزدان ئەم کارە دەکات کە بەڵێنی دا:
ISA 38:8 ئەوەتا سێبەر دەگەڕێنمەوە بەو پلانەی پێی هاتووەتە خوارەوە، بە پلەکانی ئاحاز بە خۆر، دە پلە بەرەو دواوە.“» جا خۆر دە پلە گەڕایەوە بەو پلانەی پێی هاتبووە خوار.
ISA 38:9 نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە:
ISA 38:10 گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا من دەچم بۆ جیهانی مردووان، چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟»
ISA 38:11 گوتم: «یەزدان نابینم لە خاکی زیندوواندا، لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم لەسەر ڕووی زەوی.
ISA 38:12 خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت وەک خێوەتی شوانان، وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و لە تەونەکەمدا بڕیمەوە، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
ISA 38:13 بە ئارامییەوە هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ دەکەم، بەڵام وەک شێر ئێسکم ورد دەکات، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
ISA 38:14 وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم، وەکو کۆتر دەگمێنم، چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم. وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!»
ISA 38:15 ئیتر چی بڵێم؟ ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی. بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم لەبەر تاڵاوی گیانم.
ISA 38:16 ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین، ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە. تۆ منت چاککردەوە و ژیانت پێ بەخشیم.
ISA 38:17 بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت. لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد، چونکە هەموو گوناهەکانی منت فڕێدایە پشت خۆتەوە.
ISA 38:18 جیهانی مردووان سوپاست ناکات و مردووانیش ستایشت ناکەن، هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە.
ISA 38:19 زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن، باوکان دڵسۆزی تۆ بە منداڵەکانیان دەناسێنن.
ISA 38:20 یەزدان ڕزگارم دەکات، هەموو ڕۆژانی ژیانمان مۆسیقا دەژەنین لە پەرستگای یەزدان.
ISA 38:21 ئینجا ئیشایا گوتی: «با هەویری هەنجیر هەڵبگرن و بیخەنە سەر دوومەڵەکە، چاک دەبێتەوە.»
ISA 38:22 حەزقیاش گوتبووی: «نیشانە چییە، کە دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
ISA 39:1 لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە نەخۆش کەوتووە و چاک بووەتەوە.
ISA 39:2 جا حەزقیا دڵخۆش بوو بە هاتنیان و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.
ISA 39:3 ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.»
ISA 39:4 ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»
ISA 39:5 ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدانی سوپاسالار بگرە،
ISA 39:6 یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت.
ISA 39:7 لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»
ISA 39:8 حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە،» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی: «واتا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا دەبێت.»
ISA 40:1 دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن، خوداتان دەفەرموێت،
ISA 40:2 بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن، پێی ڕابگەیەنن کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە، کە تاوانەکەی بەخشراوە، چونکە بە دەستی یەزدان لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.
ISA 40:3 کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت: «لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
ISA 40:4 هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت. خوار ڕاست دەبێتەوە، هەورازیش دەبێت بە دەشت،
ISA 40:5 شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن، چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»
ISA 40:6 دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!» منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟» «هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
ISA 40:7 گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری، بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
ISA 40:8 گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»
ISA 40:9 ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن، بڕۆ سەر کێوێکی بەرز، بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە، بەرزی بکەرەوە، مەترسە. ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم، بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ: «ئەوەتا خوداتان!»
ISA 40:10 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت، بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات. ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
ISA 40:11 وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت: بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و بە باوەش هەڵیاندەگرێت، بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.
ISA 40:12 کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و بە بست ئاسمان؟ کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟ کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و گردەکانیش بە تەرازوو؟
ISA 40:13 کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟
ISA 40:14 یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند، ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟ کێ زانینی فێرکرد و ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟
ISA 40:15 ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن. ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت.
ISA 40:16 داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن.
ISA 40:17 هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی، لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن.
ISA 40:18 جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن، چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟
ISA 40:19 پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت، زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات، زنجیری زیویش زیوگەر.
ISA 40:20 دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت. داوای وەستایەکی شارەزا دەکات بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت.
ISA 40:21 ئایا نازانن؟ ئایا نابیستن؟ ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟ ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
ISA 40:22 ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟ ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە، وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
ISA 40:23 ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
ISA 40:24 هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا، فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان، ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.
ISA 40:25 خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟ من هاوتای کێم؟
ISA 40:26 چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە، کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و ناو لە هەموویان دەنێت؟ لەبەر زۆری هێز و توندی توانای هیچ کامیان ون نابێت.
ISA 40:27 «ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت، ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت: ”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە، دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
ISA 40:28 ئایا نەتزانی، یان نەتبیست؟ یەزدان خودای هەتاهەتاییە، بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی. نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت، کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
ISA 40:29 توانا بە ماندوو دەدات و بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
ISA 40:30 گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن، لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
ISA 40:31 بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن، هێزیان نوێ دەبێتەوە، وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن، ڕادەکەن و شەکەت نابن، دەڕۆن و ماندوو نابن.
ISA 41:1 «ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن! با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە! با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن، با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.
ISA 41:2 «کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە، ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟ نەتەوەکانی دەداتە پێشی، پاشایان ژێردەستەی دەکات. بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات، بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.
ISA 41:3 ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت، بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.
ISA 41:4 کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە، لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟ من یەزدانم، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»
ISA 41:5 دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن، هەر چوار لای زەوی دەلەرزن، نزیک بوونەوە و دێن،
ISA 41:6 هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات، بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»
ISA 41:7 دارتاش زێڕنگەر هاندەدات، ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت، بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.» بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.
ISA 41:8 «بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم، ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە، توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،
ISA 41:9 ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت، لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“ تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.
ISA 41:10 مەترسە، چونکە لەگەڵتدام، مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم. بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم، بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.
ISA 41:11 «ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن، وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.
ISA 41:12 بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت. ئەوانەی لە دژت دەجەنگن وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،
ISA 41:13 چونکە من یەزدانم، خودای تۆ، ئەوەی دەستی ڕاستی گرتوویت، ئەوەی پێت دەڵێت، مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.
ISA 41:14 مەترسە ئەی یاقوبی کرم، ئەی ئیسرائیلی بچووک، من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
ISA 41:15 «ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی تیژی نوێی دداندار. چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت، گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.
ISA 41:16 شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت، ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات، بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت، شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.
ISA 41:17 «کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە، لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو. بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم، خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.
ISA 41:18 ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم، کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم. چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو، زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
ISA 41:19 داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون لە چۆڵەوانی دەڕوێنم، داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە لە بیابان دادەنێم،
ISA 41:20 بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و سەرنج بدەن و تێبگەن کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»
ISA 41:21 یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.» پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.
ISA 41:22 بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن ئەوەی ڕوودەدات. ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن، با مێشکمان بخەینە سەری و بزانین کۆتاییەکەیان چییە. یان داهاتوومان پێ بڵێن،
ISA 41:23 ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن، هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە، هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.
ISA 41:24 بەڵام ئێوە هیچن و کارەکانتان لە هیچ کەمترن، قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت.
ISA 41:25 «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات. لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات، بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا، وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.
ISA 41:26 کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین، پێشوەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“ بێگومان ڕاگەیەنەر نییە، بێگومان بەگوێدادەر نییە، بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.
ISA 41:27 سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“ بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.
ISA 41:28 بینیم کەس نییە، ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.
ISA 41:29 تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن! کارەکانیان هیچ نین، بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.
ISA 42:1 «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم، هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر، دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
ISA 42:2 هاوار ناکات و بانگ ناکات و دەنگی لە شەقامەکان نابیسترێت.
ISA 42:3 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت، پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە. بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
ISA 42:4 نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت هەتا ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات. دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»
ISA 42:5 خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی، ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت، هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی، ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن، ئەمە دەفەرموێت:
ISA 42:6 «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت، جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم، دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
ISA 42:7 بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت، لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
ISA 42:8 «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
ISA 42:9 ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی، ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم، پێش ئەوەی سەر دەربێنێت من پێتانی دەڵێم.»
ISA 42:10 ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان، دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان، گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن، ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.
ISA 42:11 با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە، گوندەکانی نشینگەی قێدار. با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن، لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.
ISA 42:12 با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن، لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.
ISA 42:13 یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە، وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت، هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت، بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.
ISA 42:14 «زۆر دەمێکە کپ بووم، بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت. بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم، هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.
ISA 42:15 چیا و گردەکان تێکدەدەم، هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم. ڕووبار دەکەمە دوورگە و گۆلاوەکان وشک دەکەم.
ISA 42:16 نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن، بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن، تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی، ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ. ئەم شتانە دەکەم و بەجێیان ناهێڵم.
ISA 42:17 بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن، ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“ بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.
ISA 42:18 «ئەی کەڕەکان گوێ بگرن! ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!
ISA 42:19 کێ کوێرە تەنها بەندەکەم نەبێت، یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟ کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟
ISA 42:20 زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە، گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»
ISA 42:21 یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی، فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.
ISA 42:22 بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە، لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە، بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت، ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»
ISA 42:23 کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت، گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟
ISA 42:24 کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟ ئایا یەزدان نییە کە گوناهمان دەرهەقی کرد و نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟
ISA 42:25 ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن، بە جەنگێکی سەخت، لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی، سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.
ISA 43:1 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب، شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل: «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە، بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
ISA 43:2 کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت،
ISA 43:3 چونکە من یەزدانم، خودای تۆم، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ. میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ، کوش و سەبا لە جێی تۆ.
ISA 43:4 لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام، سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت، لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم، لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
ISA 43:5 مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام. لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
ISA 43:6 بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و بە باشووریش: ”مەیانگرە!“ کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
ISA 43:7 هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
ISA 43:8 دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە، کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
ISA 43:9 با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە، با نەتەوەکان خڕ ببنەوە. کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟ با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن، یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
ISA 43:10 یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت.
ISA 43:11 منم، منم یەزدان، لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
ISA 43:12 من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند، منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت. ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 43:13 «لەو ڕۆژەوە من ئەوم، کەس لە دەستم دەرباز نابێت. هەرچی بکەم، کێ ڕەتی دەکاتەوە؟»
ISA 43:14 یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم، بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.
ISA 43:15 منم یەزدان، پیرۆزەکەتان، بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»
ISA 43:16 یەزدان، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە، لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،
ISA 43:17 ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد، سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە، کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، ئەو ئەمە دەفەرموێت:
ISA 43:18 «باسی سەرەتاکان مەکەن، لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
ISA 43:19 ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم! ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟ لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و لە بیابان ڕووبارەکان.
ISA 43:20 ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن، چەقەڵ و کوندەپەپوو، چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە، ڕووبارەکان لە بیاباندا بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
ISA 43:21 ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە باسی ستایشم دەکەن.
ISA 43:22 «بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب، لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
ISA 43:23 بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا، بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم. بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت، بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
ISA 43:24 بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم، بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم، بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم، بە تاوانەکانت ماندووت کردم.
ISA 43:25 «منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە، لە پێناو خۆم، گوناهەکانیشت بەبیری خۆم ناهێنمەوە.
ISA 43:26 بەبیرم بخەرەوە، با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن، بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.
ISA 43:27 باوکی یەکەمت گوناهی کرد و پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.
ISA 43:28 لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و یاقوب دەدەمە قڕکردن و ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.
ISA 44:1 «ئێستا یاقوبی بەندەم، ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
ISA 44:2 دروستکەر، یارمەتیدەرت، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەترسە یاقوبی بەندەم، یەشوروونی هەڵبژاردەم،
ISA 44:3 چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا، ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و بەرەکەتم بەسەر توخمت.
ISA 44:4 جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
ISA 44:5 ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“ ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت، ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.
ISA 44:6 «یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت: من سەرەتا و من کۆتاییم، لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.
ISA 44:7 کێ وەک منە؟ با بانگەواز بکات، با ڕایبگەیەنێت و بیخاتە بەردەمم لەو کاتەوەی گەلی دێرینم داناوە و داهاتووەکان و ئەوەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، با پێیان ڕابگەیەنن.
ISA 44:8 مەتۆقن و مەترسن. ئەی لە کۆنەوە پێم نەگوتوویت و پێم ڕانەگەیاندوویت؟ ئێوە شایەتی منن، ئایا لە من بەولاوە خودای دیکە هەیە؟ نەخێر، هیچ تاشەبەردێکی دیکە نییە؛ هیچی دیکە ناناسم.»
ISA 44:9 شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن، شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن. شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن.
ISA 44:10 کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟
ISA 44:11 ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن. وەستاکانی لە مرۆڤن، هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن، پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن.
ISA 44:12 ئاسنگەر بە ئامێرەکانی پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە. بە چەکوش شێوەی دەکات، بە هێزی بازووی دروستی دەکات. برسی دەبێت هێزی نییە، ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو.
ISA 44:13 دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا، نیشانی کرد بە نیشانکەر، بە ئەسکەنە دروستی دەکات. بە پرگال وێنەی دەکێشێت، جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات، وەک جوانی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت.
ISA 44:14 دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە، یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد، بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات، یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد.
ISA 44:15 جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن، لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە، دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت. بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات، دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی.
ISA 44:16 نیوەی بە ئاگر دەسووتێنێت، لەسەر نیوەی خواردن ئامادە دەکات، گۆشت دەبرژێنێت و تێردەبێت. هەروەها گەرم دەبێتەوە و دەڵێت: «ئەها! گەرم بوومەوە، ئاگرم بینی.»
ISA 44:17 پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی، ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات. نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت: «ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.»
ISA 44:18 نازانن و تێناگەن، چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و مێشکیان لە تێگەیشتن.
ISA 44:19 لە دڵی خۆیدا بیری لێ ناکاتەوە و زانین و تێگەیشتنی نییە هەتا بڵێت: «بە نیوەی ئاگرم خۆشکرد، بە پشکۆیەکەشی نان و گۆشتم برژاند و خواردم. ئەو کاتە پاشماوەکەی بکەم بە قێزەون، بۆ قەدی دارێک ڕوو لە زەوی بکەم؟»
ISA 44:20 لەسەر خۆڵەمێش دەلەوەڕێت، دڵی هەڵخەڵەتا و چەواشەی کرد. گیانی خۆی ڕزگار ناکات، ناڵێت: «ئایا ئەمە درۆ نییە لەنێو دەستی ڕاستم؟»
ISA 44:21 «ئەمەت لەبیر بێت، ئەی یاقوب، ئەی ئیسرائیل، چونکە تۆ بەندەی منیت، شێوەی تۆم کێشا، تۆ بەندەی منیت. ئەی ئیسرائیل، لەبیرم ناچیت.
ISA 44:22 یاخیبوونەکانی تۆم وەک هەوری تار سڕییەوە، گوناهەکانیشت وەک تەمی بەیانییان. بگەڕێوە بۆ لام، چونکە تۆم کڕییەوە.»
ISA 44:23 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، چونکە یەزدان ئەمەی کرد؛ ئەی ناخی زەوی، هاوار بکەن! هاواری خۆشی بکەن، ئەی چیاکان، ئەی دارستان و هەموو دارێک کە تێیدایە، چونکە یەزدان یاقوبی کڕییەوە و لە ئیسرائیل شکۆدارە.
ISA 44:24 «یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانم، دروستکەری هەموو، بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە، زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،
ISA 44:25 نیشانەی پێغەمبەرانی درۆزنم پوکاندەوە، فاڵگرەوەم گێل کرد. دانام گەڕاندەوە دواوە، زانینەکەی ئەوانم کردە نەزانی.
ISA 44:26 وشەی خزمەتکارەکەی بەجێدەهێنێت، پلانی نێردراوەکانی تەواو دەکات، سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ”ئاوەدان دەبێتەوە،“ بە شارۆچکەکانی یەهوداش: ”بنیاد دەنرێنەوە،“ سەبارەت بە کەلاوەکانیش: ”نۆژەنیان دەکەمەوە،“
ISA 44:27 بە دەریا دەڵێت: ”وشک بە، منیش ڕووبارەکانت وشک دەکەم،“
ISA 44:28 سەبارەت بە کۆرش دەڵێت: ”ئەو شوانی منە، هەموو ئەوەی دڵم پێی خۆشە دەیهێنێتە دی. سەبارەت بە ئۆرشەلیمیش دەڵێت: ’با بنیاد بنرێتەوە،‘ بە پەرستگاش دەڵێت: ’با دابمەزرێتەوە.‘ “»
ISA 45:1 «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت، ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و پاشایان چەک بکەم، بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و دەرگاکان دانەخرێن:
ISA 45:2 ”من لەپێشتەوە دەڕۆم و تەپەکان تەخت دەکەم، دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
ISA 45:3 گەنجینەکانی تاریکی و خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ، هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل، ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
ISA 45:4 لەبەر یاقوبی بەندەم و ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
ISA 45:5 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە، بێجگە لە من خودای دیکە نییە. هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە، بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،
ISA 45:6 بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن بێجگە لە من خودای دیکە نییە. من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
ISA 45:7 شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم، دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم، من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“
ISA 45:8 «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە، با هەورەکان بیپرژێنێت. با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە ڕزگاری بەر بگرێت و ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛ من یەزدانم بەدیم هێنا.
ISA 45:9 «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات، پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی. ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت: ”چی دروستدەکەیت؟“ یان دەڵێت: ”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟
ISA 45:10 قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت: ”چ منداڵێکت خستەوە؟“ بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“
ISA 45:11 «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی، ئەمە دەفەرموێت: دەربارەی ئەوانەی دێت، ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن، سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟
ISA 45:12 من زەویم دروستکرد و مرۆڤی سەریم بەدیهێنا. دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
ISA 45:13 من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم. ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
ISA 45:14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و سەبئییە باڵا بەرزەکان بۆ لای ئێوە دەپەڕنەوە و بۆ ئێوە دەبن. لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و دەپەڕنەوە بۆ لاتان. کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە، خودای دیکە نییە.“»
ISA 45:15 بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە، خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.
ISA 45:16 هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن، پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
ISA 45:17 بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت، بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی. شەرمەزار و ڕیسوا نابن هەتاهەتایە.
ISA 45:18 یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەری ئاسمان، ئەو خودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری، ئەو دایمەزراند. بەخۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا، دەفەرموێت: «من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
ISA 45:19 لە پەناوە قسەم نەکرد، لە شوێنێکی تاریکی زەوی. بە توخمی یاقوبم نەفەرموو، ”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“ من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.
ISA 45:20 «کۆببنەوە و وەرن، ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش. نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان، ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
ISA 45:21 ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش. با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن. لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە، لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟ ئایا منی یەزدان نەبوو؟ بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە، خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر بێجگە لە من نییە.
ISA 45:22 «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت، ئەی هەموو لایەکانی زەوی، چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
ISA 45:23 سوێندم بە گیانی خۆم خوارد، ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە، وشەیەکە و ناگەڕێتەوە، کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات، هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
ISA 45:24 سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز تەنها بە یەزدانە.“» هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
ISA 45:25 بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.
ISA 46:1 بێل چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە، بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ. ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون، بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.
ISA 46:2 هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا، نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.
ISA 46:3 «ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە، لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.
ISA 46:4 هەتا پیریش بن هەر من ئەوم، هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم. من دروستم کردوون و ئێوە باری منن، هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.
ISA 46:5 «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟
ISA 46:6 ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و زیویش بە تەرازوو دەکێشن، زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک، ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.
ISA 46:7 دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن، لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت، لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە. هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە، لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.
ISA 46:8 «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە! ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.
ISA 46:9 سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە، بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە، خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.
ISA 46:10 لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە، لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە. فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت، هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“
ISA 46:11 داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم، لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت. فەرمووم و ئەنجامی دەدەم، دامڕشتووە و دەیکەم.
ISA 46:12 ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.
ISA 46:13 ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە، دوور ناکەوێتەوە و ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت. ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم، بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.
ISA 47:1 «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە، ئەی بابلی کچە پاکیزە. بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە، کچی بابلییەکان، چونکە چیتر پێت ناگوترێت ناسک و نازدار.
ISA 47:2 دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە، عەبات فڕێبدە، دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە، لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.
ISA 47:3 ڕووتیت دەردەکەوێت، هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت. تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و لە کەس نابوورم.»
ISA 47:4 ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە، پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
ISA 47:5 «بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە، شاری شاهانەی بابلییەکان، چونکە چیتر پێت ناگوترێت شاژنی شانشینەکان.
ISA 47:6 تووڕە بووم لە گەلی خۆم و میراتی خۆمم گڵاوکرد. ئەوانم دا بە دەست تۆوە، تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت. تەنانەت لەسەر پیرەکانیش نیری خۆتت زۆر قورس کرد.
ISA 47:7 گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە دەبمە شاژن!“ بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە، بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.
ISA 47:8 «ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی، ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی، ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”هەر خۆم و بەس! نە بێوەژن دەبم و نە سک سووتاوی دەزانم.“
ISA 47:9 لەپڕ لە یەک ڕۆژدا ئەم دووانەت بەسەردێت، سک سووتان و بێوەژنیێتی. بە تەواوی بەسەرت دێت، سەرەڕای زۆری جادووگەری و سەرەڕای لە ڕادەبەدەر نوشتەکردنت.
ISA 47:10 پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و گوتت: ”کەس نامبینێت.“ داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا، لە دڵی خۆتدا گوتت: ”هەر خۆم و بەس.“
ISA 47:11 خراپەیەکت بەسەردێت، سەرهەڵدانەکەی نازانیت، بەڵایەکت بەسەردێت. ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە، لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت پێی نازانیت.
ISA 47:12 «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و بە زۆری جادووگەریت، ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت، بەڵکو سوودی هەبێ بۆت، بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!
ISA 47:13 هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت! با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە، ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن، با ئەوانە ڕزگارت بکەن لەوەی بەسەرت دێت.
ISA 47:14 ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت، ئاگر دەیانسووتێنێت. لە دەست بڵێسە فریای گیانی خۆیان ناکەون. ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە، ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.
ISA 47:15 ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و پێیانەوە ماندوو بوویت، بەو دەردە دەچن. هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت، کەس نییە ڕزگارت بکات.
ISA 48:1 «گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل، ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون، ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن، ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن، بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،
ISA 48:2 بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:
ISA 48:3 سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە، لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن، لەپڕ کردم و ڕوویان دا.
ISA 48:4 دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و ملتان دەماری ئاسنینە و ناوچەوانتان بڕۆنزە.
ISA 48:5 لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن، وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت، نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی، خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
ISA 48:6 ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی. ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟ «وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت، ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
ISA 48:7 ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون، بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون نەوەک بڵێن، ”ئەوەتا دەمانزانی.“
ISA 48:8 هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان، لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە. باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن، لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“
ISA 48:9 لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دوا دەخەم، لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم، نەوەک بتانبڕمەوە.
ISA 48:10 ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو، لەناو کوورەی ئازارچێژتن تاقیم کردنەوە.
ISA 48:11 لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم، چۆن ڕێگا دەدەم ناوی من گڵاو بکرێت؟ شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.
ISA 48:12 «ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی ئیسرائیل، ئەوانەی کە بانگم کردن. ئەوە منم، من سەرەتا و من کۆتاییم.
ISA 48:13 دەستی من زەوی دامەزراند، دەستی ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە. کاتێک من بانگیان دەکەم، پێکەوە دەوەستن.
ISA 48:14 «هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن! کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟ هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان، هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات، بازووشی لە دژی بابلییەکان دەبێت.
ISA 48:15 من، من قسەم کرد و بانگم کرد، هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.
ISA 48:16 «وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن: «لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد، کاتێک ڕوودەدات، من لەوێم.» ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد لەگەڵ ڕۆحی خۆی.
ISA 48:17 یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «من یەزدانی پەروەردگارتانم، فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن، بەو ڕێگایەدا دەتانبەم کە دەبێت بیگرنەبەر.
ISA 48:18 خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت، جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو، ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
ISA 48:19 نەوەکانتان وەک لم دەبوو، وەچەتان وەک دەنکی لم، ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و نە لەناودەچوو.»
ISA 48:20 لە بابل بچنە دەرەوە، لە بابلییەکان هەڵبێن! بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن، جاڕی ئەمە بدەن. سەرتاسەری زەوی لێ ئاگادار بکەنەوە، بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
ISA 48:21 تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی، لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن، تاشەبەردی شەقکرد و ئاو تەقییەوە.
ISA 48:22 یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»
ISA 49:1 ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن: یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم، لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
ISA 49:2 دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ، لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە، منی کردە تیرێکی تیژکراو، لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
ISA 49:3 بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت، ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.»
ISA 49:4 منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم، لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت، بەڵام دادم لەلای یەزدانە و پاداشتم لای خودامە.»
ISA 49:5 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا، بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی، تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو، جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و خوداشم دەبێتە هێزم،
ISA 49:6 ئەو دەفەرموێت: «ئەمە شتێکی کەمە بۆ تۆ کە بەندەی من بیت بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست، بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.»
ISA 49:7 یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت: بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە، بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان: «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن، میرانیش کڕنۆش دەبەن، لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»
ISA 49:8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم، جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل، بۆ بوژاندنەوەی زەوی، بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان،
ISA 49:9 بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“ بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“ «لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن، لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن.
ISA 49:10 نە برسی دەبن و نە تینوو، نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر، چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
ISA 49:11 هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە.
ISA 49:12 ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»
ISA 49:13 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، ئەی زەوی، شادمان بە! چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.
ISA 49:14 بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم! پەروەردگار لەبیری کردم.»
ISA 49:15 «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات، یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟ تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات، بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
ISA 49:16 ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
ISA 49:17 کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە، ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە.
ISA 49:18 چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە! هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.» یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت، وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە.
ISA 49:19 «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و خاکەکەشت ڕووخێنرا، بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان، لووشدەرانت دوور دەکەونەوە.
ISA 49:20 ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن: ”ئەم جێیە تەنگە بۆمان، جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“
ISA 49:21 لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ ئەمانەی بۆ من بوو کە من سک سووتاو و نەزۆکم، دوورخراوە و دەربەدەرم؟ ئەی کێ بەخێوی کردن؟ ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە، ئەمانە لەکوێ بوون؟“»
ISA 49:22 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە، بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە، جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
ISA 49:23 پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن، شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ، ڕوویان لە زەوی دەبێت، کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»
ISA 49:24 ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟ ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟
ISA 49:25 بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت، دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت. من دژایەتی دژەکانت دەکەم و من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم.
ISA 49:26 وا دەکەم ستەمکارانت گۆشتی خۆیان بخۆن و وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش بن. جا هەموو مرۆڤ دەزانێت من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم، ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.»
ISA 50:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «کوا تەڵاقنامەی دایکتان ئەوەی کە من بەڕەڵام کرد پێی؟ یان خاوەن قەرزەکانم کێن، ئەوانەی ئێوەم پێی فرۆشتووە؟ ئەوەتا لەبەر تاوانەکانتان فرۆشران، لەبەر یاخیبوونەکانتان دایکتان بەڕەڵا کرا.
ISA 50:2 بۆچی هاتم و کەس نەبوو؟ بانگم کرد و کەس وەڵامی نەدایەوە؟ ئایا دەستکورت بووم لە کڕینەوە؟ ئایا توانای فریاکەوتنم نییە؟ ئەوەتا بە ڕاخوڕینم دەریا وشک دەکەم، ڕووبارەکان دەکەم بە چۆڵەوانی، لەبەر بێ ئاوی ماسییەکانی بۆگەن دەبن، لە تینووان دەمرن.
ISA 50:3 تاریکی دەکەمە بەر ئاسمان، گوش دەکەم بە پۆشاکی.»
ISA 50:4 یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم. هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە، گوێی من بەئاگا دەهێنێت بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.
ISA 50:5 یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە، منیش یاخی نەبووم، بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.
ISA 50:6 پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن، ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە. ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە گاڵتەپێکردن و تفلێکردن.
ISA 50:7 لەبەر ئەوەی یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات، ڕیسوا نابم، لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد، دەزانم شەرمەزار نابم.
ISA 50:8 ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە، کێ سکاڵا لە من دەکات؟ با پێکەوە ڕابوەستین، کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟ با لێم بێتە پێش!
ISA 50:9 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات، ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟ ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن، مۆرانە دەیانخوات.
ISA 50:10 کێ لە ئێوە لە یەزدان دەترسێت و گوێڕایەڵی بەندەکەی دەبێت؟ ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات و ڕووناکی نابینێت، با پشت بە ناوی یەزدان ببەستێت و پاڵ بداتە پاڵ خودای خۆی.
ISA 50:11 بەڵام ئەی هەموو ئەوانەی ئاگر دەکەنەوە، مەشخەڵ داگیرسێنن، بڕۆن بە ڕووناکی ئاگرەکەی خۆتان و بەو مەشخەڵانەی داتانگیرساند. لە دەستی منەوە ئەمەتان بۆ دەبێت لەناو ئازاردا ڕادەکشێن.
ISA 51:1 «ئەی ئەوانەی دوای ڕاستودروستی کەوتوون، گوێم لێ بگرن، ئەی ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن: تەماشای ئەو تاشەبەردە بکەن کە لێوەی بڕاون و کونی ئەو چاڵەی لێوەی هەڵکەنراون،
ISA 51:2 تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن، بڕواننە سارا، ئەوەی ئێوەی بووە، چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو، بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.
ISA 51:3 بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات، دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات. چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان. شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە، سوپاس و دەنگی مۆسیقا.
ISA 51:4 «ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن، ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن، چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.
ISA 51:5 ڕاستودروستیم نزیکە، ڕزگاریم بەڕێوەیە، بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات. دوورگەکان چاوەڕێی منن، هیوایان بە بازووی منە.
ISA 51:6 چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن، چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و زەوی وەک جل دادەڕزێت و دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن. بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت، ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.
ISA 51:7 «ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن، ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە: مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن، لە جنێوەکانیان مەتۆقن،
ISA 51:8 چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و وەک خوری کرم لێیان دەدات، بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»
ISA 51:9 بەئاگا بە، بەئاگا بە! هێز لەبەر بکە، ئەی بازووی یەزدان، بەئاگا بە وەک لە ڕۆژگارە دێرینەکان، وەک لە سەردەمانی پێشوو! ئایا تۆ نەبوویت کە ڕەهەڤت لەتکرد، کە ئەو ئەژدیهایەت بە سەختی پێکا؟
ISA 51:10 ئایا تۆ نەبوویت دەریات وشک کرد، ئاوی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی، ئەوەی قووڵایی دەریای کردە ڕێگا بۆ پەڕینەوەی ئەوانەی کڕاونەتەوە؟
ISA 51:11 جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.
ISA 51:12 «منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم. تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت، یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟
ISA 51:13 تۆ کێیت تاوەکو یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت، کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و زەوی دامەزراندووە، کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە لە تووڕەیی ستەمکار، کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟ بەڵام کوا تووڕەیی ستەمکار؟
ISA 51:14 بەم نزیکانە گەلە دیلەکە ئازاد دەکرێن، لەناو زیندان نامرن، نانیان کەم نابێت،
ISA 51:15 چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم، ئەوەی دەریا دەهەژێنێت و شەپۆلەکانی دەوروژێنێت، ناوم یەزدانی سوپاسالارە.
ISA 51:16 من وتەکانم خستووەتە دەمی تۆوە و بە سێبەری دەستم تۆم شاردووەتەوە، من کە ئاسمانم لە شوێنی خۆی دانا و زەویم دامەزراند، کە بە سییۆن دەڵێم: ”تۆ گەلی منیت.“»
ISA 51:17 بەئاگا بە! بەئاگا بە! ئۆرشەلیم هەستە! ئەوەی جامی تووڕەییت بە دەستی یەزدان خواردەوە، خڵتی جامی بەلاداهاتنت خواردەوە و چۆڕاندتەوە.
ISA 51:18 کەس نییە ڕێنمایی بکات لە هەموو ئەو کوڕانەی بۆی لەدایک بوون، کەس نییە دەستی بگرێت لە هەموو ئەو کوڕانەی بەخێوی کردن.
ISA 51:19 کارەساتەکان بە جووت بە پیرتەوە هاتوون، کاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر. کێ دەتوانێت بۆت بلاوێنێتەوە؟ کێ دەتوانێت دڵنەواییت بکات؟
ISA 51:20 کوڕەکانت گرمۆڵە بوون و ڕاکشان لەسەر سووچی هەموو شەقامێک وەک ئاسک لەناو تۆڕدا. پڕن لە تووڕەیی یەزدان و لە سەرزەنشتی خودات.
ISA 51:21 لەبەر ئەوە ئێستا گوێ لەمە بگرە ئەی زەلیلەکە، ئەی سەرخۆش، بەبێ شەراب سەرخۆش بوویت.
ISA 51:22 یەزدانی باڵادەستت ئەمە دەفەرموێت، خوداکەت کە پشتگیری گەلەکەی خۆی دەکات: «ئێستا ئەو جامە لە دەستت دەبەم کە وا دەکات بەلادابێیت، لەمەودوا لەو جامەی کە جامی تووڕەیی منە ناخۆیتەوە.
ISA 51:23 دامە دەست ئەشکەنجەدەرانت، ئەوانەی بە گیانی تۆیان گوت: ”بچەمێوە بۆ ئەوەی بپەڕینەوە.“ جا پشتت وەک زەوی دانا، وەک شەقام بۆ ئەوانەی دەپەڕنەوە.»
ISA 52:1 ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە! بەرگی هێزت لەبەر بکە، ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، بەرگی جوانیت بپۆشە، چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت خەتەنەنەکراو و گڵاو.
ISA 52:2 ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە. ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن، کۆتەکانی ملت بکەرەوە.
ISA 52:3 ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەخۆڕایی فرۆشران، بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»
ISA 52:4 هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ، لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»
ISA 52:5 یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟ «گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن، بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش کفر بە ناوی من دەکرێت.
ISA 52:6 لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن، لەو ڕۆژەدا دەزانن ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.» یەزدان دەفەرموێت.
ISA 52:7 چەند جوانە لەسەر چیاکان پێیەکانی مزگێنیدەران، ڕاگەیەنەری ئاشتی، مزگێنیدەری خۆشی، ڕاگەیەنەری ڕزگاری، ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن: «خودات پاشایەتی دەکات!»
ISA 52:8 گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن، پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن، بە چاوی خۆیان دەبینن کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
ISA 52:9 ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم، پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات، بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
ISA 52:10 یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان، هەر چوار لای زەویش ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.
ISA 52:11 ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان، جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە! دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن! لەناوی وەرنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!
ISA 52:12 بەڵام بە پەلە دەرناچن، بە هەڵاتن ناڕۆن، چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات، خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.
ISA 52:13 ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات، بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
ISA 52:14 وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما، دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو، وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو،
ISA 52:15 ئاوا زۆر لە نەتەوەکان لێی سەرسام دەبن، لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن، چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن، ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.
ISA 53:1 کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟
ISA 53:2 بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد، وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد. نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی تاوەکو سەرنجمان بۆی بچێت، نە دیمەن تاوەکو ئارەزووی بکەین.
ISA 53:3 ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە، پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی. وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە، ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی.
ISA 53:4 بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت، ئازارەکانی ئێمەی برد، ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە، لێی دراوە و زەلیلە.
ISA 53:5 بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو، لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا. ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت، بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە.
ISA 53:6 هەموومان وەک مەڕ وێڵ و سەرگەردان بووین، هەریەکەمان ملی ڕێگای خۆی گرتووە، بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی خستە سەر ئەو.
ISA 53:7 زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد، بەڵام دەمی نەکردەوە. ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە.
ISA 53:8 بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا. بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟ چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا، لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا.
ISA 53:9 گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا، دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا، هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.
ISA 53:10 بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانیی تاوان، نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت، خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت.
ISA 53:11 لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت، ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت، بەندە ڕاستودروستەکەم بە ئەزموونی خۆی زۆر کەس بێتاوان دەکات و ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت.
ISA 53:12 لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم، لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات، چونکە ژیانی خۆی بەخت کرد و لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا، لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و داکۆکی لە یاخیبووان کرد.
ISA 54:1 «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،» یەزدان دەفەرموێت.
ISA 54:2 «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە، پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە، دەست مەگێڕەوە، گوریسەکانت درێژ بکە و سنگەکانت توند بچەقێنە،
ISA 54:3 چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت، نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.
ISA 54:4 «مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت. گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت. ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت، ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە،
ISA 54:5 چونکە مێردی تۆ دروستکەرەکەی تۆیە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە. ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە، پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
ISA 54:6 وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان یەزدان بانگت دەکاتەوە، وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،» خودات دەفەرموێت.
ISA 54:7 «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت، بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
ISA 54:8 بە زریانی تووڕەییەوە بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی، بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.
ISA 54:9 «ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت. ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و لێت ڕانەخوڕم.
ISA 54:10 هەرچەندە چیاکان نامێنن و گردەکان دەهەژێن، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.
ISA 54:11 «ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێدراوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە، ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە لەسەر ڕیز دەکەم، بە یاقووتی شین داتدەمەزرێنم.
ISA 54:12 قوللەکانت دەکەم بە یاقووت و دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار، هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.
ISA 54:13 هەموو منداڵەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.
ISA 54:14 بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت دوور لە جەوروستەم، چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت، هەروەها دووریت لە تۆقینیش، چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.
ISA 54:15 ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت، ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت.
ISA 54:16 «ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات، چەکی گونجاو دروستدەکات، هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت.
ISA 54:17 هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە. ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە، بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 55:1 «هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن، وەرن بۆ ئاو، ئەوانەش کە پارەیان نییە، وەرن، بکڕن و بخۆن! وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ شەراب و شیر بکڕن.
ISA 55:2 بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟ بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟ بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە، با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.
ISA 55:3 گوێتان شل بکەن و وەرنە لام، گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت. پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم، خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.
ISA 55:4 ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە، ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.
ISA 55:5 ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن، لەبەر یەزدانی پەروەردگارت، لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل، چونکە شکۆمەندی کردیت.»
ISA 55:6 ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە، لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.
ISA 55:7 با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی، با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە، بۆ لای خودامان، چونکە زۆر لێبوردەیە.
ISA 55:8 «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 55:9 «هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە، ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
ISA 55:10 هەروەک چۆن باران و بەفر لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و ناگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،
ISA 55:11 فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە: بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم، بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.
ISA 55:12 ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت، چیاکان و گردەکان لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە، هەموو دارەکانی دەشتودەریش بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.
ISA 55:13 لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت، بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک، نیشانەیەکی هەتاهەتایی کە لەناو ناچێت.»
ISA 56:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دادپەروەری بپارێزن و ڕاستودروستی ئەنجام بدەن، چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.
ISA 56:2 خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت، ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»
ISA 56:3 با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت: «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.» با خەساویش نەڵێت: «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»
ISA 56:4 لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن، ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،
ISA 56:5 لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی یادەوەری و ناویان پێدەدەم، لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان. ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم کە نابڕدرێتەوە.
ISA 56:6 ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان بۆ پەرستنی و بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان هەتا بۆی ببن بە بەندە، هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە
ISA 56:7 دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم، لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم. قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم، چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان.»
ISA 56:8 یەزدانی باڵادەست، ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت: «زیاتر کۆدەکەمەوە لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»
ISA 56:9 ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر، ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!
ISA 56:10 ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن، نەزانن. هەموو سەگی لاڵن، ناتوانن بوەڕن. خەونبین و پاڵکەوتوون، حەزیان لە خەوە.
ISA 56:11 سەگەکان چاو برسین، تێربوون نازانن. ئەوان شوانن و تێناگەن، هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت، هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.
ISA 56:12 دەڵێن: «وەرن شەراب بهێنین! با مەی بنۆشین! بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت، بەڵکو زۆر باشتریش.»
ISA 57:1 ڕاستودروستان لەناودەچن، کەسیش لە دڵی خۆیدا بیر لەمە ناکاتەوە. خودا خۆشەویستانی بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام کەس تێناگات کە ڕاستودروست بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لە خراپە ڕزگاریان بکات.
ISA 57:2 ئەوەی ڕێگای ڕاستی گرتووەتەبەر دێتە ناو ئاشتییەوە، لەناو تابووتەکانیان دەحەسێنەوە.
ISA 57:3 «بەڵام ئێوە، ئەی کوڕانی ژنە بەخت خوێنەرەکە، توخمی داوێنپیسە لەشفرۆشەکان، وەرنە پێشەوە!
ISA 57:4 گاڵتە بە کێ دەکەن؟ لە کێ دەم دەکەنەوە و زمان درێژ دەکەن؟ ئەی ئێوە کوڕانی یاخیبوون و توخمی درۆ نین؟
ISA 57:5 ئێوە لەنێو دار بەڕووەکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا جۆش دەستێنن، ئەوانەی منداڵان لە شیوەکان و لەژێر کەلەبەرەکانی تاوێرەکاندا دەکەنە قوربانی.
ISA 57:6 بەشت ئەو بتانەیە کە لەنێو بەردە لووسەکانی شیوەکانن، بێگومان ئەوان پشکی تۆن. هەروەها بۆ ئەوان شەرابی پێشکەشکراو و پێشکەشکراوی دانەوێڵەت پێشکەش کرد. ئایا لەبەر ئەمە پاشگەز ببمەوە؟
ISA 57:7 جێگای نوستنت لەسەر کێوێکی بەرز و بڵند داناوە، بۆ ئەوێ سەرکەوتیت تاوەکو قوربانی سەرببڕیت.
ISA 57:8 لە پشت دەرگا و چوارچێوەکەی هێمای بتەکەتت داناوە. پشتت لە من کرد و خۆتت ڕووت کردەوە، سەرکەوتیتە سەر جێگای خەوی خۆت و فراوانت کرد. پەیمانت لەگەڵ بتەکاندا بەست، حەزت کرد داوێنپیسییان لەگەڵ بکەیت، ناموسی ئەوانت بینی.
ISA 57:9 بە زەیتەوە چوویتە لای مۆلەخ و بۆنوبەرامی خۆتت زیاد کرد. نێردراوەکانت بۆ دوور نارد، شۆڕ بوویتەوە هەتا جیهانی مردووان!
ISA 57:10 درێژی گەشتەکانت ماندووی کردیت، کەچی نەتگوت: ”ئەمە بێ ئومێدییە.“ هێزێکی نوێت دۆزییەوە لەبەر ئەوە شەکەت نەبوویت.
ISA 57:11 «لە کێ ترسایت و تۆقیت وا ناپاکیت لەگەڵ کردم، منت لە دڵت نەهێشتەوە و لەبیرت کردم؟ ئایا لەبەر ئەوەی من ماوەیەکی زۆرە بێدەنگم لە من نەترسایت؟
ISA 57:12 من ڕاستودروستی و کردەوەکانت دەخەمە ڕوو، کە هیچ سوودیان بۆت نییە.
ISA 57:13 کاتێک هاوار دەکەیت، با بتە کۆکراوەکانت فریات بکەون! بای گێژەڵوکە هەموویان هەڵدەگرێت، تەنانەت شنەبا دەیانبات. بەڵام ئەوەی پەنای داوەتە پاڵ من دەبێت بە میراتگری خاکەکە، کێوی پیرۆزم دەبێت بە موڵکی.»
ISA 57:14 یەزدان دەفەرموێت: «ڕێگاکە بنیاد بنێنەوە، بنیادی بنێنەوە و ئامادەی بکەن! کۆسپ لە ڕێگای گەلەکەم هەڵبگرن.»
ISA 57:15 خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە، ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت: «لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم، هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام کە دڵشکێنراون و بێفیزن، بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.
ISA 57:16 هەتاسەر کێشمەکێش ناکەم و هەتا کۆتایی تووڕە نابم، چونکە ڕۆح لەبەردەمم گرژ دەبێت، هەناسەی مرۆڤ کە من دروستم کردووە.
ISA 57:17 لەبەر تاوانی چاوچنۆکییەکەی تووڕە بووم، لێم دا، لە تووڕەییدا ڕوخساری خۆمم شاردەوە، بەڵام هەر بە ڕێگای دڵی خۆی بەردەوام بوو لە یاخیبوون.
ISA 57:18 ڕێگاکانی ئەوم بینی بەڵام چاکی دەکەمەوە، ڕێنمایی دەکەم و دڵی خۆی و شیوەنگێڕەکانیشی دەدەمەوە،
ISA 57:19 وا دەکەم بەرهەمی لێوەکانیان سوپاسگوزاری بێت. ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیک، چاکیشی دەکەمەوە،» یەزدان دەفەرموێت.
ISA 57:20 بەڵام بەدکاران وەک دەریای هەڵچوون کە ناتوانێت ئارام بێتەوە، ئاوەکانی لیتە و قوڕاو فڕێدەدات.
ISA 57:21 خودام دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»
ISA 58:1 «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە، وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە! یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە، گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
ISA 58:2 ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم، وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت. داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
ISA 58:3 دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین، خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“ «وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
ISA 58:4 وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی، بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن. ئەمڕۆ ناتوانن بەڕۆژوو بن و چاوەڕێ دەکەن لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
ISA 58:5 ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟ مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات، وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟ ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو، یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟
ISA 58:6 «ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت: کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە، چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و هەموو نیرێک بشکێنن؟
ISA 58:7 ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە، کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
ISA 58:8 ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە، تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات، ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
ISA 58:9 ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە، هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام. «ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنیت،
ISA 58:10 هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و پێداویستی زەلیل دابین بکەیت، ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
ISA 58:11 یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و جەستەت بەهێز دەکات. وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت، کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
ISA 58:12 گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە، بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە، ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و ”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.
ISA 58:13 «ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند، لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت، ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت و ڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە، ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت و بەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،
ISA 58:14 ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت و سواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم و میراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.» یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.
ISA 59:1 بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن، گوێشی گران نییە بۆ بیستن،
ISA 59:2 بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست لەنێوان ئێوە و خوداتان، گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە تاکو گوێتان لێ نەگرێت.
ISA 59:3 لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و پەنجەکانیشتان بە تاوان، لێوەکانتان بە درۆ دوان و زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.
ISA 59:4 کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات. پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن. بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.
ISA 59:5 هێلکەی ماریان هەڵهێنا، تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن. ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت، ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.
ISA 59:6 تەونەکانیان نابێتە بەرگ و خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن، کردارەکانیان کرداری خراپەن و کردەوەی دەستیان ستەمە.
ISA 59:7 پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان. بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە، وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.
ISA 59:8 ڕێگای ئاشتی پێنازانن، دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان. ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد، هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.
ISA 59:9 لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوور کەوتەوە و ڕاستودروستی پێمان ناگات. چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت، بە هیواین ڕۆشنایی بێت، بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
ISA 59:10 وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین، وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین. لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین، لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
ISA 59:11 هەموومان وەک ورچ دەبۆڕێنین، وەک کۆتر دەگمێنین، چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە، بە هیوای ڕزگارین، بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.
ISA 59:12 بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون، گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن. یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون، دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
ISA 59:13 یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان، لادان لە ڕێگای خودای خۆمان، هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە، دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
ISA 59:14 دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت. ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتووە و ڕێگا نادرێت ڕاستگۆیی بێتە ژوورەوە.
ISA 59:15 ڕاستی ون بووە و ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر. یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو کە دادپەروەری نەبوو.
ISA 59:16 بینی کەس نەبوو، سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو. بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین، ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
ISA 59:17 ڕاستودروستی وەک زرێ لەبەرکرد و کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری، بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد، دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
ISA 59:18 بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت، سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات، بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
ISA 59:19 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی، چونکە یەزدان وەک لافاو دێت، بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.
ISA 59:20 «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن، بۆ لای ئەوانە لە نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 59:21 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،» یەزدان دەفەرموێت.
ISA 60:1 «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات، شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.
ISA 60:2 ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و هەوری تاریش نەتەوەکان. بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات، شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.
ISA 60:3 نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن، پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.
ISA 60:4 «چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە! هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن، کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.
ISA 60:5 ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت، لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت، چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە، دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.
ISA 60:6 ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت، وشترەکانی میدیان و عێفا. هەموو لە شەباوە دێن، زێڕ و بخووریان بارکردووە، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.
ISA 60:7 هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە، بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان، بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.
ISA 60:8 «ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟
ISA 60:9 بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن، هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە، زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە شکۆداری کردیت.
ISA 60:10 «نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە، پاشاکانیان خزمەتت دەکەن. هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت، بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا دێتەوە.
ISA 60:11 دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن، شەو و ڕۆژ داناخرێن بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن،
ISA 60:12 چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و بە تەواوی وێران دەبێت.
ISA 60:13 «شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت، داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە، بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.
ISA 60:14 کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات، هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و پێت دەڵێن: شاری یەزدان، سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
ISA 60:15 «لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و بێ ڕێبوار بیت، دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی، شادی نەوە دوای نەوە.
ISA 60:16 لە شیری نەتەوەکان دەخۆیت، لە مەمکی شاهانە شیر دەخۆیت. جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم، ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.
ISA 60:17 لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم، لە جیاتی داریش بڕۆنز و لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم. سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.
ISA 60:18 ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت، بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و دەروازەکانیشت ”ستایش“.
ISA 60:19 ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ، درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ، بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت.
ISA 60:20 لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت، مانگی تۆ کەم ناکات، چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.
ISA 60:21 لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن، زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت. ئەوەی من ناشتوومن نەمامن، دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.
ISA 60:22 بچووک دەبێت بە هەزار و بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن. من یەزدانم، لە کاتی خۆیدا پەلەی لێ دەکەم.»
ISA 61:1 ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات، چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران. منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان، بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و ئازادکردنی کۆیلەکان،
ISA 61:2 بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان و ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان، بۆ دڵنەواییکردنی هەموو ماتەمدارەکان.
ISA 61:3 ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم، تاجێکی جوانیان لەسەر بنێم لە جێی قوڕ، زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە، هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان. جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی، نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.
ISA 61:4 کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە. شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.
ISA 61:5 بێگانە دێنە خزمەتتان و شوانایەتی مێگەلەکانتان دەکەن و کوڕانی نامۆکان دەبنە جوتیار و ڕەزەوانتان.
ISA 61:6 ئێوەش ناوتان لێ دەنرێت، کاهینەکانی یەزدان، پێتان دەگوترێت، خزمەتکارەکانی خودامان. سامانی نەتەوەکان دەخۆن و شانازی بەسەر شکۆمەندی ئەوانەوە دەکەن.
ISA 61:7 گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن، لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن. ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن، خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.
ISA 61:8 «من کە یەزدانم، دادپەروەریم خۆشدەوێت، ڕقم لە دزی و بەدکارییە پێکەوە. بە دڵسۆزییەوە پاداشتی گەلەکەم دەدەمەوە و پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم.
ISA 61:9 توخمیان لەنێو نەتەوەکان دەناسرێن و وەچەشیان لەنێو گەلاندا. هەموو ئەوانەی دەیانبینن دانی پێدا دەنێن کە ئەوان گەلێکن یەزدان بەرەکەتداری کردوون.»
ISA 61:10 بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان، گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت، چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم، کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا، وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.
ISA 61:11 وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت، ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.
ISA 62:1 لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.
ISA 62:2 ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت دەبینن، هەموو پاشاکانیش شکۆمەندییەکەت. ناوێکی نوێت لێ دەنرێت کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.
ISA 62:3 دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.
ISA 62:4 چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»، بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا»، خاکەکەشت، «بەعولە»، چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت، خاکەکەشت مێردی دەبێت.
ISA 62:5 وەک چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە، ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت. وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک، ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.
ISA 62:6 ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە، بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن. ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە، ئۆقرە مەگرن،
ISA 62:7 لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و ناوداری دەکات لە زەویدا.
ISA 62:8 یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و بە هێزی بازووی سوێندی خوارد: «چیتر دانەوێڵەکەت ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت، نامۆکان نایخۆنەوە،
ISA 62:9 بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و ستایشی یەزدان دەکەن، ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»
ISA 62:10 تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە! ڕێگای گەل خۆش بکەن. ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن! لە بەرد پاکی بکەنەوە. ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.
ISA 62:11 ئەوەتا یەزدان بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە: «بە شاری سییۆن بڵێن، ”وا ڕزگارکەرەکەت دێت! وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»
ISA 62:12 ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»، «ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»، تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»، «شارە بەجێنەماوەکە».
ISA 63:1 ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت بە بەرگی سوور لە بۆزراوە، ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟ «منم، بە ڕاستودروستی دەدوێم مەزنم بۆ ڕزگاری.»
ISA 63:2 بۆچی بەرگت سوورە و بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟
ISA 63:3 «کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو بە تەنها گوشەرم پەستەوە. لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە، بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان. جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و هەموو جلەکەم لەکەدار بوو.
ISA 63:4 ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و ساڵی کڕینەوەی گەلم هات.
ISA 63:5 تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو، سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو، بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد، هەڵچوونم پشتگیری کردم.
ISA 63:6 بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە، بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن، خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.»
ISA 63:7 باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم، کارەکانی کە شایستەی ستایشن، بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی. باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی.
ISA 63:8 فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن، کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،» جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر.
ISA 63:9 لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن.
ISA 63:10 بەڵام ئەوان یاخی بوون و ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد، جا لێیان بوو بە دوژمن و لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە.
ISA 63:11 ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە، ڕۆژانی موسا و گەلەکەی. کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟ کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی لەنێویان دانا؟
ISA 63:12 کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد، ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد، بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات،
ISA 63:13 ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟ وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا،
ISA 63:14 وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی، ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان. ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت.
ISA 63:15 لە ئاسمانەوە تەماشا بکە، لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە، کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟ ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی.
ISA 63:16 بەڵام تۆ باوکی ئێمەی، ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت. ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت، لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە.
ISA 63:17 ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین، بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟ بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت، هۆزەکانی میراتەکەت.
ISA 63:18 بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون، بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد.
ISA 63:19 ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین، ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە، وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین.
ISA 64:1 خۆزگە ئاسمانت شەق دەکرد و دەهاتیتە خوارەوە، چیاکان لەبەردەمت دەلەرزین!
ISA 64:2 وەک ئەوەی ئاگر گڕ بەردەداتە پوشوپەڵاش و ئاگر وا دەکات ئاو بکوڵێت، وەرە خوارەوە، با دوژمنانت ناوت بزانن، با نەتەوەکان لەبەردەمتدا بلەرزن.
ISA 64:3 کاتێک کارە ترسناکەکانت کرد کە چاوەڕێمان نەدەکرد، دابەزیت و چیاکان لەبەردەمتدا لەرزین.
ISA 64:4 لە کۆنەوە نە گوێیان لێ بووە و نە بیستوویانە، هیچ چاوێک خودایەکی جگە لە تۆ نەبینیوە، ئەوە بکات بۆ ئەو کەسەی چاوەڕێی دەکات.
ISA 64:5 تۆ دێیت بۆ یارمەتی ئەوانەی بە دڵخۆشییەوە کاری ڕاستودروستی دەکەن، ئەوانەی بیر لە ڕێگاکانت دەکەنەوە هەتا پەیڕەوی بکەن. بەڵام کاتێک ئێمە بە بەردەوامی گوناهمان لە دژی ئەوان کرد، تۆ تووڕە بوویت. ئیتر چۆن ڕزگار دەبین؟
ISA 64:6 هەموومان وەک کەسێکی گڵاومان لێ هات، هەموو کاری ڕاستودروستیمان وەک پەڕۆی پیسی مانگانەی ئافرەت بوو. هەموو وەک گەڵا سیس بووین، تاوانەکانمان وەک با هەڵماندەگرێت.
ISA 64:7 کەس نییە بە ناوی تۆوە نزا بکات یان وریابێت بۆ ئەوەی خۆی بە تۆوە بگرێت، چونکە ڕووی خۆتت لێمان شاردەوە و بە دەست تاوانەکانمان ئێمەت تواندەوە.
ISA 64:8 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت، ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.
ISA 64:9 ئەی یەزدان، تەواو تووڕە مەبە و هەتا کۆتایی تاوانمان بەبیر خۆت مەهێنەرەوە، تکایە، تەماشامان بکە! ئێمە هەموو گەلی تۆین.
ISA 64:10 شارە پیرۆزەکانت بوون بە چۆڵەوانی، سییۆن بوو بە چۆڵەوانی و ئۆرشەلیم وێران بوو.
ISA 64:11 پەرستگای پیرۆزی و شانازیمان، کە لەوێ باوباپیرانمان ستایشی تۆیان کرد، بە ئاگر سووتێنراوە و هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆ ئێمە گەنجینە بوون، بە کەلاوە بوون.
ISA 64:12 ئەی یەزدان، ئایا لەدوای هەموو ئەمانە لە یارمەتیدان خۆت بە دوور دەگریت؟ ئایا بێدەنگ دەبیت و بە تەواوی سزامان دەدەیت؟
ISA 65:1 «من دەرکەوتم بۆ ئەوانەی کە داوای منیان نەکرد، دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان. بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن، فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“
ISA 65:2 بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت، بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە، بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.
ISA 65:3 گەلێک بەردەوام بەرەو ڕووم پەستم دەکەن، گەلێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت، لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،
ISA 65:4 ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت، لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات، گۆشتی بەراز دەخوات و لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.
ISA 65:5 دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە، چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“ ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا، ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.
ISA 65:6 «ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە: بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە، سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،
ISA 65:7 لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،» یەزدان دەفەرموێت. «لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد، کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»
ISA 65:8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە، جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە، چونکە خێروبێری تێدایە،“ ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.
ISA 65:9 بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم، لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم. جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.
ISA 65:10 جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و دۆڵی عاخۆریش بە مۆڵگای مانگا، بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.
ISA 65:11 «بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە، خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،
ISA 65:12 چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و هەمووتان بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن، لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە، قسەم کرد و گوێتان نەگرت بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد، ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»
ISA 65:13 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن، بەڵام ئێوە برسی دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە، بەڵام ئێوە تینوو دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن، بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.
ISA 65:14 ئەوەتا لە دڵخۆشیدا بەندەکانم گۆرانی دەڵێن، بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.
ISA 65:15 لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت، بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.
ISA 65:16 ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات، بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات، چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و لەبەرچاوم شاردرانەوە.
ISA 65:17 «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە.
ISA 65:18 بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن لەوەی من بەدی دەهێنم، چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
ISA 65:19 بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و بە گەلی خۆم شاد دەبم، چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
ISA 65:20 «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو، چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت بە گەنج دادەنرێت و ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت.
ISA 65:21 خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن، ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
ISA 65:22 خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت، ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات، چونکە ڕۆژانی گەلەکەم وەک ڕۆژانی دار دەبێت و هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن لە کردارەکانی دەستیان.
ISA 65:23 بەخۆڕایی ماندوو نابن و بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت، چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
ISA 65:24 جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
ISA 65:25 گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن، شێریش وەک مانگا گیا دەخوات، بەڵام نانی مار خۆڵە. لە هەموو کێوی پیرۆزم نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،» یەزدان دەفەرموێت.
ISA 66:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە. کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
ISA 66:2 ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟ جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «من ڕوو لەمە دەکەم: لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.
ISA 66:3 بەڵام ئەوەی گا سەردەبڕێت وەک ئەوەیە مرۆڤ بکوژێت، ئەوەی بەرخ دەکاتە قوربانی سەربڕاو، وەک ئەوەیە ملی سەگ بشکێنێت، ئەوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش دەکات، وەک ئەوەیە خوێنی بەراز پێشکەش بکات و ئەوەی بخوور دەسووتێنێت، وەک ئەوەیە بت بەرەکەتدار بکات. ئەوان ڕێگاکانی خۆیان هەڵبژارد و دڵیان بە قێزەونەکانیان خۆش بوو،
ISA 66:4 هەروەها منیش کارەساتەکانیان هەڵدەبژێرم و ترسەکانیان بەسەریاندا دەهێنم، لەبەر ئەوەی بانگم کرد و کەس نەبوو وەڵام بداتەوە، قسەم کرد و گوێیان نەگرت، بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکارییان کرد، ئەوەی پێی دڵخۆش نەبووم هەڵیانبژارد.»
ISA 66:5 ئەی ئەوانەی لە ڕێزی وشەی یەزدان دەلەرزن، گوێ لە فەرمایشتی ئەو بگرن: «براکانتان ئەوانەی ڕقیان لێتانە و لەبەر ناوی من دەریانکردن، بە تەوسەوە گوتیان: ”با یەزدان شکۆمەند بێت و دڵخۆشی ئێوە ببینین!“ بەڵام ئەوان شەرمەزار دەبن.
ISA 66:6 دەنگی هاتوهەرایە لە شارەوە، دەنگە لە پەرستگاوە! ئەمە دەنگی یەزدانە سزای شایستەی دوژمنانی دەدات.
ISA 66:7 «پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو، پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
ISA 66:8 کێ شتی وەک ئەمەی بیستووە؟ کێ وەک ئەمەی بینیوە؟ ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟ بەڵام ئەو ساتەی کە سییۆن ژان دەیگرێت چەندین منداڵی دەبێت.»
ISA 66:9 یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم، وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟ یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت، سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
ISA 66:10 «ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم، لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن، ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن، بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
ISA 66:11 بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و تێر و ئارام بن هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و چێژ ببینن.»
ISA 66:12 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ، جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
ISA 66:13 وەک کەسێک دایکی دڵنەوایی بکات، منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم، بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»
ISA 66:14 جا دەبینن و دڵتان خۆش دەبێت و جەستەتان وەک گیا نەشونما دەکات. جا دەزانرێت کە یەزدان لەگەڵ خزمەتکارەکانی دەبێت، بەڵام لە دوژمنەکانی تووڕە دەبێت.
ISA 66:15 ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت، گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن، تاکو تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە، سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە.
ISA 66:16 لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.
ISA 66:17 «پێکەوە دەفەوتێن، ئەوانەی خۆیان تەرخان و پاک دەکەن بۆ چوونە ناو باخچەکان، شوێنی ئەو کەسە دەکەون کە لە ناوەڕاستی ئەوانە کە جرج و گۆشتی بەراز و شتی قێزەون دەخۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 66:18 «من کردەوەکانیان و بیروڕایان دەزانم، لەبەر ئەوە خەریکە دێم و هەموو نەتەوەکان و زمانەکان کۆدەکەمەوە، جا دێن و شکۆمەندی من دەبینن.»
ISA 66:19 یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن.
ISA 66:20 هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.
ISA 66:21 هەروەها هەندێک لەوان هەڵدەبژێرم بە کاهین و بە لێڤی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ISA 66:22 یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت.
ISA 66:23 لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت.
ISA 66:24 «دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»
JER 1:1 پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین.
JER 1:2 فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا،
JER 1:3 هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم.
JER 1:4 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
JER 1:5 «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی، پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت، تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
JER 1:6 بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»
JER 1:7 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت.
JER 1:8 لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 1:9 ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە.
JER 1:10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»
JER 1:11 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.»
JER 1:12 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر دەبم بۆ ئەنجامدانی.»
JER 1:13 دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.»
JER 1:14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت.
JER 1:15 خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا پاشاکانیان دێن و هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت، هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا.
JER 1:16 منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم، لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد.
JER 1:17 «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم.
JER 1:18 من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە.
JER 1:19 لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 2:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
JER 2:2 «بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و خۆشەویستی کاتی بووکێنیت، بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی، بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو.
JER 2:3 ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو، یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی. هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد، بەڵایان بەسەردا هات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 2:4 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
JER 2:5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی کە لێم دوور کەوتنەوە؟ چوون دوای بتی پووچ کەوتن و خۆیان پووچ کرد.
JER 2:6 پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین، ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد، بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا، بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ، بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو، کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“
JER 2:7 ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن. بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد، میراتەکەی منتان قێزەون کرد.
JER 2:8 کاهینەکان پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان؟“ ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم، ڕابەرەکان لێم یاخی بوون، پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد، دوای بتی پووچ کەوتن.»
JER 2:9 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم، منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم.
JER 2:10 لە کەنارەکانی کیتیم بپەڕنەوە و ببینن، بنێرن بۆ قێدار و بە وردی سەرنج بدەن، ببینن ئاخۆ شتی وەک ئەمە بووە؟
JER 2:11 ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟ هەرچەندە خودا نین. بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە بە بتی پووچ.
JER 2:12 ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت، موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 2:13 «گەلەکەم دوو خراپەی کردووە: وازیان لە من هێنا، من کە کانی ئاوی ژیانم، هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند، ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.
JER 2:14 ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟ بۆچی بوو بە تاڵانی؟
JER 2:15 بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان، دەنگیان هات، خاکەکەیان وێران کردووە، شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن.
JER 2:16 هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە.
JER 2:17 ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد، کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟
JER 2:18 ئێستا بۆچی دەچیتە میسر بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟ ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟
JER 2:19 خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات. جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە، کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و ترسی منت لە دڵدا نییە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
JER 2:20 «تۆ لە کۆنەوە نیری خۆتت شکاندووە، کۆتەکانت پساندووە، گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“ تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت.
JER 2:21 من وەک شامێوێک لە نایابترین جۆر تۆم چاند، ئیتر چۆن لێم گۆڕایت، گۆڕایت بۆ زڕمێو؟
JER 2:22 هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت، زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت، هێشتا لەکەی تاوانەکەت لەبەردەممە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
JER 2:23 «ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم، دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“ تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە، بزانە چیت کردووە. تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی،
JER 2:24 وەک کەرەکێوییەکەی کە فێری چۆڵەوانیت، لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت، لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟ هەموو ئەوانەی داوای دەکەن بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە.
JER 2:25 ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و گەرووت وشک بێت. بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە! نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە، دوای ئەوان دەکەوم.“
JER 2:26 «وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت، ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون، خۆیان و پاشا و میر و کاهین و پێغەمبەرەکانیان.
JER 2:27 هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکی منیت“ و بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“ پشتیان تێ کردم نەک ڕوو، بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن: ”هەستە و ڕزگارمان بکە!“
JER 2:28 ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟ با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن! ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.»
JER 2:29 یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟ هەمووتان لێم یاخی بوون،
JER 2:30 بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا، تەمبێکردنیان وەرنەگرت، شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد، وەک شێرێکی لەناوبەر.
JER 2:31 «ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن: «ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی، یان خاکی تاریک و تنۆک؟ بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین، ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“
JER 2:32 ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات، یان بووک جلی بووکێنی؟ بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار منیان لەبیر کرد.
JER 2:33 تۆ چەند لێزانیت لە گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا! تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد.
JER 2:34 هەروەها بە جلەکانتەوە دەبینرێت، خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان، هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت. بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە
JER 2:35 دەڵێیت: ”من بێتاوانم، خودا لە من تووڕە نییە.“ بەڵام دادگاییت دەکەم، چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“
JER 2:36 بۆچی زۆر دەگەڕێیت بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟ هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت، وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت.
JER 2:37 هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە دەبن، چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە، بەوان سەرکەوتوو نابیت.»
JER 3:1 «ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و ژنەکەی لەلای بڕوات و شوو بە پیاوێکی دیکە بکات، ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟ ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟ بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت، ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 3:2 «چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە! بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟ وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت. بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت خاکەکەت گڵاو کرد.
JER 3:3 جا لێزمە باران ڕاوەستا و بەهارە بارانیش نەبوو، کەچی تۆ ناوچەوانی ژنە لەشفرۆشێکت هەبوو، شەرم لەخۆکردنەوەت ڕەتکردەوە.
JER 3:4 ئایا هەر ئێستا بانگت نەکردم، ”باوکە! تۆ هاوڕێی گەنجیێتی منیت!
JER 3:5 ئایا هەتاهەتایە تووڕە دەبیت؟ ئایا هەتا کۆتایی هەڵدەچیت؟“ بەم شێوەیە قسەت کرد، بەڵام تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد کە توانیت.»
JER 3:6 لە سەردەمی پاشایەتی یۆشیای پاشادا یەزدان پێی فەرمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە چی کرد؟ چووە سەر هەموو گردێکی بەرز و ژێر هەموو دارێکی سەوز، لەوێ داوێنپیسی کرد.
JER 3:7 بیرم کردەوە لەپاش ئەوەی هەموو ئەمەی کرد، بۆ لای من دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە. جا یەهودای خوشکی ناپاکی ئەمەی بینی.
JER 3:8 تەڵاقنامەم دا بە ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە و ناردمەوە، لەبەر هەموو داوێنپیسییەکانی. کەچی بینیم یەهودای خوشکی ناپاکی نەترسا، جا ئەویش چوو و داوێنپیسی کرد.
JER 3:9 لەبەر ئەوەی بە سووکی سەیری لەشفرۆشییەکەی کرد، زەوی گڵاو کرد و داوێنپیسی لەگەڵ دار و بەردا کرد.
JER 3:10 لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یەهودای ناپاکی خوشکی بە هەموو دڵییەوە نەگەڕایەوە لام، بەڵکو تەنها بە ڕواڵەت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 3:11 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە لە یەهودای ناپاک ڕاستودروستترە.
JER 3:12 بڕۆ، ئەو پەیامە بۆ باکوور ڕابگەیەنە، بڵێ: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەی ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە، بگەڕێوە، ناوچەوانم لێتان گرژ ناکەم، چونکە خۆشەویستییەکەم ناگۆڕێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ”تووڕەییم هەتاهەتایی نییە.
JER 3:13 تەنها دان بە تاوانەکەتدا بنێی، چونکە لە یەزدانی پەروەردگارت یاخی بوویت و خۆشەویستیت بۆ خوداوەندە بێگانەکان بڵاوکردەوە لەژێر هەموو دارێکی سەوز. ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 3:14 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، چونکە من مێردی ئێوەم، دەتانبەم، یەکێک لە شارۆچکەیەک و دووان لە خێڵێک، دەتانهێنمە سییۆن.
JER 3:15 شوانتان بۆ دادەنێم بە دڵی خۆم بێت، بە زانین و وریاییەوە بتانلەوەڕێنن.»
JER 3:16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا، کە لە خاکەکە زۆر دەبن و بەروبوومتان دەبێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی پەیمانی یەزدان.“ بە مێشکیاندا نایەت و بەبیریان نایەتەوە، بەسەری ناکەنەوە و جارێکی دیکە دروستناکرێتەوە.
JER 3:17 لەو کاتەدا بە ئۆرشەلیم دەڵێن، ”تەختی یەزدان“ و هەموو نەتەوەکان لە ئۆرشەلیم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە ناوی یەزدان بگرن. ئیتر بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەیان ناکەون.
JER 3:18 لەو ڕۆژانەدا بنەماڵەی یەهودا لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل دەڕۆن، بەیەکەوە لە خاکی باکوورەوە دێن بۆ ئەو خاکەی کە کردمە میرات بۆ باوباپیرانتان.
JER 3:19 «بەڵام من، یەزدانم، دەفەرمووم: «”چەند دەمەوێ وەک کوڕانی خۆمتان دابنێم و زەوییەکی ئارەزووبەخشتان بدەمێ، جوانترین میراتی نەتەوەکان!“ وامدەزانی ئێوە بە ”باوکە“ بانگم دەکەن و لە شوێنکەوتنی من لانادەن.
JER 3:20 بەڵام وەک چۆن ژن ناپاکی لە هاوسەری خۆی دەکات، ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئاوا ناپاکیتان لێکردم،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 3:21 دەنگێک لە گردۆڵکەکانەوە دەبیسترێت، گریان و پاڕانەوەکانی نەوەی ئیسرائیلە، چونکە ڕێگاکانی خۆیان خوارکردووە و یەزدانی پەروەردگاریان لەبیر کردووە.
JER 3:22 «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، هەڵگەڕانەوەکانتان چاک دەکەمەوە.» «بەڵێ، دەگەڕێینەوە لات، چونکە تۆ یەزدانیت، خودای ئێمەیت.
JER 3:23 بێگومان بتپەرستی بە غەڵبەغەڵبەوە لەسەر چیا و گردەکان خۆهەڵخەڵەتاندنە، بێگومان بە یەزدانی پەروەردگارمان ئیسرائیل ڕزگار دەبێت.
JER 3:24 لە هەرزەکاریمانەوە بەعلی خوداوەندی شەرمەزاری ڕەنجی باوباپیرانی ئێمەی خواردووە، لە مەڕ و مانگا و کوڕ و کچ.
JER 3:25 با لەناو شورەیی خۆمان ڕابکشێین، با شەرمەزاریمان دامانبپۆشێت، چونکە ئێمە و باوباپیرانمان گوناهمان کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارمان، لە هەرزەکاریمانەوە هەتا ئەمڕۆش، گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین.»
JER 4:1 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە، بگەڕێوە لای من. ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی، گومڕا نابیت،
JER 4:2 ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و شانازی بەوەوە دەکەن.»
JER 4:3 یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت: «زەوی بەیارتان بکێڵن و لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
JER 4:4 ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە بکەن، دڵتان خەتەنە بکەن، نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت، لەبەر خراپی کردەوەکانتان، بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
JER 4:5 «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن: ”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“ بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
JER 4:6 ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن! خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن! چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم، تێکشکانێکی گەورە.»
JER 4:7 شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە، تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت. لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات. شارۆچکەکانت کاول دەبن بێ ئاوەدانی دەبن.
JER 4:8 لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش لەبەر بکەن، لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
JER 4:9 یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا، پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن، کاهینەکان دەحەپەسێن و پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
JER 4:10 جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
JER 4:11 لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە،
JER 4:12 بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
JER 4:13 تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت، گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە، ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن. قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
JER 4:14 ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت. هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
JER 4:15 دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت، کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
JER 4:16 «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە، با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن: ”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن، بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
JER 4:17 لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە، چونکە لە من یاخی بوون.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 4:18 «ڕەفتار و کردەوەکانت ئەمەیان پێکردیت، ئەمە سزاکەتە، چەند تاڵە! چونکە گەیشتە دڵت.»
JER 4:19 ئەی ئازارم، ئەی ئازارم! من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە. دڵم ژان دەکات! دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم، چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
JER 4:20 کارەسات لەدوای کارەسات دێت، هەموو خاکەکە وێران بوو. لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون، لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
JER 4:21 هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
JER 4:22 «گەلەکەم گێلە و من ناناسێت. ئەوان کوڕی دەبەنگن، ئەوان تێنەگەیشتوون، ئەوان دانان بۆ کاری خراپە، بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
JER 4:23 تەماشای زەویم کرد، بێ شێوە و بەتاڵ بوو، بەرەو ئاسمانیش، ڕووناکییەکەی نەمابوو.
JER 4:24 تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان، هەموو گردەکانیش لەق بوون.
JER 4:25 تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو، باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون،
JER 4:26 تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
JER 4:27 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت: «هەموو زەوی وێران دەبێت، بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
JER 4:28 لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت، ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت، لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە، بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
JER 4:29 لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد. هەندێک چوونە ناو دارستانەکان، هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان. هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون، هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
JER 4:30 تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟ بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟ بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟ بێهوودە خۆت جوان دەکەیت، لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی، ئەوان داوای گیانت دەکەن.
JER 4:31 هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو، لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت. دەنگی سییۆنی کچ هەنسک دەدات، دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت: «وەی لە من! دەبوورێمەوە، گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
JER 5:1 «بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن، ئێستا تەماشا بکەن و بزانن، لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن. ئەگەر یەکێکتان بینییەوە دادپەروەر بێت و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت، ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
JER 5:2 هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“ هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»
JER 5:3 ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟ لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت، تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن. ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد، تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
JER 5:4 بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن، نەزان بوون، چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
JER 5:5 کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و قسەیان لەگەڵ دەکەم، بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.» بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند، بەندیان پساند.
JER 5:6 لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر، گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت، پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات، تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات، چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون، هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.
JER 5:7 «بۆچی دەبێت لێت خۆشبم؟ کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە. کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد، پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
JER 5:8 بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە، هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
JER 5:9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 5:10 «سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن، بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن. لقەکانی لێ بکەنەوە، چونکە هی یەزدان نین.
JER 5:11 بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 5:12 درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد، گوتیان، «ئەو هیچ ناکات! بەڵامان بەسەرنایەت، شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
JER 5:13 پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با، وشەکە لەواندا نییە، ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
JER 5:14 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد، ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر، ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
JER 5:15 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان، نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە، نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن، لە قسەکردنیان تێناگەن.
JER 5:16 تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە، هەموو پاڵەوانن.
JER 5:17 دروێنە و نانت دەخوات، کوڕ و کچت دەخوات، مەڕ و مانگات دەخوات، مێو و هەنجیرت دەخوات. شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون، بە شمشێر دەفەوتێنێت.»
JER 5:18 یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم.
JER 5:19 جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.“
JER 5:20 «ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
JER 5:21 ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن، ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن، گوێتان هەیە و نابیستن:
JER 5:22 ئایا لە من ناترسن؟» هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟ من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور، بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت. شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت، هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
JER 5:23 بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە، لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
JER 5:24 لە دڵی خۆیاندا ناڵێن، ”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی، لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
JER 5:25 تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد، گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
JER 5:26 «بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە، وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن، تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
JER 5:27 وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار، ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ، لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
JER 5:28 قەڵەو و تێر بوون. هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن، پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن، بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
JER 5:29 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 5:30 «تۆقین و سەرسوڕماویێک لە خاکەکەدا ڕوویدا:
JER 5:31 پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن، کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن، گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە. بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟
JER 6:1 «ئەی نەوەی بنیامین، لە ئۆرشەلیم هەڵبێن! لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن! لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن! چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
JER 6:2 من سییۆنی کچ لەناو دەبەم، کچە جوان و نازدارەکە.
JER 6:3 شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە بۆ لای ئەو دێن، ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»
JER 6:4 «جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن! هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین! بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو، سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
JER 6:5 کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین، قەڵاکانی وێران بکەین!»
JER 6:6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «دار ببڕنەوە و مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن. دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت، چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
JER 6:7 وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت، ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت. توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت، هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
JER 6:8 ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە، نەوەک پشتم لە تۆ بکەم، نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران، ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
JER 6:9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە، بە تەواوی وەک ڕەزەمێو، با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت، وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»
JER 6:10 بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟ کێ گوێم لێ دەگرێت؟ ئەوەتا گوێیان داخراوە بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن. فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی، دڵیان پێی خۆش نییە.
JER 6:11 لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان، بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی. ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تووڕەییەکەم بەسەر منداڵانی کۆڵاندا هەڵبڕێژە بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان، ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت، پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
JER 6:12 ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن، کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە، چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە درێژ دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 6:13 «لە بچووکیان هەتا گەورەیان، هەموویان پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین، هەموو ساختە دەکەن.
JER 6:14 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“ بەڵام ئاشتی نییە.
JER 6:15 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 6:16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن، پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن، ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن، حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
JER 6:17 چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم: ”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“ بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
JER 6:18 لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن، ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
JER 6:19 ئەی زەوی، گوێ بگرە: ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم، بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە، چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
JER 6:20 بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟ قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
JER 6:21 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم، باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن، دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
JER 6:22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت، نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
JER 6:23 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە، دڵڕەقن و بەزەییان نییە، دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و سواری ئەسپ دەبن، وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»
JER 6:24 هەواڵی ئەوانمان بیست، ورەمان ڕووخا، تووشی تەنگانە بووین، تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
JER 6:25 دەرمەچن بۆ کێڵگە! بە ڕێگادا مەڕۆن! چونکە دوژمن شمشێری پێیە، لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
JER 6:26 ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە، خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە، شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ، چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.
JER 6:27 «ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا، وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک، بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و تاقییان بکەیتەوە.
JER 6:28 هەموو یاخی و کەللەڕەقن، بە پەلەن بۆ بوختانکردن، ئەوان بڕۆنز و ئاسنن، هەموو تێکدەرن.
JER 6:29 مووشەی دێت مووشەدەمە بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت، بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات، بەدکاران بێگەرد نابن.
JER 6:30 پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند، چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»
JER 7:1 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
JER 7:2 «لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ: «”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە.
JER 7:3 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم.
JER 7:4 پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘
JER 7:5 چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن،
JER 7:6 ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە،
JER 7:7 ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە.
JER 7:8 بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
JER 7:9 «”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن،
JER 7:10 ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟
JER 7:11 ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 7:12 «یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە.
JER 7:13 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێشوەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە.
JER 7:14 لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد، ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان.
JER 7:15 لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
JER 7:16 «تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم.
JER 7:17 ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟
JER 7:18 منداڵان دار کۆدەکەنەوە، باوکان ئاگر دەکەنەوە و ژنان هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی ئاسمان دروست بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن.
JER 7:19 بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 7:20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
JER 7:21 «”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن،
JER 7:22 چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن،
JER 7:23 بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘
JER 7:24 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن.
JER 7:25 لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون.
JER 7:26 بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
JER 7:27 «جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە.
JER 7:28 لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە.
JER 7:29 قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
JER 7:30 «یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد.
JER 7:31 هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەن‌هینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو.
JER 7:32 یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت.
JER 7:33 تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە.
JER 7:34 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
JER 8:1 «یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن.
JER 8:2 بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
JER 8:3 هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“
JER 8:4 «پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟ یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟
JER 8:5 بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟ بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟ دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە، ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.
JER 8:6 بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد، بەڵام ڕاستی ناڵێن. کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و بڵێت: ’چیم کرد؟‘ هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی، وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.
JER 8:7 تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان کاتی خۆی دەزانێت، کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن، بەڵام گەلەکەی من نازانن یەزدان داوای چییان لێ دەکات.
JER 8:8 «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین، چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘ لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟
JER 8:9 داناکان ڕیسوا دەبن، دەتۆقن و پێوە دەبن. ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە، ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟
JER 8:10 لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە، کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن، چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە هەموو پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین هەموو ساختە دەکەن.
JER 8:11 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘ بەڵام ئاشتی نییە.
JER 8:12 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 8:13 یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم، نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت، نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە، گەڵاکانیش سیس دەبن. ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»
JER 8:14 «ئێمە بۆچی دانیشتووین؟ با کۆببینەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و لەوێ لەناوبچین! یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە، ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات، لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.
JER 8:15 چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەبوو. چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین، بەڵام ئەوەتا تۆقین.
JER 8:16 پڕمەی ئەسپەکانی ئەو لە دانەوە دەبیسترێت، لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی هەموو زەوی دەلەرزێت، جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن، زەوی و هەرچی تێیدایە، شار و دانیشتووانەکەی.»
JER 8:17 «ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان، کە نوشتەیان لێ ناکرێت، ئینجا پێتانەوە دەدەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 8:18 ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت، دڵم دەردەدارە.
JER 8:19 ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم لە خاکێکی دوورەوە دێت: «ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟ یان پاشاکەی تێیدا نییە؟» «بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم، بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»
JER 8:20 «دروێنە تێپەڕی، هاوین تەواو بوو، ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»
JER 8:21 لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم، خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.
JER 8:22 ئایا لە گلعاد هەتووان نییە؟ ئایا پزیشک لەوێ نییە؟ ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم ساڕێژ نابێت؟
JER 9:1 خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و چاوەکانم جۆگەی فرمێسک، جا شەو و ڕۆژ دەگریام بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.
JER 9:2 خۆزگە دیوەخانێکم لە چۆڵەوانی هەبووایە، جا وازم لە گەلەکەم دەهێنا و لەلای دەڕۆیشتم، چونکە ئەوان هەموو داوێنپیسن و کۆمەڵی ناپاکانن.
JER 9:3 «زمانیان ئامادە دەکەن وەک کەوانێک بۆ هاویشتنی درۆ، بەسەر خاکەکەدا زاڵ بوون، بەڵام بە ڕێگای ڕاستی نەبوو، چونکە لە خراپەیەکەوە دەچنە خراپەیەکی دیکە، بەڵام دان بە مندا نانێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 9:4 «با هەریەکە وریای خۆی بێت لە برادەرەکەی، پشت بە هیچ برایەک مەبەستن، چونکە هەموو برایەک وەک یاقوب هەڵخەڵەتێنەرە و هەموو برادەرێک بوختانکەرە.
JER 9:5 هەرکەسە و برادەری خۆی فریودەدات، کەس بە ڕاستی نادوێت. زمانی خۆیان بە درۆ ڕاهێناوە، خۆیان لە خراپە ماندوو بوون.
JER 9:6 تۆ لەناو فرتوفێڵ دادەنیشیت، بە فرتوفێڵ ڕەتیان کردەوە دان بە مندا بنێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 9:7 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەیانپاڵێوم و تاقییان دەکەمەوە، لەبەر گوناهەکانیان چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ گەلەکەی من.
JER 9:8 زمانیان تیری کوشندەیە و بە دەمیان فێڵ دەکەن. هەرکەسە بە هاوڕێکەی دەڵێت، ”ئاشتی“، بەڵام لە ناخییەوە بۆسەی بۆ دەنێتەوە.
JER 9:9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 9:10 بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم، بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە، چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت، دەنگی مێگەل نابیسترێت، باڵندەکانی ئاسمان ڕایانکرد، ئاژەڵەکان ڕۆیشتن.
JER 9:11 «ئۆرشەلیم وێران دەکەم، دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ، شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە بەبێ دانیشتووان.»
JER 9:12 کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟
JER 9:13 یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون.
JER 9:14 لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.»
JER 9:15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم.
JER 9:16 بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»
JER 9:17 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن، بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.
JER 9:18 با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن، چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.
JER 9:19 دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا، ”چۆن تێکدراین! چەند شەرمەزار بووین! چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت، چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»
JER 9:20 ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن. کچەکانتان فێری شیوەن بکەن، هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.
JER 9:21 مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا، هاتە ناو قەڵاکانمانەوە، بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و لاوان لە گۆڕەپانەکان.
JER 9:22 بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت، وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە، وەک چەپکی دوای دروێنەکەر، کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»
JER 9:23 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات، با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات، با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،
JER 9:24 بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات: کە لە من تێدەگات و دەمناسێت، کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی، چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 9:25 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون،
JER 9:26 خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە.»
JER 10:1 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت.
JER 10:2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن، هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.
JER 10:3 نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،
JER 10:4 بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن.
JER 10:5 وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین، هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.»
JER 10:6 ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە، تۆ مەزنیت، لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.
JER 10:7 کێ لێت ناترسێت، ئەی پاشای نەتەوەکان؟ چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە. لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و لە هەموو شانشینەکانیان، کەس هاوتای تۆ نییە.
JER 10:8 تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون، شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.
JER 10:9 زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و زێڕ لە ئوفازەوە. دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە، بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە، هەمووی دەستکردی وەستایانن.
JER 10:10 بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.
JER 10:11 «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»
JER 10:12 بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
JER 10:13 کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
JER 10:14 هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە.
JER 10:15 ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
JER 10:16 بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.
JER 10:17 لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە، ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!
JER 10:18 لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە دەردەکەمە دەرەوە، تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»
JER 10:19 وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم! برینەکەم بێ چارەیە! بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و دەبێ بەرگەی بگرم.»
JER 10:20 چادرەکەم تێکدراوە، هەموو گوریسەکانی پساون. کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون، ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.
JER 10:21 شوانەکان دەبەنگ بوون و داوای یەزدانیان نەکرد، لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.
JER 10:22 گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت، هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە، تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن، بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.
JER 10:23 ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە، کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.
JER 10:24 ئەی یەزدان، تەمبێم بکە، بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت، نەوەک لەناوم ببەیت.
JER 10:25 تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە دانت پێدا نانێن و بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن، چونکە یاقوبیان خوارد، بە تەواوی خواردیان و نشینگەکەیان وێران کرد.
JER 11:1 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
JER 11:2 «گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن.
JER 11:3 پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت،
JER 11:4 کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە،
JER 11:5 بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.» منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»
JER 11:6 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن،
JER 11:7 چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘
JER 11:8 نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»
JER 11:9 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
JER 11:10 گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم.
JER 11:11 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم.
JER 11:12 شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن.
JER 11:13 ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“
JER 11:14 «تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.
JER 11:15 «ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت، پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە، ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟ کاتێک خراپە دەکەیت، ئینجا دڵخۆش دەبیت.»
JER 11:16 یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان، بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە ئاگری لەسەر کردەوە جا لقەکانی دەشکێنرێن.
JER 11:17 یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.
JER 11:18 یەزدان پیلانی ئەوانی بۆ من ئاشکرا کرد، جا زانیم، لەم کاتەدا کردارەکانی ئەوانی پیشاندام.
JER 11:19 منیش وەک بەرخێکی دەستەمۆ بۆ سەربڕین ببردرێت، نەمزانی پیلانیان لە دژی من گێڕاوە و دەڵێن: «با دارەکە بە بەرەکەیەوە لەناو ببەین، با لە خاکی زیندووان بیبڕینەوە، ئیتر یادی ناوی ناکرێتەوە.»
JER 11:20 بەڵام تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، دادوەری ڕاستودروست، تاقیکەرەوەی مێشک و دڵ، با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم، چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
JER 11:21 «لەبەر ئەوە فەرمایشتی یەزدان ئەمەیە سەبارەت بە پیاوانی عەناتۆت، ئەوانەی داوای گیانی تۆ دەکەن و دەڵێن: ”بە ناوی یەزدانەوە پەیام ڕامەگەیەنە، با بە دەستی خۆمان نەتکوژین.“
JER 11:22 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”من سزایان دەدەم، لاوان بە شمشێر دەمرن و کوڕ و کچیشیان بە قاتوقڕی دەمرن.
JER 11:23 پاشماوەشیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە لە ساڵی سزادانیان بەڵا بەسەر پیاوانی عەناتۆتدا دەهێنم.“»
JER 12:1 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم. لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم: بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟ بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
JER 12:2 ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا، گەشەیان کرد و بەریان دا. تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت بەڵام لە دڵیان دووریت.
JER 12:3 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت، دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە. وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە! بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
JER 12:4 هەتا کەی زەوی بگریێ و گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟ لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون، چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»
JER 12:5 «ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت، ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟ ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت، ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
JER 12:6 براکانت و بنەماڵەکەشت، ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت، ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد. لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.
JER 12:7 «واز لە ماڵی خۆم دەهێنم، میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە، ئەویندارەکەی خۆم دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
JER 12:8 میراتەکەم لێم دەبێتە شێرێک لە دارستان، بەسەرمدا دەنەڕێنێت، لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
JER 12:9 ئایا میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە، کە مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟ بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە، بیانهێنن بۆ خواردن.
JER 12:10 زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن، کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن. کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
JER 12:11 دەیکەنە کاولگە، کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت. هەموو زەوی کاول دەبێت، چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
JER 12:12 لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی تاڵانکەران دێن، چونکە شمشێری یەزدان لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات، ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
JER 12:13 گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە، ماندوو دەبن و قازانج ناکەن. ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان، لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»
JER 12:14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لە ناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم.
JER 12:15 لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە.
JER 12:16 لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن.
JER 12:17 بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 13:1 یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.»
JER 13:2 منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.
JER 13:3 ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
JER 13:4 «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستووە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.»
JER 13:5 منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.
JER 13:6 دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.»
JER 13:7 منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.
JER 13:8 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
JER 13:9 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم.
JER 13:10 ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت.
JER 13:11 وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 13:12 «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“
JER 13:13 تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
JER 13:14 بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 13:15 گوێ بگرن و گوێ شل بکەن، لووتبەرز مەبن، چونکە یەزدان فەرموویەتی.
JER 13:16 شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان بەر لەوەی تاریکی دابێنێت، بەر لەوەی پەل بکوتن لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو. ئێوە خوازیاری ڕووناکین بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ، دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
JER 13:17 بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن، بە نهێنی دەگریێم لەبەر لووتبەرزیتان، چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و فرمێسک دەڕێژێت، چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.
JER 13:18 بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ: «لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە، چونکە تاجی شکۆمەندیتان لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
JER 13:19 شارەکانی نەقەب دادەخرێن و کەس نییە بیانکاتەوە. هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ، سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.
JER 13:20 چاوت هەڵبڕە و ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن! کوا ئەو مێگەلەی پێت درا، ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
JER 13:21 چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟ ئایا ژان ناتگرێت وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
JER 13:22 ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی، «بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟» لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا دەستدرێژییان کردە سەرت.
JER 13:23 ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت، یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟ ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن، کە لە خراپە ڕاهاتوون!
JER 13:24 «وەک پووش پەرتیان دەکەم کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
JER 13:25 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە، ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە، لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
JER 13:26 منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە، ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
JER 13:27 داوێنپیسی و حیلاندنت، بێڕوویی لەشفرۆشیت! لەسەر گردەکان و کێڵگەکان قێزەونییەکانی تۆم بینی. ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت! هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»
JER 14:1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:
JER 14:2 «یەهودا شیوەن دەگێڕێت و شارەکانی دادەڕزێن، بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن، هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
JER 14:3 گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد، هاتنە سەر ئەمباراوەکان، بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە. بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە، شەرمەزار و ڕیسوا بوون، سەری خۆیان شۆڕکرد.
JER 14:4 لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە، چونکە باران لە زەوییەکە نەباری، جوتیاران شەرمەزاربوون، سەری خۆیان شۆڕکرد.
JER 14:5 تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا، چونکە گیا نەبوو.
JER 14:6 کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان، وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی، چاویان شل بوو، چونکە گیاوگۆڵ نییە.»
JER 14:7 لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن، ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە، چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون، دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
JER 14:8 ئەی هیوای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە، بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت، وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
JER 14:9 بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت، وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟ ئەی یەزدان، تۆ لە ناوەڕاستمانی و ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین، بەجێمان مەهێڵە!
JER 14:10 یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت: «بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد، خۆیان لێ نەپاراست. جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن، ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»
JER 14:11 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە.
JER 14:12 هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»
JER 14:13 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»
JER 14:14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.»
JER 14:15 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن.
JER 14:16 ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.
JER 14:17 «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت: «”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان، چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم، برینێکی ترسناکی هەیە، لێدانێکی جەرگبڕ.
JER 14:18 ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە، بە شمشێر کوژراوان دەبینم. ئەگەر بێمە ناو شار، نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم، چونکە پێغەمبەر و کاهینیش بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»
JER 14:19 «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟ ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟ بۆچی وا تووشی بەڵات کردین کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟ چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەهات، هەروەها کاتی چاکبوونەوە، بەڵام ئەوەتا ترس.
JER 14:20 ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و تاوانی باوباپیرانمان، گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
JER 14:21 لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە، تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە، پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە، مەیشکێنە.
JER 14:22 ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟ یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟ ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟ جا هیوامان بە تۆیە، چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»
JER 15:1 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەنانەت ئەگەر موسا و ساموئێلیش لەبەردەمم ڕاوەستن داکۆکیتان لێ بکەن، دڵم ناچێتە سەر ئەم گەلە. لەبەرچاوی من دەریانبکە! با بڕۆن!
JER 15:2 جا کاتێک پێت دەڵێن: ”بۆ کوێ بچین؟“ تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ئەوانەی بۆ مردنن، بۆ مردن، ئەوانەی بۆ شمشێرن، بۆ شمشێر، ئەوانەی بۆ برسیێتین، بۆ برسیێتی، ئەوانەی بۆ ڕاپێچن، بۆ ڕاپێچ.“»
JER 15:3 یەزدان دەفەرموێت: «چوار جۆریان بەسەرەوە دادەنێم، شمشێر بۆ کوشتن، سەگەکان بۆ ڕاکێشان، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیش بۆ خواردن و لەناوبردن.
JER 15:4 هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان دەتۆقن، لەسەر ئەوەی مەنەشەی کوڕی حەزقیای پاشای یەهودا لە ئۆرشەلیم کردی.
JER 15:5 «ئەی ئۆرشەلیم، کێ دڵی پێت دەسووتێت؟ کێ بۆت خەمبار دەبێت؟ کێ ئاوڕ دەداتەوە بۆ ئەوەی لە سەلامەتیت بپرسێت؟
JER 15:6 تۆ وازت لە من هێنا، لێم یاخی دەبی، لەبەر ئەوە دەست درێژدەکەمە سەرت و لەناوت دەبەم، لە لێبوردنت بێزار بووم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 15:7 «بە شەن شەنیان دەکەم، لە دەروازەی شارەکانی خاکەکە. جەرگسووتاوم کرد، گەلی خۆمم لەناوبرد، ڕەفتاری خۆیان نەگۆڕی.
JER 15:8 بێوەژنەکانیان زۆر زیاتر دەکەم، زیاتر لە لمی دەریا. لە نیوەڕۆدا وێرانکەری بۆ دەهێنم بۆ سەر دایکی گەنجان. لەناکاو ترس و تۆقاندنی بەسەردا دەدەم.
JER 15:9 دایکی حەوت منداڵ سیس بوو، گیانی سپارد. هێشتا ڕۆژ بوو خۆری ئاوابوو، شەرمەزار و ڕیسوا بوو. پاشماوەکەشیان دەدەمە بەر شمشێر لە بەرچاوی دوژمنانیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 15:10 قوڕبەسەرم دایکە، چونکە منت بوو، پیاوێک کە دەمەقاڵێ و ململانێی لەگەڵ سەراپای خاکەکە هەیە! نە قەرزم کردووە و نە قەرزیان داومەتێ، کەچی هەمووان نەفرەتم لێ دەکەن.
JER 15:11 یەزدان فەرمووی: «بێگومان بۆ مەبەستی چاک دەربازت دەکەم، بێگومان وا دەکەم دوژمن لە کاتی بەڵا و لە کاتی تەنگانەدا لێت بپاڕێنەوە!
JER 15:12 «کەس دەتوانێت ئاسن بشکێنێت، ئاسنی باکوور و بڕۆنز؟
JER 15:13 «سامان و گەنجینەکانت دەکەم بە تاڵانی، بەبێ نرخ، لەبەر هەموو گوناهەکانت، لە سەراپای خاکەکەت.
JER 15:14 دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت، لە خاکێک نەتناسیبێت، چونکە تووڕەییم گڕی گرتووە وەک ئاگرێک دەتانسووتێنێت.»
JER 15:15 «ئەی یەزدان، تۆ دەزانیت، بەبیری خۆتم بهێنەرەوە و گرنگیم پێبدە، تۆڵەم بستێنەوە لە چەوسێنەرانم. وا مەکە بەهۆی پشوودرێژی تۆ لەناوبچم، بزانە کە لەبەر تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت.
JER 15:16 کاتێک فەرموودەکانی تۆ هات، خواردم بۆم بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی دڵم، چونکە من ناوی تۆم هەڵگرتووە، ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار.
JER 15:17 قەت لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانەنیشتووم، لەگەڵیشیان دڵخۆش نەبووم. بە تەنها دانیشتم، چونکە دەستی تۆم لەسەر بوو، پڕت کردم لە تووڕەیی.
JER 15:18 بۆچی ژانم کۆتایی نایەت، برینەکەم بێ چارەیە و نایەوێت چاک بێتەوە؟ ئایا وەک کەندێکی فریودەر دەبیت بۆم، وەک کانییەک جێی متمانە نەبێت؟»
JER 15:19 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەگەر تۆبە بکەیت، دەتگەڕێنمەوە لای خۆم تاکو وەک بەندەی خۆم لەبەردەستم ڕاوەستیت. ئەگەر قسەی بە نرخ بکەیت، نەک بێبەها، دەتکەمە وتەبێژی خۆم. با ئەو گەلە بگەڕێتەوە لای تۆ، بەڵام تۆ نەگەڕێیتەوە لای ئەوان.
JER 15:20 دەتکەمە شوورا بۆ ئەو گەلە، شوورایەکی بڕۆنزی پتەو، لەگەڵت دەجەنگن بەڵام دەرەقەتت نایەن، چونکە من لەگەڵتدام، بۆ ڕزگارکردن و بۆ فریاکەوتنت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 15:21 «لە دەستی خراپەکاران فریات دەکەوم و لە چنگی زۆرداران دەتکڕمەوە.»
JER 16:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
JER 16:2 «ژن مەهێنە و لەم شوێنەدا کوڕ و کچت نەبێت.»
JER 16:3 یەزدان سەبارەت بەو کوڕ و کچانەی لەم شوێنەدا لەدایک بوون و سەبارەت بە دایکانیان کە ئەوانیان بووە و سەبارەت بە باوکانیان کە لەم خاکەدا ئەوانیان خستووەتەوە ئەمە دەفەرموێت:
JER 16:4 «بە نەخۆشی کوشندە دەمرن، شینیان بۆ ناگێڕدرێت و نانێژرێن، بەڵکو دەبن بە زبڵ لەسەر ڕووی خاکەکە. ئەوانە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن، تەرمیان دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان.»
JER 16:5 یەزدان ئەمەش دەفەرموێت: «مەچۆ بۆ ماڵی پرسەگێڕ و مەڕۆ بۆ شینگێڕان و سەرەخۆشییان لێ مەکە، چونکە ئاشتی خۆم، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەییم لەم گەلە داماڵیوە.
JER 16:6 گەورە و بچووک لەم خاکە دەمرن، نانێژرێن و شینیان بۆ ناگێڕدرێت و کەس لە خەمی ئەوان لە خۆی نادات و قژی ناڕنێتەوە.
JER 16:7 لە ماتەم کەس شیوەغەریبەیان بۆ نابات بۆ ئەوەی سەرەخۆشییان لێ بکات، سەبارەت بە نەریتی مردوو کەس جامی سەرەخۆشی پێشکەش ناکات، تەنانەت لەبەر دایک و باوکیشیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 16:8 «هەروەها مەچووە ماڵێک داوەتی هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵیان دابنیشیت و بخۆیت و بخۆیتەوە،
JER 16:9 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من لەم شوێنەدا و لە سەردەمی ئێوە و لەبەرچاوی ئێوە دەنگی شادی و دەنگی خۆشی و دەنگی زاوا و دەنگی بووک ڕادەگرم.
JER 16:10 «جا کاتێک هەموو ئەم قسانەت بەم گەلە ڕاگەیاند لێت دەپرسن: ”بۆچی یەزدان هەموو ئەم بەڵا گەورەیەی سەبارەت بە ئێمە فەرمووە؟ تاوانمان چییە و گوناهمان چییە کە دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارمان ئەنجاممان داوە؟“
JER 16:11 تۆش پێیان دەڵێیت، یەزدان دەفەرموێت: ”لەسەر ئەوەی باوباپیرانتان وازیان لە من هێنا، دوای خوداکانی دیکە کەوتن و ئەوانیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن. وازیان لە من هێنا و گوێڕایەڵی فێرکردنەکانی من نەبوون.
JER 16:12 ئێوەش لە باوباپیرانتان زیاتر خراپەتان کرد، ئەوەتا هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی گوێڕایەڵی من بن.
JER 16:13 لەبەر ئەوە لەم خاکە فڕێتاندەدەمە دەرەوە بۆ خاکێک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەتانناسیوە. لەوێ بە شەو و ڕۆژ خوداکانی دیکە دەپەرستن، چونکە من لەگەڵتان میهرەبان نابم.“»
JER 16:14 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
JER 16:15 بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و هەروەها لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەریکردن.“ لەبەر ئەوەی دەیانگەڕێنمەوە بۆ خاکەکەیان، ئەوەی دام بە باوباپیرانیان.»
JER 16:16 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ماسیگران، جا وەک ماسی دەیانگرن. پاش ئەمە دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ڕاوچییان و لەسەر هەموو کێوێک و هەموو گردێک و لە کون و کەلەبەری بەردەکان ڕاویان دەکەن،
JER 16:17 چونکە چاوم لە هەموو ڕێگاکانیانە، ڕێگاکانیان لەبەردەم من شاردراوە نین و تاوانەکەیان لەبەرچاوم بزر نەبووە.
JER 16:18 دوو ئەوەندە سزایان دەدەم لەسەر تاوان و گوناهەکانیان، لەسەر ئەوەی خاکی منیان بە کەلاکی بتەکانیان گڵاو کردووە و میراتەکەی منیان پڕکردووە لە قێزەونەکانیان.»
JER 16:19 ئەی یەزدان، ئەی هێز و قەڵای من، ئەی پەناگای من لە ڕۆژی تەنگانە، نەتەوەکان لەوپەڕی زەوییەوە بۆ لای تۆ دێن و دەڵێن: «باوباپیرانمان تەنها خوداوەندی درۆیینیان بە میرات بۆ مایەوە، بتی پووچی بێ کەڵک.
JER 16:20 ئایا مرۆڤ خوداوەند بۆ خۆی دروستدەکات؟ بەڵێ، بەڵام خودا نین!»
JER 16:21 «لەبەر ئەوە ئەوەتا پێیان دەناسێنم، ئەم جارە دەسەڵات و هێزی خۆمیان پێ دەناسێنم. ئینجا ئەوان دەزانن کە ناوم یەزدانە.
JER 17:1 «گوناهەکانی یەهودا بە قەڵەمی ئاسن نووسراوە، بە نووکی ئەڵماس هەڵکۆڵراوە، لەسەر پەڕەی دڵیان و لەسەر قۆچی قوربانگاکانیان.
JER 17:2 تەنانەت منداڵەکانیشیان ئەوانەیان بەبیر دێتەوە، قوربانگا و ستوونە ئەشێراکانیان کە لەلای دارە سەوزەکان و لەسەر کێوە بەرزەکان بوون.
JER 17:3 چیاکەی خۆم لە دەشتودەر و سامان و هەموو گەنجینەکانی تۆ دەکەم بە تاڵانی، لەگەڵ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانت، چونکە لەنێو خاکەکەت گوناهت کرد.
JER 17:4 بەخۆت دەستبەردار دەبیت لەو میراتەی کە بە تۆم بەخشی، دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت لە خاکێک کە نەتناسیبێت، چونکە ئاگرتان بەردایە تووڕەییم هەتاهەتایە گڕدەگرێت.»
JER 17:5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت، متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و دڵی لەسەر یەزدان لادەبات.
JER 17:6 وەک بنچکێک لە بیابان دەبێت، چاکە نابینێت کاتێک دێت، لە گەرمەسێر نیشتەجێ دەبێت لە چۆڵەوانی، لە زەوییەکی خوێیین کە کەسی تێدا ناژیێت.
JER 17:7 «بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و متمانەی پێی هەیە.
JER 17:8 وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو، لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت، لە گەرما ناترسێت، گەڵاکانی سەوزن، گوێ بە وشکەساڵی نادات، لە بەروبووم دان ناوەستێت.»
JER 17:9 دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و دەرمانی نییە، کێ دەیناسێت؟
JER 17:10 «من یەزدانم، دڵ دەپشکنم، دەروون تاقی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم، بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.»
JER 17:11 وەک کەوێک کڕکەوتبێت بەسەر ئەو هێلکانەی خۆی نەیکردبێت، دەوڵەمەندێک بە ناڕەوایی دەوڵەمەند بووبێت، لە نیوەی تەمەنی وازی لێ دەهێنێت، لە کۆتاییشدا دەبێتە گێل.
JER 17:12 تەختی شکۆمەندییە، هەر لە سەرەتاوە بەرزە، شوێنی پیرۆزگاکەمان.
JER 17:13 ئەی یەزدان، هیوای ئیسرائیل! هەموو ئەوانەی وازت لێ دێنن، شەرمەزار دەبن، ئەوانەی لە تۆ لادەدەن، لەسەر خۆڵ دەنووسرێن، چونکە وازیان لە یەزدان هێنا، لە کانی ئاوی ژیان.
JER 17:14 ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە، ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم، چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.
JER 17:15 ئەوەتا ناحەزانم پێم دەڵێن: «کوا فەرمایشتی یەزدان؟ با ئێستا بێتە دی!»
JER 17:16 منیش هەرگیز لەوە لام نەدا شوان بم لەلای تۆ، تۆ دەزانیت کە خوازیاری ڕۆژی کوشندە نەبووم. چی لە دەمم هاتووەتە دەرەوە لەبەردەمی خۆت بووە.
JER 17:17 ئەی یەزدان، مەمتۆقێنە، تۆ پەناگای منی لە ڕۆژی لەناوچوون.
JER 17:18 با ڕاونەرانم شەرمەزار بن بەڵام من شەرمەزار نەبم، با ئەوان بتۆقن بەڵام من نەتۆقم. ڕۆژی لەناوچوونیان بەسەردا بهێنە، دوو ئەوەندە وردوخاشیان بکە.
JER 17:19 یەزدان ئاوای پێ فەرمووم: «بڕۆ و لەلای دەروازەی نەوەی گەل بوەستە، ئەوەی پاشاکانی یەهودا پێیدا دێنە ژوورەوە و دەچنە دەرەوە، هەروەها لە هەموو دەروازەکانی دیکەی ئۆرشەلیم بوەستە.
JER 17:20 پێیان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی پاشاکانی یەهودا و هەموو یەهودا و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.
JER 17:21 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداری خۆتان بن و لە ڕۆژی شەممەدا هیچ بارێک هەڵمەگرن و بەناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا بیهێننە ژوورەوە.
JER 17:22 هیچ بارێکیش لە ڕۆژی شەممەدا لە ماڵەکانتانەوە مەهێننە دەرەوە و هیچ کارێک مەکەن، ڕۆژی شەممە تەرخان بکەن، وەک ئەوەی فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد.
JER 17:23 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان پێی نەدا و کەللەڕەقییان کرد، نەیانبیست و تەمبێ نەبوون.
JER 17:24 بەڵام ئەگەر بە تەواوی گوێم لێ بگرن، لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەهێننە ناو دەروازەکانی ئەم شارە و ڕۆژی شەممەتان تەرخان کرد، بۆ ئەوەی هیچ کارێکی تێدا نەکەن،
JER 17:25 ئەوا پاشایانی سەر تەختی داود لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە دەروازەکانی ئەم شارەدا دێنە ژوورەوە، لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە، لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دێن، ئەم شارەش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت.
JER 17:26 ئینجا لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە خاکی بنیامین، لە زوورگەکانی خۆرئاوا، لە ناوچە شاخاوییەکان و لە نەقەبەوە دێن. قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو، پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بخوور و قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدانەوە.
JER 17:27 خۆ ئەگەر گوێ لە من نەگرن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە، بەردەوام بوون لەوەی بە بارەوە بێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیم، ئەوا من ئاگرێکی نەکوژاوە بەردەدەمە دەروازەکانی ئۆرشەلیم کە قەڵاکانی لەناودەبات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 18:1 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
JER 18:2 «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.»
JER 18:3 منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات.
JER 18:4 بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.
JER 18:5 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
JER 18:6 «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر.
JER 18:7 ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت،
JER 18:8 ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم.
JER 18:9 ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم،
JER 18:10 بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 18:11 «ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“
JER 18:12 بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»
JER 18:13 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەنێو نەتەوەکان بپرسن: کێ وەک ئەمەی بیستووە؟ بێ تامترین خراپە ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.
JER 18:14 ئایا بەفری لوبنان لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟ ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی وشک دەبێت؟
JER 18:15 بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە، بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە، کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و ڕێچکە کۆنەکان، تاکو بە لاڕێکان و ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.
JER 18:16 بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت، بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و سەر بلەقێنێت.
JER 18:17 وەک بای ڕۆژهەڵات لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم، لە ڕۆژی کارەساتیان پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»
JER 18:18 ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»
JER 18:19 ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە، گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.
JER 18:20 ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟ بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە. بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت، بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە، تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.
JER 18:21 لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی، بیاندە دەست شمشێر، با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن، پیاوەکانیشیان بمرن، گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.
JER 18:22 با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت، کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت، چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم، تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.
JER 18:23 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی. لە تاوانیان خۆش مەبە و گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە. با لەبەردەمت تێکبشکێن، لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.
JER 19:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە،
JER 19:2 بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەن‌هینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم.
JER 19:3 بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە.
JER 19:4 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان.
JER 19:5 نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو.
JER 19:6 لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 19:7 «”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.
JER 19:8 ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
JER 19:9 وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“
JER 19:10 «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان،
JER 19:11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“
JER 19:12 یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم.
JER 19:13 جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»
JER 19:14 ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت:
JER 19:15 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”گوێ بگرن! من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم، ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم، چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»
JER 20:1 کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد،
JER 20:2 لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە.
JER 20:3 بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ،
JER 20:4 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر.
JER 20:5 هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل.
JER 20:6 تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»
JER 20:7 ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام، تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی. بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن، هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
JER 20:8 هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم، جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم، چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام، گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
JER 20:9 بەڵام ئەگەر بڵێم: «باسی ناکەم، ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،» جا وشەکەی لە دڵمدا وەک ئاگرێکی داگیرساو دەبێت، وەک ئاگرێکی پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم، بێزار دەبم لە دامرکاندنەوەی و ناتوانم بێدەنگ بم.
JER 20:10 گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە: «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە! خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!» هەموو هاوڕێیەکانم چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن: «بەڵکو فریوبخوات، ئینجا دەرەقەتی دێین و تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»
JER 20:11 بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە، لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن، سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن، شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
JER 20:12 ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و ناخ و دڵ دەپشکنیت، با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم، چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
JER 20:13 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن! ستایشی یەزدان بکەن! چونکە هەژار ڕزگار دەکات لە دەستی بەدکاران.
JER 20:14 نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم! با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
JER 20:15 نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم، زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی: «کوڕێکت بوو!»
JER 20:16 با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد. با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت، نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
JER 20:17 چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم، جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
JER 20:18 بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟ ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟ ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟
JER 21:1 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی:
JER 21:2 «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
JER 21:3 بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن،
JER 21:4 ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن، کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون. لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە.
JER 21:5 من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم.
JER 21:6 دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن.
JER 21:7 پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 21:8 «بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم.
JER 21:9 ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات.
JER 21:10 لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 21:11 «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
JER 21:12 ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن، تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن، نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە، جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
JER 21:13 ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە، بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز، ئەوەتا من لە دژی تۆم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟ کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
JER 21:14 بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم، ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 22:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە،
JER 22:2 بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.
JER 22:3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘
JER 22:4 ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی.
JER 22:5 بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 22:6 یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت: «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی، وەک لووتکەی لوبنانی، بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم، وەک شاری بێ دانیشتووان.
JER 22:7 تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم، هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە، جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.
JER 22:8 «خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“
JER 22:9 جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»
JER 22:10 بۆ پاشا مردووەکە مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن، بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت، چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.
JER 22:11 سەبارەت بە شەلومی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە ئێرە،
JER 22:12 بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»
JER 22:13 «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری، ئەوەی بێگاری بە هاوڵاتییان دەکات، هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
JER 22:14 دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم، ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“ پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە، دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت، بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.
JER 22:15 «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا، کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟ ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟ ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد، جا سەرکەوتوو بوو.
JER 22:16 بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد، جا سەرکەوتوو بوو. ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 22:17 «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە، لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە، لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»
JER 22:18 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: «بۆی نالاوێننەوە، ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“ بۆی نالاوێننەوە، ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
JER 22:19 بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت، ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»
JER 22:20 «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە، با لە باشان دەنگت ببیسترێت، لە عەڤاریمەوە هاوار بکە، چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
JER 22:21 لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە، بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“ لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت، کە گوێڕایەڵی من نابیت.
JER 22:22 هەموو شوانەکانت با بەڕێوەیان دەبات و هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن، ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت لەبەر هەموو خراپەکانت.
JER 22:23 ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“، ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە، چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت، وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»
JER 22:24 یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و
JER 22:25 دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان.
JER 22:26 خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن.
JER 22:27 هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
JER 22:28 ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟ ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟ بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران، تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
JER 22:29 ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک! گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
JER 22:30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن، پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت، کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت، کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»
JER 23:1 یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!»
JER 23:2 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:3 «بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن.
JER 23:4 ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانایەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:5 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم، پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات، ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
JER 23:6 لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت. ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت: ”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
JER 23:7 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
JER 23:8 بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»
JER 23:9 سەبارەت بە پێغەمبەرەکان: دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە، هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن. من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات، وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت، لەبەر یەزدان و لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
JER 23:10 خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان، خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت، لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون. پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
JER 23:11 «پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون، تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:12 «لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان، بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و لەوێ دەخزێن، چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم لە ساڵی سزادانیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:13 «لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا قێزەونییەکەم بینی، بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
JER 23:14 لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت: داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر، خراپەکاران هاندەدەن بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە. ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە، خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
JER 23:15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم، چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»
JER 23:16 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن، چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن. لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن، نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
JER 23:17 ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن، ”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“ هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن، ”خراپەتان بەسەرنایەت.“
JER 23:18 بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان ڕاوەستا و بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟ کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
JER 23:19 ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان لە تووڕەییدا هەڵدەچێت، گەردەلوولێکی ڕاماڵە لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
JER 23:20 تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە هەتا نیازەکانی دڵی خۆی بە تەواوی جێبەجێ نەکات. لە داهاتوودا بە ڕوونی تێی دەگەن.
JER 23:21 من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد، بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند، من قسەم لەگەڵیان نەکرد، کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
JER 23:22 بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان، فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و لە ڕێگا خراپەکانیان و لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
JER 23:23 «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و لە دوورەوە خودا نیم؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:24 «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و من نەیبینم؟ ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:25 «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“
JER 23:26 هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟
JER 23:27 بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو.
JER 23:28 با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:29 «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:30 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە.
JER 23:31 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“
JER 23:32 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 23:33 «کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“
JER 23:34 هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم.
JER 23:35 ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
JER 23:36 بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار.
JER 23:37 ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
JER 23:38 هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“
JER 23:39 لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە.
JER 23:40 ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»
JER 24:1 پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل، یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل، یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون.
JER 24:2 یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا.
JER 24:3 جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.»
JER 24:4 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
JER 24:5 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان.
JER 24:6 چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم.
JER 24:7 دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»
JER 24:8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن.
JER 24:9 هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی.
JER 24:10 شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»
JER 25:1 ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات.
JER 25:2 ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند:
JER 25:3 «لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.
JER 25:4 «یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا.
JER 25:5 پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
JER 25:6 شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»
JER 25:7 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»
JER 25:8 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت،
JER 25:9 ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی.
JER 25:10 دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم.
JER 25:11 هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 25:12 یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی.
JER 25:13 هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم،
JER 25:14 چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»
JER 25:15 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان.
JER 25:16 کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»
JER 25:17 منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان:
JER 25:18 بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛
JER 25:19 بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی
JER 25:20 و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛
JER 25:21 بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛
JER 25:22 بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛ بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛
JER 25:23 بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان؛
JER 25:24 بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛
JER 25:25 بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛
JER 25:26 بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی. لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ ئەو جامە دەخواتەوە.
JER 25:27 «پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“
JER 25:28 ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە!
JER 25:29 ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
JER 25:30 «تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ: «”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت، لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت. وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
JER 25:31 هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی، چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات، دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 25:32 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک، گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات لەوپەڕی زەوییەوە.»
JER 25:33 لەو ڕۆژەدا، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن لەمپەڕی زەوییەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی دەبن، شیوەنیان بۆ ناگێڕدرێت و کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
JER 25:34 ئەی شوانەکان، واوەیلا و هاوار بکەن! ئەی سەرپەرشتیارانی مێگەل، خۆتان بگەوزێنن، چونکە کاتتان هاتووە بۆ سەربڕین، وەک گۆزەیەکی بە نرخ دەکەون و تێکدەشکێنرێن.
JER 25:35 پەناگا بۆ شوانەکان نامێنێت، دەربازبوونیش بۆ سەرپەرشتیارانی مێگەل.
JER 25:36 گوێ بگرە لە هاواری شوانەکان و واوەیلای سەرپەرشتیارانی مێگەل، چونکە یەزدان لەوەڕگاکانیان تێکدەدات.
JER 25:37 مێرگەکانی ئاشتی لەناودەچن لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
JER 25:38 ئەو وەک بەچکە شێر لانەی خۆی بەجێدەهێڵێت، چونکە خاکەکە وێران دەبێت لەبەر شمشێری ستەمکار و لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
JER 26:1 لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات:
JER 26:2 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە.
JER 26:3 بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم.
JER 26:4 پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە،
JER 26:5 هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت،
JER 26:6 ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“»
JER 26:7 جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند.
JER 26:8 کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت!
JER 26:9 بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە.
JER 26:10 کاتێک پیاوە گەورەکانی یەهودا گوێیان لەم قسانە بوو، لە کۆشکی پاشاوە سەرکەوتن بۆ ماڵی یەزدان، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی ماڵی یەزدان دانیشتن.
JER 26:11 ئینجا کاهین و پێغەمبەرەکان بە پیاوە گەورەکان و بە هەموو گەلیان گوت: «ئەم پیاوەیە شایانی حوکمی مردنە، چونکە پێشبینی خراپی لەسەر ئەم شارە کردووە، هەروەک بە گوێی خۆتان گوێتان لێ بوو!»
JER 26:12 یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو.
JER 26:13 ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی.
JER 26:14 بەڵام من لەبەردەستتانم، ئەوەی پێتان باشە و ڕاستە بە منی بکەن.
JER 26:15 بەڵام باش بزانن ئەگەر من بکوژن، ئەوا خوێنێکی بێتاوان دەخەنە ئەستۆی خۆتان و ئەم شارە و دانیشتووانەکەی، چونکە بەڕاستی یەزدان منی بۆ ئێوە ناردووە تاکو هەموو ئەم قسانە بەبەر گوێتاندا بدەم.»
JER 26:16 ئینجا پیاوە گەورەکان و هەموو گەل بە کاهین و پێغەمبەرەکانیان گوت: «ئەم پیاوە شایانی حوکمی مردنی نییە، چونکە بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە قسەی لەگەڵ کردووین.»
JER 26:17 ئینجا هەندێک لە پیرانی یەهودا هەستان و بە هەموو کۆمەڵی خەڵکەکەیان گوت:
JER 26:18 «میخای پێغەمبەر لە شاری مۆرەشەت لە سەردەمی حەزقیای پاشای یەهودا پێشبینیی کرد و بە هەموو گەلی یەهودای گوت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «”سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.“
JER 26:19 ئایا حەزقیای پاشای یەهودا یان کەسێکی دیکە لە یەهودا کوشتیان؟ ئایا لە یەزدان نەترسا و بەدوای ڕەزامەندی ئەوەوە نەبوو؟ ئایا یەزدان پاشگەز نەبووەوە لەو بەڵایەی فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت؟ وا بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆمان دەهێنین!»
JER 26:20 هەروەها پیاوێکی دیکەش هەبوو بە ناوی یەزدانەوە پێشبینی دەکرد، ئوریای کوڕی شەمەعیا، خەڵکی قیریەت یەعاریم بوو. ئەویش لە دژی ئەو شارە و ئەو خاکە پەیامێکی ڕاگەیاند، وەک پەیامەکەی یەرمیا.
JER 26:21 جا یەهۆیاقیمی پاشا و هەموو پاڵەوانەکانی و هەموو پیاوە گەورەکان گوێیان لە قسەکانی بوو، پاشا داوای کرد بیکوژن. بەڵام ئوریا ئەمەی بیست، لە ترسان بەرەو میسر هەڵات.
JER 26:22 یەهۆیاقیمی پاشاش ئەلناتانی کوڕی عەکبۆری لەگەڵ چەند پیاوێک ناردە میسر.
JER 26:23 ئوریایان لە میسر دەرهێنا و هێنایانە لای یەهۆیاقیمی پاشا، بە شمشێر لێیدا و تەرمەکەی فڕێدایە ناو گۆڕی خەڵکی ئاسایی.
JER 26:24 جگە لەوەش، ئەحیقامی کوڕی شافان پشتگیری یەرمیای کرد بۆ ئەوەی نەدرێتە دەست گەل و بیکوژن.
JER 27:1 لە سەرەتای پاشایەتی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
JER 27:2 یەزدان ئەمەی بە من فەرموو: «گوریس و دار ببە و بۆ خۆت نیرێکی لێ دروستبکە و بیخە سەر ملت.
JER 27:3 ئینجا پەیامێک بنێرە بۆ پاشاکانی ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆن و سور و سەیدا، بەدەستی ئەو پەیامبەرانەی بۆ ئۆرشەلیم هاتوون بۆ لای سدقیای پاشای یەهودا.
JER 27:4 ڕایانبسپێرە بە گەورەکانیان بڵێن: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ’ئەمە بە گەورەکانتان بڵێن:
JER 27:5 من بە توانای مەزنی خۆم و بە دەستی بەهێزم زەویم دروستکردووە، هەروەها مرۆڤ و ئاژەڵیش کە لەسەرین، ئەوەی بمەوێ دەیدەمێ.
JER 27:6 ئێستاش من هەموو ئەم خاکانە دەدەمە دەستی خزمەتکارەکەم، نەبوخودنەسری پاشای بابل، هەروەها ئاژەڵە کێوییەکانیشی دەدەمێ تاکو خزمەتی بکەن.
JER 27:7 هەموو نەتەوەکانیش خزمەتی خۆی و کوڕ و نەوەکەی دەکەن، هەتا کاتی خاکەکەی ئەویش دێت، جا زۆر لە نەتەوەکان و پاشا مەزنەکان دەیخەنە ژێردەستی خۆیان.‘
JER 27:8 «”یەزدان دەفەرموێت: ’هەر نەتەوەیەک و شانشینێک خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەکات و مل نەخاتە ژێر نیری پاشای بابلەوە، بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئەو نەتەوەیە دەدەم، هەتا بە دەستی ئەو لەناویان دەبەم.
JER 27:9 ئێوەش گوێ مەگرن لە پێغەمبەر و فاڵگرەوە و خەونبین و بەخت خوێنەر و جادووگەرەکانتان، ئەوانەی پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن.“
JER 27:10 ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەتان، جا دەرتاندەکەم و لەناودەچن.
JER 27:11 بەڵام ئەگەر هەر نەتەوەیەک ملی بخاتە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی بکات، من لە خاکی خۆیدا دەیهێڵمەوە، جا دەیکێڵێت و تێیدا نیشتەجێ دەبێت.‘ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
JER 27:12 هەمان پەیامم بە سدقیای پاشای یەهوداش ڕاگەیاند: «ملتان بخەنە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی خۆی و گەلەکەی بکەن، ئینجا ئێوە دەژین.
JER 27:13 بۆچی خۆت و گەلەکەت بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن، وەک ئەوەی یەزدان سەبارەت بەو گەلە فەرمووی کە خزمەتی پاشای بابل نەکات؟
JER 27:14 گوێ لە پەیامی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن،“ چونکە ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن.
JER 27:15 ”من نەمناردوون، ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، لەبەر ئەوە دەرتاندەکەم و لەناودەچن، خۆتان و ئەو پێغەمبەرانەش کە پێشبینیتان بۆ دەکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 27:16 بە کاهینەکان و بە هەموو ئەم گەلەشم گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: گوێ لە قسەی پێغەمبەرەکانتان مەگرن، ئەوانەی پێشبینیتان بۆ دەکەن و دەڵێن: ”ئەوەتا قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان بەم زووانە لە بابلەوە دەگەڕێنرێنەوە.“ ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن.
JER 27:17 گوێیان لێ مەگرن. خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئینجا ئێوە دەژین. بۆچی ئەم شارە وێران بێت؟
JER 27:18 ئەگەر ئەمانە پێغەمبەرن و فەرمایشتی یەزدانیان لەلایە، کەواتە با بۆمان لە یەزدانی سوپاسالار بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو قاپوقاچاغەی ماوەتەوە لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم نەبردرێنە بابل،
JER 27:19 چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە کۆڵەکەکان و حەوزە بڕۆنزییەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و پاشماوەی ئەو قاپوقاچاغانەی کە لەم شارەدا ماونەتەوە،
JER 27:20 ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەیبردن، کاتێک یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچ کرد، لەگەڵ هەموو پیاوماقوڵانی یەهودا و ئۆرشەلیم.
JER 27:21 بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بەو قاپوقاچاغەی مابووەوە، لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم:
JER 27:22 ”بۆ بابل دەبردرێن و لەوێ دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بەدوایاندا دەنێرم، جا دەیانهێنمەوە و دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 28:1 ئەوە بوو لە هەمان ساڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی چوارەمی سەرەتای پاشایەتی سدقیای پاشای یەهودا، حەنەنیای پێغەمبەر کوڕی عازوور کە خەڵکی گبعۆنە، لە ماڵی یەزدان لەبەرچاوی کاهینەکان و هەموو گەل پێی گوتم:
JER 28:2 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نیری پاشای بابل دەشکێنم.
JER 28:3 لە ماوەی دوو ساڵدا من هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان دەگەڕێنمەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لەم شوێنەوە بردییە بابل.
JER 28:4 یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا دەگەڕێنمەوە ئەم شوێنە، هەروەها هەموو ئەوانەش کە لەگەڵی بۆ بابل ڕاپێچ کرابوون، چونکە نیری پاشای بابل دەشکێنم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
JER 28:5 یەرمیای پێغەمبەریش لەبەردەمی کاهینەکان و هەموو گەل ئەوانەی لە ماڵی یەزدان وەستابوون وەڵامی حەنەنیای پێغەمبەری دایەوە،
JER 28:6 گوتی: «ئامین! با یەزدان ئاوا بکات! با یەزدان قسەکانت بهێنێتە دی کە پێشبینیت کرد، قاپوقاچاغەکەی ماڵی یەزدان و هەموو ئەو کەسانەی ڕاپێچ کرابوون لە بابلەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێرە.
JER 28:7 بەڵام گوێ لەم قسەیە بگرە کە من بە تۆ و بە هەموو گەلی دەڵێم:
JER 28:8 لە کۆنەوە، لەپێش من و تۆوە پێغەمبەران سەبارەت بە زۆر گەلان و پاشایەتییە گەورەکان پێشبینی جەنگ و بەڵا و دەردیان کردووە.
JER 28:9 بەڵام ئەو پێغەمبەرەی پێشبینی ئاشتی بکات، بە هاتنە دی پێشبینییەکەی، دەزانرێت کە بەڕاستی یەزدان ئەو پێغەمبەرەی ناردووە.»
JER 28:10 حەنەنیای پێغەمبەریش نیرەکەی لەسەر ملی یەرمیا هەڵگرت و شکاندی.
JER 28:11 حەنەنیا لەبەردەمی هەموو گەل گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لە ماوەی دوو ساڵدا، ئاوا نیری نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ملی هەموو نەتەوەکان دەشکێنم.“» یەرمیای پێغەمبەریش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
JER 28:12 دوای ئەوەی حەنەنیای پێغەمبەر نیرەکەی سەر ملی یەرمیای شکاند، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 28:13 «بڕۆ و بە حەنەنیا بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ نیرێکی دارینت شکاند، بەڵام تۆ لەجێی ئەوە نیرێکی ئاسنینت دەخرێتە سەر،
JER 28:14 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: نیری ئاسنین دەخەمە سەر ملی هەموو ئەم نەتەوانە بۆ ئەوەی خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل بکەن، دەبنە کۆیلەی ئەو. تەنانەت دەسەڵاتم بەسەر ئاژەڵە کێوییەکانیش داوەتێ.“»
JER 28:15 ئینجا یەرمیا پێغەمبەر بە حەنەنیا پێغەمبەری گوت: «حەنەنیا گوێ بگرە! یەزدان تۆی نەناردووە، تۆش وات کردووە ئەم گەلە پشت بە درۆ ببەستێت.
JER 28:16 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”خەریکم لەسەر ڕووی زەوی دەرتدەکەم، تۆ ئەم ساڵ دەمریت، چونکە تۆ جاڕی یاخیبوونت دا لە دژی یەزدان.“»
JER 28:17 جا حەنەنیای پێغەمبەر لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا مرد.
JER 29:1 ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون،
JER 29:2 لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم.
JER 29:3 سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی:
JER 29:4 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن:
JER 29:5 «خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن.
JER 29:6 ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن.
JER 29:7 کار بکەن بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.»
JER 29:8 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن.
JER 29:9 ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 29:10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە.
JER 29:11 خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 29:12 «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم.
JER 29:13 ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن.
JER 29:14 کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 29:15 گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.»
JER 29:16 بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون،
JER 29:17 بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت.
JER 29:18 بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم.
JER 29:19 لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 29:20 لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
JER 29:21 ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت.
JER 29:22 لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن: ”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی،“
JER 29:23 چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 29:24 بە شەمەعیای نەحەلامی بڵێ:
JER 29:25 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە ناوی خۆتەوە نامەت نارد بۆ هەموو ئەو گەلەی لە ئۆرشەلیمە و بۆ سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهین و بۆ هەموو کاهینەکان. بە سەفەنیات گوت:
JER 29:26 ”یەزدان تۆی لە جێگای یەهۆیاداعی کاهین کردووە بە کاهین، بۆ ئەوەی ببیتە سەرپەرشتیار بەسەر ماڵی یەزدانەوە، هەر پیاوێکی شێت کە خۆی وەک پێغەمبەر بنوێنێ بیخەیتە ناو کۆت و بەندەوە.
JER 29:27 ئەی بۆچی سەرزەنشتی یەرمیای عەناتۆتی ناکەیت کە خۆی وەک پێغەمبەر دەنوێنێ؟
JER 29:28 پەیامێکی بۆ بابل بۆ ناردووین و دەڵێت: مانەوەتان درێژە دەکێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و لە بەروبوومەکەی بخۆن.“»
JER 29:29 سەفەنیای کاهینیش ئەم نامەیەی بۆ یەرمیای پێغەمبەر خوێندەوە.
JER 29:30 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 29:31 «پەیامێک بۆ هەموو ڕاپێچکراوان بنێرە و بڵێ: ”یەزدان لەبارەی شەمەعیای نەحەلامییەوە ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی شمەعیا پێشبینیی بۆ کردن، منیش نەمناردووە، وای لێکردوون پشت بە درۆ ببەستن،
JER 29:32 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من سزای شەمەعیای نەحەلامی و وەچەکەی دەدەم. کەسی بۆ نامێنێتەوە لەناو ئەم گەلەدا دانیشێت، ئەو شتە باشانە نابینێت کە من بۆ گەلەکەی خۆمی دەکەم، چونکە جاڕی یاخیبوونی دا لە دژی من.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 30:1 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
JER 30:2 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“
JER 30:3 یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 30:4 ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی:
JER 30:5 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاواری ترسمان بیست، تۆقین نەک ئاشتی.
JER 30:6 بپرسن و ببینن: ئایا نێر سکی دەبێت؟ ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
JER 30:7 ئای! لەو ڕۆژە سامناکە! ڕۆژی ئاوا نابێت. ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب، بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“
JER 30:8 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، ”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە، پێبەندیان دەپسێنم و چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
JER 30:9 بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»
JER 30:10 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە، ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە. بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم، نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە. یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت، دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
JER 30:11 من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“ یەزدان دەفەرموێت: ”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت، کۆتایی بە تۆ ناهێنم. تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری، بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“
JER 30:12 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”شکاوییەکەت بێ چارەیە، برینەکەت سەختە.
JER 30:13 کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات، دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ، تۆ چاک نابیتەوە.
JER 30:14 هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت، هیچ گرنگی بە تۆ نادەن. وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا، بە سەختی تەمبێم کردی لەسەر زۆری تاوانەکانت، لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
JER 30:15 بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت، لەبەر ئازارەکەت کە چارەسەر ناکرێت؟ بەهۆی زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت، منیش ئەمەم پێکردیت.
JER 30:16 «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن، هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن. ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
JER 30:17 بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە، برینەکانت چاک دەکەمەوە، چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە، سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 30:18 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە. شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە، کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
JER 30:19 دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە. ژمارەیان زۆر دەکەم و کەم نابن، ڕێزیان لێ دەنێم و بچووک نابن.
JER 30:20 کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن، کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
JER 30:21 میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان، فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت. لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە، چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 30:22 «”ئێوە دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»
JER 30:23 ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان تووڕەییە هەڵدەچێت، گەردەلوولێکی ڕاماڵە، لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
JER 30:24 گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە هەتا نیازەکانی دڵی خۆی بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت. لە ڕۆژانی داهاتوودا لەمە تێ دەگەن.
JER 31:1 یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»
JER 31:2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت، کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»
JER 31:3 لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت: «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.
JER 31:4 ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە، بنیاد دەنرێیتەوە. دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.
JER 31:5 دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت لە چیاکانی سامیرە، ڕەزەوانەکان دەچێنن و بەرەکەی دەخۆن.
JER 31:6 ڕۆژێک دێت چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن: ”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»
JER 31:7 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن، هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە. با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن: ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە، پاشماوەکەی ئیسرائیل!“
JER 31:8 ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە، لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە، لەنێویان شەل و نابینا دەبێت ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە، کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.
JER 31:9 بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە.
JER 31:10 «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن: ”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە، وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“
JER 31:11 چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا، لە دەست ئەوەی لەو بەهێزتر بوو کڕییەوە.
JER 31:12 جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن. لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە، بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە، بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە. وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن، جارێکی دیکە سیس نابن.
JER 31:13 ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن، گەنجان و پیران پێکەوە. شینیان دەگۆڕم بە شادی، دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.
JER 31:14 کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری، گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:15 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.»
JER 31:16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «واز لە گریان بهێنە و چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ، چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
JER 31:17 کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە. منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:18 «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا: ”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم، من تەمبێ بووم. بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە، چونکە تۆ یەزدانی پەروەردگاری منی.
JER 31:19 لەدوای گومڕابوونم، پەشیمان بوومەوە، لەدوای تێگەیشتنم، لە سنگی خۆمم دا. شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا، چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
JER 31:20 ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە، ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟ لەبەر ئەوەی هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم، دووبارە دێتەوە یادم. لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت، بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:21 «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و ڕێوشوێن دابنێ. بە وردی بڕوانە ڕێگاکە، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن. ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە، بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
JER 31:22 هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت، ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟ چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە: ژن پیاو دەپارێزێت.»
JER 31:23 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“
JER 31:24 جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن.
JER 31:25 ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»
JER 31:26 لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.
JER 31:27 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم.
JER 31:28 جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:29 «لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن: «”باوکان بەرسیلەیان خوارد، ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“
JER 31:30 بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»
JER 31:31 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
JER 31:32 وەک ئەو پەیمانە نابێت کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم، ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم، چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند، هەرچەندە من مێردی ئەوان بووم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:33 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم، فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و لەسەر دڵیان دەینووسم. من دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
JER 31:34 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“ چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:35 یەزدان ئەمە دەفەرموێت، ئەوەی خۆری داناوە بۆ درەوشانەوە لە ڕۆژ، فەرزی مانگ و ئەستێرەکانیش بۆ درەوشانەوە لە شەو، ئەوەی دەریا دەوروژێنێت، شەپۆلەکانی هاژەیان دێت، ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
JER 31:36 یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەم فەرزانە لەبەرچاوم نەمێنن، ئەوسا ڕەچەڵەکی ئیسرائیلیش کپ دەبن لەوەی بە درێژایی ڕۆژگار لەبەردەمم ببن بە نەتەوە.»
JER 31:37 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت، ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن، ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە، لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 31:38 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، شارەکە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت، لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە.
JER 31:39 لەوێوە گوریسی پێوانە بەسەر گردی گارێڤ درێژ دەکرێت و دەسووڕێتەوە بۆ گۆعە.
JER 31:40 تەواوی ئەو دۆڵەی لاشە و خۆڵەمێشی تێدا فڕێدەدرێت، هەروەها هەموو کێڵگەکان بۆ دۆڵی قدرۆن لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەروازەی ئەسپ پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەتاهەتایە ڕیشەکێش ناکرێت و جارێکی دیکە کاول ناکرێتەوە.»
JER 32:1 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە ساڵی دەیەمی سدقیای پاشای یەهودا کە دەکاتە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسر.
JER 32:2 ئەو کاتە لەشکری پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دابوو، یەرمیای پێغەمبەریش لە حەوشەی پاسەوانەکانی کۆشکی پاشای یەهودا بەند کرابوو.
JER 32:3 سدقیای پاشای یەهودا یەرمیای بەند کردبوو، پێی گوت: «بۆچی بەم پەیامە پێشبینیت کرد؟ گوتت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابل و دەیگرێت.
JER 32:4 سدقیای پاشای یەهوداش لە دەست بابلییەکان دەرباز نابێت، بەڵکو دەدرێتە دەست پاشای بابلەوە، ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ دەکات، چاوەکانی ئەو دەبینێت.
JER 32:5 سدقیا دەباتە بابل، لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سزاکەی تەواو وەردەگرێت. ئەگەر لەگەڵ بابلییەکان بجەنگن سەر ناکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
JER 32:6 ئینجا یەرمیا گوتی: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
JER 32:7 حەنەمێلی کوڕی شەلومی مامت دێتە لات و پێت دەڵێت: ”ئەو کێڵگەیەی لە عەناتۆت هەمە بۆ خۆتی بکڕە، چونکە ماف و ئەرکی تۆیە بیکڕیتەوە.“
JER 32:8 «جا بەپێی فەرمایشتی یەزدان حەنەمێلی کوڕی مامم هاتە لام بۆ حەوشەی پاسەوانەکان و پێی گوتم: ”کێڵگەکەم بکڕە، ئەوەی لە عەناتۆتە لە خاکی بنیامین، چونکە مافی کڕینەوە و خاوەنداریێتیت هەیە، بۆ خۆت بیکڕە.“ «جا زانیم ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 32:9 منیش کێڵگەکەم لە حەنەمێلی کوڕی مامم کڕی، ئەوەی لە عەناتۆتە، زیوەکەشم بۆی کێشا، حەڤدە شاقل زیو.
