﻿زەبوورەکان.
129.
گۆرانی گەشتیاران. «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!» با ئێستا ئیسرائیل بڵێت: 
«لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم! بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون. 
جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.» 
بەڵام یەزدان ڕاستودروستە، پەتی بەدکارانی پچڕاند. 
با هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە ڕیسوا بن و ببەزن. 
با بە دەردی گیای سەربان بچن، پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت، 
ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و نە باوەشی گیشەکەر. 
با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن: «بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت! بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!» 
