﻿یەکەم پوختەی مێژوو.
8.
بنیامین بەلەعی بوو کە کوڕە نۆبەرەکەی بوو، ئەشبێل دووەم، ئەحەرەح سێیەم، 
نۆحا چوارەم و ڕافا پێنجەم بوو. 
کوڕانی بەلەع: ئەدار، گێرا، ئەبیهود، 
ئەبیشوەع، نەعمان، ئەحۆحا، 
گێرا، شەفوفان و حورام. 
ئەمانەش نەوەکانی ئیحودن، کە گەورەی بنەماڵەکانی دانیشتووانی گەڤەع بوون و بۆ مەناحەت ڕاگوێزران: 
نەعمان، ئاحییا و گێرا. گێراش سەرپەرشتیاری کۆچکردنیان بوو، هەروەها باوکی عوزە و ئەحیحود بوو. 
شەحەرەیم لە وڵاتی مۆئاب چەند کوڕێکی بوو، پاش ئەوەی حوشیم و بەعرای ژنی تەڵاق دا، 
لە حۆدەشی ژنی، یۆڤاڤ، چیبیا، مێشا، مەلکام، 
یەعوچ، ساخیا و میرمای بوو، ئەوانە کوڕەکانی بوون و گەورەی بنەماڵەکانیان بوون. 
لە حوشیمی ژنیشی ئەبیتوڤ و ئەلپەعەلی بوو. 
کوڕەکانی ئەلپەعەل: عێبەر، میشعام و شەمەد، شەمەد ئەوەی کە شارۆچکەی ئۆنۆ و شارۆچکەی لۆد و دەوروبەری بنیاد نا. 
هەروەها بەریعە و شەمەع، ئەوان گەورەی بنەماڵەکانی دانیشتووانی ئەیالۆن بوون و ئەوان دانیشتووانی گەتیان وەدەرنا. 
هەروەها ئەحیۆ، شاشاق، یەرێمۆت، 
زەڤەدیا، عەراد، عەدەر، 
میکائیل، یەشپا و یۆحا، کوڕی بەریعە بوون. 
زەڤەدیا، مەشولام، حیزقی، حەڤەر، 
یەشمەری، یزلیا و یۆڤاڤ کوڕی ئەلپەعەل بوون. 
یاقیم، زکری، زەبدی، 
ئەلیعێنەی، چیلەتەی، ئەلیێل، 
عەدایا، بەرایا و شیمرات کوڕی شیمعی بوون. 
یەشپەن، عێبەر، ئەلیێل، 
عەبدۆن، زکری، حانان، 
حەنەنیا، ئیلام، عەنتۆتیا، 
یەفدەیا و پەنوئێل کوڕی شاشاق بوون. 
شەمشەرەی، شەحەریا، عەتەلیا، 
یەعەرەشیا، ئەلیاس و زکری کوڕی یەرۆحام بوون. 
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانیان و بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون. 
یەعیێلی باوکی گبعۆنیش لە گبعۆندا نیشتەجێ بوو. ژنەکەی ناوی مەعکا بوو، 
عەبدۆن کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان چوور، قیش، بەعل، نێر، ناداب، 
گەدۆر، ئەحیۆ، زەکەریا و 
میقلۆت بوو، میقلۆتیش شیمەعای بوو. ئەوانیش لەگەڵ خزمەکانیان، لە نزیکی یەکتر لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون. 
نێر قیشی بوو، قیش شاولی بوو، شاولیش ئەم کوڕانەی بوو: یۆناتان، مەلکی‌شوەع، ئەبیناداب و ئەشبەعل. 
یۆناتان مەریڤ‌بەعلی بوو، مەریڤ‌بەعلیش میخای بوو. 
ئەمانە کوڕەکانی میخا بوون: پیتۆن، مەلەخ، تەرێیەع و ئاحاز. 
ئاحاز یەهۆعەدای بوو، یەهۆعەداش ئەم کوڕانەی بوو: عالەمەت، عەزماڤێت و زیمری؛ زیمریش مۆچای بوو. 
مۆچا بینەعای بوو، بینەعا ڕافەی بوو، ڕافە ئەلیعاسای بوو، ئەلیعاسا ئاچێلی بوو. 
ئاچێل شەش کوڕی هەبوو، ئەمەش ناوەکانیانە: عەزریقام، بۆخەرو، ئیسماعیل، شەعەریا، عۆبەدیا و حانان. هەموو ئەمانە کوڕەکانی ئاچێل بوون. 
کوڕەکانی عێشەقی برای: ئولام کوڕە نۆبەرەکەی بوو، یەعوش دووەم و ئەلیفەلەت سێیەم بوو. 
کوڕەکانی ئولامیش پاڵەوانی ئازا و تیرئەنداز بوون و کوڕ و کوڕەزایەکی زۆریان هەبوو و هەموویان سەد و پەنجا کەس بوون. ئەمانە هەموویان لە نەوەی بنیامین بوون. 