JER 32:10 گرێبەستم لە کاغەزێک نووسی و مۆرم کرد و چەند کەسێکم لێکرد بە شایەت، زیوەکەشم بە تەرازوو کێشا.
JER 32:11 گرێبەستی کڕینەکەم لە دوو وێنەدا برد، وێنەیەکی داخراو کە مەرج و بەندەکانی تێدابوو، لەگەڵ وێنەیەکی کراوە،
JER 32:12 گرێبەستی کڕینەکەم دایە باروخی کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، لەبەرچاوی حەنەمێلی ئامۆزام و ئەو شایەتانەی لە گرێبەستی کڕینەکە نووسرابوون، هەروەها لەبەرچاوی هەموو ئەو جولەکانەی لە حەوشەی پاسەوانەکان دانیشتبوون.
JER 32:13 «لەبەرچاویان باروخم ڕاسپارد و گوتم:
JER 32:14 ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: ئەم گرێبەستانە هەڵبگرە، گرێبەستە مۆرکراوەکەی کڕین و ئەم لەبەرگیراوەیەی گرێبەستەکە لەناو گۆزەیەکی گڵین دابنێ، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە،
JER 32:15 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: جارێکی دیکە دیسان لەم خاکەدا خانوو و کێڵگە و ڕەز دەکڕدرێتەوە.“
JER 32:16 «دوای ئەوەی گرێبەستەکەی کڕینم دایە باروخی کوڕی نێرییا، نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم:
JER 32:17 «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە.
JER 32:18 خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران بەدەردەخەیت، بەڵام تۆ سزای کوڕ دەدەیت لەسەر ئەو تاوانەی باوکی لەپێش ئەو کردوویەتی. ئەی خودای گەورە و پاڵەوان، ئەوەی ناوت یەزدانی سوپاسالارە،
JER 32:19 لە پلاندانان مەزنی، لە کارکردندا بە توانای، چاوەکانت لەسەر هەموو ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد کراوەن، هەتا هەریەکە و پاداشتی شایستەی ڕەفتار و کردەوەکانی بدەیتەوە.
JER 32:20 تۆ نیشانە و پەرجووەکانت لە خاکی میسردا نواند، بەردەوام هەتا ئەمڕۆش لە ئیسرائیل و لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا دەیاننوێنیت، بەمەش ناوێکت بەدەستهێناوە کە هێشتا ماوە.
JER 32:21 بە نیشانە و پەرجوو، بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە ترسێکی گەورەوە، ئیسرائیلی گەلی خۆتت لە خاکی میسر دەرهێنا.
JER 32:22 ئەم خاکەت پێدان کە سوێندت خواردبوو بیدەیتە باوباپیرانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
JER 32:23 جا هاتن و بوونە خاوەنی، بەڵام گوێیان لە تۆ نەگرت، فێرکردنی تۆیان پەیڕەو نەکرد، ئەوانەیان نەکرد کە تۆ فەرمانت پێکردن بیانکەن. جا هەموو ئەم خراپەیەت بەسەریاندا هێنا.
JER 32:24 «ئەوەتا مەتەرێز بۆ دەست بەسەرداگرتنی شارەکە لێدراوە. شارەکە بەهۆی شمشێر و قاتوقڕی و دەردەوە ڕادەستی بابلییەکان دەکرێت کە لە دژی دەجەنگن. هەروەک دەیبینیت، ئەوەی تۆ فەرمووت ڕوویدا.
JER 32:25 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خۆت پێت فەرمووم: ”بە شایەتی چەند شایەتێک کێڵگەکە بە زیو بۆ خۆت بکڕە،“ کەچی شارەکەت داوەتە دەست بابلییەکان.»
JER 32:26 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 32:27 «من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟
JER 32:28 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە بدەمە دەست بابلییەکان و دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و بیگرێت.
JER 32:29 جا بابلییەکان کە لە دژی ئەو شارە دەجەنگن، دێنە ناوی بە ئاگر گڕی تێبەردەدەن، ئەو ماڵانەش دەسووتێنن کە لە سەربانەکانیان بخووریان بۆ بەعل سووتاند و شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەشی خوداوەندەکانی دیکە کرد بۆ ئەوەی پەستم بکەن.»
JER 32:30 یەزدان دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا هەر لە گەنجیێتییانەوە تەنها خراپەیان لەبەرچاوم کردووە، چونکە نەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوەکانی دەستیان تەنها پەستیان کردم.
JER 32:31 لەو ڕۆژەوەی ئەم شارەیان بنیاد ناوە هەتا ئەمڕۆ، بۆ من بووەتە مایەی تووڕەبوون و هەڵچوونم، کە دەبێت لەبەردەمم ڕایماڵم.
JER 32:32 نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پەستیان کردم، بە هەموو ئەو خراپانەی کردیان، ئەوان و پاشا و سەرکردە و کاهین و پێغەمبەرەکانیان، پیاوانی یەهودا و خەڵکی ئۆرشەلیم.
JER 32:33 جا پشتیان تێکردم نەک ڕوو، لە کاتێکدا من بەردەوام فێرم دەکردن، بەڵام نە گوێیانگرت و نە تەمبێ بوون.
JER 32:34 بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد.
JER 32:35 هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەن‌هینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە.
JER 32:36 «ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت:
JER 32:37 ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم.
JER 32:38 ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
JER 32:39 یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان.
JER 32:40 پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن.
JER 32:41 پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.
JER 32:42 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا.
JER 32:43 جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن: ”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“
JER 32:44 بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 33:1 یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە:
JER 33:2 «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت:
JER 33:3 ”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“
JER 33:4 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر
JER 33:5 لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.
JER 33:6 «”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم.
JER 33:7 یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە.
JER 33:8 پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە.
JER 33:9 جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“
JER 33:10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە سەبارەت بەم شوێنەی دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ هەرچەندە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن،
JER 33:11 بەڵام لەوێ دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن: «” ’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن، چونکە یەزدان چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘ یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“
JER 33:12 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت.
JER 33:13 لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
JER 33:14 یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.
JER 33:15 «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم، جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.
JER 33:16 لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت. ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت: یەزدان ڕاستودروستیمانە.“
JER 33:17 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل.
JER 33:18 لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“»
JER 33:19 هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 33:20 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن،
JER 33:21 ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم.
JER 33:22 هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“»
JER 33:23 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 33:24 «نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن: ”ئەو دوو خێڵەی یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان.
JER 33:25 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست،
JER 33:26 ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“»
JER 34:1 کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل و هەموو سوپاکەی و هەموو شانشینەکانی ئەو خاکانەی لەژێر دەستی فەرمانڕەوایەتی ئەودا بوون و هەموو گەلان لە دژی ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی دەجەنگین، یەزدان پەیامی بۆ یەرمیا نارد، فەرمووی:
JER 34:2 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ قسە لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا بکە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابلەوە و بە ئاگر دەیسووتێنێت.
JER 34:3 تۆش لە دەستی دەرباز نابیت، بەڵکو بەگرتن دەگیرێیت و دەدرێیتە دەستی ئەوەوە، چاوەکانت چاوەکانی پاشای بابل دەبینێت، ڕووبەڕوو قسەت لەگەڵ دەکات. پاشان دەچیتە بابل.
JER 34:4 «”ئەی سدقیای پاشای یەهودا، گوێ لە بەڵێنی یەزدان بگرە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە تۆ: بە شمشێر نامریت،
JER 34:5 بە ئاشتی دەمریت. وەک چۆن خەڵکی بۆ ڕێزگرتن لە باوباپیرانی پاشاکانی پێش تۆ بخووریان دەسووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن لە تۆ بخوور دەسووتێنن، بە ’گەورە ڕۆ!‘ بۆت دەلاوێنەوە. یەزدان دەفەرموێت: من ئەو بەڵێنە دەدەم.“»
JER 34:6 جا یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیم هەموو ئەم قسانەی بە سدقیای پاشای یەهودا گوت،
JER 34:7 لەو کاتەی سوپاکەی پاشای بابل کەوتە جەنگەوە لە دژی ئۆرشەلیم و ئەو شارانەی دیکەی یەهودا کە مابوونەوە، لە دژی لاخیش و عەزێقا، لە شارە قەڵابەندەکانی یەهودا تەنها ئەمانە مابوونەوە.
JER 34:8 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، دوای ئەوەی سدقیای پاشا پەیمانی لەگەڵ هەموو گەل بەست کە لە ئۆرشەلیم بوون بۆ ڕاگەیاندنی ئازادکردنی کۆیلە.
JER 34:9 هەرکەسە کۆیلە عیبرانییەکەی و کەنیزە عیبرانییەکەی خۆی ئازاد بکات، بۆ ئەوەی کەس ئەو برا و خوشکە جولەکەیەی نەکات بە کۆیلە.
JER 34:10 پیاوە گەورەکان و هەموو گەل هاتنە ناو پەیمانەکەوە و ڕازی بوون بەوەی هەرکەسە و دەبێت کۆیلە و کەنیزەکەی خۆی ئازاد بکات و ئیتر کەس نەیانکات بە کۆیلە، گوێڕایەڵ بوون و بەڕەڵایان کردن.
JER 34:11 بەڵام پاشان گەڕانەوە، ئەو کۆیلە و کەنیزانەی ئازادیان کردبوون جارێکی دیکە کردیاننەوە بە کۆیلە و کەنیزە.
JER 34:12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 34:13 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لەگەڵ باوباپیرانتان پەیمانم بەست، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان لە خاکی کۆیلایەتییەوە، فەرمووم:
JER 34:14 ”لە کۆتایی حەوت ساڵدا هەرکەسە و دەبێت ئەو عیبرانییە ئازاد بکات و بەڕەڵا بکات کە خۆی بە ئێوە فرۆشتووە و شەش ساڵ خزمەتی کردوون.“ بەڵام باوکانتان گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد.
JER 34:15 ئەمڕۆ ئێوە تۆبەتان کرد و ئەوەی لەبەرچاوی من ڕاست بوو کردتان، هەرکەسە و ئازادکردنی بۆ هاونیشتیمانییەکەی ڕاگەیاند، لەو ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە پەیمانتان بەست.
JER 34:16 بەڵام پاشان هەڵگەڕانەوە و ناوی منتان زڕاند، هەریەکەتان کۆیلە و کەنیزەکەی گەڕاندەوە، ئەوانەی ئازادتان کردبوون چییان بوێ بۆ خۆیان بیکەن، ناچارتان کردن ببنەوە کۆیلە و کەنیزەتان.
JER 34:17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون بۆ ئەوەی هەرکەسە و ئازادکردنی هاونیشتیمانییەکەی ڕابگەیەنێت، من ”ئازادی“ بۆ ئێوە ڕادەگەیەنم، ”ئازادی“ بۆ ئەوەی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن. وا دەکەم هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان بتۆقن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 34:18 ئەو کەسانەی کە پەیمانەکەی منیان شکاند، ئەوانەی بەندەکانی ئەو پەیمانەیان جێبەجێ نەکرد کە لەبەردەمی من بەستیان، وەک ئەو گوێرەکەیەیان لێدەکەم کە دوو لەتیان کرد و بەناو دوو لەتەکەیدا تێپەڕین.
JER 34:19 پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیاوە گەورەکانی ئۆرشەلیم و کاربەدەستان و کاهینان و هەموو گەلی خاکەکە، ئەوانەی بەناو دوو لەتی جوانەگادا تێپەڕین،
JER 34:20 دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن. تەرمەکانیان دەبێت بە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.
JER 34:21 «سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانیشی دەدەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن، دەیاندەمە دەست سوپاکەی پاشای بابل، ئەوانەی لە کۆڵتان بوونەتەوە.
JER 34:22 من فەرمان دەدەم بابلییەکان بگەڕێنەوە ئەم شارە و لە دژی بجەنگن. ئەم شارە دەگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن، شارۆچکەکانی یەهوداش وێران دەکەم و ئاوەدانی تێدا نامێنێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 35:1 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا:
JER 35:2 «بڕۆ بۆ ماڵی ڕێکابییەکان و قسەیان لەگەڵ بکە، بیانهێنە بۆ ماڵی یەزدان، بیانبە ژوورەوە بۆ یەکێک لە ژوورە لاتەنیشتەکان و شەرابیان دەرخوارد بدە.»
JER 35:3 منیش یازەنیاهوی کوڕی یەرمیای کوڕی حەڤەچینیا و براکانی و هەموو کوڕەکانی و هەموو بنەماڵەی ڕێکابییەکانم برد.
JER 35:4 ئەوانم بردە ماڵی یەزدان، بۆ ژوورەکەی نەوەکانی حانانی کوڕی یەگدەلیاهوی پیاوی خودا، ئەوەی لەتەنیشت ژووری پیاوە گەورەکانە، لەسەر ژوورەکەی مەعسێیاهوی کوڕی شەلوم کە پاسەوانی دەرگاکەیە.
JER 35:5 جامی پڕ شەراب و پەرداخم لەپێش کوڕانی بنەماڵەی ڕێکابییەکان دانا و پێم گوتن: «شەراب بخۆنەوە!»
JER 35:6 بەڵام ئەوان گوتیان: «ئێمە شەراب ناخۆینەوە، چونکە یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان، فەرمانی پێ کردووین و گوتوویەتی: ”نە خۆتان و نە کوڕەکانتان بۆ هەتاهەتایە شەراب مەخۆنەوە.
JER 35:7 هەروەها خانوو بنیاد مەنێن، کشتوکاڵ مەکەن، ڕەزیش مەچێنن و نەتانبێت، بەڵکو بە درێژایی ژیانتان چادرنشین بن، بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژ لەسەر ڕووی ئەم خاکە بژین کە ئێوە تێیدا نامۆن.“
JER 35:8 ئێمەش گوێڕایەڵی قسەکەی یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان دەبین. لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ کردووین، بە درێژایی ژیانمان نە خۆمان و نە ژنەکانمان و نە کوڕ و کچەکانمان شەراب ناخۆینەوە،
JER 35:9 خانوو بنیاد نانێن بۆ نیشتەجێبوونمان، ڕەز و کێڵگە و کشتوکاڵیشمان نابێت.
JER 35:10 چادرنشین بووین، بە تەواوی گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بووین کە یۆنادابی باپیرە گەورەمان فەرمانی پێ کردووین.
JER 35:11 بەڵام کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل هەڵیکوتایە سەر ئەو خاکە، ئێمەش گوتمان: ”دەبێ بچینە ئۆرشەلیم بۆ هەڵاتن لە دەستی سوپای بابلی و سوپای ئارامییەکان.“ جا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووین.»
JER 35:12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، یەزدان بە یەرمیای فەرموو:
JER 35:13 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ یەزدان پێتان دەفەرموێت: ”ئایا ئێوە تەمبێ نابن، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانم بن؟
JER 35:14 یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانی بە کوڕەکانی کرد شەراب نەخۆنەوە، فەرمانەکەی جێبەجێ کرا. هەتا ئەمڕۆش شەرابیان نەخواردووەتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانی باپیرە گەورەیان بوون. بەڵام من بەردەوام قسەم لەگەڵ ئێوە کردووە، ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.
JER 35:15 من بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ئێوە ناردووە، بۆ ئەوەی پێتان بڵێن: ’هەریەکە و لە ڕەفتارە خراپەکانتان بگەڕێنەوە و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە، دوای خودای دیکە مەکەون بۆ پەرستنیان، بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاکەی داومەتە خۆتان و باوباپیرانتان.‘ بەڵام ئێوە گوێتان پێنەدام و گوێتان لێ نەگرتم.
JER 35:16 کوڕەکانی یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانەکەی باپیرە گەورەیان بەجێگەیاند کە فەرمانی پێ کردن، بەڵام ئەم گەلە گوێڕایەڵی من نەبوون.“
JER 35:17 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من هەموو ئەو خراپەیە بەسەر یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەهێنم کە سەبارەت بەوان فەرمووبووم. لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم، بانگم کردن بەڵام وەڵامیان نەدامەوە.“»
JER 35:18 یەرمیا بە بنەماڵەی ڕێکابییەکانی گوت: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی یۆنادابی باپیرە گەورەتان بوون، هەروەها هەموو فەرمانەکانی ئەوتان پاراست و هەموو ئەوەتان کرد کە فەرمانی پێ کردبوون.“
JER 35:19 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”بە درێژایی ڕۆژگار پیاو نابڕێت لە یۆنادابی کوڕی ڕێکاب بۆ خزمەتکردنم.“»
JER 36:1 لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
JER 36:2 «تۆمارێک بۆ خۆت بهێنە و هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا و هەموو گەلان، لە ماوەی پاشایەتی یۆشیاوە هەتا ئەمڕۆ، هەمووی تێدا تۆمار بکە.
JER 36:3 بەڵکو بنەماڵەی یەهودا گوێیان لە هەموو ئەو بەڵایە دەبێت کە بە نیازم بەسەریان بهێنم، بۆ ئەوەی هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی خۆیەوە بگەڕێتەوە، منیش لە تاوان و گوناهەکانیان خۆشدەبم.»
JER 36:4 یەرمیاش باروخی کوڕی نێرییای بانگکرد، لە کاتێکدا یەرمیا هەموو وشەکانی یەزدانی دەگوتەوە کە پێی گوترابوو، باروخیش لە تۆمارێکدا نووسییەوە.
JER 36:5 یەرمیا فەرمانی بە باروخ کرد و گوتی: «من بەندم و ناتوانم بچمە ناو پەرستگای یەزدانەوە.
JER 36:6 جا تۆ لە ڕۆژی ڕۆژووگرتن بڕۆ ناو پەرستگای یەزدان و وشەکانی یەزدان ئەوەی لەبەردەمم لە تۆمارەکەدا نووسیتەوە بیخوێنەوە. بۆ گەلی یەهودای بخوێنەوە، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە دێن.
JER 36:7 بەڵکو لەبەردەم یەزدان دەپاڕێنەوە، هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تووڕەیی و هەڵچوونەی کە یەزدان سەبارەت بەم گەلە فەرموویەتی، گەورەیە.»
JER 36:8 باروخی کوڕی نێرییاش هەموو ئەوەی کرد کە یەرمیای پێغەمبەر ڕایسپارد. بەوەی لە پەرستگای یەزداندا وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە خوێندەوە.
JER 36:9 لە مانگی نۆی ساڵی پێنجەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند بۆ هەموو گەل لە ئۆرشەلیم، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتبوونە ئۆرشەلیم.
JER 36:10 لە ژوورەکەی گەمەریای کوڕی شافانی خامەی نهێنی، لە حەوشەکەی سەرەوە، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی پەرستگای یەزدان، باروخ وشەکانی نێو تۆمارەکەی یەرمیای بۆ هەموو گەل خوێندەوە.
JER 36:11 کاتێک میخایوی کوڕی گەمەریای کوڕی شافان هەموو وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە بیست،
JER 36:12 دابەزی بۆ ژوورەکەی خامەی نهێنی لە کۆشکی پاشا، کە هەموو پیاوە گەورەکان لەوێ دانیشتبوون، ئەلیشاماعی خامەی نهێنی، دەلایای کوڕی شەمەعیا، ئەلناتانی کوڕی عەکبۆر، گەمەریای کوڕی شافان، سدقیای کوڕی حەنەنیا، هەروەها هەموو پیاوە گەورەکانی دیکە.
JER 36:13 میخایوش هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاندن کە بیستبووی، لە کاتێک کە باروخ تۆمارەکەی بۆ گەل دەخوێندەوە.
JER 36:14 جا هەموو پیاوە گەورەکان یەهودی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی کووشیان نارد بۆ ئەوەی بە باروخ بڵێت: «ئەو تۆمارەی لێیەوە بۆ ئەم گەلە خوێندتەوە، لەگەڵ دەستت هەڵیبگرە و وەرە.» ئینجا باروخی کوڕی نێرییاش تۆمارەکەی لەگەڵ دەستی هەڵگرت و چوو بۆ لایان.
JER 36:15 پێیان گوت: «فەرموو دابنیشە، گوێمان لێبێت بیخوێنەوە.» باروخیش بۆی خوێندنەوە.
JER 36:16 کاتێک گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو، بە ترسەوە تەماشای یەکتریان کرد و بە باروخیان گوت: «دەبێ تەواوی ئەم وشانە بە پاشا ڕابگەیەنین.»
JER 36:17 ئینجا لە باروخیان پرسی: «تکایە پێمان بڵێ چۆن هەموو ئەم وشانەت نووسی؟ ئایا لە دەمی یەرمیا بیستت؟»
JER 36:18 باروخیش وەڵامی دانەوە: «بەڵێ، بە دەمی خۆی هەموو ئەم وشانەی بۆ دەگوتم، منیش بە مەرەکەب لە تۆمارەکەدا دەمنووسییەوە.»
JER 36:19 ئینجا پیاوە گەورەکان بە باروخیان گوت: «بڕۆ خۆت و یەرمیا خۆتان بشارنەوە، با کەس نەزانێت ئێوە لەکوێن.»
JER 36:20 دوای ئەوەی تۆمارەکەیان لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنی دانا، چوونە هەیوانەکە بۆ لای پاشا، هەموو ئەو شتانەیان بە پاشا ڕاگەیاند.
JER 36:21 پاشا یەهودی نارد بۆ ئەوەی تۆمارەکە بهێنێت، ئەویش لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنییەوە تۆمارەکەی هێنا. یەهودی بۆ پاشا و بۆ هەموو ئەو پیاوە گەورانەی لای پاشا وەستابوون خوێندییەوە.
JER 36:22 ئەوە لە مانگی نۆ بوو، پاشا لە ماڵی زستانە دانیشتبوو، ئاگردانێکیش لەبەردەمی داگیرسابوو.
JER 36:23 کاتێک یەهودی سێ چوار ستوونی لە تۆمارەکە خوێندەوە، پاشا بە قەڵەمبڕی نووسەرەکە پارچەپارچەی کرد و فڕێیدایە ناو ئاگردانەکەوە هەتا هەموو تۆمارەکە لەناو ئاگرەکە بە تەواوی فەوتا.
JER 36:24 جا نە پاشا و نە هیچ یەکێک لە خزمەتکارەکانی کە گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو نەترسان، جلەکانی بەریان دانە دڕی.
JER 36:25 هەرچەندە ئەلناتان و دەلایا و گەمەریا تکایان لە پاشا کرد تۆمارەکە نەسووتێنێت، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتن.
JER 36:26 بەڵکو پاشا فەرمانی دا بە میر یەرەحمێل و سەرایای کوڕی عەزریێل و شەلەمیاهوی کوڕی عەبدئێل بۆ گرتنی باروخی سەرقەڵەم و یەرمیای پێغەمبەر، بەڵام یەزدان ئەوانی شاردەوە.
JER 36:27 دوای ئەوەی پاشا تۆمارەکەی سووتاند کە ئەو وشانەی تێدابوو باروخ لە دەمی یەرمیاوە نووسیبووی، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
JER 36:28 «بگەڕێوە و تۆمارێکی دیکە ببە و هەموو ئەو وشانەی تێدا بنووسەوە کە لەناو تۆمارەکەی یەکەم جار بوو، ئەوەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا سووتاندی.
JER 36:29 بە یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداش بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ ئەو تۆمارەت سووتاند و گوتت: ’بۆچی تێیدا نووسیت و گوتت، بێگومان پاشای بابل دێت و ئەم خاکە دەفەوتێنێت و مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا قڕ دەکات؟‘
JER 36:30 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: کەس لە ڕەچەڵەکی ئەو لەسەر تەختی داود دانانیشێت، تەرمەکەی فڕێدەدرێتە بەر گەرمای ڕۆژ و سەرمای شەو.
JER 36:31 سزای خۆی و منداڵ و خزمەتکارەکانی دەدەم لەسەر تاوانەکانیان، هەموو ئەو بەڵایەی پێیانم گوت، بەسەر خۆیان و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و پیاوانی یەهودای دەهێنم، چونکە گوێیان نەگرت.“»
JER 36:32 ئینجا یەرمیا تۆمارێکی دیکەی برد و دایە باروخی کوڕی نێرییای سەرقەڵەم، ئەویش لە دەمی یەرمیاوە هەموو وشەکانی ئەو تۆمارەی نووسییەوە کە یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا لەناو ئاگردانەکە سووتاندی، هەروەها زۆر وشەی لەو جۆرەشی بۆ زیاد کرد.
JER 37:1 ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم.
JER 37:2 بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی.
JER 37:3 جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.»
JER 37:4 لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە.
JER 37:5 سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە.
JER 37:6 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو:
JER 37:7 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن: ”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر.
JER 37:8 بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“
JER 37:9 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن: ”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“ لە کۆڵتان نابنەوە!
JER 37:10 تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.»
JER 37:11 دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە،
JER 37:12 یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت.
JER 37:13 بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!»
JER 37:14 یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان.
JER 37:15 پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە.
JER 37:16 یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە.
JER 37:17 ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟» یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.»
JER 37:18 ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟
JER 37:19 ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان: ”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟
JER 37:20 ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.»
JER 37:21 سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
JER 38:1 ئینجا شەفەتیای کوڕی مەتان، گەدەلیاهوی کوڕی پەشحور، یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و پەشحوری کوڕی مەلکیا گوێیان لەو قسانە بوو کە یەرمیا لەگەڵ گەل دەیکرد و دەیگوت:
JER 38:2 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، بەڵام ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ ناو بابلییەکان دەژیێت. ژیانی خۆی دەرباز دەکات و دەژیێت.“
JER 38:3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە دڵنیاییەوە ئەم شارە دەدرێتە دەست سوپاکەی پاشای بابل، دەستی بەسەردا دەگرێت.“»
JER 38:4 جا پیاوە گەورەکان بە پاشایان گوت: «دەبێت ئەم پیاوە بکوژرێت. لەبەر ئەوەی بەو قسانەی ورەی ئەو سەربازانە دەڕووخێنێ کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، هەروەها ورەی هەموو خەڵکیش دەرووخێنێ. ئەم پیاوە داوای چاکە بۆ ئەم گەلە ناکات، بەڵکو خراپە.»
JER 38:5 سدقیای پاشا گوتی: «ئەوەتا لەبەردەستتانە، پاشا توانای هیچی نییە بەرامبەر بە ئێوە.»
JER 38:6 ئەوانیش یەرمیایان برد و فڕێیان دایە ناو ئەمباراوەکەی مەلکیای کوڕی پاشا، ئەوەی لە حەوشەی پاسەوانەکانە. یەرمیایان بە گوریس شۆڕکردە خوارەوە، ئەمباراوەکەش ئاوی تێدا نەبوو، بەڵکو قوڕ. جا یەرمیا لەناو قوڕەکە چەقی.
JER 38:7 بەڵام عەبەدمەلەخ، کە کاربەدەستێکی کوشی بوو لە کۆشکی پاشا، بیستی کە یەرمیایان فڕێداوەتە ناو ئەمباراوەکە. پاشاش لە دەروازەی بنیامین دانیشتبوو،
JER 38:8 عەبەدمەلەخ لە کۆشکی پاشاوە چوو و بە پاشای گوت:
JER 38:9 «پاشای گەورەم، ئەم پیاوانە خراپیان کرد لە هەموو ئەوەی بە یەرمیای پێغەمبەریان کرد. ئەوان فڕێیان داوەتە ناو ئەمباراوەکەوە، ئەو لە شوێنەکەی خۆی لە برسان دەمرێت، چونکە نان لە شار نەماوە.»
JER 38:10 پاشاش فەرمانی بە عەبەدمەلەخی کوشی کرد و گوتی: «لێرەوە سی پیاو لەگەڵ خۆت ببە، یەرمیای پێغەمبەر لە ئەمباراوەکەوە دەربێنە، هەتا نەمردووە.»
JER 38:11 عەبەدمەلەخیش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد، چووە ژوورێک لەژێر گەنجینەی کۆشکی پاشا. لەوێ هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و جلی کۆنی هەڵگرت و بە گوریس بۆ یەرمیای شۆڕی کردەوە ناو ئەمباراوەکە.
JER 38:12 عەبەدمەلەخی کوشی بە یەرمیای گوت: «پەڕۆوپاتاڵ و جلە کۆنەکان لەبن هەنگڵت لەژێر گوریسەکەوە دابنێ.» یەرمیاش ئاوای کرد.
JER 38:13 ئینجا بە گوریس یەرمیایان هەڵکێشا، لە ئەمباراوەکە دەریانهێنا. جا یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
JER 38:14 پاشان سدقیا پاشا بەدوای یەرمیای پێغەمبەردا ناردی، لە دەروازەی سێیەمی پەرستگای یەزدان هێنایە لای خۆی. ئینجا پاشا بە یەرمیای گوت: «دەمەوێت شتێکت لێ بپرسم، هیچم لێ مەشارەوە.»
JER 38:15 یەرمیاش بە سدقیای گوت: «ئەگەر پێت بڵێم، ئایا نامکوژیت؟ تەنانەت ئەگەر ئامۆژگاریشت بکەم، گوێم لێ ناگریت.»
JER 38:16 سدقیای پاشاش بەدزییەوە سوێندی بۆ یەرمیا خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو کە ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، نە دەتکوژم و نە دەتدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێ بتکوژن.»
JER 38:17 ئینجا یەرمیا بە سدقیای گوت: «یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل بکەیت، ئەوا گیانت بە زیندووێتی دەمێنێتەوە و ئەم شارەش بە ئاگر ناسووتێت، خۆت و خێزانەکەشت بە زیندووێتی دەمێننەوە.
JER 38:18 بەڵام ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل نەکەیت، ئەوا ئەم شارە دەکەوێتە دەست بابلییەکان و بە ئاگر دەیسووتێنن، تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت.“»
JER 38:19 سدقیای پاشا بە یەرمیای گوت: «من لەو جولەکانە دەترسم کە چوونەتە پاڵ بابلییەکانەوە، نەوەک بابلییەکان بمدەنە دەست ئەوان، ئەوانیش سووکایەتیم پێ بکەن.»
JER 38:20 یەرمیاش گوتی: «ناتدەنە دەست ئەوان. گوێڕایەڵی فەرموودەی یەزدان بە کە من پێت ڕادەگەیەنم. ئینجا چاکەت بۆ دەبێت و ژیانت دەرباز دەبێت.
JER 38:21 ئەگەر ڕازیش نیت خۆت ڕادەست بکەیت، ئەوا ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان پیشانی دام.
JER 38:22 ئەوەتا هەموو ئەو ژنانەی لە کۆشکی پاشای یەهودا ماونەتەوە، بۆ سەرکردەکانی پاشای بابل دەبردرێن. ئەو ژنانە پێت دەڵێن: «”ئەوانەی دۆستی تۆ بوون فریویان دایت و زاڵ بوون بەسەرت. کاتێک پێیەکانت لەناو زەلکاو چەقین بەجێیان هێشتیت.“
JER 38:23 «هەموو ژنەکانت و منداڵەکانیشت بۆ بابلییەکان دەبردرێن. تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت، بەڵکو بە دەستی پاشای بابل دەگیرێیت، ئەم شارەش بە ئاگر دەسووتێت.»
JER 38:24 سدقیاش بە یەرمیای گوت: «با کەس ئەم قسانە نەزانێت، نەوەک بمریت.
JER 38:25 ئەگەر پیاوە گەورەکان بیستیان من قسەم لەگەڵ تۆ کردووە، هاتنە لات و گوتیان: ”پێمان بڵێ چیت بە پاشا گوت و پاشا چی بە تۆ گوت، لێمان مەشارەوە، ئەگەر نا دەتکوژین،“
JER 38:26 تۆش پێیان بڵێ: ”لە پاشا پاڕامەوە تاوەکو نەمگەڕێنێتەوە بۆ ماڵی یۆناتان و لەوێ نەمرم.“»
JER 38:27 جا هەموو پیاوە گەورەکان بۆ لای یەرمیا هاتن و لێیان پرسی، ئەویش بەگوێرەی هەموو ئەو قسانەی پاشا فەرمانی پێی کرد، وەڵامی دانەوە. ئیتر ئەوانیش لێی بێدەنگ بوون، چونکە کەس قسەکردنی ئەوی لەگەڵ پاشا نەبیست.
JER 38:28 ئیتر یەرمیا هەتا ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم گیرا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
JER 39:1 لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا.
JER 39:2 لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا.
JER 39:3 جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەل‌سەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەل‌سەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل.
JER 39:4 کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا ڕۆیشتن.
JER 39:5 بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد.
JER 39:6 هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد.
JER 39:7 پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.
JER 39:8 هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند.
JER 39:9 ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل.
JER 39:10 بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.
JER 39:11 نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد:
JER 39:12 «بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.»
JER 39:13 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەل‌سەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل
JER 39:14 ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.
JER 39:15 کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو:
JER 39:16 «بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت.
JER 39:17 بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 39:18 بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
JER 40:1 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، پاش ئەوەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە ڕامە یەرمیای بەڕەڵا کرد، کە بینیبووی یەرمیا بە زنجیر بەند کراوە و لەنێو هەموو ڕاپێچکراوەکانی ئۆرشەلیم و یەهودایە کە بۆ بابل ڕاپێچ کراون.
JER 40:2 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا یەرمیای برد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگارت سەبارەت بەم شوێنە ئەم بەڵایەی فەرموو.
JER 40:3 ئێستاش یەزدان ئەنجامی دا، هەروەک فەرمووی کردی. هەموو ئەو شتانەتان لەبەر ئەوە بەسەرهات گوناهتان کرد لە دژی یەزدان و گوێڕایەڵی نەبوون.
JER 40:4 ئەمڕۆ من ئازادت دەکەم لەو سندمانەی بەدەستتەوەیە. جا ئەگەر پێت باشە لەگەڵم بێیتە بابل، وەرە و منیش چاوم لێت دەبێت. بەڵام ئەگەر حەز ناکەیت، مەیێ. تەماشا بکە، هەموو خاکەکە لەبەردەمتە، جا کوێت پێ باشە و بۆت دەگونجێ، بڕۆ ئەوێ.»
JER 40:5 بەڵام بەر لە گەڕانەوەی یەرمیا، نەبوزەرەدان گوتی: «بگەڕێوە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، ئەوەی پاشای بابل بەسەر شارۆچکەکانی یەهوداوە دایناوە، لەنێو خەڵکەکە لەلای ئەو بمێنەوە، یانیش هەرکوێیەک پێت باشە و بۆت دەگونجێ بڕۆ ئەوێ.» پاشان فەرماندەی پاسەوانانی پاشا توێشو و دیارییەکی پێیدا و بەڕەڵای کرد.
JER 40:6 یەرمیاش هاتە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام لە میچپا و لەلای ئەو مایەوە، لەناو ئەو خەڵکەی لە خاکەکەدا مابوونەوە.
JER 40:7 کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان، ئەوانەی لەناو کێڵگەکان بوون، خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کردووە بە فەرمانڕەوای خاکەکە و سەرپەرشتیاری ژن و پیاو و منداڵان، ئەو هەژارانەی خاکەکە کە بۆ بابل ڕاپێچ نەکراون،
JER 40:8 هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، یۆحانان و یۆناتانی کوڕانی قارێیەح، سەرایای کوڕی تەنحومەت، کوڕەکانی عێفەیی نەتۆفایی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان.
JER 40:9 گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «مەترسن لەوەی خزمەتی بابلییەکان بکەن. لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت.
JER 40:10 منیش لە میچپا دادەنیشم، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو بابلییانە نوێنەرایەتی ئێوە بکەم کە دێنە لامان. بەڵام ئێوە شەراب و هەنجیر و زەیت کۆبکەنەوە، بیخەنە ناو کۆڵەبارەکانتانەوە، لەو شارۆچکانەی گرتووتانە نیشتەجێ بن.»
JER 40:11 کاتێک هەموو ئەو جولەکانەی لە مۆئاب و لەنێو عەمۆنییەکان و لە ئەدۆم و ئەوانەی لە هەموو خاکەکانی دیکە بوون، بیستیان کە پاشای بابل پاشماوەی بۆ یەهودا هێشتووەتەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کردووە بە فەرمانڕەوایان،
JER 40:12 هەموو جولەکەکان لە هەموو ئەو شوێنانەی پەرتەوازە بوون بۆی گەڕانەوە، هاتنەوە خاکی یەهودا، بۆ لای گەدەلیاهو لە میچپا. شەراب و هەنجیرێکی گەلێک زۆریان کۆکردەوە.
JER 40:13 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لە کێڵگەکان بوون هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو،
JER 40:14 پێیان گوت: «ئایا تۆ نازانیت کە بەعلیسی پاشای عەمۆنییەکان، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی ناردووە تۆ بکوژێت؟» بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام باوەڕی پێ نەکردن.
JER 40:15 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح بەدزییەوە لە میچپا قسەی لەگەڵ گەدەلیاهو کرد و گوتی: «ڕێم بدە بچم ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بکوژم، بێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت. بۆچی ئەو تۆ بکوژێت، هەموو ئەو جولەکانەی لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە پەرتەوازە بن و پاشماوەی یەهودا لەناوبچێت؟»
JER 40:16 بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام بە یۆحانانی کوڕی قارێیەحی گوت: «ئەم شتە مەکە، چونکە ئەوەی تۆ سەبارەت بە ئیسماعیل دەیڵێیت ڕاست نییە.»
JER 41:1 لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی پاشا، لەگەڵ دە پیاو هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد،
JER 41:2 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو دە پیاوەی لەگەڵی بوون، هەستان و بە شمشێر لە گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیان دا و کوشتیان، ئەوەی پاشای بابل کردبووی بە فەرمانڕەوای خاکەکە.
JER 41:3 هەروەها ئیسماعیل هەموو ئەو جولەکانەشی کوشت کە لە میچپا لەگەڵ گەدەلیاهو بوون، هەروەها ئەو سەربازە بابلییانەشی کوشت کە لەو ناوە بوون.
JER 41:4 لە ڕۆژی پاش کوشتنی گەدەلیاهو، بەر لەوەی کەس پێی بزانێت،
JER 41:5 هەندێک پیاو لە شەخەم و شیلۆ و سامیرەوە هاتن، هەشتا پیاوی ڕیش تاشراو و جل دادڕاو، لەشی خۆیان بریندار کردبوو، هاتن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و بخووری سادەیان بەدەستەوە بوو بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ماڵی یەزدان.
JER 41:6 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆش لە میچپا هاتە دەرەوە تاکو پێشوازییان لێ بکات، دەڕۆیشت و دەگریا. کە پێیان گەیشت پێی گوتن: «وەرن بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام.»
JER 41:7 کاتێک گەیشتنە ناوەڕاستی شارەکە، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون، ئەوانیان کوشت و فڕێیان دانە ناو ئەمباراوێک.
JER 41:8 بەڵام دە پیاویان تێدابوو گوتیان: «مەمانکوژە، گەنم و جۆ و زەیت و هەنگوینمان هەیە و لە کێڵگەدا شاردراوەتەوە.» جا ئیسماعیل دەستی گێڕایەوە و لەگەڵ براکانیان نەیکوشتن.
JER 41:9 ئەو ئەمباراوەی ئیسماعیل لاشەی هەموو ئەو پیاوانەی فڕێدا ناوی کە بەهۆی گەدەلیاهوەوە کوشتبوونی، ئەو ئەمباراوە بوو کە ئاسا پاشا بۆ بەرگری لە دژی بەعشای پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، جا ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بە کوژراوان پڕی کردەوە.
JER 41:10 پاشان ئیسماعیل، هەموو پاشماوەی گەل کە لە میچپا بوون ڕاپێچی کردن، کچەکانی پاشا و هەموو ئەو خەڵکەی لەوێ مانەوە، ئەوانەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی بە سەرپەرشتیار بەسەریانەوە دانابوو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ ڕاپێچی کردن و ڕۆیشت، هەتا بۆ لای عەمۆنییەکان بپەڕێتەوە.
JER 41:11 کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی لەگەڵی بوون، ئەو خراپانەیان بیستەوە کە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ کردبووی،
JER 41:12 هەموو پیاوەکانیان برد و چوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، لەلای گۆمەکەی گبعۆن تووشی بوون.
JER 41:13 ئەو ڕاپێچکراوانەی لەگەڵ ئیسماعیل بوون دڵشاد بوون کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەحیان لەگەڵ هەموو سەرلەشکرەکان بینی کە لەگەڵی بوون،
JER 41:14 جا هەموو ئەو گەلەی ئیسماعیل لە میچپاوە ڕاپێچی کردبوون گەڕانەوە و چوون بۆ لای یۆحانانی کوڕی قارێیەح.
JER 41:15 بەڵام ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، بە هەشت پیاوەوە لە یۆحانان دەرباز بوون و چوونە لای عەمۆنییەکان.
JER 41:16 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لەگەڵی بوون، هەموو پاشماوەی گەلیان لە میچپا بردەوە، ئەوانەی لە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ وەریانگرتنەوە، دوای ئەوەی ئیسماعیل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، جەنگاوەرە بەتواناکان و ژن و منداڵ و کاربەدەستان بوون کە لەلای گبعۆن وەریانگرتبوونەوە.
JER 41:17 جا چوون و لە گێروت کیمهام، ئەوەی لەتەنیشت بێت‌لەحمە، نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی بڕۆن و بچنە ناو میسرەوە،
JER 41:18 دوور لە بابلییەکان. لێیان دەترسان لەبەر ئەوەی ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، ئەوەی پاشای بابل کردبووی بە فەرمانڕەوای خاکەکە.
JER 42:1 ئینجا هەموو سەرلەشکرەکان و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و یەزەنیای کوڕی هۆشەعیا و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە هاتنە پێش و
JER 42:2 بە یەرمیای پێغەمبەریان گوت: «تکایە! گوێ لە پاڕانەوەمان بگرە و نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارت لە پێناو هەموو ئەمانەی ماونەتەوە. هەروەک دەبینی، چونکە پێشتر زۆر بووین و ئێستا کەم ماوینەتەوە.
JER 42:3 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت پێمان بڵێت، بە کام ڕێگادا بڕۆین و چی بکەین.»
JER 42:4 یەرمیای پێغەمبەریش وەڵامی دانەوە: «گوێم لێتان بوو، من وەک قسەکەی خۆتان داوا لە یەزدانی پەروەردگارتان دەکەم، جا یەزدان هەرچی فەرموو پێتانی ڕادەگەیەنم، هیچتان لێ ناشارمەوە.»
JER 42:5 ئەوانیش بە یەرمیایان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەتێکی ڕاست و دڵسۆز بێت، ئەگەر ئێمە هەموو فەرمایشتەکەی یەزدانی پەروەردگارت کە بە تۆدا بۆمان دەنێرێت، ئاوا نەکەین.
JER 42:6 چاک بێت یان خراپ، ئێمە گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان دەگرین، ئەوەی ئێمە دەتنێرین بۆ لای، چونکە ئەگەر گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان بگرین، چاکەمان لەگەڵ دەکات.»
JER 42:7 ئەوە بوو دوای دە ڕۆژ، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات.
JER 42:8 ئەویش یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی کە لەگەڵی بوون و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورەی بانگکرد،
JER 42:9 پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی ئێوە منتان بۆ لای نارد بۆ ئەوەی پاڕانەوەکەتان بخەمە بەردەمی، ئەمە دەفەرموێت:
JER 42:10 ”ئەگەر لەم خاکە نیشتەجێ بن، من بنیادتان دەنێم و ناتانڕووخێنم، دەتانچێنم و ڕیشەکێشتان ناکەم، چونکە پاشگەز بوومەوە لەو بەڵایەی بەسەرم هێنان.
JER 42:11 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: لە پاشای بابل مەترسن، ئەوەی ئێستا لێی دەترسن. لێی مەترسن، چونکە من لەگەڵتانم بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم و لە دەستی ئەو فریاتان بکەوم.
JER 42:12 جا بەزەییم پێتاندا دێتەوە، بۆ ئەوەی پاشای بابل بەزەیی پێتاندا بێتەوە و بۆ خاکەکەی خۆتان بتانگەڕێنێتەوە.“
JER 42:13 «بەڵام ئەگەر ئێوە بڵێن: ”لەم خاکە نیشتەجێ نابین“ و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبن،
JER 42:14 بەڵکو بڵێن: ”نا! ئێمە دەچینە خاکی میسر و لەوێ نیشتەجێ دەبین، لەوێ شەڕ نابینین و دەنگی کەڕەنا نابیستین و برسی نان نابین،“
JER 42:15 ئەی پاشماوەی یەهودا، ئێستا گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر مکوڕ بن لەسەر ئەوەی بچنە میسر و چوون و لەوێ نیشتەجێ بوون،
JER 42:16 ئەوا ئەو شمشێرەی ئێوە لێی دەترسن لەوێ پێتان دەگات، ئەو قاتوقڕییەی ئێوە لێی دەترسن بۆ میسر دواتان دەکەوێت، لەوێ دەمرن.
JER 42:17 جا هەموو ئەو پیاوانەی سوورن لەسەر چوونیان بۆ میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن، لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن، کەسیان نامێنێتەوە و دەرباز نابن لەو بەڵایەی من بەسەریان دەهێنم.“
JER 42:18 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک چۆن تووڕەیی و هەڵچوونم بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا ڕژا، ئاواش هەڵچوونم بەسەرتاندا دەڕژێت کاتێک بچن بۆ میسر، جا دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی، هەرگیز ئەم شوێنە نابیننەوە.“
JER 42:19 «ئەی پاشماوەی یەهودا، یەزدان سەبارەت بە ئێوە فەرمووی: ”مەچنە ناو میسرەوە.“ باش بزانن کە من ئەمڕۆ ئاگادارم کردنەوە،
JER 42:20 چونکە ئێوە هەڵەیەکی ترسناکتان کرد کاتێک منتان بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان نارد و گوتتان: ”نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان؛ هەرچی بفەرموێت، ئەوەمان پێ ڕابگەیەنەوە و دەیکەین.“
JER 42:21 ئەوا من ئەمڕۆ بە ئێوەم ڕاگەیاند، بەڵام ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون لە هەموو ئەوەی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم.
JER 42:22 جا ئێستا باش بزانن کە لەو شوێنەی دەتانەوێ بۆی بچن و لێی نیشتەجێ بن لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن.»
JER 43:1 یەرمیا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی پەروەردگاریانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند کە یەزدان پێی ڕایسپاردبوو. کاتێک تەواو بوو،
JER 43:2 عەزەریای کوڕی هۆشەعیا و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو پیاوە لووتبەرزەکان قسەیان لەگەڵ یەرمیا کرد و گوتیان: «تۆ درۆ دەکەیت! یەزدانی پەروەردگارمان تۆی نەناردووە هەتا بڵێت: ”مەچنە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن.“
JER 43:3 بەڵکو باروخی کوڕی نێرییا تۆی لە ئێمە هانداوە تاوەکو بماندەیتە دەست بابلییەکان، بۆ ئەوەی بمانکوژن یان بۆ بابل ڕاپێچمان بکەن.»
JER 43:4 ئیتر یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان و هەموو گەل کەسیان گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون هەتا لە خاکی یەهودا ئۆقرە بگرن.
JER 43:5 بەڵکو یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان، هەموو پاشماوەی یەهودایان برد، ئەوانەی لەناو ئەو نەتەوانەوە گەڕابوونەوە کە پەرتەوازە ببوون بۆ لایان، بۆ ئەوەی لە خاکی یەهودا بژین.
JER 43:6 پیاو و ژن و منداڵ و کچەکانی پاشا و هەموو ئەوانەیان برد کە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لەلای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام کوڕی شافان بەجێی هێشتبوون. هەروەها یەرمیای پێغەمبەر و باروخی کوڕی نێرییاش لەگەڵیان بوون.
JER 43:7 جا چوونە ناو خاکی میسر، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و هەتا تەحپەنحێس چوون.
JER 43:8 ئینجا لە تەحپەنحێس فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، پێی فەرموو:
JER 43:9 «لەگەڵ دەستت هەندێک بەردی گەورە ببە و لەبەرچاوی پیاوانی یەهودا، بیانخە ژێر قوڕەوە، لەو بەردڕێژەی لە بەردەرگای کۆشکی فیرعەونە لە تەحپەنحێس.
JER 43:10 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من دەنێرم و نەبوخودنەسری پاشای بابل، خزمەتکارەکەم، دەهێنم و تەختەکەی لەسەر ئەم بەردانە دادەنێم کە چەقاندم، ئەویش چەتری تەختەکەی بەسەردا هەڵدەدات.
JER 43:11 جا دێت و لە خاکی میسر دەدات، ئەوەی بۆ مردنە بۆ مردن، ئەوەی بۆ دیلیێتیە بۆ دیلیێتی، ئەوەی بۆ شمشێرە بۆ شمشێر.
JER 43:12 ئینجا ئاگر بەردەداتە پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر، پەرستگاکان دەسووتێنێت و خوداوەندەکانیان ڕاپێچ دەکات. خاکی میسر لە خۆی دەپێچێتەوە، وەک چۆن شوان کەواکەی لە خۆی دەپێچێتەوە، ئینجا لەوێوە بە سەلامەتی دەردەچێت.
JER 43:13 کۆڵەکەکانی پەرستگای خۆر لە خاکی میسر دەشکێنێت، پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر بە ئاگر دەسووتێنێت.“»
JER 44:1 ئەو پەیامەی بۆ یەرمیا هات سەبارەت بە هەموو ئەو جولەکانەی لە خاکی میسر نیشتەجێ بوون، لە مگدۆل و لە تەحپەنحێس و لە مەمفیس و لە پاشایەتی باشووری میسر:
JER 44:2 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە هەموو ئەو بەڵایەتان بینی کە بەسەر ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی یەهودام هێنا. ئەمڕۆ وێرانە و ئاوەدانی تێدا نییە،
JER 44:3 لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. پەستیان کردم بە بخوور سووتاندن و پەرستنیان بۆ خوداکانی دیکە، ئەو خودایانەی نە ئەوان ناسیویانن و نە ئێوە و نە باوباپیرانتان.
JER 44:4 منیش بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردن، فەرمووم: ”تکایە! ئەم کارە قێزەونە مەکەن کە من ڕقم لێیەتی.“
JER 44:5 بەڵام نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد بۆ ئەوەی لە خراپەکەیان بگەڕێنەوە یان لە بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە بوەستن.
JER 44:6 جا هەڵچوون و تووڕەییم ڕژا، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا گڕی گرت، وەک ئەمڕۆ وێران بوو و بووە چۆڵەوانی.
JER 44:7 «ئێستاش یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بۆچی ئێوە بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆتان دەهێنن، بە قڕبوونتان لە ناوەڕاستی یەهودا بە پیاو و ژن، بە منداڵ و شیرەخۆرەوە، ئیتر هیچ پاشماوەیەکتان لێ نامێنێتەوە؟
JER 44:8 بۆچی بە کردەوەکانی دەستتان پەستم دەکەن کاتێک لە خاکی میسر بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، کە ئێوە بۆی هاتوون تاوەکو لەوێ ئاوارە بن؟ خۆتان قڕ دەکەن و دەبنە نەفرەت و ڕیسوایی لەنێو هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.
JER 44:9 ئایا خراپەکانی باوباپیرانتان و خراپەکانی پاشاکان و شاژنەکانی یەهودا و خراپەکانی خۆتان و ژنەکانتان لەیادچوو، ئەوەی لە خاکی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم کران؟
JER 44:10 هەتا ئەمڕۆش نە زەلیل بوون و نە لە من ترسان و نە ڕێگای فێرکردن و فەرزەکانی منتان گرتەبەر، ئەوەی لەبەردەم ئێوە و لەبەردەم باوباپیرانتان دامناوە.
JER 44:11 «لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من مکوڕ دەبم لەسەر ئەوەی بەڵاتان بەسەربهێنم و هەموو یەهودا قڕ بکەم.
JER 44:12 پاشماوەی یەهوداش دەبەم، ئەوانەی سوور بوون بچنە خاکی میسر هەتا لەوێ نیشتەجێ بن. هەموویان لە خاکی میسر لەناودەچن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن. لە بچووکەوە هەتا گەورە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن و دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی.
JER 44:13 هەروەها سزای ئەوانەش دەدەم کە لە خاکی میسر نیشتەجێن، وەک چۆن بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئۆرشەلیمم دا.
JER 44:14 پاشماوەکەی یەهودا، ئەوانەی هاتوون بۆ ئەوەی لە خاکی میسر لە ئاوارەیی بکەون، ئەوانەی تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ نیشتەجێبوون تێیدا، نە پاشماوە و نە دەربازبوویان نابێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا. کەسیان لێ ناگەڕێتەوە، جگە لە کەمینەیەکی دەربازبوو.»
JER 44:15 ئینجا هەموو ئەو پیاوانەی کە دەیانزانی ژنەکانیان بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، هەروەها هەموو ئەو ژنانەی ڕاوەستابوون، کۆمەڵێکی گەورە بوون، هەموو ئەو خەڵکەی لە پاشایەتی باکوور و پاشایەتی باشووری میسر نیشتەجێن، وەڵامی یەرمیایان دایەوە و گوتیان:
JER 44:16 «ئێمە گوێ لەم پەیامە ناگرین کە بە ناوی یەزدانەوە بە ئێمەت گوت.
JER 44:17 بەڵکو هەر شتێک لە دەمی خۆمانەوە هاتووەتە دەرەوە، ئەوە دەکەین: بخوور بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەین، وەک چۆن خۆمان و باوباپیرانمان و پاشاکانمان و پیاوە گەورەکانمان لە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم ئەنجاممان داوە. ئەو کاتە تێر نان بووین و لە خۆشیدا بووین و خراپەمان نەبینی.
JER 44:18 بەڵام لەو کاتەوەی وازمان لە بخوور سووتاندن هێناوە بۆ شاژنی ئاسمان و پێشکەشکردنی شەرابی پێشکەشکراو بۆی، پێویستمان بە هەموو شتێکە و بە شمشێر و قاتوقڕی لەناوچووین.»
JER 44:19 ژنەکانیش گوتیان: «ئێمە کاتێک کە بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتاند و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەشی دەکرد، ئایا بەبێ ئاگاداری پیاوەکانمان کولێرەمان بۆ دەکرد لەسەر وێنەی ئەو و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەش دەکرد؟»
JER 44:20 ئینجا یەرمیا بە هەموو خەڵکەکەی گوت، پیاو و ژنەکان، بە هەموو ئەو خەڵکەی بەم قسەیە وەڵامیان دایەوە:
JER 44:21 «ئایا یەزدان بیری لەو بخوورە نەکردەوە و بەیادیدا نەهات کە لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم سووتاندتان، ئێوە و باوباپیر و پاشا و میر و هەموو گەلی خاکەکە؟
JER 44:22 ئیتر یەزدان لەبەر کردەوە خراپەکان و شتە قێزەونەکانتان کە ئەنجامتان داوە زیاتر بەرگەی نەگرت، جا خاکەکەتان بووە ڕووخاوی و وێرانە و نەفرەت و بێ ئاوەدانی، وەک ئەمڕۆ.
JER 44:23 لەبەر ئەوەی بخوورتان سووتاند و گوناهتان کرد لە دژی یەزدان، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و ڕێگای فێرکردن و فەرز و یاساکانی ئەوتان نەگرتەبەر، لەبەر ئەوە تووشی ئەم بەڵایە بوون، وەک ئەمڕۆ.»
JER 44:24 ئینجا یەرمیا بە هەموو گەل و بە تایبەتیش بە هەموو ژنەکانی گوت: «ئەی هەموو خەڵکی یەهودا، ئەوانەی کە لە خاکی میسرن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
JER 44:25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە و ژنەکانتان بە قسە بەڵێنتان دا و بە ئەنجامتان گەیاند، گوتتان ”بێگومان ئێمە ئەو نەزرانەمان جێبەجێ دەکەین کە نەزرمان کردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراوی پێشکەش دەکەین.“ «کەواتە فەرموون، بەڵێنەکانتان بهێننە دی و نەزرەکانتان بپارێزن!
JER 44:26 بەڵام ئەی هەموو ئەو خەڵکەی یەهودا کە لە میسر نیشتەجێن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ”من بە ناوی مەزنی خۆم سوێند دەخۆم، لەمەودوا کەس لە خەڵکی یەهودا لە هەموو خاکی میسر ناوی من بەسەر زاریدا نایەت، کە بڵێت: ’بە یەزدانی زیندووی باڵادەست.‘
JER 44:27 ئەوەتا من بۆ خراپە نەک بۆ چاکە چاودێرییان دەکەم، جا هەموو پیاوانی یەهودا، ئەوانەی لە خاکی میسرن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن، هەتا ئەوەی کەسیان لێ نامێنێتەوە.
JER 44:28 ئەوانەش کە لە شمشێر دەرباز دەبن لە خاکی میسرەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا، خەڵکانێکی کەم دەبن. ئینجا هەموو پاشماوەی یەهودا ئەوانەی هاتنە میسر تاکو لەوێ بژین، دەزانن قسەی کێ سەردەگرێت، هی من یان هی ئەوان.“»
JER 44:29 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەمەش نیشانەیە بۆ ئێوە، من لەم شوێنە سزاتان دەدەم، بۆ ئەوەی بزانن هەر دەبێت قسەی من سەربگرێت کە لە دژی ئێوەیە و بۆ خراپەیە.“
JER 44:30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من حۆفرەعی فیرعەونی میسر دەدەمە دەست دوژمنەکانی کە دەیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن سدقیای پاشای یەهودام دایە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەو دوژمنەی دەیویست بیکوژێت.“»
JER 45:1 ئەو پەیامەی یەرمیای پێغەمبەر بە باروخی کوڕی نێرییای گوت، لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتێک ئەم وشانەی لە دەمی یەرمیاوە لە تۆمارێکدا دەنووسییەوە:
JER 45:2 «ئەی باروخ! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە تۆ ئەمە دەفەرموێت:
JER 45:3 تۆ گوتت: ”قوڕبەسەرم! چونکە یەزدان سەرەڕای ئازارم خەمیشی بۆ زیاد کردووم، لەناو ناڵاندنم لە هۆش خۆم چووم و حەوانەوەم نەبوو.“»
JER 45:4 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەی پێ بڵێ: ”ئەوەتا من لە هەموو ئەم خاکەدا ئەوەی بنیادم ناوە دەیڕووخێنم و ئەوەی چاندوومە ڕیشەکێشی دەکەم.
JER 45:5 ئایا ئیتر تۆ داوای شتی گەورە بۆ خۆت دەکەیت؟ داوا مەکە، چونکە ئەوەتا من خراپە بەسەر هەموو خەڵکێکدا دەهێنم، بەڵام بۆ تۆ، ژیانت دەرباز دەبێت لە هەموو ئەو شوێنانەی بۆی دەچیت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 46:1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە نەتەوەکان:
JER 46:2 بۆ میسر: سەبارەت بە سوپاکەی نێخۆ فیرعەون، پاشای میسر، ئەوەی لەسەر ڕووباری فورات بوو لە کەرکەمیش، کە نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا لێیدا:
JER 46:3 «سپەر و قەڵغان ئامادە بکەن، پێشکەون بۆ جەنگ!
JER 46:4 ئەسپ زین بکەن، ئەی سوارەکان، سەربکەون! بە کڵاوی ئاسنینەوە لە ئامادەباشیدا بن! ڕمەکان تیژ بکەن، زرێیەکان بپۆشن!
JER 46:5 چی دەبینم؟ ئەوان تۆقیون، بەرەو پاش دەکشێنەوە، پاڵەوانەکانیان بەزین. بە پەلە هەڵاتن و ئاوڕیشیان نەدایەوە، لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 46:6 «ئەوەی تیژڕەوە هەڵنایەت و پاڵەوان دەرباز نابێت. لە باکوور لەلای ڕووباری فورات ساتمەیان کرد و کەوتن.
JER 46:7 «ئەمە کێیە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە، وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات؟
JER 46:8 میسرە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە، وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات. دەڵێت: ”هەڵدەستم و زەوی دادەپۆشم، شار و دانیشتووانەکەی لەناو دەبم.“
JER 46:9 ئەی ئەسپەکان، سەربکەون! ئەی گالیسکەکان، سەرەڕۆ بن! با پاڵەوانان بەرەو پێش بچن، کوش و پووت قەڵغان بەدەستن، لوودییەکان تیرەکانیان لە کەوانەکانیان ڕادەکێشن.
JER 46:10 بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار، ڕۆژی تۆڵەیە، تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانی. جا شمشێر دەخوات و تێر دەبێت، لە خوێنیان تێر دەخواتەوە، چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، قوربانی سەربڕاو پێشکەش دەکات لە خاکی باکوور لەلای ڕووباری فورات.
JER 46:11 «سەربکەوە بۆ گلعاد و هەتووان بهێنە، ئەی میسری کچە پاکیزە. بەڵام بێهوودە داوودەرمان زۆر دەکەیت، چاکبوونەوەت نییە.
JER 46:12 نەتەوەکان سووکایەتی تۆیان بیستووە، قیژەت دنیای پڕکردووە، چونکە پاڵەوانێک ساتمە لە پاڵەوانێک دەکات، هەردووکیان پێکەوە دەکەون.»
JER 46:13 ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان بە یەرمیای پێغەمبەری ڕاگەیاند، لەبارەی هێرشکردنی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ سەر خاکی میسر:
JER 46:14 «ئەمە لە میسر ڕابگەیەنن، لە شاری مگدۆل جاڕبدەن، هەروەها لە مەمفیس و تەحپەنحێس، بڵێن: ”وریابە و لە ئامادەباشیدا بە، چونکە شمشێر دەوروبەرت دەخوات.“
JER 46:15 بۆچی توانادارەکانت بە زەویدا دران؟ نەوەستان، چونکە یەزدان ئەوانی خست.
JER 46:16 بەردەوام ساتمە دەکەن، بەسەر یەکتریدا دەکەون. دەڵێن: ”هەستن با بگەڕێینەوە، بۆ ناو گەلەکەمان و خاکی لەدایکبوونمان، دوور لە شمشێری ستەمکاری.“
JER 46:17 لەوێ هاواریان دەکرد: ”فیرعەونی پاشای میسر تەنها هاتوهەرای هەیە، دەرفەتی ئەو بەسەرچوو!“»
JER 46:18 پاشا کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، کەسێک دێت وەک تاڤۆرە لەنێو چیاکان، وەک کارمەلە لەلای دەریاوە دێت.
JER 46:19 ئەی دانیشتووانی میسر، کەلوپەلەکانتان بۆ ڕاپێچ کۆبکەنەوە، چونکە مەمفیس وێران دەبێت، دەبێتە چۆڵەوانییەکی بێ ئاوەدانی.
JER 46:20 «میسر مانگایەکی زێدە جوانە، بەڵام مێشومەگەز لە باکوورە بۆی دێت.
JER 46:21 هەروەها سەربازە بەکرێگیراوەکانت لە ڕیزەکانی جەنگ، وەک جوانەگای قەڵەون، چونکە ئەوانیش ڕوو وەردەگێڕن، تێکڕا هەڵدێن و ناوەستن، چونکە ڕۆژی کارەسات گەیشتە سەریان، کاتی سزادانیان.
JER 46:22 میسر وەک ماری هەڵاتوو فیشک دەدات، چونکە دوژمنەکانی بە سوپاوە دێنە پێش، هەروەک داربڕەکان بە تەورەوە بۆی هاتن.
JER 46:23 دارستانەکەی دەبڕنەوە، هەرچەندە زۆر چڕە، چونکە لە کوللە زۆرترن، لە ژمارە نایەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 46:24 «دانیشتووانی میسر شەرمەزار دەبن، درانە دەست گەلی باکوور.»
JER 46:25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل فەرمووی: «من خەریکم سزا دەسەپێنم، لەسەر ئامۆنی خودای شاری تیب و فیرعەون، لەسەر میسر و خوداوەندەکان و پاشاکانی، هەروەها لەسەر ئەوانەش کە پشتیان بە فیرعەون بەستووە.
JER 46:26 دەیاندەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت بیانکوژن، دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دەست خزمەتکارەکانی. پاش ئەمە میسر وەک ڕۆژانی پێشتری ئاوەدان دەبێتەوە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 46:27 «ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە، ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە. بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم، نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە. یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت، دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
JER 46:28 ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام. هەرچەندە کۆتایی دەهێنم بە هەموو ئەو نەتەوانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازەم کردیت، بەڵام تۆ بە تەواوی لەناو نابەم. لە سزا ناتبوورم، بە دادپەروەری تەمبێت دەکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 47:1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:
JER 47:2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ، زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت، شار و دانیشتووانەکەی. خەڵکی هاوار دەکەن، هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
JER 47:3 لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی، لە خڕەی گالیسکەکانی و جیڕەی چەرخەکانی. باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
JER 47:4 لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن. یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات، پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
JER 47:5 خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن، ئەسقەلان کپ دەبێت. ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان، هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟
JER 47:6 «”ئای ئەی شمشێری یەزدان، هەتا کەی پشوو نادەیت؟ بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە و هێدی بە و کپ بە.“
JER 47:7 بەڵام چۆن پشوو دەدات کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت، لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا، لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»
JER 48:1 بۆ مۆئاب: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت، قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت، قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
JER 48:2 شانازی مۆئاب نامێنێت، لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا، ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“ هەروەها تۆش ئەی مەدمێن کپ دەبیت، شمشێر دوات دەکەوێت.
JER 48:3 گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت، هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
JER 48:4 مۆئاب تێکدەشکێت، بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
JER 48:5 سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت، بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن، لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم هاواری شکست دەبیسترێت.
JER 48:6 هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن! ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
JER 48:7 لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت، تۆش دەگیرێیت، کەمۆش ڕاپێچ دەکرێت، کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
JER 48:8 وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت، هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت. دۆڵ لەناودەچێت، دەشت وێران دەبێت، وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
JER 48:9 خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن، چونکە دەبێتە چۆڵەوانی. شارۆچکەکانی وێران دەبن، بەبێ ئاوەدانی دەبن.
JER 48:10 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات! نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!
JER 48:11 «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە، ڕاپێچیش نەکراوە، وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە، لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە، لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و بۆنیشی نەگۆڕاوە.
JER 48:12 یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن، ئەوان دەیڕێژن و دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
JER 48:13 جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت، هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون کە پشتیان پێی بەستبوو.
JER 48:14 «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
JER 48:15 مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت، باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.» ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
JER 48:16 «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە، بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
JER 48:17 ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە، ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن، بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا، شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“
JER 48:18 «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و لەسەر زەوی وشک دابنیشە، ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن، چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب دێتە سەر ئێوە، شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات.
JER 48:19 ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر، لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن. لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن، بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
JER 48:20 مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا. واوەیلا بکە و هاوار بکە! لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
JER 48:21 حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات، بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
JER 48:22 بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێت‌دیڤلاتایم،
JER 48:23 بەسەر قیریاتەیم و بێت‌گاموول و بێت‌مەعۆن،
JER 48:24 بەسەر قەریۆت و بۆزرا، بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
JER 48:25 هێزی مۆئاب بڕایەوە، بازووی شکا.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 48:26 «سەرخۆشی بکەن، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت، ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
JER 48:27 ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟ ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا، هەر کاتێک باست دەکرد، سەرت دەلەقاند؟
JER 48:28 ئەی دانیشتووانی مۆئاب، شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن. وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات.
JER 48:29 «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە، زۆر لووتبەرزە، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
JER 48:30 یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە. کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
JER 48:31 لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم، بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم، بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
JER 48:32 ئەی مێوی سیڤما، وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم. لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە، گەیشتنە دەریای یەعزێر. تەفروتوناکەر کەوتە سەر میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
JER 48:33 خۆشی و دڵشادی داماڵران لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب. شەرابم لە گوشەر ڕاگرت، بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت، ئەگەر هاوارکردن هەبێت، لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
JER 48:34 «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە، لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ، لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا، چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
JER 48:35 لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 48:36 «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت، دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت، چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
JER 48:37 هەموو سەرێک تاشراوە و هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە، هەموو دەستێک بریندار کراوە و هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
JER 48:38 لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و لە هەموو شەقامەکانی جگە لە گریان هیچی دیکە نییە، چونکە مۆئابم شکاند، وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 48:39 «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن! چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا! مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»
JER 48:40 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت، بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
JER 48:41 قەریۆت دەگیرێت و قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت. لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
JER 48:42 مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
JER 48:43 ئەی دانیشتووی مۆئاب، ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 48:44 «ئەوەی لە ترس هەڵدێت دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە، ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت، چونکە ساڵی سزادان بەسەر مۆئابدا دەهێنم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 48:45 «لە سێبەری حەشبۆن هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون، چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو، گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە، ناوچەوانی مۆئاب و کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
JER 48:46 قوڕبەسەرت مۆئاب! خەڵکی کەمۆش لەناوچوو، کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و کچەکانت بە دیل بردران.
JER 48:47 «بەڵام لە ئاییندەدا، ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.
JER 49:1 بۆ عەمۆنییەکان: یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئایا ئیسرائیل کوڕی نییە، یان میراتگری نییە؟ بۆچی مۆلەخ گاد داگیر بکات و گەلەکەشی لەناو شارۆچکەکانی ئەودا نیشتەجێ بن؟»
JER 49:2 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا ڕۆژێک دێت، وا دەکەم لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان، نەعرەتەی جەنگ ببیسترێت، جا دەبێتە گردێکی وێران و شارۆچکەکانیشی بە ئاگر دەسووتێن، ئیسرائیلیش داگیرکەرانی خۆی داگیر دەکات.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 49:3 «ئەی حەشبۆن واوەیلا بکە، چونکە عای تەفروتونا بوو! ئەی دانیشتووانی ڕەبە هاوار بکەن! بەرگی لە گوش دروستکراو لەبەر بکەن و شین بگێڕن، بەناو شووراکانیدا بسووڕێنەوە، چونکە مۆلەخ ڕاپێچ دەکرێت، خۆی و کاهین و پیاوە گەورەکانی.
JER 49:4 بۆ شانازی بە دۆڵەکانتەوە دەکەیت؟ بۆ شانازی بە دۆڵە پڕ بەروبوومەکانتەوە دەکەیت؟ ئەی کچی هەڵگەڕاوە، ئەوەی پشت بە گەنجینەکانت دەبەستیت و دەڵێیت، ”کێ پەلامارم دەدات؟“»
JER 49:5 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، دەفەرموێت: «ئەوەتا من ترست دەهێنمە سەر لە هەموو ئەوانەی دەوروبەرت. جا هەریەکە لە ئێوە دەردەکرێت و کەس نابێت ونبووان کۆبکاتەوە.
JER 49:6 «پاش ئەمە ڕاپێچکراوانی عەمۆنییەکان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 49:7 بۆ ئەدۆم: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئایا ئیتر دانایی لە تێمان نییە؟ ئایا ڕاوێژ لەلای تێگەیشتووان نەماوە؟ ئایا داناییەکەیان پووچەڵ بووەتەوە؟
JER 49:8 ئەی دانیشتووانی دیدان، بکشێنەوە و هەڵێن، بڕۆن لە ئەشکەوتە قووڵەکان خۆتان بشارنەوە، چونکە بەڵاکەی عیسۆی بەسەردەهێنم لەو کاتەی سزای دەدەم.
JER 49:9 ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت، ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئەگەر بە شەو دزت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
JER 49:10 بەڵام من عیسۆ ڕووت دەکەمەوە، شوێنە نهێنییەکانی دەردەخەم، ناتوانێت خۆی بشارێتەوە، منداڵ و برا و دراوسێکانی تەفروتونا دەکرێت، ئیتر کەس بە زیندوویی نامێنێتەوە بۆ ئەوی بڵێت:
JER 49:11 ”هەتیوەکانت جێبهێڵە، من دەیانپارێزم، با بێوەژنەکانت پشت بە من ببەستن.“»
JER 49:12 سەبارەت بەمە یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەوانەی شایانی ئەوە نین لە جامەکە بخۆنەوە، بەڵام بە تەواوی خواردیانەوە، ئایا تۆ بە تەواوی بێ سزا دەبیت؟ بێ سزا نابیت، بەڵکو دەبێت بیخۆیتەوە.
JER 49:13 یەزدان دەفەرموێت: سوێندم بە خۆم خواردووە، کە بۆزرا وێران بێت، ڕیسوا بێت، بڕووخێت و نەفرەتبار بێت و هەموو شارۆچکەکانیشی هەتاهەتایە بە ڕووخاوی بمێنێتەوە.»
JER 49:14 هەواڵێکم لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «کۆببنەوە و پەلاماری بدەن، هەستن بۆ جەنگ.»
JER 49:15 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، لەنێو مرۆڤدا ڕیسوا دەبیت.
JER 49:16 تۆ سامت لەسەر خەڵک هەبوو، فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد، ئەوەی لەسەر بەرزایی گردیت، تەنانەت ئەگەر وەک هەڵۆ هێلانەکەت لە بەرزایی دانێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 49:17 «ئەدۆم دەبێتە وێرانە، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
JER 49:18 وەک سەرەوژێربوونی سەدۆم و عەمۆرا و شارۆچکەکانی دەوروبەری، هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت، هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 49:19 «ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت، بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان، ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ ئەدۆمییەکان ڕاودەنێم. کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟ چونکە کێ وەک منە و کێ کێشمەکێشم لەگەڵ دەکات؟ ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»
JER 49:20 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی ئەدۆم داڕشتووە، مەبەستی چی بووە لە دژی دانیشتووانی تێمان بیکات: بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن، بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
JER 49:21 لە دەنگی کەوتنیان زەوی دەلەرزێت، قیژەیان دەگاتە دەریای سوور.
JER 49:22 تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەبێتەوە و دەفڕێت، بەسەر بۆزرادا باڵەکانی لێک دەکاتەوە. لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانانی ئەدۆم وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
JER 49:23 بۆ دیمەشق: «حەمات و ئەرپاد شەرمەزار بوون، چونکە هەواڵێکی خراپیان بیست، لە ترسان توانەوە، وەک دەریا شڵەژاون و ئارام نابنەوە.
JER 49:24 دیمەشق هێزی لەبەر بڕا، ڕووی وەرگێڕا بۆ هەڵاتن، شڵەژا و تانگەتاو بوو وەک ژنی ژانگرتوو.
JER 49:25 چۆن واز لە شارە بەناوبانگەکە نەهێنرا، ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی شادی من بوو!
JER 49:26 بێگومان لەو ڕۆژەدا، لاوەکانی لەناو شەقامەکان دەکوژرێن، هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
JER 49:27 «ئاگرێک لە دیواری دیمەشق بەردەدەم، قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.»
JER 49:28 بۆ قێدار و شانشینەکانی حاچۆر، ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لێیدا: یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەی بابلییەکان، هەستن هێرش ببەن بۆ قێدار، خەڵکی ڕۆژهەڵات تەفروتونا بکەن.
JER 49:29 ڕەشماڵ و مەڕەکانیان دەبردرێن، خێوەت و هەموو قاپوقاچاغەکانیان و وشترەکانیان دەهێنرێن. بانگیان بکەن: ”لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!“»
JER 49:30 یەزدان دەفەرموێت: «ڕابکەن و دوور هەڵێن! ئەی دانیشتووانی حاچۆر، لە ئەشکەوتە قووڵەکان نیشتەجێ بن. نەبوخودنەسری پاشای بابل لە دژی ئێوە ڕاوێژی کردووە، لە دژی ئێوە پیلانی داناوە.
JER 49:31 «هەستن هێرش ببەنە سەر نەتەوەیەکی ئاسوودە، بە پشت ئەستوورییەوە نیشتەجێیە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. نە دەرگا و نە شمشیرەی هەیە، بە تەنهایی نیشتەجێیە.
JER 49:32 وشترەکانیان بە تاڵان دەبردرێن و ماڵاتی زۆریان دەبێتە دەستکەوت. بە هەموو بایەک قژبڕاوەکان شەن دەکەم، لە هەموو لایەکەوە کارەساتیان بەسەردەهێنم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 49:33 «حاچۆر بۆ هەتاهەتایە دەبێتە داڵدەی چەقەڵ و چۆڵەوانی. هیچ مرۆڤێک لەوێ نیشتەجێ نابێت، هیچ ئادەمیزادێک ئاوارەی ئەوێ نابێت.»
JER 49:34 ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە لە سەرەتای پاشایەتییەکەی سدقیای پاشای یەهودا بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، سەبارەت بە ئیلام، پێی فەرموو:
JER 49:35 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من کەوانی ئیلام دەشکێنم، کە سەرچاوەی هێزیانە.
JER 49:36 چوار با لە هەر چوار لای ئاسمانەوە، بەسەر ئیلامدا دەهێنم، بەم چوار بایە شەنیان دەکەم، هەتا نەتەوە نەبێت کە دوورخراوەکانی ئیلامی بۆ نەچوو بێت.
JER 49:37 ئیلامییەکان لەبەردەم دوژمنانیان دەتۆقێنم، لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێ بیانکوژن، بەڵایان بەسەردەهێنم، گڕی تووڕەییم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بە شمشێر ڕاویان دەنێم هەتا کۆتاییان دەهێنم.
JER 49:38 تەختی خۆم لە ئیلام دادەنێم و لەوێ پاشا و پیاوە گەورەکانی لەناودەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 49:39 «بەڵام لە ئاییندەدا، ڕاپێچکراوەکانی ئیلام دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 50:1 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:
JER 50:2 «لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن، ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن، هیچ مەشارنەوە، بڵێن، ”بابل دەگیرێت، بێل شەرمەزار دەبێت، مەرۆداخ وردوخاش دەبێت. پەیکەرەکانی شەرمەزار و بتەکانی وردوخاش دەبن!“
JER 50:3 نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری، خاکەکەی وێران دەکات، ئاوەدانی تێدا نابێت، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»
JER 50:4 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە، نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن، بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.
JER 50:5 پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و ڕووی تێ دەکەن. دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت، دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.
JER 50:6 «گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون، شوانەکانیان گومڕایان کردن، وێڵی ناو چیاکانیان کردن. لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان، جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.
JER 50:7 هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان، دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین، لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد، کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە، لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“
JER 50:8 «لە بابل ڕابکەن، خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن، وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن،
JER 50:9 چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم. ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن، لە باکوور دەیگرن. تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە، بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.
JER 50:10 خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت، ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 50:11 «ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم، لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون، وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و وەک ئەسپ حیلاندتان،
JER 50:12 دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت، ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت. دەبێتە دوایین نەتەوە، دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.
JER 50:13 لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی. هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات، لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
JER 50:14 «ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان، لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن. تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن، چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.
JER 50:15 لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن! خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون، شووراکانی دەڕووخێن. لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە، تۆڵەی لێ بکەنەوە، چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.
JER 50:16 وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و داس بەدەست لە کاتی دروێنە. لە ڕووی شمشێری ستەمکار، با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە، با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.
JER 50:17 «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە، شێرەکان ڕاویان ناوە. سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا، ئینجا ئەمەی دوایی، نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئێسکەکانی هاڕی.»
JER 50:18 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم، وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
JER 50:19 بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی، جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت، لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش تێر دەخوات.»
JER 50:20 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا، بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن، بەڵام نییەتی، هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن، بەڵام هیچ نادۆزنەوە، چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»
JER 50:21 یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم و دانیشتووانی پەقۆد بدە. ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە، هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.
JER 50:22 لە خاکەکە دەنگی جەنگە، دەنگی تێکشکانێکی مەزن!
JER 50:23 چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو، چەکوشی هەموو زەوی! بابل چۆن وێران بوو لەنێو نەتەوەکان!
JER 50:24 ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە، بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت. دۆزرایتەوە و گیرایت، چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.
JER 50:25 یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا، چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.
JER 50:26 لەوپەڕەوە وەرنە سەری! ئەمبارەکانی بکەنەوە، وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن. بە تەواوی قڕی بکەن، پاشماوەی نەمێنێتەوە!
JER 50:27 هەموو جوانەگاکانی بکوژن، با بۆ سەربڕین ببردرێن! قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات، کاتی سزادانیان.
JER 50:28 لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن لە سییۆن ڕایبگەیەنن چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە، تۆڵەی پەرستگاکەی.
JER 50:29 «تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل، هەموو کەوان بەدەستەکان. لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری، با کەس دەرباز نەبێت. بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن، هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە، چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە، لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
JER 50:30 لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 50:31 «ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم، چونکە ڕۆژت هات، کاتی سزادانت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
JER 50:32 «جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت، کەس هەڵیناستێنێتەوە، منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»
JER 50:33 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن، هەروەها نەوەی یەهوداش. هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت، ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.
JER 50:34 بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە. بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات، هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە، بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»
JER 50:35 یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە! لە دژی دانیشتووانی بابلە و لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!
JER 50:36 شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە! جا گێل دەبن. شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی! جا دەتۆقن.
JER 50:37 شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی، لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو! جا دەبن بە ژن. شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی! جا تاڵان دەکرێن.
JER 50:38 وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی! جا وشک دەبن، چونکە خاکی بتەکانە، ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.
JER 50:39 «لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین، کوندەپەپووی تێدا دەژیێت. ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت، نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.
JER 50:40 وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری، هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت، هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 50:41 «ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت، نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا، لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.
JER 50:42 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە، دڵڕەقن و بەزەییان نییە. دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و سواری ئەسپ دەبن، وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.
JER 50:43 پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست، ورەی ڕووخا، تووشی تەنگانە بوو، تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
JER 50:44 ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت، بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان، ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم. کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟ کێ وەک منە و کێ کێشمەکێشم لەگەڵ دەکات؟ ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»
JER 50:45 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە، مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات: بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن، بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
JER 50:46 لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت، قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.
JER 51:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر دەوروژێنم لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای.
JER 51:2 بێگانەکان دەنێرمە بابل بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی، لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن لە ڕۆژی بەڵای ئەودا.
JER 51:3 ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت، ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت. دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن، بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن.
JER 51:4 کوژراوان لە بابل دەکەون، بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی،
JER 51:5 چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە، هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
JER 51:6 «لە بابلەوە هەڵێن! هەرکەسێک با خۆی دەرباز بکات! بە تاوانی ئەو لەناونەچن، چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان، ئەو سزای شایستەی دەدات.
JER 51:7 بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە، هەموو زەوی سەرخۆش کرد. نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە، لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون.
JER 51:8 لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت. واوەیلای بۆ بکەن! هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن، بەڵکو چاک بێتەوە.
JER 51:9 «”بابلمان تیمار کرد، بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە. وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان، چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان، هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“
JER 51:10 «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست، وەرن با لە سییۆن باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“
JER 51:11 «تیرەکان تیژ بکەن، قەڵغانەکان هەڵبگرن! یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە، چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت. یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە، تۆڵەی پەرستگاکەی.
JER 51:12 لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن! پاسەوانیێتی توند بکەن، چاودێر دابنێن، بۆسە بنێنەوە! خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی، بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل.
JER 51:13 ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان، خاوەن گەنجینەی زۆر، کۆتاییت هات، کاتی لەناوچوونت.»
JER 51:14 یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد: «بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە سەرباز، وەک ڕەوە کوللە، هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.»
JER 51:15 «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
JER 51:16 کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
JER 51:17 «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە.
JER 51:18 ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
JER 51:19 بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.
JER 51:20 «تۆ گورزی منی، چەکەکانی جەنگی منی، بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم، بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم،
JER 51:21 بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
JER 51:22 بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم، بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم، بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم،
JER 51:23 بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم.
JER 51:24 «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی بابل دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 51:25 «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم، تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «دەست درێژ دەکەمە سەرت، لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە، دەتکەمە کێوێکی سووتاو.
JER 51:26 ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک، نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان، چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 51:27 «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە، لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن. نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن، ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن: ئارارات و مینی و ئەشکەنەز، ڕابەرێک لە دژی دابنێن، وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن.
JER 51:28 نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن، پاشاکانی ماد، پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان.
JER 51:29 ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت، چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی، بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات، ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت.
JER 51:30 پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا، لە قەڵاکان دانیشتن. هێزیان لەبەر بڕا، وەک ژنیان لێهات. نشینگەکانیان سووتێنرا، شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا.
JER 51:31 نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە، بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون،
JER 51:32 ڕووبارەکان دەستیان بەسەردا گیرا، زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران، جەنگاوەرەکان تۆقین.»
JER 51:33 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «شاری بابل وەک جۆخینێکە کاتی گێرەیەتی، پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.»
JER 51:34 «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد، ئومێدبڕی کردین، ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ. وەک ئەژدیها هەڵیلووشین، سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە، ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.»
JER 51:35 دانیشتووانەکەی سییۆن دەڵێن: «ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.» ئۆرشەلیم دەڵێت: «خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلە.»
JER 51:36 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم، تۆڵەی تۆ دەکەمەوە، دەریاکەی وشک دەکەم، کانییەکانی کوێر دەکەمەوە.
JER 51:37 بابل دەبێتە تەپۆڵکە و داڵدەی چەقەڵ، پەند و مایەی تانە و تەشەر، شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە.
JER 51:38 پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن، وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن.
JER 51:39 کاتێک گەرم دەبن، داوەتیان دەکەم و سەرخۆشیان دەکەم، بۆ ئەوەی دڵخۆش بن، ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 51:40 «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین وەک بەران و نێری.
JER 51:41 «شێشەخ چۆن دەگیرێت، شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت! چۆن وێران بوو، بابل لەنێو نەتەوەکان!
JER 51:42 دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت، بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت.
JER 51:43 شارۆچکەکانی وێران بوون، بوونە بیابان و دەشتی ڕووت، خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت.
JER 51:44 لە بابل سزای بێل دەدەم و ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە. ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن، هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت.
JER 51:45 «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە! هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات!
JER 51:46 ورە بەرمەدەن و مەترسن، کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن، هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە، هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا.
JER 51:47 لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت سزای بتەکانی بابل دەدەم، هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و کوژراوەکانی لە ناوەڕاستی دەکەون.
JER 51:48 ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن، چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن، تەفروتوناکەرەکان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 51:49 «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت، وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی بەهۆی بابلەوە کەوتن.
JER 51:50 ئەی دەربازبووان لە شمشێر، بڕۆن و مەوەستن! لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە، بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.»
JER 51:51 «شەرمەزار بووین، چونکە ڕیسوا بووین و شەرم ڕووی داپۆشین، چونکە بێگانەکان هاتنە ناو پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.»
JER 51:52 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بتەکانی سزا دەدەم، لە هەموو خاکەکەیدا بریندارەکان دەناڵێنن.
JER 51:53 تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش، ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات، تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JER 51:54 «دەنگی هاوار دێت لە بابل، دەنگی شکستێکی گەورە لە خاکی بابلییەکان.
JER 51:55 یەزدان بابل تەفروتونا دەکات، کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت. شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت، دەنگیان هاژەی دێت.
JER 51:56 تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل، پاڵەوانەکانی دەگیرێن، کەوانەکانیان دەشکێنرێت، چونکە یەزدان خودای سزادانە، بە تەواوی سزا دەدات.
JER 51:57 میر و دانا و پارێزگار و فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم، هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی ئەو پاشایەیە کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
JER 51:58 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن، دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن. گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.»
JER 51:59 ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل.
JER 51:60 هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک،
JER 51:61 بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە،
JER 51:62 ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“
JER 51:63 کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات.
JER 51:64 ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“» هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.
JER 52:1 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.
JER 52:2 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.
JER 52:3 لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن. ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.
JER 52:4 ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا.
JER 52:5 هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.
JER 52:6 لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن.
JER 52:7 ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. بە ڕێگای عەراڤادا هەڵاتن،
JER 52:8 بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو،
JER 52:9 جا پاشایان بە دیل گرت. بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد.
JER 52:10 هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد.
JER 52:11 پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد، بردی بۆ بابل و هەتا ڕۆژی مردنی لە بەندیخانە بەندی کرد.
JER 52:12 لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم.
JER 52:13 پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند.
JER 52:14 شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون.
JER 52:15 جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن.
JER 52:16 بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.
JER 52:17 کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد،
JER 52:18 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات.
JER 52:19 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی.
JER 52:20 بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و دوازدە گاکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەدا بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات.
JER 52:21 هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو.
JER 52:22 تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان.
JER 52:23 نەوەد و شەش دانە هەنار لە دەوری هەر ستوونێک هەبوو، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون.
JER 52:24 فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت.
JER 52:25 لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن.
JER 52:26 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل.
JER 52:27 پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی. ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.
JER 52:28 ئەمانە ئەو خەڵکە بوون کە نەبوخودنەسر ڕاپێچی کرد: لە ساڵی حەوتەم، سێ هەزار و بیست و سێ جولەکە؛
JER 52:29 لە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسریش، هەشت سەد و سی و دوو کەس لە ئۆرشەلیم ڕاپێچ کران؛
JER 52:30 ئینجا لە ساڵی بیست و سێیەمی نەبوخودنەسر، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا حەوت سەد و چل و پێنج جولەکەی ڕاپێچ کرد. سەرجەمیان چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.
JER 52:31 لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و پێنجی مانگی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد و هێنایە دەرەوە.
JER 52:32 بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون.
JER 52:33 ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد.
JER 52:34 بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشای بابلەوە پێدەدرا، هەتا ڕۆژی مردنی.
LAM 1:1 چۆن ئەم شارە بەجێهێڵراوە، ئەوەی پڕبوو لە خەڵک! چۆن وەک بێوەژنی لێهات، ئەوەی لەناو نەتەوەکان مەزن بوو! ئەوەی لەنێو هەرێمەکان شاژن بوو ئێستا بووەتە کەنیزە!
LAM 1:2 بە شەو بەکوڵ دەگریێت، فرمێسکی لەسەر گۆناکانییەتی. لەناو هەموو دۆستانی کەس نییە دڵنەوایی بکات. هەموو دڵدارانی ناپاکییان لەگەڵ کرد، بوون بە دوژمنی.
LAM 1:3 لەدوای زەلیلی و کۆیلایەتی سەخت، یەهودا ڕاپێچ کرا، لەنێو نەتەوەکان نیشتەجێ دەبێت، شوێنی ئارام نابینێتەوە. ئەوانەی ڕاوی دەنێن لە ناوەڕاستی تەنگانەدا پێی دەگەن.
LAM 1:4 ئەو ڕێگایانەی بەرەو سییۆنن شین دەگێڕن، لەبەر ئەوەی کەس بۆ جەژنەکان نایەت. هەموو دەروازەکانی چۆڵ دەکرێن، کاهینەکانی دەناڵێنن، پاکیزەکانی خەمبارن، ئەویش تاڵی دەچێژێت.
LAM 1:5 ناحەزەکانی بوونە بە گەورەی ئەو، دوژمنەکانی سەرکەوتوون، چونکە یەزدان خەمباری کرد، لەبەر زۆری گوناهەکانی منداڵەکانی بەرەو خاکی غەریبی بردران، دوژمنەکانیان ڕاپێچیان کردن.
LAM 1:6 سییۆنی کچ هەموو جوانییەکەی ڕۆیشت. میرەکانی وەک ئاسکیان لێهاتووە لەوەڕگایان دەست ناکەوێت، بە بێهێزی دەڕۆن لەبەردەم ئەوانەی ڕاویان دەنێن.
LAM 1:7 لە ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانی، ئۆرشەلیم هەموو خۆشییەکانی خۆی بەبیر هاتەوە، کە لە دێرزەمانەوە بوون. کاتێک گەلەکەی کەوتنە دەستی دوژمن، کەس نەبوو بە هانایەوە بێت. دوژمنان تەماشایان کرد، بە ڕووخانەکەی پێکەنین.
LAM 1:8 ئۆرشەلیم بە تەواوی گوناهی کرد لەبەر ئەوە گڵاو بوو. هەموو ئەوانەی ڕێزیان لێی دەگرت سووکایەتی پێ دەکەن، چونکە ڕووتی ئەویان بینی. ئەویش دەناڵێنێت بەرەو دواوە ڕوو وەردەگێڕێت.
LAM 1:9 گڵاوییەکەی بە دامێنییەوە بوو، بیری لە چارەنووسی خۆی نەکردەوە. کەوتنەکەی سامناک بوو، کەس نەبوو دڵنەوایی بکات. «ئەی یەزدان، تەماشای زەلیلیم بکە، چونکە دوژمن سەرکەوت.»
LAM 1:10 دوژمن دەستی درێژکردووە بۆ سەر هەموو گەنجینەکانی، نەتەوەکانی بینی هاتنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوانەی تۆ فەرمانت دا نەیێنە ناو کۆمەڵەکەی تۆوە.
LAM 1:11 سەراپای خەڵکەکەی دەناڵێنن و بەدوای ناندا دەگەڕێن، گەنجینەکانی خۆیان بە خواردن دەدەن بۆ ئەوەی گیانیان بەبەردا بێتەوە. «ئەی یەزدان، تەماشا بکە و ببینە، چونکە سووک بووم.»
LAM 1:12 «ئایا هیچ بۆ ئێوە نییە، ئەی هەموو ڕێبوارەکان؟ تەماشای دەوروبەر بکەن و ببینن. هیچ ئازارێک هەیە وەک ئازارەکەی من، ئەوەی کە تووشی منی کرد، ئەوەی کە یەزدان بەسەری هێنام، لە ڕۆژی جۆشانی تووڕەییەکەی.
LAM 1:13 «لە سەرەوە ئاگری نارد، بۆ ناو ئێسکەکانم دایبەزاند، تۆڕی بۆ قاچەکانم دانایەوە منی بەرەو پاش گەڕاندەوە. منی وێران کرد، داهێزراو بە درێژایی ڕۆژ.
LAM 1:14 «گوناهەکانم وەک نیر خرانە سەرم، بە دەستەکانی ئەو هۆنرانەوە. گوناهەکانم خرانە سەر ملم و خودا هێزی لێ بڕیم. پەروەردگار منی ڕادەستی کەسانێک کرد کە ناتوانم بەرەنگاریان ببمەوە.
LAM 1:15 «پەروەردگار هەموو پاڵەوانەکانی ڕەتکردەوە کە لەناو مندا بوون. لەشکرێکی لە دژی من بانگکرد بۆ تێکشکاندنی گەنجەکانم. پەروەردگار یەهودای کچە پاکیزەی لەناو گوشەر پڵیشاندەوە.
LAM 1:16 «لەسەر ئەمەیە من دەگریێم، چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن، ئەوەی دڵنەواییم دەکات لێم دوور کەوتووەتەوە، کەس نییە گیان ببوژێنێتەوە. کوڕەکانم وێران بوون، لەبەر ئەوەی دوژمن زاڵ بوو.»
LAM 1:17 سییۆن دەستەکانی پان دەکاتەوە، بەڵام کەس نییە دڵنەوایی بکات. یەزدان فەرمانی دا لە دژی یاقوب کە دراوسێکانی دوژمنی ئەو بن. ئۆرشەلیم لەناویاندا گڵاو بوو.
LAM 1:18 «یەزدان ڕاستودروستە، بەڵام من لە دژی فەرمانی ئەو یاخی بووم. ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن، تەماشای ئازارەکانم بکەن. پاکیزە و لاوەکانم ڕاپێچ کران.
LAM 1:19 «هاوارم بردە لای هاوپەیمانەکانم، بەڵام هەڵیانخەڵەتاندم. کاهین و پیرەکانم لە شاردا لەناوچوون لەو کاتەی بەدوای خۆراکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی لە ژیانیان بەردەوام بن.
LAM 1:20 «ئەی یەزدان، ببینە، من لە تەنگانەدام! دڵم توندە، من لە ناخەوە پەستم، چونکە زۆر یاخی بووم. لە دەرەوە شمشێر دەستبەکارە، لە ماڵەوەش تەنها مردن هەیە.
LAM 1:21 «خەڵک ناڵەی منیان بیست، بەڵام کەس نییە دڵنەواییم بکات. هەموو دوژمنەکانم بەڵای منیان بیست، دڵخۆش بوون بەوەی تۆ بە منت کردووە. خۆزگە ئەو ڕۆژەت بەسەردەهێنان کە باست کرد، ئینجا وەک منیان لێدێت.
LAM 1:22 «با هەموو خراپەکانیان بێنە بەردەمت، وایان بەسەربهێنە وەک ئەوی بەسەر منت هێنا لەسەر هەموو گوناهەکانم. زۆر دەناڵێنم و دڵم لاواز بووە.»
LAM 2:1 چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی بە هەوری تووڕەییەکەی! لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا بۆ سەر زەوی، لە ڕۆژی تووڕەییدا تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.
LAM 2:2 پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە، هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی، بە تووڕەیی خۆی قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند. پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد دایگرتنە سەر زەوی.
LAM 2:3 بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە هەموو هێزی ئیسرائیل. دەستی ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە لەبەردەم دوژمن. ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند، هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.
LAM 2:4 وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا، دەستی ڕاستی ئامادە کرد. وەک ناحەز لەناوی برد هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد. لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.
LAM 2:5 پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات، ئیسرائیلی هەڵلووشی. هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی، قەڵاکانی ڕووخاند. شیوەن و ماتەمی زۆر کرد بۆ یەهودای کچ.
LAM 2:6 کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما، شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند. یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە ڕۆژی شەممە و جەژنەکان. بە تووڕەیی خۆی پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.
LAM 2:7 پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە، وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا. دیواری کۆشکەکانی ڕادەستی دوژمنەکانی کرد. لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی وەک لە ڕۆژی جەژندا.
LAM 2:8 شووراکانی سییۆنی کچ یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت. بە گوریس پێوای و دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە. سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و پێکەوە ڕووخان.
LAM 2:9 دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون، شمشیرەکانی لەناوبرد و شکاندی. پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون، فێرکردنی موسا نەماوە، هەروەها پێغەمبەرەکانیشی هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.
LAM 2:10 پیرەکانی شاری سییۆن بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن، خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن، جلوبەرگی گوش لەبەر دەکەن. پاکیزەکانی ئۆرشەلیم سەریان دادەنەوێنن.
LAM 2:11 چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن، دڵم توندە، جەرگ بڕاوم لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو، لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.
LAM 2:12 بە دایکیان دەڵێن: «کوا نان و ئاو؟» کاتێک وەک بریندار لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە، کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت لەناو باوەشی دایکیان.
LAM 2:13 چیت پێ بڵێم؟ ئەی ئۆرشەلیمی کچ، بە چیت بچووێنم؟ بە چی بەراوردت بکەم، بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە، ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟ وێران بوونت وەک دەریا قووڵە. کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟
LAM 2:14 بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت درۆ و فریودەر بوو، تاوانی تۆیان دەرنەخست بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن. بەڵکو سروشی درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.
LAM 2:15 هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات، فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن لەبەر ئۆرشەلیمی کچ، دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»
LAM 2:16 هەموو دوژمنەکانت دەمیان لێت دەکرێتەوە، فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە، دەڵێن: «هەڵمانلووشی. بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین، پێی گەیشتین و بینیمان.»
LAM 2:17 یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی، قسەی خۆی بەجێگەیاند، ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا. بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند، دوژمنی پێت خۆشکرد، هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.
LAM 2:18 دڵی خەڵکەکە بۆ پەروەردگار هاوار دەکات. ئەی شووراکانی سییۆنی کچ، با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت بە شەو و بە ڕۆژ. خۆت مەبووژێنەوە، چاوەکانت پشوو نەدات.
LAM 2:19 هەستە، بە شەو هاوار بکە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن. وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە لەبەردەم پەروەردگار. دەستت بۆی بەرز بکەوە لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت، ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.
LAM 2:20 «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە، ئەمەت بە کێ کردووە؟ ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات، منداڵی باوەشی؟ ئایا کاهین و پێغەمبەر لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟
LAM 2:21 «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن لەسەر زەوی شەقامەکان، پاکیزە و لاوەکانم بە شمشێر کوژراون. لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت، ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.
LAM 2:22 «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن، ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد. لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو، ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن، دوژمن لەناوی بردن.»
LAM 3:1 من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.
LAM 3:2 منی بە پێش خۆی دا و منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.
LAM 3:3 بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.
LAM 3:4 گۆشت و پێستی منی پیرکرد، ئێسکەکانی شکاندم.
LAM 3:5 دەوری گرتم و گەمارۆی دام بە ژەهر و ناخۆشی.
LAM 3:6 ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.
LAM 3:7 لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم، زنجیرەکانی منی قورس کرد.
LAM 3:8 هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم، بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.
LAM 3:9 بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت، ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.
LAM 3:10 وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە، وەک شێرێک خۆی مات دەکات،
LAM 3:11 منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم، منی وێران کرد.
LAM 3:12 کەوانەکەی ڕاکێشا منی کردە نیشانەی تیرەکانی.
LAM 3:13 تیرەکانی تیردانەکەی لە دڵم چەقاند.
LAM 3:14 هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.
LAM 3:15 تێری کردم لە تاڵی، زەقنەبووتی دەرخوارد دام.
LAM 3:16 بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد، منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.
LAM 3:17 من لە ئاشتی بێبەش کراوم، سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.
LAM 3:18 ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما، هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»
LAM 3:19 دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم، وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
LAM 3:20 بە باشی بەبیرم دێتەوە، لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
LAM 3:21 بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و لەبەر ئەوە هیوام هەیە:
LAM 3:22 بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین، چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
LAM 3:23 ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛ دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
LAM 3:24 بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە، لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»
LAM 3:25 یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە، بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
LAM 3:26 باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.
LAM 3:27 باشە پیاو نیر هەڵبگرێت هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.
LAM 3:28 با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت، چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.
LAM 3:29 با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ، لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.
LAM 3:30 با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات، با تێربێت لە ڕیسوایی.
LAM 3:31 چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.
LAM 3:32 لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات، بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
LAM 3:33 ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و دڵتەنگی ناکات.
LAM 3:34 تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی لەژێر پێ،
LAM 3:35 یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی لەبەردەم خودای هەرەبەرز،
LAM 3:36 یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری، ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟
LAM 3:37 کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ، ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟
LAM 3:38 ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟
LAM 3:39 بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟
LAM 3:40 با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.
LAM 3:41 با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:
LAM 3:42 «ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین، تۆش لێمان خۆش نەبوویت.
LAM 3:43 «خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین، بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.
LAM 3:44 بە هەور خۆت داپۆشی بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.
LAM 3:45 ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو لەنێو گەلان.
LAM 3:46 «هەموو دوژمنانمان دەمیان لێمان کردەوە.
LAM 3:47 ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا، لەناوچوون و وێرانی.»
LAM 3:48 چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.
LAM 3:49 چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن بەبێ پسانەوە،
LAM 3:50 تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.
LAM 3:51 ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.
LAM 3:52 ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.
LAM 3:53 بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ، بەردیان تێمگرت.
LAM 3:54 نوقومی ئاو بووم، گوتم: «خەریکە بمرم.»
LAM 3:55 ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.
LAM 3:56 گوێت لە دەنگم بوو: «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»
LAM 3:57 ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە، فەرمووت: «مەترسە!»
LAM 3:58 ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد، ژیانی منت کڕییەوە.
LAM 3:59 ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی. دادوەری کێشەکەم بکە!
LAM 3:60 هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.
LAM 3:61 ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛
LAM 3:62 ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من باسی دەکەن و دەیچرپێنن.
LAM 3:63 تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان، بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.
LAM 3:64 ئەی یەزدان، سزایان بدە، بەپێی کردەوەکانی دەستیان.
LAM 3:65 پێچە لەسەر دڵیان دابنێ، با نەفرەتت لەسەریان بێت!
LAM 3:66 بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە لەژێر ئاسمانی یەزداندا.
LAM 4:1 چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات، زێڕی بێگەرد گۆڕا! بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
LAM 4:2 چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن، ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران، ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران، دەستکردی دەستی گۆزەکەر!
LAM 4:3 تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن، بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.
LAM 4:4 لەبەر تینووێتی شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا. منداڵەکان داوای نان دەکەن، بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.
LAM 4:5 ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد لە شەقامەکاندا وێران بوون، ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.
LAM 4:6 سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو لە سزای گوناهەکەی سەدۆم، ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
LAM 4:7 میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون، لە شیر سپیتر بوون، جەستەیان لە یاقووت سوورتر بوو، وەک یاقووتی شین بوون.
LAM 4:8 بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە، لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە. پێستیان بە ئێسکیانەوە نووساوە وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕاوە.
LAM 4:9 ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون لەوانەی بە قاتوقڕی مردن. ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت، چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.
LAM 4:10 دایکە میهرەبانەکان بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا، کردیان بە خۆراک کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.
LAM 4:11 یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت، هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت. ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد بناغەکانی سووتاند.
LAM 4:12 پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان باوەڕیان نەکرد کە دوژمن و ناحەز دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.
LAM 4:13 بەڵام لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی و تاوانی کاهینەکانی ڕوویدا، ئەوانەی لە ناوەڕاستیدا خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت.
LAM 4:14 بە شەقامەکاندا وێڵ بوون وەک کوێر. خۆیان بە خوێن گڵاوکرد، کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.
LAM 4:15 خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە! دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!» کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون، لەناو گەلاندا گوتیان، «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»
LAM 4:16 یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن، ئیتر چاودێرییان ناکات. خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت، لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.
LAM 4:17 سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی، لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.
LAM 4:18 تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین. کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە، چونکە کۆتاییمان هات.
LAM 4:19 ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون لە هەڵۆکانی ئاسمان، بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن، لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.
LAM 4:20 پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە، لە بۆسەکانیان گیرا، ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا لەنێو گەلان دەژین.
LAM 4:21 ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە، ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ. بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت، سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.
LAM 4:22 ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت، ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە. بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات، گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.
LAM 5:1 ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات، تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.
LAM 5:2 میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو، ماڵمان بۆ بێگانە.
LAM 5:3 هەتیو و بێ باوک بووین، دایکانمان وەک بێوەژنن.
LAM 5:4 دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.
LAM 5:5 ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە، ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.
LAM 5:6 دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.
LAM 5:7 باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان، ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.
LAM 5:8 کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن، کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.
LAM 5:9 بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.
LAM 5:10 پێستمان وەک تەنوور سووتاوە، لەبەر برسیێتی برژاوین.
LAM 5:11 لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان، پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.
LAM 5:12 میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن، ڕێز لە پیران ناگیرێت.
LAM 5:13 لاوانیان دەهاڕدرێن، منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.
LAM 5:14 پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن، لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.
LAM 5:15 خۆشی دڵمان نەما، شاییمان بوو بە شیوەن.
LAM 5:16 تاجی سەرمان کەوت. قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!
LAM 5:17 لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا، لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،
LAM 5:18 لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو، چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.
LAM 5:19 ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت، تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
LAM 5:20 بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟ بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟
LAM 5:21 ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە، وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،
LAM 5:22 یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟
EZE 1:1 لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم، کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم.
EZE 1:2 ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو. لە پێنجی مانگدا،
EZE 1:3 فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.
EZE 1:4 جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدابوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو.
EZE 1:5 لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو،
EZE 1:6 بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو.
EZE 1:7 قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە.
EZE 1:8 لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو،
EZE 1:9 باڵەکانیشیان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا.
EZE 1:10 ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ،
EZE 1:11 ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی.
EZE 1:12 هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا.
EZE 1:13 هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو.
EZE 1:14 گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون.
EZE 1:15 تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی.
EZE 1:16 دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت.
EZE 1:17 کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا.
EZE 1:18 هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو لە هەر چواردەوریاندا.
EZE 1:19 کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە.
EZE 1:20 بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.
EZE 1:21 کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.
EZE 1:22 لە سەرەوە بەسەر سەری گیانلەبەرەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، وەک دیمەنی بلوور دەبریسکایەوە و ترسناک بوو.
EZE 1:23 لەژێر بۆشاییەکە باڵەکانیان بەرەو یەکتر درێژ ببوونەوە، هەروەها هەریەکە دوو باڵی دیکەی هەبوو کە لەشیانی دادەپۆشی.
EZE 1:24 کە ڕۆیشتن گوێم لە دەنگی باڵەکانیان بوو وەک دەنگی هاژەی ئاوێکی زۆر بوو، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا، وەک دەنگی هاتوهاواری سوپا. کاتێک کە ڕاوەستان باڵەکانیان شۆڕ کردەوە.
EZE 1:25 کاتێک کە ڕاوەستان و باڵەکانیان شۆڕکردەوە، دەنگێک لە بۆشاییەکەی سەر سەریانەوە هات.
EZE 1:26 لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو.
EZE 1:27 بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی.
EZE 1:28 وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری. ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.
EZE 2:1 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.»
EZE 2:2 کە قسەی بۆ دەکردم، ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم، گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم.
EZE 2:3 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم، بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون، ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە.
EZE 2:4 ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن، من بۆ لای ئەوان دەتنێرم، پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“
EZE 2:5 هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، گوێ بگرن یان نەیگرن، دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە.
EZE 2:6 بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە. مەترسە، هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت. لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە.
EZE 2:7 هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت، گوێ بگرن یان نەیگرن.
EZE 2:8 ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»
EZE 2:9 کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە.
EZE 2:10 لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.
EZE 3:1 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.»
EZE 3:2 منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.
EZE 3:3 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.
EZE 3:4 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ.
EZE 3:5 بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل،
EZE 3:6 نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت.
EZE 3:7 بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن.
EZE 3:8 لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان.
EZE 3:9 ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»
EZE 3:10 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، گوێ لە هەموو ئەو قسەیە بگرە کە من پێتی دەڵێم و لە دڵتدا هەڵیبگرە.
EZE 3:11 بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»
EZE 3:12 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە.
EZE 3:13 دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، وەک دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون.
EZE 3:14 جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم.
EZE 3:15 ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێل‌ئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.
EZE 3:16 دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 3:17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، ئیتر وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و بە ناوی من ئاگاداریان بکەرەوە.
EZE 3:18 کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”سزاکەت مردنە“ و تۆش بەدکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە و قسە نەکەیت وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ.
EZE 3:19 بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و ئەویش واز لە بەدکاری و لە ڕێگا خراپەکەی نەهێنێت، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.
EZE 3:20 «ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ.
EZE 3:21 بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»
EZE 3:22 لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.»
EZE 3:23 منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم.
EZE 3:24 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە.
EZE 3:25 تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان.
EZE 3:26 منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
EZE 3:27 بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
EZE 4:1 «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە.
EZE 4:2 گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ.
EZE 4:3 ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
EZE 4:4 «ئینجا لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
EZE 4:5 منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
EZE 4:6 «کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک.
EZE 4:7 جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە.
EZE 4:8 من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.
EZE 4:9 «تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت.
EZE 4:10 ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت.
EZE 4:11 ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە.
EZE 4:12 کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.»
EZE 4:13 یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»
EZE 4:14 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»
EZE 4:15 ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»
EZE 4:16 هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە.
EZE 4:17 ئیتر نان و ئاویان کەم دەبێت و لە دیمەنی یەکتر دەتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو دەچن.
EZE 5:1 «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە.
EZE 5:2 کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لە ناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
EZE 5:3 چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە.
EZE 5:4 هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.
EZE 5:5 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا.
EZE 5:6 جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.
EZE 5:7 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.
EZE 5:8 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم.
EZE 5:9 لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە.
EZE 5:10 لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم.
EZE 5:11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم.
EZE 5:12 سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
EZE 5:13 «ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.
EZE 5:14 «وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک.
EZE 5:15 جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
EZE 5:16 کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم.
EZE 5:17 کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
EZE 6:1 هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 6:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە چیاکانی ئیسرائیل بکە و پێشبینی لە دژی بکە.
EZE 6:3 بڵێ: ”ئەی چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن. یەزدانی باڵادەست بە چیاکان و بە گردەکان، بە شیوەکان و بە دۆڵەکان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم شمشێرێکتان بەسەردا دەهێنم و نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانتان لەناودەبەم.
EZE 6:4 جا قوربانگاکانتان وێران دەبن و قوربانگاکانی بخوورتان دەشکێن و کوژراوەکانتان فڕێدەدەمە بەردەم بتەکانتان.
EZE 6:5 لاشەکانی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم بتەکانیان دادەنێم و ئێسکەکانتان لە دەوری قوربانگاکانتان بڵاو دەکەمەوە.
EZE 6:6 لە هەموو نشینگەکانتان شارۆچکەکان چۆڵ دەبن، نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان کاول دەبن بۆ ئەوەی قوربانگاکانتان چۆڵ و وێران بن، بتەکانیشتان دەشکێن و نامێنن، قوربانگاکانی خۆرتان دەبڕێنەوە، دروستکراوەکانتان دەسڕێنەوە.
EZE 6:7 خەڵکانێک لەنێوتان دەکوژرێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 6:8 «”لەگەڵ ئەوەشدا پاشماوەتان لێ دەهێڵمەوە، کاتێک لەنێو خاک و نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەبن و لە شمشێر دەرباز دەبن.
EZE 6:9 دەربازبووانی ئەوان لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆیان ڕاپێچ کرابوون یادم دەکەنەوە و دێتەوە یادیان کە چۆن بەهۆی دڵە سۆزانییەکەیان و چاویان کە ئارەزووی بتیان دەکرد و بەهۆی بێوەفاییان بەرامبەر بە من دڵیان شکاندم. ئەو کاتە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە لەبەر ئەو خراپەی کردوویانە و لەبەر هەموو نەریتە قێزەونەکانیان.
EZE 6:10 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، لەخۆڕایی نەمفەرموو کە ئەم کارەساتەیان بەسەردا دەهێنم.
EZE 6:11 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە دەستت لێ بدە و بە پێیەکانت بکوتە و بڵێ، ’ئای بە داخەوە!‘ لەبەر هەموو ئەو نەریتە خراپ و قێزەونانەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەمرن.
EZE 6:12 ئەوەی دوورە بە دەرد دەمرێت و ئەوەی نزیکە بە شمشێر دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە و پارێزراوە بە قاتوقڕی دەمرێت. جا تووڕەییم بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
EZE 6:13 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک کوژراوەکانیان لەنێو بتەکانیان لە چواردەوری قوربانگاکانیان دەکەون، لەسەر هەموو گردێکی بەرز، لەسەر لووتکەی هەموو چیاکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوز و دار بەڕووێکی گەڵادار، لە هەر شوێنێک بخووری بۆنخۆشیان پێشکەش بە بتەکانیان دەکرد.
EZE 6:14 دەستم بۆیان درێژ دەکەم و خاکەکە چۆڵ و کاول دەکەم، لە چۆڵەوانییەوە هەتا دیڤلە، لە هەموو نشینگەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 7:1 هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 7:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت: «”کۆتایی! کۆتاییەکە هات! هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.
EZE 7:3 ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە، تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم. بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.
EZE 7:4 جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و دەستم لێت ناپارێزم، بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم، سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“
EZE 7:5 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”بەڵایەک دێت! بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!
EZE 7:6 کۆتاییەکە هات! کۆتاییەکە هات! ئاوڕی لێت دایەوە، ببینە، وا هات!
EZE 7:7 ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت، کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە، لەسەر چیاکان هاتوهەرایە، نەک هاواری خۆشی.
EZE 7:8 ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم، بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.
EZE 7:9 جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و دەستم لێت ناپارێزم، بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم، سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن. ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.
EZE 7:10 «”ئەوەتا ڕۆژەکە! ئەوەتا هات! چەرخ سووڕایەوە، داردەست گوڵی کرد، لووتبەرزی چرۆی کرد!
EZE 7:11 ستەم بووە داردەستی خراپە، نە خۆیان و نە سامانیان و نە هاتوهەرایان دەمێنێت، شکۆیان نامێنێت.
EZE 7:12 کاتەکە هاتووە! ڕۆژەکە گەیشتووە! ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و نە فرۆشیار خەمبار دەبێت، چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
EZE 7:13 فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت فرۆشراو وەرناگرێتەوە، چونکە ئەو پەیامەی خودا بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە، مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.
EZE 7:14 «”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن، بەڵام کەس ناچێتە جەنگ، چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
EZE 7:15 شمشێر لە دەرەوە و دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە. ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت، ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.
EZE 7:16 ئەوانەی دەرباز دەبن هەڵدێن بۆ چیاکان و وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن، هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.
EZE 7:17 هەموو دەستەکان شل دەبن و هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.
EZE 7:18 جلوبەرگی گوش دەپۆشن و ترس دایاندەگرێت. ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و سەریان دەڕووتێتەوە.
EZE 7:19 «”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و زێڕیان دەبێتە گڵاوی. زێڕ و زیویان ناتوانێت لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت. بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن، چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.
EZE 7:20 بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا، وێنەی قێزەونیان دروستکرد. لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.
EZE 7:21 دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی، هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی، جا گڵاوی دەکەن.
EZE 7:22 ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن، توندوتیژەکان دێنە ناویەوە، ئەوێ گڵاو دەکەن.
EZE 7:23 «”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن! چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن، شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.
EZE 7:24 جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن، شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم، پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.
EZE 7:25 لە کاتی تۆقینیان داوای ئاشتی دەکەن و نییە.
EZE 7:26 بەڵا لەسەر بەڵا و هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت، داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن، فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت، ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.
EZE 7:27 پاشا دەگریێت و میر نائومێد دەبێت، دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت. بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 8:1 ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم، کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم.
EZE 8:2 جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو.
EZE 8:3 شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت.
EZE 8:4 شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
EZE 8:5 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
EZE 8:6 پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
EZE 8:7 ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی.
EZE 8:8 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
EZE 8:9 پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.»
EZE 8:10 منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە.
EZE 8:11 حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لە ناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
EZE 8:12 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“»
EZE 8:13 ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
EZE 8:14 پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز دەگریێن.
EZE 8:15 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
EZE 8:16 ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
EZE 8:17 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە.
EZE 8:18 لەبەر ئەوە من بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»
EZE 9:1 ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.»
EZE 9:2 شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لە ناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.
EZE 9:3 شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو،
EZE 9:4 یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێبپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»
EZE 9:5 ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ.
EZE 9:6 پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.
EZE 9:7 پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد.
EZE 9:8 لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»
EZE 9:9 پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن: ”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“
EZE 9:10 لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»
EZE 9:11 ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!»
EZE 10:1 ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا.
EZE 10:2 یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.
EZE 10:3 کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە.
EZE 10:4 شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان.
EZE 10:5 دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا کە قسە بکات.
EZE 10:6 کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی: «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا.
EZE 10:7 کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە.
EZE 10:8 لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.
EZE 10:9 تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو.
EZE 10:10 هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت.
EZE 10:11 کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا.
EZE 10:12 هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە.
EZE 10:13 گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە».
EZE 10:14 هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.
EZE 10:15 ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم.
EZE 10:16 لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە.
EZE 10:17 کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە کەڕوبەکان بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.
EZE 10:18 ئینجا شکۆمەندی یەزدان بەردەرگای پەرستگای بەجێهێشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا.
EZE 10:19 لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
EZE 10:20 ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن.
EZE 10:21 هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو.
EZE 10:22 شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.
EZE 11:1 ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی.
EZE 11:2 یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن،
EZE 11:3 دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“
EZE 11:4 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»
EZE 11:5 جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە.
EZE 11:6 زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.
EZE 11:7 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لە ناوەڕاستی دەردەکەم.
EZE 11:8 ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 11:9 لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم.
EZE 11:10 بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 11:11 ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم.
EZE 11:12 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»
EZE 11:13 کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»
EZE 11:14 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 11:15 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوور کەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“
EZE 11:16 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پیرۆزگایەک لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“
EZE 11:17 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“
EZE 11:18 «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن.
EZE 11:19 یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ،
EZE 11:20 بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
EZE 11:21 بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 11:22 ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
EZE 11:23 شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە.
EZE 11:24 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان. لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما،
EZE 11:25 ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.
EZE 12:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 12:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
EZE 12:3 «لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.
EZE 12:4 بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن.
EZE 12:5 بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە.
EZE 12:6 بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»
EZE 12:7 منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.
EZE 12:8 بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 12:9 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
EZE 12:10 «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“
EZE 12:11 بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“ «من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.
EZE 12:12 «ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت.
EZE 12:13 منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت.
EZE 12:14 هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
EZE 12:15 «ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم.
EZE 12:16 چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
EZE 12:17 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 12:18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە.
EZE 12:19 بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی.
EZE 12:20 شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 12:21 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 12:22 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟
EZE 12:23 لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی،
EZE 12:24 چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت.
EZE 12:25 بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 12:26 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 12:27 «ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“
EZE 12:28 «لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 13:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 13:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە لەسەر پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەخۆیانەوە پێشبینی دەکەن: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن!
EZE 13:3 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو پێغەمبەرە گێلانەی بەدوای ڕۆحی خۆیان کەوتوون و هیچیان نەبینیوە.
EZE 13:4 ئەی ئیسرائیل، پێغەمبەرەکانتان وەک چەقەڵی ناو کەلاوەیان لێ هاتووە.
EZE 13:5 سەرنەکەوتن کەلێنی دیوارێک بگرن، شوورایەکیشتان بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بنیاد نەنایەوە بۆ ئەوەی لە جەنگ بەرگریتان لێ بکات لە ڕۆژی یەزدان.
EZE 13:6 ئەوانەی بینینیان بەتاڵ و فاڵگرتنەوەیان درۆ بوو، دەڵێن: ’سروشی یەزدانە‘ و هەرچەندەش یەزدان ئەوانی نەناردووە، کەچی چاوەڕێی هاتنەدی پێشبینییەکەیان بوون.
EZE 13:7 ئایا بینینی بەتاڵتان بۆ ئاشکرا نەکرا و بە فاڵگرتنەوەی درۆ قسەتان نەکرد، کە دەڵێن: ’سروشی یەزدانە،‘ من قسەم نەکردووە؟
EZE 13:8 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە بە بەتاڵی قسەتان کرد و بینینەکانتان درۆ بوون، لەبەر ئەوە من لە دژی ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 13:9 دەستیشم لە دژی ئەو پێغەمبەرانە دەبێت کە بینینەکانیان درۆ بوون، بینینیان بەتاڵە و فاڵگرتنەوەیان درۆیە. لەناو ئەنجومەنی گەلەکەم نابن و لەناو کتێبی بنەماڵەی ئیسرائیل ناویان نانووسرێت و ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
EZE 13:10 «”لەبەر ئەوەی گەلەکەی منیان گومڕا کرد، دەڵێن: ’ئاشتی!‘ ئاشتیش نییە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو دیوارە لاوازەی خەڵکی بنیادی دەنێن، ئەوان بە گەچ سواخی دەدەن،
EZE 13:11 بەوانە بڵێ کە بە گەچ سواخی دەدەن: ’دەکەوێت!‘ بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەی تەرزە بەردینەکان ئێوەش دەبارن و بایەکی بەهێزیش کەلێنی تێدەکات.
EZE 13:12 ئەوەتا کە دیوارەکە دەڕووخێت، ئایا پێتان ناڵێن: ’کوا ئەو گەچەی پێتان سواخ دابوو؟‘
EZE 13:13 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە تووڕەییمدا بە بایەکی بەهێز کەلێنی تێدەکەم، لە هەڵچوونم بارانی بەخوڕ و تەرزەی بەردین دەنێرم بۆ لەناوبردنی.
EZE 13:14 ئەو دیوارە دەڕووخێنم کە بە گەچ سواختان داوە، لەگەڵ زەوی تەختی دەکەم، بناغەکانی دەردەکەون. کاتێک دیوارەکە دەکەوێت، ئێوەش لەناویدا دەفەوتێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 13:15 جا تووڕەیی خۆم دەڕێژم بەسەر دیوارەکە و ئەوانەی بە گەچ سواخیان داوە، پێتان دەڵێم: ’دیوارەکە و ئەوانەش کە بە گەچ سواخیان داوە نەماون،
EZE 13:16 ئەو پێغەمبەرانەی ئیسرائیل کە پێشبینییان بۆ ئۆرشەلیم کرد و بینینی ئاشتییان ڕاگەیاند، هیچ ئاشتیش نەبوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.‘ “
EZE 13:17 «ئێستاش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کچانی گەلەکەت بکە، ئەوانەی لە خۆیانەوە پێشبینی دەکەن، پێشبینی لەسەر ئەوان بکە و
EZE 13:18 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟
EZE 13:19 ئێوە لەلای گەلەکەم لەبەر مشتێک جۆ و هەندێک لەتە نان گڵاوم دەکەن. بە درۆکردنتان بۆ گەلەکەم کە گوێ لە درۆ دەگرن، ئێوە ئەو کەسانەی کە شایستەی مردن نەبوون کوشتووتانن و ئەوانەی شایستەی ژیان نەبوون بە زیندوویی هێشتووتتانەوە.
EZE 13:20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم.
EZE 13:21 سەرپۆشەکانتان دەدڕێنم و فریای گەلەکەم دەکەوم لە دەستتان، لەمەودوا لەناو دەستتان نابن بۆ ڕاوکردنیان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 13:22 لەبەر ئەوەی بە درۆ دڵی ڕاستودروستتان خەمبار کرد کە من خەمبارم نەکردبوو، هەروەها خراپەکارتان هاندا هەتا لە ڕێگا خراپەکانی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژیێت،
EZE 13:23 هەر بۆیە لەمەودوا بینینی بەتاڵیان بۆ ئاشکرا ناکرێت و چیتر فاڵ ناگرنەوە، فریای گەلەکەی خۆم دەکەوم لە دەستتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 14:1 چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن.
EZE 14:2 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 14:3 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟
EZE 14:4 لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە.
EZE 14:5 وا دەکەم بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەی ئیسرائیل بەدەستبهێنمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“
EZE 14:6 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن.
EZE 14:7 «”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە.
EZE 14:8 ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند. لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 14:9 «”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد، من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم.
EZE 14:10 تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت، تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت.
EZE 14:11 ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە گڵاو دەبن بەهۆی هەموو گوناهەکانیان، بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 14:12 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 14:13 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەگەر هەر نەتەوەیەک دەرحەق بە من گوناه بکات، بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات، منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری، مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،
EZE 14:14 هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت، نوح و دانیال و ئەیوب، ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 14:15 «ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکی ئەو نەتەوەیەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار،
EZE 14:16 بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 14:17 «یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم: ”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“ ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،
EZE 14:18 بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها خۆیان دەرباز دەکەن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 14:19 «یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە،
EZE 14:20 ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لە ناوەڕاستی بوون، بە گیانی خۆم، ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون، بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 14:21 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی چەند زیاتر، کاتێک چوار حوکمە توندەکانم دەنێرمە سەر ئۆرشەلیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە.
EZE 14:22 بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون، کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن. ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا.
EZE 14:23 کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن، ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن، چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 15:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 15:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە بەراورد لەگەڵ لقی هەر دارێک لەو دارانەی لە دارستاندان، لقی دار مێو چییە؟
EZE 15:3 ئایا دار لەم لقە دەبردرێت بۆ دروستکردنی هەر شتێک لە هەر کارێک، یان سنگۆلکەی دیواری لێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلێکی پێدا هەڵبواسن؟
EZE 15:4 دوای ئەوەی دەبێت بە خۆراکی ئاگر و ئاگر لە هەردوو سەرەوە دەیخوات و ناوەڕاستەکەی دەسووتێنێت، ئایا ئیتر بە کەڵکی هیچ شتێک دێت؟
EZE 15:5 ئەو کاتەی کە ساغ بوو بە کەڵکی هیچ نەدەهات، دوای ئەوەی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن بە کەڵک دێت؟
EZE 15:6 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: وەک لقی دار مێو لەنێو لقەکانی دارستان، ئەوەی کردم بە خۆراکی ئاگر، ئاواش لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکەم.
EZE 15:7 ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم. هەرچەندە لە ئاگر هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام ئاگرەکە دەیانخوات. کاتێک ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم، ئەوا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 15:8 خاکەکە وێران دەکەم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 16:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 16:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئۆرشەلیم ڕووبەڕووی کارە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە و
EZE 16:3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست بە ئۆرشەلیم ئەمە دەفەرموێت: ڕەچەڵەک و لەدایکبوونت لە خاکی کەنعان بوو. باوکت ئەمۆری بوو، دایکیشت حیتی.
EZE 16:4 ئەو ڕۆژەی لەدایک بوویت ناوکت نەبڕاوە، بۆ پاکبوونەوە بە ئاو نەشوشترای، بە خوێ سوێر نەکرایت، قۆنداغ نەکرایت.
EZE 16:5 هیچ چاوێک بە میهرەبانییەوە تەماشای نەکردیت و دڵی پێت نەسووتا هەتا یەکێک لەمانەت بۆ بکات، بەڵکو ئەو ڕۆژەی لەدایک بووی لەبەر بێزلێبوونەوە لە دەشتودەر فڕێدرایت.
EZE 16:6 «”من بەلاتدا تێپەڕیم و بینیم خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت، کە لە خوێنی خۆتدا پاڵکەوتبوویت، پێم فەرموویت: ’بژی!‘
EZE 16:7 وەک ڕووەکی کێڵگە من خزمەتم کردیت بۆ ئەوەی پێ بگەیت، ئیتر گەشەت کرد و گەورە بوویت و گەیشتیت بە تەمەنی هەرزەکاری. مەمکەکانت بناغەیان دانا و مووی لەشت درێژبوو، ئەو کاتە تۆ ڕووتوقووت بوویت.
EZE 16:8 «”دیسان بەلاتدا تێپەڕیم و تۆم بینی، ئەوەتا تەمەنی دڵداریتە. ئینجا دامێنی کراسەکەم بەسەرتدا دا و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و پەیمانم لەگەڵتدا بەست، لەبەر ئەوە تۆ بوویتە هی من. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 16:9 «”بە ئاو تۆم شوشت و خوێنەکەتم لێت پاککردەوە، ئینجا بە زەیت چەورم کردیت.
EZE 16:10 جلێکی نەخشێنراوم لەبەرکردیت و پێڵاوی پێستی مانگای دەریام لە پێ کردیت. کەوایەکی کەتانی ناسکم خستە سەر شانت و بە حەریر تۆم پۆشی.
EZE 16:11 بە خشڵ تۆم ڕازاندەوە، بازنم لە دەستت کرد، ملوانکەم لە مل کردیت،
EZE 16:12 خەزێمم لە لووتت کرد، گوارەشم لە گوێت کرد و تاجی جوانیم لە سەرت نا.
EZE 16:13 جا بە زێڕ و زیو خۆتت ڕازاندەوە، کەتانی ناسک و حەریر و قوماشی نەخشێنراو بەرگت بوو. باشترین ئارد و هەنگوین و زەیتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئەوە بوویت ببیتە شاژن.
EZE 16:14 لەبەر جوانیت ناوبانگت لەنێو نەتەوەکان دەرکرد، چونکە بەهۆی شکۆمەندییەکەم کە پێم بەخشیبوویت جوانییەکەت تەواو بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 16:15 «”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەست، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو.
EZE 16:16 لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت.
EZE 16:17 کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن.
EZE 16:18 جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا.
EZE 16:19 هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 16:20 «”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟
EZE 16:21 هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟
EZE 16:22 لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت.
EZE 16:23 «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت،
EZE 16:24 تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد.
EZE 16:25 لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد.
EZE 16:26 لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم.
EZE 16:27 لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد.
EZE 16:28 بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت.
EZE 16:29 سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت.
EZE 16:30 «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا.
EZE 16:31 گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.
EZE 16:32 «”ئەی ژنی بەدڕەوشت، ئەوەی کە لە جێی مێردەکەی بێگانان دەبات!
EZE 16:33 هەموو لەشفرۆشێک کرێ وەردەگرێت، بەڵام تۆ دیاریت دایە هەموو دۆستەکانی خۆت، بەرتیلت دانێ هەتا لە هەموو لایەکەوە بێن و داوێنپیسیت لەگەڵ بکەن.
EZE 16:34 جا لە لەشفرۆشییەکەتدا پێچەوانەی لەشفرۆشانی دیکە بوویت، چونکە بەدوای تۆ نەدەکەوتن بۆ لەشفرۆشی، بەڵکو تۆ کرێت دەدا و هیچ کرێیەک بە تۆ نەدەدرا، جا بە پێچەوانەوە بوویت.
EZE 16:35 «”جا ئەی لەشفرۆش، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە،
EZE 16:36 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی پەردەی شەرمی خۆتت دادڕی و لە لەشفرۆشییەکەت لەگەڵ دۆستانت ڕووتیت دەرکەوت، هەروەها لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت کەوا خوێنی منداڵەکانت پێشکەش بە ئەوان کرد،
EZE 16:37 من هەموو دۆستانت کۆدەکەمەوە ئەوانەی بەچێژ بوویت بۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆشت ویستن و هەموو ئەوانەی ڕقت لێیان بوو، هەموویان لەسەرت کۆدەکەمەوە و ڕووتیت بۆیان دەردەخەم، هەتا تەماشای هەموو ڕووتییەکەت بکەن.
EZE 16:38 من حوکمی ژنە داوێنپیسەکان و خوێنڕێژەکانت بەسەردا دەدەم و خوێنی تووڕەیی تۆڵەسێنەر و دڵگەرمی هەڵچوونی خۆمتان بەسەردا دەهێنم.
EZE 16:39 دەتدەمە دەستی دۆستەکانت، ئینجا گومەز و نزرگە بەرزەکانت دەڕووخێنن و جلەکانت لەبەر دادەکەنن. کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکەت دەبەن و بە ڕووتوقووتی جێت دەهێڵن.
EZE 16:40 چەتە دەهێننە سەرت و بەردبارانت دەکەن و بە شمشێرەکانیان لەتوپەتت دەکەن.
EZE 16:41 خانووەکانت بە ئاگر دەسووتێنن و لەبەرچاوی زۆر ئافرەتان سزات دەدەن، لە لەشفرۆشی ڕات دەگرم و چیتر کرێ نادەیتە دۆستەکانت.
EZE 16:42 دوای ئەوە تووڕەیی خۆم لەسەرت هێور دەکەمەوە، جا ئیرەییم لەسەرت نامێنێت و هێمن دەبمەوە و چیتر تووڕە نابم.
EZE 16:43 «”لەبەر ئەوەی سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، بەڵکو بە هەموو ئەمانە تووڕەت کردم، جا منیش بێگومان کردەوەکانت بەسەر خۆتدا دەهێنمەوە. ئایا لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکانت بێ شەرمیت نەکردووە؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 16:44 «”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘
EZE 16:45 تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەمۆری.
EZE 16:46 خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو.
EZE 16:47 تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت.
EZE 16:48 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.
EZE 16:49 «”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا.
EZE 16:50 جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی.
EZE 16:51 سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
EZE 16:52 ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
EZE 16:53 «”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە،
EZE 16:54 بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد.
EZE 16:55 خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان.
EZE 16:56 لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت،
EZE 16:57 بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن.
EZE 16:58 خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
EZE 16:59 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد.
EZE 16:60 بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت لەگەڵ دەبەستم.
EZE 16:61 ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ.
EZE 16:62 بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
EZE 16:63 ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 17:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 17:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و
EZE 17:3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە،
EZE 17:4 بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.
EZE 17:5 «”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی.
EZE 17:6 ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.
EZE 17:7 «”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت.
EZE 17:8 ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“
EZE 17:9 «بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن.
EZE 17:10 ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»
EZE 17:11 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 17:12 «بە بنەماڵەی یاخی بڵێ: ”ئایا لەم پەندە تێگەیشتن؟ بڵێ: پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و پاشای یەهودا و میرەکانی برد و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کردن بۆ بابل.
EZE 17:13 ئینجا لە توخمی شاهانە کەسێکی هەڵبژارد و پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و سوێندی دا. سەرەڕای ئەوەش، ڕابەرانی خاکەکەشی ڕاپێچ کرد
EZE 17:14 بۆ ئەوەی پاشایەتییەکە سووک بێت و بەرز نەبێتەوە و پەیمانەکەی نەشکێت و جێگیر بێت.
EZE 17:15 بەڵام پاشا لێی یاخی بوو بەوەی نێردراوانی خۆی بۆ میسر نارد بۆ ئەوەی ئەسپ و سوپایەکی گەورەی بداتێ. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ئەوەی ئەمە بکات دەرباز دەبێت؟ یان ئەوەی پەیمان بشکێنێت دەرباز دەبێت؟
EZE 17:16 «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لە شوێنی ئەو پاشایەی کە کردی بە پاشا، ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەی کرد و پەیمانەکەی شکاند، لەلای ئەو لە ناوەڕاستی بابل دەمرێت.
EZE 17:17 فیرعەونیش بە سوپای گەورە و خەڵکێکی بێشومارەوە ناتوانێ لە جەنگدا یارمەتی بدات، ئەو کاتەی سەنگەر لێ دەدرێت و قوللە بنیاد دەنرێت بۆ لەناوبردنی خەڵکێکی زۆر.
EZE 17:18 ئەوەی سووکایەتی بە سوێند کرد و پەیمانی شکاند، دەستی دایە دەست و سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانەی کرد، دەرباز نابێت.
EZE 17:19 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سزای دەدەم لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەم کرد و پەیمانەکەی منی شکاند.
EZE 17:20 تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، بە داوی منەوە دەبێت و دەیهێنمە بابل و لەسەر ئەو ناپاکییەی لە منی کرد لەوێ حوکمی بەسەردا دەسەپێنم.
EZE 17:21 هەموو لەشکرە ڕاکردووەکەی بە شمشێر دەکوژرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بەرەو ڕووی هەموو بایەک پەرتەوازە دەبن، جا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
EZE 17:22 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: منیش لە لووتکەی دار ئورزێک لقێک دەبەم و دەیڕوێنم، چڵێک لە چڵەکانی لێ دەکەمەوە و لەسەر کێوێکی بەرزی سەرکەش دەیڕوێنم.
EZE 17:23 لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەیڕوێنم، جا لقی لێ دەڕوێت و بەر دەگرێت و دەبێت بە دار ئورزێکی گەورە، هەموو جۆرە باڵندەیەک لەناوی نیشتەجێ دەبێت، هەموو باڵدارێک لەژێر سێبەری لقەکانی نیشتەجێ دەبێت.
EZE 17:24 ئەو کاتە هەموو درەختەکانی دەشتودەر دەزانن کە من یەزدانم ئەوەی داری بەرز نزم دەکاتەوە و داری نزم بەرز دەکاتەوە، ئەوەی سەوزەکەش وشک دەکات و چرۆ بە دارە وشکەکە دەکات. «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“»
EZE 18:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 18:2 «بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن: «”باوکان بەرسیلەیان خوارد، ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟
EZE 18:3 «یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن،
EZE 18:4 چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
EZE 18:5 «گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و دادوەری و ڕاستودروستی بکات:
EZE 18:6 لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛ ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛
EZE 18:7 ستەم لە کەس نەکات، بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛ ماڵی کەس زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت؛
EZE 18:8 پارە بە سوو نەدات و نرخی شتومەک گران نەکات؛ دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات.
EZE 18:9 فەرزەکانم پەیڕەو بکات و بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت. ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە، بێگومان دەژیێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 18:10 «گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی
EZE 18:11 کە باوکی نەیکردووە: «لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات،
EZE 18:12 ستەم لە هەژار و نەدار بکات، شتی خەڵکی زەوت بکات، قەرز نەداتەوە، چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت، کاری قێزەون ئەنجام بدات،
EZE 18:13 پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات. ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت.
EZE 18:14 «بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد:
EZE 18:15 «لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات، چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات،
EZE 18:16 ستەم لە کەس نەکات، داوای بارمتە نەکات و هیچ شتێک زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت،
EZE 18:17 دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە، سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات، بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات. ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت.
EZE 18:18 بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.
EZE 18:19 «ئێوە دەڵێن: ”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“ کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت.
EZE 18:20 ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی.
EZE 18:21 «بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت.
EZE 18:22 هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت.
EZE 18:23 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟
EZE 18:24 «لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.
EZE 18:25 «ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟
EZE 18:26 ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.
EZE 18:27 بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت.
EZE 18:28 لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت.
EZE 18:29 بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟
EZE 18:30 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان.
EZE 18:31 هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟
EZE 18:32 چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 19:1 «تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و
EZE 19:2 بڵێ: «”دایکت چ شێرێک بوو لەناو شێران! لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد.
EZE 19:3 یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند، بوو بە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد.
EZE 19:4 کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست، چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان، بۆ خاکی میسر بە تەوق هێنایان.
EZE 19:5 «”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی، ئیتر ئومێد بڕ بوو، هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و کردی بە شێرێکی بە توانا.
EZE 19:6 لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ، چونکە بووە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد.
EZE 19:7 قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و شارۆچکەکانی کاول کردن، خاکەکە و هەرچی تێیدایە لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین.
EZE 19:8 نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری لە دژی کۆبوونەوە. تۆڕیان هەڵدایە سەری، ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە.
EZE 19:9 بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە، هێنایانە لای پاشای بابل. بردیانە ناو زیندان، تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل نەڕەی نەبیسترێت.
EZE 19:10 «”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا، کە لەدەم ئاو چێنرا. لەبەر زۆری ئاو، چڕ و بەردار بوو.
EZE 19:11 لقی بەهێزی هەبوو، کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان. باڵای کرد و هەڵکشا بەناو لقە پڕگەڵاکاندا، لە بەرزی و زۆری چڵەکانی دەرکەوت و بینرا.
EZE 19:12 بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و فڕێدرایە سەر زەوی. بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد، بەرەکەی هەڵوەراند، لقە بەهێزەکانی وشک بوون و ئاگر هەڵیانیلووشی.
EZE 19:13 ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە، لە خاکێکی وشک و تینوودا.
EZE 19:14 لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی. ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“ ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»
EZE 20:1 ئەوە بوو لە دەی مانگی پێنجی ساڵی حەوتەم، کەسانێک لە پیرانی ئیسرائیل هاتن بۆ پرسیارکردن لە یەزدان، جا لەبەردەممدا دانیشتن.
EZE 20:2 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 20:3 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوە هاتوون هەتا پرسیار لە من بکەن؟ بە گیانی خۆم! ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
EZE 20:4 «ئایا حوکمیان دەدەیت؟ ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا تۆ حوکم دەدەیت؟ ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی باوباپیرانی خۆیان بکەرەوە،
EZE 20:5 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی ئیسرائیلم هەڵبژارد سوێندم بۆ بنەماڵەی یاقوب خوارد، لە خاکی میسردا خۆمم پێیان ناساند، سوێندم بۆ خواردن و فەرمووم: ’من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘
EZE 20:6 لەو ڕۆژەدا سوێندم بۆ خواردن کە لە خاکی میسر دەریاندەهێنم و دەیانبەم بەرەو خاکێک کە خۆم بەدوایدا گەڕابووم بۆیان، شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، باشترینی هەموو خاکەکانە.
