﻿زەبوورەکان.
98.
زەبوورێک گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ، چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە. دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی، سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە. 
یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند، ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست. 
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی، بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا، ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی. 
ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان، بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن. 
بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن، بە قیسارە و دەنگی گۆرانی. 
بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا، هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا. 
با دەریا و هەرچی تێیدایە، با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن. 
با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 
لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، گەلانیش بە دادپەروەری. 
