﻿لۆقا.
19.
ئینجا عیسا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. 
لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. 
دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. 
ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی. 
کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» 
جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد. 
هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.» 
بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.» 
عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 
چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.» 
کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو و وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە دەردەکەوێت. 
ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 
دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن. 
«بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“ 
«ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە. 
«یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“ 
«ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“ 
«دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“ 
«بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“ 
«ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 
لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی دڵڕەقیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“ 
«ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم، 
ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە؟“ 
«بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“ 
«ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“ 
«وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 
دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“» 
دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت. 
کاتێک لە گوندی بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و 
فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 
ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“» 
دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان. 
کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟» 
گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.» 
ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد. 
کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست. 
لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، سەرجەم قوتابییەکان بە شادی و بە دەنگی بەرز دەستیان بە ستایشکردنی خودا کرد، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت: 
«﴿پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!» 
هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.» 
وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.» 
کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 
فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 
ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 
خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی هاتنی پەروەردگارت نەزانی.» 
کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 
پێی فەرموون: «نووسراوە: ﴿ماڵەکەم ماڵی نوێژە،﴾ کەچی ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» 
ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا لەناوی ببەن. 
بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل بە پەرۆشەوە گوێیان لێ دەگرت. 
