﻿زەبوورەکان.
125.
گۆرانی گەشتیاران. ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان، کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە. 
وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە، یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. 
داردەستی خراپەکاران لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت، نەوەک ڕاستودروستان دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری. 
ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان، لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن. 
بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن، یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات. ئاشتی بۆ ئیسرائیل! 
