﻿زەبوورەکان.
87.
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک. خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا، 
یەزدان دەروازەکانی سییۆنی لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت. 
ئەی شاری خودا، بە شکۆمەندی باست کراوە: 
«ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم، خەڵکی ڕاهەب و بابل لەنێویاندان، لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش، سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“» 
دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.» 
یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات: «ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.» 
سەماکەران گۆرانی دەڵێن: «هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.» 