EZE 20:7 پێم فەرموون: ’هەریەکە لە ئێوە با ئەو وێنە قێزەونانەی کە سەرنجی ڕاکێشاون و خۆشتان دەوێن، لە خۆتان دووربخەنەوە و بە بتەکانی میسر خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘
EZE 20:8 «”بەڵام لێم یاخی بوون و نەیانویست گوێم لێ بگرن، کەسیان وێنە گڵاوەکانی بەرچاوی فڕێنەدا کە سەرنجی ڕاکێشابوون، وازیان لە بتەکانی میسر نەهێنا. لەبەر ئەوە بیرم لەوە دەکردەوە، تووڕەیی خۆمیان بەسەردا ببارێنم و لە ناوەڕاستی خاکی میسردا هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.“
EZE 20:9 بەڵام ئەوەی من کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا ناوم گڵاو نەبێت لەبەرچاوی ئەو نەتەوانەی لەنێویاندان، ئەوانەی لەبەرچاویان خۆمم بۆ دەرخستن بەوەی لە خاکی میسر دەرمهێنان.
EZE 20:10 جا لە خاکی میسر دەرمهێنان و ئەوانم هێنایە چۆڵەوانی.
EZE 20:11 فەرزەکانی خۆمم پێدان و حوکمەکانی خۆمم پێ ناساندن، ئەوانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت.
EZE 20:12 هەروەها ڕۆژی شەممەم بۆ دیاری کردن، هەتا ببێتە نیشانەیەک لەنێوان من و ئەوان، بۆ ئەوەی بزانن کە من یەزدانم، ئەوەی پیرۆزیان دەکات.
EZE 20:13 «”لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی لێم یاخی بوون. ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە، ئەو حوکمانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت، هەروەها بە هیچ جۆرێک پیرۆزی شەممەکانی منیان ڕانەگرت. لەبەر ئەوە فەرمووم لە چۆڵەوانیدا من تووڕەیی خۆم بەسەریاندا دەبارێنم بۆ کۆتایی پێهێنانیان.
EZE 20:14 بەڵام ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا گڵاو نەبێت لەبەرچاو ئەو نەتەوانەی لەبەرچاویان دەرمهێنان.
EZE 20:15 هەروەها لە چۆڵەوانیدا سوێندم بۆ خواردن کە نەیانهێنم بۆ ئەو خاکەی کە پێم دابوون، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت و باشترینی هەموو خاکەکانە،
EZE 20:16 لەبەر ئەوەی حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد، بەڵکو شەممەکانی منیان گڵاوکرد، چونکە دڵیان دوای بتەکانیان کەوت.
EZE 20:17 لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم بەزەیی پێیاندا هاتەوە لە لەناوبردنیان، جا کۆتاییم پێ نەهێنان.
EZE 20:18 لە چۆڵەوانی بە ڕۆڵەکانی ئەوانم فەرموو: ’بە ڕێگای فەرزی باوکانتاندا مەڕۆن و حوکمەکانیان مەپارێزن و بە بتەکانیان خۆتان گڵاو مەکەن.
EZE 20:19 من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم، ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن.
EZE 20:20 شەممەکانیشم پیرۆز ڕابگرن، جا دەبێت بە نیشانەیەک لەنێوان من و ئێوەدا، تاوەکو ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم.‘
EZE 20:21 «”ڕۆڵەکانیشیان لێم یاخی بوون، ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان نەپاراست هەتا کاری پێ بکەن، ئەوانەی ئەگەر﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت،﴾ هەروەها شەممەکانی منیان گڵاوکرد. جا فەرمووم، تووڕەیی خۆم دەرببڕم، هەتا لە چۆڵەوانی هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.
EZE 20:22 بەڵام دەستم هەڵگرت و ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا لەبەرچاو ئەو نەتەوانە گڵاو نەبێت کە لەبەرچاویان دەرمهێنان.
EZE 20:23 هەروەها لە چۆڵەوانی سوێندم بۆ خواردن کە بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان بکەم و بەسەر خاکەکاندا بڵاویان بکەمەوە،
EZE 20:24 چونکە گوێڕایەڵی حوکمەکانی من نەبوون، بەڵکو فەرزەکانی منیان ڕەتکردەوە و شەممەکانی منیان گڵاوکرد و چاویان بەدوای بتەکانی باوکیانەوە بوو.
EZE 20:25 هەروەها من ئەو فەرزانەم پێدان کە باش نین و ئەو حوکمانەی کە پێی ناژین،
EZE 20:26 ڕێم دا کە خۆیان گڵاو بکەن، بەوەی کە هەموو نۆبەرەیەکی خۆیان کرد بە دیاری و بە ئاگر سووتاندیانن، بۆ ئەوەی بیانتۆقێنم تاوەکو بزانن کە من یەزدانم.“
EZE 20:27 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەشدا باوکانتان کفریان لە دژی من کرد کە ناپاکییان کرد:
EZE 20:28 کاتێک ئەوانم هێنایە ئەو خاکەی سوێندم بۆ خواردبوون کە بیدەمە ئەوان، جا هەر گردێکی بەرز و هەر دارێکی پڕ گەڵایان بینی، لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕی، لەوێ پێشکەشکراوەکانیان پێشکەش کرد کە مایەی تووڕەبوونی منە. لەوێ بخوورە بۆنخۆشەکانیان پێشکەش کرد، لەوێ شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەش کرد.
EZE 20:29 پێم فەرموون: ئەم نزرگەی سەر بەرزاییە چییە کە بۆی دێن؟“» جا لەو ڕۆژەوە ناوی لێنرا، باما.
EZE 20:30 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوەش بە ڕێگای باوکانتاندا دەڕۆن، بە وێنە قێزەونەکانیان خۆتان گڵاو دەکەن و لەشفرۆشی دەکەن؟
EZE 20:31 بە پێشکەشکردنی دیارییەکانتان و سووتاندنی منداڵەکانتان و بە هەموو بتەکانتان هەتا ئەمڕۆش گڵاو دەبن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێ بدەم ئیتر ئێوە پرسیارم لێ بکەن؟ بە گیانی خۆم ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 20:32 «”ئەوەی بە خەیاڵتاندا دێت هەرگیز نایەتە دی، کە دەڵێن: ’وەک نەتەوەکان دەبین، وەک هۆزەکانی زەوی، دار و بەرد دەپەرستین.‘
EZE 20:33 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و بە تووڕەیی دەربڕینم فەرمانڕەوایەتیتان دەکەم.
EZE 20:34 من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و تووڕەییەکی دەربڕدراوەوە لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەوە کۆتان دەکەمەوە کە تێیدا پەرتەوازە بوون.
EZE 20:35 دەتانهێنمە چۆڵەوانی خاکی گەلانی دیکە و لەوێ ڕووبەڕوو دادگاییتان دەکەمەوە.
EZE 20:36 وەک چۆن باوباپیرانتانم لە چۆڵەوانی خاکی میسر دادگایی کرد، ئاواش ئێوە دادگایی دەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 20:37 واتان لێ دەکەم بەژێر داردەستدا تێبپەڕن و دەتانهێنمە ناو بەندی پەیمانەوە.
EZE 20:38 ئەوانەی لەنێوتان هەڵگەڕاونەتەوە و لە من یاخین ڕیشەکێشیان دەکەم. هەرچەندە لە خاکی ئاوارەییان دەریاندەهێنم، بەڵام ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 20:39 «”ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئێوە ئەمە دەفەرموێت: بڕۆن و هەریەکەتان بتەکانی خۆی بپەرستێت! بەڵام دوای ئەوە بە قسەم دەکەن. ئیتر ناوی پیرۆزیشم بە دیاری و بتەکانتان گڵاو ناکەن،
EZE 20:40 چونکە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە کێوی پیرۆزیم، لە کێوی بەرزی ئیسرائیل، لەوێ لە خاکەکە دەمپەرستن، منیش لەوێ لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لەوێ داوای پێشکەشکراو و پەسەندترین دیاریتان لێ دەکەم، لەگەڵ هەموو قوربانییە پیرۆزەکانتان.
EZE 20:41 ئێوە وەک بخووری بۆنخۆش لەلای من پەسەند دەبن، کاتێک لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەی کە تێیدا پەرشوبڵاو بوونەتەوە کۆتان دەکەمەوە و لەبەرچاوی نەتەوەکان بە ئێوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم.
EZE 20:42 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەتانهێنم بۆ خاکی ئیسرائیل، بۆ ئەو خاکەی کە سوێندم خواردبوو بیدەمە باوباپیرانتان.
EZE 20:43 لەوێ ڕەفتاری خۆتان و هەموو کردەوەکانتان کە پێی گڵاو ببوون دێتەوە یادتان، لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کە ئەنجامتان داوە قێز لە خۆتان دەکەنەوە.
EZE 20:44 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کاتێک لەبەر ناوی خۆم هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا دەکەم، نەک بە پێی کارە خراپەکانتان و نەریتە گەندەڵەکانتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 20:45 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 20:46 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە باشوور بکە و بەرەو باشوور جاڕبدە، پێشبینی لەسەر ئەو دارستانە بکە کە لە باشوورە.
EZE 20:47 بە دارستانی باشوور بڵێ، ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئاگرت تێ بەردەدەم، جا هەموو دارێکی تەڕ و هەموو دارێکی وشک لەناو تۆدا دەخوات. کڵپەی گڕەکەی ناکوژێتەوە و لە باشوورەوە هەتا باکوور هەموو ڕوخسارێک دەسووتێت.
EZE 20:48 جا هەموو مرۆڤ دەبینن کە من یەزدانم ئاگرم تێی بەرداوە و ناکوژێتەوە.“»
EZE 20:49 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوان بە من دەڵێن: ”ئایا ئەو تەنها بە نموونە نادوێت؟“»
EZE 21:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 21:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و
EZE 21:3 بە خاکی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کێلانەکەیەوە هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە.
EZE 21:4 لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کێلانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور.
EZE 21:5 ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“
EZE 21:6 «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە.
EZE 21:7 ئەگەر لە تۆیان پرسی: ”بۆچی دەناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 21:8 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 21:9 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ، ”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ: «”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە، هەروەها مشتوماڵ کراوە،
EZE 21:10 بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە، مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە! «”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات.
EZE 21:11 «”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت. ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ.
EZE 21:12 ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە، چونکە بەسەر گەلەکەم و بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە. فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە، لەگەڵ گەلەکەم. لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە.
EZE 21:13 «”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
EZE 21:14 «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە، دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە. با بە چواردەوریاندا شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت، شمشێری سەربڕینە، شمشێری کوشتاری گەورەیە.
EZE 21:15 بۆ توانەوەی دڵ و بۆ زۆرکردنی کوژراوان، لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان شمشێری سەربڕینم داناوە. ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە، ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە.
EZE 21:16 ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە، ئینجا لای چەپ، بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت!
EZE 21:17 منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم، تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
EZE 21:18 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 21:19 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ.
EZE 21:20 ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند،
EZE 21:21 چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو.
EZE 21:22 تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان.
EZE 21:23 لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت.
EZE 21:24 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن.
EZE 21:25 «”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
EZE 21:26 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە.
EZE 21:27 کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگەیە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“
EZE 21:28 «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت: «”شمشێر، شمشێر بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە، مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن، بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە.
EZE 21:29 بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون، شمشێرەکە لەسەر ملی کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت، ئەوانەی ڕۆژیان هات، کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
EZE 21:30 «”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی. لە نیشتیمانی دایکت حوکمت بەسەردا دەدەم، لەو شوێنەی بەدیهێنرایت.
EZE 21:31 تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم، دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی شارەزا لە فەوتاندن.
EZE 21:32 دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر، خوێنت لە ناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت. ئیتر یادت ناکرێتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“»
EZE 22:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 22:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم دەدەیت، حوکم بەسەر شارە خوێنڕێژەکە دەدەیت؟ بەڵکو شارەکە ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە.
EZE 22:3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئەو شارەی کە لە ناوەڕاستیدا خوێن دەڕێژێت، نەهامەتی بەسەر خۆیدا دەهێنێت، بە دروستکردنی بت خۆی گڵاو دەکات،
EZE 22:4 بەو خوێنەی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوکرد بەو بتانەی دروستت کردوون. بەو جۆرە ڕۆژگاری خۆتت کورت کردەوە و کۆتاییت بەسەر خۆتدا هێنا، لەبەر ئەوە لەلای نەتەوەکان تۆم کرد بە شورەیی، جێگای تانە و تەشەری هەموو خاکەکان.
EZE 22:5 ئەی شاری بەد ناو، ئەی پڕ لە ئاژاوە، ئەوەی لێت نزیکە و ئەوەی لێت دوورە گاڵتەت پێ دەکات.
EZE 22:6 «”سەیر بکە چۆن هەریەکە لەو میرانەی ئیسرائیل کە لەناو تۆدان دەسەڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن بەکاردەهێنێت.
EZE 22:7 لەناو تۆدا سووکایەتییان بە دایک و باوک کردووە. لەناو تۆدا بە ستەم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاوارەدا کردووە. لەناو تۆدا هەتیو و بێوەژنیان چەوساندووەتەوە.
EZE 22:8 تۆ سووکایەتیت بە شتە پیرۆزکراوەکانی من کردووە و شەممەکانی منت گڵاو کردووە.
EZE 22:9 لەناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانکەر بۆ خوێنڕشتن، لەناو تۆدان ئەوانەی لە نزرگەی سەر چیاکان دەخۆن و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
EZE 22:10 لەناو تۆدان ئەوانەی کە ناموسی باوکیان دەبەن، لەناو تۆدان ئەوانەی کە دەست درێژ دەکەنە سەر ژن لە کاتی گڵاوییەکەی بەهۆی خوێنلێچوونی مانگانەی.
EZE 22:11 پیاو لەگەڵ ژنی نزیکەکەی کاری قێزەونی ئەنجام دەدات، پیاوی دیکەش بووکی خۆی بە بەدڕەوشتی گڵاو دەکات. لەناو تۆدا مرۆڤ دەست درێژ دەکاتە سەر خوشکی خۆی، کچی باوکی.
EZE 22:12 لەناو تۆدان ئەوانەی کە بەرتیل وەردەگرن بۆ خوێنڕشتن، هەروەها تۆ سوو و قازانج لە گرانکردنی نرخی شتومەک وەردەگریت. بە ستەم نزیکەکانی خۆتت ڕووتاندووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش منت لەبیر کردووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 22:13 «”لەبەر ئەو خوێنەی لەناو تۆدا ڕژا، سەیر بکە مشتم دەوەشێنم لەو قازانجە ناڕەوایەی کردووتە.
EZE 22:14 ئایا دڵت بەرگە دەگرێت یان دەستت بەهێز دەبێت لەو ڕۆژانەی هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم؟ من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.
EZE 22:15 بەنێو نەتەوەکان پەرتەوازەت دەکەم، بەسەر خاکەکاندا بڵاوت دەکەمەوە، گڵاوییەکانت لێ دادەماڵم.
EZE 22:16 ئەو کاتەی لەبەرچاوی نەتەوەکان خۆتت گڵاو کردووە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.“»
EZE 22:17 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 22:18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بنەماڵەی ئیسرائیل بۆم بوون بە خڵت، هەموویان مس و تەنەکە و ئاسن و قورقوشمن لە ناوەڕاستی کوورە بەجێماون، بوون بە خڵتی زیو.
EZE 22:19 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو بوون بە خڵت، من لەناو ئۆرشەلیم کۆتان دەکەمەوە.
EZE 22:20 وەک چۆن زیو و مس و ئاسن و قورقوشم و تەنەکە لەناو کوورەدا کۆ دەکرێنەوە، فوو بە ئاگرەکەی ژێریدا دەکرێت هەتا بێتە جۆش و بیتوێنێتەوە، منیش بە هەمان شێوە بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆم لەناو شارەکە کۆتان دەکەمەوە و داتاندەنێم و دەتانتوێنمەوە.
EZE 22:21 جا کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئاگری تووڕەییم فووتان لێ دەکەم و لەناویدا دەتوێنەوە.
EZE 22:22 وەک زیو چۆن لەناو کوورەدا دەتوێنرێتەوە، ئێوەش بە هەمان شێوە لەناویدا دەتوێنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، تووڕەیی خۆمم بەسەرتاندا ڕژاندووە.“»
EZE 22:23 دیسان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 22:24 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێی بڵێ: ”تۆ ئەو خاکەی کە پاک نەبوویتەوە، لە ڕۆژی تووڕەییدا بارانی لێ نەباریوە.“
EZE 22:25 پیلانگێڕی میرەکانی لە ناوەڕاستیدایە وەک شێر دەنەڕێنێت و نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات. مرۆڤ دەخۆن، گەنجینە دەبڕن و شتی گرانبەها دەبەن، لە ناوەڕاستیدا بێوەژن زۆر دەکەن.
EZE 22:26 کاهینەکانی سەرپێچی فێرکردنەکانی من دەکەن و شتە پیرۆزکراوەکانی من گڵاو دەکەن، جیاوازی لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو ناکەن، جیاوازی لەنێوان گڵاو و پاک ناکەن و چاو لە شەممەکانم دەپۆشن، جا لەنێویاندا گڵاو بووم.
EZE 22:27 کاربەدەستەکانی ناوی وەک گورگن، نێچیر لەتوپەت دەکەن و خوێن دەڕێژن و خەڵک دەکوژن بۆ ئەوەی بە ناڕەوایی قازانج بەدەستبهێنن.
EZE 22:28 پێغەمبەرەکانیان کارە خراپەکانیان بۆ دادەپۆشن و بە بینینی پووچ و فاڵگرتنەوەی درۆ بە گەچ بۆیان سواخ دەدەن و دەڵێن: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت،“ لەگەڵ ئەوەی یەزدان هیچ قسەی نەکردووە.
EZE 22:29 گەلی خاکەکە ستەمکاری و تاڵانی دەکەن، هەژار و نەدار و نامۆش دەچەوسێننەوە و لە دادپەروەری بێبەشیان دەکەن، هەژار و نەداریان چەوساندەوە و بە ناڕەوا ستەمیان لە ئاوارە کرد.
EZE 22:30 «لەنێویاندا بەدوای پیاوێکدا گەڕام شووراکە بنیاد بنێتەوە و لە پێناوی خاکەکە لە کەلێنی شووراکەوە لەبەردەمم ڕابوەستێت، بۆ ئەوەی وێرانی نەکەم، بەڵام دەستم نەکەوت.
EZE 22:31 لەبەر ئەوە هەڵچوونی خۆمیان بەسەردا هەڵدەڕێژم، بە ئاگری تووڕەییم لەناویان دەبەم، کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 23:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 23:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ئافرەت هەبوون، کچی یەک دایک بوون،
EZE 23:3 بە هەرزەکاری لە میسر لەشفرۆشیان کرد، لەوێ ختووکەی مەمکیان درا و گۆی مەمکی پاکیزەییان دەستبازی پێ کرا.
EZE 23:4 گەورەکەیان ناوی ئۆهۆلا بوو و خوشکەکەشی ئۆهۆلیڤا. ئەوان هی من بوون و کوڕ و کچیان بوو، ناوەکانیشیان، ئۆهۆلا سامیرەیە و ئۆهۆلیڤا ئۆرشەلیمە.
EZE 23:5 «ئۆهۆلا لەگەڵ ئەوەی هی من بوو لەشفرۆشی کرد و هەوەسبازی لەگەڵ دۆستانی کرد، لەگەڵ پاڵەوانەکانی ئاشور،
EZE 23:6 ئەوانەی جلی مۆریان پۆشیوە، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، هەموویان گەنجی هەوەسدار و ئەسپ سوارن.
EZE 23:7 لەشی خۆی بە هەموو هەڵبژاردەکانی نەوەی ئاشور فرۆشت، بە هەموو ئەوانەی هەوەسبازی لەگەڵ کردن گڵاو بوو، بە هەموو بتەکانیان.
EZE 23:8 وازی لە لەشفرۆشییەکەی میسریش نەهێنا، چونکە بە هەرزەکاری لەگەڵی جووت بوون و دەستبازییان بە گۆی مەمکی پاکیزەیی کرد و هەوەسی خۆیان بەسەریدا ڕشت.
EZE 23:9 «لەبەر ئەوە دامە دەست دۆستەکانی، دەست نەوەی ئاشور کە بە عەشقی بۆیان سووتا بوو.
EZE 23:10 ئەوان ڕووتییەکەیان دەرخست، کوڕ و کچەکانیان برد و ئەویشیان بە شمشێر کوشت. جا بۆ ژنان بوو بە پەند، حوکمی بەسەردا درا و جێبەجێ کرا.
EZE 23:11 «ئۆهۆلیڤای خوشکی ئەمەی بینی، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی و هەوەسبازییەکەی و لەشفرۆشییەکەی زیاتر بوو لە لەشفرۆشی خوشکەکەی.
EZE 23:12 هەوەسی چووە سەر نەوەی ئاشور، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، پاڵەوانەکان، کە نایابترین جلیان لەبەردایە، ئەسپ سوارن و هەموو گەنجی هەوەسدارن.
EZE 23:13 بینیم ئەویش گڵاو بوو، هەردووکیان یەک ڕێگایان گرتبووە بەر.
EZE 23:14 «بەڵام ئۆهۆلیڤا لەشفرۆشییەکەی زیاتر کرد، کاتێک لەسەر دیوارێک وێنەی پیاوە بابلییەکانی بینی کە بە سووری ئاڵ وێنەیان کێشرابوو،
EZE 23:15 پشتێن بە ناوقەدیانەوە و مێزەرەکانیان بەسەر سەریانەوە شۆڕ بووەتەوە. هەموویان بە ڕوخسار لە فەرماندە دەچن، لە شێوەی بابلییەکان کە کلدان خاکی لەدایکبوونیانە.
EZE 23:16 هەرکە چاوی پێیان کەوت، هەوەسی چووە سەریان، نێردراوی بۆ لایان نارد بۆ خاکی کلدانییەکان.
EZE 23:17 نەوەکانی بابلیش بۆ ناو نوێنی خۆشەویستی بۆی هاتن و بە هەوەسبازی خۆیان گڵاویان کرد. پاش ئەوەی پێیان گڵاو بوو پشتی لێکردن.
EZE 23:18 لەشفرۆشی و ڕووتی خۆی بەدەرخست، جا پشتم لێکرد، وەک چۆن پشتم لە خوشکەکەشی کردبوو.
EZE 23:19 کاتێک ڕۆژانی هەرزەکاری بەبیر هاتەوە کە تێیدا لە خاکی میسر لەشی خۆی فرۆشت لەشفرۆشی خۆی زیاتر کرد.
EZE 23:20 هەوەسی چووە سەر هەوەسبازەکانیان، ئەوانەی ئەندامی نێرینەیان وەک هی نێرەکەرە و پەڕینیان وەک پەڕینی ئەسپە.
EZE 23:21 بیری بەدڕەوشتی سەردەمی هەرزەکاریت کرد کە میسرییەکان دەستبازییان بە گۆی مەمکت دەکرد لەبەر مەمکی هەرزەکاریت.
EZE 23:22 «ئەی ئۆهۆلیڤا، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من دۆستەکانی خۆت لێ هاندەدەم، ئەوانەی پشتت لێکردن، لە هەموو لایەکەوە دەیانهێنمە سەرت،
EZE 23:23 نەوەکانی بابل و هەموو کلدانییەکان، پەقۆد و شوەع و قوەع، هەموو نەوەی ئاشوریش لەگەڵیان، گەنجە هەوەسدارەکان، هەموویان فەرمانڕەوا و پارێزگارن، فەرماندە و پاڵەوانن، هەموو ئەسپ سوارن.
EZE 23:24 جا بە کۆمەڵی نەتەوەکانەوە دێنە سەرت، بە چەک و گالیسکە و عەرەبانەوە، بە قەڵغانی گەورە و بچووک و بە کڵاوی ئاسنینەوە دەورەت دەگرن. منیش سزاکەت دەدەمە دەست ئەوان و بە حوکمەکانی خۆیان سزات دەدەن.
EZE 23:25 ئیرەییەکەم لە دژی تۆ دەبێت، بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، لووت و گوێت دەبڕن و پاشماوەکەت بە شمشێر دەکوژرێت. کوڕ و کچەکانت دەبەن و پاشماوەکەت بە ئاگر هەڵدەلووشرێت.
EZE 23:26 هەروەها جلت لەبەر دادەماڵن و کەرەستەی ڕازاندنەوەکەت دەبەن.
EZE 23:27 کۆتایی بە بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت دەهێنم کە لە خاکی میسرەوە دەستت پێکرد. ئینجا چاوت بەرز ناکەیتەوە بۆیان و ئیتر میسرت لەبیر نابێت.
EZE 23:28 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئۆهۆلیڤا من خەریکم دەتدەمە دەست ئەوانەی ڕقت لێیان بووەوە، بە دەست ئەوانەی پشتت لێکردن،
EZE 23:29 جا بە قینەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، هەموو بەری ڕەنجت دەبەن و بە ڕووتوقووتی بەجێت دەهێڵن، بێ شەرمی لەشفرۆشیت و بەدڕەوشتی و هەوەسبازییەکەت ئاشکرا دەکرێت.
EZE 23:30 ئەمەیان بەسەرت هێناوە، چونکە بەدوای نەتەوەکانەوە هەوەسبازیت کرد و بە بتەکانیان خۆتت گڵاوکرد.
EZE 23:31 ڕێگای خوشکت گرتەبەر، لەبەر ئەوە جامەکەی ئەو دەدەمە دەستی تۆ.
EZE 23:32 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «تۆ لە جامی خوشکت دەخۆیتەوە، کە قووڵ و بەرینە، جامەکەش دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن، چونکە زۆر دەگرێت.
EZE 23:33 پڕ دەبیت لە مەستی و خەم، چونکە جامی سامیرەی خوشکتە، جامی واقوڕمان و وێرانییە.
EZE 23:34 جا دەیخۆیتەوە هەتا چۆڕبڕی دەکەیت، پاشان پارچەپارچەی دەکەیت و مەمکی خۆت لەتوکوت دەکەیت، چونکە من قسەم کرد، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 23:35 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە منت لەبیر کرد و پشت گوێت خستم، لەبەر ئەوە بەرگەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت بگرە.»
EZE 23:36 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم بەسەر ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا دەدەیت؟ بەڵکو ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆیان بکەرەوە،
EZE 23:37 چونکە لەشی خۆیان فرۆشت و دەستیان بە خوێنە، لەگەڵ بتەکانیان داوێنپیسییان کرد، هەروەها ئەو کوڕانەی کە بۆ منیان بوو وەک خۆراک بۆ بتەکانیان بە ئاگر سووتاندیانن.
EZE 23:38 هەروەها ئەمەشیان بە من کرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاکەی منیان گڵاوکرد و شەممەکانی منیان پیس کرد.
EZE 23:39 کە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ بتەکانیان سەربڕی، ئەو ڕۆژە بۆ پیرۆزگاکەم هاتن تاوەکو گڵاوی بکەن. لەوێ لە ناوەڕاستی ماڵەکەمدا ئەوەیان ئەنجام دا.
EZE 23:40 «تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە.
EZE 23:41 لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا.
EZE 23:42 «دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ خەڵکێکی زۆروبۆر. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان.
EZE 23:43 ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“
EZE 23:44 جا لەگەڵی جووت بوون، وەک ئەوەی لەگەڵ لەشفرۆشێک جووت ببن. ئاوا لەگەڵی جووت بوون، لەگەڵ ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە.
EZE 23:45 لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن.
EZE 23:46 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان.
EZE 23:47 چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن.
EZE 23:48 «جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن.
EZE 23:49 بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»
EZE 24:1 لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 24:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا.
EZE 24:3 پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ، دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
EZE 24:4 پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە، هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان، پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
EZE 24:5 باشترین مەڕی مێگەل ببە و دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە، بە تەواوی بیکوڵێنە، با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
EZE 24:6 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە، ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە، ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو! پارچەپارچە دەریبهێنن، تیروپشکی لەسەر مەکەن.
EZE 24:7 «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە، چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە، نەیڕشتە سەر زەوی، تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
EZE 24:8 بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا، تاکو دانەپۆشرێت.
EZE 24:9 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە! هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
EZE 24:10 دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە، گۆشتەکە پێ بگەیەنە، بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە، لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
EZE 24:11 دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ، با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت، جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و ژەنگەکەی نامێنێت.
EZE 24:12 ڕەنجیان بە خەسار چوو، ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا، تەنانەت بە ئاگریش.
EZE 24:13 «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
EZE 24:14 «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 24:15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 24:16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە.
EZE 24:17 بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
EZE 24:18 بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
EZE 24:19 ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
EZE 24:20 منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 24:21 لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن.
EZE 24:22 من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن.
EZE 24:23 مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە.
EZE 24:24 حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
EZE 24:25 «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە،
EZE 24:26 هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک.
EZE 24:27 لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
EZE 25:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 25:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە،
EZE 25:3 بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران،
EZE 25:4 لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە.
EZE 25:5 ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 25:6 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت،
EZE 25:7 لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»
EZE 25:8 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘
EZE 25:9 هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێت‌یەشیمۆت و بەعل‌مەعۆن و قیریاتەیم.
EZE 25:10 مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت.
EZE 25:11 مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 25:12 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە،
EZE 25:13 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی.
EZE 25:14 بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 25:15 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی،
EZE 25:16 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم.
EZE 25:17 تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»
EZE 26:1 لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 26:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“
EZE 26:3 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت.
EZE 26:4 جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت.
EZE 26:5 دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و
EZE 26:6 شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 26:7 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە.
EZE 26:8 جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت.
EZE 26:9 مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت.
EZE 26:10 لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن.
EZE 26:11 بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی.
EZE 26:12 سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە.
EZE 26:13 دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە.
EZE 26:14 دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 26:15 «یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لە ناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟
EZE 26:16 هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت.
EZE 26:17 شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن: «”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟ چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟ بەهێز بوویت لە دەریا، خۆت و دانیشتووانەکەت، هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.
EZE 26:18 گەلانی کەناری دەریاکان لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن، دوورگەکانی ناو دەریا لەبەر نەمانت دەوروژێن.“
EZE 26:19 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن،
EZE 26:20 لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە.
EZE 26:21 دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 27:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 27:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە.
EZE 27:3 بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سور، تۆ گوتت ’من تەواو جوانم.‘
EZE 27:4 سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان، بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
EZE 27:5 هەموو تەختە دارەکانیان لە دار سنەوبەری سنیر بۆت دروستکرد. لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
EZE 27:6 لە دار بەڕووەکانی باشان سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد. تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون، بە عاج ڕازاوەن.
EZE 27:7 کەتانی نەخشێنراوی میسر چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا. قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە چەترت بوون.
EZE 27:8 خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد سەوڵیان بۆ لێدەدایت. ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون، ئەوان کەشتیوانت بوون.
EZE 27:9 پیرانی جوبەیل و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون، کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە. هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت، بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.
EZE 27:10 «”پیاوانی فارس و لوود و پووت لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون، قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
EZE 27:11 نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون، گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون، قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
EZE 27:12 «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:13 «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:14 «”دانیشتووانی بێت‌تۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:15 «”خەڵکی ڕودس بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.
EZE 27:16 «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە، قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:17 «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:18 «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:19 «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:20 «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
EZE 27:21 «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
EZE 27:22 «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
EZE 27:23 «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت.
EZE 27:24 ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
EZE 27:25 «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن. لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
EZE 27:26 ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن، بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
EZE 27:27 سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت، کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت، ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان، هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن، لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
EZE 27:28 لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت کەنارەکان دەلەرزن.
EZE 27:29 هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا، لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
EZE 27:30 دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و بە تاڵییەوە دەقیژێنن، خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
EZE 27:31 بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و جلوبەرگی گوش دەپۆشن. بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ بۆت دەگریێن.
EZE 27:32 لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە، بۆت دەلاوێننەوە: ’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا بێدەنگی نواند؟‘
EZE 27:33 کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە، گەلانێکی زۆرت تێر کرد. بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
EZE 27:34 کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت لەناو قووڵایی ئاوەکان، کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت لەگەڵت نوقوم بوون.
EZE 27:35 هەموو دانیشتووانی کەنارەکان واقیان لێت وڕدەمێنێت، پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت، ڕوخساریان دەشێوێت.
EZE 27:36 بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن، کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
EZE 28:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 28:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت: ’من خوداوەندێکم، لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم لەناو جەرگەی دەریاکان.‘ بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند، هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
EZE 28:3 ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟ هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
EZE 28:4 بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت، زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
EZE 28:5 بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی سامانەکەتت زیاد کرد، جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت لەخۆبایی بوویت.
EZE 28:6 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”وا دەزانیت کە دانایت، کە دانایی خوداوەندت هەیە،
EZE 28:7 هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت، دڕندەترینی نەتەوەکان، شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت، شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
EZE 28:8 لەناو جەرگەی دەریاکان بە مردنی خوێناوی دەمریت، شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
EZE 28:9 ئایا لەبەردەم بکوژەکانت دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟ نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر، تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
EZE 28:10 بە مردنی خەتەنەنەکراوان دەمریت، بە دەستی بێگانان. من بەڵێنم دا، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 28:11 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 28:12 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت، پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
EZE 28:13 لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت، هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە: یاقووت، یاقووتی زەرد، زمروود، زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب، یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە و زمروودی سەوز. چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو، لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
EZE 28:14 تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی، ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو. تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت، بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
EZE 28:15 تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت، لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.
EZE 28:16 بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت، پڕ بوویت لە ستەم و گوناهت کرد. لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان، وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت، لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
EZE 28:17 لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت، لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا. لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی، تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
EZE 28:18 لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد. لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو، تۆی هەڵلووشی، دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی، لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
EZE 28:19 هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی واقیان لێت وڕدەمێنێت، چونکە بوویتە پەند و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
EZE 28:20 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 28:21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە،
EZE 28:22 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و لە ناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم. کاتێک سزای ئەو دەدەم و پیرۆزی خۆم دەردەخەم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 28:23 دەرد دەنێرمە سەری و خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات. لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لە ناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون، کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 28:24 «”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
EZE 28:25 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم.
EZE 28:26 ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»
EZE 29:1 لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 29:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە.
EZE 29:3 قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم، ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل، ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
EZE 29:4 قولاپ لە شەویلگەت دەکەم، ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم. بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون، لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
EZE 29:5 لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم، خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت. لە دەشتودەر دەمریت، نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە. تۆ دەکەمە خۆراکی گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.
EZE 29:6 ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم. «”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
EZE 29:7 کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
EZE 29:8 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم.
EZE 29:9 خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم. «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘
EZE 29:10 لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش.
EZE 29:11 نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت.
EZE 29:12 خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
EZE 29:13 «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون.
EZE 29:14 ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ.
EZE 29:15 بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن.
EZE 29:16 لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
EZE 29:17 لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 29:18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت.
EZE 29:19 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی.
EZE 29:20 خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 29:21 «لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
EZE 30:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 30:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”واوەیلا بکەن، ’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
EZE 30:3 چونکە ڕۆژەکە نزیکە، ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە، ڕۆژێکی بە هەورە، کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
EZE 30:4 شمشێرێک دێتە سەر میسر، ترس دێتە سەر کوش. کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون، سامانەکەی دەبردرێت و بناغەکانی دەڕووخێنرێت.
EZE 30:5 کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
EZE 30:6 «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی، خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 30:7 «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن، شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
EZE 30:8 بەوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.
EZE 30:9 «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
EZE 30:10 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم، بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
EZE 30:11 ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن، جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن، خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
EZE 30:12 چەمەکانی نیل وشک دەکەم و خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران، بە دەستی بێگانان خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
EZE 30:13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”بتەکان لەناودەبەم و کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم، لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت، ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
EZE 30:14 پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و لە شاری تیب سزا دەسەپێنم.
EZE 30:15 تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم، قەڵاکەی میسر، ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
EZE 30:16 ئاگر لە میسر بەردەدەم، پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات. تیب تەفروتونا دەبێت، مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
EZE 30:17 گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت بە شمشێر دەکوژرێن، ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
EZE 30:18 لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت کاتێک نیرەکانی میسر دەشکێنم، شانازی هێزی نامێنێت. هەورێک میسر دادەپۆشێت، شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
EZE 30:19 لە میسر سزا دەسەپێنم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 30:20 لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 30:21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە.
EZE 30:22 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە.
EZE 30:23 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
EZE 30:24 هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە.
EZE 30:25 بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت.
EZE 30:26 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
EZE 31:1 لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 31:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ: «”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
EZE 31:3 سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان، چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو، باڵای بەرز بوو، لووتکەی گەیشتە هەور.
EZE 31:4 ئاو گەشەیان پێ کرد، کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد، جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن، ئاوبارەکانی نارد بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
EZE 31:5 لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر باڵای بەرزتر بوو، لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و لقەکانی درێژ بوون، چرۆیان کرد.
EZE 31:6 هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد، هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد، لەژێر سێبەرەکەیدا نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
EZE 31:7 بە چڵە درێژەکانی لە جوانیدا بێ وێنە بوو، چونکە ڕەگەکەی لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
EZE 31:8 دار ئورزی باخچەی خودا پێی نەدەگەیشتەوە، دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا، چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو. هیچ دارێکی باخچەی خودا لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
EZE 31:9 بە زۆری لقەکانی جوانم کرد، هەتا هەموو دارەکانی عەدەن، ئەوانەی لە باخچەی خودان بەغیلییان پێی دەبرد.
EZE 31:10 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو،
EZE 31:11 دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و
EZE 31:12 بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت.
EZE 31:13 هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون.
EZE 31:14 لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
EZE 31:15 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون.
EZE 31:16 کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران.
EZE 31:17 هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتا هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.
EZE 31:18 «”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنەنەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت. «”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 32:1 لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 32:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ: «”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت، تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت، دڕ بە چەمەکانت دەدەیت، بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.
EZE 32:3 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم لەگەڵ چەندین گەل، ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.
EZE 32:4 لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم، لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم، هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە، هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.
EZE 32:5 گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.
EZE 32:6 خاک بە لافاوی خوێنت ئاو دەدەم هەتا چیاکان، شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.
EZE 32:7 کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم، ئەستێرەکانی تاریک دەکەم. بە هەور خۆر دادەپۆشم و مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
EZE 32:8 هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت لێ تاریک دەکەم، تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 32:9 «”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم، کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم، لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.
EZE 32:10 وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت، لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت، کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم. لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت، هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.
EZE 32:11 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”شمشێری پاشای بابل دێتە سەرت.
EZE 32:12 وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان، ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت. جا شانازی میسر دەشکێنم، هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.
EZE 32:13 هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم لەلای ئاوە زۆرەکان، لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.
EZE 32:14 ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 32:15 کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم، کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم، ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“
EZE 32:16 «ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 32:17 پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 32:18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
EZE 32:19 پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن.“
EZE 32:20 لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن.
EZE 32:21 ڕابەرە پاڵەوانەکان لە ناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“
EZE 32:22 «پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.
EZE 32:23 لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.
EZE 32:24 «پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنەنەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو.
EZE 32:25 لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.
EZE 32:26 «پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون.
EZE 32:27 ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنەنەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.
EZE 32:28 «تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنەنەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.
EZE 32:29 «پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.
EZE 32:30 «میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.
EZE 32:31 «فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 32:32 هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 33:1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 33:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ هاونیشتیمانیانت بکە و پێیان بڵێ: ”ئەگەر شمشێر بۆ سەر خاکێک بهێنم و ئەگەر گەلی خاکەکە پیاوێک لەنێو خۆیان ببەن و بیکەن بە چاودێر،
EZE 33:3 کاتێک ببینێت شمشێرەکە بۆ سەر خاکەکە دێت، فوو بە کەڕەنادا دەکات و گەلەکە ئاگادار دەکاتەوە.
EZE 33:4 ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، ئینجا شمشێرەکە هات و ژیانی برد، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.
EZE 33:5 لەبەر ئەوەی گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت، ئەگەر وریای خۆی بووایە خۆی دەرباز دەکرد.
EZE 33:6 بەڵام ئەگەر چاودێرەکە ببینێت وا شمشێرەکە دێت، فووی بە کەڕەنادا نەکرد و گەلەکەی ئاگادار نەکردەوە، شمشێرەکەش هات و کەسێکی لەوان کوشت، ئەو کەسە بەهۆی تاوانەکانی کە کردوویەتی گیان دەسپێرێت، بەڵام من خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی چاودێرەکە.“
EZE 33:7 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، ئیتر وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و بە ناوی من ئاگاداریان بکەرەوە.
EZE 33:8 کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”ئەی بەدکار، سزاکەت مردنە!“ و تۆش بەدکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە کە لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ.
EZE 33:9 بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و ئەویش واز لە بەدکاری و لە ڕێگا خراپەکەی نەهێنێت، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.
EZE 33:10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”ئێوە بەم جۆرە دەدوێن: ’یاخیبوون و گوناهەکانمان لەسەر خۆمانن و بەوانە لەناودەچین. ئیتر ئێمە چۆن بژین؟‘ “
EZE 33:11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش نابم، بەڵکو بەوەی خراپەکار لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە و بژیێت. بگەڕێنەوە! لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟“
EZE 33:12 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە هاونیشتیمانیانت بڵێ: ”ڕاستودروستی کەسی ڕاستودروست لە کاتی یاخیبوونی فریای ناکەوێت، خراپەکاریش لە کاتی گەڕانەوەی لە خراپەکەی، بەهۆی خراپەکەی لەناو ناچێت. کەسی ڕاستودروست لە کاتی گوناهەکەی ناتوانێت بە ڕاستودروستییەکەی بژیێت.“
EZE 33:13 ئەگەر بە کەسی ڕاستودروستم فەرموو: ”بێگومان تۆ دەژیت،“ جا ئەگەر پشتی بە ڕاستودروستییەکەی بەست و خراپەی کرد، هەموو ڕاستودروستییەکەی لەیاد دەکرێت، بەڵکو خراپەکەی دەبێتە هۆی مردنی.
EZE 33:14 ئەگەر بە خراپەکارم فەرموو: ”سزاکەت مردنە!“ جا ئەگەر لە گوناهەکەی گەڕایەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کرد،
EZE 33:15 ئەگەر خراپەکارەکە بارمتە یان هەر شتێکی دزیوە گەڕاندییەوە و ڕێگای فەرزەکانی ژیانی گرتەبەر، بەبێ ئەوەی خراپە بکات، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت.
EZE 33:16 هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێن. بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کردووە، بێگومان دەژیێت.
EZE 33:17 «هاونیشتیمانیانت دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە.“ بەڵکو ئەوان ڕێگای خۆیان ڕاست نییە.
EZE 33:18 کاتێک کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی بگەڕێتەوە و خراپە بکات، ئەوا پێی دەمرێت.
EZE 33:19 کاتێکیش خراپەکار لە خراپەکەی بگەڕێتەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کار بکات، ئەوا پێیان دەژیێت.
EZE 33:20 ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە!“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من هەریەکەتان بەپێی ڕێگاکانی خۆی حوکمی دەدەم.»
EZE 33:21 لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە، لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە کەوت.»
EZE 33:22 ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم.
EZE 33:23 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 33:24 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“
EZE 33:25 لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟
EZE 33:26 پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“
EZE 33:27 «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن.
EZE 33:28 خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار.
EZE 33:29 جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“
EZE 33:30 «ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“
EZE 33:31 هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون.
EZE 33:32 لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن.
EZE 33:33 «کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»
EZE 34:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 34:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟
EZE 34:3 ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن.
EZE 34:4 لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند.
EZE 34:5 جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون.
EZE 34:6 مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.
EZE 34:7 «”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
EZE 34:8 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند،
EZE 34:9 ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
EZE 34:10 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.
EZE 34:11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە،
EZE 34:12 وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون.
EZE 34:13 لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم.
EZE 34:14 لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن.
EZE 34:15 من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
EZE 34:16 بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانایەتییان دەکەم.
EZE 34:17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان.
EZE 34:18 ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن
EZE 34:19 هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟
EZE 34:20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم.
EZE 34:21 لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن،
EZE 34:22 من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم.
EZE 34:23 یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی.
EZE 34:24 من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
EZE 34:25 «”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون.
EZE 34:26 ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت.
EZE 34:27 درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 34:28 لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت.
EZE 34:29 نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان.
EZE 34:30 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 34:31 ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 35:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 35:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و
EZE 35:3 پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم.
EZE 35:4 شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
EZE 35:5 «”لەبەر ئەوەی لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر،
EZE 35:6 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت.
EZE 35:7 کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم.
EZE 35:8 چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون.
EZE 35:9 دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 35:10 «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت،‘
EZE 35:11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم.
EZE 35:12 جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘
EZE 35:13 بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو.
EZE 35:14 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم.
EZE 35:15 وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 36:1 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
EZE 36:2 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘ “
EZE 36:3 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن،
EZE 36:4 لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە.
EZE 36:5 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“
EZE 36:6 لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان.
EZE 36:7 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.
EZE 36:8 «”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلی من دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە.
EZE 36:9 من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و
EZE 36:10 خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە.
EZE 36:11 خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 36:12 وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.
EZE 36:13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘
EZE 36:14 لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 36:15 وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
EZE 36:16 هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 36:17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو.
EZE 36:18 جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد.
EZE 36:19 بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان.
EZE 36:20 جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“
EZE 36:21 جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.
EZE 36:22 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان.
EZE 36:23 جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لە ناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 36:24 «”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان.
EZE 36:25 ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە.
EZE 36:26 دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ.
EZE 36:27 ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن.
EZE 36:28 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە.
EZE 36:29 لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان.
EZE 36:30 بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت.
EZE 36:31 ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە.
EZE 36:32 با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 36:33 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانتان بنیاد دەنرێنەوە.
EZE 36:34 خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو.
EZE 36:35 جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘
EZE 36:36 ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“
EZE 36:37 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم،
EZE 36:38 وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
EZE 37:1 ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک.
EZE 37:2 منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو.
EZE 37:3 لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟» منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»
EZE 37:4 پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
EZE 37:5 یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە.
EZE 37:6 دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
EZE 37:7 منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی.
EZE 37:8 سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.
EZE 37:9 ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“»
EZE 37:10 منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.
EZE 37:11 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“
EZE 37:12 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل.
EZE 37:13 ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم.
EZE 37:14 ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
EZE 37:15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 37:16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یوسف، واتا داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“
EZE 37:17 بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.
EZE 37:18 «کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“
EZE 37:19 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“
EZE 37:20 ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە.
EZE 37:21 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان.
EZE 37:22 لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی.
EZE 37:23 لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.
EZE 37:24 «”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن.
EZE 37:25 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان.
EZE 37:26 پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لە ناوەڕاستیان دادەنێم.
EZE 37:27 نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
EZE 37:28 جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لە ناوەڕاستیاندا دەبێت.“»
EZE 38:1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
EZE 38:2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە گۆگ بکە لە خاکی ماگۆگ، ئەو کە سەرۆکی میرانی مەشەک و توبالە، پێشبینی لەسەر بکە و
EZE 38:3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم.
EZE 38:4 ڕووت وەردەگێڕم و ئەڵقە دەکەمە شەویلگەت و خۆت و هەموو سوپاکەت دەردەکەم، بە ئەسپ و ئەسپ سوارەوە، هەموویان چەکدارن، ئاپۆرەیەکی مەزن بە قەڵغانی گەورە و بچووکەوە، هەموو شمشێر بەدەستن.
EZE 38:5 فارس و کوش و پووت، هەریەکە بە قەڵغان و کڵاوی ئاسنینەوە لەگەڵیان دەبن.
EZE 38:6 هەروەها گۆمەر و هەموو لەشکرەکانی، بێت‌تۆگەرماش لەوپەڕی باکوور بە هەموو لەشکرەکەیەوە، گەلانێکی زۆر لەگەڵ تۆدا دەبن.
EZE 38:7 «”لە سەرپێ بە و خۆت ئامادە بکە، تۆ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەت کە لێت کۆبوونەتەوە، ببە سوپاسالاریان.
EZE 38:8 لەدوای ڕۆژانێکی زۆر بۆ جەنگ بانگ دەکرێیت، لە ساڵانی داهاتوودا هێرش دەبەیتە سەر ئەو خاکەی کە لەدوای جەنگ ئاوەدان بووەتەوە، خاکێک کە گەلەکەی لە چەند نەتەوەیەکی زۆر کۆکرانەوە، بۆ ئەوەی هەموو بە ئارامی لە چیاکانی ئیسرائیلدا نیشتەجێ بن، کە ماوەیەکی دوورودرێژ وێرانە بوون.
EZE 38:9 تۆش خۆت و لەشکرەکانت و گەلانێکی زۆر کە لەگەڵ تۆن سەردەکەون، وەک گەردەلوول بەرەو پێش دەچیت، دێیت و وەک هەورێک زەوی دادەپۆشیت.
EZE 38:10 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا شتی خراپ بەبیرتدا دێت و پیلان دەگێڕیت.
EZE 38:11 دەڵێیت: ’دەچمە سەر خاکێک کە گوندەکانی بێ شووران؛ هێرش بۆ سەر خەڵکێکی ئاشتیخواز و ئاسوودە دەبەم، هەموو بەبێ شوورا نیشتەجێن، نە دەروازە و نە شمشیرەیان هەیە.
EZE 38:12 تاڵانی و ڕاووڕووت دەکەم، دەستدرێژی دەکەمە سەر شارە کاولە ئاوەدانکراوەکان و ئەو گەلەی کە لەنێو نەتەوەکانەوە کۆکراونەتەوە، کە لە چەقی خاکەکەدا نیشتەجێن، کە خاوەن ئاژەڵ و سەروەت و سامانن.‘
EZE 38:13 شەبا و دیدان و بازرگانەکانی تەرشیش و هەموو بەچکە شێرەکانی پێت دەڵێن: ’ئایا بۆ ڕاووڕووت و تاڵانی هاتوویت؟ ئایا ئاپۆرەی سوپاکەتت کۆکردەوە بۆ بردنی زێڕ و زیو، بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئاژەڵ و کەلوپەلدا بگریت، بۆ ڕاووڕووتێکی گەورە؟‘ “
EZE 38:14 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بە گۆگ بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا، کاتێک ئیسرائیلی گەلم بە ئاسوودەیی نیشتەجێن، ئایا ئاگات لێ نییە؟
EZE 38:15 لە شوێنی خۆتەوە لەوپەڕی باکوورەوە دێیت، گەلانێکی زۆرت لەگەڵە، هەموو ئەسپ سوارن، ئاپۆرەیەکی خەڵک و لەشکرێکی زۆر.
EZE 38:16 وەک هەورێک زەوی داپۆشێت، سەردەکەویتە سەر ئیسرائیلی گەلم. ئەی گۆگ، لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەتهێنمە سەر خاکەکەم هەتا نەتەوەکان بمناسن، کاتێک لەبەرچاویان لە ڕێگەی تۆوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم!
EZE 38:17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەوەی کە لە ڕۆژگاری کۆندا لەسەر زمانی بەندەکانم، پێغەمبەرانی ئیسرائیلەوە باسم کردیت؟ ئەوانەی لەو ڕۆژگارانەدا بۆ ساڵانێک پێشبینییان کرد، کە من تۆ دەهێنمە سەریان.
EZE 38:18 لەو ڕۆژەدا، لە ڕۆژی هاتنی گۆگ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، تووڕەییم دێتە جۆش. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 38:19 لە ئیرەیی خۆم و لە ئاگری تووڕەییمدا، قسەم کرد کە لەو ڕۆژەدا بوومەلەرزەیێکی گەورە لە خاکی ئیسرائیلدا دەبێت.
EZE 38:20 جا ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و گیانلەبەرانی دەشتودەر و خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن و هەموو ئەو خەڵکەی لەسەر ڕووی زەوین لەبەردەمی من دەلەرزن. چیاکان سەرەوژێر دەکرێن، هەڵدێرەکان دەڕووخێن، هەموو شووراکان دەکەونە سەر زەوی.
EZE 38:21 لە هەموو چیاکانم بانگی شمشێر دەکەم بۆ سەر گۆگ، جا شمشێری هەریەکەیان لە دژی براکەی دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 38:22 بە دەرد و خوێن سزای دەدەم، بارانی بە لێشاو و تەرزەی بەردین و ئاگر و گۆگرد دەبارێنم، بەسەر خۆی و لەشکرەکەی و ئەو گەلە زۆرەی کە لەگەڵیدان.
EZE 38:23 بەم شێوەیە گەورەیی و پیرۆزیم دەردەخەم، لەلای زۆربەی نەتەوەکان خۆم دەناسێنم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.“
EZE 39:1 «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی لەسەر گۆگ بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم.
EZE 39:2 ئاراستەت وەردەگێڕم و دەتبەم. لەوپەڕی باکوورەوە سەرت دەخەم و دەتهێنمە چیاکانی ئیسرائیل.
EZE 39:3 ئینجا لە کەوانەکەت دەدەم کە لە دەستی چەپتە، تیرەکانت لە دەستی ڕاستت بەردەدەمەوە.
EZE 39:4 خۆت و هەموو سوپاکەت و ئەو گەلانەی لەگەڵتدان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، دەتکەمە خۆراکی هەموو جۆرە باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیانلەبەرانی دەشتودەر.
EZE 39:5 لەسەر ڕووی دەشتودەر دەکەویت، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 39:6 ئاگر دەنێرمە سەر ماگۆگ و سەر ئەوانەی بە ئاسوودەیی لە کەنارەکان نیشتەجێن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
EZE 39:7 «”ناوی پیرۆزیشم لەنێو ئیسرائیلی گەلم دەناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلم.
EZE 39:8 دێت و بەڕێوەیە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە باسم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 39:9 «”دانیشتووانی شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەردەچن، چەک دەسووتێنن و ئاگریان تێبەر دەدەن: قەڵغانی گەورە و بچووک، کەوان و تیر، کوتەک و ڕم. حەوت ساڵ بۆ سووتەمەنی بەکاریاندەهێنن.
EZE 39:10 نە چیلکەیەک لە دەشتودەر کۆدەکەنەوە و نە لە دارستانەکان دار دەبڕن، چونکە چەک بۆ سووتەمەنی بەکاردەهێنن. ئەوانە تاڵان دەکەن کە تاڵانیان کردن و دەستکەوتی ئەوانە دەبەن کە دەستکەوتیان بردن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 39:11 «”لەو ڕۆژەدا شوێنێک دەکەمە گۆڕ بۆ گۆگ لە ئیسرائیل، لە دۆڵی عەڤاریم لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو. دەبێتە ڕێگرێک لەسەر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی لەوێ دەنێژن. لەبەر ئەوە ناوی لێ دەنێن دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ.
EZE 39:12 «”بنەماڵەی ئیسرائیل حەوت مانگ لە گۆڕیان دەنێن، هەتا خاکەکە پاک بکەنەوە.
EZE 39:13 هەموو گەلی خاکەکە خەریکی لەگۆڕنان دەبن، ئەو ڕۆژەش کە من شکۆدار دەکرێم لەبیریان ناچێتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 39:14 «”هەندێک پیاو هەڵدەبژێرن کە بە بەردەوامی بە خاکەکەدا تێبپەڕن، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە مردووەکان دەنێژن، هەتا ئەوانەی کە لەسەر ڕووی زەوییەکە کوژراون و ماونەتەوە لە گۆڕیان بنێن بۆ پاککردنەوەی خاکەکە. دوای تەواوبوونی حەوت مانگەکە دەست بە پشکنین دەکەن.
EZE 39:15 کاتێک بە خاکەکەدا تێدەپەڕن، ئەگەر یەکێک ئێسکێکی مرۆڤی بینی نیشانەیەکی لەتەنیشت دادەنێت، هەتا گۆڕهەڵکەنەکان لە دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ لە گۆڕی بنێن،
EZE 39:16 نزیکی شارۆچکەیەک لەوێیە کە ناوی هەمۆنایە. بەم شێوە خاکەکە پاک دەکەنەوە.“
EZE 39:17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە هەموو باڵدارێک و هەموو گیانلەبەرێکی دەشتودەر بڵێ: ”کۆببنەوە و وەرن، لە هەموو لایەکەوە لە قوربانییەکەم خڕبنەوە، ئەوەی من لەسەر چیاکانی ئیسرائیل بۆ ئێوەم سەربڕیوە، قوربانییەکی گەورەیە، هەتا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنەوە.
EZE 39:18 گۆشتی پاڵەوانەکان دەخۆن و خوێنی میرانی زەوی دەخۆنەوە، بەران و بەرخ و نێری و گا، هەموو لە دابەستەکانی باشانن.
EZE 39:19 پیو دەخۆن هەتا تێر دەبن و خوێن دەخۆنەوە هەتا سەرخۆش دەبن لەو قوربانییەی بۆ ئێوەم سەربڕیوە.
EZE 39:20 جا ئێوە لەسەر خوانەکەم لە گۆشتی ئەسپ و سوار و پاڵەوانەکان و هەموو جۆرێکی جەنگاوەران تێر دەبن.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 39:21 «شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان.
EZE 39:22 جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم.
EZE 39:23 هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران.
EZE 39:24 بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.
EZE 39:25 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم.
EZE 39:26 جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون.
EZE 39:27 ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم.
EZE 39:28 ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم.
EZE 39:29 چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 40:1 لە ساڵی بیست و پێنجەمی ڕاپێچکردنمان، لە سەرەتای ساڵ، لە دەی مانگی یەکی ساڵی چواردەیەم لەپاش لێدانی شارەکە، لە هەمان ڕۆژ ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و بۆ ئەوێی بردم.
EZE 40:2 خودا لە چەند بینینێکیدا منی هێنایە خاکی ئیسرائیل و لەسەر کێوێکی زۆر بڵند داینام، لەلای باشوورەوە چەند تەلارێک لە شێوەی شارێکدا بوو.
EZE 40:3 کاتێک منی هێنایە ئەوێ، ئەوەتا پیاوێک دیمەنی وەک بڕۆنز وابوو، پەتێکی کەتان و قامیشێکی پێوانەی بە دەستەوە بوو، لەبەر دەروازەکە وەستابوو.
EZE 40:4 پیاوەکە پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوەکانت سەیر بکە و بە گوێیەکانت ببیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو ئەوەی پیشانی تۆی دەدەم، چونکە لەبەر ئەوەی پیشانت بدرێت تۆ بۆ ئێرە هێنراویت. هەموو ئەوەی دەیبینیت بە بنەماڵەی ئیسرائیلی ڕابگەیەنە.»
EZE 40:5 شوورایەکم بینی کە دەوری تەواوی پەرستگاکەی دابوو. قامیشێکی پێوانەش کە درێژییەکەی شەش باڵی درێژ بوو کە هەر باڵێک، باڵێک و چوار پەنجە بوو. جا ئەستوورایی شووراکەی پێوا کە یەک قامیش بوو و بەرزاییەکەشی یەک قامیش.
EZE 40:6 ئینجا هاتە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بەسەر پێپلیکانەکانیدا سەرکەوت و بەردەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی یەک قامیش بوو.
EZE 40:7 قوژبنەکانی پاسەوانیش یەک قامیش درێژی بوو، یەک قامیشیش پانی، ئەستوورایی دیواری نێوان قوژبنەکانیش پێنج باڵ بوو. بەردەروازەکەش لەلای هەیوانی دەروازەکە و لە ژوورەوە یەک قامیش بوو.
EZE 40:8 ئینجا هەیوانی دەروازەکەی پێوا،
EZE 40:9 درێژییەکەی هەشت باڵ بوو، ئەستوورایی هەر دینگەیەکیشی دوو باڵ بوو، هەیوانی دەروازەکەش ڕووەو پەرستگاکە بوو.
EZE 40:10 قوژبنەکانی دەروازەی لای ڕۆژهەڵاتیش، لە هەر لایەک سێ قوژبن هەبوون، هەرسێکیان هەمان پێوانە بوون. ڕووبەری دیوارەکانی نێوانیشیان لە هەر لایەک وەک یەک بوون.
EZE 40:11 ئینجا پانی داڵانی دەروازەکەی پێوا، دە باڵ بوو، درێژایی دەروازەکەش سێزدە باڵ بوو.
EZE 40:12 لێواری بەردەم قوژبنەکانیش لە هەر لایەک یەک باڵ بوو، قوژبنەکانیش درێژی و پانییەکەی شەش باڵ بوون.
EZE 40:13 ئینجا دەروازەکەی پێوا، لە بنمێچی قوژبنێکەوە بۆ بنمێچی قوژبنەکەی بەرامبەری. دووری لەنێوان دەلاقەی دیواری پشتی قوژبن و دەلاقەکەی بەرامبەری بیست و پێنج باڵ بوو.
EZE 40:14 ڕووبەری ناوبڕەکانیشی هەتا هەیوانی بەرامبەر حەوشەی دەروازەکەی پێوا، درێژایی شەست باڵ بوو.
EZE 40:15 دووری نێوان داڵانی دەروازەکە و کۆتایی هەیوانەکەی پەنجا باڵ بوو.
EZE 40:16 ڕووی ناوەوەی ستارەی سەر قوژبن و ناوبڕە و هەیوانەکەش دەلاقەدار بوو، ڕووی ناوبڕەکانیش نەخشی دار خورما هەبوو.
EZE 40:17 ئینجا منی هێنایە خانەکانی دەرەوە. بینیم چەند ژوورێک و شۆستەیەک بە چواردەوری حەوشەکەدا دروستکرابوون. بە درێژایی شۆستەکە سی ژوور هەبوو.
EZE 40:18 شۆستەکە لەلای دەروازەکان بوو، بەرامبەر بە درێژایی دەروازەکانیش شۆستەکەی خوارەوە بوو.
EZE 40:19 ئینجا ئەو دوورییەی پێوا، کە لەنێوان دیوی ناوەوەی دەروازەکەی خوارەوە و دیوی دەرەوەی حەوشەکەی ناوەوە بوو، سەد باڵ بوو بەلای ڕۆژهەڵات و بەلای باکوور.
EZE 40:20 ئینجا درێژی و پانی دەروازەکەی ڕووەو باکووری پێوا، کە دەروازەیەک بوو بۆ خانەکانی دەرەوە.
EZE 40:21 قوژبنەکانیشی لە هەر لایەک سێ بوون، ناوبڕەکان و هەیوانەکەشی وەک پێوانەی دەروازەکەی یەکەم بوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی بیست و پێنج باڵ بوو.
EZE 40:22 دەلاقەکانی و هەیوانەکەی و نەخشە دار خورماکەی هەمان پێوانەی ئەو دەروازەیە بوو کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. بە حەوت پایە بۆی سەردەکەوتن و هەیوانەکەشی بەرامبەریان بوو.
EZE 40:23 دەروازەی حەوشەکەی ناوەوەش بەرامبەر دەروازەی باکوور بوو، هەروەک دەروازەی ڕۆژهەڵات، لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەک پێوای، سەد باڵ بوو.
EZE 40:24 ئینجا منی بەرەو باشوور برد. بینیم دەروازەیەکی ڕووەو باشوور هەبوو، دینگەکان و هەیوانەکەی پێوا، هەمان پێوانە بوون.
EZE 40:25 دەروازەکەش دەلاقەی تێدابوو، هەیوانەکەشی وەک ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری هەبوو. درێژی پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
EZE 40:26 پێپلیکانەکەشی حەوت پایە بوو، هەیوانەکەشی لەبەردەمی بوو، لە هەردوو لای دەروازەکە لە هەردوو ڕووی ناوبڕەکان نەخشی دار خورما هەبوون.
EZE 40:27 حەوشەکەی ناوەوەش دەروازەیەکی بەرەو باشوور هەبوو، لە دەروازەوە بۆ دەروازە ڕووەو باشوور پێوای، سەد باڵ بوو.
EZE 40:28 ئینجا لە دەروازەکەی باشوورەوە منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوە. دەروازەکەی باشووری پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکەی بوو.
EZE 40:29 قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانەی ئەوانەی دیکە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
EZE 40:30 لە هەر سێ لاوە هەیوانەکان بیست و پێنج باڵ درێژایی و پێنج باڵ پانی بوون.
EZE 40:31 هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما هەبوون، پێپلیکانەکەشی لەسەر هەشت پایە بوون.
EZE 40:32 ئینجا منی هێنایە ناو حەوشەکەی ناوەوە بەرەو ڕۆژهەڵات. دەروازەکەی پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو.
EZE 40:33 قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانەی ئەوانەی دیکە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
EZE 40:34 هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.
EZE 40:35 ئینجا منی هێنایە دەروازەکەی باکوور و پێوای، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو.
EZE 40:36 قوژبن و ناوبڕەکانی و هەیوانەکەی و ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری بوون، درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ بوو، پانی بیست و پێنج باڵ بوو.
EZE 40:37 هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.
EZE 40:38 لەلای هەیوانی هەر دەروازەیەکی ناوەوە ژوورێک و داڵانێک هەبوو، لەوێ قوربانی سووتاندنیان دەشوشت.
EZE 40:39 لە هەیوانی دەروازەکەش دوو مێز لە هەر لایەکی هەبوون، بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەسەریان سەرببڕدرێن.
EZE 40:40 لە دیوی دەرەوەی هەیوانی دەروازەکە، لە نزیکی پێپلیکانەکەی لای داڵانی دەروازەی باکوور، لە هەر لەلایەکی پێپلیکانەکە دوو مێز هەبوون.
EZE 40:41 چوار مێز لێرە و چوار مێز لەوێ لەلای دەروازەکە، هەشت مێز قوربانییان لەسەر سەردەبڕان.
EZE 40:42 چوار مێزی دیکەش بۆ قوربانی سووتاندنەکان هەبوون لە بەردی تاشراو بوون، درێژییەکەیان باڵ و نیوێک و پانییەکەشیان باڵ و نیوێک بوون، بەرزاییەکەشیان یەک باڵ بوو. ئەو کەرەستانەی لەسەر دادەنرا کە قوربانی سووتاندن و قوربانی دیکەیان پێ سەردەبڕی.
EZE 40:43 قولاپەکانیش چوار پەنجە بوون، لە دیوی ناوەوە بە چواردەوریدا قاییم کرابوون، مێزەکانیش بۆ گۆشتی قوربانییەکان بوون.
EZE 40:44 لە حەوشەکەی ناوەوە، لە دەرەوەی دەروازەکەی، دوو ژوور هەبوون، یەکێکیان لەلای دەروازەکەی باکوور، ڕووی لە باشوور بوو. ئەوەی دیکە لەلای دەروازەکەی باشوور، ڕووی لە باکوور بوو.
EZE 40:45 پێی فەرمووم: «ئەو ژوورەی ڕووی لە باشوورە هی کاهینەکانە، کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی پەرستگا.
EZE 40:46 ئەو ژوورەش کە ڕووی لە باکوورە هی ئەو کاهینانەیە کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی قوربانگا. ئەوان نەوەی سادۆقن، کە لەنێو نەوەی لێڤی تەنها ئەوان بۆیان هەیە لە یەزدان نزیک ببنەوە بۆ خزمەتکردنی.»
EZE 40:47 پاشان حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگای پێوا، درێژی سەد باڵ و پانیشی سەد باڵ بوو، چوارگۆشە بوو، قوربانگاکەش لەبەردەم پیرۆزگاکە بوو.
EZE 40:48 ئینجا منی هێنایە هەیوانی پیرۆزگاکە، دینگەکانی هەیوانەکەی پێوا، ئەستوورایی هەر لایەک پێنج باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش چواردە باڵ بوو، ناوبڕەکانی هەر لایەک سێ باڵ بوون.
EZE 40:49 پانی هەیوانەکە بیست باڵ بوو، درێژییەکەشی دوازدە باڵ. لە پێپلیکانەکەوە بۆی سەردەکەوت، لە هەردوو لای دینگەکان کۆڵەکە هەبوون، یەکێک لەم بەر و یەکێکی دیکە لەو بەر.
EZE 41:1 ئینجا پیاوەکە منی هێنایە شوێنی پیرۆز و دینگەکانی پێوا، ئەستوورایی دینگەکان لە هەر لایەکەوە شەش باڵ بوو.
EZE 41:2 پانی بەردەرگاکەش دە باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک پێنج باڵ بوو. هەروەها شوێنە پیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو.
EZE 41:3 پاشان چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، دینگەکانی بەردەرگاکەی پێوا، پانی هەریەکەیان دوو باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش شەش باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک حەوت باڵ بوو.
EZE 41:4 شوێنە هەرەپیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی بیست باڵ، پانییەکەشی تەریب بوو لەگەڵ شوێنە پیرۆزەکە و بیست باڵ بوو، پێی فەرمووم: «ئەمە شوێنە هەرەپیرۆزەکەیە.»
EZE 41:5 کە ئەستوورایی دیواری پیرۆزگاکەی پێوا شەش باڵ بوو. پانی ژوورە لاتەنیشتەکانیشی پێوا کە لە سێ لای پیرۆزگاکە هەبوون، هەر یەکێکیان چوار باڵ بوو.
EZE 41:6 ژوورە لاتەنیشتەکانیش بە سێ نهۆم هەبوون، لە هەر نهۆمێکیش سی ژوور هەبوون. بنچینەی ژوورەکان لەسەر دیواری پیرۆزگاکە خۆی دروستنەکرابوون، بەڵکو لەسەر لێواری دیواری ژوورەکان کە بۆ پتەوکردنی ژوورەکان دروستکرا بوون.
EZE 41:7 ئەگەر لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک سەربکەوتبووای، ژوورە لاتەنیشتەکان بەرینتر دەبوون، بەپێی لێوارەکە لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک لە سێ لای پیرۆزگاکە. پێپلیکانەیەکیش هەبوو، لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بە نهۆمی ناوەڕاستدا تێدەپەڕی.
EZE 41:8 بینیم لە چواردەوری پیرۆزگاکە بادلۆیەکی بەرز هەبوو، کە بناغەی ژوورە لاتەنیشتەکان بوو، درێژییەکەشی بەقەد درێژی قامیشێک بوو، شەش باڵ درێژی بوو.
EZE 41:9 ئەستوورایی دیواری ژوورە لاتەنیشتەکان لە دیوی دەرەوە پێنج باڵ بوو. حەوشەیەک هەبوو لەنێوان ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە و
EZE 41:10 ژوورەکانی کاهینان، پانییەکەی بیست باڵ بوو بە دەوری پیرۆزگاکەدا.
EZE 41:11 دەروازەی ژوورە لاتەنیشتەکان لە کۆڵانێکەوە یەکێکی ڕووەو باکوور و یەکێکیشی ڕووەو باشوور بوو. پانی بادلۆکە لە دەوری پیرۆزگاکە پێنج باڵ بوو.
EZE 41:12 ئەو بینایەش کە لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە بوو، لە لایەکەوە ڕووەو ڕۆژئاوا، پانی حەفتا باڵ بوو. ئەستوورایی دیواری بیناکەش پێنج باڵ بوو بە چواردەوریدا، درێژییەکەشی نەوەد باڵ بوو.
EZE 41:13 پیرۆزگاکەشی پێوا، سەد باڵ درێژ بوو، شوێنە جیاکراوەکە و بیناکە و دیوارەکانی سەد باڵ درێژ بوون.
EZE 41:14 ڕووی پەرستگا و شوێنە جیاکراوەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات پانییەکەی سەد باڵ بوو.
EZE 41:15 ئینجا درێژی بیناکە و هۆڵەکانی پێوا، بیناکەش لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە لە پشتی پیرۆزگاکە بوو، لە لایەکەوە بۆ لایەکەی دیکە، سەد باڵ بوو. شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز و ڕووی هەیوانەکە بە لای حەوشەکەدا،
EZE 41:16 لەگەڵ بەردەرگاکان و کڵاوڕۆژنە کەتیبەدارەکان و هۆڵەکانی چواردەوری سێ نهۆمەکە، بەرامبەر بەردەرگاکە لە هەموو لایەکەوە تەختەی لێ درابوو. لە زەوییەکەوە هەتا کڵاوڕۆژنەکە، کڵاوڕۆژنەکەش داپۆشرابوو.
EZE 41:17 لە سەرەوە، ناوبەناو لەسەر دیوی دەرەوەی داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆز، دیوارەکە بە چواردەوری شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز،
EZE 41:18 نەخشی کەڕوبەکان و دار خورمای لەسەر کرابوو. دار خورمایەک لەنێوان کەڕوبێک و کەڕوبێکی دیکە، هەر کەڕوبێکیش دوو ڕووی هەبوو،
EZE 41:19 ڕووێکی مرۆڤ ڕووەو دار خورمایەک و ڕووی جوانە شێرێک ڕووەو دار خورمایەکی دیکە. کە هەموو چواردەوری پیرۆزگاکە بەم شێوەیە نەخشێنرابوو.
EZE 41:20 هەروەها دیواری شوێنی پیرۆزیش لە زەوییەوە هەتا سەر داڵانەکە بە کەڕوب و دار خورماکان نەخشێنرابوون.
EZE 41:21 چوارچێوەی دەرگای شوێنە پیرۆزەکەش لاکێشەیی بوو، هەروەها ئەو چوارچێوەیەی کە لەپێشی شوێنی هەرەپیرۆزەکە بوو هەمان شێوەی هەبوو.
EZE 41:22 قوربانگاکە لە دار دروستکرابوو، بەرزی سێ باڵ بوو، درێژی و پانییەکەی دوو باڵ بوون، گۆشە و بنکە و دیوارەکانی لە دار بوون. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەمە ئەو مێزەیە کە لەبەردەم یەزدانە.»
EZE 41:23 شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆزیش دەرگایەکی دوو دەری هەبوو.
EZE 41:24 هەر دەروازەیەکیش دوو دەری بوو، لە ناوەڕاستەوە دەکرانەوە.
EZE 41:25 کەڕوب و دار خورما لەسەر ڕووی دەرگاکانی شوێنی پیرۆزیش نەخشێنرا بوون، بە هەمان شێوە دیوارەکانیش نەخشێنرابوون، تارمەیەکی دارینیش لەپێش هەیوانەکە هەبوو.
EZE 41:26 لەسەر دیواری لاتەنیشتەکانی هەیوانەکە و ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە دەلاقەی کەتیبەدار هەبوو کە لایەکانی بە نەخشی دار خورما ڕازێنرابووەوە.
EZE 42:1 ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور.
EZE 42:2 درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو.
EZE 42:3 لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە.
EZE 42:4 بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون.
EZE 42:5 شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون.
EZE 42:6 بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو.
EZE 42:7 ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو.
EZE 42:8 درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو.
EZE 42:9 لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.
EZE 42:10 ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە.
EZE 42:11 لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو.
EZE 42:12 وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.
EZE 42:13 پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز وەکو پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەوێ دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە.
EZE 42:14 کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»
EZE 42:15 کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا،
EZE 42:16 لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ بوو.
EZE 42:17 لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە.
EZE 42:18 لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە.
EZE 42:19 ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا.
EZE 42:20 لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.
EZE 43:1 ئینجا منی بردە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە.
EZE 43:2 بینیم شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتەوە دەهات و دەنگی وەک دەنگی ئاوێکی زۆر بوو، خاکەکەش لەبەر شکۆمەندییەکەی دەدرەوشایەوە.
EZE 43:3 بینینەکە وەک ئەو بینینە بوو کە لە کاتی هاتنی بۆ وێرانکردنی شارەکە بۆم ئاشکرا کرابوو، هەروەها وەک ئەو بینینە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بۆم ئاشکرا کرابوو، ئەو کاتە بەسەر ڕوومدا کەوتم.
EZE 43:4 شکۆمەندی یەزدان لە ڕێگای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆ ناو پەرستگاکە هات.
EZE 43:5 ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی بردە حەوشەکەی ناوەوە و بینیم شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە.
EZE 43:6 گوێم لێ بوو لە پیرۆزگاکەوە قسەی لەگەڵ کردم و پیاوێکیش لەتەنیشتمەوە ڕاوەستابوو.
EZE 43:7 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمە شوێنی تەختی من و شوێنی بنی پێمە، کە لەنێو نەوەکانی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ دەبم. لەمەودوا بنەماڵەی ئیسرائیل ناوی پیرۆزم گڵاو ناکەن، نە خۆیان و نە پاشاکانیان، نە بە لەشفرۆشی و نە بە تەرمی پاشاکانیان لە نزرگەکانی سەر بەرزایی.
EZE 43:8 کاتێک ئەوان بەردەرگاکەیان لای بەردەرگاکەم و چوارچێوەی دەرگاکەیان لای چوارچێوەی دەرگاکەم دانا، لەنێوان من و ئەواندا تەنها دیوارێک هەبوو، جا ناوی پیرۆزی منیان بە نەریتە قێزەونەکانیان گڵاوکرد. منیش بە تووڕەیی خۆم لەناوم بردن.
EZE 43:9 ئێستا با لەشفرۆشی و تەرمی پاشاکانیان لە من دووربخەنەوە، ئەو کاتە منیش بۆ هەتاهەتایە لەناویان نیشتەجێ دەبم.
EZE 43:10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دەربارەی پەرستگاکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل ڕابگەیەنە، با لە تاوانەکانی خۆیان شەرمەزار بن و با نەخشەکە بپێون.
EZE 43:11 ئەگەر هاتوو لە هەرچی کردوویانە شەرمەزارییان کێشا، ئەوسا وێنەی پەرستگا، نەخشە و شوێنی چوونەدەرەوە و شوێنی چوونەژوورەوە، هەموو شێوە و فەرزەکان و فێرکردنەکانییان بۆ باس بکە. ئەمە لەبەرچاویان بنووسە، با هەموو نەخشە و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنن و کاری پێ بکەن.
EZE 43:12 «ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە: لەسەر لووتکەی کێوەکە، هەموو چواردەوری پەرستگاکە دەبێتە شوێنێکی زۆر پیرۆز، ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە.
EZE 43:13 «ئەمەش پێوانەکانی قوربانگاکەیە بە پێوانەی باڵی درێژ، باڵی درێژیش باڵێک و چوار پەنجەیە. قووڵایی ئاوەڕۆکەی باڵێکە و پانییەکەشی باڵێک و کەنارەکەشی هەتا لێوەکەی چواردەوری بستێکە. ئەمەش بەرزی قوربانگاکەیە:
EZE 43:14 بنکەکەی لە زەوی ئاوەڕۆکەوە هەتا لێواری خوارەوە دوو باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو، لە لێوارە بچووکەکەی ژێرەوە هەتا لێوارە گەورەکەی سەرەوەش چوار باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو.
EZE 43:15 بەرزی ئاگردانی قوربانگاکەش چوار باڵ بوو، لە ئاگردانی قوربانگاکەشەوە بۆ سەرەوە چوار قۆچ هاتبوونە دەرەوە.
EZE 43:16 ئاگردانی قوربانگاکەش دوازدە باڵ درێژی و دوازدە باڵ پانی بوو، شێوەی چوارگۆشەیی بوو.
EZE 43:17 لێوارەکەی سەرەوەش چوار گۆشە بوو، چواردە باڵ درێژ و چواردە باڵ پان بوو، کەنارەکەی چواردەوریشی نیو باڵ بوو و ئاوەڕۆکەشی بە دەوریدا یەک باڵ بوو، پێپلیکانەکانیشی ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو.»
EZE 43:18 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمانە فەرزەکانی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن و پرژاندنی خوێن لەسەر قوربانگاکەیە، ئەو ڕۆژەی کە بنیاد دەنرێت.
EZE 43:19 جوانەگایەک بۆ قوربانی گوناه بە کاهینە لێڤییەکان دەدەیت، ئەوانەی لە نەوەی سادۆقن، کە لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 43:20 لە خوێنەکەی دەبەیت و لە هەر چوار قۆچی قوربانگاکە و هەر چوار گۆشەی لێوارەکەی سەرەوەی دەدەیت و لە کەنارەکەشی دەدەیت بە هەر چواردەوریدا، بەم شێوەیە پاکی دەکەیتەوە و کەفارەتی بۆ دەکەیت.
EZE 43:21 جوانەگاکەی قوربانی گوناه دەبەیت و لە شوێنی دیاریکراو لە پەرستگاکە لە دەرەوەی پیرۆزگاکە دەیسووتێنیت.
EZE 43:22 «لە ڕۆژی دووەم گیسکێکی نێری ساغ پێشکەش دەکەیت، ساغ بێت، دەکرێت بە قوربانی گوناه و قوربانگەکە بە خوێنەکەی پاک دەکەنەوە وەک چۆن بە خوێنی جوانەگاکە پاکیان کردەوە.
EZE 43:23 کە لە پاککردنەوەکە تەواو بوویت، جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل پێشکەش دەکەیت.
EZE 43:24 لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان دەکەیت و کاهینەکان خوێیان پێوە دەکەن و دەیانکەن بە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
EZE 43:25 «حەوت ڕۆژ، هەر ڕۆژە گیسکێکی نێرینە دەکەیت بە قوربانی گوناه و جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل دەکەیت بە قوربانی.
EZE 43:26 کاهینەکان حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ دەکەن و پاکی دەکەنەوە، بەم شێوەیە تەرخانی دەکەن.
EZE 43:27 کە ئەم ڕۆژانە تەواو بوون، لە ڕۆژی هەشتەم بەسەرەوە کاهینەکان لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان پێشکەش دەکەن، منیش لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
EZE 44:1 ئینجا پیاوەکە منی هێنایەوە بۆ ڕێگای دەروازەی دەرەوەی پیرۆزگا کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو، دەرگاکانی داخرا بوون.
EZE 44:2 یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم دەروازەیە بە داخراوی دەمێنێتەوە، ناکرێتەوە و کەس پێیدا ناچێتە ژوورەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدا چووە ژوورەوە، جا داخراو دەبێت.
EZE 44:3 تەنها میری فەرمانڕەوا خۆی تێیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان نان بخوات. لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ژوورەوە و لە هەمان ڕێگاوە دەچێتە دەرەوە.»
EZE 44:4 ئینجا پیاوەکە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی هێنایە بەردەم پیرۆزگاکە، منیش تەماشام کرد ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم.
EZE 44:5 یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوت ببینە، هەموو ئەوەی دەیفەرمووم بە گوێیەکانت بیبیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو فەرزەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو فێرکردنەکانی. هەروەها مێشکت بخەرە سەر شوێنی چوونە ژوورەوەی پەرستگاکە و سەر هەموو شوێنەکانی چوونە دەرەوەی پیرۆزگاکە.
EZE 44:6 بە یاخیبووەکان، بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە هەموو ئەو نەریتە قێزەونانەی خۆتان بەسە.
EZE 44:7 سەرەڕای ئەوەش بێگانە بە دڵ و لەش خەتەنەنەکراوەکانتان هێنایە ناو پیرۆزگای من، بۆ ئەوەی لەناو پەرستگای مندا بن و پیسی بکەن، ئەو کاتەی کە پیو و خوێن دەکرێنە قوربانی و وەک خواردن پێشکەش بە من دەکرێن. بەو هەموو نەریتە قێزەونانەتان پەیمانی منتان شکاند.
EZE 44:8 ئەرکی خۆتان بۆ شتە پیرۆزکراوەکانی من بەجێنەگەیاند، بەڵکو کەسانی دیکەتان دانا لە جێی خۆتان بۆ پارێزگاریکردنی پیرۆزگاکەم.
EZE 44:9 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: نابێت هیچ بێگانەیەکی دڵ و لەش خەتەنەنەکراو بێتە ناو پیرۆزگای من، تەنانەت ئەوانەی کە لەنێو ئیسرائیلییەکانیشدا نیشتەجێن.
EZE 44:10 «”بەڵکو لێڤییەکان کە لە من دوور کەوتنەوە کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕابوون، لە سایەی بتەکانیانەوە ئەوانیش گومڕا بوون، تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەگرن.
EZE 44:11 لە پیرۆزگاکەم دەبن بە خزمەتکار و بە پاسەوانی دەروازەکانی پەرستگا و خزمەتکارانی پەرستگا. ئەوان قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو بۆ گەل سەردەبڕن و ئەوان لەبەردەمیان ڕادەوەستن بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن.
EZE 44:12 بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم بتەکانیان خزمەتی گەلیان کرد و بوون بە کۆسپی تاوانکاری بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوە سوێندم خواردووە کە تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 44:13 لە من نزیک نابنەوە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن و لە هیچ یەکێک لە شتە پیرۆزکراوەکانم یان پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکانم نزیک نابنەوە، بەڵکو دەبێت شەرمەزاری نەریتە قێزەونەکانیان هەڵبگرن.
EZE 44:14 لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارێزگاری پەرستگا بۆ هەموو خزمەتێک و بۆ هەموو ئەوەی تێیدا دەکرێت دەدەم بە ئەوان.
EZE 44:15 «”بەڵام کاهینە لێڤییەکانی نەوەی سادۆق، ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پارێزگاری پیرۆزگاکەی منیان لە ئەستۆ گرت، کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە من گومڕابوون، ئەوان لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم و لەبەردەمم ڕادەوەستن هەتا پیو و خوێن بۆ من بکەن بە قوربانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 44:16 ئەوانە دێنە ناو پیرۆزگاکەم و لە مێزەکەم نزیک دەکەونەوە بۆ ئەوەی خزمەتم بکەن و پارێزگاری لە نەریتەکەم بکەن.
EZE 44:17 «”کاتێک دێنە ناو دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە، جلی کەتان لەبەر دەکەن، لە کاتی خزمەتکردن لە دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە لەناو پەرستگاکە نابێت جلی خورییان لەبەردا بێت.
EZE 44:18 با مێزەری کەتان بەسەریانەوە بێت و دەرپێی کەتان لەبەر بکەن، شتێک بە ناوقەدیانەوە نەبەستن کە ئارەقەی پێ بکەن.
EZE 44:19 کاتێک دەچن بۆ لای گەل لە خانەکانی دەرەوە، جلی خزمەتکردن دادەکەنن و لە ژوورە تەرخانکراوەکان دایدەنێن، ئینجا جلی دیکە لەبەر دەکەن نەوەک گەل دەستیان بەر جلە تەرخانکراوەکانیان بکەوێت.
EZE 44:20 «”پرچی سەریان نە بە موس دەتاشن و نە دەیهێڵنەوە، بەڵکو بە ڕێکوپێکی کورتی دەکەنەوە.
EZE 44:21 کاهین کە چووە ناو حەوشەکەی ناوەوە نابێت شەراب بخواتەوە.
EZE 44:22 نابێت بێوەژن و ژنی تەڵاقدراو بهێنن، بەڵکو دەبێت کچی پاکیزە لە نەوەی ئیسرائیل یان بێوەژنی کاهینێک بهێنن.
EZE 44:23 جیاوازی نێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو، گڵاو و پاک بە گەلەکەم پیشان دەدەن و فێریان دەکەن.
EZE 44:24 «”لە ناکۆکیدا ئەوان دەبن بە ناوبژیوان و بەپێی حوکمەکانم حوکم دەدەن، لە جەژنەکان فێرکردن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن، هەروەها شەممەکانم پیرۆز ڕادەگرن.
EZE 44:25 «”کاهین لە مرۆڤی مردوو نزیک نابێتەوە نەوەک گڵاو بێت. بەڵام ئەگەر مردووەکە باوک یان دایک یان کوڕ یان کچ یان براکەی بێت، یان خوشکەکەی کە شووی نەکردبێت، ئەوا دەتوانێت خۆی گڵاو بکات.
EZE 44:26 پاش پاکبوونەوەی حەوت ڕۆژی بۆ دەژمێرن.
EZE 44:27 لە ڕۆژی چوونە ناو پیرۆزگاوە بۆ ناو حەوشەکەی ناوەوە، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگا خزمەت بکات، قوربانییەکەی گوناهی پێشکەش دەکات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 44:28 «”هیچ میراتێک بۆ کاهین نابێت بێجگە لە من، لە ئیسرائیل هیچ موڵکیان نادەنێ، من موڵکی ئەوان دەبم.
EZE 44:29 پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و هەموو ئەوەی لە ئیسرائیلدا کە بۆ یەزدان تەرخانکراوە بۆ ئەوانە.
EZE 44:30 لە هەموو یەکەمین بەرهەم و پیتاکە پیرۆزەکان، باشترینیان بۆ کاهین دەبن. هەروەها یەکەم هەویرتان بە کاهینەکان دەدەن، بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە ماڵتان.
EZE 44:31 کاهینەکان نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیر دەخۆن، نە باڵندە و نە ئاژەڵ.
EZE 45:1 «”کاتێک خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن، پارچەیەک لە خاکەکە زەوییەکی تەرخانکراو دەبێت و پێشکەش بە یەزدانی دەکەن، درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی بیست هەزار باڵ دەبێت. هەموو سنووری چواردەوری تەرخان دەکرێت.
EZE 45:2 لەمە پارچەیەکی چوار گۆشە بۆ پیرۆزگا دەبێت، پێنج سەد باڵ بە پێنج سەد باڵ و پەنجا باڵیش لە چواردەوری زەوییەکی کراوە دەبێت.
EZE 45:3 لەم پێوانەیە بە درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی دە هەزار باڵ دەپێویت، پیرۆزگاکە و شوێنە هەرەپیرۆزەکەشی لەناویدا دەبێت.
EZE 45:4 بەشە تەرخانکراوەکەی خاکەکە بۆ کاهینەکان دەبێت کە خزمەتی پیرۆزگا دەکەن، ئەوانەی نزیک دەبنەوە بۆ پەرستنی یەزدان، هەروەها شوێنی تێدا دەبێت بۆ ماڵەکانیان و شوێنی تایبەتیش بۆ پەرستگا.
EZE 45:5 بیست و پێنج هەزار باڵیش بە درێژی و دە هەزار باڵ بە پانی بۆ لێڤییەکان کە خزمەتی پەرستگا دەکەن، وەک شارۆچکە بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێتە موڵک.
EZE 45:6 «”بە شارەکەش پارچەیەک زەوی دەدەن وەک موڵکی خۆی، پێنج هەزار باڵ پانی و بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی دەبێت بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە، جا بۆ هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت.
EZE 45:7 «”بەشە زەوی میریش لەلای ڕۆژهەڵات و لەلای ڕۆژئاوا بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکە دەبێت. لە سنووری ڕۆژهەڵاتی بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای مردوو، هەروەها لە سنووری ڕۆژئاوای بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست.
EZE 45:8 ئەم بەشە زەوییە لە خاکی ئیسرائیلدا بۆ میر دەبێت بە موڵک، لەمەودوا میرەکانم ستەم لە گەلەکەم ناکەن و بەگوێرەی هۆزەکانیان زەوییەکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەدەن.
EZE 45:9 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی میرانی ئیسرائیل ئیتر بەسە! تاڵانی و توندوتیژی لەنێو خۆتان مەهێڵن و دادوەری و ڕاستودروستی جێبەجێ بکەن. واز بهێنن لە ستەمکردن لە گەلەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 45:10 تەرازووی تەواو و ئێفەی تەواو و بەتی تەواویان بۆ بەکاربهێنن.
EZE 45:11 ئێفە و بەت یەک ئەندازەیان هەبێت، با بەت دەیەکی حۆمەر و ئێفە دەیەکی حۆمەر بێت. ئەندازەیان بەپێی حۆمەر دەبێت.
EZE 45:12 شاقلیش بیست جیرە دەبێت، شەست شاقل دەکاتە یەک مەنا، لەلای ئێوە وا دەبێت.
EZE 45:13 «”لەسەر ئەم بنچینەیەش دیارییە تایبەتییەکانتان پێشکەش دەکەن: یەک لە شەستی دروێنەی گەنم و جۆیەکەت،
EZE 45:14 فەرزی زەیتی زەیتوونیش لە سەدا یەکی بەرهەمی دار زەیتوونەکانتان دەدەن. بەگوێرەی بەت بیانپێوە: دە بەت حۆمەرێکە، یەک حۆمەریش دەکاتە یەک کۆر.
EZE 45:15 هەروەها لە هەر مێگەلێکی دوو سەد سەر مەڕی لە لەوەڕگا باشەکانی ئیسرائیل مەڕێک دەبەن، دەیانکەنە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی بۆ کەفارەت بۆ گەل. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 45:16 ئەمە دیاری تایبەتە بە میری فەرمانڕەوای ئیسرائیل، کە لەسەر هەموو گەلی خاکەکە فەرز دەبێت.
EZE 45:17 لە سەرەمانگ و ڕۆژانی شەممە و هەموو جەژنەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت میر قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب دابین بکات، هەر ئەویش قوربانی گوناه و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی دابین دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ کەفارەتکردنە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
EZE 45:18 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە مانگی یەک، لە یەکی مانگدا، جوانەگایەکی ساغ دەبەیت و پیرۆزگا پاک دەکەیتەوە.
EZE 45:19 کاهین لە خوێنی قوربانی گوناهەکە دەبات و لە چوارچێوەی دەروازەی پیرۆزگا و لە هەر چوار گۆشەکەی لێواری سەرەوەی قوربانگا و لە چوارچێوەی دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوەی دەدات.
EZE 45:20 هەروەها لە حەوتی مانگیشدا بە هەمان شێوە دەکەیت بۆ هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست یان بە نەزانی گوناهی کرد، بەم جۆرە کەفارەت بۆ پەرستگاکە دەکەن.
EZE 45:21 «”لە چواردەی مانگی یەکدا، ئەمە ڕۆژی پەسخەیە، بۆ ئێوە دەبێت بە جەژن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن.
EZE 45:22 لەو ڕۆژەدا میر بۆ خۆی و بۆ هەموو گەلی خاکەکە جوانەگایەک دەکات بە قوربانی گوناه.
EZE 45:23 هەروەها میر لە حەوت ڕۆژەکەی جەژنیشدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکات، حەوت جوانەگا و حەوت بەرانی ساغ هەموو ڕۆژێکی ئەو حەوت ڕۆژە، هەر ڕۆژەش گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناهە.
EZE 45:24 پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش یەک ئێفە بۆ هەر جوانەگایەک و یەک ئێفە بۆ هەر بەرانێک و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت پێشکەش دەکات.
EZE 45:25 «”ئەو جەژنەی کە لە پازدەی مانگی حەوتدا دەستپێدەکات، حەوت ڕۆژ دەبێت، هەروەها بە هەمان شێوە میر هەڵدەستێت بە دابینکردنی قوربانی گوناه، قوربانی سووتاندن، پێشکەشکراوی دانەوێڵە و زەیت.
EZE 46:1 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەروازەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات لە حەوشەکەی ناوەوە شەش ڕۆژی کارکردن داخراو دەبێت، تەنها لە ڕۆژی شەممە و لە سەرەمانگ دەکرێتەوە.
EZE 46:2 میر لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکە لە دەرەوە دێتە ژوورەوە و لەلای نیرگەی دەروازەکە دەوەستێت و کاهینەکان قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییەکانی هاوبەشی دەکەن، ئەویش لەلای بەردەرگاکە کڕنۆش دەبات و پاشان دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەروازەکە هەتا ئێوارە داناخرێت.
EZE 46:3 گەلی خاکەکەش لە ڕۆژانی شەممە و لە سەرەمانگەکان لەبەر دەرکی ئەم دەروازەیە لەبەردەم یەزدان کڕنۆش دەبەن.
EZE 46:4 ئەو قوربانی سووتاندنەی میر بۆ یەزدانی پێشکەش دەکات لە ڕۆژی شەممەدا شەش بەرخی نێری ساغ و بەرانێکی ساغە،
EZE 46:5 پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەشی یەک ئێفەیە بۆ بەرانەکە و بۆ بەرخەکانیش پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئەوەندەی بەخشینی دەستی و یەک هەین زەیتیش بۆ ئێفەیەک.
EZE 46:6 لە سەرەمانگانیشدا، جوانەگایەکی ساغ و شەش بەرخ و بەرانێکی ساغ پێشکەش دەکات.
EZE 46:7 میر پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە دابین دەکات، لەگەڵ ئێفەیەک بۆ بەرانەکە، بۆ بەرخەکانیش بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێت، بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت دابین دەکات.
EZE 46:8 کاتێک میر دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ناوەوە، هەروەها لە هەمان ڕێگاشەوە دەچێتە دەرەوە.
EZE 46:9 «”کاتێک لە جەژنەکان گەلی خاکەکە دێنە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە بۆ کڕنۆش بردن دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دەچێتە دەرەوە؛ ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دێتە ژوورەوە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە دەچێتە دەرەوە. کەس بەو ڕێگایەدا ناگەڕێتەوە کە پێدا هاتە ژوورەوە، بەڵکو لە ڕێگاکەی بەرامبەرییەوە دەچێتە دەرەوە.
EZE 46:10 گەل بە یاوەری میر دێنە ژوورەوە و هەروەها دەچنە دەرەوە.
EZE 46:11 لە جەژن و جەژنە دیاریکراوەکان پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئێفەیەک بۆ جوانەگا و ئێفەیەک بۆ بەران دەبێت، بۆ بەرخەکانیش هەرکەسێک بەگوێرەی توانای خۆی و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت.
EZE 46:12 «”ئەگەر میر بە خواستی خۆی لە پێناوی خودا بەخشینێکی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبەشی بێت، ئەوا ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆی دەکرێتەوە. وەک ئەوەی لە ڕۆژانی شەممەدا دەیکات، میر قوربانی سووتاندنەکەی یان قوربانییە هاوبەشییەکانی دەکات، پاشان دەچێتە دەرەوە و لەدوای چوونەدەرەوەکەی دەروازەکە دادەخرێت.
EZE 46:13 «”هەموو ڕۆژێک سەر لە بەیانی بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ دەکەیتە قوربانی سووتاندن.
EZE 46:14 هەموو بەیانییەک لەگەڵ بەرخەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ دەکەیت، شەش یەکی ئێفەیەک و زەیتەکەشی سێ یەکی هەینێک بۆ تەڕکردنی ئاردە سفرەکە، قوربانی خۆراکە بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوامە.
EZE 46:15 هەموو بەیانییەک بە بەردەوامی بەرخەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکە دەکەنە قوربانی سووتاندن.
EZE 46:16 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر میر دیارییەکی دایە یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوا وەک میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە، موڵکی خۆیانە بە میرات.
EZE 46:17 بەڵام ئەگەر دیارییەکی دایە یەکێک لە کۆیلەکانی خۆی، ئەوا هەتا ساڵی ئازادکردنی بۆ کۆیلەکەی دەبێت، پاشان بۆ میرەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام میراتەکەی خۆی تەنها بۆ کوڕەکانی دەبێت.
EZE 46:18 میر لە میراتی گەل نابات، بەوەی لە موڵکی خۆیان دەریانبکات. لە موڵکی خۆی میرات بە کوڕەکانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلەکەم کەس لە موڵکی خۆی بێبەش نەبێت.“»
EZE 46:19 ئینجا لەو دەرگایەی لەتەنیشت دەروازەکە بوو منی هێنایە ئەو ژوورە تەرخانکراوانەی ڕووەو باکوور کە هی کاهینەکان بوون. شوێنێکی نیشاندام لە کۆتایی ڕۆژئاوای ژوورەکان.
EZE 46:20 پێی فەرمووم: «ئەمە ئەو شوێنەیە کە کاهینەکان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه دەکوڵێنن و لێرە پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەکەن بە نان، نەوەک بیبەنە خانەکانی دەرەوە و گەل پیرۆز بکەن.»
EZE 46:21 ئینجا بردمییە خانەکانی دەرەوە و بەسەر هەر چوار گۆشەکەی حەوشەکەدا و بینیم لە هەر گۆشەیەک چێشتخانەیەک هەبوو.
EZE 46:22 لە هەر چوار گۆشەکەی خانەکانی دەرەوە چێشتخانە هەبوون، هەر یەکێکیان درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەر چوار چێشتخانەکە لە ئەندازەدا یەکسان بوون.
EZE 46:23 بە چواردەوری هەر چێشتخانەیەکدا لێوارێکی بەردینی هەبوو، لە دامێنی لێوارەکەش ئاگردان بوو.
EZE 46:24 پێی فەرمووم: «ئەمانە چێشتخانەن کە خزمەتکارەکانی پەرستگا قوربانییەکانی گەلی تێدا لێدەنێن.»
EZE 47:1 پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن.
EZE 47:2 ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.
EZE 47:3 کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو.
EZE 47:4 دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو.
EZE 47:5 بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو.
EZE 47:6 لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟» ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە.
EZE 47:7 کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون.
EZE 47:8 پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات.
EZE 47:9 بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت.
EZE 47:10 لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت.
EZE 47:11 بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن.
EZE 47:12 لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»
EZE 47:13 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت،
EZE 47:14 بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان.
EZE 47:15 «ئەمە سنووری خاکەکەیە: «لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد
EZE 47:16 و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە.
EZE 47:17 سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت.
EZE 47:18 لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە.
EZE 47:19 لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە.
EZE 47:20 لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە.
EZE 47:21 «ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن.
EZE 47:22 بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن.
EZE 47:23 نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 48:1 «ئەمانەش هۆزەکانن، کە بەم شێوە بەپێی ناوەکانیان ڕێکخران: «لەلای سنووری باکوور، یەک بەش بۆ دان دەبێت، بەلای ڕێگای حەتلۆن هەتا دەروازەی حەمات؛ حەچەر عێینان و سنووری باکووری دیمەشق بەلای حەمات بەشێک لە سنووری دان دەبن، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا.
EZE 48:2 لەسەر سنووری دان، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئاشێر بەشێک دەبێت.
EZE 48:3 لەسەر سنووری ئاشێر، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ نەفتالی بەشێک دەبێت.
EZE 48:4 لەسەر سنووری نەفتالی، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ مەنەشە بەشێک دەبێت.
EZE 48:5 لەسەر سنووری مەنەشە، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئەفرایم بەشێک دەبێت.
EZE 48:6 لەسەر سنووری ئەفرایم لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ڕەئوبێن بەشێک دەبێت.
EZE 48:7 لەسەر سنووری ڕەئوبێن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەهودا بەشێک دەبێت.
EZE 48:8 «لەسەر سنووری یەهودا لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا ئەو دیارییە تایبەت دەبێت کە پێشکەشی دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ بە پانی و درێژییەکەشی وەک یەکێک لە بەشی هۆزەکان لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا، پیرۆزگاش لە ناوەڕاستی دەبێت.
EZE 48:9 «ئەو بەشەش کە بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی و دە هەزار باڵیش پانی دەبێت.
EZE 48:10 ئەمە دەبێتە بەشی تەرخانکراوی کاهینەکان: لەلای باکوورەوە بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و لەلای ڕۆژئاواشەوە دە هەزار باڵ بە پانی و لای ڕۆژهەڵاتیش دە هەزار باڵ بە پانی و لەلای باشووریش بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی دەبێت، پیرۆزگای یەزدانیش لە ناوەڕاستیدا دەبێت.
EZE 48:11 ئەم بەشە بۆ کاهینە تەرخانکراوەکان لە نەوەی سادۆق دەبێت، بۆ ئەوانەی ئەرکەکانی منیان بەجێهێنا، ئەوانەی گومڕا نەبوون کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕا بوون هەروەک چۆن لێڤییەکان گومڕا بوون.
EZE 48:12 ئەمە بۆیان دەبێت بە دیارییەکی تایبەت لە بەشە تەرخانکراوی زەوییەکە، بەشێکی زۆر پیرۆز لەتەنیشت سنووری لێڤییەکان.
EZE 48:13 «بەشە زەوی لێڤییەکانیش بە تەریبی سنووری زەوی کاهینەکان دەبێت، بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و دە هەزاریش بە پانی، هەموو درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانییەکەشی دە هەزار باڵ دەبێت.
EZE 48:14 نە لێی دەفرۆشن و نە دەیگۆڕن و نە یەکەم بەری زەوییەکە بە کەسی دیکە دەدەن، چونکە تەرخانکراوە بۆ یەزدان.
EZE 48:15 «ئەو زەوییەی ماوەتەوە کە پانییەکەی پێنج هەزار باڵ و درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵە بۆ هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگا، شارەکەش لە ناوەڕاستیدا دەبێت.
EZE 48:16 ئەمەش پێوانەکانییەتی، لای باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای باشوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژهەڵات چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژئاوا چوار هەزار و پێنج سەد باڵ.
EZE 48:17 بۆ شارەکەش لەوەڕگا دەبێت بەرەو باکوور دوو سەد و پەنجا باڵ، بەرەو باشوور دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژهەڵات دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژئاوا دوو سەد و پەنجا باڵ.
EZE 48:18 ئەوەی لە درێژییەکە دەمێنێتەوە تەریب بە بەشە تەرخانکراوەکە، دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژهەڵات و دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژئاوا، بەروبوومەکەی دەبێت بە خواردن بۆ کرێکارانی شارەکە.
EZE 48:19 کرێکارەکانی شارەکەش کە لە زەوییەکە کار دەکەن، لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل دەبن.
EZE 48:20 هەموو بەشەکە چوارگۆشەیی دەبێت، ئەندازەی هەر لایەکی بیست و پێنج هەزار باڵە. بەشە تەرخانکراوەکە لەگەڵ موڵکی شارەکە تەرخان دەکەن.
EZE 48:21 «ئەوەی دەمێنێتەوە لەم لا و لەو لای بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکەش بۆ میر دەبێت. سنووری زەوی میرەکە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەی بەشە تەرخانکراوەکەوە هەتا سنووری ڕۆژهەڵات دەبێت، بەرەو ڕۆژئاواش لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست. هەردوو ناوچەکەی تەریب بە بەشی هۆزەکان موڵکی میر دەبن، بەشە تەرخانکراوەکەش لەگەڵ پیرۆزگای پەرستگاکەش لە ناوەڕاستیان دەبێت.
EZE 48:22 ئیتر موڵکی لێڤییەکان و موڵکی شارەکەش لە ناوەڕاستی بەشی میرەکە دەبن. بەشی میرەکە لەنێوان سنووری یەهودا و سنووری بنیامین دەبێت.
EZE 48:23 «سەبارەت بە ئەو هۆزانەش کە ماونەتەوە: «لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ بنیامین بەشێک دەبێت:
EZE 48:24 لەسەر سنووری بنیامین لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ شیمۆن بەشێک دەبێت.
EZE 48:25 لەسەر سنووری شیمۆن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەساخار بەشێک دەبێت.
EZE 48:26 لەسەر سنووری یەساخار لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ زەبولون بەشێک دەبێت.
EZE 48:27 لەسەر سنووری زەبولون لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ گاد بەشێک دەبێت.
EZE 48:28 سنووری گاد لەلای باشوور بەرەو باشوور دەبێت، سنوورەکەش لە تامارەوە بۆ مێرگی مەریبای قادێش، لە دۆڵی میسرەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست.
EZE 48:29 «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە میرات بەسەر هۆزەکانی ئیسرائیلدا دابەشی دەکەن و ئەمەش بەشەکانیان دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
EZE 48:30 «ئەمانەش دەروازەی چوونە دەرەوەن بۆ شارەکە: «ئەندازەی لایەکی شارەکە ڕووەو باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵە،
EZE 48:31 دەروازەکانی شارەکەش بە ناوی هۆزەکانی ئیسرائیلەوە دەبن، سێ دەروازە ڕووەو باکوور، دەروازەی ڕەئوبێن و دەروازەی یەهودا و دەروازەی لێڤی.
EZE 48:32 لەلای ڕۆژهەڵاتیش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی یوسف، دەروازەی بنیامین و دەروازەی دان.
EZE 48:33 لای باشووریش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی شیمۆن، دەروازەی یەساخار و دەروازەی زەبولون.
EZE 48:34 لای ڕۆژئاواش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی گاد، دەروازەی ئاشێر و دەروازەی نەفتالی.
EZE 48:35 «چێوەکەش هەژدە هەزار باڵ دەبێت. «ناوی شارەکەش لەو ڕۆژەوە دەبێتە: یەزدان لەوێیە.»
DAN 1:1 لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و گەمارۆی دا.
DAN 1:2 پەروەردگاریش یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای دایە دەستی، لەگەڵ هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا. ئیتر یەهۆیاقیم و پیاوە گەورەکانی بۆ خاکی بابل ڕاپێچ کران، نەبوخودنەسریش قاپوقاچاغەکانی لە گەنجینەی پەرستگای خوداوەندی خۆی دانا.
DAN 1:3 پاشا فەرمانی بە ئەشپەنەزی سەرۆکی دیوان کرد کە لە نەوەی ئیسرائیل لە توخمی پاشا و پیاوماقوڵەکان
DAN 1:4 چەند گەنجێک بهێنێت کە تەندروستییان باش بێت، ڕوخساریان جوان بێت، لە هەموو بوارەکانی زانیاری کارامە بن، ئامادەییان تێدابێت بۆ فێربوونی هەموو شتێک، زوو تێبگەن، شایانی ئیشکردن بن لە کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی فێری زمان و ڕۆشنبیری بابلییەکان بکرێن.
DAN 1:5 پاشا لە خوانی خۆیەوە بەشی ڕۆژانەی خواردن و شەرابی بۆ دابین کردن، فەرمانی کرد بۆ ماوەی سێ ساڵ مەشقیان پێ بکرێت، دوای ئەوە خزمەتی پاشا دەکەن.
DAN 1:6 لەنێو ئەوانەدا هەندێکیان لە نەوەی یەهودا بوون: دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا.
DAN 1:7 سەرۆکی کاربەدەستانیش ناوی نوێی لێنان، بۆ دانیال، بێلتەشەسر؛ بۆ حەنەنیا، شەدرەخ؛ بۆ میشائیل، مێشەخ؛ بۆ عەزەریاش، عەبێدنەگۆ.
DAN 1:8 بەڵام دانیال لە دڵی خۆیدا بڕیاری دابوو کە خۆی بە خواردن و شەرابی پاشایەتییەوە گڵاو نەکات، جا داوای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە دەرفەتی پێبدات بۆ ئەوەی خۆی گڵاو نەکات.
DAN 1:9 خوداش وای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە چاکە و میهرەبانی بە دانیال ببەخشێت.
DAN 1:10 بەڵام سەرۆکی کاربەدەستان بە دانیالی گوت: «من لە پاشای گەورەم دەترسم، ئەوەی خواردن و خواردنەوەی ئێوەی دیاری کردووە. ئەگەر ببینێ ڕوخسارتان لە ڕوخساری گەنجە هاوتەمەنەکانتان لاوازترە، پاشا بەهۆی ئێوەوە سەرم دەبڕێت.»
DAN 1:11 دانیالیش بەو سەرپەرشتیارەی گوت کە سەرۆکی کاربەدەستان بەسەر دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریاوە داینابوو:
DAN 1:12 «تکایە بۆ دە ڕۆژ خزمەتکارەکانت تاقی بکەوە: تەنها ڕووەکمان بدەرێ بیخۆین و ئاومان بدەرێ بیخۆینەوە.
DAN 1:13 پاشان ڕوخساری ئێمە لەگەڵ ڕوخساری ئەو گەنجانە بەراورد بکە کە خواردنی پاشایەتی دەخۆن، ئینجا بەگوێرەی ئەوەی دەیبینی ئاوامان لەگەڵ بکە.»
DAN 1:14 ئەویش بەمە ڕازی بوو و دە ڕۆژ تاقی کردنەوە.
DAN 1:15 لە کۆتایی دە ڕۆژەکەدا دەرکەوت ڕوخساریان باشتر و تەندروستترە لە هەموو ئەو گەنجانەی لە خواردنەکانی پاشایەتییان دەخوارد.
DAN 1:16 ئینجا سەرپەرشتیارەکەیان خواردنە تایبەت و شەرابەکەی هەڵدەگرت و لە جیاتی ئەوە ڕووەکی دەدانێ.
DAN 1:17 بەڵام ئەو چوار گەنجە، خودا زانین و تێگەیشتنی دانێ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و زانیارییەک، دانیالیش لە هەموو بینین و خەونێک تێدەگەیشت.
DAN 1:18 لە کۆتایی ئەو ماوەیەی کە پاشا دیاری کردبوو بیانهێننە بەردەمی، سەرۆکی کاربەدەستان ئەوانی هێنایە بەردەم نەبوخودنەسر.
DAN 1:19 پاشا قسەی لەگەڵدا کردن، لەنێو هەموویاندا کەس نەبوو وەک دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. لەبەر ئەوە چوونە ڕیزی خزمەتکارانی پاشا.
DAN 1:20 پاشا لە هەموو بابەتێکی دانایی و تێگەیشتن پرسیاری لێکردن، بینی ئەوان دە هێندە لە سەرووی هەموو جادووگەر و ئەفسونگەرانی هەموو پاشایەتییەکەی ئەون.
DAN 1:21 دانیالیش هەتا ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشا لەوێ مایەوە.
DAN 2:1 نەبوخودنەسر پاشا لە ساڵی دووەمی پاشایەتییەکەی چەند خەونێکی بینی کە بووە هۆی بێزاربوونی و خەوی لێ زڕا.
DAN 2:2 جا پاشا فەرمانی دا جادووگەر و ئەفسونگەر و بەخت خوێنەوەرەوە و ئەستێرەناسەکان بانگ بکەن، بۆ ئەوەی پێی بڵێن کە چ خەونێکی بینیوە. کاتێک هاتن و لەبەردەم پاشادا وەستان،
DAN 2:3 پاشا پێی گوتن: «خەونێکم بینیوە هەراسانی کردووم و دەمەوێ بزانم لێکدانەوەکەی چییە.»
DAN 2:4 ئەستێرەناسەکان بە زمانی ئارامی بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە بژیت! خەونەکە بە بەندەکانت بڵێ هەتا بۆت لێکبدەینەوە.»
DAN 2:5 پاشا وەڵامی ئەستێرەناسەکانی دایەوە: «ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: ئەگەر خەونەکە و لێکدانەوەکەیم پێ نەڵێن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانتان دەبێتە کەلاوە.
DAN 2:6 بەڵام ئەگەر خەونەکەتان پێ گوتم و لێکتاندایەوە، لە منەوە دیاری و پاداشت و ڕێزێکی گەورەتان دەست دەکەوێت. کەواتە خەونەکەم پێ بڵێن و بۆم لێکبدەنەوە.»
DAN 2:7 دووبارە وەڵامیان دایەوە: «با پاشا خەونەکە بە بەندەکانی بڵێت هەتا بۆت لێکبدەینەوە.»
DAN 2:8 ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە: «من لەوە دڵنیام ئێوە دەتانەوێت کات بەدەستبهێنن، چونکە دەزانن ئەوە بڕیاری کۆتایی منە:
DAN 2:9 ئەگەر خەونەکەم پێ نەڵێن، یەک سزاتان هەیە. ئێوە لەسەر درۆ و قسەی پووچ ڕێککەوتوون هەتا لەبەردەمم بیڵێن، هەتا بارودۆخەکە دەگۆڕێت. لەبەر ئەوە خەونەکەم پێ بڵێن، ئینجا من ئەوە دەزانم کە ئێوە دەتوانن خەونەکەم بۆ لێکبدەنەوە.»
DAN 2:10 ئەستێرەناسەکانیش وەڵامی پاشایان دایەوە: «هیچ کەسێک لەسەر زەوی نییە ئەم داوایەی پاشا جێبەجێ بکات! هەرگیز هیچ پاشایەکی گەورەی خاوەن دەسەڵات شتێکی وای لە جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس داوا نەکردووە.
DAN 2:11 ئەوەی کە پاشا داوای دەکات زۆر قورسە. هیچ کەس ناتوانێت بۆ پاشا ئاشکرای بکات، جگە لە خوداوەندەکان، ئەوانیش نشینگەیان لەگەڵ مرۆڤدا نییە.»
DAN 2:12 ئەوە پاشای زۆر تووڕە کرد و ڕقی هەستا، فەرمانی دا هەموو داناکانی بابل لەناوببردرێن.
DAN 2:13 ئینجا فەرمان دەرچوو بۆ کوشتنی داناکان، بەدوای دانیال و هاوڕێکانیشیدا هاتن بۆ ئەوەی بیانکوژن.
DAN 2:14 کاتێک ئەریۆکی سەرۆکی پاسەوانانی پاشا چوو بۆ ئەوەی داناکانی بابل بکوژێت، دانیال بە دانایی و ڕێزەوە قسەی لەگەڵ کرد،
DAN 2:15 لە فەرماندەی پاسەوانانی پرسی: «بۆچی فەرمانەکەی پاشا ئەوەندە توندە؟» ئەریۆکیش بابەتەکەی بۆ دانیال ڕوونکردەوە.
DAN 2:16 لێرەدا دانیال چووە ژوورەوە و داوای لە پاشا کرد کاتی پێبدات، بۆ ئەوەی لێکدانەوەی خەونەکە بۆ پاشا دەربخات.
DAN 2:17 ئینجا دانیال گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی و بابەتەکەی لە هاوڕێیەکانی گەیاند، لە حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا،
DAN 2:18 بۆ ئەوەی لەبارەی ئەم نهێنییە داوای بەزەیی لە خودای ئاسمان بکەن، هەتا خۆی و هاوڕێیەکانی لەگەڵ سەرجەم داناکانی بابل لەناونەچن.
DAN 2:19 لە شەودا، بە بینینێک نهێنییەکە بۆ دانیال ئاشکرا کرا، دانیالیش ستایشی خودای ئاسمانی کرد،
DAN 2:20 گوتی: «ستایش بۆ ناوی خودا لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، چونکە دانایی و توانا هی ئەوە.
DAN 2:21 ئەو کات و ساتەکان دەگۆڕێت، پاشایان لادەدات و پاشایان دادەنێت، دانایی بە داناکان دەبەخشێت و زانایان فێری تێگەیشتن دەکات.
DAN 2:22 ئەو قووڵایی و نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو دەزانێت چی لە تاریکیدا شاردراوەتەوە، ڕووناکی لەلای ئەو نیشتەجێیە.
DAN 2:23 ئەی خودای باوباپیرانم، سوپاس و ستایشی تۆ دەکەم: تۆ دانایی و هێزت پێدام، تۆ وات کرد ئەوەی داوامان لێ کردی لەلای منەوە زانراو بێت، تۆ وات کرد ئێمە خەونەکەی پاشا بزانین.»
DAN 2:24 دوای ئەوە دانیال چوو بۆ لای ئەریۆک، ئەوەی پاشا دەستنیشانی کرد بۆ لەناوبردنی داناکانی بابل، پێ گوت: «داناکانی بابل لەناومەبە. بمبە لای پاشا، من خەونەکەی بۆ لێکدەدەمەوە.»
DAN 2:25 ئینجا ئەریۆک بە پەلە دانیالی بردە لای پاشا و گوتی: «پیاوێکم لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودا دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت واتای خەونەکە بە پاشا بڵێت.»
DAN 2:26 پاشا لە دانیالی پرسی، کە ناوی بێلتەشەسر بوو: «ئایا دەتوانی ئەو خەونەم پێ بڵێی کە بینیومە و هەروەها لێکی بدەیتەوە؟»
DAN 2:27 دانیال وەڵامی دایەوە: «ئەو نهێنییەی پاشا داوای کردووە نە دانا و نە ئەفسونگەر و نە جادووگەر و نە فاڵگرەوە ناتوانن بۆ پاشا لێکی بدەنەوە.
DAN 2:28 بەڵام خودایەک لە ئاسمان هەیە نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو بە نەبوخودنەسری پاشای ڕاگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا چی دەبێت. کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت بووی، ئەمە بوو ئەو خەون و بینینەی هاتە ناو مێشکت:
DAN 2:29 «ئەی پاشا، کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت ڕاکشابووی، بیرت بە لای داهاتوودا چوو، ئاشکراکەری نهێنییەکان بۆی دەرخستی چی ڕوودەدات.
DAN 2:30 سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە بۆ من، لەبەر ئەوە نەبوو کە من داناییەکی زیاترم هەبێت لە پیاوەکانی دیکە، بەڵکو ئەمە لەبەر تۆ بوو، ئەی پاشا، تاکو لێکدانەوەکەی بزانیت و هەروەها لە بیرکردنەوەکانت تێبگەیت.
DAN 2:31 «ئەی پاشا، تۆ تەماشات کرد و پەیکەرێکی گەورەت لەبەردەمت بینی، پەیکەرێکی زۆر گەورە و درەوشاوە، دیمەنی سەرسوڕهێنەر بوو.
DAN 2:32 سەری پەیکەرەکە لە زێڕی بێگەرد بوو، سنگ و قۆڵەکانی لە زیو بوو، سک و ڕانەکانی لە بڕۆنز بوو،
DAN 2:33 قاچەکانی لە ئاسن بوون و پێیەکانی بەشێکی لە ئاسن و بەشێکیشی لە قوڕی سوورکراوە بوو.
DAN 2:34 کاتێک تەماشات دەکرد، بەردێک بڕایەوە بەبێ ئەوەی دەستی مرۆڤی بەرکەوێت، لە پێیەکانی پەیکەرەکەی دا کە لە ئاسن و قوڕی سوورکراوە بوون و وردوخاشی کردن.
DAN 2:35 ئینجا ئاسن و قوڕە سوورکراوەکە و بڕۆنز و زیو و زێڕەکە پێکەوە وردوخاش بوون و وەک پووشی سەر جۆخینیان لێهات لە هاویندا، با هەڵیگرت بەبێ ئەوەی شوێنەواری بمێنێت. بەڵام ئەو بەردەی لە پەیکەرەکەی دا، بوو بە کێوێکی گەورە و هەموو زەوی گرتەوە.
DAN 2:36 «ئەمە خەونەکە بوو، ئێستاش با بۆ پاشا لێکی بدەینەوە.
DAN 2:37 تۆ، ئەی پاشا، پاشای پاشایانی. خودای ئاسمان پاشایەتی و دەسەڵات و توانا و ڕێزی پێ بەخشیویت.
DAN 2:38 مرۆڤ و گیانلەبەری دەشتودەر و باڵندەی ئاسمان لەژێر دەستی تۆن، لە هەرکوێیەک بن، تۆی بەسەر هەموویاندا زاڵ کردووە. تۆ ئەم سەرەی کە لە زێڕە.
DAN 2:39 «پاش تۆ، پاشایەتییەکی دیکە هەڵدەستێتەوە، پایەی لە تۆ نزمترە، دوای ئەوە سێیەم پاشایەتی لە بڕۆنزە، بەسەر هەموو زەویدا زاڵ دەبێت.
DAN 2:40 پاشان پاشایەتی چوارەم دێت، وەک ئاسن ڕەقە، چونکە ئاسن دەکوتێت و هەموو شتێک وردوخاش دەکات، وەک ئەو ئاسنەی تێکدەشکێنێت، ئەمیش هەموو ئەوانی دیکە وردوخاش دەکات و تێکیان دەشکێنێت.
DAN 2:41 هەروەک بینیت پێیەکان و پەنجەکان بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە و بەشێکیان لە ئاسن بوون، پاشایەتییەکە بەم شێوەیە دابەشکراو دەبێت، بەڵام هەندێک هێزی ئاسنی تێدا دەبێت، هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕی سوورکراوە بوو.
DAN 2:42 هەروەک پەنجەی پێیەکان بەشێکیان لە ئاسن و بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە بوو، جا بەشێک لە پاشایەتییەکە بەهێز و بەشێکیش ناسک دەبێت.
DAN 2:43 هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕە سوورکراوەکە بوو، ئینجا ئەوان تێکەڵ بە وەچەی خەڵکی دەبن، بەڵام ئەمە بە ئەوەوە نانووسێت، هەروەک ئاسن تێکەڵ بە قوڕ نابێت.
DAN 2:44 «لە سەردەمی ئەم پاشایانەدا خودای ئاسمان پاشایەتییەک دادەمەزرێنێت کە هەرگیز لەناوناچێت، بۆ گەلی دیکە بەجێناهێڵدرێت، هەموو ئەو پاشایەتییانە وردوخاش دەکات و کۆتاییان پێدەهێنێت، ئەو هەتاهەتایە بە چەسپاوی دەمێنێتەوە.
DAN 2:45 ئەمە واتای بینینەیە کە بەردێک لە چیاوە بڕا، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نا، ئاسن و بڕۆنز و قوڕی سوورکراوە و زێڕ و زیوەکەی وردوخاش کرد. «خودای گەورە ئەوەی بە پاشا نیشاندا کە لە داهاتوودا ڕوودەدات. خەونەکە ڕاستە و لێکدانەوەکەشی جێی متمانەیە.»
DAN 2:46 ئینجا نەبوخودنەسر بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی بۆ دانیال برد، فەرمانی دا دیاری و بخووری پێشکەش بکەن.
DAN 2:47 پاشا بە دانیالی گوت: «بەڕاستی خودای ئێوە خودای خودایانە و گەورەی پاشایانە و ئاشکراکەری نهێنییەکانە، چونکە تۆ توانیت ئەم نهێنییە ئاشکرا بکەیت.»
DAN 2:48 ئینجا پاشا دانیالی لە پلەیەکی بەرز دانا و دیاری زۆری پێ بەخشی. دەسەڵاتی پێدا بەسەر هەموو هەرێمی بابل و کردییە سەرۆکی هەموو داناکان.
DAN 2:49 سەرباری ئەمەش، لەسەر داوای دانیال پاشا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی دەستنیشان کرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی بابل، بەڵام دانیال خۆی لە دیوانی پاشا مایەوە.
DAN 3:1 نەبوخودنەسری پاشا پەیکەرێکی لە زێڕ دروستکرد، درێژییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی شەش باڵ بوو، لە دەشتی دورا لە هەرێمی بابل داینا.
DAN 3:2 پاشان نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوای میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان تاوەکو بێن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی کە نەبوخودنەسر پاشا داینا.
DAN 3:3 ئیتر میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان هاتن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا، لەبەردەم ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا وەستان.
DAN 3:4 ئینجا جاڕدەر بە دەنگی بەرز جاڕی دا: «ئەی گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان! فەرمانتان پێکراوە،
DAN 3:5 کاتێک دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبیستن، دەبێت بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە ببەن کە نەبوخودنەسری پاشا دایناوە.
DAN 3:6 هەرکەسێک نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، هەر ئەو کاتە فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.»
DAN 3:7 لەبەر ئەوە هەر کاتێک هەموو گەلان گوێیان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بووایە، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان دەچوونە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرە زێڕینەکە دەبرد کە نەبوخودنەسری پاشا داینابوو.
DAN 3:8 لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد،
DAN 3:9 بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی!
DAN 3:10 ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات،
DAN 3:11 ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.
DAN 3:12 بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.»
DAN 3:13 نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا.
DAN 3:14 نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟
DAN 3:15 ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»
DAN 3:16 شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ وەڵامی پاشایان دایەوە: «ئەی نەبوخودنەسر، پێویستمان بەوە نییە لەسەر ئەم بابەتە وەڵامت بدەینەوە.
DAN 3:17 ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساویشەوە، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، ئەو لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات.
DAN 3:18 ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.»
DAN 3:19 ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت،
DAN 3:20 هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.
DAN 3:21 ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.
DAN 3:22 فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بردە ناو کوورەکە.
DAN 3:23 ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.
DAN 3:24 لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.»
DAN 3:25 ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.»
DAN 3:26 نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!» ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە.
DAN 3:27 میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە.
DAN 3:28 ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن.
DAN 3:29 لەبەر ئەوە من فەرمان دەکەم خەڵکی هەر نەتەوە و زمانێک بە خراپە باسی خوداکەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بکەن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانیان دەبێتە کەلاوە، چونکە هیچ خودایەکی دیکە نییە بتوانێت ئاوا ڕزگار بکات.»
DAN 3:30 دوای ئەوە پاشا پایەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی لە هەرێمی بابلدا بەرزکردەوە.
DAN 4:1 لە نەبوخودنەسری پاشاوە، بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن: هەر سەرکەوتوو بن!
DAN 4:2 بە باشم زانی ئەو نیشانە و پەرجووانە ڕابگەیەنم کە خودای هەرەبەرز لەگەڵ مندا کردی.
DAN 4:3 نیشانەکانی چەند گەورەن و
DAN 4:4 من نەبوخودنەسرم، لە ماڵەکەم بێ خەم بووم و لەناو کۆشکەکەمدا ئاسوودە بووم.
DAN 4:5 خەونێکم بینی منی ترساند، کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەو شتانەی بە مێشکمدا هاتن و بینینەکەم منیان تۆقاند.
DAN 4:6 ئینجا فەرمانم کرد هەموو داناکانی بابل بهێننە بەردەمم بۆ لێکدانەوەی خەونەکەم.
DAN 4:7 کاتێک جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوە هاتن، خەونەکەم بۆ گێڕانەوە، بەڵام نەیانزانی لێکی بدەنەوە.
DAN 4:8 لە کۆتاییدا دانیال هاتە بەردەمم، ئەوەی ناوی بێلتەشەسرە، کە ناوی خوداوەندەکەمە، ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانی تێدایە، خەونەکەم بۆی گێڕایەوە.
DAN 4:9 گوتم: «بێلتەشەسر، گەورەی جادووگەران، لەبەر ئەوەی کە دەزانم ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە، هیچ نهێنییەک بۆ تۆ قورس نییە. ئەوە خەونەکەمە، بۆم لێکبدەوە.
DAN 4:10 کە لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەم بینینانەم بۆ ئاشکرا کرا: تەماشام کرد، لەبەردەمم دارێکی زۆر بەرز لە ناوەڕاستی خاکەکەیە.
DAN 4:11 دارەکە گەشەی کرد و بەهێز بوو، بەرزی گەیشتە ئاسمان، لەوپەڕی زەوی دەبینرا.
DAN 4:12 گەڵاکانی جوان بوو، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو. گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر سێبەرەکەیدا بوون، باڵندەکانی ئاسمان لە لقەکانیدا نیشتەجێ بوون، هەموو بوونەوەر لێیان خوارد.
DAN 4:13 «لەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، تەماشام کرد، فریشتەیەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە.
DAN 4:14 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ”دارەکە ببڕنەوە و لقەکانی بشکێنن، گەڵاکانی بوەرێنن و بەرەکەی پەرتوبڵاو بکەنەوە. با گیانلەبەران لە ژێری و باڵندە لە لقەکانی هەڵبێن.
DAN 4:15 بەڵام با بنەدارەکە و ڕەگەکەی کە بە ئاسن و بڕۆنز بەستراون لەناو گژوگیای زەوی بمێننەوە. «”با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ گیانلەبەران لەنێو گژوگیای زەوی بژیێت.
DAN 4:16 با مێشکی لە مرۆڤەوە بگۆڕێت و مێشکی ئاژەڵی بدرێتێ، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.
DAN 4:17 «”ئەو بڕیارە لەلایەن فریشتەکانەوە ڕاگەیەنرا، ئەو حوکمە بە پیرۆزەکان دراوە، بۆ ئەوەی زیندووان بزانن کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتدارە بەسەر پاشایەتی مرۆڤدا، هەروەها دەیداتە هەر یەکێک بیەوێت، پایە نزمترین کەسی لەسەر دادەنێت.“
DAN 4:18 «من نەبوخودنەسر پاشام، ئەم خەونەم بینی. ئێستا تۆ ئەی بێلتەشەسر، لێکی بدەوە، چونکە هەموو دانایانی پاشایەتییەکەم ناتوانن بۆمی لێک بدەنەوە. بەڵام تۆ دەتوانیت، چونکە ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە.»
DAN 4:19 لەو کاتەدا دانیال کە ناوی بێلتەشەسر بوو، بۆ ماوەیەک واقی وڕما و بیرکردنەوەکانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلتەشەسر، با خەونەکە و لێکدانەوەکەی نەتترسێنن.» بێلتەشەسریش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، خۆزگە خەونەکە بۆ نەیارانت و لێکدانەوەکەشی بۆ دوژمنانت بووایە!
DAN 4:20 ئەو دارەی کە بینیت گەورە و بەهێز بوو، بەرزییەکەی گەیشتە ئاسمان، لە هەموو زەوییەوە دەبینرا،
DAN 4:21 گەڵاکانی جوان بوون، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو، لە ژێریدا گیانلەبەرانی دەشتودەر نیشتەجێ بوون و لە لقەکانیدا باڵندەکانی ئاسمان نیشتەجێ بوون.
DAN 4:22 ئەی پاشا، ئەو دارە تۆیت! تۆ گەورە بوویت و بەهێز بوویت، گەورەییت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاسمان، دەسەڵاتیشت هەتا ئەوپەڕی زەوی.
DAN 4:23 «ئەی پاشا تۆ فریشتەیەکت بینی، پیرۆزێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و گوتی: ”دارەکە ببڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام واز لە بنەدارەکەی بهێنن، بە ئاسن و بڕۆنز بەستراوەتەوە، لەنێو گژوگیای زەویدا بێت، ڕەگەکانی لە زەویدا بمێنێتەوە. با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ ئاژەڵی کێوی بژیێت، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.“
DAN 4:24 «ئەی پاشا، ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، ئەمە بڕیاری خودای هەرەبەرزە کە بەسەر پاشای گەورەمدا دێت:
DAN 4:25 لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت و بە شەونمی ئاسمان تەڕ دەکرێیت و حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
DAN 4:26 ئەو فەرمانەی درا بە وازهێنان لە بنەدارەکە و ڕەگەکانی دارەکە، واتا پاشایەتییەکەت بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە ئاسمان دەسەڵاتدارە.
DAN 4:27 ئەی پاشا، لەبەر ئەوە با ڕاوێژەکەم لەلات پەسەند بێت: واز لە گوناه و تاوان بهێنە، چاکە بکە و لەگەڵ هەژارەکان میهرەبان بە، بەڵکو ئاسوودەییت بەردەوام بێت.»
DAN 4:28 هەموو ئەم شتانە بەسەر نەبوخودنەسری پاشادا هات.
DAN 4:29 پاش دوازدە مانگ کاتێک لە سەربانی کۆشکی پاشایەتی بابلدا هاتوچۆی دەکرد،
DAN 4:30 پاشا گوتی: «ئایا ئەمە بابلی مەزن نییە کە بۆ ماڵی پاشایەتی بە هێزی توانای خۆم و بۆ شانازی شکۆمەندی خۆم بنیادم نا؟»
DAN 4:31 هێشتا وشەکە لە دەمی پاشادا بوو، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات و گوتی: «ئەی نەبوخودنەسری پاشا، بڕیار لەسەر تۆ دراوە: پاشایەتیت لێ دەستێنرێتەوە.
DAN 4:32 لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت. حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.»
DAN 4:33 هەر لەو کاتەدا کارەکە بەسەر نەبوخودنەسردا جێبەجێ بوو. لەنێو خەڵک دەرکرا و وەک گا گیای خوارد. لاشەکەی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو هەتا مووی وەک پەڕی هەڵۆ درێژ بوو و نینۆکەکانی وەک باڵندە.
DAN 4:34 لە کۆتایی ماوەکەدا، من نەبوخودنەسرم، چاوم بۆ ئاسمان هەڵبڕی و هۆشم گەڕایەوە. ئینجا سوپاس و ستایشی هەرەبەرزەکەم کرد و شکۆدارم کرد کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتی هەتاهەتاییە و پاشایەتییەکەی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
DAN 4:35 هەموو دانیشتووانی زەوی وەک هیچ دانراون. ئەو بە خواستی خۆی دەکات لەگەڵ هێزەکانی ئاسمان و دانیشتووانی زەوی. کەس نییە دەستی بگرێت یان پێی بڵێت، «چی دەکەیت؟»
DAN 4:36 لەو کاتەدا هۆشم گەڕایەوە، شانازی پاشایەتییەکەم بۆم گەڕایەوە لەگەڵ شکۆمەندی و گەورەییم. ڕاوێژکاران و گەورە پیاوەکانم داوایان کردمەوە، لەسەر پاشایەتییەکەم جێگیر بووم و گەورەییم زۆر زیادی کرد.
DAN 4:37 ئێستاش من نەبوخودنەسرم، سوپاس و ستایشی پاشای ئاسمان دەکەم و شکۆداری دەکەم، ئەوەی هەموو کارەکانی ڕاستن و ڕێگاکانی دادپەروەرن، ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە هەڵسوکەوت بکەن ئەو دەتوانێت زەلیلیان بکات.
DAN 5:1 بێلشەسری پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەزار گەورە پیاوەکەی سازکرد و شەرابی لەگەڵیان خواردەوە.
DAN 5:2 لەو کاتەی کە بێلشەسر شەرابەکەی دەنۆشی فەرمانی دا ئەو قاپوقاچاغە زێڕ و زیوە بهێنن کە نەبوخودنەسری باوکی لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنابوون، بۆ ئەوەی پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێی بخۆنەوە.
DAN 5:3 ئینجا ئەو قاپوقاچاغە زێڕەیان هێنا کە لە پەرستگای ماڵی خودا لە ئۆرشەلیمەوە دەرهێنرابوو، پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێیان خواردەوە.
DAN 5:4 شەرابیان دەخواردەوە و ستایشی خوداوەندە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردینەکانیان دەکرد.
DAN 5:5 لەناکاو پەنجەکانی دەستێکی مرۆڤانە دەرکەوت و لەسەر گەچی دیوارەکەی کۆشکی پاشا لەتەنیشت چرادانەکە دەستی بە نووسین کرد، پاشاش تەماشای دەستەکەی کرد کە دەینووسی.
DAN 5:6 ئینجا ڕەنگی پاشا پەڕی و بیرکردنەوەکانی تۆقاندیان و قاچەکانی هێزیان لێ برا و ئەژنۆکانی کەوتنە لەرزین.
DAN 5:7 پاشا بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان بهێننە ژوورەوە. پاشا بەم دانایانەی بابلی گوت: «هەر پیاوێک ئەو نووسینە بخوێنێتەوە و بۆم لێکبداتەوە، ئەوا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دەکرێت، ملوانکەی زێڕیش لە ملی دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبێتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
DAN 5:8 ئینجا هەموو داناکانی پاشا چوونە ژوورەوە، بەڵام نەیانتوانی نووسینەکە بخوێننەوە و بۆ پاشا لێکی بدەنەوە.
DAN 5:9 لەبەر ئەوە بێلشەسر زۆر ترسا و ڕەنگی گۆڕا و گەورە پیاوەکانیش شڵەژان.
DAN 5:10 بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت!
DAN 5:11 لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان.
DAN 5:12 ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.»
DAN 5:13 ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟
DAN 5:14 بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە.
DAN 5:15 ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە.
DAN 5:16 من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
DAN 5:17 دانیالیش وەڵامی پاشای دایەوە: «با دیارییەکانت بۆ خۆت بن و پاداشتەکانت بە کەسێکی دیکە بدە، بەڵام من نووسینەکە بۆ پاشا دەخوێنمەوە و بۆی لێکدەدەمەوە.
DAN 5:18 «ئەی پاشا، خودای هەرەبەرز پاشایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی و هێزی دایە نەبوخودنەسری باوکت.
DAN 5:19 بەهۆی ئەو گەورەییەی کە پێیدا، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان لەبەردەمی دەتۆقین و دەلەرزین. ئەوەی ویستی کوشتی و ئەوەی ویستی بە زیندوویی هێشتییەوە و ئەوەی ویستی بەرزی کردەوە و ئەوەی ویستی نزمی کردەوە.
DAN 5:20 بەڵام کاتێک دڵی بە فیز بوو و کەللە ڕەق بوو، لە تەختی پاشایەتی هێنرایە خوارەوە و شکۆیەکەی لێسەنرایەوە.
DAN 5:21 لەنێو خەڵکدا دەرکرا و مێشکی وەک مێشکی ئاژەڵی لێهات، لەگەڵ کەرەکێوی دەژیا و وەک گا گژوگیای دەخوارد، لەشی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو، هەتا دانی بەوەدا نا کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتی لەسەر پاشایەتی مرۆڤدا هەیە، دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
DAN 5:22 «بەڵام تۆ ئەی بێلشەسری کوڕی، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمەت زانی، خۆتت نزم نەکردووەتەوە.
DAN 5:23 بەڵکو خۆتت لە پەروەردگاری ئاسمان بە بەرزتر زانی، قاپوقاچاغەکانی پەرستگاکەی ئەویان هێنایە بەردەمت و تۆش خۆت و گەورە پیاوان و ژنەکانت و کەنیزەکانت تێیاندا شەرابتان خواردەوە. ستایشی بتە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردەکانت کرد، کە نابینن و تێناگەن و نازانن. بەڵام خودا ئەوەی هەناسەی تۆ و هەموو ڕێگاکانت بە دەستی ئەوە، ئەوت شکۆدار نەکرد.
DAN 5:24 لەبەر ئەوە ئەو دەستە لەلای ئەوەوە نێردرا و ئەم نووسینەی نووسی.
DAN 5:25 «ئەمە ئەو نووسینەیە کە نووسراوە: مەنێ، مەنێ، تەقێل و پەرسین.
DAN 5:26 «ئەمەش لێکدانەوەی وشەکانە:
DAN 5:27 تەقێل: بە تەرازووەکان کێشرایت و نەقوستان دەرچوویت.
DAN 5:28 پەرس: پاشایەتییەکەت دابەش کرا و درایە ماد و فارس.»
DAN 5:29 ئینجا بێلشەسر فەرمانی دا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دانیال بکەن و ملوانکەی زێڕیش لە ملی بکەن و جاڕبدەن کە لە پاشایەتییەکەدا بووە سێیەم دەسەڵاتدار.
DAN 5:30 هەر لەو شەوەدا بێلشەسری پاشای بابلییەکان کوژرا،
DAN 5:31 داریوشی ماد لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا دەستی بەسەر پاشایەتییەکەدا گرت.
DAN 6:1 داریوش پێی باش بوو سەد و بیست میر بەسەر پاشایەتییەکەوە دابنێت، بەسەر هەموو پاشایەتییەکەوە بن.
DAN 6:2 لە سەرووی ئەوانیشەوە سێ وەزیر، یەکێکیان دانیال بوو، بۆ ئەوەی میرەکان هەژماردەکان بخەنە بەردەمیان تاکو پاشا زیانی پێ نەگات.
DAN 6:3 ئەوە بوو دانیال لە هەموو وەزیر و میرەکان پێشکەوتووتر بوو، چونکە توانایەکی نائاسایی هەبوو، پاشاش پلانی هەبوو کە لەسەر هەموو پاشایەتییەکە دایبنێت.
DAN 6:4 لەبەر ئەوە وەزیر و میرەکان هەوڵیان دا هۆیەک ببیننەوە بۆ سکاڵاکردن لە دژی دانیال سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری پاشایەتییەکە، بەڵام نەیانتوانی هیچ گەندەڵییەک لە دانیال ببیننەوە، چونکە دەستپاک بوو و گەندەڵی و کەمتەرخەمی تێدا نەبوو.
DAN 6:5 ئینجا ئەو پیاوانە گوتیان: «هیچ هەڵەیەک لەم دانیالەدا نابینینەوە، تەنها ئەگەر لەبارەی شەریعەتی خوداکەیەوە نەبێت.»
DAN 6:6 جا ئەو وەزیر و میرانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و پێیان گوت: «ئەی داریوش پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی!
DAN 6:7 هەموو وەزیرەکانی پاشایەتییەکە و فەرمانڕەوا و میر و ڕاوێژکار و پارێزگارەکان ڕاوێژیان کرد وابکەن پاشا فەرمانێک دەربکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ هەر داوایەک لە خوداوەندێک یان مرۆڤێک بکات، جگە لە تۆ، ئەی پاشا، با فڕێبدرێتە ناو چاڵی شێرەکان.
