﻿ئامۆس.
7.
یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. 
پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!» 
یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.» 
یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی لووشدا، خاکەکەشی خوارد. 
ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!» 
یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە. یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.» 
ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. 
یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «شاووڵ.» ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم! 
«نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن، بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.» 
جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لە ناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،» 
چونکە ئامۆس وای گوتووە: «”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت، ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“» 
ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 
بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.» 
ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 
بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 
ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت: «”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە، لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“ 
«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات، کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن، زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت، خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت، ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“» 
