﻿زەبوورەکان.
13.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟ هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟ 
هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟ هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟ 
ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە، چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت، 
نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،» نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن. 
بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە، دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە. 
سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم. 