DAN 6:8 ئێستاش ئەی پاشا فەرمانەکە دەربکە و ئیمزای لەسەر بکە، بۆ ئەوەی هەروەک یاساکانی ماد و فارس نەگۆڕ بێت کە پووچەڵ نابێتەوە.»
DAN 6:9 ئیتر داریوشی پاشا فەرمانەکەی نووسی و ئیمزای کرد.
DAN 6:10 کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد.
DAN 6:11 ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە.
DAN 6:12 دەستبەجێ چوونە لای پاشا و سەبارەت بە فەرمانە پاشایەتییەکەی قسەیان کرد: «ئەی پاشا، ئایا تۆ فەرمانێکت ئیمزا نەکرد کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە هەر خوداوەندێک یان مرۆڤێک داوایەک بکات جگە لە تۆ ئەی پاشا، فڕێدەدرێتە ناو چاڵی شێرەکانەوە؟» پاشا گوتی: «فەرمانەکە ڕاستە و هەروەک یاساکانی ماد و فارس وایە کە پووچەڵ نابێتەوە.»
DAN 6:13 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.»
DAN 6:14 کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات.
DAN 6:15 بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.»
DAN 6:16 ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.»
DAN 6:17 بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات.
DAN 6:18 ئیتر پاشا گەڕایەوە کۆشکەکەی و بەبێ خواردن و ڕابواردن شەوی بەسەربرد و خەوی لێ زڕا.
DAN 6:19 بەیانی زوو پاشا هەستا و بە پەلە چووە لای چاڵی شێرەکان.
DAN 6:20 کاتێک لە چاڵەکە نزیک بووەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بانگی دانیالی کرد و گوتی: «ئەی دانیال، بەندەی خودای زیندوو! ئایا ئەو خودایەی بەردەوام دەیپەرستیت توانی لە شێرەکان ڕزگارت بکات؟»
DAN 6:21 دانیالیش وەڵامی دایەوە: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی!
DAN 6:22 خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.»
DAN 6:23 پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.
DAN 6:24 ئینجا پاشا فەرمانی دا، ئەو پیاوانەیان هێنا کە سکاڵایان لە دانیال کرد و فڕێیان دانە ناو چاڵی شێرەکان، خۆیان و ژن و منداڵەکانیان. هێشتا نەگەیشتبوونە بن چاڵەکە، شێرەکان پەلاماریان دان و هەموو ئێسکەکانیان تێکشکاندن.
DAN 6:25 دوای ئەوە داریوشی پاشا ئەمەی بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان نووسی کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن: هەر سەرکەوتوو بن!
DAN 6:26 لە منەوە فەرمان دەرچووە بەوەی کە لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مندا، دەبێت خەڵک لە خودای دانیال بترسن و ڕێزی لێ بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو خودای زیندووە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت و دەسەڵاتی بێ کۆتاییە.
DAN 6:27 ئەو ڕزگار دەکات و دەرباز دەکات، نیشانە و کاری سەرسوڕهێنەر دەکات لە ئاسمان و لەسەر زەوی. ئەو دانیالی لە چنگی شێرەکان ڕزگار کرد.
DAN 6:28 ئیتر دانیال لە پاشایەتی داریوش و لە پاشایەتی کۆرشی فارسی سەرکەوتوو بوو.
DAN 7:1 لە ساڵی یەکەمی بێلشەسری پاشای بابل، کاتێک دانیال لەسەر جێگاکەی ڕاکشابوو خەونێکی بینی و چەند بینینێک بە مێشکیدا هات، ئینجا پوختەی خەونەکەی نووسییەوە.
DAN 7:2 دانیال گوتی: «لە بینینەکەمدا لە شەو تەماشام دەکرد چوار بایەکەی ئاسمان دەریای گەورەیان هەژاند.
DAN 7:3 لە دەریاکەوە چوار گیانلەبەری گەورە هاتنە دەرەوە، هەریەکەیان لەوەی دیکە جیاواز بوو.
DAN 7:4 «یەکەمیان وەک شێر بوو و دوو باڵی هەڵۆ ئاسای هەبوو. تەماشام کرد هەتا باڵەکانی لێکرایەوە و لەسەر زەوی هەڵستێنرا، وەک مرۆڤ لەسەر دوو پێ ڕاوەستابوو، دڵی مرۆڤی پێدرا.
DAN 7:5 «هەر لەو کاتەدا گیانلەبەری دووەم لە شێوەی ورچ لەسەر یەک لا بەرزبووەوە، سێ پەراسوو لەنێو ددانەکانی بوو، پێی گوترا: ”هەستە و گۆشتی زۆر بخۆ!“
DAN 7:6 «پاش ئەمە تەماشام کرد یەکێکی دیکە وەک پڵنگ وابوو، لەسەر پشتی چوار باڵی باڵندەی هەبوو. گیانلەبەرەکە چوار سەری هەبوو، دەسەڵاتی حوکمدانی پێدرابوو.
DAN 7:7 «پاش ئەمە لە بینینی شەودا تەماشام کرد گیانلەبەری چوارەم ترسناک و تۆقێنەر و زۆر بەهێز بوو. ددانی ئاسنین و گەورەی هەبوو، نێچیرەکانی خوارد و تێکی شکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. ئەو لە هەموو گیانلەبەرەکانی پێش خۆی جیاوازتر بوو، دە شاخی هەبوو.
DAN 7:8 «لە شاخەکان ڕامابووم، شاخێکی دیکەی بچووک لەنێوانیانەوە دەرهات و سێ شاخەکەی پێش خۆی هەڵتەکاند. ئەم شاخە چاوی وەک چاوی مرۆڤی تێدابوو، لەگەڵ دەمێک کە بە فیزەوە قسەی دەکرد.
DAN 7:9 «کاتێک تەماشام دەکرد «تەختەکان دانران و خودای جاویدانی دانیشت، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون و مووی سەریشی وەک خوری بێگەرد وابوو. تەختەکەشی بڵێسەی ئاگری بوو، چەرخەکانیشی ئاگری داگیرساو بوو.
DAN 7:10 ڕووبارێکی ئاگرین تێدەپەڕی، لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت. بە هەزاران هەزار خزمەتیان دەکرد و بە دەیان هەزار دەیان هەزار لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون. ئینجا دادگا دانیشت و کتێبەکان کرانەوە.
DAN 7:11 «لەو کاتەدا بەردەوام بووم لە سەرنجدان لەبەر قسە بە فیزەکان کە شاخەکە دەیکرد. تەماشام دەکرد هەتا گیانلەبەرەکە کوژرا و کەلاکەکەی لەناوچوو، فڕێدرایە ناو ئاگرە داگیرساوەکە.
DAN 7:12 گیانلەبەرەکانی دیکەش دەسەڵاتیان لێسەنرایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەک تەمەن درێژییان پێدرا.
DAN 7:13 «لە بینینەکەی شەودا تەماشام کرد، بەسەر هەوری ئاسمانەوە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ بوو هات، گەیشتە لای خودای جاویدانی و بردیانە بەردەمی.
DAN 7:14 ئینجا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا، بۆ ئەوەی هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان بیپەرستن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە کە بەسەرناچێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت.
DAN 7:15 «بەڵام من، کە دانیالم ڕۆحم لە ناخمدا واقی وڕما بوو و ئەو بینینانەی بە مێشکمدا هات منیان ترساند.
DAN 7:16 جا لە یەکێک لە ڕاوەستاوەکان نزیک بوومەوە و لە هەموو ئەمەدا داوای لێکدانەوەم لێکرد. «ئەویش لێکدانەوەی خەونەکەی پێ گوتم:
DAN 7:17 ”ئەو چوار گیانلەبەرە گەورەیە چوار پاشان کە لەسەر زەوی پەیدا دەبن.
DAN 7:18 بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“
DAN 7:19 «ئینجا ویستم لێکدانەوەی گیانلەبەرەکەی چوارەم بزانم کە لەگەڵ هەموویان جیاواز بوو، زۆر ترسناک بوو، ددانەکانی لە ئاسن بوون و چنگەکانی لە بڕۆنز، نێچیرەکانی خوارد و تێکیشکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە.
DAN 7:20 هەروەها ویستم لەبارەی ئەو دە شاخەی سەری و ئەو شاخەی تریش بزانم کە لە کاتی دەرکەوتنی سێ لە شاخەکانی دیکە لەبەردەمی کەوتنە خوارەوە، ئەو شاخە چاوی هەبوو، دەمێکیش کە بە فیزەوە قسەی دەکرد و دیمەنەکەی لە شاخەکانی دیکە زەبەلاحتر بوو.
DAN 7:21 تەماشام دەکرد و ئەو شاخە لە دژی گەلە پیرۆزەکە دەجەنگا و ئەوانی بەزاند،
DAN 7:22 هەتا خودای جاویدانی هات و حوکمی دەرکرد لە بەرژەوەندی گەلە پیرۆزەکەی خودای هەرەبەرز، کاتی هات بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی پاشایەتییەکە بکەن.
DAN 7:23 «ئەویش بەم جۆرەی گوت: ”گیانلەبەری چوارەم پاشایەتییەکی چوارەم دەبێت لەسەر زەوی، جیاواز لە سەرجەم پاشایەتییەکان، ئینجا هەموو زەوی دەخوات و پێی لێ دەنێت و تێکی دەشکێنێت.
DAN 7:24 دە شاخەکەش دە پاشان کە لەم پاشایەتییەدا هەڵدەستن. یەکێکی دیکە لەدوای ئەوان هەڵدەستێت لەوانی پێش خۆی جیاواز دەبێت و سێ پاشا زەلیل دەکات.
DAN 7:25 لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو دەدرێنە دەستی ئەو.
DAN 7:26 «”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت.
DAN 7:27 پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“
DAN 7:28 «هەتا ئێرە کۆتایی بابەتەکەیە. من دانیالم، بیرکردنەوەکانم زۆر منیان ترساند و ڕەنگم گۆڕا، بەڵام بابەتەکەم لە دڵی خۆمدا هەڵگرت.»
DAN 8:1 من کە دانیالم، لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی بێلشەسر، لەپاش ئەو بینینەی کە ماوەیەک لەمەوپێش بۆم ئاشکرا کرابوو، بینینێکی دیکەشم بۆ ئاشکرا کرا.
DAN 8:2 لە بینینەکەمدا سەیرم کرد لە قەڵای شوشم، ئەوەی لە هەرێمی ئیلامە. لە بینینەکەدا لەلای نۆکەندی ئولای بووم.
DAN 8:3 چاوم هەڵبڕی و بینیم بەرانێک لەلای نۆکەندەکە ڕاوەستاوە و دوو قۆچی هەیە، هەردوو قۆچەکە درێژ بوون، یەکێکیان لەوەی دیکەیان درێژتر بوو، هەرچەندە دواتر سەری دەرهێنابوو.
DAN 8:4 بینیم بەرانەکە بەلای ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا قۆچ دەوەشێنێت، هیچ گیانلەبەرێکیش لە ڕووی نەوەستایەوە، هیچ لە دەستی دەرباز نەبوو، ئەوەی پێی خۆشبوو کردی و مەزن بوو.
DAN 8:5 لەو کاتەدا کە ڕامابووم تەگەیەک لە ڕۆژئاواوە بەسەر زەویدا دەهات و پێیەکانی بەر زەوی نەدەکەوت، تەگەکە شاخێکی بەرزی هەبوو لەنێوان هەردوو چاوی.
DAN 8:6 چووە لای ئەو بەرانەی کە دوو قۆچی هەبوو، ئەوەی بینیم لەلای نۆکەندەکە وەستابوو، زۆر بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەری.
DAN 8:7 بینیم گەیشتە سەر بەرانەکە و بەربووە سەری و لە بەرانەکەی دا، دوو قۆچەکەی شکاند. بەرانەکە هێزی ئەوەی نەبوو لەبەردەمی ڕابوەستێت، تەگەکە فڕێیدایە سەر زەوی و پێی لێنا، بەرانەکە کەسی نەبوو لە دەستی دەربازی بکات.
DAN 8:8 ئینجا تەگەکە زۆر خۆی بە زل زانی، بەڵام کاتێک لەخۆبایی بوو شاخە گەورەکەی شکا، لە جێی ئەو شاخەش چوار شاخی گەورەتر بەرەو چوار بایەکەی ئاسمان دەرچوون.
DAN 8:9 لە یەکێک لەوانەوە شاخێکی بچکۆلە دەرکەوت، ڕووەو باشوور و ڕۆژهەڵات و خاکە دڵگیرەکە گەشەی کرد.
DAN 8:10 زۆر بەهێز بوو، تەنانەت گەیشتە هێزەکانی ئاسمانیش، هەندێک لە هێز و ئەستێرەکانی فڕێدایە خوارەوە بۆ سەر زەوی و پێی لێنان.
DAN 8:11 خۆی بە گەورە زانی تاوەکو خۆی یەکسان بکات بە خودای سوپاسالاری ئاسمان. قوربانی ڕۆژانە لەکارخرا و پیرۆزگاکەی وێران کرا.
DAN 8:12 لەبەر یاخیبوون، سوپا پیرۆزەکان و پێشکەشکردنی قوربانی ڕۆژانە درانە دەستی شاخەکە. ڕاستی خرایە ژێر پێ، شاخەکەش لە هەموو ئەوەدا سەرکەوتوو بوو کە کردی.
DAN 8:13 ئینجا گوێم لە فریشتەیەکی پیرۆز بوو قسەی دەکرد، فریشتەیەکی پیرۆزی دیکە بەوی دەگوت: «ڕووداوەکانی ئەم بینینە کەی دێنە دی؟ هەتا کەی قوربانی ڕۆژانە لەکاردەخەن؟ هەتا کەی یاخیبوون بەردەوام دەبێت لە کاولبوونی پیرۆزگا و پێشێلکردنی سوپا پیرۆزەکە؟»
DAN 8:14 ئەویش پێی گوتم: «دوو هەزار و سێ سەد بەیانی و ئێوارە، ئینجا پیرۆزگا دەگەڕێتەوە باری پیرۆزی خۆی.»
DAN 8:15 من دانیالم، هێشتا خەریکی سەیرکردنی بینینەکەم و هەوڵدەدەم کە لێی تێبگەم، ئەوەتا یەکێک لە شێوەی پیاوێک لەبەردەمم ڕاوەستاوە.
DAN 8:16 گوێم لە دەنگی مرۆڤێک بوو لەلای نۆکەندی ئولایەوە بانگی کرد و گوتی: «ئەی جبرائیل، واتای بینینەکە لەم پیاوە بگەیەنە.»
DAN 8:17 ئەویش هاتە ئەو شوێنەی کە لێی ڕاوەستابووم، کاتێک هات ترسام و بەسەر ڕوومدا کەوتم. پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بزانە کە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتاییە.»
DAN 8:18 کاتێک قسەی لەگەڵم دەکرد کەوتبوومە خەونێکی قووڵەوە و ڕووم ڕووەو زەوی بوو. ئینجا دەستی لێدام و هەڵیستاندمە سەر پێ.
DAN 8:19 گوتی: «من پێت دەڵێم کە لە کاتی تووڕەیی چی ڕوودەدات، چونکە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتایی دیاریکراوە.
DAN 8:20 ئەو بەرانەی کە بینیت دوو قۆچی هەبوو، ئەوە پاشاکانی ماد و فارسە.
DAN 8:21 تەگەکە پاشای یۆنانە، ئەو قۆچە گەورەیەش کە لەنێوان هەردوو چاوی بوو یەکەمین پاشایە.
DAN 8:22 بەڵام ئەو چوار قۆچەی کە لە شوێنی قۆچە شکێنراوەکە پەیدابوون، ئەوا چوار پاشایەتی لە نەتەوەکەی ئەوەوە پەیدا دەبن، بەڵام هەمان هێزی ئەویان نابێت.
DAN 8:23 «لە دوایین پاشایەتییان، کاتێک یاخیبوون لە دژی خودا دەگاتە ئەوپەڕی، پاشایەکی ڕوو وشک و فێڵباز پەیدا دەبێت.
DAN 8:24 هێزی زۆر دەبێت، بەڵام نەک بە هێزی خۆی، لە ڕادەبەدەر وێرانکاری دەکات و سەرکەوتوو دەبێت لە هەرچی بیەوێت بیکات. تواناداران و گەلە پیرۆزەکە لەناودەبات.
DAN 8:25 بە تەڵەکەبازی وا دەکات فێڵبازی سەرکەوتوو بێت، دڵی لەخۆبایی دەبێت. کاتێک لە ئاسوودەییدا زۆران لەناودەبات و لە دژی میری میران دەوەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکدەشکێنرێت، بەڵام بەبێ هێزی مرۆڤانە.
DAN 8:26 «ئەو بینینەی ئێوارە و بەیانی کە بە تۆ درا ڕاستە، بەڵام تۆ بینینەکە بە نهێنی بهێڵەوە، چونکە بۆ داهاتووی دوورە.»
DAN 8:27 من کە دانیالم، بۆ چەند ڕۆژێک بێهێز و لاواز بووم، ئینجا هەستام و دەستم کردەوە بە کاروبارەکانی پاشا. واقم وڕمابوو لە بینینەکە، لە سەرووی تێگەیشتنەوە بوو.
DAN 9:1 لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان،
DAN 9:2 لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت.
DAN 9:3 منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن.
DAN 9:4 نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا: «ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن،
DAN 9:5 گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا.
DAN 9:6 گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد.
DAN 9:7 «ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان.
DAN 9:8 ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
DAN 9:9 خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین.
DAN 9:10 گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین.
DAN 9:11 هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە. «لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
DAN 9:12 ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات.
DAN 9:13 هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین.
DAN 9:14 جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین.
DAN 9:15 «ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد.
DAN 9:16 ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون.
DAN 9:17 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە.
DAN 9:18 ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان نییە کە پاڕانەوەکانمان دەخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر بەزەییە زۆرەکەتە.
DAN 9:19 ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»
DAN 9:20 لەو کاتەدا من قسەم دەکرد و نزام دەکرد، دانم بە گوناهی خۆم و بە گوناهی ئیسرائیلی گەلەکەمدا دەنا و سەبارەت بە کێوە پیرۆزەکەی پاڕانەوەکەم دەخستە بەردەم یەزدانی پەروەردگارم،
DAN 9:21 هێشتا لە نزاکەمدا بووم، جبرائیل، ئەو پیاوەی کە پێشتر لە بینینێکی دیکەدا بۆم ئاشکرا کرابوو، لە کاتی قوربانی ئێوارە بە خێرایی فڕی و هاتە لام.
DAN 9:22 تێیگەیاندم و پێی گوتم: «ئەی دانیال، من ئێستا هاتم بۆ ئەوەی تێتبگەیەنم و بۆت ڕوون بکەمەوە.
DAN 9:23 هەرکە دەستت بە پاڕانەوە کرد، وەڵامێک دەرچوو، منیش هاتووم پێت بڵێم، چونکە تۆ خۆشەویستی. لەبەر ئەوە لە پەیامەکە ڕابمێنە و لە بینینەکە تێبگە.
DAN 9:24 «بڕیار دراوە حەفتا ”هەفتە“ بەسەر گەلەکەت و بەسەر شارە پیرۆزەکەتدا بچێت بۆ کۆتایی پێهێنانی یاخیبوون، نەهێشتنی گوناه، کەفارەتی تاوان، هێنانی ڕاستودروستی هەتاهەتایی، تەواوکردنی بینین و پەیامی پێغەمبەر و هەروەها دەستنیشانکردنی هەرەپیرۆز.
DAN 9:25 «جا بزانە و تێبگە کە لە دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نوێکردنەوە و بنیادنانەوەی ئۆرشەلیم، هەتا هاتنی پاشای دەستنیشانکراو، حەوت ”هەفتە“ و شەست و دوو ”هەفتە“ی پێ دەچێت. ئۆرشەلیم بە شەقامەکان و شوورابەندیەوە بنیاد دەنێتەوە، سەرباری ئەوەی کاتەکە تەنگانەیە.
DAN 9:26 پاش شەست و دوو ”هەفتە“ دەستنیشانکراوەکە دەکوژرێت و هیچی نابێت. سوپای پاشایەکی دیکە دێت و شارەکە و پیرۆزگاکە وێران دەکات. کۆتاییەکەی وەک لافاوێک دێت و هەتا کۆتایی جەنگ بەردەوام دەبێت، بڕیاری کاولکردنی دراوە.
DAN 9:27 ئەم فەرمانڕەوایە لە یەک ”هەفتە“دا لەگەڵ زۆردا پەیمانی بەهێز دەبەستێت. لە ناوەڕاستی ئەو ”هەفتەیە“دا کۆتایی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەهێنێت، لەسەر لووتکەی پەرستگا قێزەونی وێرانکەر دادەنێت، بۆ ئەوەی سزای حوکمی کۆتایی لەسەر ئەم وێرانکەرەدا بڕژێتەوە.»
DAN 10:1 لە ساڵی سێیەمی کۆرشی پاشای فارس، پەیامێک بۆ دانیال ئاشکرا کرا، کە ناونرابوو بێلتەشەسر. پەیامێکی ڕاست بوو سەبارەت بە جەنگی گەورە. تێگەیشتنی پەیامەکە لە ڕێگەی بینینێکەوە بۆی هات.
DAN 10:2 لەو ڕۆژانەدا، من کە دانیالم سێ هەفتەی تەواو شیوەنم گێڕا.
DAN 10:3 هیچ خواردنێکی خۆشم نەخوارد، گۆشت و شەراب نەچووە دەممەوە، بۆنم لە خۆم نەدا هەتا سێ هەفتەکە تەواو بوو.
DAN 10:4 لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی یەکدا کاتێک لەسەر کەناری ڕووبارە گەورەکە بووم کە دجلەیە،
DAN 10:5 سەرم هەڵبڕی و تەماشام کرد، پیاوێک کەتانی لەبەردا بوو، پشتێنێکی زێڕی ئوفازیشی لە کەمەری بەستبوو.
DAN 10:6 لەشی وەک زەبەرجەد، ڕووی وەک شێوەی بروسکە، چاوەکانی وەک چرای ئاگر، قۆڵ و قاچەکانی وەک بریسکەی بڕۆنزی سافکراو بوون و هەروەها دەنگیشی وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر بوو.
DAN 10:7 من کە دانیالم، بە تەنها من بینینەکەم بۆ ئاشکرا کرا، ئەو پیاوانەی لەگەڵمدا بوون نەیانبینی، بەڵام ترسێکی گەورە لەسەریان نیشت، ڕایانکرد و خۆیان شاردەوە.
DAN 10:8 جا من بە تەنها مامەوە و تەماشای ئەم بینینە گەورەیەم دەکرد. هێزم تێدا نەما و ڕووم ڕەنگی مردووی لێ نیشت، لە پەلوپۆ کەوتم.
DAN 10:9 گوێم لە قسەکانی بوو، لەو کاتەش کە گوێم لێی دەگرت، چوومە ناو خەوێکی قووڵەوە، ڕووشم ڕووەو زەوی بوو.
DAN 10:10 دەستێکم بەرکەوت و بە لەرزەوە لەسەر دەست و ئەژنۆم داینام.
DAN 10:11 پێی گوتم: «ئەی دانیال، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە! ئەو قسەیەی کە پێت دەڵێم لێی تێبگە و هەستە سەر پێت، چونکە من ئێستا نێردراوم بۆ لای تۆ.» کە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ کردم، بە لەرزەوە هەستامە سەر پێ.
DAN 10:12 پێی گوتم: «ئەی دانیال، مەترسە. لەبەر ئەوەی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە مکوڕ بوویت تێبگەیت و لەبەردەم خوداکەت خۆتت زەلیل کرد، پاڕانەوەکەت بیسترا، منیش لەبەر ئەمانە هاتووم.
DAN 10:13 سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم.
DAN 10:14 جا هاتووم بۆ ئەوەی ئەوەت تێبگەیەنم کە لە ڕۆژی کۆتایی بەسەر گەلەکەتدا دێت، چونکە بابەتی بینینەکە ڕۆژانی داهاتووە.»
DAN 10:15 کاتێک ئەو قسانەی لەگەڵمدا دەکرد، سەرم دانەواند و بێدەنگ بووم.
DAN 10:16 ئینجا فریشتەکە، کە لە شێوەی مرۆڤ بوو، دەستی لە لێوەکانم دا، منیش دەمم کردەوە و قسەم کرد. بەوەم گوت کە لەبەردەممدا وەستابوو: «گەورەم، بە بینینەکە ئازارێکی زۆرم چێژت و لە پەلوپۆ کەوتم.
DAN 10:17 ئەی گەورەم، من خزمەتکاری تۆم، چۆن قسەت لەگەڵ بکەم؟ من ئێستا هێزم لێ بڕاوە و هەناسەم تێدا نەماوە.»
DAN 10:18 دووبارە ئەوەی لە مرۆڤ دەچوو دەستی لێم دا و هێزی هێنایەوە بەرم.
DAN 10:19 گوتی: «مەترسە، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە. ئاشتیت لەسەر بێت! ئازابە و بەهێزبە!» کاتێک قسەی لەگەڵدا کردم، بەهێز بووم و گوتم: «با گەورەم قسە بکات، چونکە بەهێزت کردم.»
DAN 10:20 ئەویش گوتی: «ئایا دەزانیت بۆچی هاتمە لات؟ ئێستاش دەگەڕێمەوە و لەگەڵ سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی فارس دەجەنگم، دوای ئەوەی من دەڕۆم سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی یۆنان دێت.
DAN 10:21 بەڵام ئێستا ئەوەت پێ دەڵێم کە لە پەڕتووکی ڕاستیدا نووسراوە. کەس لە دژی ئەم سەرۆکانە پشتگیریم ناکات، جگە لە میکائیلی سەرۆکتان.
DAN 11:1 لە ساڵی یەکەمی داریوشی مادی، لەگەڵی وەستام تاکو پشتگیری لێ بکەم و بیپارێزم.
DAN 11:2 «ئێستاش ڕاستیت پێ دەڵێم: سێ پاشای دیکە لە فارس پەیدا دەبن، پاشان چوارەمیان لە هەموویان دەوڵەمەندتر دەبێت. سامانەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز بەکاردەهێنێت، هەمووان لە دژی شانشینی یۆنان دەورووژێنێت.
DAN 11:3 ئینجا پاشایەکی بە توانا پەیدا دەبێت و زۆر زاڵ دەبێت، چی پێ خۆش بێت دەیکات.
DAN 11:4 بەڵام ئیمپراتۆریەتەکە لەوپەڕی هێزیدا تێکدەشکێت و بەسەر چوار لای زەویدا دابەش دەبێت، بەڵام نەک بۆ نەوەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکە دەبێت، دەسەڵاتی پێشتری نامێنێت، چونکە ئیمپراتۆریەتەکەی بنبڕ دەبێت.
DAN 11:5 «دوای ئەمە پاشای باشوور بەهێز دەبێت، بەڵام یەکێک لە میرەکانی لەو بەهێزتر دەبێت و بە دەسەڵاتێکی گەورەوە زاڵ دەبێت.
DAN 11:6 پاش چەند ساڵێک پەیمان دەبەستن، کچی پاشای باشوور بۆ پەیمان بەستنەکە دێتە لای پاشای باکوور، بەڵام کچەکە هێزی نامێنێت، پاشای باشووریش نە خۆی و نە هێزی بەردەوام نابن. لەو کاتەدا کچەکە و باوکی و ئەوانەی هێنایان و لەگەڵ ئەوەش کە پشتگیری دەکرد بە دەستەوە دەدرێن.
DAN 11:7 «ئینجا یەکێک لە بنەماڵەی کچەکە لە شوێنی ئەو هەڵدەستێتەوە. بەر لە سوپای پاشای باکوور دەگرێت و دەچێتە ناو قەڵاکەی، لێیان دەدات و سەرکەوتوو دەبێت.
DAN 11:8 بت و پەیکەرە داڕێژراوەکان و قاپوقاچاغە بەنرخەکانیان کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون دەباتە میسر. دوای ئەمە ماوەی چەند ساڵێک واز لە پاشای باکوور دەهێنێت.
DAN 11:9 ئینجا پاشای باکوور هێرش دەباتە سەر شانشینی پاشای باشوور، بەڵام دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
DAN 11:10 کوڕەکانی دەوروژێن و ئاپۆرەی سوپایەکی گەورە کۆدەکەنەوە کە وەک لافاوێکی بەهێز ڕادەماڵێت، بڵاو دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هەتا شەڕ دەهێنێتە سەر قەڵای پاشای باشوور.
DAN 11:11 «ئیتر پاشای باشوور ڕقی هەڵدەستێت و هێرش دەکاتە سەر پاشای باکوور، کە وا خەریکە سوپایەکی زۆر گەورەی کۆدەکاتەوە، بەڵام دەشکێنرێت.
DAN 11:12 کاتێک سوپاکە ڕادەماڵرێت، پاشای باشوور بەفیز دەبێت و دەیان هەزار دەکوژێت، بەڵام سەرناکەوێت،
DAN 11:13 چونکە پاشای باکوور دەگەڕێتەوە، سوپایەکی زۆرتر لەوەی جاری یەکەم کۆدەکاتەوە، پاش چەند ساڵێک بە سوپایەکی گەورە و چەک و تفاقێکی زۆرەوە پێشدەکەوێت.
DAN 11:14 «لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دژی پاشای باشوور ڕادەپەڕن، بۆ بەدیهێنانی بینینەکە توندڕەوەکان لە گەلەکەت یاخی دەبن، بەڵام دەکەون.
DAN 11:15 ئینجا پاشای باکوور دێت و مەتەرێزێک لێدەدات و شارە قەڵابەندەکە داگیر دەکات. هێزەکانی باشوور لەبەردەمیدا خۆیان ڕاناگرن، تەنانەت باشترین سەربازیشیان بەرگە ناگرێت.
DAN 11:16 پاشای باکوور ئەوەی بیەوێ دەیکات، کەسیش نابێت بەرەنگاری بێتەوە. لەناو خاکە دڵگیرەکەدا ڕادەوەستێت و هەمووی لەژێر دەستی ئەودا دەبێت.
DAN 11:17 مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی بە هەموو دەسەڵاتی پاشایەتییەکەیەوە بێت و پەیمان لەگەڵ پاشای باشوور ببەستێت. کچەکەی دەداتێ بۆ ئەوەی پاشایەتی باشوور تێکبدات، بەڵام پیلانەکانی سەرناکەون و سوودمەند نابن.
DAN 11:18 پاشان ڕوو دەکاتە کەنارەکان و زۆریان داگیر دەکات، بەڵام فەرماندەیەک کۆتایی بە لووتبەرزییەکەی دەهێنێت، بەڵکو لووتبەرزییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
DAN 11:19 ئینجا دەگەڕێتەوە قەڵاکانی خاکەکەی خۆی، بەڵام ساتمە دەکات و دەکەوێت، ئیتر نامێنێت.
DAN 11:20 «جێنشینەکەی باجگرێک دەنێرێت بۆ بەردەوام بوونی شکۆمەندی پاشایەتییەکەی. لە ماوەیەکی کورتدا تێکدەشکێت، بەڵام نە بە تووڕەیی و نە بە جەنگ.
DAN 11:21 «ئینجا ناکەس بەچەیەک شوێنی دەگێڕێتەوە کە شکۆمەندی پاشایەتی نەدراوەتێ. کاتێک خەڵکی بە ئاسوودەیی دەژین لەناکاو دێت و بە فێڵ دەست بەسەر پاشایەتییەکەدا دەگرێت.
DAN 11:22 چەندین سوپای زەبەلاح لە بەرامبەر ئەو تێکدەشکێن و ڕادەماڵرێن، هەروەها میری پەیمانیش.
DAN 11:23 هەرکە پەیمانێک دەبەستێت، فێڵ لە هاوپەیمانەکەی دەکات، بە خەڵکێکی کەمەوە دەگاتە دەسەڵات.
DAN 11:24 کاتێک هەرێمە دەوڵەمەندەکان لە ئارامیدان بەسەریاندا دەدات، ئەوە دەکات کە نە باوک و نە باپیرانی کردوویانە. تاڵانی و دەستکەوت و سامان بەسەر شوێنکەوتووانیدا دابەش دەکات. پیلان بۆ داگیرکردنی قەڵاکان دادەڕێژێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەک دەبێت.
DAN 11:25 «بە سوپایەکی گەورە و بە ئازایەتییەوە هێزەکەی لە دژی پاشای باشوور دەوروژێنێت، پاشای باشووریش بە سوپایەکی گەورە و بەهێزەوە خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات، بەڵام بەرگە ناگرێت، چونکە پیلان لە دژی دەگێڕن.
DAN 11:26 ئەوانەی لە خواردنە خۆشەکانی دەخۆن، دەیشکێنن و سوپاکەی ڕادەماڵرێت، زۆر کەس دەکوژرێن.
DAN 11:27 ئەم دوو پاشایەش دڵیان لەلای خراپەیە، لەسەر یەک مێز دادەنیشن و درۆ بۆ یەکتری دەکەن، بەڵام سەرناکەون، چونکە کۆتایی لە کاتی دیاریکراودا دێت.
DAN 11:28 پاشای باکوور بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، بەڵام لە دڵەوە لە دژی پەیمانە پیرۆزەکەیە. دژایەتییەکە دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
DAN 11:29 «لە کاتی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە و هێرش دەباتەوە بۆ باشوور، بەڵام ئەم جارەیان وەک جاری یەکەم نابێت.
DAN 11:30 لە کەنارەکانی ڕۆژئاواوە کەشتییەکان دێنە سەری، ئینجا کۆڵدەدات. دەگەڕێتەوە و لە پەیمانە پیرۆزەکە تووڕە دەبێت، ئەوانەش پاداشت دەکات کە وازیان لە پەیمانە پیرۆزەکە هێناوە.
DAN 11:31 «سوپاکەی ئەو دێن و پیرۆزگای قەڵابەند گڵاو دەکەن، قوربانی ڕۆژانە دادەماڵن و قێزەونی وێرانکەر دادەنێن.
DAN 11:32 ئەوانەی پەیمان دەشکێنن بە فێڵ هەڵیاندەخەڵەتێنێت، بەڵام ئەو گەلەی خودای خۆیان دەناسن بەهێز دەبن و دژایەتی ئەو دەکەن.
DAN 11:33 «تێگەیشتووان خەڵکێکی زۆر فێر دەکەن، هەرچەندە بۆ ماوەیەک بە شمشێر و ئاگر دەکوژرێن یان تاڵان و ڕاپێچ دەکرێن.
DAN 11:34 کاتێک دەکەون بە کەمی یارمەتی دەدرێن، زۆر کەسیش بەبێ دڵسۆزی دەچنە ڕیزیان.
DAN 11:35 هەندێک لە تێگەیشتووان ساتمە دەکەن، بۆ پوختەبوون و پاکبوونەوە و بێ لەکە بوونیان هەتا کاتی کۆتایی، چونکە لە کاتی دیاریکراو دێت.
DAN 11:36 «پاشا بە ویستی خۆی دەکات. خۆی بە گەورە و بە زل دەزانێت لەسەر هەموو خودایەک، کفری ترسناک لە دژی خودای خودایان دەکات. هەتا کاتی تەواوبوونی تووڕەییەکە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە هەر دەبێت پیادە بکرێت.
DAN 11:37 نە گوێ بە خوداوەندەکانی باوباپیرانی دەدات و نە بەوەی ژن دایهێناوە، گوێ بە هیچ خوداوەندێک نادات. بەڵکو خۆی لە هەموویان بە گەورەتر دەزانێت.
DAN 11:38 لە جیاتی ئەوان ڕێز لە خوداوەندی قەڵاکان دەگرێت، خوداوەندێکە کە باوباپیرانی نەیانناسیوە، بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و دیاری بە نرخ ڕێزی لێ دەگرێت.
DAN 11:39 بە یارمەتی ئەو خوداوەندە بێگانەیە پەلاماری قەڵا پتەوەکان دەدات. زۆر ڕێز لەوانە دەگرێت کە دەچنە ژێر باڵی. دەیانکاتە فەرمانڕەوای خەڵکێکی زۆر، خاکەکە بە پاداشت دابەش دەکات.
DAN 11:40 «لە کاتی کۆتاییدا پاشای باشوور جەنگی لەگەڵدا بەرپا دەکات، پاشای باکووریش بە گالیسکە و سوار و بە کەشتیگەلی زۆرەوە وەک ڕەشەبا لە دژی هەڵدەکات. پەلاماری چەندین وڵات دەدات، وەک لافاو ڕایاندەماڵێت.
DAN 11:41 هەروەها پەلاماری خاکە دڵگیرەکە دەدات. زۆر کەس دەکوژرێن، بەڵام ئەدۆم و مۆئاب و میرەکانی عەمۆنییەکان لە دەستی دەرباز دەبن.
DAN 11:42 دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆر وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە، میسریش ڕزگاری نابێت.
DAN 11:43 دەست بەسەر گەنجینەکانی زێڕ و زیو و هەموو سامانی میسردا دەگرێت، لیبییەکان و کوشییەکانیش ملکەچی دەبن.
DAN 11:44 بەڵام چەند هەواڵێکی ترسناکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە پێ دەگات و ئەو دەهەژێنێت، بە تووڕەییەکی زۆرەوە بەڕێدەکەوێت بۆ کاولکردن و قڕکردنی خەڵکانێکی زۆر.
DAN 11:45 چادری شاهانەی لەنێوان دەریاکان و کێوی دڵگیری پیرۆز هەڵدەدات. بەڵام دەگاتە کۆتایی خۆی، کەسیش یارمەتی نادات.
DAN 12:1 «لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکەکە نووسرابێت، دەرباز دەبێت.
DAN 12:2 زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی.
DAN 12:3 تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.
DAN 12:4 «تۆش ئەی دانیال، هەتا سەردەمی کۆتایی وشەکان بە نهێنی بهێڵەوە و تۆمارەکە بپێچەوە. خەڵکێکی زۆر لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن.»
DAN 12:5 ئینجا من کە دانیالم، تەماشام کرد بینیم دوو فریشتەی دیکە ڕاوەستاون، یەکێکیان لەسەر ئەو کەنارەی ڕووبارەکە، ئەوی دیکەیان لەسەر کەنارەکەی دیکە.
DAN 12:6 یەکێکیان بەو پیاوەی گوت کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو: «کەی ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکان تەواو دەبێت؟»
DAN 12:7 ئەو پیاوەی کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو، دەستی ڕاست و دەستی چەپی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە. گوێم لێ بوو سوێندی بەوە خوارد کە هەتاهەتایە زیندووە: «تاکو سێ ساڵ و نیو. کاتێک هێزی گەلە پیرۆزەکە بە تەواوی شکێنرا، هەموو ئەمانەش تەواو دەبێت.»
DAN 12:8 من گوێم لێبوو، بەڵام تێنەگەیشتم، ئیتر گوتم: «گەورەم، کۆتایی هەموو ئەمانە چییە؟»
DAN 12:9 ئەویش گوتی: «دانیال، تۆ بڕۆ، چونکە هەتا کاتی کۆتایی وشەکان لە پەڕتووکی داخراودا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە.
DAN 12:10 خەڵکانێکی زۆر پاک دەبنەوە و بێ لەکە و پوختە دەبن، بەڵام خراپەکاران لە خراپە بەردەوام دەبن. کەس لە خراپەکاران تێناگات، بەڵام تێگەیشتووان تێدەگەن.
DAN 12:11 «لە کاتی داماڵینی قوربانی ڕۆژانە هەتا دانانی قێزەونی وێرانکەر، هەزار و دوو سەد و نەوەد ڕۆژ دەخایەنێت.
DAN 12:12 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی چاوەڕێ دەکات و دەگاتە هەزار و سێ سەد و سی و پێنج ڕۆژ.
DAN 12:13 «بەڵام تۆ، بڕۆ هەتا کاتی هاتنی کۆتایی پشوو بدە، لە کۆتایی ڕۆژگار هەڵدەستیتەوە بۆ وەرگرتنی میراتی خۆت.»
HOS 1:1 ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.
HOS 1:2 سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.»
HOS 1:3 ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.
HOS 1:4 یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم.
HOS 1:5 لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»
HOS 1:6 دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم.
HOS 1:7 بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»
HOS 1:8 لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو.
HOS 1:9 یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.
HOS 1:10 «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن.
HOS 1:11 لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ کراون سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»
HOS 2:1 «بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
HOS 2:2 «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن، چونکە ئەو ژنی من نییە و منیش مێردی ئەو نیم. بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
HOS 2:3 ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە، وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛ وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم، وەک خاکی وشکی لێ دەکەم، بە تینووێتی دەیمرێنم.
HOS 2:4 بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە، چونکە زۆڵن.
HOS 2:5 بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە. ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم، ئەوانەی نان و ئاو، خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
HOS 2:6 لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم، دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
HOS 2:7 دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات، بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە. ئینجا دەڵێت: ”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم، چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
HOS 2:8 ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە، زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە، بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
HOS 2:9 «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە، شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا. خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن لەبەری دادەکەنم.
HOS 2:10 ئێستا شوێنی شەرمی لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم، کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
HOS 2:11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم: جەژن و سەرەمانگەکانی، شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
HOS 2:12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم، کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“ دەیانکەم بە دارستان و ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
HOS 2:13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند، بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە، دوای خۆشەویستانی کەوت، بەڵام منی لەیاد کرد.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
HOS 2:14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین دەیبەمە چۆڵەوانی و بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
HOS 2:15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە، دۆڵی عاخۆر دەکەم بە دەرگای هیوا. لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت، وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
HOS 2:16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت، پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
HOS 2:17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و ئیتر ناویان ناهێنێت.
HOS 2:18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و خشۆکەکانی زەوی. کەوان و شمشێر و جەنگ لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
HOS 2:19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و بە ڕاستودروستی و دادوەری، بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
HOS 2:20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و دان بە یەزداندا دەنێیت.
HOS 2:21 «یەزدان دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت، من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
HOS 2:22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت دەبێت، ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل دەبێت.
HOS 2:23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم، بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“ ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“ ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»
HOS 3:1 یەزدان پێی فەرمووم: «دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان خۆشدەوێت.»
HOS 3:2 منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ جۆ کڕیمەوە،
HOS 3:3 پێم گوت: «ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت، بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت، هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»
HOS 3:4 ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر، بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان، بەبێ ئێفۆد و تەرافیم دەمێننەوە.
HOS 3:5 پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.
HOS 4:1 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، چونکە یەزدان سکاڵای هەیە لە دانیشتووانی خاکەکە: «نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ، نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.
HOS 4:2 نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن، دزی و داوێنپیسی، پەرەی سەندووە و خوێنڕشتن، خوێنڕشتنی بەدوادا دێت.
HOS 4:3 لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت، بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە، تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.
HOS 4:4 «بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و کەسیش تاوانبار نەکرێت، چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە سکاڵا لە کاهین دەکەن.
HOS 4:5 تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت، منیش دایکت لەناودەبەم.
HOS 4:6 گەلەکەم بەهۆی نەزانینەوە لەناوچووە. «لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە، منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت. لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد، منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.
HOS 4:7 ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون، ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد، منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.
HOS 4:8 قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.
HOS 4:9 جا کاهین وەک گەل دەبێت، بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم، کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.
HOS 4:10 «دەخۆن و تێر نابن، لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن، چونکە وازیان لە یەزدان هێنا بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن
HOS 4:11 بۆ لەشفرۆشی و بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.
HOS 4:12 گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن، وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن، چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و دڵسۆزی خودای خۆیان نین.
HOS 4:13 لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن، لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن، چونکە سێبەری باشە! لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و بووکەکانیشتان داوێنپیسی.
HOS 4:14 «کچەکانتان سزا نادەم کە لەشفرۆشی دەکەن و بووکەکانیشتان کە داوێنپیسی دەکەن، چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن. گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!
HOS 4:15 «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت، بەڵام با یەهودا تاوان نەکات. «مەچن بۆ گلگال و سەرمەکەون بۆ بێت‌ئاڤن و سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“
HOS 4:16 وەک نوێنگینێکی کەللەڕەق ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە، ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟
HOS 4:17 ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە، وازی لێ بهێنن!
HOS 4:18 تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت، هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن، گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.
HOS 4:19 با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە، بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.
HOS 5:1 «ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن! ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن! حوکمەکە لە دژی ئێوەیە، چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە، هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.
HOS 5:2 یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە، منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.
HOS 5:3 من ئەفرایم دەناسم و ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە. ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر، ئیسرائیل گڵاو بووە.
HOS 5:4 «کارەکانیان ڕێیان نادات بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە، چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.
HOS 5:5 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن، یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.
HOS 5:6 بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن، بەڵام بۆیان دەرناکەوێت، چونکە لێیان دوور کەوتووەتەوە.
HOS 5:7 ناپاکییان لە یەزدان کرد، چونکە منداڵی زۆڵیان بوو. ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.
HOS 5:8 «لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و لە ڕامەش زوڕنا. لە بێت‌ئاڤن نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛ ”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“
HOS 5:9 ئەفرایم وێران دەبێت لە ڕۆژی تەمبێکردندا. لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا ڕاستی ڕادەگەیەنم.
HOS 5:10 میرانی یەهودا وەک ئەوانەن کە سنوور دەگوازنەوە، منیش تووڕەیی خۆم وەک باران بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
HOS 5:11 ئەفرایم زۆرلێکراوە، بە حوکم تێکشکێنراوە، چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.
HOS 5:12 من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.
HOS 5:13 «کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی، ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و بەدوای پاشا گەورەکەدا ناردی. بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و برینەکەتان لەسەر لاببات.
HOS 5:14 من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر، چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم، دەبەم و فریادڕەسیش نییە،
HOS 5:15 دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و ڕوویان لە من دەکەن، لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»
HOS 6:1 «وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان، چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات. ئەو برینداری کردووین و هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.
HOS 6:2 دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە، لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.
HOS 6:3 با دان بە یەزداندا بنێین، با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین. بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت ئاواش یەزدان دەردەکەوێت، وەک بارانی زستان دێتە لامان، وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»
HOS 6:4 «ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟ ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟ خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە، وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.
HOS 6:5 لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن، بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت، حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت،
HOS 6:6 چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی، لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.
HOS 6:7 بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد، لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.
HOS 6:8 گلعاد شاری خراپەکارانە و بە خوێن پێپەستە.
HOS 6:9 وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە، ئاواش دەستەی کاهینەکان، لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن، بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
HOS 6:10 لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم، لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات، ئیسرائیل گڵاوە.
HOS 6:11 «تۆش ئەی یەهودا، ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە. «هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە،
HOS 7:1 کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد، تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون، هەروەها خراپەی سامیرە. فێڵیان کرد، دز چووە ژوورەوە و جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،
HOS 7:2 بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە. ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات، لە بەرچاومدان.
HOS 7:3 «بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و بە درۆکانیشیان میر.
HOS 7:4 هەموو داوێنپیسن وەک تەنوورێکی گەرمکراون کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات، لە کاتی هەویر شێلانەوە هەتا کاتی هەڵهاتنی.
HOS 7:5 لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا، میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت، پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.
HOS 7:6 دڵیان وەک ناخی تەنوورە، بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە. قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.
HOS 7:7 هەموویان وەک تەنوور گەرمن، دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن، هەموو پاشاکانیان دەکەون، کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.
HOS 7:8 «ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت. ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.
HOS 7:9 بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و ئەویش پێی نازانێت. قژی ماشوبرنج بووە و ئەویش پێی نازانێت.
HOS 7:10 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و بەدوایدا ناگەڕێن.
HOS 7:11 «ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە، گێل و بێ مێشک، بانگی میسر دەکەن و بۆ لای ئاشور دەچن.
HOS 7:12 کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم، وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم. کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.
HOS 7:13 قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن! ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون! من دەیانکڕمەوە، بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.
HOS 7:14 کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن. بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە، لە من هەڵدەگەڕێنەوە.
HOS 7:15 من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد، بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.
HOS 7:16 دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز، وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت. لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن. لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.
HOS 8:1 «کەڕەنا ببە بۆ دەمت! هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان، لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.
HOS 8:2 هاوار بۆ من دەکەن: ”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“
HOS 8:3 بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە، لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.
HOS 8:4 ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو، میریان دانا، کە من نایانناسم. لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد، بۆ لەناوچوونیان.
HOS 8:5 ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ! تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت. هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟
HOS 8:6 هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن! وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا. گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.
HOS 8:7 «ئەوان با دەچێنن و گەردەلوول دەدورنەوە. چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و ئاردی لێ دروستناکرێت و ئەگەر دروستیش کرا بێگانەکان هەڵیدەلووشن.
HOS 8:8 ئیسرائیل هەڵلووشرا! ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.
HOS 8:9 وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها چوونە ئاشور. ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.
HOS 8:10 هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە، بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە، ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار دەفەوتێن.
HOS 8:11 «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد، بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.
HOS 8:12 شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم، بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.
HOS 8:13 قوربانیم پێشکەش دەکەن و خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن، بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە. ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و سزای گوناهەکانیان دەدات: ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.
HOS 8:14 ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و چەندین کۆشکی بنیاد نا، یەهوداش شارە قەڵابەندەکان. بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»
HOS 9:1 ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان دڵخۆش و شاد مەبە، چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد، حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد لەسەر هەموو جۆخینەکان.
HOS 9:2 جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات، شەرابی نوێش بەشیان ناکات.
HOS 9:3 لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن، بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.
HOS 9:4 شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن. ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت. نانەکەیان بۆ خۆیانە و ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.
HOS 9:5 لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن، لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟
HOS 9:6 تەنانەت ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت، میسر کۆیان دەکاتەوە و مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت. دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.
HOS 9:7 ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن، ڕۆژانی سزا بەڕێوەن. با ئیسرائیل ئەمە بزانێت. لەبەر زۆری تاوانەکەت و زۆری کێشمەکێشت، پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.
HOS 9:8 پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە، بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە، کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.
HOS 9:9 ئەوان نوقوم بوون، وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون، خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.
HOS 9:10 «ئیسرائیلم دۆزییەوە وەک ترێ لە چۆڵەوانی، لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک. بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعل‌پەعۆر و خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد، ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.
HOS 9:11 ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت، نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.
HOS 9:12 تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن، جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت. قوڕبەسەریان کاتێک پشتیان تێدەکەم.
HOS 9:13 ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە لە لەوەڕگا ڕواوە، بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»
HOS 9:14 ئەی یەزدان، بیاندەرێ، چییان پێدەدەیت؟ منداڵدانێکی لەباربردە و دوو مەمکی وشک.
HOS 9:15 «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە. لەبەر کردەوە خراپەکانیان لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم. ئیتر خۆشم ناوێن، هەموو میرەکانیان یاخین.
HOS 9:16 ئەفرایم هەڵپڕووکاوە، ڕەگیان وشک بوو، بەر ناگرن. ئەگەر منداڵیشیان ببێت، منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»
HOS 9:17 خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە، چونکە گوێیان لێی نەگرت، لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.
HOS 10:1 ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو، بۆ خۆی بەری دەگرت. بەپێی زۆری بەروبوومەکەی، قوربانگای زۆر کرد. بەپێی باشی خاکەکەی، بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد.
HOS 10:2 دڵیان فریودەر بوو، ئێستا سزا دەدرێن. یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت، بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات.
HOS 10:3 لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە، چونکە لە یەزدان نەترساین، ئەگەر پاشاشمان هەبێت، چیمان بۆ دەکات؟»
HOS 10:4 بە سوێندی درۆ قسە دەکەن، پەیمان دەبەستن، ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت.
HOS 10:5 خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە لەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێت‌ئاڤنە. گەلەکەی و کاهینە بتپەرستەکانیشی لەبەر شکۆمەندییەکەی ئاهەنگیان دەگێڕا، بەڵام لە داهاتوودا شینی بۆ دەگێڕن، چونکە بۆ ڕاپێچ لێیان وەرگیراوە.
HOS 10:6 ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت، وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز. ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت.
HOS 10:7 سامیرە و پاشاکەی لەناودەچن، وەک چیلکە دار بەسەر ڕووی ئاوەوە دوور دەکەونەوە.
HOS 10:8 نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری وێران دەبن، کە گوناهی ئیسرائیلن، دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن. ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!»
HOS 10:9 «ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد، لەوێدا وەستان، لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟
HOS 10:10 کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم، گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن، کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن.
HOS 10:11 ئەفرایم گوێرەکەیەکی ڕاهێنراوە حەز لە گێرەکردن دەکات. لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی، سوار دەخەمە سەر ئەفرایم، یەهودا دەیکێڵێت، یاقوبیش خەرتەی دەکات.
HOS 10:12 ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە. بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن، چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت.
HOS 10:13 بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و بەدڕەفتاریتان دوورییەوە، بەروبوومی درۆتان خوارد، چونکە پشتت بە هێزی خۆت و بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست،
HOS 10:14 چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە. هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن، وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێت‌ئەربێلی تێکدا، دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران.
HOS 10:15 ئەی بێت‌ئێل، ئاواتان پێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە. لە بەرەبەیاندا، پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.
HOS 11:1 «کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.
HOS 11:2 بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن، ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە، قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.
HOS 11:3 من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد، دەستم بە باڵیانەوە گرت، بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.
HOS 11:4 بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم، بە بەستنی خۆشەویستی، من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت، چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.
HOS 11:5 «ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر و ئاشور نابێتە پاشایان، چونکە ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە لام؟
HOS 11:6 شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت، کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.
HOS 11:7 گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من. تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن، ئەو پایەبەرزیان ناکات.
HOS 11:8 «ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟ ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟ چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟ چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟ دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.
HOS 11:9 گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم، چونکە من خودام نەک مرۆڤ، من خودا پیرۆزەکەم، لە ناوەڕاستی ئێوەدام، بە قینەوە نایەم.
HOS 11:10 لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن، وەک شێرێک دەنەڕێنێت. کاتێک دەنەڕێنێت، منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.
HOS 11:11 وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن، وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە. ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
HOS 11:12 ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە، یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا، لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.
HOS 12:1 ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت، دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە، هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات. لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
HOS 12:2 یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە، سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات، کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
HOS 12:3 لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
HOS 12:4 لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت، گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت. لە بێت‌ئێل تووشی بوو، لەوێ قسەی لەگەڵی کرد.
HOS 12:5 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ناوبانگی یەزدانە!
HOS 12:6 تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.
HOS 12:7 بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە، حەز دەکات ستەم بکات.
HOS 12:8 ئەفرایم گوتی: «من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا، لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە کە گوناه بێت.»
HOS 12:9 «من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم، ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا، دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم، وەک ڕۆژانی جەژن.
HOS 12:10 قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن، هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»
HOS 12:11 ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟ بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن! لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی، بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
HOS 12:12 یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام هەڵات و ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد، لە پێناوی ژنێکدا شوانایەتی کرد.
HOS 12:13 یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
HOS 12:14 بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد، پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
HOS 13:1 کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو، ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو، بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
HOS 13:2 ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن، لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن، بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان، هەمووی دەستکردی وەستایە. دەربارەیان دەڵێن: «ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی، بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
HOS 13:3 لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات، وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە، وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە.
HOS 13:4 «بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم، ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت. جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت، جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
HOS 13:5 من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد، لە زەوی تینووێتی.
HOS 13:6 کاتێک لە لەوەڕ تێربوون، کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو، لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
HOS 13:7 جا وەک شێر دەبم بۆیان، وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
HOS 13:8 وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و پەردەی دڵیان دەدڕێنم. وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم، ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.
HOS 13:9 «ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت، چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
HOS 13:10 ئێستا کوا پاشاکەت؟ تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات، کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت: ”پاشا و میرم بدەرێ“؟
HOS 13:11 لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
HOS 13:12 تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون، گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
HOS 13:13 ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت، بەڵام منداڵێکی نەفامە، چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.
HOS 13:14 «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم، لە مردن دەیانکڕمەوە. ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟ ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟ «میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
HOS 13:15 هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو. بایەکی ڕۆژهەڵات دێت، بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات، ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت. گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی تاڵان دەکرێت.
HOS 13:16 خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن، چونکە لە خودای خۆیان یاخی بوون، بە شمشێر دەکوژرێن و منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن، سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»
HOS 14:1 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە، چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
HOS 14:2 ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و بگەڕێنەوە لای یەزدان، پێی بڵێن: «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە، بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.
HOS 14:3 ئاشور ڕزگارمان ناکات. سواری ئەسپ نابین، جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین، ”خوداوەندەکانمان،“ چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
HOS 14:4 «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە، بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت، چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
HOS 14:5 بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم، ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
HOS 14:6 چڵەکانی درێژ دەبنەوە، جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
HOS 14:7 نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە. وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و وەک مێو دەگەشێتەوە. ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
HOS 14:8 ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟ من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم، من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم، بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
HOS 14:9 کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟ کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟ چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن، بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.
JOE 1:1 پەیامی یەزدان کە بۆ یۆئێلی کوڕی پەتوئێل هات:
JOE 1:2 ئەی پیران، گوێ لەمە بگرن، ئەی هەموو دانیشتووانی خاکەکە، گوێ شل بکەن. ئایا ئەمە لە سەردەمی ئێوە یان لە سەردەمی باوباپیرانتان ڕوویداوە؟
JOE 1:3 ئەمە بۆ کوڕەکانتان بگێڕنەوە، کوڕەکانیشتان بۆ کوڕەکانیان، کوڕەکانیشیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.
JOE 1:4 ئەوەی لەبەر کوللەی قرتێنەر مایەوە کوللەی گەورە لووشیان دا، ئەوەی لەبەر کوللەی گەورە مایەوە پێکوڕە لووشیان دا، ئەوەش کە لەبەر پێکوڕە مایەوە وردە کوللەی لووشیان دا.
JOE 1:5 ئەی سەرخۆشەکان، بەئاگا بێن و بگریێن! ئەی هەموو ئەوانەی شەراب دەخۆنەوە، واوەیلا بۆ شەرابی شیرین بکەن، چونکە لە دەمتان بڕاوە.
JOE 1:6 نەتەوەیەک پەلاماری خاکەکەمی دا، بەهێز و بێشومارە، ددانەکانی ددانی نەڕە شێرە و کەڵبەی شێرە مێی هەیە.
JOE 1:7 دار مێوەکەمی وێران کردووە و دار هەنجیرەکەمی تێکشکاندووە، توێکڵەکەی داتاشیوە و فڕێیداوە، لقەکانی سپی بوونەوە.
JOE 1:8 شین بگێڕە وەک پاکیزەیەکی جلوبەرگی گوش پۆشیو، بۆ مێردی گەنجییەتی کە نەماوە.
JOE 1:9 پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب لە ماڵی یەزدان بڕایەوە، کاهینەکان دەلاوێننەوە، ئەوانەی خزمەتکاری یەزدانن.
JOE 1:10 کێڵگەکان وێران بوون، خاک شیوەنی گێڕا، چونکە دانەوێڵە فەوتا، شەرابی نوێ نەما، ڕۆن لە هیزە بڕا.
JOE 1:11 ئەی جوتیارەکان، نائومێد بن، ڕەزەوانەکان، واوەیلا بکەن، بۆ گەنم و جۆ، چونکە دروێنەی کێڵگە لەناوچوو.
JOE 1:12 دار مێو وشک هەڵگەڕا و دار هەنجیر سیس بوو، دار هەنار و خورما و سێو، هەموو درەختەکانی کێڵگە وشک هەڵگەڕان. بە دڵنیاییەوە شادی و خۆشی بۆ گەل نەما.
JOE 1:13 ئەی کاهینەکان، گوش بپۆشن و بلاوێننەوە، ئەی خزمەتکارانی قوربانگا، واوەیلا بکەن. ئەی خزمەتکارانی خوداکەم، وەرن و شەو بە بەرگی ماتەمەوە بمێننەوە، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب لە ماڵی خوداتان ڕاگیراوە.
JOE 1:14 ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن، پیران کۆبکەنەوە، هەموو دانیشتووانی خاکەکەش بێنە ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان، هاوار بکەن بۆ یەزدان.
JOE 1:15 ئای بۆ ئەو ڕۆژە! چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت.
JOE 1:16 ئایا لەبەرچاومان خواردن نەبڕاوە؟ ئایا لە ماڵی خودامان خۆشی و شادی ماوە؟
JOE 1:17 تۆوی دانەوێڵەکان لەژێر باڕستی خاکدا ڕزین، کۆگاکان چۆڵ کران، ئەمبارەکان وێران کران، چونکە دانەوێڵە وشک بوو.
JOE 1:18 ماڵاتەکان چۆن دەناڵێنن! مێگەلەکان بەڕەڵا بوون، چونکە لەوەڕگایان نییە، تەنانەت ڕانە مەڕەکانیش ماندوون.
JOE 1:19 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەکەم، چونکە ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خوارد، گڕێک هەموو درەختەکانی کێڵگەی سووتاند.
JOE 1:20 تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانیش چاویان لە دەستی تۆیە، چونکە جۆگەلە ئاوەکان وشکیان کردووە و ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خواردووە.
JOE 2:1 لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن، چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
JOE 2:2 ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە. وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت، سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت، لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە، لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.
JOE 2:3 لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت. لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە، لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە، هیچ لێیان دەرباز نابێت.
JOE 2:4 دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە، وەک سوار غار دەدەن.
JOE 2:5 وەک دەنگی گالیسکە لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن، وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت، وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.
JOE 2:6 لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە، هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
JOE 2:7 وەک پاڵەوان هێرش دەبەن، وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن. هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
JOE 2:8 تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات، بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن، بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
JOE 2:9 بەناو شارەکەدا غار دەدەن، بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن، سەردەکەونە سەر ماڵەکان، وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.
JOE 2:10 لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت، ئاسمان دەهەژێت، خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
JOE 2:11 یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە لەپێش سوپاکەیەوە، سەربازەکانی زۆر زۆرن، ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن. ڕۆژی یەزدان گەورەیە، زۆر سامناکە. کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟
JOE 2:12 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا، بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام، بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»
JOE 2:13 دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان، بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە، لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
JOE 2:14 کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە، لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت، بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
JOE 2:15 لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
JOE 2:16 گەل کۆبکەنەوە و کۆمەڵ تەرخان بکەن، پیران خڕبکەنەوە و منداڵان کۆبکەنەوە لەگەڵ شیرەخۆرەکان. با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە، بووکیش لە کوللەکەی.
JOE 2:17 با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان، لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن. با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت، میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر، هەتا گەلان بیانکەنە پەند. بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»
JOE 2:18 ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.
JOE 2:19 یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت: «دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم، هەتا ئەوەی لێی تێردەبن، ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.
JOE 2:20 «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە، دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران، ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە و پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە، بۆگەنییەکەی سەرکەوت و بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.» بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
JOE 2:21 ئەی زەوی مەترسە! شاد و دڵخۆش بە، چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
JOE 2:22 ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن، چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن، درەختەکان بەر دەگرن، دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
JOE 2:23 ئەی نەوەی سییۆن، شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان. پاییزە باران و بەهارە باران هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
JOE 2:24 ئیتر جۆخینەکان پڕ دەبن لە دانەوێڵە و قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.
JOE 2:25 «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان، پێکوڕە و وردە کوللە و کوللەی قرتێنەر، لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
JOE 2:26 ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن، ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن، ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن، بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
JOE 2:27 ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم، کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە. بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
JOE 2:28 «پاش ئەمانە، ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
JOE 2:29 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
JOE 2:30 پەرجوو لە ئاسمان و زەویدا نیشان دەدەم، خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
JOE 2:31 خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.
JOE 2:32 بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت، چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی، ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم دەبێت، بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە، ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.
JOE 3:1 «لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا، کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،
JOE 3:2 هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات. لەوێدا دادگاییان دەکەم، لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل، کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و زەوییەکەی منیان دابەش کرد.
JOE 3:3 لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد، منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت، کچیان بۆ شەراب فرۆشت بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.
JOE 3:4 «ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە،
JOE 3:5 چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان.
JOE 3:6 نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.
JOE 3:7 «ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە.
JOE 3:8 کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
JOE 3:9 ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن: خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن! پاڵەوانەکان هەڵتسێنن! با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن.
JOE 3:10 گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر، داسەکانیشتان بکەنە ڕم. با لاواز بڵێت، «من پاڵەوانم!»
JOE 3:11 ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن، لەوێدا کۆببنەوە. ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە!
JOE 3:12 «نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن، بۆ دۆڵی یەهۆشافات، چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر.
JOE 3:13 داسەکە ڕاوەشێنن، چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە. وەرن ترێ بپڵیشێننەوە، چونکە گوشەرەکە پڕ بووە، قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت، چونکە خراپەیان زۆرە!»
JOE 3:14 «لە دۆڵی بڕیار کۆمەڵ، کۆمەڵ! چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە لە دۆڵی بڕیار.
JOE 3:15 خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
JOE 3:16 یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە، ئاسمان و زەوی دەهەژێن. بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی، قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل.
JOE 3:17 «ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم، لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم. ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛ لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.
JOE 3:18 «لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت، گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛ هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت، کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت، دۆڵی شەتیم ئاو دەدات.
JOE 3:19 بەڵام میسر وێران دەبێت، ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران، لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد، خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.
JOE 3:20 یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت، ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.
JOE 3:21 لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.»
AMO 1:1 ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.
AMO 1:2 گوتی: «یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت، لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»
AMO 1:3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،
AMO 1:4 ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل، قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.
AMO 1:5 شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم، فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم، هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن. گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 1:6 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و بە ئەدۆمی فرۆشت،
AMO 1:7 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە، قەڵاکانی دەخوات.
AMO 1:8 فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان. دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن، پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
AMO 1:9 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،
AMO 1:10 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور، قەڵاکانی دەخوات.»
AMO 1:11 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت، بەبێ دەربڕینی بەزەیی. هەروەها لەبەر ئەوەی تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو، قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،
AMO 1:12 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان، قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»
AMO 1:13 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی، بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،
AMO 1:14 ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم قەڵاکانی دەخوات، بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا، بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.
AMO 1:15 پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت، ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 2:1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند هەتا ئەوەی بووە گەچ،
AMO 2:2 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب، قەڵاکانی قەریۆت دەخوات. مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت، لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.
AMO 2:3 فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 2:4 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا، چونکە درۆکانیان فریوی دان ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن،
AMO 2:5 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا، قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.»
AMO 2:6 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن، نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو.
AMO 2:7 سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن، ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە. پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن، تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن.
AMO 2:8 لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە لە پاڵ هەموو قوربانگایەک، شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە لەناو ماڵی خوداوەندیان.
AMO 2:9 «من بووم کە ئەمۆرییەکانم لەپێشیان لەناوبرد، ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو، وەک دار بەڕوو بەهێز بوون. بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە.
AMO 2:10 من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمۆرییەکاندا بگرن.
AMO 2:11 «لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو. ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 2:12 «بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو، فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن.
AMO 2:13 «ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان.
AMO 2:14 ئەوەی خێرایە هەڵنایەت، بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات.
AMO 2:15 تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت، ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات.
AMO 2:16 ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 3:1 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:
AMO 3:2 «تەنها ئێوەم ناسی لە هەموو خێڵەکانی زەوی، لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم، لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»
AMO 3:3 ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن، بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
AMO 3:4 ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت، ئەگەر نێچیری نەبێت؟ ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت، بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
AMO 3:5 ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە، لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟ ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە، ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
AMO 3:6 ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت، ئایا گەل ناترسێت؟ ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات، ئایا یەزدان نەیکردووە؟
AMO 3:7 بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.
AMO 3:8 شێر نەڕاندی، کێ ناترسێت؟ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟
AMO 3:9 بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و پێیان بڵێن: «لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە، ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن، ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
AMO 3:10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن، ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
AMO 3:11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
AMO 3:12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک لە دەمی شێر دەردەهێنێت، ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
AMO 3:13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.
AMO 3:14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی، سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم، جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و دەکەونە سەر زەوی.
AMO 3:15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم، هەروەها کۆشکی هاوینەش، کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:1 ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن، ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ژنانەی ستەم لە هەژاران دەکەن، نەداران وردوخاش دەکەن و بە مێردەکانیان دەڵێن، «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!» گوێتان لەم پەیامە بێت:
AMO 4:2 یەزدانی باڵادەست سوێندی بە پیرۆزی خۆی خوارد: «بێگومان ڕۆژێک دێت، خۆتان بە قولاپ دەگیرێن و دوا کەسیشتان بە قولاپی ماسی.
AMO 4:3 هەریەکە و لەپێش خۆیەوە بەناو کەلێنی دیوارێکدا دەبردرێن و فڕێدەدرێنە هەرمۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:4 «وەرن بۆ بێت‌ئێل و یاخی ببن، لە گلگال یاخیبوون زۆر بکەن. هەموو بەیانییەک قوربانییەکانتان بهێنن، هەر سێ ساڵ جارێک دەیەکەکانتان.
AMO 4:5 ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە هەویرترشەوە قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن، بانگەواز بۆ بەخشینی ئازاد بکەن و ڕایبگەیەنن، چونکە واتان پێ خۆش بوو.» ئەوە فەرموودەی یەزدانی باڵادەستە.
AMO 4:6 «هەروەها منیش لە هەموو شارۆچکەکانتان سک بەتاڵی و لە هەموو شوێنەکانتان کەمی نانم پێدان، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:7 «هەروەها بارانم لێ گرتنەوە هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنە. بارانم بەسەر شارۆچکەیەکدا باراند و بەسەر شارۆچکەیەکی دیکەدا نەمباراند. بەسەر کێڵگەیەکدا باری و ئەو کێڵگەش کە بەسەریدا نەباری وشک بوو.
AMO 4:8 خەڵکی دوو سێ شارۆچکە بۆ ئاو خواردنەوە چوونە شارۆچکەیەکی دیکە، تینووێتییان نەشکا، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:9 «زۆر جار باخ و ڕەزەمێوی ئێوەم هەڵپڕووکاندووە، بە بای گەرمەسێر و کەڕوو. کوللە دار هەنجیر و دار زەیتوونیان خواردووە، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕاونەتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:10 «دەردم ناردە سەر ئێوە، وەک ئەوەی ناردبوومە سەر میسر. بە شمشێر لاوەکانی ئێوەم کوشت، لەگەڵ ئەسپە ڕاپێچکراوەکان، وام کرد بۆنی بۆگەنی تەرمەکانی ناو ئۆردوگاکەتان بکەن، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:11 «هەندێکتانم هەڵگەڕاندەوە، وەک چۆن سەدۆم و عەمۆرام هەڵگەڕاندەوە، وەک پارچە دارێکی گڕگرتووتان لێهات کە لەناو ئاگرەوە دەرهێنرابێت، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 4:12 «ئەی ئیسرائیل، ئاوات پێ دەکەم، ئەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئەمەت پێ دەکەم، ئامادەبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خوداکەت.»
AMO 4:13 شێوەداڕێژی چیاکان و بەدیهێنەری با، ئەوەی بیرکردنەوەی خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی، بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات، ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.
AMO 5:1 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:
AMO 5:2 «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت، جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە، فڕێدرایە سەر خاکەکەی، کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»
AMO 5:3 سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت، سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت، دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»
AMO 5:4 لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕوو لە من بکەن و بژین،
AMO 5:5 ڕوو لە بێت‌ئێل مەکەن و مەچن بۆ گلگال و بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە، چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و بێت‌ئێل دەبێتە نەبوو.»
AMO 5:6 ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین، ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف، ئاگرەکەش دانیشتووانی بێت‌ئێل دەخوات و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.
AMO 5:7 ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت، ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!
AMO 5:8 ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە،
AMO 5:9 ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.
AMO 5:10 ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.
AMO 5:11 لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و بەشە گەنمی لێ دەستێنن، ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە، تێیاندا دانانیشن، ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە، لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
AMO 5:12 دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن، گوناهەکانتان گەورەن. ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران، مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.
AMO 5:13 لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت، چونکە کاتێکی خراپە.
AMO 5:14 دوای چاکە بکەون نەک خراپە، بۆ ئەوەی بژین، جا وا دەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت، وەک خۆتان گوتتان.
AMO 5:15 ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت، دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن، ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.
AMO 5:16 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: «لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“ جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.
AMO 5:17 لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت، چونکە بە ناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 5:18 قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن! بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟ ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.
AMO 5:19 وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و تووشی ورچێک بێت، یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و مار پێوەی بدات.
AMO 5:20 ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟ ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟
AMO 5:21 «ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە، چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.
AMO 5:22 تەنانەت ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم، ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.
AMO 5:23 ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە! گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.
AMO 5:24 لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.
AMO 5:25 «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
AMO 5:26 بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان، بنکەی بتەکانتان هەڵگرت، پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان، کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»
AMO 5:27 لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت: «من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»
AMO 6:1 ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن، ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین، ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
AMO 6:2 بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن، لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن. ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟ یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
AMO 6:3 ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
AMO 6:4 لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون. ئێوە بەرخی ناو ڕان و جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
AMO 6:5 لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
AMO 6:6 بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن، بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
AMO 6:7 لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.
AMO 6:8 یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و ڕقم لە قەڵاکانییەتی، ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»
AMO 6:9 وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن.
AMO 6:10 ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک بۆ ئەوەی بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» ئەو وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» هەروەها دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»
AMO 6:11 لەبەر ئەوەی یەزدان فەرمان دەدات، لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات، ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.
AMO 6:12 ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟ یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟ بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
AMO 6:13 ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن، دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»
AMO 6:14 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا تەنگتان پێهەڵچنن.»
AMO 7:1 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە.
AMO 7:2 پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
AMO 7:3 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»
AMO 7:4 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی لووشدا، خاکەکەشی خوارد.
AMO 7:5 ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
AMO 7:6 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە. یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»
AMO 7:7 ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو.
AMO 7:8 یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «شاووڵ.» ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
AMO 7:9 «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن، بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
AMO 7:10 جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لە ناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،»
AMO 7:11 چونکە ئامۆس وای گوتووە: «”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت، ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
AMO 7:12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە.
AMO 7:13 بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
AMO 7:14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم.
AMO 7:15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“
AMO 7:16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت: «”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە، لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
AMO 7:17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات، کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن، زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت، خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت، ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»
AMO 8:1 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو.
AMO 8:2 جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.» ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
AMO 8:3 «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
AMO 8:4 ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە، هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن، گوێتان لەمە بێت:
AMO 8:5 ئێوە دەڵێن، «کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین، کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت، تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟» بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و نرخ زیاد بکەن و فێڵ لە تەرازوو بکەن،
AMO 8:6 بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و نەداران بە جووتێک پێڵاو و بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.
AMO 8:7 یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.
AMO 8:8 «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟ هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»
AMO 8:9 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
AMO 8:10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە. جلوبەرگی گوش دەکەمە بەر هەمووتان و قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم. دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»
AMO 8:11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە، نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو، بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
AMO 8:12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن، بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە.
AMO 8:13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
AMO 8:14 ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و دەڵێن: ”ئەی دان، سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و ”سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…“ جا دەکەون و ئیتر هەڵناستنەوە.»
AMO 9:1 پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی: «لە سەری کۆڵەکەکان بدە هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە، بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم. کەسیان لێ هەڵنایەت و کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.
AMO 9:2 ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن، لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛ ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون، لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛
AMO 9:3 ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە، لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛ ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە، لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.
AMO 9:4 ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران، لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت. «چاوەکانم دەبڕمە سەریان بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»
AMO 9:5 یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار، ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن، هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.
AMO 9:6 ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت، ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت، ناوی یەزدانە.
AMO 9:7 «ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان نین؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و فەلەستییەکان لە کریتەوە و ئارامییەکان لە قییرەوە؟
AMO 9:8 «بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن. لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی، بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
AMO 9:9 «من فەرمان دەدەم و لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم، وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
AMO 9:10 هەموو گوناهبارانی گەلەکەم بە شمشێر دەکوژرێن، هەموو ئەوانەی دەڵێن: ”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“
AMO 9:11 «لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە. شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
AMO 9:12 تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.
AMO 9:13 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو. چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
AMO 9:14 ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە. «شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن. ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە، باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
AMO 9:15 لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم، هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.» یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.
OBA 1:1 بینینەکەی عۆبەدیا. یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت، هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»
OBA 1:2 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
OBA 1:3 فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد، ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە، ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
OBA 1:4 ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
OBA 1:5 «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟ ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
OBA 1:6 ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت! گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
OBA 1:7 هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای، هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون، ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە، بەڵام تۆ تێناگەیت.»
OBA 1:8 یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەو ڕۆژەدا، دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم، تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
OBA 1:9 ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن، هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن بە کوشتن لەناودەچن.
OBA 1:10 لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات، ڕیسوایی داتدەپۆشێت، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
OBA 1:11 ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد، هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
OBA 1:12 بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت، یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت، یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
OBA 1:13 نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم لە ڕۆژی کارەساتیان، یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت لە ڕۆژی کارەساتیان، یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت لە ڕۆژی کارەساتیان.
OBA 1:14 نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان، نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.
OBA 1:15 «ڕۆژی یەزدان بۆ هەموو گەلان نزیکە. هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە، کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
OBA 1:16 هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە، هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛ دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
OBA 1:17 بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت، پیرۆز دەبێت، بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
OBA 1:18 بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛ بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش، جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن. بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
OBA 1:19 خەڵکی نەقەب چیای عیسۆ داگیر دەکەن، خەڵکی زوورگەکانیش خاکی فەلەستییەکان. دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە، بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
OBA 1:20 ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛ ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
OBA 1:21 ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ. پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.
JON 1:1 فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی هات، پێی فەرموو:
JON 1:2 «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و بانگەوازی دژایەتی بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.»
JON 1:3 یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە.
JON 1:4 یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت.
JON 1:5 کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن. کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو.
JON 1:6 سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.»
JON 1:7 ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس.
JON 1:8 لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟»
JON 1:9 ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.»
JON 1:10 پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون.
JON 1:11 لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.
JON 1:12 ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.»
JON 1:13 بەڵام پیاوەکان زیاتر و زیاتر سەوڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی کەشتییەکە بگەڕێننەوە بۆ وشکانی، کەچی نەیانتوانی، چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.
JON 1:14 ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئای ئەی یەزدان، با لەناونەچین، لەبەر گیانی ئەم پیاوە خوێنی بێتاوانێک مەخەرە ئەستۆمان. ئەی یەزدان، ئەوەی ویستت کردت.»
JON 1:15 ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایە ناو دەریاکەوە، ئیتر هاژەی دەریاکە هێمن بووەوە.
JON 1:16 پیاوەکان زۆر لە یەزدان ترسان و قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و نەزریان کرد.
JON 1:17 یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکەدا مایەوە.
JON 2:1 یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد،
JON 2:2 گوتی: «لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد، وەڵامی دامەوە. لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد، گوێت لە دەنگم بوو.
JON 2:3 فڕێتدامە قووڵایی، لەناو جەرگەی دەریاکان، لافاو دەوری دام، شەپۆلەکانت بە لێشاو دایانپۆشیم.
JON 2:4 گوتم: ”لەبەرچاوت دەرکرام، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“
JON 2:5 ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم، قووڵایی دەوری گرتم، گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
JON 2:6 هەتا بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە، بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.
JON 2:7 «ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو، تۆم بیرکەوتەوە، نزاکەم گەیشتە لات، بۆ پەرستگای پیرۆزت.
JON 2:8 «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
JON 2:9 بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە قوربانیت بۆ سەردەبڕم، ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم. ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»
JON 2:10 ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.
JON 3:1 ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە، پێی فەرموو:
JON 3:2 «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا، ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»
JON 3:3 یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا، نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو، سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو.
JON 3:4 یونس چووە ناو شارەکە. لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی: «چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.»
JON 3:5 ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان پۆشی، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.
JON 3:6 کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا، ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند، جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت.
JON 3:7 ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا: بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی: نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ، نە لە گاگەل نە لە مێگەل، هیچ بچێژن، مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە.
JON 3:8 با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە، با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە.
JON 3:9 کێ دەزانێت؟ بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە، کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.
JON 3:10 کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی کە لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە، خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت، ئیتر نەیکرد.
JON 4:1 بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا.
JON 4:2 نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە.
JON 4:3 ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»
JON 4:4 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»
JON 4:5 ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات.
JON 4:6 یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو.
JON 4:7 بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد.
JON 4:8 لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»
JON 4:9 خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ، من ڕاستم. هەتا ئاستی مردن تووڕەم.»
JON 4:10 یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو.
JON 4:11 ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»
MIC 1:1 پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:
MIC 1:2 ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن، زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن: پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە، یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە.
MIC 1:3 ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە، دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات.
MIC 1:4 چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و دۆڵەکان شەق دەبەن، وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا، وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا.
MIC 1:5 هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب، لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل. چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟ ئایا سامیرە نییە؟ ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟ ئایا ئۆرشەلیم نییە؟
MIC 1:6 «لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم، دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن. بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و بناغەکانی دەردەخەم.
MIC 1:7 هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت، هەموو بتەکانی وێران دەکەم. لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە، دەدرێتەوە لەشفرۆش.»
MIC 1:8 لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە، بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم. وەک چەقەڵ دەلورێنم و وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم،
MIC 1:9 چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت، بەڵکو یەهوداش تووش بوو، گەیشتە دەروازەی گەلەکەم، هەتا ئۆرشەلیم هات.
MIC 1:10 ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک مەگریێن، لە بێت‌عۆفرادا خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە.
MIC 1:11 ئەی دانیشتووانی شافیر بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە، دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن. بێت‌ئێچەل دەگریێت بەڵام ناتانپارێزێت.
MIC 1:12 دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی.
MIC 1:13 ئەی دانیشتووانی لاخیش، گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن، ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن، هەروەها سییۆنی کچتان تووشی گوناه کرد.
MIC 1:14 لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن بە مۆرەشەت گەت. یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە جێی متمانە نییە بۆ پاشاکانی ئیسرائیل.
MIC 1:15 داگیرکەرتان دەهێنمە سەر، ئەی دانیشتووانی مارێشا، ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە دێتە عەدولام.
MIC 1:16 سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان لەسەر منداڵە نازدارەکانتان، وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ، چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.
MIC 2:1 قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن! کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن چونکە لە دەستیان دێ.
MIC 2:2 چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن، هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن. دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن، تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.
MIC 2:3 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە، ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن. بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن، چونکە کاتی خراپە دەبێت.
MIC 2:4 لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ: ”بە تەواوی وێران بووین، بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە. چۆن لێی داماڵین! کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟“»
MIC 2:5 لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.
MIC 2:6 پێغەمبەرەکانیان دەڵێن: «پێشبینی مەکەن! دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن، ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»
MIC 2:7 ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئایا دروستە خەڵک بپرسێت: «ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟ یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟» «ئایا وشەکانم باش نین بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟
MIC 2:8 بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین. ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن، وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.
MIC 2:9 ژنانی گەلەکەم دەردەکەن لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە. بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.
MIC 2:10 هەستن و بڕۆن! چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە، لەبەر ئەوەی گڵاو بوو، وێران بوو، وێرانبوونێکی خراپ.
MIC 2:11 ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت: ”پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،“ ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!
MIC 2:12 «ئەی یاقوب، بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە، بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە. یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر، وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی، ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.
MIC 2:13 کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت، دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە. پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت، یەزدانیش پێشەنگیانە.»
MIC 3:1 گوتم: «ئەی سەرکردەکانی یاقوب، ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن. ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟
MIC 3:2 ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن، پێستی گەلەکەم دادەماڵن و گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛
MIC 3:3 ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن، کەوڵیان دەکەن، ئێسکیان دەشکێنن، پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ، وەک گۆشتی ناو تاوە.»
MIC 3:4 ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن، بەڵام وەڵامیان ناداتەوە. لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.
MIC 3:5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سەبارەت بە پێغەمبەرەکان، ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن، بانگەوازی ئاشتی دەکەن بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن، بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن کە تێریان ناکەن.
MIC 3:6 لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت، تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە. خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت، ڕۆژیان لێ تاریک دادێت.
MIC 3:7 پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن، فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن، هەموویان چاوەڕوویان نەماوە، چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.»
MIC 3:8 بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز، پڕ لە ڕۆحی یەزدان، لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی، تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم، بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی.
MIC 3:9 ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب، ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن، ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن،
MIC 3:10 ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و ئۆرشەلیم بە ستەم.
MIC 3:11 ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن، کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن، پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن: «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟ هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.»
MIC 3:12 لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.
MIC 4:1 لە ڕۆژانی کۆتاییدا، کێوی پەرستگای یەزدان لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت، بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
MIC 4:2 زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن: «وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین، بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب. فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات، بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.» فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت، پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
MIC 4:3 لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات، ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات، شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن، ڕمەکانیشیان دەکەنە داس. هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت، چیتر فێری جەنگ نابن.
MIC 4:4 هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت، کەس نایترسێنێت، چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی.
MIC 4:5 هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر، هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛ ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر.
MIC 4:6 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە، هەروەها ئەوانەی سزام داون.
MIC 4:7 شەلەکان دەکەمە پاشماوە، دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز. یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە.
MIC 4:8 تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل، ئەی قەڵای سییۆنی کچ، هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە، پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»
MIC 4:9 ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟ بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟ ئایا پاشات نییە، یان ڕاوێژکارت مردووە؟
MIC 4:10 ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ وەک ژنی ژانگرتوو، چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت. دەچیتە بابل، لەوێ دەرباز دەکرێیت. لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە لە دەستی دوژمنەکانت.
MIC 4:11 بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە لە دژی تۆ کۆدەبنەوە. دەڵێن: «با گڵاو بێت، با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.»
MIC 4:12 بەڵام ئەوان نازانن بیرکردنەوەی یەزدان چییە، هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن، چونکە وەک مەڵۆی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە.
MIC 4:13 «ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە، چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم. سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.» دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت، سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.
MIC 5:1 ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە، چونکە گەمارۆ دراوین. بە گۆچان لە ڕوومەتی ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.
MIC 5:2 «بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە، هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی یەهودا بچووکیت، بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە، لە ئەزەلەوەیە.»
MIC 5:3 لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت، پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.
MIC 5:4 جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات بە هێزی یەزدان، بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی. جا بە ئاسوودەیی دەژین، چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
MIC 5:5 ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە، کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان. حەوت شوانی لەسەر دادەنێین، لەگەڵ هەشت میر.
MIC 5:6 بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو. بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات، کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.
MIC 5:7 پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت، وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە، وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا، ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.
MIC 5:8 پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان، لەنێو چەندین گەل، وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا، وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا، ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات، کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.
MIC 5:9 دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.
MIC 5:10 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و گالیسکەکانت تێک دەشکێنم.
MIC 5:11 شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.
MIC 5:12 ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.
MIC 5:13 بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت لە ناوەڕاستت، ئیتر کڕنۆش نابەیت بۆ دەستکردی دەستەکانت.
MIC 5:14 ستوونە ئەشێراکانت لەنێوتدا هەڵدەکێشم و شارەکانت وێران دەکەم.
MIC 5:15 بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»
MIC 6:1 گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت: «هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە، با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.
MIC 6:2 «ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن، ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن! چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی، داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.
MIC 6:3 «ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟ بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!
MIC 6:4 من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت، لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە. من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات، هەروەها هارون و مریەمیش.
MIC 6:5 ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە. گەشتەکەت لە شەتیمەوە هەتا گلگال بهێنەرەوە یادت، تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»
MIC 6:6 بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟ ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی، بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
MIC 6:7 ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟ ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم، بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
MIC 6:8 ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوای چیت لێدەکات: دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.
MIC 6:9 ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن! دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات: «ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!
MIC 6:10 ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟ ئایا ئێفەی ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟
MIC 6:11 ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم، ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟
MIC 6:12 دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن، دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و بە زمانیان فێڵ دەکەن.
MIC 6:13 لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم، لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.
MIC 6:14 ئێوە دەخۆن و تێر نابن، گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت. ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.
MIC 6:15 ئێوە دەچێنن و نادورنەوە، زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن، ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە،
MIC 6:16 چونکە فەرزەکانی عۆمری و هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر. لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و تانە و تەشەری نەتەوەکان.»
MIC 7:1 قوڕبەسەرم! وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت، وەک چنینەوەی ڕەزەمێو. نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە، نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات.
MIC 7:2 خواناس لە خاک لەناوچوو، کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە. هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە، هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات.
MIC 7:3 بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن، میر داوای دیاری دەکات، دادوەر بەرتیل وەردەگرێت، بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات پێکەوە دەیڕێسن.
MIC 7:4 چاکترینیان وەک وشترالووکە و ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە. ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات، ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە.
MIC 7:5 متمانە بە برادەر مەکە و پشت بە دۆست مەبەستە. نهێنیت بپارێزە تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە،
MIC 7:6 چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات، کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە، بووک لە خەسووی؛ دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.
MIC 7:7 بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت، چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم، خودام گوێم لێ دەگرێت.
MIC 7:8 ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت! چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە، ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم، یەزدان ڕووناکییە بۆم.
MIC 7:9 لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد، بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم، هەتا بەرگری لە داواکەم دەکات و مافی من دێتە دی. دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی، ڕاستودروستی ئەو دەبینم.
MIC 7:10 ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و شەرمەزاری دایدەپۆشێت، ئەوەی پێی دەگوتم: «کوا یەزدانی پەروەردگارت؟» چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن، تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت وەک قوڕی شەقامەکان.
MIC 7:11 ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت، ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.
MIC 7:12 لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات، لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە، تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات لە دەریاوە بۆ دەریا و لە چیاوە بۆ چیا.
MIC 7:13 زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت، بەهۆی کردەوەکانیان.
MIC 7:14 بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکە، مێگەلی میراتەکەت، ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە لە ناوەڕاستی ڕەزەکان. با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن وەک ڕۆژگاری کۆن.
MIC 7:15 «وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر، کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»
MIC 7:16 نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن، سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان. دەست دەخەنە سەر دەمیان گوێیان کەڕ دەبێت.
MIC 7:17 وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە، وەک خشۆکەکانی زەوی. بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن، لە تۆ دەترسن.
MIC 7:18 کێ خودایەکی وەک تۆیە، کە لە تاوان دەبوورێت و لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟ هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت، چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.
MIC 7:19 دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە، تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و هەموو گوناهەکانمان فڕێدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.
MIC 7:20 دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت، خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم، ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد هەروەک ڕۆژگاری کۆن.
NAH 1:1 سروشێک سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:
NAH 1:2 یەزدان خودایەکی ئیرەدار و تۆڵەسێنەرە، یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە. یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە.
NAH 1:3 یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە، بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت. ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە، هەور تۆزی پێیەکانیەتی.
NAH 1:4 دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات، هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات. باشان و کارمەل سیس دەکات، خونچەی لوبنان سیس دەبێت.
NAH 1:5 چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و گردەکان دەتوێنەوە. زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت، جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی.
NAH 1:6 کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟ کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟ هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.
NAH 1:7 یەزدان چاکە، لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە. بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،
NAH 1:8 بەڵام بە تۆفانێکی گەورە بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت، دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت.
NAH 1:9 بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟ ئەو کۆتایی پێدەهێنێت، کارەسات دوو جار بەرپا نابێت.
NAH 1:10 ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن، بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن، هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن.
NAH 1:11 ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت، ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان، ڕاوێژکاری بەدکارییە.
NAH 1:12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «هەرچەندە بەهێز و زۆریشن، بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن. ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم.
NAH 1:13 ئێستاش ئەو نیرەی کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم، کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.»
NAH 1:14 ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە: «هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت. بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم. گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.»
NAH 1:15 ئەوەتا لەسەر چیاکانە پێیەکانی مزگێنیدەر، ئاشتی ڕادەگەیەنێت! ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە، نەزرەکانت بەجێبهێنە، ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن، بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.
NAH 2:1 ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات. قەڵاکە بپارێزە، چاودێری ڕێگاکە بکە، بازووی لێ هەڵبکە، توانای زۆر بخەرە گەڕ!
NAH 2:2 یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە وەک سەروەری ئیسرائیل، هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.
NAH 2:3 قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون، قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان، لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە، ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.
NAH 2:4 گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون، لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن. دیمەنیان وەک مەشخەڵە، وەک بروسک غار دەدەن.
NAH 2:5 نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات، بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون. پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و قەڵغانەکان ئامادە کراون.
NAH 2:6 دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و کۆشکەکە دەڕمێت.
NAH 2:7 بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و ڕاپێچ دەکرێت. کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن، سنگیان دەکوتن.
NAH 2:8 نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە. هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!» بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.
NAH 2:9 «زیو تاڵان بکەن! زێڕ تاڵان بکەن! گەنجینەکانی لەبن نایەن، پڕە لە گەوهەری بەهادار.»
NAH 2:10 چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە، دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن، هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.
NAH 2:11 کوا لانەی شێرەکان، لەوەڕگای بەچکە شێران؟ لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.
NAH 2:12 شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند، ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر، لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.
NAH 2:13 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ، بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم. ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»
NAH 3:1 ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت، سەراپای درۆیە، پڕ لە تاڵانە، نێچیری لێ نابڕێت!
NAH 3:2 شریقەی قامچی، خشەخشی چەرخ، غاردانی ئەسپ و هەڵبەزینی گالیسکە!
NAH 3:3 سوارەکان پێشدەکەون، بڵێسەی شمشێر و بروسکەی ڕم! زۆری برینداران و زۆری کوژراوان، تەرمی بێشومار، خەڵکی ساتمە لە تەرمەکان دەکەن.
NAH 3:4 هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە، ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە، ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە، بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.
NAH 3:5 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت، ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.
NAH 3:6 پیسایی فڕێدەدەمە سەرت، ڕیسوات دەکەم و دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.
NAH 3:7 جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت: ”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“ لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»
NAH 3:8 ئایا لە شاری تیب چاکتریت، دانیشتووی سەر نیل، ئاو چواردەوری دابوو؟ ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست، ئاوەکان شوورای بوون.
NAH 3:9 کوش و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون، پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
NAH 3:10 بەڵام ئەو بە دیل گیرا و ڕاپێچ کرا، منداڵەکانی پارچەپارچە کران لەسەر سووچی هەموو شەقامێک. لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
NAH 3:11 هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت، خۆت دەشاریتەوە و لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.
NAH 3:12 هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن بە یەکەم بەرەوە، کە بتەکێن بەردەبنەوە بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
NAH 3:13 تەماشای سەربازەکانت بکە، هەموویان وەک ژنن! دەروازەکانی خاکەکەت بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت، ئاگر شمشیرەی دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.
NAH 3:14 ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت، قەڵاکانت بەهێز بکە! بڕۆ ناو قوڕەوە، قوڕ بشێلە و خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
NAH 3:15 لەوێدا ئاگر دەتخوات، شمشێر دەتبڕێت و وەک پۆلە کوللە دەتخوات. وەک پۆلە کوللە زیادبە، زیادبە وەک پێکوڕە!
NAH 3:16 بازرگانەکانی خۆت لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد، بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
NAH 3:17 پاسەوانەکانت وەک کوللەن، ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن، کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون، بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن، کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.
NAH 3:18 ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن، گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن. گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون، کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
NAH 3:19 شکانەکەت ناگیرێتەوە، برینەکەت ساڕێژ نابێت. هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن، چونکە کێ نەیچێشتووە خراپەی بەردەوامی تۆ؟
HAB 1:1 ئەو سروشەی کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.
HAB 1:2 ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و تۆش گوێ ناگریت؟ هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و تۆش ڕزگار ناکەیت؟
HAB 1:3 بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟ بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟ وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە، ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.
HAB 1:4 لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت. خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا، لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.
HAB 1:5 «تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن، بە تەواوی سەرسام بن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم، ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.
HAB 1:6 من بابلییەکان هەڵدەستێنمەوە، گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە، بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر، بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.
HAB 1:7 تۆقێنەر و ترسێنەرە، خۆیان حوکم دادەنێن و شکۆی خۆیان دەسەپێنن.
HAB 1:8 ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و لە گورگی ئێواران توندوتیژترن، سوارەکانی بە پڕتاوی لە دوورەوە دێن، وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.
HAB 1:9 هەموو بۆ ستەمکاری دێن، ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات بەرەو پێش دەچێت، وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.
HAB 1:10 گاڵتە بە پاشایان دەکەن و میران دەکەنە گاڵتەجاڕ، بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن، خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.
HAB 1:11 ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن، تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»
HAB 1:12 ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟ خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت. ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا، ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.
HAB 1:13 چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن، ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت. کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟ بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟
HAB 1:14 مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت، وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.
HAB 1:15 دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات، بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات، لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە، لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.
HAB 1:16 هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و بخووری بۆ دەسووتێنێت، چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و خواردنەکەی چەورە.
HAB 1:17 هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات، بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟
HAB 2:1 لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری، چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.
HAB 2:2 ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی: «سروشەکە بنووسەوە و لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە، تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت،
HAB 2:3 چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە، باسی کۆتایی دەکات و درۆ ناکات. ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە، چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.
HAB 2:4 «تەماشا، دوژمن خۆی گف کردووەتەوە، ئارەزووەکانی ڕەوا نییە، بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.
HAB 2:5 لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات، لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە، چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە، وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت، هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.
HAB 2:6 «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن: «”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات! ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“
HAB 2:7 ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟ ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟ ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.
HAB 2:8 لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد، ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن، لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
HAB 2:9 «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت، تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!
HAB 2:10 پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا، شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.
HAB 2:11 لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.
HAB 2:12 «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.
HAB 2:13 ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت، شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟
HAB 2:14 چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
HAB 2:15 «قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات، هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات، تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.
HAB 2:16 تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی. ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە، جامی دەستی ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ، شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.
HAB 2:17 ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە، لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت. لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
HAB 2:18 «ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟ یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟ چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.
HAB 2:19 قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“ بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“ ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟ بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە، ڕۆحی تێدا نییە.»
HAB 2:20 بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە، با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.
HAB 3:1 نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:
HAB 3:2 ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست، ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام، لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە، با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن، لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!
HAB 3:3 خودا لە تێمانەوە هات، پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.
HAB 3:4 پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە، لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت، لەوێدا توانای شاردرابووەوە.
HAB 3:5 پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت، گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.
HAB 3:6 ڕاوەستا و زەوی هەژاند، تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند. چیا دێرینەکان کوتران، گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام یەزدان جاویدانییە.
HAB 3:7 چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی، ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.
HAB 3:8 ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟ ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟ ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو، تاکو سواری ئەسپ بیت و گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟
HAB 3:9 کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و داوای تیرێکی زۆرت کرد. بە ڕووبارەکان زەویت شەقکردووە،
HAB 3:10 چیاکان تۆیان بینی و لەرزین، لافاوی ئاوەکان تێپەڕین، قووڵاییەکان دەنگیان هات، شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.
HAB 3:11 خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان، بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت، بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.
HAB 3:12 بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت، بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.
HAB 3:13 بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە، بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت. سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد، لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.
HAB 3:14 بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد، کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان، خۆشیان ئامادە کرد بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.
HAB 3:15 بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر، ئاوە زۆرەکانت هەژاند.
HAB 3:16 بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە، لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین، ئێسکەکانم کلۆر بوون، چۆکم لەرزی. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.
HAB 3:17 لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە، لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن، لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر دەبڕدرێتەوە و مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،
HAB 3:18 بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم، بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.
HAB 3:19 یەزدانی پەروەردگار هێزی منە، پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات، توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان. بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.
ZEP 1:1 پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
ZEP 1:2 «هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی بە تەواوەتی دادەماڵم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEP 1:3 «مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم، باڵندەکانی ئاسمان و ماسییەکانی دەریا دادەماڵم. بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEP 1:4 «دەستم بۆ سەر یەهودا و بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم. ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم، ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
ZEP 1:5 ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان، ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن، هەروەها سوێند بە مۆلەخیش دەخۆن،
ZEP 1:6 لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
ZEP 1:7 لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە. یەزدان قوربانی ئامادە کردووە، بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
ZEP 1:8 لە ڕۆژی قوربانی یەزدان میران سزا دەدەم هەروەها کوڕانی پاشا و هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
ZEP 1:9 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن، ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن لە ستەم و فێڵبازی.
ZEP 1:10 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە، ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت، دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
ZEP 1:11 ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش بناڵێنن، هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن، هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
ZEP 1:12 لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین، ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە، لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
ZEP 1:13 ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت، ماڵیان وێران دەبێت. ماڵ بنیاد دەنێن و تێیدا دانانیشن؛ ڕەز دەچێنن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
ZEP 1:14 «ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە، نزیکە و زۆر بە پەلەیە. هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت، پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
ZEP 1:15 ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە، ڕۆژی تەنگانە و ئازارە، ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە، ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
ZEP 1:16 ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە لە دژی شارە قەڵابەندەکان و لە دژی قوللە بەرزەکان.
ZEP 1:17 «تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم، وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن، چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد. ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و هەناویشیان وەک زبڵ.
ZEP 1:18 نە زیو و نە زێڕەکەیان ناتوانن دەربازیان بکەن، لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان. «بە ئاگری ئیرەییەکەی هەموو زەوی هەڵدەلووشێت، چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»
ZEP 2:1 ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە، خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە،
ZEP 2:2 بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت، بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت، پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان، پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان.
ZEP 2:3 ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن، ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن. داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن، بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن.
ZEP 2:4 غەزە چۆڵ دەکرێت و ئەسقەلان وێران دەبێت، ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت.
ZEP 2:5 قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا، نەتەوەی کریتییەکان! فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە، ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان، یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم، کەست ناهێڵمەوە.»
ZEP 2:6 کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا، دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری مەڕ.
ZEP 2:7 دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا، لەسەری دەلەوەڕێنن، ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە، ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە.
ZEP 2:8 «گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو، ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.»
ZEP 2:9 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت، عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا، هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و چاڵی خوێ و وێرانییە. پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.»
ZEP 2:10 لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت، لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار.
ZEP 2:11 یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان، چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت. هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی.
ZEP 2:12 «ئێوەش ئەی کوشییەکان، بە شمشێری من دەکوژرێن.»
ZEP 2:13 دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و ئاشوریش لەناودەبات، نەینەوا وێران دەکات وەک بیابان وشک دەبێت.
ZEP 2:14 ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە، هەموو جۆرە ئاژەڵێک. هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش، لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن، لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت، کاول بوون لە بەردەرگایە، چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە.
ZEP 2:15 ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە کە لە ئاسوودەییدا دەژیا. ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت: «تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.» ئاخ، چۆن وێران بوو، لانەی گیانلەبەران! هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و فیکە لێدەدەن.
ZEP 3:1 قوڕبەسەر شاری ستەمکارەکان ئەوەی یاخی بووە و گڵاوە!
ZEP 3:2 گوێی لە کەس نەگرت، تەمبێ نەبوو، پشتی بە یەزدان نەبەست، لە خودای خۆی نزیک نەبووەوە.
ZEP 3:3 میرەکانی ناوەڕاستی شێرن دەنەڕێنن، دادوەرەکانی گورگی ئێوارانن، هیچ بۆ بەیانی ناهێڵنەوە.
ZEP 3:4 پێغەمبەرەکانی لەخۆبایین، خەڵکانێکی ناپاکن، کاهینەکانی پیرۆزگایان گڵاو کردووە، تەوراتیان پێشێل کردووە.
ZEP 3:5 یەزدان لەو شارەدا ڕاستودروستە، ناڕەوایی ئەنجام نادات. بەیانییان دادپەروەرییەکەی پەیڕەو دەکات، کەموکوڕی تێدا نییە، بەڵام ستەمکار واتای سەرشۆڕی نازانێت.
ZEP 3:6 «نەتەوەکانم ڕیشەکێش کرد، قەڵاکانیان وێران بوون، شەقامەکانی ئەوانم چۆڵ کرد، بەبێ ڕێبوارن، شارەکانیان وێران کران، بەبێ مرۆڤن، بێ دانیشتووان.
ZEP 3:7 ئینجا سەبارەت بە ئۆرشەلیم گوتم: ”بێگومان ئیتر لێم دەترسیت و تەمبێ دەبیت!“ هەتا نشینگەکەی ڕیشەکێش نەکرێت، هەموو سزای خۆم بەسەریدا ناسەپێنم. بەڵام چالاک بوون لە گەندەڵکردنی هەموو کردەوەکانیان.»
ZEP 3:8 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە چاوەڕێم بکەن، هەتا ئەو ڕۆژەی هەڵدەستم بۆ شایەتیدان، چونکە بڕیارم دا نەتەوەکان کۆبکەمەوە، پاشایەتییەکان خڕبکەمەوە، بۆ ئەوەی هەڵچوونم بەسەریاندا هەڵبڕێژم، هەموو گڕی تووڕەییم، بە ئاگری ئیرەییم هەموو زەوی هەڵدەلووشێت.
ZEP 3:9 «ئینجا لێوی هەموو گەلان پاک دەکەمەوە، هەتا هەموویان بە ناوی یەزدانەوە نزا بکەن، تاکو هاوشانی یەکتر خزمەتی بکەن.
ZEP 3:10 لەوبەری ڕووبارەکانی کوشەوە ئەوانەی دەمپەرستن، گەلە پەرتوبڵاوکراوەکەم، دیارییەکانم پێشکەش دەکەن.
ZEP 3:11 لەو ڕۆژەدا بەهۆی کردەوەکانت سەرشۆڕ نابیت کە پێیان لە من یاخی بوویت، چونکە من لەم شارە دایاندەماڵم، ئەوانەی بە لووتبەرزییان دڵخۆشن. ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ سەر لووت بەرزی لە کێوی پیرۆزم.
ZEP 3:12 بەڵام گەلێکت تێدا دەهێڵمەوە سادە و ساکار، پشت بە ناوی یەزدان دەبەستێت.
ZEP 3:13 پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن، درۆ ناکەن، لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت، چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن، کەسیش نییە بیانترسێنێت.»
ZEP 3:14 ئەی سییۆنی کچ، گۆرانی بڵێ، ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە! بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە، ئەی ئۆرشەلیمی کچ!
ZEP 3:15 یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی، دوژمنەکەت کشایەوە. یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە، جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.
ZEP 3:16 لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «ئەی سییۆن مەترسە، دەستت شل مەکە.
ZEP 3:17 یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە، لە ڕزگارکردن قارەمانە. بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت، لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە، بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»
ZEP 3:18 «ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن لە تۆ دایاندەماڵم، لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.
ZEP 3:19 لەو کاتەدا من سزایان دەدەم هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛ شەلەکە ڕزگار دەکەم و ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە. ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.
ZEP 3:20 لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە، لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان. ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم لەنێو هەموو گەلانی زەوی، کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
HAG 1:1 لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی:
HAG 1:2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“»
HAG 1:3 ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات:
HAG 1:4 «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟»
HAG 1:5 ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.
HAG 1:6 زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.»
HAG 1:7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.
HAG 1:8 سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم.
HAG 1:9 چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە.
HAG 1:10 لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی لەسەر ئێوە ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت.
HAG 1:11 من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
HAG 1:12 ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر بوون کە یەزدانی پەروەردگاریان ناردبووی، گەلیش لەبەردەم یەزدان ترسان.
HAG 1:13 ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.»
HAG 1:14 ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا،
HAG 1:15 لە بیست و چواری مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.
HAG 2:1 لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات:
HAG 2:2 «ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ:
HAG 2:3 ”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“
HAG 2:4 یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
HAG 2:5 ”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“
HAG 2:6 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم.
HAG 2:7 هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
HAG 2:8 ”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
HAG 2:9 ”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
HAG 2:10 لە بیست و چواری مانگی نۆی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی پێغەمبەر هات و فەرمووی:
HAG 2:11 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئێستا لە کاهینەکان بپرسە تەورات چی دەڵێت:
HAG 2:12 ئەگەر کەسێک گۆشتی تەرخانکراوی پیرۆزی بە دامێنی کراسەکەی هەڵگرت و دامێنی بە نان یان چێشت یان شەراب یان زەیت یان هەر خواردنێک کەوت، ئایا ئەم خواردنە پیرۆز دەبێت؟“» کاهینەکانیش وەڵامیان دایەوە گوتیان: «نەخێر.»
HAG 2:13 ئینجا حەگەی گوتی: «ئەگەر کەسێک بە مردووێک گڵاو بووبێت، دەست لە یەکێک لەم خواردنانە بدات، ئایا ئەم خواردنە گڵاو دەبێت؟» کاهینەکان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «بەڵێ، گڵاو دەبێت.»
HAG 2:14 ئینجا حەگەی وەڵامی دایەوە و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم گەلە و ئەم نەتەوەیە لەبەردەمم ئاوان. هەموو کردەوەکانی دەستیان و ئەوەی لەوێ پێشکەشی دەکەن گڵاوە.
HAG 2:15 «”ئێستاش لەمڕۆوە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕابمێنن: پێش ئەوەی لە پەرستگای یەزدان بەردێک بخرێتە سەر بەردێک چۆن بوو.
HAG 2:16 لەو ڕۆژانە یەکێکتان دەهاتە سەر خەرمانی گەنم بیست ڕبە ببات، تەنها دە هەبوو. دەهاتە سەر قەڕابەکە تاکو پەنجا قاپی لێ پڕ بکات، تەنها بیست هەبوو.
HAG 2:17 بە بای گەرمەسێر و کەڕوو و تەرزە لە هەموو کردەوەکانی دەستتانم دا، بەڵام ئێوە نەگەڕانەوە لام.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
HAG 2:18 ”لەم ڕۆژە بەدواوە ڕابمێنن، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، لەو ڕۆژەوە کە پەرستگای یەزدان دامەزرا. لێی ڕابمێنن:
HAG 2:19 ئایا هێشتا تۆو لە ئەمبارەکانە؟ ئەی مێو و هەنجیر و هەنار و داری زەیتوونیش هێشتا بەریان نەگرتووە؟ «”لەم ڕۆژەوە بەرەکەتدارت دەکەم.“»
HAG 2:20 دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی:
HAG 2:21 «قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم.
HAG 2:22 تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“
HAG 2:23 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
ZEC 1:1 لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:
ZEC 1:2 «یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو.
ZEC 1:3 لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ZEC 1:4 وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEC 1:5 ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟
ZEC 1:6 بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟ «ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»
ZEC 1:7 لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.
ZEC 1:8 لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.
ZEC 1:9 ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟» ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.»
ZEC 1:10 ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»
ZEC 1:11 ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»
ZEC 1:12 ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟»
ZEC 1:13 یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
ZEC 1:14 ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە.
ZEC 1:15 زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“
ZEC 1:16 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ZEC 1:17 «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»
ZEC 1:18 پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون.
ZEC 1:19 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»
ZEC 1:20 ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام.
ZEC 1:21 پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»
ZEC 2:1 ئینجا چاوم هەڵبڕی و پیاوێکم لەبەردەمم بینی گوریسی پێوانەی بەدەستەوە بوو.
ZEC 2:2 لێم پرسی: «بۆ کوێ دەچیت؟» وەڵامی دامەوە: «بۆ پێوانی ئۆرشەلیم، تاکو درێژی و پانییەکەی بزانم.»
ZEC 2:3 لەو کاتەدا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم هاتە دەرەوە، فریشتەیەکی دیکەش بەرەوپیری هاتە دەرەوە و
ZEC 2:4 پێی گوت: «ڕاکە و بەو گەنجە بڵێ: ”ئۆرشەلیم دەبێتە شارێکی بێ شوورا، لەبەر زۆری خەڵک و ئاژەڵی ماڵی تێیدا.
ZEC 2:5 منیش بۆی دەبمە شوورای ئاگرین لە هەر چواردەوری، دەبمە شکۆ لە ناوەڕاستی.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEC 2:6 یەزدان دەفەرموێت: «هۆی، هۆی! لە خاکی باکوور هەڵێن، چونکە وەک چوار بایەکەی ئاسمان پەرتەوازەم کردوون.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEC 2:7 «هۆی، دەرباز بە، ئەی خەڵکی سییۆن کە لە بابل دەژین!»
ZEC 2:8 چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەدوای ئەوەی خودای شکۆدار منی نارد بۆ ئەو نەتەوانەی ئێوەیان تاڵان کرد، چونکە ئەوەی دەستتان لێدەدات، دەست لە بیلبیلەی چاوی دەدات،
ZEC 2:9 بێگومان من دەستیان لێ دەوەشێنم و دەبنە تاڵانی بۆ کۆیلەکانیان. ئینجا دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی ناردووە.
ZEC 2:10 «ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گۆرانی بڵێن و دڵخۆش بن، چونکە من دێم و لەنێوتاندا نیشتەجێ دەبم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEC 2:11 «لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە نەتەوەکان دێنە پاڵ یەزدان و دەبنە گەلی من. لەنێو ئێوەدا نیشتەجێ دەبم و دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە.
ZEC 2:12 یەزدان یەهودا دەکاتە میراتی خۆی، بەشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆز، دووبارە ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.
ZEC 2:13 ئەی هەموو ئادەمیزاد، لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بن، چونکە لە نشینگە پیرۆزەکەیەوە هەستا!»
ZEC 3:1 ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستابوو تاکو تۆمەتباری بکات.
ZEC 3:2 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»
ZEC 3:3 یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو.
ZEC 3:4 فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.» ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»
ZEC 3:5 منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.
ZEC 3:6 ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد:
ZEC 3:7 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.
ZEC 3:8 «”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە.
ZEC 3:9 تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ZEC 3:10 «”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
ZEC 4:1 ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ کردم گەڕایەوە و هەڵیستاندم، وەک پیاوێک لە خەو هەستێنرابێت.
ZEC 4:2 لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟» وەڵامم دایەوە: «چرادانێک دەبینم هەمووی زێڕە، جامێکیشی لەسەرە، حەوت چرای لەسەر دانراوە، حەوت لقیش بۆ چراکانی سەری دەچێت.
ZEC 4:3 هەروەها دوو دار زەیتوونیش لەلاوەیە دەبینم، یەکێکیان لەلای ڕاستی جامەکە و ئەوی دیکەیان لەلای چەپییەتی.»
ZEC 4:4 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
ZEC 4:5 ئەو لە منی پرسی: «ئایا نازانیت ئەمانە چین؟» منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»
ZEC 4:6 ئەویش پێی گوتم: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ زروبابل و دەڵێت: ”یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، نە بە هێز و نە بە توانا، بەڵکو بە ڕۆحی من.“
ZEC 4:7 «ئەی چیا مەزنەکە، تۆ کێیت؟ لەبەردەم زروبابل تەخت دەبیت. ئینجا بەردی قولینچک دادەنێت، لەنێو هاواری ”پیرۆزە، پیرۆزە!“»
ZEC 4:8 پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی:
ZEC 4:9 «دەستەکانی زروبابل ئەم پەرستگایەیان دامەزراندووە و هەر دەستەکانی ئەویش تەواوی دەکەن. ئەی زروبابل، ئینجا دەزانیت کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە.
ZEC 4:10 «کێ گاڵتەی بە ڕۆژی کارە بچووکەکان کرد؟ خەڵک دڵخۆش دەبن کاتێک شاووڵ لە دەستی زروبابل دەبینن.» ئەو حەوت چرایە چاوەکانی یەزدانن کە چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا.
ZEC 4:11 منیش پرسیارم لە فریشتەکە کرد: «ئەو دوو دار زەیتوونە چین لەلای ڕاست و چەپی چرادانەکە؟»
ZEC 4:12 دووبارە لێم پرسی: «ئەو دوو لقە زەیتوونە چین لەلای ئەو لقە زێڕینانە، کە زەیتی زێڕین دەچۆڕێننە ناویان؟»
ZEC 4:13 وەڵامی دامەوە و گوتی: «ئایا نازانی ئەم دووانە چین؟» منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»
ZEC 4:14 ئینجا گوتی: «ئەمانە ئەو دووانەن کە بە زەیت دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی خزمەتی پەروەردگاری هەموو جیهان بکەن.»
ZEC 5:1 دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی.
ZEC 5:2 لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟» وەڵامم دایەوە: «تۆمارێکی فڕیو دەبینم، درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.»
ZEC 5:3 ئینجا پێی گوتم: «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛ چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە.
ZEC 5:4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات، لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“»
ZEC 5:5 پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.»
ZEC 5:6 لێم پرسی: «ئەوە چییە؟» وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.»
ZEC 5:7 ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو.
ZEC 5:8 گوتی: «ئەمە خراپەکارییە.» ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی.
ZEC 5:9 ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات. باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو، ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە.
ZEC 5:10 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟»
ZEC 5:11 ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.»
ZEC 6:1 جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون.
ZEC 6:2 گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش،
ZEC 6:3 سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون.
ZEC 6:4 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
ZEC 6:5 فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە.
ZEC 6:6 ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.»
ZEC 6:7 کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان.
ZEC 6:8 ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.»
ZEC 6:9 پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی:
ZEC 6:10 «زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا.
ZEC 6:11 زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ.
ZEC 6:12 پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت.
ZEC 6:13 ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت.“
ZEC 6:14 تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان.
ZEC 6:15 هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»
ZEC 7:1 لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا، لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات.
ZEC 7:2 خەڵکی بێت‌ئێل شەرئەچەر و ڕەگەم‌مەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە،
ZEC 7:3 بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن: «ئایا لە مانگی پێنجدا شیوەن بگێڕین و بە ڕۆژوو ببین، هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟»
ZEC 7:4 ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:
ZEC 7:5 «بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ: ”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا، لە مانگی پێنج و مانگی حەوت، لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو، ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟
ZEC 7:6 ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە، ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟
ZEC 7:7 ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو، شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی یەهودا ئاوەدان بوون؟“»
ZEC 7:8 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات:
ZEC 7:9 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن.
ZEC 7:10 بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“
ZEC 7:11 «بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن، شانی یاخبوونیان دایەبەر، خۆیان کەڕ کرد.
ZEC 7:12 دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی. ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو.
ZEC 7:13 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”چۆن بانگم کرد و گوێیان نەگرت، ئەوانیش ئاوا نزا دەکەن و گوێ ناگرم.
ZEC 7:14 بە ڕەشەبایەک بەناو هەموو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاوم کردنەوە و لەوێ نامۆ بوون. لەپاش ئەوان زەوییەکە وێران بوو و کەس هاتوچۆی پێیدا نەکرد. بەم جۆرە خاکی شادییان وێران کرد.“»
ZEC 8:1 فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات.
ZEC 8:2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.»
ZEC 8:3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.»
ZEC 8:4 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە.
ZEC 8:5 شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.»
ZEC 8:6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ZEC 8:7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم.
ZEC 8:8 دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.»
ZEC 8:9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان.
ZEC 8:10 بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا.
ZEC 8:11 بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ZEC 8:12 «تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە.
ZEC 8:13 ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.»
ZEC 8:14 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە،
ZEC 8:15 ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن.
ZEC 8:16 ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛
ZEC 8:17 لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEC 8:18 پاشان فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:
ZEC 8:19 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ڕۆژووی مانگی چوار و پێنج و حەوت و دە بۆ نەوەی یەهودا دەبێتە شادی و دڵخۆشی و جەژنی خۆش. لەبەر ئەوە حەز لە ڕاستی و ئاشتی بکەن.»
ZEC 8:20 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «چەندین خەڵک و دانیشتووانی چەندین شار دێنە ئۆرشەلیم،
ZEC 8:21 دانیشتووانی شارێک دەچنە لای ئەوی دیکەیان و دەڵێن: ”با بڕۆین دەستبەجێ بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێینەوە و ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەین، هەروەها منیش دەچم.“
ZEC 8:22 ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.»
ZEC 8:23 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا دە پیاو لەنێو هەموو زمان و نەتەوەکان دەست بە دامێنی پیاوێکی جولەکەوە دەگرن و پێی دەڵێن: ”با لەگەڵتان بێین، چونکە بیستوومانە خوداتان لەگەڵە.“»
ZEC 9:1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش لە دژی خاکی حەدراخ و لە دیمەشق دەمێنێتەوە، چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل چاویان لە یەزدانە.
ZEC 9:2 هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری، لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.
ZEC 9:3 سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا، زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە، زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.
ZEC 9:4 بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات، هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.
ZEC 9:5 ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت، غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت، عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین. غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات، ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.
ZEC 9:6 خەڵکی زۆڵ ئەشدۆد داگیر دەکەن، لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.
ZEC 9:7 گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان. ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.
ZEC 9:8 بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم، بۆ پارێزگاریکردن لە لەشکری تاڵانکەر. ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان، چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.
ZEC 9:9 ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە! ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە! ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دادپەروەرە و ڕزگارکەرە، بێفیزە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.
ZEC 9:10 گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و ئەسپیش لە ئۆرشەلیم، کەوانی جەنگ دەشکێنرێت. ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت، فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
ZEC 9:11 هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ، دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.
ZEC 9:12 ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان، ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.
ZEC 9:13 من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە، ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم، ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە، لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان، تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.
ZEC 9:14 ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت، تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە. یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات، بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،
ZEC 9:15 یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت. بە بەردی قۆچەقانی دوژمن تێکدەشکێنن، دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت، وەک تاسی خوێنپرژێن پڕ دەبن، کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.
ZEC 9:16 لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگار گەلی خۆی ڕزگار دەکات، هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت. لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە وەک بەردی گرانبەهای تاج.
ZEC 9:17 چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبن! دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.
ZEC 10:1 لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن، یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات. ئەو شەستە باران دەبارێنێت، کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.
ZEC 10:2 بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن، فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن، خەونی درۆ دەگێڕنەوە، بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن، بۆیە گەل وەک مەڕ پەرتەوازە بوون، سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.
ZEC 10:3 «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت، ڕابەرەکان سزا دەدەم، چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی، بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە، دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.
ZEC 10:4 بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت، مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت، کەوانی جەنگ لەوێوە دێت، هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.
ZEC 10:5 پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن، ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن، دەجەنگن، چونکە یەزدان لەگەڵیانە، ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.
ZEC 10:6 «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم، بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم. دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە، وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە، چونکە من یەزدانی پەروەردگاری ئەوانم، وەڵامیان دەدەمەوە.
ZEC 10:7 ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت، دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب، منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.
ZEC 10:8 ئاماژەیان بۆ دەکەم، پێکەوە کۆیان دەکەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە، هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.
ZEC 10:9 هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم، بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە.
ZEC 10:10 لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە. دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان، جێیان نابێتەوە.
ZEC 10:11 بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن، شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن. لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و داردەستی میسر نامێنێت.
ZEC 10:12 بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ZEC 11:1 ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە، تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات!
ZEC 11:2 ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت، دارە گەورەکان تێکشکێنران! ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن، چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران!
ZEC 11:3 گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن، چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون! گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن، چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون.
ZEC 11:4 یەزدانی پەروەردگارم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە.
ZEC 11:5 ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.»
ZEC 11:6 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.»
ZEC 11:7 ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناو نا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناو نا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند.
ZEC 11:8 لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد. مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و
ZEC 11:9 فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوەی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.»
ZEC 11:10 ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو و شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم.
ZEC 11:11 لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە.
ZEC 11:12 ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا.
ZEC 11:13 یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان.
ZEC 11:14 ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە.
ZEC 11:15 جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە،
ZEC 11:16 چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت.
ZEC 11:17 «قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ، ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە! با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت! با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!»
ZEC 12:1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل. یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت:
ZEC 12:2 «من خەریکم ئۆرشەلیم دەکەمە جامێک هەموو گەلانی دەوروبەری سەرخۆش دەکات. یەهودا و ئۆرشەلیمیش گەمارۆ دەدرێن.
ZEC 12:3 لەو ڕۆژەدا کاتێک هەموو گەلانی زەوی لە دژی ئەو کۆدەبنەوە، ئۆرشەلیم بۆ هەموو گەلان دەکەمە بەردێکی سەنگین. ئەوەی بییەوێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار دەکات.»
ZEC 12:4 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا هەموو ئەسپێک تووشی سەرلێشێوان دەکەم و سوارەکەشی تووشی شێتی دەکەم. چاودێری بنەماڵەی یەهودا دەکەم، هەموو ئەسپی گەلان تووشی کوێری دەکەم.
ZEC 12:5 ئینجا سەرکردەکانی یەهودا لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”خەڵکی ئۆرشەلیم بەهێزن، چونکە یەزدانی سوپاسالار خودایانە.“
ZEC 12:6 «لەو ڕۆژەدا سەرکردەکانی یەهودا وەک ئاگردانێک لێ دەکەم لەنێو کۆمەڵە دار و وەک مەشخەڵێکی ئاگر لەنێو مەڵۆ، جا بەلای ڕاست و بەلای چەپدا دەست دەکەن بە خواردنی هەموو گەلانی دەوروبەریان، بەڵام ئۆرشەلیم لە جێی خۆی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.
ZEC 12:7 «یەزدان سەرەتا گەلی یەهودا ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی شان و شکۆی بنەماڵەی داود و خەڵکی ئۆرشەلیم لەسەر یەهودا گەورەتر نەبن.
ZEC 12:8 لەو ڕۆژەدا یەزدان دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەپارێزێت، ئەوەی لاوازە لەنێویان وەک داودی لێدێت، ماڵی داودیش وەک خودای لێدێت، وەک فریشتەی یەزدان لەپێشیان دەڕوات.
ZEC 12:9 لەو ڕۆژەدا مکوڕ دەبم لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئۆرشەلیم.
ZEC 12:10 «ڕۆحی میهرەبانی و پاڕانەوە بەسەر بنەماڵەی داود و بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەبارێنم. جا تەماشای من دەکەن، ئەوەی کە ڕمیان لێداوە، هەروەها شیوەنی بۆ دەگێڕن وەک کەسێک شیوەن بۆ تاقانەکەی بگێڕێت، زۆر دەگریێن، هەروەک گریان بۆ نۆبەرەیەک.
ZEC 12:11 لەو ڕۆژەدا شیوەنێکی گەورە لە ئۆرشەلیم دەبێت، وەک شیوەنی هەدەد ڕیمۆن لە دەشتی مەگیدۆ.
ZEC 12:12 خاکەکە شیوەن دەگێڕێت، خێڵ بە خێڵ هەریەکە و بە جیا: خێڵی بنەماڵەی داود و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی ناتان و ژنەکانیان،
ZEC 12:13 خێڵی بنەماڵەی لێڤی و ژنەکانیان، خێڵی شیمعی و ژنەکانیان.
ZEC 12:14 هەموو ئەو خێڵانەی مابوونەوە خێڵ بە خێڵ بە جیا و ژنەکانیشیان بە جیا.
ZEC 13:1 «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»
ZEC 13:2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو لە خاکەکە ڕادەماڵم.
ZEC 13:3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.
ZEC 13:4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن.
ZEC 13:5 هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“
ZEC 13:6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
ZEC 13:7 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە، لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە! لە شوانەکە بدە، مەڕەکان پەرت دەبن، پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
ZEC 13:8 یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی، دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن، یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
ZEC 13:9 ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە، وەک زیو دەیانپاڵێوم، وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە. ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە، من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“ ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“»
ZEC 14:1 ئەی ئۆرشەلیم، ڕۆژی یەزدان دێت، سامانەکەت تاڵان دەکرێت و لە ناوەڕاستی خۆتدا دابەش دەکرێت.
ZEC 14:2 هەموو نەتەوەکان لەسەر ئۆرشەلیم کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی لە دژی بجەنگن. شارەکە داگیر دەکرێت، ماڵەکان تاڵان دەکرێن، ئافرەت لاقە دەکرێن. نیوەی شارەکە ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام پاشماوەی خەڵکەکە لە شارەکە ڕاپێچ ناکرێن.
ZEC 14:3 ئینجا یەزدان دێتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نەتەوانە دەجەنگێت، هەروەک ڕۆژی جەنگ شەڕ دەکات.
ZEC 14:4 لەو ڕۆژەدا پێیەکانی لەسەر کێوی زەیتوون دەوەستن، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، ئینجا کێوی زەیتوون لە ناوەڕاستەوە شەق دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە دۆڵێکی زۆر گەورە، نیوەی چیاکە دەگوازرێتەوە باکوور و نیوەکەی دیکەشی باشوور.
ZEC 14:5 ئێوە بە ناو دۆڵی چیاکەی مندا هەڵدێن، چونکە هەتا ئاچێل درێژ دەبێتەوە. ئێوە هەڵدێن، هەروەک ئەوەی لە بوومەلەرزەکەی سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا هەڵاتن. ئینجا یەزدانی پەروەردگارم دێت، هەموو پیرۆزەکانیشی لەگەڵە.
ZEC 14:6 لەو ڕۆژەدا ڕووناکی و سەرما و شەختەبەندان نابێت.
ZEC 14:7 ڕۆژێکی بێ وێنە دەبێت، جیاوازی نییە لەنێوان شەو و ڕۆژ، کاتێک ئێوارە دادێت ڕووناکی هەیە، ئەو ڕۆژە تەنها لەلای یەزدان زانراوە.
ZEC 14:8 لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت.
ZEC 14:9 یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت.
ZEC 14:10 هەموو خاکەکە لە گەڤەعەوە هەتا ڕیمۆنی باشووری ئۆرشەلیم وەک عەراڤا دەبێتە دەشتایی، بەڵام ئۆرشەلیم بەرز دەکرێتەوە و لە شوێنەکەی خۆیدا ئاوەدان دەبێتەوە، لە دەروازەی بنیامینەوە هەتا شوێنی دەروازەی یەکەم و هەتا دەروازەی گۆشەکە و لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا گوشەرەکانی پاشا.
ZEC 14:11 ئاوەدانی دەکەنەوە، چیدی وێران ناکرێت. ئۆرشەلیم ئاسوودە دەبێت.
ZEC 14:12 ئەمەش ئەو دەردە دەبێت کە یەزدان تووشی هەموو گەلانی دەکات، ئەوانەی لە دژی ئۆرشەلیم جەنگان: گۆشتیان بۆگەن دەبێت کە لەسەر پێیەکانیان وەستاون، چاوەکانیان لەناو چاڵی چاویاندا بۆگەن دەبێت، زمانیشیان لە دەمیاندا بۆگەن دەبێت.
ZEC 14:13 لەو ڕۆژەدا لەلایەن یەزدانەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە دەبن، هەر پیاوە و دەستی نزیکەکەی دەگرێت و دەست لە یەکتری بەرزدەکەنەوە.
ZEC 14:14 هەروەها یەهوداش لە ئۆرشەلیم شەڕ دەکات. سامانی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە، ڕێژەیەکی زۆری زێڕ و زیو و جلوبەرگ.
ZEC 14:15 هەمان ئەو دەردە تووشی ئەسپ و هێستر و وشتر و گوێدرێژ و هەموو ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ئۆردوگای دوژمنن.
ZEC 14:16 هەروەها پاشماوەی هەموو نەتەوەکان، ئەوانەی هاتنە سەر ئۆرشەلیم، ساڵ لەدوای ساڵ دێن، تاکو کڕنۆش بۆ پاشا ببەن، یەزدانی سوپاسالار، هەروەها جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.
ZEC 14:17 ئەگەر هەر نەتەوەیەکی زەوی نەچێتە ئۆرشەلیم بۆ کڕنۆشبردن بۆ پاشا، یەزدانی سوپاسالار، بارانی بۆ نابارێت.
ZEC 14:18 ئەگەر گەلی میسر نەیێت و بەشدار نەبێت، بارانیان بۆ نابارێت، ئەو دەردەیان لەسەر دەبێت کە یەزدان لە نەتەوەکانی دەدات، ئەوانەی نایەن بۆ گێڕانی جەژنی کەپرەشینە.
ZEC 14:19 ئەمە سزای میسر و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە ناچن بۆ ئەوەی جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.
ZEC 14:20 لەو ڕۆژەدا ئەمە لەسەر زەنگی ئەسپەکان دەنووسرێت: «پیرۆزی بۆ یەزدان». مەنجەڵەکانی ماڵی یەزدان وەک تاسەکانی خوێنپرژاندنی بەردەم قوربانگا دەبن.
ZEC 14:21 هەموو مەنجەڵێک لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدانی سوپاسالار، هەر کەسێک قوربانی سەردەبڕێت دێت و دەیانبات و تێیاندا لێ دەنێت. لەو ڕۆژە بەدواوە کەنعانی لە ماڵی یەزدانی سوپاسالار نابێت.
MAL 1:1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ ئیسرائیل کە بە سروش بۆ مەلاخی هاتووە:
MAL 1:2 یەزدان دەفەرموێت: «خۆشمویستن.» «بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”بە چی خۆشتویستین؟“» یەزدان دەفەرموێت: «ئایا عیسۆ برای یاقوب نەبوو؟ لەگەڵ ئەوەشدا، یاقوبم خۆشویست،
MAL 1:3 بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە، چیاکانی ئەوم وێران کرد و میراتەکەیم دایە چەقەڵی چۆڵەوانی.»
MAL 1:4 ئەگەر ئەدۆم بڵێت: «وردوخاش کراین، بەڵام دەگەڕێینەوە و کاولەکەمان بنیاد دەنێینەوە.» بەڵام یەزدانی سوپاسالار وا دەفەرموێت: «ئەوان بنیاد دەنێن و منیش دادەڕمێنم. ناویان دەنێن ”خاکە خراپەکارەکە“، ئەو گەلەی کە هەتاهەتایە یەزدان لێی تووڕەیە.
MAL 1:5 بە چاوی خۆتان دەبینن و دەڵێن: ”یەزدان مەزنە، تەنانەت لەو دیوی سنووری ئیسرائیلیشەوە!“»
MAL 1:6 یەزدانی سوپاسالار بە ئێوە دەفەرموێت: «کوڕ ڕێزی باوکی دەگرێت و خزمەتکاریش ڕێزی گەورەکەی. ئەگەر من باوکم، کوا ڕێز لێگرتنم؟ ئەگەر گەورەشم، کوا ترستان لە من؟» «ئەی کاهینان، ئێوە گاڵتە بە ناوەکەم دەکەن.» «بەڵام لێم دەپرسن: ”چۆن گاڵتەمان بە ناوی تۆ کردووە؟“
MAL 1:7 «بە پێشکەشکردنی نانی گڵاو لەسەر قوربانگاکەم. «بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”چۆن گڵاومان کردوویت؟“ «بەوەی کە دەڵێن، خوانی یەزدان مایەی گاڵتە پێکردنە.
MAL 1:8 کاتێک ئاژەڵی کوێر وەک قوربانی پێشکەشی دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ کاتێک ئاژەڵی شەل و نەخۆش پێشکەش دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ ئێستاش پێشکەشی بکەن بە فەرمانڕەواکەتان، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟ ئایا سەربەرزتان دەکات؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 1:9 «ئێستاش لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت. بە قوربانی وەک ئەمانە، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 1:10 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «خۆزگە کەسێک لەنێو ئێوەدا دەروازەکانی پەرستگا دابخات، تاکو لەخۆڕا ئاگر لەسەر قوربانگاکەم نەکەنەوە! پێتان دڵخۆش نیم. لە قوربانی دەستتان ڕازی نیم.
MAL 1:11 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت. لە هەموو شوێنێک بخوور دەسووتێنن و قوربانی بێگەرد بۆ من پێشکەش دەکەن، چونکە لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 1:12 «بەڵام ئەی کاهینان، ئێوە ناوی من گڵاو دەکەن کە دەڵێن: ”خوانی پەروەردگار گڵاوە،“ هەروەها ”خۆراکەکەی سەری قێزەونە.“
MAL 1:13 دەڵێن: ”لەمە ماندوو بووین!“ سووکایەتی پێ دەکەن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «کاتێک ئاژەڵی زەوتکراو و شەل و نەخۆشتان هێنا، ئاوا قوربانی پێشکەش دەکەن، ئایا لێتان ڕازی دەبم؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
MAL 1:14 «نەفرەت لێکراوە ئەو فێڵبازەی کە لە مێگەلەکەی نێرینەی ساغ هەیە و نەزری دەکات، بەڵام ئاژەڵێکی عەیبدار بۆ پەروەردگار دەکاتە قوربانی، چونکە من پاشایەکی مەزنم، ناوەکەشم لەنێو نەتەوەکاندا سامناک دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 2:1 «ئێستاش، ئەی کاهینەکان، ئەم ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئێوەیە:
MAL 2:2 ئەگەر گوێ نەگرن و ئەگەر مکوڕ نەبوون لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوەکەم بگرن، نەفرەت دەنێرمە سەرتان و نەفرەت لە بەرەکەتەکانتان دەکەم. بەڵکو لەڕاستیدا نەفرەتم لێکردوون، چونکە مکوڕ نین لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوی من بگرن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 2:3 «لە بەر ئێوە نەوەکانتان سەرزەنشت دەکەم، ڕیخی قوربانی جەژنەکانتان بە دەموچاوتاندا دەکەم، جا لەگەڵیدا فڕێدەدرێن.
MAL 2:4 ئینجا دەزانن کە من ئەم ئاگادارکردنەوەیەم بۆ ئێوە نارد، بۆ ئەوەی پەیمانەکەم لەگەڵ لێڤی بەردەوام بێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 2:5 «پەیمانەکەم لەگەڵی بۆ ژیان و ئاشتی بوو، جا هەردووکیانم پێدا، بۆ ئەوەی ڕێزم لێ بگرێت. ڕێزی لێم گرت و لە ناوەکەم ترسا.
MAL 2:6 فێرکردنی ڕاست لەسەر زاری بوو، ناڕەوایی لەسەر لێوەکانی نەبوو. بە ئاشتی و بە ڕێکی دۆستایەتی لەگەڵم کرد و خەڵکێکی زۆریشی لە خراپە گەڕاندەوە.
MAL 2:7 «لەبەر ئەوەی دەبێت لێوەکانی کاهین زانین بپارێزن، خەڵک دێنە لای بۆ ئەوەی لە دەمی ئەو فێرکردنەکە بزانن، چونکە ئەو نێردراوی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 2:8 بەڵام ئێوە لە ڕێگاکە لاتاندا و فێرکردنەکانتان بۆ زۆر کەس بووە کۆسپ، پەیمانی لێڤیشتان شکاند.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 2:9 «لەبەر ئەوە من لەلای هەموو گەلەکە ڕیسوام کردن و سووکایەتیم پێکردن، چونکە ڕێگاکانی منتان نەگرتەبەر و لایەنگریتان کرد لە جێبەجێکردنی فێرکردنەکە.»
MAL 2:10 ئایا هەموومان یەک باوکمان نییە؟ ئایا یەک خودا بەدیی نەهێناوین؟ ئیتر بۆچی بە ناپاکی لەگەڵ یەکتری پەیمانی باوباپیرانمان دەشکێنین؟
MAL 2:11 یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست.
MAL 2:12 هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.
MAL 2:13 شتێکی دیکە کە دەیکەن: بە فرمێسک قوربانگای یەزدان دادەپۆشن، بە گریان و هاوار، چونکە وەک جاران قوربانی ئێوە جێی ڕەزامەندی یەزدان نییە و بە پەسەند لە دەستتان وەرناگرێت.
MAL 2:14 ئێوە لێم دەپرسن: «لەبەر چی؟» لەبەر ئەوەی یەزدان شایەتە لەنێوان تۆ و ژنەکەی تەمەنی گەنجیت، کە ناپاکیت لەگەڵی کرد، هەرچەندە ئەو هاوسەرتە و ئەو ژنەیە کە پەیمانی هاوسەرگیریت لەگەڵی هەیە.
MAL 2:15 ئایا خودا نەیکردنە یەک؟ ئێوە بە جەستە و بە ڕۆح هی خودان. ئیتر خودا داوای چی دەکات؟ نەوەی لەخواترستان هەبێت. لەبەر ئەوە بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی لە ژنی تەمەنی گەنجیەتیتان مەکەن.
MAL 2:16 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: «ئەو پیاوەی کە ڕقی لە ژنەکەیەتی و تەڵاقی دەدات، توندوتیژی بەرامبەر بە کەسێک دەکات کە لەڕاستیدا دەبێت بیپارێزێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. ئینجا بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی مەکەن.
MAL 2:17 بە قسەکانتان یەزدانتان ماندوو کرد. ئێوە دەپرسن: «بە چی ماندوومان کرد؟» بەوەی کە گوتتان: «ئەوەی خراپە بکات، لەبەرچاوی یەزدان چاکە، ئەو بەوان دڵخۆشە،» یان «خودای دادپەروەری لەکوێیە؟»
MAL 3:1 «من نێردراوی خۆم دەنێرم، ئەوەی ڕێگاکەی پێشم بۆ ئامادە دەکات. لەناکاو ئەو پەروەردگارەی کە ئێوە داوای دەکەن، دێتە ناو پەرستگاکەی؛ بێگومان نێردراوەکەی پەیمانیش دێت کە دڵتان پێی خۆشە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 3:2 «بەڵام کێ بەرگەی ڕۆژی هاتنی دەگرێت؟ کێ خۆی ڕادەگرێت لە دەرکەوتنی؟ چونکە ئەو وەک ئاگری پاڵاوگە و وەک سابوونی جل شوشتنە.
MAL 3:3 وەک پاڵێوەر و بێگەردکاری زیو دادەنیشێت، نەوەی لێڤی پاک دەکاتەوە و وەک زێڕ و زیو دەیپاڵێوێت. ئینجا یەزدان خەڵکێکی دەبێت کە بە ڕاستودروستی قوربانی پێشکەش دەکەن.
MAL 3:4 ئیتر قوربانی یەهودا و ئۆرشەلیم لەلای یەزدان قبوڵ دەبێت، هەروەک ڕۆژانی دێرین، ساڵانی ڕابردوو.
