﻿زەکەریا.
1.
لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات: 
«یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. 
لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 
وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 
ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ 
بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟ «ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“» 
لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات. 
لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو. 
ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟» ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» 
ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.» 
ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.» 
ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» 
یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد. 
ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. 
زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“ 
«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 
«هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“» 
پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. 
لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.» 
ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. 
پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.» 
