﻿زەبوورەکان.
23.
زەبوورێکی داود. یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت. 
لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار، 
گیانم دەبووژێنێتەوە. بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات لە پێناوی ناوی خۆی. 
ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم، لە هیچ خراپەیەک ناترسم، لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای، گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن. 
سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم، زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم، جامەکەم لێوانلێو دەکەیت. 
بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون، بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم. 
