﻿زەبوورەکان.
148.
هەلیلویا! لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن، لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن. 
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن، ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن. 
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن، ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن. 
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن. 
با ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران. 
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن، فەرزی داناوە بەسەرناچێت. 
لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن، ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان، 
بروسکە و تەرزە، بەفر و تەم، ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن، 
چیاکان و هەموو گردەکان، داری بەردار و هەموو ئورزەکان، 
گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ، خشۆک و باڵدار، 
پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان، میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی، 
گەنجان و کچان، پیران و منداڵان. 
با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە، شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە. 
پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە، تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن، نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن. هەلیلویا. 