MAL 3:5 «ئینجا بۆ دادگاییکردن دێمە لاتان. خێرا دەبمە شایەت لەسەر سیحرباز و داوێنپیسان، لەسەر ئەوانەی بە درۆ سوێند دەخۆن، لەسەر ئەوانەی پارەی کرێکار دەخۆن، لەسەر ئەوانەی مافی بێوەژن و هەتیو زەوت دەکەن، لەسەر ئەوانەی دەست بە ڕووی کەسی نامۆوە دەنێن و لە من ناترسن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 3:6 «من یەزدانم، ناگۆڕێم، ئیتر ئەی نەوەی یاقوب، ئێوە لەناو نەچوون.
MAL 3:7 لە سەردەمی باوباپیرانتانەوە لە فەرزەکانم لاتان داوە و بەجێتان نەهێناوە. بگەڕێنەوە لام، منیش دەگەڕێمەوە لاتان.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «بەڵام ئێوە دەپرسن: ”چۆن بگەڕێینەوە؟“
MAL 3:8 «ئایا مرۆڤ خودا تاڵان دەکات؟ چونکە ئێوە تاڵانتان کردم! «بەڵام ئێوە گوتتان: ”چۆن تاڵانمان کردی؟“ «لە دەیەک و قوربانییەکان تاڵانتان کردم.
MAL 3:9 ئێوە، تەواوی ئەم نەتەوەیە، نەفرەتتان لێکراوە، چونکە تاڵانم دەکەن.»
MAL 3:10 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «تاقیم بکەنەوە: هەموو دەیەکەکان بۆ ماڵی خەزینە بهێنن، تاکو لە پەرستگاکەم خواردن هەبێت. ئینجا بزانن چۆن پەنجەرەکانی ئاسمانتان بۆ دەکەمەوە و بەرەکەت بەسەرتاندا دەبارێنم، هەتا جێ نەبێت تێی بکەن.
MAL 3:11 لەبەر ئێوە ڕێ لە مێروو دەگرم، هەتا بەروبوومی زەوییەکەتان تێکنەدات، دار مێوتان لە کێڵگە بێ بەر نەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 3:12 «ئینجا هەموو نەتەوەکان خۆزگەتان پێ دەخوازن، چونکە خاکەکەتان دەبێتە خاکی شادی.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 3:13 یەزدان دەفەرموێت: «قسەکانتان لەسەر من ڕەق بوون.» «ئێوەش دەپرسن: ”چیمان لەسەر تۆ گوتووە؟“
MAL 3:14 «ئێوە گوتتان: ”خواپەرستی بێهوودەیە. چ سوودێکی هەبوو کە فەرمانەکانی ئەومان پاراستووە و بە خەمبارییەوە لەبەردەم یەزدانی سوپاسالار ژیانمان گوزەراندووە؟
MAL 3:15 بەڵام ئێستا ئێمە خۆزگە بە لووتبەرزان دەخوازین. هەروەها بەدکاران سەردەکەون، تەنانەت ئەوانەی خودا تاقی دەکەنەوە، دەرباز دەبن.“»
MAL 3:16 ئینجا ئەوانەی لە یەزدان دەترسان قسەیان لەگەڵ یەکتری کرد، یەزدانیش گوێی شل کرد و گوێی لێبوو. لەبەردەمیدا لە پێچراوەیەک تۆمار کرا، بۆ ئەوەی ببێتە یادەوەرییەک بۆ ئەوانەی لە یەزدان دەترسن و ڕێز لە ناوەکەی دەگرن.
MAL 3:17 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەوانە دەبنە هی من، لەو ڕۆژە دەبنە گەنجینەیەکی تایبەتی من. بەزەییم پێیاندا دێتەوە وەک چۆن پیاو بەزەیی بە کوڕەکەی دێتەوە کە خزمەتی دەکات.
MAL 3:18 ئینجا دیسان جیاوازی لەنێوان ڕاستودروستان و خراپەکاراندا دەبینن، لەنێوان ئەوانەی خودا دەپەرستن و ئەوانەی نایپەرستن.»
MAL 4:1 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە. جا هەموو لووتبەرزان و بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش و ئەو ڕۆژەش کە دێت، ئەوان دەسووتێنێت. نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە.
MAL 4:2 بەڵام ئێوە کە لە ناوەکەم دەترسن، خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە. جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن.
MAL 4:3 ئینجا لەو ڕۆژەی ئەوە دەکەم، ئێوە خراپەکاران پێشێل دەکەن، دەبنە خۆڵەمێش لەژێر نەعلی پێتان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
MAL 4:4 «تەوراتی موسای بەندەی منتان لە یاد بێت، فەرز و حوکمەکان، کە من لە حۆرێڤ فەرمانم پێی کرد بۆ هەموو ئیسرائیل.
MAL 4:5 «گوێ بگرن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت، من ئەلیاسی پێغەمبەرتان بۆ دەنێرم.
MAL 4:6 دڵی باوکان بۆ منداڵ و دڵی منداڵان بۆ باوک دەگەڕێنێتەوە، نەوەک بێم و خاکەکە بە تەواوی وێران بکەم.»
MAT 1:1 ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:
MAT 1:2 ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو، ئیسحاق باوکی یاقوب بوو، یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،
MAT 1:3 یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو کە تامار دایکیان بوو، پێرێز باوکی حەسرۆن بوو، حەسرۆن باوکی ڕام بوو،
MAT 1:4 ڕام باوکی عەمیناداب بوو، عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو، نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،
MAT 1:5 سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو، بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو، عوبێد باوکی یەسا بوو،
MAT 1:6 یەسا باوکی داودی پاشا بوو. داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی کە پێشتر ژنی ئوریا بوو،
MAT 1:7 سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو، ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو، ئەبیا باوکی ئاسا بوو،
MAT 1:8 ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو، یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو، یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،
MAT 1:9 عوزیا باوکی یۆتام بوو، یۆتام باوکی ئاحاز بوو، ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،
MAT 1:10 حەزقیا باوکی مەنەشە بوو، مەنەشە باوکی ئامۆن بوو، ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،
MAT 1:11 یۆشیا باوکی یەهۆیاکین و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.
MAT 1:12 لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل، یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو، شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،
MAT 1:13 زروبابل باوکی ئەبیهود بوو، ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو، ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،
MAT 1:14 ئازور باوکی سادۆق بوو، سادۆق باوکی ئەکیم بوو، ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،
MAT 1:15 ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو، ئەلعازار باوکی مەتان بوو، مەتان باوکی یاقوب بوو،
MAT 1:16 یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح ناودەبردرێت.
MAT 1:17 بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.
MAT 1:18 لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی دەستگیرانی یوسف بوو، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە، دەرکەوت کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە سکی پڕبووە.
MAT 1:19 یوسفی دەستگیرانی کە پیاوێکی چاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.
MAT 1:20 کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزە.
MAT 1:21 کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»
MAT 1:22 ئەمانە هەمووی ڕوویدا تاکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە فەرموویەتی بێتە دی:
MAT 1:23 ﴿ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل،﴾ کە بە واتای خودا لەگەڵمانە دێت.
MAT 1:24 کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە.
MAT 1:25 بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.
MAT 2:1 لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا، لە سەردەمی هێرۆدسی پاشا، هەندێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم،
MAT 2:2 پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە‏؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
MAT 2:3 کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان.
MAT 2:4 هەموو کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟»
MAT 2:5 وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە ئاوا نووسراوە:
MAT 2:6 «﴿بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾»
MAT 2:7 دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن.
MAT 2:8 ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
MAT 2:9 لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو.
MAT 2:10 کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون،
MAT 2:11 چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان بە دیاری پێشکەش کرد.
MAT 2:12 ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
MAT 2:13 دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و ڕابکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس وا بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.»
MAT 2:14 یوسفیش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت،
MAT 2:15 هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، تاوەکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.﴾
MAT 2:16 کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خواری لە بێت‌لەحم و دەوروبەری کوشت.
MAT 2:17 ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
MAT 2:18 ﴿دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.﴾
MAT 2:19 کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و
MAT 2:20 گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی دەیانویست منداڵەکە بکوژن، مردن.»
MAT 2:21 یوسفیش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل.
MAT 2:22 بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل.
MAT 2:23 جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتە دی: ﴿بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.﴾
MAT 3:1 هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند،
MAT 3:2 دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
MAT 3:3 یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾
MAT 3:4 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو.
MAT 3:5 ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای،
MAT 3:6 دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.
MAT 3:7 کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوقییەکان بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
MAT 3:8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە.
MAT 3:9 پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.
MAT 3:10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
MAT 3:11 «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت.
MAT 3:12 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
MAT 3:13 ئینجا عیسا لە ناوچەی جەلیلەوە هاتە سەر ڕووباری ئوردون، تاوەکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت.
MAT 3:14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕێی لێ بگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
MAT 3:15 عیساش وەڵامی دایەوە: «لە ئێستادا ڕێگا بدە بەم جۆرە بێت، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕاستودروستییەک بێتە دی.» ئینجا ڕێی دا.
MAT 3:16 هەرکە عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، لە ئاوەکە هاتە دەرەوە. لەو ساتەدا ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی خودای بینی وەک کۆترێک هاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە.
MAT 3:17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»
MAT 4:1 پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە.
MAT 4:2 دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو.
MAT 4:3 تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
MAT 4:4 بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.﴾»
MAT 4:5 ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و
MAT 4:6 پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾»
MAT 4:7 عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾»
MAT 4:8 دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و
MAT 4:9 پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
MAT 4:10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾»
MAT 4:11 ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد.
MAT 4:12 کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل.
MAT 4:13 ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی،
MAT 4:14 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
MAT 4:15 ﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی ناجولەکەکان،
MAT 4:16 ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾
MAT 4:17 لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
MAT 4:18 کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.
MAT 4:19 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.»
MAT 4:20 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
MAT 4:21 کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد.
MAT 4:22 دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
MAT 4:23 ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە.
MAT 4:24 لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە.
MAT 4:25 جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.
MAT 5:1 کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای،
MAT 5:2 دەستی کرد بە فێرکردنیان و فەرمووی:
MAT 5:3 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
MAT 5:4 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
MAT 5:5 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە.
MAT 5:6 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن.
MAT 5:7 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
MAT 5:8 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن.
MAT 5:9 خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
MAT 5:10 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
MAT 5:11 «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن.
MAT 5:12 دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
MAT 5:13 «ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.
MAT 5:14 «ئێوە ڕووناکی جیهانن، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە.
MAT 5:15 هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان.
MAT 5:16 بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.
MAT 5:17 «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان.
MAT 5:18 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی.
MAT 5:19 بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت.
MAT 5:20 ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
MAT 5:21 «بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: ﴿مەکوژن﴾ و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“
MAT 5:22 بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
MAT 5:23 «لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی بەسەرتەوە هەیە،
MAT 5:24 لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.
MAT 5:25 «خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە.
MAT 5:26 ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.
MAT 5:27 «بیستووتانە گوتراوە: ﴿داوێنپیسی مەکەن.﴾
MAT 5:28 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە.
MAT 5:29 ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ.
MAT 5:30 ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
MAT 5:31 «دیسان گوتراوە: ﴿ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.﴾
MAT 5:32 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
MAT 5:33 «دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: ﴿سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.﴾
MAT 5:34 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی شاهانەی خودایە،
MAT 5:35 نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە.
MAT 5:36 سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵە مووێکی سپی یان ڕەش بکەیت.
MAT 5:37 با قسەتان ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە.
MAT 5:38 «بیستووتانە گوتراوە: ﴿چاو بە چاو، ددان بە ددان.﴾
MAT 5:39 بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانێی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە،
MAT 5:40 ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ.
MAT 5:41 ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ.
MAT 5:42 ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.
MAT 5:43 «بیستووتانە گوتراوە: ﴿نزیکەکەت خۆشبوێت،﴾ ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“
MAT 5:44 بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە،
MAT 5:45 تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت.
MAT 5:46 ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟
MAT 5:47 ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟
MAT 5:48 بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.
MAT 6:1 «هۆشیار بن و نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن بۆ ئەوەی بتانبینن، ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.
MAT 6:2 «لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، زوڕنای بۆ لێمەدە هەروەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
MAT 6:3 بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات،
MAT 6:4 تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.
MAT 6:5 «کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
MAT 6:6 بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.
MAT 6:7 کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وا دەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت.
MAT 6:8 لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.
MAT 6:9 «بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن: «”ئەی باوکمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت،
MAT 6:10 با پاشایەتییەکەت بێ، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
MAT 6:11 نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.
MAT 6:12 لە گوناهەکانمان خۆشبە، وەک چۆن ئێمە لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
MAT 6:13 مەمانخەرە تاقیکردنەوە، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە، [چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین.]“
MAT 6:14 ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت.
MAT 6:15 بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.
MAT 6:16 «کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ئەوان خۆیان پەرێشان دەردەخەن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
MAT 6:17 بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ،
MAT 6:18 تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها بۆ باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.
MAT 6:19 «لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن و دز دەیبڕێت و دەیدزێت.
MAT 6:20 بەڵکو سامان بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن و دزیش نایبڕێت و نایدزێت،
MAT 6:21 چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
MAT 6:22 «چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە،
MAT 6:23 بەڵام ئەگەر چاوت ساغ نەبێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!
MAT 6:24 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.
MAT 6:25 «بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە جلوبەرگ؟
MAT 6:26 سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟
MAT 6:27 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
MAT 6:28 «هەروەها بۆچی خەمی جلوبەرگتانە؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت،
MAT 6:29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە.
MAT 6:30 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات!
MAT 6:31 جا خەم مەخۆن بڵێن، ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی لەبەر بکەین؟“
MAT 6:32 چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەم شتانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە.
MAT 6:33 بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت.
MAT 6:34 لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.
MAT 7:1 «خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات،
MAT 7:2 چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.
MAT 7:3 «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟
MAT 7:4 یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا کاریتەیەک لەناو چاوی خۆتدایە؟
MAT 7:5 ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.
MAT 7:6 «شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و هەڵبگەڕێنەوە و پارچەپارچەتان بکەن.
MAT 7:7 «داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە،
MAT 7:8 چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.
MAT 7:9 «کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟
MAT 7:10 یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟
MAT 7:11 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن!
MAT 7:12 چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.
MAT 7:13 «لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە.
MAT 7:14 بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.
MAT 7:15 «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن.
MAT 7:16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەکرێتەوە یان هەنجیر لە چقڵ؟
MAT 7:17 بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ.
MAT 7:18 داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات.
MAT 7:19 هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر.
MAT 7:20 کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.
MAT 7:21 «نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام دەدات کە لە ئاسمانە.
MAT 7:22 لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟“
MAT 7:23 ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران!“
MAT 7:24 «لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت.
MAT 7:25 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو.
MAT 7:26 هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت.
MAT 7:27 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخاندی، ڕووخاندنەکەشی گەورە بوو.»
MAT 7:28 کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون،
MAT 7:29 چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.
MAT 8:1 کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن.
MAT 8:2 ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
MAT 8:3 عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە.
MAT 8:4 ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
MAT 8:5 کاتێک عیسا چووە ناو کەفەرناحوم، سەرپەلێک هاتە لای، لێی پاڕایەوە
MAT 8:6 و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.»
MAT 8:7 عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.»
MAT 8:8 سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە،
MAT 8:9 چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
MAT 8:10 کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای کەوتبوون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا کەسم نەدیوە باوەڕێکی بەهێزی ئاوای هەبێت.
MAT 8:11 پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن.
MAT 8:12 بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
MAT 8:13 ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە.
MAT 8:14 عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی لەناو جێگادا کەوتووە، تای هەیە.
MAT 8:15 عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.
MAT 8:16 کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە،
MAT 8:17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ: ﴿ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و نەخۆشییەکانمانی برد.﴾
MAT 8:18 کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی بە قوتابییەکانی دا کە بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە.
MAT 8:19 مامۆستایەکی تەورات هاتە لای و پێی گوت: «مامۆستا، بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.»
MAT 8:20 عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.»
MAT 8:21 یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
MAT 8:22 بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»
MAT 8:23 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی دوای کەوتن.
MAT 8:24 لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە داپۆشن، بەڵام عیسا نوستبوو.
MAT 8:25 ئینجا قوتابییەکانی چوون و هەڵیانستاند و گوتیان: «گەورەم، ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!»
MAT 8:26 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە هێمنییەکی تەواو.
MAT 8:27 ئەوانیش سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە چ مرۆڤێکە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»
MAT 8:28 کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەری دەریاچەکە، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووش بوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت.
MAT 8:29 هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێشوەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»
MAT 8:30 لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان.
MAT 8:31 ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.»
MAT 8:32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش لە دوو کەسەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان.
MAT 8:33 بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار و هەموو شتێکیان گێڕایەوە، بگرە ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو.
MAT 8:34 ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی عیسا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە ناوچەکەیان بەجێبهێڵێت.
MAT 9:1 ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتەوە شارەکەی خۆی.
MAT 9:2 کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»
MAT 9:3 جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»
MAT 9:4 عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟
MAT 9:5 کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ“؟
MAT 9:6 بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
MAT 9:7 ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ.
MAT 9:8 کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.
MAT 9:9 کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
MAT 9:10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان بوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی بۆ نانخواردن پاڵیاندایەوە.
MAT 9:11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
MAT 9:12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش.
MAT 9:13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.﴾ چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
MAT 9:14 ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
MAT 9:15 عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.
MAT 9:16 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات.
MAT 9:17 شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»
MAT 9:18 کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.»
MAT 9:19 عیساش هەستا و لەگەڵی چوو، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.
MAT 9:20 هەر لەو کاتەدا ژنێک کە ماوەی دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا،
MAT 9:21 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»
MAT 9:22 عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.
MAT 9:23 کاتێک عیسا چووە ماڵی پێشەواکە، شیوەنگێڕان و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد،
MAT 9:24 فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین.
MAT 9:25 کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، کچەش هەستایەوە.
MAT 9:26 ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.
MAT 9:27 کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
MAT 9:28 کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»
MAT 9:29 ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.»
MAT 9:30 ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.»
MAT 9:31 بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەواڵی ئەویان لە هەموو ناوچەکەدا بڵاوکردەوە.
MAT 9:32 کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا کە ڕۆحی پیسی تێدابوو.
MAT 9:33 کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون و گوتیان: «هەرگیز شتی لەم جۆرە لە ئیسرائیلدا نەبینراوە.»
MAT 9:34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»
MAT 9:35 عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند و هەموو نەخۆشی و نەساغییەکی چاک دەکردەوە.
MAT 9:36 کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و سەرلێشێواو بوون.
MAT 9:37 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە.
MAT 9:38 لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»
MAT 10:1 ئینجا عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو، چاکی بکەنەوە.
MAT 10:2 ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە: یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای؛ یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای؛
MAT 10:3 فیلیپۆس و بەرتۆلماوس؛ تۆماس و مەتای باجگر؛ یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس؛
MAT 10:4 شیمۆنی کانەوی و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
MAT 10:5 عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای ناجولەکەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان،
MAT 10:6 بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل.
MAT 10:7 کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“
MAT 10:8 نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن.
MAT 10:9 «زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن،
MAT 10:10 نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە کراس و نە پێڵاوی زیادە و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
MAT 10:11 چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە.
MAT 10:12 کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن.
MAT 10:13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە.
MAT 10:14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن.
MAT 10:15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای خاکی سەدۆم و عەمۆرا لە هی ئەم شارە سووکتر دەبێت.
MAT 10:16 «من وەک مەڕ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
MAT 10:17 لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن،
MAT 10:18 لە پێناوی مندا دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان، وەک شایەتی بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش.
MAT 10:19 کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن لەوەی کە چی بڵێن و چۆن بیڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن،
MAT 10:20 لەبەر ئەوەی ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
MAT 10:21 «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.
MAT 10:22 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
MAT 10:23 کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ.
MAT 10:24 «قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی زیاتر نییە.
MAT 10:25 بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعل‌زەبول“ ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟
MAT 10:26 «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
MAT 10:27 ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکیدا بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕایبگەیەنن.
MAT 10:28 لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.
MAT 10:29 ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی.
MAT 10:30 ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە.
MAT 10:31 کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
MAT 10:32 «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم.
MAT 10:33 بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.
MAT 10:34 «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر!
MAT 10:35 چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی «﴿کوڕ لە باوکی و کچ لە دایکی و بووک لە خەسووی،
MAT 10:36 دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.﴾
MAT 10:37 «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە.
MAT 10:38 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە.
MAT 10:39 ئەوەی دەست بە ژیانییەوە بگرێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.
MAT 10:40 «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە.
MAT 10:41 ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت.
MAT 10:42 ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»
MAT 11:1 پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان.
MAT 11:2 کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی ناردە لای،
MAT 11:3 لێیان پرسی: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
MAT 11:4 عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن:
MAT 11:5 کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.
MAT 11:6 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.»
MAT 11:7 لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟
MAT 11:8 ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن.
MAT 11:9 ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر.
MAT 11:10 یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾
MAT 11:11 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە.
MAT 11:12 لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن،
MAT 11:13 چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە.
MAT 11:14 ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەم یەحیایە ئەو ئەلیاسەیە کە خەریکە بێت.
MAT 11:15 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
MAT 11:16 «بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و
MAT 11:17 دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“
MAT 11:18 یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“
MAT 11:19 ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.»
MAT 11:20 ئینجا عیسا دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو.
MAT 11:21 «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا تۆبەیان دەکرد.
MAT 11:22 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە.
MAT 11:23 تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە.
MAT 11:24 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»
MAT 11:25 لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە.
MAT 11:26 بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو.
MAT 11:27 «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەو کەسانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.
MAT 11:28 «وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە.
MAT 11:29 نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە،
MAT 11:30 چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»
MAT 12:1 لەو کاتەدا، لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان کرد بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی.
MAT 12:2 کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «بڕوانە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»
MAT 12:3 ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟
MAT 12:4 چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟
MAT 12:5 یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟
MAT 12:6 پێتان دەڵێم، کەسێک لێرەیە کە لە پەرستگا مەزنترە.
MAT 12:7 بەڵام ئەگەر لە واتای ئەمە تێبگەیشتنایە: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،﴾ ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد،
MAT 12:8 چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
MAT 12:9 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و چووە کەنیشتەکەیان،
MAT 12:10 لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوەی نەخۆش دروستە؟»
MAT 12:11 پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە، نایگرێت و دەریناهێنێت؟
MAT 12:12 مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.»
MAT 12:13 ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە.
MAT 12:14 بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.
MAT 12:15 عیساش کە بەمەی زانی لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە.
MAT 12:16 ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن،
MAT 12:17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:
MAT 12:18 ﴿ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە، ئەو خۆشەویستەم کە پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر، جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
MAT 12:19 شەڕ ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
MAT 12:20 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت، پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە، هەتا دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
MAT 12:21 نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.﴾
MAT 12:22 ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، نابینا و لاڵ بوو، ئەویش چاکیکردەوە بە جۆرێک کە توانی قسە بکات و ببینێت.
MAT 12:23 خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کوڕی داود نییە؟»
MAT 12:24 بەڵام فەریسییەکان کە ئەمەیان بیست، گوتیان: «ئەمە ڕۆحی پیس دەرناکات، مەگەر بە بەعل‌زەبولی شای ڕۆحە پیسەکان نەبێت.»
MAT 12:25 بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت، هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت.
MAT 12:26 ئەگەر شەیتان، شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟
MAT 12:27 ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان دەبنە دادوەرتان.
MAT 12:28 بەڵام ئەگەر من بە ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
MAT 12:29 «یان چۆن کەسێک دەتوانێ بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟
MAT 12:30 «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.
MAT 12:31 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، بەڵام کفرکردن سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز نابەخشرێت.
MAT 12:32 ئەوەی قسە لە دژی کوڕی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی قسە لە دژی ڕۆحی پیرۆز بکات، نابەخشرێت، نە لەم دنیا و نە لەو دنیا.
MAT 12:33 «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات.
MAT 12:34 ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت.
MAT 12:35 مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاکی ناخیدا، شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە گەنجینەی خراپی ناخیدا، شتی خراپ دەردەهێنێت.
MAT 12:36 بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە،
MAT 12:37 چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»
MAT 12:38 ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.»
MAT 12:39 کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر.
MAT 12:40 هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە.
MAT 12:41 خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.
MAT 12:42 شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.
MAT 12:43 «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت.
MAT 12:44 ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە.
MAT 12:45 ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.»
MAT 12:46 لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن.
MAT 12:47 کەسێک هات و پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.»
MAT 12:48 ئەویش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»
MAT 12:49 ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم،
MAT 12:50 چونکە ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام بدات کە لە ئاسمانە، خوشک و برا و دایکمە.»
MAT 13:1 هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت.
MAT 13:2 خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان.
MAT 13:3 بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات.
MAT 13:4 کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن.
MAT 13:5 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو.
MAT 13:6 بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو.
MAT 13:7 هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن.
MAT 13:8 بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی.
MAT 13:9 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»
MAT 13:10 قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»
MAT 13:11 وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە،
MAT 13:12 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.
MAT 13:13 لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: «چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن، گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.
MAT 13:14 پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن،
MAT 13:15 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.﴾
MAT 13:16 بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن.
MAT 13:17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.
MAT 13:18 «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن:
MAT 13:19 هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە.
MAT 13:20 ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن.
MAT 13:21 بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.
MAT 13:22 ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن.
MAT 13:23 بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی.»
MAT 13:24 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت.
MAT 13:25 بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت.
MAT 13:26 کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.
MAT 13:27 «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، مەگەر لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت نەوەشاند، ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“
MAT 13:28 «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»
MAT 13:29 گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن.
MAT 13:30 هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»
MAT 13:31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ،
MAT 13:32 هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.»
MAT 13:33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
MAT 13:34 عیسا هەموو ئەم بابەتانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن،
MAT 13:35 تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی: ﴿بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ڕایدەگەیەنم.﴾
MAT 13:36 ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»
MAT 13:37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە.
MAT 13:38 کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن،
MAT 13:39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن.
MAT 13:40 «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت.
MAT 13:41 کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و
MAT 13:42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
MAT 13:43 ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
MAT 13:44 «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.
MAT 13:45 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت.
MAT 13:46 کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت.
MAT 13:47 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە.
MAT 13:48 کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا.
MAT 13:49 کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و
MAT 13:50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
MAT 13:51 عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»
MAT 13:52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.»
MAT 13:53 کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت.
MAT 13:54 هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان دەستی کرد بە فێرکردنیان، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟
MAT 13:55 ئایا ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟
MAT 13:56 ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟»
MAT 13:57 جا ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»
MAT 13:58 لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.
MAT 14:1 لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، ناوبانگی عیسای بیست،
MAT 14:2 بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
MAT 14:3 هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە،
MAT 14:4 چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.»
MAT 14:5 هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
MAT 14:6 لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد.
MAT 14:7 ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ.
MAT 14:8 کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.»
MAT 14:9 پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ.
MAT 14:10 ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و
MAT 14:11 سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی.
MAT 14:12 قوتابییەکانی یەحیا هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا چوون بۆ لای عیسا و هەواڵیان پێدا.
MAT 14:13 کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن.
MAT 14:14 کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.
MAT 14:15 کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
MAT 14:16 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
MAT 14:17 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»
MAT 14:18 ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.»
MAT 14:19 فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە.
MAT 14:20 هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە.
MAT 14:21 ژمارەی ئەوانەی کە نانیان خوارد نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
MAT 14:22 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات.
MAT 14:23 لەدوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، سەرکەوتە سەر شاخێک بۆ ئەوەی بە تەنها نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو،
MAT 14:24 بەلەمەکەش مەودایەکی زۆری لە وشکانییەوە بڕیبوو، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو.
MAT 14:25 پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت.
MAT 14:26 کاتێک قوتابییەکان بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.
MAT 14:27 دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.»
MAT 14:28 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»
MAT 14:29 فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت.
MAT 14:30 بەڵام کاتێک توندی بایەکەی بینی، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»
MAT 14:31 عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتی و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»
MAT 14:32 کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، ڕەشەباکە وەستا.
MAT 14:33 ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»
MAT 14:34 کاتێک پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت.
MAT 14:35 خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا.
MAT 14:36 لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.
MAT 15:1 ئینجا چەند کەسێک لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی:
MAT 15:2 «بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»
MAT 15:3 ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچیی ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟
MAT 15:4 چونکە خودا فەرموویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾
MAT 15:5 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘
MAT 15:6 ئەوا پێویست ناکات کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە.
MAT 15:7 ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینییەکی باشی کردووە کە فەرموویەتی:
MAT 15:8 «﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە.
MAT 15:9 بەخۆڕایی دەمپەرستن، تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾»
MAT 15:10 عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن.
MAT 15:11 ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.»
MAT 15:12 ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»
MAT 15:13 وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت.
MAT 15:14 وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن و ڕێنمایی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕێنمایی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»
MAT 15:15 پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»
MAT 15:16 عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟
MAT 15:17 ئایا نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک و پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستە؟
MAT 15:18 بەڵام ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە، لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێتە هۆی گڵاوبوونی مرۆڤ،
MAT 15:19 چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن.
MAT 15:20 ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام نانخواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»
MAT 15:21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا.
MAT 15:22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بەهۆی ڕۆحی پیسەوە ئازارێکی زۆری هەیە.»
MAT 15:23 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»
MAT 15:24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»
MAT 15:25 بەڵام ژنەکە هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!»
MAT 15:26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
MAT 15:27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»
MAT 15:28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.
MAT 15:29 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت.
MAT 15:30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە.
MAT 15:31 تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل بە ڕێکی دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.
MAT 15:32 ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»
MAT 15:33 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»
MAT 15:34 عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچووک.»
MAT 15:35 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن.
MAT 15:36 حەوت نان و ماسییەکانی لێ وەرگرتن و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە.
MAT 15:37 هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.
MAT 15:38 نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
MAT 15:39 ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.
MAT 16:1 فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات.
MAT 16:2 عیسا وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە دادێت، دەڵێن، ”ساماڵ دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“
MAT 16:3 سەر لە بەیانیش، ”ئەمڕۆ باوبۆران دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و هەورە.“ ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە!
MAT 16:4 نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت.
MAT 16:5 کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بینییان لەبیریان چووە لەگەڵ خۆیان نان ببەن.
MAT 16:6 عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»
MAT 16:7 لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «ئەوە بۆیە وا دەڵێت، چونکە نانمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە.»
MAT 16:8 عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟
MAT 16:9 ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟
MAT 16:10 یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟
MAT 16:11 چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن!»
MAT 16:12 ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.
MAT 16:13 کە عیسا گەیشتە ناوچەی قەیسەرییەی فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن کوڕی مرۆڤ کێیە؟»
MAT 16:14 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێشە، هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلیاسە، هەندێکیش یەرمیا یان یەکێک لە پێغەمبەران.»
MAT 16:15 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»
MAT 16:16 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای زیندووی.»
MAT 16:17 عیساش وەڵامی دایەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، چونکە گۆشت و خوێن ئەمەیان بۆت ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ئەو باوکەم کە لە ئاسمانە.
MAT 16:18 منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ پێی ناوێرێت.
MAT 16:19 کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی دایبخەیت، لە ئاسماندا داخراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.»
MAT 16:20 ئینجا قوتابییەکانی ڕاسپارد کە بە کەس نەڵێن ئەو مەسیحەکەیە.
MAT 16:21 لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوە بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.
MAT 16:22 پەترۆس عیسای هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی: «خودا نەکات گەورەم! هەرگیز ئەمەت بەسەرنەیەت!»
MAT 16:23 عیسا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆسی فەرموو: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە کاروبارە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو کاروباری مرۆڤانە.»
MAT 16:24 ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.
MAT 16:25 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.
MAT 16:26 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟
MAT 16:27 کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکیەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە.
MAT 16:28 «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا کوڕی مرۆڤ نەبینن وەک پاشا دێتەوە.»
MAT 17:1 دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن.
MAT 17:2 پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان.
MAT 17:3 لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
MAT 17:4 ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز دەکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
MAT 17:5 کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
MAT 17:6 کاتێک قوتابییەکان گوێیان لەو دەنگە بوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان.
MAT 17:7 بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!»
MAT 17:8 ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
MAT 17:9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان و فەرمووی: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
MAT 17:10 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
MAT 17:11 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە.
MAT 17:12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.»
MAT 17:13 ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
MAT 17:14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و
MAT 17:15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە.
MAT 17:16 هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
MAT 17:17 جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام.»
MAT 17:18 عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
MAT 17:19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
MAT 17:20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و هیچ شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. [
MAT 17:21 بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.]»
MAT 17:22 کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و
MAT 17:23 دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» قوتابییەکانیش بەمە زۆر دڵگران بوون.
MAT 17:24 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکەی پەرستگا هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاکەتان باجی پەرستگا نادات؟»
MAT 17:25 گوتی: «بەڵێ.» کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟»
MAT 17:26 پەترۆس گوتی: «لە بیانی.» عیساش پێی فەرموو: «کەواتە هاوڵاتییان ئازادن.
MAT 17:27 بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»
MAT 18:1 لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟»
MAT 18:2 ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت،
MAT 18:3 فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
MAT 18:4 بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.
MAT 18:5 ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات.
MAT 18:6 «ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.
MAT 18:7 قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن، چونکە گوناهکردن هەر دەبێت هەبێت، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە دەبێتە هۆکار بۆ کەوتنە نێو گوناه.
MAT 18:8 ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە.
MAT 18:9 ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
MAT 18:10 «ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. [
MAT 18:11 کوڕی مرۆڤ هاتووە بۆ ئەوەی ونبووان ڕزگار بکات.]
MAT 18:12 «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟
MAT 18:13 ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت!
MAT 18:14 بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.
MAT 18:15 «ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە.
MAT 18:16 خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.﴾
MAT 18:17 ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ.
MAT 18:18 «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن، لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت.
MAT 18:19 «دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، باوکم کە لە ئاسمانە بۆتان جێبەجێ دەکات،
MAT 18:20 چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.»
MAT 18:21 ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟»
MAT 18:22 عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!
MAT 18:23 «لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات.
MAT 18:24 کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ قەرزار بوو.
MAT 18:25 کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە.
MAT 18:26 «لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی: ”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“
MAT 18:27 گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو.
MAT 18:28 «ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی: ”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“
MAT 18:29 «خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە: ”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“
MAT 18:30 «بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە.
MAT 18:31 کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە.
MAT 18:32 «ئەوسا گەورەکە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و پێی گوت: ”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە.
MAT 18:33 ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، هەروەک چۆن من بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“
MAT 18:34 جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە.
MAT 18:35 «باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.»
MAT 19:1 کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لەبەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون.
MAT 19:2 خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.
MAT 19:3 هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە و گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
MAT 19:4 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان﴾؟
MAT 19:5 هەروەها فەرمووی: ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾
MAT 19:6 کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
MAT 19:7 لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟»
MAT 19:8 پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو.
MAT 19:9 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
MAT 19:10 قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!»
MAT 19:11 عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە.
MAT 19:12 خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.»
MAT 19:13 ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و لە پێناویاندا نوێژ بکات، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
MAT 19:14 بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.»
MAT 19:15 دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.
MAT 19:16 ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟»
MAT 19:17 عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»
MAT 19:18 پێی گوت: «کامیان؟» عیساش فەرمووی: «﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە،
MAT 19:19 ڕێزی دایک و باوکت بگرە،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾»
MAT 19:20 گەنجەکەش پێی گوت: «هەموو ئەمانەم بەجێگەیاندووە، ئیتر لە چیم کەمە؟»
MAT 19:21 عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت کامڵ و تەواو بیت، بڕۆ هەرچیت هەیە بیفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»
MAT 19:22 بەڵام گەنجەکە کە ئەم قسەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
MAT 19:23 عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: بە زەحمەت دەوڵەمەند دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
MAT 19:24 دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
MAT 19:25 قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون و گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
MAT 19:26 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
MAT 19:27 ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»
MAT 19:28 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.
MAT 19:29 هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، ژن، منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت.
MAT 19:30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
MAT 20:1 «شانشینی ئاسمان لە خاوەن ڕەزێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت.
MAT 20:2 لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.
MAT 20:3 «نزیکی کاتژمێر نۆ دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون،
MAT 20:4 پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“
MAT 20:5 ئەوانیش ڕۆیشتن. «ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە.
MAT 20:6 نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین: ”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“
MAT 20:7 «وەڵامیان دایەوە: ”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ ئەویش پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن!“
MAT 20:8 «کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت: ”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەوە دەستپێبکە کە لە کۆتاییەوە هاتن بۆ ئەوانەی لە سەرەتاوە هاتن.“
MAT 20:9 «جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت.
MAT 20:10 یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت.
MAT 20:11 کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ڕەزەکەدا دەکرد و
MAT 20:12 دەیانگوت: ”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە سەختی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“
MAT 20:13 «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: ”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟
MAT 20:14 هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ.
MAT 20:15 ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت بەوەدا هەڵنایەت کە من کەسێکی دەستکراوەم؟“
MAT 20:16 «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»
MAT 20:17 کاتێک عیسا بەرەو ئۆرشەلیم دەڕۆیشت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون:
MAT 20:18 «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و
MAT 20:19 بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
MAT 20:20 ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای عیسا و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
MAT 20:21 ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
MAT 20:22 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
MAT 20:23 ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
MAT 20:24 کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانیان بیستەوە، لە دوو براکە تووڕە بوون.
MAT 20:25 بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن.
MAT 20:26 بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و
MAT 20:27 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان،
MAT 20:28 وەک چۆن کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
MAT 20:29 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت.
MAT 20:30 ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
MAT 20:31 جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
MAT 20:32 عیسا ڕاوەستا و بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
MAT 20:33 وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە.»
MAT 20:34 عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ بیناییان بۆ گەڕایەوە و دوای کەوتن.
MAT 21:1 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و
MAT 21:2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن.
MAT 21:3 ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»
MAT 21:4 ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:
MAT 21:5 ﴿بە شاری سییۆن بڵێن، ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.﴾
MAT 21:6 قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان.
MAT 21:7 ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو.
MAT 21:8 خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست.
MAT 21:9 ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» «﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «هۆسانا بۆ خودا!»
MAT 21:10 کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»
MAT 21:11 خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»
MAT 21:12 عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد.
MAT 21:13 پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾ بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾»
MAT 21:14 نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە.
MAT 21:15 بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و
MAT 21:16 لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟» عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: «﴿لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە﴾؟»
MAT 21:17 ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.
MAT 21:18 بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو.
MAT 21:19 دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو.
MAT 21:20 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»
MAT 21:21 عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت.
MAT 21:22 جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»
MAT 21:23 کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
MAT 21:24 عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.
MAT 21:25 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“
MAT 21:26 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»
MAT 21:27 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
MAT 21:28 ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“
MAT 21:29 «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.
MAT 21:30 «ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.
MAT 21:31 «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون،
MAT 21:32 چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»
MAT 21:33 «گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد.
MAT 21:34 کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.
MAT 21:35 «ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد.
MAT 21:36 دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد.
MAT 21:37 لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
MAT 21:38 «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“
MAT 21:39 ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
MAT 21:40 «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»
MAT 21:41 وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»
MAT 21:42 عیسا پێی فەرموون: «ئایا هەرگیز لە نووسراوە پیرۆزەکان نەتانخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە، ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾؟
MAT 21:43 «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات.
MAT 21:44 ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
MAT 21:45 کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات.
MAT 21:46 لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
MAT 22:1 عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی:
MAT 22:2 «پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا.
MAT 22:3 کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.
MAT 22:4 «دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا خوانم ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“
MAT 22:5 «بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی.
MAT 22:6 ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن.
MAT 22:7 جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.
MAT 22:8 «ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون،
MAT 22:9 کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“
MAT 22:10 ئەو کۆیلانەش چوونە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.
MAT 22:11 «کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی لەبەر نەکردبوو.
MAT 22:12 پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.
MAT 22:13 «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
MAT 22:14 «چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»
MAT 22:15 ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد کە چۆن عیسا بە قسەکانی خۆی تووش بکەن.
MAT 22:16 قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و بە ڕاستی خەڵکی فێری ڕێگای خودا دەکەیت و سڵ لە کەس ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت.
MAT 22:17 کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە؟ دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟»
MAT 22:18 عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟
MAT 22:19 پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا.
MAT 22:20 پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»
MAT 22:21 وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە.» پاشان پێی فەرموون: «کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنە قەیسەر و ئەوەش هی خودایە بیدەنە خودا.»
MAT 22:22 کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.
MAT 22:23 لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان کە دەڵێن زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد:
MAT 22:24 «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.
MAT 22:25 جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت،
MAT 22:26 بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم هەتا گەیشتە حەوتەم.
MAT 22:27 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.
MAT 22:28 ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە، چونکە هی هەموویان بووە؟»
MAT 22:29 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا.
MAT 22:30 لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.
MAT 22:31 بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ:
MAT 22:32 ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»
MAT 22:33 کاتێک خەڵکەکە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.
MAT 22:34 کاتێک فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە.
MAT 22:35 یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:
MAT 22:36 «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟»
MAT 22:37 عیسا پێی فەرموو: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾
MAT 22:38 ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە.
MAT 22:39 دووەمیشیان وەک ئەو وایە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾
MAT 22:40 جا هەموو تەورات و پەیامی پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»
MAT 22:41 کاتێک فەریسییەکان پێکەوە کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین:
MAT 22:42 «دەربارەی مەسیح چی دەڵێن؟ کوڕی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»
MAT 22:43 ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بە سروشی ڕۆحی پیرۆز پێی دەڵێ، ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:
MAT 22:44 «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾
MAT 22:45 بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
MAT 22:46 جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
MAT 23:1 پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی
MAT 23:2 فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن.
MAT 23:3 لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان باسی شتێک دەکەن، بەڵام خۆیان کاری پێ ناکەن.
MAT 23:4 باری قورس و گران دەپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان بدەن.
MAT 23:5 «هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان.
MAT 23:6 حەز دەکەن لە میوانیدا لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن،
MAT 23:7 لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی“ بانگیان بکەن.
MAT 23:8 «بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران.
MAT 23:9 کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە.
MAT 23:10 با بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە.
MAT 23:11 ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان.
MAT 23:12 ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.
MAT 23:13 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرگای شانشینی ئاسمان بە ڕووی خەڵکدا دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە.
MAT 23:14 [«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن، بۆ خۆدەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.]
MAT 23:15 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ.
MAT 23:16 «قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا دەبێت سوێندەکەی بباتەسەر.“
MAT 23:17 ئەی گێل و کوێرینە! کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟
MAT 23:18 هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا دەبێت سوێندەکەی بباتەسەر.“
MAT 23:19 ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟
MAT 23:20 بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی.
MAT 23:21 ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە.
MAT 23:22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە.
MAT 23:23 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت و زیرە دەدەن بەڵام ڕاسپاردە گرنگەکانی تەورات وەکو دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزیتان پشتگوێ خستووە. پێویست بوو ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن.
MAT 23:24 ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە شلەمەنی لە مێشوولە دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!
MAT 23:25 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چاوچنۆکی و بەڕەڵایی.
MAT 23:26 ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە.
MAT 23:27 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک.
MAT 23:28 ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناختان پڕە لە دووڕوویی و خراپە.
MAT 23:29 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و
MAT 23:30 دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“
MAT 23:31 کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە نەوەی بکوژانی پێغەمبەرانن.
MAT 23:32 جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!
MAT 23:33 «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟
MAT 23:34 لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. هەندێکیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، هەندێکی دیکەیان لە کەنیشتەکانتان بەر قامچی دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن.
MAT 23:35 لەبەر ئەوە خوێنی هەموو پیاوچاکان کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان.
MAT 23:36 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»
MAT 23:37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست.
MAT 23:38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ!
MAT 23:39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.﴾»
MAT 24:1 عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن.
MAT 24:2 عیسا پێی فەرموون: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»
MAT 24:3 کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەروەها نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»
MAT 24:4 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات،
MAT 24:5 چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحەکەم،“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن.
MAT 24:6 جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.
MAT 24:7 نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت.
MAT 24:8 بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.
MAT 24:9 «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە.
MAT 24:10 ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە.
MAT 24:11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن.
MAT 24:12 لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە.
MAT 24:13 بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
MAT 24:14 ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.
MAT 24:15 «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾ لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە (با خوێنەر تێبگات)،
MAT 24:16 ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن،
MAT 24:17 ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات.
MAT 24:18 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.
MAT 24:19 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر!
MAT 24:20 نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت،
MAT 24:21 چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
MAT 24:22 «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە.
MAT 24:23 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن،
MAT 24:24 چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێت تەنانەت هەڵبژێردراوانیش چەواشە دەکەن.
MAT 24:25 ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.
MAT 24:26 «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، یان ”ئەوەتا لە ژوورەوەیە!“ باوەڕ مەکەن،
MAT 24:27 چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
MAT 24:28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.
MAT 24:29 «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «﴿خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾
MAT 24:30 «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت.
MAT 24:31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە.
MAT 24:32 «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە.
MAT 24:33 بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.
MAT 24:34 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
MAT 24:35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
MAT 24:36 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت.
MAT 24:37 ڕۆژانی نوح چۆن بوو، کاتی هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
MAT 24:38 وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە،
MAT 24:39 کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
MAT 24:40 لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
MAT 24:41 دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
MAT 24:42 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا مەسیحی خاوەن شکۆتان دێتەوە.
MAT 24:43 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت.
MAT 24:44 کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.
MAT 24:45 «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارەکانی دیکەی تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟
MAT 24:46 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.
MAT 24:47 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت.
MAT 24:48 بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە خراپە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“
MAT 24:49 بەو هۆیەوە دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان دەخوات و دەخواتەوە.
MAT 24:50 ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت.
MAT 24:51 ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
MAT 25:1 «لەو کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن.
MAT 25:2 پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا.
MAT 25:3 گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان لەگەڵ خۆیان نەبرد.
MAT 25:4 بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد.
MAT 25:5 کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەو بردنییەوە و نوستن.
MAT 25:6 «لە نیوەشەودا هاوار کرا: ”ئەوەتا زاوا هات! بەرەوپیری بچن!“
MAT 25:7 «هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد.
MAT 25:8 گێلەکان بە داناکانیان گوت: ”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“
MAT 25:9 «بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“
MAT 25:10 «لەکاتێکدا گێلەکان ڕۆیشتن بۆ زەیت کڕین، زاوا گەیشت، ئەوانەی ئامادە بوون لەگەڵی چوونە ژوورەوە بۆ زەماوەندەکە و دەرگا داخرا.
MAT 25:11 «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“
MAT 25:12 «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“
MAT 25:13 «کەواتە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.
MAT 25:14 «هەروەها شانشینی ئاسمان وەک پیاوێکە کە پێش گەشتکردنی، کۆیلەکانی بانگ کرد و ماڵ و سامانەکەی خۆی دایە دەستیان.
MAT 25:15 پێنج کیسە زێڕی دایە یەکێکیان و ئەوی دیکە دوو کیسە و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی. ئینجا چووە گەشت.
MAT 25:16 ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە کرد، پێنجی دیکەشی قازانج کرد.
MAT 25:17 بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەش، دووی دیکەی قازانج کرد.
MAT 25:18 بەڵام ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زێڕی گەورەکەی تێدا شاردەوە.
MAT 25:19 «دوای ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو کۆیلانە گەڕایەوە و حیسابی لەگەڵ کردن.
MAT 25:20 ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و پێنج کیسەی دیکەشی هێنا و پێی گوت: ”گەورەم تۆ پێنج کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“
MAT 25:21 «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“
MAT 25:22 «هەروەها ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی: ”گەورەم تۆ دوو کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“
MAT 25:23 «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“
MAT 25:24 «ئینجا ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی: ”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی دڵڕەقیت، لە شوێنێک کۆدەکەیتەوە کە نەتچاندووە و لە شوێنێکیش دروێنە دەکەیت کە تۆوت نەکردووە.
MAT 25:25 جا ترسام و چووم کیسە زێڕەکەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەکەتە.“
MAT 25:26 «گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ”ئەی کۆیلەی بەدکار و تەوەزەل! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە،
MAT 25:27 دەبووایە زێڕەکەمت لە بانک دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە.
MAT 25:28 «”لەبەر ئەوە ئەو کیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زێڕەکەی پێیە،
MAT 25:29 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.
MAT 25:30 کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
MAT 25:31 «کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت.
MAT 25:32 هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە.
MAT 25:33 جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ.
MAT 25:34 «ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە،
MAT 25:35 چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە.
MAT 25:36 ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“
MAT 25:37 «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟
MAT 25:38 کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟
MAT 25:39 کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“
MAT 25:40 «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“
MAT 25:41 «دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە! لێم دوور بکەونەوە و بەرەو ئاگری هەتاهەتایی بڕۆن، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە،
MAT 25:42 چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ،
MAT 25:43 نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“
MAT 25:44 «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆیی یان ڕووتی یان نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“
MAT 25:45 «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“
MAT 25:46 «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»
MAT 26:1 کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو:
MAT 26:2 «دەزانن جەژنی پەسخە دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.»
MAT 26:3 ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە،
MAT 26:4 پێکەوە تەگبیریان دەکرد بۆ ئەوەی بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن.
MAT 26:5 گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»
MAT 26:6 کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو،
MAT 26:7 ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.
MAT 26:8 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەستبڵاوییەی بۆ چییە؟
MAT 26:9 دەکرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و پارەکەی بدرایە بە هەژاران.»
MAT 26:10 عیسا بەمەی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە بێزار دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد.
MAT 26:11 هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.
MAT 26:12 کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد.
MAT 26:13 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
MAT 26:14 ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا،
MAT 26:15 گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ ژمارد.
MAT 26:16 ئیتر لەو کاتەوە یەهوزا بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
MAT 26:17 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەکاریت بۆ بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»
MAT 26:18 فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“»
MAT 26:19 قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
MAT 26:20 کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە.
MAT 26:21 کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
MAT 26:22 ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، خۆ ئەو کەسە من نیم؟»
MAT 26:23 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات.
MAT 26:24 کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»
MAT 26:25 ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.»
MAT 26:26 کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەریبگرن و بیخۆن، ئەمە جەستەی منە.»
MAT 26:27 ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە،
MAT 26:28 چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت.
MAT 26:29 پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.»
MAT 26:30 ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.
MAT 26:31 ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.﴾
MAT 26:32 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»
MAT 26:33 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.»
MAT 26:34 عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەمشەو پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
MAT 26:35 پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت.
MAT 26:36 دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن هەتا دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.»
MAT 26:37 پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت.
MAT 26:38 پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.»
MAT 26:39 کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»
MAT 26:40 ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک ئێشکم لەگەڵ بگرن؟
MAT 26:41 ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»
MAT 26:42 دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ پەیڕەو بکرێت.»
MAT 26:43 کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو.
MAT 26:44 ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی کرد و هەمان شتی گوتەوە.
MAT 26:45 دوایی هاتەوە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کاتەکە نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران.
MAT 26:46 هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»
MAT 26:47 هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون.
MAT 26:48 ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.»
MAT 26:49 دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد.
MAT 26:50 عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان.
MAT 26:51 لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.
MAT 26:52 عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن.
MAT 26:53 ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟
MAT 26:54 بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»
MAT 26:55 لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم.
MAT 26:56 بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
MAT 26:57 ئەوانەی عیسایان گرت، بردیانە لای قەیافای سەرۆکی کاهینان، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە.
MAT 26:58 پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.
MAT 26:59 کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن.
MAT 26:60 بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن،
MAT 26:61 گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»
MAT 26:62 جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟»
MAT 26:63 بەڵام عیسا بێدەنگ بوو. سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای.»
MAT 26:64 عیسا پێی فەرموو: «خۆت گوتت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.»
MAT 26:65 ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو.
MAT 26:66 ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»
MAT 26:67 ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و
MAT 26:68 گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»
MAT 26:69 لەو کاتەدا پەترۆس لە دەرەوە، لە حەوشەکە دانیشتبوو. کارەکەرێک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»
MAT 26:70 ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێیت.»
MAT 26:71 ئینجا پەترۆس چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، کارەکەرێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»
MAT 26:72 دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
MAT 26:73 دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، شێوەزارەکەت ئاشکرات دەکات.»
MAT 26:74 جا دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەو پیاوە ناناسم!» دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی.
MAT 26:75 ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.
MAT 27:1 کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان کرد کە عیسا بکوژن.
MAT 27:2 جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.
MAT 27:3 ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا حوکمی بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و
MAT 27:4 گوتی: «گوناهم کرد کە ناپاکیم لە مرۆڤێکی بێتاوان کرد.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»
MAT 27:5 ئەویش زیوەکانی لە پەرستگا فڕێدا و چوو خۆی هەڵواسی.
MAT 27:6 بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.»
MAT 27:7 ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێ کڕی.
MAT 27:8 لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە هەتا ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن.
MAT 27:9 ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: ﴿سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە لەسەری خەمڵێنرا،
MAT 27:10 ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.﴾
MAT 27:11 عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟» عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.»
MAT 27:12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە.
MAT 27:13 پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟»
MAT 27:14 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
MAT 27:15 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات.
MAT 27:16 لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو.
MAT 27:17 لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
MAT 27:18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
MAT 27:19 کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.»
MAT 27:20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت.
MAT 27:21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»
MAT 27:22 پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»
MAT 27:23 ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»
MAT 27:24 پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
MAT 27:25 گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
MAT 27:26 ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
MAT 27:27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە.
MAT 27:28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان لەبەرکرد.
MAT 27:29 هەروەها تاجێکیان لە دڕک دروستکرد و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!»
MAT 27:30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا.
MAT 27:31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن.
MAT 27:32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
MAT 27:33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، کە بە واتای «شوێنی کاسەسەر» دێت،
MAT 27:34 شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە.
MAT 27:35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.
MAT 27:36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت.
MAT 27:37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.»
MAT 27:38 دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.
MAT 27:39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و
MAT 27:40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»
MAT 27:41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت:
MAT 27:42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر پاشای ئیسرائیلە، با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین!
MAT 27:43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا خودا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“»
MAT 27:44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون قسەیان پێ دەگوت.
MAT 27:45 لە کاتژمێر دوازدەوە هەتا سێ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا.
MAT 27:46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت.
MAT 27:47 کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
MAT 27:48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە،
MAT 27:49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات؟»
MAT 27:50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
MAT 27:51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگا لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و
MAT 27:52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە.
MAT 27:53 دوای هەستانەوەی عیسا، لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
MAT 27:54 کاتێک سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵی پاسەوانیی عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
MAT 27:55 زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد،
MAT 27:56 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
MAT 27:57 کاتێک ئێوارە داهات، پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو.
MAT 27:58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ.
MAT 27:59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و
MAT 27:60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت.
MAT 27:61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
MAT 27:62 بۆ بەیانی، کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە،
MAT 27:63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“
MAT 27:64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
MAT 27:65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.»
MAT 27:66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.
MAT 28:1 دوای شەممە لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکە هاتن تەماشای گۆڕەکە بکەن.
MAT 28:2 لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی یەزدان لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە، چوو بەردەکەی گلۆر کردەوە و لەسەری دانیشت.
MAT 28:3 ڕوخساری وەک بروسکە وابوو، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون.
MAT 28:4 پاسەوانەکان لە ترسی ئەو لەرزین و وەک مردوویان لێ هات.
MAT 28:5 بەڵام فریشتەکە بە ژنەکانی گوت: «مەترسن، چونکە دەزانم بە شوێن عیسای لەخاچدراودا دەگەڕێن.
MAT 28:6 ئەو لێرە نییە، هەروەک خۆی فەرمووی، هەستاوەتەوە. وەرن سەیری ئەو شوێنە بکەن کە لێی درێژکرابوو.
MAT 28:7 خێرا بڕۆن و بە قوتابییەکانی بڵێن: ”ئەو لەنێو مردوواندا هەستاوەتەوە، پێش ئێوە دەچێتە جەلیل، لەوێ دەیبینن.“ ئەوەتا پێم گوتن.»
MAT 28:8 دوو ژنەکە خێرا لەلای گۆڕەکە ڕۆیشتن، بە ترس و خۆشییەکی گەورەوە ڕایانکرد، بۆ ئەوەی هەواڵ بدەنە قوتابییەکانی.
MAT 28:9 ئەوە بوو عیسا تووشیان هات و فەرمووی: «سڵاو!» ئەمانیش چوونە پێشەوە، پێی عیسایان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد.
MAT 28:10 عیسا پێی فەرموون: «مەترسن، بڕۆن بە براکانم بڵێن با بچنە جەلیل، لەوێ دەمبینن.»
MAT 28:11 کە دەڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان هاتنە ناو شار و ئەوەی ڕوویدابوو بۆ کاهینانی باڵایان گێڕایەوە.
MAT 28:12 ئەوانیش لەگەڵ پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد، زیوێکی زۆریان دایە سەربازەکان و
MAT 28:13 گوتیان: «بڵێن، ”کاتێک ئێمە خەوتبووین، قوتابییەکانی لە شەودا هاتن و دزییان.“
MAT 28:14 ئەگەر ئەمەش لەلای فەرمانڕەوا بیسترا، ئەوا ڕازی دەکەین و لە کێشە و گرفت دەتانپارێزین.»
MAT 28:15 ئەوانیش زیوەکەیان وەرگرت و چۆن فێرکران، وایانکرد، ئیتر ئەم قسەیە هەتا ئەمڕۆش لەناو جولەکەدا بڵاو بووەتەوە.
MAT 28:16 ئیتر یازدە قوتابییەکە چوونە جەلیل، بۆ ئەو کێوەی عیسا فەرمانی پێدابوون.
MAT 28:17 کاتێک ئەویان بینی کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد.
MAT 28:18 عیسا لێیان نزیک بووەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ.
MAT 28:19 کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن،
MAT 28:20 فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.»
MAR 1:1 سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.
MAR 1:2 لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،﴾
MAR 1:3 ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾
MAR 1:4 یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین.
MAR 1:5 خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.
MAR 1:6 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێویی دەخوارد.
MAR 1:7 ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەتواناترە، تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە.
MAR 1:8 من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.»
MAR 1:9 لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات، کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا.
MAR 1:10 هەرکە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان شەق بوو، ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە.
MAR 1:11 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
MAR 1:12 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد.
MAR 1:13 چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو، شەیتان تاقی دەکردەوە، فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد.
MAR 1:14 دوای دەستگیرکردنی یەحیا، عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و
MAR 1:15 دەیفەرموو: «کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە. تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»
MAR 1:16 کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.
MAR 1:17 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.»
MAR 1:18 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
MAR 1:19 ئینجا کەمێک دوور کەوتەوە، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی، لەناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە.
MAR 1:20 یەکسەر بانگی کردن، ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن.
MAR 1:21 ئینجا عیسا و شوێنکەوتووانی چوونە شاری کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک.
MAR 1:22 خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.
MAR 1:23 لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد،
MAR 1:24 گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!»
MAR 1:25 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!»
MAR 1:26 ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.
MAR 1:27 هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.»
MAR 1:28 یەکسەر ناوبانگی عیسا بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.
MAR 1:29 کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس.
MAR 1:30 خەسووی شیمۆن لەناو جێگادا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد.
MAR 1:31 ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.
MAR 1:32 ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو.
MAR 1:33 هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە،
MAR 1:34 عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.
MAR 1:35 بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن.
MAR 1:36 شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان،
MAR 1:37 کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»
MAR 1:38 عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.»
MAR 1:39 ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لە کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.
MAR 1:40 پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو، لێی پاڕایەوە و چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
MAR 1:41 عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!»
MAR 1:42 دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.
MAR 1:43 دوای ئەوەی کە عیسا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە، دەستبەجێ بەڕێی کرد،
MAR 1:44 پێی فەرموو: «ئاگاداربە، هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
MAR 1:45 بەڵام ئەو ڕۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەر ئەوە عیسا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناو شار، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندا بوو و خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.
MAR 2:1 پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە بۆ کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە.
MAR 2:2 خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو، ئەویش دەستی کرد بە باسکردنی پەیامی خودای بۆیان.
MAR 2:3 لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو.
MAR 2:4 بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.
MAR 2:5 کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.»
MAR 2:6 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان:
MAR 2:7 «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
MAR 2:8 دەستبەجێ عیسا لە ڕۆحییەوە زانی کە ئەوان لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟
MAR 2:9 کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟
MAR 2:10 بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو:
MAR 2:11 «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
MAR 2:12 ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»
MAR 2:13 دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان.
MAR 2:14 لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
MAR 2:15 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون.
MAR 2:16 مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، کاتێک بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
MAR 2:17 کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
MAR 2:18 کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
MAR 2:19 عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن.
MAR 2:20 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
MAR 2:21 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەبێت.
MAR 2:22 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە مەشکەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
MAR 2:23 لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە.
MAR 2:24 فەریسییەکان پێیان گوت: «بڕوانە، بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟»
MAR 2:25 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟
MAR 2:26 لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆکی کاهینان، داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.»
MAR 2:27 ئینجا پێی فەرموون: «شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەک مرۆڤ بۆ شەممە.
MAR 2:28 کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
MAR 3:1 دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو،
MAR 3:2 ئیتر هەندێک لەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن.
MAR 3:3 عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەبەردەم هەمووان ڕابوەستە.»
MAR 3:4 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون.
MAR 3:5 بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە.
MAR 3:6 فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.
MAR 3:7 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە کشانەوە و خەڵکێکی زۆر لە جەلیل دوای کەوتن.
MAR 3:8 کاتێک هەموو ئەو شتانەیان بیست کە دەیکرد، خەڵکێکی زۆر لە یەهودیا، ئۆرشەلیم، ئادومیا، ئەوبەری ڕووباری ئوردون و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای.
MAR 3:9 ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر.
MAR 3:10 لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن.
MAR 3:11 ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!»
MAR 3:12 ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان لەلای کەس باسی نەکەن.
MAR 3:13 عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای.
MAR 3:14 دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و
MAR 3:15 دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس.
MAR 3:16 ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس،
MAR 3:17 یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە،
MAR 3:18 هەروەها ئەندراوس، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، تەداوس، شیمۆنی کانەوی و
MAR 3:19 یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
MAR 3:20 عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک کە نەیانتوانی نان بخۆن.
MAR 3:21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»
MAR 3:22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول دەستی بەسەردا گرتووە، بە شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
MAR 3:23 عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟
MAR 3:24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت.
MAR 3:25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت.
MAR 3:26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت.
MAR 3:27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات.
MAR 3:28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت،
MAR 3:29 بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.»
MAR 3:30 ئەمەی فەرموو، چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»
MAR 3:31 دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا.
MAR 3:32 خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»
MAR 3:33 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایک و براکانم کێن؟»
MAR 3:34 چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن.
MAR 3:35 ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»
MAR 4:1 دیسان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، تاکو وای لێهات چووە ناو بەلەمێکی ناو ئاوەکە دانیشێت، هەموو خەڵکەکەش لە نزیک ئاوەکە لەسەر وشکانی بوون.
MAR 4:2 بە نموونە زۆر شتی فێرکردن، لە فێرکردنەکەیدا پێیانی فەرموو:
MAR 4:3 «گوێ بگرن، جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات.
MAR 4:4 کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن.
MAR 4:5 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو.
MAR 4:6 بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو.
MAR 4:7 هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن و بەرهەمیان نەدا.
MAR 4:8 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و گەشەیان کرد و بەرهەمیان دا، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»
MAR 4:9 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»
MAR 4:10 کاتێک عیسا بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە، دەربارەی نموونەکە لێیان پرسی.
MAR 4:11 ئەویش پێی فەرموون: «نهێنی شانشینی خودا بە ئێوە دراوە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت،
MAR 4:12 بۆ ئەوەی «﴿بە سەیرکردن سەیر بکەن، بەڵام نەبینن، بە بیستن ببیستن، بەڵام تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و ببەخشرێن!﴾»
MAR 4:13 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە نموونەکانی دیکە تێدەگەن؟
MAR 4:14 جوتیارەکە پەیامی خودا تۆو دەکات.
MAR 4:15 هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کە پەیامەکەیان لێ تۆو دەکرێت، کاتێک دەیبیستن دەستبەجێ شەیتان دێت و ئەو پەیامە دەبات کە تێیاندا تۆوکراوە.
MAR 4:16 ئەوانەی دیکە کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن،
MAR 4:17 بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن، چونکە ڕەگیان نییە. دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.
MAR 4:18 ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا تۆوکران، ئەمانە ئەوەن کە پەیامەکە دەبیستن،
MAR 4:19 بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە دێنە ناوەوە و پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن.
MAR 4:20 ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی باش تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»
MAR 4:21 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا خەڵکی چرا هەڵدەکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشت یان نوێنەوە؟ باشە لەسەر چرادان داینانێن؟
MAR 4:22 چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
MAR 4:23 ئەگەر یەکێک گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.»
MAR 4:24 هەروەها پێی فەرموون: «وردببنەوە لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە و زیاتریشتان دەداتێ،
MAR 4:25 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.»
MAR 4:26 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی.
MAR 4:27 شەو دەخەوێت و ڕۆژ هەڵدەستێت، تۆوەکە سەر دەردەکات و گەشە دەکات، ئەویش نازانێت چۆن دەبێت.
MAR 4:28 زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا، ئینجا گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی تەواو.
MAR 4:29 بەڵام کاتێک بەرەکە پێدەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات، چونکە دروێنەی هاتووە.»
MAR 4:30 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چ نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە؟
MAR 4:31 شانشینی خودا وەک دەنکە خەرتەلەیەکە، کاتێک لەسەر زەوی تۆو دەکرێت، لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە.
MAR 4:32 کاتێک تۆو دەکرێت، گەشە دەکات و لە هەموو ڕووەکەکان گەورەتر دەبێت و لقی گەورە دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن.»
MAR 4:33 هەتا ئەو ئاستەی دەیانتوانی لێی تێبگەن، عیسا بە زۆر نموونەی لەو شێوەیە خەڵکی فێر دەکرد.
MAR 4:34 بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، بەڵام کاتێک بە تەنها دەبوو لەگەڵ قوتابییەکانی خۆی هەموو واتاکانی بۆ ڕوون دەکردنەوە.
MAR 4:35 هەر ئەو ڕۆژە، کاتێک ئێوارە داهات، بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بپەڕینەوە ئەوبەر.»
MAR 4:36 ئەوانیش خەڵکەکەیان بەجێهێشت و بە هەمان بەلەم عیسایان برد؛ بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو.
MAR 4:37 ئینجا ڕەشەبایەکی توند هەڵیکرد، شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا، کە خەریک بوو پڕبێت لە ئاو.
MAR 4:38 عیسا لە دواوە سەری خستبووە سەر سەرینێک و خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر لەناوبچین؟»
MAR 4:39 ئەویش هەستا و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی و بە دەریاچەکەی فەرموو: «بێدەنگ بە! هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو.
MAR 4:40 ئینجا پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ هێشتا باوەڕتان نییە؟»
MAR 4:41 ئەوانیش تۆقین و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»
MAR 5:1 ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین.
MAR 5:2 کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو،
MAR 5:3 لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش.
MAR 5:4 زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.
MAR 5:5 شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.
MAR 5:6 کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد.
MAR 5:7 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!»
MAR 5:8 چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»
MAR 5:9 ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە، چونکە ئێمە زۆرین.»
MAR 5:10 زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.
MAR 5:11 لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان،
MAR 5:12 ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.»
MAR 5:13 ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
MAR 5:14 بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە.
MAR 5:15 کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان.
MAR 5:16 ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە.
MAR 5:17 ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.
MAR 5:18 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات.
MAR 5:19 ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.»
MAR 5:20 جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.
MAR 5:21 دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە.
MAR 5:22 یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و
MAR 5:23 زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.»
MAR 5:24 عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.
MAR 5:25 ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو.
MAR 5:26 بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو.
MAR 5:27 باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا،
MAR 5:28 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»
MAR 5:29 دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.
MAR 5:30 یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»
MAR 5:31 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»
MAR 5:32 بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد.
MAR 5:33 ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت.
MAR 5:34 ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»
MAR 5:35 کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
MAR 5:36 عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»
MAR 5:37 نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت.
MAR 5:38 هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە.
MAR 5:39 چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
MAR 5:40 بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو.
MAR 5:41 دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت.
MAR 5:42 کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون.
MAR 5:43 بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.
MAR 6:1 عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن.
MAR 6:2 کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون. گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن!
MAR 6:3 ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» ئیتر ڕەتیان کردەوە.
MAR 6:4 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، لە شاری خۆی و لەنێوان خزم و کەسوکار و ماڵی خۆی نەبێت.»
MAR 6:5 ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە.
MAR 6:6 لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.
MAR 6:7 دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی بەسەر ڕۆحە پیسەکاندا پێدان.
MAR 6:8 ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن،
MAR 6:9 پێڵاو لە پێ بکەن بەڵام کراسی زیادە لەبەر مەکەن.
MAR 6:10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن.
MAR 6:11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
MAR 6:12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا.
MAR 6:13 ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.
MAR 6:14 هێرۆدسی پاشا لەم بارەیەوە بیستی، چونکە ناوی عیسا دەنگیدابووەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
MAR 6:15 خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.»
MAR 6:16 بەڵام هێرۆدس کاتێک بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!»
MAR 6:17 هێرۆدس لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خۆی خواستبووی، ناردبووی و یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە،
MAR 6:18 لەبەر ئەوەی یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.»
MAR 6:19 ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی،
MAR 6:20 چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت.
MAR 6:21 لە کۆتاییدا دەرفەتێک ڕێککەوت. هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی جەلیل سازکرد.
MAR 6:22 کچی هێرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابووەوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.»
MAR 6:23 سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.»
MAR 6:24 ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.»
MAR 6:25 دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.»
MAR 6:26 پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە.
MAR 6:27 پاشا یەکسەر جەلادی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری پەڕاند،
MAR 6:28 لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی.
MAR 6:29 قوتابییەکانی یەحیا بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.
MAR 6:30 نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە و هەموو ئەو کارە و فێرکردنانەیان بۆ گێڕایەوە کە کردبوویان.
MAR 6:31 ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو.
MAR 6:32 ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ.
MAR 6:33 بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن.
MAR 6:34 کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون، هەر بۆیە دەستی کرد بە فێرکردنیان بە زۆر شت.
MAR 6:35 کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە.
MAR 6:36 بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
MAR 6:37 بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟»
MAR 6:38 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان و دوو ماسی.»
MAR 6:39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن.
MAR 6:40 بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا.
MAR 6:41 ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد.
MAR 6:42 هەموو خواردیان و تێر بوون.
MAR 6:43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە.
MAR 6:44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون.
MAR 6:45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێت‌سەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات.
MAR 6:46 دوای بەڕێکردنیان، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.
MAR 6:47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لە ناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو.
MAR 6:48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت.
MAR 6:49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد،
MAR 6:50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.»
MAR 6:51 ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و ڕەشەباکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون،
MAR 6:52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن؛ دڵیان هەر ڕەق بوو.
MAR 6:53 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت.
MAR 6:54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە.
MAR 6:55 بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە.
MAR 6:56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.
MAR 7:1 فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە.
MAR 7:2 بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتا بێ دەست شوشتن،
MAR 7:3 چونکە فەریسی و هەموو جولەکەکان نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە،
MAR 7:4 هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.
MAR 7:5 فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە عیسایان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»
MAR 7:6 ئەویش پێی فەرموون: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە: «﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە.
MAR 7:7 بەخۆڕایی دەمپەرستن، تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾
MAR 7:8 ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»
MAR 7:9 دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن.
MAR 7:10 ئەوەتا موسا گوتوویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾
MAR 7:11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ کە دیارییە بۆ خودا،
MAR 7:12 ئیتر نایەڵن هیچ شتێک بۆ دایک یان باوکی بکات.
MAR 7:13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»
MAR 7:14 دیسان عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن.
MAR 7:15 شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.
MAR 7:16 [ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.]»
MAR 7:17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد.
MAR 7:18 پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟
MAR 7:19 چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.
MAR 7:20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات،
MAR 7:21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن،
MAR 7:22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی.
MAR 7:23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»
MAR 7:24 عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە.
MAR 7:25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت.
MAR 7:26 ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.
MAR 7:27 ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
MAR 7:28 بەڵام ژنەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»
MAR 7:29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»
MAR 7:30 کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکەی لێ دەرچووبوو.
MAR 7:31 ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدادا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا.
MAR 7:32 کەڕێکی لاڵەپەتەیان بۆ هێنا و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.
MAR 7:33 عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی دا بە دەستی خۆی و پاشان دەستی لە زمانی دا.
MAR 7:34 چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتا بکرێوە.
MAR 7:35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.
MAR 7:36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپاردن ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە.
MAR 7:37 زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»
MAR 8:1 لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە. لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون:
MAR 8:2 «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن.
MAR 8:3 ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»
MAR 8:4 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»
MAR 8:5 لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت.»
MAR 8:6 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد.
MAR 8:7 چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی خودای کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت.
MAR 8:8 ئیتر خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.
MAR 8:9 ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. دوای ئەوەی کە عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد،
MAR 8:10 یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.
MAR 8:11 فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
MAR 8:12 عیسا لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.»
MAR 8:13 ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.
MAR 8:14 قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو.
MAR 8:15 عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»
MAR 8:16 لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێ نییە.»
MAR 8:17 عیسا کە بەمەی دەزانی، پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێ نییە؟ ئایا هێشتا نابینن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەر ڕەقە؟
MAR 8:18 خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟
MAR 8:19 کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»
MAR 8:20 «ئەی کاتی حەوت نانەکە بۆ چوار هەزار کەسەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»
MAR 8:21 ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»
MAR 8:22 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات.
MAR 8:23 ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»
MAR 8:24 پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»
MAR 8:25 دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی.
MAR 8:26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»
MAR 8:27 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»
MAR 8:28 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»
MAR 8:29 لێی پرسین: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت.»
MAR 8:30 جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.
MAR 8:31 ئینجا دەستی کرد بە فێرکردنیان کە کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە.
MAR 8:32 عیسا قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد کە پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.
MAR 8:33 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»
MAR 8:34 ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.
MAR 8:35 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.
MAR 8:36 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟
MAR 8:37 یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟
MAR 8:38 ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی باوکیەوە لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە.»
MAR 9:1 ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێت.»
MAR 9:2 دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن. پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا.
MAR 9:3 جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات.
MAR 9:4 ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
MAR 9:5 پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
MAR 9:6 نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون.
MAR 9:7 هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»
MAR 9:8 کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.
MAR 9:9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە.
MAR 9:10 ئەوانیش بابەتەکەیان لەنێو خۆیاندا هێشتەوە و لەبارەی هەستانەوەی نێو مردووانەوە دەستیان بە گفتوگۆ کرد.
MAR 9:11 جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
MAR 9:12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. کەواتە بۆچی دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟
MAR 9:13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
MAR 9:14 کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی دیکە، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن.
MAR 9:15 کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد بەرەوپیری و سڵاویان لێکرد.
MAR 9:16 عیسا لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
MAR 9:17 یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە.
MAR 9:18 لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
MAR 9:19 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
MAR 9:20 ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
MAR 9:21 عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» گوتی: «لە منداڵییەوە.
MAR 9:22 زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر یان ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»
MAR 9:23 عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
MAR 9:24 یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
MAR 9:25 عیسا کە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
MAR 9:26 ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.»
MAR 9:27 بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
MAR 9:28 عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
MAR 9:29 پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
MAR 9:30 لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت،
MAR 9:31 چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»
MAR 9:32 بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.
MAR 9:33 ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، عیسا لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟»
MAR 9:34 بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.
MAR 9:35 عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
MAR 9:36 ئینجا منداڵێکی هێنا و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون:
MAR 9:37 «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
MAR 9:38 یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
MAR 9:39 عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات،
MAR 9:40 چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە.
MAR 9:41 ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
MAR 9:42 «ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە.
MAR 9:43 ئەگەر دەستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخەوە، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە.
MAR 9:44 [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.]
MAR 9:45 ئەگەر پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە پێیەکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی کە بە دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
MAR 9:46 [لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.]
MAR 9:47 ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
MAR 9:48 «﴿لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.﴾
MAR 9:49 هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
MAR 9:50 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»
MAR 10:1 ئینجا عیسا ئەوێی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون. دیسان خەڵک لێی کۆبوونەوە، وەک نەریتی خۆی فێری دەکردن.
MAR 10:2 هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
MAR 10:3 وەڵامی دایەوە: «موسا فەرمانی چی پێ کردوون؟»
MAR 10:4 گوتیان: «موسا ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و لە ژنەکەی جودا ببێتەوە.»
MAR 10:5 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین.
MAR 10:6 بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان.﴾
MAR 10:7 ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت،
MAR 10:8 ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن.
MAR 10:9 لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
MAR 10:10 لە ماڵەوەش، قوتابییەکان دیسان لەم بارەیەوە لێیان پرسی.
MAR 10:11 پێی فەرموون: «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی بەرامبەر دەکات.
MAR 10:12 ئەگەر ژن مێردەکەی تەڵاق بدات و مێرد بە یەکێکی دیکە بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
MAR 10:13 خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
MAR 10:14 کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.
MAR 10:15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
MAR 10:16 منداڵەکانیشی لە باوەش کرد، دەستی لەسەر دانان و بەرەکەتی پێدان.
MAR 10:17 کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
MAR 10:18 عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
MAR 10:19 ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾»
MAR 10:20 ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.»
MAR 10:21 عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.»
MAR 10:22 بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
MAR 10:23 عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!»
MAR 10:24 قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونە ناو شانشینی خودا چەند زەحمەتە!
MAR 10:25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
MAR 10:26 جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
MAR 10:27 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
MAR 10:28 پەترۆس دەستی بە قسە کرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.»
MAR 10:29 عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت،
MAR 10:30 ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ، برا، خوشک، دایک، منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.
MAR 10:31 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
MAR 10:32 بە ڕێگاوە بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت.
MAR 10:33 فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان،
MAR 10:34 گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.»
MAR 10:35 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.»
MAR 10:36 ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
MAR 10:37 وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.»
MAR 10:38 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم؟»
MAR 10:39 وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن.
MAR 10:40 بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.»
MAR 10:41 کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانی یاقوب و یۆحەنایان بیستەوە، لێیان تووڕە بوون،
MAR 10:42 بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن.
MAR 10:43 بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان.
MAR 10:44 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان،
MAR 10:45 چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
MAR 10:46 ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو.
MAR 10:47 کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
MAR 10:48 زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
MAR 10:49 عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.»
MAR 10:50 ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستا و هاتە لای عیسا.
MAR 10:51 عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.»
MAR 10:52 عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.
MAR 11:1 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد،
MAR 11:2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن.
MAR 11:3 ئەگەر یەکێک لێی پرسین: ”بۆ ئەمە دەکەن؟“ بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“»
MAR 11:4 چوون و بینییان وا جاشکێک لەسەر ڕێگاکە، لەبەر دەرگای ماڵێک بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە.
MAR 11:5 هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟»
MAR 11:6 وەک ئەوەی عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان.
MAR 11:7 جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو.
MAR 11:8 زۆر کەسیش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە.
MAR 11:9 ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «﴿هۆسانا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾»
MAR 11:10 «پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!» «هۆسانا بۆ خودا!»
MAR 11:11 عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کات درەنگ بوو، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێت‌عەنیا.
MAR 11:12 بۆ بەیانی کە بێت‌عەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو.
MAR 11:13 لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، بەرەو لای چوو بە ئومێدی ئەوەی شتێکی پێوە ببینێ. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو.
MAR 11:14 ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو.
MAR 11:15 هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد.
MAR 11:16 نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت.
MAR 11:17 فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان﴾؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾»
MAR 11:18 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون.
MAR 11:19 کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار.
MAR 11:20 بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە.
MAR 11:21 پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!»
MAR 11:22 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت.
MAR 11:23 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت.
MAR 11:24 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت.
MAR 11:25 کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت.
MAR 11:26 [بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.]»
MAR 11:27 دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا دەگەڕا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و
MAR 11:28 لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟»
MAR 11:29 عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم:
MAR 11:30 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!»
MAR 11:31 لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“
MAR 11:32 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا.
MAR 11:33 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
MAR 12:1 عیسا بە نموونە دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد.
MAR 12:2 لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت.
MAR 12:3 بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە.
MAR 12:4 دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ لایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد.
MAR 12:5 یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.
MAR 12:6 «تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
MAR 12:7 «بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“
MAR 12:8 ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.
MAR 12:9 «خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.
MAR 12:10 ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە.
MAR 12:11 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾؟»
MAR 12:12 کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.
MAR 12:13 کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن.
MAR 12:14 هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و لە کەس سڵ ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟»
MAR 12:15 بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.»
MAR 12:16 هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر.»
MAR 12:17 عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئیتر زۆر پێی سەرسام بوون.
MAR 12:18 سەدوقییەکان، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد:
MAR 12:19 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.
MAR 12:20 حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد.
MAR 12:21 دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا.
MAR 12:22 هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.
MAR 12:23 ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
MAR 12:24 عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا؟
MAR 12:25 کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.
MAR 12:26 بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟
MAR 12:27 ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»
MAR 12:28 یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لە گفتوگۆکەیان بوو، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»
MAR 12:29 عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ﴿ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،
MAR 12:30 جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾
MAR 12:31 لەدوای ئەویش ئەمەیە، ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»
MAR 12:32 مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە.
MAR 12:33 خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، لە هەموو جۆرە قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوێک باشترە.»
MAR 12:34 عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.
MAR 12:35 کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟
MAR 12:36 داود خۆی بە سروشی ڕۆحی پیرۆز گوتی: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾
MAR 12:37 داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟» خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.
MAR 12:38 لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت،
MAR 12:39 لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە.
MAR 12:40 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
MAR 12:41 عیسا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا.
MAR 12:42 بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە.
MAR 12:43 قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە،
MAR 12:44 چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»
MAR 13:1 کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»
MAR 13:2 عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»
MAR 13:3 کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی:
MAR 13:4 «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»
MAR 13:5 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات.
MAR 13:6 زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن.
MAR 13:7 کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.
MAR 13:8 نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە سەرەتای ژانەکانن.
MAR 13:9 «ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت. لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان.
MAR 13:10 هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.
MAR 13:11 کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.
MAR 13:12 «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.
MAR 13:13 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
MAR 13:14 «کاتێک ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾ دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ (با خوێنەر تێبگات)، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن،
MAR 13:15 ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەوە ببات،
MAR 13:16 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.
MAR 13:17 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر!
MAR 13:18 نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت،
MAR 13:19 چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هەر لە سەرەتای دروستکردنی بەدیهێنراوانەوە لە لایەن خودا هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
MAR 13:20 «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کەم نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە.
MAR 13:21 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن،
MAR 13:22 چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن.
MAR 13:23 بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.
MAR 13:24 «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە، «﴿خۆر تاریک دەبێت و مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
MAR 13:25 ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾
MAR 13:26 «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.
MAR 13:27 ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە کۆدەکاتەوە، لەم سەری زەوییەوە هەتا ئەو سەری ئاسمان.
MAR 13:28 «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە.
MAR 13:29 بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.
MAR 13:30 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
MAR 13:31 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
MAR 13:32 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت.
MAR 13:33 کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت.
MAR 13:34 وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.
MAR 13:35 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی.
MAR 13:36 نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون.
MAR 13:37 جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»
MAR 14:1 جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن،
MAR 14:2 گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»
MAR 14:3 کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند.
MAR 14:4 بەڵام هەندێک تووڕە بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟
MAR 14:5 دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد.
MAR 14:6 بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆچی بێزاری دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد.
MAR 14:7 هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.
MAR 14:8 ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد.
MAR 14:9 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
MAR 14:10 یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
MAR 14:11 کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
MAR 14:12 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، کە بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»
MAR 14:13 ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون.
MAR 14:14 لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“
MAR 14:15 ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.»
MAR 14:16 قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
MAR 14:17 کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات.
MAR 14:18 پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.»
MAR 14:19 خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ ئەو کەسە من نیم؟»
MAR 14:20 پێی فەرموون: «یەکێکە لەم دوازدەیە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە.
MAR 14:21 کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»
MAR 14:22 کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن، ئەمە جەستەی منە.»
MAR 14:23 ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و هەموو لێیان خواردەوە.
MAR 14:24 پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت.
MAR 14:25 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.»
MAR 14:26 ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.
MAR 14:27 عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرت دەبن.﴾
MAR 14:28 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»
MAR 14:29 پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.»
MAR 14:30 عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
MAR 14:31 بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.
MAR 14:32 پاشان چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.»
MAR 14:33 ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد.
MAR 14:34 پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.»
MAR 14:35 کەمێک دوور کەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت.
MAR 14:36 فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»
MAR 14:37 گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک ئێشک بگریت؟
MAR 14:38 ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.»
MAR 14:39 دیسان ڕۆیشتەوە و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە.
MAR 14:40 کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە.
MAR 14:41 سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران.
MAR 14:42 هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»
MAR 14:43 کاتێک هێشتا عیسا قسەی دەکرد، لەناکاو یەهوزا گەیشت کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو.
MAR 14:44 ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.»
MAR 14:45 هەرکە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!» و ماچی کرد.
MAR 14:46 ئیتر دەستبەسەریان کرد و گرتییان.
MAR 14:47 بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.
MAR 14:48 عیساش پێی فەرموون: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟
MAR 14:49 ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.»
MAR 14:50 ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
MAR 14:51 گەنجێک دوای عیسا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک گرتیان،
MAR 14:52 کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد.
MAR 14:53 عیسایان بردە لای سەرۆکی کاهینان، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە.
MAR 14:54 پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە.
MAR 14:55 کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت.
MAR 14:56 کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە.
MAR 14:57 هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان:
MAR 14:58 «گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردی مرۆڤە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت.“»
MAR 14:59 لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو.
MAR 14:60 سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟»
MAR 14:61 بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟»
MAR 14:62 عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.»
MAR 14:63 سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟
MAR 14:64 خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە.
MAR 14:65 هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.
MAR 14:66 پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشەکە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆکی کاهینان هات.
MAR 14:67 پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.»
MAR 14:68 بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. [ئینجا کەڵەشێر خوێندی.]
MAR 14:69 کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.»
MAR 14:70 دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان گوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.»
MAR 14:71 دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.»
MAR 14:72 دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەکەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا.
MAR 15:1 هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆس.
MAR 15:2 پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.»
MAR 15:3 کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد.
MAR 15:4 پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»
MAR 15:5 بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو.
MAR 15:6 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد.
MAR 15:7 پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو.
MAR 15:8 ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان.
MAR 15:9 پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»
MAR 15:10 چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو.
MAR 15:11 بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.
MAR 15:12 پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»
MAR 15:13 هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
MAR 15:14 پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!»
MAR 15:15 پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
MAR 15:16 سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە.
MAR 15:17 کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا.
MAR 15:18 دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!»
MAR 15:19 بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد.
MAR 15:20 کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە.
MAR 15:21 ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
MAR 15:22 ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتا «شوێنی کاسەسەر».
MAR 15:23 شەرابی تێکەڵ بە موڕیان پێدا، بەڵام نەیخواردەوە.
MAR 15:24 لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.
MAR 15:25 کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو،
MAR 15:26 ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە.
MAR 15:27 دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. [
MAR 15:28 نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾]
MAR 15:29 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا،
MAR 15:30 خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»
MAR 15:31 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات!
MAR 15:32 با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.
MAR 15:33 کە بووە کاتژمێر دوازدە تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ.
MAR 15:34 لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت.
MAR 15:35 کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»
MAR 15:36 یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟»
MAR 15:37 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.
MAR 15:38 پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.
MAR 15:39 ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!»
MAR 15:40 چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران.
MAR 15:41 ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.
MAR 15:42 ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شەممە،
MAR 15:43 یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.
MAR 15:44 پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە.
MAR 15:45 کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف.
MAR 15:46 ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە.
MAR 15:47 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.
MAR 16:1 کە ڕۆژی شەممە تەواو بوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب بۆنوبەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن.
MAR 16:2 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە.
MAR 16:3 بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
MAR 16:4 بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.
MAR 16:5 جا چوونە ناو گۆڕەکە و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئیتر تاسان.
MAR 16:6 پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراودا دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا.
MAR 16:7 بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
MAR 16:8 ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و هەڵاتن. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان. [
MAR 16:9 دوای ئەوەی عیسا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو.
MAR 16:10 ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ عیسادا بوون و شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان.
MAR 16:11 کاتێک بیستیان عیسا زیندوو بووەتەوە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.
MAR 16:12 لە دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لە قوتابییەکان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون.
MAR 16:13 جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.
MAR 16:14 پاشان عیسا بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.
MAR 16:15 پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن.
MAR 16:16 ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت.
MAR 16:17 ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن،
MAR 16:18 بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»
MAR 16:19 لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت.
MAR 16:20 ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.]
LUK 1:1 ئەی ساوفیلۆسی پایەبەرز، زۆر کەس هەستان بە داڕشتنی چیرۆکی ئەو شتانەی لەلای ئێمە هاتنە دی،
LUK 1:2 وەک ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پێمان گەیشت کە لە سەرەتاوە شایەتحاڵ و خزمەتکاری پەیامەکە بوون.
LUK 1:3 لەدوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد، ئێستاش بە باشم زانی بە ڕیزبەندی بۆت بنووسم،
LUK 1:4 تاکو لە ڕاستی ئەو قسانە دڵنیابی کە فێرکراوی.
LUK 1:5 لەو سەردەمەی هێرۆدسی باوک پاشای یەهودیا بوو، کاهینێک لە نۆرەی نەوەی ئەبیا هەبوو کە ناوی زەکەریا بوو، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو.
LUK 1:6 هەردووکیان لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی یەزدان.
LUK 1:7 بەڵام منداڵیان نەدەبوو، چونکە ئەلیسابات نەزۆک بوو، هەردووکیشیان بە ساڵدا چووبوون.
LUK 1:8 کاتێک زەکەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا کاروباری کاهینیێتی جێبەجێ دەکرد لەبەردەم خودا،
LUK 1:9 بەگوێرەی نەریتی کاهینیێتی، تیروپشکی کەوتە سەر تاکو بچێتە ناو پەرستگای یەزدان و بخوور بسووتێنێت.
LUK 1:10 لە کاتی سووتانی بخوورەکەدا، خەڵکی هەموو لە دەرەوە نوێژیان دەکرد.
LUK 1:11 لەوێ فریشتەیەکی یەزدانی بۆ دەرکەوت، لەلای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوەستابوو.
LUK 1:12 کاتێک زەکەریا فریشتەکەی بینی، پەشۆکا و ترسی لێ نیشت.
LUK 1:13 بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا.
LUK 1:14 ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن،
LUK 1:15 چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و
LUK 1:16 زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە.
LUK 1:17 بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.»
LUK 1:18 زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟»
LUK 1:19 فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ.
LUK 1:20 ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.»
LUK 1:21 خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا.
LUK 1:22 کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە.
LUK 1:23 کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ.
LUK 1:24 دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت:
LUK 1:25 «یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.»
LUK 1:26 کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو،
LUK 1:27 بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو.
LUK 1:28 جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.»
LUK 1:29 بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت.
LUK 1:30 فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا.
LUK 1:31 ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا.
LUK 1:32 پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە.
LUK 1:33 هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.»
LUK 1:34 بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟»
LUK 1:35 فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت.
LUK 1:36 ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە،
LUK 1:37 چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.»
LUK 1:38 مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.
LUK 1:39 لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا.
LUK 1:40 چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد.
LUK 1:41 کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز.
LUK 1:42 ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت!
LUK 1:43 بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟
LUK 1:44 چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە.
LUK 1:45 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.»
LUK 1:46 مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
LUK 1:47 ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
LUK 1:48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
LUK 1:49 چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو.
LUK 1:50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە.
LUK 1:51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
LUK 1:52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
LUK 1:53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
LUK 1:54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
LUK 1:55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»
LUK 1:56 مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.
LUK 1:57 ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو.
LUK 1:58 جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون.
LUK 1:59 لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا.
LUK 1:60 بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا.»
LUK 1:61 پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.»
LUK 1:62 ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت.
LUK 1:63 تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون.
LUK 1:64 دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودا.
LUK 1:65 هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی.
LUK 1:66 هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو.
LUK 1:67 زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد و گوتی:
LUK 1:68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە.
LUK 1:69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە، لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
LUK 1:70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
LUK 1:71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و هەموو ناحەزانمان،
LUK 1:72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
LUK 1:73 واتا ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
LUK 1:74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و بێ ترس ئەو بپەرستین،
LUK 1:75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین.
LUK 1:76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
LUK 1:77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
LUK 1:78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
LUK 1:79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»
LUK 1:80 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە‏ چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.
LUK 2:1 لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی ناونووس بکرێت.
LUK 2:2 ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو.
LUK 2:3 ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی.
LUK 2:4 یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێت‌لەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو،
LUK 2:5 تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە دەستگیرانی بوو و سکی هەبوو.
LUK 2:6 کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات.
LUK 2:7 جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.
LUK 2:8 لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت.
LUK 2:9 فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆمەندی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت.
LUK 2:10 فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە.
LUK 2:11 ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی خاوەن شکۆیە.
LUK 2:12 ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.»
LUK 2:13 لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت:
LUK 2:14 «شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.»
LUK 2:15 کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێت‌لەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.»
LUK 2:16 خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە.
LUK 2:17 کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو.
LUK 2:18 هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن.
LUK 2:19 بەڵام مریەم هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت و لێکی دەدایەوە.
LUK 2:20 شوانەکان گەڕانەوە و خودایان شکۆدار کرد و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو.
LUK 2:21 لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات، هەر ئەو کاتەش ناوی لێنرا عیسا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا، پێش ئەوەی مریەم سکی پڕبێت.
LUK 2:22 پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا،
LUK 2:23 کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: ﴿هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت‏.﴾
LUK 2:24 بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: ﴿دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر‏.﴾
LUK 2:25 پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو.
LUK 2:26 بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت.
LUK 2:27 بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن،
LUK 2:28 شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد:
LUK 2:29 «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە.
LUK 2:30 ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی،
LUK 2:31 ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە،
LUK 2:32 هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.»
LUK 2:33 دایک و باوکی سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا.
LUK 2:34 شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت،
LUK 2:35 هەتا نیازی دڵی زۆر‏ کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»
LUK 2:36 پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو،
LUK 2:37 پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵ. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ بە نوێژ و ڕۆژوو خودای دەپەرست.
LUK 2:38 هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی ئۆرشەلیم بوون.
LUK 2:39 کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل.
LUK 2:40 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی و نیعمەتی خوداشی لەسەر بوو.
LUK 2:41 دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم.
LUK 2:42 کاتێک عیسا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن.
LUK 2:43 دوای تەواوبوونی جەژن و لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی بزانن، عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە.
LUK 2:44 لەبەر ئەوەی پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن. دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان.
LUK 2:45 کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن.
LUK 2:46 دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات.
LUK 2:47 هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون.
LUK 2:48 کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»
LUK 2:49 وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟»
LUK 2:50 بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.
LUK 2:51 ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو. مریەمی دایکی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە.
LUK 2:52 عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.
LUK 3:1 لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو،
LUK 3:2 لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات.
LUK 3:3 ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین.
LUK 3:4 وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
LUK 3:5 هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و سەختەکانیش ئاسان دەبن،
LUK 3:6 هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!﴾
LUK 3:7 یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
LUK 3:8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.
LUK 3:9 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»
LUK 3:10 خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»
LUK 3:11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»
LUK 3:12 باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»
LUK 3:13 پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.»
LUK 3:14 سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن.»
LUK 3:15 گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت.
LUK 3:16 یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت.
LUK 3:17 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
LUK 3:18 بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.
LUK 3:19 بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی،
LUK 3:20 ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد.
LUK 3:21 کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا. کاتێک کە عیسا نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە و
LUK 3:22 ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە و دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
LUK 3:23 کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی، کوڕی هەلی،
LUK 3:24 کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی، کوڕی مەلکی، کوڕی یەننا، کوڕی یوسف،
LUK 3:25 کوڕی مەتاسیا، کوڕی ئامۆس، کوڕی ناحوم، کوڕی هەسلی، کوڕی نەجای،
LUK 3:26 کوڕی ماس، کوڕی مەتاسیا، کوڕی شیمعی، کوڕی یوسف، کوڕی یەهوزا،
LUK 3:27 کوڕی یواننا، کوڕی ڕیسا، کوڕی زروبابل، کوڕی شەئەلتیێل، کوڕی نیری،
LUK 3:28 کوڕی مەلکی، کوڕی ئادی، کوڕی کوسام، کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر،
LUK 3:29 کوڕی یەشوع، کوڕی ئەلیعەزەر، کوڕی یوریم، کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی،
LUK 3:30 کوڕی شیمۆن، کوڕی یەهودا، کوڕی یوسف، کوڕی یۆنام، کوڕی ئەلیاقیم،
LUK 3:31 کوڕی مەلیا، کوڕی مەننا، کوڕی مەتاسا، کوڕی ناتان، کوڕی داود،
LUK 3:32 کوڕی یەسا، کوڕی عوبێد، کوڕی بۆعەز، کوڕی سەلمۆن، کوڕی نەحشۆن،
LUK 3:33 کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام، کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز، کوڕی یەهودا،
LUK 3:34 کوڕی یاقوب، کوڕی ئیسحاق، کوڕی ئیبراهیم، کوڕی تارەح، کوڕی ناحۆر،
LUK 3:35 کوڕی سەروگ، کوڕی ڕەعو، کوڕی پەلەگ، کوڕی عێبەر، کوڕی شالەح،
LUK 3:36 کوڕی کێنان، کوڕی ئەرپەکشاد، کوڕی سام، کوڕی نوح، کوڕی لامەخ،
LUK 3:37 کوڕی مەتوشالح، کوڕی حەنۆخ، کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل، کوڕی قێنان،
LUK 3:38 کوڕی ئەنۆش، کوڕی شیت، کوڕی ئادەم، کوڕی خودایە.
LUK 4:1 عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد.
LUK 4:2 چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی دەکردەوە. بە درێژایی ئەو ڕۆژانە هیچی نەخوارد، کاتێک ماوەکە تەواو بوو برسی بوو.
LUK 4:3 ئیبلیس پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان.»
LUK 4:4 عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت.﴾»
LUK 4:5 ئینجا ئیبلیس عیسای بردە شوێنێکی بەرز و لە چاوتروکانێکدا هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا و
LUK 4:6 پێی گوت: «هەموو ئەم دەسەڵات و شکۆیەی ئەوان دەدەمە تۆ، چونکە دراوەتە من و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت.
LUK 4:7 لەبەر ئەوە ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت.»
LUK 4:8 عیساش وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾»
LUK 4:9 ئینجا ئیبلیس بۆ ئۆرشەلیمی برد و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە.
LUK 4:10 لەبەر ئەوەی نووسراوە: «﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، کە بە تەواوی بتپارێزن،
LUK 4:11 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾»
LUK 4:12 عیساش وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾»
LUK 4:13 کاتێک ئیبلیس هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بەجێی هێشت هەتا دەرفەتێکی دیکە.
LUK 4:14 عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
LUK 4:15 لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد.
LUK 4:16 هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا.
LUK 4:17 پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:
LUK 4:18 «﴿ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات، چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران، منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ بەدیلگیراوان، هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران، بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و
LUK 4:19 ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان.﴾»
LUK 4:20 ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو.
LUK 4:21 دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
LUK 4:22 هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»
LUK 4:23 عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە شاری کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»
LUK 4:24 هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت.
LUK 4:25 لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ‏ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە،
LUK 4:26 بەڵام ئەلیاس بۆ هیچ یەکێکیان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەندی ناوچەی سەیدا.
LUK 4:27 لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»
LUK 4:28 هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون.
LUK 4:29 دەریانکردە دەرەوەی شار، بردیانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە.
LUK 4:30 بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.
LUK 4:31 پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد.
LUK 4:32 لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.
LUK 4:33 لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد:
LUK 4:34 «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»
LUK 4:35 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.
LUK 4:36 خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.»
LUK 4:37 ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.
LUK 4:38 عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، بۆیە داوایان لە عیسا کرد کە یارمەتی بدات.
LUK 4:39 ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.
LUK 4:40 کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە.
LUK 4:41 ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.
LUK 4:42 کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات.
LUK 4:43 بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.»
LUK 4:44 ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.
LUK 5:1 ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن.
LUK 5:2 عیسا دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی کە ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت.
LUK 5:3 چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.
LUK 5:4 کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»
LUK 5:5 شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»
LUK 5:6 کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت.
LUK 5:7 جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.
LUK 5:8 شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!»
LUK 5:9 پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو،
LUK 5:10 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون. عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت.»
LUK 5:11 لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
LUK 5:12 کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
LUK 5:13 عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە.
LUK 5:14 عیسا ڕایسپارد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
LUK 5:15 لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی عیسا زیاتر بڵاو بووەوە، جا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە.
LUK 5:16 بەڵام ئەو دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی و نوێژی دەکرد.
LUK 5:17 ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانایەکی خودایی هەبوو بۆ چاککردنەوە.
LUK 5:18 چەند پیاوێک هاتن کابرایەکی ئیفلیجیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن.
LUK 5:19 کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا.
LUK 5:20 کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.»
LUK 5:21 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
LUK 5:22 بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟
LUK 5:23 کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟
LUK 5:24 بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
LUK 5:25 دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد.
LUK 5:26 هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، ترس دایگرتن‏ و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی.»
LUK 5:27 لەدوای ئەمانە عیسا ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»
LUK 5:28 ئەویش هەموو شتێکی بەجێهێشت، هەستا و دوای کەوت.
LUK 5:29 لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و خەڵکی دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون.
LUK 5:30 بەڵام فەریسی و مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بۆڵەبۆڵیان بەسەر قوتابییەکانیدا کرد و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»
LUK 5:31 عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش.
LUK 5:32 نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»
LUK 5:33 ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یەحیا زۆر ڕۆژوو دەگرن و نوێژ دەکەن، هەروەها ئەوانەی فەریسییەکان، بەڵام ئەوانەی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە.»
LUK 5:34 عیساش پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟
LUK 5:35 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.»
LUK 5:36 هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ ناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدڕێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت.
LUK 5:37 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابە نوێیەکە مەشکەکە دەدڕێنێت و دەڕژێت، مەشکەکەش لەناودەچێت.
LUK 5:38 کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.
LUK 5:39 کەسیش نییە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت ”کۆنەکە خۆشترە.“»
LUK 6:1 لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد.
LUK 6:2 هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟»
LUK 6:3 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟
LUK 6:4 چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟»
LUK 6:5 ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
LUK 6:6 لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو.
LUK 6:7 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن.
LUK 6:8 بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لە ناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا.
LUK 6:9 عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟»
LUK 6:10 چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە.
LUK 6:11 بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن.
LUK 6:12 لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە سەر شاخێک تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد.
LUK 6:13 کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان:
LUK 6:14 شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب، یۆحەنا، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس،
LUK 6:15 مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم،
LUK 6:16 یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو.
LUK 6:17 ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. زۆرێک لە قوتابییەکانی لەوێ بوون، هەروەها خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون،
LUK 6:18 هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە.
LUK 6:19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە.
LUK 6:20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
LUK 6:21 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن، چونکە پێدەکەنن.
LUK 6:22 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن.
LUK 6:23 «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.
LUK 6:24 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان، چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
LUK 6:25 قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن، چونکە ئێوە برسی دەبن. قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن، چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
LUK 6:26 قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات، چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.
LUK 6:27 «بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە،
LUK 6:28 ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن.
LUK 6:29 ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت.
LUK 6:30 هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە.
LUK 6:31 چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.
LUK 6:32 «ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن.
LUK 6:33 ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن.
LUK 6:34 ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە.
LUK 6:35 بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە.
LUK 6:36 بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە.
LUK 6:37 «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. لە خەڵکی خۆش بن، خودا لێتان خۆش دەبێت.
LUK 6:38 ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»
LUK 6:39 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕێنمایی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟
LUK 6:40 قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، بەڵام هەرکەسێک تەواو فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت.
LUK 6:41 «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟
LUK 6:42 چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: ”برام با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم“ لەکاتێکدا کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.
LUK 6:43 «هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات.
LUK 6:44 هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە.
LUK 6:45 مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت.
LUK 6:46 «بۆچی بە ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ ناوم دەبەیت، کەچی ئەوەی دەیفەرمووم کاری پێ ناکەیت؟
LUK 6:47 ئەوەی بۆ لام دێت و گوێ لە فەرمایشتەکانم دەگرێت و کاری پێ دەکات، نیشانتان دەدەم لە کێ دەچێت.
LUK 6:48 لە مرۆڤێک دەچێت خانووێک دروستدەکات، جا زەوییەکەی هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا، لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لەسەر بەرد بنیاد نرابوو.
LUK 6:49 بەڵام ئەوەی گوێی لێ بێت و پەیڕەوی نەکات، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانووێکی بێ بناغەی لەسەر زەوی دروستکردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا.»
LUK 7:1 لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم.
LUK 7:2 سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو.
LUK 7:3 کاتێک سەرپەلەکە هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە.
LUK 7:4 ئەوانیش هاتنە لای عیسا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت،
LUK 7:5 چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.»
LUK 7:6 عیساش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم،
LUK 7:7 لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە،
LUK 7:8 چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
LUK 7:9 کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.»
LUK 7:10 ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.
LUK 7:11 بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆری لەگەڵ چوون.
LUK 7:12 کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو.
LUK 7:13 کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.»
LUK 7:14 ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!»
LUK 7:15 مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی.
LUK 7:16 هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!»
LUK 7:17 ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
LUK 7:18 قوتابییەکانی یەحیا هەموو ئەمانەیان بە یەحیا ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگکرد و
LUK 7:19 ناردنی بۆ لای مەسیحی خاوەن شکۆ بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
LUK 7:20 پیاوەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «یەحیای لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: ”ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟“»
LUK 7:21 لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە‏ کوێرەکان بەخشی.
LUK 7:22 ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.
LUK 7:23 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.»
LUK 7:24 کاتێک نێردراوانی یەحیا ڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟
LUK 7:25 ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین.
LUK 7:26 ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر.
LUK 7:27 یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾
LUK 7:28 من پێتان دەڵێم: لە‏نێو ئەوانەی لە‏ ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیا پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی خودایە لەو پایەبەرزترە.»
LUK 7:29 هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش دانیان بە دادپەروەری خودا نا، چونکە بە دەستی یەحیا لە ئاو هەڵکێشرا بوون.
LUK 7:30 بەڵام فەریسی و تەوراتناس خواستی خودایان دەرهەق بە خۆیان ڕەتکردەوە، چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون.
LUK 7:31 عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟
LUK 7:32 لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ گێڕان و نەگریان.“
LUK 7:33 یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“
LUK 7:34 کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“
LUK 7:35 بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»
LUK 7:36 یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت.
LUK 7:37 لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا،
LUK 7:38 لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.
LUK 7:39 ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.»
LUK 7:40 عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» گوتی: «بفەرموو مامۆستا.»
LUK 7:41 «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا.
LUK 7:42 هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟»
LUK 7:43 شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.»
LUK 7:44 ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە.
LUK 7:45 تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە.
LUK 7:46 تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد.
LUK 7:47 لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»
LUK 7:48 ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.»
LUK 7:49 ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟»
LUK 7:50 عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»
LUK 8:1 دوای ئەمە عیسا بە هەموو شار و گوندێکدا دەگەڕا و مزگێنی پاشایەتی خودای ڕادەگەیاند، دوازدە قوتابییەکەشی لەگەڵ بوو.
LUK 8:2 چەند ئافرەتێکیش کە لە ڕۆحی پیس و نەخۆشی چاکببوونەوە: مریەم کە بە مەجدەلی ناودەبردرا و حەوت ڕۆحی پیسی لێ دەرکردبوو،
LUK 8:3 یوەنای ژنی خوزای بریکاری هێرۆدس، سەوسەن و زۆری دیکەش، بە ماڵی خۆیان یارمەتییان دەدان.
LUK 8:4 کاتێک خەڵکێکی ئێجگار زۆر لە هەموو شارەکانەوە هاتن بۆ لای عیسا و کۆبوونەوە، بە نموونە قسەی بۆ کردن:
LUK 8:5 «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن.
LUK 8:6 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو.
LUK 8:7 هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن.
LUK 8:8 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.» ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»
LUK 8:9 قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟
LUK 8:10 ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی «﴿سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.﴾
LUK 8:11 «ئەمە مەبەستی نموونەکەیە: تۆوەکە پەیامی خودایە.
LUK 8:12 ئەوانەی سەر ڕێگاکە ئەوانەن کە گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و پەیامەکە لە دڵیان دەبات، نەوەک باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت.
LUK 8:13 ئەوانەش کە کەوتنە سەر زەوییە بەردەڵانەکە، ئەوانەن کە پەیامەکە بە خۆشییەوە وەردەگرن کاتێک دەیبیستن، بەڵام ڕەگیان نییە و تاکو ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک تاقی دەکرێنەوە، دەکەون.
LUK 8:14 ئەوانەی کەوتنە ناو دڕکەکان، ئەوانەن کە دەیبیستن، بە خەفەت و سامان و خۆشییەکانی ژیان دەخنکێن، بەرهەمی پێگەیشتوو نادەن.
LUK 8:15 بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە چاکەکە، ئەوانەن کە بە دڵێکی چاک و باشەوە دەبیستن، پەیامەکە لە دڵیاندا دەپارێزن و بە خۆڕاگرییەوە بەرهەم دەدەن.
LUK 8:16 «کەس چرا هەڵناکات و بە تەشت دایپۆشێت، یان لەژێر نوێن دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادانی دادەنێت، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن،
LUK 8:17 چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە نەزانرێت و دەرنەکەوێت.
LUK 8:18 کەواتە ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەشی کە ئەو بە هی خۆی دەزانێت لێی دەسەنرێتەوە.»
LUK 8:19 ئینجا دایک و براکانی عیسا هاتنە لای، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بگەنە لای.
LUK 8:20 پێی گوترا: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن.»
LUK 8:21 وەڵامی دانەوە: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
LUK 8:22 ڕۆژێکیان عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمێک بوو، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەری دەریاچەکە.» جا بەڕێ کەوتن.
LUK 8:23 کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە.
LUK 8:24 جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!» ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە.
LUK 8:25 ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟» ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.»
LUK 8:26 ئینجا بەرەو هەرێمی گەراسین ڕۆیشتن، کە بەرامبەر جەلیلە.
LUK 8:27 کاتێک عیسا دابەزیە سەر وشکانی، پیاوێکی ئەو شارەی تووش بوو کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، دەمێک بوو جلی لەبەر نەدەکرد و لە ماڵدا نەدەژیا، بەڵکو لە گۆڕستان دەژیا.
LUK 8:28 کە عیسای بینی، هاواری کرد و لەبەردەمی کەوت، بە دەنگی بەرز گوتی: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم نەدەی!»
LUK 8:29 چونکە عیسا فەرمانی بە ڕۆحە پیسەکە دابوو لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار ڕۆحە پیسەکە دەیگرت، هەرچەندە بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە و چاودێری دەکرا، بەڵام کۆتەکانی دەشکاند و ڕۆحی پیس بەرەو چۆڵەوانی دەیبرد.
LUK 8:30 عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» گوتی: «لێگیۆن،» چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو.
LUK 8:31 لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن بڕۆن.
LUK 8:32 لەوێ ڕانە بەرازێکی زۆر لە شاخ دەلەوەڕان، لێی پاڕانەوە کە ڕێیان بدات بچنە ناویانەوە، ئەویش ڕێی پێدان.
LUK 8:33 ڕۆحە پیسەکان لە پیاوەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکانەوە، ڕانەکەش لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
LUK 8:34 کاتێک شوانەکان ئەم ڕووداوەیان بینی، ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان.
LUK 8:35 ئینجا خەڵکەکە چوون تاکو ئەوەی ڕوویداوە بیبینن. کاتێک هاتنە لای عیسا و بینییان ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرچووبوو پۆشتەیە و ئاقڵە و لەبەرپێی عیسا دانیشتووە، ئیتر ترسان.
LUK 8:36 ئەوانەی بینیبوویان بۆ خەڵکەکەیان گێڕایەوە، چۆن ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو چاک بووەتەوە.
LUK 8:37 هەموو کۆمەڵانی هەرێمی گەراسین داوایان لە عیسا کرد لەلایان بڕوات، چونکە ترسێکی زۆریان لێ نیشتبوو. ئەویش سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە.
LUK 8:38 ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرکرابوو، لێی دەپاڕایەوە کە لەگەڵی بێت، بەڵام عیسا ڕەوانەی کرد و فەرمووی:
LUK 8:39 «بۆ ماڵی خۆت بگەڕێوە و ئەوەی خودا بۆی کردی، بیگێڕەوە.» ئەویش ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە عیسا چی بۆ کردبوو.
LUK 8:40 کاتێک عیسا گەڕایەوە خەڵکەکە پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێیان دەکرد.
LUK 8:41 پیاوێک کە ناوی یایرۆس و پێشەوای کەنیشت بوو، هات و لەبەرپێی عیسادا کەوت، لێی پاڕایەوە تاکو بچێتە ماڵەکەی،
LUK 8:42 چونکە کچە تاقانەکەی کە تەمەنی نزیکەی دوازدە ساڵ بوو لە سەرەمەرگدا بوو. کاتێک عیسا دەڕۆیشت خەڵکەکە پاڵەپەستۆیان دەخستە سەری.
LUK 8:43 ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانیبوو چاکی بکاتەوە.
LUK 8:44 جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی وەستا.
LUK 8:45 عیسا فەرمووی: «کێ بوو دەستی لێدام؟» کە هەموو نکۆڵییان کرد، پەترۆس گوتی: «گەورەم، خەڵکەکە لە دەوروپشتتن و پاڵەپەستۆ دەکەن.»
LUK 8:46 بەڵام عیسا فەرمووی: «یەکێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لێم چووە دەرەوە.»
LUK 8:47 ژنەکە بینی ئەوەی کردی ناشاردرێتەوە، بە لەرزەوە هات و کەوتە بەرپێی، لەبەرچاوی هەمووان ڕایگەیاند کە بۆچی دەستی لێداوە و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە.
LUK 8:48 عیساش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت.»
LUK 8:49 هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
LUK 8:50 عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.»
LUK 8:51 کاتێک گەیشتە ماڵەکە، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت.
LUK 8:52 هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
LUK 8:53 خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە.
LUK 8:54 بەڵام عیسا دەستی کچەکەی گرت، بانگی کرد و فەرمووی: «کیژۆڵە، هەستە!»
LUK 8:55 ئیتر ڕۆحی هاتەوە بەر و دەستبەجێ هەستا، ئەوسا فەرمانی دا نانی بدەنێ.
LUK 8:56 دایک و باوکی سەریان سوڕما، بەڵام ڕایسپاردن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.
LUK 9:1 کاتێک عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان،
LUK 9:2 ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە.
LUK 9:3 پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش کراسی زیادەی پێ نەبێت.
LUK 9:4 چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەو کاتەی ئەوێ بەجێدەهێڵن.
LUK 9:5 ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
LUK 9:6 جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاک دەکردەوە.
LUK 9:7 هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.»
LUK 9:8 هەندێکی دیکەش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.»
LUK 9:9 هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت.
LUK 9:10 نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها چوون بۆ شارۆچکەیەک کە ناوی بێت‌سەیدا بوو.
LUK 9:11 بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە.
LUK 9:12 کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.»
LUK 9:13 پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،»
LUK 9:14 چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون. ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.»
LUK 9:15 جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن.
LUK 9:16 ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن.
LUK 9:17 هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە.
LUK 9:18 کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟»
LUK 9:19 وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.»
LUK 9:20 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی خودایت.»
LUK 9:21 ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن.
LUK 9:22 هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»
LUK 9:23 ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت،
LUK 9:24 چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.
LUK 9:25 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟
LUK 9:26 ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە.
LUK 9:27 «بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن.»
LUK 9:28 نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات.
LUK 9:29 کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان.
LUK 9:30 دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون.
LUK 9:31 بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی ڕووداوی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم بێتە دی، گفتوگۆیان کرد.
LUK 9:32 بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەویان بینی و هەروەها ئەو دوو پیاوەشیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون.
LUK 9:33 کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.
LUK 9:34 کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان.
LUK 9:35 دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.»
LUK 9:36 کە دەنگەکە نەما، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.
LUK 9:37 بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن.
LUK 9:38 لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە.
LUK 9:39 ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات.
LUK 9:40 لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
LUK 9:41 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»
LUK 9:42 کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی.
LUK 9:43 هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون. کاتێک هەمووان لە تەواوی کارەکانی عیسا سەرسام ببوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو:
LUK 9:44 «بە باشی گوێ لە قسەکانم بگرن: کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک.»
LUK 9:45 بەڵام لەم قسەیە تێنەگەیشتن، لێیان شاردرابووەوە تاکو حاڵی نەبن، ترسان لەبارەی ئەم قسەیە پرسیاریشی لێ بکەن.
LUK 9:46 دەمەقاڵەیەک لەنێوان قوتابییەکاندا دروست بوو لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
LUK 9:47 عیسا بە نیازی دڵیانی زانی، منداڵێکی هێنا و لەلای خۆی ڕایگرت،
LUK 9:48 پێی فەرموون: «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لەم منداڵە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، ئەوا پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی، چونکە بچووکترینی هەمووتان پایەبەرزترە.»
LUK 9:49 یۆحەنا گوتی: «گەورەم، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ڕێمان لێ گرت، چونکە لەگەڵمان دوات ناکەوێت.»
LUK 9:50 عیساش پێی فەرموون: «ڕێی لێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژتان نییە لەگەڵتانە.»
LUK 9:51 کە ڕۆژانی بەرزکردنەوەی عیسا نزیک بووەوە، پێداگری کرد لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشەلیم.
LUK 9:52 نێردراوی لەپێش خۆی نارد، ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە گوندێکی سامیرەییەکان تاکو شوێنی بۆ ئامادە بکەن،
LUK 9:53 بەڵام پێشوازییان لێ نەکرد، چونکە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو.
LUK 9:54 کاتێک یاقوب و یۆحەنای قوتابییانی عیسا ئەمەیان بینی، گوتیان: «گەورەم، دەتەوێ داوا بکەین لە ئاسمانەوە ئاگر بێتە خوارەوە و لەناویان ببات؟»
LUK 9:55 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەرزەنشتی کردن.
LUK 9:56 ئینجا چوونە گوندێکی دیکە.
LUK 9:57 کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیشتن، یەکێک پێی گوت: «بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.»
LUK 9:58 عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.»
LUK 9:59 بە یەکێکی دیکەی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
LUK 9:60 عیساش پێی فەرموو: «واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی پاشایەتی خودا بدە.»
LUK 9:61 یەکێکی دیکە گوتی: «گەورەم، دوات دەکەوم، بەڵام جارێ لێمگەڕێ با ماڵئاوایی لە خانەوادەکەم بکەم.»
LUK 9:62 عیساش پێی فەرموو: «هەرکەسێک دەست لەسەر گاسن دابنێت و ئاوڕ لە دواوە بداتەوە، بەکەڵکی شانشینی خودا نایەت.»
LUK 10:1 پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت.
LUK 10:2 جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.
LUK 10:3 بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم.
LUK 10:4 نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن.
LUK 10:5 «چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“
LUK 10:6 ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە.
LUK 10:7 لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن.
LUK 10:8 «چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن،
LUK 10:9 ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“
LUK 10:10 بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن:
LUK 10:11 ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“
LUK 10:12 پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە.
LUK 10:13 «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد.
LUK 10:14 بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت.
LUK 10:15 تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە.
LUK 10:16 «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
LUK 10:17 حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.»
LUK 10:18 ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت.
LUK 10:19 ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت.
LUK 10:20 بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»
LUK 10:21 لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو!
LUK 10:22 «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.»
LUK 10:23 ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن،
LUK 10:24 چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.»
LUK 10:25 تەوراتناسێک هەستا بۆ ئەوەی عیسا تاقی بکاتەوە و گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
LUK 10:26 ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»
LUK 10:27 وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾»
LUK 10:28 عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»
LUK 10:29 بەڵام تەوراتناسەکە ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»
LUK 10:30 عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.
LUK 10:31 وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی.
LUK 10:32 هەروەها کابرایەکی لێڤیش بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی.
LUK 10:33 بەڵام سامیرەییەکی ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا،
LUK 10:34 لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد.
LUK 10:35 ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“
LUK 10:36 «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»
LUK 10:37 تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.» عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»
LUK 10:38 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی بەرەو ئۆرشەلیم دەچوون، عیسا لایدا گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو.
LUK 10:39 خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت.
LUK 10:40 بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.»
LUK 10:41 مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و ناڕەحەتیت.
LUK 10:42 بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»
LUK 11:1 جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.»
LUK 11:2 پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن: ”باوکە، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەکەت بێ،
LUK 11:3 نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ.
LUK 11:4 لە گوناهەکانمان خۆشبە، چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن. مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“»
LUK 11:5 ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت: ”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ،
LUK 11:6 چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“
LUK 11:7 ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە: ”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“
LUK 11:8 پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر پاراستنی ناوبانگی خۆی، هەڵدەستێت و دەیداتێ.
LUK 11:9 «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە،
LUK 11:10 چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە.
LUK 11:11 «چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی لێ بکات، لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟
LUK 11:12 یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟
LUK 11:13 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.»
LUK 11:14 عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون.
LUK 11:15 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعل‌زەبولی شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
LUK 11:16 هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
LUK 11:17 ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت.
LUK 11:18 ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن: ”من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“
LUK 11:19 باشە ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن.
LUK 11:20 بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
LUK 11:21 «کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە.
LUK 11:22 بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات.
LUK 11:23 «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.
LUK 11:24 «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“
LUK 11:25 کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە.
LUK 11:26 ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.»
LUK 11:27 کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.»
LUK 11:28 ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
LUK 11:29 کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.
LUK 11:30 هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت.
LUK 11:31 شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.
LUK 11:32 خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.
LUK 11:33 «کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن.
LUK 11:34 چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە.
LUK 11:35 کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی.
LUK 11:36 لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.»
LUK 11:37 کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت.
LUK 11:38 فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما.
LUK 11:39 ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چاوچنۆکی و بەدکاری.
LUK 11:40 گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟
LUK 11:41 بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت.
LUK 11:42 «بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن.
LUK 11:43 «قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا.
LUK 11:44 «قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.»
LUK 11:45 تەوراتناسێک وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.»
LUK 11:46 عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان نادەن.
LUK 11:47 «قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن.
LUK 11:48 کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن.
LUK 11:49 لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی: ”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“
LUK 11:50 تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت،
LUK 11:51 لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت.
LUK 11:52 «قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.»
LUK 11:53 کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان کرد بە تەنگ پێ هەڵچنینی و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن،
LUK 11:54 چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن.
LUK 12:1 لەو کاتەدا کە هەزاران کەس کۆببوونەوە، بە جۆرێک یەکتریان پێشێل دەکرد، لە سەرەتادا عیسا ڕووی کردە قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان بن، کە دووڕووییە.
LUK 12:2 هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
LUK 12:3 لەبەر ئەوە هەرچی لە تاریکیدا گوتووتانە، لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، ئەوەش کە لە ژوورەوە بە چرپە گوتووتانە، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕادەگەیەنرێت.
LUK 12:4 «دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت.
LUK 12:5 بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن.
LUK 12:6 ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت.
LUK 12:7 تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
LUK 12:8 «پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت.
LUK 12:9 بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت.
LUK 12:10 ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت.
LUK 12:11 «کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن لەوەی کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن و چی بڵێن،
LUK 12:12 چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.»
LUK 12:13 یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.»
LUK 12:14 بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟»
LUK 12:15 بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.»
LUK 12:16 ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا.
LUK 12:17 لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“
LUK 12:18 «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە.
LUK 12:19 بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “
LUK 12:20 «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“
LUK 12:21 «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.»
LUK 12:22 بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن.
LUK 12:23 ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ.
LUK 12:24 سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن!
LUK 12:25 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
LUK 12:26 ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟
LUK 12:27 «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە.
LUK 12:28 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟
LUK 12:29 جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن.
LUK 12:30 هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە.
LUK 12:31 بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت.
LUK 12:32 «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ.
LUK 12:33 ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات،
LUK 12:34 چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
LUK 12:35 «با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت،
LUK 12:36 وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە.
LUK 12:37 خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت ئێشکیان گرتووە. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات.
LUK 12:38 جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت.
LUK 12:39 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت.
LUK 12:40 ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.»
LUK 12:41 پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟»
LUK 12:42 مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟
LUK 12:43 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات.
LUK 12:44 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت.
LUK 12:45 بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ ئیتر دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها دەخوات و دەخواتەوە و سەرخۆش دەبێت.
LUK 12:46 ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت.
LUK 12:47 «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت.
LUK 12:48 بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.
LUK 12:49 «هاتووم تاکو ئاگر هەڵدەمە سەر زەوی، چەندە خوازیارم پێشوەخت گڕی گرتبێت!
LUK 12:50 بەڵام ئازارێکم لە ڕێگایە و دەبێت پێیدا تێبپەڕم، چەند ناڕەحەتم هەتا تەواو دەبێت.
LUK 12:51 وا دەزانن من هاتووم ئاشتی بهێنمە سەر زەوی؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو دووبەرەکی.
LUK 12:52 لەمەودوا لە ماڵێکدا پێنجی تێدا دەبێت جیا دەبنەوە، سێ لە دوو و دوو لە سێ.
LUK 12:53 باوک لە کوڕ و کوڕ لە باوک، دایک لە کچ و کچ لە دایک، خەسوو لە بووک و بووک لە خەسوو جیا دەبنەوە.»
LUK 12:54 دیسان بە خەڵکەکەی فەرموو: «کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە بەدەردەکەوێت، خێرا دەڵێن: ”بارانی بەدەمەوەیە،“ هەر بەو شێوەیەش دەبێت.
LUK 12:55 کاتێکیش بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: ”گەرم دەبێت،“ ئاواش دەبێت.
LUK 12:56 ئەی دووڕووان، دەزانن ڕووی زەوی و ئاسمان بخوێننەوە، چۆن نازانن ئەم سەردەمە بخوێننەوە؟
LUK 12:57 «هەروەها بۆچی بۆ خۆتان بە ڕاستی حوکم نادەن؟
LUK 12:58 کاتێک لەگەڵ ڕکابەرەکەت بە ڕێگاوەی بۆ لای دادوەر، لە ڕێگا هەوڵ بدە کێشەکەت لەگەڵی ببڕێنیتەوە، ئەگینا ڕاتدەکێشێتە لای دادوەر و دادوەریش دەتداتە دەست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتدەداتە بەندیخانە.
LUK 12:59 پێت دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.»
LUK 13:1 هەر لەو کاتەدا هەندێک لەوێ بوون، باسی ئەو جەلیلییانەیان بۆ عیسا کرد کە پیلاتۆس خوێنی لەگەڵ قوربانییەکانیان تێکەڵاو کرد.
LUK 13:2 عیسا وەڵامی دایەوە: «وا دەزانن ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییەکانی دیکە گوناهبارتر بوون، چونکە بەم شێوەیە ئازاریان چێژت؟
LUK 13:3 پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.
LUK 13:4 یان ئەو هەژدە کەسەی لە سیلوام قوللەکەیان بەسەردا کەوت و کوشتنی، لە هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم گوناهبارتر بوون؟
LUK 13:5 من پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.»
LUK 13:6 ئینجا ئەم نموونەیەی باسکرد: «کابرایەک دار هەنجیرێکی لە ڕەزەکەیدا چاندبوو، بۆ بەرهەم هات و پێوەی نەبینی.
LUK 13:7 بە ڕەزەوانەکەی گوت: ”تەماشا بکە، سێ ساڵە بۆ بەری ئەم دار هەنجیرە دێم و پێوەی نابینم! بیبڕەوە، بۆچی زەویش داگیر بکات؟“
LUK 13:8 «ڕەزەوانەکە وەڵامی دایەوە: ”گەورەم، ئەم ساڵیش وازی لێبهێنە، تاکو دەوروبەری هەڵدەگێڕمەوە و پەیینی پێدا دەکەم.
LUK 13:9 بەڵکو دواتر بەر بگرێت، ئەگینا بیبڕەوە.“»
LUK 13:10 عیسا لە ڕۆژی شەممەدا لە یەکێک لە کەنیشتەکان خەریکی فێرکردن بوو،
LUK 13:11 ژنێک بەهۆی ڕۆحێکی پیسەوە هەژدە ساڵ نەخۆش بوو، قەمبوور بوو و هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی ڕاستبێتەوە.
LUK 13:12 عیسا ژنەکەی بینی، بانگی کرد: «خانم، لە نەخۆشییەکەت ئازاد کرایت.»
LUK 13:13 ئینجا هەردوو دەستی خستە سەری و دەستبەجێ ڕاستبووەوە و ستایشی خودای کرد.
LUK 13:14 پێشەوای کەنیشتیش تووڕە بوو کە عیسا لە شەممەدا خەڵکی چاککردەوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ هەیە کە پێویستە کاریان تێدا بکرێت، لەواندا وەرن و چاکبنەوە، نەک لە ڕۆژی شەممەدا.»
LUK 13:15 مەسیحیش وەڵامی دایەوە: «ئەی دووڕووان! ئایا هەر یەک لە ئێوە لە ڕۆژی شەممەدا گا یان گوێدرێژەکەی لە ئاخوڕ ناکاتەوە و بیبات ئاوی بدات؟
LUK 13:16 ئەوەش کە کچی ئیبراهیمە و هەژدە ساڵە شەیتان بەستویەتییەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەممەدا لەم بەندە ئازاد بێت؟»
LUK 13:17 کە ئەمەی فەرموو، هەموو بەرهەڵستکارانی شەرمەزار بوون، بەڵام تەواوی خەڵکەکە دڵشاد بوون بەو کارە مەزنانەی کە عیسا ئەنجامی دەدا.
LUK 13:18 ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟
LUK 13:19 لە دەنکە خەرتەلەیەک دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.»
LUK 13:20 دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟
LUK 13:21 لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
LUK 13:22 کاتێک عیسا دەچووە ئۆرشەلیم، بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و خەڵکی فێردەکرد.
LUK 13:23 یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» ئەویش پێی فەرموون:
LUK 13:24 «کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن.
LUK 13:25 لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“ «وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“
LUK 13:26 «ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“
LUK 13:27 «ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“
LUK 13:28 «کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
LUK 13:29 خەڵکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا لەسەر خوان دادەنیشن.
LUK 13:30 ئەوەتا دواهەمین هەن دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش هەن دەبنە دواهەمین.»
LUK 13:31 لەو کاتەدا هەندێک فەریسی هاتن و پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ، چونکە هێرۆدس دەیەوێت بتکوژێت.»
LUK 13:32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بەو ڕێویە بڵێن، ”ئەوەتا ئەمڕۆ و بەیانی ڕۆحە پیسەکان دەردەکەم و خەڵکی چاک دەکەمەوە، لە ڕۆژی سێیەمیش هەموو شتێک تەواو دەکەم.“
LUK 13:33 بەڵام بۆ من پێویستە ئەمڕۆ و سبەی و دووسبەی بڕۆم، چونکە نابێت پێغەمبەرێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم بمرێت.
LUK 13:34 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست.
LUK 13:35 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ. پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتە دێت کە دەڵێن، ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.﴾»
LUK 14:1 ئەوە بوو لە ڕۆژی شەممەدا کاتێک عیسا بۆ نانخواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرکردە فەریسییەکان، ئەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد.
LUK 14:2 پیاوێکیش کە نەخۆشی ئاوبەندی هەبوو لە بەرامبەری بوو.
LUK 14:3 عیسا لە تەوراتناس و فەریسییەکانی پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوە دروستە یان نا؟»
LUK 14:4 ئەوان بێدەنگ بوون. ئەویش کابرای گرت و چاکیکردەوە و بەڕێی کرد.
LUK 14:5 پێی فەرموون: «کامەتان کوڕەکەی یان گایەکەی لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە بیرەوە دەستبەجێ دەریناهێنێت؟»
LUK 14:6 نەیانتوانی هیچ وەڵامێکی بدەنەوە.
LUK 14:7 کاتێک تێبینی کرد چۆن بانگهێشتکراوان ڕیزی پێشەوە دەگرن، نموونەیەکی هێنایەوە و فەرمووی:
LUK 14:8 «کاتێک یەکێک بۆ شایی بانگهێشتت دەکات، لە ڕیزی پێشەوە دامەنیشە، نەوەک لە تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت کردبێت.
LUK 14:9 ئینجا ئەوەی تۆ و ئەوی بانگهێشت کردووە، دێت و پێت دەڵێ: ”شوێنەکەت بۆ ئەمە چۆڵ بکە،“ تۆش تەریق دەبیتەوە و ڕیزی دواوە دەگریت.
LUK 14:10 بەڵام کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بڕۆ لە دواوە دانیشە، تاوەکو کاتێک ئەوەی بانگهێشتی کردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هەستە وەرە پێشەوە.“ ئەوسا لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی لەگەڵت دانیشتوون قەدرگران دەبیت.
LUK 14:11 بەم شێوەیە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»
LUK 14:12 ئینجا بەوەی گوت کە بانگهێشتی کردووە: «کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە ئامادە دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت بانگ مەکە، نەوەک ئەوانیش بانگت بکەنەوە، چاکەت بدەنەوە.
LUK 14:13 بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە.
LUK 14:14 خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»
LUK 14:15 یەکێک لە میوانەکان ئەمەی بیست و گوتی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە شانشینی خودا نان دەخوات.»
LUK 14:16 عیسا وەڵامی دایەوە: «کابرایەک شێوێکی گەورەی ئامادە کرد و خەڵکێکی زۆری بانگهێشت کرد.
LUK 14:17 لە کاتی نانخواردندا کۆیلەیەکی خۆی نارد تاکو بە بانگهێشتکراوان بڵێت: ”فەرموون، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە.“
LUK 14:18 «بەڵام هەموو وەک یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: ”کێڵگەیەکم کڕیوە و پێویستە بڕۆم بیبینم، تکایە لێم ببورە.“
LUK 14:19 «یەکێکی دیکە گوتی: ”پێنج جووت گام کڕیوە و دەچم بزانم چۆنن، تکایە لێم ببورە.“
LUK 14:20 «یەکێکی دیکەشیان گوتی: ”ژنم هێناوە، لەبەر ئەوە ناتوانم بێم.“
LUK 14:21 «کۆیلەکەش هاتەوە و ئەمانەی بە گەورەکەی ڕاگەیاند. خاوەن ماڵ تووڕە بوو و بە کۆیلەکەی گوت: ”خێرا بڕۆ بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژار و پەککەوتە و کوێر و شەلەکان بهێنە ئێرە.“
LUK 14:22 «پاش ماوەیەک کۆیلەکە گەڕایەوە و گوتی: ”گەورەم ئەوەی فەرمانت دا کرا، هێشتا شوێن ماوە.“
LUK 14:23 «گەورەکە بە کۆیلەکەی گوت: ”بڕۆ دەرەوە بۆ ڕێگا و ڕێچکەکان بە زۆر خەڵک بهێنە ژوورەوە، تاکو ماڵەکەم پڕبێت.
LUK 14:24 پێتان دەڵێم، لەوانەی بانگهێشت کرابوون کەس تامی شێوەکەم ناکات.“»
LUK 14:25 خەڵکێکی زۆر لەگەڵ عیسا دەڕۆیشتن بە ڕێگادا، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن:
LUK 14:26 «ئەگەر یەکێک بێتە لام و ڕقی لە دایک و باوکی، ژن و منداڵی، برا و خوشکەکانی نەبێتەوە، بگرە لە خۆشی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.
LUK 14:27 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.
LUK 14:28 «کێ لە ئێوە ئەگەر بیەوێت قوللەیەک دروستبکات، یەکەم جار دانانیشێت و خەرجییەکەی ناخەمڵێنێت، ئاخۆ ئەوەندەی هەیە بۆ تەواوکردنی؟
LUK 14:29 نەوەک بناغەکەی دابنێت و نەتوانێت تەواوی بکات، ئەوسا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێ دەکەن،
LUK 14:30 دەڵێن: ”ئەم پیاوە دەستی بە بینا دروستکردن کرد و نەیتوانی تەواوی بکات.“
LUK 14:31 «یان چ پاشایەک دەچێتە شەڕی پاشایەکی دیکە و یەکەم جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناکات، ئایا بە دە هەزار کەسەوە دەتوانێت بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە کە بە بیست هەزارەوە دێتە سەری؟
LUK 14:32 ئەگینا خۆ تاکو دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێت و داوای ئاشتی دەکات.
LUK 14:33 بەم شێوەیە، هەر یەکێکتان ئەگەر واز لە هەموو شتێک نەهێنێت کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.
LUK 14:34 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟
LUK 14:35 ئەوسا نە بەکەڵکی زەوی دێت و نە بەکەڵکی پەیین دێت، بەڵکو فڕێدەدرێتە دەرەوە. «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.»
LUK 15:1 هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن.
LUK 15:2 جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»
LUK 15:3 عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە:
LUK 15:4 «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟
LUK 15:5 کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و
LUK 15:6 دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“
LUK 15:7 پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.
LUK 15:8 «یان چ ئافرەتێک دە درهەمی هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟
LUK 15:9 کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“
LUK 15:10 پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.»
LUK 15:11 ئینجا فەرمووی: «کابرایەک دوو کوڕی هەبوو.
LUK 15:12 بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ”باوکە، چیم بەردەکەوێ لە بەشە میراتی خۆم، بمدەرێ.“ ئەویش ماڵەکەی بۆ دابەشکردن.
LUK 15:13 «دوای چەند ڕۆژێک، کوڕە بچووکەکە هەموو شتەکانی کۆکردەوە و بەرەو وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، لەوێ ماڵەکەی لەسەر ڕابواردن دانا.
LUK 15:14 لەدوای ئەوەی هەمووی خەرجکرد، قاتوقڕی گەورە کەوتە ناوچەکە، لەبەر ئەوە تووشی نەبوونی هات.
LUK 15:15 ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییەکی ناوچەکە برد، ئەویش ناردییە کێڵگەکانی بۆ لەوەڕاندنی بەراز.
LUK 15:16 حەزی دەکرد بەو خڕنووکە سکی خۆی تێر بکات کە بەرازەکان دەیانخوارد بەڵام کەس هیچی پێنەدەدا.
LUK 15:17 «ئینجا بە هۆش خۆی هاتەوە و گوتی: ”ئاخۆ چەند کرێکاری باوکم نانیان لەبەر دەمێنێتەوە، منیش لێرە وا لە برسان دەمرم.
LUK 15:18 هەڵدەستم دەچمەوە لای باوکم، پێی دەڵێم: باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد.
LUK 15:19 ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم، بمکە بە کرێکارێکی خۆت.“
LUK 15:20 جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی. «هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد.
LUK 15:21 «کوڕەش پێی گوت: ”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“
LUK 15:22 «بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی.
LUK 15:23 گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین،
LUK 15:24 چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“ جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد.
LUK 15:25 «کوڕە گەورەکە لە کێڵگە بوو، کە هاتەوە و لە ماڵ نزیک بووەوە، گوێی لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بوو.
LUK 15:26 یەکێک لە خزمەتکارانی بانگکرد و پرسیاری کرد، ”ئەمە چییە؟“
LUK 15:27 پێی گوت: ”براکەت گەڕاوەتەوە، باوکیشت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی، چونکە بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە.“
LUK 15:28 «کوڕە گەورەکە تووڕە بوو و نەیویست بچێتە ژوورەوە. ئیتر باوکی هاتە دەرەوە و تکای لێکرد.
LUK 15:29 بەڵام ئەو وەڵامی باوکی دایەوە: ”ئەوەتا ئەو هەموو ساڵە کۆیلایەتیت بۆ دەکەم و هەرگیز لە فەرمانت دەرنەچووم، تەنانەت کاریلەیەکت نەدامێ تاکو لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێی دڵخۆش بم.
LUK 15:30 بەڵام کاتێک ئەم کوڕەت هاتەوە، ئەوەی ماڵەکەتی لەگەڵ لەشفرۆشان لووش دا، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆی سەربڕی.“
LUK 15:31 «ئەویش پێی گوت: ”کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵ منی، هەرچیم هەیە هی تۆیە.
LUK 15:32 بەڵام پێویستە دڵخۆش و شاد بین، چونکە ئەم برایەت مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“»
LUK 16:1 هەروەها عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «کابرایەکی دەوڵەمەند سەرکارێکی هەبوو، سکاڵای بەفیڕۆدانی ماڵەکەی لەسەری پێگەیشت.
LUK 16:2 کابرای دەوڵەمەند بانگی کرد و لێی پرسی: ”ئەمە چییە لەسەر تۆ دەیبیستمەوە؟ بڕۆ حیسابی سەرکارییەکەت بکە و بیخە بەردەستم، چونکە ئیتر ناتوانیت سەرکار بیت.“
LUK 16:3 «سەرکارەکە بە خۆی گوت: ”چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرکارییەکەم لێ دەسەنێتەوە؟ ناتوانم زەوی بکێڵم و شەرمیش دەکەم سواڵ بکەم.
