﻿ئەیوب.
26.
ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: 
«چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە! چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد! 
چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە! چۆن زانینی زۆرت دەرخست! 
بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟ 
«تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا لە سامناکی خودا دەلەرزن. 
جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە، شوێنی لەناوچوون شاردراوە نییە. 
ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت. 
ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و هەور لەژێری نادڕێت. 
ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە، هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە. 
ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی. 
کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن. 
بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ دەوەشێنێت. 
بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا. 
بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون. هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان! ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟» 
