﻿زەبوورەکان.
2.
بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟ 
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن: 
«با کۆتەکانیان بشکێنین و زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.» 
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات. 
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات، بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت: 
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن داناوە، لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.» 
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم: پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت. 
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت، ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ. 
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.» 
بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن، سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن. 
بە ترسەوە یەزدان بپەرستن، بە لەرزەوە دڵخۆش بن. 
کوڕەکە ماچ بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن، چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش. خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو. 