LUK 16:4 بەڵام دەزانم چی دەکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرکارییەکە دەرکرام، خەڵکی لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێ بکەن.“
LUK 16:5 «جا هەریەکە لە قەرزارەکانی گەورەکەی بانگکرد. بە یەکەمیانی گوت: ”چەند قەرزاری گەورەکەمیت؟“
LUK 16:6 «گوتی: ”سەد هیزە زەیتی زەیتوون.“ «ئەویش پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و دانیشە، خێرا بنووسە پەنجا.“
LUK 16:7 «بەوی دیکەی گوت: ”تۆ چەندت لەسەرە؟“ «گوتی: ”سەد ڕبە گەنم.“ «پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و بنووسە هەشتا.“
LUK 16:8 «جا گەورەکە ستایشی سەرکارە ناپاکەکەی کرد کە ژیرانە جوڵایەوە، جا ئەو خەڵکانەی ئەم جیهانەیان هەڵبژاردووە، لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هاوشێوەکانیاندا لە گەلی پیرۆزی خودا ژیرترن.
LUK 16:9 منیش پێتان دەڵێم: بە سامانی ئەم دنیایە دۆستی خۆتان دروستبکەن، تاکو ئەگەر نەما، خودا لە ماڵی هەتاهەتایی پێشوازیتان لێ بکات.
LUK 16:10 «ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم ناپاکە لە زۆریش ناپاکە.
LUK 16:11 ئەگەر لە سامانی ئەم دنیایە دەستپاک نەبن، کێ سامانی ڕاستەقینەی بە ئێوە دەسپێرێت؟
LUK 16:12 ئەگەر لە شتی خەڵکی دەستپاک نەبن، کێ شتی خۆیتان دەداتێ؟
LUK 16:13 «خزمەتکار نییە بتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.»
LUK 16:14 فەریسییەکانیش کە پارەیان خۆشدەویست، گوێیان لە هەموو ئەمانە بوو، گاڵتەیان پێکرد.
LUK 16:15 عیساش پێی فەرموون: «لەنێو خەڵکدا خۆتان بە بێتاوان دەردەخەن، بەڵام خودا دڵتان دەناسێت. ئەوەی لای خەڵکی پایەدارە، لای خودا قێزەونە.
LUK 16:16 «تەورات و پەیامی پێغەمبەران هەتا هاتنی یەحیا ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەولاوە مزگێنی پاشایەتی خودا دەدرێت و هەموو کەسێک تێدەکۆشێت بچێتە ناوی.
LUK 16:17 بەڵام نەمانی زەوی و ئاسمان ئاسانترە لە کەوتنی خاڵێکی تەورات.
LUK 16:18 «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، داوێنپیسی دەکات. ئەوەش کە تەڵاقدراوێک دەهێنێت داوێنپیسی دەکات.
LUK 16:19 «پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد.
LUK 16:20 هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو،
LUK 16:21 پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە.
LUK 16:22 «ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا.
LUK 16:23 لە جیهانی مردووان سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو.
LUK 16:24 هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“
LUK 16:25 «ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت.
LUK 16:26 سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“
LUK 16:27 «ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم،
LUK 16:28 چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“
LUK 16:29 «بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“
LUK 16:30 «ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“
LUK 16:31 «پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»
LUK 17:1 عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «مەحاڵە ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن نەیەن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی هاتنیان.
LUK 17:2 باشترە بۆی ئەگەر بەرداشێک بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە، لەوەی یەکێک لە قوتابییەکانم تووشی گوناه بکات.
LUK 17:3 ئاگاداری خۆتان بن. «ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، سەرزەنشتی بکە، ئەگەر تۆبەی کرد گەردنی ئازاد بکە.
LUK 17:4 ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: ”تۆبە دەکەم،“ تۆ گەردنی ئازاد بکە.»
LUK 17:5 ئینجا نێردراوەکان بە مەسیحی خاوەن شکۆیان گوت: «باوەڕمان زیاد بکە!»
LUK 17:6 مەسیحیش فەرمووی: «ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەکیش باوەڕتان هەبێت، بەم دار تووە دەڵێن: ”هەڵبکەنرێ و لەناو دەریا بڕوێ،“ بە قسەتان دەکات.
LUK 17:7 «کامەتان، ئەگەر کۆیلەیەکی هەبێت و خەریکی کاری کێڵگە و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بێت، دوای ئەوەی کە لە کێڵگە هاتەوە، پێی دەڵێت: ”یەکسەر وەرە و دانیشە“؟
LUK 17:8 ئایا پێی ناڵێت: ”شتێکم بۆ ئامادە بکە بیخۆم، ناوقەدت ببەستە و خزمەتم بکە تاکو دەخۆم و دەخۆمەوە، پاشان تۆ بخۆ و بخۆوە“؟
LUK 17:9 ئایا سوپاسی ئەو کۆیلەیە دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کرد کە فەرمانی پێ کرابوو؟
LUK 17:10 ئێوەش بەم شێوەیە، کاتێک هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکرێت دەیکەن، بڵێن: ”کۆیلەی شایستە نین، ئەرکی خۆمان بەجێگەیاندووە.“»
LUK 17:11 کاتێک عیسا دەچوو بۆ ئۆرشەلیم، بە نێوانی سامیرە و جەلیلدا ڕۆیشت.
LUK 17:12 کاتێک کە چووە یەکێک لە گوندەکان، تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و
LUK 17:13 دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
LUK 17:14 جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە.
LUK 17:15 یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد،
LUK 17:16 لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو.
LUK 17:17 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟
LUK 17:18 هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟»
LUK 17:19 ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.»
LUK 17:20 کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت،
LUK 17:21 خەڵکیش ناڵێن: ”ئەمەتا،“ یان ”ئەوەتا،“ چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.»
LUK 17:22 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن.
LUK 17:23 ئینجا پێتان دەڵێن: ”ئەوەتا لەوێیە،“ یان ”ئەمەتا لێرەیە،“ مەڕۆن و بەدوایدا مەچن،
LUK 17:24 چونکە وەک ئەو هەورەتریشقەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات و هەتا لایەکەی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت.
LUK 17:25 بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە.
LUK 17:26 «ڕۆژانی نوح چۆن بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت.
LUK 17:27 دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد.
LUK 17:28 «دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی لوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا.
LUK 17:29 بەڵام لەو ڕۆژەی لوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد.
LUK 17:30 «لەو ڕۆژەش کە کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت.
LUK 17:31 ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە.
LUK 17:32 ژنەکەی لوتتان بەبیر بێتەوە!
LUK 17:33 ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی بیدۆڕێنێت دەیباتەوە.
LUK 17:34 پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
LUK 17:35 دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. [
LUK 17:36 دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.]»
LUK 17:37 لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟» پێی فەرموون: «کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.»
LUK 18:1 عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن.
LUK 18:2 فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت.
LUK 18:3 لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت: ”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“
LUK 18:4 «ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی: ”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم،
LUK 18:5 بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“»
LUK 18:6 مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت.
LUK 18:7 باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟
LUK 18:8 پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟»
LUK 18:9 بۆ ئەوانەی کە لە بێتاوانبوونی خۆیان دڵنیا بوون و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە:
LUK 18:10 «دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر.
LUK 18:11 فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد: ”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم.
LUK 18:12 هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“
LUK 18:13 «بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت: ”ئەی خودایە بەزەییت بە منی گوناهباردا بێتەوە.“
LUK 18:14 «پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»
LUK 18:15 خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن.
LUK 18:16 بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.
LUK 18:17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
LUK 18:18 کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
LUK 18:19 عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
LUK 18:20 ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾»
LUK 18:21 ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.»
LUK 18:22 عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.»
LUK 18:23 کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو.
LUK 18:24 کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!
LUK 18:25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
LUK 18:26 ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
LUK 18:27 عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»
LUK 18:28 پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.»
LUK 18:29 ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، ژن، برا، دایک، باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت،
LUK 18:30 لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»
LUK 18:31 عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی.
LUK 18:32 دەدرێتە دەستی ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت،
LUK 18:33 بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»
LUK 18:34 بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد.
LUK 18:35 کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد.
LUK 18:36 کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە.
LUK 18:37 پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.»
LUK 18:38 جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
LUK 18:39 ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
LUK 18:40 عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی:
LUK 18:41 «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.»
LUK 18:42 عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.»
LUK 18:43 دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد.
LUK 19:1 ئینجا عیسا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی.
LUK 19:2 لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو.
LUK 19:3 دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو.
LUK 19:4 ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
LUK 19:5 کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.»
LUK 19:6 جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
LUK 19:7 هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
LUK 19:8 بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»
LUK 19:9 عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە،
LUK 19:10 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
LUK 19:11 کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو و وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە دەردەکەوێت.
LUK 19:12 ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە.
LUK 19:13 دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.
LUK 19:14 «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“
LUK 19:15 «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.
LUK 19:16 «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“
LUK 19:17 «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“
LUK 19:18 «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“
LUK 19:19 «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“
LUK 19:20 «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو.
LUK 19:21 لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی دڵڕەقیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“
LUK 19:22 «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم،
LUK 19:23 ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە؟“
LUK 19:24 «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“
LUK 19:25 «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“
LUK 19:26 «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.
LUK 19:27 دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»
LUK 19:28 دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت.
LUK 19:29 کاتێک لە گوندی بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و
LUK 19:30 فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن.
LUK 19:31 ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»
LUK 19:32 دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان.
LUK 19:33 کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»
LUK 19:34 گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»
LUK 19:35 ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد.
LUK 19:36 کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.
LUK 19:37 لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، سەرجەم قوتابییەکان بە شادی و بە دەنگی بەرز دەستیان بە ستایشکردنی خودا کرد، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:
LUK 19:38 «﴿پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»
LUK 19:39 هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»
LUK 19:40 وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»
LUK 19:41 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا،
LUK 19:42 فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە.
LUK 19:43 ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن.
LUK 19:44 خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی هاتنی پەروەردگارت نەزانی.»
LUK 19:45 کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد.
LUK 19:46 پێی فەرموون: «نووسراوە: ﴿ماڵەکەم ماڵی نوێژە،﴾ کەچی ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾»
LUK 19:47 ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا لەناوی ببەن.
LUK 19:48 بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل بە پەرۆشەوە گوێیان لێ دەگرت.
LUK 20:1 ڕۆژێکیان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد و مزگێنیی دەدا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لەگەڵ پیران هاتنە لای،
LUK 20:2 پێیان گوت: «پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
LUK 20:3 وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم. پێم بڵێن:
LUK 20:4 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»
LUK 20:5 لەناو خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە،“ دەڵێت، ”بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“
LUK 20:6 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ هەموو خەڵکەکە بەردبارانمان دەکەن، چونکە دڵنیان کە یەحیا پێغەمبەرە.»
LUK 20:7 وەڵامیان دایەوە کە نازانن لەکوێوەیە.
LUK 20:8 عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
LUK 20:9 ئینجا دەستی کرد بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ خەڵکەکە: «کابرایەک ڕەزێکی چاند و بە ڕەزەوانانی سپارد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد.
LUK 20:10 لە‏ وەرزی بەروبووم کۆکردنەوەدا کۆیلەیەکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو لە بەرهەمی ڕەزەکەی بدەنێ، بەڵام ڕەزەوانەکان لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە.
LUK 20:11 کۆیلەیەکی دیکەشی نارد، بەڵام لەمەشیان دا و سووکایەتییان پێکرد و بە دەستبەتاڵی ناردییانەوە.
LUK 20:12 سێیەمیشی نارد، ئەمەیان بریندار کرد و دەریانکرد.
LUK 20:13 «خاوەن ڕەزەکە گوتی: ”چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، لەوانەیە ڕێزی بگرن.“
LUK 20:14 «بەڵام کە ڕەزەوانەکان بینییان، تەگبیریان لەگەڵ یەکتری کرد و گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“
LUK 20:15 ئینجا بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. «ئیتر دەبێت خاوەنی ڕەزەکە چییان لێ بکات؟
LUK 20:16 دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.» کاتێک گوێیان لێبوو گوتیان: «خودا نەکات!»
LUK 20:17 ئەویش سەیری کردن و فەرمووی: «کەواتە ئەمەی نووسراوە چییە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە‏﴾؟
LUK 20:18 ئەوەی بەسەر بەردەکەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
LUK 20:19 لەو کاتەدا مامۆستایانی تەورات و کاهینانی باڵا هەوڵیان دا بیگرن، چونکە زانییان ئەو نموونەیەی لەسەر ئەوان هێنایەوە، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان.
LUK 20:20 ئینجا چاودێریی عیسایان کرد و سیخوڕیان نارد کە خۆیان بە ڕاستودروست دەردەخست، تاکو بە قسەی خۆی تووشی بکەن و بیدەنە دەست حوکم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا.
LUK 20:21 ئیتر سیخوڕەکان پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، دەزانین لە قسەکردن و فێرکرنتدا ڕاستی، لایەنگری کەسیش ناکەیت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت.
LUK 20:22 بۆ ئێمە دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»
LUK 20:23 عیسا کە بە فێڵەکەیانی دەزانی، پێی فەرموون:
LUK 20:24 «دینارێکم نیشان بدەن. ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» گوتیان: «هی قەیسەرە.»
LUK 20:25 ئەویش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»
LUK 20:26 ئیتر نەیانتوانی لەبەردەم خەڵکدا بە قسەکەی تووشی بکەن، سەرسامیش بوون لە وەڵامەکەی و بێدەنگ بوون.
LUK 20:27 هەندێک سەدوقی هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی:
LUK 20:28 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.
LUK 20:29 ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد.
LUK 20:30 دووەمیش و
LUK 20:31 سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن.
LUK 20:32 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.
LUK 20:33 ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
LUK 20:34 عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن،
LUK 20:35 بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن.
LUK 20:36 هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن.
LUK 20:37 تەنانەت موساش لە چیرۆکی دەوەنەکە ڕوونی دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە ﴿خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.﴾
LUK 20:38 ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.»
LUK 20:39 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.»
LUK 20:40 ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
LUK 20:41 عیسا پێی فەرموون: «باشە چۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داودە؟
LUK 20:42 داود خۆی لە پەڕتووکی زەبووردا دەڵێت: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
LUK 20:43 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“﴾
LUK 20:44 ئەوەتا داود پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
LUK 20:45 کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو:
LUK 20:46 «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە.
LUK 20:47 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
LUK 21:1 ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگاوە.
LUK 21:2 بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی.
LUK 21:3 ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا.
LUK 21:4 هەموو ئەوانە لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»
LUK 21:5 هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون:
LUK 21:6 «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»
LUK 21:7 ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»
LUK 21:8 فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون.
LUK 21:9 کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»
LUK 21:10 ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین.
LUK 21:11 لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.
LUK 21:12 «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان.
LUK 21:13 بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن.
LUK 21:14 ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن،
LUK 21:15 چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە.
LUK 21:16 تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن.
LUK 21:17 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە.
LUK 21:18 بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت.
LUK 21:19 بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە.
LUK 21:20 «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە.
LUK 21:21 ئینجا ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار،
LUK 21:22 چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی.
LUK 21:23 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە.
LUK 21:24 بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.
LUK 21:25 «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل.
LUK 21:26 لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن.
LUK 21:27 ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن کە بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە لەناو هەورەوە دێت.
LUK 21:28 کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان نزیک دەبێتەوە.»
LUK 21:29 ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن.
LUK 21:30 کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە.
LUK 21:31 بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە پاشایەتی خودا نزیکە.
LUK 21:32 «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
LUK 21:33 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»
LUK 21:34 «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات،
LUK 21:35 چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون.
LUK 21:36 کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»
LUK 21:37 عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن دەبوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون.
LUK 21:38 هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.
LUK 22:1 جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە.
LUK 22:2 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.
LUK 22:3 شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە.
LUK 22:4 ئەو ڕۆیشت و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد کە چۆن عیسایان ڕادەست بکات.
LUK 22:5 دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ.
LUK 22:6 ئەویش بەمە ڕازی بوو و بەدوای هەلێکدا دەگەڕا تاکو عیسا بداتە دەستیان، کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت.
LUK 22:7 ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی تێدا بکرێتە قوربانی.
LUK 22:8 عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.»
LUK 22:9 لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟»
LUK 22:10 پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت.
LUK 22:11 ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“
LUK 22:12 ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.»
LUK 22:13 جا ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
LUK 22:14 کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون.
LUK 22:15 پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم،
LUK 22:16 چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.»
LUK 22:17 جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن.
LUK 22:18 پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!»
LUK 22:19 نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
LUK 22:20 بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت.
LUK 22:21 بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە.
LUK 22:22 کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.»
LUK 22:23 ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات.
LUK 22:24 هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
LUK 22:25 عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن.
LUK 22:26 بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت.
LUK 22:27 کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.
LUK 22:28 ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە.
LUK 22:29 منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم،
LUK 22:30 تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.
LUK 22:31 «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات.
LUK 22:32 بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»
LUK 22:33 ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»
LUK 22:34 کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
LUK 22:35 ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.»
LUK 22:36 پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت.
LUK 22:37 من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾ پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.»
LUK 22:38 گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.» پێی فەرموون: «بەسە.»
LUK 22:39 پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن.
LUK 22:40 کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»
LUK 22:41 ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد.
LUK 22:42 فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.»
LUK 22:43 فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد.
LUK 22:44 کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.
LUK 22:45 ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە.
LUK 22:46 پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»
LUK 22:47 هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات.
LUK 22:48 عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟»
LUK 22:49 ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟»
LUK 22:50 جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی.
LUK 22:51 بەڵام عیسا فەرمووی: «ئیدی بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە.
LUK 22:52 پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟
LUK 22:53 ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.»
LUK 22:54 ئیتر گرتییان، بردیان و هێنایانە ماڵی سەرۆکی کاهینان. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت.
LUK 22:55 هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو.
LUK 22:56 کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕوانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.»
LUK 22:57 بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.»
LUK 22:58 دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی و گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.»
LUK 22:59 دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو و گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.»
LUK 22:60 بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی.
LUK 22:61 مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.»
LUK 22:62 ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.
LUK 22:63 ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد.
LUK 22:64 چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟»
LUK 22:65 زۆر کفری دیکەشیان لە دژی دەکرد.
LUK 22:66 کە ڕۆژبووەوە، ئەنجومەنی پیرانی گەل کۆبوونەوە، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات عیسایان بانگ کردە ئەنجومەنەکەیان.
LUK 22:67 پێیان گوت: «ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت پێمان بڵێ.» ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر پێتانی بڵێم باوەڕ ناکەن.
LUK 22:68 ئەگەر لێشتان بپرسم وەڵام نادەنەوە.
LUK 22:69 بەڵام لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ ﴿لە دەستەڕاستی خودای بەتوانا دادەنیشێت.﴾»
LUK 22:70 هەموو لێیان پرسی: «کەواتە تۆی کوڕی خودا؟» ئەویش پێی فەرموون: «ئێوە خۆتان دەڵێن کە من ئەوم.»
LUK 22:71 ئینجا گوتیان: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا لە دەمی خۆیەوە گوێمان لێبوو.»
LUK 23:1 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس.
LUK 23:2 دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد و دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.»
LUK 23:3 پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.»
LUK 23:4 پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.»
LUK 23:5 بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.»
LUK 23:6 کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە.
LUK 23:7 کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو.
LUK 23:8 کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت.
LUK 23:9 جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە.
LUK 23:10 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد.
LUK 23:11 هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس.
LUK 23:12 پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست.
LUK 23:13 پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و
LUK 23:14 پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن.
LUK 23:15 نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت.
LUK 23:16 لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» [
LUK 23:17 ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.]
LUK 23:18 بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!»
LUK 23:19 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدابوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە.
LUK 23:20 پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات.
LUK 23:21 بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»
LUK 23:22 بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ من تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.»
LUK 23:23 بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت.
LUK 23:24 پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت.
LUK 23:25 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.
LUK 23:26 کاتێک بردیان، شیمۆنی کورێنییان گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت.
LUK 23:27 خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان‏.
LUK 23:28 عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن.
LUK 23:29 ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە.
LUK 23:30 ئەو کاتە «﴿بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“ بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“﴾
LUK 23:31 ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟»
LUK 23:32 دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن.
LUK 23:33 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.
LUK 23:34 عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.
LUK 23:35 خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!»
LUK 23:36 سەربازانیش دەهاتنە لای و گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا و
LUK 23:37 دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!»
LUK 23:38 تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو، «ئەمە پاشای جولەکەیە.»
LUK 23:39 یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.»
LUK 23:40 بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟
LUK 23:41 سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەم پیاوە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.»
LUK 23:42 ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.»
LUK 23:43 پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»
LUK 23:44 نزیکی کاتژمێر دوازدە، هەتا کاتژمێر سێ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا،
LUK 23:45 چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.
LUK 23:46 عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.
LUK 23:47 سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد و گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە بێتاوان بوو.»
LUK 23:48 هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە.
LUK 23:49 بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد.
LUK 23:50 ئەوە بوو ئەندامێکی ئەنجومەن ناوی یوسف بوو، کابرایەکی چاک و ڕاستودروست بوو،
LUK 23:51 لە ئەنجومەن و کردارەکەیان ڕازی نەبوو. خەڵکی ڕامە بوو کە شارێکی یەهودیایە، چاوەڕوانی شانشینی خودا بوو.
LUK 23:52 ئەم چووە لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.
LUK 23:53 دایگرت و بە کەتان پێچایەوە، لە گۆڕێکی لە تاشەبەرد هەڵکەنراو داینا کە هەرگیز کەسی تێدا دانەنرابوو.
LUK 23:54 ئەو ڕۆژە خۆ ئامادەکردن بوو، ئەوەندەی نەمابوو بۆ ڕۆژی شەممە.
LUK 23:55 ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە لەگەڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف کەوتن، گۆڕەکە و تەرمەکەیان بینی چۆن دانرا.
LUK 23:56 ئینجا گەڕانەوە و بۆنوبەرامیان ئامادە کرد، بەڵام لە ڕۆژی شەممە بەگوێرەی ڕاسپاردەکە پشوویان دا.
LUK 24:1 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە.
LUK 24:2 بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە.
LUK 24:3 چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە.
LUK 24:4 هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان.
LUK 24:5 ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟
LUK 24:6 ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن،
LUK 24:7 فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“»
LUK 24:8 ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.
LUK 24:9 کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا.
LUK 24:10 مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت.
LUK 24:11 قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن.
LUK 24:12 بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.
LUK 24:13 هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیم دوور بوو.
LUK 24:14 لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو.
LUK 24:15 کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت،
LUK 24:16 بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا.
LUK 24:17 پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟» بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان.
LUK 24:18 یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟»
LUK 24:19 پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟» وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل،
LUK 24:20 چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا.
LUK 24:21 بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە.
LUK 24:22 کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و
LUK 24:23 تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە.
LUK 24:24 هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.»
LUK 24:25 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە!
LUK 24:26 نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟»
LUK 24:27 ئەوسا دەستی‏ کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران.
LUK 24:28 کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت.
LUK 24:29 ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.
LUK 24:30 کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان.
LUK 24:31 ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما.
LUK 24:32 بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»
LUK 24:33 ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و
LUK 24:34 دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.»
LUK 24:35 ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.
LUK 24:36 کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.»
LUK 24:37 سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن.
LUK 24:38 پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟
LUK 24:39 سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە.»
LUK 24:40 کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان.
LUK 24:41 لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟»
LUK 24:42 ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ.
LUK 24:43 وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی.
LUK 24:44 ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.»
LUK 24:45 ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن.
LUK 24:46 پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە،
LUK 24:47 بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات.
LUK 24:48 ئێوە شایەتی ئەم شتانەن.
LUK 24:49 وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.»
LUK 24:50 ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێت‌عەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن.
LUK 24:51 کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان.
LUK 24:52 ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
LUK 24:53 بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.
JOH 1:1 لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو.
JOH 1:2 ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو.
JOH 1:3 هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون.
JOH 1:4 وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو،
JOH 1:5 ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە.
JOH 1:6 مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو.
JOH 1:7 ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن.
JOH 1:8 ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات.
JOH 1:9 ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان.
JOH 1:10 ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی.
JOH 1:11 ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد.
JOH 1:12 لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا،
JOH 1:13 ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون.
JOH 1:14 وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت و ڕاستی.
JOH 1:15 یەحیا شایەتی بۆ دا و هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.»
JOH 1:16 لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە،
JOH 1:17 چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات.
JOH 1:18 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە جگە لە کوڕە تاقانەکەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست.
JOH 1:19 ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین و لێڤییان ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟»
JOH 1:20 ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە نیم.»
JOH 1:21 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.» «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر.»
JOH 1:22 لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»
JOH 1:23 یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“﴾»
JOH 1:24 ئەوانەی لە‏لایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون،
JOH 1:25 لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟»
JOH 1:26 یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن،
JOH 1:27 ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»
JOH 1:28 ئەمانە لە بێت‌عەنیا ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.
JOH 1:29 بۆ بەیانی کاتێک یەحیا بینی عیسا بەرەو ڕووی دێت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات!
JOH 1:30 ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من بووە.
JOH 1:31 منیش نەمدەناسی، بەڵام هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت.»
JOH 1:32 ئینجا یەحیا شایەتی دا و گوتی: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە.
JOH 1:33 من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.“
JOH 1:34 خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»
JOH 1:35 بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو.
JOH 1:36 کاتێک عیسای لە کاتی ڕۆیشتندا بینی، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!»
JOH 1:37 کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو، دوای عیسا کەوتن.
JOH 1:38 عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتا مامۆستا.
JOH 1:39 پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو.
JOH 1:40 ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن.
JOH 1:41 یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان دۆزییەوە.» واتا دەست‏نیشانکراو.
JOH 1:42 ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتا پەترۆس.
JOH 1:43 بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»
JOH 1:44 فیلیپۆس خەڵکی بێت‌سەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس.
JOH 1:45 فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.»
JOH 1:46 ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.»
JOH 1:47 عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە ئیسرائیلیی ڕەسەن، کە هیچ فێڵێکی تێدا نییە!»
JOH 1:48 ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی.»
JOH 1:49 ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!»
JOH 1:50 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!»
JOH 1:51 ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن.»
JOH 2:1 لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو.
JOH 2:2 عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکرابوون.
JOH 2:3 کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»
JOH 2:4 عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»
JOH 2:5 ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»
JOH 2:6 شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت.
JOH 2:7 جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.
JOH 2:8 ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!» ئەوانیش بردیان.
JOH 2:9 کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و
JOH 2:10 پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»
JOH 2:11 ئەو پەرجووەی عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو کە بەهۆیەوە شکۆی خۆی دەرخست، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.
JOH 2:12 دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.
JOH 2:13 کە جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم.
JOH 2:14 لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون.
JOH 2:15 قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی سەرەوژێر کرد،
JOH 2:16 ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!»
JOH 2:17 جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: ﴿دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.﴾
JOH 2:18 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»
JOH 2:19 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»
JOH 2:20 ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟»
JOH 2:21 بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد.
JOH 2:22 لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.
JOH 2:23 کاتێک عیسا لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینی کە دەیکرد.
JOH 2:24 بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی.
JOH 2:25 ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.
JOH 3:1 پیاوێک لە فەریسییەکان هەبوو بە ناوی نیقۆدیمۆس، یەکێک بوو لە ڕابەرانی جولەکە.
JOH 3:2 بە شەو هاتە لای عیسا و پێی گوت: «ڕابی، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لەلای خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت، ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت.»
JOH 3:3 عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.»
JOH 3:4 نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە!»
JOH 3:5 عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا.
JOH 3:6 ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە.
JOH 3:7 سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“
JOH 3:8 با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.»
JOH 3:9 نیقۆدیمۆس گوتی: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟»
JOH 3:10 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی ئیسرائیلی و ئەمانەش نازانیت؟
JOH 3:11 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان قبوڵ ناکەن.
JOH 3:12 باسی شتە زەمینییەکانم بۆتان کرد و باوەڕ ناکەن، ئیتر چۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟
JOH 3:13 کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان هاتووەتە خوارەوە، کە ئەویش کوڕی مرۆڤە.
JOH 3:14 هەروەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە،
JOH 3:15 تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.»
JOH 3:16 لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت،
JOH 3:17 چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت.
JOH 3:18 ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە.
JOH 3:19 ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو.
JOH 3:20 لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت.
JOH 3:21 بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستی دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوەیە.
JOH 3:22 دوای ئەمانە عیسا و قوتابییەکانی هاتنە خاکی یەهودیا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و خەڵکی لە ئاو هەڵکێشا.
JOH 3:23 یەحیاش لە ئەینونی نزیک شاری سالیم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، چونکە لەوێ ئاو زۆر بوو، ئیتر دەهاتن و لە ئاو هەڵدەکێشران،
JOH 3:24 چونکە هێشتا یەحیا نەخرابووە زیندانەوە.
JOH 3:25 لەوێ دەربارەی پاککردنەوە گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یەحیا و جولەکەیەک.
JOH 3:26 قوتابییەکانی هاتنە لای یەحیا و پێیان گوت: «ڕابی، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەگەڵ تۆ بوو، ئەوەی شایەتیت بۆی دا، ئەوەتا خەڵک لە ئاو هەڵدەکێشێت و هەموو خەڵک دێنە لای.»
JOH 3:27 یەحیا وەڵامی دایەوە: «کەس ناتوانێت شتێک وەربگرێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەدرابێت.
JOH 3:28 ئێوە خۆتان شایەتیم بۆ دەدەن کە گوتم: ”من مەسیح نیم، بەڵام پێش ئەو نێردراوم.“
JOH 3:29 بووک بۆ زاوایە، هاوڕێی زاواش کە خزمەتی زاوا دەکات و چاوەڕێی دەنگی هاتنەکەی دەکات، کاتێک گوێی لە دەنگی زاوا دەبێ، زۆر دڵخۆش دەبێت. ئەم خۆشییە درا بە من و ئێستا هاتە دی.
JOH 3:30 پێویستە ئەو زیاد بکات و منیش کەم.»
JOH 3:31 ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییە ئەوە زەمینییە و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە و
JOH 3:32 شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت.
JOH 3:33 ئەوەی شایەتییەکەی وەردەگرێت، مۆری دەکات کە خودا ڕاستە،
JOH 3:34 چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت، لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز دەبەخشێت.
JOH 3:35 باوکی ئاسمانی کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی.
JOH 3:36 ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.
JOH 4:1 فەریسییەکان بیستیان کە عیسا لە یەحیا زیاتر قوتابی دروستکردووە و لە ئاو هەڵکێشاوە،
JOH 4:2 هەرچەندە عیسا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا، بەڵکو قوتابییەکانی.
JOH 4:3 کاتێک عیسا ئەمەی زانی یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە جەلیل.
JOH 4:4 جا دەبووایە بە ناوچەی سامیرەدا تێبپەڕێت.
JOH 4:5 ئیتر گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی.
JOH 4:6 بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا لەبەر ئەوەی کە عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو.
JOH 4:7 کاتێک ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.»
JOH 4:8 لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن.
JOH 4:9 جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن.
JOH 4:10 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت ”ئاوم بدەرێ،“ ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.»
JOH 4:11 ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێ نییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟
JOH 4:12 خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟»
JOH 4:13 عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە.
JOH 4:14 بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.»
JOH 4:15 ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.»
JOH 4:16 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.»
JOH 4:17 ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە.
JOH 4:18 لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.»
JOH 4:19 ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت.
JOH 4:20 باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.»
JOH 4:21 عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم.
JOH 4:22 ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە.
JOH 4:23 بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات.
JOH 4:24 خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.»
JOH 4:25 ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.»
JOH 4:26 عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.»
JOH 4:27 لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟»
JOH 4:28 ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت:
JOH 4:29 «وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟»
JOH 4:30 ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای.
JOH 4:31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، شتێک بخۆ!»
JOH 4:32 بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم، کە ئێوە نایزانن.»
JOH 4:33 لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟»
JOH 4:34 عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم.
JOH 4:35 ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە.
JOH 4:36 سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن.
JOH 4:37 لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“
JOH 4:38 من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.»
JOH 4:39 زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.»
JOH 4:40 لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە.
JOH 4:41 ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا.
JOH 4:42 بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!»
JOH 4:43 پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل،
JOH 4:44 چونکە خۆی فەرمووبووی کە پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت.
JOH 4:45 لەبەر ئەوە کاتێک هاتە جەلیل، جەلیلییەکان پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینیبوو کە لە جەژندا لە ئۆرشەلیم کردبووی.
JOH 4:46 عیسا دیسان هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب. لەو شارۆچکەیەدا کاربەدەستێکی پاشا هەبوو کە کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو.
JOH 4:47 کاتێک کە بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو.
JOH 4:48 ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.»
JOH 4:49 کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.»
JOH 4:50 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت.
JOH 4:51 کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە.
JOH 4:52 جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.»
JOH 4:53 باوکەکە زانی کە ڕێک ئەو کاتە بووە کە عیسا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا.
JOH 4:54 ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە جەلیل.
JOH 5:1 پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی جولەکەدا، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم.
JOH 5:2 لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون.
JOH 5:3 لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، [چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون،
JOH 5:4 چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان دادەبەزی بۆ ناو حەوزەکە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.]
JOH 5:5 کابرایەک لەوێ بوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو.
JOH 5:6 کاتێک عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»
JOH 5:7 نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت، کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکەوە. هەروەها کاتێکیش هەوڵ دەدەم بڕۆم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»
JOH 5:8 عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!»
JOH 5:9 دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت. ئەو ڕۆژەش شەممە بوو،
JOH 5:10 لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»
JOH 5:11 کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»
JOH 5:12 لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»
JOH 5:13 بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوور کەوتەوە.
JOH 5:14 دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.»
JOH 5:15 کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.
JOH 5:16 لەبەر ئەوەی کە عیسا ئەم کارانەی لە ڕۆژی شەممەدا دەکرد، ڕابەرانی جولەکە دەستیان کرد بە چەوساندنەوەی.
JOH 5:17 بەڵام عیسا لە بەرامبەردا فەرمووی: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.»
JOH 5:18 لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.
JOH 5:19 لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات.
JOH 5:20 باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن.
JOH 5:21 وەک چۆن باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە.
JOH 5:22 هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە،
JOH 5:23 تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.
JOH 5:24 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە.
JOH 5:25 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە،
JOH 5:26 چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.
JOH 5:27 دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.
JOH 5:28 «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و
JOH 5:29 دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
JOH 5:30 لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
JOH 5:31 «ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە.
JOH 5:32 یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە.
JOH 5:33 «نێردراوتان ناردە لای یەحیا، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا.
JOH 5:34 من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن.
JOH 5:35 ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن.
JOH 5:36 «بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە.
JOH 5:37 باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە،
JOH 5:38 فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن.
JOH 5:39 نووسراوە پیرۆزەکان دەپشکنن، چونکە وا دەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن،
JOH 5:40 بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.
JOH 5:41 «من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم.
JOH 5:42 بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە.
JOH 5:43 بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن.
JOH 5:44 چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟
JOH 5:45 «وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی.
JOH 5:46 ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی.
JOH 5:47 ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»
JOH 6:1 دوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی جەلیل، کە دەریاچەی تەبەرییەیە،
JOH 6:2 ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد.
JOH 6:3 ئینجا عیسا چووە سەر شاخ و لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت.
JOH 6:4 جەژنی پەسخەی جولەکەش نزیک بوو.
JOH 6:5 کاتێک عیسا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی دەهاتنە لای، بە فیلیپۆسی فەرموو: «لەکوێ نان بکڕین و ئەمانە نان بدەین؟»
JOH 6:6 ئەمەی گوت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە خۆی دەیزانی دەبێت چی بکات.
JOH 6:7 فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «بایی دوو سەد دیناریش نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەرکەوێت.»
JOH 6:8 یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس بوو پێی گوت:
JOH 6:9 «کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیە. بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟»
JOH 6:10 عیسا فەرمووی: «خەڵکەکە دابنیشێنن.» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو، جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن.
JOH 6:11 عیساش نانەکانی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەدا کە دانیشتبوون. بۆ ماسییەکانیش هەمان شتی کرد.
JOH 6:12 کاتێک هەمووان تێربوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکەنانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات.»
JOH 6:13 ئەوانیش کۆیان کردەوە و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لەو پەلکەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە نانخۆران مابووەوە.
JOH 6:14 لەبەر ئەوە کە خەڵکەکە بینییان عیسا چ پەرجووێکی کرد، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە کە بۆ جیهان دێت.»
JOH 6:15 عیسا زانی ئەوان بە نیازن بێن و بیگرن تاکو بیکەنە پاشا، دیسان بە تەنها چووە سەر شاخ.
JOH 6:16 کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە،
JOH 6:17 سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان.
JOH 6:18 ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو.
JOH 6:19 کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان.
JOH 6:20 بەڵام پێی فەرموون: «ئەوە منم، مەترسن!»
JOH 6:21 کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون.
JOH 6:22 بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون.
JOH 6:23 ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد.
JOH 6:24 کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن.
JOH 6:25 کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟»
JOH 6:26 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون.
JOH 6:27 بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»
JOH 6:28 لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟»
JOH 6:29 عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.»
JOH 6:30 ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟
JOH 6:31 باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾»
JOH 6:32 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ،
JOH 6:33 چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.»
JOH 6:34 لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.»
JOH 6:35 عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.
JOH 6:36 بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن.
JOH 6:37 هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم.
JOH 6:38 من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
JOH 6:39 ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە.
JOH 6:40 خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.»
JOH 6:41 جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.»
JOH 6:42 گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟»
JOH 6:43 عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن.
JOH 6:44 کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.
JOH 6:45 لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام.
JOH 6:46 کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە.
JOH 6:47 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە.
JOH 6:48 منم نانی ژیان.
JOH 6:49 باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن.
JOH 6:50 بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت.
JOH 6:51 منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»
JOH 6:52 جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟»
JOH 6:53 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت.
JOH 6:54 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە،
JOH 6:55 چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە.
JOH 6:56 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە.
JOH 6:57 وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت.
JOH 6:58 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.»
JOH 6:59 عیسا ئەمانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لە کەنیشتی کەفەرناحومدا خەریکی فێرکردنی خەڵک بوو.
JOH 6:60 کاتێک زۆرێک لە قوتابییەکان گوێیان لەو فەرمایشتەی عیسا بوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟»
JOH 6:61 عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساتمەکردنتان؟
JOH 6:62 ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟!
JOH 6:63 ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن.
JOH 6:64 بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن.» عیسا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.
JOH 6:65 ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.»
JOH 6:66 لەو کاتە بەولاوە زۆرێک لە قوتابییەکانی پشتیان تێکرد و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان.
JOH 6:67 لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟»
JOH 6:68 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە.
JOH 6:69 ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»
JOH 6:70 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!»
JOH 6:71 ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، بەڵام بەتەمابوو بە گرتنی بدات.
JOH 7:1 دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن.
JOH 7:2 کاتێک جەژنی کەپرەشینەی جولەکەش نزیک بووەوە،
JOH 7:3 براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت،
JOH 7:4 هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.»
JOH 7:5 براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.
JOH 7:6 عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە.
JOH 7:7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە.
JOH 7:8 ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.»
JOH 7:9 ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.
JOH 7:10 بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بە نهێنی.
JOH 7:11 ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»
JOH 7:12 لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە.» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.»
JOH 7:13 بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.
JOH 7:14 کاتێک نیوەی جەژن تێپەڕی، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی.
JOH 7:15 جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»
JOH 7:16 عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی.
JOH 7:17 ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات، ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم.
JOH 7:18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە.
JOH 7:19 ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»
JOH 7:20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»
JOH 7:21 عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون.
JOH 7:22 لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانەوەیە.
JOH 7:23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟
JOH 7:24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»
JOH 7:25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟
JOH 7:26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟
JOH 7:27 بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیح دێت، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»
JOH 7:28 پاشان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا بەردەوام بوو لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن،
JOH 7:29 بەڵام من دەیناسم، چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»
JOH 7:30 لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.
JOH 7:31 زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»
JOH 7:32 کاتێک فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی عیساوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.
JOH 7:33 عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی.
JOH 7:34 بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»
JOH 7:35 ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟!
JOH 7:36 ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»
JOH 7:37 لە گەورەترین و کۆتا ڕۆژی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە.
JOH 7:38 ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات.»
JOH 7:39 لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.
JOH 7:40 هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»
JOH 7:41 هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟
JOH 7:42 ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت کە مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێت‌لەحمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داودی لێبوو؟»
JOH 7:43 بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە.
JOH 7:44 هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.
JOH 7:45 ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»
JOH 7:46 خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»
JOH 7:47 فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟
JOH 7:48 باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟
JOH 7:49 نەخێر! تەنها ئەم خەڵکە نەفرەتلێکراوە نەبێت کە لە تەورات نازانێت.»
JOH 7:50 نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین:
JOH 7:51 «ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»
JOH 7:52 وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ لێی بکۆڵەوە و بیزانە کە لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.» [
JOH 7:53 ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی.
JOH 8:1 بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون.
JOH 8:2 لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و دەستی کرد بە فێرکردنیان.
JOH 8:3 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت،
JOH 8:4 پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە.
JOH 8:5 موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟»
JOH 8:6 ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن. بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە دەستی کرد بە نووسین لەسەر زەوی.
JOH 8:7 کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم کەس بەردی تێبگرێت.»
JOH 8:8 دیسان خۆی چەماندەوە و دەستی کردەوە بە نووسین لەسەر زەوی.
JOH 8:9 ئەوانەی گوێیان لێبوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو.
JOH 8:10 عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوان لە کوێن؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟»
JOH 8:11 گوتی: «نەخێر گەورەم.» عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»]
JOH 8:12 دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»
JOH 8:13 ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»
JOH 8:14 عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر تەنها خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم.
JOH 8:15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم.
JOH 8:16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من لەگەڵ باوکدام، ئەوەی کە ناردوومی.
JOH 8:17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە.
JOH 8:18 منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»
JOH 8:19 ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکیشمتان دەناسی.»
JOH 8:20 ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.
JOH 8:21 دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»
JOH 8:22 لەبەر ئەوە جولەکەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»
JOH 8:23 ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم.
JOH 8:24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»
JOH 8:25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن.
JOH 8:26 زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»
JOH 8:27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات.
JOH 8:28 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم.
JOH 8:29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.»
JOH 8:30 کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.
JOH 8:31 عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و
JOH 8:32 ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.»
JOH 8:33 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟»
JOH 8:34 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە.
JOH 8:35 کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.
JOH 8:36 ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن.
JOH 8:37 دەزانم کە ئێوە لە نەوەی ئیبراهیمن، بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە.
JOH 8:38 چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.»
JOH 8:39 وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.» عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد.
JOH 8:40 بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی من دەدەن، ئەو کەسەی کە ڕاستیی لە خوداوە بیست و پێی گوتن. ئیبراهیم وەک ئێوەی نەکردووە.
JOH 8:41 ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.» جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.»
JOH 8:42 عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی.
JOH 8:43 بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن.
JOH 8:44 ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە.
JOH 8:45 هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن!
JOH 8:46 کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟
JOH 8:47 ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»
JOH 8:48 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟»
JOH 8:49 عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن.
JOH 8:50 داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات.
JOH 8:51 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.»
JOH 8:52 پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“
JOH 8:53 ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دەزانیت؟»
JOH 8:54 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە.
JOH 8:55 هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم.
JOH 8:56 ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.»
JOH 8:57 جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟»
JOH 8:58 عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.»
JOH 8:59 ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.
JOH 9:1 کاتێک کە عیسا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو.
JOH 9:2 قوتابییەکانی لێیان پرسی و گوتیان: «ڕابی، کێ گوناهی کردووە، ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، وا بە زگماک نابینایە؟»
JOH 9:3 عیسا وەڵامی دایەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکیشی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت.
JOH 9:4 هەتا ڕۆژە لەسەرمانە کاری ئەوە بکەین کە ناردوومی، چونکە شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات.
JOH 9:5 ئەوەندەی لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم.»
JOH 9:6 ئەمەی فەرموو و تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە و چاوی پیاوەکەی پێ سواخ دا.
JOH 9:7 پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ،» (سیلوام واتا نێردراو). جا ڕۆیشت، خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە ماڵەوە.
JOH 9:8 ئینجا دراوسێ و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نییە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟»
JOH 9:9 هەندێک گوتیان: «خۆیەتی.» هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت.» بەڵام ئەو پیداگریی دەکرد و دەیگوت: «من ئەوم.»
JOH 9:10 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟»
JOH 9:11 وەڵامی دایەوە: «پیاوێک پێی دەگوترێ عیسا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخ دا، پێی فەرمووم: ”بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ.“ منیش ڕۆیشتم، خۆمم شوشت و پاشان چاوەکانم بینییان.»
JOH 9:12 لێیان پرسی: «ئەو لەکوێیە؟» گوتی: «نازانم.»
JOH 9:13 جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان.
JOH 9:14 ئەو ڕۆژەی عیسا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو.
JOH 9:15 لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بووەتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم و ئێستا دەبینم.»
JOH 9:16 هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە ناپارێزێت.» بەڵام هەندێکی دیکە گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی بەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان.
JOH 9:17 دیسان لە نابیناکەیان پرسی: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێی، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟» گوتی: «پێغەمبەرە.»
JOH 9:18 ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، هەتا ئەوەی دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد.
JOH 9:19 لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟»
JOH 9:20 دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو.
JOH 9:21 بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.»
JOH 9:22 دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن.
JOH 9:23 لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.»
JOH 9:24 دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.»
JOH 9:25 کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.»
JOH 9:26 لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟»
JOH 9:27 وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟»
JOH 9:28 جنێویان پێیدا و گوتیان: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موساین.
JOH 9:29 دەزانین خودا قسەی لەگەڵ موسا کرد، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە.»
JOH 9:30 کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن ئەو لەکوێوە هاتووە.
JOH 9:31 ئێمە دەزانین خودا گوێ لە گوناهباران ناگرێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لەخواترس بێت و خواستی خودا پەیڕەو بکات، ئەوا گوێی لێ دەگرێت.
JOH 9:32 هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە.
JOH 9:33 ئەگەر ئەم کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات.»
JOH 9:34 پێیان گوت: «تۆ بە تەواوی لە گوناه لەدایک بوویت. تۆ فێرمان دەکەیت؟» جا دەریانکردە دەرەوە.
JOH 9:35 عیسا بیستی دەریانکردووە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە کوڕی مرۆڤ دەکەیت؟»
JOH 9:36 کابرا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەو کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟»
JOH 9:37 عیسا پێی فەرموو: «تۆ ئەوت بینیوە، ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا قسەت لەگەڵ دەکات.»
JOH 9:38 ئەویش گوتی: «گەورەم، باوەڕ دەکەم.» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.
JOH 9:39 عیسا فەرمووی: «بۆ حوکمدان هاتوومەتە ئەم جیهانە، تاکو ئەوانەی نابینان ببینن و ئەوانەی دەبینن کوێر بن.»
JOH 9:40 هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو، لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟»
JOH 9:41 عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر ئێوە کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن: ”دەبینین،“ لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە.»
JOH 10:1 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە.
JOH 10:2 بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، ئەوە شوانی مەڕەکانە.
JOH 10:3 دەرگاوانیش دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات و دەیانباتە دەرەوە.
JOH 10:4 کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات و مەڕەکانیش دوای دەکەون، چونکە دەنگی دەناسنەوە.
JOH 10:5 هەرگیز دوای کەسی بێگانە ناکەون، بەڵکو لێی ڕادەکەن، چونکە دەنگی بێگانە ناناسن.»
JOH 10:6 عیسا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن باسی چییان بۆ دەکات.
JOH 10:7 لەبەر ئەوە دیسان عیسا فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، منم دەرگای مەڕەکان.
JOH 10:8 هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن.
JOH 10:9 منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە.
JOH 10:10 دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو.
JOH 10:11 «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت.
JOH 10:12 بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات.
JOH 10:13 کابرا هەڵدێت، چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە.
JOH 10:14 «منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن،
JOH 10:15 هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم.
JOH 10:16 هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەر بەم پشتیرە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان.
JOH 10:17 لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە.
JOH 10:18 کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»
JOH 10:19 بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەکی لەنێو جولەکەکان پەیدابوو.
JOH 10:20 زۆرێک لەوان گوتیان: «ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟»
JOH 10:21 هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی کەسێک نییە کە ڕۆحی پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی پیس دەتوانێت چاوی نابینا چاک بکاتەوە؟»
JOH 10:22 زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە بوو،
JOH 10:23 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.
JOH 10:24 جولەکەکان لێی کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ئاشکرا پێمان بڵێ.»
JOH 10:25 عیسا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن.
JOH 10:26 بەڵام ئێوە باوەڕ ناکەن، چونکە لە مەڕەکانم نین.
JOH 10:27 مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون،
JOH 10:28 ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت.
JOH 10:29 باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت.
JOH 10:30 من و باوک یەکین.»
JOH 10:31 دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن.
JOH 10:32 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟»
JOH 10:33 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.»
JOH 10:34 عیساش وەڵامی دانەوە: ‏«ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: ﴿من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“﴾؟
JOH 10:35 نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە،
JOH 10:36 ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟
JOH 10:37 ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن.
JOH 10:38 بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.»
JOH 10:39 دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو.
JOH 10:40 ئینجا عیسا چووەوە ئەوبەری ڕووباری ئوردون و لەوێ مایەوە، لەو شوێنەی کە یەحیا یەکەم جار خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.
JOH 10:41 زۆر خەڵک هاتنە لای و دەیانگوت: «یەحیا هیچ پەرجووێکی نەکرد، بەڵام هەرچی یەحیا دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو.»
JOH 10:42 لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە عیسا هێنا.
JOH 11:1 پیاوێک بە ناوی لەعازر نەخۆش بوو کە خەڵکی بێت‌عەنیا بوو، هەمان گوندی مریەم و مەرسای خوشکی.
JOH 11:2 ئەم مریەمە ئەوە بوو کە مەسیحی خاوەن شکۆی بە بۆن چەورکرد، بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، لەعازری نەخۆشیش برای بوو.
JOH 11:3 خوشکەکان هەواڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا ئەوەی خۆشتدەوێ نەخۆشە.»
JOH 11:4 کاتێک عیسا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بۆ مردن نییە، بەڵکو بۆ شکۆداری خودایە، تاکو بەهۆیەوە کوڕی خودا شکۆدار بێت.»
JOH 11:5 لەگەڵ ئەوەی عیسا مەرسا و خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست،
JOH 11:6 کاتێک بیستی نەخۆشە، دوو ڕۆژی دیکە لەو شوێنەی لێی بوو مایەوە.
JOH 11:7 دوای ئەمە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی یەهودیا.»
JOH 11:8 قوتابییەکان پێیان گوت: «ڕابی، ماوەیەک لەمەوبەر جولەکەکانی ئەوێ دەیانویست بەردبارانت بکەن، دیسان دەچیتەوە ئەوێ؟»
JOH 11:9 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نییە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت، چونکە ڕووناکیی ئەم جیهانە دەبینێت.
JOH 11:10 بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵدەکەوێت، چونکە ڕووناکی تێدا نییە.»
JOH 11:11 ئەمانەی فەرموو، پاشان پێی فەرموون: «لەعازری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو بەخەبەری بهێنمەوە.»
JOH 11:12 ئینجا قوتابییەکان پێیان گوت: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، چاکدەبێتەوە.»
JOH 11:13 عیسا باسی مردنی ئەوی کرد، بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات.
JOH 11:14 عیساش بە ئاشکرا پێی فەرموون: «لەعازر مردووە.
JOH 11:15 لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن، با بڕۆین بۆ لای.»
JOH 11:16 تۆماسیش کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو لەگەڵ ئەودا بمرین.»
JOH 11:17 کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە.
JOH 11:18 بێت‌عەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو.
JOH 11:19 ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن.
JOH 11:20 کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە.
JOH 11:21 ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.
JOH 11:22 ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.»
JOH 11:23 عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.»
JOH 11:24 مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێتەوە.»
JOH 11:25 عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە.
JOH 11:26 هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»
JOH 11:27 پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»
JOH 11:28 پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.»
JOH 11:29 ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای.
JOH 11:30 عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی.
JOH 11:31 ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت.
JOH 11:32 کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.»
JOH 11:33 عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو،
JOH 11:34 لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.»
JOH 11:35 جا عیسا گریا.
JOH 11:36 لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»
JOH 11:37 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟»
JOH 11:38 دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو.
JOH 11:39 عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.» مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.»
JOH 11:40 عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟»
JOH 11:41 ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم.
JOH 11:42 دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.»
JOH 11:43 کە ئەمەی فەرموو، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!»
JOH 11:44 ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.»
JOH 11:45 لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا.
JOH 11:46 بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن.
JOH 11:47 لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵایان کۆکردەوە. گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات.
JOH 11:48 ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.»
JOH 11:49 یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن!
JOH 11:50 تێناگەن کە باشترە بۆتان پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.»
JOH 11:51 ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆکی کاهینان بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا لە جیاتی گەل دەمرێت،
JOH 11:52 نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە.
JOH 11:53 ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت.
JOH 11:54 لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە.
JOH 11:55 لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە.
JOH 11:56 جا بە دوای عیسادا دەگەڕان، هەروەها کاتێک لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟»
JOH 11:57 کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر هەرکەسێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.
JOH 12:1 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
JOH 12:2 لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە.
JOH 12:3 مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.
JOH 12:4 یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی:
JOH 12:5 «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟»
JOH 12:6 ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژارانی دەخوارد، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، لەو پارەیەی دەبرد کە تێیدا دادەنرا.
JOH 12:7 عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو،
JOH 12:8 چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»
JOH 12:9 کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
JOH 12:10 ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن،
JOH 12:11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.
JOH 12:12 بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم.
JOH 12:13 لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا! ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!»
JOH 12:14 عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:
JOH 12:15 ﴿ئەی شاری سییۆن مەترسە، ئەوەتا پاشاکەت دێت بە سواری جاشی ماکەرێک.﴾
JOH 12:16 سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە.
JOH 12:17 هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا.
JOH 12:18 لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە.
JOH 12:19 فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»
JOH 12:20 هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن.
JOH 12:21 ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.»
JOH 12:22 فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.
JOH 12:23 عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە.
JOH 12:24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات.
JOH 12:25 ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت.
JOH 12:26 ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»
JOH 12:27 «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم.
JOH 12:28 ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!» جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.»
JOH 12:29 ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»
JOH 12:30 عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو.
JOH 12:31 ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت.
JOH 12:32 کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.»
JOH 12:33 ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.
JOH 12:34 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»
JOH 12:35 عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات.
JOH 12:36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.
JOH 12:37 هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا،
JOH 12:38 تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟﴾
JOH 12:39 لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:
JOH 12:40 ﴿چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە، بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.﴾
JOH 12:41 ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.
JOH 12:42 هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن،
JOH 12:43 چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.
JOH 12:44 ئینجا عیسا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی،
JOH 12:45 ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی.
JOH 12:46 من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
JOH 12:47 «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم.
JOH 12:48 ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات.
JOH 12:49 من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم.
JOH 12:50 دەزانم ڕاسپاردەی ئەو خەڵکی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەبات، هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم.»
JOH 13:1 پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن.
JOH 13:2 ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات.
JOH 13:3 عیساش کە دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە،
JOH 13:4 لەسەر خوان هەستا و کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست.
JOH 13:5 پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە.
JOH 13:6 کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟»
JOH 13:7 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئەمەی ئێستا دەیکەم تۆ لێی تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.»
JOH 13:8 پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.»
JOH 13:9 جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!»
JOH 13:10 عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.»
JOH 13:11 عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.
JOH 13:12 پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟
JOH 13:13 ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام.
JOH 13:14 جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن.
JOH 13:15 من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن.
JOH 13:16 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە.
JOH 13:17 ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.
JOH 13:18 «باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: ﴿ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد‏.﴾
JOH 13:19 «لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم.
JOH 13:20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.»
JOH 13:21 کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
JOH 13:22 قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە.
JOH 13:23 یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە،
JOH 13:24 شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە.
JOH 13:25 ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟»
JOH 13:26 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی.
JOH 13:27 هەرکە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە. عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.»
JOH 13:28 هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی عیسا ئەمەی پێ فەرموو.
JOH 13:29 هەندێکیان وایانزانی عیسا پێی دەفەرموێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان شتێک بداتە هەژاران، چونکە سندوقی پارەکە لەلای یەهوزا بوو.
JOH 13:30 ئەویش کە پارووەکەی وەرگرت یەکسەر چووە دەرەوە. ئەو کاتە شەو بوو.
JOH 13:31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا.
JOH 13:32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.
JOH 13:33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.
JOH 13:34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ.
JOH 13:35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»
JOH 13:36 شیمۆن پەترۆسیش لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت دوامبکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت.»
JOH 13:37 دیسان پەترۆس لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبکەوم؟ ژیانم بۆ تۆ دادەنێم.»
JOH 13:38 عیسا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت!
JOH 14:1 «نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن.
JOH 14:2 ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم.
JOH 14:3 جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم.
JOH 14:4 ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»
JOH 14:5 تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»
JOH 14:6 عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت.
JOH 14:7 ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»
JOH 14:8 فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»
JOH 14:9 عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟
JOH 14:10 ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات.
JOH 14:11 باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن.
JOH 14:12 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم.
JOH 14:13 هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت.
JOH 14:14 ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.
JOH 14:15 «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن.
JOH 14:16 منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە،
JOH 14:17 ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت.
JOH 14:18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان.
JOH 14:19 پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین.
JOH 14:20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام.
JOH 14:21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
JOH 14:22 ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»
JOH 14:23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین.
JOH 14:24 ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.
JOH 14:25 «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم.
JOH 14:26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە.
JOH 14:27 «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن.
JOH 14:28 «گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە.
JOH 14:29 ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن.
JOH 14:30 لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە،
JOH 14:31 بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم. «هەستن، با لێرە بڕۆین.
JOH 15:1 «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە.
JOH 15:2 هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات.
JOH 15:3 ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن.
JOH 15:4 بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.
JOH 15:5 «منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن.
JOH 15:6 ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت.
JOH 15:7 ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت.
JOH 15:8 باوکم شکۆدار دەبێت ئەگەر ئێوە بەرهەمی زۆر بگرن؛ بەوە دەردەکەوێ کە ئێوە قوتابی منن.
JOH 15:9 «هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن.
JOH 15:10 ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم.
JOH 15:11 ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت.
JOH 15:12 ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن.
JOH 15:13 کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت.
JOH 15:14 ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم.
JOH 15:15 ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن.
JOH 15:16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن بتانداتێ.
JOH 15:17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
JOH 15:18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە.
JOH 15:19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە.
JOH 15:20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە.“ ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستبێت، هی ئێوەش دەپارێزن.
JOH 15:21 بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن.
JOH 15:22 ئەگەر نەهاتبام و قسەم بۆ نەکردبان، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان.
JOH 15:23 ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە.
JOH 15:24 ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە.
JOH 15:25 بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: ﴿بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.﴾
JOH 15:26 «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات.
JOH 15:27 ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.
JOH 16:1 «ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن.
JOH 16:2 لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وا دەزانێت خزمەتی خودا دەکات.
JOH 16:3 ئەمانەش دەکەن، چونکە نە باوکیان ناسیوە و نە من.
JOH 16:4 بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.
JOH 16:5 «ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت: ”بۆ کوێ دەچیت؟“
JOH 16:6 کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن.
JOH 16:7 بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم.
JOH 16:8 کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان:
JOH 16:9 لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛
JOH 16:10 لەسەر ڕاستودروستی، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛
JOH 16:11 لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە.
JOH 16:12 «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن.
JOH 16:13 بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات.
JOH 16:14 ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت کە لە منەوە وەریدەگرێت.
JOH 16:15 هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.
JOH 16:16 «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»
JOH 16:17 هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟»
JOH 16:18 گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»
JOH 16:19 عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، بۆیە پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟
JOH 16:20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی.
JOH 16:21 کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات.
JOH 16:22 ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ.
JOH 16:23 لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ.
JOH 16:24 هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان کامڵ و تەواو بێت.
JOH 16:25 «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم.
JOH 16:26 لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم،
JOH 16:27 چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم.
JOH 16:28 لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»
JOH 16:29 قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت.
JOH 16:30 ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویستت بەوە نییە کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»
JOH 16:31 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟
JOH 16:32 وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.
JOH 16:33 «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»
JOH 17:1 کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی: «باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات.
JOH 17:2 هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون.
JOH 17:3 ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە.
JOH 17:4 من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم.
JOH 17:5 ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو.
JOH 17:6 «ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد.
JOH 17:7 ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە.
JOH 17:8 ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە.
JOH 17:9 بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن.
JOH 17:10 هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم.
JOH 17:11 ئەمان لە‏جیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین.
JOH 17:12 کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوون کوڕی لەناوچوو نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی.
JOH 17:13 «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمانە دەکەم، تاکو بە تەواوی شادی منیان لە دڵدا بێت.
JOH 17:14 من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم.
JOH 17:15 داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی.
JOH 17:16 ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم.
JOH 17:17 بە ڕاستیی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە.
JOH 17:18 وەک چۆن منت نارد بۆ جیهان، منیش ئەوانم نارد بۆ جیهان.
JOH 17:19 بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن.
JOH 17:20 «تەنها بۆ ئەمان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە بە قسەی ئەمانەوە باوەڕم پێ دەهێنن،
JOH 17:21 تاکو هەموو یەک بن، باوکە، هەروەک تۆ لە مندای و منیش لە تۆدام. با ئەوانیش لە ئێمەدا بن، تاکو جیهان باوەڕ بهێنێت کە تۆ منت ناردووە.
JOH 17:22 منیش ئەو شکۆیەم داونەتێ کە تۆ بە منت داوە، تاکو ببنە یەک، وەک چۆن ئێمە یەکین.
JOH 17:23 من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە.
JOH 17:24 «باوکە، دەمەوێت ئەوانەی کە بە منت داون لەکوێ بم لەگەڵم بن، تاکو شکۆمەندییەکەم ببینن کە بە منت داوە، چونکە پێش دامەزراندنی جیهان منت خۆشویست.
JOH 17:25 «ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم، ئەوانیش دەزانن تۆ منت ناردووە.
JOH 17:26 ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»
JOH 18:1 لەدوای ئەوەی عیسا نوێژەکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی.
JOH 18:2 یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە.
JOH 18:3 ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ.
JOH 18:4 عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟»
JOH 18:5 وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی». عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو.
JOH 18:6 کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی.
JOH 18:7 لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟» گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.»
JOH 18:8 عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.»
JOH 18:9 بەمەش ئەو قسەیەی هێنایە دی کە فەرمووبووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.»
JOH 18:10 شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو.
JOH 18:11 عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێیداوم نەیخۆمەوە؟»
JOH 18:12 ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە.
JOH 18:13 یەکەم جار بردیانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو.
JOH 18:14 قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت.
JOH 18:15 شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان،
JOH 18:16 بەڵام پەترۆس ناچار بوو لە دەرەوە لەبەردەرگاکە ڕابوەستێت. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە.
JOH 18:17 کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟» گوتی: «نەخێر.»
JOH 18:18 خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە.
JOH 18:19 سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد.
JOH 18:20 عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە.
JOH 18:21 بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.»
JOH 18:22 کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆکی کاهینان دەدەیتەوە؟»
JOH 18:23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟»
JOH 18:24 ئینجا حەنا عیسای بە دەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینان نارد.
JOH 18:25 شیمۆن پەترۆسیش هێشتا لەوێ ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە، بۆیە لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.»
JOH 18:26 یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟»
JOH 18:27 دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی.
JOH 18:28 بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن و نەتوانن نانی پەسخە بخۆن.
JOH 18:29 پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟»
JOH 18:30 وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.»
JOH 18:31 پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.»
JOH 18:32 ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەو قسەیەی عیسا بێتە دی کە لەسەر شێوازی مردنەکەی فەرمووبووی.
JOH 18:33 لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟»
JOH 18:34 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟»
JOH 18:35 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟»
JOH 18:36 عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من سەر بەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من سەر بەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من سەر بە ئێرە نییە.»
JOH 18:37 ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.»
JOH 18:38 پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم.
JOH 18:39 بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»
JOH 18:40 هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان.
JOH 19:1 ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی.
JOH 19:2 سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد.
JOH 19:3 لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.
JOH 19:4 دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!»
JOH 19:5 عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»
JOH 19:6 کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.»
JOH 19:7 ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»
JOH 19:8 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا.
JOH 19:9 گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.
JOH 19:10 پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»
JOH 19:11 عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»
JOH 19:12 ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»
JOH 19:13 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا».
JOH 19:14 ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو. ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.»
JOH 19:15 ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»
JOH 19:16 ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت. سەربازەکانیش عیسایان برد.
JOH 19:17 عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا».
JOH 19:18 لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.
JOH 19:19 پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.»
JOH 19:20 جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو.
JOH 19:21 کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»
JOH 19:22 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»
JOH 19:23 کاتێک سەربازەکان عیسایان لە‏ خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.
JOH 19:24 لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی: ﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾ جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.
JOH 19:25 لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون.
JOH 19:26 کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.»
JOH 19:27 بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.
JOH 19:28 پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.»
JOH 19:29 گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی.
JOH 19:30 کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.
JOH 19:31 پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن.
JOH 19:32 ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون.
JOH 19:33 بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند.
JOH 19:34 بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو.
JOH 19:35 ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن.
JOH 19:36 ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: ﴿هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!﴾
JOH 19:37 هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾
JOH 19:38 پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد.
JOH 19:39 نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر موڕی تێکەڵاو بە ئەلوای هێنا.
JOH 19:40 جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن.
JOH 19:41 لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو.
JOH 19:42 لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.
JOH 20:1 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەجدەلی هاتە سەر گۆڕەکە و بینی بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە.
JOH 20:2 ئەویش ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆس و ئەو قوتابییەی دیکە کە عیسا خۆشی دەویست، پێی گوتن: «گەورەیان لە گۆڕەکەدا بردووە و نازانین لەکوێ دایانناوە!»
JOH 20:3 ئینجا پەترۆس و قوتابییەکەی دیکە بەرەو گۆڕەکە بەڕێکەوتن.
JOH 20:4 هەردووکیان بەیەکەوە ڕایاندەکرد، بەڵام قوتابییەکەی دیکە پێش پەترۆس کەوت و زووتر گەیشتە سەر گۆڕەکە.
JOH 20:5 دانەوییەوە و بینی کەتانەکە دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە.
JOH 20:6 ئینجا شیمۆن پەترۆس کە دوایکەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە دانراوە.
JOH 20:7 ئەو دەسماڵەی کە بەسەری عیساوە پێچرابوو، لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە جێیەک پێچرابووەوە.
JOH 20:8 ئەوسا قوتابییەکەی دیکەش کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە. بینی و باوەڕی هێنا.
JOH 20:9 ئەو کاتە هێشتا لە نووسراوە پیرۆزەکان تێنەگەیشتبوون کە دەبێ عیسا لەنێو مردووان هەستێتەوە.
JOH 20:10 دواتر قوتابییەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.
JOH 20:11 بەڵام مریەم لەلای گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. کاتێک دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد،
JOH 20:12 بینی دوو فریشتە بە جلی سپییەوە لەو شوێنەی تەرمەکەی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یەکێک لەلای سەرییەوە ئەوی دیکە لەلای پێیەوە.
JOH 20:13 لێیان پرسی: «خانم، بۆچی دەگریت؟» وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە.»
JOH 20:14 کە ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی عیسا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی عیسایە.
JOH 20:15 عیسا پێی فەرموو: «خانم! بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە.»
JOH 20:16 عیساش پێی فەرموو: «مریەم!» ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» کە بە واتای مامۆستا دێت.
JOH 20:17 عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»
JOH 20:18 مریەمی مەجدەلی هات و بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند: «گەورەم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرمووبوو.
JOH 20:19 ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە، دەرگاکانی ئەو شوێنە داخرابوون کە قوتابییەکانی لێبوو، عیسا هات و لە ناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت!»
JOH 20:20 کە ئەمەی فەرموو، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.
JOH 20:21 ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.»
JOH 20:22 کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن.
JOH 20:23 ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.»
JOH 20:24 بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات.
JOH 20:25 قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!» ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.»
JOH 20:26 لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!»
JOH 20:27 ئینجا بە تۆماسی فەرموو: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.»
JOH 20:28 تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!»
JOH 20:29 عیسا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی منت بینی، باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»
JOH 20:30 عیسا لەبەردەم قوتابییەکانیدا زۆر پەرجووی دیکەی کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە.
JOH 20:31 بەڵام ئەمانە نووسراون تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.
JOH 21:1 دوای ئەمە دیسان عیسا بەم شێوەیە لە دەریاچەی جەلیل خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست:
JOH 21:2 شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسرابوو، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون.
JOH 21:3 شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت.
JOH 21:4 کاتی بەرەبەیان، عیسا لە کەناری دەریاچەکە ڕاوەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە.
JOH 21:5 عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێ نییە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.»
JOH 21:6 پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە.
JOH 21:7 ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە.
JOH 21:8 قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ لە وشکانییەوە دوور بوون.
JOH 21:9 کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە.
JOH 21:10 عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.»
JOH 21:11 شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا.
JOH 21:12 عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە.
JOH 21:13 عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە.
JOH 21:14 ئەمە سێیەم جار بوو کە عیسا پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان بۆ قوتابییەکان دەرکەوت.
JOH 21:15 دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.»
JOH 21:16 دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.» پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.»
JOH 21:17 سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «گەورەم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.» عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە.
JOH 21:18 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.»
JOH 21:19 ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بەهۆیەوە خودا شکۆدار دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!»
JOH 21:20 پەترۆس ئاوڕی دایەوە و بینی کە ئەو قوتابییەی کە عیسا خۆشی دەویست دوایان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی عیساوە نابوو و پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی بە گرتنت دەدات؟»
JOH 21:21 کاتێک پەترۆس ئەمەی بینی بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟»
JOH 21:22 عیساش پێی فەرموو: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ دوام بکەوە.»
JOH 21:23 ئیتر ئەم قسەیە لەنێو برایان وا بڵاو بووەوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام عیسا پێی نەفەرموو کە نامرێت، بەڵکو «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟»
JOH 21:24 ئەمەش ئەو قوتابییەیە کە دەربارەی ئەم شتانە شایەتی دەدات و ئەم شتانەی نووسیوە. ئێمەش دەزانین شایەتییەکەی ڕاستە.
JOH 21:25 زۆر شتی دیکە هەیە عیسا کردوویەتی، ئەگەر یەک لەدوای یەک بنووسرایەتەوە، وابزانم خودی جیهان جێگای ئەو پەڕتووکە نووسراوانەی تێدا نەدەبووەوە.
ACT 1:1 بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە،
ACT 1:2 هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن.
ACT 1:3 دوای ئازارچێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا.
ACT 1:4 کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان.
ACT 1:5 یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.»
ACT 1:6 ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
ACT 1:7 وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون.
ACT 1:8 بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
ACT 1:9 ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
ACT 1:10 کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون.
ACT 1:11 پێیان گوتن: «ئەی جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
ACT 1:12 ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.
ACT 1:13 کاتێک گەیشتن، چوونە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە، ئەوەی کە تێیدا دەمانەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون: پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆنی دڵگەرم و یەهوزای برای یاقوب.
ACT 1:14 هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
ACT 1:15 ڕۆژێکیان پەترۆس کە لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداردا بوو، هەستا و گوتی:
ACT 1:16 «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت.
ACT 1:17 بە یەکێک لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
ACT 1:18 (یەهوزا بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لە ناوەڕاستەوە شەق بوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە.
ACT 1:19 هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناو نا حەقل دەمخ، کە بە واتای کێڵگەی خوێن دێت.)
ACT 1:20 پەترۆس درێژەی پێدا و گوتی: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە: «﴿با ماڵەکەی چۆڵ بێت، کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!﴾ هەروەها: ﴿با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.﴾
ACT 1:21 کەواتە با یەکێک لەو پیاوانەی کە یاوەرمان بوون بە درێژایی ئەو ماوەیەی عیسای مەسیح لەنێوماندا دەژیا،
ACT 1:22 هەر لە لەئاوهەڵکێشانەکەیەوە لەلایەن یەحیا هەتا ئەو ڕۆژەی بەرزکرایەوە، لەگەڵماندا ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
ACT 1:23 جا دووانیان هێنایە پێشەوە، یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس.
ACT 1:24 نوێژیان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە،
ACT 1:25 تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی خۆی.»
ACT 1:26 ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.
ACT 2:1 کە ڕۆژی پەنجایەمین هات، هەموو باوەڕداران پێکەوە لە یەک شوێندا بوون،
ACT 2:2 لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون.
ACT 2:3 ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە.
ACT 2:4 جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین.
ACT 2:5 لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە.
ACT 2:6 کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان.
ACT 2:7 حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟
ACT 2:8 ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟
ACT 2:9 ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا،
ACT 2:10 فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن، هەروەها میوانەکانی ڕۆما،
ACT 2:11 جولەکە و ئەوانەشی ببوون بە جولەکە، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.»
ACT 2:12 هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟»
ACT 2:13 هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.»
ACT 2:14 پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن،
ACT 2:15 چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی بەیانییە!
ACT 2:16 بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە:
ACT 2:17 «﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن.
ACT 2:18 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.
ACT 2:19 لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو و لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم: خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
ACT 2:20 خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.
ACT 2:21 جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.﴾
ACT 2:22 «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن.
ACT 2:23 ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان.
ACT 2:24 بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە.
ACT 2:25 سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی: «﴿هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی، لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
ACT 2:26 بۆیە دڵشادم و زارم خۆشی دەردەبڕێت، تەنانەت جەستەم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
ACT 2:27 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
ACT 2:28 ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.﴾
ACT 2:29 «برایان، با بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە.
ACT 2:30 ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا سوێندی خواردووە و بەڵێنی پێداوە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت.
ACT 2:31 پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی کرد، کە نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو.
ACT 2:32 ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی.
ACT 2:33 ئینجا بۆ لای دەستەڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن.
ACT 2:34 داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
ACT 2:35 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“﴾
ACT 2:36 «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»
ACT 2:37 کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»
ACT 2:38 پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن.
ACT 2:39 ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»
ACT 2:40 بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.»
ACT 2:41 ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.
ACT 2:42 ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی، لەتکردنی نان و نوێژکردن.
ACT 2:43 هەموو لە ناخەوە سام دایگرتبوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران.
ACT 2:44 باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون.
ACT 2:45 ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد.
ACT 2:46 ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد،
ACT 2:47 ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.
ACT 3:1 ڕۆژێکیان کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ، کە کاتی نوێژ بوو، پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا.
ACT 3:2 لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە.
ACT 3:3 کاتێک ئەو پیاوە بینی کە پەترۆس و یۆحەنا بە نیازن بێنە ناو حەوشەکانی پەرستگا، داوای خێری لێکردن.
ACT 3:4 پەترۆس و یۆحەنا بە وردی تێیانڕوانی، ئینجا پەترۆس گوتی: «سەیرمان بکە!»
ACT 3:5 ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەربگرێت.
ACT 3:6 پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!»
ACT 3:7 ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی.
ACT 3:8 ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد.
ACT 3:9 هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات.
ACT 3:10 جا کاتێک خەڵکەکە زانییان ئەمە ئەو کەسەیە کە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساوی دایگرتن لەوەی بەسەری هاتووە.
ACT 3:11 کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسیبوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.
ACT 3:12 پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟
ACT 3:13 خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات.
ACT 3:14 ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد.
ACT 3:15 سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە.
ACT 3:16 ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.
ACT 3:17 «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان.
ACT 3:18 بەڵام خودا ئەوەی هێنایە دی کە پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاندبوو، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت.
ACT 3:19 کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و
ACT 3:20 مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو.
ACT 3:21 ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە.
ACT 3:22 موساش گوتی: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، دەبێت گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتانی دەڵێت.
ACT 3:23 جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دادەبڕدرێت.﴾
ACT 3:24 «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە.
ACT 3:25 ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، کاتێک بە ئیبراهیمی فەرموو: ﴿لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.﴾
ACT 3:26 کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»
ACT 4:1 کاتێک پەترۆس و یۆحەنا قسەیان بۆ خەڵکەکە دەکرد، کاهینان و سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و سەدوقییەکان هاتنە لایان،
ACT 4:2 زۆر لێیان پەست بوون، چونکە خەڵکیان فێردەکرد و دەیانگوت کە مردووان زیندوو دەبنەوە هەروەک چۆن عیسا زیندووبووەوە.
ACT 4:3 بۆیە پەترۆس و یۆحەنایان گرت و لەبەر ئەوەی دەمەو ئێوارە بوو، هەتا بەیانی لە زیندانیان کردن.
ACT 4:4 بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار.
ACT 4:5 بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە،
ACT 4:6 لەگەڵ حەنای سەرۆکی کاهینان و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆکی کاهینان بوون.
ACT 4:7 پەترۆس و یۆحەنایان لە ناوەڕاست ڕاگرت و پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟»
ACT 4:8 لەو کاتەدا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران،
ACT 4:9 ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک کە بۆ پەککەوتەیەک کراوە، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکەن و لێمان دەپرسن کە بە چی چاک بووەتەوە،
ACT 4:10 ئەوا با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە.
ACT 4:11 ئەمە «﴿ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە، ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە‏.﴾
ACT 4:12 بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین.»
ACT 4:13 کاتێک ئازایەتی پەترۆس و یۆحەنایان بینی و زانییان خەڵکێکی نەخوێندەوار و سادەن، سەرسام بوون و بۆیان دەرکەوت کە ئەم پیاوانە پێشتر لەگەڵ عیسادا بوون.
ACT 4:14 بەڵام کاتێک ئەو پیاوەشیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی چاک بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.
ACT 4:15 ئەوسا فەرمانیان پێدان لە ئەنجومەنی باڵا بچنە دەرەوە و لەناو خۆیاندا کەوتنە گفتوگۆ:
ACT 4:16 «چی لەم پیاوانە بکەین؟ ئاشکرایە بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم کە نیشانەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی ئەمانەوە کراوە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین.
ACT 4:17 بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، هەڕەشەیان لێ دەکەین ئیتر لەلای کەس باسی ئەم ناوە نەکەن.»
ACT 4:18 ئینجا بانگیان کردن و فەرمانیان پێدان کە بە هیچ شێوەیەک بە ناوی عیسا دەم نەکەنەوە و کەسیش فێرنەکەن.
ACT 4:19 بەڵام پەترۆس و یۆحەنا وەڵامیان دایەوە: «بەلای خوداوە کامیان دروستترە: گوێ لە ئێوە بگرین یان لە ئەو؟ ئێوە حوکم بدەن!
ACT 4:20 بەڵام ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین.»
ACT 4:21 دوای هەڕەشەی زیاتر، بەریاندان. نەیانزانی چۆن سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ستایشی خودایان دەکرد بەهۆی ئەوەی ڕوویدابوو،
ACT 4:22 چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوەی بەسەرهاتبوو لە چل ساڵ زیاتر بوو.
ACT 4:23 کە پەترۆس و یۆحەنا بەربوون، هاتنە لای هاوڕێیەکانیان و ئەو شتانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان گوتبوون بۆیان گێڕانەوە.
ACT 4:24 کاتێک هاوڕێیەکانیان ئەمەیان بیست، هەموویان بە یەک دەنگ هاواریان بۆ خودا کرد: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆی دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.
ACT 4:25 لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز لەسەر زاری داودی باوکمان و بەندەی خۆت فەرمووت: «﴿بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
ACT 4:26 پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی‏.﴾
ACT 4:27 لەبەر ئەوەی بە ڕاستی لەم شارەدا، هێرۆدس و پیلاتۆسی پۆنتی و ناجولەکەکان و گەلی ئیسرائیل لە دژی عیسای خزمەتکاری پیرۆزت یەکیانگرت، ئەوەی کە دەستنیشانت کرد.
ACT 4:28 ئەو کارەیان ئەنجام دا کە هێز و خواستی تۆ پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشابوو کە دەبێت ڕووبدەن.
ACT 4:29 ئێستاش ئەی یەزدان، سەیری هەڕەشەکانیان بکە، توانای ئەوە بە خزمەتکارەکانت ببەخشە کە بەوپەڕی ئازایەتییەوە بە وشەکانت بدوێن.
ACT 4:30 دەستت درێژ بکە تاکو چاکبوونەوە و نیشانە و پەرجوو بە ناوی عیسای خزمەتکاری پیرۆزتەوە بکرێت.»
ACT 4:31 کاتێک لە خودا دەپاڕانەوە، ئەو شوێنەی کە تێدا کۆببوونەوە هاتە لەرزین و هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز، بە چاونەترسییەوە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.
ACT 4:32 کۆمەڵی باوەڕداران یەک دڵ و گیان بوون، کەس نەیدەگوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵکو لە هەموو شتێکدا هاوبەش بوون.
ACT 4:33 نێردراوان بە هێزێکی گەورەوە شایەتی هەستانەوەی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا، نیعمەتێکی گەورەش بەسەر هەموویانەوە بوو.
ACT 4:34 کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و
ACT 4:35 لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد.
ACT 4:36 یەکێک لەوان پیاوێک بوو بە ناوی یوسف کە لێڤییەکی قوبرسی بوو. نێردراوان پێیان دەگوت بەرناباس کە بە واتای «کوڕی هاندەر» دێت.
ACT 4:37 کێڵگەیەکی هەبوو، فرۆشتی و پارەکەی هێنا، خستییە بەرپێی نێردراوان.
ACT 5:1 پیاوێک ناوی حەنانیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی پارچە زەوییەکی فرۆشت.
ACT 5:2 بە ئاگاداری ژنەکەی بەشێک لە پارەکەی بۆ خۆی هەڵگرت، ئەوەی مایەوە هێنای و خستییە بەرپێی نێردراوان.
ACT 5:3 پەترۆس گوتی: «حەنانیا، بۆچی شەیتان دڵی پڕکردوویت، بۆ ئەوەی درۆ لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز بکەیت و لە پارەی زەوییەکە بەشێک بۆ خۆت هەڵبگریت؟
ACT 5:4 ئایا نەتدەتوانی کێڵگەکە بۆ خۆت دابنێیت و نەیفرۆشی کاتێک کە هی خۆت بوو؟ پاش فرۆشتنی ئایا مافی ئەوەت نەبوو نرخەکەی هەڵبگریت؟ ئیتر بۆچی لە دڵی خۆتدا ویستت ناپاکی بکەیت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا.»
ACT 5:5 کاتێک حەنانیا گوێی لەم قسەیە بوو، کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست ترسێکی گەورەیان لێ نیشت.
ACT 5:6 ئینجا چەند گەنجێک هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان.
ACT 5:7 پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، ژنەکەی هاتە ژوورە و نەیدەزانی چی ڕوویداوە.
ACT 5:8 پەترۆس لێی پرسی: «پێم بڵێ، زەوییەکەتان بەم بڕە فرۆشت؟» گوتی: «بەڵێ، بەم بڕە.»
ACT 5:9 پەترۆسیش پێی گوت: «بۆچی ڕێککەوتن ڕۆحی یەزدان تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەردەرگان، تۆش هەڵدەگرن و دەتبەنە دەرەوە.»
ACT 5:10 دەستبەجێ ژنەکە لەبەرپێی پەترۆسدا کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرت و لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان.
ACT 5:11 ئیتر ترسێکی گەورە هاتە سەر هەموو کڵێسا و هەموو ئەوانەی ئەمانەیان بیست.
ACT 5:12 لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە.
ACT 5:13 کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن.
ACT 5:14 لەگەڵ ئەوەشدا هەتا دەهات ژن و پیاو بە کۆمەڵ باوەڕیان بە مەسیحی خاوەن شکۆ دەهێنا و دەهاتنە پاڵی.
ACT 5:15 لە ئەنجامدا، وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان.
ACT 5:16 خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە.
ACT 5:17 بەڵام سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی.
ACT 5:18 نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە.
ACT 5:19 بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە و گوتی:
ACT 5:20 «بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.»
ACT 5:21 هەرکە گوێیان لێبوو، بەیانی زوو چوونە حەوشەکانی پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. سەرۆکی کاهینان و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، ئەنجومەنی باڵا و هەموو کۆمەڵی پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن.
ACT 5:22 بەڵام کە پاسەوانەکان چوون و لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان و گوتیان:
ACT 5:23 «زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لە بەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان تێیدا نەبینی.»
ACT 5:24 کاتێک سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و کاهینانی باڵا ئەمەیان بیست، لێیان سەرسام بوون و گوتیان ئەمە چی بەسەردێت!
ACT 5:25 ئینجا یەکێک هات و گوتی: «ئەو پیاوانەی فڕێتاندانە زیندانەوە، وا لە حەوشەکانی پەرستگادا ڕاوەستاون و خەڵکی فێر دەکەن.»
ACT 5:26 ئەوسا سەرۆک و پاسەوانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی نێردراوانیان هێنا، چونکە دەترسان گەل بەردبارانیان بکەن.
ACT 5:27 کاتێک ئەوانیان هێنا و لەبەردەم ئەنجومەنی باڵادا ڕایانگرتن، سەرۆکی کاهینان لێی پرسین:
ACT 5:28 «بە توندی فەرمانمان پێ کردن خەڵکی بەم ناوە فێر نەکەن، ئەوەتا ئۆرشەلیمتان لە فێرکردنەکانتان پڕکردووە و دەتانەوێ خوێنی ئەم پیاوە بخەنە ئەستۆمان.»
ACT 5:29 پەترۆس و نێردراوان وەڵامیان دایەوە: «دەبێت گوێڕایەڵی بۆ خودا بێت زیاتر لەوەی بۆ خەڵک!
ACT 5:30 خودای باوباپیرانمان عیسای هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر دار کوشتتان.
ACT 5:31 خودا ئەوی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر بۆ دەستەڕاستی خۆی بەرز کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی گوناه بە ئیسرائیل ببەخشێت.
ACT 5:32 ئێمە شایەتی ئەم شتانەین، هەروەها ڕۆحی پیرۆزیش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی.»
ACT 5:33 کاتێک گوێیان لێبوو زۆر تووڕە بوون، ویستیان بیانکوژن.
ACT 5:34 بەڵام فەریسییەک بە ناوی گەمالائیل کە مامۆستای تەورات بوو و هەموو گەل ڕێزیان دەگرت، لە ئەنجومەنی باڵا هەستا و فەرمانی کرد کە نێردراوان بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە.
ACT 5:35 پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی دەتانەوێ بەم پیاوانەی بکەن.
ACT 5:36 ماوەیەک لەمەوبەر سوداس دەرکەوت و خۆی بە شت دەزانی، هەروەها نزیکەی چوار سەد پیاوی لێ کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاو بوونەوە و ئاسەواریان نەما.
ACT 5:37 دوای ئەمەش لە کاتی ناونووسینەکەدا یەهوزای جەلیلی هەستا و خەڵکانێکی بەدوای خۆیدا لەخشتە برد، ئەویش لەناوچوو و ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاوبوونەوە.
ACT 5:38 ئێستاش ئامۆژگاریتان دەکەم، لەم پیاوانە دوور بکەونەوە و وازیان لێ بهێنن، چونکە ئەگەر ئەم بیروباوەڕە و کارە لە خەڵکەوە بێت، تێکدەچێت.
ACT 5:39 بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت، ناتوانن تێکی بدەن، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە لە دژی خودا دەجەنگن.»
ACT 5:40 وتەکانی قایلی کردن، بۆیە نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن.
ACT 5:41 ئیتر نێردراوان بە دڵشادییەوە لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا هاتنە دەرەوە، چونکە بە شیاوی ئەوە دانران کە لە پێناو ناوی عیسادا سووکایەتییان پێ بکرێت.
ACT 5:42 ئیتر هەموو ڕۆژێک لە حەوشەکانی پەرستگا و لە ماڵاندا، بێوچان خەڵکیان فێردەکرد و مزگێنییان دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.
ACT 6:1 لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانە بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن.
ACT 6:2 بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین.
ACT 6:3 خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین.
ACT 6:4 ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»
ACT 6:5 هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە.
ACT 6:6 لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.
ACT 6:7 ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.
ACT 6:8 ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد.
ACT 6:9 جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد.
ACT 6:10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.
ACT 6:11 بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»
ACT 6:12 ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان و بۆ ئەنجومەنی باڵایان هێنا.
ACT 6:13 شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە و تەورات،
ACT 6:14 ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»
ACT 6:15 جا هەموو ئەوانەی لە ئەنجومەنی باڵا دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.
ACT 7:1 سەرۆکی کاهینان لێی پرسی: «ئایا ئەو تۆمەتانە ڕاستن؟»
ACT 7:2 ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت،
ACT 7:3 پێی فەرموو: ﴿خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.﴾
ACT 7:4 «خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
ACT 7:5 لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هەرچەندە هێشتا منداڵی نەبوو.
ACT 7:6 خوداش ئاوای فەرموو: ﴿نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
ACT 7:7 بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،﴾ خودا فەرموویەتی، ﴿دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.﴾
ACT 7:8 خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی بوو.
ACT 7:9 «باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو،
ACT 7:10 لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی پێدا. ئەویش کردی بە فەرمانڕەوای میسر و سەرپەرشتیاری هەموو ماڵەکەی خۆی.
ACT 7:11 «ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت.
ACT 7:12 یاقوب بیستی لە میسر دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد.
ACT 7:13 بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت.
ACT 7:14 ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون.
ACT 7:15 جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان.
ACT 7:16 ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.
ACT 7:17 «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون،
ACT 7:18 تاکو ﴿لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.﴾
ACT 7:19 لەگەڵ گەلەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.
ACT 7:20 «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا،
ACT 7:21 کاتێک دوورخرایەوە، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد.
ACT 7:22 موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.
ACT 7:23 «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی برا ئیسرائیلییەکانی بکات.
ACT 7:24 یەکێکیانی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت.
ACT 7:25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن.
ACT 7:26 بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“
ACT 7:27 «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟
ACT 7:28 ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟﴾
ACT 7:29 موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.
ACT 7:30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، ﴿فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.﴾
ACT 7:31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات:
ACT 7:32 ﴿من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.﴾ بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.
ACT 7:33 «﴿جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.
ACT 7:34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.﴾
ACT 7:35 «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟﴾ هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت.
ACT 7:36 جا موسا گەلەکەی لە‏ میسر هێنایە‏ دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی.
ACT 7:37 «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾
ACT 7:38 هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.
ACT 7:39 «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا.
ACT 7:40 بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾
ACT 7:41 لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون.
ACT 7:42 بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: «﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
ACT 7:43 نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان، ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن. لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾
ACT 7:44 «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی.
ACT 7:45 جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود،
ACT 7:46 ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات.
ACT 7:47 کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد.
ACT 7:48 «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی:
ACT 7:49 «﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
ACT 7:50 ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾
ACT 7:51 «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن!
ACT 7:52 باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان.
ACT 7:53 ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
ACT 7:54 کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا گوێیان لەم قسانەی ستیفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە.
ACT 7:55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستەڕاستی خودا وەستابوو.
ACT 7:56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستەڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
ACT 7:57 بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا،
ACT 7:58 بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان داکەند و خستیانە بەرپێی گەنجێک کە ناوی شاول بوو.
ACT 7:59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!»
ACT 7:60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست.
ACT 8:1 شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو. هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت.
ACT 8:2 هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا.
ACT 8:3 بەڵام شاول دەستی کرد بە لەناوبردنی کڵێسا، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.
ACT 8:4 ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنیی پەیامی خودایان بڵاودەکردەوە.
ACT 8:5 فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنیی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند.
ACT 8:6 خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد.
ACT 8:7 ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە.
ACT 8:8 جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.
ACT 8:9 پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!»
ACT 8:10 گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەم پیاوە بە هێزی خودای گەورە ناودەبردرێت.»
ACT 8:11 ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون.
ACT 8:12 بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنیی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران.
ACT 8:13 شیمۆنیش باوەڕی هێنا و لە ئاو هەڵکێشرا، ئینجا دوای فیلیپۆس کەوت و سەرسام بوو بەو نیشانە و پەرجووە گەورانەی کە دەیبینی.
ACT 8:14 کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن.
ACT 8:15 کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن بۆ ئەوەی ڕۆحی پیرۆز وەربگرن،
ACT 8:16 چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشرابوون.
ACT 8:17 جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.
ACT 8:18 شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و
ACT 8:19 گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»
ACT 8:20 پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت!
ACT 8:21 لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە.
ACT 8:22 لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت،
ACT 8:23 چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و گیرۆدەی گوناهیت.»
ACT 8:24 شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»
ACT 8:25 دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی.
ACT 8:26 فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆسی گوت: «هەستە و بەرەو باشوور بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.»
ACT 8:27 ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی بینی کە وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم.
ACT 8:28 لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە.
ACT 8:29 ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و لەگەڵ ئەو گالیسکەیە بڕۆ.»
ACT 8:30 ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»
ACT 8:31 گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.
ACT 8:32 ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو: ﴿ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە.
ACT 8:33 لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێبەش کرا. ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟ چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.﴾
ACT 8:34 خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟»
ACT 8:35 ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.
ACT 8:36 کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟»
ACT 8:37 [فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»]
ACT 8:38 ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا.
ACT 8:39 کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
ACT 8:40 فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنیی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.
ACT 9:1 شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان،
ACT 9:2 داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات.
ACT 9:3 کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە،
ACT 9:4 کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»
ACT 9:5 شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟» فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. [بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.]
ACT 9:6 بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»
ACT 9:7 ئەو پیاوانەی لە گەشتەکەدا لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی.
ACT 9:8 شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، بەڵام کاتێک چاوی کردەوە هیچی نەبینی، بۆیە دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق.
ACT 9:9 سێ ڕۆژ هیچی نەبینی، هەروەها هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.
ACT 9:10 لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!» گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»
ACT 9:11 مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات.
ACT 9:12 لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»
ACT 9:13 حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە.
ACT 9:14 هەروەها لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی پێدراوە و هاتووە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆوە دەپاڕێنەوە.»
ACT 9:15 بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم ناجولەکەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل.
ACT 9:16 پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»
ACT 9:17 حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «شاولی برام، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.»
ACT 9:18 دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا.
ACT 9:19 نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق بەسەر برد.
ACT 9:20 شاول یەکسەر لە کەنیشتەکاندا دەستی کرد بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عیسا کوڕی خودایە.
ACT 9:21 هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە هەمان ئەو کەسە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوەوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟»
ACT 9:22 بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحەکەیە.
ACT 9:23 پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن،
ACT 9:24 بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن.
ACT 9:25 بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە.
ACT 9:26 کاتێک شاول گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێتە قوتابی.
ACT 9:27 بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە.
ACT 9:28 ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند.
ACT 9:29 هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن.
ACT 9:30 کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردیانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.
ACT 9:31 کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.
ACT 9:32 کاتێک کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی.
ACT 9:33 لەوێ پیاوێکی ئیفلیجی بینی کە ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ بوو لەناو جێگادا کەوتبوو.
ACT 9:34 پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە و جێگاکەت کۆبکەوە!» دەستبەجێ هەستا.
ACT 9:35 هەموو دانیشتووانی لودە و شارون بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
ACT 9:36 قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتا ئاسک، کە هەمیشە خەریکی کاری چاکە و یارمەتیدانی هەژاران بوو.
ACT 9:37 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا.
ACT 9:38 لودە لە یافاوە نزیک بوو، ئیتر کە قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان نارد بۆ لای و تکایان لێکرد و گوتیان: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»
ACT 9:39 پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردیانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای ڕاوەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کردبووی لەو کاتەی لەگەڵیان بوو.
ACT 9:40 پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت.
ACT 9:41 ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە.
ACT 9:42 ئەم هەواڵە بە هەموو یافادا بڵاو بووەوە و زۆر کەس باوەڕیان بە مەسیح هێنا.
ACT 9:43 پەترۆس چەندین ڕۆژ لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە کە ناوی شیمۆن بوو.
ACT 10:1 لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی.
ACT 10:2 خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد.
ACT 10:3 نزیکەی کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!»
ACT 10:4 بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟» پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا.
ACT 10:5 ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە و ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن.
ACT 10:6 لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.»
ACT 10:7 کاتێک ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵی کرد ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرستی بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی،
ACT 10:8 هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا.
ACT 10:9 بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان.
ACT 10:10 ئیتر برسی بوو و دەیویست نان بخوات، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا، لەهۆش خۆی چوو.
ACT 10:11 ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو.
ACT 10:12 هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو.
ACT 10:13 ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!»
ACT 10:14 پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.»
ACT 10:15 دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.»
ACT 10:16 ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە.
ACT 10:17 کە پەترۆس سەرسام بوو لەوەی کە ئاخۆ دەبێت ئەو بینینە چی بێت، ئەو پیاوانەی کە کۆرنیلیۆس ناردبوونی، بە پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییەوە و لە بەردەرگا وەستان.
ACT 10:18 بانگیان کرد و پرسییان، ئاخۆ ئەو شیمۆنەی نازناوی پەترۆسە لێرەیە.
ACT 10:19 لە کاتێکدا پەترۆس هەر بیری لە بینینەکە دەکردەوە، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرموو: «سێ پیاو لە بەردەرگا لێت دەپرسن.
ACT 10:20 هەستە بڕۆ خوارەوە و بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە.»
ACT 10:21 پەترۆسیش بۆ لای پیاوەکان هاتە خوارەوە و گوتی: «ئەوەی دەتانەوێ منم. بۆچی هاتوون؟»
ACT 10:22 گوتیان: «کۆرنیلیۆسی سەرپەل، پیاوێکی ڕاستودروست و لەخواترسە، هەموو گەلی جولەکەش شایەتی بۆ دەدەن. بەهۆی فریشتەیەکی پیرۆز ڕێنمایی کرا کە بۆ ماڵەکەی خۆی بانگت بکات و گوێ لە قسەکانت بگرێت.»
ACT 10:23 جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن. بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون.
ACT 10:24 بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە.
ACT 10:25 کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد.
ACT 10:26 پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!»
ACT 10:27 کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە،
ACT 10:28 پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس.
ACT 10:29 بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. دەکرێت بپرسم بۆچی منتان بانگکردووە؟»
ACT 10:30 کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا،
ACT 10:31 گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە.
ACT 10:32 بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“
ACT 10:33 منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.»
ACT 10:34 پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات،
ACT 10:35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە.
ACT 10:36 ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە.
ACT 10:37 ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند،
ACT 10:38 چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.
ACT 10:39 «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان،
ACT 10:40 بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت،
ACT 10:41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە.
ACT 10:42 ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە.
ACT 10:43 هەموو پێغەمبەران شایەتیی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بە ناوی ئەو گوناهەکانی دەبەخشرێت.»
ACT 10:44 کاتێک پەترۆس باسی ئەم شتانەی دەکرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە پەیامەکە گرتبوو.
ACT 10:45 ئەو باوەڕدارە خەتەنەکراوانەی کە لەگەڵ پەترۆس بوون سەریان سوڕما کە ڕۆحی پیرۆز وەک دیارییەک بەسەر ناجولەکەکانیشدا ڕژا،
ACT 10:46 چونکە گوێیان لێیان بوو بە زمانە ڕۆحییەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن. ئینجا پەترۆس گوتی:
ACT 10:47 «کەس هەیە ڕێگا بگرێت لە لەئاوهەڵکێشانی ئەمانە کە وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە؟»
ACT 10:48 بۆیە فەرمانی پێدان بە ناوی عیسای مەسیح لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئینجا داوایان لە پەترۆس کرد چەند ڕۆژێک لەلایان بمێنێتەوە.
ACT 11:1 نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە.
ACT 11:2 کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و
ACT 11:3 دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنەنەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»
ACT 11:4 جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو و گوتی:
ACT 11:5 «لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە.
ACT 11:6 سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی.
ACT 11:7 ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“
ACT 11:8 «بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو یان حەرام نەچووەتە دەمم.“
ACT 11:9 «دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“
ACT 11:10 ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.
ACT 11:11 «ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون،
ACT 11:12 ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە.
ACT 11:13 ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە،
ACT 11:14 ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“
ACT 11:15 «کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش.
ACT 11:16 قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“
ACT 11:17 جا ئەگەر خودا هەمان دیاریی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»
ACT 11:18 کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی تەنانەت بە ناجولەکەکانیش بەخشیوە بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتاییان هەبێت.»
ACT 11:19 ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو ببوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت.
ACT 11:20 بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا.
ACT 11:21 یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
ACT 11:22 ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد.
ACT 11:23 کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە،
ACT 11:24 چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.
ACT 11:25 ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت،
ACT 11:26 کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی.
ACT 11:27 لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا،
ACT 11:28 یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا.
ACT 11:29 بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین.
ACT 11:30 ئینجا ئەمەیان کرد و لە ڕێگەی بەرناباس و شاولەوە یارمەتییەکەیان بۆ پیرانی یەهودیا نارد.
ACT 12:1 لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا.
ACT 12:2 هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت.
ACT 12:3 کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو.
ACT 12:4 کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.
ACT 12:5 بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد.
ACT 12:6 شەوی پێش ئەو ڕۆژەی کە هێرۆدس بەتەمابوو پەترۆس بهێنێتە دەرەوە و دادگایی بکات، پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، کە پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد.
ACT 12:7 لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە و گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن.
ACT 12:8 فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.»
ACT 12:9 پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندیخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە.
ACT 12:10 پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.
ACT 12:11 ئینجا پەترۆس بەخۆیدا هاتەوە و گوتی: «ئێستا بەڕاستی زانیم کە یەزدان فریشتەکەی نارد و لە دەستی هێرۆدس و هەموو ئەوەی گەلی جولەکە چاوەڕێی بوو دەربازی کردم.»
ACT 12:12 هەرکە بە تەواوی زانی چی ڕوویداوە، ڕۆیشت بۆ ماڵی مریەمی دایکی یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس، لەوێ خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە و نوێژیان دەکرد.
ACT 12:13 کە پەترۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کارەکەرێک کە ناوی ڕودا بوو، هات بۆ ئەوەی بزانێت کێیە.
ACT 12:14 کاتێک دەنگی پەترۆسی ناسییەوە، بێ کردنەوەی دەرگاکە لە خۆشییاندا ڕایکردە ژوورەوە و خەبەری دا کە پەترۆس لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
ACT 12:15 پێیان گوت: «وڕێنە دەکەیت.» بەڵام ئەو لەسەر قسەکەی سووربوو، گوتیان: «ئەوە فریشتەکەیەتی!»
ACT 12:16 بەڵام پەترۆس لە لێدانەکە بەردەوام بوو، کاتێک لێیان کردەوە و بینییان، سەرسام بوون.
ACT 12:17 بە دەست ئیشارەتی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن یەزدان لە زیندان دەریهێنا، پێی گوتن: «ئەمە بە یاقوب و خوشک و برایان بڵێن.» ئینجا چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.
ACT 12:18 کە ڕۆژبووەوە ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروستبوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەترۆس چی لێهات.
ACT 12:19 کاتێک هێرۆدس داوای کرد و نەیدۆزییەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەربازان کرد و فەرمانی دا بکوژرێن. ئینجا هێرۆدس لە یەهودیاوە چوو بۆ قەیسەرییە و لەوێ مایەوە.
ACT 12:20 هێرۆدس لە خەڵکی سور و سەیدا زۆر تووڕە بوو، ئەوانیش بە یەک دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سەرپەرشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی کرد و داوای ئاشتبوونەوەیان کرد، چونکە ناوچەکەیان لە ناوچەی پاشاوە ئازووقەی بۆ دەهات.
ACT 12:21 لە ڕۆژی دیاریکراودا هێرۆدس جلی پاشایەتیی لەبەرکرد، لەسەر کورسی حوکمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا.
ACT 12:22 خەڵکەکەش هاواریان کرد: «ئەمە دەنگی خوداوەندێکە هی مرۆڤ نییە!»
ACT 12:23 دەستبەجێ فریشتەیەکی یەزدان لێیدا، چونکە شکۆی نەدایە خودا، کرمیش لێیدا و مرد.
ACT 12:24 بەڵام پەیامی خودا بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەکردندا بوو.
ACT 12:25 بەرناباس و شاولیش دوای تەواوکردنی خزمەتەکە لە ئۆرشەلیم گەڕانەوە، یۆحەناشیان لەگەڵ خۆیان برد، کە بە مەرقۆس ناسراوبوو.
ACT 13:1 لە کڵێسای ئەنتاکیادا چەند پێغەمبەر و مامۆستایەک هەبوون: بەرناباس، شیمۆنی ناسراو بە ڕەش، لوکیوسی کورێنی، مەناینی شیربرای هێرۆدسی ئەنتیپاس پاشا، لەگەڵ شاول.
ACT 13:2 کاتێک عیسای خاوەن شکۆیان دەپەرست و بەڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فەرمووی: «بەرناباس و شاولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی بانگم کردوون بۆی.»
ACT 13:3 ئینجا بەڕۆژوو بوون و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن.
ACT 13:4 ئەوانیش کە بە ڕۆحی پیرۆز نێردران، بەرەو سولوکیا دابەزین و لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبرس.
ACT 13:5 کاتێک گەیشتنە سەلامیس، پەیامی خودایان لە کەنیشتەکانی جولەکە ڕاگەیاند، یۆحەناش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان بوو.
ACT 13:6 بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون بە ناوی باریەشوع کە پێغەمبەرێکی درۆزن بوو.
ACT 13:7 باریەشوع لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. سرگیۆس بەرناباس و شاولی بانگکرد، چونکە دەیویست گوێی لە پەیامی خودا بێت.
ACT 13:8 بەڵام ئەلیماس کە جادووگەر واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات.
ACT 13:9 کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕوانی و
ACT 13:10 گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟
ACT 13:11 ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.» دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت.
ACT 13:12 کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو.
ACT 13:13 پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
ACT 13:14 ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن.
ACT 13:15 پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە پەیامیان نارد و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.»
ACT 13:16 پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد و گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن:
ACT 13:17 خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان.
ACT 13:18 نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت،
ACT 13:19 ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان.
ACT 13:20 ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند. «لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر.
ACT 13:21 ئینجا نەوەی ئیسرائیل داوای پاشایان کرد، خوداش لە تیرەی بنیامین، شاولی کوڕی قیشی پێدان، کە بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن.
ACT 13:22 پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: ﴿داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.﴾
ACT 13:23 «خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی، عیسای ڕزگارکەری لە نەوەی ئەوەوە بۆ ئیسرائیل هێنا.
ACT 13:24 پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند.
ACT 13:25 کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وا دەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“
ACT 13:26 «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە.
ACT 13:27 دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە.
ACT 13:28 جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت.
ACT 13:29 دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ.
ACT 13:30 بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە،
ACT 13:31 ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن.
ACT 13:32 «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات،
ACT 13:33 ئەوەی خودا بۆ ئێمەی هێنایە دی کە وەچەی ئەوانین، بە هەستانەوەی عیسا. وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە: «﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾
ACT 13:34 خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت: ﴿ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.﴾
ACT 13:35 بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ: ﴿ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.﴾
ACT 13:36 «چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو.
ACT 13:37 بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی.
ACT 13:38 «بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت کە لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا.
ACT 13:39 بە باوەڕهێنان بە ئەو بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی موسا لێی بێتاوان بکرێن.
ACT 13:40 جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت:
ACT 13:41 «﴿ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن، سەرسام بن و بمرن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم، کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.﴾»
ACT 13:42 کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن.
ACT 13:43 دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن.
ACT 13:44 لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا نزیکەی هەموو دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە، تاکو گوێ لە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بگرن.
ACT 13:45 کاتێک جولەکە خەڵکەکەیان بینی، ئیرەیی دایگرتن و بەربەرەکانێی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد و جنێویان پێدەدا.
ACT 13:46 پۆڵس و بەرناباسیش بە چاونەترسییەوە وەڵامیان دانەوە: «پێویست بوو یەکەم جار پەیامی خودا بۆ ئێوە باس بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەتتان کردەوە و خۆتان بە شیاوی ژیانی هەتاهەتایی نەزانی، ئەوەتا دەچینە لای ناجولەکەکان،
ACT 13:47 چونکە مەسیحی باڵادەست بەم جۆرە ڕایسپاردین: «﴿من تۆم کردووەتە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان، تاکو ڕزگاری بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.﴾»
ACT 13:48 کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا.
ACT 13:49 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە.
ACT 13:50 بەڵام ڕابەرانی جولەکە خانمە ڕێزدارە لەخواترسەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆشدا، چەوساندنەوەیان لە دژی پۆڵس و بەرناباس بەرپا کرد و لە سنوورەکانی خۆیان دەریانکردن.
ACT 13:51 ئەوانیش تۆزی پێیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن.
ACT 13:52 قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و ڕۆحی پیرۆز.
ACT 14:1 لە کۆنیا پۆڵس‏ و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و بە شێوەیەک قسەیان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا.
ACT 14:2 بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، ناجولەکەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن.
ACT 14:3 بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت.
ACT 14:4 ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان.
ACT 14:5 کاتێک ناجولەکەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن،
ACT 14:6 نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و
ACT 14:7 لەوێش مزگێنییان دەدا.
ACT 14:8 لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو.
ACT 14:9 گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە،
ACT 14:10 بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.
ACT 14:11 کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!»
ACT 14:12 جا بەرناباسیان ناو نا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو.
ACT 14:13 ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.
ACT 14:14 بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد:
ACT 14:15 «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.
ACT 14:16 ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن.
ACT 14:17 لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.»
ACT 14:18 بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.
ACT 14:19 هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە.
ACT 14:20 بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.
ACT 14:21 مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا،
ACT 14:22 ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»
ACT 14:23 لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە.
ACT 14:24 ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا.
ACT 14:25 لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و پاشان بۆ بەندەری ئەنتالیا دابەزین.
ACT 14:26 لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد.
ACT 14:27 کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ ناجولەکەکانیش کردووەتەوە.
ACT 14:28 جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.
ACT 15:1 هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد و دەیانگوت: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.»
ACT 15:2 کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون.
ACT 15:3 پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە ناجولەکەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە.
ACT 15:4 کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.
ACT 15:5 بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»
ACT 15:6 جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە.
ACT 15:7 پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە ناجولەکەکان مزگێنیی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن.
ACT 15:8 ئەو خودایەی کە دەزانێت چی لە دڵدایە، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە.
ACT 15:9 بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە.
ACT 15:10 ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟
ACT 15:11 بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.»
ACT 15:12 ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو ناجولەکەکان ئەنجامی داوە.
ACT 15:13 دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن.
ACT 15:14 شیمۆن ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ ناجولەکەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن.
ACT 15:15 وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە:
ACT 15:16 «﴿دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە،
ACT 15:17 تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەموو ئەو ناجولەکانەی ناوی منیان هەڵگرتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات
ACT 15:18 کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.﴾
ACT 15:19 «لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەو ناجولەکانەی کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە،
ACT 15:20 بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن،
ACT 15:21 چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.»
ACT 15:22 ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون.
ACT 15:23 بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی: لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان، بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا: سڵاو.
ACT 15:24 بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون.
ACT 15:25 بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان،
ACT 15:26 پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
ACT 15:27 جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن،
ACT 15:28 چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن:
ACT 15:29 خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن. ماڵ ئاوا.
ACT 15:30 ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد.
ACT 15:31 کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون.
ACT 15:32 یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە.
ACT 15:33 پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، [
ACT 15:34 بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.]
ACT 15:35 پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.
ACT 15:36 پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و سەر لە برایان بدەین و هەواڵیان بزانین.»
ACT 15:37 بەرناباسیش پێشنیاری کرد کە یۆحەنا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوەی بە مەرقۆس ناسراوە.
ACT 15:38 بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەو کەسە لەگەڵ خۆیاندا نەبەن کە لە پامفیلیادا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت.
ACT 15:39 لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو.
ACT 15:40 بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران.
ACT 15:41 ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.
ACT 16:1 پۆڵس گەیشتە شاری دەربە و پاشان شاری لیسترا، لەوێ قوتابییەک بە ناوی تیمۆساوس هەبوو، دایکی جولەکەیەکی باوەڕدار بوو، بەڵام باوکی یۆنانی بوو.
ACT 16:2 برایان لە لیسترا و کۆنیا بە باشە باسی تیمۆساوسیان دەکرد.
ACT 16:3 پۆڵس حەزی دەکرد تیمۆساوس یاوەری بێت، جا بردی تاکو خەتەنە بکرێت، لەبەر ئەو جولەکانەی لەو ناوچانە بوون، چونکە هەموو دەیانزانی باوکی یۆنانییە.
ACT 16:4 ئیتر پۆڵس و هاوڕێکانی لە‏ شارێکەوە دەچوون بۆ شارێکی دیکە و ئەو فەرمانانەی لەلایەن نێردراوان و پیرانەوە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان لەسەر درابوو، پێیان ڕادەگەیاندن تاکو پەیڕەوی بکەن.
ACT 16:5 جا کڵێساکان لە باوەڕدا بەهێز دەبوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیادی دەکرد.
ACT 16:6 پاشان پۆڵس و هاوڕێیەکانی بە ناوچەکانی فریجیا و گەلاتیادا تێپەڕین، لەبەر ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ڕێی نەدان لە ناوچەی ئاسیا پەیامی خودا ڕابگەیەنن.
ACT 16:7 کاتێک گەیشتنە نزیک ناوچەی میسیا هەوڵیان دا بەرەو ناوچەی بیسینیا بڕۆن، بەڵام ڕۆحی عیسا ڕێگای نەدان.
ACT 16:8 ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و هاتنە ترۆئاس.
ACT 16:9 لە شەودا پۆڵس بینینێکی بۆ ئاشکرا کرا، کە تێیدا پیاوێکی مەکدۆنی ڕاوەستابوو و لێی دەپاڕایەوە و دەیگوت: «وەرە بۆ مەکدۆنیا و یارمەتیمان بدە.»
ACT 16:10 پاش ئەوەی بینینەکەی بۆ ئاشکرا کرا، هەوڵماندا دەستبەجێ بەڕێ بکەوین بۆ مەکدۆنیا، دڵنیا بووین کە خودا بانگی کردووین تاکو مزگێنییان بدەینێ.
ACT 16:11 جا بە دەریادا لە ترۆئاسەوە ڕاست بۆ سامۆسراکی ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس.
ACT 16:12 لەوێشەوە بۆ فیلیپی کە گرنگترین شاری ناوچەی مەکدۆنیایە و جێنشینی ڕۆمانییەکانە، لەوێ چەند ڕۆژێک ماینەوە.
ACT 16:13 لە ڕۆژی شەممەدا چووینە دەرەوەی شار بۆ سەر ڕووبار، لەو بڕوایەدا بووین کە شوێنێک بۆ نوێژکردن بدۆزینەوە. دانیشتین قسەمان لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە لەوێ کۆببوونەوە.
ACT 16:14 یەک لەوان کە گوێی دەگرت ژنێکی خواپەرست بوو بە ناوی لیدیا، خەڵکی شاری سیاتیرا و بازرگانی کوتاڵی گرانبەها بوو. مەسیحی خاوەن شکۆ دڵی کردەوە تاکو سەرنج بداتە قسەکانی پۆڵس.
ACT 16:15 کاتێک خۆی و خاووخێزانی لە ئاو هەڵکێشران، پاڕایەوە و گوتی: «ئەگەر بەڕاستی باوەڕتان وایە کە من باوەڕم بە مەسیحی خاوەن شکۆ هێناوە، ئەوا وەرنە ماڵەکەم و بمێننەوە.» ئیتر ناچاری کردین.
ACT 16:16 کاتێک بۆ شوێنی نوێژکردن دەچووین، تووشی کارەکەرێک بووین ڕۆحی فاڵچیێتی تێدابوو، بە کاری فاڵچیێتییەکەی قازانجێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی بەدەستدەهێنا.
ACT 16:17 بەدوای پۆڵس و ئێمە کەوت و هاواری دەکرد: «ئەم مرۆڤانە بەندەی خودای هەرەبەرزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕادەگەیەنن.»
ACT 16:18 چەندین ڕۆژ ئەمەی دەکرد، تاکو پۆڵس بێزار بوو، ئاوڕی دایەوە و بە ڕۆحەکەی گوت: «بە ناوی عیسای مەسیح فەرمانت پێدەدەم، لێی وەرە دەرەوە!» یەکسەر ڕۆحە پیسەکە لێی هاتە دەرەوە.
ACT 16:19 کاتێک خاوەنەکانی کچە کارەکەرەکە بینییان سەرچاوەی داهاتیان بڕا، پۆڵس و سیلایان گرت، ڕایانکێشانە بازاڕ بۆ بەردەم دەسەڵاتداران.
ACT 16:20 بردیاننە پێش دادوەران و گوتیان: «ئەم پیاوانە شارەکەمان دەشێوێنن، جولەکەن و
ACT 16:21 نەریتێک بڵاو دەکەنەوە کە دروست نییە ئێمەی ڕۆمانی وەریبگرین یان کاری پێ بکەین.»
ACT 16:22 ئیتر خەڵکەکە پێکڕا لێیان هەستان و دادوەران فەرمانیان دا کە جلەکانیان بدڕێنرێن و دارکاری بکرێن.
ACT 16:23 جا زۆر دارکارییان کردن و خستیاننە بەندیخانەوە، فەرمانیان بە چاودێری بەندیخانەکە دا بە توندی پاسەوانیان بکات.
ACT 16:24 ئەویش کە ئەم فەرمانەی بۆ هات، فڕێیدانە ناو قووڵایی بەندیخانەکە و پێیانی خستە ناو کۆتەوە.
ACT 16:25 لە نیوەی شەودا پۆڵس و سیلا نوێژیان دەکرد و گۆرانی ڕۆحییان بۆ خودا دەگوت، بەندکراوانی دیکەش گوێیان لێبوو.
ACT 16:26 لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، بناغەی بەندیخانەکەی هەژاند، دەستبەجێ هەموو دەرگاکان کرانەوە و کۆتی هەمووان بووەوە.
ACT 16:27 کە چاودێرەکە خەبەری بووەوە و بینی دەرگاکانی بەندیخانە کراونەتەوە، شمشێری هەڵکێشا بەتەمابوو خۆی بکوژێت، وایزانی بەندکراوان ڕایانکردووە.
ACT 16:28 بەڵام پۆڵس هاواری کرد: «هیچ لە خۆت مەکە، هەموومان لێرەین!»
ACT 16:29 ئەویش داوای ڕووناکی کرد، چووە ژوورەوە و دەلەرزی، لەبەردەم پۆڵس و سیلا چۆکی دادا.
ACT 16:30 ئەوسا بردنییە دەرەوە و گوتی: «گەورەکانم، پێویستە چی بکەم تاکو ڕزگارم بێت؟»
ACT 16:31 گوتیان: «باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆ بهێنە، خۆت و خێزانەکەت ڕزگارتان دەبێت.»
ACT 16:32 جا پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بۆ خۆی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا بوون ڕاگەیاند.
ACT 16:33 ئیتر چاودێرەکە لەو کاتەی شەودا بردنی و برینەکانی ساڕێژ کردن و پاشان دەستبەجێ خۆی و خاووخێزانەکەی لە ئاو هەڵکێشران.
ACT 16:34 ئینجا بردنییە ماڵەوە و خواردنی بۆ دانان، خۆی و خاووخێزانەکەی زۆر دڵشاد بوون، کە باوەڕیان بە خودا هێنابوو.
ACT 16:35 کە ڕۆژبووەوە فەرمانڕەواکان چەند سەربازێکیان نارد و گوتیان: «پیاوەکان ئازاد بکەن.»
ACT 16:36 چاودێری بەندیخانە ئەم هەواڵەی دایە پۆڵس: «فەرمانڕەوایان ناردوویانە کە ئازاد بکرێن، بۆیە ئێستا وەرنە دەرەوە و بڕۆن بە سەلامەت.»
ACT 16:37 بەڵام پۆڵس پێی گوتن: «بە بێ دادگایی کردن و بە ئاشکرا دارکارییان کردین و فڕێیان داینە بەندیخانە، ئێمەش هاوڵاتی ڕۆمانین، ئایا ئێستا بە نهێنی دەرماندەکەن؟ نەخێر! بەڵکو با خۆیان بێن دەرمانبهێنن.»
ACT 16:38 پۆلیسەکان ئەم قسانەیان بە فەرمانڕەوایان ڕاگەیاند، ئەوانیش کاتێک زانییان پۆڵس و سیلا هاوڵاتی ڕۆمانین ترسان.
ACT 16:39 ئیتر هاتن و لێیان پاڕانەوە، بردیاننە دەرەوە و داوایان لێکردن شارەکە بەجێبهێڵن.
ACT 16:40 کاتێک پۆڵس و سیلا لە بەندیخانە هاتنە دەرەوە، چوون بۆ ماڵی لیدیا، لەوێ لەگەڵ خوشک و برایانی باوەڕدار کۆبوونەوە و هانیان دان، پاشان ڕۆیشتن.
ACT 17:1 پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو.
ACT 17:2 پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن،
ACT 17:3 ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.»
ACT 17:4 هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.
ACT 17:5 بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک.
ACT 17:6 کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون،
ACT 17:7 یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.»
ACT 17:8 بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند.
ACT 17:9 ئەوانیش دەستەبەرنامەیان بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.
ACT 17:10 کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە.
ACT 17:11 خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە.
ACT 17:12 ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی.
ACT 17:13 بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن.
ACT 17:14 دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە.
ACT 17:15 ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.
ACT 17:16 کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت.
ACT 17:17 بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو.
ACT 17:18 کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد.
ACT 17:19 ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟
ACT 17:20 چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.»
ACT 17:21 لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.
ACT 17:22 پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن.
ACT 17:23 کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“‏ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.
ACT 17:24 «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت.
ACT 17:25 بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت.
ACT 17:26 هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە،
ACT 17:27 تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە.
ACT 17:28 ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“
ACT 17:29 «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە.
ACT 17:30 لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن،
ACT 17:31 چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»
ACT 17:32 کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.»
ACT 17:33 ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت،
ACT 17:34 بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.
ACT 18:1 لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس.
ACT 18:2 لەوێ جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا، خەڵکی پۆنتۆس بوو، تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە کلودیۆس فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن. پۆڵس ئیتر چووە لایان
ACT 18:3 و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو.
ACT 18:4 پۆڵس هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد و هەوڵی دەدا قەناعەت بە جولەکە و یۆنانییەکان بهێنێت.
ACT 18:5 کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن، پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد و لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.
ACT 18:6 بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا، کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێتاوانم. لە ئێستاوە دەچمە لای ناجولەکەکان.»
ACT 18:7 ئیتر پۆڵس کەنیشتەکەی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێکی خواپەرست بە ناوی تیتیۆس یوستۆس، کە ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو.
ACT 18:8 کریسپۆسی پێشەوای کەنیشتەکە خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا. هەروەها زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لە پۆڵس بوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.
ACT 18:9 شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە،
ACT 18:10 چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.»
ACT 18:11 ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.
ACT 18:12 لەو سەردەمەی گالیۆن فەرمانڕەوای ئەخایا بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا،
ACT 18:13 گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.»
ACT 18:14 کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت.
ACT 18:15 بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.»
ACT 18:16 ئیتر لە دادگا دەریکردن.
ACT 18:17 ئیتر هەموو خەڵک سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.
ACT 18:18 پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. پاشان لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو.
ACT 18:19 کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس، پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد.
ACT 18:20 ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام ڕازی نەبوو.
ACT 18:21 ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.» ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت.
ACT 18:22 لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی، بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد، ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا.
ACT 18:23 پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا، ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە.
ACT 18:24 جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس، زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو.
ACT 18:25 فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو، بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد، هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی.
ACT 18:26 بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت. کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو، بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە.
ACT 18:27 کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن. کاتێک هاتە ئەوێ، یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو،
ACT 18:28 چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد، لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.
ACT 19:1 لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت،
ACT 19:2 لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟» کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!»
ACT 19:3 گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟» گوتیان: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.»
ACT 19:4 پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە عیسا.»
ACT 19:5 کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشران.
ACT 19:6 جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد.
ACT 19:7 بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.
ACT 19:8 ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا.
ACT 19:9 بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد.
ACT 19:10 بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.
ACT 19:11 خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا،
ACT 19:12 تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون.
ACT 19:13 هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەیەنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.»
ACT 19:14 سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد.
ACT 19:15 ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟»
ACT 19:16 ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد.
ACT 19:17 کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە.
ACT 19:18 هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیاندا دەنا.
ACT 19:19 ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە.
ACT 19:20 بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.
ACT 19:21 لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.»
ACT 19:22 جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس‏ و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە‏ هەرێمی ئاسیا مایەوە.
ACT 19:23 لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا.
ACT 19:24 لەوێ زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس هەبوو کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد و قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران.
ACT 19:25 ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت،
ACT 19:26 بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین.
ACT 19:27 نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات.»
ACT 19:28 کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
ACT 19:29 ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا.
ACT 19:30 پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت.
ACT 19:31 هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، پەیامیان بۆ نارد و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.
ACT 19:32 ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە.
ACT 19:33 ئینجا جولەکەکان بۆ پێشەوە پاڵیان بە ئەسکەندەرەوە دەنا، هەندێک لەو خەڵکە هۆکاری ئەو ئاژاوەیان بۆ ئەو دەگەڕاندەوە. ئەویش دەستی بەرزکردەوە و دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات.
ACT 19:34 بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
ACT 19:35 ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟
ACT 19:36 بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و هیچ شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن.
ACT 19:37 ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە.
ACT 19:38 بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و ئەو پیشەوەرانەی کە لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن.
ACT 19:39 ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت.
ACT 19:40 لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.»
ACT 19:41 کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی بڵاوە پێکرد.
ACT 20:1 دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت.
ACT 20:2 کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەی باوەڕدارانی بەرز کردەوە. لە کۆتاییدا گەیشتە یۆنان
ACT 20:3 و سێ مانگی لەوێ بەسەربرد. کاتێک بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا، جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بۆیە بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە.
ACT 20:4 ئەم کەسانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس.
ACT 20:5 ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆئاس چاوەڕێیان دەکردین.
ACT 20:6 بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆئاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
ACT 20:7 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە. پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ خەڵک دەکرد، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن.
ACT 20:8 ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو.
ACT 20:9 گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە.
ACT 20:10 پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت و گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!»
ACT 20:11 دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت.
ACT 20:12 گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران.
ACT 20:13 پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین، چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت.
ACT 20:14 کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی.
ACT 20:15 لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس.
ACT 20:16 جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم.
ACT 20:17 پۆڵس لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەفەسۆس، بانگی پیرانی کڵێسای کرد.
ACT 20:18 کاتێک هاتنە لای، پێی گوتن: «ئێوە دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە پێم خستە ناو ئاسیا، بە درێژایی ئەو کاتەی کە لەگەڵتان بووم، چۆن ژیام.
ACT 20:19 لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد.
ACT 20:20 هیچم لەو شتانە دوانەخستووە کە سوودبەخشن و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و ماڵەوماڵ فێرم کردوون.
ACT 20:21 شایەتی ئەوەم داوە لای جولەکە و یۆنانییەکان کە دەبێت تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆمان بهێنن.
ACT 20:22 «ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت.
ACT 20:23 تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات.
ACT 20:24 بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا.
ACT 20:25 «ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر ڕووم نابیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند.
ACT 20:26 هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم،
ACT 20:27 چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم.
ACT 20:28 ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، کە ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە. شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، کە بە خوێنی خۆی کڕیویەتی.
ACT 20:29 دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە.
ACT 20:30 هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن کە ڕاستیی دەشێوێنن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
ACT 20:31 بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان.
ACT 20:32 «ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت.
ACT 20:33 چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو.
ACT 20:34 خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە.
ACT 20:35 هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»
ACT 20:36 کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد.
ACT 20:37 هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد،
ACT 20:38 بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن.
ACT 21:1 کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا.
ACT 21:2 لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین.
ACT 21:3 ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت.
ACT 21:4 لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە. بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس کرد کە نەچێتە ئۆرشەلیم.
ACT 21:5 کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان هەتا دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەناراوەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد.
ACT 21:6 پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.
ACT 21:7 لە سورەوە بەردەوام بووین لە گەشتەکەمان و گەیشتینە پتولمایس، لەوێ سڵاومان لە خوشک و برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە.
ACT 21:8 بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە، لەلای ماینەوە.
ACT 21:9 فیلیپۆس چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد.
ACT 21:10 کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات.
ACT 21:11 هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە خاوەنی ئەم پشتێنە لە ئۆرشەلیم دەبەستنەوە و دەیدەنە دەست ناجولەکەکان.“»
ACT 21:12 کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم.
ACT 21:13 بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.»
ACT 21:14 کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»
ACT 21:15 دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم.
ACT 21:16 هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.
ACT 21:17 کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین.
ACT 21:18 ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب، هەموو پیرانیش ئامادەبوون.
ACT 21:19 پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو ناجولەکەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەیەوە کردوویەتی.
ACT 21:20 کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن.
ACT 21:21 ئاگادار کراونەتەوە کە تۆ هەموو جولەکەکانی نێو نەتەوەکان فێری هەڵگەڕانەوە لە تەوراتی موسا دەکەیت و پێیان دەڵێی منداڵەکانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین.
ACT 21:22 کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت،
ACT 21:23 جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە،
ACT 21:24 بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە و تۆش بەپێی تەورات دەڕۆیت.
ACT 21:25 دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.»
ACT 21:26 بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان ڕێوڕەسمی پاکبوونەوەی ئەنجام دا، پاشان چووە ناو پەرستگا بۆ ئەوەی کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە ڕابگەیەنێت و بۆ هەر یەکێکیشیان قوربانیی بکات.
ACT 21:27 کاتێک حەوت ڕۆژەکە بەرەو تەواوبوون دەچوو، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان،
ACT 21:28 هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوەتە ناو پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کردووە!»
ACT 21:29 لەبەر ئەوەی تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایاندەزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە ناو پەرستگا.
ACT 21:30 ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران.
ACT 21:31 کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە.
ACT 21:32 یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کاتێک فەرماندە و سەربازەکانیان بینی، لە لێدانی پۆڵس وەستان.
ACT 21:33 ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە.
ACT 21:34 بەڵام خەڵکەکە هەندێکیان بە دەنگی بەرز شتێکیان دەگوت و هەندێکی دیکەشیان شتێکی دیکە. ئینجا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە.
ACT 21:35 کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت،
ACT 21:36 چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!»
ACT 21:37 پێش ئەوەی پۆڵس بگەیەنرێتە ناو سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟
ACT 21:38 تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟»
ACT 21:39 پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.»
ACT 21:40 دوای ئەوەی کە فەرماندەکە ڕێگای قسەکردنی بە پۆڵس دا، لەسەر قاڵدرمەکان ڕاوەستا و بە دەست ئاماژەی بۆ خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگ بوون، بە زمانی عیبری قسەی بۆ کردن و گوتی:
ACT 22:1 «برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.»
ACT 22:2 کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون. ئەویش گوتی:
ACT 22:3 «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی گەمالائیل بە باشی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان.
ACT 22:4 شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن،
ACT 22:5 هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.
ACT 22:6 «ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە.
ACT 22:7 کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“
ACT 22:8 «وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“ «پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“
ACT 22:9 ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
ACT 22:10 «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“» «مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەو شتانەت پێ دەگوترێت کە دەبێت بیکەیت.“
ACT 22:11 جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.
ACT 22:12 «پیاوێک بە ناوی حەنانیا هات بۆ لام. ئەو کەسێکی لەخواترس و گوێڕایەڵی تەورات بوو، هەروەها هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد.
ACT 22:13 لەتەنیشتم وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.
ACT 22:14 «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت،
ACT 22:15 چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت.
ACT 22:16 ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“
ACT 22:17 «کاتێک گەڕابوومەوە بۆ ئۆرشەلیم و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم،
ACT 22:18 مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“
ACT 22:19 «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن.
ACT 22:20 کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“
ACT 22:21 «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ شوێنی دوور دەتنێرم، بۆ لای ناجولەکەکان.“»
ACT 22:22 هەتا باسی ناجولەکەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»
ACT 22:23 لە کاتێکدا هاواریان دەکرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد،
ACT 22:24 فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.
ACT 22:25 کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتیی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟»
ACT 22:26 کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو، چووە لای فەرماندەکە و هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتیی ڕۆمانییە!»
ACT 22:27 فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتیی ڕۆمانیت؟» گوتی: «بەڵێ.»
ACT 22:28 فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم ڕەگەزنامەیەم وەرگرت.» پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»
ACT 22:29 ئەوانەی کە بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە، دەستبەجێ لێی دوور کەوتنەوە، فەرماندەکەش ترسا کە زانی هاوڵاتییەکی ڕۆمانیی کۆت کردووە.
ACT 22:30 بۆ بەیانی فەرماندەکە ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە تۆمەتباری دەکەن، بۆیە ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە کۆببنەوە. ئینجا پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.
ACT 23:1 پۆڵس ڕوانییە ئەنجومەنی باڵا و گوتی: «برایان، هەتا ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاکەوە بۆ خودا ژیاوم.»
ACT 23:2 لەو کاتەدا حەنانیای سەرۆکی کاهینان فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بکێشن بە دەمیدا.
ACT 23:3 پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»
ACT 23:4 ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆکی کاهینانی خودا دەدەیت؟»
ACT 23:5 پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆکی کاهینانە، چونکە نووسراوە: ﴿بە خراپە باسی سەرکردەی گەلەکەت مەکە.﴾»
ACT 23:6 پۆڵس کە دەیزانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەدوقین و بەشێکی دیکەش فەریسی، هاواری کرد و گوتی: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.»
ACT 23:7 کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش،
ACT 23:8 چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.
ACT 23:9 ئینجا هاوار بەرزبووەوە و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، هەستان و بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. ئەی ئەگەر ڕۆحێک یان فریشتەیەک لەگەڵیدا دوابێت؟»
ACT 23:10 کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، بۆیە فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.
ACT 23:11 بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»
ACT 23:12 کاتێک ڕۆژ هەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن.
ACT 23:13 ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل پیاو زیاتر بوون.
ACT 23:14 چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران و گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین.
ACT 23:15 ئێستاش ئێوە و ئەنجومەنی باڵا بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، وەک ئەوەی بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە، پێویستە بیهێنێت بۆ لاتان. ئێمەش ئامادەین بۆ کوشتنی، پێش ئەوەی بگاتە لای ئەنجومەن.»
ACT 23:16 بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.
ACT 23:17 جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد و گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.»
ACT 23:18 ئەویش بردییە لای فەرماندەکە. گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»
ACT 23:19 فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە و لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»
ACT 23:20 گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە ئەنجومەنی باڵا، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە.
ACT 23:21 بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»
ACT 23:22 فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»
ACT 23:23 ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی شەو بچنە قەیسەرییە.
ACT 23:24 هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»
ACT 23:25 نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:
ACT 23:26 لە کلودیۆس لیسیاس، بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا، سڵاو.
ACT 23:27 ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستبووم کە هاوڵاتی ڕۆمانییە.
ACT 23:28 دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە ئەنجومەنەکەیان.
ACT 23:29 بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت.
ACT 23:30 کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.
ACT 23:31 بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان هێنا.
ACT 23:32 بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە.
ACT 23:33 سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی.
ACT 23:34 خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە،
ACT 23:35 گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.
ACT 24:1 پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆکی کاهینان و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتنە قەیسەرییە و لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد.
ACT 24:2 کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت،
ACT 24:3 بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین.
ACT 24:4 بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت.
ACT 24:5 «بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە. پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە و
ACT 24:6 هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات، بەڵام ئێمە گرتمان. [ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین.
ACT 24:7 بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و
ACT 24:8 فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.] جا ئەگەر خۆت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەیت، ڕاستی سکاڵاکانی ئێمەت بۆ دەردەکەوێت.»
ACT 24:9 جولەکەکانی دیکە پشتگیری خۆیان نیشان دا و پێداگرییان لەسەر ڕاستیی قسەکانی کردەوە.
ACT 24:10 کاتێک فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ پۆڵس کرد قسە بکات، ئەویش وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم.
ACT 24:11 دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم.
ACT 24:12 نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ کەسێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە.
ACT 24:13 ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن.
ACT 24:14 بەڵام من دان بەوەدا دەنێم کە بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی کە ئەوان پێی دەڵێن ڕێبازی چەوت، خودای باوباپیرانم دەپەرستم. باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە،
ACT 24:15 هەروەها هەمان ئەو هیوایەم بە خودا هەیە کە ئەو پیاوانە هەیانە، کە هەستانەوە بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش دەبێت.
ACT 24:16 لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.
ACT 24:17 «لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم.
ACT 24:18 منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە.
ACT 24:19 بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد.
ACT 24:20 یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم ئەنجومەنی باڵادا ڕاوەستام،
ACT 24:21 جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»
ACT 24:22 فیلیکس کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە هەبوو، دادگاییەکەی دواخست و گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.»
ACT 24:23 ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.
ACT 24:24 پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت.
ACT 24:25 کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.»
ACT 24:26 بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد.
ACT 24:27 دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە.
ACT 25:1 کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم.
ACT 25:2 کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لە فێستۆس پاڕانەوە،
ACT 25:3 تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن.
ACT 25:4 فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.»
ACT 25:5 ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»
ACT 25:6 دوای ئەوەی کە فێستۆس هەشت بۆ دە ڕۆژێک لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت و فەرمانی دا پۆڵس بهێنن.
ACT 25:7 کاتێک کە هێنایان، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لێی کۆبوونەوە و تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.
ACT 25:8 ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»
ACT 25:9 بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»
ACT 25:10 پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، وەک چۆن خۆت باش دەزانیت.
ACT 25:11 ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»
ACT 25:12 دوای ئەوەی کە فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکارانی قسەی کرد، گوتی: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»
ACT 25:13 دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن.
ACT 25:14 کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت.
ACT 25:15 کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.
ACT 25:16 «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت.
ACT 25:17 کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم و فەرمانم دا کە پیاوەکە بهێنن.
ACT 25:18 کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تۆمەتێکی وایان نەدایە پاڵی کە من چاوەڕێم دەکرد،
ACT 25:19 بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە ئایینەکەیان و پیاوێکی مردوو بوو بە ناوی عیسا، کە پۆڵس دەڵێت زیندووە.
ACT 25:20 کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەسەر ئەم شتانە دادگایی بکرێت.
ACT 25:21 بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپراتۆر بهێڵدرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»
ACT 25:22 ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»
ACT 25:23 بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە پێشوازییەکی گەورە و شکۆدارەوە هاتن و لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شاردا هاتنە هۆڵی گوێگرتن. فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا.
ACT 25:24 فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووان کە لەگەڵماندان، ئەم پیاوەی دەیبینن، ئەو کەسەیە کە هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە و هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت.
ACT 25:25 بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپراتۆر، بڕیارم دا بینێرم بۆ لای.
ACT 25:26 لەبەر ئەوەی لەبارەی ئەمەوە شتێکم نییە کە بە دڵنیاییەوە بۆ قەیسەری خاوەن شکۆی بنووسم، بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم،
ACT 25:27 چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»
ACT 26:1 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد:
ACT 26:2 «شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە،
ACT 26:3 بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت.
ACT 26:4 «هەموو جولەکەکان بە باشی دەزانن کە ژیانی لاویەتیم چۆن بووە، هەر لە سەرەتای ژیانمەوە کە لەنێو گەلەکەم و لە ئۆرشەلیمدا بووم.
ACT 26:5 ئەوان لەمێژە دەمناسن و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان.
ACT 26:6 ئێستاش حوکم دەدرێم لەبەر ئەوەی هیوام بەو بەڵێنە هەیە کە خودا بە باوباپیرانمانی داوە.
ACT 26:7 ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە هیوای هاتنەدی، بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن.
ACT 26:8 بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنێتەوە؟
ACT 26:9 «لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم.
ACT 26:10 لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا.
ACT 26:11 لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە.
ACT 26:12 «جارێکیان بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق.
ACT 26:13 جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە.
ACT 26:14 هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.“
ACT 26:15 «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“ «مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.
ACT 26:16 بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم.
ACT 26:17 ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو ناجولەکانەی تۆیان بۆ دەنێرم
ACT 26:18 تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“
ACT 26:19 «ئەی شا ئەگریپاس، لەو کاتە بەلاوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە.
ACT 26:20 یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق، پاشان ئۆرشەلیم و هەموو ناوچەکانی یەهودیا و دواتر بە ناجولەکەکانم ڕاگەیاند، کە تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی هەڵسوکەوتیانەوە تۆبەکردنەکەیان دەربخەن.
ACT 26:21 لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن.
ACT 26:22 بەڵام هەتا ئەمڕۆش خودا یارمەتی داوم، بۆیە وەستاوم و شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە،
ACT 26:23 کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت و یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت و ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.»
