﻿زەبوورەکان.
75.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. ئەی خودایە، ستایشت دەکەین، ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە، خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن. 
تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم، بە ڕاستی دادوەری دەکەم. 
کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن، منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم. 
بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“ بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن. 
هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن، بە کەللەڕەقی مەدوێن.“» 
نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا، نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە، 
بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات، ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە. 
جام بەدەستی یەزدانەوەیە، پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان، لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی لێی بخۆنەوە و هەتا خڵتەکەی بەتاڵی بکەن. 
بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم، گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت: 
«هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم، هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.» 
