﻿ئاشکراکردن.
17.
ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ڕووبارێکی زۆر دانیشتووە. 
ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.» 
پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی. بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو. دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو. 
ژنەکە جلوبەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەر کرابوو، هەروەها بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازێنرابووەوە. جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. 
لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو: «بابلی گەورە، دایکی لەشفرۆشان و قێزەونانی زەوی.» 
هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم. 
فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەشت پێ دەڵێم کە هەڵیگرتووە و حەوت سەر و دە شاخی هەیە. 
ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە. 
«ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە. 
حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە. 
ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات. 
«ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن. 
ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە. 
ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.» 
ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن. 
دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 
چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان کە مەبەستی ئەو جێبەجێ بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی. 
ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.» 