ACT 26:24 کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! ئەوەندەت خوێندووەتەوە کە شێت بوویت.»
ACT 26:25 پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم.
ACT 26:26 ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون.
ACT 26:27 ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.»
ACT 26:28 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟»
ACT 26:29 پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»
ACT 26:30 جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان،
ACT 26:31 دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.»
ACT 26:32 ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.»
ACT 27:1 کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک بە ناوی یولیۆس کە لە سوپای ئیمپراتۆر بوو.
ACT 27:2 سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین و بەڕێکەوتین، کە دەیویست بۆ چەند بەندەرێکی ئاسیا بڕوات. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، کە خەڵکی سالۆنیکییا بوو.
ACT 27:3 بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن.
ACT 27:4 ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو.
ACT 27:5 کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین.
ACT 27:6 لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین.
ACT 27:7 کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەلمۆن ڕۆیشتین.
ACT 27:8 بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.
ACT 27:9 لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، گەشتی دەریایی ترسناک بوو، چونکە ڕۆژی کەفارەت بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و
ACT 27:10 پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.»
ACT 27:11 بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس.
ACT 27:12 لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.
ACT 27:13 کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین.
ACT 27:14 بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و
ACT 27:15 کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد.
ACT 27:16 تۆفانەکە ئێمەی بەرەو پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە.
ACT 27:17 کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد.
ACT 27:18 بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد.
ACT 27:19 لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا.
ACT 27:20 ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، هەتا دەهات ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.
ACT 27:21 کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون.
ACT 27:22 ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، تەنها کەشتییەکە تێکدەشکێت،
ACT 27:23 چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم، هاتە لام و
ACT 27:24 گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“
ACT 27:25 کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم.
ACT 27:26 بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»
ACT 27:27 لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە.
ACT 27:28 کە پێوایان بینییان بیست باڵایە. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە.
ACT 27:29 دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت.
ACT 27:30 کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە.
ACT 27:31 پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.»
ACT 27:32 ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.
ACT 27:33 کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن و گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن.
ACT 27:34 بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.»
ACT 27:35 کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد.
ACT 27:36 ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد.
ACT 27:37 ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین.
ACT 27:38 کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.
ACT 27:39 کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن.
ACT 27:40 ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن.
ACT 27:41 بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.
ACT 27:42 پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت.
ACT 27:43 بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس بپارێزێت، بۆیە پلانەکەی ڕاگرتن و فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی،
ACT 27:44 ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە خۆیان بگەیەننە وشکانی. بەو شێوەیە هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.
ACT 28:1 کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا.
ACT 28:2 دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین. ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، چونکە باران دەباری و کەشوهەوا سارد بوو.
ACT 28:3 پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی.
ACT 28:4 کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستییەوە هەڵواسیوە، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، بەڵام خوداوەندی دادپەروەری ناهێڵێت بژیێت.»
ACT 28:5 بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو.
ACT 28:6 ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!»
ACT 28:7 دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە. ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین.
ACT 28:8 وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس لەناو جێگادا کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە.
ACT 28:9 کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە.
ACT 28:10 ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین.
ACT 28:11 دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو؛ کەشتییەکە وێنەی دوو خوداوەندی جمکی بە ناوی کاستۆر و پۆلوکس لەسەر بوو.
ACT 28:12 کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین، سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
ACT 28:13 ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیۆلی.
ACT 28:14 لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما.
ACT 28:15 لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس و سێ خانەکە هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە.
ACT 28:16 کاتێک گەیشتینە ڕۆما، ڕێگا بە پۆڵس درا بە تەنها لەگەڵ ئەو سەربازەی پاسەوانی دەکرد نیشتەجێ بێت.
ACT 28:17 دوای سێ ڕۆژ پۆڵس ڕابەرانی جولەکەی بانگکرد. کاتێک کۆبوونەوە، پێی گوتن: «برایان، هەرچەندە هیچم لە دژی گەلەکەمان و نەریتی باوباپیرانمان نەکردووە، بەڵام لە ئۆرشەلیم گیرام و درامە دەستی ڕۆمانییەکان.
ACT 28:18 لێکۆڵینەوەیان لەگەڵم کرد ویستیان ئازادم بکەن، چونکە هۆیەکیان بۆ کوشتنم نەدۆزییەوە.
ACT 28:19 بەڵام جولەکە ناڕازی بوون و منیش ناچار بووم داواکارییەکەم بدەمە قەیسەر، مەبەستم ئەوە نەبوو سکاڵا لە گەلی خۆم بکەم.
ACT 28:20 لەبەر ئەوە داوام کرد بتانبینم و قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە لە پێناوی هیوای ئیسرائیل ئەم زنجیرەم پێوەیە.»
ACT 28:21 وەڵامیان دایەوە: «دەربارەی تۆ نامەمان لە یەهودیاوە وەرنەگرتووە، کەسیش لە برایان نەهاتووە تاکو دەربارەی تۆ هەواڵمان بداتێ یان بە خراپە باست بکات.
ACT 28:22 بەڵام پێمان خۆشە گوێمان لە بۆچوونەکانی تۆ بێت، چونکە دەزانین کە خەڵکی لە هەموو شوێنێکەوە بەربەرەکانێی ئەم ڕێبازە دەکات.»
ACT 28:23 ڕۆژێکیان بۆ دیتنی پۆڵس دیاری کرد و زۆر کەس هاتنە ماڵەکەی. ئەویش لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە بۆیانی ڕوون دەکردەوە و شایەتی بۆ پاشایەتی خودا دەدا، هەوڵی دەدا بە تەوراتی موسا و پەڕتووکی پێغەمبەران دەربارەی عیسا قەناعەتیان پێ بهێنێت.
ACT 28:24 جا هەندێکیان بەو قسانەی قایل بوون، هەندێکیش باوەڕیان نەکرد.
ACT 28:25 ئینجا بە جیاوازی بیروڕاوە ئەوێیان بەجێهێشت کاتێک پۆڵس دوایین قسەی بۆ کردن: «ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە ڕاستی بە باوباپیرانتان فەرمووە:
ACT 28:26 «﴿بڕۆ لای ئەم گەلە و پێی بڵێ: ”ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن!“
ACT 28:27 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن و بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.﴾
ACT 28:28 «با لەلاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ ناجولەکەکان نێردرا، ئەوانیش گوێ دەگرن.»
ACT 28:29 [کاتێک ئەمەی گوت، جولەکەکان ڕۆیشتن و دەمەقاڵێیەکی زۆریان هەبوو.]
ACT 28:30 پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو ماڵەی بە کرێی گرتبوو مایەوە، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە لای،
ACT 28:31 بەوپەڕی ئازایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.
ROM 1:1 لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیحەوە کە خودا وەک نێردراوێک بانگی کرد و تەرخانی کرد بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی،
ROM 1:2 ئەو مزگێنییەی کە خودا پێشتر لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بەڵێنی دابوو،
ROM 1:3 سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو،
ROM 1:4 هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا.
ROM 1:5 لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن.
ROM 1:6 ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.
ROM 1:7 بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
ROM 1:8 سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
ROM 1:9 خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنیی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و
ROM 1:10 بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
ROM 1:11 تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ،
ROM 1:12 هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە.
ROM 1:13 ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، هەروەک لەنێو نەتەوەکانی دیکە هەمە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
ROM 1:14 من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم، دانا و نەزان.
ROM 1:15 بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
ROM 1:16 شەرمم بە پەیامی ئینجیل نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە.
ROM 1:17 لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە، وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.‏﴾
ROM 1:18 لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن،
ROM 1:19 چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون.
ROM 1:20 لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.
ROM 1:21 لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو.
ROM 1:22 هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل،
ROM 1:23 شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.
ROM 1:24 هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن.
ROM 1:25 ئەوان ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و لە جیاتی بەدیهێنەر خزمەتیان کرد، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.
ROM 1:26 لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە.
ROM 1:27 پیاوانیش وازیان هێنا لە جووتبوونی سروشتی لەگەڵ ژنانیان و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت.
ROM 1:28 سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت.
ROM 1:29 پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن،
ROM 1:30 بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین،
ROM 1:31 بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین.
ROM 1:32 لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.
ROM 2:1 کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت.
ROM 2:2 بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن.
ROM 2:3 کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟
ROM 2:4 یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟
ROM 2:5 بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆدەکەیتەوە.
ROM 2:6 خودا ﴿پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.﴾
ROM 2:7 ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن.
ROM 2:8 بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن.
ROM 2:9 ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە.
ROM 2:10 شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە،
ROM 2:11 چونکە خودا لایەنگری ناکات.
ROM 2:12 هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن،
ROM 2:13 چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن.
ROM 2:14 بێگومان ئەو نەتەوانەی کە شەریعەتیان نییە، کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە.
ROM 2:15 ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی شەریعەت لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات،
ROM 2:16 لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی کە من ڕایدەگەیەنم.
ROM 2:17 بەڵام تۆ، ئەگەر بە جولەکە ناو دەبردرێیت و پشت بە شەریعەتی تەورات دەبەستیت و شانازی بە خوداوە دەکەیت؛
ROM 2:18 ئەگەر خواستی ئەو دەزانیت، چی باشترینە پەسەندی دەکەیت، چونکە لە تەورات فێربوویت؛
ROM 2:19 ئەگەر لە خۆت دڵنیایت کە ڕێبەری کوێرەکانیت و ڕووناکییت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان،
ROM 2:20 فێرکاری نەزانان و مامۆستای منداڵانی، چونکە لە تەوراتدا وێنەی زانین و ڕاستیت هەیە،
ROM 2:21 جا تۆ کە خەڵکی دیکە فێر دەکەیت، ئایا خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ڕایدەگەیەنیت کەس دزی نەکات، ئایا خۆت دزی ناکەیت؟
ROM 2:22 تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی نەکرێت، ئایا خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە ڕقت لە بت دەبێتەوە، ئایا پەرستگاکان تاڵان ناکەیت؟
ROM 2:23 کە شانازی بە شەریعەتی تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی شەریعەت سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟
ROM 2:24 وەک نووسراوە: ﴿لەبەر ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کفر بە ناوی خودا دەکرێت.﴾
ROM 2:25 خەتەنەکردن سوودی دەبێت ئەگەر شەریعەت پەیڕەو بکەیت، بەڵام ئەگەر سەرپێچی شەریعەت بکەیت، ئەوا وەکو ئەوەیە کە هەر خەتەنە نەکرابیت.
ROM 2:26 بۆیە ئەگەر خەتەنەنەکراو کار بە داواکارییە دروستەکانی شەریعەت بکات، ئایا خەتەنە نەکردنەکەی بە خەتەنەکردن دانانرێت؟
ROM 2:27 ئیتر ئەوەی بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام شەریعەت جێبەجێ دەکات، حوکم بەسەر تۆدا دەدات کە شەریعەتی نووسراو و خەتەنەکردنت هەیە، هەرچەندە تۆ سەرپێچی شەریعەت دەکەیت.
ROM 2:28 ئەگەر کەسێک تەنها بە ڕواڵەت جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکە نییە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها جەستەیی بێت، ئەوا لە ڕاستیدا خەتەنەکردن نییە.
ROM 2:29 بەڵام ئەوەی لە ناخەوە جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکەیە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها بەگوێرەی شەریعەتی نووسراو ئەنجام بدرێت، ئەوا خەتەنەکردن نییە، بەڵکو خەتەنەکردنی دڵ کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوەیە، خەتەنەکردنی ڕاستەقینەیە. ئەوەی ستایشی لەلای خەڵک نییە، بەڵکو لەلای خودایە.
ROM 3:1 کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟
ROM 3:2 زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
ROM 3:3 کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟
ROM 3:4 نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە: ﴿تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.﴾
ROM 3:5 بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.)
ROM 3:6 نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟
ROM 3:7 لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟»
ROM 3:8 ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە!
ROM 3:9 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن،
ROM 3:10 وەک نووسراوە: ﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
ROM 3:11 کەس نییە تێبگات، کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
ROM 3:12 هەموو ڕوویان وەرگێڕا و تێکڕا بێ سوود بوون. کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾
ROM 3:13 ﴿قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.﴾ ﴿ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.﴾
ROM 3:14 ﴿دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.﴾
ROM 3:15 ﴿پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
ROM 3:16 وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
ROM 3:17 ڕێگای ئاشتی پێنازانن.﴾
ROM 3:18 ﴿ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.﴾
ROM 3:19 ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا.
ROM 3:20 بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە دەناسرێت.
ROM 3:21 بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن.
ROM 3:22 ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی،
ROM 3:23 لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە و
ROM 3:24 بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە.
ROM 3:25 خودا مەسیحی وەک کەفارەت پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا،
ROM 3:26 هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.
ROM 3:27 بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ.
ROM 3:28 کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت.
ROM 3:29 ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە،
ROM 3:30 چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنەنەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات.
ROM 3:31 ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت دەچەسپێنین.
ROM 4:1 ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیم کە بە جەستە باوکمانە، چی بۆ دەرکەوت؟
ROM 4:2 ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا.
ROM 4:3 ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾
ROM 4:4 ئەو کەسەی کار دەکات‏، کرێیەکەی بە دیاریی دانانرێت، بەڵکو مافی خۆیەتی.
ROM 4:5 بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت.
ROM 4:6 داود لە خۆزگەخواستن بەو کەسەی کە خودا بەبێ کردار ڕاستودروستیی بۆ دادەنێت، هەمان شت دەڵێت:
ROM 4:7 ﴿خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون، گوناهەکانیان داپۆشراون.
ROM 4:8 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.﴾
ROM 4:9 ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنەنەکراوانیشە؟ ئێمە دەڵێین باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا.
ROM 4:10 کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن!
ROM 4:11 ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت.
ROM 4:12 هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.
ROM 4:13 جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو کە ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەوە بوو کە لە ڕێگەی باوەڕەوە بوو،
ROM 4:14 چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ،
ROM 4:15 چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە.
ROM 4:16 بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە هەمان باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە،
ROM 4:17 وەکو نووسراوە: ﴿من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.﴾ ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.
ROM 4:18 هەرچەندە هیچ هیوا و ئومێدێک بەدی نەدەکرا، بەڵام ئیبراهیم ئومێدەوار بوو و باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: ﴿نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.﴾
ROM 4:19 باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە.
ROM 4:20 بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد،
ROM 4:21 دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر.
ROM 4:22 لەبەر ئەمە ﴿بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.﴾
ROM 4:23 ئەوەی نووسراوە: ﴿بۆی دانرا﴾ تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو،
ROM 4:24 بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
ROM 4:25 ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.
ROM 5:1 کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە،
ROM 5:2 لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین.
ROM 5:3 تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات،
ROM 5:4 دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا،
ROM 5:5 هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.
ROM 5:6 کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد.
ROM 5:7 لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت.
ROM 5:8 بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.
ROM 5:9 ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین!
ROM 5:10 لەبەر ئەوەی ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین!
ROM 5:11 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.
ROM 5:12 لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.
ROM 5:13 بێگومان، پێش هاتنی تەورات گوناه لە جیهاندا بوو، بەڵام کە شەریعەتی تەورات نەبێت گوناه ناژمێردرێت.
ROM 5:14 کەچی مردن لە ئادەمەوە هەتا موسا حوکمڕانی دەکرد، تەنانەت بەسەر ئەوانەشەوە کە لە شێوەی یاخیبوونەکەی ئادەم گوناهیان نەکردبوو، کە نموونەی ئەو کەسەیە کە دێت.
ROM 5:15 بەڵام دیاری وەکو گوناه نییە. ئەگەر زۆر کەس بە گوناهی کەسێک مردن، جا چەند زیاتر نیعمەتی خودا و دیارییەکە بەهۆی نیعمەتی مرۆڤێکەوە کە عیسای مەسیحە، بەسەر زۆر کەس ڕژا.
ROM 5:16 هەروەها ئەو دیارییە وەک ئەنجامی گوناهی مرۆڤێک نییە: چونکە حوکمدان لە یەک گوناهەوە تاوانبارکردنی هێنایە کایەوە، بەڵام دیاری لە گوناهی زۆرەوە بێتاوانیی هێنایە کایەوە.
ROM 5:17 ئەگەر بە گوناهی کەسێک، مردن لە ڕێگەی ئەو کەسەوە حوکمڕانی کرد، ئیتر چەند زیاتر ئەوانەی پڕیی نیعمەت و دیاری ڕاستودروستی وەردەگرن، لە ژیاندا حوکمڕانی دەکەن بە کەسێک کە عیسای مەسیحە.
ROM 5:18 کەواتە وەک چۆن بە یەک گوناه تاوانبارکردن بۆ هەموو مرۆڤ هاتە کایەوە، بە هەمان شێوە بە کارێکی ڕاستودروست بێتاوانکردن هاتە کایەوە کە ژیان بۆ هەموو مرۆڤ دەهێنێت.
ROM 5:19 لەبەر ئەوەی وەک چۆن بە یاخیبوونی کەسێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی کەسێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن.
ROM 5:20 تەورات هات تاکو گوناه زۆر بێت. بەڵام لەکوێ گوناه زۆر بوو، نیعمەت زۆر زیاتر بوو،
ROM 5:21 تاکو چۆن گوناه بە مردن حوکمڕانی کرد، ئاواش بە ڕاستودروستی نیعمەت حوکمڕانی دەکات بۆ ژیانی هەتاهەتایی بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
ROM 6:1 باشە چی بڵێین؟ ئایا لە گوناه بەردەوام بین تاکو نیعمەت زیاد بێت؟
ROM 6:2 نەخێر! ئێمە کە سەبارەت بە گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟
ROM 6:3 ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟
ROM 6:4 بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین.
ROM 6:5 ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین.
ROM 6:6 ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین.
ROM 6:7 ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.
ROM 6:8 بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین،
ROM 6:9 دەزانین مەسیح کە لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، جارێکی دیکە نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە.
ROM 6:10 ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت.
ROM 6:11 ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا خۆتان بۆ خودا بە زیندوو بزانن.
ROM 6:12 کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن.
ROM 6:13 ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا.
ROM 6:14 چیتر گوناه دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت، چونکە لەژێر سایەی شەریعەتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان.
ROM 6:15 کەواتە چی؟ ئایا گوناه بکەین، چونکە لەژێر سایەی شەریعەتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟ نەخێر!
ROM 6:16 ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی، جا بۆ گوناه کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟
ROM 6:17 بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناه بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا.
ROM 6:18 ئێوە لە گوناه ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی.
ROM 6:19 لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر وەک چۆن لەپێشدا ئەندامەکانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە پێشکەشی خراپە کرد، ئێستاش ئەندامەکانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن،
ROM 6:20 چونکە کاتێک کۆیلەی گوناه بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون.
ROM 6:21 ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟ چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە.
ROM 6:22 بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونەتە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە،
ROM 6:23 چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوەیە.
ROM 7:1 ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدوێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن شەریعەتی تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟
ROM 7:2 بۆ نموونە، ژن بەپێی شەریعەت بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو شەریعەتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە.
ROM 7:3 کەواتە هەتا مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی شەریعەت ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە.
ROM 7:4 ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە شەریعەت مردن، تاکو ببنە هی کەسێکی دیکە، ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین،
ROM 7:5 چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی شەریعەتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، بۆیە ئەو کارانەی دەمانکرد دەبوونە هۆی مردن.
ROM 7:6 بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو.
ROM 7:7 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! چونکە لە ڕێگەی شەریعەتی تەوراتەوە نەبووایە، گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە ﴿چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.﴾
ROM 7:8 بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ شەریعەت مردووە.
ROM 7:9 منیش پێشتر بەبێ شەریعەت دەژیام، بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم.
ROM 7:10 بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی مایەی ژیانە، بۆ من مردنە،
ROM 7:11 چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت.
ROM 7:12 کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە.
ROM 7:13 ئایا چاکە بۆ من بووەتە مایەی مردن؟ حاشا! بەڵکو گوناه بەهۆی چاکەوە مردنی لە مندا هێنایە کایەوە، بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە گوناه بە ڕاستی گوناهە و تاکو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکەوە ئاشکرابێت کە گوناه تەواو خراپە.
ROM 7:14 ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه.
ROM 7:15 ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوە دەکەم کە ڕقم لێیەتی.
ROM 7:16 ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە.
ROM 7:17 ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە،
ROM 7:18 چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتا لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە،
ROM 7:19 چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم.
ROM 7:20 ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە.
ROM 7:21 کەواتە ئەم یاسایە دەبینم: کاتێک دەمەوێت چاکە بکەم، خراپە لەلام ئامادەیە،
ROM 7:22 چونکە لە ناخمدا بە شەریعەتی خودا دڵشادم،
ROM 7:23 بەڵام یاسایەکی دیکە لە ئەندامانی جەستەمدا دەبینم، کە بەربەرەکانێی یاسای هزرم دەکات و دەمکاتە دیلی یاسای گوناه کە لە ئەندامەکانی جەستەمدایە.
ROM 7:24 ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریام دەکەوێت لەدەست ئەم جەستەیەم کە بۆ مردنە؟
ROM 7:25 سوپاسی خودا دەکەم کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە دەربازم دەکات! کەواتە بە بیری خۆم خزمەتی شەریعەتی خودا دەکەم، بەڵام بە سروشتی دنیاییم خزمەتی یاسای گوناه دەکەم.
ROM 8:1 کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن،
ROM 8:2 چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت.
ROM 8:3 خودا ئەوەی کرد کە شەریعەت بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد،
ROM 8:4 تاکو داواکارییە دروستەکانی شەریعەتی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز.
ROM 8:5 ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن.
ROM 8:6 بایەخدان بە سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخدان بە ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە.
ROM 8:7 بایەخدان بە سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی شەریعەتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت.
ROM 8:8 جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.
ROM 8:9 بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر کەسێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە.
ROM 8:10 ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە.
ROM 8:11 ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.
ROM 8:12 بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین.
ROM 8:13 ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین،
ROM 8:14 چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان.
ROM 8:15 ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!»
ROM 8:16 ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین.
ROM 8:17 ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.
ROM 8:18 پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت،
ROM 8:19 چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن.
ROM 8:20 بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد، بە هیوای ئەوەی
ROM 8:21 کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.
ROM 8:22 دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە.
ROM 8:23 تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان،
ROM 8:24 چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟
ROM 8:25 بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.
ROM 8:26 بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت.
ROM 8:27 ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.
ROM 8:28 ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون،
ROM 8:29 چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە.
ROM 8:30 ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.
ROM 8:31 ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟
ROM 8:32 ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟
ROM 8:33 کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات.
ROM 8:34 کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستەڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات.
ROM 8:35 کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟
ROM 8:36 وەک نووسراوە: ﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾
ROM 8:37 بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین،
ROM 8:38 چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان،
ROM 8:39 نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.
ROM 9:1 مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە،
ROM 9:2 کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە.
ROM 9:3 خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم،
ROM 9:4 ئیسرائیلییەکان. لەخۆگرتنەوە و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و ڕێوڕەسمەکانی پەرستن و بەڵێنەکان هی ئەوانە.
ROM 9:5 باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین.
ROM 9:6 واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا نین.
ROM 9:7 هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾
ROM 9:8 واتا ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن،
ROM 9:9 چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: ﴿لە کاتی دیاریکراو دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.﴾
ROM 9:10 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە.
ROM 9:11 بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن،
ROM 9:12 خودا بە دایکیانی فەرموو: ﴿گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.﴾
ROM 9:13 وەک نووسراوە: ﴿یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.﴾
ROM 9:14 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا!
ROM 9:15 چونکە بە موسا دەفەرموێ: ﴿میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.‏﴾
ROM 9:16 کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە.
ROM 9:17 نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: ﴿لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.﴾
ROM 9:18 کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت.
ROM 9:19 ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟»
ROM 9:20 ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ ﴿ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»﴾
ROM 9:21 ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟
ROM 9:22 بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا بیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی بگرێت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟
ROM 9:23 چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکات تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟
ROM 9:24 لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش.
ROM 9:25 وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ: ﴿ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،﴾ هەروەها
ROM 9:26 ﴿لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،» لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»﴾
ROM 9:27 ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات: ﴿ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت،
ROM 9:28 چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.﴾
ROM 9:29 وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی: ﴿ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.﴾
ROM 9:30 کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە.
ROM 9:31 کەچی ئیسرائیل بە شەریعەتی تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو شەریعەتە پێی نەگەیشتن.
ROM 9:32 بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد،
ROM 9:33 هەروەک نووسراوە: ﴿ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە، بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾
ROM 10:1 ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە.
ROM 10:2 شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە.
ROM 10:3 لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون.
ROM 10:4 بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.
ROM 10:5 موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾
ROM 10:6 بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،
ROM 10:7 ﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.
ROM 10:8 بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾ ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین:
ROM 10:9 ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت.
ROM 10:10 لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە.
ROM 10:11 هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾
ROM 10:12 جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
ROM 10:13 چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾
ROM 10:14 ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟
ROM 10:15 هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾
ROM 10:16 بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾
ROM 10:17 کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە.
ROM 10:18 بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو! ﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾
ROM 10:19 بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت: ﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾
ROM 10:20 بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت: ﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾
ROM 10:21 بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت: ﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾
ROM 11:1 لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین.
ROM 11:2 خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە:
ROM 11:3 ﴿ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.﴾
ROM 11:4 بەڵام خودا چۆن وەڵامی دایەوە؟ ﴿حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.﴾
ROM 11:5 لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون.
ROM 11:6 بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە.
ROM 11:7 کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون،
ROM 11:8 وەک نووسراوە: ﴿خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ، چاوی داونەتێ پێی نەبینن و گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.﴾
ROM 11:9 داودیش دەڵێت: ﴿با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە، کۆسپ و سزا بۆیان.
ROM 11:10 با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.﴾
ROM 11:11 دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل.
ROM 11:12 جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ دەبێت گەڕانەوەیان بە تەواوەتی چ دەوڵەمەندییەک لەگەڵ خۆی بهێنێت؟
ROM 11:13 ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان،
ROM 11:14 تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم،
ROM 11:15 چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟
ROM 11:16 ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەموو هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش.
ROM 11:17 بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت،
ROM 11:18 شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت.
ROM 11:19 ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.»
ROM 11:20 ڕاستە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە،
ROM 11:21 چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.
ROM 11:22 لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە.
ROM 11:23 ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە.
ROM 11:24 ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.
ROM 11:25 ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە.
ROM 11:26 بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە: ﴿ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت، خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە.
ROM 11:27 ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.﴾
ROM 11:28 بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن،
ROM 11:29 چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە.
ROM 11:30 هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن،
ROM 11:31 ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون.
ROM 11:32 خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.
ROM 11:33 ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا! حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.
ROM 11:34 ﴿کێ بیری یەزدانی زانی؟ یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟﴾
ROM 11:35 ﴿کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟﴾
ROM 11:36 چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.
ROM 12:1 بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە.
ROM 12:2 شێوەی ئەم دنیایە وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرتان بگۆڕێن، تاکو بە لێکدانەوە بتوانن دەریبخەن خواستی خودا چییە، کە باش و پەسەندکراو و تەواوە.
ROM 12:3 بەو نیعمەتەی پێم دراوە بە هەر یەکێک دەڵێم کە لەنێوتاندایە: با لە نرخ بۆ خۆ دانان زێدەڕۆیی نەکات، بەڵکو لە نرخاندن هۆشیار بێت، بەو بڕە باوەڕەی خودا بە هەر یەکێکی بەخشیوە.
ROM 12:4 وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، هەموو ئەندامەکانیش یەک کاریان نییە،
ROM 12:5 ئێمەش بە هەمان شێوە، هەرچەندە زۆرین، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح ئەندامی یەک جەستەین و هەر ئەندامێک پەیوەستە بە ئەندامەکانی دیکەوە.
ROM 12:6 بەڵام بەهرەی جیاوازمان هەیە، بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە: ئەگەر کەسێک بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودای هەیە، با بەگوێرەی ڕێژەی باوەڕ بێت؛
ROM 12:7 ئەگەر بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خزمەت بکات؛ ئەگەر بەهرەی فێرکردنی هەیە، با فێر بکات؛
ROM 12:8 ئەگەر بەهرەی هاندانی هەیە، با هانبدات؛ ئەگەر بەهرەی بەخشینی هەیە، با بە‏ دڵفراوانییەوە ببەخشێت‏؛ ئەگەر بەهرەی ڕابەرایەتیکردنی هەیە، با بە دڵگەرمییەوە بێت؛ ئەگەر بەهرەی بەزەیی هەیە، با‏ بە دڵخۆشییەوە بێت.
ROM 12:9 با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن.
ROM 12:10 بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن.
ROM 12:11 سست مەبن لە دڵگەرمی، لە ڕۆح گەرم بن، خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن.
ROM 12:12 لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن،
ROM 12:13 بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک‏ و برا نامۆکان بکەن.
ROM 12:14 ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن.
ROM 12:15 لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن.
ROM 12:16 سەبارەت بە یەکتری هاوبیر بن، بیر لە بڵندی مەکەنەوە، بەڵکو تێکەڵاوی پایەنزمەکان بن. خۆتان بە دانا مەزانن.
ROM 12:17 خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت.
ROM 12:18 بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین.
ROM 12:19 خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾
ROM 12:20 بەڵام: ﴿ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت.﴾
ROM 12:21 با خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.
ROM 13:1 با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە.
ROM 13:2 ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن.
ROM 13:3 فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت،
ROM 13:4 چونکە خزمەتکاری خودایە و بۆ چاکەی تۆ کار دەکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە و بە تووڕەیی خودا سزای خراپەکاران دەدات.
ROM 13:5 بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی، بەڵکو لەبەر ویژدانیش.
ROM 13:6 هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن.
ROM 13:7 مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.
ROM 13:8 بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، شەریعەتی تەوراتی هێناوەتە دی.
ROM 13:9 ڕاسپاردەکانی وەک ﴿داوێنپیسی مەکەن﴾، ﴿مەکوژن﴾، ﴿دزی مەکەن﴾، ﴿چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت﴾ و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾
ROM 13:10 خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدیی شەریعەتە.
ROM 13:11 جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا.
ROM 13:12 شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین.
ROM 13:13 با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی.
ROM 13:14 بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.
ROM 14:1 ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان.
ROM 14:2 هەیە باوەڕی بەوەیە هەموو شتێک بخوات، بەڵام ئەوەی باوەڕی لاوازە تەنها سەوزە دەخوات.
ROM 14:3 با بخۆر سووکایەتی بە نەخۆر نەکات، نەخۆریش بخۆر تاوانبار نەکات، چونکە خودا پێشوازی لێکردووە.
ROM 14:4 تۆ کێی تاکو خزمەتکاری کەسێکی دیکە حوکم بدەیت؟ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خزمەتکار لە خزمەتەکەیدا پەیوەندی بە گەورەکەیەوە هەیە، بەڵام سەردەکەوێت، چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ دەتوانێت سەریبخات.
ROM 14:5 کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژێکی دیکە بە پیرۆزتر دادەنێت، کەسێکی دیکە هەموو ڕۆژێک لەبەرچاو دەگرێت. با هەریەکە لە بیروڕای خۆی دڵنیابێت.
ROM 14:6 ئەوەی بایەخ بە ڕۆژ دەدات، لەبەر یەزدان بایەخی پێ دەدات. ئەوەی گوشت دەخوات، لەبەر یەزدان دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات. ئەوەش کە ناخوات، لەبەر یەزدان ناخوات و سوپاسی خودا دەکات،
ROM 14:7 لەبەر ئەوەی کەسمان بۆ خۆی ناژیێت، کەسیش بۆ خۆی نامرێت.
ROM 14:8 لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین.
ROM 14:9 هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.
ROM 14:10 ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین،
ROM 14:11 چونکە نووسراوە: ﴿یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.﴾
ROM 14:12 کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.
ROM 14:13 لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم خوشک یان برا دانەنرێت.
ROM 14:14 بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، بەڵام ئەگەر کەسێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە تەنها لە لای ئەو کەسە گڵاوە.
ROM 14:15 ئەگەر بەهۆی خۆراکەوە خوشک یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. بەهۆی خۆراکەوە ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناویدا مردووە.
ROM 14:16 مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە،
ROM 14:17 چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا.
ROM 14:18 هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.
ROM 14:19 کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات.
ROM 14:20 لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام خراپە ئەگەر بێتو کەسێک بە خواردنیی ببێتە کۆسپ بۆ کەسێکی دیکە.
ROM 14:21 باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.
ROM 14:22 ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات.
ROM 14:23 بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەر شتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.
ROM 15:1 بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین.
ROM 15:2 با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان.
ROM 15:3 تەنانەت مەسیحیش بیری لە خۆشیی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.﴾
ROM 15:4 چونکە هەرچی لەپێشدا نووسراوە، بۆ فێربوونی ئێمە نووسراوە، تاکو بە دانبەخۆداگرتن و هاندانی نووسراوە پیرۆزەکان هیوامان هەبێت.
ROM 15:5 با خودای دانبەخۆداگرتن و هاندان لەنێو خۆتان ڕێککەوتنی بیروڕاتان بداتێ بەگوێرەی بیری عیسای مەسیح،
ROM 15:6 تاکو بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ ستایشی خودا بکەن کە باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە.
ROM 15:7 بۆیە هەر وەک چۆن مەسیح پێشوازی لێکردین، ئێوەش بۆ شکۆمەندیی خودا، پێشوازی لە یەکتری بکەن.
ROM 15:8 من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت،
ROM 15:9 هەروەها تاکو نەتەوەکان ستایشی خودا بکەن لەبەر بەزەییەکەی، وەک نووسراوە: ﴿لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.﴾
ROM 15:10 دیسان دەفەرموێ: ﴿ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.﴾
ROM 15:11 هەروەها: ﴿ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!﴾
ROM 15:12 دیسان ئیشایا دەڵێت: ﴿ڕەگی یەسا دەردەکەوێت، ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە، ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.﴾
ROM 15:13 با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.
ROM 15:14 خوشک و براکانم، خۆم دڵنیام کە ئێوە پڕن لە چاکە، پڕن لە زانیاری، تواناتان هەیە ئامۆژگاری یەکتری بکەن.
ROM 15:15 بەڵام دەربارەی هەندێک خاڵ ئازایانەتر بۆم نووسیون، وەک بەیادهێنانەوەتان، لەبەر ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم،
ROM 15:16 تاکو ببمە خزمەتکاری عیسای مەسیح بۆ نەتەوەکان، وەک کاهین لە ئەرکی ڕاگەیاندنی مزگێنیی خودا، تاکو قوربانی نەتەوەکان پەسەندکراو بێت، بە ڕۆحی پیرۆز پیرۆزکراو بێت.
ROM 15:17 لەبەر ئەوە بەهۆی عیسای مەسیحەوە شانازی دەکەم بەو کارانەی کە بۆ خودای دەکەم.
ROM 15:18 ناوێرم باسی شتێک بکەم جگە لەوەی مەسیح بۆ گوێڕایەڵبوونی نەتەوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی منەوە ئەنجامی داوە، بە وتە و کردار،
ROM 15:19 بە هێزی نیشانە و پەرجوو، بە هێزی ڕۆحی خودا. تەنانەت لە ئۆرشەلیم و دەوروپشتی تاکو ئیللیریکوم، بە تەواوی مزگێنیی مەسیحم ڕاگەیاند.
ROM 15:20 بۆیە ئامانجی بەرزم ئەوە بووە کە مزگێنی بدەمە ئەو شوێنەی کە ناوی مەسیحی تێدا نەهێنراوە، تاکو لەسەر بناغەی یەکێکی دیکە بنیاد نەنێم.
ROM 15:21 بەڵام وەک نووسراوە: ﴿ئەوانەی باسی ئەویان بۆ نەکرابوو دەبینن، ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن.﴾
ROM 15:22 لەبەر ئەمەش بوو چەندین جار ڕێم لێ دەگیرا بێمە لاتان.
ROM 15:23 ئێستا لەم ناوچانە شوێن نەماوە ئیشی لێ بکەم و لەبەر ئەوەی کە ساڵانێکی زۆرە پەرۆشم بێمە لاتان،
ROM 15:24 دەمەوێ لە کاتی ڕۆیشتنم بۆ ئیسپانیا سەردانتان بکەم. هیوادارم بەلاتاندا تێپەڕم و بتانبینم، دوای ئەوەی چێژم لە بینینتان وەرگرت، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ئومێدەوارم بۆ ئەوێم بەڕێبکەن.
ROM 15:25 بەڵام ئێستا دەچمە ئۆرشەلیم تاکو خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا بکەم.
ROM 15:26 باوەڕدارانی مەکدۆنی و ئەخایا پێیان خۆش بوو هەندێک بەخشین بۆ هەژاران لەنێو گەلی پیرۆزی خودا لە ئۆرشەلیم کۆبکەنەوە.
ROM 15:27 ئەوان بە خۆشییەوە بڕیاریان دا، لە ڕاستیشدا ئەمە ئەرکێک بوو لەسەریان، چونکە باوەڕدارە جولەکەکان بەرەکەتی ڕۆحییان پێشکەش بە ناجولەکەکان کردبوو. لەبەر ئەوە ئەرکی باوەڕدارە ناجولەکەکانە کە بە شتە ماددییەکان یارمەتی باوەڕدارە جولەکەکان بدەن.
ROM 15:28 بۆیە، کاتێک ئەمەم تەواو کرد و ئەم بەرهەمەم بۆ مۆرکردن، لەسەر ڕێگام بۆ ئیسپانیا، سەردانتان دەکەم.
ROM 15:29 دەزانم کە بێمە لاتان، بە پڕیی بەرەکەتی مەسیحەوە دێم.
ROM 15:30 ئێستاش ئەی خوشک و برایان لێتان دەپاڕێمەوە، لەبەر عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و بە خۆشەویستی ڕۆحی پیرۆز، لەگەڵم تێبکۆشن لە نوێژەکان بۆ خودا لە پێناوی من،
ROM 15:31 تاکو لەدەست بێباوەڕانی یەهودیا ڕزگاربم، هەروەها تاکو خزمەتەکەم بۆ ئۆرشەلیم لەلای گەلی پیرۆزی خودا پەسەندکراو بێت،
ROM 15:32 بۆ ئەوەی بە خواستی خودا بە دڵشادییەوە بێمە لاتان و لەگەڵتان پشوو بدەم.
ROM 15:33 خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.
ROM 16:1 سەبارەت بە فیبی خوشکمان کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا، ڕاتاندەسپێرم
ROM 16:2 بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن، بە پێشوازی‏یەک کە شایانی خوشک ‏و برای پیرۆز بێت. لە هەر شتێک پێویستی پێتان بوو یارمەتی بدەن، چونکە یارمەتی زۆر کەسی دا، بە منیشەوە.
ROM 16:3 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا بکەن کە هاوکاری منن لە خزمەتکردنی عیسای مەسیحدا،
ROM 16:4 ئەوانەی لە پێناو ژیانی من ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، تەنها من سوپاسی ئەوانە ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێساکانی ناجولەکەکانیش.
ROM 16:5 سڵاو لەو کڵێسایە بکەن لە ماڵەکەیانە. سڵاو لە ئەپینەتوسی خۆشەویستم بکەن کە نۆبەرەی ئاسیایە بۆ مەسیح.
ROM 16:6 سڵاو لە مریەم بکەن کە زۆر پێتانەوە ماندوو بوو.
ROM 16:7 سڵاو لە ئەندرونیکۆس و یونیاسی خزمانم بکەن، کە لەگەڵم بەند کرابوون، ئەوانەی دیارن لەناو نێردراوان و پێش من لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک.
ROM 16:8 سڵاو لە ئەمپلیاتۆس بکەن، کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بووە بە هاوڕێیەکی خۆشەویستم.
ROM 16:9 سڵاو لە ئوربانۆس بکەن کە هاوکارمانە لە خزمەتکردنی مەسیحدا، هەروەها ستاخیسی خۆشەویستم.
ROM 16:10 سڵاو لە ئەپیڵەس بکەن، ئەوەی کە دڵسۆزی خۆی بۆ مەسیح سەلماند. سڵاو لە ماڵی ئەرستۆبوڵس بکەن.
ROM 16:11 سڵاو لە هیرودیۆنی خزمم بکەن. سڵاو لەوانە بکەن کە لە ماڵی نێرگزدا لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک.
ROM 16:12 سڵاو لە خوشکان تریفینا و تریفۆسا بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا ماندوو دەبن. سڵاو لە پەرسیسی خوشکی خۆشەویست بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا زۆر ماندوو دەبێت.
ROM 16:13 سڵاو لە ڕوفوس بکەن کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا هەڵبژێردراوە، هەروەها لە دایکی کە وەک دایکمە.
ROM 16:14 سڵاو بکەن لە ئەسینکریتۆس، فلیگۆن، هەرمەس، پەتروباس، هرماس و ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵیانن.
ROM 16:15 سڵاو بکەن لە فیلۆلۆگۆس و جولیا، نیریۆس و خوشکەکەی و ئۆلەمپاس و هەموو ئەو خەڵکە پیرۆزەی خودا کە لەگەڵیانن.
ROM 16:16 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.
ROM 16:17 ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە.
ROM 16:18 ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن.
ROM 16:19 هەروەها هەواڵی ملکەچیتان بۆ خودا بە هەمووان گەیشتووە، بۆیە پێتان دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت لە چاکە دانا بن و لە خراپە بێبەری بن.
ROM 16:20 خودای ئاشتی بەم زووانە شەیتان لەژێر پێتان پان دەکاتەوە. با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
ROM 16:21 تیمۆساوسی هاوکارم سڵاوتان لێدەکات، هەروەها لوکیۆس و یاسون و سۆسیپاتەری خزمانم.
ROM 16:22 من، تەرتیۆس، نووسەری ئەم نامەیەم، بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە سڵاوتان لێدەکەم.
ROM 16:23 گایۆس کە خانەخوێی من و هەموو کڵێسایە سڵاوتان لێدەکات. ئەراستۆسی خەزنەداری شار و کوارتۆسی برا سڵاوتان لێدەکەن. [
ROM 16:24 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.]
ROM 16:25 شکۆمەندی بۆ ئەو خودایەی کە توانای هەیە بتانچەسپێنێت بەگوێرەی مزگێنییەکەم و جاڕدانی عیسای مەسیح، بەگوێرەی ئاشکراکردنی ئەو نهێنییەی لە کاتە ئەزەلییەکانەوە بە شاراوەیی مابووەوە،
ROM 16:26 بەڵام ئێستا لە ڕێگەی نووسراوی پێغەمبەرانەوە، بەگوێرەی ڕاسپاردەی خودای هەمیشەیی، ئاشکرا و زانراو بووە تاکو هەموو نەتەوەکان باوەڕ بە خودا بهێنن و گوێڕایەڵی بن،
ROM 16:27 هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ تاقە خودای دانا، بەهۆی عیسای مەسیحەوە! ئامین.
1CO 1:1 لە پۆڵس، ‏بانگکراو لەسەر خواستی خودا، تاکو ببێت بە نێردراوی عیسای مەسیح، هەروەها لە سۆستانیسی برامانەوە،
1CO 1:2 بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، ئەوانەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پیرۆزکراون و بانگکراون بۆ پیرۆزبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە هەموو شوێنێکدا بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە نزا دەکەن، کە گەورەی ئێمە و ئەوانیشە:
1CO 1:3 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
1CO 1:4 بەهۆی ئێوەوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە.
1CO 1:5 بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک.
1CO 1:6 خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت.
1CO 1:7 بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، لە کاتێکدا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانن.
1CO 1:8 ئەو هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی پەروەردگارماندا بێ گلەیی بن.
1CO 1:9 خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
1CO 1:10 ئەی خوشکان و برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لێتان دەپاڕێمەوە کە هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت.
1CO 1:11 خوشک و برایانم، ماڵی خلۆیی هەواڵیان دامێ کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە.
1CO 1:12 مەبەستم ئەمەیە: یەکێکتان دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، یەکێکی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، یان «من هی پەترۆسم»، یان «من هی مەسیحم.»
1CO 1:13 ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە؟ یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشران؟
1CO 1:14 سوپاس بۆ خودا کەستانم لە ئاو هەڵنەکێشا، کریسپۆس و گایۆس نەبێت،
1CO 1:15 نەوەک یەکێک بڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە.
1CO 1:16 هەروەها ستیفاناس و خاووخێزانەکەیم لە ئاو هەڵکێشاوە، جگە لەمانە نازانم کەسی دیکەم لە ئاو هەڵکێشابێت،
1CO 1:17 چونکە مەسیح نەیناردووم بۆ لەئاوهەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، ئەمەش نەک بە دانایی و قسەی زیرەکانە، نەوەک هێزی خاچی مەسیح پووچەڵ بێتەوە.
1CO 1:18 پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە.
1CO 1:19 لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿دانایی داناکان لەناودەبەم، تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.﴾
1CO 1:20 کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟
1CO 1:21 خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن.
1CO 1:22 جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن،
1CO 1:23 بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە،
1CO 1:24 بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێز و دانایی خودایە،
1CO 1:25 چونکە گێلایەتیی خودا لە دانایی مرۆڤ داناترە و لاوازیی خودا لە بەهێزیی مرۆڤ بەهێزترە.
1CO 1:26 ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون.
1CO 1:27 بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن.
1CO 1:28 خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن،
1CO 1:29 بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک لەبەردەم خودا شانازی نەکات.
1CO 1:30 بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە،
1CO 1:31 تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾
1CO 2:1 ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی خودا ڕابگەیەنم،
1CO 2:2 چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی.
1CO 2:3 منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم.
1CO 2:4 کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکەرم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست،
1CO 2:5 تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.
1CO 2:6 ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، داناییەک کە نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە، کە لەناودەچن.
1CO 2:7 بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە.
1CO 2:8 هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا.
1CO 2:9 بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.﴾
1CO 2:10 بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین. ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە.
1CO 2:11 چ مرۆڤێک دەزانێت ناخی مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت ناخی خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت.
1CO 2:12 ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین.
1CO 2:13 ئەوەی باسی دەکەین لە دانایی مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو لە فێرکردنی ڕۆحەوە هاتووە، بەم شێوەیە فێرکردنی ڕۆحی بۆ کەسانی ڕۆحانی لێکدەدرێتەوە.
1CO 2:14 بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و نایانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە.
1CO 2:15 کەسی ڕۆحانی هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، کەچی کەس ناتوانێت ئەو هەڵبسەنگێنێت.
1CO 2:16 ﴿کێ بیری یەزدانی زانی، کێ فێری دەکات؟﴾ بەڵام ئێمە بیری مەسیحمان هەیە.
1CO 3:1 خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین، هەروەک منداڵی ساوا بن لە ‏خانەوادەی مەسیحدا.
1CO 3:2 شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا نەتاندەتوانی، ئێستاش ناتوانن.
1CO 3:3 ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟
1CO 3:4 چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟
1CO 3:5 ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە.
1CO 3:6 من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد.
1CO 3:7 ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات.
1CO 3:8 تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت.
1CO 3:9 جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان.
1CO 3:10 بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت.
1CO 3:11 کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە.
1CO 3:12 بەڵام ئەگەر هەرکەسێک لەسەر ئەو بناغەیە بە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت،
1CO 3:13 کارەکەی دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات.
1CO 3:14 ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت.
1CO 3:15 ئەگەر کاری یەکێک سووتا، ئەوا هەرچەندە بنیادنەرەکە زیانی پێ دەگات، بەڵام ڕزگاری دەبێت، وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵاتبێت.
1CO 3:16 ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟
1CO 3:17 ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.
1CO 3:18 با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا.
1CO 3:19 دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەو داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.﴾
1CO 3:20 هەروەها: ﴿یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.﴾
1CO 3:21 کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە،
1CO 3:22 پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس، جیهان یان ژیان یان مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە،
1CO 3:23 ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە.
1CO 4:1 بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن.
1CO 4:2 جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن.
1CO 4:3 بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم.
1CO 4:4 هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات.
1CO 4:5 کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.
1CO 4:6 خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە.
1CO 4:7 کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟
1CO 4:8 وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا! خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد!
1CO 4:9 چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بەسەردا درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک.
1CO 4:10 لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین!
1CO 4:11 هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین.
1CO 4:12 بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێینەوە و بەرگە دەگرین.
1CO 4:13 بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.
1CO 4:14 ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە.
1CO 4:15 تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە من بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی.
1CO 4:16 جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە.
1CO 4:17 لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەتان بەبیر دەهێنێتەوە کە من بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پەیڕەوی دەکەم، هەروەک لە هەموو شوێن و کڵێسایەک خەڵکی فێر دەکەم.
1CO 4:18 هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان
1CO 4:19 بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان،
1CO 4:20 چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە.
1CO 4:21 چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟
1CO 5:1 لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت!
1CO 5:2 ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟
1CO 5:3 هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح ئامادەم. وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە، وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم:
1CO 5:4 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە،
1CO 5:5 ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت.
1CO 5:6 شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟
1CO 5:7 خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە بەڕاستی فەتیرەن. لەبەر ئەوەی مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا.
1CO 5:8 کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی.
1CO 5:9 من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن،
1CO 5:10 مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە.
1CO 5:11 بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن.
1CO 5:12 بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟
1CO 5:13 ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. ﴿خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.﴾
1CO 6:1 کە یەکێکتان سکاڵایەکی لە یەکێکی دیکە هەبوو، چۆن دەوێرێ کێشەکەی بباتە لای بێباوەڕان بۆ ئەوەی ئەوان حوکمی بۆ بدەن و لای گەلی پیرۆزی خودا نەبێت؟
1CO 6:2 ئایا نازانن گەلی خودا جیهان حوکم دەدەن؟ ئەگەر ئێوە حوکم بەسەر جیهاندا بدەن، ئایا شایستە نین حوکم بەسەر بچووکترین شتدا بدەن؟
1CO 6:3 ئایا نازانن ئێمە حوکم بەسەر فریشتەکاندا دەدەین؟ چەندە زیاتر حوکم بەسەر شتەکانی ئەم ژیانە دەدەین؟
1CO 6:4 جا ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا کێشەتان هەبێت، ئایا دەیبەنە لای دادوەری بێباوەڕ کە کڵێسا پەسەندیان ناکەن؟
1CO 6:5 من ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی شەرم بکەن. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات؟
1CO 6:6 بەڵام برا برای خۆی بۆ دادگا دەبات، لەبەردەم بێباوەڕان ئەمە دەکات!
1CO 6:7 لە ڕاستیدا شورەییە بۆتان لەنێوتاندا سکاڵا لە یەکتر بکەن. باشتر نەبوو زۆرلێکراو بن؟ باشتر نەبوو فێڵلێکراو بن؟
1CO 6:8 بەڵام ئێوە زۆرداری و فێڵ دەکەن، تەنانەت لە خوشک و برایانیشتان!
1CO 6:9 ئایا ئێوە نازانن کە زۆرداران نابنە میراتگری شانشینی خودا؟ هەڵمەخەڵەتێن. نە بەڕەڵا و نە بتپەرست، نە داوێنپیس و نە هاوڕەگەزباز،
1CO 6:10 نە دز و نە چاوچنۆک، نە سەرخۆش و نە جنێوفرۆش و نە تاڵانکەر، نابنە میراتگری شانشینی خودا.
1CO 6:11 جا هەندێکتان بەم شێوەیە بوون. بەڵام شۆرانەوە و پیرۆز کران و بێتاوان کران بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕۆحی خودامان.
1CO 6:12 «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت.
1CO 6:13 «خواردن بۆ ورگە و ورگیش بۆ خواردن،» کەچی خودا هەردووکیان لەناودەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ مەسیحی خاوەن شکۆیە و مەسیحیش بۆ جەستەیە.
1CO 6:14 خوداش مەسیحی خاوەن شکۆی هەستاندەوە و بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە.
1CO 6:15 ئایا نازانن لەشتان ئەندامی جەستەی مەسیحە؟ ئایا ئەندامی جەستەی مەسیح بکەمە ئەندامی لەشفرۆشێک؟ نەخێر!
1CO 6:16 یاخود نازانن ئەوەی خۆی بە لەشفرۆشێکەوە نووساندووە، لەگەڵی بووەتە یەک جەستە؟ چونکە دەفەرموێ: ﴿هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾
1CO 6:17 بەڵام ئەوەی لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ یەکبگرێت، لەگەڵی دەبێ بە یەک ڕۆح.
1CO 6:18 لە داوێنپیسی ڕابکەن. هەر گوناهێک مرۆڤ بیکات، لە دەرەوەی جەستەیە، بەڵام ئەوەی داوێنپیسی دەکات ئەوا لە دژی جەستەی خۆی گوناه دەکات.
1CO 6:19 یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین،
1CO 6:20 چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە جەستەتان ڕێزی خودا بگرن.
1CO 7:1 سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: «باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت.»
1CO 7:2 بەڵام لەبەر زۆریی داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت.
1CO 7:3 مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد.
1CO 7:4 ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی.
1CO 7:5 خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە.
1CO 7:6 بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان.
1CO 7:7 هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا.
1CO 7:8 بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من بمێننەوە.
1CO 7:9 بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە.
1CO 7:10 بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە،
1CO 7:11 بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات.
1CO 7:12 ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات.
1CO 7:13 ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە،
1CO 7:14 چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە.
1CO 7:15 بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین،
1CO 7:16 چونکە ئەی ژن، چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد، چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟
1CO 7:17 لەگەڵ ئەوەشدا، با هەر یەکێک بەپێی ئەو بەشەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیداوە و بەو شێوەیەی کە خودا بانگی کردووە بژیێت، لە هەموو کڵێساکان ئاوا فەرمان دەدەم.
1CO 7:18 ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، با نەبێتەوە خەتەنەنەکراو. ئەوەش بە خەتەنەنەکراوی بانگکراوە، با خەتەنە نەکات.
1CO 7:19 خەتەنەکردن هیچ نییە، خەتەنەنەکردنیش هیچ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی خودا گرنگە.
1CO 7:20 با هەر یەکێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە.
1CO 7:21 ئایا بە کۆیلەیی بانگکرایت؟ گوێی مەدەرێ. بەڵام ئەگەر توانیت ئازاد بیت، بیکە،
1CO 7:22 چونکە ئەوەی کۆیلە بووە کاتێک یەزدان بانگی کردووە ئەوە دەبێتە ئازادکراوی یەزدان. بە هەمان شێوە ئەوەشی ‏کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە کۆیلەی مەسیح.
1CO 7:23 ئێوە بە نرخێک کڕاون، مەبنە کۆیلەی خەڵک.
1CO 7:24 خوشکان، برایان، با هەرکەسێک بەو شێوەیە لەگەڵ خودا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە لەو کاتەی بانگکراوە.
1CO 7:25 دەربارەی کچان و کوڕان، هیچ فەرمانێکم لە مەسیحی باڵادەستەوە نییە، بەڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ دەڵێم وەک یەکێک یەزدان بەزەیی پێدا هاتبێتەوە کە جێی متمانە بێت.
1CO 7:26 وابزانم، لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا، باشە بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە.
1CO 7:27 ئایا تۆ بە ژنەوە بەستراویتەوە؟ داوای جیابوونەوە مەکە. ئایا تۆ بە ژنەوە نەبەستراویتەوە؟ داوای ژن مەکە.
1CO 7:28 بەڵام ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە، ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات گوناهی نەکردووە. بەڵام ئەوانە لەم ژیانەدا تووشی کێشە و گرفت دەبن، جا من دەمەوێ تووشتان نەکەم.
1CO 7:29 خوشکان، برایان، ئەمە دەڵێم: کاتمان کەمە، لەمەودوا ئەوانەی ژنیان هەیە دەبێت بە جۆرێک بژین وەکو ئەوەی کە نەیانبێت،
1CO 7:30 ئەوانەی دەگریێن وەک نەگریێن، ئەوانەی شادن وەک شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک موڵکیان نەبێت،
1CO 7:31 ئەوانەی جیهان بەکاردەهێنن وەک هەر بەکارینەهێنن، چونکە وێنەی ئەم جیهانە ڕووەو نەمانە.
1CO 7:32 جا دەمەوێ ئێوە بێ خەم بن. ئەوەی ژنی نەهێناوە بایەخ بە کاروباری پەروەردگار دەدات، چۆن پەروەردگار ڕازی بکات.
1CO 7:33 بەڵام هاوسەردار بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن ژنەکەی ڕازی بکات.
1CO 7:34 ئەو کابرایە دڵی بەشکراوە. ژنی بێ مێرد و پاکیزە گرنگی بە کاروباری پەروەردگار دەدەن، چۆن دەتوانێت جەستە و ڕۆحی خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. بەڵام شووکردوو بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن مێرد ڕازی بکات.
1CO 7:35 ئەمە بۆ چاکەتان دەڵێم، نەک تووشی کۆتێکتان بکەم، بەڵکو بۆ ڕێز و تەرخانکراوییە بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ، بێ پەشێوی.
1CO 7:36 بەڵام ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە بە شێوەیەکی شیاو لەگەڵ دەستگیرانە پاکیزەکەی هەڵسوکەوت ناکات، ئەگەر حەز و ئارەزووی زۆر بوو و پێویست بوو هاوسەرگیری بکەن، چی حەز لێیە با ئەوە بکات، با هاوسەرگیری بکەن، گوناهی نەکردووە.
1CO 7:37 بەڵام ئەوەی لە دڵەوە بڕیاری دابێت و ناچار نەبێت، بەڵکو بەسەر خواستی خۆیدا زاڵ بێت، ئەو بڕیارەش کە لە دڵەوە داویەتی کە دەستگیرانە پاکیزەکەی نەگوازێتەوە، ئەوا چاک دەکات.
1CO 7:38 کەواتە ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات، چاک دەکات، ئەوەش کە هاوسەرگیری ناکات، چاکتر دەکات.
1CO 7:39 ژن ئەوەندە بە مێردەوە دەبەسترێتەوە هەتا مێردەکەی زیندووە. بەڵام ئەگەر مێردەکەی مرد، ئەوا ئازادە شوو بە هەر پیاوێک بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت.
1CO 7:40 بەڵام بە بۆچوونی من، بەختەوەرترە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە، وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هەیە.
1CO 8:1 سەبارەت بە قوربانیی بتەکان، دەزانین کە «هەموومان زانیاریمان هەیە.» زانیاری دەبێتە هۆی لووتبەرزی، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت.
1CO 8:2 ئەگەر کەسێک پێی وابوو کە شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا بەو شێوەیە نایزانێت کە دەبێت بیزانێت.
1CO 8:3 بەڵام ئەگەر کەسێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای خودا ناسراوە.
1CO 8:4 جا سەبارەت بە خواردنی قوربانیی بتەکان، دەزانین کە بت لە جیهاندا هیچ نییە و تەنها یەک خودا هەیە.
1CO 8:5 ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە،
1CO 8:6 بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەو دەژین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوەیە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە دەژین.
1CO 8:7 بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە.
1CO 8:8 بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.
1CO 8:9 بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان.
1CO 8:10 ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟
1CO 8:11 جا بەهۆی زانیاریتەوە، ئەو خوشک یان برا لاوازەت لەناودەچێت، کە مەسیح لە پێناویدا مرد.
1CO 8:12 ئاواش گوناه لە دژیان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن.
1CO 8:13 لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشک و براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆیان.
1CO 9:1 ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای خاوەن شکۆمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە ئەنجامی ئەو کارە نین کە یەزدان لە ڕێگەی منەوە کردوویەتی؟
1CO 9:2 ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە ئێوە مۆری نێردراویێتی منن لە مەسیحدا.
1CO 9:3 بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم:
1CO 9:4 ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟
1CO 9:5 ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس؟
1CO 9:6 یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟
1CO 9:7 کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازیی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟
1CO 9:8 ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟
1CO 9:9 چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.﴾ ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟
1CO 9:10 بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت.
1CO 9:11 ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟
1CO 9:12 ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟ بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ بخەینە بەردەم مزگێنیی مەسیح.
1CO 9:13 ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟
1CO 9:14 بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە.
1CO 9:15 بەڵام هیچ یەکێک لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. ئەوانەش نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە.
1CO 9:16 ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم!
1CO 9:17 ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ.
1CO 9:18 ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم.
1CO 9:19 هەرچەندە سەربەستم و سەر بە هیچ کەسێک نیم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زۆر کەس بۆ مەسیح بەدەستبهێنم.
1CO 9:20 بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە بەدەستبهێنم. بۆ ئەوانەی لەژێر سایەی شەریعەتن، خۆم وەک کەسێک لێکرد کە لەژێر سایەی شەریعەتدا بێت، هەرچەندە لەژێر سایەی شەریعەتدا نیم، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە لەژێر سایەی شەریعەتن.
1CO 9:21 بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، خۆم وەک بێ شەریعەت لێکرد، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر سایەی شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە بێ شەریعەتن.
1CO 9:22 بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان بەدەستبهێنم. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک بێت هەندێک ڕزگار بکەم.
1CO 9:23 هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار بم.
1CO 9:24 ئایا نازانن هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپان ڕادەکەن، هەموو ڕادەکەن، بەڵام تەنها یەکێک خەڵات دەکرێت؟ کەواتە ڕابکەن تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنن.
1CO 9:25 هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە.
1CO 9:26 کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم.
1CO 9:27 بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.
1CO 10:1 خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی.
1CO 10:2 جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران،
1CO 10:3 هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد.
1CO 10:4 هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو.
1CO 10:5 بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە.
1CO 10:6 ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد.
1CO 10:7 بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: ﴿گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.﴾
1CO 10:8 با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت.
1CO 10:9 نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن.
1CO 10:10 بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر کوشتیان.
1CO 10:11 جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین.
1CO 10:12 کەواتە ئەوەی وا دەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت.
1CO 10:13 هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.
1CO 10:14 بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن.
1CO 10:15 وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم:
1CO 10:16 ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟
1CO 10:17 لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین.
1CO 10:18 سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟
1CO 10:19 جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟
1CO 10:20 نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن.
1CO 10:21 ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن.
1CO 10:22 یاخود ئیرەیی خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟
1CO 10:23 «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە.
1CO 10:24 کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن.
1CO 10:25 ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان،
1CO 10:26 چونکە ﴿زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.﴾
1CO 10:27 ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان.
1CO 10:28 بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان،
1CO 10:29 دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟
1CO 10:30 ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟
1CO 10:31 بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن.
1CO 10:32 بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ.
1CO 10:33 هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.
1CO 11:1 لاسایی من بکەنەوە هەروەک چۆن منیش لاسایی مەسیح دەکەمەوە.
1CO 11:2 جا ستایشتان دەکەم کە لە هەموو شتێکدا یادم دەکەن، ئەو دابونەریتانە دەپارێزن هەروەک پێمداون.
1CO 11:3 بەڵام دەمەوێت بزانن کە سەری هەموو پیاوێک مەسیحە و سەری ژنیش پیاوە و سەری مەسیحیش خودایە.
1CO 11:4 هەر پیاوێک بە سەری داپۆشراو نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات.
1CO 11:5 هەر ژنێکیش بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات، چونکە ئەو و ژنێکی سەرتاشراو هەمان شتن و یەکن.
1CO 11:6 ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت، بەڵام ئەگەر بۆ ژن شورەیی بوو قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت.
1CO 11:7 کەواتە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، کە وێنە و شکۆی خودایە. بەڵام ژن شکۆی پیاوە،
1CO 11:8 چونکە پیاو لە ژن نەهاتووە، بەڵکو ژن لە پیاوە.
1CO 11:9 پیاویش لە پێناوی ژن بەدی نەهێنراوە، بەڵکو ژن لە پێناوی پیاو.
1CO 11:10 لەبەر ئەمە و لەبەر فریشتەکان، پێویستە ژن نیشانەی دەسەڵاتی بەسەر سەرییەوە هەبێت.
1CO 11:11 لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاشایەتی مەسیحی خاوەن شکۆماندا ژن سەبارەت بە پیاو سەربەخۆ نییە و پیاویش سەبارەت بە ژن سەربەخۆ نییە،
1CO 11:12 چونکە وەک ژن لە پیاوە، ئاواش پیاو بەهۆی ژن لەدایک دەبێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە.
1CO 11:13 ئێوە حوکم بۆ خۆتان بدەن: ئایا دەشێت ژن بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بۆ خودا بکات؟
1CO 11:14 باشە سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو قژی درێژ بکات،
1CO 11:15 بەڵام بۆ ژن شکۆمەندییە ئەگەر قژی درێژ بکات؟ چونکە لە جیاتی پۆشەر قژی دراوەتێ.
1CO 11:16 بەڵام ئەگەر یەکێک حەزی لە ناکۆکییە، ئێمە و کڵێساکانی خوداش جگە لەمە نەریتێکی دیکەمان نییە.
1CO 11:17 بەم ئامۆژگارییە ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی لە سوود زیاترە.
1CO 11:18 پێش هەموو شتێک، دەبیستم کاتێک وەک کڵێسا کۆدەبنەوە دووبەرەکی لەنێوانتاندا هەیە و هەتا ڕادەیەکیش باوەڕ دەکەم.
1CO 11:19 بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا ناکۆکی و دووبەرەکی هەبێت، تاکو ئەو باوەڕدارانەی کە جێی ڕەزامەندی خودان دەربکەون.
1CO 11:20 بۆیە کاتێک کۆدەبنەوە، بۆ خواردنی شێوی مەسیحی خاوەن شکۆ نییە،
1CO 11:21 چونکە هەریەکە زوو شێوی خۆی لە خواردندا دەبات، جا یەکێک برسی دەبێت، ئەوی دیکە سەرخۆش دەبێت.
1CO 11:22 ئایا ماڵتان نییە تێیدا بخۆن و بخۆنەوە؟ یاخود کڵێسای خودا سووک دەکەن و ئەوانە تەریق دەکەنەوە کە هەژار و نەدارن؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا لەسەر ئەمە ستایشتان بکەم؟ بێگومان نەخێر!
1CO 11:23 ئەوەی بە ئێوەم دا لە مەسیحی خاوەن شکۆم وەرگرتووە: ئەوە بوو عیسای خاوەن شکۆ لەو شەوەی تێیدا بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت،
1CO 11:24 سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەیە. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
1CO 11:25 بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من. هەر جارێک دەیخۆنەوە، ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
1CO 11:26 جا هەر کاتێک لەم نانەتان خوارد و لەم جامەتان خواردەوە، ئەوا مردنی عیسای خاوەن شکۆ ڕادەگەیەنن، هەتا دێتەوە.
1CO 11:27 کەواتە ئەوەی بە شێوازێکی ناشایستە نانەکە بخوات یان لە جامەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ بخواتەوە، ئەوا بەرامبەر بە جەستە و خوێنی مەسیحی خاوەن شکۆ تاوانبارە.
1CO 11:28 با هەرکەسێک خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە،
1CO 11:29 چونکە ئەوەی بخوات و بخواتەوە و ڕێز لە جەستەی مەسیح نەگرێت، ئەوا بۆ خۆی حوکم دەخوات و دەخواتەوە.
1CO 11:30 لەبەر ئەمەیە زۆر نەخۆش و لاوازتان تێدایە، هەندێکیش نوستوون.
1CO 11:31 بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین.
1CO 11:32 بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.
1CO 11:33 کەواتە ئەی خوشک و برایانم، کاتێک بۆ خواردن کۆدەبنەوە، چاوەڕێی یەکتری بکەن.
1CO 11:34 ئەگەر یەکێک برسی بوو با لە ماڵەوە بخوات، نەوەک بۆ حوکمدان کۆببنەوە. کاتێک هاتم بۆ لاتان، ڕێنمایی زیاتریشتان دەدەمێ.
1CO 12:1 خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە.
1CO 12:2 دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران.
1CO 12:3 بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.
1CO 12:4 جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە،
1CO 12:5 جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە،
1CO 12:6 جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات.
1CO 12:7 بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەرکەسێک لە پێناو سوودمەندی گشتیی دەدرێت.
1CO 12:8 جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح.
1CO 12:9 بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح،
1CO 12:10 یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمانی ڕۆحی، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان.
1CO 12:11 ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت.
1CO 12:12 هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە،
1CO 12:13 چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە.
1CO 12:14 لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.
1CO 12:15 ئەگەر قاچ بڵێت: «لەبەر ئەوەی دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟
1CO 12:16 ئەگەر گوێ بڵێت: «لەبەر ئەوەی چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟
1CO 12:17 ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی گوێ بووایە، ئەی کوا بۆنکردن؟
1CO 12:18 بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی.
1CO 12:19 ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟
1CO 12:20 جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.
1CO 12:21 چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.»
1CO 12:22 بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە،
1CO 12:23 ئەو ئەندامەی لەش کە وا دەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین،
1CO 12:24 بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز،
1CO 12:25 تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن.
1CO 12:26 ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.
1CO 12:27 ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون.
1CO 12:28 خودا لە کڵێسادا خەڵکێکی دانا: یەکەم جار نێردراوان، دووەم پێغەمبەران، سێیەم فێرکاران، ئینجا پەرجووکاری، دوای ئەوە بەهرەکانی چاککردنەوە و توانای یارمەتیدان و بەڕێوەبردن و جۆرەها زمانی ڕۆحی.
1CO 12:29 ئایا هەموو نێردراون؟ هەموو پێغەمبەرن؟ هەموو فێرکارن؟ هەموو پەرجووکارن؟
1CO 12:30 هەموو بەهرەی چاککردنەوەیان هەیە؟ هەموو بە زمانەکان دەدوێن؟ هەموو لێک دەدەنەوە؟
1CO 12:31 بەڵام تامەزرۆی بەهرەی باشتر بن. ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان دەدەم.
1CO 13:1 ئەگەر بە زمانەکانی خەڵک و فریشتە بدوێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا بوومەتە دەهۆڵی بە گرمەگرم و زوڕنای بە زیڕەزیڕ.
1CO 13:2 ئەگەر پەیامی خودا ڕابگەیەنم و هەموو نهێنی و زانیارییەک بزانم و باوەڕێکی تەواویشم هەبێت بۆ هەڵکەندنی چیا، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ نیم.
1CO 13:3 ئەگەر هەموو سامانم بدەمە هەژاران و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت.
1CO 13:4 خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە.
1CO 13:5 بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات.
1CO 13:6 بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت.
1CO 13:7 خۆشەویستی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.
1CO 13:8 خۆشەویستی هەرگیز نافەوتێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا دەوەستێت، قسەکردن بە زمانە ڕۆحییەکانیش کۆتایی پێدێت، زانیاریش نامێنێت،
1CO 13:9 چونکە زانیاریمان سنووردارە، هەروەها توانای ئێمە بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی خودا سنووردارە،
1CO 13:10 بەڵام کاتێک تەواوەکە دێت، سنووردارییەکە نامێنێت.
1CO 13:11 کە منداڵ بووم، وەک منداڵێک قسەم دەکرد، وەک منداڵێک بیرم دەکردەوە، وەک منداڵێک لێکدانەوەم دەکرد. کە بوومە پیاو، ئەوەی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا.
1CO 13:12 جا ئێستا لە تەمدا تەماشای ئاوێنە دەکەین، بەڵام دوایی ڕووبەڕووە. ئێستا هەندێک دەزانم، بەڵام دواتر بە تەواوی دەزانم، هەروەک چۆن تەواو ناسراوم.
1CO 13:13 ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەویستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەویستییە.
1CO 14:1 بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.
1CO 14:2 ئەوەی بە زمانی ڕۆحی دەدوێت، قسە بۆ خەڵک ناکات، بەڵکو بۆ خودا، کەس لێی تێناگات، چونکە بە ڕۆحی پیرۆز باسی نهێنی دەکات.
1CO 14:3 بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوە بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنەوایی خەڵک دەدوێت.
1CO 14:4 ئەوەی بە زمان دەدوێت، خۆی بنیاد دەنێت، بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوا کڵێسا بنیاد دەنێت.
1CO 14:5 حەز دەکەم هەمووتان بە زمانەکان بدوێن، بەڵام باشترە پەیامی خودا ڕابگەیەنن. ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت گەورەترە لەوەی بە زمانەکان دەدوێت، مەگەر لێکی بداتەوە، تاکو کڵێسا بنیادنانی دەستبکەوێت.
1CO 14:6 ئێستا ئەی خوشک و برایانم، ئەگەر هاتمە لاتان و بە زمانەکان دوام، چ سوودێکم بۆتان دەبێت، مەگەر بە ئاشکراکراوێک یان بە زانیارییەک یان بە پەیامێک لە خوداوە یان بە فێرکردنێک بۆتان بدوێم؟
1CO 14:7 تەنانەت ئەو شتە بێ ڕۆحانەی دەنگ دەردەکەن، شمشاڵ یان قیسارە، ئەگەر ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن بزانرێت ئەوەی دەژەنرێت شمشاڵە یان قیسارەیە؟
1CO 14:8 ئەگەر کەڕەنا دەنگێکی ڕوون نەدات، کێ بۆ شەڕ خۆی ئامادە دەکات؟
1CO 14:9 ئێوەش ئاوا، ئەگەر بە زمان قسەیەکی ڕوون نەکەن، ئەوەی گوتراوە چۆن دەزانرێ؟ چونکە هەر لە هەوادا دەدوێن.
1CO 14:10 بێگومان لە جیهاندا چەندین جۆر زمان هەیە و هیچیان بێ واتا نین.
1CO 14:11 بۆیە ئەگەر لەو زمانە تێنەگەم کە قسەی پێ دەکرێت، بۆ قسەکەر دەبمە بەربەری، قسەکەریش بەربەرییە بۆ من،
1CO 14:12 ئێوەش بە هەمان شێوەن. لەبەر ئەوەی بە پەرۆشن بۆ بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز، کەواتە هەوڵ بدەن لەو بەهرانە زیاد بکەن کە لە پێناوی بنیادنانی کڵێسایە.
1CO 14:13 لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی بە زمان دەدوێت، با نوێژ بکات تاکو لێکی بداتەوە،
1CO 14:14 چونکە ئەگەر بە زمانێک نوێژ بکەم، ڕۆحم نوێژ دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەروبوومە.
1CO 14:15 کەواتە چی بکەم؟ بە ڕۆح نوێژ دەکەم، هەروەها بە مێشکیشم نوێژ دەکەم. بە ڕۆح گۆرانی دەڵێم، هەروەها بە مێشکیشم گۆرانی دەڵێم.
1CO 14:16 ئەگینا، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز ستایشی خودا بکەیت، چۆن کەسێکی ناشارەزا بە سوپاسکردنەکەت بڵێت «ئامین»، کە نازانێت تۆ چی دەڵێی؟
1CO 14:17 سوپاسکردنەکەت باشە، بەڵام نابێتە مایەی بنیادنانی کەسێکی دیکە.
1CO 14:18 سوپاسی خودا دەکەم کە لە هەمووتان زیاتر بە زمانەکان دەدوێم،
1CO 14:19 بەڵام لە کڵێسادا، ئەو پێنج وشە ڕوونەی کە دەبێتە هۆی فێرکردنی خەڵکی، باشترە لە دە هەزار وشەی بە زمانێک.
1CO 14:20 خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵام لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن.
1CO 14:21 لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ، «﴿بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم، لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.﴾»
1CO 14:22 کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە.
1CO 14:23 بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەرکەسێکی ناشارەزا یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟
1CO 14:24 بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود کەسێکی ناشارەزا بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت،
1CO 14:25 نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!»
1CO 14:26 ئەی خوشک و برایان، ئیتر چی بڵێین؟ کاتێک کۆدەبنەوە هەر یەکێک لە ئێوە زەبوورێک، فێرکردنێک ئاشکراکردنێک، زمانێک یان لێکدانەوەیەکی هەیە. با هەموو شتێک بۆ بنیادنان بێت.
1CO 14:27 ئەگەر کەسانێک بە زمانێک بدوێن، با دوو یان ئەوپەڕی سێ کەس بن و لەدوای یەک بدوێن، کەسێکیش لێکی بداتەوە.
1CO 14:28 بەڵام ئەگەر لێکدەرەوە نەبوو، با لە کڵێسا بێدەنگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت.
1CO 14:29 با دوو یان سێ پێغەمبەر بدوێن، ئەوانی دیکەش وتەکانیان هەڵبسەنگێنن.
1CO 14:30 بەڵام ئەگەر ئاشکراکردنێک بۆ یەکێک لە دانیشتووان هات، با یەکەمیان بێدەنگ بێت،
1CO 14:31 چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پەیامی خودا ڕابگەیەنن، تاکو هەموو فێربن و هانبدرێن.
1CO 14:32 ڕۆحی پێغەمبەران بۆ پێغەمبەران ملکەچە،
1CO 14:33 چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە. هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا،
1CO 14:34 با ژنان لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکو وەک تەوراتیش دەفەرموێ با ملکەچ بن.
1CO 14:35 بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەییە بۆ ژن لە کڵێسادا بدوێت.
1CO 14:36 ئایا پەیامی خودا لە ئێوەوە سەرچاوەی گرتووە، یان تەنها بۆ ئێوە هاتووە؟
1CO 14:37 ئەگەر یەکێک خۆی بە پێغەمبەر یان کەسێکی ڕۆحانی بزانێت، با باش بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم ڕاسپاردەی مەسیحی باڵادەستە.
1CO 14:38 بەڵام ئەگەر یەکێک پشتگوێی خست، با هەر پشتگوێ بخرێت.
1CO 14:39 کەواتە خوشک و برایانم، تامەزرۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بن و ڕێگری مەکەن لە دوان بە زمانەکان.
1CO 14:40 بەڵام با هەموو شتێک بە دروستی و ڕێکوپێکی بێت.
1CO 15:1 ئەی خوشک و برایانم، دەمەوێ ئەو مزگێنییەتان بیربخەمەوە کە پێم ڕاگەیاندن، ئەوەی وەرتانگرت و هەتا ئێستا لەسەری چەسپاون.
1CO 15:2 بەهۆی ئەم مزگێنییەوە ئێوە ڕزگارتان دەبێت، ئەگەر دەستتان بەو پەیامەوە گرت کە پێم ڕاگەیاندن. ئەگینا بێ سوود باوەڕتان هێناوە.
1CO 15:3 ئەوەم پێدان کە یەکەمین و گرنگترینە و منیش وەرمگرتبوو: کە مەسیح لە پێناوی گوناهەکانمان مرد بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان،
1CO 15:4 ئەو نێژرا و لە ڕۆژی سێیەم هەستایەوە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان،
1CO 15:5 ئینجا بۆ پەترۆس و دوایی بۆ دوازدە قوتابییەکەی دەرکەوت.
1CO 15:6 پاش ئەوە بە یەک جار بۆ زیاتر لە پێنج سەد لە خوشک و برایان دەرکەوت کە زۆربەیان هەتا ئێستا ماون، بەڵام هەندێکیان نوستوون،
1CO 15:7 دوای ئەوە بۆ یاقوب دەرکەوت، ئینجا بۆ هەموو نێردراوان،
1CO 15:8 پاش هەمووان بۆ منیش دەرکەوت، من وەک منداڵێک بووم کە بە ناکامی لەدایک ببووم.
1CO 15:9 لەڕاستیدا من بچووکترین نێردراوم و شایانی ئەوە نیم بە نێردراو ناوببردرێم، لەبەر ئەوەی من کڵێسای خودام چەوساندووەتەوە.
1CO 15:10 بەڵام بەهۆی نیعمەتی خوداوە من ئەوەم کە هەم، هەروەها نیعمەتی ئەو بۆ من بێ سوود نەبوو، بەڵکو من لە هەموو نێردراوانی دیکە ماندووتر بووم، بەڵام من نا، بەڵکو نیعمەتی خودا بوو کە لەگەڵمدایە.
1CO 15:11 ئیتر من بم یاخود ئەوان، ئاوا ڕادەگەیەنین و ئاواش باوەڕتان هێنا.
1CO 15:12 بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟
1CO 15:13 ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، ئەوا تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە.
1CO 15:14 ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت.
1CO 15:15 ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە.
1CO 15:16 ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە.
1CO 15:17 ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان.
1CO 15:18 کەواتە ئەو باوەڕدارانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا نوستوون، لەناوچوون.
1CO 15:19 ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.
1CO 15:20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان.
1CO 15:21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە.
1CO 15:22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە.
1CO 15:23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن،
1CO 15:24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە ڕادەستی خودای باوک دەکات، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد،
1CO 15:25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە.
1CO 15:26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە.
1CO 15:27 هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ بەڵام کاتێک دەفەرموێ ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،﴾ ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە.
1CO 15:28 کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.
1CO 15:29 ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟
1CO 15:30 بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟
1CO 15:31 ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە بەرەنگاری مردن دەبمەوە، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
1CO 15:32 ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە: ﴿با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.﴾
1CO 15:33 هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.»
1CO 15:34 هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.
1CO 15:35 لەوانەیە کەسێک بڵێت: «چۆن مردووان هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە جەستەیەکەوە دێنەوە؟»
1CO 15:36 ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت، زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت.
1CO 15:37 ئەوەی دەیچێنیت، ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، جا گەنم بێت یاخود هەر تۆوێکی دیکە.
1CO 15:38 بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ.
1CO 15:39 هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە.
1CO 15:40 تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەمینیش هەیە، بەڵام شکۆی تەنە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی تەنە زەمینییەکانیش شتێکی دیکەیە.
1CO 15:41 شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکەیە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.
1CO 15:42 بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە.
1CO 15:43 لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە.
1CO 15:44 بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە.
1CO 15:45 ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت.
1CO 15:46 بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە.
1CO 15:47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە.
1CO 15:48 ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە.
1CO 15:49 وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.
1CO 15:50 ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو.
1CO 15:51 ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین،
1CO 15:52 لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین،
1CO 15:53 چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت.
1CO 15:54 کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾
1CO 15:55 ﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟ ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾
1CO 15:56 جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە.
1CO 15:57 بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت.
1CO 15:58 کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو و جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا دەیکێشن.
1CO 16:1 بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن.
1CO 16:2 لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان.
1CO 16:3 کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم.
1CO 16:4 ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن.
1CO 16:5 کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم.
1CO 16:6 لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای گەشتم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم،
1CO 16:7 چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە.
1CO 16:8 بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە،
1CO 16:9 چونکە دەرگایەکی پان و بەرینم لێ کراوەتەوە بۆ خزمەتێکی کاریگەر، هەرچەندە دوژمنێکی زۆریشم هەیە.
1CO 16:10 ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم.
1CO 16:11 با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین.
1CO 16:12 هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت.
1CO 16:13 ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، ئازا و بەهێز بن.
1CO 16:14 هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.
1CO 16:15 ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون و خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو. خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە،
1CO 16:16 کە ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن.
1CO 16:17 بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە.
1CO 16:18 هەروەها چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بناسن.
1CO 16:19 کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن.
1CO 16:20 هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
1CO 16:21 من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە.
1CO 16:22 بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی پەروەردگار، وەرە!
1CO 16:23 نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت.
1CO 16:24 خۆشەویستیی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین.
2CO 1:1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی براتانەوە، بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا:
2CO 1:2 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
2CO 1:3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک،
2CO 1:4 ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان،
2CO 1:5 چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین.
2CO 1:6 ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، کە لە دانبەخۆداگرتنی ئێوەدا بەرگەگرتنی بەرهەم هێناوە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین.
2CO 1:7 جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.
2CO 1:8 خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین.
2CO 1:9 بێگومان هەستمان دەکرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵکو بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە.
2CO 1:10 ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات،
2CO 1:11 ئێوەش بە پاڕانەوەکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە پێناوی ئێمە لەسەر ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە، سوپاسی خودا بکەن، کە وەڵامی پاڕانەوەی خەڵکێکی زۆرە.
2CO 1:12 ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتی دەدات کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێوە، لە دروستی و بێ دووڕوویی بوو کە لە خودایە، نەک بە دانایی دنیایی بەڵکو بە نیعمەتی خودا.
2CO 1:13 شتێکتان بۆ نانووسین کە نەتوانن بیخوێننەوە یان لێی تێنەگەن. هیوادارم بە تەواوی لێمان تێبگەن،
2CO 1:14 تاکو مایەی شانازیی ئێوە بین، وەک چۆن ئێوەش لە ڕۆژی عیسای خاوەن شکۆمان مایەی شانازیی ئێمەن.
2CO 1:15 جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، تاکو دووبارە نیعمەتتان بۆ بێت.
2CO 1:16 دەمویست لەسەر ڕێگام بەرەو مەکدۆنیا سەردانتان بکەم و لە مەکدۆنیاوە دیسان بێمەوە لاتان، پاشان ئێوەش بۆ یەهودیا بەڕێم بکەن.
2CO 1:17 کە بە نیازی ئەمە بووم، ئایا بە ڕاڕایی جوڵامەوە؟ یاخود بە شێوەیەکی دنیایی پلانەکانم داناوە، کە لە کاتێکدا دەڵێم: «بەڵێ، بەڵێ» و «نەخێر، نەخێر»؟
2CO 1:18 بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە.
2CO 1:19 عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە.
2CO 1:20 بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا.
2CO 1:21 بەڵام ئەوە خودایە کە ئێمە و ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەچەسپێنێت. ئەو دەستنیشانی کردووین و
2CO 1:22 خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
2CO 1:23 خوداش دەکەمە شایەت لەسەر خۆم، بەزەییم پێتان هاتەوە کە نەهاتمەوە کۆرنسۆس.
2CO 1:24 نەک بەسەر باوەڕتان سالار بین، بەڵکو هاوکارین بۆ خۆشیتان، چونکە بە باوەڕ چەسپاون.
2CO 2:1 لەبەر ئەوە بڕیارم دا دیدارێکی دیکەی پڕ لە خەم و ئازارم لەگەڵ ئێوەدا نەبێت،
2CO 2:2 چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟
2CO 2:3 بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم بەهۆی ئەوانەوە خەمبار نەبم کە پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە.
2CO 2:4 لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە.
2CO 2:5 بەڵام ئەگەر یەکێک بووەتە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو هەتا ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زیادەڕۆییم نەکردبێت.
2CO 2:6 ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە،
2CO 2:7 بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت.
2CO 2:8 لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە،
2CO 2:9 چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن.
2CO 2:10 منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە،
2CO 2:11 نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین.
2CO 2:12 کاتێک هاتمە شاری ترۆئاس بۆ ئەوەی مزگێنیی مەسیح ڕابگەیەنم، مەسیحی باڵادەست دەرگایەکی بۆ کردمەوە.
2CO 2:13 بەڵام گیانم پشووی نەدا، چونکە تیتۆسی برام نەدۆزییەوە. ئیتر ماڵئاواییم لێیان کرد و چووم بۆ مەکدۆنیا.
2CO 2:14 بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە،
2CO 2:15 چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین بۆ خودا، لەنێوان ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و لەنێوان ئەوانەی لەناودەچن.
2CO 2:16 بۆ ئەوانە بۆنی مردنە بۆ مردن، بۆ ئەوانی دیکە بۆنی ژیانە بۆ ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەم شتانە؟
2CO 2:17 ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە پەیامی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە بێ دووڕوویی لە خوداوە و لەبەردەم خودا بە ناوی مەسیح دەدوێین.
2CO 3:1 ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟
2CO 3:2 ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە و هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن.
2CO 3:3 دەرکەوت ئێوە نامەیەکن لە مەسیحەوە، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختە بەرد، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.
2CO 3:4 بەهۆی مەسیحەوە متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە.
2CO 3:5 ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە.
2CO 3:6 ئەو لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، پەیمانی ڕۆح نەک پەیمانی نووسراو بە پیت، چونکە ئەو پیتە نووسراوە دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
2CO 3:7 ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە،
2CO 3:8 ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟
2CO 3:9 چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟
2CO 3:10 شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە،
2CO 3:11 چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!
2CO 3:12 لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە،
2CO 3:13 نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو نەکەن.
2CO 3:14 بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە هەتا ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت.
2CO 3:15 تەنانەت هەتا ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە.
2CO 3:16 بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت،
2CO 3:17 چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە.
2CO 3:18 هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.
2CO 4:1 لەبەر ئەوەی بەهۆی بەزەیی خوداوە ئەم خزمەتەمان هەیە، بێ هیوا نابین،
2CO 4:2 بەڵکو ئەو ڕێگایانەمان ڕەتکردەوە کە شاراوەن و شەرمەزاریی دەهێنن، فێڵ ناکەین و دەستکاری وشەی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، لەبەردەم خودا بۆ ویژدانی هەرکەسێک خۆمان دەسەلمێنین.
2CO 4:3 بەڵام ئەگەر مژدەکەمان شاراوە بێت، ئەوا بۆ ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن،
2CO 4:4 لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنیی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە.
2CO 4:5 ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین،
2CO 4:6 چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: ﴿با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،﴾ ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لە ڕووی عیسای مەسیحدا.
2CO 4:7 بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە.
2CO 4:8 لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛
2CO 4:9 چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین.
2CO 4:10 هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت،
2CO 4:11 چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت.
2CO 4:12 کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.
2CO 4:13 کە هەمان ڕۆحی باوەڕمان هەیە، بەگوێرەی نووسراو: ﴿باوەڕم هەبوو، بۆیە قسەم کرد.﴾ ئێمەش باوەڕمان هەیە بۆیە قسە دەکەین.
2CO 4:14 دەزانین ئەوەی عیسای خاوەن شکۆی هەستاندەوە ئێمەش لەگەڵ عیسادا هەڵدەستێنێتەوە، لەگەڵ ئێوەش دەمانباتە بەردەمی خۆی.
2CO 4:15 هەموو ئەم ئازار چێژتنە لە پێناوی ئێوەیە، تاکو ئەو نیعمەتەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر ببێتە مایەی زیادکردنی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا.
2CO 4:16 بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە،
2CO 4:17 چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە.
2CO 4:18 ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.
2CO 5:1 لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە.
2CO 5:2 ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین،
2CO 5:3 چونکە کە پۆشیمان ئیتر بە ڕووتی نابینرێین.
2CO 5:4 لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت.
2CO 5:5 خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
2CO 5:6 بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە جەستەدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین،
2CO 5:7 چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو.
2CO 5:8 ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین.
2CO 5:9 بۆیە ئامانجی بەرزمان ڕازیکردنی خودا دەبێت، جا ئیتر لە جەستەدا نیشتەجێ بین یان دوور بین لێی،
2CO 5:10 چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، جا باش بێت یان خراپ.
2CO 5:11 لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین.
2CO 5:12 ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ.
2CO 5:13 ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە.
2CO 5:14 خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن.
2CO 5:15 ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.
2CO 5:16 لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین.
2CO 5:17 کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە!
2CO 5:18 ئەمەش هەمووی لە خوداوەیە، کە لەگەڵ خۆی لە ڕێگەی مەسیحەوە ئاشتی کردینەوە و خزمەتی ئەم ئاشتبوونەوەی پێداین،
2CO 5:19 واتا خودا بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح جیهانی لەگەڵ خۆی ئاشت کردەوە، گوناهەکانیانی لەسەر نەنووسین و پەیامی ئاشتبوونەوەی بە ئێمە سپاردووە.
2CO 5:20 کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە.
2CO 5:21 ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ببین بە ڕاستودروستی خودا.
2CO 6:1 وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن،
2CO 6:2 چونکە دەفەرموێ: ﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾ ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
2CO 6:3 لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت،
2CO 6:4 بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان،
2CO 6:5 لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی،
2CO 6:6 بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی،
2CO 6:7 لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ،
2CO 6:8 بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین،
2CO 6:9 وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین،
2CO 6:10 وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
2CO 6:11 ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە.
2CO 6:12 ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن.
2CO 6:13 ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
2CO 6:14 لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟
2CO 6:15 چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟
2CO 6:16 پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی: ﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم، دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾
2CO 6:17 ﴿یەزدان دەفەرموێ: لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و بەجێیان بهێڵن. دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن، ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾
2CO 6:18 ﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت: من دەبمە باوکی ئێوە و ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾
2CO 7:1 خۆشەویستان، لەبەر ئەوەی ئەم بەڵێنانەمان هەیە، با خۆمان لە هەموو گڵاوییەکی جەستە و ڕۆح پاک بکەینەوە، لە ترسی خودا پیرۆزی تەواو بکەین.
2CO 7:2 دڵتان بۆمان بکەنەوە. ستەممان لە کەس نەکردووە، ڕەوشتی کەسمان تێک نەداوە، کەسمان بۆ ڕووتاندنەوە بەکارنەهێناوە.
2CO 7:3 ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین.
2CO 7:4 متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.
2CO 7:5 ڕاستە، لەو کاتەوەی هاتووینەتە مەکدۆنیا، جەستەمان حەسانەوەی نەبووە، بەڵکو لە هەموو لایەکەوە هەراسان کراوین، لە دەرەوە ناکۆکی و لە ناوەوە ترس.
2CO 7:6 بەڵام خودا کە دڵنەوایی ماتومەلوولەکان دەکات، بە هاتنی تیتۆس دڵنەوایی کردین،
2CO 7:7 نەک تەنها بە هاتنی، بەڵکو بەو دڵنەواییەی لەلایەن ئێوەوە کراوە. زیاتر دڵشاد بووم کاتێک کە تیتۆس باسی پەرۆشی و پەژارە و دڵگەرمی ئێوەی بۆ من کرد.
2CO 7:8 جا ئەگەر بە نامەکە خەمبارم کردبن، پەشیمان نیم، هەرچەندە پەشیمان بوومەوە، چونکە دەبینم نامەکە بۆ ماوەیەک خەمباری کردن.
2CO 7:9 بەڵام ئێستا دڵشادم، نەک لەبەر ئەوەی خەمبار بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەمباریتان ئێوەی بۆ تۆبەکردن برد. بێگومان بەگوێرەی ویستی خودا خەمبار بوون، تاکو بەهۆی ئێمەوە هیچ زیانێک نەکەن،
2CO 7:10 چونکە ئەو خەمبارییەی لە خوداوەیە، دەبێتە هۆی تۆبەکردن، ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە و کەس لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام ئەو خەمبارییەی لە جیهانەوەیە دەبێتە هۆی مردن.
2CO 7:11 کەواتە سەیر بکەن خەمباری بەگوێرەی ویستی خودا چەندی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە: چ پەرۆشییەک، چ پاکانەیەک، چ تووڕەییەک، چ ترسێک، چ تامەزرۆییەک، چ دڵگەرمییەک، چ حەزێک بۆ دادپەروەری! لە هەموو شتێکدا خۆتان سەلماند کە بێتاوانن لەو باسەدا.
2CO 7:12 کەواتە ئەگەر بۆم نووسیون، لە پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێکراو نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەبەردەم خودا ببینن کە ئێوە چەند پەرۆشی ئێمەن،
2CO 7:13 بۆیە دڵنەوایی کراین. بەڵام لەسەر دڵنەواییەکە، بەهۆی دڵخۆشی تیتۆس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونکە گیانی بە هەمووتان حەسایەوە.
2CO 7:14 ئەگەر بەرامبەر ئەو شانازیم بە ئێوەوە کردبێت، شەرمم نەکردووە، بەڵکو وەک هەموو شتێکمان بە ڕاستگۆیی پێ گوتن، شانازیمان لای تیتۆس بووە ڕاستی.
2CO 7:15 دڵیشی زیاتر بۆتان دەچێت کاتێک یادی گوێڕایەڵی هەمووتان دەکاتەوە، کە چۆن بە ترس و لەرزەوە پێشوازیتان لێکرد.
2CO 7:16 دڵشادم کە لە هەموو شتێکدا لێتان دڵنیام.
2CO 8:1 ئێستاش خوشکان، برایان، حەز دەکەین نیعمەتی خودا بزانن کە دراوەتە کڵێساکانی مەکدۆنیا.
2CO 8:2 ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون.
2CO 8:3 شایەتی دەدەم کە بەگوێرەی توانای خۆیان و تەنانەت لە سەرووی توانای خۆشیانەوە بەخشینیان داوە، دەستپێشخەرییان کرد و
2CO 8:4 زۆر لێمان پاڕانەوە تاکو نیعمەتی بەشداربوون لە خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا وەربگرن.
2CO 8:5 زیاتریان کرد لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد لێیان، چونکە سەرەتا خۆیان پێشکەشی عیسای خاوەن شکۆ کرد، ئینجا بە خواستی خودا خۆیان پێشکەشی ئێمە کرد.
2CO 8:6 ئەوە بوو تکامان لە تیتۆس کرد کە ئەم نیعمەتەی لەلاتان دەستی پێکردووە تەواوی بکات.
2CO 8:7 بەڵام وەک چۆن لە هەموو شتێکدا زیادتان کردووە، لە باوەڕ، لە قسەکردن، لە زانیاری، لە هەموو کۆششێک، لە خۆشەویستیتان بۆ ئێمە، ئاوا لەم نیعمەتەی بەخشینیشدا زیاد بکەن.
2CO 8:8 ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە.
2CO 8:9 نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاریی ئەو دەوڵەمەند بن.
2CO 8:10 لەمەشدا بیروڕای خۆمتان پێ دەڵێم، چونکە ئەمە بەسوودە بۆتان: ئێوە پار دەستتان بە بەخشین کرد، نەک تەنها ئەمەتان کردووە، بەڵکو ئارەزووشتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن.
2CO 8:11 ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک پەرۆشی خواستی بوون، ئاوا تەواوکردنیش بە خواستی خۆتانە،
2CO 8:12 چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی.
2CO 8:13 مەبەستم ئەوە نییە خەڵکی دیکە بحەسێنەوە و فشارم لەسەر ئێوە بێت، بەڵکو بە یەکسانی.
2CO 8:14 لە کاتی ئێستادا با پڕیی ئێوە کەموکوڕی ئەوان پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕیی ئەوانیش کەموکوڕی ئێوە پڕ بکاتەوە، تاکو یەکسان ببێت.
2CO 8:15 وەک نووسراوە: ﴿نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە.﴾
2CO 8:16 بەڵام سوپاس بۆ خودا کە هەمان پەرۆشیی خستە دڵی تیتۆس بۆ ئێوە،
2CO 8:17 چونکە تیتۆس نەک تەنها پێشوازی لە داواکارییەکەی کرد، بەڵکو بە دەستپێشخەری خۆی و بەوپەڕی پەرۆشییەوە دێت بۆ لاتان.
2CO 8:18 برایەکمان لەگەڵیدا نارد کە بەهۆی خزمەتکردنی پەیامی ئینجیل هەموو کڵێساکان ستایشی دەکەن.
2CO 8:19 نەک تەنها ئەوە، بەڵکو لەلایەن کڵێساکانەوە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی یاوەریمان بکات لە گەشتەکەماندا، لە کاتێکدا کە ئێمە بەخشینەکە هەڵدەگرین و دابەشی دەکەین بۆ شکۆمەندی مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی و بۆ پیشاندانی پەرۆشیمان بۆ خزمەت.
2CO 8:20 ئێمە خۆمان لە هەموو گلەییەک دەپارێزین، نەوەک کەسێک ڕەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم بەخشینە گەورەیە بگرێت،
2CO 8:21 چونکە بە نیازی چاکەین، نەک تەنها لەبەردەم یەزدان، بەڵکو لەبەردەم خەڵکیش.
2CO 8:22 لەگەڵ ئەواندا برایەکمان نارد، کە زۆر جار لە زۆر شت تاقیمان کردووەتەوە چالاک بووە، ئێستاش بەو دڵنیاییە زۆرەی بە ئێوەی هەیە زۆر چالاکترە.
2CO 8:23 لەبارەی تیتۆس، ئەو هاوبەش و هاوکارمە بۆ ئێوە، بەڵام ئەم برایانە پەیامبەری کڵێساکانن و مایەی شکۆمەندین بۆ مەسیح.
2CO 8:24 بۆیە بەڵگەی خۆشەویستی خۆتان و هۆی شانازیمان بە ئێوە بۆ ئەوان دەربخەن بۆ ئەوەی لەبەردەم کڵێساکاندا دەربکەوێت.
2CO 9:1 سەبارەت بە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا، پێویست ناکات بۆتان بنووسم،
2CO 9:2 چونکە پەرۆشیتان دەزانم و لەلای مەکدۆنییەکان شانازیم پێوە کردووە، کەوا ئێوە لە ئەخایا لە پارەوە ئامادەبوون و دڵگەرمیتان زۆربەیانی جۆشدا.
2CO 9:3 بەڵام برایان دەنێرم، نەوەک شانازیکردنمان پێتانەوە بەفیڕۆ بڕوات، تاکو ئامادەبن هەروەک گوتم،
2CO 9:4 چونکە ئەگەر هەندێک لە مەکدۆنییەکان لەگەڵم بێن و ببینن کە ئێوە هێشتا ئامادە نین، ئەوا ئێمە شەرمەزار دەبین بەهۆی ئەو متمانەیەی بە ئێوەمان هەبوو، ئیتر با باسی ئەوەش نەکەم کە ئێوە چەندە شەرمەزار دەبن.
2CO 9:5 بۆیە بە پێویستم زانی لە برایان بپاڕێمەوە، تاکو پێشڕەوی بکەن بۆ لاتان و زوو ئەو بەخشینەتان ڕێکبخەن کە پێشتر بەڵێنتان دابوو، تاکو وەک بەخشینێکی لە دڵفراوانییەوە بێت، نەک لە ناچارییەوە بێت.
2CO 9:6 ئەمەش بزانن: «ئەوەی کەم بچێنێت کەم دەدروێتەوە، ئەوەی بە دڵفراوانی بچێنێ بە دڵفراوانی دەدروێتەوە.»
2CO 9:7 با هەریەکە ئەوەندەی لەسەر دڵیەتی بیدات، نەک بە دڵتەنگی و ناچاری، چونکە ئەوەی بە دڵخۆشییەوە ببەخشێت خودا خۆشی دەوێت.
2CO 9:8 خوداش دەتوانێت هەموو نیعمەتێکتان بەسەردا بڕژێنێت، تاوەکو ئێوە هەمیشە هەموو ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانە، بۆ ئەوەی لە هەموو کارێکی باشدا سەرڕێژ بن.
2CO 9:9 وەک نووسراوە: ﴿بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.﴾
2CO 9:10 جا ئەو خودایەی تۆو بۆ جوتیار و نان بۆ خۆراک دابین دەکات، تۆوتان بۆ دابین دەکات و چەند هێندەی دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیتان زیاد دەکات.
2CO 9:11 لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبن تاکو هەموو کاتێک دڵفراوان بن، دڵفراوانییەکەتان لە ڕێگەی ئێمەوە سوپاسی خودای لێدەکەوێتەوە.
2CO 9:12 ئەم خزمەتەی ئێوە دەیکەن، تەنها پێداویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا پڕ ناکاتەوە، بەڵکو وا دەکات کە زۆر کەس سوپاسی خودا بکەن.
2CO 9:13 لە ڕێگەی ئەو خزمەتەوە کە دەیکەن ئێوە خۆتان سەلماندووە، شکۆمەندی خودا دەردەخەن بە گوێڕایەڵی و دانپێدانانتان بە پەیامی ئینجیلی مەسیح، هەروەها دڵفراوانیتان لە بەشداریتان لەگەڵ ئەوان و هەموو لایەک.
2CO 9:14 هەروەها لە پاڕانەوەیان بۆ ئێوە، تامەزرۆی بینینی ئێوەن لەبەر ئەو نیعمەتە لە ڕادەبەدەرەی خودا کە پێتان دراوە.
2CO 9:15 سوپاس بۆ خودا لە پێناوی ئەم بەخشینەی کە بە دەم باس ناکرێت.
2CO 10:1 من وەک پۆڵس، کە بە من دەڵێن لەو کاتەی لەگەڵتانم شەرمنم، بەڵام کە لێتان دوورم بەرامبەر بە ئێوە بوێرم، بە بێفیزی و نەرمونیانی مەسیح لێتان دەپاڕێمەوە و
2CO 10:2 داواتان لێ دەکەم ناچارم مەکەن کاتێک لەلاتانم ئەو بوێرییەم بەکاربهێنم، چونکە پێم وایە هەر دەبێت بەکاریبهێنم بەرامبەر بەو کەسانەی کە پێیان وایە ئێمە بەگوێرەی بنەمای جیهان دەژین.
2CO 10:3 هەرچەندە لە جیهاندا دەژین، بەڵام بەگوێرەی بنەمای جیهان ناجەنگین،
2CO 10:4 چونکە ئەو چەکەی شەڕی پێدەکەین جیهانی نییە، بەڵکو چەکی خوداییە کە توانای وێرانکردنی قەڵای هەیە.
2CO 10:5 هەموو بەڵگەیەک و هەر شتێک کە بۆ بەرهەڵستی زانیاری خودا دەربکەوێت لەناوی دەبەین، هەموو بیرێکیش بۆ گوێڕایەڵی مەسیح بە دیل دەگرین.
2CO 10:6 هەر کاتێک ئێوە تەواو ملکەچ بوون، ئەو کاتە ئامادەین سزای هەموو یاخیبوونێک بدەین.
2CO 10:7 ئێوە سەیری ڕواڵەت دەکەن. ئەگەر یەکێک دڵنیابێت کە هی مەسیحە، با ئەوە بزانێت کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، ئێمەش بە هەمان ئەندازە هی مەسیحین.
2CO 10:8 ئەگەر تۆزێک زیاتر شانازیم بە دەسەڵاتمانەوە کردبێت، ئەوەی مەسیحی باڵادەست داویەتی بۆ بنیادنانتان نەک بۆ وێرانکردنتان، ئەوا شەرمم پێی نییە.
2CO 10:9 نامەوێ وا دەرکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم.
2CO 10:10 لەوانەیە هەندێک بڵێن: «نامەکان قورس و بەهێزن، بەڵام ئامادەبوونی خۆی لاوازە و قسە بەتاڵە.»
2CO 10:11 با ئەو جۆرە کەسانە بزانن، ئەوەی لە دوورەوە و بە ڕێگای نامە بۆتان دەنووسین، هەمان ئەو شتە دەکەین کاتێک لەلاتان بین.
2CO 10:12 ئێمە ناوێرین خۆمان لەگەڵ ئەوانە بەراورد بکەین یاخود خۆمان بخەینە ڕیزی ئەوانەی کە بەخۆیاندا هەڵدەدەن. کاتێک خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن و دەپێون، ئیتر دەردەکەوێت کە نەزانن.
2CO 10:13 بەڵام ئێمە زیاد لە پێویست شانازی بە خۆمانەوە ناکەین، بەڵکو بەگوێرەی ئەو ئاستەی خودا بۆی داناوین شانازی دەکەین، کە ئاستێکە دەگاتە ئێوەش.
2CO 10:14 ئێمە سنووری خۆمان نابەزێنین کە شانازیتان پێوە دەکەین، بەوەی گەیشتینە ئێوە، چونکە بە خزمەتی ڕاگەیاندنی مزگێنیی مەسیح گەیشتینە ئێوەش.
2CO 10:15 زیاد لە ڕادەی خۆی شانازی بە ڕەنجی خەڵکییەوە ناکەین، بەڵام هیوادارین کاتێک باوەڕتان گەشە دەکات، لەنێوتاندا سنووری خزمەتەکەمان زۆر زیاتر بێت،
2CO 10:16 تاکو مزگێنی بدەینە ئەو ناوچانەش کە لە ئێوە دوورترن، نامانەوێت شانازی بکەین بەو کارەی کە پێشوەخت لە سنووری یەکێکی دیکە ئەنجام دراوە.
2CO 10:17 ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾
2CO 10:18 ئەوەی بە خۆیدا هەڵدەدات پەسەند ناکرێت، بەڵکو ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیدا هەڵدەدات.
2CO 11:1 هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن.
2CO 11:2 بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم.
2CO 11:3 بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت،
2CO 11:4 چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن.
2CO 11:5 پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە.
2CO 11:6 ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست.
2CO 11:7 یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟
2CO 11:8 کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان.
2CO 11:9 کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم.
2CO 11:10 بە دڵنیاییەوە، هەروەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە.
2CO 11:11 بۆچی؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت خۆشمدەوێن.
2CO 11:12 بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن،
2CO 11:13 چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن.
2CO 11:14 سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات.
2CO 11:15 کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.
2CO 11:16 دیسان دەیڵێمەوە: کەس بە گێلم نەزانێت، بەڵام ئەگەر بە گێلم دەزانن ئەوا وەک گێلێک بەرگەم بگرن، بۆ ئەوەی منیش تۆزێک شانازی بکەم.
2CO 11:17 بە متمانەوە شانازی دەکەم، نەک بەو شێوەیەی کە مەسیحی باڵادەست قسە دەکات، بەڵکو وەک لە نەزانییەوە بێت.
2CO 11:18 لەبەر ئەوەی زۆر کەس بەگوێرەی بنەمای جیهان شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، منیش شانازی دەکەم.
2CO 11:19 لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە دانان، بە شادییەوە بەرگەی گێلەکان دەگرن.
2CO 11:20 لە ڕاستیدا، ئەگەر یەکێک ئێوە بکاتە کۆیلە بەرگە دەگرن، ئەگەر یەکێک ماڵتان بخوات، ئەگەر یەکێک قۆرختان بکات بۆ خۆی، ئەگەر یەکێک خۆی بە گەورەتر بزانێت لە ئێوە، یاخود ئەگەر یەکێک لە ڕووتان بدات، بەرگە دەگرن!
2CO 11:21 بە شەرمەزارییەوە دان بەوەدا دەنێم کە چەند لاواز بووین! هەرچییەک ئەوان دەوێرن شانازی پێوە بکەن، هەروەها منیش دەوێرم، دەزانم کە گێلانە قسە دەکەم.
2CO 11:22 ئایا ئەوان عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نەوەی ئیبراهیمن؟ منیش.
2CO 11:23 ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە.
2CO 11:24 جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم،
2CO 11:25 سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەربرد.
2CO 11:26 بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن،
2CO 11:27 بە ڕەنجدان و ماندووبوون، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینووێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی.
2CO 11:28 ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت.
2CO 11:29 کێ لاوازە و من لەگەڵی لاواز نابم؟ کێ کەوتووەتە گوناه و من ناسووتێم؟
2CO 11:30 ئەگەر پێویست بە شانازیکردن بکات، ئەوا بەو شتانەوە شانازی دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن.
2CO 11:31 خودا، باوکی عیسای خاوەن شکۆ ئەوەی هەتاهەتایە ستایش دەکرێت دەزانێت درۆ ناکەم.
2CO 11:32 لە دیمەشق، فەرمانڕەوایەکەی ئاریتاسی پاشا پاسەوانی شاری دیمەشقیان دەکرد، بۆ گرتنم.
2CO 11:33 بەڵام لەناو سەبەتەدا و لە پەنجەرەی شوورای شارەکەوە منیان شۆڕکردەوە و لە دەستی ڕزگارم بوو.
2CO 12:1 پێویستە بەردەوام بم لە شانازیکردن. هەرچەندە هیچ بەدەست ناهێنم، بەڵام بۆ بینینی یەزدان و ئاشکراکراوی ئەو دێم.
2CO 12:2 مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم. جا بە جەستەوە یاخود بێ جەستە، نازانم، خودا دەزانێت.
2CO 12:3 دەزانم ئەو مرۆڤە، بە جەستەوە یاخود بێ جەستە، نازانم، خودا دەزانێت،
2CO 12:4 بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات.
2CO 12:5 شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت،
2CO 12:6 چونکە ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم، بەڵام خۆم دەپارێزم نەوەک یەکێک وا لە من بگات زیاتر لەوەی دەمبینن و لێم دەبیستن.
2CO 12:7 بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم.
2CO 12:8 بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە،
2CO 12:9 بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم.
2CO 12:10 بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.
2CO 12:11 بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم.
2CO 12:12 بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو.
2CO 12:13 چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەی کە خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن!
2CO 12:14 ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە.
2CO 12:15 منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟
2CO 12:16 ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم، بە فێڵ لێم سەندوون.
2CO 12:17 ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟
2CO 12:18 لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟
2CO 12:19 ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، وەک ئەوانەی کە لەگەڵ مەسیحدا یەکن، لەبەردەم خودا قسەمان کردووە. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین،
2CO 12:20 چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان ‏و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت.
2CO 12:21 هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.
2CO 13:1 ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان. ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.﴾
2CO 13:2 پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە، بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دێمەوە بەزەییم نابێت،
2CO 13:3 چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە.
2CO 13:4 هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت. هەروەها ئێمەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لاوازین، بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.
2CO 13:5 خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر ئەوەی لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبووبن.
2CO 13:6 بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین.
2CO 13:7 ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە دەربکەوێت ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرکەوتوومان نەزانن،
2CO 13:8 چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی.
2CO 13:9 شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواویی ئێوەیە.
2CO 13:10 بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.
2CO 13:11 لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ کامڵی و تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.
2CO 13:12 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
2CO 13:13 هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.
2CO 13:14 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.
GAL 1:1 لە پۆڵسەوە، ئەوەی نە لەلایەن خەڵک و نە بەهۆی مرۆڤێکەوە نێردراوە، بەڵکو لەلایەن عیسای مەسیح و خودای باوکەوە، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە،
GAL 1:2 هەروەها هەموو ئەو برایانەی لەگەڵمدان، بۆ ئەو کڵێسایانەی لە گەلاتیان:
GAL 1:3 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت،
GAL 1:4 ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان خۆی بەخشی، تاکو بەگوێرەی خواستی خودای باوکمان، لەم دنیایە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات.
GAL 1:5 هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.
GAL 1:6 پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ مزگێنییەکی دیکە وەردەگەڕێن!
GAL 1:7 مزگێنییەکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی مزگێنیی مەسیح بگۆڕن.
GAL 1:8 بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان مزگێنییەکمان پێدان، جگە لەو مزگێنییەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەتی لێ بێت.
GAL 1:9 وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر کەسێک مزگێنییەکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کردووە، با نەفرەتی لێ بێت.
GAL 1:10 ئایا ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک هەوڵ دەدەم، یاخود ڕەزامەندی خودا؟ یان ئایا داوای ئەوە دەکەم خەڵک ڕازی بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی ڕازیکردنی خەڵک بوومایە، ئەوا نەدەبوومە بەندەی مەسیح.
GAL 1:11 پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە.
GAL 1:12 لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە.
GAL 1:13 بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، کە چۆن دڕندانە کڵێسای خودام چەوساندەوە و هەوڵم دا لەناوی ببەم.
GAL 1:14 لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان.
GAL 1:15 بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو
GAL 1:16 کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوە ناجولەکەکاندا مژدە بدەم. لەو کاتەدا دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد،
GAL 1:17 سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق.
GAL 1:18 ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە.
GAL 1:19 بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی.
GAL 1:20 خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە.
GAL 1:21 دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا،
GAL 1:22 بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن بە ڕوخسار نەناسراو بووم،
GAL 1:23 تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.»
GAL 1:24 ئیتر بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد.
GAL 2:1 دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم و تیتۆسیشم لەگەڵ خۆم برد.
GAL 2:2 گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو و ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، تەنها خستمە بەردەم گەورە پیاوانی کڵێسا، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات.
GAL 2:3 بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت.
GAL 2:4 ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا کە هەندێک لە برایانی درۆزن بە نهێنی هاتبوونە ناومان بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ئەو ئازادییەی لە عیسای مەسیحدا هەمانە، تاکو بمانکەنە کۆیلە.
GAL 2:5 بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.
GAL 2:6 بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد.
GAL 2:7 بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ ناجولەکەکان بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە،
GAL 2:8 چونکە خودا بەهۆی پەترۆسەوە وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ ناجولەکەکان کاری دەکرد.
GAL 2:9 کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشییان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن.
GAL 2:10 تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.
GAL 2:11 بەڵام کاتێک پەترۆس هاتە ئەنتاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر بوو،
GAL 2:12 چونکە پێش ئەوەی کەسانێک لەلای یاقوبەوە بێن، ئەو لەگەڵ ناجولەکەکان نانی دەخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی ئەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت، خۆی کێشایەوە.
GAL 2:13 جولەکەکانی دیکەش لەگەڵیدا دەستیان بە دووڕوویی کرد، تەنانەت بەرناباسیش بە دووڕووییان چەواشە بوو.
GAL 2:14 کاتێک بینیم بەگوێرەی ڕێگای ڕاستی پەیامی ئینجیل ناڕۆن، لەبەرچاوی هەمووان بە پەترۆسم گوت: «ئەگەر تۆ جولەکەی، وەک ناجولەکە دەژیت نەک وەکو جولەکە، ئیتر چۆن ناجولەکەکان ناچار دەکەیت نەریتی جولەکەکان پەیڕەو بکەن؟
GAL 2:15 «ئێمە بە جولەکەیی لەدایک بووین و لە نەتەوە گوناهبارەکان نین،
GAL 2:16 دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.
GAL 2:17 «بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەوڵدانمان بۆ بێتاوانبوون بە مەسیح، خۆمان دۆزییەوە کە گوناهبارین، ئیتر ئایا مەسیح خزمەتکاری گوناهە؟ بێگومان نەخێر!
GAL 2:18 ئەگەر من شتێک بنیاد بنێمەوە کە لەپێشدا تێکمدابێت، ئەوا دەیسەلمێنم سەرپێچیکارم.
GAL 2:19 «چونکە لە ڕێگەی شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم.
GAL 2:20 من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من.
GAL 2:21 من نیعمەتی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر بێتاوانبوون بە شەریعەت بووایە، ئەوا مردنی مەسیح بێ سوود دەبوو.»
GAL 3:1 ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا!
GAL 3:2 تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟
GAL 3:3 ئایا هەتا ئەم ڕادەیە گێلن؟ ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟
GAL 3:4 ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟
GAL 3:5 ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟
GAL 3:6 وەک چۆن ئیبراهیم ﴿باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾
GAL 3:7 جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن.
GAL 3:8 نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: ﴿هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.﴾
GAL 3:9 کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.
GAL 3:10 هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.﴾
GAL 3:11 ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.‏﴾
GAL 3:12 بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾
GAL 3:13 مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.﴾
GAL 3:14 ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.
GAL 3:15 خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر.
GAL 3:16 هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام ﴿بە نەوەی تۆ،﴾ واتا یەک، ئەوەی مەسیحە.
GAL 3:17 مەبەستم ئەمەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت،
GAL 3:18 چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.
GAL 3:19 کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێندراو دێت، لە ڕێگەی فریشتەکانەوە بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک ڕێکخرا.
GAL 3:20 پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.
GAL 3:21 ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ حاشا! چونکە ئەگەر شەریعەتێک هەبووایە بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەوا ڕاستودروستی بە شەریعەتی تەورات دەبوو.
GAL 3:22 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه، تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.
GAL 3:23 پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو.
GAL 3:24 تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین.
GAL 3:25 بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.
GAL 3:26 هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە،
GAL 3:27 چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد.
GAL 3:28 جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن.
GAL 3:29 جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.
GAL 4:1 دەمەوێت ئەمەتان پێ بڵێم: ئەگەر میراتگر ناکام بێت جیاوازیی نابێت لەگەڵ کۆیلە، هەرچەندە میراتگرەکە خاوەنی هەموو میراتەکەیە،
GAL 4:2 بەڵام لەژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتیکار و سەرکاردا دەمێنێتەوە هەتا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە.
GAL 4:3 ئێمەش بە هەمان شێوە، کاتێک ناکام بووین کۆیلەی دەستی بنەما سەرەکییەکانی جیهان بووین.
GAL 4:4 بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی شەریعەتی تەورات لەدایک بوو،
GAL 4:5 بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە بەدەستبهێنین.
GAL 4:6 لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی خودان، خودا ڕۆحی کوڕەکەی خۆی ناردە دڵتانەوە، بە هاوارەوە دەیفەرموو: «بابە! باوکە!»
GAL 4:7 کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەی ئەویت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر.
GAL 4:8 بەڵام ئەو کاتەی کە خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین.
GAL 4:9 بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟
GAL 4:10 ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵی تایبەت دەدەن؟
GAL 4:11 دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم.
GAL 4:12 خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە.
GAL 4:13 هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان،
GAL 4:14 نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم.
GAL 4:15 ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ.
GAL 4:16 ئایا ئێستا بوومەتە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟
GAL 4:17 ئەوانەی کە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، چونکە دەیانەوێت لە ئێمەتان بترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن.
GAL 4:18 دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتانم.
GAL 4:19 ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت،
GAL 4:20 بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە.
GAL 4:21 ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟
GAL 4:22 چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە.
GAL 4:23 ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە.
GAL 4:24 هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە.
GAL 4:25 هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن.
GAL 4:26 بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە،
GAL 4:27 چونکە نووسراوە: ﴿ئەی نەزۆک، دڵشادبە، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.﴾
GAL 4:28 بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن.
GAL 4:29 جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە.
GAL 4:30 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.﴾
GAL 4:31 کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.
GAL 5:1 مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.
GAL 5:2 ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕێبدەن خەتەنە بکرێن ئەوا مەسیح هیچ سوودێکی بۆتان نابێت!
GAL 5:3 دیسان شایەتی دەدەم، هەر مرۆڤێک ڕێ بدات خەتەنە بکرێت، دەبێت کار بە هەموو شەریعەت بکات.
GAL 5:4 ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بە شەریعەت بێتاوان بکرێن، ئەوا لە مەسیح جیا بوونەوە و لە نیعمەتی خودا کەوتن.
GAL 5:5 بەڵام ئێمە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە، بە باوەڕ، چاوەڕێی هیوای ڕاستودروستین.
GAL 5:6 بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا خەتەنەکردن یان نەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو ئەو باوەڕە گرنگە کە بە خۆشەویستی کار دەکات.
GAL 5:7 باش ڕاتاندەکرد. کێ ڕێی لێ گرتن تاکو گوێڕایەڵی ڕاستی نەبن؟
GAL 5:8 ئەم بیروباوەڕە لەلایەن ئەوەوە نییە کە بانگتان دەکات.
GAL 5:9 «هەویرترشێکی بچووک، هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت.»
GAL 5:10 لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ مەسیح یەکین، دڵنیام کە بە شێوەیەکی دیکە بیرناکەنەوە. ئەوەی بتانشێوێنێ سزای خۆی وەردەگرێت، جا هەرکەسێک بێت.
GAL 5:11 بەڵام خوشکان، برایان، ئەگەر هەتا ئێستا من خەتەنەکردن ڕادەگەیەنم، ئیتر بۆچی هەتا ئێستا دەچەوسێمەوە؟ ئەگەر وا بێت، کۆسپی خاچ لادراوە.
GAL 5:12 خۆزگە ئەو کەسانە دەخەسێنران کە دەتانشێوێنن.
GAL 5:13 ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن،
GAL 5:14 چونکە تەورات هەمووی لە یەک ڕاسپاردەدا دێتە دی: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾
GAL 5:15 ئەگەر پەلاماری یەکتری بدەن و یەکتری بخۆن، ئاگاداربن یەکتری لەناونەبەن.
GAL 5:16 پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئینجا ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر ناکەن،
GAL 5:17 چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت.
GAL 5:18 بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوە بچن، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.
GAL 5:19 ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی،
GAL 5:20 بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی،
GAL 5:21 چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.
GAL 5:22 بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی،
GAL 5:23 دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت.
GAL 5:24 بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە.
GAL 5:25 ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین.
GAL 5:26 با لەخۆبایی نەبین، یەکتری تووڕە نەکەین، ئیرەیی بە یەکتر نەبەین.
GAL 6:1 خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە، نەوەک تۆش تاقی بکرێیتەوە.
GAL 6:2 باری یەکتری هەڵبگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی.
GAL 6:3 ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، بەڵام لەڕاستیدا هیچ نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت.
GAL 6:4 بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە،
GAL 6:5 چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت.
GAL 6:6 ئەو کەسەی فێری وشەی خودا دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات.
GAL 6:7 خۆتان هەڵمەخەڵەتێنن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە.
GAL 6:8 ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.
GAL 6:9 کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین.
GAL 6:10 ئینجا هەتا دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.
GAL 6:11 سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن.
GAL 6:12 ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە.
GAL 6:13 ئەوانەی خەتەنەکراون، شەریعەتی تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن.
GAL 6:14 لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان،
GAL 6:15 چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنەنەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ.
GAL 6:16 با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش.
GAL 6:17 ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە.
GAL 6:18 خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.
EPH 1:1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری ئەفەسۆس، بۆ ئەوانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا دڵسۆزن:
EPH 1:2 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
EPH 1:3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا بەرەکەتدار کردووە،
EPH 1:4 وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ کەموکوڕی بین.
EPH 1:5 پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە،
EPH 1:6 ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین.
EPH 1:7 ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بەهۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی،
EPH 1:8 ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرمانی داباراند.
EPH 1:9 نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، بەگوێرەی خۆشحاڵی خۆی کە لە ڕێگەی مەسیحەوە مەبەستی بوو،
EPH 1:10 بۆ بەجێگەیاندنی لە تەواوی زەمانەدا، تاکو هەموو شتێک لە زەوی و ئاسمان لەژێر دەسەڵاتی مەسیحدا و لە ڕێگەی ئەوەوە یەک بخات.
EPH 1:11 خودا پێشوەخت بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمەی هەڵبژارد تاکو بەگوێرەی پلانەکەی بۆ ئەو بین. خودا هەموو شتێک بەگوێرەی مەبەست و ویستی خۆی بەڕێوە دەبات،
EPH 1:12 بۆ ئەوەی ئێمە کە یەکەمین بووین هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێ بدەین، ببینە مایەی ستایشکردن بۆ شکۆی مەسیح.
EPH 1:13 هەروەها ئێوە، کاتێک گوێتان لە پەیامی ڕاستی گرت کە مزگێنیی ڕزگاریتانە، خودا ئێوەی لەگەڵ مەسیحدا کرد بە یەک، چونکە کاتێک باوەڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی بەڵێندراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردن.
EPH 1:14 ڕۆحی پیرۆزیش پێشەکی دەستەبەری میراتەکەمانە، بۆ کڕینەوەی گەلی تایبەتی خودا، بۆ ستایشکردنی شکۆیەکەی.
EPH 1:15 لەبەر ئەم هۆیە کاتێک منیش باوەڕی ئێوەم بیست بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستیتان بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا،
EPH 1:16 بێ وەستان لە پێناوتاندا سوپاسی خودا دەکەم، لە نوێژەکانمدا یادتان دەکەم.
EPH 1:17 داوا دەکەم لە باوکی شکۆدار، کە خودای عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە، ڕۆحی دانایی و ئاشکراکردنتان بداتێ هەتا بتوانن بە شێوەیەکی دروست بیناسن.
EPH 1:18 نزا دەکەم بیروهۆشتان ڕووناک بێتەوە تاکو بزانن چییە ئەو هیوایەی ئێوەی بۆ بانگ کراون، هەروەها لە شکۆ و دەوڵەمەندیی میراتەکەی بۆ خوشک‏ و برا پیرۆزەکان تێبگەن،
EPH 1:19 هەروەها گەورەیی بێ سنووری هێزەکەشی بۆ ئێمە کە باوەڕدارین. ئەم هێزە هەمان ئەو توانا مەزنەیە
EPH 1:20 کە خودا بەکاریهێنا ئەو کاتەی کە مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە و لە دەستەڕاستی خۆی لە شوێنەکانی ئاسماندا داینا،
EPH 1:21 لە سەرووی هەموو فەرمانڕەوا و حوکومڕان و هێز و دەسەڵاتێک و هەموو ئەوانەی ناویان هەیە، نەک تەنها لەم دنیایە، بەڵکو لەو دنیاش.
EPH 1:22 خودا هەموو شتێکی خستە ژێر پێیەکانی، لە سەرووی هەموو شتێکدا کردییە سەر بۆ کڵێسا،
EPH 1:23 کە جەستەی مەسیحە، واتا پڕیی ئەو بە هەموو شێوەیەک هەموو گەردوون پڕ دەکات.
EPH 2:1 ئێوەش بەهۆی خراپە و گوناهەکانتانەوە مردبوون
EPH 2:2 کە پێشتر تێیدا دەژیان کاتێک پەیڕەوی ڕێبازی ئەم جیهانە و سەرۆکی دەسەڵاتی هەواتان دەکرد، ئەو ڕۆحەی ئێستا لە یاخیبوواندا کار دەکات.
EPH 2:3 ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین.
EPH 2:4 بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە،
EPH 2:5 ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە.
EPH 2:6 خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بەهۆی ‏یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ‏ئاسمان دایناین،
EPH 2:7 تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین.
EPH 2:8 لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە،
EPH 2:9 بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات.
EPH 2:10 ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین و بە یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.
EPH 2:11 بۆیە وەبیرتان بێتەوە، ئێوە بە جولەکەیی لەدایک نەبوون، پێتان دەگوترا «خەتەنەنەکراو» لەلایەن ئەوانەی پێیان دەگوترا «خەتەنەکراو»، ئەوەی لە جەستەدا بە دەست کراوە،
EPH 2:12 ئەو کاتە بێ مەسیح بوون، لە هاوڵاتییەتی ئیسرائیل بێگانە بوون و لە پەیمانەکانی بەڵێن نامۆ بوون، لە جیهاندا بێ هیوا و بێ خودا بوون.
EPH 2:13 بەڵام ئێوە ئێستا لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، هەرچەندە پێشتر دوور بوون، بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە.
EPH 2:14 لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە‏ یەک‏، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند،
EPH 2:15 بە جەستەی خۆی شەریعەتی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت،
EPH 2:16 تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد.
EPH 2:17 مەسیح هات و مژدەی ئاشتیی بە ئێوە دا کە دوورن هەروەها ئەوانەش کە نزیکن،
EPH 2:18 چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە هەردوو لامان لە یەک ڕۆحدا ڕێپێدراویێتیمان هەیە بۆ چوونە لای باوک.
EPH 2:19 بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا،
EPH 2:20 لەسەر بناغەی نێردراوان و پێغەمبەران بنیاد نراون، عیسای مەسیحیش خۆی گرنگترین بەردی بناغەیە.
EPH 2:21 هەموو خانووەکە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پێکەوە بەستراوە و گەشە دەکات هەتا ببێتە پەرستگایەکی پیرۆز بۆ مەسیح.
EPH 2:22 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا پێکەوە بنیادنراون، تاکو ببنە خانووێک بۆ ڕۆحی خودا.
EPH 3:1 بەهۆی ئەمەوە، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…
EPH 3:2 بێگومان گوێتان لەوە بووە کە ئەرکی ڕاگەیاندنی نیعمەتی خودا بۆ ئێوە بە من سپێردراوە،
EPH 3:3 کە خودا بە ئاشکراکردن نهێنییەکەی بۆ دەرخستم، هەروەک پێشتر بە کورتی نووسیم.
EPH 3:4 بە خوێندنەوەی ئەم نامەیە، دەتوانن لە تێگەیشتنی من لە نهێنی مەسیح حاڵی بن،
EPH 3:5 ئەو نهێنییەی بۆ هیچ کەسێک لە نەوەکانی پێشتر ئاشکرا نەکراوە، وەک ئێستا بە ڕۆحی پیرۆز بۆ نێردراوە پیرۆزەکانی و پێغەمبەران ئاشکرا کرا.
EPH 3:6 نهێنییەکە ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ناجولەکە بوو بە هاومیراتی جولەکە و پێکەوە بوونە ئەندامانی یەک جەستە و هاوبەشی ئەو بەڵێنەی کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێمان دراوە.
EPH 3:7 بەپێی هێزە کردەییەکەی خودا و بەگوێرەی بەخشینی نیعمەتەکەی کە پێمدرا، بوومە خزمەتکاری پەیامی ئینجیل.
EPH 3:8 هەرچەندە من بچووکترینی هەموو گەلی پیرۆزی خودام، ئەم نیعمەتە درایە من: مژدەی دەوڵەمەندی بێ سنووری مەسیح بدەمە نەتەوەکان و
EPH 3:9 پلانی ئەم نهێنییە بۆ هەمووان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی لە دێرزەمانەوە بەهۆی خوداوە شاردراوەتەوە، ئەوەی هەموو شتێکی بەدیهێناوە،
EPH 3:10 بۆ ئەوەی ئێستا لە ڕێگەی کڵێساوە، دانایی هەمەجۆرەی خودا بۆ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لە شوێنەکانی ئاسمان زانراو بێت،
EPH 3:11 بەگوێرەی خواستی هەتاهەتایی، ئەوەی بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە هێنایە دی.
EPH 3:12 بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح و باوەڕهێنانمان پێی، بە دڵنیاییەوە ئەو ئازادییەمان هەیە بۆ چوونە لای خودا.
EPH 3:13 بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ناخۆشییەکانم ورە بەرنەدەن کە بۆ ئێوەیە، شکۆمەندی ئێوەیە.
EPH 3:14 لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم،
EPH 3:15 ئەوەی هەموو خێزانێک لە ئاسمان و سەر زەوی بوونیان لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە.
EPH 3:16 لێی دەپاڕێمەوە کە بەپێی دەوڵەمەندی شکۆی خۆی بەهێزتان بکات لە ڕێگەی ڕۆحەکەی کە لە ناختاندایە،
EPH 3:17 تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت،
EPH 3:18 تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە،
EPH 3:19 تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.
EPH 3:20 بۆ ئەو خودایەی توانادارە هەموو شتێک بکات زۆر زیاتر لەوەی کە داوای دەکەین یان بیری لێ دەکەینەوە، بەگوێرەی ئەو هێزەی کە تیاماندا کار دەکات،
EPH 3:21 با نەوە لەدوای نەوە، خودا بۆ هەتاهەتایە لە کڵێسا و لە عیسای مەسیحدا شکۆدار بێت. ئامین.
EPH 4:1 منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون.
EPH 4:2 بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن.
EPH 4:3 تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی.
EPH 4:4 هەروەک یەک جەستە و یەک ڕۆح هەیە، بۆ یەک هیوای بانگەوازەکەتان کە بانگکران،
EPH 4:5 یەک پەروەردگار، یەک باوەڕ، یەک لەئاوهەڵکێشان،
EPH 4:6 یەک خودا، باوکی هەمووانە، گەورەی هەمووانە، لەناو ناخی هەموواندا کار دەکات و لەنێو هەموواندایە.
EPH 4:7 بەڵام بەگوێرەی پێوانەی بەخشینی مەسیح نیعمەت بە هەر یەکێکمان دراوە،
EPH 4:8 بۆیە دەفەرموێ: ﴿کاتێک ئەو بەرزبووەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆری لەگەڵ خۆی برد، دیاری بە خەڵکی بەخشی.﴾
EPH 4:9 مەبەست لە «بەرزبووەوە» چییە، جگە لەوەی کە دابەزیوەتە نزمترین شوێنی زەوی؟
EPH 4:10 ئەوەی دابەزی هەر خۆی بەرزبووەوە بۆ سەر هەموو ئاسمان، تاکو هەمووی پڕ بکاتەوە.
EPH 4:11 ئیتر مەسیح بە هەندێکی دا ببنە نێردراو، هەندێک پێغەمبەر، هەندێک مزگێنیدەر، هەندێک شوان و مامۆستا،
EPH 4:12 بۆ ئامادەکردنی گەلی پیرۆزی خۆی بۆ کاری خزمەت، بۆ بنیادنانی جەستەی مەسیح،
EPH 4:13 هەتا هەموومان بگەین بە یەکێتی باوەڕ و ناسینی کوڕی خودا، ببینە مرۆڤێکی پێگەیشتوو، بگەینە ئەندازەی تەواوی پڕیێتی مەسیح.
EPH 4:14 بۆ ئەوەی لەمەولا ساوا نەبین، شێواو و هەڵگیراو بە هەموو بایەکی فێرکردن، بە فێڵی خەڵکی، بە مەکر بەرەو چەواشەی تەڵەکەبازی،
EPH 4:15 بەڵکو لە خۆشەویستیدا ڕاستگۆ بین، با لە هەموو شتێکدا گەشە بکەین، لەناو ئەوەی سەرە، واتا مەسیح.
EPH 4:16 بەهۆی مەسیحەوە هەموو کڵێسا لە خۆشەویستیدا گەشە دەکات و خۆی بنیاد دەنێت، وەک چۆن ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ تێک هەڵکێشراون و بە جومگەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، هاوکاری یەکتری دەکەن.
EPH 4:17 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم و بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێداگریش لەسەر ئەمە دەکەم، کە ئیتر وەک ناجولەکەکان مەژین، ئەوانەی کە بیریان پووچە،
EPH 4:18 کە مێشکیان تاریکە، لەبەر ئەو نەزانییەی تێیاندایە و لەبەر دڵڕەقییان لە ژیانی خودا دابڕاون.
EPH 4:19 ئەوانەی هەستیان نەماوە خۆیان داوەتە دەست بەڕەڵایی، بۆ ئەوەی بە چاوچنۆکییەوە هەموو کارێکی گڵاو بکەن.
EPH 4:20 بەڵام ئێوە بەم شێوەیە فێری مەسیح نەبوون،
EPH 4:21 کاتێک لەبارەی مەسیحەوە بیستتان و بەگوێرەی ئەو ڕاستییەی کە لە عیسادایە فێرکراون.
EPH 4:22 سەبارەت بە شێوازی ژیانی پێشووتان فێرکراون کە مرۆڤە کۆنەکە دابکەنن، چونکە بە ئارەزووە هەڵخەڵەتێنەرەکانی گەندەڵ بووە،
EPH 4:23 هەروەها شێوازی بیرکردنەوەتان نوێ بکەنەوە و
EPH 4:24 مرۆڤی نوێ لەبەر بکەن، ئەوەی خودا وەکو خۆی بەدیهێناوە لە ڕاستودروستی و پیرۆزیی ڕاستەقینە.
EPH 4:25 بۆیە واز لە درۆ بهێنن، با هەریەکە ڕاستگۆ بێ لەگەڵ نزیکەکەی، چونکە ئەندامی یەک جەستەین.
EPH 4:26 ﴿کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن.﴾ مەهێڵن ڕۆژ ئاوا بێت بەسەر تووڕەییتاندا،
EPH 4:27 دەرفەت بۆ شەیتان مەڕەخسێنن.
EPH 4:28 دز ئیتر با دزی نەکات، بەڵکو با ڕەنج بدات و بە دەستی خۆی ئیشێکی پاک بکات، تاکو هەیبێت بداتە ئەوەی پێویستی پێیەتی.
EPH 4:29 وشەی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو هەرچییەکی باشە بۆ بنیادنان، بەگوێرەی پێویستی، تاکو نیعمەت بداتە گوێگران.
EPH 4:30 ڕۆحی پیرۆزی خودا خەمبار مەکەن، ئەوەی بۆ ڕۆژی ڕزگاری پێی مۆرکران.
EPH 4:31 هەموو تاڵی و تووڕەیی و توندی و هاوارکردن و بوختان و هەموو دڵڕەشییەک فڕێبدەن.
EPH 4:32 لەگەڵ یەکتری نەرمونیان و بە بەزەیی بن، لە یەکتری خۆشبن، هەروەک چۆن خودا بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح لێتان خۆشبوو.
EPH 5:1 کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە،
EPH 5:2 لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
EPH 5:3 بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە،
EPH 5:4 نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن.
EPH 5:5 بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە.
EPH 5:6 کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
EPH 5:7 بۆیە هاوبەشییان مەکەن.
EPH 5:8 پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین،
EPH 5:9 چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە،
EPH 5:10 هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.
EPH 5:11 بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن،
EPH 5:12 چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە.
EPH 5:13 بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت،
EPH 5:14 چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت: «ئەی نوستوو هەستە، لەنێو مردووان هەستەوە، مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»
EPH 5:15 ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا،
EPH 5:16 کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە.
EPH 5:17 گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە.
EPH 5:18 بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز:
EPH 5:19 لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن،
EPH 5:20 هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سوپاسی خودای باوک بکەن،
EPH 5:21 بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.
EPH 5:22 ئەی ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن.
EPH 5:23 وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژنە.
EPH 5:24 وەک چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ژنانیش دەبێت لە هەموو شتێک ملکەچی مێردەکانیان بن.
EPH 5:25 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد،
EPH 5:26 تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە،
EPH 5:27 بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هیچ شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ کەموکوڕی بێت.
EPH 5:28 بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ.
EPH 5:29 کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات،
EPH 5:30 چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین.
EPH 5:31 ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾
EPH 5:32 ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم.
EPH 5:33 ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.
EPH 6:1 ئەی منداڵان، ئێوە وەک شوێنکەوتەی مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە.
EPH 6:2 ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.﴾ ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت
EPH 6:3 ﴿بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.﴾
EPH 6:4 ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن.
EPH 6:5 ئەی کۆیلەکان، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، وەک بۆ مەسیح بێت،
EPH 6:6 نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن.
EPH 6:7 با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی،
EPH 6:8 چونکە دەزانن عیسای خاوەن شکۆ پاداشتی هەرکەسێک دەداتەوە کە کاری چاک دەکات، جا کۆیلە بێت یاخود ئازاد.
EPH 6:9 ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات.
EPH 6:10 لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن.
EPH 6:11 بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن،
EPH 6:12 چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی ئەم جیهانە تاریکەیە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان.
EPH 6:13 بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن.
EPH 6:14 بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و زرێی ڕاستودروستی بە سنگتانەوە،
EPH 6:15 ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنیی ئاشتی،
EPH 6:16 لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە.
EPH 6:17 هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە.
EPH 6:18 بە هەموو جۆرە نوێژ و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن. بۆ ئەمەش ئێشک بگرن و بە بەردەوامی بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا بپاڕێنەوە.
EPH 6:19 نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ و ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم.
EPH 6:20 من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.
EPH 6:21 تیخیکۆس کە برایەکی خۆشەویست و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح خزمەتکارێکی دڵسۆزە، هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم.
EPH 6:22 بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.
EPH 6:23 لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران.
EPH 6:24 نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی پەروەردگاری ئێمەیان خۆشدەوێت.
PHI 1:1 لە پۆڵس و تیمۆساوسی بەندەکانی عیسای مەسیحەوە، بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا لە شاری فیلیپی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، لەگەڵ چاودێران و خزمەتکاران:
PHI 1:2 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
PHI 1:3 سوپاسی خودا دەکەم، هەر کاتێک یادتان بکەم.
PHI 1:4 هەمیشە لە هەموو پاڕانەوەکانم بە خۆشییەوە بۆ هەمووتان داوا دەکەم،
PHI 1:5 چونکە لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا بەشداریتان لە خزمەتی ئینجیلدا کردووە.
PHI 1:6 لەمەشدا دڵنیام، خودا کە لە ئێوەدا ئەم ئیشە چاکەی دەستپێکردووە، هەتا ڕۆژی عیسای مەسیح تەواوی دەکات.
