﻿زەبوورەکان.
11.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. من پەنا دەبەمە بەر یەزدان، ئیتر چۆن ئێوە پێم دەڵێن: «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە، 
چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و تیر دەخەنە بەر کەوان، بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن. 
کاتێک بنچینەکان بڕووخێن، کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟» 
یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی، تەختی یەزدان لە ئاسمانە، تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە. 
یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە، بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە. 
پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت، گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە. 
لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و حەزی لە دادپەروەرییە، کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی دەکات. 