PHI 1:7 کەواتە ئەمە ڕاستە سەبارەت بە هەمووتان ئەم هەستەم هەبێت، چونکە ئێوە لە دڵی مندان. ئەگەر بە کۆت و زنجیرەوە بم، یاخود لە کاتێکدا بەرگری لە پەیامی ئینجیل و چەسپاندنی دەکەم، هەمووتان لە نیعمەت لەگەڵم بەشدارن.
PHI 1:8 خودا شایەتمە چەندە بە پەرۆشم بۆ هەمووتان بە سۆزی عیسای مەسیح.
PHI 1:9 لە خودا دەپاڕێمەوە کە خۆشەویستیتان بە زانیاری و ئەوپەڕی تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات،
PHI 1:10 تاکو باشترین شت جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیح پاک و بێ گلەیی بن،
PHI 1:11 تاکو پڕببن لە بەرهەمی ڕاستودروستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بۆ شکۆ و ستایشی خودا.
PHI 1:12 خوشکان، برایان، ئێستا دەمەوێ بزانن ئەوەی بەسەرم هات پەیامی ئینجیلی زیاتر بەرەو پێش برد،
PHI 1:13 تەنانەت هەموو پاسەوانانی کۆشکی ئیمپراتۆر و هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە من لە پێناوی مەسیحدا کۆت و بەند کراوم.
PHI 1:14 مەسیحی باڵادەست بەهۆی کۆت و بەندی منەوە وای لە زۆربەی خوشک و برایان کردووە پشت بە ئەو ببەستن، تاکو بتوانن بوێرانەتر و بە چاونەترسییەوە پەیامەکەی ڕابگەیەنن.
PHI 1:15 بێگومان هەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنیی مەسیح ڕادەگەیەنن، بەڵام هەندێکی دیکە بە خواستێکی باش.
PHI 1:16 ئەوانەی لەبەر خۆشەویستی مزگێنی دەدەن، دەزانن لەبەر بەرگریکردنم لە پەیامی ئینجیل خراومەتە زیندان.
PHI 1:17 ئەوانەی دیکە کە لە خۆپەرستییەوە مەسیح ڕادەگەیەنن، دڵسۆز نین، مەزەندە دەکەن بە کۆت و زنجیرەکەم حاڵم ناخۆشتر دەکەن.
PHI 1:18 ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەوەش دڵشادم. بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم،
PHI 1:19 چونکە دەزانم لە ڕێگەی پاڕانەوەکانتان و پشتگیری ڕۆحی عیسای مەسیح ئەمە دەبێتە هۆی ئازادکردنم.
PHI 1:20 بە پەرۆشەوە چاوەڕوان و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵکو ورەم بەرز بێت بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن،
PHI 1:21 چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج.
PHI 1:22 بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم!
PHI 1:23 لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەوە زۆر باشترە،
PHI 1:24 بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە.
PHI 1:25 دڵنیام و دەزانم کە لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ،
PHI 1:26 تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات.
PHI 1:27 تەنها بە شێوەیەک بژین کە شایستەی پەیامی ئینجیلی مەسیح بێت، تاکو کاتێک بێم و بتانبینم یان لەلاتان نەبم و هەواڵتان ببیستم، بزانم کە ئێوە لە یەک ڕۆحدا چەسپاون و بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە،
PHI 1:28 بەبێ ئەوەی لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان بترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە.
PHI 1:29 چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو،
PHI 1:30 لەبەر ئەوەی هەمان تێکۆشانتان هەیە، ئەوەی لە منتان بینیوە و ئێستا لە منی دەبیستن.
PHI 2:1 ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن،
PHI 2:2 ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن.
PHI 2:3 هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن.
PHI 2:4 تەنها بایەخ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان مەدەن، بەڵکو با هەریەکەتان بایەخ بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بدات.
PHI 2:5 وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:
PHI 2:6 ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە، نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،
PHI 2:7 بەڵکو خۆی کردە هیچ، شێوەی بەندەی وەرگرت، وەک مرۆڤی لێهات،
PHI 2:8 کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و هەتا مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ.
PHI 2:9 لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و ئەو ناوەی دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،
PHI 2:10 تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات، لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،
PHI 2:11 هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە، بۆ شکۆی خودای باوک.
PHI 2:12 بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان،
PHI 2:13 چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.
PHI 2:14 هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن،
PHI 2:15 تاکو بێ کەموکوڕی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە،
PHI 2:16 کاتێک کە ئێوە دەست بە وشەی ژیانەوە دەگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە ڕام نەکرد و ڕەنجم نەکێشاوە.
PHI 2:17 بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم، ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان.
PHI 2:18 جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
PHI 2:19 هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم،
PHI 2:20 چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات،
PHI 2:21 لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح.
PHI 2:22 بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە.
PHI 2:23 بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم.
PHI 2:24 متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
PHI 2:25 بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە.
PHI 2:26 ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە.
PHI 2:27 بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت.
PHI 2:28 بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە.
PHI 2:29 کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن،
PHI 2:30 چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.
PHI 3:1 لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان، دڵشاد بن بە مەسیحی خاوەن شکۆ! نووسینەوەی هەمان ئەم شتانە ماندووم ناکات، بەڵکو بۆ پاراستنی ئێوەیە.
PHI 3:2 ئاگاداری سەگەکان بن، ئاگاداری بەدکاران و جەستەبڕەکان بن!
PHI 3:3 لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین.
PHI 3:4 هەرچەندە منیش هۆکارم هەیە پشت بە جەستە ببەستم. ئەگەر یەکێک وابزانێت هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی پشت بە جەستە ببەستێت، من لەپێشترم:
PHI 3:5 کۆرپەی هەشت ڕۆژ بووم کە خەتەنە کراوم، لە ڕەگەزی ئیسرائیل، تیرەی بنیامین، عیبرانی کوڕی عیبرانی. بەگوێرەی تەورات فەریسی بووم،
PHI 3:6 بەگوێرەی دڵگەرمی چەوسێنەری کڵێسا بووم، بەگوێرەی ئەم ڕاستودروستییە کە بەپێی شەریعەتە، بێ گلەیی بووم.
PHI 3:7 بەڵام ئەوەی بۆ من قازانج بوو، لە پێناوی مەسیحدا ئەمانە بە زیان دەزانم.
PHI 3:8 لەمەش زیاتر هەموو شتێک بە زیان دەزانم لەبەر بەرزی بەهای ناسینی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ. لە پێناوی ئەودا هەموو شتێکم لە دەست دا و هەموو ئەو شتانەم بە زبڵ دانا، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەستبهێنم و
PHI 3:9 وەک کەسێک کە لەگەڵ مەسیحدا بووبێتە یەک هەژمارد بکرێم، نەک بە ڕاستودروستی خۆم کە لە شەریعەتەوەیە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕەوە بە مەسیح، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە و پشت بە باوەڕ دەبەستێت.
PHI 3:10 ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی،
PHI 3:11 تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان.
PHI 3:12 من ناڵێم پێشوەخت هەموو ئەمەم بەدەستهێناوە یان گەیشتوومەتە ئامانج، بەڵکو کۆشش دەکەم ئەوە بەدەستبهێنم کە عیسای مەسیح لە پێناویدا منی بەدەستهێنا.
PHI 3:13 خوشکان، برایان، من وا دانانێم کە بەدەستم هێناوە، بەڵام تەنها یەک شت دەکەم: ڕابردوو لەبیر دەکەم و بەرەو داهاتوو بەوپەڕی کۆششەوە هەنگاو دەنێم،
PHI 3:14 بەرەو ئامانج تێدەکۆشم تاکو ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنم کە خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بانگهێشتی کردووم بۆ ئاسمان.
PHI 3:15 با هەموو ئەوانەمان کە لە ڕووی ڕۆحییەوە پێگەیشتووین، ئاوا بیر بکەینەوە، ئەگەر بیرتان لە شتێکی جیاوازیش کردەوە، خودا ئەمەشتان بۆ ئاشکرا دەکات.
PHI 3:16 با دەست بەوەوە بگرین کە بەدەستمان هێناوە.
PHI 3:17 ئەی خوشک و برایانم، پێکەوە لاسایی من بکەنەوە و بڕواننە ئەوانەی ئاوا دەژین، بەگوێرەی ئەم نموونەیەی ئێمە پێمان دان.
PHI 3:18 زۆرم پێ گوتن، ئێستاش بە گریانەوە دەڵێم، زۆر کەس بە شێوەیەک دەژین، دوژمنی خاچی مەسیحن،
PHI 3:19 ئەوانە کۆتاییان لەناوچوونە، خودایان سکیانە و شانازی بە شەرمەزاربوونیانەوە دەکەن، بیر لە شتی دنیایی دەکەنەوە.
PHI 3:20 بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ،
PHI 3:21 ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.
PHI 4:1 بۆیە خوشکان و برایانم، ئەی ئەوانەی خۆشمدەوێن و پەرۆشتانم، ئێوە خۆشی و تاجی منن. خۆشەویستانم، بەو شێوەیە کە نووسیومە، بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بچەسپێن.
PHI 4:2 لە ئەوۆدیا دەپاڕێمەوە و لە سینتخی دەپاڕێمەوە کە بە یەکبوونیان لەگەڵ مەسیح هاوبیر بن.
PHI 4:3 بەڵێ تۆش ئەی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ دەکەم یارمەتییان بدەیت، چونکە هەردووکیان لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیلدا شانبەشانی من تێکۆشاون، لەگەڵ کلیمنتۆس و هاوکارانی دیکەم کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانە.
PHI 4:4 هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن. دیسان دەیڵێمەوە، دڵشاد بن!
PHI 4:5 با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە.
PHI 4:6 نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت.
PHI 4:7 ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.
PHI 4:8 لە کۆتاییدا خوشکان و برایان، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەنەوە کە ڕاست و ڕێزدارن، دادپەروەر و پاکن، خۆشەویست و ناوبانگ باشن، ڕەوشت بەرز و شایانی ستایشن.
PHI 4:9 چی لە مندا فێربوون و وەرتانگرت و بیستتان و بینیتان، ئەوە جێبەجێ بکەن. خودای ئاشتیش لەگەڵتان دەبێت.
PHI 4:10 زۆر دڵشاد بووم بە مەسیحی خاوەن شکۆ، کە ئێستا دیسان بایەخم پێدەدەن. بە دڵنیاییەوە پێشتریش بایەختان پێم دەدا، بەڵام دەرفەتی ئەوەتان نەبوو کە دەریبخەن.
PHI 4:11 من ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستم بە یارمەتییە، چونکە فێربووم لە هەر دۆخێکدا بم خۆبژێو بم.
PHI 4:12 دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم.
PHI 4:13 دەتوانم هەموو ئەم شتانە لە ڕێگەی مەسیحەوە بکەم، ئەوەی بەهێزم دەکات.
PHI 4:14 لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم.
PHI 4:15 ئەی فیلیپییەکان، ئێوەش دەزانن، لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی پەیامی ئینجیل لەنێو ئێوە، کاتێک لە مەکدۆنیا ڕۆیشتم، هیچ کڵێسایەک لە بابەتی وەرگرتن و پێداندا هاوکارییان نەکردووم، ئێوە نەبێت.
PHI 4:16 تەنانەت ئەو کاتەی لە شاری سالۆنیکی بووم، چەند جارێک هاوکاریتان کردم کاتێک پێویستم بە یارمەتی بوو.
PHI 4:17 نەک لەبەر ئەوەی حەزم لە بەخشین بێت بەڵکو حەزم لەو بەرهەمەیە کە لەلای خودا بۆتان تۆمار دەکرێت.
PHI 4:18 ئێستا هەموو شتێکم هەیە، زیاتر لە پێویست. ئەو شتانەی ئەپەفرۆدیتۆس لەلای ئێوە هێنای وەرمگرت و تێربووم، بۆنێکی خۆشە، قوربانییەکی قبوڵکراوە، دڵی خودا خۆش دەکات.
PHI 4:19 خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی.
PHI 4:20 ئێستاش شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان هەتاهەتایە. ئامین.
PHI 4:21 بە ناوی عیسای مەسیح سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن. ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵمدان سڵاوتان لێدەکەن.
PHI 4:22 هەموو گەلی خودا کە لێرەن سڵاوتان لێدەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەی قەیسەرن.
PHI 4:23 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.
COL 1:1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،
COL 1:2 بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت.
COL 1:3 کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین،
COL 1:4 چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە.
COL 1:5 ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان،
COL 1:6 کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان، ئەم ئینجیلە بەرهەمدارە و لەنێوانتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان.
COL 1:7 وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و
COL 1:8 باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا.
COL 1:9 لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەوەی بیستمان، بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین، داوا لە خودا دەکەین کە لە ڕێگای هەموو دانایی و تێگەیشتنێکی ڕۆحییەوە پڕ بن لە زانینی خواستی ئەو،
COL 1:10 بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندیی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن.
COL 1:11 با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە
COL 1:12 سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەشی بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا.
COL 1:13 خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە،
COL 1:14 بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.
COL 1:15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە،
COL 1:16 چونکە بەو هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی لە ڕێگەی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران.
COL 1:17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەو یەکیگرتووە.
COL 1:18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت،
COL 1:19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت،
COL 1:20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە و بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.
COL 1:21 ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری،
COL 1:22 بەڵام ئێستا بە مردنی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ کەموکوڕی پێشکەشتان بکات،
COL 1:23 ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی بۆ هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.
COL 1:24 ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە.
COL 1:25 من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم،
COL 1:26 واتا ئەو نهێنییەی سەردەمانێکی زۆر و نەوە لەدوای نەوە شاردراوە بوو، ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا.
COL 1:27 پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لەناوتاندایە، ئەمەش هیوای شکۆدارییە.
COL 1:28 ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا.
COL 1:29 بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات.
COL 2:1 دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە،
COL 2:2 تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتا مەسیح،
COL 2:3 کە لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە.
COL 2:4 ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات.
COL 2:5 هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.
COL 2:6 ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە پەروەردگاری خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان،
COL 2:7 لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.
COL 2:8 ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.
COL 2:9 خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێیە،
COL 2:10 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە.
COL 2:11 هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا.
COL 2:12 لە کاتی لەئاوهەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستێنرانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
COL 2:13 ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە. لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو.
COL 2:14 ئەو تۆمارە یاساییەی سڕییەوە کە ئێمەی پێ گوناهبار ببووین و لە دژمان بوو، هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد.
COL 2:15 سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند و لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.
COL 2:16 بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات.
COL 2:17 ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە.
COL 2:18 مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە.
COL 2:19 ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.
COL 2:20 لە کاتێکدا ئێوە سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، ئیتر بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن:
COL 2:21 «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟
COL 2:22 ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون.
COL 2:23 بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.
COL 3:1 لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە.
COL 3:2 بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین،
COL 3:3 چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە.
COL 3:4 کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.
COL 3:5 کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی،
COL 3:6 چونکە بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان.
COL 3:7 ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان.
COL 3:8 بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان.
COL 3:9 لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و
COL 3:10 مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە.
COL 3:11 لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، بەربەری و سکیسی، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.
COL 3:12 بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن.
COL 3:13 بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن.
COL 3:14 لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە.
COL 3:15 با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، چونکە وەکو ئەندامانی جەستەیەک بۆ ئاشتی بانگکران، هەروەها سوپاسگوزار بن.
COL 3:16 با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن.
COL 3:17 هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.
COL 3:18 ئەی ژنەکان، ملکەچی مێردەکانتان بن، وەک لە شوێنکەوتووی مەسیح دەوەشێتەوە.
COL 3:19 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن.
COL 3:20 ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.
COL 3:21 ئەی باوکەکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، نەوەک نائومێد بن.
COL 3:22 ئەی کۆیلەکان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانی ئەم جیهانەتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی لێتان ڕازی بن بەڵکو دڵسۆزانە، چونکە ئێوە لە مەسیحی گەورەکەتان دەترسن.
COL 3:23 هەر چییەک دەکەن، بە دڵ بیکەن، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بۆ خەڵکی،
COL 3:24 بزانن لەلایەن مەسیحەوە پاداشتی میرات وەردەگرن، چونکە خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ دەکەن.
COL 3:25 بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.
COL 4:1 ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان بە دادپەروەری و یەکسانی هەڵسوکەوت بکەن، چونکە دەزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.
COL 4:2 پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن.
COL 4:3 بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنیی مەسیح ڕابگەیەنین، هەر لەبەر ئەمەش گیراوم.
COL 4:4 هەروەها نوێژ بکەن بۆ ئەوەی وەک پێویستە بە ڕوونی پەیامەکە ڕابگەیەنم.
COL 4:5 بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە.
COL 4:6 با قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.
COL 4:7 تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا.
COL 4:8 بە تایبەتی بۆ ئەوە ناردمە لاتان کە هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.
COL 4:9 ئەو لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ.
COL 4:10 ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن.
COL 4:11 هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن، ئەوانەی بوونە هاندەرم.
COL 4:12 ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا.
COL 4:13 شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن.
COL 4:14 لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن.
COL 4:15 سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی.
COL 4:16 کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە.
COL 4:17 بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.»
COL 4:18 من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت.
1TH 1:1 لە پۆڵس و سیلا و تیمۆساوسەوە، بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک: با نیعمەت و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.
1TH 1:2 هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین،
1TH 1:3 بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
1TH 1:4 ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە،
1TH 1:5 چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوەوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین.
1TH 1:6 ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد،
1TH 1:7 تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا.
1TH 1:8 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێک بڵێین،
1TH 1:9 چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و
1TH 1:10 چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، کە لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.
1TH 2:1 ئەی خوشکان و برایان، خۆتان دەزانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نەبوو،
1TH 2:2 بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنیی خودامان بۆ کردن.
1TH 2:3 مەبەستی ئێمە لە هاندانتان چەواشەکردن و بەڕەڵایی و خەڵەتاندن نییە،
1TH 2:4 بەڵکو هەروەک چۆن لەلایەن خوداوە پەسەند کرابین کە متمانەی مزگێنیمان بدرێتێ، بە هەمان شێوە دەدوێین، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک نییە، بەڵکو ڕەزامەندی خودا، کە دڵمان تاقی دەکاتەوە.
1TH 2:5 خودا شایەتە، نە زمانلووسیتان بۆ دەکەین و نە لەبەر چاوچنۆکییە، وەک دەزانن،
1TH 2:6 چاوەڕوانی ستایش و پێداهەڵدانی خەڵک نەبووین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی دیکەش. وەک نێردراوانی مەسیح دەمانتوانی بارگرانی بین لەسەرتان،
1TH 2:7 بەڵام نەرمونیان بووین لەگەڵتاندا، وەک دایکێک شیر بداتە منداڵەکانی.
1TH 2:8 بە ڕادەیەک ئێوەمان خۆشویست کە ئامادەبووین نەک تەنها مزگێنیی خودا بەڵکو خۆشمان لەگەڵتاندا بەش بکەین، چونکە ئێوە لەلای ئێمە زۆر ئازیز بوون.
1TH 2:9 خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنیی خودامان بۆ ڕاگەیاندن.
1TH 2:10 ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە.
1TH 2:11 هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات،
1TH 2:12 هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.
1TH 2:13 لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات.
1TH 2:14 ئەی خوشکان و برایان، ئێوە بوون بە لاساییکەرەوەی کڵێساکانی خودا لە یەهودیا، واتا ئەوانەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونەتە یەک، چونکە ئێوە بە دەستی هاوڵاتییەکانی خۆتان هەمان ئەو ئازارانەتان کێشا کە باوەڕدارانی یەهودیا بە دەستی جولەکەکان کێشایان،
1TH 2:15 ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن،
1TH 2:16 ڕێگامان لێ دەگرن لەوەی بۆ نەتەوەکان بدوێین تاکو ڕزگاربن، بەمەش کاسەی گوناهەکانیان سەرڕێژ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا تووڕەیی خودا هاتووەتە سەریان.
1TH 2:17 بەڵام ئەی خوشکان و برایان، ئێمە کە بۆ ماوەیەکی کورت لێتان دوور کەوتینەوە، بە چاو نەک بە دڵ، زۆر شەیدا و پەرۆشی بینینتان بووین.
1TH 2:18 ویستمان بێینە لاتان، لە ڕاستیدا خۆم وەک پۆڵس چەند جارێک هەوڵم دا، بەڵام شەیتان ڕێی لێگرتین.
1TH 2:19 هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان لەبەردەم عیسای خاوەن شکۆمان چییە لە کاتی هاتنیدا؟ ئایا ئێوە نین؟
1TH 2:20 ئێوە شکۆ و خۆشیمانن.
1TH 3:1 بۆیە، کاتێک بەرگەی دووری ئێوەمان نەگرت، بە باشمان زانی بە تەنها لە ئەسینا بمێنینەوە.
1TH 3:2 تیمۆساوسمان نارد کە برا و هاوکارمانە بۆ خودا لە مزگێنیی مەسیحدا، بۆ ئەوەی باوەڕتان بەهێز بکات و هانتان بدات،
1TH 3:3 تاکو لەم ناخۆشییانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین.
1TH 3:4 لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا.
1TH 3:5 لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.
1TH 3:6 بەڵام ئێستا تیمۆساوس لەلای ئێوەوە هاتەوە بۆ لامان، مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، هەروەها چۆن هەردەم بە چاکە یادمان دەکەن و پەرۆشی بینینمانن، هەروەک چۆن ئێمەش بە پەرۆشین بۆ بینینی ئێوە.
1TH 3:7 لەبەر ئەوە خوشکان و برایان، لە کاتی تەنگانە و چەوسانەوەماندا، باوەڕتان هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان،
1TH 3:8 چونکە ئێوە بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا چەسپاون، ئێستا ئێمەش بەڕاستی دەژین.
1TH 3:9 نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە.
1TH 3:10 شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕیی باوەڕتان دابین بکەین.
1TH 3:11 با‏ خودای باوکمان‏ و عیسای پەروەردگارمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات،
1TH 3:12 هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان.
1TH 3:13 با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.
1TH 4:1 لە کۆتاییدا خوشکان، برایان، ئێمە فێرمان کردوون کە دەبێت چۆن بژین تاکو خودا ڕازی بکەن، وەک ئاواش دەژین، ئیتر داواتان لێ دەکەین و لێتان دەپاڕێینەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە تاکو زیاتر خۆتان تەرخان بکەن،
1TH 4:2 چونکە دەزانن ئەو ڕاسپاردانە چی بوون کە بە دەسەڵاتی عیسای باڵادەست پێماندان.
1TH 4:3 خواستی خودا ئەوەیە کە پیرۆزکراو بن، واتا واز لە داوێنپیسی بهێنن و
1TH 4:4 هەریەکەتان فێری ئەوە بێت کە چۆن جەستەی خۆی پاک و پیرۆز بپارێزێت،
1TH 4:5 نەک بە ئارەزووی هەوەسبازی وەک ئەو نەتەوانەی خودا ناناسن؛
1TH 4:6 هەروەها لەم بارەوە کەس بۆ مەرامی خۆی سوود لە برا و خوشکەکەی وەرنەگرێت، هەروەها خراپەیان بەرامبەر نەکەن، چونکە یەزدان تۆڵەی هەموو ئەمانە دەکاتەوە، وەک پێشتر پێمان گوتوون و ئاگادارمان کردوونەتەوە.
1TH 4:7 خودا بانگی نەکردووین بۆ گڵاوی، بەڵکو بانگی کردووین تاکو بە پاک و پیرۆزی بژین.
1TH 4:8 کەواتە ئەوەی ئەم فێرکردنە ڕەت بکاتەوە، مرۆڤ ڕەت ناکاتەوە بەڵکو خودا ڕەت دەکاتەوە، کە ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێدان.
1TH 4:9 دەربارەی خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، چونکە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکتریتان خۆشبوێ.
1TH 4:10 لەڕاستیدا، هەموو خوشک و برایانتان لە تەواوی مەکدۆنیا خۆشدەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەی خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەین کە زیاتر و زیاتر بەم شێوەیە بن.
1TH 4:11 با ئامانجی ئێوە بەڕێکردنی ژیانێکی ئارام و هێمن بێت. سەرتان لە کاری خۆتاندا بێت و بە دەستی خۆتان کار بکەن، وەک ڕامانسپاردوون،
1TH 4:12 تاکو بە لێوەشاوەیی بژین لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە و پێویستیتان بە کەس نەبێت.
1TH 4:13 خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان بێ ئاگا بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە.
1TH 4:14 لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون.
1TH 4:15 ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین،
1TH 4:16 چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی بە دەنگی بەرز فەرمان دەدات، بە دەنگی سەرۆکی فریشتەکان و بە کەڕەنای خودا، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و یەکەم جار ئەو مردووانە هەڵدەستنەوە کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک.
1TH 4:17 ئینجا ئێمەی زیندوو کە ماوین، هەموومان لەگەڵیان لە هەوردا دەڕفێنرێین بۆ پێشوازی مەسیحی خاوەن شکۆ لە ئاسماندا، ئیتر هەمیشە لەگەڵ ئەو دەبین.
1TH 4:18 بۆیە بەم قسانە یەکتری هانبدەن.
1TH 5:1 خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین،
1TH 5:2 چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا.
1TH 5:3 کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سکپڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.
1TH 5:4 بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان،
1TH 5:5 چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین.
1TH 5:6 کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین،
1TH 5:7 چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن.
1TH 5:8 بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و زرێی باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین،
1TH 5:9 چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە،
1TH 5:10 ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو، لەگەڵ ئەو بژین.
1TH 5:11 لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.
1TH 5:12 ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن،
1TH 5:13 لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین.
1TH 5:14 ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن، ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە، یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن.
1TH 5:15 ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.
1TH 5:16 هەمیشە دڵشاد بن،
1TH 5:17 بەردەوام نوێژ بکەن،
1TH 5:18 لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
1TH 5:19 ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە،
1TH 5:20 پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
1TH 5:21 بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن،
1TH 5:22 لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.
1TH 5:23 خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن.
1TH 5:24 ئەو خودایەی بانگتان دەکات، دڵسۆزە و بەڵێنی خۆی دەباتە سەر.
1TH 5:25 خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن.
1TH 5:26 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن.
1TH 5:27 بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە.
1TH 5:28 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
2TH 1:1 لە پۆڵس و سیلا و تیمۆساوسەوە، بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:
2TH 1:2 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
2TH 1:3 خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەمووان بۆ یەکتری زیاد دەکات،
2TH 1:4 بۆیە ئێمە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بەهۆی دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لەو هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییانەی کە بەرگەی دەگرن.
2TH 1:5 ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن.
2TH 1:6 لەبەر ئەوەی خودا دادپەروەرە، ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن بە تەنگانە سزایان دەداتەوە،
2TH 1:7 هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت.
2TH 1:8 سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن،
2TH 1:9 ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی،
2TH 1:10 کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.
2TH 1:11 هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی لە باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت بە هێزەوە تەواوی بکات،
2TH 1:12 بۆ ئەوەی ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.
2TH 2:1 ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین
2TH 2:2 خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە.
2TH 2:3 بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە ئەو ڕۆژە نایەت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە نەیەت و مرۆڤی سەرپێچی، واتا کوڕی وێرانبوو دەرنەکەوێت،
2TH 2:4 ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و بانگەشەی خودایەتی دەکات.
2TH 2:5 ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟
2TH 2:6 ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت.
2TH 2:7 ئێستا هێزی سەرپێچی بە نهێنیی کار دەکات، بەڵام تەنها هەتا ئەو کاتەی بەربەست لەسەر ڕێ لادەچێت.
2TH 2:8 ئەوسا سەرپێچیکار ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت.
2TH 2:9 هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەرسوڕهێنەری درۆیین بەکاردەهێنێت،
2TH 2:10 هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات.
2TH 2:11 لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی باوەڕ بە درۆ بکەن،
2TH 2:12 تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.
2TH 2:13 بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە تاکو بەهۆی پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕتان بە ڕاستییەکە، ڕزگارتان بێت.
2TH 2:14 بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
2TH 2:15 کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.
2TH 2:16 با عیسای مەسیحی پەروەردگارمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین،
2TH 2:17 ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.
2TH 3:1 لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن، تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت، هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا،
2TH 3:2 هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات، چونکە هەمووان باوەڕیان نییە.
2TH 3:3 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە، ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت.
2TH 3:4 بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری.
2TH 3:5 با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.
2TH 3:6 ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە ڕاتاندەسپێرین کە لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو فێرکردنە ناڕوات کە لە ئێمەوە وەریگرتووە.
2TH 3:7 ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین،
2TH 3:8 بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان.
2TH 3:9 ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە.
2TH 3:10 تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی کار نەکات، ناخوات.»
2TH 3:11 ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆتان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن.
2TH 3:12 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن.
2TH 3:13 خوشک و برایان، ئێوەش لە چاکەکاری ماندوو مەبن.
2TH 3:14 ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە، دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت.
2TH 3:15 بە دوژمنی دامەنێن، بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.
2TH 3:16 با مەسیحی پەروەردگاری ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.
2TH 3:17 من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە. ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە، من بەم شێوەیە نامە دەنووسم.
2TH 3:18 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.
1TI 1:1 لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،
1TI 1:2 بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
1TI 1:3 کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ‏ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز نەدەن و
1TI 1:4 گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی کە لە باوەڕەوەیە.
1TI 1:5 ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە بریتییە لە خۆشەویستی لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی.
1TI 1:6 هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون،
1TI 1:7 دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە تێناگەن لەوەی کە دەیڵێن و دەیچەسپێنن.
1TI 1:8 بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت،
1TI 1:9 هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان،
1TI 1:10 داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت،
1TI 1:11 بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.
1TI 1:12 سوپاسی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم.
1TI 1:13 هەرچەندە جاران کفرکەر و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام عیسا بەزەیی پێمدا هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی دەمکرد.
1TI 1:14 سەرڕێژ بووم لە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت.
1TI 1:15 ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە.
1TI 1:16 بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی.
1TI 1:17 با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.
1TI 1:18 کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە بە باشی بجەنگیت،
1TI 1:19 دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە، کە هەندێک کەس ڕەتیان کردەوە، جا کەشتی باوەڕیان تێکشکا،
1TI 1:20 لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.
1TI 2:1 بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت،
1TI 2:2 بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو بە ئاشتی و هێمنی و بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە بژین.
1TI 2:3 ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان،
1TI 2:4 ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بەرەو ناسینی ڕاستی بێن،
1TI 2:5 چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە،
1TI 2:6 ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش لە کاتی گونجاو بوو.
1TI 2:7 بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
1TI 2:8 جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن و بێ تووڕەیی و مشتومڕ دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە.
1TI 2:9 ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها،
1TI 2:10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
1TI 2:11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت.
1TI 2:12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت،
1TI 2:13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا.
1TI 2:14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە.
1TI 2:15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.
1TI 3:1 ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە.
1TI 3:2 چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا و ژیر و بەڕێز و میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات،
1TI 3:3 سەرخۆش و توندوتیژ نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، شەڕفرۆش نەبێت، حەزی لە پارە نەبێت.
1TI 3:4 خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن.
1TI 3:5 ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟
1TI 3:6 تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و هەمان سزای شەیتانی بەسەردا بدرێت.
1TI 3:7 دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان.
1TI 3:8 خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت،
1TI 3:9 بە ویژدانێکی پاک دەست بە ڕاستییە قووڵەکانی باوەڕەکەوە بگرن.
1TI 3:10 با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار خزمەت بکەن.
1TI 3:11 ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریا بن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن.
1TI 3:12 با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت و ماڵ و منداڵی باش بەڕێوە ببات.
1TI 3:13 ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن.
1TI 3:14 هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم،
1TI 3:15 تاکو ئەگەر من لە هاتنم دواکەوتم، تۆ بزانی خەڵک چۆن لە ماڵی خودا ڕەفتار بکەن، کە کڵێسای خودای زیندووە و کۆڵەکە و بناغەی ڕاستییە.
1TI 3:16 بێگومان نهێنی لەخواترسی گەورەیە، کە ئەمەیە: «ئەو لە جەستەدا دەرکەوت، لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا، لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا، لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا، لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا و لە شکۆمەندیدا بەرزکرایەوە.»
1TI 4:1 ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون.
1TI 4:2 ئەم جۆرە فێرکردنە لە ڕێگەی درۆزنە دووڕووەکانەوە دێت کە ویژدانیان داخکراوە.
1TI 4:3 هاوسەرگیری قەدەغە دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت.
1TI 4:4 هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە،
1TI 4:5 چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.
1TI 4:6 ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، کە بە وشەکانی باوەڕەکە و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت و شوێنی دەکەویت.
1TI 4:7 ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام خۆت لەسەر لەخواترسی ڕابهێنە.
1TI 4:8 وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
1TI 4:9 ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی پەسەندکردنی تەواوە.
1TI 4:10 بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، چونکە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.
1TI 4:11 بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە.
1TI 4:12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە بە نموونە بۆ باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا.
1TI 4:13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە.
1TI 4:14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
1TI 4:15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت.
1TI 4:16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
1TI 5:1 پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە. وەک برا لەگەڵ گەنجان هەڵسوکەوت بکە،
1TI 5:2 وەک دایک لەگەڵ پیرێژن، لەگەڵ کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.
1TI 5:3 ڕێز لەو بێوەژنانە بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن.
1TI 5:4 بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا.
1TI 5:5 بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە.
1TI 5:6 بەڵام ئەوەی بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە.
1TI 5:7 جا ئەمانەیان پێ ڕابسپێرە تاکو بێ گلەیی بن.
1TI 5:8 بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.
1TI 5:9 ئەگەر بێوەژنێک تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت، لە لیست بنووسرێت.
1TI 5:10 هەروەها دەبێت بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.
1TI 5:11 بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان زاڵ دەبێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن.
1TI 5:12 ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە.
1TI 5:13 هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی هەندێک شت دەکەن کە پێویست نییە.
1TI 5:14 بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت و ماڵ بەڕێوە ببەن و دەرفەت نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان،
1TI 5:15 چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.
1TI 5:16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.
1TI 5:17 ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن،
1TI 5:18 چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،﴾ هەروەها: ﴿کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی.﴾
1TI 5:19 سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت.
1TI 5:20 ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتیان بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.
1TI 5:21 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکە.
1TI 5:22 بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ و بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.
1TI 5:23 ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت، هەندێک شەراب بخۆوە.
1TI 5:24 هەندێک کەس گوناهەکانیان ئاشکرایە و پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێکی دیکە دوایان دەکەوێت.
1TI 5:25 بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.
1TI 6:1 هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با گەورەکانیان بە شیاوی ئەوپەڕی ڕێز بزانن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت.
1TI 6:2 ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە برای باوەڕدارن. لە جێگەی ئەوە، با زیاتر خزمەتیان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن. جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.
1TI 6:3 ئەگەر کەسێک بە جۆرێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە،
1TI 6:4 ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و
1TI 6:5 ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە و لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.
1TI 6:6 بەڵام لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە.
1TI 6:7 لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە.
1TI 6:8 جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین.
1TI 6:9 بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە نێو زۆر ئارەزووی گەوجانە و زیانبەخشەوە، کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت.
1TI 6:10 لەبەر ئەوەی خۆشویستنی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک، هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕەکەیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.
1TI 6:11 بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ.
1TI 6:12 لە کێشمەکێشی باوەڕەکەدا باش تێبکۆشە. دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک لەبەردەم چەندین شایەتدا بە باشی دانت پێدا نا.
1TI 6:13 ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی،
1TI 6:14 کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان،
1TI 6:15 ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان،
1TI 6:16 تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.
1TI 6:17 دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕابسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین.
1TI 6:18 ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن و ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن،
1TI 6:19 بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێکی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن.
1TI 6:20 تیمۆساوس، سپاردەکە بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست،
1TI 6:21 کە هەندێک کردیانە پیشە و لە ڕێگای باوەڕەکە گومڕا بوون. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.
2TI 1:1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،
2TI 1:2 بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
2TI 1:3 سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم.
2TI 1:4 کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی.
2TI 1:5 باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە.
2TI 1:6 لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت،
2TI 1:7 چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.
2TI 1:8 بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت.
2TI 1:9 خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە،
2TI 1:10 ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە.
2TI 1:11 بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام.
2TI 1:12 لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم بکات هەتا ئەو ڕۆژە.
2TI 1:13 بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە.
2TI 1:14 سپاردە چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.
2TI 1:15 ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس.
2TI 1:16 با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە،
2TI 1:17 بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە.
2TI 1:18 با لە‏ ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.
2TI 2:1 بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە.
2TI 2:2 ئەوەی لەبەردەم چەندین شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەش فێربکەن.
2TI 2:3 وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح، لەگەڵمان بەشداری لە ئازار بکە.
2TI 2:4 هیچ سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات.
2TI 2:5 ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت.
2TI 2:6 جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم کەس بێت بەشی خۆی لە بەرهەمەکە ببات.
2TI 2:7 بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ یارمەتیت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.
2TI 2:8 یادی عیسای مەسیح بکە، کە لەنێو مردووان هەستایەوە و لە نەوەی داود بوو. ئەمە پەیامی ئینجیلەکەمە،
2TI 2:9 کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم و وەک تاوانبارێک کۆت و زنجیر کراوم، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت.
2TI 2:10 بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.
2TI 2:11 ئەم قسەیە ڕاستە: «ئەگەر لەگەڵیدا مردبین، لەگەڵیشی دەژین،
2TI 2:12 ئەگەر دانبەخۆدا بگرین، لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین. ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
2TI 2:13 ئەگەر دڵسۆز نەبین، ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە، چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»
2TI 2:14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت.
2TI 2:15 کۆشش بکە وەک کارگەرێکی بێ شەرمەزاری خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، بە ڕێگای ڕاست وشەی ڕاستی لێک بدەیتەوە.
2TI 2:16 خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات.
2TI 2:17 وشەکانیان وەک لاڕەشەیە تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس،
2TI 2:18 کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە.
2TI 2:19 بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: ﴿یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،﴾ هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»
2TI 2:20 بەڵام لە ماڵێکی گەورەدا تەنها قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو دارینە و گڵینیش هەیە کە هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن و هەندێکی دیکەشیان بۆ کاروباری ئاسایین.
2TI 2:21 بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە جامێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.
2TI 2:22 لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە.
2TI 2:23 لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە.
2TI 2:24 بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، توانای فێرکردنی هەبێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانەدا دان بەخۆیدا بگرێت.
2TI 2:25 ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ
2TI 2:26 و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ ئەنجامدانی خواستی خۆی بەندی کردن.
2TI 3:1 ئەوە بزانە کە لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت،
2TI 3:2 چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون،
2TI 3:3 بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن،
2TI 3:4 ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا،
2TI 3:5 ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
2TI 3:6 ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون،
2TI 3:7 هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن.
2TI 3:8 وەک چۆن یەنیس و یەمبریس بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەکەوە ڕەتکراونەتەوە.
2TI 3:9 بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
2TI 3:10 بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن،
2TI 3:11 چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەست لە هەموویان دەربازی کردم.
2TI 3:12 هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە،
2TI 3:13 بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن کە چەواشەکار و چەواشەکراون.
2TI 3:14 بەڵام تۆ، لەسەر ئەوە بمێنەوە کە فێری بوویت و دڵنیابوویت، چونکە زانیت لە کێ فێربوویت،
2TI 3:15 هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری.
2TI 3:16 هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی،
2TI 3:17 تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.
2TI 4:1 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم:
2TI 4:2 وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، خەڵکی ڕاستەڕێ بکە، سەرزەنشت بکە و ورەیان بەرز بکەرەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و هەوڵی فێرکردن،
2TI 4:3 چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە تاکو ختووکەی گوێیان بدات.
2TI 4:4 بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن.
2TI 4:5 بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.
2TI 4:6 سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم و کاتی کۆچکردنم هاتووە.
2TI 4:7 تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست.
2TI 4:8 ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.
2TI 4:9 کۆشش بکە زوو بێیتە لام،
2TI 4:10 چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا.
2TI 4:11 بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە لە خزمەتکردندا سوودی بۆم هەیە.
2TI 4:12 تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس.
2TI 4:13 کاتێک هاتیت، ئەو کەوایە لەگەڵ خۆت بهێنە کە لە ترۆئاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، تۆمارەکانیش بهێنە، بە تایبەت دەستنووسەکان.
2TI 4:14 ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی.
2TI 4:15 خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.
2TI 4:16 لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. خودایە، لەسەریان هەژمارد مەکە.
2TI 4:17 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت و هەموو گەلان بیبیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم.
2TI 4:18 مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەک دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.
2TI 4:19 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە.
2TI 4:20 ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆسم بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێهێشت.
2TI 4:21 کۆشش بکە پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.
2TI 4:22 مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.
TIT 1:1 لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات،
TIT 1:2 بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە.
TIT 1:3 لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.
TIT 1:4 بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.
TIT 1:5 لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت.
TIT 1:6 پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات.
TIT 1:7 لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت،
TIT 1:8 بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت.
TIT 1:9 دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.
TIT 1:10 باسی ئەو شتانە دەکەم، چونکە خەڵکی یاخی زۆرن کە فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت.
TIT 1:11 دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە.
TIT 1:12 یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.»
TIT 1:13 ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕەکەدا دروست بن و
TIT 1:14 سەرنج نەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە.
TIT 1:15 بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە.
TIT 1:16 بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن و گوێڕایەڵ نین و بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.
TIT 2:1 بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت.
TIT 2:2 پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن.
TIT 2:3 هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵکو شتی چاک فێری خەڵکی بکەن،
TIT 2:4 تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت،
TIT 2:5 ژیر و پاک بن، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن و ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت.
TIT 2:6 بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن.
TIT 2:7 لە هەموو شتێکدا بۆیان ببە بە نموونەی چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە،
TIT 2:8 با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت، چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.
TIT 2:9 کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە،
TIT 2:10 هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە.
TIT 2:11 نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات.
TIT 2:12 ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە،
TIT 2:13 لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح،
TIT 2:14 ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری.
TIT 2:15 ئەو شتانە فێری خەڵکی بکە، هانیان بدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشتیان بکە. ڕێگا مەدە کەس بە کەمت بزانێت.
TIT 3:1 یادی باوەڕداران بخەرەوە ملکەچی فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵ بن، بۆ هەموو کارێکی چاک ئامادەبن،
TIT 3:2 قسە بە کەس نەڵێن، شەڕفرۆش نەبن، خۆنەویست بن، لەگەڵ هەموو خەڵک دڵنەرمی پیشان بدەن.
TIT 3:3 پێشتر ئێمەش گێل و یاخی و گومڕا بووین، کۆیلەی هەموو جۆرە هەوەسبازی و چێژ وەرگرتنێک بووین، لە قین و ئیرەییدا دەژیاین، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو.
TIT 3:4 بەڵام، کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان و خۆشەویستییەکەی دەرکەوت،
TIT 3:5 نەک بەهۆی کاری ڕاستودروست کە ئێمە کردوومانە، بەڵکو بە بەزەیی خۆی ڕزگاری کردین، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شوشتنەوەیە بوو، کە بەهۆیەوە ڕۆحی پیرۆز لەدایکبوونەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێی پێ بەخشین،
TIT 3:6 ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە بە دڵفراوانییەوە ڕشتی بەسەرماندا،
TIT 3:7 تاکو، پاش ئەوەی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کراین، بەگوێرەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی ببینە میراتگر.
TIT 3:8 ئەم قسەیە ڕاستە. دەمەوێ سوور بیت لەسەر ئەم شتانە، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هێنا بایەخ بەوە بدەن کە بۆ کرداری چاک خۆیان تەرخان بکەن. ئەم شتانە باش و سوودبەخشە بۆ خەڵک.
TIT 3:9 بەڵام لە گفتوگۆی گێلانە و ڕەچەڵەک و ناکۆکی و شەڕ لەسەر تەورات دووربکەوە، چونکە بێ سوود و پووچە.
TIT 3:10 ناکۆکیکار ئاگادار بکەوە، لەدوای جارێک و دووان، لێی دووربکەوە.
TIT 3:11 دەزانیت کەسانی وەک ئەو، لادەر و گوناهبارە و خۆی حوکمی بەسەر خۆیدا داوە.
TIT 3:12 کاتێک ئەرتیماس یان تیخیکۆس دەنێرمە لات، هەوڵ بدە لە نیکۆپۆلیس بێیت بۆ لام، چونکە بەتەمام زستان لەوێ بمێنمەوە.
TIT 3:13 هەوڵ بدە زیناسی پارێزەر و ئەپۆلۆس بنێری، تاکو پێویستیان بە هیچ نەبێت.
TIT 3:14 پێویستە خەڵکەکەمان فێربن کە خۆیان بۆ کرداری چاک و پێداویستییە گرنگەکان تەرخان بکەن، تاکو بێ بەرهەم نەبن.
TIT 3:15 هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان سڵاوت لێدەکەن. سڵاو لەوانە بکە کە لە باوەڕدا ئێمەیان خۆشدەوێت. با نیعمەت لەگەڵ هەمووتان بێت.
PHM 1:1 لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و
PHM 1:2 خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:
PHM 1:3 با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
PHM 1:4 هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم،
PHM 1:5 چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە.
PHM 1:6 نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین.
PHM 1:7 ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.
PHM 1:8 بۆیە هەرچەندە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا مافی ئەوەم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم،
PHM 1:9 بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم،
PHM 1:10 داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا.
PHM 1:11 پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.
PHM 1:12 ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە.
PHM 1:13 حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنیی مەسیح بکات.
PHM 1:14 بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندیی تۆ هیچ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری.
PHM 1:15 لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوورکەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات،
PHM 1:16 جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا وەک برا هاوبەشن.
PHM 1:17 لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە.
PHM 1:18 ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە.
PHM 1:19 من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی.
PHM 1:20 برا گیان، لە پێناوی عیسای خاوەن شکۆمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە.
PHM 1:21 ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.
PHM 1:22 لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.
PHM 1:23 ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات.
PHM 1:24 هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.
PHM 1:25 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.
HEB 1:1 لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە،
HEB 1:2 بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە.
HEB 1:3 کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.
HEB 1:4 بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.
HEB 1:5 ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: ﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾؟ هەروەها: ﴿من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾؟
HEB 1:6 دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت: ﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾
HEB 1:7 لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ: ﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن، خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾
HEB 1:8 بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت: ﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
HEB 1:9 تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە، بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.﴾
HEB 1:10 هەروەها: ﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
HEB 1:11 ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
HEB 1:12 وەک کەوا دەیپێچیتەوە، وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن، بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾
HEB 1:13 ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: ﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت﴾؟
HEB 1:14 ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟
HEB 2:1 لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین،
HEB 2:2 چونکە ئەگەر پابەندبوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە،
HEB 2:3 ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە،
HEB 2:4 خوداش بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجووی جۆراوجۆر شایەتی بۆ ئەم ڕزگارییە دا، هەروەها بەو بەهرانەی ڕۆحی پیرۆز کە بەگوێرەی خواستی خۆی دابەشی کردوون.
HEB 2:5 ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە.
HEB 2:6 بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە: ﴿مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
HEB 2:7 بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری،
HEB 2:8 تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت.
HEB 2:9 بەڵام عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەموو کەسێک مردن بچێژێ.
HEB 2:10 لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو.
HEB 2:11 عیسا کە خەڵک پیرۆز دەکات و ئەو خەڵکەی پیرۆز کراون هەردووکیان سەر بە یەک خێزانن، لەبەر ئەم هۆیەش عیسا شەرم ناکات بە خوشک یان برا ناویان ببات.
HEB 2:12 دەفەرموێ: ﴿ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم، لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.﴾
HEB 2:13 هەروەها: ﴿من پشت بەو دەبەستم.﴾ دیسان: ﴿ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە خودا پێیداوم.﴾
HEB 2:14 بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە،
HEB 2:15 ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون.
HEB 2:16 بە ڕاستی ئەوە بۆ یارمەتیدانی فریشتە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی نەوەی ئیبراهیمە.
HEB 2:17 لەبەر ئەوە پێویست بوو لە هەموو ڕووێکەوە لە خوشکان و برایانی بچێت تاکو ببێتە سەرۆک کاهینێکی بە بەزەیی و دڵسۆز لە خزمەتکردنی خودا، هەروەها ببێتە کەفارەت لە پێناوی گوناهەکانی خەڵک.
HEB 2:18 لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.
HEB 3:1 کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە.
HEB 3:2 ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو.
HEB 3:3 عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە.
HEB 3:4 لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە.
HEB 3:5 موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو.
HEB 3:6 بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.
HEB 3:7 لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: ﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
HEB 3:8 دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا، لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
HEB 3:9 لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە، هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
HEB 3:10 لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و ڕێگای منیان نەناسی.»
HEB 3:11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾
HEB 3:12 خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە.
HEB 3:13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ ﴿ئەمڕۆ،﴾ تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت.
HEB 3:14 بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە.
HEB 3:15 وەک چۆن گوتراوە: ﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.﴾
HEB 3:16 جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟
HEB 3:17 خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟
HEB 3:18 خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟
HEB 3:19 هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.
HEB 4:1 بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی لەدەست بچێت.
HEB 4:2 هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت.
HEB 4:3 ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی: ﴿بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾ هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون.
HEB 4:4 لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: ﴿ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.﴾
HEB 4:5 دیسان لەو دەقەدا دەفەرموێت: ﴿نایەنە ناو حەسانەوەی من.﴾
HEB 4:6 ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات.
HEB 4:7 دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد: ﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.﴾
HEB 4:8 لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد.
HEB 4:9 کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە،
HEB 4:10 چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا.
HEB 4:11 بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت.
HEB 4:12 چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە.
HEB 4:13 بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.
HEB 4:14 لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆکی کاهینانە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەی کە دانمان پێدا ناوە،
HEB 4:15 چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو.
HEB 4:16 بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.
HEB 5:1 هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات.
HEB 5:2 دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە.
HEB 5:3 لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.
HEB 5:4 کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد.
HEB 5:5 بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆکی کاهینان، بەڵکو خودا پێی فەرموو: ﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾
HEB 5:6 وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ: ﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت، لە پلەی مەلکیسادق‏.﴾
HEB 5:7 عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا.
HEB 5:8 هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و
HEB 5:9 لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن.
HEB 5:10 ئیتر لەلای خوداشەوە بە سەرۆکی کاهینان ناونرا، لە پلەی مەلکیسادق.
HEB 5:11 لەم بارەیەوە قسەمان زۆرە بیکەین، بەڵام ڕوونکردنەوەی زەحمەتە، چونکە گوێتان گران بووە.
HEB 5:12 هەرچەندە دەبووایە ئێوە ئێستا مامۆستا بوونایە، پێویستتان بە کەسێکە دیسان بنەما سەرەکییەکانی وشەی خوداتان فێر بکات. واتان لێ هاتووە پێویستتان بە شیر بێت نەک خۆراکی بەهێز.
HEB 5:13 هەر یەکێک شیرەخۆرە بێت ئەوا لە فێرکردنی ڕاستودروستی ڕانەهاتووە، چونکە ساوایە.
HEB 5:14 بەڵام خۆراکی بەهێز بۆ ئەوانەیە کە پێگەیشتوون، ئەوانەی کە بە بەردەوامی مەشقیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن چاکە و خراپە جیا بکەنەوە.
HEB 6:1 بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا،
HEB 6:2 فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی.
HEB 6:3 ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.
HEB 6:4 ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز،
HEB 6:5 هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە،
HEB 6:6 ئەگەر هەڵگەڕانەوە، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.
HEB 6:7 لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانە دەخواتەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێکی بە سوود دەدات بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە بەرەکەتدار دەبێت.
HEB 6:8 بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی بەرهەم هێنا، ئەوا پووچە و نزیکە لە نەفرەت، کۆتاییەکەشی سووتانە.
HEB 6:9 خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری.
HEB 6:10 خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن.
HEB 6:11 ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا هەتا کۆتایی،
HEB 6:12 بۆ ئەوەی تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.
HEB 6:13 کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات،
HEB 6:14 فەرمووی: ﴿بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت زۆر دەکەم.﴾
HEB 6:15 بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.
HEB 6:16 خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە.
HEB 6:17 خودا سوێندی خوارد، چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات.
HEB 6:18 خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، دەیەوێت ئێمە زۆر هانبدرێین، کە پەنامان بۆ ئەو بردووە بۆ ئەوەی دەستبگرین بەو هیوایەی کە پێمان دراوە.
HEB 6:19 ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە،
HEB 6:20 لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆکی کاهینان، لە پلەی مەلکیسادق.
HEB 7:1 ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،
HEB 7:2 ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتا «پاشای ئاشتی».
HEB 7:3 بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.
HEB 7:4 سەرنج بدەن چەند کەسێکی گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ.
HEB 7:5 بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، واتا لە براکانیان، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن.
HEB 7:6 ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد.
HEB 7:7 بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترینەوە بەرەکەتدار دەکرێت.
HEB 7:8 لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە.
HEB 7:9 ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە،
HEB 7:10 چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.
HEB 7:11 ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟
HEB 7:12 چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕدرێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕدرێت.
HEB 7:13 ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای نەکردووە.
HEB 7:14 ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە.
HEB 7:15 زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت،
HEB 7:16 کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت،
HEB 7:17 چونکە شایەتی دەدات: ﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت، لە پلەی مەلکیسادق.﴾
HEB 7:18 ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو،
HEB 7:19 چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.
HEB 7:20 ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین،
HEB 7:21 بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو: ﴿یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت: «هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»﴾
HEB 7:22 بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.
HEB 7:23 کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن.
HEB 7:24 بەڵام لەبەر ئەوەی عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە.
HEB 7:25 بەو هۆیەوە دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.
HEB 7:26 لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆکی کاهینانە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا.
HEB 7:27 ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆکی کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان.
HEB 7:28 تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆکی کاهینان دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە دادەنێت کە بۆ هەتاهەتایە کامڵ و تەواو کراوە.
HEB 8:1 گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی خودای پایەبەرز دانیشت،
HEB 8:2 خزمەتکاری پیرۆزگا و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی پەروەردگار دایناوە نەک مرۆڤ.
HEB 8:3 لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات.
HEB 8:4 ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات.
HEB 8:5 ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: ﴿بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.﴾
HEB 8:6 بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.
HEB 8:7 لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا.
HEB 8:8 بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ: ﴿یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت، پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
HEB 8:9 وەک ئەو پەیمانە نابێت کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم، چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن، ئیتر منیش پشتگوێم خستن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
HEB 8:10 یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم، فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و لەسەر دڵیان دەینووسم، من دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
HEB 8:11 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،» چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
HEB 8:12 چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾
HEB 8:13 کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن و پیر بوو، ئەوا لە نەمان نزیکە.
HEB 9:1 ڕاستە کە پەیمانەکەی یەکەم ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە.
HEB 9:2 چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز.
HEB 9:3 پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز،
HEB 9:4 بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدابوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان.
HEB 9:5 لەسەریشی کەڕوبەکانی شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین.
HEB 9:6 کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچوونە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت.
HEB 9:7 بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک دەچوو، ئەویش بێ خوێن نەدەبوو. خوێنەکەی لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل پێشکەش دەکرد کە بە نەزانی کردوویانە.
HEB 9:8 بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژەی دەکرد کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت.
HEB 9:9 ئەوەش هێما بوو بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن.
HEB 9:10 ئەوانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتین کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ.
HEB 9:11 بەڵام کاتێک مەسیح وەک سەرۆکی کاهینان هات بۆ ئەو شتە باشانەی ئێستا هەن، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتا هی بەدیهێنراو نییە.
HEB 9:12 بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت،
HEB 9:13 چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت، پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە،
HEB 9:14 ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین.
HEB 9:15 لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.
HEB 9:16 ئەگەر وەسیەتنامە هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ،
HEB 9:17 چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت.
HEB 9:18 بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا،
HEB 9:19 چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی.
HEB 9:20 فەرمووی: ﴿ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.﴾
HEB 9:21 هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن.
HEB 9:22 بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.
HEB 9:23 پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە،
HEB 9:24 چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت.
HEB 9:25 هەروەها بۆ ئەوە نەچووە ئاسمان کە چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک بە خوێنێک کە هی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز.
HEB 9:26 ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی.
HEB 9:27 وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،
HEB 9:28 ‏مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بە‏ قوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.
HEB 10:1 تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە کامڵ و تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە.
HEB 10:2 ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن.
HEB 10:3 بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە،
HEB 10:4 چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.
HEB 10:5 لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی: ﴿بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم.
HEB 10:6 بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.
HEB 10:7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە، تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم، ئەی خودا.»﴾
HEB 10:8 لە سەرەوە فەرمووی: ﴿تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،﴾ ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت،
HEB 10:9 ئینجا مەسیح فەرمووی: ﴿ئەوەتا هاتم تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم.﴾ یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ.
HEB 10:10 بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.
HEB 10:11 هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات.
HEB 10:12 بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت،
HEB 10:13 لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی،
HEB 10:14 چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.
HEB 10:15 ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:
HEB 10:16 ﴿یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم، «فێرکردنەکانم دەخەمە ناو دڵیان و لەناو مێشکیان دەینووسم.»﴾
HEB 10:17 پاشان دەفەرموێت: ﴿لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾
HEB 10:18 لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.
HEB 10:19 بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە،
HEB 10:20 بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە،
HEB 10:21 لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا دەکات،
HEB 10:22 هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا.
HEB 10:23 با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە.
HEB 10:24 هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک.
HEB 10:25 با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.
HEB 10:26 ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە،
HEB 10:27 بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات.
HEB 10:28 ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرا.
HEB 10:29 بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟
HEB 10:30 لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: ﴿تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ هەروەها: ﴿یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.﴾
HEB 10:31 کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.
HEB 10:32 ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت.
HEB 10:33 هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە.
HEB 10:34 هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.
HEB 10:35 کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە،
HEB 10:36 چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن،
HEB 10:37 چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت، ﴿ئەوەی دێت، بێگومان دێت و دواناکەوێت.
HEB 10:38 ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت، هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە، ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.﴾
HEB 10:39 جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕێنەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.
HEB 11:1 باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین،
HEB 11:2 چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
HEB 11:3 بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
HEB 11:4 بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
HEB 11:5 بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە.
HEB 11:6 بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
HEB 11:7 بە باوەڕ نوح کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ترسی خودای کەوتە دڵ و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی خاووخێزانەکەی. بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
HEB 11:8 بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت.
HEB 11:9 بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێندراو نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون،
HEB 11:10 چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی.
HEB 11:11 بە باوەڕ سارا توانای سکوزای پێدرا، هەرچەندە نەزۆک بوو و تەمەنی سکوزاشی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیا بوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە.
HEB 11:12 بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات.
HEB 11:13 هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن.
HEB 11:14 ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن.
HEB 11:15 ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو.
HEB 11:16 بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.
HEB 11:17 بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی،
HEB 11:18 هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾
HEB 11:19 ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
HEB 11:20 بە باوەڕ ئیسحاق داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.
HEB 11:21 بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد.
HEB 11:22 بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن.
HEB 11:23 بە باوەڕ کاتێک موسا لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.
HEB 11:24 بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت.
HEB 11:25 بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت.
HEB 11:26 موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە.
HEB 11:27 بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت چونکە ئەوەی بینی کە نەبینراوە.
HEB 11:28 بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە دەستیان لێ بدات.
HEB 11:29 بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.
HEB 11:30 بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە.
HEB 11:31 بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد.
HEB 11:32 چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم،
HEB 11:33 کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست،
HEB 11:34 هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە.
HEB 11:35 هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت.
HEB 11:36 هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە.
HEB 11:37 بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون.
HEB 11:38 جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
HEB 11:39 هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت،
HEB 11:40 چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.
HEB 12:1 کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمان دانراوە.
HEB 12:2 با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت.
HEB 12:3 با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.
HEB 12:4 لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێنڕشتن بەرگریتان نەکردووە.
HEB 12:5 ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت: ﴿ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،
HEB 12:6 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات، هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریبگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.﴾
HEB 12:7 کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟
HEB 12:8 ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین.
HEB 12:9 سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟
HEB 12:10 باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین.
HEB 12:11 هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.
HEB 12:12 کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن،
HEB 12:13 ﴿ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،﴾ تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.
HEB 12:14 کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت.
HEB 12:15 ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو ببێت.
HEB 12:16 ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت.
HEB 12:17 دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.
HEB 12:18 ئێوە نەهاتوونەتە لای شاخێک دەستی لێ بدرێت، لای ئاگرێکی بەتین، لای تاریکی، لای تەم، لای گەردەلوول،
HEB 12:19 لای دەنگی کەڕەنا، لای دەنگی قسەکردنێک وا لە گوێگران بکات بپاڕێنەوە ئیتر ئەم قسانەیان بۆ نەکرێت،
HEB 12:20 لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بەرگەی فەرمانەکانی خودا بگرن: ﴿تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیش دەستی بەر ئەو کێوە بکەوێ، دەبێ بەردباران بکرێت.﴾
HEB 12:21 دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، موسا گوتی: ﴿من لە ترسان دەلەرزم.﴾
HEB 12:22 بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە،
HEB 12:23 بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون،
HEB 12:24 بۆ لای عیسا، کە ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، بۆ خوێنێکی پرژێنراو کە لە خوێنی هابیل باشتر دەدوێت.
HEB 12:25 ئاگاداربن قسەکەرەکە ڕەت مەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانەی قسەکەری سەر زەوییان ڕەتکردەوە دەرباز نەبووبن، ئایا ئێمە چۆن دەرباز دەبین ئەگەر لە قسەکەری ئاسمان هەڵبگەڕێینەوە؟
HEB 12:26 ئەوسا دەنگی خودا زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا بەڵێنی داوە و دەفەرموێ: ﴿جارێکی دیکە نەک تەنها زەوی دەهەژێنم، بەڵکو ئاسمانیش.﴾
HEB 12:27 وشەی «جارێکی دیکە» ئاماژەیە بۆ سڕینەوەی ئەو شتانەی کە دەهەژێن، واتا شتە دروستکراوەکان، تاکو ئەو شتانەی کە ناهەژێن بمێننەوە.
HEB 12:28 لەبەر ئەوە با سوپاسگوزار بین، چونکە شانشینێک وەردەگرین کە ناهەژێت، بەهۆیەوە بە شێوازێکی پەسەند بە ترس و ڕێزەوە خودا بپەرستین،
HEB 12:29 چونکە ﴿خودامان ئاگرێکی بەتینە.﴾
HEB 13:1 بەردەوام بن لەسەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتر وەک خوشک و برا.
HEB 13:2 میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە.
HEB 13:3 یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، هەروەها زۆرلێکراوانیش وەک ئەوەی خۆتان لەگەڵ ئەواندا زۆرلێکراو بن.
HEB 13:4 با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات.
HEB 13:5 با ژیانتان بێ خۆشویستنی پارە بێت و ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی: ﴿هەرگیز پشتگوێت ناخەم، هەرگیز وازت لێ ناهێنم.﴾
HEB 13:6 کەواتە بە متمانەوە دەڵێین: ﴿یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم. مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟﴾
HEB 13:7 ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە.
HEB 13:8 عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.
HEB 13:9 مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین.
HEB 13:10 ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.
HEB 13:11 سەرۆکی کاهینان خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلاکەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن.
HEB 13:12 لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات.
HEB 13:13 کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین.
HEB 13:14 لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.
HEB 13:15 لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانیی ئێمەیە بۆ خودا.
HEB 13:16 هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.
HEB 13:17 گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە ئێشکتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.
HEB 13:18 نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت.
HEB 13:19 زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان.
HEB 13:20 با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان،
HEB 13:21 بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.
HEB 13:22 خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، بە سنگفراوانییەوە ئەم وتەی هاندانە وەربگرن، چونکە تەنها نامەیەکی کورتم بۆ نووسیون.
HEB 13:23 بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد کراوە. ئەگەر زوو هات، بەیەکەوە دیدەنیتان دەکەین.
HEB 13:24 سڵاو لە هەموو ڕابەران و تەواوی باوەڕداران بکەن. باوەڕدارانی ئیتالیا سڵاوتان لێدەکەن.
HEB 13:25 با نیعمەتی خودا لەگەڵ هەمووتان بێت.
JAM 1:1 لە یاقوبی بەندەی خودا و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، بۆ دوازدە هۆزەکە کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاو بوونەتەوە: سڵاو.
JAM 1:2 خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە نێو جۆرەها تاقیکردنەوە و ناخۆشییەوە،
JAM 1:3 چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات.
JAM 1:4 با دانبەخۆداگرتن کاری خۆی تەواو بکات، بۆ ئەوەی تەواو و پێگەیشتوو بن و کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت.
JAM 1:5 ئەگەر یەکێکتان لە دانایی کەموکوڕی هەیە، با داوا لە خودا بکات، کە بە دڵفراوانی بە هەمووان دەبەخشێت و گلەییش ناکات، پێشی دەبەخشرێت.
JAM 1:6 بەڵام با بە باوەڕەوە داوا بکات و گومان نەکات، چونکە ئەوەی گومان دەکات وەک شەپۆلی دەریا وایە، با دەیهێنێت و دەیبات.
JAM 1:7 ئەو مرۆڤە با بیرنەکاتەوە کە شتێک لە مەسیحی باڵادەستەوە وەردەگرێت،
JAM 1:8 چونکە مرۆڤی ڕاڕا، لە هیچ یەک لە ڕێگاکانی چەسپاو نییە.
JAM 1:9 با برای پایەنزم شانازی بە بەرزییەکەیەوە بکات،
JAM 1:10 دەوڵەمەندیش بە نزمییەکەی، چونکە وەک گوڵی گژوگیا لەناودەچێت.
JAM 1:11 لەبەر ئەوەی ڕۆژ بە گەرمییە سووتێنەرەکەی هەڵدێت، گژوگیا وشک دەبێت و گوڵەکەی هەڵدەوەرێت و دیمەنی جوانی نامێنێت. بە هەمان شێوە، دەوڵەمەندیش کاتێک سەرقاڵە بە کارەکانییەوە لەناودەچێت.
JAM 1:12 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە سەلمێنرا تاجی ژیان وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت.
JAM 1:13 کاتێک کەسێک تاقی دەکرێتەوە، با نەڵێت: «لەلایەن خوداوە تاقی دەکرێمەوە،» چونکە خودا لە کاری خراپەدا تاقی ناکرێتەوە، ئەویش کەس بەو شێوەیە تاقی ناکاتەوە.
JAM 1:14 بەڵام هەرکەسێک بەو ئارەزووە خراپەی کە هەیەتی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر پێی ڕاکێشرا و هەڵخەڵەتا.
JAM 1:15 کە ئارەزووی خراپ سک بکات گوناهی لێ دەبێت، گوناهیش کە گەشەی کرد مردن بەرهەم دێنێت.
JAM 1:16 خوشک و برایانی خۆشەویستم، هەڵمەخەڵەتێن.
JAM 1:17 هەموو بەخشینێکی چاک و بەهرەیەکی تەواو لەلایەن سەرەوەیە، لەلای باوکی ڕووناکییەکانەوە دێتە خوارەوە، ئەوەی ناگۆڕێت و سێبەری خولانەوەی نییە.
JAM 1:18 خواستی لەسەر بوو کە بە وشەی ڕاستی لەدایک ببین، تاکو ببینە نۆبەرەی بەدیهێنراوانی.
JAM 1:19 خوشک و برا خۆشەویستەکانم، ئەمەتان بیر نەچێت: با هەر مرۆڤێک لە گوێگرتندا خێرا بێت، لە قسەکردندا لەسەرخۆ بێت، لە تووڕەبووندا خاو بێت،
JAM 1:20 چونکە تووڕەیی مرۆڤ ڕاستودروستی خودا ناهێنێتە کایەوە.
JAM 1:21 کەواتە هەموو گڵاوی و گەشەکردنێکی بەدکاری دابکەنن، ئەو وشەیەی کە لە ئێوەدا چانراوە بە دڵنەرمییەوە وەریبگرن، ئەوەی دەتوانێت گیانتان ڕزگار بکات.
JAM 1:22 تەنها گوێگری وشەی خودا مەبن، بەڵکو کاری پێ بکەن، ئەگینا خۆتان هەڵدەخەڵەتێنن،
JAM 1:23 چونکە ئەگەر یەکێک گوێگری وشەی خودا بێت و کاری پێ نەکات، وەک یەکێک وایە لە ئاوێنەدا سەیری ڕوخساری خۆی بکات،
JAM 1:24 ئینجا دوای ئەوەی سەیری خۆی دەکات و دەڕوات، یەکسەر لەبیری دەچێت چۆن بووە.
JAM 1:25 بەڵام هەرکەسێک بە وردی سەرنجی ئەو شەریعەتە تەواوە بدات کە ئازادی دەبەخشێت، هەروەها بەردەوام کاری پێ بکات و ئەوەی دەبیستێت لەیادی نەکات بەڵکو کاری پێ بکات، ئەوا ئەمە لە کرداریدا بەرەکەتدارە.
JAM 1:26 ئەوەی خۆی بە دیندار دابنێت و زمانی خۆی نەپارێزێت، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت و دیندارییەکەی پووچە.
JAM 1:27 ئایینی پاک و بێگەرد لەلای خودای باوک ئەمەیە: بەسەرکردنەوەی هەتیوان و بێوەژنان لە تەنگانەیاندا، هەروەها خۆی لە گڵاویی جیهان بپارێزێت.
JAM 2:1 ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین.
JAM 2:2 ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس،
JAM 2:3 تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،»
JAM 2:4 ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟
JAM 2:5 خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە تاکو لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن، کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟
JAM 2:6 بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟
JAM 2:7 ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟
JAM 2:8 ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ چاک دەکەن.
JAM 2:9 بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن،
JAM 2:10 چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت، بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت، ئەوا لە هەمووی تاوانبارە.
JAM 2:11 ئەوەی فەرموویەتی: ﴿داوێنپیسی مەکە،﴾ هەروەها فەرمووشیەتی: ﴿مەکوژە.﴾ ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە.
JAM 2:12 ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک ئەوەی بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن،
JAM 2:13 چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت.
JAM 2:14 خوشکان و برایانم، چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟
JAM 2:15 ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو،
JAM 2:16 یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟
JAM 2:17 بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە.
JAM 2:18 لەوانەیە کەسێک بڵێ: «تۆ باوەڕت هەیە و من ‏کردار.» نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت، ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە‏.
JAM 2:19 تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن.
JAM 2:20 ئەی مرۆڤی گێل، دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار نەزۆکە؟
JAM 2:21 ئایا ئیبراهیمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەکرا، کاتێک لەسەر قوربانگا ئیسحاقی کوڕی پێشکەش کرد؟
JAM 2:22 دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو، باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو.
JAM 2:23 نووسراوە پیرۆزەکەش هاتە دی کە دەفەرموێ: ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا،﴾ هەروەها ناوی لێنرا دۆستی خودا.
JAM 2:24 دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت نەک تەنها بە باوەڕ.
JAM 2:25 بەم شێوەیە ڕاحابی لەشفرۆش، ئایا بە کردار بێتاوان نەبوو، کە پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟
JAM 2:26 هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە.
JAM 3:1 خوشکان و برایانم، زۆرتان مەبنە فێرکار، بزانن لێپرسینەوەی قورسترمان لەگەڵ دەکرێت.
JAM 3:2 هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین. ئەگەر یەکێک هەیە لە قسەکردندا هەڵە ناکات، ئەوە مرۆڤێکی تەواوە و دەتوانێت جڵەوی هەموو جەستەی بگرێتە دەست.
JAM 3:3 ئێمە لغاو دەکەینە دەمی ئەسپ تاکو گوێڕایەڵمان بێت و هەموو لەشی ئاراستە بکەین.
JAM 3:4 سەیری کەشتی بکەن، هەرچەندە گەورەیە و بای بەهێز دەیبات، کەچی بە سەوڵێکی بچووک بۆ هەر لایەک کەشتیوان بیەوێت ئاراستەی دەکات.
JAM 3:5 بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە، بەڵام شانازی بە لەخۆباییبوونەوە دەکات. ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ.
JAM 3:6 زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.
JAM 3:7 مرۆڤ دەتوانێت هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کێوی و باڵندە و خشۆک و بوونەوەرێکی ئاوی دەستەمۆ بکات و کردووشیەتی،
JAM 3:8 بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات. خراپەیەکە ناگیرێت، پڕە لە ژەهری کوشندە.
JAM 3:9 بە زمان ستایشی یەزدان و خودای باوک دەکەین، هەر بە هەمان زمانیش نەفرەت لەو خەڵکە دەکەین کە لە شێوەی خودا دروستکراون.
JAM 3:10 ستایش و نەفرەت لە هەمان دەم دێتە دەرەوە. خوشکان و برایانم، ئەمە پەسەند نییە.
JAM 3:11 ئایا لە یەک کانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هەڵدەقوڵێت؟
JAM 3:12 خوشکان و برایانم، ئایا دار هەنجیر زەیتوون دەگرێت، یان مێو هەنجیر؟ بەم شێوەیەش کانی سوێر ئاوی سازگار نادات.
JAM 3:13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی نیشانی بدات، هەروەها بەو کارانەی کە بە بێفیزییەوە ئەنجامی دەدات و لە داناییەوە سەرچاوە دەگرێت.
JAM 3:14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن.
JAM 3:15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە،
JAM 3:16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
JAM 3:17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر و دووڕوو نییە.
JAM 3:18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.
JAM 4:1 هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شەڕ و ناکۆکییەی نێوانتان چییە؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکانتانەوە نییە کە لە ئەندامەکانی لەشتاندا دەجەنگن.
JAM 4:2 ئارەزوو دەکەن و نیتانە، هەر بۆیە دەکوژن. ئیرەیی دەبەن و ناتوانن دەستتان بکەوێت، هەر بۆیە ناکۆکی دەکەن و شەڕ دەکەن. نیتانە، چونکە لە خودا داوا ناکەن.
JAM 4:3 کاتێک داوا دەکەن وەریناگرن، چونکە بە پاڵنەری خراپ داوا دەکەن، تاکو ئارەزووەکانتانی پێ تێر بکەن.
JAM 4:4 ئەی داوێنپیسان، نازانن دۆستایەتی جیهان دوژمنایەتی خودایە؟ بۆیە ئەوەی بیەوێت ببێتە دۆستی جیهان، ئەوا بووەتە دوژمنی خودا.
JAM 4:5 یاخود وا دەزانن نووسراوە پیرۆزەکە لەخۆڕا دەفەرموێ، خودا بە دڵگەرمی پەرۆشە بەو ڕۆحەی کە تیاماندا نیشتەجێی کردووە؟
JAM 4:6 بەڵام نیعمەتی زیاتر دەدات، بۆیە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێت: ﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾
JAM 4:7 بۆیە ملکەچی خودا بن. بەرهەڵستی شەیتان بکەن، لێتان هەڵدێت.
JAM 4:8 لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە. دەستتان خاوێن بکەنەوە ئەی گوناهباران، دڵتان پاک بکەنەوە ئەی ڕاڕایەکان.
JAM 4:9 خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خەفەت.
JAM 4:10 لەبەردەم پەروەردگاردا بێفیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە.
JAM 4:11 خوشکان، برایان، بە خراپە باسی یەکتری مەکەن. ئەوەی بە خراپە باسی خوشک یان براکەی بکات یاخود حوکمیان بدات، ئەوا بە خراپە باسی تەورات دەکات و تەورات حوکم دەدات. ئەگەر تەورات حوکم بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە.
JAM 4:12 تەنها یەک شەریعەتدانەر و دادوەر هەیە، ئەو دەتوانێت ڕزگار بکات و لەناوببات. بەڵام تۆ کێی تاکو نزیکەکەت حوکم بدەیت؟
JAM 4:13 وەرن ئەوانەی دەڵێن: «ئەمڕۆ یان بەیانی دەڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک لەوێ دەبین و کاسبی دەکەین و قازانج دەکەین.»
JAM 4:14 ئێوە کە نازانن بەیانی چی دەبێت، ژیانتان چییە؟ چونکە هەڵمێکە، ماوەیەک دەردەکەوێت، دواتر نامێنێت.
JAM 4:15 لە جیاتی ئەوە بڵێن: «ئەگەر مەسیحی باڵادەست خواستی لەسەر بوو و ژیاین، ئەمە و ئەوە دەکەین.»
JAM 4:16 بەڵام ئێوە شانازی بە لووتبەرزیتانەوە دەکەن، هەموو شانازییەکی ئاواش خراپە.
JAM 4:17 بۆیە ئەوەی بزانێت چاکە بکات و نەیکات، گوناه دەکات.
JAM 5:1 وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت.
JAM 5:2 سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە،
JAM 5:3 زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە.
JAM 5:4 ئەوەتا ئەو کرێیەی کە نەتانداوە بەو کرێکارانەی کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار.
JAM 5:5 لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە.
JAM 5:6 بێتاوانەکەتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەی نەدەکرد.
JAM 5:7 بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. تەماشا بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە بەهادارەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت.
JAM 5:8 ئێوەش ئارام بگرن و ورەتان بەرز بێت، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە.
JAM 5:9 خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
JAM 5:10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد.
JAM 5:11 وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد، چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.
JAM 5:12 خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با قسەتان «بەڵێ» بۆ «بەڵێ» و «نەخێر» بۆ «نەخێر» بێت، نەوەک تاوانبار بکرێن.
JAM 5:13 کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات.
JAM 5:14 کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن.
JAM 5:15 ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت.
JAM 5:16 بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.
JAM 5:17 ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری.
JAM 5:18 نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا.
JAM 5:19 خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە،
JAM 5:20 با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.
1PE 1:1 لە پەترۆسی نێردراوی عیسای مەسیحەوە، بۆ ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، بێگانە پەراگەندەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیا و کەپەدۆکیا و ئاسیا و بیسینیا،
1PE 1:2 کە بەگوێرەی زانینی پێشووی خودای باوک هەڵبژێردراون، بە پیرۆزکردنی ڕۆحی خۆی بۆ گوێڕایەڵی عیسای مەسیح و پرژاندنی خوێنەکەی: با نیعمەت و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.
1PE 1:3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان! بەهۆی بەزەییە فراوانەکەیەوە لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان،
1PE 1:4 بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە. ئەو میراتە بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە،
1PE 1:5 ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ.
1PE 1:6 ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆرەوە ئازار بچێژن،
1PE 1:7 تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترە، هەرچەندە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، کاتێک عیسای مەسیح ئاشکرا دەکرێت ستایش و شکۆ و ڕێزی بەدواوە دەبێت.
1PE 1:8 هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە،
1PE 1:9 چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتا ڕزگاریی دەروونتان.
1PE 1:10 ئەو پێغەمبەرانەی کە پێشبینییان کرد لەسەر ئەو نیعمەتەی کە خودا بۆ ئێوەی ئامادە کردبوو، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە بابەتی ئەو ڕزگاربوونە کرد و بەدوایدا گەڕان،
1PE 1:11 ڕۆحی مەسیح کە تێیاندابوو، ئاگاداری دەکردنەوە سەبارەت بە ئازارەکانی مەسیح و ئەو شکۆداربوونەی لەدوای ئازارەکانەوە دێت، هەوڵیان دەدا کە بزانن ڕۆحی پیرۆز ئاماژە بە چی دەکات لەبارەی کاتی ڕوودانەکەی یان بارودۆخی جیهان لە کاتی ڕوودانەکەی.
1PE 1:12 بۆیان ئاشکرا کرا کە پەیامەکە بۆ خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو، واتا ڕووداوەکان لە سەردەمی ئێوە ڕوودەدەن. ئێستا پێتان ڕاگەیەنرا بەهۆی ئەوانەی مزگێنییان پێ بەخشین بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە فریشتەکانیش بە پەرۆشن لێیان ورد ببنەوە.
1PE 1:13 بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت.
1PE 1:14 وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن،
1PE 1:15 بەڵکو هەروەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن،
1PE 1:16 چونکە نووسراوە: ﴿پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.﴾
1PE 1:17 لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین.
1PE 1:18 دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە،
1PE 1:19 بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، کە وەک بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕییە.
1PE 1:20 لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت.
1PE 1:21 بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.
1PE 1:22 بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ.
1PE 1:23 ئێوەش لەدایک بوونەوە، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە،
1PE 1:24 چونکە نووسراوە: ﴿هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە. گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
1PE 1:25 بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.﴾ ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.
1PE 2:1 بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن.
1PE 2:2 وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن،
1PE 2:3 چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.
1PE 2:4 ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە،
1PE 2:5 ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیاد دەنرێن، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە،
1PE 2:6 چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە: ﴿ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، گرنگترین بەردی بناغەی هەڵبژێردراو و گرانبەها، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾
1PE 2:7 بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان، ﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،﴾
1PE 2:8 هەروەها: ﴿دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.﴾ ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون، چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.
1PE 2:9 بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی.
1PE 2:10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرتووە.
1PE 2:11 خۆشەویستان، ئێوە نامۆ و بێگانەن بەم جیهانە، هەر بۆیە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگن.
1PE 2:12 با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خودا، ئەوانیش خودا شکۆدار بکەن.
1PE 2:13 لەبەر مەسیحی باڵادەست، ملکەچی هەموو دامودەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار،
1PE 2:14 یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران،
1PE 2:15 چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانیی گێلەکان بێدەنگ بکەن.
1PE 2:16 وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین.
1PE 2:17 ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن و ڕێز لە پاشا بگرن.
1PE 2:18 ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش،
1PE 2:19 چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە.
1PE 2:20 بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا.
1PE 2:21 بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.
1PE 2:22 ﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو، فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾
1PE 2:23 ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە.
1PE 2:24 ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.
1PE 2:25 ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.
1PE 3:1 ئەی ژنەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی مێردەکانتان بن، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون، ئەوا ژنەکان بێ وشە بە ڕەوشتیان دەیانبەنەوە،
1PE 3:2 کاتێک لەخواترسی و ڕەوشتی پاکتان ببینن.
1PE 3:3 با ڕازاوەییتان دەرەکی نەبێت، لە ئەگریجەی پرچ و زێڕ بەخۆوەکردن و جلی باش لەبەرکردن،
1PE 3:4 بەڵکو لەناو دڵتاندا شاراوە و لەناونەچوو بێ، ڕازاندنەوەی ڕۆحێکی نەرم و هێمن، ئەوەی لەلای خودا گرانبەهایە،
1PE 3:5 چونکە بەم شێوەیە ژنە پیرۆزەکان لە کۆندا، کە هیوایان بە خودا بوو، خۆیان دەڕازاندەوە، ملکەچی مێردەکانیان دەبوون،
1PE 3:6 وەک سارا گوێڕایەڵی ئیبراهیم بوو، بە گەورە بانگی دەکرد. ئێوەش بوونەتە کچی ئەو، ئەگەر چاکە بکەن و لە هیچ شتێک نەترسن.
1PE 3:7 بە هەمان شێوە، مێردەکان، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ژنەکانتاندا بژین و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە ئێوە ناسکترن. ڕێزیان بگرن، چونکە لەگەڵتاندا هاومیراتی نیعمەتی ژیانن، بۆ ئەوەی نوێژەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت.
1PE 3:8 لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و یەکتریتان خۆشبوێت، میهرەبان و ڕۆحسووک بن.
1PE 3:9 خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت،
1PE 3:10 چونکە ﴿ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و ڕۆژگاری خۆش ببینێت، با زمانی لە خراپە بپارێزێت و لێوەکانی لە فێڵبازی.
1PE 3:11 با لە خراپە لابدات و چاکە بکات، با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،
1PE 3:12 چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە. بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.﴾
1PE 3:13 کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟
1PE 3:14 بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. ﴿مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.﴾
1PE 3:15 بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە.
1PE 3:16 هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن،
1PE 3:17 چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری.
1PE 3:18 لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،
1PE 3:19 بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان،
1PE 3:20 بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەو کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون.
1PE 3:21 ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح،
1PE 3:22 ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.
1PE 4:1 وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناهکردن دەوەستێ،
1PE 4:2 تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا.
1PE 4:3 ئیتر ئەو کاتەی لە ئەنجامدانی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستیی قێزەون.
1PE 4:4 لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن.
1PE 4:5 بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات،
1PE 4:6 چونکە بەم هۆیەوە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.
1PE 4:7 کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن.
1PE 4:8 لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بەهێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت.
1PE 4:9 بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن.
1PE 4:10 هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا.
1PE 4:11 ئەگەر کەسێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر کەسێک خزمەت دەکات، با بەو هێزەوە بیکات کە خودا دابینی کردووە، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
1PE 4:12 خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە،
1PE 4:13 بەڵکو دڵخۆش بن وەکو ئەوەی کە بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کردبێت، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن.
1PE 4:14 ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان.
1PE 4:15 با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ،
1PE 4:16 بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە،
1PE 4:17 چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟
1PE 4:18 ﴿ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت، ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟﴾
1PE 4:19 بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.
1PE 5:1 وەک پیرێکی هاوڕێتان، داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ:
1PE 5:2 ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەتیان بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە وەک چۆن خودا دەیەوێت، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە،
1PE 5:3 خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل.
1PE 5:4 کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.
1PE 5:5 ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان بەرامبەر بە یەکتر بێفیز بن، چونکە: ﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾
1PE 5:6 بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە.
1PE 5:7 هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.
1PE 5:8 چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات.
1PE 5:9 بەربەرەکانێی بکەن، لە باوەڕەکە بچەسپێن، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.
1PE 5:10 خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی ڕاستە ڕێتان دەکات و واتان لێ دەکات کە بەهێز و چەسپاو و دەمەزراو بن.
1PE 5:11 هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
1PE 5:12 بەهۆی سیلا، کە بە برای دڵسۆزی دەزانم، بە کورتی بۆم نووسین، هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم، ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن.
1PE 5:13 ئەوەی لە بابل وەک ئێوە هەڵبژێردراوە، سڵاوتان لێدەکات، هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم.
1PE 5:14 بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن.
2PE 1:1 لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە، بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.
2PE 1:2 با لە ڕێگەی ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمانەوە، نیعمەت و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.
2PE 1:3 هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی.
2PE 1:4 خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.
2PE 1:5 هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری،
2PE 1:6 لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی،
2PE 1:7 لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی،
2PE 1:8 چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن.
2PE 1:9 بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.
2PE 1:10 خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون،
2PE 1:11 هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان.
2PE 1:12 لەبەر ئەوە بەردەوام دەمەوێ ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە دەیانزانن و لەو ڕاستییەی ئێستادا چەسپاون.
2PE 1:13 باوەڕم وایە هەتا لەم جەستەیەدا بم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە،
2PE 1:14 چونکە دەزانم بە زوویی ئەم جیهانە بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن عیسای مەسیحی پەروەردگارمان بۆی دەرخستم.
2PE 1:15 هەروەها تێدەکۆشم تاکو دوای دەرچوونم هەردەم ئەم شتانەتان وەبیربێتەوە.
2PE 1:16 کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین.
2PE 1:17 ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»
2PE 1:18 ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.
2PE 1:19 هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت.
2PE 1:20 لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە،
2PE 1:21 چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.
2PE 2:1 بەڵام لەنێو گەلەکەدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، وەک لەنێوان ئێوەشدا مامۆستای درۆزن دەبێت، ئەوانەی بە نهێنی فێرکردنی چەوتی لەناوبەر دەهێننە ناوەوە، تەنانەت نکۆڵی لە مەسیحی باڵادەست دەکەن کە ئەوانی کڕییەوە، لەناوچوونێکی خێرا بەسەر خۆیاندا دەهێنن.
2PE 2:2 زۆر کەسیش بەدوای بەڕەڵاییەکانیان دەکەون، لەبەر ئەوان کفر بە ڕێبازی ڕاستی دەکرێت.
2PE 2:3 ئەو مامۆستایانەی بەهۆی چاوبرسیێتیانەوە، لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی هەڵبەستراوەوە بۆ سوودی خۆیان بەکارتاندەهێنن، تاوانبارکردنیان نزیک بووەتەوە و لەناوچوونیان بەلاوە نەنراوە.
2PE 2:4 خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن.
2PE 2:5 هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست.
2PE 2:6 کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران.
2PE 2:7 کاتێک لوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو،
2PE 2:8 چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا.
2PE 2:9 ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە،
2PE 2:10 بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن. چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان بکەن،
2PE 2:11 هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن.
2PE 2:12 بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن.
2PE 2:13 کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن.
2PE 2:14 چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن.
2PE 2:15 لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو،
2PE 2:16 بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت.
2PE 2:17 ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
2PE 2:18 چونکە کە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانە هەڵدەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەو کەسانەی لە گومڕاییدا دەژین.
2PE 2:19 بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین، چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە بەسەریدا زاڵ بێت.
2PE 2:20 ئەگەر بەهۆی ناسینی ڕزگارکەرمان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لە گڵاوی جیهان هەڵاتبن، بەڵام دیسان لەو گڵاوییە بئاڵێنەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەو کاتە کۆتاییان لە سەرەتایان خراپتر دەبێت،
2PE 2:21 چونکە باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نەناسیبووایە، لەوەی ناسییان و دوایی لەو ڕاسپاردە پیرۆزەی پێیان درا هەڵگەڕانەوە.
2PE 2:22 ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر دەچەسپێت: ﴿سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی،﴾ هەروەها: «بەرازی شوشتراو گەڕایەوە ناو چڵپاو.»
2PE 3:1 خۆشەویستان، ئەمە دووەمین نامەیە بۆتان دەنووسم، تێیاندا بە یادتان دەهێنمەوە تاکو بیری پاکتان بوروژێنم،
2PE 3:2 هەروەها تاکو وتەکانی پێغەمبەرە پیرۆزەکان بێنەوە یادتان، هەروەها ڕاسپاردەی مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕزگارکەرمان کە لە ڕێگەی نێردراوانتان دراون.
2PE 3:3 پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون،
2PE 3:4 دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.»
2PE 3:5 بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە.
2PE 3:6 هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو.
2PE 3:7 بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.
2PE 3:8 بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە.
2PE 3:9 یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بۆ تۆبەکردن بێن.
2PE 3:10 بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.
2PE 3:11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین،
2PE 3:12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە.
2PE 3:13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی، ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، کە ڕاستودروستی تێیدا نیشتەجێیە.
2PE 3:14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە.
2PE 3:15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین.
2PE 3:16 ئەو لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن کە نەزان و نەچەسپاوەکان، وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە، بۆ لەناوچوونی خۆیان دەیشێوێنن.
2PE 3:17 بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون.
2PE 3:18 بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و پەروەردگارماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.
1JO 1:1 ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا.
1JO 1:2 ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت.
1JO 1:3 ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی هاوبەشمان هەبێت، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی.
1JO 1:4 ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.
1JO 1:5 ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکییەکی تێدا نییە.
1JO 1:6 ئەگەر بڵێین لەگەڵیدا پێکەوە دەژین و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین،
1JO 1:7 بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.
1JO 1:8 ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە.
1JO 1:9 ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە.
1JO 1:10 ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە، ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.
1JO 2:1 ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، ئەمانەتان بۆ دەنووسم تاکو گوناه نەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک گوناهی کرد، ئەوا لەلای باوک داکۆکیکارمان هەیە کە عیسای مەسیحی ڕاستودروستە.
1JO 2:2 ئەو کەفارەتی گوناهەکانمانە، نەک تەنها هی ئێمە، بەڵکو گوناهەکانی هەموو جیهان.
1JO 2:3 بەمەدا دەزانین کە ئەومان ناسیوە، ئەگەر کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین.
1JO 2:4 ئەوەی دەڵێت: «ناسیومە» بەڵام ڕاسپاردەکانی بەجێناگەیەنێت، ئەوا درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە.
1JO 2:5 بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین:
1JO 2:6 هەرکەسێک بڵێت: «من بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژیم»، ئەوا دەبێت بەو شێوەیە بژیێت کە عیسا ژیاوە.
1JO 2:7 خۆشەویستان، ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو ڕاسپاردەیەکی کۆن کە هەر لە سەرەتاوە هەتانبوو. ڕاسپاردە کۆنەکە ئەو پەیامەیە کە لە سەرەتادا گوێتان لێی بوو.
1JO 2:8 لەگەڵ ئەوەشدا ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ دەنووسم، ئەو ڕاستییەی کە لە مەسیح و ئێوەدا هەیە، چونکە تاریکی بەسەردەچێت، وا ڕووناکییە ڕاستەقینەکە پڕشنگ دەداتەوە.
1JO 2:9 ئەوەی دەڵێت: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی دەبێتەوە، ئەوا هەتا ئێستا لە تاریکیدایە.
1JO 2:10 هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات.
1JO 2:11 بەڵام ئەوەی ڕقی لە خوشک یان برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.
1JO 2:12 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوە دەنووسم، چونکە لەبەر ناوی ئەو گوناهەکانتان بەخشرا.
1JO 2:13 ئەی باوکان، بۆ ئێوە دەنووسم، چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە. ئەی لاوان، بۆ ئێوە دەنووسم، چونکە بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.
1JO 2:14 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوەم نووسی، چونکە خودای باوک دەناسن. ئەی باوکان، بۆ ئێوەم نووسی، چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە. ئەی لاوان، بۆ ئێوەم نووسی، چونکە بەهێزن، پەیامی خوداتان تێدا چەسپاوە و بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.
1JO 2:15 نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە.
1JO 2:16 لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن.
1JO 2:17 جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.
1JO 2:18 ڕۆڵەکان ئەمە دوا کاتژمێرە. وەک بیستووتانە دژە مەسیح دێت، ئێستاش زۆر دژە مەسیح هاتوون، بەمەدا دەزانین دوا کاتژمێرە.
1JO 2:19 ئەوان لێمان جیا بوونەوە، بەڵام بەڕاستی سەر بە ئێمە نەبوون، چونکە ئەگەر سەر بە ئێمە بوونایە، لەگەڵمان دەمانەوە، بەڵام چوون بۆ ئەوەی دەریبخەن کە کەسیان سەر بە ئێمە نین.
1JO 2:20 بەڵام مەسیحی پیرۆز بە ڕۆحی خۆی دەستنیشانی کردن و هەمووتان ڕاستی دەزانن.
1JO 2:21 من ئەمەتان بۆ نانووسم لەبەر ئەوەی کە ڕاستی نازانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕاستی دەزانن و دەشزانن کە هیچ درۆیەک لە ڕاستییەکەوە نایەت.
1JO 2:22 کێ درۆزنە؟ ئەوەی نکۆڵی بکات کە عیسا مەسیحەکەیە. ئەوە دژە مەسیحە کە نکۆڵی لە باوک و کوڕەکە دەکات.
1JO 2:23 هەرکەسێک نکۆڵی لە کوڕەکە بکات باوکی نابێت، ئەوەش دان بە کوڕەکەدا بنێت باوکی دەبێت.
1JO 2:24 پەیوەست بن بەوەی لە سەرەتادا بیستتان. ئەگەر بەمەوە پەیوەست بن، ئەوا بە کوڕەکە و باوکەوە پەیوەست دەبن.
1JO 2:25 ئەمەیە ئەو بەڵێنەی ئەو پێیداوین، ژیانی هەتاهەتایی.
1JO 2:26 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی لەبارەی ئەوانەی هەوڵ دەدەن چەواشەتان بکەن.
1JO 2:27 بەڵام ئێوە ئەو دەستنیشانکردنەی کە لە مەسیحتان وەرگرتووە بە ئێوەوە پەیوەست بووە، لەبەر ئەوە پێویستتان بە مرۆڤ نییە فێرتان بکات، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز هەموو شتێکتان فێردەکات. ئەم دەستنیشانکردنە ڕاستە و درۆ نییە، بۆیە پەیوەست بن بە مەسیحەوە وەک ڕۆحی پیرۆز فێری کردوون.
1JO 2:28 ئێستا ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح پەیوەست بن تاکو کاتێک ئەو دەردەکەوێت متمانەمان هەبێت و لە هاتنەوەکەی شەرمی لێ نەکەین.
1JO 2:29 ئەگەر بزانن ئەو ڕاستودروستە، دەزانن کە هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو بکات لە ئەوەوە لەدایک بووە.
1JO 3:1 تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە.
1JO 3:2 خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین.
1JO 3:3 هەرکەسێک ئەم هیوایەی بەو هەبێت، خۆی پاک دەکاتەوە، هەروەک چۆن ئەو پاکە.
1JO 3:4 هەرکەسێک گوناه بکات سەرپێچی دەکات، چونکە گوناه سەرپێچییە.
1JO 3:5 دەزانن ئەو دەرکەوت تاکو گوناهەکان لاببات. ئەو خۆی بێ گوناهە.
1JO 3:6 هەرکەسێک بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح بژیێت، لە گوناهکردن بەردەوام نابێت. هەرکەسێک بە بەردەوامی گوناه بکات، نە ئەوی بینیوە و نە ئەویشی ناسیوە.
1JO 3:7 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با کەس چەواشەتان نەکات. ئەوەی ڕاستودروستی پەیڕەو بکات ڕاستودروستە، وەک چۆن ئەویش ڕاستودروستە.
1JO 3:8 ئەوەی گوناه بکات لە ئیبلیسە، چونکە ئیبلیس هەر لە سەرەتاوە گوناهی کردووە. کوڕی خودا بۆ ئەمە دەرکەوت، تاکو کارەکانی ئیبلیس تێکبدات.
1JO 3:9 هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، چونکە تۆوی خودای تێدا دەچەسپێت. ناتوانێت بەردەوام‏ بێت لە گوناهکردن، لەبەر ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە.
1JO 3:10 ڕۆڵەی خودا و ڕۆڵەی ئیبلیس بەمە دەردەکەون: هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو نەکات لە خوداوە نییە، هەروەک ئەوەی خوشکی یان برای خۆی خۆشنەوێت،
1JO 3:11 چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.
1JO 3:12 وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست.
1JO 3:13 خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە.
1JO 3:14 دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە.
1JO 3:15 هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.
1JO 3:16 بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین.
1JO 3:17 ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟
1JO 3:18 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با تەنها بە وشە و زمان خۆشەویستی دەرنەبڕین، بەڵکو بە کردار و ڕاستی.
1JO 3:19 بەمە دەزانین کە سەر بە ڕاستیین، هەروەها چۆن دڵمان ئاسوودە دەبێت لە ئامادەبوونی ئەو:
1JO 3:20 کاتێک دڵمان سەرکۆنەمان دەکات، خودا لە دڵمان گەورەترە و هەموو شتێک دەزانێت.
1JO 3:21 خۆشەویستان، ئەگەر دڵمان سەرکۆنەمان نەکات، ئەوا لەبەردەم خودا دڵنیا دەبین،
1JO 3:22 هەرچییەکی لێ داوا بکەین لێی وەردەگرین، چونکە ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنین و ئەوە دەکەین کە بەدڵیەتی.
1JO 3:23 ئەمەش ڕاسپاردەکەیەتی: باوەڕمان بە ناوی عیسای مەسیحی کوڕەکەی هەبێت و یەکتریمان خۆشبوێ، وەک ڕایسپاردووین.
1JO 3:24 ئەگەر کەسێک ڕاسپاردەکانی خودا بەجێبگەیەنێت، ئەوا بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژیێت، هەروەها خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت. بەمەدا دەزانین خودا بە یەکبوون لەگەڵمان دەژیێت: بەو ڕۆحەی کە پێیداوین.
1JO 4:1 خۆشەویستان، بڕوا بە هەموو ڕۆحێک مەکەن، بەڵکو ڕۆحەکان تاقی بکەنەوە، بزانن ئایا لە خوداوەیە؟ چونکە زۆر پێغەمبەری درۆزن بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
1JO 4:2 ڕۆحی خودا بەمە دەناسنەوە: هەر ڕۆحێک دان بەوەدا بنێت کە عیسای مەسیح لە جەستەدا هاتووە، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوەیە،
1JO 4:3 بەڵام هەر ڕۆحێکیش دان بە عیسادا نەنێت، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوە نییە. ئەو ڕۆحە دژە مەسیحە کە بیستووتانە دێت و ئێستا وا لە جیهاندایە.
1JO 4:4 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، ئێوە لە خوداوەن و بەسەر ئەو پێغەمبەرە درۆزنانەدا زاڵ بوون، چونکە ڕۆحی خودا ئەوەی لە ئێوەدایە گەورەترە لە ڕۆحی شەیتان ئەوەی لە جیهاندایە.
1JO 4:5 ئەوان سەر بە جیهانن، هەر بۆیە ئەوەی دەیڵێن لە جیهانەوەیە و جیهان گوێیان لێ دەگرێت.
1JO 4:6 ئێمە لە خوداوەین و ئەوەی خودا بناسێت گوێمان لێ دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە خوداوە نەبێت گوێمان لێ ناگرێت. بەم شێوەیە ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چەواشە دەناسینەوە.
1JO 4:7 خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت.
1JO 4:8 ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە.
1JO 4:9 بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین.
1JO 4:10 خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد.
1JO 4:11 خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ.
1JO 4:12 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە.
1JO 4:13 بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئێمە دەژیێت: ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین.
1JO 4:14 ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان.
1JO 4:15 هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت.
1JO 4:16 ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت.
1JO 4:17 بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین.
1JO 4:18 خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە.
1JO 4:19 خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین.
1JO 4:20 ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە.
1JO 4:21 لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.
1JO 5:1 هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە.
1JO 5:2 بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین.
1JO 5:3 ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین،
1JO 5:4 چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت. ئەو سەرکەوتنەش کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە.
1JO 5:5 کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.
1JO 5:6 ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە.
1JO 5:7 ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن:
1JO 5:8 ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن.
1JO 5:9 ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی.
1JO 5:10 ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی.
1JO 5:11 ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە.
1JO 5:12 ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.
1JO 5:13 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە.
1JO 5:14 ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی ئەو داوای هەر شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت.
1JO 5:15 ئەگەر بزانین هەرچییەک داوا بکەین گوێمان لێ دەگرێت، ئەوا دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە.
1JO 5:16 ئەگەر کەسێک خوشک یان برایەکی لە کاتی ئەنجامدانی گوناهێکدا بینی کە بەرەو مردنی نەبات، پێویستە لەسەری لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، خوداش ژیانی دەداتێ. مەبەستم ئەوانەیە گوناه دەکەن کە بەرەو مردن نییە. گوناه هەیە بەرەو مردنە، بۆ ئەمە ناڵێم داوا بکرێت.
1JO 5:17 هەموو ناڕەواییەک گوناهە بەڵام گوناهیش هەیە بەرەو مردن نییە.
1JO 5:18 دەزانین هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، بەڵکو ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە خۆی دەپارێزێت و شەیتان دەستی لێ نادات.
1JO 5:19 دەزانین لە خوداوەین و هەموو جیهان لەژێر دەستی شەیتاندا دانراوە.
1JO 5:20 هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.
1JO 5:21 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.
2JO 1:1 لە پیرەکەوە، بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن،
2JO 1:2 لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
2JO 1:3 با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە لەگەڵ بێت، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە.
2JO 1:4 زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین.
2JO 1:5 ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم کە یەکتریمان خۆشبوێ.
2JO 1:6 خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەوەیە کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.
2JO 1:7 چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەو جۆرە کەسانە چەواشەکار و دژە مەسیحن.
2JO 1:8 ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەست بدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن.
2JO 1:9 هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە.
2JO 1:10 هەرکەسێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان پێشوازی لێ مەکەن و سڵاوی لێ مەکەن،
2JO 1:11 چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
2JO 1:12 زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.
2JO 1:13 منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت سڵاوت لێدەکەن.
3JO 1:1 لە پیرەکەوە، بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.
3JO 1:2 ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە.
3JO 1:3 زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا، هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت.
3JO 1:4 خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.
3JO 1:5 خۆشەویست، تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت، بە تایبەتی بۆ نامۆکان.
3JO 1:6 ئەوان لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستیی تۆ داوە. کارێکی باش دەکەیت کە بەو شێوەیەی لەلای خودا شایستەیە بەڕێیان بکەیت،
3JO 1:7 چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوونەتە دەرەوە و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە.
3JO 1:8 بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.
3JO 1:9 بۆ کڵێسام نووسیوە، بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم، پێشوازیمان لێ ناکات.
3JO 1:10 بۆیە ئەگەر هاتم، کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی. هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات، ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.
3JO 1:11 خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە. ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە، ئەوەش خراپە بکات، خودای نەبینیوە.
3JO 1:12 دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە. ئێمەش شایەتی دەدەین، ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە.
3JO 1:13 زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت.
3JO 1:14 بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.
3JO 1:15 سڵاوت لێ بێت. برادەران سڵاوت لێدەکەن. بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.
JUD 1:1 لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب، بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:
JUD 1:2 بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستیتان بۆ زیاد بێت.
JUD 1:3 خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا.
JUD 1:4 لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و پەروەردگارمانە.
JUD 1:5 هەرچەندە خۆتان پێشوەخت دەیزانن، بەڵام هەر دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە یەزدان گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی لەناوبرد کە باوەڕیان نەهێنا،
JUD 1:6 هەروەها ئەو فریشتانەی کە پلە و پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران.
JUD 1:7 هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.
JUD 1:8 خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە فریشتەکان دەکەن.
JUD 1:9 بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!»
JUD 1:10 کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە لێی تێناگەن. ئەوەی وەک ئاژەڵی بەستەزمان بە سروشتی دەیزانن، دەبێتە هۆی لەناوچوونیان.
JUD 1:11 قوڕبەسەریان! ڕێگای قایینیان گرتووە؛ بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە؛ لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح لەناوچوون.
JUD 1:12 ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون.
JUD 1:13 ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە بۆ هەتاهەتایە ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
JUD 1:14 حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت،
JUD 1:15 تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.»
JUD 1:16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.
JUD 1:17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە.
JUD 1:18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.»
JUD 1:19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، بەدوای سروشتی مرۆڤانەوەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.
JUD 1:20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن،
JUD 1:21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن لە کاتێکدا چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەبن کە ژیانی هەتاهەتاییتان بۆ بهێنێت.
JUD 1:22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن.
JUD 1:23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
JUD 1:24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ کەموکوڕی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت،
JUD 1:25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.
REV 1:1 ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات. خودا لە ڕێگەی ناردنی فریشتەکەیەوە بۆ لای یۆحەنای بەندەی، ئەو شتانەی دەرخست،
REV 1:2 کە شایەتیی دا بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بینی، واتا وشەی خودا و شایەتیی عیسای مەسیح.
REV 1:3 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە.
REV 1:4 لە یۆحەناوە، بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا: با نیعمەت و ئاشتیتان بۆ ببێت لەوەوەی کە هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەوەی لەبەردەم تەختەکەیدان،
REV 1:5 هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە و سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە. ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و
REV 1:6 ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.
REV 1:7 ئەوەتا لەگەڵ هەوردا دێت و هەموو چاوێک دەیبینێت، ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە، هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.
REV 1:8 یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.»
REV 1:9 من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم.
REV 1:10 لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی بەرزی وەک کەڕەنا بوو،
REV 1:11 دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتا ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.»
REV 1:12 ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا. کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی،
REV 1:13 لە ناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو.
REV 1:14 سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون.
REV 1:15 پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو.
REV 1:16 حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوودەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.
REV 1:17 کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من سەرەتا و کۆتاییم.
REV 1:18 منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە.
REV 1:19 «بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت.
REV 1:20 نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»
REV 2:1 بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفەسۆس بنووسە: ئەوەی حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و بە ناو حەوت چرادانە زێڕینەکەدا هاتوچۆ دەکات، دەفەرموێ:
REV 2:2 «ئاگام لە کردار و ماندووبوون و دانبەخۆداگرتنتە. دەزانم کە ناتوانیت بەرگەی خراپەکاران بگریت و ئەوانەشت تاقی کردەوە کە خۆیان بە نێردراو دەزانن بەڵام نێردراو نین و بە درۆزن دەرچوون،
REV 2:3 دانت بە خۆتدا گرت و لەبەر ناوی من بەرگەت گرت و کۆڵت نەدا.
REV 2:4 «بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی جارانت بەلاوە ناوە.
REV 2:5 بەبیرت بێتەوە لە چ پایەیەکی بەرز کەوتیت! تۆبە بکە و کارەکانی پێشترت دووبارە بکەرەوە. ئەگەر تۆبە نەکەیت، دێمە لات و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەدەم.
REV 2:6 بەڵام شتێکی باشت هەیە: تۆش وەکو من ڕقت لە دابونەریتی نیکۆلاوییەکان دەبێتەوە.
REV 2:7 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، ڕێگەی دەدەم لە درەختی ژیان بخوات، کە لە بەهەشتی خودایە.»
REV 2:8 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە: ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ:
REV 2:9 «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن.
REV 2:10 هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.
REV 2:11 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، مردنی دووەم ئازاری نادات.»
REV 2:12 بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە: ئەوەی شمشێرە تیژە دوودەمەکەی هەیە دەفەرموێ:
REV 2:13 «ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.
REV 2:14 «بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە: هەندێک کەس لەلاتن پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە، ئەوەی بالاقی فێردەکرد کۆسپ لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دابنێت تاکو لەو قوربانییانە بخۆن کە بۆ بت کراون و داوێنپیسی بکەن.
REV 2:15 بە هەمان شێوە، لەلای تۆش هەندێک هەن پابەندن بە فێرکردنی نیکۆلاوییەکان.
REV 2:16 بۆیە تۆبە بکە! ئەگینا، بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵیان دەجەنگم.
REV 2:17 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت، لە مەنی شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»
REV 2:18 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە: کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ:
REV 2:19 «ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەم جارت زیاترن.
REV 2:20 «بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی.
REV 2:21 کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات.
REV 2:22 لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە.
REV 2:23 هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، سزای هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەدەم.
REV 2:24 «بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر،
REV 2:25 تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم.
REV 2:26 «ئەوەی سەربکەوێت و هەتا کۆتایی کارەکانی من ئەنجام بدات، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ،
REV 2:27 ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات، وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.﴾ هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە.
REV 2:28 هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ.
REV 2:29 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
REV 3:1 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی ساردس بنووسە: ئەوەی حەوت ڕۆحی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێ: «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام مردوویت.
REV 3:2 ئێشک بگرە! ئەوەی ماوە و خەریکە بمرێت بەهێزی بکە، چونکە لەبەردەم خودام کارەکانتم بە ناتەواوی بینی.
REV 3:3 ئیتر ئەو شتەی کە فێری بوویت و بیستت بەبیر خۆتی بهێنەرەوە و بە باشی پێیەوە پابەند بە و تۆبە بکە. بەڵام ئەگەر ئێشک نەگریت ئەوا وەک دزێک دێم و نازانی لە چ کاتێکدا دێمە سەرت.
REV 3:4 «کەچی خەڵکێکی کەمت لە ساردسدا هەیە بەرگەکانیان گڵاو نەکردووە. ئەوان بە بەرگی سپییەوە لەگەڵ من ڕێ دەکەن، چونکە شایانی ئەوەن.
REV 3:5 ئەوەی سەربکەوێت، ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم.
REV 3:6 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
REV 3:7 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادەلفیا بنووسە: ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داودی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە، دەفەرموێ:
REV 3:8 «ئاگام لە کردارەکانتە. ئەوەتا دەرگایەکی کراوەم لەبەردەمت داناوە و کەس ناتوانێت دایبخات. دەزانم هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام وشەی من دەپارێزیت، نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد.
REV 3:9 ئەوەتا ئاوا لەوانەی کەنیشتی شەیتان دەکەم، ئەوانەی دەڵێن جولەکەین و جولەکەش نین، بەڵکو درۆ دەکەن، وایان لێ دەکەم بێن و لەبەردەم پێیەکانتدا کڕنۆش ببەن و بزانن تۆم خۆشویستووە.
REV 3:10 لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ڕاسپاردەکەم دانت بەخۆتداگرت، منیش لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی جیهان تاقی بکرێنەوە.
REV 3:11 «زوو دێم. دەست بگرە بەوەی هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت.
REV 3:12 ئەوەی سەربکەوێت، دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم.
REV 3:13 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
REV 3:14 بۆ فریشتەی کڵێساکەی لاودیکییا بنووسە: ئەمە پەیامی ئەوەیە کە بە «ئامین» ناو دەبردرێت، کە شایەتیدەری دڵسۆز و ڕاستگۆیە و سەرچاوەی بەدیهێنراوەکانی خودایە:
REV 3:15 «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ نە سارد و نە گەرمیت. خۆزگە سارد یان گەرم بووای،
REV 3:16 بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، بەتەمام لە دەممەوە بتتفێنمەوە.
REV 3:17 تۆ دەڵێی: ”دەوڵەمەندم و زەنگین بوومە، پێویستیم بە هیچ نییە.“ بەڵام بێئاگای لەوەی کە بەدبەخت و نەگبەت و هەژار و کوێر و ڕووتیت.
REV 3:18 ئامۆژگاریت دەکەم زێڕی بە ئاگر پوختەکراوم لێ بکڕیت تاکو دەوڵەمەند بیت، جلی سپیش تاکو لەبەری بکەیت بۆ ئەوەی شەرمەزاری ڕووتیت دەرنەکەوێت، هەروەها کلیش بۆ ئەوەی لە چاوتی بدەیت هەتا ببینیت.
REV 3:19 «ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و تۆبە بکە.
REV 3:20 ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم، ئەویش لەگەڵ من.
REV 3:21 «ئەوەی سەربکەوێت، لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم.
REV 3:22 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
REV 4:1 پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.»
REV 4:2 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو.
REV 4:3 ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە.
REV 4:4 لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو.
REV 4:5 لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان.
REV 4:6 لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ. لە ناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون.
REV 4:7 بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو.
REV 4:8 چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو. شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:
REV 4:9 هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاسی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن، کە هەتاهەتایە زیندووە،
REV 4:10 بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:
REV 4:11 «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت، چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە، بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»
REV 5:1 لەلای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لەسەر هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو.
REV 5:2 هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟»
REV 5:3 کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات.
REV 5:4 دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات.
REV 5:5 یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»
REV 5:6 ئینجا لە ناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون.
REV 5:7 هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت.
REV 5:8 کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە،
REV 5:9 سروودێکی نوێشیان دەگوت: «تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و مۆرەکانی بکەیتەوە، چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە، لە هەموو هۆز و زمان و گەل و نەتەوەیەک.
REV 5:10 ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»
REV 5:11 ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو،
REV 5:12 بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت: «بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و ڕێز و شکۆ و ستایشە!»
REV 5:13 هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت: «با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا، بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»
REV 5:14 چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.
REV 6:1 سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!»
REV 6:2 تەماشام کرد و ئەسپێکی سپیم بینی. سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.
REV 6:3 کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!»
REV 6:4 ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو.
REV 6:5 کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو.
REV 6:6 گوێم لێبوو دەنگێک لە ناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت گەنم بە دینارێک، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.»
REV 6:7 کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!»
REV 6:8 تەماشام کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. هەردووکیان دەسەڵاتیان پێدرابوو کە چارەکی دانیشتووانی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد و بە دڕندە کێوییەکانی زەوی بکوژن.
REV 6:9 کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون.
REV 6:10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟»
REV 6:11 جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.
REV 6:12 تەماشام کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا، مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا و
REV 6:13 ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی، وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت، بەرەکەی دەکەوێت.
REV 6:14 ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما.
REV 6:15 پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا.
REV 6:16 بە چیا و بەردیان دەگوت: «بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە!
REV 6:17 چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»
REV 7:1 پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن.
REV 7:2 فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی:
REV 7:3 «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.»
REV 7:4 گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.
REV 7:5 لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو، لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار، لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،
REV 7:6 لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار، لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار، لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،
REV 7:7 لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار، لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار، لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،
REV 7:8 لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار، لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار، لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.
REV 7:9 پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو،
REV 7:10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «ڕزگاری هی خودامانە، کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و هی بەرخەکەیە.»
REV 7:11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد،
REV 7:12 دەیانگوت: «ئامین! ستایش و شکۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خودامانە، هەتاهەتایە! ئامین!»
REV 7:13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»
REV 7:14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.» پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە.
REV 7:15 بۆیە «لەبەردەم تەختی خودان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
REV 7:16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر،
REV 7:17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»
REV 8:1 کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نیو کاتژمێر بێدەنگییەک ئاسمانی گرتەوە.
REV 8:2 ئەو حەوت فریشتەیەم بینی کە لەبەردەم خودا ڕادەوەستن و حەوت کەڕەنایان پێدرابوو.
REV 8:3 فریشتەیەکی دیکەش هات و لەلای قوربانگاکە وەستا، بخووردانێکی زێڕینی پێبوو. بخوورێکی زۆریشی پێدرابوو تاکو لەگەڵ نوێژی گەلی پیرۆزی خودا لەسەر ئەو قوربانگا زێڕینەی کە لەبەردەم تەختەکەیە پێشکەشی بکات.
REV 8:4 لەگەڵ نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودا، دووکەڵی بخوور لە دەستی فریشتەکە لەبەردەم خودا بەرزبووەوە.
REV 8:5 فریشتەکەش بخووردانەکەی برد و لە قوربانگاکە پڕی کرد لە ئاگر و فڕێیدایە سەر زەوی. ئیتر بوو بە هەورەگرمە و دەنگەدەنگ و هەورە بروسکە، پاشان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا.
REV 8:6 ئیتر ئەو حەوت فریشتەیەی کە حەوت کەڕەناکەیان پێبوو، خۆیان بۆ لێدانی کەڕەنا ئامادە کرد.
REV 8:7 فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا و تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن پەیدابوو، فڕێدرانە سەر زەوی. سێیەکی زەوی سووتا و سێیەکی درەختەکانیش سووتان و هەموو گیایەکی سەوز سووتان.
REV 8:8 فریشتەی دووەم کەڕەناکەی لێدا و شتێک لە شێوەی چیایەکی گەورەی گڕگرتوو فڕێدرایە دەریاوە. سێیەکی دەریاکەش بووە خوێن،
REV 8:9 سێیەکی بوونەوەرانی زیندووی دەریاش مردن، سێیەکی کەشتییەکانیش تێکشکان.
REV 8:10 فریشتەی سێیەم کەڕەناکەی لێدا و ئەستێرەیەکی گەورەی پرشنگداری وەک چرا لە ئاسمانەوە کەوتە سەر سێیەکی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو،
REV 8:11 ئەستێرەکەش ناوی زەقنەبووت بوو. سێیەکی ئاو تاڵ بوو، خەڵکانێکی زۆریش لەبەر تاڵی ئاوەکە مردن.
REV 8:12 فریشتەی چوارەمیش کەڕەناکەی لێدا و سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان لێدران، تاکو سێیەکیان تاریک بن. ڕۆژ سێیەکی تاریک بوو، سێیەکی شەویش بە هەمان شێوە بێ ڕووناکی بوو.
REV 8:13 پاشان تەماشام کرد، بیستم هەڵۆیەکی هەڵفڕیو لە ناوەڕاستی ئاسماندا، بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «قوڕبەسەرتان! قوڕبەسەرتان! ئەی دانیشتووانی سەر زەوی، قوڕبەسەرتان! کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە خەریکن کەڕەناکانیان لێدەدەن، چی بەسەر زەوی دەهێنن!»
REV 9:1 کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی پێدرابوو.
REV 9:2 کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد.
REV 9:3 لە دووکەڵەکەوە کوللە بارییە سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو.
REV 9:4 کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن، تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە.
REV 9:5 ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن، بەڵکو پێنج مانگ ئازاریان بدەن. ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات.
REV 9:6 لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە، حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.
REV 9:7 شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن، لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو.
REV 9:8 قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر.
REV 9:9 زرێیان هەبوو وەک زرێی ئاسنین، دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ.
REV 9:10 چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو، پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن.
REV 9:11 فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە، بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە‏ و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە‏.
REV 9:12 نەهامەتی یەکەم نەماوە، دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن.
REV 9:13 پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە بەر گوێم،
REV 9:14 کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.»
REV 9:15 چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی ئادەمیزاد بکوژن.
REV 9:16 گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو هێندەی دە هەزار جار دە هەزار بوو.
REV 9:17 ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: زرێی ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو.
REV 9:18 بەو سێ بەڵایە سێیەکی ئادەمیزاد کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو.
REV 9:19 هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیاندا بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.
REV 9:20 پاشماوەی ئادەمیزاد کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن.
REV 9:21 هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.
REV 10:1 پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون.
REV 10:2 تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا.
REV 10:3 بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان.
REV 10:4 کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.»
REV 10:5 ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو، دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و
REV 10:6 سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون و گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت!
REV 10:7 بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»
REV 10:8 ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و وشکانی وەربگرە.»
REV 10:9 چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت کە تۆمارە بچووکەکەم بداتێ. ئەویش پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.»
REV 10:10 ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم.
REV 10:11 پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»
REV 11:1 پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن.
REV 11:2 بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە. ئەوان چل و دوو مانگ شاری پیرۆز پێشێل دەکەن.
REV 11:3 هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.»
REV 11:4 ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون.
REV 11:5 ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. هەر کەسێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت.
REV 11:6 ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە هەر کاتێک بیانەوێ بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن.
REV 11:7 کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت.
REV 11:8 هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا.
REV 11:9 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن،
REV 11:10 هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.
REV 11:11 بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد.
REV 11:12 دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست کە پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.
REV 11:13 هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.
REV 11:14 نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.
REV 11:15 فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی، مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
REV 11:16 ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد،
REV 11:17 گوتیان: «سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، ئەوەی هەیە و هەبووە، چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
REV 11:18 نەتەوەکان تووڕە بوون، بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە. کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات، بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە، هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»
REV 11:19 پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.
REV 12:1 نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشیبوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو،
REV 12:2 سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد.
REV 12:3 نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون.
REV 12:4 کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی. ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، بۆ ئەوەی هەرکە منداڵەکە لەدایکبوو بیخوات.
REV 12:5 ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا.
REV 12:6 ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بەخێو بکرێت.
REV 12:7 پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ. میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان،
REV 12:8 بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
REV 12:9 ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.
REV 12:10 جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو: «ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە، چونکە سکاڵاکار لە خوشک و براکانمان، ئەوەی کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد، فڕێدرایە خوارەوە.
REV 12:11 ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان، بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.
REV 12:12 بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن! بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا، چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە! تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.»
REV 12:13 کاتێک ئەژدیهاکە خۆی بینی فڕێدراوەتە سەر زەوی، ئافرەتەکەی ڕاونا کە کوڕەکەی لێ ببوو.
REV 12:14 ئافرەتەکە هەردوو باڵی هەڵۆیەکی گەورەی پێدرا تاکو بۆ چۆڵەوانی و شوێنی خۆی بفڕێت و لەوێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ دوور لە مارەکە بەخێو بکرێت.
REV 12:15 مارەکەش لە دەمیەوە ئاوێکی وەک ڕووباری بەدوای ئافرەتەکەدا فڕێدا بۆ ئەوەی ئاو بیبات.
REV 12:16 زەوی یارمەتی ئافرەتەکەی دا، زەوی دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووت دا کە ئەژدیهاکە لە دەمیەوە فڕێیدا.
REV 12:17 ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.
REV 13:1 ئەژدیهاکەش لەسەر لمی دەریا ڕاوەستا. ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە شاخ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر شاخەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کفرکردن هەبوو.
REV 13:2 ئەو دڕندەیەی بینیم لە پڵنگ دەچوو، پێی وەک ورچ و دەمی وەک دەمی شێر بوو. ئەژدیهاکەش توانا و تەختی خۆی و دەسەڵاتێکی گەورەی دایە دڕندەکە.
REV 13:3 سەرێک لە سەرەکانی دڕندەکە وەک بۆ مردن سەربڕابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. هەموو زەویش بە سەرسامییەوە بەدوای دڕندەکە کەوتن،
REV 13:4 کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»
REV 13:5 دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت.
REV 13:6 ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا.
REV 13:7 ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا.
REV 13:8 هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە.
REV 13:9 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت.
REV 13:10 ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت، ڕاپێچ دەکرێت. ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت، بە شمشێر دەکوژرێت. ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە.
REV 13:11 دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا.
REV 13:12 بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەمی بۆ ئەو پەیڕەو دەکرد، وای لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکرد کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو.
REV 13:13 نیشانەی گەورەی دەکرد، تەنانەت وای دەکرد لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی.
REV 13:14 هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی درابوو لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا دەکرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە.
REV 13:15 هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن.
REV 13:16 وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت،
REV 13:17 تاکو کەس نەتوانێت کڕین و فرۆشتن بکات، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی.
REV 13:18 ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە.
REV 14:1 پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی لەسەر ناوچەوانیان نووسرابوو.
REV 14:2 لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن.
REV 14:3 لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە.
REV 14:4 ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکیزەن و بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات. ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە.
REV 14:5 درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، ئەوان بێ کەموکوڕین.
REV 14:6 ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنیی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک.
REV 14:7 بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
REV 14:8 فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»
REV 14:9 فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت،
REV 14:10 هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت.
REV 14:11 دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
REV 14:12 ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.
REV 14:13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!» ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»
REV 14:14 پاشان تەماشام کرد، هەورێکی سپیم بینی و لەسەر هەورەکە کەسێکی وەک کوڕی مرۆڤ دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو.
REV 14:15 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.»
REV 14:16 جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.
REV 14:17 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو.
REV 14:18 ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.»
REV 14:19 فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا.
REV 14:20 گوشەرەکە لە دەرەوەی شار گوشرا، بە بەرزی لغاوی ئەسپێک، هەزار و شەش سەد ستادیا خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.
REV 15:1 پاشان نیشانەیەکی گەورە و سەیری دیکەم لە ئاسماندا بینی: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.
REV 15:2 پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو.
REV 15:3 سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی و دەیانگوت: «ئەی یەزدان، خودای هەرە بەتوانا، کارەکانت گەورە و سەیرە! ئەی پاشای نەتەوەکان، ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
REV 15:4 ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و ناوت شکۆدار ناکات؟ چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت. هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن، چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»
REV 15:5 پاش ئەوە تەماشام کرد و بینیم لە ئاسماندا شوێنی هەرەپیرۆز لە چادری پەیمان کرایەوە.
REV 15:6 حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو. کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشیبوو و چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو.
REV 15:7 یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە.
REV 15:8 پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵی شکۆ و هێزی خودا و هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون، کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە.
REV 16:1 ئینجا لە پەرستگاکەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو بە حەوت فریشتەکەی دەفەرموو: «بڕۆن حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بەسەر زەویدا بڕێژن.»
REV 16:2 فریشتەی یەکەم چوو و جامەکەی خۆی بەسەر زەویدا ڕژاند، جا دومەڵی پیس و ئازاربەخش لەوانە دەرکەوت کە نیشانەی دڕندەکەیان هەڵگرتبوو و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو.
REV 16:3 فریشتەی دووەمیش جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر دەریا و وەک خوێنی مردووی لێهات، هەموو زیندەوەرێکی ناو دەریا مردن.
REV 16:4 فریشتەی سێیەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر ڕووبار و کانیاوەکان، بووە خوێن.
REV 16:5 گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو دەیگوت: «تۆ دادپەروەریت، ئەی ئەوەی هەیە و هەبووە، پیرۆزەکە، چونکە ئاوا حوکمت داوە،
REV 16:6 چونکە ئەوانە خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی تۆیان ڕشتووە، تۆش خوێنت پێدان بیخۆنەوە، چونکە شایانی ئەوەن.»
REV 16:7 گوێم لە دەنگێک بوو لە قوربانگاکەوە دەیگوت: «بەڵێ ئەی خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، حوکمەکانت ڕاست و دادپەروەرن.»
REV 16:8 فریشتەی چوارەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر خۆر و ڕێگە بە خۆر درابوو کە خەڵکی بە ئاگر بسووتێنێت.
REV 16:9 خەڵک بە گەرمایەکی بەتین سووتان، کفریان بە ناوی خودا کرد، ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەم دەردانەدا هەیە، بەڵکو تۆبەیان نەکرد تاکو شکۆداری بکەن.
REV 16:10 فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕژاندە سەر تەختی دڕندەکە، شانشینەکەی تاریک بوو، خەڵکی شانشینەکە لەتاو ئازار زمانی خۆیان دەگەست.
REV 16:11 لەتاو ئازار و برینیان کفریان بە خودای ئاسمان کرد بەڵام تۆبەیان لە کردەوەکانیان نەکرد.
REV 16:12 فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕژاندە سەر ڕووباری گەورەی فورات، ئیتر ئاوەکە وشکی کرد، تاکو ڕێگای پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بکات.
REV 16:13 ئینجا سێ ڕۆحی پیسی وەک بۆقم بینی لە دەمی ئەژدیهاکە و دەمی دڕندەکە و دەمی پێغەمبەرە درۆزنەکە دەهاتنە دەرەوە.
REV 16:14 ئەوانە ڕۆحی شەیتانین کە پەرجوو دەکەن، دەچنە لای پاشاکانی هەموو جیهان، تاکو لەو ڕۆژە گەورەیەی خودای هەرە بەتوانادا بۆ جەنگ کۆیان بکەنەوە.
REV 16:15 مەسیح دەفەرموێ: «ئەوەتا وەک دزێک دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی ئێشک دەگرێت و جلوبەرگەکانی دەپارێزێت، نەوەک ئابڕووی ببینرێت و بە ڕووتی بڕوات.»
REV 16:16 پاشان ڕۆحەکان لە شوێنێکدا کۆی کردنەوە کە بە عیبری پێی دەگوترێ «هارمەگیدۆن».
REV 16:17 فریشتەی حەوتەم جامەکەی خۆی بە هەوادا ڕژاند، دەنگێکی بەرز لە پەرستگاکە و لە تەختەکەوە هات و گوتی: «هاتە دی!»
REV 16:18 پاشان هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە پەیدابوو، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا، تەنانەت لەو کاتەوەی خەڵک لەسەر زەوین شتی وا ڕووی نەداوە. بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو.
REV 16:19 شارە گەورەکە بووە سێ بەش، شارەکانی نەتەوەکانیش کەوتن. خوداش بابلی گەورەی بەبیر هاتەوە تاکو جامی شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خۆی بداتێ.
REV 16:20 هەموو دوورگەکان ڕایانکرد و چیاکان نەدۆزرانەوە.
REV 16:21 تەرزەیەکی گەورە کە قورساییەکەی یەک تالنت‏ دەبوو لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکیدا باری، لەتاو لێدانی تەرزەکە کفریان بە خودا کرد، چونکە لێدانەکەی زۆر توند بوو.
REV 17:1 ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ڕووبارێکی زۆر دانیشتووە.
REV 17:2 ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»
REV 17:3 پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی. بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو. دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو.
REV 17:4 ژنەکە جلوبەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەر کرابوو، هەروەها بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازێنرابووەوە. جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی.
REV 17:5 لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو: «بابلی گەورە، دایکی لەشفرۆشان و قێزەونانی زەوی.»
REV 17:6 هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.
REV 17:7 فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەشت پێ دەڵێم کە هەڵیگرتووە و حەوت سەر و دە شاخی هەیە.
REV 17:8 ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.
REV 17:9 «ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە.
REV 17:10 حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە.
REV 17:11 ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات.
REV 17:12 «ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن.
REV 17:13 ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە.
REV 17:14 ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
REV 17:15 ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن.
REV 17:16 دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن،
REV 17:17 چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان کە مەبەستی ئەو جێبەجێ بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی.
REV 17:18 ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»
REV 18:1 پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە.
REV 18:2 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی: «کەوت! بابلی گەورە کەوت! بووە جێنشینی جنۆکەکان و پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان، پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو، پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.
REV 18:3 لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە. پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە، بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»
REV 18:4 گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو: «ئەی گەلی من لێی دەربچن، تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن، تاکو دەردەکانی نەگرن،
REV 18:5 چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.
REV 18:6 سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە، لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.
REV 18:7 هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە، ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم، هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“
REV 18:8 لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن، مردن و شیوەن و قاتوقڕی. بە ئاگریش دەسووتێت، خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.
REV 18:9 «پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن.
REV 18:10 لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن: «”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر! ئەی بابل، شارە بەهێزەکە! چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“
REV 18:11 «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت،
REV 18:12 شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ،
REV 18:13 دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»
REV 18:14 دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.»
REV 18:15 بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و
REV 18:16 دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە، کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!
REV 18:17 چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“ «هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن.
REV 18:18 کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“
REV 18:19 خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە! ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون! لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!
REV 18:20 «”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن! چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»
REV 18:21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی: «ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە.
REV 18:22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا تێیدا نابیسترێت. هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە، دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
REV 18:23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.
REV 18:24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»
REV 19:1 پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت: «هەلیلویا! ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە،
REV 19:2 چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.»
REV 19:3 دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»
REV 19:4 بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد و گوتیان: «ئامین. هەلیلویا!»
REV 19:5 دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات و گوتی: «ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی، ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.»
REV 19:6 پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت: «هەلیلویا! خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات.
REV 19:7 با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین، چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە.
REV 19:8 کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.» ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە.
REV 19:9 پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»
REV 19:10 کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»
REV 19:11 پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت.
REV 19:12 چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوە بوو. ناوێکی نووسراوی هەیە کە جگە لە خۆی کەس نایزانێت.
REV 19:13 کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە.
REV 19:14 لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو.
REV 19:15 لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین شوانایەتییان دەکات.﴾ گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بەتوانا دەگوشێت.
REV 19:16 ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە: «پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»
REV 19:17 فریشتەیەکی دیکەم بینی لەبەر خۆردا ڕاوەستابوو، بە دەنگێکی بەرز هاواری لە هەموو باڵندە فڕیوەکانی ناوەڕاستی ئاسمان کرد و گوتی: «وەرن کۆببنەوە، بۆ شێوی گەورەی خودا،
REV 19:18 تاکو گۆشتی پاشاکان و گۆشتی سوپاسالارەکان و گۆشتی بەهێزان، گۆشتی ئەسپەکان و سوارەکانیان، گۆشتی هەمووان، ئازاد و کۆیلە، گەورە و بچووک بخۆن.»
REV 19:19 هەروەها دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و لەشکرەکانیانم بینی کۆببوونەوە، تاکو لە دژی سوارەکە و سوپاکەی بجەنگن.
REV 19:20 دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی یاوەری دەستگیر کران، ئەوەی نیشانەکانی لە پێناوی کرد و بەهۆیەوە ئەوانەی چەواشە کرد کە نیشانەی دڕندەکەیان وەرگرت و ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی برد. هەردووکیان بە زیندوویی فڕێدرانە نێو دەریاچەی ئاگرەوە، کە بە گۆگرد داگیرساوە.
REV 19:21 پاشماوەکە بە شمشێری سوارەکە کوژران کە لە دەمیەوە دەردەچوو، هەموو باڵندەکان لە گۆشتەکانیان تێربوون.
REV 20:1 فریشتەیەکم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و کلیلی بیری بێ بنی پێبوو، زنجیرێکی گەورەشی بەدەستەوە بوو.
REV 20:2 ئەژدیهاکەی دەستگیر کرد، مارە دێرینەکە کە ئیبلیس و شەیتانە، هەزار ساڵ بەستییەوە.
REV 20:3 فڕێیدایە بیری بێ بن و دەرگای لەسەر داخست و مۆرێکی لێدا، بۆ ئەوەی ئیتر نەتەوەکان چەواشە نەکات، هەتا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. پاش ئەمە دەبێت بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بکرێت.
REV 20:4 چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد.
REV 20:5 (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە. ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.)
REV 20:6 ئەوەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشی هەبێت بەرەکەتدار و پیرۆزە. ئەوانە مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، بەڵکو دەبنە کاهینی خودا و مەسیح، هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
REV 20:7 کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت شەیتان لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت و
REV 20:8 دێتە دەرەوە تاکو نەتەوەکانی چوارگۆشەی زەوی چەواشە بکات، گۆگ و ماگۆگ، تاکو بۆ جەنگ کۆیان بکاتەوە، ئەوانەی ژمارەیان وەک لمی دەریایە.
REV 20:9 بەسەر پانتایی زەویدا بڵاو بوونەوە و ئۆردوگای گەلی خودا، واتا شارە خۆشەویستەکەی خودایان گەمارۆ دا، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و هەڵیلووشین.
REV 20:10 ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.
REV 20:11 پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
REV 20:12 مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە. پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە. مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران.
REV 20:13 دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا.
REV 20:14 مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە. ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە.
REV 20:15 هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو، فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.
REV 21:1 پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما.
REV 21:2 شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت.
REV 21:3 گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان.
REV 21:4 ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»
REV 21:5 دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.»
REV 21:6 پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو.
REV 21:7 ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.
REV 21:8 بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»
REV 21:9 یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکرابوون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان بدەم، ژنی بەرخەکە.»
REV 21:10 بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی گەورە و بەرز، ئۆرشەلیمی شارە پیرۆزەکەی پیشاندام کە لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە.
REV 21:11 شکۆی خودای هەبوو، درەوشانەوەی وەک گرانبەهاترین بەرد، وەک یەشب، ڕوون وەک کریستاڵ.
REV 21:12 شوورایەکی گەورە و بەرز و دوازدە دەرگای هەبوو، لەسەر دەرگاکان دوازدە فریشتە هەبوون، ناوی دوازدە هۆزەکەی کوڕانی ئیسرائیل لەسەر دەرگاکان نووسرابوون.
REV 21:13 لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەرگا هەبوون، لە باکوورەوە سێ دەرگا، لە باشوورەوە سێ دەرگا، لە ڕۆژئاواوە سێ دەرگا.
REV 21:14 شوورای شارەکە دوازدە بناغەی هەبوو، دوازدە ناو لە سەریان هەبوو، ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکە.
REV 21:15 ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت.
REV 21:16 شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون.
REV 21:17 شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا.
REV 21:18 بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف.
REV 21:19 بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود،
REV 21:20 پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت.
REV 21:21 دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.
REV 21:22 پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بەتوانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون.
REV 21:23 شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی.
REV 21:24 نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن.
REV 21:25 دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت.
REV 21:26 شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن.
REV 21:27 هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.
REV 22:1 پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پڕشنگدار وەک کریستاڵ، لە تەختی خودا و بەرخەکە و
REV 22:2 بە ناوەڕاستی شەقامی شارەکەدا دەڕوات. لە هەردوو ڕۆخی ڕووبارەکەدا درەختی ژیان ڕوابوو کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، هەر مانگە و بەرهەمێک. گەڵای درەختەکەش بۆ چاکبوونەوەی نەتەوەکانە.
REV 22:3 ئیتر هیچ نەفرەتێک نامێنێت. تەختی خودا و بەرخەکەش لەناو شارەکەدا دەبن، بەندەکانی خزمەتی دەکەن و
REV 22:4 ڕووی دەبینن و ناوی لەسەر نێوچەوانیانە.
REV 22:5 لەوێ شەو دانایەت و پێویستییان بە چرا و ڕووناکی خۆر نابێت، چونکە یەزدانی پەروەردگار بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
REV 22:6 پاشان پێی فەرمووم: «ئەم وشانە ڕاست و جێی متمانەن. خودای پەروەردگاری ڕۆحی پێغەمبەران، فریشتەکەی خۆی نارد تاکو ئەو شتانە پیشانی بەندەکانی خۆی بدات کە دەبێت زوو ڕووبدەن.»
REV 22:7 «ئەوەتا بە پەلە دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە وشە بە وشە پەیڕەو دەکات.»
REV 22:8 من یۆحەنام، ئەوەی کە ئەم شتانەم بینی و بیستم. کاتێک بینیم و بیستم، کەوتم بۆ ئەوەی لەبەرپێی ئەو فریشتەیە کڕنۆش ببەم کە ئەم شتانەی پیشاندەدام.
REV 22:9 جا پێی گوتم: «وا مەکە! منیش وەک تۆ بەندەی هاوکارتم، لەگەڵ خوشک و برا پێغەمبەرەکانت و ئەوانەی پەیامی ئەم پەڕتووکە پەیڕەو دەکەن. کڕنۆش بۆ خودا ببە!»
REV 22:10 هەروەها پێی گوتم: «پەیامی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە مەشارەوە، چونکە کاتەکە نزیکە.
REV 22:11 ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەم بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت.
REV 22:12 «ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە.
REV 22:13 من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.
REV 22:14 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە.
REV 22:15 سەگەکان و جادووگەران و داوێنپیسان و بکوژان و بتپەرستان و هەموو درۆزن و ئەوانەی حەز لە درۆ دەکەن لە دەرەوە دەبن.
REV 22:16 «من عیسام، فریشتەکەمم نارد تاکو بەم شتانە شایەتی بۆ کڵێساکان بدەم. من لە ڕەگ و نەوەی داودم، ئەستێرەی بەیانی پڕشنگدار.»
REV 22:17 ڕۆحی پیرۆز و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بڵێت: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت، ئەوەی دەیەوێت با بەخۆڕایی ئاوی ژیان ببات.
REV 22:18 من هەموو ئەوانە ئاگادار دەکەمەوە کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت، هەرکەسێک وشەیەک بۆ ئەم پێشبینییانە زیاد بکات ئەوا خودا ئەو دەردانەی لەسەر زیاد دەکات کە لەم پەڕتووکەدا نووسراون.
REV 22:19 ئەگەر کەسێکیش وشەیەکی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە بسڕێتەوە، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە.
REV 22:20 شایەتی ئەمانە دەفەرموێ: «بەڵێ، بە پەلە دێم.» ئامین! وەرە، عیسای خاوەن شکۆ.
REV 22:21 با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.
